وتاری جەژنی ڕەمەزان 31/03/2025
پێشەوای باوەڕداران حەزرەتی میرزا مەسروور ئەحمەد (خوا سەركەوتووی بكات)
خەلیفەی پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی عليه السلام
لە ڕێككەوتی 31/3/2025
لە مزگەوتی موبارەك لە ئیسلام ئاباد لە بەریتانیا ئەم وتارەی پێشكەش كرد
أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأشهد أن محمّدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرّجيم. {بسْمِ الله الرَّحْمَن الرَّحيم * الْحَمْدُ لله رَبِّ الْعَالَمينَ * الرَّحْمَن الرَّحيم * مَالك يوْم الدِّين * إيَّاكَ نعْبُدُ وَإيَّاكَ نَسْتَعينُ * اهْدنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقيمَ * صِرَاط الَّذِينَ أَنعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوب عَلَيْهمْ وَلا الضَّالِّينَ}، آمين
دوێنێ ڕەمەزان كۆتایی هات، ئەمڕۆ بە فەزڵی خوای پەروەردگار جەژنی ڕەمەزان دەكەین، وە ڕۆژی خۆشیەكان پیرۆز دەكەین، چونكە ئێمە لە ڕەمەزاندا بەڵێنمان نوێ كردووەتەوە كە بەردەوام بین لەسەر كردەوە چاكەكان. بۆیە ڕۆژی جەژن تەنها بۆ دەربڕینی شادی و خۆشی نیە، بەڵكو ڕۆژی ئەو بەڵێنەیشە كە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو كردەوانەی كە لە ڕەمەزاندا بەدەستمانهێناون، وە ئەگەر ئەم كارە بكەین ئەوا جەژنەكەمان جەژنێكی ڕاستەقینە دەبێت. وەك لە وتاری هەینییشدا گوتم، تەقوای ڕاستەقینە وەك حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) فەرموویەتی ئەوەیە كە مرۆڤ بەردەوام بێت لەسەر بەدەستهێنانی كردەوە چاكەكان و خۆپاراستن لە كردەوە خراپەكان، ئەو كات باوەڕدار بە باوەڕدارێكی ڕاستەقینە دادەنرێت؛ تەقوا تەنها ئەوە نیە كە مرۆڤ خۆی بپارێزێت لە خراپە، بەڵكو پێویستە بەردەوام بێت لەسەر چاكە، ئەمەیە تەقوای ڕاستەقینە. بۆیە لەم ڕۆژی جەژنەدا جارێكی تر بڕیار دەدەین ئەو كردەوە چاكانەی لە ڕەمەزاندا بەدەستمان هێناون، بەردەوام دەبین لەسەریان، ئەوەی لە ڕەمەزاندا پابەند بووین پێیەوە لە جێبەجێكردنی مافی خوا و مافی بەندەكان، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەری، وە بۆ دەربڕینی شادی بەبۆنەی ئەم بەڵێنە خۆشەوە، ئەمڕۆ جەژن دەكەین. ئەم جەژنەی كە خوا دوای ڕەمەزان ئامادەی كردووە، دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ئاوڕبدەینەوە لەوەی وەفادار بین بۆ بەڵێنەكەمان. نابێت ئەم ڕۆژە بە یاری و خواردن و خواردنەوە یان پۆشینی جل و بەرگی نوێ یان گاڵتەوگەپ بەسەر ببەین، بەڵكو دەبێت بیربكەینەوە كە جەژن پەیامێك و وانەیەكە بۆ ئێمە كە بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبین لەسەر ئەنجامدانی كردەوەی چاك و خۆمان دەپارێزین لە كردەوەی خراپ، وە مافی خوای پەروەردگار و مافی بەندەكانیشی بەجێدەهێنین، وە جێگیر و چەسپاو دەبین لەسەر كردەوەی چاك و دەیكەین بە بەشێك لە ژیانمان، تاكو خۆمان و نەوەكانیشمان نزیك بینەوە لە خوای پەروەردگار و لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتەكەی بەدەستبهێنین.
كەواتە پێویستە ئەمڕۆ لەم بابەتە وردبینەوە، بەرەكەتەكانی ئەو كردەوە چاكانە بەدەستناهێنین كە لە ڕەمەزاندا ئەنجاممانداون و ئەو كردەوانەشی وازمان لێهێناون لەبەر ڕەزامەندی خوا.. ئەگەر بێت و ئێستایش بەردەوام نەبین لەسەریان. وەك پێشتریش گوتم؛ ڕۆژی جەژن ڕۆژی نوێكردنەوەی ئەم بەڵێنەیە جارێكی تر، بە جۆرێك دەكرێت جارێكی تر بەردەوام بین لەسەر وازهێنان لەو كارانەی كە لە ڕەمەزاندا بە فەرمانی خوا وازمان لێهێناون، و ئەمڕۆ بەڵێن بدەین كە بۆ هەتاهەتایە لەسەر ئەمە بەردەوام بین و مافی خوا و مافی بەندەكانیشی بەجێبهێنین.
كەواتە پێویستە لە زیهنماندا بیچەسپێنین كە ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤ و سەركەوتنەكانی باوەڕدار تەنها لەوەدایە كە وەڵامی فەرمانەكانی خوای پەروەردگار بدەینەوە و پێویستە بۆ ئەم مەبەستە بەرزترین ئاستەكانی گوێڕایەڵی تەواو تۆمار بكەین، تاوەكو فەزڵ و بەرەكەتەكانی خوا بەدەستبهێنین، وە خوا هەمیشە خێر و بەرەكەتمان پێ ببەخشێت. بەڵام ئەگەر دوای جەژن بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی پێشوو كە هەندێكمان پێش ڕەمەزان تێیدا دەژیاین، وە بەرەو پێشكەوتن و گەشەسەندن هەنگاو نەنێین؛ ئەوا ئەمە پێچەوانەی پلەوپایەی باوەڕدارە، چونكە باوەڕداری ڕاستەقینە ئەو كەسەیە كە بە ڕێكوپێكی لە ئەنجامدانی كردەوەی چاكدا بەرەوپێش دەچێت.
ئەمڕۆ دەبێت ئەم بەڵێنەش بدەین و لەپێناو نوێكردنەوەی ئەم بەڵێنەدا لێرە كۆبووینەتەوە، كە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو كردەوە چاكانەی لە ڕەمەزاندا بەدەستمان هێناون، وە كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی شادی دەرببڕین بەبۆنەی ئەو خۆشی و شادمانیەوە، بەجۆرێك دڵخۆش دەبین و لە خوای پەروەردگار دەپاڕێینەوە. وە خۆشی و شادمانی تەنها ئەوە نیە كە جل و بەرگی نوێ بپۆشین یان خواردنی خۆش بخۆین، بەڵكو شادمان دەبین چونكە ئەمڕۆ بەڵێن دەدەین كە بەردەوام دەبین لەسەر ئەو كردەوە چاكانەی كە خوای پەروەردگار یارمەتی داین بۆ بەدەستهێنانیان، وە خۆشی و شادیەكەمان ڕاستەقینە نابێت ئەگەر بەردەوام نەبین لەسەر ئەنجامدانی ئەو كردەوە چاكانە، وە جەژنەكەمان جەژنێكی ڕاستەقینە نابێت ئەگەر بەردەوام نەبین لەسەر ئەم كردەوە چاكانە و ئەگەر هەمیشە بە شێوەیەكی ڕێك و پێك بەپێی تواناكانمان پێشنەكەوین، ئەگینا خۆشی و شادیەكانمان بەبۆنەی جەژنەوە لەمڕۆدا كاتی و ڕووكەشی دەبن، وە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ژیانی ڕۆحانیمان نابێت. هەڵبەت ژیان و خواردن و خواردنەوە هیچ تایبەتمەندیەكیان نیە؛ چونكە مرۆڤە ماددییەكانیش سەرقاڵن بەو شتانەوە، تەنانەت ئاژەڵەكانیش… بۆیە ئەم كردەوانە شایەنی باسكردن نین، وە سوود بە مرۆڤ ناگەیەنن، هەروەها پیرۆزكردنی خۆشی و شادیە ماددییە كاتیەكان هیچ قازانجێك بە مرۆڤ ناگەیەنێت، باوەڕدار و ئەحمەدیی ڕاستەقینە ئەو كاتە سوودمەند دەبێت كە گۆڕانكارییە باشەكان تێیدا دروست دەبن، وە بەڵێن دەدات كە هەمیشە پارێزگاری لەم گۆڕانكارییانە بكات، ئەگینا هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئەو و كەسانی تردا نامێنێت، بۆیە موسوڵمانی ئەحمەدیی باوەڕی بە حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) هێناوە و پەیمانی لەگەڵ خوای پەروەردگاردا بەستووە كە تۆبە دەكات لە هەموو خراپەیەك و گرنگی بە چاكە دەدات، وە ژیانی خۆی پاك دەكاتەوە.
حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیە السلام) فەرموویەتی: ئەگەر ئێوە گۆڕانكاریەكی باش لە خۆتاندا دروست نەكەن، ئەوا چ جیاوازیەك هەیە لەنێوان ئێوە و كەسانی تردا. لەڕاستیدا ئێوە لەم دۆخەدا گوناهێكی دوو هێندە ئەنجام دەدەن، گوناهی شكاندنی بەڵێن و گوناهی دروست نەكردنی گۆڕانكاریەكی باش لە خۆتاندا. كەسانی تر تەنها گوناهی دروست نەكردنی گۆڕانكاریەكی باش لەخۆیاندا ئەنجام دەدەن، بەڵام ئێوە گوناهێكی دوو هێندە ئەنجام دەدەن؛ چونكە پەیمانتان لەگەڵ خوا بەستووە و پاشان دەیشكێنن. بۆیە دەبێت لەڕۆژی جەژندا هەمیشە لەبیرمان بێت كە پێویستە لەسەرمان ئەو بەڵێنانە ببەینەسەر كە داومانن، وە بە هەموو توانامانەوە و بە وریاییەوە هەوڵ بدەین ئەو پەیمانە ببەینەسەر كە داومانە. پێویستە لەم ڕۆژەدا ناخى خۆمان بپشكنین بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئێمە بەڕاستی ئامادەین بۆ ئەوەی ئەم پەیمانە ببەینەسەر، وە ئایا ئێمە بەڕاستی هەوڵ دەدەین وەفادار بین بۆ ئەو پەیمانەی كە لەگەڵ خوادا بەستوومانە. پێویستە جەژنی ڕەمەزان؛ ئەمڕۆ پیشانمان بدات كە ئێمە بەهۆی ڕۆژووی مانگێكەوە سەركەوتووبووین لە گەیشتن بە دیداری خوا، وە گەیشتن بە دیداری خوا پێویستە وەها لە مرۆڤ بكات كە چاكە زیاتر ئەنجام بدات. ڕۆژی جەژن تەنها ڕۆژی خۆشی و شادی نیە، بەڵكو ڕۆژی عیبادەتیشە، چونكە ئێمە پێنج نوێژ دەكەین لەڕۆژانی ئاساییدا، بەڵام لەڕۆژی جەژندا شەش نوێژمان لەسەر فەرز دەكرێت. ئەم ڕۆژە ڕۆژێكی تایبەتە بۆ نزیكبوونەوە لە خوای گەورە، و پێویستە گرنگی بەم بابەتە بدەین. دەبێت بیربكەینەوە كە خوای گەورە لەم ڕۆژەدا شەش نوێژی فەرز كردووە لەسەرمان، وە ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە فەریزەی بەندایەتی خوا لەم ڕۆژەدا زیادیكردووە، ئەمەش بۆ ئەوەی لەداهاتوودا لەبیرمان بێت كە ئێمە لەم ڕۆژەدا بەڵێنێكمان داوە و بەم بۆنەیەشەوە شادی و خۆشیمان دەربڕیوە، وە بەردەوام ئاستی عیبادەتەكانمان بەرزدەكەینەوە و مافی بەندەكانی خواش بەجێدەهێنین بەپێی فەرمانەكانی خوای گەورە.
دەبێت هەمیشە ئەم بابەتە لەبەرچاو بگرین. ئەگەر هەوڵ نەدەین بۆ گەیشتن بە خوا و بە دیداری نەگەین، تەنها پیرۆزبایی كردن بە بۆنەی خۆشی و شادیەكەوە هیچ بەهایەكی نیە. حەزرەتی موسڵیحی بەڵێندراو (رضي الله عنه) نموونەیەكی هێناوەتەوە بۆ كەسێك كە بە دیداری خوا ناگات و دڵخۆشە بە خۆشی و شادیەكی ڕواڵەتی. بەڕێزی (رضي الله عنه) فەرموویەتی نموونەی ئەو كەسە وەك نموونەی شێتێكە كە نرخ و بەهای بەردە بەنرخەكان و گەوهەرەكان و پارە و سامان نازانێت، وە وا دەزانێت هەر شتێك بریقەدار بوو شتێكی گرانبەهایە، یان پێی وایە هەر بەردێك ساف بوو شتێكی گرانبەهایە.
كەواتە نرخی ڕاستەقینە تەنها ئەو كەسە دەیزانێت كە بەردە بەنرخەكان و گەوهەرە ڕاستەقینەكان دەناسێت. ئەمە دۆخی ڕۆحانیەتە، ئەوەی كە بەندایەتی ڕاستەقینە و چاكەی ڕاستەقینە دەزانێت، باوەڕداری ڕاستەقینەیە. بۆ بەدەستهێنانی ئەم زانینە، پێویستە مرۆڤ پەیوەندیەكی تایبەت و پتەو لەگەڵ خوادا ببەستێت، تەنها ئەو كاتە دەتوانێت خۆی پاكژ و پەروەردە بكات بۆ ئەوەی ببێت بە بەردێكی بەنرخ و گەوهەرێكی گرانبەها كە خوای گەورە خۆشی بوێت. ئەگینا هیچ جیاوازیەك نیە لەنێوان شێتێك و كەسێكدا كە هەوڵ نادات بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوا. ئامانجی مرۆڤی ماددی تەنها بەدەستهێنانی دنیایە، كاتێك لە دنیادا دەڕوانین دەبینین مرۆڤە ماددیەكان پارەیان كردووەتە خواوەندێك كە دەپەرسترێت، وە لەپێناویدا خۆیان لەناودەبەن، ئەگەر زیانێكی داراییان بەربكەوێت، شێت دەبن و هەستە ئەقڵییەكانیان تێكدەچێت. كاتێك لە وڵاتی گانا بووم، لەوێ كەسێكم بینی كە تا ڕادەی شێتی هەستەكانی تێكچوو بوو، ڕەنگە بەهۆی شۆكێكی ماددییەوە شێت بوو بێت؛ چونكە ئەمە بە گشتی ڕوودەدات، وە ڕەفتاری سەیر و سەمەرەی دەكرد. حەزی لە كۆكردنەوەی سامان بوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە بەهۆی زیانێكی داراییەوە تووشی ئەو دۆخە بووە. بە سواڵكردن و دەست پانكردنەوە لە خەڵك پارە و سامانی كۆدەكردەوە، ئەگەر یەكێك پارەیەكی كانزایی پێ بدایە وەری نەدەگرت بەڵكو دەیگوت پارەیەكی كاغەزمان پێ بدەن. ڕۆژێك بەو شێوەیە دەڕۆیشت، بە ئیشارەت بانگمان كرد و پێمان گوت ئەم پارەیە وەربگرە. گوتی نەخێر، چونكە ئەمڕۆ پێویستم بە پارە نیە؛ چونكە سامانێكی زۆرم دەستكەوتووە. ئەو سامانە چی بوو؟ پارچەی پاكەتی جگەرەی كۆكردبووەوە و كردبووی بە كۆمەڵێكی گەورە، دەیگوت ئەمڕۆ ئەم كۆمەڵە زۆرەم لە پارەی كاغەز هەیە، بۆیە ئەمڕۆ پێویستم بە هیچ پارەیەك نیە. ئەو هەژارە وای دەزانی ئەو پارچە پاكەتە جگەرانە پارەی كاغەزین، دەیگوت سەیركەن ئەمڕۆ چەندە سەروەت و سامانم هەیە، بە هەموو خۆشی و شادیەكەوە دەیگوت سەیركەن ئەم پارە كاغەزیانەم هەیە و ئەم سامانە مەزنەم هەیە، من ئەمڕۆ بوومەتە دەوڵەمەندێكی گەورە، بەو شێوەیە لە ناخی خۆیدا وای دەزانی كە بووەتە یەكێك لە دەوڵەمەندە گەورەكان. ئەو هەژارە ئەو پارچە كاغەزانەی بە سامانێكی گەورە دەزانی بەهۆی تێكچوونی عەقڵیەوە.
