پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیهانی، دەستوەردانی ڕۆژئاوا لە كاروباری وڵاتانی ئیسلامی سەركۆنە دەكات و داوا لە موسڵمانان دەكات بە شێوەیەكی ئاشتیانە یەكبگرن و بۆ پاراستنی خۆیان پشت بە خوا ببەستن، نەك بە هێزە ڕۆژئاواییەكان.
لە وتاری هەینی لە ڕێككەوتی 06-03-2026، حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد، پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، ئامۆژگاری وڵاتانی ئیسلامیی كرد كە بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنیان، لە جیاتی هێزە زلهێزەكان پشت بە خوا ببەستن، وە ئەولەویەت بدەن بە یەكڕیزی نێوانیان و كار بكەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ ئەو ململانێیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
هەروەها داوای لە جیهانی ئیسلامی كرد كە وازبهێنن لە پشتبەستن بە هێزە ڕۆژئاواییەكان بۆ دابینكردنی ئاسایشی خۆیان، وە بە شێوەیەكی ئاشتیانە یەكبگرن بۆ ئەوەی خۆیان لە داوی ئەو كەسانە ڕزگار بكەن كە دەیانەوێت زیانیان پێ بگەیەنن.
حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:
“ئەمریكا لە زۆرێك لە وڵاتانی ئیسلامیدا بنكەی سەربازیی دامەزراندووە، ئامانج لەوە چیە؟ ئایا ئەم بنكانە بەڕاستی بۆ پاراستنی ئەو وڵاتانە دامەزراون؟ وڵاتانی عەرەبی لە چ مەترسیەك دەترسن؟ ئەم هێزانە خۆیان مەترسیەكانیان دروست كردووە، پاشان وەهمیان بۆ ئەو وڵاتانە دروست كردووە گوایە هەڕەشەیان لەسەرە و دامەزراندنی ئەم بنكە سەربازیانە بۆ پاراستنیان زۆر پێویستە.”
هەروەها بەڕێزی فەرمووی:
“ئەم بنكانە بوونە هۆكارێك بۆ ئەوەی وڵاتانی عەرەبی بكەونە بەر ئەو هێرشانەی كە لە كۆتاییدا ڕوویاندا، وە ئابوورییان زیانی زۆری بەركەوت… ئەم هێزانە ئێستا و لە داهاتووشدا سوودمەندن لەم دۆخە، چونكە كاتێك شەڕ هەڵدەگیرسێت و كاریگەری دەبێت لەسەر ئابووری ئەوا شتێكی سروشتیە كە لایەنی بەرامبەر هێرشی پێچەوانە بكات و هەوڵی تێكشكاندنی بنكەكانی نەیارەكەی بدات.”
حەزرەتی خەلیفە لە وتارەكەیدا كە لە مزگەوتی “موبارەك” لە تێلفۆرد لە بەریتانیا پێشكەشی كرد، كە بە بارەگای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیهانی دادەنرێت كە ٢٠ ملیۆن موسوڵمانی ئەحمەدی لەخۆدەگرێت، هۆشداری دا لەوەی كە ململانێكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕەنگە بە ئاسانی لە كۆنتڕۆڵ دەربچن، وە ئەگەر ئەم شەڕە بەردەوام بێت، ئەوا وڵاتانی عەرەبی زیاتر لە هەموان زیانیان بەردەكەوێت.
لەگەڵ فراوانبوونی بازنەی شەڕەكە لە كەنداو، حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد ڕایگەیاند كە هێزە ڕۆژئاواییەكان هەوڵ دەدەن ناكۆكیەكانی ناو جیهانی ئیسلامی بقۆزنەوە.
بەڕێزی فەرمووی:
“پێویستە لەسەر حكومەتە ئیسلامیەكان و كەسایەتیە سیاسی و فەرمانڕەواكانیان، لەجیاتی ئەوەی بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا بگەڕێن، هەموو هەوڵێكی خۆیان بدەن بۆ یەكخستنی ئوممەتی ئیسلامی.”
هەروەها فەرمووی:
“ئەم هێزە ڕۆژئاواییانە سەرەتا كاریان كرد بۆ هەڵگیرساندنی ئاگری فیتنە لە وڵاتانی ئیسلامیدا، پاشان وردە وردە گەورەیان كرد تا وای لێ هات لە وڵاتێكەوە گواستیانەوە بۆ وڵاتێكی تر. پیلانیان لەم بارەیەوە ڕوونە؛ ئەوان دەیانەوێت دەست بەسەر سەرچاوەكانی ئەو وڵاتانەدا بگرن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان بهێنن.”
هەروەها حەزرەتی خەلیفە ئامۆژگاری موسوڵمانانی كرد كە بۆ ئاسایش و گەشەسەندنیان پشت بە هێزە ڕۆژئاواییەكان نەبەستن و فەرمووی:
“ئیسلام بۆ چەسپاندنی یەكتاپەرستی هاتووە و پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ بەدیهێنانی. هێزە زلهێزەكان مەكەن بە خوای خۆتان، چونكە هێزی هەمیشەیی و نەبڕاوە تەنها هی خوایە. ئەگەر ئەم هێزە زلهێزانەتان بە هەموو شتێك دانا، ئەوا یەك لەدوای یەك دەست بەسەر هەموو وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا دەگرن، وە ئەم حكومەتە ڕواڵەتیانەی ئێوەش لەناودەچن.”
بەڕێز خەلیفە ئاماژەی بەوەش كرد كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بانگەشەی ئەوەی كردووە كە هێرش دەكاتە سەر ئێران بۆ ڕزگاركردنی گەلەكەی، بەتایبەتی ژنانی ئێران. بەڵام حەزرەتی خەلیفە قسەی ئەندامێكی پەرلەمانی ئەورووپای لە ئیسپانیاوە گواستەوە كە دەڵێت ئەم شەڕەی ئەمریكا بۆ ئازادیی ژنانی ئێران دەیكات تەنها درۆیەكە.
خاتوو ئێرین مۆنتێرۆ گوتی: “تا ئێستا هیچ ژنێك بە بۆمبی ئەمریكی یان دەستدرێژی نایاسایی ڕزگار نەكراوە… لە ئێرانیشدا شتی وا ڕوونادات.”
لە كۆمێنتێكیدا لەسەر دووفاقی پێوانەكانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە ژیانی مەدەنی موسوڵمانە بێتاوانەكان، حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:
“ئەگەر سەیری وڵاتانی ڕۆژئاوا بكەین، دەبینین نووسەرانی گۆشەی ڕۆژنامەكان لەوێ دەنووسن كە ئەگەر هێرشێك لە ئیسڕائیل یان ئەمریكا یان هەر وڵاتێكی ڕۆژئاوایی ڕووبدات و ژمارەیەكی كەم لە مناڵەكانیان بكوژرێن، ڕۆژنامەكان چەندین لاپەڕەی لەسەر دەنووسن و بۆ چەندین ڕۆژ بەردەوام دەبن؛ بەڵام لێرە قوتابخانەیەك بۆردومان دەكرێت و سەدان مناڵی تێدا دەكوژرێت و كەس قسە ناكات! ئەمە ئەو كارەیە كە پێشتر لە فەڵەستین كردیان، وە هەمان شت ئێستا لە ئێرانیش دووبارە دەبێتەوە. وا دیارە ژیانی موسوڵمان لای ئەوان هیچ بەهایەكی نیە.”
حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد هەڵوێستی زۆرەملێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای سەركۆنە كرد، كە هەڕەشە لەو وڵاتانە دەكات كە پابەندی داواكاریەكانی نین، بەڕێزی لەم بارەیەوە فەرمووی:
“ئەو وڵاتانەی ڕەتی دەكەنەوە بەشداری لە شەڕدا بكەن، سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت… لە بارودۆخێكی وەهادا، دادپەروەری نامێنێت. كاتێكیش دادپەروەری نەما، بە دڵنیاییەوە وێرانكاری دێتە ئاراوە.”
حەزرەتی خەلیفە ستایشی هەڵوێستی حكومەتی ئیسپانیای كرد لەبارەی ململانێكانەوە و ڕایگەیاند كە سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانچێز، ئازایەتی نیشان دا كاتێك ڕایگەیاند كە ئیسپانیا بەشداری لە شەڕەكەدا ناكات و بنكەی سەربازی بۆ دابین ناكات.
بەڕێز خەلیفە فەرمووی ئەوەی كە شرۆڤەكاران دەیڵێن دەربارەی ئەوەی ئەمریكا ڕووبەڕووی زیانی ئابووری دەبێتەوە و باری دارایی شەڕەكە هەڵدەگرێت، تەنها گومان و گریمانەیە، وە جەختی كردەوە كە وڵاتە بەهێزەكان “بۆ هەر كارێك حیساباتی ورد دەكەن”، وە “پێش هەر هەنگاوێك هەڵسەنگاندنێكی گشتگیر ئەنجام دەدەن”. خەلیفە وتیشی كە لەجیاتی ئەوە، پێدەچێت وڵاتانی عەرەبی ناچار بكرێن تێچووە زۆرەكانی شەڕەكە هەڵبگرن “بە بیانووی بەرگریكردن لێیان”.
حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:
“لە لایەكەوە بیرە نەوتەكانیان دادەخرێن و بەرهەمهێنانی نەوتیان كەمدەبێتەوە، وە گرانی دروست دەبێت، وە لە لایەكی تریشەوە تێچووی ئەم شەڕەش دەدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی یەدەگی داراییان یان تەنانەت نەمانیشی، بەم شێوەیە ئابووری جیهانی عەرەبی زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت. بێگومان ڕۆژئاوا یان هێزە گەورەكانیش زیانیان بەردەكەوێت، بەڵام زیانە هەرە گەورەكە بەر وڵاتانی عەرەبی دەكەوێت.”
حەزرەتی خەلیفە ئاماژەی بەوە كرد، بە بڕوای ئەو و زۆرێك لە شرۆڤەكاران، شەڕی جیهانی پێشتر دەستی پێكردووە، بەڵام تا ئێستایش ئەگەر جیهانی ئیسلامی یەكبگرێت، دەتوانێت خۆی لە زیانی زیاتر بپارێزێت.
حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:
“ئەگەر ناكۆكیەك لەنێوان موسوڵماناندا هەبێت، وەك دەوترێت ناكۆكی لەنێوان ئێران و هەندێك وڵاتی عەرەبی یان لەنێوان وڵاتانی تری ئیسلامیدا هەیە، دەبێت ئەوەیان لە یاد بێت كە پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوانیان پەیوەندی برایەتی ئیسلامیە. نابێت ناكۆكیە بچووكەكان و كێشە جوزئیەكان ببنە هۆی لەبەریەك هەڵوەشاندنی ئەم برایەتیە ئیسلامیە. پێویستە وڵاتانی ئیسلامی بایەخێكی تایبەت بەم پرسە بدەن، دەنا هێزە دوژمنەكانی ئیسلام ئەم ناكۆكیانە دەقۆزنەوە.”
هەروەها بەڕێز خەلیفە فەرمووی:
“پێویستە وڵاتانی عەرەبی و هەروەها حكومەتی ئێرانیش هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتی و پێكهاتن بدەن. چین و هەندێك وڵاتی تر، لەوانەش پاكستان، ئامادەیی خۆیان نیشان داوە بۆ گێڕانی ڕۆڵی خۆیان لە بەدیهێنانی ئاشتیدا. خۆزگە جیهانی ئیسلامی دركی بەم ڕاستیە دەكرد، خوای گەورە عەقڵ و بەرچاوڕۆشنییان پێ ببەخشێت.”
حەزرەتی خەلیفە وتارەكەی بە دوعاكردن بۆ ئاشتی لە جیهاندا كۆتایی پێهێنا، و داوای لە ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كرد دوعا بۆ ئاشتی و كۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە زوڵم و ستەمێك لە جیهاندا بكەن.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین