وەڵامی چوار پرسیاری سیراجەددینی مەسیحی
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
وەڵامی چوار پرسیاری سیراجەددینی مەسیحی
نووسینی:
میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
بەرگی چاپی یەکەمی کتێبەکە:

وەرگێڕانی بەرگی چاپی یەکەمی کتێبەکە:
وەڵامی چوار پرسیاری سیراجەددینی مەسیحی
لە
22/6/1897ز
لەچاپخانەی ضیاء الإسلام چاپكرا لەقادیان
بەسەرپەرشتی
حەكیم فەزڵەددینی بەڕێز
نرخ: دوو ئانە
تیراژ: 700 دانە
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي على رسوله الكريم
سیراجەددین، كە پیاوێكی مەسیحیە لە لاهۆر، چوار پرسیاری ناردووە بۆم بە ئامانجی وەڵامدانەوەیان، وە وەڵامی پرسیارەكانم داوەتەوە و بەلامەوە گونجاوە وەڵامەكەیان بڵاوبكەمەوە بۆ سوودی گشتی، وە لەخوارەوە چوار پرسیارەكە تۆماردەكەم لەگەڵ وەڵامەكانیاندا:
پرسیاری 1: بەگوێرەی بیروباوەڕی مەسیحیەكان ئەركی مەسیح ئەوە بوو كە بێت بۆ ئەم جیھانە بۆ ئەوەی مرۆڤەكانی خۆش بوێت و لەپێناویاندا خۆی بكات بە قوربانی، ئایا دەكرێت بوترێت دامەزرێنەری ئیسلام ئەم دوو ئەركە گرنگەی جێبەجێ كردووە؟ یان ئایا دەكرێت وەسفی ئەركەكەی بكرێت بە كۆمەڵێك وشە كە باشتر بن لە “خۆشەویستی” و “قوربانیدان”؟
وەڵام: پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت ئەم پیاوە لەڕێگەی ئەم پرسیارەوە دەیەوێت بزانێت هەروەك بەگوێرەی بیروباوەڕی مەسیحییەكان یەسووعی مەسیح هاتووە بۆ ئەوەی تاوانبارانی خۆش بوێت و نەفرەتی تاوانەكانی ئەوانی پێ بگات، وە لەپێناویاندا لەخاچ بدرێت، ئایا قورئانی پیرۆزیش بۆ ڕزگاربوونی تاوانباران “قوربانی نەفرەتلێكراو”ی پێشكەش كردووە یان نا؟ وە ئەگەر پێشكەشی نەكردووە ئایا ڕێگایەكی باشتری خستووەتەڕوو بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پێویستە سیراجەددین بزانێت كە قورئانی پیرۆز هیچ قوربانیەكی نەفرەتلێكراو پێشكەش ناكات، بەڵكو پێیوایە لەهیچ بارودۆخێكدا ڕەوا نیە نەفرەتی كەسێك یان تاوانەكەی بخرێتە ئەستۆی كەسێكی تر، چجای ئەوەی نەفرەتی سەدان ملیۆن خەڵك بخرێتە ئەستۆی یەك كەس، هەڵبەت قورئانی پیرۆز بەڕاشكاوی فەرموویەتی: ﴿وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٞ وِزۡرَ أُخۡرَىٰۗ﴾ [الإسراء: 16] ، واتە: هیچ كەسێك تاوانی كەسێكی تر هەڵناگرێت. بەڵام پێش ئەوەی ڕێنمایی قورئانی پیرۆز بخەمەڕوو سەبارەت بە پرسی ڕزگاربوون، بە پێویستی دەزانم بیسەلمێنم بۆ خەڵكی كە ئەم بیروباوەڕەی مەسیحییەكان هەڵەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی بەراورد كردنی فێركاری قورئانی پیرۆز و ئینجیل سەبارەت بە پرسی ڕزگاربوون ئاسان بێت بۆ هەركەسێك دەیەوێت.
پێویستە ڕوون و ئاشكرابێت ئەو بیروباوەڕەی مەسیحیەكان كە دەڵێت گوایە خوا، بەهۆی خۆشەویستیەكەی بۆ جیهان و لەپێناوی ڕزگاربوونی مرۆڤایەتیدا، نەخشەیەكی كێشا بەجۆرێك تاوانەكانی كەسانی یاخی و كافر و خراپەكاری خستە ئەستۆی یەسووعی كوڕی خۆشەویستی خۆی، بەمەش كردی بە كەسێكی نەفرەتلێكراو و لەسەر خاچی نەفرەت هەڵیواسی بۆ ڕزگاربوونی جیھان لە تاوان، بیروباوەڕێكی شەرمهێنەر و خراپە لەهەموو ڕوویەكەوە، بۆیە ئەگەر بەگوێرەی داخوازیەكانی دادپەروەری هەڵسەنگاندنمان بۆ كرد ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە ستەمێكی ئاشكرایە تاوانی مرۆڤێك بخرێتە ئەستۆی مرۆڤێكی تر، وە ویژدانی مرۆیی بەهیچ شێوەیەك قەبوڵی ناكات تاوانبارێك ئازاد بكرێت و لەجێگاكەیدا بێ تاوانێك بەند بكرێت و سزا بدرێت لەسەر تاوانەكانی كەسە تاوانبارەكە. بەڵام ئەگەر بەوردی سەرنجماندا لە حەقیقەتی تاوان لە ڕوانگەی فەلسەفەی ڕۆحانییەوە ئەوا لەم ڕووەیشەوە خراپی و بەدفەڕی ئەم بیروباوەڕە دەچەسپێت، چونكە لەڕاستیدا تاوان ژەهرێكە كاتێك دروست دەبێت كە مرۆڤ گوێڕایەڵی خوا نەكات و بەپەرۆشییەوە خۆشی نەوێت، وە بە خۆشەویستیەوە یادی نەكاتەوە. هەروەك چۆن ئەگەر درەختێك لەڕەگەوە هەڵبكێشرێت و نەتوانێت لە زەوییەوە ئاو هەڵبمژێت ئەوا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وشكتر و سیستر دەبێت و هەموو سەوزی و گەشاوەییەكەی دەڕوات و نامێنێت، بەهەمان شێوە ئەمە دۆخی ئەو مرۆڤەیە كە دڵی خاڵی دەبێتەوە لە خۆشەویستی خوا ئینجا تاوان زاڵ دەبێت بەسەریدا و لەناوی دەبات وەك چۆن وشكی و بێ ئاوی درەخت لەناودەبات. وە لە یاسای خوادا سێ چارەسەر هەیە بۆ نەهێشتنی ئەم دۆخە: 1) خۆشەویستی. 2) ئیستیغفار واتە حەزكردن لە شاردنەوە و پەردەپۆشكردنی شتێك، چونكە ئومێد هەیە درەختێك بە سەوزی بمێنێتەوە مادام ڕەگەكەی بە خۆڵ داپۆشرابێت. 3) هۆكاری سێیەم تۆبەكردنە: واتە گەڕانەوە بۆلای خوا بە ملكەچكردن و خۆبەكەمزانینەوە بۆ هەڵمژینی ئاوی ژیان و نزیكبوونەوە لێی و دەرچوون لە تاریكی تاوان لەڕێگەی كردەوە چاكەكانەوە. دیارە تەنها تۆبەی زارەكی بەس نیە بەڵكو تۆبەی ڕاستەقینە ئەوەیە كردەوەی چاكی لەگەڵدا بێت كە مرۆڤ نزیك دەكاتەوە لە خوا. هەڵبەت دوعایش جۆرێكە لە تۆبە چونكە لەڕێگەی دوعاوە هەوڵدەدەین لە خوا نزیك ببینەوە. وە لەبەر ئەم هۆكارە كاتێك خوا ژیان دەكات بە بەری مرۆڤدا ناویناوە ڕۆح؛ چونكە ئاسوودەیی و ئۆقرەگرتنی ڕاستەقینەی مرۆڤ لەوەدایە خوا (سبحانه وتعالى) بناسێت و خۆشی بوێت و گوێڕایەڵی بكات، هەروەك ناویناوە “نەفس” [نەفس لە زماندا بە خودی شت دەوترێت. نووسەر]. چونكە پێی خۆشە بگات بە دیداری خوا. كەواتە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ خوادا لەڕێگەی خۆشەویستییەوە كە وەك درەختێكی ڕەگ داكوتاو وایە لە زەوی باخدا، بریتیە لە بەهەشتی مرۆڤ. هەروەك چۆن درەخت ئاوی زەوی دەمژێت و ڕایدەكێشێت بۆلای خۆی و بەهۆیەوە ماددە ژەهراویەكانی خۆی دەكاتە دەرەوە، بەهەمان شێوە دڵی مرۆڤ بە هەڵمژینی ئاوی خۆشەویستی خوایی دەتوانێت زۆر بە ئاسانی خۆی ڕزگار بكات لە هەموو كاریگەرە ژەهراویەكان. وە پاش ئەوەی خۆی نوقم كرد لە خۆشەویستی خوادا بەردەوام دەبێت لە وەرگرتنی ئەو خۆراكە پاكەی كە وەهای لێدەكات بەجوانی گەشە بكات و سەوز بێت و بڵند بێتەوە و میوەی باش بەرهەم بهێنێت. بەڵام ئەو كەسەی ڕەگی پەیوەست نیە بە خواوە (سبحانه وتعالى) ناتوانێت ئەم ئاوە بمژێت كە دەبێتە هۆی گەشەكردن، وە بەخێرایی وشك دەبێت، ئینجا لەكۆتاییدا هەموو گەڵاكانی دەوەرن و لقە وشكە ناشرینەكانی دەردەكەون. وە لەبەرئەوەی وشكی تاوان بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەوە دروست دەبێت لەگەڵ خوای گەورەدا، بۆیە چارەسەری ئاشكرای نەهێشتنی ئەم وشكیە بریتیە لە دروستكردنی پەیوەندی پتەو لەگەڵ خوادا، ڕێساكانی گەردوونیش ئەمە دووپات دەكەنەوە، وە خوا (سبحانه وتعالى) ئاماژەی بۆ ئەم ڕاستیە كردووە و فەرموویەتی: ﴿يَٰٓأَيَّتُهَا ٱلنَّفۡسُ ٱلۡمُطۡمَئِنَّةُ * ٱرۡجِعِيٓ إِلَىٰ رَبِّكِ رَاضِيَةٗ مَّرۡضِيَّةٗ * فَٱدۡخُلِي فِي عِبَٰدِي * وَٱدۡخُلِي جَنَّتِي﴾ [الفجر: 28-31] واتە: ئەی دەروونی ئۆقرەگرتوو بگەڕێرەوە بۆلای پەروەردگاری خۆت، ئەو ڕازی بووە لەتۆ و تۆیش ڕازیت لەو، وەرە ڕیزی بەندە چاكەكانمەوە و وەرە ناو بەهەشتەكەمەوە.
كەواتە تاكە چارەسەری كارا بۆ ڕزگاربوون لە تاوان بریتیە لە خۆشەویستی و شەیدابوون بۆ خوا، بۆیە هەموو ئەو كردەوە چاكانەی بەهۆی پاڵنەری خۆشەویستی و عیشقی خواییەوە ئەنجام دەدرێن ئاگری تاوان دەكوژێننەوە؛ چونكە كاتێك مرۆڤ كردەوەی چاك ئەنجام دەدات لەبەر خاتری خوا ئەوا بەم كارەی جەخت لە خۆشەویستی خۆی دەكاتەوە بۆی (سبحانه وتعالى)، وە قۆناغی یەكەمی خۆشەویستی، كە دەكرێت بچوێنرێت بە درەختێك كە لەزەویدا دەڕوێنرێت، بریتیە لە باوەڕبوونی مرۆڤ بەخوا (سبحانه وتعالى) بەجۆرێك فەزڵی خوای گەورە بدا بەسەر هەموو شتێكدا تەنانەت ژیانی خۆیشی. وە قۆناغی دووەم، كە دەكرێت تەشبیهبكرێت بەو دۆخەی درەخت كاتێك لەزەویدا بەجوانی ڕەگەكانی دادەكوتێت، بریتیە لە ئیستیغفار كە مانای سووربوونی مرۆڤ دەگەیەنێت لەسەر ئەوەی خەوشە مرۆییەكانی دەرنەكەوێت لە ئەنجامی دووركەوتنەوەی لە خوا بەمەش ئابڕووی بچێت، بەڵام قۆناغی سێیەم -لەو دۆخەی درەخت دەچێت كە ڕەگەكانی نزیكدەبێتەوە لە ئاو ئینجا هەروەكو مناڵ دەیمژێت- بریتیە لە تۆبەكردن. كەواتە فەلسەفەی تاوان ئەوەیە كە تاوان بریتیە لە ئەنجامی دووركەوتنەوەی مرۆڤ لەخوا، وە دواجار تەنھا بە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵ خودادا مرۆڤ دەتوانێت خۆی بەدوور بگرێت لەتاوان. لەڕاستیدا ئەو كەسانە زۆر نەفامن كە باوەڕیان وایە خۆكوشتنی كەسێكی تر ئامرازێكە بۆ سڕینەوەی تاوانەكانیان.
بێگومان ئەو بیرۆكەیەی كە مرۆڤ سەری خۆی بشكێنێت بۆ ئەوەی سەرئێشەی كەسێكی تر كەمبێتەوە یان نەمێنێت، یاخود خۆی بكوژێت بۆ ڕزگاركردنی ژیانی كەسانی تر؛ بیرۆكەیەكی زۆر پێكەنیناویە. باوەڕم نیە لەجیھاندا كەسێكی ژیر هەبێت ئەم جۆرە خۆكوشتنە بە هاوخەمی و دڵسۆزی بزانێت بۆ مرۆڤایەتی. ڕاستە هاوخەمی و دڵسۆزی بۆ مرۆڤایەتی سیفەتێكی زۆر جوانە لە مرۆڤدا و شایانی ستایشكردنە، وە تەنھا كەسانی ئازا و دلێر بەرگەی ئێش و ئازار دەگرن لەپێناوی ڕزگاركردنی كەسانی تردا، بەڵام لێرەدا ئەم پرسیارە دروست دەبێت: ئایا بۆ كەمكردنەوەی و ئێش و ئازار تەنھا ئەو ڕێگایە هەیە كە دراوەتەپاڵ یەسووع و هیچ ڕێگایەكی تر نیە؟ ئەگەر یەسووع خۆی نەكوشتایە و لەجیاتی ئەوە لەپێناوی كەسانی تردا بەشێوازێكی مەعقول بەرگەی ئازاری بگرتایە، ئەوا بێ گومان مرۆڤایەتی سوودی لێ دەبینی. بۆ نموونە ئەگەر هەژارێك پێویستی بە ماڵ و خانوو هەبێت و نەتوانێت خەرجی دروستكردنی خانووەكە بدات، لەم دۆخەدا وەستایەكی خانوو بەزەیی بێتەوە پێیدا و چەندین ڕۆژ خۆی بخاتە ناڕەحەتیەوە و بەخۆڕایی خانوویەكی بۆ دروست بكات، ئەوا بێ گومان ئەم وەستایە خزمەتێكی گەورەی كردووە بەم پیاوە هەژارە و شایستەی ستایشێكی زۆرە، بەڵام ئەگەر بە بەردێك سەری خۆی بشكێنێت وەك جۆرێك لە هاوسۆزی بەرامبەر هەژارەكە ئایا هەژارەكە لەم كارەی ئەو چ قازانجێك دەكات؟ بەداخەوە كەمێك لە خەڵكی لەجیھاندا ڕێبازێكی ژیرانە دەگرنەبەر لە پیادەكردنی چاكە و بەزەییدا. بۆیە ئەگەر ئەوە ڕاست بێت یەسووع لە واقیعدا خۆی كوشت بێت چونكە باوەڕی وابووە كە خەڵكی بەهۆی مردنەكەی ئەوەوە ڕزگاریان دەبێت، ئەوا یەسووع شایانی بەزەیی و ڕەحمێكی زۆرە، وە ئەم ڕووداوە شایستەی ئەوە نیە ئاشكرا بكرێت بەڵكو پێویستە بشاردرێتەوە.
ئەگەر ئەم بیروباوەڕەی مەسیحییەكانمان شیكردەوە لە ڕووی چەمكی نەفرەتەوە كە دراوەتەپاڵ یەسووع، ئەوا زۆر بەداخەوە ناچاردەبین بڵێین مەسیحییەكان بە هەڵبژاردنی ئەم بیروباوەڕە خراپەیەكی وەهایان كردووە بەرامبەر بە یەسووع كە باوەڕمان نیە هیچ ئوممەتێك لە ئوممەتەكان لەجیھاندا ئەم خراپەیان كردبێت بەرامبەر پێغەمبەر یان نێردراوەكەی خۆیان؛ چونكە یەكێك لە بیروباوەڕەكانی مەسیحیەكان ئەوەیە كە مەسیح بووە بە كەسێكی نەفرەتلێكراو تەنانەت ئەگەر تەنھا بۆ سێ ڕۆژیش بووبێت، بەڵام ئەگەر یەسووع بە كەسێكی نەفرەتلێكراو لەقەڵەم نەدەین ئەوا پرسەكانی كەفارەت (سڕینەوەی تاوان) و فیدا (خۆكردنەقوربانی) هەمووی پووچەڵ دەبێتەوە بەگوێرەی بیروباوەڕی مەسیحییەكان، بەدەربڕینێكی تر نەفرەت ئەو ستوونەیە كە بیروباوەڕی مەسیحیەتی لەسەر ڕاوەستاوە.
بەڵام مەسیحیەكان پێیان وایە تەنها باوەڕبوون بەوەی كە یەسووع نێردرا بۆ جیھان بۆ ئەوەی مرۆڤەكانی خۆش بوێت و خۆی بكاتە قوربانی لەپێناوی ئەواندا، ئەستەمە هیچ سوودێك بگەیەنێت بە كەسێك ئەگەر باوەڕیشی بەوە نەبیت كە یەسووع سەرەتا بووە بە كەسێكی نەفرەتلێكراو، وە هەڵواسرا لەسەر خاچی نەفرەت بەهۆی تاوانەكانی خەڵكیەوە. بۆیە پێشتر ڕامانگەیاند قوربانیدانی یەسووعی مەسیح قوربانیدانێكی نەفرەتیە، بەجۆرێك لەخاچدانەكە بەهۆی نەفرەتەوە بووە كە لەتاوانەوە پەیدابووە. ئەمەش ئەم پرسیارە دەوروژێنێت: ئایا دەكرێت كەسێكی چاكەكار بەر نەفرەت بكەوێت؟ پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت مەسیحییەكان هەڵەیەكی زەقیان كرد چونكە قەبوڵیان كرد كە یەسووع نەفرەتلێكراوە، تەنانەت ئەگەر تەنھا بۆ سێ ڕۆژ یان كەمتریش بوو بێت، چونكە مانای نەفرەت پەیوەستە بە بارودۆخی دڵی كەسی نەفرەتلێكراوەوە، وە كاتێك بە كەسێك دەوترێت نەفرەتلێكراو كە بەتەواوەتی دڵی جیابووبێتەوە لە خوا و بوو بێت بە دوژمنی، لەبەر ئەم هۆكارە بە شەیتان دەوترێت نەفرەتلێكراو. هەموو كەسێك دەزانێت نەفرەت واتە بێ بەشبوونی مرۆڤ لە نزیكی خوا؟ وە ئەم وشەیە سەبارەت بە مرۆڤێك بەكاردێت كە دڵی لایدابێت لە خۆشەویستی و گوێڕایەڵی خوا و بەڕاستی بوو بێت بە دوژمنی خوا، ئەمەیە مانا و ناوەڕۆكی وشەی نەفرەت كە نووسەری فەرهەنگەكان هەموویان هاوڕان لەسەری. ئێستا دەپرسین: ئەگەر لەڕاستیدا یەسووعی مەسیح تووشی نەفرەت بوو بێت ئەوا ئەمە وا پێویست دەكات كە ئەو جێگای دابەزینی خەشم و قینی خوایی بوو بێت و دڵی خاڵی بوو بێتەوە لە ناسین و گوێڕایەڵی و خۆشەویستی خوا، وە دوژمنی خوا بوو بێت و خوایش دوژمنی ئەو بوو بێت، وە بێزار بوو بێت لە خوا و خوایش بێزار بوو بێت لەو، هەروەك مانای نەفرەت ئەمە دەخوازێت. وە دواجار وا پێویست دەكات كە لەڕاستیدا یەسووع لە ڕۆژەكانی نەفرەتەكەدا كافر بوو بێت بە خوا و لای دابێت لە ڕێگاكەی و دوژمنی بوو بێت و سیفەتە شەیتانیەكانی وەرگرتبێت. دیارە ئەم جۆرە باوەڕە دەربارەی یەسووع بریتیە لە قەبوڵكردنی ئەوەی كە ئەو برای شەیتان بووە، پەنا بە خوا. بەڕای من هەر كەسێك ترسی خوا لەدڵیدا بێت ناوێرێت ئەم بێ شەرمیە بكات بەرامبەر بە پێغەمبەرێكی چاكەكار مەگەر كەسێك سروشت و ناخی پیس و چەپەڵ بێت.
كاتێك ئەو بیروباوەڕەمان ڕەتكردەوە كە دڵی یەسووعی مەسیح لەڕاستیدا جێگای نەفرەت بێت، دەبێت دان بەوەشدا بنێین كە بیروباوەڕی قوربانی نەفرەتلێكراو شتێكی پووچە و نەخشەیەكە نەفامەكان دایانهێنانەوە.
