بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

موسوڵمانان و باوەڕنەبوونیان بە هەردوو مەسیحەکە!!

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

خوای گەورە دەربارەی باس و خواسی پێغەمبەرانی پێشوو ئەفەرموێت: ﴿لَقَدْ كَانَ فِي قَصَصِهِمْ عِبْرَةٌ لِأُولِي الْأَلْبَابِ﴾ (يوسف)

واتە: “به‌ڕاستیی باسی به‌سه‌رهاتی ئه‌و پێغه‌مبه‌رانه‌ و خراپی قه‌ومه‌کانیان و سه‌ره‌نجامی دژواریان، چه‌ندین په‌ند و عیبره‌تی تیادایه‌ بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ خاوه‌ن بیروهۆشن” (تەفسیری گوڵشەن)

وە خوای گەورە فەرمانمان پێدەکات پەند و ئامۆژگاری وەربگرین له هەڵەی بێباوەڕان بە درێژایی مێژوو، خوای گەورە ئەفەرموێت: ﴿قَدْ خَلَتْ مِنْ قَبْلِكُمْ سُنَنٌ فَسِيرُوا فِي الْأَرْضِ فَانْظُروا كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الْمُكَذِّبِينَ* هَذَا بَيَانٌ لِلنَّاسِ وَهُدًى وَمَوْعِظَةٌ لِلْمُتَّقِينَ﴾ (آل عمران).. واتە: ” به‌ڕاستی پێش ئێوه‌ چه‌ندان یاسا و به‌رنامه‌ تێپه‌ڕیوه‌ (له‌لایه‌ن خواوه‌ که‌ سه‌رئه‌نجام ئیماندارانی سه‌رخستووه‌ و کافرانی له‌ناو بردووه‌) ده‌ ئێوه‌ش به‌ زه‌ویدا بگه‌ڕێن و ته‌ماشا بکه‌ن و ئینجا سه‌رنج بده‌ن و وردببنه‌وه‌: بزانن سه‌رئه‌نجامی ئه‌وانه‌ چۆن بووه‌ که‌ به‌رنامه‌ی پێغه‌مبه‌رانی خوایان به‌ درۆ زانیوه‌* ئا ئه‌مه‌ی که‌ باسکرا به‌یاننامه‌ و ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ بۆ خه‌ڵکی به‌ گشتی و ڕێنمووبه‌خش و ئامۆژگاریشه‌ بۆ پارێزکاران به‌ تایبه‌تی”. (تەفسیری ئاسان)

بۆیە پێویستە مێژووی ئەو پێغەمبەرانە و شوێنکەوتوانیان بخوێنین بۆ ئەوەی سوودیان لێوەرگرین، هاوکات بە شارەزا بوونمان لە ژیانی بێباوەڕان دەتوانین خۆمان بپارێزین لەو هەڵانەی کە بێباوەڕان کردوویانە بەرامبەر پێغەمبەران (عليهم الصلاة والسلام). گومانی تێدا نیه نەوەی ئیسڕائیل هەتا هاتنی مەسیح (علیه السلام) چاوەڕێی سێ کەسایەتیان دەکرد؛ ئەوانیش بریتی بوون لە: دابەزینی پێغەمبەر ئەلیاس لە ئاسمانەوە، پاشان هاتنی مەسیحى چاوەڕوانکراوی ئیسڕائیلی، وە هاتنی پێغەمبەرێك (مەبەست پێى پێغەمبەرێکی خاوەن شەریعەتە چونکە هاوشێوەی مووسایە).جووەکان دێنە لای یەحیای خەڵك لە ئاوهەڵکێش (يوحنا المعمدان) و پرسیاری لێ دەکەن تا بزانن ئایا ئەم کام لەو سێ پێغەمبەرە چاوەڕوانکراوەیە: ” 19.. کاتێ جوولەکەکانی قودس هەندێ کاهین و لاوییان نارد بۆ ئەوەی پرسیاری لێ بکەن: تۆ کێیت؟ 20 ئەو بەبێ دوودڵی دانی پیاناو وتی: (من مەسیح نیم) 21 ئینجا لێیان پرسی: ئەی تۆ کێیت؟ ئەلیاسی؟ وتی: نەخێر! ئەو نیم. وتیان: ئایا پێغەمبەرەکەی؟ وتی: نەخێر.” (یۆحەننا 1 : 19ـ21)

ئێستا زانیمان کە ئەبێ یەکەمجار ئەلیاس لە ئاسمانەوە دابەزێ ئینجا مەسیح دێت پاشان پێغەمبەرەکە، بەڵام کاتێك عیسای کوڕی مەریەم فەرمووی: من مەسیحی چاوەڕونکراوم چی ڕوویدا؟؟!!

