بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

چیرۆکی سەربڕینی مانگاکە و کوشتنی نەفسێك

بسم الله الرحمن الرحيم

لە ئایەتی 41 هەتا 124 لە سورەتی (البقرة)، خوای گەورە باسی بەنی ئیسڕائیل دەکات… لەم ئایەتانەدا باسی کۆمەڵێك تاوانی ئەوانمان بۆ دەکات، بۆئەوەی ئێمەش نەکەوینە هەمان ئەو تاوانانەوە… ئەو باس و خواسانەمان بە شێوەی چیرۆك بۆ باس دەکات، وە سەرەتای هەر چیرۆکێك بە (وإذ) دەست پێ دەکات، بەم جۆرەی خوارەوە:

﴿وَإِذْ نَجَّيْنَاكُمْ مِنْ آلِ فِرْعَوْنَ..﴾، ﴿وَإِذْ فَرَقْنَا بِكُمُ الْبَحْرَ﴾، ﴿وَإِذْ وَاعَدْنَا مُوسَى﴾، ﴿وَإِذْ آتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ﴾، ﴿وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِقَوْمِهِ﴾، ﴿وَإِذْ قُلْتُمْ يَامُوسَى﴾، ﴿وَإِذْ قُلْنَا ادْخُلُوا﴾، ﴿وَإِذِ اسْتَسْقَى﴾، ﴿وَإِذْ قُلْتُمْ يَامُوسَى﴾، ﴿وَإِذْ أَخَذْنَا مِيثَاقَكُمْ﴾، ﴿وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِقَوْمِهِ إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تَذْبَحُوا بَقَرَةً﴾، ﴿وَإِذْ قَتَلْتُمْ نَفْسًا﴾، ﴿وَإِذْ أَخَذْنَا مِيثَاق﴾…

کەواتە، ڕوونەوە بوو کە ئەم دوو چیرۆکە هیچ پەیوەندییەکیان بە یەکەوە نیه‌، بەڵکو دوو چیرۆکی جیاوازن… ئەو ڕاڤەکارانە بە هەڵەداچوون کە وتوویانە مانگاکە بۆ ئەوە سەربڕاوە کە بەشێك لە سەربڕاوەکە بکێشن بە کوژراوەکەدا بۆ ئەوەی زیندوو ببێتەوە، چونکە بە پێی ڕیزبەندی چیرۆکەکە قورئانی پیرۆز یەکەمجار باسی سەربڕینی مانگاکەی کردووە، دواتر باسی کوشتنی نەفسێك دەکات.

مووسا علیه السلام داوای لە گەلەکەی کرد مانگایەك سەرببڕن بۆئەوەی خۆشەویستی و پیرۆزی مانگا لە دڵەکانیاندا دەربچێت، بۆیە گەلەکەی زۆر لەسەر دڵیان گران بوو مانگایەك سەر ببڕن بۆیە بەردەوام پرسیاریان دەکرد، بۆئەوەی خۆیانی لێ بدزنەوە، بەڵام دواجار کارەکەیان ئەنجامدا… بەم جۆرە چیرۆکی سەربڕینی مانگاکە کۆتایی هات.

ئینجا چیرۆکێکی تر دەست پێدەکات، کورتەی چیرۆکەکە ئەوەیە، جوولەکە کەسێكیان کوشت بوو، خوای گەورە ئەو سڕەیان هەڵدەماڵێت کە شاردوویانەتەوە، بۆیە فەرمانی بە باوەڕداران کرد کە لە کەسی بکوژ بدەن بەهۆی بەشێك لە تاوانەکانیەوە نەوەکو هەموو تاوانەکانی چونکە خوای گەورە خۆی سزای هەموو تاوانەکانی بکوژەکە دەدات لە ڕۆژی دواییدا…

پیتی (بِـ) لە وشەی (بِبعضها) واتای سەبەبی هەیە، واتە بیکوژن بەهۆی هەندێ لە تاوانەکانی… ئەم دواندنە (الخطاب) ڕووی لە جووەکانی سەردەمی پێغەمبەرە (صلى الله عليه وسلم):

ئەی جووەکان، بیهێننەوە یادتان کاتێك نەفسێكی گەورەتان کوشت یان پیلانتان دانا بۆ کوشتنی، (دەشێ مەبەست پێی هەوڵی غافڵ کوشتنی پێغەمبەر بێت صلى الله عليه وسلم)، ئینجا پاکانەتان بۆ خۆتان کرد و هەریەکەتان خۆی بێ بەری کرد لەو تاوانە… بەڵام خوای گەورە دەزانێت چیتان شاردۆتەوە… ئەی باوەڕداران لە (كعب بن الأشرف) بدەن (بیکوژن) بەهۆی هەندێ لە تاوانەکانیەوە. ئا بەم جۆرە خوای گەورە مردوو زیندوو دەکاتەوە (یحیي الموتی)؛ چونکە زیندوو کردنەوەی مردوو چەند واتایەکی هەیە، لە گرنگترینیان: نەکوشتنی نەفسی تر، خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَلَكُمْ فِي الْقِصَاصِ حَيَاةٌ يَاأُولِي الْأَلْبَابِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ﴾. واتە: “له‌ کوشتنه‌وه‌دا ژیان بۆ ئێوه‌ هه‌یه‌ ئه‌ی هۆشمه‌ندان به‌ڵکو خۆتان بپارێزن”.

کەواتە لە کوشتنەوەی کەسی بکوژ دا زیندوو بوونەوەی خەڵکی تێدایە، هەرچەندە وەكو ڕواڵەت تۆڵەسەندنەوە دەبێتە هۆی کوشتنی نەفس، بەڵام ئەم کارە دەبێت هۆی ڕێگری لەوەی ئەو بکوژە خەڵکی تری بێ تاوان بکوژێت، بەمەش ژیانی خەڵکی دەپارێزێت و ئەمەش وەکو پێدانی ژیان و زیندووکردنەوەیە.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب السماوات العُلى