كەواتە ئەگەر ڕزگاربوون بەدەست نەیەت مەگەر پاش ئەوەی یەسووع بە شەیتان و یاخی و دوور لە خوا لەقەڵەم بدرێت، ئەوا نەفرەتی خوا لەم جۆرە ڕزگاربوونە!!! هەڵبەت وا باشتر بوو بۆ مەسیحییەكان دۆزەخ قەبوڵ بكەن بۆ خۆیان لەجیاتی ئەوەی یەكێك لە خۆشەویستان و نزیكانی خوا (سبحانه وتعالى) بە شەیتان وەسف بكەن. زۆر بەداخەوە ئەو كەسانە چەندە پشتیان بەستووە بە شتانێكی پووچ و پیس و چەپەڵ؛ لەلایەكەوە وەسفی یەسووع دەكەن بەوەی كوڕی خوایە و لەلایەن ئەوەوە هاتووە، وە پەیوەستە بەخواوە، لەلایەكی ترەوە نازناوی شەیتانی بەسەردا دەبڕن. وە بەوپێیەی نەفرەت تایبەتە بەشەیتان، وە نەفرەتلێكراو ناوی شەیتانە، وە بێگومان نەفرەتلێكراو كەسێكە لەلایەن شەیتانەوە هاتووە و پەیوەستە بە شەیتانەوە و بگرە خۆی شەیتانە، بۆیە لەڕوانگەی بیروباوەڕی مەسیحییەكانەوە لە یەسووعدا دوو جۆر سیانەكی هەبووە، خوایی و شەیتانی، وە یەسووع بووە بە هاودەمی شەیتان -پەنا بە خوا- و لەلایەن ئەوەوەیە، وە لەڕێگە نەفرەتەكەوە تایبەتمەندیەكانی شەیتانی بەدەستهێناوە، مەبەستم ئەوەیە بووە بە كەسێكی یاخی و دوور لە خوا و دوژمنی خوا! بەڕێز سیراجەددین ئێستا بە ویژدانەوە بڵێ: ئایا ئەم ئەركە كە دەدرێتەپاڵ مەسیح بە شتێكی ڕۆحانی پاك و خاوێن یان شتێكی مەعقول وەسف دەكرێت؟ ئایا دەكرێت بیروباوەڕێك لەجیھاندا هەبێت خراپتر لەوەی مرۆڤێك، لەپێناوی ڕزگاربوونی خۆیدا، كەسێكی ڕاستگۆ بە دوژمنی خوا و سەرپێچیكار لە خوا و شەیتان وەسف بكات؟ خوای بەتوانا و میهرەبان و بەخشندە چ پێویستیەكی بەم قوربانیە نەفرەتلێكراوە هەبوو؟
پاشان كاتێك لێكۆڵینەوە دەكەین دەربارەی ئەوەی كە ئایا جوولەكەیش ئەوەیان فێركراوە باوەڕبهێنن بەم جۆرە قوربانیە نەفرەتلێكراوە یاخود پێیان ڕاگەیەنراوە یان نا، زیاتر پووچی ئەم بیروباوەڕەمان بۆ دەردەكەوێت؛ چونكە شتێكی ڕوون و ئاشكرایە ئەگەر خوا (سبحانه وتعالى) تەنھا خاوەنی یەك هۆكار و ئامراز بوایە بۆ ڕزگاركردنی خەڵكی بەوەی تاقە كوڕێكی هەبێت نەفرەتی هەموو تاوانباران بكەوێتە ئەستۆی و لەخاچ بدرێت وەك قوربانیەكی نەفرەتلێكراو، ئەوا شتێكی زۆر پێویست بوو ئەم قوربانیە نەفرەتییە لە تەورات و نووسراوە پیرۆزەكانی تری جوولەكەدا باسبكرایە. چونكە هیچ كەسێكی ژیر ئەوە قەبوڵ ناكات ئەو سوننەتە هەتاهەتاییەی خوا كە دایناوە بۆ ڕزگاربوونی خەڵكی بەردەوام بگۆڕدرێت و ببێت بە سوننەتێكی جیاواز لە سەردەمی تەورات و ئینجیل و قورئان و پێغەمبەرانی تردا كە لە ناوچە جیاوازەكانی زەویدا دەركەوتوون. كاتێك بە چاوی سەرنجدان و پشكنینەوە دەڕوانین دەبینین فێركاری قوربانی نەفرەتلێكراو لە تەورات و هیچ یەكێك لە كتێبە پیرۆزەكانی جوولەكەدا نەهاتووە، هەڵبەت لەم ڕۆژانەدا كۆمەڵێك نامەمان نارد بۆ هەندێ لە زانا دیارەكانی جوولەكە و داوامان لێكردن سوێند بخۆن و پێمان بڵێن ئەو فێركارییە كامەیە كە لەتەورات و نووسراوە پیرۆزەكانی تردا پێیان دراوە سەبارەت بە ڕزگاربوون؟ ئایا فێركراون كە باوەڕبهێنن بە ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی لەڕێگەی قوربانیدانی كوڕی خواوە، یان شتێكی تریان فێركراوە؟ ئەوانیش وەڵامیان دایەوە كە فێركاری تەورات سەبارەت بە ڕزگاربوون بەتەواوەتی وەكو فێركاری قورئان وایە، واتە گەڕانەوەی ڕاستەقینە و ئیستیغفار و داوای لێخۆشبوون لە تاوانەكان، وە ئەنجامدانی كردەوە چاكەكان لەبەرخاتری خوا، وە دووركەوتنەوە لە هەڵچوونە دەروونیەكان لەبەر ڕەزامەندی خوا، وە كاركردن بە بڕیار و یاساكانی و جێبەجێ كردنی فەرمان و ڕاسپاردەكانی بە گرنگیپێدانی زۆر و بەرگەگرتنی ناڕەحەتیەوە، ئەمە تاكە ئامرازی ڕزگاربوونە كە چەندین جار لەتەوراتدا باسكراوە، وە پێغەمبەرە پاكەكانی خوا هانی خەڵكیان داوە كە بە بەردەوامی دەستی پێوە بگرن و سزاكان دابەزیون بەهۆی پەیڕەونەكردنیەوە. وە ئەو زانا بەڕێزانەی جوولەكە تەنھا بەوەندە وازیان نەهێنا كە بە دوور و درێژی وەڵام بنێرن لە نامەكاندا، بەڵكو ژمارەیەك كتێبی دەگمەن و دانسقەی زاناكانی خۆیان نارد بۆم كە بەتێروتەسەلی تاوتوێی ئەم پرسە دەكەن، هێشتا ئەو كتێبانە و نامەكانیش لەلام ماون، هەر كەسێك ویستی بیان بینێت من ئامادەم ئەو كتێب و نامانەی پیشان بدەم، وە نیازم وایە هەموو ئەم بەڵگەنامانە لە كتێبێكی دوور و درێژدا تۆمار بكەم.
ئێستا پێویستە هەموو كەسێكی ژیر بەوپەڕی ویژدان و دڵپاكییەوە بیربكاتەوە و ڕابمێنێت، ئەگەر لەڕاستیدا خوای گەورە ڕایگەیاندووە یەسووعی مەسیح كوڕی خۆیەتی و نەفرەتی كەسانی تری گواستووەتەوە بۆی، وە كردوویەتی بە ئامراز و هۆكارێك بۆ ڕزگاربوونی خەڵكی لە ڕێگەی قوربانی نەفرەتییەوە، وە ئەمە ئەو فێركاریەیە كە دراوە بە جوولەكە؛ ئەوا بۆچی هەتا ئەمڕۆ جوولەكە ئەم فێركارییەیان شاردووەتەوە و بۆچی بەتوندی دژایەتی دەكەن؟ وە ئەم ڕەخنەیە بەهێزتر دەبێت كاتێك دەبینین پێغەمبەرانێكی زۆر ڕەوانە كراون لەناو جوولەكەدا بۆ نوێكردنەوەی فێركاریەكانی ئایینی جوولەكە، وە مووسا (عليه السلام) فێركاری تەوراتی ڕوونكردووەتەوە بۆ سەدان هەزار جوولەكە، ئیتر چۆن دەگونجێت جوولەكە فێركارییەكیان لەبیربچێتەوە كە لەڕێگەی زنجیرەیەكی بەردەوام و نەپچڕاوی پێغەمبەرانەوە نوێكراوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆیان؟ لەگەڵ ئەوەی فەرمانیان پێكراوە كە حوكم و ڕاسپاردەكانی خوا لەسەر قاپی و دەرگا و قۆڵی جلەكانیان بنووسن و فێری مناڵەكانیانی بكەن و لەبەریان بكەن؟ دەی ئایا ڕێی تێدەچێت مرۆڤێك كە خاوەنی ویژانێكی زیندوو بێت وەها تێبگات و بڵێت دەكرێت هەموو گروپەكانی جوولەكە سەرەڕای ئەم هۆشدارییانە ئەم فێركارییە زۆر جوانانەیان لەبیرچوو بێت كە ڕزگاربوون وەستاوە لەسەریان؟ بێگومان جوولەكە بەدرێژایی مێژوو بەردەوام گوتوویانە، نەك تەنھا ئەمڕۆ بڵێن، بنەماكانی ڕزگاربوون كە لە تەوراتدا هاتوون هەمان ئەو بنەمایانەن كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون. دیارە لەسەردەمی دابەزینی قورئانی پیرۆزدا شایەتییان داوە لەسەر ئەمە و بەردەوام هەتا ئێستا شایەتی دەدەن لەسەری. وە ئەو نامە و كتێبانە كە لەلایەن ئەوانەوە پێم گەیشتوون جەخت دەكەنەوە لەسەر هەمان شت. دەی ئەگەر جوولەكە چەمكی قوربانی نەفرەتلێكراویان فێركرابێت بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاربوون ئەوا نازانین بۆچی ئەم فێركارییەیان شاردەوە. ڕاستە ئەگەری ئەوە هەبوو كە باوەڕیان نەهێنایە بەوەی یەسووعی مەسیح كوڕی خوایە و لەخاچدانەكەیان بە لەخاچدانی كوڕی ڕاستەقینەی خوا (سبحانه وتعالى) ئەژمار نەكردایە، وە بیان گوتبا ئەو كوڕە ڕاستەقینەیە كە بە خۆبەختكردنی هەموو جیھان ڕزگار دەكات ئەم نیە بەڵكو لەداھاتوودا دەردەكەوێت؛ بەڵام ئەستەمە هەموو گروپەكانی جوولەكە لە بناغەوە ئەم فێركارییە سەرەكیە ڕەت بكەنەوە كە لەكتێبەكانیاندا نووسراوە و پێغەمبەرانی پاكی خوا بە بەردەوامی نوێیان كردووەتەوە و جەختیان لێ كردووەتەوە. گەلی جوولەكە و زانا بەڕێزەكانیان هێشتا ماون و كتێبەكانیشیان بەردەستن، بۆیە ئەگەر كەسێك گومان دەكات لەوەی دەیڵێم ئەوا دەتوانێت ڕاستەوخۆ پرسیاریان لی بكات. وە ئەو كەسەی بەشوێن ڕاستیدا دەگەڕێت بەدڵنیاییەوە لەم پرسەدا پێویستی بە شایەتیدانی جوولەكە هەیە. ئەوان یەكەم شایەتن كە بەدرێژایی سەدان ساڵ فێركاری تەوراتیان پاراستووە؟ كەواتە باوەڕبوون بە كۆمەڵێك بیروباوەڕی پووچ و نامەعقوڵی وەك كردنی بەندەیەكی لاواز بە پەرستراو بەبێ شایەتیدانی كتێبەكانی پێشوو و شوێنكەوتوانیان، یان شایەتیدانی عەقڵ، وە كردنی بە خوا و لە هەمان كاتدا كردنی بە شەیتان شیاو نیە بە مرۆڤە سروشت ساغەكان؟! پاشان كاتێك ئەم باوەڕە دەپشكنین لە ڕوانگەیەكی ترەوە، واتە لەو ڕوانگەیەوە كە باوەڕی قوربانی نەفرەتلێكراو چ سوودێكی بووە بۆ ئەو كەسانەی باوەڕیان پێیەتی لەگەڵ ئەوەی دژی فێركاریەكانی تەوراتە كە جوولەكە لە كۆنەوە بە میراتی بۆیان ماوەتەوە، واتە تاوانی تاوانبارێك بخرێتە ئەستۆی كەسێكی تر و ئەژماركردنی كەسێكی پاك و ڕاستگۆ بە كەسێكی نەفرەتلێكراو و لادەر و دوور لە خوا (سبحانه وتعالى) و دۆستی شەیتان چ سوودێكی هەبووە؟ وە ئایا بەهۆی ئەم باوەڕەوە دەستیان هەڵگرتووە لە ئەنجامدانی تاوان یان ئایا چاوپۆشی كراوە لە هەموو تاوانەكانیان؟ ئەوسا زیاتر پووچی ئەم باوەڕە دەردەكەوێت، چونكە شتێكی بەڵگەنەویستە دەستهەڵگرتنیان لە تاوان و گەیشتنیان بە پاك و خاوێنی ڕاستەقینە پێچەوانەی واقیع و ڕاستیە چەسپاوەكانە؛ چونكە بەگوێرەی باوەڕی مەسیحیەت داوودیش (عليه السلام) باوەڕی بە كەفارەتی یەسووع هەبووە، بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەو باوەڕەدا كەسێكی بێ تاوانی كوشت، بەگوێرەی قسەی مەسیحییەكان، پەنا بەخوا، بۆ ئەوەی زینا بكات لەگەڵ بێوەژنەكەیدا، وە پارە و ماڵی گەنجینەی دەوڵەتی خەرج كرد بۆ تێركردنی حەزە دەروونیەكانی خۆی، وە سەد ژنی هێنا و هەتا كۆتا ڕۆژەكانی ژیانی هەموو ڕۆژێك بەردەوام تاوانی ئەنجام دەدا بەوپەڕی چاوقاییمیەوە. دەی ئەگەر قوربانی نەفرەتلێكراوی یەسووع ڕێگری بكردایە لە ئەنجامدانی تاوان؛ ئەوا بەپێی قسەی خۆیان داوود تا ئەم ڕادەیە نوقم نەدەبوو لە تاواندا. هەروەها گوتراوە سێ داپیرەی یەسووع لەدایكیەوە تاوانی قێزەونی زینایان ئەنجام داوە، دەی شتێكی ڕوون و ئاشكرایە ئەگەر باوەڕبوون بە قوربانی نەفرەتلێكراوی یەسووع پەیوەندی هەبوایە بە خاوێنی ناخەوە ئەوا داپیرەكانی یەسووع سوودیان لێ وەردەگرت و ئەم تاوانە ئابڕووبەرەیان ئەنجام نەدەدا. وە هەروەها حەواریەكانی یەسووع پاش باوەڕهێنانیان كۆمەڵێك تاوانی قێزەونیان ئەنجامدا، بەجۆرێك یەهوزای ئیسخریوتی لەبەرامبەر سی پارچە زیودا یەسووعی فرۆشت، وە پەترۆس ڕووبەڕوو سێ جار نەفرەتی لێ كرد و ئەوانی تریش هەموویان ڕایانكرد و هەڵهاتن و وازیان لێهێنا. وە ئاشكرایە كە نەفرەتكردن لە پێغەمبەر تاوانێكی گەورەیە. وە تاوانی زینا و ئالوودەبوون بە خواردنەوەی مەی كە لەم چەرخەی ئێستادا تێبینی دەكرێت لە ئەوروپادا پێویستی بە لێدوان نیە. لە نووسراوێكی پێشوودا، بە گواستنەوە لە ڕۆژنامە ئەوروپییەكانەوە، نموونەی كۆمەڵێك قەشەمان هێنایەوە كە تاوانباربوون بە ئەنجامدانی زینا. وە لە هەموو ئەم ڕووداوانەوە بە ئاشكرا دەچەسپێت قوربانی نەفرەتلێكراو نەیتوانیوە مەسیحییەكان بگێڕێتەوە لە ئەنجامدانی تاوان.
وە لایەنی دووەمی ئەم پرسە ئەوەیە ئەگەر ئەم قوربانیە نەفرەتیە ڕێگری ناكات لە ئەنجامدانی تاوان، ئایا ڕاستە بەهۆیەوە هەموو تاوانەكان دەسڕێنەوە و لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە؟ وەك ئەوەی ئەم قوربانیە نەفرەتیە ڕەچەتەیەك بێت توانا بدات بە كەسێكی چەتوون و بێ ئابڕوو كە بەناحەق خەڵكی بكوژێت یان دزی بكات یان زیان بگەیەنێت بە ماڵ و سامان یان گیانی یاخود شەرەفی كەسانی تر لەڕێگەی شایەتیدانی ساختەوە یان ماڵی كەسێك زەوت بكات، پاشان بەهۆی باوەڕهێنانی بەم قوربانیە نەفرەتییە بتوانێت مافی بەندەكان بخوات. هەروەها بتوانێت ڕزگاری بێت لە سزای توندی خوایی ئەگەرچی بەردەوام بێت لەسەر زینا تەنھا بەهۆی داننان بە قوربانی نەفرەتیدا. ئاشكرایە ئەستەمە ئەمە ڕاست بێت، بەڵكو پەنابردن بۆ ئەم قوربانیە نەفرەتیە پاش ئەنجامدانی تاوانەكان كاری كەسانی بەدكار و بێ ئابڕووە. وا دەردەكەوێت پۆڵسیش هەندێ گومانی هەبوو بێت لە ڕاستی و دروستی ئەم بیروباوەڕە، بۆیە دەڵێت: بێگومان فیداكاری یەسووع تەنھا لەپێناوی تاوانی یەكەمی بۆ ماوەییدایە و هەرگیز جارێكی تر یەسووع لەخاچ نادرێت [مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەمانا ئەم قسەیەی گواستووەتەوە، سەرچاوەكەی بریتیە لە: (نامە بۆ عیبرانیەكان 6: 1-6) مانا و ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە كە ئەوانەی پاش باوەڕهێنان بە فیداكاری و قوربانیدانی مەسیح دەكەونەناو چاڵی تاوانەوە و تاوان دووبارە دەكەنەوە لەدواییدا ناتوانن سوود وەربگرن لە قوربانیدانی مەسیح؛ چونكە تاوانە تازەكانیان وا پێویست دەكات جارێكی تر مەسیح لەخاچ بدرێت، وە ئەمەش هەرگیز ڕوونادات. لەبەرئەوە بەهۆی كردەوە خراپەكانیانەوە شایستەی ئاگرێكی سووتێنەر دەبن وەك چۆن دڕك و داڵی زیانبەخش دەسووتێت. (وەرگێڕی عەرەبی)].
بەڵام پۆڵس بەهۆی ئەم قسەیەیەوە كۆمەڵێك گرفتی قورسی تووشی خۆی كردووە؛ چونكە ئەگەر ڕاست بێت قوربانی نەفرەتلێكراوی یەسووع تەنھا بۆ تاوانەكانی پێشوو بووە ئەوا پێغەمبەر داوود بە شایستەی دۆزەخی هەتاهەتایی لەقەڵەم دەدرێت، پەنا بە خوا، چونكە بەگوێرەی قسەی مەسیحییەكان سەرەتا زینای كرد لەگەڵ ژنەكەی ئورییا و پاشان لەماڵی خۆیدا هێشتیەوە بەدرێژایی ژیان بەبێ ئیزنی خوایی. هەروەك ئەم ئافرەتە بەیەكێك لە دایكانی مەریەم و پاشان داپیرەی پاكی یەسووع لەقەڵەم دەدرێت، هەروەك سەد ژنیشی هێنا كە كارێكی ناشەرعیە بەگوێرەی وتەی مەسیحییەكان، كەواتە تاوانەكەی یەك جار نەبوو (پاش بەناو باوەڕهێنانی بەقوربانیدنی مەسیح) چونكە بەدرێژایی ژیانی چەندین جار تاوانەكەی ئەنجامداوە و هەموو ڕۆژێك دووبارەی كردووەتەوە. دەی ئەگەر قوربانی نەفرەتی توانای ڕێگریكردنی نیە لە تاوان و گومانی تێدانیە كە مەسیحییە ئاساییەكانیش هەمیشە تاوانیان كردووە هەروەك ئەمڕۆ دەیكەن، ئەوا تاوانەكانی دواتریان بەگوێرەی بیروباوەڕی پۆڵس شیاوی لێبوردن نیە و سزاكەی دۆزەخی هەمیشەییە، بۆیە لەم دۆخەدا هیچ مەسیحییەك شایستەی ڕزگاربوون نیە لە دۆزەخی هەتاهەتایی. پێویست ناكات دوور بڕۆین، بۆ نموونە با بەڕێز سیراجەددین سەیری هەلومەرجی تایبەتی خۆی بكات؛ بەجۆرێك سەرەتا باوەڕی وابوو كە كوڕی مەریەم كوڕی خوایە و بەناوی قوربانی نەفرەتیەوە خۆی لەئاوهەڵكێشا، پاشان هات بۆ قادیان و سەرلەنوێ موسوڵمان بوویەوە و دانی بەوەدا نا كە پەلەی كردووە لە خۆلەئاوهەڵكێشاندا. وە بەردەوام نوێژی دەكرد و چەندین جار لەبەردەمی مندا دانی نا بەوەدا كە بەتەواوەتی بۆی دەركەوتووە بیروباوەڕی كەفارەت پووچە و بە بیروباوەڕێكی هەڵەی دەزانێت. لەگەڵ ئەوەدا پاش گەڕانەوەی لە قادیان كەوتەناو داوی قەشەكانەوە و جارێكی تر بوویەوە بە مەسیحی، دەی با ئێستا بەڕێز سیراجەددین بیربكاتەوە لەخۆی كاتێك بە وتە و كردەوە هەڵگەڕایەوە لە ئایینی مەسیحی پاش خۆلەئاوهەڵكێشان، دیارە تاوانبارە بەتاوانی دووەم لەبەر ڕۆشنایی بیروباوەڕی مەسیحییەكاندا واتە بۆ جاری دووەم تاوانی ئەنجامدا، وە ئەم تاوانە بەگوێرەی قسەی پۆڵس لێخۆشبوونی بۆ نیە چونكە لەخاچدانێكی تر دەخوازێت.
