بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

بسم اللە الرحمن الرحیم

ئیمامی مەهدی ومەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت:

“ئەو پرسیارەی كردت دەبارەی پرسی “یەكێتی بوون”، وا شیاوبوو بۆت ئەو وەسوەسە و بیروباوەڕە هەڵانە بنووسیت كە یارانی ئەم تیۆریە نەخۆشە وەك بەڵگەیەك دەیخەنەڕوو لەبەردەمتدا. دیارە زۆر سەرنجم لێیاندا بۆ ماوەیەكی درێژ، وە بەجوانی وردبوومەوە لە كتێبی خوا (جل جلاله) و فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ)، وە پشكنینم كرد بۆ كتێبەكانی موحێدین ئيبن عەرەبی و كەسانی تر كە پڕن لەم جۆرە بیروباوەڕانە، پاشان بەو عەقڵەی خوا پێیداوم بیرم كردەوە لێیان، بەڵام هەتا ئەمڕۆ هیچ بەڵگەیەكی قایلكەر و دروستم نەدۆزیەوە لەسەر ئەم بانگەشەیە، وە هیچ بەڵگەیەك لەلام پەیدانەبوو لەسەر راستی و دروستییان، بەڵكو كۆمەڵێك بەڵگەی بەهێز و تێكشكێنەر پووچیان دەكەنەوە كە ئەستەمە بەدرۆبخرێنەوە. سەرەتا قورئانی پیرۆز بەڵگەیەكی گەورە و بەهێزە بۆ موسوڵمانان، بەڵكو بۆ هەر كەسێك كە ڕاستی بوێت. خوای گەورە لە ئایەتە پتەوەكانیدا جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو شتەی لە ئاسمانەكان و زەویدایە دروستكراوە، وە لەنێوان مرۆڤ و پەروەردگاریدا جوداییەكی هەتاهەتایی هەیە كە ئەستەمە لەم جیھانە و جیهانەكەی تردا ئەو جوداییە لابچێت و نەمێنێت. دروستكراو لێرە و لەوێ هیچ شتێكی بۆ نیە جگە لە بەندەیی ناچاری. بەڵكو بەڕاشكاوی لەم وتە پیرۆزەدا هاتووە كە بەندەیی پەیوەستە بەڕۆحی مرۆڤەوە بە بەردەوامی و لێی جیانابێتەوە، تەنانەت ئامانج لە دروستبوونی مرۆڤ بریتیە لە خودی بەندایەتی، بەجۆرێك خوای گەورە فەرموویەتی: {وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالإِنْسَ إِلا لِيَعْبُدُونِ} واتە جن و ئینسم دروستكردووە بۆئەوی هەمیشە بەندایەتم بكەن. پاشان فەرموویەتی بە ڕۆحی مرۆڤی تەواو لە دواهەمین كاتیدا: {يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ * ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً * فَادْخُلِي فِي عِبَادِي * وَادْخُلِي جَنَّتِي} لەم ئایەتانەوە، كە كۆكەرەوەی بەرەكەتەكانن، دەردەكەوێت بەندایەتی بەشێوەیەكی هەمیشەیی پەیوەستە بەڕۆحی مرۆڤەوە، وە مرۆڤ لەپێناوی ئەم بەندایەتیەدا دروستكراوە. بەڵكو ئایەتەكەی كۆتایی ڕوونیدەكاتەوە كە مرۆڤ ئەگەر