لەڕاستیدا ئەو كەسەی وا دەزانێت، بە فریوخواردن بە بینینی بریقەی ڕواڵەتی شتێك یان بە بینینی پارچە كاغەزی ئاسایی، بووە بە یەكێك لە دەوڵەمەندەكان و سامانێكی گەورەی بەدەستهێناوە، تەنها بە كەسێكی شێت یان عەقڵ تێكچوو ناودەبرێت. ئەو كەسەی دڵخۆش دەبێت بە شتانێك كە بەهایەكی ڕاستەقینەیان نیە، چی ناوێكی لێ بنێین جگە لەوە؟ خۆشبەختی ڕاستەقینەی باوەڕدار لە ناسینی خوادایە، ئەگەر ئەو ناسینەی بەدەستهێنا ئەوا سامانی ڕاستەقینەی بەدەستهێناوە، نەك ئەوەی پارچە كارتۆن یان چەو یان پارچەی شووشە بە گەوهەر یان سامان لەقەڵەم بدات.
ئەو باوەڕدارەی كە ڕۆژووی ڕەمەزانی گرتووە و ئەمڕۆ جەژن دەكات، دەبێت بیر لەوە بكاتەوە ئایا بەڕاستی جەژنی ڕاستەقینە دەكات؟ ئایا هەندێ دیمەنی نزیكبوونەوە لە خوا دەبینێت؟ ئایا سوودی لە ڕەمەزان وەرگرتووە یان نا؟ ئەگەر سوودی وەرنەگرتبێت و تەنها برسی و تینوو بوو بێت؛ ئەوا دۆخی وەك دۆخی شێتێكە كە پارچە كاغەز بە سەروەت و سامان دەزانێت. بەڵام ئەگەر لەڕاستیدا شتێكمان بەدەستهێنا ئەوا پێویستە پەیوەندیەك لەنێوان ئێمە و خوادا دروست بێت، ئەم پەیوەندیە بریتیە لە گوزارشتكردن لە خۆشی ڕاستەقینە بەبۆنەی جەژنی ئەمڕۆوە. ئەم جەژنە دەبێتە گوزارشتێك لەوەی كە ئێمە بەڕاستی خوامان دۆزیوەتەوە، وە وەكو نیشانەیەك لەقەڵەمی دەدەین لە گەشتی ژیانی داهاتووماندا. وە ئەم جەژنە دەمانبات بەرەو كۆمەڵێك ڕێگای نوێ؛ چونكە ئێمە لەڕەمەزاندا خوامان دۆزییەوە و ئەمڕۆ بەو بۆنەیەوە خۆشی و شادی دەردەبڕین.
ئەگەر جەژنەكەمان ئەو بیرۆكەیەی لەگەڵدا بوو كە ئێمە بەشێكمان بەدەستهێناوە لەو شتەی كە هەوڵمان بۆ داوە لە ڕەمەزاندا بە مەبەستی نزیكبوونەوە لە خوای گەورە؛ ئەوا لەڕاستیدا ئێمە لەو كەسانە دەبین كە بە ڕێگاكانی بەرەو خواچووندا دەڕۆن، وە لەو كەسانە دەبین كە ئەو سامانە ڕاستەقینەیە بەدەستدەهێنن كە خوای گەورە دەیبەخشێت و بەهۆیەوە دەگەین بە خوای گەورە. ئەوە ئەو سامانەیە كە دەمانبات بەرەو خوای گەورە. ئەگەر ئێمە لە ڕەمەزاندا وازمانهێنا لە خراپەكانمان و بەرەو چاكە هەنگاومان هەڵگرت، ئەوا لەڕاستیدا شایستەی ئەوەین ئاهەنگ بگێڕین بەبۆنەی خۆشیە ڕاستەقینەكەوە. ئەگەر ئاستی خواپەرستیەكانمان لە ڕەمەزاندا بەرزبوویەوە و خوامان دۆزیەوە، ئەوا لەڕاستیدا شایستەی ئەوەین بەبۆنەی خۆشی ڕاستەقینە و جەژنەوە شادمانی دەرببڕین. ئەگەر گرنگیەكی تەواومان دا بە جێبەجێكردنی مافی بەندەكان؛ ئەوا ئێمە شایستەی ئەوەین بە بۆنەی خۆشیە ڕاستەقینەكەوە شادمانی دەرببڕین، وە لەگەڵ ئەم خۆشیەدا پێویستیشە بەڵێن بە خۆمان بدەین كە بەردەوام بین لە كاركردن بەم شتانە هەتاكو ئەم خۆشیە بكەین بە خۆشیەكی هەمیشەیی، وە كاتێك ئەوە بەدەستدەهێنین، دەبین بە یەكێك لەو كەسانەی كە ئامانجی ژیانیان دەهێننەدی.
پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: خوای گەورە دڵخۆش دەبێت بەوەی ئێوە تۆبە بكەن و ڕێگاكانی خێر و چاكە بگرنەبەر. پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: “پیاوێك لەبیاباندا وشترەكەی لێ ون دەبێت كە خواردنیشی لەسەر بوو، وە هیچ ئامرازێكی تری نەبوو بۆ ڕزگاربوون. زۆر بەدوایدا دەگەڕێت هەتا ماندوو دەبێت و خۆی بەدەستەوە دەدات و دەخەوێت لەكاتێكدا لەوپەڕی نائومێدیدا بووە. پاشان كاتێك بەئاگا دێتەوە دەبینێت وشترەكەی لەبەردەمیدایە!”. بیربكەنەوە چەندە دڵخۆش دەبێت لەو ساتەدا! پاشان پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: “دڵخۆشی خوای گەورە بە گەڕانەوەی بەندەكەی بۆ لای زۆر زیاترە لە دڵخۆشی ئەو پیاوە بە وشترەكەی كە گەڕاوەتەوە بۆ لای”.