وە ئەگەر دەڵێن پۆڵس هەڵەی كرد یان درۆی كرد و ڕاستیەكە ئەوەیە كە تاوان بە تاوان نامێنێتەوە پاش باوەڕهێنان بە قوربانی نەفرەتلێكراو، بۆیە هەرچەند دزی بكەن یان زینا بكەن یان بكوژن بەناحەق یان درۆ بكەن یان هەر تاوانێكی تر بكەن سزا نادرێن لەسەری؛ ئەوا ئەو ئایینەی ئەم جۆرە فێركاریەی تێدایە بەدڵنیاییەوە تاوانبارە بە هاندانی خراپە و بەدكاری بڵاودەكاتەوە، و دەبێت حكومەتی ئەو سەردەمە دەستەبەر و بەڵێن وەربگرێت لەو كەسانەی دەستیان گرتووە بەم جۆرە ئایینەوە. وە ئەگەر یەكێكیان سوور بوو لەسەر ئەوەی هەر كەسێك باوەڕی بە قوربانی نەفرەتلێكراو هەبێت پاك و خاوێنی ڕاستەقینە بەدەست دەهێنێت و ڕزگاری دەبێت لە هەموو تاوانێك، ئەوا ئێمە پێشتر ئەم بیرۆكەیەمان هەڵوەشاندەوە و سەلماندمان بە هیچ شێوەیەك ڕاست و دروست نیە، وە كەمێك پێش ئێستا تاوانی پێغەمبەر داوود و تاوانی داپیرەكانی یەسووع و تاوانی حەوارییەكان و قەشەكانمان تۆماركرد، وە هەموو كەسێكی شارەزا دەزانێت خەڵكی ئەوروپا لەم ڕۆژانەدا پلەی یەكەمیان بەدەست هێناوە لە ئەنجامدانی تاوان و سەرپێچیدا. وە تەنھا بانگەشە كردنی ئەوەی كە فڵان كەس بێ تاوانە نایسەلمێنێت كە لەڕاستیدا وەهایە. دیارە زۆرێك لە كەسانی بێ ئابڕوو و حەرام خۆر و زیناكار و كەسانی بێ شەرم حەیا و ئالوودەبوو بە مەی و نكوڵیكارانی بوونی خوا دەكرێت لەڕواڵەتدا خۆیان وەها دەربخەن كە بەپاك و خاوێنی دەژین، بەڵام ناخیان وەكو گۆڕ وایە كە تەنھا تەرمێكی بۆگەن و بڕێك ئێسكی ڕزیوی تێدایە.
پاشان لەجێگای خۆیدا نیە باوەڕمان وابێت كە هەموو ئەندامانی گەل و نەتەوەیەك بەسروشتی خۆیان چاكن یان خراپ و بێ ئابڕوون، بەڵكو ئێمە تێبینی دەكەین یاسای خوا (سبحانه وتعالى) ئەم مافەی داوە بە هەموو گەلێك كە بانگەشەی ئەوە بكات هەروەك چۆن هەندێ خەڵكی تێدایە بەسروشتی خۆیان ڕەوشت نزم و شەڕانگێز و دەروون پیس و خراپەكارن، لەبەرامبەر ئەمانەیشدا خەڵكانێكی تر هەن بەسروشتی خۆیان دڵپاك و نەرمونیان و ڕەوشت بەرز و ئاكار جوانن و كردەوەی چاكیش ئەنجام دەدەن، وە نە هیندۆس و نە ئاگرپەرست و نە جوولەكە و نە سیخ و نە شوێنكەوتووانی بوودا لەدەرەوەی ئەم یاسایە نین، تەنانەت ئەم سوننەتە توێژە نزمەكانیش دەگرێتەوە لە كۆمەڵگادا. وە بەئەندازەی پێشكەوتنی گەل لەڕووی شارستانی و ڕەوشت بەرزییەوە كۆمەڵگاكەشیان ڕەنگی سەربەرزی و زانست و شكۆ دەگرێت، وە ئەو كەسانەیشیان كە سروشتیان ساغە ناوبانگ پەیدا دەكەن بەهۆی پاكێتی و چاكەخوازیی و پێشەنگی و ڕەوشتی نموونەییانەوە.
ئەگەر هەندێ خەڵك لەهەموو گەل و نەتەوەیەكدا بە سروشت و فیترەتی خۆیان چاك نەبووبن ئەوا تەنھا بەهۆی گۆڕینی ئایین یان بیروباوەڕەوە ئەم چاكیە تێیاندا دروست نەدەبوو، چونكە سوننەتی خوایی سروشت ناگۆڕێت، وە ئەگەر كەسێك تامەزرۆ و شەیدا بێت بۆ ڕاستی ئەوا چاری نامێنێت جگە لە داننان بەوەدا كە ئەم دابەشكردنە لە سروشتەكاندا ماوەیەكی زۆر پێش هەبوونی ئایین لەلایەن خواوە پەیدابووە بەجۆرێك هەندێ كەس بەسروشتی خۆیان پشكێكی زۆر لە بەزەیی و خۆشەویستییان بەركەوتووە، وە هەندێكی تریان زیاتر توندوتیژ و تووڕەن. وە ئایین مرۆڤ فێردەكات پێویستە خۆشەویستی و گوێڕایەڵی و ڕاستگۆیی و وەفاداریی -كە بتپەرستێك یان مرۆڤ پەرستێك دەریدەبڕێت بۆ دروستكراوێك لە شێوەی بەندایەتیدا- پیشان بدات بۆ خوا (سبحانه وتعالى)، وە پێویستە بە هەمان شێوە ئەو دڵسۆزی و وەفادارییە پیشان بدات لەپێناوی ڕێبازەكەیدا. بەڵام پرسیاركردن دەربارەی كاریگەری ئایین لەسەر هێزە مرۆییەكان، ئینجیل، چونكە دوورە لە ڕێگاكانی حیكمەتەوە، وەڵامی ئەم پرسیارەی نەداوەتەوە. بەڵام قورئانی پیرۆز چەندین جار بە تێروتەسەلی وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە. وە شەرحی كردووە كە ئەركی ئایین ئەوە نیە هێزە سروشتیەكانی مرۆڤ بگۆڕێت و گورگ بكات بە مەڕ، بەڵكو ئامانجی داواكراوی ئایین ئەوەیە ڕێنمایی مرۆڤ بكات بۆ بەكارهێنانی هێز و توانا سروشتیەكانی لە شوێنی گونجاوی خۆیاندا و بەگوێرەی داخوازییەكانی هەلومەرج و بارودۆخ. بۆیە ئەركی ئایین ئەوە نیە هێزە سروشتیەكانی مرۆڤ بگۆڕێت، بەڵكو ئەركەكەی ئەوەیە مرۆڤ ئاراستە بكات بۆ بەكارهێنانی دروستی ئەو هێزانە لە شوێنی گونجاودا. وە جەخت نەكاتەوە لەسەر یەك هێز بۆ نموونە وەكو بەزەیی و لێبوردن، بەڵكو پێویستە فەرمان بكات بە بەكارهێنانی هەموو هێزەكان چونكە لەناو هێزە مرۆییەكاندا هیچ هێزێك نیە لەخودی خۆیدا خراپ بێت، بەڵكو بەكارهێنانی بەشێوەیەكی هەڵە یان زیادەڕەوی كردن تێیدا بەشێوەی ئەرێنی یان نەرێنی ئەو هێزە خراپ دەكات. وە بێگومان ڕەوا نیە سەرزەنشتی كەسێك بكرێت بەهۆی هێز و توانا سروشتیەكانیەوە ئەگەر بە خراپی بەكاریان نەهێنێت. بەكورتی؛ خوای گەورە خوایەكی بەخشندەیە و هێزە سروشتیەكانی بەیەكسانی دابەشكردووە بەسەر هەموو گەلاندا، هەروەك چۆن لووت و چاو و دەم و دەست و قاچ و ئەندامەكانی تری داوە بە هەر تاكێكی هەموو گەلانی جیهان، بەهەمان شێوە هێزە ناوەكییەكانیشی داوە بە هەموویان، وە لە هەموو گەل و نەتەوەیەكدا كەسانێكی چاك و خراپ هەن بەگوێرەی بەكارهێنانی ئەو هێز و توانایەنە بەشێوەیەكی مامناوەند یان بەشێوەیەك زیادەڕەوی ئەرێنی یان نەرێنی تێدا بێت. بەڵام هەرگیز ناچەسپێت گەلێك چاك بن بەهۆی كاریگەری ئایینەكەیان تێیاندا یان ئایینێكی دیاریكراو بناغەی ڕەوشت بەرزی شوێنكەوتووانی بێت، مەگەر هەندێ لە شوێنكەوتووە كامڵەكانی ئەو ئایینە بتوانن ئاستێكی ڕۆحی وەها بڵند بەدەست بهێنن كە هاوشێوەی نەبێت لە ئایینەكانی تردا. وە من بەوپەڕی دڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنم كە ئەم تایبەتمەندیە تەنھا لەئیسلامدا هەیە. بێگومان ئیسلام توانیویەتی هەزاران هەزار كەس بگەیەنێتە ژیانی پاك و خاوێن و بڵند بەڕادەیەك كە دەتوانین بڵێین ڕۆحی خوای گەورە نیشتەجێ بووە تێیاندا، وە نووری قەبوڵكردنی خوا درەوشاوەتەوە تێیاندا وەك ئەوەی كۆمەڵێك دەركەوتەی نوێی درەوشانەوەكانی خوا بن، بێگومان ئەو كەسانە لەهەموو سەدەیەكی ئیسلامیدا دەركەوتوون، وە ئەمە تەنھا بانگەشەیەكی بێ بەڵگە نیە، بەڵكو بەردەوام خوا (سبحانه وتعالى) شایەتی داوە لەسەرئەوەی كە ژیانیان پاكوخاوێن بووە.
هەڵبەت خوا (سبحانه وتعالى) لە قورئانی پیرۆزدا نیشانەی ئەو كەسانەی خستووەتەڕوو كە ژیانی پاك و خاوێنیان هەیە: موعجیزەكان لەم جۆرە مرۆڤانەوە دەردەكەون، وە خوا نزایان گیرا دەكات و قسەیان لەگەڵدا دەكات و پێشوەختە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداریان دەكات لە هەواڵە نادیارەكان و پشتگیرییان دەكات. لە مێژووی ئیسلامدا هەزارەها كەسی لەم جۆرە دەبینین. وە منی بەندەی خۆبەكەمزان لەم سەردەمەدا هاتووم بۆ پێشكەشكردنی نموونە و چەسپاندنی ئەم سیفەتانە، وە ئەو مەسیحییانە لەكوێن و لە چ وڵاتێكدا نیشتەجێن كە ئەم كەماڵەیان بەدەستهێناوە و دەتوانن باوەڕی ڕاستەقینە و ژیانی پاك و خاوێنیان بچەسپێنن بەگوێرەی ئەو نیشانانەی ئینجیل باسی كردوون بۆ باوەڕدار؟ كەواتە هەموو شتێك بە ئەنجامەكەیدا دەناسرێتەوە هەروەك چۆن درەخت بە بەرەكەیدا دەناسرێتەوە. بەڵام ئەگەر نیشانەكان بوونی ژیانی پاك و خاوێن نەسەلمێنن ئەوا تەنھا بانگەشە و پڕوپاگەندەی بوونی ئەم ژیانە بانگەشەیەكی پووچ و بێ بنەمایە.. ئایا ئینجیل كۆمەڵێك نیشانەی باس نەكردووە بۆ باوەڕی ڕاست و دروست؟ ئایا ئەم نیشانانەی بە موعجیزە وەسف نەكردووە؟ جا ئەگەر نیشانەكانی باوەڕدارە ڕاستگۆكان لەئینجیلدا هاتوون ئەوا پێویستە هەموو ئەو مەسیحییانەی بانگەشەی ژیانی پاك و خاوێن دەكەن تاقیبكرێنەوە بەگوێرەی ئەو نیشانانەی لەئینجیلدا هاتوون، كەواتە بەراوردی قەشەیەكی مەزن بكە بە موسوڵمانێكی ئاسایی لەڕووی نووری ڕۆحانیەت و پەسەندبوون لای خوا، پاشان ئەگەر بەشێكی كەم لە نووری ئاسمانی بوونی هەبوو لەو قەشەیەدا لەبەرامبەر ئەو موسوڵمانەدا ئەوا ئێمە شایستەی هەر سزایەكین، لەبەرئەوە چەندین جار ڕاگەیاندنم بڵاوكردووەتەوە لەم بارەیەوە وەك تەحەددا لەبەرامبەر مەسیحییەكاندا. وە دەتوانم بەوپەڕی بەڕاستی و دروستیەوە بڵێم -وە پەروەردگارم شایەتە كە هیچ گومانێك لە زیهنمدا نیە- باوەڕی ڕاستەقینە و ژیانی چاك و پاكی ڕاستەقینە كە بەهۆی نووری ئاسمانییەوە دەستدەكەوێت تەنھا بەهۆی ئیسلامەوە پەیدادەبێت، وە ئەو ژیانە چاك و پاكەی بەدەستمان هێناوە تەنھا خۆهەڵكێشان و بانگەشەیەك نیە لەلایەن خۆمەوە، بەڵكو نیشانە ئاسمانیەكان شایەتی دەدەن لەسەری. بۆیە چەسپاندنی پاكێتی ژیانی كەسێك، یان ئاشكرابوونی دووڕوویی و بێ باوەڕیە شاراوەكەی، شتێكی ئەستەمە بەبێ یارمەتی بەڵگە و شایەتیدانی ئاسمانی. بەڵام لەبەرئەوەی كۆمەڵگا لە یەك جەستە دەچێت بۆیە ئەگەر لەناو گەلێكدا كەسانێكی دڵپاكی خاوەن بەڵگەی ئاسمانی هەبوون، ئەوا دەتوانین ئەوە هەڵێنجین كە تاكەكانی ئەو گەل و كۆمەڵگایە ئەوانیش دەتوانن بگەنە ژیانێكی پاكوخاوێن، وە تەنھا لەیەك نموونەوە ساغدەبێتەوە كە ئەم گەلە دەتوانێت ژیانێكی ئاسمانی پاك و خاوێن بەدەستبهێنێت. [بێگومان بەڵگەهێنانەوە بە چیرۆكی ڕابردوو لەم بارەیەوە هیچ سوودێكی نیە، بەڵكو پێویستە مەسیحیەكان كۆمەڵێك نموونە بهێننەوە لەم سەردەمەی ئێستادا. نووسەر]
بەگوێرەی ئەم بنەمایە ئاگاداری و ڕاگەیاندێكی یەكلاكەرەوەم بڵاوكردەوە لەبەرامبەر مەسیحییەكاندا، ئەگەر حەقیان دەوێت ئەوا با ئاوڕی لێبدەنەوە، هەڵبەت ئێستایش دەڵێم مەسیحییەكان و موسوڵمانایش بانگەشەی ژیانی پاكوخاوێن دەكەن. وە ئەو بابەتەی كە ئێستا شایستەی لێدوان و گفتوگۆیە ئەوەیە كە لەڕاستیدا باوەڕی كام لەم دوو گروپە لای خوا پەسەند و وەرگیراوە و ژیانی كامیان پاك و خاوێنە؟ وە باوەڕی كامیان تەنھا كۆمەڵێك بیروباوەڕی شەیتانیە و بانگەشكردنی ژیانی پاك و خاوێن لەلایەن كامیانەوە وەهمێكە لە كوێری ڕۆحیەوە سەرچاوەی گرتووە؟ كەواتە بەڕای من تەنھا ئەو باوەڕە ڕاست و دروستە كە كۆمەڵێك بەڵگەی ئاسمانیی پشتگیری دەكات و شوێنەوارەكانی پەسەندبوونی خوایی تێیدا بەدی دەكرێت. بەهەمان شێوە، ژیانی پاك و خاوێنی ڕاستەقینە ئەوەیە كە كۆمەڵێك نیشانەی ئاسمانی شایەت بن لەسەری، بۆیە ئەگەر تەنھا بانگەشە قەبوڵ بێت ئەوا هەموو گەلێك لەجیھاندا بانگەشەدەكات كە زۆرێك لەو كەسە مەزنانەی خاوەنی ژیانی پاك و خاوێن بوون لە ڕابردوودا لەناویدا هەبوون و بەردەوامیش لەناویدا هەن. بەڵكو ئەوان هەندێ كار و كردەوەی دەراسای ئەو كەسانە پێشكەش دەكەن كە هەمیشە ئەستەمە بۆ ئێمە لێیانەوە بڕیار بدەین لە ڕاستی ناوەڕۆكەكانیان. جا ئەگەر مەسیحییەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە باوەڕ و ژیانی چاك و پاك لەڕێگەی باوەڕھێنان بە كەفارەتەوە دەستدەكەوێت، ئەوا پێوستە لەسەریان بێن و كێبڕكێم لەگەڵدا بكەن لە گیرابوونی دوعا و پیشاندانی نیشانە دەراساكاندا. جا ئەگەر پاكێتی ژیانیان ساغبوویەوە لە میانەی پیشاندانی نیشانە ئاسمانیەكانەوە؛ ئەوا من هەموو سزایەك و هەموو جۆرە سووكی و ڕسواییەك قەبوڵ دەكەم. بەڵام من بەوپەڕی دڵنیاییەوە ڕایدەگەیەنم ژیانی ڕۆحی مەسیحییەكان زۆر پیس و پۆخڵە، وە ئەو خوا پاك و پیرۆزەی كە پەروەردگاری ئاسمانەكان و زەویە بێزی دێتەوە لە بیروباوەڕەكانیان وەك چۆن ئێمە بێزمان دێتەوە لە لاكی تۆپیوی بۆگەن. وە ئەگەر ئێوە باوەڕتان وایە من لەم ڕاگەیاندنەمدا درۆ دەكەم و خوا لەم قسەیەمدا لەگەڵمدا نیە ئەوا وەرن و بە هێمنی و نەرمونیانیەوە لەگەڵمدا بڕیار بدەن. جارێكی تر دووپاتی دەكەمەوە كە مەسیحییەكان هەرگیز ئەو ژیانە پاك و خاوێنەیان نیە كە لەئاسمانەوە دادەبەزێت و دڵەكان ڕووناك دەكاتەوە، بەڵكو پارێزكارەكانیان وەك گوتم تەنھا ئەوانەن كە بەسروشتی خۆیان پاك و خاوێنن، وە ئەم جۆرە كەسانە لەناو هەموو ئایینێكدا هەن، بەڵام لێرەدا گفتوگۆ ناكەم لەسەر چاكی و پاكی سروشتی، وە خەڵكی چاك و پاكی لەم جۆرە بەنزیكەیی لەهەموو نەتەوە و كۆمەڵگایەكدا هەن، وە تەنانەت توێژە نزمەكانیش خاڵی نین لەم جۆرە كەسانە؛ بەڵكو دەربارەی ژیانی پاك و خاوێنی ئاسمانی قسەدەكەم كە لەكەلامی خوای زیندووەوە پەیدادەبێت، وە لەئاسمانەوە دادەبەزێت و بە كۆمەڵێك نیشانەی ئاسمانیی جیادەكرێتەوە، ئەمەیە كە لەناو مەسیحییەكاندا بوونی نیە. كەواتە با كەسێك تێمان بگەیەنێت چ سوودێكیان وەرگرتووە لە قوربانی نەفرەتلێكراو؟
ئێستا پاش باسكردنی ئەم ڕێگایەی ڕزگاربوون بە تێروتەسەلی كە مەسیحییەكان دەیدەنەپاڵ یەسووع، بەشێوەیەكی سروشتی پرسیارێك دروست دەبێت: ئایا ئەركی پێغەمبەری ئێمەش (ﷺ) پێشكەشكردنی خۆشەویستی نەفرەتلێكراو و قوربانی نەفرەتلێكراو بوو بۆ پاكبوونەوە و ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی یان ڕێگای تری خستووەتەڕوو بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە؟ وەڵامەكە ئەوەیە ئیسلام بەتەواوەتی پاك و بێگەردە لەم ڕێگا پیس و چەپەڵە بۆ هێنانەدی ڕزگاربوون. وە هیچ بیرۆكەیەك ناخاتەڕوو بۆ قوربانی نەفرەتلێكراو و خۆشەویستی نەفرەتلێكراو، بەڵكو فێرمان دەكات كە بە گیانی خۆمان قوربانیەكی پاك پێشكەش بكەین بۆ بەدەستهێنانی پاكێتی ڕاستەقینە كە بە ئاوی دڵسۆزی شۆردراوە و پاكبووەتەوە بە ئاگری ڕاستگۆیی و ئارامی وەك خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت: ﴿بَلَىٰ ۚ مَنۡ أَسۡلَمَ وَجۡهَهُۥ لِلَّهِ وَهُوَ مُحۡسِنٞ فَلَهُۥٓ أَجۡرُهُۥ عِندَ رَبِّهِۦ وَلَا خَوۡفٌ عَلَيۡهِمۡ وَلَا هُمۡ يَحۡزَنُونَ﴾ [البقرە: 113] واتە ئەو كەسەی خۆی فڕێدەداتە بەرقاپی خوا و ژیانی خۆی تەرخان دەكات لەپێناویدا و چوست و چالاك دەبێت لە ئەنجامدان و بەدەستهێنانی كردەوەی چاكدا پاداشتی خۆی بەدەستدەهێنێت لە سەرچاوەی نزیكبوونەوەی خوایی، وە ئەم جۆرە كەسانە نە دەترسن و نە خەمیش دەخۆن. واتە ئەو كەسەی هەموو بەهرە و لێهاتوویەكانی بەكاردەهێنێت لەپێناوی خوای گەورەدا و گوفتار و كردار و جووڵە و وەستان و ژیانی هەمووی تەرخان دەكات بۆ خوا، وە چالاكە لە ئەنجامدان و بەدەستهێنانی چاكە و خێری ڕاستەقینەدا؛ ئەوا خوا لەلایەن خۆیەوە پاداشتی خێری دەداتەوە و ڕزگاری دەكات لە ترس و خەفەت.
