پوختەی وتاری هەینی 19-12-2025
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بينەرانی بەڕێز و خۆشەویست، پوختەی دواین وتاری هەینییتان پێشكەش دەكەین کە پێشەوای باوەڕداران (خوای گەورە سەرکەوتووی بکات) لە مزگەوتی موبارەك لە شاری تێلفۆرد، لە ١٩-١٢-٢٠٢٥ پێشکەشی کرد، کە بەم ئایەتە پیرۆزە دەستی پێکرد:
{لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ لِّمَن كَانَ يَرْجُو اللَّهَ وَالْيَوْمَ الْآخِرَ وَذَكَرَ اللَّهَ كَثِيرًا}
(واتە: بهڕاستی له پێغهمبهری خوادا (r) بۆ ئێوه ههیه سهر مهشقی و پێشهوایهتی چاك بۆ کهسێ بههیوای خوا و پاداشتی ڕۆژی دوایییه… وه زۆر یادی خوا دهکات)
پاشان پێشەوای باوەڕداران فەرمووی:
کەسێك پرسیاری كرد لە دایكە عائیشە (ڕەزای خوای لێبێت) دەربارەی ڕەوشتی پێغەمبەر ﷺ، ئەویش فەرمووی: “ئایا قورئانت نەخوێندووەتەوە؟ خوای گەورە شایەتی بۆ ڕەوشتی پێغەمبەر ﷺ داوە و فەرموویەتی: {وإنك لعلى خُلقٌ عَظِيمٌ} واتە: بەڕاستی تۆ لەسەر ڕەوشتێکی زۆر گەورە و بەرزیت.”
پێغەمبەر ﷺ باڵاترین نموونەی لە جێبەجێکردنی مافەکانی خودا و مافەکانی مرۆڤدا پێشکەش کرد؛ هەر لەبەر ئەمەشە خودای گەورە وەک پێشەنگ و سەرمەشقی چاك (ئوسوە حەسەنە) ناساندوویەتی تاوەکوو پەیڕەوی لێ بکەین.
ڕەنگە هەندێك کەس لە دنیادا لە بوارێکی دیاریکراودا سەرکەوتن بەدەستبهێنن و بەو هۆیەوە خەڵات بکرێن و ڕێزیان لێ بگیرێت، بەڵام ئەم ڕێزلێنانە لەلایەن حکومەتەکان یان ئەو لیژنانەوە دەبێت کە بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژێردراون.
بەڵام تا ئێستا هیچ نەتەوەیەك بەتەواوی و بە کۆدەنگی لەسەر گەورەیی کەسێك هاوڕا نەبوون وەك ئەوەی بۆ پێغەمبەر ﷺ ڕوویدا.
مێژووی ئەم گەورەیی و شکۆمەندییە بۆ پێش پێغەمبەرایەتیەكەشی دەگەڕێتەوە؛ ئەو کاتەی کە تەواوی خەڵکی مەککە وەك کەسێکی “ڕاستگۆ و ئەمانەتپارێز (الصادق الأمین)” ناسیبوویان و ئەو نازناوەیان لێنابوو.
بەو پێیەی خوای گەورە شایەتی داوە لەسەر ئەوەی کە پێغەمبەر ﷺ باشترین نموونەیە بۆ ئێمە، دەبێت ئێمە پەیڕەوی لە ڕێبازەکەی بکەین و پابەندی هەموو ئەو شتانە بین کە فەرموویەتی و ئەنجامی داوە، چونکە هەموو ئەمانە لەسەر بنەمای قورئانی پیرۆزن.
ئەمڕۆ چەند نموونەیەك لە لایەنە جیاجیاکانی ژیانی پێغەمبەر ﷺ دەخەمەڕوو، یەکەم نموونە لە جێبەجێکردنی مافەکانی خوا و پەرستنیدا. پێغەمبەر ﷺ تەواوی ژیانی بۆ خۆشەویستی خوا تەرخان کرد بوو، وە لە ژیانیدا بەرپرسیارێتی زۆر قورسی لەئەستۆ گرت بوو، وەک چەسپاندنی شەریعەت و فێرکردنی خەڵک. هەروەك مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ئاماژەی پێداوە، پێغەمبەر ﷺ بۆ لای گەلێکی وەحشی و توندوتیژ نێردرا، پاشان ئەوانی کرد بە مرۆڤ، دواتر ئەوانی کرد بە مرۆڤی خوێندەوار و زانا، وە لە کۆتاییشدا ئەوانی کرد بە پیاوچاك و ئەهلی خوا.
ئەمە هەوڵێکی مەزن بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز لە پەرستنی خوا خاو نەبوویەوە.
نیوەی شەو هەڵدەستا بۆ شەو نوێژ. دایكە عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەگێڕێتەوە کە جارێك لەکاتی نوێژدا لە پێغەمبەری ﷺ پرسیوە: “خوای گەورە لە گوناهەکانی ڕابردوو و داهاتووت خۆش بووە، بۆچی ئەوەندە خۆت ماندوو دەکەیت؟” ئەویش فەرمووی: “ئایا نابێت بەندەیەکی سوپاسگوزار بم؟”
خوای گەورە نیعمەتێکی گەورەی بەسەر پێغەمبەردا ﷺ ڕشت و کردی بە خاتەمی پێغەمبەران و قورئانی بۆ نارد، ئەویش زۆر سوپاسگوزار بوو.. وە لە ڕێگەی نوێژەوە گوزارشتی لەو سوپاسگوزارییەی دەکرد.
پێغەمبەر ﷺ هەر کاتێک گوێی لە وتەی خوای گەورە دەبوو چاوەکانی پڕ دەبوون لە فرمێسك، بەتایبەت کاتێک گوێی لەو ئایەتانە دەبوو کە بەرپرسیارێتییەکانی وەبیردەخستەوە. جارێکیان داوای لە عەبدوڵڵای کوڕی مەسعوود کرد (رضي الله عنه) کە قورئانی بۆ بخوێنێتەوە. ئەویش گوتی:
“چۆن قورئانت بۆ بخوێنمەوە لەکاتێکدا بۆ تۆ دابەزیوە؟” پێغەمبەر ﷺ فەرمووی حەز دەكەم لە کەسێکی ترەوە بیبیستم. کاتێك عەبدوڵڵا (رضي الله عنه) گەیشتە ئەم ئایەتە:
“فَكَيْفَ إِذَا جِئْنَا مِن كُلِّ أُمَّةٍ بِشَهِيدٍ وَجِئْنَا بِكَ عَلَىٰ هَٰؤُلَاءِ شَهِيدًا”
(واتە: ئەی حاڵیان چۆن دەبێت کاتێک لە هەر گەل و نەتەوەیەک شایەتێک دەهێنین و تۆش دەهێنین وەك شایەت بەسەر ئەمانەوە؟).
لەو کاتەدا پێغەمبەر ﷺ گریا و داوای لێکرد بوەستێت. پێغەمبەر ﷺ بۆ ئومەتەکەی دەگریا لەبەر ئەوەی نەوەک کارێک بکەن کە ناچار بێت ببێت بە شایەت لە دژیان. بۆیە دەبێت وریای ڕەفتارەکانمان بین نەوەك کارێک بکەین کە شایەتی پێغەمبەر ﷺ لە دژی ئێمە بێت.
پێغەمبەر ﷺ زۆر سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی نوێژ… تەنانەت لە کاتی توندترین نەخۆشییەکانیدا.
لە کۆتا نەخۆشیدا، هەرچەندە لەو بارودۆخەدا ((ڕەوا بوو)) بە پاڵکەوتنەوە نوێژ بکات، بەڵام بە هاوکاری دوو لە هاوەڵان کە دەستیان گرتبوو، چوو بۆ مزگەوت بۆ ئەنجامدانی نوێژ.
هەروەها پێغەمبەر ﷺ شێوازێکی مەزنی هەبوو لە فێرکردنی خەڵک و نیشاندانی گەورەیی خوا لە هەمان کاتدا. لەو سەردەمەدا وا باو بوو… چەپڵەیان لێ دەدا بۆ سەرنجڕاکێشانی خەڵكی بۆ شتێك. پێغەمبەر ﷺ فێری کردن کە باشترە یادی خوا بکەن.
ئەوە بوو جارێکیان پێغەمبەر ﷺ فەرمانی بە ئەبو بەکر (رضي الله عنه) کرد پێشنوێژی بۆ خەڵک بکات. دواتر پێغەمبەر ﷺ چوو بۆ مزگەوت و بینی گەورەمان ئەبوبەکر دەستی بە نوێژ کردووە.
کاتێك خەڵکەکە پێغەمبەریان ﷺ بینی، دەستیان کرد بە چەپڵەلێدان بۆ ئەوەی ئەبوبەکر ئاگادار بکەنەوە، ئەویش چووە دواوە بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ پێغەمبەر ﷺ بکاتەوە.
دوای تەواوبوونی نوێژەکە، پێغەمبەر ﷺ بە ئەبوبەکری فەرموو… دەبوو نوێژەکەی تەواو بکردایە. ئەویش لە وەڵامدا گوتی: چۆن بۆ کوڕی ئەبو قوحافە (واتە خۆی) دەگونجێت پێشنوێژی بکات لەکاتێکدا پێغەمبەر ﷺ ئامادەیە؟
پاشان پێغەمبەر ﷺ ڕووی لە خەڵکەکە کرد و فەرمووی چەپڵەلێدان لەناو نوێژدا دروست نییە، وە ئەگەر پێویست بوو ئاماژە بە شتێک بکرێت لە ناو نوێژدا، دەبێت: “سبحان الله” بگوترێت.
لەگەڵ پەرۆشی بۆ نوێژ، پێغەمبەر ﷺ حەزی نەدەکرد خەڵک ڕێکاری نادروست و ناپێویست بگرنە بەر. بۆ نموونە، جارێکیان پەتێکی بینی لە مزگەوتەکەدا هەڵواسراوە، پرسیاری دەربارەی کرد، گوتیان ئەوە هی سەییدە زەینەبە (ڕەزای خوای لێ بێت)، چونکە کاتێک لە کاتی نوێژدا ماندوو دەبێت، پەتەکە بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لەسەر پێ بوەستێت.
پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: پێویست بەوە ناکات، مرۆڤ دەبێت تا ئەو کاتەی توانای جەستەیی هەیە نوێژ بکات.
ئەمەش بەو مانایە نییە کە مرۆڤ بە خێرایی نوێژ بکات بە پاساوی ئاسانکاری، دەبێت نوێژ بە هێمنی و لەسەرخۆیی ئەنجام بدرێت. جارێکیان دوای تەواوبوونی نوێژی بە كۆمەڵ پیاوێک هات بۆ مزگەوت، نوێژی کرد و هاتە ناو مەجلیسی پێغەمبەر ﷺ.
پێغەمبەر ﷺ فەرمانی پێکرد بگەڕێتەوە و دووبارە نوێژ بکاتەوە، ئەمەش سێ چوار جار دووبارە بوویەوە. دواجار پیاوەکە پرسی چۆن نوێژ بکات؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: دەبێت بە هێمنی و لەسەرخۆیی نوێژ بکەیت.
پێغەمبەر ﷺ بە توندی دژی هاوەڵ بڕیاردان بۆ خوا بوو، وە لە کۆتا نەخۆشییدا خەمباریی خۆی نیشاندا بۆ ئەو گەلانەی پێشوو کە گۆڕی پێغەمبەرەکانیان کردبوو بە مزگەوت و پەرستگا.
هەروەها پێغەمبەر ﷺ خۆبەكەمزانین و سادەییەکی گەورەی لەبەرامبەر خوادا نیشان دەدا. سەرەڕای دڵنیایی لە ڕەزامەندی خوا، بەڵام دەیفەرموو… لێخۆشبوون و چوونە بەهەشت تەنها بە فەزڵ و ڕەحمەتی خوایە، نەک بە کردارەکانی.
هەروەها پێغەمبەر ﷺ فێری کردین کە پەرستن، بەکارهێنانی دروستی هەستەوەرەکانیش دەگرێتەوە… بەو مانایەی.. دەبێت چاو و گوێ و تەواوی هەستەوەرەکانمان لە بینینی حەرام و بیستنی درۆ و دەنگۆ بپارێزین، چونکە خراپ بەکارهێنانی ئەم نیعمەتانە تاوانە.