مەبەست لە دروستبوونی مرۆڤ و بەرجەستەكردنی پەیوەندی ڕۆحی نێوان بەندە و پەروەردگاری

“با بەندایەتی ژیانتان بێت”. (حەزرەتی مەسيحی بەڵێندراو –سڵاوی خوا لەسەر بێت-)
ژیانی مرۆڤ كورت و سنووردارە، دوای ئەوە ژیانی هەمیشەیی دەست پێدەكات. مرۆڤ لەم دنیایەدا خۆی ئامادە دەكات بۆ ژیانی دواڕۆژ، كاتێك بیر لە مردن دەكاتەوە، تووشی ترس و دڵەڕاوكێ دەبێت. لەكاتی چاوپێكەوتن لەگەڵ خودای گەورەدا، مرۆڤ پرسیاری لێدەكردێت دەربارەی ئامانج لە دروستبوونی، كە ئەویش بریتیە لە پەرستن و بەندایەتی خودای گەورە. ئەو كەسەی ئەم ئامانجە بەرزە بهێنێتە دی، بە دڵێكی پڕ لە ئارامی و ئۆقرەییەوە ڕووبەڕووی مردن دەبێتەوە، وە ئەو كەسەی خۆشەویستی خوا لەدڵیدا ڕەگ دابكوتێت، هەموو شتێكی تر بێ بایەخە بەلایەوە. خودای گەورە دەفەرموێت: {وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ} (الذاريات: 57)
حەزرەتی مەسيحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا دەفەرموێت:
“بەگوێرەی ئەم ئایەتە، مەبەستی ڕاستەقینەی ژیانی مرۆڤایەتی بریتیە لە پەرستن و ناسینی خودا، و دەبێت مرۆڤ تەنیا بۆ خودا بژی. ئاشكرایە مرۆڤ هیچ بژاردەیەكی نییە بۆ دیاریكردنی ئامانجی ژیانی خۆی، چونكە بە خواستی خۆی نایەتە ئەم دنیایە و بە ڕەزامەندی خۆیشی لێ دەرناچێت. ئەو تەنیا دروستكراوێكە… بێ گومان مەبەستی بوونی مرۆڤ بریتیە لە پەرستنی خوا و ناسینی و خۆتەرخانكردن بۆی”. (فەلسەفەی فێركارییەكانی ئیسلام، خەزینە ڕۆحانییەكان، بەرگی 10، لاپەڕە 414)
حەقیقەتی بندایەتی و خۆڕازاندنەوە بە سیفەتەكانی خودای گەورە
حەزرەتی موسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “حەقیقەتی بەندایەتی ئەوەیە مرۆڤ ڕەنگی خوای گەورە بگرێت، كە لای ئەهلی حەق گەیشتنە بە چڵەپۆپەی بەختەوەری. لە ڕاستیدا خواناسان بەندە تەنها كاتێك بە بەندە دادەنرێت كە سیفەتەكانی ڕەنگدانەوەی سیفەتەكانی خودای میهرەبان بێت. لە نیشانەكانی بەندایەتیەكەی ئەوەیە كە پەروەردگارێتیەكی تێدا دروست بێت وەك پەروەردگارێتی خوای خاوەن شكۆ، بەهەمان شێوە سیفەتەكانی میهرەبانی و بەخشندەیی و پاداشتدانەوەی ڕەنگدانەوەی سیفەتەكانی خوای تاك و تەنھا بێت. ئەمەش ئەو ڕێگا ڕاستەیە كە فەرمانمان پێكراوە داوای بكەین”. (كەرامەتی ڕاستگۆیان، خەزینە ڕۆحانییەكان، بەرگی 7، لاپەڕە 146)
