بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ته‌فسیری ئایه‌تى‌ ﴿وَإِنْ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ إِلَّا لَيُؤْمِنَنَّ بِهِ قَبْلَ مَوْتِهِ﴾

پرسیار: ته‌فسیری ئه‌م ئایه‌ته‌ چییه‌؟ ﴿وَإِنْ مِنْ أَهْلِ الْكِتَابِ إِلَّا لَيُؤْمِنَنَّ بِهِ قَبْلَ مَوْتِهِ﴾. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیح (عليه السلام) جارێكی تر ئه‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ ئه‌م دونیایه له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ كتێبێكی پیرۆز نه‌بووه‌ له ژیانیدا، سوپاس

وه‌ڵام: “ليؤمنن به” ڕاناوه‌كه‌ی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ (كوشتن و له خاچدان) نه‌وه‌ك مه‌سیح.

ئایه‌ته‌كه ئه‌فه‌رموێت: هه‌موو خاوه‌ن كتێبه‌كان (جووه‌كان و گاورەکان) باوه‌ڕیان وایه كه مه‌سیح (عليه السلام) كوژراوه‌ و له خاچدراوه‌، ئه‌مه بیروباوه‌ڕێكی سه‌ره‌كی مه‌سیحییه‌كانه كه واده‌بینن كوژرانی مه‌سیح بۆ خۆ به‌ختكردنه له پێناو مرۆڤایه‌تیدا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو نه‌وه‌ی ئاده‌م ڕزگاربكات له هه‌ڵه‌كه‌ی ئاده‌م، هه‌روه‌ها بیروباوه‌ڕێكی سه‌ره‌كی جووه‌كانه چونكه ئه‌وان ئه‌ڵێن عیسا بانگه‌شه‌ی مه‌سیحێتی كردووه‌ به درۆ (په‌نا به‌ خوا)، بۆیه توانیان بیكوژن له‌سه‌ر خاچ، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین به‌ڵگه‌یه له ‌لایان بۆ باوه‌ڕنه‌هێنانیان به مه‌سیح (عليه السلام)

به‌مشێوه‌یه خاوه‌ن كتێبه‌كان كۆكن له‌سه‌ر كوژرانی مه‌سیح (عليه السلام) له‌سه‌ر خاچ هه‌رچه‌نده‌ لێكدانه‌وه‌یان بۆ ڕووداوه‌كه جیاوازه.

له‌وانه‌یه ‌ئه‌م ئایه‌ته وه‌ك سه‌رسوڕمان بێت له كۆده‌نگی خاوه‌ن كتێبه‌كان له‌سه‌ر ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌یان كه له ڕاستیدا ته‌نها گومانی ئه‌وانه‌ و هیچی تر، هه‌روه‌ها هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی یەکلاو دروستیان نییه له‌سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌یان، هه‌روه‌ك خوای كاربه‌جێ ئه‌فه‌رموێت: ﴿وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَكِنْ شُبِّهَ لَهُمْ وَإِنَّ الَّذِينَ اخْتَلَفُوا فِيهِ لَفِي شَكٍّ مِنْهُ مَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِلَّا اتِّبَاعَ الظَّنِّ وَمَا قَتَلُوهُ يَقِينًا﴾ (النساء: 158)

هه‌روه‌ها ئایه‌ته‌كه ئه‌فه‌رموێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌موویان باوه‌ریان وایه عیسا (عليه السلام) له‌سه‌ر خاچ مردووه‌، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ دوای مردنیان ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌یان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه‌ (چونكه لێره‌دا ڕاناوه‌كه بۆ خاوه‌ن كتێبه‌كان ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌)، هه‌روه‌ك چۆن مه‌سیحيش (عليه السلام) گه‌واهیده‌ره‌ (شاهد) به‌سه‌ریانه‌وه‌ (له ڕۆژی دواییدا) كه خاوه‌ن كتێبه‌كان له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕیكی بێبنه‌مان.

به‌ڵام ئه‌و گومانه‌ی كه ئه‌ڵێت: ئایه‌ته‌كه به‌ڵگه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌سیح (عليه السلام) و له داهاتوودا هه‌موو خاوه‌ن كتێبه‌كان باوه‌ڕی پێئه‌كه‌ن، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه‌ گومانێكه و هیچی تر له‌به‌ر ئه‌م دوو خاڵه:

یه‌كه‌م: ده‌قی ئایه‌ته‌كه ئه‌و مانایه‌ ئه‌دات كه هه‌موو خاوه‌ن كتێبه‌كان (ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی ڕابردووش) باوه‌ڕی پێئه‌كه‌ن، له كاتێكدا زۆرێك له‌وان مردوون و باوه‌ڕیان پێنه‌هێنا.

دووه‌م: قورئانی پیرۆز ئاماژه‌ به كۆمه‌ڵێك ئه‌كات كه هه‌تا ڕۆژی دوایی باوه‌ڕی پێناكه‌ن:

“وَجَاعِلُ الَّذِينَ اتَّبَعُوكَ فَوْقَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِلَى يَوْمِ الْقِيَامَةِ” (آل عمران: 56)

هه‌روه‌ها جگه له چه‌نده‌ها ئایه‌تی دیكه كه ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هیچ ڕۆژێك نایه‌ت خه‌ڵكی هه‌موو باوه‌ڕداربن، به‌ڵكو به به‌رده‌وامی جیاوازی بۆچوونه‌كان تا ڕۆژی دوایی به‌رده‌وام ده‌بێت و خوای گه‌وره‌ خۆی حوكم ده‌كات له نێوانیاندا له ڕۆژ دواییدا.

پێویسته ئاگاداری ئه‌وه‌بین ئه‌م ئایه‌ته به‌ڵگه‌یه‌كی تره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیح (عليه السلام) بۆ خۆی جارێكی تر ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌م دونیایه، به‌ڵكو ته‌نها له ڕۆژی دواییدا گه‌واهیده‌ره‌ به سه‌ریانه‌وه، خوای گه‌وره‌ ئه‌فه‌رموێت: “وَيَوْمَ الْقِيَامَةِ يَكُونُ عَلَيْهِمْ شَهِيدًا” (النساء: 160)