گەيشتە بەختەوەریە تەواوەكەی، وە هەموو تەواوەتیە فیتریەكانی بەدەستهێنا، وە بەهرە و تواناكانی گەيشتنە چڵەپۆپەی كۆتایی خۆیان، لە دۆخە كۆتاییەكەیدا نازناوی خودی بەندایەتی پێدەدرێت و دەدوێنرێت بە: {فَادْخُلِي فِي عِبَادِي}. بۆیە دەبینی چۆن ئەم ئایەتە زۆر بەڕاشكاوی جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئامانجی مرۆڤی تەواو بریتیە لە بەندایەتیكردن، وە پلەكانی ڕۆيشتنی ڕێبواری ڕێگای بەرەوخواچوون لە بەندایەتیدا كۆتایی دێت. ئەگەر بەندایەتی پۆشاكێكی كاتی بوایە بۆ مرۆڤ، وە ئەگەر خوایەتی حەقیقەتە ئەسڵیەكەی بوایە، ئەوا دوای بڕینی هەموو پلەكانی ڕێگای بەرەوخواچوون بە ناوی خوایەتیەوە بانگدەكرا، بەڵام دەستەواژەی: {فَادْخُلِي فِي عِبَادِي} بەجوانی دەریدەخات كە بەندایەتی پەیوەستە پێوەی بە بەردەوامی لەم دنیایەدا، هەروەك بەردەوام پەیوەست دەبێت پێوەی بۆ هەتاهەتایە. كەواتە ئەم ئایەتە بەدەنگی بەرز ڕایدەگەیەنێت كە ئەستەمە مرۆڤ لە دۆخی بەندایەتی دەربچێت لە هیچ بارودۆخێكدا هەرچەند بگاتە هەر پلەیەك لە پلەكانی كەماڵ. وە شتێكی ڕوونە ئەو دۆخە یان ئەو چۆنێتیە كە ئەستەمە شتێك لێی دەربچێت بریتیە لە حەقیقەت و ماهیەتەكەی بەتەنها. وە بەڕوونی لە قورئانی پیرۆزەوە ساغبووەتەوە بەندایەتی بە شێوەیەك پەیوەستە بە نەفسی مرۆڤەوە كە هەرگیز لێی جیانابێتەوە ئەگەر ببێت بە پێغەمبەر یان ڕاستگۆ یان شەهید، نە لەم جیھانەدا و نە لە جیھانەكەی تردا، وە هەموو پێغەمبەران لە بچوكترینیانەوە هەتا گەورەترینیان شانازییان كردووە بەوەی بەندەی خوا (جل جلاله) و نێردراوی ئەون، بۆیە دەڵێم: لێرەدا جێگیربوو كە حەقیقەت و ماهیەتی مرۆڤ بریتیە لە بەندایەتی نەك خوایەتی. وە ئەگەر كەسێك بانگەشەی كرد كە حەقیقەت و ماهیەتی مرۆڤ خوایەتیە؛ ئەوا با ئایەتێكی قورئان بهێنێتەوە كە بۆ نموونە بفەرموێت: “فادخلي في ذاتي” لەبەرامبەر ئەم ئایەتە موحكەمە و ڕوونەدا كە دەفەرموێت: {فَادْخُلِي فِي عِبَادِي}. پاشان قورئانی پیرۆز خۆی لە زۆر شوێندا دووپاتی كردووەتەوە كە ئامانجی دابەزینی تەنھا بریتیە لە چەسپاندن و جێگیركردنی خەڵكی لەسەر بەندایەتی، وە خوای گەورە لە كتێبە پیرۆزەكەیدا نەفرەتی كردووە لەوانەی مەسیح و پێغەمبەری تریان كردووە بە خوا. ئیتر چۆن گەلێك شایستەی ڕەحمەتی خوا دەبن كە هەموو جیھان تەنانەت ڕۆحە پیسەكان كە پڕن لە شەڕ و خراپە و تاوان بە خوا لەقەڵەم دەدەن؟

