بەرەكەتەكانی دوعا
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
پێشبینیەكی تر دەربارەی لیكهرامی پیشاوەری
بەسەرنجدانەوە ئەمەی خوارەوە بخوێننەوە چونكە بەدڵنیاییەوە مژدەی تێدایە بۆتان
بانگەوازێك بۆ سەرۆك و خانەدان و پیاوماقووڵان و بەرپرسانی حكومەت
ڕاگەیاندنێك بۆ ئەو كەسانەی حەزیان لە كتێبی “مرآة كمالات الإسلام”ە
…………..

وەرگێڕانی لاپەڕەی بەرگی چاپی یەكەم
“بەرەكەتەكانی دوعا”
بۆ وەڵامدانەوەی كۆمەڵێك بیروبۆچوونی سەید ئەحمەد خان، كەی سی ئێس ئای كە نوێكاری سەردەم و مەسیحی چەرخ، میرزا غوڵام ئەحمەد نووسیویەتی بۆ سوودی خەڵكی گشتی، وە لە ڕەمەزانی ساڵی 1310ك بڵاوی كردووەتەوە پاش چاپكردنی لە چاپخانەی “ریاض هند” لە قادیان بەسەرپەرشتی شێخ نوور ئەحمەد خاوەنی چاپخانەكە.
ڕەخنەی ڕۆژنامەی “أنیس هند” كە لە شاری “میرتھ” دەردەچێت لە پێشبینیەكی من
ئەو ژمارەیەی ڕۆژنامەی ناوبراوم پێگەیشت كە لە ڕێككەوتی 25/3/1893ز دەرچووە، وە هەندێ ڕەخنەی تێدایە لەو پێشبینیەی من كە دەربارەی لیكهرامی پیشاوەری بڵاوم كردووەتەوە. [وشەكانی پێشبینیەكە بەم جۆرەیە: لە 20/2/1886ز ڕاگەیاندنێكم بڵاوكردەوە تێیدا پێشنیارم كرد بۆ ئیندەرمان و لیكهرامی پیشاوەری كە ئەگەر حەز بكەن ئەوا دەتوانم هەندێ پێشبینی بڵاوبكەمەوە سەبارەت بە سەرنجامیان لەداهاتوودا، ئەندەرمان خۆی بەدوورگرت لە پێشنیارەكەم و ماوەیەكی كەم دوای ئەوە مرد. لەلایەكی ترەوە لیكهرام بەوپەڕی چاوقایمیيەوە پێشنیارەكەمی قەبوڵكرد و نامەیەكی نووسی بۆم كە دەتوانم هەر پێشبینیەك بڵاوبكەمەوە دەربارەی ئەو. دواجار لەوەڵامدانەوەی دوعایەكمدا لەلایەن خوای بەتواناوە ئەم وەحیەم پێگەیشت: “عجل جسد له خوار له نصب وعذاب”، ئەمە تەنھا گوێرەكەیەكی بێ گیانە، بۆڕەیەكی خەماوی لێیەوە دەردەچێت. بەش بەحاڵی ئەو بەهۆی گاڵتەكردن بە پیرۆزیەكانی ئیسلام و زمانی پیسیەوە سزایەكی سەختی بۆ بڕیاردرا. ئەمڕۆ، دوو شەممە 20/2/1893ز كاتێك دوعام كرد بۆ ئەوەی وادەی ئەم سزا نزیكە بزانم، بۆم ئاشكرا بوو كە لەمڕۆوە -20/02/1893ز- لە ماوەی شەش ساڵدا ئەم كەسە تووشی سزایەكی ترسناك دەبێت بەهۆی ئەو زمانە پیسەی بەكاریهێناوە دژی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ). لەبەرئەوە، ئێستا ئەم پێشبینیە بڵاودەكەمەوە بۆ ئەوەی موسوڵمانان و مەسیحیەكان و ئارییەكان و شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تریش بزانن. ئەگەر لەماوەی ئەم شەش ساڵەدا ئەم كەسە تووشی سزایەكی خوایی نەبوو كە بەسروشتی خۆی سزایەكی موعجیزەئاسا بێت و جیاواز بێت لە ئازار و نەخۆشیە باوەكان و زۆر دوور بێت لە ئێش و ئازارە ئاساییەكان و ترس و بیمێكی خوایی لەگەڵدا بێت؛ ئەوا لەم دۆخەدا پێویستە بزانرێت كە من لەلایەن خواوە ڕەوانە نەكراوم، وە ئەم وشانە وتەی ئەو نین، وە ئەگەر چەسپا من لە پێشبینیەكەمدا درۆم كردووە؛ ئەوا ئامادە دەبم بۆ هەر جۆرە سزایەك”. (مجموعة اشتهارات، ج1، ص304-305) (بڵاوكاری كوردی)]
