بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئایا ئیسلام فەرمانی کردووە بە کوشتارکردنی هەموو خەڵكی هەتاوەکو موسوڵمان دەبن؟

بسم الله الرحمن الرحيم
فەرموودەی: (أُمِرْتُ أَنْ أُقَاتِلَ النَّاسَ حَتَّى يَشْهَدُوا أَنْ لاَ إِلَهَ إِلَّا اللَّهُ، وَأَنَّ مُحَمَّدًا رَسُولُ اللَّهِ، وَيُقِيمُوا الصَّلاَةَ، وَيُؤْتُوا الزَّكَاةَ، فَإِذَا فَعَلُوا ذَلِكَ عَصَمُوا مِنِّي دِمَاءَهُمْ وَأَمْوَالَهُمْ إِلَّا بِحَقِّ الإِسْلاَمِ، وَحِسَابُهُمْ عَلَى اللَّهِ). (رواه البخاري، ومسلم، والترمذي، والنسائي، وابن ماجه، وغيرهم)
ئەوەی جێگەی سەرنجە لە بەڵگەهێنانەوە بەم فەرموودەیە ئەوەیە كە هێنانەوەی لە غەیری سیاقەكەی خۆیدا مانایەك دەدا بەدەستەوە، پێچەوانەی ئەوەیە كە هەموو موسوڵمانان لەسەری ڕێككەوتوون. ئایا سەرجەم شەرعناسان (الفقهاء) لەسەر ئەوە ڕێكنەكەوتوون كە ڕەوانیە كەسێك زۆری لێ‌ بكرێت لەسەر وتنی: لا إله إلا الله؟!
لێرەوە ناكرێت ئەم فەرموودەیە بەگشتی وەربگیرێت؛ چونكە ئەم گشتاندنە دژی دەیەها ئایەتی قورئانە، و گرنگترینیان
{لا إكراه في الدين} (هیچ جۆرە زۆرلێکردنێك نیە لە ئاییندا)،
{أَفَأَنْتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّى يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ} (ئاخۆ تۆ دەتەوێ بەزۆر ئەم خەڵكە ببن بەبڕوادار؟)
{لَسْتَ عَلَيْهِمْ بِمُصَيْطِرٍ } (تۆ لەسەریان نەبوویە خاوەن دەسەڵات).
وشەی (الناس) لێرەدا بەڕێكەوتنی هەموو موسوڵمانان وشەيەكی گشتی نیە، ناوترێت لێرەدا تەنها موشریكەكان دەگرێتەوە؛ چونكە ئەم گشتاندنە دژایەتی دەكات لەگەڵ ئایەتی: ﴿قَاتِلُوا الَّذِينَ لا يُؤْمِنُونَ بِالله… مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حَتَّى يُعْطُوا الْجِزْيَةَ﴾، ئەم دەقە ڕوونی دەكاتەوە كە پێویستە جەنگ كۆتایی پێبـهـێنرێت ئەگەر خاوەن كتێبەكان سەرانەیاندا، وە ئیسلامبوونی ئەوانی بەمەرج نەگرتووە. پاشان ئەم گشتاندنە پێچەوانەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە كە دەفەرموێت: ﴿لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ﴾. كەوابوو وشەى (الناس) لێرەدا تایبەتیە، وە تایبەت نیە بە بتپەرستان و ئاگرپەرستان؛ چونكە ئەم تایبەتكردنە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە، بەڵكو تایبەتە بەو موشریكانەی كە شەڕدەفرۆشن.
بەڵێ‌ شەرعناسان (الفقهاء) لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە ئەم فەرموودەیە گشتی نیە، بەڵكو تایبەتیە ئەگەرچی جیاوازن لە تایبەت بوونەكەیدا.. هەندێكیان دەڵێن: تایبەتە بە نەتەوەی عەرەب. وە هەندێكی تر دەڵێن: تایبەتە بە خەڵكی دورگەی عەرەبی، وە هەندێكی تر تایبەتیان كردووە بەو كافرانەی كە ئەهلی كتێب نین، وە هەندێكی تریان تایبەتیان كردووە بەو كافرانەی كە شەڕدەفرۆشن… وە ئەم بۆچوونەی كۆتایی بەلای ئێمەوە ڕاستە بەو بەڵگانەی كە باسمان كرد.
باشتر وایە بوترێت كە ئەم فەرموودەیە باسى هۆكاری شەڕهەڵگیرسان ناكات، بەڵكو باسى هۆكارەكانی وەستانی كوشتار و كۆتایی هاتنی شەڕ دەكات،
موسوڵمانان تا قڕكردنی سوپای دوژمن شەڕناكەن، بەڵكو جەنگەكە كۆتایی دێت بەوەی كە دوژمنانی شەڕفرۆش بێنەناو ئایینی ئیسلامەوە یان سەرانە بدەن وەك لە دەقەكانی تردا هاتووە. لەكاتێكدا ناموسوڵمانەكان جەنگیان دەكرد هەتا قڕكردنی سوپای دوژمن یان كۆیلەكردنی ئەو سوپایە. وە ئەم تێگەيشتنە لە وشەی (حتى، هەتا)وە وەرگیراوە كە لە زمانەوانیدا كۆتایی هاتنی سنوری كات دەگەیەنێت.
قورئانی پیرۆز زۆر بەتوندی سەرزەنشتی ئەو كافرانە دەكات كە ڕێگرییان دەكرد لە هێزلێگیراوەكان (المستضعفين) بۆچوونە ناو ئایینی ئیسلام و بانگی دەكردن بۆ چوونە ناو مشتومڕە فیكریەكان و ڕێگەدان بە كەسانی تر بۆ گوزارشت كردن لە بیروڕای خۆیان بەوپەڕی ئازادیيەوە.
ئایا پێتوایە قورئانی پیرۆز لەسەر ئەمە زۆر بەتوندی ڕەخنەیان لێ‌ دەگرێت و سەرزەنشتیان دەكات كەچی هەر خۆی فەرمان دەكات بە موسوڵمانان كە هەمان كار ئەنجام بدەن و هەمان ڕۆڵ بگێڕن؟! ئایا ئەمە پێوانەكردن نیە بە دوو پێوانەی جیاواز و ئایا ئەم كردەوەیە هەلپەرستی نیە كە خوای گەورە لێی بێبەریە؟
ئەم فەرموودەیە مانای ئەوەیە: فەرمانم پێ‌ نەكراوە موشریكەكان جینۆساید و ڕیشەكێش بكەم، بەڵكو فەرمانم پێكراوە كە جەنگ بكەم لەگەڵ ئەو پەیمان شكێنانەدا هەتا دێنەناو ئیسلام، وە ئەگەر هاتنە ناو ئایینی ئیسلام ئەوا ئیسلام ئەوەی پێش خۆی دەسڕێتەوە.
بێگومان دەبێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەم فەرموودەيەی لە بۆنەیەكدا فەرموو بێت، پاشان ئەو كەسەی كە ڕیوایەتی كردووە لە سیاقەکەی خۆیدا نەیگێڕاوەتەوە. ڕەنگە بۆنەكە ئەوە بێت كە هەندێ‌ لە موسوڵمانان ناڕازی بووبن لەسەر قڕنەكردنی هۆزێكی دیاریكراو، كە پاش پەیمان شكێنی و دەستدرێژی كردن ئیسلام بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، پێغەمبەریش بەو كۆمەڵە موسوڵمانەی فەرمووە كە ماناكەی بەم شێوەیە: فەرمانم پێكراوە بە كۆتایی هێنان بە كوشتار ئەگەر ئەو پەیمان شكێنانە باوەڕیان هێنا بە ئایینی ئیسلام، وە ئەگەر باوەڕیان هێنا بە ئیسلام تەنها بە شێوەیەكی زارەكی ئەوا شمشێریان لەسەر هەڵدەگیرێت (ئەمەش وەكو ئەو ڕووداوە وایە كە لە چیرۆكەكەی ئوسامەدا ڕوویدا كاتێك كەسێكی كوشت كە شایەتومانی هێنا، وە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر سەرزەنشتی كرد لەسەر ئەم كارەی، كە پێی فەرموو: دوای ئەوەی كە شایەتومانی هێنا هەر كوشتت). واتە ئەم فەرموودەیە لە بابه‌تی نەكوشتنی كافرانی دەستدرێژكار و قەڵاچۆ نەكردنیانەوە دەدوێت، نەك لە بابەتی دەستپێشكەری كردن لە پەلاماردانیان لەبەرئەوەی كافرن.
فەرموودە سەرچاوە نیە بۆ بناغەدانانی حوكم، بەڵكو سەرچاوەیەكە بۆ بەتێرو تەسەل باسكردنی ئەو بابەتانەی كە قورئانی پیرۆز بەكورتی باسی كردوون. هەروەك دەبێت زۆر ئاگاداری ئەوە بین كە زۆر مەترسیدارە فەرموودە ڕیوایەت بكرێت بەبێ‌ باسكردنی سیاق و بۆنەكەی.
لەبەرئەوەى لەلاى ئەهلی فەرموودە ئەمە ڕوویداوە؛ ئەوا دەبێت ئەو فەرموودانە بگێڕینەوە بۆ قورئانی پیرۆز كە دابڕاون لە سیاقەكانیان بۆ ئەوەی قورئانی پیرۆز خۆی حوكم لەسەر ئەو فەرموودانە بدات.
لە توێژینەوەی ئەم فەرموودەيەدا دەگەڕێینەوە بۆ لای ئایەتەكانی پێشوو، وە بۆ لای ئەم فەرمایشتانەی خوای گەورە:
﴿وَقَاتِلُوا فِي سَبِيلِ الله الَّذِينَ يُقَاتِلُونَكُمْ وَلا تَعْتَدُوا إِنَّ الله لا يُحِبُّ الْمُعْتَدِينَ﴾ (البقرة: 191)
﴿لا يَنهاكُمُ الله عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ﴾ (الممتحنة: 9)
﴿فَإِنِ اعْتَزَلُوكُمْ فَلَمْ يُقَاتِلُوكُمْ وَأَلْقَوْا إِلَيْكُمُ السَّلَمَ فَمَا جَعَلَ الله لَكُمْ عَلَيْهِمْ سَبِيلا﴾ (النساء: 91)
دەبینین كە ئەم ئایەتانە دژایەتی ئەو تێگەيشتنە دەكەن كە پێی وایە وشەی “النَّاس” لەم فەرموودەيەدا گشتیيە، كەواتە دەبێت لە بەر ڕۆشنایی ئەم ئایەتاندا لەم فەرموودەیە تێبگەین كە هەر ئەم تێگەيشتنەی كە باسمكرد لەگەڵ قورئانی مەزن و ژیاننامەی پاكی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەگونجێت و هەماهەنگە.