بەڵام لەڕاستیدا تەوحید بەگوێرەی فێركاریەكانی ئیسلام دابەش دەبێت بۆ سێ پلە: نزم و ناوەند و بەرز، ڕوونكردنەوەیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

بێگومان نزمترین پلەی تەوحید كە بەبێ بوونی ئەم پلەیە باوەڕ ناچەسپێت بریتیە لە نەرێكردنی شیرك و هاوبەشی دانان.. واتە پاك و بێگەردی لەو شیركەی كە تێیدا هاوبەشدانەران _بەستەم و دەستدرێژی_ دروستكراوان بەهاوبەش لە قەڵەم دەدەن لە كردەوەكانی خوادا (جل جلاله)، بەجۆرێك هەندێكیان خۆر و مانگ و ئاگر و ئاو بەخوا دادەنێن و داوایان لێدەكەن و پەنایان بۆ دەبەن بۆ جێبەجێكردنی پێداویستیەكانیان، لەكاتێكدا هەندێكی تر مرۆڤ بەرزدەكەنەوە بۆ پایەی خوایەتی، وە هاوشێوەی خوای پاك و بێگەرد، وەها لە قەڵەمیان دەدەن كە توانای ڕەهایان هەبێت و پێویستیەكان جێبەجێ بكەن. ئەمە شیركێكی ئاشكرایە و ستەمێكی بەڵگەنەویستە و هەموو كەسێكی ژیر دەیبینێت.

وە پلەی دووەمی تەوحید گرێدراوە بە وازهێنان لە بەشی دووەمی شیرك كە قورئانی پیرۆز ڕوونی كردووەتەوە و لە شیركی یەكەم وردترە، وە ئەو خەڵكە گشتیە لێی تێناگەن كە وەك ئاژەڵ وان.. مەبەست لێی ئەوەیە هۆكارەكان بە هاوبەش دابنرێن لەگەڵ خوای گەورەدا لە توانا و كردەوەكانیدا، وە خوا بەتەنھا بە بكەر و كاریگەری ڕاستەقینە لەقەڵەم نەدرێت. بۆ نموونە خاوەن دووكانێكی موسوڵمان گوێی لە بانگی هەینی دەبێت لەكاتێكدا كڕیارێكی زۆر لەلای كۆبووەتەوە، لەدڵی خۆیدا دەڵێت ئەگەر ئێستا دووكانەكەی دابخات و بڕوات بۆ نوێژی هەینی؛ ئەوا زیانێكی زۆر دەكات چونكە بەدڵنیاییەوە بەهۆی گوێگرتن لە وتارەكە و بەجێهێنانی نوێژی هەینییەوە دوادەكەوێت، وە ڕەنگە دوای نوێژەكە ئامۆژگاریەكیش پێشكەش بكرێت، دیارە هەموو كڕیارەكان دەڕۆن لەم ماوەیەدا، بۆیە لەو قازانجە بێبەش دەبێت كە دەكرێت بەدەستی بهێنێت بە مانەوەی لە دووكانەكەدا. ئەمە شیركی هۆكارەكانە، بەجۆرێك ئەگەر خاوەنی دووكانەكە پەیببات بەوەی كە زاتێكی ڕۆزیدەری هەیە و توانا و دەسەڵاتی ڕەهای هەیە، گرتنەوە و پێدان بەدەستی خۆیەتی، وە ئەگەر گوێڕایەڵیی بكات هیچ زیانێك ناكات، وە شارەزایی و تەگبیرەكان هەرگیز لە ڕۆزیەكەی زیادناكەن بەپێچەوانەی ویستی ئەوەوە (جل جلاله)، دەڵێم ئەگەر وەها بیربكاتەوە ئەوا ناكەوێتە ناو شیركەوە. وە لەبەرئەوەی ئەم جۆرە شیركە وردە، خەڵكێكی زۆر تێیدەكەون، وە زۆربەی خەڵكی هەڵپە دەكەن بۆ پەرستنی هۆكارەكان بەجۆرێك بە خوای خۆیانیان دەزان. ئەم جۆرەی شیرك وەكو تای نەخۆشی سیل وایە كە لەزۆربەی كاتەكاندا شاراوە و نادیار دەبێت و نابینرێت.

سێیەم پلەی تەوحید گرێدراوە بە وازهێنان لە بەشی سێیەمی شیرك كە قورئانی پیرۆز ڕوونیكردووەتەوە، ئەم شیركە زۆر وردە و كەس نایزانێت مەگەر ئەوانەی بیناییەكی تیژیان هەیە، وە تەنھا مرۆڤە تەواوەكان لێی ڕزگار دەبن، وە بریتیە لە زاڵبوونی یادی جگە لە خوا بەسەر دڵی مرۆڤدا، وە بەفیڕۆدانی كات لە خۆشویستنیان یان دژایەتیكردنیاندا، وە لەقەڵەمدانی ئەو بێتوانا و داماوانە بە شتێك شایانی باس بێت.