وە بزانن وشەی ئیسلام كە لێرەدا هاتووە لە شوێنێكی تردا قورئانی پیرۆز ناویناوە جێگیربوون لەسەر ڕێگای ڕاست، هەروەك ئەم دوعایەمان فێردەكات ﴿ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ * صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾ واتە جێگیرمان بكە لەسەر ڕێگای ڕاست، ڕێگای ئەوانەی لەلایەن تۆوە نیعمەتەكانیان بەدەستهێناوە و دەرگاكانی ئاسمانیان بۆ كراوەتەوە. وە بۆ ئەوەی تێبگەین لە هۆكاری بوونی هەر شتێك سەرەتا پێویستە لەسەرمان ئامانجی داواكراوی ئەو شتە دیاری بكەین، وە ئامانجی داواكراو لە دروستبوونی مرۆڤ ئەوەیە كە لەپێناوی خوادا دروستكراوە. وە بەو پێیەی مرۆڤ دروستكراوە بۆ ئەوەی هەتاهەتایە تەسلیم بێت بە ئیرادەی خوا بۆیە پێویستە لەسەری بەوپەڕی دڵسۆزی و گوێڕایەڵیەوە مل كەچ بكات بۆی، وە كاتێك بەهەموو هێز و بەهرە و لێهاتوویەكانیەوە خۆی تەرخان دەكات بۆ خوا؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە خوایش (سبحانه وتعالى) نیعمەت دەڕێژێت بەسەریدا. ئەمە بە دەربڕینێكی تر بریتیە لە ژیانی پاك و خاوێن. هەروەك ئێوە دەزانن كاتێك پەنجەرە دەكەنەوە بەڕووی خۆردا ئەوا تیشكی خۆر لەپەنجەرەكەوە دێتە ژوورەوە، بەهەمان شێوە كاتێك مرۆڤ بەوپەڕی ملكەچییەوە ڕوودەكاتە خوا (سبحانه وتعالى) و هیچ پەردەیەك لەنێوانیاندا نامێنێت ئا لەو كاتەدا لەپڕ بڵێسەیەكی نوورانی دادەبەزێتە سەری، ئەم بڵێسە نوورانیە هەموو قەوارەی ڕووناك دەكاتەوە و پاكی دەكاتەوە لە هەموو پیسی و پۆخڵیە نادیارەكان، ئیتر دەبێت بە مرۆڤێكی نوێ، وە گۆڕانكارییەكی گەورە تێیدا دەردەكەوێت، وە لەو كاتەدا دەوترێت ئەم كەسە ژیانی پاك و خاوێنی بەدەستهێناوە.
بێگومان شوێنی پەیداكردنی ئەم ژیانە پاك وخاوێنە بریتیە لە دنیا هەروەك خوای گەورە لەم فەرمایشتەی خۆیدا ئاماژەی پێداوە: ﴿وَمَن كَانَ فِي هَٰذِهِۦٓ أَعۡمَىٰ فَهُوَ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ أَعۡمَىٰ وَأَضَلُّ سَبِيلٗا﴾ [الإسراء: 73] واتە ئەوەی لەم دنیایەدا كوێر بێت و بێ بەش بێت لە ڕووناكی بۆ بینینی خوا ئەوا لە دواڕۆژیشدا كوێر دەبێت. بەكورتی؛ بێگومان ئەو توانا و هەستەوەرانەی كە مرۆڤ پێویستی پێیان هەیە بۆ بینینی خوا پێویستە لەم جیهانەوە لەگەڵ خۆیدا بیانبات بۆ جیهانەكەی تر. وە ئەو كەسەی ئەم هەستەوەرانە پەیدا نەكات لەم جیهانەدا و باوەڕەكەی تەنھا لەسەر چیرۆك و ئەفسانە دامەزرابێت؛ ئەوا دەكەوێتەناو تاریكایی هەمیشەییەوە. مەبەستەكە ئەوەیە كە خوا (سبحانه وتعالى) فێری كردووین -بۆ دەستكەوتنی ژیانی پاك و خاوێن و بەدەستهێنانی ڕزگاربوونی ڕاستەقینە- پێویستە بەتەواوەتی ببین بە موڵكی ئەو، وە بە ئەمەكێكی ڕاستگۆیانەوە لەبەردەم دەرگاكەیدا دەمەوڕوو بكەوین و دووربكەوینەوە لە بێ شەرمی لەقەڵەمدانی دروستكراوێك بە خوا، تەنانەت ئەگەر كوژراین و پارچە پارچە كراین، یان بە زیندوویی ئاگریان تێ بەرداین. وە پێویستە بەڕشتنی خوێنی خۆمان جەخت بكەینەوە لەسەر باوەڕبوونمان بە خوا (سبحانه وتعالى)، لەبەرئەوە خوا (سبحانه وتعالى) ئایینەكەی ئێمەی ناوناوە ئیسلام بۆ ئەوەی ئاماژە بدات بەوەی كە ئێمە دەمەوڕوو كەوتین لەبەر قاپی خوادا و خۆمان ڕادەست كرد. بێگومان یاسای سروشت بەجوانی شایەتی دەدات لەسەر ئەوەی كە ئەو ڕێگایەی قورئانی پیرۆز پێشكەشی كردووە بۆ دەستكەوتنی پاكێتی و ڕزگاربوونی ڕاستەقینە هەمان ئەو ڕێگایە پیادە دەبێت بەسەر جیھانی ماددیشدا؛ بەجۆرێك ڕۆژانە تێبینی ئەوە دەكەین كە هەموو ئاژەڵ و درەختەكان نەخۆشدەكەون بەهۆی وەرگرتنی خۆراكی پیس و خراپ و وەرنەگرتنی خۆراكی پاك و چاكەوە، وە چارەسەرەكەی لە سروشتدا ئەوەیە شتە چاك و پاكەكان ئامادە بكرێن بۆ خۆراك و ڕێگری بكرێت لە زیانبەخش و بێبایەخەكان. بۆ نموونە سەیری درەختەكان بكەن، دوو سیفەتیان هەیە بۆ پارێزگاری كردن لە تەندروستییان، یەكێكیان ئەوەیە كە ڕەگەكانی لەزەویدا دەشارێتەوە و بەقووڵاییدا ڕۆدەچن بۆ ئەوەی دانەبڕێت لە زەوی و وشك نەبێت، دووەمیان ئەوەیە ئاوی زەوی دەمژێت لەڕێگەی ڕەگە وردەكانیەوە و بەم جۆرە گەشە دەكات، وە چاودێری خوایی هەمان ئەم یاسایەی سروشتی دەستنیشان كردووە بۆ مرۆڤ، واتە مرۆڤ سەركەوتنی ڕاستەقینە بەدەست دەهێنێت كاتێك بەڕاستگۆیی و دامەزراوییەوە دەست دەگرێت بەخواوە (سبحانه وتعالى)، وە بەهۆی ئیستیغفارەوە ڕەگدادەكوتێت لە خۆشەویستی خوادا پاشان ئاوی خوایی ڕادەكێشێت بۆ خۆی بەهۆی ڕەگە وردەكانی خۆبەكەمزانین و ملكەچیەوە و خۆی ڕادەستی خوا دەكات و بە گوفتار و ڕەفتار دەگەڕێتەوە بۆ لای، بەم شێوەیە ئاوی ئاسمانی ڕادەكێشێت بۆ خۆی و لاوازی و وشكی تاوان ناهێڵێت.
- بێگومان ئیستیغفار، كە بەهۆیەوە ڕەگەكانی باوەڕ بەهێز دەبن، لە قورئانی پیرۆزدا بە دوو مانا هاتووە: یەكەم: جێگیركردنی خۆشەویستی خوا لەدڵدا -لەڕێگەی پەیوەندیكردن پێوەی (سبحانه وتعالى)- وە سڵەمینەوە لە ئەنجامدانی تاوان كە لە دۆخی دووربوون لە خوای گەورە پەرەدەسێنێت، وە داواكردنی یارمەتی لە خوای گەورە و خۆیەكلاییكردنەوە بۆی.
ئەمەیە ئیستیغفاری ئەو كەسانەی نزیكن لە خواوە بەجۆرێك دابڕانی ساتێكی كەم لە خوا بە لەناوچوون ئەژمار دەكەن. ئەوان داوای لێخۆشبوون لە خوا دەكەن بۆ ئەوەی خوا لە خۆشەویستی خۆیدا نوقمیان بكات.
وە جۆری دووەمی ئیستیغفار بریتیە لە وازهێنان لەتاوان و ڕاكردن بەرەو خوا، وە هەوڵدان بۆ جێگیركردنی خۆشەویستی خوا لەدڵدا وەك چۆن درەخت جێگیر دەبێت لەخاكدا، ئەمەش بۆ ئەوەی مرۆڤ بەچاكی و پاكی پەروەردە بێت و خۆی بەدوور بگرێت لە وشكی و بێ ئاوی تاوان و گومڕابوون.
ئەم دوو بارودۆخە بە ئیستیغفار ناونراون چونكە وشەی (غَفَرَ)، كە وشەی ئیستیغفار لێیەوە وەرگیراوە، واتە پەردەپۆشكردن و شاردنەوە. بە دەربڕینێكی تر، ئیستیغفار واتە تكاكردن لە خوا كە تاوان و هەڵەكانی ئەو بەندەیە پەردەپۆش بكات كە ئیستیغفار دەكات و بەردەوام فەنابووە لە خۆشەویستی خوای گەورەدا، وە ڕێگە نەدات بە دەركەوتنی ڕەگەكانی لاوازی مرۆیی، بەڵكو دایپۆشێت و بیشارێتەوە بە عەبای خوایەتی خۆی و پشكێك لە پیرۆزی خۆی ببەخشێت پێی. وە ئەگەر ڕەگێك دەركەوت بەهۆی هەر تاوانێكەوە، ئەوا ئومێد دەكرێت لە خوای گەورە جارێكی تر دایپۆشێت و مرۆڤەكە ڕزگار بكات لە دەرەنجامە زیانبەخشەكانی ئەم دەركەوتنە. وە لەبەرئەوەی خوا سەرچاوەی لێشاوەكانی ڕەحمەت و بەرەكەتە، وە نوورەكەی هەمیشە ئامادەیە بۆ ڕەواندنەوەی هەموو جۆرەكانی تاریكی؛ بۆیە ڕێگای ڕاست بۆ بەدەستهێنانی ژیانی پاك و چاك بریتیە لەوەی لەترسی ئەم دۆخە ترسناكە (دۆخی وشكی و دەركەوتن) هەردوو دەستی هانامان درێژ بكەین بەرەوڕووی ئەم سەرچاوە ڕوون و ڕۆشنە، وە تكا بكەین ئەم سەرچاوەیە بەلێشاو هەڵقوڵێت بەرەو ڕوومان و بەیەكجار هەموو پیسی و پۆخڵیەكانمان ڕابماڵێت. وە هیچ قوربانییەك نیە بۆ ڕازیكردنی خوا گەورەتر بێت لەوەی ئێمە مردن قەبوڵ بكەین لەپێناویدا و دەمەوڕوو بكەوین لەبەر دەرگاكەیدا. بێگومان خوای گەورە تەنھا ئەم قوربانیدانەی فێركردووین و دەفەرموێت (سبحانه وتعالى): ﴿لَن تَنَالُواْ ٱلۡبِرَّ حَتَّىٰ تُنفِقُواْ مِمَّا تُحِبُّونَۚ﴾ [آل عمران: 93] واتە ناتوانن چاكەی ڕاستەقینە بەدەستبهێنن ئەگەر هەموو ئەو شتانە نەبەخشن لەپێناوی خوادا كە خۆشتان دەوێن.
ئەمە ئەو ڕێگایەیە كە قورئانی پیرۆز فێری كردووین و ڕێنماییمان دەكات بۆی، وە بەڵگە ئاسمانیەكان بە دەنگێكی ئەوپەڕی بەرز هاواردەكەن كە ئەمە تەنھا ڕێگای ڕاست و دروستە، وە عەقڵیش شایەتی دەدات لەسەری. دیارە شتێك بەهۆی پشتگیری بەڵگە و شایەتەوە بچەسپێت شتێك كێبڕكێی لەگەڵدا ناكات كە هیچ بەڵگەیەك پشتگیری ناكات. بێگومان یەسووعی ناسیرەیی ڕێڕەوی فێركاری قورئانی پیرۆزی گرتەبەر بۆیە خوایش نیعمەتی ڕژاند بەسەریدا. هەروەھا هەر كەسێك ئەم فێركارییە چاكە بكات بە ڕێپیشاندەری خۆی ئەویش وەكو یەسووعی لێدێت. ئەم فێركاریە پاكە ئامادەیە بۆ ئەوەی هەزارەها كەس وەكو عیسای مەسیح لێ بكات وەك لەپێشوودا سەدان هەزار كەسی وەها لێ كرد.
پاشان ئێمە بەوپەڕی ئەدەب و نەرمونیانیەوە دەپرسین لە قەشە بەڕێزەكان: ئەو پێشكەوتنە ڕۆحانیە كامەیە كە ئێوە بەدەستتان هێناوە بەوەی مرۆڤێكی دەستەوسان و هەژارتان كردووە بە خوا، ئەگەر ئەو پێشكەوتنەتان سەلماند ئەوا ئێمەش ئامادەین بۆ قەبوڵكردنی بانگەشەكەتان، ئەگەر نەتانتوانی ئەوا ئەی بەدبەختە مەخلوق پەرستەكان وەرن و تێبینی پێشكەوتنی ئێمە بكەن و موسوڵمان بن و بێنەناو كاروانی ئیسلامەوە. ئایا ئەوە ویژدان و دادپەروەری نیە، كە باوەڕمان وا بێت تەنھا ئەو كەسە ڕاستگۆیە كە بەڵگەی ئاسمانیی هەیە لەسەر ژیانە پاك و پیرۆزەكەی و زانستە چاك و پاكەكەی و خۆشەویستیە خاوێنەكەی بۆ خوا، وە ئەو كەسەیش كە تەنھا خاوەنی چیرۆك و ئەفسانەیە كەسێكی چارەڕەش و درۆزن و پیسخۆرە؟
پرسیاری 2: ئەگەر ئامانجی ئیسلام ڕێنموونی خەڵكە بۆ یەكتاپەرستی ئەوا بۆچی لەسەرەتای ئیسلامدا جیهاد كرا دژی جوولەكە كە كتێبەكەیان تەنھا ڕێنمایی دەكات بۆ یەكتاپەرستی؟ یان بۆچی باوەڕهێنان بە ئیسلام پێویستە بۆ ڕزگاربوونی جوولەكە یان ئەو كەسانەی باوەڕیان بە یەكتایی خوا هەیە لەم سەردەمەی ئێستادا؟
وەڵام: پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت كە جوولەكە لە سەردەمی پێغەمبەرماندا (ﷺ) زۆر دووركەوتبوونەوە لە هیدایەتی تەورات، ڕاستە كتێبە پیرۆزەكانیان تاك و تەنهایی خوای لەخۆگرتبوو بەڵام سوودیان لەم فێركاریە وەرنەگرتبوو، وە ئەو ئامانجەیان لەبیركردبوو كە لەپێناویدا مرۆڤ دروستكراوە و كتێبە پیرۆزەكان دابەزیوە. باوەڕی ڕاستەقینە بە یەكتایی خوا ئەوەیە مرۆڤ باوەڕی هەبێت بەوەی خوا بوونی هەیە و تاك و تەنھایە، پاشان پێویستە لەسەری ملكەچی خوای كامڵ و چاكەكار بێت، وە هەوڵ بدات ڕەزامەندی ئەو بەدەستبهێنێت و بەتەواوەتی خۆی نوقم بكات لە خۆشەویستیەكەیدا. دیارە ئەوان بەشێوەیەكی كردەیی ئەم باوەڕەیان پیادە نەدەكرد و ئەم یەكتاپەرستیە لەناویاندا نەبوو، وە ترسی گەورەیی و شكۆی خوا لەدڵیاندا نەمابوو، بەجۆرێك بەزمان یادی خوایان دەكرد لەكاتێكدا بەدڵ شەیتانیان دەپەرست، وە لە خۆشویستن و داواكردنی دنیا و درۆ و فرت و فێڵدا هەموو سنوورەكانیان تێپەڕاندبوو، ئەوان زاهید و ڕاهیبەكانیان دەپەرست و كاری زۆر شەرمهێنەر و قێزەونیان ئەنجامدەدا، وە بەشێوەیەكی فراوان ڕووپایی و دووڕوویی و فێڵ و غەشكردن بەربڵاو بوو لەناویاندا. ئاشكرایە باوەڕبوون بە تاك و تەنھایی خوا تەنھا ئەوە نیە بەزمان بڵێیت “لا إله إلا الله” و لەدڵتدا سەدەها بت بشاریتەوە، بەڵكو هەر كەسێك هەر كارێكی خۆی و پلان و نەخشە و زیرەكییەكەی بە گەورە بزانێت بە ئەندازەی ئەوەی كە پێویستە خوا بە گەورە بزانێت، یان پشت ببەستێت بە كەسێكی تر بە ئەندازەی ئەوەی پێویستە پشت ببەستێت بە خوا بەتەنھا، یان خۆی بە گەورە بزانێت بەئەندازەی ئەوەی كە پێویستە خوای تاك و تەنھا بەگەورە بزانێت؛ ئەوا ئەو كەسە لەهەموو ئەم بارودۆخانەدا لای خوای گەورە كەسێكی بتپەرستە؛ چونكە بتەكان تەنھا ئەوانە نین كە لە زێڕ یان زیو یان مس یان بەرد دروست دەكرێن و پەنایان بۆ دەبرێت و پشتیان پێ دەبەسترێت، بەڵكو هەر شتێك و هەر قسەیەك و هەر كارێك گەورەیی و مەزنییەكی پێ بدرێت كە تەنھا شایستەی خوا (عز وجل) بێت، بەدڵنیاییەوە لای خوای گەورە ئەو شتە بتە. لەڕاستیدا تەورات ئەم جۆرە پێناسە وردەی تێدا نیە بۆ بتپەرستی، بەڵام قورئانی پیرۆز بەتێروتەسەلی پێناسەی بتپەرستیی كردووە، بۆیە یەكێك لە ئامانجەكانی خوا لە دابەزاندنی قورئانی پیرۆز ئەوەیە ئەم جۆرە بتپەرستیە لەدڵی خەڵكیدا لاببات و نەیهێڵێت كە وەكو نەخۆشی سیل تووشیان بووە، وە جوولەكە لەو سەردەمەدا نوقم بوو بوون لەم جۆرە بتپەرستیەدا، وە تەورات نەیتوانی ڕزگاریان بكات لێی چونكە ئەم فێركاریە وردەی تێدا نیە، سەرەڕای ئەوە بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیە كە لەناو هەموو جوولەكەدا بڵاوەی كردبوو پێویست بوو نموونەیەكی چاك و زیندووی باوەڕبوون بە یەكتایی خوا هەبێت كە لە مرۆڤێكی كامڵدا بدرەوشێتەوە.
بیربكەنەوە! ئەو یەكتاپەرستیە ڕاستەقینەیە كە خوا دەیەوێت ئێمە باوەڕی پێ بكەین و ڕزگاربوون بەندە پێوەی تەنھا بریتیە لە باوەڕهێنان بەوەی كە خوا لە زاتیدا پاك و بێگەردە لە هەر هاوبەشێك، چ ئەو هاوبەشە بت بێت یان مرۆڤ یان خۆر یان مانگ، یاخود نەفسی مرۆڤ خۆی بێت، یان تەگبیر یان فێڵ یان فریودانەكەی بێت؛ وە هەروەها پێویستە مرۆڤ هیچ كەسێك وەكو خوا بە زاتێكی بەتوانا ئەژمار نەكات، وە هیچ كەسێك بە ڕۆزیدەر ئەژمار نەكات جگە لە خوا، وە هیچ كەسێك بەوە لەقەڵەم نەدات كە توانای هەیە سەربەرزی بكات یان زەبوونی بكات، وە هیچ كەسێك بە یارمەتیدەر یان هاوكار لەقەڵەم نەدات جگە لە خوا؛ هەروەك پێویستە لەسەری تەنھا خوای خۆش بوێت و تەنھا بەندایەتی بۆ ئەو بكات و تەنها مل كەچ بكات بۆ خوا و تەنھا ئومێدی بە خوا هەبێت و تەنھا لەو بترسێت.
وە چەمكی یەكتایی خوا تەواو نابێت بە بێ ئەم سێ تایبەتمەندیەی خوارەوە:
یەكەم– یەكتایی زاتی كردگار؛ مەبەستم ئەوەیە هەموو ئەو شتانەی كە هەن وەك نەبوو ئەژماریان بكەین بە بەراورد لەگەڵ خوای گەورەدا، وە بە فانی و بێ بایەخ لە قەڵەمیان بدەین.
دووەم– یەكتایی لە سیفەتەكانی كردگار؛ مەبەستم ئەوەیە باوەڕمان وابێت كە هیچ كەسێك خاونی سیفەتی پەروەردگارێتی و پەرستراوێتی نیە جگە لە خوای خاوەن شكۆ و ڕێز، وە ئەوانی تر-كە بە پەروەرێن و چاكەكار ئەژمار دەكرێن- هەموویان تەنها بەشێكن لەو سیستەمە خواییەی كە خوای گەورە بەدەستی خۆی دایناوە و دروستی كردووە.
سێیەم– یەكتایی لە خۆشەویستی و دڵسۆزی و وەفاداریدا؛ مەبەستم ئەوەیە كەسێك نەكەین بە هاوبەشی خوا لە خۆشەویستیمان و بەندایەتیمان بۆی و خۆتەرخانكردنمان بۆی (عز وجل).