وە زانیم كە ئەم قسە ڕاستە قورس و ناخۆش بووە بەلای هەندێ ڕۆژنامەی تریشەوە. لەڕاستیدا مایەی دڵخۆشیمە كە ئەو پێشبینیە لەسەر دەستی نەیارەكان خۆیاندا بەردەوام بڵاودەبێتەوە و ناوبانگ پەیدادەكات. بۆیە پێموایە لێرەدا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕەخنەیە ئەوەندە بەس بێت كە بڵێم خوای گەورە هەر كارێكی كردووە كە ویستوویەتی و بەو شێوەیەی كە ویستوویەتی. وە من هیچ دەستێكم لەمەدا نیە. بەڵام ئەو ڕەخنەیە كە پێشبینیەكی لەم شێوەیە هەرگیز سوودی نابێت بەڵكو هەندێ گومانی تێدا دەمێنێتەوە؛ من باش دەزانم ئەم ڕەخنەیە هێشتا كاتی نەهاتووە. هەڵەبەت دانی پێدادەنێم و دانپێدانانەكەم دووبارە دەكەمەوە كە ئەگەر سەرەنجامی ئەم پێشبینیە -وەك نەیارەكان دەڵێن- بریتی بێت لە تووشبوونی لیكهرام بە تایەكی ئاسایی یان هەندێ ئێش و ئازار یان سكچوونێكی ئاسایی، پاشان بەتەواوەتی چاك بێتەوە؛ ئەوا هەرگیز ئەوە بە پێشبینی ئەژمار ناكرێت، وە بەدڵنیاییەوە دەچەسپێت كە شتێك نەبووە جگە لە فێڵ و چەواشەكردن، چونكە هیچ كەسێك سەلامەت نیە لەم جۆرە نەخۆشییانە، دیارە ئێمە هەموومان ناوبەناو نەخۆشدەكەوین. وە ئەو كاتە بەدڵنیاییەوە شایستەی ئەو سزایە دەبم كە باسم كردووە. بەڵام ئەگەر پێشبینیەكە هاتەدی بەشێوەیەك تێیدا نیشانەكانی تووڕەیی خوا زۆر بەڕوونی و جوانی دەركەوتن، ئەوا بزانن كە لەلایەن خواوەیە (عز وجل). لەڕاستیدا گەورەیی و شكۆی خۆیی پێشبینیەكە داخوازی دەستنیشانكردنی ڕۆژ و كاتژمێر ناكات بەڵكو ئەوەندە بەسە سنووری ئەوپەڕی دیاری بكرێت بۆ دابەزینی سزاكە. پاشان ئەگەر لەڕاستیدا پێشبینییەكە بە شكۆیەكی گەورەوە دەركەوت ئەوا لەخۆوە دڵەكان ڕادەكێشێت بۆلای خۆی، بەمەش بەتەواوەتی هەموو ئەو گومان و تانە و تەشەرانە نامێنن كە پێش وەختە لەدڵدا جێگیر دەبن، ئینجا كەسانی بەویژدان و خاوەن بۆچوونی ڕاست و دروست بەجۆش و خرۆشەوە پاشگەزدەبنەوە لە بۆچوونی پێشووی خۆیان. سەرەڕای ئەوە منیش ملكەچم بۆ یاساكانی سروشت، بۆیە ئەگەر وەك فێڵێك ئەم پێشبینیەم بڵاوكردبێتەوە تەنھا لەسەر بنەمای مەزەندەكردن و خەمڵاندنی پووچ بە لەبەرچاوگرتنی هەندێ نەخۆشی باو، ئەوا ئەو كەسەی كە پێشبینیەكەم كردووە دەربارەی ئەویش دەتوانێت پێشبینی بكات دەربارەی من بەگوێرەی هەمان مەزەندەكردن و خەمڵاندن. بەڵكو من ڕازیم بەوەی پێشبینیەك بڵاوبكاتەوە دەربارەم و ماوەكەی دەستنیشان بكات بە دە ساڵ لەجیاتی شەش ساڵ وەك من دەستنیشانم كردووە بۆ ئەو. لە ئێستادا لیكهرام تەمەنی لە سی ساڵ تێنەپەڕیوە، وە گەنجێكی كەتە و بەهێزە و تەندروستییەكی باشی هەیە، بەڵام من تەمەنم لە پەنجا ساڵی بەرەو ژوورە، پاشان من كەسێكی لاوازم و نەخۆشی درێژخایەنم هەیە و ئازار دەچێژم بەدەست كۆمەڵێك نەخۆشی جۆراوجۆرەوە؛ لەگەڵ هەموو ئەوانەدا، لەداهاتوودا كاتی كێبڕكێكە لەخۆوە ڕوون دەبێتەوە ئەم دووانە كامیان وتەی مرۆڤە و كامیان وتەی خوای گەورەیە.