ئەستەمە ڕزگاربوون لەم شیركە كە تەوحیدی تەواوەتی بەندە پێوەی مەگەر خۆشەویستی خوا باڵبكێشێت بەسەر دڵی ئەوینداری ڕاستگۆدا بەجۆرێك بەهۆی دیدی ئەوینەكەیەوە جگە لە خوا وەك نەبوو ببینێت سەرەڕای ئەوەی بوونی هەیە، تەنانەت واقوڕماو دەبێت لە خودى خۆیشی، وە ڕووناكی خۆشویستراوە ڕاستەقینەكەی تیشكدەداتەوە بەجۆرێك بوون و حەقیقەتی شتەكان لەبەرامبەریدا نامێنن. وە كەماڵی ئەم تەوحیدە لەوەدایە كە جگە لە خوا لەواقیعدا بوونی هەیە بەڵام وەكو نەبووی لێدێت لە دیدی ئەویندارانە و تەواو داگیرساوی ڕێبوارەكەوە بەهۆی خۆشویستنی خوای گەورەوە، بەمەش جگە لە خوا بە نەبوو لەقەڵەمدەدات بەهۆی زاڵبوونی خۆشەویستی خوای تاك و تەنھاوە؛ خۆ ئەگەر جگە لە خوا لەواقیعدا بوونی نەبێ ئەوا ئەم تەوحیدی پلە سێيەمە هەموو جوانی و قەشەنگی خۆی لەدەستدەدات؛ چونكە جوانی ئەم تەوحیدە كامڵە لەوەدایە كە ئەوین و گەورەیی خۆشویستراوی ڕاستەقینە باڵبكێشێت بەسەر دڵی ڕێبوارەكەدا بەجۆرێك شتەكان وەك نەبوو وابن بۆی بەهۆی زاڵبوونی تەواوەتی بینینەكەی بۆ خۆشەویستەكەی، بەڵام ئەگەر شتەكانی تر لەواقیعدا بوونیان نەبێت ئەوا كاریگەری خۆشەویستی خوایی و زاڵبوونی بینینی گەورەیی خوایی لەكوێدایە؟ وە چ تەواوەتیەك دەچەسپێت لەم تەوحیدەدا؟ چونكە دانانی شتێك بە نەبوو كە لەواقیعدا بوونی نەبێت بەند نیە بە باڵادەستبوونی خۆشەویستی خواییەوە، بەڵكو كەماڵی خۆشەویستی خوایی و بینینی گەورەیی تەواوەتی كاتێك دەچەسپێت كە ئەوینداری عەوداڵ و شەیدا _تەنھا بەهۆی زاڵبوون و باڵادەستبوونی ئەوین و عیشقەوە و بەبێ هۆكارێكی تر_ جگە لە خۆشەویست و ئەویندارەكەی بە نەبوو لەقەڵەمبدات، ئەگەرچی عەقڵی شەرعی بۆی ڕوون بكاتەوە كە ئەو شتانە لەڕاستیدا نەبوو نین و بوونیان هەیە. بۆ نموونە كاتێك ڕۆژ دەبێتەوە و ڕووناكی خۆر باڵدەكێشێت بەسەر چاوی خەڵكیدا، ئەوا ناتوانن ئەستێرەكان ببینن بەهۆی باڵادەستبوونی ڕووناكی خۆرەوە، لەگەڵ ئەوەی دەزانن ئەستێرەكان نەبوو نین لەو كاتەدا؛ بەهەمان شێوە كاتی زاڵبوونی خۆشەویستی و گەورەیی خوا هەموو جیھان لە دیدی ئەوینداری ڕاستگۆدا وەك نەبووی لێدێت جگە لە خۆشەویستەكەی.