هەڵبەت جوولەكە چەمكی ڕاستەقینەی باوەڕبوون بە یەكتایی خوایان لەدەستدا بوو كە ئەم سێ لقەی لەخۆگرتووە و لەڕاستیدا ڕزگاربوون گرێدراوە پێوەی. بۆیە هەڵسوكەوتە خراپەكانیان بەڵگەی ڕوون و ئاشكرا بوو لەسەر ئەوەی ئەوان تەنھا بە زمانیان باوەڕیان بە خوا (سبحانه وتعالى) هەبوو لەكاتێكدا دڵیان خاڵی بوو لەم باوەڕە. وە قورئانی پیرۆز بەرپرسیارێتی دەخاتە سەرشانی جوولەكە و مەسیحیەكان و دەفەرموێت ئەگەر ئەوان پابەندبوونایە بە فێركاریەكانی تەورات و ئینجیلەوە ئەوا نیعمەتی ئاسمانی و دنیاییان بەدەستدەهێنا. وەك دەفەرموێت: ﴿وَلَوۡ أَنَّهُمۡ أَقَامُواْ ٱلتَّوۡرَىٰةَ وَٱلۡإِنجِيلَ وَمَآ أُنزِلَ إِلَيۡهِم مِّن رَّبِّهِمۡ لَأَكَلُواْ مِن فَوۡقِهِمۡ وَمِن تَحۡتِ أَرۡجُلِهِمۚ﴾ [المائدة: 67]. واتە بەدڵنیاییەوە نیشانەكانی باوەڕداری ڕاستەقینەیان تێدا دەبوو وەك موعجیزە و گیرابوونی دوعا و كەشف و وەحی، ئەمانە هەموویان بریتین لە نیعمەتی ئاسمانی. وە بەدڵنیاییەوە نیعمەتەكانی دنیایشیان بەدەستدەهێنا. بەڵام ئێستا ئەوان بەتەواوەتی بێ بەشن لە بەرەكەتە ئاسمانیەكان، وە بۆ بەدەستهێنانی نیعمەتە دنیاییەكەیش ڕوودەكەنە دنیا نەك خوا، بەم شێوەیە بەردەوام بێبەشن لە هەردووكیان.
لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت كە موسوڵمانان هەرگیز هەڵگیرسێنەری ئەو جەنگانە نەبوون كە دژی جوولەكە و مەسیحیەكان بەرپاكران، وە ئەم جەنگانە بۆ ئەوە بەرپا نەكران كە بەزۆر خەڵكی بخرێنەناو ئیسلامەوە، بەڵكو دوژمنانی ئیسلام خۆیان هۆكاری دروستبوونی ئەم جەنگانە بوون بەوەی موسوڵمانانیان دەچەوساندەوە یان یارمەتی ئەو كەسانەیان دەدا كە موسوڵمانانیان دەچەوساندوە. بەهۆی ئەوەی هۆكاری جەنگەكان ئەوان بوون بۆیە خوای گەورە بڕیایدا سزایان بدات، بەڵام لەسایەی ڕەحمەتی خۆیەوە بژاردەیەكی پێدان ئەویش ئەوە بوو ئەو كەسەی موسوڵمان بێت یان سەرانە بدات ڕزگاری دەبێت لەم سزایە. ئەم ڕوخسەت و ئاسانكردنەیش گونجاوە لەگەڵ یاسای سروشتدا كە خوا (سبحانه وتعالى) دایناوە، بۆیە ویژدانی مرۆیی لەخۆوە ڕوودەكاتە دوعا و تۆبەكردن و پاڕانەوە و ئەنجامدانی خێر و بەخشین بۆ خۆپاراستنی لە بەڵا و نەهامەتیەكان -وەك پەتا یان وشكەساڵی و برسێتی- كە وەك سزایەك لەلایەن خواوە دادەبەزن. دیارە سوننەتەكە سوننەتێكی هەمیشەییە و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خوای دلۆڤان خۆی دڵی خەڵكی ئاراستە دەكات بۆ ئامرازەكانی لادانی سزا، هەروەك چۆن چەندین جار بەهۆی دوعای مووساوە (عليه السلام) سزای لادا لەسەر نەوەی ئیسڕائیل. بەكورتی، جەنگە ئیسلامیەكان بۆ سزادانی دوژمنە شەڕانگێزەكان بوو، تەنانەت لەو جەنگانەدا دەرگای میهرەبانی بەكراوەیی هێڵرایەوە بۆیان. بۆیە هەڵەیە بوترێت ئیسلام ئەم جەنگانەی كردووە بۆ بڵاوكردنەوەی یەكتاپەرستی، وە شایانی باسە تەنھا ئەو كاتە ئەم جەنگانە كران (كە جەنگی تۆڵەكردنەوە بوون) كە گەل و نەتەوەكانی تر پەنایان برد بۆ ستەم و دەستدرێژی.
ئێستایش دێینە سەر ئەم پرسیارە: جوولەكە چ پێویستیەكیان بە ئیسلام هەبوو، ئەوان پێشتر یەكتاپەرست بوون؟ دیارە پێشتر وەڵامی ئەم پرسیارەمان دایەوە، كە بریتیە لەوەی یەكتاپەرستی لەدڵی جوولەكەدا جێگیر نەبوو بەڵكو تەنھا لە كتێبەكانیاندا هەبوو، تەنانەت لە ناو كتێبەكانیشیاندا بە ناتەواوی هەبوو. بۆیە پێویست بوو ڕۆحی زیندووی یەكتاپەرستی جێگیر بكرێت لەدڵیاندا كە بەبێ ئەوە ڕزگاربوون ئەستەمە. جوولەكە وەكو مردوو وابوون، وە بەهۆی دڵڕەقی و ئەنجامدانی جۆرەها تاوان و سەرپێچییەوە ڕۆحی یەكتاپەرستیی ڕاستەقینە نەمابوو لەناویاندا، بۆیە هیچ پەیوەندییەكیان نەمابوو بە خواوە (سبحانه وتعالى)، وە تەوراتەكەیان توانای نەبوو بۆ هیدایەتدانی تەواو و بێ كەموكوڕی چونكە فێركاریەكانی نەك هەر ناتەواو بوون بەڵكو لەڕووی فۆڕم و ناوەڕۆكیشەوە شێواندن و تەحریف ڕوویدا بوو تێیاندا. لەبەرئەوە خوا (سبحانه وتعالى) وەكو باران كەلامی زیندووی خۆی دابەزاند، وە بانگی كردن بۆ ئەم كەلامە زیندووە بۆ ئەوەی ڕزگاربوونی ڕاستەقینە بەدەست بهێنن بە دوور بكەونەوە لە جۆرەها هەڵە و بیروباوەڕی نادروست. كەواتە یەكێك لە پێویستیەكان بۆ دابەزینی قورئان ئەوە بوو كە یەكتاپەرستی زیندوو فێری جوولەكە بكات كە لەڕووی ڕۆحیەوە مردبوون، دووەم بۆ ئەوەی ئاگاداریان بكاتەوە لە هەڵەكانیان، سێیەم ئەو پرسانە یەكلایی بكاتەوە كە لەتەوراتدا تەنھا ئاماژەیەكیان پێ كراوە وەك كۆكردنەوەی جەستەكان لە یەك شوێندا و لەناونەچوونی ڕۆح و چەمكی بەهەشت و دۆزەخ.
لەڕاستیدا تەورات تۆوی ڕاستی چاند و ئەو تۆوە بەهۆی ئینجیلەوە ڕوا و چەكەرەی كرد و مژدەی دا بە داھاتوو. هەروەك چۆن درەختی سەوزی كێڵگە دەڕوێت بەو پەڕی تەندروستی و جوانیەوە و بە زمانی حاڵی مژدەدات بە دەركەوتنی هێشووە جوان و میوە باشەكان لە ڕۆژانی ئاییندەدا، بەهەمان شێوە ئینجیل مژدەی دا بە هاتنی شەریعەت و ڕێنمایی كامڵ و بێ كەموكوڕی. وە لەكۆتاییدا بەهۆی فورقانەوە (قورئان) ئەو تۆوە گەیشتە چڵەپۆپەی گەشە بەجۆرێك بە نیعمەتێكی تەواوەتییەوە هات، وە بەتەواوەتی جیاكاریی كرد لەنێوان ڕەوا و ناڕەوادا و زانیاریە ئایینیەكانی گەیاندە چڵەپۆپەی كەماڵی خۆیان، هەروەك چۆن پێشتر لەتەوراتدا پێشبینی كراوە: “پەروەردگار لە سیناوە هات، وە لە سەعیرەوە گزنگی دا، وە لە چیای فارانەوە درەوشایەوە” [دواوتاری مووسا 33: 2].
گومانی تێدا نیە تەنها قورئان لەهەموو لایەكەوە شەریعەتی خوایی گەیاندە كەماڵ و تەواوی. وە ئەم شەریعەتە دەكرێت بە دوو بەشی سەرەكیەوە كە بریتین لە مافەكانی خوا و مافەكانی مرۆڤ، وە قورئانی پیرۆزە ئەم دوو بەشەی تەواو و بێ كەموكوڕی كردووە. كەواتە ئەركی قورئان ئەوەیە دڕەندەكان بكات بە مرۆڤ و مرۆڤیش بكات بە مرۆڤی بەڕەوشت و مرۆڤی بەڕەوشتیش بكات بە مرۆڤی ڕەببانی، وە بێگومان بەتەواوەتی ئەم ئەركەی جێبەجێ كرد كە لەبەرامبەردا تەورات وا دەردەكەوێت بەتەواوەتی بێ دەنگ بێت لێی.
وە یەكێكی تر لە ئامانجەكانی قورئانی پیرۆز بریتیە لە نەهێشتنی ڕاجیایی و ناكۆكی لەنێوان جوولەكە و مەسیحییەكاندا دەربارەی مەسیح، هەڵبەت قورئانی پیرۆز هەموو ئەم پرسانەی بەشێوەیەكی قایلكەر یەكلاییكردووەتەوە، وە ئایەتی ﴿يَٰعِيسَىٰٓ إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ﴾ [آل عمران: 56] لەقورئاندا تەنھا بۆ یەكلاییكردنەوەی خودی ئەم پرسەیە؛ چونكە جوولەكە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە پێغەمبەری مەسیحییەكان واتە مەسیح لەخاچدرا، بەمەش بوو بە كەسێكی نەفرەتلێكراو بەگوێرەی فێركاریەكانی تەورات، وە پلەی بەرزنەكرایەوە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەسێكی درۆزن بووە. بەڵام لەلایەكی ترەوە مەسیحییەكان دەڵێن گومانی تێدا نیە مەسیح بووە بە كەسێكی نەفرەتلێكراو، بەڵام تەنھا لەپێناوی ئێمەدا نەفرەتی بەركەوتووە و دوای ئەوە نەفرەتەكەی لەسەر لاچووە و بەرزكرایەوە و لەلای ڕاستی خوا دانیشت. ئەم ئایەتەش ئەم پرسەی یەكلاییكردووەتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە مەسیح ڕاستەوخۆ دوای مردنەكەی بەرزبووەتەوە بۆ لای خوا؛ وە تووشی نەفرەتی هەمیشەیی نەبوو وەك جوولەكە بانگەشە دەكەن -چونكە نەفرەتی هەمیشەیی ڕێگری دەكات لە بەرزبوونەوە بۆلای خوا- وە نەفرەتی بەرنەكەوت بەگوێرەی بانگەشەی مەسیحییەكان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێكی كەم پاشان بەرزبووبێتەوە بۆلای خوا، بەڵكو لەگەڵ مردندا بەرزبوویەوە بۆلای خوا. وە لەهەمان ئایەتدا خوا (سبحانه وتعالى) تێمان دەگەیەنێت كە ئەم بەرزبوونەوەیە پێچەوانەی فێركاریەكانی تەورات نیە؛ چونكە بەگوێرەی ئەو فێركاریانە تەنھا ئەو كەسەی لەسەرخاچ دەمرێت بەرزنابێتەوە و نەفرەتلێكراوە، وە تەنھا هەڵواسینی كەسێك لەسەر خاچ و تووشبوونی بە ئێش و ئازار كە نەبێتە هۆی مردن، نەفرەت پێویست ناكات و ڕێگری ناكات لە بەرزبوونەوەی ڕۆحی؛ چونكە بەگوێرەی تەورات خاچ ئامرازێكە لەلایەن خواوە بۆ كوشتنی تاوانباران، بۆیە ئەو كەسەی لەسەرخاچ بمرێت ئەوا بە تاوانباری مردووە كە بریتیە لە مردنی نەفرەتی، بەڵام مەسیح لەسەرخاچ نەمرد و خوا ڕزگاری كرد لەم جۆرە مردنە. پێشتر مەسیح خۆی پێشبینی كردبوو كە بارودۆخەكەی وەكو بارودۆخی یونس دەبێت، ئەمە هاتەدی. بۆیە هەروەك چۆن یونس لەناو سكی نەهەنگەكەدا نەمرد، بەهەمان شێوە مەسیحیش ڕزگاری بوو لە مردنی سەر خاچ، وە هاوارەكەی بیسترا “إِيلِي، إِيلِي، لَمَا شَبَقْتَانِي؟”. جا ئەگەر بمردایە ئەوا پیلاتۆسیش تووشی سزا دەبوو، چونكە فریشتەیەك هۆشداری دا بە ژنەكەی پیلاتۆس كە تووشی سزایەكی سەخت دەبن ئەگەر یەسووع بكوژرێت، بەڵام هیچ سزایەك تووشی پیلاتۆس نەبوو. هەروەها بەڵگەیەكی تر لەسەر ئەوەی یەسووع ڕزگاری بوو لەمردن ئەوە بوو كە ئێسكەكانی نەشكێنرا كاتی لەخاچدان، وە دوای دابەزاندنی لەخاچەكە كاتێك سەرەنێزەیان كرد بە جەستەیدا خوێن دەرپەڕی. وە دوای ئەوە برینەكانی خۆی پیشانی حەواریەكانی دا، وە ئاشكرایە كە ئەستەمە برینەكانی بمایەتەوە ئەگەر لەناو مردووەكاندا زیندووبوایەتەوە، هەموو ئەمانە دەیسەلمێنن كە یەسووع لەسەر خاچەكە نەمرد، دواجار كەسێكی نەفرەتلێكراو نەبوو. بەدڵنیاییەوە مردنێكی پاك و خاوێنی بەدەستهێنا، وە وەكو هەموو پێغەمبەرە پاك و خاوێنەكان پاش مردن بەرزبوویەوە بۆلای خوا، وە بەگوێرەی ئەم بەڵێنە ﴿إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ﴾ بەرزبوویەوە بۆلای خوا (سبحانه وتعالى)، دەی ئەگەر بمردایە لەسەر خاچ بەیەكێك لە درۆزنان ئەژمار دەكرا بەگوێرەی وتەی خۆی، چونكە هیچ لێكچوونێك نەدەبوو لەنێوان ئەو و یونسدا.
وە ئەم ناكۆكیە دەربارەی مەسیح بەردەوام بوو لەنێوان جوولەكە و مەسیحیەكاندا، ئەوە بوو قورئانی پیرۆز لەكۆتاییدا چارەسەری كرد و یەكلایی كردەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەتا ئێستا مەسیحییەكان سوورن لەسەر ئەوەی كە قورئانی پیرۆز هیچ پێویست نەبووە! ئەی نەفام و نابیناكان! بێگومان قورئان بە یەكتاپەرستی كامڵەوە هاتووە، گونجانی دروست كرد لەنێوان عەقڵ و نەقڵدا، وە یەكتاپەرستی گەیاندە ئاستی تەواوەتی خۆی، بێگومان لەڕێگەی بەڵگە حاشاهەڵنەگرەكانەوە، یەكتایی خوا و سیفەتەكانی چەسپاندووە، وە بە بەڵگە عەقڵی و نەقڵیەكان و هەروەها لە ڕێگەی كەشفەكانیشەوە بوونی خوای سەلماندووە. وە لەڕووی عەقڵیەوە ئایینی بەشێوەی كردەیی پیشاندا كە لەڕابردوودا تەنها پشتی دەبەست بە چیرۆك و داستان، وە هەموو بیروباوەڕێكی خۆی لەسەر كۆمەڵێك بناغەی عەقڵانی دامەزراند، وە زنجیرەی ڕاستیە ئایینیەكانی گەیاندە ئاستی تەواوەتی كە تا ئەو كاتە ناتەواو بوو، و كۆتی نەفرەتی لە ملی مەسیح داماڵی و شایەتیدا لەسەر ئەوەی پێغەمبەرێكی ڕاستگۆیە و بەرزكراوەتەوە بۆلای خوا؛ ئایا هەموو ئەم بەرەكەتانە بەس نین بۆ سەلماندنی ئەوەی قورئانی پیرۆز پێویست بووە؟
بزانن قورئانی پیرۆز زۆر بەڕوونی هۆكاری دابەزینی خۆی خستووەتەڕوو بەجۆرێك بە ئاشكرا دەفەرموێت: ﴿ٱعۡلَمُوٓاْ أَنَّ ٱللَّهَ يُحۡيِ ٱلۡأَرۡضَ بَعۡدَ مَوۡتِهَاۚ﴾ [الحدید: 18] واتە: بزانن زەوی مردووە و خوا سەرلەنوێ زیندووی دەكاتەوە. بۆیە مێژوو شایەتی دەدات لەسەر ئەوەی كە هەموو گەل و ئایینەكان خراپ و بەدفەڕ بوون لەو سەردەمەی كە نزیك بوو لەسەردەمی دابەزینی قورئانەوە، وە قەشە فەندڵ نووسەری كتێبی “میزان الحق”، سەرەڕای هەموو ئەو دەمارگیریەی لە خوێنیدا هاتوچۆدەكات بەڕوونی لە كتێبەكەی خۆی “میزان الحق”دا نووسیویەتی كە ڕەفتاری جوولەكە و مەسیحییەكان لە سەردەمی دابەزینی قورئانی پیرۆزدا زۆر خراپ بووە، وە بارودۆخیان زۆر نالەبار و ناهەموار بووە، وە دابەزینی قورئان بۆ ئاگاداركردنەوە و وریاكردنەوەی ئەوان بووە، بەڵام ئەم نەفامە لەگەڵ ئەوەی دانیناوە بە خراپی ڕەفتاری جوولەكە و مەسیحییەكاندا لەسەردەمی دابەزینی قورئانی پیرۆزدا كەچی بیانوویەكی پووچی هێناوەتەوە كە گوایە خوا ویستوویەتی جوولەكە و مەسیحیەكان ئاگادار بكاتەوە لە ڕێگەی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێكی درۆزنەوە، بەڵام ئەمە تۆمەتباركردنی خوایە (سبحانه وتعالى)، ئایا دەگونجێت ئەم ڕەفتارە نابەجێیە بدرێتەپاڵ خوای گەورە كە كاتێك بینی خەڵكی گومڕا و ڕەوشت نزم و ئاكار خراپن بیربكاتەوە لە ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ گومڕاكردنیان و بەدەستی خۆی دەیەها ملیۆن لە بەندە بێ تاوانەكان فڕێبداتەناو چاڵی لەناوچوون و گومڕابوونەوە! ئایا ئەم سوننەتەی خوا لەیاسای سروشتیدا ساغبووەتەوە كاتی زاڵبوونی سەختی و كارەساتەكان؟ زۆر بەداخەوە ئەوەندە دنیایان خۆشدەوێت بەڕادەیەك نكوڵی لە ڕاستیەك دەكەن كە وەكو خۆر ڕووناكە. لەلایەكەوە مرۆڤێكی لاوازی لەناوچوو بە خوا وەسف دەكەن و باوەڕیان وایە كەسێكی نەفرەتلێكراو بووە، وە لەلایەكی ترەوە باوەڕناهێنن بە پێغەمبەرێكی شكۆدار و مەزن كە لەكاتێكدا ڕەوانەكرا خەڵكی لەڕووی ڕۆحیەوە مردبوون. پاشان بە بێ شەرمییەوە دەڵێن چ پێویستییەك هەبوو بۆ قورئان. ئەی بێ ئاگایان و ئەی نابینایان، ئەو تاریكییەی كە لەسەردەمی قورئانی پیرۆزدا باڵی كێشابوو بەسەر جیهاندا نموونە و هاوشێوەی نەبووە لە سەردەمی هیچ پێغەمبەرێكی تردا، ئەوە بوو كاتێك قورئان بینی خەڵكی جیهان نابینایە نووری بینایی بەخشی پێیان، وە كاتێك بینی گومڕان ڕێنمایی كردن، وە كاتێك بینی مردوون زیندوویكردنەوە. ئیتر لەمە زیاتر چیتان دەوێت وەك بەڵگە لەسەر ئەوەی قورئانی پیرۆز پێویست بووە؟ وە ئەگەر دەڵێن یەكتاپەرستی پێشتر بوونی هەبووە لەجیهاندا و قورئان چ شتێكی تازەی هێناوە؟ ئەوا ئەم قسەیە مایەی شیوەن و گریانی زیاترە بۆ عەقڵتان، هەڵبەت كەمێك لەمەوپێش ئاماژەم كرد بەوەی كە چەمكی یەكتاپەرستی لەكتێبەكانی پێشوودا ناتەواو بووە، وە هەرگیز ناتوانن بیسەلمێنن كامڵ بووە، سەرباری ئەمە یەكتاپەرستی لەدڵەكاندا بەتەواوەتی نەمابوو، وە قورئان ئەم یەكتاپەرستیەی زیندووكردەوە و تەواوی كرد، بۆیە قورئان ناونراوە یادخەرەوە چونكە بیرهێنانەوەیە بۆ مرۆڤایەتی. چاوتان بكەنەوە و ڕابمێنن: ئایا پێغەمبەران پێش تەورات بێ ئاگابوون لە فێركاری تەورات دەربارەی یەكتاپەرستی؟ ئایا ئادەم یەكەم كەس نەبوو كە هەمان فێركاری پێدرا پاشان درا بە شیث پاشان بە نووح و ئیبراهیم و پێغەمبەرانی تر كە پێش مووسا هاتوون؟ ئەم ڕەخنەیە لە تەوراتیش دەگیرێت: ئەو فێركاریە نوێیە چی بووە كە تەورات هێناویەتی؟ ئەی خەڵكانی گومڕا، بێگومان خوا لە هەموو ڕۆژێكدا نوێ نابێتەوە، كەواتە ئەو خوایەی لەسەردەمی مووسادا هەبووە هەمان ئەو خوایە لەسەردەمی ئادەم و شیث و نووح و ئیبراهیم و ئیسحاق و یەعقووب و یوسفیشدا هەبووە، ئەو یەكتاپەرستیەی كە تەورات فێری مرۆڤی كردووە هەمان ئەو یەكتاپەرستیە بووە كە پێغەمبەرانی پێش تەورات فێری مرۆڤیان كردووە.