هەروەها پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “خوا دڵخۆش دەبێت بە تۆبەكردنی بەندەكەی زیاتر لە دڵخۆشی دایكێك كە منداڵە ونبووەكەی دەدۆزێتەوە”.
كەواتە ئەو كەسانەی لەناو ئێمەدا هەوڵیانداوە بۆ ڕازی كردنی خوای گەورە و نزیكبوونەوە لێی، خوا بەردەوام دەبێت لە پێدانی ئەو بەرەكەتانەی بەڵێنی پێداون. خوای گەورە بەم شێوەیە دڵخۆش دەبێت بە گەڕانەوەی بەندە بۆ لای، وە كاتێك ئەوە ڕوودەدات، ئەوسا ئێمە شایستەی ئەوەین كە ئەمڕۆ لە ڕۆژی جەژندا ئەم خۆشیە دەرببڕین. حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“هیچ گومانێكی تێدا نیە ڕۆژی جەژن ڕۆژێكی پیرۆزە، بەڵام ڕۆژێك هەیە كە بەرەكەت و ئاسوودەیی زیاترە لە ڕۆژی جەژن، بەڵام بەداخەوە خەڵكی چاوەڕێی ناكەن و وەك پێویست بەدوایدا ناگەڕێن، بەڵام ئەگەر ئاگاداربوونایە لە بەرەكەت و چاكیەكانی ئەوا گرنگیان پێدەدا و ڕۆژێكی زۆر پیرۆز و خۆش دەبوو بۆیان و وەكو دەرفەتێك دەیانقۆستەوە.” بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی: “ئێوە كەی دەزانن ئەو ڕۆژە چ ڕۆژێكە كە باشتر و بەرەكەتدارترە لە ڕۆژی هەینی و هەردوو جەژنەكەیش؟ من پێتان دەڵێم ئەو ڕۆژە ڕۆژی تۆبەكردنی مرۆڤە، ئەو ڕۆژە لە هەموو ڕۆژە باسكراوەكان باشترە و لە هەموو جەژنێك مەزنترە؟ بۆچی؟ چونكە لەو ڕۆژەدا تۆماری كردەوە خراپەكانی مرۆڤ دەسڕدرێتەوە كە ورده وردە نزیكی دەكەنەوە لە دۆزەخ و بە نهێنی تووشی تووڕەبوونی خوای دەكەن، گوناهەكانی دەسڕدرێنەوە. دەكرێت چ ڕۆژێك لەو ڕۆژە بەرەكەتدارتر و لە جەژن خۆشتر بێت بۆ مرۆڤ كە لە دۆزەخی ئەبەدی و تووڕەیی هەتاهەتایی خوا ڕزگاری دەكات؟ گوناهكاری تۆبەكار كە پێشتر لە خوا دوور بوو و خوا لێی تووڕە بوو، ئێستا وردە وردە لێی نزیك دەبێتەوە و لە دۆزەخ و سزای خوا دوور دەخرێتەوە”. (الملفوظات، ج6)
بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی: “خوا لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا دەرگاكانی تۆبەی كردووەتەوە، وە ئێوە هەوڵتانداوە بۆی، ئەگەر تۆبەكەتان قەبوڵ كرا، ئەوا ئەوە ڕۆژی جەژنی ئێوەیە.”
بەڕاستی ڕۆژی جەژنی ئەمڕۆ گوزارشتكردنێكە لە هەوڵدانمان بۆ بەدەستهێنانی نزیكبوونەوە لە خوای گەورە. خوا هەوڵدانی ئێمەی قەبوڵ كردووە، وە بۆ گوزارشتكردن لەوە ئەمڕۆ فەرمانی پێداوین كە ئەم خۆشیە ڕواڵەتیە پیرۆز بكەین و شادمانی دەرببڕین و جل و بەرگی پاك بپۆشین. و خۆمان بۆنخۆش بكەین و خواردنی خۆش بخۆین؛ چونكە ئەم دەرفەتەی پێداین كە سەركەوتوو بین لە بەدەستهێنانی خێر و نزیكبوونەوە لە خوای گەورە، وە بۆ جێبەجێكردنی مافی بەندەكان و بەرزكردنەوەی ئاستەكانی بەندایەتیەكانمان.
بۆیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی: “پاكی ڕاستەقینە بەستراوەتەوە بە تۆبەی ڕاستەقینە و وازهێنان لە هەموو پیسی و پۆخڵییەكیش، ئەگینا تەنها دووبارەكردنەوەی وشەی تۆبە هیچ سوودێكی نیە. ئەو ڕۆژەی كە مرۆڤ پیرۆز و بەرەكەتدار دەبێت -كاتێك تۆبە دەكات لە خراپەكان و پەیمانی ئاشتی ڕاستگۆیانە لەگەڵ خوای گەورە دەبەستێت و ملكەچ دەكات بۆ فەرمانەكانی- بێگومان لەو سزایە ڕزگاری دەبێت كە بە نهێنی ئامادەكرا بوو بۆی بەهۆی كردەوە خراپەكانیەوە. بەوەش هەموو ئەو شتانە بەدەستدەهێنێت كە چاوەڕێی نەدەكردن.”