پێشەوا ڕاغیبی ئەسفەهانی دەڵێت: “كۆیلایەتی: بریتیە لە پیشاندانی زەبوونی. بەڵام بەندایەتی لەوەش بەهێزترە، چونكە ئەوپەڕی زەبوونیە، و تەنها ئەوكەسەی خاوەنی ئەوپەڕی باشی و چاكەی شایەنی ئەوەیە، ئەویش خودای گەورەیە”. (مفردات ألفاظ القرآن)
چەند نموونەیەك لە بەندایەتیەكانی گەورەی بوونەوەران محەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ)
خودای گەورە لە سووڕەتی “المزمل” دا لە قورئانی پیرۆز بەندایەتیەكانی پێغەمبەری خۆشەویست (ﷺ) بەم شێوەیە باس دەكات: {إِنَّ رَبَّكَ يَعْلَمُ أَنَّكَ تَقُومُ أَدْنَى مِنْ ثُلُثَيِ اللَّيْلِ وَنِصْفَهُ وَثُلُثَهُ وَطَائِفَةٌ مِنَ الَّذِينَ مَعَكَ} (المزمل: 21)
عەبدوڵڵای كوڕی ڕەواحە (ڕ.ض) سەبارەت بە بەندایەتیەكانی پێغەمبەر (ﷺ) دەڵێت:
شەو دەمێنێتەوە و خەوی لێ دەزڕێت
كاتێك كافرەكان خەویان قورس دەبێت
(سەحیحی بوخاری، كتێبی تەهەجود، بەشی باشی هەستانی شەوانە و نوێژكردن)
گەورەمان پێغەمبەر محەممەد (ﷺ) چەندین ساڵ خەڵكی مەككەی بانگ كرد بۆ پەرستنی خوای گەورە. لەم ماوەیەدا، ئازار و ئەشكەنجەی زۆری چەشت، بەڵام سەرەڕای ئەوە بە پەرۆشەوە دوعای هیدایەتی بۆ دەكردن. لە فەرموودهیەكدا هاتووه: موتەرریف لە باوكیەوە گێڕاویەتەوە كە گوتی: “هاتمە خزمەت پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك نوێژی دەكرد، لەهەناویەوە وەكو مەنجەڵ دەكوڵا”، واتا دەیگریا”. (سنن النسائي)
بەندایەتی پێغەمبەر (ﷺ) بەم شێوەیە بوو، تەنانەت هەندێ ڕیوایەت باسی ئەوە دەكەن كە پێیە پیرۆزەكانی بەهۆی شەونوێز و زۆری ڕاوەستان لەنوێژدا ئاوساون. عائیشە (خوا لێی ڕازی بێت) دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) شەوان هەڵدەستا تا پێیەكانی دەئاوسان. كاتێك عائیشە لێی پرسی: “بۆچی ئەمە دەكەیت لەكاتێكدا خوای گەورە لە تاوانەكانی ڕابردوو و داهاتووت خۆ بووە؟” ئەویش (ﷺ) فەرموی: “ئایا حەزنەكەم بە بەندەیەكی سوپاسگوزار لەقەڵەم بدرێم؟” (صحیح البخاري)
پەرۆشی هاوەڵان بۆ بەندایەتیكردنی خوای گەورە
بە سەرنجدان لە ژیانی هاوەڵان (خوا لێیان ڕازی بێت)، بە ڕوونی دەردەكەوێت كە ئامانجی بەرزیان بەدەستهێنانی خۆشەویستی خودای گەورە بووە. وە لەڕێگەی بەندایەتی و خۆتەرخانكردن بۆ خوا گوزارشتیان لەم خۆشەویستیە كردووە، ئەم شێوازەیش باشترین شێوازە كە بەوپەڕی دڵسۆزیەوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) فێربوون.