وە ئەگەر كەسێك پرسیار بكات بۆچی تەورات یەكتاپەرستی كۆنی باس كردووە؟ وەڵام دەدەمەوە كە پرسی بوونی خوا و تاك و تەنهاییەكەی لەتەوراتەوە دەستی پێ نەكردووە بەڵكو لەكۆنەوە هەبووە، بەڵام لە هەندێ سەردەمدا زۆربەی خەڵكی بە چاوی سووكەوە سەیریان كردووە بەهۆی شكستهێنایان لە كاركردن پێی. بۆیە لە هەر سەردەمێكدا خەڵكی بێ ئاگا بوو بێت لەم بیروباوەڕە و تووشی جۆرەها شیرك بوو بن ئەركی كتێبەكانی خوا و پێغەمبەرەكانی كاتێك كە ڕەوانەكراون بریتی بووە لە زیندووكردنەوەی ئەم باوەڕە، بۆیە هەزارەها جار ئەم پرسە زیندووكراوەتەوە لەجیھاندا و هەزارەها جاریش ژەنگی گرتووەتەوە و ون بووە لەبەرچاوی خەڵكیدا. وە هەر كاتێك بەفیڕۆچوو بێت خوا (سبحانه وتعالى) یەكێك لەبەندەكانی خۆی ناردووە سەرلەنوێ زیندووی بكاتەوە، بەم شێوەیە بە بەردەوامی جارێك تاریكی باڵی كێشاوە بەسەر جیھاندا و جارێكی تر ڕووناكی. وە باشترین پێوەر بۆ ناسینی هەر پێغەمبەرێك ئەوەیە بڕوانین لە چ سەردەمێكدا هاتووە وە تا چ ڕادەیەك چاكسازی كردووە. وە لە گەڕان بەشوێن ڕاستیدا، پێویستە لەسەر خەڵكی ڕابمێنن لەم بابەتە بەتەنھا و ئاوڕنەدەنەوە لە قسەی پڕ لە خیانەتی كەسانی شەڕانگێز و دەمارگیر. وە پێویستە بێ لایەنانە بڕوانن بۆ بارودۆخی خەڵكی لەكاتی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرەكەدا، پاشان چ گۆڕانكارییەكی دروستكردووە لە بیروباوەڕ و ڕەوشتیاندا، بەم جۆرە بەدڵنیاییەوە دەردەكەوێت كە چ پێغەمبەرێك لە سەردەمێكدا هاتووە كە سەردەمەكە زۆر پێویستی بەهاتنی پێغەمبەر بووە، وەكامیان لەكاتێكدا هاتووە كە كەمتر پێویست بووە. بێگومان تاوانباران پێویستیان بە پێغەمبەر هەیە وەكو چۆن نەخۆشەكان پێویستیان بە پزیشك هەیە؛ كەواتە هەروەك چۆن بڵاوبوونەوەی نەخۆشی داخوازی پزیشك دەكات بەهەمان شێوە بڵاوبوونەوەی تاوان داخوازی موسڵیح دەكات.
ئێستا بەڕەچاوكردنی ئەم بنەمایە ئەگەر سەیرێكی مێژووی نیمچە دوورگەی عەرەبیمان كرد و بەراوردمان كرد لەنێوان بارودۆخی عەرەب پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) و دوای ڕەوانەكردنی ئەو، وە عەرەب لە چ دۆخێكی كارەساتباردا بوون و ئەو گۆڕانكاریە چی بوو كە لەخۆیاندا دروستیان كرد و چییان بەسەر هات؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبینین ئەم پێغەمبەرە دەكەوێتە سەرووی هەموو پێغەمبەرەكانی ترەوە لە هێزی پیرۆز و كاریگەری بەهێز و سەرڕێژكردنی بەرەكەتەكاندا، وە پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت لەناو كۆمەڵی هەموو پێغەمبەراندا، وە پەی بەوەش دەبەین پێویستی بۆ قورئانی پیرۆز و پێغەمبەر (ﷺ) زۆر زیاتر بووە لە پێویستی بۆ سەرجەم كتێب و پێغەمبەرەكان. بۆ نموونە یەسووع، بە هاتنی چ پێویستیەكی پڕكردەوە بۆ دنیا؟ ئایا گۆڕانكارییەكی بەرچاوی دروستكرد لە ڕەوشت و ئاكار و باوەڕی جوولەكەدا؟ یان ئایا كارێكی كرد حەواریەكانی بگەنە پاك و خاوێنی خۆیی ڕاستەقینە؟ نەخێر، بەڵكو هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر هیچ یەكێك لەم چاكسازیانە. ئەگەر شتێك ساغ بووبێتەوە ئەوا بریتیە لەوەی هەندێ كەسی چاوچنۆك و چڵێس شوێنی كەوتن و لەكۆتاییدا كۆمەڵێك ڕەفتاری ئابڕوبەرانەیان لێوە دەركەوت وەك خیانەت و كوفر. وە ئەگەر یەسووع خۆی كوشتووە ئەوا بەش بەحاڵی خۆم ئەم ڕەفتارە تەنھا بەكارێكی هەوانتە ئەژمار دەكەم كە پەڵەیەكی شەرمەزاریی هەمیشەیی داوە لەمرۆڤبوون و عەقڵی یەسووع، ئایا كەسێكی هۆشیار ڕەفتارێك دەنوێنێت كە تەنانەت لە یاسا مرۆییەكانیشدا بە تاوان دانراوە؟ نەخێر هەرگیز ئەمە ناگونجێت، ئێستاش دەپرسین: فێركاری یەسووع چی بوو، وە چ شتێكی پێشكەش كرد؟ ئایا تەنھا قوربانی نەفرەتلێكراوی پێشكەش كرد كە ناتوانێت خۆی ڕابگرێت لەبەردەم تاقیكردنەوەی عەقڵ یان دادپەروەریدا؟
بزانن لەئینجیلدا یەك فێركاری جوانی نوێ بوونی نیە، بەڵكو سەرجەم فێركارییەكانی لەتەوراتدا بوونیان هەیە، وە بەشێكی زۆری ئەو فێركارییانە هەتا ئەمڕۆ لە كتێبی تەلمودی جوولەكەدا بوونیان هەیە. وە زانایانی جوولەكە هەتا ئەمڕۆ ناڕەزایی دەردەبڕن لەوەی كە كۆمەڵێك ڕستەی دیاریكراوی ئینجیل لە كتێبە پیرۆزەكانیانەوە دزراوە، لەم دواییەدا كتێبێكم بەدەست گەیشت كە زانایەكی جوولەكە نووسیویەتی، وە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە ئەم خاڵە بسەلمێنێت، تەنانەت لەو سەرچاوانەوە بەڵگەی هێناوەتەوە كە ئەم ڕستانەیان لێ وەرگیراوە. من داوای ئەم كتێبانەم كرد بۆ ئەوەی بیانخەمە پێش چاوی بەڕێز سیراجەددین، بەڵام ئەو لەبەدبەختی و چارەڕەشی خۆی پێش ئەوەی ئەو كتێبانە ببینێت ڕۆیشت، هەڵبەت توێژەرە مەسیحییەكان دان بەوەدا دەنێن كە لەڕاستیدا ئینجیل پوختەی ئەو بابەتانەیە كە مەسیحیان سەرسام كردووە لە كتێبەكانی جوولەكەدا، بەڵام لەكۆتاییدا ئەوەش دەڵێن كە ئامانج لە هاتنی مەسیح بۆ جیھان ئەوە نەبووە كە فێركارییەكی نوێ بهێنێت، بەڵكو مەبەستە سەرەكیەكەی ئەوە بوو كە خۆی بكاتە قوربانی، واتە ئەو قوربانیدانەی كە بووە هۆی نەفرەت، وە حەزناكەم لەم نامیلكەیەدا چەندین جار باسی بكەم. بەكورتی؛ مەسیحیەكان فریویان خواردووە كاتێك دەڵێن یەسووع شەریعەتێكی نوێی نەهێنا، چونكە شەریعەت بە دابەزینی تەورات گەیشتە ئاستی تەواوەتی و بێ كەموكوڕی، بەڵكو بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤ هات، وە قورئانی پیرۆز-بەناحەق- سەرلەنوێ شەریعەتی دامەزراندەوە كە پێشتر تەواوكرابوو. ئەم فریوخواردنە باوەڕی مەسیحییەكانی فەوتاندووە، بەڵام هەرگیز لەبیرمان نەچێت كە ئەمە هیچ ڕاستیەكی تێدا نیە، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە لەبەرئەوەی لە فیترەتی مرۆڤدا هەڵە و لەبیرچوون و نەتوانینی پەیڕەوكردنی فەرمانەكانی خوا (سبحانه وتعالى) و بەردەوامنەبوون لەسەر كاركردن بە حوكمەكانی خوا هەیە، بۆیە هەمیشە مرۆڤ پێویستی بە كەسێك هەیە بیری بخاتەوە و باوەڕی زیندوو بكاتەوە. بەڵام قورئانی پیرۆز تەنھا بۆ پڕكردنەوەی ئەم دوو پێویستیە دانەبەزیوە، بەڵكو لەڕاستیدا تەواوكەری فێركاریەكانی پێشوویشە، بۆ نموونە تەورات جەخت دەكاتەوە لەسەر تۆڵەسەندنەوە چونكە لەو كاتەدا تۆڵەكردنەوە پێویست بووە بەڕەچاوكردنی ئەو هەلومەرجەی باڵادەست بووە، لەكاتێكدا ئینجیل جەخت دەكاتەوە لە لێبوردن و ئارامگرتن و چاوپۆشی و میهرەبانی بەگوێرەی داخوازییەكانی ئەو هەلومەرجەی باڵادەست بووە لەسەردەمەكەیدا، بەڵام قورئانی پیرۆز مرۆڤ فێری ئەوە دەكات لە هەردوو حاڵەتەكەدا ڕەچاوی بارودۆخ بكات. بەم شێوەیە تەورات ڕێگای پەڕگیری ئەرێنی گرتووەتەبەر لەهەموو پرسێكدا لەكاتێكدا ئینجیل پەڕگیری نەرێنی پەیڕەو دەكات، بەڵام قورئانی پیرۆز ڕێكی و میانەڕەویمان فێردەكات و فێری ئەوەمان دەكات كە بەگوێرەی داخوازیەكانی بارودۆخ هەڵسوكەوت بكەین. ئەگەرچی ناوەڕۆكی فێركاری سێ كتێبەكە یەك شتە بەڵام یەكێكیان جەخت لە لایەنێك دەكاتەوە و ئەوی تریان جەخت لە لایەنەكەی تر دەكاتەوە، وە كتێبی سێیەم -واتە قورئانی پیرۆز- ڕێگایەكی ڕێك و ڕاستی گرتووتەبەر بە ڕەچاوكردنی هاوسەنگی فیترەتی مرۆیی. وە لەبەرئەوەی تەنھا ڕەچاوكردنی بارودۆخ بریتیە لە حیكمەت، وە بێگومان بەتەنھا قورئانی پیرۆز ئەم حیكمەتەمان فێردەكات، بەجۆرێك تەورات بانگەواز دەكات بۆ توندوتیژی لەڕادەبەدەر [ئەم توندوتیژ و نەرمونیانیە لەكاتی خۆیدا فێركارییەكی گونجاو بووە بۆ بارودۆخی خەڵكی ئەو سەردەمە، بەڵام ئەمە فێركارییەك نەبووە كە راستەقینە و هەمیشەیی بێت و ئەستەم بێت هەڵوەشێتەوە. نووسەر] لەكاتێكدا ئینجیل جەخت دەكاتەوە لەسەر لێبوردنی بێ پاساو، بەڵام قورئانی پیرۆز فێرمان دەكات ڕەچاوی بارودۆخ و هەلومەرج بكەین، هەروەك چۆن خوێن كاتێك دێتە ناو مەمكەوە دەگۆڕێت بۆ شیر، بەهەمان شێوە كاتێك حوكمەكانی تەورات و ئینجیل كۆدەبنەوە لەقورئاندا دەبن بە حیكمەت، بۆیە ئەگەر قورئانی پیرۆز نەهاتبایە ئەوا تەورات و ئینجیل وەكو تیرێك دەبوون كە كوێرێك دەیهاویشت جارێك دەیپێكا و سەدجار هەڵەی دەكرد. كەواتە شەریعەت بەشێوەی بەسەرهات لەتەوراتدا هاتووە، وە لەئینجیلدا بەشێوەی نموونە ڕوونكراوەتەوە، وە بەشێوەی حیكمەت لەڕێگەی قورئانەوە گەیشتە دەستی داواكارانی حەق و ڕاستی.
ئیتر لەكوێ تەورات و ئینجیل پێیان دەكرێت كێبڕكێ بكەن لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا؟ ئەگەر هەموو تەمەنی خۆمان خەرج كرد لە بەراوردكردنی تەوراتی مووسا و ئینجیلی عیسا بە یەكەم سوورەتی قورئانی پیرۆز -واتە سوورەتی الفاتحة كە پێكهاتووە تەنھا لە حەوت ئایەت- ئەوا لەو كتێبانەدا هەرگیز ئەو ڕاستیە ئایینی و زانیاری و گەنجینە ڕۆحیانە نابینین كە لە سوورەتی الفاتحة دا هەن بەهەمان ڕیزبەندی و پێكهاتە و داڕشتنی كامڵەوە. وە پاڵنەری ئەم قسەیە خۆهەڵكێشان و بانگەشەی بێ بنەما نیە، بەڵكو واقیع و حەقیقەت ئەوەیە كە تەورات و ئینجیل ناتوانن كێبڕكێ بكەن تەنانەت لەگەڵ سوورەتی الفاتحة دا لە خستنەڕووی زانستەكانی حیكمەتدا. كەواتە چی بكەین و چۆن پرسەكە یەكلایی بكەینەوە لەكاتێكدا قەشەكان لە هیچ شتێكدا وەڵاممان نادەنەوە و ئامادەنین هیچ پێشنیارێكی ئێمە پەسەند بكەن؟ دەی ئەگەر ئەوان تەورات و ئینجیلی خۆیان بە دوو كتێبی بێ كەموكوڕی ئەژمار دەكەن لە خستنەڕووی زانیاری و ڕاستیەكان و ڕوونكردنەوەی تایبەتمەندیەكانی كەلامی خواییدا؛ ئەوا ئێمە ئامادەین پێنج سەد ڕوپیە بدەین پێیان وەك دیارییەك ئەگەر توانییان حەقیقەت و مەعریفەكانی شەریعەت و مرواریە ڕێكوپێك و هۆنراوەكانی حیكمەت و گەوهەرەكانی زانست و تایبەتمەندیەكانی كەلامی خوایی- ئەوانەی كە ئێمە لەسوورەتی “الفاتحة”ەوە پێشكەشی دەكەین- لەهەموو كتێبە قەبەكانیاندا كە ژمارەیان بە حەفتا دانە مەزەندە دەكرێت پێشكەش بكەن. وە ئەگەر وتیان بڕی پارەكە كەمە ئەوا ئێمە بەئەندازەی توانای خۆمان زیادی دەكەین بەگوێرەی داوای ئەوان. وە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسەكە سەرەتا ئێمە تەفسیرێك بۆ سوورەتی “الفاتحة” ئامادە دەكەین و چاپی دەكەین، وە بەدوور و درێژی هەموو حەقیقەت و مەعریفە و تایبەتمەندیەكانی كەلامی خوایی كە لەو سوورەتەدا هاتووە تۆمار دەكەین، پاشان پێویستە لەسەر قەشە بەڕێزەكان كە ئەوانیش حەقیقەت و مەعریفە و تایبەتمەندیەكانی كەلامی خوایی پێشكەش بكەن لە تەورات و ئینجیلەوە، مەبەستم ئەوەیە ئەو مەبەست و مانا سەرسوڕهێنەرە دەراسایانە پێشكەش بكەن كە لەسوورەتی الفاتحة دا هەن و ئەستەمە لە كەلامی مرۆڤدا هەبن. وە ئەگەر هاتنە پێشەوە بۆ ئەم كێبڕكێیە و سێ كەسی دادپەروەر لە ئایینەكانی تر گوتیان: ئەو حەقیقەت و مەعریفە و تایبەتمەندیانەی كەلامی خوایی كە لە سوورەتی “الفاتحة”دا هەن لە كتێبە پیرۆزەكانی ئەوانیشدا بوونیان هەیە؛ ئەوا پێنج سەد ڕوپیەیان ڕادەست دەكەین كە پێشتر دای دەنێین لای كەسێك ئەوان لێی دڵنیان.
دەی ئایا هیچ قەشەیەك هەیە ئەوەندە ئازا بێت بێتە مەیدانەوە بۆ قەبوڵكردنی ئەم تەحەددایە؟ بێگومان كەلامی خوا لەڕێگەی تواناكانیەوە دێتەدی هەروەك چۆن دروستكراوەكانی لەڕێگەی توانا سەرسوڕهێنەرەكانیەوە دێنەدی؛ بۆ نموونە لەئاسماندا هەزاران هەزار ئەستێرە هەیە، وە ئەگەر كەسێكی نەفام ئاماژەی كرد بۆ كۆمەڵێكی دیاریكراو لەو ئەستێرانە و گوتی ئەمانە لەلایەن خواوە نین چونكە وا دەردەكەون خزمەتی هیچ مەبەستێك نەكەن، یان ئەگەر باسی ژمارەیەك لە گژوگیا یان بەرد یان ئاژەڵی كرد و گوتی وا دەردەكەون پێویست نەبن چونكە بەبێ ئەمانە كاروبارەكان ڕێكوپێك دەبن و هەلومەرج سەقامگیر دەبێت بە بەكارهێنانی كۆمەڵێك گژوگیای تر، لەبەرئەوە لەلایەن خواوە نین؛ دیارە هیچ كەسێك ئەم جۆرە قسەیە لەزاری نایەتەدەرەوە جگە لە كەسێكی نەفامی بێ عەقڵ.
شایانی باسە قورئانی پیرۆز كۆكەرەوەی هەموو تایبەتمەندیە كامڵەكانە كە نەفسی مرۆیی پێویستی پێیانە بۆ تەواوكردن و نەهێشتنی ناتەواویەكانی خۆی، وە بەراوردكردنی تەورات بە قورئان وەكو میوانخانەیەك وایە كە بەهۆی باهۆزی بەهێز و بوومەلەرزە توندەوە وێران بووبێت و وەرچەرخابێت بۆ كۆمایەك لە داروپەردووی بەسەریەكدا كەوتوو لە بریتی خانووەكە، وە داروپەردووی ئاودەستەكە تێكەڵاوی داروپەردوی چێشتخانەكە بوو بێت و بە پێچەوانەشەوە، وە هیچ شتێك لە شوێنی خۆیدا نەمابێتەوە، خاوەنی میوانخانەكەش بەزەیی بێتەوە بە گەشتیاراندا، بۆیە دەستبەجێ میوانخانەیەكی چاكتر و جوانتر لەوەی پێشوو دروست بكات كە خزمەتگوزاری زیاتری تێدا بێت و زیاتر لەوەی پێشوو مایەی حەوانەوە و ئاسوودەیی بێت، وە كۆمەڵێكی زۆر ژووری خۆش و مایەی حەوانەوەی تێدا دروست بكات بە ڕیزبەندییەكی زۆر جوان و هەموو پێداویستیەكی تێدا بەردەست بێت و هیچ ناتەواوییەكی نەبێت و هەموو داخوازیەكانی گەشتیاران بەردەست بێت تێیدا، وە خاوەنی ئەم میوانخانەیە لەم تەلارە نوێیەدا خشتە كۆنەكانی میوانخانە كۆنەكە بەكاربهێنێت لەگەڵ هەندێ خشتی نوێ و دار و تەختە و پێداویستی تردا. جا قورئانی پیرۆز بریتیە لەو میوانخانە نوێیە، دەی ئەو كەسەی چاوی هەیە با ببینێت.
لێرەدا دەبێت ڕەخنەیەكی تریش بەدرۆبخەینەوە. ئەویش ئەوەیە ئەگەر زانیمان باشترین و تەواوترین فێركاری ئەوەیە كە تێیدا ڕەچاوی داخوازیەكانی بارودۆخ كراوە، وە بە تێروتەسەلی هەموو وردەكارییەكی حیكمەتی خستووەتەڕوو، ئەوا بۆچی تەورات و ئینجیل هەردووكیان خاڵین لەم فێركاریە، وە تەنھا قورئانی پیرۆز ئەم دوو خاڵەی كۆكردەوە؟
وەڵامەكە ئەوەیە كە ئەم ناتەواویە ناگەڕێتەوە بۆ تەورات و ئینجیل، بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ ناتەواوی توانای ئوممەتەكانیان، هەرچی گەلی جوولەكەیە كە مووسا پەیوەندیدار بوو پێیانەوە، بۆ ماوەی چوار سەدە بەكۆیلەیی ژیان لەژێر دەسەڵاتی فیرعەونەكاندا، بەهۆی تووشبوونیان بە ستەم و چەوسانەوە بۆ ماوەیەكی درێژ بێ ئاگابوون لە حەقیقەتی داپەروەری و یەكسانی. وە یاسای سروشت وەهایە ئەگەر فەرمانڕەوا -كە پەروەردیار و مامۆستایشە- دادپەروەر بوو ئەوا گەلیش بە دادپەروەریەكەی كاریگەر دەبن، وە ئەوانیش بە سروشتی خۆیان حەز لە ڕەوشتی دادپەروەری دەكەن و پەیڕەوی دەكەن، وە ئەدەب و سۆز لەناویاندا دروست دەبێت، بەمەش سیفەتی دادپەروەری تێیاندا ڕەنگدەداتەوە. بەڵام ئەگەر فەرمانڕەوا ستەمكار بێت ئەوا گەلیش دەستدرێژی و ستەم فێردەبن لێیەوە، بەجۆرێك زۆرینەی زۆریان بێ بەش دەبن لە سیفەتی دادپەروەری، ئەمە ڕوویدا لەدۆخی نەوەی ئیسڕائیلدا، بەجۆرێك بەتەواوەتی بێ ئاگابوون لە حەقیقەتی دادپەروەری بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لەلایەن فیرعەونەكانەوە ستەمیان لێ كرا و بەجۆرەها شێوە چەوسێنرانەوە. بۆیە ئەركی سەرشانی مووسا (عليه السلام) ئەوە بوو كە سەرەتا دادپەروەرییان فێربكات، لەبەرئەوە تەورات بە توندی جەخت دەكاتەوە لەسەر دادپەروەری و یەكسانی و تێیدا كۆمەڵێك دەستەواژەی زۆر هەیە سەبارەت بە ناوەڕۆكی دەستگرتن بە دادپەروەرییەوە، وە بێگومان كۆمەڵێك دەستەواژەیشی تێدایە كە هانی بەزەیی و نەرمونیانی دەدەن، بەڵام ئەگەر سەرنجماندا لەم دەستەواژانە ئەوا دەبینین ئەوانیش بۆ پارێزگاری كردن لە سنوورەكانی دادپەروەری و قەدەغەكردنی ڕق و كینە و هەڵچوونە ناڕەواكان هاتوون، وە ئامانجی داواكراو لە هەموو شوێنێكدا بریتیە لە پارێزگاری كردن لە یاساكانی دادپەروەری و یەكسانی. بەڵام ئێمە بە خوێندنەوەی ئینجیل ئەم ئامانجە نادۆزینەوە، بەڵكو ئینجیل بەتوندی جەخت دەكاتەوە لەسەر لێبوردن و وازهێنان لە تۆڵەسەندنەوە، وە كاتێك بەوردی و بە سەرنجدانێكی قووڵەوە دەڕوانین بۆ ئینجیل بۆمان دەردەكەوێت كە ڕووی قسەی كردووەتە خەڵكانێك كە زۆر دوورن لە ڕەوشتە جوانەكانی ئارامگرتن و لێبوردن و بەتەواوەتی وازیانھێناوە لێیان، وە هانیان دەدات لە ناخی دڵەوە سوور نەبن لەسەر تۆڵەكردنەوە، بەڵكو خووبگرن بە ئارامی و بەرگەگرتن و لێخۆشبوون و بەزەییەوە. هۆكارەكەش ئەوەیە كە ڕەوشتی جوولەكە لە سەردەمی عیسادا (عليه السلام) زۆر خراپ بوو. وە لە سكاڵاكردن لەدادگاكاندا و لە ڕق و كینە و تۆڵەكردنەوەدا هەموو سنوورێكیان بەزاند بوو، وە بەتەواوەتی ڕەوشتی بەزەیی و لێخۆشبوونیان پشتگوێ خستبوو بە بیانووی پارێزگاریكردن لە یاسای دادپەروەری، بۆیە ڕاسپاردەكانی ئینجیلیان بەسەردا خوێنرایەوە وەك یاسایەكی تایبەت بە سەردەم یان گەلێكی دیاریكراو. بەڵام ئەو ڕاسپاردانە وێنەیەكی ڕاستەقینەی شەریعەتی خواییان نەخستەڕوو؛ بۆیە قورئانی پیرۆز هات بۆ هەمواركردنەوە و ڕاستكردنەوەیان.
كاتێك بێ لایەنگیری ڕادەمێنین لە قورئانی پیرۆز و بەوردی سەرنجدەدەین لە مەبەستەكەی بەجوانی بۆمان دەردەكەوێت كە قورئانی پیرۆز وەكو تەورات جەختی نەكردووەتەوە لەسەر تۆڵەسەندنەوە و توندوتیژی، وەك ڕووندەبێتەوە لە جەنگەكانی ناو تەورات و حوكمەكانی سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوە، وە وەكو ئینجیل جەخت ناكاتەوە لەسەر لێخۆشبوون و ئارامگرتن و چاوپۆشی، بەڵكو چەندین جار جەختی كردووەتەوە لەسەر فەرمان كردن بەچاكە و قەدەغەكردن لە خراپە، واتە فەرمانمان پێ دەكات بە كردنی كارێك كە بەگوێرەی داخوازیەكانی شەرع و عەقڵ و بارودۆخ باشترین و گونجاوترین كارە، وە دەستهەڵگرتن و وازهێنان لە هەموو ئەو شتانەی دژایەتی شەرع و عەقڵ دەكەن و لە كارە نەشیاو و نەگونجاوەكانن. بۆیە كاتێك قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوە پەی بەوە دەبەین كە دەیەوێت لەڕووی زانیاری و تێگەیشتنەوە باوەڕ بهێنین بە یاسا و فەرمان و قەدەغەكانی؛ وە دەیەوێت ڕزگارمان بكات لە كۆت و پێوەندی فەرمان و قەدەغە كەسی و تایبەتیەكان، بەڵكو شەریعەتە پیرۆزەكەی وەك كۆمەڵێك یاسای جێگیر و گشتی دەخاتەڕوو؛ بۆ نموونە بەكورتی فەرمانمان پێ دەكات كە كاری چاكە (المعروف) بكەین و وازبھێنین لە كاری خراپ و نەشیاو (المنكر)، وە هەردوو وشەی (المعروف) و (المنكر) دوو وشەی ئەوپەڕی گشتگیرن بەجۆرێك ڕەنگی زانست و عەقڵانیەت دەدەن بە یاساكانی شەریعەت. بۆیە بەكاركردن بەم فێركاریە مرۆڤ لەهەموو بارودۆخێكدا بیردەكاتەوە كە كام كردەوە چاكەی ڕاستەقینەیە؟ بۆ نموونە ئەگەر كەسێك تاوانی ئەنجامدا بەرامبەرمان، ئایا وا باشترە تۆڵەی لێ بكەینەوە یان لێی خۆش بین؟ یاخود ئەگەر كەسێك ویستی هەزار ڕوپیەمان لێ قەرز بكات بۆ ژنهێنانی كوڕەكەی، وە بە پەیڕوكردنی دابونەریتە خێزانیە باوەكان بەوپەڕی گرنگیدان و بایەخپێدانەوە ئاهەنگێكی گەورەی بۆ بگێڕێت و یاریە ئاگرینەكان و ئافرەتی سەماكەر و ئامێرەكانی میوزیكی تێدا بێت، تەنانەت ئەگەر توانیمان قەرزەكەی پێ بدەین ئەوا پێویستە لەسەرمان ڕەچاوی ڕێسای فەرمانكردن بە چاكە و قەدەغەكردن لە خراپە بكەین و بیربكەینەوە لەوەی هەوڵبدەین یارمەتی چ كەسێك بدەین. بەكورتی؛ قورئانی پیرۆز مەرجی ئەوەی داناوە كە بەم جۆرە ڕەچاوی داخوازییەكانی بارودۆخ بكەین لە هەموو كارێكی باشدا، بۆ ئەوەی بتوانین لەڕووی ڕۆحی و ماددیەوە پێشبكەوین.
بەم شێوەیە بەتەواوەتی وەڵامی پرسیاری دووەمی بەڕێز سیراجەددینم دایەوە، وە ڕوونمكردەوە كە ئیسلام جەنگی نەكردووە لەگەڵ جوولەكەدا بۆ ئەوەی ناچاریان بكات یەكتاپەرستی قەبوڵ بكەن، بەڵكو شەڕ و خراپیەكانی دوژمنانی ئیسلام خۆیان هۆكاربوون بۆ ئەم جەنگانە؛ بەجۆرێك هەندێكیان تاوانباربوون بەوەی سەرەتا شمشێریان هەڵكێشا بۆ كوشتنی موسوڵمانان و هەندێكی تریان بەوەی یارمەتی دەستدرێژكارانیان دا، وە هەندێكی تریان بەزەبری هێز ڕێگرییان كرد لە بڵاوبوونەوەی بانگەوازی ئیسلام. وە خوای گەورە مۆڵەتی دا جەنگ بكرێت تەنها بۆ سزادان و زەبوونكردنی ئەو دەستدرێژكارانە. بەڵام ئەو بانگەشەیەی كە گوایە پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ماوەی 13 ساڵ لە مەككە جەنگی نەكرد لەگەڵ دوژمنەكانیدا چونكە هێزی پەیدا نەكردبوو، ستەمێكی گەورە و لەڕادەبەدەرە. ئەگەر دوژمنانی پێغەمبەر (ﷺ) وازیان بهێنایە لە ستەم و دەستدرێژی و خوێنڕشتن كە لە مەككە ئەنجامیاندا بۆ ماوەی 13 ساڵ و پیلانیان نەگێڕایە بۆ كوشتنی پێغەمبەر (ﷺ) یان دەركردنی لە نیشتیمان، وە پێغەمبەر (ﷺ) بەخۆشی خۆی كۆچی بكردایە بۆ مەدینە بەبێ ئەوەی تووشی چەوسانەوە بێت؛ ئەوا ئەم گومانە خراپانە پاساوێكیان دەبوو. بەڵام تەنانەت نەیارەكانیشمان دەزانن كە پێغەمبەرمان (ﷺ) بەدرێژایی 13 ساڵ ئارامی گرت لەسەر هەموو توندوتیژی و چەوساندنەوەیەكی دوژمنان، وە زۆر ئامۆژگاری هاوەڵەكانیشی كرد كە بەرپەرچی خراپە نەدەنەوە. دوژمنان ژمارەیەكی زۆر موسوڵمانیان كوشت، وە زۆر بەتوندی هاوەڵە هەژار و نەدارەكانیان چەوساندەوە و سزایان دان، وە لەكۆتاییدا هەوڵیاندا پێغەمبەر (ﷺ) تیرۆر بكەن، ئا لەو كاتەدا خوای گەورە پێغەمبەرەكەی خۆی (ﷺ) پاراست لە شەڕ و خراپەی دوژمنان و یارمەتیدا بە سەلامەتی بگاتە شاری مەدینە، وە مژدەی پێدا كە ئەوانەی سەرەتا شمشێریان هەڵكێشاوە بە هەمان شمشێر دەكوژرێن. بۆیە بە عەقڵ و دادپەروەرییەوە كەمێك ڕابمێنن ئایا دەكرێت لەهەموو ئەم ڕووداوانەوە ئەوە هەڵێنجرێت كە پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك كۆمەڵێك لەگەڵیدا كۆبونەوە ئەوسا ئەو نیازەی خۆی ئاشكراكرد كە پێشتر لەدڵیدا دەیشاردەوە؟ زۆر بەداخەوە بڕوانن بەهۆی دەرمارگیری ئایینیەوە سەرەنجامی مەسیحیەكان بەكوێ گەیشتووە. ئایا نازانن پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) تەنھا 313 هاوەڵی لەگەڵدا بوو كاتێك ناچاركران جەنگی بەدر بكەن، كە یەكەم جەنگ بوو لە ئیسلامدا، وە زۆربەیان تەمەنیان كەم بوو یان كەسانی ناشارەزابوون لە جەنگ. ئایا هیچ كەسێك پشت دەبەستێت بەم ژمارە كەمەی خەڵكی بۆ بەرەنگاربوونەوە و شكسپێهێنانی هەموو پاڵەوانانی عەرەب و هەزاران كەسی تر لەوانە جوولەكە و مەسیحیەكان؟! شتێكی زۆر ڕوون و ئاشكرایە موسوڵمانان دەرچوون بۆ جەنگ تەنھا بۆ بەرگری كردن لە خۆیان نەك بە مەبەستی لەناوبردنی دوژمنان و سەركەوتن بەسەریاندا. چونكە ئەگەر وەها بوایە ئەوا پێویست بوو پێغەمبەر (ﷺ) سوپایەك دروست بكات بەلایەنی كەمەوە ژمارەی سەربازەكانی بگاتە سی چل هەزار جەنگاوەر، پاشان بەهۆی ئەم سوپایەوە جەنگ بكات لەگەڵ سەدان هەزار كەسدا. كەواتە ڕوون و ئاشكرایە كە ئەم جەنگانە سەپێنرابوو بەسەریاندا و ئەوان بە فەرمانی خوا (سبحانه وتعالى) جەنگیان كردووە، نەك بەپشتبەستن بە هۆكارە ماددیەكان.
دەبێت لێرەدا ڕەخنەیەكی تریش بەدرۆبخەینەوە كە ئەوەیە ئەگەر ڕزگاربوون وەستابێت لەسەر باوەڕبوون بە یەكتایی خوا و ئەو كردەوە چاكانە كە بە پاڵنەری خۆشەویستی و ترسی خوایی ئەنجام دەدرێن، ئەوا بۆچی جوولەكە بانگكراون بۆ باوەڕهێنان بە ئیسلام؟ ئایا لەناو جوولەكەدا كەسێك نەبوو بەڕاستی دەستبگرێت بە یەكتاپەرستیەوە و بەبێ مەرج خۆی ڕادەستی خوا كردبێت؟ وەڵامەكەی ئەوەیە ئێمە ڕوونمانكردەوە كە زۆربەی زۆری جوولەكە و مەسیحیەكانی سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) خراپەكار بوون و لایاندا بوو لە ڕێگای ڕاست، هەروەك قورئانی پیرۆزیش شایەتی دەدات لەسەر ئەمە لەم فەرمایشتەدا: ﴿وَأَكۡثَرُهُمۡ فَٰسِقُونَ﴾ [التوبة: 8] دەی لەبەرئەوەی زۆربەیان خراپەكار بوون و بەكردەیی وازیانهێنا بوو لە ئادابەكانی یەكتاپەرستی و كردەوە چاكەكان، بۆیە خوا (سبحانه وتعالى) ویستی بەڕەحمەتی خۆی و بەگوێرەی سوننەتە دێرینەكەی پێغەمبەرێك بنێرێت بۆ ئەوەی ئیسڵاحیان بكات. گریمان بەدەگمەن كەسی یەكتاپەرست و چاكیان تێدا بوو بێت، ئەوا ئەوانیش بە پیاوچاك نەمانەوە بەهۆی ئەوەی دژی پێغەمبەری خوا وەستان. وە شتێكی زانراوە كە تاوانێكی بچوك بەسە بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ ڕەش بكات، ئیتر چۆن ڕێی تێدەچێت كەسێك یاخی بێت لە پێغەمبەرێك و دژایەتی بكات كەچی لەگەڵ ئەوەدا دڵی بە پاك و خاوێنی بمێنێتەوە؟
پرسیاری 3: ئەو ئایەتانەی قورئان كامانەن كە هانی مرۆڤ دەدەن خوا و مرۆڤەكانی خۆشبوێت، یان باسی خۆشەویستی خوا (سبحانه وتعالى) دەكەن بۆ مرۆڤ، یان بەتایبەتی ئەو ئایەتانە كامانەن كە وشەی “المحبة” یان “حب”یان تێدایە؟
وەڵام: پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت كە ئامانجی داواكراو لە فێركاری قورئانی پیرۆز ئەوەیە هەروەك چۆن خوا لەزاتیدا یەكە و هاوبەشی نیە، پێویستە ئێمەیش خۆشمان بوێت بەبێ ئەوەی هاوبەشی بۆ دابنێن، وە ڕستەی “لا إله إلا الله” كە موسوڵمانان هەموو كات و ساتێك دەیڵێنەوە ئاماژە دەكات بۆ ئەم مەبەستە، وشەی “إله” لە “ولاه”ەوە وەرگیراوە، ماناكەی بریتیە لەو خۆشویستراو و مەعشووقەی كە مرۆڤ دەیپەرستێت. وە تەورات و ئینجیل ئەم دەستەواژەیەیان فێری مرۆڤ نەكردووە، بەڵكو تەنھا قورئان فێری دەكات، وە ئەم دەستەواژەیە تایبەتە بە ئیسلام وەك ئەوەی مەدالیای ڕێز و شەرەف بێت بە بەرۆكیەوە، وە خودی ئەم دەستەواژەیە لە بڵندگۆی مزگەوتەكانەوە ڕۆژانە پێنج جار بە دەنگی بەرز دەوترێتەوە و هەموو مەسیحی و هیندۆسەكان پێی قەڵس و تووڕە دەبن، لەمەوە ئەوە هەڵدەهێنجرێت كە ئەوان یادكردنەوەی خوا بە خۆشەویستییەوە بە یەكێك لە تاوانەكان ئەژمار دەكەن، بۆیە یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی ئیسلام ئەوەیە كە بانگبێژی موسوڵمان لەكاتی بەیانیاندا بە دەنگی بەرز ڕایدەگەیەنێت و دەڵێت: “أشهد أن لا إله إلا الله” واتە هیچ خۆشەویست و خۆشویستراو و پەرستراوێك نیە جگە لە خوا، پاشان كاتی نیوەڕۆ هەمان دەنگ لە مزگەوتە ئیسلامیەكانەوە بەرزدەبێتەوە، پاشان كاتی عەسر و شێوان، وە لەكاتی خەوتنانیشدا ئەم دەنگە بەرزە لەئاسماندا دەنگ دەداتەوە، دەی ئایا ئەم دیمەنە دڵڕفێنە لە هیچ ئایینێكی تردا دەبینرێت؟
دیارە وشەی “ئیسلام” واتە خۆشەویستی، چونكە دەمەوڕوو كەوتن لەبەردەم قاپی خوادا و خۆ تەسلیمكردن بەخوا، وە ئامادەبوون بۆ قوربانیدان لەپێناویدا بە دڵێكی پاكەوە -كە یەكێكە لە ماناكانی ئیسلام- بریتیە لەو دۆخە كردەییە كە لەكانیاوی خۆشەویستیەوە سەرچاوە دەگرێت. وە لە وشەی “ئیسلام”ەوە ئەوەش ڕوون دەبێتەوە كە قورئانی پیرۆز خوشەویستی كورت ناكاتەوە تەنھا لە دانپێدانانی زارەكیدا، بەڵكو بە كردەییش شێوازی خۆشەویستی و قوربانیدانمان فێردەكات. كەواتە كام لە دامەزرێنەرانی ئایینەكان لەجیھاندا ئایینەكەی خۆی ناوناوە “ئیسلام”؟ وشەی ئیسلام وشەیەكی زۆر جوانە كە ماناكانی ڕاستگۆیی و دڵسۆزی و خۆشەویستی لەخۆدەگرێت، دەی مژدە بێت لە ئایینێك كە ناوی ئیسلامە. هەروەها خوا (سبحانه وتعالى) دەربارەی خۆشەویستی مرۆڤ بۆ خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت ﴿وَٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ أَشَدُّ حُبّٗا لِّلَّهِۗ﴾ [(البقرة: 166)] واتە: باوەڕدارانی ڕاستەقینە ئەوانەن كە خوایان لەهەموو شتێك خۆشتردەوێت. پاشان لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: ﴿فَٱذۡكُرُواْ ٱللَّهَ كَذِكۡرِكُمۡ ءَابَآءَكُمۡ أَوۡ أَشَدَّ ذِكۡرٗاۗ﴾ [البقرة: 201] واتە یادی خوا بكەنەوە وەك چۆن یادی باوباپیرانتان دەكەنەوە، بەڵكو پێویستە بە خۆشەویستیەكی زیاترەوە یادی خوا بكەنەوە. پاشان لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: ﴿قُلۡ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحۡيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ [الأنعام: 163] واتە بڵێ بەو كەسانەی دەیانەوێت شوێنت بكەون نوێژ و قوربانیكردن و ژیان و مردنم هەمووی بۆ خوایە، واتە ئەو كەسەی دەیەوێت شوێنم بكەوێت پێویستە لەسەری هەمان قوربانی پێشكەش بكات، هەروەها دەفەرموێت: ﴿إِن كَانَ ءَابَآؤُكُمۡ وَأَبۡنَآؤُكُمۡ وَإِخۡوَٰنُكُمۡ وَأَزۡوَٰجُكُمۡ وَعَشِيرَتُكُمۡ وَأَمۡوَٰلٌ ٱقۡتَرَفۡتُمُوهَا وَتِجَٰرَةٞ تَخۡشَوۡنَ كَسَادَهَا وَمَسَٰكِنُ تَرۡضَوۡنَهَآ أَحَبَّ إِلَيۡكُم مِّنَ ٱللَّهِ وَرَسُولِهِۦ وَجِهَادٖ فِي سَبِيلِهِۦ فَتَرَبَّصُواْ حَتَّىٰ يَأۡتِيَ ٱللَّهُ بِأَمۡرِهِۦۗ﴾ [التوبة: 24] واتە: ئەگەر ژیان و دۆستان و ماڵ و سامانتان خۆشەویسترن لە خوا و پێغەمبەرەكەی ئەوا بڕۆن بەڕێگای خۆتاندا هەتا خوا بڕیاردەدات. هەروەها لە شوێنێكی تردا خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت: ﴿وَيُطۡعِمُونَ ٱلطَّعَامَ عَلَىٰ حُبِّهِۦ مِسۡكِينٗا وَيَتِيمٗا وَأَسِيرًا * إِنَّمَا نُطۡعِمُكُمۡ لِوَجۡهِ ٱللَّهِ لَا نُرِيدُ مِنكُمۡ جَزَآءٗ وَلَا شُكُورًا﴾ [الإنسان: 9-10] واتە: باوەڕداران ئەو كەسانەن خۆراك دەدەن بە هەژار و هەتیو و دیل بەهۆی خۆشەویستییان بۆ خوا، وە دەڵێن: تەنھا لەبەر خۆشەویستی و ڕەزامەندی خوا خواردنتان پێ دەدەین و هیچ پاداشت و سوپاسێكمان لە ئێوە ناوێت.
بەكورتی، قورئانی پیرۆز پڕە لەو ئایەتانەی كە فەرمانمان پێدەكەن بە گوفتار و ڕەفتار خۆشەویستی خۆمان دەرببڕین بۆ خوا، وە لەهەموو شتێكی تر زیاتر خۆشمان بوێت.
