تەفسیری سوورەتی الإخلاص
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسينی:
میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
*****
ناوەڕۆك:
﴿وَلَمْ يَكُنْ لَهُ كُفُوًا أَحَدٌ﴾
*****
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
مەككیە و پێنج ئایەتە لەگەڵ “بسم الله”دا.
ئەم سوورەتە لای ئیبن مەسعوود و حەسەن و عەتا و عیكریمە و جابر بە مەككی دادەنرێت، لەكاتێكدا ئیبن عەبباس و قەتادە و زەحاك و سوددی پێیان وایە مەدەنیە، هەرچەندە وتەیەكی ئیبن عەباسیش هەیە كە دەڵێت مەككیە. (فتح البيان).
سیوطی لە كتێبی “الإتقان”دا دەڵێت: هەندێ لە موفەسیرەكان بەهۆی ئەم ڕیوایەتە جیاوازانەوە بڕیاری ئەوەیان داوە كە سوورەتی (الإخلاص) دوو جار دابەزیوە؛ جارێك لە مەككە و جارێكی تریش لە مەدینە. سیوطی خۆی ئەو بۆچوونە بەڕاستتر دەزانێت كە دەڵێت مەدەنیە، بەڵام ئێمە پێمان وایە دوو جار دابەزیوە، چونكە ئیبن مەسعوود لە هاوەڵە یەكەمەكانە و پێگەیەكی بەرزی هەیە لە تەفسیردا و ناكرێت گێڕانەوەكەی بەبێ بەڵگە ڕەت بكرێتەوە. ئیبن عەباسیش لە مەدینە پێگەیشتووە و زانیاریەكانی دەربارەی سوورەتەكانی سەرەتا تەنها لەڕێگەی بیستنەوە بووە، بەڵام ئەویش پێگەی خۆی هەیە و ناكرێت قسەكەی ڕەت بكرێتەوە، بۆیە ئێمە هاوڕای ئەو موفەسیرانەین كە دەڵێن سوورەتەكە دوو جار دابەزیوە.
وە قەشە “وێری” دەڵێت “ویلیام مۆیەر” پێی وایە سوورەتی (الإخلاص) لەو سوورەتانەیە كە لە سەرەتاوە دابەزیون، بەڵام “نۆڵدكە” پێی وایە لە ساڵی چوارەمدا دابەزیوە. “وێری” پێی وایە ڕاكەی ویلیام مۆیەر لە ڕاستیەوە نزیكترە چونكە شێوازی دەقەكە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە لە سەرەتادا دابەزیوە (تەفسیری قەشە وێری).
چەندین جار گوتوومە موفەسیرەكان بەپێی گێڕانەوەكان كاتی دابەزینی سوورەتەكان دیاری دەكەن، بەڵام ڕۆژهەڵاتناسەكان لەم بارەیەوە پشت بە مێژوو نابەستن، بەڵكو تەنها سەیری ناوەڕۆك و شێوازی سوورەتەكە دەكەن. لەڕاستیدا ئەوان ناتوانن بە دروستی لە ناوەڕۆكی قورئان تێبگەن، هەروەها شارەزاییەكی ئەوتۆیان نیە لە زمانی عەرەبیدا هەتا لە شێوازی ئایەتەكانەوە ئەنجامێكی دروست وەربگرن. شارەزاییان لەزمانی عەرەبیدا زۆر كەمە، بۆیە دیاریكردنی كاتی دابەزینی سوورەتەكان لەلایەن ئەوانەوە لەسەر بنەمای شێوازی سوورەتەكان كارێكی هەڵە و چەواشەكاریە.
لە تەفسیرەكاندا چەندین ناوی جیاواز بۆ ئەم سوورەتە هاتووە كە ئاماژەن بۆ مانا فراوانەكانی ناو سوورەتەكە. ئەم ناوانە -وەك ئەوەی “ڕازی” لە تەفسیرەكەیدا هێناویەتی- ئەمانەن:
١- سورة التفريد: چونكە جەخت لەسەر تاك و تەنهایی خوا دەكاتەوە و بیرۆكەی “سێ خوایی” (الثالوث) و بیروباوەڕە پووچەكانی تر ڕەت دەكاتەوە.
٢- سورة التجريد: چونكە سوورەتەكە دەڵێت هیچ هاوشێوە و هاوتایەك بۆ خوا نیە.
٣- سورة التوحيد: چونكە بە شێوەیەك یەكتایی خوا ڕوون دەكاتەوە كە لە هیچ كتێبێكی تردا وێنەی نیە.
٤- سورة الإخلاص: چونكە دڵسۆزی بە مرۆڤ دەبەخشێت و پەیوەندیەكەی لەگەڵ خوادا بەهێز دەكات.
٥- سورة النجاة: چونكە هەركەس یەقینی بە خوای تاك و تەنها هەبێت ڕزگاری دەبێت.
٦- سورة الولاية: چونكە زانیاری و ناسین و كردەوەی كامڵ بە مرۆڤ دەبەخشێت و دەیگەیەنێتە پلەی “وەلی”.
٧- سورة المعرفة: چونكە یارمەتیدەرە بۆ ناسینی خوا. لە جابرەوە، پیاوێك نوێژی كرد و (قل هو الله احد)ی خوێند، پێغەمبەریش ﷺ فەرمووی: ئەمە بەندەیەكە پەروەردگاری خۆی ناسیوە. بۆیە ئەم سوورەتە ئەم ناوەی لێ نراوە.
٨- سورة الجمال: لە فەرموودەدا هاتووە كە خوا جوانە و جوانیی خۆش دەوێت، كاتێك پرسیاریان لە پێغەمبەر ﷺ كرد، فەرمووی: ئەوە زاتێكی تاك و تەنها و بێنیاز و جێی نیازە و نە لەدایكبووە و نە مناڵیشی دەبێت.
٩- سورة المقَشْقِشة: واتە “چاككەرەوەی نەخۆشی”. عەرەب دەڵێن: تقشقش المریض عما به، واتە نەخۆشەكە چاكبوویەوە. ئەم ناوەی لێ نراوە چونكە بەندە لە شیرك و دووڕوویی پاك دەكاتەوە و دەیكات بە بەندەیەكی پاڵفتە.
١٠- سورة المعوِّذة: لە فەرموودەدا هاتووە پێغەمبەر ﷺ چووە لای عوسمانی كوڕی مەضعون و سوورەتی ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ و “الفلق” و “الناس”ی بۆ خوێندەوە و فوی كرد بەسەریدا، پاشان فەرمانی پێ كرد لەڕێگەی ئەم سوورەتانەوە پەنا بە خوا بگرێت.
١١- سورة الصمد: چونكە ناوی “الصمد”ی تێدایە، كە مانای ئەوەیە: هەموو گەردیلەیەكی گەردوون پێویستی بەو زاتەیە.
١٢- سورة الأساس: پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: حەوت ئاسمانەكە و حەوت زەویەكە لەسەر بنەمای ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ دامەزراون؛ ئەمەش واتە بیروباوەڕی “سێ خوایی” هۆكارە بۆ وێرانبوونی ئاسمانەكان و زەوی، وەك خوا دەفەرموێت: ﴿تَكَادُ ٱلسَّمَٰوَٰتُ يَتَفَطَّرۡنَ مِنۡهُ وَتَنشَقُّ ٱلۡأَرۡضُ وَتَخِرُّ ٱلۡجِبَالُ هَدًّا % أَن دَعَوۡاْ لِلرَّحۡمَٰنِ وَلَدٗا﴾. (مریم: 91 و92). یان ئاماژەی تێدایە بۆ ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿لَوۡ كَانَ فِيهِمَآ ءَالِهَةٌ إِلَّا ٱللَّهُ لَفَسَدَتَاۚ﴾ (الأنبیاء: 23)، وەك ئەوەی بیروباوەڕی یەكتاپەرستی بنەمای ئاوەدانی ئەم گەردوونە بێت.
١٣- سورة المانعة: چونكە لە سزای گۆڕ ڕزگارت دەكات. ئیبن عەباس دەڵێت خوا لە كاتی میعراجدا بە پێغەمبەری ﷺ فەرموو: سوورەتی (الإخلاص)م پێ بەخشیویت كە لە گەنجینەكانی عەرشەكەی خۆمە و ڕێگرە لە سزای گۆڕ و گەرمای ئاگر.. واتە ئەو كەسەی دەستبگرێت بە یەكتاپەرستی پوختەوە ئاگری بەرناكەوێت.
١٤- سورة المحضِرة: چونكە لە كاتی خوێندنیدا فریشتەكان ئامادە دەبن بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.
١٥- سورة البراءة: چونكە مرۆڤ بەری دەكات لە ئاگر و شیرك. ڕیوایەتكراوە پێغەمبەر ﷺ پیاوێكی بینی ئەم سوورەتەی دەخوێندەوە، فەرمووی: ئەم كەسە بەری بووە لە شیرك. هەروەها پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: هەر كەس ١٠٠ جار ئەم سوورەتە لە ناو نوێژ یان دەرەوەی نوێژ بخوێنێت، ئەوا بۆی دەنووسرێت كە بەری بووە لە ئاگری دۆزەخ.
١٦- سورة المذكِّرة: چونكە یەكتاپەرستی پوخت بیری بەندە دەهێنێتەوە.
١٧- سورة النور: پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: هەموو شتێك نوورێكی هەیە، نووری قورئانیش بریتیە لە ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾.
١٨- سورة الأمان: چونكە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: هەر كەس باوەڕی بە یەكتاپەرستی هەبێت وەك ئەوە وایە چووبێتە ناو قەڵایەكەوە. ئەم سوورەتە جەخت دەكاتەوە لەسەر یەكتایی كردگاری مەزن، بۆیە مایەی ئاسایش و سەلامەتیە لە سزا.
١٩- سورة المنفِّرة: چونكە لە كاتی خوێندنەوەیدا شەیتان هەڵدێت.
پێغەمبەر ﷺ ئەم سوورەتەی بە هاوتای سێیەكی قورئان داناوە. ئەوەتا فەرموویەتی: هەر كەسێك ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ بخوێنێت وەكو ئەوە وایە سێیەكی قورئانی خوێندبێت. لە ئەبو سەعیدی خودریەوە گوتی پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: “سوێند بەو زاتەی گیانی منی بەدەستە، ئەم سوورەتە هاوتای سێیەكی قورئانە.” (الدر المنثور، كنز العمال وفتح القدیر، وتفسیر الرازي).
ئاشكرایە ئەمە بەو مانایە نیە كە سوورەتەكە لە قەبارەدا یەكسان بێت بە سێیەكی قورئان، بەڵكو ئاماژەیە بۆ گرنگی بابەتەكانی ناوی. لەئەنجامی لێكۆڵینەوە لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان دەردەكەوێت كە دوو ئاژاوە (فیتنە) لە سەردەمی كۆتاییدا دەردەكەون كە بریتین لە ئاژاوەی دەججال و ئاژاوەی یەئجووج و مەئجووج، جار لەدوای جار هەردووكیان هەوڵی لەناوبردنی ئیسلام دەدەن. یەكەمیان لەجیاتی خوای تاك و تەنها بانگەشە بۆ سێ خوا دەكات؛ خوای باوك، خوای كوڕ و خوای ڕۆحی پیرۆز، ئەوی تریشیان بانگەشە بۆ ئیلحاد و بێباوەڕی دەكات. قورئانی پیرۆزیش هەردوو بیروباوەڕەكەی پووچەڵ كردووەتەوە و بیروباوەڕە ڕاستەكانی ڕوون كردووەتەوە، وە پڕە لە سوپاس و ستایشی خوای باوك (واتە پەروەردگار)، وە ڕایدەگەیەنێت كە تەنها خوای باوك پەروەردگارە و هەر ئەو خوای تاك و تەنهایە، وە هیچ خوایەكی تر بە ناوی خوای ڕۆحی پیرۆز یان خوای كوڕ بوونی نیە. كەواتە قورئانی پیرۆز خوایەتی خوای باوك دەچەسپێنێت و خوایەتی خوای كوڕ یان خوای ڕۆحی پیرۆز پووچەڵ دەكاتەوە. وە لەبەر ئەوەی سێیەكی قورئان بۆ پشتگیریكردنی بیروباوەڕی خوایەتی پەروەردگار دابەزیوە، بۆیە ڕوون دەبێتەوە كە سوورەتی (الإخلاص) بەرامبەر بە سێیەكی قورئانە. لەڕاستیدا قورئانی پیرۆز بۆ سەلماندنی یەكتاپەرستی خوای كردگار و پووچەڵكردنەوەی بیروباوەڕە پووچەكان هاتووە، وە لەبەر ئەوەی ئەم سوورەتە بیروباوەڕە ساختەكانی پووچەڵ كردووەتەوە و بە چەند وشەیەكی كورت و پڕمانا حەقیقەتی یەكتاپەرستی ڕوون كردووەتەوە، بۆیە بەرامبەر سێیەكی قورئانە، بەڵكو بووە بە هاوشێوەی قورئان. كەواتە ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ) كە دەفەرموێت سوورەتی (الإخلاص) بەرامبەر سێیەكی قورئانە، زیادەڕەوی تێدا نیە، بەڵكو گرنگی ناوەڕۆكەكەی ڕوون دەكاتەوە، هەر لەبەر ئەوەیشە كە پێغەمبەر (ﷺ) ناوی ناوە گەورەترین سوورەتی قورئانی پیرۆز. (روح المعاني)
لە ڕیوایەتەكاندا هاتووە كە حەفتا هەزار فریشتە لەگەڵ ئەم سوورەتەدا دابەزیون (روح البيان). لەمەشدا بەڵگەیەكی تر هەیە لەسەر گرنگی بابەتی ئەم سوورەتە.
