وتەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەربارەی هۆكاری ناونانی بەڕێزی (علیه السلام) بە “مەسیحی بەڵێندراو”، وە لایەنەكانی لێكچوون لەنێوان هەردوو مەسیحەكەدا
مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت: “ناوەكانی ئەم نوێكارە سیانن و لە فەرموودە سەحیحەكاندا بە ڕاشكاوی هاتوون: ناوبژیوان، مەهدی و مەسیح. ناونراوە ناوبژیوان، چونكە لە سەردەمی ناكۆكی ئوممەتدا دەردەكەوێت، بە وتە یەكلاكەرەوەكانی و بەڵگە حاشاهەڵنەگرەكانی ناوبژیوانی دەكات لەنێوانیاندا. لەكاتی دەركەوتنیدا هیچ بیروباوەڕێك نیە كە كۆمەڵێك بۆچوونی جیاواز دەربارەی نەبێت، بۆیە ئەو بۆچوونە ڕاستەكەیان هەڵدەبژێرێت و وازدەهێنێت لەوەی پووچ و گومڕاییە. وە ناونراوە مەهدی، چونكە ڕیوایەتكراوە زانست لە زانایانەوە وەرناگرێت، بەڵكو لەلایەن پەروەردگاریەوە ڕێنموونی دەكرێت، هەروەك چۆن سوننەتی خوا وا بوو لەگەڵ پێغەمبەر موحەممەددا كە باشترینی پێغەمبەرانە، ئەویش لەلایەن زاتی هەرە مەزنەوە ڕێنموونی كرا و فێركرا، وە جگە لە خوای خاوەن شكۆ و پایەبڵند هیچ فێركارێكی تری نەبوو. وە ناونراوە (مەسیح)، چونكە ڕیوایەتكراوە كە لەپێناوی ئاییندا شمشێری هەڵكێشراو و ڕمی تیژكراو بەكارناهێنێت، بەڵكو بنەمای كارەكەی لەسەر بەدەستهێنانی بەرەكەتەكانی ئاسمان دامەزراوە، وە چەكەكەی بریتی دەبێت لە دوعا و پاڕانەوە جۆراوجۆرەكان.” (نجم الهدی، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ١٤، لاپەڕە ٩٠-٩٢).
“سەبارەت بە مەهدیی بەڵێندراو كە پێشەوای ئاخیرزەمانە، وە لە كاتی هەڵكردنی بای ژەهراوی زوڵم و ستەمدا چاوەڕێی دەركەوتنی دەكرێت، بزانە كە لە پشت وشەی مەهدیەوە كۆمەڵێك ئاماژەی ورد هەیە بۆ سەردەمێكی پڕ لە گومڕایی بۆ مرۆڤایەتی، وەك ئەوەی خوا بە وشەی (مەهدی) كە تایبەتە بە ڕێنموونیكردن، ئاماژەی بە سەردەمێك كردبێت كە نوورەكانی باوەڕی تێدا نامێنێت، وە دڵەكان هۆگری ئەم دنیا نزمە دەبن و ڕێگاكانی خودای میهرەبان جێدەهێڵن. سەردەمێك دێت بەسەر خەڵكیدا كە پڕە لە شیرك و خراپەكاری و بەدڕەوشتی و ئاژاوە. هیچ بەرەكەتێك لە زنجیرەكانی سوودگەیاندن و سوودوەرگرتندا نامێنێت، خەڵكی بەرەو پاشگەزبوونەوە لە ئایین و بەرەو نەفامی دەڕۆن. نەخۆشی نەزانی و كوێربوونی دڵ زیاد دەكات، هەروەها شەیدای ئەوەن كوێرانە بە بیابانە تاریكەكاندا ڕێ بكەن، ڕوو