بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

نیشانەكانی كۆمەڵی ڕزگاربوو

هەر گروپێك لە گروپە ئیسلامیەكان، لەناویشیاندا كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، بانگەشەی ئەوە دەكات خۆی ئەو گروپەیە كە ڕزگاری بووە لە ئاگر، وە سیفەتەكانی ئەو گروپەی بەسەردا پیادە دەبێت كە پەیڕەوی ڕێبازەكەی پێغەمبەری خوا () و هاوەڵانی دەكات.

 پێویستە لەسەرمان بەراورد بكەین لەنێوان هەموو ئەو گروپە ئیسلامییانەی ئەمڕۆ بوونیان هەیە و كۆمەڵی ئیسلامی یەكەمدا كە پێغەمبەری خوا () دایمەزراند، بۆ ئەوەی بزانین ئەو گروپە كامەیە كە ئەو وەسفەی بەسەردا پیادە دەبێت كە پێغەمبەری خوا () باسی كردووە و فەرموویەتی: “ئەو گروپەیە كە پەیڕەوی ڕێبازەكەی من و هاوەڵەكانم دەكات”:

1) بێگومان كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم پیاوێك دایمەزراند كە فەرمووی لەلایەن خوای گەورەوە نێردراوە و فەرمانی پێكراوە ئەویش بریتی بوو لە پێغەمبەری خوا () (بە چاوپۆشین لە ڕازیبوونی هاوچەرخەكانی لێی یان دژایەتیكردنیان بۆی)، ئایا  لە جیھانی ئیسلامی هاوچەرخدا ئەو گروپە كامەیە كە ڕایدەگەیەنێت خۆی ئەو گروپەیە پیاوێك دایمەزراندووە كە فەرموویەتی لەلایەن خوای گەورەوە نێردراوە و فەرمانی پێكراوە (بەچاوپۆشین لە ڕازیبوونی هاوچەرخەكانی لێی یان دژایەتیكردنیان بۆی)؟ وەڵام: ئەو كۆمەڵە بریتیە لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

2) دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم () ڕایگەیاند كە لەلایەن خوای گەورە وەحی پێ دەگات، وە  لە مەقامی پێغەمبەرایەتیدایە، كەواتە لەناو گروپەكانی جیھانی ئیسلامی هاوچەرخدا چ كۆمەڵێك هەیە ڕایبگەیەنێت كە دامەزرێنەرەكەی لە لایەن خوای گەورەوە وەحی پێ دەگەیشت، وە لە مەقامی پێغەمبەرایەتیدا بووە (بەچاوپۆشین لە ڕازیبوون یان دژایەتیكردنی لەلایەن هاوچەرخەكانیەوە). وەڵام: ئەو كۆمەڵە بریتیە لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

3) ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم خۆیان ناو نابوو موسوڵمان، بەڵام هاوچەرخەكانیان ڕەتیان كردەوە كە بە موسوڵمان لەقەڵەمیان بدەن، بەڵكو پێیان دەگوتن صابئیەكان واتە دەرچووەكان لە ئایینی باوباپیران. ئایا لەناو گروپەكانی جیھانی ئیسلامی هاوچەرخدا چ گروپێك هەیە هاوچەرخەكانیان بە موسوڵمان لەقەڵەمیان نادەن؟ وەڵام: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

4) ستەمكار و ملهوڕەكانی هاوچەرخی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم نەیاندەهێشت ئەندامانی ئەم كۆمەڵە بە هەر دیمەنێك لە دیمەنەكانی ئایینی ئیسلامەوە لەبەرچاویاندا دەربكەون، ئایا لەناو گروپەكانی جیھانی ئیسلامی هاوچەرخدا چ گروپێك حكومەت -بەزەبری یاسا- ڕێگری لە ئەندامەكانی كردووە بەهەر دیمەنێك لە دیمەنەكانی ئایینی ئیسلامەوە دەربكەون؟ وەڵام: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

5) ئەندامەكانی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم هەوڵیاندا سەردانی كەعبە بكەن بۆ بەجێھێنانی دروشمە ئیسلامیەكان، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی لە مەككەدا حوكمی دەكرد ڕێگری لێ كردن. ئایا لەناو گروپەكانی جیھانی ئیسلامی هاوچەرخدا ئەندامەكانی چ گروپێك دەسەڵاتدارانی مەككە ناهێڵن سەردانی كەعبە بكەن؟ وەڵام: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

6) كاتێك ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم بەهۆی ئایینەكەیانەوە لە وڵاتی خۆیان هەڵھاتن بۆ یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ، هەندێ كەس لە هاوچەرخەكانیان شوێنیان كەوتن بۆ ئەوەی ناكۆكی بخەنە نێوان ئەوان و ئەو وڵاتەی كە میوانداری كردن، وە هانی كاربەدەستانی ئەو وڵاتەیان دا لە دژیان. ئایا لەناو گروپە  ئیسلامیەكانی جیھانی هاوچەرخدا چ گروپێك ناحەزانی شوێن ئەندامەكانیان دەكەون لە هەموو ئەو وڵاتانەی پەنایان بۆ بردوون و داوا لە كاربەدەستان دەكەن لەدژیان بوەستن، وە هەوڵ دەدەن ناكۆكی و ئاژاوە بخەنە نێوان ئەوان و ئەو وڵاتانەی كۆچیان كردووە بۆیان بۆ كار و كاسبی یان هەڵهاتوون بۆیان لەتاو چەوسانەوە؟ وەڵام: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

7) هاوچەرخانی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم بە زەبری هێز نەیاندەهێشت كۆمەڵەكە بانگەواز بكات بۆ ئەو ئایینەی كە باوەڕی پێ هێنابوو. ئایا لەناو گروپەكانی جیھانی ئیسلامی هاوچەرخدا چ گروپێك بەزەبری هێز قەدەغە دەكرێت لە بانگەوازكردن بۆ ئەو ئایینەی كە باوەڕی پێیەتی؟ وەڵام: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

 لێرەدا تێبینی ئەوە دەكرێت كە ڕەنگە هەندێ گروپی تیرۆرستی سەر بە ئیسلام هەبن، وە ڕەنگە هەندێ حكومەتی عەرەبی بڕیاریان دابێت ڕێگری بكەن لە كار و چالاكی ئەو گروپانە، بەڵام ئەمە وایان لێ ناكات لە دۆخێكدا بن كە لە كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم بچن، چونكە ئەو گروپەی یەكەم تەنها گروپێكی ئایینی بوو، وە خەڵكی تیرۆر نەدەكرد، وە هەوڵی نەدەدا سیستەمی دەسەڵات لەناوببات لە مەككەدا، وە نەیدەویست لەڕێگەی توندوتیژی و تۆقاندنەوە دەست بگرێت بەسەر دەسەڵاتدا.

8) هاوچەرخانی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم هەستان بە ئەنجامدانی چەندین هەڵمەتی سەرلێشێواندن و ڕقەبەرایەتی لەدژی كۆمەڵەكە، لەمەدا هەموو شێوازەكانی غەش و فێڵ و ساختەچێتی و چەواشەكردنیان بەكاردەهێنا، سەرەڕای هەڵمەتەكانی شاردنەوەی هەواڵەكان و پەردەپۆشكردنی ڕاستیەكان لە جەماوەر لە ڕاگەیاندندا بۆ كەناگیركردنی ئەندامەكانی ئەو كۆمەڵە لەو كۆمەڵگایانەدا كە تێیدا دەژیان. ئایا لەناو گروپەكانی جیهانی ئیسلامی هاوچەرخدا چ گروپێك هەڵمەتەكانی سەرلێشێواندن و ڕقلێبوون لەدژی ئەنجامدەدرێت لە فراوانترین بازنەدا لەڕێگەی بەكارهێنانی خراپترین شێوازی فێڵكردن و فریودان و غەش و چەواشەكردنەوە، سەرەڕای هەڵمەتەكانی شاردنەوەی هەواڵەكان و پەردەپۆشكردنی ڕاستیەكان لە خەڵكی لە ڕاگەیاندنەكاندا بۆ كەنارگیركردن و دابڕینی ئەندامەكانی  لە جیھانی هاوچەرخ؟ وەڵام: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

9) كاتێك دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم () كۆچی دوایی كرد پاش خۆی سیستەمی خیلافەت دامەزرا، وە لە لوتكەی كۆمەڵەكەدا خەلیفەیەك هەبوو چاودێری كاروباری موسوڵمانانی دەكرد. ئایا لەناو گروپەكانی جیھانی ئیسلامی هاوچەرخدا چ گروپێك دوای كۆچی دوایی دامەزرێنەرەكەی سیستەمی خیلافەتی دامەزراند، وە لە لوتكەی كۆمەڵەكەدا خەلیفەیەك هەیە چاودێری كاروباری موسوڵمانان بكات؟ وەڵام: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

10) لە هەموو ئەو شوێنانەی كە ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم بۆی دەڕۆیشتن یان تێیدا دەردەكەوتن ئەندامەكان شوێن یەك ڕابەر دەكەوتن كە بریتی بوو لە دامەزرێنەری كۆمەڵەكە () لە ماوەی ژیانیدا.. یان شوێن خەلیفەكەی دەكەوتن دوای كۆچی دوایی خۆی. ئایا لەناو گروپەكانی جیھانی ئیسلامی هاچەرخدا چ گروپێك ئەندامەكانی شوێن یەك سەركردە و ڕابەر دەكەون لە هەموو ئەو شوێنانەی كە ئەندامەكانی ئەم گروپەی تێدایە؟ وەڵام: كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.

بەڵێ.. زۆر لە گروپە ئیسلامیەكان هەن كە لقیان هەیە لە زۆر وڵاتدا، بۆ نموونە كۆمەڵی برایانی موسوڵمان.. ئەم كۆمەڵە ڕێكخستنێكی هەیە لە میسردا لە لوتكەكەیدا مورشیدی گشتی هەیە كە لەو كاتەدا مامۆستا حەسەن هوزەیبی بوو، وە لەهەمان كاتدا ڕێكخستنێكی هەبوو لە سوریادا كە ئەویش لە لوتكەكەیدا مورشیدێكی گشتی هەبوو كە لەو كاتەدا دكتۆر موستەفا سیباعی بوو. كەواتە تەنھا بەناو یەك كۆمەڵ بوو، بەڵام لەڕووی ڕێكخستن و ڕابەرایەتیكردنەوە هەریەكەیان سەربەخۆ بوو. وە ئەمڕۆ (واتە ساڵی 1997) ڕێكخستنێكی برایانی موسوڵمان لە سوودان هەیە كە لە لوتكەكەیدا مورشیدێكی گشتی هەیە و بریتیە لە مامۆستا حەسەن تورابی، بەڵام ڕێكخستنی برایانی موسوڵمان لە میسر پەیوەندی خۆی پچڕان لەگەڵی و وازیلێهێنا و تۆمەتباری كرد بە تیرۆر و تۆقاندن و دەرچوون لە بیروباوەڕەكانی كۆمەڵی برایان.

 لەمەی پێشووەوە دەردەكەوێت كە دیارترین ئەو شەقڵ و سیفەتانەی كۆمەڵی ئیسلامی یەكەم هەیبووە هەمان ئەو شەقڵ و سیفەتانەیە كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی هەیەتی، ئەمەش ئەو وتەیەی پێغەمبەری خوا () پشتڕاست دەكاتەوە كە لە وەسفی گروپە رزگاربووەكەدا فەرموویەتی: “ئەو گروپەیە كە پەیڕەوی ڕێبازەكەی من و هاوەڵەكانم دەكات.”

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمين