بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ڕێنمایی گشتی دەربارەی پێشنوێژ

ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی گرنگی نوێژ و ڕۆڵی هەستیاری پێشنوێژی كردووە لە نوێژدا و فەرموویەتی:

1- “نوێژكردن لەدوای كەسێكەوە پاك و خۆپارێز بێت دەبێتەهۆی لێخۆشبوونی تاوانی مرۆڤ. نوێژ كلیلی هەموو بەرەكەتەكانە، وە لەنوێژدا دوعا گیرا دەبێت، وە پێشنوێژ وەكو بریكار وایە، ئەگەر خۆی دڵی ڕەش بوو ئەوا چۆن بەرەكەت ڕادەكێشێت بۆ كەسانی تر”. (ڕۆژنامەی “الحكم” بەرگی 5، ژمارە 28، لا3-4 ڕۆژی 31ی تەممووزی ساڵی 1901ز. الملفوظات، بەرگی 2، لا318)

2- “نوێژ پەیوەندییەكی پتەوی هەیە بە دوعا و دڵسۆزییەوە. ئەستەمە ڕق و كینە كۆبێتەوە لەگەڵ باوەڕداردا. بۆیە پێویستە نوێژەكانتان بەفیڕۆنەدەن بەوەی لەدوای كەسی ناپارێزكارەوە ئەنجامیان بدەن”. (ڕۆژنامەی “الحكم”، بەرگی 5، ژمارە 10، لا9 ڕۆژی 17ی ئازاری ساڵی 1901ز، الملفوظات، بەرگی 2، لا 225).

نوێژكردن لەدوای كەسێكەوە ئەحمەدی نەبێت

1- كەسێك لەسەردەستی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) بەیعەتی دا، دوای ئەوە پرسیاری كرد و گوتی: لەڕۆژنامەی “الحكم”دا هاتووە نوێژ مەكەن لەدوای ئەو كەسانەوە كە ئەحمەدی نین. بۆچوونی ئێوە چیە لەم بارەیەوە؟

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:

“بەڵێ، ئەمە ڕاستە. ئەگەر مزگەوتەكە هی كەسانی تر بوو ئەوا پێویستە لەسەرت خۆت بەتەنھا لەماڵەوە نوێژ بكەیت، ئەمە كێشەی تێدا نیە. كارەكە تەنھا هەندێ ئارامگرتنی دەوێت”. (ڕۆژنامەی “بدر” بەرگی1، ژمارە 5 و6، لا 37، ڕۆژی 28 تشرینی دووەم و 5ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1902ز، الملفوظات بەرگی4، لا 240-241)

2- جارێكیان پرسیار كرا لە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام): بۆچی قەدەغەتان كردووە لە شوێنكەتوانتان كە نوێژ بكەن لەدوای كەسێكەوە شوێنكەوتووی ئێوە نەبێت؟ بەڕێزی (عليه السلام) بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:

“ئەو كەسانەی ئەم كۆمەڵە ڕەت دەكەنەوە كە خوای گەورە دایمەزراندووە، بەهۆی ئەوەی پەلە دەكەن و گومانی خراپ دەبەن، وە گرنگی نادەن بەم ڕێژە زۆرەی نیشانە و موعجیزەكان، وە گوێ نادەن بەو كارەسات و موسیبەتانەی تووشی ئیسلام دەبێت، ئەوانە ئەو كەسانەن كە پارێزكار نین و لە خوا ناترسن، وە خوای گەورە لە كتێبە پیرۆزەكەیدا دەفەرموێت: {إِنَّمَا يَتَقَبَّلُ اللَّهُ مِنَ الْمُتَّقِينَ} (المائدة: 28). بۆیە گوتوومانە: لەدوای كەسێكەوە نوێژ مەكەن كە نوێژەكەی ناگاتە ئاستێك قەبوڵ بكرێت و وەربگیرێت”. (ڕۆژنامەی “الحكم” بەرگی5، ژمارە 10، لا8 ڕۆژی 17ی ئایاری ساڵی 1901ز، الملفوظات، بەرگی2، لا 215)

3- هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی: “پێویستە ئارام بگرن، وە لەدوای كەسێكەوە نوێژ مەكەن كە لە كۆمەڵەكەی خۆمان نیە، ئەمە باشترە بۆتان، وە ئەمە كردەوەیەكی چاكە، وە سەركەوتنێكی گەورەی تێدایە بۆتان، ئەمە ئەو كارەیە كە دەبێتە هۆی گەشە و پەرەسەندنی ئەم كۆمەڵە…. پێویستە تووڕەبوونتان تەنها لەبەر خاتری خوای گەورە بێت. ئەگەر بە تێكەڵاوی لەگەڵ ئەواندا بمێننەوە ئەوا هەرگیز خوا بەو ڕوانینە تایبەتیە بۆتان ناڕوانێت كە ئێستا دەڕوانێت بۆتان. بێگومان كۆمەڵی پاك تەنھا ئەو كاتە گەشە دەكات كە جیا بێت“. (ڕۆژنامەی “الحكم”، بەرگی5، ژمارە29، لا3-4 ڕۆژی 10ی ئابی ساڵی 1901ز، الملفوظات بەرگی2، لا321)

ڕاستت فەرموو، ئەی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، ئەو كەسانەی بەم ڕاسپاردەیەی تۆ كاریان كرد خوا بەرەكەتداری كردن، لەڕابردوودا و بەردەوام یەك لەدوای یەك سەركەوتنی گەورەیان بۆ دەنووسێت، هەروەك مژدەت پێ دابوو، بەڵام ئەو كەسانەی كاریان بەم ڕاسپاردەیەی تۆ نەكرد و سووربوون لەسەر تێكەڵبوون لەگەڵ كەسانی تردا لە دروشمە ئایینیەكانیاندا بەرەكەتیان لێ سەندرایەوە، وە گەشە و پێشكەوتنیان بەدەستنەهێنا.

نوێژكردن لەدوای دژ و نەیارانی كۆمەڵێ ئەحمەدیەوە

1- مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی: “نوێژكردن لەدوای كەسێكەوە نەیارمان بێت هەرگیز دروست نیە. نوێژكردن لەدوای كەسێكەوە پاك و خۆپارێز بێت دەبێتەهۆی لێخۆشبوونی تاوانی مرۆڤ. نوێژ كلیلی هەموو بەرەكەتەكانە، وە لەنوێژدا دوعا گیرا دەبێت، وە پێشنوێژ وەكو بریكار وایە، ئەگەر خۆی دڵی ڕەش بوو ئەوا چۆن بەرەكەت ڕادەكێشێت بۆ كەسانی تر”. (ڕۆژنامەی “الحكم” بەرگی 5، ژمارە 28، لا3-4 ڕۆژی 31ی تەموزی ساڵی 1901ز، الملفوظات، بەرگی 2، لا318).

نوێژكردن لەدوای كەسێكەوە بە كافر و درۆزنمان بزانێت

لەساڵی 1905زدا دوو كەس لەسەردەستی بەڕێزیدا (عليه السلام) بەیعەتیان دا، پاشان یەكێكیان لێی پرسی: ئایا دروستە نوێژ بكرێت لەدوای كەسێكەوە ئەحمەدی نەبێت؟ بەڕێزی (عليه السلام) بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:

“ئەوان ئێمە بەكافر دەزانن، ئەگەر ئێمە كافر نەبین ئەوا كافربوونەكە بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە، چونكە كەسێك موسوڵمانێك بەكافر بزانێت خۆی كافر دەبێت، بۆیە دروست نیە لەدوای ئەم جۆرە كەسانەوە نوێژ بكرێت”. (ڕۆژنامەی “بدر” بەرگی1، ژمارە 39، لا2 ڕۆژی 15 كانوونی یەكەمی ساڵی 1905ز، الملفوظات، بەرگی8، لا282)

نوێژكردن لەدوای كەسێك دوودڵ بێت سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەبارەت بەو كەسانەی كە باوەڕی پێ ناكەن و بە ئاشكرا بەدرۆزنیشی نازانن فەرموویەتی:

1- ئەو كەسانەی بێدەنگن ئەوانیش لەو كەسانەن كە باوەڕیان پێم نیە، وە لەدوای ئەم كەسانەیشەوە نوێژكردن دروست نیە، چونكە لەدڵەوە دژی ئێمەن، بۆیە بە ئاشكرا پەیوەندی ناكەن پێمانەوە”. (ڕۆژنامەی “بدر”، بەرگی1، ژمارە29، لا2 ڕۆژی 15ی كانوونی یەكەم ساڵی 1905ز، الملفوظات، بەرگی8، لا282)