بەڵام ئەو قسەیەی ڕەخنەگرەكە كە دەڵێت ئەم سەردەمەی ئێستا گونجاو نیە بۆ ڕاگەیاندنی ئەم پێشبینیانە، تەنھا قسەیەكە و خەڵكی بەبێ بیركردنەوە لێدوانی لەم شێوەیە دەدەن و كوێرانە ئەم جۆرە قسانە لە زاریان دێتەدەر. بەڵام من وای دەبینم ئەم سەردەمەی ئێستا گونجاوە بۆ قەبوڵكردنی ڕاستیە جێگیر و تەواوەكان، ڕەنگە لە ڕابردوودا سەردەمی لەم شێوەیە نەبووبێت. ڕاستە ئەستەمە فێڵێك یان پیلانێك لەم سەردەمەدا ون بێت و بشاردرێتەوە، ئەمەش زیاتر مایەی خۆشحاڵی پیاوچاكانە چونكە تەنها ئەو كەسەی كە دەتوانێت حەق و باتڵ لەیەك جیابكاتەوە لەناخەوە ڕێز لە حەق دەگرێت و بەگوڕوتین و دڵخۆشییەوە وەریدەگرێت. دیارە هێزێكی ڕاكێشان لە حەق و ڕاستیدا هەیە وا دەكات لە خەڵكی لەخۆوە وەریبگرن. ئاشكرایە خەڵكی لەم سەردەمەی ئێستادا بە بەردەوامی سەدەها ڕاستی نوێ قەبوڵ دەكەن كە باوباپیرانیان قەبوڵیان نەكردبوون. ئەگەر خەڵكی ئەم سەردەمە تینوو نین بۆ ڕاستیەكان ئەوا بۆچی تێیدا شۆڕشێكی سەیر دەستی پێ كردووە؟ كەواتە گومانی تێدا نیە ئەم سەردەمەی ئێستا دۆستی ڕاستیە چەسپاوەكانە و دژایەتییان ناكات. بەڵام ئەو قسەیە كە سەردەمی ئێستا سەردەمی كەسە ژیر و تێگەیشتووەكانە و سەردەمی كەسە سادەكان تێپەڕی، بریتیە لە سەرزەنشتكردنی سەردەمەكە بە كۆمەڵێك وشەی تر، وەك ئەوەی بوترێت ئەم سەردەمە سەردەمێكی خراپە بەجۆرێك خەڵكی ڕاستیەكان قەبوڵ ناكەن تەنانەت پاش ئەوەی وەك كۆمەڵێك ڕاستی حاشاهەڵنەگر دەیانبینن و دان دەنێن پێیاندا. بەڵام بە هیچ شێوەیەك من ئەم قسەیە قەبوڵ ناكەم چونكە دەبینم زۆربەی ئەوانەی دێن بۆلام و سوودم لێ وەردەگرن ڕۆشنبیرە نوێیەكانن كە هەندێكیان بڕوانامەی بەكالۆریۆس یان ماستەریان هەیە. وە هەروەها پێم وایە ئەم ڕۆشنبیرە نوێیانە بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە ڕاستیەكان قەبوڵ دەكەن. نەك هەر ئەمە بەتەنها بەڵكو كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیرە ئینگلیزە ئەوروئاسیاییەكان -ئەوانەی تازە موسوڵمان بوون- كە لە دەوروبەری شاری “میدراس” نیشتەجێن هاتوونەتەناو كۆمەڵەكەمانەوە و باوەڕدەكەن بەهەموو ڕاستیەكان.
پێموایە ئێستا هەموو ئەو شتانەم نووسیوە كە پێویستن بۆ تێگەیشتنی ئەو كەسەی لەخوا دەترسێت. وە ئارییەكان دەتوانن بە ئازادی خۆیان چۆنیان پێ خۆشە لێدوان بدەن لەسەر ئەم وتارەم، وە گوێ نادەم بە هەر شتێك كە دەیڵێن، چونكە دەزانم ستایشی ئەم پێشبینیە یان بەرپەرچدانەوە و سەركۆنەكردنی لەم قۆناغەدا وەكو یەكە و هیچ گرنگییەكی نیە؛ بۆیە ئەگەر پێشبینیەكە لەلایەن خوای گەورەوە بێت، وە من دڵنیام لەلایەن ئەوەوەیە (عز وجل)، ئەوا بەدڵنیاییەوە بەهۆی نیشانەیەكی تۆقێنەرەوە دێتەدی و دڵەكان دەهەژێنێت. بەڵام ئەگەر لەلایەن خواوە نەبێت ئەوا سووكی و ڕسوایی من دەردەكەوێت. وە ئەگەر ئەو كاتە هەستام بە ئەنجامدانی كۆمەڵێك تەئویلی لاواز ئەوا ئەمە زیاتر مایەی سەرشۆڕی و شەرمەزاریمە. بێگومان ئەو خودا ئەزەلی و پیرۆزە كە هەموو هێزێكی هەیە هەرگیز ڕێزناگرێت لە كەسی درۆزن. وە هەرگیز ڕاست نیە كە من دژایەتی لیكهرام دەكەم لەبەر كۆمەڵێك هۆكاری كەسی و تایبەتی، وە هیچ دژایەتیەكی كەسی و تایبەتیم نیە بەرامبەر هیچ كەسێك. بەڵكو لەڕاستیدا ئەم پیاوە دژی ڕاستیە، وە سووكایەتی كردووە بەرامبەر كەسە كامڵ و پیرۆزەكە كە سەرچاوەی هەموو ڕاستیەكانە، بۆیە خوای گەورە بڕیاریدا شكۆ و ڕێزی خۆشەویستەكەی (ﷺ) دەربخات لەجیھاندا.
