بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

زانا موسوڵمانە نائەحمەدیەكان ستایشی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەكەن

بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

ئەمڕۆ، سەرەڕای ئەوەی ئێمە لە سەردەمێكداین كە زانیاری بە ئاسانی دەستدەكەوێت بەڵام بەداخەوە هەندێك لە خەڵكی بەهۆی نەشارەزایی و كەمی زانیاریەوە دەربارەی ژیان و كارەكانی حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد (علیه السلام)، پێیان وایە كە هەموو موسوڵمانانی سەردەمی خۆی دژایەتیان كردووە!! بەڵام لەڕاستیدا بەو شێوەیە نیە، چونكە مێژوو شایەتی لەوە دەدات كە زۆرێك لە زانا و بیرمەندە موسوڵمانەكان كە لە سەردەمی بەڕێزیدا (علیه السلام) ژیاون ستایشیان كردووە و دانیان بە خزمەتەكانیدا ناوە بۆ سەرخستنی ئیسلام.

ئێمە هەوڵ دەدەین ڕاستیەكان وەكو خۆی بخەینەڕوو.. ئەمەش لەڕێگەی پێشكەشكردنی وتەی كەسایەتیە دیارەكانی موسوڵمانان لەو سەردەمەدا كە دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) قسەیان كردووە. ئامانجمان لەم بابەتە ئەوەیە كە خەڵكی تێگەیشتنێكی ڕاست و دروستیان هەبێت دەربارەی هەڵوێستی موسوڵمانان بەرامبەر بە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام).. وە ڕۆشنایی بخەینەسەر ئەو خزمەتە مەزنانەی كە بەڕێزی (علیه السلام) پێشكەشی ئیسلامی كردووە.

لێرەدا چەند نموونەیەك لە وتەی زانا موسوڵمانەكان دەخەینەڕوو كە ستایشی مەسیحی بەڵێندراویان كردووە:

یەكەم: شێخ ئەبو كەلامی ئازاد، كە زانایەكی بەناوبانگ بوو لە كیشوەری هیندیدا، لەدوای كۆچی دوایی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ستایشی زۆری كرد و ئاماژەی بەوەدا كە بەڕێزی (علیه السلام) بەرگریەكی مەزنی لە ئیسلام كردووە و هێرشی مەسیحیەكانی تێكشكاندووە. وە هەروەها خزمەتێكی گەورەی بە ئیسلام كرد بە شكاندنی كەڵبەی ژەهراوی كۆمەڵی ئاریای هیندۆسی. شێخ ئەبو كەلامی ئازاد دەڵێت:

“ئەو كەسایەتیە! بەڵێ، ئەو كەسایەتیە مەزنە كە قەڵەمەكەی سیحر و زمانیشی هێما و تەلیسم بوو، وە بەرجەستەیەك بوو بۆ سەرسوڕهێنەرە عەقڵیەكان، وە ديدگای شۆڕش و دەنگیشی حەشر بوو، وە تەلەكانی شۆڕش پێچرابوون بە پەنجەكانیەوە، وە هەردوو دەستیشی دوو پاتـری كارەبایی بوون؛ ئەو كەسەی بەردەوام بۆ ماوەی سی ساڵ وه‌كو بوومەلەرزە و لافاو وابوو لە جیهانی ئایینەكاندا، وه‌كو هەراوهوریای قیامەت وا بوو، وە بەردەوام مردووە ڕۆحیەكانی بێدار دەكردەوە. مردن، جامی ژەهری تاڵ، شاردیەوە لەژێـر خاكدا، بەڵام یادەوەریە تاڵەكانی مردنی ئەو لەسەر زمانی هەزاران بەڵكو سەدان هەزار لە خەڵكی دەمێنێتەوە.”

پاشان دەڵێت: “ئەو كەسانەی شۆڕش بەرپا دەكەن لە جیهانی ئایین یان ژیـریدا ژمارەیان زۆر كەمە، بەڵكو ئەم پاڵەوانە تاقانانەی مێژوو بەدەگمەن دەردەكەون لەسەر شانۆی جیهان، بەڵام كاتێك دەردەكەون شۆڕش بەرپا دەكەن لە جیهاندا. هەڵبەت گەورەیی میـرزای بەڕێـز -سەرەڕای بوونی ڕاجیایی توند دەربارەی هەندێ لە بیـروباوەڕ و بانگەشەكانی- وای كرد لە موسوڵمانان، واتە لە موسوڵمانانی بیـرتیژ و ڕۆشنگەر.. كە لەكاتی مردنیدا هەست بكەن پیاوێكی گەورە لێیان جیابووه‌ته‌وه‌ و لەناویاندا نەماوە. دیارە ئەو وەكو سەركردەیەكی سەركەوتوو بەردەوام ئەركی خۆی بەجێدەهێنا دژی دوژمنانی ئیسلام، هەڵبەت ئەم خاسیەتە تاقانەیەی ئەو پێویستی دەكات لەسەرمان كە بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا دانبنێین بەمەدا بۆ ئەوەی ئەم بزووتنەوە مەزنە، كە دوژمنانی ئیسلامی خستە ژێـر پێ و بۆ ماوەیەك شكستی پێ هێنان، لە داهاتووشدا بەردەوام بێت. كتێبەكانی بەڕێـز میـرزا لە دژی مەسیحیەكان و ئاریا هيندۆسەكان بەشێوەیەكی بەرفراوان ڕەزامەندی خەڵكیان بەدەستهێناوە، وە بەڕێـزی لەم ڕووەوە پێویستی بە ستایش و پیاهەڵدان نیه‌. دەبێت ئەمڕۆ بە تەواوی ڕێـز لەم كتێبانە بگرین -كە ئەركی خۆیان جێبەجێ كرد- وە لە ناخی دڵەوە دانبنێین بە گەورەییاندا. ناكرێت ئەو ساتە دژوارە لە ڕووپەڕی دڵدا بسڕێتەوە كە له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ دوژمن پەلاماری ئیسلامی دەدا، وە موسوڵمانان -كە پاراستنی ئیسلامیان پێ سپێـرابوو لەلایەن پارێـزەری ڕاستەقینەوە (ﷺ)- دەیانناڵاند و ئاخیان هەڵدەكێشا وەك سزایەك لەسەر كەمتەرخەمیەكانیان، وە هیچ جووڵەیەكیان نەبوو كە لە بەرژەوەندی ئیسلام بێت بگرە هەر توانای ئەو كارەیان نەبوو. هۆكارەكانی بەرگری كردن (لە ئیسلام و موسوڵمانان) بەڕادەیەك لاواز بوون تەنانەت تیـریان پێ نەبوو لە بەرامبەر تۆپی دوژمندا. هیچ شتێك نەبوو بەناوی پەلاماردان یان بەرگریكردن… بەڵام ئەو بەرگریە مەزنەی (كە بەڕێـزی پێی هەستا) هێـرشی مەسیحیەكانی تێكشكاند كە لە ڕاستیدا بریتی بوو لە هێـزی ئایینی مەسیحیەت كە لەژێـر چەتـری حكومەتی ئینگلیـزیدا بەدەستی هێنابوو. ئا بەم شێوەیە هەزارەها موسوڵمان (بگرە سەدان هەزار) ڕزگاریان بوو لە پەلاماری ئایینی مەسیحیەت كە مەتـرسیەكی گەورە و دژواری دروست كرد بوو بەجۆرێك له‌ لێواری ته‌قینه‌وه‌دا بوو. بەم شێوەیە خودی جادووی مەسیحیەت وەكو دووكەڵ بوو بە هەڵم لە هەوادا. وە بەڕێـزی شێوازی بەرگریكردنی گۆڕی و شكستی گۆڕی بە سەركەوتن.”

ئەبو كەلامی ئازاد لەسەری دەڕوات و دەڵێت: “هەروەها میـرزای بەڕێـز خزمەتێكی گەورەی كرد بە ئیسلام بە شكاندنی كەڵبەی ژەهراوی كۆمەڵی ئاریا… وە نووسینەكانی دژی ئاریا بە تەواوەتی جەخت لەوە دەكەنەوە كە هەرچۆنێك بازنەی بەرگریمان فراوان بێت ناكرێت پێویستیمان بەم كتێبانە نەبێت. وە ئومێد ناكرێت لە داهاتوودا لە ناوەندە ئايينیەكانی هیندستاندا كەسێك پەیدا بێت به‌م شێوه‌یه‌ شان و شكۆی هه‌بێت و پایەی بەرز بێت، بەجۆرێك قوربانی بدات بە هیوا بڵندەكانی لەپێناوی توێژینەوەی ئاییندا.” [(جريدة “وكيل” أمرتسار، يونيو 1908م، لەڕۆژنامەی “بەدر”ەوە نەقڵكراوە، لە قادیان دەرچووە لە 18/6/1908 لا 2-3).]

