خەلیفەی دووەم: بەڕێز حاجی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (ڕەزای خوای لێ بێت)
“تەنانەت ئەگەر هەموو خەڵكی دەورت چۆڵ بكەن و وازت لێ بھێنن ئەوا من لە لە تەنیشتدا دەمێنمەوە و ڕووبەڕووی هەموو دوژمنان ئەبمەوە، وە كاتی خۆم تەرخان دەكەم و تەواوكردنی ئەم پەیامە لە ئەستۆ دەگرم..”.
ئەم وشانە لە زاری ئەو كوڕەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (علیه السلام) دەرچوو كە تەمەنی نۆزدە ساڵ بوو كە لەو كاتەدا لەسەر جێگاكەی باوكی دانیشتبوو كە گیانی دەسپارد بە پەروەردگاری خۆی لە ڕێككەوتی 26ی ئایاری ساڵی 1908ز.
بەمەش ئەو پێشبینیەی پێغەمبەری ئازیز (صلی الله علیه وسلم) هاتەدی دەربارەی مەهدی كە دەفەرموێت: “هاوسەرگیری دەكات و مناڵی دەبێت”. مانای ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی پەیماندراو (علیه السلام) هاوسەرگیریەكەی سروشتێكی تایبەتی دەبێت و لە ڕێگەی ئەو هاوسەرگیرییەوە خوای گەورە كۆمەڵێك مناڵی پێدەبەخشێت كە دەبنە یارمەتیدەری لە جێبەجێكردنی ئەو ئەركە گرنگەی كە خراوەتە سەرشانی.
خەلیفەی دووەم بەڕێز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد لە 12ی كانوونی دووەمی ساڵی 1889 لە گوندی قادیان لەدایكبووە بەگوێرەی ئەو مژدانەی كە دران بە باوكی (علیه السلام) پێش لەدایكبوونی. خەلیفەی دووەم لە قوتابخانەی بنەڕەتی ناوخۆیی خوێندوویەتی پاشان لە قوتابخانەی باڵا بۆ فێربوونی ئیسلام.
سەردەمی خیلافەتەكەی درێژەی كێشا لە ساڵی 1914وە تاكو ساڵی 1965. لەم ماوەیەدا بەڕێزی ڕابەرایەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كرد، وە كۆمەڵێك نەخشەی فراوانی جێبەجێ كرد، كە بەم شێوەیەی خوارەوە كورتی دەكەینەوە:
بڵاوكردنەوەی ئیسلام:
بەڕێزی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا سیستەمێكی پتەوی دامەزراند بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێنماییەكانی ئیسلام، وە خولیای ئەوە بوو كە كۆمەڵە پیاوێك هەبن و شارەزاییان هەبێت لە زمانە جۆراوجۆرەكاندا لە پێناوی بڵاوكردنەوەی ئیسلام بە ئاسانی، بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی 1919ز دەستەی بانگەواز و تەبلیغ و قوتابخانەی ئیسلامی ئەحمەدی دامەزراند، وە لە ڕێگەی ئەم دووانەوە هەوڵیدا بۆ دابینكردنی نێردە تەبشیریە ئیسلامیەكان كە ئەمەش لەو كاتەدا بووە هۆی كردنەوەی ناوەندە تەبشیریەكان لە 46 وڵاتی ئیسلامیدا.
تێگەیشتنی قورئانی:
بێگومان بەڕێزی لە كتێبی (التفسير الكبير، بەرگی شەشەم، لاپەڕە 483) بەڕاشكاوی ڕایگەیاندووە كە لە ڕێگەی ئیلهامەوە زۆربەی زاست و ڕاستیە قورئانیەكانی زانیوە، وە خوای گەورە ڕۆحێكی مەعریفی فراوان و تێگەیشتنێكی قووڵی بۆ پەیبردن بە قورئانی پیرۆز و بەهرەی قایلكردنی پێبەخشیبوو، لەمەدا تەحەددای زۆر كەسی كرد، بەڵام هیچ كەسێك نەیتوانی لەبەرامبەریدا ڕابوەستێت.