“سَأَلَهُ تَلاَمِيذُهُ قَائِلِينَ: «فَلِمَاذَا يَقُولُ الْكَتَبَةُ: إِنَّ إِيلِيَّا يَنْبَغِي أَنْ يَأْتِيَ أَوَّلاً؟» 11فَأَجَابَ يَسُوعُ وَقَالَ لَهُمْ: «إِنَّ إِيلِيَّا يَأْتِي أَوَّلاً وَيَرُدُّ كُلَّ شَيْءٍ. 12وَلكِنِّي أَقُولُ لَكُمْ: إِنَّ إِيلِيَّا قَدْ جَاءَ وَلَمْ يَعْرِفُوهُ، بَلْ عَمِلُوا بِهِ كُلَّ مَا أَرَادُوا. كَذلِكَ ابْنُ الإِنْسَانِ أَيْضًا سَوْفَ يَتَأَلَّمُ مِنْهُمْ». 13حِينَئِذٍ فَهِمَ التَّلاَمِيذُ أَنَّهُ قَالَ لَهُمْ عَنْ يُوحَنَّا الْمَعْمَدَانِ.﴾ واتە: “10 ئینجا قوتابیەکانی لێیان پرسی: (ئەی باشە بۆچی مامۆستایانی شەریعەت دەڵێن. دەبێ ئەلیاس یەکەمجار بێت؟). 11 عیسا وەڵامی دانەوە وتی: (ئەمە ڕاستە، ئەلیاس دێت و هەموو شتێ دەخاتەوە شوێنی خۆی. 12 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەلیاس هات و نەیانناسی، چیان ویست پێیانکرد، هەروەها ڕۆڵەی مرۆڤیش بەدەستیانەوە دەکەوێتە بەر ئازار)”. (مەتتا 17 : 10ـ13)

وه مەسیح فەرمووی: “13لأَنَّ جَمِيعَ الأَنْبِيَاءِ وَالنَّامُوسَ إِلَى يُوحَنَّا تَنَبَّأُوا. 14وَإِنْ أَرَدْتُمْ أَنْ تَقْبَلُوا، فَهذَا هُوَ إِيلِيَّا الْمُزْمِعُ أَنْ يَأْتِيَ. 15مَنْ لَهُ أُذُنَانِ لِلسَّمْعِ فَلْيَسْمَعْ”.

واته: “13 شەریعەت و هەموو پێغەمبەران، تاهاتنی یەحیا پێشبینیان کردووە. 14 ئەگەر بڕوا دەکەن، ئەم یەحیایە ئەو ئەلیاسەیە کە چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکرێت. 15 ئەوەی گوێی هەیا بۆ گوێ گرتن با گوێ بگرێ!”. (مەتتا 11 : 13ـ15)

ئەگەر ئێستا لە خۆمان بپرسین ئایا ئەگەر ئێمە بووینایه بەو وەڵامەی مەسیح قایل دەبووین لە کاتێکدا ئەلیاس دانەبەزیوە کەچی عیسا بانگەشەی مەسیح بوون ئەکات!! یاخود ئێمەش پاڵپشتی ئەو زانایانەمان دەکرد کە مەسیحیان کافر کرد و داوایان لە دەسەڵاتداران کرد لە خاچ بدرێت!! ئەی لە خۆمان بپرسین: ئایا ئەمان توانی قبوڵی تەئویلەکەی بکەین کاتێك هەموو چاوەڕوانی دابەزینی پێغەمبەرێکن له ئاسمانەوە بەڵام عیسا فەرمووی: مەبەست لە دابەزینی ئەو پێغەمبەرە هاتنی یەحیای خەڵك لە ئاوهەڵکێشە.بە بێ دوودڵی ئەڵێم: ئەوانەی ئەمڕۆ باوەڕ بە مەسیحی بەڵێندراوی ئەم ئوممەتە ناکەن ئەگەر لە سەردەمی عیسای کوڕی مەریەمدا بوونایە بە بێگومان باوەڕیان بە مەسیحیش نەدەکرد.وە پێیان دەڵێم: (میرزا غوڵام ئەحمەد) ئەو مەسيحەیە کە چاوەڕێی گەڕانەوەی دەکرێت، ئەوەی گوێی هەیه‌ بۆ گوێ گرتن با گوێ بگرێ!