دووەم: ڕۆژنامەی “وەكیل” لە ساڵی 1908دا وتارێكی بڵاوكردەوە دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و ئاماژەی بەوەدا كە بەڕێزی بەتەواوەتی ملكەچی ئیسلام بووە و بەردەوام لە گفتوگۆ و نووسینەكانیدا بەرگری لە ئیسلام كردووە، دەڵێت:

“بەتەواوەتی ملكەچی ئیسلام بوو. جارێك دیبەیتی دەكرد لەگەڵ گرووپی ئاریادا، وە جارێكی تـر كتێبی دوور و درێژی دەنووسی بۆ پشتگیـری كردن لە ئیسلام و چەسپاندنی ڕاستی ئەو ئايينە. هەتا ئێستا تام و چێژی ئەو گفتوگۆیانەی ئەنجامیدان لە شاری هۆشیارپوور لە ساڵی 1886زدا لە دڵەكاندا لانەچووە. هەروەها هەتا ئێستا ئەو سۆزە بەتینە لانەچووە كە باڵی كێشا بوو بەسەر دڵەكاندا بەهۆی خوێندنەوەی كتێبە ناوازەكانیەوە كە داینابوون بۆ بەرپەرچدانەوەی ئايينەكانی تـر و پشتگیـری كردنی ئیسلام.”

سێیەم: میرزا حەیرەت دەهلەیی، بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی “كرزن گازێت”، لە وتارێكیدا لە ژمارەی ڕۆژی 1/6/1908ز دەربارەی نووسراوەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نووسیویەتی ئەو خزمەتە گەورانەی كە بەڕێزی پێشكەشی ئیسلامی كردوون لە بەرەنگاربوونەوەی ئاریای هیندۆس و مەسیحیەكان شایەنی ڕێز و پێزانینێكی گەورەیە. لەم بارەیەوە دەڵێت:

“لە ڕاستیدا ئەو خزمەتە گەورانەی خوالێخۆش بوو ئەنجامیدان لەپێناوی ئیسلامدا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاریای هيندۆس و مەسیحیەكان شایانی ڕێـز و پێـزانینێكی زۆرە. هەڵبەت (میرزا غوڵام ئەحمەد) بەتەواوەتی ڕێڕەوی دیبەتی گۆڕی، وە بناغەیەكی نوێی دانا بۆ نووسراوە ئايينیەكان لە هیندستاندا. نەك تەنها لەبەرئەوەی كە من موسوڵمانم، بەڵكو بەو سیفەتەیش كە توێژەرم، داندەنێم بەوەدا كە لە توانای هیچ كەسێك لە ئاریا و قەشەكاندا نەبوو ڕووبەڕووی خوالێخۆش بوو ببێتەوە. وە كتێبە ناوازەكانی لە بەرپەرچی ئایینی مەسیحیەت و ئاریا، وە ئەو وەڵامە دەمكوتكەرانەی كە ئاراستەی نەیارانی ئیسلامی كرد، هەتا ئێستا كەسێكمان نەدی بتوانێت وەڵامێكی بەجێ بنووسێت لەسەریان… قەڵەمەكەی بەڕادەیەك بەهێز بوو كە لە (پەنجابدا) بگرە لەسەرتاسەری هیندستاندا كەسێك نیە بەم بەهێزیە بنووسێت. هەمیشە وشە زمانەوانیە زۆر و بەهێـزەكان، كە پڕبوون لە گوڕوتین، دەهاتن بە زەینیدا. وە هەر كاتێك دادەنیشت بۆ نووسین كۆمەڵێك وشە دادەبەزیە سەری بەڕادەیەك ڕێكوپێك بوون كە مرۆڤ دەستەوسانە لە وتنی ئەو وشانەدا… لە ڕاستیدا خوێندنەوەی هەندێ لە نووسراوەكانی مرۆڤ دەخاتە حاڵەتی شەیدابوونەوە.”