كەواتە پێویستە ئێمە بەم بیركردنەوەیە جەژن پیرۆز بكەین و شادی دەرببڕین، كە ئێمە لەم مانگی ڕەمەزانەدا بە دڵسۆزییەوە ملكەچ بووین بۆ خوای گەورە و دووركەوتینەوە لە زۆرێك لە خراپەكان و خێر و چاكەمان هەڵبژارد. ڕۆژی جەژنی ڕاستەقینە بۆ ئێمە ئەو ڕۆژە بوو چونكە ئێمە هەوڵماندا پەنا ببەینە بەر خوا. وە ئەمڕۆ بەپێی فەرمانی خوا، بەم بۆنەیەوە لەگەڵ هەمواندا خۆشی و شادمانی دەردەبڕین. پاش تۆبەكردنێكی ڕاستگۆیانە، ئەگەر بڵێسەی خۆشەویستی خوای گەورە لەدڵدا دروست بوو؛ ئەوا شێوەی ڕووناكیەكی گەورە وەردەگرێت و بڵاودەبێتەوە، وە دڵی مرۆڤ بەردەوام دەبێت لە درەوشانەوە و لە گوناهەكان دووردەكەوێتەوە، وە پاش ئەوە هەموو كار و كردەوەكانی ئەو جۆرە كەسانە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە دەبێت.
كاتێك مرۆڤ بەو شێوەیەی لێ دێت، كاریگەری لەسەر هاوسەر و منداڵەكانی دەبێت، بەم شێوەیە سوود بە خەڵكی دەگەیەنێت. كاتێك سوود بە خەڵكی دەگەیەنێت، ژینگەیەكی ئارام و ڕۆحی لە چواردەوری دروست دەبێت. ئەمەیە ئامانج لە دروستكردنی مرۆڤ كە خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە و فەرموویەتی (كە ئەمە ماناكەیەتی): من ئێوەم دروستكردووە بۆ ئەوەی لە خێردا زیاتر بەرەوپێش بچن و هەوڵ بدەن ئاستەكانی بەندایەتی من بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی نزیك ببنەوە لێم. وە كاتێك لە من نزیك دەبنەوە، وەك لە فەرموودەدا هاتووە، خوای گەورە دەفەرموێت (كە ئەمە ماناكەیەتی): من دڵخۆش دەبم زیاتر لە دڵخۆشی مرۆڤێك كە كەلوپەل و وشترە ونبووەكەی لە بیاباندا دەدۆزێتەوە، یان لە دڵخۆشی دایكێك كاتێك منداڵەكەی دەدۆزێتەوە.
لەم ڕۆژگارەدا زۆرێك لە پیسیەكان لەجیهاندا بڵاوبوونەتەوە، كاتێك باوەڕدار لەم ڕۆژانەدا لەپێناو خوای گەورە ڕۆژوو دەگرێت و هەوڵ دەدات لێی نزیك بێتەوە، خوای گەورە پاداشتێكی گەورەی پێ دەدات چونكە تەنھا لەبەر خاتری خوای گەورە هەموو ئەو ژینگەیە بەجێدەهێڵێت و هەموو ئەو كارانە دەكات بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی ئەو. ئەگەر ئەم بابەتە لە زیهنماندا دابنێین، ئەوا هەوڵ نادەین تەنها لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا پارێزگاری لەم كردەوە چاكانە بكەین، بەڵكو لە ژیانی داهاتووشماندا بەردەوام دەبین لە پاراستنیان. وە هەمیشە بیردەكەینەوە چۆن خوای گەورە ڕازی بكەین، وە چۆن یەكێك بین لەو كەسانەی كە بەدوای فەزڵی خوای گەورەدا دەگەڕێن، و چۆن پارێزگاری لەم لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتە بكەین لە نەوەكانماندا و خوای گەورە بەردەوامی بكات بۆ مانەوەی ئێمە و بۆ مانەوەی نەوەكانمان، ئیتر بەم جۆرە دەبین بەو كەسانەی كە خۆیان لە ئاگر ڕزگار دەكەن و خۆیان لە بەهەشتی خوای گەورە نزیك دەكەنەوە.
كاتێك بەم شێوەیە بیردەكەینەوە و هەمان بیركردنەوە لە ژینگەكەیشماندا دروست بێت، تەنھا ئەو كاتە بەبۆنەی جەژنی ڕاستەقینەوە خۆشی و شادی دەردەبڕین، وە ژینگەكەیشمان بە بۆنەی ئەو جەژنە ڕاستەقینەیەوە خۆشی دەردەبڕن، و خێزان و منداڵەكانمانیش بەبۆنەی ئەو جەژنە ڕاستەقینەیەوە شادی دەردەبڕن.
ئەگەر ئەم بیرۆكەیە لە ئێمەدا دروست بوو، ئەوا با بزانین كە ئێمە ئامانجی ئەو جەژنەمان بەدیهێناوە كە ئەمڕۆ لێرە كۆبووینەتەوە لەپێناویدا، و ئێمە لەم خۆشیەدا پارێزگاری لە دیمەنی دەرەوەی خۆمان دەكەین كە پاك و ڕێك و پێك بێت، وە گرنگی دەدەین بە خواردنی خۆراكێكی باشیش. كەواتە داوا لە خوا دەكەین لەو كەسانە بین كە ئەم ئامانجە دەهێننەدی، وە لەو كەسانەش بین كە نوێژەكانیان دەكەن. ئەگەر ئێمە پێشتر بۆ شەونوێژ و تەراویح دەهاتین بۆ مزگەوت، ئەوا با ئێستا هەوڵ بدەین كە بەلایەنی كەمەوە لە ماڵەكاندا كەمێك كات بۆ سوننەتەكان و شەونوێژ تەرخان بكەین.