وە بەشی دووەمی ئەم پرسیارە واتە لەكوێی قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە خوا (سبحانه وتعالى) مرۆڤی خۆشدەوێت؟ بزانن ئەو ئایەتانەی كە مانای ئەوە دەبەخشن خوا (سبحانه وتعالى) تۆبەكاران و چاكەكارانی خۆشدەوێت و خوا ئارامگرانی خۆشدەوێت بەدڵنیاییەوە زۆرن [بێگومان خۆشەویستی خوا وەكو خۆشەویستی مرۆیی نیە، لە خۆشەویستی مرۆییدا ئەویندار بە جیابوونەوەی خۆشەویستەكەی ئازار دەچێژێت، بەڵكو مەبەست لە خۆشەویستی خوایی ئەوەیە كە خوای گەورە مامەڵە دەكات لەگەڵ ئەوانەی كردەوەی چاك دەكەن وەك چۆن ئەویندار مامەڵە دەكات لەگەڵ خۆشەویستەكەیدا. نووسەر]، بەڵام لە قورئانی پیرۆزدا نەهاتووە خوا ئەو كەسەی خۆشدەوێت كە كوفر و خراپە و ستەمی خۆشدەوێت، بەڵكو خوا (سبحانه وتعالى) دەربارەی ئەم كەسانە وشەی چاكەی بەكارهێناوە وەك دەفەرموێت: ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَٰكَ إِلَّا رَحۡمَةٗ لِّلۡعَٰلَمِينَ﴾ [الأنبیاء: 108] واتە وەك بەزەیی و ڕەحمەت بەرامبەر بە جیھانییان تۆمان ڕەوانەكردووە. وە وشەی “العالمین” كافر و مولحید و خراپەكار و داوێنپیسیش دەگرێتەوە، دیارە خوا دەرگای ڕەحمەتی بۆ ئەوانیش كردووەتەوە بەجۆرێك دەتوانن ڕزگاربوون بەدەستبهێنن بەپەیڕەكردنی ڕێنموونیەكانی قورئانی پیرۆز. بێگومان من دانی پێدا دەنێم كە قورئانی پیرۆز باسی خۆشەویستی خوای نەكردووە بۆ خەڵكی بە جۆرێك مانای ئەوە بگەیەنێت كە خوا كوڕە خۆشەویستەكەی خۆی لەخاچداوە و بەمەش بووە بە كەسێكی نەفرەتلێكراو بۆ ئەوەی باری تاوانی خراپەكاران لەكۆڵ بگرێت. دیارە نەفرەتكردن لە كوڕی خوا نەفرەتكردنە لە خوا؛ چونكە باوك و كوڕ دوو شتی جیا و ناكۆك نین (بەگوێرەی بیروباوەڕی مەسیحیەكان)، بۆیە شتێكی بەڵگەنەویستە كە نەفرەت و خوایەتی لەیەك شوێندا بەیەكەوە كۆنابنەوە. پاشان ڕابمێنن! ئەو خۆشەویستییەی خوا چیە بۆ تاوانبارانی جیھان بەجۆرێك چاكەكار لەناوببات و خراپەكاری خۆشبوێت؛ بۆیە ناكرێت و ناگونجێت هیچ كەسێكی چاكەكار ئەم ڕەوشتەی هەبێت.
بەشی سێیەمی ئەم پرسیارە ئەوەیە لە كوێی قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە پێویستە لەسەر مرۆڤ مرۆڤەكانی تری خۆشبوێت؟ وەڵامەكەی ئەوەیە كە قورئانی پیرۆز وشەی بەزەیی و سۆزی بەكارهێناوە لەجیاتی خۆشەویستی چونكە ئەوپەڕی خۆشەویستی بەندایەتی و پەرستنە، لەبەرئەوە وشەی خۆشەویستی بە مانا ڕاستەقینەكەی تەنها تایبەتە بە خوا (سبحانه وتعالى) [وشەی خۆشەویستی كاتی سەبارەت بە خەڵكی بەكاردەهێنرێت مەبەست پێی خۆشەویستی ڕاستەقینە نیە، بەڵكو بەگوێرەی فێركاری ئسیلامی خۆشەویستی ڕاستەقینە تەنھا تایبەتە بە خوا، وە جۆرەكانی تری خۆشەویستی حەقیقی نین و مەجازین. نووسەر]، بەڵام سەبارەت بە مرۆڤ وشەی بەزەیی و سۆز بەكارهاتووە لە وتەی خوادا؛ چونكە كەماڵ و تەواوەتی خۆشەویستی بەندایەتی و پەرستن دەخوازێت، هەروەك چۆن كەماڵ و تەواوەتی بەزەیی هاوخەمی و دڵسۆزی دەخوازێت، دیارە ئەم جیاوازییە ئایینەكانی تر ڕێیان پێ نەبردووە بۆیە مافی خوایان داوە بە دروستكراوانی خوا. لەبەرئەوە باوەڕم نیە یەسووع ئەم جۆرە بتپەرستیەی فێری كەس كردبێت، بەڵكو باوەڕم وایە كە ئەم وشە نەشیاوانە لەدواییدا خزێنراونتەناو ئینجیلەكانەوە، وە بەناحەق یەسووع لەكەداركراوە پێیان. بەكورتی؛ لە وتەی پیرۆزی خوادا وشەی ڕەحمەت هاتووە بۆ مرۆڤایەتی وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هاتووە: ﴿وَتَوَاصَوۡاْ بِٱلۡحَقِّ﴾ [العصر: 4]، ﴿وَتَوَاصَوۡاْ بِٱلۡمَرۡحَمَةِ﴾ [البلد: 18] واتە: باوەڕداران ئەو كەسانەن كە هانی یەكتری دەدەن بۆ پیادەكردنی ڕاستی و بەزەیی. وە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: ﴿۞إِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُ بِٱلۡعَدۡلِ وَٱلۡإِحۡسَٰنِ وَإِيتَآيِٕ ذِي ٱلۡقُرۡبَىٰ﴾ [النحل: 91] واتە خوا فەرمانی پێكردوون كە بەرامبەر خەڵكی بەگشتی دادپەروەر بن، بەڵكو چاكەیان لەگەڵدا بكەن بگرە لەمە زیاتر پێویستە دڵسۆز بن بۆیان وەك چۆن خزمە نزیكەكان دڵسۆز و هاوخەمی یەكترن.
لێرەدا شایانی وردبوونەوە و تێڕامانە: چ فێركارییەك لەجیھاندا دەكرێت باڵاتر و جوانتر بێت لەو فێركارییەی كە لە ئاستی چاكەكردندا نەوەستێت بەرامبەر مرۆڤایەتی؟ بەڵكو ئاستێكی باڵاتر بخاتەڕوو كە پێی دەوترێت گوڕوتین و پەرۆشی فیتری، واتە مرۆڤ چاك بێت لەگەڵ كەسانی تردا وەك چۆن چاكە دەكات بەرامبەر كەسە نزیكەكانی خۆی، چونكە ڕاستە كەسی چاكەكار كاتی چاكەكردنەكەی هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی كاری خێر و باش بەڵام هیوا و چاوەڕوانیشی هەیە بۆ پاداشت، وە هەندێ جار تێبینی دەكرێت كە تووڕە و قەڵس بێت لە كەسی سپڵە و پێنەزان، وە ڕەنگە هەندێ جار هەڵچێت و منەت بكات بەسەریدا و چاكەكەی خۆی بیربخاتەوە. بەڵام كاری خێر بە گوڕوتینی فیتریەوە كە قورئان چوواندوویەتی بە خێركردن و بەخشین دەرحەق بە خزمی نزیك، بریتیە لەكۆتا پلەی خێركردن، وە لەڕاستیدا هیچ پلەیەكی خێر لەسەروویەوە نیە. وەكو خێر و باشەی دایك وایە بەرامبەر مناڵەكەی كە بە پاڵنەری گوڕوتینی سروشتی و فیتری ئەنجام دەدرێت، بۆیە چاوەڕوانی هیچ سوپاسێك ناكات لە مناڵە شیرەخۆرە لاوازەكەی.
ئەمەیە سێ ئاستەكەی بەجێھێنانی مافی مرۆڤەكان كە قورئانی پیرۆز دەستنیشانی كردووە، ئێستا كاتێك سەیری تەورات و ئینجیل دەكەین چارمان نیە جگە لەوەی كە بڵێین ئەم دوو كتێبە هەردووكیان بێ بەشن لەم جۆرە فێركاریە باڵایە سەبارەت بە بەجێهێنانی مافی مرۆڤەكان. لەكوێ چاوەڕێی ئاستی سێیەمیان لێ بكەین بەجۆرێك بەتەواوەتی ئاستی یەكەم و دووەمیان ڕوون نەكردووەتەوە، ئەمەش لەبەرئەوەی تەورات تەنھا بۆ جوولەكە دابەزیوە، هەروەها مەسیح (عليه السلام) بەتەنھا ڕەوانەكراوە بۆلای بەرغەلی نەوەی ئیسڕائیل؛ كەواتە چ پەیوەندییان هەیە بە كەسانی ترەوە تاكو ڕاسپاردەكانی دادپەروەری و چاكەیان تێدا بێت بەرامبەریان؟ هەموو حوكم و ڕاسپاردەكان تەنھا بۆ نەوەی ئیسڕائیل بوون. وە ئەگەر سنووردار نەبوون ئەوا بۆچی یەسووع ڕەحمی بە ئافرەتێكی خۆبەكەمزانی ناجوولەكە نەكرد كاتێك گوێی لە هاوار و داوای بەهاناوەچوونی ئافرەتەكە بوو؟ وە بۆچی پێی گوت: ڕەوانەكراوم بۆلای نەوەی ئیسڕائیل بەتەنھا؟ بۆیە كاتێك یەسووع بە كردەوە هیچ سۆز و بەزەییەكی پیشان نەدابێت بەرامبەر ئەو كەسانەی كە لەنەوەی ئیسڕائیل نەبوون، ئیتر لەكوێ ئێمە چاوەڕوانی ئەوە بكەین كە فێركارییەكەی كۆمەڵێك فەرمان و بڕیاری لەخۆگرتبێت بە بەزەیی هاتنەوە و ڕەحم كردن بە گەلانی تر. دیارە یەسووع بەڕاشكاوی گوتوویەتی تەنھا بۆ لای نەوەی ئیسڕائیل ڕەوانەكراوم، ئیتر لەكوێ چاوەڕێی ئەوە بكەین فێركارییەكەی یەسووع ڕاسپاردەی تێدابێت بە بەزەیی هاتنەوە بە گەلانی تردا؟ نەخێر بەڵكو فێركاریەكەی یەسووع تەنھا ئاراستەی جوولەكە كراوە، وە خودی یەسووع خۆی بەوە نەزانیوە كە مافی ئەوەی هەبێت ڕاسپاردە پێشكەش بكات بە گەلانی تر، ئیتر لەكوێ توانیویەتی بەزەیی و ڕەحمی گشتگیر فێری شوێنكەوتووانی بكات؟ تەنانەت ئەگەر لەئینجیلدا دەستەواژەیەك هەبێت پێچەوانەی وتەی یەسووع -بەوەی كە فێركاریەكەی و دڵسۆزی و بەزەییەكەی تەنھا تایبەتە بە جوولەكە- ئەوا بەدڵنیاییەوە دواتر بە نهێنی خزێنراوەتەناویەوە؛ چونكە ئەم جۆرە دژیەكیە قەبوڵكراو نیە.
هەروەها تەورات تەنھا بۆ جوولەكە بووە، وە ڕایگەیاندووە فێركارییەكەی تەنها بۆ جوولەكەیە، وە ئەو شەریعەتە گشتییەی كە لەجیهاندا دابەزی دەربارەی دادپەروەری و چاكەخوازی و هاوخەمی و دڵسۆزی گشتی تەنھا قورئانی پیرۆزە. خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت: ﴿قُلۡ يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنِّي رَسُولُ ٱللَّهِ إِلَيۡكُمۡ جَمِيعًا﴾ [الأعراف: 159]، وە دەفەرموێت: ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَٰكَ إِلَّا رَحۡمَةٗ لِّلۡعَٰلَمِينَ﴾ [الأنبیاء: 108].
پرسیاری 4: مەسیح سەبارەت بەخۆی ئەم دەستەواژانەی گوتووە: “وەرن بۆلام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەكان، من دەتانحەسێنمەوە” (ئینجیلی مەتتا 11: 28) ، “منم ڕووناكی ژیان” (یۆحەننا 8: 12) ، “منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان” (ئینجیل یۆحەننا 14: 6) ئایا دامەزرێنەری ئیسلامیش ئەم دەستەواژانە یان هاوشێوەی ئەمانەی داوەتەپاڵ خۆی؟
وەڵام: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەڕاشكاوی فەرموویەتی: ﴿قُلۡ إِن كُنتُمۡ تُحِبُّونَ ٱللَّهَ فَٱتَّبِعُونِي يُحۡبِبۡكُمُ ٱللَّهُ وَيَغۡفِرۡ لَكُمۡ ذُنُوبَكُمۡۚ﴾ [آل عمران: 32]. ئەو بەڵێنەی كە مرۆڤ بە شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) دەبێت بە خۆشەویستی خوا، لە هەموو ئەو قسانەی مەسیح باڵاترە كە ئێستا باسكران؛ چونكە هیچ پلەیەك نیە لەوە بەرزتر بێت كە مرۆڤ ببێتە خۆشەویستی خوا، دەی ئەو كەسەی -بە پەیڕەوكردنی ڕێبازەكەی- مرۆڤ دەبێتە خۆشەویستی خوا، كێ هەیە لەو شایستەتر بێت كە ناوی خۆی بنێت نوور، بۆیە خوای گەورە پێغەمبەری بەخشندەی (ﷺ) لە قورئانی پیرۆزدا ناوناوە “نُور” وەك دەفەرموێت: ﴿قَدۡ جَآءَكُم مِّنَ ٱللَّهِ نُورٞ﴾ [المائدة: 16] بۆیە لەكاتی بەراوردكردندا ئەم ڕستەیە: “وەرن بۆلام ئەی هەموو ماندووان و بارگرانەكان، من دەتانحەسێنمەوە” هیچ و بێ مانا دەردەكەوێت، جا ئەگەر مەبەست لە حەسانەوە حەسانەوەی دنیایی و بەرەڵایی بێت ئەوا گومانی تێدا نیە ئەم ڕستەیە ڕاستە؛ چونكە كاتێك مرۆڤ موسوڵمان دەبێت ئەوا پێویستە لەسەری ڕۆژانە پێنج جار نوێژ بكات؛ بەجۆرێك بەیانی زوو پێش خۆركەوتن لەخەو هەڵبستێت بۆ بەجێھێنانی نوێژی بەیانی و دەستنویژ بگرێت تەنانەت ئەگەر ئاو زۆر ساردیش بێت لەوەرزی زستاندا، پاشان پێویستە لەسەری پێنج جار بڕوات بۆ مزگەوت بۆ ئەوەی بە جەماعەت نوێژ بكات، پاشان پێویستە لەسەری وازبهێنێ لە خەوی خۆش لە چارەكی كۆتایی شەودا و هەستێت بۆ شەونوێژ، وە پێویستە لەسەری چاوی دابخات لەئاست ئافرەتانی نامەحرەمدا و سەیریان نەكات و دووربكەوێتەوە لە مەی و بادە و هەموو ماددەیەكی سەرخۆشكەر و هۆشبەر، هەروەك پێویستە لەسەری ڕەچاوی مافی بەندەكان بكات لەترسی سزای خوایی، پاشان لەلایەن خواوە ڕۆژووی لەسەر نووسراوە بۆ ماوەی سی یان بیست و نۆ ڕۆژ لەسەریەك لەهەموو ساڵێكدا، وە هەموو بەندایەتیە دارایی و جەستەیی و ڕۆحییەكانی تر ئەنجام بدات، لەلایەكی ترەوە كاتێك هەر موسوڵمانێكی بەدبەخت دەبێت بە مەسیحی دەستبەجێ هەموو ئەم بارە قورسانە لەسەر شانی فڕێدەداتە خوارەوە بەجۆرێك هەموو كار و كردەوەیەكی دەبێت بە خەوتن و خواردن و خواردنەوەی مەی و حەوانەوەی جەستەیی، وە بەیەكجار وازدەهێنێت لە هەموو كردەوە سەخت و ناڕەحەتەكان و هیچ كارێكی نامێنێت جگە لە خواردن و خواردنەوە و نوقمبوون لە چێژ و خۆشیە چەپەڵەكاندا. جا ئەگەر یەسووع لە وتە ناوبراوەكەیدا مەبەستی لەم شتانەیە كە ئەو كەسە لەكوڵی دەبنەوە و دەحەسێتەوە؛ ئەوا ئێمە بەبێ گومان دانی پێدا دەنێین كە مەسیحییەكان لەڕاستیدا حەوانەوەیەكی بێ وێنەیان بەدەستهێناوە لەجیهاندا بەهۆی بەرەڵایی لەم ژیانە نزمە كورتەدا، ئەوان دەتوانن وەكو مێش لەسەر هەموو شتێك ڕۆنیشن و دەتوانن وەكو بەراز هەموو شتێك بخۆن. ئاشكرایە هيندۆسەكان خۆیان بەدووردەگرن لە خواردنی گۆشتی مانگا و موسوڵمانان گۆشتی بەرازیان حەرامكردووە، بەڵام ئەوان بەبێ دوودڵی و بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە هەموو شتێك دەخۆن. بۆیە ئەو كەسە ڕاستی گوتووە كە گوتوویەتی “ببە بە مەسیحی و چی دەكەیت بیكە”. تەورات بەڕادەیەك جەختی كردووەتەوە لەسەر حەرامبوونی گۆشتی بەراز تەنانەت دستلێدانیشی بەحەرام ئەژماركردووە، وە تێیدا بەڕاشكاوی نووسراوە كە حەرامبوونەكەی هەتاهەتاییە، لەگەڵ ئەوەدا ئەو كەسانە وازیان نەهێنا لەم بەرازە كە لە دیدی هەموو پێغەمبەرێكدا قێزەون و نەشیاو بووە. دەكرێت بڵێین یەسووع مەی و بادەی خواردووەتەوە، بەڵام ئایا هەرگیز گۆشتی بەرازی خواردووە؟ بەڵكو بە پێچەوانەی ئەمەوە لە نموونەیەكدا دەڵێت “مرواریەكانتان فڕێ مەدەنە بەردەم بەرازەكان” جا ئەگەر لەم نموونەیەدا مەبەست لە مروارییەكان وشە جوانەكانە، ئەوا گومانی تێدا نیە كە مەبەست لە بەرازەكان كەسانی خراپ و چەپەڵە، وە لەم نموونەیەدا یەسووع بەڕوونی باسی ئەوەی كردووە كە بەراز چەپەڵ و گڵاوە، چونكە دەبێت لەنێوان چوێنراو و پێ چوێنراودا هاوبەشییەك هەبێت.
بەكورتی، سەرچاوەی حەوانەوە كە مەسیحییەكان چێژ و خۆشی لێ وەردەگرن بریتیە لە حەوانەوەی ئازادبوون و بەرەڵایی، بەڵام حەوانەوەی ڕۆحی كە بریتیە لە ئەنجامی دیداری خوایی، سوێند بەخوا (سبحانه وتعالى) دەخۆم مەسیحیەكان بەتەواوەتی لێ بێ بەشن. بێگومان پەردە دراوە بەسەر چاویاندا و دڵیان مردووە و نوقم بووە لەتاریكیدا، ئەوان بەتەواوەتی بێ ئاگان لە خوای ڕاستەقینە، وە بەناحەق مرۆڤێكی دەستەوسان و لاوازیان كردووە بە خوا لەبەرامبەر خوای زیندووی ڕاگردا، بۆیە هیچ بەرەكەتێكی ڕۆحی لە هەگبەكەیاندا نیە، وە خاوەنی ڕووناكی دڵ نین، وە خوای ڕاستەقینەیان خۆشناوێت، بگرە هیچ زانیارییەكیان نیە سەبارەت بە خوای ڕاستەقینە. بۆیە كەسێكیان تێدا نیە كە نیشانەكانی باوەڕی ڕاستەقینەی تێدا بێت. جا ئەگەر لەڕاستیدا باوەڕ بەرەكەت بێت ئەوا دەبێت هەندێ نیشانەی هەبێت، بەڵام ئەو مەسیحیە كامەیە كە بتوانێت ئەو نیشانانەی باوەڕ پیشان بدات كە یەسووع باسی كردوون؟ بۆیە یان ئەوەتا ئینجیل درۆیە یاخود مەسیحییەكان درۆزنن.
بڕوانن! ئەو نیشانانەی قورئانی پیرۆز باسیكردوون بۆ باوەڕدارانی ڕاستەقینە بەردەوام هاتوونەتەدی لەهەموو سەردەمێكدا بەدرێژایی مێژوو. قورئانی پیرۆز دەفەرموێت باوەڕداری ڕاستەقینە لەلایەن خواوە ئیلھامی پێ دەگات، وە دەنگی خوا دەبیستێت، وە دوعای لە دوعای هەموو كەسێك زیاتر گیرادەبێت، وە هەواڵە غەیبییەكان ئاشكرا دەبن بۆی، وە لەهەموو هەنگاوێكیدا خوا پشتگیری دەكات، كەواتە ئەم نیشانانە هەروەك لە سەردەمەكانی ڕابردوودا هەبوون لە سەردەمی ئێستاشدا هەن بەبێ پچڕان.
لێرەوە دەچەسپێت كە قورئانی پیرۆز وتەی پاك و پیرۆزی خوایە و ئەو بەڵێنانەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون بەڵێنی خوان، كەواتە ئەی مەسیحییەكان ڕاپەڕن! وە ئەگەر هیچ توانایەكتان هەیە ئەوا وەرن كێبڕكێم لەگەڵدا بكەن، جا ئەگەر درۆكەم ساغبوویەوە ئەوا بەبێ دوودڵی سەرم ببڕن، ئەگینا لەلایەن خواوە بەڵگەتان لەسەر چەسپاوە و ڕاستیتان بۆ ساغبووەتەوە و بیانووتان بڕاوە، وە تاوانبارن لەبەردەم خوادا و لە لێواری دۆزەخدان. والسلام علی من اتبع الهدی.
نووسەر
میرزا غوڵام ئەحمەد لە قادیان
پارێزگای گورداسپوور
22ی حوزەیرانی ساڵی 1897ز
PDF