2- جارێكیان پرسیار كرا لە بەڕێزی (عليه السلام): ئەگەر لەشارێكدا پێشنوێژێك هەبوو ئاگاداری دەنگوباسی ئێوە نەبوو ئایا لەدوایەوە نوێژ بكەین یان نا؟ بەڕێزی بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:

“پێویستە لەسەرتان سەرەتا ئاگاداری بكەنەوە لە دەنگوباسی ئێمە، ئەگەر باوەڕی پێ كردم ئەوا زۆر باشە، ئەگینا نوێژی خۆتان بەفیرۆمەدەن لەدوایەوە. بەڵام ئەگەر كەسێك بێ دەنگ بوو، واتە بەڕاستی نەزانیم و بەدرۆزنیشی نەزانیم، ئەوا ئەو كەسەیش دووڕووە، بۆیە لەدوایەوە نوێژ مەكەن”. (ڕۆژنامەی “الحكم” بەرگی6، ژمارە16، لا7 ڕۆژی 30 نیسانی ساڵی 1902ز، الملفوظات، بەرگی3، لا227)

3- بەڕێزی (عليه السلام) لە شوێنێكی تردا فەرموویەتی: “هەندێ كەس پرسیار دەكەن و دەڵێن: ئایا لەدوای ئەو كەسانەوە نوێژ بكەین كە قسەی خراپ و ناشرین ناڵێن بە تۆ، وە بەشێوەیەكی ڕوون هەڵوێستی خۆشیان دەرنابڕن لەترسی تانە و تەشەری خەڵكی؟ دەڵێم: نەخێر نوێژ مەكەن لە دوایانەوە، چونكە هێشتا ڕێگرێك هەیە ناهێڵێت ڕاستی قەبوڵ بكەن، وە هێشتا لقێكن لەو درەختە كە میوەیەكی ژهراوی و كوشندەی هەیە، ئەگەر ئەوان خەڵكی دنیایان بە پەرستراو و قیبلەی خۆیان نەزانیبایە ئەوا هەموو ئەو پەردانەیان دەدڕاند و لێیان دەردەچوون، وە هەرگیز گوێیان نەدەدا بە تانە و تەشەری خەڵكی، وە لە لۆمەی لۆمەكاران نەدەترسان، بەڵكو ڕایان دەكرد بۆلای خوای بەتەنھا. بۆیە پێش ئەنجامدانی هەركارێك پێویستە بڕوانن ئایا ئەم كارە خوا ڕازی دەكات یان خەڵكی ڕازی دەكات؟ دیارە مرۆڤ بەردەوام مەترسی تووشبوونی هەیە بە پێخلیسكان و كەوتن ئەگەر نەگاتە پلەیەك كە تێیدا ڕەزامەندی خوا (عز وجل) لە پێش هەموو شتێكەوە دابنێت و هیچ شەیتان و گومڕاكەرێك نەتوانێت فریوی بدات.” (ڕۆژنامەی “الحكم” بەرگی5، ژمارە37، لا1-3 ڕۆژی 10ی تشرینی یەكەم ساڵی 1901ز، الملفوظات، بەرگی2، لا361)

4- كەسێكی عەرەب بەیعەتی دا، ناوی عەبدوڵڵا عەرەب بوو، كاتێك ویستی بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی ئەم گفتوگۆیەی خوارەوە ڕوویدا لەنێوان ئەو كەسە و مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام):

عەبدوڵڵا: نیازم وایە ئێستا بگەڕێمەوە بۆ وڵاتەكەم، ئایا لەوێ نوێژ بكەم لەدوای خەڵكەوە یان نا؟

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): لەدوای هیچ كەسێكەوە نوێژ مەكە تەنھا ئەوانە نەبێت كە باوەڕیان بە من هێناوە.

عەبدوڵڵا: ئاخر ئەوان دەنگوباسی تۆ نازانن، وە پێیان ڕانەگەیەنراوە؟

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): پێویستە لەسەرت سەرەتا پێیان ڕابگەیەنیت، یان ئەوەتا باوەڕدەهێنن یاخود باوەڕناهێنن.