گومانی تێدا نیە ئەم ڕووناكییانە لە ئەوین و عیشقی ڕاستەقینە (واتە خۆشەویستی خوایی)دا بەتەواوترین شێوە دەردەكەون، بەڵام خاوەنی عیشقی مەجازی (واتە عیشق و ئەوینی ماددی)یش هەندێ جار لە ئەوینەكەیدا دەگاتە پلەیەك تێیدا هەموو شتێك تەنانەت خۆیشی بەنەبوو لەقەڵەمدەدات جگە لە خۆشەویستەكەی. دەوترێت مەجنوون، كە ناوی قەیس بوو، لە كۆتا قۆناغەكانی ئەوینەكەیدا بەڕادەیەك شێت بوو كە دەیگوت: من لەیلام. وە شتێكی ڕوونە كە ئەو لە واقیعدا نەبوو بە “لەیلا”، بەڵكو بەهۆی ئەوەی كە بەردەوام ڕۆچووبوو لە وێناكردنی لەیلادا بۆماوەیەكی درێژ وردە وردە خۆی لەبیرچوویەوە، هەتا ڕۆچوون و فەنابوونەكەی گەيشتە چڵەپۆپە، ئینجا بەهۆی شێتایەتی عیشق و ئەوینەوە دەیگوت: “من لەیلام”، وە لەدڵیدا بڕیاریدا كە لەواقیعدا خۆی لەیلایە.

بەكورتی، لەقەڵەمدانی جگە لە خوا بە نەبوو یەكێكە لە پێداویستیەكانی تەواوەتی ئەوین و عیشق، بەڵام ئەگەر ئەم جگە لە خوایە لەواقیعدا بوونی نەبێت؛ ئەوا نابێتە بەڵگەیەك لەسەر بەڵادەستبوونی خۆشەویستی و شێتایەتی ئەوین.

بێگومان بوونی شوێنەوارەكانی ڕۆچوون و فەنابوون لەكاتی زاڵبوونی ئەویندا شتێك نیە تێگەيشتنی قورس بێت بۆ مرۆڤ.. یەكێك لە شوێنەوارەكانی ڕۆچوون و فەنابوون ئەوەبوو كە هاوڕێكانی زولەیخا پەنجەی خۆیانیان بڕی.

پوختەی قسە: قورئانی پیرۆز ڕوونیكردووتەوە كەماڵی تەوحید ئەوەیە كە ئەوینداری ڕاستەقینە، بەهۆی زاڵبوونی ئەوینی خۆشەویستە ڕاستەقینەكەی و بینینی گەورەییەكەیەوە، جگە لە خۆشەویستەكەی بە نەبوو دابنێت، نەك ئەوەی لە واقیعدا نەبوو بێت؛ چونكە لەقەڵەمدانی شتی نەبوو بە نەبوو مانای زاڵبوونی ئەوین و عیشق ناگەیەنێت. كەواتە دەبێت ئەوینداری ڕاستگۆ تەوحیدی هەبێت چونكە نیشانەی تەواوەتی ئەوین و عیشقەكەیەتی. تەوحید ئەوەیە كە تەنھا بۆ یەك بڕوانرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە كە لەڕووی عەقڵەوە جگە لە خۆشەویستەكە بە نەبوو لەقەڵەم بدرێت لەواقیعدا، بەجۆرێك ئەستەمە ئەم وشانە بەسەر زاریدا بێت لەكاتێكدا بەتەواوەتی هۆشی بەخۆیەوە بێت و ئاگای لەخۆی بێت، وە نكوڵی بكات لە حەقیقەتی شتەكان لەكاتێكدا لە پلەی دڵنیابوون بەهۆی ئەزموونەوە بۆیان دەڕوانێت، بەڵكو داندەنێت بە بوونیاندا وەك لەواقیعدا چۆنن.