وە با لەو كەسانە بین كە لەپێناو خوای گەورەدا پارە خەرج دەكەن، وە لەو كەسانەیش بین كە مافی بەندەكان بەجێدەهێنن و ناكۆكیەكانی نێوانیان كۆتایی پێدەهێنن. وە با لەو كەسانە بین كە بەردەوام دەبن لەسەر ئەنجامدانی ئەو كردەوە چاكانە كە لەكاتی ڕۆژووگرتندا پارێزگاریمان لێ كردوون. چ پەیوەندیی خێزانی بێت یان پەیوەندی نێوان هاوسەران، یان نێوان خەسوو و بووك، یان نێوان دش و براژن، یان نێوان برا و خوشك، یان پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان ئەحمەدیەكان، یان نێوان هاوڕێیان. هەوڵ بدەین بیانكەین بە پەیوەندی نموونەیی تاكو خوای گەورە لێمان ڕازی بێت و وای لەقەڵەم بدات كە ئەم خەڵكە لەپێناو ڕەزامەندی ئەودا ئەم كارە دەكەن، خوایش بەخشندەتر دەبێت لە دابینكردنی پێویستیەكانیاندا. تەنانەت ئەگەر هاتوو ئەگەری زیانێكی دنیایی كاتییش هەبێت لە كەسێكەوە؛ ئەوا خوای گەورە ئەو زیانە بۆ ئەو جۆرە خەڵكانە قەرەبوو دەكاتەوە. بۆ نموونە ئەگەر یەكێك بڵێت: من بەهۆی ئەو شتەوە یان بەهۆی فڵان كەسەوە زیانم بەركەوتووە، خوای گەورە دەفەرموێت: من بۆت قەرەبوو دەكەمەوە.
ئەگەر بتوانیت لەپێناو مندا ئەو كەسە ئاشت بكەیتەوە و دەستی خۆشەویستی و دۆستایەتی درێژ بكەیت بۆی -ئەوا خوای گەورە كە زانایە بەوەی لە دڵەكاندا هەیە ئەوەش دەزانێت كە ئەم مرۆڤە هەوڵدەدات پەیوەندیەكانی خۆی لەپێناو ئەودا چاك بكات- ئەوا كاتێك ئەم گۆڕانكاریە ڕوودەدات، كاریگەرییەكەی تەنها لەسەر خودی ئەو كەسە نامێنێتەوە، بەڵكو بۆ دەوروبەریشی تەشەنە دەكات، ئینجا خەڵكی دەوروبەری دەزانن كە دەبێت هۆكارێك هەبێت بۆ ئەم گۆڕانكاریە پاكژە كە تێیدا ڕوویداوە، وە دەبێت سوودێكی هەبێت كە وای لێكردووە بەردەوام بێت لە دروستكردنی ئەم گۆڕانكارییە باشە و بەردەوام بێت لەسەری؛ چونكە مرۆڤ بەردەوام نابێت لەسەر كارێك ئەگەر سوودی تێدا نەبینێت، ئەگەر ئەم مرۆڤە بەردەوام بێت لەسەری ئەوا دەبێت قازانجێكی لێ بكات. وە ئەم جۆرە كاریگەریە بۆ كەسانی تریش دەگوازرێتەوە. هەڵبەت خوای گەورە ئەم گۆڕانكارییە باشەی تێدا دروستكردووین، وە نابێت كاتێك بێت بەسەرماندا كە تێیدا ئەو گۆڕانكارییە پیرۆزانە لەدەستبدەین كە لە ڕەمەزاندا بەدەستمانهێناون، بەمەش لە خوای گەورە دوور بكەوینەوە. بەڵكو داوا لە خوای گەورە دەكەین لەو كەسانە بین كە ئەم گۆڕانكارییە باشانە دەكەن بە بەشێكی هەمیشەیی لە ژیانیان، تەنها ئەو كاتە لەو كەسانە دەبین كە جەژنی ڕاستەقینە دەگێڕن، وە تەنھا ئەو كاتە بەڕاستی پەیمانی بەیعەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەبەینەسەر كە فەرزمانكردووە لەسەر خۆمان، وە بەم شێوەیە لەو كەسانە دەبین كە بەشداری دەكەن لە گۆڕینی كۆمەڵگا بۆ كۆمەڵگایەكی ئاشتیخوازتر و فێركاریە ڕاستەقینەكانی ئیسلام بڵاودەكەنەوە؛ ئەمە ئامانجی ئێمەیە، وە دەبێت ئەمە ئامانجی هەموو ئەحمەدیەك بێت.
خوای گەورە سەركەوتوومان بكات بۆ ئەو كارە. بەردەوام بن لە دوعاكردن، وە لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە هەموو ئەحمەدیەكان بە پۆشاكی فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی دابپۆشێت.
ئەحمەدی ستەملێكراوی زۆر هەن كە لە زۆر شوێندا بەناوی ئەوەی پێی دەوترێت “یاسا” دەچەوسێنرێنەوە، بێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان هەبێت، هەروەك لە پاكستان ڕوودەدات، بەجۆرێك تەنانەت لە ئازادی ئەنجامدانی دروشمەكانی ئایینەكەی خۆشیان بێبەش دەكرێن و ڕێگەیان پێنادرێت نوێژی جەژن بكەن.
داوا لە خوای گەورە دەكەین دەرفەتی ئەوەیان پێ بدات بە بۆنەی جەژنی ڕاستەقینەوە خۆشی و شادی دەرببڕن، سەرباری یارمەتیدانیان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری باش لە خۆیاندا و دواجار نزیكبوونەوەیان لە خوا.
لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە سەركەوتوویان بكات بۆ پیرۆزكردنی خۆشیە ڕواڵەتیەكانیش، وە بۆ ئەنجامدانی مافی بەندایەتی خوای گەورە بە ئازادی، وە بۆ جێبەجێكردنی مافی یەكتر، وە ڕاكێشانی فەزڵی خوای گەورە.
خوای گەورە بە زووترین كات هەموو سەختی و كێشەكانیان لەسەر لابدات.