هەروەها لەلایەکی ترەوە بەنی ئیسڕائیل سوور بوون لەسەر ئەوەی کە ئەبێ مەسیح لە هۆزی (لاوی) بێت، بەڵام مەسیح لەو هۆزە نەبوو.. ئەمڕۆش ئەبینین بە هەمان شێوە شێخ و مەلا و زانایان ئەڵێن: ئەبێ مەهدی بێت و لە نەوەی حەسەن یان حوسێن بێت، لە کاتێکدا پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) ئەفەرموێت: سەلمان لە ئێمەیە (آل البیت)ـە، له‌به‌رئه‌وه‌ ئیمام مه‌هدی (عليه السلام) هه‌روه‌كو سه‌لمان (رضي الله عنه) له‌ ئالوبه‌یتی ڕۆحی پێغه‌مبه‌ره (صلی الله علیه وسلم)‌.

وە هەروەها پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە که کاتێك ئیمان له زەویدا کزولاواز دەبێت و بە جۆرێك بەرز ئەبێتەوە بۆ ئاسمان لەلایەن نەوەی فارسەوە جارێکی دی ئیمان دەگەڕێتەوە بۆ زەوی.. بێگومان ئەو کەسەش کە خوای گەورە بەهۆیەوە ئیمانی گێڕایەوە ئیمامی مەهدی و مەسیحی چاوەڕوانکراوە (حەزرەتى میرزا غوڵام ئەحمەد).

هەروەها نەوەی ئیسڕائیل سوور بوون لەسەر ئەوەی ئەبێ مەسیحی چاوەڕوانکراو پاشا بێت و لە چاوتروکانێکدا وەك دەوترێت (دنیا بکات بە شامی شەریف!).. ئەمڕۆش دەبینین شێخ و مەلا و زانایان بەهەمان شێوە چا‌وەڕێی ئیمامی مەهدی دەکەن تا سەرکردایەتیان بکات و شەڕ هەڵبگیرسێنێت و دەستکەوتی دنياییان بەسەردا دابەش بکات!! بەڵام ئەم بۆچوونە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ سوننەتی خوادا لە ناردنی پێغەمبەران.. چونکە وەکو دەزانین هەموو پێغەمبەران ئازاری زۆریان چەشتووە و ئارامی زۆریان گرتووە لەسەر ناڕەحەتی و چه‌وسانه‌وه‌ی گەلەکانیان بەڵام نەبیستراوە تا ئێستا پێغەمبەرێك هات بێت و دەستی بە کوشتاری خەڵکی کرد بێت!! بەڵکو شمشێری پێغەمبەران بریتی بووە لە بەڵگە بەهێزەکانیان بەرامبەر بە نەیارانیان، وە پێغەمبەران شمشێریان هەڵنەگرتووە مەگەر یەکەمجار نەیاران شمشێریان هەڵگرتبێت بەرامبەریان، وە بێگومان بەرگریکردنيش کارێکی ڕەوایە. وە ئەمڕۆ هەر کاتێک بانگی زانایان دەکەین بۆ باوەڕهێنان بە مەسیحی چاوەڕوانکراو: په‌نجه‌یان ده‌خەنه‌ گوێچکه‌یانه‌وه‌ تا نه‌بیستن، جله‌کانیان به‌سه‌ر خۆیاندا ده‌دەن تا نه‌مانبینن، زۆر سوورن له‌سه‌ر بێ باوه‌ڕی و خۆیان به‌زل ده‌زانن و لووت به‌رزن.. نەك هەر ئەوەندە بەڵکو هانی خەڵکیش دەدەن بۆ ئەوەی گوێمان لێنەگرن لەم کارەشیاندا شوێنی کافرانی مەککە کەوتوون کاتێك ئەیان وت: “گوێ مه‌گرن بۆ ئه‌م قورئانه‌”؛ بەڵام ئێمە هەمیشە بانگیان ئەکەین بۆ گفتوگۆی بنیاتنەر و بۆ ئەوەی گوێبیستی بەڵگەکانمان بن و ئێمەش گوێیان لێبگرین و گفتوگۆ بکەین. وە بەردەوام مەسیحی بەڵێندراو (میرزا غوڵام ئەحمەد) بانگی ئەکردن و داوای ئەکرد سەردانی بکەن و لە نزیکەوە گوێبیستی بن، بەڵام ئەوان بەردەوام ئەیانەوێ بانگەشەکەی بشێوێنن و بەشێوازێکی نەخوازراو و قێزەون وەسفی ئەکەن و بەوپەڕی خراپی ئەیدەن بە گوێی خەڵکیدا و ئاگاداریان دەکەنەوە کە گوێمان لێ نەگرن.

وَآخِرُ دَعْوَنا أَنِ الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