وە بەوپێیەی كە تەوحیدی شهودی پێویستە بۆ فەنابوون، بۆیە خوای گەورە لە وتە پیرۆزەكەیدا بەدرێژی باسی كردووە، كەسی نەزان كاتێك هەندێ لەو ئایەتانە دەبینێت، بەهەڵە پێیوایە ئاماژە دەكەن بۆ تەوحیدی وجودی (یەكێتی بوون)، وە تێناگات كە دژیەكی لە كەلامی خوادا مەحاڵە. كەواتە مادام خوای گەورە بەهۆی سەدەها ئایەتی ڕوون و دەقی ئاشكراوە بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر ئەوەی لەنێوان خۆی و دروستكراوانیدا جوداییەكی تەواوەتی هەیە، وە بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر ئەوەی كە خۆی دروستكارە بەوپێیەی دروستكراوانی لەواقیعدا بوونیان هەیە، وە جگە لە خۆی دروستكراوانی دابەشكردووە بۆ بەختەوەر و چارەڕەش، وە مانەوەی داناوە بۆ هەندێكیان لە بەهەشتدا و بۆ هەندێكیان لە دۆزەخدا، وە هەموو پێغەمبەرانی خۆی و كەسە ڕاستگۆكانی بە وشەی بەندە باسكردووە، وە جەختی كردووەتەوە لەسەر بەندایەتیە هەمیشەییە نەپچڕاوەكانیان.. ئیتر چۆن ڕەوایە تەئویلی هەندێ ئایەت بكرێت بە شێوەیەك پێچەوانەی ئەم ڕاگەیاندنە ئاشكرا و ڕوونە بێت كە تەبایە لەگەڵ عەقڵیشدا. ئەمە نەریتی كەسێكە ناگەڕێت بەشوێن ڕێگای ڕاستدا، بەڵكو ژیانی بێباوەڕی و زەندیقی دەوێت بە هەڵەشەیی و نابەرپرسیارێتی، ئەگینا ئەگەر مرۆڤ تەنھا بە عەقڵی بیربكاتەوە ئەوا دەستبەجێ بۆی ڕوون دەبێتەوە كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان مشتێك خۆڵ (واتە: مرۆڤ) و پەروەردگارە پاك و پیرۆزەكەیدا. بێگومان مرۆڤ لە دنیادا بەناچاری زۆرێك لە شتانی ناخۆش و نەشیاو دەبینێت، وە زۆرێك لە داواكارییەكانی جێبەجێ نابن سەرەڕای دوعا و پاڕانەوەكانی، دەی ئەگەر لەڕاستیدا مرۆڤ خوا بێت؛ ئەوا بۆچی هەموو ئاواتەكانی نایەنەدی بە دەستەواژەی “كن فیكون”؟ وە بۆچی سیفەتەكانی خوا نادرەوشێنەوە تێیدا؟ ئایا دەگونجێت حەقیقەتێك جیابێتەوە لە پێداویستیە خۆییەكانی؟ دەی ئەگەر حەقیقەتی مرۆڤ خوایەتییە ئەوا بۆچی ئاسەوارەكانی خوایەتی دەرناكەون تێیدا؟ یەعقووب (عليه السلام) بەردەوام بۆ ماوەی چل ساڵ گریا و نەیزانی شوێنی كوڕە خۆشەویستەكەی لەكوێیە مەگەر ئەو كاتەی خوا ویستی. دەی مادام سیفەتەكانی خوایەتی دەرنەكەوتن لە كەسایەتی پێغەمبەراندا ئیتر چۆن لە كەسانی تردا دەردەكەون؟ وە بەوپێیەی هەتا ئێستا هیچ كەسێك لە مەیدان و گۆڕەپاندا دەرنەكەوتووە تاكو لەبەردەم دۆست و نەیارەكانیدا ئەو هێزە خواییانە دەربخات كە تێیدا هەن، ئیتر چۆن چاوەڕێی بكەین لە داهاتوودا؟

سەرەڕای ئەوە، دەبێت ئەوەش لەبەرچاوبگرین كە كردەوەی خراپ و چەپەڵ لەمرۆڤەوە دەردەچێت! ئایا كەسی ژیر داندەنێت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئەم خراپانە لەلایەن ڕۆحی خواوە؟!”

(مكتوبات أحمدیة، مجلد 1، الرسالة رقم 43)