ئەوان ئەمڕۆ لە دۆخێكی زۆر ترسناكدا دەژین بەهۆی ئەنجامدانی نوێژی جەژنەوە. ئەوان لە دۆخێكی پڕ لە ترس و بیمدا نوێژی جەژنیان كرد، وە ناچار بوون كات و شوێنی نوێژەكان بگۆڕن، وە نەیانتوانی نوێژەكە لە مزگەوتە ناوەندیەكانی خۆیاندا ئەنجام بدەن، بەڵكو لە كۆمەڵێك شوێنی جیاوازدا ئەنجامیاندا. لە شاری (كەراچی) و لە هەندێك ناوچەی تردا پۆلیس نەیهێشت نوێژ بكەن، تەنانەت نەیارەكانی كۆمەڵەكەمان لەم بۆنەیەدا هێرشیان كردە سەر مزگەوتەكانمان! لە جیاتی ئەوەی پۆلیس ڕێگری بكات لە نەیارە دەستدرێژكارەكان، كەچی قوفڵیان لە مزگەوتەكانمان دا!
خوای گەورە بە زووترین كات كۆمەڵێك هۆكار بسازێنێت بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو نەیارانە.
دوعا بكەن بۆ برا نەخۆشەكانتان كە خوای گەورە تەندروستی و لەش ساغییان پێ ببەخشێت، وە بارانی فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی ببارێنێت بەسەر هەموو ئەو كەسانەدا كە بە شێوەیەك لە شێوەكان قوربانی دەدەن لەپێناو مرۆڤایەتیدا، وە قوربانی دارایی دەدەن لەپێناو خێری مرۆڤایەتیدا.
خوای گەورە ڕەحمەت و فەزڵی خۆی ببارێنێت بەسەریاندا، ئەوانەی قوربانی دارایی دەدەن لەپێناو كۆمەڵی ئەحمەدی و بڵاوكردنەوەی ئیسلامدا.
خوای گەورە فەزڵە بێ كۆتاییەكانی خۆی ببەخشێت پێیان.
دوعا بكەن بۆ مناڵی شەهیدەكان، كە خوای گەورە باوەڕیان جێگیر بكات و پاداشتی قوربانیەكانی باوكیان وەربگرن.
دوعا بكەن كە خوای گەورە بەرەكەت بخاتە ژیانی ئەوانەی خۆیان وەقف كردووە و وەقفەكەیان قەبوڵ بكات و بیانخاتە ڕیزی ئەو كەسانەوە كە بە هەموو مانای وشە و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە خۆیان وەقف كردووە.
وە سەركەوتوویان بكات بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ڕاست و دروست خزمەتی ئایین بكەن.
دوعا بكەن بۆ ئوممەتی ئیسلام بە گشتی، ئەوان بە ڕۆژگارێكی سەختدا تێدەپەڕن، و هێزە دەججالیەكان هەوڵ دەدەن ئازاریان بدەن. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە موسوڵمانانیش باوەڕیان لاوازە، كەواتە با باوەڕیان بەهێز بكەن و ڕوو بكەنە خوای گەورە تاوەكو لە چنگی ئەم هێزە دەججالیانە ڕزگاریان بێت، وە ئەوە نایەتەدی مەگەر باوەڕیان بەهێز بكەن.
خوای گەورە تێگەیشتن و ئەقڵ ببەخشێت بە موسوڵمانان بۆ ئەوەی درك بەم ڕاستییە بكەن و بە ڕاستی ڕوو بكەنە خوای گەورە.
وە خوای گەورە یارمەتییان بدات بۆ باوەڕهێنان بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە خوای گەورە لەم سەردەمەدا ناردوویەتی، تاوەكو خۆشی و شادیە ڕاستەقینەكان بەدەستبهێنن.
دوعا بكەن بۆ ئەو كەسانەی لەپێناو خوادا دیل كراون، خوای گەورە ئازادیان بكات، وە ئەو دوژمنانە ڕسوا بكات كە هەوڵ دەدەن بێبەشیان بكەن لە خۆشی.
وە ڕەحمەت و فەزڵی خۆی ببەخشێت بە هەموومان تاكو بە بۆنەی جەژنی ڕاستەقینەوە خۆشی و شادی دەرببڕین. ئامین.
……………………
دوای وتاری دووەم حەزرەتی خەلیفە (خوا سەركەوتووی بكات) فەرمووی:
ئێستا هەموومان دوعا دەكەین، و با ئەم دوعایانەمان بیر بێت كە باسم كردن. وەرن پێكەوە دوعا بكەین.
دوای دوعاكردن حەزرەتی خەلیفە (خوا سەركەوتووی بكات) فەرمووی:
السلام علیكم ورحمة الله وبركاته.
پیرۆزبایی لە هەمووتان دەكەم، وە بە هەموو ئەندامانی جەماعەت لە سەرانسەری جیهاندا دەڵێم جەژنتان پیرۆز بێت!
هەڵبەت داوام لێكردن كە هەمیشە دوعا بكەن بۆ براكانمان لە پاكستان، ئەوان لە دۆخێكی زۆر سەختدا دەژین. خوای گەورە ئەم جەژنەیان لێ پیرۆز بكات بە مانای ڕاستەقینە، جەژن لە هەموویان پیرۆز بێت!
ئەوان لە ماڵەكانی خۆیاندا دانیشتوون، وە ڕەنگە نائومێدییان پێوە دیاربێت، بەڵام نابێت بێ هیوا و نیگەران بن، ئەگەر خوا بیەوێت ئەوا بەزوویی دۆخەكە دەگۆڕێت. خوای گەورە ئەم ڕۆژە لە هەموویان پیرۆز بكات.
والسلام علیكم ورحمة الله وبركاته.
******