وەردەگێڕن لە ڕێگای ڕاست و دروست، وە پەنا دەبەنەبەر خراپەكاری و گەندەڵی. كوللـەی بەدبەختی بەسەر درەختەكانی مرۆڤایەتیدا دەفڕێت، نە بەروبوومێك دەمێنێتەوە و نە لق و پۆپەكان بە سەوزی دەمێننەوە. دەبینیت سەردەمەكە چاكەی تێدا نەماوە، باوەڕ و كردەوەی چاك بەخێرایی ڕایانكردووە، وە ڕێگای ڕاستی بە ئەستێرەكانی ئاسمانەوە هەڵواسراوە. ئینجا لە كاتی هاتنەخوارەوەی بەڵا و نەهامەتیەكاندا خوا بەڵێنە دێرینەكانی خۆی دەهێنێتەوە یاد، وە دەبینێت لاوازیی ئایین لە هەموو لایەكدا دەركەوتووە، بۆیە ڕوودەكاتە كوژاندنەوەی ئاگری ئەو ئاژاوە كەڕە، بۆیە بە هەردوو دەستی شكۆ و جوانیی خۆی پیاوێكی وەك ئادەم دروست دەكات، وە بەتەواوەتی ڕۆحی هیدایەت دەكات بە بەریدا. جارێك ناوی دەنێت عیسا، لەبەر ئەوەی دروستكردنەكەی وەك دروستكردنی كوڕی مەریەم وایە بۆ چەسپاندنی بەڵگە لەسەر مەسیحیەكان، وە جارێك بە ناوی مەهدی دەستپاك بانگی دەكات چونكە لەلایەن پەروەردگاریەوە ڕێنموونی كراوە بۆ هدایەتی موسوڵمانە گومڕاكان، وە نێردراوە بۆ ئەو كەسانەیان كە پەردە دراوە بەسەر دڵیاندا تاوەكو بەرەو لای پەروەردگاری جیهانیان ڕابەرایەتییان بكات. ئەمەیە ئەو ڕاستیەی كە ئێوە گومانتان هەیە تێیدا، وە خوا دەزانێت و ئێوە نازانن.” (سر الخلافة، لاپەڕە ٥٩).
“بێگومان عیسای كوڕی مەریەم نە جەنگی كرد و نە فەرمانی دا بە جەنگ كردن، مەسیحی بەڵێندراویش هەر بەو جۆرەیە، چونكە لەلایەن خوای خاوەن شكۆوە لەسەر شێوەی ئەو دروستكراوە. نهێنیەكەش لەوەدایە كە خوا ویستی خاتەمی خەلیفەكانی نەوەی ئیسرائیل و خاتەمی خەلیفەكانی ئیسلام، بەبێ ڕم و شمشێر بنێرێت، بۆ ئەوەی ئەو گومانانە بڕەوێنێتەوە كە پێشتر لە سروشتی خەڵكی ئاساییدا دروست ببوون، تاوەكو خەڵكی بزانن كە بڵاوكردنەوەی ئایین بە فەرمانی خوا دەبێت نەك بە مل پەڕاندن و كوشتنی گەلان. پاشان، لەبەر ئەوەی زۆربەی جوولەكەكان لە سەردەمی عیسادا و موسوڵمانەكانیش لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا لە تەقوا دەرچووبوون و سەرپێچی فەرمانەكانی پەروەردگاری میهرەبانیان كردبوو، بۆیە دوور بوو لە دانایی خوای گەورەوە كە بێباوەڕەكان بكوژێت لەپێناوی ئەم خراپەكارانەدا. كەواتە بە جوانی ڕابمێنە و لە بێئاگایان مەبە.” (الخطبة الإلهامیة، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ١٦، لاپەڕە ٢٨٢، پەراوێز).
“ئەگەر زۆرێك لە چاكەكاران و پیاوچاكان بە شێوەیەكی شاراوە بەشێكیان لە لێكچوون لەگەڵ پێغەمبەرانی بەنی ئیسڕائیلدا بەدەستهێنابێت، ئەوا مەسیحی ئەم ئوممەتە بە فەرمان و مۆڵەتی خوا بەشێوەیەكی ئاشكرا لە بەرامبەر مەسیحی ئیسڕائیلیدا نێردراوە، بۆ ئەوەی پەی ببرێت بە لێكچوونی نێوان زنجیرەی موسایی و زنجیرەی موحەممەدی. هەر لەبەر ئەمەشە ئەم مەسیحە لە هەموو ڕوویەكەوە چوێنراوە بە كوڕی مەریەم، تا ئەو ڕادەیەی ئەم كوڕی مەریەمە دووچاری هەمان ئەو تاقیكردنەوانە بووە كە كوڕی مەریەمی ئیسڕائیلی دووچاری بوو. یەكەم؛ هەروەك چۆن عیسای كوڕی مەریەم تەنها بە نەفخی خوا لەدایك بوو، بە هەمان شێوە ئەم مەسیحەش بەگوێرەی بەڵێنی سوورەتی التحریم تەنها بە نەفخی خوا لە هەناوێكی مەریەم ئاساوە لەدایك بووە. هەروەك چۆن لەكاتی لەدایكبوونی عیسای كوڕی مەریەمدا هەرایەكی گەورە دروست بوو و دوژمنە كوێرەكان بە مەریەمیان گوت ﴿لقد جئتِ شيئًا فَرِيًّا﴾ “شتێكی زۆر سەیر و نالەبارت هێناوە”، لێرەشدا -دەربارەی من- هەمان شت گوترا و هەرای قیامەت بەرپا بوو. هەروەها وەك چۆن خوا لە كاتی لەدایكبوونی عیسادا وەڵامی نەیارانی دایەوە و فەرمووی (ولنجعله آية للناس ورحمة منا وكان أمرًا مقضيّا) “بۆ ئەوەی بیكەین بە نیشانەیەك بۆ خەڵكی و ڕەحمەتێك لەلایەن خۆمانەوە، وە ئەمەش بڕیاری لێ درابوو”، خوای گەورە لەبارەی منیشەوە لە كاتی ئەو لەدایكبوونە ڕۆحانیەی كە بەشێوەی خوازە (ئیستیعارە) بوو، وەڵامی نەیارانی دایەوە و فەرمووی: ئێوە ناتوانن بە فێڵەكانتان لەناوی ببەن، من دەیكەمە نیشانەی ڕەحمەت بۆ خەڵكی و ئەمەش هەر لە ئەزەلەوە بڕیاری لێ درا بوو. پاشان، هەروەك چۆن پیاوانی ئایینی جوولەكە فەتوای كافربوونی عیسایان (علیه السلام) دەركرد، وە ئەم فەتوایە لەلایەن جوولەكەیەكی خاوەن پایەی بەدكارەوە ئامادە كرا و خاوەن پایەكانی تریش فەتوایان لەسەر دا، تا ئەو ڕادەیەی سەدان زانای گەورەی بەیتولمەقدیس، كە زۆربەیان لە ئەهلی فەرموودە بوون، پەسەندیان كرد بۆ كافركردنی عیسا (علیه السلام)، بەتەواوەتی هەمان شت لەگەڵ منیشدا ڕوویدا. وە هەروەك چۆن بەڕێزیان -دوای ئەو فەتوای كافركردنەی كە دژی دەرچوو- ئازارێكی زۆر درا و جنێوی پیسی پێ درا و كۆمەڵێك كتێب بۆ سەرزەنشت و جنێوپێدانی نووسرا، بە تەواوەتی هەمان شت لەگەڵ منیشدا ڕوویدا؛ وەك ئەوەی خودی مەسیح دووبارە لەدایك بووبێتەوە، وەك ئەوەی خودی ئەو جوولەكانە دوای هەزار و هەشت سەد ساڵ سەرلەنوێ لەدایك بووبنەوە. بێگومان ئەمەیە ئەو مانایەی كە مەبەستە لە پێشبینی ﴿غير المغضوب عليهم﴾ “نەك ئەوانەی غەزەبیان لێ گیراوە”دا و خوا (سبحانه وتعالی) پێشتر بۆی ئاشكرا كردبووم. بەڵام ئەم خەڵكە دەستیانهەڵگرت لە ئارامگرتن هەتا وەك جوولەكەكان بوونە ئەو كەسانەی غەزەبیان لێ گیراوە. هەڵبەت خوا بە دەستی خۆی بەردی بناغەی ئەم لێكچوونە دانا كاتێك وەك مەسیحی ئیسلام منی ڕەوانەكرد لە سەرەتای سەدەی چواردەهەمدا، بەتەواوەتی هەروەك چۆن مەسیحی كوڕی مەریەم لە سەرەتای سەدەی چواردەهەمدا لە دوای موسا نێردرابوو، ئەوەش بۆ ئەوەی لەپێناوی مندا نیشانە بەهێزەكانی خۆیتان پیشان بدات كە هیچ یەكێك لە نەیارەكانم لە موسڵمان یان جوولەكە یان مەسیحی یان كەسانی تر ناتوانن بەرەنگاریان ببنەوە، لەكوێ مرۆڤێكی دەستەوسانی بێبەها دەتوانێت ڕووبەڕووی خوا بێتەوە؟ ئەمە ئەو بەردی بناغەیەیە كە لەلایەن خواوە دانراوە. هەر كەسێك هەوڵی شكاندنی بدات ناتوانێت، بەڵام هەر كەسێك ئەم بەردە بەسەریدا بكەوێت ئەوا پارچە پارچەی دەكات، چونكە بەردەكە بەردی خوایە و دەستەكە دەستی خوایە. سەبارەت بە بەردی دووەمیش، دوژمنەكانم دروستیان كرد و لەبەرامبەرمدا دایاننا بەجۆرێك چەندین هەڵوێستیان لە دژم نواند وەك ئەو هەڵوێستانەی جوولەكەكان لەو سەردەمەدا نواندیان، تا ئەو ڕادەیەی بۆ لەناوبردنم كەیسێكی كوشتنیان بۆ دروستكردم كە پێشتر خوا لەبارەیەوە هەواڵی پێ دابووم. وە ئەو كەیسەی لە دژی من دروست كرا زۆر سەختتر بوو لە كەیسەكەی حەزرەتی عیسای كوڕی مەریەم، چونكە ئەو كەیسەی دژی حەزرەتی عیسا بەرزكرایەوە تەنها لەسەر بنەمای جیاوازیەكی ئایینی بوو، كە لە دیدی فەرمانڕەوادا شتێكی ئەوتۆ نەبوو، بەڵام ئەو كەیسەی دژی من دروست كرا تۆمەتی هەوڵی كوشتن بوو. هەروەك چۆن پیاوانی ئایینیی جوولەكە لە كەیسەكەی مەسیحدا شایەتییان دا لە دژی، پێویست بوو لەم كەیسەشدا هەندێ لە پیاوانی ئایینی دژی من شایەتی بدەن، بۆیە خوا بۆ ئەم مەبەستە مەولەوی (موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی)ی هەڵبژارد، كە بە جبەیەكی فشەوە هات بۆ شایەتیدان، وە ئامادەی دادگا بوو هەروەك چۆن گەورەی كاهینەكان وەك شایەتحاڵێك بە مەبەستی لەخاچدانی مەسیح ئامادە بوو. جیاوازیەكە تەنها لەوەدا بوو كە گەورەی كاهینەكان كورسیەكی پێدرابوو لە دادگای پیلاتۆسدا، چونكە گەورەپیاوانی جوولەكە لە سەردەمی دەوڵەتی ڕۆمانیدا كورسییان پێ دەدرا و هەندێكیان دادوەری فەخریش بوون. لەبەر ئەوە گەورەی كاهینەكان بەپێی یاساكانی دادگا ئەو كورسیەی پێدرا و مەسیحیش لەوێدا وەك تاوانبارێك لەبەردەم ئەنجوومەنی حوكمدا وەستابوو. بەڵام كەیسەكەی من تەواو پێچەوانەی ئەوە بوو، واتە كاپتن دۆگڵاس -كە لەسەر ستەیجی دادگا لە شوێنی پیلاتۆس بوو- بە پێچەوانەی ئاواتی دوژمنەكانەوە كورسیەكی پێدام، دیارە ئەم پیلاتۆسە زۆر ڕەوشت بەرزتر دەركەوت لە پیلاتۆسەكەی سەردەمی مەسیحی كوڕی مەریەم. چونكە بە درێژایی دادگاییكردنەكە بەوپەڕی ئازایەتی و ڕاستگۆییەوە ڕەچاوی دادپەروەریی كرد لە كاروباری دادگاكەدا و بە هیچ شێوەیەك گوێی نەدا بەو تكایانەی لە لایەنە باڵاكانەوە دەكران، تەنانەت هەستی نەتەوەیی و ئایینیش هیچ گۆڕانكاریەكی تێدا دروست نەكرد، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بە پابەندبوونی بە داخوازیەكانی دادپەروەریەوە نموونەیەكی نایابی پێشكەش كرد تا ئەو ڕادەیەی ئەگەر كەسایەتیەكەی وەك شانازیەك بۆ نەتەوەكەی و پێشەنگێك بۆ فەرمانڕەوایان هەژمار بكرێت، ئەوا هیچ زیادەڕەویەكی تێدا نیە. ئەنجامدانی حوكمێكی دادپەروەرانە كارێكی زۆر سەختە، وە مرۆڤ ناتوانێت ئەركەكەی خۆی بە باشی جێبەجێ بكات ئەگەر كاتی دانیشتنی لەسەر كورسی دادگا دانەبڕێت لە هەموو پەیوەندیەكان.” (كەشتی نووح، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ١٩، لاپەڕە ٥٢-٥٥).