یەكێك لە هاوسەرەكانی عومەر (خوای لێی ڕازی بێت) باسی پەرستنی شەوانەی ئەو دەكات و دەڵێت: “نوێژی عیشای دەكرد، پاشان داوای دەكرد كاسەیەكی بچووكی ئاو لای سەری دابنێین. شەو دادەهات، دەستی دەخستە ناو ئاوەكەوە و ئینجا دەستی دەیهێنا بە ڕووخسار و هەردوو دەستیدا، ئینجا هەتا دەیتوانی یادی خودای دەكرد، پاشان ناو بە ناو دەخەوت تا كاتی هەستان بۆ نوێژ”. (مجمع الزوائد ومنبع الفوائد، بەرگی 9، لا 74-75)
بیركردنەوە لە پەرستنی حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
كاتێك سەیری ژیانی حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەكەین، دەبینین تەواوی ژیانی بۆ پەرستنی پەروەردگاری خۆی تەرخان كردبوو. خۆی (عليه السلام) دەفەرموێت: “با بەندایەتی ژیانتان بێت، وە دەبێت ئامانج كردەوە چاكەكانتان ئەوە بێت كە ئەو دۆست و چاكاكارە ڕاستەقینەیە لێتان ڕازی بێت”. (إزالة الأوهام، الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، لا 548)
حەزرەتی میرزا بەشیر ئەحمەد (ڕەزای خودای لێ بێت) وەسفی خۆشەویستی حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆ نوێژ و بەندایەتی دەكات و دەڵێت: “دایكی بەڕێزم پێی گوتم كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێی گوت: جارێكیان چووم بۆ بەدواداچوونی كەیسێك لە دادگادا، دادگا دەستی كرد بە گوێگرتن لە كەیسەكانی تر و من لە سێبەری دارێكدا چاوەڕێی نۆرەی خۆم دەكرد. كاتێك كاتی نوێژ هات، لەوێ دەستمكرد بە نوێژكردن. لەكاتی نوێژەكەمدا چەند جارێك بانگ كرام بۆ دادگا، بەڵام من بەردەوام بووم لە نوێژەكەم. كاتێك نوێژەكەم تەواو كرد، بینیم بانگكەری دادگا لە تەنیشتم وەستاوە. هەر كە سەلامم دایەوە و نوێژەكەم تەواو كرد، ئەم بانگكەرە پێی گوتم: پیرۆزبایت لێ بێت میرزای بەڕێز چونكە كەیسەكەت بردەوە. (سيرة المهدي، الجزء الأول، رقم الرواية 17، ص 15)
ئامانجی ڕاستەقینەی بەندایەتی
حەزرەتی خەلیفەی پێنجەم دەفەرموێت: “مەبەستی بەندایەتی تەنیا ناسینی خوا نییە، بەڵكو بریتیە لە گەیشتن بە چڵەپۆپەی ڕۆحانیەت بەهۆی درووستكردنی تەقوا لە ناخماندا و پەی بردن بە سیفەتەكانی خوای گەورە. تەنھا ئەو كاتەی كە پەی دەبەین بە سیفەتەكانی، هەموو شت بچووك و بێ بایەخ دەردكەوێت بۆمان لەبەرامبەریدا (سبحانه وتعالى)… كاتێك بە دڵسۆزیەوە پەروەردگارتان دەپەرستن، لەلایەكەوە هەموو جیها لە ڕووی ماددییەوە پەروەردە دەبێت بەهۆی لێشاوی پەروەردگارێتی گشتیەوە، وە لەلایەكی ترەوە توانا ڕۆحییەكانتان گەشە دەكەن. لەمەشدا ئامۆژگاری هەیە بۆمان كە ئەگەر حاڵەتی ڕۆحییمان ڕێكوپێك نەبوو یان لە قۆناغی گەشەكردن و پێشكەوتندا نەبوو ئەوا مانای وایە ئێمە وەكو پێویست بەندایەتی خوای گەورەمان نەكردووە، لە ئەنجامدا سوود لە لێشاوی پەروەردگارێتی ڕۆحانی وەرناگرین. كاتێك مافی بەندایەتی پەروەردگارمان بەجێ دەهێنین و لەڕووی ڕۆحیەوە سوود وەردەگرین لە سیفەتەكانی، ئەوسا لە تەقواشدا پێشدەكەوین، كاتێكیش لە تەقوادا پێشكەوتین، بەندایەتیەكانمان تەنها لە مانگی ڕەمەزاندا نابێت، بەڵكو هەموو ساڵەكە بگرە هەموو ژیانمان دەگرێتەوە. بۆیە دەبێت بەلەبەرچاوگرتنی ئەم بنەمایە جەخت بكەینەوە لەسەر بەندایەتیەكانمان”. (وتاری هەینی 03/07/2015)