پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە كۆبوونەوەی كۆتایی كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كۆمەڵەی پزیشكی ئیسلامی ئەحمەدیدا وتاری سەرەكی پێشكەش كرد

“خزمەتی ڕاستەقینە لەوەدا نیە كە چەندمان هەیە، بەڵكو لەوەدایە كە چەند ئامادەین بۆ بەخشین و قوربانیدان لە پێناوی كەسانی تردا” – حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد
پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیهانی، خەلیفەی پێنجەم، حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد، لە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كۆمەڵەی پزیشكی ئیسلامی ئەحمەدی (AMMA) لە 27/10/2024 وتاری سەرەكی پێشكەش كرد.
زیاتر لە 250 ئەندامی كۆمەڵەكە لە سەرتاسەری جیهانەوە بەشداری كۆنفرانسەكەیان كرد كە لە ئیسلام ئاباد لە تێلفۆرد لە شانشینی یەكگرتوو بەڕێوەچوو.
لە وتارەكەیدا، بەڕێز خەلیفەی پێنجەم بیری ئامادەبووان هێنایەوە كە زۆر گرنگە تواناكانیان و خزمەتەكانیان بەكاربهێنن بۆ باشتركردنی دۆخی ئەوانەی كە لە هەژاری و سەختیدا دەژین لە ناوچە هەژارەكانی جیهاندا، هەروەها بیری پیشەوەرانی پزیشكی هێنایەوە كە ئەوان لە “شوێنێكی تایبەتدان لە هێڵی پێشەوەی خزمەتكردنی مرۆڤایەتی“دا.
لە سەرەتادا، بەڕێزی هیوای خواست كە كۆنفرانسەكە توانایان پێ ببەخشێت بۆ داڕشتنی “نەخشەیەكی بەرجەستە ” بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و پشتگیری نەخۆشخانەكانی كۆمەڵەی ئیسلامی ئەحمەدی لە جیهانی گەشەسەندوودا.
ستایشی هەندێك لەو كارانەی كرد كە كۆمەڵەی پزیشكی لە ئوسترالیا ئەنجامی دەدات، بەتایبەتی پێشكەشكردنی یارمەتی پزیشكی و ئامێر بۆ نەخۆشخانەكان لە ئەفریقا و پاكستان هەروەها بۆ پەنابەرە موسوڵمانە ئەحمەدییەكان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
حەزرەتی خەليفە وتی سەرەڕای ئەوەی كە كۆمەڵەی پزیشكی لە ئوسترالیا كۆمەڵەیەكی گەورە نیە و پزیشكەكان لەوێ دەوڵەمەند نین، بەڵام توانیویانە خزمەتی مرۆیی شایسەتە پێشكەش بكەن “بەهۆی حەزی ڕاستەقینەیان بۆ خزمەتكردنی كەسانی تر لە ڕێگەی پلاندانانی ورد و هاوكاری ستراتیژی و بەكارهێنانی داهاتەكانیان بەشێوەیەكی كارا“.
حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد وتی:
“هەمیشە لە بیرتان بێت كە خزمەتی ڕاستەقینە لەوەدا نییە كە چەندمان هەیە، بەڵكو لەوەدایە كە چەند ئامادەین بۆ بەخشین و قوربانیدان لە پێناوی كەسانی تر“.
هەروەها خەلیفە باسی كۆمەڵەی پزیشكە ئەحمەدییەكانی لە ئەمریكا كرد كە بە بەردەوامی پزیشكیان ناردووە بۆ پاكستان بۆ پشتگیری “پەیمانگای پزیشكی تاهیر بۆ دڵ” لە ڕەبوە. و هانی دان بۆ بەردەوامبوون لە هەوڵەكانیان بۆ پشتگیری نەخۆشخانەی “فەزل عومەر” لە ڕەبوە.
حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد وتی:
“ئێستا هانی كۆمەڵەی پزیشكە موسڵمانە ئەحمەدییەكان لە وڵاتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی تر دەدەم كە هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی نەخۆشخانەی فەزل عومەر لە ڕەبوە. لە ڕاستیدا دەبێت خواست و ئامانجمان ئەوە بێت كە نەخۆشخانەی “فەزل عومەر” ببێتە ناوەندێكی ڕاستەقینەی پزیشكی ناوازە. بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە، پێویستە بینای نوێ دروست بكرێت و بیناكانی ئێستا نۆژە بكرێنەوە. هەروەها، پێویستە ئامێر و كەرەستەی پزیشكی نوێ بكڕدرێن و پزیشك و پەرستار و كارمەندی یارمەتیدەر زیاتر دابمەزرێنرێن و ڕاهێنانیان پێ بكرێت.”
هەروەها حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد گوتی:
“بۆیە، هانی هەمووتان دەدەم بیر لەمە بكەنەوە و چۆن دەتوانن سوود لە توانا و شارەزایی و داهاتەكانتان وەربگرن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی نەخۆشخانەی “فەزل عومەر” بە جۆرێك ببێتە ناوەندێكی ڕاستەقینەی پزیشكی ناوازە. ئەگەر توانیتان ئەم ئامانجە بەدی بهێنن، نەك تەنها كاریگەریتان دەبێت لەسەر ژیانی خەڵكانێكی زۆر لە ئەمڕۆدا، بەڵكو میراتێكی هەمیشەییش بۆ نەوەكانی داهاتوو بەجێ دەهێڵن، إن شاء الله.”
وە وتی زۆرێك لە موسڵمانە ئەحمەدییەكان لە پاكستان كۆچیان كردووە و زۆربەی ئەوانەی كە لەوێ ماونەتەوە ناتوانن تێچووی چاودێریی تەندروستی بنەڕەتی دابین بكەن، بۆیە پێویستییەكی گەورەتر هەیە بۆ دڵنیابوون لە باشتركردنی خزمەتگوزاریەكان بۆ كەسانی هەژار و نەدار.
هەروەها بەڕێزی گوتی دەبێت موسڵمانە ئەحمەدییەكان بەدواداچوون و توێژینەوە بكەن لە بوارە پزیشكییەكاندا و بەتایبەتی دەبێت هەوڵ بدەن بۆ گەشەپێدانی چارەسەری داهێنەرانە كە دەكرێت لە ناوچە هەژارەكانی جیهاندا سوودی لێ وەربگیرێت.
هەروەها گوتی:
“ئەو موسڵمانە ئەحمەدییانەی كە لە توێژینەوەی پزیشكیدا بەشدارن، دەبێت بوارەكانی خوێندنیان فراوان بكەن بۆ لێكۆڵینەوە لە ئاستەنگە تەندروستییە دیاریكراوەكان كە ئەوكەسانەی لە وڵاتە هەژارەكاندا دەژین ڕووبەڕوویان دەبنەوە. هەروەها دۆزینەوەی چارەسەری داهێنەرانە و پەرەپێدانی چارەسەری گونجاو لە ڕووی تێچوونەوە و هەوڵدان بۆ بەشداریكردن لە پەرەپێدانی سیستەمی چاودێری تەندروستی بەردەوام كە پێداویستی كەسانی كەم دەرامەت دابین دەكات.”
هەروەها بەڕێزیان باسی لە دۆخی جوگرافیای سیاسی ئێستای جیهان كرد و دەبێت پزیشكە پسپۆڕە ئەحمەدییەكان چۆن پلان دابنێن بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەنانەت لە خراپترین بارودۆخیشدا.
وە گوتی:
“دۆخی جوگرافیای سیاسی جیهانی زۆر مەترسیدارە و ئێمە لە سەردەمێكی نادڵنیایی گەورەدا دەژین. ململانێ و شەڕەكان بە خێرایی پەرە دەسێنن، وە ئەگەر شەڕێكی جیهانی هەڵگیرسێت، خوا نەخواستە، ئەوا ئەو قەیرانە مرۆییە كە لێی دەكەوێتەوە هێندە فراوان و گەورە دەبێت كە بەبیری هیچ كەسێكدا نایەت. لەگەڵ ئەوەی كە بەردەوام دەبین لە دوعاكردن بۆ دووركەوتنەوە لە جەنگێكی لەم شێوەیە، دەبێت دڵنیایش بین كە پلانمان بۆ هەموو ئەگەرەكان داناوە.”
هەروەها گوتی:
“بۆیە، من داوا لە كۆمەڵەی پزیشكیمان لە ویلایەتە یەكگرتووەكان و شوێنەكانی تر دەكەم كە بە چاوكراوەییەوە پێشوەختە پلانی تێروتەسەل دابنێن بۆ دۆخی لەناكاو. دەبێت بە وردی ڕوونی بكەنەوە كە چۆن پزیشكە موسڵمانە ئەحمەدییەكان و تیمە پزیشكییەكانمان دەتوانن شارەزایی و پسپۆڕییەكانیان بە كارایی بەكاربهێنن بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی لە كاتی قەیرانێكی جیهانیدا.”
بەڕێزیان خواستی بەهێزی خۆی دەربڕی كە لقی بەریتانیای كۆمەڵەی پزیشكی هەوڵ بدات بە شێوەیەكی ڕێكوپێك پزیشكەكان بنێرێت لە چوارچێوەی بەرنامەی وەقفی كاتیدا بۆ نەخۆشخانەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە جیهانی سێ تاكو بتوانن بەشێك لە كاتیان خۆبەخشانە بۆ یارمەتیدانی خەڵكی موحتاج تەرخان بكەن.
وە گوتی:
“لەبیرتان بێت كە پێوەری ڕاستەقینەی سەركەوتنمان لە كۆنفرانسەكانماندا نیە، بەڵكو لەو كاریگەرییەدایە كە لەسەر جیهان بەجێی دەهێڵین. ئامانجەكانتان تەنھا لە چوارچێوەی ئەم دیوارانەدا نیە قەتیس نیە بەڵكو درێژ دەبنەوە بۆ ئەوەی بگەن بە كۆمەڵگا دوورەدەست و بێبەشەكان لە سەرتاسەری جیهاندا.”
وە لە وتەیەكدا بۆ ئەندامانی لقی بەریتانیای كۆمەڵەی پزیشكی ئیسلامی ئەحمەدی، بەڕێز میرزا مەسروور ئەحمەد گوتی:
“دەبێت ئێوە ئیلهامبەخش بن بۆ لقەكانی تری كۆمەڵەی پزیشكی ئیسلامی ئەحمەدی و ببنە نموونە بۆیان.”
بەڕێزیان گوتی هەرچەندە هەندێك كەس كاتی خۆیان تەرخان دەكەن، بەڵام پێویستە بە شێوەیەكی یەكگرتوو ئەمە بكەن و “كاری بەكۆمەڵ ڕێگایەكە بۆ زیادكردنی كاریگەری تاك.”
لەكۆتایی وتارەكەیدا، بەڕێز خەلیفە باسی لەو دەرفەتە تایبەتە كرد كە پزیشكە موسڵمانە ئەحمەدییەكان هەیانە بۆ جێبەجێكردنی ئەركە ئایینیەكانیان.
وە گوتی:
“دەبێت هەمیشە لەبیرتان بێت كە لەگەڵ جێبەجێكردنی مافەكانی خوادا، ئێوە لە پێگەیەكی تایبەتدان بۆ ئەوەی لە پێشەنگی خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و جێبەجێكردنی مافەكانی دروستكراوانی خوادا بن. ئەم بابەتە بە سووك مەگرن، بەڵكو بە ئیمتیازێكی گەورە و دەرفەتێك لەقەڵەمی بدەن بۆ نزیك بوونەوە لە خودای گەورە و بەدەستهێنانی بەرەكەتەكانی. لە خزمەتكردنی خەڵكیدا دوودڵ و ماندوو مەبن، بەردەوام بەدوای ڕێگای نوێدا بگەڕێن بۆ بەشداریكردن و داهێنان و فراوانكردنی مەودای گەیشتنتان بە ئامانج.”
بەڕێز میرزا مەسروور ئەحمەد درێژەی پێدا و گوتی:
“هەرگیز لەبیرتان نەچێت كە لێهاتوویی و زانیاری و سەركەوتن و ئەزموونەكانتان هەمووی بەخششی خوایە و لای ئەو هیچ بەهایەكیان نابێت تەنها كاتێك نەبێت كە خۆبەخشانە بۆ خزمەتی دروستكراوانی بەكاریان بهێنن. داوا لە خودای گەورە دەكەم سەركەوتووتان بكات نەك تەنها لە گەشەپێدانی بیرۆكە و پلانی نوێ بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی، بەڵكو گرنگتر لەوەش، لە جێبەجێكردنیاندا.” ئامین