“هەروەها لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بە مەسیحی بەڵێندراو كراوە.. مەبەستم ئەوەیە لە سوورەتی التحریم دا ئاماژەی پێ كراوە، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَرْيَمَ ابْنَتَ عِمْرَانَ الَّتي أَحْصَنَتْ فَرْجَهَا فَنَفَخْنَا فِيهِ مِن رُّوحِنَا﴾ (واتە: وە مەریەمی كچی عیمران، كە كەلێنەكانی خۆی پاراست، ئێمەش لە ڕۆحی خۆمان كرد بە بەریدا). بێگومان مەبەست لە ڕۆح لێرەدا عیسای كوڕی مەریەمە. پوختەی ئایەتەكە ئەوەیە خوا بەڵێنی داوە لەخواترساترین كەسی ئەم ئوممەتە بكات بە مەسیحی كوڕی مەریەم و لە ڕێگەی دەركەوتنەوە ڕۆحی خۆی بكات بە بەریدا، ئەمەش بەڵێنێكە لەلایەن خواوە بەشێوەی نموونە بۆ لەخواترساترین كەسی موسڵمانان. جا سەیر بكە چۆن خوا هەندێ لە تاكەكانی ئەم ئوممەتەی ناوناوە عیسای كوڕی مەریەم و لە نەفامەكان مەبە.” (الخطبة الإلهامیة، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ١٦، لاپەڕە ٢٨٣، پەراوێز).
“ئەو مەسیحە بەڵێندراوەی كە دوای خاتەمی پێغەمبەران دێت، هەر موحەممەدە (دروودی خوای لەسەر بێت) لەڕووی لێكچوونی تەواوەتیەوە، وە هاوڕێكانیشی وەك هاوەڵەكان وان، وە ئەو خۆی عیسای بەڵێندراوی ئەم ئوممەتەیە، ئەمە بەڵێنێكە لەلایەن خودای خاوەن دەسەڵاتەوە لە سوورەتەكانی التحریم و النور و الفاتحة دا.. ئەمە ئەو قسە ڕاستەیە كە تێیدا گومانتان هەیە. بۆ هیچ پێغەمبەرێك نەبووە دوای خاتەمی پێغەمبەران بێت، مەگەر ئەو كەسەی كە كراوە بە میراتگری و لە ئوممەتەكەیەتی، وە ناو و ناسنامەی ئەوی پێدراوە، وە زاناكان دەیزانن. بۆیە ئەوە مەسیحەكەتانە كە سەیری دەكەن بەڵام نایناسنەوە، وە چاویشتان بەرزدەكەنەوە بۆ ئاسمان. ئایا پێتان وایە خوا، عیسای كوڕی مەریەم دوای مردنی و دوای خاتەمی پێغەمبەران بگەڕێنێتەوە بۆ دنیا؟ دوورە، زۆر دوورە ئەوەی ئێوە بیری لێ دەكەنەوە! هەڵبەت خوا بەڵێنی داوە ئەو نەفسە ڕابگرێت كە مەرگی بۆ بڕیار داوە، وە خوا بەڵێنی خۆی ناشكێنێت بەڵام ئێوە گەلێكی نەفامن. ئایا گومانتان وایە خوا عیسا ڕەوانە دەكات بۆ دنیا، وە بۆ ماوەی چل ساڵ وەحی بۆ دەنێرێت، وە دەیكاتە دوایین پێغەمبەر و ئەو وتەیەی خۆی لەبیر دەكات كە فەرموویەتی: [وَلَكِنْ رَّسُولَ اللهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ]؟ پاكی و بێگەردی بۆ ئەو زاتە لەوەی ئێوە وەسفی دەكەن! ئێوە تەنها شوێنی كۆمەڵێك وشە كەوتوون كە حەقیقەتەكەی نازانن، ئەگەر بتانگەڕاندایەتەوە بۆ لای ناوبژیوانێك كە لەلایەن خواوە بۆتان نێردراوە، ئەوا بۆتان باشتر دەبوو ئەگەر بتانزانیایە.” (الخطبة الإلهامیة، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ١٦، لاپەڕە ٣١١-٣١٢).
