حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی
بە پێنووسی:
حەزرەتی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)

پێڕست
بەشی یەكەم: حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی
وەڵامدانەوەی هەندێ ڕەخنەی مەولەوی موحەممەد عەلی
بەشی دووەم: خستنەڕووی جۆری پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
پاشكۆی كتێبی “حەقیقەتی وەحی” (الاستفتاء) لاپەڕە 689:
هۆكاری سەرەكی ناكۆكی لە بابەتی پێغەمبەرایەتیدا
هەندێ زاراوە دەربارەی پێغەمبەرایەتی
بەشی سێیەم: خستنەڕووی هەندێ خاڵی گرنگ دەربارەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
هەندێ بەڵگە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
وەڵامی پرسیاری: ئایا لەم ئوممەتەدا پێش مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هیچ پێغەمبەرێكی تر هەبووە؟
نامەی كۆتایی مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (عليه السلام) دەربارەی پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی
پێویستە هیچ شاراوەییەك نەبێت لە گەیاندنی ڕاستیدا
وەڵامی هەندێ ڕەخنە دەربارەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو
بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە لەسەر پرسی خەتمی پێغەمبەرایەتی
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین كە وەرگێڕانی كتێبێكی حەزرەتی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)، موسڵیحی بەڵێندراو و خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەشی خوێنەران بكەین بەناوی (حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی). ئەم كتێبە برامان بورهان ڕەسوڵ لە عەرەبیەوە وەریگێڕاوە بۆ كوردی و لیژنەیەك پێداچوونەوە و وردبینی بۆ كردووە.
خوای گەورە بە باشترین شێوە پاداشتی بەخێریان بداتەوە و ئەم کتێبە ناوازەیە بکاتە هۆکاری هیدایەتدانی زۆرێك لە خەڵکی. ئامین
بڵاوكاری كوردی
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
بەشی یەكەم: حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی
چەند ڕۆژێك لەمەوپێش لە كتێبەكەمدا “القول الفصل” وەڵامی نامیلكەیەكم دایەوە لە نووسینی بەڕێز خواجە (كەمالەددین) بەناونیشانی: “هۆكاری ناكۆكیە ناوخۆییەكان لە كۆمەڵی ئەحمەدیدا”. هیوادار بووم هیچ كەسێك نەوێرێت تێگەیشتنی هەڵە بڵاوبكاتەوە لانی كەم دەربارەی ڕێبازەكەم و ئەم مشتومڕە كۆتایی بێت. تەنها خۆم بەم شێوەیە بیرم نەكردەوە بەڵكو هەموو كەسە دادپەروەرەكانیش بەهەمان شێوە بیریان كردەوە. زۆرێك لە نائەحمەدیەكانیش كە كتێبی ناوبراوی منیان خوێندبووەوە دانیان بەوەدا نابوو كە پێویستە لە ئێستاوە ئەم مشتومڕە كۆتایی بێت چونكە بابەتەكە یەكلایی بووەتەوە. بەڵام وا دەردەكەوێت دژایەتی هەندێ بەڕێز بەجۆرێك پەرەیسەندووە كە پێیان وایە قسەكانم ئاڵۆز و ناڕوون بێت و بۆچوونە ڕوون و ئاشكراكەم لە مەتەڵ ڕوونتر نیە بۆیان. بۆیە مەولەوی موحەممەد عەلی بەڕێز نامیلكەیەكی بڵاوكردەوە بە ناونیشانی: “دەرخستنی هەڵە لە القول الفصل دا”، وەك وەڵامێك بۆ كتێبەكەی من و تێیدا گفتوگۆی نەكردووە دەربارەی هەموو ئەو مانا و ناوەڕۆكانەی كە لە كتێبەكەمدا هاتوون، بەڵام تا ڕادەیەك گفتوگۆی كردووە دەربارەی پرسی پێغەمبەرایەتی و ئەوپەڕی هەوڵی داوە كە بیسەلمێنێت پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرایەتیەكی ناتەواوە، وە لەكۆتاییدا ئاماژەی بە من كردووە و گوتوویەتی: “میانی بەڕێز باوەڕی بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەیە كە لەڕاستیدا پێغەمبەرێكی حەقیقیە”.
بێگومان ئەو كەسانەی كتێبەكەی منیان خوێندووەتەوە “واتە كتێبی القول الفصل” چاك دەزانن من زۆر بە ڕوونی نكۆڵیم كردووە لەوەی مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت. وە مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی فەرموویەتی مانای پێغەمبەرایەتی حەقیقی ئەوەیە كە ئەو كەسەی بەدەستیهێناوە شەریعەتێكی هێنابێت، ئیتر پێم بڵێن، چۆن دەتوانم مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە خاوەنی شەریعەتێكی نوێ لە قەڵەم بدەم لەگەڵ ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) كاری بە شەریعەتی ئیسلامی كردووە و هەروەها منیش بانگەشەی ئەوە دەكەم كە باوەڕم بە ئیسلام هەیە؟ هەڵبەت لە كتێبی ناوبراودا تەحەددای خواجەی بەڕێزم كردووە كە بتوانێت لە هەر دەقێك لە وتارەكەمدا بیسەلمێنێت من وەسفی مەسیحی بەڵێندراوم (عليه السلام) كردبێت بە پێغەمبەرێكی حەقیقی بەو مانایەی كە بە شەریعەتێكی نوێوە هاتووە. وە لە كتێبەكەمدا لە ڕاگەیاندنێكدا تەحەددای دكتۆر میرزا یەعقووب بەگم كردووە ڕاستی قسەكەی بسەلمێنێت كە گوتوویەتی میرزا مەحموود ئەحمەد (واتە من) دڵنیایە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی حەقیقیە، بەو مانایەی بە شەریعەتێكەوە هاتووە. وە داوام كرد لە خواجەی بەڕێز كە میرزا یەعقووب بەگ ڕازی بكات بە وەڵامدانەوەی ئەم ڕاگەیاندنە و بەوپەڕی ڕاشكاویەوە نووسیم: “هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی فەرموویەتی مانای پێغەمبەری حەقیقی ئەو پێغەمبەرەیە كە بە شەریعەتێكی نوێوە دێت، بۆیە لە ڕوانگەی ئەم مانایەوە هەرگیز باوەڕمان بەوە نیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت”. (القول الفصل، ص12). وە قسەكەی مەولەوی موحەممەد عەلی -دوای ئەم قسەیەی من- كە گوتوویەتی میان (واتە میرزا مەحموود ئەحمەد) باوەڕی وایە مەسیحی بەڵێندراو لەڕاستیدا پێغەمبەرێكی حەقیقیە، (لا19) پێچەوانەی ڕاستی و دەستپاكیە. هەركەسێك ئەندازەی گەردیلەیەك عەقڵی هەبێت دوای خوێندنەوەی ئەم دوو ڕستەیە دەزانێت تا چ ڕادەیەك ئەوان بەدوای ئەو ڕاستیەدا گەڕاون كە بەهۆیەوە دژایەتیم دەكەن. من دەڵێم باوەڕم بەوە نیە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بەگوێرەی ئەو زاراوەیە “پێغەمبەری حەقیقی” كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی دایناوە و مانای كردووە؛ چونكە مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەوەی ڕەتكردووەتەوە كە پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت ئەوا من كێم هەتا وەسفی بكەم بە پێغەمبەرێكی حەقیقی؟ ڕاستە من نووسیومە ئەگەر مانایەكی تر دابنرێت بۆ زاراوەی “پێغەمبەری حەقیقی” ئەوا با بخرێتەڕوو بۆم و تەنها ئەو كاتە دەتوانم ڕای خۆم لەبارەیەوە دەرببڕم. “پێغەمبەری حەقیقی” زاراوەیەكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی دایناوە و خۆی ماناكەشی ڕوونكردووتەوە، وە من بەگوێرەی ئەم مانایە هەرگیز بە پێغەمبەری حەقیقی لەقەڵەمی نادەم. بەڵام لەبەرئەوەی بۆ هەركەسێك هەیە زاراوە دابنێت بۆیە گوتم ئەگەر بۆ زاراوەی “پێغەمبەری حەقیقی” مانایەكی تر هەبێت جگە لەو مانایەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دایناوە ئەوا پاش ئاگاداربوون لێی دەتوانم ڕای خۆم لەبارەیەوە بڵێم كە ئایا ئەم مانایە پیادە دەبێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا یان نا. بۆ نموونە نووسیومە ئەگەر زاراوەی “پێغەمبەری حەقیقی” مانای ئەوە بێت كە ئەو پێغەمبەرە پێغەمبەرێكی ساختە یان درۆزن نیە؛ ئەوا لە ڕوانگەی ئەم مانایەوە من باوەڕم بە مەسیحی بەڵێندراو هەیە كە پێغەمبەرێكی حەقیقیە. هەڵبەت تێگەیشتن لە مانای ئەم دەستەواژەیە زانیاریەكی زۆری ناوێت، بەڵكو ئەگەر كەسێك بتوانێت لە دەستەواژەیەكی سادەی زمانی ئوردی تێبگات؛ ئەوا تێدەگات لە دەستەواژەی ناوبراو كە ماناكەی بریتیە لەوەی سەرەتا -بۆ هێنانەوەی نموونە- مانایەكی گریمانەیی دەستنیشانكراوە ئینجا زاراوەیەكی بۆ دانراوە پاشان لەم ڕوانگەیەوە مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەری حەقیقی ئەژماركراوە، نەك لە ڕوانگەی ئەو مانایەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دایناوە بۆ ئەو زاراوەیە و بەگوێرەی ئەوە نكۆڵی كردووە لەوەی پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت. ئەو كەسانەی بەم شێوەیە هەڵەیان كرد لە تێگەیشتنی دەستەواژەكەی من دەترسم پاش چەن ڕۆژێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە كافر لەقەڵەم بدەن چونكە وەك گوتم ئەگەر مانای پێغەمبەری حەقیقی ئەوە بێت كە نابێت پێغەمبەرێكی ساختە و درۆزن بێت و من لەم ڕوانگەیەوە بەڕێزیم (عليه السلام) بە پێغەمبەرێكی حەقیقی ئەژماركردبێت؛ ئەوا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆیشی هەمان شێوازی بەكارهێناوە لە دێڕە شیعرێكیدا و دەفەرموێت (كە ئەمە كوردیەكەیەتی):
“من مەستم بە خۆشەویستی پێغەمبەر (ﷺ) پاش خۆشەویستی خوا (U)، ئەگەر ئەمە كوفر بێت ئەوا سوێند بە خوا من ئەوپەڕی كافرم”.
لەم دێڕە شیعرەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مانایەكی گریمانەیی داناوە بۆ وشەی كوفر و فەرموویەتی: ئەی خەڵكینە ئەگەر ئەمە كوفر بێت لای ئێوە ئەوا من ئەوپەڕی كافرم. ئەم دەستەواژەیە لەو دەستەواژەیە دەچێت كە من لە كتێبەكەمدا نووسیومە و گوتوومە ئەگەر پێغەمبەرایەتی حەقیقی ئەو مانایەی نەبێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی دەستنیشانی كردووە و مانایەكی تری هەبێت وەك ئەوەی ئەو پێغەمبەرایەتیە ساختە یان درۆ نەبێت؛ ئەوا بەم مانایە من بەڕێزی (عليه السلام) بە پێغەمبەرێكی حەقیقی ئەژمار دەكەم. كەواتە ئەو كەسەی پێی وایە ئەم قسەیەی من بەڕاشكاوی مانای ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی بووە، دەبێت پێی وا بێت دێڕە شیعرەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، ئەوەی ئێستا باسكرا، مانای ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) كافر بووە، پەنا بە خوا. بەڵام هەڵێنجانی ئەو مانایە لە دێڕە شیعرەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە گوایە دانی ناوە بە كافربوونی خۆیدا، پەنا بە خوا، هەروەها هەڵێنجانی ئەو مانایە لە قسەكەی من كە گوایە ڕامگەیاندووە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) حەقیقیە، بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نیە لەڕووی یاساكانی زمانەوە. وە ئەو كەسەی مانایەكی هەڵە وەردەگرێت لە دەستەواژەیەكی ڕوون -وەك ئەو دەستەواژەیەی باسكرا- تەنها دەیەوێت خەڵكی فریوبدات یان ئەوەتا كەسێكی هێندە گەمژەیە كە تەنانەت پەی نابات بە مانای دەستەواژە زۆر ڕوونەكان.
سەرەڕای دێڕە شیعرەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لێرەدا فەرموودەیەكیش وەك نموونە دەهێنمەوە كە ئەگەر وەك چۆن مانا وەگیراوە لەو دوو ڕستەیەی ئێستا باسكران لە فەرموودەكەیشەوە بەهەمان شێوە مانا وەربگیرێت؛ ئەوا دەبێت پێغەمبەران و پیاوچاكان و موسوڵمانان هەموویان كافربكرێن. لە سەحیحی موسلیمدا فەرموودەیەك هاتووە لە زەیدی كوڕی خالیدی جوهەنیەوە گوتی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە حودەیبیە نوێژی بەیانی بۆ كردین لەكاتێكدا شەو باران باریبوو، كاتێك تەواوبوو ڕووی كردە خەڵكەكە و فەرمووی: ئایا دەزانن پەروەردگارتان چی فەرموو؟ گوتیان: خوا و پێغەمبەرەكەی باشتر دەزانن، فەرمووی: فەرمووی، هەندێ لە بەندەكانم باوەڕدار بوون بە من و هەندێكیان كافربوون. ئەو كەسەی گوتی بەهۆی فەزڵ و ڕەحمەتی خواوە بارانمان بۆ باری ئەوا باوەڕدارە بەمن و كافرە بە ئەستێرەكان، وە ئەو كەسەی گوتی بەهۆی فڵان ئەستێرە و فڵان ئەستێرەوە بارانمان بۆ باری ئەوا كافرە بە من و باوەڕدارە بە ئەستێرەكان. (صحیح مسلم، كتاب الإیمان، باب كفر من قال مطرنا بالنوء).
ئەگەر كەسێك دوای باسكردنی ئەم فەرموودەیە هەرای نایەوە و گوتی: ئەو كەسانەی باوەڕیان هێناوە بە خوا و پێیان وایە بەهۆی فەزڵی خواوە باران دەبارێت لەم فەرموودەیەدا هەموویان بەڕاشكاوی بە كافر لەقەڵەم دراون، ئەوا مرۆڤ هیچی بۆ نامێنێتەوە جگە لە خەفەتخواردن و سەرسوڕمان بەهۆی ئەم قسەیەوە.
كەواتە ئەو كەسەی ئەم جۆرە قسەیە دەكات پێویستە بزانێت لێرەدا باسی كوفرێك كراوە كە تێیدا ئەوە بە مەرج گیراوە مرۆڤ نكۆڵی بكات لەوەی ئەستێرەكان بكرێن بە هاوبەش لەگەڵ خوادا، وە ئەم كافرە كەسێكی ناپەسەند نیە بەڵكو پەسەندە، وە لێرەدا مەبەست لە كافر ئەو كافرە نیە كە لە زاراوەی قورئانیدا هەیە وەك لەم ئایەتەدا هاتووە: ﴿أُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡكَٰفِرُونَ حَقّٗاۚ﴾ (النساء: 152) چونكە مرۆڤ بەهۆی نكۆڵیكردن لە خوای گەورە، یان نكۆڵیكردن لە یەكێك لە فریشتەكان یان كتێبێك لە كتێبە ئاسمانیەكان یان نكۆڵیكردن لە یەكێك لە پێغەمبەران یاخود نكۆڵیكردن لە ڕۆژی دوایی دەبێت بە كافرێكی لەم شێوەیە. لەگەڵ ئەوەی وشەی “كافر” لە فەرموودەكەدا بەكارهاتووە بەڵام بە مانایەكی تر بەكارهاتووە كە پێچەوانەی مانا زاراوەییەكەیە، وە لە ڕوانگەی ئەم مانایەوە كافربوونی باوەڕدار شتێكی ناپەسەند نیە بەڵكو لەڕاستیدا مرۆڤ نابێت بە باوەڕدار هەتا نەبێت بە كافرێكی لەم شێوەیە.
ئای! ئەم ڕەفتارە چەند جێگای داخە و چەند ئازاربەخشە بەجۆرێك ئەو كەسانە بەهۆی نەیاری و دوژمنایەتی توندەوە پێش ئەوەی وەڵامی پرسیار بدەنەوە سەرنج نادەن و بیرناكەنەوە! بەڵكو لە هەموو بارودۆخێكدا جەخت دەكەنەوە لەوەی كە پێویستە بەرپەرچی قسەی “مەحموود ئەحمەد” بدرێتەوە. بێگومان بەوپەڕی ڕاشكاویەوە نووسیومە كە من باوەڕم بەوە نیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بەگوێرەی ئەو مانایەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی كردوویەتی بۆ زاراوەی “پێغەمبەری حەقیقی”. سەرەڕای ئەوەی من ئەوەم نووسیوە كەچی لە وەڵامدانەوەی ئەو كتێبەمدا كە ئەم دەستەواژەیەی تێدا هاتووە دەربارەی من گوتراوە “میان (واتە میرزا مەحموود ئەحمەد) باوەڕی بە مسیحی بەڵێندراو هەیە كە پێغەمبەرێكی حەقیقیە”، چ ستەمێك لەمە گەورەترە؟! وە لە كوێ تەحریف و شێواندنێكی لەمە خراپتر دەدۆزرێتەوە؟! لە هەموو ئەو مرۆڤە ژیرانە دەپرسم كە ڕاستبوونەتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەم بەهۆی هەڵە تێگەیشتنەوە نەك بەهۆی دەمارگیری و كەللـەڕەقیەوە و پێیان دەڵێم: ئایا لە جیهاندا هیچ پرسێك یەكلایی دەبێتەوە بە تەحریفكردن و شێواندنی لەم شێوەیە؟! ئایا بەم شێوازە ڕەزامەندی خوا بەدەست دێت؟! ئایا ئەمە پەیوەندی بە فێركاری و ڕێنماییەكانی ئیسلامەوە هەیە؟! ئایا دادپەروەری داخوازی ئەمە دەكات؟! ئایا ئەمەیە كە پێی دەگوترێت جوامێری؟! ئەگینا بۆچی ئەم شێوازە دەگیرێتەبەر دژی من؟! نكۆڵی لە شتێك دەكەم پاشان هەمان شت دەدرێتەپاڵم، وە سەرەڕای نكۆڵیكردنەكەم تۆمەتباردەكرێم بەوەی دانم پێدا ناوە. هەڵبەت بەوپەڕی ڕاشكاویەوە لە كتێبەكەمدا نووسیوە كە من هەرگیز باوەڕم بەوە نیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بەگوێرەی ئەو مانایەی كە بەڕێزی (عليه السلام) كردوویەتی بۆ چەمكی پێغەمبەرایەتی حەقیقی. وە هەرگیز باوەڕم نەبووە بەوەی بەڕێزی (عليه السلام) بە شەریعەتێكی نوێوە هاتبێت، بەڵكو ڕێبازەكەم ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) هەتا ئەو ڕۆژەی كۆچی دواییكرد پابەندبوو بە حوكمەكانی ئیسلامەوە. بەڵكو باوەڕم بەوەش هەیە كە لە ماوەی 1300 ساڵدا لە سەردەمی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) هەتا ئەمڕۆ لە ئوممەتی موحەممەدیدا كەسێك نەبووە بە ئەندازەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دڵسۆز و گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بووبێت، لەبەر ئەوە لە هەموو ئەو پیاوچاكانەی كە پێش خۆی هاتوون لەم ئوممەتەدا بە باشتر لەقەڵەمدراوە چونكە تاكە پێوەر بۆ باشتربوون لە ئوممەتی موحەممەدیدا بریتیە لە: ﴿إِن كُنتُمۡ تُحِبُّونَ ٱللَّهَ فَٱتَّبِعُونِي يُحۡبِبۡكُمُ ٱللَّهُ﴾ (آل عمران: 32) واتە پێویستە لەسەر مرۆڤ شوێنكەوتە و گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بێت. بۆیە كاتێك دەڵێم خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) لە هەموو خەڵكی بە باشتر داناوە لەم ئوممەتەدا مانای ئەوەیە هیچ كەسێك نەبووە لەم ئوممەتەدا لەو زیاتر گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بوو بێت، وە ئەو پایەی فەنابوون و گوێڕایەڵیەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەدەستیهێنا هیچ كەسێكی تر نەیتوانیوە بەدەستی بهێنێت. ئیتر بۆچی -سەرەڕای ئەم بیروباوەڕەم- تۆمەتبارم دەكەن بە شتێك كە پێچەوانەی ڕاستیە؟! وە بۆچی كۆمەڵێك ڕێسا دادەتاشن بۆ ئەوەی بەشێوەیەك مانای دەستەواژەكە بكەن كە بەگوێرەی ئەوە مرۆڤ ناچار دەبێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بگرە هەموو پێغەمبەران و پیاوچاكانیش بە كافر و هەڵگەڕاوە لەقەڵەم بدات وەك كەمێك لەمەوپێش گوتم؟! تۆبە بكەن لەم بێشەرمیە بۆ ئەوەی ڕەحمتان پێ بكرێت، وە ڕێگەیەكی بێوەی و سەلامەت هەڵبژێرن و بە ڕێچكەیەكدا مەڕۆن كە بە گرتنەبەری مرۆڤ ناچاربێت پشتی هەموو چاكەكاران و ڕاستگۆیان بەربدات. ئایا نازانن كە ئاریایی و مەسیحیەكان پێشتر بە هەمان شێواز هێرشیان دەكردە سەر ئیسلام، ئەوان لە هێرشكردنیان بۆ سەر قورئانی پیرۆز ئەو وشانەی قورئانیان بەكاردەهێنا كە لە زمانی ئوردیدا بە مانایەكی نەگونجاو بەكاردێن. بۆ نموونە دەیانگوت لە قورئاندا وشەی “مكار” هاتووە سەبارەت بە خوای گەورە. گومانی تێدا نیە لە قورئانی پیرۆزدا سەبارەت بە خوای گەورە فەرمایشتی: ﴿وَٱللَّهُ خَيۡرُ ٱلۡمَٰكِرِينَ﴾ هاتووە، بەڵام ئەو گەوجانە نەیاندەزانی كە مانای وشەی “مكار” بە ئوردی جیاوازە لە ماناكەی بە عەرەبی. مكار لە زمانی ئوردیدا واتە فێڵباز و فریودەر بەڵام لە عەرەبیدا واتە كەسێك پلان دادەنێت و نەخشەدەكێشێت. بۆیە بە هیچ شێوەیەك ڕەوا نەبوو بۆیان لە وشەی “مكار”ەوە مانایەك هەڵهێنجن كە قورئانی پیرۆز باسی نەكردووە. كەواتە كاتێك خۆم نووسیم من باوەڕم بەوە نیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بەگوێرەی ئەو زاراوەیەی مەسیحی بەڵێندراو دایناوە و مانای كردووە، واتە باوەڕم بەوە نیە كە شەریعەتێكی نوێی هێنابێت، بەڵام ئەگەر ئەم وشەیە لە مانا زاراوەییەكەی خۆی لادرا و مانایەكی تری بۆ دانرا، وە لەم دۆخەدا ئەگەر توانرا ئەو مانایە پیادەبكرێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام)؛ ئەوا ئەو كاتە بە پێغەمبەرێكی حەقیقی ئەژماری دەكەم، ئیتر بۆچی تۆمەتباركرام بەوەی بەڕێزی (عليه السلام) بە پێغەمبەرێكی حەقیقی لەقەڵەم دەدەم؟! من مەرجێكم دانابوو و گوتم ئەگەر ئەم مەرجە هاتەدی ئەوا ئەو كاتە دەتوانرێت بەڕێزی (عليه السلام) بە پێغەمبەرێكی حەقیقی لەقەڵەم بدرێت، وەك چۆن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی فەرموویەتی ئەگەر مەبەست لە كافربوون بریتی بێت لە خۆشویستنی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوا من ئەوپەڕی كافرم. كەواتە ستەمێكی گەورەیە بوترێت من باوەڕم بەوە هەیە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت سەرەڕای وشە و قسە ڕاشكاوەكانم لەم بارەیەوە.
پێویستە لەم شوێنەدا ئەوەش بوترێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی بە پێغەمبەرێكی حەقیقی داناوە بە مانایەكی جگە لە مانا زاراوەییەكە وەك لەم دەستەواژەیەی خوارەوەدا بەڕوونی دەفەرموێت:
“هەندێ كەس دەڵێن: ڕاستە لە هەردوو سەحیحەكەدا هاتووە عیسای داهاتوو لەم ئوممەتە دەبێت، بەڵام لە سەحیحی موسلیمدا بە ڕاشكاوی ناوی نراوە پێغەمبەر ئیتر چۆن باوەڕ بكەین یەكێك دەبێت لەم ئوممەتە؟!
وەڵامەكە ئەوەیە: ئەم هەموو بەدبەختیە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە سەرنج نەدراوە لە مانای ڕاستەقینەی وشەی پێغەمبەر. مانای پێغەمبەر تەنها ئەو كەسەیە كە لە ڕێگەی وەحیەوە هەواڵی پێدەگات لەلایەن خواوە، وە شەرەفی ئاخاوتن و قسەكردن لەگەڵ خوادا بەدەستدەهێنێت، وە پێویست نیە بە شەریعەتێكەوە بێت، هەروەك پێویست نیە شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی خاوەن تەشریع نەبێت.” (ضمیمة البراهین الأحمدیة، الجزء الخامس، الخزائن الروحانیة، مجلد 21، ص305-306)
لەم دەستەواژەیەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی ناوناوە پێغەمبەر بەگوێرەی مانا ڕاستەقینەی وشەی پێغەمبەر، بۆیە ئەو فەتوایەی كە دژی من دەریانكردووە پیادە دەبێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراویشدا (عليه السلام). ئێستا چیتان دەوێت بیڵێن چونكە هەرچیەك دەڵێن پیادە دەبێت بەسەر من و مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) بەیەكەوە. هیچ شتێك لەوە دڵخۆشترم ناكات كە ئازار بدرێم یان بەدگۆیی و خراپە بكرێت بەرامبەرم لەپێناوی ڕوونكردنەوە و خستنەڕووی وتەی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام). بەڵام چاك بزانن ئەو كەسەی فەتوا دەدات دژی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تووشی پەلامار و تووڕەیی خوا دەبێت، وە ئەم هەڵویستە زۆر ترسناكە. بێگومان بۆچوونەكەی من دژ و پێچەوانەی بۆچوونی مەسیحی بەڵێندراو نیە؛ چونكە بەڕێزی (عليه السلام) دەستەواژەی “پێغەمبەری حەقیقی”ی كردووە بە زاراوەیەك و مانایەكی پێداوە كە مەبەست لێی ئەو پێغەمبەرەیە شەریعەتێكی نوێی هێناوە، وە نكۆڵی كردووە لەوەی پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بەم مانایە. وە منیش نكۆڵیم كردووە لەوەی بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بەم مانایە، بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) مانای ڕاستەقینەی وشەی پێغەمبەری خستووەتەڕوو كە بریتیە لەو كەسەی بەڕێژەی زۆر ئاگادار بێت لە شتە غەیبیەكان. ئێستا بڵێن ئەو كەسەی بەم مانایە پێغەمبەر بێت -كە مانا ڕاستەقینەكەیە- ئایا پێغەمبەرێكی حەقیقیە یان نا؟!
ئەگەر كەسێك بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی ڕوونی كردووەتەوە كە مانای حەقیقی پێغەمبەر چیە و نەیفەرمووە كەسێكی لەم شێوەیە پێغەمبەرێكی حەقیقیە؛ ئەوا پێویستە بزانرێت ئەو شتەی ناوێكی دیاریكراو بەدەستدەهێنێت لە ڕوانگەی مانای حەقیقیەوە خۆیشی حەقیقیە. ئەگەر ئەو كەسەی بەگوێرەی مانای حەقیقی وشەی پێغەمبەر پێی بوترێت پێغەمبەر پێغەمبەرێكی حەقیقی نەبێت؛ ئەوا ئایا ئەو كەسەی لە داهاتوودا بەگوێرەی مانای ناحەقیقی پێی دەگوترێت پێغەمبەر، زمان بە پێغەمبەرێكی حەقیقی وەسفی دەكات؟! دیارە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مانای ڕاستەقینەی وشەی پێغەمبەری خستووەتەڕوو پاشان بەگوێرەی ئەو مانایە خۆی بە پێغەمبەر لەقەڵەمداوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە ئەگەر نكۆڵی لەوە كردووە كە پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بە مانا زاراوەییەكە، ئەوا دانی بەوەشدا ناوە كە پێغەمبەرێكی حەقیقیە بەگوێرەی مانا گشتیەكە. وە منیش بەهەمان شێوە نووسیومە ئەگەر دەستەواژەی “پێغەمبەری حەقیقی” بەو مانا زاراوەییە وەرنەگرین كە مەسیحی بەڵێندراو دەستنیشانی كردووە بۆ ئەم دەستەواژەیە، بەڵكو گوتمان مانای پێغەمبەری حەقیقی ئەو پێغەمبەرەیە كە ساختەچی و درۆزن نیە؛ ئەوا بەگوێرەی ئەم مانایە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقیە، بەڵام نەك بە مانا زاراوەییەكە. وە بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەی بابەتەكە نموونەیەك دەهێنمەوە كە بەهۆیەوە هەموو كەسێك بە ئاسانی تێدەگات لە بابەتەكە. هەڵبەت پێغەمبەر (ﷺ) وشەی “الكلمة”ی بەكارهێناوە بە مانای “الجملة، ڕستە” یان “الفقرة، بڕگە” و بە گشتی ئەمە مانا باوەكەیە، بەڵام لە زاراوەی زانایانی نەحودا مانای “الكلمة” بریتیە لە وشەیەكی تاك. بۆیە كاتێك باسی “الكلمة” دەكرێت لە كتێبی زانایەكی نەحودا مەبەست لێی وشەیەكی تاكە نەك بڕگەیەك یان دەستەواژەیەك. بەڵام لە زاراوەی موسوڵماناندا وشەی “الكلمة” بە “كلمة الشهادة، وشەی شایەتومان”یش دەوترێت لەگەڵ ئەوەی شایەتومان تاكە وشەیەك نیە بەڵكو بریتیە لە ڕستەیەك. ئێستا، ئەگەر كەسێك وشەی “الكلمة”ی بەكارهێنا بەگوێرەی زاراوەی نەحویەكان و گوتی مەبەست لە وشەی “الكلمة” بریتیە لە “لفظ، وشە” ئەوا شیاو نیە بۆ كەسێكی ژیر دەستبەجێ تۆمەتباری بكات بەوەی كە بێڕێزی و بەدگۆیی كردووە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) و بڵێت پێغەمبەر (ﷺ) وشەی “الكلمة”ی بەكارهێناوە بۆ نیوە دێڕە شیعرێك وەك فەرموویەتی: “ڕاسترین وشەیەك شاعیر گوتبێتی وشەكەی لوبەیدە كە گوتوویەتی: ألا كل شيء ما خلا الله باطل. واتە: بزانن هەموو شتێك جگە لە خوا باتڵە”، بەڵام ئەم كەسە بە وشەیەكی تاك دەڵێت “الكلمة”. وە هۆكاری ڕەخنەنەگرتن لەم قسەیە ئەوەیە كە ئەم كەسە پێغەمبەری (ﷺ) بەدرۆ نەخستووەتەوە، بەڵكو بەگوێرەی زاراوەیەكی تر وشەی “الكلمة”ی بەكارهێناوە. بەڵام بەداخەوە ڕەنگە لەوەتەی جیهان دروستكراوە سەردەمی ئێستا تاكە سەردەم بێت كە ئەگەر وشەیەك بە مانایەكی تر بەكارهات بە مەبەستی شیكردنەوە؛ ئەوا ئەو وشەیە بەشێوەیەكی هەڵە بگەیەنرێت بە خەڵكی بۆ ئەوەی تووڕەیان بكەن و بەشێوەیەكی هەڵە هانیان بدەن تاكو بە خراپی تێبگەن لە مەبەستی قسەكەرەكە، وە وشەكە بە خراپی بەكاربهێنرێت بە مانایەك جگە لەو مانایەی قسەكەر مەبەستیەتی. هەموو ئەمانە ڕوویدا سەرەڕای بەڵگە و شایەتییەك كە لە وتەی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هەیە.
وە بەڵگەی دووەمی ئەوان لەسەر ئەوەی كە من باوەڕم وایە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی حەقیقیە ئەوەیە من لە شوێنێكدا نووسیومە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕیزی كۆمەڵی نێردراوان و پێغەمبەراندایە و یەكێكە لەوان، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە من باوەڕم وایە ئەو پێغەمبەرێكی حەقیقیە واتە بەشەریعەتێكی نوێوە هاتووە. هەڵبەت ئەم بەڵگەیەشیان ئەوپەڕی خراپ حاڵیبوونە. دیارە دانانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕیزی پێغەمبەرانی پێشوو نایسەلمێنێت كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقیە یان بەدەربڕینێكی تر پێغەمبەرێكە بە شەریعەتێكی نوێوە هاتووە. ئەگەر پێغەمبەرێك بەتەواوەتی ڕەنگی پێغەمبەرانی پێشوو بگرێت بەهۆی ئەوەی لە چوارچێوەی گرووپەكەی ئەواندایە؛ ئەوا دەكرێت بڵێن پێغەمبەر (ﷺ) ناچێتە چوارچێوەی گرووپی پێغەمبەرانی پێشووەوە و یەكێك نیە لەوان چونكە خاتەمی پێغەمبەران بووە لەكاتێكدا پێغەمبەرانی تر هیچ یەكێكیان خاتەمی پێغەمبەران نەبووە و بۆ هەموو جیهان ڕەوانەنەكراوە. بۆیە بەگوێرەی بیروباوەڕی ئێوە ئەو كەسەی دەڵێت پێغەمبەر (ﷺ) دەچێتە ناو بازنەی گرووپی پێغەمبەرانەوە وەك ئەوە وایە نكۆڵی بكات لە خەتمی پێغەمبەرایەتیەكەی، بەڵام هیچ كەسێكی ژیر نیە ئەم بیروباوەڕ و بنەمایە پەسەند بكات. مادام لە كتێبەكەمدا هەندێ سیفەتی جیاكەرەوەم باسكردووە بۆ پێغەمبەران و نووسیومە كۆمەڵێك پێغەمبەری حەقیقی هەن بە شەریعەتەوە دێن و كۆمەڵێك پێغەمبەری سەربەخۆ هەن بە شەریعەتەوە نایەن بەڵام ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنن، وە پێغەمبەرانێكی تر هەن بە شەریعەتەوە نایەن و پێغەمبەرایەتیەكەیان ڕاستەوخۆ و سەربەخۆ نیە، وە وەسفی مەسیحی بەڵێندراوم (عليه السلام) كردووە بەوەی كە لە جۆری سێیەمە، ئیتر كێ بۆی هەیە -لەگەڵ ئەم لێدوانە ڕاشكاوەمدا- بێشەرمی بكات و بڵێت من مەسیحی بەڵێندراوم (عليه السلام) بە پێغەمبەرێكی حەقیقی داناوە (بەو مانایەی كە شەریعەتێكی نوێی هێناوە)؟ كەواتە بەگوێرەی بیروباوەڕی من مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی نیە لەگەڵ ئەوەی لە بازنەی گرووپی پێغەمبەرانی پێشوودایە و یەكێكە لەوان، بۆیە ئەگەر هەر قسەیەك بدرێتەپاڵم كە دژی ڕاوبۆچونی خۆم بێت؛ ئەوا ئەم كارە پێچەوانەی ئەمانەت و دەستپاكیە. بۆتان هەیە بڵێن ئەو سیفەتانەی باستكردووە دروست نین، دەتوانن بڵێن سیفەتەكانی پێغەمبەران قەبووڵ ناكەین، وە بۆتان هەیە بڵێن مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نەبووە، وە دەشتوانن چۆنتان دەوێت بیروباوەڕی خۆتان بخەنەڕوو، وە دەتوانن هێرش بكەنەسەر بیروباوەڕی من، بەڵام بۆتان نیە شتێك بدەنەپاڵم كە نەم گوتووە و دژ و پێچەوانەی بیرباوەڕمە و زۆر بەتوندی ڕەتم كردووەتەوە. لە پیشە حكومیەكاندا بەشێك هەیە بە ناوی “خزمەتی شارستانی” و لەناو فەرمانبەرانی ئەم لقەدا (مفوض) و جێگری (مفوض) و (مفوض)ی باڵایش هەیە. جا ئەگەر كەسێك فەرمانبەر بێت لەم بەشەدا ئایا مانای وایە كە پێویستە بە (مفوض) لەقەڵەمدرابێت. بەهەمان شێوە دەڵێم پێغەمبەرایەتی پلەیەكە، وە ئەوانەی ئەم پلەیەیان بەدەستهێناوە كۆمەڵێك تایبەتمەندی جۆراوجۆریان هەیە، وە دەكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت و هەندێ لەو تایبەتمەندیانەی تێدا نەبێت وەك چۆن دەكرێت كەسێك فەرمانبەر بێت لە ڕیزی خزمەتی شارستانیدا بەبێ ئەوەی بگاتە پلەی (مفوض).
پاش پووچەڵكردنەوەی ئەم تۆمەتە، كە لەڕاستیدا پەیوەندی هەیە بە ناوەڕۆكی بابەتەكەوە و تیشكێك دەخاتە سەر بابەتە سەرەكیەكە، ئێستا وەڵامی كۆمەڵێك بابەتی تر دەدەمەوە. بەڵام دەبێت ئەوەش بخرێتەڕوو كە مەولەوی موحەممەد عەلی لە نامیلكەكەی خۆیدا ڕووی قسەی كردووەتە من و گوتوویەتی: ئەگەر ئەوەی لە نامیلكەكەمدا گوتوومە ڕاست نەبووە؛ ئەوا پێویستە دیبەیتی لەگەڵدا بكەم. بەڵام نامیلكەكەی خۆی نەناردووە بۆم بەڵكو دوێنێ لە ڕێككەوتی 13[*] بەهۆی نامەی یەكێك لە براكانەوە زانیم نامیلكەیەك هەیە و بڵاوكراوەتەوە، بەڵام نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ لە ڕێگەی پۆستەوە پێم نەگەیشت لەگەڵ ئەوەی من دەستبەجێ كتێبەكەی خۆم “القول الفصل” نارد بۆ خواجە كەمالەددین و بۆ مەولەوی موحەممەد عەلی و هاوەڵەكانی تریان لە ناوچە جۆراوجۆرەكان، بەهەمان شێوە خواجەیش وتارەكەی خۆی نەنارد بۆم بەڵام لەبەرئەوەی من كتێبەكەی خۆم نارد بۆی و وەڵامیان دایەوە بۆیە وا گونجاوتر بوو كە دەستبەجێ نامیلكەی ناوبراو بنێرن بۆم. دەكرێت سبەی یان دوای ئەوە بۆم بنێرن لەگەڵ ئەوەی ڕەوشتی جوان و دروست ئەوەی دەخواست دەستبەجێ بۆم بنێرن. بەڵام ئەگەر بە نرخێكی دیاری كراو فرۆشراوە ئەوا دەیانتوانی بە پۆستێك بۆم بنێرن و نرخەكەی بدەم بۆ ئەوەی ئاگاداری بابەتەكە بم. بۆیە دەكرا نامیلكەی ناوبراو لەناو هەموو كۆمەڵدا بڵاوبكرێتەوە بەبێ ئەوەی شتێك دەربارەی بزانم بەڵام برای خۆشەویستم مەولەوی غوڵام رەسوڵ ڕاجیكی دوێنی لە لاهۆرەوە هات و نوسخەیەكی نامیلكەكەی هێنا و منیش خوێندمەوە. وە ئەمڕۆ لە ڕێككەوتی 14ی شوبات دوای نوێژی نیوەڕۆ پاش خوێندنەوەی دەستم كرد بە وەڵامدانەوەی هەتا برایان تووشی نیگەرانی نەبن بەهۆی دواكەتنەوە.
[*] من زۆربەی وتارەكەم تەواوكرد بوو كاتێك بە پۆستدا نامیلكەی ناوبراوم پێگەیشت لە ڕێككەوتی 16، ئەگەرچی زۆر درەنگ بوو. نووسەر
بەداخەوە دەڵێم، وە هەموو كەسێكی زانا و شارەزا ئەگەر نامیلكەكەی مەولەوی بەڕێز بخوێنێتەوە؛ ئەوا ناچاردەبێت دان بەوەدا بنێت كە مەولەوی بەڕێز لە ڕواڵەتدا هەوڵی داوە وەڵامی كتێبەكەی من بداتەوە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بنەما و لقانەی فەرامۆش كردووە كە بابەتی پێغەمبەرایەتی لەسەر دامەزراوە لە كتێبەكەمدا، بەڵكو هەندێ لایەنی نوێی بۆ بابەتەكە زیاد كردووە و گفتوگۆی كردووە لەبارەیانەوە، وە بەم ڕێگایە ئەستەمە ئەو بابەتانە یەكلایی بكرێنەوە كە ناكۆكییان لەسەرە، بەجۆرێك دەبێت بەگوێرەی بنەما و ڕێسا بابەتێك یەكلایی بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر بابەتی توێژینەوەكە شێوێنرا -واتە كاتێك مرۆڤ نەیتوانی وەڵامی پرسیارێك بداتەوە وازی لێبهێنێت و ڕووبكاتە لایەكی تر- ئەوا هەرگیز بابەتەكە یەكلایی ناكرێتەوە. بۆیە پێویستە بەگوێرەی هەندێ بنەما و ڕێسا هەموو پرسێك یەكلایی بكەینەوە. بەڵام كاتێك مەولەوی بەڕێز دەستی كرد بە گفتوگۆكردن دەربارەی بابەتێكی نوێ لەجیاتی وەڵامدانەوەی قسەكەی من، منیش بەناچاری بایەخم دا بە وەڵامدانەوەی كۆمەڵێك بابەت كە ئەو قسەی كردووە دەربارەیان.
ئەو ئەنجامەی پێی گەیشتم دوای خوێندنەوەی وتارەكەی مەولەوی بەڕێز ئەوەیە كە ڕێبازی بەڕێزی بریتیە لە: (1) مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پاش ئەوەی ڕایگەیاند خۆی مەسیحی بەڵێندراوە بەردەوام دامەزراو بووە لەسەر یەك هەڵوێست و بیروبۆچوون دەربارەی پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی. (2) مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باوەڕی وانەبوو كە پێغەمبەر بێت، بەڵكو پێغەمبەرێكی جوزئی و ناتەواو بووە. مەولەوی لەلایەن خۆیەوە كۆمەڵێك بەڵگەی جۆراوجۆری خستووتەڕوو لەسەر ئەم دوو خاڵە.
لەبەرئەوەی بڕیاردان لە خاڵی دووەم تا ڕادەیەك پشت دەبەستێت بە بڕیاردان لە خاڵی یەكەم، بۆیە سەرەتا باسی خاڵی یەكەم دەكەم كە بریتیە لەوەی: ئایا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم بارەیەوە باسی هیچ گۆڕانێكی كردووە لە بیروباوەڕی خۆیدا یان نا؟ وە مەبەست چیە لە بیروباوەڕی سەرەتا و مەبەست چیە لە بیروباوەڕی دوایی؟
بۆ ئەم مەبەستە لە كتێبەكەی خۆی “حەقیقەتی وەحی” هەمان ئەو بڕگەیە دەهێنمەوە كە لە نامیلكەی “القول الفصل”دا هێناومەتەوە، ئەمەش برگەكەیە:
پرسیاری (1): لە كتێبەكەم “تریاق القلوب”دا لە لاپەڕە 157 ئەمەی خوارەوە هاتووە:
لێرەدا كەس بانگەشەی ئەوە نەكات من لەم ڕوونكردنەوەیەمدا فەزڵی خۆمم داوە بەسەر مەسیحدا (عليه السلام)؛ چونكە ئەم فەزڵە جوزئیە و دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت ئەم جۆرە فەزڵەی هەبێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە. پاشان لە گۆڤاری “ڕیڤیۆ”، بەرگی 1، ژمارە 6، لاپەڕە 257 دا هاتووە: خوا لەم ئوممەتەدا مەسیحێكی بەڵێندراوی ڕەوانەكرد كە پلەوپایەی زۆر بەرزترە لە مەسیحەكەی پێشوو لە هەموو ڕوویەكەوە. پاشان لە گۆڤاری ڕیڤیو، بەرگی یەك، ژمارە 12 لە لاپەڕە 478دا هاتووە: سوێند بەو كەسەی گیانی منی بەدەستە ئەگەر مەسیحی كوڕی مەریەم لەسەردەمی مندا بوایە؛ ئەوا نەیدەتوانی ئەوە جێبەجێ بكات كە من دەتوانم جێبەجێی بكەم، وە نەیدەتوانی كۆمەڵێك نیشانە پیشانبدات كە لەسەر دەستی مندا دەردەكەون. بەكورتی ڕەخنەكە ئەوەیە كە دژیەكییەك هەیە لەنێوان هەردوو دەستەواژەكەدا.
وەڵام: پێویستە بزانرێت خوای گەورە چاك دەزانێت كە من هەرگیز نامەوێت و دڵخۆش نیم بەوەی پێم گوتراوە مەسیحی بەڵێندراو، یان فەزڵی خۆم بدەم بەسەر مەسیحی كوڕی مەریەمدا. سوێند بە خوای گەورە خۆی لە وەحیە پیرۆزەكەیدا ئەوەی ئاشكراكردووە كە لە ناخمدا شارابوویەوە بەجۆرێك فەرموویەتی: “قل أجرد نفسي من ضروب الخطاب”؛ واتە پێیان بڵێ من هیچ جۆرە نازناوێكم ناوێت بۆ خۆم، مانای ئەوەیە ئامانج و مەبەستم بەرزترە لەم جۆرە بیروبۆچوونانە، بەڵام خەڵاتكردنی نازناوەكان ئیشی خوای گەورەیە و من هیچ ڕۆڵێكم تێیدا نیە.
وە ئەگەر كەسێك پرسیار بكات و بڵێت: چۆن ئەمەت نووسی، وە بۆچی دژیەكی ڕوویدا لە قسەكانتدا؟ ئەوا لە وەڵامدا دەڵێم: بەجوانی گوێبگرن و تێبگەن، ئەم جۆرە دژیەكیە وەك ئەو دژیەكیە وایە كە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا هاتووە، بەجۆرێك پێشتر نووسیبووم مەسیحی كوڕی مەریەم لە داهاتوودا لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، پاشان دوای ئەوە نووسیم من خۆم ئەو مەسیحەم كە هاتنەكەی بەڵێنی لێ دراوە. وە هۆكاری ئەم دژیەكیە ئەوەیە كە لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لە “البراهین الأحمدیة” ناوینام عیسا و پێیشی فەرمووم: هەڵبەت خوا و پێغەمبەرەكەی هەواڵی هاتنی تۆیان داوە. بەڵام گرووپێك لە موسوڵمانان -منیش لەناویاندا بووم- باوەڕی پتەویان بەوە هەیە كە عیسا لە داهاتوودا لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، بۆیە منیش نەمویست مانای وەحیەكەی خوا بەشێوەی ڕواڵەتی وەربگرم بەڵكو تەئویلم كرد، وە بەردەوام پابەندبووم بە بیروباوەڕی جەماوەری موسوڵمانانەوە و لە “البراهین الأحمدیة”دا بڵاومكردەوە. بەڵام دوای ئەوە لەم بارەیەوە لەلایەن خواوە وەك باران وەحی داباریە سەرم و فەرمووی: تۆ خۆت ئەو مەسیحەی بەڵێنی هاتنی دراوە. هەروەك لەگەڵ وەحیەكەدا سەدەها نیشانە دەركەوت و ئاسمان و زەوی بوون بە دوو شایەت لەسەر ڕاستگۆییم. وە نیشانە پرشنگدارەكانی خوا ناچاریان كردم قەناعەت بكەم كە من خۆم ئەو مەسیحەم بەڵێنی هاتنی دراوە لە سەردەمی كۆتاییدا. ئەگینا بیروباوەڕی تایبەتی خۆم تەنها ئەوە بوو كە لە “البراهین الأحمدیة”دا تۆمارم كردبوو. پاشان بەمە وازم نەهێنا بەڵكو ئەم وەحیەم لەبەرامبەر قورئانی پیرۆزدا دانا؛ ئینجا بەهۆی ئەو ئایەتانەوە كە ماناكانیان گومانبڕە ساغبوویەوە كە لەڕاستیدا مەسیحی كوڕی مەریەم مردووە، وە لە داهاتوودا خەلیفەی كۆتایی بەناوی مەسیحی بەڵێندراو لەم ئوممەتەدا سەرهەڵدەدات و دێت. كەواتە سەدەها نیشانە و بەڵگەی ئاسمانی و ئایەتی قورئان كە ماناكانیان گومانبڕە و دەقی ڕاشكاوی فەرموودە، وەك ڕۆژی ڕووناك پاش ڕەوینەوەی تاریكی ناچاریان كردم كە قەبووڵی بكەم من خۆم مەسیحی بەڵێندراوم. ئەوەندەم بەسە خوا لێم ڕازی بێت. من هەرگیز ئاواتەخوازی ئەمە نەبووم. من لە گۆشەی نادیاری و گومناویدا بووم، كەسێك نەبوو بمناسێت، وە نەمویست كەس بمناسێت. بەڵام خوا (I) بەبێ ڕەزامەندی خۆم لە گۆشەی نادیاری و بێناویدا دەریھێنام. پێم خۆش بوو بە نادیاری و گومناوی بژیم و بە نادیاری و گومناوی بمرم، بەڵام خوای گەورە فەرمووی: بەڕێز و سەربەرزیەوە ناوبانگت بڵاودەكەمەوە لە هەموو جیهاندا. دەی لە خوای گەورە بپرسن بۆچی ئەم كارەی كرد؟ من تاوانم چیە لەمەدا؟
بەهەمان شێوە لە سەرەتادا باوەڕم وەها بوو، وە دەمگوت: من لەكوێ و مەسیحی كوڕی مەریەم لەكوێ؟! بەجۆرێك ئەو پێغەمبەرێكە و یەكێكە لەو كەسانەی پلەوپایەیان زۆر بەرزە لای خوای گەورە، وە هەر كاتێك شتێك دەردەكەوت كە مانای فەزڵ و چاكەی منی بگەیاندایە بە فەزڵ و چاكەیەكی هەندەكی و جوزئی لەقەڵەمم دەدا، بەڵام دوای ئەوە وەحی خوا (I) وەك باران داباری بەسەرمدا و نەیهێشت جێگیر و چەسپاو بم لەسەر بیروباوەڕەكەی پێشوو، وە بەوپەڕی ڕاشكاوی نازناوی “پێغەمبەر”م پێ درا، بەجۆرێك لەلایەكەوە من پێغەمبەرم، وە لەلایەكی ترەوە سەر بەم ئوممەتەم. وە لەم كتێبەدا وەك نموونە هەندێ ئیلهامی خوام نووسی بەجۆرێك لەم ئیلهامانەیشەوە ئەوەیش دەردەكەوێت كە خوا فەرموویەتی دەربارەی من لەبەرامبەر مەسیحی كوڕی مەریەمدا.” (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، مجلد22، ص152-154)
لەم بڕگەیەوە دەردەكەوێت كە پرسیارێك ئاراستەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كراوە و ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە كە بەڕێزی لە كتێبی “تریاق القلوب”دا شتێكی نووسیوە پاشان لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا شتێكی تری نووسیوە، وە دژیەكییەك هەیە لەنێوان ئەوەی لە دوو نووسراوەدا هاتووە كە بریتیە لە:
(1) لە “تریاق القلوب”دا هاتووە: لە مەسیحی ناسیرەیی باشتر نیم، بەڵام فەزڵێكی جوزئی و هەندەكیم هەیە بەسەریدا، وە دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت فەزڵێكی لەم جۆرەی هەبێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە.
(2) لە گۆڤاری “ریڤیو”دا هاتووە خوای گەورە فەزڵی مەسیحی ئەم ئوممەتەی داوە بەسەر مەسیحی یەكەمدا لە هەموو سیفەت و بارودۆخەكانیدا.
ئەم پرسیارە تەواو ڕوونە و هەموو كەسێك لێی تێدەگات، وە ئەگەر مرۆڤ دەمارگیر نەبێت ئەوا بێگومان دژیەكییەك دەبینێت لەنێوان هەردوو قسەكەدا بەجۆرێك بەڕێزی (عليه السلام) لە دەربڕینێكدا دەفەرموێت لە مەسیحی ناسیرەیی باشتر نیە و پایەی لەو بەرزتر نیە، بەڵكو فەزڵێكی جوزئی و هەندەكی پێدراوە بەسەر مەسیحی ناسیرەییدا كە دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت ئەم جۆرە فەزڵەی هەبێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە. وە لە دەربڕینەكەی تردا دەفەرموێت لە هەموو بارودۆخ و سیفەتەكانیدا لە مەسیحی ناسیرەیی باشترە و پایەی بەرزترە و لە هەموو شتێكدا لەسەرووی ئەوەوەیە. هەر كەسێك كەمترین شارەزایی هەبێت لە زمانی ئوردیدا كاتێك ئەم دوو دەستەواژەیە دەخوێنێتەوە بەدڵنیاییەوە دان بەوەدا دەنێت كە ناكۆكی لە نێوانیاندا هەیە و ئەگەر دەمارگیری و كەللـەڕەقی كوێری نەكات ئەوا ناتوانێت هەردوو دەستەواژەكە بە یەك مانا لێكبداتەوە. كەواتە ناكۆكیەكەی نێوانیان چەسپاوە و گومانی تێدا نیە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: جۆری ئەم ناكۆكیە چیە؟! چونكە ناكۆكی دوو جۆرە، یەكەمیان ڕواڵەتیە كە نابێتە هۆی لۆمە و سەرزەنشت بۆ ئەو كەسەی لەزاری هاتووەتەدەر یان نووسیویەتی بەڵكو تەنها ناكۆكیەكی ڕواڵەتی دەبێت لەنێوان دوو قسەدا. وە جۆرێكی تری ناكۆكی هەیە درۆی ئەو كەسە دەسەلمێنێت كە لە قسەكەیدا ئەم جۆرە ناكۆكیە هەیە. كەسەكە پرسیاری كردووە لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و گوتوویەتی ناكۆكییەك هەیە لەنێوان هەردوو دەستەواژەكەدا، وە هەر دوو دەستەواژەكەی هێناوەتەوە و پاشان پرسیاری كردووە و گوتوویەتی: هۆكاری ئەم ناكۆكیە چیە؟ واتە بۆچی ئەمە بە نیشانەیەك لەقەڵەم نەدەین لەسەر ئەوەی كە تۆ درۆ دەكەیت، پەنا بە خوا؟ دەكرا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە دوو شێوە وەڵام بداتەوە: یەكەم، بفەرموێت ئەمە ناكۆكی نیە بەڵكو ئەوەی تۆ دەیڵێیت ڕاست نیە. دووەم: بفەرموێت بەڵی ناكۆكیەك هەیە بەڵام ناكۆكیەكە بەشێوەیەك نیە كە بەهۆیەوە تۆمەتی درۆكردن ساغبێتەوە و خاوەنەكەی بە درۆزن لەقەڵەم بدرێت، بەڵكو ئەم ناكۆكیە بەهۆی گۆڕانكاری لە هەلومەرجدا بە ئاشكرا دەركەوتووە. جا ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بیفەرموایە هیچ دژیەكیەك بوونی نیە بەڵكو هەردوو دەستەواژەكە یەك مانایان هەیە؛ ئەوا پێویست بوو بەدڵنیاییەوە شیكردنەوەكەی بەڕێزی پەسەند بكەین ئەگەرچی دوژمن گاڵتەی پێ بكردایە یان ڕەخنەی لێ بگرتایە، بەڵام بەڕێزی ئەوەی نەفەرموو بەڵكو بوونی دژیەكی قەبووڵ كرد وەك فەرموویەتی: “وە ئەگەر كەسێك پرسیار بكات و بڵێت: چۆن ئەمەت نووسی، وە بۆچی دژیەكی ڕوویدا لە قسەكانتدا؟ ئەوا لەوەڵامدا دەڵێم: بەجوانی گوێبگرن و تێبگەن، ئەم جۆرە دژیەكیە وەك ئەو دژیەكیە وایە كە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا هاتووە، بەجۆرێك پێشتر نووسیبووم مەسیحی كوڕی مەریەم لە داهاتوودا لەئاسمانەوە دادەبەزێت، پاشان دوای ئەوە نووسیم من خۆم ئەو مەسیحەم كە هاتنەكەی بەڵێنی لێ دراوە..” (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، مجلد22، صفحة 152-153)
كەواتە مادام بە ئاشكرا دژیەكی لەنێوان هەردوو دەستەواژەكەدا هەیە و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) قەبووڵی كردووە و فەرموویەتی بێگومان دژیەكی بوونی هەیە بەڵام بەو جۆرە نیە كە بكرێت بە بەڵگە لەسەر ئەوەی درۆزن بم، بەڵكو هۆكاری ئەم دژیەكیە ئەوەیە كە بیروباوەڕی یەكەمم لەسەر ئیجتیهاد دامەزرابوو، پاشان بەهۆی وەحی موتەواتیری خواوە ناچاربووم بیگۆڕم. كەواتە ئەمە چ بێشەرمیەكە، سەرەڕای بوونی ئەم دوو دەستەواژە ڕوونە و سەرەڕای ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو دژیەكیەكەی قەبووڵ كردووە، كەسێك بڵێت لە دەستەواژەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) لە سەرەتاوە هەتا كۆتایی تەنها یەك بیروباوەڕ هەیە؟! بێگومان هەردوو كتێبی “تریاق القلوب” و “دافع البلاء” (كە هەردووكیان بڵاوكرانەوە لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا) بوونیان هەیە و ناكۆكی لە دەستەواژەكانیاندا شتێكی ئاشكرایە. هەڵبەت كەسێك هەردوو دەستەواژەكەی لە هەردوو كتێبەكە خستە بەردەم مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەویش دژیەكی نێوانیانی قەبووڵ كرد، بەڵام سەرەڕای ئەوە ئەمڕۆ پێمان دەوترێت بیروباوەڕی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بێ ئەوەی گۆڕانی بەسەردا هاتبێت وەكو پێشوو ماوەتەوە پاش ئەوەی ڕایگەیاند خۆی مەسیحی بەڵێندراوە. ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) لەسەر هەمان بیروباوەڕ بمایەتەوە؛ ئەوا لە “تریاق القلوب”دا نەیدەفەرموو من فەزڵم زیاتر نیە لە مەسیحی ناسیرەیی بەڵكو ئەمە فەزڵێكی جوزئی و هەندەكیە و دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت ئەم جۆرە فەزڵەی هەبێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە؟ پاشان لە “دافع البلاء”دا بفەرموێت: من لە هەموو شتێكدا لەو باڵاترم. ئایا ئەم دوو دەستەواژەیە یەك مانا دەبەخشن؟ ئایا هیچ دژیەكیەك لەنێوانیاندا نیە؟ هەردوو دەستەواژەكە بە زمانی ئوردی نووسراون و بە زمانێكی بیانی نەنووسراون هەتا تێگەیشتن لێیان قورس بێت، هەڵبەت دەیەها ملیۆن خەڵك لە هیندستاندا دەتوانن لە هەردووكیان تێبگەن، وە ناكرێت خۆڵ بكرێتە چاوی دەیەها ملیۆن كەسەوە. لەوە تاڵتر و ناخۆشتر ئەوەیە بوترێت دژیەكی نیە لەنێوان هەردوو دەستەواژەكەدا لەكاتێكدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی دانی بەوەدا ناوە كە دژیەكی هەیە لەنێوانیاندا. دەكرێت ڕەخنە بگیرێت لەم دوو دەستەواژەیە و بوترێت لێرەدا باسەكە باسی فەزڵە نەك پێغەمبەرایەتی، وە دەكرێت ئەوەش بوترێت كە دژیەكی هەیە بەڵام كتێبی “تریاق القلوب” ناسخە نەك ئەوەی مەنسووخ بێت، وە هەموو ئەو شتانەی تێیدایەتی شایستەی پشت پێ بەستنە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەو قسەیە ڕاست نیە كە دژیەكی بوونی نیە لەنێوان هەردوو دەستەواژەی ناوبراودا. بەڵام ئەم دوو ڕەخنەیە تەواو ڕوونن و وەڵامدانەوەشیان زۆر ئاسانە. دوو وەڵام هەیە بۆ ڕەخنەی یەكەم كە دەڵێت لێرەدا باسەكە باسی فەزڵە نەك باسی پێغەمبەرایەتی.
وەڵامی یەكەم: بە هیچ شێوەیەك ناكرێت و ناگونجێت كەسێك لە پێغەمبەر باشتر بێت و پایەی بەرزتر بێت بەبێ ئەوەی ئەو كەسە پێغەمبەر بێت، چونكە ئەگەر لە هەموو شتێكدا لە پێغەمبەر باشتر بوو؛ ئەوا ستەمە بێ بەش بكرێت لە پلەیەك كە دراوە بە كەسێكی تر.
وەڵامی دووەم: هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبەكەی خۆی “تریاق القلوب” دا باسی ئەوەی كردووە كە بۆچی لە هەموو ڕووەكانەوە باشتر نیە لە مەسیحی ناسیرەیی و فەرموویەتی ناكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت لە پێغەمبەر باشتر بێت و پلەی بەرزتر بێت. وە پێویستە بزانرێت بەڕێزی (عليه السلام) لە سەردەمی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب”دا باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەت بووە، وە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی جوزئی كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەو بانگەشەیەی كە ئەو میراتگری پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەتە و ئەم پێغەمبەرایەتیەی بەدەست هێناوە، خۆی بە باشتر و پایەبەرزتر دانەناوە لە مەسیحی ناسیرەیی چونكە پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەت تەنها پێغەمبەرایەتیەكی جوزئیە و پێغەمبەرایەتی حەقیقی نیە. دیارە ئەم گۆڕانكاریە لە بیروباوەڕدا سەلماندوویەتی كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی بەتەواوەتی لە جۆرێكی تر ئەژمار كردووە چونكە لە “تریاق القلوب”دا خۆی بە پێغەمبەر ئەژمار نەكردووە، ئەگەرچی لە ساڵی 1891ز ەوە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەتی كردووە. لەمەوە دەردەكەوێت كە موحەددەث یان پێغەمبەری جوزئی لەڕاستیدا نابێت بە پێغەمبەر، لەبەر ئەوە فەرموویەتی (عليه السلام): چۆن دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت باشتر و پایەبەرزتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە؟ بەڵام لە كتێبەكەی خۆی “دافع البلاء”دا خۆی بە باشتر و پایەبەرزرتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی، بەمەش زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە ئێستا خۆی بە پێغەمبەر ئەژمار دەكات چونكە پێشتر بنەمایەكی خستەڕوو كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە كەسێك پێغەمبەر نەبێت باشتر و پایەبەرزتر نیە لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت. وە ئەگەر ئەو كەسە باشتر و پایەبەرزتر بوو لە پێغەمبەرێك ئەوا بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرە. كەواتە بەگوێرەی بیروباوەڕەكەی خۆی (عليه السلام) كە ڕوونی كردووەتەوە ئەگەر پێغەمبەر نەبوایە ئەوا باشتر نەدەبوو لە پێغەمبەرێك. كەواتە خودی بابەتی باشتربوونەكە بابەتی پێغەمبەرایەتی چارەسەر دەكات.
ئەگەر لێرەدا كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەو دەستەواژەیەی بە هەڵە داناوە كە لە “تریاق القلوب”دا هاتووە، ئەوا مانای وایە بەڕێزی (عليه السلام) ئەو بابەتەشی بە هەڵە داناوە كە دەڵێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت ناكرێت و ناگونجێت چاكتر بێت لە پێغەمبەر. ئیتر بۆچی لەمەوە تێنەگەین كە مەسیحی بەڵێندراو پێشتر باوەڕی وا بووە كە كەسێك پێغەمبەر نەبێت ناكرێت و ناگونجێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت بەڵام دواتر ئەم بۆچوونەی خۆی گۆڕیوە و زانیویەتی كە كەسێكیش پێغەمبەر نەبێت دەكرێت لە پێغەمبەر باشتر بێت، لەبەر ئەوە خۆی -لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەر نەبووە- بە چاكتر و پایەبەرزتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی. بەڵام پێویستە بزانرێت ئەم گومانەیش لە كەمی تێڕامانەوە سەرچاوەی گرتووە چونكە مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “حقیقة الوحي”دا بیروباوەڕی پێشووی خۆی كە دەڵێت لە هەموو شتێكدا لە مەسیحی ناسیرەیی باشتر نیە و لە “تریاق القلوب”دا هاتووە هەڵوەشاندەوە، بەڵام ئەو بیروباوەڕەی هەڵنەوەشاندەوە كە دەڵێت ناكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت پایەی بەرزتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت. وە لە وەڵامی ڕەخنەگرەكەدا نەیفەرموو لەبەرئەوەی دواتر هەستم بە هەڵەكەی خۆم كرد لەو بیروباوەڕەمدا كە دەڵێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت ناكرێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت، وە سەلمێنرا كە ئەمە دەكرێت، بۆیە نووسیم من چاكترم لە مەسیحی ناسیرەیی. بەڵكو لەجیاتی ئەوە فەرمووی:
“بەڵام دوای ئەوە وەحی خوا (I) وەك باران داباریە سەرم و نەیهێشت جێگیر و چەسپاو بم لەسەر بیروباوەڕەكەی پێشوو، وە بەوپەڕی ڕاشكاویەوە نازناوی “پێغەمبەر”م پێ درا، بەجۆرێك لەلایەكەوە من پێغەمبەرم و لەلایەكی ترەوە “ئوممەتیم” (واتە تاكێكم لە ئوممەتی موحەممەدی)”. لەم بڕگەیەوە زۆر بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراو خۆی بە چاكتر دانەناوە لە مەسیحی ناسیرەیی لەبەرئەوەی زانیویەتی كەسێك پێغەمبەر نەبێت ئەگەری هەیە چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە، بەڵكو لەبەر ئەوە خۆی بە چاكتر داناوە كە وەحی ئاشكرای خوا بەوپەڕی بەڕاشكاویەوە نازناوی پێغەمبەری پێداوە و وەكو باران وەحی داباریوەتە سەری، وە ئەوەش ساغبووتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) ئەو بیروباوەڕەی گۆڕیوە كە لە “تریاق القلوب”دا باسكراوە چونكە تێیدا نووسیویەتی تەنها لە هەندێ ڕوەوە (واتە بەشێوەیەكی جوزئی) فەزڵی هەیە بەسەر مەسیحدا، پاشان دوای ئەوە فەرموویەتی لە هەموو شتێكدا لەو چاكترە و پایەی بەرزترە.
ئەو كەسانەی دەڵێن ئەو دەستەواژەیەی لە “تریاق القلوب”دا هاتووە نەسخ نەبووەتەوە، پێویستە پرسیاری كابرای پرسیاركەر بخوێننەوە. چونكە وەڵام بەگوێرەی پرسیاری پرسیاركەر دەبێت، كابرای پرسیاركەر پرسیارێكی ئاراستەی مەسیحی بەڵێندراو كردووە كە ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە بۆچی لە “تریاق القلوب” دا شتێكی نووسیوە و لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا شتێكی تری نووسیوە كە هەردووكیان دژی یەكترن. وە ئەگەر هەردوو نووسراوەكە دژبەیەك نەبوونایە ئەوا مەسیحی بەڵێندراو هەرگیز ڕەخنەی دژیەكیەكەی قەبووڵ نەدەكرد و لەسەر ئەو بنەمایە وەڵامی پرسیارەكەی نەدەدایەوە. بەڵام مادام بەڕێزی (عليه السلام) ڕەخنەكەی قەبووڵ كرد و وەڵامیشی دایەوە ئەوا كەس بۆی نیە بڵێت تەنها لەكاتی نووسینی “البراهین الأحمدیة”دا بیروباوەڕێكی پێچەوانەی هەبووە، بەڵكو ئەم قسەیە سووكایەتی و بەدگۆییە بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو چونكە هیچ كەسێكی ژیر وەڵامی پرسیارێك ناداتەوە كە لێی نەكرابێت. هەڵبەت پرسیاركەرەكە گوتوویەتی بۆچی بەڕێزی (عليه السلام) لە “تریاق القلوب” دا شتێكی نووسیوە و لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا شتێكی تر. ئیتر چۆن دەكرێت مەسیحی بەڵێندراو لە وەڵامی پرسیارەكەیدا كۆمەڵێك بیروباوەڕ هەڵوەشێنێتەوە كە باوەڕی پێیان هەبووە لە سەردەمی نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا. چ ستەمێك لەوە گەورەترە ئەو قسە هەوانتەیە بدرێتەپاڵ كەسێك كە هاتووە بۆ هیدایەتدانی هەموو جیهان و هاتووە بۆ ئەوەی ژیری و هۆشیاری فێری جیهان بكات؟! ئەو كەسەی كە هاتووە بۆ ئەوەی گەنجینەی زانستە ڕۆحیەكان دابەش بكات و كانگای ژیری و هۆشیاری بووە و هاتووە بۆ ئەوەی نەفامەكان بگۆڕێت بۆ كەسانی ژیر و هۆشیار، ئایا ڕێی تێدەچێت كەسێك پرسیاری لێ بكات و بڵێت تۆ لە “تریاق القلوب”دا شتێكت نووسیوە و لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا شتێكی ترت نووسیوە كەچی ئەو لە وەڵامیدا بڵێت: بەڵێ، لە سەردەمی “البراهین الأحمدیة”دا بیروباوەڕێكم هەبووە بەڵام دواتر لەسەر ئەو بیروباوەڕە نەماوم؟! بەدڵنیاییەوە مناڵێكی بچووكیش بە بیستنی ئەم وەڵامە دەڵێت بێگومان پرسیار كراوە دەربارەی دژیەكی و ناكۆكی لەنێوان ئەوەی لە “تریاق القلوب” و گۆڤاری “ڕیڤیو” دا هاتووە، بەڵام تۆ دەستت كرد بە ڕوونكردنەوە دەربارەی سەردەمی “البراهین الأحمدیة” یان پێش ئەو سەردەمە. كەواتە ئەگەر پرسیارێك ئاراستەی كەسێكی ژیر بكرێت و پێی بوترێت: بۆچی پێرێ شتێكت گوت پاشان دوێنی شتێكی پێچەوانەی ئەوەت گوت؟ ئایا چاوەڕوان دەكرێت لە وەڵامدا بڵێت: بەڵێ، لە ساڵی ڕابردوودا ئەو بیروبۆچوونەم هەبوو بەڵام دواتر بیروبۆچوونی خۆم گۆڕی؟! ئایا پرسیاركەرەكە پێی ناڵێت من دەربارەی پێرێ و دوێنی پرسیارم لێ كردیت بەڵام تۆ بە شتێك وەڵامم دەدەیتەوە كە لە ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە؟! ئایا دەكرێت ئەو كەسەی كە بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە بە كەسێكی ژیر لەقەڵەم بدەین؟! كەواتە خۆتان بپارێزن لە قسەیەك كە بەهۆیەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تۆمەتبار بكەن بە كەسێكی گەمژە، پەنا بە خوا. مەسیحی بەڵێندراو هەڵبژاردەی خوا بوو، وتەكانی پڕ بوون لە حیكمەت، بۆیە ناكرێت و ناگونجێت وەڵامەكەی دووربێت لە پرسیارەكە. لەبەرئەوەی ناكۆكیەكی ڕاشكاو هەبووە لەنێوان ئەوەی لە “تریاق القلوب” دا هاتووە لەگەڵ ئەوەی لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە، ئیتر چۆن دەكرێت وەڵامەكەی دەربارەی كاتێكی پێشووتر بێت؟!
بەكورتی، بەتەواوەتی چەسپا كە دژیەكی و ناكۆكی هەیە لەنێوان ئەوەی لە “تریاق القلوب” دا هاتووە و ئەوەی لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە. بەڕێزی (عليه السلام) لە “تریاق القلوب”دا دەفەرموێت:
“لێرەدا كەس پێی وا نەبێت من لە میانەی ئەم قسەیەوە فەزڵی خۆمم داوە بەسەر مەسیحدا (عليه السلام)، بەڵكو ئەمە تەنها فەزڵێكی جوزئیە و دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەدەستی بهێنێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە.” (تریاق القلوب، الصفحة 353، الخزائن الروحانیة، المجلد 15، ص481)
وە بەڕێزی (عليه السلام) لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا دەفەرموێت: “هەڵبەت خوا لەم ئوممەتەدا مەسیحی بەڵێندراوی نارد كە لە هەموو ڕوویەكەوە لە مەسیحی یەكەم چاكترە و فەزڵی زیاترە.” (گۆڤاری ریڤیو ئۆڤ ڕیلیجنز، مجلد1، رقم 6، ص257)
وە كەسێك پرسیاری كردووە دەربارەی هۆكاری ئەم ناكۆكیە و مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) وەڵامی داوەتەوە وەك پێشتر باسكرا، پاشان فەرموویەتی: “پوختەی قسە، لە قسەكانمدا هیچ دژیەكییەك نیە، تەنها شوێن وەحی خوا دەكەوم. بۆیە كاتێك ئەوەم نەزانیبوو بەردەوام ئەوەم دەگوت كە لە سەرەتاوە گوتوومە، بەڵام كاتێك لە لایەن خوای گەورە زانیم پێچەوانەی ئەوەم گوت.” (حەقیقەتی وەحی، لا 150) واتە ئەم ناكۆكی و دژیەكیە لە قسەی مندا نیە هەتا بەدرۆزن بزانرێم، بەڵكو لەڕاستیدا من لە سەرەتادا بە هۆی ئیجتیهادێك لەلایەن خۆمەوە ئەوەم دەگوت، بەڵام دواتر ناچاربووم بیروباوەڕی خۆم بگۆڕم پاش ڕامان و سەرنجدان لە وەحی خوا، وە پێچەوانەی قسەكەی پێشووی خۆمم گوت. كەواتە ئەمە زانیارییەكی نوێ بوو لەلایەن خوای گەورەوە و دژیەكی یان ناكۆكییەك لەوەدا نیە كە باسم كرد. وتەی یەكەم وتەی خۆم بوو، وە وتەی دووەم وتەی خوایە.
لێرەدا ڕەخنەیەكی تر دەگیرێت كە پێشتر باسمكردووە، ڕەخنەكەیش بریەتیە لەوەی: تەنانەت ئەگەر چەسپا ئەوەی لە “تریاق القلوب”دا هاتووە پێچەوانەی ئەوەیە كە لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە، ئەوا لەم دۆخەیشدا داواكاری ئێوە نایەتەدی، چۆن قەبووڵی بكەین ئەو دەستەواژەیەی لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە دەستەواژەكەی “تریاق القلوب”ی نەسخ كردووەتەوە؟ ئەی بۆچی نەڵێین دەستەواژەكەی “تریاق القلوب” دەستەواژەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو”ی نەسخ كردووەتەوە؟ ئەم ڕەخنەیە بایەخێكی زیاتر بەدەستدەهێنێت چونكە ناوەڕۆكی “ڕیڤیو” لە كتێبی “دافع البلاء”ەوە وەرگیراوە كە لە سەرەتاكانی ساڵی 1902زدا بڵاوكراوەتەوە، لەكاتێكدا كتێبی “تریاق القلوب” لە تشرینی یەكەمی / ئۆكتۆبەر ساڵی 1902ز بڵاوكراوەتەوە، ئیتر چۆن دەكرێت كتێبێك پێشتر بڵاوكرابێتەوە كتێبێكی تر نەسخ بكاتەوە كە دوای ئەو بڵاوكرابێتەوە. ئایا ڕێی تێدەچێت قسەیەك پێشتر گوترا بێت قسەیەك نەسخ بكاتەوە كە شەش مانگ دوای خۆی گوتراوە؟! بەڵكو ئەو فەرمانەی دواتر دەردەچێت فەرمانەكەی پێش خۆی نەسخ دەكاتەوە نەك بە پێچەوانەوە.
گومانی تێدا نیە ئەم ڕەخنەیە لەڕواڵەتدا وەك ڕەخنەیەكی بەهێز و گرنگ دەردەكەوێت، وە ڕەنگە هەندێ كەس دڵخۆش بن و پێیان وابێت لەم ڕەخنەیەدا بەڵگەیەكی تێكشكێنەر هەیە، چونكە ئەگەر نەسخ چەسپا؛ ئەوا ئەو دەستەواژەیەی لە “تریاق القلوب” دا هاتووە ناسخە نەك ئەوەی گۆڤاری “ڕیڤیو”، چونكە ناوەڕۆكی “ڕیڤیو” پێش كتێبی “تریاق القلوب” بووە.
بەڵام پێویستە بزانرێت ئەم ڕەخنەیە تەنها دڵخۆشیەكی ساختەیە و لە ڕاستیدا هیچ مانایەكی نیە چونكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی بڕیاری داوە لەم بابەتەدا، واتە فەرموویەتی ناوەڕۆكی “تریاق القلوب” بە ناوەڕۆكی “ڕیڤیو” نەسخكراوەتەوە، وە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە جارێكی تر هەردوو دەستەواژە دژبەیەكەكەی “تریاق القلوب” و “ڕیڤیو” دەگوازمەوە.
“لێرەدا هیچ كەسێك پێی وا نەبێت من لە میانەی ئەم قسەیەوە فەزڵی خۆمم داوە بەسەر مەسیحدا (عليه السلام)؛ چونكە ئەمە فەزڵێكی جوزئیە و دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەدەستی بهێنێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە.” (تریاق القلوب، الصفحة 353، الخزائن الروحانیة، المجلد 15، ص481)
ئەمەی خوارەوەش برگەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو”ە:
“بێگومان خوا وەك مەسیحی بەڵێندراو ڕەوانەی كردم لەم ئوممەتەدا كە لە هەموو ڕوویەكەوە چاكترە لە مەسیحی یەكەم و فەزڵی زیاترە.” (گۆڤاری ریڤیو ئۆڤ ڕیلیجنز، مجلد 1، رقم6، ص257)
لەم دوو دەستەواژەیەوە دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “تریاق القلوب”دا بانگەشەی ئەوە دەكات كە تەنها فەزڵێكی جوزئی بەدەستهێناوە بەسەر مەسیحی ناسیرەییدا، وە فەرموویەتی: من لەو چاكتر نیم چونكە ئەو پێغەمبەرە و من پێغەمبەر نیم. بەڵام لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا بە پێچەوانەوە فەرموویەتی لە هەموو ڕوویەكەوە فەزڵی زیاترە لە مەسیحی ناسیرەیی. ئێستا پێویستە بزانین مەسیحی بەڵێندراو كام لەم دوو بیروباوەڕە هەڵدەوەشێنێتەوە و كامەیان وەردەگرێت و پێی ڕازیە؟ ئەگەر وەڵامی پرسیاركەرەكەی بدایەتەوە لە كتێبەكەی خۆی “حەقیقەتی وەحی”دا بەوەی كە پێشتر باوەڕی وابوو لە مەسیحی ناسیرەیی چاكتر بووە بەڵام دوای ئەوە لەسەر ئەو بیروباوەڕە نەماوەتەوە و خوای گەورە پێی ڕاگەیاندووە مەسیح پێغەمبەرێك بووە و تۆ پێغەمبەر نیت ئیتر لەكوێ كەسێك پێغەمبەر نەبێت چاكتر و پایەبەرزتر دەبێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە، ئەوا لەم دۆخەدا دەبوایە دانمان بنایە بەوەدا كە ئەو بیروباوەڕەی لە “تریاق القلوب”دا باسكراوە ئەو بیروباوەڕەی نەسخ كردووەتەوە كە لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە. بەڵام ئەگەر بە پێچەوانەی ئەمەوە گوتمان ئەو بیروباوەڕەی مەسیحی بەڵێندراو كە لە “تریاق القلوب”دا باسی كردووە بریتیە لە بیروباوەڕی یەكەمی و دواتر باوەڕی وابووە كە پایەی بەرزترە لە مەسیح، ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە لای مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەو دەستەواژەیەی لە “تریاق القلوب” دا هاتووە مەنسووخە و ئەو دەستەواژەیەی لە گۆڤاری “ریڤیو”دا هاتووە ناسخە. بۆیە كاتێك كتێبەكەی خۆی “حەقیقەتی وەحی” دەخوێنینەوە دەبینین تێیدا نووسراوە:
“هەروەها پێم وایە مەسیحی كوڕی مەریەم كۆتا خەلیفەی مووسایە (عليه السلام)، وە من كۆتا خەلیفەی ئەو پێغەمبەرەم كە باشترینی پێغەمبەرانە، لەبەر ئەوە خوای گەورە دەیەوێت پلەوپایەی من كەمتر نەكات لە هی ئەو.” (حقیقە الوحي، الخزائن الروحانیة، مجلد22، ص154)
لەم دەستەواژەیەوە دەردەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) لانی كەم خۆی بەوە داناوە كە یەكسان بێت لەگەڵ مەسیحی ناسیرەییدا، بەڵام پاش ئەوە دەفەرموێت: “ئێستا خوای گەورە دەیەوێت ئەوە پیشان بدات كە بچوكترین خزمەتكاری ئەم پێغەمبەرە (ﷺ) چاكترە و پایەی بەرزترە لە مەسیحی كوڕی مەریەمی ئیسڕائیلی.” نەك هەر ئەوە بەتەنها بەڵكو لەم قسەیە ڕوونتریش ببیستن بەجۆرێك مەسیحی بەڵێندراو دوای ئەوە دەفەرموێت:
“كەواتە مادام خوا و پێغەمبەرەكەی و پێغەمبەرانی تر هەموویان مەسیحی ڕەوانەكراوی سەردەمی كۆتاییان بە چاكتر زانیوە بەهۆی كار و كردەوە گرنگ و گەورەكانیەوە، ئەوا ئەو قسەیە وەسوەسەی شەیتانیە كە دەڵێت: بۆچی خۆت بە چاكتر و پایەبەرزتر دادەنێیت لە مەسیحی كوڕی مەریەم؟! خۆشەویستان، مادام سەلماندم مەسیحی كوڕی مەریەم مردووە، وە من خۆم ئەو مەسیحەم چاوەڕوانی هاتنەكەی كراوە، كەواتە ئەو كەسەی [1] مەسیحی یەكەم بە چاكتر دەزانێت پێویستە لە دەقەكانی فەرموودە و قورئانەوە بیسەلمێنێت مەسیحی داهاتوو شتێك نیە شایانی باس بێت و شایستەی ئەوە نیە بە پێغەمبەر و ناوبژیوان ناوزەد بكرێت، وە مەسیحی یەكەم هەموو شتێكە. هەڵبەت خوا بەگوێرەی بەڵێنەكەی خۆی ڕەوانەی كردووم، كەواتە ئێستا ئەگەر دەتوانن ئەوا جەنگ لەگەڵ خوادا بكەن. بەڵێ، من تەنها پێغەمبەرێك نیم بەڵكو لەلایەكەوە پێغەمبەرم و لەلایەكی ترەوە سەربە ئوممەتم، بۆ ئەوەی هێزی پیرۆزی پێغەمبەر (ﷺ) و تەواویی و بێكەموكوڕی لێشاوی ڕەحمەتەكەی بچەسپێت.” (حقیقە الوحي، الخزائن الروحانیة،مجلد22، ص159)
[1] لەم دەستەواژەیەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لێرەدا چاكتربوونی خۆی دەخاتەڕوو لەو ڕوانگەیەوە كە پێغەمبەر و ناوبژیوانە نەك لە ڕوانگەیەكی ترەوە؛ چونكە دەفەرموێت ئەو كەسەی مەسیحی یەكەم بە چاكتر لەقەڵەم دەدات پێویستە بیسەلمێنێت مەسیحی داهاتوو ناكرێت پێی بوترێت پێغەمبەر یان ناوبژیوان. ئەمەش ئەو مەبەستەیە كە دەیسەلمێنێت ئەو كەسەی دەڵێت مەسیحی یەكەم پێغەمبەر بووە بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە بەڵكو پێی وتراوە پێغەمبەر وەك چۆن بەیەكێك دەوترێت شێر، كەسێكی درۆزنە. نووسەر.
كەواتە لەم دەستەواژەیەدا تەنها باسی ئەوەی نەكردووە كە مەسیحی بەڵێندراو باشترە لە مەسیحی ناسیرەیی بەڵكو فەرموویەتی ڕەخنەگرتن لەوەی كە ئەو چاكترە لە مەسیحی ناسیرەیی وەسوەسەی شەیتانیە، وە ئەو قسەیەی كە دەڵێت: ناكرێت مەسیحی بەڵێندراو پێی بوترێت پێغەمبەر شەڕكردنە لەگەڵ خوادا. بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) -وەك هەمیشە فەرموویەتی- دەفەرموێت پێغەمبەرێكە سەر بە ئوممەتی موحەممەد (ﷺ)، لێرەشدا فەرموویەتی: “ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لەناو ئوممەتی ئیسلامدا لە گەورەیی پێغەمبەر (ﷺ) كەم ناكاتەوە بەڵكو (ئەو پێغەمبەرە ڕەوانەدەكرێت) بۆ ئەوەی هێزی پیرۆزی پێغەمبەر (ﷺ) و تەواویی و بێكەموكوڕی لێشاوی بەرەكەتەكەی بچەسپێت.” (حەقیقەتی وەحی: لا159)
كەواتە، ئەوەی كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكە لەم ئوممەتە نیشانەی نزمبوونەوەی پلەوپایەی پێغەمبەر (ﷺ) نیە بەڵكو نیشانەیەكە لەسەر بڵندی پلەوپایەكەی، وە لە ڕێگەی پێغەمبەرێكی لەم جۆرەوە هێزی پیرۆزی پێغەمبەر (ﷺ) و تەواوەتی لێشاوی بەرەكەتەكەی دەچەسپێت.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی بابەتەكە و سەرنجی هەموو كەسێكی دادپەروەر و بەویژدان ڕادەكێشم و دەڵێم: ئایا لەو بڕگەیەوە كە ئێستا گواستمەوە ئەوە ناچەسپێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا خۆی بە چاكتر و پایەبەرزتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی؟ لۆژیكێكی چەندە هەڵگەڕاوەیە ئەگەر بوترێت مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا جارێكی تر هەمان بابەتی خستووەتەڕوو كە لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە لەگەڵ ئەوەی كتێبی “تریاق القلوب” ناوەڕۆكەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو”ی نەسخ كردووەتەوە؟! كەواتە، مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا خۆی بە چاكتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی و ئەمەش بەڵگەیە لەسەرئەوەی كە ئەو دەستەواژەیەی لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە ناسخە و ئەوەی لە كتێبی “تریاق القلوب”دا هاتووە مەنسووخە، یان لانی كەم ئەمە ئەو مەبەستەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە. ئەگەر ناوەڕۆكەكەی كتێبی “تریاق القلوب” ناسخ بوایە؛ ئەوا پێویست بوو بەلایەنی كەمەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەو كتێبانەی كە دواتر بڵاوكرانەوە بفەرموێت خۆی لە مەسیحی ناسیرەیی چاكتر نیە، بەڵام لە كتێبەكانی دواتردا خۆی بە چاكتر داناوە لە مەسیح، ئەمەش بە ڕوونی دەیسەلمێنێت مەسیحی بەڵێندراو ئەو دەستەواژەیەی كە تێیدا خۆی بە چاكتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی بە ناسخی ئەو دەستەواژەیە لە قەڵەمداوە كە تێیدا فەرموویەتی پلەی نزمترە لە مەسیحی ناسیرەیی. وە ئاشكرایە ئەو دەستەواژەیەی كە تێیدا بەڕێزی (عليه السلام) خۆی بە چاكتر و پایەبەرزتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە. كەواتە هەر كەسێك دەمارگیر و كەللـەڕەق نەبێت دەتوانێت لەوە تێبگات كە مەسیحی بەڵێندراو دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب”ی نەسخ كردووەتەوە، ئەگینا ڕەخنەی لێ دەگیرێت و دەگوترێت لە ئەنجامی وەحی موتەواتیر لەلایەن خوای گەورەوە شتێكی زانیوە و ئەم بیروباوەڕە نوێیەی لە كتێبێكدا نووسیوە پاشان لەبیری كردووە و لە كتێبەكانی دواتریدا سەرلەنوێ بیروباوەڕە كۆنەكەی خۆی نووسیوەتەوە كە دەڵێت خۆی لە مەسیحی ناسیرەیی چاكترە. لەمە سەیرتر ئەوەیە كە جارێكی تر جەختی كردووەتەوە لەسەر چاكتربوونی خۆی لە هەمان كتێبی خۆی واتە “حەقیقەتی وەحی”دا كە تێیدا ئەوەی پووچەڵ كردووەتەوە كە لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا هاتووە! ئەم كارە هەرگیز ناكرێت بدرێتەپاڵ مەسیحی بەڵێندراو.
لەڕاستیدا مەسیحی بەڵێندراو دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب”ی نەسخ كردەوە بەو دەستەواژەیەی كە لە گۆڤاری “ریڤیو”دا هاتووە. وە ئەو كەسەی دەڵێت: بۆچی هەندێ دەستەواژەی مەسیحی بەڵێندراو بە مەنسووخ لەقەڵەم دەدەن، قسەكەی وەك قسەی ئەو كەسانە وایە كە دەڵێن هەموو ئەو كتێبە ئاسمانیانەی ئێستا هەن شایانی كارپێكردنن و كەلامی خوا بە هیچ شێوەیەك نەسخ نابێتەوە. وەڵامەكەی ئەوەیە ئەو كتێبانەی كە خوای گەورە خۆی نەسخی كردوونەتەوە لەكوێ ئێمە بۆمان هەیە بڵێین شایەنی كارپێكردنن؟! وە هەمان بنەما پیادە دەبێت بەسەر كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراویشدا (عليه السلام) بەجۆرێك بەڕێزی (عليه السلام) بەگوێرەی ئیجتیهادی خۆی باوەڕی بە بیروباوەڕێك هەبووە پاشان خوا پێی ڕاگەیاندووە كە ئەم بیروباوەڕە دروست نیە بەڵكو بیروباوەڕە دروستەكە ئەمە و ئەوەیە، بۆیە بۆ ئێمە نیە ئەوە قەبووڵ نەكەین كە خوای گەورە ڕاستی كردووەتەوە، بەهەمان شێوە ئەو شتەیش قەبووڵ دەكەین كە مەسیحی بەڵێندراو بە ناسخ لە قەڵەمیداوە. بەڵام ئەگەر كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت -لەگەڵ ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەستەواژەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو”ی بە ناسخ لەقەڵەم داوە- بۆچی بەڕێزی (عليه السلام) شتێكی نووسیوە پێچەوانەی عەقڵە، پەنا بە خوا، بەجۆرێك قسەی یەكەمی بە ناسخ و ئەوەی دوایی بە مەنسووخ لە قەڵەمداوە؟ پێویستە لەسەری سەرەتا مەسیحی بەڵێندراو ڕەت بكاتەوە پاشان ئەم پرسیارە ئاراستەی ئێمە بكات ئەوسا ئێمەش بە ئیزنی خوا وەڵامێكی دەمكوتكەری دەدەینەوە چونكە ئەگەر چەسپا مەسیحی بەڵێندراو دەستەواژەكەی ناو كتێبی “تریاق القلوب”ی بە مەنسووخ داناوە؛ ئەوا ڕەخنەكە لە مەسیحی بەڵێندراو دەگیرێت نەك لە من. بەڵام من لێرەدا ئەم گریمانەیە دەكەم بەنیازی كۆتاییهاتنی مشتومڕەكە بەجۆرێك ئەگەر نەیارێك پرسیارمان لێ بكات و بڵێت مەسیحی بەڵێندراو دەستەواژەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو”ی -كە پێش ناوەڕۆكەكەی كتێبی “تریاق القلوب” بووە- كردووە بە ناسخی دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب” كە دواتر هاتووە، وە بەڕێزی (عليه السلام) مەبەستی چی بووە لەمەدا؟ ئەوا بەم ڕەخنەگرە دەڵێم هەر شتێك مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبەكانیدا نووسیویەتی تەواو ڕاست و دروستە و شتێكی تێدا نیە پێچەوانەی عەقڵ بێت، بەڵكو لە ڕاستیدا دەستەواژەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو” ناسخە بۆ دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب” و پێش دەستەواژەكەی “تریاق القلوب” نەهاتووە بەڵكو دوای ئەو هاتووە.
گومانی تێدا نیە كتێبی “تریاق القلوب” لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1902زدا بڵاوكرایەوە، بەڵام گۆڤارەكەی “ریڤیو” لە حوزەیرانی ساڵی 1902زدا بڵاوكراوەتەوە، بەڵكو دەستەواژەكەی گۆڤاری “ریڤیۆ” لە كتێبی “دافع البلاء”ەوە وەرگیراوە كە لە نیسانی ساڵی 1902ز دا بڵاوكراوەتەوە. وە منیش لە كتێبەكەمدا “القول الفصل” نووسیومە كە پرۆسەی ئامادەكردنی كتێبی “تریاق القلوب” بۆ بڵاوكردنەوە درێژەی كێشا هەتا ساڵی 1902ز. بەڵام لەبەرئەوەی بوار نەبوو بەتێروتەسەلی باسی ئەم بابەتە بكەم بۆیە لە كتێبی “القول الفصل”دا ئەو ڕێككەوتەم نووسی كە لەسەر خودی كتێبی “تریاق القلوب”دا نووسراوە. ئەگەر ئەوەم نەكردایە ئەوا مەترسی ئەوە هەبوو هەندێ كەس خێرا تۆمەتی درۆكردن بدەنەپاڵم، بەڵام من ئێستا ڕوونی دەكەمەوە كە كتێبی “تریاق القلوب” لەڕاستیدا پێش ئەو ڕێككەوتە نووسراوە، وە دەستەواژەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو” كە لە كتێبی “دافع البلاء”ەوە گواستراوەتەوە دواتر هاتووە، بەڵكو زیاتر لە ساڵێك دوای ئەو هاتووە. وە لە سایەی فەزڵی خواوە كۆمەڵێك بەڵگەی بێگومان و یەقینیم لایە لەسەر ئەوە بە مەرجێك مرۆڤ لێیان ڕابمێنێت و كەللـەڕەق و دەمارگیر نەبێت. لەڕاستیدا نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” لە ساڵی 1899ز دا دەستی پێ كرد و لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1900زدا بەتەواوەتی ئامادەبوو. بەڵام لەبەرئەوەی شاندێك ئامادەبوون بۆ سەفەركردن بۆ “نوسەیبین” بۆیە مەسیحی بەڵێندراو دەستیكرد بە نووسینی كتێبێك بە زمانی عەرەبی و چاپكردنی كتێبی “تریاق القلوب” ڕاوەستا. وە لە ساڵی 1902زدا خوالێخۆشبوو حەكیم فەزڵەددین كە بەڕێوەبەری چاپخانەكەبوو، بە مەولەوی نوورەددین (خەلیفەی یەكەم رضي الله عنه)ی گوت ماوەیەكە هەندێ كتێب بەتەواوەتی ئامادەیە بەڵام هەتا ئێستا بڵاونەكراونەتەوە بۆیە تكات لێ دەكەم داوای ئیزن بكە لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆ ئەوەی بڵاوبكرێنەوە، ئەویش داوای ئیزنی كرد و مەسیحی بەڵێندراو ئیزنی بڵاوكردەوەی كتێبەكانی دا. كتێبی “تریاق القلوب” بەتەواوەتی چاپكرابوو بەڵام بابەتێك بە ئەندازەی یەك لاپەڕە كە بەدەستی مەسیحی بەڵێندراو نووسرابوو لای نووسەرەوەكە بوو، ئینجا مەسیحی بەڵێندراو بابەتێكی تری بۆ زیاد كرد بە ئەندازەی لاپەڕەیەكی تر و هەردوو لاپەڕەكە لكێنرا بە كۆتایی كتێبەكەوە و بڵاوكرایەوە. ئەمە ڕاستیەكەیە و لەوانەیە مەولەوی موحەممەد عەلی ئاگاداری ئەمە بێت و هیوادارم شایەتی بدات بۆ سەرخستنی ڕاستی. بەڵام ئەگەر باسی ئەم بابەتە ناكات یان ئاگاداری نیە ئەوا لە خوارەوە هەندێ بەڵگە دەخەمەڕوو لەسەری.
یەكەم: ئەو ڕێككەوتەی لەكۆتایی كتێبی “تریاق القلوب”دا نووسراوە بریتیە لە 25/10/1902ز، وە لەم كتێبەدا مەسیحی بەڵێندراو باسی ئەوەی كردووە كە لە هەندێ ڕووەوە فەزڵی هەیە بەسەر مەسیحی ناسیرەییدا، بەڵام لە كتێبەكەی خۆی “كەشتی نووح”دا كە لە 5/10/1902زدا بڵاوكراوەتەوە فەرموویەتی: “هاوشێوەی مووسا چاكترە لە مووسا، وە هاوشێوەی كوڕەكەی مەریەم چاكترە لە كوڕەكەی مەریەم” لا16).
پاشان لە لاپەڕە 19ی هەمان كتێبدا فەرموویەتی: “ئەگەرچی خوای گەورە پێی ڕاگەیاندم كە مەسیحی موحەممەدی چاكترە لە مەسیحی مووسایی بەڵام لەگەڵ ئەوەدا من ڕێزی زۆر دەگرم لە مەسیحی كوڕی مەریەم”. ئێستا ئێوە بڵێن ئایا دەكرێت لەهەمان مانگدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “كەشتی نووح”دا لە ڕێگەی ئیلهامەوە بنووسێت خۆی چاكترە لە مەسیحی ناسیرەیی پاشان تەنها دوای بیست ڕۆژ لە كتێبی “تریاق القلوب”دا بنووسێت تەنها فەزڵێكی جوزئیم هەیە ئەگینا من پلەوپایەم لەو بەرزتر نیە؟! پاشان دوای ئەوە هەمان ئەو قسەیەی كە نووسیویەتی لە كتێبی “كەشتی نووح”دا كە لە بەرواری 5/10/1902ز بڵاوكراوەتەوە لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا دووبارە بكاتەوە؟! كەواتە لێرەدا بەئاشكرا دەردەكەوێت كە ئەو دەستەواژەیەی لە كتێبی “تریاق القلوب”دا هاتووە پێشتر نووسراوە، بەتایبەتی كاتێك ئەوەشمان زانی كە مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا دەستەواژەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو”ی بە ناسخ لەقەڵەمداوە لەبەرئەوەی پێچەوانەی دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب”ە. وە ئەوەش دەزانین كە نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” لە ساڵی 1899زدا دەستی پێكردووە.
دووەم: ئەم باسكردنە تەنها لە كتێبی “كەشتی نووح”دا نەهاتووە، بەڵكو لە یاداشتەكانیشیدا (عليه السلام) -هی مانگی ئۆكتۆبەر- هاتووە، وە لەم یاداشتانەوە ڕوون دەبێتەوە كە مانگی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەمی ساڵی 1902ز مانگێكی تایبەت بووە و تێیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەتایبەتی جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە چاكتر و پایەبەرزترە لە مەسیحی ناسیرەیی. وە لە یاداشتی 1ی تشرینی یەكەمدا هاتووە بەڕێزی (عليه السلام) لەكاتی پیاسەدا فەرموویەتی: “هەڵبەت لە ڕێگەی وەحی خواییەوە ئاگاداركرام كە خاتەمی خەلیفەكانی زنجیرەی موحەممەدی چاكترە لە خاتەمی خەلیفەكانی زنجیرە مووسایی.” (ڕۆژنامەی الحكم، لا11، ژمارە36، بەرگی6، ڕێككەوتی 10/10/1902ز) بەهەمان شێوە لە یاداشتێكی پیاسەی بەیانیاندا لە ڕێككەوتی 20/10/1902زدا هاتووە: “دەڵێن مەسیح وشەی خوایە، وە من دەڵێم خوا پلەیەكی بە منیش داوە لە هی ئەو بەرزترە.” (ڕۆژنامەی بدر، ژمارەی 3، بەرگی1، لا11، ڕێككەوتی 7/11/1902م)
سەرنج بدەن لەم دەستەواژانە دەبینن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام لە ساڵی 1901ز ەوە جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە فەزڵی زیاترە لە مەسیحی ناسیرەیی، وە بەئاشكرا لە نووسراو و وتارەكانیەوە لە نیسانی ساڵی 1902ز و لە هی 1/10/1902ز و 5/10/1902ز و 20/10/1902ز ەوە دەردەكەوێت كە فەرموویەتی لە هەموو ڕوویەكەوە لە مەسیحی ناسیرەیی چاكترە و لە ڕێگەی ئیلهامەوە ئەم بابەتەی پێ ڕاگەیەنراوە. بەهەمان شێوە ئەگەر ئەوەشمان خوێندەوە كە دوای ساڵی 1902ز نووسیویەتی؛ ئەوا بەتەواوەتی بۆمان دەردەكەوێت كە خۆی بە چاكتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی. وە بەڕێزی (عليه السلام) لە كتێبەكەی خۆی “حەقیقەتی وەحی” باوەڕی باشتربوونەكەی بە ناسخی باوەڕەكەی تر لە قەڵەمداوە. ئایا ئەمە بەئاشكرا نایسەلمێنێت دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب” كە تێیدا بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی پلەی نزمترە لە مەسیحی ناسیرەیی و ئەستەمە پلەی لەو بەرزتر بێت، وە فەرموویەتی بەشێوەیەكی جوزئی فەزڵی هەیە بەسەر مەسیحی ناسیرەییدا، پێش ساڵی 1901ز نووسراوە؟ بەتایبەتی مادام لە خودی كتێبی “تریاق القلوب”ەوە ساغبووتەوە كە نووسینەكەی لە ساڵی 1899زەوە دەستی پێكردووە. بەكورتی، بوونی دەستەواژەكان لە ساڵی 1901ز ەوە هەتا ئەو ڕۆژەی بەڕێزی (عليه السلام) كۆچی دوایی كرد بە پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕەی لە كتێبی “تریق القلوب”دا باسكراوە، پاشان خستنەڕووی بیروباوەڕی خۆی (عليه السلام) لە وتارەكانیدا پێنج ڕۆژ پێش چاپكردنی كتێبی “تریاق القلوب” بە پێچەوانەی ئەوەی لە كتێبی “تریاق القلوب”دا هاتووە، وە بوونی بەڵگە لەسەر ئەوەی كە ئەم كتێبە لەڕاستیدا لە ساڵی 1899زدا دەست بە نووسینی كراوە؛ ئایا هەموو ئەمانە وەك پێویست بەڵگە نین لەسەر ئەوەی كە دەستەواژەی ناوبراو پێشتر نووسراوە، بۆیە مەنسووخە نەك ئەوەی ناسخ بێت؟
سێیەم: بەڵگەی سێیەم ئەوەیە كە لە خوێندنەوەی یاداشتەكانی بەڕێزیەوە (عليه السلام)، هی مانگی تشرینی یەكەم، دەردەكەوێت كە لەو ڕۆژانەدا دوو كتێبی نووسیوە: “عصمة الأنبیاء” و “نزول المسیح”، وە لەو یاداشتانەدا هەرگیز باسی ئەوە نەكراوە كە شتێكی نووسیبێت لە كتێبی “تریاق القلوب”. ئەگەر لاپەڕە كۆتاییەكانی كتێبی “تریاق القلوب”ی بنووسیایە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەمەش باسدەكرا لە یاداشتەكاندا. بەڵام كاتێك یاداشتەكانی مانگی تشرینی یەكەم دەخوێنینەوە لە یاداشتێكدا لە ڕێككەوتی 19ی مانگ نووسراوێك دەبینین بەم شێوەیە: لەم ڕۆژانەدا بەڕێزی وتارێك دەنووسێت دەربارەی عیسمەتی پێغەمبەران. پاشان لە ڕۆژنامەیەكدا كە لە قادیان دەرچووە لە ڕێككەوتی 31 تشرینی یەكەم ئەوە دەبینین كە بەڕێزی (عليه السلام) لەم ڕۆژانەدا دوو كتێب دەنووسێت بە ناوەكانی: “عصمة الأنبیاء”، “نزول المسیح”، ئەمەش زۆر بە ئاشكرا دەیسەلمینێت كە بەڕێزی (عليه السلام) لەو مانگەدا هیچ بەشێكی نەنووسیوە لە كتێبی “تریاق القلوب”. هەروەك لە ڕووداوەكانەوە ساغدەبێتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) یەك لاپەڕەی نووسیوە و ڕێگەی داوە بە چاپكردنی كتێبەكە. بۆیە ئەگەر ناوەڕۆكێكی درێژی بخستایەتە سەر كتێبەكە ئەوا بەدڵنیاییەوە باسدەكرا بەڵام ئەوەی چەسپاوە ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) لەو ڕۆژانەدا دوو كتێبی تری نووسیوە.
چوارەم: بەڵگەی چوارەم ئەوەیە كە لە لاپەڕە 137ی كتێبی “تریاق القلوب” دا نووسیویەتی: “هەتا ئەم كاتە واتە هەتا 5/12/1899ز”. لەم دەستەواژەیەوە ڕوون دەبێتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕێككەوتی 5/12/1899ز لاپەڕە 137ی كتێبی “تریاق القلوب”ی دەنووسی. ئەو دەستەواژەیەی كە توێژینەوەی لێ دەكرێت بیست لاپەڕە دوای ئەم لاپەڕەیە باسكراوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” لە كانونی یەكەمی (مانگی 12) ساڵی 1899ز تەواو بووە ئەگەرچی بڵاونەكراوەتەوە لەبەر هەندێ هۆكار چونكە ناكرێت پێمان وابێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە هەموو مانگی كانونی یەكەمدا تەنانەت بیست لاپەڕەی نەنووسیبێت.
پێنجەم: بەڵگەی پێنجەم بریتیە لەو نامەیەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە تێیدا هاتووە: “بێگومان كتێبی “تریاق القلوب” تەواو ئامادەیە، بەڵام لەبەرئەوەی بەڕێز میرزا خودابەخش ئامادەبووە بۆ سەفەركردن بۆ نووسەیبین بۆیە بە گونجاوم زانی كتێبێك بە زمانی عەرەبی بنووسم و لەگەڵیدا بینێرم، وە بەم هۆیەوە كتێبی “تریاق القلوب” دواكەوت كە تەنها هەندێ [2] لاپەڕەی كەمی مابوو، وە دەستمكرد بە نووسینی كتێبێك بە زمانی عەرەبی و هەتا ئێستا سەد لاپەڕەی لێ بڵاوبووەتەوە.” ئەم نامەیە لە ڕێكەوتی 15/2/1900ز واژۆكراوە، وە لای منە و دەتوانم پیشانی بدەم پێتان. لەم نامەیەوە -كە ڕێككەوتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی شوباتی ساڵی 1900ز- ساغدەبێتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو لەو كاتەدا كتێبی “تریاق القلوب”ی تەواوكردووە و نیازی بووە بڵاوی بكاتەوە پاش زیادكردنی شتێكی سادە بۆی. بەڵام لەبەرئەوەی بڵاوكردنەوەكەی زۆر دواكەوتبوو بۆیە بەهۆی پێداگری خوالێخۆشبوو حەكیم (فەزڵەددین)ەوە بڵاوكرایەوە بە زیادكردنی تەنها یەك لاپەڕە بۆی. وە وتەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە فەرموویەتی سەد لاپەڕە بڵاوكراوەتەوە لە كتێبە عەرەبیەكە دەیسەلمێنێت كە بەڕێزی (عليه السلام) لە مانگی كانونی دووەم و شوباتدا ئەو كتێبە عەرەبیەی نووسیوە نەك كتێبی “تریاق القلوب”، ئەمەش مانای ئەوەیە كە كتێبی “تریاق القلوب” لە كانونی یەكەمی ساڵی 1899ز تەواو بووە، بەڵام لە ساڵی 1902زدا بڵاوكرایەوە. وە بەڵگەیەكی لەوە بەهێزتریش هەیە كە بریتیە لە:
[2] لێرەدا هیچ كەسێك فریونەخوات و بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت تەنها چەند لاپەڕەیەك ماوە لەم كتێبە، بەڵام ئەو بڕگە وەرگیراوەی كە توێژینەوەی لێ دەكرێت لە دوو لاپەڕەكەی كۆتاییدا باسكرا بێت، چونكە وەك پێشتر گوتم مەسیحی بەڵێندراو كاتی بڵاوكردنەوەی كتێبەكە تەنها لاپەڕەیەكی زیادەی نووسی. وە لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی دەستەواژەی ناوبراوی نەسخ كردووەتەوە (واتە ئەو دەستەواژەیەی كە توێژینەوەی لێ دەكرێت) بۆیە بەڕوونی دەردەكەوێت كە ئەو دەستەواژەیە پێشتر نووسراو بووە و بەڕێزی (عليه السلام) تەنها یەك لاپەڕەی زیادەی نووسیوە بۆ تەواوكردنی كتێبەكە و ڕێگەی داوە بە بڵاوكردنەوەی، وە ڕاستی وتەكەی مەسیحی بەڵێندراو لە بەڵگەی ژمارە 6 و 7یشدا دەچەسپێت. نووسەر
شەشەم: بێگومان ساحیبزادە پیر مەنزور موحەممەدی بەڕێز بەدەستی خۆی كتێبی “تریاق القلوب” نووسیەوە كە لەو كاتەدا كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) دەنووسیەوە، كتێبەكەی نووسیەوە تاكو لاپەڕە 158، بەڵام مونشی كەرەم عەلی لاپەڕە 159 و 160ی نووسییەوە. وە هەموو نووسەرەوەیەك دەتوانێت پێتان بڵێت كە كتێبەكە هەتا لاپەڕە 158 كەسێك نووسیویەتیەوە بەڵام هەردوو لاپەڕەی 159 و 160 كەسێكی تر نووسیویەتیەوە، وە پاشماوەی كتێبەكە ئەو كەسە نووسیویەتیەوە كە لاپەڕە 158ی نووسیوەتەوە، بەڵام لاپەڕەی یەكەمی بەرگەكە و لاپەڕە 159 و 160 كەسێكی تر نووسیویەتیەوە واتە مونشی كەرەم عەلی. ئەمە بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر ئەوەی كە ئەو بەشەی كتێبی “تریاق القلوب” كە لە ساڵی1902زدا نووسراوە تەنها بریتیە لە دوو لاپەڕەكەی كۆتایی نەك هەر لاپەڕەیەكی پێش ئەو دووانە. وە لەو نامەیەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) -كە ئێستا باسكرا- دەچەسپێت ئەم كتێبە ماوەیەك پێش مانگی شوباتی ساڵی 1900ز تەواوكراوە و لەو ماوەیەدا سەد لاپەڕە لە كتێبێكی تر نووسراوە و بڵاوكراوەتەوە. وە نووسینەوەی هەموو كتێبەكە تا لاپەڕە 158 بەدەستی بەڕێز پیر (مەنزور موحەممەد) و نووسینەوەی دوو لاپەڕەكەی كۆتایی بەدەستی مونشی كەرەم عەلی دەیسەلمێنێت هەموو كتێبەكە جگە لەم دوو لاپەڕەیە بەدڵنیاییەوە تا ساڵی 1900ز تەواوكراوە. وە ئەو بەشەی كتێبی “تریاق القلوب” كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە نامەكەیدا فەرموویەتی ئامادەیە بریتیە لەو بەشەی تا لاپەڕە 158. وە نووسینەوەی تەنها دوو لاپەڕە لەسەردەستی مونشی كەرەم دەیسەلمێنێت كە تەنها ئەو دوو لاپەڕەیە دوای ئەوە نووسراوەتەوە، وە هۆكارێكی تایبەتی هەبوو بۆ نووسینەوەی ئەم دوو لاپەڕەیە بەدەستی مونشی كەرەم عەلی كە بریتیە لەوەی -ڕەنگە مەولەوی موحەممەد عەلی بزانێت- بەڕێز پیر لەماوەی ئەم دواخستنەدا نەخۆشییەكی توندی گرت و بە هیچ شێوەیەك توانای نووسینەوەی نەما بەهۆی ئازاری جومگەوە. وە دوای ماوەی دواكەوتنەكە كاتێك پڕۆسەی نووسینەوەی كتێب جارێكی تر دەستی پێكردەوە پاشماوەی ئەو مادەیە وەرگیرا كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چەند دێڕێكی تری نووسی لەكۆتاییەكەیدا و داواكرا لە مونشی كەرەم عەلی دوو لاپەڕەكەی كۆتایی بنووسێتەوە و كتێبەكە بڵاوكرایەوە. كەواتە دەتوانن داوا بكەن لە نووسەرەوەیەكی شارەزا كە بە ڕامانەوە هەموو كتێبی “تریاق القلوب” بخوێنێتەوە ئینجا پێتان دەڵێت هەموو كتێبەكە جگە لە دوو لاپەڕەكەی كۆتایی و لاپەڕەی بەرگەكە بەدەستی یەك كەس نووسراوەتەوە یان نا؟
حەوتەم: بەڵگەی حەوتەم ئەوەیە كە شتەكە تەنها بریتی نیە لە جیاوازی لە شێوازی نووسینەوەكەدا بەڵكو هەردوو نووسەرەوەكەی كتێبی “تریاق القلوب” و ئەو فەرمابەرانەی سەرپەرشتی پرۆسەی چاپكردنەكەیان كردووە لە سایەی فەزڵی خوای گەورەوە هێشتا زیندوون، وە سەرەڕای ئەوان زۆر كەسی تر هەن هێشتا ئەم ڕووداوانەیان لەبیرە، بۆیە دەكرێت لە ڕێگەی شایەتیدانی ئەوانیشەوە شتەكە بسەلمێنرێت. وە لە خوارەوە شایەتیدانی بەڕێز پیر مەنزوور موحەممەد و مونشی كەرەم دین و میرزا موحەممەد ئیسماعیل بەگ سەرپەرشتیاری پرۆسەی چاپكردنەكە دەخەمەڕوو، هەروەها شایەتیدانی هەندێ لەو كەسانەی ئاگاداری ئەم شتانە بوون.
“بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم.
سوێند بە خوای گەورە دەخۆم و شایەتیدەدەم كە من بەدەستی خۆم كتێبی “تریاق القلوب”م نووسییەوە هەتا لا 159، وە پاش ئەوەی هەتا ئێرە نووسین و چاپكردنەكەی تەواو بوو، كتێبی “تریاق القلوب” بۆ ماوەیەكی درێژ بەبێ چاپكردن و بڵاوكردنەوە مایەوە، پاشان كاتێك لەكۆتاییدا خەریك بوو بڵاوبكرێتەوە لە ساڵی 1902زدا بابەتێكی كەم لای من هەبوو كە مابوویەوە لە نوسخەی كۆتایی و نزیكەی یەك لاپەڕە دەبوو، منیش ڕادەستی خوالێخۆشبوو حەكیم فەزڵەدینم كرد، وە كەسێكی تر ئەم لاپەڕەیەی نووسیەوە. دوای چاپكردن بینیم كتێبەكە بە زیاددكردنی یەك لاپەڕە بۆ بابەتەكەی پێشوو تەواوكراوە. سوێند بە خوا من هەموو كتێبی “تریاق القلوب”م بەدەستی خۆم نووسییەوە جگە لە لاپەڕەی بەرگەكە و لاپەڕەی 159 و 160، واتە كەسێكی تر تەنها سێ لاپەڕەی نووسیوەتەوە. بەڵام پاشماوەی كتێبی “تریاق القلوب” هەمووی لەگەڵ پاشكۆی ژمارە 3 و پاشكۆی ژمارە 4 و پاشكۆی ژمارە 5دا من نووسیمەوە” تەواوبوو. (واژۆ) مەنزوور موحەممەد.
“بسم الله الرحمن الرحیم نحمده و نصلي علی رسوله الكریم.
شایەتی دەدەم و سوێند دەخوم بە خوا كە لاپەڕەی بەرگی كتێبی “تریاق القلوب” و هەردوو لاپەڕەی كۆتایی واتە 159 و 160 من نووسیومەتەوە، وە خوالێخۆشبوو حەكیم فەزڵەددین وتارەكەی پێدام چونكە من لەو ڕۆژانەدا لە ژێر دەستی ئەودا كارم دەكرد، وە پێشتر ماوەیەك بوو كتێبی “تریاق القلوب” چاپكرابوو هەتا لاپەڕە158، وە كاتێك لاپەڕەی بەرگەكە و كاغەزەكەی كۆتاییم نووسیەوە كتێبەكە بڵاوكرایەوە”.
بەندەی خۆبەكەمزان: كەرەم عەلی نووسەرەوەی گۆڤاری بەراوردی ئایینەكان، لە قادیان.
“من، میرزا ئیسماعیل بەگ كە وەك سەرپەرشتیار كارم دەكرد لەسەر پڕۆسەی چاپكردن لە چاپخانەی “ضیاء الإسلام” لە قادیان، شایەتی دەدەم كە من خۆم كتێبی “تریاق القلوب”م چاپ كرد و بە چاپكراوی ماوەیەكی زۆر مایەوە پاشان لاپەڕەی بەرگەكە و دوو لاپەڕەكەی كۆتایی واتە لاپەڕەی 159 و 160م چاپ كرد لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1902ز و بڵاوم كردەوە.”
میرزا موحەممەد ئیسماعیل بەگ، سەرپەرشتیاری پێشووتری پڕۆسەی چاپكردن.
“أشهد أن لا إله إلا الله و أشهد أن محمدا عبده و رسوله
لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 1900زدا لە قادیان بووم و كتێبەكانی: “تریاق القلوب” و “التحفة الغولرویة” و “التحفة الغزنویة” پێشتر چاپكرابوون، وە زیارەتكارە نوێیەكان هەندێ كاروباری پەیوەست بە چاپكردنیان ئەنجام دەدا بەهۆی هەوڵی خوالێخۆشبوو بورهانەددینی جەهلەمی و دكتۆر موحەممەد ئیسماعیل خانەوە. وە تەنها بەشێكی كەم مابوویەوە كە دواتر كاتی بڵاوكردنەوە نووسرایەوە. وە كاتێك لە ساڵی 1901ز كۆچم كرد و هاتم بۆ ئێرە، هێشتا ئەم كتێبانە بڵاونەكرابوونەوە. پاشان كاتێك لە ساڵی 1902ز پێویست بوو بڵاوبكرێنەوە داواكرا لە نووسەرەوە مونشی كەرەم عەلی كە لاپەڕەی بەرگەكە و پەڕەی كۆتایی واتە لاپەڕەی 159 و 160 بنووسێتەوە، وە كتێبەكە بڵاوكرایەوە. باش لەبیرم دێت كە ئەم كتێبە بە نزیكەیی هەمووی چاپكرابوو لە ساڵی 1900زدا بەڵام بابەتێكی كورت لەدواییدا نووسرایەوە و نووسەرەوەیەكی تر نووسییەوە. وە ڕاستی بابەتەكە لە تەماشاكردنی كتێبەكەوە دەردەكەوێت. ئێستا من لەو كاتەوە بە شێوەیەكی هەمیشەیی نێشتەجێم لێرەدا. هەڵبەت كتێبەكانی: التحفة الغولرویة و التحفة الغزنویة و تریاق القلوب یەك لەدوای یەك و لەماوەیەك نزیك لەیەكتری بڵاوكرانەوە، وە پێشتر چاپ كرابوون. ئەو كەسەی پێچەوانەی ئەمە دەڵێت سەرەڕای ئەوەی لێرەیە و بە ئەنقەست درۆ دەكات شایستەی ئەم سزایەیە: نەفرەتی خوا لەدرۆزنان بێت. والسلام علی من اتبع الهدی.”
نووسەر: (واژۆ) مەهدی حوسەین، خزمەتكاری مەسیح، كۆچكردوو بۆ قادیان.
“والله وبالله، پاشان تالله چاك دەزانم و چاك لەبیرمە و لەبەرچاومدا ڕوویدا كە خوالێخۆشبوو حەكیم فەزڵەددین هات بۆ عیادەی حەزرەتی گەورەمان مەولەوی نوورەددینی لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1902ز و گوتی چاپخانەكە نزیكەی 1300 ڕوپیە قەرزارە لەبەر ئەوە كتێبی “تریاق القلوب” و هەندێ كتێبی تر ماوەیەكە تەواو ئامادەن بەڵام نەهاتووە بە دڵی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) كە بڵاوبكرێنەوە و كەسیش سەرنجی بەڕێزی ڕانەكێشاوە بۆ ئەم كارە. وە هەندێكیان بەهۆی سكاڵاكان لە دادگا یان لەبەر چەندین هۆكاری تر وەستاون، وە بڕە پارەیەكی زۆر خەرج كراوە بۆیان، لەبەر ئەوە بەردەوامبوونی چاپخانەكە زۆر قورسە ئەگەر ئەم كتێبانە بڵاونەكرێنەوە. ئەو كتێبانە بخەرەلاوە كە تەواونەكراون، بەڵام تریاق القلوب و ئەوانی تر تەواو ئامادەن، بەجۆرێك ئەم بابەتە كە لێی دەكۆڵرێتەوە تەنها بە نووسینی هەندێ دێڕ كۆتایی دێت. ئەوە بوو گەورەمان (نوورەددین) كاغەزێكی هێنا كە حیساباتی لەسەر بوو و بە حەكیمی گوت: ئەم كاغەزە دەخەمە بەردەم بەڕێزی (عليه السلام). پاشان مەولەوی نوورەددین بە ئامادەبوونی من كاغەزەكەی خستە بەردەم مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی: “ڕەشنووسی كتێبی “تریاق القلوب” وەربگرە لە بیر مەنزوور موحەممەد و بۆم بنێرە، سەیری ناوەڕۆكی كۆتاییەكەی دەكەم تێیدا و هەندێ دێڕ دەنووسم و كتێبەكە تەواو دەكەم. ڕەشنووسەكەی هێنا و نزیكەی یەك لاپەڕەی مابوویەوە ئینجا بەڕێزی (عليه السلام) هەندێ دێڕی نووسی و بابەتەكەی كۆتایی پێ هێنا. وە كاغەزێكی تر لكێنرا بە كتێبی (تریاق القلوب)ەوە پاش چاپكردنی كە پێشتر چاپكرابوو و ماوەیەكی زۆر دواخرابوو، وە كتێبەكە بڵاوكرایەوە. وە لەم كاتەدا چەندین كتێبی تر كە پێشتر دانرابوون بڵاوكرانەوە. ئەمە ئاشكرایە بەجۆرێك دەبێت مەولەوی موحەممەد عەلیش بیزانێت، وە پێم وانیە نكۆڵی لێ بكات.”
(واژۆ: موحەممەد سەروەر شاهی ئەحمەدی، 14/2/1915)
بسم الله الرحمن الرحیم
“من ئەو كەسەم كە ڕەوشت و جوامێریەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و وتار و ئیلهام و پێشبینی و ڕووداوە پێویست و گرنگەكانی كۆمەڵی ئەحمەدی بڵاودەكەمەوە لەو كاتەوەی كە (دكتۆر) كلارك سكاڵای كرد لە دادگادا، وە لە سایەی چاكەی خواوە لە ساڵی 1898زەوە شكۆداربووم بە نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە قادیان خانەی ئاسایش، وە لەڕووی شایستەییەوە ئەو ڕێزەم بەدەستهێناوە كە چەندین ڕووداو بڵاوبكەمەوە كە بە چاوی خۆم بینیومن، سوێند بە خوا بەو سیفەتەی كە تۆماركاری ڕووداوەكانم و ئاگادارم لە هەلومەرجی كۆمەڵ (وەك دەردەكەوێت لە 18 بەرگەكەی ڕابردووی ڕۆژنامەی الحكم ەوە) تەنها بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە و دەرخستنی ڕاستی و شایەتیدان لەپێناوی خوای گەورەدا ئەو كارە دەكەم، بەگوێرەی ئەو زانیاریە دروستەی كە هەمە شایەتی دەدەم مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە تەموزی ساڵی 1899زدا كتێبی “تریاق القلوب”ی نووسی كە لە سەرەتادا ناوی تەواوی بریتی بوو لە “تریاق القلوب وجاذب الأرواح إلی حضرة المحبوب”، وە بۆ جاری یەكەم لە ڕۆژنامەی الحكم لە ڕێككەوتی 31/7/1899ز دەربارەی ئەم كتێبە هەواڵ بڵاوكرایەوە. لە سەرەتادا ئەم كتێبە نامیلكەیەك بوو لەسەر بنەمای نامەیەك نووسرا كە كەسێكی ئیلمهامبۆكراو لە لاهۆرەوە لە سەرەتاكانی تەممووزی ساڵی 1899زدا ناردی. لەڕووی بنەماوە كتێبەكە لە سەرەتای ئابدا تەنها لە 23 لاپەڕەدا تەواوبوو. پاشان هات بە دڵی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) ئەو نیشانەیەی بۆ زیاد بكات كە پەیوەستە بە لیكهرامەوە، ئەوە بوو وەك پاشكۆیەك زیادكرا بۆ نامیلكەكە، وە بەڕێزی (عليه السلام) پێی باش بوو ئەو نیشانە دیارانە كە هەتا ئابی ساڵی 1899ز دەركەوتبوون وەك پاشكۆی ژمارە 2 زیاد بكات بۆی.
نەریتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەبارەت بە نووسینی كتێب وەهابوو كە دەستی دەكرد بە نووسینی كتێبێك و بە ناتەواوی دەمایەوە و كۆمەڵێك كتێبی تر پێش ئەوە بڵاودەكرانەوە، وە كتێبی “تریاق القلوب” لەم نەریتە جیا نەبوو. لە ڕێككەوتی 9/9/1899زدا لە ڕۆژنامەی الحكم دا ئاماژە بە كتێبەكە كرا كە كاتێك بڵاوكرایەوە هەواڵەكەی ڕادەگەیەنرێت. لە ساڵی 1899زدا نووسینی كتێبەكە تەواو بوو واتە ئەو ڕەشنووسەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەشی كرد نووسرایەوە و چاپكرا. بەڵام زنجیرەی كتێبەكانی تر بووە هۆی ئەوەی بڵاوكردنەوەكەی دوابخرێت هەتا ئەو كاتەی لە ساڵی 1901ز لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری دیاریكراو بەڕێوەبردنی چاپخانەكە ڕادەستی خوالێخۆشبوو حەكیم فەزڵەددین كرا و بە فەرمی ئەمە ڕاگەیەنرا لە ڕۆژنامەی “الحكم”دا. وە لەبەرئەوەی چەندین كتێبی تەواونەكراو هەبوون بۆیە حەكیمی بەڕێز سەرنجی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ڕاكێشا بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بەڕەچاوكردنی دۆخی دارایی چاپخانەكە، ئەوە بوو بەڕێزی (عليه السلام) پەڕەیەكی تری لكاند بە كتێبی “تریاق القلوب”ەوە و لەگەڵ چاپكردنی لاپەڕەی بەرگەكەی بڵاویكردەوە. ئەم قسەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1902ز، ئەوە بوو كتێبەكە لە تشرینی یەكەمی ساڵ 1902ز بڵاوكرایەوە و لە ڕۆژنامەی “الحكم”دا بڵاوكردنەوەكەی ڕاگەیەنرا. لەم نێوەندەدا تەنها لێدوانم دا لەسەر ڕووداوەكانی ساڵی 1899ز، وە لە كانونی دووەمی ساڵی 1900زدا باسی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” و چاپكردنكەیم كرد. هەروەك چۆن بەڵێندرا لە ئەیلوولی 1899ز، لە تشرینی دووەمی ساڵی 1902زدا كاتێك بڵاوكرایەوە هەواڵەكەی ڕاگەیەنرا.
ئەمەیە ڕووداوە ڕاست و دروستەكان كە پشتئەستوورن بە بەڵگە مێژوویەكان، وە پێم وایە ڕاست و دروستن، وە دەزانم و دڵنیام كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پاش ساڵی 1899ز هیچ شتێكی نەنووسی لە كتێبی “تریاق القلوب” جگە لە پەڕەی كۆتایی و لاپەڕەی بەرگەكەی.”
نووسەر: بەندەی خۆبەكەمزان یەعقووب عەلی، سەرنووسەری ڕۆژنامەی الحكم لە قادیان.
بەگوێرەی بەڵگە بەهێزەكان و ئەم شایەتییانەیش كە ئێستا باسكران، بە شێوەیەكی گومانبڕ ساغدەبێتەوە كە كتێبی “تریاق القلوب” لە سەرەتای ساڵی 1900زدا نووسراوە، بەڵام لە ساڵی 1902زدا بڵاوكراوەتەوە، وە ڕاگەیاندنی: “لابردنی هەڵەیەك” و وتارەكان لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا و “كەشتی نووح” دوای كتێبی “تریاق القلوب” نووسراون -ئەگەرچی پێش ئەو بڵاوكراونەتەوە- و دەستەواژەكەی (تریاق القلوب)یان نەسخ كردووەتەوە. وە ئەگەر كەسێك سەرەڕای ئەو بەڵگە ڕوونانەی كە ئێستا باسكران وازنەهێنێت لە كەللـەڕەقی و چەواشەكاری؛ ئەوا حەواڵەی خوا دەكرێت. ڕەنگە كەسێكی لەم شێوەیە بڵێت كتێبی “نزول المسیح” و كتێبی “البراهین الأحمدیة الجزء الخامس” كۆتا كتێبی مەسیحی بەڵێندراون (عليه السلام) چونكە لە ساڵی 1908زدا بڵاوكراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی نووسینی یەكێكیان لە ساڵی 1902زدا دەستی پێكرد و لە ساڵی 1903زدا كۆتایی هات، بەڵام بەبێ ئەوەی هیچ پیتێكی بخرێتەسەر لە ساڵی 1908زدا دوای كۆچی دوایی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بڵاوكرایەوە. وە كتێبی دووەم لە ساڵی 1905زدا دەستكرا بە نووسینی و لەهەمان ساڵدا كۆتاییهات بەڵام بڵاونەكرایەوە هەتا دوای كۆچی دوایی خۆی (عليه السلام) ئینجا بڵاوكرایەوە. بۆیە ئەگەر كەسێك وازنەهێنێت لە كەللـەڕەقی سەرەڕای بوونی ئەم بەڵگە و نیشانانە و بڵێت كتێبی “تریاق القلوب” دواتر نووسراوە سەرەڕای ئەو دەستەواژەیەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا هاتووە ئەوا ئەو كەسە حەواڵەی خوا دەكرێت و هیچ كەسێك ناتوانێت تێی بگەیەنێت.
وە لەكۆتاییدا بەڵگەیەكی تر دەخەمەڕوو كە دەیسەلمێنێت كتێبی “تریاق القلوب” پێش “دافع البلاء” نووسراوە، بەڵگەكەش ئەمەیە:
مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا دەفەرموێت: “من پێشتر لە سەرەتادا باوەڕم وابوو و دەمگوت: من لەكوێ و مەسیحی كوڕی مەریەم لەكوێ؟!… تا ئەو كاتەی ئەوەم نەزانیبوو لەلایەن خواوە (I) بەردەوام ئەوەم دەگوت كە لە سەرەتادا گوتوومە، بەڵام كاتێك لەلایەن خوای گەورە ئەوەم زانی ئینجا پێچەوانەكەیم گوت. دیارە من مرۆڤم، وە بانگەشەی زانینی غەیب ناكەم. ئەمەیە ڕاستی بابەتەكە، كەواتە ئەوەی دەیەوێت با قەبووڵی بكات و ئەوەی دەیەوێت با ڕەتیبكاتەوە.” (الخزائن الروحانیة، بەرگی22، لا152-154).
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم دەستەواژەیەدا بیروباوەڕی خۆی دەربارەی باشتربوونی خۆی دابەشكرد بۆ دوو سەردەم: وە وشەی “تا ئەو كاتە” ئەوپەڕی سەردەمی یەكەم ڕادەگەیەنێت، وە وشەی “كاتێك” ئەمپەڕی سەردەمی دووەم ڕادەگەیەنێت، وە لەنێوانیادا سەردەمی سێیەم بوونی نیە. بۆیە دەربارەی سەردەمی یەكەم دەفەرموێت لەو سەردەمەدا نەیفەرمووە خۆی چاكترە لە مەسیح یان لە پلەوپایەدا یەكسانە لەگەڵیدا، بەڵكو بەردەوام دەیگوت مەسیحی ناسیرەیی لەو چاكترە و فەزڵی زیاترە، پاشان دەربارەی سەردەمی دووەم دەفەرموێت كە لەم سەردەمەدا نەیفەرمووە مەسیحی ناسیرەیی لەخۆی چاكترە یان لەپلەوپایەدا یەكسانە لەگەڵیدا بەڵكو هەمیشە خۆی بە چاكتر و پایەبەرزتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی.
نموونەی ئەمە وەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە وایە دەربارەی عیسا (عليه السلام) كە دەفەرموێت: ﴿وَكُنتُ عَلَيۡهِمۡ شَهِيدٗا مَّا دُمۡتُ فِيهِمۡ ۖ فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي كُنتَ أَنتَ ٱلرَّقِيبَ عَلَيۡهِمۡۚ﴾ (المائدة: 118) مەسیح ناسیرەیی (عليه السلام) لەم ئایەتەدا دەڵێت دوو سەردەم هاتووە بەسەریدا، ئەوپەڕی سەردەمی یەكەم و ئەمپەڕی سەردەمی دووەم بریتیە لە مردنەكەی. دیارە ئەو لە سەردەمی یەكەمدا جیانەبووبوویەوە لە خەڵكەكە بەڵكو هەمیشە لەناویاندا مابوویەوە. بەڵام لە سەردەمی دووەمدا واتە دوای ئەوەی كۆچی دوایی دەكات ئیتر نەگەڕایەوە بۆ لایان بەڵكو بەردەوام جیابوو لێیان و لەم سەردەمەدا لەناویاندا نەژیا.
كەواتە لەم دەستەواژەیەوە -كە ئێستا باسكرا- دەردەكەوێت هەر كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەسیحی ناسیرەیی لە خۆی بە چاكتر زانیبێت ئەوا پێش ئەو ماوەیە خۆی بە چاكتر نەزانیوە لەو. وە هەر كاتێك بەڕێزی (عليه السلام) خۆی بە چاكتر و پایەبەرزتر زانیبێت لە مەسیحی ناسیرەیی ئەوا دوای ماوەیە مەسیحی ناسیرەیی بە چاكتر نەزانیوە لە خۆی.
وە ئێستا دەبینین مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “تریاق القلوب”دا بەڕاشكاوی مەسیحی ناسیرەیی بە چاكتر داناوە لەخۆی، بەمەش ساغدەبێتەوە كە ناكرێت دەستەواژەیەك یان وتارێكی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەبێت پێش “تریاق القلوب” تێیدا خۆی بە چاكتر زانیبێت لە مەسیحی ناسیرەیی. بۆیە دەبێت كتێبی “دافع البلاء” و “كەشتی نووح” دوای كتێبی “تریاق القلوب” نووسرابن. ئەوەتا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەو دوو كتێبەدا فەرموویەتی خۆی چاكتر و پایەبەرزترە لە مەسیحی ناسیرەیی، بۆیە ناكرێت دەستەواژەیەك یان وتارێكی بەڕێزی (عليه السلام) هەبێت دوای ئەم دوو كتێبە تێیدا مەسیحی ناسیرەیی بەچاكتر دانابێت لە خۆی. كەواتە ساغبوویەوە كە كتێبی “تریاق القلوب” پێش ئەو دوو كتێبە نووسراوە نەك دوای ئەوان. “ئەمەیە ڕاستی بابەتەكە، دەی كێ دەیەوێت با باوەڕ بكات و كێ نایەوێت با ڕەتی بكاتەوە”.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم وەڵامی گومانێكی تریش بدەمەوە كە بریتیە لەوەی: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا وەڵامی ئەو ڕەخنەیەی داوەتەوە كە گوتراوە دژیەكی لە نێوان كتێبی “حەقیقەتی وەحی” و گۆڤاری “ڕیڤیو”، لەگەڵ كتێبی “تریاق القلوب”دا هەیە، لە وەڵامەكەدا فەرموویەتی: لەكوێ بۆم هەبوو وەحی موتەواتری خوا ڕەت بكەمەوە كە ماوەی 23 ساڵە دابەزیوەتە سەرم؟! ئەمە دەیسەلمێنێت كە ئەو دژیەكی و ناكۆكیەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) قەبووڵی كردووە ئەوە نیە كە لە كتێبی “تریاق القلوب”دا هاتووە چونكە لەو كاتەدا تەنها چوار ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر بڵاوكردنەوەی كتێبی “تریاق القلوب”دا، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: لەكوێ بۆم هەبوو وەحی موتەواتری خوا ڕەت بكەمەوە كە ماوەی 23 ساڵە دابەزیوەتە سەرم، ئەمە دەیسەلمێت كە ئەو بیروباوەڕەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەڵیوەشاندووەتەوە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 23 ساڵ لەوەو پێش نەك بۆ ئەوەی كە لە كتێبی “تریاق القلوب”دا هاتووە.
وەڵامی ئەم ڕەخنەیە ئەوەیە: كاتێك ئێمە وەك ڕۆژی ڕووناك سەلماندمان ئەو بیروباوەڕەی كە بەڕێزی (عليه السلام) هەڵیوەشاندووەتەوە لە كتێبی “تریاق القلوب”دا باسكراوە، وە كتێبەكە هێشتا بوونی هەیە كەواتە بیخوێننەوە بۆ ئەوەی ببینن ئایا تێیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دانی ناوە بەوەدا كە مەسیحیی ناسیرەیی لەخۆی چاكتر و پایەبەرزترە یان نا؟ جا ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم كتێبەدا بەتەواوەتی خۆی بە چاكتر دانابوو لە مەسیحی ناسیرەیی ئەوا لەم دۆخەدا ناچاردەبین دان بەوەدا بنێین كە ئەو بیروباوەڕەی بەڕێزی (عليه السلام) هەڵیوەشاندووەتەوە بریتیە لە بیروباوەڕێكی كۆن و هی 23 ساڵ لەوەو پێشە، بەڵام مادام بەڕێزی (عليه السلام) لە كتێبی “تریاق القلوب”دا بەڕاشكاوی دان دەنێت بەوەدا كە مەسیحی ناسیرەیی لە خۆی چاكتر و پایەبەرزترە ئەوا چ گومانێك لەوەدا دەمێنێتەوە كە دەستەواژەكەی ناو ئەم كتێبە مەنسووخە و بەڕێزی (عليه السلام) دوای ئەوە بیروباوەڕێكی تری هەبووە؟ كەواتە دەبێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دوای نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” بیروباوەڕی خۆی گۆڕیبێت. بۆیە پێویستە بەجۆرێك لە مانای ڕستەی “ماوەی 23 ساڵ” تێبگەین كە نەبێتە هۆی ئەوەی ڕەخنە لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بگیرێت، چونكە ئەگەر بەو شێوەیە لێی تێگەیشتین كە ئێستا لە گومانەكەی سەرەوەدا باسكرا؛ ئەوا دوو ڕەخنە دەگیرێت لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام):
یەكەم: بەڕێزی (عليه السلام) پرسیاری لێكراوە دەربارەی سەردەمێك كە پەیوەستە بە نووسینی كتێبی “تریاق القلوب”ەوە، بەڵام بەڕێزی دەربارەی سەردەمێك وەڵامی داوەتەوە كە پەیوەستە بە نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة”ەوە.
دووەم: بەڕێزی (عليه السلام) درۆی كردووە، پەنا بە خوا، كاتێك فەرموویەتی ماوەی 23 ساڵ مەسیحی ناسیرەیی لەخۆی بە چاكتر دەزانی، بەڵام ڕاستیەكە ئەوەیە پێش ئەوەی ئەم قسەیە بكات هەمان بیروباوەڕی دەربڕیوە لە كتێبی “تریاق القلوب”یشدا.
سێیەم: وەك ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) پێچەوانەی فەرمانی خوا جووڵابێتەوە بەجۆرێك پێش 23 ساڵ خوا فەرمانی پێكردووە خۆی بە چاكتر بزانێت لە مەسیحی ناسیرەیی، وە بەڕێزی (عليه السلام) لەگەڵ ئەوەی ویستی خوایشی زانیوە بەڵام لە كتێبی “تریاق القلوب”دا بیروباوەڕێكی پێچەوانەی ئەوەی پیشانداوە كە خوای گەورە پێشتر فێری كردووە.
كەواتە ئەی خۆشەویستان، سنوور مەبەزێنن و زیادەڕەوی مەكەن لەم باسانەدا بۆ هێنانەدی مەبەست و ئامانجی خۆتان و خودی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەكەن بە ئامانجی ڕەخنە، بەڕێزی پێشەوای ئێوەیشە وەك چۆن پێشەوای ئێمەیە. بۆچی وتەكەی بەشێوەیەك ڕاڤە دەكەن كە بە تیری ڕەخنە تیرباران بكرێت و گومان دروست بكرێت لە بانگەشە و تەقواكەی؟ بۆچی بۆ ڕزگاركردنی خۆتان دەستەواژەكانی مەسیحی بەڵێندراو دەشێوێنن و كارێك دەكەن لە دیدی جیهاندا بە نزمترین كەس دەربكەوێت؟ باش بزانن سەربەرزی ڕاستەقینە ئەوەیە كە لەلایەن خواوە دێت و لەلایەن خەڵكەوە نایەت. دەكرێت دنیا چی بدات بە هەر كەسێك؟ هیچ. وە ئەو شتەی خوای گەورە بیبەخشێت كەس ناتوانێت بیبەخشێت. بێگومان خوا خۆی كۆنترۆڵی دڵەكان دەكات، وە ئەو كەسەی پەیوەندی دروست دەكات لەگەڵ خوای گەورەدا خوا دەسەڵاتی ئەو كەسە لە دڵەكاندا دادەمەزرێنێت و خۆشەویستیەكەی لە دڵی مرۆڤە بەختەوەرەكاندا دروست دەكات. كەواتە ڕێزی ئەو خۆشەویستیە بگرن كە دەكرێت بەدەستیبهێنن لە ڕۆحە بەختەوەرەكانەوە ئەگەر چی ئەو ڕۆحانە لەژێر جلەوبەرگە كۆن و ڕزیوەكانیشدا شاردرابنەوە. بێگومان هاوڕێیەكی ڕاستگۆ باشترە لە هەزار هاوڕێی دووڕوو و ماستاوچی چونكە دووڕووەكان لە دۆخی خۆشی و ئاسوودەییدا مەدح و ستایش دەكەن، بەڵام هاوڕێی ڕاستگۆ، لە ڕۆژانی خۆشی و لە دۆخی خەم و خەفەتدا كەمتەرخەمی ناكات لە قوربانیدان بە گیانی خۆی. بۆیە وتەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەشێوەیەك تەفسیر مەكەن كە دوژمن خۆشبێت پێمان. تۆبە بكەن، تۆبە بكەن، چونكە دەرگای تۆبە هەمیشە كراوەیە. گوێ شل بكەن، بێگومان وتەی ناوبراوی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەواو ڕوونە. ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەری لەو كاتەوەی كە كتێبی “البراهین الأحمدیة” چاپكراوە بۆ تەنها جارێكیش تێیدا نەهاتووە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پلەوپایەی نزمترە لە مەسیحی ناسیرەیی بەڵكو هەمیشە بەچاكتر لە مەسیح لەقەڵەم دراوە، بەڵام لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی بە پێغەمبەر لەقەڵەم نەدابوو بۆیە بەردەوام بەشێوەیەكی تر لێكی دەدایەوە تەنانەت هەمان ئەو بیروباوەڕەی هەبوو تاكو سەردەمی نووسینی “تریاق القلوب”، بەڵام دوای ئەوە كاتێك ئەو ئیلهامانەی دابەزینە سەری سەرنجیان ڕاكیشا بۆ ئەوەی كە مانای ئیلهامەكان ئەوەیە خۆی چاكترە لە مەسیحی ناسیرەیی و پێغەمبەرە، ئیتر ملكەچبوو بۆ ئەو ئیلهامانەی ماوەی 23 ساڵ بوو دابەزیبوونە سەری. كەواتە هەردوو شتەكە تەواو ڕاستن، واتە ئەو وەحیەی ماوەی 23 ساڵە دابەزیوەتە سەری (عليه السلام) ئەوەی خستبووەڕوو كە چاكترە لە مەسیحی ناسیرەیی، وە بەهەمان شێوە بەڕێزی (عليه السلام) مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) بە چاكتر دەزانی لەخۆی هەتا كاتی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب”، بەڵام دوای نووسینی ئەم كتێبە ئەم بیروباوەڕەی خۆی گۆڕی. بابەتی یەكەم دروستە چونكە لەڕاستیدا هەمیشە بەڕاشكاوی سیفەتی پێغەمبەری پێ دەدرا لە وەحی خواییدا، وە بابەتی دووەمیش ڕاستە چونكە بەڕێزی (عليه السلام) بەردەوام هەتا سەردەمی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” ئەو وەحیەی تەئویل دەكرد.
وەڵامدانەوەی هەندێ ڕەخنەی مەولەوی موحەممەد عەلی
مەولەوی موحەممەد عەلی لە نامیلكەكەیدا هەندێ ڕەخنەی گرتووە سەبارەت بەوەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بیروباوەڕێكی خۆی گۆڕیوە كە لە كتێبی “تریاق القلوب” دا هاتووە، لە خوارەوە ڕەخنەكان دەهێنمەوە و وەڵامیان دەدەمەوە.
(1) لە لاپەڕە 6و7دا ئەم دەستەواژەیەی هێناوە لە كتێبەكەی مندا: “مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) حوكمی داوە دەربارەی ئەوەی كە لە كتێبی “تریاق القلوب”دا بیروباوەڕی خۆی نووسیوە دەربارەی پێغەمبەرایەتی بەڵام دوای ئەوە ئەو وەحیەی كە دابەزیبووە سەری بیروباوەڕەكەی پێ گۆڕیوە”، مەولەوی بەڕێز سێ ئەنجامی لەم دەستەواژەیە وەرگرتووە كە ئەمانەن:
(أ) بەگوێرەی بیروباوەڕی میانی بەڕێز (واتە میرزا مەحموود) پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو هەتا ڕێككەوتی 25/10/1902ز پێغەمبەرایەتیەكی ناتەواو و جوزئی بووە.
(ب) میانی بەڕێز دەزانێت دوای 25/10/1902ز وەحیەك دابەزیە سەر مەسیحی بەڵێندراو و تێیدا پێی ڕاگەیەنرا كە لە ئێستاوە ئەو پێغەمبەرێكی جوزئی نیە.
(ج) ناكرێت هیچ دەستەواژەیەك لە هیچ یەكێك لە كتێبەكانیدا لە ڕێككەوتی 25/10/1902ز و پێش ئەم ڕێككەوتەیش بكرێت بە بەڵگە لەسەر بابەتی پێغەمبەرایەتی، بەڵكو تەنها نووسراوەكانی پاش ڕێككەوتی 25/10/1902ز بەڵگەن لەم بابەتەدا.
وەڵامی ئەنجامی ژمارە1: تۆ لەلایەن خۆتەوە گەیشتوویت بەم ئەنجامە و ئەستەمە لە قسەكانی منەوە ئەم تێگەیشتنە وەربگیرێت. بێگومان من گوتوومە لەدواییدا ئەو وەحیەی كە دابەزیبووە سەری بیروباوەڕەكەی پێشووی پی گۆڕی، بەڵام تۆ ئەو قسەیە دەدەیتەپاڵم كە گوایە من گوتوومە پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی (عليه السلام) لە سەرەتادا جۆرێك بووە و پاشان گۆڕاوە بە جۆرێكی تر، جیاوازی زۆرە لەنێوان ئەم دوو قسەیەدا. ئەوەی كە من نووسیومە ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە سەرەتادا بیروباوەڕێكی هەبووە، بەڵام دوایی ناچاربووە بیگۆرێت چونكە وەحی موتەواتیری خوا شتێكی پیشانداوە پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕە. بۆیە وەك چۆن بەڕێزی (عليه السلام) لە سەرەتادا پێغەمبەر بووە دوای ئەوەش هەر بەو شێوەیە ماوەتەوە، وە هیچ گۆڕانێك ڕووی نەداوە لە پێغەمبەرایەتیەكەدا، بەڵام گۆڕان لە ڕاوبۆچوونی بەڕێزیدا (عليه السلام) ڕوویداوە لەم بارەیەوە. كەواتە لە سەرەتادا خوای گەورە بە كۆمەڵێك وشە بانگی كردووە و دواتریش هەر بە هەمان ئەو وشانە بانگی كردووە، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە سەرەتادا بەگوێرەی بیروباوەڕی باو وشەكانی تەئویل دەكرد، بەڵام دواتر ناچاربوو گۆڕانكاری بكات لەم تەئویلەدا.
بەداخەوە، زۆر سەیرە من لە كتێبەكەمدا بڕگەیەكی درێژم گواستووەتەوە لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی” و ئەنجامێكی ڕوونم لێ وەرگرتووە، كەچی لەگەڵ ئەوەدا تۆ بەردەوام خراپ تێدەگەیت! بەڵام ئەی مەولەوی بەڕێز، مەسیحی بەڵێندراو لە وەڵامی ڕەخنەگرەكەدا بەوپەڕی ڕاشكاویەوە فەرموویەتی ئەم جۆرە ناكۆكیە هاوشێوەی ئەوەیە كە من لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا گوتوومە مەسیحی ناسیرەیی زیندووە لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك ئیلهامم پێ گەیشتبوو كە تێیاندا گوترابوو تۆ عیسایت. وە لە سەرەتاوە ئەو ئیلهامانەم تەئویل دەكرد بەڵام لەدواییدا بۆم دەركەوت ئەم تەئویلە هەڵەیە، بۆیە ناچاربووم وازی لێبهێنم و بە ڕوونی دان بەوەدا بنێم كە مەسیحی ناسیرەیی مردووە. ئێستا پێم بڵێ ئایا بەگوێرەی بۆچوونی تۆ لەم دەستەواژەیەوە ئەوە دەسەلمێت كە مەسیحی كوڕی مەریەم هەتا سەردەمی نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة” زیندوو بووە و دوای ئەوە لە سەردەمی نووسینی كتێبی “فتح الإسلام”دا مردووە؟! نەخێر، ناتوانیت ئەو قسەیە بكەیت. مانای ڕوونی دەستەواژەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەوەیە كە ئیلهامەكان بەم مانایە پێشتریش بوونیان هەبووە بەڵام بەردەوام بەگوێرەی بیروباوەڕی باو ئیلهامەكانی تەئویل دەكرد، وە مانای ئەوە نیە كە واقیع و ڕاستیەكە لە پێشوودا شتێك بووە پاشان گۆڕاوە. وە مەسیحی ناسیرەیی لە سەردەمی نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة”شدا مردوو بووە وەك چۆن لە سەردەمی دانانی “فتح الإسلام” یان “إزالة الاوهام”دا مردوو بووە. بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام لە سەرەتاوە بەگوێرەی بیروباوەڕی گشتی ئیلهامەكانی خۆی تەئویل دەكرد، بەڵام پاشان وەحی دووبارە و بەردەوامی خوا بۆی سەلماند كە بیروباوەڕە گشتیەكە هەڵەیە و لەڕاستیدا خۆی مەسیحی بەڵێندراوە. بەهەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە سەردەمی نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة”وە ناوی لێ نرابوو “پێغەمبەر”، بەڵام لەبەر ئەوەی بیروباوەڕی گشتی پێچەوانەی ئەوە بوو بۆیە بەردەوام بەڕێزی (عليه السلام) بیروباوەڕێكی هەبوو پێچەوانەی ئەو ناولێنانە. وە ئەگەر وشەیەك دابەزیبێتە سەری ئاماژەی بەوە كردبێت كە چاكتر و پایەبەرزترە؛ ئەوا بە چاكتربوونێكی جوزئی ئەژماری كردووە چونكە ئەستەمە كەسێك پێغەمبەر نەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە. وە لە كتێبی “تریاق القلوب”یشدا ئەم بیروباوەڕەی خستووەتەڕوو، بەڵام لە ساڵی 1900زدا ناچاربووە بیگۆڕێت چونكە وەك خۆی (عليه السلام) دەفەرموێت لە ئیلهامە بەردەوامەكانەوە تێگەیشت كە خوا ناویناوە پێغەمبەر.
زۆر سەیرە تۆ لە قسەكانی منەوە ئەم ئەنجامەت وەرگرتووە سەرەڕای ئەوەی ئەم دەستەواژەیە زۆر ڕوونە وەك ئەوەی من پێموابێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشتر پێغەمبەرێكی جوزئی بووە پاشان لەدواییدا بووە بە پێغەمبەرێكی تەواو. تەنها ئەوەم نووسیوە كە مەسیحی بەڵێندراو بە جوانی بیروباوەڕی خۆی ڕوونكردووەتەوە و لەمبارەیەوە بیروباوەڕی ژیانی مەسیحی بە نموونە هێناوەتەوە كە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة” باسكراوە، وە فەرموویەتی پلەوپایەكەی نەگۆڕاوە و لەڕاستیشدا هیچ گۆڕانكاریەك ڕووی نەداوە بەڵكو تەنها ڕاوبۆچوونی گۆڕاوە پاشان خوا زانیاری زیاتری پێ داوە. جا ئەگەر لە دەستەواژەیەكی وەها ڕوونەوە بەم شێوەیە كۆمەڵێك مانا و تێگەیشتنی هەڵگەڕاوە وەربگیرێت، ئەوا دەترسم سبەی یەكێك بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باوەڕی وابووە كە مەسیحی ناسیرەیی تا سەردەمی نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة” زیندوو بووە و دوای ئەوە مردووە. هیچ وەڵامێكم پێ نیە بۆ ئەم جۆرە قسەیە. وە ئەگەر خەڵكی وەڵامی كۆمەڵێك پرسی گرنگی لەم شێوەیە بدەنەوە بەبێ ڕامان و سەرنجدان لە بۆچوون و قسەی كەسەكە؛ ئەوا چۆن دەكرێت بابەت یەكلایی بكرێتەوە؟! ئەوانەی خۆیان بە بەرپرس و خاوەن ڕاوبۆچوونی ڕاست دەزانن پێویستە لەسەریان سەرەتا بە باشی لە قسە تێبگەن پاشان لێی ڕابمێننن ئینجا وەڵامی بدەنەوە ئەگەر هەڵە بوو. وا دیارە كتێبەكەم “القول الفصل” بەو نیازە نەخوێنراوەتەوە كە ئەگەر ڕاستی تێدا بوو ئەوا قەبووڵ بكرێت، بەڵكو تەنها بەو نیازە خوێنراوەتەوە كە بەرپەرچی بدرێتەوە. ئەگەر مرۆڤ پێشتر ئەوە هات بە مێشكیدا كە فڵان قسە هەڵەیە ئەوا بەدڵنیاییەوە ناتوانێت وەك پێویست لەو قسەیە تێبگات بەمەش پێی دەخلیسكێت، بۆیە تۆیش بەم شێوەیە هەڵەت كرد چونكە پێشتر وا هاتووە بە مێشكتدا كە هەموو ئەوەی لە كتێبی “القول الفصل”دا هاتووە هەڵەیە بۆیە لە ئەنجامدا دەرفەتت نەبووە بەجوانی لە ناوەڕۆكەكەی ڕابمێنیت. بەڵام زۆر بەداخەوە تۆ بە خراپ حاڵی بوویت لە زۆرێك لە مانا و چەمكەكانی، وە بە پەلە گەیشتیتە كۆمەڵێك ئەنجام كە گەیشتن پێیان بەگوێرەی بەرنامەیەكی دروست نەبووە. جارێكی تر پێت دەڵێم من باوەڕم وا نیە خوای گەورە یەكەمجار مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ناونابێت پێغەمبەری جوزئی پاشان لەدواییدا ناوینابێت پێغەمبەر، هەروەك مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) ئەوەی نەنووسیوە، بەڵكو مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەهەمان شوێندا دەفەرموێت: لەكوێ بۆم هەیە نكۆڵی بكەم لەو وەحیەی خوا كە لە ماوەی 23 ساڵدا دابەزیوەتە سەرم؟ ئەمە دەیسەلمێنێت كە وەحی خوا هەمیشە بە پێغەمبەر وەسفی دەكرد. سەرەڕای ئەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ناكۆكیەی چواندووە بە ناكۆكی سەبارەت بە ژیان و مردنی مەسیحی ناسیرەیی. كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا بیروباوەڕی خۆی ڕادەگەیەنێت كە مەسیحی ناسیرەیی زیندووە، مەبەست لەم بیروباوەڕە ئەوە نەبووە كە مەسیح تا ئەو كاتە زیندوو بووە بەڵكو هۆكارەكە ئەوە بووە كە نەیویستووە وازبهێنێت لە بیروباوەڕی باو ئەگەر لە ڕێگەی ئیلهامە دووبارەبووەكانەوە ئاراستە نەكرێت بۆ وازهێنان لێی ئەگەرچی كۆمەڵێك ئیلهام دابەزیبووە سەری دەیانسەلماند مەسیح مردووە. بەهەمان شێوە بەڕێزی (عليه السلام) ئەو ئیلهامانەی تەئویل دەكرد كە تێیاندا ناوی نرا بوو پێغەمبەر و بەگوێرەی تەئویلەكە خۆی بە موحەددەث و نوێكەرەوە لەقەڵەم دەدا و خۆی لە هیچ پێغەمبەرێك بە چاكتر و پایەبەرزتر نەدەزانی و بەگوێرەی سوننەتی پێغەمبەران لەم بارەیەوە خۆی دەپاراست و خۆی بەدوور دەگرت، بەڵام وەحی دووبارە و بەردەوامی خوا ڕووی وەرگێرا لەم بیروباوەڕە، وەك خۆی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“بەهەمان شێوە لە سەرەتادا باوەڕم وابوو و دەمگوت: من لەكوێ و مەسیحی كوڕی مەریەم لە كوێ؟ چونكە ئەو پێغەمبەرە و كەسێكە لای خوای گەورە پایەی بڵندە و زۆر نزیكە لێیەوە، وە هەر كاتێك شتێك دەردەكەوت كە دەیسەلماند من فەزڵم زیاترە و پلەم بەرزرترە بە فەزڵێكی جوزئی لەقەڵەمم دەدا، بەڵام وەحی خوا (سبحانه وتعالی) كە دوای ئەوە وەك باران داباریە سەرم نەیهێشت جێگیربم لەسەر بیروباوەڕەكەی پێشوو، وە زۆر بە ڕاشكاوی نازناوی “پێغەمبەر”م پێدرا، بەجۆرێك لەلایەكەوە من پێغەمبەرم، وە لەلایەكی ترەوە من یەكێكم لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ).” (حقیقة الوحي، الخرائن الروحانیة، بەرگی 22، لا153-154)
كەواتە خوای گەورە هیچ حوكمێكی نەگۆڕیوە لە حوكمەكانی پێشووی، وە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) نەكردووە بە پێغەمبەرێكی تەواو پاش ئەوەی پێغەمبەرێكی جوزئی و ناتەواو بووە، بەڵكو كاتێك بەدوای یەكدا وەحی بۆ كرا و لە وەحیەكاندا پێی گوترا پێغەمبەر ئینجا زانی پێغەمبەرە (ئەگەرچی تاكێكیش بووە لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ))، سەرباری ئەوە ئەو ئیلهامانەی كە تێیاندا بەڕاشكاوی فەزڵی دراوە بەسەر مەسیحی ناسیرەییدا مەبەست لێیان پێغەمبەرایەتی جوزئی نەبووە بەڵكو مەبەستەكە ئەوە بووە كە لە هەموو ڕوویەكەوە كراوە بە كەسێكی باشتر لە مەسیح ناسیرەیی. كەواتە دوای نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” ئیجتیهاد و بیروباوەڕی گۆڕاوە، وە ڕاستیەكە و پلەوپایەكەی (عليه السلام) نەگۆڕاوە. كەواتە لە یەكەم ڕۆژەوە كە بوو بە مەسیح بەڵێندراو پێغەمبەر بووە و خوای گەورە ناوینا پێغەمبەر وەك خۆی (عليه السلام) دەفەرموێت بەردەوام ئەم وشەیەی (واتە وشەی پێغەمبەر) تەئویل دەكرد وەك چۆن پرسی ژیانی مەسیحی تەئویل دەكرد هەتا ناچاربوو بەهۆی وەحی موتەواتیرەوە بیروباوەڕی پێشووی بگۆرێت.
ئەنجامی دووەمیش ئۆتۆماتیكی پووچەڵ دەبێتەوە بەهۆی پووچەڵبوونی ئەنجامی یەكەمەوە چونكە تۆ لەو ئەنجامەدا دەڵێیت: وا دەردەكەوێت میانی بەڕێز ئاگاداری وەحییەك بێت كە دەڵێت مەسیحی بەڵێندراو لە ئێستاوە ئیتر بە پێغەمبەرێكی جوزئی نەماوەتەوە. پێشتر گوتم خوای گەورە هیچ حوكمێك لە حوكمەكانی پێشووی خۆی نەسخ نەكردووەتەوە بەڵكو بەردەوام پلەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو ئەوە بووە كە لە سەرەتاوە هەبووە بۆیە پێویست بە وەحیەكی لەم شێوەیە ناكات. كەی خوای گەورە لە ئیلهامێكدا بە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) فەرمووە تۆ پێغەمبەرێكی جوزئی و ناتەواویت؟ ئەگەر پێویست بێت لەسەرم بیسەلمێنم لە چ كاتێكدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بووە بە پێغەمبەر پاش ئەوەی پێغەمبەرێكی جوزئی بووە -ئەمە لەكاتێكدا خۆی (عليه السلام) فەرموویەتی وەحی موتەواتیری خوا ڕووی وەرگێڕا لە بیروباوەڕەكەی پێشوو-؛ ئەوا منیش داوادەكەم، مافی خۆمە داوای ئەوەت لێ بكەم وەحییەك بڵاوبكەیتەوە تێیدا خوای گەورە ڕایگەیاندبێت بە مەسیحی بەڵێندراو كە تۆ پێغەمبەرێكی جوزئیت. وە ئەگەر دوای ئەوە كۆمەڵێك تەئویلی جۆراوجۆرت هێنایەوە؛ ئەوا بزانە بۆ باوەڕدار شیاو نیە داوای شتێك لەوانی تر بكات كە خۆی ناتوانێت بیسەلمێنێت.
سەرەتا پێویستە ئەو ئیلهامەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بخەیتەڕوو كە -بۆ نموونە- تێیدا پێی گوتراوە پێغەمبەرێكی جوزئی هات بۆ دنیا بەڵام دنیا قەبووڵی نەكرد… هتد. پێویستە سەرەتا ئەم جۆرە وەحیە بخەیتەڕوو ئینجا پێویست دەبێت من وەحیەك بخەمەڕوو نەسخی بكاتەوە. كەواتە مادام تۆ ناتوانیت بانگەشەكەی خۆت بسەلمێنیت بەگوێرەی ئەم پێوەرە كە دەیخەیتە پێش چاوی من، ئەوا بۆچی داوای ئەوە لە من دەكەیت؟! وە بۆچی داوای وەحیەكم لێ دەكەیت كە پێغەمبەرایەتی جوزئی نەسخ كردبێتەوە؟ مادام هیچ ئیلهامێك بوونی نیە باسی پێغەمبەرایەتی جوزئی بكات ئیتر چۆن ئیلهامێك دادەبەزێت نەسخی بكاتەوە؟! بێگومان لە سەرەتاوە خوای گەورە نازناوی “نبي” و “رسول”ی داوە بە مەسیحی بەڵێندراو، وە نازناوی “نبي جزئي” یان “رسول جزئي” نەداوە پێی. كەواتە مادام خوای گەورە لە سەرەتاوە وشەیەكی لەم شێوەیەی بەكارنەهێنابێت ئیتر چۆن وتەیەك نەسخ دەكاتەوە كە پێشتر نەیفەرمووبێت؟!
لێرەدا ڕەنگە كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت: ئەگەر خوا مەسیحی بەڵێندراوی بانگ نەكردبێت بە (نبي جزئي) یان (رسول جزئي) بەڵكو بە نەبی و ڕەسول بانگی كردبێت، ئەوا چۆن دەچەسپێت كە ئەو پێغەمبەرێكی حەقیقی نیە، واتە پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نیە؟! وە چۆن دەچەسپێت كە ئەو پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نیە واتە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست نەهێناوە؟! وەڵامەكە ئەوەیە لە پێغەمبەرایەتیدا هەرگیز ئەوە نیە مەرج نیە كە شەریعەتی لەگەڵدا بێت یان ڕاستەوخۆ بەدەستبهێنرێت، بۆیە لە وتەی خوادا وشەی “حەقیقی” یان “سەربەخۆ” بەكارناهێنرێت، وە لە قورئانی پیرۆزدا هەرگیز ئەو دوو وشەیە نابینن كاتی باسكردنی هەر پێغەمبەرایەتیەك، وە هەرگیز لە وەحی پێغەمبەرانی پێشوو و لە فەرموودەكاندا هیچ یەكێك لەو دوو وشەیە نابینن، چونكە ئەوانە دوو خاسیەتن بەهۆی ڕووداوەكانەوە دەناسرێنەوە. بۆیە ئەگەر خوا كەسێكی بە نەبی یان ڕەسول بانگ كرد پاشان ڕەوانەی كرد و فەرمانی پێكرد خراپیەكان چاك بكات؛ ئەوا ئەو كەسە دەبێت بە پێغەمبەر. كەواتە ئەگەر وەحییەك دابەزیە سەری پێكهاتبوو لە حوكمەكانی شەریعەت؛ ئەوا ئۆتۆماتیكی دەزانرێت ئەو كەسە پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەتە، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم جۆرە پێغەمبەرەی ناوناوە “پێغەمبەری حەقیقی”. بەهەمان شێوە ئەگەر ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی درا بە كەسێك بەبێ شوێنكەوتنی كەسێك؛ ئەوا بەڕوونی دەزانرێت ئەو كەسە پێغەمبەرێكی سەربەخۆیە. بەڵام ئەگەر شەریعەتی پێ نەدرا و بەبێ ڕابەرایەتی و شوێنكەوتنی یەكێك لە پێغەمبەران پێغەمبەرایەتی بەدەست نەهێنا؛ ئەوا دەزانرێت كە مەبەست لە وشەی پێغەمبەر لەم دۆخەدا بریتیە لە پێغەمبەرێك لە ئوممەت (واتە لەم دۆخەدا پێغەمبەرەكە تاكێك دەبێت لە ئوممەتی پێغەمبەرە ڕابەرەكە). دیارە لە ئیلهامەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) ئاماژەكراوە بۆ ئەم دوو بابەتە. بەڵگە لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەرێكە بەبێ شەریعەت ئەم ئیلهامەی خۆیەتی: “الخیر كله في القرآن”، سەرەڕای واقیعی ئاشكرا كە بە شەریعەتێكەوە نەهاتووە. مادام خێر هەمووی لە قورئاندایە كەواتە هەرگیز شەریعەتێكی نوێ نایەت بەڵكو پێویستە هەموان كار بە قورئانی پیرۆز بكەن.
وە ئیلهامێكی تری مەسیحی بەڵێندراو هەیە دەقەكەی ئەمەیە: “كل بركة من محمد (ﷺ) فتبارك من علم وتعلم”. كەواتە سەرەڕای ئاماژەدان بە بابەتە حەقیقەیەكە لەم ئیلهامەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە هەموو ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو بەدەستی هێناوە لە ئەنجامی ئەوەوە بەدەستی هێناوە كە قوتابی پێغەمبەر (ﷺ) بووە و فەرموویەتی هەموو شتێك لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) فێربووە. كەواتە، پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی (عليه السلام) ناڕاستەوخۆ بووە، ئەو كەسەی كە ئەم جۆرە پێغەمبەرایەتیەی بەدەستهێناوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناویناوە “پێغەمبەری ئوممەتی”. وە لەبەرامبەر ئەم جۆرە پێغەمبەرەدا پێغەمبەرانێك هەن ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە و مەسیحی بەڵێندراو بەم پێغەمبەرانەی ناوناوە “پێغەمبەری سەربەخۆ”. وە مەسیحی بەڵێندراو لە پێغەمبەرە سەربەخۆكان نەبووە بەڵكو پێغەمبەرایەتیەكەی بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بووە.
خاڵێك: هەڵبەت لە كتێبی “القول الفصل”دا نووسیومە پێش پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەگەری نەبووە پێغەمبەرێك لە هیچ ئوممەتێك پەیدا بێت چونكە پێغەمبەرانی پێش ئەو (ﷺ) هێزێكی پیرۆزی وەهایان نەبووە كە بەهۆیەوە بتوانن كەسێك بگەیەننە پلەی پێغەمبەرایەتی. وە پێغەمبەرمان (ﷺ) ئەو تاكە مرۆڤە كامڵە بووە كە تەنها خۆی كامڵ و تەواو نەبووە بەڵكو تەواوكەریش بووە واتە توانای ئەوەی هەبووە كەسانی تریش كامڵ بكات. كەواتە لەبەرئەوەی لە ئێستاوە لێشاوی پێغەمبەرایەتی ڕاستەوخۆ پێویست نیە بۆیە لە داهاتوودا پێغەمبەر تەنها لەم ئوممەتەدا پەیدا دەبێت. دەستەواژەی “پێغەمبەر لەم ئوممەتە” مانای ئەوە نیە كە پلەی نزمتر بێت لە هەموو پێغەمبەرانی پێشوو بەڵكو دەكرێت چاكتر بێت لە زۆرێك لە پێغەمبەرانی پێشوو یان لە هەموویان جگە لە پێغەمبەری خوا (ﷺ)؛ چونكە ئەو كەسەی لە ئامێزی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) پەروەردە دەبێت و سیفەتە كامڵەكانی ئەو بەدەستدەهێنێت جێگای سەرسوڕمان نیە ئەگەر هەر پلەیەكی بەرز بەدەستبهێنێت چونكە پێغەمبەری خوا (ﷺ) گەیشتووەتە ئاستێكی هێندە بەرز و ئەوەندە مەزنە كە شاراوەیە لە چاوی پێغەمبەرانی پێشوویش، وە لە توانای هیچ مرۆڤێكدا نیە پەی ببات بە ئاستە بەرزەكەی و بە گەورەییەكەی. كەواتە ئەو كەسەی بەگوێرەی پەروەردەی پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕۆحانیەتدا پێش دەكەوێت جێگای سەرسوڕمان نیە ئەگەر هەر پلەیەكی بەرز بەدەستبهێنێت چونكە قوتابی مامۆستای مەزن كەسێكی مەزن دەبێت، وە وەزیری پاشای گەورە كەسێكی گەورە دەبێت، وەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “بێگومان پێغەمبەری بەخشندەمان (ﷺ) پلەی هێندە بەرزە كە دەكرێت تاكێك لە ئوممەتەكەی ببێت بە پێغەمبەر و پێی بوترێت عیسا لەگەڵ ئەوەی تاكێكە لە ئومەتەكەی (ﷺ)” (البراهین الأحمدیة، الجزء الخامس، ص184)
هەروەها دەفەرموێت: “بێگومان هاوشێوەی مووسا چاكترە لە مووسا و هاوشێوەی عیسا چاكترە لە عیسا”. لەم دوو دەستەواژەیەوە دەچەسپێت كە ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لە ئوممەتی موحەممەدیدا بەڵگەیە لەسەر گەورەیی پێغەمبەر (ﷺ)، وە لەبەرئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) چاكترە لە مووسا ئەوا دەبێت مەسیحەكەیشی لە هەموو ڕوویەكەوە چاكتر بێت لە مەسیحی یەكەم.
وە ئەو ئیلهامەیش كە ئێستا باسكرا پشتگیری هەڵوێستی من دەكات و بە شێوازێكی ورد ئەم بابەتەی تێدا باسكراوە، بەجۆرێك خوای گەورە دەفەرموێت: “كل بركة من محمد (ﷺ) فتبارك من علم وتعلم” لە بەشی یەكەمدا باسی خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) كراوە و گوتراوە هیچ بەرەكەتێك لە جیهاندا نیە كە بكرێت مرۆڤ بەدەستیبهێنێت مەگەر بەدەستهێنانەكەی لە ڕێگەی پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەبێت. بێگومان دەستەواژەی “كل بركة” لە زمانی عەرەبیدا هەموو ئەو بەرەكەتانە دەگرێتەوە كە دەكرێت بەدەستبهێنرێن، چونكە ئەگەر پیتی “كل” خرایە سەر نەناسراوی تاك ئەوا مەبەست پێی هەموو تاكێكە لەو ڕەگەزە. كەواتە مانای ئیلهامەكە ئەوەیە هەر شتێك كە دەكرێت ناوبنرێت بەرەكەت و فەزڵ -چ ئایینی بێت یان دنیایی یان ڕۆحی یاخود ماددی- لە ڕێگەی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەست دەهێنرێت. خوای گەورە هیچ بەرەكەتێكی دیاری نەكردووە و هیچ بەرەكەتێكی جیانەكردووەتەوە. كەواتە هەموو ئەو بەرەكەتانەی كە دەكرێت مرۆڤ بەدەستیان بهێنێت دەكرێت لە ڕێگەی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بەدەستبهێنرێن. وە دەبێت چ بەرەكەتێك لە پێغەمبەرایەتی گەورەتر بێت؟! وە چۆن دەكرێت پێغەمبەرایەتی بەدەست نەهێنرێت لە ڕێگەی شوێنكەوتنی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) لەگەڵ ئەوەی خوا دەفەرموێت: “كل بركة من محمد (ﷺ)”، كەواتە هەموو بەرەكەتەكان لە پێغەمبەرەوەیە (ﷺ) و لە ڕێگەی بەرەكەتی ئەوەوە بەردەوامن و بەهۆی ئەوەوە بەدەستدەهێنرێن. كەواتە لەم ئیلهامەدا ئاماژەكراوە بۆ ئەوەی كە لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) فراوانە و گەیشتووەتە ئاستێكی هێندە بەرز كە دەكرێت هەموو بەرەكەتێك بەهۆی ئەوەوە بەدەستبهێنرێت و پێویست بە هۆكاری تر ناكات بۆ بەدەستهێنانیان. شتێكی ڕوونە خوای گەورە هیچ كارێكی هەوانتە ناكات. بۆیە ئەگەر بەدەستهێنانی شتێك لە ڕێگەی شوێنكەوتن و گوێڕایەڵی و خزمەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەگەری هەبێت، ئەوا پێویست ناكات ڕاستەوخۆ ئەو شتە بەدەستبهێنرێت. وە مادام مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت و پێغەمبەر (ﷺ) بە ڕادەیەك نزیكە لە خوای گەورەوە كە هەتا ئەمڕۆ كەس پێی نەگەیشتووە، بۆیە دەرگای بەدەستهێنانی نیعمەت بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ داخراوە. وە ئەو پلەیەی كە دراوە بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەدراوە بە ئادەم و نووح و ئیبراهیم و مووسا و عیسا (علیهم السلام). وە هیچ یەكێك لە نەوەكانی ئادەم وەك پێغەمبەری خۆمان توانا و لێهاتوویی بەدەستنەهێناوە، بەجۆرێك لە گوێڕایەڵی خوای گەورەدا گەیشتووەتە ئاستێك كە هیچ پێغەمبەرێك پێی نەگەیشتووە، وە لەلایەن پاشای ئاسمانەكان و زەویەوە شایستەی كۆمەڵێك نیعمەت بووە كە هیچ پێغەمبەرێكی تر شایستەی ئەو نیعمەتانە نەبووە. لەبەر ئەوە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: ﴿دَنَا فَتَدَلَّىٰ * فَكَانَ قَابَ قَوۡسَيۡنِ أَوۡ أَدۡنَىٰ﴾ (النجم: 9-10)، وە بە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) فەرموو: “كلُّ بَرَكةٍ مِن محمد (ﷺ)”. كەواتە لەم ئیلهامەوە ساغدەبێتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) بەتەنها پلەیەكی وەهای بەدەستهێناوە كە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی شوێنكەوتنیەوە نیعمەتی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت، وە مرۆڤ بەهۆی ئەوەی خزمەتكاری پێغەمبەر (ﷺ) بێت دەتوانێت چاكتر بێت لە زۆرێك لە پێغەمبەران. وە پێش پێغەمبەر (ﷺ) هیچ پێغەمبەرێك نەبووە كە هەموو بەرەكەتێك لەلایەن ئەوەوە بووبێت، واتە هەموو بەرەكەتێك لە ڕێگەی ئەوەوە بەدەستهێنرابێت. بێگومان خوای گەورە ئەم پلەیەی تەنها بە پێغەمبەر (ﷺ) بەخشیوە. كەواتە ئەو ئیلهامەی ئێستا باسكرا ئاماژە دەكات بۆ ئەو مەبەستەی پێشتر گوتم كە ئەویش ئەوەیە دەرگای پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ داخراوە چونكە ئێستا ئەگەر مرۆڤ خزمەتكارێكی ڕاستگۆی پێغەمبەر (ﷺ) بێت؛ ئەوا دەتوانێت هەموو بەرەكەتەكان بەدەستبهێنێت و پێویست نەماوە بەوەی مرۆڤ ڕاستەوخۆ نیعمەت و بەرەكەت بەدەستبهێنێت. وە سەرەڕای ئیلهامی ناوبراو ئیلهامێكی تر هەیە كە ماناكەی بە جوانی ڕوون دەبێتەوە ئەگەر لەگەڵ ئەو ئیلهامەی ئێستا باسكرا خوێندمانەوە. وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمان ئەو مانایەی هەڵێنجاوە، وە ئەم ئیلهامە لە كتێبی “حەقیقەت وەحی”، الخزائن الروحانیة، مجلد 22، لا99 باسكراوە و ئەمەش دەقەكەیەتی:
“یلقي الروحَ علی مَن یشاء من عباده، كلُّ بركةٍ من محمد (ﷺ) فتَبارَكَ مَن عَلَّمَ وتَعلَّمَ” مەسیحی بەڵێندراو لە تەرجەمەی ئەم ئیلهامەدا فەرموویەتی: “یلقي الروح، واتە پایەی پێغەمبەرایەتی دەبەخشێت، وە هەموو ئەم بەرەكەتە تەنها بەهۆی موحەممەدەوەیە (ﷺ). جا بەرەكەتدار بێت ئەو كەسەی ئەم بەندەیەی، واتە مەسیحی بەڵێندراوی، فێركرد (هەروەك ئەمەی فەرمووە لە كتێبی عاقبة آتهم و الأربعین دا) و ئەو كەسەی كە فێربوو.
لەم دەستەواژەیەوە بەجوانی ڕوون دەبێتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو لە وشەی بەرەكەتەوە مانای پێغەمبەرایەتی هەڵێنجاوە، وە سەرباری ئەو ئیلهامەی كە پێشتر باسكرا ئەوەشی هەڵێنجاوە كە خوای گەورە پایەی پێغەمبەرایەتی دەدات بە هەر بەندەیەك لە بەندەكانی خۆی بیەوێت بەڵام ڕاستەوخۆ ئەم خەڵات و نیعمەتە نابەخشێت، بەڵكو بەهۆی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) دەیبەخشێت و بەرەكەتی پێغەمبەرایەتی تەنها بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەست دەهێنرێت.
دیارە لە بەشی یەكەمی ئەم ئیلهامەدا خوای گەورە بە ڕاشكاوی ئاماژەی بەوە كردووە كە پایەی پێغەمبەر (ﷺ) هێندە بەرزە دەكرێت لێیەوە بەرەكەت بەدەستبهێنرێت و پێویست ناكات ڕاستەوخۆ نیعمەت و بەرەكەت بەدەستبهێنرێت چ بەرەكەتی پێغەمبەرایەتی بێت یان هەر جۆرێكی تر، وە ئەو كەسەی گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بكات هەرگیز لەدنیادا تووشی نائوێدی و بێ بەشبوون نابێت بەڵكو هەمیشە دەگات بە ئامانج و مەبەستی خۆی، وە هیچ یەكێك لە پێغەمبەرانی پێشوو ئەم پلەیەی بەدەستنەهێناوە بەجۆرێك كەسێك بەهۆی یەكێكیانەوە هەموو بەرەكەتەكانی دەستگیر بێت، بەڵكو پێش پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرایەتی وەك بەخششێكی خوایی ڕاستەوخۆ دەدرا بە مرۆڤ نەك بەهۆی پێغەمبەرانی پێشووەوە.
پاشان خوای گەورە لە بەشی دووەمی ئیلهامەكەدا فەرموویەتی: “فتبارك من علَّم وتعلَّم”، وە سەلماندوویەتی ئەمە تەنها بانگەشەیەك نیە كە بەرەكەتەكان هەموو بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەستگیر بێت بەڵكو ئەمە ڕاستیەكی چەسپاوە، بۆیە وەك نموونەیەك لەسەر ئەو بەرەكەتە بڕوانن بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە گوێڕایەڵی پێغەمبەری (ﷺ) كردووە و لەبەرئەوەی خزمەتكارێكی ڕاستگۆی پێغەمبەر (ﷺ) بووە هەموو بەرەكەتەكانی بەدەست هێناوە. بەمەش ساغبوویەوە كە مامۆستا بەرەكەتدارە و فێرخوازیش بەرەكەتدارە. مامۆستا بەرەكەتدارە چونكە ئەگەر توانای ڕژاندنی هەموو جۆرە بەرەكەتەكانی نەبوایە و ئەگەر لێشاوی بەرەكەتەكەی تا ئەم ئاستە فراوان نەبوایە؛ ئەوا نەیدەتوانی فێرخوازێك ئامادە بكات كە توانای بەدەستهێنانی هەموو جۆرە بەرەكەتەكانی هەبێت. وە فێرخوازیش بەرەكەتدارە چونكە سەرەتا هەموو جیهانی ئاشنا كرد بەو مرۆڤە تەواوە كە هات بۆ ڕزگاركردنی هەموو جیهان و ئاگاداریكردن لە جوانیەكانی، لەكاتێكدا هەموو جیهان -عەرەب و عەجەم، ڕەش و سپی، زانا و نەزان- نەیدەناسی و نەیدەزانی جوانیی و خاسیەتە تەواوەكانی كامەیە، وە ناوبانگی جوانی مامۆستاكەی گەیاندە هەموو لایەكی جیهان و لە ڕێگەی بەڵگەی گومانبڕ و درەوشاوە و بەهێزەوە و بەهۆی نیشانە ڕۆشنەكانەوە هەموو جیهانی وەها لێ كرد دان بنێن بە گەورەیی و شكۆی مامۆستاكەیدا، وە ڕوونی كردەوە بۆ دۆست و دوژمن كە موحەممەد (ﷺ) فریادڕەسی هەموو جیهانە و قورئانی پیرۆز گەنجینەیەكە بۆ زانست و حیكمەتەكان كە هەرگیز كۆتایی نایەت. وە ئەگەر ئێستا كەسێكی كەللـەڕەق و دەمارگیر نكۆڵی لێ بكات و ڕەتی بكاتەوە؛ ئەوا ئۆباڵی ئەم تاوانە لە ئەستۆی خۆیەتی. ئەوەتا لەم ڕوانگەیەوە فێرخواز بە بەرەكەتدار وەسف كراوە، بەهەمان شێوە لەو ڕوانگەیەشەوە كە فێرخواز سیفەتە تەواوەكانی مامۆستاكەی خۆی بەرجەستەكرد لە خۆیدا و ڕەنگی ئەوی گرت و ئەو زانست و ڕەوشتە بەرزانەی بەدەستهێنا كە جیهان بێئاگابوو لێیان، وە گەیشتە پلەیەك كە بەهۆیەوە بە شێوەیەكی دەراسا گەورەیی “پێغەمبەرایەتی موحەممەدی”ی درەوشایەوە بەسەر جیهاندا. كەواتە پلەوپایەی زۆر بەرزە و لە چڵەپۆپەدایە!
دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی بابەتەكە، پاش پووچەڵكردنەوەی دوو ئەنجامگریەكەی مەولەوی بەڕێز، ئێستا شتێك دەڵێم دەربارەی ئەنجامگری سێیەمی. پێویستە بزانرێت مەولەوی بەڕێز دەستەواژەیەكی منی گواستووەتەوە، وەك پێشتر گوتم، وە لەم دەستەواژەیەوە ئەنجامی سێیەمی هەڵێنجاوە كە ناوەڕۆكەكەی بریتیە لەوەی ئەو دەستەواژانەی پێش ساڵی 1902ز نووسراون دەربارەی بابەتی پێغەمبەرایەتی حوججە نین. پاشان گوتوویەتی گۆڤاری “ڕیڤیو” ، كە بە ناسخ لە قەڵەمدراوە، پێش كتێبی “تریاق القلوب” بووە بۆیە ئەم قسەیە لە ئەسڵدا هەڵەیە. بێگومان من پێشتر بە درێژی وەڵامی ئەم ڕەخنەیەم دایەوە و گوتم ڕێككەوتی ساڵی 1902ی كتێبی “تریاق القلوب” -كە لە نامیلكەكەمدا (القول الفصل) نووسیومە- ڕێككەوتی بڵاوبوونەوەكەیەتی نەك نووسینەكەی. وە لەبەرئەوەی ڕۆچوون لەم باسەدا لەو كاتەدا دەبووە هۆی درێژەپێدانی نامیلكەكە و مەبەستی داواكراو ئەوە بوو كە تێیدا وەڵامی چەندین بابەتی تر بدەمەوە، بۆیە دانم نا بە ڕێككەوتی 1902زدا بۆ ئەوەی لەو جێگایەدا مشتومڕ دەستپێنەكات. نموونەی ئەمە وەك ئەوە وایە كاتێك ڕەخنە ئاراستەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەكرێت دەربارەی ناكۆكی نێوان دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب” و دەستەواژەكەی گۆڤاری “ڕیڤیو”دا، بەڕێزی (عليه السلام) ڕەخنەكە قەبووڵ دەكات پاشان هۆكارەكەی ڕوون دەكاتەوە و پرسی ئەفزەڵیەتی خۆی بە پرسێكی ڕاست و دروست ئەژمار دەكات، بەڵام لەوێدا ناچێنە ناو ئەو مشتومڕەوە كە بۆچی ئەو وتەیەم بە ناسخ لە قەڵەمداوە كە پێشتر بڵاوكراوەتەوە. وە لەبەرئەوەی لای من ئاشكرابوو كە ڕێككەوتی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێشتر، بۆیە چەندین جار لە كتێبەكەمدا كۆمەڵێك دەستەواژەم گواستەوە لە ڕاگەیاندنێك كە لە كتێبی “إزالة خطأ”دا هاتبوو، وە ڕێككەوتەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1901ز چونكە ئاشكرابوو لەلام كە ئەم ڕاگەیاندنە لەڕاستیدا دوای كتێبی”تریاق القلوب” هاتووە، وەك ئێستا سەلماندم.
دەستەواژە هەڵبەستراوەكان
زۆر بەداخەوە كە لەم شوێنەدا بابەتێك دەخەمەڕوو بەڵام ناچارم ئەو كارە بكەم چونكە ئەگەر باسی نەكەم ئەوا وتارەكەم ناتەواو دەبێت. بابەتەكەیش ئەوەیە كە مەولەوی موحەممەد عەلی لە نامیلكەكەیدا كۆمەڵێك دەستەواژەی ساختەی هێناوە و تەحریفێكی مەترسیداری ئەنجامداوە. ئەگەر مەولەوی بەڕێز دەستەواژەیەكی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) بە وشەی خۆی (واتە بە وشەی موحەممەد عەلی خۆی) بنووسیبا پاشان شتێكی گرنگی بەجێبهێڵایە؛ ئەوا ئەمەیش تا رادەیەك جێگای ڕەخنە بوو، بەڵام گواستنەوەی دەستەواژە بە شێوازێك كە ئەوە بگەیەنێت دەستەواژەكە وشە ئەسڵیەكانی مەسیحی بەڵێندراوە (عليه السلام) لەكاتێكدا دەستەواژەكە وتەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نەبێت، هەڵەیەكی گەورەیە كە دەكرێت ئەنجامەكەی زۆر مەترسیدار بێت. مەولەوی بەڕێز دەڵێت: “لەلایەكی ترەوە ئەگەر سەیری كتێبی “تریاق القلوب” بكەین؛ ئەوا دەبینین ئەو دەستەواژەیەی كە دەڵێت: “دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت، وە هەموو ئەهلی زانست و مەعریفەت باوەڕیان بەمە هەیە”، لە ئایەتی (موعجیزەی) ژمارە: 75 دا هاتووە. ئاشكرایە نیشانەی “…..” بەكاردێت بۆ گواستنەوەی دەق وەكو خۆی. بەڵام كاتێك كتێبی “تریاق القلوب” دەخوێنینەوە ئەم دەستەواژەیەی تێدا نیە، بەڵكو تێیدا هاتووە: “ئەمە ئەفزەڵیەتێكی جوزئیە دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەدەستی بهێنێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەر بێت، وە سەرجەم ئەهلی زانست و مەعریفەت دانیان ناوە بەم جۆرە ئەفزەڵیەتەدا”. وە ئەوەی مەولەوی بەڕێز نووسیویەتی ڕاست نیە و دەقی قسەكانی مەسیحی بەڵێندراو نیە، لەگەڵ ئەوەی لە نامیلكەكەیدا ئەم دەستەواژەیەی گواستووەتەوە لەنێوان ئەم دوو نیشانەیەدا “…..” كە مەبەست لێی ئەوەیە دەقەكە دەقێكی ئەسڵیە. ئەگەر كتێبەكە بە زمانی عەرەبی بوایە و ئەو كەسەی گواستویەتیەوە بە ئوردی تەرجەمەی بكردایە؛ ئەوا شتەكە ڕێی تێدەچوو، وە دەیتوانی بڵێت ئەمە وەرگێڕانە و دەستەواژەكەم وەرگێڕاوە وەك چۆن لێی تێگەیشتووم، بەڵام شتەكە بەم شێوەیە نیە بەڵكو كتێبەكە بە زمانی ئوردیە. وە ئەگەر ماناكە نەگۆڕایە بە گۆڕینی وشەكان ئەوا لەم دۆخەیشدا پاساوەكەی تاڕادەیەك ڕێی تێدەچوو، بەڵام شێوازی داڕشتنی ناوبراو بووەتە هۆی گۆڕانكاری لە مانادا و جگە لە خۆی (واتە مەولەوی موحەممەد عەلی) كەس سوودی لێ وەرناگرێت و ئەمەش لەخۆوە ئەو گومانە دروست دەكات كە مادام بەشێوەیەك وشەكانی گۆڕیوە كە سوودبەخشە بۆ ئەو مەبەستەی خۆی بۆی دەچێت، ئەوا ڕەنگە بە ئەنقەست ئەمەی كردبێت و بەهۆی كەمی وریایەتیەوە ئەمە ڕووی نەداوە. بەڵام من پڕكێشی ناكەم ئەم قسەیە بكەم بەڵكو پێموایە ئەم ڕووداوە هەڵەیەك بووە. وە لەبەرئەوەی هەندێ كەس ناتوانن لەوە تێبگەن كە چۆن دەكرێت سوود وەربگیرێت لە شێواندنی دەستەواژەی نابراو، بۆیە لێرەدا كەمێك شەرحی دەكەم بۆ ئەوەی هەموو كەسێك بزانێت.
پێویستە بزانرێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “تریاق القلوب”دا مەزهەبی خۆی خستووەتەڕوو و فەرموویەتی دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت تەنها بەشێوەیەكی جوزئی (واتە لە هەندێ ڕووەوە) چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە نەك بەشێوەیەكی تەواوەتی و لە هەموو ڕوویەكەوە. بۆیە لە باسكردنی چاكێتی و فەزڵی خۆیدا دەفەرموێت:
“لێرەدا كەس پێی وا نەبێت كە من لە ڕێگەی ئەم قسەیەوە خۆم بە چاكتر داناوە لە مەسیح (عليه السلام)، ئەوە تەنها ئەفزەڵیەتێكی جوزئیە دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەدەستیبهێنێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە، وە سەرجەم ئەهلی زانست و مەعریفەت دانیان ناوە بەم جۆرە ئەفزەڵیەتەدا.” (لاپەڕە 157-158). بۆیە پاش خستنەڕووی ئەفزەڵیەتی خۆی بەڕێزی (عليه السلام) ئەو گومانەی نەهێشتووە كە ئەگەری هەبووە دروست بێت، بۆ ئەوەی هیچ كەسێك نەڵێت خۆی بە چاكتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی، بەڵكو خستنەڕووی ئەفزەڵیەتی جوزئی خۆی دەیسەلمێنێت بەڕێزی مەزهەبێكی هەبووە كە بریتی بووە لەوەی: ناكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەڵام چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت مەگەر چاكتربوونێكی جوزئی. ئاشكرایە بەگوێرەی نەریت و ڕێسای زمان كەسێك لە كەسێكی تر بە چاكتر دادەنرێت ئەگەر لە زۆربەی ڕووەكانەوە یان لە هەموو ڕوویەكەوە لەو چاكتر بێت، وە ئەگەر لە یەك ڕووەوە چاكتر بێت ئەوا ئەمە چاكتربوونەكەی ناچەسپێنێت، لەبەر ئەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی پێتان وا نەبێت من خۆم بە چاكتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی چونكە ئەمە تەنها چاكتربوونێكی جوزئیە. لەم دەستەواژەیەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) كە ئێستا باسكرا ئەم ئەنجامانەی خوارەوە وەردەگیرێت:
(1) بەڕێزی (عليه السلام) چاكتر نیە لە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام).
(2) بەڕێزی (عليه السلام) ئەمەی باسكردووە بۆ ئەوەی كەس بەلایەوە سەیرنەبێت چۆن ئەفزەڵیەتی بەدەستهێناوە بەسەر پێغەمبەرێكدا لەگەڵ ئەوەی خۆی پێغەمبەر نیە.
(3) ئەو ئەفزەڵیەتەی كە بەڕێزی (عليه السلام) باسیكردووە تەنها ئەفزەڵیەتێكی جوزئیە، نەك ئەوەی لە هەموو ڕوویەكەوە چاكتر بێت لە مەسیحی ناسیرەیی.
(4) دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بە شێوەیەكی جوزئی چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت.
پاش ئەوە بەڕێزی (عليه السلام) لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا فەرموویەتی خۆی چاكترە لە مەسیحی ناسیرەیی و هۆكارەكەیشی باسكردووە كە ئەوەیە خوای گەورە چەندین جار نازناوی پێغەمبەری پێداوە بۆیە لەسەر بیروباوەڕەكەی پێشووی نەماوەتەوە.
لەو دوو بڕگەیەوە كە باسكران ڕوون دەبێتەوە بەڕێزی (عليه السلام) لە سەردەمی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب”دا خۆی بە چاكتر دانەناوە لە مەسیحی ناسیرەیی، چونكە خۆی بە پێغەمبەر دانەناوە، وە ئەو كەسەی پێغەمبەر نەبێت ناكرێت و ناگونجێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت بۆیە پێی وا بووە ئەفزەڵیەتەكەی جوزئی و ناتەواو بووە نەك گشتی و تەواو. پاشان لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی “دا باسی هۆكاری چاكتربوونی خۆی كردووە كە ئەوەیە چەندین جار بە پێغەمبەر بانگكراوە ئینجا بۆی ئاشكرا بووە كە چاكترە. كەواتە ئەگەر چەسپا بیروباوەڕی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی چاكتربوون (ئەفزەڵیەت) گۆڕاوە؛ ئەوا ئەوەش دەچەسپێت كە بەڕێزی (عليه السلام) بیروباوەڕی خۆی گۆڕیوە دەربارەی ئەوەیش كە پێغەمبەرە. بەڵام ئەگەر چەسپا بەڕێزی (عليه السلام) بەردەوام خۆی بە چاكتر دادەنا لە مەسیحی ناسیرەیی تەنها لە یەك ڕووەوە؛ ئەوا ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە بە چەسپاوی ماوەتەوە لەسەر یەك هەڵوێست دەربارەی پێغەمبەرایەتیەكەی. وە ئەم مەبەستە دێتەدی بەهۆی شێواندنی ئەو دەستەواژەیەوە كە لە كتێبی “تریاق القلوب”دا هاتووە، بەجۆرێك مەولەوی بەڕێز نووسیویەتی: “دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت”، بەمەش مەبەستێكی دیاریكراوی هێناوەتەدی كە ئەوەیە دەكرێت كەسێك هەردوو دەستەواژەكە واتە دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب” و ئەوەی “حەقیقەتی وەحی” بەیەكەوە كۆبكاتەوە و بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی نووسیویەتی كە ناكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە مەگەر تەنها چاكتربوونێكی جوزئی و ناتەواو، پاشان لە “حەقیقەتی وەحی”دا چاكتربوونی خۆی ڕاگەیاندووە، لەمەوە دەردەكەوێت كە بەڕێزی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە. بۆ نەهێشتنی ئەم ڕەخنەیە وشە ئەسڵیەكانی گۆڕیوە كە بریتین لە: “ئەمە چاكتربوونێكی جوزئیە دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت هەیبێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە” بۆ: “دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە”. ئەمەش بۆ ئەوەی خوێنەری ئەو دەستەواژەیەی كە لە “حەقیقەتی وەحی” و “كەشتی نووح”دا هاتووە و دەڵێت: “من چاكترم لە مەسیحی یەكەم” نەگاتە ئەو ئەنجامەی كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر بووە بەڵكو دوای خوێندنەوەی دەستەواژە شێوێنراو و تێكدراوەكە بڵێت ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو خۆی بە چاكتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی لە هەموو شتێكدا ئەوا كێشە نیە چونكە ئەمە نایسەلمێنێت كە ئەو پێغەمبەر بووە چونكە خۆی نووسیویەتی: “دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت”، لەگەڵ ئەوەی ئەمە تەواو هەڵەیە، چونكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەرگیز ئەمەی نەنووسیوە بەڵكو نووسیویەتی:
“لێرەدا هیچ كەسێك فریونەخوات و پێی وا بێت من لە ڕێگەی ئەم قسەیەوە خۆم بە چاكتر داناوە لە مەسیح (عليه السلام)، بەڵكو ئەمە چاكتربوونێكی جوزئی و ناتەواوە دەكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت بەدەستیبهێنێت بەسەر كەسێكدا كە پێغەمبەرە”. ئەمە دەیسەلمێنێت ئەو كەسەی بە چاكتر دادەنرێت لە پێغەمبەر دەبێت خۆی پێغەمبەر بێت. كەواتە بە سڕینەوەی وشەی “جوزئی” لە دەستەواژەكەی كتێبی “تریاق القلوب”دا بەتەواوەتی ماناكە گۆڕاوە و ئەنجامێكی تەواو پێچەوانە دەركەوتووە.
شتەكە تەنها ئەمە نیە بەڵكو مەولەوی موحەممەد عەلی دوای ئەوە دەڵێت: “ئەمە مانای وایە مەسیحی بەڵێندراو لە ئایاری ساڵی 1902زدا ڕایگەیاندووە ماوەی پێغەمبەرایەتیە جوزئیەكەی كۆتایی هات و لەمڕۆوە ماوەی پێغەمبەرایەتیە تەواوەكەی دەستی پێكردووە، پاشان لە 25/10/1902 زدا -واتە پاش شەش حەوت مانگ- نووسیویەتی كە فەزڵی هەیە بەسەر عیسا (عليه السلام)دا و ئەم ئەفزەڵیەتەیش وەك ئەوە وایە كەسێك پێغەمبەر نەبێت چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەر بێت”. لەم كورتكراوەیەوە دەردەكەوێت چۆن دەستەواژەكەی من شێوێنراوە، پێشتر بە درێژی تاوتوێی ئەم بابەتەم كرد، وە هەموو كەسێك دەتوانێت بزانێت لە كورتكردنەوەی دەستەواژەكەمدا چەندە ئەمانەت ڕچاوكراوە.
مەولەوی موحەممەد عەلی ڕەخنەیەكی تری گرتووە كە بریتیە لەوەی مەسیحی بەڵێندراو دەفەرموێت: “لەكوێ بۆم هەیە وەحی موتەواتیری خوا ڕەت بكەمەوە كە ماوەی 23 ساڵە دابەزیوەتە سەرم؟!”، بەمەش ساغدەبێتەوە كە هەموو وەحییەكە وەك خۆیەتی و هیچ شتێكی لێ نەسخ نەبووەتەوە، بەڵام میانی بەڕێز (واتە میرزا مەحموود ئەحمەد) شتێكی نووسیوە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەم وتەیەدا.
پێشتر وەڵامی ئەم ڕەخنەیەم دایەوە و گوتم ئەمە لە كورتبینی مەولەوی بەڕێزە سەرچاوەی گرتووە. نە من و نە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نەمانگوتووە خوای گەورە سەرەتا كردوویەتی بە پێغەمبەر لە جۆرێكی دیاریكراو پاشان كردوویەتی پێغەمبەر لە جۆرێكی تر. بەڵكو مەسیحی بەڵێندراو ئەم ناكۆكیەی وەك ئەو ناكۆكیە ئەژماركردووە كە لە كتێبی “البراهین الأحمدیە”دا باسكراوە، واتە دەربارەی ژیانی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام). هەڵبەت خوای گەورە لە سەرەتادا بەردەوام چەندین جار لە ڕێگەی وەحیەوە پێی ڕانەگەیاندووە كە مەسیحی ناسیرەیی زیندووە پاشان لەدواییدا فەرمووبێتی ئەو لە ڕیزی مردووەكاندایە. هەروەها ئەم ناكۆكیە دەربارەی پێغەمبەرایەتی ڕووینەداوە بەجۆرێك خوای گەورە بەردەوام چەندین جار وەحی كردبێت بۆ بەڕێزی (عليه السلام) كە پێغەمبەرێكی جوزئی و ناتەواوە پاشان لەدواییدا ئیلهامی بۆكردبێت و پێی ڕاگەیاندبێت كە تۆ پێغەمبەریت، بەڵكو لەڕاستیدا بەڕێزی (عليه السلام) لە یەكەم ڕۆژەوە بە وشەی “نەبی” و “ڕەسول” بانگكراوە، بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) بە ئیجتیهادی خۆی ئەو پێغەمبەرایەتیەی بە بە پێغەمبەرایەتی جوزئی دادەنا. وە بەڵگە لەسەر ئەم قسەیە ئەوەیە كە سەرەتا پێی وا بوو ئەفزەڵیەتەكەی بەسەر پێغەمبەراندا ئەفزەڵیەتێكی جوزئیە، پاشان كاتێك خوای گەورە زانیاری زیاتری پێدا ئینجا مەرجی جوزئیەكەی سڕییەوە. وە بەڵگە لەسەر ئەم قسەیە ئەوەیە كە بەڕێزی دانی ناوە بە ئەفزەڵیەتی تەواو و گشتگیری خۆیدا و وازی هێنا لە ئەفزەڵیەتی جوزئی و ناتەواو.
مەولەوی بەڕێز لە لاپەڕە 15ی نامیلكەكەیدا هەندێ پرسیاری تری وروژاندووە و لەبەرئەوەی هەندێكیان پەیوەندی بەم باسەوە هەیە بۆیە لێرەدا وەڵامیان دەدەمەوە.
پرسیاری یەكەم: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پاش ڕێككەوتی 25/10/1902ز تەنها پێنج ساڵ و نیو ژیا، ئایا ناكرێت نەیارێك بڵێت بەگوێرەی ئایەتی: ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ * لَأَخَذۡنَا مِنۡهُ بِٱلۡيَمِينِ * ثُمَّ لَقَطَعۡنَا مِنۡهُ ٱلۡوَتِينَ * فَمَا مِنكُم مِّنۡ أَحَدٍ عَنۡهُ حَٰجِزِينَ﴾ پەلاماری دراوە، پەنا بە خوا؟ چونكە لەپێشوودا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی تەواوەتی و گشتگیری بە درۆ لەقەڵەمداوە و ڕایگەیاندوە دەرگای ئەم پێغەمبەرایەتیە بۆ هەتاهەتایە داخراوە.
پرسیاری دووەم: هەتا ڕێككەوتی 25/10/1902ز سیازدە ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو ڕاگەیاندنەیدا كە فەرمووی خۆی مەسیحی بەڵێندراوە. ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆ ماوەی 13 ساڵ نوێكار و موحەددەث بوو بێت، ئەوا ساغدەبێتەوە كە پێغەمبەرایەتی تەواوەتی پێویست نیە بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێت بە مەسیحی بەڵێندراو، بەڵكو پێغەمبەرێكی جوزئی و نوێكارێكیش دەكرێت مەسیحی بەڵێندراو بێت، وە بانگەشەكردنی پێغەمبەرایەتی بە تەواوەتی شتێكی ترە و پێویست نیە كە پەیوەندی هەبێت بەو بانگەشەیەوە كە بڵێت من مەسیحی بەڵێندراوم.
پرسیاری سێیەم: ئایا لای ئێوە جێگای ڕەخنە نیە كەسێك -لەگەڵ ئەوەی بەڵێندراو بووە- بەردەوام شتێكی گوتووە بۆ ماوەی 13 ساڵ، وە ئەو شتە شتێكی ئیجتیهادی نەبووە بەڵكو بانگەشەكەی بووە، كەچی ساغبوویەوە ئەو شتە باتڵە؟! دەیگوت دەرگای پێغەمبەرایەتی تەواو داخراوە بەڵام دانەخرابوو، وە دەیگوت دەرگای پێغەمبەرایەتی جوزئی و ناتەواو كراوەیە بەڵام كراوە نەبوو؟
ئەم سێ پرسیارە پەیوەندییان هەیە بە بەشی یەكەمەوە بۆیە لێرەدا وەڵامیان دەدەمەوە.
پرسیاری یەكەم ئەوەیە ئەگەر بانگەشەی مەسیحی بەڵێندراو گۆڕاوە لە سەردەمی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب”دا، ئەوا ئایا نەیارێك ناتوانێت بڵێت بەگوێرەی ئایەتی: ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ * لَأَخَذۡنَا مِنۡهُ بِٱلۡيَمِينِ * ثُمَّ لَقَطَعۡنَا مِنۡهُ ٱلۡوَتِينَ * فَمَا مِنكُم مِّنۡ أَحَدٍ عَنۡهُ حَٰجِزِينَ﴾ پەلاماری دراوە، پەنا بە خوا؟ چونكە دوای ئەوە تەنها پێنج ساڵ و نیو ژیا؟ هەڵبەت مەولەوی بەڕێز لە شوێنێكی تریشدا بەتوندی ئەم ڕەخنەیەی وروژاندووە و ئاماژەی بۆ من كردووە و دەڵێت: “بێگومان ئەگەر ئەوەت قەبووڵ كرد كە گۆڕانكاری لە هەڵوێستی بەڕێزیدا (عليه السلام) ڕوویداوە لە سەردەمی “تریاق القلوب”دا ئەوا مانای وایە بە دەربڕینێكی تر تۆ مەسیحی بەڵێندراو بە درۆزن ئەژمار دەكەیت پەنا بە خوا، چونكە ئایەتی: ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ * لَأَخَذۡنَا مِنۡهُ بِٱلۡيَمِينِ * ثُمَّ لَقَطَعۡنَا مِنۡهُ ٱلۡوَتِينَ * فَمَا مِنكُم مِّنۡ أَحَدٍ عَنۡهُ حَٰجِزِينَ﴾ دەیسەلمێنێت كە درۆزن و قسەهەڵبەست بەناوی خواوە بەخێرایی تیادەچێت. كەواتە ئەو بیروباوەڕەی تۆ پێویستی دەكات مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە درۆزن دابنرێت، پەنا بە خوا، لەبەر ئەوە ئەم بیروباوەڕە پووچە”.
من زۆر سەرم سوڕما بە خوێندنەوەی ئەم ڕەخنەیە، بەتایبەتی بۆچی ئەم هەموو جەختكردنەوە و پێداگرییە دەكرێت لەسەر شتێكی سادەی لەم جۆرە؟ چونكە ئەمەش یەكێكە لە هەڵەكانی مەولەوی بەڕێز كە پێشتر باسم كرد، دیارە مەولەوی بەڕێز سەرنجی نەداوە لە كتێبەكەی من بگرە سەرنجی نەداوە لە خودی قورئانی پیرۆز بۆیە تووشی ئەم هەڵەیە بووە، كەواتە ئەم ڕەخنەیە هیچ حەقیقەتێكی نیە. بۆیە لە خوارەوە هەندێ وەڵام دەنووسم لەسەر ئەم پرسیارە:
(1) هەروەك چۆن پێشتر سەلماندم مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە یەك ناو ناونراوە لە كەلامی خوادا لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی واتە ناونراوە نەبی و ڕەسول. بۆیە هیچ گۆڕانێك لە بانگەشەكەدا ڕووینەداوە. بەڵام سەبارەت بە ئیجتیهادەكەی بەڕێزی (عليه السلام) پێویستە ئەوە بوترێت كاتێك دوای ئەوە خوا ئاگاداری كردەوە لە ڕاستی بابەتەكە ئیتر ئیلهامە ئەسڵیەكە هیچ گومانێكی تێكەڵ نابێت بەهۆی ئیجتیهادەكەوە. ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو هەتا كۆتایی جێگیر بوایە لەسەر هەڵوێستی خۆی ئەوسا مافی ئەوەمان نەبوو مانایەكی نوێ وەربگرین، بەڵام لەبەرئەوەی دوای ئەوە خۆی بابەتەكەی شەرح كردووە بۆیە هیچ گۆڕانێك ڕووینەداوە لە بانگەشەكەیدا ئەمەش بەگوێرەی ئیلهامەكان، وە ئاشكرایە هەر لە سەرەتای پێگەیشتنی ئیلهامەكانەوە هەتا كۆتایی هیچ گۆڕانێك لە ئیلهامەكاندا ڕوینەدا و هیچ ناوێكی پێشوو هەڵنەوەشایەوە و مەسیحی بەڵێندراو ناوێكی نوێی پێ نەدرا تاكو بوترێت ماوەی 23 ساڵەكە تەواو نەبووە.
(2) وەڵامی دووەم ئەوەیە تۆ بەهۆی كەمی تێڕامان لە قورئانی پیرۆزەوە بەهەڵە تێگەیشتوویت. لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ﴾ (الحاقة: 45)، لە هیچ فەرهەنگێكدا نەهاتووە كە مانای “لو تقول، ئەگەر قسەی هەڵبەست” بریتیە لە “لو تنبأ” واتە ئەگەر بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد، بەڵكو مانای ئەم دەستەواژە قورئانیە ئەوەیە كە ئەگەر قسەیەكی درۆ و هەڵبەستراوی خستە پێش چاوی خەڵكی، چونكە وشەی “تقول” شێووگی ڕابردووە و لەسەر كێشی “تفعل”ەیە و لە چاوگی “قول”ەوە وەرگیراوە و مانای القول بریتیە لە وشە و دەربڕین. وە یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی چاوگی “التفعل” ئەوەیە كە شتێك بەشێوە ئەسڵیەكەی خۆی پیشان نەدرێت، كەواتە مانای “تقول علی أحد” ئەوەیە كە قسەیەك هەڵدەبەستێت یان قسەیەك دروست دەكات لەلایەن خۆیەوە و دەیداتەپاڵ كەسێكی تر.
كەواتە مانای ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ﴾ ئەوەیە ئەگەر ئەم كەسە لەلایەن خۆیەوە هەندێ قسە هەڵبەستێت و بیداتەپاڵ ئێمە[3] و بە خەڵكی بڵێت خوای گەورە ئەمە و ئەوەی فەرمووە (ئەوا لەناومان دەبرد). ئێستا پێویستە ڕابمێنیت لە چ وشەیەكی ئایەتەكەوە ئەو مانایە دەستنیشان دەكرێت كە ئەگەر كەسێك تەنها بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات و بانگەشەكەی درۆ بێت ئەوا لەناودەچێت؟ كەواتە ئەگەر مەبەستەكە ئەوە بوایە كە كەسێك تەنها بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات و درۆبكات لە بانگەشەكەیدا تیادەچێت؛ ئەوا لە ئایەتەكەدا دەستەواژەی “لو تنبأ” دەهات بەڵام ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە بریتیە لە: ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ﴾. كەواتە لەمەوە ڕوون دەبێتەوە خوای گەورە سزای تیاچوونی دیاری نەكردووە بۆ كەسێك كە تەنها بە درۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات، بەڵكو ئەگەر كەسێك بە درۆ بانگەشەی پێگەیشتنی ئیلهام بكات و بڵێت لەلایەن خواوە فەرمانی پێكراوە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە لەناودەچێت. بۆیە كاتێك ئەمە چەسپا ئیتر لەخۆوە ڕەخنەكەت نامێنێت و هەڵدەوەشێتەوە، چونكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ساڵی 1880ز ەوە بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئیلهامی پێ دەگات و ئەم بانگەشەیەی بڵاوكردووەتەوە، پاشان دوای ئەوە 28 ساڵ ژیا، بەڵكو پێش ئەو ڕێككەوتە بەزارەكی ئیلهامی ڕادەگەیاند و بەنزیكەیی بۆ ماوەی چل ساڵ بەردەوام ئیلهامەكانی بڵاوكردەوە و خوای گەورە سەركەوتووی كرد. ئیتر چۆن ئایەتی ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ﴾ دەبێت بە حوججە بەسەریەوە؟! بەڵكو ئەم ئایەتە بەڵگەیەكە پشتگیری بەڕێزی (عليه السلام) دەكات، بەڵام ئەگەر لە قورئانی پیرۆزدا: “لو تنبأ” هاتبایە -واتە ئەگەر كەسێك بەدرۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد ئەوا تیادەچێت- ئەوا ئەو كاتە دەكرا ڕەخنە ئاراستەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بكرێت و بوترێت ئەو لە سەرەتادا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی نەكردووە بۆیە ناكرێت ئەو ماوەیەی ژیانی بكرێت بە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆییەكەی، بەڵكو پێویستە تەنها سەیری ئەو ماوەیە بكەین كە تێیدا پێغەمبەرایەتی ڕاگەیاندووە. ئەوسا دەكرا بەوە تۆمەتبار بكرێت چونكە ئەم ماوەیە لە پاش نووسینی كتێبی “تریاق القلوب”ەوە بووە. بەڵام مادام كارەكە بەو شێوەیە نیە و خوای گەورە دوای ڕاگەیاندنی بانگەشەكەی تەمەنێكی پێ بەخشی كە درێژتر بوو لە 23 ساڵ، بۆیە بە شێوەیەكی گومانبڕ ڕاستگۆییەكەی دەچەسپێت. بەڵام ئەگەر ڕاستیەكە ئەوە بێت كە بەڕێزی (عليه السلام) لە ساڵی 1902زدا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە، ئەوا لەم دۆخەیشدا تووشی ڕەخنە نابێت چونكە پێشتر چەسپاوە كە لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەكراوە. وە لەم دۆخەدا ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) لە هەر كاتێكدا بانگەشەیەكی نوێی بكردایە و بەخێراییش بمردایە؛ ئەوا هەر تووشی ڕەخنە نەدەبوو.
[3] واتە لەلایەن خۆیەوە ئیلهام هەڵبەستێت و بانگەشەی ئەوە بكات لەلایەن خوای گەورەوە نێردراوە. نووسەر
وە ئەگەر ئەمە قەبووڵ نەكەیت و بڵێیت تەمەنێكی درێژتر لە 23 ساڵ ناچەسپێت ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) لەلایەن خوای گەورە ڕەوانە نەكرابێت و ئیلهامی بۆنەكرابێت، وە پێغەمبەرایەتی ناچەسپێت ئەگەر 23 ساڵ تێنەپەڕێت بەسەر ڕاگەیاندنی پێغەمبەرایەتیدا؛ ئەوا منیش دەڵێم: ئەم قسەیە تەواو پووچە چونكە تۆ لەلایەن خۆتەوە ئەم مەرجەت داناوە لەكاتێكدا خوای گەورە تەنها مەرجی “التقول”ی داناوە. مادام بەگوێرەی ئەم ئایەتە ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو چەسپاوە، ئەوا شێتی و نەفامیە ئەگەر بگوترێت: ڕاستە لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوە و ئەمە گومانی تێدا نیە، بەڵام درۆزن بووە لە ڕاگەیاندنی پێغەمبەرایەتیدا چونكە ماوەی 23 ساڵ تێنەپەڕی بەسەر بانگەشەی پێغەمبەرایەتیەكەیدا! ئایا دەكرێت كەسێك لەلایەن خواوە نێردرابێت و ئیلهامی بۆكرابێت بەڵام درۆزن بێت؟! كەواتە مادام بەگوێرەی ئەم ئایەتە ساغبوویەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) لەلایەن خواوە نێردراوە و ئیلهامی بۆكراوە، ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) لەهەر كاتێكدا هەر شتێكی نوێ ڕابگەیەنێت؛ ئەوا پێویست نیە كە دوای ئەوە 23 ساڵ بژی چونكە ئایەتی ناوبراو نیشانەیە لەسەر ڕاستگۆییەكەی، وە ئەگەر بەگوێرەی ئەم ئایەتە ڕاستی بانگەشەیەك چەسپا؛ ئەوا پێویست نیە هەمان ماوە تێپەڕێت بەسەر هەر بانگەشە و ڕاگەیاندنێكدا. بۆیە ئەگەر ساغبوویەوە كەسێك لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەكراوە؛ ئەوا لە هەر كاتێكدا هەر بانگەشەیەكی كرد ڕاستگۆیە تێیدا. هەڵبەت بەڕێزی (عليه السلام) پاش ساڵی 1900ز ڕایگەیاند كە “كرشن”ە، دەی ئایا دەكرێت بڵێین كەسێكی درۆزنە، پەنا بە خوا، لەم ڕاگەیاندنەدا چونكە دوای ئەم ڕاگەیاندنە تەنها ماوەیەكی كورت ژیا؟! ئەگەر خەڵكی بەم شێوەیە لەلایەن خۆیانەوە مەرجیان دانا؛ ئەوا كۆمەڵێك گیروگرفتی قورس و گران دروست دەبن و ڕەنگە پێویست بكات ئیلهامەكانی كەسی ئیلهامبۆكراو 23 ساڵ پێش مردنی كەسە بپچڕێن ئەگینا خەڵكی دەڵێت لە ئیلهامی یەكەمیدا ڕاستگۆ بوو، بەڵام فڵان ئیلهام و فڵان ئیلهام 23 ساڵ تێنەپەڕیوە بەسەریاندا بۆیە دەبێت خۆی ئەو ئیلهامانەی هەڵبەستبێت، بۆیە لە ماوەی 23 ساڵدا لەناوچوو. پێویستە كەمێك بیربكەیتەوە و هەست بەوە بكەیت كە بەهۆی قسە لاواز و بێ بەڵگەكەتەوە ئایین تووشی ڕەخنەی زۆر دەبێت و ئیسلام دەبێتە مایەی پێكەنین و گاڵتەپێكردن! پەنا دەگرین بە خوا لەمە. وە ئەگەر دەڵێیت پێویستە 23 ساڵ تێپەڕێت بەسەر هەر بانگەشە و ڕاگەیاندنێكی نوێدا نەك بەسەر هەر ئیلهامێكدا. منیش دەڵێم: تۆ لەلایەن خۆتەوە ئەم قسەیەت هەڵبەستووە. لە چ ئایەتێكی قورئانەوە ئەم مەرجە دەچەسپێت؟! پاشان دەڵێم: كەمێك ڕابمێنە لە وشەكانی ئایەتەكە ئەوەتا تێیدا هاتووە: ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ﴾. كەواتە ئەگەر وەك مەرجێك پێویست بێت 23 ساڵ تێپەڕێت بەسەر هەموو بانگەشەیەكی نوێدا؛ ئەوا ئەم مەرجە بۆ هەر ئیلهامێكی نوێ زیاتر پێویستە چونكە ئایەتەكە بەتایبەتی باسی ئیلهامی درۆ دەكات، بەڵام بە ئاماژە باسی پێغەمبەرایەتیش دەكات چونكە ئەو كەسەی بە درۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات بەدڵنیاییەوە ئیلهامی درۆ و ناڕاستیش هەڵدەبەستێت. كەواتە ئەگەر ئەو مەرجەی تۆ داتناوە لە بنەڕەتەدا مەرجێك بێت؛ ئەوا وشە ئەسڵیەكان شایستەی ئەوەن زیاتر بایەخیان پێ بدرێت و دەبێت ماوەی 23 ساڵ تێپەڕێت بەسەر هەر ئیلهامێكدا ئەوسا خاوەنەكەی بەڕاستگۆ ئەژمار دەكرێت، پەنا دەگرین بە خوا لەم خورافیاتانە. لەڕاستیدا ماوەكە لە سەرەتای زنجیرە ئیلهامەكانەوە ئەژمار دەكرێت نەك لەكاتی ڕاگەیاندنی بانگەشەكانەوە لە ماوەكانی دواتردا. بۆیە ئەگەر 23 ساڵ تێپەڕی بەسەر بڵاوكردنەوەی ئیلهامە سەرەتاییەكاندا؛ ئەوا ئەو نێردراوە بە ڕاستگۆ ئەژمار دەكرێت و پێویست ناكات 23 ساڵ تێپەڕێت بەسەر هەر یەكێك لە ڕاگەیاندنەكانیدا.
ئەو كەسەی مەرجی تێپەڕبوونی 23 ساڵ بەسەر بانگەشەدا دادەنێت پێویستە بزانێت ڕەخنە دەگرێت لە گەورەمان خاتەمی پیغەمبەرانیش، چونكە پێغەمبەر (ﷺ) لە مەدینە نازناوی “خاتەمی پێغەمبەران”ی پێ بەخشرا، وە لە سوورەتی “الأحزاب” دا كە لە ساڵی شەشەمی كۆچی لە مەدینە دابەزی ناوی نرا “خاتەمی پێغەمبەران” و پێغەمبەری خوا (ﷺ) چوار ساڵ دوای ئەوە كۆچی دوایی كرد. دەی ئایا كەسێك بۆی هەیە بڵێت: نەكەن پێغەمبەر (ﷺ) بە خاتەمی پێغەمبەران ئەژمار بكەن ئەگینا درۆزن دەردەچێت، پەنا بە خوا؟! ئایا كەسێكی لەم شێوەیە بە كەسێكی بێ عەقڵ و بێ هۆش لەقەڵەم نادرێت؟! ئایا ئەمە بانگەشەیەكی نوێ نیە! دیارە پێغەمبەرانێكی زۆر لە جیهاندا تێپەڕین و هیچ یەكێكیان ئەم بانگەشەیەی نەكرد. كەواتە ڕوونبوویەوە كە بوون بە “خاتەمی پێغەمبەران” مەرجێك نیە بۆ پێغەمبەرایەتی بەڵكو بانگەشەیەكی جیایە، وە پێغەمبەر (ﷺ) چوار ساڵ دوای ئەم بانگەشەیە كۆچی دوایی كرد، دەی ئایا تووشی ڕەخنە دەبێت، پەنا بە خوا؟! پەنا بە خوا دەگرین لەمە، پەنا بە خوا دەگرین لەمە، پەنا بە خوا دەگرین لەمە.
پێویستە ئەوەش بزانیت ئەگەر سەرەڕای ئەمە پێداگری بكەیت لەسەر ئەم مەرجە؛ ئەوا ئەو ئامانجە پووچەڵ دەبێتەوە كە لەپێناویدا ئەم بەڵگەیەت خستووەتەڕوو. تۆ لەم ڕەخنەیەدا ئامانجت ئەوەیە بانگەشەی مەسیحی بەڵێندراو پووچەڵ نەبێتەوە، بەڵام ئەگەر كەمێك سەرنجتدا؛ ئەوا بۆت دەردەكەوێت كە ئەگەر ئەم بنەمایە قەبووڵكرا -وەك لە وتارەكەتەوە دەردەكەوێت كە دەبێت 23 ساڵ تێپەڕێت بەسەر هەر بانگەشەیەكی نوێ و بەسەر ئیلهامدا- ئەوا بەگوێرەی ئەم بنەمایە هێرشێكی مەترسیدار دەكرێتە سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)؛ چونكە لە ساڵی 1891زدا ڕایگەیاند كە مەسیحی بەڵێندراوە. وە بەگوێرەی بنەماكەی تۆ هەرگیز توێژینەوە لەوە ناكرێت كە بەڕێزی (عليه السلام) كەی ئیلهامی پێگەیشتووە، بەڵكو توێژینەوە لەوە دەكرێت كە كەی ڕایگەیاندووە خۆی مەسیحی بەڵێندراوە. وە ئاشكرایە بەڕێزی لە ساڵی 1891زدا ڕایگەیاند مەسیحی بەڵێندراوە و دوای ئەوە تەنها 17 ساڵ و چەند مانگێك ژیا. دەی ئێستا پێم بڵێ، ئەگەر كەسێك كەمێك گۆڕانكاری كرد لە وشەكانتدا و ڕەخنەی گرت و گوتی بەڕێزی (عليه السلام) دوای ساڵی 1891ز تەنها 17 ساڵ و پێنج مانگ ژیا، ئایا مافی ڕەخنەگرەكە نیە كە بڵێت: بەگوێرەی ئایەتی ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ﴾ لەلایەن خواوە پەلاماردرا و لەناوچوو، پەنا بە خوا، چونكە پێشتر لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا نووسیویەتی مەسیحی ناسیرەیی جارێكی تر دێتەوە بۆ دنیا؟ زۆر بەداخەوە! دژایەتیكردنی من ئەو خەڵكەی گەیاندووەتە كوێ؟! چۆن پێیان دەخلیسكێت؟! بە چ ڕێچكەیەكدا دەڕۆن، بەجۆرێك نابینن ئەو بنەمایەی خۆیان دایانهێناوە دەبێتە هۆی هێرشكردنە سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و گەورەكەی واتە پێغەمبەر (ﷺ)؟!
ڕەنگە لێرەدا كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت: بنەڕەتی بابەتەكە ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ساڵی 1891زدا بانگەشەی ئەوەی كردووە خۆی مەسیحی بەڵێندراوە، وە لە سەردەمی نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا باوەڕی وا بووە مەسیحی ناسیرەیی زیندووە، بەڵام ئەگەر زیاتر ڕابمێنین لە بابەتەكە؛ ئەوا دەبینین لە خودی كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا كۆمەڵێك ئیلهام هەیە كە لێیانەوە دەردەكەوێت خۆی مەسیحەكەیە. ئەوەتا لە هەمان كتێبدا كۆمەڵێك ئیلهام هەن كە تێیاندا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە عیسا بانگكراوە. وەڵامەكەی ئەوەیە: هەرگیز گومان لەوەدا نیە، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا ئیلهامێكی تریشی پێ گەیشتووە كە بریتیە لە: “جاءَ نَبيٌّ في الدُّنیا، فأنكروُهُ أهلُها وما قبلوه، ولكنَّ الله يقبله ويُظهر صِدقَه بِصَولٍ قويٍّ شديدٍ، صَولٍ بعد صَولٍ”. هەروەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی نووسیویەتی ئیلهامی: “جاء نَذیرٌ في الدُّنیا” خوێندنەوەیەكی تریشی هەیە كە بریتیە لە: “جاء نبي في الدنیا”. بەڵام ئەگەر خودی وشەی “نذیر”یشمان هێشتەوە؛ ئەوا لەگەڵ ئەوەدا ماناكەی بریتیە لە “نەبی”، چونكە “نذیر” لە زماندا واتە “پێغەمبەر”. وە لە قورئانی پیرۆزدا وشەی “نذیر” تەنها بە مانای “نبي” بەكارهاتووە، نەك جارێك بەڵكو لە دەیەها ئایەتدا بەم مانایە بەكارهاتووە. پاشان ئیلهامێكی تر هەیە كە ئەمە دەقەكەیەتی: “هو الذي أرسل رسوله بالهدی و دین الحق لیظهره علی الدین كله” و لە هەمان كتێبدا یاداشت كراوە، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا نووسیویەتی ئەمە پێشبینیەكە دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو و خۆی خودی مەسیحی بەڵێندراوە. بەهەمان شێوە بەڕێزی (عليه السلام) ئیلهامێكی تری پێگەیشتووە كە ئەمە دەقەكەیەتی: “جَري الله في حُللِ الأنبیاء”. وە هەندێ لە خاوەن فەرهەنگەكان باسیانكردووە كە یەكێك لە ماناكانی “جري” بریتیە لە “نبي” هەروەك دەستەواژەی “في حلل الأنبیاء” بە جوانی شەرحی دەكات. كەواتە ئەگەر بانگەشەكەی بەڕێزی (عليه السلام) بەوەی كە مەسیحی بەڵێندراوە لە سەرەتای نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة”وە ئەژمار بكرێت بەهۆی ئەو ئیلهامانەوە كە تێیاندا پێی وتراوە “عیسا”؛ ئەوا دەبێت بانگەشەی پێغەمبەرایەتیش لە هەمان سەردەمەوە ئەژمار بكرێت بەهۆی هاتنی وشەی “النبي” لە ئیلهامەكاندا. بەڵام ئەگەر گوترا بێگومان وشەكانی نەبی و ڕەسول لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا بوونیان هەیە بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پیادەی نەكردوون بەسەر خۆیدا و مانای نەبی و ڕەسولی وەرنەگرتووە لێیانەوە؛ ئەوا با بزانرێت كە بەڕێزی (عليه السلام) لە وشەكانی عیسا و ئیبن مەریەمیشەوە -كە دەیسەلمێنن خۆی مەسیحی بەڵێندراوە- لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا ئەو مانایەی وەرنەگرتووە كە دواتر -واتە لە ساڵی 1891زدا-وەریگرتووە. كەواتە ئەگەر ئەو وشانە حوججە نەبن ئەوا ئەمانیش حوججە نین.
بەكورتی، بەهۆی دەستگرتن بەم بنەمایەوە هەرلایەك دەگرن ئەوا دەبێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەدرۆزن بزانن، پەنا بە خوا. ڕاستیەكە كە ئەوەیە من گوتم و ئەوەیە كە لە وشەكانی قورئانی پیرۆزەوە دەچەسپێت، واتە ئەگەر 23 ساڵ تێپەڕی بەسەر كەسێكدا پاش بانگەشەكردنی پێگەیشتنی ئیلهام؛ ئەوا ناكرێت بە درۆزن و “قسەهەڵبەست بەناوی خوا”وە ئەژمار بكرێت، ئەگەرچی هەر بانگەشەیەك بكات لەم ماوەیەدا. ئەگەر لە ڕێگەی هەزارەها بەڵگەوە سەلمێنرا كە لەلایەن خواوە نێردراوە و ڕاستگۆیە، وە پاك و بێگەرد بوو لە تۆمەتی “قسەهەڵبەستن بەناوی خوا”وە پاش پێگەیشتنی ئیلهام بۆ ماوی 23 ساڵ بە بەردەوامی و بێ پچڕان؛ ئەوا پێویست نیە 23 ساڵ تێپەڕبێت بەسەر هەر بانگەشەیەك لە بانگەشەكانیدا، ئەگینا، وەك پێشتر گوتم، ئەو كەسەی وەها دەڵێت دەبێت گومانی هەبێت لەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەسیحی بەڵێندراو بێت و پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەران بێت.
(2) ئێستا باسی ڕەخنەی دووەمی مەولەوی (موحەممەد عەلی) دەكەم بەجۆرێك دەڵێت: هەڵبەت لە ڕێككەوتی 25/10/1902ەوە زیاتر لە 13 ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو بانگەشەیەدا كە مەسیحی بەڵێندراوە. وە مادام مەسیحی بەڵێندراو دەیسەلمێنێت بۆ ماوەی 13 ساڵ نوێكار و موحەددەث بۆیە لەمەوە ساغدەبێتەوە كە پێغەمبەرایەتی تەواوەتی پێویست نیە بۆ ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) مەسیحی بەڵێندراو بێت بەڵكو دەكرێت پێغەمبەرێكی جوزئی و نوێكارێكیش مەسیحی بەڵێندراو بێت، وە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی پرسێكی تەواو جیایە و بەدڵنیاییەوە هیچ پەیوەندیەكی نیە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ مەسیحی بەڵێندراو بێت.
وەڵامەكەی ئەوەیە: بێگومان سەلماندم مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەر لە ڕۆژی یەكەمەوە لەسەرووی نوێكار و موحەددەثەوە بووە، وە هەر لە یەكەم ڕۆژەوە خوای گەورە نازناوی “پێغەمبەر”ی پێ داوە، واتە ئەو پێغەمبەرەی كە شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە و پێغەمبەرایەتیەكەی بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بووە. كەواتە ئەو قسەیە تەواو هەڵەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆ ماوەی 13 ساڵ تەنها نوێكار و موحەددەث بووە نەك پێغەمبەر. بەڵكو لەڕاستیدا لە سەرەتای ڕەوانەكردنەكەیەوە پێغەمبەر بووە [لە ساڵی 1882ەوە لەكاتی پرۆژەی “البراهین الأحمدیة” دا بەڕێزی (عليه السلام) لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوە و فەرمانی پێكراوە، بەجۆرێك لەو كاتەدا ڕایگەیاند لەلایەن خوای گەورەوە فەرمانی پێكراوە.]. كەواتە ئەو قسەیەی كە ئێستا باسكرا تەواو پووچە و لە خراپ تێگەیشتن لە مەبەستەكەی منەوە سەرچاوەی گرتووە. من نەم نووسیوە ئەو پلەوپایەی بەڕێزی (عليه السلام) كە سەرەتا هەیبووە لە ساڵی 1902زدا نەسخ بووەتەوە و پلەوپایەیەكی نوێی پێ دراوە، بەڵكو نووسیومە، كە ئەمە ڕاستیەكەیە، لەو كاتەدا هەندێ شتی بۆ ئاشكرا بووە كە پێشتر شاراوە بوون لێی.
سەرەڕای ئەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە لاپەڕە 155ی كتێبی “حەقیقەتی وەحی “دا فەرموویەتی: “مادام خوا و پێغەمبەرەكەی و پێغەمبەرانی تر هەموویان ئەو مەسیحەیان بە چاكتر داناوە كە لە سەردەمی كۆتاییدا ڕەوانە دەكرێت بەهۆی كار و كردەوە گەورەكانیەوە، ئەوا وەسوەسەی شەیتانیە بوترێت: چۆن خۆت بە چاكتر دادەنێیت لە مەسیحی كوڕی مەریەم؟!”
لەم بڕگەیەوە ساغدەبێتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بیروباوەڕی ئەو كەسەی بە وەسوەسەی شەیتانی وەسف كردووە كە باوەڕی بەوە نیە مەسیحی بەڵێندراو چاكتر و پایەبەرزترە لە مەسیحی ناسیرەیی. ڕەنگە لێرەدا كەسێك بڵێت بەڕێزی (عليه السلام) خۆی بەردەوام تا ماوەیەك بیروباوەڕێكی وەهای هەبووە ئیتر چۆن ئێستا ئەو بیروباوەڕە بە وەسوەسەی شەیتانی دادەنرێت؟! وە ئەگەر بكرێت مرۆڤ لەسەر حەق بێت لەگەڵ ئەوەی بۆ ماوەی 13 ساڵ مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) بە چاكتر و پایەبەرزتر نەزانیبێت لە مەسیحی ناسیرەیی؛ ئەوا بۆچی ئێستا هەمان بیروباوەڕ بە وەسوەسەی شەیتانی لەقەڵەم دەدرێت؟! وەڵامی ڕوون بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە: بەڕێزی (عليه السلام) لە پێشووشدا هەر چاكتر بووە بەڵام ئەم بیروباوەڕە بەڕوونی ئاشكرا نەبووە بۆی هەتا ئەو كاتە بۆیە بەردەوام تەئویلی دەكرد، بەڵام كاتێك حەقیقەتی بۆ دەركەوت ئیتر بەڕوونی ڕایگەیاند كە خۆی چاكترە. ئاشكرایە كاتێك خوا شتێكی ئاشكرا كرد ئەگەر كەسێك دوای ئەوە دەنگ بەرزبكاتەوە لە دژی ئەو شتە؛ ئەوا بەند و دیلی وەسوەسەی شەیتانیە. بەهەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە سەرەتاوە بیروباوەڕی وابوو مەسیحی ناسیرەیی لە ئاسمانەوە دادەبەزێت بەڵام لەدواییدا فەرمووی ئەم باوەڕە شیركە و ئەو كەسەی ئەم بیروباوەڕەی هەبێت لەبەردەم خوادا بەرپرسیارە. ئایا ناكرێت هەمان ڕەخنەی ئاراستە بكرێت و بوترێت مادام ئەم قەناعەتەی هەبووە بۆ ماوەیەك و لەلایەن خوای گەورەوە بەندەیەكی هەڵبژێردراو بووە و ئیلهامی بۆكراوە ئیتر چۆن ئێستا هەمان بیروباوەڕ بووە بە شیرك؟! ئایا لەمەوە دەرناكەوێت كە ئەم بیروباوەڕە شتێكی سادەیە و گرنگ نیە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە: ئەو كاتە بیروباوەڕەكە شیرك نەبووە مادام خوای گەورە پەردەی لانەدابوو لەسەری، بەڵام كاتێك خوا ڕاستیەكەی ئاشكرا كرد ئیتر بوو بە شیركێكی گەورە. وە هەمان وەڵام پیادە دەبێت بەسەر پرسی پێغەمبەرایەتیدا، دیارە بەڕێزی لە سەرەتاوە پێغەمبەر بووە بەڵام لەبەرئەوەی بابەتەكە بەتەواوەتی ئاشكرا نەبووە بۆی بۆیە بەردەوام بەڕێزی (عليه السلام) ئەو بیروباوەڕەی هەبوو كە باو بووە لەناو خەڵكیدا، بەڵام كاتێك ڕاستیەكەی بۆ ئاشكرا بوو ئەوسا ڕاوبۆچوونی خۆی گۆڕی، وە باوەڕهێنان بە بیروباوەڕە نوێیەكە بوو بە شتێكی پێویست. وە لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو لە سەرەتای بانگەشەكەیەوە پێغەمبەر بووە لەلایەن خواوە بۆیە لە هەمان كاتدا پێغەمبەر بووە و مەسیحی بەڵێندراویش بووە و ئەم دووانە پەیوەست بوون بە یەكەوە. ئەگەر بڵێیت: بۆچی پێشتر مەسیحی بەڵێندراو ئەم شتە ڕوونەی نەزانیوە؟ وەڵامەكە ئەوەیە: بەڕێزی نەیزانیوە وەك چۆن دەربارەی بیروباوەڕی ژیانی مەسیحی ناسیرەیی نەیزانی كە ئەو بیروباوەڕە مایەی شیركە، وە هەروەك چۆن نەیزانی خۆی چاكترە لە مەسیحی ناسیرەیی سەرەڕای فەرمایشتی خوای گەورە و ئیجماعی هەموو پێغەمبەران و ئیجماعی جوولەكە و مەسیحیەكان.
لەڕاستیدا وەڵامی دووەم وەڵامێكی تێدایە بۆ پرسیاری سێیەمیش، چونكە تۆ ڕەخنە دەگریت و دەڵێیت: ئایا ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆ ماوەی 13 ساڵ گوتوویەتی هەمووی پووچە؟ دیارە من پێشتر گوتم كۆمەڵێك ڕووداوی هاوشێوەی تریش هەیە پاش ماوەیەكی درێژ مەسیحی بەڵێندراو زانیویەتی، وە بەردەوام ئەو بیروباوەڕەی هەبووە كە باو بووە مادام بەتەواوەتی ڕاستیەكەی بۆ دەرنەكەوتبێت، بە ئیزنی خوا دواتر ئەوەش ڕوون دەكەمەوە كە سەرەڕای تەئویلكردن تاڕادەیەك بەڕێزی (عليه السلام) لە یەكەم ڕۆژەوە پابەند نەبووە بە یەك بانگەشەوە، وە گۆڕانكاری لە هەڵوێستیدا بەشێوەیەك بووە كە خەوش و ناتەواوی تێدا نیە.
بەشی دووەم: خستنەڕووی جۆری پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
هەڵبەت لە سەرەتای وتارەكەمدا وتارەكەی مەولەوی موحەممەد عەلیم كورت و پوخت كردەوە لە دوو پرسیاردا: یەكەم: ئایا دوو سەردەم هاتووە بەسەر بانگەشەكەی مەسیحی بەڵێندراودا، یان هەمیشە پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی بە یەك جۆر لە قەڵەمداوە؟ لەبەرئەوەی چارەسەری ئەم پرسە ئەوە لەخۆدەگرێت كە جۆری ئەو دەستەواژانەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یەكلایی بكرێنەوە كە دەكرێت بەهۆیانەوە بڕیار بدرێت لە هەڵوێستی مەسیحی بەڵێندراو سەبارەت بە پێغەمبەرایەتی، وە بەبێ ئەم كارە مرۆڤ ڕووبەڕووی سەختی و ناڕەحەتی دەبێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك دەیەوێت پرسی ژیانی مەسیحی ناسیرەیی و مردنەكەی بزانێت لە ڕێگەی كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراوەوە بەبێ یەكلایی كردنەوەی ئەوەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم بابەتەدا دوو بیروباوەڕی هەبووە؛ ئەوا پێی دەخلیسكێت بە خوێندنەوەی كتێبی “البراهین الأحمدیة” و دەڵێت دژیەكی هەیە لەنێوان دەستەواژەكانی مەسیحی بەڵێندراودا، یان وا گومان دەبات كە كتێبی “البراهین الأحمدیة” موحكەمە لەبەرئەوەی بریتیە لە كتێبی یەكەم و پەنا دەبات بۆ تەئویلی ئەوەی لە كتێبەكانی دواییدا هاتووە. بەڵام ئەگەر لە ڕێگەی خودی كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراوەوە ئەوەی زانی كە بەڕێزی دوو بیروباوەڕی هەبووە دەربارەی ئەم بابەتە یەكەمیان بەگوێرەی بیروباوەڕە باوەكان و دووەمیان بەگوێرەی ئاشكراكردنە ئاسمانیەكانی دوایی؛ ئەوا ئەو كەسە تووشی بچوكترین ناڕەحەتی نابێت و پشكنین دەكات بۆ پرسەكە لە ڕێگەی ئەو كتێبانەوە كە دوای كتێبی “البراهین الأحمدیة” هاتوون. هەمان دۆخ پیادە دەبێت بەسەر هەموو پرسەكانی تردا وەك نوێژ و هاوسەرگیری و جەنازە و پرسەكانی تر، بەجۆرێك لەم پرسانەدا فەتوایەك دەركراوە لە ماوەیەكدا و فەتوایەكی تر لە ماوەیەكی تردا. كەواتە ئەگەر مرۆڤ ئەوە نەزانێت كە بەڕێزی (عليه السلام) كۆمەڵێك حوكمی جیاوازی دەركردووە لە دوو سەردەمی جیاوازدا؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە پێی دەخلیسكێت یان بەڕێزی تۆمەتبار دەكات بە دژیەكی لە هەڵوێست و بیروبۆچوونیدا، یان دەكەوێتە هەڵەوە و حوكمەكانی سەرەتا بە موحكەم لەقەڵەم دەدات. بەڵام ئەگەر زانی بڕیاردان سەبارەت بە پرسێكی دیاریكراو لە فڵان ماوە و فڵان ماوەدا گۆڕاوە؛ ئەوا خۆی بەدوور دەگرێت لەم گرفتە. وە بۆ خۆبەدوورگرتن لەم گرفتە یەكەمجار پشكنینمان كرد لە پرسێكدا ئەویش ئەوەیە ئایا هەڵوێستی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەبارەت بە پێغەمبەرایەتی هەر لە سەرەتاوە یەك هەڵوێست بووە یان لە كاتێك لە كاتەكاندا گۆڕانكاری ڕوویداوە تێیدا. هەڵبەت لە سایەی فەزڵی خوای گەورەوە سەلماندم كە ئەم بیروباوەڕە پاش ساڵی 1900ز گۆڕاوە، وە كۆتا كتێب كە بیروباوەڕەكەی پێشووی تێدا باسكراوە بریتیە لە كتێبی “تریاق القلوب” كە لە ساڵی 1899زدا نووسراوە بەڵام لە ساڵی 1902زدا بڵاوكراوەتەوە بەهۆی هەندێك ئاستەنگ. بۆیە هەر كاتێك توێژینەوە دەكرێت لە پرسی پێغەمبەرایەتی پێویستە ئەو دەقانە بە بنەما ئەژمار بكەین كە لە ساڵی 1901زەوە بڵاوكراونەتەوە هەتا ئەو ڕۆژەی بەڕێزی (عليه السلام) كۆچی دوایی كردووە. بەڵام ئەو دەقانەی كە: (1) دژیەك و پێچەوانەن لەگەڵ دەقەكانی دواییدا، (2) یان كۆمەڵێك وشەیان لەخۆگرتووە كە دەیچەسپێنن پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناتەواو بووە و بەڕێزی وازی لە بەكارهێنانیان هێناوە پاش ساڵی 1901ز، پێویستە بە مەنسووخ لە قەڵەم بدرێن. (واتە ئەو دەقانەی پەیوەندییان هەیە بە پرسی پێغەمبەرایەتیەوە، چونكە بەڕێزی (عليه السلام) خۆی لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا بڕیاری داوە لە بارەیانەوە).
هەڵبەت تاوتوێی پرسیاری یەكەمم كرد، ئێستا پرسیاری دووەم ماوەتەوە، واتە ئایا مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرە یان نا؟ وە ئەگەر پێغەمبەرە ئەوا جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی چۆنە؟
وە بۆ چارەسەری ئەم پرسە دەمەوێت سەرەتا ماهیەتی پێغەمبەرایەتی ڕوون بكەمەوە، چونكە تایبەتمەندی ئەم ڕوونكردنەوەیە وەهایە كە تا ڕادەیەكی زۆر دەبێتە هۆی ڕووناككردنەوەی پرسەكە و هیچ قورسی و ناڕەحەتیەك نامێنێتەوە تێیدا.
كەواتە خۆشەویستان! بزانن وشەی “نبي” لە “نبأ”ەوە وەرگیراوە، پێشەوا ڕاغیب كە بە كەسێكی زۆر شارەزا دادەنرێت لە ڕوونكردنەوەی مانا زمانەوانیەكانی قورئانی پیرۆزدا دەڵێت: نبأ هەواڵێكە سوودێكی گەورەی هەبێت و بەهۆیەوە زانیاری بەدەستبهێنرێت… وە هەواڵی دروست كە دەوترێت (نبأ)ی تێدایە ئەوەیە درۆی تێدا نەبێت”. زانایانی زمان دەڵێن مانای (النبي) ئەوەیە كە لەلایەن خوای گەورە هەواڵی پێ دەدرێت، وە ئەو كەسەیە خوا ئاگاداری كردووەتەوە لە یەكتایی خۆی و هەواڵە غەیبیەكان، وە ناویناوە پێغەمبەر واتە پێی فەرمووە تۆ پێغەمبەریت. وە (النبي) شێوگی ڕۆچوون و موبالەغەیە چونكە لەسەر كێشی “فعیل”ە، كەواتە النبي بریتیە لەو كەسەی بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی پێدەگات و بەڕێژەیەكی زۆر پێشبینی دەكات. لەبەرئەوەی وشەی “نبي” لە بنەڕەتدا عەرەبیە بۆیە فەرهەنگە عەرەبیەكان متمانەپێكراوترین سەرچاوەن بۆ توێژینەوە لە ماناكانی. وە بەگوێرەی ئەو مانایانەی ئێستا نەقڵم كردن نازناوی “نبي الله” بە كەسێك دەوترێت كە خوا دەستنیشانی دەكات و بەڕێژەیەكی زۆر شتانێكی غەیبی ئاشكرا دەكات بۆی كە بنیادنەنراون لەسەر ڕووداوە ئاساییەكان، بەڵكو تێیاندا ئاگاداردەكرێتەوە لە شتانێكی گرنگ، وە تەنها بە ڕاگەیاندنی هەندێ هەواڵ كەس نابێت بە پێغەمبەر، بەڵكو پێویستە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار بكرێت لە شتانێكی غەیبی چونكە “نبي” شێوگی “فعیل”ە و مانای ڕۆچوون و موبالەغە دەگەیەنێت. ئەمە ئەو پێناسەیەیە كە لە فەرهەنگەكانەوە وەردەگیرێت، وە لە زمانی عەرەبیدا پێناسەیەكی تر نیە بۆ چەمكی نەبی. كەواتە ئەگەر كەسێك لەلایەن خواوە كۆمەڵێكی زۆر هەواڵی پێ بگات دەربارەی كۆمەڵێك ڕووداوی مەزن و ئەویش ئەو هەواڵانە بگەیەنێت بە خەڵكی و خوا ناوی بنێت پێغەمبەر؛ ئەوا ئەو كەسە پێغەمبەرە. بێگومان ناونانی ئەو كەسە بە پێغەمبەر لەلایەن خواوە بە مەرج دانراوە چونكە تەنها خوای گەورە دەتوانێت بڕیار بدات لە گرنگی و گەورەیی و زۆری ئەو هەواڵە غەیبیانەی كە یەكێك لە خەڵكی ئاگادار دەبێت لێیان ئینجا بەگوێرەی ئەوە ناوی دەنێت پێغەمبەر. سەرەڕای ئەوە ئەگەر خەڵكی بەدرۆ هەندێ كەس بە پێغەمبەر لەقەڵەم بدەن بەبێ ئەوەی خوا ئەو كەسانەی ناونابێت پێغەمبەر؛ ئەوا ئاژاوە و مەترسی و كاولكاریەكی گەورە ڕوودەدات، كە بریتیە لەوەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا هەندێ نیعمەت و تایبەتمەندی دیاریكردووە بۆ پێغەمبەران، ئەگەر خەڵكی خۆیان بڕیاربدەن لەسەر ئەوەی چ كەسێك بەو ئەندازەیە غەیب ڕادەگەیەنێت كە شایستەی بكات بۆ ئەوەی پێی بوترێت پێغەمبەر؛ ئەوا زۆرێك لە خەڵكی بەگوێرەی هەندێ خەون یان ئیلهام خۆیان بە پێغەمبەر ئەژمار دەكەن و خۆیان بە میراتگری ئەو نیعمەت و تایبەتمەندیانە دادەنێن و بەمەش ئاژاوە و پاشاگەردانیەكی گەورە ڕوودەدات. بۆ نموونە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا لِيُطَاعَ بِإِذۡنِ ٱللَّهِۚ﴾ (النساء: 65)، واتە: “هیچ پێغەمبەرێكمان نەناردووە مەگەر بۆ ئەوەی بە ئیزنی خوا گوێڕایەڵی بكرێت”. هۆكاری ئەمەش ئەوەیە كە لەبەرئەوەی پێغەمبەران پەیوەندیەكی پتەویان هەیە لەگەڵ خوای گەورەدا و دڵیان پاكدەكرێتەوە لە هەموو جۆرە شیرك و گومانێك بەهۆی زۆری وتە و ئاخاوتنی خواییەوە و زانیاری و ڕووناكیەكی تایبەتییان پێ دەدرێت، بۆیە كردەوەكانیان نموونەی باڵایە لە جیهاندا. لەبەر ئەوە هەر كاتێك پێغەمبەرێك لە جیهاندا ڕەوانەدەكرێت پێویستە هەموو خەڵكی سەردەمەكەی گوێڕایەڵیی بكەن چونكە بەدڵنیاییەوە دەیانگەیەنێت بە خوای گەورە. وە لەبەرئەوەی پێغەمبەر پەیوەندییەكی تایبەتی دەبێت لەگەڵ خوای گەورەدا بۆیە خوای گەورە ناهێڵێت جێگیربێت لەسەر هەڵەكەی هەتا كۆچی دوایی دەكات، كەواتە پێویستە لەسەر هەموو خەڵكی گوێڕایەڵیی بكەن. كەوابوو ئەگەر خوای گەورە خۆی كەسێك ناونەنێت پێغەمبەر؛ ئەوا زۆرێك لەو خەڵكەی كە كۆمەڵێك خەونی زۆر دەبینن ئەم ناوە دەبڕن بەسەر خۆیاندا و قسەكانی خۆیان بە حوججە دادەنێن بۆ جیهان و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە پێغەمبەرن، وە خۆیان بە شیاوی ئەوە دادەنێن كە خەڵكی شوێنیان بكەوێت لە تێگەیشتن و تەفسیریان بۆ شەریعەت و كۆمەڵێك هەڵەی زۆر دەخەنە ناو شەریعەتەوە.
وە لەبەرئەوەی شوێنكەوتنی تەواوەتی لە كاروباری شەریعەتدا بۆ خەڵكانێكی تری جگە لە پێغەمبەران -لەكاتێكدا پێغەمبەران ناوبژیوان و دادپەروەرن لە كاروبارەكانی شەریعەتدا- دەبێتە هۆی كۆمەڵێك هەڵە و ئاژاوە، بۆیە پێویستە بۆ نەهێشتنی ئەم ئاژاوەیە ئەو كەسە بە پێغەمبەر ئەژمار بكرێت كە خوا بە پێغەمبەر ئەژماری دەكات، ئەگینا ڕەوا نیە بۆ خەڵكی لەلایەن خۆیانەوە كەسێك بە پێغەمبەر لەقەڵەم بدەن. پێغەمبەرایەتی بەهرە و بەخششێكە لەلایەن خواوە دەدرێت، وە تەنها خوای گەورە بڕیار دەدات كە ئایا كاروبارە غەیبیەكانی ئاشكراكردووە بۆ كەسێك بەو ئەندازەیەی كە شیاو بێت پێی بوترێت پێغەمبەر یان نا، وە ئایا هەواڵەكانی ئەو كەسە هەواڵپێدراوە بایەخێكی ئەوتۆیان هەیە كە شیاوی بكات بەگوێرەی ئەوە ناوی “پێغەمبەر”ی لێ بنرێت؟ كەواتە هەروەك پێشتر گوتم پێغەمبەر كەسێكە -ناكرێت كەسێك بێت جگە لەمە- كە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار دەكرێتەوە لە شتانێكی غەیبی كە بایەخ و گەورەیی دەراسایان هەیە، وە ئەو كەسەی خوای گەورە خۆی دەستنیشانی دەكات و پێی دەڵێت پێغەمبەر.
كاتێك بە وردی قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوە تەنها ئەم پێناسەیە بۆ چەمكی “پێغەمبەر” دەبینین، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَا نُرۡسِلُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَۖ﴾ (الأنعام: 49) واتە ئەو پێغەمبەرانەی ڕەوانەیان دەكەین ئەركەكەیان ئەوەیە مژدەی خۆش بدەن بە هەندێ تاك و گرووپ و هۆشداری بدەن بە هەندێكی تر، واتە هەواڵەكانیان سادە نابێت بەڵكو كۆمەڵێك هەواڵیان پێیە كە پێشكەوتن و گەشەی كۆمەڵێك و فەوتان و لەناوچوونی كۆمەڵێكی تریان تێدایە. بەهەمان شێوە خوای گەورە سەبارەت بە زۆری ئاخاوتن و قسەكردن دەفەرموێت: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ (الجن: 27-28) واتە پێغەمبەران زاڵ دەكات بەسەر غەیبدا، مانای ئەوەیە ڕێژەیەكی زۆر كاروباری غەیبییان بۆ ئاشكرا دەكات. بەكورتی، قورئانی پیرۆزیش پێناسەی پێغەمبەری كردووە وەك ئەوەی لە زماندا جێگیرە.
پاش پێناسەی پێغەمبەر، سەرنجی هەموو ئەو كەسانە بۆ خاڵێك ڕادەكێشم كە بەشوێن حەقدا دەگەڕێن، خاڵەكەیش ئەوەیە: وشەی “نبي” لە قورئانی پیرۆز و كتێبەكانی تری پێش قورئانی پیرۆزدا بەڕێژەیەكی زۆر بەكارهاتووە و لە هیچ شوێنێكدا وشەیەكی تری پێوە نەلكێنراوە، بەڵكو هەمیشە قورئانی پیرۆز بە جیا وشەی “نبي”ی بەكارهێناوە، بەهەمان شێوە پێغەمبەرانی پێشوویش بە جیا بەكاریان هێناوە، وە لە كتێبەكانی پێشوودا هیچ وشەیەكی تر نیە زیاد كرابێت بۆ وشەی “نبي”. كەواتە، وشەی “نبي” ناوێكە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) و كتێبە ئاسمانیەكانی تردا بەكارهاتووە و خوای گەورە ئەم ناوەی ناوە لە هەندێ مرۆڤ. بەڵام كاتێك ژیانی پێغەمبەران دەخوێنینەوە دەبینین جۆراوجۆرن. هەیانە خوا بەبێ پەردە قسەی لەگەڵدا كردووە، وە هەیانە بەم شێوەیە قسەی لەگەڵدا نەكردووە. وە هەیانە ڕەوانەكراوە بۆ سەر هۆزێك بەتەنها و هەیانە بۆ سەر نەتەوەیەك، وە هەیانە بۆ سەر شارێك ڕەوانەكراوە. بەڵام پێغەمبەری بەخشندەمان (ﷺ) ڕەوانەكراوە بۆ سەر هەموو جیهان. كەواتە لەمەوە دەردەكەوێت كە جیاوازیەكی زۆر هەیە لەنێوان ڕووداوەكانی ژیانی پێغەمبەراندا بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم جیاوازیانەدا خوای گەورە هەموویانی ناوناوە پێغەمبەر و نەیفەرمووە ئەم پێغەمبەرە فڵان جۆرە و ئەو پێغەمبەرەی تر فڵان جۆرە، یان فڵان سیفەت بەتایبەتی لە فڵان پێغەمبەردا هەیە بۆیە بە پێغەمبەرێك لە فڵان جۆر ئەژماری بكەن، وە فڵان خاسیەت لە فڵان پێغەمبەردا نیە بۆیە بە پێغەمبەرێك لە فڵان جۆر ئەژماری مەكەن. هەروەها خوای گەورە نەیفەرمووە ئەوانەی بە شەریعەتەوە هاتوون بە پێغەمبەری حەقیقی ئەژماریان بكەن و ئەوانەی بە شەریعەتەوە نەهاتوون بە پێغەمبەری ناحەقیقی ئەژماریان بكەن، بەڵكو خوای گەورە ناوی “پێغەمبەر”ی ناوە لەو كەسانەی كۆمەڵێك سیفەتیان تێدایە كە پێشتر باسم كردن و بە “پێغەمبەر” بانگی كردوون. وە لەگەڵ ئەوەی جیاوازی كردووە لەنێوان پلەكانیاندا، بەڵام جیاوازی نەكردووە لەنێوانیاندا لەو ڕووەوە كە پێغەمبەرن بەڵكو هەموویانی ناوناوە “پێغەمبەر”. پاشان دەبینین پێغەمبەریش (ﷺ) -كە لە هەموو كەس زیاتر لە قورئانی پیرۆز تێگەیشتووە و چاكترینی ئەو كەسانە بووە كە لە قورئانی پیرۆز تێدەگەیشتن و هیچ كەسێك ناتوانێت لەو زیاتر لە قورئانی پیرۆز تێبگات- وشەی پێغەمبەری بەكارهێناوە بۆ هەموو پێغەمبەران سەرەڕای ئەوەی جیاواز بوون لە بارودۆخ و كردەوەیاندا و نكۆڵی نەكردووە لە پێغەمبەرایەتی ئەوانەی خوای گەورە ناویناون پێغەمبەر، بەڵكو دانی ناوە بە پێغەمبەرایەتیەكەیاندا و ناویناون پێغەمبەر. مووسای ناوناوە پێغەمبەر كە خاوەنی شەریعەت بووە، بە هەمان شێوە مەسیحی ناسیرەییشی ناوناوە پێغەمبەر كە شەریعەتی نەبووە، هەروەك زەكەریا و یەحیای ناوناوە پێغەمبەر كە تەنها بۆ سەر هۆزێكی دیاریكراو ڕەوانەكران. كەواتە هەموو كەسێك دەتوانێت بزانێت كە بوون و نەبوونی شەریعەت، یان ڕەوانەكردن بۆ لای نەتەوەیەك یان شارێكی دیاریكراو هەرگیز مەرج نەبووە بۆ ئەوەی كەسێك ببێت بە پێغەمبەر. بەڵكو وەك پێشتر نووسیم ئەو كەسەی بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداربووبێت لە غەیب و هەواڵی دابێت لە شتانێكی گرنگ؛ ئەوا خوای گەورە ناوی ناوە پێغەمبەر، بۆیە ئەو كەسە بە پێغەمبەر بانگكراوە و لەڕاستیدا پێغەمبەر بووە و هیچ گومانێك نیە لەوەدا كە پێغەمبەر بووە.
هەموو قورئانی پیرۆز بخوێننەوە، یەك ئایەت نابینن تێیدا گوترابێت پێغەمبەر ئەو كەسەیە شەریعەتێكی هێنابێت، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە قورئانی پیرۆزەوە دەچەسپێت كە كۆمەڵێك پێغەمبەری زۆر هەبوون شەریعەتیان نەهێناوە بەڵكو شوێن پێغەمبەرانی پێشوو دەكەوتن و بەتەورات كاریان دەكرد وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّآ أَنزَلۡنَا ٱلتَّوۡرَىٰةَ فِيهَا هُدٗى وَنُورٞ ۚ يَحۡكُمُ بِهَا ٱلنَّبِيُّونَ ٱلَّذِينَ أَسۡلَمُواْ لِلَّذِينَ هَادُواْ وَٱلرَّبَّٰنِيُّونَ وَٱلۡأَحۡبَارُ بِمَا ٱسۡتُحۡفِظُواْ مِن كِتَٰبِ ٱللَّهِ وَكَانُواْ عَلَيۡهِ شُهَدَآءَۚ﴾ (المائدة: 45) لەم ئایەتەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كۆمەڵێك پێغەمبەری زۆر هەبوون بەبێ ئەوەی شەریعەتێكی نوێیان هێنابێت بەڵكو بەگوێرەی تەورات حوكمیان دەكرد و نەهاتبوون بۆ ئەوەی تەورات نەسخ بكەنەوە، بەڵكو ئەركەكەیان ئەوە بوو كە پارێزگاری لێ بكەن. دیارە مەسیحی ناسیرەیی وتەیەكی باوی هەیە لە ئینجیلدا كە دەڵێت: بۆ ئەوە نەهاتووم تەورات هەڵوەشێنمەوە بەڵكو بۆ تەواوكردنی هاتووم. وە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی ئیبراهیم هاتووە: ﴿۞وَإِنَّ مِن شِيعَتِهِۦ لَإِبۡرَٰهِيمَ﴾. واتە ئیبراهیم لە كۆمەڵەكەی نووح (عليه السلام) بوو. كەواتە لەگەڵ ئەوەی وتە دادەبەزێتە سەر هەموو پێغەمبەرێك و لەلایەن خوا كۆمەڵێك پەڕاوی پێ دەگات كە پێكدێن لە مژدە و هۆشداریەكان، بەڵام پێویست نیە هەموو پێغەمبەرێك بە شەریعەتێكیشەوە بێت بەڵكو بە ئیلهام كۆمەڵێك ئامۆژگاری بەسوود و شتانێكی غەیبی و هیدایەت و كۆمەڵێك زانیارییان پێ دەگات. بۆیە لە قورئانی پیرۆزەوە بە ڕوونی دەردەكەوێت كە زۆرێك لە پێغەمبەران هەبوون شەریعەتیان پێ نەبووە و بەهۆی ئەوەی كە شەریعەتێكیان نەهێناوە هیچ لە پێغەمبەرایەتیەكەیان كەمی نەكردووە، بەڵكو لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە بەتەواوەتی پێغەمبەر بوون وەك پێغەمبەرانی تر، ئەگەرچی هەندێكیان سیفەتێكی نوێیان هەبووە و تەكلیفیان لێ كراوە شەریعەتێكی نوێش بگەیەنن بە خەڵكی سەرەڕای چاككردنی خراپەیەكانی سەردەم. ئەمەش تەنها لەبەر ئەوە بووە كە ئەو سەردەمەی تێیدا ڕەوانەكراون شەریعەتەكەی پێشوو لەو كاتەدا سڕاوەتەوە یان شێواوە بەڕادەیەك چاككردنی كارێكی ئەوپەڕی بێ سوود بووە، بۆیە خوای گەورە بە شەریعەتێكی نوێوە ڕەوانەی كردوون، وەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“بێگومان حوكمەكانی خوا دەربارەی فەرمان و قەدەغەكان بە هەوانتە و بێسوود دانابەزن بەڵكو لەكاتی پێویستدا شەریعەتێكی نوێ دادەبەزێت. واتە لە سەردەمێكدا شەریعەتی نوێ دادەبەزێت كە تێیدا خەڵكی لەچاو سەردەمی پێشوو زۆر ڕۆچووبن لە بیروباوەڕی خراپ و كردەوەی خراپدا، وە ئەو فێركاریانەی لە كتێبەكەی پێشوودا هەبوون بەشی پڕكردنەوەی پێویستیەكانیان ناكات.” (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، مجلد23، صفحة80)
كەواتە شەریعەتی نوێ كاتێك دادەبەزێت كە شەریعەتەكەی پێشوو كەڵكی نەمابێت، وە پێویست نیە هەموو پێغەمبەرێك بە شەریعەتێكی نوێوە بێت. ئەگەر وەها بوایە؛ ئەوا پێویست بوو ئەوانەی بە شەریعەتەوە نەهاتوون وەك یوسف و سڵێمان و زەكەریا و یەحیا (علیهم السلام) بە پێغەمبەر ئەژمار نەكرانایە، یان پێیان بوترایە پێغەمبەری ناتەواو، بەڵام خوای گەورە ناویناون پێغەمبەر، وە پێغەمبەریش (ﷺ) ناوی پێغەمبەری بەكارهێناوە بۆیان. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “هەڵبەت لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا زۆرێك لە پێغەمبەران هەبوون كە كتێبیان بۆ دانەبەزیبوو، بەڵكو لەلایەن خوای گەورەوە تەنها هەواڵیان ڕادەگەیاند.” (جریدة “بدر”، رقم9، مجلد7، عدد 5/3/1908م)
ئەگەر بە وردی هەموو قورئانی پیرۆز بخوێننەوە؛ ئەوا یەك ئایەتی تێدا نابینن كە بفەرموێت ناكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت ئەگەر ڕاستەخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنابێت. لەبەر ئەوە دانانی ئەو مەرجە كە ناكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت ئەگەر ئەو كەسە بەبێ هۆكاری ناوەندی و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنابێت، شتێكە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە، بەڵكو قورئانی پیرۆزدا نەیفەرمووە هیچ پێغەمبەرێك نیە بەهۆی پێغەمبەرێكی ترەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت، بەڵكو تەنها بە عەقڵی خۆمان لە قورئانی پیرۆزەوە گەیشتووینەتە ئەم ئەنجامە، ئەگینا قورئانی پیرۆز هەرگیز بە ڕاشكاوی نەیفەرمووە كە هەموو پێغەمبەران ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتیان بەدەستهێناوە. وە ئەگەر قورئان ئەوەی فەرمووە؛ ئەوا ئایەتێكمان بۆ بهێننەوە. بەڵكو لەڕاستیدا ئێمە باوەڕمان كردووە بەم بیروباوەڕە چونكە پێش پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێغەمبەرێك نەبووە كە بە خاتەمی پێغەمبەران ئەژمار بكرێت، وە هیچ كتێبێك نەبووە بە خاتەمی كتێبەكان ئەژمار بكرێت، بەجۆرێك (ئەگەر وەها بوایە ئەوا لە بنەڕەتەوە قورئان دانەدەبەزی)، لەبەر ئەوە دەكرێت پێغەمبەرانی پێشوو هەموویان ڕاستەوخۆ بەبێ شوێنكەوتنی پێغەمبەرێكی تر پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێنابێت. وە دەبێت هەندێ نیعمەت هەبن كە نەدەكرا بەدەستبهێنرێت بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەران یان كتێبەكانی پێشووەوە، ئەگینا ئەگەر پێغەمبەرێك هەبوایە كە بكرایە كەسێك بەهۆی شوێنكەوتنیەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنایە یان ئەگەر كتێبێك هەبوایە كە بكرایە بەهۆی كاركردن پێی و پەیڕەوكردنیەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنرێت، ئەوا دوای ئەو پێغەمبەرە یان دوای ئەو كتێبە پێویستی نەدەكرد پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت ڕەوانە بكرێت، بەڵكو ئەو پێغەمبەرە بە خاتەمی پێغەمبەران دادەنرا و كتێبەكەشی شایستەی ئەوە دەبوو كە بە خاتەمی كتێبەكان ئەژمار بكرێت. كەواتە، ڕەوانەكردنی پێغەمبەر پاش پێغەمبەرانی پێشوو و دابەزینی كتێب دوای كتێبەكانی پێشوو بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئایین تا ئەو كاتە تەواو نەبووە بەجۆرێك مرۆڤ بە پەیڕەوكردن و كاركردن پێی نیعمەتە هەرەبەرزەكان بەدەستبهێنێت. وە دەبێت پێغەمبەرانی پێشوو ڕاستەوخۆ نیعمەتی پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێنابێت. وە ئەم هەڵێنجانە بنیادنراوە لەسەر كۆمەڵێك بەڵگە كە ناكرێت ڕەتبكرێتەوە، بەڵام وەك پێشتر گوتم ئەمە تەنها هەڵێنجانی ئێمەیە و قورئانی پیرۆز هەرگیز باسی ئەوەی نەكردووە كە سەرجەم پێغەمبەرانی پێشوو ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە و نەیفەرمووە ئەگەر كەسێك ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنێت ئەوا ئەستەمە ببێت بە پێغەمبەر.
عەقڵی ساغیش ئەم مەرجە بێ بایەخە بەڕەوا نازانێت و ناڵێت تەنها كەسێك پێغەمبەرە كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت. كەواتە ئەگەر كەسێك پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنا ئەوا ئەو قسەیە چ مانایەكی هەیە كە دەڵێت: ڕەوا نیە پێی بوترێت پێغەمبەر ئەگەر بەبێ شوێنكەوتنی پێغەمبەرێكی تر و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنێت؟! دیارە كردەوەی خوا هەوانتە و بێسوود نیە، وە سیستەمە ماددیەكەی دژ و پێچەوانەی سیستەمە ڕۆحیەكەی نیە. بۆیە ئەگەر كەسێك گوتی ئەو ئاوە تێنوێتی مرۆڤێك دەشكێنێت كە مرۆڤەكە خۆی لە بیر دەریبهێنێت و ئەگەر مرۆڤێك ئاوێكی خواردەوە كە مرۆڤێكی تر لە بیر هەڵیكێشابێت؛ ئەوا تینوێتیەكەی ناشكێت، یان -بۆ نموونە- بڵێت ئەو خواردنە كەسێك تێر دەكات كە خۆی لێی نابێت و بیخوات، بەڵام ئەگەر كەسەكە خواردنێكی خوارد كە كەسێكی تر لێی نابێت ئەوا تێر نابێت، ئایا هیچ كەسێك ئەم قسەیە پەسەند دەكات؟! كەواتە لەكوێ عەقڵی ساغ ئەوە پەسەند دەكات كە ناكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت مەگەر ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت و ئەو كەسەی بەهۆی كەسێكی ترەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنا؛ ئەوا لە بنەڕەتەوە پێغەمبەرایەتیەكەی پێغەمبەرایەتی نیە؟! وە مادام قورئانی پیرۆز -كە وتەی خوایە و لە هەموو پرسێكدا ناوبژیوانە- لەم بابەتەدا بێدەنگە، وە مادام پێغەمبەری خوا (ﷺ) كە هیدایەتدەری هەموو جیهانە هەتا ڕۆژی قیامەت ئەم مەرجەی دانەناوە، كەواتە ئەو كەسەی لەلایەن خۆیەوە مەرجێك دادەنێت كە بەگوێرەی ئەو مەرجە ئەستەمە كەسێك پێغەمبەر بێت مەگەر ڕاستەوخۆ بە شەریعەتێكەوە هاتبێت، پێویستە بیربكاتەوە لە ئاكامی خۆی و بەدڵنیاییەوە بزانێت كە پێداگری كردن لەسەر گومڕایی پاش هاتنی هیدایەت دەبێتە هۆی كۆمەڵێك ئەنجامی ترسناك.
پوختەی قسە ئەوەیە؛ بەگوێرەی زمانی عەرەبی و پێناسەی قورئان و وتەی پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار دەكرێت لە هەواڵی غەیبی و پێشبینی كۆمەڵێك گۆڕانكاری گەورە و بایەخدار دەكات سەبارەت بە لەناوچوونی نەتەوەكان یان گەشە و پێشكەوتنیان و خوای گەورە ناوی دەنێت پێغەمبەر. كەواتە ئەو كەسەی ئەم مەرجانەی تێدا بێت؛ ئەوا پێغەمبەرە و هیچ شتێك ڕێگری ئەوەی لێ ناكات كە پێغەمبەر بێت.
پاش تێگەیشتن لەم خاڵە كاتێك سەرنج دەدەین لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەبینین لە پێغەمبەرایەتیەكەیدا هەموو ئەو مەرجانە هەیە كە پێویستە لە پێغەمبەرێكی خوادا هەبن بەگوێرەی زمان و قورئانی پیرۆز و وتەی پێغەمبەرانی پێشوو، واتە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداركراوەتەوە لە غەیب و كۆمەڵێك گۆڕانكاری گرنگی پێ ڕاگەیەنراوە كە هەردوو لایەنەكە دەگرێتەوە، هۆشداری و مژدەی خۆش، وە خوای گەورە ناویناوە پێغەمبەر. كەواتە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و زمان و وتەی پێغەمبەرانی پێشوو، وە كەسێك ناتوانێت گومان بكات لە پێغەمبەرایەتیەكەی پاش ئەوەی سەلمێنراوە كەسێكی ڕاستگۆ بووە.
ئێستا یەك پرسیار ماوەتەوە كە بریتیە لەوەی: ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر بووە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و زمانی عەرەب و ئاخاوتنی پێغەمبەرانی پێشوو، وە پێناسەی پێغەمبەرایەتی دەچەسپێت بەسەریدا، وە بوار نیە مەرجێكی تر زیاد بكرێت بۆ ئەو مەرجانەی پێغەمبەرایەتی كە ئێستا باسكران؛ ئەوا بۆچی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كۆمەڵێك وشەی جۆراوجۆری زیاد كردووە بۆ وشەی پێغەمبەر، بەجۆرێك لەم وشانەوە دەردەكەوێت كە ناكرێت هەندێ كەس لە هەندێ بارودۆخدا بە پێغەمبەر ئەژمار بكرێن؟!
پێویستە بزانرێت هەموو شتێك كۆمەڵێك مەرج و تایبەتمەندی هەیە. وە هەندێ تایبەتمەندی گشتگیرە و هەندێكی تر ناگشتگیر. وە ئەگەر ئەو مەرجانە بەردەست نەبن؛ ئەوا ئەستەمە ئەو شتە پەیدا بێت، بۆ نموونە مەرجێك هەیە بۆ مرۆڤ كە بریتیە لەوەی گیاندارێكی گۆیایە [4] وە ئەو شتەی گیاندارێكی گۆیا نەبێت ناكرێت پێی بوترێت مرۆڤ. بەهەمان شێوە هەندێ مەرج هەن بۆ پێغەمبەر، ئەگەر بەتەواوەتی لە كەسێكدا نەبن؛ ئەوا ناكرێت پێی بوترێت پێغەمبەر، وە كەمێك پێشتر ئەو مەرجانەم باسكرد كە بریتین لە (1) بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداربكرێت لە هەواڵە غەیبیەكان (2) هۆشداری و مژدەی خۆش بدات سەبارەت بە شتانێكی گرنگ. (3) خوا ناوی بنێت پێغەمبەر. جگە لەمانە هیچ مەرجێكی تر نیە بۆ پێغەمبەرایەتی بەڵكو كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەن واتە شتانێكی تر هەن كە پێیان ناوترێت مەرج، وە لە خودی خۆیاندا پەیوەندییان بە پێغەمبەرایەتیەوە نیە. هەندێكیان تایبەتمەندی ناگشتگیرن و پێویست نیە لە هەموو پێغەمبەرێكدا هەبن، لەوانە هێنانی شەریعەتێك تایبەتمەندیەكی بەدەستهاتووە بۆ هەندێ پێغەمبەر نەك بۆ هەموویان، بۆیە ناكرێت بە مەرجی پێغەمبەرایەتی ئەژمار بكرێت ئەگینا ناچاردەبین زۆرێك لە پێغەمبەران بە پێغەمبەر لەقەڵەم نەدین و پێغەمبەرایەتییان لێ دابڕنین. كەواتە، ئەمە تایبەتمەندییەكە لە هەندێ پێغەمبەردا هەبووە، بەهەمان شێوە هەندێ تایبەتمەندی تر هەیە كە بەگوێرەی بارودۆخ دروست دەبن ئەگینا لە خودی خۆیاندا شتانێك نین باسبكرێن، وە لە خانەی مەرجەكاندا پۆلێن ناكرێن. بۆ نموونە پێش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) جیهان ئامادە نەبوو بۆ ئەوەی یەك پێغەمبەر ڕەوانەبكرێت بۆ هەموو جیهان، وە هیچ كەسێك نەگەیشتە ئاستێك بۆ ئەوەی وەك پێغەمبەرێكی جیهانی ڕەوانە بكرێت. كەواتە بەگوێرەی ئەم بارودۆخە هەموو پێغەمبەرانی پێش پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانەكران بۆ شارێكی دیاریكراو و نەتەوەیەكی دیاریكراو. كەواتە ئێستا هیچ كەسێك ناتوانێت ڕەخنە بگرێت لە پێغەمبەر (ﷺ) و بڵێت هەموو پێغەمبەرانی پێش ئەو بۆ لای نەتەوەیەكی دیاریكراو ڕەوانەكراون، بەگوێرەی ئەم خاڵە پێغەمبەر كەسێكە بۆ لای نەتەوەیەكی دیاریكراو ڕەوانەكرابێت، وە ئەگەر كەسێك پێغەمبەر بێت؛ ئەوا ڕەوانە ناكرێت بۆ هەموو جیهان چونكە پێشتر پێغەمبەرێكی لەو شێوەیە نەبووە. وە ئەگەر كەسێك ڕەخنەیەكی لەم جۆرە بگرێت؛ ئەوا بە كەسێكی گەمژە ئەژمار دەكرێت چونكە بیری لەوە نەكردووەتەوە كە ڕەوانەكردن بۆ نەتەوەیەكی دیاریكراو یان ڕەوانەكردن بۆ هەموو جیهان هیچ پەیوەندیەكی نیە بە پێغەمبەرایەتیەوە؛ بەڵكو بەردەوام پێغەمبەران بەگوێرەی داخوازیەكانی بارودۆخ ڕەوانەدەكرێن. بۆیە كاتێك پێویست بوو پێغەمبەرێك ڕەوانەبكرێت بۆ نەتەوەیەكی دیاریكراو ڕەوانەكرا بۆ نەتەوەیەكی دیاریكراو، وە كاتێك پێویست بوو پێغەمبەرێك ڕەوانەبكرێت بۆ هەموو جیهان ڕەوانەكرا بۆ هەموو جیهان. بێگومان نموونەی پێغەمبەرانی پێشوو ئەوە ناسەپێنێت كە سەرجەم ئەو پێغەمبەرانەی لە داهاتوودا دێن لەسەر شێوازی پێشینەكان بن؛ چونكە ئەو شتەی نەچێتە چوارچێوەی مەرجەكانی پێغەمبەرایەتیەوە دەكرێت بەگوێرەی هەلومەرجە جیاوازەكان بگۆڕێت. هەروەك پێشتر گوتم پێش پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرایەتی ڕاستەوخۆ دەدرا بە مرۆڤ لەبەر نەبوونی تاكێكی تەواو كە پێغەمبەرایەتی لێیەوە سەرڕێژ بێت، بەڵام نەفامێك بۆی نیە بەڕەچاوكردنی بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن پێغەمبەرانی پێشووەوە بڵێت ئەو كەسەی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنێت پێغەمبەر نیە، چونكە بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لە بنەڕەتەوە ناچێتەناو چوارچێوەی مەرجەكانی پێغەمبەرایەتیەوە بەڵكو لە دەرەوەی چوارچێوەی مەرجەكانی پێغەمبەرایەتیە. كەواتە لەڕابردوودا پێغەمبەرایەتی ڕاستەوخۆ دەدرا بەگوێرەی ئەو هەلومەرجەی لەو كاتەدا باڵادەست بوو، وە بە هۆی نەبوونی خاتەمی پێغەمبەرانەوە. بەڵام كاتێك هەلومەرجەكە گۆڕا و مرۆڤە تەواوەكە لەدایك بوو كە ئەگەری هەبوو لە ئەنجامی گوێڕایەڵیەكەیەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنرێت، ئەوسا ئەم مرۆڤە تەواوە كرا بە هۆكارێك بۆ بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی. كەواتە ئەگەر كەسێك ئەو پێغەمبەرەی كە لە ئەنجامی گوێڕایەڵی پێغەمبەرەوە (ﷺ) و بەهۆی ئەوەی خزمەتكارێكی دڵسۆزی ئەو (ﷺ) بووە پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنا، بە پێغەمبەر لەقەڵەم نەدات لەبەرئەوەی وەك پێغەمبەرانی پێشوو ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە؛ ئەوا وەك ئەوە وایە نكۆڵی بكات لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) و بڵێت: بۆچی بە پێچەوانەی سوننەتی هەموو پێغەمبەرانی پێشووەوە وەك پێغەمبەرێك ڕەوانەكرا بۆ هەموو جیهان.
[4] لێرەدا مەبەستم لە مەرج بریتیە لە لقە بچووكەكان. بێگومان لێرەدا وشەی مەرجم بەكارهێنا بۆ ئەوەی خەڵكی گشتی تێبگات. بەهەمان شێوە مەبەست لە خاسیەت و تایبەتمەندیەكان بریتیە لە تایبەتمەندی ناگشتگیر، نووسەر.
بەكورتی ئەو دووخاڵەی باسكران لە بنەڕەتەوە هیچ پەیوەندییەكیان نیە بە پێغەمبەرایەتیەوە بەڵكو پەیوەندییان هەیە بە بارودۆخە تایبەتیەكانی مرۆڤ یان بارودۆخە جیهانیەكان یان بارودۆخەكانی مرۆڤە تەواوەكە. وە بوون و نەبوونیان هیچ كاریگەرییەكی نیە لەسەر پێغەمبەرایەتی.
ئەو كەسانەی تێگەیشتوون دەزانن هەر شتێك مەرج و تایبەتمەندی خۆی هەیە و نەبوونی مەرجەكان بوونی ئەو شتە پووچەڵ دەكاتەوە بەڵام نەبوونی هەندێ تایبەتمەندی كە پەیوەندییان هەیە بە هەلومەرجی تایبەتیەوە بوونەكەی پووچەڵ ناكاتەوە، ئەم جۆرە كەسانە ئەگەر پێیان بگوترێت فڵانەكەس فڵان تایبەتمەندی هەیە و فڵانەكەس فڵان سیفەتی هەیە؛ ئەوا بە ئاسانی تێدەگەن ئەم قسەیە مانای ئەوە نیە كە ئەو كەسە مرۆڤ نیە، بەڵكو ماناكەی ئەوەیە خەڵكی بزانن كە فڵانكەس فڵان تایبەتمەندی هەیە و فڵان كەسی تر فڵان سیفەتی نیە. بۆ نموونە ئەگەر گوترا كەسێك ئەفسەرە لە تۆپخانە و كەسێكی تر ئەفسەرە لە لەشكری پیادەڕەوی؛ ئەوا مانای وا نیە كە یەكەم ئەفسەرە و دووەم ئەفسەر نیە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە یەكەم پەیوەندی هەیە بە تۆپخانەوە و دووەم پەیوەندی هەیە بە تیمی پیادەڕەویەوە. یان بۆ نموونە ئەگەر گوترا ئازاد مامۆستای زمانی فارسیە و دانا مامۆستای زمانی عەرەبیە؛ ئەوا مانای وا نیە كە ئازاد مامۆستایە بەڵام دانا مامۆستا نیە بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە هەردووكیان مامۆستان بەڵام یەكێكیان مامۆستای زمانی فارسیە و ئەویتریان مامۆستای زمانی عەرەبیە. یان ئەگەر -بۆ نموونە- گوترا ئازاد سەركەوتوو بوو لە تاقیكردنەوەی بەكالریۆسدا بەبێ ئەوەی بەشێوەیەكی فەرمی لە كۆلێژدا بخوێنێت بەڵام دانا بەشێوەیەكی فەرمی لە كۆلێژدا خوێندی و سەركەوتوو بوو لە هەمان تاقیكردنەوەدا؛ ئەوا مانای وا نیە كە ئازاد بڕوانامەی بەكالریۆسی بەدەست هێناوە بەڵام دانا بەدەستی نەهێناوە بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە جیاوازییەك هەیە لە شێوازی هەردووكیان بۆ سەركەوتن لە تاقیكردنەوەكەدا. یان ئەگەر گوترا ئازاد داواكاریەكی پێشكەشكرد بۆ بەدەستهێنانی پیشەیەك، وە بەبێ ئەوەی كەسێك تكای بۆ بكات پیشەكەی بەدەستهێنا بەڵام دانا هەمان پیشەی بەدەستهێنا بەهۆی تكای كەسێكەوە؛ ئەوا مانای وا نیە كە ئازاد پیشەكەی بەدەستهێناوە و دانا بەدەستی نەهێناوە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە هەردووكیان پیشەكەیان بەدەستهێنا ئەگەرچی شێوازی بەدەستهێنانەكەیان جیاواز بووە.
بۆچی ئەو ئەنجامانە ڕاستن كە هەڵێنجانم بۆكردن لەو قسەیەی ئێستا باسكرا؟ چونكە مەرج نیە بۆ ئەفسەر كە ئەفسەر بێت لە تۆپخانە یان لە تیمی پیادەڕەوی بەڵكو كۆمەڵێك مەرجی تر هەن بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێت بە ئەفسەر، وە مەبەستمان لە باسكردنی تۆپخانە و تیمی پیادەڕەوەی تەنها ئەوەیە كە تایبەتمەندیەكانیان بخەینەڕوو. بەهەمان شێوە مەرج نیە بۆ ئەوەی مرۆڤ مامۆستا بێت وانەی فارسی یان عەرەبی بڵێتەوە بەڵكو هەر كەسێك ئەركی فێركردن و وانەوتنەوەی لە ئەستۆدا بوو مامۆستایە ئیتر بواری وانەوتنەوەكەی هەرچییەك بێت. وە ناونانی كەسێك بە مامۆستای فارسی یان عەرەبی تەنها بواری تایبەتمەندیەكەی دیاریدەكات و مەبەستەكە بریتی نیە لە خستنەڕووی ئەوەی كە ئایا مامۆستایە یان نە. وە هەمان بنەما پیادە دەبێت بەسەر نموونەكانی تریشدا.
ئێستا پێغەمبەرایەتی بە نموونە وەربگرە، وە هەروەك پێشتر كۆمەڵێك نموونەم هێنایەوە پێغەمبەرایەتیش بە جۆرە جیاوازەكانیەوە بەنموونە وەربگرە، ئەگەر گوتمان كەسێك پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەتە و كەسێكی تر پێغەمبەرە و شەریعەتی نیە بەڵام ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە بەبێ هۆكارێكی ناوەندی، وە دەربارەی سێیەم گوتمان پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نیە و ڕاستەوخۆیش پێغەمبەرایەتی بەدەست نەهێناوە بەڵكو بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرێكی ترەوە بەدەستی هێناوە؛ ئەوا ئەم قسەیە مانای وا نیە كە لەم سێ كەسە تەنها كەسی یەكەم یان دووەم پێغەمبەرە، وە یەكەم و سێیەم یان سێیەم پێغەمبەر نیە. بەڵكو بەهەمان شێوەی ئەو نموونانەی ئێستا باسمكردن مەبەستەكە ئەوەیە پێغەمبەری یەكەم جۆرێكی دیاریكراو لە پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە، وە دووەم جۆرێكی تری پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە و سێیەم پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە لە جۆرێكی تر. مەبەست ئەوە نیە كە یەكێك لەم سیانە پێغەمبەر نیە. بۆچی ئەم ئەنجامە ڕاستە؟ چونكە ئەم شتانە بەشێك نین لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی كە ئەگەر نەبوون لە كەسێكدا ئەوا هەرگیز نابێت بە پێغەمبەر، بەڵكو پێغەمبەرایەتی مەرجی تری هەیە. وە لەبەرئەوەی ئەو مەرجانە هەن لەو سێ كەسەی ئێستا باسكران بۆیە پێیان دەوترێت پێغەمبەر ئەگەرچی یەكێكیان پێی دەوترێت پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت و ئەوی تر ڕاستەوخۆ بەبێ ئەوەی كەسێكی تر لەنێواندا هەبێت پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە و سێیەم پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە بەهۆی پێغەمبەرێكی ترەوە یان پێی دەوترێت پێغەمبەرێكی سەر بە ئوممەت.
دەكرێت ئەم بابەتە لە ڕێگەی نموونەیەكی ترەوە بزانرێت، نموونەكەیش ئەوەیە: ڕەچەڵەكی جۆراوجۆر هەیە لەناو خەڵكیدا، بۆ نموونە هەیە لە ڕەچەڵەكی سەیدەكانە و هەیە لە تاقمی مەغۆلە و هەیە لە گرووپی باتانە. كاتێك دەڵێین فڵانەكەس لە سەیدەكانە و فڵانەكەس لە مەغۆلە و فڵانەكەس لە باتانە، مانای وا نیە كە ئەو كەسەی لە سەیدەكانە مرۆڤە بەڵام ئەوەی مەغۆلە یان لە باتانە مرۆڤ نیە. بەڵكو مەبەست ئەوەیە یەكێكیان لە گرووپێكی ڕێزدارە چونكە سەر بە نەوەی پێغەمبەرە (ﷺ) و ئەوی تر سەر بە گرووپێكە كە لە ناوەڕاستی ئاسیا نیشتەجێن و سێیەمیان سەر بە كۆمەڵێكە كە نیشتەجێن یان نیشتەجێبوون لە ئەفغانستاندا، بەڵام هەموویان مرۆڤن. بەهەمان شێوە هەندێ وشە و دەستەواژە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەكاریهێناون لەپاڵ وشەی پێغەمبەردا مەبەست لێیان ئەوە نیە مەرجی نوێی دانابێت بۆ پێغەمبەر، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە فڵان جۆر و فڵان جۆر پێغەمبەر هەیە و بەڕێزی (عليه السلام) سەر بە فڵان جۆریانە. كەواتە هەروەك چۆن كەسێك لە بازنەی مرۆڤایەتی ناچێتە دەرەوە ئەگەر وشەی “سەید” یان “مەغۆل” یان “باتان” بەكاربهێنرێت بۆی، بەهەمان شێوە ئەگەر دەستەواژەكانی “خاوەن شەریعەت” یان ” بێ شەریعەت” یان “جگە لە ئوممەت” یان “بێ شەریعەت و لە ئوممەت” زیادكران بۆ وشەی پێغەمبەر؛ ئەوا مەبەست لێیان ئەوە نیە كە هەندێ پێغەمبەر لەم سێ جۆرە پێغەمبەرن و هەندێكیان پێغەمبەر نین.
پرسیارێك ماوەتەوە كە ئەوەیە: مادام قورئانی پیرۆز بەشێوەیەكی گشتی وشەی پێغەمبەری بەكارهێناوە بەبێ هیچ زیادەیەك یان دەرخستنی هیچ تایبەتمەندیەك، ئەوا بۆچی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كۆمەڵێك وشەی خستووەتەسەر وشەی پێغەمبەر بەبێ هیچ پاساوێك؟ وە مادام دەستەواژەكانی “پێغەمبەری حەقیقی” یان “پێغەمبەری سەربەخۆ” یان “پێغەمبەری خاوەن شەریعەت” یان “پێغەمبەر لە ئوممەت نەبێت” لە قورئانی پیرۆزدا نەهاتوون، ئیتر بۆچی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەكاریهێناون؟ لە بەكارهێنانی ئەم وشانەوە دەردەكەوێت كە ڕەنگە لە بنەڕەتەوە پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی بە پێغەمبەرایەتی دانەنابێت. وەڵامەكە ئەوەیە: بنەمای پەیڕەوكراو لە قورئانی پیرۆزدا ئەوەیە بەبێ هۆ هیچ شتێك باس ناكات و تەنها بە ئەندازەی پێویست قسە دەكات. وە لەبەرئەوەی پێغەمبەران هەموویان لەلایەن خواوە نێردراون و هەندێ تایبەتمەندی هیچ گۆڕانێك لە پێغەمبەرایەتیەكەیاندا دروست ناكات، ئەگەرچی جۆری پێغەمبەرایەتیەكە بگۆڕێت، بۆیە قورئانی پیرۆز كاتی باسكردنی پێغەمبەران لە هەر شوێنێكدا ئەم وشانەی باسنەكردووە بەڵكو تەنها وشەی “پێغەمبەر”ی بەكارهێناوە و لەوە زیاتری بە پێویست نەزانیوە. بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) خاسیەتێكی تایبەتی بەدەستهێناوە كە پێغەمبەرانی تر بەدەستیان نەهێناوە و مەبەست لێی ئەوە بووە كە بە شێوەیەكی تایبەت گەورەیی و مەزنیەكەی دەربكەوێت و باسكردنی پێویست بووە بۆیە دەستەواژەی “خاتەمی پێغەمبەران” بەكارهاتووە بۆی، چونكە ئەگەر قورئانی پیرۆز ئەم تایبەتمەندیەی نەخستایەتەڕوو؛ ئەوا دۆزینەوەی ئەستەم بوو. وە ئەگەر ئەم دەستەواژەیە بەكارنەهاتایە؛ ئەوا پێغەمبەر (ﷺ) چۆن دەیزانی ئەم پلە هەرە بەرزەی بەدەستهێناوە؟ وە چۆن دەكرا ئوممەت گەورەیی پێغەمبەرەكەی بزانێت؟ كەواتە لەبەرئەوەی ئەستەم بوو كەسێك هەواڵ بدات دەربارەی بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی ئەگەر خوای گەورە خۆی هەواڵی پێ نەدایە، بۆیە خوای گەورە هەواڵی دا لەبارەیەوە. بەڵام تایبەتمەندیەكانی تر پێویست نەبووە باس بكرێن، بەڵكو دەكرێت هەموو پێغەمبەرێك خۆی بارودۆخی خۆی بزانێت، بۆیە خوای گەورە تەنها بە “پێغەمبەر” ناوی بردوون بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنێت خۆی ئەوانی كردووە بە پێغەمبەر. پاشان ئەگەر شەریعەتی دابێت بە یەكێكیان ئەوا پێغەمبەرەكە خۆی دەزانێت كە پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەتە، وە ئەگەر ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی خەڵات بكات ئەوا پێغەمبەرەكە ئۆتۆماتیكی دەزانێت كە بەبێ هۆكارێكی ناوەندی پێغەمبەرایەتی دراوە پێی، وە ئەگەر بەهۆی پێغەمبەرێكی ترەوە پێغەمبەرایەتی خەڵات كرا پێی؛ ئەوا دەزانێت كە بەهۆی بەرەكەتی فڵان پێغەمبەرەوە پێی دراوە و خۆی ڕایدەگەیەنێت بەخەڵكی كە جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی چیە. نموونەیەك لەسەر ئەمە دەهێنمەوە: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا مەسیحی ناسیرەیی تەنها بە پێغەمبەر ناوبردووە، وە لە هیچ شوێنێكدا نەیفەرمووە كە ئەو بە شەریعەتی مووسا (عليه السلام) كاری كردووە. لە وشەكانی قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت ئەو ئیلهامانەی مەسیحی ناسیرەیی پێی گەیشتووە تەنها وشەی “پێغەمبەر” یان تێدا هاتووە و دەستەواژەكانی وەك “پێغەمبەری بێ شەریعەت” یان “پێغەمبەر لە غەیری ئوممەت” نەهاتووە تێیاندا، وە لە بنەڕەتدا ئەم دەستەواژانە پێویست نەبووە چونكە مەسیحی ناسیرەیی دەیتوانی لە ڕێگەی ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەری بزانێت كە شەریعەت دانابەزێتە سەری بەڵكو هەندێ نهێنی شاراوەی تەورات ئاشكرا دەبن بۆی، بۆیە توانای هەبوو خۆی جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی ڕابگەیەنێت و لەڕاستیشدا ئەمەی كرد وەك لە ئینجیلی مەتتا 5: 17-18دا هاتووە: “پێتان وا نەبێت من هاتووم بۆ سڕینەوەی تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران، بۆ سڕینەوە نەهاتووم بەڵكو هاتووم بۆ تەواوكردن. ڕاستیتان پێ دەڵێم هەتا زەوی و ئاسمان بمێنن خاڵێك لە تەورات لەناوناچێت هەتا هەموو دێتەدی.”
لە وشە سەرەتاییەكانی ئەم دوو دەستەواژەیەوە ڕوون دەبێتەوە كە مەترسی بڵاوبوونەوەی هەڵە تێگەیشتن هەبووە لەناو خەڵكیدا، یان ئەو هەڵەتێگەیشتنە بڵاوبووبوویەوە، كە گوایە مەسیحی ناسیرەیی بانگەشەی شەریعەتێكی نوێی كردووە و بە شەریعەتێكی نوێوە هاتووە، بۆیە مەسیحی ناسیرەیی ڕایگەیاند من لەو پێغەمبەرانە نیم كە بە شەریعەتێكی نوێوە دێن، بەڵكو من لەوانەم كە دێن بۆ تەواوكردنی شەریعەتەكەی پێشوو و گەیاندنی ئەو شەریعەتە بە چڵەپۆپەی تەواوەتی بۆ ئەوەی كەسی خراپەكار بگۆڕێت بۆ چاكەكار. دوای بیستنی ئەم شیكردنەوەیە هیچ كەسێك بۆی نیە بڵێت مەسیح (عليه السلام) نكۆڵی لە پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی كردووە یان شتێكی زیاد كردووە بۆ ئەو وەحیەی كە خوا پێی ڕاگەیاندووە. بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە مەسیح جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی خستووتەڕوو. وە لەبەرئەوەی پێغەمبەران تا ئەو سەردەمە تەنها دوو جۆر بوون: یەكەم: ئەوانەی بە شەریعەتێكی نوێوە هاتوون. دووەم: ئەوانەی خاوەن شەریعەت نەبوون و پێغەمبەرایەتییان بەدەستنەهێناوە بەهۆی ئەوەی لە ئوممەتی پێغەمبەرێك بوون كە شوێنی دەكەوتن بەڵكو ڕاستەوخۆ بەدەستیانهێناوە، لەبەر ئەوە مەسیح بە وشە و قسەی خۆی ڕایگەیاند بە خەڵكی كە خراپ تێنەگەن لە پێغەمبەرایەتیەكەی و پێیان وانەبێت خاوەنی شەریعەتێكی نوێیە، وە ڕایگەیاند پێغەمبەرێكە بۆ تەواوكردن و خزمەتكردنی شەریعەتەكەی پێشوو هاتووە.
بەهەمان شێوە خوای گەورە پێشەواكەی ئێمە واتە مەسیحی بەڵێندراویشی (عليه السلام) بەڕاشكاوی بە “نبي” و “رسول” بانگكردووە، وە ناویناوە پێغەمبەر وەك چۆن مووسا و عیسای بە دوو پێغەمبەر ناوبردووە لە قورئانی پیرۆزدا. بەهەمان شێوە پێغەمبەر (ﷺ) وشەی “نبي”ی بەكارهێناوە بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەك چۆن ئەو ناوەی بەكارهێناوە بۆ پێغەمبەرانی تریش. بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) خۆی دەیزانی كە بەشەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و پێغەمبەرایەتیەكەی تەنها بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بووە. وە لەبەر ئەوەی مەترسییەك هەبووە بۆ بڵاوبوونەوەی تێگەیشتنێكی خراپ لەناو خەڵكیدا، یاخود لەبەر ئەوەی نەیارەكان كۆمەڵێك بیروبۆچوونیان بڵاوكردەوە كە گوایە بەڕێزی بەشەریعەتێكی نوێوە هاتووە یان بانگەشەی ئەوە دەكات یاخود لە دەرەوەی بازنەی گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە، بۆیە پێویست بوو جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی ڕابگەیەنێت بە خەڵكی بۆ ئەوەی تێیان بگەیەنێت و ڕایبگەیەنێت كە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە. وە لەبەرئەوەی ناكرێت كەسێك دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت چونكە ئەو خاتەمی پێغەمبەرانە، بۆیە پێویست بوو مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایبگەیەنێت كە لە ئەنجامی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە بە پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەرانی پێشووەوە، وە هەموو ئەوەی بەدەستی هێناوە تەنها بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بەدەستیهێناوە. ئەگەر ئەمەی ڕانەگەیاندایە؛ ئەوا مەترسییەك هەبوو كە خەڵكی تووشی هەڵە ببن. ئەگەر لە ڕێگەی هەڵسوكەوتەكانیەوە (عليه السلام) بیانزانیبا كە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە؛ ئەوا سەرەڕای ئەوە خەڵكی نەیاندەزانی ئایا ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە یان بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەگەر خۆی ئەمەی ڕانەگەیاندایە. لەبەر ئەوە بەڕێزی (عليه السلام) -بۆ ئەوەی هەموو كەسێك بزانێت- ڕایگەیاند كە پێغەمبەرایەتیەكەی تەشریعی نیە بەڵكو شوێنكەوتەی قورئانی پیرۆزە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە بەڵكو بەهۆی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بەدەستیهێناوە، واتە لە ئەنجامی فەنابوون لە گوێڕایەڵیەكەیدا و لەبەرئەوەی خزمەتكارێكی دڵسۆزی ئەو بووە بۆیە پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە. وە بۆ ڕوونكردنەوە و خستنەڕووی ئەم مەبەستە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كۆمەڵێك زاراوەی دانا -لەجیاتی كۆمەڵێك بڕگە- بۆ ئەوەی خەڵكی بە یەك وشە تێبگەن كە مەبەستی فڵان جۆری پێغەمبەرایەتیە. ئەمەش مەسیحەكەی ئێمەی وەها لێ كرد چاكتر بێت لە مەسیحی یەكەم، بەجۆرێك ئەو (واتە مەسیحی یەكەم) لە بڕگەیەكدا مانا و چەمكێكی خستەڕوو، وە دووبارەكردنەوەی بڕگە هەمیشە قورس و گرانە، بەڵام مەسیحەكەی ئێمە لەبەر ئاسانكاری بۆ كۆمەڵەكەی چەمك و مانای بڕگەكانی لە یەك وشەدا خستەڕوو و كۆمەڵێك زاراوەی دیاریكراوی دانا بۆ ئەوەی بە ئاسانی كۆمەڵەكەی تێبگەیەنێت لە مەبەستی خۆی، ئەگینا هەرگیز لە داهێنانی زاراوەكاندا مەبەستی ئەوە نەبوو كە پێغەمبەر نیە بەڵكو مەبەستی ئەوە بوو كە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە نەك ڕاستەوخۆ بەدەستی هێنابێت. دیارە خۆی پێغەمبەرە و خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی بە بەهەمان ئەو وشانە بانگیان كردووە كە پێغەمبەرانی پێشوویان پێ بانگكردووە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكاندا. زۆر بەداخەوە ئەو زاراوانەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دایهێنان بۆ تێگەیاندنی نائەحمەدیەكان هەندێ كەس لە كۆمەڵەكەمان تێنەگەیشتن لە مانا و مەبەستەكانیان و بەم هۆیەوە تووشی تاقیكردنەوە بوون. ئەگینا ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم زاراوانەدا نەرێی كرد بۆ خۆی لە بنەڕەتدا ناچێتەناو چوارچێوەی مەرجەكانی پێغەمبەرایەتیەوە و دەكرێت مرۆڤ بەبێ ئەو شتانەیش پێغەمبەر بێت ئەگەر هەموو مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی تێدا بوو. وە ئاشكرایە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی كە پێشتر باسمكردن هەموویان لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هەن. وە هەتا ئەمڕۆ لە ئوممەتی موحەممەدیدا جگە لەو هیچ كەسێك نەهاتووە ئەو سێ مەرجەی لەخۆیدا كۆكردبێتەوە تاكو پێی بوترێت پێغەمبەر. لەگەڵ ئەوەی پاش هێنانەوەی بەڵگەی ڕاشكاو لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) و زمانی عەرەبی زۆر ئاسانە مرۆڤ لەوە تێبگات كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەسفی پێغەمبەرایەتی كردووە بەو شێوەیەی كە زمان وەسفی كردووە و بەو شێوەیەی كە لە قورئاندا چەسپاوە و فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) شایەتیان لەسەرداوە، بەڵام مادام خەڵكی لە سروشتیاندا جیاوازن و ڕەنگە هەندێكیان حەز بكەن بزانن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چۆن پێناسەی پێغەمبەرایەتی كردووە، بۆیە لە خوارەوە هەندێ بڕگە لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەگوازمەوە كە لێیانەوە دەردەكەوێت بەڕێزی (عليه السلام) بەشێوەیەك پێناسەی پێغەمبەرایەتی كردووە كە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) و زماندا چەسپاوە و بەڕێزی (عليه السلام) هیچ مەرجێكی زیاد و كەم نەكردووە بۆ ئەو مەرجانەی كە من نووسیومن، ئەوەتا دەفەرموێت:
(1) “پێغەمبەر ئەو كەسەیە بەڕێژەیەكی زۆر پێشبینی داهاتوو دەكات لە ڕێگەی ئیلهام لەلایەن خواوە.” (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لاپەڕە 189)
(2) “ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن قسە و ئاخاوتن من بە فەرمانی خوا بە زۆریەكەی دەڵێم پێغەمبەرایەتی” (تتمة حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا503)
(3) “ئەمە زاراوەیەكی خواییە بەجۆرێك خۆی (U) وشەی پێغەمبەرایەتی بڕیوە بەسەر زۆریی گفتوگۆ و ئاخاوتندا. واتە ئەو ئاخاوتنەی كە پێكهاتووە لە ڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبی و نادیار.” (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لاپەڕە 341)
(4) “كاتێك گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی دەگاتە پلەی كەماڵ لەڕووی چەندێتی و چۆنێتیەوە بەجۆرێك هیچ خەوش و ناتەواویەكی تێكەڵ نەبێت، وە كاروبارە غەیبیەكان بگرێتەخۆی بەشێوەیەكی ڕوون، ئەوە بە دەربڕینێكی تر پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی، ئەمە شتێكە هەموو پێغەمبەران لەسەری ڕێكەوتوون.” (الوصیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 13، لاپەڕە 311)
(5) “بێگومان كەسێكی لەم شێوەیە لەلایەكەوە خودی خوای خۆشدەوێت و لەلایەكی ترەوە دڵسۆز و هاوخەم دەبێت بۆ دروستكراوانی خوا و شەیدای چاكبوونیانە… كەواتە ئەم كەسانە لە زاراوەی ئیسلامدا پێیان دەوترێت پێغەمبەر و نێردراو و موحەددەث [5]، وە شكۆدار دەبن بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی پیرۆزی خوا و لەسەر دەستیاندا موعجیزە و كاری دەراسا دەردەكەون، وە زۆربەی دوعاكانیان گیرا دەبێت”. (محاضرة سیالكوت، الخزائن الروحانیة، بەرگی20، لاپەڕە 225)
[5] هیچ كەسێك فریونەخوات بەم وتەیە و بڵێت مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر و موحەددەثی بەیەك مانا وەرگرتووە. هەڵبەت لێرەدا وشەی موحەددەث زیادكراوە چونكە هەموو پێغەمبەرێك موحەددەثیشە ئەگینا پێغەمبەر و موحەددەث یەكسان نین وەك مەسیحی بەڵێندراو لە ڕاگەیاندنی “إزالة خطأ”دا فەرموویەتی: “ئەگەر ئەو كەسەی كۆمەڵێكی زۆر هەواڵی غەیبی پێ دەگات لەلایەن خوای گەورەوە پێی ناوترێت پێغەمبەر؛ ئەوا پێم بڵێن پێویستە بە چ ناوێك بانگ بكرێت؟ ئەگەر دەڵێن پێویستە پێی بوترێت “موحەددەث”؛ ئەوا دەڵێم لە هیچ فەرهەنگێكدا نەهاتووە كە موحەددەث واتە ئاگاداركردن لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر.” (لەوەوە)
ئەم بڕگەیە تەواو ئاشكرایە و زۆر بەڕوونی تێیدا دوو مەرج باسكراوە كە ئەگەر لە كەسێكدا هەبن ئەوا شایستەی ئەوەیە پێی بوترێت پێغەمبەر و خوای گەورە ناوی بنێت پێغەمبەر. مەرجی یەكەم بریتیە لە زۆری گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی وەك مەسیحی بەڵێندراو خۆی شەرحی كردووە لە بڕگەی سێیەم كە مەبەست لێی بریتیە لەو ئاخاوتنەی ڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبی تێدا بێت. دووەم: ئەو هەواڵە غەیبیانە شەقڵی هۆشداری و مژدە وەربگرن، ئەو شتەی مەسیحی بەڵێندراو ناویناوە “كاری دەراسا”، بەمەش خەون و ئیلهامی ئەو كەسانەی جیاكردووەتەوە كە ئاگادار دەكرێن لە هەندێ هەواڵی غەیبی بەڵام ناكرێت ئەو خەون و ئیلهامانە پێیان بوترێت كاری دەراسا. بۆ نموونە دەكرێت كەسێك لە خەوندا هەواڵی پێ بدرێت كە كوڕێكی پێ دەدرێت یان فڵانەكەس دەمرێت پاشان لەڕاستیدا ئەوە ڕووبدات، دیارە ئەم خەونە ناچێتەناو چوارچێوەی وەحی پێغەمبەرایەتی ئەگەر خاوەنەكەی كۆمەڵێك ئیلهامی پێ نەگات كە هەواڵی دەراسایان لەخۆگرتبێت و لە قورئانی پیرۆزدا پێیان گوتراوە هۆشداری و مژدەی خۆش. واتە لەلایەكەوە خوا بەڵێنی پێ دەدات كە شوێنكەوتووانی گەشەدەكەن و ژمارەیان زۆر دەبێت پاشان بەشێوەیەكی دەراسا ئەم بەڵێنانە دێنەدی سەرەڕای دژایەتی هەموو جیهان، بەهەمان شێوە هەواڵی لەناوچوونی دوژمنەكانی پێ دەدات و زۆر بەڕوونی ئەم هەواڵانەش دێنەدی سەرەڕای ئەوەی نەیارەكانی هێز و توانا و ژمارەیان زۆرە، وە ئەوەی بەرهەڵستی بوەستێت لەناودەچێت لە ئەنجامی هەواڵە هۆشداریەكانەوە و ئەو كەسەی لەناخی دڵەوە وتەكەی قەبووڵ بكات و بەدڵسۆزیەوە پەیڕەوی بكات سەركەوتنی خوا (U) دەبینێت بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی كە مژدەی خۆشیان تێدایە، ئینجا هەردوو جۆرە هەواڵەكە دێنەدی سەرەڕای دژایەتیكردنی تەواوەتی بارودۆخ و هۆكارەكان، وە نیشانەی یارمەتی دەراسای خوا دەبینرێت تێیاندا.
بەكورتی، لەم بڕگەیەوە زۆر بە جوانی دەردەكەوێت كە پێغەمبەر لە زاراوەی ئیسلامدا ئەو كەسەیە كە وانەی سۆز و بەزەیی بۆ دروستكراوانی خوا فێری مرۆڤ دەكات بەوەی سەرەتا لە خۆشەویستی خوادا فەنا دەبێت پاشان بەرگی پێغەمبەرایەتی دەكرێتە بەری واتە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار دەكرێت لەو هەواڵە غەیبیانەی كە ڕەنگی هۆشداری و مژدەیان گرتووە و بەشێوەیەكی دەراسا دێنەدی، وە ئیلهامی ئیلهامبۆكراوە ئاساییەكان شان نادەن لە شانیان لەڕووی گرنگیەوە.
(6) “مانای پێغەمبەر لە زمانی عەرەبی و عیبریدا ئەو كەسەیە كە لە ڕێگەی ئیلهامی خواییەوە بە ڕێژەیەكی زۆر پێشبینی دەكات [*]، وە بەبێ ئەم ڕێژە زۆرە ئەم مانایە نایەتەدی” (الرسالة المنشورة في جریدة “أخبار العام”، ژمارە 26/5/1908ز، گواستراوەتەوە لە ڕۆژنامەی بەدرەوە، 11/6/1908ز، لا10)
[*] لێرەدا پێویستە وریا بین كە زۆری ئاگاداربوون لە غەیب مەرجێكە بۆ پێغەمبەر بەگوێرەی زمان و قورئانی پیرۆزیش چونكە “نبي” شێوگی ڕۆچوونە (صیغة المبالغة)، بەڵام كاتێك وشەی “پێغەمبەرایەتی، النبوة” لەزارمان دێتەدەر ئەوا دوو مانای هەیە، واتە مانایەكی هەیە جیا لە چەمكی پێغەمبەرایەتی و بریتیە لە هەواڵدان بەتەنها. مانای دووەم مانایەكە لە ڕوانگەی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانەوە، وە لەم دۆخەدا ماناكەی مەرجدار دەبێت بە مەرجی زۆریی ئاخاوتنی خواییەوە. كەواتە ئەگەر كەسێك هەواڵێكی گرنگ و مەزنی ڕاگەیاند دەكرێت هەواڵەكەی یان خەونەكەی بە پێشبینی لەقەڵەم بدەین بەڵام هەرگیز شایستەی بەدەستهێنانی نازناوی پێغەمبەر نابێت ئەگەر ئیلهامەكانی ڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبییان تێدا نەبێت و پێكنەهاتبن لە شتانێكی گرنگ. میرزا مەحموود ئەحمەد. (بڕوانە بڕگەی ژمارە 7 و8 كە لەدواییدا دێن).
(7) “ئەو كەسەی لەسەر دەستیدا بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبی دەردەكەوێت لەلایەن خواوە مانا و چەمكی “پێغەمبەر” وەك پێویست دەچەسپێت بەسەریدا بەگوێرەی ئایەتی: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا﴾. (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی18، لاپەڕە208)
لەم بڕگەیەوە ڕوون دەبێتەوە كە لە قورئانی پیرۆزدا پێناسەی پێغەمبەر هاتووە وەك كەمێك پێشتر نووسیم، وە مەسیحی بەڵێندراویش بەم ئایەتە بەڵگەی هێناوەتەوە كە من بەڵگەم پێ هێناوەتەوە.
(8) “ئەو وشانەی خوا كە پێكهاتوون لە پێشبینی، واتە هەواڵدان، پێیان دەڵێین پێشبینی، بەهەمان شێوە ئەو كەسەی ڕێژەیەكی زۆر پێشبینی دەكات لە ڕێگەی وەحیەوە پێی دەڵێین پێغەمبەر.”
(9) “ئەو گفتوگۆ و ئاخاوتنە خواییە كە پێی شاد دەبم شتێكی دڵنیا و یەقینیە، ئەگەر ساتێك گومانم لێی هەبوایە ئەوا دەبووم بە كەسێكی كافر و سەرەنجامم تەواو خراپ دەبوو. ئەو وتەیەی دابەزیوەتە سەرم یەقینی و بێگومانە، هەروەك چۆن كەسێك گومان ناكات لە خۆر و ڕۆشناییەكەی پاش بینینیی، بەهەمان شێوە ناتوانم گومان بكەم لەو وتەیەی كە لەلایەن خواوە (I) دادەبەزێتە سەرم، باوەڕم پێی هەیە وەك چۆن باوەڕم هەیە بە كتێبی خوا (I)… وە لەبەرئەوەی نازناوی “نبي، پێغەمبەر” بەڕای من تەنها دەچەسپێت بەسەر ئەو كەسەدا كە وتەی یەقینی و بێگومانی خوا بەڕێژەیەكی زۆر دادەبەزێتە سەری و ئەم وتەیە غەیب دەگرێتەخۆی؛ بۆیە خوا ناویناوم پێغەمبەر بەڵام بەبێ شەریعەت. (التجلیات الإلهیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 20، لاپەڕە 412)
لەم بڕگەیەشەوە زۆر بەڕوونی دەچەسپێت كە بە بۆچوونی مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر ئەو كەسەیە (واتە تەنها ئەمە پێناسەی پێغەمبەرە و جگە لەم پێناسەیە پێناسەیەكی تر نیە كە بەهۆیەوە نكۆڵی بكرێت لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرێك ئەم پێناسەیە بەسەریدا بچەسپێت) (1) بەڕێژەی زۆر وتەی یەقینی و بێگومانی خوا دادەبەزێتە سەری. (2) وتەكە پێكدێت لە غەیب. (3) خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی ناوناوە پێغەمبەر، ئەمەیە پێناسەی پێغەمبەر وەك كەمێك پێشتر خستمەڕوو. واتە (1) بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵە غەیبیەكانی بۆ ئاشكرا دەكرێت (2) ئەم هەواڵانە پێكهاتوون لە هۆشداری و مژدەدان. (3) خوای گەورە ئەو كەسە ناو بنێت پێغەمبەر. [دەكرێت بۆ پشتگیری ئەمە بڕگەیەك لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی” مەسیحی بەڵێندراو بهێنینەوە بەجۆرێك دەفەرموێت: “بێگومان وەحی خوا (I) كە دوای ئەوە وەك باران داباریە سەرم نەیهێڵا جێگیر بم لەسەر بیروباوەڕەكەی پێشوو، وە بەوپەڕی ڕاشكاویەوە نازناوی “پێغەمبەر”م پێ درا”. لەمەوە دەچەسپێت كە خوای گەورە تەنها خۆی دەتوانێت نازناوی “پێغەمبەر” ببەخشێت بە كەسێك و هیچ كەسێك بۆی نیە لەخۆوە ببێت بە پێغەمبەر یان ئەم نازناوە بدات بە كەسێكی تر وەك چۆن هەندێ كەس سەید عەبدولقادری گەیلانی و ئیمام حوسەین ناو دەنێن پێغەمبەر. دیارە ئەم كەسانە لە ڕوویەكەوە بانگەشەی خوایەتی دەكەن و ئەركی خوا دەخەنە ئەستۆی خۆیان. زۆر سەیرە ئەو كەسانەی كە خۆیان بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان نەكردووە خەڵك بە پێغەمبەر لە قەڵەمیان دەدەن، بەڵام ئەو كەسەی خوا و پێغەمبەرەكەی ناویان ناوە پێغەمبەر پاشان خۆیشی خۆی ناوناوە پێغەمبەر سەدەها تەئویل دروستدەكرێت بۆ پێغەمبەرایەتیەكەی و هەوڵ دەدرێت پێغەمبەرایەتیەكەی بسڕدرێتەوە بە تێكەڵاوكردنی پرسەكەی لەگەڵ پرسی كەسانی تردا. سەیرە، سەیرە، سەیرە! بێگومان ئەم وتەیەی خوارەوەی مەسیحی بەڵێندراو ئەویش شایستەی تێڕامانە بەجۆرێك بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “بەهۆی زۆریی ئەم شتانەوە خوای گەورە ناوینام پێغەمبەر، كەواتە من بە فەرمانی خوای گەورە پێغەمبەرم و ئەگەر نكۆڵیم بكردایە لەوە؛ ئەوا تاوانبار دەبووم”. لەم بڕگەیەشەوە دەردەكەوێت پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە خوا پێی دەڵێت پێغەمبەر، وە ئەو كەسەیە پێغەمبەرایەتی خۆی ڕادەگەیەنێت بە فەرمانێك لەلایەن خواوە، نەك ئەوەی هەر كەسێك ویستی نازناوی “پێغەمبەر” بدات بەوانی تر. هیچ كەسێك ناتوانێت نازناوێكی سادەی وەك “خان بهادر” ببەخشێت بە كەسێك ئیتر چۆن خەڵكی دەتوانن بە ویستی خۆیان كەسێك بكەن بە پێغەمبەر؟. نووسەر.]
هەڵبەت لێرەدا مەسیحی بەڵێندراو هەردوو وشەی “یەقینی و بێگومان”ی بەكارهێناوە لەجیاتی هۆشداری و مژدەدان، بەڵام ماناكە ئەو مانایەیە چونكە وەحی یەقینی و بێگومان ئەوەیە كە پێكهاتبێت لە مژدەدان و هۆشداری. وە ناكرێت هیچ وەحییەك یان ئیلهامێك یان خەونێكی تر بە یەقینی و بێگومان دابنرێت بەجۆرێك مرۆڤ باوەڕی پێی هەبێت وەك چۆن باوەڕی بە قورئانی پیرۆز هەیە. هۆكارەكەش ئەوەیە كە ئەگەر كەسێك لە ڕێگەی ئیلهام یان خەونێكەوە پێی ڕاگەیەنرا كە كوڕێكی پێ دەدرێت پاشان بەڕاستی پێی درا، یان ئەگەر پێی ڕاگەیەنرا كە فڵانەكەس دەمرێت پاشان بەڕاستی مرد؛ ئەوا زۆر ڕێی تێدەچێت ئەم خەونە لەلایەن خوای گەورەوە بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەری هەیە كە قسەی دەروون یان وەسوەسەی شەیتان بێت، چونكە زۆربەی خەونەكان لەم جۆرەن، ئەگەرچی زۆربەی كاتەكان پووچن، بەڵام هەندێ جاریش دێنەدی. بەڵام ئەو وەحیەی كە لایەنی مژدەدان و هۆشداری لەگەڵدایە یەقینی و بێ گومان دەبێت چونكە قسەی دەروون و شەیتان ناتوانن هۆشداری و مژدەدان ڕابگەیەنن. دەكرێت بیروبۆچوونی مرۆڤ و وەسوەسەی شەیتانی وێنەی دیمەنێك بكێشن لە بەردەمی مرۆڤدا و ڕەنگە بەشێوەیەكی دەگمەن دیمەنەكە بێتەدی، بەڵام ئەم دووانە (واتە بیروبۆچوونی مرۆڤ و وەسوەسەی شەیتانی) ناتوانن توانا و شكۆی خوا دەربخەن، وە تێیاندا بڕیاری خوا ڕەنگ ناداتەوە كە بنیادنراوە لەسەر توانای ڕەها. بەڵام وەحی پێغەمبەران لایەنی مژدەدان و هۆشداری لەگەڵدایە، خوای گەورە لە ڕێگەی ئەوانەوە ڕایدەگەیەنێت بە خەڵك كە هیچ پەناگایەكیان نیە جگە لە گوێڕایەڵی كردنی ئەوان، وە ئەگەر باوەڕ نەكەن پێیان؛ ئەوا لەناودەچن، وە ئەوانەی باوەڕدەكەن پێیان سەركەوتوو دەبن. ئەوەتا خوای گەورە لەم سەردەمەدا فەرموویەتی:
“ئاگاداركەرەوەیەك هات بۆ دنیا، خەڵكەكەی ڕەتیان كردەوە و قەبووڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبووڵی دەكات و لە ڕێگەی هێرشی توند و بەهێزەوە ڕاستگۆییەكەی دەردەخات، هێرش لەدوای هێرش.”
كەواتە، ئەم كەسە ئەو هەواڵە غەیبیانە ڕادەگەیەنێت بە جیهان كە بنیادنراون لەسەر توانای ڕەها، وە لەكاتی گونجاوی خۆیاندا دێنەدی، ئەمە دەیسەلمێنێت كە وەحیەكەی بێگومان و یەقینیە و باوەڕهێنان پێی واجبە وەك باوەڕهێنان بە كتێبە ئیلهامیەكانی تر. وە باوەڕنەهێنان پێی یان گومانكردن لێی كوفرە وەك كوفركردن بە كتێبەكانی تر یان گومانكردن لێیان، چونكە شەیتان و بیروبۆچوونی پەرشوبڵاو ناتوانن ئەو كردەوانە دەربخەن كە بنیادنراون لەسەر توانای ڕەها، وەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “ئەو گفتوگۆ و ئاخاوتنەی پێی شاد دەبم یەقینی و بێگومانە، ئەگەر ساتێك گومانم هەبوایە لێی ئەوا بەدڵنیاییەوە كافر دەبووم و سەرەنجامم تەواو خراپ دەبوو.” (التجلیات الإلهیة، لا 20)
پوختەی قسە ئەوەیە: ناكرێت و ناگونجێت وەحی وەحیەكی یەقینی و بێگومان بێت ئەگەر ئەو وەحیە ئاگاداركردنەوە و مژدەدانی لەگەڵدا نەبێت. كەواتە، مەبەست لە دانانی مەرجی یەقینی و بێگومانی بۆ وەحی پێغەمبەر لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە تەنها ئەوەیە كە ئەو وەحیە پێكهاتبێت لە هۆشداری و مژدەدان. هەڵبەت لە بڕگەی ناوبراودا سێ مەرجەكەی پێغەمبەرایەتیم باسكرد كە لە زمانی عەرەبی و قورئانی پیرۆزەوە چەسپاون، واتە (1) ئاگاداركردنە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر، (2) یەقینی و بێگومان بێت واتە پێكهاتبێت لە كۆمەڵێك هەواڵی گرنگ و بایەخدار كە لایەنی هۆشداری و مژدەدانیان تێدا بێت. (3) خوای گەورە خاوەنی وەحیەكە ناوبنێت پێغەمبەر. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت پێغەمبەر -نەك كەسێكی تر- ئەو كەسەیە كە ئەم سێ مەرجەی تێدا بێت.
لەگەڵ ئەوەی من لە ڕێگەی هەندێ بڕگەوە یەك یەك یان دووان دووان سێ مەرجەكەی پێغەمبەرایەتیم سەلماند، بەڵام جارێك سەرنج بدەن لە هەموویان بەیەكەوە ئەوسا دەبینن مەرجەكانی پێغەمبەر بەگوێرەی بۆچوونی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمان ئەو مەرجانەیە كە من پێشتر باسم كردن. سەرباری ئەوە بەڕێزی (عليه السلام) نەیفەرمووە ئەم مەرجانە بۆ پێغەمبەر بەگوێرەی بۆچوونی خۆیەتی بەڵكو لە بڕگەی یەكەمدا وەسفی پێغەمبەری كردووە و فەرموویەتی لە ڕێگەی فەرمانی خواوە ئەم پێناسەیەی زانیوە، وە لە بڕگەی سێیەمدا فەرموویەتی پێغەمبەر لە زاراوەی خواییدا ئەو كەسەیە كە ئەم مەرجانەی تێدا بێت. وە لە بڕگەی چوارەمدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە هەموو پێغەمبەران هاوبەشن لەم پێناسەیەدا. وە لە بڕگەی پێنجەمدا بەگوێرەی زاراوە ئیسلامیش ئەو كەسەی ناوناوە پێغەمبەر كە ئەم پێناسەیە دەچەسپێت بەسەریدا. وە لە برگەی شەشەمدا بەڕێزی (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە كە زمانیش هاوڕایە لەگەڵ ئەم پێناسەیەدا. وە ئەو پێناسەیەی پێغەمبەر كە بەڕێزی (عليه السلام) لە بڕگەی حەوتەمدا لەبەر ڕۆشنایی قورئانی پیرۆزدا خستوویەتەڕوو ڕێك و تەبایە لەگەڵ ئەم پێناسەیەدا. كەواتە لە هەموو ئەم بڕگانەوە دەردەكەوێت ئەو پێناسەیەی “پێغەمبەر” كە من ئێستا باسم كرد پاش تێگەیشتنم لێیی لە زمان و قورئانی پیرۆزەوە، لای مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێناسەیەكی ڕاست و دروستە، وە هەمان پێناسە لای خوا دروستە، وە دروستە لای هەموو پێغەمبەرانی پێشوو، وە ئەوەیە كە ئیسلام و قورئانی پیرۆز دەیخاتەڕوو، كەواتە دوای ئەوە چ گومانێك هەیە لەم پێناسەیەدا؟ وە چ دادوەرێك جگە لەو دادوەرانەی باسیانكراوە بڕیارەكەی یەكلاكەرەوە دەبێت لەم دۆسیەیەدا؟ وە مادام زمان تاكە ئامرازە بۆ خستنەڕووی ئەوەی لە ناخماندا هەیە، وە مادام خوای گەورە هەموو پێغەمبەران ڕەوانە دەكات، وە مادام قورئان ئامرازە پتەوەكەیە بۆ زانینی حوكمەكانی خوا، وە مادام پێغەمبەران كە نزیكترینی بەندەكانن لە خوای گەورەوە و شیاوترین كەسن بۆ تێگەیشتن لە ماناكانی وتەی خوای گەورە، وە مادام نێردراوی سەردەم و مەسیحی بەڵێندراو و ناوبژیوانی دادگەر كە خوای گەورە ڕەوانەی كردووە بۆ بڕیاردان لەسەر هەموو ناكۆكیەكان، هەموویان هاوڕان لەو پێناسەیەی “پێغەمبەر” كە لەسەرەوە باسكرا ئیتر چ گومانێك دەمێنێتەوە لای باوەڕدار بۆ ئەوەی قەبووڵی نەكات؟! بەڵام كەسی نەزان و گەمژە چۆنی بوێت پێناسەی پێغەمبەر دەكات و ئەركی خوا دەگرێتە دەست، بەڵام ئەو كەسەی بەتەواوەتی دڵی بێ بەش نەبووە لە ڕووناكی باوەڕ و پشكۆی خۆشەویستی خوا لە دڵیدا خامۆش نەبووە و بەختەوەری و هۆشیارییەكەی نەمردووە، چ پاساوێكی لایە بۆ وەرنەگرتنی ئەم پێناسەیە؟
لێرەدا ڕەنگە كەسێك بڵێت ئەوەی لەسەرەوە ڕوونم كردەوە بە بێ گومان بریتیە لە پێناسەی دروست بۆ پێغەمبەر، بەڵام پێناسەی هاوچەرخ ناچەسپێت بەسەر ئەو پێغەمبەرانەدا كە پێش دابەزینی قورئانی پیرۆز هەبوون، بەڵكو بۆ ناوزەدكردنیان بە پێغەمبەر مەرجێكی تر هەبووە كە دژی ئەم پێناسەیەیە.
وەڵامی یەكەم: ئایین مەكەن بە یاری و گاڵتە و گەپ، ئەگەر پێغەمبەرانی پێشوو پێیان گوتراوە پێغەمبەر بەگوێرەی مەرجێكی تر؛ ئەوا بیخەنەڕوو بۆمان و لە قورئانی پیرۆزەوە بیسەلمێنن كە ئەوان پێغەمبەر بەهۆی ئەو مەرجانەی لەسەرەوە باسكران پێیان نەگوتراوە، بەڵكو لەبەر مەرجێكی تر ناونراون پێغەمبەر. وە ئەگەر ئەو كارەتان نەكرد -كە هەرگیز ناتوانن بیكەن- ئەوا لە خوای گەورە بترسن. ئەو كەسەی لە بابەتێكی ئایینیدا بەبێ بەڵگە كەللـەڕەقی بنوێنێت و بەهۆی ڕەفتار و هەڵسوكەوتیەوە ببێتە هۆی دووبەرەكی لە ئاییندا؛ ئەوا بەر پەلاماری خوا دەكەوێت و پێویستە بەخێرایی پەشیمان بێتەوە.
وەڵامی دووەم: نە لە قورئانی پیرۆزەوە نە لە فەرموودەكانەوە هەرگیز ئەوە نەچەسپاوە كە پێغەمبەران لەبەر مەرجێكی تر جگە لەو مەرجانەی ئێستا باسكران پێیان گوتراوە پێغەمبەر، بۆیە هیچ كەسێك بۆی نیە بانگەشەی ئەوە بكات. هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی بڕیاری داوە لەم بابەتەدا و فەرموویەتی: “بەشێك لەم نیعمەتانە بریتیە لە كۆمەڵێك پێشبینی كە پێغەمبەرانی پێشوو بەهۆیانەوە بە پێغەمبەر بانگكراون”. [لێرەدا كەس ئەوە بە مێشكیدا نەیەت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا دەفەرموێت: “پێویستە ئەوە لە بیر نەكرێت كە زۆرێك لە خەڵكی فریودەخۆن كاتی بیستنی وشەی “پێغەمبەر” لە بانگەشەكەمدا و پێیان وایە وەك ئەوەی من بانگەشەی ئەو پێغەمبەرایەتیەم كردبێت كە پێغەمیەران لە سەردەمەكانی ڕابردوودا بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەدەستیانهێناوە. ئەوان لەم بۆچوونەدا بەهەڵەداچوون، من هەرگیز بانگەشەی ئەمەم نەكردووە.” (حەقیقەتی وەحی، الخرائن الروحانیة، بەرگی22، لا154، پەراوێز)، كەواتە كەس پێی وا نەبێت ئەم وتەیە پێچەوانەیە لەگەڵ ئەم بڕگەیەی كە لەبارەیەوە دەدوێین، چونكە بەڕێزی (عليه السلام) لێرەدا نەیفەرمووە تەنها ئەو كەسەی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت پێی دەوترێت پێغەمبەر بەڵكو بەڕێزی (عليه السلام) لێرەدا ئەوەی ڕوون كردووەتەوە كە پێغەمبەرایەتیەكەی لەو جۆرە نیە كە پێغەمبەرانی پێشوو ڕاستەوخۆ بەدەستیان دەهێنا. وە ئاشكرایە كە گۆڕانكاری لە جۆری پێغەمبەرایەتی نەرێكردن و ڕەتكردنەوەی پێغەمبەرایەتی پێویست ناكات. هەروەك پێشتر گوتم ئەم وتەیە لە بارودۆخی پێغەمبەرایەتی ناگۆڕێت مەگەر وەك ئەو گۆڕانكارییەی كە ڕوودەدات لە مرۆڤێتی كەسێك كاتێك گوتمان لە خێزانی سەیدەكانە یان لە باتانە، نووسەر.]
لەم دەستەواژەیەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە تاكە هۆكار بۆ ناونانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) و پێغەمبەرانی پێش ئەو بە پێغەمبەر ئەوە بووە كە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداركراونەتەوە لە غەیب [7]. كەواتە ئەو كەسەی ئەم مەرجەی تێدا بێت وەك پێغەمبەرانی پێشوو پێغەمبەر دەبێت لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە، ئەگەرچی پێغەمبەر بێت لە جۆرێكی تر لەڕووی پلەوپایە و هەندێ تایبەتمەندی ترەوە. بۆ نموونە خەڵكی هەموو یەكسانن لەو ڕووەوە كە مرۆڤن بەڵام ڕۆشنبیرەكانیان خاسیەتێكیان هەیە هەموو كەسێك لە جیهاندا نیەتی، ئەگەرچی ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر یەكسانن لەو ڕووەوە كە هەردووكیان مرۆڤن چونكە ڕۆشنبیری مەرجێك نیە بۆ مرۆڤبوون، بەڵام ڕۆشنبیر فەزڵێكی هەیە كە ناڕۆشنبیر نیەتی، یان خاسیەتێكی تێدایە كە لە كەسی ناڕۆشنبیردا نیە، بەڵام هەردووكیان لەڕووی مرۆڤبوونەوە تەواو وەكو یەكن. بەهەمان شێوە ئەو كەسەی ئەمڕۆ ئەو مەرجانەی تێدا بێت كە كەمێك پێشتر باسمكردن پێی دەوترێت پێغەمبەر و پێغەمبەرە و لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە وەكو پێغەمبەرانی پێشووە، چونكە پێغەمبەرانی پێشوویش پێیان گوتراوە پێغەمبەر بەهۆی بوونی ئەم مەرجە یان ئەم مەرجانەوە ئەگەرچی دەكرێت هەندێ لە پێغەمبەرانی پێشوو فەزڵێكیان هەبێت بەسەر ئەم كەسەدا یان خاسیەتێكیان هەبێت كە لەمدا نەبێت.
[7] دەبێت لێرەدا وریای ئەوە بین كە ئایەتی: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِ…﴾ هەر سێ مەرجەكە دەگرێتەخۆی كە پێشتر باسم كردن، وە دەكرێت ئەم سێ مەرجە بە یەك مەرجیش دابنرێن، بەڵام لەبەرئەوەی ژیری هەموو خەڵكی تیژ نیە بەڕادەیەك بتوانن خۆیان بابەتە وردەكان هەڵێنجن بۆیە بەجیا سێ مەرجەكەم باسكرد بۆ تێگەیاندنی هەموو كەسێك هەتا كەس لە تێگەیشتنیدا تووشی ناڕەحەتی نەبێت، ئەگینا مەبەست لە ئاگاداركردن لە غەیب لە ئایەتی ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا % إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ ئەوەیە كە ئەو ئاگاداركردنەوەیە هۆشداری و مژدەدان دەگرێتەوە. لەڕاستیدا ئایەتی ﴿مُّبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ﴾ مەرجێكی جیا باس ناكات بەڵكو ئەم ئایەتەی ئێستا تەفسیر دەكات. وە ناونانی پێغەمبەر لەلایەن خواوە بە پێغەمبەر لە خودی ئایەتەكەوە چەسپاوە چونكە خوای گەورە جگە لە پێغەمبەر كەس ئاگادار ناكاتەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر وەك لەو ئایەتەوە دەردەكەوێت كە ئێستا باسكرا. وە لەبەرئەوەی خوای گەورە پێغەمبەر دەداتەپاڵ خۆی لە دەستەواژەی ﴿رَسُولِهِ﴾دا بۆیە لمەوە دەچەسپێت كە خوا خۆی ناوی دەنێت پێغەمبەر ئەگینا خەڵكی چۆن دەزانن فڵانەكەس گەیشتووەتە ئەم پلەیە. كەواتە ئاگاداركردنەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر بریتیە لە تاكە مەرج بۆ پێغەمبەرایەتی بەڵام دوو مەرجەكەی تر شەرحی ئەم مەرجەن ئەگەرچی لە قورئانی پیرۆزەوە بەڕوونی چەسپاون بەڵام من بەجیا باسم كردن هەتا هەموو كەس ئاگاداریان بێت، ئەگینا مەترسیەك هەبوو كە هەندێ كەس هەردووكیان فەرامۆش بكەن بەمەش پێیان بخلیسكێت. نووسەر.
هەڵبەت هەتا ئێستا پێناسەیەكی تەواو و گشتگیرم خستەڕوو بۆ چەمكی پێغەمبەر و بەگوێرەی ئەوە مرۆڤ ناچار نابێت نكۆڵی بكات لە پێغەمبەرایەتی هیچ پێغەمبەرێك چونكە ئەم پێناسەیە هەموو پێغەمبەران دەگرێتەوە، وە ناكرێت كەسێك پێغەمبەر نەبێت -لەگەڵ بوونی ئەم پێناسەیەدا- بە شێوەیەكی ناڕەوا بچێتە ڕیزی كۆمەڵی پێغەمبەرانەوە، كەواتە ئەم پێناسەیە گشتگیر و ڕێگرە. وەك پێشتر گوتم ئەمە پێناسەی پێغەمبەرە كە خوا (U) و قورئانی پیرۆز و هەموو پێغەمبەران و ئیسلام و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و زمان خستوویانەتەڕوو. وە ئەو كەسەی ئەم پێناسەیە بچەسپێت بە سەریدا گومان نیە لەوەدا كە پێغەمبەرە، وە ئەو كەسەی نكۆڵی بكات لە پێغەمبەرایەتی كەسێك سەرەڕای پیادەبوونی ئەم پێناسەیە بەسەریدا ئەوا ئەو كەسە گەیشتووەتە چڵەپۆپەی نەزانی و گەمژەیی.
لێرەدا دەمەوێت گومانێكی تر نەهێڵم كە ئەویش ئەوەیە: ئەگەر كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت: ئەوەی تۆ نووسیوتە لێیەوە دەچەسپێت ئەو مەرجانەی ئێستا باستكردن مەرجەكانی پێغەمبەرن، بەڵام چۆن دەچەسپێت جگە لەمانە مەرجی تر بوونی نیە؟ بەجۆرێك ڕەنگە هێنانی شەریعەتێكی نوێ یان بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئەمیش مەرجێك بێت بۆ پێغەمبەرایەتی. بەڵام ئەم گومانەش وەك ئەوانەی پێشووی هیچ بناغەیەكی نیە چونكە ئەو پێناسەیە كە پێشتر خستمەڕوو بۆ پێغەمبەر لێیەوە دەچەسپێت كە ئاگاداركردنەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر لە هیچ كەسێكدا نیە كە پێغەمبەر نەبێت. كەواتە ئەگەر چەسپا كەسێك بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداركراوەتەوە لە غەیب؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو كەسە پێغەمبەرە چونكە ئەم سیفەتە بەگوێرەی وتەی خوای گەورە لە كەسێكدا نیە پێغەمبەر نەبێت. كەواتە ساغبوویەوە ئەو كەسەی ئەم مەرجەی تێدایە (لەگەڵ وردەكاری ناوبراو) بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرە. كەواتە، ئەوەی پلەی “ئاگاداركردنەوە بەڕێژەیەكی زۆر لە غەیب”ی بەدەستهێنا ناكرێت لە ڕیزی كۆمەڵی پێغەمبەران دەربكرێت لەبەر هەر هۆكارێكی تر. دووەم، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“سەرنجیان نەداوە لە مانای ڕاستەقینەی “پێغەمبەر”، دیارە مانای پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە لە ڕێگەی وەحیەوە لەلایەن خواوە هەواڵی پێ دەگات، وە شاد دەبێت بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی، وە پێویست نیە بە شەریعەتێكی نوێوە بێت، هەروەك پێویست نیە كە شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نەبێت.” (ضمیمة البراهین الأحمدیة، بەرگی پێنجەم، الخزائن الروحانیة، بەرگە 21، لا306)، هەروەها دەفەرموێت: “مەرج نیە پێغەمبەر خاوەنی شەریعەت بێت، بەڵكو پێغەمبەرایەتی بەخششێكە كە بەهۆیەوە شتانێكی غەیبی ئاشكرا دەكرێن.” (إزالة خطأ). وە لە كتێبی”شایەتیدانی قورئان”دا، لا44، دەفەرموێت: “هەڵبەت دوای تەورات سەدەها پێغەمبەر هاتن لەناو نەوەی ئیسڕائیل بەبێ ئەوەی كتێبی نوێیان هەبێت، وە هەمیشە مەبەست لە هاتنیان ئەوە بووە سەرلەنوێ خەڵكی بگێڕنەوە بۆ فێركاری تەورات كە لە سەردەمی ئەواندا دووركەوتبوونەوە لێی”. وە هەروەها دەفەرموێت:
“هەڵبەت لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا زۆرێك لە پێغەمبەران هەبوون كە كتێبی نوێ دانەبەزیوەتە سەریان، بەڵكو پێشبینییان دەكرد بەهۆی ئەوەی لەلایەن خواوە ئاگاداردەكران.” (ڕۆژنامەی بەدر، ژمارە 5/3/1908ز). لەم سێ دەقەوە ڕوون دەبێتەوە كە بەگوێرەی بۆچوونی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هێنانی شەریعەت پێویست نیە بۆ پێغەمبەر، بەڵكو بەگوێرەی بۆچوونی بەڕێزی لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا زۆرێك لە پێغەمبەران هاتن كە شەریعەتیان نەهێنا. وە شتێكی ڕوونە بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ، ئەویش مەرجێك نیە بۆ پێغەمبەر. كەواتە پێغەمبەر كەسێكە ئەو مەرجانەی بەسەردا دەچەسپێت كە پێشتر باسكران، وە ئەو مەرجانە ئەوانەن كە خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی باسیان كردوون. وە كەسێك دەبێت بە پێغەمبەر، كە پلەوپایە و نازناوێكی ئاسمانیە، ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا بێت نەك ئەوەی پێغەمبەر بێت بەگوێرەی پێناسەیەك كە خەڵكی لە جیهاندا دایاننابێت.
پاش خستنەڕووی پێناسەی پێغەمبەرایەتی و هەندێ لە تایبەتمەندیەكانی، ئێستا تاوتوێی برگەكانی مەولەوی بەڕێز دەكەم كە هەوڵیداوە بەهۆیانەوە بیسەلمێنێت پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو وەك پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی تر نیە بەڵكو پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكانە، بەڵام پێش ئەوە پوختەی پێشەكی و ڕێخۆشكردنەكانی پێشوو دووبارە دەكەمەوە چونكە ئەگەر كەسێك باش حاڵی بێت لەو پێشەكیەی پێشتر تۆمارم كرد؛ ئەوا دەتوانێت بە ئاسانی لە بابەتی پێغەمبەرایەتی تێبگات وەك چۆن دەتوانێت بە ئاسانی ئاوی فێنك بخواتەوە، وە ئەم كەسە تەنها كێشەی ئەو بڕگانە چارەسەر ناكات كە بەڕێز مەولەوی موحەممەد عەلی نەقڵی كردوون لە نامیلكەكەیدا بەڵكو ئەگەر كەسێك ئەم شتانە لەبەر بكات؛ ئەوا ئومێد هەیە لەلایەن خوای گەورەوە تێگەیشتنێكی وەهای پێ بدرێت كە ئەگەر هەر بڕگەیەك بخرێتە پێش چاوی هەرچەند نوێ بێت و وا دەربكەوێت سەخت و قورسە؛ ئەوا بە ئیزنی خوا چارەسەركردنەكەی قورس و گران نابێت بۆی.
پوختەی قسە، هەتا ئێستا ئەوەم ڕوون كردەوە كە پێغەمبەر بەگوێرەی زمانی عەرەبی و قورئانی پیرۆز ئەو كەسەیە كە: (1) خوای گەورە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداری دەكات لە غەیب. (2) ئەو غەیبەی كە خوا ئاگاداری دەكات لێی پێكهاتووە لە تیاچوونێكی گشتگیر یان پێشكەوتن و گەشەیەكی زۆر گەورە و مەزن لەسەر ئاستی نەتەوەكان. (3) خوای گەورە ناوی دەنێت پێغەمبەر. وە ئەو كەسەی ئەم سێ مەرجەی تێدا بێت بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرە. پێویستە هیچ كەسێك فریونەخوات بەوەی هەندێ تایبەتمەندیش هەیە سەرباری مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی و بەهۆی ئەم تایبەتمەندیانەوە پێغەمبەران دابەش دەبن بۆ چەند جۆرێك، بەڵام لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە هەموویان پێغەمبەرن. بەڵگەش ئەوەیە ئێمە تێبینی هەندێ شت دەكەین لە هەندێ پێغەمبەردا و لە هەندێكیاندا تێبینی ئەو شتانە ناكەین، لەمەشەوە دەردەكەوێت كە دەكرێت مرۆڤ بەبێ ئەمانەیش پێغەمبەر بێت، وە ئەو شتانەی كە پەیوەندییان نیە بە چەمكی پێغەمبەرایەتیەوە -وەكو پێگەیشتی پێغەمبەرایەتی بەبێ بوونی كەسێكی تر وەك هۆكار- ئەگەر بوونی هەبوو لە هەموو پێغەمبەراندا و لە یەكێكیاندا نەبوو؛ ئەوا ئەمە ناتەواوی و كەموكوڕی دروست ناكات لە پێغەمبەرایەتیەكەیدا.
وە لەكۆتاییدا: ئەگەر هەندێ وشە زیادكرا بۆ وشەی “پێغەمبەر” بۆ خستنەڕووی تایبەتمەندیەكان؛ ئەوا ئەمە هیچ شتێك لە پلەوپایەكە ناگۆڕێت بەڵكو تەنها بریتیە لە خستنەڕووی تایبەتمەندی. وە كۆمەڵێك بڕگەم گواستەوە لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراو وەك پشتگیرییەك بۆ ئەم شتانە و لێیانەوە سەلماندم كە پێناسەی پێغەمبەر لای بەڕێزی (عليه السلام) هەمان ئەو پێناسەیەیە كە هێنامەوە بە هەڵێنجان لە قورئانی پیرۆز و زمانی عەرەب، وە بەڕێزی (عليه السلام) وای دەبینێت ئەمە هەمان پێناسەی خوای گەورە و قورئانی پیرۆز و پێغەمبەران و ئیسلام و زمانە، وە بەڕێزی (عليه السلام) ئەم پێناسەیەی خستووتەڕوو بەگوێرەی فەرمانی خوای گەورە. وە مادام پێشتر ئەم بابەتەم شەرح كرد و بەتێروتەسەلی باسم كرد بۆیە لێرەدا تەنها بە كورتی باسی دەكەم. وە ئەو كەسەی تێبگات لەم شتانە زۆر بەئاسانی لە بابەتی پێغەمبەرایەتی تێدەگات.
ئێستا باسی ئەو بڕگە و دەستەواژانە دەكەم كە مەولەوی بەڕێز نەقڵی كردوون و بەهۆیانەوە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو -بەگوێرەی بۆچوونی مەولەوی بەڕێز- وەك پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی تر نامێنێتەوە، بەڵكو دەسەلمێنرێت كە وەكو پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكانە. واتە ئەو بڕگانەی كە هەوڵی داوە بە هۆیانەوە بیسەلمێنێت بانگەشەی مەسیحی بەڵێندراو لە سەرەتاوە دەربارەی یەك جۆر لە پێغەمبەرایەتی بووە و هەرگیز نەگۆڕاوە چونكە ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) لە كتێبی “توضیح المرام”دا نووسیویەتی، كە یەكەم كتێب بوو كە بەڕێزی نووسی پاش ئەوەی ڕایگەیاند خۆی مەسیحە، هەمان وتە نووسراوە لەو كتێبانەی بەڕێزیدا كە لە ماوەی كۆتاییدا نووسیونی. هەڵبەت بە دوورودرێژی وەڵامی ئەم پرسیارەم دایەوە: ئایا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕێبازەكەی خۆی گۆڕیوە یان نا؟ وە دواتر بە ئیزنی خوا ڕوونی دەكەمەوە ئەو گۆڕانە چی بووە.
بەهەرحاڵ، مەولەوی بەڕێز ئەم بڕگانەی خوارەوەی نەقڵكردووە: (لە لاپەڕە 4 ی نامیلكەكەی، لە كتێبی “توضیح المرام”ەوە نەقڵیكردووە):
“سەرەڕای ئەوە، بەبێ هیچ گومانێك من لەلایەن خوای گەورەوە وەك موحەددەثێك[*] هاتووم لەم ئوممەتە، وە موحەددەثیش پێغەمبەرە[**] لەڕوویەكەوە چونكە خوای گەورە گفتوگۆ و ئاخاوتنی لەگەڵدا كردووە. وە شتانێكی نادیار و غەیبی ئاشكرا دەبن بۆی، وە وەحیەكەی وەك وەحی پێغەمبەر و نێردراوەكانی تر پاك و بێگەردە لە دەستوەردانی شەیتان و كرۆكی شەریعەت ئاشكرا دەبێت بۆی، وە بەتەواوەتی وەكو پێغەمبەران بە فەرمانپێكراوی دێت، وە وەكو پێغەمبەران واجب دەبێت لەسەری خۆی ڕابگەیەنێت، وە هەر كەسێك باوەڕی پێ نەكات شایستەی جۆرێك لە سزا دەبێت؛ وە پێغەمبەرایەتی تەنها مانای ئەوەیە ئەو شتانەی ئێستا باسكران تێیدا بێتەدی.
[*] بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وازیهێنا لە بەكارهێنانی وشەی “موحەددەث”، وە دەفەرموێت: “ئەگەر ئەو كەسەی كۆمەڵێكی زۆر هەواڵی غەیبی پێ دەگات لەلایەن خوای گەورەوە پێی ناوترێت پێغەمبەر؛ ئەوا پێم بڵێن پێویستە بە چ ناوێك بانگ بكرێت؟ ئەگەر دەڵێن پێویستە پێی بوترێت “موحەددەث”؛ ئەوا دەڵێم لە هیچ فەرهەنگێكدا نەهاتووە كە موحەددەث واتە ئاگاداركردن لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر.” (إزالة خطأ، الخرائن الروحانیة، بەرگی 18، لا 209) هەروەها فەرموویەتی: هەتا ئێستا لەم ئوممەتەدا كەسێك نەهاتووە شایستەی ئەوە بێت نازناوی “پێغەمبەر” بەدەستبهێنێت لەگەڵ ئەوەی موحەددەثەكان هەبوون. لەمەوە دەچەسپێت مەسیحی بەڵێندراو لە داهاتوودا خۆی بەوە ئەژمار كردووە كە پلەیەكی بەدەستهێناوە لە پلەی موحەددەث باڵاترە. نووسەر
[**] لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەرایەتی موحەددەث پێغەمبەرایەتیەكی تەواو نیە، بەڵام هەرچۆنێك بێت پێغەمبەرە بەشێوەیەكی جوزئی و ناتەواو. نووسەر
ئەگەر بیانوو بهێنرێتەوە و بگوترێت دەرگای پێغەمبەرایەتی داخراوە، وە ئەو وەحیەی دادەبەزێتە سەر پێغەمبەران دوای پێغەمبەر (ﷺ) پچڕاوە؛ ئەوا دەڵێم: لە هەموو ڕوویەكەوە دەرگای پێغەمبەرایەتی دانەخراوە و مۆری كۆتایی نەدراوە لە هەموو جۆرە وەحییەكیش؛ بەڵكو دەرگای پێغەمبەرایەتی و وەحی بۆ هەتاهەتایە بە شێوەیەكی جوزئی كراوەیە بۆ ئەم ئوممەتە ڕەحمپێكراوە. بەڵام پێویستە وریای ئەوە بین كە ئەو پێغەمبەرایەتیەی دەرگاكەی بۆ هەتاهەتایە كراوەیە پێغەمبەرایەتی تەواوەتی نیە، بەڵكو وەك كەمێك لەمەوپێش گوتم: پێغەمبەرایەتی جوزئیە[8] و بە گوزارشتێكی تر پێی دەوترێت “موحەددەثییەت” كە لە ڕێگەی شوێنكەوتنی ئەو مرۆڤە تەواوەوە بەدەستدێت كە لە خۆیدا هەموو سیفەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی تەواوی كۆكردووەتەوە؛ واتە گەورە و سەروەرمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ).
[8] هەڵبەت دوای ساڵی 1900ز بەڕێزی وازیهێنا لە بەكارهێنانی دەستەواژەی “پێغەمبەرایەتی جوزئی”. نووسەر.
كەواتە -خوای گەورە ڕێگای ڕاستت پیشان بدات- بزانە پێغەمبەر موحەددەثە و موحەددەث پێغەمبەرە بەگوێرەی بەدەستهێنانی جۆرێك لە جۆرەكانی پێغەمبەرایەتی. ئەوەتا پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: لە پێغەمبەرایەتی تەنها مژدەكان ماوەتەوە، واتە لە جۆرەكانی پێغەمبەرایەتی تەنها یەك جۆر ماوەتەوە كە بریتیە لە مژدەكان… بەڵكو فەرموودەكە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە “پێغەمبەرایەتی تەواو”[*] واتە هەڵگری وەحی شەریعەت پچڕاوە، بەڵام ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە تەنها مژدەی تێدایە هەتا ڕۆژی قیامەت ماوەتەوە و هەرگیز پچڕانی بۆ نیە… پوختەی قسەكەمان ئەوەیە: دەرگاكانی پێغەمبەرایەتی جوزئی هەتاهەتایە كراوەیە. وە لەم جۆرەدا تەنها مژدەی خۆش یان هۆشداری سەبارەت بە كاروبارە نادیارەكان یاخود وردەكاریە قورئانیەكان و زانستە لەدوننیەكان هەیە. بەڵام ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە تەواوە هەموو سیفەتە تەواوەكانی وەحی لەخۆدەگرێت؛ باوەڕمان هەیە بە پچڕانی.” (توضیح المرام، الخزائن الروحانیة، بەرگی3، لاپەڕە 60-61)
[*] لەم وتەیەشەوە ڕوون دەبێتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرایەتی تەشریعی ڕەتكردووەتەوە. نووسەر.
پاشان مەولەوی بەڕێز ئەم بڕگەیەی خوارەوەی هێناوەتەوە لە لاپەڕە 9ی نامیلكەكەیدا كە لە كتێبی “ینبوع المعرفة” وەریگرتووە:
“ئێمە وشەی “النبوة” بۆ ئەو كەلامەی خوا بەكاردەهێنین كە پێشبینی تێدایە، وە ئەو كەسەی ڕێژەیەكی زۆر پێشبینی پێ دەدرێت بەهۆی وەحیەوە كە لەسەردەمەكەیدا كەسی تر هاوتای نەبێت پێی دەڵێین “پێغەمبەر”، چونكە پێغەمبەر كەسێكە ڕێژەیەكی زۆر لە هەواڵی داهاتوو ڕادەگەیەنێت لە ڕێگەی ئیلهامی خواییەوە. وە موسوڵمانانی تر كە دژایەتیمان دەكەن سەرەڕای باوەڕبوونیان بە ئاخاوتنی خوا، بەڵام بە هۆی نەزانینیانەوە وشەی “پێغەمبەرایەتی” بەكارناهێنن بۆ ئەو ئاخاوتنە خواییانەی كە بە ڕێژەیەكی زۆر پێشبینییان تێدایە.” (الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لاپەڕە 189)
“قورئانی پیرۆز زنجیرەی گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی ناپچڕێنێت، وەك دەفەرموێت: ﴿يُلۡقِي ٱلرُّوحَ مِنۡ أَمۡرِهِۦ عَلَىٰ مَن يَشَآءُ مِنۡ عِبَادِهِ﴾ واتە خوای گەورە وتەی خۆی دادەبەزێنێتە سەر هەر كەسێك خۆی بیەوێت. وە هەروەها دەفەرموێت: ﴿لَهُمُ ٱلۡبُشۡرَىٰ فِي ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا﴾ واتە مژدەكان ماوەتەوە بۆ باوەڕداران لەگەڵ ئەوەی مۆر دراوە لە شەریعەت و كۆتایی هاتووە، چونكە تەمەنی دنیا خەریكە كۆتایی دێت. كەواتە، وتەی خوا ماوەتەوە بەشێوەی مژدە هەتا ڕۆژی قیامەت.” (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 188، پەراوێز)
“بێگومان هەموو پێغەمبەرایەتیەكان كۆتاییان هات…[9] بەڵام جۆرێك لە پێغەمبەرایەتی كۆتایی نەهاتووە واتە ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە خەڵات دەكرێت لە ئەنجامی شوێنكەوتنی تەواوەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) و لە چراكەی ئەوەوە ڕووناكی وەردەگرێت.” (سەرچاوەی پێشووو، لا 340)
[9] لەم بڕگەیەشەوە دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراو لێرەدا باسی پچڕانی هەندێ جۆری پێغەمبەرایەتی دەكات و نەیفەرمووە پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی كۆتاییهاتووە چونكە دەفەرموێت: “بەڵام جۆرێك لە پێغەمبەرایەتی هەیە نەپچڕاوە.”
“وە مەبەست لە خۆشەویستی خوا ئەوەیە… خوا شكۆداری بكات بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خۆی… ئەمەش بۆ ئەوەی ئیسلام بە سەوزی و گەشاوەیی بمێنێتەوە بەهۆی ئەم كەسانەوە… هەڵبەت خوای گەورە لە وەحیەكەیدا سەبارەت بە من سەدان جار وشەی “النبوة”[10] و “الرسالة”ی بەكارهێناوە، بەڵام مەبەست لێیان گفتوگۆ و ئاخاوتنە خواییە زۆرەكانە كە پێكهاتوون لە غەیب.” (سەرچاوەی پێشوو، لا340-341)
[10] مانای ئەم دەستەواژەیەش ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەبەستی لە پێغەمبەرایەتی ئاشكرابوونی غەیب بووە بەڕێژەیەكی زۆر. نووسەر.
مەولەوی بەڕێز تا ئێرە دەستەواژەكەی نەقڵ كردووە و ئەو دەستەواژەیەی وازلێهێناوە كە لەدوایەوە دێت، بەڵام من لێرەدا دەیهێنمنەوە:
“لەمە زیاتر نیە، هەموو كەسێك بۆی هەیە لە قسە و گوتاری خۆیدا زاراوەیەك هەڵبژێرێت، چونكە گوتراوە: هەموو كەس بۆی هەیە زاراوە بسازێنێت [سەرنج بدەن لەم دەستەواژەیە بۆ ئەوەی بزانن تا چ ڕادەیەك مەولەوی بەڕێز ئەمانەتپارێز بووە لە هێنانەوەی بڕگەكان. ئەوەتا ئەو دەستەواژەیەی وازلێهێناوە كە مەسیحی بەڵێندراو تێیدا نووسیویەتی ڕێژەی زۆری گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی لەزاراوەی خوادا. نووسەر]. كەواتە ئەمە زاراوەیەكی خواییە، بەجۆرێك خوای گەورە وشەی پێغەمبەرایەتی بەكارهێناوە بۆ ڕێژەی زۆری گفتوگۆ و ئاخاوتن. واتە ئەو ئاخاوتنانەی ڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبییان تێدایە. وە نەفرەت لەو كەسە بێت بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات بە خۆداماڵین لە لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ). بەڵام ئەم پێغەمبەرایەتیەی من پێغەمبەرایەتیەكی نوێ نیە، بەڵكو لەڕاستیدا پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرە (ﷺ)، وە هەمان ئامانج و مەبەستی هەیە.” (سەرچاوەی پێشوو)
پاشان لە لاپەڕە 12دا ئەم بڕگەیەی هێناوەتەوە كە لە پەراوێزی لاپەڕە 154ی كتێبی “حەقیقەتی وەحی”ەوە نەقڵی كردووە:
“لەبیرمان نەچێت زۆرێك لە خەڵكی فریودەخۆن كاتی بیستنی وشەی “پێغەمبەر” لە بانگەشەكەمدا، وە پێیان وایە وەك ئەوەی بانگەشەی ئەو پێغەمبەرایەتیەم كردبێت كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەران بەدەستیانهێناوە لە سەردەمەكانی پێشوودا [لێرەشدا ڕوون دەبێتەوە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی پێ نەگەیشتووە، وە مەبەست ئەوە نیە كە لە بنەڕەتدا پێغەمبەرایەتی پێ نەگەیشتبێت. نووسەر]. لەم باوەڕەدا ئەوان بەهەڵەداچوون. من هەرگیز بانگەشەی ئەمەم نەكردووە، بەڵكو حیكمەتی خوایی ئەم پلەوپایەی پێ خەڵاتكردووم وەك بەڵگەیەك لەسەر تەواوی و بێكەموكوڕی سەرڕێژبوونی ڕۆحانی پێغەمبەر (ﷺ)، بەجۆرێك منی گەیاندە پلەی پێغەمبەرایەتی بەهۆی بەرەكەتی لێشاوە ڕۆحیەكەی پێغەمبەرەوە (ﷺ). لەبەر ئەوە ناكرێت و ناگونجێت بەتەنها پێم بوترێت پێغەمبەر، بەڵكو لەلایەكەوە پێغەمبەرم و لەلایەكی ترەوە سەر بە ئوممەتی پێغەمبەرم (ﷺ) [دواتر مانای پێغەمبەر لەم ئوممەتە شەرح دەكەم. (نووسەر)]. وە پێغەمبەرایەتی من سێبەرێكە [دواتر مانای پێغەمبەری سێبەرئاسا شەرح دەكەم. (نووسەر).] بۆ پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (ﷺ) و پێغەمبەرایەتیەكی ئەسڵی نیە.”
پاشكۆی كتێبی “حەقیقەتی وەحی” (الاستفتاء) لاپەڕە 689:
“مەبەستی خوا لە پێغەمبەرایەتیەكەم تەنها ڕێژەی زۆری [*] گفتوگۆ و ئاخاوتنە و نەفرەتی خوا لەو كەسە بێت لەمە زیاتری ویستووە.”
[*] ناكرێت لەم بڕگەیەشەوە شتێك هەڵێنجین جگە لە جۆری پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو كە تەنها بریتیە لە ڕێژەی زۆری گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی و پێغەمبەرایەتیەك نیە بە شەریعەتێكی نوێوە. نووسەر.
“وە ناونراوم پێغەمبەر لەلایەن خواوە بەشێوەی مەجاز [**]. نەك بەشێوەی حەقیقی.” (سەرچاوەی پێشوو)
[**] ئەم بڕگەیەش مانای ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە چونكە وەسفی پێغەمبەرایەتی حەقیقی كردووە بەوەی كە مەبەست لێی پێغەمبەرایەتی تەشریعیە. دواتر بە ئیزنی خوا بە تێروتەسەلی شەرحی پێغەمبەرایەتی مەجازی دەكرێت. نووسەر
وە لە لاپەڕە 11ی نامیلكەكەیدا ئەم دەستەواژەیەی لە كتێبی “مواهب الرحمن”ەوە گواستووەتەوە:
“بێگومان ئەو كەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات و باوەڕی بەوە نیە تاكێكە لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) و لە ڕێگەی بەرەكەتی ئەوەوە هەموو شتێكی بەدەستهێناوە و بەروبوومێكە بێت لە باخچەكەی ئەو (ﷺ)[11] و دڵۆپێكە لە نمە بارانەكەی و تیشكێكی كەمە لە ڕووناكیەكەی، ئەوا ئەو كەسە نەفرەتلێكراوە و نەفرەتی خوا لە یارمەتیدەران و شوێنكەوتووان و هاوكارانی بێت.” (مواهب الرحمن، الخزائن الروحانیة، بەرگی 19، لاپەڕە 287)
[11] گومانی تێدا نیە مەسیحی بەڵێندراو لەلایەكەوە دەركەوتەیەكە بۆ پێغەمبەر (ﷺ)، وە لەلایەكی ترەوە بەرهەمێكی باخچەكەی ئەوە (ﷺ). هەڵبەت سەدەها هەزار كەس لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) هەبوون كە زۆر چاكەكار بوون. دیارە مەسیحی بەڵێندراو یەك بەرهەمە -لەڕووی ژمارەوە- لە باخچەكەی پێغەمبەر (ﷺ) و دڵۆپێكە لە نمە بارانەكەی. ئیتر چۆن لەمەوە ئەو ئنجامە وەردەگیرێت كە پێغەمبەر نەبووە. پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت خۆی كۆتا خشتە لە كۆشكی پێغەمبەرایەتی، دەی ئایا لەمەوە دەچەسپێت كە ئەو (ﷺ) پێغەمبەر نەبوو چونكە خشتێك بووە؟ بەڵكو لەڕاستیدا باشترین و پایەبەرزترین خشت بووە لە هەموو خشتەكانی كۆشكی پێغەمبەرایەتی، وە كۆكەرەوەی هەموویان بووە، بەڵام لەڕووی ژمارەوە یەكێك بووە لە سەدەها هەزار. بەهەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراو دەركەوتەیەكی تەواو بوو بۆ پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵام لە لایەكەوە بەرهەمێك بووە لە باخچەكەی و دڵۆپێك بووە لە نمە بارانەكەی بە جۆرێك ملیۆنەها كەس بوون بە دۆستی خوا بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ). نووسەر.
وە لە لاپەڕە 11 ئەم دەستەواژەیەی لە كتێبی “الوصیة” گواستووەتەوە:
“بە شوێنكەوتنی (واتە بە شوێنكەوتنی پێغەمبەرایەتی موحەممەدی) مرۆڤ شكۆدار دەبێت بە خۆشەویستی و گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی، زیاتر لەوەی كە پێشتر دەستیداوە و هەبووە. بەڵام بە شوێنكەوتە تەواوەكەی تەنها ناوترێت پێغەمبەر چونكە لەمەدا خراپە و سووكایەتی هەیە بە پێغەمبەرایەتی تەواو و گشتگیری موحەممەدی، بەڵكو لە یەك كاتدا دوو گوزارشت بەسەریدا دەچەسپێت: “پێغەمبەر و ئوممەتی” وە لەسەر ئەم شێوازە هەندێ تاك[12] نازناوی پێغەمبەریان بەدەستهێناوە لەگەڵ ئەوەی تاكێك بوون لە ئوممەت”. (الخزائن الروحانیة، بەرگی20، لاپەڕە 311-312)
[12] بە ئیزنی خوا دواتر وەڵامی ئەم پرسیارە دەدرێتەوە: ئایا تەنها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر بووە یان لە ڕابردوودا خەڵكانێكی تریش هەبوون وەكو ئەو؟ بەڵام لەم بڕگەیەوە تەنها ئەوە دەردەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) تەنها پێغەمبەرێك نیە بەڵكو تاكێكیشە لە ئوممەت، وە ئێمە دان بەمەدا دەنێین. بەڵام ئەگەر تاكێكە ئوممەت ئەوا چۆن لەمەوە دەچەسپێت كە پێغەمبەر نیە؟! نووسەر.
سەرباری بڕگەكانی سەرەوە كۆمەڵێك دەستەواژەی هاوشێوە هەن كە مەبەست لێیان نەرێكردنی پێغەمبەرایەتیە، ئەوانیش دەهێنمەوە بۆ ئەوەی بە یەكەوە وەڵامی هەموویان بدەمەوە، دەستەواژە هاوشێوەكان ئەمانەی خوارەوەن:
دەستەواژەكانی پێش ساڵی 1901ز كە دەخرێنەڕوو بە ئامانجی سەلماندنی ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە
“بیستوومە هەندێ لە گەورە زانایانی ئەم شارە “دەلهی” بوختانێك دەربارەی من بڵاودەكەنەوە و دەڵێن ئەم كەسە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات و نكۆڵی لە فریشتەكان دەكات و نكۆڵی لە بەهەشت و دۆزەخ دەكات، هەروەها بوونی جبریل و شەوی قەدر و موعجیزە و میعراجی پێغەمبەر (ﷺ) بەتەواوەتی ڕەت دەكاتەوە. بۆیە بۆ دەرخستنی ڕاستی بە هەموو خەڵكی، خەڵكی گشتی و تایبەت و هەموو پیاوچاكان، دەڵێم: ئەم تۆمەتە درۆیەكی شاخدارە. بانگەشەی پێغەمبەرایەتی ناكەم و نكۆڵی ناكەم لە موعجیزە و فریشتە و شەوی قەدر و هتد. بەڵكو باوەڕم بە هەموو ئەو شتانە هەیە كە دەچنە چوارچێوەی بیروباوەڕە ئیسلامیەكانەوە. بەهەمان شێوە باوەڕم بەهەموو ئەو شتانە هەیە كە دانیان پێدا نراوە و چەسپاون لە قورئان و فەرموودەدا وەك ئەوەی بیروباوەڕی كۆمەڵی ئەهلی سوننەت چۆنە. ئەو كەسەی دوای گەورە و سەروەرمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) كە خاتەمی پێغەمبەرانە، بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات بە درۆزن و كافری لەقەڵەم دەدەم. یەقینم هەیە كە وەحی پەیام (وحي الرسالة) لە هەڵبژێردراوی خوا ئادەمەوە (عليه السلام) دەستیپێكرد و لە گەورەمان پێغەمبەری خوا موحەممەدی هەڵبژاردەدا (ﷺ) كۆتاییهات.” (مجموعة الإعلانات، بەرگی1، لا230-231، ڕاگەیاندنێك لە ڕێككەوتی 2/10/1890ز) [لەم بڕگەیەشدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نكۆڵی كردووە لە ناونانی پێغەمبەرایەتی و لەوەی پێغەمبەر بێت و نەیفەرمووە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار ناكرێت لە غەیب، یان خوا ناوی نەناوە پێغەمبەر. لەو تۆمەتانەوە كە ئێستا باسكران وا دەردەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) تۆمەتێك هەڵدەوەشێنێتەوە و دەفەرموێت ئایینێكی نوێی نەهێناوە، چونكە یەكێك لەو تۆمەتانە ئەوەیە كە گوایە بەڕێزی (عليه السلام) نكۆڵی دەكات لە فریشتەكان و جریل و بەهەشت و دۆزەخ. بەڵام دواتر باسی ئەوە دەكرێت كە بۆچی نكۆڵیكردووە لە پێغەمبەرایەتی و مانای ئەوە چیە. نووسەر.]
“بێگومان هەموو سیفەتە تەواوەكانی خەڵكی لە خودی پێغەمبەری ئازیزماندا (ﷺ) كۆبوونەتەوە، لەبەر ئەوە ڕەوانەكرا بۆ هەموو جیهان و ناوی لێ نرا ڕەحمەت بۆ جیهانەكان. وە لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: “وإنك لعلی خلق عظیم” ئاماژەكراوە بۆ سەرجەم سیفەتە تەواوە مرۆییەكان. لەبەر ئەم هۆكارە خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی تەواو لە پێغەمبەردا (ﷺ) گەیشتوونەتە چڵەپۆپە. شتێكی چەسپاوە كە كۆتایی شت بەگوێرەی كۆتایی هۆكارە داواكراوەكەیەتی. هەروەك چۆن كاتێك داخوازی و مەبەستەكانی كتێبێك كۆتایی دێن خودی كتێبەكە كۆتایی دێت، بەهەمان شێوە ئامانجی داواكراو لە پەیام و پێغەمبەرایەتی گەیشتە چڵەپۆپە و تەواو بوو لە پێغەمبەری خوادا (ﷺ)، ئەمەیە مانای خەتمی پێغەمبەرایەتی چونكە زنجیرەیەكی بەردەوام بوو بەڵام كاتێك گەیشتە مرۆڤی تەواو كوتایی هات.” (لاپەڕە 17، دێڕی 17)
“ئەو خاسیەتە تەواوانەی كە خوا لە زنجیرەی پێغەمبەرایەتیدا داینان هەموویان لە ڕێپیشاندەری تەواودا كۆتاییان هات و گەیشتنە چڵەپۆپە، وە بەردەوام سێبەر ئاسا و بەشێوەی نواندن بۆ هەتاهەتایە بەهۆی نوێكارەكانەوە تیشكی ڕووناكی خۆی دەگەیەنێت بە جیهان [13]. سێبەر ئاسا بەردەوام سێبەری خۆی پەخش دەكات بەسەر جیهاندا. وە خوای گەورە ئەم زنجیرەیە بەردەوام دەكات هەتا ڕۆژی قیامەت.” (الدین الحق، لا67، وتاری ژمارە1، لا22، بڵاوكراوەی دووەم لە ساڵی 1899ز)
[13] لەم بڕگەیەشەوە ڕوون دەبێتەوە كە خەتمی پێغەمبەرایەتی لای مەسیحی بەڵێندراو مانای ئەوەیە هەموو سیفەتە تەواوەكان لە پێغەمبەردا (ﷺ) گەیشتوونەتە چڵەپۆپە، دوای ئەو كەس هیچ سیفەتێكی تەواو بەدەست ناهێنێت مەگەر سێبەرئاسا بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستیبهێنێت. ئەو كەسانەی دەستەواژەی “سێبەرئاسا” بەشێوەیەك تەفسیر دەكەن كە تەنها ناوێكە نەك شتێكی تر و دەڵێن مەبەست لە پێغەمبەری سێبەرئاسا ئەوە نیە كە بەڕێزی (عليه السلام) بووبێت بە پێغەمبەر بەڵكو مەبەست ئەوەیە تەنها ناونراوە پێغەمبەر، پێویستە سەرنج بدەن لەم بڕگەیە، ئەوەتا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لێرەدا دەربارەی هەموو سیفەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی فەرموویەتی كە سێبەرئاسا بەدەستدەهێنرێن. ئەگەر مانای سێبەرئاسا ئەوە بێت كە ئەو كەسانە دەیڵێن؛ ئەوا مانای وایە ئەولیاكان لەڕاستیدا ئیلهام و خەونی ڕاست و كەشفیان پێ ناگات بەڵكو تەنها بە ئیلهام و خەونی ڕاست و كەشف ناوزەد دەكرێن چونكە ئیلهام و ڕوئیا لە سیفەتە تەواوە هەرە گەورەكانی پێغەمبەرایەتین بۆیە ناكرێت و ناگونجێت ئێستا بدرێن بە هیچ كەسێك. بەڵام بەگوێرەی وتەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەكرێت سێبەرئاسا ئەم خاسیەتە تەواوانەیش بەدەستبهێنرێن. وە بەگوێرەی تێگەیشتنی ئەوان بۆ مانای دەستەواژەی پێغەمبەری سێبەرئاسا شتی سێبەرئاسا حەقیقەتی نیە. كەواتە كاتێك چەسپا ئیلهامەكانیش سێبەرئاسا بەدەستدەهێنرێن ئەوا دەبێت نكۆڵییان لێ بكرێت، وە دەبێت بوترێت وەك چۆن مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نیە چونكە خۆی بە پێغەمبەرێكی سێبەرئاسا ئەژماركردووە كەواتە ئیلهامەكانیشی ئیلهام نین لەڕاستیدا چونكە بەڕێزی (عليه السلام) هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی بە سێبەرئاسا ئەژماركردووە، وە ئاشكرایە ئیلهام لە بەرزترین خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتیە، كەواتە دەبێت نكۆڵی بكرێت لە پلەوپایەی مەسیحی بەڵێندراو و پلەوپایەی هەموو ئەو پیاوچاكانەی لە پێشیەوە هاتوون. دووبارەی دەكەمەوە و دەڵێم ئەوەی كە بەڕێزی (عليه السلام) مەسیح و مەهدیە ئەمەیش هەر سێبەرئاسایە، كەواتە هەروەك چۆن ئێوە بە پێغەمبەری نازانن بەهەمان شێوە پێویستە بەلاتانەوە ڕەوا نەبێت كە بە مەسیح و مەهدیش لەقەڵەم بدرێت، چونكە بەڕێزی هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی بە سێبەرئاسا دادەنێت. وە لێرەدا مەبەست لەوەی مەسیحە ئەوەیە سێبەرئاسا هەموو ئەو خاسیەتە تەواوانەی بەدەستهێناوە كە لە مەسیحدا هەبوون، وە ئاشكرایە مەسیح پێغەمبەرێك بووە، وە مەبەست لەوەی مەهدیە ئەوەیە سێبەرئاسا ئەو خاسیتە تەواوانەی بەدەستهێناوە كە بوونیان هەبووە لە مەهدی هەرە گەورە موحەممەدی هەڵبژاردەدا (ﷺ). بۆیە پێویستە لەسەرتان باوەڕتان پێی نەبێت (عليه السلام) كە مەسیح و مەهدیە چونكە هەموو ئەوەی بەدەستیهێناوە سێبەرئاسا بەدەستیهێناوە. بەڵام ئەم بیروبۆچوونە پووچە. مانای سێبەرئاسا ئەوەیە كە ئەو شتەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەدەستیهێناوە تەنها بەهۆی بەرەكەتی موحەممەد پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بەدەستیهێناوە. وە ئەمەش مانای ئەوە نیە كە نابێت ناوبنرێت پێغەمبەر و مەسیح و مەهدی. بەڵكو لەڕاستیدا ئەو پێغەمبەر و مەسیح و مەهدیش بووە و ئەم پلەوپایانەی بەڕێزی هەموو سێبەرئاسایە واتە بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) و بەهۆی تیشكدانەوەی ڕووناكی پێغەمبەر (ﷺ) تێیدا بەدەستیهێناون. ئەو كەسەی بیروباوەڕی پێچەوانەی ئەمە بێت لەسەر حەق نیە. نووسەر
“سوپاس بۆ خوا و دروود و سڵاو بۆ سەر گیانی پێغەمبەرەكەی خاتەمی پێغەمبەران. پاش ئەوە بەوپەڕی ئەدەبەوە بە هەموو موسوڵمانان دەڵێم هەموو ئەو دەستەواژانەی كە لە كتێبەكانمدا “فتح الإسلام” و “توضیح المرام” و “إزالة الأوهام”دا هاتوون وەك موحەددەث پێغەمبەرە لە یەك ڕووەوە یان موحەددەثیەت پێغەمبەرایەتی جوزئیە یان موحەددەثیەت پێغەمبەرایەتی ناتەواوە، هەموو ئەم دەستەواژانە بە مانا حەقیقیەكانیان وەرناگیرێن، بەڵكو زۆر بەسادەیی لەڕووی مانا زمانەوانیەكانیانەوە باسمكردوون. ئەگینا حاشا لله، من هەرگیز بانگەشە پێغەمبەرایەتی حەقیقی ناكەم. بەڵكو هەروەك چۆن لە لاپەڕە 137ی كتێبی “إزالة الأوهام”دا گوتم من باوەڕم بەوە هەیە كە گەورە و سەروەرمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) خۆی خاتەمی پێغەمبەرانە. بۆیە دەمەوێت ڕوونی بكەمەوە بۆ هەموو برا موسوڵمانەكان ئەگەر ئێوە تووڕەن لەم وشانە یان لەسەر دڵتان قورسە؛ ئەوا بە گۆڕاو ئەژماریان بكەن و لەلایەن منەوە وشەی “موحەددەث” لە جیاتیان دابنێن چونكە من بە هیچ شێوەیەك پەرتەوازەیی و دووبەرەكیم ناوێت لەناو موسوڵماناندا. خوای گەورە باشتر نیازم دەزانێت كە لە سەرەتاوە مەبەستم لە وشەی “پێغەمبەر” هەرگیز پێغەمبەرایەتی حەقیقی نەبووە بەڵكو مەبەستم تەنها موحەددەثیەت بووە [14]، وە پێغەمبەر (ﷺ) لەم فەرموودەیەیدا مانای ئەم وشەیەی خستووەتەڕوو كە بریتیە لە “المكلم، قسەلەگەڵكراو”: لە ئەبو هورەیرەوە گوتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: پێش ئێوە لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا پیاوانێك هەبوون قسەیان لەگەڵدا دەكرا (لەلایەن خواوە) بەبێ ئەوەی پێغەمبەر بن، جا ئەگەر لە ئوممەتی مندا كەسێك لەوانە هەبێت ئەوا عومەرە.” (صحیح البخاري، كتاب المناقب، مناقب عمر بن الخطاب) (مجموعة إعلانات، ڕاگەیاندنی شوباتی ساڵی 1892ز)
[14] جوان بیربكەنەوە لە خاڵێك، مەسیحی بەڵێندراو لەم ڕاگەیاندنەدا خۆی بە پێغەمبەرێكی ناتەواو داناوە و فەرموویەتی بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەیە تەنها بە مەبەستی خۆبەكەمزانین بووە، پاشان فەرموویەتی مەبەستی لە پێغەمبەر تەنها موحەددەثیەتە بۆیە لە هەر شوێنێكدا وشەی “پێغەمبەر” هەبوو بیگۆڕن بە “موحەددەث”، وە ئەم فەرموودەیەی هێناوەتەوە بە بەڵگە لەسەر ئەم خاڵە: “پێش ئێوە لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا پیاوانێك هەبوون قسەیان لەگەڵدا دەكرا (لەلایەن خواوە) بەبێ ئەوەی پێغەمبەر بن”. بەڵام پێویستە ئاشكرا بێت كە لێرەدا دەستەواژەی” قسەیان لەگەڵدا دەكرا” هاتووە و ئەوە نەهاتووە كە بەڕێژەیەكی زۆر ئیلهامیان پێ دەگەیشت و ئیلهامەكەیشیان پێكهاتبوو لە هەواڵە غەیبیەكان. وە ئاشكرایە كە زۆری هەواڵە غەیبیەكان مەرجە بۆ پێغەمبەر بۆیە ئەوان ناونەنراون بە پێغەمبەر لەگەڵ ئەوەی ئیلهامبۆكراو بوون. بەهەمان شێوە لەم ڕۆژگارەشدا ژمارەیەكی زۆر خەڵكی هەن ئیلهامیان پێ دەگات بەڵام لەبەرئەوەی بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادارناكرێنەوە لە غەیب و نادیار لە ئیلهامەكانیاندا بۆیە پێیان ناگوترێت پێغەمبەر. وە دەبێت ئەوەش بیربهێنرێتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لێرەدا نووسیویەتی پێغەمبەر نیە بەڵكو موحەددەثە و مەبەستی لە پێغەمبەر تەنها موحەددەثە، وە نەیفەرمووە كە بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبی پێناگات. وە لەم بڕگەیەشدا نكۆڵی نەكردووە لە مەرجێك لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی. بەڵام: بۆچی خۆی بە موحەددەث داناوە لەجیاتی” نەبی” یان “ڕەسول”؟ دواتر بە تێروتەسەلی وەڵامی ئەم پرسیارە دەدینەوە. نووسەرە.
“خوا دەزانێت من موسوڵمانم و باوەڕم هەیە بە هەموو ئەو بیروباوەڕانە كە ئەهلی سوننە و جەماعەت باوەڕیان پێی هەیە و باوەڕم هەیە بە وشەی چاك: لا إله إلا الله محمد رسول الله، وە نوێژ دەكەم و ڕوودەكەمە قیبلە، وە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی [17] ناكەم بەڵكو لای من ئەم جۆرە بانگەشەكارە لە دەرەوەی ئیسلامە.” (الحكم السماوي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 4، لاپەڕە 313)
[17] دواتر ئەوەیش شەرح دەكەم كە مەبەست لەمە چیە، بەڵام پێویستە ئاشكرابێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لێرەشدا نكۆڵی نەكردووە لە درێژەی چۆنێتی پێغەمبەرایەتی، واتە نەیفەرمووە ئەو پلەیەی بەدەستنەهێناوە كە تێیدا مرۆڤ بەڕێژەیەكی زۆری ئاگادار دەكرێتەوە لە غەیب. نووسەر.
“ئەی كەسانی بەویژدان پاش بیركردنەوە وەڵامم بدەنەوە، ئایا لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە لە سەردەمێك لە سەردەمەكاندا كەسێك ڕەوانەدەكرێت بە كۆمەڵێك حوكمی نوێوە بۆ شكاندنی خاچە ماددیەكان و كوشتنی هاوپەیمانان و كوشتنی بەراز و نەسخكردنەوەی هەندێ حوكمی قورئان، ئەوسا ئەم ئایەتە: ﴿ٱلۡيَوۡمَ أَكۡمَلۡتُ لَكُمۡ دِينَكُمۡ﴾ (المائدة: 4) و ئایەتی: ﴿حَتَّىٰ يُعۡطُواْ ٱلۡجِزۡيَةَ عَن يَدٖ﴾ نەسخ دەبنەوە، وە وەحیە نوێیەكە وەحی قورئان نەسخ دەكاتەوە؟
ئەی خەڵكینە، وە ئەی ئەوانەی پێتان دەوترێت نەوەی موسوڵمانان، مەبن بە دوژمنی قورئانی پیرۆز، دوای خاتەمی پێغەمبەران زنجیرەیەكی نوێ بۆ وەحی پێغەمبەرایەتی دەستپێمەكەن، شەرم بكەن لەو خوایەی كە لەبەردەمیدا دەوەستێنرێن. (سەرچاوەی پێشوو، لا335) [“لەم بڕگەیەشەوە دەردەكەوێت بەڕێزی (عليه السلام) نكۆڵیكردووە لە پێغەمبەرایەتیەك كە قورئان نەسخ بكاتەوە و شەریعەتێكی نوێ بهێنێت. نووسەر.]
“دووەم: بەهۆی هەڵەیەكی گەورەوە ئەوە لە دڵی سەید میردا جێگیربووە وەك ئەوەی من یەكێك بم لە سروشتپەرستەكان و نكۆڵی بكەم لە موعجیزەكان و شەوی قەدر، وە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكەم و تاوانی سووكایەتی كردن بە پێغەمبەران (علیهم السلام) ئەنجام بدەم و پشت هەڵبكەم لە بیروباوەڕەكانی ئیسلام.” (سەرچاوەی پێشوو، لا347) [لەم دەستەواژەیەشدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نكۆڵی لە پێغەمبەرایەتیەك كردووە كە تێیدا پشت بكرێت لە بیروباوەڕەكانی ئیسلام، وە نكۆڵی نەكردووە لە پێغەمبەرایەتیەكی تر. بەڵام گریمان نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتی بە هەموو جۆرەكانیەوە ئەوا دواتر شرۆڤەی ئەمیش دەكرێت بەڵام دەبێت ئەوە بیربهێنرێتەوە كە لەم دەستەواژەیەشەوە ئەو مانایە ناچەسپێت كە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار نەكراوە لە غەیب. نووسەر.]
“بانگەشەی پێغەمبەرایەتی و دەرچوون لە ئایین ناكەم و نكۆڵی ناكەم لە موعجیزەكان و بوونی فریشتەكان و شەوی قەدر، بەڵكو باوەڕم بەوە هەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە بگرە بەدڵنیایی تەواوەتیەوە دەزانم و باوەڕێكی پتەوم بەوە هەیە كە پێغەمبەرمان (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، وە دوای ئەو هەرگیز پێغەمبەرێك نایەت بۆ ئەم ئوممەتە چ كۆن بێت یان نوێ، وە هەرگیز خاڵێك یان سەروبۆرێك لە قورئانی پیرۆز نەسخ نابێتەوە، بەڵام دەكرێت موحەددەثەكان بێن، ئەوانەی كە شكۆی گفتوگۆی و ئاخاوتنی خوایی بەدەستدەهێنن و سێبەرئاسا هەندێ خاسیەتی پێغەمبەرایەتی تەواو بەدەستدەهێنن، وە لە هەندێ ڕووەوە بە ڕەنگی پێغەمبەرایەتی ڕەنگ دەبن، وە من یەكێكم لەو موحەددەثانە.” (الآیة السماویة، الخزائن الروحانیة، بەرگی4، لا390-391) [لەم دەستەواژەیەشدا هەمان شت دووبارە كراوەتەوە كە ئەو كەسانە پلەكەیان پێی دەوترێت موحەددەثیەت نەك پێغەمبەرایەتی، وە بەڕێزی (عليه السلام) موحەددەثێكە لەو موحەددەثە زۆرانە، وە لەم ئوممەتەدا پێغەمبەرێك نایەت كۆن بێت یان نوێ. بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) لێرەشدا نەیفەرمووە كە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادارنەكراوەتەوە لە غیب و نادیار. بەڵام دواتر بە تێروتەسەلی وەڵامی شتەكانی تر دەدرێنەوە. نووسەر.]
“بێگومان تاكەكانی ئەم ئوممەتە -ئەگەر پێغەمبەریش نەبن- وەك پێغەمبەران خوا قسەیان لەگەڵدا دەكات. وە ئایەتە ڕۆشنەكانی خوا لەسەر دەستیاندا دەردەكەون -ئەگەرچی ڕەسولیش نەبن- [*] وەك چۆن لەسەر دەستی پێغەمبەران دەركەوتوون، وە لەم ئوممەتەدا ڕووبارەكانی ژیانی ڕۆحی ڕەوان دەبن و هیچ كەسێك لەمەدا كێبڕكێ ناكات لەگەڵیدا. ئایا كەسێك هەیە كێبڕكێ بكات لە پیشاندانی بەرەكەت و نیشانەكان و بەرپەرچی ئەم بانگەشەیەم بداتەوە؟” (مرآت كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة، بەرگی 5، لا224)
[*] هەڵبەت لێرەشدا بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی خۆی نەبی و ڕەسول نیە و نەیفەرمووە ئەو پلەیەی بەدەستنەهێناوە كە تێدا مرۆڤ بەڕێژەیەكی زۆر غەیبی بۆ ئاشكرا دەبێت، بەڵكو فەرموویەتی وەكو پێغەمبەران نیشانە ڕۆشنەكانی خوا لەسەردەستیدا دەردەكەون، بەڵام بۆچی نكۆڵی كردووە لەوەی پێغەمبەر بێت، ئەوە دواتر شەرحی دەكەین. میرزا مەحموود ئەحمەد.
“كاتێك دۆخی كەسێك دەگاتە ئەم پلەیە كارەكەی بەتەواوەتی شاراوە دەبێت لە خەڵكی ئەم جیهانە و سێبەرئاسا هەموو پلەكانی هیدایەت و هەموو پایە بڵندەكان بەدەستدەهێنێت كە پێشتر پێغەمبەران بەدەستیانهێناون و دەبێت بە میراتگر و جێگری پێغەمبەران [18]. وە ئەو ڕاستیەی كە بۆ پێغەمبەران پێی دەوترێت موعجیزە بە ناوی كەرامەتەوە لەم كەسەدا دەردەكەوێت. وە ئەو ڕاستیەی كە بۆ پێغەمبەران پێی دەوترێت عیسمەت، بۆ ئەو پێی دەوترێت پارێزراوی. وە ئەو ڕاستیەی كە بۆ پێغەمبەران پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی بەشێوەی موحەددەثیەت تێیدا دەردەكەوێت. ڕاستیەكە چۆنە وەك خۆی دەمێنێتەوە بەڵام بەڕەچاوكردنی لاوازی و بەهێزیەكەی كۆمەڵێك ناوی جیاوازی پێ دەدرێت؛ لەبەر ئەوە وشە پیرۆزەكانی پێغەمبەر (ﷺ) ئاماژە دەكەن بۆ ئەوەی كە موحەددەث لەڕووی هێزەوە (بالقوة) پێغەمبەرە. وە ئەگەر دەرگای پێغەمبەرایەتی دانەخرایە؛ ئەوا لە هەموو موحەددەثێكدا هێز و لێهاتوویەكی ئەوتۆ هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە پێغەمبەر. كەواتە لە ڕوانگەی ئەم توانا و ئامادەییەوە ڕەوایە مانا پێغەمبەر بدرێت بە موحەددەث؛ واتە ڕەوایە بوترێت: “موحەددەث پێغەمبەرە”، بەجۆرێك دەڵێن: “ترێ سەرخۆشكەرە” بەڕەچاوكردنی توانا و ئامادەیی سەرخۆشكردن تێیدا، ئەم جۆرە ماناپێدانە لە دەربڕینەكانی خەڵكیدا شتێكی باوە، وە بەم شێوەیە خەڵكی گفتوگۆیان كردووە، هەروەك شاراوە نیە لە هەر كەسێكی زیرەك و زانا كە شارەزایە لە كتێبەكانی وێژە و كەلام و سوفیگەری. وە كاتێك خوا (U) خوێندنەوەی ئایەتی: “و ما أرسلنا[*] من رسول ولا نبي ومحدث”ی كورتكردووەتەوە لە خوێندنەوەی دووەمدا و بەم وشانە وازیهێناوە: ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَا مِن قَبۡلِكَ مِن رَّسُولٖ وَلَا نَبِيٍّ﴾ (الحج: 53). ئاماژەی بۆ ئەم مەبەستە كردووە. (سەرچاوەی پێشوو. لاپەڕە237-239)
[18] هەروەها لەم دەستەواژەیەوە ڕوون دەبێتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) بانگەشەی ئەوە دەكات كە نیعمەتەكانی پێغەمبەرانی پێگەیشتووە، ئەگەرچی ناوەكانیانی گۆڕیوە، دواتر هۆكاری ئەمە باسدەكەین. میرزا مەحموود ئەحمەد.
[*] لێرەدا بە هەڵە دەستەواژەی “من قبلك” نەنووسراوە.
“دەڵێت: هەڵبەت ئەو كەسانەی لەگەڵ بەڕێز میرزادا هاوڕان هەروەها نەیارەكانیشی تووشی توندگیری و شلگیری بوون، ئەو كەسەی دەڵێت من باوەڕم بە قورئانی پیرۆز هەیە و نوێژدەكەم و ڕۆژووی ڕەمەزان دەگرم و ئیسلام فێری خەڵكی دەكەم ڕەوا نیە پێی بوترێت كافر، هەروەك بەرزكردنەوەی كەسێك لە پلەی زاناوە بۆ پۆست و پایەی پەیامبەرێتی ئەمیش هەر ڕەوا و شیاو نیە.
دەڵێم: (ڕوونی دەكەمەوە بۆ كەسێك عەوداڵی دادپەروەریە).. دژیەكیەك هەیە لە وتەی یەكەمیدا، چونكە لەلایەكەوە بەوپەڕی سۆز و نەرمونیانیەوە وا خۆی دەردخات كە پابەندە بەڕاستیەوە و دەڵێت ڕەوا نیە وەسفی موسوڵمان بكرێت بە كافر، وە لەهەمان كاتدا و بە هەمان زمان ڕای خۆی دەردەبرێت دەربارەی من وەك ئەوەی كۆمەڵەكەم باوەڕیان بە من هەبێت كە لەڕاستیدا پێغەمبەری خوام و لەڕاستیدا بانگەشەی پێغەمبەرایەتیم كردووە. جا ئەگەر بۆچوونی یەكەمی نووسەر ڕاستە و موسوڵمانم و باوەڕم هەیە بە قورئانی پیرۆز؛ ئەوا بۆچوونی دووەمی كە بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت من بانگەشەی پێغەمبەرایەتیم كردووە بۆچوونێكی هەڵەیە، وە ئەگەر لە بۆچوونی دووەمیدا پێكاویەتی؛ ئەوا لە بۆچوونی یەكەمیدا هەڵەی كردووە كە بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنێت من موسوڵمانم و باوەڕم هەیە بە قورئانی پیرۆز، ئایا دەگونجێت درۆزنێكی بەدبەخت[19] كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات باوەڕی هەبێت بە قورئانی پیرۆز؟ وە ئایا دەگونجێت كەسێك باوەڕی هەبێت بە قورئانی پیرۆز و متمانەی هەبێت كە ئایەتی ﴿وَلَٰكِن رَّسُولَ ٱللَّهِ وَخَاتَمَ ٱلنَّبِيِّۧنَۗ﴾ فەرمایشتی خوایە، بڵێت خۆی نەبی و ڕەسولە پاش پێغەمبەر (ﷺ). دەی كەواتە با ئەو بەڕێزەی عەوداڵی دادپەروەریە بزانێت ئەم بەندە خۆبەكەمزانە هەرگیز بانگەشەی پێغەمبەرایەتی نەكردووە بە مانای حەقیقی، بەڵام بەكارهێنانی وشەیەك بە مەجازی و بەمانای ناحەقیقی بەگوێرەی مانا باوەكان كە لە فەرهەنگەكاندا هاتوون كوفر پێویست ناكات، بەڵام من تەنانەت ئەمەشم پێ خۆش نیە، چونكە لەمەدا ئەگەری هەیە موسوڵمانمان بە گشتی تووشی هەڵە بن. بەڵام من ناتوانم ئەو گفتوگۆ و ئاخاوتنانە بشارمەوە كە لەلایەن خواوە (جل شأنه) پێم گەیشتوون و بە ڕێژەیەكی زۆر وشەی پێغەمبەرایەتیان تێدا هاتووە چونكە لەلایەن خواوە فەرمانم پێ كراوە. وە دووپاتی دەكەمەوە وشەی نێردراو یان ڕەسول یان نەبی كە لە ئیلهامەكاندا هاتوون سەبارەت بە من[*] بە مانا حەقیقیەكانیان بەكارنەهاتوون، وە ئەو ڕاستیە بنەڕەتیەی كە ڕامگەیاندووە لەبەردەم خەڵكیدا ئەوەیە كە پێغەمبەرمان (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، وە لەدوای ئەو هیچ پێغەمبەرێك نایەت نە كۆن نە تازە، وە ئەگەر كەسێك دوای پێغەمبەر و گەورەمان بڵێت من پێغەمبەرم بەشێوەی حەقیقی و بەدرۆ و وازبهێنێت لە قورئان و حوكمەكانی شەریعەتی بێ وێنە؛ ئەوا ئەو كەسە كافر و درۆزنە. بەكورتی، ئێمە باوەڕمان وایە ئەگەر كەسێك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات بەشێوەی حەقیقی و دەست بەربدات لە دامێنی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) و دوور بكەوێتەوە لەو كانیاوە سازگارە و بیەوێت ڕاستەوخۆ خۆی ببێت بە پێغەمبەری خوا؛ ئەوا ئەو كەسە مولحیدە و ئایینی نیە، وە زۆر ڕێی تێدەچێت ئەم جۆرە بانگەشەكارە شایەتومانێكی نوێ و شێوازێكی نوێی بەندایەتی بۆ خۆی دابهێنێت و حوكمەكان بگۆڕێت و دەستكاریان بكات. هەڵبەت ئەو كەسە برای موسەیلەمەی درۆزنە [20]، وە گومان لە كافربوونیدا نیە؛ ئیتر چۆن دەگونجێت بوترێت كەسێكی پیسی وەها باوەڕی بە قورئانی پیرۆز هەیە؟
[*] تێبینی: ئێستا ئەم جۆرە وشە بەكارهاتووانەیان بەدی نەكردووە بەڵكو ماوەی 16 ساڵە لە ئیلهامەكانمدا یاداشتكراون و ژمارەیەكی زۆر لەم جۆرە ئاخاوتنە خواییانە دەبینن سەبارەت بە من لە كتێبی البراهین الأحمدیة دا. (مەسیحی بەڵێندراو عليه السلام)
[19] لەم دەستەواژەیەشەوە ڕوون دەبێتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) ئەوەی ڕەتكردووەتەوە كە پێغەمبەرێك بێت بەشەریعەتێكی نوێوە هاتبێت و وازی هێنابێت لە قورئانی پیرۆز. نووسەر “پێویستە مرۆڤ بیربكاتەوە -وەك ئێستا ڕوونمان كردەوە- كە ئەم جۆرە وشانە هەندێ جار لە ئیلهامە خواییەكاندا بە شێوەی خوازە و مەجاز بەكاردەهێنرێن سەبارەت بە هەندێ وەلی، وە مانا حەقیقیەكانیان وەرناگیرێت. ئەمەیە ئەسڵی ئەو ناكۆكیەی كە مرۆڤە دەمارگیر و گەوجەكان بە ئاقارێكی تردا بردوویانە. بۆیە ناوی “پێغەمبەری خوا” كە لە صەحیحی موسلیمدا هاتووە سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراوی ئاییندە لەسەر زمانی پیرۆزی پێغەمبەرەوە (ﷺ)، تەنها بەو مانا مەجازیە هاتووە كە لای سۆفیە بەڕێزەكان دانی پێدا نراوە، وە دەربڕینێكی باوە لە ئاخاوتنە خواییەكاندا، ئەگینا پێغەمبەر مانای چیە دوای خاتەمی پێغەمبەران.” (عاقبة آتهم، الخزائن الروحانیة، بەرگی11، لاپەڕە26-28 پەراوێز) [لێرەشدا مەسیحی بەڵێندراو ئەگەری هاتنی پێغەمبەری ڕەتكردووەتەوە دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە ئاشكرایە كە دەربڕینی پێغەمبەر دەربڕینێكی باوە و بەڕێزی نەیفەرمووە ئاگادار نەكراوە لە هەواڵی غەیبی بەڕێژەیەكی زۆر، وە تەنها پێغەمبەران ئاگاداردەكرێن لە غەیب بەم ڕێژە زۆرە. دواتر شرۆڤەی ئەوە دەكرێت كە بۆچی نكۆڵی كردووە لە وشەی “پێغەمبەر”، نووسەر.]
[20] بەم دەستەواژەیە هەموو دەستەواژەكانی پێشوو ڕوون بوونەوە، ئەوەتا بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی مەبەست لە پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت و ئایینێكی نوێ دادەهێنێت و وازدەهێنێت لە ئایینی پێغەمبەر (ﷺ). وە ئێمە هەرگیز باوەڕمان وا نیە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێك بێت لەم جۆرە. نووسەر.
“ئەم وشانە بەشێوەی خوازە هاتوون وەك چۆن لە فەرموودەشدا وشەی “پێغەمبەر” هاتووە سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراو. وە ئاشكرایە ئەو كەسەی خوای گەورە ڕەوانەی دەكات لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت “رسول”، بەڵام ئەو كەسەی لەلایەن خواوە هەواڵی غەیبی پێ دەگات پاشان ڕایدەگەیەنێت بە خەڵكی، لە زمانی عەرەبیدا پێی دەوترێت “نبي”. بەڵام لە زاراوەی ئیسلامیدا بابەتەكە شتێكی ترە، لێرەدا من تەنها مەبەستم مانا زمانەوانیەكەیە [21]، وە ئاشكرایە كە موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی مەدح و پیاهەڵدانی نووسیوە لەسەر ئەم بابەتانە و ڕەخنەی نەگرتووە لێیان، بگرە هەموو مەلاكانی هیندستان و پەنجاب ماوەی بیست ساڵ ئەم ئیلهامانەیان دەخوێندەوە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة” دا و هەموویان دانیان ناوە پێیاندا و هەتا ئەمڕۆ كەسێك ڕەخنەی نەگرتووە لێیان مەگەر دوو مەلای نەفام یان سێ مەلا لە لودهیانە وەك مەلا موحەممەد و مەلا عەبدولعەزیز.” (الأربعین، ژمارە 24، پەراوێز، الخزائن الروحانیة، بەرگی 17، لاپەڕە 366).
[21] لەم دەستەواژەیەوە دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراو بە مانای زمانەوانی خۆی بە پێغەمبەر ئەژمار كردووە، وە پێشتر ڕوونكرایەوە كە مانای زمانەوانی چەمكی “پێغەمبەر” ئەوەیە كە قورئان باسی كردووە، كەواتە پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی (عليه السلام) چەسپاوە. بەڵام ئەوەی كە فەرموویەتی (عليه السلام) لە زاراوەی ئیسلامیدا مانایەكی ترە دواتر باس دەكرێت. نووسەر.
دەستەواژەكانی دوای ساڵی 1901ز كە دەخرێنەڕوو بەئامانجی ڕەتكردنەوەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
“ئێمە موسوڵمانین، باوەڕمان بە كتێبی خوا هەیە كە فورقانە. وە باوەڕمان بەوە هەیە كە گەورەمان موحەممەد پێغەمبەر و نێردراوی ئەوە و باشترین ئایینی هێناوە. وە باوەڕمان وایە كە خاتەمی پێغەمبەرانە و دوای ئەو پێغەمبەر نیە، مەگەر ئەو كەسەی لەناو لێشاوی بەرەكەتی ئەودا پەروەردە بووبێت و بەگوێرەی بەڵێنەكەی ئەو دەركەوتبێت [22]، وە خوا گفتوگۆ و ئاخاوتنی هەیە لەگەڵ دۆستەكانیدا[23] لەم ئوممەتەدا، ئەوان ڕەنگی پێغەمبەرانیان پێ دەدرێت و لەڕاستیدا پێغەمبەر نین، دیارە قورئان مەبەست و پێداویستیەكانی شەریعەتی تەواو كرد، وە ئەو كەسانە تەنها تێگەیشتنی قورئانیان پێ دەدرێت و هیچ شتێك زیاد و كەم ناكەن بۆی، وە ئەو كەسەی زیاد یان كەم بكات لە قورئاندا یەكێكە لە شەیتانە خراپەكارەكان.
[22] لەم بڕگەیەشەوە زۆر بەجوانی دەچەسپێت كە مەسیحی بەڵێندراو لە دەستەواژەی “دوای من پێغەمبەر نیە” مەبەستی ئەوە نیە كە دوای پێغەمبەر (ﷺ) هیچ جۆرە پێغەمبەرێك نیە بەڵكو مەبەستی ئەوەیە كە دەكرێت كەسێك پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ)، وە بەگوێرەی بەڵێنەكەی ئەو دەركەوتبێت. نووسەر
[23] ئێستا تەماشا بكەن لێرەدا مەسیحی بەڵێندراو جیاكاری كردووە لەنێوان ئەولیا و “پێغەمبەر”دا و فەرموویەتی كەسێك هەیە بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بووە بە پێغەمبەر، وە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەواڵی داوە لەبارەیەوە كە دەبێت بە پێغەمبەری خوا. وە كەسانێك هەن ئەولیان ئەوانیش پشكێك بەدەستدەهێنن لە گفتوگۆ و ئاخاوتنەكان بەڵام مەرجی “ڕێژەی زۆری ئاخاوتنەكان”ی دانەناوە بۆ ئەولیا بەڵكو تەنها باسی گفتوگۆ و ئاخاوتنەكانی كردووە. وە ئەگەر كەسێك بڵێت مەسیحی بەڵێندراو وشتەی “ڕێژەی زۆری”ی سەبارەت بە خۆیشی فەرامۆش كردووە لە هەندێ شوێندا ئیتر بۆچی لەم شوێنەشدا ئەو هەڵێنجانە نەكەین كە لێرەشدا مەبەستی ڕێژەی زۆر بووە ئەگەرچی وشەی زۆرییەكەی فەرامۆش كردووە؟ ئەوا لەوەڵامدا پێویستە بزانرێت كە گومانی تێدا نیە بەڕێزی (عليه السلام) هەندێ جار بەتەنها وشەی ئاخاوتن و گفتوگۆی بەكارهێناوە بەبێ بەكارهێنانی وشەی “ڕێژەی زۆر”، بەڵام كاتێك وشەی “ڕێژەی زۆر”ی بەكارنەهێناوە لەگەڵ ئاخاوتندا، وە تایبەتمەندی شتە غەیبیەكانی خستووەتەڕوو ئەوا دەبێت دەست بگرین بەم مانایەوە ئەگەرچی وشەی “ڕێژەی زۆری”ی فەرامۆش كردبێت لە هەندێ شوێندا. بەڵام مەرجی ئاخاوتن و گفتوگۆ و ڕێژەی زۆری كاروبارە غەیبیەكانی دانەناوە بۆ ئەولیا، بۆیە ناكرێت چەمك و مانای “ڕێژەی زۆر” وەربگیرێت سەبارەت بەوان. هەڵبەت دوو شتی جیا لەم بڕگەیەوە ساغبوویەوە كە بریتین لە: یەكەمیان ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە بەهۆی بەرەكەتی موحەممەدەوە (ﷺ) بەدەستدێت، دووەمیان: ئەو ویلایەتەی كە ئەویش بەهۆی بەرەكەتی موحەممەدەوە (ﷺ) بەدەستدێت بەڵام مەرجی ڕێژەی زۆری ئاخاوتن و گفتوگۆی لەگەڵدا نیە. وە ئەو كەسانەی وەلیەكانیش دەخەنە ڕیزی پێغەمبەرانەوە كە خوا مەرجی ئاشكرابوونە غەیبی بەڕێژەی زۆر داناوە بۆیان، پێویستە بزانن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەیان وشەی “شەیتان”ی بەكارهێناوە. نووسەر.
وە مەبەستمان لە خەتمی پێغەمبەرایەتی [24] ئەوەیە كە خاسیتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی لە پێغەمبەری خۆماندا -كە باشترینی پێغەمبەرانی خوایە- گەیشتوونەتە چڵەپۆپە، وە باوەڕمان وایە كە لەدوای ئەو پێغەمبەرێك نیە مەگەر ئەو كەسەی كە لە ئوممەتەكەی بێت و تەواوترین شوێنكەوتەی بێت و هەموو لێشاوێكی ڕەحمەت و نووری لە ڕۆحانیەتی ئەوەوە وەرگرتبێت و بە ڕۆشنایی ئەو ڕۆشن بووبێتەوە. كەواتە غیرەكردن بوونی نیە و مایەی غیرەكردن نیە، وە ئەمە پێغەمبەرایەتیەكی تر نیە.” (مواهب الرحمن، الخزائن الروحانیە، بەرگی 19، ص285)
[24] لێرەشدا بەڕێزی (عليه السلام) مانای خەتمی پێغەمبەرایەتی ڕوون كردووەتەوە كە مەبەست لێی ئەوە نیە هەرگیز پێغەمبەرێك نایەت لەدوای پێغەمبەرەوە (ﷺ)، بەڵكو مەبەستەكە ئەوەیە هەموو خاسیەتە تەواوەكان لە پێغەمبەردا (ﷺ) گەیشتوونەتە چڵەپۆپە. هەروەها مانای “دوای من پێغەمبەر نیە”شی ڕوونكردووەتەوە كە ئەوەیە هەرگیز پێغەمبەرێك نایەت لە دەرەوەی ئوممەتەكەی ئەو (ﷺ) نەك ئەوەی هەرگیز پێغەمبەر نەیەت، لەم شوێنەدا شتێكی وردی تر ئاشكرا دەبێت كە ئەوەیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت هاتنی ئەو پێغەمبەرەی كە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (ﷺ) دەچەسپێنێت مایەی غیرەكردن نیە چونكە ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نەبێت؛ ئەوا لە بنەڕەتدا هیچ بوارێك نیە بۆ غیرەكردن، تەنها ئەو كاتە پرسیاری غیرەكردن دروست دەبێـت ئەگەر پێغەمبەر بێت. بۆیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت، ئەمە جێگای غیرەكردن نیە چونكە من -ئەگەرچی پێغەمبەرم- بەهۆی ڕووناكی و ڕۆحانیەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بووم بە پێغەمبەر. ئەمە تەواو ڕاستە چونكە باوك غیرە دەكات لەوەی بێگانەكان دەستبگرن بەسەر ماڵ و سامانەكەیدا، بەڵام بەختەوەر و دڵخۆش دەبێت ئەگەر كوڕەكەی میراتەكەی ببات. بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێكی بێگانە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنا ئەمە جێگای غیرەكردنە، بەڵام ئەگەر میراتگری پێغەمبەرایەتی كوڕە ڕۆحیەكەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بێت؛ ئەوا غیرەكردن مانای چیە؟! نووسەر.
“بێگومان شوێنكەوتنی ئەم پێغەمبەرایەتیە بە ئاسانترین ڕێگە مرۆڤ دەگەیەنێتە خوا، وە بە شوێنكەوتنی مرۆڤ شكۆدار دەبێت بە خۆشەویستی خوایی و زیاتر لە جاران شكۆدار دەبێت بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی. وە بە شوێنكەوتە تەواوەكەی ناگوترێت پێغەمبەری سەربەخۆ، چونكە ئەمە سووكایەتیە بۆ پێغەمبەرایەتی موحەممەدی كە پێغەمبەرایەتیەكی تەواو و بێكەموكوڕیە، بەڵكو لە یەك كاتدا دوو گوزارشتی بەسەردا دەچەسپێت: “پێغەمبەر و ئوممەتی”، چونكە لەمەدا خراپە و سووكایەتی كردن نیە بەرامبەر تەواوی و بێكەموكوڕیی پێغەمبەرایەتی تەواوی موحەممەدی، بەڵكو جوانی و درەوشاوەیی زیاتر دەكات بۆ ئەم لێشاوە ڕۆحانیە. (الوصیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 20، لاپەڕە 311). [لەم بڕگەیەوە بەڕوونی دەردەكەوێت كە بوونی پێغەمبەر لەم ئوممەتەدا پلەوپایەی خەتمی پێغەمبەرایەتی بەرزدەكاتەوە. نووسەر.]
“لەگەڵ ئەوەدا[25] باش بزانن كە دەرگای پێغەمبەرایەتی تەشریعی پاش پێغەمبەر (ﷺ) بەتەواوەتی داخراوە، بۆیە دوای قورئانی پیرۆز كتێبێك نیە كۆمەڵێك حوكمی نوێی تێدا بێت یان حوكمەكەی نەسخ بكاتەوە یان شوێنكەوتنەكەی پووچەڵ بكاتەوە بەڵكو هەتا ڕۆژی قیامەت كاری پێ دەكرێت. (سەرچاوەی پێشوو، پەراوێز)
[25] هەموو كەسێكی ژیر و خاوەن فیراسەت دەتوانێت لەم دەستەواژەیەوە ئەوە بزانێت كە ئەو پێغەمبەرایەتیەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی لەدوای پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەرگاكەی داخراوە پێغەمبەرایەتی تەشریعییە یان ئەوەیە كە گوێڕایەڵی و شوێنكەوتنی پێغەمبەری خوا (ﷺ) پووچەڵ دەكاتەوە و مەبەست داخرانی دەرگای پێغەمبەرایەتی نیە بەتەواوەتی. نووسەر.
“ئەوەش گەوجێتیە كە بۆ هاندانی خەڵكی نەزان دەڵێن ئەم كەسە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات، ئەمە درۆی شاخداری ئەوانە، چونكە هەرگیز بانگەشەی پێغەمبەرایەتیەكم نەكردووە[26] كە قورئانی پیرۆز قەدەغەی بكات. ئەو شتەی بانگەشەم كردووە ئەوەیە كە من لە لایەكەوە تاكێكم لەم ئوممەتە و لەلایەكی ترەوە[27] پێغەمبەرم بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ). وە مەبەست لە پێغەمبەرایەتی تەنها ئەوەیە كە خوای گەورە بەڕێژەیەكی زۆر قسە و ئاخاوتنم لەگەڵدا دەكات. هەروەك چۆن نوێكار سەرهەندی لە مەكتوباتەكەیدا نووسیویەتی: لەگەڵ ئەوەی هەندێ تاكی ئەم ئوممەتە تایبەتمەندن بە قسەكردن و ئاخاوتنی خوایی و هەتا ڕۆژی قیامەت بە تایبەتمەندی دەمێننەوە، بەڵام ئەو كەسەی[28] بەڕێژەیەكی زۆر خوای گەورە ئاخاوتن و گفتوگۆی لەگەڵدا و بەڕێژەیەكی زۆر كاروبارە غەیبیەكانی بۆ ئاشكرا دەكرێت پێی دەوترێت پێغەمبەر” (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 406)
[26] وردبنەوە لەم دەستەواژەیە چەند ڕوونە! مانای ئەوەیە ئەو پێغەمبەرایەتیەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نكۆڵی لێكردووە بریتیە لەو پێغەمبەرایەتیەی كە قورئانی پیرۆز قەدەغەی دەكات، وە نكۆڵی نەكردووە لە هەموو جۆرە پێغەمبەرایەتیەك. نووسەر
[27] لەم دەستەواژەیەوە بەڕوونی دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرایەتیەك ڕەت دەكاتەوە كە بەهۆیەوە مرۆڤ لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) دەرچێت، وە نەیفەرمووە خۆی پێغەمبەر نیە. نووسەر
[28] ئەم دەستەواژەیە بەڕوونی جیاوازی كردووە لەنێوان پێغەمبەر و فەرمانپێكراودا چونكە تێیدا گوتراوە گۆمانی تێدا نیە هەندێ تاكی ئوممەت ئیلهامبۆكراون بەڵام پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە بەڕێژەیەكی زۆر غەیبی بۆ ئاشكرا دەكرێت. وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشەی ئەوە دەكات كە بەڕێژەیەكی زۆر كاروبارە غەیبیەكانی بۆ ئاشكرا كراوە، لەبەر ئەوە یەكێك نیە لە ئیلهامبۆكراوە فەرمانپێكراوەكانی تر بەڵكو دەچێتە ناو بازنەی كۆمەڵی پێغەمبەرانەوە. نووسەر.
“وە مەبەستی لە پێغەمبەرایەتی تەنها ڕێژەی زۆری ئاخاوتنی خوا[29] و ڕێژەی زۆری هەواڵدانە لەلایەن خواوە و ڕێژەی زۆری ئەو وەحیەیە كە دەكرێت. وە دەڵێت[30]: مەبەستمان لە پێغەمبەرایەتی ئەوە نیە كە لە پەڕاوەكانی پێشوودا هەیە، بەڵكو مەبەستمان پلەیەكە كە تەنها لە ڕێگەی شوێنكەوتنی پێغەمبەرمانەوە دەبەخشرێت كە باشترین كەسە.” (تتمة حقیقە الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی22، لا637)
[29] لەم بڕگەیەشدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دانی ناوە بە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتیدا. نووسەر
[30] لێرەشدا بەڕێزی (عليه السلام) نكۆڵی دەكات لەو پێغەمبەرایەتیەی كە پێغەمبەرانی پێشوو ڕاستەوخۆ بەدەستیان هێناوە، وە نكۆڵی نەكردووە لە بیروباوەڕی پێغەمبەرایەتی بەڵكو فەرموویەتی ئەم پێغەمبەرایەتیە لە ڕێگەی شوێنكەوتنی خاتەمی پێغەمبەرانەوە (ﷺ) بەدەست دێت. نووسەر
“پاشان لەگەڵ ئەوەدا زیاد لە جارێك باسمكردووە كە خوا مەبەستی لە پێغەمبەرایەتیەكەی من تەنها زۆریی ئاخاوتن و گفتوگۆیە[31]، ئەمەش دانی پێدانراوە لای زانا گەورەكانی ئەهلی سوننەت. كەواتە ناكۆكیەكە تەنها ناكۆكیە لە وشەدا. كەوابوو ئەی كەسانی خاوەن عەقڵ و هۆش پەلە مەكەن. نەفرەتی خوا لەو كەسە بێت بەئەندازەی كێشی گەردیلەیەك بە پێچەوانەی ئەمەوە بانگەشەی كردووە، وە نەفرەتی خەڵكی و فریشتەكانی لەگەڵدا بێت.” (سەرچاوەی پێشوو)
[31] لەم دەستەواژەیەشەوە بەڕوونی دەردەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) بانگەشەی زۆریی ئاخاوتنی كردووە، وە فەرموویەتی ئەمە پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی بەڵام مرۆڤە نەزانەكان بە پێغەمبەرایەتی ئەژماری ناكەن و دەیانەوێت وشەیەكی تر بخەنە جێگاكەی. نووسەر.
“كاتێك لەم فەرموودانەوە ڕوون بوویەوە كە عیسای داهاتووە لەم ئوممەتەیە، ئیتر ناوبردنی بە پێغەمبەر لە كەلامی خوادا بەو مانایە نیە كە بۆ پێغەمبەری سەربەخۆ بەكارهاتووە. بەڵكو لێرەدا مەبەستەكە ئەوەیە كە خوای گەورە شكۆداری دەكات بە ئاخاوتن و گفتوگۆی خۆی و هەواڵە غەیبیەكانی بۆ ئاشكرا دەكات، لەبەر ئەوە پێی دەوترێت پێغەمبەریش[32] لەگەڵ ئەوەی تاكێكە لەم ئوممەتە. (البراهین الأحمدیة، بەشی پێنج، الخزائن الروحانیة، بەرگی 21، لاپەڕە353)
[32] شتێكی ڕوونە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرایەتی خۆی ڕەت ناكاتەوە بەڵكو نكۆڵی لەوە دەكات كە پێغەمبەرێكی سەربەخۆ بێت، وە مەبەست ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست نەهێناوە، بەڵكو بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستیهێناوە. میرزا مەحموود ئەحمەد.
“كەس بە وشەی “پێغەمبەر” فریونەخوات، چەندین جار نووسیومە كە پێغەمبەرایەتیەكەم سەربەخۆ نیە، چونكە پێغەمبەری سەربەخۆ بە تاكێك لە ئوممەت ئەژمار ناكرێت لەكاتێكدا من تاكێكم لەم ئوممەتە. كەواتە ئەمە ناوێكە تەنها بۆ ڕێزلێنان خوای گەورە پێی خەڵات كردووم بەهۆی شوێنكەوتنم بۆ پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ئەوەی لێكچوون لەگەڵ عیسادا (عليه السلام) بەتەواوەتی ڕوو بدات.” (سەرچاوەی پێشوو، لا360) [مانای ئەم دەستەواژەیەش ڕوونە، بەجۆرێك ئێستا ئیتر ناكرێت و ناگونجێت پێغەمبەرێكی سەربەخۆ ڕەوانەبكرێت كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشەی ئەم جۆرە پێغەمبەرایەتیەی نەكردووە. ناوی: “پێغەمبەر” كە نراوە لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناوێكە بۆ ڕێزلێنان لێی نراوە، مەبەست لێی تەنها ئەوەیە كە گەیشتووەتە پلەی پێغەمبەرایەتی و مەبەست ئەوە نیە كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە یان شەریعەتی ئیسلامی نەسخ كردووەتەوە. ئەگەر ئەو مانایەی لێ بخوێنرێتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر نیە و تەنها بەدرۆ ئەم ناوەی لێ نراوە؛ ئەوا لێكچوون و هاوشێوەیی ئەو لەگەڵ مەسیحی ناسیرەییدا (عليه السلام) نایەتەدی چونكە ئەگەر بە كەسێك گوترا شێر ئەوا لێكچوونی تەواوەیی لەگەڵ شێردا بۆ ئەو كەسە نایەتەدی بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە لە ئازایەتیدا لە شێر دەچێت بۆیە تەنها بەوەی كە ناونراوە شێر نابێتە هاوشێوەی شێر. بەڵام كاتێك كەسێك دەڵێت ئەگەر مەسیحی بەڵێندراومان (عليه السلام) بە پێغەمبەر قەبووڵكرد؛ ئەوا هێشتا نابێت بە هاوشێوەی مەسیحی ناسیرەیی چونكە مەسیحی ناسیرەیی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە بەڵام مەسیحی بەڵێندراو بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستی هێناوە. وەڵامەكە ئەوەیە: ئەو كەسەی بوو بە پێغەمبەر دەبێتە هاوشێوەی پێغەمبەرانی تر، وە بە هیچ شێوەیەك لێكچوون و هاوشێوەیی پەیوەندی نیە بە شێوازی بەدەستهێنانەكەیەوە. بۆ نموونە، ئەگەر گوتمان ئەم قوماشە لە قوماشێكی تر دەچێت و لێكچوونەكە لە شێوە و سیفەتدا هاتەدی؛ ئەوا لێكچوونەكە دروستە و پێویست نیە هەردوو قوماشەكە بە ئامێر چنرابن. بۆیە ئەگەر یەكێكیان بە ئامێر چنرابێت و ئەوی تریان بەدەست بەڵام لە شێوە و سیفەتدا لەیەك بچن؛ ئەوا بە هاوشێوەی یەكتر لە قەڵەمیان دەدەین. وە ناكرێت جۆرێك قوماش ناوزەد بكەین بە جۆرێكی تر بۆ هاتنەدی لێكچوون لەنێوانیاندا، بەڵكو لێكچوون دێتەدی لەنێوان دوو قوماشدا كە لە یەك جۆر بن، بەڵام پێویست نیە كە بەهەمان ڕێگە هەردووكیان چنرابن. بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك لە بابەتی پێغەمبەرایەتیدا لە كەسێكی تر بچێت؛ ئەوا دووەمیش دەبێتە پێغەمبەر و لەڕاستیدا تەنها بۆ لێكچوونەكە ئەوەندە بەس نیە كە بە پێغەمبەر ناوزەد بكرێت. جا ئەگەر لە ڕاستیدا بوو بە پێغەمبەر ئەوا لێكچوونەكە دێتەدی و ئەو پرسیارە دروست نابێت كە ئەو دوو كەسە چۆن پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە، وە كێشە نیە بە ڕاستەوخۆ بەدەستیانهێنابێت یان ناڕاستەوخۆ. ڕەنگە لێرەدا كەسێك بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (ﷺ) لە هەموو ڕوویەكەوە خۆی بە باشتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی ئیتر لێكچوون كامەیە؟ وەڵامەكە ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەنها مەسیحی بەڵێندراو نیە بەڵكو دەركەوتەیەكی تەواویشە بۆ پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەبەرئەوەی دیمەنێكی مەزنە بۆ مەهدی. بۆیە هاوشێوەی مەسیحی ناسیرەییە لەو لایەنەوە كە مەسیحی بەڵێندراوە، وە لەو باشترە لەبەرئەوەی دەركەوتەیەكی تەواوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ). ئەمەش هیچ گۆڕانێك دروست ناكات لە لێكچوون و هاوشێوەییەكە. دەكرێت لەم جێگایەدا گومانێكی تر بجووڵێنرێت و بگوترێت پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: زاناكانی ئوممەتەكەم هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن، واتە زاناكانی ئوممەتەكەی چوواندووە بە پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل، دەی ئایا زاناكان هەموویان پێغەمبەرن؟ وە ئایا ڕەوایە ناوی پێغەمبەریان لێ بنرێت چونكە ئەمە لە لێكچوون و هاوشێوەییەوە هەڵدەهێنجرێت؟ وەڵامەكە ئەوەیە، یەكەم: ئەم فەرموودەیە زۆر مەجروحە، بەڵام لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڵگەی پێ هێناوەتەوە بۆیە ئێمەش بە ڕاست و دروستی دەزانین، بەڵام ڕووی لێكچوونەكەیان باسنەكراوە تێیدا، بۆیە جیاوازیەك هەیە لەنێوان ئەم لێكچوونە و لێكچوونی نێوان مەسیحی بەڵێندراو و مەسیحی ناسیرەییدا (علیھما السلام). هەندێجار لێكچوون لە شتێكی دیاریكراودا دەبێت. وە مەبەست لەم فەرموودەیە ئەوەیە كە هەروەك چۆن پێغەمبەران لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا دەهاتن بۆ پاراستنی ئایین بەهەمان شێوە خوا لە ئوممەتی مندا بە بەردەوامی زانا ڕەوانە دەكات، بەڵام نەیفەرمووە ئەوان بەتەواوەتی هاوشێوەی پێغەمبەرانی پێشوو دەبن، وە نەیفەرمووە لە پەیامدا هاوشێوەی پێغەمبەران دەبن، هەروەك خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿كَمَآ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰ فِرۡعَوۡنَ رَسُولٗا﴾ وە پێش ئەوە فەرموویەتی: ﴿أَرۡسَلۡنَآ إِلَيۡكُمۡ رَسُولٗا﴾ و بەمەش ڕوونی كردووەتەوە كە ئەم لێكچوونە لە پەیامدایە. بەڵام لە فەرموودەی ناوبراودا باسی لێكچوونی تەواوەتی نەكراوە و نەگوتراوە لێكچوونەكە لە پێغەمبەرایەتیدایە. بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) مەسیحی بەڵێندراوی نەچوواندووە و پیتی “ك”ی چواندنی بەكارنەهێناوە بەڵكو بە باسكردنی دەستەواژەی “مەسیحی كوڕی مەریەم” و “پێغەمبەر” لێكچوونە تەواوەتیەكەی خستووەتەڕوو كە ئەمەش پێویستی دەكات بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر بێت. نووسەر.]
“چەندین جار نووسیومە كە ڕاستیەكە ئەوەیە گەورە و سەروەرمان پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، لەدوای ئەو (ﷺ) نە پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ [33] هەیە نە شەریعەت. وە ئەگەر كەسێك بانگەشەی ئەوەی كرد ئەوا بەبێ هیچ گومانێك مولحید و ڕەتكراوەیە. بەڵام خوای گەورە لە سەرەتاوە ویستی كەسێك ڕێزدار بكات -بۆ دەرخستنی خاسیەتە تەواوە جۆراوجۆرەكانی پێغەمبەر (ﷺ) و چەسپاندیان [34]- بە پلەی زۆریی ئاخاوتن و گفتوگۆ خواییەكان بەهۆی شوێنكەوتن و گوێڕایەڵی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بۆ ئەوەی لەو كەسەدا ڕەنگی پێغەمبەرایەتی دروست بكات وەك ڕەنگدانەوەیەك بۆ پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (ﷺ)[35]. كەواتە لەم ڕوانگەیەوە خوای گەورە ناویناوم پێغەمبەر بەو مانایەی پێغەمبەرایەتی موحەممەدی تیشكی داوەتەوە لە ئاوێنەی دەروونمدا و سێبەرئاسا ئەم ناوەم پێ بەخشراوە نەك بەشێوە حەقیقی، بۆ ئەوەی ببمە نموونەیەكی تەواو بۆ لێشاوەكانی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ).” (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لاپەڕە 340، پەراوێز)
[33] مەسیحی بەڵێندراو خۆی مانای پێغەمبەرایەتی سەربەخۆی ڕوون كردووەتەوە و فەرموویەتی ئەو پێغەمبەرایەتیەیە كە ڕاستەوخۆ بەدەستدێت. ئەمەش مانای ئەوەیە كە ناكرێت دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیچ پێغەمبەرێك بێت كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت. نووسەر
[34] لەمەوە دەچەسپێت كە ڕەوانەكردنی پێغەمبەر لە ئوممەتی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) خاسیتە تەواوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) دەچەسپێنێت نەك پووچەڵیان بكاتەوە. نووسەر
[35] واتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دانی ناوە بە پێغەمبەرایەتی خۆیدا بەگوێرەی ئایەتی: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِ﴾. نووسەر
هەڵبەت تا ئێستا هەموو ئەو بڕگانەم گواستەوە كە مەولەوی بەڕێز خستوونیەتەڕوو بۆ پشتگیری هەڵوێست و بۆچوونەكەی خۆی، وە هەندێ بڕگەی ترم گواستەوە كە دەكرێت بدۆزرێنەوە بۆ پشتگیری هەڵوێست و بۆچوونەكەی ئەو، وە ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ كرۆكی بابەتەكە و بە فەزڵ و ڕەحمەتی خوا دەیسەلمێنم ئەو بڕگانە هەرگیز پێچەوانە و دژی هەڵوێستی ئێمە نین، وە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەڵناوەشێننەوە بەڵكو دەیچەسپێنن و بانگەشەكەی پووچەڵ نابێتەوە بەڵكو دەچەسپێت. بەڵام بەلامەوە پێویستە ڕوونی بكەمەوە -هەروەك لە پێشەكیدا ڕوونم كردەوە- كە من دەمەوێت بەیەكەوە وەڵامی هەموو بڕگەكان بدەمەوە لەجیاتی ئەوەی بەجیا وەڵامیان بدەمەوە، بۆ ئەوەی ڕۆڵەكانی كۆمەڵ بنەمایەك بزانن كە بەگوێرەی ئەوە لە داهاتوودا خۆیان وەڵامی هەموو ڕەخنەیەك بدەنەوە. وە بۆ ئەم مەبەستە پێناسەیەكی تەواو و گشتگیرم خستەڕوو بۆ چەمكی پێغەمبەر لە زمانی عەرەب و قورئانی پیرۆز و گفتوگۆی پێغەمبەرانی پێشوو و لەبەر ڕۆشنایی ڕوونكردنەوەی مەسیحی بەڵێندراودا. بەگوێرەی ئەم پێناسەیە هیچ یەكێك لە پێغەمبەران لە ڕیزی پێغەمبەران دەرناچێت و ناكرێت كەسێك بێتە ڕیزیانەوە كە پێغەمبەر نیە.
كەواتە دوای گواستنەوەی ئەم بڕگانە جارێكی تر سەرنجی داواكارانی حەق و ڕاستی ڕادەكێشم بۆ خودی پێشەكیەكە و دەڵێم ئەو بڕگانە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەڵناوەشێننەوە بەڵكو دەیچەسپێنن. بەڵام پێویستە ئەوەش بزانرێت كە هەر كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نكۆڵی لە بەكارهێنانی وشەی “پێغەمبەر” كردبێت سەبارەت بە خۆی پێویستە هیچ كەسێك بە هەڵە حاڵی نەبێت چونكە بەڕێزی (عليه السلام) خۆی وەڵامی ئەو دەستەواژانەی داوەتەوە، وە هیچ كەسێك بۆی نیە پاش وەڵامەكەی بەڕێزی مانایەكی تر وەربگرێت لەم نكۆڵیكردنە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“لە هەر شوێنێكدا نكۆڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتی خۆم مانای ئەوە بووە كە من شەریعەتێكی سەربەخۆم نەهێناوە، هەروەك من پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نیم؛ بەڵام لەبەرئەوەی كە لەلایەن خوای گەورەوە زانستی غەیبم پێ گەیشتووە بەهۆی پێغەمبەرە ڕابەرەكەمەوە (ﷺ)، وە لە لێشاوی بەرەكەتی مەعنەوی ئەوم وەرگرتووە و ناوی ئەوم بەدەستهێناوە؛ بۆیە من پێغەمبەرم، بەڵام بەبێ شەرعێكی نوێ. وە هەرگیز نكۆڵیم نەكردووە لەوەی كە پێغەمبەرم بەم مانایە، بەڵكو خوای گەورە بە هەمان ئەم مانایە بە نەبی و ڕەسول بانگی كردووم. لەبەر ئەوە ئێستایش نكۆڵی ناكەم لەوەی كە من بەم مانایە نەبی و ڕەسولم.” (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لاپەڕە 210-211).
هەڵبەت ئەم دەستەواژەیە هەموو ناكۆكیەكەی چارەسەركرد، وە ڕوونی كردەوە كە لە هەر شوێنێكدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نووسیویەتی پێغەمبەر نیە یان لەدوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێغەمبەر نایەت یان دوای پێغەمبەر (ﷺ) دەرگای پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی داخراوە، ئەم قسەیە تەنها مانای ئەوەیە كە بانگەشەی نەكردووە بە شەریعەتێكی نوێوە هاتبێت، وە پێغەمبەرایەتیەكەی لە بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) وەرگیراوە و ناگونجێت دوای پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرێك بێت، كۆن بێت یان نوێ، كە شەریعەتەكەی ئەو (ﷺ) نەسخ بكاتەوە یان بەبێ شوێنكەوتنی ئەو (ﷺ) پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە یەك جار هەموو ئەم جۆرە دەستەواژانەی ڕوونكردووەتەوە. وە ئەگەر كەسێك نكۆڵی دەكات لەوەی بەڕێزی پێغەمبەر بێت چونكە خۆی نووسیویەتی پێغەمبەر نیە؛ ئەوا پێویستە بزانێت كە بەڕێزی (عليه السلام) لە شوێنێكی تردا ڕوونی كردووەتەوە كە مەبەستی ئەوەیە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە و مەبەستی ئەوە نیە كە پێغەمبەر نەبێت بە هیچ مانایەك. كەواتە، ناكرێت نكۆڵی لە پێغەمبەرایەتیەكەی بكرێت بەگوێرەی ئەو بڕگانە. تەنها ئەو كاتە دەتوانرێت نكۆڵی لێ بكرێت كە بچەسپێت ئەو كەسەی بە شەریعەتێكی نوێوە نەیەت یان ئەو كەسەی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست نەهێنێت ناكرێت پێغەمبەر بێت. دواتر بە تێروتەسەلی وەڵامی ئەم پرسیارە دەدرێتەوە: بۆچی مەسیحی بەڵێندراو لە سەرەتادا نكۆڵی دەكرد لە پێغەمبەرایەتی خۆی؟ بەڵام ئێستا كرۆكی بابەتەكە تاوتوێ دەكەم.
پێویستە بزانرێت مەولەوی بەڕێز تەنها ئەو دەستەواژانەی هێناوەتەوە كە دەكرێت بەڵگەیان لێ وەربگیرێت لەسەر ڕەتكردنەوەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە ئەو دەستەواژانەی فەرامۆشكردووە كە پێغەمبەرایەتیەكەی دەچەسپێنن. وە ئاشكرایە ناكرێت بابەتەكە یەكلایی بكرێتەوە ئەگەر لە هەردوو لاوە لێكۆڵینەوەی لێ نەكرێت. وە بۆ چارەسەری ئەم پرسە تاوتوێی ئەو دەستەواژانەم كرد كە مەولەوی بەڕێز پێشكەشی كردن بگرە لەگەڵیاندا كۆمەڵێك دەستەواژەی ترم خستەڕوو وەك پشتگیرییەك بۆیان هەتا بە یەكجار بڕیاربدرێت لە پرسەكەدا.
ئەو كەسەی خاوەنی بیناییە ئەگەر وردبێتەوە لەو بڕگانەی ئێستا باسكران؛ ئەوا بەجوانی بۆی دەردەكەوێت كە كۆمەڵێكی زۆر دەستەواژەیان تێدا هاتووە وەك: “پێغەمبەرایەتی تەواوەتی كە خاوەن وەحی شەریعەتە پچڕاوە”، بەڵام “ئەو پێغەمبەرایەتیەی تەنها مژدەی تێدایە بەردەوامە و هەتا ڕۆژی قیامەت ناپچڕێت”. “پوختەی قسەكەمان ئەوەیە دەرگای پێغەمبەرایەتی جوزئی و ناتەواو بۆ هەتاهەتایە كراوەیە. وە لەم پێغەمبەرایەتیەدا تەنها كاروبارە غەیبیەكان هەیە كە پێكهاتوون لە مژدەكان یان هۆشداریەكان”. “ئەگەر كەسێك لە ڕێگەی وەحیەوە بەڕێژەیەكی زۆر ئەم جۆرە پێشبینیانەی پێ بدرێت و هاوتای نەبێت لە سەردەمی خۆیدا؛ ئەوا ئێمە پێی دەڵێین “پێغەمبەر”… “مژدەكان ماوەتەوە بۆ باوەڕداران لەگەڵ ئەوەی شەریعەت مۆری لێ دراوە و كۆتایی هاتووە. “هەموو پێغەمبەرایەتیەكان لەودا كۆتایی هاتن، بەڵام جۆرێك لە پێغەمبەرایەتی هەیە نەپچڕاوە، واتە ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە بەهۆی شوێنكەوتنی تەواوەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەبەخشرێت”. “هەڵبەت خوای گەورە لە وەحیەكەیدا سەدان جار وشەی پێغەمبەرایەتی بەكارهێناوە دەربارەی من، بەڵام مەبەست لێی ئاخاوتن و گفتوگۆ خواییە زۆرەكانە كە هەواڵی غەیبییان تێدایە”. “پێیان وایە من بانگەشەی ئەو پێغەمبەرایەتیەم كردووە كە پێغەمبەران بەدەستیان هێناوە لە سەردەمەكانی پێشوودا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، بەڵام لەم باوەڕەدا بەهەڵەدا چوون”. “ناكرێت پێم بوترێت پێغەمبەر بەتەنها، بەڵكو لەلایەكەوە پێغەمبەرم و لەلایەكی ترەوە تاكێكم لە ئوممەت”. “مەبەستی خوا لە پێغەمبەرایەتیەكەم تەنها ڕێژەی زۆری ئاخاوتن و گفتوگۆكردنە و نەفرەت لەو كەسەی لەمە زیاتری ویستووە”. “ئەو كەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات و باوەڕی وا نیە لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) بێت… نەفرەتی خوای لێ بێت”. “بە شوێنكەوتە تەواوەكەی (واتە بە شوێنكەوتە تەواوەكەی پێغەمبەرایەتی موحەممەدی) ناگوترێت پێغەمبەر بە تەنها بەڵكو پێی دەگوترێت (پێغەمبەر و تاكێك لە ئوممەت)”. “ئەی ئەوانەی پێتان دەوترێت ڕۆڵەی موسوڵمان مەبن بە دوژمنی قورئانی پیرۆز، وە پاش خاتەمی پێغەمبەران بە زنجیرەیەكی نوێی وەحی پێغەمبەرایەتی دەست پێ مەكەن. (ئەو وەحیەی كە قورئانی پیرۆز نەسخ دەكاتەوە وەك لەوەی پێشووەوە ڕوونە)”. “وە باوەڕمان وایە كە ئەو خاتەمی پێغەمبەرانە و دوای ئەو پێغەمبەر نیە، مەگەر ئەو كەسەی لەناو لێشاوی بەرەكەتی ئەودا پەروەردە بێت و بەگوێرەی بەڵێنەكەی ئەو دەركەوێت”. “بێگومان خوای گەورە قسە و گفتوگۆی لەگەڵدا دەكات و هەواڵی غەیبی بۆ ئاشكرا دەكات، لەبەر ئەوە پێیشی دەوترێت پێغەمبەر لەگەڵ ئەوەی تاكێكە لە ئوممەت”. “ئەمە ئەو پێغەمبەرایەتیە نیە كە پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ”. “بەڵام لە یەك كاتدا دوو گوزارشت دەچەسپێت بەسەریدا: (پێغەمبەر و سەر بە ئوممەت)”. “باش بیربكەنەوە كە دەرگای پێغەمبەرایەتی تەشریعی دوای پێغەمبەر (ﷺ) بەتەواوەتی داخراوە”. “هەرگیز بانگەشەی پێغەمبەرایەتیەكم نەكردووە قورئانی پیرۆز قەدەغەی كردبێت”. “مەبەست لە پێغەمبەرایەتیەكەم زۆری ئاخاوتن و گفتوگۆیە”. “دوای پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ نیە”.
ڕابمێنن لە هەموو ئەم دەستەواژانە، دیارە هەموویان لەوەدا كورت بوونەتەوە كە وەحی شەریعەت پچڕاوە و لە ئێستادا تەنها دەرگای مژدە و هۆشداریەكان كراوەیە و ڕەوا نیە بانگەشەی ئەوە بكرێت كە بەبێ پێغەمبەری خوا (ﷺ) كەسێك پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە. هەڵبەت پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناوێكی ترە بۆ ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر، وە پێغەمبەرێكە لە ئوممەت. ئێستا بیربكەنەوە لەو پێشەكیەی پێشتر خستمەڕوو، وە بڕگەكانی سەرەوە بخوێننەوە و بڕوانن ئایا هیچ شتێكی تێدایە پێچەوانەی ئەو بڕگانە بێت؟ بۆیە ئەگەر ئێمە بانگەشەی ئەوە دەكەین كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكە بەشەریعەتێكی نوێوە هاتووە یان وەحی تەشریعی بەردەوامە، یان گوتوومانە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە، یان ئەو پێغەمبەرێك نیە لە ئوممەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەڵكو سەربەخۆیە و گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ناكات، یان مەبەست لە پێغەمبەرایەتیەكەی ئاگاداربوون نیە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر بەڵكو مەبەست لێی شتێكی ترە؛ ئەوا بێگومان شیاوە ئەم بڕگانە لە دژم بەكاربهێنرێن، بەڵام مادام مەزهەبەكەم ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكە لەم ئوممەتە و شەریعەتی نیە، ئیتر چۆن ڕەوایە ئەو بڕگانە بەكاربهێنرێن لە دژم؟ ئەگەر پێغەمبەرایەتی تەشریعی و ڕەوانەكردنی پێغەمبەر لە دەرەوەی ئوممەتی موحەممەدی مەرج بن بۆ پێغەمبەرایەتی؛ ئەوا بەبێ گومان لەم بڕگانەوە ساغبووەتەوە كە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) نین، بەڵام لەبەرئەوەی پێغەمبەرایەتی تەشریعی و ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لەدەرەوەی ئوممەت مەرجی پێغەمبەرایەتی نین، ئیتر گرنگی ئەم بڕگانە چیە؟ تەنها سێ شت پێویستن بۆ ئەوەی كەسێك ببێت بە پێغەمبەر، یەكەم: بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداربكرێتەوە لە كاروبارە غەیبیەكان. دووەم: پێشبینیەكانی ڕەنگی هۆشداری و مژدەدانیان گرتبێت و گرنگ و مەزن بن. سێیەم: خوای گەورە ناوی بنێت پێغەمبەر. وە بەگوێرەی بڕگەكانی سەرەوە ساغبووەتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار كراوەتەوە لە غەیب، وە پێشبینی گرنگ و مەزنی كردووە لە شێوەی هۆشداری و مژدەدان، وە خوای گەورە لە وەحی خۆیدا ناویناوە پێغەمبەر. كەواتە بەگوێرەی پێناسەی پێغەمبەر بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر بووە.
ئەو بڕگانەی دەخرینەڕوو بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی پێغەمبەرایەتی بەڕێزی، یەك بڕگەیان تێدا نیە بیسەلمێنێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە، بەڵكو بەگشتی هەموویان دەیسەلمێنن ئەو پێغەمبەر بووە چونكە لە یەكەم ڕۆژی بانگەشەكەیەوە كە فەرموویەتی مەسیحی بەڵێندراوە ڕایگەیاندووە كە خوای گەورە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداری دەكات لە غەیب. ئیلهامەكانی بەڕێزی (عليه السلام) بخوێننەوە لە سەرەتاوە كە تایبەت نین بە وڵاتێكەوە بەڵكو لایەنی مژدەدان و هۆشدارییان تێدایە بۆ هەموو جیهان و بەهۆیانەوە مژدە و هۆشداری داوە بە هەموو جیهان. وە لە سەرەتای ڕەوانەكردنیەوە لە ئیلهامەكانیدا بە ناوی پێغەمبەر بانگكراوە. وە سەلماندم كە ئەمانە سێ مەرجەكەی پێغەمبەرن، وە ئەگەر كەسێك ئەم سێ مەرجەی تێدا بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرە.
وە ئەو كەسەی دەڵێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە، بەڵكو بانگەشەی كردووە بەڕێژەیەكی زۆر غەیبی بۆ ئاشكرا بووە، وە فەرموویەتی هەموو ئەوەی بەدەستم هێناوە بەدڵنیاییەوە بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستم هێناوە، پاشان دەڵێت لەمەوە ساغبووەتەوە كە ئەو پێغەمبەر نەبووە؛ ئەوا با بزانێت ئێمە لە قورئانی پیرۆزدا ئەم ئایەتە بەدی دەكەین كە دەفەرموێت: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾، ئیتر چۆن لە وتەی مەسیحی بەڵێندراوەوە كە فەرموویەتی شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە بەڵكو بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبی پێ دەگات ئەو مانایە وەربگرین كە ئەو پێغەمبەر نەبووە؟ چونكە ئاگاداربوون لە هەواڵە غەیبیەكان بەڕێژەیەكی زۆر یەكێكە لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی. ئایا پێغەمبەرایەتی بەهۆی بوونی مەرجەكانیەوە دەچەسپێت یان پووچەڵ دەبێتەوە؟ وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نووسیویەتی لە پێغەمبەرایەتی نەماوەتەوە جگە لە مژدە و هۆشداریدان، وە ئەگەر كەسێك لەمەوە وەها تێبگات كە بەڕێزی پێغەمبەر نەبووە؛ ئەوا كەسێكی گەمژەیە؛ چونكە ئەمەش (واتە مژدەدان و هۆشداریدان) یەكێكە لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی، بەجۆرێك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَمَا نُرۡسِلُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَۖ﴾ (الأنعام: 49) واتە كاتێك پێغەمبەران ڕەوانە دەكەین مژدە و هۆشداریەكانیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. ئایا سەیر نیە ئەو شتەی خوا بە خودی پێغەمبەرایەتیی لەقەڵەمی دەدات هەمان شت بكرێت بە بەڵگە لەسەر نكۆڵی كردن لە پێغەمبەرایەتی و ڕەتكردنەوەی؟! وەك ئەوە وایە كەسێك بڵێت من فڵان كەسم بینی مێزێكی دروست دەكرد لە تەختە و ئەمەش دەیسەلمێنێت ئەو دارتاش نیە، وە فڵان كەسم بینی زەوی دەكێڵا و ئەمەش دەیسەلمێنێت شارەزای زەوی كێڵان نیە، وە فڵان كەسم بینی وانەی بە قوتابیەكان دەگوتەوە و ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە مامۆستا نیە. ئایا كەسی ژیر ئەم جۆرە قسانە دەكات؟ نەخێر، كەواتە، ئەو دەستەواژانەی مەسیحی بەڵێندراو كە تێیاندا فەرموویەتی شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە بەڵكو بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبی پێ دەگات، وە ئەو دەستەواژانەی كە تێیاندا فەرموویەتی لە پێغەمبەرایەتی نەماوەتەوە جگە لە مژدە و هۆشداریەكان، مانای ئەوە ناگەیەنن كە بەڕێزی پێغەمبەر نەبووە، دیارە تێگەیشتنێكی لەم شێوەیە تێگەیشتنێكی پووچە. هەروەك پێشتر گوتم ئەو مەرجانەی پێغەمبەرایەتی كە لە زمان و قورئانی پیرۆز و بیروباوەڕی پێغەمبەرانی پێشوو و وتەكانی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) باسكراون بریتین لە ئاگادار بوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر، وە ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵانەی كە پێكهاتوون لە هۆشداری و مژدەدانی گەورە و مەزن، وە ناونانی ئەو كەسە بە پێغەمبەر لەلایەن خواوە. دەی مادام ئەمانە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتین ئیتر چۆن دەگوترێت مەسیحی بەڵێندراو بەگوێرەی بانگەشەكەی خۆی پێغەمبەر نەبووە لەكاتێكدا ئەم مەرجانەی تێدایە؟ مادام ئەم مەرجانەی تێدابووە كەواتە بەدڵنیاییەوە پێغەمبەر بووە. بۆچی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) پێغەمبەر بووە؟ ئایا تەنها بەگوێرەی ئەم سی مەرجە نەبووە؟ سڵێمان (عليه السلام) پێغەمبەر بووە، ئایا بە كۆمەڵێك مەرجی تر -جگە لەم سێ مەرجە- پێغەمبەرایەتیەكەی چەسپاوە؟! یەحیا و زەكەریا و ئیلیاس و ئەییوب و هاروون و یوسف (علیهم السلام) پێغەمبەر بوون، ئایا بەگوێرەی مەرجێكی نوێ پێغەمبەرایەتیەكەیان چەسپاوە؟! چ شتێكیان تێدا بووە زیاتر لەم سێ شتە كە بەهۆیەوە پێغەمبەرایەتیەكەیان چەسپاوە؟! مووسا و نووح (علیهما السلام) پێغەمبەر بوون، ئایا پێغەمبەرایەتیەكەیان بەگوێرەی مەرجێكی تر بووە؟! نەخێر، بەڵكو لەبەرئەوەی ئەم سێ مەرجەیان تێدا بووە بۆیە پێغەمبەر بوون. هەموو ئەم پێغەمبەرانە پێیان دەوترێت پێغەمبەر چونكە: (1) بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار دەكران لە غەیب. (2) ئەو هەواڵە غەیبیانە كە پێیان دەدرا شتانێكی ئاسایی نەبوون بەڵكو پێكهاتبوون لە كۆمەڵێك مژدەی مەزن و هۆشداری ترسناك. (3) خوای ناوینان پێغەمبەر. ئەمانە ئەو سێ مەرجە بوون كە بەهۆیانەوە پێغەمبەرانی پێشوو بە پێغەمبەر ئەژمار كراون، هەروەك مەسیحی بەڵێندراو خۆی نووسیویەتی پێغەمبەرانی پێشوو پێیان گوتراوە پێغەمبەر تەنها لەبەر ئەم هۆیە (هەروەك پێشتر لە وتەیەكی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هاتبوو) بۆیە ئەگەر بانگەشەی بوونی ئەم سێ شتە هەبوو لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) ئەوا پێغەمبەر بووە، وە ئەگەر بانگەشەی ئەوانەی نەكردبێت؛ ئەوا پێغەمبەر نەبووە، بەڵام كەمێك لەمەوپێش ڕوونم كردەوە و ئەو بڕگانەی مەولەوی موحەممەد عەلی پێشكەشی كردوون بۆ پشتگیری هەڵوێستی خۆی و هەروەها بڕگەكانی تر كە پێشكەش دەكرێن یان دەكرێت پێشكەش بكرێن بۆ پشتگیری بیروباوەڕی ئەو، هەموویانم هێنا و یەك لەدوای یەك بیانخوێننەوە پاشان ئەو كتێبانەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بخوێننەوە كە دوای ئەوەی ڕاگەیاند بووە بە مەسیحی بەڵێندراو دایناون، ئەم سێ بانگەشەیە دەبینن تێیاندا و هیچ شتێك نابینن پێچەوانەیان بێت. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە هیچ شوێنێكدا نەینووسیوە خوای گەورە ئاگاداری ناكات لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر، وە ئەوەشی نەنووسیوە كە لە ئیلهامەكانیدا هەواڵی گۆڕانە ڕێشەییە مەزنەكانی پەیوەست بە جیهان نیە، بەڵكو فەرموویەتی ئەم دوو شتە بەڕێژەیەكی زۆر بوونیان هەیە لە ئیلهامەكانیدا. وە هەرگیز نەینووسیوە بە پێغەمبەر ناوەزەد نەكراوە لە هیچ یەكێك لە ئیلهامەكانیدا، بەڵكو هەمیشە فەرموویەتی خوای گەورە ناویناوە پێغەمبەر. كەواتە ئەم سێ بانگەشەیە بوونیان هەیە لە هەموو كتێبەكانیدا لەكاتی دانانی كتێبی “فتح الإسلام”ەوە هەتا ئەو ڕۆژەی كۆچی دوایی كرد، وە لە هیچ كتێبێكیدا شتێكی نەنووسیوە پێچەوانەی ئەم خاڵانە بێت. ئیتر بۆچی پێغەمبەر نیە؟ هەروەك لە پێشەكیەكەدا گوتم پێغەمبەر بەگوێرەی زمانی عەرەب و قورئانی پیرۆز و زاراوەی خوایی و بیروباوەڕی هەموو پێغەمبەران و ڕێبازی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەو كەسەیە كە ئەم سێ مەرجەی تێدا بێتەدی. وە ئاشكرایە هەر سێ مەرجەكە لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هاتوونەتەدی، كەواتە پێغەمبەرە.
پاشان پرسیارێك دەمێنێتەوە ئەویش ئەوەیە: بەڕێزی (عليه السلام) چ جۆرە پێغەمبەرێكە؟ پێویستە بزانرێت بەڕێزی پێغەمبەرێكی ناتەشریعیە و لە ئوممەتی پێغەمبەری خوایە (ﷺ)، واتە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و ڕاستەوخۆ، بەبێ پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە. وە ناكرێت بوترێت ئەوەی ئەو دوو سیفەتەی تێدا بێت پێغەمبەر نیە، چونكە ئێمە دەبینین یەحیا (عليه السلام) بە شەریعەتێكی نوێوە نەهات كەچی لەگەڵ ئەوەدا پێغەمبەر بوو، هەروەها بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن كەسێكەوە پەیوەندی نیە بە مانای حەقیقی پێغەمبەرایەتیەوە. وە لە نەقڵەوە ناچەسپێت ئەو كەسەی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستناهێنێت پێغەمبەر نیە چونكە ئەمە باسنەكراوە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكاندا. وە عەقڵی ساغ و دروست ناڵێت ئەو كەسەی بەهۆی كەسێكی ترەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت ڕەوا نیە پێی بوترێت پێغەمبەر سەرەڕای هاتنەدی مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی تێیدا و ناكرێت پێغەمبەر بێت. كەواتە، مادام پێویست نیە ئەم دوو شتە لە هەموو پێغەمبەرێكدا هەبن بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان و زمانی عەرەب و لەڕووی عەقڵیشەوە پێویست نیە، ئیتر بە چ بەڵگەیەك مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نیە ئەگەر نكۆڵی لە بوونی هەردووكیان كردبێت لە خۆیدا؟ ئایا لە قورئانی پیرۆز یان فەرموودە یان زمانی عەرەبەوە چەسپاوە كە ئەو كەسەی ئەم دوو شتەی تێدا نەبێت پێغەمبەر نیە؟! كەواتە بۆچی بانگەشەی شتێك دەكەن كە خوای گەورە باسی نەكردووە؟! مەرجە پێویستەكانی پێغەمبەر كە بەبێ ئەوانە ناكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت سێ دانەیە و هاوبەشن لەنێوان هەموو پێغەمبەراندا و چەسپاون لە زمان و ئایەتە قورئانیەكانەوە، وە مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) دانی ناوە پێیاندا. وە ئەو كەسەی ئەم سێ مەرجەی تێدا بێت پێی دەوترێت پێغەمبەر بەگوێرەی پێناسەی ئیسلام و هەموو پێغەمبەران. وە هەرسێكیان لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هەن، وە هەرگیز مەسیحی بەڵێندراو نكۆڵی نەكردووە لە بوونی ئەم سێ مەرجە لە خۆیدا، بگرە نكۆڵی نەكردووە لە یەكێكیشیان. كەواتە لە هەموو كتێبەكانیەوە – لەو كاتەوە بانگەشەی ئەوەی كردووە خۆی مەسیحی بەڵێندراوە- و لە چۆنێتی پلەوپایەكەیەوە وەك خۆی (عليه السلام) ڕوونی كردووتەوە، ئەوە دەچەسپێت كە بەڕێزی پێغەمبەر بووە. لە هەر شوێنێكدا نكۆڵی كردبێت لە پێغەمبەرایەتی نكۆڵی لەوە كردووە كە پێغەمبەرێك بێت بە شەریعەتێكی نوێوە، وە بانگەشەی ئەوەی نەكردووە ڕاستەوخۆ و بەبێ هۆكاری ناوەندی پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت. كەواتە دەستەواژەی لەم جۆرە هیچ كاریگەریەكی نیە لەسەر پێغەمبەرایەتی. ئەگەر دە هەزار دەقی لەم جۆرە بخرێنەڕوو نابنە بەڵگە لە دژی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چونكە ئەم دوو شتە لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی نین، بەڵكو كۆمەڵێك تایبەتمەندین لە هەندێ پێغەمبەردا هەن و لە هەندێكی تردا نین. تایبەتمەندی یەكەم، واتە هێنانی شەریعەتێكی نوێ، لە زۆرێك لە پێغەمبەرانی پێشوودا نیە، وە تایبەتمەندی دووەم لە بنەڕەتدا پەیوەندی نیە بە پرسی پێغەمبەرایەتیەوە و قورئانی پیرۆز و زمان بە مەرج ئەژماریان نەكردووە، وە عەقڵ بڕیار نادات پێغەمبەر ئەو كەسە بێت كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست دەهێنێت، وە پێغەمبەرانی پێشوو شتی وایان نەگوتووە و لە فەرموودەكاندا وەك مەرجێك باسی نەكراوە.
كەواتە خۆشەویستان، نیگەران مەبن لەم بڕگانە بەڵكو ئەو كەسە لەبەردەمتاندا ئەو بڕگانە پێشكەش دەكات كە تێیاندا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی خۆی فەرموویەتی بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە، پێی بڵێن ئەو كەسەی دوای پێغەمبەری خوا (عليه السلام) بانگەشەی هێنانی شەریعەتێكی نوێ دەكات ئێمە بە كەسێكی نەفرەتلێكراو لەقەڵەمی دەدەین. هەرگیز ناكرێت و ناگونجێت دوای پێغەمبەر (ﷺ) شەریعەتێكی نوێ بێت. وە ئەگەر كەسێك دەستەواژەیەكی خستەڕوو كە تێیدا هاتبوو ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە دەستبەجێ بڵێن ئەو كەسەی دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) بانگەشەی ئەوە دەكات ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە ئێمە بە درۆزن و فێڵباز لەقەڵەمی دەدەین چونكە دوای ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) ئیتر پێویست بەوە نەما ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی خەڵات بكرێت، وە هەموو ئەو شتەی دەكرێت بەدەستبهێنرێت تەنها بەهۆی پێغەمبەر (ﷺ) و بەرەكەتەكەیەوە بەدەستدەهێنرێت. بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك بڕگەیەكی خستەڕوو كە تێیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمووبێتی تەنها بانگەشەی ئەوە دەكات كە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداركراوەتەوە لە غەیب و ئاگاداركراوەتەوە لە كۆمەڵێك ڕووداوی زۆر گرنگ كە پەیوەستن بە كاولبوون و پێشكەوتنی جیهانەوە و خوای گەورە بەم مانایە ناویناوە پێغەمبەر، ئێوەش پێی بڵێن ئێمە لەمە زیاتر باوەڕمان پێی نیە و بەهۆی ئەم بانگەشەیەوە باوەڕمان پێی هەیە كە پێغەمبەرە بەڵكو ناچارین وەك پێغەمبەرێك باوەڕی پێ بكەین چونكە ئەمە پێناسەی پێغەمبەری خوایە لە زمانی عەرەبدا، وە خوای گەورەش لە قورئانی پیرۆزدا هەر ئەمەی فەرمووە و پێغەمبەرانی پێشوو و مەسیحی بەڵێندراو هاوڕان لەسەر ئەم پێناسەیە. وە مادام ئێوە خۆتان دان بەوەدا دەنێن كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشەی ئەم سێ شتەی كردووە كەواتە ئەمەیە كە پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی. وە پێغەمبەرایەتی هیچ لەمە زیاتر نیە. بەڵام جگە لەم سێ شتە كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەن كە لە هەندێ پێغەمبەردا بوونیان هەیە و لە هەندێكیاندا نیە. دیارە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نكۆڵی كردووە لە دوو تایبەتمەندی كە بریتین لەوەی: پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت بێت، وە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت، وە ئێمەش دانی پێدا دەنێین كە پێغەمبەرایەتیەكەی لەم جۆرە نیە.
وە ئەگەر كەسێك پێی گوتن پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت لە پێغەمبەرایەتی نەماوەتەوە جگە لە مژدەدان، ئەوا وەڵامی بدەنەوە و بڵێن بەئەندازەی تاڵە موویەك لادان لەوەی پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی كوفرە. ئەم فەرموودەیە پشتگیری ئێمە دەكات چونكە تێیدا گوتراوە پێغەمبەرایەتی مژدەكان بەردەوامە، واتە ڕاستە ناكرێت پێغەمبەرایەتیەك هەبێت بە شەریعەتێكی نوێوە بەڵام پێتان وا نەبێت كە هەرگیز پێغەمبەرێك نایەت، چونكە مژدەكان بە بەردەوامی دەمێنێتەوە بەگوێرەی ئایەتی: ﴿وَمَا نُرۡسِلُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَۖ﴾. وە ئەگەر كەسێك گوتی: چۆن ئەم سێ مەرجە باسكراوە لە فەرموودەی ناوبراوەوە وەردەگیرێت؟ ئەوا وەڵامی بدەنەوە و بڵێن مژدەكان ئاماژەیە بۆ ئەو ئایەتەی كە تێیدا هاتووە: ﴿مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَۖ﴾ و پێویستە هۆشداری لەگەڵ مژدەدا هەبێت. لەبەر ئەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبەكەی خۆی “توضیح المرام”دا ئەم فەرموودەیەی هێناوەتەوە و لە شەرحەكەیدا لەگەڵ مژدەكاندا باسی هۆشداریەكانیشی كردووە. كەواتە، وشەی مژدەكان دەیسەلمێنێت كۆمەڵێك هۆشداریش هەیە چونكە هەواڵی پێشكەوتنی گەل و نەتەوەیەك هەواڵی لەناوچوونی نەیارەكانیشیان لەخۆدەگرێت. گومانی تێدا نیە هەموو ئەوانەی لەلایەن خواوە ڕەوانەدەكرێن چ پێغەمبەر بن یان غەیری پێغەمبەر بەدڵنیاییەوە ڕووبەڕووی دژایەتی دەبنەوە. كەواتە مژدە ئۆتۆماتیكی هۆشداری لەخۆدەگرێت، ئەمەیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەڵێنجانی بۆ كردووە. بەهەمان شێوە مژدە ئۆتۆماتیكی ئاگاداركردنەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر لەخۆدەگرێت، چونكە مەبەست لە مژدە هەمیشە هەواڵەكانی داهاتووە، ئەگینا ئەگەر كەسێك بە پیاوێكی دەوڵەمەندی گوت تۆ دەوڵەمەندی ئەمە مژدەدان نیە چونكە پێشتر ئەمەی زانیوە، بەڵكو مەبەست لە مژدە ئەو مژدە خۆشەیە كە مرۆڤ پێشتر نەیزانیوە، وە مژدەكانی پێغەمبەرایەتی هەمیشە دەبارەی ڕووداوەكانی داهاتوون. كەواتە مەرجەكانی مژدەدان برییتین لە: یەكەم- هۆشداری و مژدەدان. دووەم- ئاگاداركردنەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر. وە مەرجی سێیەم بە كۆمەڵێك وشەی ڕاشكاو باسكراوە، ئەوەتا پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: لە پێغەمبەرایەتی نەماوەتەوە جگە لە مژدەكان. واتە پێغەمبەرایەتی بەردەوامە بەڵام هەندێ بەشی پچڕاوە لە داهاتوودا، وە یەك جۆری ماوەتەوە كە ئەوەیە شەریعەتی نوێی لەگەڵدا نیە.
كەواتە بەڕێزان، ئەم فەرموودەیە پشتگیری ئێمە دەكات و دژمان نیە. بێگومان وردەكاری ئەو بانگەشەیەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خستوویەتیەڕوو لە كتێبەكانیدا بەردەوام ئەوەیە كە هەبووە و بەردەوام هەمان وردەكاری خستووەتەڕوو. كەواتە ساغبوویەوە كە ئەو پێغەمبەر بووە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و وتەی پێغەمبەرانی پێشوو و زمانی عەرەب و بەگوێرەی ئەو پێناسەیەی كە خۆی پێشكەشی كردووە.
كەواتە بەڕێزان، ئەی ئەوانەی لە دڵتاندا خۆشەویستیەكی ڕاست هەیە بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە ئەی ئەوانەی دەتانەوێت بانگەشە ڕاستەقینەكەی بە چەسپاوی ببینن لە جیهاندا و پێتان خۆش نیە خاسیەتە تەواوەكانی پەردەپۆش بكرێت، بزانن خستنەڕووی بانگەشەكەی بەڕێزی (عليه السلام) بەشێوەیەكی تێروتەسەل لەلایەن خۆیەوە هەمیشە شایەتە لەسەر پێغەمبەرایەتیەكەی، وە هیچ شتێكی تێدا نیە دژی پێغەمبەرایەتی و هیچ شتێكی تێدا باسنەكراوە كە ڕێگری بكات لەوەی مرۆڤ پێی بوترێت پێغەمبەر. بەڕێزی (عليه السلام) هەرگیز نكۆڵی نەكردووە لە مەرجێك لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی كە بەهۆی نەبوونی ئەو مەرجەوە ئەگەری گومانكردن هەبێت لە پێغەمبەرایەتیەكەی. بۆیە كاتی خوێندنەوەی كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بیربكەنەوە لەو بنەمایەی كە سەرەتا خستمە پێش چاوتان، كە ئەوەیە تەنها سێ مەرج هەیە بۆ پێغەمبەر و لەوانە زیاتر نیە، جگە لەوانە بریتین لە كۆمەڵێك تایبەتمەندی كە ئەگەر هەندێكیان لە پێغەمبەرێكدا نەبن؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە بە پێغەمبەر لەقەڵەم دەدرێت و هیچ گۆڕانێك دروست ناكات لە پێغەمبەرایەتیەكەیدا. ئەمە شتێك نیە من بانگەشەی بكەم بەڵكو هەمان بنەما لە متمانەپێكراوترین فەرهەنگی عەرەبیدا كە فەرهەنگی “تاج العروس”ە و بەشایەتی قورئانی پیرۆز و لە وتەی پێغەمبەرانی پێشوو و دەستەواژەكانی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) چەسپاوە و هیچ شتێك ناچەسپێت بەپێچەوانەی ئەم بنەمایەوە. كەوابوو مەچنەناو باسە لاوەكیەكانەوە بەڵكو بە توندی دەستبگرن بەم بنەمایەوە و بەرەنگاری ڕەخنەگران ببنەوە و بەردەوام بن لە خزمەتكردنی كۆمەڵ و لە خوای گەورە بپاڕێنەوە، ئەوسا هەرگیز دوژمن ناتوانێت ڕووبەڕووتان بێتەوە. پرسیاریان لێ بكەن: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەكوێ و چ مەرجێك لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی ڕەت كردووەتەوە كاتێك لە كتێبە جۆراوجۆرەكانیدا بەتێروتەسەلی شێوازی پێغەمبەرایەتی خۆی خستووتەڕوو؟ وە ئەگەر پێیان گوتن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی تەنها بە مانای زمانەوانی پێغەمبەرە؛ ئەوا پێیان بڵێن: فەرهەنگەكان[36] بخوێننەوە بزانن پێناسەی “پێغەمبەری خوا” چیە تێیاندا؟ دیارە پێناسەكەی لە زماندا ئەو كەسەیە كە بەڕێژەیەكی زۆر پێشبینی هەواڵە غەیبیەكان دەكات لە كاروبارە گرنگەكاندا، وە خوای گەورە ناوی دەنێت پێغەمبەر. ئەمە هەمان ئەو پێناسەیەیە كە قورئانی پیرۆز دەیخاتەڕوو. بۆیە ئەو كەسەی كە لەڕووی زمانەوە پێغەمبەرە مانای ئەوە نیە كە پێغەمبەر نەبێت، بەڵكو مانای ئەوەیە كە پێغەمبەرە چونكە ئەو مەرجانەی پێغەمبەر كە لە فەرهەنگەكاندا هاتوون هەمان ئەو مەرجانەن كە لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون، وە پێغەمبەرانی پێشوو بەگوێرەی هەمان ئەو مەرجانە بە پێغەمبەر ئەژماركراون، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی هەمان پێناسەی كردووە. كەواتە ئەگەر لە فەرهەنگەكاندا پێناسەیەكی تر بهاتایە؛ ئەوا دەكرا گومان بكرێت لە بابەتەكە بەڵام لە فەرهەنگەكاندا هەمان ئەو پێناسەیە هاتووە كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، واتە ئەو پێناسەیەی كە بەگوێرەی ئەوە پێغەمبەرانی پێشوو بە پێغەمبەر ئەژماركراون. كەواتە ئەو شتەی گومانی تێدا نیە ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەگوێرەی ئەو مانایەی كە لە قورئانی پیرۆز و فەرهەنگەكانی زمانی عەرەبیشدا باسكراوە پێغەمبەر بووە. ئایا مەرجێك هەیە بۆ پێغەمبەر كە بەگوێرەی ئەوە كەسێك پێغەمبەر بێت بە مانایەكی تر بەپێچەوانەی مانا زمانەوانیەكە؟ نەخێر، بەڵكو ناوبژیوانی ڕاستەقینە بۆ یەكلاییكردنەوەی بابەتەكان زمانە و دوای ئەویش زاراوە دیاریكراوەكان. كەواتە مادام مانای پێغەمبەر بەگوێرەی فەرهەنگەكان و بەگوێرەی پێناسەی قورئانی ئەوەیە كە باسكرا، ئایا هیچ كەسێك بۆی هەیە كۆمەڵێك مەرجی نوێ دابنێت لەلایەن خۆیەوە؟
[36] بزانن دەكرێت هەندێ كەس بە ئامانجی فریودان هەندێ فەرهەنگی بچووك بەكاربهێنن كە تێیاندا زۆر بەكورتی ماناكان باسكراون و بەتێروتەسەلی شەرح نەكراون و تێیاندا هەموو تایبەتمەندیەكان نەخراونەتەڕوو. بۆیە لەم بابەتەدا ناكرێت متمانە بكرێت بە فەرهەنگێكی لەم جۆرە، بەڵكو پێویستە پشت ببەسترێت بە فەرهەنگە گەورەكان كە بەتێروتەسەلی تاوتوێی ماناكان دەكەن، وە گرنگترین فەرهەنگ لە زمانی عەرەبیدا “تاج العروس”ە و دوای ئەویش “لسان العرب”ە. لە كتێبی یەكەمدا پێناسەیەكی “النبي” هاتووە كە لە قورئانی پیرۆزەوە بەتەواوەتی دەچەسپێت، لە فەرهەنگەكەی تریشدا بەنزیكەیی هەمان پێناسە هاتووە بەڵام تێیدا ئەوە نەهاتووە كە خوا ناوی بنێت پێغەمبەر. بەڵام وەك كەمێك لەمەوپێش ڕامگەیاند ئەمە عەقڵ داخوازی دەكات و بەبێ ئەوە ناكرێت بە كەسێك بوترێت پێغەمبەر. نووسەر.
بەكورتی، ئەو سێ مەرجەی لە سەرەتادا باسمكردن بۆ پێغەمبەر ئەگەر لە هەركەسێكدا هەبوون؛ ئەوا پێغەمبەرە، وە ئەو كەسەی هەموو ئەو مەرجانەی یان یەكێكیانی تێدا نەبوو ئەوا هەرگیز پێی ناوترێت پێغەمبەر. وە ئەو كەسەی ئەو سێ مەرجەی تێدا بوو پاشان كەسێك نكۆڵی كرد لە پێغەمبەرایەتیەكەی ئەوا بەدگۆیی و خراپەی كردووە بەرامبەر قورئانی پیرۆز، چونكە قورئان هیچ شتێكی زیاد نەكردووە بۆ ئەو مەرجانە، هەروەها ئەو كەسە ناچاردەبێت نكۆڵی بكات لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوویش، چونكە ئەگەر مرۆڤ ئەو مەرجانەی قەبووڵ نەكرد؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە نكۆڵی دەكات لە پێغەمبەرایەتی زۆرێك لە پێغەمبەران. بەڵكو نكۆڵیكارێكی وەك ئەو كەسە ناچاردەبێت نكۆڵی بكات لە زمانیش چونكە بەگوێرەی زمان پێغەمبەر ئەو كەسەیە ئەم سێ مەرجەی تێدابێت و مەرجی تر باس نەكراوە. كەواتە ئەو كەسەی نكۆڵی دەكات لە پێغەمبەرایەتیەك كە ئەم سێ مەرجەی تێدا بێت؛ ئەوا وازدەهێنێت لە زمان، وە ئەو كەسەی وازیهێنا لە زمان گفتوگۆكردن لەگەڵیدا سەرئێشە و هەوانتەیە چونكە دەكرێت سبەی بڵێت مانای فریشتەكان كتێبە، وە مانای پێغەمبەر فریشتەیە، وە ئەگەر زمان خرایە پێشچاوی؛ ئەوا دەكرێت بڵێت متمانەی پێ ناكەم.
هەڵبەت بە یەك وەڵام وەڵامی هەموو ئەو بڕگانەم دایەوە كە مەولەوی بەڕێز پێشكەشی كردبوون، واتە بەگوێرەی پێناسەی قورئان و بەگوێرەی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو و بەگوێرەی زمانی عەرەب پێغەمبەر ئەو كەسەیە ئەم سێ مەرجەی خوارەوەی تێدا بێت:
1- بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبیی پێ بگات،
2- ئەو هەواڵە غەیبیانەی كە ئاگاداردەكرێتەوە لێیان شتانێكی گرنگیان لەخۆگرتبێت و پێشبینی بن سەبارەت بە لەناوچوونی نكۆڵیكاران و پێشكەوتن و گەشەی باوەڕداران.
3- خوای گەورە ناوی بنێت پێغەمبەر،
ئەو بڕگانەی مەولەوی بەڕێز نەقڵی كردوون نەمبینی لە هیچ یەكێكیاندا و لە هیچ دەستەواژەیەكی تری مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) نووسرابێت كە بەڕێزی مەرجێك لەو مەرجانەی تێدا نیە، بەڵكو لە هەموو بڕگەكاندا هاتووە كە ئەم سێ مەرجەی تێدایە. بۆیە لەم بڕگانەوە ساغدەبێتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت ئەم سێ مەرجەی تێدا هاتووەتەدی، ئیتر لە چ ڕوویەكەوە گومان دەكرێت لەوەی پێغەمبەر بێت؟! ئەگەر كەسێك ویستی بەهۆی سەلماندنی شتێكەوە پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی (عليه السلام) هەڵوەشێنێتەوە؛ ئەوا با ئەو دەستەواژانەمان پیشان بدات كە تێیاندا بەڕێزی نكۆڵی كردووە لە مەرجێك لەو سێ مەرجە. كۆمەڵێك دەستەواژە دەخرێنە پێش چاومان كە تێیاندا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دان دەنێت بەبوونی ئەم سێ مەرجەدا، بەڵام جارێك نووسیویەتی وەحی شەریعەت پچڕاوە، وە جارێكی تر نووسیویەتی ئەستەمە پێغەمبەرێك بە شەریعەتێكی نوێوە بێت، وە ئەوەشی نووسیوە كە ناكرێت لە ئێستاوە پێغەمبەرێك ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت. ئێمە باوەڕمان بە هەموو ئەم شتانە هەیە و باوەڕمان بەوە هەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و پێغەمبەرایەتیەكەی لەبەرەكەتی پێغەمبەرایەتی موحەممەدەوە (ﷺ) وەرگیراوە، ئیتر هێنانەوەی ئەم بڕگانە چ سوودێكیان پێ دەگەیەنێت؟! چونكە ئەمانە پشتگیری ئێمە دەكەن و ناكرێت دژی هەڵوێستی ئێمە بخرێنەڕوو مەگەر دەستەواژەیەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تێیدا نكۆڵی كردبێت لە بوونی مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی لە خۆیدا. بەڵام ئەو شتانەی كە بوونیان پێویست نیە لە هەموو پێغەمبەرێكدا بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و زمان و بەگوێرەی وتەی مەسیحی بەڵێندراو خۆی (عليه السلام) ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) نكۆڵی كردبێت لە هەندێكیان و فەرمووبێتی ئەم خاڵە و ئەو خاڵەی تێدا نیە؛ ئەوا ئەمە پێویستی ناكات كە ئەو پێغەمبەر نەبێت. بەڵام لە سەرەتاوە تا كۆتایی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام بانگەشەی بوونی ئەو شتانەی كردووە لە خۆیدا كە پێویستە بوونیان هەبێت لە پێغەمبەردا و هیچ كەسێك ناتوانێت بە پێچەوانەی ئەوەوە بیسەلمێنێت كە بەڕێزی (عليه السلام) لە هیچ شوێنێكی تردا نووسیبێتی:
1- بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادارناكرێتەوە لە غەیب.
2- ئەو شتانەی كە ئاگادار دەكرێتەوە لێیان شتانێكی ئاسایین و مژدەدان و هۆشدارییان تێدا نیە.
3- وە هەرگیز خوا ناوی نەناوە پێغەمبەر.
كەواتە بەدڵنیاییەوە دەڵێم هیچ كەسێك ناتوانێت هیچ یەكێك لەم شتانە بسەلمێنێت، چ لەو كتێبانەی دوای ساڵی 1901ز دایناون یان ئەوانەی پێش ئەوە دایناون، لە هیچ كتێبێكیدا نكۆڵی نەكراوە لەم شتانە بەڵكو بەڕێزی (عليه السلام) بانگەشەی بوونی ئەو شتانەی كردووە لە خۆیدا. وە ئاشكرایە پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە ئەم شتانەی تێدایە.
وە لەكۆتاییدا دەمەوێت ئاماژەیەكیش بدەم بەوەی كە كاتێك گوتوومە كۆمەڵێك تایبەتمەندی لە هەندێ پێغەمبەردا هەن و پێویست نیە هەبن لە پێغەمبەرانی تریشدا مەبەستم ئەوە نیە كە دەكرێت پێغەمبەران بێ بەشبكرێن لە نیعمەتەكانی پێغەمبەرایەتیش، بۆ نموونە خەڵكی گوێڕایەڵی پێغەمبەر دەبن لە سەردەمەكەیدا، یان نكۆڵیكارانی پێغەمبەر لە دیوانی خوا دەردەكرێن، بۆیە ئەم شتانە نیعمەتەكانی پێغەمبەرایەتین نەك تایبەتمەندیەكانی پێغەمبەران، وە پێویستە هەموو پێغەمبەرێك شایستەی ئەم نیعمەتانە بێت. بەڵام ئەوەی پێغەمبەرێك تەشریعی بێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت بریتی نیە لە نیعمەتەكانی پێغەمبەرایەتی، چونكە هەندێ پێغەمبەر بە شەریعەتەوە نەهاتوون، ئەمە دەیسەلمێنێت شەریعەت یەكێك نیە لە نیعمەتەكانی پێغەمبەرایەتی ئەگینا هەموو پێغەمبەران بەدەستیان دەهێنا. هەروەك چۆن بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ئەمیش یەكێك نیە لە نیعمەتەكانی پێغەمبەرایەتی چونكە مرۆڤ نیعمەت بەدەستدەهێنێت لەسەر شتێك پاش بەدەستهێنانی ئەو شتە. بەڵام بەدەستهێنان یان بەدەستنەهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لەلایەن كەسێكەوە شتێكە دەستبەجێ لەگەڵ بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتیدا بەئەنجام دەگات. بۆیە ناكرێت بە نیعمەتی پێغەمبەرایەتی ئەژمار بكرێت.
هۆكاری سەرەكی ناكۆكی لە بابەتی پێغەمبەرایەتیدا
هەڵبەت سەلماندم مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پاش نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە لەبارەی پێغەمبەرایەتیەكەیەوە، وە ئەو وتارەی لە مانگی حوزەیران لە گۆڤاری “ڕیڤیو”دا بڵاوكرایەوە ئەو دەستەواژەیەی نەسخ كردەوە كە لە “تریاق القلوب”دا هاتبوو. پاشان پێناسەی پێغەمبەرم خستەڕوو بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و پێناسەی خوایی و بیروباوەڕی پێغەمبەرانی پێشوو و مەزهەبی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و زمانی عەرەبی، وە گوتم ئەم پێناسەیە لە هەموو ڕوویەكەوە دەچەسپێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) و بەڕێزی هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە كە پێویستە لە پێغەمبەردا بوونیان هەبێت، وە بەڕێزی (عليه السلام) لە سەرەتای بانگەشەكەیەوە كە فەرموویەتی مەسیحی بەڵێندراوە دانی بەوەدا ناوە كە ئەم مەرجانەی تێدایە، كەواتە بەگوێرەی ئەوە پێغەمبەرە. وە ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) لە هەر شوێنێكدا نووسیویەتی كە بە شەریعەتێكەوە نەهاتووە، یان تەنها لە ڕێگەی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەم پلەیەی بەدەستهێناوە؛ ئەوا مانای وا نیە كە پێغەمبەر نەبووە. وە ئەگەر كەسێك پێی وابێت بەگوێرەی ئەمە پێغەمبەر نەبووە؛ ئەوا بەهەڵەدا چووە، چونكە ئەم شتانە مەرجی پێغەمبەرایەتی نین. وە بەڕێزی (عليه السلام) هەرگیز نكۆڵی نەكردووە لەو شتانەی كە مەرجی پێغەمبەرایەتین.
دوای ئەوە بە پێویستی دەزانم شتێك بنووسم دەربارەی بابەتێكی تر كە زۆر گرنگە، بابەتەكەیش ئەوەیە كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دانی بەوەدا ناوە كە سەرجەم مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی لەخۆیدا بوونیان هەیە، ئیتر بۆچی لە هەندێ دەستەواژەیدا نكۆڵی كردووە لەوەی پێغەمبەر بێت و زۆر بە ڕوونی نووسیویەتی پێغەمبەر نیە بەڵكو موحەددەثە؟ وە ئایا پێغەمبەرایەتیەكەی تەنها پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكانە و لە هیچ جۆرێكی تر نیە؟ دەكرا ئەم وتارە كۆتایی بهێنم بەوەی كە ئەوەندە بەسە مەسیحی بەڵێندراو خۆی نووسیویەتی مەبەست لە نكۆڵیكردنەكەی نكۆڵیكردنە لە شەریعەتی نوێ و نكۆڵیكردنە لە بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ، بەڵام مادام پێم خۆشە لەم نامیلكەیەدا بەپێی توانا هەڵوێستەكە لەڕووی بیروباوەڕەوە یەكلایی بێتەوە لە هەموو ئەو شتانەدا كە پەیوەستن بە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام)، بۆیە نامەوێت تەنها بەم وەڵامە وازبهێنم بەڵكو دەمەوێت ئەو هۆكارە حەقیقیە شەرح بكەم كە بووەتە هۆی ئەم ناكۆكیە و پێم خۆشە پەردەش لابدەم لەسەر ئەو هەڵەیەی كە هەندێ كەس تێی كەوتن و دواجار نكۆڵییان كرد لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). هیوادارم ئەو كەسانەی تێدەگەن لەم هەڵەیە بزانن چۆن و لەكوێوە ئەم ناكۆكیە دروست بوو، وە ئەوەش بزانن كە لەلایەكەوە ناكۆكیەك هەیە لەنێوان ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو لە سەرەتادا نووسیویەتی و ئەوەی لەدواییدا نووسیویەتی، وە لەلایەكی ترەوە هیچ ناكۆكیەك نیە، وە لەبەر تێنەگەیشتن لەم خاڵە خەڵكی كەوتنە هەڵەوە.
مادام لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) كۆمەڵێك بڕگەم هێنایەوە كە لێیانەوە بەڵگەدەهێنرێتەوە دژی پێغەمبەرایەتیەكەی، وە دابەشم كرد بۆ دوو بەش -بەشی یەكەم پێكهاتبوو لەو بڕگانەی پێش ساڵی 1901ز نووسراون، وە بەشی دووەم كۆمەڵێك دەستەواژە لەخۆدەگرێت دوای ساڵی 1901ز نووسراون- بۆیە دەكرێت هەركەسێك بە ئاسانی بزانێت ئەو كتێبانەی كە تێیاندا بەڕێزی (عليه السلام) بەڕاشكاوی نكۆڵی كردووە لەوەی پێغەمبەر بێت و پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی بە جوزئی و ناتەواو و پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان ئەژمار كردووە مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 1901ز (وە سەلماندم كە كتێبی “تریاق القلوب” یەكێكە لەو كتێبانە)، وە لە هیچ كتێبێكیدا كە دوای ساڵی 1901ز نووسرابێت پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی بە جوزئی و ناتەواو یان بە پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەت لەقەڵەم نەداوە، وە بەڕاشكاوی نەینووسیوە كە پێغەمبەر نیە بەڵكو فەرموویەتی پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نیە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست نەهێناوە، بەڵكو بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرێكە كە بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) نیعمەتی پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە. لەم ناكۆكیەوە -بەلایەنی كەمەوە- دەزانرێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ساڵی 1901زدا بەدڵنیاییەوە بیروباوەڕی خۆی گۆڕیوە، واتە پێشتر پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی بە موحەددەثیەت ئەژماركردووە بەڵام دوای ئەوە ناویناوە پێغەمبەرایەتی و نكۆڵی نەكردووە لە پێغەمبەرایەتی بەڵكو نكۆڵی كردووە لەوەی شەریعەتێكی نوێی هێنابێت و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت. كاتێك كتێبی “حەقیقەتی وەحی” دەخوێنینەوە زۆر بەڕوونی لێیەوە دەردەكەوێت كە بەدڵنیاییەوە بەڕێزی (عليه السلام) هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە دەربارەی ئەم پرسە و لەم كتێبەدا فەرموویەتی:
“من سەرەتا باوەڕم وابوو و دەمگوت: من لەكوێ و مەسیحی كوڕی مەریەم لەكوێ؟ بەجۆرێك ئەو پێغەمبەرێكە و لەو كەسە پایەبەرزانەیە كە نزیكن لە خوای گەورەوە، وە هەر كاتێك شتێك دەردەكەوت كە بەڵگە بوایە لەسەر فەزڵی من، بە فەزڵێكی جوزئی ئەژمارم دەكرد، بەڵام وەحی خوا (سبحانه وتعالی) كە دوای ئەوە وەك باران داباری بەسەرمدا نەیهێشت جێگیر و چەسپاو بم لەسەر بیروباوەڕەكەی پێشوو، وە زۆر بەڕاشكاوی نازناوی “پێغەمبەر”م پێدرا، بەجۆرێك لەلایەكەوە من پێغەمبەرم و لەلایەكی ترەوە تاكێكم لەم ئوممەتە.” (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لاپەڕە: 152-154)
لەم دەستەواژەیەوە بەڕوونی دەردەكەوێت سەرەتا خۆی بە باشتر دانەناوە لە مەسیحی ناسیرەیی چونكە مەسیحی ناسیرەیی پێغەمبەرە لەكاتێكدا ئەو پێغەمبەر نیە، بەڵام كاتێك چەندین جار ناونرا “پێغەمبەر” لە وەحی خوادا ئینجا بیروباوەڕی خۆی گۆڕی و خۆی بە باشتر دانا لە مەسیحی ناسیرەیی، یان بەدەربڕینێكی تر دانی نا بە پێغەمبەرایەتی خۆیدا چونكە كەسێك پێغەمبەر نەبێت ناكرێت و ناگونجێت لە كەسێك چاكتر و پایەبەرزتر بێت كە پێغەمبەرە. بەڵام لەبەرئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) تاكو كاتی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” نكۆڵی لە فەزڵی تەواوەتی خۆی دەكرد بەسەر مەسیحی ناسیرەییدا، بۆیە لەمەوە دەردەكەوێت پرسی پێغەمبەرایەتی لە ساڵی 1900ز یان 1901زدا ئاشكرابووە بۆی و لەبەر ئەوە نامیلكەی “إزالة خطأ” لە ساڵی 1901زدا بڵاوكرایەوە كە بەوپەڕی گوڕوتینەوە تێیدا پێغەمبەرایەتی خۆی ڕاگەیاند، كەواتە لەمەوە دەچەسپێت كە لە ساڵی 1901زدا بیروباوەڕی خۆی گۆڕیوە. بەڵام ساڵی 1900ز وەكو بەرزەخ وابووە و بریتی بووە لە سنوورێكی جیاكەرەوە لەنێوان هەردوو بیروباوەڕەكەدا. كەواتە كاتێك ساغبوویەوە بەڕێزی (عليه السلام) لەو كتێبانەیدا كە دوای ساڵی 1901ز دایناون چەندین جار وشەی پێغەمبەری بەكارهێناوە سەبارەت بە خۆی، وە هەروەها كاتێك لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”یەوە دەردەكەوێت پاش نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” بیروباوەڕی خۆی گۆڕیوە دەربارەی پێغەمبەرایەتی، ئەوا بەجوانی دەچەسپێت كە ئەو دەستەواژانەی پێش ساڵی 1901ز نووسراون و تێیدا نكۆڵی كردووە لەوەی پێغەمبەر بێت مەنسووخن و ڕەوا نیە بەڵگەیان پێ بهێنرێتەوە.
ئێستا یەك ڕەخنە دەمێنێتەوە ئەویش ئەوەیە: كاتێك سەلمێنرا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە سەرەتای ڕەوانەكردنەكەیەوە بانگەشەی ئەوەی كردووە كە هەموو مەرجەكانی پێغەمبەرانی تێدایە ئیتر بۆچی نكۆڵی دەكرد لە پێغەمبەرایەتی خۆى؟ وە ئەگەر لە سەرەتاوە نكۆڵی لێ دەكرد؛ ئەوا بۆچی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد بەگوێرەی هەمان بانگەشە؟ ئەگەر ساغبووەتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) بانگەشەكەی خۆی گۆڕیوە؛ ئەوا دەكرێت ئەوەی لێ بخوێنرێتەوە كە بەڕێزی لە سەرەتاوە بانگەشەی شتێكی دەكرد كە كەسێك پێغەمبەر نەبێت بانگەشەی دەكات، بەڵام دوای ئەوە بانگەشەی شتێكی دەكرد كە پێغەمبەران بانگەشەی دەكەن بۆیە ڕایگەیاندووە كە پێغەمبەرە. بەڵام كاتێك ئەرك و پلەوپایەكە وەك خۆی ماوەتەوە، ئیتر هۆی چیە تەنها ناوەكە گۆڕاوە؟ ئەگەر پێش ساڵی 1901ز پێغەمبەر بووە سەرەڕای ئەم بانگەشەیە؛ ئەوا دوای ئەوەیش پێغەمبەر بووە. بەڵام ئەگەر پێش ساڵی 1901ز پێغەمبەر نەبووە لەگەڵ بوونی ئەم بانگەشەیەدا؛ ئەوا دوای ساڵی 1901ز چ شتێكی نوێ هەبووە هەتا بەهۆیەوە ببێت بە پێغەمبەر؟ هەروەها دەكرێت ڕەخنە بگیرێت بگوترێت ئەگەر لە سەرەتاوە سەرجەم مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی هەبووە تێیدا؛ ئەوا بۆچی بەردەوام نكۆڵی دەكرد لە پێغەمبەرایەتی خۆی؟
وەڵامەكە ئەوەیە: ئەم ناكۆكیە لە شتێكی زۆر سادەدا دروست بووە، وە ڕەنگە شتێكی سادە ببێتە هۆی كۆمەڵێك ئەنجامی مەزن. بێگومان هۆكاری ئەم ناكۆكیە هەمووی ئەوە بووە كە مەسیحی بەڵێندراو لە دوو ماوەی جیاوازدا دوو پێناسەی جیاوازی خستووەتەڕوو بۆ چەمكی “پێغەمبەر”. پێش ساڵی 1901ز پێناسەیەكی خستەڕوو بۆ پێغەمبەر، بەڵام كاتێك سەرنجیدا لە وەحی موتەواتیری خوا و وردبوویەوە لە قورئانی پیرۆز پێناسەیەكی تری بۆ دەركەوت. وە لەبەرئەوەی پێناسەكەی پێشوو كە بەڕێزی بەگوێرەی بۆچوونی خۆی كردبووی بۆ چەمكی پێغەمبەر پراكتیك نەدەبوو بەسەریدا وەك پێغەمبەرێك، بۆیە خۆی بەدوورگرت لەوەی خۆی بە “پێغەمبەر” ناوزەد بكات سەرەڕای بوونی هەموو مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی تێیدا، وە هەر كاتێك وشەی “پێغەمبەر” لە ئیلهامەكانیدا دەهات تەئویلی دەكرد و لە حەقیقەكەتەی لای دەدا چونكە هەر كاتێك پشكنینی بۆ خۆی دەكرد ئەو شتەی لەخۆیدا بەدی نەدەكرد كە پێی وابوو پێویستە بوونی هەبێت لە پێغەمبەردا. بەڵام كاتێك چەندین جار لە ئیلهامەكاندا ناونرا نەبی و ڕەسول، وە وردبوویەوە لەو وەحیەی پێشوو كە ماوەی 23 ساڵ دابەزیوەتە سەری ئەوسا بینی چەندین جار بە هەردوو ناوەكە (واتە نەبی و ڕەسول) ناوزەد كراوە، بۆیە ناچاربوو بیروباوەڕی خۆی بگۆڕێت و لە قورئانی پیرۆزەوە بۆی دەركەوت پێناسەی پێغەمبەر ئەوە نەبووە كە پێشتر كردوویەتی بەڵكو پێناسەیەكی تری هەیە، وە لەبەرئەوەی بەگوێرەی ئەو پێناسەیەی كە قورئانی پیرۆز پێشكەشی كردووە بۆ چەمكی “پێغەمبەر” دەچەسپێت پێغەمبەرە، بۆیە بەڕێزیشی پێغەمبەرایەتی خۆی ڕاگەیاند.
بێگومان بەڕێزی پێشتر باوەڕی وا بوو پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە بەشەریعەتێكی نوێوە دێت یان هەندێ حوكمی شەریعەتەكەی پێشوو نەسخ دەكاتەوە، یاخود بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بەبێ ئەوەی شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر بێت پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت. وە بەگوێرەی ئەم پێناسەیە نكۆڵی كرد لە پێغەمبەرایەتی خۆی. وە ئەم پێناسەیە لای موسوڵمانان بەگشتی پێناسەیەكی پەسەند بوو. وە لەبەرئەوەی سوننەتی پێغەمبەران وایە لەخۆیانەوە هیچ كارێك ناكەن ئەگەر فەرمانیان پێ نەگات لەلایەن خواوە، بۆیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە چەسپاوی مایەوە -وەك ڕێكارێكی خۆپارێزی بەگوێرەی سوننەتی پێغەمبەران- لەسەر ئەو باوەڕەی كە بوونی ئەو مەرجانەی ئێستا باسكران پێویستە بۆ ئەوەی كەسێك بە پێغەمبەر لەقەڵەم بدرێت. وە لەبەرئەوەی هیچ یەكێك لەم مەرجانە لەودا نەبووە بۆیە بەردەوام ئیلهامەكانی خۆی تەئویل دەكرد كە مەبەست لە پێغەمبەر موحەددەثە و پلەوپایەی موحەددەثیەتی بەدەستهێناوە نەك پێغەمبەرایەتی و تەنها بەگوێرەی هەندێ لێكچوونی جوزئی یان تەنها بە مانای زمانەوانی ناوی لێنراوە پێغەمبەر چونكە مانای پێغەمبەرایەتی بریتیە لە هەواڵدان، بۆیە ئەو كەسەی هەواڵ دەدات دەكرێت پێی بوترێت پێغەمبەری جوزئی و ناوی ڕەسول بەدەستدەهێنێت. بەڵام دوای ئەوە بۆی دەركەوت كە بۆ ئەوەی كەسێك ببێت بە پێغەمبەر مەرج نیە شەریعەتێكی نوێ بهێنێت یان هەندێ حوكمی شەریعەتەكەی پێشوو نەسخ بكاتەوە یاخود ڕاستەوخۆ و بەبێ هۆكارێكی ناوەندی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت، بەڵكو پێغەمبەرایەتی كۆمەڵێك مەرجی تری هەیە كە لە خۆیدا هەن لەو كاتەوەی بانگەشەی ئەوەی كردووە كە مەسیحی بەڵێندراوە، بۆیە ئیتر بە خۆی گوت “پێغەمبەر” و دوای ئەوە هەرگیز نكۆڵی نەكرد لەوەی پێغەمبەر بێت، بەڵكو تەنها نكۆڵی كرد لەوەی پێغەمبەرێك بێت كە شەریعەتێكی نوێی هێنابێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت. كەواتە هەموو ناكۆكیەكە بەهۆی جیاوازی پێناسەی پێغەمبەرەوە دروست بوو. مادام پێشتر بەگوێرەی بۆچوونی بەڕێزی (عليه السلام) مەرجەكانی پێغەمبەر بریتی بوون لەوەی شەریعەتێكی نوێ بهێنێت و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بەبێ هۆكارێكی ناوەندی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت، بۆیە بەردەوام نكۆڵی دەكرد لە پێغەمبەرایەتی خۆی ئەگەرچی دانی دەنا بەو شتانەدا كە بریتی بوون لە مەرجی ڕاستەقینەی پێغەمبەر. بەڵام كاتێك زانی پێغەمبەر كۆمەڵێك مەرجی تری هەیە و ئەوانەی پێشوو نین و ئەو مەرجانە لە خۆیدا هەن، ئیتر دانی نا بە پێغەمبەرایەتی خۆیدا. وە ئەمە لەو دەستەواژەیەوە چەسپاوە كە لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا هاتووە بەجۆرێك بەڕێزی (عليه السلام) تێیدا دەفەرموێت (كە ئەمە ماناكەیەتی): لە سەرەتادا خۆم بە نزمتر دادەنا لە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) چونكە پێم وابوو من پێغەمبەر نیم لەكاتێكدا ئەو پێغەمبەرە، بەڵام كاتێك پەیتا پەیتا وەحی دابەزیە سەرم و بەڕاشكاوی نازناوی پێغەمبەرم پێ درا ئیتر ناچاربووم بیروباوەڕی خۆم بگۆڕم.
ئاشكرایە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە سەردەمی نووسینی كتێبی “البراهین الأحمدیة”وە بە ناوی پێغەمبەر بانگكراوە. كەواتە، ناكرێت مەبەست لە دەستەواژەی “بەڕاشكاوی نازناوی پێغەمبەرم پێ درا” ئەوە بێت كە لە سەرەتاوە نازناوی پێغەمبەری پێ نەدرابێت و دوای ئەوە پێی درابێت بۆیە ئەویش بیروباوەڕی خۆی گۆڕیوە سەبارەت بە ئەفزەڵیەت، بەڵكو دەبێت مەبەست ئەوە بێت كە بەڕێزی (عليه السلام) پێشتریش بە نازناوی پێغەمبەر بانگ دەكرا بەڵام ئەمەی تەئویل دەكرد، بەڵام كاتێك چەندین جار خوای گەورە لە ئیلهامەكانیدا بە ناوی نەبی و ڕەسول بانگی كرد ئەوسا زانی كە لەڕاستیدا پێغەمبەرە و وەك ئەوە نیە كە پێشتر پێی وابوو، وە وشەی “پێغەمبەر” كە لە ئیلهامەكانیدا هاتووە وشەیەكی ڕاشكاوە و ناشێت تەئویل بكرێت. بۆیە ئەمە مانای وا نیە كە بەڕێزی (عليه السلام) تازە نازناوی “پێغەمبەر”ی پێ درابێت، بەڵكو مەبەست ئەوەیە وەحی موتەواتیر سەرنجی بۆ ئەوە ڕاكێشا كە وشەی “پێغەمبەر” -كە ماوەی 23 ساڵە بەو ناوە بانگدەكرێت- هاوواتای موحەددەث نیە بەڵكو مەبەست لێی خودی پێغەمبەرە. ئەمە ماوەیەك دوای نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” ڕوویدا. لە ڕاگەیاندنی “إزالة خطأ”دا یەكەم بەڵگە لەسەر گۆڕانی ئەم بیروباوەڕە بەدی دەكەین كە یەكەم بەڵگەیە بەشێوەی نووسین، ئەگینا لە وتاری هەینی مەولەوی عەبدولكەریمەوە (ڕ.خ) دەردەكەوێت كە ئەم بیروباوەڕە لە ساڵی 1900زەوە وردە وردە ئاشكراكراوە ئەگەرچی ئاشكراكردنەكە لاواز و ناتەواو بووە. بۆیە لەهەمان ساڵدا مەولەوی بەڕێز لە یەكێك لە وتارەكانیدا سەلماندی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەلایەن خواوە نێردراوە و ئایەتی: ﴿لَا نُفَرِّقُ بَيۡنَ أَحَدٖ مِّن رُّسُلِهِۦۚ﴾ دەچەسپێت بەسەریدا، وە مەسیحی بەڵێندراو ستایشی ئەو وتارەی كرد، وە لە هەمان ساڵدا لە ڕۆژنامەی “الحكم”دا بڵاوكرایەوە. بەڵام وا دەردەكەوێت كە بڕیاری كۆتایی دەربارەی ئەم بیروباوەڕە لە ساڵی 1901زدا درابێت.
پوختەی قسە؛ لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە سەرەتاوە پێی وابوو پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە بە شەریعەتێكی نوێوە دێت یان هەندێ حوكمی شەریعەتی پێشوو نەسخ دەكاتەوە یان ڕاستەوخۆ بەبێ هۆكارێكی ناوەندی پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت، بۆیە خۆی بەدوورگرت لە بەكارهێنانی وشەی “پێغەمبەر” سەبارەت بە خۆی ئەگەرچی هەموو ئەو مەرجانەی تێدا بوو كە پێویستە لە كەسێكدا هەبن بۆ ئەوەی پێی بوترێت پێغەمبەر. لەگەڵ ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) بانگەشەی هەموو ئەو شتانەی دەكرد كە ئەگەر لە هەر كەسێكدا هەبن ئەوا دەبێت بە پێغەمبەر، بەڵام لەبەرئەوەی پێی وا نەبوو ئەو مەرجانە مەرجی پێغەمبەرایەتی بن بەڵكو پێی وابوو مەرجی موحەددەث بن بۆیە بەردەوام تەنها خۆی بە موحەددەث لەقەڵەم دەدا و هەستی بەوە نەكرد كە لە بانگەشەكەیدا خۆی بە شتێك وەسف دەكات كە تەنها لە پێغەمبەراندا هەیە، بۆیە نكۆڵی لەوە دەكرد كە پێغەمبەر بێت. بەڵام كاتێك هەستیكرد ئەو بانگەشەیەی كە لە سەرەتاوە ڕایدەگەیەنێت بریتیە لە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی نەك بانگەشەی موحەددەثیەت ئەوسا ڕایگەیاند پێغەمبەرە، وە سەرزەنشتی ئەو كەسەی دەكرد كە نكۆڵی دەكرد لە پێغەمبەرایەتیەكەی و دەیفەرموو مادام من پێغەمبەرم ئیتر چۆن پێغەمبەرایەتیەكەم ڕەت دەكەیتەوە، بەڵكو پێویستە لەسەرت هەڵوێستی من ڕوون بكەیتەوە بەجۆرێك من بانگەشەی پێغەمبەرایەتیەكم نەكردووە كە بەهۆیەوە ئیسلام نەسخ بێتەوە یان بانگەشەی ئەوەم نەكردووە كە بەشێوەیەكی سەربەخۆ و جیا لە پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرایەتیم بەدەستهێنابێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە بانگەشەی پێغەمبەرایەتیەكم كردووە كە خاڵی بێت لەم دوو شتە.
كەواتە، ئەوەی لە سەرەوە نووسیومە بەرهەمی بیروبۆچوونی خۆم نیە بەڵكو ڕاستی بابەتەكەیە و لە وتەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) چەسپاوە، ئەوەتا لە ساڵی 1899زدا لە نامەیەكدا كە لە هەمان ساڵدا لە ڕۆژنامەی “الحكم”دا بڵاوكرایەوە پێناسەی پێغەمبەری نووسیوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
“لەبەرئەوەی لە زاراوەی ئیسلامدا بەو كەسانە دەوترێت نەبی و ڕەسول كە شەریعەتێكی تەواو دەهێنن یان هەندێ حوكمی شەریعەتەكەی پێشوو نەسخ دەكەنەوە، یاخود سەر بە ئوممەتی پێغەمبەرێكی پێشوو نین و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە خوای گەورەوە هەیە بەبێ وەرگرتنی لێشاوی بەرەكەت لە پێغەمبەرێك، بۆیە وریابن و بە هەمان مانا من بە پێغەمبەر لەقەڵەم مەدەن چونكە جگە لە قورئانی پیرۆز ئێمە هیچ كتێبێكمان نیە و جگە لە موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) هیچ پێغەمبەرێكمان نیە، وە جگە لە ئیسلام هیچ ئایینێكمان نیە، وە باوەڕمان وایە كە پێغەمبەرمان (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، وە قورئانی پیرۆز خاتەمی كتێبەكانە.” (الحكم، بەرگی3، ژمارە 29، ساڵی1899ز)
لەم بڕگەیەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) پێش ساڵی 1901ز پێی وا بووە بەگوێرەی زاراوەی ئیسلام تەنها كەسێك پێغەمبەرە كە سێ خاڵەكەی سەرەوەی تێدا بێت، واتە: (1) شەریعەتێكی نوێ بهێنێت. (2) هەندێ حوكمی شەریعەتەكەی پێشوو نەسخ بكاتەوە. (3) ڕاستەوخۆ و بەبێ هۆكارێكی ناوەندی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت. وە لەبەرئەوەی بەڕێزی ئەم سێ خاڵەی تێدا نەبووە بۆیە تەواو پێكاویەتی لەوەدا كە پێغەمبەرایەتی لە خۆی دوورخستووەتەوە. بەڵام لەبەرئەوەی لە زماندا هیچ یەكێك لەم خاڵانە بە مەرج دانەنراوە بۆ پێغەمبەر، بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەیفەرموو تەنها بەگوێرەی زمان ناونراوە پێغەمبەر، ئەمەش چونكە هەموو ئەو مەرجانەی لەخۆیدا بەدی دەكرد كە لە زماندا باسكراون بۆ پێغەمبەر، واتە: (1) زۆری ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی. (2) ئاگاداربوون بەڕێژەیەكی زۆر لەو غەیبەی كە پێكهاتووە لە هۆشداری و مژدەدان. (3) ناونانی بە پێغەمبەر لەلایەن خواوە. بەڵام لەبەرئەوەی پێی وابوو پێناسەی ئیسلام بۆ چەمكی پێغەمبەر پێچەوانەی ئەم پێناسەیەیە –واتە ئەو پێناسەیەی كە لە زماندا باسكراوە بۆ پێغەمبەر- (وە لەبەرئەوەی موسوڵمانان بەگشتی باوەڕیان بەو پێناسەیە هەبووە و بەلایانەوە پەسەند بووە، وە پێغەمبەران پەیڕەوی بیروباوەڕی باو دەكەن هەتا ئەو كاتەی بەتەواوەتی شتەكە ئاشكرا دەبێت بۆیان)، بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) خۆی بە پێغەمبەر ئەژمار نەكردووە لەگەڵ بوونی هەموو مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی تێیدا و سەرەڕای ئەوەی دانی ناوە بە بوونی ئەو مەرجانە لە خۆیدا. بەڵام كاتێك ئیلهامە دووبارەبووەكان سەرنجیان ڕاكێشا بۆ مانای ڕاستەقینەی پێغەمبەر و ڕاستی بابەتەكە ئاشكرابوو بۆی و بۆی دەركەوت قورئانی پیرۆز لەم بارەیەوە پێچەوانەی بیروباوەڕی خەڵكی گشتیە، ئیتر وازیهێنا لە بیروباوەڕەكەی پێشووی. وە بەڵگەش لەسەر ئەمە بریتیە لە دەستەواژەكانی خۆی لە ساڵی 1901ز و دوای ئەوە سەبارەت بە پێناسەی پێغەمبەر، بۆیە دەفەرموێت:
- پێغەمبەر كێیە لە زاراوەی خواییدا؟
“ئەمە زاراوەیەكی خواییە، بەجۆرێك خوا (U) وشەی پێغەمبەرایەتی دەبڕێت بەسەر زۆری ئاخاوتن و گفتوگۆدا، واتە ئەو ئاخاوتنانەی كە ڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبییان تێدایە.” (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لاپەڕە 341)
- پێناسەی پێغەمبەر لای پێغەمبەران
“ئەگەر ئاخاوتن و گفتوگۆی خوا بگاتە چڵەپۆپە لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە، بەجۆرێك هیچ لێڵی و ناتەواویەكی تێدا نەبێت، وە بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا كاروبارە غەیبیەكانی لەخۆگرتبێت؛ ئەوا بە دەربڕینێكی تر ئەمە پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی، ئەم بابەتە هەموو پێغەمبەران هاوڕان لەسەری.” (الوصیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 20، لاپەڕە 311)
- پێغەمبەر كێیە لە زاراوەی ئیسلامدا؟
“بێگومان كەسێكی لەم شێوەیە لەلایەكەوە خاوەنی خۆشەویستی خۆییە بۆ خوا، وە لەلایەكی ترەوە هاوخەم و دڵسۆز دەبێت بۆ دروستكراوانی خوا و شەیدای ئیسڵاحكردنیان دەبێت… ئەم كەسانە لە زاراوەی ئیسلامدا پێیان دەوترێت پێغەمبەر و نێردراو و موحەددەث. ئەوان شكۆدار دەكرێن بە ئاخاوتن و گفتوگۆی پاك و پیرۆزی خوا، وە لەسەردەستیاندا كاری دەراسا دەردەكەوێت و زۆربەی دوعاكانیان گیرا دەبێت.” (وتاری سیالكۆت، الخزائن الروحانیة، بەرگی 20، لاپەڕە225)
- پێناسەی پێغەمبەر لە قورئانی پیرۆزدا
“ئەو كەسەی هەواڵە غەیبیەكان لەلایەن خوای گەورەوە لەسەردەستیدا دەردەكەوێت، بە شێوەیەكی پێویست مانای “پێغەمبەر” بەسەریدا دەچەسپێت بەگوێرەی ئەم ئایەتە: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾” (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لاپەڕە 208)
(5) پێناسەی پێغەمبەر لە زمانی عەرەبیدا
“مانای پێغەمبەر لە زمانی عەرەبی و عیبریدا ئەو كەسەیە كە بەڕێژەیەكی زۆر پێشبینی دەكات بە هۆی پێگەیشتنی ئیلهام لەلایەن خواوە، وە ئەگەر ڕێژەكە زۆر نەبوو؛ ئەوا ئەم مانایە ناچەسپێت.” (المكتوب المنشور في “أخبار العام” ساڵی 1908ز)
لە هەموو ئەم پێناسانەوە كە بەڕێزی لە ساڵی 1901ز یان دوای ئەوە باسی كردوون، بەجوانی دەردەكەوێت كە لەو كاتەدا پێناسەی پێغەمبەری گۆڕیوە. بێگومان لەو نامەیەدا كە لە ساڵی 1899ز دا نووسراوە و لەسەرەوە بڕگەم لێ وەرگرت، سەلماندم كە بەڕێزی (عليه السلام) پێی وابووە مانای پێغەمبەر لە زاراوەی ئیسلامدا بریتیە لە: (1) ئەو كەسەی شەریعەتێكی نوێ بهێنێت، (2) یان هەندێ حوكمی شەریعەتەكەی پێشوو نەسخ بكاتەوە، (3) یان ڕاستەوخۆ، واتە بەبێ هۆكاری ناوەندی، پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت. وە لەبەرئەوەی ئەم شتانەی تێدا نەبووە بۆیە پێویست بوو نكۆڵی بكات لەوەی كە پێغەمبەرە. بەڵام كاتێك لە ساڵی 1901زدا بۆی دەركەوت پێناسەی پێغەمبەر لای خوا و لای پێغەمبەران و لە زاراوەی ئیسلامدا و بەگوێرەی حوكمی قورئانی پیرۆز هەمان ئەو پێناسەیەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) تەنها بە پێناسەیەكی زمانەوانی لەقەڵەمی دەدا و پێی وابوو پێچەوانەی پێناسەكەی ئیسلامە واتە پێگەیشتنی هەواڵە غەیبیەكان بەڕێژەیەكی زۆر كە كۆمەڵێك نیشانەی دەراسا پیشان بدەن واتە هەواڵ بدەن لە شكۆداربوونی شوێنكەوتووانی پێغەمبەر و لەناوچوونی نەیارەكانی، وە ئەگەر خوای گەورە ئەم جۆرە مرۆڤە ناو بنێت پێغەمبەر؛ ئەوا پێغەمبەرە نەك موحەددەث، ئەو كاتە بەڕێزی (عليه السلام) بۆی دەركەوت كە لەڕاستیدا خۆی پێغەمبەرە و خوا (U) ڕەوانەی كردووە و لە یەكەم ڕۆژی ڕەوانەكردنەكەیەوە پلەوپایەی پێغەمبەرایەتی پێ بەخشیوە، وە تەنها بەهۆی مەزەندەكردن و خەمڵاندنەوە ئەم هەڵوێستەی خۆی نەگۆڕیوە، بەڵكو بەگوێرەی فەرمانێك لەلایەن خواوە ئەو كارەی كردووە وەك خۆی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“ئەوەی پێی دەڵێن ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی، من -بە فەرمانی خوا- بە ڕێژە زۆرەكەی دەڵێم پێغەمبەرایەتی.” (تتمة حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لاپەڕە 503)
بۆیە كاتێك خوای گەورە پێی ڕادەگەیەنێت كە مەبەست لە پێغەمبەرایەتی ئەوە نیە كەسەكە شەریعەتێكی نوێ بهێنێت یان ڕاستەوخۆ واتە بەبێ هۆكارێكی ناوەندی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت، بەڵكو مەبەست لێی ئاگاداربوونە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر، وە كاتێك خوای گەورە بەم جۆرە كەسە دەڵێت “پێغەمبەر”؛ ئەوا دەبێت بە پێغەمبەر نەك موحەددەث، ئەوسا بەڕێزی (عليه السلام) وازیهێنا لە بیروباوەڕەكەی پێشوو، وە هەرگیز دوای ساڵی 1901ز نەینووسیوە خۆی پێغەمبەر نیە، بەڵام كاتێك خۆی بە پێغەمبەر لەقەڵەم داوە ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە كە چ جۆرە پێغەمبەرێكە.
وە بە پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕەی كە بەڕێزی (عليه السلام) لە ساڵی 1899ز هەیبووە دەربارەی پێغەمبەر، بڕگەیەكی تر دەهێنمەوە كە دەریدەخات ڕێبازەكەی لە دوای ساڵی 1901زەوە ئەوە بووە كە مەرج نیە پێغەمبەر شەریعەتێكی نوێ بهێنێت یان شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت. ئەوەتا بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“وردنەبوونەتەوە لە مانای ڕاستەقینەی پێغەمبەر. بێگومان پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە لەلایەن خوای گەورەوە بەهۆی وەحیەوە هەواڵی پێ دەگات، وە ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی بەدەستدەهێنێت، وە پێویست نیە كە بە شەریعەتێكی نوێوە بێت، هەروەك پێویست نیە كە شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نەبێت. بۆیە هیچ ڕێگرێك نیە كە بەم مانایە تاكێك لەم ئوممەتە بە پێغەمبەر لەقەڵەم بدرێت.” (البراهین الأحمدیة، بەشی پێنجەم، الخزائن الروحانیة، بەرگی 21، لاپەڕە 306)
لەم دەستەواژانەوە بەجوانی دەردەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) پێش ساڵی 1901ز پێناسەیەكی كردووە بۆ پێغەمبەر جیاوازە لەو پێناسەیەی كە لە ساڵی 1901ز و دوای ئەوە كردوویەتی، وە ئەم گۆڕانە بەهۆی ڕاوبۆچوونی خۆی یان مەزەندەكردنەوە ڕووینەداوە بەڵكو بە فەرمانی خوای گەورە و بەگوێرەی لێدوانەكانی قورئانی پیرۆز بووە. كەواتە كاتێك باوەڕی وابوو پێغەمبەر كەسێكە شەریعەتێكی نوێ دەهێنێت و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت بەردەوام نكۆڵی دەكرد لە پێغەمبەرایەتی خۆی، وە كاتێك بۆی دەركەوت ئەم شتانە مەرجی پێغەمبەرایەتی نین و هەموو مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی لە خۆیدا هەن ئەوسا خۆی بە پێغەمبەر لەقەڵەم دا.
كەواتە بەڕێزی (عليه السلام) پێش ساڵی 1901ز پێناسەیەكی جیاوازی دەكرد بۆ چەمكی “پێغەمبەر”، بۆیە بەردەوام پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی بە جوزئی و ناتەواو دادەنا، لەلایەكەوە ئەو پلەیەی بە پێغەمبەرایەتی لەقەڵەم نەدەدا كە پێی درابوو، لەلایەكی ترەوە خوای گەورە بە پێغەمبەر ناوی دەبرد، بۆیە پەنای دەبرد بۆ تەئویل بۆ ئەوەی گونجان دروست بكات لەنێوان هەردوو بابەتەكەدا و خۆی بە موحەددەث دادەنا بەڵام پێی دەگوترێت “پێغەمبەر” بەهۆی زۆریی ئاخاوتن و گفتوگۆی خواییەوە لەگەڵ ئەوەی شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە. بەڵام كاتێك زانی ئەو پلەیەی پێی دراوە بەشێك نیە لە پێغەمبەرایەتی بەڵكو خودی پێغەمبەرایەتیە ئەوسا تەنها لێدوانی دا سەبارەت بە جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی و هەرگیز نەیفەرموو پێغەمبەر نیە بەڵكو تەنها بەهۆی بەدەستهێنانی بەشێك لە پێغەمبەرایەتی ناونراوە پێغەمبەر.
هەروەها تەنها بەهۆی جیاوازی لە پێناسەی چەمكی پێغەمبەردا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام تا ماوەیەكی دیاریكراو لە هەندێ ڕووەوە خۆی بە چاكتر دەزانی لە مەسیحی ناسیرەیی نەك لە هەموو ڕوویەكەوە، چونكە پێی وا بوو مەسیحی ناسیرەیی پێغەمبەرە و خۆی پێغەمبەر نیە، وە كەسێك پێغەمبەر نەبێت ناكرێت بەتەواوەتی و لە هەموو ڕوویەكەوە چاكتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە. بەڵام كاتێك زانی خۆی پێغەمبەرە و پێناسەی پێغەمبەر دەچەسپێت بەسەریدا ئیتر لە هەموو ڕوویەكەوە خۆی بە چاكتر دانا لە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام).
هەروەها تەنها بەهۆی جیاوازی لە پێناسەی چەمكی “پێغەمبەر”دا تا ماوەیەك ڕێگری كرد لە كۆمەڵەكەی كە پێی بڵێن پێغەمبەر، پاشان دوای ئەوە لە نووسراوەكانیدا خۆی بە پێغەمبەر و نێردراو ناوبرد، تەنانەت كاتێك كەسێك نكۆڵی كرد لەوەی پێغەمبەر بێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەرزەنشتی كرد.
هەروەها تەنها بەهۆی جیاوازی لە پێناسەی چەمكی “پێغەمبەر”دا بەڕێزی (عليه السلام) لە ماوەیەكدا ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە و تێیدا فەرمووی مەبەست لە پێغەمبەرایەتیەكەم تەنها موحەددەثیەتە، وە پێویستە خەڵكی وشەی پێغەمبەر بسڕنەوە و لە شوێنەكەیدا “موحەددەث” بنووسن، بەڵام لەدواییدا بە پێچەوانەی ئەمەوە ڕایگەیاند:
“ئەگەر ئەو كەسەی كە لەلایەن خوای گەورەوە هەواڵە غەیبیەكانی پێ دەگات ناوی پێغەمبەر نەبێت؛ ئەوا پێم بڵێن پێویستە بە چ ناوێك بانگ بكرێت؟ ئەگەر دەڵێن پێویستە پێی بوترێت “موحەددەث”؛ ئەوا دەڵێم لە هیچ فەرهەنگێكدا نەهاتووە كە “تحدیث” مانای ئاگاداركردنەوە بێت لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر.” (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لاپەڕە 209)
بەڕێزی (عليه السلام) پێش ساڵی 1901ز دەیفەرموو مەبەست لە پێغەمبەر بریتیە لە موحەددەث پاشان لە ساڵی 1901ز ڕایگەیاند كە دەكرێت تەنها پێی بوترێت پێغەمبەر و ناكرێت پێی بوترێت موحەددەث؛ چونكە “التحدیث” مانای ئاگاداركردنەوە نیە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر. دیارە ئەم جیاوازیە ڕوویدا چونكە بەڕێزی (عليه السلام) پێناسەیەكی جیاوازی دەكرد بۆ پێغەمبەر، وە لەبەر ئەوە خۆی بە پێغەمبەر لەقەڵەم نەدەدا بۆیە پێی وابوو ئەو پلەیەی لە خوار پێغەمبەرایەتیەوەیە پلەی موحەددەثە و دەكرێت خۆی (عليه السلام) ئەو پلەیەی بەدەستهێنابێت و دەكرێ ئەو كەسەی ئەو پلەیەی بەدەستهێنابێت پێی بوترێت موحەددەث، بەڵام كاتێك زانی ئەم پلەیە پلەی پێغەمبەرایەتیە و ئەو پێناسەیەی كە بە پێناسەی موحەددەثیەتی دادەنا لە ڕاستیدا پێناسەی پێغەمبەرایەتیە، ئیتر نكۆڵی كرد لەوەی موحەددەث بێت[37] و ڕایگەیاند پێغەمبەرە.
[37] مانای نكۆڵیكردن لەوەی موحەددەث بێت ئەوەیە بانگەشەی بەدەستهێنانی پلەیەكی بەرزتری كرد ئەگینا هەموو پێغەمبەرێك ئۆتۆماتیكی موحەددەثە تەنانەت پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) ئەویش موحەددەث بووە. نووسەر.
هەروەها بەهۆی جیاوازی لە پێناسەی پێغەمبەردا، لەو ماوەیەدا كە تێیدا خۆی بە پێغەمبەر دانەدەنا پێی وابوو وشەی “پێغەمبەر” لە ئیلهامەكاندا بەكارهاتووە بۆی چونكە هەموو موحەددەثێك دەكرێت پێغەمبەرێكی جوزئی بێت، بۆیە پێی دەوترێت پێغەمبەر، وە ئەم زاراوەیەی بە زاراوەیەكی ئاسایی ڕێبازی سۆفیگەری ئەژمار دەكرد. وە بەڕێزی (عليه السلام) بەگوێرەی ئەم تێگەیشتنە هەموو سەلەفی ساڵحی بەشدار دەكرد لەم پلەوپایەیەی خۆیدا. بەڵام كاتێك زانی ئەو پلەیەی پێی دراوە پلەی پێغەمبەرایەتیە، وە شێوازی پلەكەی كە بەردەوام ڕوونی دەكردەوە شێوازی پێغەمبەرایەتیە و شێوازی موحەددەثیەت نیە، ئیتر ناچاربوو هەموو موحەددەثەكانی پێشوو جیا بكاتەوە لە پلەوپایەكەی خۆی و زۆر بەڕاشكاوی بفەرموێت ئەوان بەشدار نین لە پێغەمبەرایەتیەكەیدا، لەگەڵ ئەوەی پێش ساڵی 1901ز پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی وەك پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكانی پێشوو ئەژمار دەكرد وەك پێشتر باسكرا. بەڵام كاتێك پاش ساڵی 1901ز لەلایەن خوای گەورەوە پێناسەی ڕاستەقینەی پێغەمبەری بۆ ئاشكرا بوو ئەوسا بە ڕاشكاوی نووسی:
“هەموو ئەولیا و ئەبدال و قوطبەكانی ئەم ئوممەتە پێش من ئەم پشكە زۆرەیان پێ نەدراوە لەم نیعمەتە، لەبەر ئەوە من تەنها كەسم تایبەت كراوم بە ناوی “پێغەمبەر”، ئەوان هیچیان شایەنی ئەو ناوە نەبوون.” (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لاپەڕە 406-407) [كەسێك نووسیویەتی مەسیحی بەڵێندراو تەنها ئەو تایبەتمەندیەی هەیە كە لە فەرموودەدا ناوی نراوە “پێغەمبەر”، تەنها لەم ڕووەوە چاكترە لە ئەولیاكانی تر ئەگینا هەموو پیاوچاكان پێغەمبەر بوون لەم جۆرە. پێویستە ئەم كەسە بیر لەم دەستەواژانە بكاتەوە: (ئەم پیاوچاكانە پشكێكی زۆریان پێ نەدرا لەم نیعمەتە)، وە (ئەوانی تر شایستەی ئەم ناوە نەبوون). كەواتە كاتێك ئەوان پلەیەكیان بەدەستنەهێنابێت كە ئامادەیان بكات بۆ ئەوەی نازناوی “پێغەمبەر” بەدەست بهێنن و شایستەی ئەم ناوە نەبووبن ئیتر مانای قسەكەی چیە كە دەڵێت ئەوانیش پێغەمبەر بوون وەك پێغەمبەرایەتیەكەی میرزای بەڕێز بەڵام تەنها لە پلەدا جیاوازییەك هەیە؟ ئەگەر ئەوان بەتەواوەتی وەكو ئەو پێغەمبەر بوون ئەوا بۆچی شایستەی ئەم ناوە نەبوون؟ نووسەر.]
هەروەها نووسیویەتی: “چونكە ئەو پیاوچاكانە پێش من بوون ئەگەر بە هەمان ئەندازەی من ئاخاوتن و گفتوگۆی خواییان بەدەستبهێنایە و ئاگاداربوونایە لە كاروبارە غەیبیەكان و شایستە ئەوە بوونایە ناوبنرێن “پێغەمبەر”؛ ئەوا گومان دروست دەبوو لە پێشبینیەكەی پێغەمبەر (ﷺ). لەبەر ئەوە حیكمەتی خوایی ڕێگری كرد لەوەی ئەو پیاوچاكانە بەتەواوەتی ئەم نیعمەتە بەدەستبهێنن، وە لە فەرموودەكاندا هاتووە كە تەنها یەك كەس[38] ئەم پلەیە بەدەست دەهێنێت و بەمەش پێشبینیەكە دێتەدی.” (سەرچاوەی پێشوو).
[38] هەڵبەت مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) ڕاستی گوت كاتێك گوتی: بۆچی ئەو ڕیپۆقە دەبینیت كە لە چاوی براكەتدا هەیە، بەڵام ئەو دارە نابینیت كە لە چاوی خۆتدا هەیە؟ ئەو كەسانەی سەرزەنشتمان دەكەن لەسەر ئەوەی باوەڕهمان هێناوە بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەك پێغەمبەرێك، بیرلەوە ناكەنەوە كە ئێمە باوەڕمان بە یەك كەس هەیە كە پێغەمبەر بێت چونكە خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی ناویان ناوە پێغەمبەر، بەهۆی ئەمەوە زۆر لێمان تووڕەدەبن و هەڕەشەمان لێ دەكەن و تەكفیرمان دەكەن و بە هەڵگەڕاوە لە ئایین ئەژمارمان دەكەن و دەمانترسێنن و زۆر نەفرەتمان لێ دەكەن. بەڵام خۆیان هەزارەها كەس بە پێغەمبەر ئەژمار دەكەن كە نە خوا و نە پێغەمبەرەكەی ئەم كەسانەیان بە پێغەمبەر ناو نەبردووە و خۆیشیان ئەم ناوەیان نەناوە لە خۆیان و مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) ئەم ناوەی لێ نەناون، بەڵكو بەڕێزی فەرموویەتی (عليه السلام) ئەوان شایستەی ئەم ناوە نین. ڕەنگە لێرەدا بڵێن پێمان وایە پێغەمبەرایەتی جوزئییان بەدەستهێناوە. پێویستە بزانن لە هیچ ئایەتێك لە ئایەتەكانی قورئانەوە ناچەسپێت كە ناونانی كەسێك بە پێغەمبەری جوزئی بەبێ ئیزنی خوا و بەبێ بەڵگەیەك ڕەوا بێت. لەڕاستیدا: ﴿بِئۡسَ لِلظَّٰلِمِينَ بَدَلٗا﴾ سزایەكە لەلایەن خواوە بۆ ئەوان. ئەوان نكۆڵییان كرد لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و بە هێما و ئاماژە ئەو كەسانەیان بە كافر و نەفرەتی لەقەڵەمدا كە باوەڕیان پێی هەیە وەك پێغەمبەرێك، پاشان لەلایەن خۆیانەوە نازناوی پێغەمبەریان دا بە هەزارەها كەس. كەواتە لەلایەكەوە بەهۆی ئەوەی قورسە لەسەر دڵیان نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی كەسێك كە خوا و پێغەمبەركەی بە پێغەمبەر ناویان بردووە، وە لەلایەكی ترەوە بەڕادەیەك سنگفراوانی پیشاندەدەن كە نازناوی “پێغەمبەر” دەدەن بە كەسانێك كە ناویان لە خۆیان نەناوە پێغەمبەر و خوا و پێغەمبەرەكەیشی ناویان نەناون پێغەمبەر بگرە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نكۆڵی كردووە لەوەی پێغەمبەر بن. نووسەر.
بەكورتی، كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پلەوپایەكەی خۆی وەك پلەوپایەی موحەددەث دادەنا پیاوچاكانی پێشوویش بەشداریان دەكرد لەو وشانەدا كە بەڕێزی (عليه السلام) بانگ دەكرا پێیان. بەڵام كاتێك پێناسەی ڕاستەقینەی پێغەمبەر دەركەوت بۆی ئینجا هەستی كرد ئەو كەسانە نەگەیشتوونەتە پلەی ئەو، وە خۆی موحەددەث نیە بەڵكو پێغەمبەرە، لەبەر ئەوە ناچاربوو بنووسێت كە پیاوچاكانی پێشوو لە پلەوپایەی پێغەمبەرایەتیدا بەشدارییان نەكردووە لەگەڵیدا.
كەواتە مەسیحی بەڵێندراو هەمیشە بە یەك شێواز وردەكاری بانگەشەكەی خۆی بڵاوكردووەتەوە، شێوازەكەیش ئەوەیە: بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداردەكرێتەوە لە كاروبارە غەیبیەكان كە هۆشداری و مژدەدانیان تێدایە، وە خوا ناویناوە پێغەمبەر. كەواتە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین بەڕێزی (عليه السلام) هەرگیز نكۆڵی نەكردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆی بەڵكو ئەم شێوازە وردەكاریە -كە بەردەوام دەیخستەڕوو- بەڕوونی مانای ئەوە دەگەیەنێت كە پێغەمبەرە.
بەڵام گۆڕانێك لە بیروباوەڕیدا ڕوویدا بەجۆرێك پێش ساڵی 1901ز بە شێوازێكی جیاواز پێناسەی پێغەمبەرایەتی دەكرد و وشەی “پێغەمبەر”ی تەئویل دەكرد لەگەڵ بوونی مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی تێیدا. بۆیە ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) لە ماوەیەكدا ڕێگری لە خەڵكی كردووە كە بە پێغەمبەری لەقەڵەم بدەن؛ ئەوا لە ماوەیەكی تردا (دواتر) سەرزەنشتی كەسێكی كردووە كە نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتیەكەی. بۆیە ئەگەر لە هەر شوێنێكدا نكۆڵی لەوە كردبێت كە پێغەمبەرە یان لە وشەی “پێغەمبەر”ەوە مانای موحەددەثی هەڵێنجابێت؛ ئەوا تەنها مانای ئەوەیە كە نكۆڵی كردووە لەوەی شەریعەتێكی نوێی هێنابێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت چونكە لەو كاتەدا بە بۆچوونی بەڕێزی ئەمە مانای پێغەمبەرایەتی بووە. بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“ئەگەر لە هەر شوێنێكدا نكۆڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتیەكەم؛ ئەوا بەو مانایە بووە كە من شەریعەتێكی سەربەخۆم نەهێناوە، هەروەها پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نیم.” (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لاپەڕە 210)
كەواتە، ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) پێش ساڵی 1901ز نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتیەكەی؛ ئەوا لەبەر ئەوە بووە كە بەگوێرەی سوننەتی پێغەمبەران تا ئەو كاتە دووربینی كردووە ڕێكاری خۆپارێزی گرتووەتەبەر و پێی وابووە -بەگوێرەی بیروباوەڕی باو- هێنانی شەریعەتێكی نوێ و بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ مەرج بوون بۆ پێغەمبەر (وەك لەمەو پێش لەم بارەیەوە دەستەواژەیەكم نەقڵ كرد). كەواتە، وەك خۆی (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە بەگوێرەی مانا باوەكەی پێغەمبەر نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆی بۆیە ناكرێت لەمەوە مانایەكی تر وەربگرین جگە لە ڕوونكردنەوەكەی خۆی كە بریتیە لەوەی ئەگەر هەر كاتێك نكۆڵی كردبێت لە پێغەمبەرایەتی خۆی؛ ئەوا نكۆڵی كردووە لەوەی شەریعەتێكی نوێی هێنابێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت، چونكە هەتا ئەو كاتە ئەمە مانای پێغەمبەرایەتی بووە لای بەڕێزی (عليه السلام). لەبەر ئەوە ڕەوا نیە جەخت لەوە بكرێتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) نكۆڵی كردووە لە وشەی “پێغەمبەر” بەڵكو پێویستە سەرنج بدرێت بە چ مانایەك نكۆڵی لێ كردووە. وە دەبێت نكۆڵیكردنەكەی بەڕێزی (عليه السلام) كورت بكەینەوە لەو مانایەدا كە خۆی نكۆڵی لێ كردووە. هەڵبەت بەڕێزی (عليه السلام) تا ئەو كاتە پێی وا بووە مانای پێغەمبەر ئەوەیە كە شەریعەتێكی نوێی هێنابێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت. بەڵام دوای ئەوە لەلایەن خواوە بۆی دەركەوت كە ئەم مانایە دروست نیە و ئەم شتانە مەرجی پێغەمبەرایەتی نین بەڵكو پێغەمبەر كۆمەڵێك مەرجی تری هەیە كە لە خۆیدا هەن.
كەواتە بەڕێزان، لەبەر ئەم هۆكارە وا دەردەكەوێت جیاوازی و ناكۆكیەك هەیە لەنێوان دەستەواژە جۆراوجۆرەكانی مەسیحی بەڵێندراودا، وە بەگوێرەی ئەمە هەندێ كەس لە كۆمەڵەكەیشمان پێیان هەڵخلیسكا لەگەڵ ئەوەی ئەم ناكۆكیە تەنها لە وشەدا بووە. نەیانزانی مانای پێغەمبەرایەتی چی بووە لە زیهنی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) كاتێك نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتی. وە بیریشیان لەوە نەكردەوە دوای ئەوە لە نووسراوەكانیدا چەسپاوە كە پێناسەی پێغەمبەرایەتی بەگوێرەی زاراوەی ئیسلام و قورئان جیاوازە و پێناسەیەكی ترە، وە بەڕێزی (عليه السلام) بەگوێرەی ئەو پێناسەیە پێغەمبەر بووە. بەڕێزی (عليه السلام) دانی بەوەدا ناوە كە پێناسەی یەكەمیشی بە پێناسەیەكی ئیسلامی داناوە بەڵام بەڵگەی نەهێناوەتەوە لەسەری لە قورئانی پیرۆزدا، بەڵام لە قورئانی پیرۆزدا بەڵگەی هێنایەوە لەسەر پێناسەی دووەمی پێغەمبەرایەتی و فەرمووی بە فەرمانی خوای گەورە ئەم پێناسەیەی كردووە. كەواتە ئەم پێناسە نوێیە پێناسەكەی پێشووی نەسخكردەوە، بەهەمان شێوە مانای نكۆڵیكردن لە پێغەمبەرایەتیشی نەسخ كردەوە كە لە هەموو دەستەواژەكانی پێش ساڵی 1901زدا هاتبوو، وە ئەم نكۆڵیكردنە تەنها مانای ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) نكۆڵیكردووە لەوەی شەریعەتێكی نوێی هێنابێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت. كەواتە پێویستە ئێستا كەسانی ژیر بیربكەنەوە لە بابەتەكە و تێبگەن لەم خاڵە و بیربكەنەوە لە چاككردنی سەرەنجامی خۆیان و سڵ بكەنەوە لە بەدگۆیی بەرامبەر نێردراوی خوا و سووكایەتیكردن بە پێغەمبەرەكەی چونكە سەرەنجامی ئەم كارە زۆر قورس و زیانبەخشە. هەروەك چۆن پەڕگیری ئەرێنی ناپەسەندە بەهەمان شێوە پەڕگیری نەرێنیش هەر ناپەسەندە، بۆیە پێویستە نكۆڵی نەكەن لە پێغەمبەرایەتی كەسێك كە خوا كردوویەتی بە پێغەمبەر، چونكە ئەم كارە واتە شەڕكردن لەگەڵ خوا. گومانی تێدا نیە ئەوان ناكۆكی دەبینن لە هەندێ دەستەواژەدا بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنج بدەن لێیان؛ ئەوا دەبینن تێنەگەیشتن لە پێناسەی پێغەمبەر ئەم ناكۆكیەی دروستكردووە. وە لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی پێناسەی پێغەمبەری كردووە بۆیە ئەو كەسەی دوای ئەوە پێی هەڵدەخلیسكێت كەسێكی زۆر گەمژەیە، وە دوای هەڵهاتنی خۆر كەسێك ناكەوێتە ناو چاڵەوە كە چاوی ساغ بێت. كەواتە چاوتان بكەنەوە و بڕوانن خۆر گەیشتە نیوەی ئاسمان. وە خوای گەورە گەورەیی خۆی پیشان دەدات و توانای خۆی دەدرەوشێنێتەوە. كەواتە شكۆی خوای گەورە قەبووڵ بكەن و وەڵامی دەنگی كەڵەشاخەكە بدەنەوە كە پێغەمبەرەكەیەتی، واتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە بەهۆی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) و لە ڕێگەی بەرەكەتی ئەوەوە گەیشتە چڵەپۆپە، كەواتە بەرەكەتدارە ئەو كەسەی هەتا ئەم ئاستە لێشاوی بەرەكەتی سەرڕێژ كردووە، وە بەرەكەتدارە ئەو كەسەی ئەم لێشاوی بەرەكەتەی ڕاكێشا بۆ خۆی و فراوان بوو هەتا سێبەرئاسا هەموو خاسیەتە تەواوە موحەممەدیەكانی بەدەستهێنا.
ئای چەند ئازاربەخشە! وە چەند سەیرە! ئەو هەڵەیەی كە خوای گەورە بەهۆی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) نەیهێشت و سڕییەوە، دەستەیەك لە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ئەنجامی دەدەن، وە ئەو ڕاستیەی كە خوای گەورە بەهۆی بەڕێزیەوە ڕوونی كردووەتەوە بۆ جیهان، گرووپێك لە شوێنكەوتووانی بەڕێزی (عليه السلام) نكۆڵی لێ دەكەن! موسوڵمانە كاڵفامەكان دەیانگوت هێنانی شەریعەتێكی نوێ یان نەسخكردنەوەی بەشێك لە حوكمەكانی شەریعەتەكەی پێشوو یاخود بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ مەرجن بۆ پێغەمبەرایەتی، بەڵام خوای گەورە بەهۆی مەسیحی بەڵێندراوەوە ئەم هەڵەیەی نەهێشت و ڕوونی كردەوە كە لە قورئانی پیرۆزدا ئەم پێناسەیە باس نەكراوە بەڵكو قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ ئیتر بۆچی كۆمەڵێك مەرج دادەنێن بۆ پێغەمبەر كە خوای گەورە داینەناوە؟ بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاند بە فەرمانی خوای گەورە پشت دەبەستێت بەو پێناسەیەی كە قورئان كردوویەتی بۆ چەمكی “پێغەمبەر” و سەرزەنشتی ئەو كەسانەی كرد ئەم پێناسەیەیان قەبووڵ نەكرد و فەرمووی لەبەر ئەوەی ئێوە كەسانێكی گەمژە و نەفامن بۆیە بە هەڵە پێناسەی چەمكی “پێغەمبەر” دەكەن، وە مەرج نیە پێغەمبەر شەریعەتێكی نوێ بهینێت، وە پێغەمبەرایەتی بەهرە و خەڵاتێكە پەیوەندی نیە بە هێنان یان نەهێنانی شەریعەتەوە، لەم بارەیەوە فەرمووی:
“پێغەمبەر كەسێكە بەڕێژەیەكی زۆر پێشبینی هەواڵەكانی داهاتوو دەكات لە ڕێگەی ئیلهامی خواوە. وە موسوڵمانانی تر كە نەیاری ئێمەن باوەڕیان هەیە بە ئاخاوتنی خوا، بەڵام -لەبەرئەوەی نەزانن- بەو ئاخاوتنانە كە ڕێژەیەكی زۆر پێشبینیان تێدایە ناڵێن “پێغەمبەرایەتی.” (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لاپەڕە 189).
بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم بیروباوەڕە پووچەی هەڵوەشاندەوە كە هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەری و ڕێژەیەكی بەرچاوی موسوڵمانان دەستیان پێوە گرتووە، كەچی دەستەیەك لە كۆمەڵەكەی خودی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕاستبوونەتەوە و هەمان ئەو هەڵەیە ئەنجام دەدەن كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەرزەنشتی دوژمنەكانی خۆی كردووە لەسەری. ئایا ئەمە جێگای سەرسوڕمان نیە؟! ئایا مایەی داخ و خەفەت نیە؟! ئایا شتێكی ئازاربەخش نیە پزیشك خۆی نەخۆش بكەوێت؟! وە مەلەوان بخنكێت و ڕێپیشاندەر ڕێگا ون بكات؟! ئەو كۆمەڵەی كە پێویست بوو خەڵكی لە نەزانی دەربهێنێت و تاریكی جیهان بە ڕووناكیەك بڕەوێنێتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هێنای، دەستەیەك لەهەمان ئەو كۆمەڵە تووشی هەڵەیەك بوون كە مەسیحی بەڵێندراو ڕایسپاردبوون خەڵكی ڕزگار بكەن لێی، وە كەوتنەناو ئەو تاریكیەوە كە مەسیحی بەڵێندراو ڕایسپاردبوون نەیهێڵن.
ئای ئەم ڕۆژە ڕۆژێكی چەند خۆشە بۆ نەزانی و گەوجێتی! وە ساتێكی چەند ناخۆش و پڕ لەداخە بۆ زانست و زانیاری! بەجۆرێك پۆلیس پەیوەندی كرد بە دزەكانەوە، وە سەرباز چووە ناو یاخیبووانەوە. چەند جوانی گوتووە ئەو كەسەی كە گوتوویەتی: “مژدەت لێ بێت ئەی مردن عیسا خۆی نەخۆشە.”
بێگومان كۆمەڵەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە ڕاسپێردراوە بەرەنگاری كۆتا هێرشی شەیتان بێتەوە، دەستەیەك لەناویدا جارێكی تر لە ڕێگای ڕاست لایاندا و لایەنگیری بیروباوەڕە هەڵەكان دەكەن. نەخێر، هەرگیز ئەمە ڕوونادات چونكە زۆرینەی ئەندامانی كۆمەڵەكە ڕاستی و حەقیان بۆ دەركەوتووە. وە ئەو كەسانەی هێشتا دوورن لە ناوەندەكەیانەوە بەهۆی كەللـەڕەقی و دەمارگیرییەوە ئەو كارە ناكەن، بەڵكو لە ئەنجامی خراپ تێگەیشتن و نەبوونی زانیاری پێویست ئەو كارە دەكەن. دڵی زۆربەیان لێوانلێوە لە خۆشەویستی مەسیحی بەڵێندراو، وە هێندەی نەماوە ڕەحمەتی خوا چاویان بكاتەوە و ببینن ئەو ڕێگایەی گرتوویانەتەبەر پێچەوانەی ئەو ڕێگایەیە كە مەسیحی بەڵێندراو خەڵكی خستووەتەسەر، ئەو شوێنەی ئەوان پێیان وایە شوێنی ئاسایش و سەلامەتیە هەمان ئەو چاڵە تاریكەیە كە مەسیحی بەڵێندراو هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی خەڵكی دەربهێنێت لێی. ئایا دوعاكانی گەوهەری تاقانە و مرواری تاك و ڕێپیشاندەری بێهاوتا، موحەممەد (ﷺ)، بەفیڕۆ دەچن لە جیهاندا؟ ئایا پاڕانەوە و نزاكانی پێشەوای ئەم سەردەمە، مەسیحی بەڵێندراو، كە هەموو خاسیەتە تەواوەكانی مامۆستاكەی كێشكردووە بۆ خۆی، بەفیڕۆدەچن؟ نەخێر، ئەستەمە ئەمە ڕووبدات. درەنگ یان زوو دەبێت ئەو كەسانە بگەڕێنەوە كە ڕێگایان ون كردووە، وە مرۆڤە سەرگەردانەكان بگەنەوە ماڵەكانی خۆیان. خوای گەورە میهرەبان و دلۆڤان و بەخشندەیە، هەرگیز دەست لەم كۆمەڵە بەرنادات، كە لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا دایمەزراند، وە ناهێڵێت پەرتەوازە بێت؟! وە ڕێگەنادات ئەم كەشتیە -كە بە فەرمانی خۆی و لەژێر چاودێری خۆیدا دروست كراوە- بەر شەپۆلە توندوتیژ و بەردە سەختەكان بكەوێت و تێكبشكێت؟! ئەم دووبەرەكی و بەجێهێشتنە شتێكی كاتیە، ناتوانم باوەڕبكەم ئەو كەسانەی لەسەردەستی مەسیحی بەڵێندراودا بەیعەتیاندا و وتەی مەزنی ئەویان بیست لەسەر كەللـەڕەقیەكەیان بمێننەوە و وازنەهێنن لەو ڕێگایەی كە هەڵیانبژاردووە، لەگەڵ ئەوەی ئەم كارە تەنها خراپەكردن و سووكایەتی نیە بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڵكو لە هێزی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەری خوایش (ﷺ) كەم دەكاتەوە. نەخێر، هەرگیز ئەمە ڕوونادات. ئایا قوتابیەك هەیە ئاراستەی تیرەكەی نەگۆڕێت كاتێك دەزانێت سینگی مامۆستاكەی كردووە بە ئامانج؟! وە چ مناڵێك هەیە ئاراستەی تفەنگەكەی نەگۆڕێت پاش ئەوەی دەزانێت باوك و دایكی بەئامانج گیراون؟ دەكرێت هەندێ كەس تووشی تاقیكردنەوەیەكی قورس بن، بەڵام ئەستەمە سەدەها كەس كە هێشتا جێگیرن لەسەر هەندێ بیروبۆچوونیان كە بەدگۆیی و سووكایەتییان تێدایە بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و پێغەمبەر (ﷺ) لە بێشەرمی و چاوقایمی خۆیانەوە ئەو كارە بكەن، بەڵكو بەدڵنیاییەوە هۆكاری سەرەكی دژایەتیكردنی زۆربەیان بریتیە لە خراپ حاڵیبوون و نەبوونی زانیاری پێویست. بۆیە مژدەبێت لەو كەسانەی كە بەیانی ڕێگەیان ون كرد و ئێوارە گەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان، وە داوای لێبوردنیان كرد لە باوكیان پاش ئەوەی پشتیان بەردا، چونكە بەدڵنیاییەوە ڕۆژێك لە دڵی خۆیاندا بیردەكەنەوە و بەكوڵ دەگرین بۆ دۆخی خۆیان كاتێك دەزانن پێچەوانەی فێركاری و ڕێنمایی مەسیحی بەڵێندراو جووڵاونەتەوە بەهۆی هەڵەیەكی سادەوە. نەخێر، بەڵكو بەردەوام بڕیار و ئەركەكەی پێشێل دەكەن، وە بەردەوام تیر ئاراستەی كەسێك دەكەن كە هەرگیز پەنجەی لە ڕوویاندا بەرز نەكردووەتەوە، وە خراپە دەكەن بەرامبەر ئەو كەسەی ڕێز و شكۆی ئەوانی جێگیركرد و دژایەتی كەسێك دەكەن كە ئەوپەڕی خۆشی دەویستن. ئەگەر ئەمڕۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بگەڕێتەوە بۆ جیهان ئەبێ چی بفەرموێت بە بینینی ئەم دیمەنە بەجۆرێك ئەو هەڵەیەی كە بەڕێزی (عليه السلام) نەیهێشت و سڕیەوە جارێكی تر بڵاوكراوەتەوە، وە ئەو فێركاریەی كە بە فەرمانی خوا ڕایگەیاند ئەمڕۆ ڕەت دەكرێتەوە. ڕاستە دیمەنێكی زۆر بەژانە بەڵام -سوێند بە پەروەدگاری موحەممەد (ﷺ) بەڕێزی(عليه السلام) وەك گەورەكەی لەوە بەرزترە تووشی دوو مردن ببێت- خوای گەورە لەلایەن خۆیەوە كۆمەڵێك هۆكار دەسازێنێت بۆ مانەوەی كۆمەڵەكەی، وە هەموو ئەو شتانە دەسڕێتەوە كە بكرێت ناوی بەڕێزی (عليه السلام) لەكەدار بكەن و ناوبانگی بزڕێنن وەك فەرموویەتی (U): “ولا نبقي لك من المخزیات ذكرا”. وە لە داهاتوودا كردەوەی خوای گەورە ئەوە دەردەخات كە ئایا باوەڕهێنان بە مەسیحی بەڵێندراو وەك پێغەمبەرێك سووكایەتیە بەرامبەر بە خوا و پێغەمبەر (ﷺ) یان مەزنڕاگرتنی هەردووكیانە، وە بەردەوام خوای گەورە بە كردەوەی خۆی ئەمە دەردەخات و هەموو ڕۆژێك گومڕایان ڕادەكێشێت بۆ ڕێگای ڕاست، وە سەرلەنوێ كۆمەڵە پەرتەوازەكە كۆدەكاتەوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو ئەحمەدیانەی دوورن لەم ڕاستیەوە لە سەدا دوو زیاتر نین، بەڵام ئایا باوكێك دە كوڕی هەبێت بە مردنی یەكێكیان دڵخۆش دەبێت؟ نەخێر، هەرگیز دڵخۆش نابێت. بەهەمان شێوە ئێمە دڵخۆش نابین تەنانەت ئەگەر یەك كەسیش جیابێتەوە لە كۆمەڵەكەی مەسیحی بەڵێندراو ئەگەرچی بە هەڵە و نەزانینیش بێت.
ئێش و ئازار مرۆڤ دەشڵەژێنێت، هەڵبەت منیش لەتاو ئێش و ئازار درێژەم دا بە ڕوونكردنەوەكە، مەبەستم ئەوەیە ئەم هەڵە و ئاژاوەیە كە تووشی دەستەیەك لە كۆمەڵەكەمان بووە هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو كەسانە تێنەگەیشتوون كە بە كێ دەوترێت پێغەمبەر، وە دەستیان گرتووە بەو پێناسەیەوە كە دەستەواژە كۆتاییەكانی مەسیحی بەڵێندراو نەسخیان كردووەتەوە و جێگیر و چەسپاو بوون لەسەری، لەگەڵ ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) ئەمەی بە گەوجێتی لەقەڵەم داوە. وە ئەو دەستەواژانەی كە تێیاندا ڕایگەیاندووە پێغەمبەر ئەو كەسەیە شەریعەتێكی نوێ دەهێنێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت و لەسەر ئەم بنەمایە نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی ئەمڕۆ بە موحكەم ئەژمار دەكرێن، لەگەڵ ئەوەی ئەو كاتە نكۆڵی كردووە لەوەی پێغەمبەر بێت كە پێی وابووە هێنانی شەریعەتێكی نوێ یان ڕاستەوخۆ بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی پێویستن بۆ پێغەمبەر وەك لە ساڵی 1899زدا فەرموویەتی. وە كاتێك بە فەرمانێك لەلایەن خواوە و بەهۆی حوكمی قورئانی پیرۆزەوە هەڵەی ئەو پێناسەیەی دۆزیەوە كە پێشتر كردبووی بۆ چەمكی “پێغەمبەر” -وەك لە نووسینەكانی ساڵی 1901ز و دواتری بەڕێزیەوە دەردەكەوێت- ئیتر خۆی ناونا پێغەمبەر چونكە هەموو مەرجەكانی پێغەمبەر كە ئێستا زانیویەتی لە بەڕێزیدا هەبوون لە یەكەم ڕۆژی ڕەوانەكردنەكەیەوە، بۆیە لە سەرەتاوە پێغەمبەر بووە.
پوختەی قسە، ئەو ناكۆكیەی دروست بوو دەربارەی پێغەمبەرایەتی هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو پێناسەی جیاوازی پێغەمبەرایەتی. نەیارەكانمان پشت دەبەستن بە پێناسەیەكی پێغەمبەرایەتی و ئێمە پشت دەبەستین بە پێناسەیەكی تر. پێناسەی پێغەمبەر لای ئێمە ئەو كەسەیە كە: (1) بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار بكرێتەوە لە غەیب. (2) ئەو هەواڵە غەیبیانە هۆشداری و مژدەدان لەخۆ بگرێت. (3) خوای گەورە ئەو كەسە ناوبنێت پێغەمبەر.
وە ئەو كەسانەی ئەم سێ مەرجەیان تێدا بێت لای ئێمە پێغەمبەرن، بەڵام پێغەمبەران كۆمەڵێك تایبەتمەندی جۆراوجۆریان هەیە، هەندێكیان بە شەریعەتەوە دێن و هەندێكیان بێ شەریعەت. هەندێكیان ڕەوانەدەكرێن بۆ گەلێكی دیاریكراو و هەندێكیان ڕەوانەدەكرێن بۆ هەموو وڵاتان. وە ئەوانەی سێ مەرجە باسكراوەكەی پێغەمبەرایەتییان تێدا بێت لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە یەكسانن، هەروەك چۆن خەڵكی یەكسانن لەو ڕووەوە كە مرۆڤن. بەڵام لە پلەوپایەدا جیاوازی هەیە لەنێوان پێغەمبەراندا، ئەمە دەكرێت و ئەگەری هەیە. كەواتە هەروەك چۆن یەحیا (عليه السلام) پێغەمبەرە لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە بەهەمان شێوە پێغەمبەری خوایش (ﷺ) پێغەمبەرە بەڵام هەرگیز ناكرێت یەحیا (عليه السلام) شان بدات لە شانی پێغەمبەر (ﷺ) لە پلەوپایە و خاسیتە تەواوەكاندا.
بەهەمان شێوە مەسیحی ناسیرەیی و مەسیحی بەڵێندراو لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە هەردووكیان پێغەمبەرن بەڵام مەسیحی ناسیرەیی ڕاستەوخۆ لێشاوی بەرەكەتی بەدەستهێناوە، بەڵام مەسیحی موحەممەدی بەهۆی شوێنكەوتنی موحەممەدەوە (ﷺ) هەموو شتێكی بەدەستهێناوە، كەواتە مەسیحی ناسیرەیی هەرگیز ناتوانێت شان بدات لە شانی مەسیحی موحەممەدی لە پلەوپایەدا و هێندەی ئەو نزیك نیە لە خواوە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە دێڕە شیعرێكیدا دەفەرموێت كە ئەمەی خوارەوە وەرگێڕانەكەیەتی:
“وازبهێنن لە باسكردنی كوڕەكەی مەریەم، دیارە خزمەتكارەكەی ئەحمەد (ﷺ) پلەی لەو بەرزترە”.
بەكورتی، پێمان وایە جیاوازی پلەوپایە لە نێوان پێغەمبەراندا هیچ پەیوەندییەكی نیە بە پێغەمبەرایەتیەوە بەڵكو هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ تایبەتمەندی تێیاندا.
بە پێچەوانەوە هەندێ كەس ئەم سێ مەرجە بە مەرجی پێغەمبەرایەتی ئەژمار ناكەن بەڵكو كۆمەڵێك مەرجی تر دادەنێن و دەڵێن دەبێت پێغەمبەر بە شەریعەتێكی نوێوە بێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت، نازانم ئەگەر مەرجی تریشیان دانابێت. وە لەبەر ئەوە ئەم مەرجانە بوونیان نیە لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) بۆیە لای ئەوان پێغەمبەر نیە بەڵكو تەنها یەكێكە لە موحەددەثەكان. ئێمەیش دەڵێین ئەگەر ئەوە پێناسەی پێغەمبەرایەتی بێت؛ ئەوا بێگومان مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نیە. وە ئەو كەسانەی پێیان وایە ئەم پێناسەیە ڕاست و دروستە ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەر لەقەڵەم بدەن؛ ئەوا تاوانێكی ترسناكیان ئەنجامداوە؛ چونكە دوای قورئانی پیرۆز هاتنی شەریعەتێكی نوێ ئەستەمە و دوای پێغەمبەر (ﷺ) دەرگای پێغەمبەرایەتی ڕاستەوخۆ داخراوە. كەواتە ئەوكەسانەی پشت دەبەستن بەم پێناسەیە بۆ پێغەمبەر، نەك ئەو پێناسەیەی كە من خستمەڕوو، مەسیحی بەڵێندراو لە لیستی موحەددەثەكانی تردا پۆلێن دەكەن ئەگەرچی بە موحەددەثێك لەقەڵەمی دەدەن كە تاڕادەیەك پلەی بەرزترە. وە لەبەرئەوەی ئێمە پێناسەیەكی تر دەكەین جیاوازە لە پێناسەكەی ئەوان، وە لەم ئوممەتەدا ناچەسپێت بەسەر هیچ كەسێكدا جگە لە مەسیحی بەڵێندراو، بۆیە لە ئوممەتدا تەنها باوەڕمان بە یەك پێغەمبەر هەیە و هەتا ئێستا هەر ئەو پێغەمبەر بووە. سەبارەت بە داهاتوو، ئێمە هیچی لێ نازانین و شتێكی غەیبیە و ناتوانین هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، وە قسەكردن دەربارەی هەر شتێك پەیوەست بێت بە ئایندەوە بریتیە لە پێشبینی و تەنها بۆ پێغەمبەران هەیە قسە بكەن لەبارەیەوە و بۆ ئێمە نیە. بۆیە بیروباوەڕمان وایە كە هەتا ئێستا لەم ئوممەتەدا پێغەمبەرێك نەبووە جگە لە بەڕێزی (عليه السلام)؛ چونكە پێناسەی پێغەمبەر هەتا ئێستا پیادە نەبووە بەسەر هیچ كەسێكی تردا. ئەوەی دەیڵێین لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) وەرمانگرتووە و قورئانی پیرۆز پشتگیری دەكات. وە ئەوەی دەوترێت لە دژمان لە بیروباوەڕی گشتی و گومانەوە وەرگیراوە و قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان نایسەلمێنن و یەكانگیر و تەبا نیە لەگەڵ ڕێبازی كۆتایی مەسیحی بەڵێندراودا كە بە فەرمانی خوای گەورە ڕایگەیاند. ڕاستیەكە ئەوەیە كە لە سەرەوە گوتم و بەڵگەكانم خستەڕوو بۆیە كێ دەیەوێت با قەبووڵی بكات و كێیش نایەوێت با ڕەتی بكاتەوە و بەهۆی دژایەتیكردنی حەق و ڕاستیەوە خۆی تووشی سزا و سەرزەنشت بكات، ئەوەی لەسەر ئێمەیە تەنها تەبلیغ و گەیاندنە.
ڕەنگە كەسێك ڕەخنە بگرێت لە قسەكەی پێشووم و بڵێت ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ساڵی 1901ز بیروباوەڕی خۆی گۆڕیبێت دەربارەی پێغەمبەرایەتی وەك تۆ دەڵێیت؛ ئەوا بۆچی ڕاینەگەیاند كە پێشتر ئەمە و ئەوەی نووسیوە، بەڵام ئێستا شتێكی بۆ دەركەوتووە پێچەوانەی ئەوەی پێشووە؟ وە لەبەرئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) ئەو كارەی نەكرد كەواتە دەردەكەوێت كە بە هیچ شێوەیەك هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە، وە ئەم بۆچونەی تۆ تەنها قسەیەكە و ڕاستیەكە نیە. وەڵام ئەم ڕەخنەیە ئەوەیە: مادام ئەو دەستەواژەیەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە تێیدا ڕایگەیاندووە ئەو كەسەی شەریعەتێكی نوێ دەهێنێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت بەگوێرەی زاراوەی ئیسلام پێی دەگوترێت پێغەمبەر، بوونی هەیە و بڵاوكراوەتەوە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵی 1901ز، هەروەها ئەو دەستەواژەیش بوونی هەیە كە تێیدا ڕایگەیاندووە پێناسەی پێغەمبەر بەگوێرەی زاراوەی ئیسلام و قورئان بەڵكو بەگوێرەی زاراوەی خوایی تەنها ئەوەیە كە لەم ئایەتەوە دەفامرێتەوە: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا﴾ (الجن: 27) و فەرموویەتی پێغەمبەر لای ئەو كەسێكە كە ئەم سێ مەرجەی تێدا بێت و هێنانی شەریعەت یان ئەوەی شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت مەرجێكی پێویست نیە، وە مادام لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا خۆی نووسیویەتی كە پاش سەردەمی نووسینی كتێبی “تریاق القلوب” هەڵوێستی گۆڕاوە، ئایا ئەم بەڵگانە بەس نین بۆ ڕازیكردنی كەسێك كە حەقی خۆش دەوێت؟! ئایا دەكرێت بەگوێرەی پێناسەی ئیسلام هێنانی شەریعەتێكی نوێ مەرجێكی پێویست بێت بۆ پێغەمبەر، پاشان هەمان شت بە مەرجێكی پێویست لەقەڵەم نەدرێت بەگوێرەی پێناسەی ئیسلام و قورئانی پیرۆز و ئیلهامی خوا؟ ئایا دەكرێت ئەم دوو دژە بەیەكەوە كۆببنەوە؟ ئەگەر قسەی یەكەم ڕاست و دروستە؛ ئەوا دەبێت دووەم پووچ بێت و پێچەوانەكەشی ڕاستە. وە مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی نووسیویەتی لە هەر شوێنێكدا نكۆڵی كردبێت لە پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی مانای ئەوە بووە كە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە، لەمەوە بە ئاشكرا دەچەسپێت كە ئەو دەستەواژانەی تێیاندا نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆی مەبەست لێیان پێغەمبەرایەتی نەبووە بەڵكو مەبەست نكۆڵی كردن بووە لە دوو خاسیەتی پێغەمبەرایەتی كە لەو ڕۆژانەدا بە دوو مەرجی پێویست لەقەڵەمی داون بۆ پێغەمبەرایەتی و نكۆڵی دەكرد لە پێغەمبەرایەتی خۆی بەهۆی نەبوونی ئەو دوو خاسیەتە لە خۆیدا.
كەواتە كاتێك لە ڕووداوەكانەوە چەسپا ئەوەی من گوتم ڕاستیەكەیە، ئیتر سوودی ئەو قسەیە چیە كە دەڵێت بۆچی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەو بابەتەی ڕانەگەیاندووە؟ هەڵبەت پاش ماوەیەكی دیاریكراو وازیهێنا لە هەڵوێستی خۆی و زۆر بە ڕاشكاوی پێچەوانەكەی ڕاگەیاند، وە هەموو كەسێكی ژیر دەتوانێت لەوە تێبگات كە بیروباوەڕەكەی پێشوو گوڕاوە و پێویست بەوە ناكات ڕایبگەیەنێت ئەوەی پێشوو نووسیویەتی هەڵە بووە. كاتێك مەسیحی بەڵێندراو ئەو كەسەی بە نەزان لەقەڵەمدا كە دەستدەگرێت بە بیروباوەڕێكی دیاریكراوەوە، وە نكۆڵی كرد لەوەی هێنانی شەریعەتی نوێ یەكێك بێت لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی، ئیتر ئۆتۆماتیكی ئەو دەستەواژەیە نەسخ دەبێتەوە كە شتێكی تێدا نووسراوە پێچەوانەی هەڵوێستە نوێیەكەیە. هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا دانی نا بە ژیانی مەسیحی ناسیرەییدا (عليه السلام)، بەڵام دوای ئەوە لە كتێبی “فتح الإسلام”دا پێچەوانەی ئەوەی نووسی و فەرمووی مەسیحی ناسیرەیی وەفاتی كردووە، بەڵام نەینووسی ئەوەی كە پێشتر لە “البراهین الأحمدیة”دا نووسیومە ئێستا نەسخم كردووەتەوە. هەندێ كەسی كاڵفام ڕەخنەیان لەمە گرت و بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی ئەو بیروباوەڕە لە ئیجتیهادی تایبەتی خۆمەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەڵام ئەمەی ئێستا خوای گەورە بۆی ئاشكرا كردم. بۆیە كاتێك كەسێك ڕەخنەی نەگرتبێت لەو باوەڕەی كە لە “البراهین الأحمدیة”دا هاتووە سەبارەت بە ژیانی مەسیحی ناسیرەیی و مەسیحی بەڵێندراویش وەڵامی نەدابێتەوە، ئایا ڕەوایە كەسێكی نەزان بڵێت مەسیحی بەڵێندراو ڕاینەگەیاندووە كە بیروباوەڕەكەی نەسخ بووەتەوە بۆیە بەردەوام حوكمەكەی پێشوو موحكەمە و نەسخ نەبووەتەوە؟ كەواتە كاتێك بەڕێزی (عليه السلام) پێچەوانەی بیروباوەڕی پێشووی ڕایگەیاند و فەرمووی مەسیحی ناسیرەیی مردووە، ئەوا هەموو كەسێك دەتوانێت لەوە تێبگات كە قسەكەی پێشوو لەخۆوە نەسخ بووەتەوە. هەروەها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی بە چاكتر دانەنابوو لە مەسیحی ناسیرەیی و ئەم ڕێبازەی خۆی لە كتێبی “تریاق القلوب”دا نووسیوە، پاشان لە كتێبی “دافع البلاء”دا پێچەوانەی ئەوەی نووسی و گوتی خۆی لە مەسیح چاكترە. دەی ئایا بەڕێزی (عليه السلام) لەم جێگایەدا نووسیویەتی كە بیروباوەڕەكەی پێشووی خۆی نەسخ دەكاتەوە؟ بەهەمان شێوە پێچەوانەی ئەوەی نووسیوە لە كتێبی “كەشتی نووح”یشدا، دەی ئایا تێیدا نووسیویەتی كە بیروباوەڕەكەی پێشووی نەسخ كردووەتەوە؟ بێگومان نەخێر. وە ئایا لەمەوە دەچەسپێت كە بیروباوەڕەكەی پێشوو نەسخ نەبووتەوە؟ لەڕاستیدا بەڕێزی (عليه السلام) كاتێك نەسخبوونەوەی بیروباوەڕەكەی پێشووی ڕاگەیاند كە ڕەخنەگیرا لەوەی لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا هاتووە. ئەوسا نووسی بێگومان وەحی خوا -كە وەك بارانی بە خوڕەم باریوە بەسەریدا- بیروباوەڕەكەی پێشووی گۆڕی، بەڵام ئایا پێش ئەوە جارێك نووسیویەتی پێشتر فڵان بیروباوەڕی هەبووە بەڵام پێویستە ئێستا بە مەنسووخ لەقەڵەمی بدەن و لە جیاتی ئەوە فڵان بیروباوەڕ وەربگرن؟ بێگومان نەخێر. هەمیشە مرۆڤ ڕووی قسە دەكاتە كەسانی ژیر و ئەو كەسانە نادوێنێت كە بە گران لە قسە تێدەگەن. كەواتە كاتێك بیروباوەڕێكی نوێ لەجیاتی ئەوەی پێشوو بڵاوكرایەوە و ئەوەیشی نووسی كە خوای گەورە و قورئانی پیرۆز و ئیسلام و پێغەمبەرانی پێشوو پشتگیری بیروباوەڕە نوێیەكە دەكەن و من بە فەرمانی خوا گەورە باوەڕم هێنا بەم بیروباوەڕە و وەسفی ئەو كەسانەی كرد بە كاڵفام كە دەستیان گرتووە بە بیروباوەڕێكی پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕەوە، ئەوا ئێستا ئێوە بڵێن ئایا بیروباوەڕی پێشوو نەسخ بووەتەوە یان نا؟ ئایا ئەم ڕاگەیاندنە بەس نەبوو؟ ئایا پێویست بە شتێكی تر دەكات؟ ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نووسیویەتی بەسە بۆ كەسانی ژیر، بەڵام ئەو كەسانەی بەهۆی كەللـەڕەقیەوە نایانەوێت تێبگەن چارەسەریان تەنها لە دەستی خوای گەورەدایە.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم شتێكی تریش بڵێم، ئەویش ئەوەیە هیچ كەسێك ڕەخنە نەگرێت و نەڵێت ئەگەر پێناسەی چەمكی “پێغەمبەر” ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی لە قورئانی پیرۆز و زمانەوە چەسپاوە و ئەو كەسانەی باوەڕیان بە پێناسەیەكی جیاواز لەو پێناسەیە هەیە كەسانێكی نەزانن؛ ئەوا مەسیحی بەڵێندراو خۆیشی ماوەیەك بەردەوام باوەڕی بە پێناسەیەكی جیاواز لەو پێناسەیە هەبووە و لەم دۆخەدا ئایا ڕەخنە ناگیرێت لە خودی مەسیحی بەڵێندراو خۆیشی؟ لەڕاستیدا ئەم گومانە هیچ بناغەیەكی نیە چونكە مادام بابەتەكە شاراوە و نادیار بووە ئەوا باوەڕبوون پێی بە پێچەوانەی ڕاستیەوە شتێكە و پێداگری و سوربوون لەسەر هەڵەكە پاش نەمانی پەردە و ئاشكرابوونی ڕاستی شتێكی ترە. گومانی تێدا نیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تا ماوەیەكی دیاریكراو پشتی دەبەست بەو پێناسەیەی كە لەناو موسوڵمانانی هاوچەرخدا باو بوو بۆ چەمكی پێغەمبەر، وە لەبەرئەوەی هەتا ئەو كاتە بابەتەكە بەڕوونی ئاشكرا نەبوو بۆی بۆیە گرتنەبەری ڕێكاری خۆپارێزی و دەستگرتن بە بیروباوەڕی موسوڵمانانی گشتیەوە و پەنابردن بۆ تەئویل لەگەڵ ئەوەی چەندین جار بە وەحی نازناوی پێغەمبەری پێگەیشتبوو، كارێكی زۆر پەسەند بوو، وە بریتی بوو لە پیشاندانی باوەڕ لەسەر شێوازی پێغەمبەران. بەڵام كاتێك ڕاستیەكەی بۆ ئاشكرابوو ئەوسا ڕایگەیاند بە خەڵكی كە ئەو پێناسەیەی پێشتر كردوویەتی بۆ چەمكی “پێغەمبەر” ڕاست نیە بەڵكو پێناسە ڕاستەكە ئەوەیە كە ئێستا ڕایگەیاندووە، ئیتر پێداگری لەسەر پێناسەكەی پێشوو نەزانی و گەمژەیی بوو، وە پێویست بوو تووڕەیی خۆی پیشان بدات لەو پێناسەیە. بۆ نموونە لە سەدەكانی ڕابردوودا بە نزیكەیی هەموو موسوڵمانان باوەڕیان بە ژیانی مەسیحی ناسیرەیی هەبوو، وە زۆرێك لە پیاوچاكە گەورەكان لەسەر ئەم بیروباوەڕە كۆچی دواییان كرد، بەڵام ڕەوا نیە بوترێت ئەوان بە موشریكی مردوون ئەگەرچی هیچ گومانی تێدا نیە كە ئەم باوەڕ شیركە. وە مەسیحی بەڵێندراو -لەگەڵ پێگەیشتنی نازناوی مەسیح لە ڕێگەی وەحیەوە- بەردەوام بۆ ماوەی دە ساڵ باوەڕی وابوو مەسیحی ناسیرەیی زیندووە لە ئاسماندا لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە كردبووی بە مەسیح وەك لەو ئیلهامانەوە دەچەسپێت كە بڵاوكراونەتەوە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا. بەڵام ڕەوا نیە ئەم كارەی بەڕێزی بە شیرك لەقەڵەم بدرێت بەڵكو بریتی بووە لە وریایی و خۆپارێزی لەسەر شێوازی سوننەتی پێغەمبەران. بەڵام كاتێك بوارێك نەما بۆ تەئویل ئینجا بەڕێزی (عليه السلام) ڕاستیەكەی ڕاگەیاند. بەهەمان شێوە لە سەرەتاوە بەجۆرێكی جیاواز پێناسەی پێغەمبەری دەكرد كە تەبا و یەكانگیر بوو لەگەڵ بیروباوەڕی خەڵكی گشتیدا، بەڵام دوای ئەوەی ڕاستیەكە زیاتر ئاشكرابوو ئەوسا ساغبوویەوە كە ئەو بیروباوەڕە هەڵەیە و دواجار سوربوون لەسەری نەفامیە.
كەواتە ئەم بابەتە تەواو هاوشێوەی بابەتی مردنی مەسیحی ناسیرەییە. پێش بانگەشەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كۆمەڵێكی زۆر لە ئەولیا و پیاوچاكان -بەگوێرەی بیروباوەڕی باو- باوەڕیان وابوو مەسیحی ناسیرەیی زیندووە، بەڵام موشریك نەبوون و شایستەی سزادان نەبوون، بەڵام كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە بەڵگەی قورئانی پیرۆز مردنی مەسیحی ناسیرەیی سەلماند و سەلماندی باوەڕبوون بە ژیانی مەسیحی ناسیرەیی شیركە، ئیتر دوای ئەوە كەسێك بڵێت زیندووە دەبێت بە موشریك و شایستەی سزادانە. بەهەمان شێوە لە قورئانی پیرۆزدا پێناسەی پێغەمبەر ڕوون و ئاشكرایە، بەڵام لەناو خەڵكدا بیروبۆچوونێكی هەڵە باو بوو دەربارەی چەمكی پێغەمبەر و زۆرێك لە پیاوچاكانی پێشوو هەمان بیروبۆچوونیان هەبوو، بەڵام ڕەوا نیە بوترێت ئەوان نەفام بوون هەروەك چۆن ڕەوا نیە بوترێت موشریك بوون بەهۆی ئەوەی باوەڕیان بە ژیانی مەسیحی ناسیرەیی هەبووە؛ چونكە چەندین نهێنی هەیە خوای گەورە لەكاتی خۆیاندا ئاشكرایان دەكات. وە ئەم بابەتانەی باسكران لەو نهێنیانەن بۆ ئەوەی خوا باوەڕی ڕاستگۆیان و درۆزنان تاقیبكاتەوە. بۆیە كاتێك خوای گەورە ئەم ڕاستیە شاراوانەی ئاشكراكرد بۆ مەسیحی بەڵێندراو ئیتر باوەڕبوون بە پێچەوانەكەیان نەفامیە.
دەكرێت لێرەدا كەسێك گومانێك بێت بە دڵیدا و بڵێت: ئەگەر پێناسەی پێغەمبەر ڕوون بووە وەك تۆ دەڵێیت، وە لە قورئانی پیرۆزدا باسی هێنانی شەریعەتێكی نوێ و بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ نەكراوە وەك مەرجێك بۆ پێغەمبەرایەتی ئیتر چۆن دەتوانین ئەوە قەبووڵ بكەین كە مەسیحی بەڵێندراو بەردەوام جێگیربووە لەسەر بیروباوەڕە باوەكە و بیروباوەڕی خۆی نەگۆڕیوە سەرەڕای وشە ڕوونەكانی قورئانی پیرۆز؟ بەجۆرێك ناتوانرێت بوترێت بەڕێزی (عليه السلام) لە ساڵی 1901زدا قورئانی خوێندووەتەوە و پێش ئەوە نەیخوێندووەتەوە، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) قورئانی پیرۆزی زۆر خۆشویستووە و هەموو گەنجێتی خۆی لە موتاڵا و خوێندنەوەی قورئاندا خەرج كرد و ئاگاداری وردترین مانا و زانیاریەكانی بووە ئیتر بۆچی لەم پرسەدا ڕاستیەكەی نەپێكا و لەسەر هەڵە مایەوە؟ وە بۆچی شوێن بیروباوەڕی خەڵكی گشتی كەوت لەگەڵ ئەوەی وشەكانی قورئان ڕوون و ئاشكران؟ وەڵامی ئەم گومانە ئەوەیە: ئەم هەڵەیە هاوشێوەی ئەو هەڵەیە بوو كە لە پرسی مردنی مەسیحی ناسیرەییدا ڕوویدا. دیارە مردنی مەسیحی ناسیرەییش بەڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا باسكراوە و لە هەموو قورئاندا یەك وشە نیە ژیانی مەسیح بسەلمێنێت، بەڵكو زۆر بەڕوونی ئەوە ڕەتكراوەتەوە كە مەسیح بەرزكرابێتەوە بۆ ئاسمان ئیتر چۆن بەردەوام مەسیحی بەڵێندراو باوەڕی وەك باوەڕی خەڵكی گشتی بووە لەگەڵ بوونی سی ئایەت لەسەر وەفاتی حەزرەتی مەسیح (عليه السلام) و نەیزانی كۆچی دوایی مەسیحی ناسیرەیی لە قورئاندا چەسپاوە؟ وە ئەگەر كەسێك بڵێت هۆكارێك هەبووە بۆ ئەوەی دان بنرێت بە ژیانی مەسیحی ناسیرەییدا كە بریتی بووە لەوەی: ئەگەرچی مردنی مەسیح لە قورئانی پیرۆزدا شتێكی چەسپاو بووە بەڵام لەبەرئەوەی لە قورئاندا باسی بەرزبوونەوەی كراوە و لە فەرموودەكاندا باسی دابەزینی كراوە بۆیە دروستبوونی باوەڕی زیندووبونی مەسیح شتێكی دوور نەبووە، بەتایبەتی كاتێك موسوڵمانان هەموویان باوەڕیان وابووە لەژیاندایە و زیندووە. وەڵامی ئەم قسەیە ئەوەیە: پرسی پێغەمبەرایەتیش بە هەمان شێوە بووە، لەگەڵ ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا بەڵگەی ڕوون هەیە لەسەر ئەوەی كە هێنانی شەریعەتێكی نوێ یان بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ مەرج نین بۆ پێغەمبەر، بەڵام دەستەواژەی “خاتەمی پێغەمبەران” كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، وە دەستەواژەی “دوای من پێغەمبەر نیە” كە لە فەرموودەدا هاتووە بوونە هۆی دروستبوونی ئەو باوەڕەی كە هاتنی پێغەمبەر لەم ئوممەتەدا مەحاڵە، بەتایبەتی كاتێك خەڵكە گشتیەكە باوەڕیان وابوو كە پێغەمبەر ئەو كەسەیە شەریعەتێكی نوێ دەهێنێت یان بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت. كەواتە هیچ دوور نەبووە كە بەڕێزیشی (عليه السلام) تووشی ئەم هەڵەیە بێت. هەڵبەت چەندین جار ئاماژەم بەوە كردووە كە پێغەمبەران زۆر ڕەچاوی وریایی و خۆپارێزی دەكەن و لەخۆیانەوە هیچ شتێك ناڵێن بەبێ ئەوەی لەلایەن خوای گەورەوە فەرمانێكی ئاشكرایان پێ بگات. وە یەكێك لە حیكمەتە مەزنەكانی خوا ئەوەیە قۆناغ بە قۆناغ ئەم جۆرە بابەتانە دەردەخات وەك ڕەحمەتێك بەرامبەر بەندەكانی و بۆ ئەوەی وردە وردە باوەڕیان بەهێز بكات، هەروەك دەربارەی قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿وَقَالَ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ لَوۡلَا نُزِّلَ عَلَيۡهِ ٱلۡقُرۡءَانُ جُمۡلَةٗ وَٰحِدَةٗ ۚ كَذَٰلِكَ لِنُثَبِّتَ بِهِۦ فُؤَادَكَ ۖ وَرَتَّلۡنَٰهُ تَرۡتِيلٗا﴾ (الفرقان: 33). دیارە خوای گەورە بەگوێرەی ئەم سوننەتە دێرینە مامەڵەی كردووە لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراویشدا و كۆمەڵەكەی ڕزگاركردووە لە كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی زۆر. ئەگەر فەرمان بە بەڕێزی (عليه السلام) بكرایە لەناكاو كۆچی دوایی مەسیحی ناسیرەیی و پێغەمبەرایەتی خۆی ڕابگەیەنێت؛ ئەوا كۆمەڵەكەی تووشی چەندین بەڵا و تاقیكردنەوە دەبوون. كەواتە خوا بڕیاری دا سەرەتا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كتێبی “البراهین الأحمدیة” بنووسێت، وە لەگەڵ ئەوەی خۆی (U) لەم كتێبەدا ناوینا مەسیح، بەڵام لەو كاتەدا بەتەواوەتی بۆی ئاشكرا نەكرد كە مەسیح وەفاتی كردووە بۆ ئەوەی ئامادەی بكات بۆ ئەركێكی مەزن كە لە داهاتوودا دەیخستە ئەستۆی. بۆیە خوای گەورە ئاشكرای نەكرد كە مەسیحی ناسیرەیی كۆچی دوایی كردووە چونكە ئەگەر لەو كاتەدا مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ئاگادار بكردایە لەم بابەتە؛ ئەوا دەستبەجێ ڕایدەگەیاند بەڵام خوای گەورە بەگوێرەی سوننەتە دێرینەكەی خۆی ویستی هەموو شتەكان بە ڕیز و قۆناغ بە قۆناغ ئاشكرا بكات، بۆیە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ئاگادار نەكرد لە ڕاستی بابەتەكە. هەروەها لە سەردەمی “البراهین الأحمدیة”دا ناوینا پێغەمبەر بەڵام ئەم بابەتەیشی بە شاراوەیی هێشتەوە. هەڵبەت هەردوو بابەتەكە لە “البراهین الأحمدیة”دا باسكراون هەتا نەگوترێت نەخشە و پیلانێك هەبووە بۆ ئەم كارە، وە خوای گەورە ئەم دوو بابەتەی شاردەوە هەتا زیاد لە پێویست قورسایی نەكەوێتە سەر ئەو كەسانەی بەشوێن ڕاستیدا دەگەڕێن، پاشان دوای دە ساڵ پەردەی لادا لەسەر پرسی كۆچی دوایی مەسیح، بەڵام پرسی پێغەمبەرایەتی وەك خۆی بە شاراوەیی مایەوە هەتا كۆمەڵەكە زیاتر بەهێز بوو پاشان لە ساڵی 1901زدا پەردەی لادا لەسەر ئەم بابەتەیش ئینجا ڕاستی دەركەوت و ئاشكرا بوو. هەموو ئەوەی كە ڕوویدا بەگوێرەی سوننەتی دێرینی خوا ڕوویدا. وە پرسی پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی هاوشێوەی ئەو پرسەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) مەسیحە، هەروەك چۆن لە سەرەتادا پێی وابوو مەسیحی ناسیرەیی زیندووە سەرەڕای ئەوەی لە ڕێگەی وەحیەوە نازناوی مەسیحی پێ دەگەیشت، بەهەمان شێوە سەرەڕای ئەوەی نازناوی پێغەمبەری پێ دەگەیشت بەڵام بەردەوام هاوشێوەی خەڵكە گشتیەكە لە بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی تێدەگەیشت. هەروەك چۆن لە ڕۆژگارەكانی سەرەتادا -پاش ئەوەی بانگەشەی ئەوەی كرد خۆی مەسیحە- فەرمووی دەكرێت مەسیحێكی تریش بێت و باوەڕی بە هاتنی مەسیحێكی تری وەك خۆی هەبوو، بەڵام پاش ئەوەی بەتەواوەتی ڕاستیەكەی بۆ ئاشكرابوو ئینجا فەرمووی هەرگیز لە دوای خۆی مەسیح نایەت. بەهەمان شێوە لە سەرەتاوە پێغەمبەرایەتی خۆی بە پێغەمبەرایەتیەكی جوزئی دادەنا و زۆر كەسی لە ئوممەتی موحەممەدی بە هاوبەش دادەنا لەم نیعمەتەدا، بەڵام پاش ئاشكرابوونی تەواوەتی ئینجا فەرمووی هیچ كەسێك جگە لە خۆی شایستەی ناوی پێغەمبەر نیە. كەواتە ئەمە بریتی بوو لە درەوشانەوەی حیكمەتی خوایی و دەركەوتنی سوننەتی دێرینی خوا، وە ئەو كەسەی ڕەخنە لەم بابەتە دەگرێت و بەدووری دەزانێت كەسێكی نەزانە چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ڕەخنەگرتن لە هەموو پێغەمبەران.
بە پێویستی دەزانم لێرەدا ئەوەش بنووسم كە هیچ كەسێك شەیتان فریوی نەدات و بڵێت مادام ناكۆكیەك هەیە لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراودا بەهۆی جیاوازی لە پێناسەی پێغەمبەردا، كەواتە كێشە نیە ئەگەر گرووپێك بەگوێرەی پێناسە باوەكەی ناو خەڵكی نكۆڵی بكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو، مادام ئێوەش خۆتان دان بەوەدا دەنێن كە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نیە بەگوێرەی ئەو مانا باوەی كە لەناو خەڵكیدا هەیە بۆ چەمكی پێغەمبەر. پێویستە بزانرێت ئەگەر خوای گەورە بابەتێكی شەرح كرد؛ ئەوا وازهێنان لەم شەرحە تەنها بە ناكۆكییەكی ڕواڵەتی دانانرێت، بەڵكو ئەوە بریتیە لە هەڵوەشاندنەوەی حوكمەكانی خوای گەورە و بەدگۆیی و سووكایەتی كردن بەرامبەریان. كەواتە ئەگەر خوای گەورە كەسێكی ناونا پێغەمبەر و قورئانی پیرۆز شایەتیدا لەسەر پێغەمبەرایەتیەكەی؛ ئەوا نكۆڵیكردن لە پێغەمبەرایەتی ئەو كەسە و هەڵێنجانی مانایەكی تر لە وشەی پێغەمبەر بریتیە لە گاڵتەكردن بە حوكمەكانی خوا و بەدگۆیی و سووكایەتی كردن بەرامبەر پێغەمبەرەكەی (ﷺ). وە پێویستە هەموو باوەڕدارێك خۆی بەدوور بگرێت لە شتانێك كە نزیكی دەكەنەوە لە دۆزەخ، وە پێویستە فەرمانی خوا قەبووڵ بكات لەجیاتی ئەوەی سوربێت لەسەر بیروبۆچوونەكانی خۆی.
هیوادارم ئەو كەسانەی ئەو بەشە دەخوێننەوە كە لەم وتارە تێپەڕی بزانن مەولەوی بەڕێز كۆمەڵێك دەستەواژەی جۆراوجۆری مەسیحی بەڵێندراوی لە نامیلكەكەیدا هێناوەتەوە و ویستوویەتی ئەوە بسەلمێنێت كە بەڕێزی (عليه السلام) هەمیشە و بەردەوام جێگیر بووە لەسەر یەك بیروباوەڕ و بانگەشە. بەڵام ئەم گومانە تەنها لە خراپ تێگەیشتنەوە بەرهەم هاتووە و ئەو دەستەواژانە بانگەشەكەی ئێمە دەسەلمێنێت نەك هی ئەوان. ئەوەی ئێمە ڕایدەگەیەنین ئەوەیە وردەكاری بانگەشەكەی مەسیحی بەڵێندراو كە هەمیشە دەیخستەڕوو هەمان شت بووە و هەمیشە پێغەمبەران بەم شێوەیە وردەكاریی بانگەشەی خۆیان ڕاگەیاندووە، ئەگەرچی كاتێك هەبووە كە تێیدا مەسیحی بەڵێندراو بانگەشەكەی ناونەبردووە بە پێغەمبەرایەتی.
بە كێ دەوترێت پێغەمبەر؟
هەر كاتێك سەرنج دەدەم لەم ناكۆكی و ئاژاوەیەی ئێستا سەرم سوڕدەمێنێت، چۆن ئەم ناكۆكیە دروستبووە بەهۆی نەشارەزایی و بێئاگاییەوە. یەكەم پرسیار كە پێویستە بكرێت كاتی گفتوگۆكردن دەربارەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو ئەم پرسیارەیە: بە كێ دەوترێت پێغەمبەر؟ بۆ نموونە ئەگەر گفتوگۆ كرا دەربارەی كەسێك كە ئایا ئاسنگەرە یان نا؛ ئەوا پێویستە ئەو كەسانەی گفتوگۆ دەكەن سەرەتا پێناسەی ئاسنگەر بزانن؟ ئەگەر پێناسەی ئاسنگەر نەزانن؛ ئەوا لە بنەڕەتەوە ناتوانن گفتوگۆ بكەن. كەواتە ئەگەر مرۆڤ شتێكی دیاریكراو نەناسێت چۆن دەتوانێت گفتوگۆ لەبارەیەوە بكات؟ كەواتە سەرەتا پێویستە هەموو كەسێك بزانێت پێناسەی پێغەمبەر چیە، بەڵام وا دەردەكەوێت كە نكۆڵیكارانی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەرگیز بیریان لەم پرسیارە نەكردووەتەوە. ئەوان گفتوگۆ دەكەن دەربارەی ئەوەی ئایا فڵان كەس پێغەمبەرە یان نا؟ بەڵام نازانن پێناسەی پێغەمبەر چیە. گفتوگۆكەیان وەكو گەمەی كۆمەڵێك مناڵ وایە كە تێیدا یەكێكیان دەكرێت بە پاشا و ئەوانی تر دەكرێن وەزیر بەڵام نازانن مەبەست لە پاشا چیە، تەنها ناوێكیان بیستووە و بە پێچەوانەی واقیعەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن. ئەگەر مرۆڤ زانیاری نەبێت دەربارەی ناوەڕۆكی شتێك؛ ئەوا هەڵەی تێدا دەكات. بیستوومە جارێكیان هەندێ جووتیار گفتوگۆیان كرد دەربارەی جیاوازی نێوان هەردوو ووشەی “المؤمنون” و “المؤمنین” كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون. مشتومڕێكی توند و دوورودرێژ ڕوویدا لەنێوانیاندا و مانا جیاوازەكانی هەردوو وشەكەیان خستەڕوو، یەكێكیان جیاوازیەكی دەخستەڕوو و ئەوی تریان جیاوازیەكی تر. بۆچی ئەمە ڕوویدا؟ چونكە نەیانزانی مانای “المؤمنون” و “المؤمنین” چیە. ئەگەر مانای ئەم دوو وشەیان بپرسیایە لە زانایەك؛ ئەوا مشتومڕەكە كۆتایی دەهات، بگرە لە بنەڕەتەوە مشتومڕەكە دروست نەدەبوو. بەهەمان شێوە ئەوانەی نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو ئەگەر لێكۆڵینەوەیان لەوە بكردایە كە “پێغەمبەر” كێیە، وە ماناكەی لە زمانی عەرەبیدا چیە و ماناكەی لەبەر ڕۆشنایی قورئانی پیرۆزدا چیە و پێغەمبەری خوا چ مانایەكی وەرگرتووە لەم وشەیەوە؛ ئەوا ئەگەری زۆر بوو كە ببینن ئێمە لەسەر حەقین و وازیان دەهێنا لەم ناكۆكی و كێشەیە.
یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی زمانی عەرەبی ئەوەیە كە لەم زمانەدا ناونانی شتەكان كۆمەڵێك هۆكاری خۆی هەیە و وشەكان بەبێ مانا بەكارناهێنرێن. ئەم تایبەتمەندیە وەهای لێكردووە كە تاقانە بێت لەناو هەموو زمانەكانی تردا و دەیسەلمێنێت كە دایكی زمانەكانە. دیارە ئەو وشانەی لە قورئانی پیرۆزدا بەكارهاتوون ڕەوان ترن چونكە هیچ كتێبێكی عەرەبی نیە بتوانێت شان بدات لە شانی قورئانی پیرۆز لە زمانپاراوی و ڕەوانبێژیدا، ئەمە یەكێكە لە موعجیزەكانی قورئانی پیرۆز. هەموو ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز گەنجینەی زمانپاراوی و ڕەوانبێژین و هەموو وشەكانی نموونەیەكی باڵان بۆ زمانپاراوی. وە ئەستەمە وشەی “نبي” كە لە عەرەبیەوە وەرگیراوە و لە قورئانی پیرۆزدا بەكارهاتووە مانای نەبێت. وە هەرگیز ناتوانین بڵێین قورئانی پیرۆز وشەیەكی بەكارهێناوە كە جیهان ناتوانێت تێبگات لە ناوەڕۆكەكەی و هیچ كەسێك پەی نابات بە ماناكەی. گومانی تێدا نیە وشەی “نبي” مانا و ناوەڕۆكی خۆی هەیە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئەو مانایە كامەیە و ئەو ناوەڕۆك و حەقیقەتە چیە؟ ئایا ئەو كەسانەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو ڕەتدەكەنەوە سەرنجیان داوە لەم پرسیارە؟ ئەوان سەدان جار وشەی “النبي” و “الرسول” دەخوێننەوە لە قورئانی پیرۆزدا و بەسەریاندا تێدەپەڕن بەبێ ئەوەی لێیان ڕابمێنن، وە دەڵێن مانا و ناوەڕۆكیان نیە؟ ئەگینا با پێمان بڵێن بەگوێرەی قورئانی پیرۆز ئەم دوو وشەیە مانایان چیە؟ وە مەبەستی خوای گەورە چیە لە وشەی نەبی و ڕەسول؟ قورئانی پیرۆز كۆتا كتێبە بۆ جیهان و بەدڵنیاییەوە هەموو زانیارییە ڕۆحیەكانی تێدا كۆكراوەتەوە و گەنجینەیەكە هەموو شتێكی پێویستی تێدایە و هیچ كتێبێك لە جیهاندا شان نادات لە شانی، وتەی خوایە و كۆتا كتێب و ڕێنموونیە بۆ خەڵكی، هەموو ئەو شتانەی كە پێویستن بۆ پێشكەوتنی مرۆڤ لەڕووی ڕۆحی و ئایینیەوە لە قورئاندا هەیە. هەموو پێویستیەكانمان پڕ دەكاتەوە و شیفای هەموو نەخۆشیەكانمان دەدات. خوای گەورە وەسفی كردووە بە كتێبی تێروتەسەل و بەرەكەتدار. مانای بەرەكەتدار ئەوەیە كە هەموو شتێكی پێویستی تێدایە و هەموو زانستەكانی تێدا كۆبووەتەوە. بۆیە ئەستەمە ئەم كتێبە فەرمانی كردبێت بە مرۆڤ باوەڕبهێنێت بە پێغەمبەر بەڵام ڕوونی نەكردبێتەوە پێغەمبەر كێیە. دەبێت قورئانی پیرۆز پێناسەی پێغەمبەری كردبێت، وە لەڕاستیدا پێناسەی كردووە بۆیە پێویستە سەرەتا ئەو پێناسەیە بزانن ئینجا ئۆتۆماتیكی ناكۆكی سەبارەت بە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كۆتایی دێت و ئەم پرسە بەتەواوەتی یەكلایی دەبێتەوە. وە پێتان وا نەبێت قورئان پێناسەی پێغەمبەری نەكردووە چونكە ئەمە بیروبۆچوونێكی هەڵەیە. ئایا بابەتێك هەیە لە لیستی بابەتەكانی باوەڕدا و قورئانی پیرۆز فەرمانی كردبێت باوەڕی پێ بهێنرێت، بەڵام ناوەڕۆكەكەی شی نەكردبێتەوە؟ فەرمانمان پێكراوە باوەڕبهێنن بە خوا پاشان زانیارییەكی تێروتەسەلمان پێدراوە دەربارەی زات و سیفەتەكانی خوا، قورئانی پیرۆز لە سەرتاوە بۆ كۆتایی وەسفی زات و سیفاتی خوای بۆ كردووین و پاشان پێی ڕاگەیاندووین خوا كێیە بۆ ئەوەی نەكەوینە داوی پەرستراوە درۆینە جۆراوجۆرەكانەوە و بەمەش وازبهێنن لە پەرستراوی ڕاستەقینە. فەرمانی پێ كردووین باوەڕبهێنین بە فریشتەكان و فەرمانی پێ نەكردووین باوەڕ بە وشەیەك بهێنین كە ماناكەی نەزانین بەڵكو بە تێروتەسەلی باسی فریشتەكانی كردووە بۆمان، هەروەها باسی ئەوەی كردووە كە ئەركیان چیە و سروشتی پەیوەندیەكەیان چۆنە لەگەڵ مرۆڤەكاندا و بەڵگە چیە لەسەر بوونیان. پاشان فەرمانی پێ كردووین باوەڕبهێنین بە كتێبەكان و فەرموویەتی مەبەست لە كتێب حوكم و یاساكانی خوایە، وە باسی ئەوەی كردووە كە پێویستە چۆن كار بە كتێبەكان بكەین و ڕێگای ئاسان كامەیە بۆ تێگەیشتن لێیان، وە ئەو وریایی و خۆپارێزیە چیە كە پێویستە مرۆڤ ڕەچاوی بكات كاتی هەڵێنجانی مانا لێیان، وە تا چ ڕادەیەك دەبێت ڕێزیان بگیرێت و پێویستە چۆن پارێزگاری بكرێت لە وشە و ماناكانیان و ئامانج چیە لە دابەزینی كتێبەكان؟ پاشان فەرمانی كردووە باوەڕبهێنین بە ڕۆژی دوایی و شێوازەكەی خراوەتەڕوو، وە شەرحی قیامەت و ئەو مامەڵەیە كراوە كە لەوێ لەگەڵ مرۆڤدا دەكرێت؟ وە چۆنێتی بەهەشت و دۆزەخ و بارودۆخی خەڵكەكەیان باسكراوە، وە بەڵگەش خراوەتەڕوو لەسەر زیندووبوونەوەی دوای مردن.
بەكورتی، ئەگەر فەرمانمان پێ كرابێت باوەڕ بە شتێك بهێنین؛ ئەوا شێواز و چۆنێتی ئەو شتە و نیشانەكانیمان پێ گوتراوە و تیشك خراوەتەسەر هەموو ئەو شتە پێویستانەی كە پەیوەستن پێیەوە. بەڵام ئایا دەكرێت هەواڵمان پێ بدرێت دەربارەی بوونی خوا كە لە پشتی پشتەوەیە (تەواو شاراوەیە)، وە ئاگاداربكرێین لە فریشتەكان كە ونن لە بەرچاومان، وە دۆخی قیامەتمان بۆ ڕوون بكرێتەوە كە دوای مردن ڕوودەدات و چۆنێتی بەهەشت و دۆزەخ ڕوون بكرێتەوە بۆ مرۆڤ كە دوای حەشر پێیان دەگات؛ بەڵام هیچ شتێكی پێ نەگوترێت دەربارەی چەمكی پێغەمبەر، واتە پێی نەگوترێت پێغەمبەر كێیە؟ لەكاتێكدا پێغەمبەر هۆكارێكی ناوەندیە لەنێوان خوا و مرۆڤدا، وە ڕزگاربوون و سزادانی مرۆڤ پشت دەبەستێت بە باوەڕهێنان و باوەڕنەهێنان پێی.
لەم شوێنەدا ڕووی قسە ناكەمە نائەحمەدیەكان كە هەست بەوە ناكەن بەڵگە چەندە پێویستە و بە شێوەیەكی هەڕەمەكی باوەڕیان بە هەموو شتێك هەیە، وە باوەڕیان بە ئیسلام هەیە چونكە لە ماڵێكی موسوڵماندا لەدایك بوون، وە ئەفزەڵیەتی قورئان تەنها لە جوانی زمانەكەیدا دەبینن یان لەبەرئەوەی كتێبی خۆیانە، بەڵكو ڕووی قسەم دەكەمە كۆمەڵێك كەس كە لە باوەشی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) پەروەردە بوون، وە لە یەكەم ڕۆژەوە بێ پچڕان دەنگێكیان بیستووە كە فەرموویەتی قورئانی پیرۆز كتێبێكی تەواوە و هەموو شتە ڕۆحیەكان ڕوون دەكاتەوە و هیچ شتێكی بێسوود و زیادەی تێدا نیە و داوا ناكات دان بە شتێكدا بنرێت كە پێچەوانەی عەقڵ بێت بەڵكو ڕاستی هەموو شتێك دەسەلمێنێت و بەڵگەیش دەهێنێتەوە لەسەر هەموو ئەو شتانەی بانگەشەی بۆ دەكات. پرسیاریان لێ دەكەم و دەڵێم: ئایا دەگونجێت قورئانی پیرۆز فەرمانمان پێ بكات باوەڕبهێنین بە پێغەمبەران بەبێ ئەوەی پێمان بڵێت پێغەمبەر كێیە؟ چۆن دەكرێت باوەڕبهێنن بە شتێك كە لێی تێنەگەین؟ لە بنەڕەتەوە چۆن دەتوانین بانگەوازی خەڵكی بكەین بۆ باوەڕهێنان بە پێغەمبەران؟ ئەگەر كەسێك پرسیاری كرد لێمان: مەبەست چیە لە پێغەمبەر؟ چۆن وەڵامی بدەینەوە؟ دەبێت پێغەمبەر ناوەڕۆك و مانایەكی هەبێت، وە دەبێت قورئانی پیرۆز ئەم مانایەی خستبێتەڕوو چونكە فەرمانمان پێ دەكات باوەڕبهێنین بە پێغەمبەران. بۆیە پێویستە لەسەر هەموو باوەڕدارێك -پێش گفتوگۆكردن دەربارەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو- ڕابمێنێت لە قورئانی پیرۆز و بزانێت چۆن قورئانی پیرۆز پێناسەی پێغەمبەر دەكات؟ هەڵبەت بەگوێرەی زانیاری خۆم پێناسەی پێغەمبەرم خستەڕوو لە ڕوانگەی قورئانی پیرۆزەوە، بەڵام لەبەرئەوەی هەندێ كەس بەگوێرەی گومانی خۆیان بەبێ ڕامان لە قورئانی پیرۆز باوەڕیان وایە وەك ئەوەی پێغەمبەرایەتی شتێكی تایبەتی بێت كاتێك مرۆڤ بەدەستی دەهێنێت دەبێت بە پێغەمبەر، بۆیە دەمەوێت شتێكیش بنووسم دەربارەی ئەوەی كە لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت پێغەمبەرایەتی پلەیەكە لەسەرووی پلەكانی خودی باوەڕەوە. وە كاتێك مرۆڤ بە بەردەوامی لە تەقوا و پارێزكاریدا بەرەوپێش دەچێت دەگاتە پلەیەك پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿فَأُوْلَٰٓئِكَ مَعَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمَ ٱللَّهُ عَلَيۡهِم مِّنَ ٱلنَّبِيِّۧنَ وَٱلصِّدِّيقِينَ وَٱلشُّهَدَآءِ وَٱلصَّٰلِحِينَۚ﴾ (النساء: 70) كاتێك باوەڕداران لە پارێزكاریدا پێشدەكەون و گەشە دەكەن دەچنەناو كۆمەڵی پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و پیاوچاكانەوە. كەواتە لەم ئایەتەوە چوار پلە دەردەكەوێت بۆ پێشكەوتن و بڵندبوونەوەی مرۆڤ. یەكەم: پیاوچاكان، لەم پلەیەدا باوەڕداران وەكو ڕەعیەتێكی چاك و خزمەتكارێكی دڵسۆز وان بۆ پاشا، وە پاشا لێیان ڕازیە چونكە ملكەچن بۆ فەرمانەكانی و گوێڕایەڵی دەكەن و ئەویش بیردەكاتەوە لەوەی بیانحەسێنێتەوە و ئاسوودەیان بكات. وە مانای (الصالح) لە زماندا ئەو كەسەیە هەموو ئەركەكانی سەرشانی جێبەجێ دەكات. دووەم: دووەم پلەی پێشكەوتنی مرۆڤ بریتیە لە پلەی شەهیدی، شەهید مانای كەسێكە كە ئامادەیە و بەڕاستی شایەتی دەدات. شایەتی ڕاستگۆ پێی دەوترێت شەهید چونكە شایەتیدانی ڕاستی ئەوە دەخوازێت كە شایەتەكە ئامادە بێت لە شوێنی ڕووداوەكەدا و بەچاوی خۆی ڕووداوەكە ببینێت. وە شایەتی ڕاستگۆ ئەو كەسەیە كە شایەتی نادات بەگوێرەی ئەوەی لێرە و لەوێ بیستوویەتی. دیارە خوای گەورە لە وشەی “الشهید”دا ئاماژەی داوە بە كۆمەڵێك لە خەڵكی كە پێیان دەوترێت دارودەستەی تایبەت لە دیوانە دنیاییەكاندا. وە مەبەست ئەوەیە كە مرۆڤ كاتێك دڵسۆزیی تەواوەتی دەردەبڕێت لە جێبەجێكردنی مافەكانی خوا و مافەكانی بەندەكان ئەوسا دەخرێتە ڕیزی شەهیدەكانەوە -واتە ئەو كەسانەی لە دیوانی خوادا ئامادەن- بەمەش ئەو كەسە زانستی خوا بەدەست دەهێنێت وەك ئەوەی لە هەموو كات و ساتێكدا بە چاوی خۆی بیبینێت. وە ئاشكرایە كەسی ئامادەبوو قسەیش دەبیستێت لەبەر ئەوە شەهید موحەددەثیشە واتە خوای گەورە قسەی لەگەڵدا دەكات. گەورەمان عومەر (رضي الله عنه) موحەددەث بوو، وە خوای گەورە لە لیستی شەهیدەكاندا پۆلێنی كرد بەڵكو بە شەهیدبوونی ڕواڵەتیش شكۆداری كرد. كەواتە مەبەست لە شەهیدەكان ئەو كەسانەن كە هەمیشە لای خوای گەورە ئامادەن، واتە هەمیشە بە چاوی دڵیان شكۆ و گەورەیی خوا دەبینن و لێی نزیك دەبنەوە و پلەیان لە پلەی پیاوچاكە ئاساییەكان بەرزرترە چونكە خەڵكی ئاسایی جاروبار لە دیوانی پاشادا ئامادە دەبن بەڵام ئەم كەسانە هەمیشە لە دیوانی خوادا دەمێننەوە. وە لەبەرئەوەی ئەو كەسانە لە ڕێگەی هەوڵ و تێكۆشانەوە زانیاری بەدەست ناهێنن بەڵكو لەلایەن خوای گەورە بەدەستی دەهێنن، بۆیە زانستەكەیان تەواو ڕاست و دروستە. وە لەبەرئەوەی هەموو ئەو زانیاریانەی دەیخەنەڕوو دەربارەی خوا و ئایینەكەی بە هۆی لێشاوی بەرەكەتی خواوە بەدەستیدەهێنن بۆیە تەواو ڕاست و دروستن و ئەو وردەكارییانەی كە عەقڵی خەڵكی ناگات پێیان لای ئەوان شتانێكی زۆر سادەن و دید و تێڕوانینێكی وردیان پێ دەدرێت. وە لەبەرئەوەی ڕوونكردنەوەكەیان بەتەواوەتی ڕاستە، بۆیە پێیان دەوترێت “شەهید” و مانای شایەتی ڕاستگۆیش دەگەیەنێت. وە ئەو كەسەی ژیانی خۆی دەكاتە قوربانی لەپێناوی خوادا پێی دەوترێت شەهید چونكە لە ڕێگەی قوربانیدان بە ژیانی خۆیەوە دەیسەلمێنێت شایەتیدانەكەی ڕاستە، واتە ئەوەی بانگەشەی دەكرد سەبارەت بە باوەڕەكەی و ئەوەی دەربارەی خۆی ڕایدەگەیاند ڕاست بووە و درۆ نەبووە. كەواتە، مرۆڤ لە پلەی پیاوچاكەوە بەرزدەبێتەوە بۆ پلەی شەهید. وە ئەم پلەیە پلەی موحەددەثیەتە. كاتێك مرۆڤ دەگاتە ئەم پلەیە و زیاتر گوێڕایەڵ دەبێت لای خوا خۆشەویستتر دەبێت و نزیكتر دەبێتەوە لێی و پلەیەكی تایبەتی پێ دەدرێت لە ناو شەهیدەكانیشدا و دەبێت بەو بەندانەی خوا كە خوا بەتایبەتی ڕەحمیان پێ دەكات و نیعمەتیان پێ دەبەخشێت و وەكو پێغەمبەران ڕاستی دەخاتە سەر زمانیان. وە خوای گەورە ئەو شتە دەهێنێتەدی كە لە زاریانەوە دەردەچێت. بەهەمان شێوە ئەو كەسانە دەبن بە ڕاستگۆ -كە پلەیی سێیەمە- واتە دەگەنە چڵەپۆپە لە ڕاستگۆییدا، وە پێیان دەوترێت ڕاستگۆ چونكە -بەهۆی زیاتربوونی زانستەكەیانەوە- بیناییان تیژترە لە بینایی شەهیدەكان، زانیاری شەهیدەكان ناگاتە ئاستی زانیاری ئەوان دەربارەی خوای گەورە، وە ئەو ڕاستیە وردانەی ئەوان دەیخەنەڕوو ئەستەمە شەهیدەكان بیانخەنەڕوو.
لە فەرموودەدا هاتووە كاتێك كۆچی دوایی پێغەمبەری خوا (ﷺ) نزیك بوویەوە پێغەمبەر (ﷺ) هات بۆ مزگەوت و وتاریدا بۆ خەڵكی و فەرمووی خوا بەندەیەكی سەرپشك كرد لەنێوان دنیا و ئەوەی لای خۆیەتی ئەو بەندەیە ئەوەی لای خوای هەڵبژارد. گوتی: ئەبو بەكر گریا ئێمەش سەرمان سوڕما لە گریانەكەی بەجۆرێك پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەواڵ دەدات دەربارەی بەندەیەك كە سەرپشك كراوە ئیتر چ شتێك ئەبو بەكری گریاند؟ بەڵام ئەو ڕاستیەی كە ئەبو بەكر بەدەستیهێنابوو و ئەو حەقەی كە لێی تێگەیشتبوو عومەر و هاوەڵەكانی تر (ڕەزای خوایان لێ بێت) هەستیان پێ نەكردبوو. لەڕاستیدا سەرداری هەردوو جیهان (ﷺ) لە وتارەكەدا هەواڵی دا دەربارەی نزیكبوونەوەی كۆچی دوایی خۆی بۆیە بە بیستنی ئەم قسەیە دڵی ئەبو بەكری (ڕاستگۆ) بەرگەی نەگرت كە بە كردار شایەتی دابوو لەسەر گوفتاری، وە زۆر بەوردی سەرنجی دەدا لە هەموو گوفتار و كردارێكی ڕێپیشاندەرەكەی وەك ئەوەی خۆی فەناكردبێت لە پێغەمبەردا (ﷺ).
بەكورتی، پلەی ڕاستگۆ لەسەرووی پلەی شەهیدەوەیە و بە گوفتارەكانی پشتگیری كردەوەكانی دەكات، وە سروشتی لە سروشتی پێغەمبەران دەچێت و كردەوەكانی هاوشێوەی كردەوەی پێغەمبەرانە، بەڵام بەهۆی ناتەواوییەكەوە ناتوانێت پلەی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت ئەگینا دەگاتە پلەیەك خەریكە ببێت بە پێغەمبەر بەڵكو پێغەمبەرایەتی جوزئی بەدەستدەهێنێت و خوای گەورە ڕایدەسپێرێت ئەركی نوێكردنەوەی ئایین جێبەجێ بكات. ئەبو بەكریش كە ڕاستگۆ بوو ئەركی نوێكردنەوەی ئایینی جێبەجێ كرد بەجۆرێك دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) دوورگەی عەرەبی هەڵگەڕایەوە بەڵام بەهۆی هەوڵە جوانەكانی ئەبو بەكرەوە (رضي الله عنه) هیدایەتیان وەرگرت بەمەش بەجۆرێك لە جۆرەكان ئایینی نوێ كردەوە ئەگەرچی تا ڕادەیەك جیاوازییەك هەبوو چونكە پێغەمبەر (ﷺ) كۆمەڵێكی نوێی دامەزراند بەڵام ئەبو بەكر كۆمەڵێكی خراپی چاك كرد. كەواتە ڕاستگۆ ئەو كەسەیە زیاتر لە شەهید جێگیرە لەسەر ڕاستگۆیی و بەڕادەیەك ڕاستگۆیی دەردەبڕێت كە شایستەی بیستنی كەلامی خوای گەورە دەبێت. ئینجا خوای گەورە وتەی خۆی وەكو باران دەبارێنێت بەسەر كەسێكی لەم شێوەیەدا، وە ئەمە كۆتا پلەی موحەددەثە. سەدەها كەس بگرە هەزارەها كەس لە ئوممەتی موحەممەدی ئەم پلەیەیان بەدەستهێناوە. وە ئەم كەسانە بەشێوەیەكی تایبەتی وتەی خوای گەورە دەبیستن بەڵام بەڕێژەیەكی وەها زۆر گوێبیستی وتەی خوا نابن كە ئامادەیان بكات بۆ گەیشتن بە پلەی پێغەمبەرایەتی. وە لەسەرووی ئەم پلەیەوە پلەی نەبی یان ڕەسول (واتە پلەی چوارەم) هەیە كە خوای گەورە لەكۆتایی ئەو ئایەتەی ئێستا هێنرایەوە باسی كردووە. ئەوان كەسانێكن وەك خاوەنی نهێنیەكانی پاشا وان، وە بەهۆی ئەوانەوە خوای گەورە غەیبی خۆی بەڕێژەیەكی زۆر ئاشكرا دەكات بۆ جیهان. لەبەر ئەوە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ (الجن: 26-27)
وە ئاشكرایە لای هەموان كە نهێنیەكان تەنها بۆ هاوەڵە تایبەتەكان ئاشكرا دەكرێن، كەواتە خوای گەورە بەڕێژەیەكی زۆر غەیبی خۆی ئاشكرا دەكات تەنها بۆ ئەو كەسانەی كە دەگەنە چڵەپۆپە لە خۆشەویستیەكەیدا. وە ئاگاداركردنی كەسێك بەڕێژەیەكی زۆر لە غەیبی خوا لەلایەن خوا خۆیەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم كەسە گەیشتووەتە چڵەپۆپە لە خۆشەویستی خوادا و چووەتە ناو بازنەی پێغەمبەرایەتیەوە.
لەم ڕوونكردنەوەیەدا مەبەستم ئەوەیە كە پێغەمبەرایەتی شتێكی جیا نیە بەجۆرێك ئەگەر مرۆڤ بەدەستیهێنا ئەوا دەبێت بە پێغەمبەر بەڵكو لەڕاستیدا وەك لە قورئانی پیرۆزەوە سەلماندم “پێغەمبەر” ناوی كۆتا پلەی پێشكەوتن و بڵندبوونەوەی مرۆڤە. كەواتە ئەو كەسەی بەردەوام پێشدەكەوێت لە خۆشەویستی خوای گەورەدا و لە پلەی پیاوچاكانەوە دەگوازێتەوە بۆ شەهیدەكان و لە شەهیدەكانەوە بۆ ڕاستگۆیان، پاشان كاتێك لەم پلەیە بەرەو ژوورتر دەچێت دەبێت بە خاوەنی نهێنی خوایی، ئینجا خوا بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداری دەكات لە غەیبەكانی خۆی و دەیگەیەنێتە كۆتا پلەی متمانە چونكە هیچ دژیەكی و پێچەوانەیی نامێنێت پاش ئاگاداركردن لە نهێنیەكان. وە مەبەست لە غەیب و نهێنیەكان ئاستەكانی زانستی وردە كە بینایی كەسانی تر ناگات پێیان و خوای گەورە پێغەمبەران ئاگادار دەكاتەوە لێیان پاشان ئەوانیش ئەو زانستە وردانە دەیگەیەنن بە بەندەكان. بەهەمان شێوە داهاتوویش بەشێكە لە نهێنیەكانی خوا و خوای گەورە لە دەستی خۆیدا هێشتوویەتیەوە بەڵام ئەم بەندانەی لێ ئاگادار دەكات. گومانی تێدا نیە ئەوان زانا نین بە غەیب بەو مانایەی هەموو شتێك بزانن، بەڵام خوا كۆمەڵێك نهێنی زۆریان بۆ ئاشكرا دەكات كە پەیوەستن بە كارە گەورە و گرنگەكانەوە. كەواتە پلەی (الإظهار علی الغیب) واتە ئەو پلەیەی خۆشەویستی كە بە بەدەستهێنانی مرۆڤ زاڵ دەبێت بەسەر غەیبی خواییدا و بریتیە لە ئاگاداربوونەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر و ئەوەیە كە پێی دەوترێت پێغەمبەرایەتی. دەكرێت بوترێت پێغەمبەرایەتی ناوێكی ترە بۆ پلەی ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر، وە بە دەربڕینێكی تر واتە خاوەنی نهێنیەكان، هەروەك دەكرێت بوترێت تەنها پێغەمبەر پلەی ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر بەدەستدەهێنێت.
پوختەی قسە ئەوەیە، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا زۆر بەڕوونی پێناسەی پێغەمبەرایەتی و ڕێگای بەدەستهێنانی خستووەتەڕوو، وە ڕایگەیاندووە كە پلەی كەماڵی مرۆڤە و پاش بەدەستهێنانی ئەم پلەیە مرۆڤەكە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار دەكرێتەوە لە غەیب. وە ئەو پلەوپایانەی پێش ئەم پلەیەن پێیان دەوترێت: “پیاوچاكی” و “شەهیدی” و “ڕاستگۆیی”. وە ئەو كەسەی ئەم پلەیە بەدەستدەهێنێت پێی دەوترێت “ڕەسول” چونكە خوای گەورە ڕەوانەی دەكات، وە پێی دەوترێت “نەبی” چونكە بەڕێژەیەكی زۆر خەڵك ئاگادار دەكاتەوە لە هەواڵە غەیبیەكان. وە لەبەرئەوەی هێزی باوەڕ نابێت بە هێزێكی تەواو ئەگەر بەڵگەی لەگەڵدا نەبێت بۆیە خوا پلەی ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر دەدات بەو بەندانەی خۆی كە وەك نێردراو هەڵیاندەبژێرێت، بۆ ئەوەی باوەڕی خەڵكیش بەهێز بكەن وەك چۆن باوەڕی خۆیان بەهێزە.
هەڵبەت ئەم شتانەم بە كورتی باسكرد بۆ ئەوەی بزانرێت قورئانی پیرۆز كتێبێكی كامڵە و هەموو شتێكی پێویستی ڕوون كردووەتەوە. وە هەڵەیە بوترێت پێناسەی پێغەمبەری باس نەكردووە بەڵكو لەڕاستیدا باسی كردووە و مەرجەكانی و پلەكەی خستووەتەڕوو، وە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) جێگیر و چەسپاوە. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا هەرگیز مەرجی هێنان یان نەهێنانی شەریعەتی دانەناوە بۆ پێغەمبەرایەتی. پێم وایە ئەو كەسانەی نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو هەتا ئێستا بیریان لەوە نەكردووەتەوە كە پێغەمبەرایەتی چیە و پێغەمبەر كێیە. ئەگەر بەوردی سەرنجیان بدایە لە قورئانی پیرۆز؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە دەیانزانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر بووە و گومان نیە لە پێغەمبەرایەتیەكەیدا.
هەندێ كەسی كاڵفام دەڵێن نابێت پێغەمبەر شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر بێت و ئەم ئایەتە پیرۆزە وەك بەڵگە دەهێننەوە: ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا لِيُطَاعَ بِإِذۡنِ ٱللَّهِۚ﴾ (النساء: 65) وە باوەڕیان وایە بەگوێرەی ناوەڕۆكی ئەم ئایەتە پیرۆزە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نیە. بەڵام ئەم باوەڕەیان لە كەمی تێرامانەوە سەرچاوەی گرتووە، خوای گەورە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: ﴿إِنَّآ أَنزَلۡنَا ٱلتَّوۡرَىٰةَ فِيهَا هُدٗى وَنُورٞ ۚ يَحۡكُمُ بِهَا ٱلنَّبِيُّونَ﴾ (المائدة: 45). كەواتە ئەگەر ئەستەم بێت پێغەمبەرێك لەژێر فەرمانی پێغەمبەرێكی تردا كار بكات، ئەوا چۆن ئەو هەموو پێغەمبەرە كاریان بە تەورات كردووە؟ دیارە كاركردنیان بە تەورات ئەوە دەگەیەنێت كە شوێنكەوتەی شەریعەتی مووسا بوون لەگەڵ ئەوەی بەهۆی مووساوە (عليه السلام) پێغەمبەرایەتییان بەدەست نەهێنابوو. كەواتە لە قورئانی پیرۆزەوە دەچەسپێت كە زۆرێك لە پێغەمبەران شوێنكەوتەی مووسا بوون و فەرمانیان پێكراوە ئیسڵاحی ئوممەتەكەی بكەن. ئەوەتا هاروون وەك شوێنكەوتەیەكی مووسا كاری دەكرد چونكە كاتێك مووسا ڕۆیشت بۆ كێوەكە وەك خەلیفەی خۆی دەستنیشانی كرد. وە كاتێك فەساد و خراپەكاری ڕوویدا لەناو ئوممەتەكەیدا ویستی لە هاروون بدات و گوتی: “ئایا سەرپێچیت لە فەرمانی من كرد؟” كەواتە ئەمە دەیسەلمێنێت كە هاروون شوێنكەوتەی مووسا بوو ئەگینا چۆن مووسا فەرمانی پێ دەكات؟ وە ئەگەر هاروون شوێنكەوتەی مووسا نەبووە؛ ئەوا بیسەلمێنن چ ئوممەتێك گوێڕایەڵی بووە؟ وە ئەگەر هاروون سەربەخۆ بووە لە مووسا چۆن مووسا وەك خەلیفە دایمەزراندووە بەسەر گەلەكەیەوە؟ وە چۆن دەگونجێت بۆ پێغەمبەر (ﷺ) كە بفەرموێت: “ئەگەر مووسا و عیسا زیندوو بوونایە چاریان نەبوو جگە لە شوێنكەوتنی من[39]؟ ئیتر بۆچی لەم ئایەتەوە مانایەك وەردەگرن كە ئایەتەكانی تر و مێژوو بەدرۆبخاتەوە؟ ئەم ئایەتە واتە هەموو پێغەمبەرێك لەلایەن خەڵكەوە گوێڕایەڵی دەكرێت و پێویستە لەسەر خەڵكی گوێڕایەڵی بكەن. مانای ئەوە نیە پێغەمبەر گوێڕایەڵی كەس ناكات ئەگینا دەكرێت كەسێك بڵێت پێغەمبەر فەرمانی پێ نەكراوە گوێڕایەڵی خوایش بكات چونكە پلەی “إلا لیطاع” بەدەستهێناوە.
[39] “الیواقیت و الجواهر، للإمام الشعراني، بەرگی 2، لاپەڕە 20.
كەواتە ئەم ئایەتە مانای ئەوە نیە كە نابێت پێغەمبەر گوێڕایەڵی هیچ كەسێك بێت، بەڵكو ماناكەی تەنها ئەوەیە كە گوێڕایەڵی هەموو پێغەمبەرێك واجبە، وە ئەم مەرجە بوونی هەیە لە مەسیحی بەڵێندراویشدا (عليه السلام) بەجۆرێك خوای گەورە گوێڕایەڵی كردنی ئەوی پێویست كردووە و كردوویەتی بە تەوەری ڕزگاربوون. بەڕێزی لە شەرحی ئەم وەحیەی خوادا: “لا تخاطبني في الذین ظلموا إنهم مغرقون.” واتە: “سەبارەت بەو كەسانە قسەم لەگەڵدا مەكە كە ستەمكار بوون بەدڵنیاییەوە ئەوان نوقم بوون” دەفەرموێت:
“ئەو كەسەی لە ناخی دڵەوە قەبووڵم دەكات ئەوە لە ناخی دڵیشەوە گوێڕایەڵیم دەكات، وە بە ناوبژیوان ئەژمارم دەكات لە هەموو بارودۆخەكاندا، وە دەیەوێت بمكات بە ناوبژیوان لە هەموو ناكۆكییەكدا. بەڵام ئەو كەسەی لەناخی دڵەوە قەبووڵم ناكات خۆی بە گرنگ دەزانێت و و خۆپەسەندی و خۆپەرستی تێدایە، جا بزانن ئەو كەسە لە من نیە چونكە بەچاوی ڕێزەوە ناڕوانێت بۆ ئەو شتەی كە لەلایەن خوای گەورەوە پێم دراوە بۆیە ڕێزی نیە لە ئاسماندا.” (التحفة الغولرویة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 17، لاپەڕە 64)
هەروەها دەفەرموێت: “خوا فێركاریەكەم و ئەو وەحیەی كە دابەزیوەتە سەرم بە “الفلك” واتە كەشتی ناو بردووە. دەقێكی ئیلهامی خوایی هەیە كە دەفەرموێت: “واصنع الفلك بأعیننا ووحینا، إن الذین یبایعونك إنما یبایعون الله، ید الله فوق أیدیهم”، واتە كەشتی ئەم فێركاری و نوێكاریە دروست بكە لەژێر چاودێری ئێمەدا و بەهۆی وەحی ئێمەوە. بڕوانن چۆن خوا (سبحانه وتعالی) فێركاریەكەم و ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەرم و بەیعەتەكەمی ناوناوە كەشتیەكەی نووح و بە تەوەری ڕزگاربوونی هەموو خەڵكی لەقەڵەمی داوە، كەواتە ئەو كەسەی دوو چاوی هەیە با ببینێت، وە ئەو كەسەی دوو گوێچكەی هەیە با ببیستێت.” (الأربعین ژمارە 4، الخزائن الروحانیة، بەرگی 17، پەراوێز لە لاپەڕە 435)
كەواتە پێویستە لەسەر ئەو ڕەخنەگرانە لە خوا بترسن و ڕابمێنن هەتا نەكەونە ژێر ئەو هەڕەشەیەی كە كراوە لەو كەسانەی بە ڕاوبۆچوونی خۆیان تەفسیر دەكەن.
لەپاڵ نەهێشتنی ئەم گومانەدا دەمەوێت گومانێكی تریش نەهێڵم كە بریتیە لەوەی هەندێ كەس دەڵێن: ئەگەر بەگوێرەی حوكمی قورئانی پیرۆز مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرە و چار نیە و دەبێت بە پێغەمبەر ئەژمار بكرێت؛ ئەوا بۆچی بانگەشەكەی قۆناغ بە قۆناغ پێشدەكەوت؟ ئایا لەناو پێغەمبەرانی پێشوودا نموونەی لەم جۆرە هەیە؟ ئەگینا چۆن دڵنیا بین لە ڕاستگۆییەكەی؟ وەڵامەكە ئەوەیە: یەكەم: هەڵەیە بوترێت بەڕێزی (عليه السلام) قۆناغ بە قۆناغ بووە بە پێغەمبەر، چونكە هەروەك پێشتر سەلماندم وردەكاری و درێژەی بانگەوازەكەی كە بەردەوام بەڕێزی (عليه السلام) ڕایدەگەیاند لە سەرەتای بانگەشەكەیەوە كە فەرموویەتی خۆی مەسیحی بەڵێندراوە شایەتە لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەرە. كەواتە هەر لە سەرەتاوە بانگەوازەكەی وەك بانگەوازی پێغەمبەران بوو، وە هیچ گۆڕانێك تێیدا ڕووی نەداوە مەگەر ئەوەی لە ساڵی 1901ز ەوە بە ڕوونیەكی زیاتر ئەم ناوەی هەڵبژارد. كەواتە پلەبەندی لە بابەتەكەدا نیە بەڵكو لە سەرەتاوە بەردەوام دۆخەكە بەهەمان شێوە بووە. وەڵامی دووەم: پلەبەندی شتێكی قەدەغە نیە، ڕەخنەگرتن لەمە وەك ئەوە وایە كە مەسیحیەكان دەڵێن: بڕوانن، قورئان قۆناغ بە قۆناغ دابەزیوە و ئەم بەرنامەیە پێچەوانەی بەرنامەی پێغەمبەرانی پێشووە بەجۆرێك بە یەكجار كتێب دابەزی بۆ سەر مووسا، لەبەر ئەوە پێویست بوو ئەم كتێبەش بە یەكجار دابەزێت، وە لەبەرئەوەی قورئان قۆناغ بە قۆناغ دابەزی بۆیە وا دەردەكەوێت بڕیارێك بێت لەكاتی پێویستدا هەڵبەستراوە و بەسەرخەڵكدا خوێنراوەتەوە، پەنا بە خوا دەگرین لەم قسەیە. ئەو ڕەخنەگرانە بیرناكەنەوە كە هەموو كردوەكانی خوا لە سەر حیكمەت دامەزراون، بۆیە بەگوێرەی حیكمەتە جۆراوجۆرەكانی خۆی كار دەكات. ئامانج لە دابەزاندنی قورئان بە شێوەی پلەبەندی ئەوە بوو كە هاوەڵان بتوانن بەتەواوەتی كاری پێ بكەن، وە بە باشی هەموو حوكمەكانی پەیڕەو بكەن. بەڵام مووسا (عليه السلام) بە یەكجار كتێب دابەزیە سەری لەبەرئەوەی كۆمەڵەكەی شوێنكەوتەی بوون و دەسەڵاتی پاشای هەبوو. بەڵام پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) ناچار بوو گەلێكی نەیار و مەترسیدار بكات بە باوەڕدار و ڕێگای ڕاست بگرن، بۆیە خوای گەورە قۆناغ بە قۆناغ ئەم كتێبەی دابەزاند بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ بەندەكانی. بەهەمان شێوە بانگەشەكەی مەسیحی بەڵێندراویش لەم سەردەمەدا پلە بە پلە دەركەوت. لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لە سەردەمی دانانی “البراهین الأحمدیة”دا بڕیاری خۆی دەركردبوو بەڵام پلە بە پلە بە ئاشكرا دەركەوت بۆ خەڵكی، واتە سەرەتا لە ساڵی 1891ز، پاشان لە ساڵی 1901ز، بەمەش خوا كۆمەڵێكی زۆر لەو كەسانەی ڕزگار كرد لە خلیسكان كە سروشتیان لاواز بوو وەك بەزەییەك بەرامبەریان. وە بە ئەندازەی گەشەكردنی بەهرە و تواناكان تێیاندا بەردەوام بانگەشەكەیش گەشەی دەكرد. پێویستە بزانرێت بانگەوازەكەی پێغەمبەریش (ﷺ) لەسەر هەمان شێواز بوو، ئەوەتا سەرەتا: ﴿ٱقۡرَأۡ بِٱسۡمِ رَبِّكَ ٱلَّذِي خَلَقَ﴾ (العلق: 2) دابەزیە سەری، بڕوانن پێغەمبەر (ﷺ) لەم ئایەتەدا بە ناوی پێغەمبەر بانگ نەكراوە. پاشان ئایەتەكانی سەرەتای سوورەتی (المزمل) دابەزیە سەری تێیاندا فەرمانی پێ كرا ئەركە گرنگەكەی جێبەجێ بكات، بەڵام لەم ئایەتانەیشدا وشەی نەبی یان ڕەسول نەهاتووە، بەڵام دوای چەند مانگێك بەناوی ڕەسول بانگكرا وەك لە ئایەتەكانی كۆتایی سوورەتی (المزمل)ەوە دەردەكەوێت. بەهەمان شێوە پاش ماوەیەكی زۆر بانگەشەی ئەوەی كرد (ﷺ) كە ڕەوانەكراوە بۆ هەموو جیهان، وە ئەو ئایەتانەی كە تێیاندا بانگەوازی هەموو جیهان كراوە بۆ ئەوەی شوێن ئەم ڕووناكی و ڕێنموونیە بكەون پاش ماوەیەكی زۆر دابەزین. وە پێغەمبەر (ﷺ) لە مەدینە ڕایگەیاند خاتەمی پێغەمبەرانە. بانگەوازەكەی مەسیحی ناسیرەییش (عليه السلام) بەهەمان شێوە بوو. ئەو كەسەی بە وردی ئینجیلەكان بخوێنێتەوە دەزانێت بانگەشەكەی مەسیحی ناسیرەییش قۆناغ بە قۆناغ بە ڕوونی دەركەوت. كەواتە، ئەمە جێگای ڕەخنە نیە چونكە خوای گەورە لە كەلامەكەی خۆیدا لە سەرەتاوە بانگەشە حەقیقیەكە ڕادەگەیەنێت بەڵام بە جۆرێك لە جۆرەكان پەردەیەك دەدات بەسەریدا پاشان لە كاتێكی دیاریكراودا پەردەكە لادەدات. پێغەمبەرمان (ﷺ) لەكاتی ڕەوانەكردنەكەیەوە خاتەمی پێغەمبەران بوو، وە هەموو ئایەتێك لە ئایەتەكانی قورئان بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دوای قورئان پێویست ناكات هیچ كتێبێكی تر دابەزێت، بەڵام لەدواییدا بە ڕاشكاوی ڕاگەیەنرا ئەم كەسە خاتەمی پێغەمبەرانە.
ئەمە بەرهەمی توێژینەوەی من نیە بە تەنها بەڵكو مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) بیروباوەڕی خۆی تەواو بەم شێوەیە خستووەتەڕوو، كەواتە پاش ڕوونكردنەوەی مەسیحی بەڵێندراو هیچ بوارێك نامێنێتەوە بۆ ئەوەی باوەڕدار دوودڵ بێت. بەڕێزی دەفەرموێت:
“هەروەك چۆن قورئانی پیرۆز بە یەكجار دانەبەزی، بەهەمان شێوە زانیاریەكانیشی بە یەك جار دانابەزنە سەر دڵەكان. لەبەر ئەوە توێژەران زەینیان بۆ ئەوە چووە كە پێغەمبەریش (ﷺ) بە یەكجار زانیاریەكانی قورئانی پێ نەدراوە، بەڵكو قۆناغ بە قۆناغ بازنەی پێشكەوتن و گەشە زانستیەكەی تەواو بووە. بەش بەحاڵی منیش كە سێبەرئاسا دەركەوتەیەكم بۆ ئەو (ﷺ) دۆخەكە بەهەمان شێوەیە. وە ئەو نهێنیە لە گەشەی قۆناغ بەقۆناغی پێغەمبەردا (ﷺ) هەیە ئەوەیە كە سەرچاوەی پێشكەوتن و گەشەكردنەكەی تەنها قورئان بووە. كەواتە لەبەر ئەوەی دابەزینی قورئان قۆناغ بە قۆناغ بووە بەهەمان شێوە تەواوبوون و كامڵبوونی زانیارییەكانی پێغەمبەریش (ﷺ) قۆناغ بە قۆناغ بووە. بەش بەحاڵی مەسیحی بەڵێندراویش كە ئێستا لەناوتاندا دەركەوتووە دۆخەكە بە هەمان شێوەیە.” (نزول المسیح، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لاپەڕە 421)
هەندێ زاراوە دەربارەی پێغەمبەرایەتی
پێش كۆتاییهێنان بە بابەتەكە پێم خۆشە بە كورتی مانای ئەو زاراوە جۆراوجۆرانە بنووسم كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی پێغەمبەرایەتی بەكاریهێناون؟ پێویستە بزانرێت و ئاشكرابێت كە بەڕێزی (عليه السلام) -بەبێ هیچ گومانێك- هەندێ زاراوەی داناوە بۆ شەرحی پێغەمبەرایەتی، بەڵام ئەو زاراوانە وشەی قورئان و فەرموودە نین بەڵكو مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەلایەن خۆیەوە دایهێناون بۆ ئەوەی خەڵكی تێبگەیەنێت لە جۆرەكانی پێغەمبەرایەتی، وە لەبەرئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) خۆی ئەم زاراوانەی داهێناوە بۆیە دەبێت تەنها ئەو مانایانە وەربگرین كە خۆی پێشكەشی كردوون بۆ ئەو زاراوانە نەك كۆمەڵێك مانای تر. بۆ نموونە مانای (الصلاة) بەگوێرەی قورئانی پیرۆز بریتیە لە نوێژ واتە ئەو بەندایەتیەی كە ناسراوە. وە ئاشكرایە پێغەمبەر (ﷺ) ئەم بەندایەتیەی داناوە و پێش ئەو نەبووە. كەواتە لەگەڵ ئەوەی (الصلاة) مانای پاڕانەوە دەگەیەنێت بەڵام ئەگەر وشەی “الصلاة” لە شەریعەتی ئیسلامیدا بەكارهێنرا بەبێ قەرینەیەك كە ماناكەی لە مانا باوەكە لابدات؛ ئەوا ماناكەی بریتیە لە نوێژ (واتە بەندایەتیە باوەكە) نەك پاڕانەوە. بەهەمان شێوە ئەو زاراوانەی مەسیحی بەڵێندراو دایهێناون پێشتر بەكار نەهێنراون بۆیە پێویستە ئەو مانایانەیان لێ وەربگرین كە مەسیحی بەڵێندراو خۆی دایناون بۆیان. ئەگەر ئەم كارەمان نەكرد؛ ئەوا مانای دەستەواژەكانی بەڕێزی دەشێوێنین بە پێچەوانەی نیاز و ویستی خۆیەوە. لێرەدا هەندێ زاراوەی لەم شێوەیە و ماناكانیان دەهێنمەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی ماناكانیانی خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی هەر كەسێك كە بەدوای ڕاستیدا دەگەڕێت ئەو مانایانەی لەیاد بێت و خۆی بەدوور بگرێت لەوەی پێی بخلیسكێت و بەهەڵەدا بچێت.
لە خوارەوە ئەو زاراوانە و ماناكانیان دەنووسین كە مەسیحی بەڵێندراو دایهێناون:
پێغەمبەرایەتی حەقیقی: “ئەو كەسەی دوای پێغەمبەر و سەروەرمان گوتی من نەبی یان ڕەسولم بە شێوەیەكی حەقیقی و بەدرۆ و وازیهێنا لە قورئان و حوكمەكانی شەریعەتی بێ وێنە، ئەوە كافر و درۆزنە. بەكورتی، ئێمە باوەڕمان وایە ئەو كەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات بەشێوەی حەقیقی و خۆی جیادەكاتەوە لە لێشاوەكانی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) و دوور دەكەوێتەوە لەم كانیاوە چاكە و دەیەوێت ڕاستەوخۆ خۆی ببێت بە پێغەمبەری خوا، ئەوە ئەو كەسە مولحیدە و ئایینی نیە و زۆر ڕێی تێدەچێت ئەم جۆرە بانگەشەكارە شایەتومانێكی نوێ و شێوازێكی نوێی بەندایەتیكردن بۆ خۆی دابهێنێت و حوكمەكان بگۆڕێت و بیانشێوێنێت. دیارە ئەو كەسە برای موسەیلەمەیە، وە گومان نیە لە كافربوونیدا، ئیتر چۆن سەبارەت بە مرۆڤێكی چەپەڵی لەم شێوەیە دەوترێت باوەڕی بە قورئانی پیرۆز هەیە؟” (عاقبة آتهم، الخزائن الروحانیة، بەرگی 11، لاپەڕە 27-28. پەراوێز)
پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ: “لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا پێغەمبەرانێكی زۆر هەبوون بەڵام پێغەمبەرایەتیەكەیان بەهۆی شوێنكەوتنی مووساوە (عليه السلام) نەبووە بەڵكو هەموو ئەو پێغەمبەرایەتیانە بەخششێكی خوایی بوون بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و هیچ ڕۆڵێكی شوێنكەوتنی مووسایان تێدا نەبووە. لەبەر ئەوە -وەكو من- لەلایەكەوە پێیان نەگوتراوە پێغەمبەر و لەلایەكی ترەوە تاكێك لە ئوممەت، بەڵكو پێیان گوتراوە پێغەمبەرانێكی سەربەخۆ و بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پلەی پێغەمبەرایەتیان بەدەستهێناوە.” (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لاپەڕە 100، پەراوێز)
پێغەمبەری سەربەخۆ: “من بە ناحەق تۆمەتباركراوم وەك ئەوەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتیم كردبێت بەجۆرێك پەیوەندیم نەبێت بە ئیسلامەوە، واتە وەك ئەوەی خۆم بە پێغەمبەرێكی سەربەخۆ لەقەڵەم دابێت و شوێنكەوتنی قورئانی پیرۆز بە پێویست نەزانم”. (ڕۆژنامەی “أخبار عام”، لە 23ی ئایاری 1908ز)، بە گواستنەوە لە ڕۆژنامەی “بدر” ژمارە 33، بەرگی7، لاپەڕە 10، ژمارە 11/6/1908ز)
پێغەمبەری سێبەرئاسا یان دەركەوتە: “پێویستە ئەوەتان لەیاد بێت كە ئەم ئوممەتە بەڵێنی هەموو ئەو نیعمەتانەی پێدراوە كە دراون بە پێغەمبەران و ڕاستگۆیانی پێشوو. یەكێك لەو نیعمەتانە پێشبینیەكانە كە بەم هۆیەوە پێغەمبەرانی پێشوو پێیان گوتراوە پێغەمبەر. بەڵام قورئانی پیرۆز دەرگای زانستەكانی غەیبی داخستووە لەسەر كەسانێك كە نەبی و ڕەسول نین، هەروەك لەم ئایەتەوە دەردەكەوێت: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ كەواتە بۆ ئاگاداربوون لە غەیبی پاك و بێگەرد بوونی پێغەمبەرێك پێویستە. وە ئایەتی ﴿أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم ئوممەتە بێ بەش نیە لە زانستی پاك و بێگەردی غەیب. وە غەیبی پاك و بێگەرد داخوازی پێغەمبەرایەتی دەكات بەگوێرەی مانای ئەم ئایەتە. وە بەوپێیەی ئەم ڕێگا ڕاستەوخۆیە داخراوە، بۆیە دەبێت باوەڕبهێنرێت بەوەی كە تەنها دەرگای دەركەوتن و سێبەرئاسایی و فەنابوون لە پێغەمبەردا (ﷺ) كراوەیە بۆ ئەوەی ئەم بەخشش و نیعمەتە بە مرۆڤ بگات، كەواتە ڕابمێنە.” (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لاپەڕە 209، پەراوێز)
“بەڵام پێغەمبەرایەتی سێبەرئاسا كە ماناكەی پێگەیشتنی وەحیە بەهۆی لێشاوی بەرەكەتی موحەممەدیەوە بەتەنها، ماوەتەوە هەتا ڕۆژی قیامەت”. (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لاپەڕە 30)
پێغەمبەری ئوممەتی واتە سەر بەم ئوممەتە: “… ئەگەر لە ئوممەتەكەی ئەو (ﷺ) نەبێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كە هەموو نیعمەتێكی بەدەستهێناوە بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) نەك بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ.” (التجلیات الإلهیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 20، لاپەڕە 401، پەراوێز)
پێغەمبەرایەتی تەواو: “فەرموودە بەڵگەیە لەسەرئەوەی پێغەمبەرایەتی تەواو واتە هەڵگری وەحی شەریعەت پچڕاوە”. (توضیح المرام، الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، لاپەڕە 61)
پێغەمبەرایەتی جوزئی: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە وەسفی ئەم پێغەمبەرایەتیەدا دەفەرموێت: “پێغەمبەرایەتیەكی جوزئیە و بە دەربڕینێكی تر پێی دەوترێت “موحەددەثیەت” كە بە هۆی شوێنكەوتنی مرۆڤی تەواوەوە دەستگیر دەبێت كە لە خۆیدا هەموو سیفەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی تەواوی كۆكردووەتەوە.” (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 60)
“موحەددەثیش لەڕوویەكەوە پێغەمبەرە، لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەرایەتیەكەی تەواو نیە، بەڵام بەشێك لە پێغەمبەرایەتی تێدایە چونكە شكۆ و ڕێزی ئاخاوتنی خوای گەورە بەدەست دەهێنێت. وە كۆمەڵێك كاروباری غەیبی ئاشكرا دەبن بۆی”. (سەرچاوەی پێشوو)
ئەمەیە پێناسەی پێغەمبەرایەتی جوزئی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاندووە لە كتێبی “توضیح المرام”دا. وەك پێشتر گوتم لە سەردەمی دانانی كتێبی “توضیح المرام”دا باوەڕی وا بووە ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە بەدەستیهێناوە پێغەمبەرایەتیەكی حەقیقی نیە و هەموو موحەددەثەكان بەشداری دەكەن لەگەڵیدا. كەواتە لەم بڕگەیەوە دەردەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) موحەددەثی بە پێغەمبەر ئەژمار كردووە. هەڵبەت پێشتر سەلماندم بەڕێزی (عليه السلام) هەڵەی ئەو بنەما و بیروباوەڕەی سەلماند كە دەڵێت موحەددەثیش دەكرێت پێی بوترێت پێغەمبەر و فەرمووی موحەددەث پێی ناوترێت پێغەمبەر. كەواتە، ئەم دەستەواژەیە لە ساڵی 1901زەوە لەگەڵ وازهێنانی بەڕێزی لە بیروباوەڕی موحەددەثیەت لەخۆوە نەسخ بووەتەوە. دیارە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم بیروبۆچوونەی بەتەواوەتی هەڵوەشاندەوە بۆیە پاش ساڵی 1900ز دەربارەی پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی نەیفەرمووە كە پێغەمبەرایەتیەكی جوزئی یان ناتەواوە، ئەگەرچی پاش ساڵی 1904ز بەڕێژەیەكی زۆر باسی پێغەمبەرایەتی كراوە لە كتێبەكانیدا كە بەهەمان ڕێژە لە كتێبەكانی پێشوویدا باس نەكراوە. كەواتە، وازهێنان لە ناوی موحەددەثیەت و گۆڕانكاری لە پێناسەی پێغەمبەرایەتیدا لەلایەكەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە بەڕێزی وازیهێناوە لە زاراوەی پێغەمبەرایەتی جوزئی، وە لەلایەكی ترەوە وازهێنان لەم وشەیە بەتەواوەتی دەیسەلمێنێت كە پێشتر خۆی بە پێغەمبەرێكی لەم شێوەیە ئەژمار نەكردووە، بەڵام ئەگەر كەسێك پێ وابێت زاراوەی “پێغەمبەری جوزئی” مانای ئەوە دەگەیەنێت كە بەڕێزی پێغەمبەرە بەبێ شەریعەتێكی نوێ؛ ئەوا دەتوانین ئەم دەستەواژەیە قەبووڵ بكەین بەم مانایە ئەگینا نەخێر.
هەموو كەسێكی ژیر -بە وردبوونەوە لەو زاراوانەی سەرەوە كە مەسیحی بەڵێندراو دایهێناون و ئەو مانایانەی بەڕێزی دایناون بۆ ئەو زاراوانە- دەتوانێت بگاتە ئەو ئەنجامەی كە ئەو زاراوانە تەنها مانای ئەوە دەبەخشن كە پێغەمبەرانێك هەن شەریعەتێك دەهێنن و پێغەمبەرانێكی تر هەن شەریعەت ناهێنن، وە پێغەمبەرانێك هەن بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرێكی ترەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنن. بۆیە ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی پێغەمبەرێكی حەقیقی یان سەربەخۆ نیە یان پێغەمبەرایەتیەكەی پێغەمبەرایەتیەكی تەواو نیە؛ ئەوا ئەم زاراوانە تەنها مانای ئەوە دەبەخشن كە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە. وە ئەگەر لەبەرامبەردا خۆی بە پێغەمبەری سێبەرئاسا یان دەركەوتە ئەژمار كردبێت؛ ئەوا مانای وایە كە پێغەمبەرایەتیەكەی ڕاستەوخۆ نیە بەڵكو لە ڕێگەی بەرەكەتی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستیهێناوە. ئەمەیە بیروباوەڕی ئێمە، بەڵام بە ڕەوای نابینین كەسێكی نەزان وازبهێنێت لەو مانایانەی كە مەسیحی بەڵێندراو پێشكەشی كردوون و مانای تر بدات بەو زاراوانە و بڵێت: بڕوانن، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی. ڕێگە نادرێت بە هیچ كەسێك لەو مانایانە دەرچێت كە مەسیحی بەڵێندراو خۆی دایناون بۆ ئەو زاراوانە، چونكە ئەو وشانە لە زمانی عەرەبیدا بەو مانایانە بەكار نەهاتوون كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەكاریهێناون، چونكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی ئەم زاراوانەی داهێناوە، وە ڕەوایە تەنها ئەو مانایە وەربگیرێت لێیان كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەشی كردووە نەك ئەو مانایەی مرۆڤ لەلایەن خۆیەوە دایدەهێنێت یان لە زماندا هەیە.
كەواتە پێویستە ڕۆڵەكانی كۆمەڵەكەمان بە جوانی ئەوەیان لەیاد بێت كە ئەو زاراوانە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی دایهێناون، ئەگەر كەسێك ئەو زاراوانەی خستەڕوو پاشان لەلایەن خۆیەوە كۆمەڵێك مانای پێدان و بۆ نموونە گوتی پێغەمبەری حەقیقی ئەو كەسەیە كە لە واقیعدا پێغەمبەرە چونكە ئەمە مانای زمانەوانی وشەی “حەقیقی”ە، وە لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو فەرموویەتی پێغەمبەرێكی حەقیقی نیە كەواتە دەردەكەوێت كە لە ڕاستیدا بەڕێزی پێغەمبەر نیە؛ ئەوا بەڕوونی بەم جۆرە كەسە بڵێن پێویستە سڵ بكەیتەوە لە قسەی درۆ و لە گاڵتەكردن بە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). كاتێك مەسیحی بەڵێندراو خۆی بەشێوەیەك مانای ئەم وشانەی كردووە؛ ئەوا تۆ كێیت هەتا بەشێوەیەكی تر مانایان بكەیت؟ وە ئەو مانایەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاندووە ئەوەیە كە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و پێغەمبەرایەتیەكەی سەربەخۆ نیە، وە ئەمە ڕێبازی ئێمەیە. پێویستە ئەوپەڕی وریایی لەبەرچاوبگیرێت كاتی وەرگرتنی مانا لە زاراوەكان، وە ڕەوا نیە مرۆڤ لەلایەن خۆیەوە مانایەك وەربگرێت ئەگینا ئەم كارە پێچەوانەی ڕاستی دەبێت. وە كاتێك مرۆڤ پێچەوانەی ڕاستی دەجووڵێتەوە وشەیەك بەزاریدا دێت كە وردە وردە دووری دەخاتەوە لە ڕاستی. بۆیە پێم وایە ئەو كەسانەی نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو نكۆڵی دەكەن لە هەموو ئەولیاكانی خوا، وە لە دڵیاندا هیچ بایەخێك نیە بۆ پلەوپایەكان و هەڵچوونی دەرونیان كوێری كردوون، بۆیە ناترسن لەوەی دەستدرێژی بكەنە سەر هەڵبژێردراوانی خوا، لەڕاستیدا ئەمە هەڵوێستێكی ترسناكە. پێویستە باوەڕدار كۆنترۆڵی هەڵچوونی خۆی بكات لەكاتی هەر گفتوگۆ و دانووستانێكدا و نەڕوانێت بۆ بەرامبەرەكەی بەڵكو پێویستە بڕوانێت بۆ ئەو كەسەی كە گفتوگۆ دەكرێت دەربارەی. بێگومان خوای گەورە زۆر بە غیرەتە بۆ بەندە پاكەكانی خۆی. هەڵبەت لەوەتەی جیهان دروستكراوە سەدان هەزار كەسی پاك و هەڵبژێردراو هەبوون و ملیۆنەها كەس بەڵكو دەیەها ملیۆن لە خەڵكی دژایەتییان كردن. بەڵام تەنانەت یەك جاریش ڕووینەداوە ئەو كەسە ڕزگاری بێت لە سزا كە بەدگۆیی كردووە بەرامبەر پیاوچاكان و ئازاری داون. ئەگەر ئەوە ڕوویبدایە؛ ئەوا خەڵكی هەڵدەگەڕانەوە لە ئایین و باوەڕی زۆرێكیان بەفیڕۆ دەچوو. خوای گەورە بوونی خۆی دەسەلمێنێت بەهۆی ئەو كارانەی خۆیەوە كە لەسەر توانا و هێز بنیاد نراون، ئەگینا لەكوێ چاوی ماددی مرۆڤ دەتوانێت خوا (U) ببینێت. وە ئەگەر درەوشانەوەكانی تواناكەی دەرنەكەوت؛ ئەوا ئەستەمە مرۆڤ باوەڕی پێ بهێنێت.
كەواتە پێویستە بە باشی ئەوە بیربهێنرێتەوە كە بەدگۆیی و سووكایەتیكردن بەڕامبەر بەندەكانی خوا هەمیشە زیان بەخشە بۆ خاوەنەكەی و دەبێتە هۆی ئەوەی غیرەتی خوا تاوبسێنێت لە دژی. هەڵبەت زۆر خەفەتم خوارد كاتێك زانیم هەندێ كەس ئەو مانایانە نازانن كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەبەستی بووە لەم زاراوانە و لەلایەن خۆیانەوە كۆمەڵێك مانایان بۆ دادەتاشن و بەمەش خراپە دەكەن بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو، لە خوارەوە ڕووداوێك لەم جۆرە دەهێنمەوە.
جارێكیان لەنێوان برای ئایینیم سەید قاضی موحەممەد یوسف خان پیشاوەری كە یەكێكە لە بەیعەتدەرەكان و كەسێك لە بەیعەتنەدەرەكاندا -كە پێویست ناكات ناوی بهێنم- گفتوگۆیەك ڕوویدا دەربارەی پێغەمبەرایەتی، بابای بەیعەتنەدەر گوتی مونشی موحەممەد یوسف لە شاری “مەردان” دەڵێت ئێمە باوەڕمان وایە پێغەمبەر (ﷺ) و میرزای بەڕێز وەكو یەك وان. قاضی موحەممەد یوسفیش دەڵێت ئێمە بە دوو كەسی یەكسان لە قەڵەمیان نادەین چونكە پێغەمبەر (ﷺ) سەرگەورەیە و مەسیحی بەڵێندراو خزمەتكارە، وە پێغەمبەر (ﷺ) مامۆستا بووە و مەسیحی بەڵێندراو قوتابی. بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە -وەك مەسیحی بەڵێندراو خۆی نووسیویەتی- بەڕێزی (عليه السلام) هاوشێوەی پێغەمبەرە (ﷺ) چونكە سێبەرئاسا خاسیتە تەواوەكانی پێغەمبەری (ﷺ) بەدەستهێناوە. ئەم قسەیەی سەید قاضی بەتەواوەتی ڕاست و دروست بوو بەڵام كەسی بەیعەتنەدەر بە بیستنی ئەم قسەیە تووڕە دەبێت و دەڵێت: سێبەر چ گرنگیەكی هەیە؟ سێبەر بەكەڵكی ئەوەیش نایەت كە پیسایی ئەسڵەكە هەڵبگرێت. كاتێك پێی دەوترێت تۆ بەم قسەیەت بەدگۆییت كردووە بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو، لەجیاتی ئەوەی تەریق بێتەوە و شەرمەزار بێت بەهۆی هەڵوێستەكەیەوە، بەڵام دەڵێت سێبەر شایستەی ئەوەیە پێشێل بكرێت و فڕێبدرێتە ناو زبڵەوە. وە كاتێك جارێكی تر ئامۆژگاری دەكرێت ئینجا پاش بیركردنەوەیەكی كورت هەست بە هەڵەی خۆی دەكات و دەیەوێت قسەكەی پێشووی تەفسیر بكات و دەڵێت مەبەستی ئەوە نەبوو كە تۆ تێیگەیشتوویت بەڵكو مەبەستی شتێكی تر بووە. وە لە مێژووەوە دەچەسپێت پێغەمبەر (ﷺ) ڕاخەرێكی شۆردووە كە جوولەكەیەك پیسایی كردبووە سەری، بۆیە ئەم كەسە بەیعەتنەدەرە ئاگاداری ئەوە نەبوو كە بەم قسەیەی هێرش دەكاتە سەر ئەفزەڵیەتی پێغەمبەریش (ﷺ). إنا لله و إنا إلیه راجعون.
ئەمە هەمووی بریتیە لە ئەنجامی دژایەتیكردنی ڕاستی و تێنەگەیشتن لە مانای سێبەر. لە فەرموودەكاندا هاتووە خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتدا سێبەر دەكات بۆ حەوت جۆر باوەڕدار. دەی ئێستا بڵێن: ئایا سووكایەتی دەكەن بەم سێبەرەیش؟ وە بە پاشا دەوترێت “سێبەری خوا”، دەی ئایا ئامادەن بۆ كوشتنی ئەمیش بەگوێرەی ئەو بنەمایەی ئێستا باسكرا؟ ئایا وشەی “سێبەر” تەنها مانای سێبەری مرۆڤ یا درەخت دەگەیەنێت كە دەكەوێتە سەر زەوی بەهۆی ڕووناكی خۆرەوە؟ ئەگینا بۆچی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەم سێبەرە پێوانە دەكەن؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەڵبژێردراو و نزیكی خوا (U) بووە و لای ئەو (سبحانه وتعالی) خۆشەویست بووە، وە پێغەمبەر (ﷺ) بوونی ئەوی بە بوونی خۆی داناوە و فەرموویەتی ناوی ئەو (عليه السلام) ناوی خۆیەتی (ﷺ). كەواتە هەوڵ بدەن سووكایەتی بكەن بە سێبەرێك كە گرنگ نیە لە ڕواڵەتدا، بۆ نموونە پەیكەرێك دروست بكەن بۆ پاشایەكی دنیایی لە وڵاتەكەیدا یان بە ئاشكرا وێنەكەی بسووتێنن، یان بچن بۆلای ئەفسەرێك و بە پێڵاو بكێشن بە سێبەرەكەیدا لەبەرچاویدا پاشان بڕوانن تووشی چی دەبن. دیارە دەتانبەن بۆ شێتخانە و یان زیندانی دەكرێن. لە هیندستاندا كۆمەڵێك ڕووداوی زۆر ڕوویاندا بەجۆرێك هەندێ كەسی بەدكار سووكایەتییان كرد بە پەیكەری شاژنی گەورە یان پاشا ئیدواردی حەوتەم و بەتووندی سزا دران. كەواتە ئەگەر مرۆڤ سزادرا لەسەر سووكایەتی كردن بە سێبەری پاشا و ئەفسەرە ماددیەكان و پەیكەرەكانیان كە هیچ ژیانێكیان تێدا نیە و لەخودی خۆیاندا هیچ گرنگیەكیان نیە؛ ئەوا ئایا نێردراوی خوایی و سێبەری پێغەمبەر (ﷺ) ئەوەندە بچووك و بێنرخە كە بەئارەزووی خۆتان سووكایەتی بكەن پێی بەبێ ئەوەی لە هیچ سزایەك بترسن؟ كەسی وا هەیە دەڵێت لێدانی سێبەر بە نەعل ڕەوایە، وە كەسێكی تر دەڵێت فڕێدانی بۆ ناو زبڵ ڕەوایە. ئایا ترسی خوا بە تەواوەتی لە دڵتاندا نەماوە هەتا دۆخەكە بگاتە ئەم ئاستە؟ بەدڵنیاییەوە بزانن ئەم سێبەرە مانای ئەو شتە نیە خەڵكی دەیڵێن بەڵكو ماناكەی ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو هەموو خاسیەتە تەواوەكانی بەدەستهێناوە بەهۆی بەرەكەتی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ). لە خوا دەپاڕێینەوە كە عەقڵ و هۆش بدات بەو كەسانەی كە بەهۆی هەڵچوونەكانی دەروونیانەوە كوێر دەبن و ئامادەن بەدگۆیی و سووكایەتی بكەن بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە چاویان بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن حەق و ناحەق لەیەك جیابكەنەوە و خۆیان لەناونەبەن بەوەی ململانێ لەگەڵ خوادا بكەن، اللهم آمین.
پێغەمبەری مەجازی: سەرەڕای ئەو زاراوانەی كە لەسەرەوە باسم كردن زاراوەیەكی تر هەیە كە دەمەوێت بە تێروتەسەلی باسی بكەم ئەویش بریتیە لە “پێغەمبەری مەجازی”. هەڵبەت مەولەوی بەڕێز زۆر جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەم زاراوەیە و گوتوویەتی: “مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڕوونی نووسیویەتی: “لە لایەن خواوە ناونراوم پێغەمبەر بەشێوەی مەجازی، نەك بەشێوەی حەقیقی”، من سەرم سوڕدەمێنێت كاتێك ئەم دەستەواژەیەی میانی بەڕێز (مەبەستی میرزا مەحموود ئەحمەد دانەری ئەم كتێبەیە) دەخوێنمەوە كە نووسیویەتی: ئەگەر پێغەمبەری ساختە یان پێغەمبەری دروستكراو یان بەناو پێغەمبەر دابنرێت لەبەرامبەر پێغەمبەری حەقیقیدا؛ ئەوا من قەبووڵی دەكەم كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقیە.” بەڵام میرزای بەڕێز سەرەڕای ئەوەی پێغەمبەرێكی ساختە یان دروستكراو نیە یان پێغەمبەرێك نیە تەنها بەناو پێغەمبەر بێت، بەڵام دەڵێت خوای گەورە ناوی نەناوم پێغەمبەر بەشێوەی حەقیقی بەڵكو بەشێوەی مەجازی ناویناوم پێغەمبەر، ئیتر چۆن تێبگەم كە میانی بەڕێز هەتا ئەمڕۆ نازانێت بە چ مانایەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەستەواژەی “پێغەمبەری مەجازی” بەكارهێناوە؟ مادام مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبەكانیدا یەك جار دەستەواژەی پێغەمبەری مەجازی بەكارنەهێناوە بەڵكو چەندین جار بەكاریهێناوە لەبەرامبەر پێغەمبەرایەتی حەقیقیدا ئایا میانی بەڕێز نازانێت جیاوازی چیە لەنێوان حەقیقەت و مەجازدا؟ ئیتر بۆچی بە ئەنقەست وشەی ساختە و دروستكراوی بەكارهێناوە لەبەرامبەر حەقیقیدا؟ هیچ هۆكارێك لە پشتی ئەمەوە نیە جگە لە هێشتنەوەی ڕاستی بە شاراوەیی. هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وشەی “مەجازی”ی بەكارهێناوە لە بەرامبەر “حەقیقی”دا بەڵام میانی بەڕێز وشەی “ساختە و دروستكراو”ی هێناوە لەبەرامبەر حەقیقیدا، بەمەش دەستەواژەكانی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) فەرامۆش كردووە…”
زۆر بەداخەوە مەولەوی بەڕێز تا ئەم ڕادەیە تووڕە بووە و زۆر ئازاری چەشتووە بەهۆی قسەكانی منەوە چونكە من وشەی “پێغەمبەری ساختە”م بەكارهێناوە بەرامبەر “پێغەمبەری حەقیقی” و لە قسەكەمدا (ئەگەر)م بەكارهێناوە، بەڵام داخ و پەژارە دەخۆم بۆ ئەوەی كە تێنەگەیشتم لەبەرچی تووڕە بووە. هەڵبەت من نووسیوومە: ئەگەر “پێغەمبەری حەقیقی” مانای پێغەمبەری خاوەن شەریعەت بێت (وەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەو شێوەیە مانای كردووە) ئەوا باوەڕم بەوە نیە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت، بەڵام ئەگەر “پێغەمبەری حەقیقی” پێچەوانەكەی “پێغەمبەری ساختە یان پێغەمبەری دروستكراو” بێت، ئەوا باوەڕم بەوە هەیە كە بەڕێزی پێغەمبەرێكی حەقیقیە. شتێكی ڕوونە من قسەكەم مەرجدار كردووە بە وشەی (ئەگەر) و گوتوومە ئەگەر مانای زاراوەكە بەو شێوەیە بێت؛ ئەوا هەرگیز بە پێغەمبەرێكی ساختە لەقەڵەمی نادەم بەڵكو بە پێغەمبەرێكی حەقیقی لەقەڵەمی دەدەم. بەڵام نازانم بۆچی مەولەوی بەڕێز لەسەر ئەمە تووڕە بووە لەگەڵ ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا ئەم ئایەتە دەبینێت: ﴿إِن كَانَ لِلرَّحۡمَٰنِ وَلَدٞ فَأَنَا۠ أَوَّلُ ٱلۡعَٰبِدِينَ﴾ (الزخرف: 82) (بەڵام مادام مناڵێكی نیە بۆیە منیش-مناڵەكە- ناپەرستم) پێویست بوو بەم شێوازە لە مانای قسەكەم تێبگات كە ئەگەر كەسێك بەشێوەیەك مانای دەستەواژەی “پێغەمبەری حەقیقی” بكات پێچەوانەی ئەو مانایەی كە مەسیحی بەڵێندراو ڕایگەیاندووە و بریتیە لەوەی پێویستە ئەو پێغەمبەرە ساختە یان دروستكراو نەبێت؛ ئەوا من بەڕێزی (عليه السلام) بە پێغەمبەرێكی حەقیقی ئەژمار دەكەم. جا ئەگەر مەولەوی بەڕێز پێی وایە مەبەست لەم ڕستەیە تەنها ئەوەیە من بە پێغەمبەرێكی حەقیقی ئەژمارم كردووە؛ ئەوا ڕەنگە لەم ئایەتە: ﴿إِن كَانَ لِلرَّحۡمَٰنِ وَلَدٞ فَأَنَا۠ أَوَّلُ ٱلۡعَٰبِدِينَ﴾ وەها تێبگات كە پێغەمبەر باوەڕی وا بووە خوا كوڕی هەیە. وە ئەگەر گوتی ئێمە لە هەموو قورئانی پیرۆزەوە بۆمان دەركەوتووە كە خوا كوڕی نیە ئیتر چۆن دەكرێت لەم ئایەتەوە كە تێیدا پیتی (إن، ئەگەر) هاتووە ئەوە بفامرێتەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) باوەڕی وابووە خوا كوڕی هەیە؟ ئەوا با پێم بڵێت مادام لە كتێبەكەمدا “القول الفصل” چەندین جار گوتوومە من باوەڕم بەوە نیە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی حەقیقیی بێت ئیتر چۆن لە ڕستەیەك كە پیتی (ئەگەر) لە پێشیەوە هاتبێت مانای پێغەمبەری حەقیقی وەردەگرێت؟ هەڵبەت لەو جێگایەدا گوتوومە گۆڕانكاری لە زاراوەكاندا دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە بەكارهێنانی وشەكانیشدا. بەداخەوە مەولەوی بەڕێز زۆر تووڕە بووە و تۆمەتباری كردووم بە فێڵكردن، بەڵام ئەمە شتێكی نوێ نیە بۆیە شایانی خەفەت خواردن نیە.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ دەستەواژەكەی كتێبی “حەقیقەتی وەحی” كە تێیدا هاتووە: “لەلایەن خواوە ناونراوم پێغەمبەر بە شێوەی مەجاز، نەك بە شێوەی حەقیقی”، دەپرسم مانای ئەم ڕستەیە چیە؟ ئایا ئەژماركردنی ئەم پێغەمبەرایەتیە بە مەجازی نایسەلمێنێت بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی نەبووە؟ بەڵكو هەروەك چۆن بە شێوەی مەجاز بە مرۆڤ دەڵێین شێر و ئەم قسەیەمان لەڕاستیدا مرۆڤەكە ناكات بە شێر، بەهەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراو ناونراوە پێغەمبەر و تەنها ئەم ناونانە نەیكردووە بە پێغەمبەر بەشێوەیەكی حەقیقی.
وەڵامی ئەم گومانە ئەوەیە كە ئەم بیرۆكەیە لە تێنەگەیشتن لە مانای مەجاز و حەقیقەتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەگەر مەولەوی بەڕێز پرسیاری بكردایە دەربارەی مانای وشەی “حەقیقی” لەجیاتی ئەوەی تۆمەتبارم بكات بەوەی مانای وشەی “مەجاز” دەشارمەوە؛ ئەوا ڕەنگە تا ئەم ڕادەیە دڵخۆش نەبوایە بە بینینی وشەی مەجاز لە وتەی ناوبراوی مەسیحی بەڵێندراودا چونكە لەم دۆخەدا دەیزانی ئەم دەستەواژەیە سوودی پێ ناگەیەنێت و تەنها ئەوە دەسەلمێنێت كە مەسیحی بەڵێندراو بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە. وە كێ هەیە نكۆڵی لەوە بكات كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی ناتەشریعی بووە؟! بۆیە هەرگیز ئەم دەستەواژەیەوە ئەوەی لێ ناخوێنرێتەوە كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە بەڵكو بەشێوەی مەجاز ناونراوە پێغەمبەر وەك چۆن بە كەسی ئازا دەوترێت شێر و لەڕاستیدا شێر نیە. وە هەرگیز ئەو قسەیە ڕاست نیە كە دەڵێت هەروەك چۆن كەسی ئازا كە پێی دەوترێت شێر لەڕاستیدا نابێت بە شێر بەهەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراویش لەڕاستیدا پێغەمبەر نەبووە. بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە لە كتێبی “نور الأنوار”ەوە -كە كتێبێكی زانستی ئوسوڵە- پێناسەی حەقیقەت و مەجاز دەگوازمەوە و ئینجا دەردەكەوێت هەڵەكەی تۆ لەكوێدایە. لە كتێبی “نور الأنوار”دا پێناسەی حەقیقەت و مەجاز بەم شێوەیە هاتووە:
“حەقیقەت ناوێكە بۆ هەر وشەیەك مەبەست لێی ئەو مانایە بێت كە بۆی دانراوە… وە مەبەست لە دانان تایبەتكردنی وشەكەیە بە مانایەك بەجۆرێك بەبێ بەڵگەی دەرەكی ئاماژەی بۆ بكات. جا ئەگەر ئەو تایبەتكردنە لەلایەن دانەری زمانەوە بێت؛ ئەوا دانانەكە دانانێكی زمانەوانیە. وە ئەگەر لەلایەن شەرعدانەرەوە بێت؛ ئەوا دانانێكی شەرعیە. وە ئەگەر لەلایەن كۆمەڵێكی تایبەتەوە بێت؛ ئەوا دانانێكی عورفی تایبەتە ئەگینا دانانێكی عورفی گشتیە. وە پێوەر بۆ ئەوەی وشەیەك بە “حەقیقەت” دابنرێت ئەوەیە كە تەنها ئەو مانایە بدات كە لە بنەڕەتدا بۆی دانراوە بەگوێرەی یەكێك لەو جۆرانەی كە پێشتر باسكران، بەڵام لە “مەجاز”دا پێوەرەكە نەبوونی ئەو مەرجەیە.” (نور الأنوار، شرح المنار، لا92)… كەواتە حەقیقەت چوار جۆرە واتە حەقیقەتی زمانەوانی، حەقیقەتی شەرعی، حەقیقەتی عورفی تایبەت، وە حەقیقەتی عورفی گشتی. بەهەمان شێوە مەجازیش چوار جۆرە: مەجازی زمانەوانی و مەجازی شەرعی و مەجازی عورفی تایبەت، مەجازی عورفی گشتی.
ڕەنگە لەم دەستەواژەیەوە بۆت ئاشكرا بوو بێت كە حەقیقەت چوار جۆری هەیە: حەقیقەتی زمانەوانی، حەقیقەتی شەرعی، حەقیقەتی عورفی تایبەت، وە حەقیقەتی عورفی گشتی. وە لەبەرامبەر هەر یەكێك لەم حەقیقەتانەدا مەجازێك هەیە، واتە ئەگەر حەقیقەتێكی زمانەوانی هەبوو؛ ئەوا لەبەرامبەریدا مەجازێكی زمانەوانی هەیە، وە ئەگەر حەقیقەتێكی شەرعی هەبوو؛ ئەوا لەبەرامبەریدا مەجازێكی شەرعی هەیە، وە ئەگەر حەقیقەتێكی عورفی تایبەت هەبوو؛ ئەوا لەبەرامبەریدا مەجازێكی عورفی تایبەت هەیە، وە ئەگەر حەقیقەتێكی عورفی گشتی هەبوو؛ ئەوا لەبەرامبەریدا مەجازێكی عورفی گشتی هەیە. سەرەڕای ئەوە مەجاز هەمیشە لەبەرامبەر حەقیقەتدا دێت، وە بەهۆی حەقیقەتەوە مەجاز دەدۆزرێتەوە نەك بە پێچەوانەوە. پاش ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتە پێویستە بڕوانین كاتێك مەسیحی بەڵێندراو دەستەواژەی پێغەمبەرایەتی حەقیقی بەكارهێناوە جۆری ئەو چوار حەقیقەتە كامەیە كە ئەم دەستەواژەیە لە چوارچێوەكەیدا پۆلێن دەكرێت هەتا مانا مەجازیەكە وەربگیرێت لەبەرامبەر خودی مانا حەقیقیەكەدا. كاتێك دەكۆڵینەوە لە مانای پێغەمبەر لە زماندا دەبینین مەبەست لێی ئەو كەسەیە كە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار دەكرێت لە غەیب و هەروەها غەیبەكە پەیوەستە بە شتانێكی گرنگەوە، وە خوای گەورە كەسەكە ناو دەنێت پێغەمبەر، وە هیچ فەرهەنگێك لە جیهاندا باسی هێنانی شەریعەت ناكات وەك مەرجێك بۆ ئەوەی كەسێك ببێت بە پێغەمبەر. كەواتە ڕوون دەبێتەوە ئەم حەقیقەتە (واتە ئەو حەقیقەتەی كە لە وتەكەی مەسیحی بەڵێندراودا هاتووە) حەقیقەتێكی زمانەوانی نیە. وە كاتێك دەكۆڵینەوە ئایا ئەم حەقیقەتە شەرعیە یان نا؟ لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانیشدا هەمان ئەو مانایە دەبینین كە لە فەرهەنگەكاندا دەیبینین و پێشتر بە تێروتەسەلی باسم كردووە. كەواتە حەقیقەتەكە شەرعیش نیە. وە كاتێك پشكنین دەكەین بۆ گفتوگۆ و ئاخاوتنی خەڵكی گشتی دەبینین پێغەمبەر لای ئەوان -بەبێ هیچ گومانێك- ئەو كەسەیە كە شەریعەتێكی نوێ دەهێنێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت. كەواتە دەتوانین بڵێین بەگوێرەی مانای حەقیقی وشەی پێغەمبەر -كە خەڵكی گشتی بەهۆی نەزانینیانەوە باوەڕیان پێیەتی- وشەی پێغەمبەر بەشێوەی مەجاز بەكاردەهێنرێت بۆ مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام). وە ماناكەی ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە بەگوێرەی باوەڕی خەڵكی گشتی چونكە شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە، وە هەرگیز مانای ئەوە نیە كە بەڕێزی بەگوێرەی مانا شەرعیەكەیش پێغەمبەرێكی مەجازی بووە. وە سەبارەت بە حەقیقەتی چوارەم واتە حەقیقەتی عورفی تایبەت، پێمان وایە پێویست ناكات بگەڕێین بۆ زاراوەكانی خەڵكانی تر، بەڵكو لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) پشكنین دەكەین و ئەوەمان دەست دەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) زاراوەیەكی داهێناوە بۆ تێگەیاندنی خەڵكی گشتی لە جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی، وە ناوەڕۆكی زاراوەكەی خستووەتەڕو كە مەبەست لێی هێنانی شەریعەتە، وە هۆكاری بەكارهێنانی ئەو زاراوەیە ڕوونە كە بریتیە لەوەی خەڵكی گشتی لەڕاستیدا هێنانی شەریعەتیان بە مەرجی پێغەمبەرایەتی ئەژمار كردووە. دیارە مەسیحی بەڵێندراو دانی ناوە بە حەقیقەتێكدا -كە خەڵكی گشتی سەپاندوویانە- بۆ ئەوەی بابەتەكەیان تێبگەیەنێت و فەرموویەتی خۆی پێغەمبەر نیە لەو ڕووەوە كە شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە بەڵكو بەگوێرەی ئەم مانایە پێغەمبەرێكی مەجازیە، واتە بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوشێوەی پێغەمبەرانی خاوەن تەشریعە ئەگەرچی شەریعەتێكی نەهێناوە چونكە شەریعەتێكی نوێ نیە دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ). كەواتە دەكرێت بوترێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی مەجازیە لە ڕوانگەی ئەو مانایەوە كە لە زیهنی خەڵكی گشتیدا هەیە بۆ پێغەمبەرایەتی حەقیقی، هەروەها لە ڕوانگەی ئەو زاراوەیەوە كە بەڕێزی بەكاریهێناوە بۆ تێگەیاندنی خەڵكی گشتی، وە مەبەست لەوەی كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی مەجازیە تەنها ئەوەیە كە شەریعەتێكی نوێی نەهێناوە، وە مەبەست ئەوە نیە كە بەگوێرەی پێناسە ئیسلامیەكەیش پێغەمبەر نیە.
ئێستا پێمان بڵێن كێ پێغەمبەرایەتیەكەی مەسیحی بەڵێندراوی بە پێغەمبەرایەتی تەشریعی داناوە هەتاكو بەم ڕادەیە جەخت بكرێتەوە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەجازی؟ من باوەڕم وایە و بە هەمان شێوە هەموو شوێنكەوتوانم باوەڕیان وایە كە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكە بە شەریعەتێكەوە نەهاتووە و بەبێ گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە، بەڵكو ئەم بیروبۆچوونە بە كوفر دادەنێین و باوەڕمان وایە دەرگاكانی گەیشتن بە خوای گەورە دوای پێغەمبەر (ﷺ) هەمووی داخراوە و ناكرێت هیچ كەسێك هیچ پلەوپایەیەك بەدەستبهێنێت ئەگەر خۆی فەنا نەكردبێت لە خۆشەویستی پێغەمبەردا (ﷺ). وە خوای گەورە تەنها بەو كەسە ڕازی دەبێت كە گوێڕایەڵیی پێغەمبەر (ﷺ) دەكات. وە ئەو كەسەی پشتی تێدەكات لە دنیا و دواڕۆژیشدا سووك و ڕسوا دەبێت. شكۆ و سەربەرزی لە خزمەتكردنی پێغەمبەردایە (ﷺ) و گەورەیی لە هەڵگرتنی پێڵاوەكانیدایە (ﷺ) و ناسینی خوا بەندە بەناسینی ئەوەوە (ﷺ)، وە ئەستەمە مرۆڤ نزیكبێتەوە لە خوا ئەگەر نزیك نەبێتەوە لە پێغەمبەر (ﷺ). بیروباوەڕمان ئەوەیە كە ئەستەمە بەبێ گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) هیچ جۆرە تەقوایەكیش بەدەستبهێنرێت چجای پێغەمبەرایەتی كە پلەیەكی مەزنە. ئیتر بۆچی كۆمەڵێك بڕگە دەخەیتە پێش چاومان كە دەیسەلمێنن پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو لە بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) وەرگیراوە؟ كەی نكۆڵیمان لەوە كردووە؟! بەڵكو لە تۆ زیاتر ئەوە دەڵێین و بەرزی پلەوپایەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەنها لەوەدا دەبینین كە لە هەموو پێشین و پاشینان زیاتر گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بووە و لە ناسینی ئەودا (ﷺ) گەیشتە ئاستێك كەسی تر نەگەیشتە ئەو ئاستە بۆیە پلەی پێغەمبەرایەتی بە بەڕێزی (عليه السلام) درا و نەدرا بەكەسی تر.
دەكرێت هەندێ كەس تێنەگات لە بەشێكی ئەم ڕوونكردنەوەیەی كە لەسەرەوە باسكرا، چونكە هەندێ زاراوەی تێدایە بەمەش هەندێ كەس هەوڵدەدەن بیانترسێنن بە هێنانەوەی نموونەی شێرەكە، بۆیە هەمان بابەت بە شێوازێكی سادە و ئاسان دەخەمەڕوو بۆ ئەوەی هەموو ئەو كەسانەی دەگەڕێن بۆ ڕاستی لێی تێبگەن و بزانن نموونەی شێرەكە تەنها بۆ ترساندنە و هیچ كاریگەریەكی نیە لەسەر بانگەشەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام).
بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستە بەجوانی ئەوە بزانرێت كە وشەی “مەجازی” كاتێك لەگەڵ وشەیەكی تردا بەكاردەهێنرێت مەبەست لێی ئەوە نیە كە هیچ حەقیقەتێكی نەبێت و تەنها ناوێك بێت، بەڵكو كۆمەڵێك مانای جۆراوجۆری هەیە. وە هەمیشە مەبەست لێی ئەوە نیە كە ئەو وشەیەی وشەی “مەجازی” لكێنرا پێیەوە هیچ حەقیقەتێك تێدا نیە، بەڵكو تەنها ئاماژە دەكات بۆ نەبوونی ئەو حەقیقەتەی كە لەپێناویدا ئەم وشەیە زیاد كراوە.
بۆ نموونە “شێر” ناوی ئاژەڵێكە، ئەگەر بە مرۆڤێكمان گوت “شێر”؛ ئەوا مەبەست ئەوەیە ئەم كەسە لە ئاژەڵێك دەچێت كە لە زماندا پێی دەوترێت “شێر”، وە لە زماندا بە شێوەی مەجاز بە مرۆڤ دەوترێت “شێر”. بەڵام گریمان كۆمەڵێك كەس مانایەك دەدەن بە وشەی شێر كە جیاوازە لە مانا باوەكە، ئەوسا هەركاتێك ناوی “شێر” بە مانا زاراوەییەكە بەكارهێنرا؛ ئەوا پێچەوانەی مانا حەقیقیەكە دەبێت لە ڕووی زمانەوانیەوە بەڵام بەگوێرەی زاراوەی ئەو كۆمەڵە ماناكە مانایەكی حەقیقی دەبێت. ئەمە تەنها نموونەیەكی گریمانەییە، ئێستا نموونەیەكتان بۆ دەهێنمەوە كە لە زمانی ئوردی ئێمەدا هەیە. وشەی “نماز” (واتە نوێژ) لە زمانی ئێمە و زمانی فارسیدا بەكاردەهێنرێت بۆ ئەو بەندایەتیەی كە لەناو موسوڵماناندا ناسراوە و باوە. بۆیە كاتێك موسوڵمان وشەی “نوێژ” دێت بەزاریدا -بەگوێرەی ئەو مانایەی لەناو موسوڵماناندا باوە- مەبەست لێی ئەو بەندایەتیە ناسراوەیە كە موسوڵمانان ئەنجامی دەدەن. بەڵام ئەگەر موسوڵمانێك هەمان وشە بەكاربهێنێت بۆ بەندایەتی هیندۆس یان مەسیحی یان ئاگرپەرست و باسی بەندایەتی مەسیحیەكان بكات یان وشەكە بەكاربهێنێت بۆ پاڕانەوەی ئاگرپەستەكان و بڵێت ئەوان نوێژ دەكەن؛ ئەوا لە ڕوانگەی عورفەوە بەكارهێنانی وشەی نوێژ بۆ بەندایەتی مەسیحیەكان یان ئاگرپەرستەكان لەلایەن موسوڵمانەكەوە بەشێوەیەكی مەجاز دەبێت، چونكە لە ڕاستیدا ئەو بەندایەتیانە نوێژی ئیسلامی نین. بەڵام لەبەرئەوەی هاوشێوەی نوێژی ئیسلامین و لەبەرئەوەی بەندایەتیە، بۆیە بەشێوەی مەجاز پێیان گوتراوە نوێژ. بەڵام ئاگرپەرستێكیش بە بەندایەتیەكەی خۆی دەڵێت نوێژ چونكە “نماز” وشەیەكی فارسیە و ئایینی فارسەكان پێش ئیسلام زەردەشتی بووە، بەهەمان شێوە شوێنكەوتووی ڕێبازی (باب)یش بە بەندایەتیەكەی خۆی دەڵێت “نماز” و دەڵێت من نوێژ دەكەم. ئا لەم دۆخەدا هەرگیز بەكارهێنانی ئەم وشەیە بە شێوەی مەجاز نیە لە ڕوانگەی ئاگرپەرستەكان یان بابیەكانەوە بەڵكو بەمانای حەقیقیە چونكە نوێژ لای ئەوان بەندایەتیەكە و ئەنجامی دەدەن. كەواتە لەبەرئەوەی نوێژ كارێكی شەرعیە بۆیە ئەگەر موسوڵمان بەكاریهێنا بۆ بەندایەتی ئیسلامی؛ ئەوا بە مانای حەقیقی بەكاریدەهێنێت، بەڵام ئەگەر لەلایەن موسوڵمانەوە بەكارهێنرا بۆ بەندایەتی ئاگرپەرست یان بابیەكان؛ ئەوا بە مانای مەجازی بەكاردەهێنرێت. لەبەرامبەردا ئەگەر كەسێكی ئاگرپەرست یان بابی وشەی نوێژی بەكارهێنا بۆ بەندایەتی خۆیان؛ ئەوا بە مانای حەقیقی بەكاریدەهێنێت، وە ئەگەر بۆ بەندایەتی موسوڵمانان بەكاریانهێنا؛ ئەوا بەمانای مەجازی بەكاریدەهێنێت.
بەهەمان شێوە مانای زمانەوانی وشەی “ڕەسول” بریتیە لە نێردراو، بۆیە ئەگەر وشەی “الرسول” لە زمانی عەرەبیدا بەكارهێنرا بۆ كەسێك كە نێردراوە بۆ كارێك؛ ئەوا لە ڕووی زمانەوانیەوە بەكارهێنانەكە بەتەواوەتی دروستە و دەڵێین بە مانا حەقیقیەكەی بەكارهاتووە. بەڵام لە شەریعەتی ئیسلامیدا وشەی “الرسول” بە كەسێك دەگوترێت كە لەلایەن خوای گەورە نێردرا بێت و پێغەمبەری خوا بێت، بۆیە ئەگەر لە شەریعەتی ئیسلامیدا بە مانای پێغەمبەر بەكارهات؛ ئەوا دەڵێین بەمانا حەقیقیەكەی بەكارهاتووە. بەڵام كاتێك هەمان وشە بەكاردەهێنرێت لە كتێبە ئایینیەكاندا دەربارەی كەسێك كە پێغەمبەر نیە؛ ئەوا دەڵێین بە مانا مەجازیەكەی بەكارهاتووە ئەگەرچی بە مانا حەقیقیەكەی بەكارهاتبێت لە ڕووی زمانەوانیەوە. بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك كەسێكی نەناردبێت بەڵام لەبەر هۆكارێكی تر پێی گوترابێت “ڕەسول”؛ ئەوا بەكارهێنانەكەی بە مەجازی دادەنرێت لەڕووی زمانەوە. بەكورتی، مانای مەجازی پێغەمبەر لە ڕوانگەی شەریعەتەوە بریتی نیە لە مانای زمانەوانی وشەكە.
بەهەمان شێوە وشەی “كلمة”، لە زاراوەی قورئانی پیرۆزدا ماناكەی بریتیە لە وتە یان قسە، وەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿حَتَّىٰٓ إِذَا جَآءَ أَحَدَهُمُ ٱلۡمَوۡتُ قَالَ رَبِّ ٱرۡجِعُونِ * لَعَلِّيٓ أَعۡمَلُ صَٰلِحٗا فِيمَا تَرَكۡتُ ۚ كَلَّآ ۚ إِنَّهَا كَلِمَةٌ هُوَ قَآئِلُهَا ۖ وَمِن وَرَآئِهِم بَرۡزَخٌ إِلَىٰ يَوۡمِ يُبۡعَثُونَ﴾ (المؤمنون: 100-101) هەڵبەت لەم ئایەتەدا ﴿كَلِمَةٌ﴾ بە ڕستەیەكی تەواو گوتراوە. وە هەمان وشە لە قورئانی پیرۆزدا دەیەها جار بە مانای ڕستە یان دەستەواژە بەكارهاتووە، وە پێغەمبەریش (ﷺ) بە هەمان مانا بەكاریهێناوە وەك فەرموویەتی: “أَصْدَقُ كَلِمَةٍ قَالَهَا الشَّاعِرُ، كَلِمَةُ لَبِيدٍ: “أَلاَ كُلُّ شَيْءٍ مَا خَلاَ اللَّهَ بَاطِلٌ”. وە لە زاراوەی ئیسلامیدا وشەی “كلمة” بە مانای ڕستە یان دەستەواژە بەكارهاتووە، وە بەهەمان شێوە خەڵكی گشتی بەكاریدەهێنن. بەڵام لە كتێبەكانی نەحو و صەرفدا ئەم وشەیە وەك زاراوەیەك بەكاردێت و بە یەك وشە دەوترێت. بۆیە كاتێك زانایەكی نەحو بەكاریدەهێنێت بە مانای یەك وشە، ئەوا بەمانای حەقیقی بەكاریدەهێنێت، بەڵام ئەگەر بە مانای ڕستە بەكاریهێنا؛ ئەوا بە مانا مەجازیەكەی بەكاریهێناوە. بەڵام ئەگەر ئەم وشەیە لەكاتی قسەی ئاسایی یان قسەكردنی ئایینیدا بەكارهات؛ ئەوا مەبەست لێی ڕستە یان دەستەواژەیە و هەرگیز بە مانای مەجازی ئەژماری ناكەین بەڵكو دەڵێین بەمانا حەقیقیەكەی بەكارهاتووە لەڕووی قسەی ئاساییەوە و بە مانا مەجازیەكەی بەكارهاتووە لەڕووی زاراوەی زانایانی نەحوەوە. وە هەرگیز مەبەست لە مانا مەجازیەكە ئەوە نیە كە دەستەواژە لەبنەرەتدا وشە نیە.
پوختەی قسە، جارێك مەجاز دەبێتە حەقیقەت و جارێكی تر حەقیقەت دەگۆڕێت بۆ مەجاز، بۆیە دەكرێت لەڕووی ماناوە وشەیەك ببێت بە مەجاز لە شەریعەتدا و هەمان وشە ببێت بە حەقیقەت لە زماندا. وە هەندێ جار دەبێت بە مەجاز لە زماندا و لە عورفی تایبەتدا دەبێت بە حەقیقەت. وە مەجاز هەمیشە یەك مانای نیە بەڵكو لە هەلومەرجە جیاوازەكاندا ماناكەی دەگۆڕێت. وە ئەگەر گوتمان وشەیەك بە مانای مەجازی بەكارهاتووە؛ ئەوا مانای وا نیە كە بە هیچ شێوەیەك ناكرێت بە حەقیقەت ئەژمار بكرێت، بەڵكو مەبەست ئەوەیە ئەو مانا حەقیقیەی تێدا نیە كە ئەو وشەیەی تێدا بەكارهاتووە بەڕەچاوكردنی ماناكە، ئەگەرچی دەكرێت ئەو مەجازە ببێت بە حەقیقەت لە ڕوانگەیەكی ترەوە وەك بەدرێژی لە “التلویح”دا هاتووە كە متمانەدارترین كتێبە لە زانستی ئوسوڵدا. (بروانە التلویح، چاپی نو لكشور، لاپەڕە 110-129)
ئەمە ئەو ڕاستیەیە كە مەولەوی موحەممەد عەلی بەڕێز لێی تێنەگەیشت و بە هەڵە تێگەیشت لە وشەی “مەجازی” كە لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هاتووە، چونكە گوێبیستی نموونەی شێری مەجازی بووە و ڕەنگە لە زیهنیدا ئەم نموونەیە تاكە هۆكار بووبێت بۆ خستنەڕووی مانای مەجاز لەگەڵ ئەوەی ئەم نموونەیە تەنها مەجازی زمانەوانی دەخاتەڕوو و هیچ تیشكێك ناخاتەسەر سێ جۆرەكەی تری مەجاز. لەڕاستیدا ئەگەر بەگوێرەی زمان مانای پێغەمبەر ئەو كەسە بێت كە بەشەریعەتێكەوە دێت یان ئەو كەسە بێت كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست دەهێنێت پاشان بەشێوەی مەجاز ئەم ناوە بەكارهات بۆ ئەو كەسەی كە شەریعەتێكی نەهێناوە یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە؛ ئەوا مەبەست ئەوەیە ئەو كەسە ئەو پێغەمبەرە نیە كە لە زماندا وەسف و پێناسەی كراوە، بەڵكو بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوشێوەی ئەوە. وە ئەگەر ئەم دوو مەرجە هاتنەدی لە پێغەمبەرێكدا لە شەریعەتی ئیسلامدا پاشان لە كۆمەڵێك كتێبی ئایینیدا وشەی پێغەمبەری مەجازی بەكارهات بۆ كەسێك؛ ئەوا ماناكەی لە ڕوانگەی زاراوەی شەرعی ئیسلامیەوە ئەوەیە كە ئەو كەسە ئەو پێغەمبەرە نیە كە شەرعی ئیسلامی بە پێغەمبەر ئەژماری دەكات بەڵكو بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوشێوەی ئەو پێغەمبەرەیە. وە ئەگەر ئەم دوو مەرجە هاتنەدی لە پێغەمبەرێكدا كە بەگوێرەی عورفی گشتی پێغەمبەر بێت پاشان وشەی پێغەمبەری مەجازیمان بەكارهێنا بۆ كەسێك بەگوێرەی مانای باو لە عورفی گشتیدا؛ ئەوا ماناكەی ئەوەیە ئەو كەسە ئەو پێغەمبەرە نیە كە لە عورفی گشتیدا بە پێغەمبەر ئەژمار كراوە ئەگەرچی پێغەمبەر بێت بەگوێرەی شەریعەت.
بەڵام پێویستە بزانرێت پێغەمبەر زاراوەیەكە لە ئیسلامدا، بۆیە ئەگەر پێغەمبەرایەتی كەسێك ساغبوویەوە بەگوێرەی پێناسەی شەرعی ئیسلامی؛ ئەوا دەبێت بە پێغەمبەرێكی حەقیقی بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام ئەگەرچی بەگوێرەی پێناسەی زمان و پێناسەی خەڵكی گشتی بەو شێوەیە نەبێت. وە ئەگەر كەسێك پێغەمبەر بوو بەگوێرەی زاراوەی شەریعەتی ئیسلام بەڵام پێغەمبەرێكی مەجازی بوو بەگوێرەی زاراوەیەكی تر؛ ئەوا گومان لەوەدا نیە كە ئەو كەسە پێغەمبەرە، چونكە لەڕاستیدا پێغەمبەر پۆست و پلەیەكی ئیسلامیە، لەبەر ئەوە دەبێت پشت ببەستریت بە زاراوەی ئیسلامی.
پاش تێگەیشتن لە شەرحی پێغەمبەری حەقیقی و مەجازی ئینجا ڕابمێنن لەو ڕستەیەی مەسیحی بەڵێندراو كە تێیدا فەرموویەتی خۆی پێغەمبەرێكی مەجازیە نەك پێغەمبەرێكی حەقیقی، پاشان سەرنج بدەن كێ پێغەمبەرە لە شەریعەتی ئیسلامیدا. كاتێك قورئانی پیرۆز، كە شەریعەتی ئیسلامیە، دەخوێنینەوە دەبینین پێناسەی پێغەمبەری تێدا كراوە كە بریتیە لەو كەسەی بەڕێژەیەكی زۆر غەیب ئاشكرا دەكرێت بۆی و غەیبەكە پێكهاتووە لە پێشبینی بەشێوەی هۆشداری و مژدەدان. ئەم دوو شتە لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هاتوونەتەدی، وە نیشانەی سێیەمیشی تێدایە واتە خوای گەورە ناویناوە پێغەمبەر. كەواتە بەگوێرەی ئەو مانایەی كە شەریعەتی ئیسلامی دەستنیشانی كردووە بۆ چەمكی پێغەمبەر هەرگیز مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی مەجازی نیە، بەڵكو پێغەمبەرێكی حەقیقیە. وە بەڕێزی دەستەواژەی “پێغەمبەری حەقیقی”ی بەكارهێناوە وەك زاراوەیەك بە مانای ئەو پێغەمبەرەی كە شەریعەتێكی نوێ دەهێنێت، بۆ ئەوەی خەڵكی تێبگەیەنێت لە جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی، دیارە بەگوێرەی ئەم زاراوەیە مەسیحی بەڵێندراو هەرگیز پێغەمبەرێكی حەقیقی نیە، بەڵكو پێغەمبەرێكی مەجازیە، واتە بەشەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە.
پوختەی قسە ئەوەیە، هەرگیز لە دەستەواژەی “پێغەمبەری مەجازی”ەوە ئەوە ناچەسپێت كە بەڕێزی (عليه السلام) بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام پێغەمبەر نەبووە، بەڵكو مەبەست لێی ئەوەیە زاراوەی “پێغەمبەری حەقیقی” كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دایهێناوە و ماناكەیشی ڕوونكردووەتەوە ناچەسپێت بەسەر خۆیدا. وە مەبەست لەوەی كە بەڕێزی پێغەمبەرێكی مەجازیە بەگوێرەی ئەم زاراوەیە ئەوەیە كە بە شەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە، وە ئەمە مانای وا نیە كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر نیە.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “لە هەر شوێنێك نكۆڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتی و فروستادەیی خۆم بەو مانایە بووە كە من بەشەریعەتێكی سەربەخۆوە نەهاتووم، هەروەك پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نیم؛ بەڵام بەوپێیەی من زانستی غەیبم پێگەیشتووە لەلایەن خوای گەورەوە بەهۆی پێغەمبەرە ڕابەرەكەمەوە (ﷺ)، بەهۆی وەرگرتنی لێشاوی بەرەكەتە شاراوەكانی ئەوەوە، وە بەهۆی دەستگیربوونی ناوەكەیەوە؛ بۆیە من نەبی و ڕەسولم، بەڵام بەبێ شەرعێكی نوێ. وە لەم ڕوانگەیەوە هەرگیز نكۆڵیم لەوە نەكردووە كە پێغەمبەرم، بەڵكو خوای گەورە بە نەبی و ڕەسول بانگی كردووم بەم مانایە، بۆیە ئێستایش نكۆڵی لەوە ناكەم بەم مانایە من نەبی و ڕەسولم. (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لاپەڕە 210-211)
لەم دەستەواژەیەوە ڕوون دەبێتەوە ئەو دەستەواژانەی مەسیحی بەڵێندراو كە لێیانەوە وا دەردەكەوێت پێغەمبەر نەبێت تەنها مانای ئەوە دەگەیەنن بەڕێزی بەشەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە. كەمێك پێشتر سەلماندم مەبەست لە چەمكی پێغەمبەری مەجازی لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراودا ئەمەیە و لەمە زیاتر نیە. وە ئەو كەسانەی مەجازیان لە نموونەی شێرەكەدا قەتیس كردووە لە مانای حەقیقەت و مەجاز تێنەگەیشتوون چجای ئەوەی تێبگەن لە ناوەڕۆكی پێغەمبەری حەقیقی. كەواتە بە هەڵە تێگەیشتن لە دەستەواژەی “بەشێوەی مەجاز” لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراودا، وە نەیانزانی كە مانای مەجاز تەنها ئەوەیە ئەو مانایەی پێغەمبەری حەقیقی كە مەسیحی بەڵێندراو ڕایگەیاندووە ناچەسپێت بەسەریدا، وە مەبەست ئەوە نیە ئەو پێغەمبەر نەبێت بەگوێرەی پێناسەی چەمكی “پێغەمبەر” لای خوا و پێغەمبەرەكەی (ﷺ) و شەریعەتی ئیسلام.
بۆ زیاتر ڕوونكردنەوەی بابەتەكە پێویستە بوترێت لە هەر شوێنێك مەسیحی بەڵێندراو بەخۆی گوتبێت “پێغەمبەری مەجازی” مەبەستی ئەوە نەبووە پێغەمبەرێكی مەجازی بێت بەگوێرەی ئەو مانایەی چەمكی “پێغەمبەر” كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە. بەڵگەیەكی تر لە خودی قورئانی پیرۆزەوە دەهێنمەوە، بەڵام پێش ئەوە پێویستە بەباشی بزانرێت كە شتی مەجازی ئەو شتەیە ئەو حەقیقەتەی تێدا نیە كە لە شتی حەقیقیدا هەیە. بۆ نموونە شێر ناوی ئاژەڵێكە بەڵام كاتێك بە مرۆڤێك دەڵێین شێر مەبەستمان ئەوەیە كە حەقیقەتی شێر لەم كەسەدا نیە بەڵام پێی دەڵێین شێر لەبەر بوونی لێكچوونی تر. كەواتە شێری مەجازی واتە ئەو كەسە ئەو شتەی تێدا نیە كە شێر جیادەكاتەوە لە ئاژەڵەكانی تر بەڵكو پێی گوتراوە شێر بەهۆی بوونی لێكچوونی تر لەگەڵ شێردا. ئەگەر لە ئاژەڵێكدا ئەو شتە هەبوو كە شێر جیادەكاتەوە لە ئاژەڵەكانی تر؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو ئاژەڵە ناودەنێین شێر چونكە ئێمە كاتێك لە ئەنجامی بینینەوە شێرێك دەناسین تەنها بەهۆی كۆمەڵێك تایبەتمەندیەوە دەیناسین كە جیای دەكەنەوە لە ئاژەڵەكانی تر. بۆ نموونە شێر ناسراوە بە “ئازایەتی” بەڵام ئەم سیفەتە سیفەتێكی ئەو نیە كە لە ئاژەڵەكانی تردا نەبێت. كەواتە ئەگەر بە ئاژەڵێك یان مرۆڤێكمان گوت “شێر” بە هۆی ئازایەتیەوە؛ ئەوا ئەم بەكارهێنانە مەجازی دەبێت. بەڵام ئەگەر لە چۆڵیەوانیەكدا ئاژەڵێكمان بینی و پێمان نەگوت شێر تەنها بەهۆی ئازایەتیەكەیەوە بەڵكو كۆمەڵێك سیفەتمان تێدا بەدی كرد كە تەنها لە شێردا هەبوون؛ ئەوا هیچ گومانێك لەوەدا نامێنێتەوە كە ئەو ئاژەڵە شێرێكی حەقیقیە، وە هەرگیز ڕەوا نیە بڵێین شێرێكی مەجازیە چونكە وشەی مەجاز بەكاردەهێنرێت ئەگەر لێكچوونێك هەبێت، وە بەكارناهێنرێت ئەگەر خودی حەقیقەتەكە بەدی بكرێت لەو شتەدا. بۆ نموونە سیفەتێك هەیە كە تەنها لە فیلدا هەیە و لە هیچ شتێكی تردا نیە ئەویش بریتیە لە لووتی، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو لووتە تەنها لە فیلدا هەیە بەڵام سەرەڕای ئەو لووتە، فیل زۆر قەڵەویشە بەڵام قەڵەویەكەی سیفەتێك نیە لە ئاژەڵەكانی تردا نەبێت. بۆیە ئەگەر بە ئاژەڵێكی قەڵەومان گوت “فیل”؛ ئەوا ئەمە مەجازە. بەڵام ئەگەر گوتمان فیلێكمان بینی لووتێكی درێژی هەبوو؛ ئەوا هەرگیز مانای ئەوە نیە ئێمە فیلێكی مەجازیمان بینیوە، واتە كەسێكی قەڵەو، بەڵكو مەبەست ئەوەیە ئێمە فیلێكی ڕاستەقینە و حەقیقیمان بینیوە. پێم خۆشە لە ڕێگەی ئەم نموونەیەوە ڕوونی بكەمەوە كە بەكارهێنانی وشەیەكی دیاریكراو بەكارهێنانێكی مەجازیە ئەگەر لەو وشەیەدا حەقیقەتێك نەبێت كە تەنها لە ئەسڵەكەدا هەیە. وە ئەگەر حەقیقەتێك هەبوو تێیدا كە تەنها لە ئەسڵەكەدا هەبوو؛ ئەوا ڕەوا نیە بە مەجاز دابنرێت. كەواتە، پاش تێگەیشتن لەم بنەمایە، ئەگەر قورئانی پیرۆز بخوێنینەوە؛ ئەوا سیفەتێكی تایبەت بە پێغەمبەران و فروستادەكان بەدی دەكەین تێیدا كە قورئان دەفەرموێت تەنها لەواندا هەیە، بۆیە ئەگەر ئەو سیفەتە لە كەسێكدا بەدیكرا؛ ئەوا هەرگیز بە پێغەمبەرێكی مەجازی لەقەڵەمی نادەین بەڵكو بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلامی پێغەمبەرێكی حەقیقی دەبێت ئەگەرچی پێغەمبەرێكی مەجازی بێت بەگوێرەی پێناسە و زاراوەیەكی تر. وە ئەو سیفەتە بریتیە لە ئاگاداركردنەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ واتە خوای گەورە پلەوپایەی “ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر” تەنها بە پێغەمبەران دەدات. كەواتە ئەو كەسەی ئەم تایبەتمەندیەی تێدابوو هەرگیز پێی ناوترێت پێغەمبەرێكی مەجازی بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام بەڵكو پێغەمبەرێكی حەقیقی دەبێت لە زاراوەی ئیسلامدا، چونكە خوای گەورە دەفەرموێت تەنها پێغەمبەران ئاگادار دەكەم لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداردەكرێتەوە لە غەیب بەمەش دەچەسپێت كە بەڕێزی بەگوێرەی پێناسە و زاراوەی ئیسلامی هەرگیز پێغەمبەرێكی مەجازی نیە. وە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە نموونەیەكی تر دەهێنمەوە چونكە ئەو مانایەی كە مەبەستە بەهێنانەوەی نموونە مرۆڤ بەجوانی لێی تێدەگات. نموونەكە بەم جۆرەیە: ئەگەر گوتمان هیچ كەسێك ڕەنگەكان ناناسێت ئەو كەسانە نەبێت كە چاویان هەیە پاشان گوتمان فڵان كەس ڕەنگەكان دەناسێت؛ ئەوا بەگوێرەی مانای زمانەوانی مانای وایە ئەو كەسە لەڕاستیدا چاوی هەیە و بینەرێكی حەقیقیە، ئەگەرچی كوێر بێت لەڕووی مەعنەویەوە واتە حەق نەناسێت. وە كاتێك دەوترێت ئەو ڕەنگەكان دەناسێت؛ ئەوا هەرگیز بە بینەرێكی مەجازی ئەژمار ناكرێت لە ڕووی زمانەوە بەڵكو بە بینەر و خاوەن چاوێكی حەقیقی و ڕاستەقینە لەقەڵەم دەدرێت. كەواتە لەبەرئەوەی خوای گەورە مەرجێكی داناوە كە تەنها پێغەمبەر پلەی ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر بەدەستدەهێنێت بۆیە ئەو كەسەی ئەو سیفەتەی تێدا بوو ڕەسول و نەبیەكی حەقیقیە بەگوێرەی پێناسەی قورئانی پیرۆز. وە لەبەرئەوەی ئەم سیفەتە لە مەسیحی بەڵێندراودا هاتووەتەدی بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقیە بەگوێرەی قورئان و زاراوەی ئیسلام ئەگەرچی پێغەمبەرێكی مەجازی بێت بەگوێرەی پێناسەیەك كە خۆی دایهێناوە بۆ ئەوەی خەڵكی تێبگەیەنێت لە جۆری پێغەمبەرایەتیەكەی، پێناسەكەیش بریتیە لەوەی ئەو كەسەی بە شەریعەتێكی نوێوە بێت ئەوە پێغەمبەرێكی حەقیقیە. كەواتە پێغەمبەرێكی مەجازی بووە بەڵام تەنها بەگوێرەی ئەو پێناسە و زاراوەیە نەك بەگوێرەی پێناسەی قورئان. كەواتە ئەگەر كەسێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە پێغەمبەرێكی مەجازی لەقەڵەم بدات بەو مانایەی كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر نیە بەگوێرەی ئەو پێناسەیەی لە شەریعەتی ئیسلامی و قورئانی پیرۆزدا باسكراوە، لەگەڵ ئەوەی –بەگوێرەی هەمان پێناسە- بەڕێزی سیفەتێكی تێدایە تەنها لە پێغەمبەردا هەیە و لە هیچ كەسێكی تردا نیە؛ ئەوا ئەو كەسە زۆر هەڵەیە. وە ترسی ئەوە هەیە سبەی بە هەندێ مرۆڤی حەقیقی بڵێت ئەمانە كەسانێكی مەجازین، وە ئەگەر بەتێروتەسەلی باس بكرێت بۆی كە ئەو كەسانە كۆمەڵێك سیفەتیان هەیە لە هیچ گیانلەبەرێكدا نیە جگە لە مرۆڤ؛ ئەوا ڕەنگە بڵێت ئەگەرچی كۆمەڵێك سیفەتیان تێدایە كە لە غەیری مرۆڤدا نین بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان خەڵكانێكی حەقیقی نین و مەجازین.
پێم وایە ئەو كەسەی ئەم جۆرە بیروبۆچوونەی هەیە وردە وردە دەبێت بە كەسێكی سۆفستایی، واتە ئەو كەسەی كە دەڵێت هەموو شتێك خەیاڵە هیچ شتێك حەقیقەتی نیە. بەڵام هیوادارم ئەو كەسانەی نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو كاتێك بەتەواوەتی ئاگادار دەبن لە چۆنێتی حەقیقەت و مەجاز ئەوسا چاكسازی بكەن لە بیروبۆچوونی خۆیاندا و بزانن ئەو مانایەی مەجاز كە لە زیهنی ئەواندایە زۆر دوورە لە حەقیقەتەكەیەوە، وە لە هەر شوێنێكدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەستەواژەی “پێغەمبەری مەجازی” یان “پێغەمبەرایەتی مەجازی” بەكارهێنابێت لە كتێبەكانیدا تەنها مەبەست لێی ئەوە بووە كە بەشەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە. هەرگیز مەبەستەكە ئەوە نیە كە بەڕێزی (عليه السلام) بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلامی پێغەمبەر نەبووە و تەنها بەگوێرەی لێكچوونێكی سادە ناونراوە پێغەمبەر.
وە ڕێگەیەكی تر هەیە بۆ تێگەیشتن لە مانای “پێغەمبەری مەجازی” كە ڕێگایەكی ئاسانە و بریتیە لەوەی هەر كاتێك وشەیەك بە مەجازی لەقەڵەمدرا یەكێك لە مەرجەكان ئەوەیە قەرینەیەكی هەبێت چونكە ئەگەر بەبێ قەرینە وشەیەك بە مەجاز بەكارهێنرا؛ ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت تێبگات لە مەبەستی وشەكە. با نموونەی شێرەكە وەربگرین كە مەولەوی بەڕێز هێناویەتیەوە، ئەگەر كەسێكمان ناونا “شێر”؛ ئەوا دەبێت قەرینەیەك هەبێت بەهۆیەوە خەڵكی بزانن وشەی “شێر” لێرەدا بە مانا حەقیقیەكەی بەكارنەهاتووە. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك لەبەرامبەرماندا وەستا بوو و پێمان گوت شێر؛ ئەوا هەموو كەسێك دەزانێت لێرەدا مەبەست لە شێر ئەو حەقیقەتە نیە كە زمان وشەی شێری داناوە بۆی. یان ئەگەر ئەو كەسە نادیار بێت و گوتمان: فڵانە كەس شێرە و زۆر ئازایە. لەم دۆخەشدا گوێگر دەزانێت كە مەبەست لە شێر پیاوێكە چونكە یەكەمجار ناوی پیاوێك براوە و ئەوەش باسكراوە كە وشەی شێر بە ڕەچاوكردنی ئازایەتی كەسەكە بەكارهاتووە. كەواتە ئەگەر وشەیەك بە غەیری ئەو حەقیقەتە بەكارهێنرا كە لەپێناویدا دانراوە و بەكارهێنانەكەی مەجازی بوو؛ ئەوا قەرینە مەرجێكی پێویستە كە بەهۆیەوە دەزانرێت قسەكەرەكە مەبەستی شتە حەقیقی نیە بەڵكو مەبەستی شتێكی ترە كە لە شتە حەقیقیەكە دەچێت. بەڵام ئەگەر وشەیەك بەبێ قەرینە بەكارهات؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە مەبەست لێی ئەو مانایەیە كە وشەكە دانراوە بۆی. بۆ نموونە كەسێك دەڵێت: شێرێكم بینی. وە لەبەرئەوەی لەم ڕستەیەدا قەرینەیەك نیە كە بەهۆیەوە بزانرێت قسەكەرەكە مەبەستی شێرێكی حەقیقی نەبووە بەڵكو مەبەستی شتێكی ترە بۆیە لێرەدا مەبەست شێرێكی حەقیقیە نەك مەجازی. وە ئەگەر قەرینەیەك هەبوو بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی شێرێكی حەقیقیە؛ ئەوا هەرگیز ڕەوا نیە بە شێرێكی مەجازی لەقەڵەم بدرێت. بۆ نموونە ئەگەر گوترا: ئێمە بە چۆڵەوانیدا دەڕۆشتین لەناكاو شێرێكمان بینی و مشووری خۆمان خوارد نەوەك لەناكاو هێرش بكاتە سەرمان، بەڵام ئەو خەوتبوو و كلكی ڕاكێشابوو بۆیە بە خێر و سەلامەتی تێپەڕین؛ ئەوا ڕەوا نیە پاش بیستنی ئەم قسەیە بوترێت: بەگوێرەی زمان مەبەست لەم شێرە لێرەدا شێری مەجازیە، چونكە بۆ حەقیقەت ئەوەندە بەسە قەرینەیەكی لەگەڵدا نەبێت كە بیسەلمێنێت مەجازیە، وە ئەگەر حەقیقیەت قەرینەی لەگەڵدا بوو؛ ئەوا ڕەوا نیە هەرگیز بە مەجاز لەقەڵەم بدرێت. بۆ نموونە ئاگر ناوی شتێكی دیاریكراوە كە سووتێنەرە، وە بەشێوەی مەجاز بە دڵسووتاویی و شڵەژانیش دەوترێت. ئەگەر كەسێك هەبوو بە توندی شڵەژابوو و هاواری دەكرد: من لەناو ئاگردا دەسووتێم؛ ئەوا بەهۆی قەرینەی شڵەژانەكەیەوە دەزانین كە مەبەستی لە ئاگر دڵسووتاوی و شڵەژانە. بەڵام ئەگەر گوێمان لە دەنگێكی بەرز بوو كە دەیگوت ئاگرێكی بڵێسەدار هەڵگیرساوە؛ ئەوا هەرگیز خەڵكی بە بێدەنگی و مۆنیەوە دانانیشن بۆ بیستنی ئەم دەنگە و هەرگیز پێیان وا نابێت كە ئەمە ئاگرێكی مەجازیە بەڵكو دەستبەجێ ڕادەپەڕن بۆ ئەوەی ببینن ئاگرەكە لەكوێ هەڵگیرساوە. بۆچی ئەم كارە دەكەن؟ لەبەر هۆكارێكی سادە كە ئەوەیە لەگەڵ وشەی ئاگردا قەرینەیەك نیە ئەوە بگەیەنێت كە ئاگرەكە ئاگرێكی مەجازیە. بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك گوتی ئەم كەسە قسەیەكی كرد ئاگری لە دڵ و جەستەم بەردا؛ ئەوا هەرگیز مەبەست لێی ئاگرێكی حەقیقی نیە بەڵكو مەبەست لێی ئاگرێكی مەجازیە، چونكە قەرینەی هەڵگیرسانی ئاگر بەهۆی قسەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە ئاگرەكە ئاگرێكی حەقیقی نیە. بەڵام ئەگەر گوتمان پۆشاكی فڵانەكەس ئاگری تێبەربووە یان فڵانەكەس بە ئاگر سووتاوە؛ ئەوا مەبەست ئەوە نیە كە ئەو كەسە بەهۆی تووڕەیی یان خەفەتەوە سووتابێت، چونكە قەرینەیەك نیە ئەوەمان پێ بڵێت كە مەبەست لە ئاگرەكە ئاگری حەقیقی نیە. وە ئەگەر گوترا فڵان كەس شووشەیەكی پڕ لە نەوتی بەدەستەوە بوو گڕی گرت و لە چەند لایەكەوە جەستەی سووتاند؛ ئەوا لە هیچ زمانێكدا ڕەوا نیە لەم شوێنەدا ئاگرەكە بە ئاگرێكی مەجازی لەقەڵەم بدرێت.
بەكورتی، ئەگەر هیچ قەرینەیەك نەبوو؛ ئەوا وشە بە مەجازی لە قەڵەم نادرێت، وە هیچ هۆكارێك نیە بۆ ئەژماركردنی پێغەمبەرایەتیەكەی مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەرایەتی مەجازی لە ڕوانگەی شەریعەتەوە، چونكە قەرینەیەك نیە بیسەلمێنێت بەڕێزی پێغەمبەرێكی مەجازی بووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە كۆمەڵێك قەرینە هەن دەیسەلمێنن بەڕێزی (عليه السلام) لە ڕوانگەی شەریعەتەوە پێغەمبەرە، واتە لە كەسێتی ئەودا شتانێك هەن كە تەنها لە پێغەمبەراندا هەن. كەواتە وەك چۆن ڕەوا نیە بە ئاگر بوترێت ئاگرێكی مەجازی، وە هەرگیز ڕاست نیە شێر بە شێری مەجازی ئەژمار بكرێت لەكاتێكدا كۆمەڵێك قەرینە هەبن كە بەڵگەبن لەسەر حەقیقەتەكەی، بەهەمان شێوە بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلامی بە هیچ شێوەیەك ڕەوا نیە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەرایەتیەكی مەجازی لەقەڵەم بدرێت لەكاتێكدا ئەو قەرینانە بوونیان هەیە كە بەگوێرەی شەریعەت دەیسەلمێنن بەڕێزی پێغەمبەرە، چونكە ئەو مەرجانەی كە لە قورئانی پیرۆزدا باسكراون بۆ پێغەمبەر هەموویان لە بەڕێزیدا هەن، كەواتە بەگوێرەی پێناسەی شەریعەتی ئیسلام بەڕێزی پێغەمبەرێكی حەقیقیە. بەڵام گومانی تێدا نیە پێغەمبەرایەتیەكەی مەجازی بووە بەگوێرەی ئەو پێناسەیەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی دایناوە بۆ تێگەیاندنی خەڵكی، واتە ئەگەر بەگوێرەی ئەو پێناسەیە گوترا پێغەمبەری حەقیقی ئەو كەسەیە كە بە شەریعەتێكی نوێوە دێت؛ ئەوا بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی نەبووە لەم ڕوانگەیەوە. وە كاتێك پێی دەوترێت پێغەمبەرێكی مەجازی بە ڕەچاوكردنی ئەم پێناسەیە؛ ئەوا مانای ئەوەیە كە خاسیەتی هێنانی شەریعەتی تێدا نەبووە ئەگەرچی بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوشێوەی ئەو پێغەمبەرانە بووە كە بەشەریعەتێكەوە هاتوون. وە بەڕێزی لە كتێبی “الأربعین”دا ئەم هاوشێوەیی و لێكچوونەی باسكردووە و فەرموویەتی جارێكی تر هەندێ ئایەتی قورئان دابەزیوەتە سەری كە پێكهاتوون لە حوكم و لەم بارەیەوە فەرموویەتی:
“شەریعەت چیە؟ ئەو كەسەی لە ڕێگەی وەحیەوە لەلایەن خواوە هەندێ فەرمان و قەدەغەی پێگەیشت و یاسایەكی بۆ ئوممەتەكەی دانا ئەوە خاوەنی شەریعەتە، وە بەگوێرەی ئەم پێناسەیەش بەڵگە چەسپاوە لەسەر نەیارەكانمان و بیانوویان نەماوە، چونكە ئەو وەحیەی دابەزیوەتە سەرم فەرمان و قەدەغەكانیشی لەخۆگرتووە. بۆ نموونە ئیلهامی: “قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ”… ئێمە باوەڕمان وایە كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە و قورئانی پیرۆز خاتەمی كتێبە خواییەكانە”. (الأربعین ژمارە 4، الخزائن الروحانیة، بەرگی17، لاپەڕە 435-436)
لەم بڕگەیەوە دەردەكەوێت كە دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) شەریعەتێكی نوێ نیە. وە ڕوونیشە كە هەندێ فەرمان و قەدەغەی قورئانی پیرۆز جارێكی تر دابەزیوەتە سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، بەڵام بە هەمان وشەكانی قورئانی پیرۆز و بەبێ شێوازێكی نوێ. لێرەوە دوو شت دەچەسپێت، یەكەم: هەرگیز پێغەمبەرێك نایەت بە شەریعەتێكی نوێوە بۆیە ئەستەمە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت بێت. دووەم: خوای گەورە سەرلەنوێ هەندێ حوكمی قورئانی دابەزاندووەتە خوارەوە بۆ بەڕێزی (عليه السلام)، ئەمە مانای ئەوەیە كە خوای گەورە بە شێوەیەك لە شێوەكان كردوویەتی بە هاوشێوەی پێغەمبەرە خاوەن شەریعەتەكان. كەواتە، بەكارهێنانی زاراوەی “پێغەمبەری مەجازی” سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مانای ئەوە نیە بەڕێزی پێغەمبەر نەبێت بەڵكو مەبەست ئەوەیە ئەگەر گوتمان پێغەمبەری حەقیقی ئەو كەسەیە كە پێویستە شەریعەتێكی نوێ بهێنێت؛ ئەوا ئەم حەقیقەتە لە مەسیحی بەڵێندراودا نیە، بەڵام هاوشێوەی پێغەمبەرە خاوەن شەریعەتەكانە. كەواتە مەبەست لە پێغەمبەری مەجازی ئەوە نیە كە پلەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دابەزیبێت و پێغەمبەرایەتیەكەی لەرزۆك و ناچەسپاو بێت چونكە بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام پێغەمەبەری حەقیقی ئەو كەسە نیە كە بەشەریعەتێكەوە بێت. كەواتە، بەگوێرەی ئەو پێناسەیەی لە شەریعەتی ئیسلامیدا كراوە بۆ چەمكی “پێغەمبەر”، وشەی پێغەمبەر بە مەجازی ناچەسپێت بەسەریدا بەڵكو بە حەقیقی دەچەسپێت بەسەریدا. بەڵام ئەگەر پێناسەی پێغەمبەری حەقیقی ئەو كەسە بێت كە پێویستە شەریعەتێكی نوێ بهێنێت؛ ئەوا ئەو كاتە بەگوێرەی ئەم پێناسەیە وشەی پێغەمبەر بە مەجازی دەچەسپێت بەسەریدا و مانای وایە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نیە، بەڵام بەجۆریك لە جۆرەكان هاوشێوەی پێغەمبەرانی خاوەن شەریعەتە چونكە هەندێ حوكم جارێكی تر دابەزیوەتە سەری. كەواتە بەگوێرەی ئەم پێناسەیە نموونەی شێرەكە ڕاست دەردەچێت كە مەولەوی بەڕێز باسیكردووە، واتە هەروەك چۆن ئەگەر بە مرۆڤێكمان گوت شێر؛ ئەوا نابێت بە شێر، بەهەمان شێوە ئەگەر بە مەسیحی بەڵێندراومان گوت پێغەمبەر بە ڕەچاوكردنی ئەو پێناسەیە كە دەڵێت پێویستە پێغەمبەر شەریعەتێك بهێنێت؛ ئەوا تەنها مانای ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) خاوەنی شەریعەت نیە بەڵكو بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوشێوەی پێغەمبەرانی خاوەن شەریعەتە، وە هەرگیز ماناكەی ئەوە نیە كە بەشەریعەتێكی نوێوە هاتووە، پەنا بە خوا، چونكە دوای قورئانی پیرۆز هیچ شەریعەتێك نیە، وە دوای پێغەمبەر (ﷺ) هیچ كەسێك ئەم پێناسەیە هەڵناگرێت، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) گەیشتووەتە پلەی پێغەمبەرایەتی تەنها بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) و پەیڕەوكردنی قورئانی پیرۆزەوە، وە هەموو ژیانی خۆی بەخت كرد لە خزمەتكردنی خاتەمی پێغەمبەران و خزمەتكردنی قورئانی پیرۆزدا. هەروەك ئەگەر مووسا و عیسا زیندوو بوونایە: ئەوا ژیانی خۆیان بەخت دەكرد لە شوێنكەوتنی پێغەمبەری خوادا (ﷺ)، وە دەیانبینی هەموو ئەو شتەی بەدەستیان هێناوە تەنها بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە بەدەستیانهێناوە. كەواتە بەكارهێنانی دەستەواژەی “پێغەمبەری مەجازی” بۆ مەسیحی بەڵێندراو مانای ئەوە نیە بەڕێزی پێغەمبەر نەبێت، چونكە بەگوێرەی پێناسەی قورئانی پیرۆز پێغەمبەرە. بەڵكو ماناكەی ئەوەیە كە بە شەریعەتێكەوە نەهاتووە، بەڵام خوای گەورە جارێكی تر هەندێ لە حوكمەكانی قورئانی ناردووەتە خوارەوە بۆ سەری وەك شكۆ و گەورەییەك بۆی، بۆ ئەوەی لێكچوونی تەواوەتی بە ئەنجام بگات لەگەڵ ڕابەر و پێشەواكەیدا واتە سەرداری هەردوو جیهان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ)، وە ئەمەش گەورەیی پێغەمبەر (ﷺ) زیاتر دەكات و لە پلەوپایەكەی دانابەزێنێت.
هیوادارم هاوڕێكانمان بە باشی لەوە تێبگەن كە لە هەر شوێنێكدا مەسیحی بەڵێندراو (ﷺ) فەرموویەتی پێغەمبەری مەجازیە مەبەستی نكۆڵی كردن بووە لەوەی پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بەگوێرەی پێناسەیەك كە لای خەڵكی گشتی پەسەند بووە سەبارەت بە چەمكی “پێغەمبەر”، یان نكۆڵیكردن بووە لەوەی پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت بەگوێرەی پێناسەیەك كە خۆی دایهێناوە بۆ تێگەیاندنی خەڵكی، مەبەست ئەوە نیە كە بەگوێرەی پێناسەی شەریعەت پێغەمبەر نەبووە، یان خۆی بە پێغەمبەر لەقەڵەم نەداوە، یان بەگوێرەی پێناسەی زمانەوانی پێغەمبەر نەبووە چونكە كاتێك ئێمە قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوە دەبینین پێناسەی پێغەمبەر كە باسكراوە تێیدا دەچەسپێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام). بۆیە لە ڕوانگەی ئەم پێناسەیەشەوە ناتوانین بە پێغەمبەرێكی مەجازی ئەژماری بكەین. بەهەمان شێوە پێناسەی پێغەمبەر كە زمان دەیخاتەڕوو ئەویش دەچەسپێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا، بۆیە لە ڕوانگەی زمانیشەوە ناكرێت بە پێغەمبەرێكی مەجازی دابنرێت. بەهەمان شێوە پێناسەی پێغەمبەرایەتی كە مەسیحی بەڵێندراو باسی كردووە -وەك مەزهەبی خۆی- ئەویش دەچەسپێت بەسەر كەسایەتی بەڕێزیدا، چونكە دەفەرموێت ئەگەر كەسێك بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار بكرێت لە غەیب؛ ئەوا بەگوێرەی فەرمانی خوای گەورە بە پێغەمبەر ئەژمار دەكرێت. وە فەرموویەتی بەتەواوەتی سەرنج نەدراوە لە مانای ڕاستەقینەی پێغەمبەر كە تەنها ئەو كەسەیە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار بكرێت لە شتە غەیبیەكان. وە ئەوەشی فەرمووە كە مەرج نیە پێغەمبەر بە شەریعەتێكی نوێوە بێت یان شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی پێشوو نەبێت. كەواتە ئەو كەسەی مەسیحی بەڵێندراو پێی دەڵێت پێغەمبەر -دیارە ئەم ڕێبازەی بنیاد نراوە لەسەر فەرمانی خوای گەورە- ناكرێت و ناگونجێت پێغەمبەرێكی مەجازی بێت لەم ڕوانگەیەشەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو كەسە پێغەمبەرێكی مەجازیە بەگوێرەی پێناسەی خەڵكی گشتی بۆ چەمكی پێغەمبەر، بەهەمان شێوە پێغەمبەرێكی مەجازیە بەگوێرەی پێناسەیەك كە مەسیحی بەڵێندراو خۆی دایهێناوە بۆ تێگەیاندنی خەڵكی، واتە پێغەمبەرێكی مەجازیە بەو مانایەی كە بەشەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە. كەواتە ڕێبازی من ئەوەیە كە ئەگەر پێغەمبەری حەقیقی ئەو كەسە بێت كە بەشەریعەتێكی نوێوە دێت؛ ئەوا مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی حەقیقی نەبووە، وە ئەگەر پێغەمبەری حەقیقی ئەو كەسە بێت بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلامی پێغەمبەرە؛ ئەوا بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێكی حەقیقی بووە و هیچ كاتێك نەبووە كە پێغەمبەر نەبووبێت چونكە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز مەرج نیە پێغەمبەر شەریعەتێكی نوێ بهێنێت یان شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی پێشوو نەبێت واتە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت.
بەشی سێیەم: خستنەڕووی هەندێ خاڵی گرنگ دەربارەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای كتێبی “حەقیقەتی پێغەمبەرایەتیدا” توێژینەوەكەم دەربارەی پێغەمبەرایەتی كردبوو بە دوو بەشەوە و نووسینی ئەم دوو بەشەم تەواو كرد لەگەڵ پاشكۆ پێویستەكاندا، بەڵام پێم خۆشە بە شێوازێك توێژینەوە بكەم لەم پرسە كە بە ئیزنی خوا سەرچاوەیەكی بەسوود بێت بۆ مرۆڤە بەختەوەرەكان و هەمیشە بتوانن -بە ئەندازەی ئەو تێگەیشتن و زانینەی خوا پێی داون- بەڵگە بچەسپێنن لەسەر نەیارەكانیان بەهۆی ئەم كتێبەوە لەكاتی گفتوگۆ كردن دەربارەی پرسی پێغەمبەرایەتی. لەبەر ئەوە بەشی سێیەمم زیاد كرد و نیازم وایە تێیدا هەندێ بەڵگە بخەمەڕوو دەربارەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و گفتوگۆ بكەم دەربارەی ئەوەی ئایا لەم ئوممەتەدا جگە لە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكی تر هاتووە یان نا؟ ئەگەر نەهاتووە؛ ئەوا بە چ بەڵگەیەك نەهاتووە؟ وە بۆچی هەتا ئێستا پێغەمبەرێكی تر نەبووە؟ سەرەڕای ئەوە شتانێكی تری پێویست تۆمار دەكەم بە ئیزنی خوا، سەركەوتنم تەنها بەدەستی خوای گەورە و مەزنە.
هەندێ بەڵگە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
لەدڵمدا بوو لەم نامیلكەیەدا -كە ئێستا بووە بە كتێبێك- بەكورتی بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتیش تاوتوێ بكەم، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم بابەتە قەبارەی ئەم بەشی یەكەمەی زۆر زیاتر دەكرد و بەم هۆیەوە چاپكردنەكەی دوادەكەوت، بۆیە ئەم بابەتەم دواخست بۆ دانانی بەشی دووەم. وە ئەگەر خوای گەورە بەفەزڵ و ڕەحمەتی خۆی سەركەوتووی كردم بۆ دانانی بەشی دووەمی “حەقیقەتی پیغەمبەرایەتی”؛ ئەوا تاوتوێی بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی دەكەم تێیدا بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بە جوانی بۆ ئەحمەدیەكان ڕوونبێتەوە و خوای گەورە بیكات بە مایەی هیدایەت بۆ نائەحمەدیەكانیش، دیارە خوا توانای هەموو شتێكی هەیە. ئەوەی ئێستا نیازم هەیە بیكەم ئەوەیە كە هەندێ بەڵگە بخەمەڕوو لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆ ئەوەی هەر كەسێك كە دەگەڕێت بۆ ڕاستی دڵنیا بێت لە پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی (عليه السلام). بەڵام دەمەوێت جارێكی تر ڕوونی بكەمەوە كە ڕێبازی من و ڕێبازی ئەو ئەحمەدیانەی پەیوەندیەكی ڕاستگۆیانەیان هەبووە لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا و ڕێبازی خودی مەسیحی بەڵێندراویش ئەوە نیە كە بڵێین دەكرێت دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێغەمبەرێك بێت قورئانی پیرۆز نەسخ بكاتەوە یان هەندێ حوكمی نەسخ بكاتەوە، یان شتێك بەدەستبهێنێت بەبێ گوێڕایەڵی و شوێنكەوتنی پێغەمبەری خوا (ﷺ)، بەڵكو ئەو كەسەی بانگەشەی بەدەستهێنانی لێشاوی بەرەكەت دەكات بەبێ شوێنكەوتنی پێغەمبەری خوا (ﷺ) یان بانگەشەی هێنانی شەریعەتێكی نوێ دەكات پاش قورئانی پیرۆز، بە كەسێكی نەفرەتی و درۆزنی لەقەڵەم دەدەین چونكە هیچ پێغەمبەرێك نیە دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) مەگەر ئەوەی لە بەرەكەتەكانی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەرەكەت و نیعمەتی بەدەستهێنابێت، وە شەریعەتێك نیە دوای قورئانی پیرۆز كە بەتەواوەتی یان بەشێكی قورئانی پیرۆز نەسخ بكاتەوە، وە بۆ هیچ كەسێك نیە خاڵێك یان پیتێك یان سەروبۆرێك لە قورئانی پیرۆز بگۆڕێت چجای ئەوەی هەندێ لە حوكمەكانی بگۆڕێت. ئێمە باوەڕمان وایە هیچ كەسێك نەبووە لە پێغەمبەر (ﷺ) تەواوتر و كامڵتر بێت، بۆیە دوای كامڵبوون پێویست بە شتێكی تر ناكات، ئەگەر كەسێك لە ئێستادا بێت؛ ئەوا بۆ دەرخستن و چەسپاندنی خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) دێت و هەرگیز بۆ ئەوە نایەت كە بە شێوەیەكی جیا لە پێغەمبەر (ﷺ) دەسەڵاتی خۆی جێگیر بكات. وە ئەو كەسەی ڕووناكیەكەی پێغەمبەری (ﷺ) نەبینیوە كەسێكی كوێرە، وە ئەوەی پایە و پلەكەی نەزانیوە كەسێكی بەدبەختە و سەرەنجامی تیاچوونە. وە ئەو كەسەی دەست نەگرێت بە پێغەمبەرەوە (ﷺ) و گوێڕایەڵی نەكات كەسێكی بەدبەخت و چارەڕەشە. تەنها یەك هۆكار و ئامراز هەیە بۆ نزیكبوونەوە لە خوای گەورە ئەویش ئەوەیە مرۆڤ لە گوێڕایەڵی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) بگاتە چڵەپۆپە. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿قُلۡ إِن كُنتُمۡ تُحِبُّونَ ٱللَّهَ فَٱتَّبِعُونِي يُحۡبِبۡكُمُ ٱللَّهُ﴾ (آل عمران: 32) تەنها یەك ڕێگا هەیە بۆ نزیكبوونەوە لە خوا (I) ئەویش ئەوەیە مرۆڤ بەتەواوەتی گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بكات. وە بە ئەندازەی گوێڕایەڵیەكی بۆ پێغەمبەر (ﷺ) خوای گەورە خۆشی دەوێت. بۆیە كاتێك كەسێك لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) بە پێغەمبەر لەقەڵەم دەدەین مەبەست ئەوەیە ئەو كەسە لە هەموو خزمەتكارەكانی پێغەمبەر (ﷺ) زیاتر گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) دەكات، وە بۆیە بووە بە پێغەمبەر چونكە گەیشتووتە چڵەپۆپە لە شوێنكەوتنی پێغەمبەری خوادا (ﷺ). كەواتە كاتێك ئێمە باوەڕمان بە پێغەمبەرێكی لەم شێوەیە هەیە؛ ئەوا لە پلەوپایەی پێغەمبەر (ﷺ) دانابەزێنین بەڵكو پلەوپایەكەی (ﷺ) بەرزدەكەینەوە. وە ئەو كەسەی بە گوفتار یان بە ڕەفتار خراپە دەكات بەرامبەر پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەبێ هیچ گومانێك كەسێكی نەفرەتلێكراوە و هیچ پەیوەندییەكی بە خوای گەورەوە نیە و دەرگاكانی ڕەحمەتی خوا داخراوە لەسەری.
كەسێكی گەمژە تۆمەتبارمان دەكات بەوەی ئێمە خراپە دەكەین بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) چونكە باوەڕمان هێناوە بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەك پێغەمبەرێك، بەڵام لەكوێ دەزانێ ئەو شتە چیە كە لە دڵی كەسێكی تردا هەیە؟ لەكوێ ئاگادارە لەو خۆشەویستی و عیشق و شەیدابوونەی كە لە هەموو گۆشەیەكی دڵمدا هەیە بۆ پێغەمبەر (ﷺ)؟ لەكوێ زانیویەتی چۆن خۆشەویستیەكەی بە ناخی بوون و قەوارەمدا چووەتە خوارەوە؟ پێغەمبەر (ﷺ) ڕۆح و دڵ و مەبەست و ئامانجمە. مایە شانازیمە كە بەندەی ئەوم، وە هەڵگرتنی پێڵاوەكانی بۆ من لە تەختی پاشایەتی گەورەترە. وە حوكمی هەموو جیهان لای من كەمترە لە گسكدانی بەر قاپیەكەی. ئەو خۆشەویستی خوایە، ئیتر چۆن خۆشم نەوێت؟ ئەو نزیكی خوایە ئیتر چۆن هەوڵ نەدەم نزیك ببمەوە لێی؟ ئەو دێڕە شیعرەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەچەسپێت بەسەرمدا كە تێیدا دەفەرموێت، ئەمە كوردیەكەیەتی:
من مەستم بە خۆشەویستی پێغەمبەر (ﷺ) پاش خۆشەویستی خوا (U)، ئەگەر ئەمە كوفر بێت؛ ئەوا سوێند بە خوا من كافرترین كەسم.
ئەمە ئەو خۆشەویستیەیە كە ناچارم دەكات بەپێی توانا بیروباوەڕی داخرانی دەرگای پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی پووچەڵ بكەمەوە چونكە لەم بیروباوەڕەدا خراپەكردن و سووكایەتی هەیە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ). گومانی تێدا نیە بیروباوەڕی هاتنی كەسێك بە شەریعەتێكەوە كە قورئانی پیرۆز نەسخ بكاتەوە بێڕێزیە بەرامبەر پێغەمبەری خوا (ﷺ)، بەهەمان شێوە ئەو بیروباوەڕەیش كە دەڵێت گوایە پاش پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرێك دێت بەبێ گوێڕایەڵی كردنی ئەو (ﷺ) نیعمەتی پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت، خراپەكردن و بێڕێزیە بەرامبەری چونكە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە كە لێشاوی ڕووناكیەكەی (ﷺ) كەمە و سەرڕێژی نەكردووە، بۆیە پێویستیەك لە ئارادایە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەربەخۆ لێشاوی ڕووناكی پەخش بكرێتەوە لەكاتێكدا پێغەمبەر (ﷺ) بوونی هەیە. بەهەمان شێوە ئەو بیروباوەڕەی كە دەڵێت هەرگیز لە دوای پێغەمبەرەوە (ﷺ) هیچ پێغەمبەرێك نایەت، ئەمیش سووكایەتی و خراپەكردنە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) چونكە مانای وایە فێركاری و لێشاوی بەرەكەت و ڕووناكیەكەی ناتەواوە و مرۆڤ ناتوانێت بەهۆی پەیڕەوكردنی فێركاریەكەیەوە نیعمەتە هەرە باڵاكان بەدەستبهێنێت. ئەگەر مامۆستایەك قوتابیەكانی شایستە و لێوەشاوە بن؛ ئەوا بە مامۆستایەكی گەورە و بەڕێز ئەژمار دەكرێت لە جیهاندا، وە ئەو بەرپرسەی كۆمەڵێك فەرمانبەری بەڕێز لەژێر دەستیدا كار بكەن بە كەسێكی زۆر بەڕێز ئەژمار دەكرێت. ئەوە مایەی شانازی نیە كە هیچ یەكێك لە قوتابیەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) پلەیەكی هەرەباڵا بەدەستنەهێنێت، بەڵكو ئەوەی سەربەرزی و بڵندی پێغەمبەر (ﷺ) زیاتر دەكات ئەوەیە كە لە قوتابیەكانیدا كەسێكی بەهرەدار هەبێت تەنانەت پێش مامۆستاكانی تر بكەوێت. بێگومان داخستنی دەرگای ڕەوانەكردنی پێغەمبەران بەتەواوەتی دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) واتە پێغەمبەر (ﷺ) ڕێگری كرد لەوەی جیهان بەرەكەتی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت، وە خوای گەورە دوای ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) ئەم نیعمەتەی پچڕاند. كەواتە ئایا دوای ئەم باوەڕە ئەوە دەچەسپێت كە پێغەمبەر (ﷺ) ڕەحمەت بێت بۆ جیهانەكان یان پێچەوانەكەی؟ پەنا بە خوا. ئەگەر ئەم باوەڕە قەبووڵ بكرێت ئەوا مانای وایە پێغەمبەر (ﷺ) وەك سزایەك هات بۆ جیهان، پەنا بە خوا. ئەو كەسەی باوەڕی وا بێت؛ ئەوا كەسێكی نەفرەتی و ڕەتكراوەیە لای خوا. لە ڕاستیدا پێغەمبەر (ﷺ) ڕەحمەت بوو بۆ جیهانەكان و بە هاتنی بەرەكەتەكانی خوا زیاتر بوو بۆ جیهان و كەم نەبوویەوە. ئایا نابینن لە زنجیرەی مووساییدا مەسیح بەبێ مووسا (عليه السلام) لێشاوی بەرەكەتی وەرگرت، بەڵام ئەو بەرەكەتەی كە دواهەمین خەلیفەی پێغەمبەر (ﷺ) بەدەستیهێنا بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستیهێنا لەگەڵ ئەوەدا لە هەموو ڕوویەكەوە كەوتە سەرووی مەسیحی ناسیرەییەوە. كەواتە پێغەمبەر (ﷺ) ڕەحمەتە بۆ جیهانەكان، وە بەهۆی شوێنكەوتنیەوە مرۆڤ دەتوانێت هەموو بەرەكەتەكان بەدەستبهێنێت. پێغەمبەر (ﷺ) كۆسپ نەبووە لە ڕێگای لێشاوەكانی ڕەحمەت و بەرەكەتی خوای گەورەدا بەڵكو دوعاكانی زیاتر لە جاران بەخششەكانی خوای كێشكرد. بۆیە ئەگەر فەزڵ و چاكەكانی خوا پێشتر بە كەمی دەبارین؛ ئەوا بە هاتنی پێغەمبەر(ﷺ) وەك لێزمەباران دابارین. بۆیە ئەگەر كەسێك بڵێت دوای پێغەمبەر (ﷺ) دەرگای پێغەمبەرایەتی داخراوە و پێغەمبەر (ﷺ) جیهانی بێ بەش كرد لەم بەرەكەتە؛ ئەوا ئەو كەسە كەسێكی خراپە و بێڕێزی كردووە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ)، وە وەك گردێك لەقەڵەمی دەدات كە بەر بە ڕۆیشتنی ڕووبار دەگرێت و بەربەستی دەكات، یان وەك پاشایەك لە قەڵەمی داوە كە هیچ پیاوێكی گەورە لەژێردەستیدا نەبێت. هەڵبەت ڕێز و سەربەرزی پاشا زیاتر دەبێت ئەگەر پیاوە گەورەكان ئامادە بن بۆ خزمەتكردنی، وە پلەی ئیمپراتۆر زۆر باڵاترە لە پلەی پاشا. كەواتە با خەڵكی جیهان چۆنیان پێ خۆشە سەرزەنشتمان بكەن، وە مرۆڤە كورتبینەكان چۆنیان دەوێت با ڕەخنەمان لێ بگرن بەڵام ناتوانن وەهامان لێ بكەن وازبهێنین لەم باوەڕە كە شكۆی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بڵند دەكاتەوە، وە ناتوانین شوێنكەوتەی باوەڕێك بین كە بێڕێزی و خراپەكردنی تێدا بێت بەرامبەر پێغەمبەری خوا (ﷺ). هەڵبەت گەورەكەمان خاوەنی كۆمەڵێك هێز و توانای مەزنە و پلەیەكی هێندە بەرزی هەیە بەجۆرێك هیچ دوور نیە كەسێك بەهۆی هێزە پیرۆزەكەیەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت. وە ئەو كەسەی گومانی هەبێت لەمەدا و خاسیەتە تەواوەكانی خاتەمی پێغەمبەرانی نەزانیبێت بەشێوە حەقیقیەكانی خۆیان؛ ئەوا ئەو كەسە بە ڕێز و شكۆی پێغەمبەری (ﷺ) كردووە بە قوربانی لەپێناوی هەوا و ئارەزووی خۆیدا، وە هێرشی كردووەتە سەر گەورەكەی خۆی لەپێناوی ڕازیكردنی خەڵكدا. خوا ڕەحم بكات بە خەڵكانێكی لەم جۆرە و هیدایەتیان بدات بۆ سەر ڕێگای ڕاست. پاش ئەم پێشەكیە لە خوارەوە هەندێ بەڵگە دەنووسم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام):
(1) بەڵگەی یەكەم لەسەر پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی ئەوەیە هەروەك چۆن خوا (U) مووسا و عیسا و نووح و ئیبراهیم و یەعقووب و یوسفی (علیهم السلام) ناوناوە پێغەمبەر، بە هەمان شێوە لە قورئاندا مەسیحی بەڵێندراویشی ناوناوە پێغەمبەر، هەروەك سەرەتا لەم ئایەتەوە دەچەسپێت: ﴿وَمُبَشِّرَۢا بِرَسُولٖ يَأۡتِي مِنۢ بَعۡدِي ٱسۡمُهُۥٓ أَحۡمَدُۖ﴾ (الصف: 7) هەڵبەت خوای گەورە مەسیحی داهاتووی ناوناوە ڕەسول. هەروەها لەم ئایەتەوە: ﴿وَإِذَا ٱلرُّسُلُ أُقِّتَتۡ﴾ (المرسلات: 12) دەچەسپێت كە مەسیحی داهاتوو پێغەمبەرە چونكە لەم ئایەتەدا پێشبینی هاتنی مەسیحی بەڵێندراو كراوە و تێدا پێشبینی كراوە دەربارەی سەردەمێك كە لە كاتێكی دیاریكراودا پێغەمبەران دەهێنن واتە لە یەك كاتدا پێغەمبەران كۆدەكرێنەوە و لە كەسێتی مەسیحی بەڵێندراودا دەردەكەون، وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ئایەتەی پیادەكردووە بەسەر خۆیدا. كەواتە ئەو كەسەی قورئانی پیرۆز ناوی بنێت پێغەمبەر چ گومانێك هەیە لەوەدا كە پێغەمبەرە؟ مادام باوەڕمان هەیە بە هەموو پێغەمبەرانی پێشوو لەبەرئەوەی خوا ناویناون پێغەمبەر كەواتە هیچ پاساوێك نیە بۆ باوەڕنەهێنان بە مەسیحی بەڵێندراو وەك پێغەمبەرێك، چونكە هەمان بەڵگە لەسەر پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو بەڵگەیشە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو.
ئەگەر مووسا و عیسا (علیهما السلام) دوو پێغەمبەرن؛ ئەوا مەسیحی بەڵێندراویش (ﷺ) پێغەمبەرێكە، وە ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نەبێت؛ ئەوا پێغەمبەرانی پێشوویش پێغەمبەر نین چونكە یەك كتێب شایەتی دەدات لەسەر پێغەمبەرایەتی هەردوو لایان. ئەگەر شایەتی قورئانی پیرۆز لەسەر پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو شایانی پشت پێ بەستن بێت؛ ئەوا دەبێت هەمان شایەتی شایانی پشت پێ بەستن بێت سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام)، وە هیچ شایەتیەك لە شایەتی قورئانی پیرۆز شایستەتر نیە بە قەبووڵكردن. وە سەرباری دوو ئایەتەكەی پێشوو دوو ئایەتی تر هەن كە مەسیحی بەڵێندراو پیادەی كردوون بەسەر خۆیدا و تێیاندا مەسیحی بەڵێندراو ناونراوە پێغەمبەر.
ئایەتی یەكەم: ﴿هُوَ ٱلَّذِيٓ أَرۡسَلَ رَسُولَهُۥ بِٱلۡهُدَىٰ وَدِينِ ٱلۡحَقِّ لِيُظۡهِرَهُۥ عَلَى ٱلدِّينِ كُلِّهِۦ وَلَوۡ كَرِهَ ٱلۡمُشۡرِكُونَ﴾ (الصف: 10). زۆربەی موفەسیرەكان دەڵێن ئەم ئایەتە تایبەتە بە مەسیحی بەڵێندراو و لە سەردەمەكەی ئەودا دێتەدی. ئەمە تەنها باوەڕی ئەوان نیە بەڵكو ئەم باوەڕە لە قورئانی پیرۆزیشدا چەسپاوە چونكە ئەم ئایەتە لە سێ شوێنی قورئانی پیرۆزدا هاتووە و لە هەر سێ شوێنەكەدا باسی مەسیحی بەڵێندراو دەكات، بەجۆرێك لە دوو شوێندا بە ڕوونی باسی مەسیح دەكات و لە شوێنێكدا باسی ئینجیل دەكات. كەواتە لە قورئانی پیرۆزەوە دەچەسپێت كە ئەم ئایەتە پەیوەندی هەیە بە مەسیحەوە، وە لەبەرئەوەی ئەم ئایەتە پەیامی دەركەوتەی یەكەم واتە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەچەسپێنێت بۆیە لێیەوە پەیامی دەركەوتەی دووەمیش دەچەسپێت واتە پەیامی مەسیحی بەڵێندراو.
وە ئایەتی دووەم كە تێیدا مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەر ئەژماركراوە بریتیە لەم ئایەتە: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡۚ﴾ (الجمعة: 4). هەڵبەت لەم ئایەتەدا باسی دوو ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) كراوە، كەواتە دەبێت ڕەوانەكردنی دووەمیش لەگەڵ پەیامدا بێت. ئەم چوار ئایەتە شایەتی دەدەن لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو و هیچ كەسێك ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات.
(2) بەڵگەی دووەم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو ئەوەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) لە فەرموودەكەی نەواسی كوڕی سەمعاندا بە “پێغەمبەر” ناوی بردووە. كەواتە پێغەمبەر (ﷺ) شایەتە لەسەر ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرە، ئیتر ئێمە لەكوێ بۆمان هەیە شایەتیەكەی پێغەمبەر (ﷺ) پشتگوێ بخەین؟ وە ئەو كەسەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ناویناوە پێغەمبەر و هەواڵی داوە دەربارەی و فەرموویەتی: ﴿هُوَ ٱلَّذِيٓ أَرۡسَلَ رَسُولَهُۥ بِٱلۡهُدَىٰ﴾ و پێغەمبەری خوا (ﷺ) شایەتی داوە لەسەر پێغەمبەرایەتیەكەی، بە هیچ شێوەیەك ڕەوا نیە بۆ باوەڕدار نكۆڵی بكات لە پێغەمبەرایەتیەكەی. وە كەسێك دان نەنێت بە وتەی پێغەمبەری خوادا (ﷺ) و پاش بیستنی ڕووی لێ وەربگێڕێت و سنگی گوشاد نەبێت و دڵی نەكرێتەوە؛ ئەوا پێویستە چارەسەری لایەنی ڕۆحی خۆی بكات چونكە ئەستەمە كەسێكی لەو جۆرە باوەڕدار بێت. ﴿فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤۡمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيۡنَهُمۡ ثُمَّ لَا يَجِدُواْ فِيٓ أَنفُسِهِمۡ حَرَجٗا مِّمَّا قَضَيۡتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسۡلِيمٗا﴾ (النساء: 66)
كەواتە دەبێت بڕیاری پێغەمبەری خوا (ﷺ) قەبووڵ بكرێت، وە ئەگەر فەرموویەتی: دوای من پێغەمبەر نیە؛ ئەوا مەسیحی بەڵێندراویشی ناوناوە “پێغەمبەری خوا”. كەواتە دەبێت هەردوو فەرموودەكە بەیەكەوە وەربگیرێت و بگوترێت دوای پێغەمبەر (ﷺ) جۆرێك لە پێغەمبەر نایەت و جۆرێكی تر دێت و مەسیحی داهاتوو پێغەمبەرە. وە ئەو كەسەی لە وتەكانی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوانەیان هەڵدەبژێرێت كە دەگونجێت لەگەڵ حەز و ئارەزووی خۆیدا و ئەوانی تر پشتگوێ دەخات، هەرگیز بە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) ئەژمار ناكرێت. ڕەنگە حەزرەتی عائیشە (رضي الله عنها) ترسابێت لە پەیدابوونی كەسانێكی لەم جۆرە بۆیە گوتوویەتی: “بڵێن خاتەمی پێغەمبەرانە و مەڵێن دوای ئەو پێغەمبەر نیە.” (الدر المنثور)
وا دەردەكەوێت ئەوە هاتبێت بە دڵیدا كە ڕەنگە هەندێ كەس پاش ماوەیەك پێیان وابێت دەرگای پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی داخراوە و بەمەش نكۆڵی بكەن لە پێغەمبەرایەتی یەكێك لە پێغەمبەرانی خوا لەكاتی ڕەوانەكردنیدا، بۆیە گوتوویەتی: بڵێن پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە چونكە ناكرێت هیچ پێغەمبەرێك بەبێ بەرەكەت و مۆرەكەی ئەو ببێت بە پێغەمبەر، بەڵام زۆر جەخت مەكەنەوە لەسەر فەرموودەی “دوای من پێغەمبەرێك نیە” چونكە ماناكەی بەو شێوەیە نیە كە ئێوە تێیگەیشتوون. بەڵام ئەو شتە ڕوویدا كە خاتوو عائیشە (رضي الله عنها) لێی دەترسا بەجۆرێك هەندێ كەس یەكێك لە وتەكانی پێغەمبەری خوایان (ﷺ) كرد بە حوججە و وتەكەی تری ئەویان ڕەت كردەوە، بەڵام بەش بەحاڵی باوەڕدار ئەمە كارێكی نەشیاوە، بەڵكو پێویستە ڕێز لە هەموو وتەكانی پێغەمبەر (ﷺ) بگرێت و وازنەهێنێت لەو وتەیەی پێغەمبەر (ﷺ) كە دەفەرموێت: دوای من پێغەمبەر نیە، وە پێویستە ڕێزی ئەو وتەیەی پێغەمبەریش (ﷺ) بگرێت كە تێیدا مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ناوناوە پێغەمبەری خوا و هەردوو وتەكە بەیەكەوە بگونجێنێت. وە ئەستەمە گونجان بخرێتە نێوان ئەم دوو وتەیەوە مەگەر دەرگای پێغەمبەرایەتی تەشریعی و سەربەخۆ دابخرێت و ئەو جۆرەی پێغەمبەرایەتی بە بەردەوام ئەژمار بكرێت هەتا ڕۆژی قیامەت كە بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بەدەستدێت.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك بڵێت هەرچۆنێك بێت ئێمەیش باوەڕمان بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەیە وەك پێغەمبەرێكی مەجازی و ئەم فەرموودەیە ڕەت ناكەینەوە. لە وەڵامدا دەڵێین باوەڕی لەو شێوەیە هیچ نرخێكی نیە و وەكو نەبوو وایە چونكە ئێوە بیروباوەڕتان دەربارەی “پێغەمبەری مەجازی” ئەوەیە كە ئەو كەسە پێغەمبەر نیە و بەگوێرەی ئەم بیروباوەڕەیش مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر نیە، وە كەسێك پێغەمبەر نەبێت بە هیچ شێوەیەك یەكسان نیە بە پێغەمبەر. بۆیە ئەم باوەڕە تەنها بریتیە لە داپێدانانی زارەكی و هیچ مانایەكی نیە، بەڵكو ڕەتكردنەوە باشترە لەم جۆرە دانپێدانانە بۆ ئەوەی بەلایەنی كەمەوە خەڵكی فریونەخۆن. وە مەبەست لە دانپێدانانی ڕاستەقینە ئەوەیە كە مرۆڤ باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی ئەو كەسە هەبێت كە پێغەمبەر (ﷺ) ناویناوە پێغەمبەر ئەگەرچی بەهۆی ئەمەوە هەموو جیهان تووڕە بن لێی. هەڵبەت بەدرۆزانینی هەموو جیهان سووكترە لە بەدرۆزانینی پێغەمبەری خوا (ﷺ).
هەندێ كەس كاتی بیستی فەرموودەكەی موسلیم دەڵێن ئەم فەرموودەیە پڕە لە خوازە (الاستعارة)، بۆیە ئەگەر تێیدا وشەی “پێغەمبەر” بەكارهاتبێت بۆ مەسیحی بەڵێندراو؛ ئەوا دەبێت ئەو وشەیەش بە خوازە ئەژمار بكرێت. بەڵام پێویستە ئەو كەسانە بزانن كە خوازەیش سنوورێكی هەیە، واتە ئەگەر لە دەستەواژەیەكدا كۆمەڵێك خوازە هاتبوون؛ ئەوا ڕەوا نیە هەموو وشەیەكی ئەو دەستەواژەیە بە خوازە ئەژمار بكرێت [40]، بەجۆرێك دەبێت خوازە هۆكارێكی دیار و ئاشكرای هەبێت. دەكرێت خوازە ڕەت بكرێتەوە لەو وشانەدا كە وەك نیشانە بەكاردەهێنرێن چونكە مەبەست پێیان تاقیكردنەوەیە، بەڵام خوازە چ پەیوەندیەكی هەیە بە خستنەڕووی پلەوپایەی كەسێكەوە؟ ئەگەر خوای گەورە كەسێك بە “پێغەمبەر” ناو ببات بۆ دەرخستنی خۆشەویستی خۆی بۆ ئەو كەسە؛ ئەوا ئەمە دەكرێت و ئەگەری هەیە بەڵام پێغەمبەری خوا (ﷺ) پلە و پۆستی پێغەمبەرایەتی نادات بە كەسێك هەتا وا گومان ببرێت كە بۆ دەرخستنی خۆشەویستی خۆی مەسیحی بەڵێندراوی ناوناوە پێغەمبەر. بۆیە ناكرێت پلەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە خوازە ئەژمار بكرێت ئەگەرچی ڕێژەیەكی زۆر خوازە هەبێت لەناو فەرموودەی ناوبراودا. ئەگینا ڕەنگە كەسێك بڵێت لەبەرئەوەی بەڕێژەیەكی زۆر خوازە بەكارهاتووە لە فەرموودەكەدا بۆیە مەسیح خوازەیە و مەهدیش خوازەیە، كەواتە نە مەسیح دێت و نە مەهدی چونكە ئەمانە هەمووی خوازەن، وە خەڵكی بە هەوانتە چاوەڕێی مەسیح و مەهدی دەكەن چونكە تێنەگەیشتوون لە خوازەكان. بۆیە كەسانێك هەن ڕێبازێكیان داهێناوە كە بەگوێرەی ئەوە ئەو فەرموودانەی باسی هاتنی مەسیح و مەهدی دەكەن بە دروستكراو یان خوازە لەقەڵەم دەدەن. كەواتە، ئەگەر ڕەوابێت هەموو وشەیەك بە خوازە ئەژمار بكرێت؛ ئەوا هەندێ كەس بۆیان هەیە مەسیح و مەهدیش بە خوازە دابنێن. كەواتە، دەبێت هۆكارێك هەبێت بۆ بەكارهێنانی وشەكە بەشێوەی خوازە و ڕەوا نیە بەبێ هیچ پاساوێك هەموو وشەیەك بە خوازە لەقەڵەم بدرێت.
[40] ئەگەر ئەو پێناسەیەی پێغەمبەر قەبووڵ بكەین كە لە شەریعەتدا هاتووە؛ ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنێین كە وشەی “پێغەمبەر” لە فەرموودە پیرۆزەكەدا بەشێوەی خوازە بۆ مەسیحی بەڵێندراو بەكارنەهاتووە، بەڵام ئەگەر گوتمان مانای حەقیقی پێغەمبەر ئەو مانایەیە كە بەهەڵە باوە لەناو خەڵكی گشتیدا؛ ئەوا بەگوێرەی ئەم مانایە بەكارهێنانی وشەی “پێغەمبەر” بۆ مەسیحی بەڵێندراو بە خوازە دادەنێین، وە لەم دۆخەدا مانای ئەوەیە كە ئەو پێغەمبەرە و بە شەریعەتێكەوە نەهاتووە، وە ئێمە بەتەواوەتی هاوڕاین لەگەڵ ئەم باوەڕەدا. نووسەر
مەسیحی بەڵێندراو تەنها لە فەرموودەی ئاماژەپێكراودا بە پێغەمبەر ناونەنراوە بەڵكو فەرموودەیەكی تریش هەیە كە تێیدا مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەر ناونراوە كە بریتیە لەم فەرموودەیە: “الْأَنْبِيَاءُ إِخْوَةٌ لِعَلَّاتٍ، أُمَّهَاتُهُمْ شَتَّى وَدِينُهُمْ وَاحِدٌ، وَإنِّي أَوْلَى النَّاسِ بِعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ، لِأَنَّهُ لَمْ يَكُنْ بَيْنِي وَبَيْنَهُ نَبِيٌّ، وَإِنَّهُ نَازِلٌ، فَإِذَا رَأَيْتُمُوهُ فَاعْرِفُوهُ: رَجُلٌ مَرْبُوعٌ إِلَى الْحُمْرَةِ وَالْبَيَاضِ، عَلَيْهِ ثَوْبَانِ مُمَصَّرَانِ كَأَنَّ رَأْسَهُ يَقْطُرُ، وَإِنْ لَمْ يُصِبْهُ بَلَلٌ، فَيَدُقُّ الصَّلِيبَ، وَيَقْتُلُ الْخِنْزِيرَ، وَيَضَعُ الْجِزْيَةَ، وَيَدْعُو النَّاسَ إِلَى الْإِسْلَامِ، فَيُهْلِكُ اللهُ فِي زَمَانِهِ الْمِلَلَ كُلَّهَا إِلَّا الْإِسْلَامَ، وَيُهْلِكُ اللهُ فِي زَمَانِهِ الْمَسِيحَ الدَّجَّالَ، ثُمَّ تَقَعُ الْأَمَنَةُ عَلَى الْأَرْضِ حَتَّى تَرْتَعَ الْأُسُودُ مَعَ الْإِبِلِ، وَالنِّمَارُ مَعَ الْبَقَرِ، وَالذِّئَابُ مَعَ الْغَنَمِ، وَيَلْعَبَ الصِّبْيَانُ بِالْحَيَّاتِ، لَا تَضُرُّهُمْ، فَيَمْكُثُ أَرْبَعِينَ سَنَةً، ثُمَّ يُتَوَفَّى، وَيُصَلِّي عَلَيْهِ الْمُسْلِمُونَ.” (مسند أحمد، كتاب باقي مسند المكثرین)
لەم فەرموودەیەدا بەوپەڕی ڕاشكاویەوە عیسای داهاتوو ناونراوە پێغەمبەری خوا، تەنها ناونەنراوە بە پێغەمبەری خوا بەڵكو وەك هاوبەشێك لە كۆمەڵی هەموو پێغەمبەران ئەژماركراوە. كەواتە كێ بۆی هەیە نكۆڵی بكات لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو لەگەڵ بوونی شایەتیدانی پێغەمبەری خوا (ﷺ)؟ وە ئەگەر كەسێك بڵێت قەبووڵی ناكەم ئەم فەرموودەیە باسی مەسیحی داهاتوو بكات؛ ئەوا لە وەڵامدا دەڵێین فەرموودەكە خۆی پێویستی دەكات لەسەر مرۆڤ كە تەنها پیادەی بكات بەسەر مەسیحی داهاتوودا چونكە تێیدا گوتراوە ئەو مەسیحە دادەبەزێت. ئێستا یان ئەوەتا بڵێن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە بنەڕەتدا مەسیحی بەڵێندراو نیە، بەڵكو هەڵە بووە لە بانگەشەكەیدا، پەنا بە خوا، وە پێویستە چاوەڕێی مەسیحێكی تر بكەین، یان دانی پێدا بنێن كە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێك بووە چونكە مەسیحی بەڵێندراو لەم فەرموودەیەدا خراوەتە ڕیزی كۆمەڵی پێغەمبەرانەوە و بەشێوەیەكی جیایش ناونراوە پێغەمبەر چونكە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەرێك نەبووە”، وە ئەمە دەیسەلمێنێت پێغەمبەرە. هەڵبەت لەم فەرموودەیەدا دووجار مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەر ناونراوە، یەكەم: پێغەمبەر (ﷺ) بە برای باوكیی خۆی لەقەڵەمی داوە و لە ڕیزی كۆمەڵی پێغەمبەران ئەژماری كردووە، دووەم: بە پێغەمبەر لەقەڵەمی داوە و فەرموویەتی: “لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەرێك نەبووە”.
بەكورتی، ئێستا تەنها دوو ڕێگا هەیە، یان ئەوەتا دان بنرێت بەوەدا كە خودی مەسیحی ناسیرەیی دەگەڕێتەوە بۆ جیهان یاخود دان بنرێت بەوەدا كە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر بووە. وە ئەگەر كەسێك بڵێت: لەكوێ بە ڕوونی وشەی “پێغەمبەر” بەكارهاتووە بۆ مەسیح لەم فەرموودەیەدا؟ ئەوا لە وەڵامدا دەڵێم لە دوو جێگادا زۆر بەڕاشكاوی ناونراوە پێغەمبەر، یەكەمیان لەم فەرمایشتەیدا (ﷺ): “الأنبیاء إخوة لعلات”، چونكە تەنها مەسیح باسكراوە لەم فەرموودەیەدا، بەڵام ئەگەر مەبەست لێی پێغەمبەرەكانی تر بێت بەبێ مەسیح؛ ئەوا لە ئەسڵدا قسەكە زیادە دەبێت چونكە ڕستەكە هیچ پەیوەندیەكی بە باسكردنی مەسیحەوە نابێت. كەواتە لێرەدا ئەو مانایەی كە مەبەستە ئەوەیە پێغەمبەر (ﷺ) ئەم قسەیەی فەرمووە بۆ خستنەڕووی پەیوەندی خۆی لەگەڵ مەسیحدا و فەرموویەتی پەیوەندی نێوان پێغەمبەران وەك پەیوەندی نێوان كۆمەڵێك برا وایە كە یەك باوكیان هەبێت و لە كۆمەڵێك دایكی جیاواز بن، بەهەمان شێوە پەیوەندی منیش لەگەڵ مەسیحدا بەو جۆرەیە. پاشان فەرموویەتی (ﷺ): لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەرێك نەبووە. لەم ڕستەیەشەوە دەچەسپێت كە مەسیح پێغەمبەرە چونكە ئەگەر پێغەمبەر نەبێت؛ ئەوا لە ئەسڵدا چ پێویستی دەكرد بەم قسەیە؟ وە خاسیەتی جیاكەرەوەی مەسیح كامەیە؟ ئەگەر بڕیار نیە هەتا ڕۆژی قیامەت پێغەمبەرێك بێت؛ ئەوا بۆچی فەرموویەتی (ﷺ): لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەرێك نیە؟ بێگومان وتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) بەڕوونی ئەوە دەگەیەنێت كە مەسیحی ئاییندە بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرە و مەبەست لێی ئەوە نیە كە تەنها بە ناو “پێغەمبەر”ە. خەڵكانێكی زۆر هەن وشەی “پێغەمبەر” زیاد دەكەن بۆ ناوەكانیان. بۆ نموونە هەیانە ناوی “محمد نبي”ە. كەواتە، خەڵكانێكی زۆر هەبوون ناوی “پێغەمبەر”یان هەڵگرتبوو، بۆیە ئەگەر مەبەستەكە تەنها ناوەكە بووبێت؛ ئەوا لەكوێ مەسیح دەچووە ڕیزی ئەو برایانەوە كە یەك باوكیان هەیە و دایكیان جیایە، چونكە هەموویان پێغەمبەرن و كارەكە لەوەدا كورت نەبووەتەوە كە تەنها ناوێكیان بەدەستهێنابێت. كەواتە فەرموودەكە تەواو ڕوونە و تێیدا مەسیحی داهاتوو تەنها بە پێغەمبەر ناونەنراوە بەڵكو خراوەتە ڕیزی كۆمەڵی پێغەمبەرانەوە. وە لە خودی فەرموودەكەدا بەڵگە هەیە كە ئەم فەرموودەیە باسی مەسیحی ئایندە دەكات چونكە ئەركی مەسیح -كە لە فەرموودەكەدا باسكراوە- بریتیە لە كوشتنی بەراز و شكاندنی خاچ و هەڵگرتنی سەرانە و هتد. وە هەموو ئەم ئەركانە پەیوەستن بە مەسیحی ئایندەوە و پەیوەندییان نیە بە مەسیحی پێشووەوە. پاشان دوو پۆشاكە زەردەكە نیشانەی مەسیحی ئاییندەیە. كەواتە فەرموودەكە تەنها پیادە دەبێت بەسەر مەسیحی داهاتوودا. وە لەبەرئەوەی شتێكی چەسپاوە كە مەسیحی ئاییندە پێغەمبەرە و چووتە ڕیزی پێغەمبەرانەوە بۆیە دەبێت یان نكۆڵی بكرێت لە بانگەشەكەی مەسیحی بەڵێندراو یاخود دان بنرێت بە پێغەمبەرایەتیەكەیدا.
سەرەڕای ئەو بەڵگەیەی لەم فەرموودەیەدا باسكراوە ئەركی مەسیحیش كە لە فەرموودەكەدا باسكراوە ئەوە دەگەیەنێت كە مەبەست لێی مەسیحی داهاتووە. بەڵگەیەكی تریش هەیە دەیسەلمێنێت ئەم فەرموودەیە باسی مەسیحی بەڵێندراو دەكات، بەڵگەكەیش ئەوەیە پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “الْأَنْبِيَاءُ إِخْوَةٌ لِعَلَّاتٍ، أُمَّهَاتُهُمْ شَتَّى وَدِينُهُمْ وَاحِدٌ، وَإنِّي أَوْلَى النَّاسِ بِعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ، لِأَنَّهُ لَمْ يَكُنْ بَيْنِي وَبَيْنَهُ نَبِيٌّ.” بۆیە ئەگەر ئەم فەرموودەیە باسی مەسیحی ناسیرەیی بكات، ئەوا پرسیاری یەكەم ئەوەیە: ئایا لەناو پێغەمبەراندا پێغەمبەر (ﷺ) نزیكترین كەسە بە عیسای كوڕی مەریەمی ناسیرەیی یان یەحیا (عليه السلام)؟ چونكە پێغەمبەر (ﷺ) شەش سەد ساڵ دوای مەسیحی ناسیرەیی لەدایك بووە، بەڵام یەحیا لە هەمان سەردەمی مەسیحی ناسیرەییدا پێغەمبەر بووە، بەڵكو مامۆستای بوو. بۆیە ئەگەر نەبوونی هیچ پێغەمبەرێك لەنێوان ئەو دووانەدا مایەی بەهێزبوونی پەیوەندی نێوانیان بووبێت؛ ئەوا ئەوەی كە هەردووكیان لە هەمان سەردەمدا بوون پەیوەندیەكە بەهێزتر دەكات. كەواتە لەم دەستەواژەیەوە: “لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەرێك نەبووە” دەردەكەوێت كە پەیوەندی یەحیا (عليه السلام) لەگەڵ مەسیحی ناسیرەییدا بەهێزتر بووە. پێغەمبەر (ﷺ) لە شەوی میعراجدا یەحیای (عليه السلام) بینی لەنزیك مەسیحەوە دانیشتبوو. كەواتە یەحیا نزیكترین كەسە لە مەسیحی ناسیرەییەوە نەك پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ)؛ چونكە یەحیا لە سەردەمی مەسیحدا پێغەمبەر بووە و مامۆستا و خزمی نزیكی بووە و نیشانەیەك بووە بۆی، هەروەها هێمایەك بووە بۆ گەڕانەوەی پێغەمبەر ئیلیاسیش. كەواتە، هەرگیز ناكرێت پێغەمبەر (ﷺ) نزیكترین كەس بێت لە مەسیحی ناسیرەییەوە. كەواتە تەنها یەك بوار دەمێنێتەوە ئەویش ئەوەیە ئەم فەرموودەیە پیادەبكرێت بەسەر مەسیحی داهاتوودا و بەدڵنیاییەوە پیادە دەبێت بەسەریدا، چونكە یەكەم: مەسیحی داهاتوو لە ئوممەتی پێغەمبەرە (ﷺ) و قوتابی ئەوە و بۆ بەردەوامیدان بە ئەركەكەی ئەو هاتووە. لەبەر ئەوە ناكرێت پەیوەندی پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ كەسێكدا هێندەی پەیوەندیەكەی لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا بەهێز بێت چونكە مەسیحی بەڵێندراو قوتابی پێغەمبەرە (ﷺ) و شوێنكەوتە و خەلیفەیەتی، وە ناكرێت پەیوەندی كەسێك لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) هێندەی پەیوەندی مەسیحی بەڵێندراو لەگەڵیدا بەهێز بێت. مەسیحی بەڵێندراو خۆی لە دێڕە شیعرێكیدا دەفەرموێت (ئەمە كوردیەكەیەتی):
“مامۆستایەك بۆ خۆم ناناسم جگە لە موحەممەد (ﷺ)، چونكە لە قوتابخانەكەی ئەودا (ﷺ) فێربووم”.
دووەم: پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەرێك نیە، وە لەبەرئەوەی لەنێوانیاندا پێغەمبەرێك نیە و ئەو پەیوەندیەی كە لەنێوان پێغەمبەرێك و پێغەمبەرێكی تردا هەیە ناكرێت و ناگونجێت لەنێوان پێغەمبەرێك و كەسێكدا هەبێت كە پێغەمبەر نیە چونكە پێغەمبەران وەك كۆمەڵێك برا وان لە كۆمەڵێك دایكی جیاواز، بۆیە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: من نزیكترین كەسم بە عیسای كوڕی مەریەم.
ڕەنگە كەسێك لەم جێگایەدا ڕەخنە بگرێت و بڵێت ئەو وشانەی لە فەرموودەكەدا هاتوون بریتیە لە: “لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەرێك نەبووە” واتە لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەرێك نەهاتووە، وە لەمەوە دەردەكەوێت كە مەبەست لێی مەسیحی پێشووە نەك داهاتوو، چونكە ئەگەر مەبەست لە مەسیحی داهاتوو بوایە؛ ئەوا لە فەرموودەكەدا دەستەواژەی “لا یكون، نیە” دەهات لەجیاتی “لم یكن، نەبووە”. وەڵامەكەی ئەوەیە: دیارە زۆربەی جار شێوگی ڕابردوو لە پێشبینیەكاندا بەمانای داهاتووە بەكاردەهێنرێت، وە لە قورئانی پیرۆزدا كۆمەڵێك نموونەی زۆر هەن لەسەر ئەوەی كە لە وشە بەكارهاتووەكانەوە ئەوە دەفامرێتەوە كە ئەو شتە ڕوویداوە بەڵام مەبەست لێی ئەوەیە كە لە داهاتوودا ڕوودەدات. هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبەكانیدا بە تێروتەسەلی ئەم بابەتەی باسكردووە بۆیە مرۆڤ دەتوانێت لەو كتێبانەوە ئاگادار بێت لە وردەكاری بابەتەكە، بەڵكو لە ئیلهامەكانیشیدا ئەم شێوازە تێبینی دەكرێت. كەواتە، مەبەست لەو وشانە سەردەمی داهاتووە ئەگەرچی شێوگەكە شێوگی ڕابردووە. لەم بارەیەوە بەڵگەی هەرە بەهێز ئەوەیە كە ئەو ڕووداوانەی لە فەرموودەكەدا باسكراون بەسەر مەسیحی داهاتوودا دەچەسپێن، وە ئەگەر مانای ڕابردوو بگەیەنێت؛ ئەوا فەرموودەكە هەمووی دەبێت بە شتێكی زیادە و هەوانتە و ماناكە وەهای لێدێت: لەنێوان من و مەسیحی پێشوودا پێغەمبەرێك نەبووە، وە مەسیحی پێشوو بەراز دەكوژێت و خاچ دەشكێنێت.. و هەروەها. كەواتە لە ڕوانگەی ئەم مانایەوە یان ڕەخنە دەگیرێت لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) كە باسی مەسیحی پێشوو دەكات بەڵام ئەركەكانی مەسیحی داهاتوو باس دەكات، یان دەبێت دان بنرێت بەوەدا كە مەسیحی ناسیرەیی هێشتا زیندووە و لە داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ دنیا. وە ئاشكرایە ئەم دوو شتە هەردووكیان ئەستەمن، بۆیە چار نیە و دەبێت دەستەواژەی “لم یكن، نەبووە” مانای داهاتوو بگەیەنێت بەگوێرەی شێوازی باو لە پێشبینیەكاندا.
ڕەنگە كەسێك بڵێت: لەگەڵ ئەوەی بڕیار بووە مەسیحی بەڵێندراو لەم ئوممەتەدا لەدایك دەبێت بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) پێی وا بوو مەسیحی پێشوو ئەو كەسەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ جیهان و بەگوێرەی ئەم بیروبۆچوونە لە زیهنیدا مەسیحی داهاتووی ناوناوە پێغەمبەر. بەڵام لەبەرئەوەی مەسیحی چاوەڕوانكراو لەم ئوممەتەدا هات بۆیە ناكرێت پێی بوترێت پێغەمبەر. وەڵامی ئەم قسەیە ئەوەیە: لەم دۆخەدا یەكەمجار ڕەخنەیەك دەگیرێت لە پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەوەیە: لەگەڵ ئەوەی وەحی دابەزیوەتە سەری (ﷺ) دەربارەی كۆچی دوایی مەسیحی ناسیرەیی بەڵام تا ئەو ڕۆژەی كۆچی دوایی كرد (ﷺ) فەرموویەتی مەسیح لە ژیاندایە، وە ئەمە هەڵوێستی نائەحمەدیەكان زۆر بەهێز دەكات. دووەم: هەموو ئەو وتانەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پووچ دەبنەوە كە تێیاندا جەختی كردووەتەوە لەوەی پێغەمبەر (ﷺ) باوەڕی وابووە مەسیحی ناسیرەیی مردووە و هاوەڵانیش هاوڕا بوون لەسەر كۆچی دوایی مەسیحی ناسیرەیی.
بەكورتی، هیچ بوارێك نیە جگە لە پیادەكردنی فەرموودەكە بەسەر مەسیحی داهاتوودا، وە ئەگەر ئەو كارەمان كرد؛ ئەوا ناچارین دان بنێین بە پێغەمبەرایەتیەكەیدا وەك چۆن پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی پێغەمبەرە. كەواتە ئەژمارنەكردنی مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەر -سەرەڕای بوونی شایەتیدانی خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی- دوورە لە داپەروەری و ڕاستگۆییەوە.
(3) بەڵگەی سێیەم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو بریتیە لە شایەتیدانی پێغەمبەرانی پێشوو، وە كۆنترینیان بریتیە لە شایەتیدانی پێغەمبەر زەردەشت كە پێغەمبەرێك بووە لە وڵاتی فارسدا و شوێنكەوتووانی پێیان دەوترێت مەجووس و بە كەسانێكی زۆر بەڕێز ئەژمار دەكرێن لە هیندستاندا، وە لە پێشكەوتنی دنیاییدا پلەیەكی نایابیان هەیە لەناو گەلەكانی تری هیندستاندا. هەڵبەت زەردەشت پێشبینی سێ پێغەمبەری كردووە دوای خۆی، لەوانە پێشبینی هاتنی پێغەمبەری خوای (ﷺ) كردووە و نیشانەكانی هاتنی پێغەمبەری ڕاگەیاندووە و گوتوویەتی لەو كاتەدا دەسەڵاتدارێتی ئێران تەفروتوونا دەبێت چونكە خەڵكی ئێران خراپە و داوێنپیسی دەكەن. سەرەڕای پێغەمبەر (ﷺ) پێشبینیەك هەیە دەربارەی پێغەمبەرێكی تر كە ناتوانین بڵێن ئایا لە ڕابردوودا هاتووە یان لە داهاتوودا دێت، بەڵام پێشبینی هاتنی پێغەمبەری سێیەمی كردووە كە بریتیە لە مەسیحی بەڵێندراو، وە بە “مسیاور بهمی” ناویشی بردووە. هەندێ لە مەسیحیەكان ئەم پێشبینیە پیادە دەكەن بەسەر مەسیحی ناسیرەییدا بەڵام هەرگیز بەسەریدا پیادە نابێت چونكە لەگەڵ ئەوەی ئەویش ناوی مەسیحە وەك چۆن وشەی “مسیا” ئاماژەی پێ دەدات، بەڵام ئەو نیشانانەی كە باسكراون بۆ ئەم پێغەمبەرە پیادە نابن بەسەریدا، لەو نیشانانە ئەوەیە كە ئەو پێغەمبەرە لەكۆتایی تەمەنی جیهاندا دێت و لە سەردەمەكەیدا كۆتا جەنگ هەڵدەگیرسێت لەنێوان سوپای شەیتان و سوپای خوای ڕەحماندا، وە ئەو پێغەمبەرە شەیتان دەكوژێت، بەڵام نەك بە شمشیر بەڵكو بە پارانەوە، وە لەسەردەمەكەیدا ئاسایشی گشتی باڵادەست دەبێت بەجۆرێك مناڵ لەگەڵ ماردا گەمە و یاری دەكات. لەم نیشانانەوە ڕوون دەبێتەوە كە مەبەست لە پێشبینیەكە مەسیحی یەكەم نیە، چونكە مەسیحی یەكەم موسڵیحی كۆتایی نیە بۆ جیهان بەڵكو موسڵیحی كۆتایی مەسیحی دووەمە. لەمەوە ڕووندەبێتەوە كە زەردەشت پێشبینی پێغەمبەرێكی كردووە بەناوی “مسیا” و ئەو كەسەی شایستەی ئەم ناوەیە “پیاوێكە لە خەڵكی وڵاتی فارس” كە سەلمێنەری ڕاستی ئەم پێشبینیەیە؛ واتە بەدڵنیاییەوە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرە.
شایەتیدانی دووەم لەم بارەیەوە بریتیە لە شایەتیدانی پێغەمبەر “كریشن”. مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبەكانیدا دانی بەوەدا ناوە كە وشەی “ئاڤاتار” مانای پێغەمبەر دەگەیەنێت. وە “كریشنا” هەواڵی داوە بە هاتنی “ئاڤاتار”ێك لە سەردەمی كۆتاییدا كە هەموو نیشانەكانی هاتوونەتەدی لەم سەردەمەدا. هەروەها خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی ناوناوە “كریشن” بۆیە دەچەسپێت كە بەڕێزی “ئاڤاتار”ێكە واتە پێغەمبەرێكە چونكە “ئاڤاتار” واتە پێغەمبەر.
شایەتیدانی سێیەم بریتیە لە شایەتیدانی پێغەمبەر دانیاڵ، بەجۆرێك ئەویش پێشبینی كردووە دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو و ناویناوە پێغەمبەر وەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی. وە لە تەلموودیشدا مەسیحی بەڵێندراو ناونراوە پێغەمبەر.
ئێستا، پرسیار دەكەم لە هەموو ئەو كەسانەی ڕاستییان خۆشدەوێت و بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئامادەن بۆ قەبووڵكردنی ڕاستی لە هەموو كاتێكدا: ئایا عەقڵی ساغ ئەوە قەبووڵ دەكات پێغەمبەران هەزاران ساڵە پێشبینی دەكەن دەربارەی كەسێك كە پێغەمبەر نیە؟ ئایا عەقڵ ئەوە قەبووڵ دەكات بەردەوام لە سەرەتاوە پێغەمبەران پێشبینی بكەن دەبارەی كەسێك كە پێغەمبەر نەبێت؟ ئایا بوونی ئەو پێشبینیانە سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراو لە هەموو ئایینێكدا نایسەلمێنێت كە بەڕێزی پێغەمبەرە؟ شتەكە لەمەدا كورت نابێتەوە بەڵكو هەموو ئەو پێغەمبەرانەی كە هەواڵیان داوە دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو بەناوی “ئاڤاتار” و “پێغەمبەر” باسیان كردووە. ئایا بۆمان هەیە ئەوە قەبووڵ بكەین مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نیە سەرەڕای شایەتیدانی هەموو ئەم پێغەمبەرانە كە هەزاران ساڵ لەمەوپێش ڕایانگەیاندووە؟ ئایا دەكرێت هەموو ئەو پێشبینیانەی كە تێیاندا بەڕێزی بە پێغەمبەر باسكراوە تەفسیر بكەین و بڵێین مەبەست لە پێغەمبەر كەسێكە پێغەمبەر نەبێت بەڵكو ناونراوە پێغەمبەر بەگوێرەی جۆرێك لە هاوشێوەیی و لێكچوون؟ دیارە تەئویلیش سنوورێكی هەیە. هەڵبەت پێغەمبەرێك لە هیندستان پێش هەزاران ساڵ، وە پێغەمبەرێكی تر لە وڵاتی فارس و پێغەمبەرێكی تر لە وڵاتی شام هەریەكەیان مەسیحی بەڵێندراوی بە پێغەمبەر لەقەڵەم داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا بەڕێزی پێغەمبەر نیە سەرەڕای چەندین پێشبینی پێغەمبەرە گەورەكان لە جیهاندا و سەرەڕای ئەوەی كە بە پێغەمبەر ناویان بردووە!! هەموو شتەكانی تر بخەنە لاوە و تەنها جەخت بكەنەوە لەم بابەتە و ڕابمێنن، ئایا عەقڵی ساغ قەبووڵی دەكات؟ ئەم كەسە ناپێغەمبەرێكە لە جۆرێكی سەیر، چونكە پێش هەزاران ساڵ كۆمەڵێك پێشبینی هاتوون لەبارەیەوە كە زیاترن لەو پێشبینیانەی كە دەربارەی پێغەمبەران هاتوون و هەموو جیهان وای لێهاتووە بە شەیدایی و تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بن، وە كاتێك ئەم كەسە هات پێغەمبەر نەبوو بەڵكو تەنها نوێكارێكی سادە بوو، وە ڕەوانیە پێی بوترێت نەبی یان ڕەسول! لەمە سەیرتر ئەوەیە پێغەمبەرانی پێشوو تەنها پێشبینییان نەكردووە سەبارەت بە هاتنی ئەم نێردراوە بەڵكو بەردەوام بە پێغەمبەر ناویان بردووە، بەڵام ئێستا پێمان دەوترێت هەموویان مەبەستیان لە وشەی پێغەمبەر شتێكی تر بووە و ناكرێت مەسیحی بەڵێندراو بەشێوەیەكی حەقیقی پێغەمبەر بێت! بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەڵێم: ئەگەر كەسێك بە ئازادی و بێ لایەنگیری ڕابمێنێت لەم بابەتە؛ ئەوا لەخۆوە پووچی و بێمانایی ئەم بیروبۆچوونەی بۆ دەردەكەوێت و وەكو ڕۆژی ڕووناك بۆی ڕوون دەبێتەوە كە بەدڵنیاییەوە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرە؛ چونكە ناكرێت قورئانی پیرۆز و پێغەمبەری خوا (ﷺ) و كریشن و زەردەشت و دانیاڵ كەسێك ناو بنێن پێغەمبەر و ماوەی هەزاران ساڵە پێشبینیەكان دەربارەی هاتبن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم شایەتی و بەڵگانەدا هێشتا ئەم كەسە پێغەمبەر نەبێت، وە وتەی هەموو پێغەمبەرانی پێشین و شایەتیدانی قورئانی پیرۆز و فەرمایشتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) تەئویل بكرێن. دەڵێم ئەگەر هەر دەبوایە تەئویل بكرێت؛ ئەوا بۆچی بیروباوەڕ و تیۆریەكانتان تەئویل ناكەن؟ وە بۆچی بەبێ پاساو هەموو ئەم بەڵگە و شایەتیدانانە لە حەقیقەتەكانیان لا دەدەن و تا ئەم ڕادەیە ڕوو وەردەگێڕن لە بەڵگە بەهێزەكان؟
(4) بەڵگەی چوارەم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە وەحی و ئیلهامەكانی خۆی كە تێیاندا بەڕێژەیەكی زۆر نازناوی پێغەمبەری پێ دراوە. وە لە ناو ئەم ئیلهامانەدا هەیانە چەندین جار بۆی كراوە، تەنانەت دەكرێت بوترێت خوای گەورە سەدان جار نازناوی پێغەمبەری پێ داوە. لە خوارەوە ئەو وەحیە خواییە دەهێنینەوە كە تێیدا مەسیحی بەڵێندراو نازناوی نەبی و ڕەسولی پێدراوە:
(1) هُوَ الَّذِي أَرْسَلَ رَسُولَهُ بِالْهُدَى وَدِينِ الْحَقِّ لِيُظْهِرَهُ عَلَى الدِّينِ. واتە: ئەو كەسێكە پێغەمبەرەكەی خۆی بە هیدایەت و ئایینی ڕاستەوە نارد بۆ ئەوەی زاڵی بكات بەسەر هەموو ئایینەكاندا. (2) إِنِّي لَا يَخَافُ لَدَيَّ الْمُرْسَلُونَ. واتە: بێگومان پێغەمبەران لای من ناترسن. (3) كَتَبَ اللَّهُ لَأَغْلِبَنَّ أَنَا وَرُسُلِي. واتە: خوا نووسیویەتی كە خۆم و پێغەمبەرانم سەردەخەم (4) جَرِيُّ اللهِ في حُلَلِ الأنبياءِ. واتە: ئازا و چاونەترسی خوایە لە پۆشاكی پێغەمبەراندا (6) ئاگاداركەرەوەیەك هات بۆ دنیا، خەڵكەكەی ڕەتیان كردەوە و قەبووڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبووڵی دەكات و ڕاستگۆییەكەی دەردەخات بەهۆی هێرشی بەهێزەوە هێرش لەدوای هێرش. (7) پێغەمبەرێك هات بۆ دنیا خەڵكەكەی ڕەتیان كردەوە و قەبووڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبووڵی دەكات و ڕاستگۆییەكەی دەردەخات بەهۆی هێرشی بەهێزەوە هێرش لەدوای هێرش. (8) إنّي مع الرَّسولِ أَقُومُ، وأَلومُ مَن يَلومُ، وأُعطِيكَ ما يَدُوم. واتە: من لەگەڵ نێردراوەكەدا هەڵدەستم و سەرزەنشتی ئەو كەسە دەكەم شەرزەنشت دەكات و شتێكت پێدەبەخشم بەردەوام بێت. (9) صدق اللهُ ورسولُه وكان أمر الله مفعولا. واتە: خوا و پێغەمبەرەكەی ڕاستیان كرد و فەرمانی خوا كارا بوو. (10) لَا تَخَفْ إِنِّي لَا يَخَافُ لَدَيَّ الْمُرْسَلُونَ. واتە: مەترسە لای من پێغەمبەران ناترسن. (11) وَقاَلُواْ لَسْتَ مُرْسَلًا قُلْ كَفَى بِاللَّهِ شَهِيدًا بَيْنِي وَبَيْنَكُمْ وَمَنْ عِنْدَهُ عِلْمُ الْكِتَابِ. واتە: گوتیان تۆ نێردراو نیت بڵێ خوا و ئەو كەسەی كە زانستی كتێبی لایە بەسە بۆ شایەتی لەنێوان من و ئێوەدا. (12) یا نبيَّ اللهِ كُنتُ لا أعرفُكَ. واتە: ئەی پێغەمبەری خوا پێشتر تۆم نەدەناسی. (13) إِنَّا أَرْسَلْنَا إِلَيْكُمْ رَسُولًا شَاهِدًا عَلَيْكُمْ كَمَا أَرْسَلْنَا إِلَى فِرْعَوْنَ رَسُولًا. واتە: ئێمە پێغەمبەرێكمان نارد بۆ لای ئێوە بۆ ئەوەی شایەت بێت بەسەرتانەوە وەك چۆن پێغەمبەرێكمان نارد بۆلای فیرعەون. (14) إني مع الرسولِ أَقومُ وأُفطرُ وأَصومُ. (15) يس وَالْقُرْآنِ الْحَكِيمِ إِنَّكَ لَمِنَ الْمُرْسَلِينَ عَلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ. (16) تَاللَّهِ لَقَدْ أَرْسَلْنَا إِلَى أُمَمٍ مِنْ قَبْلِكَ فَزَيَّنَ لَهُمُ الشَّيْطَانُ. (17) لا زَوالَ للمبشِّرین. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە پێشبینیەكانی حاكمی گشتی بێتەدی. (18) سیقولُ العَدُوُّ لَستَ مُرسَلا سنأخذُهُ مِن مارِنٍ أو خُرطومٍ وإنَّا من الظالمین مُنتقِمُونَ (19) يَوْمَ يَعَضُّ الظَّالِمُ عَلَى يَدَيْهِ يَا لَيْتَنِي اتَّخَذْتُ مَعَ الرَّسُولِ سَبِيلًا (20) قُلْ إِنِّي نَذِيرٌ مُبِينٌ (21) هو الذي أرسل رسوله بالهدی ودین الحق وتهذیب الأخلاق لتنذر قوما ما أنذر آبائهم ولتدعو قوما آخرین (22) ذرني والمكذبین، إني مع الرسول أقوم، إن یومي لفصل عظیم (23) إني مع الرسول أقوم ومن یلومه ألوم أفطر وأصوم (24) إني مع الرسول أجیب أخطیء وأصیب (25) إني مع الرسول أقوم لن أبرح الأرض إلی الوقت المعلوم (26) إني مع الرسول أقوم وأقصدُكَ وأرُوم (27) إني مع الرسولِ فقط (28) إني أنا الرحمن لا یخاف لدي المرسلون (29) إني ألومُ مَن یَلومُ وأعطیكَ ما یَدُوم إني مع الرسول أقوم وأروم ما یروم (30) سەیری شوێنەكەی مەكە بە چاوی سووكەوە، دیارە پێغەمبەران شانازی دەكەن بە سەردەمەكەیەوە (31) خێر نیە لەوەدا كەسێك دژایەتی دەركەوتەی خوا بكات. (32) ما أُرسلَ نبيٌّ إلا أَخزَی به اللهُ قومًا لا یؤمنون (33) إنَّ خَبرَ رسولِ اللهِ واقعٌ (34) وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّى نَبْعَثَ رَسُولًا (35) یا أیها النبيُّ أَطْعِمُوا الجائِعَ وَالْمُعْتَرَّ (36) یُبدِي لك الرحمنُ شیئًا، أَتَى أَمْرُ اللَّهِ فَلَا تَسْتَعْجِلُوهُ. بشارةٌ تَلقَّاها النَّبِیونَ (38) إنَّا أرسلْنا أحمدَ إلى قومهِ فأعرَضُوا وَقَالوا كَذَّابٌ أَشِرٌ (38) یا أحمدُ جُعِلتَ مُرسَلا (39) قُلْ يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ جَمِيعًا.”
سەرەڕای ئەوە چەندین ئیلهامی تر هەن كە تێیاندا مەسیحی بەڵێندراو ناونەنراوە نەبی یان ڕەسول بەڵام بە ناوی پێغەمبەرانەوە ناونراوە. جارێك بەناوی مووساوە ناونراوە و جارێك بەناوی موحەممەد، هەندێ جار بەناوی عیساوە بانگكراوە و هەندێ جار بەناوی داوودەوە، وە جارێك بەناوی سڵێیمان و جارێك بەناوی ئیبراهیم و جارێك بەناوی نووحەوە. بەكورتی بەناوی زۆرێك لە پێغەمبەرانەوە ناونراوە و ئەمەش بەڵگەیەكی ترە لەسەر ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرە.
كەواتە چۆن بۆمان هەیە بە پێغەمبەر لە قەڵەمی نەدەین لەگەڵ بوونی ئەم ئیلهامانەدا؟ جارێك و دووجار خوا بە ناوی “پێغەمبەر” بانگی نەكردووە بەڵكو دەیەها و سەدەها جار (چونكە هەندێ ئیلهام زیاد لە جارێك و بەڕێژەیەكی زۆر دابەزیوەتە سەری). ئایا ڕەوایە هەموو جارێك تەئویل بكەین و بڵێین مەبەست لەو ئیلهامانە ئەوەیە بەڕێزی پێغەمبەر نیە بەڵكو سیفەتێك لە سیفەتەكانی پێغەمبەرانی تێدایە؟ ئایا هیچ مرۆڤێك لە جیهاندا بەم شێوەیە بووە بەجۆرێك خوا چەندین جار بە پێغەمبەر ناوی ببات بەڵام لە ڕاستیدا پێغەمبەر نەبێت؟ سەیر ئەوەیە خوای گەورە باسی پلەیەكی حەقیقی نەكردووە بۆ مەسیحی بەڵێندراو (واتە نەیفەرمووە موحەددەثە ئەگەرچی ئەوان پێیان وایە موحەددەثە و ئەمە پلەیەكی حەقیقیە)، وە ڕەنگە مەسیحی بەڵێندراو جارێك بە ناوی موحەددەث بانگ كرابێت، بەڵام ئەو ناوەی كە بەدرۆ بڕاوە بەسەریدا (بەگوێرەی قسەی ئەوان، واتە پێغەمبەر) خوای گەورە هەمیشە بەو ناوە بانگی دەكات و جەخت ناكاتەوە لەسەر پلە حەقیقیەكەی (واتە موحەددەث)! ئایا عەقڵی ساغ ئەم شتە قەبووڵ دەكات؟ ئایا ئەم تەئویلە ڕێی تێدەچێت؟ ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو بانگكرابێت بە نەبی و ڕەسول تەنها بۆ دەرخستنی خۆشەویستی خوا بۆی؛ ئەوا پێویست بوو بەزۆری وشەی موحەددەث لە ئیلهامەكاندیدا بهاتایە و وشەی “نەبی” و “ڕەسول” نەهاتایە، بەڵام ئێمە دەبینین بەڕێزی (عليه السلام) سەدان جار بە نەبی و ڕەسول بانگكراوە و تەنها یەك جار وشەی “موحەددەث” بەكارهاتووە دەربارەی. ئایا لەمەوە ناچەسپێت بەڕێزی پێغەمبەرێك بووە لای خوای گەورە و لەبەر ئەم هۆكارە هەمیشە چوێنراوە بە پێغەمبەران؟ وە مەسیحی بەڵێندراو تەنها بە بەناوی عبد القادر (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) بانگكراوە لە ناو نوێكارەكانی پێشوودا، بەڵام هەمیشە بەناوی نووح و ئیبراهیم و مووسا و عیساوە (علیهم السلام) بانگكراوە، ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ئەوەی كە بەڕێزی پێغەمبەر بووە. ئایا لە جیهاندا پێغەمبەرێك هەبووە لەبەر هۆكارێكی تر ناونرابێت پێغەمبەر؟ ئایا باوەڕمان نەهێناوە بە سەرجەم پێغەمبەران لەبەرئەوەی خوای گەور بە پێغەمبەر ناوی بردوون؟ بۆچی كاتێك خوا فەرموویەتی بە مووسا تۆ پێغەمبەریت بووە بە پێغەمبەر، وە فەرموویەتی بە عیسا تۆ پێغەمبەریت بووە بە پێغەمبەر بەڵام كاتێك فەرموویەتی بە مەسیحی بەڵێندراو تۆ پێغەمبەریت بە پێغەمبەر لەقەڵەم نادرێت؟ ئەگەر دەستەواژەیەكی تر هەیە بۆ ئەوەی كەسێك بەهۆیەوە بكرێت بە پێغەمبەر؛ ئەوا بیخەنەڕوو بۆمان بۆ ئەوەی بزانین ئەوان بە فڵان دەستەواژە ناونراون پێغەمبەر بۆیە بوون بە پێغەمبەر، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو بەشێوازێكی جیاواز ناونراوە پێغەمبەر بۆیە نەبووە بە پێغەمبەر؟ ئایا بۆ كەسێك هەیە نكۆڵی بكات لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو لەگەڵ ئەوەی وەحی خوایی بە شێوەیەكی موتەواتیر دابەزیوەتە سەری؟ ئەو كەسەی نكۆڵی لەمە بكات؛ ئەوا دەبێت نكۆڵی بكات لە پێغەمبەرانی پێشوویش چونكە ئەو بەڵگە و وشانەی كە بەهۆیانەوە پێغەمبەرایەتی مووسا و مەسیح (علیهما السلام) دەچەسپێت، لەوانە بەهێزتر و ڕوونتر هەیە بۆ چەسپاندنی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). بۆیە ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نەبووە لەگەڵ بوونی ئەم بەڵگە و وشانەدا؛ ئەوا هەرگیز پێغەمبەرێك لە جیهاندا نەبووە هەتا ئەمڕۆ. وە ئەگەر ئەو بەڵگانە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراویان نەچەسپاندووە؛ ئەوا كۆمەڵێك بەڵگەمان پێشكەش بكەن كە بەهۆیانەوە پێغەمبەرایەتی هەر پێغەمبەرێك بچسپێت. ئەگەر مرۆڤ وازبهێنێت لە كەللـەڕەقی و چەواشەكاری؛ ئەوا لەو بەڵگەیە بەهێزتر نیە كە خوا بە ناوی “نەبی” و “ڕەسول” بانگی كردووە بۆ ماوەی 23 ساڵ لەسەر یەك.
من زۆر سەرم سوڕدەمێنێت لەو كەسانەی كە ڕەخنەدەگرن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو، ئەوان بیرناكەنەوە لەوەی كە ئایا كردنی كەسێك بە پێغەمبەر كاری خوایە یان كاری مرۆڤ؟ ئەگەر ئەمە كاری خوایە؛ ئەوا چۆن خوای گەورە كەسێك دەكات بە پێغەمبەر؟ ئایا نازانین ئەگەر خوا كەسێك بكات بە پێغەمبەر؛ ئەوا نازناوی نەبی و ڕەسولی پێ دەدات؟ وە ئەگەر بەم شێوازە ئێمە زانیمان كەسێك پێغەمبەرە؛ ئەوا ئایا بۆ ماوەی 23 ساڵ لەسەر یەك خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی بانگ نەكردووە بە نەبی و ڕەسول؟ ئیتر بۆچی بەڕێزی پێغەمبەر نیە؟ ئایا مرۆڤ دەتوانێت دەستی خوا بگرێت و بڵێت من ڕێگە نادەم فڵان كەس ببێت بە پێغەمبەر ئەگەرچی تۆ كردبێتت بە پێغەمبەر؟ كاتێك خەڵكی ڕەخنەیان دەگرت لە مەسیحی بەڵێندراو و دەیانگوت: چۆن بوویت بە مەسیح؟ بەڕێزی (عليه السلام) لە وەڵامدا دەیفەرموو ئەمە كاری خوایە و هەر كارێكی ویست دەیكات، وە ئەگەر ئێوە ڕازی نین بەم بڕیارە؛ ئەوا بچن شەڕ لەگەڵ خوادا بكەن. منیش بە نكۆڵیكارانی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو دەڵێم كردنی كەسێك بە پێغەمبەر تەنها كاری خوایە، بۆیە بە فەرمانی خوا مەسیحی بەڵێندراو بوو بە پێغەمبەر، وە ئەگەر كەسێك ڕەخنەی هەیە لە كاری خوا؛ ئەوا با بچێت جەنگی لەگەڵدا بكات. بەڵام ئایا هیچ كەسێك دەتوانێت ڕێگری بكات لەوەی خوای گەورە كەسێك بكات بە پێغەمبەر؟ بێگومان نەخێر، هیچ كەسێك ناتوانێت ئەو كارە بكات. ئەو كەسە گەمژەیە كە دەیەوێت پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو بكوژێنێتەوە پاش بڕیاری خوای گەورە چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم ویستی خوای گەورەدا. وە هیچ كەسێك ناتوانێت نیعمەتێك داماڵێت لە مەسیحی بەڵێندراو كە خوا (U) پێی بەخشیوە. خوای گەورە خۆی پۆشاكی پێغەمبەرایەتی كردووەتەبەر مەسیحی بەڵێندراو، ئێستا ئیتر كەس ناتوانێت ئەو پۆشاكە دابكەنێت لەبەری.
(5) بەڵگەی پێنجەم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە پێناسەی پێغەمبەر كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا هێناویەتی، وە ئەم پێناسەیە دەچەسپێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دفەرموێت: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ واتە خوا (U) غەیبی خۆی بەڕێژەیەكی زۆر تەنها بۆ پێغەمبەر ئاشكرا دەكات. وە ئەم مەرجە لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هاتووەتەدی. دیارە ئەم مەرجە شتێكی ئاسایی نیە چونكە خوای گەورە دەفەرموێت ئێمە توانای ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر تەنها دەدەین بە پێغەمبەران. كەواتە لەكاتێكدا هیچ كەسێك جگە لە پێغەمبەران بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار ناكرێتەوە لە غەیب و ئەم توانایە دراوە بە مەسیحی بەڵێندراو، كەواتە زۆر بەڕوونی و لە خۆر ڕووناكتر پێغەمبەرایەتیەكەی چەسپاوە و هیچ كەسێكی ژیر ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات؛ چونكە ئەو مەرجەی كە تەنها لە پێغەمبەراندا هەیە و لە غەیری پێغەمبەراندا نیە لە مەسیحی بەڵێندراودا هاتووەتەدی بۆیە بەدڵنیاییەوە بەڕێزی پێغەمبەرە.
لێرەدا پێویستە ئەوەش باسبكرێت كە خوای گەورە بەهەمان شێوەی پێغەمبەرە گەورەكان غەیبی ئاشكراكردووە بۆ مەسیحی بەڵێندراو دەربارەی ڕابردوو و داهاتوو. مەبەستم لە غەیب دەربارەی ڕابردوو پێشبینیەكانی پێشووە كە لە سەردەمی بەڕێزیدا (عليه السلام) هاتوونەتەدی و بوون بە بەڵگە لەسەر ڕاستگۆییەكەی. هەڵبەت هەموو پێغەمبەران لە سەرەتای دروستبوونەوە هەواڵیان داوە لە مەسیحی سەردەمی كۆتایی و گوتوویانە جەنگی كۆتایی هەڵدەگیرسێت لە سەردەمی ئەودا لەنێوان شەیتان و فریشتەكاندا و زۆرێكیان نیشانەكانی ئەو سەردەمەیان دەستنیشان كردووە. كەواتە ئەو نیشانانە كە پێشتر غەیب بوون لەم سەردەمەی ئێستادا لەسەردەستی مەسیحی بەڵێندراودا ئاشكرا كراون، ئەمەش جۆرێكە لە ئاگاداركردنەوە لە غەیب بەجۆرێك دەیەها پێشبینی -كە وەك غەیب وابوون- لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا ئاشكرا كراون و بوون بە شایەت لەسەر ڕاستگۆییەكەی (عليه السلام).
وە شێوازی دووەم بۆ ئاگاداربوون لە غەیب ئەوەیە كە خوای گەورە بەهۆی بەڕێزیەوە (عليه السلام) سەدەها بگرە سەدان هەزار نیشانەی پیشانداوە، وە پێش وەخت ئاگاداری كردووە لە هەزارەها هەواڵی غەیبی كە لەكاتی خۆیاندا هاتوونەتەدی و بەردەوام و لە داهاتووشدا دێنەدی. كەواتە ڕووداوەكان بەدەنگی بەرز دەیسەلمێنن ئەم مەرجە لە مەسیحی بەڵێندراودا هاتووەتەدی كە مەرجێكە تەنها لە پێغەمبەراندا هەیە.
سەرەڕای ئەوە دەبینین خوای گەورە سەبارەت بە پێغەمبەران دەفەرموێت: ﴿وَمَا نُرۡسِلُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَۖ﴾ لەم ئایەتەدا خوای گەورە ئەوەی تەفسیر كردووە كە مەبەست لە ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر ئەوەیە كە غەیبەكە دەربارەی گەشە و پێشكەوتنی گەلان و لەناوچوونیان بێت. وە ئەم مەرجەش لە مەسیحی بەڵێندراودا هەیە، كەواتە بەڕێزی پێغەمبەرە بەگوێرەی ڕاگەیاندنی قورئانی پیرۆز.
(6) بەڵگەی شەشەم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو ئەوەیە كە ئەگەر وەك پێغەمبەرێك باوەڕی پێ نەكرێت؛ ئەوا كەلێنێكی ترسناك دروست دەبێت كە بەسە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی كافربوونی مرۆڤ. واتە مرۆڤ ناچار دەبێت خوا تۆمەتبار بكات بەوەی كە بە ناڕەوا ڕەفتار دەكات یان دەبێت مەسیحی بەڵێندراو تۆمەتبار بكات بەوەی كە درۆی كردووە، پەنا بە خوا. دیارە خوای گەورە پاك و بێگەردە لە هەر خەوشێك و كۆكەرەوەی هەموو جوانی و چاكیەكانە و دوورە لە هەر خراپە و ناڕەوایەك، خوای گەورە تەنها بێبەری نیە لەو كەسەی تاوان ئەنجام دەدات بەڵكو بێبەریە لەوەی خۆیشی ئەنجامی بدات، وە بەدیهێنەری هەموو چاكیەكانە. هەموو كردەوەكانی چاكە و خێرن. قورئانی پیرۆز وەسفی كردووە و دەفەرموێت: ﴿لَهُ ٱلۡأَسۡمَآءُ ٱلۡحُسۡنَىٰ﴾. كەواتە ئەوپەڕی كوفرە ئەگەر هەر ناتەواوی و خەوشێك بدرێتەپاڵ خوای گەورە بەجۆرێك كوفری لەوە گەورەتر نیە، چونكە ئەو كەسەی باوەڕی نیە بە خوای گەورە دەكرێت پاساوی هەبێت، بەڵام ئەو كەسەی باوەڕی پێی هەیە و پاشان ناتەواوی یان خراپە دەداتەپاڵی ئەوپەڕی چەپەڵە و هیچ كەسێك لەو كەسە چەپەڵتر نیە. بەهەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراو خۆشەویستی خوایە، وە خوای گەورە چەپەڵ و تاوانكار و خراپەكارانی خۆش ناوێت چونكە خۆی پاكە و تەنها پاكەكانی خۆش دەوێت. دیارە ڕەحمەتەكەی دەوری هەموو جیهانی داوە بەڵام تەنها بەندە بەتەقوا و چاكەكارەكان شاد دەبن بە پەیوەندی تایبەت لەگەڵ خوا و شایستەی ڕەزامەندیەكەی دەبن. وە لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یەكێكە لە بەندە نزیكەكانی خوا بۆیە گومانی تێدا نیە كە ڕاستگۆ و چاكەكارە. وە ئەو كەسەی بە درۆزن لە قەڵەمی دەدات لە دۆخێكی زۆر ترسناكدایە. وە ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو بە پێغەمبەر لەقەڵەم نەدرێت؛ ئەوا مرۆڤ ناچار دەبێت یان خوا (I) تۆمەتبار بكات یاخود مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تۆمەتبار بكات، وە هەریەك لەم دوو كارە مرۆڤ دەبات بەرەو تیاچوون. من دڵنیام ئەو كەسانەی نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو هەرگیز وەك پێویست بیریان نەكردووەتەوە لە بابەتەكە، ئەگینا بەدڵنیاییەوە زۆرێك لەو كەسانەی ڕاستییان خۆش دەوێت و خاوەنی سروشتی چاكن و بەختەوەرن دەستبەجێ تۆبەیان دەكرد لەم بیروبۆچوونە و بەداخ و پەژارەوە پەشیمان دەبوونەوە لە بیروباوەڕەكەی خۆیان. وە هیواداریشم كاتێك ئاگادار دەبن لە مەترسی ئەو ئەنجامانەی كە لە نكۆڵیكردنی مەسیحی بەڵێندراو دەكەونەوە بەدڵنیاییەوە تۆبە دەكەن چونكە كەسی ڕاستگۆ كاتێك حەقیقەتی شتێك دەزانێت یەكسەر قەبووڵی دەكات و ناتوانێت تەنانەت بۆ ساتێكیش لێی دوور بێت. بەڵام ئەو كەسانەی دەستە و تاقم دروست دەكەن و خۆپەسەندن چارەسەرێكیان نیە، وە بەهۆی باوەڕهێنان یان نەهێنانی ئەوانەوە ئایین هیچ هێزێك بەدەستناهێنێت. بەهەرحاڵ، ئەو شتەی كە ئاماژەم پێدا ئەوەیە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾، زۆر بەڕوونی لەم ئایەتەوە دەردەكەوێت خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت سوننەتی ئێمە وەهایە تەنها پێغەمبەرانی خۆمان ئاگاداردەكەینەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر. وە لەبەرامبەر ئەم ئایەتەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبەكانیدا چەندین جار دەفەرموێت، وەك لە بەشی دووەمدا بڕگەیەكم هێنایەوە، ئاگاداركراوەتەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر، بۆیە تەنها دەتوانین یەكێك لەم دوو ڕێگایە هەڵبژێرین:
(1) یان ئەوەتا باوەڕ بەوە بكەین كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر بووە، وە ئەوەی كە دەفەرموێت بەڕێژەیەكی زۆر غەیب دەركەوتووە بۆی پێچەوانەی قورئان نیە بەڵكو بەتەواوەتی تەبا و یەكانگیرە لەگەڵیدا چونكە قورئانی پیرۆزیش فەرموویەتی تەنها پێغەمبەران بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداردەكرێنەوە لە غەیب لەلایەن خوای گەورە.
(2) یاخود سووربین لەسەر ئەوەی كە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە، وە لەم دۆخەدا دەبێت یەكێك لەم دوو خاڵە قەبووڵ بكەین:
یەكەم: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ڕاستی نەكردووە، پەنا بە خوا، كە فەرموویەتی پلەی ئاگاداربوونەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر تەنها دەدات بە پێغەمبەران؛ چونكە ڕووداوەكان بە ئاشكرا ئەمە هەڵدەوەشێننەوە واتە خوای گەورە بەڕێژەیەكی زۆر مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ئاگادار كردووە لە غەیب لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەر نەبووە، وە ئەمە بەڕوونی پێچەوانەی قورئانی پیرۆزە. ئەمە یەكەم شتێكە كە دەكرێت نكۆڵیكارانی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بیڵێن چونكە نكۆڵیكردن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو بەبێ ئەوە ئەستەمە.
دووەم: بەڵێ، ڕێگایەكی تریش هەیە دەكرێت نكۆڵیكارانی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بیگرنەبەر كە ئەوەیە درۆ نەدەنەپاڵ كەلامی خوای گەورە و قورئانی پیرۆز بەدرۆ نەزانن، بەڵكو دەكرێت بڵێن مەسیحی بەڵێندراو درۆی كردووە -پەنا بە خوا- كاتێك فەرموویەتی بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار كراوەتەوە لە غەیب چونكە پێغەمبەر نەبووە، وە ئاشكرایە تەنها پێغەمبەر بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار دەكرێتەوە لە غەیب، دواجار بە هیچ شێوەیەك ناكرێت بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار كرابێتەوە لە غەیب.
بەڵام هەموو ئەوانەی كەمترین باوەڕیان بە مەسیحی بەڵێندراو هەیە ئەستەمە بوێرن ئەم قسەیە بكەن. وە ئەو كەسەی بوێرێت ئەم قسەیە بكات باوەڕی نامێنێت و لەكۆتاییدا بە بێباوەڕی دەمرێت.
كەواتە وەك پێشتر لە تەفسیری ئەم ئایەتەدا ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا﴾ گوتم دەبێت یەكێك لەم سێ شتە پەسەند بكرێت، یان ئەوەتا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەری خوا بووە، وە خوا ڕاستی فەرمووە كاتێك فەرموویەتی بەڕێژەیەكی زۆر غەیبی خۆی ئاشكرا دەكات تەنها بۆ پێغەمبەران، وە مەسیحی بەڵێندراویش فەرموویەتی بەڕێژەیەكی زۆر غەیبی بۆ ئاشكرا كراوە، یان بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە و ئەم ئایەتە بەڵگە نیە لەسەر پێغەمبەرایەتی هیچ كەسێك چونكە خوای گەورە قسەیەكی پووچی كردووە، پەنا بە خوا، كە فەرموویەتی تەنها پێغەمبەرانی ئاگادار دەكاتەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر لەگەڵ ئەوەی ئەو كارەی كردووە لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا لەكاتێكدا پێغەمبەر نەبووە، یاخود دەبێت خاڵی سێیەم پەسەند بكرێت كە ئەوەیە ئەوەی خوای گەورە فەرموویەتی تەواو ڕاستە بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام درۆی دەكرد، پەنا بە خوا، كە دەیگوت بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار كراوەتەوە لە غەیب، لەكاتێكدا ئەستەمە ئەم مامەڵەیەی لەگەڵدا بكرێت چونكە پێغەمبەر نەبووە.
كەواتە دەبێت یەكێك لەم سێ خاڵە قەبووڵ بكرێت لە دۆخی باوەڕبوون بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یان ڕەتكردنەوەیدا. ئێستا هەموو كەسێك بۆی هەیە ڕێگایەك هەڵبژێرێت كە دەیەوێت و كارەكە لە دەستی خۆیدایەتی، یان باوەڕبهێنێت بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەك پێغەمبەرێك و هیچ نەنگی و ناتەواویەك نەداتەپاڵ خوا و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەدرۆزن نەزانێت و خوا و پێغەمبەرەكەی بەڕاست بزانێت، یان نكۆلێ بكات لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و خوا یان مەسیحی بەڵێندراو تۆمەتبار بكات بەدرۆكردن و سەرەنجامی خۆی خراپ بكات، وای نابینم پێویست بە گەڕان بكات كە چ ڕێگایەكیان ئاسایشە و مەترسی تێدا نیە، وە كامیان مرۆڤ دەبات بەرەو تیاچوون. ئەگەر مرۆڤ بەهۆی نەزانینەوە شتێك بڵێت؛ ئەوا ئەمە شتێكی ترە، بەڵام سووربوون لەسەر ناحەقی پاش دیاركەوتنی حەق كارێكی شیاو نیە بە باوەڕدار. من هیوادارم ئەو كەسانەی كە نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چونكە هەتا ئێستا ڕاستییان نەزانیوە، پاش ئەوەی ئاگادار دەبن لەو مەترسیانەی لە ڕەتكرنەوەی ڕاستیەوە پەیدا دەبن پاش دەركەوتنی، تەنانەت بۆ یەك ساتیش بە چەسپاوی نەمێننەوە لەسەر بیروباوەڕێك كە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ببێتە هۆی هەڵبەستنی بوختانێكی قێزەون بۆ خوا یان بۆ مەسیحەكەی.
ڕەنگە كەسێك بڵێت: هەرگیز لەم ئایەتەوە دەرناكەوێت كە خوا بەڕێژەیەكی زۆر غەیب ئاشكرا دەكات تەنها بۆ پێغەمبەران بەڵكو ئایەتەكە ئەو مانایەی لێ وەردەگیرێت كە خوا هەرچۆنێك بێت غەیب ئاشكرا دەكات بۆ پێغەمبەران، بەڵام ئەگەر دەریخست بۆ كەسانی تریش ئەوا كێشە نیە. وەڵامەكەی ئەوەیە: ئەم بیروبۆچوونە تەنها لە نەزانین و تێنەگەیشتن لە زمانی عەرەبیەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگینا ئەو كەسانەی شارەزان لە زمانی عەرەبی هەرگیز ناكرێت ئەوە بێت بە دڵیاندا كە ئەگەری هەیە كەسانێك -كە پێغەمبەر نەبن- بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداربكرێنەوە لە هەواڵە غەیبیەكان. بۆیە ئەو كەسەی كە ئەم قسەیە دەكات پێویستە سەرەتا پرسیار بكات لە مانای ئایەتەكە لە كەسێك كە زمانی عەرەبی بزانێت پاشان ڕەخنە بگرێت. وە تەنها دەگونجێت دوو مانا هەڵێنجرێت لەم ئایەتە كە سێیەمی نیە و دوو ماناكەش بریتین لە:
1- ئەگەر گوترا پیتی “مِن” لێرەدا مانای “هەندێ” دەگەیەنێت؛ ئەوا مانای ئایەتەكە ئەوەیە كە خوا كەس ئاگادار ناكات لە غەیبی خۆی جگە لە هەندێ لەو پێغەمبەرانەی كە خۆی ڕازیە لێیان واتە غەیبی خۆی ئاشكرا دەكات بۆ هەندێ لەو پێغەمبەرانەی خۆی لێیان ڕازیە و غەیبەكە ئاشكرا ناكات بۆ هەموو پێغەمبەران. ئەگەر ئەم مانایەمان وەرگرت لە ئایەتەكە؛ ئەوا مەبەستەكە ئەوەیە كە پلەی ئاگاداركردنەوە لە غەیب زۆر گەورەیە بەجۆرێك هەموو پێغەمبەرانیش پێی ناگەن، بەڵكو تەنها هەندێكیان پێی دەگەن. ئەگەر ئەم مانایە لە ئایەتەكەوە وەربگیرێت؛ ئەوا دەردەكەوێت كە هەندێ پێغەمبەریش ناگەن بەم پلەیە چجای كەسێك پێغەمبەر نەبێت. ئەمە بە شێوەیەكی بەڵگەنەویست دەیسەلمێنێت كە كەسێك پێغەمبەر نەبێت هەرگیز پلەی ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر نادرێت پێی. بەڵام هەرچۆنێك بێت دانانی پیتی “من” بە مانای “هەندێ” پێچەوانەی هەندێ ئایەتی تری قورئانە چونكە خوای گەورە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: ﴿وَمَا نُرۡسِلُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَۖ﴾ واتە هەموو پێغەمبەران -نەك تەنها هەندێكیان- ئەركی ئاگاداركردنەوە و مژدەدان دەخرێتە ئەستۆیان، بەڵام لە هەموو دۆخێكدا بەم مانایەش مەبەستەكەی ئێمە جێگیر و چەسپاوە.
2- مانای دووەم كە دەكرێت وەربگیرێت لەم ئایەتەوە ئەوەیە كە پیتی “من” بۆ ڕوونكردنەوەیە (البیانیة) و ئەوسا ئایەتە پیرۆزەكە واتە خوا تەنها غەیب ئاشكرا دەكات بۆ بەندە خۆشەویستەكانی واتە تەنها بۆ پێغەمبەرەكانی. لەم ڕوانگەیەشەوە ساغدەبێتەوە كە نیعمەتی دەركەوتنی غەیب بەڕێژەیەكی زۆر بۆ هەموو پێغەمبەرانە نەك تەنها بۆ هەندێكیان. بەگوێرەی ئەم مانایەش دەچەسپێت كە دەركەوتن و ئاشكرابوونی غەیب بەڕێژەیەكی زۆر تەنها بۆ پێغەمبەرانە و بۆ كەسانی تر نیە. كەواتە، هەر مانایەك وەربگرین هەرگیز ئەوەی لێ ساغ نابێتەوە كە كەسێكیش پێغەمبەر نەبێت دەكرێت نیعمەتی ئاگاداربوونەوە لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر بدرێت پێی، بەڵكو پێچەوانەكەی دەچەسپێت. كەواتە هیچ كەسێك بۆی نیە بڵێت پێویست ناكات ئاگاداركردنەوە لە غەیب تەنها تایبەت بێت بە پێغەمبەران، بەڵكو ئەو كەسەی باوەڕی بە مەسیحی بەڵێندراو نیە وەك پێغەمبەرێك دەبێت؛ یان ڕەخنە بگرێت لە خوای گەورە یاخود ڕەخنە بگرێت لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە پەنا بە خوا دەگرین لەو كارە.
لێرەدا دەستەواژەیەك لە وتەیەكی مەسیحی بەڵێندراو دەگوازمەوە كە لێیەوە دەردەكەوێت ئایا مەسیحی بەڵێندراو بانگەشەی ئەوەی كردووە بەڕێژیەكی زۆر ئاگاداركراوەتەوە لە غەیب یان نا، هەتا كەس نەڵێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشەی ئەوەی نەكردووە بۆیە لە ئەسڵدا ڕەوا نیە بەڵگە بەم ئایەتە بهێنرێتەوە.
بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“ئەو كەسەی خوای گەورە گفتوگۆ و ئاخاوتنی لەگەڵدا كرد زیاتر لە كەسانی تر لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە و گفتوگۆ و ئاخاوتنە خواییەكە پێشبینی زۆری لەخۆگرتبوو پێی دەوترێت “پێغەمبەر”، وە ئەم پێناسەیە دەچەسپێت بەسەر مندا، بۆیە من پێغەمبەرم. “(جریدة بدر، ژمارە 9، بەرگی 7، ژمارە 5/3/1908ز)
(7) بەڵگەی حەوتەم ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی بە پێغەمبەر ناوبردووە، ئەگەر پێغەمبەر نەبوایە؛ ئەوا خۆی ناوزەد نەدەكرد بە نەبی یان ڕەسول. ئەو كەسانەی باوكیان ناویان دەنێن “نەبی” بەم شێوەیە خۆیان بە پێغەمبەر لەقەڵەم نادەن، لە خوارەوە هەندێ بڕگە دەگوازمەوە كە لێیانەوە دەچەسپێت بەڕێزی (عليه السلام) بەخۆی گوتووە “نەبی”، وە پێویستە ئەو كەسانەی نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كۆمەڵێك دەستەواژەی لەو شێوەیە بهێنن بۆمان لە قسەی یەكێك لە ئەولیاكانی خوا یان پیاوچاكان بەجۆرێك ئەم جۆرە وشانەیان بەكارهێنابێت سەبارەت بەخۆیان.
بڕگەی ژمارە 1: كەسێك بەناوی پیگۆت Piggot لە ئینگلتەرا بەدرۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكرد، مەسیحی بەڵێندراویش لە دژی ئەم كەسە ڕاگەیاندنێكی نووسی و لە كۆتاییەكەیدا بەو جۆرەی ناوی نووسەری وتارەكان دەنووسرێت نووسی: The Prophet Mirza Ghulam Ahmad
(1) لەم ئوممەتەدا هەزارەها ئەولیا هەبوون بەهۆی بەرەكەتی شوێنكەتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ)، هەروەك ئەو كەسەی لەم ئوممەتە بووە و پێغەمبەریش بووە. (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لاپەڕە 30، پەراوێز)
(2) مەسیحی بەڵێندراوی داهاتوو كە فەرموودەكان باسیان كردووە، نیشانەكەی لە خودی فەرموودەكاندا باسكراوە كە پێغەمبەرێكە و لەم ئوممەتەیشە. (سەرچاوەی پێشوو، لا31)
(3) هەڵبەت ئەندازەیەكی تەواوم لەو نیعمەتە پێ دراوە كە بەخشراوە بە پێغەمبەرانی خوا و كەسانی تر لە هەڵبژێردراوە چاكەكان، بەڵام ئەمە بەهۆی لێهاتوویی یان شایستەیی خۆمەوە نەبووە، بەڵكو تەنها بەهۆی فەزڵی خوای گەورەوە بووە. (سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە 67)
(4) خوای گەورە منی كردووە بە دەركەوتەی هەموو پێغەمبەران (علیهم السلام)، وە ناوی هەموو پێغەمبەرانی داوەتەپاڵم. كەواتە من ئادەمم، من شیثم، من نووحم، من ئیبراهیمم، من ئیسحاقم، من ئیسماعیلم، من یەعقووبم، من یوسفم، من مووسام، من داوودم، من عیسام، وە من دەركەوتەی تەواوەتیم بۆ ناوی پێغەمبەر (ﷺ) واتە سێبەرئاسا من موحەممەدم و من ئەحمەدم. (سەرچاوەی پێشوو، لا76، پەراوێز)
(5) ئیلهام: “یومئذ تحدِّث أخبارَها، بأن ربَّك أوحی لها”. مەسیحی بەڵێندراو ئەم ئیلهامەی شەرح كردووە بەم شێوەیە: ئەو ڕۆژە زەوی هەواڵ دەدات چی بەسەرهاتووە و لەپێناویدا خوا وەحیەك دادەبەزێنێتە سەر پێغەمبەركەی بەوەی ئەم نەهامەتیە ڕوویدا”. (سەرچاوەی پێشوو، لا95)
(6) هەڵبەت خاتەمەكەی خوا كاری كرد، واتە شوێنكەوتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) گەیشتە پلەیەك كە لەلایەكەوە لەم ئوممەتەیە و لەلایەكی ترەوە پێغەمبەرە. (سەرچاوەی پێشوو، لا99-100، پەراوێز)
(7) خۆیان ئەو فەرموودانە دەخوێننەوە كە دەیسەلمێنن لە داهاتوودا لەناو ئوممەتی پێغەمبەردا (ﷺ) كەسانێك پەیدا دەبن هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل. وە ئەو كەسەیش دێت كە لەلایەكەوە پێغەمبەرە و لەلایەكی ترەوە لەم ئوممەتەیە، ئەوەیە كە پێی دەوترێت مەسیحی بەڵێندراو. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی22، لا 104، پەراوێز)
(8) هەڵبەت حیكمەتی خوایی ئەم پلەیەی پێ خەڵات كردم بۆ ئەوەی تەواوی و بێكەموكوڕی لێشاوی بەرەكەتی ڕۆحی پێغەمبەر (ﷺ) بچەسپێت، بەجۆرێك بەهۆی بەرەكەتی لێشاوی نوورەكەیەوە (ﷺ) گەیاندمیە پلەی پێغەمبەرایەتی. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا154، پەراوێز)
(9) چ گومانێك لەوەدا هەیە كە دەستپێكردنی زنجیرەی بوومەلەرزەكان و دەرد و نەخۆشیەكانی تر لە دنیادا دوای پێشبینیەكانم نیشانەیەكە لەسەر ڕاستگۆییم؟ وە بزانن ئەگەر لە هەر شوێنێك لە دنیادا پێغەمبەرێك لەلایەن خواوە بەدرۆزن زانرا؛ ئەوا بەهۆی ئەمەوە پەلاماری تاوانبارەكانی تریش دەدرێت. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 165)
(10) سەدەها كەس مردن لە كانكرە و چیاكانی بهاگسۆ، تاوانیان چی بوو و چ بەدرۆزانینێكیان ئەنجام دابوو؟ كەواتە با ئاشكرابێت ئەگەر هەر كاتێك نێردراوێك بەدرۆزن زانرا چ لەلایەن گەلێكی دیاریكراوەوە بێت یان لە ناوچەیەكی دیاریكراوی زەویدا بێت، ئەوا غیرەتی خوا سزایەكی گشتی دادەبەزێنێت. (حەقیقەتی وەحی ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا166)
(11) ئەگەر دوژمن سەركەوت پاش ئەم تاقیكردنەوەیە و سەركەوتن بۆ من نەبوو، ئەوا من درۆزنم. ئەگینا پێویستە لەسەر خەڵكی لە خوا بترسن و لە داهاتوودا وازبهێنن لە ڕێگای بەدرۆزانین و نكۆڵی كردن و سەرەنجامی خۆیان خراپ نەكەن بەوەی دژایەتی كەسێك بكەن كە لەلایەن خواوە نێردراوە. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی22، لا401)
(12) من تاكە كەسم كە تایبەتكراوم بە ناوی “پێغەمبەر”، وە ئەوانی تر هەموویان شایستەی ئەم ناوە نەبوون. (سەرچاوەی پێشوو، لا406-407)
(13) خوای گەورە ئەو سزایەی دواخست بەگوێرەی سوننەتی خۆی هەتا ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك، وە كاتێك ئەو پێغەمبەرە ڕەوانەكرا… كاتی ئەوە هات سزا بدرێن لەسەر تاوانەكانیان. (سەرچاوەی پێشوو، لا486)
(14) سوێند بەو خوایەی گیانی منی بەدەستە خۆی ڕەوانەی كردووم، وە خۆی ناوینام پێغەمبەر. (سەرچاوەی پێشوو، لا503)
(15) ﴿وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبۡعَثَ رَسُولٗا﴾ (الإسراء: 16) كەواتە لێرەشدا ڕوون دەبێتەوە پێغەمبەرێك لەكۆتا سەردەمدا دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراوە. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی22، لا500)
(16) ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡۚ﴾ (الجمعة: 4)… ئەم ئایەتە پێشبینیەكە دەربارەی پێغەمبەرێك كە لە سەردەمی كۆتاییدا دەردەكەوێت. (سەرچاوەی پێشوو، لا502)
(17) بەڕاشكاوی نازناوی “پێغەمبەر”م پێدراوە. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا154)
(18) مادام سەلماندم كە مەسیحی كوڕی مەریەم مردووە، وە من خۆم ئەو مەسیحەم چاوەڕوانی هاتنی دەكرا، كەواتە ئەو كەسەی مەسیحی یەكەم بەچاكتر دەزانیت پێویستە لە كۆمەڵێك دەقی فەرموودە و قورئانەوە بیسەلمێنێت كە مەسیحی داهاتوو شتێك نیە شایانی باس بێت و شایستەی ئەوە نیە پێی بوترێت پێغەمبەر و ناوبژیوان، بەڵكو مەسیحی پێشوو هەموو شتێكە.” (سەرچاوەی پێشوو، لا159)
(19) من مەسیحی بەڵێندراوم كە سەرداری پێغەمبەران ناویناوە “پێغەمبەری خوا”. (نزول المسیح، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لا427، پەراوێز)
(20) من ڕەسول و نەبیم بەشێوەی سێبەری تەواو و بەشێوەی ئاوێنەیەك كە وێنە و پێغەمبەرایەتی موحەممەدی بەتەواوەتی تیشكبداتەوە تێیدا. (نزول المسیح، الخزائن الروحانیة، بەرگی18، لا381، پەراوێز)
(21) بەهەمان شێوە خوای گەورە و پێغەمبەرە ئازیزەكەی (ﷺ) مەسیحی بەڵێندراویشیان ناوناوە نەبی و ڕەسول، وە پێغەمبەرانی خوا هەموویان مەدحیان كردووە و بەدەركەوتەیەكی سەرجەم سیفەتەكانی هەموو پێغەمبەران لەقەڵەمیان داوە. (نزول المسیح، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لاپەڕە 426)
(22) خوا لە ئاسمان فوو دەكات بە كەڵەشاخدا بۆ حوكمدان لەنێوانیان، تۆ بڵێی ئەو كەڵەشاخە چی بێت؟ بریتیە لە پێغەمبەرەكەی. (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لا334)
(23) بەهەمان شێوە ناونرام عیسای كوڕی مەریەم لە كتێبی خوادا. وە لەبەرئەوەی “مەریەم” تاكێكە لە ئوممەت، وە عیسا پێغەمبەرێكە، بۆیە لەوەدا كە ناونراوم بە مەریەم و عیسا ئاماژە كراوە بەوەی كە من تاكێكم لە ئوممەت و پێغەمبەریشم. (الخزائن الروحانیة، ظمیمة البراهین الأحمدیة، بەشی پێنجەم، الخزائن الروحانیة بەرگی 21، ص9)
(24) هەرگیز نەبووە خوا وازبهێنێت لە پێغەمبەرەكەی بەبێ ئەوەی بەڵگە و شایەتی پێ بدات… قادیان ڕزگار دەبێت لە تیاچوون (واتە لە تیاچوون بەهۆی تاعوونەكەوە) چونكە جێگای پێغەمبەرەكەیەتی.. الله ی ڕاستەقینە ئەو خوایەیە كە پێغەمبەرەكەی خۆی لە قادیان ڕەوانەكرد. (دافع البلاء، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لا 229-230-231)
(25) چەند ڕۆژێك لەمەوپێش لەلایەن یەكێك لە نەیارەكانەوە ڕەخنەیەك ئاراستەی یەكێك لە برایانمان كرا و پێی گوترا ئەو كەسەی لەسەر دەستیدا بەیعەتت داوە بانگەشەی ئەوە دەكات نەبی و ڕەسولە! ئەویش بە نەرێكردنی تەواوەتیەوە وەڵامی دابووەوە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم وەڵامە وەڵامێكی ڕاست و دروست نیە. (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لا206)
(26) مادام هەتا ئەم كاتانە لەلایەن خواوە دەوروبەری سەد و پەنجا پێشبینیم پێ گەیشتووە و زۆر بەڕوونی بەچاوی خۆم بینیم هاتنەدی ئیتر چۆن دەكرێت ڕەتی بكەمەوە كە ناونراوم “نەبی” یان “ڕەسول”؟ (سەرچاوەی پێشوو، لا210)
(27) بە ڕەچاوكردنی ئەم هۆكارە، وە لەبەرئەوەی فەنابووم تێیدا (واتە لە پێغەمبەردا)، وە لەبەرئەوەی هەردوو ناوی موحەممەد و ئەحمەدم بەدەستهێناوە، كەواتە من ڕەسول و نەبیشم. (سەرچاوەی پێشوو، لا211)
(28) من پێغەمبەرم بەگوێرەی فەرمانی خوای گەورە (كۆتا نامەی بەڕێزی (عليه السلام)، بڵاوكراوەتەوە لە ڕۆژنامەی “أخبار عام” لە ڕێككەوتی 26/5/1908ز، بە گواستنەوە لە ڕۆژنامەی بەدر لە ڕێككەوتی 11/6/1908ز، لا 10)
(29) خۆم بە پێغەمبەر لەقەڵەم دەدەم لەو ڕوانگەیەوە كە مانای پێغەمبەر لە زمانی عەرەبی و عیبریدا ئەو كەسەیە كە بەهۆی پێگەیشتنی ئیلهام لەلایەن خوای گەورەوە بەڕێژەی زۆر پێشبینی دەكات. وە ئەم مانایە نایەتەدی بەبێ بوونی ڕێژەی زۆری پێشبینی. (سەرچاوەی پێشوو)
(30) هەڵبەت تەنها من شكۆداركرام بە ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی و زۆریی ئاگاداربوون لە زانستە غەیبیەكان لەم سەردەمەدا، وە بەگوێرەی ئەمە خوا ناوینام پێغەمبەر. (سەرچاوەی پێشوو)
(31) بانگەشەی ئەوە دەكەم كە من ڕەسول و نەبیم. لەڕاستیدا ئەوە تەنها بریتیە لە ناكۆكیەك لەڕووی وشەوە، كەواتە ئەگەر كەسێك زیاتر لە كەسانی تر لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە خوا ئاخاوتن و گفتوگۆ بكات لەگەڵیدا و ئاخاوتنەكە پێشبینی زۆریشی لەخۆگرتبێت؛ ئەوا ئەو كەسە پێی دەوترێت پێغەمبەر، وە ئەم پێناسەیە پیادە دەبێت بەسەر مندا، بۆیە من پێغەمبەرم. (ڕۆژنامەی بەدر، 5/3/1908ز)
(32) مادام خوا ناویناوم پێغەمبەر ئیتر چۆن بۆم هەیە نكۆڵی لەمە بكەم، بۆیە من جێگیر و چەسپاوم لەسەر ئەم باوەڕە هەتا لەم جیهانە كۆچ دەكەم. (نامەی كۆتایی بەڕێزی (عليه السلام)، بڵاوكراوەتەوە لە ڕۆژنامەی “أخبار عام” لە ڕێككەوتی 26/5/1908ز، بە گواستنەوە لە ڕۆژنامەی بەدر لە ڕێككەوتی 11/6/1908ز، لا 10)
(33) من پێغەمبەرم و تاكێكیشم لەم ئوممەتە بۆ ئەوەی پێشبینیەكی گەورە و سەردارمان (ﷺ) بێتەدی كە فەرموویەتی مەسیحی داهاتوو تاكێك دەبێت لەم ئوممەتە و پێغەمبەریش دەبێت. (سەرچاوەی پێشوو)
(34) خاڵێكی تریش هەیە كە شایانی باسكردنە ئەویش ئەوەیە كاتێك نەبییەك یان ڕەسولێك بەهۆی فەرمانێك لەئاسمانەوە دێت، بەهۆی بەرەكەتەكەی ئەوەوە بە ئەندازەی بەهرە و توانای خەڵكی ڕووناكی لە ئاسمانەوە دادەبەزێت و تێبینی بڵاوبوونەوەی ڕۆحانیەت دەكرێت. بۆیە هەموو كەسێك پێشدەكەوێت لە بواری بینینی خەونی ڕاست، وە ئەو كەسانەی توانا و لێهاتوویان هەیە بۆ پێگەیشتنی ئیلهام ئیلهامیان پێ دەگات، وە عەقڵ و هۆشەكان دەمەزەرد دەبنەوە لە كاروبارە ڕۆحیەكاندا. هەروەك چۆن تا ڕادەیەك هەموو پارچەیەكی زەوی سوودمەند دەبێت لە دابەزینی باران، بەهەمان شێوە كاتێك پێغەمبەرێك دێت لە وەرزی بەهاری ڕۆحانیدا هەمان شت بەتەواوەتی ڕوودەدات. كەواتە پێغەمبەرەكە هۆكارە بۆ هەموو بەرەكەتەكان. وە پێغەمبەرەكە هۆكاری ڕاستەقینەیە بۆ كردنەوەی دەرگای هەموو ئەو خەون و ئیلهامانە كە خەڵكی پێیان دەگات، چونكە بە هاتنی ئەو گۆڕانكاری لە دنیادا ڕوودەدات و لە ئاسمانەوە بە شێوەیەكی گشتی ڕووناكیەك دادەبەزێت كە هەموو كەسێك بەگوێرەی ئامادەگی خۆی سوودمەند دەبێت لێی، وە ئەم ڕووناكیە دەبێتە هۆكارێك بۆ بینینی خەونی ڕاست و پێگەیشتنی ئیلهام. مرۆڤی نەزان وا دەزانێت بەهۆی تەگبیری خۆیەوە ئەمە ڕوودەدات، بەڵام لەڕاستیدا بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرەكەوە ئەو سەرچاوەیەی ئیلهام و خەوبینین بۆ دنیا هەڵدەقوڵێت، وە سەردەمەكەی سەردەمی شەوی قەدر دەبێت كە تێیدا فریشتەكان دادەبەزن وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿تَنَزَّلُ ٱلۡمَلَٰٓئِكَةُ وَٱلرُّوحُ فِيهَا بِإِذۡنِ رَبِّهِم مِّن كُلِّ أَمۡرٖ * سَلَٰمٌ﴾، ئەمە سوننەتی خوایە لەوەتەی دنیای دروستكردووە. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا69)
(35) مەبەست لە كەڕەنا (الصُّور) لێرەدا مەسیحی بەڵێندراوە چونكە پێغەمبەرانی خوا كەڕەنای خوای گەورەن. (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لا85)
(36) لە هەندێ كاتدا وەحی پێغەمبەر وەك خەبەری ئاحاد وایە، وە لەگەڵ ئەوەدا كورتە، هەندێ جاری تر وەحی لە بابەتێكدا زۆر و ڕوون دەبێت… بۆیە نكۆڵی لەوە ناكەم هەندێ جار ئەو وەحیە دادەبەزێتە سەرم كە وەك خەبەری ئاحاد وایە و كورتە. (وتاری سیالكۆت، الخزائن الروحانیة، بەرگی20، لا245)
(37) خوای گەورە لەم سەردەمەدا ویستی لە یەك كەسدا نموونەی هەموو ئەو پیاوچاك و ڕاستگۆ و پێغەمبەرە پیرۆزانە دەربخات كە پێشتر هەبوون، وە ئەو كەسە منم. بەهەمان شێوە لەم سەردەمەدا نموونەی هەموو پیاوخراپانیش دەركەوت، بۆیە چ فیرعەون بێت یان ئەو جوولەكانەی مەسیحیان (عليه السلام) هەڵواسی لەسەر خاچ یان ئەبو جەهل، نموونەی هەموو ئەمانە لەم سەردەمەدا هەن. (البراهین الأحمدیة، بەشی پێنجەم، الخزائن الروحانیة، بەرگی 21، لا117-118)
(38) هەڵبەت باوەڕی ڕاستەقینە ئەوەیە كە پاش ناسینی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەدەستدێت…. بەڵام ئەو كەسەی بە شێوەیەكی ڕووكەشی شوێن پێغەمبەر (ﷺ) دەكەوێت و بە ڕاستی نایناسێت و ئاگادار نیە لە ڕووناكیەكانی باوەڕەكەی هیچ مانایەكی نیە، وە بەدڵنیاییەوە لەكۆتاییدا هەڵدەگەڕێتەوە وەك چۆن موسەیلەمەی درۆزن و عەبدوڵڵای كوڕی سەرح و عوبەیدوڵڵای كوڕی جەحش هەڵگەڕانەوە لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ)، وە یەهوزای ئیسخریوطی و پێنج سەد مەسیحی تر هەڵگەڕانەوە لە سەردەمی عیسادا (عليه السلام)، وە چراغەددینی جامۆنی و عەبدولحەكیم هەڵگەڕانەوە لەم سەردەمەی ئێمەدا. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیە، بەرگی 22، لا 163)
(39) ئەستەمە سزایەكی سەخت دابەزێت بەبێ ئەوەی پێغەمبەرێك ڕەوانەكرابێت وەك خوا (I) لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبۡعَثَ رَسُولٗا﴾. كەواتە بۆچی لەلایەكەوە ئەم تاعوونە بڵاوبووەتەوە كە وڵات قوت دەدات، وە لەلایەكی ترەوە بێ پچڕان بوومەلەرزە ترسناكەكان ڕوودەدەن؟ ئەی بێئاگایان، بگەڕێن ڕەنگە پێغەمبەرێك لەلایەن خواوە ڕەوانەكرابێت لەناوتاندا و ئێوە بەدرۆتان زانیبێت. (التجلیات الإلهیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 20، لا400-401)
(8) بەڵگەی هەشتەم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو ئەوەیە كە بەڕێزی (عليه السلام) پشكێكی زۆری بەدەستهێناوە لە نیعمەتی پێغەمبەران كە لە قورئانی پیرۆزدا باس كراون. وە لە كەسایەتی بەڕێزیدا هەموو ڕووداوەكانی پێغەمبەرانیش هاتوونەتەدی كە قورئانی پیرۆز باسی كردوون. كەواتە هەموو ئەو شتانەی خوای گەورە باسی كردوون سەبارەت بە پێغەمبەران لە بەڕێزیدا (عليه السلام) هاتوونەتەدی، ئیتر چۆن باوەڕی پێ نەكەین وەك پێغەمبەرێك؟ لێرەدا بۆ نموونە هەندێ ئایەتی قورئان دەهێنینەوە:
(1) ﴿وَإِن كُنتُمۡ فِي رَيۡبٖ مِّمَّا نَزَّلۡنَا عَلَىٰ عَبۡدِنَا فَأۡتُواْ بِسُورَةٖ مِّن مِّثۡلِهِۦ﴾ (البقرة: 24) ئەم موعجیزەش دراوە بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام).
(2) ﴿إِنَّآ أَرۡسَلۡنَٰكَ بِٱلۡحَقِّ بَشِيرٗا وَنَذِيرٗاۖ﴾ (البقرة: 120) مەسیحی بەڵێندراویش بە حەق وەك مژدەدەر و ئاگاداركەرەوە هاتووە، وە كۆمەڵێك مژدەی مەزنی پێ دراوە سەبارەت بە كۆمەڵەكەی وەك چۆن پێشبینی مەزنی پێدراوە لە جۆری ئاگاداركردنەوە سەبارەت بە ناحەزان و نەیاران.
(3) ﴿تِلۡكَ ٱلرُّسُلُ فَضَّلۡنَا بَعۡضَهُمۡ عَلَىٰ بَعۡضٖۘ مِّنۡهُم مَّن كَلَّمَ ٱللَّهُ ۖ وَرَفَعَ بَعۡضَهُمۡ دَرَجَٰتٖۚ وَءَاتَيۡنَا عِيسَى ٱبۡنَ مَرۡيَمَ ٱلۡبَيِّنَٰتِ وَأَيَّدۡنَٰهُ بِرُوحِ ٱلۡقُدُسِۗ﴾ (البقرة: 254) بەڕێزی (عليه السلام) هەموو ئەو خاسیەتانەی تێدایە.
(4) ﴿وَإِذۡ أَخَذَ ٱللَّهُ مِيثَٰقَ ٱلنَّبِيِّۧنَ لَمَآ ءَاتَيۡتُكُم مِّن كِتَٰبٖ وَحِكۡمَةٖ ثُمَّ جَآءَكُمۡ رَسُولٞ مُّصَدِّقٞ لِّمَا مَعَكُمۡ لَتُؤۡمِنُنَّ بِهِۦ وَلَتَنصُرُنَّهُۥۚ﴾ (آل عمران: 82)
ئەم ڕاسپاردەیە تەنها سەبارەت بە پێغەمبەری خوایە (ﷺ)، وە پێغەمبەر (ﷺ) ڕاسپاردەی كردووە سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) كە سڵاوی پێغەمبەری (ﷺ) پێ بگەیەنین و فەرموویەتی: كَيْفَ أَنْتُمْ إِذَا نَزَلَ ابْنُ مَرْيَمَ فِيكُمْ، وَإِمَامُكُمْ مِنْكُمْ.
(5) ﴿لَقَدۡ مَنَّ ٱللَّهُ عَلَى ٱلۡمُؤۡمِنِينَ إِذۡ بَعَثَ فِيهِمۡ رَسُولٗا مِّنۡ أَنفُسِهِمۡ يَتۡلُواْ عَلَيۡهِمۡ ءَايَٰتِهِۦ وَيُزَكِّيهِمۡ وَيُعَلِّمُهُمُ ٱلۡكِتَٰبَ وَٱلۡحِكۡمَةَ وَإِن كَانُواْ مِن قَبۡلُ لَفِي ضَلَٰلٖ مُّبِينٍ﴾ (آل عمران: 165)
بێگومان بەڕێزی (عليه السلام) هەموو ئەم ئەركە گرنگانەی جێبەجێ كرد و لەكاتێكدا هات كە قورئانی پیرۆز بەرزكرابوویەوە بۆ ئاسمان، وە باوەڕ گەيشتبووە سەر ئەستێرەی سورەیا.
(6) ﴿رُّسُلٗا مُّبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ لِئَلَّا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى ٱللَّهِ حُجَّةُۢ بَعۡدَ ٱلرُّسُلِۚ﴾ (النساء: 166). هەڵبەت بەڕێزی (عليه السلام) لە سەردەمێكدا ڕەوانەكرا كە ئەگەر تێیدا ڕەوانە نەكرایە ئەوا خەڵكی مافی ئەوەیان هەبوو ڕەخنە بگرن بەگوێرەی ئەم فەرمانە خواییە.
(7) ﴿يَٰٓأَهۡلَ ٱلۡكِتَٰبِ قَدۡ جَآءَكُمۡ رَسُولُنَا يُبَيِّنُ لَكُمۡ عَلَىٰ فَتۡرَةٖ مِّنَ ٱلرُّسُلِ أَن تَقُولُواْ مَا جَآءَنَا مِنۢ بَشِيرٖ وَلَا نَذِيرٖ ۖ فَقَدۡ جَآءَكُم بَشِيرٞ وَنَذِيرٞۗ﴾ (المائدة: 20)
(8) ﴿قُلۡ سِيرُواْ فِي ٱلۡأَرۡضِ ثُمَّ ٱنظُرُواْ كَيۡفَ كَانَ عَٰقِبَةُ ٱلۡمُكَذِّبِينَ﴾ (الأنعام: 12)
بەهەمان شێوە نكۆڵیكاران و نەیارانی ئەویش تووشی جۆرەها لەناوچوون بوون.
(9) ﴿قُلۡ أَيُّ شَيۡءٍ أَكۡبَرُ شَهَٰدَةٗ ۖ قُلِ ٱللَّهُ ۖ شَهِيدُۢ بَيۡنِي وَبَيۡنَكُمۡۚ﴾ (الأنعام: 20) هەڵبەت خوای گەورە ڕاستگۆیی ئەوی سەلماند بە كۆمەڵێك شایەتی و بەڵگەی جۆراوجۆری خۆی.
(10) ﴿وَمَنۡ أَظۡلَمُ مِمَّنِ ٱفۡتَرَىٰ عَلَى ٱللَّهِ كَذِبًا أَوۡ كَذَّبَ بَِٔايَٰتِهِۦٓ ۚ إِنَّهُۥ لَا يُفۡلِحُ ٱلظَّٰلِمُونَ﴾ (الأنعام: 22) هەڵبەت خوا ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند بەوەی هەموو جۆرە سەركەوتنێكی پێ بەخشی.
(11) ﴿وَلَقَدۡ أَرۡسَلۡنَآ إِلَىٰٓ أُمَمٖ مِّن قَبۡلِكَ فَأَخَذۡنَٰهُم بِٱلۡبَأۡسَآءِ وَٱلضَّرَّآءِ لَعَلَّهُمۡ يَتَضَرَّعُونَ﴾ (الأنعام: 43) هەڵبەت خوای گەورە دوای ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) جۆرەها بەڵا و نەهامەتی و برسێتی و بوومەلەرزە و نەخۆشی دابەزاند.
(12) ﴿وَمَا نُرۡسِلُ ٱلۡمُرۡسَلِينَ إِلَّا مُبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَۖ﴾ (الأنعام: 49). هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەبارەت بە باوەڕداران و نەیاران كۆمەڵێك هەواڵی مەزنی پێدرا لەشێوەی مژدەدان و ئاگاداركردنەوەدا.
(13) ﴿ذَٰلِكَ أَن لَّمۡ يَكُن رَّبُّكَ مُهۡلِكَ ٱلۡقُرَىٰ بِظُلۡمٖ وَأَهۡلُهَا غَٰفِلُونَ﴾ (الأنعام: 132) هەڵبەت لەم سەردەمەدا جۆرەها تیاچوون و كاولبوون لەسەر ئاستی جیهاندا ڕوویداوە، ئەگەر ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لەم سەردەمەدا قەبووڵ نەكرێت ئەوا پێویستە ئەم ئایەتە بەدرۆبزانرێت.
(14) ﴿وَإِن كَانَ طَآئِفَةٞ مِّنكُمۡ ءَامَنُواْ بِٱلَّذِيٓ أُرۡسِلۡتُ بِهِۦ وَطَآئِفَةٞ لَّمۡ يُؤۡمِنُواْ فَٱصۡبِرُواْ حَتَّىٰ يَحۡكُمَ ٱللَّهُ بَيۡنَنَا ۚ وَهُوَ خَيۡرُ ٱلۡحَٰكِمِينَ﴾ (الأعراف: 88)
هەڵبەت خوای گەورە بەگوێرەی ئەم پێوەرەیش ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) چەسپاندووە و لە ڕێگەی كۆمەڵێك نیشانەی سەركەوتنی خۆیەوە ڕوونی كردەوە كە حەق لەگەڵ بەڕێزیدایە.
(15) ﴿وَلَقَدۡ أَخَذۡنَآ ءَالَ فِرۡعَوۡنَ بِٱلسِّنِينَ وَنَقۡصٖ مِّنَ ٱلثَّمَرَٰتِ لَعَلَّهُمۡ يَذَّكَّرُونَ﴾ (الأعراف: 131) ئەو بەڵا و نەهامەتیە گەورانەی كە بەهۆی كەمی بارانبارین و برسێتیەوە لە سەردەمی بەڕێزیدا (عليه السلام) تووشی خەڵكی بوون پێویست بە ڕوونكردنەوە ناكات.
(16) ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱسۡتَجِيبُواْ لِلَّهِ وَلِلرَّسُولِ إِذَا دَعَاكُمۡ لِمَا يُحۡيِيكُمۡۖ﴾ (الأنفال: 25) چاوی بینا ئەستەمە نكۆڵی بكات لەم نیشانەیە كە لە ڕۆژی ڕووناك ڕوونترە.
(17) ﴿أَوَ لَمۡ يَرَوۡاْ أَنَّا نَأۡتِي ٱلۡأَرۡضَ نَنقُصُهَا مِنۡ أَطۡرَافِهَاۚ﴾ (الرعد: 42)
خوای گەورە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ كۆمەڵەكەی بەڕێزی (عليه السلام) زیاتر دەكات و ژمارەی نەیارەكان كەمتر دەكات بەوەی هەندێكیان دەخاتە ڕیزی ئەم كۆمەڵەیەوە و هەندێكی تریان لەناودەبات.
(18) ﴿وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبۡعَثَ رَسُولٗا﴾ (الإسراء: 16) ئەو سزایانەی كە لەم سەردەمەدا ڕوویانداوە بەگوێرەی ئەم ئایەتە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەرێك ڕەوانەكراوە.
(19) ﴿وَلَوۡ أَنَّآ أَهۡلَكۡنَٰهُم بِعَذَابٖ مِّن قَبۡلِهِۦ لَقَالُواْ رَبَّنَا لَوۡلَآ أَرۡسَلۡتَ إِلَيۡنَا رَسُولٗا فَنَتَّبِعَ ءَايَٰتِكَ مِن قَبۡلِ أَن نَّذِلَّ وَنَخۡزَىٰ﴾ (طه: 135) ئەم ئایەتەیش بەڕوونی پێمان دەڵێت پێغەمبەرێك هاتووە لەلایەن خواوە لەم سەردەمەدا.
(20) ﴿وَمَآ أَهۡلَكۡنَا مِن قَرۡيَةٍ إِلَّا لَهَا مُنذِرُونَ﴾ (الشعراء: 209)
(21) ﴿فَوَهَبَ لِي رَبِّي حُكۡمٗا وَجَعَلَنِي مِنَ ٱلۡمُرۡسَلِينَ﴾ (الشعراء: 22)
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت خوای گەورە وەك ناوبژیوانێك و نێردراوێك ناردوویەتی.
(22) ﴿وَيَوۡمَ يَعَضُّ ٱلظَّالِمُ عَلَىٰ يَدَيۡهِ يَقُولُ يَٰلَيۡتَنِي ٱتَّخَذۡتُ مَعَ ٱلرَّسُولِ سَبِيلٗا﴾ (الفرقان: 28) خوای گەورە ئەم ئایەتەشی بە ئیلهام نارد بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام).
(23) ﴿وَمَا كَانَ رَبُّكَ مُهۡلِكَ ٱلۡقُرَىٰ حَتَّىٰ يَبۡعَثَ فِيٓ أُمِّهَا رَسُولٗا يَتۡلُواْ عَلَيۡهِمۡ ءَايَٰتِنَا ۚ وَمَا كُنَّا مُهۡلِكِي ٱلۡقُرَىٰٓ إِلَّا وَأَهۡلُهَا ظَٰلِمُونَ﴾ (القصص: 60)
سزا و كاولبوونی گشتی ڕوونادات ئەگەر پێغەمبەرێك ڕەوانە نەكرابێت. وە جۆرەها كاولبوون و تیاچوون لەسەر ئاستی جیهان كە لەم سەردەمەدا ڕوویانداوە شاراوە نین لە كەس. ڕەوا نیە لێرەدا كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت: چ پێغەمبەرێك لە ڕۆژگاری ئاژاوەكەی ساڵی 1875زدا هاتبوو، وە چ پێغەمبەرێك هات كاتێك فڵان وێرانبوون و فڵان کاولبوون ڕوویدا، چونكە پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێغەمبەرێكە بۆ هەموو جیهان بۆیە هەر پێغەمبەرێك دێت وەك سێبەرێكی ئەو بەدڵنیاییەوە ئەویش بۆ هەموو جیهان دێت، كەواتە دەبێت بەهۆی بەدرۆزانین و دژایەتیكردنیەوە كاولبوونێكی جیهانی ڕووبدات. وە كاولبوون لەسەر ئاستی جیهان دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) تەنها لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) ڕوویداوە.
(24) ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّبِيُّ إِنَّآ أَرۡسَلۡنَٰكَ شَٰهِدٗا وَمُبَشِّرٗا وَنَذِيرٗا * وَدَاعِيًا إِلَى ٱللَّهِ بِإِذۡنِهِۦ وَسِرَاجٗا مُّنِيرٗا﴾ (الأحزاب: 46-47) هەموو ئەم شتانە لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هاتوونەتەدی.
(25) ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَٰكَ إِلَّا كَآفَّةٗ لِّلنَّاسِ بَشِيرٗا وَنَذِيرٗا وَلَٰكِنَّ أَكۡثَرَ ٱلنَّاسِ لَا يَعۡلَمُونَ﴾ (سبأ: 29) ئەم تایبەتمەندیەش هەیە لە بەڕێزیدا.
(26) ﴿إِنَّا لَنَنصُرُ رُسُلَنَا وَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ فِي ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا وَيَوۡمَ يَقُومُ ٱلۡأَشۡهَٰدُ﴾ (غافر: 52). هەڵبەت خوای گەورە بە هێزێكی مەزن پشتگیری مەسیحی بەڵێندراوی كرد وەك پێشتر هەواڵی پێدا لەم ئیلهامەدا: “ئاگاداركەرەوەیەك هات بۆ دنیا، خەڵكەكەی ڕەتیان كردەوە و قەبووڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبووڵی دەكات و ڕاستگۆییەكەی پیشان دەدات بە هێرشی بەهێزی توند، هێرش لە دوای هێرش.”
(27) ﴿هُوَ ٱلَّذِيٓ أَرۡسَلَ رَسُولَهُۥ بِٱلۡهُدَىٰ وَدِينِ ٱلۡحَقِّ لِيُظۡهِرَهُۥ عَلَى ٱلدِّينِ كُلِّهِۦ ۚ وَكَفَىٰ بِٱللَّهِ شَهِيدٗا﴾ (الفتح: 29). لەم ئایەتەدا پێشبینیەك هەیە دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو و لە وشەی “رسوله”دا ئاماژەی پێ دراوە هەروەك زۆرینەی موفەسیرەكان هاوڕان لەسەری و ئەم ئایەتەش بە ئیلهام دابەزیە خوارەوە بۆ سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە بەڕێزی (عليه السلام) بانگەشەی ئەوەی كرد خۆی سەلمێنەری ڕاستی ئایەتەكەیە. وە لەم سەردەمەی ئێستادا خوای گەورە بەگوێرەی بەڵێنەكەی خۆی لەسەر دەستی بەڕێزیدا ئیسلامی زاڵكرد بەسەر هەموو ئایینەكانی تردا.
(28) ﴿وَلَوۡ تَقَوَّلَ عَلَيۡنَا بَعۡضَ ٱلۡأَقَاوِيلِ* لَأَخَذۡنَا مِنۡهُ بِٱلۡيَمِينِ * ثُمَّ لَقَطَعۡنَا مِنۡهُ ٱلۡوَتِينَ﴾ (الحاقة: 45-47). هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ئایەتەشی پیادەكردووە بەسەر خۆیدا.
(29) ﴿وَأَنَّهُمۡ ظَنُّواْ كَمَا ظَنَنتُمۡ أَن لَّن يَبۡعَثَ ٱللَّهُ أَحَدٗا﴾ (الجن: 8) خەڵكی لەم سەردەمەشدا هەمان ئەم قسەیە دەكەن.
(30) ﴿عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ (الجن: 27-28). دیارە مەسیحی بەڵێندراو لە دەیەها شوێندا ئەم ئایەتەی پیادەكردووە بەسەر خۆیدا.
(31) ﴿وَإِن يَكُ كَٰذِبٗا فَعَلَيۡهِ كَذِبُهُۥ ۖ وَإِن يَكُ صَادِقٗا يُصِبۡكُم بَعۡضُ ٱلَّذِي يَعِدُكُمۡۖ﴾ (غافر: 29). هەردوو لایەنەكەی ئەم ئایەتە وەك ڕۆژی ڕووناك ڕاستگۆیی بەڕێزی (عليه السلام) دەردەخەن. ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) درۆزن بوایە لە بانگەشەكەیدا، پەنا بە خوا، ئەوا وەك ڕاستگۆیان تەمەنێكی بەدەست نەدەهێنا بەگوێرەی ئایەتی: ﴿فَعَلَيۡهِ كَذِبُهُۥۖ﴾، وە پێشبینیەكانی نەدەهاتنەدی، بەڵام دوای بانگەشەكردنی پێگەیشتنی ئیلهام خوای گەورە تەمەنێكی پێ بەخشی كە زیاتر بوو لە 23 ساڵ بگرە زیاتر بوو لە 34 ساڵ، وە ڕاستگۆییەكەی سەلماند بە هێنانەدی پێشبینیەكانی سەبارەت بە هاوڕایان و نەیاران.
(32) ﴿قَالَ لَهُم مُّوسَىٰ وَيۡلَكُمۡ لَا تَفۡتَرُواْ عَلَى ٱللَّهِ كَذِبٗا فَيُسۡحِتَكُم بِعَذَابٖ ۖ وَقَدۡ خَابَ مَنِ ٱفۡتَرَىٰ﴾ (طه: 62). لەم ئایەتەدا دوو نیشانەی ئەو كەسانە باسكراوە كە درۆ بەدەم خواوە هەڵدەبەستن، یەكەمیان بریتیە لە ڕیشەكێشبوونیان، دووەمیان: ئەوەیە خوا شكستیان پێ دەهێنێت. وە ڕاستگۆیی بەڕێزی (عليه السلام) لە ڕوانگەی هەریەكە لەم دوو پێوەرەوە چەسپاوە.
بەڵگەی نۆیەم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەوەیە، وەك پێشتر سەلماندم، مەسیحی بەڵێندراو نووسیویەتی یەكێك لە مەرجەكان بۆ پێغەمبەر ئەوە نیە كە بە شەریعەتێكی نوێوە بێت یان نابێت شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی پێش خۆی بێت. بۆیە هەر كاتێك نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆی (عليه السلام) هەمیشە فەرموویەتی بەشەریعەتێكی نوێوە نەهاتووە و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێناوە. كەواتە لەمەوە بەجوانی دەردەكەوێت كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە چونكە نكۆڵی نەكردووە لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی لەخۆیدا.
بەڵگەی دەیەم: هەركاتێك ڕەخنەگیرابێت لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەوەی كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە لە وەڵامدا نەیفەرمووە پێغەمبەر نیە، ئەمە دەیسەلمێنێت كە پێغەمبەر بووە، ئەگینا زۆر ئاسان بوو لەڕووی ڕەخنەگرەكاندا بڵێت من پێغەمبەر نیم. بەڵام پاش ساڵی 1901ز كاتێك وەڵامی ئەم ڕەخنەیەی داوەتەوە فەرموویەتی من پێغەمبەرێك نیم شەریعەتێكی نوێم هێنابێت یان ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتیم بەدەستهێنابێت، ئەگینا ئاسان بوو بۆی كە بەوپەڕی ڕاشكاویەوە بڵێت پێغەمبەر نیە، بەڵام ئەو كارەی نەكرد.
بەڵگەی یانزە: كاتێك پرسیار كرا لە كەسێك: ئایا مەسیحی بەڵێندراو بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە یان نا؟ گوتی: نەخێر، شتێكی لەم شێوەیەی ڕانەگەیاندووە. لەو كاتەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕاگەیاندنێكی نووسی بەناوی: “إزالة خطأ” و تێیدا كەسی ناوبراوی سەركۆنە كرد و پێغەمبەرایەتی خۆی ڕاگەیاند. دەی ئەگەر بەو شێوەیە پێغەمبەر بوایە (عليه السلام) وەك خەڵكی دەیانگوت بەوەی تەنها ناوی پێغەمبەری پێ دراوە؛ ئەوا بۆچی ڕاگەیاندنی “إزالة خطأ”ی بڵاوكردەوە؟ ڕەخنەگرەكە ڕەخنەی گرتووە و گوتوویەتی: ئایا ئەو (عليه السلام) بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە؟ وەڵامدەرەوەكە لە وەڵامدا گوتوویەتی: نەخێر، بانگەشەی پێغەمبەرایەتی نەكردووە. جا ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو بانگەشەی پێغەمبەرایەتی نەكردووە و پێغەمبەر نەبووە؛ ئەوا بۆچی ئەم ڕاگەیاندنەی بڵاوكردەوە؟ مەبەست لە بانگەشە ئەوەیە مرۆڤ بانگەشەی بەدەستهێنانی پلەیەكی دیاریكراو بكات، وە ناو بەتەنها بە بانگەشە دانانرێت. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك ناوی “كەمالەددین” بێت پاشان كەسێك پرسیاری لێ كرد: ئایا بانگەشەی ئەوەت كردووە كە تۆ كەماڵی ئایین بیت؟ ئەوا هەرگیز لە وەڵامدا ناڵێت: بەڵێ بانگەشەی ئەوەم كردووە! چونكە تەنها بەدەستهێنانی ناو پێی ناگوترێت بانگەشە، وە ڕەتكردنەوەی ئەوەی كە “كەمالی ئایین” بێت هەرگیز بە درۆ دانانرێت. بەهەمان شێوە ئەگەر بۆ نموونە كەسێك ناوی “حكیم” بێت و كەسێكی تر پرسیاری لێ كرد: ئایا تۆ بە حەكیم بانگ دەكرێیت؟ ئەوا دەڵێت: بەڵێ. بەڵام ئەگەر كەسێك پرسیاری لێ كرد: ئایا بانگەشەی ئەوە دەكەیت كە تۆ حەكیم بیت؟ ئەوا لە وەڵامدا دەڵێت: نەخێر بانگەشەی ئەوە ناكەم حەكیم بم، ئەمە وەڵامە ڕاستەكەیە. بەهەمان شێوە كاتێك پرسیار كرا لە یەكێك لە ئەحمەدیەكان: ئایا ڕابەرەكەتان بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە؟ ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نەبوایە و تەنها ناوێكی بەدەستبهێنایە؛ ئەوا نكۆڵی كردنی ئەم ئەحمەدیە شتێكی تەواو ڕاست و دروست دەبوو، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو دەربارەی ئەم بابەتە ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە و تێیدا فەرمووی وەڵامەكەی هەڵە بووە. ئەمە زۆر بەڕوونی دەیسەلمێنێت کە بەڕێزی (عليه السلام) بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە و لەڕاستیدا پێغەمبەر بووە.
بەڵگەی دوانزە: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا دەفەرموێت: “حیكمەتی خوایی ئەم پلەیەی پێ خەڵات كردم وەك بەڵگەیەك لەسەر ئەوەی كە لێشاوی ڕۆحیی پێغەمبەر (ﷺ) تەواو و بێكەموكوڕیە، بەجۆرێك گەیاندمی بە پلەی پێغەمبەرایەتی بەهۆی بەرەكەتی لێشاوی ڕەحمەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ).” (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 154، پەراوێز)
لەم بڕگەیەوە ڕوونە كە مەسیحی بەڵێندراو تەنها ناوی “پێغەمبەر”ی پێ نەدراوە بەڵكو لەڕاستیدا پێغەمبەر بووە چونكە دەفەرموێت: “… گەیاندمی بە پلەی[40] پێغەمبەرایەتی”، كەواتە ئەگەر پێغەمبەر نەبوایە ئەوا نەیدەفەرموو:… گەیاندمی بە پلەی پێغەمبەرایەتی بەڵكو دەیفەرموو: دیارە لێشاوی پێغەمبەرایەتی پچڕا بوو بۆیە بۆم نەبوو ببم بە پێغەمبەر، بەڵام خوا ناوینام پێغەمبەر. بەڵام لەجیاتی ئەوە دەفەرموێت: “… گەیاندمی بە پلەی پێغەمبەرایەتی”. هەندێ كەس كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە پێغەمبەر دادەنێن وەك چۆن بە مرۆڤێك دەگوترێت شێر، پێویستە لەسەریان وەڵام بدەنەوە كە ئەو مرۆڤەی ناوزەد دەكرێت بە “شێر” ئایا هەموو سیفەتەكانی شێر تێیدا دروست دەبێت؟ ئەگینا مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە ڕاشكاوی دەفەرموێت گەیەنراوەتە پلەی پێغەمبەرایەتی ئیتر چۆن ئەو مانایەی لێ وەردەگیرێت كە ئەو پێغەمبەر نەبووە بەڵكو تەنها ناوی پێغەمبەری پێ دراوە. كەواتە مادام پایەی پێغەمبەرایەتی دراوە پێی و ناونراوە پێغەمبەر ئیتر چ گومانێك دەمێنێتەوە لەوەدا كە پێغەمبەر بووە؟
[40] لێرەدا مەبەست لە پلەی پێغەمبەرایەتی پایەی پێغەمبەرایەتیە چونكە بەڕێزی (عليه السلام) لە شوێنێكی تردا زۆر بەڕوونی باسی ئەوەی كردووە كە گەیشتووەتە پلەی پێغەمبەرایەتی. بۆیە لە شەرحی ئەم ئیلهامەدا: “یُلقي الروحَ علی مَن یشاء من عباده، كلُّ بركةٍ من محمدٍ (ﷺ)، فتبارَكَ مَن عَلَّمَ وتَعلَّمَ” دەفەرموێت: یُلقي الروحَ واتە پلە و پایەی پێغەمبەرایەتی خەڵات دەكات… هەڵبەت خوای گەورە پێویستیی ئەم سەردەمەی بینی، وە زانینی خوا و خاتەمی پێغەمبەرایەتیەكەی پێغەمبەر (ﷺ) كە لێشاوی توند و بەهێزی بەرەكەتی تێدایە، هەردووكیان كارێكی مەزنیان كرد. واتە بۆ ڕەوانەكردنی تۆ دوو هۆكار هەبوو: زانینی خوا بە پێویستی سەردەم، وە بەرەكەتی خاتەمی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (ﷺ). (حەقیقەتی وەحی، لا95-96)
بەڵگەی سیانزە: بەڵگەیەكی تر هەیە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو كە لەو بڕگەیەوە دەدرەوشێتەوە ئێستا باسكرا، ئەویش ئەوەیە كاتێك دەفەرموێت خوای گەورە گەیاندوویەتی بە پایەی پێغەمبەرایەتی بۆ سەلماندنی سەرڕێژبوونی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ). ئەگەر مانای ئەوە بوایە كە تەنها ناونراوە پێغەمبەر؛ ئەوا بەڵگە لەسەر سەرڕێژبوونی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) كامەیە؟ سەرڕێژبوونی لێشاوی بەرەكەت كاتێك دێتەدی كە لەڕاستیدا كەسێك پێغەمبەرایەتی پێ بدرێت نەك تەنها ناوبنرێت پێغەمبەر. مەبەست لە سەرڕێژبوونی لێشاوی بەرەكەتی مامۆستا ئەوەیە كە قوتابیەكەی بكات بە كەسێكی زۆر شارەزا و لێهاتوو، مەبەست ئەوە نیە كە قوتابیەكە تەنها پێی بوترێت” شارەزا و لێهاتوو”. ئایا شارەزایی و لێهاتوویی مامۆستاكان لە كۆلێژەكاندا كاتێك دێتەدی كە قوتابیەكانیان لە تاقیكردنەوەی بەكالۆریۆس یان ماستەردا سەربكەون یان كاتێك كە قوتابیەكانیان تەنها ئەم ناوەیان لێ بنرێت پاش ئەوەی قۆناغی ناوەندی دەبڕن؟ ئەم جۆرە سەرڕێژبوونەی بەرەكەت لە مناڵە بچوكەكانیشدا تێبینی دەكرێت بەجۆرێك یەكێكیان ڕۆڵی پاشا دەگێڕێت و فەرمان دەكات بە لەسێدارەدانی یەكێك و كەسێك دەكات بە وەزیر و كەسێكی تر وەك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان دادەمەزرێنێت و كەسێكی تر دەكات بە ئەمیری ئەمیرەكان. بەڵام هەموو ئەمانە تەنها كۆمەڵێك ناون و حەقیقەتیان نیە. وە لەم كردارەیانەوە ئەوە ناچەسپێت كە ئەم پاشا ساختەیە هێزێكی گەورەی هەبێت و بتوانێت هەرچیەكی بوێت بیكات بەڵكو ئەم كارە هیچ حەقیقەتێكی نیە و تەنها گەمەكردنە. كەواتە هێزی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ گەیاندنی لێشاوی بەرەكەت بەوە ناچەسپێت كە كەسێك لە ئوممەتەكەی تەنها ناوی پێغەمبەری لێ بنرێت، چونكە ئەم كارە هیچ پەیوەندی نیە بە گەیاندنی لێشاوی بەرەكەتەوە. ئەگەر خوای گەورە كەسێكی بەم ناوەوە ناونا؛ ئەوا لەمەدا بەڵگە چیە لەسەر سەرڕێژبوونی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (عليه السلام)؟ دیارە سەرڕێژبوونی بەرەكەتەكەی كاتێك دێتەدی كە كەسێك لە ڕێگەی شوێنكەوتنی ئەوەوە (ﷺ) لەڕاستیدا پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت. وە لە ڕاستیدا گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) دڵی ئەو كەسە خاوێن بكاتەوە هەتا دڵی ساف و بێگەرد دەبێت وەكو ئاوێنە، ئەگینا ناونان بەتەنها هیچ سوودێكی نیە. دیارە تەواوی و بێكەموكوڕی وێنەكێش كاتێك دەچەسپێت كە ئەو وێنەیەی دەیكێشێت لەڕاستیدا كوالێتیەكەی زۆر بەرز بێت، یان خەڵكی لەخۆوە دەست بكەن بە ستایشكردنی ئەو وێنەیەی كێشاویەتی. وە ئەگەر كوالێتی وێنەكەی بەرز نەبێت؛ ئەوا هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر شارەزایی ئەو كەسە لە پیشەكەیدا، بەهەمان شێوە ناونانی هەندێ قوتابی بە پێغەمبەر بەتەنها تەواوێتی سەرڕێژبوونی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) ناچەسپێنێت بەڵكو تەواوی و بێكەموكوڕی سەرڕێژبوونی لێشاوی بەرەكەتەكەی كاتێك دەچەسپێت ئەگەر یەكێك لە شوێنكەوتووانی بەكردەیی خاسیەتە تەواوەكانی هەموو پێغەمبەرانی بەدەستهێنا. بەڵام ئەگەر هیچ كەسێك نەیتوانی بگاتە پایەی پێغەمبەران بەهۆی شوێنكەوتن و گوێڕایەڵی پێغەمبەرەوە (ﷺ)؛ ئەوا تەنها ناونانی كەسێك بە پێغەمبەر تەواوێتی سەرڕێژبوونەكەی ناچەسپێنێت. كەواتە، وتەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە خوا گەیاندوویەتی بە پایەی پێغەمبەرایەتی بۆ سەلماندنی تەواوێتی سەرڕێژبوونی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) دەیسەلمێنێت بەڕێزی كراوە بە پێغەمبەر لەڕاستیدا ئەگینا تەواوێتی سەرڕێژبوونی بەرەكەتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) ناچەسپێت لە ڕوانگەی هیچ مانایەكی ترەوە.
بەڵگەی چواردە: مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”دا دەفەرموێت:
“پێشتر لە سەرەتاوە باوەڕم وابوو و دەمگوت: من لە كوێ و مەسیحی كوڕی مەریەم لەكوێ؟ چونكە ئەو پێغەمبەرێكە و یەكێكە لەو كەسانەی كە زۆر نزیكە لە خوای گەورەوە، وە هەر كاتێك شتێك دەردەكەوت بەڵگە بوایە لەسەر فەزڵ و چاكەی من ئەوا بە فەزڵ و چاكەیەكی جوزئی ئەژمارم دەكرد، بەڵام وەحی خوا (I) كە دوای ئەوە وەك باران داباری بەسەرمدا نەیهێشت جێگیر و دامەزراوبم لەسەر بیروباوەڕەكەی پێشوو، وە زۆر بەڕاشكاوی نازناوی “پێغەمبەر”م پێ درا، بەجۆرێك لەلایەكەوە من پێغەمبەرم، وە لەلایەكی ترەوە سەر بەم ئوممەتەم.” (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 153-154)
لەم دەستەواژەیەوە ئەم ئەنجامانە وەردەگیرێن؛ یەكەم: مەسیحی بەڵێندراو لە هیچ ماوەیەكدا خۆی بە چاكتر دانەناوە لە مەسیحی ناسیرەیی، چونكە مەسیحی بە پێغەمبەر ئەژمار دەكرد و خۆی بە پێغەمبەر ئەژمار نەدەكرد بۆیە خۆی بە چاكتر دانەدەنا لەو. ئەنجامی دووەم: لەكۆتاییدا بیروباوەڕی خۆی گۆڕیوە بە ڕەچاوكردنی وشەی “پێغەمبەر” كە بە ڕاشكاوی لە وەحیەكەیدا هاتووە و ڕایگەیاندووە كە لە مەسیحی ناسیرەیی چاكترە. ئەگەر ئەم دوو ئەنجامەمان بەیەكەوە كۆكردەوە؛ ئەوا ئەنجامی سێیەم دەردەكەوێت كە بریتیە لەوەی بەڕێزی لەڕاستیدا پێغەمبەر بووە و تەنها بە ناوی “پێغەمبەر” ناونەنراوە چونكە چاكترە لە مەسیحی ناسیرەیی و كەسێك پێغەمبەر نەبێت ناكرێت و ناگونجێت لە هەموو ڕووەكانەوە باشتر بێت لە كەسێك كە پێغەمبەرە. كەواتە لەڕاستیدا بەڕێزی پێغەمبەر بووە ئەگینا هیچ كەسێك تەنها بەوەی ناوی “پێغەمبەر”ی لێ بنرێت نابێت بە كەسێك كە چاكتر بێت لە پێغەمبەر. بەڵگەیش لەسەر ئەمە ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو لەو كاتەیشدا كە خۆی بە چاكتر نەدەزانی لە مەسیحی ناسیرەیی هەر بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ناوی “پێغەمبەری” لێ نراوە، چونكە باوەڕی چاكتر نەبوونی خۆی لە مەسیحی ناسیرەیی لە كتێبی “تریاق القلوب”یشدا باسكراوە كە لە ساڵی 1899ز دانراوە، بەڵام بانگەشەی ئەوەی كە پێغەمبەرێكی جوزئیە یان ناوی “پێغەمبەر”ی لێنراوە لە كتێبی “توضیح المرام”یشدا باسكراوە كە لە ساڵی 1891ز بڵاوكراوەتەوە. كەواتە لەمەوە دەچەسپێت كە كەسێك تەنها ناوی پێغەمبەری بەدەستهێنا بێت یان پێغەمبەری جوزئی بێت ناكرێت باشتر بێت لە پێغەمبەری حەقیقی. وە ئەگەر كەسێك باشتر بوو لە پێغەمبەر، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبێت پێغەمبەر بێت. وە مەسیحی بەڵێندراو خۆی بە چاكتر داناوە لە مەسیحی ناسیرەیی بۆیە لەڕاستیدا پێغەمبەر بووە، وە بەو شێوەیە پێی نەگوتراوە پێغەمبەر وەك چۆن بە مرۆڤێك دەگوترێت شێر.
بەڵگەی پانزە: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە پەراوێزی لاپەڕی 6ی كتێبی “نزول المسیح”دا دەفەرموێت: پێویست بوو لەپێناوی هاتنەدی لێكچوون و هاوشێوەیی لەنێوان هەردوو زنجیرەكەدا لە بەرامبەر مەسیحی مووساییدا مەسیحێكی موحەممەدی بێت كە ڕازابێتەوە بە ڕووناكیەكانی پێغەمبەرایەتی هەتا لە شكۆی ئەم پێغەمبەرایەتیە مەزنە دانەبەزێت؛ بۆیە خوای گەورە وەك سێبەری تەواوەتی دروستی كردم و سێبەر ئاسا پێغەمبەرایەتی موحەممەدی پێ خەڵات كردم بۆ ئەوەی لەلایەكەوە وشەی “پێغەمبەری خوا” بچەسپێت بەسەرمدا، وە لەلایەكی ترەوە مۆری پێغەمبەرایەتی بە پارێزراوی بمێنێتەوە. (الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لا 382)
لەم دەستەواژەیەوە بەشێوەیەكی ڕوون دەردەكەوێت كە زنجیرەی موحەممەدی لای مەسیحی بەڵێندراو هەرگیز نابێتە هاوشێوەی زنجیرەی مووسایی ئەو كاتە نەبێت كە كۆتا خەلیفە لە زنجیرەی موحەممەدیش پێغەمبەر بێت وەك چۆن كۆتا خەلیفە لە زنجیرە مووسایی پێغەمبەر بووە، ئەگینا شكۆی زنجیرەی موحەممەدی دادەبەزێت. وە ئەوەش ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی كردووە بە پێغەمبەر بۆ پڕكردنەوەی ئەم كەلێنە. بە وردی سەرنج بدەن لەم بڕگەیە دەبینن ئەویش بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چونكە ئەگەر قەبووڵمان كرد -وەك هەندێ كەس دەڵێن- مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نەبووە بەڵكو موحەددەثێك بووە بە تەنها و تەنها بەگوێرەی خاسیەتە تەواوە جوزئیەكان ناونراوە پێغەمبەر؛ ئەوا ئەمە ئەو بەڵگەیە پووچەڵ دەكاتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو لەو بڕگەیەی ئێستا باسكرا پێشكەشی كردووە چونكە دەفەرموێت مەسیح لە زنجیرەی موحەممەدیشدا پێویستە پێغەمبەر بێت وەك چۆن مەسیح لە زنجیرەی مووساییدا پێغەمبەر بووە هەتاکو لە شكۆی پێغەمبەرایەتی موحەممەدی دانەبەزێت. دەی ئەگەر مەبەستەكە تەنها ناو بێت نەك پایەی پێغەمبەرایەتی؛ ئەوا ناو بەتەنها هیچ سوودێك ناگەیەنێت. ئایا تەنها ناونانی كۆتا خەلیفە لە زنجیرەی موحەممەدیدا بە “پێغەمبەر” یەكسانی دەكات بە مەسیحی ناسیرەیی؟ وە ئایا ئەوە شكۆی زنجیرەی موحەممەدی پاك دەكاتەوە لە ناتەواوی؟ نەخێر، ئەگەر مەسیحی موحەممەدی پێغەمبەر نیە لە هەموو دۆخەكاندا، ئەوا چۆن تەنها بەوەی ناوی نراوە “پێغەمبەر” دەكرێت ببێت بە پێغەمبەر لەجیاتی موحەددەث، وە لەكوێ زنجیرەی موحەممەدی شان دەدات لەشانی زنجیرەی مووسایی؟ تەنها گۆڕینی ناو شكۆ و ڕێزی هیچ كەسێك جێگیر ناكات بەڵكو ئەمە سووكایەتیە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) بەجۆرێك سەربەرزی خۆی جێگیر دەكات بەوەی تەنها ناوی “پێغەمبەر” دەنێت لە تاكەكانی ئوممەتەكەی بۆ ئەوەی لێكچوون دروست بێت لەگەڵ زنجیرەی مووساییدا. خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) لە وانەكانیدا دەربارەی هەڵوێستێكی لەم جۆرە دەفەرموێت هەندێ خەڵك پێیان خۆشە خۆیان یەكسان بكەن لەگەڵ ئەوانی تردا بەوەی تەنها ناوی ئەو كەسانە لەخۆیان دەنێن، وە ڕووداوێكی دەگێڕایەوە كە خانمێك لە پارێزگاكەیدا كوڕەكەی خۆی ناوناوە “بهادر خان” (پاڵەوانی ئازا)، لێی پرسی: بۆچی ئەم ناوەت لێ ناوە؟ خاتوونەكە گوتی: حكومەت نازناوی “بهادرخان”ی داوە بە ژمارەیەكی زۆر لە بنەماڵەكەمان بەڵام ئێمە خەڵكانێكی هەژارین نازانم ئایا ئەم كوڕەم نازناوەكە بەدەست دەهێنێت یان نا یاخود شایستە دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەم نازناوە یان نا؟ لەبەر ئەوە ئەم ناوەم لێنا بۆ ئەوەی لێكچوون دروست بێت لەنێوان ئێمە و هاوبەشەكانماندا. ئێستا چ ئەوەی حكومەت ئەم نازناوەی پێ بدات یان نا هەرچۆنێك بێت خەڵكی بەناوی “بهادرخان”ەوە بانگی دەكەن. ئێستا دەپرسم: ئایا لە ڕاستیدا ئەم خاتوونە و كوڕەكەی بەم شێوازە بوون بە هاوشێوە لەگەڵ ئەو ئەمیرانەدا؟ ئایا بە گۆڕانی ناوەكە بارودۆخیان گۆڕا؟ ئەگەر ئەمە ڕووینەدا ئەوا ئەو كەسانەی دەڵێن مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نیە پێویستە لەسەریان بیربكەنەوە ئەم بیروباوەڕە چەندە سووكایەتیە بەرامبەر پێغەمبەری خوا (ﷺ)! مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت ئەگەر مەسیحی موحەممەدی وەك پێغەمبەرێك ڕەوانە نەكرایە؛ ئەوا لە شكۆی زنجیرەی موحەممەدی دادەبەزی، بەڵام ئەو كەسانە دەڵێن مەسیحی موحەممەدی لەڕاستیدا پێغەمبەر نەبووە بەڵكو ناوی پێغەمبەر نراوە لە موحەددەثێك واتە ناوی پێغەمبەر نراوە لە كەسێك كە پێغەمبەر نەبووە بەگوێرەی هەندێ لێكچوون لەنێوان ئەو كەسە و كەسێتی پێغەمبەردا. ئێستا ئێوە بڵێن ئایا ئەم هەڵوێستە لە شكۆی پێغەمبەر (ﷺ) دادەبەزێنێت یان نا؟ ئایا ئەمە لە چیرۆكەكەی “بهادرخان” ناچێت كە ئێستا باسكرا؟ ئیتر بۆچی پێداگری دەكەن لەسەر بیروباوەڕێك كە بێڕێزیە بەرامبەر پێغەمبەری خوا (ﷺ)؟ تۆبە بكەن، تۆبە بكەن، بۆ ئەوەی خۆتان تووشی ڕق و تووڕەیی خوا نەكەن. بەدڵنیاییەوە بزانن شكۆ و ڕێزی زنجیرەی موحەممەدی ناچەسپێت ئەگەر كۆتا خەلیفەیشی لەڕاستیدا پێغەمبەر نەبێت، نەك ئەوەی تەنها لە ڕواڵەتدا ناوی “پێغەمبەر”ی لێ بنرێت و تەنها لە موحەددەثێك تێپەر نەبێت. پێغەمبەرنەبوونی مەسیحی بەڵێندراو سووكایەتیە بۆ پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە ئەژماركردنی بە موحەددەثێك كە ناوی پێغەمبەری بەدەستهێنابێت لە شكۆی زنجیرەی موحەممەدی دادەبەزێنێت. خوا ڕەحم بكات بە بەندەیەك كە بانگەشەی باوەڕبوون بە ئیسلام دەكات و لە شكۆی پێغەمبەر (ﷺ) دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت مەسیحی بەڵێندراو تەنها موحەددەثێكە.
بەهەمان شێوە لەم بڕگەیەوە ساغ دەبێتەوە كە بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ پلەی پێغەمبەرەكە بەرز ناكاتەوە، چونكە مەسیحی بەڵێندراو دەفەرموێت مەزنێتی زنجیرەی موحەممەدی كاتێك دەچەسپێت كە لەكۆتاییەكەشیدا پێغەمبەرێك هەبێت. دەی ئەگەر بەتەنها ئەو كەسەی ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست دەهێنێت بە پێغەمبەر ئەژمار دەكرێت یان پلەیەكی باڵاتری هەیە؛ ئەوا ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لەم ئوممەتە ئەو كەلێنە پڕ ناكاتەوە كە ڕەوانەكراوە بۆ پڕكردنەوەی. وە لەبەرئەوەی مەترسی دابەزینی شكۆ نەماوە، بەگوێرەی ڕاوبۆچوونی مەسیحی بەڵێندراو، بەهۆی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لەم ئوممەتە؛ ئەوا ڕوون دەبێتەوە كە بوونی پێغەمبەرێك لەم ئوممەتدا لە پلەوپایەكە دانابەزێنێت.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك ڕەخنە بگرێت و بڵێت ئەگەر كۆتا خەلیفە پێغەمبەر نەبێت و ئەمە لە شكۆ و پلەی زنجیرەی موحەممەدی دابەزێنێت؛ ئەوا بۆچی ئەو خەلیفانەی لەماوەی ناوەندیدا پێغەمبەر نەبوون و تێپەڕین لە پلەوپایەکەی دانەبەزاندووە؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: ئەم ڕەخنەیە لە مەسیحی بەڵێندراو دەگیرێت نەك لە من چونكە بەڕێزی ئەو قسەیەی كردووە و من لەلایەن خۆمەوە نەم گوتووە. بەڵام من ئەم ڕەخنەیە وەردەگرم و وەڵامی دەمەمەوە و دەڵێم: یەکەم: ئەگەر سەرەتا و كۆتایی شتێك لەیەكچوون؛ ئەوا دەبن بە دوو شتی یەكسان، وە پێویست بە بەراوردكردنی بەشە ناوەندیەكانیان ناكات، دووەم: پێغەمبەران لە زنجیرەی مووساییدا لە ڕێگەی بەرەكەتی مووساوە (عليه السلام) پێغەمبەرایەتییان بەدەست نەهێناوە بەڵام خەلیفەی زنجیرەی موحممەدی ئەم پلەوپایەی بەدەستهێناوە بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ). وە ئەمە گەورەییەكی دەراسایە و ناكرێت مووسا (عليه السلام) تێیدا شان بدات لەشانی پێغەمبەر (ﷺ). ئەمە تاكە تایبەتمەندیە كە فەزڵی زنجیرەی موحەممەدی داوە بەسەر زنجیرەی مووساییدا بەجۆرێك هەرگیز ناكرێت ڕەخنەی لێ بگیرێت چونكە پلەی مامۆستا چەسپاوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ)، وە چەسپاوە كە زنجیرەی موحەممەدی چاكترە لە زنجیرەی مووسایی كە ئەمەش مەبەستەكەیە.
بەڵگەی شانزە: خوای گورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿وَمَا كُنَّا مُعَذِّبِينَ حَتَّىٰ نَبۡعَثَ رَسُولٗا﴾ (الإسراء: 16) وە لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت: ﴿وَمَا كَانَ رَبُّكَ مُهۡلِكَ ٱلۡقُرَىٰ حَتَّىٰ يَبۡعَثَ فِيٓ أُمِّهَا رَسُولٗا يَتۡلُواْ عَلَيۡهِمۡ ءَايَٰتِنَا ۚ وَمَا كُنَّا مُهۡلِكِي ٱلۡقُرَىٰٓ إِلَّا وَأَهۡلُهَا ظَٰلِمُونَ﴾ (القصص: 60) لەم دوو ئایەتەوە دەردەكەوێت كە سزای گشتی دانابەزێت ئەگەر پێغەمبەرێك لەلایەن خواوە ڕەوانە نەكرا بێت، بەڵام ئێمە لە سەردەمەدا جۆرەها كاولكاری و سزا دەبینین كە نموونەیان نیە لە ڕابردوودا. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پێغەمبەرێك ڕەوانەكراوە لە جیهاندا، وە لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ئایەتەی پیادەكردووە بەسەر خۆیدا، بۆیە دەبێت بە ناچاری باوەڕبهێنرێت بە پێغەمبەرایەتیەكەی.
بەڵگەی حەڤدە: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “بێگومان پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) پلەیەكی مەزنی هەیە بەجۆرێك تاكێك لە ئوممەتەكەی دەشێت ببێت بە پێغەمبەر و ناوبنرێت عیسا لەگەڵ ئەوەی لە ئوممەتەكەی بێت” (البراهین الأحمدیة بەرگی پێنجەم، الخزائن الروحانیة، بەرگی 21، لا 355)
ئەم دەستەواژەیە بەڵگە و شایەتە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو چونكە بەڕێزی (عليه السلام) بەڵگەیەكی خستووتەڕوو لەسەر بڵندی پلەوپایەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەجۆرێك تاكێك لە ئوممەتەكەی دەكرێت ببێت بە پێغەمبەر، بەڵام ئەگەر گوتمان ناكرێت دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیچ جۆرە پێغەمبەرێك هەبێت؛ ئەوا ئەم فەزڵە دەبێت بە شتێكی ساختە چونكە گریمانەكردنی شتێك كە لە ڕاستیدا بوونی نەبێت هەرگیز فەزڵ و چاكتربوون ناچەسپێنێت. هەڵبەت وتەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زۆر بەڕوونی دەیچەسپێنێت كە ڕەوانكردنی پێغەمبەر لەم ئوممەتەدا ئەگەر و شیانی هەیە چونكە ئەم ڕەوانەكردنە هۆكاری ئەفزەڵیەتی پێغەمبەری خوایە (ﷺ). بەڵام ئەگەر قەبووڵمان كرد كە ناكرێت بە هیچ شێوەیەك لەم ئوممەتەدا پێغەمبەرێك ڕەوانەبكرێت؛ ئەوا بەتەواوەتی بەڵگەكەی مەسیحی بەڵێندراو پووچەڵ دەبێتەوە، چونكە ئەو لێشاوی بەرەكەتەی كە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) سەرڕێژی نەكردووە و لەبەری ناڕوات دروست نیە بەگوێرەی ئەوە ئەفزەڵیەتی پێغەمبەر (ﷺ) بچەسپێنرێت. بەڵام مادام مەسیحی بەڵێندراو بە هۆكارێك دایناوە بۆ ئەفزەڵیەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەوا لەمەوە دەردەكەوێت كە هاتنی پێغەمبەرێك دوای پێغەمبەر (ﷺ) ئەگەری هەیە. وە ئەگەر هاتنی پێغەمبەرێك قەدەغە نەبوو؛ ئەوا پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەچەسپێت.
بەڵگەی هەژدە: ئێستا بەڵگەیەكی بەهێز دەخەمەڕوو بەهۆیەوە وەكو ڕۆژی ڕووناك دەردەكەوێت كە دەكرێت دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەڕاستیدا پێغەمبەرێك بێت كە لەڕووی پلەوپایەكەیەوە لە پێغەمبەران بێت نەك موحەددەثەكان، وە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرێكە لەم جۆرە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕاگەیاندنێكدا لە ڕێككەوتی 3/2/1892ز دەربارەی موحەددەثیەت دەفەرموێت:
“مەبەست لە وشەی “پێغەمبەر” هەرگیز پێغەمبەرایەتی حەقیقی نیە بەڵكو تەنها موحەددەثیەتە، وە پێغەمبەر (ﷺ) بە موحەددەث مانای كردووە. بۆیە دەربارەی موحەددەثەكان فەرموویەتی: لە ئەبو هورەیرەوە گوتی پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: لە گەلانی پێش ئێوە لە نەوەی ئیسڕائیلدا پیاوانێك هەبوون خوا قسەی دەكرد لە گەڵیاندا بەبێ ئەوەی پێغەمبەر بن، جا ئەگەر یەكێك لەوانە لە ئوممەتی مندا هەبێت ئەوا عومەرە. (صحیح البخاري، كتاب المناقب، مناقب عمر بن الخطاب) بۆیە لای من بەربەستێك نیە بۆ ڕاگەیاندنی ئەو قسەیە بە شێوازێكی تر وەك ڕێزێك بۆ برا موسوڵمانەكانم. شێوازەكەی تر ئەوەیە كە وشەی “پێغەمبەر” بگۆڕن بە “موحەددەث” لە هەموو شوێنێكدا، وە وشەی “پێغەمبەر” بە كوژاوە دابنێن.” (ڕاگەیاندنێك لە ڕێككەوتی 3/2/1892ز) لەم دەستەواژەیەوە ئەو ئەنجامانەی خوارەوە وەردەگیرێن:
(1) ناكرێت موحەددەث پێغەمبەر بێت بەڵكو لەبەر لێكچوونێك پێی دەوترێت پێغەمبەر.
(2) مەبەست لە موحەددەث تەنها قسەلەگەڵكراوە واتە ئەو كەسەی خوا ئاخاوتنی لەگەڵدا دەكات بەڵام پێغەمبەر نیە.
(3) لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا موحەددەثی وەكو ئەوانە زۆر هەبوون.
(4) چاوەڕوان دەكرێت لەم ئوممەتەشدا موحەددەثی وەكو ئەوانە بێن.
(5) لە هەر شوێنێك مەسیحی بەڵێندراو وشەی “پێغەمبەری جوزئی” نووسیبێت لە كتێبەكانیدا تەنها مەبەستی موحەددەث بووە، بۆیە پێویستە خەڵكی بیكوژێننەوە و بنووسن موحەددەث.
ئەمە ئەو ئەنجامانەیە كە لەو بڕگەیەی سەرەوەی مەسیحی بەڵێندراو وەردەگیرێن. لە بڕگەكەی بەڕێزیەوە (عليه السلام) تەنها ئەم ئەنجامانە وەرناگیرێن بەڵكو بەڵگەیەكی هێناوەتەوە لەسەر ڕاستی وتەكەی لە فەرموودەكەی صەحیحی بوخاریەوە و بەوەش زیاتر ئەم وتەیەی بەهێز كرد.
لە بڕگەی ناوبراوەوە دەچەسپێت كە لە ناو نەوەی ئیسڕائیلدا موحەددەثی زۆر هەبوون. وە ئێستا بڕگەیەكی تر دەگوازمەوە لە وتەی مەسیحی بەڵێندراو بەجۆرێك لە شەرحی خەتمی پێغەمبەرایەتیدا دەفەرموێت:
“كەواتە پێغەمبەر (ﷺ) بوو بە خاتەمی پێغەمبەران، بەڵام نەك بەو مانایە كە لە داهاتوودا لێشاوی ڕۆحی وەرنەگیرێت لێی، بەڵكو بەو مانایەی كە خاوەنی مۆرەكەیە، كەواتە هیچ كەسێك لێشاوێكی بەرەكەت بەدەستناهێنێت بەهۆی مۆرەكەی ئەوەوە نەبێت. وە هەرگیز دەرگای ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی لەسەر ئوممەتەكەی داناخرێت هەتا ڕۆژی قیامەت. وە جگە لە پێغەمبەر (ﷺ) هیچ پێغەمبەرێك نیە خاوەنی مۆر بێت. تەنها ئەوە كە دەكرێت لە سایەی مۆرەكەیەوە ئەو پێغەمبەرایەتیە ببەخشێت بەەو مەرجەی خاوەنەكەی لە ئوممەتەكەی ئەو (ﷺ) بێت.” (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا29-30)
لەم بڕگەیەوە ئەم ئەنجامانەی خوارەوە وەردەگیرێن:
(1) پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە بەڵام مانای ئەوە نیە كە لێشاوە ڕۆحیەكەی پچڕابێت دوای خۆی، بەڵكو مانای ئەوەیە كە ئەم لێشاوە بەردەوام لەبەری دەڕوات.
(2) بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەو پێغەمبەرایەتیە بەدەستدێت كە بەهۆی شوێنكەوتنی هیچ پێغەمبەرێكی پێش ئەوەوە بەدەستنەهاتووە، وە ئەو كەسەی ئەم پێغەمبەرایەتیە بەدەست دەهێنێت پێی دەوترێت پێغەمبەرێك لەم ئوممەتە.
ئەم بڕگەیە لەگەڵ بڕگەكەی پێشوودا بخوێننەوە و بیربكەنەوە و بزانن ئەنجامەكانیان چیە. بەڕێزی (عليه السلام) لە بڕگەی یەكەمدا دەفەرموێت: هەڵبەت لە گەلانی پێشوودا موحەددەثەكان هەبوون كە دەكرێت ناوبنرێن “پێغەمبەری جوزئی”، وە لە بڕگەكەی دواییدا دەفەرموێت: پێغەمبەر لەم ئوممەتەدا پلەیەكە كە بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرانی پێشووەوە بەدەستنەهاتووە، وە ئەوان پلەكەیان ئەوەندە بەرز نەبووە هەتا تاكێك لە ئوممەتەكەیان ببێت بە پێغەمبەر بەهۆی شوێنكەوتنیانەوە.
ئەو ئەنجامەی وەردەگیرێت لەم دوو برگەیەوە ئەوەیە كە لە گەلانی پێشوودا كۆمەڵێك موحەددەث یان كەسانێك هەبوون پێغەمبەرایەتی جوزئییان بەدەستهێناوە، بەڵام پێغەمبەرانی پێشوو توانای ئەوەیان نەبووە كەسێك بەهۆی لێشاوی بەرەكەتی خۆیانەوە بكەن بە پێغەمبەر. ئەمەش زۆر بەڕوونی مانای ئەوەیە كە تەنها موحەددەثیەت بەردەوام نیە لە ئوممەتی پێغەمبەردا (ﷺ) بەڵكو لەسەرووی ئەوەشەوە زنجیرەی پێغەمبەرایەتیش بەردەوامە چونكە پلەی موحەددەث یان پێغەمبەری جوزئی هەندێ لە تاكەكانی ئوممەتی پێشوویش بەدەستیان دەهێنا، بەڵام پلەی “پێغەمبەر لە ئوممەت” بەدەست نەهاتووە بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرانی پێشووەوە چونكە ئەوان “خاتەمی پێغەمبەران” نەبوون. وە پلەیەك لەسەرووی پێغەمبەری جوزئیەوە نیە مەگەر پلەی پێغەمبەری تەواو چونكە دوای “بەش” تەنها “هەموو” دێت. كەواتە وەك ڕۆژی ڕووناك چەسپا كە دەرگای پێغەمبەرایەتی دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) كراوەیە بەڵام پێغەمبەرایەتیەكە تەنها بەهۆی بەرەكەتی ئەوەوە بەدەستدێت و ڕاستەوخۆ بەدەستنایەت. پێغەمبەرایەتی لە سەردەمەكانی پێشوودا ڕاستەوخۆ بەدەستدەهات و بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرێكی ترەوە بەدەست نەدەهات؛ چونكە ئەوان وەك پێغەمبەر (ﷺ) کامڵ نەبوون. كەواتە كاتێك چەسپا دەرگای پێغەمبەرایەتی -سەرەڕای موحەددەثیەتیش- كراوەیە لەسەر ئوممەتی موحەممەدی ئەوەش چەسپا كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەری خوا بووە چونكە پێغەمبەر (ﷺ) خۆی ناویناوە “پێغەمبەر”، نەك ئەوەی پلە ڕاستەقینەكەی موحەددەثیەت بێت و تەنها لەبەر هەندێ لێكچوون نازناوی پێغەمبەری پێ درابێت.
ئەگەر كەسێك بڵێت: چۆن ئەو ئەنجامەت بۆ دەركەوت كە شیانی هەبووە موحەددەثەكان هەبن بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرانی پێشووەوە بەجۆرێك فەرموودەكە تەنها دەفەرموێت خەڵكانێكی لەم شێوەیە هەبوون لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا؟ و نەیفەرمووە ئەوان ئوممەتی بوون واتە سەر بە ئوممەتیش بوون. وە كاتێك سەرەنج دەدەین لە دوو بڕگە باسكراوەكە بەیەكەوە دەگەینە ئەو ئەنجامە كە موحەددەثەكانیش پێش سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) ڕاستەوخۆ ئەم پلەیەیان بەدەست دەهێنا، بەڵام لە ئوممەتی پێغەمبەردا (ﷺ) موحەددەثەكان بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بوون بە موحەددەث. وەڵامەكە ئەوەیە: دیارە ئێوە لەلایەن خۆتانەوە ئەم بابەتەتان زیاد كرد، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەنها دەربارەی پێغەمبەران فەرموویەتی كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە و لە هیچ شوێنێكدا دەربارەی موحەددەثەكان نەیفەرمووە ئەوانیش ڕاستەوخۆ پلەی موحەددەثیەتیان بەدەست دەهێنا، كەواتە هیچ هۆكارێك نیە بۆ زیادكردنی مەرجێكی نوێ بەبێ هیچ پاساوێك. پێویستە لەسەرتان ئەم بانگەشەیەی خۆتان بسەلمێنن لە قورئانەوە یان لە فەرموودەوە یان لە وتەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) بەڵام شكست دەهێنن لە خستنەڕووی بەڵگە لەم سێ سەرچاوەیەوە و نائومێد دەبن. كەواتە ناكرێت نكۆڵی لەوە بكرێت كە لەسەرووی پلەی موحەددەثەوە پلەی پێغەمبەرایەتی هەیە كە بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرانی پێشووەوە بەدەست نەهاتووە بەڵام ئێستا تەنها بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بەدەست دێت، لەگەڵ ئەوەی موحەددەثیەت لە گەلانی پێشوودا خەڵات دەكرا و ئێستاش خەڵات دەكرێت. ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە دراوە بەم ئوممەتە نەدراوە بە گەلانی پێشوو. وە لەبەرئەوەی موحەددەثیەت بریتیە لە پێغەمبەرایەتی جوزئی بۆیە ناكرێت ئەو پێغەمبەرایەتیە شتێك بێت جگە لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران. وە مادام دەرگای پێغەمبەرایەتی كراوەیە؛ ئەوا هیچ گومانێك نامێنێتەوە لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراودا كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ناویناوە پێغەمبەر و خوایش ناویناوە پێغەمبەر.
سەرەڕای ئەوە با ئەوەش ئاشكرابێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەرجێكی داناوە بۆ ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بەدەستدێت و بەدەست نەهاتووە بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرێكی ترەوە، ئەویش ئەوەیە دەبێت ئەو كەسەی بەدەستیهێناوە تاكێك بێت لە ئوممەت. دەی ئەگەر قەبووڵمان كرد موحەددەثەكانی پێشوو پێشتر ئەم پلەیەیان بەدەستهێناوە بەبێ وەرگرتنی بەرەكەت لە پێغەمبەرانی پێشوو؛ ئەوا دەبێت ئەوەش قەبووڵ بكرێت كە تاكێك نەبوون لە ئوممەت چونكە مانای ئەوەی كەسێك سەر بە ئوممەت بێت ئەوەیە كە بەهۆی بەرەكەتی ئەو پێغەمبەرەی ڕابەریەتی و گوێڕایەڵی دەكات هەموو شتێك بەدەست بهێنێت. وە ئەو كەسەی موحەددەثیەتی بەدەستهێنا -وەك چۆن پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهات- بەبێ شوێنكەوتنی پێغەمبەرێكی پێشوو ناكرێت ناوزەد بكرێت بە تاكێك لە ئوممەت، دیارە ئەو لە ئەسڵدا پێغەمبەر نیە چونكە موحەددەث نابێت پێغەمبەر بێت بەڵكو دەكرێت پێی بڵێین پێغەمبەری جوزئی بەهۆی هەندێ لێكچوونەوە. (بڕوانە ڕاگەیاندنی 3/2/1892ز)
كەواتە لەم دۆخەدا دەبێت دان بنرێت بەوەدا كە گرووپێكی تریش هەن -سەرەڕای ئەو گرووپەی كە پێغەمبەرە و تاكێكە لە ئوممەت- كە پێغەمبەر نین و تاكێكیش نین لە ئوممەت چونكە ئەگەر موحەددەث ڕاستەوخۆ بووبێت بە موحەددەث؛ ئەوا پێی ناوترێت پێغەمبەر و تاكێك لە ئوممەت بەڵام بوونی ئەم گرووپە ئەستەمە. هەموو گرووپێك كە پەیوەندی لەگەڵ خوای گەورەدا هەیە لە دوو دۆخ تێپەڕناكات، یان پێغەمبەرە یان تاكێكە لە ئوممەت. وە ناكرێت پێغەمبەر نەبێت و تاكێكیش نەبێت لە ئوممەت، بەڵام دەكرێت پێغەمبەر بێت و تاكێكیش بێت لە ئوممەت چونكە ئەمە مانای ئەوەیە ئەو كەسە پێغەمبەرە بەڵام بەهۆی پێغەمبەرێكی ترەوە پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە و تاكێكە لە ئوممەتی ئەو پێغەمبەرە، ئەمە شتێكی ئەستەم نیە. كەواتە، هەرگیز دەربارەی موحەددەثیەت ناكرێت بوترێت شیانی هەیە ڕاستەوخۆ بەدەستبهێنرێت. وە دەبێت ئەوە قەبووڵ بكرێت كە لەناو گەلانی پێشوودا موحەددەثەكان هەبوون واتە ئەوانەی پێغەمبەرایەتی جوزئییان بەدەستهێناوە و لە داهاتوویشدا موحەددەثەكان پەیدادەبن واتە ئەوانەی پێغەمبەرایەتی جوزئی بەدەستدەهێنن لە ئیسلامیشدا. بەڵام بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرانی پێشوو شتێكی ئەستەم بووە بەڵام ئێستا دەكرێت بەدەستبهێنرێت بەهۆی پێغەمبەری خواوە (ﷺ). وە لەبەر ئەوە بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی ئەگەری هەیە كەواتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر بووە نەك موحەددەث.
بەڵگەی نۆزدە: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕوونكردنەوەی ئەم ئایەتەدا: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡۚ﴾ دەفەرموێت: “ئەم ئایەتە پێشبینیەكە دەربارەی پێغەمبەرێك كە لەسەردەمی كۆتاییدا دەردەكەوێت ئەگینا هیچ پاساوێك نیە بۆئەوەی بەو كەسانە بوترێت هاوەڵی پێغەمبەری خوا کە دوای پێغەمبەر (ﷺ) لەدایك دەبن و ئەویان (ﷺ) نەبینیوە. خوای گەورە لەم ئایەتەدا نەیفەرمووە: وآخرین من الأمة، بەڵكو فەرموویەتی: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾ وە هەموو كەس دەزانێت ڕاناوی ﴿مِنۡهُمۡ﴾ دەگەڕێتەوە بۆ هاوەڵان (y). لەبەر ئەوە تەنها ئەو كەسانە دەچنەناو چوارچێوەی گرووپی: “منهم”ەوە كە پێغەمبەرێك هەیە لە ناویاندا و دەركەوتەی پێغەمبەرە (ﷺ). وە خوای گەورە 26 ساڵ لەمەوپێش لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا ناویناوم موحەممەد و ئەحمەد و بە دەركەوتەیەكی پێغەمبەر (ﷺ) لە قەڵەمی داوم.” (تتمة حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 503)
واینابینم پێویست بكات بەدرێژی شەرحی ئەم بڕگە بكرێت. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی لە ئایەتی ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾دا ئاماژەیەك هەیە بۆ گرووپێك کە دەبن هاوشێوەی هاوەڵەکان. ئاشكرایە ناكرێت گرووپێك وەك هاوەڵان بن ئەگەر پێغەمبەرێكیان لەناودا نەبێت. كەواتە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرێك بووە كە پێغەمبەرێكی وەكو ئەو لە گەلانی پێشتردا نەبووە، واتە ئەو نەبی یان ڕەسولێكی جوزئی نیە چونكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ئایەتەی: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾ پیادەكردووە بەسەر خۆیدا. بەڵكو لە هەندێ شوێندا بەڕاشكاوی وشەی “آخرین”ی پیادە كردووە تەنها بەسەر كۆمەڵەكەی خۆیدا. گریمان پێغەمبەرێكی وەكو بەڕێزی (عليه السلام) پێش ئەویش هاتووە؛ ئەوا كۆمەڵەكەی ئەویش كۆمەڵی هاوەڵانی پێغەمبەری خوا دەبێت بەگوێرەی ئایەتی: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾. بەڵام لەبەرئەوەی هیچ كۆمەڵێك لەم ئوممەتەدا بە “آخرین” ئەژمار نەكراوە جگە لە كۆمەڵەكەی مەسیحی بەڵێندراو بۆیە دەردەكەوێت كە پێغەمبەرەكەش مەسیحی بەڵێندراوە بە تەنها. وە لەبەرئەوەی كۆمەڵێك موحەددەثی زۆر هەبوون بۆیە ئەوەش ساغبووتەوە كە پەیامەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پەیامی موحەددەثیەت نیە چونكە پێشینان لەگەڵ ئەوەی موحەددەث بوون بەڵام سەلمێنەری ڕاستی ئەم ئایەتە نەبوون كە تێیدا پێشبینی كراوە دەربارەی پێغەمبەرێك.
بەڵگەی بیست: دەڵێن: لەبەر ئەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەران بووە بۆیە ناكرێت پێغەمبەرێك هەبێت هەرچەند بە ناوی “پێغەمبەر” بانگكرابێت لە ئیلهامەكاندا چونكە پێغەمبەرایەتی پچڕاوە. بەڵام ئەگەر بەم ناوە ناونرا، یان بەهۆی پێگەیشتنی ئیلهامەوە موحەددەث ناونرا پێغەمبەری جوزئی ئەوە شتێكی ترە، بەڵام ناكرێت لەڕاستیدا پێغەمبەر بێت. بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “من پلەی خەتمم هەیە لە ویلایەتدا، هەروەك چۆن گەورەكەم هەڵبژاردە پلەی خەتمی هەیە لە پێغەمبەرایەتیدا. وە ئەو خاتەمی پێغەمبەرانە و من خاتەمی وەلیەكانم، دوای من وەلی نیە مەگەر ئەوەی سەر بە من بێت و لەسەر پەیمانەكەم بێت.” (وتاری ئیلهامی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 16، لا 69-70)
لەم دەستەواژەیەوە دەردەكەوێت كە بەڕێزی (عليه السلام) بانگەشەی ئەوەی كردووە كە خاتەمی وەلیەكانە. پێویستە ئێستا وریای ئەوە بین ئەگەر وشەی “خاتەم” لای مەسیحی بەڵێندراو مانایەك ببەخشێت كە بەگوێرەی ئەو مانایە زنجیرەی پێغەمبەران لە داهاتوودا بپچڕێت؛ ئەوا دەبێت بوترێت هەرگیز لە جیهاندا وەلیەكیش نایەت بەڵكو ئەگەر تەنانەت خوای گەورە كەسێك ناوبنێت “وەلی” هەرگیز مەبەست ئەوە نیە كە بووە بە وەلی، بەڵكو مەبەستەكە ئەوەیە تەنها ناوی نراوە وەلی، ئەگینا لە ڕاستیدا وەلی نیە. بەڵام ئەگەر ئەمە ئەو مانایە نەبووە كە مەبەستە بەڵكو ماناكە ئەوە بووە كە ناكرێت دوای مەسیحی بەڵێندراو وەلیەك بێت ئەگەر گوێڕایەڵی ئەو نەبێت؛ ئەوا مانای خاتەمی پێغەمبەرانیش ئەوە بووە كە ناكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت ئەگەر خزمەتكارێكی ڕاستگۆی پێغەمبەر (ﷺ) نەبێت، ئەگینا دەرگای پێغەمبەرایەتی دانەخراوە. وە لەبەرئەوەی دەرگای پێغەمبەرایەتی كراوەیە بۆیە بەدڵنیاییەوە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرە.
لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك بەڵگەی زۆر هەیە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو بەڵام لەم شوێنەدا بەم ئەندازەیە وازدەهێنم. وە پێم وایە ئەگەر هەموو بەڵگەكان كۆبكرێنەوە؛ ئەوا زیاتر دەبن لە سەد بەڵگە لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و دەكرێت لە شوێنێكی تردا بخرێنەڕوو، بەڵام لە ئێستادا بەم ئەندازەیە وازدەهێنم و پێویست بە زۆرتر ناكات بۆ هیدایەتی كەسێك كە ڕاستی بوێت.
هەڵبەت لە چوارچێوەی بەڵگەكانی پێغەمبەرایەتیدا دوو جۆر بڕگەمان هێنایەوە، واتە دەربارەی نەبی و ڕەسول، ڕەنگە كەسێك بڵێت لە ئایەتی: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا﴾دا وشەی “رسول” هاتووە و وشەی “نەبی” نەهاتووە، وەڵامەكە ئەوەیە: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی هەڵێنجانی كردووە لەم ئایەتەوە و فەرموویەتی مەرجی پێغەمبەرایەتی تێدایە. وە مادام مەسیحی بەڵێندراو جیاوازیەكی نەبینیوە لەنێوان نەبی و ڕەسولدا كەواتە هیچ ئەحمەدیەك بۆی نیە جیاوازی بكات لەنێوانیاندا، ئەگەر ئەو كارەشی كرد؛ ئەوا هیچ سوودێك نابینێت چونكە ئەوانەی جیاوازی دەكەن لەنێوان ئەم دوو ناوەدا هەرچۆنێك بێت پلەی ڕیسالەت بە بەرزتر دادەنێن لە پلەی نبووەت و دەڵێن هەموو نەبیەك ڕەسول نیە بەڵام هەموو ڕەسولێك نەبیە. كەواتە، ئەگەر لە ڕیسالەوە تەنها مانای ڕیسالەتتان هەڵێنجا؛ ئەوا لەگەڵ ئەوەدا لەخۆوە نبووەت دەچەسپێت پاش چەسپاندنی ڕیسالەت.
وەڵامی پرسیاری: ئایا لەم ئوممەتەدا پێش مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هیچ پێغەمبەرێكی تر هەبووە؟
پرسیارێكیش دەكرێت كە ئەوەیە: ئایا لەم ئوممەتەدا پێغەمبەرێك هەبووە جگە لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)؟ وەڵامەكەی بە كورتی ئەوەیە: نەخێر. سەرەتا و پێش هەموو شتێك دەكرێت فەرموودەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) وەك بەڵگە بخرێنەڕوو لەسەر ئەم بابەتە چونكە پێغەمبەر (ﷺ) تەنها یەك كەسی ناوناوە “پێغەمبەر”، وە بۆمان نیە كەسێكی جگە لەو بە پێغەمبەر ناوببەین بەبێ فەرمانێك لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ). پاشان بابەتەكە لەوەدا كورت نابێتەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) تەنها مەسیحی بەڵێندراوی ناوناوە پێغەمبەر، بەڵكو فەرمووشیەتی: “لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەر نیە”. ئیتر چۆن ڕەوایە بۆمان بە كەسێكی تر بڵێین پێغەمبەر سەرەڕای شایەتیدانی خاتەمی پێغەمبەران؟! ناكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت مەگەر ئەو كەسەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) مۆری دابێت لە ڕاستگۆییەكەی، بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) ڕەتی دەكاتەوە پێش مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە مۆرەكەی تەصدیقی پێغەمبەرایەتی هیچ كەسێك بكات لەم ئوممەتە. بۆیە ئێمە ناچارین نكۆڵی بكەین لە بوونی هەر پێغەمبەرێك لەم ئوممەتەدا پێش مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام).
بەڵگەی دووەم لەسەر ئەوەی كە هیچ یەكێك لە ئەولیا و پیاوچاكان یان موحەددەثەكان نەبووە بە پێغەمبەر پێش مەسیحی بەڵێندراو -ئەگەرچی پێغەمبەرایەتی جوزئی هەبووە تێیاندا بەهۆی موحەددەثیەتەوە- كۆمەڵێك دەستەواژەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆیەتی. هەڵبەت پێغەمبەری خوا (ﷺ) وەسفی مەسیحی بەڵێندراوی كردووە بە ناوبژیوانی دادپەروەر، بۆیە شیاو نیە بۆ باوەڕدار بڕیاری بەڕێزی (عليه السلام) ڕەت بكاتەوە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“كورتەی قسە، من خۆم تاكە كەسم كە لەناو ئەم ئوممەتەدا تایبەتكراوم بەم ڕێژە زۆرەی وەحی خوایی و هەواڵە غەیبیەكان، هەموو ئەوانەی پێش من مردوون لە ئەولیا و ئەبدال و قوتبەكان لە ئوممەتدا بەشێكی زۆریان پێ نەدراوە لەم نیعمەتە، كەواتە لەبەر ئەم هۆكارە من تەنها كەسم كە تایبەتكراوم بە ناوی “پێغەمبەر”، لەكاتێكدا ئەوانی تر شایستەی ئەم پلەیە نەبوون، چونكە زۆری وەحی و زۆری هەواڵە غەیبیەكان مەرجێكە بۆ پێغەمبەر و ئەم مەرجە لەواندا نیە.” (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 406-407)
زۆر بەڕوونی لەم دەستەواژەیەوە دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراو (ﷺ) بەڕەهایی نكۆڵی كردووە لەوەی كەسێك پێش خۆی لەم ئوممەتەدا پێغەمبەر بووبێت. دەی مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت خۆی تەنها كەسە كە ئێستا لەناو ئوممەتدا شایستەی ئەوە بێت پێ بوترێت پێغەمبەر ئیتر دەبێت هەڵوێستی ئەو كەسانە چۆن بێت كە هەموو پیاوچاك و وەلیەك بە پێغەمبەر دادەنێن و لەم ڕێگەیەوە دەیانەوێت پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پووچەڵ بكەنەوە، وە لەبەردەم خوای گەورەدا وەڵامیان چی دەبێت؟ مەسیحی بەڵێندراو لە پەراوێزی لاپەڕە 28 لە پاشكۆی كتێبی “تحفة الغولرویة”دا دەفەرموێت ئەو كەسەی لە ناخی دڵەوە قەبووڵم دەكات لەناخی دڵیشەوە گوێڕایەڵم دەبێت، وە لە هەموو دۆخەكاندا بە ناوبژیوانم دادەنێت، وە لە هەموو ناكۆكیەكدا دەمكات بە ناوبژیوان. بەڵام ئەو كەسەی لەناخی دڵەوە قەبووڵم ناكات فیز و خۆپەسەندی و خۆپەرستی بەدی دەكەن تێیدا. دەی بزانن ئەو كەسە سەر بە من نیە، چونكە بەڕێزەوە ناڕوانێت بۆ وتەكەم كە لەلایەن خوای گەورەوە پێم گەیشتووە، لەبەر ئەوە لە ئاسماندا سەربەرز نیە.” (التحفة الغولرویة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 17، لا64)
پاشان لە كتێبی “نزول المسیح”دا دەفەرموێت: “وە ئەو كەسەی نایەوێت گوێڕایەڵی نێردراو و ڕەوانەكراوی خوا بكات بەتەواوەتی، ئەوە بەشێك لە خۆبەزلزانینی تێدایە. وە ئەو كەسەی گوێ شل ناكات بۆ ڕەوانەكراو و نێردراوی خوا، وە بە ڕامانەوە كتێبەكانی ناخوێنێتەوە، بەشێك لە خۆبەزلزانینی بەرکەوتووە. بۆیە پێویستە لەسەرتان هەوڵ بدەن هیچ جۆرە خۆبەزلزانینێكتان تێدا نەبێت بۆ ئەوەی تیانەچن.” (نزول المسیح، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لا 403)
كەواتە پێویستە هەموو باوەڕدارێك ڕێزی شایستە بگرێت لە دەستەواژەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە بیروبۆچوونی خۆی تەبا و یەكانگیر بكات لەگەڵیاندا لەجیاتی ئەوەی ئەوان تەبا بكات لەگەڵ بیروبۆچوونی خۆیدا، وە بڕیاری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕەت نەكاتەوە و وشەكانی نەشێوێنێت و لە مانا ئەسڵیەكانیان لایان نەدات چونكە ئەمە تاوانێكی ترسناكە.
هەندێ كەس دەڵێن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەبەستی لەو قسەیە ئەوەیە كە مادام لە فەرموودەكاندا تەنها مەسیح ناونراوە “پێغەمبەر” بۆیە تەنها ئەو تایبەت كراوە بەم ناوە ئەگینا سەرجەم پێغەمبەران موحەددەث بوون. بەڵام ئەو كەسانە بیرناكەنەوە لەوەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەتەنها ئەوە نافەرموێت كە ئەم ناوە تەنها تایبەتە بەخۆی هەتا پێمان وابێت ئەمە تاكە تایبەتمەندی ئەوە كە لە فەرموودەكاندا بە ناوی “پێغەمبەر” بانگكراوە، بەڵكو ئەوەش دەفەرموێت كە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی لە پیاوچاكانی پێشوودا نین. كەواتە لەبەرئەوەی مەرجەكانی پێغەمبەرایەتیان تێدا نیە ئیتر چۆن دەكرێت پێغەمبەر بن؟ كەواتە، وتەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەواو ڕوونە، وە نەك تەنها خۆی بە شایستە دەزانێت بۆ بەدەستهێنانی ناوی “پێغەمبەر” بەڵكو ئەوەش دەفەرموێت كە ئەم مەرجە لە ئەولیاكانی پێشوودا نیە؛ بۆیە هەرگیز ناكرێت پێغەمبەر بن.
هەروەها لەم بڕگەیەوە ڕوون دەبێتەوە كە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان نەبووە واتە پێغەمبەرایەتی جوزئی نەبووە چونكە پێشتریش لەم ئوممەتەدا ژمارەیەكی زۆر موحەددەث هەبوون. بۆیە ئەگەر پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەت بوو بێت واتە پێغەمبەرایەتی جوزئی؛ ئەوا ئەو موحەددەثانەیش بەشدار دەبوون لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) لە پێغەمبەرایەتیدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەی زۆرێك لە موحەددەثەكانی پێشوو دەكرێت دان بنرێت بە پێغەمبەرایەتیە جوزئیەكەیاندا، لەگەڵ ئەوەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت مەرجی پێغەمبەرایەتیان تێدا نەبووە و ئەو مەرجە تەنها لە خۆیدا هاتووەتەدی. وە ئەمە دەیچەسپێنێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشەی پێغەمبەرایەتیەكی دەكرد کە لەسەرووی پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەتی جوزئیەوە بووە.
مەولەوی موحەممەد عەلی بەڕێز لە نامیلكەكەیدا جیاكاری كردووە لەنێوان چۆنێتی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر و چۆنێتی پێغەمبەرایەتی موحەددەث، بەڵام ئەگەر مرۆڤ بە وردی لە بابەتەكە ڕابمێنێت؛ ئەوا دەبینێت ئەم جیاكاریە دەستكردی خۆیەتی. وە پێغەمبەری حەقیقیی لەچوارچێوەی پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەتدا پۆلێن كردووە و بەمەش هەوڵی داوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بخاتە ڕیزی گرووپی موحەددەثەكانەوە لەگەڵ ئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) خۆی جیادەكاتەوە لە سەرجەم تاكەكانی ئوممەت و ئەوەی خستووەتەڕوو كە هەموو موحەددەثەكان دەستەوسان بوون لە هێنانەدی ئەم مەرجەدا. قسەكەی مەولەوی بەڕێز وەك قسەی ئەو كەسە وایە كە پێناسەی پزیشك دەکات بەوەی كەسێكە لە وڵاتێكی ئەورووپی خوێندوویەتی و دەرچووە و بەگوێرەی ئەوە نكۆڵی دەكات لەوەی هەموو نەشتەرگەرە یارمەتیدەرەكان پزیشك بن. مەولەوی بەڕێز ئەم كارەی كردووە، بەجۆرێك هەندێ لە تایبەتمەندیەكانی پێغەمبەرایەتی بە پێغەمبەرایەتی حەقیقی ئەژماركردووە و بەتایبەتی ناوی هەندێ لە پێغەمبەرانی نووسیوە و گوتوویەتی: بڕوانن پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران ئەمەیە و بوونی نیە لە مەسیحی بەڵێندراودا، لەگەڵ ئەوەی لە بنەڕەتدا ئەوە پێغەمبەرایەتی نیە بەڵكو هەندێ تایبەتمەندی پێغەمبەرایەتیە. وە پێناسەی پێغەمبەرایەتی تێكەڵ كردووە بە پێناسەی موحەددەثیەت و گوتوویەتی: ئەمەیە پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان. بەڵام لێی دەپرسین: لە چ ئایەتێكی قورئانەوە ئەم پێناسەیەت وەرگرت؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت لە هیچ پیاوچاكێكی ئەم ئوممەتەدا مەرجی پێغەمبەرایەتی نیە، وە مەولەوی بەڕێز دەڵێت مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرایەتی خۆی بە پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان دادەنێت. دەی ئەگەر پێغەمبەرایەتیەكەی پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان بووە؛ ئەوا بۆچی خۆی جیاكردووەتەوە لە موحەددەثەكان؟ وە بۆچی فەرموویەتی ئەو مەرجەی كە بەهۆیەوە بووە بە پێغەمبەر بوونی نیە لە پیاوچاك و ئەولیا و قوطبەكانی پێشووی ئوممەتدا؟ ئێستا كە بڕیاری ڕوونی مەسیحی بەڵێندراو بوونی هەیە تەنها دوو ڕێگا لەبەردەستدایە: یان ئەوەتا باوەڕبهێنرێت بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەك پێغەمبەرێك یاخود بوترێت لە ڕاستیدا مەسیحی بەڵێندراو تەنها موحەددەثێك بووە بەڵام باوەڕی وایە پیاوچاكانی پێشوو بێبەش بوون لە مەرجی پێغەمبەرایەتی چونكە لەناو موسوڵماناندا هەتا ئێستا موحەددەثێك نەبووە، بەڵام مەبەست لێی ئەوەیە كە هەتا ئێستا كەسێك لە ئوممەتی موحەممەدی شكۆدار نەكراوە بە ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی، شتێكی بەڵگەنەویستە ئەمە بیروبۆچوونێكی پووچە، وە مانای ئەوەیە كە دەبێت نازناوی پێغەمبەر دابماڵرێت لە هەموو ئەوانەی مەولەوی بەڕێز و هاوەڵەكانی نازناوی پێغەمبەرایەتییان پێ داون و بە موحەددەثیان داناون و تەنها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەمێنێتەوە كە پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە لە هەرجۆرێك بێت. ئەمە ئەو تایبەتمەندیەیە كە هەوڵێکی زۆر دەدرێت بۆ سڕینەوەی.
بەكورتی، چار نیە دەبێت پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) جیابكرێتەوە لە پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان، وە بریتیە لە یەك پێغەمبەرایەتی واتە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران. وە ئەگەر جۆرێكی تر لە پێغەمبەرایەتی هەیە ئەوا با بەڵگەی لەسەر بهێنرێتەوە و با پێمان ڕابگەیەنرێت كە دوو جۆر لە پێغەمبەرایەتی هەیە، واتە جۆری یەکەم پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران، جۆری دووەم پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان، وە جۆری سێیەمیش هەیە. بەڵام كێشەكە ئەوەیە مەولەوی بەڕێز لە نامیلكەكەیدا ئەم دەرگایەشی داخستووە، پاشان تۆمەتباری كردووم بەوەی كە سێ جۆر پێغەمبەرایەتیم داهێناوە لەگەڵ ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو تەنها دوو جۆر پێغەمبەرایەتی باسكردووە، واتە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران و پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان. پاشان داوا لە من دەكات پێغەمبەرایەتی سێیەم بسەلمێنم. كەواتە، ئەم ڕێگایە بۆ ڕزگاربوونی داخراوە و ئەستەمە دەرگای پێغەمبەرایەتی سێیەمیش بكرێتەوە.
دەمەوێت لێرەدا ئەوەش باس بكەم كە مەولەوی بەڕێز خراپ تێگەیشتووە لە قسەكەم و تۆمەتباری كردووم بەوەی من باوەڕم وایە سێ جۆر پێغەمبەرایەتی هەیە، بەڵام ئەو كەسانەی لە سەرەتاوە ئەم كتێبەی منیان خوێندووەتەوە بەجوانی تێگەیشتوون لەوەی كە من باوەڕم تەنها بە یەك جۆر پێغەمبەرایەتی هەیە واتە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران چونكە ناكرێت پێغەمبەرایەتیەكی جیا جێگیر بكرێت بۆ كەسێك كە هەندێ لە خاسیەتە تەواوەكانی تێدا بێت و پێغەمبەر نەبێت بەڵكو ئەو كەسە لەسەر ئەو دۆخە دەمێنێتەوە كە لەسەری بووە. كاتێك گوزارشتی “پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكان” بەكاردەهێنین مانای وا نیە ئەمە جۆرێكی ترە لە پێغەمبەرایەتی بەڵكو مەبەست ئەوەیە هەندێ لە خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی لە موحەددەثیشدا هەیە ئەگینا پێغەمبەرایەتی ڕاستەقینە تەنها پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانە. كەواتە لە ڕوانگەی جۆری پێغەمبەرایەتیەوە باوەڕمان بە یەك جۆر پێغەمبەرایەتی هەیە. بۆیە هەر كەسێك ئەو سێ مەرجەی تێدا بێت كە پێشتر نووسیم ئەوا پێغەمبەرە و هەر كەسێك ئەم مەرجانەی تێدا نەبێت پێغەمبەر نیە، وە ئەگەر وشەی “پێغەمبەر”مان بەكارهێنا دەرحەق بەو كەسەی كە مەرجەكانی تێدا نەبێت؛ ئەوا تەنها خستنەڕووی ئەو مەبەستەیە كە هەندێ لە خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی لەو كەسەیشدا هەیە و مانای وا نیە كە لەڕاستیدا پێغەمبەر بێت. پێغەمبەر زاراوەیەكە لە شەریعەتی ئیسلامدا و زمانیش ئەو مانا زاراوەییە دەچەسپێنێت. بۆیە كاتێك وشەی پێغەمبەرایەتی بەكاردەهێنن بە ڕەچاوكردنی ئەم زاراوەیە مەبەست بوونی ئەم سێ مەرجەیە. وە ئەو كەسەی ئەم جۆرە پێغەمبەرایەتیەی تێدا بێت بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرە و ناكرێت پێغەمبەر نەبێت.
كەواتە لە ڕوانگەی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتیەوە باوەڕمان بە یەك جۆر پێغەمبەرایەتی هەیە. بەڵام لەڕووی تایبەتمەندیەوە دەكرێت پێغەمبەرایەتی سەدەها جۆری هەبێت وەك چۆن خەڵكی یەكسانن لەو ڕووەوە كە مرۆڤن بەڵام ئەگەر تایبەتمەندیەكانمان وەرگرت؛ ئەوا هەزارەها جۆری خەڵك هەیە، هەیانە ڕەچەڵەكی دەچێتەوە سەر سەیدەكان، هەیانە لە نەوەی پشتۆنە و هەیە سەر بە مەغۆلە، هەیانە لە ماڵباتی “شێخ”ە و هەیانە ئەورووپیە و هەیانە ئاسیاییە و هەیانە ئەمریكاییە و هەیانە هیندیە و هەیانە چینیە، پاشان هەیانە زانایە و هەیانە نەزان و هەیان مولحیدە و هەیانە دیندار. بەكورتی، ئەگەر لە ڕوانگەی تایبەتمەندیەكانەوە جۆرەكان دەستنیشان بكرێن؛ ئەوا هەزارەها جۆری خەڵك هەیە، بەڵام ئایا ئەمە مانای وایە ژمارەیەكی زۆر جۆری خەڵك هەیە لەڕووی حەقیقەتی مرۆییەوە؟ نەخێر، مەبەستەكە ئەوە نیە. وە هەمان بنەما پیادە دەبێت بەسەر پێغەمبەراندا، هەموویان پێغەمبەرن لەڕووی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتیەوە بەڵام چەندین جۆرن لەڕووی هەندێ تایبەتمەندیەوە، وە لە كتێبەكەمدا یەك گرووپم باس كردووە واتە ئەو پێغەمبەرانەی كە بە شەریعەتەوە هاتوون، وە پێغەمبەر هەیە ڕاستەوخۆ پێغەبەرایەتی بەدەستهێناوە و هەیە پێغەمبەرێكی ئوممەتیە. ئیتر چۆن هەڵێنجان دەكرێت لەم دەستەواژەیەوە كە من باوەڕم وایە سێ جۆر پێغەمبەرایەتی هەیە لەڕووی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتیەوە؟ لەڕاستیدا لەم ڕوانگەیەوە من باوەڕم تەنها بە یەك جۆر پێغەمبەرایەتی هەیە بەڵام ئەگەر باسی تایبەتمەندیەكانمان کرد؛ ئەوا ڕەنگە سەدەها جۆر هەبێت. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿۞تِلۡكَ ٱلرُّسُلُ فَضَّلۡنَا بَعۡضَهُمۡ عَلَىٰ بَعۡضٖ ۘ مِّنۡهُم مَّن كَلَّمَ ٱللَّهُ ۖ وَرَفَعَ بَعۡضَهُمۡ دَرَجَٰتٖ ۚ وَءَاتَيۡنَا عِيسَى ٱبۡنَ مَرۡيَمَ ٱلۡبَيِّنَٰتِ وَأَيَّدۡنَٰهُ بِرُوحِ ٱلۡقُدُسِۗ﴾ (البقرة: 254). كەواتە مادام خوای گەورە خۆی فەزڵی هەندێ لە پێغەمبەرانی داوە بەسەر هەندێكی تردا كەواتە دەبێت هەموو جۆرەكانی پێغەمبەران قەبووڵ بكەین كە دروستدەبن بەهۆی جیاوازی لەنێوان پلەكانیاندا، پاشان دەبێت ئەوەیش قەبووڵ بكرێت كە هەندێ پێغەمبەر بە شەریعەتەوە هاتوون و هەندێكیشیان شەریعەتیان نەهێناوە. وە پێغەمبەر هەیە ڕەوانەكراوە بۆ سەر هەموو جیهان لەكاتێكدا پێغەمبەرانی پێشوو ئەم خاسیەتەیان نەبووە. كەواتە، لەڕووی خاسیەت و تایبەتمەندیەوە دەكرێت سەدەها جۆر پێغەمبەرایەتی هەبێت نەك سێ جۆر، بەڵام من تەنها سیانیانم باس كرد كە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ بابەتەكەمدا و نەمویستووە جۆرەكانی پێغەمبەرایەتی بژمێرم. وە پێویستە ئاشكرا بێت كە لە ڕووی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتیەوە من باوەڕم بە یەك جۆر پێغەمبەرایەتی هەیە كە تۆ بە ناوی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانەوە باستكردووە. بەڵام پێغەمبەرایەتی موحەددەث كە من باسمكردووە یان لە وتەی مەسیحی بەڵێندراودا باسكراوە تەنها مانای ئەوەیە كە هەندێ لە خاسیتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی لەو كەسەدا هەیە بەڵام ئەمە خاوەنەكەی ناكات بە پێغەمبەر لەبەرئەوەی نەگەیشتووەتە پلەی تەواوەتی. بۆیە لە ڕوانگەی ئەم خاسیتە تەواوانەوە دەتوانین بڵێن موحەددەثیەتیش جۆرێكە لە پێغەمبەرایەتی، یان موحەددەثیش بەجۆرێك لە جۆرەكان پێغەمبەرە ئەگینا هەرگیز بە پێغەمبەر ئەژمار ناكرێت بەڕەچاوكردنی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی و ڕەوا نیە دان بنرێت بە جۆرێك لە پێغەمبەرایەتی تێیدا. لەبەر ئەم هۆكارە هەندێ جار مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی موحەددەث ڕازاوەتەوە بە پێغەمبەرایەتی جوزئی، وە لە شوێنێكی تردا نكۆڵی لەمە كردووە و فەرموویەتی لە چ زمانێكدا موحەددەث پێی دەوترێت پێغەمبەر؟ كەواتە هەریەك لەم دوو قسەیە ڕاست و دروستە بەگوێرەی ئەو ڕەچاوكردنانەی لەسەرەوە باسكران.
ئێستا جارێكی تر دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی بابەتەكە و ڕایدەگەیەنم لە بڕیارەكەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) بەجوانی دەردەكەوێت كە پێش بەڕێزی (عليه السلام) هیچ پێغەمبەرێك نەبووە لەم ئوممەتەدا. سەرەڕای ئەو برگەیەی ئێستا باسكرا لە هەندێ دەستەواژەی ترەوە ڕوون دەبێتەوە كە پێش بەڕێزی هیچ پێغەمبەرێك نەبووە لەم ئوممەتەدا، ئەوەتا بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“حیكمەتی خوایی ئەوەی خواستووە كە سەرەتا بە چاودێری خەتمی پێغەمبەرایەتی خەلیفەكان ڕەوانە بكرێن و ناونەنرێن پێغەمبەر و ئەم پلەیەیان پێ نەدرێت. بۆ ئەوەی ببێت بە نیشانەیەك لەسەر خەتمی پێغەمبەرایەتی. وە خەلیفەی كۆتایی ناونراوە بە پێغەمبەر، بۆ ئەوەی لێكچوون ڕووبدات لەنێوان هەردوو زنجیرەكەدا لە بابەتی خیلافەتدا. هەڵبەت زیاد لە جارێك ڕامانگەیاند كە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرایەتیەكی سێبەرئاسایە، وە لەبەرئەوەی بەڕێزی سێبەری تەواوەتی پێغەمبەرە (ﷺ) و لەبەرئەوەی لە لێشاوی نوورەكەی پێغەمبەری (ﷺ) وەرگرتووە بۆیە شایستەی ئەوەیە پێی بوترێت پێغەمبەر”. (تذكرة الشهادتین، الخزائن الروحانیة، بەرگی20، لا45)
لەم بڕگەیەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە پێش مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم ئوممەتەدا پێغەمبەر نەبووە بەڵكو تەنها مەسیحی بەڵێندراو ئەم ناو و پلەیەی بەدەستهێناوە. پاشان دەفەرموێت (عليه السلام):
“پیاوچاكەكانی تری پێش من ئەگەر بە هەمان ئەندازە شاد بوونایە بە ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی و ئاگاداربوون لە هەواڵە غەیبیەكان؛ ئەوا شایستەی ئەوە دەبوون پێیان بوترێت پێغەمبەر، وە لەم دۆخەدا گومان دروست دەبوو لە پێغەمبەرایەتیەكەی پێغەمبەردا (ﷺ). لەبەر ئەوە حیكمەتی خوایی نەیهێشت ئەو پیاوچاكانە بەتەواوەتی ئەم نیعمەتە بەدەست بهێنن؛ ئەوەتا لە فەرموودە سەحیحەكاندا هاتووە كە تەنها یەك كەس ئەم پلەیە بەدەستدەهێنێت و بەمە پێشبینیەكە دێتەدی.” (حقیقة الوحي، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 407)
ئەو ئەنجامەی كە وەردەگیرێت لەم دوو بڕگەیەوە ئەوەیە كە پیاوچاكانی پێشووی ئوممەت بەڕێژەیەكی زۆر ئاگادار نەكراون لە غەیب هەتا شایستە نازناوی “پێغەمبەر” بن، بەڵكو تەنها یەك كەس هەیە شایستەی ئەوە بێت، وە ئەگەر پێشینانی چاكیش نیعمەتی پێغەمبەرایەتیان پێ بدرایە؛ ئەوا لێتێكچوون و گومان لە بابەتی پێغەمبەرایەتیدا دروست دەبوو. ئێستا وردببنەوە لەم دەستەواژانە، پاشان بیربكەنەوە، ئایا ئێوە لێتێكچوون و سەرلێشێوان دروست ناكەن لە بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتیدا! مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت ئەژماركردنی پێشینانی چاك بە پێغەمبەر وەها دەكات لێتێكچوون و سەرلێشێوان دروست بێت لە بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتیدا، بۆیە خوا بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداری نەكردوون لە هەواڵە غەیبیەكان هەتا ببن بە پێغەمبەر. دەی كاتێك خوای گەورە پێغەمبەرایەتی خەڵات نەكردبێت پێیان ئیتر بۆچی ئێوە دەیانكەن بە پێغەمبەر؟ ئێوە باوەڕتان وایە خوای گەورە لە ئێستایشدا ناتوانێت پێغەمبەرایەتی ببەخشێت بە كەسێك، بەڵام بۆ هەڵە دەكەن لە هەڵسەنگاندنی هێز و تواناكانی خۆتاندا و بۆچی دەسەڵاتەكانی خوا دەگرنەدەست و پێغەمبەرایەتی دابەشدەكەن بەسەر پیاوچاكانی پێشوودا.
هەندێ كەس ڕەخنەدەگرن و دەڵێن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “الوصیة”دا زۆر بەڕوونی نووسیویەتی: “كەواتە لەسەر ئەم شێوازە هەندێ تاك نازناوی پێغەمبەریان بەدەستهێناوە لەگەڵ ئەوەی لەم ئوممەتە بوون”، وە لەمەوە دەردەكەوێت كە هەندێكی تریش هەن جگە لە خۆی پلەی پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە. وەڵامەكە ئەوەیە: مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڕاشكاوی نووسیویەتی لەم ئوممەتەدا جگە لە خۆی كەس نەگەیشتووەتە ئەم پلەیە، پاشان بەڵگەی خستووەتەڕوو لەسەر ئەمە كە هیچ كەسێك بەڕێژەی زۆر ئاگادار نەكراوەتەوە لە غەیب كە مەرجی پێغەمبەرایەتیە، ئیتر چۆن ڕەوایە مانایەك لەم دەستەواژەیە وەربگیرێت كە پێچەوانەی وتەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی بێت؟ كەواتە، دەبێت مانایەك هەڵێنجرێت كە لەوتەی خۆیەوە (عليه السلام) بچەسپێت. لە وتەكەیەوە وەك ڕۆژی ڕووناك دەردەكەوێت كە جگە لە خۆی هیچ كەسێك پایەی پێغەمبەرایەتی بەدەست نەهێناوە. ئێستا پێویستە لەسەرمان یان بگەڕێین بۆ مانایەك ڕاستی هەردوو بڕگەكە بچەسپێنێت یان یەكێكیان ناسخ بێت و ئەوی تریان مەنسووخ بێت. وە ئەگەر واتان دانا كە یەكێكیان ناسخ بێت و ئەوی تریان مەنسووخ -كە لای من ئەمە ڕاست و دروست نیە- لەگەڵ ئەوەدا كتێبی “حەقیقەتی وەحی” دوای كتێبی “الوصیة” دانراوە و تێیدا هاتووە لەم ئوممەتەدا جگە لە خۆی (عليه السلام) هیچ پێغەمبەرێك نەبووە. وە ئەگەر گونجانتان دروست كرد لەنێوان هەردوو بڕگەدا؛ ئەوا بابەكەیش ڕۆشندەبێتەوە چونكە مەسحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێش یەك لاپەڕە لە بڕگەی باسكراو لە خودی كتێبی “الوصیة”دا دەفەرموێت ئەگەری نەبووە یەك كەس لەم ئوممەتە پلەی پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنێت. ئەمە ڕوونی دەكاتەوە كە پێی وابووە یەك پێغەمبەر هەیە چونكە ئەگەر زۆرێك لە پێغەمبەران لە پێشیەوە هەبوونایە؛ ئەوا دەیفەرموو: ئەگەری نەبووە ئەولیاكانی ئوممەت نیعمەتی پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنن. بەڵام دەفەرموێت: ئەگەری نەبووە هەموو تاكەكانی ئوممەت بێ بەشبن لەم نیعمەتە و هیچ كەسێك ئەم پلەیە بەدەست نەهێنێت. كەواتە لەمەوە بەجوانی دەردەكەوێت كە بەگوێرەی بۆچوونی بەڕێزی بڕیار بووە ئەم پلەیە یەك كەس بەدەستی بهێنێت. (بڕوانن بۆ كتێبی الوصیة، لاپەڕە 11 بۆ دۆزینەوەی وشە ئەسلیەكان) هەروەها لە هەمان لاپەڕەدا دەفەرموێت مەبەست لە پێغەمبەرایەتی ئاگاداربوونە لە شتە غەیبیەكان كاتێك ئەم ئاگاداربوونە دەگاتە چڵەپۆپە لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە. وە لەو بڕگەیەی كەمێك لەمەوپێش گواستمەوە لە كتێبی “حەقیقەتی وەحی”ەوە دەچەسپێت كە خەڵكانی تر لە ئوممەت بەڕێژەی زۆر ئاخاوتن و گفتوگۆ خواییان بەدەستنەهێناوە بەڵكو بە ئەندازەیەكی كەم بەدەستیان هێناوە. كەواتە، پێشتر هیچ كەسێك شایستەی پێغەمبەرایەتی نەبووە بەگوێرەی ئەوەی لە كتێبی “الوصیة”شدا هاتووە. پاشان دەڵێین: مادام مەسیحی بەڵێندراو لە دوو شوێنەوە بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر پێغەمبەرایەتی: یەكەم لە هاتنی وشەی پێغەمبەرایەتی سەبارەت بە خۆی، دووەم: لە: ڕیوایەتی: “زاناكانی ئوممەتەكەم هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن”، بۆیە دەكرێت بۆ ڕزگاركردنی وتەكانی مەسیحی بەڵێندراو لە دژیەكی بڵێن خەڵكانی تر نازناوی پێغەمبەریان بەدەستهێناوە بەگوێرەی فەرموودەی “هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن” و پێغەمبەرایەتیەكەیان پێغەمبەرایەتی موحەددەثەكانە، بەڵام پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران بووە، چونكە ئەوان چوێنراون بە پێغەمبەران بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناونراوە پێغەمبەر. بۆیە مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “كەشتی نووح”دا دەفەرموێت:
“پیاوچاكانی ئوممەت بەتایبەتی تەواوەكانیان لە ڕێگەی پێغەمبەرەوە (ﷺ) كراون بە میراتگری پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل بەهۆی گیرابوونی ئەم دوعایەی قورئانەوە. لەڕاستیدا مەسیحی بەڵێندراویش بەهۆی گیرابوونی ئەم دوعایەوە لەناو ئەم ئوممەتەدا پەیدا دەبێت، چونكە گومانی تێدا نیە كە زۆرێك لە پیاوچاكانی ئەم ئوممەتە بەشێوەیەكی شاراوە تاڕادەیەك بوون بە هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل، بەڵام مەسیحی ئەم ئوممەتە بەشێوەیەكی ئاشكرا لەبەرامبەر مەسیحی ئیسڕائیلیدا بە فەرمان و ئیزنی خوا ڕەوانەكراوە، بۆ ئەوەی ئەو لێكچوونە دەربكەوێت كە لەنێوان زنجیرەی مووسایی و زنجیرەی موحەممەدیدا هەیە” (الخزائن الروحانیة، بەرگی19، لا52-53)
لەم بڕگەیەوە دەردەكەوێت كە جیاوازیەكی ڕوون هەیە لەنێوان مەسیحی بەڵێندراو و ئەولیاكانی پێشوودا، جیاوازیەكەیش ئەوەیە ئەوان تا ڕادەیەك هاوشێوەی پێغەمبەرانی پێشوو بوون بەڵام هیچ كەسێك بەتەواوەتی هاوشێوەی پێغەمبەر نەبووە جگە لە مەسیحی بەڵێندراو. وە تەنها ئەو لەگەڵ فەرمان و ئیزندا ڕەوانەكراوە. ئەوانەی پێشوو خاوەنی لێكچوونی شاراوەن بەڵام لێكچوونی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەهێز بوو بەجۆرێك شكۆی لەخۆگرتبوو. كەواتە بەگوێرەی ئەم بڕگەیە دەتوانین گونجان بخەینە نێوان ئەو دەستەواژانەی مەسیحی بەڵێندراو كە لەڕواڵەتدا دژبەیەك دەردەكەون و بڵێین ئەگەر لە هەر شوێنێكدا بەڕێزی (عليه السلام) هەندێ تاكی ناونابێت پێغەمبەر؛ ئەوا مەبەست لێی ئەو پێغەمبەرایەتیەیە كە لە فەرموودەی “هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن”دا هەیە واتە لێكچوونێك لەنێوانیاندا هەیە ئەگەرچی نەكراون بە پێغەمبەر. وە ئەم پێغەمبەرایەتیە مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) دەگرێتەوە چونكە شتێكی بەڵگە نەویستە كە پلە بەرزەكان پلە نزمەكانیش لەخۆدەگرن. بەڵام لە ڕوانگەیەكی تریشەوە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو جیایە و دەچێتە چوارچێوەی ئەم ئایەتەوە: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِ﴾، وە تێیدا كەس بەشداری نەكردووە لەگەڵیدا چونكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی نووسیویەتی -وەك پێشتر وتەكەیم گواستەوە- كە هیچ یەكێك لە ئەولیاكانی ئەم ئوممەتە ئەم نیعمەتەی بەدەستنەهێناوە. كەواتە بەگوێرەی ئایەتی: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِ﴾ تەنها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر بووە. بەڵام ئەولیاكانی تر خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتییان هەبووە و سەلمێنەری ڕاستی دەستەواژەی: “هاوشێوەی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیلن” بوون بەهۆی ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی لە پلەیەكی هەرەباڵادا بەبێ ئەوەی بەڕێژەی زۆر ئاگادار كرابن لە غەیب كە تەنها تایبەتە بە پێغەمبەران. كەواتە، پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران تەنها لە مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هەبووە بەڵام پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەت واتە پێغەمبەرایەتی جوزئی بەهۆی هەندێ لە خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتیەوە لە هەندێ تاكی تری ئوممەتیشدا هەبوون كە دەكرێت بەوانیش بوترێت پێغەمبەر بەهۆی هەندێ لێكچوونەوە.
بەكورتی، ئەمە یەكێكە لەو دوو ڕێگایەی كە بەهۆیانەوە گونجان دروست دەكرێ لەنێوان وتەكانی بەڕێزیدا (عليه السلام). بەڵام لەڕاستیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەبەستی لە هەندێ تاك لێرەدا خۆی بووە، ئەمە هیچ دوور نیە چونكە لە زمانی عەرەبیدا چەندین نموونە هەیە كە تێیاندا مەبەست لە هەندێ تاك یەك كەسە. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك شتێك بڵێت كە گوێگر حەزی لێ نەكات؛ ئەوا جاروبار گوێگرەكە دەڵێت: ڕەنگە هەندێ كەس حەز لەو قسەیە نەكات، لەگەڵ ئەوەی تەنها مەبەستی خۆیەتی. وە ئەگەر كەسێك وردبێتەوە لە قسەی خۆی؛ ئەوا لە زمانیەوە بەزۆری گوێبیستی دەستەواژەی “هەندێ كەس” یان كۆمەڵێك دەستەواژەی هاوشێوە دەبێت كە مەبەست پێیان تەنها خۆیەتی. كەواتە، هەندێ جار شێوگی كۆ بەكاردەهێنرێت و مەبەست پێی یەك كەسە. لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە كە بێباوەڕەکان دەڵێن: ﴿رَبِّ ٱرۡجِعُونِ﴾. مانای ئایەتەكە بەگوێرەی وشە ڕواڵەتیەكانی ئەوەیە: ئەی سێ پەرستراوەكەم یان زیاتر بمگێڕنەوە (بۆ دنیا) لەگەڵ ئەوەی ئیسلام تەنها بۆ یەك خوا بانگەواز دەكات. هەڵبەت لێرەدا شێوگی كۆ بەكارهاتووە مەبەست پێی تاكە بەڕەچاوكردنی شكۆ و گەورەییەكەی لەگەڵ ئەوەی هەر كاتێك ڕووی قسە كرابێتە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بە شێوگی تاك دوێنراوە، بەڵام تەنها لەم ئایەتەدا بە پێچەوانەوە هاتووە. لەگەڵ ئەوەی لەم ڕۆژگارەدا بەشێووگی كۆ ڕووی قسە دەكرێتە مرۆڤی بەڕێز وەك لە زمانی ئوردیدا وایە بەڵام ئەمە پێچەوانەی زمانی باو بووە لە سەردەمی قورئانی پیرۆزدا و هەروەها پێچەوانەی خودی شێوازی ئاخاوتنی قورئانی پیرۆزە، وە ئەم شێوازە تەنها بۆ پیشاندانی گەورەیی خوا هاتووە. هەروەها خوای گەورە لە پێشبینیەكدا دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو دەفەرموێت: ﴿وَإِذَا ٱلرُّسُلُ أُقِّتَتۡ﴾ لەگەڵ ئەوەی مەبەست مەسیحی بەڵێندراوە بەتەنها وەك بەڕێزی (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە، بڕگەی ئاماژەپێكراو لە پێشەوە باسكرا. وە لەبەرئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەركەوتەی زۆرێك لە پێغەمبەرانە بەڕەچاوكردنی زۆری ژمارەی سیفەتەكانی، بۆیە لە وتەی “هەندێ تاك”دا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەبەستی خۆی بووە، وە نموونەی ئەمە هەیە لە وتەكانیشیدا بەجۆرێك دەفەرموێت:
“بێگومان خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا هەندێ تاكی ئەم ئوممەتەی چواندووە بە مەریەم، پاشان فەرموویەتی مەریەم سكی پڕ بووە بە عیسا، وە ئاشكرایە لە ئوممەتەدا جگە لە من كەس بانگەشەی ئەوەی نەكردووە كە خوا ناویناوە مەریەم، پاشان ڕۆحی عیسا كراوە بەبەری ئەم مەریەمەدا… كەواتە بە باشی بیربكەنەوە و بگەڕێن لە هەموو دنیادا دەبینن لە دنیادا كەسێك نیە میصداقی ئەم ئایەتە بێت جگە لە من. كەواتە ئەم پێشبینیە كە لە سوورەتی “التحریم”دا هاتووە تەنها تایبەتە بە من نەك كەسێكی تر… كەواتە من ئەو تاكە كەسەم لەناو هەموو ئوممەتدا، وە منم كە خوا سەرەتا لە “البراهین الأحمدیة”دا ناوینام “مەریەم”، پاشان دەربارەم فەرمووی: لەلایەن خۆمانەوە ڕۆحێكمان كرد بە بەری ئەم مەریەمەدا، پاشان دوای ئەوەی ڕۆحەكەی كرد بە بەرمدا ناوینام عیسا. كەواتە منم كە ئەم ئایەتە پیادە دەبێت بەسەرمدا، بەجۆرێك لە ماوەی 1300 ساڵی ڕابردوودا جگە لە من كەس بانگەشەی ئەوەی نەكردووە سەرەتا خوا ناوینابێت “مەریەم”، وە ڕۆحی خۆی كردبێت بە بەریدا و بووبێت بە عیسا. ” (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 350-351)
سەرنج بدەن لەم بڕگەیە، ئەوەتا لە یەك شوێندا سەرەتا فەرموویەتی (عليه السلام) خوا هەندێ تاكی لەم ئوممەتەدا ناوناوە مەریەم پاشان دەفەرموێت خۆی تاكە میصداقی ئەم ئایەتەیە و بەمەش زۆر بەڕوونی ئەوە هاتەدی كە ئەم شێوازە بوونی هەیە لە دەستەواژەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) كە مەبەستی تەنها خۆیەتی لە دەستەواژەی “هەندێ تاك”. كاتێك لە وتەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) بەڕوونی چەسپا كە هیچ یەكێك لە ئەولیاكانی ئەم ئوممەتە پێش ئەو پێغەمبەر نەبووە چونكە یەكێك لە مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی ئاگاداربوونە لە غەیب بەڕێژەی زۆر و ئەم مەرجە لەواندا نەبووە، هەروەها چونكە ئەوە بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی وەها لێدەكات كە گومانی لێ بكرێت، وە ئەوەش چەسپاوە كە بەڕێزی (عليه السلام) مەبەستی لە هەندێ تاك تەنها خۆی بووە، ئیتر چ گومان و دوودڵییەك دەمێنێتەوە لەوەدا كە ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبی “الوصیة”دا فەرموویەتی هەندێ تاكی ئەم ئوممەتە نازناوی پێغەمبەریان بەدەستهێناوە تەنها مانای ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەنها خۆی نازناوی پێغەمبەری بەدەستهێناوە نەك كەسێكی تر؟ بەڵام ئەگەر مانایەكمان هەڵێنجا دژی ئەم بەڵگەهێنانەوەیە بوو؛ ئەوا دەبێتە هۆی دژیەكی لە وتەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام)، وە چ شەرحێك پتەوترە لە شەرحی نووسەر خۆی؟!
ڕەنگە لێرەدا كەسێك بڵێت: چۆن لە بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتیدا تێكەڵبوون و لێتێكچوون دروست دەبێت؟! ئەگەر ئەگەری ئەوە هەبووبێت كە یەك كەس پێغەمبەر بێت؛ ئەوا دەشێت پێغەمبەرانێكی زۆریش هەبن. وەڵامەكە ئەوەیە، بەبێ گومان دەشێت زۆرێك هەبن بەڵام خەتمی پێغەمبەرایەتی ڕێگرە لەوەی ببن بە پێغەمبەر. وە بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستە سەرەتا سەرنج بدرێت لە مانای خەتمی پێغەمبەرایەتی. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“بەڵام پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) بەتایبەتی شكۆ و ڕێزی خاتەمی پێغەمبەرانی پێ دراوە بەو مانایەی هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی لەودا گەیشتوونەتە چڵەپۆپە. ئەمە یەكەم، دووەم: دوای ئەو هەرگیز پێغەمبەرێك نایەت بە شەریعەتێكی نوێوە، وە هیچ پێغەمبەرێك پەیدا نابێت لە دەرەوەی ئوممەتەكەی بەڵكو ئەگەر كەسێك ڕێز و شکۆی ئاخاوتنی خوایی بەدەستبهێنێت؛ ئەوا بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستی دەهێنێت و بە تاكێك لە ئوممەتەكەی ئەو لەقەڵەم دەدرێت نەك پێغەمبەرێكی سەربەخۆ.” (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لا 380)
لەم بڕگەیەوە دوو مانا بۆ خەتمی پێغەمبەرایەتی دەردەكەوێت:
(1) هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی لە پێغەمبەردا (ﷺ) گەیشتوونەتە چڵەپۆپە، خاسیەتێكی تەواوی پێغەمبەرایەتی نیە لە پێغەمبەردا (ﷺ) بوونی نەبێت بەڵكو كۆكەرەوەی هەموو خاسیەتە تەواوەكانە. واتە مانای خەتمی پێغەمبەرایەتی ئەوەیە وەك بۆ نموونە دەوترێت: “هەڵبەت ئازایەتی لە فڵان كەسدا گەیشتووەتە چڵەپۆپە”، مەبەست لەم دەستەواژەیە ئەوەیە كە هیچ كەسێك نیە لەو ئازاتر بێت، وە هەموو وردەكاری و بەشەكانی ئازایەتی تێیدا كۆبووەتەوە. كەواتە مانای خاتەمی پێغەمبەران ئەوەیە پێغەمبەر (ﷺ) كۆكەرەوەی خاسیەتە تەواوەكانی هەموو پێغەمبەرانە.
(2) مانای دووەم ئەوەیە لەدوای پێغەمبەر (ﷺ) شەریعەتێكی نوێ و پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نایەت، بەڵكو ئەو كەسەی دەبێت بە پێغەمبەر تاكێك دەبێت لەم ئوممەتە و ڕاستەوخۆ لێشاوی بەرەكەت بەدەستناهێنێت و پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نابێت.
وە ئەگەر لە ڕوانگەی ئەم دوو مانایەوە بیرمانكردەوە؛ ئەوا ڕوون دەبێتەوە كە مانای دووەم ڕێگری دەكات لە دوو جۆر پێغەمبەرایەتی دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ)، واتە پێغەمبەرایەتی تەشریعی و پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ. كەواتە، دەكرێت بەهۆی وەرگرتنی بەرەكەت لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) پێغەمبەرانێك پەیدا بن. ئێستا بڕگەی دووەم دەخوێنینەوە بزانین ئایا ئەویش تاڕادەیەك دەرگای پێغەمبەرایەتی دادەخات یان نا؟ بەڵام پێویستە پێش ئەوە ڕوون و ئاشكرا بێت كە پێغەمبەرایەتی لە ئوممەتی موحەممەدیدا دەكرێت چۆن بەدەستبهێنرێت؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“بەڵام ئەو كەسەی خۆی فەنا كردووە لە خاتەمی پێغەمبەراندا بەجۆرێك ناوی ئەوی بەدەستهێناوە بەهۆی ئەوپەڕی یەكگرتنی لەگەڵیدا و نەرێكردنی جیاوازی لەنێوانیاندا و ڕوخساری پێغەمبەر (ﷺ) تیشكیداوەتەوە تێیدا وەك چۆن لە ئاوێنەیەكی پاك و بێگەرددا تیشكدەداتەوە؛ پێی دەوترێت پێغەمبەر بەبێ ئەوەی مۆرەكە بشكێت.” (إزالة خطأ، الخزائن الوحانیة، بەرگی18، لا209)
پاشان دەفەرموێت (عليه السلام): “بێگومان پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرایەتیەكی سێبەرئاسایە، وە شایستەی ئەوەیە پێی بوترێت پێغەمبەر چونكە دەركەوتەیەكی تەواوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) و لێشاوی بەرەكەتی لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) وەرگرتووە.” (تذكرة الشهادتین، الخزائن الروحانیة، بەرگی 20، لا 45)
لە كۆكردنەوەی ئەم دوو بڕگەیەوە دەردەكەوێت كە ڕێگای بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی لەم ئوممەتەدا ئەوەیە مرۆڤ دەركەوتەیەكی تەواو بێت بۆ پێغەمبەر (ﷺ)، وە خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) لەخۆیدا كۆبكاتەوە و خۆی فەنا بكات لەودا هەتا خوای گەورە ناوی دەنێت “ئەحمەد” و “موحەممەد”. ئەم پێغەمبەرایەتیە پێغەمبەرایەتیەكی نوێ نیە بەڵكو دەكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت بەهۆی لێكچوونی تەواوەتی و كێشكردنی هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ خۆی وەك ئاوێنە، چونكە ئەو كەسەی دەركەوتەیەكی تەواو دەبێت بەدڵنیاییەوە ڕەنگی پێغەمبەرایەتیش دەگرێت.
ئێستا مانای خاتەمی پێغەمبەرایەتی وەرگرن بەوەی كە هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی بوونی هەیە لە پێغەمبەری خوادا (ﷺ)، پاشان ڕابمێنن لەوەی كە ناكرێت كەسێك پێغەمبەر بێت ئەگەر تەواوترین دیمەن و دەركەوتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) نەبووبێت چونكە پێغەمبەر لەم ئوممەتەدا تەنها سێبەرئاسا پێغەمبەرایەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەدەست دەهێنێت و هەرگیز پێغەمبەرایەتیەكی نوێ بەدەست ناهێنێت، بەڵام ئەم یاسایە لەگەڕدا نەبووە پێش پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) بەڵكو پێویست نەبووە بۆ هەر پێغەمبەرێك لە پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل كە كۆمەڵێك خاسیەتی تەواو لەخۆیدا دروست بكات هاوشێوەی خاسیەتە تەواوەكانی مووسا (عليه السلام) بۆ ئەوەی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت، چونكە پێغەمبەرایەتی لەو كاتەدا سێبەرئاسا نەبووە بەڵكو ڕاستەوخۆ بەدەست دەهات. بەڵام ئێستا پێغەمبەرایەتی سێبەرئاسایە و هیچ كەسێك بەدەستی ناهێنێت ئەگەر سێبەرئاسا هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەری خوا كێش نەكات بۆ خۆی، هەتا پەندێك پیادە بێت بەسەریدا كە ئەمە ماناكەیەتی: ” لەتۆدا خۆم فەنا كرد هەتا بووم بە تۆ” وە هەموو كردەوەكانی نموونەیەك بن بۆ پێشەنگیەكەی پێغەمبەری خوا (ﷺ). لەم ئایەتە قورئانیەوە: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾ دەزانین كە كەسێك بەم سیفەتانەوە دەركەوتبێت تەنها مەسیحی بەڵێندراوە، تەنها ئەوە كە دەكرێت پێغەمبەر بێت. وە ئەگەر خەلیفەكان و موحەددەثەكانی تر پێیان بگوترایە پێغەمبەر؛ ئەوا كەلێن دروست دەبوو لە خەتمی پێغەمبەرایەتیدا چونكە لە ئوممەتی موحەممەدیدا مەبەست لە ناونانی كەسێك بە پێغەمبەر ئەوەیە كە خۆی فەنا كردبێت لە پێغەمبەری خوادا (ﷺ) هەتا تەواو بووبێت بە وێنە تیشكدراوەكەی و هەموو خاسیەتە تەواوەكانی ئەوی كێشكردبێت بۆ خۆی. بەڵام نوێكارەكانی پێشوو نەگەیشتوونەتە ئەم پلەیە بۆیە ئەگەر بە پێغەمبەر دابنرێن؛ ئەوا مەبەست ئەوەیە ئەوان دەركەوتەیەكی تەواون بۆ پێغەمبەر (ﷺ) لەگەڵ ئەوەی لە خۆیاندا هەموو خاسیەتە تەواوەكانی خاتەمی پێغەمبەرانیان كۆ نەكردووەتەوە -واتە كۆكەرەوەی هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی نین- بەڵكو دەركەوتەیەكن بۆ هەندێ خاسیەتی تەواو. لەبەر ئەوە ئەژماركردنیان بە پێغەمبەر و بە نموونەیەك بۆ پێشەنگی پێغەمبەری خوا (ﷺ) شكۆی خەتمی پێغەمبەرایەتی كەم دەكاتەوە لەبەرچاوی خەڵكدا و هەڵە دەكەن لە پێوانەكردنی هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەسەر ئەو نوێكارانە، چونكە نوێكارەكان دەركەوتەیەك نەبوون بۆ هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەر (ﷺ). بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەواوترین دیمەن و دەركەوتە بووە بۆ پێغەمبەر (ﷺ)، وە لە قورئانی پیرۆزدا خوا بوونی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) وەسف كردووە بە بوونی پێغەمبەر (ﷺ)، كەواتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە تەنها دەركەوتەی تەواوەتی بارودۆخی خاتەمی پێغەمبەرانە (ﷺ) وەك دەفەرموێت: “ئەو كەسەی جیاوازی بكات لەنێوان من و پێغەمبەری هەڵبژاردەدا نەیناسیوم و نەیبینیوم”. (الخطبة الإلهامیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 16، لا 259)
بەڵام ئەمە مانای وا نیە كە لە پلەدا یەكسان بووە بە پێغەمبەر (ﷺ) بەڵكو پلەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە بەرامبەر پێغەمبەردا (ﷺ) پلەی خزمەتكار و قوتابیە. بەڵام لەبەرئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) وێنەیەكی سێبەرئاسای تەواوی پێغەمبەرە (ﷺ) بۆیە ناكرێت بوترێت جیاوازیەك هەیە لەنێوان میرزا غوڵام ئەحمەد و موحەممەدی هەڵبژاردەدا (ﷺ). لەبەر ئەوە تەنها بەڕێزی (عليه السلام) شایستەی ئەوە بووە كە پێی بوترێت “پێغەمبەر” هەتاکو بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی نەشێوێت و تێكەڵ و پێكەڵ نەبێت.
پوختەی قسە ئەوەیە دوو مانا هەیە بۆ خەتمی پێغەمبەرایەتی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەردووكیانی ڕوون كردووەتەوە، مانای یەكەمیان دەرگای پێغەمبەرایەتی بە شەریعەتێكی نوێوە و پێغەمبەرایەتی سەربەخۆی داخستووە، بەڵام مانای دووەمی خەتمی پێغەمبەرایەتی واتە پێغەمبەر (ﷺ) كۆكەرەوەی هەموو خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرانە ئەمەش ڕێگری دەكات لەوەی خەڵكانێك پلەی پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنن كە تەواوترین دەركەوتە و دیمەنی پێغەمبەر (ﷺ) نەبن. وە لەبەرئەوەی تەنها مەسیحی بەڵێندراو تەواوترین دیمەنی پێغەمبەر (ﷺ) بووە وەك ئەم ئایەتەی قورئانی پیرۆز: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾ شایەتی دەدات، بۆیە تەنها ئەو ناونراوە بە پێغەمبەر بۆ ئەوەی پێغەمبەرایەتیەكەی ببێتە نیشانەی خەتمی پێغەمبەرایەتی و بۆ ئەوەی خەڵكی بە بیینی بەڕێزی شارەزا بن لە خاسیتە تەواوەكانی گەورە و مامۆستاكەی واتە موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) و بۆ ئەوەی جارێكی تر باوەڕە كۆن و ڕزیوەكەیان نوێ بكەنەوە و ببن بە هاوشێوەی هاوەڵەكان (ڕەزای خوایان لێ بێت).
كەواتە بڕوانن بۆ ئەو جیاوازیە ڕوونەی كە لەنێوان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نوێكارەكانی پێشوودا هەیە بەجۆرێك تەنانەت یەكێكیان ڕەوانە نەكراوە بۆ هەموو جیهان لەكاتێكدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕەوانەكراوە بۆ هەموو جیهان. وە لە هەموو جیهاندا نیشانەكان دەركەوتوون بۆی. كەواتە، تەنانەت یەك دانە لە ئەولیاكانی پێشوو نەبووە كە تەواوترین دیمەنی پێغەمبەر (ﷺ) بوو بێت هەتا پێی بوترێت پێغەمبەر. وە ئەگەر یەكێكیان ناوبنرایە پێغەمبەر بەبێ ئەوەی تەواوترین دیمەن بێت بۆ پێغەمبەر (ﷺ)؛ ئەوا لێتێكچوون و سەرلێشێوان ڕوویدەدا لە بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتیدا، چونكە پێغەمبەرایەتی لە ئوممەتی موحەممەدیدا سێبەرئاسایە. یەك كەس هەیە لەم ئوممەتەدا واتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بە فەرمایشتی خۆی شایەتی داوە لەسەر ئەوەی تەواوترین دیمەن و دەركەوتەیە، پاشان بە كردەوەی خۆیشی شایەتی دا لەسەر ئەوەی كە تەواوترین دیمەنە چونكە وەك پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕەوانەی كرد بۆ هەموو جیهان. كەواتە شایەتیدانی خوا لە هەردوو جۆرەكە واتە بە وتە و بە كردەوە هەیە لەسەر ئەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەركەوتە هەرە تەواوەكەیە، بۆیە دەكرێت تەنها بەڕێزی پێی بوترێت پێغەمبەر نەك كەسێكی تر.
وەك پێشتر گوتم نوێكار و ئەولیاكانی پێشوو موحەددەث بوون، وە لەبەرئەوەی موحەددەث بە جۆرێك لە جۆرەكان لێكچوونی هەیە لەگەڵ پێغەمبەراندا و لەبەرئەوەی دەركەوتەیەك بوون بۆ هەندێ لە خاسیتە تەواوەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بۆیە بەردەوام پشكێكیان لە پێغەمبەرایەتی جوزئی وەردەگرت، واتە هەندێ لە خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی تێیاندا هەبوو. ئەگەر پێغەمبەرایەتی لە ئوممەتی موحەممەدیدا سێبەرئاسا نەبوایە؛ ئەوا شیانی هەبوو هەندێ لەو موحەددەثانە كە خاوەنی بەهرە و توانای بڵندبوون ئەوانیش پێغەمبەر بن. بەڵام لەبەرئەوەی پلەی پێغەمبەرایەتی لەم ئوممەتەدا بەهۆی خەتمی پێغەمبەرایەتیەوە هەڵكشاوە، بۆیە لە ئێستادا ناكرێت پێغەمبەرێك هەبێت مەگەر ئەوەی كە تەواوترین دەركەوتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بووە، بەمەش ئەو موحەددەثانە نەبوون بە پێغەمبەر، بەڵام هەندێ لە خاسیەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێنا بەگوێرەی توانا و لێهاتوویی خۆیان بۆیە پێغەمبەرایەتی جوزئییان بەدەستهێنا. هەڵبەت زۆرێك لە سۆفیەكان لە كتێبەكانیاندا بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە ئەم جۆرە خاسیتە تەواوانەیان بەدەستهێناوە، ئێمە بەدرۆیان نازانین بەڵكو بەڕاستگۆ و هەڵبژێردراوی خوا و دەركەوتەی هەندێ بارودۆخی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەژماریان دەكەین. بەڵكو دەكرێت هەندێكیان تەواوترین دیمەن و دەركەوتەیش بوو بن بۆ هەندێ بارودۆخی پێغەمبەری خوا (ﷺ) واتە بەشێوەیەكی تەواوەتی سێبەرئاسا هەندێ لە خاسیەتە تەواوەكانیان بەدەستهێنابێت.
مەولەوی “غوڵام ئەحمەد ئەختەر” لە شاری “ئەوج” بڕگەیەكی محێدین ئیبن عەرەبی لە كتێبی “الفتوحات المكیة”ی بۆ نارم كە تێیدا هاتووە: “یەكێك لە كەرامەت و ڕێزەکانی پێغەمبەری خوا موحەممەد (ﷺ) ئەوەیە كە لە ئوممەت و شوێنكەوتووانیدا کەسانێك کراون بە نێردراو، ئەگەرچی ڕەوانەنەكراون[41]. بەڵام شایستەی ئەو پلەوپایەن كە لێیەوە پێغەمبەران ڕەوانە دەكرێن، وە پێشتر ڕەوانەكراون، بۆیە ئەوە بزانە. كاتێك موحەممەد (ﷺ) كۆچی كرد کارەکە بە پارێزراوی مایەوە بەهۆی ئەم نێردراوانەوە بۆیە حەمد و سوپاس بۆ خوا ئایین بە ڕاوەستاوی جێگیری مایەوە و هیچ پایەیەكی نەڕووخا چونكە پارێزەر هەبوو دەیپاراست. ” (الفتوحات المكیة، بەرگی 2، لا6)
[41] محێدینی ئیبن عەرەبی دەڵێت: “كەسانێك لە ئوممەت و شوێنكەوتووانی پێغەمبەر (ﷺ) كراون بە نێردراو، ئەگەرچی ڕەوانەنەكراون”. لەم ڕوانگەیەشەوە جیاوازیەك هەیە لەنێوان ئەوان و مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) چونكە خوای گەورە سەبارەت بە مەسیحی بەڵێندراو فەرموویەتی: “ئێمە ئەحمەدمان نارد بۆ لای گەلەكەی كەچی ئەوان پشتیان هەڵكرد و گوتیان درۆزنێكی خراپە”. ئەوەتا خوای گەورە وەك نێردراوێك ڕەوانەی كردووە، بەمەش پەیامەكەی بەڕێزی جیادەبێتەوە لە پەیامی كەسانی تر. نووسەر.
لەم دەستەواژەیەوە دەردەكەوێت كە لە ئوممەتی موحەممەدیدا كەسانێك هەبوون خاسیتە تەواوەكانیان تێدا بووە و گەیشتوونەتە پلەیەك كە تێیدا پێغەمبەر ڕەوانە دەكرێت، بەڵام وەك پێغەمبەر ڕەوانە نەكراون لەبەر بڵندی پلەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەڵكو بەردەوام لە ڕیزی ئەولیاكاندا بوون ئەگەرچی هاوشێوەی پێغەمبەران بوون لەبەرئەوەی دەركەوتەیەكی جوزئی بوون بۆ خاسیتە تەواوەكانی پێغەمبەر (ﷺ). بەڵام پلەوپایەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) جیاوازە وەك ئیبن عەرەبی دەربارەی بەڕێزی (عليه السلام) دەڵێت: “ڕۆژی قیامەت دوو حەشری هەیە؛ وەك پێغەمبەرێك لەگەڵ پێغەمبەراندا حەشر دەكرێت، وە لەگەڵ ئێمەدا وەك وەلیەك حەشر دەكرێت كە شوێنكەوتەی موحەممەدە (ﷺ).” لەم دوو دەستەواژەیەدا ئیبن عەرەبی زۆر بە وردی و بە جوانی ئەو چەمكانەی ڕوونكردووەتەوە كە پێشتر باسم كردن، واتە موحەددەثەكانی چواندووە بە پێغەمبەران لە ڕوانگەیەكەوە و ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە ئەوان نەبوون بە پێغەمبەر. لەبەرامبەردا دوو سیفەتی خستووەتەڕوو بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یەكێكیان ئەوەیە بووە بە پێغەمبەر و دووەمیان ئەوەیە وەك تاكێكی ئوممەتیش ماوەتەوە. بەمەش لە ڕۆژی قیامەتدا ئەو (عليه السلام) دوو پلەی دەبێت پلەی پێغەمبەر و پلەی ئەولیاكان كە هاوشێوە پێغەمبەران بوون لە هەندێ بارودۆخیاندا بەڵام نەبوون بە پێغەمبەر. ئەگەر ئیبن عەرەبی بیویستایە بڵێت ئەولیاكانی تریش بەتەواوەتی وەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بوون بە پێغەمبەر؛ ئەوا نەیدەنووسی تەنها بۆ مەسیحی بەڵێندراو دوو حەشر دەبێت بەڵكو دوو حەشری باس دەكرد بۆ هەموو ئەولیاكان، بەڵام ئەو كەسانەی تەنها بە كۆمەڵێك تاك لە ئوممەت لەقەڵەمداوە كە ئەو پەیامەیان بەدەستهێناوە كە ئەولیاكان بەدەستیدەهێنن و لە ڕیزی كۆمەڵی پێغەمبەراندا پۆلێنی نەكردوون. هۆكارەكە ئەوەیە پێوەری پێغەمبەرایەتی زۆر بەرزبووەتەوە بەهۆی خەتمی پێغەمبەرایەتیەوە، وە پاش لەدایك بوونی پێغەمبەری تەواو كە سەرداری هەموو پێغەمبەرانە بەرزی ئەم پلەیە زۆر زیاتر بووە لە جاران. وە ئەمە بەڵگەیەكی زۆر بەهێزە لەسەر دەرخستنی گەورەیی پێغەمبەری خوا (ﷺ) و كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك بڵێت ئەگەر پلەی پێغەمبەرایەتی بەهۆی خەتمی پێغەمبەرایەتیەوە بەرزتر بووەتەوە بەجۆرێك هیچ كەسێك ناتوانێت ببێت بە پێغەمبەر ئەگەر نەبێت بە دەركەوتەی تەواوەتی پێغەمبەر، وە پێغەمبەری خوا (ﷺ) پاش هەزاران ساڵ لەدایك بووە؛ ئەوا چۆن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە بە دەركەوتەی هەرە تەواوی پێغەمبەر (ﷺ) لەقەڵەمی دەدەن بەم خێراییە لەدایك بوو؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: پێغەمبەری خوا (ﷺ) گەیشتووە بەم پلەیە بەجۆرێك خوای گەورە بەهۆی توانای خۆیەوە پێی بەخشی بەبێ ئەوەی داوای كۆمەكی لە كەس بكات، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەنها بەهۆی بەهرە و توانا خۆییەكانیەوە نەگەیشت بەم پلەیە بەڵكو بەرەكەتی موحەممەد (ﷺ) لەگەڵ توانا و بەهرە كەسیەكانیدا بووە ئەوسا بەهرە و توانا فیتریەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەسیحی بەڵێندراویان بەرزكردەوە، هەروەها پێغەمبەری خوایش (ﷺ) دەستی گرت و بەرزی كردەوە. لەبەر ئەوە مرۆڤێكی تەواوی وەك پێغەمبەری خوا دەركەوت لە كاتێكی خێراتر لەوەی پێش خۆی. وە دەركەوتنی مرۆڤێكی تەواوی وەك پێغەمبەر (ﷺ) لە ماوەی 1300 ساڵدا ئەمیش بەڵگەیەكی مەزنە لەسەر تەواوێتی هێزی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ).
كۆتایی كتێبەكە
لەگەڵ ئەوەی ئەم كتێبە تەنها وەڵامی نامیلكەیەك نیە كە مەولەوی موحەممەد عەلی نووسیویەتی، بەڵكو تێیدا هەموو ئەو شتانەم تاوتوێ كردووە كە پەیوەستن بە پرسی پێغەمبەرایەتیەوە، وە ئەگەر بە وردی خوێندمانەوە؛ ئەوا دەبینین دەیەها پرس و بابەت تێیدا تاوتوێ كراوە. بەڵام كاتێك بڕیارمدا بینووسم تەنها نامیلكەكەی مەولەوی موحەممەد عەلی بەڕێز لە مێشكمدا بوو، وە نامیلكەكە پاڵنەر و دەرفەت بوو بۆ ئەوەی ئەم كتێبە بنووسم، بۆیە ناو بەناو باسی مەولەوی بەڕێزی تێدا كراوە. وە بەلامەوە گونجاوە شتێك كە مەولەوی بەڕێز لە نامیلكەكەیدا باسی كردووە لەدەرەوەی ئەم كێبەمدا بەجێ نەهێڵرێت، لەگەڵ ئەوەی من وەڵامی هەموو ئەو شتانەم داوەتەوە كە لە نامیلكەكەیدا هاتوون و شایستەی وەڵامدانەوەن، بەڵام شتێك ماوە لەم كۆتاییەدا وەڵامی دەدەمەوە. مەولەوی بەڕێز لە لاپەڕە 9ی نامیلكەكەیدا كە ناونیشانەكەی بریتیە لە: “إزالة خطأ في القول الفصل” دەڵێت:
“مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە نامیلكە ئیلهامیەكەی خۆیدا واتە لە “توضیح المرام”دا زۆر بەڕوونی نووسیویەتی….”
ڕوون و ئاشكرایە بۆچی مەولەوی بەڕێز نامیلكەی ناوبراوی بە ئیلهامی وەسف كردووە. لەڕاستیدا ئەو دەیەوێت لە وشەی “ئیلهامی” ەوە ئەوە بخاتەڕوو كە مادام هەموو ئەوەی تێیدا هاتووە ئیلهامە ئەوا چۆن نەسخ دەبێتەوە؟ بەڵام من دەڵێم: سەرەتا مەبەستەكەی ناچەسپێت لەو بڕگەیەوە كە نەقڵی كردووە لە “توضیح المرام”ەوە چونكە وەك پێشتر چەسپاندم بانگەشەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە سەرەتاوە هەتا كۆتایی وەك خۆی ماوەتەوە و نەگۆڕاوە مەگەر تەنها ناوەكە گۆڕابێت. خاڵی دووەم ئەوەیە كە كتێبی “توضیح المرام” هەرگیز هەمووی ئیلهام نیە. بەڵكو ئەوەی مەولەوی بەڕێز لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە تەواو هەڵەیە چونكە ناتوانم گومانی خراپی پێ ببەم كە ئەو بە ئەنقەست ئەم قسە هەڵەیەی نووسیوە. لەڕاستیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمانی كرد بانگەشەكەی بڵاوبكرێتەوە كە فەرموویەتی خۆی مەسیحی بەڵێندراوە و فەزڵ و چاكەكانی خوای گەورەی ڕاگەیاند، ئەوسا بەڕێزی هەردوو نامیلكەی “فتح الإسلام” و “توضیح المرام”ی نووسی كە دوو نامیلكەی جیا نین بەڵكو لەڕاستیدا بریتین لە یەك كتێب وەك ڕوونە لە پەڕەی بەرگی “توضیح المرام”ەوە كە دەبینین لەسەری نووسراوە “فتح الإسلام، بەشی دووەم”، بۆیە وشەی “ئیلهامی” لەسەر پەڕەی بەرگەكە نووسراوە و ئەوە باسكراوە لە بەشی خوارەوەی پەڕەی بەرگەكە. بەهەمان شێوە وشەی “ئیلهامی” لەسەر نامیلكەی “فتح الإسلام”یش نووسراوە كە بەشی یەكەمی “توضیح المرام”ە و لە خوارەوە نووسراوە: “چاپكرا و بڵاوكرایەوە بە مەبەستی هیدایەتی خەڵكی گشتی و تەبلیغ و بانگەواز و چەسپاندنی بەڵگە بە فەرمان و ئیزنی خوا و بە سەرپەرشتی شێخ نوور ئەحمەد خاوەنی چاپخانەی ریاض الهند لە ئەمریتسەر”. هەموو مرۆڤێك دەتوانێت بەباشی تێبگات لەم دەستەواژەیە ئایا ئەم كتێبە ئیلهامە یان بڵاوكردنەوەی بانگەشەكەی بەگوێرەی ئیلهام بووە؟ ئەگەر كتێبەكە ئیلهامكراو بووە؛ ئەوا بۆچی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نووسیویەتی خۆی نووسیویەتی؟ ئایا یەك جار دەربارەی ئیلهامەكانی فەرموویەتی خۆی دایناون؟ هەڵبەت ئەژماركردنی ئەم كتێبە بە ئیلهامی هێرشێكی ترسناكە بۆ سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چونكە ئەمە مانای وایە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی ئیلهامەكانی داناوە. لەڕاستیدا مادام كتێبەكە بەفەرمانی خواوە دانراوە بۆ بڵاوكردنەوەی بانگەشەكەی بەڕێزی، بۆیە لەسەری نووسراوە “ئیلهامی” و لە بەشی خوارەوە ئەوەش ڕوون كراوەتەوە كە مەبەست لێی چیە. ئیتر مەبەست لەوەی كە ئیلهامیە دەبێت چی بێت؟
ڕەنگە كەسێك لێرەدا بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی یەكێك لە وتارەكانیشی فەرموویەتی وتارێكی ئیلهامیە، وەڵامەكەی ئەوەیە كە بابەتی ئەو وتارە تەواو جیاوازە. چیرۆكی وتاری ئیلهامی ئەوە نیە كە خوای گەورە فەرمووبێتی بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەمە و ئەوە بدە بەگوێ خەڵكیدا و ئەوە بە وتەیەكی ئیلهامكراو ئەژماركرابێت، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوە بووە خوای گەورە نیشانەیەكی داناوە بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە بە زمانی عەرەبی وتارێك بدات و لەلایەن خواوە توانایەكی پێ دەدرێت بۆ دەربڕینی چەندین مەبەستی فراوان و دەستەواژەی پاراو. بۆیە ئەم وتارە نیشانەیەك بوو لە نیشانەكان و بەردەوام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمیشە بە نیشانەیەك بۆ خۆی ئەژماری دەكرد. بەڵام ئایا جارێك دەربارەی كتێبەکەی خۆی “توضیح المرام”یش نووسیویەتی یەكێكە لە نیشانەكانم؟ پاشان ئەم وتارە ناونراوە “وتاری ئیلهامی” وەك بیرخستنەوەیەك بۆ ئەو ئیلهامە و و هێشتنەوەی یادگاری ئەو نیشانەیە بە زیندوویی. كاتێك پێی دەڵێین “وتاری ئیلهامی” مەبەستمان ئەو كتێبەیە كە ناوی “وتاری ئیلهامی”ە و مەبەستمان ئەوە نیە كە كتێبێكە هەموو وشەكانی ئیلهامە. وە لە ناوی “توضیح المرام”دا وشەی “ئیلهامی” بوونی نیە هەتا ناچاربیت بۆ نووسینی ئەم وشەیە. ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی ئەم كتێبە نووسیویەتی كتێبێك یان نامیلكەیەكی ئیلهامكراوە؛ ئەوا پێویستە لەسەرت ئەوە بخەیتەڕوو، یان ئەگەر بەڕێزی (عليه السلام) دەستەواژەیەك لە دەستەواژەكانی خستووەتەڕوو وەك دەستەواژەیەكی وەحیكراو؛ ئەوا بەڵگە بهێنەرەوە لەسەری. سەرەڕای ئەوە ئەو ڕاگەیاندنەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ساڵی 1892زدا بڵاوی كردەوە، هەڵبەت هەندێ دەستەواژەیم هێنایەوە لە چەندین شوێندا، تێیدا نووسیویەتی هەر كاتێك لە نامیلكەی “توضیح المرام” و غەیری ئەودا وشەی “پێغەمبەری جوزئی” و هاوشێوەكەی هاتبوو؛ ئەوا تەنها بەهۆی خۆبەكەمزانین و سادەییەوە نووسیومە. ئێستا پێم بڵێ ئایا دەكرێت وشەی سادەیی بدرێتەپاڵ ئیلهامیش؟ پەنا ئەگرین بە خوا لەمە.
ئێستا ئەم كتێبە كۆتایی پێ دەهێنم و تكام وایە لە هەموو ئەو كەسانەی ڕاستییان خۆش دەوێت ڕابمێنن لە ناوەڕۆكەكەی و بەچاكی بیربكەنەوە لە چەمك و ماناكانی و سەیری بكەن بزانن كێ ڕاستە بۆ ئەوەی بێڕێزی و بەدگۆیی ئەنجام نەدەن بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ)، وە بۆ ئەوەی لەو كەسانە نەبن كە بڕیاری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕەت دەكەنەوە. گومانی تێدا نیە ئەركی سەرشانی هەموو ئەندامانی كۆمەڵەکەمان ئەوەیە كە خۆیان بەدوور بگرن لە هەر زیادەڕەویەكی بێ پاساو و خۆیان ڕزگار بكەن لە پەڕگیری ئەرێنی. بەڵام ئەی خۆشەویستانم خۆبەدوورگرتن لە پەڕگیری نەرێنیش پێویستە لەسەر هەموو باوەڕدارێك و پێویستە لەسەری دەستبگرێت بە ڕاستیەوە. ئایا پێویستە دەست بكەین بە سووكایەتیكردن بە پیاوچاكان لە ترسی زیادەڕەوی؟ خوای گەورە بۆ هەمیشە نەفرەتی كرد لە جوولەكە چونكە نەیانویست ڕاستی قەبووڵ بكەن. كەواتە شیاو نیە بۆ باوەڕدار تەنها لە ترسی زیادەڕەوی خۆی بەدوور بگرێت لە خستنەڕووی ڕاستی. دیارە قورئانی پیرۆز فەرمانمان پێدەكات دادپەروەر بین، كەواتە دادپەرورە بن و لە هیچ شتێكدا پەڕگیری مەكەن نە بە ئەرێنی نە بە نەرێنی چونكە هەردووكیان خراپن. ئەوەی زیادەڕەوی دەكات و پێغەمبەرێك دەكات بە خوا كەسێكی گومڕایە، وە ئەو کەسەی سووكایەتی دەكات بە پێغەمبەرێك و لە پلەوپایەی ڕاستەقینەی خۆی دایدەبەزێنێت ئەویش نوێنەرایەتی ئەو تاقمە دەكات كە بەر تووڕەیی خوا كەوتوون. باوەڕدار پێی خۆش نیە چەسپاو بێت لەسەر یەكێك لەم دوو شوێنە. بەدڵنیاییەوە بزانن تەنها شوێنكەوتنی ڕاستی مرۆڤ ڕزگار دەكات. ئایا بۆمان هەیە وازبهێنین لە هەموو ڕاستیەك لە ترسی ئەوەی نەوەك زیادەڕەوی ئەنجام بدەین؟ مەبەست لە زیادەڕەوی بەزاندنی سنوورەكانە. پێش ئەوەی مرۆڤ هەر شتێك بە زیادەڕەوی لەقەڵەم بدات پێویستە بزانێت ئایا ئەو شتە پێچەوانەی ڕاستیە؟ جا ئەگەر بە بەڵگەی گومانبڕ ساغبوویەوە ئەو شتە حەق و ڕاستیە ئیتر مانای زیادەڕەوی چیە؟ دیارە قەبووڵكردنی شتێك لە پلە ڕاستیەكەی خۆیدا خودی چاكەیە و زیادەڕەوی نیە. بۆیە خراپە مەكەن بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆ دووركەوتنەوە لە زیادەڕەوی بەگوێرەی خەیاڵی خۆتان، چونكە ئەو كەسانەی خراپەیان كرد بەرامبەر مەسیح (عليه السلام) هەتا ئەمڕۆ لە ژیاندا نەحەوانەوە و ئاسوودە نەبوون. هەندێ كەس دەڵێن پەڕگیری ئەرێنی و پەڕگیری نەرێنی هەردووكیان خراپن. ئەم قسەیە تەواو دروستە بەڵام زۆر جێگای داخە ئەوان لەكاتێكدا ئەم قسەیەش دەكەن زیادەڕەوی دەكەن و لە پلەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كەم دەكەنەوە بەمەش شایستەی سەرزەنشتن وەك هەندێ كەس كە حەز لە پیاهەڵدانی زیاد لە پێویست دەكەن. بەڵام ئێمە بە فەزڵی خوای گەورە ڕێگایەكی مامناوەندمان گرتووەتەبەر. لەلایەكەوە باوەڕمان بە گەورەیی و شكۆی پێغەمبەر (ﷺ) هەیە و پێمان وایە باوەڕبوون بەوەی خاتەمی پێغەمبەرانە بەشێكە لە باوەڕمان، وە لەلایەكی ترەوە پاك بێگەردین لە كەمكردنەوەی پلەوپایەی خەتمی پێغەمبەرایەتی بە نكۆڵیكردنمان لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام).
مەولەوی بەڕێز لە نامیلكەكەیدا دەڵێت لە فەرموودەدا هاتووە كە موسوڵمانان لە سەردەمێكدا وەك جوولەكە و گاوریان لێ دێت بۆیە پێویستە وریا بین نەچینە ڕیزی گومڕایانەوە. من ڕێزی ئامۆژگاریەكەی دەگرم چونكە حیكمەت ون بووی باوەڕدارە لە هەر شوێنێك دەستیكەوت[42] وەریدەگرێت، بۆیە من ڕێزی ئەم ئامۆژگاریە دەگرم و پێم وایە ئەركی سەرشانی هەموو باوەڕدارێكە كە خۆی بەدوور بگرێت لە گومڕایی. بەڵام تێنەگەیشتم بۆچی وەكو مەسیحیەكان لەقەڵەم دراین چونكە یەكەم: ئاژاوەی مەسیحیەكان هێشتا بوونی هەیە و هەزارەها موسوڵمان بوون بە مەسیحی و بەردەوامیش دەبن. دەی كاتێك ئەوانەی سەر بە مەسیحیەكانن بوونیان هەیە و هێشتا ئاژاوەی قەشەكانیش بە شێوەیەكی ترسناك بوونی هەیە بەجۆرێك هەزارەها بگرە سەدان هەزار لە خەڵكی دەخەنەناو ئایینی مەسیحیەتەوە، ئیتر چ پێویست دەكات گرووپێكی تر لە مەسیحیەكان دروست بكرێت؟ دووەم: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی لە كتێبی “وتاری ئیلهامی”دا دەفەرموێت: “بەڵام ئەوانەی بوونە میراتگری گومڕایان كەسانێك لەناویاندا هەن كە دروشم و خوڕەوشتی مەسیحیەكانیان پێ خۆشە و حەزیان لێیەتی. دەیانبینی ئارەزوویان لە پۆشاك و پاڵتۆ و كڵاو و نەعلەكانیان و شێوازی ژیان و هەموو ئاكارەكانیانە، وە پێدەكەنن بەو كەسەی پێچەوانەی ئەمانە بێت، وە لە كۆمەڵی ئەوان ئافرەت مارە دەكەن و شەیدایان دەبن. وە كەسانێك لە ناویاندا هەن حەزیان لە فەلسەفەیە و بڵاوی دەكەنەوە، وە شلگیری دەكەن لە كاروباری ئاییندا. وە چەندین وشەی نەشیاو دەردەچێت لە زاریان، ئایینی خوا بە سووك سەیردەكەن و گوێی پێ نادەن. وە هەیانە كاروباری گومڕایی تەواو دەكەن و هەڵدەگەڕێنەوە لە ئیسلام و لەڕووی نەزانی و نەفامیەوە دژایەتی دەكەن”. (لاپەڕە 107-108)
[42] الترمذي، أبواب العلم، باب ما جاء في فضل الفقه علی العبادة. (بەكورتی)
لەم دەستەواژەیەوە ڕوون دەبێتەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نەیارەكانی خۆی بە گرووپێك لە قەڵەمداوە كە نوێنەرایەتی گومڕایان دەكات. بەڵام زۆر سەیرە بەڕێزی (عليه السلام) هەتا ڕۆژی مردنی نەیزانیبوو كە خودی خۆی بە “كۆمەڵی گومڕایان” ئەژمار دەكرێت كە نێردراوە بۆ چاككردنیان، وە ئەو كەسانەی بە گومڕایان دەزانێت و هەوڵ دەدات بۆ چاككردنیان لەڕاستیدا خۆیان ئەو گرووپەن كە بەر تووڕەیی خوا كەوتوون!
بەكورتی، مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە ڕەوانەكراوە بۆ چاككردنی ئەوانەی بەر تووڕەیی خوا كەوتوون و ئەوانەی گومڕان و خۆی گرووپی غەزەب لێگیراوان و گومڕایانی دەستنیشان كردووە؛ ئەوا كەسێكی تر مافی ئەوەی نیە -بەڕەچاوكردنی كۆمەڵێك بیروباوەڕ كە دژایەتی دەكەن- بە خراپ فەرموودەیەكی پێغەمبەر (ﷺ) بەكاربهێنێت؟ ڕەنگە هەموو ڕۆژێك كۆمەڵێك لەو خەڵكانە ببینیت لە لاهۆر، ئیتر بۆچی بیروباوەڕی كردنی كۆمەڵی ئەحمەدی بە كۆمەڵێكی گومڕا چووەتە ناو مێشكتەوە؟
پرسیارت كردووە: “ئایا لەناو گەلانی پێشوودا گەلێك هەبووە پەڕگیری نەرێنی (شلگیری) ئەنجام دابێت، بەڵكو هەموویان پەڕگیری ئەرێنییان (توندگیری) ئەنجام داوە، بەمەش ساغبوویەوە كە پەڕگیری ئەرێنی ئێستاش ئەنجام دەدرێت.”
بەڵام من دەپرسم: ئایا لەناو گەلانی پێشوودا گەلێك هەبووە بەدەستی پێغەمبەرێك ساز كرابێت و سوودی وەرگرتبێت لە بەرەكەتی هاوەڵێتی و یاوەرێتی ئەو پێغەمبەرە پاشان پەڕگیری ئەرێنی (توندگیری) ئەنجامدابێت و بەشە گەورەكەی بووبێت بە گومڕا و لەئەندازە دەرچوو؟ ئەگەر لە ڕابردوودا ئەوە ڕووینەداوە كە بەدڵنیاییەوە ڕووی نەداوە؛ ئەوا لە كوێ بۆت هەیە تۆمەتبارمان بكەیت بە زیادەڕەویكردن لەگەڵ ئەوەی تۆ دەتەوێت پێوانەیەك بكەیت بەگوێرەی گەلانی پێشوو. دەكرێت تاقمێكی بچووك پێی هەڵخلیسكێت و بكەوێت بەڵام هەرگیز ناتوانیت بیسەلمێنیت بەشە گەورەكەی كۆمەڵی پێغەمبەران خراپ بووە لە سەردەمی هەر پێغەمبەرێكدا. وە بە باشی ئەوەش دەزانیت ئێوە كەمینەن و ئێمە زۆرینەین، ڕەنگە هەوڵ بدەیت بەگوێرەی دەستەواژەی “زۆرێك لەوان خراپەكارن” بیسەلمێنیت و بڵێیت زۆرینە خراپەكار دەبێت، بەڵام پێویستە ئەوەت لەبیر بێت كە ئەم ئایەتە باسی ئەو كۆمەڵانە ناكات كە پێغەمبەران دروستیان دەكەن. ئەگەر لەو كۆمەڵانەدا خراپەكاران زۆر بن و هیدایەتدراوان كەم بن؛ ئەوا ئەمە خودی پێغەمبەرەكە ڕووبەڕووی ڕەخنە دەكاتەوە و دەوترێت شكستی هێناوە لە جێبەجێكردنی ئەركەكەیدا. وە ئەگەر پشكنین كرا بۆ پرسی كۆمەڵی پێغەمبەران و نێردراوان بەگوێرەی ئەم بیروباوەڕەی تۆ؛ ئەوا كۆمەڵی مەولەوی “یار موحەممەد” لە ئێستادا ژمارەیان كەمە، پاشان كۆمەڵی بەڕێز “تیما پوری” بە نموونە وەربگرە. ژمارەی شوێنكەوتووانی یەكەم تەنها دوو كەس یا سێ كەسە، بەڵام ژمارەی شوێنكەوتوانی ئەوەی تر دەگاتە دە پانزە كەس یان كەمێك زیاتر. كەواتە بەگوێرەی بیروباوەڕەكەی تۆ هەردوولایان لەسەر حەقن. لەڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ بە خراپی ئایەتەكانی قورئانی بەكارهێنا؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە پێی دەخلیسكێت و تووشی هەڵە دەبێت.
دەتوانیت وەڵامێكی تر بدەیتەوە، كە ئەوەیە بڵێیت كۆمەڵی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) دوای مردنی خۆی تووشی زیادەڕەوی بوون و حەواریەكان خراپ بوون. بەڵام ئەم قسەیەت دەبێت بە بەڵگە بەسەر كەسێكی مەسیحیەوە نەك بەسەر موسوڵمانێكەوە، چونكە لە قورئاندا ستایشی حەواریەكان هاتووە لە جیاتی ئەوەی بە خراپە باسیان بكرێت و فەرمانكراوە بە موسوڵمانان ببن بە یارمەتیدەری خوا وەكو حەواریەكان. كەواتە، ڕەوا نیە نموونەی حەواریەكان بخرێتەڕوو مەگەر دوای وازهێنان لە قورئانی پیرۆز. بەڵام دەتوانیت بڵێیت گەلانی دواتر زیادەڕەوییان كرد، لەوەڵامدا دەڵێم پەڕگیری نەرێنییش (شلگیری) دوای ئەوە ڕوویدا و كۆمەڵی چەكرالەییەكان بوونیان هەیە لە خودی لاهۆردا و دەتوانی لێیان بپرسی پلەوپایەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) چۆنە لایان، وە تا چ ڕادەیەك وتەكانی بە حوججە دەزانن؟ كەواتە ئەگەر كۆمەڵەكانی دواتر زیادەڕەوییان ئەنجامدابێت؛ ئەوا تۆیش زیادەڕەویت ئەنجامداوە. وە نموونەیەكی تریشت بۆ دەهێنمەوە كە ئەوەیە لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) تاقمێكی كەم هەبوون پەڕگیری نەرێنییان ئەنجامدا سەبارەت بە پلەوپایەی پێغەمبەر (ﷺ) تەنانەت كەسێكیان بە پێغەمبەری (ﷺ) گوت: “دادپەروەر بە” مەبەستی ئەوە بوو دادپەروەر نیە بەڵكو دەكرێت وەكو خەڵكانی تر ئەمیش ستەم بكات، پەنا بە خوا. وە كاتێك هەندێ هاوەڵ ویستیان بیكوژن پێغەمبەری خوا فەرمووی: “نەخێر، ئەمە هاوەڵانێكی هەیە لە داهاتوودا سەرهەڵدەدەن” ئەوە بوو بەگوێرەی ئەم پێشبینیە تاقمی خەوارجەكان پەیدا بوون كە وشەی حەقی “الحكم لله”یان گوت بەڵام مەبەستیان پێی شتێكی پووچ و ناحەق بوو. كەواتە، نموونەكانی پەڕگیری ئەرێنی و پەرگیری نەرێنی تێبینی كراوە لە كۆمەڵە ژمارە كەمەكاندا بەڵام نموونەیەکی لەو جۆرە بوونی نیە بەشی گەورەی كۆمەڵێك گومڕابووبێت كە لە خزمەتی پێغەمبەرێكدا پەروەردە بووبێت. كەواتە ئەم هەڵویستە ئەوپەڕی ترسناكە.
لە وەڵامی ئەم پرسیارانەدا مەبەستم ئەوە بوو وەڵامی هەندێ شت بدەمەوە كە لە ڕواڵەتدا بە بەهێز دەردەكەون بەڵام لە ڕاستیدا پووچ و لاوازن، بۆیە پێویستە لەجیاتی ئەوانە باسی ئەو شتانە بکرێت كە مەعقولن ئەگینا مرۆڤ گومڕا دەبێت. دیارە پرسی پێغەمبەرایەتی زۆر هەستیارە بۆیە سەرەتا داوا دەكەم لەو كەسانەی لە خوا دەترسن ئەوپەڕی وریایی ڕەچاو بكەن كاتێك دەچنەناو ئەم گۆڕەپانەوە چونكە دەست درێژكردن بۆ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەڕاستیدا شەڕكردنە لەگەڵ خوادا. ئەگەر مرۆڤ خۆی بخاتەناو ئاگرەوە یان دەست بكات بە دەمی شێردا باشترە لەوەی كە زماندرێژی بكات بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). ڕەنگە دوای خوێندنەوەی ئەم كتێبە بزانن كە نكۆڵیكردن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) واتە دان نان بە لاوازی ئیسلام و ناتەواوی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەری خوا بەڵكو واتە لە قەڵەمدانی پێغەمبەر (ﷺ) بە سزایەك بۆ جیهان، پەنا بە خوا. كەواتە هەرگیز پێتان وا نەبێت بە نكۆڵیكردنتان لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو تەنها نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی بەڕێزی، بەڵكو ئەو كەسەی ئەم كارە دەكات لەڕاستیدا لە گەورەیی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دادەبەزێنێت و پێغەمبەر (ﷺ) بە خۆرگیران و مانگگیران لەقەڵەم دەدات كە ناهێڵێت جیهان لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت، واتە هەرچەند مرۆڤ هەوڵ بدات و هەرچەند خۆی فەنا بكات لە خۆشەویستی خوای گەورەدا و هەرچەند خۆی فەنا بكات لە گوێڕایەڵی پێغەمبەردا (ﷺ) ئەوا هەرگیز نیعمەتێك بەدەستناهێنێت كە پێشینان بەدەستیان هێناوە.
كەواتە ئەی موسوڵمانان، ئەی ئەحمەدیەكان، سەرنج بدەن لە ئەنجامی ترسناكی ئەم بیروباوەڕە، وە بزانن ئەو كەسەی نكۆڵی دەكات لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كەشتی ئیسلام كون دەكات، وە لەو کەسە گەمژەیە دەچێت كە مێشێكی بینی بە ڕوخساری گەورەیەوە و دەری كرد، بەڵام پاش كەمێك مێشەكە گەڕایەوە و جارێكی تر دەریكرد پاشان دەریكردەوە پاشان گەڕایەوە ئینجا ڕقی هەستا لە مێشەكە و بەردێكی قورسی پیاكێشا چونكە نەیدەهێشت گەورەكەی بە ئارامی بخەوێت. بەڵام ئەنجامەكە چی بوو؟ ئەنجامەكە ئەوە بوو كە گەورەكەی لەگەڵ مێشەكەدا كۆچیان كرد لەم جیهانە. ئای بەداخەوە! ئەو كەسەی نكۆڵی دەكات لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (ﷺ) بیر لەوە ناكاتەوە كە وەكو ئەو خزمەتكارە وایە و ئامادەیە بۆ تێكشكاندنی كەللـەسەری گەورەكەی بۆ ئەوەی بەخەیاڵی خۆی مێشێك دەربكات، ئەگینا لە ئەسڵدا مێشەكە هیچ حەقیقەتێكی نیە مەگەر لە خەیاڵی ئەودا، بەهەمان شێوە ئەو كەسەیش کە نكۆڵی دەكات لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئیسلام وێران دەكات. وە ئەو كەسەی ڕەگ دەقرتێنێت بۆ پارێزگاریكردن لە یەك لق ئەوا بابزانێت كە نە ڕەگ سەلامەت دەبێت نە لقەكە. هەڵبەت پرسی پێغەمبەرایەتی پرسێكی مەزنە لە ئیسلامدا كە بەگوێرەی ئەمە ئیسلام فەزڵی هەیە بەسەر ئایینەكانی تردا. بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) تاكە تایبەتمەندی تەواوە كە فەزڵی پێغەمبەر دەسەلمێنێت بەسەر پێغەمبەرانی تردا ئەگینا لە گەلانی پێغەمبەرانی پێشوویشدا موحەددەثەكان هاتوون. كەواتە ئەگەر تەنها موحەددەثەكان دێن لە ئوممەتی پێغەمبەردا؛ ئەوا لە چ ڕوویەكەوە پێغەمبەر (ﷺ) چاكترە لە پێغەمبەرانی تر و فەزڵی هەیە بەسەریاندا؟ دیارە پێغەمبەرمان خاتەمی پێغەمبەرانە و كۆكەرەوەی هەموو خاسیەتە تەواوەكانە، وە هەموو خاسیەتێكی چاك لەودا گەیشتووەتە چڵەپۆپە، تەنها خاتەمی پێغەمبەران نیە بەڵكو خاتەمی باوەڕدارانیشە. ئەستەمە كەسێك باوەڕدار بێت لەسەر ڕووی زەوی و لە هەر شوێنێكدا ئەگەر لێشاوی نوور لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) پێی نەگات، بەڵام كەماڵە هەرە گەورەكەی ئەوەیە كە خاتەمی پێغەمبەرانە، واتە تەنها پێغەمبەرێك نیە بەڵكو پێغەمبەران دروست دەكات. لە جیهاندا زۆرێك لە پێغەمبەران هاتن و چوون، بەڵام قوتابیەكانیان لەپلەی موحەددەث تێنەپەڕین جگە لە پێغەمبەرمان (ﷺ) بەجۆرێك بەرەكەتەكەی فراوان بووە هەتا یەكێك لە قوتابیەكانی پلەی پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنا، سەرباری زۆرێك لەو كەسانەی پلەی موحەددەثیان بەدەستهێنا، وە تەنها پلەی پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنا بەڵكو سێبەرئاسا هەندێ لە خاسیەتە تەواوەكانی ڕابەرەكەی بەدەستهێنا و كەوتە سەرووی هەندێ پێغەمبەری گەورەیشەوە. ئەوەتا خوای گەورە فەزڵی دا بەسەر پێغەمبەرێكی گەورەی وەك مەسیحی ناسیرەییدا. هەموو ئەمانەی بەدەستهێنا تەنها بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرەوە (ﷺ) نەك بە هێز و توانای خۆی. كەواتە ئەی ئەوانەی بانگەشەی خۆشویستنی پێغەمبەر دەكەن، نكۆڵیكردن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەڕاستیدا نكۆڵی كردنە لە هێزی لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ). وە ئەوەی كە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەرە خراپەكردن نیە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) و سووكایەتی نیە بۆی بەڵكو مایەی سەربەرزیە بۆی كە هیچ پێغەمبەرێك لەم خاسیەتەدا بەشداری ناكات لەگەڵیدا. بێگومان غیرەتی مرۆڤ تاو دەسێنێت كاتێك بێگانە دەبنە میراتگری بەڵام لە هەر شوێنێكدا قوتابی مرۆڤ و كوڕە ڕۆحیەكەی میراتگرەكە بێت؛ ئەوا هیچ هۆكارێك نیە بۆ جووڵانی غیرەت. گەشە و پێشكەوتنی قوتابی بەڵگەیە لەسەر گەورەیی مامۆستا و هیچ لە پلەوپایەكەی كەم ناكاتەوە. بۆیە ئیرەیی مەبەن بە پێشكەوتنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چونكە پێشكەوتنەكەی لەڕاستیدا پێشكەوتنی پێغەمبەری خوایە. وە گرژ و مۆن مەبن بە بڵندبوونەوەكەی چونكە ئەو كەسەی گرژ و مۆن دەبێت بە پێشكەوتنی بەڕێزی لەڕاستیدا لە داخا دڵی دەسووتێت بەهۆی بڵندبوونەوەی پێغەمبەری خواوە (ﷺ). بەباشی بیربكەنەوە خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی و پێغەمبەرانی پێشوو مەسیحی بەڵێندراویان (عليه السلام) ناوناوە پێغەمبەر، وە هەموو مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی لە بەڕێزیدا هەیە. كەواتە ئەگەر نكۆڵی لە پێغەمبەرایەتیەكەی بكرێت؛ ئەوا تۆمەتی درۆكردن ئاراستەی خوای گەورە یان مەسیحی بەڵێندراو دەكرێت. كەواتە پەشیمان ببنەوە لە شتێك كە دەبێتە هۆی بەدرۆزانینی خوا و پێغەمبەرەكەی و پێغەمبەرانی پێشین و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چونكە ئەم ڕێگایە ترسناكە و چەندین بەڵا و كارەساتی تێدایە. بگەڕێنەوە بۆ دواوە چونكە لە پێشتانەوە چاڵێكی قووڵ هەیە و ئەگەر بكەونە ناویەوە ئەوا لەناودەچن. خوای گەورە بە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) فەرمووە: “پێغەمبەرێك هات بۆ دنیا و خەڵكەكەی ڕەتیان كردەوە و قەبووڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبووڵی دەكات و ڕاستگۆیەكەی دەردەخات بە هێرشی بەهێز، هێرش لەدوای هێرش”.
چۆن دەكرێت خوا وازبهێنێت لە زۆرینەی كۆمەڵەكەی بەڕێزی (عليه السلام) و گومڕایان بكات لەجیاتی زۆركردنی ژمارەیان و كەمكردنەوەی ژمارەی نەیاران و ناحەزانی؟ ئایا ئەو خوایەی كە بەردەوام لە ئەزەلەوە قسەی ڕاست دەكات و لەم سەردەمەشدا لە ڕێگەی نیشانە تێكشكێنەرەكانیەوە هێز و ڕاستگۆیی خۆی چەسپاندووە، پەیمانی خۆی ناباتەسەر؟ كەواتە حاڵی بن لە بابەتەكە و بەچاكی لێی تێبگەن، خوای گەورە بەڵێنی داوە كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات هەندێ كەس نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتیەكەی بەڵام خوای گەورە ڕاستگۆییەكەی دەردەخات لە ڕێگەی كۆمەڵێك نیشانەی تێكشكێنەرەوە. ئێستا ئێوە بڵێن، ئەگەر بڕیار بووە كۆمەڵی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەستبەجێ دوای وەفاتی خۆی دەست بكەن بە زیادەڕەویكردن؛ ئەوا پێویست بوو وشەكانی ئیلهامەكە بەم جۆرە بێت: لە دنیادا پێغەمبەرێكی جوزئی هات بەڵام دنیا بە پێغەمبەریان لەقەڵەمدا بەڵام خوای گەورە دەیسەلمێنێت كە پێغەمبەرایەتیەكەی جوزئیە و پلەوپایەكەی كەم دەكاتەوە بە هێرشی بەهێز هێرش لەدوای هێرش. وە ئەستەم بوو ئەو شانە لە ئیلهامەکەدا بێن كە تێیدا هاتوون. خوای گەورە دەفەرموێت خەڵكی نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتیەكەی و ئەم نكۆڵیكردنە بەردەوام دەبێت هەتا خوا كۆمەڵەكەی زاڵ و سەركەوتوو دەكات. بەڵام لەجیاتی ئەوە پێمان دەوترێت مەسیح هات و خەڵكی نكۆڵییان كرد لە پێغەمبەرایەتیەكەی، وە نكۆڵیكاران زۆرینە بوون و كۆمەڵەكەی پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەدەستنەهێنا لە جیهاندا و هێرشە بەهێزەكان بەردەوام بوون بۆ تێگەیاندنی نكۆڵیكاران هەتا كۆمەڵەكەی زیادەڕەوییان كرد لە پلەوپایەكەیدا. بەڵام ئەم تێگەیشتنە بەڕاشكاوی پێچەوانەی ئیلهامەكەیە. ئیلهامەكە بەڕاشكاوی دەفەرموێت خوای گەورە بەردەوام دەبێت لە هێرشكردنە سەر كۆمەڵێك كە نكۆڵی دەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە بەردەوام پشتگیری كۆمەڵەكەی بەڕێزی دەكات هەتا سەردەكەوێت. كەواتە، گریمانەی زیادەڕەویكردنی زۆرینەی كۆمەڵی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە پلەوپایەكەیدا هەتا هاتنەدی سەركەوتن پێچەوانەی ئیلهامی ناوبراوە. وە خوا بەكردەیی شایەتی دەدات لەسەر ڕاستگۆییمان چونكە ئەگەر بە ئاشكرا گرووپێكی نوێ دەركەوت ئەوا؛ یەكەم و پێش هەموو شتێك: ژمارەی زۆر كەم دەبێت، بۆیە ناكرێت ناوبنرێت بە كۆمەڵی ئەحمەدیەت بەهۆی كەمی ژمارەیەوە، دووەم: نكۆڵی دەكات لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو و دانی پێدا نانێت.
بەكورتی، بەتەواوەتی پێچەوانەی سوننەتی خوا و ئیلهامەكانی مەسیحی بەڵێندراوە (عليه السلام) ئەگەر خوای گەورە وازبهێنێت لە كۆمەڵی مەسیحی بەڵێندراو تاكو زۆربەی تاكەكانی لە ڕێگای ڕاست لادەدەن و وازدەهێنن لە ڕاستی و تێوەدەگلێن لە زیادەڕەویەوە پێش ئەوەی بە ڕێكوپێكی دروست بێت و سەركەوتن و زاڵبوون بەدەستبهێنێت لە وڵاتەكەیدا و بە كۆمەڵێك ئەژمار بكرێت لە دیدی جیهاندا. بەڵام ئەگەر ئەوانەی باوەڕیان وەكو باوەڕی ئێمە وایە كەمینەن؛ ئەوا دەكرێت بوترێت خەڵكی هەڵدەگەڕێنەوە لە كۆمەڵی پێغەمبەرانیش. بەڵام پێشتر هەرگیز ڕووی نەداوە زۆرینەی ئەوانەی سوودمەند بوون لە یاوەرێتی پێغەمبەرێك خراپ بن و بەجۆرێك خراپ بن كە ڕەوا بێت پێیان بوترێت “كافر”، چونكە دوای خەتمی پێغەمبەرایەتی باوەڕهێنان بە پێغەمبەرێك، كە هاتنی ئەستەم بێت بەگوێرەی قورئانی پیرۆز، كوفرە. وە ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە وەك چۆن ئێمە باوەڕمان وایە؛ ئەوا تۆمەتی كوفر دەكەوێتە ئەستۆمان. ماوەیەكە بەردەوام بە هێما و ئاماژە ڕووبەڕووی ئەم بابەتە دەبینەوە چونكە دەنووسرێت باوەڕهێنان بە پێغەمبەرێك پاش خاتەمی پێغەمبەران كوفرە. بەڵام تەواو پێچەوانەی سوننەتی خوایە كە دەستبەجێ دوای مردنی نێردراوێكی خوا بەم شێوەیە كۆمەڵەكەی تیابچێت و گومڕابێت. وە ئەگەر دەڵێن دوای ئەوە كەسانی چاكەكار لەدایك دەبن؛ ئەوا ئەمەش ڕاست نیە چونكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت ئەو كەسانەی لە سەردەمی خۆیدا بوونیان هەیە چاكترن لە نەوەكانی داهاتوو. كەواتە ئەگەر لەسەدا نەوەد و حەوتی كۆمەڵەكە بەم شێوەیە كافر بن -بەگوێرەی قسەی ئێوە– وە لە داهاتوودا هیچ هیوایەك نەبێت؛ ئەوا لە بنەڕەتدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چ كارێكی جێبەجێ كردووە؟
كەواتە خۆشەویستانم، ئەمە هەڵویستێكی زۆر مەترسیدارە، وە هەڵوێستێكی زۆر ترسناكە و هەڵوێستێكە زۆر جێگای ترس و بیمە، بۆیە لە خوا بترسن. خوای گەورە (بە مسیحی بەڵێندراو) دەفەرموێت: “من ڕسواكەری ئەو كەسەم كە دەیەوێت سووكایەتی بە تۆ بكات”، كەواتە خۆتان بەدوور بگرن لە سووكایەتی كردن بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چونكە لەڕاستیدا سووكایەتی كردن بە بەڕێزی سووكایەتی كردنە بە گەورەكەی. ئەو كەسەی دەگەڕێت بۆ نەنگی و ناتەواوی لەو وێنەیەی لە ئاوێنەدا تیشكی داوەتەوە ئایا دەكرێت بوترێت تەنها خەوش دەگرێت لەو وێنەیەی كە لە ئاوێنەكەدا دیارە؟ نەخێر، بەڵكو ئەو كەسەی خەوش دەگرێت لە وێنەی ناو ئاوێنە لەڕاستیدا خەوش دەگرێت لە خاوەنی وێنەكە، وە ئەو كەسەی خەوش دەگرێت لە وێنەیەك خەوش دەگرێت لە خاوەنەكەی. كەواتە نكۆڵی مەكەن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە دەركەوتەی تەواوەتی پێغەمبەرە (ﷺ) چونكە ئەمە نكۆڵیكردنە لە پێغەمبەرایەتی ئەو كەسەی كە مەسیحی بەڵێندراو سێبەریەتی و ڕایگەیاندووە خۆی تەواوترین دەركەوتەیە بۆی. ئەگەر ناتوانن لە ڕێگەی بەڵگەكانەوە تێبگەن؛ ئەوا بێدەنگ بن و جەخت بكەنەوە لەسەر دوعاكردن و داوای بڕیار بكەن لە خوای گەورە بەهیوای ئەوەی ڕەحمتان پێ بكات بەهۆی دوعاكانتانەوە و بتانخاتە سەر ڕێگای ڕاست، كەواتە بێشەرمی مەكەن بۆ ئەوەی تووشی سزا نەبن. هەڵبەت حەق و ڕاستیم خستەڕوو دەی ئەو كەسەی دەیەوێت با قەبووڵی بكات و ئەوەیشی دەیەوێت با ڕەتی بكاتەوە. بەڵام پێویستە كەسی ڕەتكەرەوە نەڵێت قسەی من ڕەت دەكاتەوە، نەخێر، بەڵكو وتەی خوا و پێغەمبەرەكەی ڕەت دەكاتەوە چونكە ئەوەی نووسیومە لە وتەی خوا و پێغەمبەرەكەیەوە گواستوومەتەوە. خوا بتانخاتە سەر ڕێگای ڕاست و گەورەیی ئیسلام و شكۆی پێغەمبەر (ﷺ) و ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربخات، ئامین.
وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین
بەندەی خۆبەكەمزان: میرزا مەحموود ئەحمەد
نوسخەی دەقاودەق
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
هەندێ كەس لە كۆمەڵەكەمان كە وەك پێویست زانیارییان نیە سەبارەت بە بانگەشە و بەڵگەكانمان، وە بۆیان نەڕەخساوە بەوردی كتێبەكانمان بخوێننەوە، هەروەها وەك پێویست لەگەڵماندا نەماونەتەوە تاكو شارەزایی تەواوەتی پەیدا بكەن، جاروبار بەشێوەیەك وەڵامی ڕەخنەی ڕەخنەگران دەدەنەوە كە بەتەواوەتی پێچەوانەی ڕاستیە، بەمەش تووشی تەنگەتاوی و تەریقبوونەوە دەبن لەگەڵ ئەوەی ئەهلی حەق و ڕاستین. چەند ڕۆژێك لەمەوپێش ڕەخنەگرێك ڕەخنەیەكی ئاراستەی یەكێك لە برایانمان كرد و گوتی ئەو كەسەی كە لەسەر دەستیدا بەیعەتت داوە بانگەشەی ئەوە دەكات پێغەمبەر و نێردراوی خوایە! ئەو برایەش لە وەڵامدا بەتەواوەتی نكۆڵی لەمە كردبوو، لەكاتێكدا ئەم وەڵامەی وەڵامێكی دروست نیە.
لەڕاستیدا ئەو وەحیە پیرۆزەی كە لەلایەن خوای گەورەوە دادەبەزێتە سەرم كۆمەڵێك وشەی وەك “رسول” و “مرسل” و “نبي” تێدا هاتووە، نەك جارێك و دووجار بەڵكو سەدەها جار، ئیتر چۆن دەكرێت وەڵامەكەی دروست بێت كە گوتوویەتی ئەم جۆرە وشانە بوونیان نیە؟ بەڵكو بەدڵنیاییەوە ئێستا بە بەشێوەیەكی ڕوونتر و ئاشكراتر لە جاران بوونیان هەیە. لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا كە 22 ساڵ لەمەوپێش بڵاوكراوەتەوە ئەم وشانە كەم نین، بەڵكو یەكێك لەو ئاخاوتنە خواییانە كە لە “البراهین الأحمدیة”دا بڵاوكراوەتەوە بریتیە لەم وەحیە: “هو الذي أرسل رسوله بالهدی ودین الحق لیظهره علی الدین كله”، بڕوانن بۆ لاپەڕە 498ی كتێبی “البراهین الأحمدیة”؛ كە تێیدا ئەم بەندە دەستەوسانە بەڕاشكاوی بە “رەسول” ناوبراوە. پاشان لە هەمان كتێبدا ئەم وەحیەی خوا سەبارەت بە من هاتووە: “جري الله في حلل الأنبیاء”: واتە نێردراوی خوا لە پۆشاكی پێغەمبەراندا؛ بروانن بۆ لاپەڕە 504ی كتێبی “البراهین الأحمدیة”. پاشان لەهەمان كتێبدا لە نزیكی ئەو وەحیەوە ئەم وەحیە هاتووە: “مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللَّهِ وَالَّذِينَ مَعَهُ أَشِدَّاءُ عَلَى الْكُفَّارِ رُحَمَاءُ بَيْنَهُمْ”؛ لەم وەحیە خواییەدا ناونراوم بە موحەممەد و بە نێردراویش. پاشان لە لاپەڕە 557ی “البراهین”دا ئەم وەحیە خواییە هاتووە: “جاء نذیر في الدنیا، ئاگاداركەرەوەیەك هاتووە لە دنیادا”، وە خوێندنەوەی دووەمی ئەم وەحیە بەم جۆرەیە: “جاء نبي في الدنیا، پێغەمبەرێك هاتووە لە دنیادا”. هەروەها ئەم بەندە دەستەوسانە بە “ڕەسول” ناوبراوە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا لە چەندین شوێنی تردا.
لێرەدا ئەگەر گوترا گەورەمان موحەممەد (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، ئیتر چۆن دەكرێت دوای ئەو پێغەمبەرێك بێت؟ ئەوا وەڵامەكەی ئەوەیە: گومانی تێدا نیە هیچ پێغەمبەرێك نایەت نە كۆن و نە نوێ بەو شێوازەی كە خەڵكی بە بیریاندا دێت و تێگەیشتوون سەبارەت بە دابەزینی عیسا (عليه السلام) لە ئاخر زەماندا، بەجۆرێك باوەڕیان وایە ئەو پێغەمبەرە، بەڵكو باوەڕیان وایە بۆ ماوەی چل ساڵ، كە ماوەیەكی درێژترە لە ماوەی وەحی گەورەمان موحەممەد (ﷺ)، وەحی پێغەمبەرایەتی پێ دەگات. بێگومان ئەم بیروباوەڕە تاوانە، وە بەدڵنیاییەوە ئایەتی ﴿وَلَٰكِن رَّسُولَ ٱللَّهِ وَخَاتَمَ ٱلنَّبِيِّۧنَۗ﴾ [الأحزاب: 41] و فەرموودەی “دوای من پێغەمبەر نیە” بەڕوونی شایەتی دەدەن لەسەر پووچی ئەم بیروباوەڕە. من بە توندی بەرەنگاری ئەم جۆرە بیروباوەڕە دەبمەوە، وە لە ناخی دڵەوە بەتەواوەتی باوەڕم بەم ئایەتە هەیە كە دەفەرموێت: ﴿وَلَٰكِن رَّسُولَ ٱللَّهِ وَخَاتَمَ ٱلنَّبِيِّۧنَۗ﴾. لەم ئایەتەدا پێشبینیەك هەیە نەیارەكانمان نایزانن؛ ئەویش ئەوەیە خوای گەورە لەم ئایەتەدا ڕوونی كردووەتەوە كە دەرگای پێغەمبەرایەتیەكان دوای پێغەمبەر (ﷺ) داخراوە هەتا ڕۆژی قیامەت، وە ئێستا هیچ هیندۆسی یان جوولەكە یان مەسیحی یان موسوڵمانێكی تەقلیدی ناتوانێت وشەی “نبي، پێغەمبەر” بۆ خۆی بچەسپێنێت، وە هەموو دەرگاكانی پێغەمبەرایەتی تەواوەتی داخراون، بەڵام یەك دەرگا كراوەیە، كە ئەویش بریتیە لە دەرگای خووڕەوشتی ڕاستگۆیەتی: واتە فەنابوون لە پێغەمبەری خوادا؛ بۆیە ئەگەر كەسێك لەم دەرگایەوە هات بۆلای خوا؛ ئەوا پۆشاكی پێغەمبەرایەتی دەكرێتە بەری كە سێبەرئاسا پۆشاكی پێغەمبەرایەتی موحەممەدیە، لەبەر ئەوە غیرە ناكرێت لە پێغەمبەرایەتیەكەی، چونكە بە هەوڵ و تێكۆشانی تایبەتی خۆی بەدەستی ناهێنێت، بەڵكو لە كانیاوی پێغەمبەرەكەی (ﷺ) وەری دەگرێت، وە ئەمە بۆ خۆی نیە بەڵكو تەنها بۆ شكۆی پێغەمبەرە (ﷺ)؛ لەبەر ئەمە ناوی لە ئاسماندا موحەممەد و ئەحمەدە، مانای وایە پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) لەكۆتاییدا گەڕایەوە بۆ موحەممەد (ﷺ) نەك بۆ كەسێكی تر، ئەگەرچی بەشێوەی دەركەوتن بووە، لەبەر ئەوە ئایەتی ﴿مَّا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَآ أَحَدٖ مِّن رِّجَالِكُمۡ وَلَٰكِن رَّسُولَ ٱللَّهِ وَخَاتَمَ ٱلنَّبِيِّۧنَۗ﴾ مانای ئەوەیە كە: “موحەممەد باوكی هیچ یەكێك لە پیاوەكانی دنیا نیە، بەڵام باوكی پیاوەكانی دواڕۆژە؛ چونكە خاتەمی پێغەمبەرانە و هیچ ڕێگایەك نیە بۆ پێگەیشتنی لێشاوی بەرەكەتی خوا بەبێ ناوەندگیری ئەو”.
كەواتە پێغەمبەرایەتیەكەم لەبەرئەوەیە كە من موحەممەد و ئەحمەدم، وە بەهۆی خۆمەوە نیە، هەروەها بەهۆی فەنابوونمەوە لە پێغەمبەردا (ﷺ) ئەم ناوەم بەدەستهێنا، لەبەر ئەوە چەمكی خاتەمی پێغەمبەران نەگۆڕاوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە دابەزینی عیسا (عليه السلام) دەگۆڕێت.
هەروەها شایانی باسە وشەی “النبي” لە زماندا ئەو كەسەیە كە لە ڕێگەی ئیلهامی خوای گەورەوە هەواڵ دەدات لە غەیب، بۆیە لە هەر شوێنێكدا ئەم مانایە هاتەدی وشەی پێغەمبەر دەچەسپێت. وە دەبێت نەبی ڕەسول بێت، ئەگینا هەواڵی غەیبی ڕوون و بێگەردی پێ ناگات، وە ئەم ئایەتە قەدەغەی دەكات لەمە: ﴿عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ [الجن: 27-28]؛ بۆیە ئەگەر دوای پێغەمبەر (ﷺ) نكۆڵی بكرێت لە پێغەمبەرایەتی بەگوێرەی ئەم مانایانە؛ ئەوا پێویست دەكات باوەڕ بەوە بهێنرێت كە ئەم ئوممەتە هیچ بەشێكی نیە لە ئاخاوتن و گفتوگۆ خواییەكان، چونكە ئەو كەسەی لەلایەن خوای گەورەوە بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبی ئاشكرا دەكرێت بۆی، بەشێوەیەكی پێویست چەمكی “نبي، پێغەمبەر” دەچەسپێت بەسەریدا بەگوێرەی ئایەتی: ﴿عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا﴾. هەروەك چۆن ئەو كەسەی لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە دەكرێت ئێمە پێی دەڵێین ڕەسول. جیاوازیەكە تەنها ئەوەیە هەرگیز دوای پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ) هەتا ڕۆژی قیامەت پێغەمبەرێك نایەت شەریعەتێكی نوێ دابەزێتە سەری، یان نازناوی پێغەمبەرایەتی پێ بدرێت بەبێ بوونی پێغەمبەر (ﷺ) وەك هۆكارێكی ناوەندی، وە بەبێ ئەوەی فەنابووبێت لە پێغەمبەردا (ﷺ) بۆ ئەوەی لە ئاسماندا ناوی موحەممەد و ئەحمەدی پێ بدرێت. ئەو كەسەی بانگەشەی ئەمە بكات كافر بووە.
نهێنی ڕاستەقینە لەمەدا ئەوەیە كە یەكێك لە داخوازیەكانی چەمكی خاتەمی پێغەمبەران بریتیە لەوەی ئەگەر كەسێك ڕایگەیاند پێغەمبەرە، لەكاتێكدا لەنێوان ئەو و پێغەمبەردا (ﷺ) جیاوازیەك هەبێت؛ ئەوا ئەو مۆرە دەشكێنێت كە بەسەر خاتەمی پێغەمبەرانەوەیە، بەڵام ئەو كەسەی خۆی فەنا كردووە لە خاتەمی پێغەمبەراندا (ﷺ) بەجۆرێك ناوەكەی ئەوی بەدەستهێناوە بەهۆی ئەوەی بەتەواوەتی یەكیگرتووە لەگەڵیدا و جیاوازی نەماوە لەنێوانیاندا، وە ڕوخساری پێغەمبەر (ﷺ) تیشكیداوەتەوە تێیدا وەك چۆن لە ئاوێنەیەكی پاك و بێگەرددا تیشكدەداتەوە؛ ئەوا ئەو كەسە پێی دەوترێت پێغەمبەر بەبێ ئەوەی ئەم مۆرە بشكێنێت؛ چونكە ئەو كەسە موحەممەدە ئەگەرچی سێبەرئاسایە. كەواتە تەنانەت لەگەڵ ئەوەی ئەو كەسە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەکات كە سێبەرئاسا ناونراوە موحەممەد و ئەحمەد، بەڵام بەردەوام گەورەمان موحەممەد (ﷺ) خۆی خاتەمی پێغەمبەرانە؛ چونكە ئەم موحەممەدەی دووەم تیشكدانەوەی خودی موحەممەدە (ﷺ) و ناوەكەی ئەوی هەڵگرتووە. بەڵام ئەستەمە عیسا بێت بەبێ شكاندنی مۆری پێغەمبەرایەتی، چونكە پێغەمبەرایەتیەكەی سەربەخۆ و جیایە.
وە ئەگەر ئەستەم بێت كەسێك بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوە ڕەوانە بكرێت وەك نەبی و ڕەسول؛ ئەوا مانای ئەم ئایەتە چیە: ﴿ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ * صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾ [42] لەبەر ئەوە لەبیرتان بێت من نكۆڵیم نەكردووە لە پێغەمبەرایەتیەكەم بەگوێرەی ئەم مانایە. وە بەم مانایە مەسیحی بەڵێندراو لە سەحیحی موسلیمیشدا ناونراوە پێغەمبەر. ئەگەر ئەو كەسەی كە لەلایەن خوای گەورەوە بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی غەیبی پێ دەگات پێی نەوترێت پێغەمبەر؛ ئەوا پێم بڵێن پێویستە بە چ ناوێك بانگ بكرێت؟ ئەگەر دەڵێن پێویستە ناوبنرێت موحەددەث، ئەوا دەڵێم لە هیچ فەرهەنگێكدا نەهاتووە كە قسەلەگەڵكردن (التحدیث) واتای ئاگاداركردن لە غەیب بەڕێژەی زۆر ببەخشێت، بەڵام پێغەمبەرایەتی واتە ئاگاداربوون لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر.
[42] پێویستە بزانن ئەم ئوممەتە بەڵێنی پێ دراوە هەموو ئەو نیعمەتانەی پێ بدرێت كە دراون بە پێغەمبەران و ڕاستگۆیانی پێشوو. وە یەكێك لەو نیعمەتانە ئەو پێغەمبەرایەتی و پێشبینیانەیە كە بەهۆیانەوە پێغەمبەرانی پێشوو پێیان گوتراوە پێغەمبەر. بەڵام قورئانی پیرۆز دەرگای زانستەكانی غەیبی داخستووە لەسەر كەسانێك كە پێغەمبەر و نێردراو نین وەك ڕوونە لەم ئایەتە پیرۆزەوە: ﴿عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا % إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾. كەواتە دەبێت مرۆڤ پێغەمبەر بێت ئینجا غەیبی ڕوون و بێگەردی پێ دەگات. وە ئایەتی ﴿أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾ شایەتی دەدات كە ئەم ئوممەتە بێ بەش نیە لەم غەیبە پاك و بێگەردە، وە پێگەیشتنی غەیبی پاك و بێگەرد داخوازی پێغەمبەرایەتی دەكات بەگوێرەی مانا و مەبەستی ئەم ئایەتە. وە بەوپێیەی ئەم ڕێگا سەربەخۆیە داخراوە، بۆیە دەبێت باوەڕبهێنرێت بەوەی كە بۆ پێگەیشتنی ئەم نیعمەتە تەنها دەرگای دەركەوتن و سێبەرئاسایی و فەنابوون لە پێغەمبەری خوادا (ﷺ) هەیە. كەواتە ڕابمێنە. لە مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام).
وە نەبی وشەیەكی هاوبەشە لەنێوان زمانی عەرەبی و عیبریدا، مەبەستم ئەوەیە ئەم وشەیە لە زمانی عیبریدا پێی دەوترێت “نابی”، كە لە “نابا” وە وەرگیراوە و ماناكەی بریتیە لە: پێشبینیی كردن بەگوێرەی پێگەیشتنی هەواڵ لەلایەن خوای گەورەوە. وە مەرج نیە پێغەمبەر خاوەنی شەریعەت بێت، بەڵكو پێغەمبەرایەتی تەنها بەخششێكە كە بەهۆیەوە شتانێكی غەیبی ئاشكرا دەبن. كەواتە مادام هەتا ئێستا لەلایەن خواوە نزیكەی سەد و پەنجا پێشبینیم پێگەیشتووە، وە بە چاوی خۆم بینیومە زۆر بەڕوونی هاتوونەتەدی، ئیتر چۆن دەكرێت نكۆڵی بكەم لە ناونانی خۆم بە نەبی یان ڕەسول؟ وە مادام خوای گەورە خۆی بەم دوو ناوە ناویناوم ئیتر لەكوێ بۆم هەیە ڕەتیان بكەمەوە یان جگە لە خوا (I) لە كەسێكی تر بترسم؟ سوێند بەو خوایەی ڕەوانەی كردووم و تەنها نەفرەتلێكراوان درۆ هەڵدەبەستن بە ناویەوە، خۆی وەك مەسیحی بەڵێندراو ڕەوانەی كردووم. هەروەك چۆن باوەڕم بە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز هەیە، بە هەمان شێوە و بەبێ هیچ جیاوازییەك، باوەڕم هەیە بەو وەحیە ڕاشكاوە خواییەی كە دابەزیوەتە سەرم و ڕاستیەكەیم بۆ دەركەوتووە لە ڕێگەی كۆمەڵێك نیشانەی موتەواتیرەوە. وە دەتوانم سوێند بخۆم بە خوا لە كەعبەدا كە ئەو وەحیە پیرۆزەی دادەبەزێتە سەرم وتەی ئەو خوایەیە كە وتەی خۆی دابەزاندە خوارەوە بۆسەر گەورەمان مووسا و عیسا (علیهما السلام) و بۆسەر گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ). هەڵبەت زەوی و ئاسمانیش شایەتییان بۆ دام. هەروەها لەپێناوی مندا زەوی و ئاسمان هاتنەگۆ كە من خەلیفەی خوام. بەڵام بەگوێرەی پێشبینیەكان بڕیار بووە كە تووشی نكۆڵی لێكردن و ڕەتكردنەوەیش ببم، چونكە ئەو كەسانەی پەردە دراوە بەسەر دڵیاندا باوەڕناهێنن. وە بەدڵنیاییەوە دەزانم خوای گەورە پشتیوانیم لێ دەكات وەك بەردەوام و هەمیشە پشتگیری پێغەمبەرانی خۆی كردووە. هیچ كەسێك ناتوانێت ببێتە كۆسپ لە ڕێگاكەمدا چونكە پشتگیری خوایی لەگەڵ ئەواندا نیە.
لە هەر شوێنێكدا نكۆڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتی خۆم مانای ئەوەیە من هەڵگری شەریعەتێكی سەربەخۆ نیم، هەروەها پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نیم؛ بەڵام بەوپێیەی من لەلایەن خوای گەورەوە زانستی غەیبم پێ گەیشتووە بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرە ڕابەرەكەمەوە (ﷺ) بە وەرگرتنی لێشاوی بەرەكەتە شاراوەکان، وە ناوەكەیم بەدەستهێناوە؛ بۆیە من ڕەسول و نەبیم، بەڵام بەبێ هیچ شەریعەتێكی نوێ. هەرگیز نكۆڵیم نەكردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆم بەم مانایە، بەڵكو بە هەمان ئەم مانایە خوای گەورە بە نەبی و ڕەسول بانگی كردووم، لەبەر ئەوە ئێستاش نكۆڵی لەوە ناكەم كە من پێغەمبەر و نێردراوم بەم مانایە. بەڵام ئەم وتەیەم: “پێغەمبەر نیم و بە هیچ كتێبێكەوە نەهاتووم” [43] تەنها مانای ئەوەیە كە من خاوەنی شەریعەتێك نیم. بەڵام دەبێت بابەتێكی گرنگتان لەیادبێت و هەرگیز لەبیری نەكەن ئەویش ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی بە وشەی “نەبی” و “ڕەسول” بانگكراوم بەڵام لەلایەن خواوە پێم ڕاگەیەنرا كە ئەم هەموو لێشاوی بەرەكەتە ڕاستەوخۆ دانەبەزیوەتە سەرم، بەڵكو بەهۆی بەرەكەتی سەرڕێژبوونی ڕۆحانی لە كەسێكی پیرۆزەوە لەئاسمان دابەزیوەتەسەرم، مەبەستم موحەممەدی هەڵبژاردەیە (ﷺ). كەواتە بە ڕەچاوكردنی ئەم هۆكارە و لەم ڕێگایەوە، وە بە فەزڵی ئەوەی كە هەردوو ناوەكەی ئەو “موحەممەد و ئەحمەد”م بەدەستهێناوە، من ڕەسول و نەبیشم، واتە من نێردراوم و هەواڵە غەیبیەكانم پێدەگات لەلایەن خوای گەورەوە. بەم شێوەیە مۆری “خەتمی پێغەمبەرایەتی” بە پارێزراوی دەمێنێتەوە، چونكە من شادبووم بەو ناوە بەشێوەی تیشكدانەوە و سێبەرئاسا لە ڕێگەی ئاوێنەی خۆشەویستیەوە. ئەگەر كەسێك تووڕە دەبێت لەم وەحیە خواییە و دەڵێت: بۆچی خوا منی ناوناوە نەبی و ڕەسول؛ ئەوا ئەمە گەمژەیی ئەو كەسە دەسەلمێنێت؛ چونكە مۆری خوا بەهۆی پێغەمبەرایەتی منەوە نەشكاوە [44]. ئەم بابەتە زۆر ڕوونە وەك چۆن من دەڵێم خوا بەناوی پێغەمبەر و نێردراو دواندمی، بەهەمان شێوە نەیارەكانم دەڵێن عیسای كوڕی مەریەم (عليه السلام) بۆ جاری دووەم دێت بۆ دنیا پاش پێغەمبەرمان (ﷺ)، وە بەوپێیەی عیسا پێغەمبەرە، بۆیە كاتی هاتنی ئەویش هەمان ئەو ڕەخنەیە دەگیرێت كە لەدژی من دەگیرێت، مەبەستم ئەوەیە مۆری خاتەمی پێغەمبەران دەشكێنێت. بەڵام من دەڵێم: هیچ بوارێك نیە بۆ ڕەخنەگرتن لەوەی پاش گەورەمان موحەممەد (ﷺ) -كە لەڕاستیدا خاتەمی پێغەمبەران خۆیەتی- ناونراوم پێغەمبەر، وە بەمە مۆری خاتەمیەت هەرگیز ناشكێت؛ چونكە چەندین جار گوتوومە من سێبەرئاسا و بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوە هەمان ئەو پێغەمبەرەم كە خاتەمی پێغەمبەرانە، ئەمەش بەگوێرەی ئایەتی ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡۚ﴾ [الجمعة: 4]، وە بیست ساڵ لەمەوپێش خوای گەورە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا ناوینام موحەممەد و ئەحمەد و بە خودی موحەممەد لەقەڵەمی دام، كەواتە بەم شێوازە پێغەمبەرایەتیەكەم كەلێنی دروست نەكردووە بۆ خاتەمیەتی موحەممەد (ﷺ)؛ چونكە سێبەر جیا نیە لە ئەسڵەكەی خۆی. وە لەبەرئەوەی من سێبەرئاسا موحەممەدم (ﷺ) بۆیە مۆری خاتەمی پێغەمبەران نەشكاوە، چونكە پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) بەردەوام دەورەدراوە بە موحەممەد (ﷺ) و لەودا قەتیس بووە؛ مەبەستم ئەوەیە بەردەوام موحەممەد (ﷺ) لە هەموو بارودۆخێكدا خۆی پێغەمبەرەكەیە نەك كەسێكی تر. واتە مادام من خۆم موحەممەدم (ﷺ) بەشێوەی درەوشانەوە و دەركەوتن، وە مادام هەموو تایبەتمەندیە موحەممەدیە تەواوەكان، لەناویاندا پێغەمبەرایەتی موحەممەدی، سێبەر ئاسا تیشكیان داوەتەوە لە مندا؛ ئیتر ئەو كەسە جیاوازە كامەیە كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی سەربەخۆی كردووە؟
[43] ئەم دەستەواژەیە لە فارسیەوە تەرجەمەكراوە. (وەرگێڕی عەرەبی)
[44] ئەم شێوازە چەندە جوانە كە بەگوێرەی ئەوە مۆری پێغەمبەرایەتی خاتەمی پێغەمبەران نەشكاوە و سەرجەم تاكەكانی ئوممەت بێ بەش نەكراون لە پێغەمبەرایەتی بەگوێرەی مانای ئایەتی ﴿عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا﴾، بەڵام هیچ شتێك بۆ ئیسلام نامێنێتەوە ئەگەر عیسا (عليه السلام) بگەڕێنرێتەوە -كە 600 ساڵ پێش ئیسلام پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە-، وە لەمەوە پێویست دەبێت بەڕاشكاوی ئایەتی خاتەمی پێغەمبەران بەدرۆبخرێتەوە. وە لە وەڵامی ئەمەدا تەنها جنێو دەبیستین لە نەیارەكان لە داهاتوودا، دەی چۆنیان پێ خۆشە با جنێو بدەن، وە ئەو كەسانەی ستەمیان كرد بەمزوانە دەزانن سەرەنجامیان چۆن دەبێت. لە مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام).
وە ئەگەر قەبووڵتان نەكردم؛ ئەوا بزانن لە فەرموودەی متمانەپێكراوی لای خۆتاندا هاتووە كە مەهدی پەیماندراو لە پێغەمبەر (ﷺ) دەچێت لە پێكهاتە و ڕەوشتیدا، وە ناوی تەبایە لەگەڵ ناوی پێغەمبەردا (ﷺ)، واتە ناوی ئەویش موحەممەد و ئەحمەدە، وە لە ماڵباتی پێغەمبەرە (ﷺ) [45]، وە لە هەندێ فەرموودەدا هاتووە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی “لە منە”. ئەمە ئاماژەیەكی وردە بۆئەوەی كە ئەو لەڕووی ڕۆحیەوە لە پێغەمبەر (ﷺ) دەبێت، وە دەبێت بە دەركەوتەیەك بۆ ڕۆحی ئەو. هەڵبەت پێغەمبەر (ﷺ) بە كۆمەڵێك وشە باسی پەیوەندی خۆی كردووە لەگەڵ ئەودا و تەنانەت ناوی خۆی و ئەوی بە یەك ناو داناوە، ئەمەش بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) دەیەوێت ئەو بەڵێندراوە بە دەركەوتە و درەوشانەوەی خۆی وەسف بكات وەك چۆن یەشووع دەركەوتە و درەوشانەوەی مووسا (عليه السلام) بوو. وە پێویست ناكات كەسی دەركەوتە كوڕ یان نەوەی خاوەنی دەركەوتەكە بێت، تەنها گرنگ ئەوەیە كە سەر بەو بێت و لەڕووی ڕۆحیەوە شوێنكەوتەی بێت، وە لەنێوانیاندا پەیوەندی و كێشكردن هەبێت لە ئەزەلەوە.
[45] لە مێژووی باوباپیرانمەوە چەسپاوە كە یەكێك لە دایەگەورەكانم لە بنەماڵەی بەڕێزی سەیيدەكان بووە، وە لە نەوەی فاتیمە بووە. پێغەمبەریش (ﷺ) ڕاستی فەرمووە كاتێك لە خەونێكدا سەبارەت بە من فەرموویەتی: “سلمان مِنَّا أهل البیت علی مشرب الحسن.” ناویناوم “سەلمان” واتە دوو سلم، وە سلم لە عەرەبیدا واتە ئاشتەوایی، واتە بڕیار دراوە كە دوو ئاشتەوایی لەسەردەستمدا ئەنجام بدرێت، یەكەمیان ناوخۆیی، بەجۆرێك ڕق و كینەی ناوخۆیی (نێوان موسوڵمانان) نامێنێت، دووەمیان دەرەكی، واتە هۆكارەكانی دوژمنایەتی دەرەكی لەناودەچێت و گەورەیی ئیسلام دەردەكەوێت، بەمەش شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر ملكەچ دەبن بۆ ئیسلام. وادیارە مەبەست لە “سەلمان”ی ناوبراو لە فەرموودەكەدا من بم، چونكە پێشبینی دوو ئاشتەواییەكە پیادە نابێت بەسەر سەلمانی پێشوودا. بەهۆی ئیلهام لەلایەن خواوە دەڵێم من لە نەوەی فارسم، وە بەگوێرەی ئەو فەرموودەیەی لە “كنز العمال” دا هاتووە نەوەی فارسیش لە نەوەی ئیسڕائیل و ئالوبەیتن. وە لە كەشفدا خاتوو فاتیمە (رضي الله عنها) سەری منی خستە سەر ڕانی خۆی، وە بۆم دەركەوت من لە نەوەی ئەوم. ئەم كەشفە لە “البراهین الأحمدیة”دا باسكراوە. (لە مەسیحی بەڵێندراوەوە عليه السلام). [*] ڕوونكردنەوە لەلایەن بڵاوكارەوە: ئەم كەشفە لە “البراهین الأحمدیة”دا هاتووە بەم شێوەیەی خوارەوە: “خوای گەورە فەرمانی كردووە -لە ئیلهامی ناوبراوی پێشوودا- كە سڵاوات بدرێت لەسەر ماڵباتی پێغەمبەر (ﷺ)، ئەو نهێنیەی كە لەم فەرمانەدا هەیە تەنها ئەوەیە كە خۆشەویستی ئەهلوبەیت پەیوەندیەكی پتەوی هەیە بە دابەزینی لێشاوی نووری خواییەوە، وە ئەو كەسەی دەچێتە ڕیزی نزیكانی خوای تاك و تەنهاوە، ئەو شتە بەدەست دەهێنێت كە ئەو كەسە چاك و پاكانە لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە و دەبێت بە میراتگریان لە هەموو زانست و زانیاریەكاندا. بەم بۆنەوە كەشفێكی ڕوونم بیركەوتەوە كە بریتی بوو لەوەی جارێكیان دوای نوێژی مەغریب و لە دۆخی بێداری تەواوەتیدا لەگەڵ بێ هەستیەكی كەمدا كە لە بێئاگاییەكی سووك دەچوو جیهانێكی سەیر و نامۆ دەركەوت بۆم؛ بەجۆرێك سەرەتا و لەناكاو دەنگی خێرا هاتنی هەندێ كەسم بیست وەك دەنگی تەقەی پێڵاو و كەوش كاتی ڕۆیشتنی خێرا، پاشان بە یەكجار پێنج كەسی خاوەن سام و شكۆ و شۆخ و شەنگ لەبەردەممدا ئامادەبوون، مەبەستم پێغەمبەری خوا (ﷺ) و عەلی و حەسەن و حوسەین و فاتیمەی زەهرایە (رضي الله عنهم). وە یەكێكیان، كە خاتوو فاتیمەی زەهرا بوو (رضي الله عنها) -وەك لەبیرم بێت- بەوپەڕی سۆز و خۆشەویستیەوە وەك دایكێكی بەسۆز و میهرەبان سەری منی خستە سەر ڕانی خۆی. پاشان كتێبێكم پێدرا و پێمگوترا ئەمە تەفسیری قورئانی پیرۆزە كە گەورەمان عەلی (رضي الله عنه) نووسیویەتی، ئەوەتا ئێستا خۆی ئەم تەفسیرەت پێ دەدات. سوپاس بۆ خوا. (البراهین الأحمدیة، بەرگی 1، لا 598-599، پەراوێز لەسەر پەراوێز ژمارە 3)
كەواتە ئەو بیرۆكەیەی كە پێغەمبەر (ﷺ) وازبهێنێت لە باسكردنی ئەو شتەی كە پێویستە بۆ دەرخستنی چەمكی دەركەوتن و درەوشانەوە، وە لێدوان بدات و بڵێیت نێردراوەكە نەوەی خۆی دەبێت، بیروبۆچوونێكە بەئاشكرا پێچەوانەی پلەی عیرفانی پێغەمبەرە (ﷺ). ئایا پەیوەندی نەوە چیە بە دەركەوتەوە؟ ئەگەر ئەم پەیوەندیە خزمایەتیە پێویستە بۆ كەسی دەركەوتە؛ ئەوا بۆچی پەیوەندی لاوازی نەوە باسكراوە؟ لەپێشتر بوو ئەم دەركەوتەیە كوڕێكی خۆی بێت! بەڵام خوای گەورە لە وتە پیرۆزەكەی خۆیدا باوكایەتی پێغەمبەری (ﷺ) نەرێ كردووە بۆ هەر پیاوێك و هەواڵی داوە دەربارەی كەسی دەركەوتە. ئەگەر دەركەوتن و درەوشانەوە ڕاست نەبوایە؛ ئەوا بۆچی هاوەڵەكانی ئەم بەڵێندراوە لە ئایەتی ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾ دا بە هاوەڵی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەژماركراون؟ كەواتە نەرێكردنی دەركەوتن و درەوشانەوە بەدرۆزانینی ئەم ئایەتە پێویست دەكات.
هەڵبەت ئەو كەسانەی خاوەنی بیروبۆچوونی ماددین جارێك ئەم بەڵێندراوە دەدەنەپاڵ نەوەی حەسەن، وە جارێكی تر دەیدەنەپاڵ نەوەی حوسەین، وە جارێكی تریش دەیدەنەپاڵ نەوەی عەبباس. لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) تەنها مەبەستی ئەوە بووە كە نێردراوەكە وەكو مناڵەکانی خۆی دەبێت بە میراتگری، وە ناوەكەی و ڕەوشت و كردار و ڕۆحانیەتەكەی ئەو وەردەگرێت و لە هەموو ڕوویەكەوە دەبێت بە تیشكدانەوەیەك بۆ وێنەكەی ئەو (ﷺ)، لەلایەن خۆیەوە هیچ شتێك بەدەست ناهێنێت، بەڵكو هەموو ئەو شتانەی بەدەستی دەهێنێت لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەبێت و ڕوخساری پێغەمبەر (ﷺ) دەدرەوشێتەوە تێیدا بەهۆی فەنابوونی لە پێغەمبەردا (ﷺ). كەواتە هەروەك چۆن سێبەرئاسا ناو و ڕەوشت و كردەوەی پێغەمبەر (ﷺ) بەدەستدەهێنێت، بەهەمان شێوە بەهۆی پێغەمبەرەوە (ﷺ) نازناوی “پێغەمبەر”یش بەدەست دەهێنێت؛ چونكە وێنە سێبەرئاساكە تەواو نابێت ئەگەر هەموو تایبەتەمەندیە تەواوەكانی ئەسڵەكەی تێدا نەبێت لە هەموو ڕوویەكەوە. وە بەوپێیەی پێغەمبەرایەتیش تایبەتمەندیەكی تەواوی پێغەمبەرە (ﷺ)، بۆیە دەبێت ئەم تایبەتمەندیە تەواوە لە وێنە درەوشاوەكەیدا دەربكەوێت.
بەردەوام پێغەمبەران هەموویان باوەڕیان بەوە هەبووە كە دەركەوتە و درەوشاوە تیشكدانەوەی تەواوی ئەسڵەكەیە، تەنانەت ناویان یەكدەگرێت. كەواتە هەروەك چۆن شتێكی بەڵگەنەویستە كە ناونانی ئەم كەسە بە موحەممەد یان ئەحمەد بەشێوەی درەوشانەوە دوو موحەممەد یان دوو ئەحمەد بەرهەم ناهێنێت، بەهەمان شێوە بانگكردنی ئەم كەسە بە پێغەمبەر یان نێردراو بە شێوازی درەوشانەوە شكاندنی مۆری پێغەمبەرایەتی پێویست ناكات؛ چونكە وێنەی درەوشاوە بوونێكی سەربەخۆی نیە، كەواتە بەگوێرەی ئەم مانایە ئەو پێغەمبەرایەتیەی بەهۆی موحەممەد و بەرەكەتی موحەممەدەوە دەبەخشرێت بەردەوام تەنها لە خۆیدا (ﷺ) قەتیس دەبێت. هەموو پێغەمبەران (عليهم السلام) هاوڕان لەسەر ئەوەی وێنەی درەوشاوە وێنەیەكی جیاواز بەرهەم ناهێنێت، بەڵكو پلەی دەركەوتن و درەوشانەوە ئەم قسەیەی شاعیر دەچەسپێت بەسەریدا کە دەڵێت:
هەڵبەت (بەهۆی تین و تاوی خۆشەویستی و یەكگرتنەوە) بووم بە “تۆ”، وەك چۆن تۆ بوویت بە “من”، وە بووم بە جەستەیەك تۆ ڕۆحی ئەو جەستەیەیت
هەتا دوای ئەوە كەس نەڵێت من كەسێكی جگە لە تۆم و تۆ كەسێكی جگە لە منیت.
بەڵام ئەگەر جارێكی تر عیسا بێتەوە بۆ جیهان؛ ئەوا چۆن دەكرێت بگەڕێتەوە بەبێ ئەوەی مۆری خاتەمی پێغەمبەران بشكێنێت؟
بەكورتی، دەستەواژەی خاتەمی پێغەمبەران مۆرێكی خواییە كە لەسەر پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) دانراوە، بۆیە ئەستەمە ئێستا ئەم مۆرە بشكێنرێت. بەڵێ، لەڕاستیدا دەكرێت موحەممەد (ﷺ) بێت بۆ جیهان لە پۆشاكی دەركەوتن و درەوشانەوەدا، نەك جارێك بەڵكو هەزار جار، وە پێغەمبەرایەتیەكەی بە هەموو تایبەتمەندیە تەواوەكانیشیەوە ڕابگەیەنێت. وە ئەم دەركەوتن و درەوشانەوەیە پەیمانێكی یەكجاریە لەلایەن خوای گەورەوە بەجۆرێك فەرموویەتی ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡۚ﴾.
پێغەمبەران غیرە ناكەن لە دەركەوتەكانیان، چونكە وێنە و تیشكدانەوەی خۆیانن، بەڵام بەدڵنیاییەوە غیرە دەكەن لە كەسانی تر. بڕوانن بۆ مووسا (عليه السلام) چۆن بە گریانێكی توند غیرەی خۆی دەربڕی كاتێك بینی پێغەمبەر (ﷺ) پێشی كەوت لە شەوی میعراجدا. دەی دەبێت ڕوونی و پوختی دڵی پێغەمبەر (ﷺ) چەندە لێڵ بێت كە خوا سەرەتا پەیمانی پێ داوە دوای ئەو پێغەمبەرێك نیە، پاشان بە پێچەوانەی پەیمانەكەیەوە عیسا (عليه السلام) ڕەوانە بكات؟
بەكورتی، پێغەمبەرایەتی بەشێوەی درەوشانەوە كەلێن ناخاتە خەتمی پێغەمبەرایەتیەوە و بەهۆیەوە مۆرەكە ناشكێت، بەڵام هاتنی پێغەمبەرێكی تر ئیسلام هەڵدەوەشێنێتەوە و پێغەمبەر (ﷺ) تووشی سووكایەتیەكی گەورە دەكات؛ چونكە ئەركی مەزنی كوشتنی دەججال لەسەر دەستی عیسا (عليه السلام) بەئەنجام دەگات، نەك لەسەر دەستی پێغەمبەر (ﷺ)! بەمەش ئایەتی پیرۆزی ﴿وَلَٰكِن رَّسُولَ ٱللَّهِ وَخَاتَمَ ٱلنَّبِيِّۧنَۗ﴾ پووچەڵ دەبێتەوە، پەنا بە خوا. هەڵبەت لەم ئایەتەدا هەواڵێكی شاراوە هەیە، ئەویش ئەوەیە ئێستا پێغەمبەرایەتی مۆری لەسەر دراوە هەتا ڕۆژی قیامەت و ئیتر هیچ كەسێك وەك پێغەمبەران ناتوانێت بەشێوەیەكی ڕوون و ڕۆشن زانستی غەیب پەیدا بكات لەلایەن خوای گەورەوە مەگەر بەهۆی بوونێكەوە بەشێوەی درەوشانەوە كە بوونی خودی موحەممەدە (ﷺ). وە لەبەرئەوەی من ئەو درەوشانەوە موحەممەدیەم كە لە كۆنەوە بەڵێنی پێ دراوە، بۆیە سێبەرئاسا و بەشێوەی درەوشانەوە ئەو پێغەمبەرایەتیەم پێ دراوە. ئێستا جیهان لەبەرامبەر ئەم پێغەمبەرایەتیە موحەممەدیەدا خاوەنی هیچ شتێك نیە، چونكە پێغەمبەرایەتی مۆری لێدراوە و كۆتایی هاتووە.
وە بڕیار بوو لە ئاخر زەماندا تەنها دەركەوتە و درەوشانەوەی موحەممەدی دەربكەوێت لەگەڵ هەموو تایبەتمەندیە تەواوە موحەممەدیەكاندا، ئەوەتا دەركەوت. جگە لەم دەرگایە ئێستا هیچ دەرگایەكی تر نەماوەتەوە بۆ وەرگرتنی ئاوی كانیاوی پێغەمبەرایەتی.
پوختەی قسە، مۆری پێغەمبەرایەتی ناشكێت بەهۆی پێغەمبەرایەتی سێبەرئاساوە، بەڵام بیروبۆچوونی دابەزینی عیسا (عليه السلام) وا پێویست دەكات ئەم ئایەتە ﴿وَلَٰكِن رَّسُولَ ٱللَّهِ وَخَاتَمَ ٱلنَّبِيِّۧنَۗ﴾ بەدرۆبزانرێت و خاتەمیەت بشكێنرێت. وە هەرگیز لە قورئانی پیرۆزدا شوێنەوارێكی ئەم شتە هەوانتە و پووچە نیە كە پێچەوانەی بیروباوەڕی ئیسلامە، چۆن شوێنەواری هەیە لەكاتێكدا پێچەوانەی لێدوانی ڕاشكاوی ئەو ئایەتەیە كە ئێستا باسكرا؟ بەڵام هاتنی پێغەمبەر و نێردراوێك بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوە لە قورئانی پیرۆزدا چەسپاوە وەك لەم ئایەتەوە ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ﴾ ڕوون دەبێتەوە. وە لەم ئایەتەدا دەربڕینێكی ورد هەیە ئەویش ئەوەیە ئەو كۆمەڵەی کە باسكراون تێیدا بە هاوەڵی پێغەمبەر (ﷺ) ئەژمار دەكرێن، بەڵام تێیدا بەڕاشكاوی باسی ئەو كەسە نەكراوە كە دەركەوتەیە، واتە مەسیحی بەڵێندراو، كە بەهۆیەوە ئەو كەسانە بە هاوەڵ لە قەڵەم دراون، وە وەكو هاوەڵان لەو كەسانە ئەژماركراون كە لە سەردەستی پێغەمبەردا (ﷺ) پەرورەدەكراون. وە باسی كەسی دەركەوتە نەكراوە چونكە ئەو كەسەی دەركەوتن و درەوشانەوەكە تێیدا دێتەدی وەكو نەبوو وایە، وە لەبەرئەوەی پێغەمبەرایەتیەكەی -كە بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوەیە- مۆری پێغەمبەرایەتی ناشكێنێت بۆیە لە ئایەتەكەدا باسی نەكراوە وەك ئەوەی بوونی نەبێت، وە لەجیاتی ئەو پێغەمبەر (ﷺ) باسكراوە.
بەهەمان شێوە لە ئایەتی: ﴿إِنَّآ أَعۡطَيۡنَٰكَ ٱلۡكَوۡثَرَ﴾[الكوثر: 2]دا بەڵێندراوە بە دەركەوتەیەك كە لە سەردەمەكەیدا كەوسەر پەیدا دەبێت، واتە سەرچاوەی بەرەكەتەكانی ئایین دەتەقن و لەبەریان دەڕوات و موسوڵمانانی ڕاستگۆ لە جیهاندا زۆر دەبن. وە لەم ئایەتەدا بەچاوی سووكەوە سەیری پێویستبوونی مناڵە مادییەكان كراوە، پێشبینی كراوە دەربارەی ئەو مناڵانەی كە بەشێوەی درەوشانەوە و دەركەوتن سەرهەڵدەدەن. لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە شكۆداری كردم بەوەی من ئیسڕائیلی و فاتیمیشم و لە هەردوو ڕەچەڵەكەكە پشكم هەیە، بەڵام من پەیوەندیە ڕۆحیەكە، واتە ئەو پەیوەندیەی بەشێوەی درەوشانەوەیە، بەچاكتر دادەنێم.
ئامانجم لەم نامەیە ئەوەیە بڵێم نەیارە نەزانەكانم تۆمەتبارم دەكەن و دەڵێن ئەم كەسە بانگەشەی ئەوە دەكات كە پێغەمبەر و نێردراوە، بەڵام لەڕاستیدا من بانگەشەی ئەوەم نەكردووە. وە من پێغەمبەر و نێردراو نیم بەو شێوەیەی ئەوان بیری لێدەكەنەوە. بەڵێ، من پێغەمبەر و نێردراوم بەو مانایەی ئێستا خۆم ڕوونم كردەوە. وە ئەو كەسەی بە شێوازە خراپەكەی خۆی تۆمەتبارم دەكات كە من بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەم، ئەوە درۆزنە و خاوەنی بیركردنەوەیەكی چەپەڵە. هەڵبەت بەشێوەی درەوشانەوە و سێبەر ئاسا بووم بە پێغەمبەر و نێردراو و ڕەوانەكرام. وە لەسەر ئەم بنەمایە خوا چەندین جار ناویناوم پێغەمبەر و نێردراوی خوا، بەڵام بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوە. من هیچ نیم، بەڵكو ئەوە موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) خۆیەتی. وە لەم لایەنەوە ناوم بوو بە موحەممەد و ئەحمەد و بەم شێوەیە پێغەمبەرایەتی نەگواسترایەوە بۆ كەسێكی تر، بەڵكو ئەوەی هی موحەممەد بوو لەڕاستیدا هەر لای موحەممەد مایەوە درود و سڵاوی خوای لێ بێت.
بەندەی خاكی
میرزا غوڵام ئەحمەد
لە قادیان 5-11-1901
پاشكۆی ژمارە 2نامەی كۆتایی مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (عليه السلام) دەربارەی پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی
لە ڕۆژنامەی “أخبار عام” لە ڕێككەوتی 26/5/1908ز بڵاوكراوەتەوە
وە لە ڕۆژنامەی “بدر” ژمارە 33، بەرگی7، لە ڕێككەوتی 11/6/1908ز نوسخەكەی بڵاوكرایەوە.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕێككەوتی 17/5/1908ز لە دانیشتنێكدا لە لاهۆر وتارێكی پێشكەش كرد، وە لە ڕێككەوتی 23/5/1908ز لە ڕۆژنامەی “أخبار عام”دا لەم بارەیەوە هەواڵێكی هەڵە بڵاوكرایەوە و تێیدا هاتبوو كە بەڕێزی (عليه السلام) لەم دانیشتنەدا نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆی. لە هەمان ڕۆژدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نامەیەكی نارد بۆ بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی ناوبراو و تێیدا ئەم هەواڵە هەڵەیەی بەدرۆخستەوە. لە خوارەوە نامەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەگوازینەوە:
بۆ سەرنووسەری ڕۆژنامەی “أخبار عام”:
لە ڕۆژنامەی “أخبار عام”دا -ژمارەی 23/5/1908ز- لە دێڕی دووەمی ستوونی یەكەم هەواڵێك دەربارەی من بڵاوكراوەتەوە وەك ئەوەی لە دانیشتنەكەدا نكۆڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتی خۆم. لە وەڵامدا دەڵێم پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت من لەو دانیشتنەدا تەنها ئەوەم گوتووە كە من هەمیشە بەهۆی نووسراوەكانمەوە خەڵكم ئاگادار كردووەتەوە و ئێستایش دەڵێم تۆمەتێك دراوەتەپاڵم گوایە بانگەشەی پێغەمبەرایەتیم كردووە بەجۆرێك هیچ پەیوەندیەكم نەبێت بە ئیسلامەوە واتە خۆم بە پێغەمبەرێكی سەربەخۆ دانابێت بەجۆرێك شوێنكەوتنی قورئانی پیرۆز بە پێویست نەزانم و شایەتومانێكی سەربەخۆ و قیبلەیەكی سەربەخۆم بۆ خۆم دانابێت و شەریعەتی ئیسلامم نەسخ كردبێتەوە و لە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) دەرچووبم و پەیڕەوی فەرمانەكانی نەكەم، ئەمە تۆمەتێكی تەواو پووچە، بەڵكو ئەم جۆرە بانگەشەیە لای من كوفرە. نەك ئەمڕۆ، بەڵكو بەردەوام لە هەموو كتێبێكمدا تۆمارم كردووە كە من هەرگیز بانگەشەی ئەم جۆرە پێغەمبەرایەتیەم نەكردووە و ئەمە تۆمەتێكی پووچە ئاراستەم دەكرێت. بەگوێرەی بنەمایەك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەم كە بریتیە لەوەی من شكۆداربووم بە وتە و ئاخاوتنی خوای گەورە و بە ڕێژەیەكی زۆر خوای گەورە گفتوگۆم لەگەڵدا دەكات و وەڵامی داواكاریەكانم دەداتەوە و ڕێژەیەكی زۆر لە هەواڵی غەیبی ئاشكرا دەكات بۆم و ئاگادارم دەكات لە كۆمەڵێك نهێنی داهاتوو، تەنها ئەو كەسانە ئاگادار دەكات لێیان كە زۆر نزیكن لە خۆیەوە. وە بەهۆی زۆری ئەم شتانەوە ناویناوم پێغەمبەر. كەواتە بەگوێرەی بڕیاری خوای گەورە من پێغەمبەرم، ئەگەر نكۆڵی لەمە بكەم؛ ئەوا كەسێكی سەرپێچیكارم. وە مادام خوا ناویناوم پێغەمبەر ئیتر چۆن دەكرێت نكۆڵی لێ بكەم. وە بە چەسپاوی دەمێنمەوە لەسەر ئەم هەڵوێستە هەتا ئەو ڕۆژەی كۆچ دەكەم لەم دنیایە. بەڵام من پێغەمبەر نیم بەو مانایە كە خۆم جیابكەمەوە لە ئیسلام یان حوكمێك لە حوكمەكانی نەسخ بكەمەوە. هەڵبەت ئەستۆم لەژێر نیری قورئانی پیرۆزدایە، هیچ كەسێك بۆی نیە تەنانەت یەك خاڵ یان سەروبۆرێك لە قورئانی پیرۆز نەسخ بكاتەوە. كەواتە من بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەم لەو ڕوانگەیەوە كە مانای پێغەمبەر لە زمانی عەرەبی و عیبریدا بریتیە لەو كەسەی لە ڕێگەی وەحی و ئیلهامی خوای گەورەوە بەڕێژەیەكی زۆر پێشبینی دەكات. بەبێ ڕێژەی زۆر ئەم مانایە ناچەسپێت، هەروەك چۆن كەسێك یەك فلسی هەبێت بە دەوڵەمەند لەقەڵەم نادرێت. هەڵبەت خوای گەورە لە ڕێگەی وتەی خۆیەوە زانیاری غەیبی پێداوم بەڕێژەیەكی زۆر، وە هەزارەها نیشانەی لەسەردەستمدا دەرخست و بەردەوام دەریدەخات. دەڵێم، ئەمە پیاهەڵدان نیە بۆ خۆم، بەڵكو بەگوێرەی فەزڵی خوای گەورە و بەڵێنەكەی ئەگەر هەموو دنیا لەلایەك بێت و من لەلایەك بم و بابەتێك بخرێتەڕوو كە بەهۆیەوە بەندەكانی خوا تاقیبكرێنەوە؛ ئەوا خوا سەركەوتووم دەكات لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا و لە هەموو لایەكەوە پشتگیریم دەكات و لە هەموو هەڵوێستێكدا سەركەوتووم دەكات. دیارە خوای گەورە ناویناوم پێغەمبەر چونكە لەم سەردەمەدا شكۆداركراوم بە ئاخاوتنی خوای گەورە و تەنها من بە ڕێژەیەكی زۆر ئاگاداركراوم لە غەیب. مادام هەندێ كەس خەونی ڕاست دەبینن و هەندێ كەس ئیلهامیان پێ دەگات و ئاگاداردەكرێن لە غەیبیش بە كەمێك لێڵی و ناڕوونیەوە بەڵام ئەو ئیلهامە ئەندازەكەی زۆر كەمە و ڕێژەی هەواڵە غیبیەكانیش كەمە تێیدا و لەگەڵ كەمیەكەدا تێكەڵ و پێكەڵە و لێڵ و پیسبووە بە بیروبۆچوونەكانی دەروون، بۆیە لەم دۆخەدا عەقڵی ساغ بڕیار دەدات كە ئەو كەسەی وەحیەكەی و زانینەكەی دەربارەی غەیب پاك و بێگەردە لە خڵتە و ناتەواوی پێویستە لەگەڵ خەڵكی ئاساییدا پۆلێن نەكرێت بەڵكو پێویستە بە ناوێكی تایبەت بانگ بكرێت بۆ ئەوەی جیاكاری هەبێت لەنێوان ئەو كەسە و كەسانی تردا. لەبەر ئەوە خوای گەورە ناویناوم پێغەمبەر تەنها بۆ ئەوەی پلەوپایەیەكی ناوازەم پێ بدات و نازناوی سەربەرزیم پێدراوە بۆ ئەوەی جیاوازی نێوان من و كەسانی تر دەربكەوێت، بۆیە بەم مانایە من پێغەمبەرم، وە تاكێكیشم لە ئوممەت بۆ ئەوەی پێشبینیەكی گەورە و سەروەرمان (ﷺ) بێتەدی كە فەرموویەتی مەسیح لەم ئوممەتەیە و پێغەمبەریشە، ئەگینا عیسا -كە خەڵكی كۆمەڵێك هیوای ساختە و ئومێدی پووچیان لەسەر هەڵچنیوە لە هاتنی دوومیدا- چۆن دەكرێت لەم ئوممەتە بێت؟ ئایا لەئاسمانەوە دادەبەزێت و سەرلەنوێ موسوڵمان دەبێت؟ ئایا لەو كاتەدا پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) بە خاتەمی پێغەمبەران نامێنێنەوە؟ والسلام علی من اتبع الهدی.
نووسەر: بەندەی خۆبەكەمزان و موحتاج بە خوای تاك و تەنها غوڵام ئەحمەد خوا لێی خۆش بێت، ڕێككەوتی 23/5/1908ز لە شاری لاهۆر.
پاشكۆی ژمارە 3پێویستە هیچ شاراوەییەك نەبێت لە گەیاندنی ڕاستیدا
لە ڕۆژنامەى “بدر”دا لە ڕێككەوتی 5/3/1908ز، لەژێر ناونیشانی “یاداشتێكی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو علیه الصلاة والسلام”دا ئەمەی خوارەوە هاتووە:
“والیەك لە ویلایەتێك پرسیاری كرد لە كەسێكی ئەحمەدی و گوتی: ئایا میرزای بەڕێز بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە؟ كەسە ئەحمەدیەكەش لە وەڵامدا گوتی بەڕێزی (عليه السلام) لە دێڕە شیعرێكیدا دەفەرموێت (ئەمە وەرگێڕانەكەیەتی): “پێغەمبەر نیم و بە كتێبێكەوە نەهاتووم بەڵكو من كەسێكی ئیلهامبۆكراوم وەك ئاگاداركەرەوەیەك لەلایەن خواوە هاتووم”. ئەو برایە ئەم پرسیار و وەڵامەی باسكرد بۆ مەسیحی بەڵێندراو (علیه الصلاة والسلام) و ئەویش فەرمووی: پێویست بوو ئەوە ڕوون بكەیتەوە كە من نكۆڵیم لەوە كردووە پێغەمبەرێك بم بە كتێبێكەوە هاتبم. بزانن پێویست بە ترس ناكات لە خستنەڕووی بابەتە ئاسمانیەكان و شیاو نیە بۆ هەوادارانی حەق هیچ جۆرە ترسێكیان هەبێت. بڕوانن بۆ ڕەفتاری هاوەڵە بەڕێزەكان بەجۆرێك ئامادەبوون لە دەرباری پاشاكاندا بەڕاشكاوی بیروباوەڕی خۆیان ڕابگەیەنن و هیچ دوودڵ نەبوون لە وتنی ڕاستی، بۆیە ئەم فەرمایشتەی خوا: ﴿وَلَا يَخَافُونَ لَوۡمَةَ لَآئِمٖۚ﴾ پیادە بوو بە سەریاندا. هەڵبەت بانگەشەی ئەوەم كردووە كە من نەبی و ڕەسولم. لەڕاستیدا ناكۆكیەكە تەنها لە وشەدایە، بۆیە ئەگەر كەسێك زیاتر لە هەر كەسێكی تر لەڕووی چەندێتی و چۆنێتیەوە خوا (I) گفتوگۆ و ئاخاوتنی لەگەڵدا بكات و لە قسەكانیدا پێشبینی زۆر هەبێت؛ ئەوا پێی دەوترێت پێغەمبەر و ئەم پێناسەیە دەچەسپێت بەسەر مندا، بۆیە من پێغەمبەرم بەڵام ئەم پێغەمبەرایەتیە تەشریعی نیە هەتا كتێبی خوا نەسخ بكاتەوە و بە كتێبێكی ترەوە بێت، وە من ئەم جۆرە بانگەشەیە بەكوفر لەقەڵەم دەدەم.
لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا پێغەمبەرانێكی زۆر هەبوون بەبێ ئەوەی كتێب دابەزێتە سەریان، بەڵكو لەلایەن خواوە تەنها پێشبینییان دەكرد و ئەم پێشبینیانە شكۆ و ڕاستی ئایینی مووسایان پیشان دەدا، بۆیە ناونران پێغەمبەر. هەمان ئەم دۆخەیش دەچەسپێت بەسەر مندا، بۆیە ئەگەر ناونەنرێم پێغەمبەر؛ ئەوا چ وشەیەك جیام دەكاتەوە لە ئیلهامبۆكراوەكانی تر، ئەوانیش جاروبار خەونی ڕاست دەبینن. بگرە هەندێ جار وشەی ڕاست دێت بەسەر زمانیاندا بۆ ئەوەی بەڵگە بچەسپێت لەسەریان و نەڵێن ئەو جۆرە هەستانەیان پێ نەدرا بۆیە ناتوانن تێبگەن لەو شتەی ئەم كەسە بانگەشەی دەكات.
پێویست بوو بۆی ڕوون بكەیتەوە كە من بانگەشەی چ جۆرە پێغەمبەرایەتیەكم كردووە. ڕێبازی من ئەوەیە ئەو ئایینەی زنجیرەی پێغەمبەرایەتی تێدا نەبێت ئایینێكی مردووە. وە لەبەر ئەوەی لە ئایینی جوولەكە و مەسیحی و هیندۆسدا پێغەمبەر نایەت بۆیە بە مردوو لە قەڵەمیان دەدەین. ئەگەر دۆخی ئیسلامیش بەم شێوەیە بوایە؛ ئەوا ئێمەش تەنها چیرۆكخوان دەبووین. بۆچی ئیسلام بە چاكتر دەزانین لە ئایینەكانی تر؟ دەبێت شتێك هەبێت جیای بكاتەوە لە ئایینەكانی تر. تەنها خەونی ڕاست بەس نیە چونكە ئەو كەسانەی سەر بە گرووپە كۆمەڵایەتیە داڕوخاوەكانیشن جاروبار خەونی ڕاست دەبینن، بەڵكو دەبێت گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی هەبێت و پێشبینی زۆری تێدا بێت لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە. ناكرێت كەسێك بە شاعیر لەقەڵەم بدرێت لەبەرئەوەی تەنها یەك دێڕ شیعری هۆنیوەتەوە. بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد لەسەر بنەمای دوو خەون یان دوو ئیلهام؛ ئەوا كەسێكی درۆزنە. بەڵام من چەندین ساڵە وەحی دادەبەزێتە سەرم و چەندین نیشانەی خوا شایەتن لەسەر ڕاستیەكەی، بۆیە من پێغەمبەرم. پێویستە هیچ شاراوەییەك نەبێت لە گەیاندنی ڕاستیدا. (ڕۆژنامەی بەدر، ژمارە 9، بەرگی7، لا2، ڕێككەوتی 5/3/1908ز)
وەڵامی هەندێ ڕەخنە دەربارەی پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو
كتێبی “حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی”م تەواو كرد و دوای ئەوە هەندێ ڕەخنەی تری نكۆڵیكاران خرایە بەر دەمم لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). لەگەڵ ئەوەی من لەڕووی بنەماوە بەشێوازێك تاوتوێی پرسی پێغەمبەرایەتیم كرد كە هەموو كەسێكی تێگەیشتوو و زیرەك دەتوانێت دوای خوێندنەوەی ئەم كتێبە خۆی بەرپەرچی هەموو ڕەخنەیەك بداتەوە. بەڵام مادام نیازم وایە وەڵامی هەموو ڕەخنەكان بدەمەوە بۆیە وەك تەواوكارییەك بەكورتی وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەدەمەوە بۆ ئەوەی هەندێ كەس خەڵكانێكی كەم زانست فریو نەدەن.
(1) دەوترێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چەند ساتێكی كەم پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات بەڕاشكاوی نكۆڵیكردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆی. ئەمە قسەی كۆتاییە و بەهۆیەوە بەشێوەیەكی یەكلاكەرەوە بڕیاردەدرێت لەم پرسەدا. پێش ئەوەی وەڵامی ئەم ڕەخنەیە بدەمەوە، لە ڕۆژنامەی “بەدر”ەوە یاداشتێكی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەگوازمەوە بۆ ئەوەی خەڵكی ئاگادار بن لە ناوەڕۆكە ڕاستەقینەكەی، لە یاداشتەكەدا هاتووە:
زنجیرەی پێغەمبەرایەتی: لاهۆر، ڕێككەوتی 25/5/1908ز كاتی نیوەڕۆ: كەسێك لە دانیشتوانی ناوچەی “سەرحەد” هات و بەوپەڕی بێشەرمی و چاوقاییمیەوە دەستی كرد بە قسەكردن. مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) فەرمووی:
“لەلایەن خۆمەوە شایەتومانێكی سەربەخۆم و نوێژێكی جیام دانەهێناوە، بەڵكو پێم وایە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بریتیە لە ئایین و باوەڕ. وە وشەی پێغەمبەر كە هەڵمبژاردووە لەلایەن خواوە پێم گوتراوە. كەواتە ئەو كەسەی لەلایەن خواوە بەڕێژەیەكی زۆر هەواڵی بۆ ئاشكرا بكرێت لەسەر شێوەی پێشبینی پێی دەوترێت پێغەمبەر. بێگومان خوا لە ڕێگەی نیشانەكانەوە دەناسرێت، بۆ ئەم مەبەستە دۆستانی خوا ڕەوانە دەكرێن. لە كتێبی “مثنوي”دا هاتووە كە ئەمە ماناكەیەتی: “ئەی مورید كەسێكی وەك ئەو دەبێت بە پێغەمبەری سەردەم”. وە محێدین ئیبن عەرەبییش شێكی لەم شێوەیەی نووسیوە و حەزرەتی نوێكاریش هەمان بیروباوەڕی دەربڕیوە. دەی ئایا هەموویان تەكفیر دەكەیت؟ بزانن زنجیرەی پێغەمبەرایەتی بە بەردەوامی دەمێنێتەوە هەتا ڕۆژی قیامەت.
پێویستی نوێكار: پاشان پیاوەكەی ناوچەی “سەرحەد” پرسیاری كرد: ئایا لە ئاییندا ناتەواویەك هەبوو هەتا تۆ بێیت بۆ پڕكردنەوەی؟ بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی:
“ناتەواوی نیە لە حوكمەكاندا، بەڵكو نوێژ و قیبلە و زەكات و شایەتومان هەمان شتن، بەڵام پاش ماوەیەك خەڵكی تەمبەڵی دەنوێنن لە كاركردن بەم حوكمانە و زۆربەیان بێئاگا دەبن لە یەکتاپەرستی، لەو كاتەدا خوای گەورە لەلایەن خۆیەوە بەندەیەك ڕەوانە دەكات بۆ ئەوەی سەرلەنوێ خەڵكی دابمەزرێنێتەوە لەسەر شەریعەت. لە ماوەی سەد ساڵدا تەمبەڵی ڕوودەكاتە خەڵكی. پێشتر نزیكەی سەد هەزار كەس هەڵگەڕانەوە كەچی لەگەڵ ئەوەدا هاتنی كەسێك لەلایەن خواوە بە پێویست نازانی؟ خەڵكی وردە وردە وازدەهێنن لە قورئان و گرنگی نادەن بە كاركردن بە سوننەت و دابونەریتەكان دەكەن بە ئایینی خۆیان و لەگەڵ ئەوەدا هاتنی كەسێك بە پێویست نازانی؟”
پیاوەكە گوتی: لەو كاتەدا هەموو خەڵكی كافر دەبن و تەنها سی چل باوەڕدار دەمێننەوە. بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی:
ئایا ئەوانەی لەگەڵ مەهدیدا شەڕ دەكەن هەموویان كافرن؟.. كاتێك مرۆڤ لە خراپە و تاوانەوە دەگلێت لە حوكمی كافردا دەبێت… ئەگەر بەگوێرەی بۆچوونی تۆ لە هەموو سەدەیەكدا هاتنی نوێكار پێویست نەبوایە و تەنها قورئانی پیرۆز و پیاوانی ئایینی بەس بوایە؛ ئەوا ڕەخنە دەگیرا لە پێغەمبەر (ﷺ). خەڵكی حەج دەكەن و زەكات دەدەن و ڕۆژوویش دەگرن لەگەڵ ئەوەدا پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی دوای هەموو سەد ساڵێك نوێكارێك دێت. نەیارەكانیشمان باوەڕیان بەمە هەیە. كەواتە ئەگەر لە سەردەمی مندا هاتنی نوێكار پێویست نەبوایە؛ ئەوا پێشبینیەكە پووچەڵ دەبوویەوە. پێویستە مرۆڤ تەنها جەخت نەكاتەوە لەسەر ڕواڵەت. جگە لە خوا هیچ كەس غەیب نازانێت. (ڕۆژنامەی بەدر، بەرگی7، ژمارە 23، ژمارەی: 23/6/1908ز)
دەوترێت لەم یاداشتەوە دەردەكەوێت كە مەسیحی بەڵێندراو پێغەمبەر نەبووە چونكە خۆی چواندووە بە نوێكارەكان، وە دێڕە شیعرێكی لە “مثنوي” هێناوەتەوە بۆ كابرای ڕەخنەگر كە تێیدا هاتووە: “ئەی مورید كەسێكی وەك ئەو دەبێت بە پێغەمبەری سەردەم” هەروەها سەرنجی ڕەخنەگرەكەی ڕاكێشاوە بۆ بیروباوەڕەكانی محێدینی ئیبن عەرەبی و نوێكاری سەدەی یانزە. كەواتە لەمەوە دەردەكەوێت بەڕێزی (عليه السلام) تەنها وەكو نوێكارەكانی تر پێغەمبەر بووە.
وەڵامی یەكەم: من پێشتر بە شێوەیەكی گومانبڕ و یەقینی سەلماندم كە پێناسەی پێغەمبەر دەچەسپێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا. وە لە قورئانی پیرۆز و زمانی عەرەبی و گفتوگۆی پێغەمبەرانی پێشووەوە پێناسەی پێغەمبەرایەتیم خستەڕوو، پاشان سەلماندم كە مەسیحی بەڵێندراویش زۆر بەڕوونی هاوڕایە لەگەڵ ئەم پێناسە و كتێبانەدا كە مەرج نیە پێغەمبەر بەشەریعەتێكی نوێوە بێت یان شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت، وە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز ئاگاداربوون لە كاروبارە غەیبیەكان بەڕێژەیەكی زۆر بریتیە لە مەرجەكە و ئەم مەرجە لە بەڕێزیدا (عليه السلام) هەیە. مادام پێناسەی پێغەمبەر -كە قورئانی پیرۆز و زمان و پێغەمبەرانی پێشوو ڕایانگەیاندووە- دەچەسپێت بەسەر مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) بۆیە بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرە. وە ئەگەر ئێوە ئەم پێغەمبەرایەتیە ناودەنێن موحەددەثیەت؛ ئەوا دەبێت هەموو پێغەمبەران بە موحەددەث لەقەڵەم بدەن چونكە -هەروەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی- ئەوانیش بەهۆی ئەو مەرجەوە كە لە مەسیحی بەڵێندراودا هەیە پێیان وتراوە پێغەمبەر. بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“بەباشی لە بیرتان بێت بەگوێرەی بەڵێنێك ئەم ئوممەتە هەموو ئەو نیعمەتانە بەدەستدەهێنێت كە پێغەمبەران و ڕاستگۆیانی پێشوو بەدەستیان هێناوە. یەكێك لەو نیعمەتانە پێشبینی و هەواڵە غەیبیەكانە كە بەهۆیانەوە پێغەمبەران (علیهم السلام) ناویان نراوە پێغەمبەر. بەڵام قورئانی پیرۆز دەرگای زانیاریە غەیبیەكانی داخستووە لەسەر ئەو كەسانەی پێغەمبەر نین وەك لەم ئایەتەوە ڕوون دەبێتەوە: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ﴾ (الجن: 27-28) كەواتە تەنها پێغەمبەر غەیبی ڕوون و پاك و بێگەرد بەدەست دەهێنێت.”
كەواتە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نووسیویەتی لە هەر شوێنێكدا نكۆڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتی خۆم تەنها نكۆڵیم كردووە لە پێغەمبەرایەتی تەشریعی یان بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بەبێ هۆكار، وە پێغەمبەرایەتی جگە لەمانەم ڕەت نەكردووەتەوە. وە ئەوەشی نووسیوە كە مەرج نیە پێغەمبەر بە شەریعەتێكەوە بێت یان شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت. كەواتە ئەگەر لەم بڕگەیەوە نكۆڵیكردن لە پێغەمبەرایەتی بچەسپێت؛ ئەوا تەنها نكۆڵیكردنە لەو پێغەمبەرایەتیەی كە شەریعەتێكی نوێی هێنابێت یان ڕاستەوخۆ بەبێ هۆكاری ناوەندی بەدەستهاتبێت، دیارە كەس نكۆڵی لەمە ناكات.
وە پێویستە ئەوەش ئاشكرا بێت كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە دواهەمین وتاریدا -كە لە لاهۆر پێشكەشی كرد- هەندێ شتی ڕاگەیاند كە بەگوێرەی ئەوانە خەڵكی پێیان وابوو بەڕێزی نكۆڵیكردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆی، وە ئەمەش لە ڕۆژنامەی “أخبار عام”دا لە ڕێككەوتی 23/5/1908زدا بڵاوكرایەوە. لەو كاتەدا مەسیحی بەڵێندراو خۆی (عليه السلام) ڕوونكردنەوەیەكی نارد بۆ هەمان ڕۆژنامە لە هەمان ڕۆژدا واتە لە ڕێككەوتی 23/5/1908ز و تێیدا ئەوەی بەدرۆخستەوە، لە وتارەكەیدا ئەم بڕگەیە هاتووە:
“لەو دانیشتنەدا تەنها ئەوەم گوتووە كە من هەمیشە بەهۆی نووسراوەكانمەوە خەڵكم ئاگادار كردووەتەوە و ئێستایش دەڵێم تۆمەتێك دراوەتەپاڵم گوایە بانگەشەی پێغەمبەرایەتیم كردووە بەجۆرێك هیچ پەیوەندیەكم نەبێت بە ئیسلامەوە واتە خۆم بە پێغەمبەرێكی سەربەخۆ دانابێت بەجۆرێك شوێنكەوتنی قورئانی پیرۆز بە پێویست نەزانم و شایەتومانێكی سەربەخۆ و قیبلەیەكی سەربەخۆم بۆ خۆم دانابێت و شەریعەتی ئیسلامم نەسخ كردبێتەوە و لە گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) دەرچووبم و پەیڕەوی فەرمانەكانی نەكەم، ئەمە تۆمەتێكی تەواو پووچە، بەڵكو ئەم جۆرە بانگەشەیە لای من كوفرە. نەك ئەمڕۆ، بەڵكو بەردەوام لە هەموو كتێبێكمدا تۆمارم كردووە كە من هەرگیز بانگەشەی ئەم جۆرە پێغەمبەرایەتیەم نەكردووە و ئەمە تۆمەتێكی پووچە ئاراستەم دەكرێت. بەگوێرەی بنەمایەك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەم كە بریتیە لەوەی من شكۆداربووم بە وتە و ئاخاوتنی خوای گەورە و بە ڕێژەیەكی زۆر خوای گەورە گفتوگۆم لەگەڵدا دەكات و وەڵامی داواكاریەكانم دەداتەوە و ڕێژەیەكی زۆر لە هەواڵی غەیبی ئاشكرا دەكات بۆم و ئاگادارم دەكات لە كۆمەڵێك نهێنی داهاتوو، تەنها ئەو كەسانە ئاگادار دەكات لێیان كە زۆر نزیكن لە خۆیەوە. وە بەهۆی زۆری ئەم شتانەوە ناویناوم پێغەمبەر. كەواتە بەگوێرەی بڕیاری خوای گەورە من پێغەمبەرم، ئەگەر نكۆڵی لەمە بكەم؛ ئەوا كەسێكی سەرپێچیكارم. وە مادام خوا ناویناوم پێغەمبەر ئیتر چۆن دەكرێت نكۆڵی لێ بكەم. وە بە چەسپاوی دەمێنمەوە لەسەر ئەم هەڵوێستە هەتا ئەو ڕۆژەی كۆچ دەكەم لەم دنیایە.” (گواستراوەتەوە لە ڕۆژنامەی بەدر، لە ڕێككەوتی 11/6/1908ز، لا10)
ئێستا بیربكەنەوە، ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەر نەبووە و تەنها موحەددەثێك بووە؛ ئەوا بۆچی هەمیشە و دەستبەجێ ئەو قسەیەی بەدرۆخستووەتەوە كە دەڵێت پێغەمبەر نیە یان بەڕێزی (عليه السلام) نكۆڵی كردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆی؟ وە دەستبەجێ ڕوونیكردەوە و فەرموویەتی پێغەمبەر نیە بەو شێوەیەی ئێوە تێگەیشتوون واتە پێغەمبەرێك نیە كە قورئانی پیرۆز نەسخ بكاتەوە بەڵام هەرچۆنێك بێت پێغەمبەرە. ئایا جارێك بەڕێزی (عليه السلام) سەرزەنشتی كۆمەڵەكەی خۆی كردووە و بفەرموێت: بۆچی بە مرۆڤ لەقەڵەمم دەدەن لەكاتێكدا خوا فەرموویەتی پێم “تۆ وەكو كوڕی من وایت” بۆیە وەكو كوڕی خوا بانگم بكەن؟ یان باوەڕ بهێنن بە بوونی توانای دەراسا و لەڕادەبەدەر لە كەسێتی مندا چونكە لە خەوندا زەوی و ئاسمانم بەدیهێناوە؟ هەرگیز ڕاگەیاندنێكی لەم شێوەیەی بڵاونەكردووەتەوە، ئەمەش دەریدەخات كە پرسی پێغەمبەرایەتی جیاوازە لەم جۆرە پرسانە، وە شتێكی تەواو ئەستەمە كە لە ڕێككەوتی 23ی ئایاردا بەڕێزی (عليه السلام) ڕایبگەیەنێت پێغەمبەرە و نكۆڵی نەكردبێت لە پێغەمبەرایەتی خۆی، بەڵام لە 25ی ئایاردا ڕایبگەیەنێت پێغەمبەر نیە و پێغەمبەرایەتی خۆی ڕەت بكاتەوە.
وە دەگوترێت سەرەتا بەڕێزی (عليه السلام) نوێكارانی پێشوویشی بە پێغەمبەر لەقەڵەمداوە و خۆی خستووەتە ڕیزیانەوە، وەڵامی ئەم قسەیە ئاسانە. وە ئەو كەسانەی بە هەڵە تێگەیشتوون لەم بڕگەیە وردنەبوونەتەوە لە قورئان و تەنها دەیانەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیبەیتەوە پلەوپایەیان بەرز بێتەوە و ناوبانگ پەیدا بكەن. بەڵام نازانن ئەو كارەی دەیكەن بۆ بەرزكردنەوەی پلەوپایەیان لەڕاستیدا دەبێتە هۆی دەرخستنی نەزانین و گەوجێتییان و دەمامك لا دەدات لەسەر كەللـەڕەقی و دەمارگیرییان لەجیاتی ئەوەی بیسەلمێنێت بەشوێن حەقدا دەگەڕێن. بۆیە ئەگەر ئەو كەسانە ڕابمێنن؛ ئەوا دەزانن لە ئێستادا ڕێچكەی مەسیحی و ئارییەكان دەگرن لە ڕەخنەگرتندا چونكە ئەوانیش ئەم جۆرە ڕەخنانەیان دەگرت و بەردەوام ئەو كارە دەكەن، بەجۆرێك ئایەتێك لە قورئانی پیرۆزەوە وەردەگرن و ڕەخنەی لێ دەگرن بەبێ ئەوەی بیربكەنەوە كە هەمان بابەت لە شوێنێكی تریشدا شەرح كراوە. بۆ نموونە وشەی “الذنب و الاستغفار” كە سەبارەت بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هاتووە دەخەنە پێش چاوی موسوڵمانان و دەڵێن: بڕوانن پێغەمبەرەكەتان تاوانكار بووە، پەنا بە خوا، یان ئایەتی ﴿وَوَجَدَكَ ضَآلّٗا فَهَدَىٰ﴾ دەخەنەڕوو و دەڵێن: ئەمە دەیسەلمێنێت پێغەمبەرەكەتان گومڕا بووە، پەنا بە خوا.
هەروەها دەڵێن بەگوێرەی ئەم ئایەتەیش ﴿فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ ٱلۡمُمۡتَرِينَ﴾ پێغەمبەری خوا (ﷺ) گومانی دەكرد لەوەی قورئانی پیرۆز وەحی خوا بێت. بەڵام ئەو نەفامانە نازانن كۆمەڵێك ئایەتی تریش لە قورئانی پیرۆزدا هەن و پێویستە بەیەكەوە بخوێنرێنەوە ئینجا ئەنجامێكی تێكڕایی لە هەموویانەوە وەربگیرێت، وە پێویستە موتەشابیهـ شوێنكەوتەی موحكەم بێت. بۆیە كاتێك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ ٱللَّهَ لَا يُحِبُّ ٱلۡمُعۡتَدِينَ﴾ و دەربارەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: ﴿قُلۡ إِن كُنتُمۡ تُحِبُّونَ ٱللَّهَ فَٱتَّبِعُونِي يُحۡبِبۡكُمُ ٱللَّهُ﴾ (آل عمران: 32) مانای وایە ئەو كەسەی بەهۆی گوێڕایەڵیەكەیەوە مرۆڤ دەبێت بە خۆشەویستی خوا ئەستەمە خۆی تاوانكار بێت چونكە خوا تاوانكارانی خۆش ناوێت. وە خوای گەورە دەربارەی پێغەمبەرەكەی (ﷺ) دەفەرموێت: ﴿لَّقَدۡ كَانَ لَكُمۡ فِي رَسُولِ ٱللَّهِ أُسۡوَةٌ حَسَنَةٞ﴾ (الأحزاب: 22). بەهەمان شێوە ئایەتی: ﴿فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ ٱلۡمُمۡتَرِينَ﴾ دەخەنەڕوو و ڕانامێنن لەم ئایەتە موحكەمە: ﴿قُلۡ هَٰذِهِۦ سَبِيلِيٓ أَدۡعُوٓاْ إِلَى ٱللَّهِ ۚ عَلَىٰ بَصِيرَةٍ أَنَا۠ وَمَنِ ٱتَّبَعَنِيۖ﴾ (یوسف: 109). وە وشەی “ضالا” دەخوێننەوە و ئەم ئایەتە ﴿مَا ضَلَّ صَاحِبُكُمۡ وَمَا غَوَىٰ﴾ نابینن. كەواتە، ئەگەر هەر بڕگەیەك بە جیا تەفسیر بكەین و ئەنجامی لێ وەربگرین؛ ئەوا نە ئیسلام لەدەستماندا دەمێنێتەوە نە قورئان. ئایا ڕەخنەگرەكان بیریان لەوە نەكردووەتەوە كە بەم كارەیان ڕەخنە دەگرن لە قورئانی پیرۆز و پشتیوانی مەسیحیەكان و ئاریاكان دەكەن. بەڵام گرفتەكە ئەوەیە ئەوان بەباشی شارەزا نین لە چەمكەكانی قورئانی پیرۆز، ئەگەر شارەزا بوونایە؛ ئەوا هەرگیز ڕەخنەیان نەدەگرت چونكە قورئانی پیرۆز بەڕوون و ڕاشكاوی پێناسەی چەمكی پێغەمبەری كردووە بەجۆرێك بوارێك ناهێڵێتەوە بۆ ڕەخنەگرتن. بەڵام ئەو كەسانە هیچ خەمێكیان نیە جگە لە مشتومڕی توند بە دەرهێنانی بڕگە لە سیاقەكەی خۆیدا و نایانەوێت بەشوێن ڕاستیدا بگەڕێن. ئەگەر مەبەستیان بوایە بەشوێن ڕاستیدا بگەڕێن و ئامانجیان فێڵكردن نەبوایە لەو كەسە دڵسۆزانەی كە -بەهۆی خراپ حاڵيبوونەوە- بە نیازی پاكەوە شوێنیان دەكەون؛ ئەوا بە دەستگرتن بە بنەمایەكەوە مشتومڕیان دەكرد بەبێ ئەوەی بەهۆی موتەشابیهەكانەوە خەڵكی فریوبدەن. بەڵام پێویستە بەباشی بزانن ئەوان بەم كارەیان زیان دەگەیەنن بە ئیسلام بەڵكو لە ڕاستیدا زیان دەگەیەنن بە باوەڕی خۆیان. مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زۆر بە ڕاشكاوی فەرموویەتی:
“كەواتە بەكورتی، من تاكە كەسم لەناو ئوممەتدا كە ئەم ڕێژە زۆرەی وەحی خوایی و هەواڵە غەیبیەكانم بەدەستهێناوە، وە پێش من هەموو ئەولیا و ئەبدال و قوطبەكانی ئوممەت ئەم پشكە زۆرەیان پێنەدرا لەم نیعمەتە، لەبەر ئەم هۆكارە من تاكە كەسم كە بە ناوی “پێغەمبەر” ناونراوم، لەكاتێكدا هیچ یەکێك لەوان شایستەی ئەو ناوە نەبووە، چونكە پێگەیشتنی وەحی و ئاگاداربوون لە هەواڵە غەیبیەكان بەڕێژەیەكی زۆر مەرجە بۆ پێغەمبەرایەتی، وە ئەم مەرجە لەواندا نیە.” (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 406-407)
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی -وەك پێشتر نووسیومە- ئەگەر خەڵكانی پێشوو ئەم نازناوەیان بەدەستبهێنایە؛ ئەوا پرسی خەتمی پێغەمبەرایەتی گومانی لێ دەكرا و تێكەڵ و پێكەڵ دەبوو. ئێستا كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زۆر بەڕوونی دەفەرموێت: (1) “پیاوچاكانی پێشووی ئوممەت شایستەی نازناوی “پێغەمبەر” نەبوون. (2) مەرجی ئاگاداربوون لە كاروبارە غەیبیەكان بەڕێژەی زۆر نەهاتووەتەدی تێیاندا. (3) ئەو تەنها كەسە بەم ناوە ناونراوە. (4) ئەگەر پێشینانیش ئەم ناوەیان پێ بدرایە؛ ئەوا پرسی خاتەمی پێغەمبەران گومانی لێ دەكرا، ئیتر چۆن دەكرێت جگە لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كەسێك لەم ئوممەتە بە پێغەمبەر لەقەڵەم بدرێت. مادام ئەم بڕگە موحكەمە بوونی هەیە و تێیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نكۆڵی لەوە كردووە كە پێشینان پێغەمبەر بن و هۆكاری ئەوەشی خستووەتەڕوو پاشان فەرموویەتی تەنها خۆی شایستەیەی بەدەستهێنانی ئەم ناوەیە و فەرموویەتی ئەگەر سەلەفی ساڵح بە پێغەمبەر دابنرێن؛ ئەوا كەلێن دروست دەبێت لە خەتمی پێغەمبەرایەتیدا، ئەگەر دوای ئەوە كەسێك بە پشتبەستن بە بڕگەیەك بڵێت بەڕێزی (عليه السلام) خۆی چواندووە بە نوێكارانی پێشوو و دانی ناوە بە پێغەمبەرایەتیەكەشیاندا؛ ئەوا ئەم فێڵەی ئەویش وەكو فێڵی مەسیحیەكان وایە. چۆن دەكرێت تەنها یەك كەس پلەوپایەی پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنابێت و هیچ كەسێكی تر ئەو پلەوپایەیەی بەدەستنەهێنابێت و مەرجەكانی پێغەمبەرایەتی تەنها لەو كەسەدا هەبن و لە هیچ كەسێكی تردا نەبن و ئەگەر ئەوانی تر پێغەمبەر بن؛ ئەوا پرسی خەتمی پێغەمبەرایەتی بشێوێت و كەلێن دروست بێت تێیدا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەولیاكانی پێشوو ببن بە پێغەمبەر؟ پێویستە ئەو كەسانە پێش ئەوەی ئەو جۆرە قسەیە لەزاریان دەربچێت بیر لەوە بكەنەوە كە بەم جۆرە قسانە بۆ چ نەزانی و گەوجێتیەك خەڵكی ڕادەكێشن. ئایا ناتوانن بگەڕێن بۆ بڕگەیەكی تری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و گونجان بخەنە نێوانیانەوە؟ ئایا ناتوانن لە قورئانی پیرۆز ڕابمێنن و بگەڕێن بۆ كۆمەڵێك نموونەی لەم شێوەیە بۆ ئەوەی بزانن چۆن گونجان دەخرێتە نێوانیانەوە؟ پێویست بوو -بەلایەنی كەمەوە- بیر لەوە بكەنەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبەكەی خۆی “حەقیقەتی وەحی”دا دانی ناوە بە گۆڕانی هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە پرسی پێغەمبەرایەتی، ئایا دەستەواژەیەكی لەو جۆرەی لە شوێنێكی تردا بڵاوكردووەتەوە؟ ئایا دەكرێت لە ڕێككەوتی 23ی مانگدا بەڕێزی (عليه السلام) شتێك بفەرموێت پاشان لە 25ی مانگدا پێچەوانەكەی بفەرموێت؟ ئایا بیریان نەكردووتەوە لەو بڕگەیەی كە تێیدا هاتووە (ئەمە ماناكەیەتی): لە هەر شوێنێكدا نكۆڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتی مەبەستم لێی فڵان جۆری پێغەمبەرایەتی بووە. وە دەكرا بەسەركەوتوویی ئەو كارە بكەن ئەگەر زانستی قورئانیان بەدەستبهێنایە و ئەگەر لە خوا بترسانایە. بەڵام ئەگەر مرۆڤ زانستی قورئانی بەدەستنەهێنا و لە خوا نەترسا؛ ئەوا لەكوێ وریا دەبێت و دووربینی دەكات؟
كەواتە مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دانی ناوە بە جۆرێك لە پێغەمبەرایەتی -واتە پێغەمبەرایەتی جوزئی- لە موحەددەثەكاندا، وە بەردەوام بۆ ماوەیەك خۆیشی بە پێغەمبەر لەقەڵەمداوە وەك ئەو موحەددەثانە و لەو ماوەیەدا پێی وابوو پێناسەی پێغەمبەر ئەوەیە شەریعەتێكی نوێ بهێنێت و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت، ئیتر بۆچی گونجان ناخەنە نێوان ئەم بڕگەیە و بڕگەیەكی تر كە تێیدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی لە ڕیزی موحەددەثەكانی تردا داناوە بەجۆرێك مەبەستی لەو پێغەمبەرایەتیە موحەددەثیەت -واتە پێغەمبەرایەتی جوزئی- بووە، وە لە هەر شوێنێك خۆی جیاكردبێتەوە لێیان مەبەستی پێغەمبەرایەتیەك بووە كە تەنها خۆی (عليه السلام) بەدەستی هێناوە لەناو ئوممەتدا. ئەگینا وەڵامتان چیە بۆ ڕەخنەی مەسیحیەكان؟ كەی گوتومانە لە موحەددەثەكاندا جۆرێك لە پێغەمبەرایەتی نیە؟ كەی گوتوومانە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) موحەددەث نەبووە؟ بەڕێزی (عليه السلام) موحەددەث بووە وەك چۆن پێغەمبەری خوا (ﷺ) موحەددەث بووە. هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەستەواژەی “نوێكاری هەرە گەورە”ی بەكارهێناوە بۆ پێغەمبەری خوا (ﷺ). ڕەنگە كەسێكی نەفام لەم دەستەواژەیەوە وەها تێبگات كە پێغەمبەریش (ﷺ) تەنها نوێكارێك بووە بەڵام بە بەراورد بە نوێكارەكانی تر لەوان گەورەتر بووە چونكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەویشی ناوناوە نوێكار؟ ئایا كەسێكی ژیر ئەو قسەیە دەكات؟ نەخێر، تاكە هۆكار بۆ ئەوەی ئەو ئەنجامگریە نەكرێت ئەوەیە كە پلەی بەرز لەخۆوە پلەی نزمیش لەخۆدەگرێت. كەواتە ئەو كەسەی پێغەمبەر بێت دەبێت موحەددەثیش بێت. وە ئەو كەسەی موحەددەث بێت دەبێت چاكەكار و پیاوچاكیش بێت، وە ئەو كەسەی پیاوچاك بێت دەبێت موسوڵمانیش بێت. بۆیە ئەگەر ئەو كەسە ناوبنێین موحەددەثێكی موسوڵمان یان لە ڕیزی موسوڵماناندا ئەژماری بكەین ئەوا پێویست نیە كە ئەمە پلەكۆتاییەكەی بێت. لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی پێغەمبەر (ﷺ) هاتووە: ﴿وَأَنَا۠ أَوَّلُ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ﴾، دەی ئایا هیچ كەسێك بۆی هەیە بڵێت ئەو باوەڕدار بووە بەتەنها و هیچ پلەیەكی بەرزتری بەدەستنەهێناوە؟ هەر كەسێك ئەم قسەیە بكات زۆر نەزانە چونكە پێویستە بزانێت لە چەندین ئایەتی تردا بە پێغەمبەریش ناوزەد كراوە. كەواتە، لەگەڵ ئەوەی خراوەتە ڕیزی باوەڕدارانەوە بەڵام وشەی پێغەمبەر دەریدەخات كە لە باوەڕدارانی تر جیاكراوەتەوە بەو تایبەتمەندیەی كە پێغەمبەریشە. هەروەها دەكرێت كەسێك بەڕەچاوكردنی وشەی پێغەمبەر بڵێت ئەو (ﷺ) پێغەمبەرێكە وەكو پێغەمبەرانی تر و تەنها بۆ نەتەوەی عەرەب ڕەوانەكراوە نەك بۆ هەموو جیهان، بەڵام ئەگەر دید و تێڕوانینی خۆی فراوانتر كرد؛ ئەوا دەزانێت ئایەتی: ﴿قُلۡ يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنِّي رَسُولُ ٱللَّهِ إِلَيۡكُمۡ جَمِيعًا﴾ (الأعراف: 159) جیای كردووەتەوە لە پێغەمبەرانی تر بەوەی نێردراوێكە بۆ هەموو جیهان و ئەم تایبەتمەندیە پلەیەكی باڵاتری پێ داوە. بەهەمان شێوە هیچ كەسێك بۆی نیە -بەڕەچاو كردنی ئەم تایبەتمەندیە- بڵێت پێغەمبەر (ﷺ) پلەیەكی لەوە بەرزتری نیە چونكە تایبەتمەندی خاتەمی پێغەمبەران پلەكەی زیاتر بەرز دەكاتەوە. بەهەمان شێوە ئەگەر هەندێ جار مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی خستبێتە ڕیزی نوێكارەكانی ترەوە؛ ئەوا مانای وا نیە بەڕێزی تەنها نوێكارێكە، وە تێگەیشتنێكی وەها ئەوپەڕی گەوجێتیە، وەك ئەوە وایە كەسێك بە ڕەچاوكردنی ئایەتی: ﴿وَأَنَا۠ أَوَّلُ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ بڵێت پێغەمبەری خوا (ﷺ) تەنها نازناوی باوەڕداری پێ دراوە نەك نازناوێكی تر. بەڵكو لەڕاستیدا ئەگەر ئەم دەرگایە بكرێتەوە؛ ئەوا دەبێتە هۆی كۆمەڵێك ئەنجامی ترسناك. خوای گەورە سەبارەت بە سڵێمان (عليه السلام) دەفەرموێت: ﴿وَمَا كَفَرَ سُلَيۡمَٰنُ﴾، ئەگەر كەسێك لەم ئایەتەوە وەها تێبگات كە خوای گەورە سڵێمانی خستووەتە ڕیزی ئەو كەسانەوە كە كافر نین و ڕەوا نیە لە ڕیزی پارێزكاراندا ئەژمار بكرێت، پەنا بە خوا، ئەوا پێویستە نەفامێكی لەم شێوەیە بیر لەوە بكاتەوە ئایا خوای گەورە لە شوێنێكی تردا وەسفی سڵێمانی (عليه السلام) كردووە بە پلەیەكی بەرزتر لە باوەڕدار یان نا؟ ئەگەر خوای گەورە پلەیەكی باڵاتری پێ داوە؛ ئەوا بزانن ئەم فەرمایشتەی (I): ﴿وَمَا كَفَرَ سُلَيۡمَٰنُ﴾ بۆ حیكمەت و پێویستیەك بووە و مەبەست ئەوە نیە سڵێمان پێغەمبەر نەبووە. هەروەها لە هەندێ ئایەتدا دەربارەی پێغەمبەران هاتووە: ﴿وَكَذَٰلِكَ نَجۡزِي ٱلۡمُحۡسِنِينَ﴾ لەبەر ئەوە هەمان مامەڵەمان كردووە لەگەڵ فڵان پێغەمبەریشدا. ئێستا، ئەگەر لێرەدا كەسێك بڵێت خوای گەورە بەو مەرجە نیعمەتی بەخشیوە بە یوسف یان مووسا (سڵاوی خوایان لێ بێت) كە چاكەكار بوون و لەگەڵ چاكەكارەكانی تردا هەردووكیانی پۆلێن كردووە، كەواتە خوای گەورە دەیەوێت لە ڕیزی چاكەكارەكاندا ئەژماریان بكات نەك لە ڕیزی پێغەمبەراندا؛ ئەوا بە كەسێكی نەفام لەقەڵەم دەدرێت چونكە نازانێت خەڵكی مووسایان (عليه السلام) بە ستەمكار لەقەڵەم داوە نەك چاكەكار بۆیە خوا نموونەی چاكەكارانی هێناوەتەوە بۆ ئەوەی تێبگەن و بزانن ئەم مامەڵەیە تەنها لەگەڵ چاكەكاراندا دەكرێت. ئاشكرایە هەمیشە وەڵام بە ئەندازەی تێگەیشتنی پرسیاركەر دەبێت، وە ئەگەر كەسێك بشوبهێنرێت بە كەسێكی پلە نزم؛ ئەوا مەبەست ئەوە نیە ئەو كەسە پلەی بەرزی بەدەستنەهێناوە بەڵكو ئەگەر لە شوێنێكی تردا وشەیەكی گشتی بۆ تایبەت بەكارهێنرا؛ ئەوا تایبەتكردنەكە گرنگتر بووە بۆیە ئەو كارە كراوە. وە ئەم یاسایە هیچ كەسێكی ژیر ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات.
جارێكیان چووم بۆ سەردانی قوتابخانەی نەدوەی زانایان لە لكهناو پیاوێكی ئایینی -لە گرووپی باتان- كە مامۆستای قوتابخانەكە بوو هات بۆ لام و گفتوگۆ دەستی پێكرد دەربارەی بابەتی ئیلهام، گوتی ئیلهام پچڕاوە ئیتر چۆن میرزای بەڕێز بوو بە پێغەمبەر؟ منیش بابەتەكەم بۆ ڕوون كردەوە و گوتم ئەو وەحی و ئیلهامەی لە قورئانی پیرۆزدا باسكراوە نەپچڕاوە، بەڵام ئێوە لەلایەن خۆتانەوە كۆمەڵێك پێناسەتان داهێناوە و بەگوێرەی ئەو پێناسانە دەبێت وەحی و ئیلهام شەریعەتیان تێدا بێت، ئەمە بۆچوونی ئێوەیە و خۆتان لێی بەرپرسن نەك ئێمە. وە ئێمە دان دەنێین بەوەدا كە ئەو وەحیەی قورئانی پیرۆز باسیكردووە دابەزیوەتە سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). ئینجا ئەو كەسە دەستی كرد بە گفتوگۆیەكی خواروخێچ و نەزۆك كە تووشی حەپەسانی كردم بەجۆرێك چەندین جار و بەوپەڕی گوڕوتینەوە گوتی وازبهێنە لە شەرحی قورئان و شەرحی فەقیهەكان وەرگرە و لە ڕێگەی ئەو شەرحەوە بیسەلمێنە وەحی دادەبەزێتە سەر میرزای بەڕێز، ئەگینا ئێوە درۆزنن، پەنا بە خوا. هەوڵمدا زیاتر بابەتەكەی بۆ شی بكەمەوە و گوتم خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) ڕەوانەكردووە نەك ئەو كەسانەی كە ئەو زاراوانەیان داهێناوە، بۆیە شەرح و پێناسەی ئەوان ناكرێت بە پێوەر بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و دابەزینی وەحی بۆ سەری پاشان بەگوێرەی ئەوە باوەڕی پێ بكرێت ئەگینا ڕەت بكرێتەوە. ئایا پاش بیستنی ئەم قسەیەم كەسێك بۆی هەیە بڵێت مەبەستم ئەوە بووە كە هەر كەسێك ئیلهامێكی پێ گەیشت دەبێت بە مەسیحی بەڵێندراو و پێغەمبەر؟ لەبەر ئەم هۆكارە جەختم دەكردەوە لەسەر بەردەوامی ئیلهام بۆ ئەوەی بانگەشەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بسەلمێنم، بەڵكو دوو ئیلهامبۆكراوی پێشوویشم باسكرد بۆ هەمان مەبەست. لەڕاستیدا وەڵام بەگوێرەی پرسیاری پرسیاركەر دەبێت، وە لەبەرئەوەی ئەم مامۆستایەی نەدوە باوەڕی وا بوو ئەستەمە هیچ كەسێك لەم ئوممەتەدا هیچ پلەیەك بەدەستبهێنێت چونكە وەحی پچڕاوە بۆیە ویستم سەرەتا بۆی بسەلمێنم دەرگای ئیلهام و وەحی كراوەیە و بەردەوام نوێكارەكان هاتوون لە ئوممەتی موحەممەدیدا بۆ نوێكردنەوەی ئایین، دیارە ئەمە نابێتە هۆی نكۆڵیكردن لەوەی کە بەڕێزی (عليه السلام) مەسیحی بەڵێندراو یان پێغەمبەر بێت.
ئێستا ئەگەر سەیری پرسیاری ئەو كەسە بكەن كە خەڵكی ناوچەی “سەرحەد” بووە، ئەوا دەبینن نكۆڵی دەكرد لە بوونی نوێكارەكان و پێی وابوو دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) بوونی قورئانی پیرۆز و زاناكانی ئایین بەسە و پێویست بە هاتنی هیچ نوێكارێك ناكات، وە باوەڕی وا بوو مەبەست لە پێغەمبەرایەتی دروستكردنی شایەتومانێكی نوێ و خواپەرستیەكی نوێیە. ئەو كەسەی لە بنەڕەتدا باوەڕی بە نوێكردنەوەی ئایین نیە و دەڵێت دەرگای ئیلهام داخراوە و پێی وایە بوونی پیاوانی ئایینی -وەك شێخەكەی نەدوە- بەسە لە جیاتی نوێكارەكان و باوەڕی وایە نوێكارەكان دێن بۆ چاككردنی ناتەواویەكانی ئایین، وە ئەم نەفامە شێوازی قسەكردن نازانێت لەگەڵ كەسێكدا كە ڕابەری سەدەها هەزار كەسە و پێشەوای كۆمەڵێكی گەورەیە و كەسانێكی گەورە شوێنی دەكەون و پێیان وایە هەڵگرتنی پێڵاوەكانی مایەی شانازیە بۆیان چونكە وەك لە ڕۆژنامەی “بەدر”دا هاتووە زۆر بێشەرمانە دەستی كردووە بە قسەكردن، ئایا گونجاوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرایەتی و جۆرەكانی پێغەمبەرایەتی شەرح بكات بۆ ئەم كەسە و بفەرموێت پێغەمبەرایەتی تەشریعی و پێغەمبەرایەتی ناتەشریعی هەیە، وە پێغەمبەرانێك هەن ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست دەهێنن و كۆمەڵێكی تر هەن ناڕاستەوخۆ بەهۆی هۆكارێكی ناوەندیەوە بەدەستی دەهێنن، وە پێغەمبەرایەتیەك هەیە لە موحەددەثەكاندا هەیە؟ ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەو كارەی بكردایە؛ ئەوا پیاوەكە هیچ تێنەدەگەیشت، وە لەبەرئەوەی ئەو كەسە بەتەواوەتی نكۆڵی دەكرد لە ئیلهام و نوێكارەكان بۆیە لەكوێ بەڕێزی (عليه السلام) باسی ئەوەی بۆ بكات كە خۆی پلەو پایەی بەرزترە لە پلەوپایەی نوێكارەكان و پێغەمبەری سەر بە ئوممەت پلەیەكی تایبەتیە. كەواتە گونجاوترین وەڵام بەگوێرەی بیروباوەڕەكانی ئەو كەسە ئەوە بوو كە ئەگەر تۆ قەڵس و بێزاری لە وشەی “پێغەمبەر”؛ ئەوا بزانە كە سەلەفی ساڵحیش ئەم وشەیان بەكارهێناوە كەواتە پێویستە تەكفیری ئەوانیش بكەیت. وە ئەگەر هاتنی نوێكارەكان ئەستەمە؛ ئەوا ڕەخنە لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بگرە كە بۆچی پێشبینی هاتنی كردوون؟ مەبەست لەم وەڵامە ئەوە بوو كە ئەو كەسە تێبگات هاتنی موسڵیحەكان نەپچڕاوە و ژمارەیەكی زۆر لە نوێكارەكان لەڕابردوودا هاتوون. بەڵكو هەندێ كەس وەك نووسەری “مەسنەوی ڕۆمی” و “محێدین ئیبن عەرەبی” و “نوێكاری سەدەی یانزە” بیروباوەڕی خۆیان دەربڕیوە و گوتوویانە هاتنی پێغەمبەرانیش ئەگەری هەیە. دیارە خەڵكی بەگشتی زۆر ڕێز دەگرن لە نووسەری مەسنەوی، وە گەلی باتان زۆر سەرسامن بە نوێكاری سەدەی یانزە. وە لەبەرئەوەی لای كەسی ناوبراو مانای نوێكردنەوەی ئایین تەنها بریتیە لە لابردنی هەندێ ناتەواوی لە ئایینەكە و پێغەمبەرایەتی ئەوەیە شایەتومانێكی نوێ و نوێژێكی نوێی هەبێت، بۆیە سەرەتا سەرەنجی ڕاكێشرا بۆ وتەی ئەو پیاوچاكانەی كە بە لای زۆربەی خەڵكیەوە گەورە و مەزنن، پاشان فەرموودەیەكی پێغەمبەری خوای (ﷺ) بۆ باسكرا بۆ ئەوەی بزانێت پێغەمبەرایەتی و نوێكردنەوەی ئایین بریتی نیە لە لابردنی هەندێ ناتەواویی لە ئایینەكەدا یان هێنانی شەریعەتێكی نوێ بەڵكو ئەو وشانە كۆمەڵێك مانای جیاوازیان هەیە. كەواتە لەبەرئەوەی سەلەفی ساڵح دانیناوە بە مانەوەی پێغەمبەرایەتی لە ئیسلامدا ئایا ئەو كەسە ئەوانیش تەكفیر دەكات. كاتێك وتەی ئەو پیاوچاكانە دەخوێنینەوە دەبینین هیچ یەكێكیان بانگەشەی ئەوەی نەكردووە بە پەیامەوە ڕەوانەكرابێت، كەواتە -بەڕەچاوكردنی ئەو دەستەواژانە- ئەگەر كەسێك باوەڕی وا بێت ئەوان پێغەمبەربوون؛ ئەوا باوەڕەكەی تەنها لە كەمی تێڕامانەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵكو ڕێبازی هەموویان ئەوە بووە كە هاتنی پێغەمبەر ئەگەری هەیە بەڵام بانگەشەی ئەوەیان نەكردووە خۆیان پێغەمبەر بن، وە بەهۆی ئەوەی لەلایەن خواوە ئیلهامیان پێگەیشتووە بڵاویان نەكردووەتەوە كە لەلایەن خوای گەورە نێردراون. لەكاتێكدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ئیلهامەی پێگەیشتووە: “إنَّا أرسلنا أحمدَ إلی قومه فقالوا كذَّاب أَشِر”. لە ماوەی 1300 ساڵی ڕابردوودا هیچ وەلییەك یان موحەددەثێك وەك پێغەمبەر ڕەوانە نەكراوە. گومانی تێدا نیە هەندێكیان گەیشتوونەتە پلەی پەیامبەرێتی، بەڵام مادام هەموو خاسیەتە تەواوەكانی خەتمی پێغەمبەرایەتییان بەدەستنەهێناوە بۆیە پێغەمبەری جوزئی بوون و لەڕاستیدا پێغەمبەر نەبوون؛ چونكە پێغەمبەرایەتی سێبەرئاسا تیشكدانەوەیەكی تەواو دەخوازێت لە هەموو ڕووەكانەوە و لە هەموو تایبەتمەندیەكی تەواودا، ئەم تیشكدانەوە تەواوە لەواندا نەبووە.
بەكورتی، وەڵام بەگوێرەی پرسیارە، وە ڕەوایە تەنها بە ئەندازەی وەڵامەكە مانا و مەبەستی لێ وەربگیرێت، نەك لەوە زیاتر. وە مادام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاندووە جۆرێك لە پێغەمبەرایەتی پێ دراوە كە بەكەسی تر نەدراوە و قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان تەنها شایەتی دەدەن لەسەر پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، وە پێناسەی پێغەمبەرایەتی ناچەسپێت بەسەر نوێكارەكانی پێشوودا، بۆیە لەم بڕگەیەوە تەنها مانایەك وەردەگرین كە بریتیە لەوەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و نوێكارەكانی پێشوو لە ڕوانگەی یەكێك لە جۆرەكانی پێغەمبەرایەتیەوە بەتەواوەتی وەك پێغەمبەر (ﷺ) وا بوون چونكە ئەویش (ﷺ) نوێكار بوو، بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) جیاوازە لەوان لە ڕوانگەی پێغەمبەرایەتیەكی ترەوە وەك چۆن پێغەمبەر (ﷺ) جیاوازە لە پێغەمبەرانی تر. نموونەیەكی تریش هەیە كە مانای بڕگەی ناوبراو ڕوونتر دەكاتەوە ئەویش ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەكاتی قسەكردن دەربارەی بابەتی كۆچی دوایی مسیحی ناسیرەیی فەرموویەتی بە نەیارەكانی ئەگەر ئێوە بەگوێرەی ئەم بابەتە فەتوای كافربوونم دەدەن؛ ئەوا دەبێت فەتوای كافربوونی فڵان و فڵان لە زانایانی سەلەفیش بدەن، وە فەرموویەتی ئەگەر دۆخەكە بەم جۆرە بێت؛ ئەوا دەبێت سبەی موعتەزیلەیش تەكفیر بكرێت. ئایا ئەم تەشبیهكردنە مانای ئەوە دەگەیەنێت كە بەڕێزی (عليه السلام) خۆی بە موعتەزیلە داناوە؟ یان نوێكار نەبووە بەڵكو تەنها زانایەك بووە وەك زانایانی سەلەف؟ هەموو كەسێك دەزانێت مەبەستی بەڕێزی (عليه السلام) ئەوە نەبووە بەڵكو مەبەستی ئەوە بووە كە ئەوانیش هاوڕای ئەون لەم پرسەدا ئەگەرچی جۆری هاوڕابوونەكە جیاوازە. موعتەزیلە لەبەر ئەوە هاوڕا نەبوون لەسەر ئەم بابەتە چونكە دەبێتە هۆی شیرك یان پێچەوانەی ئایەتەكانی قورئانە، بەڵكو باوەڕیان بە كۆچی دوایی مەسیح هەبووە چونكە نكۆڵییان كردووە لە شتێك كە لەڕاستیدا لەسەرووی عەقڵەوە بووبێت، بۆیە هەموو ئەو شتانەیان تەئویل دەكرد كە لەم شێوەیە بوون. هەروەها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی نووسەری مەسنەوی ڕۆمی و ئیبن عەرەبی و نوێكاری سەدەی یانزە ئەوانیش باوەڕیان وا بووە دەرگای پێغەمبەرایەتی كراوەیە. وە خاتوو عائیشەیش (ڕ.خ) هەمان باوەڕی هەبووە بۆیە فەرموویەتی: “مەڵێن پێغەمبەر لەدوای نیە”. ئەمە هەرگیز مانای وا نیە كە ئەو كەسانە هەموویان پێغەمبەر بوون چونكە خاوەنی مەسنەوی خۆی بە پێغەمبەر دانەناوە و ئیبن عەرەبی خۆی بە پێغەمبەر لەقەڵەم نەداوە و نوێكاری سەدەی یانزە ئەویش خۆی بە پێغەمبەر و نێردراوی خوا ئەژمار نەكردووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بیروباوەڕی خۆیان دەربڕیوە و گوتوویانە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێغەمبەرە، وە ئەو سەردەمە سەردەمی پێغەمبەرایەتیە. بگرە حەزرەتی نوێكاری سەدەی یانزە هۆكاری بڵندی پلەوپایەكەی خۆی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی كە سەردەمەكەی لە سەردەمی مەهدیەوە نزیكە و تیشكی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (ﷺ) كە دەكەوێتە سەر مەهدی دەكەوێتە سەر ئەویش، بۆیە خۆی بە چاكتر و پایەبەرزتر داناوە لە پیاوچاكانی پێشوو.
پوختەی قسە، پێویستە بڕگەی ناوبراو لەگەڵ بڕگەكانی تردا بخوێنرێتەوە ئینجا مانای لێ وەربگیرێت، وە كردنی موحكەمات بە شوێنكەوتەی موتەشابیهات تاوانێكی گەورەیە. بۆچی لە بڕگەی ناوبراوەوە مانایەك وەردەگرن كە بەدرۆزانینی مەسیحی بەڵێندراوی تێدا بێت بگرە بەدرۆزانینی ئەو پیاوچاكانەیشی تێدا بێت كە مەسیحی بەڵێندراو ئاماژەی بۆ كردوون، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار جەختكراوتەوە لەسەر ئەوەی كە لەم ئوممەتەدا هیچ كەسێك نەبووە بەڕێژەیەكی زۆر لەلایەن خواوە ئاخاوتن و گفتوگۆی لەگەڵدا كرابێت و ئاخاوتنەكە شتانێكی غەیبی و پێویستی تێدا بووبێت بۆ پێغەمبەران. كەواتە لەبەرئەوەی پرسیاركەرەكە لە مانای پێغەمبەرایەتی وەها تێگەیشتبوو كە بریتیە لە هێنانی شەریعەتێكی نوێی و لە مانای نوێكردنەوە وەها تێگەیشتبوو كە بریتیە لەوەی كۆمەڵێك چەمكی نوێ بخرێتە ناو ئایینەوە، بۆیە نموونەی پیاوچاكانی پێشووی بۆ هێنراوەتەوە بەجۆرێك ئەویش باوەڕی وا بووە ئەو كەسانە پیاوچاك بوون، وە مەبەست ئەوە نەبووە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پلەیەكی لەوەی ئەوان بەرزتری نیە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زۆر بەڕوونی فەرموویەتی ئەو زۆریەی كە قورئانی پیرۆز ناویناوە پێغەمبەرایەتی تەنها لە خۆیدا هەیە و لە هیچ وەلییەكی تردا نیە. بۆیە پلەوپایەی سەرووی پێغەمبەرایەتی موحەددەثیەت لە كەسێتی بەڕێزیدا (عليه السلام) چەسپاوە. وە ئەگەر هەندێ جار بەڕێزی (عليه السلام) خۆی خستبێتە ڕیزی موحەددەثەكانی ترەوە؛ ئەوا تەنها مەبەستی ئەوە بووە كە ئەو پلەوپایەی ئەوانیشی بەدەستهێناوە وەك چۆن كاتێك پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) دەخرێتە ڕیزی باوەڕدارانەوە و مووسا دەخرێتە ڕیزی چاكەكارانەوە مەبەست ئەوەیە ئەوانیش لەو كەسانەن، وە مەبەست ئەوە نیە كە نەگەیشتوون بە پلەیەكی بەرزتر لە پلەی باوەڕدار و پلەی چاكەكار.
(2) پرسیاری دووەم: زۆرجار پرسیار دەەكرێت و دەگوترێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت هەموو پێغەمبەرێك گوێڕیەڵی دەكرێت نەك خۆی گوێڕایەڵی بكات، وە لەبەرئەوەی بەڕێزی (عليه السلام) گوێڕایەڵە كەواتە پێغەمبەر نیە. وەڵام: وەك لە سەرەتای كتێبی “حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی”دا باسم كرد و لە ڕێگەی دەستەواژەكانی بەڕێزیەوە (عليه السلام) ئەوەم سەلماند كە بەڕێزی (عليه السلام) تا ساڵی 1900ز باوەڕی وا بووە مەرجی پێغەمبەرایەتی ئەوەیە كە ئەو كەسە بە شەریعەتێكی نوێوە بێت و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنێت و شوێنكەوتە و گوێڕایەڵی پێغەمبەرێكی تر نەبێت، وە بەردەوام هەتا ئەو كاتە بەو ئایەتە بەڵگەی دەهێنایەوە. بەڵام كاتێك بەتەواوەتی ڕاستیەكەی بۆ دەركەوت بۆچوونی خۆی گۆڕی و زۆر بەڕوونی فەرمووی پێویست نیە پێغەمبەر شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت. كەواتە كاتێك دانی بەوەدا نا كە ڕاوبۆچوونی دەربارەی پێغەمبەرایەتی گۆڕاوە، وە بە بۆچوونی بەڕێزی مەرج نیە پێغەمبەر شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت، كەواتە دەبێت لەمەوە تێبگەین كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خۆی مانای ئەم ئایەتەی ڕوون كردووەتەوە: ﴿وَمَآ أَرۡسَلۡنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا لِيُطَاعَ بِإِذۡنِ ٱللَّهِۚ﴾ (النساء: 65)، وە ڕایگەیاندووەكە ئەمە مەرجێك نیە بۆ پێغەمبەرایەتی، هەروەك ئایەتەكانی تری قورئان بەجوانی ڕوونی دەكەنەوە كە دەكرێت پێغەمبەرێك گوێڕایەڵی پێغەمبەرێكی تر بێت و بەردەوام ئەمە ڕوویداوە. وە لەگەڵ ئەوەی هەموو پێغەمبەران پێش پێغەمبەری خوا (ﷺ) ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە بەڵام هەندێكیان لەژێر فەرمانی هەندێكی تریاندا كاریان دەكرد بۆ نموونە هاروون و سڵێمان و یەحیا و زەكەریا (عليهم السلام). كەواتە ئەگەر بەڵگەی ڕوون و ئاشكرا هەبوو؛ ئەوا هەرگیز ڕەوا نیە لە ئایەتێكی قورئانی پیرۆز مانایەك هەڵێنجرێت پێچەوانەی بەڵگە ڕوونەكە و مانای ئایەتەكانی تر بێت. مانای ئایەتی ناوبراو ئەوەیە هەر پێغەمبەرێك ڕەوانە دەكرێت بۆ ئەوە ڕەوانەدەكرێت كە خەڵكی گوێڕایەڵی بن، ئەمە هەرگیز مانای ئەوە نیە كە پێغەمبەر گوێ لە كەس ناگرێت، ئەمە پێچەوانەی بەڵگەی ئاشكرایە. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُوٓاْ أَطِيعُواْ ٱللَّهَ وَأَطِيعُواْ ٱلرَّسُولَ وَأُوْلِي ٱلۡأَمۡرِ مِنكُمۡۖ﴾ (النساء: 60) دەی ئایا كاربەدەستان وازیان هێناوە لە گوێڕایەڵی پێغەمبەر؟ ئەگینا لانی كەم ڕابمێنن ئایا مەسیح گوێڕایەڵی كاربەدەستانی كردووە لە سەردەمی خۆیدا یان نا؟ دەی ئایا پێغەمبەرایەتیەكەی ڕەت بكەینەوە؟ كەواتە ئەگەر گوێڕایەڵی كاربەدەستێك كە ئایینێكی تری هەبێت شكۆ و پلەی پێغەمبەرایەتی دانەبەزێنێت ئیتر چۆن ئەمە ڕوودەدات بەهۆی گوێڕایەڵیكردنی پێغەمبەرێكی ترەوە؟ وە ئەگەر دەڵێن پێویستە لەسەری لە كاروباری ئاییندا گوێڕایەڵی كەس نەبێت، دەڵێم: ئەمە هەڵەیە، ئایا پێغەمبەر گوێڕایەڵی خوای گەورە ناكات؟ كەواتە لەمەوە بە جوانی دەردەكەوێت ئەم فەرمانە فەرمانێكی گشتی نیە بەڵكو دەبێت بكرێت بە فەرمانێكی تایبەتی، وە ئەمە ڕەخنە نیە، دیارە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەردەوام تا ماوەیەك بەگوێرەی بیروباوەڕی خەڵكی گشتی پێناسەی “پێغەمبەر”ی دەكرد و بەردەوام بەم ئایەتەش بەڵگەی دەهێنایەوە و دەیفەرموو پێغەمبەر، هەرجۆرێك بێت، ناكرێت گوێڕایەڵ بێت بۆ پێغەمبەرێكی تر. بەڵام كاتێك بەتەواوەتی ڕاستیەكەی بۆ ئاشكرا بوو ئەو مانایەی گۆڕی. ئەگەر دەڵێن: ئایا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تێنەگەیشتبوو لە ئایەتەكەی قورئان بە شێوەیەكی دروست؟ وەڵامەكەی ئەوەیە: پێغەمبەران زۆر بەوریاییەوە كاردەكەن و ئەگەر خوای گەورە بە تایبەتی ئاگاداریان نەكاتەوە لە شتێك؛ ئەوا پەیڕەوی بیروباوەڕە گشتیەكانی پێشوو دەكەن. پێغەمبەری خوا (ﷺ) مەی و موتعە و ڕیبای حەرام نەكرد -سەرەڕای ئەوەی ڕقی لێیان بوو- هەتا وەحی خوا دەربارەی حەرامبوونیان دابەزی. بەهەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێش ئەوەی ڕەوانە بكرێت بەردەوام باوەڕی وابوو وشەی “مُتَوفِّیكَ” واتە: لە داهاتوودا بەشێكی زۆرت پێ دەدەم لە نیعمەتەكانم، پاشان لە كتێبەكانی دواتردا فەرمووی ئەگەر خوا بكەری فرمانی “التوفي” بێت و خاوەن گیانێك بەرکار بێت؛ ئەوا ماناكەی تەنها بریتیە لە گیانكێشان. كەواتە لەڕاستیدا پێغەمبەران وازناهێنن لە بیروباوەڕەكانی خەڵكی گشتی ئەگەر بەتەواوەتی ڕاستیەكەیان بۆ ئاشكرا نەكرێت. بەڵام گومانی تێدا نیە پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكەن لە ڕاستیەكە ئاگادار دەكرێن هەتا خەڵكی هەموو وتەكانیان ڕەت نەكەنەوە و پێیان وا نەبێت هیچیان ئیلهام و وەحی نین. كەواتە هەروەك چۆن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەرەتا فەرمووی وشەی “متوفیك” واتە پێدانی نیعمەت بەتەواوەتی و ئینجا دواتر فەرمووی ئەگەر بكەرەكە خوا بێت؛ ئەوا مانا ئەم وشەیە تەنها بریتیە لە گیانكێشان، بەهەمان شێوە سەرەتا بەڕێزی (عليه السلام) پێی وا بوو یەكێك لە مەرجەكانی پێغەمبەر ئەوەیە شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت، وە بەردەوام بە ئایەتی ناوبراو بەڵگەی دەهێنایەوە و دەیفەرموو ناكرێت پێغەمبەر شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر بێت، پاشان دوای ئەوە زۆر بەڕاشكاوی لە نووسینەكانیدا ڕایگەیاند كە مەرج نیە پێغەمبەر شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت و ئەمە لە مێژوو و لە ئایەتەكانی قورئانەوە سەلمێنراوە. بەڵكو ئەگەر زیاتر ڕابمێنن؛ ئەوا دەبینن لە ئایەتی ناوبراوەوە ئەم مانایە نەچەسپاوە چونكە ئایەتەكە دەفەرموێت گوێڕایەڵی پێغەمبەر واجبە لەسەر هەموو خەڵكی و نافەرموێت پێویستە پێغەمبەر شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر نەبێت. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿أَلَمۡ تَرَ إِلَى ٱلَّذِينَ يَزۡعُمُونَ أَنَّهُمۡ ءَامَنُواْ بِمَآ أُنزِلَ إِلَيۡكَ وَمَآ أُنزِلَ مِن قَبۡلِكَ يُرِيدُونَ أَن يَتَحَاكَمُوٓاْ إِلَى ٱلطَّٰغُوتِ وَقَدۡ أُمِرُوٓاْ أَن يَكۡفُرُواْ بِهِۦ ۖ وَيُرِيدُ ٱلشَّيۡطَٰنُ أَن يُضِلَّهُمۡ ضَلَٰلَۢا بَعِيدٗا * وَإِذَا قِيلَ لَهُمۡ تَعَالَوۡاْ إِلَىٰ مَآ أَنزَلَ ٱللَّهُ وَإِلَى ٱلرَّسُولِ رَأَيۡتَ ٱلۡمُنَٰفِقِينَ يَصُدُّونَ عَنكَ صُدُودٗا * فَكَيۡفَ إِذَآ أَصَٰبَتۡهُم مُّصِيبَةُۢ بِمَا قَدَّمَتۡ أَيۡدِيهِمۡ ثُمَّ جَآءُوكَ يَحۡلِفُونَ بِٱللَّهِ إِنۡ أَرَدۡنَآ إِلَّآ إِحۡسَٰنٗا وَتَوۡفِيقًا * أُوْلَٰٓئِكَ ٱلَّذِينَ يَعۡلَمُ ٱللَّهُ مَا فِي قُلُوبِهِمۡ فَأَعۡرِضۡ عَنۡهُمۡ وَعِظۡهُمۡ وَقُل لَّهُمۡ فِيٓ أَنفُسِهِمۡ قَوۡلَۢا بَلِيغٗا * وَمَآ أَرۡسَلۡنَا مِن رَّسُولٍ إِلَّا لِيُطَاعَ بِإِذۡنِ ٱللَّهِ ۚ وَلَوۡ أَنَّهُمۡ إِذ ظَّلَمُوٓاْ أَنفُسَهُمۡ جَآءُوكَ فَٱسۡتَغۡفَرُواْ ٱللَّهَ وَٱسۡتَغۡفَرَ لَهُمُ ٱلرَّسُولُ لَوَجَدُواْ ٱللَّهَ تَوَّابٗا رَّحِيمٗا * فَلَا وَرَبِّكَ لَا يُؤۡمِنُونَ حَتَّىٰ يُحَكِّمُوكَ فِيمَا شَجَرَ بَيۡنَهُمۡ ثُمَّ لَا يَجِدُواْ فِيٓ أَنفُسِهِمۡ حَرَجٗا مِّمَّا قَضَيۡتَ وَيُسَلِّمُواْ تَسۡلِيمٗا﴾ (النساء: 61-66)
هەموو كەسێك بەخوێندنەوەی ئەم ئایەتانە پەی بەوە دەبات كە خوای گەورە لێرەدا دەربارەی دووڕووەكان دەفەرموێت ئەوان دەیانەوێت گوێڕایەڵی فەرمانەكانی شەیتان بكەن لەجیاتی ئەوەی پێغەمبەر بكەن بە فەرمانڕەوا، لەگەڵ ئەوەی فەرمانیان پێ كراوە گوێڕایەڵی فەرمانەكانی پێغەمبەر بن بەڵام ئەوان ئەو كارە ناكەن، وە ئەگەر تووشی زیانێك بوون؛ ئەوا بەپەلە دێن بۆ لات و دەڵێن: كەمتەرخەمی لە ئێمەوە دەركەوت چونكە گوێڕایەڵی فەرمانەكەت نەبووین بەڵام نیەتمان چاك بوو. بەڵام پێویستە بزانن ئامانجی ئێمە لە ناردنی پێغەمبەر ئەوەیە خەڵكی گوێڕایەڵی پێغەمبەرەكە بكەن و فەرمانەكانی ڕەت نەكەنەوە. وە ئەگەر هەڵەیەك دەركەوت لێیانەوە؛ ئەوا با داوای لێخۆشبوون بكەن، بەڵام مەرجی باوەڕداریەكەیان ئەوەیە لە هەموو بارودۆخێكدا گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بكەن. ئێستا ئێوە بڵێن ئەم ئایەتە كەی مانای ئەوە دەبەخشێت كە پێغەمبەر شوێن كەس ناكەوێت؟ دیارە لێرەدا گوتراوە ئەگەر پێغەمبەرێك هات بۆ لای گەلێك؛ ئەوا دەبێت گوێڕایەڵ بن بۆی. كەواتە، فریودانی خەڵك لەگەڵ بوونی شەرحێكی ئاشكرا لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) پاش وشە ئاشكراكانی قورئانی پیرۆز، پێچەوانەی دەستپاكی و ئەمانەتە.
ڕەنگە لێرەدا كەسێك بڵێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڵگەیەكی خستووەتەڕوو لەسەر نەگەڕانەوەی مەسیحی ناسیرەیی و فەرموویەتی: چۆن دەكرێت مەسیح بێت بۆ ئیسڵاحی ئەم ئوممەتە لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەرێكی سەربەخۆیە واتە گوێڕایەڵی پێغەمبەرێكی تر نیە؟ وەڵامەكە ئەوەیە: بەڕێزی (عليه السلام) نەیفەرمووە: چۆن دەكرێت گوێڕایەڵی پێغەمبەر (ﷺ) بكات، بەڵكو فەرموویەتی لە ئێستادا هاتنی هەر پێغەمبەرێك جگە لە پێغەمبەرێك لەم ئوممەتە سووكایەتیە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) چونكە ئەو كەسەی پێغەمبەرایەتی بەدەستنەهێنابێت بەهۆی گوێڕایەڵی پێغەمبەرەوە (ﷺ) ئەستەمە سەر بەم ئوممەتە بێت. وە ئەگەر پێغەمبەرێكی سەربەخۆ بوو؛ ئەوا ئەو چاكەی دەبێت بەسەر پێغەمبەرەوە (ﷺ) نەك بە پێچەوانەوە. وە هاتنی پێغەمبەرێكی سەربەخۆ مانای خەتمی پێغەمبەرایەتیش تێكدەشكێنێت چونكە ئەمە دەبێتە هۆی دەستوەردانی پێغەمبەرێكی تر لە كاروباری ئوممەت. بەڵكو ئەمە سووكایەتیە بە عیسایش (عليه السلام) چونكە ئەگەر جارێكی تر بهێنرێتەوە؛ ئەوا ئەستەمە وەك پێغەمبەرێكی سەربەخۆ بێتەوە چونكە ئەمە سووكایەتیە بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە ناكرێت بە پێغەمبەرێك لەم ئوممەتە لەقەڵەم بدرێت مەگەر سەرەتا جیابكرێتەوە لە كۆمەڵی پێغەمبەران واتە پێغەمبەرایەتیەكەی لێ بسەندرێتەوە و بكرێت بە تاكێك لە ئوممەت بۆ ئەوەی دوای ئەوە جارێكی تر پێغەمبەرایەتی بەدەستبهێنێت، ئەمەش سووكایەتیە بە كەسێتی ئەو.
بەكورتی، هەر هەڵوێستێك بگرنەبەر یان ئەوەتا سووكایەتیە بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) یاخود سووكایەتیە بە مەسیحی ناسیرەیی، بۆیە هەرگیز ڕێگەپێدراو نیە جارێكی تر بێتەوە. نەك لەبەرئەوەی كە ناكرێت پێغەمبەرێك شوێنكەوتەی پێغەمبەرێكی تر بێت بەڵكو لەبەرئەوەی ئەم هاتنەوەیە خەتمی پێغەمبەرایەتی دەشكێنێت یاخود سووكایەتیە بە خودی مەسیح (عليه السلام). ئەگەر دەڵێن لە ڕابردووشدا پێغەمبەرە سەربەخۆكان لەژێر فەرمانی پێغەمبەرانی پێشوودا كاریان كردووە و پلەوپایەی پێغەمبەر (ﷺ) لە هی ئەوان بەرزترە ئیتر بۆچی ناكرێت و ناگونجێت پێغەمبەرێكی سەربەخۆ لەژێر فەرمانیدا كاربكات؟ وەڵامەكە ئەوەیە: پێغەمبەرانی پێشوو پلەی “خاتم النبیین”یان بەدەستنەهێنابوو، بۆیە هاتنی ئەو پێغەمبەرانەی كە ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێنابوو دوای ئەوان مایەی سووكایەتی نەبوو بۆیان. بەڵام پێغەمبەرمان (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە بۆیە ئەو هەلومەرجەی ئێستا باسكرا سووكایەتیە بۆی. بێگومان هێزی لێشاوی بەرەكەتە سەرڕێژەكەی پێغەمبەر (ﷺ) زۆر مەزنە بەجۆرێك دەتوانێت لە قوتابیەكانی خۆی كەسانێك دروست بكات كۆمەڵێك پلەی باڵا بەدەستبهێنن، وە پێویست ناكات كۆمەك بخوازێت لە پێغەمبەرانی تر.
(3) هەروەها ڕەخنە دەگیرێت و دەگوترێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “مەبەستمان لە پێغەمبەرایەتی ئەوە نیە كە لە پەڕاوەكانی پێشوودا مەبەست بووە”. وەڵام: ڕاستە مەبەست لە پێغەمبەرایەتی لە پەڕاوەكانی پێشوودا ئەو پێغەمبەرایەتیە بووە كە ڕاستەوخۆ بەدەست دەهات چونكە ئەو پێغەمبەرانە ڕاستەوخۆ و بەبێ هۆكارێكی ناوەندی پێغەمبەرایەتییان بەدەست دەهێنا، بەڵام هەر كاتێك وشەی “پێغەمبەر” هاتبێت لە نووسراوەكانی بەڕێزیدا (عليه السلام) تەنها ماناكەی ئەوەیە كە بەڕێزی بەهۆی بەرەكەتی سەرڕێژی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) پلەی پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە، مەبەست ئەوە نیە پێغەمبەرانی پێشوو لەبەر هۆكارێك پێیان گوتراوە پێغەمبەر، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەبەر هۆكارێكی تر پێی گوتراوە پێغەمبەر. پێغەمبەرایەتی وەك خۆیەتی لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە بەڵام لە دەستەواژەی ناوبراودا گوتراوە مەبەست لە پێغەمبەرایەتی لە پەڕاوەكانی پێشوودا ئەوەیە پێغەمبەرانی پێشوو ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتییان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەگەر وشەی “پێغەمبەر” هاتبێت سەبارەت بە بەڕێزی (عليه السلام)؛ ئەوا بەو مەبەستە نیە. لەم بارەیەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“لەبیرمان نەچێت زۆرێك لە خەڵكی فریودەخۆن كاتێك وشەی “پێغەمبەر” دەبیستن لە بانگەشەكەمدا، پێیان وایە من بانگەشەی ئەو پێغەمبەرایەتیەم كردووە كە پێغەمبەران لە سەردەمەكانی ڕابردوودا ڕاستەوخۆ بەدەستیانهێناوە، بەڵام لەم باوەڕەدا هەڵەن. من هەرگیز ئەم بانگەشەیەم نەكردووە، بەڵكو حیكمەتی خوایی ئەم پلەیەی پێ خەڵات كردم بۆ ئەوەی تەواوی و بێكەموكوڕی لێشاوی بەرەكەتی ڕۆحانی پێغەمبەر (ﷺ) بچەسپێت، بەجۆرێك خوای گەورە بەهۆی بەرەكەتی لێشاوی نوورەكەیەوە (ﷺ) منی گەیاندە پلەی پێغەمبەرایەتی.” (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 154، پەراوێز)
كەواتە مەبەست لەم بڕگەیە ئەوەیە كە پێغەمبەرایەتیەكەی ڕاستەوخۆ نیە وەك پێغەمبەرانی پێشوو ئەگینا بەڕێزی (عليه السلام) جیاكاری ناكات لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە وەك دەفەرموێت: “وە یەكێك لەو نیعمەتانە بریتیە لەو پێغەمبەرایەتی و پێشبینیانە كە بەهۆیانەوە پێغەمبەرانی پێشوو پێیان گوتراوە پێغەمبەر. ” (إزالة خطأ، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لا 209)
كەواتە تاكە جیاوازی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی كردووە بریتیە لە شێوازی بەدەستهێنانی پێغەمبەرایەتی[*] ئەگینا دەربارەی پێغەمبەرایەتی دەفەرموێت پێغەمبەرانی پێشوو ناونراون پێغەمبەر تەنها لەبەرئەوەی بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداربوون لە شتە غەیبیەكان.
[*] مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەپاڵ ئەو ڕستەیەدا كە نكۆڵیكارانی پێغەمبەرایەتی دەیخەنەڕوو وەك بەڵگەیە دەفەرموێت: “بەڵكو ئەمە پلەیەكە نادرێت مەگەر لە ڕێگەی شوێنكەوتنی پێغەمبەرمانەوە كە چاكترین مرۆڤە”، وە زۆر بەجوانی لەم ڕستەیەوە دەردەكەوێت كە مەبەستی بەڕێزی (عليه السلام) ئەوەیە پێغەمبەرایەتیەكی بەدەستهێناوە كە تەنها لە ڕێگەی شوێنكەوتنی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) بەدەستدێت. مەبەست ئەوە نیە كە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی پێشوو پێغەمبەرایەتی بووە بەڵام پێغەمبەرایەتیەكەی بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەرایەتی نەبووە. نووسەر
(4) ڕەخنەیەكی تریش دەگیرێت كە ئەوەیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دابەزینی جیبریلی (عليه السلام) بە مەرجێكی پێغەمبەرایەتی داناوە، بەڵام خۆی بانگەشەی ئەوەی نەكردووە جیبریل (عليه السلام) دابەزیبێتە سەری. وەڵام: پێویستە بزانرێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاندووە كە جیبریل (عليه السلام) دابەزیوەتە سەری وەك لەم ئیلهامەیدا هاتووە:
“جاءني آيل واختار، وأدار إصبعه وأشار. إنّ وعد الله أتى، وركل وركَى، فطوبى لمن وجد ورأى. الأمراض تشاع والنفوس تضاع.” لە پەراوێزدا نووسیویەتی: خوای گەورە جیبریلی بە “آیل” ناوبردووە چونكە چەندین جار دەگەڕێتەوە. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، بەرگی 22، لا 106-107) كەواتە، خوای گەورە لەم ئیلهامەدا ڕایگەیاندووە جیبریل دابەزیوەتە سەری.
(5) لەكتێبی “حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی”دا نووسیومە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداركراوەتەوە لە شتە غەیبیەكان، وە هاوشێوەی ئەم زۆریە تەنها لە پێغەمبەرانی پێشوودا دەبینرێت. كەواتە بەڕێزی (عليه السلام) پێغەمبەر بووە بەگوێرەی ئایەتی: ﴿فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِ﴾. لێرەدا دەكرێت كەسێك فریوبخوات بەوەی كە لە كتێبی “إزالە الأوهام” دا بەڕێزی فەرموویەتی:
“هەڵبەت بەشێكی زۆرم پێدراوە لە خەونی ڕاست و كەشف و گیرابوونی دوعا و ئیلهامی ڕاست و دروست كە نزیكە لە بەشی پێغەمبەرانەوە.” (إزالة الأوهام، الخزائن الروحانیة، بەرگی 3، لا 478)
وەڵام: پێویستە بزانرێت ڕەوا نیە لەم دەستەواژەیەوە ئەو مانا و تێگەیشتنە وەربگیرێت كە ئیلهام و وەحیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) -لەڕووی چەندێتی و چۆنێتیەوە یەكسان نیە بە ئیلهام و وەحی پێغەمبەرانی پێشین و بەمەش دەچەسپێت كە بەڕێزی پێغەمبەر نەبووە، چونكە كتێبی “إزالة الأوهام” لە كتێبە سەرەتاییەكانی بووە، وە لەو كاتەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە بەڕێژەیەكی زۆر وەحی و ئیلهامی پێ دەگات، بەڵام لەبەرئەوەی خۆی بە پێغەمبەر نەدەزانی بۆیە پێویست بوو نەفەرموێت كە وەحی خۆی یەكسانە بە وەحی پێغەمبەران چونكە ئەگەر بفەرموێت وەحی خۆی یەكسانە بە وەحی پێغەمبەران؛ ئەوا لە خودی خۆیدا ئەمە بانگەشەی پێغەمبەرایەتیە. كەواتە دەستەواژەكەی بەڕێزی (عليه السلام) لە سیاقی ئەو بیروباوەڕەدا هاتووە كە چەندین جار لەم كتێبەدا باسكراوە. بەڵام كاتێك زانی (عليه السلام) خۆی پێغەمبەرە ئیتر دانی نا بە ڕێژەی زۆری ئیلهامەكانیدا بە ئەندازەی ئەوەی تێبینی دەكرێت لە ئیلهامەكانی پێغەمبەراندا. كەواتە ئەمە نایسەلمێنێت كە بەڕێزی نكۆڵی كردووە لە ڕێژەی زۆری وەحی، وە ئەگەر شتەكە بەم جۆرەیە؛ ئەوا دەكرێت ئەوپەڕی بوترێت پاش ساڵێك یان دوو ساڵ دانی ناوە بە زۆری وەحیەكەیدا لەجیاتی ئەوەی لە سەرەتای ڕەوانەكردندا دانی پێدا بنێت وەك پێشتر گوتم. بەڵام ئەمەش هیچ سوودێك ناگەیەنێت بە نەیارەكان مەگەر ئەوەی بڵێن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پاش ساڵێك یان دوو ساڵ درێژەی بانگەشەکەی خۆی ڕاگەیاندووە. بەڵام ئەمە هیچ كاریگەریەكی نابێت لەسەر توێژینەوە بنەڕەتیەكە. لەڕاستیدا مەسیحی بەڵێندراو لە دەستەواژەی ناوبراودا نكۆڵی نەكردووە لە زۆری ئاخاوتن بەڵكو لەبەرئەوەی خۆی بە پێغەمبەر دانەناوە تا ئەو كاتە بۆیە بۆ خستنەڕووی جیاوازی نێوان خۆی و پێغەمبەران فەرموویەتی وەحیەكەی خۆی ئەوپەڕی نزیكە لە وەحی پێغەمبەرانەوە. بەڵام ئێستا هەندێ كەس بەهۆی نكۆڵیكردن لە پێغەمبەرایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) گەیشتوونەتە ئاستێك سڵ ناكەنەوە لە خراپەكردن و بەدگۆیی بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام). حەكیم موحەممەد حوسەین سەرنووسەری گۆڤاری “المهدي” وتەبێژ بەناوی “أنجمن أحمدیة إشاعة إسلام بلاهور” كە بە “مەرهەمی عیسا” ناسراوە نووسیویەتی: “ئایا بەهۆی هەندێ ئیلهام و كەشف و هەواڵی غەیبەوە كە پەیوەستە بە كەسێتی خۆی یان هەندێ ناسراو یان هەندێ خەڵك یاخود هەندێ ڕووداوەوە بووە بە پێغەمبەرێك وەك موحەممەد پێغەمەری خوا (ﷺ)”؟
ئەگەر لەم قسەیە مەبەستی ئەوەیە كە ئێمە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەك پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەقەڵەم دەدەین لەڕووی پلەوپایەوە؛ ئەوا هیچ درۆیەك نیە لەوە خراپتر بێت. بەڵام ئەگەر مەبەستی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتیە ئەوا با لە لاپەڕەكانی كۆتایی گۆڤارەكەدا وتارەكەی میرزا یەعقووب بەگ بخوێنێتەوە كە دەڵێت: “لەنێوان پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (ﷺ) و پێغەمبەرایەتی پێغەمبەرانی تردا جیاوازییەك نیە لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە، بۆ ئەوەی بزانێت ئێمەش مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەك پێغەمبەرانی تر لەقەڵەم دەدەین لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە، بەڵام لەڕووی پلەوپایەوە باوەڕمان وایە پێغەمبەری خوا (ﷺ) سەردارە و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خزمەتكارە. كەواتە ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو لە پێغەمبەر (ﷺ) نەچێت لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە بەهۆی هەندێ ئیلهامەوە؛ ئەوا با پێم بڵێت چۆن دەكرێت پێغەمبەرانی تر یەكسان بن بە پێغەمبەر (ﷺ) لەڕووی پێغەمبەرایەتیەوە سەرەڕای ئەوەی تەنانەت لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كەمتر ئیلهامیان پێ گەیشتووە؟ وە پێویستە باش بزانێت ئەو نیشانانەی كە دراون بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەنها بریتی نین لە هەندێ ئیلهام كە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە، بەڵكو خوای گەورە بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداری كردووەتەوە لە غەیب، بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت:
“ئەگەر دەڵێیت وەحی پێغەمبەرانی پێشوو پێشبینی و موعجیزەی لەگەڵدایە؛ ئەوا وەڵامەكە ئەوەیە ئەو پێشبینی و موعجیزانەی لە ڕێگەی وەحیەوە پێم گەیشتوون زۆر زیاترە لە وەحی زۆربەی پێغەمبەرانی پێشوو، بەڵكو لەڕاستیدا هیچ بوارێك نیە بۆ بەراوردكردن لەنێوان پێشبینی و موعجیزەكانی هەندێ لە پێغەمبەرانی پێشوو و موعجیزە و پێشبینیەكانی مندا.” (نزول المسیح، الخزائن الروحانیة، بەرگی 18، لا 460)
ئایا جگە لە پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەرێكی تر هەبووە پێشبینیەكانی بەم شكۆ و گەورەییەوە بێتەدی و هەموو جیهان بگرێتەوە وەك پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشبینیەكانی خۆی بە زۆر زیاتر لە هی پێغەمبەران لەقەڵەمداوە، وە دەربارەی پێشبینیەكانی هەندێكیان دەڵێت هیچ بوارێك نیە بۆ بەراوردكردن لەنێوان پێشبینیەكانی ئەوان و پێشبینیەكانی خۆیدا. بەڵام ئەم بەناو ئەحمەدیە بەوپەڕی سووكی و نزمیەوە دەڵێت هەندێ لە ئیلهامەكانی پەیوەندییان بەخۆیەوە یان بە هەندێ ڕووداوەوە هەیە و بەگوێرەی ئەوە بە پێغەمبەر لەقەڵەمتان داوە. ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نەبووە بە پێغەمبەر بەگوێرەی ئەو ئیلهامانە كە ڕێژەیان كەمە؛ ئەوا ئەو كەسانە چۆن بوون بە پێغەمبەر كە هیچ بوارێك نیە بۆ بەراوردكردنی ئیلهامەكانیان لەگەڵ ئیلهامەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام)؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كتێبی “ینبوع المعرفة”دا دەفەرموێت:
“هەڵبەت خوای گەورە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت من لەلایەن خۆیەوە ڕەوانەكراوم كۆمەڵێك نیشانەی پیشانداوە ئەگەر دابەش بكرێن بەسەر هەزار پێغەمبەریشدا ئەوا پێغەمبەرایەتی ئەوان بەهۆی ئەم نیشانانەوە دەچەسپێت، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم سەردەمە كۆتا سەردەمە، وە لەبەرئەوەی ئەم هێرشە كۆتا هێرشە لەلایەن شەیتان و نەوەكانیەوە بۆیە خوای گەورە هەزارەها نیشانەی كۆكردووەتەوە لە یەك شوێندا بەنیازی شكستهێنان و بەزاندنی شەیتان لەگەڵ ئەوەدا مرۆڤە شەیتانەكان باوەڕناهێنن تەنها بەدرۆ و بە ناحەق ڕەخنە دەگرن و دەیانەوێت هەرچۆنێك بووە ئەو كۆمەڵە لەناوببەن كە خوای گەورە دایمەزراندووە بەڵام خوای گەورە دەیەوێت بەدەستی خۆی كۆمەڵەكەی بەهێز بكات هەتا دەگاتە چڵەپۆپە.” (ینبوع المعرفة، الخزائن الروحانیة، بەرگی 23، لا 332)
بەڵام ئەمڕۆ بە ئاشكرا لە گۆڤاری “أنجمن إشاعة الإسلام بلاهور” بە پێچەوانەوە دەنووسرێت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەگوێرەی هەندێ ئیلهام كە پەیوەستن بەخۆیەوە یان هەندێ ڕووداوەوە بە پێغەمبەر ئەژمار كراوە. بەداخەوە! ئەحمەدیەت لەكوێیە؟! ئەم نووسەرە لە سەرەتاوە لەكەدار بوو بەم پیسی و چەپەڵییانە، بەڵام ئەو كەسانە چییان بەسەر هاتووە كە پێش ئەو ڕۆژە خۆیان بەوە لەقەڵەم دەدا لە خۆشەویستی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) فەنا بوون؟ ئایا دڵیان تەنها بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی من ڕەق بووە هەتا بە پارەی ئەوان گۆڤارێك چاپ بكرێت بەدگۆیی و سووكایەتی بكات بەرامبەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)؟ ئایا ئەوەیان بەس نیە جنێو بە من و بە كەسە نزیكەكانی ترم بدەن و ستایشی مەسیحی بەڵێندراو بكەن (عليه السلام) چونكە چاكەكار بووە بەرامبەر ئەوانیش؟ دەتوانن پرسی خیلافەت ڕەت بكەنەوە و لەڕووی بنەماوە گفتوگۆ بكەن لەسەر پێغەمبەرایەتی بەڵام پێویستە هەوڵ نەدەن بۆ بەدرۆزانینی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و لانی كەم دەستیان درێژ نەکەن بۆ خراپەكردن بەرامبەری. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت بەڕێژەیەكی زۆر ئاگاداركراوەتەوە لە كاروبارە غەیبیەكان و ئەم ڕێژە زۆرە هیچ بوارێك نادات بە بەراوردكردن لەنێوان پێشبینیەكانی هەندێ لە پێغەمبەران و پێشبینیەكانی خۆی، وە دەفەرموێت ئیلهامەكانی هەموو جیهان دەگرنەوە و دەبینین هیچ ڕووداوێكی گەورە ڕووی نەداوە دوای ڕەوانەكردنی بەڕێزی (عليه السلام) ئەگەر پێش وەخت بەڕێزی هەواڵی لێ نەدابێت. بەڵام كەللـەڕەقی و دەمارگیری مرۆڤ كوێر دەكات تەنانەت ئەمڕۆ بە پارەی ئەحمەدیەكان كۆمەڵێك گۆڤار بڵاودەكرێنەوە تێیاندا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەدرۆ دەخرێتەوە، لەكاتێكدا دەفەرموێت هیچ بوارێك نیە بۆ بەراوردكردن لەنێوان موعجیزەكانی ئەو و موعجیزەكانی هەندێ لە پێغەمبەرانی پێشوودا و ئەگەر نیشانەكانی دابەش بكرێن بەسەر هەزارەها پێغەمبەردا؛ ئەوا پێغەمبەرایەتیەكەیان دەچەسپێت، بەڵام وشەی “هەندێك” بەكاردەهێنرێت سەبارەت بە ئیلهامەكانی بە مەبەستی سووكایەتی كردن پێیان. ئەو كەسەی بانگەشەی كردووە كە خوای گەورە لە هەموو جیهاندا نیشانەی پیشانداوە لەپێناویدا و بەردەوام پیشانی دەدات، ئەمڕۆ دەربارەی دەوترێت ئەو ئیلهامانە تەنها پەیوەندییان بە خۆیەوە یان بە كەسە نزیكەكانیەوە یان بە هەندێ كەس و ڕووداوەوە هەیە، ئایا خراپەكردن و بەدگۆیی لەمە قێزەونتر هەیە؟ ڕەنگە یاسای چاپ و بڵاوكردنەوە ڕێگەی پێنەدابن لەمە زیاتر بنووسن، بۆیە ئەگەر ترسی خوا ؛لەدڵیاندا نەبووە، ئەوا حەیا و شەرمیشیان نەبوو هەتا بیر لەوە بكەنەوە كە نامیلكەی ناوبراو هەرچۆنێك بێت بە پارەی ئەحمەدیەكان بڵاودەكرێتەوە؟ چ پیاوەتی و جوامێرییەك ڕێگە دەدات كۆمەڵێك بەدگۆیی و سووكایەتی بڵاوبكرێتەوە سەبارەت بە ڕابەر و ڕێپیشاندەرەكەیان بەپارەی خۆیان؟ خۆزگە لەبەر خاتری خوا بیرتان لەوە دەكردەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، ئەگەر باوكی منە ئەوا باوكی ئێوەشە لەڕوویەكەوە. عەبدولحەكیمیش قسەیەكی هاوشێوەی كرد بۆیە دەركرا لە كۆمەڵ. كەواتە لە خوا بترسن بۆ ئەوەی بەگوێرەی “إني مُهِینٌ” پەلامارتان نەدا هەتا لەم دنیایەدا سزای خوا بچێژن. چۆنتان پێ خۆشە بڵێن ئێمە ناترسین لە فەتواكان، وە بڵێن پێویستمان بەوە نیە لە فەتوای من بترسن، بەڵام لە فەتوای خوا بترسن و لانی كەم وەك نائەحمەدیەكان سووكایەتی مەكەن بە ئیلهامەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، بزانن ئەگەر هەندێكتان خۆشەویستی مەسیحی بەڵێندراوتان (عليه السلام) دەرهێناوە لە دڵتاندا؛ ئەوا سەدان هەزار كەس ئامادەن لەپێناویدا خۆیان بەخت بكەن. بەڵكو زۆرێك لە هاوپیشەكانیشتان لە ناخی دڵەوە مەسیحی بەڵێندراویان (عليه السلام) خۆش دەوێت. بۆیە دڵمان ئازار مەدەن بەم سووكایەتی و بەدگۆییە چونكە هاواری دڵی بەژان عەرشی مەزنیش دەهەژێنێت، وە ئەو كەسانەی ئازاری دڵەكان دەدەن بەر تووڕەیی خوا دەكەون. ئایا پێویستە مەسیحی بەڵێندراو بەدرۆبزانرێت و نیشانە و ئیلهام و كەشفەكانی كە هەزارەها دەبن وشەی “هەندێك” بەكاربهێنرێت بۆیان، بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت پێغەمبەری خوا (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە؟ ئاشكرایە ژمارەیەكی زۆر لە ئیلهام و كەشفەكانی لە سێ كتێبدا بڵاوكراونەتەوە و هەزارەها ئیلهامیش هەن كە هێشتا بڵاونەكراونەتەوە، وە هەر ئیلهامێك لە ئیلهامەكانی لە هەناوی خۆیدا گەورەییەكی دەراسای هەڵگرتووە.
بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە لەسەر پرسی خەتمی پێغەمبەرایەتی
دوای ئەوەی كۆتاییم هێنا بە نووسینی تەواوكاری كتێبی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی یەكێك لە برایان ڕۆژنامەی “پیغام”ی پیشاندام كە لە لاهۆر دەردەچێت، ژمارە 83، بەرگی 2، ژمارەی ڕۆژی 12/1/1915ز زۆر بەگوڕوتینەوە نووسراوێكی تێدا بڵاوكرابوویەوە بەم ناونیشانە گەورەیە: “بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە لەسەر پرسی خەتمی پێغەمبەرایەتی”. لەم نووسراوەدا هاتبوو پێغەمبەر ئەو كەسەیە كە خەڵكی وەها لێ دەكات بەبێ بەڵگە قسەكانی قەبووڵ بكەن. وە لە ڕۆژنامەكەدا هاتبوو: “ئەم جیاوازیەتان لەبیر بێت كە پێغەمبەرایەتی ئەرك و نیعمەتی هەیە. ئەركەكە ئەوەیە كە فەرمانەكان لەلایەن خوای گەورەوە وەردەگرێت و دەیانگەیەنێت بە خەڵكی و فەرمانیان پێ دەكات ئەو فەرمانانە قەبووڵ بكەن و بەبێ بەڵگە كاریان پێ بكەن. ئەم كەسە پێغەمبەرێكی ڕاستەقینە و سەربەخۆیە. بەڵام ئەو كەسەی كە واجب نیە بەبێ بەڵگە [46] كار بە فەرمانی بكرێت پێغەمبەرێكی حەقیقی نیە. بۆ نموونە ئەگەر میرزای بەڕێز لەلایەن خوای گەورەوە زانیاریەكی پێ بگەیشتایە سەبارەت بە كۆچی دوایی مەسیحی ناسیرەیی پاشان وەهای لێ بكردینایە بەبێ بەڵگە باوەڕ بە وەفاتەكەی بكەین؛ ئەوا دەمانگوت پێغەمبەرێكی حەقیقی و سەربەخۆیە. بەڵام لەبەرئەوەی ئەو كارەی نەكرد بەڵكو سەرەڕای پێگەیشتنی زانیاری لەلایەن خوای گەورەوە بە قووڵی مشتومڕ و پشكنین و توێژینەوەی زانستی كرد دەربارەی ئەم بابەتە و وەهای لێكردین دانی پێدا بنێین بەوەی لە قورئانی پیرۆزەوە بەڵگەی هێنایەوە، بۆیە لەم دۆخەدا ناكرێت پێغەمبەرێكی حەقیقی بێت”.
[46] ڕەنگە مەولەوی بەڕێز باوەڕی بە ڕێبازێك هەبێت كە ئەگەر چەسپا هۆكارێك هەیە لە پشت فەرمانێك لە فەرمانەكانی مەسیحی بەڵێندراوەوە ئینجا پێویستە گوێڕایەڵی بكرێت ئەگینا نەخێر. نووسەر.
لەڕاستیدا هەر كاتێك ڕادەمێنم لەم بابەتە زیاتر سەرمسوڕدەمێنێت و دەحەپەسێم. سەرەتا سەرم سوڕدەمێنێت كە مەبەست چیە لەوەی كەسێك وەهای لێبكرێت بەبێ بەڵگە دان بنێت بە شتێكدا؟ ئایا هەموو ئەو كەسانەی قسەیان بێ بەڵگە بووە پێیان گوتراوە پێغەمبەر؟ یان هەر كەسێك داوای لە خەڵك كردبێت بەبێ بەڵگە قسەكەی وەربگرن پێی گوتراوە پێغەمبەر؟ ئەگەر ئەم بنەمایە قەبووڵكرا؛ ئەوا سەرەتا و پێش هەموو شتێك لە جیهاندا گرووپێك نیە لە گرووپی پێغەمبەران زیاتر شایستەی ڕەحم و بەزەیی بن بەجۆرێك هەموو شتێك دەڵێن بەبێ بەڵگە و هەر كاتێك بەڵگە باسكرا پێغەمبەرایەتیەكەیان پووچەڵ دەبێتەوە. دووەم: مەسیحیەكان زۆر سوودمەند دەبن لەم بەڵگەیە چونكە لە پێشدا ئەم بەڵگەیە دەخەنەڕوو لەسەر قسەی نامەعقوولی خۆیان و دەڵێن ئەمە لە ئینجیلدا هاتووە و قەبووڵی بكەن، وە ئەمە لە پەڕاوی خواییدا هاتووە و باوەڕی پێ بكەن. وە ئەگەر پێیان بوترێت ئەمە حوججەیە لەسەر ئێوە نەك ئێمە. دەڵێن: نەخێر، بەڵكو كەلامی خوایە و حوججەیە لەسەر هەموو كەسێك. كەواتە لە ڕوانگەی ئەو بەڵگەیەی ئێستا باسكرا بەدڵنیاییەوە بیروباوەڕیان دەچەسپێت، چونكە مەرجی پێغەمبەر ئەوەیە كە قسەكانی بێ بەڵگە بن و پێویستە لەسەری بەڵگە نەهێنێتەوە بەڵكو پێویستە بڵێت خوای گەورە فەرمانی ئەوەی پێ كردووم و ئێوەش قەبووڵی بكەن. سێیەم: خەوشێكی تر هەیە لەم بابەتەدا ئەویش ئەوەیە بەگوێرەی ئەم بەڵگەیە قورئانی پیرۆز و پێغەمبەر (ﷺ) بەدرۆدەخرێنەوە چونكە ئێمە لە قورئانی پیرۆزدا حوكمێكی بێ بەڵگە نادۆزینەوە. بەڵكو قورئانی پیرۆز پڕە لە بەڵگە لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی و بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەر هەموو بانگەشەكانی و حیكمەت دەخاتەڕوو بۆ هەر فەرمانێك لە فەرمانەكانی، وە لە ڕێگەی كۆمەڵێك بەڵگەی بەهێزەوە وامان لێ دەكات دان بنێین بە بوونی خوای گەورەدا، وە داوامان لێدەكات دان بنێن بە بوونی فریشتەکاندا و بەڵگەی گومانبڕمان بۆ دەهێنێتەوە لەسەر ئەم بابەتە، وە داوامان لێ دەكات باوەڕبهێنن بە كتێبەكان و بەڵگەی بەهێز دەهێنێتەوە لەسەریان، وە وەهامان لێ دەكات باوەڕبهێنن بە پێغەمبەران و لەم بارەیەوە كۆمەڵێك بەڵگەی گشتگیر پێشكەش دەكات، وە داوامان لێ دەكات باوەڕبهێنین بە قیامەت و چەندین بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەری. بەكورتی، هیچ شتێك نیە قورئان فەرمانمان پێ بكات باوەڕی پێ بهێنین و بەڵگەی لەسەر نەهێنابێتەوە.
هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كاتێك دیبەیتی كرد لەگەڵ عەبدوڵڵا ئاتهەمدا مەرجێكی دانا و فەرمووی كتێبی ڕاست ئەو كتێبەیە خۆی بانگەشەكانی خۆی دەخاتەڕوو و خۆیشی بەڵگە دەهێنێتەوە لەسەریان. سوپاسی خوای گەورە دەكەین لەسەر ئەوەی مەولەوی بەڕێز -كە ئەم پێناسەیەی داهێناوە بۆ چەمكی پێغەمبەر- لەو كاتەدا لەوێ نەبوو ئەگینا زۆر بەتوندی پشتگیری قەشەكەی دەكرد و بە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) دەگوت: هاوەڵەكەم ئەگەر بەڵگەت هێنایەوە؛ ئەوا ئۆتۆماتیكی پەیامی پێغەمبەر پووچەڵ دەبێتەوە، ئیتر بۆچی شتێك داوا دەكەیت كە دەبێتە هۆی پووچەڵ بوونەوەی پەیامەكە لەجیاتی چەسپاندنی ڕاستی. زۆر بەداخەوە مەولەوی بەڕێز وردنەبووەتەوە لە قورئان و نەیبینیوە كە قورئان خەڵكی وەها لێ دەكات بە بەڵگەوە هەموو شتێك قەبووڵ بكەن و ناچاریان ناكات بەبێ بەڵگە دان بنێن بە هیچ شتێكدا. وە ئەگەر لێرەدا دەڵێن ئێمە وشەی “حكم”مان بەكارهێناوە و هەرگیز باسی بیروباوەڕەكانمان نەكردووە بەڵكو تەنها باسی كردەوەكانمان كردووە؛ ئەوا دەڵێم: ئێوە كۆچی دوایی مەسیحی ناسیرەییتان بە نموونە هێناوەتەوە، ئایا كۆچی دوایی مەسیح كردەوەیەكە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمانی پێ كردووە؟ گریمان مەبەستی ئێوە حوكمەكانە بەڵام ئەوانیش بەڵگەیان لەگەڵدایە و قورئانی پیرۆز بەڵگەی هێناوەتەوە لەسەر هەریەكە لە نوێژ و زەكات و ڕۆژوو و حەج و ئەوانی تریش، وە خاسیەتی چاكی ئەم كردەوانەی خستووەتەڕوو. وە ئەگەر دەڵێن: شتەکە بەو شێوەیە نیە بەڵكو مەبەستمان ئەوەیە دەكرێت لە ئیلهامی خواییدا بەڵگەیەك هەبێت بەڵام پێویستە پێغەمبەر هیچ بەڵگەیەك نەهێنێتەوە؛ ئەوا ئەم بانگەشەیە لە خودی خۆیدا ئەستەمە بچەسپێت. مادام مەولەوی بەڕێز پێغەمبەر نیە كەواتە پێویستە بەگوێرەی بیروباوەڕەكەی خۆی ئەم بانگەشەیەی خۆی لە قورئانی پیرۆزەوە بسەلمێنێت كە پێغەمبەر ئەو كەسەیە هەرگیز بەڵگە ناهێنێتەوە لە پاڵ ئیلهامەكەیدا، بەڵام لەم دۆخەدا بە ئاشكرا گرفتێك دەردەكەوێت ئەویش ئەوەیە وتەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە هەناویدا چەندین بەڵگەی هەڵگرتووە لەسەر دەیەها بابەت. ئەم سەردەمەی ئێستا سەردەمی نووسینە، لەبەر ئەوە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمووی هەیە. پێغەمبەرانی پێشوویش بێ دەنگ و گرژومۆن نەبوون بەڵام وتەكانیان پارێزراو نیە، بەڵام ئەو بەشەی وتەكانیان كە پارێزراوە بەڵگە دەبینرێت تێیدا. بۆ نموونە بەڵگەی زۆر هەیە لە فەرموودەكاندا. بۆ نموونە لە ئینجیلدا چەندین بەڵگە دراوەپاڵ مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام).
دووبارەی دەكەمەوە و دەڵێم: پێویست ناكات سەیری كتێبەكانی تر بكرێت ئەوەتا لە قورئانی پیرۆز خۆیدا كۆمەڵێك دیبەیتی ئیبراهیم و مووسا و نووح (عليهم السلام) هاتووە و هەموویان كۆمەڵێك بەڵگەیان لەخۆگرتووە، دەی لەم دۆخەدا پێویستە پێغەمبەرایەتی ئەوانیش ڕەت بكرێتەوە. من بەداخم چونكە بوار نیە بۆ ئەوەی بە تێروتەسەلی ئەم بابەتە تاوتوێ بكرێت ئەگینا هەندێ دیبەیتی پێغەمبەرانم شەرح دەكرد كە لە قورئاندا باسكراون، وە بەدرێژی باسم دەكرد كە چەند پڕن لە بەڵگە! دیبەیتی ئیبراهیم (عليه السلام) لەگەڵ پاشاكەدا لە جوزئی سێیەمی قورئاندا باسكراوە، بیخوێننەوە بزانن بەڵگەی لەخۆگرتووە یان نا؟ كەواتە لە چ ڕوویەكەوە ڕەخنە دەگیرێت لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەسەر ئەوەی بەڵگەی هێناوەتەوە؟ هەڵبەت گرفتێكی قورس ئاشكرا دەبوو كە نەیارەكان ڕەخنەیان دەگرت گوایە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڵگە ناخاتەڕوو بۆیە ڕاستگۆ نیە. بەڵام ئێستا هەندێ لە ئەحمەدیەكان دەڵێن پێغەمبەرایەتیەكەی ناچەسپێت چونكە بەڵگە دەخاتەڕوو. ئەگەر دەڵێن: ڕەوا نیە شتێك بسەلمێنرێت بەهۆی كتێبەكانی پێشووە و بەردەوام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) قورئانی پیرۆزی دەهێنایەوە بۆ سەلماندنی بانگەشەكەی، وەڵامەكە ئەوەیە كە لە ئینجیلدا بەڵگە هەیە لە كتێبی پێغەمبەرانی پێشووەوە وەرگیراوە، بەهەمان شێوە قورئانی پیرۆزیش مووسای (عليه السلام) وەك شایەتێك هێناوەتەوە لەسەر ڕاستی خۆی و فەرموویەتی: ﴿وَمِن قَبۡلِهِۦ كِتَٰبُ مُوسَىٰٓ﴾ (الأحقاف: 13) پاشان فەرموویەتی: ﴿يَجِدُونَهُۥ مَكۡتُوبًا عِندَهُمۡ فِي ٱلتَّوۡرَىٰةِ وَٱلۡإِنجِيلِ﴾ (الأعراف: 158) وە بەمەش هەردوو كتێبەكەی كردووە بە شایەت لەسەر خۆی. وە فەرموویەتی: ﴿أَفَمَن كَانَ عَلَىٰ بَيِّنَةٖ﴾ (محمد: 15) وە بەمە بانگەشەی پێغەمبەری خوای سەلماندووە لە ڕێگەی بەڵگەكانەوە.
بەكورتی، بێگومان (مەولەوی ناوبراو) بانگەشەیەكی تەواو پووچی كردووە كە نە لە قورئان و نە لە فەرموودەوە ناچەسپێت و عەقڵیش وەریناگرێت. وە لەبەرئەوەی تەنها دوو پەڕەی خاڵی ماوەتەوە بۆیە وەڵامەكەم زۆر كورت كردەوە، هەروەها لە درێژەداندا مەترسی دواكەوتن هەیە ئەگینا بەدوورودرێژی دەمنووسی، وە ڕەنگە دوای ئەوە خوا كارێك سازبكات. لەڕاستیدا مەولەوی بەڕێز نازانێت جیاوازی چیە لەنێوان بانگەشە و بەڵگەدا، وە هەرگیز ناتوانێت لە قورئانی پیرۆزەوە ئەو پێناسەیەی پێغەمبەر بسەلمێنێت كە خۆی دەیخاتەڕوو، بۆیە بە كۆمەڵێك وشەی تر گۆڕیویەتی و وەك بەڵگەیەك پێشكەشی كردووە. وەك ئەو كەسە وایە كە خۆی دەكات بە شایەت بۆ سەلماندنی بانگەشەكەی، دیارە تووشی ئەم سزایە بوو بەهۆی ئەوەی وتەی پێغەمبەری خوای (ﷺ) بەبێ بەڵگە لەقەڵەمدا.
بەندەی خاكی و خۆبەكەمزان
میرزا مەحموود ئەحمەد
PDF