بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

دەستەی كارگێڕی نیشتیمانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە كەنەدا لەڕێگەی ئينتەرنێتەوە كۆبوویەوە لەگەڵ پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی

حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد دەفەرموێت ئەركی سەرشانی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی بریتیە لە خزمەتكردن بەڕۆحی هاوخەمی و دڵسۆزیەوە، وە یارمەتیدانی هەژاران

لە 03/10/2020 پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جیھانی، خەلیفەی پێنجەم، ڕێزدار میرزا مەسروور ئەحمەد، لە ڕێگەی ئينتەرنێتەوە كۆبوویەوە لەگەڵ ئەندامانی دەستەی كارگێڕی نیشتیمانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە كەنەدا.

بەڕێزی لە نووسینگەكەی خۆیەوە لە ئیسلام ئاباد لە تلفۆردەوە سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی كرد، لە كاتێكدا نوێنەرانی دەستەی كارگێڕی لە هۆڵی تاهیر لە دیوانی مزگەوتی (بیت الإسلام) ناوەندی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە كەنەدا كۆبوونەوە.

وە لە میانەی كۆبوونەوەكەدا كە حەفتا و پێنج خولەكی خایاند، نوێنەرانی دەستەی كارگێڕی ڕاپۆرتی خۆیان پێشكەش كرد دەربارەی چالاكی بەشه تایبەتیەكانیان و ڕێنمایی و ئامۆژگارییان وەرگرت لە جەنابی خەلیفە دەربارەی كۆمەڵێك بابەتی جۆراوجۆر.

بەڕێزی فەرمانی ئاراستەی بانگخوازی بەرپرس كرد لە كەنەدا بۆ دڵنیابوون لەوەی كه ئایا هەموو بانگخوازەكانی كۆمەڵەكەمان، ئەوانەی لە كەنەدا خزمەت دەكەن، بەشێوەیەكی كارا بەشداری دەكەن لە چالاكیەكانی تەبلیغ و پەروەردەدا، وە فەرمووی بانگخوازەكان ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕن لە گواستنەوەی ڕێنماییە ڕاستەقینەكانی ئیسلام بۆناو ئاپۆرای جەماوەر و دەستەبەركردنی پەروەردەی ئەخلاقی و ئایینی موسوڵمانە ئەحمەدیەكان. وە بەڕێزی دووپاتی كردەوە كە زۆر پێویستە بەرنامەی تەبلیغی و پەروەردەیی سازبكرێت لە ڕێگەی ئينتەرنێتەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی كۆت و پێوەندەكان كە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە سەپێنراون.

سەبارەت بە دامەزراوەی وەسێت، بەڕێزی فەرمووی پێویستە لەسەر ئەوانەی كە بەشدارییان كردووە لە سیستەمی وەسێتدا ئەوە بزانن كە قوربانیدانی دارایی بەتەنھا بەس نیە، بەڵكو پێویستە، بەگوێرەی ڕێنماییەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، هەوڵ بدەن بەرزترین پێوەری ئەخلاقی و ئایینی پیشان بدەن لە هەموو بوارەكانی ژیانیاندا، وە پێویستە بەكردەیی ڕێنماییەكانی ئیسلام بەرجەستە بكەن، وە هەوڵ بدەن لە بازنەیەكی فراواندا پەیامی ئیسلام بگەیەنن بە خەڵكی و مافی خۆشەویست و برا ئەحمەدیەكانی خۆیان و هەموو ئەندامانی كۆمەڵگا بدەن.

لەمیانەی كۆبوونەوەكەدا، بەڕێزی ڕێنمایی ئاراستەی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی كرد كە چاودێری ڕۆڵەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بكەن لە كەنەدا و بایەخیان پێ بدەن، وە ڕایگەیاند ئەركی سەرشانیانە كە یارمەتی موسوڵمانە ئەحمەدیەكان بدەن، ئەوانەی كە بەشێوەیەك لە شێوەكان گیروگرفتیان هەیە یان ڕووبەڕووی هەلومەرجێكی سەختی تایبەتی بوونەتەوە وەك بێكاری.

هێژا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“ژمارەیەكی زۆر لە ئەحمەدیەكان زۆبەی كات لە ماڵەكانیاندا بەردەوام دەمێننەوە بەهۆی ئەو كۆت و پێوەندانەی لە ئەنجامی پەتای كۆڤید 19 وە سەپێنراون، ئەمەش دەكرێت ببێتە هۆی نائومێدی و گرفتی دەروونی وەك خەمۆكی. ئەركی سەرشانی ئێوەیە كە سەردانیان بكەن و یارمەتییان بدەن و ورەیان بەرزبكەنەوە… سەرەڕای ئەمە، پێویستە لەسەر ئەندامانی دەستەی كارگێڕی پەیوەندییان هەبێت لەگەڵ ئەندامانی دەستە ناوخۆیی و هەرێمیەكان، وە لەجیاتی ئەوەی كە تەنھا بانگیان بكەن بۆ كۆبوونەوە یان بۆ دەستكەوتنی ڕاپۆرتەكان، پێویستە پەیوەندی تایبەتی و هاوڕێیەتی دروست بكەن لەگەڵیاندا. ئەگەر ئەوان ببینن كە ئێوە بەڕاستی گرنگییان پێدەدەن؛ ئەوا پاڵنەرێكی سروشتییان بۆ دروست دەبێت بۆ زیاتر خزمەتكردن و جێبەجێ كردنی ئەركەكانیان بەشێوەیەكی باشتر.”

وە بەڕێزی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی هاندا بۆ ئەوەی هاریكاری یەكتر بكەن و لەگەڵ كارگێڕیەكانی رێكخراوە یارمەتیدەرەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا هاوكاری یەكتر بكەن، ئەوەیشی فەرموو كە پێویستە هەر كارگێڕیەك داتای نوێی هەبێت سەبارەت بە ئامانجەكانی هەر یەكێكیان هەتا كێشە و گرفتەكان دیاری بكرێن و بەئاسانی چارەسەریان بۆ دابنرێت.

هێژا میرزا مەسروور ئەحمەد فەرمووی:

“زۆر پێویستە كە هەموو یەكێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی ئەوە بزانێت كە ئامانجی بەشەكەی چیە و بە گورجوگۆڵی و لێهاتوويیەوە كار بكات. لەڕاستیدا سیستەمی كۆمەڵەكەمان زۆر جوانە، ئەگەر بەشێوەیەكی دروست پەیڕەو بكرێت؛ ئەوا قەبارەی كردارەكانمان زیاتر دەبێت. وە سەبارەت بە پرۆژە “كتوپڕەكان” یان “مەودا كورتەكان”، هیچ كەسێك ناتوانێت لە نایابی و لێھاتوویدا كێبڕكێ بكات لەگەڵ ڕۆڵەكانی كۆمەڵەكەمان یان شانبدات لەشانیان، بەڵام سەبارەت بە كاركردن بەشێوازی بەرنامەبۆداڕێژراو و جەختكردنەوە لەسەر ئامانجە دوور مەوداكان هێشتا بوارێك هەیە بۆ چاكتركردن.”

وە سەبارەت بە نەخشەكانی (وەقفی نوێ)، بەڕێزی داوای ڕاپۆرتێكی نوێی كرد دەربارەی بەرەوپێش چوونی ئەو نەخشەیە لە كەنەدا، بەجۆرێك لە وتارێكی هەینی لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2016 دا بە تێروتەسەلی بەرپرسیارێتی و ئەركەكانی ئەندامانی وەقفی نوێی ڕوونكردووەتەوە.

ڕێزدار میرزا مەسروور ئەحمەد دەفەرموێت:

“پێویستە هانی مناڵانی ئەندام لە نەخشە و پلانی وەقفی نوێدا بدرێت كە بچنەناو زانكۆی ئەحمەدیەوە، سەرەڕای ئەمە، هێشتا پێویستمان بە پزیشك و مامۆستا و پیشەكانی تر هەیە لەناو ئەوانەی لە نەخشەی وەقفی نوێدان و ئەوانەی كە دەتوانن خزمەت بكەن لە نەخۆشخانە و خوێندنگاكانماندا. ئێمە پێویستمان بەوانە نیە كە تەنـها بایەخ بە نازناوی (وەقفی نوێ) دەدەن و هیچ بایەخێك نادەن بە پەیمانەكانیان و جێبەجێ كردنیان. پێویستە ناوی ئەو جۆرە كەسانە لە لیستی وەقفی نوێدا لا ببردرێن هەتا ژمارەكان ڕاستەقینە بن و وێنەی نەخشەكە ڕوون بێت. بەهەرحاڵ، پێویستە لەسەر كارگێڕی وەقفی نوێ هەوڵ بدات كە هەر لە مناڵیەوە هانی مناڵان بدات و ئاراستەیان بكات بۆ وەقفی نوێ هەتا پڕبن لە ڕۆحی خزمەتكردنی ڕاستەقینە و هەتا بەتەواوەتی تواناكانیان بەكاربھێنن لەپێناوی خوای گەورەدا.”