“ئێستا لەبەردەم خوێنەرە بەڕێزەكاندا فەرموودەیەك دەخەمەڕوو كە ئەبو داوود لە سونەنەكەیدا هێناویەتی، وە هەروەها سەرنجیان ڕادەكێشم بۆ ئەو كەسەی كە ئەم فەرموودەیەی بەسەردا پیادە دەبێت. با ڕوون و ئاشكرا بێت ئەو پێشبینیەی لە سونەنی ئەبو داووددا هاتووە بریتیە لە: “پیاوێك لەودیو ڕووبارەوە (واتە لە سەمەرقەندەوە) دەردەچێت، پێی دەوترێت الحارث یان الحراث، شوێن قایم دەكات بۆ ئالی موحەممەد، وە یارمەتیدان و سەرخستنی لەسەر هەموو باوەڕدارێك پێویستە”. لە ڕێگەی وەحییەوە بۆم ئاشكرا بووە كە ئەم پێشبینیە و ئەو پێشبینیەی دەربارەی دەركەوتنی مەسیح كە پێشەوای موسوڵمانان دەبێت و لە خۆیان دەبێت، دوو پێشبینین لە مانادا یەكدەگرنەوە، وە ئەم بەندە خاكیە ڕاستێنەری هەردووكیانە. وە ئەو پێشبینیەی كە ناوی مەسیح دەهێنێت تەنها دوو نیشانەی تایبەتی هەیە؛ یەكەمیان ئەوەیە كە كاتێك مەسیح دێت بارودۆخی ناوخۆیی موسوڵمانان زۆر خراپ دەبێت، ئەویش بە ئامۆژگاریە دروستەكانی چاكی دەكاتەوە، وە ئیفلاسی ڕۆحانی و لاوازیی ناوەكییان ناهێڵێت، وە مرواریەكانی زانست و مەعریفەت و حەقیقەتیان پێشكەش دەكات، تا ئەو ڕادەیەی خەڵكی لە وەرگرتنی ئەم سامانە بێزار دەبن، وە هیچ كەسێك لە داواكارانی حەق لە نێوانیاندا بە ئیفلاسی و هەژاریی نامێنێتەوە لەڕووی ڕۆحانیەوە، بەڵكو تینووانی ڕاستی و حەق خۆراكێكی پاك و زۆریان پێدەدرێت لەڕاستی، و شەرابێكی شیرینی زانستیان پێ دەدرێت، باوەشیان پڕ دەكرێت لە مرواریی زانستە ڕاستەكان، وە كۆمەڵێك شووشەی عەتریان پێ دەبەخشرێت كە پڕن لە جەوهەر و كاكڵەی قورئانی پیرۆز.
نیشانەی دیار و ئاشكرای دووەم ئەوەیە ئەو مەسیحە بەڵێندراوە كاتێك دەردەكەوێت خاچ دەشكێنێت، وە بەراز دەكوژێت، وە كۆتایی بە دەججالی چاوكوێر دەهێنێت، وە هەر كافرێك بۆنی هەناسەی ئەوی پێ بگات دەستبەجێ دەمرێت. مەبەستی سەرەكی و ڕۆحانی لەم نیشانەیە ئەوەیە كە مەسیح كاتێك دێتە دنیا، شكۆی ئایینی خاچپەرستی دەخاتە ژێر پێیەكانیەوە، وە بە چەكی بەڵگە حاشاهەڵنەگرەكانی كۆتایی بەو كەسانە دەهێنێت كە وەك بەراز بێغیرەت و بێئابڕوو و چەپەڵ و قێزەونن، وەكو ئەو پیسی دەخۆن. وە بە بەڵگەی ڕوون و یەكلاكەرەوە، تاوانی ئەو كەسانە ڕوون دەكاتەوە كە تەنها چاوی دنیایان هەیە، وە بە هیچ شێوەیەك چاوی ئایینیان نیە، بەڵكو لەجیاتی ئەوە چاوێكی كوێری سپی هەڵگەڕاویان بۆ پەیدا بووە، بەوەش كۆتایی بە نكوڵیكردن و كەلـلەڕەقییان دەهێنێت. وە لە ڕووی ڕۆحانیەوە بە هێزی بەڵگەكانی مەسیح، ئەو كوێرانە لەناودەچن كە تەنها یەك چاویان هەیە، نەك تەنها ئەوانە، بەڵكو هەر بێباوەڕێكیش بە سووكایەتی و بێڕێزییەوە سەیری ئایینی موستەفا (صلی الله علیه وسلم) بكات لەناو دەچێت.
بە كورتی، هەموو ئەم دەستەواژانە بەشێوەی خوازە و مەجاز هاتوون، وە ماناكانیان بەوپەڕی ڕوونیەوە بۆ ئەم بەندە خۆبەكەمزانە ئاشكرا كراوە. با هەركەسێك دەیەوێت تێ بگات لێیان، وە دڵنیابن هەموو خەڵكی دوای ماوەیەك لە چاوەڕوانی دەگەڕێنەوە بۆیان، لە كاتێكدا لەو ئاواتانەیان، كە هیچ بنەمایەكیان نیە، بێهیوا بوون.” (إزالة الأوهام، گەنجینە ڕوحانیەكان، بەرگی ٣، لاپەڕە ١٤١-١٤٣، پەراوێز).
“بێگومان فەرموودەی پیرۆزی “لا المَهْدِي إلا عيسى – هیچ مەهدیەك نیە جگە لە عیسا” كە لە سونەنی “ئیبن ماجە”دا هاتووە، وە هەروەها لە كتێبی موستەدرەكی حاكم لە موحەممەدی كوڕی خالیدی جەنەدیەوە ڕیوایەتكراوە، لە ئیبانی كوڕی ساڵحەوە، لە حەسەنی بەسڕییەوە، لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە، لە پێغەمبەرەوە (دروودی خوای لەسەر بێت) – تەنها بەو مانایە دێت كە هیچ مەهدیەك نایەت مەگەر ئەوەی لەسەر سروشت و خەسڵەت و ڕێبازی عیسا (علیه السلام) بێت، واتە مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی تەنها ئەو كەسەیە كە لەسەر شێوەی سیفەت و سروشت و ڕێبازی فێركردنی عیسا (علیه السلام) دەردەكەوێت.. بەو مانایە كە خراپە بە خراپە وەڵام ناداتەوە و جەنگ ناكات، بەڵكو بە پێشەنگیەكی باش و بە نیشانە ئاسمانیەكان هیدایەت بڵاودەكاتەوە. ئەمەش فەرموودەیەكی تر پشتگیری دەكات كە ئیمامی بوخاری لە سەحیحەكەیدا هێناویەتی كە دەفەرموێت: “يَضَعُ الْحَرْبَ – جەنگ هەڵدەگرێت، واتە كۆتایی پێ دەهێنێت”.. واتە مەهدی كە بە مەسیحی بەڵێندراویش ناودەبرێت، بە یەكجاری كۆتایی بە جەنگە ئایینیەكان دەهێنێت، وە فەرمان بە خەڵكی دەكات كە لەپێناوی ئاییندا جەنگ نەكەن، بەڵكو دەبێت ئایین بە نووری ڕاستگۆیی و موعجیزەی ڕەوشت و نیشانەكانی نزیكبوونەوە لە خوای گەورە بڵاوبكەنەوە. بۆیە حەق و ڕاستیتان پێ دەڵێم؛ ئەو كەسەی ئێستا لەپێناوی ئاییندا جەنگ دەكات، یان پشتگیریی جەنگاوەران دەكات، یان بە نهێنی یاخود بە ئاشكرا بانگەشەی بۆ دەكات، یان لە دڵیدا ئاواتی بۆ دەخوازێت، ئەوا سەرپێچی خوا و پێغەمبەرەكەی دەكات، وە لە ئامۆژگاری و سنوور و فەرزەكانیان دەرچووە.” (حەقیقەتی مەهدی، گەنجینە ڕۆحانیەكان، بەرگی ١٤، لاپەڕە ٤٣١-٤٣٢).