بێگومان سەركردەی دیاری ئیسلامی (مەولەوی زەفەر عەلی خان) سەرنووسەری ڕۆژنامەی (زەمیندار) لە لاهۆر دانیناوە بەم ڕاستیەدا سەرەڕای ئەوەی كە قەڵەمەكەی زۆر توند و تیژ بوو بەرامبەر كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، لەم بارەیەوە دەڵێت [ئەمە وەرگێڕانەكەیەتی]: “زۆر بەباشی گوێ بگرن، خۆتان هاوكارەكانتان هەرگیز ناتوانن لە بەرامبەر (میرزا مەحموود)دا خۆتان ڕابگرن هەتا ڕۆژی قیامەت. بێگومان میرزا مەحموود قورئانی لەگەڵدایە، وە مەعریفەی قووڵی قورئانی لەلایە، دەی ئێوە چیتان لایە؟ ئێوە تەنانەت لەخەویشدا قورئانتان نەخوێندووەتەوە”. (Ek Khofnak Saazish، لاپەڕە 196).
وەرگێڕان و چاپكردنی قورئانی پیرۆز بە كۆمەڵێك زمان:
بەڕێزی هەوڵیدا كە ئەم كۆمەڵە ئاراستە بكات بۆ كاركردن لەسەر وەرگێڕانی ماناكانی قورئانی پیرۆز بۆ ژمارەیەك زمانی گرنگ لە جیهاندا هەتاكو ئەو كەسانەیش كە عەرەبی نازانن بە حیكمەت و مەزنی ئەم كتێبە ئاسمانیە پڕچەك بكرێن، ئەم كارە خەلیفەی سێیەم و خەلیفەی چوارەم تەواویان كرد (ڕەحمەتی خوایان لێ بێت).
دروستكردنی مزگەوتەكان لە وڵاتە ڕۆژئاواییەكان
بێگومان ئامانجی سەرەكی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بریتیە لە بڵاوكردنەوە و پیادەكردنی ڕێنماییەكانی پێغەمبەری هەرەمەزن و ڕابەرایەتی كردنی مرۆڤایەتی بەرەو باڵابردنی لایەنی ڕۆحی، لەبەرئەوە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی كاری كردووە لەسەر دروستكردنی مزگەوتەكان و هەوڵیداوە كە مزگەوتەكان ببن بە ناوەندێكی ڕۆشنگەری بۆ زانستە ڕۆحیەكان و ڕاهێنانی ئایینی. وە لە سەردەمی بەڕێزیدا ژمارەیەكی زۆر لە مزگەوتەكان دروستكران لە كۆمەڵێك وڵاتی زۆردا.
ڕاهێنانی ڕۆحی بۆ كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی
بەڕێزی پێداگری كرد لەسەر كۆمەڵێك فاكتەر كە دەبوونە هۆی دروست بوونی كەسایەتی ڕۆحی و بەرهەمهێنانی كۆمەڵێك كۆڵەكەی ڕۆحی، وە بەشێك لەو فاكتەرانە بریتی بوون لەمانەی خوارەوە:
جەختی كردەوە لەسەر دامەزراندنی سیستەمی ڕۆحی خیلافەت لەسەر كۆمەڵێك بنەمای پتەو، وە بەڕاشكاوی ڕایگەیاند: خیلافەت ناوەند و دڵی نووری ئاسمانیە، بۆیە بەتوندی دەستی پێوەبگرن.
كۆمەڵێك دەستەی سەربەخۆی دامەزراند لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیدا كە بریتین لە:
دەستەی (یارمەتیدەرانی خوا) بۆ پیاوان لە سەرووی 40 ساڵیەوە.