چوارەم: سەید مومتاز عەلی لە گۆڤاری (تهذیب نسوان) نووسیویەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) پیاوێكی خواپەرستی پاك و بەتەقوا بووە، وە هێزی چاكەی هەبوو كە دڵە ڕەقەكانی ڕام دەكرد، دەڵێت:

“بەڕێـز میـرزا پیاوێكی خواپەرستی پاكی زۆر بەتەقوا بوو، وە خاوەنی هێـزی چاكە بوو كە دڵە زۆر ڕەقەكانی ڕام دەكرد. وە زانایەكی زۆر بەئاگا و ورەبەرز و چاكەكار بوو، وە نموونەیەكی ڕاستەقینە بوو بۆ ژیانی پاكوخاوێن. ئێمە لەڕووی ئایینیەوە وەك مەسیحی بەڵێندراو قەبوڵمان نیە، بەڵام لە ڕاستیدا فێركاریەكەی و پێشەوایەتیەكەی وەك مەسیح وا بوو بۆ گیانە مردووەكان.”

پێنجەم: مەولەوی نوور موحەممەدی نەقشبندی جەشتی باسی ئەوە دەكات چۆن مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەرگری لە ئیسلام كرد دژی قەشە لیفڕای و گرووپەكەی كە هەوڵیان دەدا هەموو هیندستان بكەن بە مەسیحی، وە لەم بارەیەوە نووسیویەتی:

“لەو ڕۆژانەدا قەشە لیفڕای بە هاوڕێیەتی كۆمەڵێكی زۆر لە قەشەكان لە ئینگلتەراوە هات بۆ هیندستان، وە سوێندی خوارد كە لە ڕۆژانێكی كەمدا هەموو هیندستان دەكات بە مەسیحی. بەهۆی ئەوەی سەروەت و سامانێكی بێشوماری لە بەردەستدا بوو، وە لەلایەن ئینگلیـزەوە جار لەدوای جار بەڵێنی پێ دەدرا و دڵنیا دەكرایەوە كە یارمەتی دارایی پێشكەش دەكەن، بۆیە بوومەلەرزەیەكی گەورەی دروستكرد لەسەرانسەری هیندستاندا. ئەم قەشەيە لە بیـروباوەڕی ژیانی مەسیح عیسا (علیه السلام) لە ئاسمان بە لاشە ماددیەكەیەوە و بوونی سەرجەم پێغەمبەرە بەڕێـزەكانی تـر بە مردوویی و ئەسپەردەكراوی لەژێر خاكدا چەكێكی تیژی دروستكرد دژی خەڵكی ئاسایی. ئینجا شێخ غوڵام ئەحمەدی قادیانی لە دژی ئەم گروپە وەستایەوە و گوتی: ئەو عیسایەی كە ئێوە لەبارەیەوە قسەدەكەن مردووە و وەكو هەموو مرۆڤەكانی تـر ئەسپەردە كراوە، بەڵام ئەو عیسایەی كە بەڵێندراوە بە هاتنی ئەوە منم، كە وابوو باوەڕم پێبكەن ئەگەر ئێوە لە بەختەوەرەكانن. بەم زیـرەكیە تەنگی هەڵچنی بە قەشە لیفڕای و گرووپەكەى تەنانەت قورس بوو بۆ قەشە لیفڕای لەدەستی ڕزگاری بێت، وە بەم بەڵگەیە شكستێكی خراپی هێنا بەسەر هەموو قەشەكاندا هەر لە هیندستانەوە هەتا ئینگلتەرا.” [(مقدمة النقشبندي للترجمة الأردية لمعاني القرآن الكريم، للمولوي محمد أشرف التهانوي، مطبعة أصح المطابع دلهي الهند، لا 30)]

ئەم وتانە ئەوە دەردەخەن كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەلایەن هەموو موسوڵمانانی سەردەمەكەی خۆیەوە دژایەتی نەكراوە.. وەك هەندێ كەس پێیان وایە، وە ئەم تێگەیشتنە دوورە لەڕاستیەوە. بەڵام لێرەدا پرسیارێك دێتە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە: لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك لە موسوڵمانان ستایشی مەسیحی بەڵێندراویان كردووە لە سەردەمی خۆیدا، بەڵام بۆچی موسوڵمانانی ئەم سەردەمە -بەگشتی- دژایەتی مەسیحی بەڵێندراو و كۆمەڵەكەی دەكەن؟

وەڵام: با بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1948ز. بەر لەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیاری ستەمكارانەی خۆی بدات سەبارەت بە دابەشكردنی فەڵەستین، پێش وەختە لە جیهاندا تەنها یەك دەنگ بەرزبوویەوە كە هۆشداریدا بە سەرجەم جیهانی ئیسلامی. ئەو دەنگەش دەنگی خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بوو، لەو كاتەدا نامیلكەیەكی نووسی كە دڵەكانی هەژاند و‌ لە بازنەیەكی زۆر فراواندا بڵاوكرایەوە، وه‌ لە ڕێگەی ئەم نامیلكەيەوە سەرجەم موسوڵمانانی ئاگاداركردەوە.

پاشان دوای ئەوەی كه‌ بە بڕیارێكی ناحه‌ق و بەشێوەیەكی سته‌مكارانە فەڵەستین دابه‌ش كرا، بەڕێزی وتارێكی تری نووسی و بەشێوەیەكی زۆر فراوان ئەم وتارەیشی بڵاوكردەوە، بەڕێزی تێیدا فەرمووی:

“كێشەكە تەنها كێشەی فەڵەستین نیە، بەڵكو بریتیە لە كێشەی مەدینەی مونەووەرە، وە مەسەلەكە تەنها مەسەلەی (بیت المقدس) نیە، بەڵكو بریتیە لە مەسەلەی مەككەی پیرۆز، كێشەكە كێشەی هیچ كەسێك نیە، بەڵكو بریتیە لە كێشەی شكۆ و ڕێزی پێغەمبەری خوا (ﷺ). ئەوەتا دوژمنان یەكیانگرتووە دژی ئیسلام بە لەبیركردنی هۆكاره‌ زۆرەكانی ناكۆكی نێوانیان، ئەی بۆچی موسوڵمانان یەكناگرن بەم بۆنەيەوە سەرەڕای بوونی هەزارەها هۆكاری یەكگرتن لەنێوانیاندا.” (“الكفر ملة واحدة” نقلاً عن جريدة “الفضل” 21/5/1948م).

ئەم دوو وتارەی بەڕێزی هێندە كاریگەر بوون بەجۆرێك موسوڵمانانیان هەژاند و ڕابوونێكی دروست كرد لەناویاندا، وە بۆ ماوەیەكی درێژ لە جیهانی عەرەبیدا دەنگیان دایەوە.

هەتا ئەو كاتە پەلاماری توند و شێتانە بۆ سەر مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و كۆمەڵەكەی دەستی پێ نەكرد بوو لەلایەن ئەو كەسانەوە كە گەورەكانیان له‌ وڵاته‌ ڕۆژئاواییەكان هانیاندان. وە جیهانی عەرەبی هەموو ڕێز و ئیحترامێكی هەبوو بۆ كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، وە هەر كەسێك بەدواداچوون بكات بۆ مێژووی ئەو كاتە بەڵگەی زۆری دەستدەكەوێت لەسەر ئەم بابەتە.

وەك نموونەیه‌ك لەسەر ئەم بابەتە، بەشێك لە وتاری ڕۆژنامەنووسێكی ناسراو و بەناوبانگ لە عێراقدا دەهێنینەوە بەناوی مامۆستا عەلی خەیات ئەفەندی،كە ‌سەرنووسەری ڕۆژنامەی (الأنباء) بوو، نووسیویەتی:

“داگیركەر… مەبەستی ئەوەیە ناكۆكی و دووبەرەكی بخاتە نێوان گرووپە موسوڵمانەكانەوە بە ورووژاندنی دەمارگیریەكان، بۆ ئەوەی هەندێك لە ئەندامەكان هەستن بە كافركردن و ناوزڕاندنی كۆمەڵی ئەحمەدی… وە من خوێنەران دڵنیادەكەمەوە كە خۆم زانیاری تەواوم هەیە لەسەر دەستوەردانی داگیركەر لەم كێشەیەدا؛ چونكە لە ساڵی 1948ز لەسەروبەندی شەڕی فەڵەستیندا هەوڵیدا لەم كێشەیەدا بەتایبەتی سوود لە من وەربگرێت. من ئەو كاتە سەرنووسەری یەكێك لە ڕۆژنامە تەنزئامێزەكان بووم كە لە سەردەمی خۆیدا یەكێك بوو لە ڕۆژنامە ڕەخنەییە ناسراوەكان. وە كارمەندێكی لێپرسراو لە یەكێك لە دەزگا ديبلۆماسیە بیانیەكان لە بەغداد ناردی بە شوێنمدا و بانگی كردم بۆ ئەوەی چاوم پێی بكەوێت. پاش قسەی خۆش و ستایشكردنی ئەو شێوازەی كە من گرتوومەتەبەر لە ڕەخنەگرتندا، تكای لێكردم لەسەر ڕووپەڕەكانی ڕۆژنامەی ناوبراو، بەتوندترین شێواز ڕەخنە لە گروپی قادیانیەت بگرم؛ چونكە كۆمەڵێكن لە ئايين دەرچوون… وە لەمیانەی ڕامانم لەم دەزگایە بۆم دەركەوت من تەنها كەس نیم كە داوای ئەو كارەیان لێكردبێت، بەڵكو كەسانی تریش هەبوون كە وەكو من داوای ئەم كارەیان لێكراوە، هەروەها من تەنها كەس نیم كە ئەم داوایەم ڕەتكردبێتەوە، بەڵكو ئەوانەی تریش ڕەتیان كردووەتەوە. ئەمە لە ساڵی 1948ز دا بوو لەو كاتەدا كە بەشێك لە زەویە پیرۆزەكان دابڕاو و وەكو پاروویەكی چەور پێشكەش كرا بە زایۆنیستەكان. وە من باوەڕم وایە ئەنجامدانی بەم جۆرە كارانە لەلایەن دەزگای ناوبراوەوە پەرچەكردارێك بوو بۆ ئەو دوو پەڕاوەی كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لەو ساڵەدا بڵاویانی كردەوە بەبۆنەی دابەشكردنی فەڵەستینەوە، وە یەكێكیان بەناونیشانی: (دەزگای نەتەوەیەكگرتوەكان و بڕیاری دابەشكردنی فەڵەستین) بوو كە باس لەو پیلانانە دەكات بەنهێنی ڕێكخران لەنێوان داگیركەران و زایۆنیستەكاندا، وە دووەمیان بەناونیشانی (كوفر یەك میللـەتن) كە هانی موسوڵمانان دەدات بۆ یەكخستنی ڕیزەكانیان و كۆكردنەوەی ماڵ و سەروەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیستەكان و خاوێنكردنەوەی شوێنە پیرۆزەكان لە پیسی و پۆخڵی ئەوان. ئەمە ئەو شتە بوو كە خۆم لەو كاتەدا بۆم دەركەوت، وە من تەواو دڵنیام مادام ئەحمەدیەكان تواناكانیان بخەنەگەڕ بۆ یەكخستنی وتەی موسوڵمانان و یەكڕیزی ئەوان… ئەوا هەرگیز داگیركەر سستی ناكات لە هاندان و ورووژاندنی هەندێ لایەن بۆ ناوزڕاندنیان بە مەبەستی دووبەرەكی نانەوە.”(جريدة “الأنباء” بتاريخ 21/9/1954م)

بەڕێزان، وا دەردەكەوێت كە ڕۆژئاوا لە ئێستادا سەربازەكانی خۆی كۆكردبێتەوە و كاربكات بۆ پەخشكردنی پڕوپاگەندەی دوژمنكارانە دژی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بۆ ئەوەی ئەم كۆمەڵە جیابكاتەوە لە ئوممەتی ئیسلام، بەڵام بە ئیزنی خوای گەورە ئەم هەوری درۆودەلەسە و بوختانە هەر دەبێت بڕەوێتەوە.. جا زوو بێت یان درەنگ ڕاستی هەر ئاشكرا دەبێت. داواكارین لە خوای گەورە زوو ڕاستیەكان دەربخات بۆ ئەوەی ئازار و نەهامەتیەكانی ئەم ئوممەتە نەهێڵێت و ڕێنموونی بكات بۆ ڕێگای ڕاست.

وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین