بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

جیاوازی نێوان شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) و شوێنكەوتنی گاندی

خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

“ڕەنگە كەسێك بڵێت: چی تێدایە ئەگەر هەموو جیھان شوێن پێغەمبەر (ﷺ) كەوت ئەوەتا خەڵكی شوێن بەڕێز گاندیش دەكەون؟ لە وەڵامدا دەڵێین: جیاوازیەكی زۆر فراوان هەیە لەنێوان پێغەمبەر (ﷺ) و بەڕێز گاندیدا؛ چونكە پێغەمبەر (ﷺ) داوای لە عەرەب كرد شتێك قەبوڵ بكەن كە ئامادەنەبوون بۆ قەبوڵكردنی، بەڵام بەڕێز گاندی شتێك دەڵێت كە هەموو هيندستان داوای دەكات. نموونەی بەڕێز گاندی وەك جووتیارێك وایە سكی زۆر ئازاری بدات خەڵكیش كۆمەڵێك چارەسەری جۆراوجۆریان پێ ڕاگەیاند بێت، ئینجا یەكێكیان، ئامێری جووتكردنەكەی هەڵگرتبێت و بڵێت: خواردنەوەیەكی شیرینی پێ بدەن. كاتێك نەخۆشەكە گوێی لەم قسەیە دەبێت بە ئاخ هەڵكێشانەوە بڵێت: خۆزگە خەڵكی دەیانبیست چی دەڵێت! بۆیە ئەوەی گاندی دەیڵێت تەبا و گونجاوە لەگەڵ حەز و ویستی خەڵكیدا بۆیە خەڵكی ئامادەن بۆ قەبوڵكردنی. نموونەیەكی تر هەیە، لەگەڵ ئەوەی نموونەیەكی تیۆری و گریمانەییە بەڵام هەرچی چۆنێك بێت ڕاستیەكە ڕوون دەكاتەوە. یەكێك لە پیاوچاكان دەڵێت وشترێك لە شوێنێكدا وێڵ و سەرگەردان بوو، مشكێكی پێ دەگات و جڵەوی وشترەكە دەگرێت، وە بۆ ئەو لایە دەڕوات كە وشترەكە بۆی دەڕوات. پاش ڕۆيشتنێكی كەم مشكەكە پێی وا دەبێت ئەو وشترەكە لێدەخوڕێت، كاتێك دەگەنە لای ڕووبارێك وشترەكە لەلایدا دەوەستێت، مشكەكە دەڵێت بڕۆ وشترەكەش بەگوێی ناكات و ملنادات و دەڵێت دیارە بۆ هەر شوێنێك ڕۆيشتم كە بەلامەوە پەسەند و گونجاو بووە، بەڵام ئێستا بەلامەوە پەسەند نیە ڕێبكەم بۆیە هەرگیز ناڕۆم. كەواتە لەبەرئەوەی ئەو سەركردانە شتێك دەڵێن كە گەل دەیەوێت بۆیە خەڵكی شوێنیان دەكەون، لەبەرئەوە ڕۆيشتنی خەڵكی لەدوایانەوە شتێكی گرنگ نیە. بەڵام موحەممەد پێغەمبەری خوا (ﷺ) بایەخی نەدا بەو قوربانییانەی خەڵكی مەككە دەیانكرد، وە گرنگیی نەدا بە پارێزگاریكردنی بتەكانیان كە قوربانیان بۆ دەكردن و تاكە ئامرازی ڕاگیركردنی ژیانیان بوو. بەڵكو پێغەمبەر (ﷺ) ڕێگری ئەو ڕزق و ڕۆزیەی لێكردن كە لەو قوربانیانەوە دەستیان دەكەوت و فەرمووی: وازبهێنن لەو پەرستراوانە و باوەڕبهێنن بەخوا بەتەنھا. بۆیە نموونەی بەڕێز گاندی و سەركردەكانی تریش وەك ئۆتۆمۆبیلێك وایە بە ئاراستەیەكی دیاریكراودا بڕوات و كەسێك دەستبخاتە سەری و بڵێت ئەوە منم لێی دەخوڕم. بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) ئاراستەی ئۆتۆمۆبیلەكەی گۆڕی بۆ ئاراستەیەكی تەواو پێچەوانە.”(بەراوردکردنی ئایینەکان، بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد، 9/3/1921)