والسلام علی من اتبع الهدی
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
“الدعاء والاستجابة” و “التحریر في أصول التفسیر”ی سەید ئەحمەد خان، K.C.S.I
“ئەی ئەو كەسەی دیل و یەخسیری عەقڵیت زۆر شانازی مەكە بە خۆتەوە، دیارە ئاسمانی خاوەن شتە سەرسوڕهێنەرەكان زۆر كەسی وەكو تۆی بەرهەم هێنا، ئەو كەسەی جیابوویەوە لەخوا هەرگیز ڕێ ناباتەوە سەر دەرباری خوا، تەنھا ئەو كەسەی لە ئاسمانەوە دێت لەگەڵ خۆیدا كۆمەڵێك ڕاز و نهێنی ئەو خۆشەویستە دەهێنێت، گەمژەییە پێتوابێت خودی خۆت دەتوانیت لە ڕازەكانی قورئان تێبگەیت، وە ئەو كەسەی بە بیروبۆچوونی خۆی قورئان تەفسیر بكات ئەوا پیسی و لاكەتۆپیوی هێناوە. [وەرگێڕانی چەند دێڕە شیعرێكی فارسی (وەرگێڕی عەرەبی)]
سەید ئەحمەدی بەڕێز لەو نامیلكەیەدا كە ئێستا باسكرا بیروبۆچوونی خۆی خستووەتەڕوو دەربارەی دوعا و گوتوویەتی:
گیرابوونی دوعا مانای ئەوە نیە هەموو ئەو شتانە بدرێت بە مرۆڤ كە لە دوعاكەدا داوایان دەكات چونكە ئەگەر مانای گیرابوونی دوعا ئەوە بێت كە مرۆڤ هەموو ئەو شتانەی پێ بدرێت كە لە هەموو بارودۆخێكدا داوایان دەكات ئەوا دوو گرفت پەیدا دەبن:
یەكەم: هەزارەها دوعا هەیە كە مرۆڤ بەوپەڕی ملكەچ و خۆبەكەمزانینەوە و لەدۆخی بەگیرهاتن و ناچاریدا دەیانكات بەڵام داواكاریەكەی جێبەجێ نابێت؛ كەواتە مانای ئەوەیە دوعاكە گیرا نەبوو لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە بەڵێنی گیرابوونی دوعای داوە.
دووەم: ئەو شتانەی ڕوودەدەن لەسەر زەمینەی واقیع پێشتر بڕیاریان لێ دراوە، وە ئەو شتانەی هەرگیز ڕوونادەن بەهەمان شێوە بڕیاریان لێ دراوە، وە ئەستەمە بە پێچەوانەی ئەمەوە شتێك ڕووبدات. جا ئەگەر بڕیارماندا كە مەبەست لە گیرابوونی دوعا بریتی بێت لە پێدانی هەموو ئەو شتانەی داواكراوە ئەوا ئەم بەڵێنەی خوای گەورە: ﴿ٱدۡعُونِيٓ أَسۡتَجِبۡ لَكُمۡ﴾ [غافر: 61] هەرگیز پراكتیك نابێت بەسەر ئەو شتانەدا كە ڕوودانیان بڕیاری لێ نەدراوە، بەگوێرەی ئەم تەفسیرە ناكرێت بەڵێنی گیرابوونی دوعا بەڵێنێكی گشتی بێت، چونكە دوعا تەنھا بۆ ئەو شتانە گیرا دەبێت كە پێشتر بڕیاری ڕوودانیان دراوە، بەڵام بەڵێنی گیرابوونی دوعا بەڵێنێكی گشتییە و هیچ هەڵاواردنێكی تێدا نیە. كەواتە مادام هەندێ ئایەت ئەوە دەخەنەڕوو كە ئەو شتەی پێدانی بڕیاری لێ نەدرابێت هەرگیز نادرێت، وە لەلایەكی ترەوە لە هەندێ ئایەتی ترەوە ساغ دەبێتەوە كە هیچ دوعایەك ڕەت ناكرێتەوە بەڵكو هەمووی گیرا دەبێت، نەك هەر ئەوە بەڵكو ئەوەش ساغدەبێتەوە كە خوای گەورە بەڵێنی گیرابوونی سەرجەم دوعاكانی داوە وەك لەم ئایەتەوە دەردەكەوێت: ﴿ٱدۡعُونِيٓ أَسۡتَجِبۡ لَكُمۡ﴾، كەواتە ڕێگای ڕزگاربوون كامەیە لە دژیەكی و بەریەككەوتنی نێوان ئایەتەكان جگە لەوەی ئەوە هەڵهێنجرێت لە گیرابوونی دوعا كە تەنھا قەبوڵكردنی بەندایەتیە؟ واتە ئەوەی لێ وەربگیرێت كە دوعا بەندایەتییەكە و خوا بەڵێنی قەبوڵكردنی داوە ئەگەر مرۆڤ بە دڵسۆزی و ملكەچی و لارەملیەوە ئەنجامیدا، كەواتە گیرابوونی دوعا هیچ حەقیقەتێكی نیە جگە لەوەی بە بەجۆرێك لە بەندایەتی لەقەڵەم بدرێت و شایستەی پاداشت بێت. بەڵام ئەگەر بەدەستهێنانی شتێك پێشتر بڕیاری لێ درابوو، وە مرۆڤ بە ڕێكەوت دوعای بۆ ئەو شتە كرد ئەوا بەدەستی دەهێنێت، بەڵام نەك بەهۆی دوعاكەوە، بەڵكو تەنھا لەبەرئەوەی بەدەستهێنانی شتەكە پێشتر بڕیاری لێ دراوە. وە سوودی گەورەی دوعا ئەوەیە كاتێك مرۆڤ لەكاتی دوعاكردندا لە زیهنیدا بیروباوەڕی گەورەیی خوا و توانا بێسنوورەكانی جێگیر دەكات ئەوا ئەو هەستە دەجووڵێت و زاڵدەبێت بەسەر هەموو ئەو بیروباوەڕانەدا كە دەبنە هۆی نائومێدبوون و بێ چارەیی، بەمەش ئەو مرۆڤەی دەپاڕێتەوە ئارامگرتن و خۆڕاگری دروست دەبێت تێیدا. وە دروستبوونی ئەم دۆخە لەدڵدا ئەنجامێكی سروشتی بەندایەتییە، وە مەبەست لە گیرابوونی دوعا ئەمەیە.
سەید ئەحمەد لە كۆتایی نامیلكەكەیدا دەڵێت ئەوانەی نازانن حەقیقەتی دوعا چیە و پەی نابەن بە حیكمەتی شاراوە تێیدا دەكرێت ڕەخنە بگرن و بڵێن: مادام شتێكی دانپێدانراوە كە هیچ شتێك ڕوونادات جگە لەو شتەی كە پێشتر بڕیاری ڕوودانی دراوە ئیتر لە بنەڕەتەوە سوودی پاڕانەوە چیە؟ واتە بەدڵنیاییەوە مرۆڤ لە هەموو بارودۆخەكاندا ئەو شتە بەدەست دەهێنێت كە بڕیاری لێدراوە بۆی چ ئەوەی دوعای بۆ بكات یان دوعای بۆ نەكات، وە ئەو شتەی بەدەستهێنانی پێشتر بڕیاری لێ نەدرابێت هەرگیز بەدەست نایەت هەرچەند بە پێداگرییەوە دوعای بۆ بكەین، لە ئەنجامدا دوعا دەبێت بە شتێكی هەوانتە. سەید ئەحمەد لە وەڵامی ئەم ڕەخنەیەدا دەڵێت: حەزی داواكردنی یارمەتی و كۆمەكی لە كاتی بێ چارەیی و داماویدا سیفەتێكە خراوەتەناو سروشتی مرۆڤەوە، وە بەگوێرەی ئەم داخوازیە سروشتیەی خۆی دەپاڕێتەوە بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە داواكارییەكەی جێبەجێ دەبێت یان نا. بێگومان ئەو كەسە دوعا دەكات چونكە ئەوە لە سروشتیدا چێنراوە كە داوای هەموو شتێك لە خوای گەورە بكات.
بێگومان لەو وتارەی كە لەسەرەوە پوختەكەیمان باسكرد ڕوون دەبێتەوە سەیدی بەڕێز باوەڕی وایە ناكرێت و ناگونجێت دوعا هۆكارێك بێت بۆ هێنانەدی ئامانجێك و هیچ كاریگەرییەكی نیە لە بەدەستهێنانی شتی داواكراودا. وە باوەڕی وایە ئەو كەسەی دوعا دەكات ئەگەر مەبەستی لە دوعاكە ئەوە بێت ئەو شتەی پێ بدرێت كە بەهۆی دوعاكەیەوە داوای دەكات ئەوا زۆر بەهەڵەداچووە، چونكە ئەو شتەی پێشتر بڕیاری ڕوودانی دراوە پێویستی بە هیچ دوعایەك نیە، وە ئەو شتەی پێشتر بڕیاری ڕوودانی نەدرابێت پاڕانەوە و لاڵانەوە لەپێناویدا سوودی نیە، لەم ڕوونكردنەوەیەوە بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە سەیدی بەڕێز باوەڕی وایە دوعا تەنھا بەمەبەستی بەندایەتی دانراوە، وە لەقەڵەمدانی بە هۆكارێك بۆ بەدەستهێنانی ئامانجێكی دنیایی بیروباوەڕێكی پووچە.
پێویستە لێرەدا ڕوون و ئاشكرا بێت كە سەیدی بەڕێز زۆر بە هەڵە تێگەیشتووە لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز، وە إن شاء الله لەكۆتایی وتارەكەدا بە درێژی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە ڕوون دەكەمەوە، بەڵام لێرەدا زۆر بەداخەوە ئەوە دەڵێم كە ئەگەر سەیدی بەڕێز تێگەیشتنێكی درەوشاوە و پرشنگداری نیە بۆ ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز ئایا كاتی دانانی ئەم وتارە یاسای سروشتیش ون بوو لەبەرچاویدا كە خۆی بانگەشەی شوێنكەوتنی دەكات و پێیوایە هیدایەتی كردەیی خوایە و ڕاڤەی نهێنیە ئاڵۆزەكانی قورئانی پیرۆزە؟ ئایا نەیزانی كە سەرەڕای ئەوەی هیچ شتێكی چاك یان خراپ لە دنیادا نیە كە پێشتر بڕیاری لێ نەدرابێت بەڵام خوا (عز وجل) بۆ بەدەستهێنانی ئەو شتە لە سروشتدا كۆمەڵێك هۆكار و ئامرازی داناوە و هیچ كەسێكی ژیر گومان ناكات لە كاریگەریە چەسپاو و سەلمێنراوەكانیان؟ بۆ نموونە: گریمان پێشتر هەموو شتێك بڕیاری لێ دراوە ئەوا بەگوێرەی ئەمە بەكارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەركردن یان بەكارنەهێنانی هیچ سوودێكی نیە هەروەك چۆن پاڕانەوە یان نەپاڕانەوە هیچ سوودێكی نیە. بەڵام سەیدی بەڕێز هەرگیز ناڵێت زانستی پزیشكی بەتەواوەتی پووچ و بێ نرخە؛ وە پزیشكی ڕاستەقینە (عز وجل) هیچ كاریگەرییەكی دانەناوە لەناو دەرمانەكاندا؟ ئەگەر سەیدی بەڕێز -لەگەڵ باوەڕبوونی بە قەدەری خوایی- داندەنێت بەوەشدا كە دەرمانەكان كاریگەرییان هەیە ئەوا بۆچی ئاژاوە بەرپا دەكات و جیاكاری دەكات لەنێوان یاسا تەریب و هاوشێوەكانی خوای گەورەدا؟ ئایا سەیدی بەڕێز باوەڕی وایە خوای گەورە توانای هەیە كۆمەڵێك كاریگەری بەهێز دابنێت لە هەندێ دەرماندا وەك “التُّربد” و”السَّمقونیا” و”السَّنا” و”حبّ الملوك”، بەجۆرێك خواردنی ژەمێكی تەواو لە هەر یەكێكیان دەستبەجێ دەبێتە هۆی سكچوون، یان بۆ نموونە كاریگەرییەكی بەهێزی داناوە لەناو ژەهری مشك یان بیش یان ژەهرە كوشندەكانی تردا كە لەماوەی چەند خولەكێكدا مرۆڤ دەكوژن ئەگەر بیانخوات؛ بەڵام خوا (عز وجل) وازیهێناوە لە جەختكردنەوە و پێداگری و دوعای پڕ لە ملكەچی و لاڵانەوەی پیاوچاكان وەك ئەوەی جەستەیەكی بێ گیان بن هیچ كاریگەرییەكیان نەبێت؟ ئایا دەكرێت ناكۆكیەك لە سیستەمی خوادا هەبێت، وە ئەو خێر و خۆشی و بەرژەوەندیەی خوا دەیەوێت بۆ بەندەكانی لە دەرمانەكاندا ڕەچاوی بكات و لە دوعاكاندا ڕەچاوی نەكات؟ بەدڵنیاییەوە ئەمە ڕاست نیە، بەڵكو لەڕاستیدا سەیدی بەڕێز خۆی نازانێت فەلسەفەی ڕاستەقینەی دوعا چیە، وە ئەزموونێكی تایبەتی و كەسی نیە سەبارەت بە كاریگەریە قووڵەكانی. وەكو ئەو كەسە وایە كە بۆ ماوەیەكی درێژ دەرمانێك بەكاردەهێنێت كە ماوەكەی بەسەرچوو بێت و كاریگەری نەما بێت، ئینجا دەبینێت كاریگەری نیە بۆیە بڕیارێكی گشتی دەدات بەسەریدا كە هیچ كاریگەرییەكی نیە.
زۆر بەداخەوە سەیدی بەڕێز سەرەڕای ئەوەی گەیشتووەتە تەمەنێكی زۆر و پیر بووە كەچی بەردەوام ئەم زنجیرەیە لە یاسای سروشت شاراوە بووە لێی چونكە تێنەگەیشتووە لە چۆنیەتی پەیوەندی پتەوی نێوان قەزا و قەدەر و هۆكارە ماددییەكان، وە تێنەگەیشتووە لەو پەیوەندیە بەهێز و قووڵ و پتەوەی كە لەنێوان هۆكار و ئەنجامەكاندا هەیە، بۆیە كەوتووەتە هەڵەوە بەجۆرێك باوەڕی وایە كە دەكرێت شتێك ڕووبدات بە بێ ئەو هۆكارە ڕۆحی و ماددیانەی كە خوای گەورە دایناون. گومانی تێدا نیە هیچ شتێك لە دنیادا نیە كە پێشتر بڕیاری لێ نەدرابێت، وە هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ سوودیان لێ وەردەگرێت وەك ئاگر و ئاو و هەوا و خاك و دانەوێڵە و ڕووەك و ئاژەڵ و بێ گیانەكان دەچنە چوارچێوەی شتە بڕیارلێدراوەكانەوە. بەڵام ئەگەر كەسێكی نەفام پێی وا بێت كە بەدەستهێنانی شتێك گونجاوە بە بێ ئەو هۆكارانەی كە خوای گەورە دایناون بۆ ئەم مەبەستە، وە بە بێ ئەو ڕێگایانەی كە خوا دەستنیشانی كردوون و بە بێ ئامرازە ماددیەكان یان ڕۆحیەكان ئەوا ئەم كەسە دەیەوێت حیكمەتی خوای گەورە پووچەڵ بكاتەوە. تەنها دەتوانم یەك مانا بدەم بە ڕوونكردنەوەكەی سەیدی بەڕێز ئەویش ئەوەیە كە ئەو پێی وا نیە دوعا یەكێك بێت لەو هۆكارە كاریگەرانەی كە خۆی زۆر بە توندی جەخت لە بوونیان دەكاتەوە تا ڕادەی زیادەڕەوی. بۆ نموونە ئەگەر لای سەیدی بەڕێز باسی كاریگەری ئاگر بكرێت ئەوا هەرگیز نكوڵی لێ ناكات، وە بە هیچ شێوەیەك ناڵێت ئەگەر پێشتر بڕیاری لێدرابێت كەسێك بسووتێت ئەوا ئەو كەسە دەسووتێت تەنانەت بەبێ بوونی هۆكاری ئاگریش. بۆیە، ئەوەی زۆر سەیرە بەلامەوە ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی موسوڵمانە چۆن نكوڵی دەكات لە كاریگەری دوعا كە هەندێ جار وەكو ئاگر تاریكی ڕۆشن دەكاتەوە و هەندێ جاری تر دەستی دەستدرێژكاری ناڕەسەن دەسووتێنێت. ئایا سەیدی بەڕێز تەنھا كاتی باسكردنی دوعا بیر لە قەدەر دەكاتەوە و لەكاتی باسكردنی ئاگر و شتەكانی تر لەبیری دەكات؟ ئایا خودی قەزا و قەدەر نیە كە كاریگەری هەیە لەسەر هەردووكیان؟ مادەم سەیدی بەڕێز -لەگەڵ ئەوەی باوەڕی بەقەدەر هەیە- بەم گوڕوتینەوە باوەڕی هەیە بە هۆكارە ماددیە كاریگەرەكان تەنانەت زیادەڕەویكردنی لەم بارەیەوە ناوبانگێكی خراپی بۆ پەیدا كردووە، ئەوا بۆچی لە بابەتی دوعادا سیستەمی سروشت لەبیر دەكات كە خۆی دانی پێدا ناوە؟ بەجۆرێك باوەڕی وایە مێشوولە تاڕادەیەك كاریگەری هەیە بەڵام هەمان باوەڕی نیە سەبارەت بە دوعا.
لەڕاستیدا بەتەواوەتی ناشارەزایە لەم بابەتەدا بەجۆرێك ئەزموونی تایبەتی و كەسی بۆ نەڕەخساوە لەم بوارەدا، وە هاوەڵێتی ئەو كەسانەی بۆ نەلواوە كە خاوەنی ئەم جۆرە ئەزموونانەن.