پێویستە بزانرێت دابەزینی فریشتەكان لەگەڵ هەندێ سوورەتدا بۆ پاسەوانیكردنی ئەو سوورەتانە، مەبەست لێی ئەوە نیە لەكاتی دابەزینی ئەو سوورەتانەدا فریشتەكان پاسەوانییان دەكەن، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە دوای دابەزینیان پاسەوانییان دەكەن؛ چونكە هەر سوورەتێك بابەتێكی دیاریكراوی تێدایە، وە هەندێ جار سوورەتەكە هەواڵ و پێشبینیی تێدایە كە هاتنەدی ئەم هەواڵانە بەڵگە هەیە لەسەر ڕاستی سوورەتەكە، ئەم هەواڵانەش هەندێ جار پەیوەندییان بە گۆڕانكاریە سروشتیەكانەوە هەیە، وە هەندێك جاریش پەیوەندییان بە كردەوەی مرۆڤەكانەوە هەیە، ئەو هەواڵانەی كە پەیوەندییان بە مرۆڤەكانەوە هەیە زۆر گرنگن چونكە ئەو گەلانەی كە ئەم هەواڵانە ئاگاداریان دەكەنەوە لە دابەزینی سزای خوا بۆ سەریان، هەموو هەوڵێكی خۆیان دەدەن بۆ ڕێگریكردن لە هاتنەدی ئەو هەواڵانە، هەروەها لەبەر ئەوەی لە زۆربەی كاتەكاندا هەلومەرجە ماددیەكان گونجاو نین بۆ هاتنەدی هەواڵەكان مەگەر ئەوەی خوا لە غەیبەوە هۆكارەكان بڕەخسێنێت، بۆیە خوای گەورە فەرمان بەو فریشتانەی خۆی دەكات كە ئەركی بەڕێوەبردنی كاروبارە جۆراوجۆرەكانی گەردوونیان پێ سپێردراوە، هۆكارەكان بڕەخسێنن بۆ هاتنەدی ئەو هەواڵانە بەو شێوەیەی كە خۆی ویستوویەتی. گومانی تێدا نیە سوورەتی (الإخلاص) هیچ پێشبینیەكی تێدا نیە، بەڵكو باس لە یەكتاپەرستی خوای كردگار دەكات، وە وا بڕیار بوو كە لەسەردەمی كۆتاییدا دوو ئاژاوەی ترسناك دژی یەكتاپەرستی خوایی سەرهەڵبدەن كە وڵاتە ئیسلامیەكان بەبێ یارمەتی فریشتەكان توانای ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنی ئەو دوو ئاژاوەیەیان نەبێت؛ بۆیە خوای گەورە فەرمانی بە حەفتا هەزار فریشتە كرد كە پارێزگاری لە یەكتاپەرستیەكەی بكەن، بۆ ئەوەی ئەگەر ئەم دوو ئاژاوەیە ( واتە ئاژاوەی دەججال و یەئجووج و مەئجووج) بە هەموو هێز و توانایانەوە هێرشیان كردە سەر یەكتاپەرستی كردگاری مەزن، ئەوا فریشتەكانی ئاسمان دابەزن بۆ لەناوبردنیان و چەسپاندنی یەكتاپەرستی و ڕیشەكێشكردنی شیرك و بێباوەڕی لە جیهاندا، بۆ ئەوەی شانشینی خوا لە زەویدا دابمەزرێت هەروەك چۆن لە ئاسماندا دامەزراوە.
وە لەو فەزڵانەی كە دەربارەی ئەم سوورەتە هاتوون، ئەوەیە كە ترمزی لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە ڕیوایەتی كردووە و دەڵێت: پیاوێك لە یارمەتیدەران (الأنصار) لە مزگەوتی قوباء پێشنوێژی بۆ دەكردن، وە هەر كاتێك لە نوێژدا دەستی دەكرد بە خوێندنەوەی سوورەتێك، سەرەتا ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ی دەخوێندەوە و دوای ئەوە لەگەڵیدا سوورەتێكی تری دەخوێندەوە، وە لە هەموو ڕكاتێكدا ئەمەی دەكرد، هاوەڵەكانی قسەیان لەگەڵ كرد و پێیانگوت: تۆ ئەم سوورەتە دەخوێنیت، پاشان وا دەزانیت كە تەنها خوێندنەوەی ئەم سوورەتە بەس نیە تا سوورەتێكی تری لەگەڵدا نەخوێنیت، یان ئەوەتا تەنها ئەم سوورەتە بخوێنە، یان وازی لێ بهێنە و سوورەتێكی تر بخوێنە. ئەویش گوتی: من وازی لێ ناهێنم، ئەگەر پێتان خۆشە بەم جۆرە پێشنوێژیتان بۆ دەكەم و بەردەوام دەبم، خۆ ئەگەر پێشتان ناخۆشە ئەوا وازتان لێ دەهێنم. ئەوانیش پێیان وابوو كە ئەو باشترینیانە، وە پێیان ناخۆش بوو كەسێكی تر پێشنوێژییان بۆ بكات، كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) هاتە لایان، هەواڵەكەیان پێدا، ئەویش فەرمووی: ئەی فڵان، چ شتێك ڕێگەت لێ دەگرێت ئەوە بكەیت كە هاوەڵەكانت پێت دەڵێن؟ وە چ شتێك وای لێ كردویت كە ئەم سوورەتە لە هەموو ڕكاتێكدا بخوێنیتەوە؟ ئەویش گوتی: ئەی پێغەمبەری خوا، من ئەم سوورەتەم خۆش دەوێت. پێغەمبەری خوایش (ﷺ) فەرمووی: بێگومان خۆشویستنەكەی دەتخاتە بەهەشتەوە (القرطبي، وفتح البيان).
لە فەرموودەی پێغەمبەرەوە (ﷺ) ڕوون بووەتەوە كە ئەگەر مرۆڤ دەست بە یەكتاپەرستی پوختەوە بگرێت و بە ڕاستی پشت بە خودای گەورە ببەستێت، ئەوا دەچێتە بەهەشتەوە.
هەروەها لە ریوایەتێكدا هاتووە كە پیاوێك هاتە خزمەت پێغەمبەر (ﷺ) و سكاڵای هەژاری كرد لەلای، ئەویش فەرمووی: ئەگەر چوویتەوە ماڵەوە، سڵاو بكە ئەگەر كەسی لێ بوو، خۆ ئەگەر كەسیشی لێ نەبوو سڵاو لە خۆت بكە و یەك جار ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ بخوێنە. پیاوەكەش وای كرد، خوایش ڕزق و ڕۆزییەكی زۆری پێدا بە جۆرێك گەیشتە دراوسێكانیشی. (روح البيان)
لەڕاستیدا ئەگەر مرۆڤ بزانێت خوایەك هەیە و توانای تەواوی هەیە بۆ ئەوەی بەرەكەت بخاتە كارەكانیەوە، ئەوا پشتی پێ دەبەستێت و دەگەڕێتەوە بۆ لای، وە ئەگەر هەوڵدان و دوعا یەكیان گرت ئەوا كێشەكان نامێنن. ئەم گێڕانەوەیە فێری كۆشش و پشتبەستن بە خوا و دوعامان دەكات.
وە لە عائیشەوە (رضي الله عنها) ڕیوایەتكراوە كە پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك هەموو شەوێك دەچووە سەر جێگاكەی، هەردوو دەستی كۆدەكردەوە و فووی دەكرد بە هەردوو دەستیدا و ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ و ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلۡفَلَقِ﴾ و ﴿قُلۡ أَعُوذُ بِرَبِّ ٱلنَّاسِ﴾ی دەخوێندەوە پێیاندا، پاشان هەردوو دەستی دەهێنا بە جەستەیدا تا هەر كوێیەك بیتوانیایە… ئەمەی سێ جار دەكرد (أخرجه البخاري، وأحمد، وأصحاب السنن الأربعة).
هەڵبەت پێغەمبەر (ﷺ) بە خوێندنی ئەم سوورەتانە بەیەكەوە و دوعاكردن پێیان، ئاماژەی بەوە داوە كە پەیوەندیەكی قووڵی هاوبەش لە نێوان ئەم سێ سوورەتەدا هەیە كە لە كۆتایی قورئاندا هاتوون؛ سوورەتی (الإخلاص) بەڵگەیە لەسەر یەكتاپەرستی تەواو، بەڵام دوو سوورەتەكەی تر (المعوذتان) دوعا و پاڕانەوە لەخۆدەگرن، وە شتێكی ئاشكرایە ئەگەر مرۆڤ بزانێت خوایەك هەیە دەتوانێت هەموو پێداویستیەكانی دابین بكات و هەموو خێرێكی پێ ببەخشێت و لە هەموو شەڕێك بیپارێزێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە لێی دەپاڕێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر سەگێكی دڕندە هەوڵیدا پەلامارت بدات، ئەوا ناتوانیت لێی ڕزگار بیت مەگەر خاوەنەكەی بناسیت، جا ئەگەر خاوەنەكەیت ناسی ئەوا داوای لێ دەكەیت كە ڕێگری بكات لە سەگەكەی، بەهەمان شێوە ئەگەر زانیمان خوایەك هەیە هەموو كاروبارەكانی ئێمەی بەدەستە و دەتوانێت هەموو پێداویستیەكانمان دابین بكات، ئەوا بەدڵنیاییەوە دڵمان لەخۆوە حەزدەكات لێی بپاڕێتەوە. كەواتە دەچەسپێت كە ڕیزبەندیەكی سروشتی لەم سێ سوورەتەدا هەیە، سوورەتی (الإخلاص) هەواڵمان پێ دەدات دەربارەی خوای بەتوانا، وە سوورەتی (الفلق) فێرمان دەكات لە خوای گەورە بپاڕێنەوە و بڵێن هەموو دروستكراوێك لە ژێر دەسەڵاتی تۆدایە، بۆیە لە شەڕ و خراپەی هەموو شتێك ڕزگارمان بكە. وە ئاشكرایە مرۆڤ ناتوانێت هەموو ئەو شتانە بژمێرێت كە دەیەوێت خوا لە شەڕەكانیان بیپارێزێت. بۆ نموونە نەخۆشی، هەزاران جۆر نەخۆشی هەیە، بگرە تەنها سەرئێشە چەندین جۆری هەیە كە پزیشكەكان كرۆكی زۆربەیان نازانن؛ چونكە ئەگەر بیانزانیایە ئەوا چارەسەریشیان دەكردن. هەروەها تا و لەرز چەندین جۆری هەیە، بەڵام پزیشكەكان نازانن زۆربەیان چین، چونكە ئەگەر هەموو جۆرەكانیان بزانیایە ئەوا دەیانتوانی چارەسەریان بكەن. بۆ نموونە لە ڕابردوودا پزیشك پێی دەگوتیت ئەمە تای مەلاریایە، بەڵام توێژینەوە پزیشكیەكان ئێستا ئاشكرایان كردووە كە مەلاریاش چەندین جۆری هەیە، وە ئەو مێشوولەیەی كە دەبێتە هۆی مەلاریا ئەویش چەندین جۆری هەیە؛ كەواتە مادام پزیشكەكان ناتوانن زۆر جۆری تا چارەسەر بكەن، ئەمە بەو مانایە دێت كە هێشتا چەندین جۆریان نەدۆزیوەتەوە (الموسوعة البريطانية تحت: Malaria). بەڵام پزیشكانی هۆمیۆپاثی دەڵێن تا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت، بۆیە تای كەسێك وەكو تای كەسێكی تر نیە، وە ئەو كەسەی تووشی مەلاریا بووە نەخۆشیەكەی لە بەیانیاندا جیاوازە لە ئێواران، بگرە دەڵێن ئەگەر بەهۆی خواردنی سەوزەوە تووشی مەلاریا بێت ئەوا مەلاریاكەی لەو جۆرە نابێت كە بەهۆی خواردنی كەبابەوە تووشی دەبێت. ئەمەش دەیسەلمێنێت شارەزایی تەواوەتی دەربارەی هەموو نەخۆشیەكان، بگرە دەربارەی هەر شتێك مەحاڵە، بۆیە خوای گەورە لە سوورەتی (الفلق)دا فەرمانی پێكردووین لێی بپاڕێینەوە و بڵێین ئێمە زانیاریمان نیە دەربارەی هەموو شتەكان، بۆیە لە هەموو شەڕێك بمانپارێزە. بەڵام لە سوورەتی (الناس)دا كە بەدوای سوورەتی (الفلق)دا دێت، خوا فەرمانی پێنەكردووین لێی بپاڕێینەوە یان پەنای پێ بگرین لە شەڕی كەسێك، بەڵكو فەرمانی پێكردووین پەنای پێ بگرین لە شەڕی هەموو بەهێز و بەرپرس و دەوڵەتێك. بەڵام ئەستەمە ئەم دوعایە لە دڵەوە هەڵقوڵێت ئەگەر مرۆڤ باوەڕی بە خوای تاك و تەنها نەبێت. بەمەش دەچەسپێت كە پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان ئەم سێ سوورەتەدا هەیە، بەجۆرێك خوای گەورە ڕوونی كردووەتەوە كە دەبێت سەرەتا لە یەكتایی كردگار تێبگەن، وە دوای ئەوە دوعایەكی تەواو لە دڵتانەوە هەڵدەقوڵێت كە شەڕ و خراپە لەناودەبات بە هەموو جۆرەكانیەوە.
پێویستە بزانرێت ئەم سێ سوورەتە ناوەڕۆكی سوورەتی (الفاتحة) لەخۆدەگرن، بە جۆرێك وا هەست دەكەیت وەك ئەوەی خوای گەورە قورئانی بە سوورەتی (الفاتحة) دەستپێكردبێت و هەر بەویش كۆتایی پێهێنابێت، مەبەستم ئەوەیە خوای گەورە ناوەڕۆكی سوورەتی (الفاتحة)ی لە كۆتایی قورئاندا دووبارە كردووەتەوە، وەكو مامۆستایەكی زیرەك كە لەسەرەتای وانەكەوە بەكورتی وانەكە بۆ قوتابیەكان باسدەكات و دەڵێت: ئەمڕۆ فڵانە شت و فڵانە شت دەخوێنین، پاشان كاتێك دەگاتە كۆتایی وانەكە، جارێكی تر بەكورتی باسی وانەكە دەكاتەوە و دەڵێت: ئەمڕۆ فڵانە شت و فڵانە شتمان خوێند. وەك ئەوەی ئەو بابەتانەی خوای گەورە لە سوورەتی (الفاتحة)دا بە شێوەیەكی كورت ئاماژەی پێداون، قورئانی پیرۆز بە درێژی باسی كردوون، پاشان كاتێك گەیشتووەتە كۆتایی، جارێكی تر بەكورتی باسی كردوونەتەوە و فەرموویەتی: ئەمە ئەوەیە كە فێرمان كردوون، بۆیە لە مێشكی خۆتاندا بیانپارێزن.
سێ جۆر گێڕانەوە هەیە دەربارەی دابەزینی ئەم سوورەتە، یەكەمیان دەڵێت موشریكەكان بە پێغەمبەریان (ﷺ) گوت: ئەی محەمەد، نەژاد و ڕەچەڵەكی پەروەردگارەكەتمان بۆ باس بكە؟ خوایش سوورەتی (الإخلاص)ی دابەزاند، وە ڕایگەیاند نە باوكی هەیە و نە باوكی كەسیشە، وە هاوشێوە و هاوتای نیە. (الدر المنثور)
ئەم ڕیوایەتەیش بە كۆمەڵێك دەقی هاوشێوە هاتووە، لە هەندێكیاندا گوتراوە عەرەبێكی دەشتەكی ئەم پرسیارەی لە پێغەمبەر (ﷺ) كردووە، لە كاتێكدا لە هەندێكی تریاندا هاتووە كە قورەیش ئەم پرسیارەیان لێ كردووە.
شتێكی ڕوونە ئەم گێڕانەوەیە پووچ و بێمانایە، چونكە لە ڕووی عەقڵەوە مەحاڵە ئەم پرسیارە بكەن مەگەر ئەوەی ئەو خوایانەی كە دەیانپەرستن ئەوانیش ڕەچەڵەكیان هەبێت، وە لەبەر ئەوەی ئەوان هیچ ڕەچەڵەكێكیان نەبووە، ئیتر چۆن مافی ئەوەیان هەیە بە پێغەمبەر (ﷺ) بڵێن ڕەچەڵەكی خوداكەتمان بۆ باس بكە. كەواتە ئەم پرسیارە لە لایەن بێباوەڕانی قورەیشەوە لە ڕووی ئەقڵەوە ڕێی تێناچێت و شتێكی دوورە.
گێڕانەوەی دووەم دەڵێت جوولەكەكانی خەیبەر هاتن بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و گوتیان: ئەی باوكی قاسم، خوا فریشتەكانی لە نووری پەردە دروستكردووە، وە ئادەمی لە قوڕێكی ڕەشی بۆگەن، وە ئیبلیسیش لە گڕی ئاگر، و ئاسمانی لە دووكەڵ (واتە لە گازەكان)، وە زەویشی لە كەفی ئاو دروستكردووە، كەواتە هەواڵمان پێبدە دەربارەی پەروەردگارت، پێغەمبەریش (ﷺ) وەڵامی نەدانەوە، ئینجا جیبریل ئەم سوورەتەی بۆ هێنا ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾، پێغەمبەریش (ﷺ) وەڵامی پرسیارەكەی دانەوە. (الدر المنثور)
وردبوونەوە لەم ڕیوایەتە ئەوە ئاشكرا دەكات كە لە ڕووی ئەقڵەوە مەحاڵە جوولەكەكان ئەم پرسیارە ئاراستەی پێغەمبەر (ﷺ) كردبێت، چونكە ئەوان باوەڕیان بە خوا هەبوو، وە زانیویانە بەدیهێنەرە، بۆیە ئەستەمە پرسیاریان لێ كردبێت: لە چ شتێك دروستكراوە (سبحانه وتعالى). بەڵێ، دەكرێت پرسیاریان كردبێت دەربارەی سیفەتە جیاوازەكانی خوا.
پاشان ڕێی تێناچێت پێغەمبەر (ﷺ) بێدەنگ بووبێت لە كاتی پرسیارەكەیاندا، چونكە لەو كاتەدا زۆربەی قورئان دابەزیبوو، وە پێغەمبەر (ﷺ) دەیانتوانی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بەشەی قورئان كە دابەزیبوو وەڵامیان بداتەوە. كەواتە پرسیارەكەیان ئەوەندە قورس نەبوو كە پێغەمبەر (ﷺ) بێدەنگ بێت و چاوەڕێی وەڵام بكات لەلایەن خودای گەورەوە. بەمەش دەچەسپێت كە ئەوەی لێرەدا دەربارەی هۆكاری دابەزینی سوورەتی (الإخلاص) باسكراوە، لە ڕووی عەقڵەوە پووچە و ڕێی تێناچێت.
ڕیوایەتی سێیەم دەڵێت ئەم پرسیارە لە لایەن مەسیحیەكانی شاندی نەجرانەوە كرابوو كاتێك هاتنە مەدینە، وە بە پێغەمبەریان (ﷺ) گوت: پەروەردگاری خۆت وەسف بكە بۆمان، ئایا لە زومڕووتە یان یاقووت یان زێڕ یان زیو؟ ئەویش فەرمووی: پەروەردگاری من لە هیچ شتێك نیە، چونكە خۆی بەدیهێنەری شتەكانە، ئیتر ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ دابەزی. (تفسير الرازي)
ئەم گێڕانەوەیەش لە ڕووی عەقڵەوە دروست نیە، چونكە مەسیحیەكانیش باوەڕیان بە خوا هەیە. گومانی تێدا نیە ئەوان خوای كوڕ و خوای ڕۆحی پیرۆز دەكەن بە هاوبەشی خوای گەورەدا، بەڵام زۆر باش دەزانن كە خوای باوك لە زێڕ یان زیو یان یاقووت یان زومڕووت نیە. بۆیە كردنی ئەم پرسیارە لە لایەن ئەوانەوە لە ڕووی عەقڵەوە ئەستەمە.
كەواتە، ئەم ڕیوایەتانە هەموویان دەربارەی هۆكاری دابەزینی سوورەتی (الإخلاص) تەنها گومانن، وە هیچ یەكێك لەو هۆكارانەی باسكراون شایەنی ئەوە نین ببنە هۆكاری دابەزینی ئەم سوورەتە مەزنە. لەڕاستیدا خوای گەورە لەم سوورەتەدا بە شێوەیەكی كورت یەكتایی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ ئەوەی هەموو موسوڵمانێكی بچووك و گەورە لێی تێبگات و لەبەری بكات، وە بەردەوام لە هەموو كۆڕ و مەجلیسێكدا ڕایبگەیەنێت. وە زۆرترین گومان بۆ ئەوە دەچێت كە هاتنی وشەی ﴿قُلۡ﴾ لە سەرەتای سوورەتەكەدا وای لەم كەسانە كردووە پێیان وابێت بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێك دابەزیوە، لە كاتێكدا مەرج نیە هاتنی وشەی ﴿قُلۡ﴾ لە قورئانی پیرۆزدا هەمیشە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارێك بێت، بەڵكو ﴿قُلۡ﴾ -زۆربەی كات- وەكو ئاگاداركردنەوەیەك هاتووە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەركی ئەو و ئەركی هەموو تاكێكی ئومەتەكەی ئەوەیە بەردەوام لەناو خەڵكدا ئەو بابەتە ڕابگەیەنن كە لەوێدا باسكراوە، و هەرگیز كەمتەرخەمی تێدا نەكەن.
بسم الله الرحمن الرحیم﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
هو: جێناوی ﴿هُوَ﴾ لەم ئایەتەدا جێناوی بابەت و بارودۆخە (ضمیر الشأن)، وەك ئەوەی بگوترێت: بڵێ: بارودۆخ و بابەتەكە ئەمەیە، كە ئەو خوایەكە تاك و تەنهایە و دووەمی نیە.
الله: ناوە بۆ ئەو زاتە پیرۆزە ئەزەلی و ئەبەدیە، كە زیندوو و ڕاگری بوونە، خاوەن و بەدیهێنەر و پەروەردگاری هەموو دروستكراوەكانە، وە ناوێكی زاتیە بۆ خوا (عز وجل).. واتە ناوێكی تایبەتە بە خوا (سبحانه وتعالى) و سیفەت نیە. پێویستە بزانرێت ئەم خوایە كە بەدیهێنەر و خاوەنی دروستكراوانە، هیچ ناوێكی زاتیی نیە لە هیچ زمانێكدا جگە لە عەرەبی. وە ناوێكی سادەیە (جامد) و وەرگیراو (مشتق) نیە.
أحد: دوو وشە لە عەرەبیدا هەیە بۆ گەیاندنی ئەم مانایە: الواحد و الأحد؛ هاتووە كە: “الواحد (یەك) واتە یەكەمینی ژمارە، دەگوترێت: یەك دوو سێ” (الأقرب). بەڵام تۆ دەڵێیت “أَحَد” (تاك و تەنها) كاتێك لە مێشكتدا هیچ وێناكردنێك نیە بۆ دووەم و سێیەم. وە لە زمانی ئوردوودا وشەی (أكيلا) هاوشێوەیەتی.. واتە تاك و تەنها، وە لە ئینگلیزیشدا وشەی: Oneness. لە فەرهەنگیشدا هاتووە: “جیاوازی نێوان الأَحَد و الواحد ئەوەیە كە الأَحَد ناوە بۆ كەسێك كە هیچ شتێك هاوبەشی نیە لە زاتیدا، وە الواحد ناوە بۆ كەسێك كە هیچ شتێك هاوبەشی نیە لە سیفەتەكانیدا” (الأقرب).. واتە الأَحد بۆ خوای گەورە بەكاردێت بە مەبەستی جەختكردنەوە لە تاك و تەنهایی خوا لە زاتیدا.. واتە وێنای هیچ زاتێكی تر ناكرێت لەگەڵیدا، بەڵام الواحد بەكاردێت بۆ جەختكردنەوە لە تاك و تەنهایی خوا لە سیفەتەكانیدا.. واتە خوا تەواو و بێكەموكوڕیە لە سیفەتەكانیدا و كەسی تر نیە وەكو ئەو لە سیفەتەكانیدا تەواو و بێكەموكوڕی بێت.
كەواتە فەرمایشتی خوا ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ واتە لە ناو خەڵكیدا ڕابگەیەنە كە حەق و ڕاستی ئەوەیە خوا تاك و تەنهایە لە زاتیدا.
تەفسیر: پێشتر لە تەفسیری سوورەتی (اللهب)دا باسی ئەوەم كرد كە ناوەڕۆكی قورئان لەو سوورەتەدا كۆتایی دێت؛ كەواتە بەم مانایە سوورەتی (اللهب) دواهەمین سوورەتی قورئانە. وە شتێكی بەڵگەنەویستە كە لە توانای هەموو مرۆڤێكدا نیە بەتەواوەتی لە مانا فراوانەكانی قورئان تێبگات و لەبەریان بكات، بۆیە خوای گەورە -بۆ ئاسانكاری لەسەر خەڵك- شێوازێكی تایبەتی گرتووەتەبەر بەوەی كە پوختەی قورئانی پیرۆزی لە كۆتاییەكەیدا باسكردووە، ئەویش لەو سوورەتە كۆتاییانەی كە لە دوای سوورەتی (اللهب)ەوە دێن، وەكو نووسەرێكی كارامە و بەتوانا كە لە سەرەتادا بابەتی نووسینەكەی بەكورتی باس دەكات، پاشان لە كۆتاییشیدا بەكورتی باسی دەكاتەوە. هەڵبەت خوای گەورە قورئانی بە سوورەتی (الفاتحة) دەست پێكردووە كە پێكهاتووە لە پوختەی مانا و داواكاریەكانی قورئان، پاشان لە كۆتاییدا پوختەی قورئانی لە سوورەتەكانی (الإخلاص) و (الفلق) و (الناس)دا خستووەتەڕوو. بێگومان سوورەتی (الإخلاص) خۆی لە خۆیدا پوختەی قورئانی پیرۆزە، چونكە ئەگەر بە وردی سەیری ناوەڕۆكی قورئان بكەین، ئەوا دەبینین كە كرۆكی قورئان بریتیە لە چەسپاندنی یەكتایی خوای گەورە و خستنەڕووی سیفەتەكانی و مەزنیەكەی؛ وە ئایا چ گومانێك لەوەدا هەیە كە سوورەتی (الإخلاص) بە شێوەیەكی كورت و پوخت یەكتایی كردگاری مەزن و سیفەتەكان و گەورەیی خوای بە تەواوەتی ڕوون كردووەتەوە؟ بەڵام ئەگەر ناوەڕۆكی ئەم سێ سوورەتە پێكەوە لەبەرچاو بگرین، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە هەرسێكیان لە پێگەی سوورەتی (الفاتحة) دان. كەواتە، خوای گەورە قورئانی بە سوورەتی (الفاتحة) دەست پێكردووە، وە هەر بەویش كۆتایی پێهێناوە، وەك ئەوەی خوا لە كۆتایی قورئانی پیرۆزدا پێمان بفەرموێت: ئەوەتا پوختەكەیمان پێشكەش كردوون، جا ئێستا ئەركی سەرشانی هەموو موسڵمانێكە كە بە باشی لەم پوختەیە تێبگات و لەبەری بكات و نەوەكانی ڕابسپێرێت كە بەردەوام لەناو خەڵكیدا ڕایبگەیەنن تا ئەو كاتەی هەموو جیهان لە دەوری یەك ناوەند كۆدەبێتەوە. وە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەم ئەركە، خوا ئەم سێ سوورەتەی بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ﴾ دەست پێكردووە.. واتە دەبێت ئەم پەیامەم بە كەسانی تر بگەیەنن، وە پێویستە ئەوانیش بیگەیەنن بەوانەی دوای خۆیان، چونكە پێیان گوتراوە: ﴿قُلۡ﴾، وەك چۆن هەندێ كەس لەم ڕۆژگارەدا نامە بۆ كەسانی تر دەنێرن و دەڵێن: هەر كەسێك ئەم نامەیەی پێگەیشت با بیگەیەنێت بە كەسێكی تر. كەواتە، خوای گەورە لە سوورەتەكانی كۆتاییدا پوختەی فێركاریەكانی قورئان و ئیسلامی خستووەتەڕوو و مرۆڤی ڕاسپاردووە و فەرموویەتی: ئەی مرۆڤ، هەڵبەت تۆ هەموو قورئانت خوێندەوە، وە قورئانیش بۆ هەموو جیهانە، بۆیە ئێستا پێویستە لەسەرت بیگەیەنیت بە كەسانی تر. وە لەبەر ئەوەی ئەستەم بوو هەموو مرۆڤێك لە هەموو چەمكەكانی قورئان تێبگات و لەبەریان بكات، بۆیە خوای گەورە، بۆ ئاسانكاری لەسەر خەڵك، لەم سێ سوورەتەی كۆتاییدا هەموو چەمكەكانی قورئانی بەكورتی و پوختی باسكردووە و لەسەرەتای سوورەتەكاندا فەرموویەتی: ﴿قُلۡ﴾ واتە ئەی خوێنەر، ئەركی تۆیە ئێستا ئەم مەبەست و چەمكانە بە كەسانی تر بگەیەنیت، وە هەركەسێكیش لێی بیستی با بیگەیەنێت بە كەسانی تر، وە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هەتا دەگاتە هەموو جیهان.
كەواتە، وشەی ﴿قُلۡ﴾ هەموو موسڵمانێكی پابەند كردووە بە گەیاندنی ئەم پەیامە بە كەسانی تر، بەڵام نەك تەنها یەك جار لە ژیانیدا پێیان بگەیەنێت، بەڵكو لە هەموو كۆڕێك و لە هەموو شوێنێك ئەم پەیامە بیگەیەنێت. پاشان هەر كەسێك بیستی با بە كەسانی تری بگەیەنێت هەتا ناوەڕۆكی ئەم پەیامە لە هەموو جیهاندا بڵاوببێتەوە. ڕەنگە ئەو دابونەریتەی كە لای هەندێ لە موسڵمانان هەیە و بە “قُلْ” ناودەبرێت، بە ڕەچاوكردنی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ﴾ ئەم ناوەی لێنرابێت، بەجۆرێك دوای مردنی خزمێكیان لە كۆڕێكدا كۆدەبنەوە و قورئان دەخوێنن بە نیەتی گەیاندنی پاداشتی خوێندنەكەیان بە مردووەكە. زۆر باش لەبیرمە یەكێك لەو خزمانەمان كە ئەحمەدی نەبوون كۆچی دوایی كرد و لەو كاتەدا منیش منداڵ بووم، بە بانگهێشتی ئەوان چووم بۆ لایان بۆ پرسە، كاتێك لە كۆڕەكەدا كۆبوونەوە بینیم پیاوێكی ئایینی دوعایەكی دەڵێتەوە، پاشان كەسوكاری مردووەكە قورئانێكیان دایە دەستی، پیاوە ئایینیەكەیش دای بەو كەسەی كە لە تەنیشتی دانیشتبوو، ئەویش دای بە من، وە منیش هیچم دەربارەی ئەم شتانە نەدەزانی، وە نەمدەزانی ئایا ئەمە دروستە یان نا، ئەگەرچی لە دڵەوە پێم ناخۆش بوو، بەڵام قورئانەكەم لێ وەرگرت و لە پێش خۆم دامنا، چونكە نەمدەزانی چیم لێ داواكراوە. یەكێكیان قورئانەكەی لە پێشم هەڵگرت و دای بە كەسێكی تر، یان لەوانەیە فەرمانی پێكردبم كە بیدەم بە ئەو. منیش پرسیارم لە یەكێك لە ئامادەبووان كرد: ئەمە چیە؟ ئەویش پێی گوتم ئەوان ئەم دابونەریتەیان داهێناوە بۆ ئەوەی پاداشتی خوێندنەوەكە بگەیەنن بە مردووەكە. ئەوان بیریان لەوە كردبووەوە كە ئەگەر خێرێك بكەن بۆ گەیاندنی پاداشتەكەی بە مردووەكە ئەوا بڕەكەی كەم دەبێت، بەمەش پاداشتەكەی سنووردار دەبێت، ئەمەش بەس نیە بۆ سڕینەوەی گوناهەكانی، كەواتە بۆچی قورئان نەكەینە خێر كە بە هیچ نرخێك ناخەمڵێنرێت؟ وە بۆ جێبەجێكردنی ئەم بیرۆكەیە، یەكێكیان قورئانەكە دەدات بەوەی تەنیشتی و بە مردووەكە دەڵێت: ئەم قورئانەم پێ بەخشیت. وە بەم شێوەیە هەریەكێكیان قورئانەكە دەدات بە هاوڕێكەی و قورئانەكە دەكەنە خێر بۆ مردووەكە، بەو گومانەی كە ئەمە دەبێت هۆی سڕینەوەی گوناهەكانی. بۆیە هەروەك گوتم: لەوانەیە ئەم دابونەریتە ناونرابێت “قُلْ” چونكە ئەو قورئانەی كە دەیكەنە خێر لە یەكێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە.
ئەگەر موسوڵمانان كاریان بەو ڕاسپاردە بكردایە كە خوا لە وشەی ﴿قُلۡ﴾دا پێی كردوون، ئەوا هەرگیز تووشی زەلیلی و سووكی نەدەبوون بەو ڕادەیەی كە لەم سەردەمەدا تووشیان بووە، وە هەموو جیهان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو باوەڕدارانەدا دەبوو كە باوەڕیان بە تاك و تەنهایی خوا و پەیامی موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەیە. چەند ئاسان بوو كاركردن بەم ڕاسپاردەیە! بەڵام موسوڵمانان پشتگوێیان خست. پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە حەجی ماڵئاواییدا بە موسوڵمانانی فەرموو: “إن أموالكم ودماءكم وأعراضكم حرام عليكم كحرمة يومكم هذا، في شهركم هذا، في بلدكم هذا. ألا فليبلّغ الشاهدُ الغائبَ.” (البخاري، كتاب الحج). واتە: ماڵ و خوێن و ناموستان حەرامە لە یەكتری وەك حەرامبوونی ئەم ڕۆژەتان، لەم مانگەتاندا، وە لەم شارەتاندا. پاشان فەرمووی: ئاگادار بن! ئەو كەسەی ئامادەیە بیگەیەنێت بەو كەسەی ئامادە نیە”. وە من جارێك ئامۆژگاریی ئەندامانی كۆمەڵەكەی خۆمانم كرد و گوتم هەر كەسێك ئەم ڕاسپاردەیەی پێغەمبەر (ﷺ) ببیستێت پێویستە لەسەری بیگەیەنێت بە كەسانی تر، چونكە ئەمە فەرمانی پێغەمبەرە (ﷺ). لەڕاستیدا ئەم ڕاسپاردەیەی پێغەمبەر (ﷺ) هاوشێوەی ئەو فەرمانەیە كە خوای گەورە پێی كردووین لە فەرمایشتی ﴿قُلۡ﴾دا، چونكە ئەگەر لە یەكێكەوە بۆ ئەوی تر بگوازرێتەوە، ئەوا بێداری و ڕابوونێك لەناو ئوممەتدا دروست دەكات.
بەكورتی، خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾دا فەرموویەتی: ئەی ئەو موسوڵمانەی باوەڕت بە زاتی ئێمە و قسەكانی ئێمە و بەتایبەتی بە قورئانەكەی ئێمە هەیە، ئێمە فەرمانت پێ دەكەین كە بڕۆیت و لەناو خەڵكدا ڕابگەیەنیت كە ناوەڕۆكی فێركاریەكانی ئیسلام ئەوەیە كە خوا تاك و تەنهایە.
پێشتر ئاماژەم بەوەدا كە ئەم سێ سوورەتەی كۆتایی ناوەڕۆكی سوورەتی (الفاتحة) لەخۆدەگرن، وە ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتەیش بەم جۆرەیە: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ لەم سوورەتەدا ئەو ناوەڕۆكە لەخۆدەگرێت كە لە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٢ … إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ ٥ ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦ صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾دا هاتووە، چونكە ئەم ئایەتانە یەكتاپەرستی تەواوەتی و پشتبەستنی تەواوەتی بە خوا فێری مرۆڤ دەكەن. لەڕاستیدا پشتبەستنی تەواوەتی دەرئەنجامی یەكتاپەرستی تەواوەتیە؛ چونكە ئەگەر مرۆڤ پەی بەوە ببات كە هەموو شتێكی جگە لە خوا ساختە و بەتاڵە، ئەوا هەرگیز متمانە بە كەسێكی تری جگە لە خوای گەورە ناكات. چونكە ئەگەر مرۆڤ نەخۆش بكەوێت، وە لە گوندەكەیدا زیاتر لە یەك پزیشك هەبێت، پزیشكێك هەبێت بە گوێرەی پزیشكی ڕۆژئاوایی چارەسەر بكات، وە پزیشكێكی گیادەرمانی و پزیشكێكی هۆمیۆپاثی هەبێت، ئەوا ئەم نەخۆشە بۆ نموونە دەچێت بۆ لای پزیشكە ئاساییەكە، ئەگەر بە دەرمانەكەی چاك نەبوویەوە ئەوا دەچێت بۆ لای پزیشكە گیادەرمانیەكە، وە ئەگەر دەرمانەكەی ئەویش سوودی پێ نەگەیاند ئەوا ڕوو دەكاتە پزیشكە هۆمیۆپاثیەكە، وە ئەگەر پزیشكی زۆر هەبوون لە هەمان پسپۆڕیدا، ئەوا لە یەكێكیانەوە ڕوو دەكاتە ئەوی تر، بەڵام ئەگەر هیچ پزیشكێك لەوێ نەبوو، ئەوا ڕوو ناكاتە هیچ یەكێكیان. بەمەش دەچەسپێت كە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٢ … إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ ٥ ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦ صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾ یەكتاپەرستی تەواوەتی فێری مرۆڤ دەكات. هەروەها دەكرێت بگوترێت فەرمایشتی خوا: ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٢ … إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ﴾ یەكتاپەرستی تەواوەتی فێری مرۆڤ دەكات، بەڵام فەرمایشتی: ﴿ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦ صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ﴾ تەوەككول و پشتبەستنی تەواوەتی فێری مرۆڤ دەكات. ئەمەش هەمان ناوەڕۆكی فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ە. كەواتە “الأَحَد” ئەو كەسەیە كە هیچ كەسێكی تر جگە لەو بوونی نیە، وە خوای گەورە “واحد” و “أَحَد”ە؛ “واحد”ە بەو مانایەی كە سەرچاوەی هەموو دروستكراوەكانە، وە “أحد”ە بەو مانایەی كە هەموو شتەكان لە بەردەمیدا ون دەبن.. واتە لە بەرامبەر ئەودا هیچ نین. ئەمەیە مانای فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ﴾ واتە هەندێ كەس بۆ نموونە دەڵێن: ئەم كارە بە فەزڵی باوكم ئەنجامدرا، بەڵام ئێمە دەڵێین: ئێمە هیچ كەسێك نابینین جگە لە خوا، بۆیە دەڵێین: ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ. وە هەندێكی تر دەڵێن: ئەم كارە بە فەزڵی مامۆستاكەم ئەمجامدرا، بەڵام ئێمە دەڵێین: ئێمە هیچ مامۆستایەك نابینین جگە لە خوا، بۆیە دەڵێین: ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ. وە هەندێكی تر دەڵێن: ئەمە تەنها بە فەزڵی دراوسێكەم ئەنجامدرا، بەڵام ئێمە پێمان وایە هەموو بەخششەكان لە لایەن خودای گەورەوەن، وە كەسی تر نابینین جگە لەو، بۆیە دەڵێین: ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ. بەمەش دەچەسپێت كە فەرمایشتی ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ مانا و چەمكی فەرمایشتی ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ﴾ لەخۆدەگرێت.
هەمان چەمكیش لە فەرمایشتی ﴿لَمۡ يَلِدۡ وَلَمۡ يُولَدۡ﴾دا هەیە، واتە: لە پێش ئەوەوە هیچ كەسێك نابینین و لە دوای ئەویشەوە هیچ كەسێك نابینین.
وە فەرمایشتی ﴿وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ كُفُوًا أَحَدُۢ﴾ ئەویش بە هەمان مانایە. وە وەڵامێكە بۆ كەسێك كە بڵێت: مادام شتەكانی تری جگە لە خوا بوونیان هەیە، ئیتر چۆن دەگوترێت ئێمە هیچ شتێك نابینین جگە لە خوا. خوای گەورەیش وەڵامی داوەتەوە و فەرموویەتی: ڕاستە جگە لە خوا بوونەوەری تریش هەن، بەڵام هیچیان هاوتای خوا نین، واتە خوا لەلایەن خۆیەوە هەموو شتێكت پێ دەبەخشێت، بەڵام كەسانی تر تەنها لەوە پێت دەبەخشن كە خوا پێی داون نەك ئەوەی لە لایەن خۆیانەوە شتێكت پێ ببەخشن، وە هەموو ئەوانەی كە جگە لە خوا (عز وجل) چاكەیان لەگەڵ كردوویت، تەنها هۆكار و ناوەندێكن لە نێوان تۆ و خوادا؛ وە ئەو شتەی خوا دەیخاتە دەستیان ئەوان دەیگەیەنن بە تۆ. كەواتە ئەوە خوایە كە شیر لە سینگی دایكدا دروست دەكات بەجۆرێك دەبێتە هۆكارێك بۆ گواستنەوەی شیرەكە بۆ منداڵەكەی، وە ئەوە خوایە كە پارە دەدات بە باوك، تا ئەویش خەرجی بكات بۆ مناڵەكانی. بەمەش دەچەسپێت كە بابەتی ﴿ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ﴾ و ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ یەك بابەتە.
وە چەمك و مانای فەرمایشتی خوا ﴿إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ﴾، لە فەرمایشتی ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾دا هەیە، چونكە “الصمد” ئەو كەسەیە كە پێویستی بە كەس نیە، وە هەمووان پێویستیان پێیەتی و ئەویش پێداویستیەكانیان دابین دەكات. كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە هەمووان پێویستیان بە خوا هەیە، وە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ﴾ ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە خوای گەورە یارمەتیی هەمووان دەدات و مەبەستەكانیان دەهێنێتەدی. وە مادام هیچ كەسێك نیە توانای دابینكردنی پێداویستیەكانی خەڵكی هەبێت جگە لە خوای گەورە، كەواتە هەمووان ناچارن بگەڕێنەوە بۆ لای خوا (سبحانه وتعالى). لێرەشەوە ئەوە دەچەسپێت كە هەردوو سوورەتی (الفاتحة) و (الإخلاص) لە مانادا هاوبەشن.
هەڵبەت سوورەتی (الإخلاص) -لەگەڵ كورتیەكەیدا- یەكتاپەرستی تەواوەتی ڕوون دەكاتەوە، بەجۆرێك تێیدا خوای گەورە سێ حەقیقەتی ڕوون كردووەتەوە:
1: خوا حەق و ڕاستیە.
2: تاك و تەنهایە لە زاتیدا، واتە “أَحَد”ە، وە دوو خوا یان سێ خوا بوونی نیە.
3: تەنهایە لە سیفەتەكانیدا، واتە هیچ هاوتایەكی نیە لەو سیفەتانەدا.
خوای گەورە دەفەرموێت ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ واتە: بڵێ ئێوە چەندین قسە و بیرۆكە و بیردۆز و فەلسەفەی جیاواز دەربارەی خوای گەورە دەخەنەڕوو، بەڵام ئەو بابەتەی كە دڵنیا و یەقینیە دەربارەی خوای گەورە ئەوەیە كە: ﴿ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ واتە ئەو بە هەموو مانایەكی وشە تاك و تەنها و بێهاوتایە لە زاتیدا، نە سەرەتای هەیە و نە كۆتایی، نە هاوشێوەی هەیە و نە لە كەسیش دەچێت.
بزانە وشەی ﴿أَحَدٌ﴾ تایبەتمەندیەكی سەرسوڕهێنەری هەیە، چونكە مانای شتی دووەمی لەگەڵدا نیە، لە كاتێكدا چەمكی دووەم لەگەڵ هەموو ژمارەكانی تردا بوونی هەیە تەنانەت “الواحد” (یەك) و “الأول” (یەكەم)یش. كەواتە “الواحد” بە مانای یەكەم دێت بە بەراورد بە ئەوی تر، وە ئەم بەراوردكاریە پێویستی بە چەمكی دووەم هەیە لە دوای خۆی، ئەگینا ناكرێت مانای بەراورد بوونی هەبێت؛ بەجۆرێك ناتوانین بڵێین ڕاست بەبێ ئەوەی بیرۆكەی چەپ بوونی هەبێت، وە ناتوانین بڵێین باكوور بەبێ بیرۆكەی باشوور، بەڵام “الأحد” بوونی دووەم لەگەڵ خۆیدا بە تەواوەتی ڕەت دەكاتەوە، چونكە دووەم لەگەڵیدا وێنا ناكرێت، وە دەربڕینی ئەم مانایە بە وشەیەكی تر ئەستەمە. بۆیە سیفەتی “الأحد” خوای گەورە بەپاك ڕادەگرێت لە هەموو دروستكراوەكان. لەڕاستیدا مەزنێتی خوای گەورە تەنها لە تاك و تەنهاییەكەیدا دەردەكەوێت، چونكە هەر كاتێك خوای گەورە دابەزێت بۆ پەیوەستبوون بە دروستكراوەكانیەوە ئەوا بێگومان سیفەتەكانی بە سنووردار دەردەكەون، وەك چۆن خۆر كە تیرەكەی دەگاتە 800 هەزار میل (الموسوعة البريطانية تحت: Sun)، بە بچووكی دەكەوێتە بەرچاو چونكە دوورە؛ بەڵام ئەگەر زۆر نزیك بیتەوە ئەوا ناتوانیت بیبینیت، بۆیە هەروەك چۆن خۆر ئەگەر بە قەبارەیەكی بچووكتر لە قەبارەی خۆی بۆ چاو دەرنەكەوێت ئەوا تۆ ناتوانیت بیبینیت لەبەر ئەوەی چاو توانای سنووردارە، بە هەمان شێوە خوا كە سیفەتەكەی “الأحد”ە -كە ئەمە سیفەتە بنەڕەتییە مەزنەكەیەتی- كاتێك خۆی دەردەخات بۆ بەندەكانی ئەوا بە دەركەوتنێكی كەم خۆی دەردەخات كە بەندەكان بتوانن بیبینن؛ وە گومانیشی تێدا نیە ئەمە دەركەوتنێكی ناتەواوە. بەمەش دەچەسپێت كە هیچ سیفەتێك لە سیفەتەكانی خوای گەورە هێندەی سیفەتی “الأحد” بەڵگە نیە لەسەر مەزنێتی خوا.
لەڕاستیدا خوای گەورە لە دوو ڕوانگەوە پەروەردگارە: (1)پەروەردگارە لە ڕوانگەی تاك و تەنهاییەكەیەوە، (2) پەروەردگارە لە ڕوانگەی دروستكراوەكانیەوە، بەڵام پەروەردگارێتیەكەی لە ڕوانگەی یەكەمەوە زۆر لەوە گەورەترە كە كەسێك بتوانێت بیخەمڵێنێت و هەڵیسەنگێنێت، وە پەروەردگارێتیەكەی لە ڕوانگەی دووەمەوە سنووردارە. هەروەها لە دوو ڕوانگەوە میهرەبانە (ڕەحمانە)، ئەو میهرەبانیەی خوا كە پەیوەندیی بە تاك و تەنهایی خواوە هەیە لە سەرووی وێناكردن و خەمڵاندنەوەیە، بەڵام ئەو میهرەبانیەی خوا كە پەیوەندیی بە بەندەكانیەوە هەیە دەكرێت هەموو كەسێكی ژیر هەستی پێ بكات. وە هەمان بارودۆخیش بۆ خاوەندارێتی و زانستەكەی ڕاستە. ئەمەش بەو مانایە دێت كە ئەو سیفەتانەی پەیوەندییان بە بەندەكانەوە هەیە سنووردارن، بەڵام ئەو سیفەتانەی پەیوەندییان بە تاك و تەنهاییەكەیەوە هەیە بێسنوورن؛ وە لەبەر تێنەگەیشتن لەم جیاوازیەی نێوان ئەم دوو بابەتە، مشتومڕێكی زۆر لە نێوان خەڵكدا دروست بووە، بەجۆرێك هەندێكیان گوتیان خوا نابینرێت، وە هەندێكی تریان گوتیان: بەڵكو دەبینرێت، لەگەڵ ئەوەی هەردوو تیمەكە ڕاست دەكەن لەوەی دەیڵێن. ئەو كەسەی دەڵێت خوا دەبینرێت، تەنها بە لەبەرچاوگرتنی درەوشانەوەی ئەو سیفەتانە وا دەڵێت كە پەیوەندییان بە بەندەكانیەوە هەیە، بەڵام ئەوەی دەڵێت خوا (سبحانه وتعالی) نابینرێت، تەنها بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سیفەتانە وا دەڵێت كە پەیوەستن بە تاك و تەنهایی خواوە. لە ڕاستیدا خوای گەورە نابینرێت ئەگەر لە ڕوانگەی ئەو سیفەتانەیەوە سەیری نەكەین كە پەیوەندییان بە بەندەكانیەوە هەیە، بۆیە ئەو كەسەی بڵێت خوای گەورەی بینیوە و مەبەستیشی ئەوە بێت كە لە ڕوانگەی تاك و تەنهایی خواوە سیفەتەكانی خوای بینیوە، ئەوا بێگومان بەهەڵەدا چووە، چونكە لە فەرموودەدا هاتووە كە عائیشە -ڕەزای خوای لێ بێت- پرسیاری لە پێغەمبەر (ﷺ) كرد: ئایا پەروەردگاری خۆتت بینیوە؟ ئەویش فەرمووی: نورٌ أَنَّى أراه؟ (مسلم، كتاب الإيمان) واتە: نوورێكە چۆن دەتوانم بیبینم؟ بەڵام ئەو كەسەی دەڵێت خوای گەورە لە هیچ دەرەوشانەوەیەكیدا نابینرێت ئەویش هەڵەیە. لەڕاستیدا هەردوو تیمەكە لە ڕوانگەیەكی جیاوازەوە قسە دەكەن.
بە كورتی، تاك و تەنهایی خوای گەورە دوو جۆرە: یەكێكیان ئەوەیە كە تەنها بە شێوازی نەرێكردن دەتوانین بیزانین، بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾ واتە: ئەو كەسەیە كە ئەستەمە مرۆڤ بەبێ یارمەتی ئەو هیچ شتێك بكات. وەك ئەوەی خوای گەورە لێرەدا باس لەو تاك و تەنهاییەی خۆی بكات كە پەیوەندیی بە بەندەكانەوە هەیە، وە دەفەرموێت: من ئەو خوایەم كە ئێوە ناتوانن بەبێ یارمەتی و سەرخستنی من هیچ شتێك بكەن، بۆیە پشت هەڵكردن لە دەرگاكەم هیچ سوودێكتان پێ ناگەیەنێت، وە ئەگەر بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانتان ڕوو لە كەسێكی تر بكەن ئەوا بزانن كە هەمووان پێویستیان بە منە، بۆیە گەمژەییە مرۆڤ جامی ئاو هەڵبژێرێت بەسەر كانیدا، چونكە من ئەو كانیەم كە خەڵكی گۆزەكانیان پڕ دەكەن لێی. كەواتە مادام ڕاستیەكە ئەوەیە كە هەرچیتان دەست دەكەوێت تەنها لە منەوە دەستتان دەكەوێت، ئیتر بۆچی لێم نزیك نابنەوە و تەنها لە من داوا ناكەن؟
پێشتر لە كاتی ڕوونكردنەوەی وشەكاندا باسمان كرد كە “الأحد” و “الواحد” دوو سیفەتی خوان، وە جیاوازیەكیش لە نێوانیاندا هەیە؛ چونكە ئەگەر بڵێین “واحد” (یەك)، ئەوا بێگومان دەبێت دان بە بوونی دووەم و سێیەم و چوارەم و هتددا بنێین، وەك ئەوەی دان بەوەدا بنێین كە شتەكانی تریش لەوەوە (سبحانه وتعالی) سەرچاوەیان گرتووە. وە هەروەك چۆن ژمارەكانی 2 و 3 و 4 و ئەوانی تریش هەموویان لە ژمارە یەكەوە سەرچاوە دەگرن، بە هەمان شێوە هەر شتێك لە گەردووندا هەیە لە لایەن خوای گەورەوە پەیدا بووە، وە هەموو شتێكیش بۆ گەیشتن بە كامڵبوونی خۆی پێویستی بە خوایە. وە هەروەك چۆن هیچ ڕووناكیەك بەبێ تیشكی خۆر نابێت، بە هەمان شێوە ئەستەمە شتێكی تر بەبێ فەزڵ و یارمەتی خوا بوونی هەبێت. ئەمەیە مانای ئەوەی كە خوا “واحد”ە.
بەڵام سیفەتی “الأحد”، ماناكەی ئەوەیە كە خودا تاك و تەنها و بێهاوتایە لە زاتیدا. “الأحد” دوو جۆر نەرێكردن دەگەیەنێت، یەكەمیان ئەوەیە كە خوای گەورە لە دووانەوە نەبووە بە یەك، وە دووەمیان ئەوەیە كە ناكرێت لە یەكەوە دوو پەیدا بێت. بەڵام دەكرێت “الواحد” ببێت بە دوو ئەگەر بەرەو ژوور بژمێرین، وە دەكرێت لە دووانەوە یەك پەیدا بێت ئەگەر بەرەو خوار بژمێرین، چونكە لە نێوان خوای گەورە و دروستكراواندا جۆرێك لە هاوبەشی هەیە سەبارەت بە سیفەتەكانی خوای گەورە، بەجۆرێك لە شتەكانی تردا تا ڕادەیەك ڕەنگدانەوەی سیفەتەكانی خوا دەبینین، ئەمەش بەو مانایە دێت كە كاتێك دەڵێین: خوا یەكە (واحد)، دانمان ناوە بە بوونی شتانێكی تر لەگەڵ خوای گەورەدا. بەڵام وشەی “الأحد” هیچ دووەمێكی لەگەڵدا نیە، چونكە ئێمە دەڵێین: واحد اثنان ثلاثة، و ناڵێین: احد اثنان ثلاثة. كەواتە، دروستكراو تا ڕادەیەك لەگەڵ خوای گەورەدا هاوبەشە لە سیفەتەكانیدا، بەڵام هاوبەش نیە لەگەڵیدا لە زاتیدا؛ بۆ نموونە: خودا دەبیستێت، ئێمەش دەبیستین لە ئەنجامی ڕەنگدانەوەی ئەم سیفەتەی خوا لە ئێمەدا. هەندێ لە نەفامەكان دەڵێن ئەم قسەیەی ئێمە كە دەڵێین خودا دەبیستێت و ئێمەش دەبیستین قسەیەكە هاوبەش بڕیاردان و بتپەرستی تێدایە، لەڕاستیدا هیچ هاوبەش بڕیاردانێكی تێدا نیە، چونكە توانای ئێمە بۆ بیستن تەنها ڕەنگدانەوەیەكە بۆ سیفەتی “السميع”ی خوا. گرنگ ئەوەیە كاتێك ئێمە دەڵێین خوا یەكە (واحد)، وەك ئەوەی دان بە بوونی دروستكراوانێكدا بنێین كە بە یارمەتی و توانای خوا سیفەتەكانی خوای گەورە ڕەنگدەدەنەوە تێیاندا، چونكە 2 و 3 و 4 و 5 هەن لە دوای یەك (الواحد) لە ژماردنی بەرەو ژووردا، بەڵام ئەگەر بەرەو خوار بژمێرین ئەوا جارێكی تر دەگەڕێینەوە بۆ یەك، بەڵام وشەی “الأحد” ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئێمە ناتوانین لەدوای ئەو بژمێرین و بڵێین: 2، 3، 4، و ناتوانین لە زۆرەوە بگەڕێینەوە بۆ الأحد.
لەڕاستیدا ئەمە بنەمای ناكۆكیەكەیە، چونكە زۆرێك لە گەلان دەڵێن خوا دوو یان سێ یان زیاترە، پاشان لە زۆرییەوە دەگەڕێنەوە بۆ یەكێتی و دەڵێن ئەو یەكە، وەك چۆن مەسیحیەكان دەڵێن باوك و كوڕ و ڕۆحی پیرۆز هەموویان بوون بە یەك. بەڵام سوورەتی (الإخلاص) ڕوونی دەكاتەوە كە ئەم سێ زاتە (ئوقنوم) ئەگەر بەڵگە بن لەسەر یەكتایی (الوحدانیة) خوای گەورە ئەوا بەڵگە نین لەسەر تاك و تەنهایی خوا(الأحدیة) كە یەكتاپەرستیی تەواوەتی دەیخوازێت. وە لەبەر ئەوەی بڕیار درابوو هەڵەی بیروباوەڕی سێ خوایی (الثالوث) بەتایبەتی لە سەردەمی كۆتاییدا تەشەنە بكات، بۆیە خوای گەورە لە كۆتایی قورئانی پیرۆزدا هۆشداری داوە لەم بارەیەوە و فەرموویەتی ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ واتە بڵێ خوا تاك و تەنها و بێهاوتایە، بۆیە ناكرێت لەم زاتە تاك و تەنهایەوە كوڕێك یان ڕۆحێكی پیرۆز پەیدا ببێت، هەروەك چۆن ناكرێت ئەم سێیانە ببن بە یەك. ئەستەمە خوا (سبحانه وتعالى) جۆراوجۆر ببێت، یان لە جۆراوجۆریەوە بگەڕێتەوە بۆ تاك و تەنهایی. بە كورتی، خوای گەورە سوورەتی (الإخلاص)ی دابەزاندووە بۆ سەلماندنی تاك و تەنهایی خۆی بەتایبەتی لە سەردەمی كۆتاییدا.
لە ئەم سوورەتە كورتەدا، كاتێك خوای گەورە بەڵگەی لەسەر بوونی خۆی هێناوەتەوە، بە هەمان شێوە هاوبەشدانانیشی بە تەواوی ڕیشەكێش كردووە. هاوبەشدانان (شرك) دوو جۆرە: یەكەمیان باوەڕبوونە بە بوونی چەندین خوا ئەگەرچی هەندێكیان لە هەندێكی تریان گەورەتر بن، وە دووەمیشیان: دانانی هەموو شتێكی جگە لە خوا بە دروستكراو، لەگەڵ پێدانی پلەی خودایەتی بە هەندێ لەم دروستكراوانە. جۆری یەكەم هاوبەشدانانە لە زاتی خوادا، وە جۆری دووەم هاوبەشدانانە لە سیفەتەكانی خوادا، وە خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ بیروباوەڕی هەموو ئەوانەی پووچەڵ كردووەتەوە كە باوەڕیان بە دوو یان سێ خوا هەیە، یان كوڕ یان كچی بۆ دادەنێن، یان بت دەپەرستن.كەواتە سەرەتا خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾، پاشان بە فەرمایشتی ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾، پاشان بە فەرمایشتی ﴿وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ كُفُوًا أَحَدُۢ﴾ ڕوونی كردووەتەوە كە ئەو كەسانەی شتەكانی تر دەكەنە هاوبەش لە سیفەتەكانی خوادا ئەوانیش لەسەر بەتاڵن، بەجۆرێك مرۆڤ هەرچەندە گەورە بێت لە هەموو بارودۆخێكدا پێویستی بە خوای گەورە هەیە، چونكە ئەستەمە هیچ دروستكراوێك بگاتە پلەی خوا، و ناشتوانێت بەشدار بێت لە كارەكانی خوای گەورەدا.
شیكردنەوەی وشەكان:
الصَّمَد: ئەو سەردارەیە كە بەبێ ئەو هیچ كارێك جێبەجێ نابێت؛ هەمیشەیی؛ بەرز و بڵند (الأقرب).
وە لە “المفردات”دا هاتووە: “الصَّمَدُ: ئەو سەردارەیە كە لە كاروباردا ڕووی تێدەكرێت.”
تەفسیر: فەرمایشتی خوای گەورە ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾ بانگەشەیەك بوو، وە ئێستا بەڵگەی بۆ هێناوەتەوە و فەرموویەتی: ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾. “الصمد”یش ئەو كەسەیە كە پێویستی بە هیچ شتێك نیە و هەموو شتێكیش پێویستی بەوە.
موفەسیرەكان پێیان وایە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾ تەنها بۆ سەروا (سجع) هاتووە. ئەمەش بانگەشەیەكی پووچە، لەڕاستیدا هەموو ئایەتێك لەم سوورەتەدا بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر ناوەڕۆكی ئایەتەكەی پێشوو. خوای گەورە لە ئایەتەكەی پێشوودا ڕایگەیاندووە كە ئەو تاك و تەنها و بێهاوتایە (الأحد)، وە ئێستا بەڵگەی بۆ ئەوە هێناوەتەوە و فەرموویەتی: ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾ واتە: مادام هەموو شتێك پێویستی بە خوای گەورەیە، وە مادام خوا (سبحانه وتعالى) مەبەستەكانمان دەهێنێتەدی، ئیتر چ پێویست بە پەروەردگارێكی تر دەكات؟ باوەڕبوون بە پەروەردگارێك تر جگە لە خوای گەورە، وا دەخوازێت كە بڵێین ئەو خوایەكی بێهوودەیە -پەنا بە خوا- و شتی بێهوودەش هەرگیز نابێت بە خوا، چونكە ئاوی بێهوودە یان هەوای پیس هیچ بەهایەكی نیە، بە هەمان شێوە خوای بێهوودەیش هیچ بەهایەكی نیە. هەڵبەت خوای گەورە بەدیهێنەری هەموو شتەكانە و خۆی پێداویستی هەمووان دابین دەكات، بۆیە ڕووكردنە كەسێكی تر بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانمان كارێكی بێهوودە و پووچە. بەمەش دەچەسپێت كە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾ وەك بەڵگەیەك هاتووە لەسەر تاك و تەنهایی (الأحدیة) خوای گەورە.
لەوانەیە كەسێك لێرەدا بڵێت: ئەو قسەیەی كە دەڵێت خوا پێویستی بە كەس نیە تەنها بانگەشەیەكە و بەڵگەكەی لەبەرچاوی خەڵكدا ئاشكرا نیە، چونكە خوا بەم چاوە ماددیە نابینرێت.
تەنها بە یەك شێواز وەڵامی ئەم پرسیارە دەدرێتەوە، ئەویش ئەوەیە بەڵگە بهێنینەوە لەسەر ئەوەی هەموو شتێكی جگە لە خوای گەورە پێویستی بە شتێكی ترە، بەمەش لەخۆوە ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورە پێویستی بە كەس نیە. یەكێك لە حەقیقەتە ڕوونەكانیش كە وەكو خۆری ناوەڕاستی ئاسمان وایە ئەوەیە كە لە دنیادا هیچ شتێك نیە لە خودی خۆیدا كامڵ و بێكەموكوڕی بێت، بەڵكو هەموو شتێك بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە شتانێكی تر هەیە. هەموو گەردیلەیەك لە گەردووندا كاریگەری لەسەر گەردیلەیەكی تر هەیە، هەندێ جار ڕووناكی كاری تێدەكات و هەندێ جاریش ئەو ئەثیرەی (Ether) كە تازە دۆزراوەتەوە، وە مرۆڤ كە بە كامڵترین دروستكراو دادەنرێت پێویستی بە ئاو و خۆراك هەیە، وە خۆریش بۆ مانەوەی پێویستی بە شتانێكی ترە لە گاز و هەسارە و ئەستێرەكان و شتی تر، وە زەویش بۆ مانەوەی پێویستی بە شتانێكی زۆر هەیە لە هەوا و ئەثیر و هێزی كێشكردنی هەسارە و ئەستێرەكانی تر. كەواتە هەموو شتێك -هەرچەندە گەورە و زەبەلاحیش بێت- پێویستی بە شتانێكی تر هەیە، و ئەم پێویستیەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە گەردوون لە خۆیەوە ڕانەوەستاوە، بەڵكو كەسێك هەیە كە بەڕێوەی دەبات و دەیپارێزێت، چونكە ئەو كەسەی پێویستی بەوانی تر بێت نابێت بە بەدیهێنەری خۆی و ئەزەلیش نیە.
لەوانەیە كەسێك لێرەدا بڵێت: تازە دۆزراوەتەوە كە شتەكان پێویستیان بە یەكتریە، لەوانەیە توێژینەوەكانی داهاتوو ئەوە بسەلمێنن كە گەردوون بە گشتی بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە كەس نیە!
وەڵامەكەش ئەوەیە: یەكەم: لەوانەیە توێژینەوەكانی داهاتوو زیاتر ئەوە بسەلمێنن كە گەردوون بۆ مانەوەی پێویستی بە كەسێك هەیە، بەم شێوەیە زیاتر ڕوون دەبێتەوە كە بەدیهێنەرێكی هەیە. بۆیە ئەم ڕەخنەیە هیچ بەهایەكی نیە؛ چەندین جار توێژینەوە و دۆزینەوەكان گۆڕاون، بەڵام لە هیچ قۆناغێكدا پێچەوانەی ئەم حەقیقەتە نەبوون، بەڵكو هەمیشە جەختیان لێ كردووەتەوە، بۆیە سەلماندنی ئەم حەقیقەتە لە لایەن هەر توێژینەوەیەكی نوێوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە توێژینەوەكانی دواتریش پووچەڵی ناكەنەوە بەڵكو زیاتر جەختی لێ دەكەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا گریمان گەردیلەیەك هەیە لە خودی خۆیدا كامڵە، ئەوا لەم دۆخەیشدا پێویستی بە كەسێك دەبێت كە بەو شێوەیە دروستی كردبێت. بەڵام لە ڕووی عەقڵەوە مەحاڵە هیچ گەردیلەیەك هەبێت لە خودی خۆیدا كامڵ و بێكەموكوڕی بێت، چونكە تەنها ئەو كەسە ئەم سیفەتەی دەبێت كە خاوەنی ئیرادە و توانای ڕەهایە.
پاشان پرسیارێكی تریش هەیە ئەویش ئەوەیە: ئەو ماددەیەی كە لە خودی خۆیدا بە كامڵ دادەنرێت ئەستەمە شێوەكەی بگۆڕێت، چونكە گۆڕانكاری بەهۆی تێكەڵبوون و كارلێككردن لەگەڵ شتێكی تردا ڕوودەدات، وە هیچ شتێك كارلێك لەگەڵ شتێكی تردا ناكات مەگەر ئەوەی ناتەواو بێت، بەڵام شتی تەواو و بێكەموكوڕی گۆڕانكاری قەبووڵ ناكات و ناكرێت بەشێوەیەكی ڕاستەقینە كارلێك بكات لەگەڵ شتێكی تردا، بەڵكو نموونەی كارلێككردنی لەگەڵ شتێكی تردا وەكو نموونەی تێكەڵكردنی شەكرە لەگەڵ ئاو، ئەگەر ئاوەكە وشك بووەوە شەكرەكە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخەكەی خۆی. بۆیە ئەگەر لەڕاستیدا گەردیلەیەك یان ماددەیەكی لەم شێوەیە هەبێت، ئەوا ناكرێت ئەم گەردوونەی لێ دروست ببێت، چونكە ئەم گەردوونە شوێنی ئەو گۆڕانكاریانەیە كە كۆتاییان نیە.
بە كورتی، وردبوونەوە لە بوونەوەرەكانی جیهان بە ڕوونی ئاشكرای دەكات كە هەموو شتێك لێرەدا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، وە بۆ مانەوەی پێویستی بە شتێكی تر هەیە، بۆیە دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە كەسێك هەیە ئەم شتە موحتاجانەی دروستكردووە و ملكەچی یاسایەكی كردوون.
هەندێ كەس لێرەدا دەڵێن: گەردوون لە لایەن هێزێكی شاراوەوە بەڕێوە دەبرێت.
بەڵام ئێمە دەپرسین: ئایا ئەم هێزە شاراوەیە خاوەنی ئیرادەیە یان نا؟ ئەگەر بێ ئیرادە بێت ئەوا لە شتانێكی تر دروستكراوە، چونكە هەموو هێزێك لە گەردووندا بەهۆی جووڵەی شتەكانی تر یان بە تێكەڵبوونی هەندێكیان لەگەڵ یەكتری دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەم هێزە شاراوەیە خاوەنی ئیرادە بێت، ئەوا بانگەشەكەی ئێمە دەچەسپێت؛ چونكە ئێمەیش بانگەشە بۆ داننان بە هێزێكی لەم شێوەیە دەكەین.
بە كورتی، خوا لە فەرمایشتی ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾دا بەڵگەیەكی نایابی پێشكەش كردووە لەسەر بوونی خۆی.
وە یەكێك لە ماناكانی “الصمد” بریتیە لە بەرز و بڵند (الرفيع)، كەواتە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾ واتە ئەو زاتەی كە تایبەتمەندە بە تاك و تەنهایی پلەی زۆر بەرزە و بێسنوورە، وە لە سەرووی پێوانەكردنەوەیە (القیاس). وەك ئەوەی خوای گەورە پێمان بفەرموێت ئێوە هەرچەندە لە فڕینتاندا بۆ لای خوا بەرز ببنەوە، ئەوا فڕینێكی سنووردارە چونكە خواكەتان پلەی زۆر بەرزە و بێسنوورە، و ڕێگاكانی نزیكبوونەوە لێی بێسنوورن، بۆیە هەر كەسێك هەرچەندە بەرز ببێتەوە ئەوا هەر لە خوار ئەوەوە دەمێنێتەوە، وە هیچ پلە و مەقامێك نیە كە ئەو كەسەی پێی گەیشتووە بڵێت گەشتەكەم بۆ لای خوا لێرەدا كۆتایی هاتووە.
وە یەكێكی تر لە ماناكانی “الصمد” كە لە تەفسیرەكاندا هاتووە بریتیە لە: دەوڵەمەند (الغني)، واتە: ئەو كەسەی پێویستی بە كەس نیە. بەڵام ئەم چەمكە مانای “الصمد” بە شێوەیەكی ناتەواو دەگەیەنێت، چونكە مانای “الصمد” دوولایەنەیە.. مەبەستم ئەوەیە واتە: ئەو كەسەی پێویستی بە هیچ شتێك نیە، وە هەموو شتێكیش پێویستی پێیەتی. بەمەش دەچەسپێت كە دەوڵەمەند (الغني) بە تەواوەتی مانای “الصمد” ناگەیەنێت، بەڵكو تەنها نیوەی ماناكەی دەگەیەنێت. “الصمد” لە مانادا هاوشێوەی “الرحمن”ە، چونكە “الرحمن” بە مانای ئەو كەسە دێت كە دروستكراوەكەی پەروەردە دەكات بەبێ ئەوەی دروستكراوەكە هیچ كارێكی كردبێت، بۆیە ئەگەر بڵێین هەموو شتێك پێویستی بە خوای گەورە هەیە، ئەوا ئەمە واتە: كۆرپەلەیش لە سكی دایكیدا پێویستی پێیەتی و هەر ئەویشە پەروەردەی دەكات لە مناڵداندا، وە مەڕ و وشتر و ئەسپ هەموویان پێویستیان پێیەتی و هەر ئەویشە هەموو پێداویستیەكانیان دابین دەكات، وە گوناهباریش پێویستی پێیەتی، چونكە میهرەبانیەكەی (رحمانيەتەكەی) پەروەردەی دەكات، بەم جۆرە سیفەتی ڕەحمانیەت بیروباوەڕی كەفارەت و فیدا (قوربانیدان) پووچەڵ دەكاتەوە. وە لەبەر تێنەگەیشتن لەم بابەتە بیروباوەڕی لەبەرگرتنەوەی گیانەكان (تناسخ الأرواح – Reincarnation)ی هیندۆسی داهێنراوە كە ئەم ئایەتانە ئەویش پووچەڵ دەكەنەوە. پاشان كاتێك دەڵێین هەموو شتێك پێویستی بە خوای گەورە هەیە، ئەمە بەو مانایە دێت كە گەردیلەكانی خۆر و مانگ و ئەستێرە و زەوی پێویستیان بە خوای گەورە هەیە، كەواتە هەر شتێك -چ تاك بێت (كە لە لۆژیكدا پێی دەوترێت سادە) یان لێكدراو بێت- پێویستی بە خوا (سبحانه وتعالى) هەیە، وە دواجار خوا (عز وجل) بەدیهێنەری ماددە و خەڵك و ڕۆحیشە. بەمەش دەچەسپێت كە سیفەتی صەمەدیەت میهرەبانی (ڕەحمانیەت) لەخۆدەگرێت.
لەڕاستیدا یەكتاپەرستی سەرچاوەی میهرەبانیە؛ چونكە ئەگەر یەكتاپەرستی نەبوایە ئەوا هیچ میهرەبانیەكیش نەدەبوو. باشترین نموونەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە ئەو ئوممەتانەی باوەڕیان بە یەكتاپەرستی نیە، باوەڕیان بە میهرەبانیش نیە، بۆیە هیندۆسەكان كە نكوڵی لە یەكتاپەرستی دەكەن، نكوڵی لە میهرەبانی خوایش دەكەن، چونكە باوەڕیان وایە دەبێت مرۆڤ سزای بدرێت لەسەر گوناهەكانی، وە ناكرێت خوا لێی خۆش بێت. بەهەمان شێوە مەسیحیەكانیش باوەڕیان بە یەكتاپەرستی نیە، لەبەر ئەوە باوەڕیان بە پێویستیی فیدا (قوربانیدان) هەیە بۆ لێخۆشبوون لە گوناهی بەندەكان. كەواتە هیچ شاراوەیی و گومانێك لەوەدا نیە كە ئەو گەلانەی نكوڵی لە یەكتاپەرستی دەكەن نكوڵی لە میهرەبانیش دەكەن، وە بەو ئەندازەیەی كە باوەڕیان بە میهرەبانی هەبێت، باوەڕیان بە یەكتاپەرستیش هەیە، وە تا زیاتر لە یەكتاپەرستی دوور بكەونەوە زیاتر لە میهرەبانیش دوور دەكەونەوە، بۆیە دەبینین لەم سەردەمەدا جولەكەكان تا ڕادەیەك باوەڕیان بە میهرەبانی خوا هەیە، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە تا ڕادەیەك باوەڕیشیان بە یەكتاپەرستی هەیە. بەڵام ئایینەكانی تر نە باوەڕیان بە میهرەبانی هەیە و نە بە یەكتاپەرستی.
خودای گەورە لە سەرەتای سوورەتی (الإخلاص)دا فەرموویەتی: ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ % ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾ واتە خوا تاك و تەنها و بێهاوتایە، وە بەخششەكانی بەردەوام و ڕەوانن، وە هەموو شتێك سوود لە میهرەبانیەكەی وەردەگرێت و پێویستی پێیەتی. وەك ئەوەی خوای گەورە ئەم دوو ئایەتەی پێكەوە باسكردبێت، بۆ ئەوەی ڕوونی بكاتەوە كە یەكتاپەرستی و میهرەبانی پێكەوە گرێدراون، وە صەمەدییەت ڕەحمانیەتیش لەخۆدەگرێت، كە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی خوا تاك و تەنهایە.
وە یەكێكی تر لە ماناكانی “الصمد” بریتیە لە هەمیشە (الدائم)، واتە ئەبەدی. خوای گەورە بەمە ڕوونی كردووەتەوە كە خۆی حەقە، وە تاك و تەنها و بێهاوتایە، وە لە ئەزەلەوە هەبووە و تا ئەبەدیش دەمێنێتەوە. پێش ئەو هیچ كەسێك نەبووە و دوای ئەویش هیچ كەسێك نابێت، بەڵكو خۆی یەكەم و كۆتاییە.
تەفسیر: خوای گەورە لە فەرمایشتی ﴿قُلۡ هُوَ ٱللَّهُ أَحَدٌ﴾دا ڕایگەیاندووە كە خۆی حەقە، وە تاك و تەنها و بێهاوتایە، پاشان بە فەرمایشتی ﴿ٱللَّهُ ٱلصَّمَدُ﴾ ئەم بانگەشەیەی سەلماندووە.. واتە بەڵگە لەسەر بوونی خوا (سبحانه وتعالى) ئەوەیە كە لە گەردووندا هیچ شتێك نیە لە خودی خۆیدا كامڵ بێت، بەڵكو هەموو شتێك پێویستی بە شتەكانی تر هەیە، وە تەنها خوا پێویستی بە هیچ شتێك نیە. كەواتە پێویستی و موحتاجی هەموو بوونەوەرەكانی جیهان بەڵگەیەكی ڕوونە لەسەر بوونی كردگاری مەزن.
پاشان خوای گەورە فەرموویەتی: ﴿لَمۡ يَلِدۡ وَلَمۡ يُولَدۡ﴾، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر صەمەدیەتی خوا، بەجۆرێك ڕوونی كردووەتەوە كە پێویستی بەهۆی دوو هۆكارەوە ڕوودەدات: پەیوەندیە سەرەتاییەكان (پێشووەكان)، وە پەیوەندیەكانی داهاتوو. مەبەست لە پەیوەندیە سەرەتاییەكان ئەوەیە كە شتێك ببێتە هۆی دروستبوونی شتێك لە نەبوونەوە. وە ئەو شتەی كە بەهۆی شتێكی ترەوە پەیدابووە و لە نەبوونەوە هاتووەتە بوون، دەبێت موحتاج بێت؛ چونكە ئەگەر ئەو هۆكارە نەبووایە ئەوا ئەم شتە بوونی نەدەبوو. بەڵام مەبەست لە پەیوەندیەكانی داهاتوو ئەوەیە كە ئەو شتە نەوە و مناڵی هەبێت، چونكە بوونی مناڵ بەڵگەیە لەسەر پێویستیی ئەو شتە بە مێینە، بگرە بەڵگەیە لەسەر فەوتان و لەناوچوونی خودی شتەكە، چونكە ئێمە لە دنیادا دەبینین ئەو شتەی كە پێش لەناوچوونی ئامانجی دروستبوونەكەی دەهێنێتەدی، نەوە و مناڵی نابێت؛ بۆ نموونە خۆر و مانگ و چیا و ڕووبار و زەوی و شتەكانی تر، ئەم دروستكراوانە دەمێننەوە و لەناوناچن تا ئەو كاتەی ئامانجی بوونیان دەهێننەدی، بۆیە دەبینین نە نەوەیان هەیە و نە مناڵ، بەڵام مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەك پێش هێنانەدی ئامانجی دروستبوونیان لەناودەچن، بۆیە نەوە و منداڵیان هەیە. بەمەش دەچەسپێت ئەوەی باوكی نیە و كوڕی نیە، لەناوچوو نیە، وە لە زاتیدا كامڵە و تاك و تەنها و بێهاوتایە.
كەواتە بە فەرمایشتی ﴿لَمۡ يَلِدۡ وَلَمۡ يُولَدۡ﴾ خوای گەورە هەردوو جۆرە پەیوەندیەكەی نەرێ كردووە، ئەمەش لە لایەكەوە بەڵگەیە لەسەر صەمەدیەتی خوا و لە لایەكی ترەوە بەڵگەیە لەسەر تاك و تەنهایی و بێهاوتاییەكەی. وەك ئەوەی ئەم دوو ئایەتە پێكەوە بەڵگە بن لەسەر ئەو بانگەشەیەی كە لە ئایەتەكەی پێشوودا هاتووە.
پاشان خوای گەورە بە فەرمایشتی ﴿لَمۡ يَلِدۡ وَلَمۡ يُولَدۡ﴾ گومانێكی ڕەواندەوە كە لەوانەیە لێرەدا بۆ كەسێك دروست بێت سەبارەت بە سیفەتی “الصمد” و بڵێت: ئەگەر وای دابنێین كە هیچ شتێك بەبێ یارمەتی خودای گەورە ئەنجام نادرێت، بەڵام ئایا ناكرێت ڕۆژێك لە ڕۆژان خوا تواناكەی لەدەست بدات؟ چونكە لە دنیادا دەبینین هەندێ كەس دەسەڵاتێكی بێسنووریان هەیە، پاشان لەكۆتاییدا لێیان دەسەندرێتەوە و بە تەواوی ژێردەستە و زەلیل دەبن. ئایا ناكرێت ئەمە لەگەڵ خوای گەورەیشدا ڕووبدات؟
خوای گەورە لە وەڵامی ئەمەدا فەرموویەتی: ﴿لَمۡ يَلِدۡ﴾ واتە: ئەگەر تواناكەی ڕووبەڕووی لەناوچوون ببووایەتەوە ئەوا كەسێك دەدۆزرایەوە كە جێگەی بگرێتەوە، بەڵام ئەو ﴿لَمۡ يَلِدۡ﴾ واتە هیچ منداڵێكی نەبووە، وە شتێك بێ نیاز نابێت لە نەوە و منداڵ مەگەر ئەوەی تا هێنانەدی ئامانجەكەی بمێنێتەوە. بۆیە فەرمایشتی خوای گەورە ﴿لَمۡ يَلِدۡ﴾ جەختی لەوە كردووەتەوە كە توانا و هێزی خوا كۆتایی نایەت، وە صەمەدیەتەكەی بۆ هەتاهەتایە بەردەوامە.
لێرەدا بابەتێكی تریش هەیە كە جێگەی سەرنجە، ئەویش ئەوەیە خودای گەورە فەرمایشتی ﴿لَمۡ يَلِدۡ﴾ی پێشخستووە و فەرمایشتی ﴿وَلَمۡ يُولَدۡ﴾ی دواخستووە، لەگەڵ ئەوەی ﴿لَمۡ يَلِدۡ﴾ بەڵگەیە لەسەر ئەبەدیەت، وە فەرمایشتی ﴿وَلَمۡ يُولَدۡ﴾ بەڵگەیە لەسەر ئەزەلیەت، وە ئەزەلیەتیش پێش ئەبەدیەتە، ئیتر بۆچی ڕیزبەندیەكە پێچەوانە كراوەتەوە؟
وەڵامەكە ئەوەیە: ئەزەلیەت كەس ناتوانێت بیزانێت؛ چونكە مرۆڤ زۆر لە دوای ئەوەوە دروست بووە، بەڵكو تەنها دەتوانرێت لە ڕێگەی ئەبەدیەتەوە ئەزەلیەت بزانرێت. وە لەبەر ئەوەی مێژووی جیهان بە ڕوونی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە جیهان هەرگیز لە یارمەتی خودا بێبەش نەبووە، وە هەرگیز مناڵی نەبووە، بۆیە دەچەسپێت كە خوا ئەبەدیە، كەواتە بە دڵنیاییەوە ئەزەلیە؛ چونكە ئەستەمە كەسێك لە داهاتوودا لە فەوتان و لەناوچوون ڕزگاری ببێت مەگەر ئەو كەسەی لە ڕابردوودا لە كەموكوڕی لەدایكبوون ڕزگاری بووبێت.
﴿وَلَمْ يَكُنْ لَهُ كُفُوًا أَحَدٌ﴾
شیكردنەوەی وشەكان:
كُفُوًا: الكُفؤ: هاوشێوە، دەگوترێت: ئەمە هاوتاكەیەتی واتە هاوشێوەكەیەتی (الأقرب).
وە لە “المفردات”دا هاتووە: “الكُفْءُ” لە پلە و پێگەدایە.”
كەواتە الكفء ئەو كەسەیە كە هاوشێوە و هاوتایە لە پلەدا.
تەفسیر: موفەسیرەكان دەڵێن فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ كُفُوًا أَحَدُۢ﴾ بۆ دووبارەكردنەوە و جەختكردنەوە هاتووە بۆ ئەو مەبەستەی كە لە ئایەتەكەی پێشوودا هاتووە. ئەمەش قسەیەكی نادروستە؛ بەڵكو لەڕاستیدا بۆ ڕەواندنەوەی گومانێك هاتووە، ئەویش ئەوەیە كە تەنانەت ئەگەر كەسێكیش هەبێت سیفەتەكەی ئەوە بێت كە لەدایك نەبووە و مناڵی نەبووە، بەڵام هێشتا گومانێك دەمێنێتەوە كە لەوانەیە بوونەوەرێك بەم سیفەتانەوە هەبێت، بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی بابەتەكە وا نیە؛ چونكە نەك تەنها خوا كوڕی كەس نیە و كوڕیشی نیە، بەڵكو هیچ هاوتا و هاوشێوەیەكیشی نیە.
بەڵام ئەو پرسیارەی كە دەڵێت: چ بەڵگەیەك هەیە لەسەر ئەوەی خوا هیچ هاوتا و هاوشێوەیەكی نیە، وەڵامەكەی ئەوەیە كە بەڵگەكە ئەم فەرمایشتەی خودای گەورەیە ﴿لَوۡ كَانَ فِيهِمَآ ءَالِهَةٌ إِلَّا ٱللَّهُ لَفَسَدَتَاۚ﴾ (الأنبياء: 23) واتە ئەگەر دوو خوای هاوشێوە هەبوونایە ئەوا ئاسمانەكان و زەوی تێكدەچوون، چونكە بوونی دوو خوای هاوشێوە (یەكسان) بەو مانایە دێت كە یەكێكیان بێكارە، چونكە ئەگەر لە كارەكانیاندا یەكسان بن ئیتر چ پێویستیەك بە بوونی ئەوی تر دەكات؟
كەواتە فەرمایشتی ﴿لَفَسَدَتَاۚ﴾ واتە ئامانجی دروستكردنی ئاسمانەكان و زەوی دەبوو بە شتێكی بێهوودە. ئەمە یەكەم. وە دووەم: ئەگەر دوو خوای هاوشێوە و هاوتا هەبوونایە ئەوا بە دوو پلانی هاوتەریب كاریان دەكرد، وە بەشێكی گەردوون دەچووە پاڵ یەكێكیان و بەشەكەی تریش بۆ ئەوی تریان، بەڵام واقیع ئەمە پووچەڵ دەكاتەوە، چونكە لە هەموو گەردووندا تەنها یەك یاسا دەبینین، ئەو یاسایەی كە لەسەر خۆر كار دەكات هەمان ئەو یاسایەیە كە لەسەر زەوی و لەودیو ئەوانیشەوە لە تەنە ئاسمانیەكان و هەسارەكان و شتەكانی تردا كار دەكات. جا مادام ئەو یاسایەی كە لە گەردووندا بەردەوام كاردەكات یەكە، بەمەش دەچەسپێت كە دوو خوا بوونیان نیە كە هاوشێوە بن لە هێز و توانادا.
پاشان فەرمایشتی خوای گەورە ﴿وَلَمۡ يَكُن لَّهُۥ كُفُوًا أَحَدُۢ﴾ بە شێوازێكی نایاب حەقیقەتێكی تر ئاشكرا دەكات، ئەویش ئەوەیە: لەگەڵ ئەوەی بەندەكان سیفەتی هاوشێوەی سیفەتەكانی خوای گەورەیان هەیە، بەڵام ئەستەمە هاوتا و هاوشێوەی هەبێت لە سیفەتەكانیدا، چونكە خەڵك بەو شێوەیە ئەو سیفەتانەیان نیە كە وا بكات یەكێكیان ببێتە هاوتای خوای گەورە. بۆ نموونە مرۆڤ دەبینێت و دەبیستێت، بەڵام بیستن و بینینەكەی سنووردار و ناتەواوە بە جۆرێك هیچ بەراوردێك ناكرێت لە نێوان ئەو و خودای گەورە لەم دوو سیفەتەدا. ئاژەڵیش لە بینین و خواردن و ڕۆیشتندا لە مرۆڤ دەچێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت بە هاوتا و هاوشێوەی مرۆڤ دابنرێت، چونكە مرۆڤ بە بینین و دەم و قاچەكانی شتێك ئەنجام دەدات كە ئاژەڵ بەهۆی ئەو ئەندامانەیەوە پێی ناكرێت، مرۆڤ بە چاوەكانی شتەكان دەبینێت و بیردۆزی نوێ پێشكەش دەكات لەسەر بنەمای ئەوەی بینیویەتی، بەڵام ئاژەڵ ناتوانێت ئەوە بكات، وە مرۆڤ بە دەمی دەخوات بەڵام زۆر خۆی دەپارێزێت كە شتێك نەخوات زیان بە تەندروستیەكەی بگەیەنێت، بەڵام ئاژەڵ ئەوە ناكات، وە مرۆڤ وەكو ئاژەڵ بە قاچەكانی دەڕوات، بەڵام دەتوانێت بە پێیەكانی پایدەر لێبدات بۆ لێخوڕینی پایسكیل و هەندێك جۆری بەلەم، بەڵام ئاژەڵ توانای ئەوەی نیە، چونكە جووڵەی قاچەكانی سنووردارە، بۆیە ناكرێت ببێتە هاوتای مرۆڤ. ئەمە ئەو مەبەستەیە كە خوای گەورە لێرەدا ڕوونی دەكاتەوە، وە دەفەرموێت بیستن و بینینی خوا ناكرێت بەراورد بكرێت بە بیستن و بینینی مرۆڤ، چونكە جیاوازیی نێوانیان زۆرە؛ دیارە خوای گەورە پشتی پشتەوە دەبینێت و هیچ شتێكی لێ شاراوە نیە، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت پشتی دیوار ببینێت. هەروەها ئەگەر مرۆڤ قسە بكات ئەوا كەسانی تر دەیبیستن، بەڵام خوای گەورە ئەگەر قسە لەگەڵ پێغەمبەرەكەیدا بكات لە كۆڕێكدا ئەوا كەسانی دەوروبەری ناتوانن گوێیان لە قسەكانی بێت، وە نهێنی نهێنیەكان و شاراوەی شاراوەكانیان پێی دەڵێت بەبێ ئەوەی كەسانی تر بزانن. بەمەش دەچەسپێت ناكرێت مرۆڤ ببێتە هاوتای خوا سەرەڕای ئەوەی كە دەبیستێت و دەبینێت. وە بەم شێوەیە خوای گەورە ئەو گومانەی ڕەواندەوە كە بەهۆی بوونی لێكچوون لە نێوان سیفەتەكانی خوا و سیفەتەكانی مرۆڤدا دروست دەبێت.
پێشتر ڕوونم كردەوە خوای گەورە ئەم سوورەتەی دابەزاندووە بۆ لەناوبردنی ئەو ئاژاوە سامناكانەی كە لە سەردەمی كۆتاییدا سەریان هەڵدەدا لە ئیلحاد و مەسیحیەتی لادەر، وە بۆ بەڵگەهێنانەوە لەسەر بوونی خۆی (سبحانه وتعالى) و تاك و تەنهاییەكەی و بۆ كۆكردنەوەی گەلان لە دەورەی یەك ناوەند. گەلان پێش ناردنی پێغەمبەر (ﷺ) بە كۆمەڵێكی ناوی جیاواز بانگی خوایان دەكرد، وەكو (God) و (پەرمەیشۆر) و (یەزدان) و (ئیلۆهيم)، وە بەهۆی نەفامییانەوە وایان دەزانی كە فڵانە خوا خوای هیندۆسەكانە، وە فڵانە خوا خوای زەردەشتیەكانە، وە فڵانە خوا خوای جولەكەكانە، وە فڵانە خوا خوای مەسیحیەكانە، بگرە لە كتێبەكانی هەندێكیاندا هاتووە كە خواكەیان “پەرمەیشۆر” یان خواكەیان “ئیلۆهيم” فەرمانیان پێدەكات بە فڵان شت و فڵان شت؛ ئەمەش بەو مانایە دێت كە خەڵكی خوای گەورەیان وەك خوایەكی نەتەوەیی سەیر دەكرد، تا ئەو كاتەی خوای گەورە لە ڕێگەی پێغەمبەرەوە (ﷺ) ناوە زاتیەكەی خۆی ئاشكرا كرد بۆیان -كە بریتیە لە ﴿الله﴾- و پێی ڕاگەیاندن كە ئەم ناوە جیاوازانە وەك پەرمەیشۆر و يزدان و ئیلۆهيم و ئەوانی تر هەموویان ئاماژەن بۆ خوا، ئەگینا خوا یەكە و تاك و تەنهایە، وە ناوە تایبەتەكەی بریتیە لە ﴿الله﴾. خوای گەورە ئاماژەی بەم حەقیقەتە داوە و فەرموویەتی ﴿وَلَئِن سَأَلۡتَهُم مَّنۡ خَلَقَ ٱلسَّمَٰوَٰتِ وَٱلۡأَرۡضَ لَيَقُولُنَّ ٱللَّهُۚ﴾ (لقمان: 26)، ئەمە بەو مانایە نایەت كە ئەوان لە كاتی وەڵامدانەوەدا ناوی (الله) دەهێنن، بەڵكو مەبەست ئەوەیە بە هەر ناوێك بانگیان كردبێت ئەوا ئاماژەیە بۆ خوای گەورە. بۆیە لەڕاستیدا خوا یەكە، وە خۆی بەدیهێنەری ئاسمانەكان و زەویە، ئەگەرچی هیندۆسەكانیش پێی بڵێن پەرمەيشۆر و مەسیحیەكانیش پێی بڵێن (God). بێگومان خوا (سبحانه وتعالى) خوایەكی نەتەوەیی نیە، بەڵكو پەروەردگاری جیهانیانە، وە هەموو نەتەوەكان بە ناوێك لە ناوەكان باوەڕیان پێیەتی.
PDF