بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئایا مەبەست لە بڕینی دەستی دز قرتاندنى دەستيیەتی یان ڕێگرییەتی لە دزی؟

بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ

بە گشتی ئەحکامەکانی قورئانی پیرۆز پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و هاوەڵانی بەڕێز جێبەجێیان کردوون، وه‌ نه‌وه‌ لە دوای نه‌وه‌ جێبەجێ کراون، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو ئەحکامانە بگۆڕێن بەناوی تازەگەری و خوێندنەوەی نوێ!!

بۆیە دەڵێین: بەڵێ، بڕینی دەست بریتیە لە قرتاندن، وە مەبەستی ئایەتەكە برینداركردن نیە وەکو هەندێك بانگەشەی بۆ دەکەن، دەست بریتیە لە خوار مەچەك تاكو كۆتایی پەنجەكان، وە بڕینی دەست بریتیە لە سزای ژن و پیاوی دز وەكو یەك، كە بریتیە لە سنورێك لە سنورەكانی خوا كە نابێت كەمتەرخەمی تێدا بكرێت و بە سووك سەیر بكرێت. هەڵبەت ئەم حوكمە لەم ئایەتە پیرۆزەدا هاتووە: “هەركەسێكی دزی بكا -نێربێ یان مێ فەرقی نیە- لە سزای دزی كردنێ دەبێ هەردووكيان دەستیان ببڕن، كە ئەمەش تەنبێ كردنە لە خوداوە، خودا خاوەن دەسەڵاتی لە كارزانە” (المائدة 39)

بەڵام دەبێت ئاگاداری كۆمەڵێك بابەت بین كە پەیوەستن بە جێبەجێ كردنی ئەم سزايەوە كە بریتین لەمانەی خوارەوە:

1- سزاكە بۆ “پیاوی دز” و “ئافرەتی دز”ە، كە بریتیە لە شێوگی بكەر (اسم فاعل). لە ئایەتەكەدا بەم شێوازە بەكارهاتووە بۆ ئەوەی مانای ئەو كەسە بگەیەنێت كە خووی گرتووە بە دزیكردنەوە یان ڕاهاتووە لەسەر ئەم كارە دزێوە بەجۆرێك كە بتوانرێت پێی بوترێت “دز”. ئایەتە پیرۆزەكە بەشێوەى فعل (سَرَقَ، سَرَقَتْ) نەیفەرمووە: “ئەو پیاوەی دزی كرد” یان “ئەو ئافرەتەی دزی كرد” لەبەرئەوە دادگەری نیە كە ئەم سزایە جێبەجێ بكەین بەسەر كەسێكدا كە شتێكی سادەی دزی بێت یان خووی نەگرتبێت بە دزیكردنەوە.

2- ئەم سزایە كاربەدەستی فەرمانڕەوا جێبەجێی دەكات و نابێت بەشێوەی تاكەكەسی جێبەجێ بكرێت.

3- دەرگای لێخۆش بوون كراوەیە بۆ خاوەنی ماف كە خۆش بێت لە كەسی دز یان پێك بێت لەگەڵیدا، ئەگەر بیەوێت دەتوانێت ڕادەستی كاربەدەستانی نەكات یان لێی خۆش بێت، تەنانەت پاش ڕادەست كردنیشی دەتوانرێت بەگوێرەی دید و تێڕوانینی كاربەدەست سزاكەی سووك بكرێت و سزا هەرە توندەكەی بەسەردا جێبەجێ نەكرێت.

ئافرەتێك دزی لە ماڵی مەسیحی مەوعود کرد.. دزەکە کەسێکی نەزان بوو بۆیە شڵەژا بوو و ڕەنگی تێکچبوو… بۆیە بە شێوەیەکی نا ئاسایی سەیری ئەملاو ئەولای ئەکرد، کەسێکی زیرەك یەکسەر هەستی پێکرد و خێرا ڕایگرت و بەهۆیەوە ژاوەژاو دروست بوو و خەڵکی لێی کۆبوویەوە و سەرزەنشتیان دەکرد هەتا مەسیحی به‌ڵێندراو بەهۆی شتێکەوە هاتە دەرەوە، پرسیاری کرد دەربارەی ئەوەی ڕوویداوە، ئەوانیش چیرۆکەکەیان بۆی باس کرد.

ئینجا مەسیحی مەوعود فەرمووی:

“بێگومان هەژارە، بۆیە شتێکی پێبدەن، و ئامۆژگاریشی بکەن، کار بە سیفەتی خوا داپۆشەر (الستار) بکەن” (سيرة المسيح الموعود – عليه السلام – للأستاذ الشيخ يعقوب علي عرفاني ج1 ص 105 – 106)

4- ئەم ئایەتە مانایەكی تری مەعنەوی لەخۆی دەگرێت كە پێكهاتووە لە ڕێنماییەك بۆ خاوەنی ماف بە جۆرێك دەتوانێت كە ڕێگری بكات لە دزەكە -كە شتێكی سادەی دزیوە- جارێكی تر ئەم كارە دزێوە دووبارە نەكاتەوە، یان بە دەركردنی لەسەر كار ئەگەر كاربكات لەلای وەك سزایەك بەرامبەر دزیەكەی، یان بە كەمكردنەوە و كۆتكردنی دەسەڵاتەكانی بەجۆرێك دەستی نەگات بەو سامان و كەلوپەلانەی كە دزی لێ كردووە. ئەم دەركردن و كۆت و پێوەنكردنە بریتیە لە دەست بڕینی مەعنەوی، كە دیسان ئەمەش بە سزایەك دادەنرێت كە لە ڕێگەی ئەم سزايەوە كابرای دز كارەكەی یان پلەوپایەكەی لە كیس دەچێت.

5- ئامانجی ئەم سزایە بریتی نیە لە بڕینی دەستی سواڵكەر و دزە بچوكەكان، بە كەمێك ڕامان دەتوانرێت مەودای گرنگی سزایەكی لەم شێوەیە بزانرێت بەسەر دزە ڕاستەقینەكانەوە لە خاوەن پلەوپایەكان ئەوانەی كە سەروەت و سامان و چارەنووسی میللـەتان دەدزن و بەهۆی چاوچنۆكی و چڵیسییانەوە ئابوورى وڵاتەكانیان نابووت دەكەن. بێگومان ئەم كەسانە ئەگەر بزانن كە ئاكامیان بریتیە لە بڕینی دەستیان (ئەو كەسانەی كە دزی دەكەن بۆئەوەی بەهرە وەربگرن لە سامان و خۆشیە دنیاییەكان) بە توندی دەسڵەمێنەوە و وازدەهێنن لەو چڵێسی و چاوچنۆكییەی كە هەیانە، وە ڕەنگە بیركردنەوە لەم سزایە بیانگێڕێتەوە بۆ ڕێگەی ڕاست.

وآخِرُ دَعوانَا أنِ الحَمدُ للهِ رَبِّ العَالَمِينَ