عەبدوڵڵا: خەڵكی شارەكەم زۆر توندوتیژن، وە گەلەكەمان شیعەن؟

مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام): پێویستە لەسەرت خۆت یەكلا بكەیتەوە بۆ خوای گەورە، ئەو كەسەی هەڵسوكەوتی لەگەڵ خوای گەورەدا پاك و بێگەرد بێت ئەوا خوای گەورە سەرپەرشتی و چاودێری دەكات”. (ڕۆژنامەی “الحكم”، بەرگی5، ژمارە 35، لا 6 ڕۆژی 24ی ئەیلوولی ساڵی 1901ز، الملفوظات، بەرگی2، لا 342-343)

5- هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) لەشوێنێكی تردا فەرموویەتی:

بەڵام ئەو كەسەی بە هەڵسوكەوتیدا دیارە نە لەم لایە و نە لەو لا، ئەوە لەڕاستیدا ئەویش ئێمە ڕەت دەكاتەوە. بەڵام ئەو كەسەی باوەڕمان پێ ناكات و تەنها بەوەندە وازدەهێنێت كە پێمان بڵێت پیاوێكی چاكە، ئەویش لەڕاستیدا نەیاری ئێمەیە. دیارە ئەو كەسانە دووڕوون، وە خووڕەوشتیان وەكو خووڕەوشتی ئەو كەسانە وایە كە كاتێك لای موسوڵمانن دەڵێن “الله الله”، وە كاتێك لای هیندۆسەكانن دەڵێن “ڕام ڕام”. ئەو كەسانە هیچ پەیوەندییان نیە بە خوای گەورەوە. ئەوان پاساو دەهێننەوە بۆ ئەم كارەی خۆیان و دەڵێن: نامانەوێت هەستی هیچ كەسێك بریندار بكەین. بەڵام با بزانن كاتێك كەسێك پەیوەندی دەكات بە یەكێك لە لایەنەكانەوە ئەوا بەناچاری هەستی هەندێك بریندار دەبێت”. (ڕۆژنامەی “بدر”، بەرگی2، ژمارە 14، لا105 ڕۆژی 24ی نیسانی ساڵی 1903ز، الملفوظات، بەرگی5، لا294)

6- بەڕێز “خان عەجەب خان” پرسیاری كرد لە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) و گوتی: ئەگەر خەڵكی شارێك خەڵكانێكی غەریب و نەناسراو بوون و نەمانزانی ئایا ئەحمەدین یان نا، ئایا نوێژ بكەین لەدوایانەوە یان نا؟ بەڕێزی (عليه السلام) بەم جۆرە وەڵامی دایەوە:

“پێویستە لەو پێشنوێژە بپرسن كە ئاگای نیە لە بانگەشەكەم، ئەگەر باوەڕی پێ كردم ئەوا لەدوایەوە نوێژ بكەن ئەگینا نەخێر. لەڕاستیدا خوای گەورە دەیەوێت كۆمەڵێكی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، ئیتر بۆچی دژایەتی ویستی خوا بكەین. تێكڵاوبوونی جار لەدوای جار لەگەڵ ئەو كەسانەدا كە خوا دەیەوێت جیامان بكاتەوە لێیان پێچەوانەی ویستی خوایە.” (ڕۆژنامەی “بدر”، بەرگی2، ژمارە 5، ی34-35 ڕۆژی 20ی شوباتی ساڵی 1903ز، الملفوظات، بەرگی 5، لا38)

كەواتە ئەو كەسانەی پێچەوانەی فەرمانی خوای گەورە دەجووڵێنەوە با ئاگایان لەخۆیان بێت، چونكە گەورەمان ئەحمەد (عليه السلام) بە ئاشكرا ئامۆژگاریمان دەكات كە خوای گەورە دەیەوێت جیامان بكاتەوە لە كەسانی تر، بەڵام ئەو كەسانە بەپێچەوانەوە دەیانەوێت جارێكی تر تێكەڵاوی كەسانی تر ببنەوە، چونكە پێیان وایە وا باشترە لەگەڵیاندا پێكەوە شان بەشانیان كار بكەین. ئەمە چاوقایمی و بێ شەرمییەكی سەیرە لەلایەن ئەوانەوە چونكە دژی ویستی خوای گەورە دەوەستن.

7- هەتا ئێستا ئەو وتانەی مەسیحی بەڵێندراوم (عليه السلام) خستەڕوو كە لەڕۆژنامەكانی كۆمەڵدا تۆماركرابوون دەربارەی ئەو كەسانەی كە دوودڵن، وە گومانی تێدا نیە ئەو وتانە بەجوانی و بەڕوونی مەبەستەكەیان ڕاگەیاندووە، لەگەڵ ئەوەدا ئێستا فەتوای بەڕێزی (عليه السلام) دەخەمەڕوو كە خۆی (عليه السلام) بەدەستی خۆی تۆماری كردووە لە یەكێك لە كتێبەكانیدا، وە فەتواكە ئەوەندە ڕوون و ئاشكرایە كە تێگەیشتن لێی قورس و گران نیە بۆ هیچ كەسێك، وە ئەستەمە كەسێك بە ئەنقەست تەئویلی بكات بەگوێرەی هەوا و ئارەزووی خۆی مەگەر ئەو كەسەی كە كەللـەڕەقی و حەسوودی و فیز بەتەواوەتی كوێری كردبێت.

یەكێك لە ئیلهامەكان كە بەڕێزی (عليه السلام) لەلایەن خوای گەورەوە پێی گەیشت ئەم ئایەتە قورئانیە بوو: “تَبَّتْ يَدَا أَبِي لَهَبٍ وَتَبَّ”، بەڕێزی (عليه السلام) ئەم ئیلهامەی تەفسیر كردووە و فەرموویەتی:

“لەم فەرمایشتەی خواوە دەردەكەوێت كە ئەو كەسانەی ئێمە بەكافر دەزانن و باوەڕمان پێ ناكەن و بەدرۆزنمان لەقەڵەم دەدەن كەسانێكی لەناوچوون، بۆیە شیاوی ئەوە نین هیچ ئەندامێكی كۆمەڵەكەم لەدوایانەوە نوێژ بكات، ئایا دەكرێت زیندوو لەدوای مردووەوە نوێژ بكات؟

كەواتە لەبیرتان بێت خوای گەورە پێی ڕاگەیاندم كە بەهەموو شێوەیەك حەرامە بۆتان لەدوای كەسێكەوە نوێژ بكەن كە ئێمە بەكافر لەقەڵەم دەدات و بەدرۆزنمان دەزانێت یان دوودڵە. پێویستە پێشنوێژەكەتان لە خۆتان بێت، وە ئەم بەشەی فەرموودەكەی بوخاری “وإمامكم منكم” ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەكات.. واتە كاتێك مەسیح ڕەوانەدەكرێت دەبێت بەتەواوەتی وازبهێنن لەهەموو گروپەكانی تر كە بانگەشەی ئیسلام دەكەن، وە پێویستە پێشەواكەتان لەخۆتان بێت.

كەواتە بەتەواوەتی ئەو كارە بكەن كە فەرمانتان پێكراوە، ئایا دەتانەوێت لای خوا بەڵگە بدەن بەدەستەوە لە دژی خۆتان و كردەوەكانتان پووچەڵ بێتەوە بەبێ ئەوەی هەستی پێ بكەن.

دیارە ئەو كەسەی لەدڵەوە باوەڕم پێ دەكات لەدڵیشەوە گوێڕایەڵیم دەكات، وە لە هەموو بارودۆخێكدا تەنھا من دەكات بە ناوبژیوان، وە تەنھا داوا لە من دەكات كێشەكان یەكلایی بكەمەوە. بەڵام ئەو كەسەی لەناخی دڵەوە باوەڕی پێم نیە و بەڕاستم نازانێت فیز و خۆبەزلزانین و خۆپەسەندی و خۆپەرستی بەدی دەكەن تێیدا، دەی بزانن ئەو كەسە هیچ پەیوەندییەكی بە منەوە نیە، چونكە فەرمانەكانم -كە لەلایەن خوای گەورەوە پێمگەیشتوون- بەگەورە سەیر ناكات، بۆیە ئەو كەسە هەرگیز لەئاسماندا ڕێزلێگیراو نابێت“. (الأربعین، ژمارە 3، الخزائن الروحانیة، بەرگی 17، لا 417 پەراوێز).