دەستەی (خزمەتكارانی ئەحمەدی) بۆ لاوان لە خوار تەمەنی 40 ساڵیەوە.
دەستەی (مناڵانی ئەحمەدی) بۆ كوڕان لە خوار تەمەنی 15 ساڵیەوە.
دەستەی (خزمەتكارانی خوا) بۆ كچان لە سەروو تەمەنی 15 ساڵیەوە.
دەستەی (یارمەتیدەرانی ئەحمەدی) بۆ كچان لە خوار تەمەنی 15 ساڵیەوە.
ئامادەكردنی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بۆ قوربانیدان:
بێگومان خەلیفەی دووەم دووبارە هەیكەلی دارایی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی داڕشتەوە بە دانانی كۆمەڵێك نەخشەی سەرەتایی جۆراوجۆر كە بووە هۆی هاندان بۆ بەشداری كردن لە كۆمەك و بەخشینەكان، لەوانە:
سنوقی بزواندنی نوێ: كە فەزڵێكی گەورەی هەیە لە ناردنی نێردە تەبشیریەكان بۆ وڵاتە دوورەكان و پارەپێدانیان بەشێوەیەك كە دەتوانن بەو پارەیە مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە دروست بكەن لەو وڵاتانەدا.
سنوقی وەقفی نوێ: ئامانجەكەی بریتیە لە ناردنی مامۆستا و بانگخوازەكان، پاش ئامادەكردنیان لە ڕووی ڕۆحی و زانستیەوە، بۆ ناوچە هەمەجۆرەكان لە ناوەوە و دەرەوەی هیندستان.
سەردانەكانی بە مەبەستی بەسەركردنەوە
سەرەڕای سەرقاڵیەكانی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیەكان، بەڵام خەلیفەی دووەم دوو جار سەردانی ئەوروپای كرد.
جاری یەكەم لە ساڵی 1924ز بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی ئایینەكان، وە لە 19ی تشرینی دووەمدا بە هاوڕێیەتی 11 كەس مزگەوتی “بیت الفضل”ی كردەوە. پاشان سەردانێكی خێرای كرد بۆ دیمەشق و فەڵەستین و میسر. وە بە ئیتاڵیا و فەرەنسادا گوزەری كرد بۆ ئینگلتەرا. هەڵبەت سەردانەكەی بۆ ئینگلتەرا لەڕووی ڕاگەیاندنەوە دەنگیدایەوە. وە وێنەكانی بەڕێزی لە ڕۆژنامەكاندا دەركەوتن وەك ڕێزێك بۆ پێگە و پلەوپایەكەی.
سەردانی دووەمی لە مانگی نیسانی ساڵی 1955ز دا بوو، وە لە میانەی ئەم سەردانەیدا سەردانی دیمەشق و بەیروت و جنێف و زیوریخ و هامبۆرگی كرد، وە گەیشتە لەندەن بۆ چارەسەری نەخۆشیەكی دیاریكراو كە بەهۆی هەوڵێكی شكستخواردوو بۆ تیرۆركردنی تووشی بوو. بەڵام سەرەڕای ئازارەكەی ژمارەیەك نێردەی كردەوە لە ئەوروپا.
بەڕێزی كەسێكی دوور بین و لەسەرخۆ بوو، وە ڕابەرێكی بوێر بوو، وە وتاربێژێكی زمانپاراو بوو، وە ڕاڤەكارێكی داهێنەر بوو، بەڕابەرایەتی بەڕێزی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی زۆر بەخێرایی لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی جیهاندا بڵاوبووەوە. بەڕێزی لە پایەی خیلافەتدا مایەوە بۆ ماوەی 52 ساڵ كە پڕ بوو لە دەستكەوتە مەزنەكان، وە كۆمەڵێكی زۆر كاری گەورە و گرانی تێدا ئەنجامدرا. لە 8ی تشریتی دووەمی ساڵی 1965ز گەیشتەوە بە پەروەردگاری خۆی.