بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

تەفسیری ئایەتی: {إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي القُربى}

ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

ئيمامى مەهدى مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەفەرموێت:

“قورئان وەكو ئینجیل پێت نافەرموێت دوژمنی خۆتت خۆش بوێت؛ بەڵكو دەفەرموێت: پێویستە لەپێناوی خۆتدا دژایەتی كەس نەكەیت، بەڵكو پێویستە دڵسۆزی و هاوخەمیت هەموو مرۆڤێك بگرێتەوە، بەڵام ئەوەی دوژمنی خودا و پێغەمبەرەكەت و كتێبی خوایه ئەوە دوژمنی تۆیە؛ وە ئەم جۆرە كەسانەیش بێبەش مەكە لە بانگەواز و پاڕانەوەت، پێویستە ڕقت لە كردەوەیان بێت نەك لە خۆیان، وە هەوڵی بێوچان بدەیت بۆ ئیسڵاح كردنیان، لەم چوارچێوەیەدا خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى} [النحل: 91] واتە خوای گەورە چی دەوێت لە تۆ؟ تەنھا ئەوەی دەوێت كە دادپەروەرانە مامەڵە بكەیت لەگەڵ هەموو مرۆڤەكاندا، وە لەم ئاستە بەرزتر ئەوەيە چاكە بكەیت لەگەڵ كەسێكدا كە چاكەی نەبووە بۆت، پاشان لەم پلەیە باڵاتر ئەوەیە كە دڵسۆز و هاوخەم بیت بۆ دروستكراوانی خوا وەك ئەوەی خزمی زۆر نزیكی خۆت بن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەیت وەك چۆن دایك مامەڵە دەكات لەگەڵ مناڵەكانیاندا؛ چونكه چاكە كەمێك لە خڵتەی لووتبەرزی و شانازی تێكەڵ دەبێت لەبەرئەوە ڕەنگە كەسی چاكەكار منەت بكات بەهۆی چاكەكەیەوە، بەڵام ئەو كەسەی وەكو دایك بە پاڵنەری سروشتی كاری چاكە دەكات هەرگیز لەخۆی بایی نابێت و شانازی ناكات بەخۆیەوە، لەبەرئەوە كۆتا پلەی خێر ئەو خێرەیە كە پاڵنەرەكەی پاڵنەری سروشتیی بێت وەك پاڵنەری دایك. بزانن ئەم ئایەتە تەنھا پەیوەندی نیە بە دروستكراوانی خوای گەورەوە، بەڵكو پەیوەندی بەخوای گەورەیشەوە هەیە. دادپەروەری لەگەڵ خوای گەورەدا ئەوەیە بەهۆی یادی نیعمەتەكانیەوە گوێڕایەڵی بكەیت، چاكەكردن لەگەڵ خوادا (سبحانه وتعالی) ئەوەیە كە باوەڕت پێی هەبێت وەك ئەوەی دەیبینیت بەڵام مامەڵەكردن وەك مامەڵەكردن لەگەڵ خزمەنزیكەكان سەبارەت بە خوای گەورە مانای ئەوەیە بەندایەتی بۆ خوا بكەیت نەك بەهیوای دەستكەوتنی بەهەشت و ترسی دۆزەخ، بەڵكو گریمان بەهەشت و دۆزەخێك لە ئارادا نیە؛ ئەوا پێویستە سارد نەبیتەوە لە خۆشویستن و گوێڕایەڵی خوا (سبحانه وتعالی).” (كەشتى نووح)