بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئازادی ئایینی و جیهاد

ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)

“شتێكی بەڵگەنەویستە كە دەسەڵاتدارانی نەتەوەكانی تر لەم كاتەی ئێستادا ئازادی ئایینییان لە ئیسلام قەدەغە نەكردووە، وە ڕێگری ناكەن لە هیچ كەسێك كە هەستێت بە جێبەجێ كردنی فەرمانە ئیسلاميەكان، وە كەسێك لە نەتەوەكەی خۆیان ناكوژن كە بچێته‌ناو ئايينى ئیسلامەوە، وە لە بەندیخانەكان توندیان ناكەن، وە سزای جۆربەجۆریان نادەن؛ كەوابوو ئيتر هيچ هۆكارێك هەیە بۆئەوەی ئیسلام شمشێر هەڵبكێشێت لە دژیان؟!وە ئاشكرایە كە ئیسلام هەرگیز فەرمانی نەكردووە بە ناچاركردن و بەزۆر سەپاندن. جا ئەگەر ئێمە سەرنجماندا لە قورئانی پڕ لە دانست و كتێبەكانی فەرموودە و سەرجەم كتێبە مێژووییەكان، یاخود بەپێی توانا بە سەرنجدان و تێڕامانەوە گوێبیستیان بین لە كەسێكەوه؛ ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەم پشكنینە فراوانە بۆمان دەردەخات كە تۆمەتباركردنی ئیسلام بەوەی كە شمشێری بەرزكردووەتەوە لەپێناوی بڵاوكردنەوەى ئاييندا بوختانێكی گەورە و درۆیەكی شاخدارە؛ وە تەنھا بانگەشەی ئەو كەسانەیە كە بە شێوەیەكی بێلایەن و دوور لە دەمارگیری توێژینەوەیان نەكردووە لە قورئان و فەرموودەكان و كتێبە متمانە پێكراوه‌كانی مێـژووی ئیسلامی، بەڵكو توانای خۆیان خەرج كردووە لە ساختەكاری و درۆهەڵبەستندا. بەڵام من زانیاریم هەیە كە ئێستا ئەو سەردەمە نزیك بووەتەوە كە تینوانی حەق و ڕاستی پەی بەرن بە ساختەیی ئەم بوختانانە.كەوابوو چۆن دەتوانین ئایینێك خەوشدار بكەین بە ناچاركردن و زۆرەملێ‌ كە كتێبەكەی واتە قورئانی پـیرۆز، بەتەواوی ڕاشكاوييەوە ئەوەمان فێردەکات كە {لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ}. وە ئایا مافی ئەوەمان هەیە ئەو پێغەمبەرە كە لە مەككەی پیرۆز بە درێژایی 13 ساڵ بەردەوام هاوەڵەكانی ڕادەسپارد كە وەڵامی شەڕ بەشەڕ نەدەنەوە، وە بەردەوام سەبر و ئارامیان هەبێت تۆمه‌تبار بكه‌ین به‌وه‌ی كه‌ باوه‌ڕی به‌ زۆره‌ملێ و ناچاركردن هه‌بووه‌؟ بەڵێ، كاتێك دەستدرێژی دوژمنان هەموو سنورێكی تێپەڕاند و هەموو گەلەكان كۆبوونەوە بۆ لەناوبردنی ئایینی ئیسلام، غیرەتی خوا ئەوەی خواست كە ئەوەی شمشێری هەڵكێشاوە بە شمشێر بكوژرێت؛ ئەگینا قورئان هەرگیز باوەڕدارانی فێری زۆرەملێ و ناچارکردن نەكردووە. ئەگەر زۆرەملێ و ناچاركردن لە ڕێنماییەكانی ئایینی ئیسلام بوایە ئەوا هاوەڵەكانی پێغەمبەر (ﷺ) نەیاندەتوانی لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا وەكو باوەڕدارە ڕاستەقینەكان نموونەی ڕاستگۆیی و ئەمەكداری پێشكەش بكەن. دیارە ئەمەكی هاوەڵەكانی گەورە و سەروەر و پێغەمبەرمان (ﷺ) بابەتێكە بە هیچ شێوەیەك پێویستی بە باس كردن نیە؛ چونكە شاراوە نیە لە هیچ كەسێك كە هەڵوێستەكانی ڕاستگۆیی و ئەمەكی ئەوان گەيشتە پلەیەكی وەها مەزن كە هاوتای نیە لەناو نەتەوەكانی تردا.” (مەسيحى ناسيرەيى لە هيندستان)