ئێستا، بۆ سوودی گشتی، بەكورتی ڕاستیەكان باس دەكەم دەربارەی گیرابوونی دوعا. پێویستە ڕوون و ئاشكرا بێت لەڕاستیدا گیرابوونی دوعا بەشێكە لە پرسی مەزنی دوعا. وە شتێكی دانپێدانراوە كە ئەو كەسەی تێنەگات لە ئەسڵی بابەتێك ئەوا لە هەموو هەنگاوێكدا تووشی چەندین سەختی و ئاڵۆزی دەبێت لە تێگەیشتنی بەشەكانیدا. لەبەر ئەم هۆكارە سەیدی بەڕێز كەتووەتە هەڵەوە. بێگومان چییەتی و ناوەڕۆكی دوعا بریتیە لەوەی پەیوەندییەكی یەكتر كێشكردن هەیە لەنێوان بەندەی چاكەكار و پەروەردگارەكەیدا، مانای ئەوەیە سەرەتا ڕەحمانیەتی خوای گەورە بەندەكە ڕادەكێشێت بۆ لای خۆی، پاشان بەهۆی هێزی ڕاكێشانی ڕاستگۆیی بەندەكەوە خوای گەورە نزیك دەبێتەوە لێی. وە لە حاڵەتی دوعادا ئەم پەیوەندییە دەگاتە ئاستێكی تایبەتی و تایبەتمەندیە سەیرەكانی دەردەكەون. بۆیە كاتێك بەندەكە تووشی بەڵا و نەهامەتیەكی ترسناك دەبێت بە یەقینی تەواو و هیوای تەواو و خۆشەویستی تەواو و دڵسۆزی تەواو و پێداگری تەواوەوە لە دوعادا مل كەچ دەكات بۆ پەروەردگاری خۆی، وە تا ئەوپەڕی بە ئاگادێتەوە و لە بوارەكانی فەنابووندا بەرەوپێش دەچێت تا دوورترین مەودا، وە پەردەكانی غەفڵەت و بێ ئاگایی دەدڕێنێت، ئەوسا لەپڕدا لەبەردەم قاپی ئەو خوایەدا خۆی دەبینێتەوە و دەزانێت هیچ هاوبەشێكی نیە. ئینجا ڕۆحەكەی سوژدە دەبات لەبەر قاپی خوادا (عز وجل) و ئەو هێزی كێشكردنەی تێیدا دانراوە سۆز و بەزەیی خوای گەورە ڕادەكێشێت بۆی. لەو كاتەدا خوا (عز وجل) ڕوودەكاتە هێنانەدی مەبەستی داواكراو، وە كاریگەری دوعاكە دەهاوێتە سەر هەموو ئەو هۆكارە سەرەتاییانەی كە بەڕۆڵی خۆیان دەبنە هۆی دروستبوونی كۆمەڵێك هۆكاری تر كە پێویستن بۆ هێنانەدی مەبەستی داواكراو. بۆ نموونە ئەگەر دوعا بكات بۆ بارینی باران و دوعاكە گیرا بێت؛ ئەوا بەهۆی كاریگەری دوعاكەوە هەموو ئەو هۆكارە سروشتیانە دروست دەبن كە پێویستن بۆ بارینی باران، وە ئەگەر دوعا بكات لە گەلێك بۆ ئەوەی تووشی وشكەساڵی و برسێتی بن ئەوا ئەو خوایە كە توانای هەیە بەسەر هەموو شتێكدا هۆكارە پێچەوانەكان دروست دەكات لە دژی ئەو گەلە. لەبەرئەوە لای ئەهلی كەشف و كەماڵ، بەهۆی ئەزموونە دەراساكانیانەوە، چەسپاوە كە هێزی دروستكردن و پێكهێنان دەخرێتە دوعای مرۆڤی كامڵەوە، واتە، بە فەرمانی خوا، دوعاكەی كاریگەریی دەبێت لە چینە بەرز و نزمەكانی جیهاندا، وە ڕەگەز و تەنە گەردوونیەكان و دڵی خەڵكی ئاراستە دەكات بەرەو ئەو شتەی پشتگیری هێنانەدی مەبەستە داواكراوەكە دەكات. وە ئەم جۆرە نموونانە لە كتێبە پیرۆزەكانی خوای گەورەدا كەم نین. بەڵكو لەڕاستیدا هەندێ جۆری موعجیزەیش ئەنجامی گیرابوونی دوعا و پاڕانەوەن. وە دوعا سەرچاوەی هەزارەها موعجیزەیە كە لەسەر دەستی پێغەمبەراندا دەركەوتن، هەروەها سەرچاوەی كەرامەتە سەیرەكانە كە وەلیەكانی خوا پیشانیان دان لە كۆنەوە هەتا ئێستا. بێگومان زۆربەی كات بەهۆی دوعاوە جۆرەها كاری دەراسا ڕوودەدەن كە درەوشانەوەكانی توانای ئەو خوایە پیشان دەدەن كە توانای بەسەر هەموو شتێكدا دەشكێت. ئەو ڕووداوە سەیرەی كە لە بیابانی عەرەبیدا ڕوویدا؛ بەجۆرێك سەدان هەزار مردوو لە ڕۆژانێكی كەمدا زیندووبوونەوە، وە ئەو كەسانەی بەدرێژایی نەوەكان ڕەوشتیان خراپ بوو ڕەنگی خواییان گرت، وە ئەو كەسانەی پێشتر كوێر بوون وایان لێهات دەیانبینی، وە لاڵەكان زانیاریە خواییەكانیان گۆدەكرد، وە بەیەكجار لە جیھاندا گۆڕانێكی ڕیشەیی ڕوویدا كە پێشتر چاو نەیبینیبوو، وە هەرگیز گوێ نەیبیستبوو. ئایا دەزانن هەموو ئەمانە چۆن ڕوویاندا؟ تەنها بەهۆی ئەو دوعایانەوە ڕوویاندا كە بەندەیەكی فەنابوو لە خوادا لە قووڵایی شەوە ئەنگوستەچاوەكاندا دەیكردن، ئەو دوعایانە بوو كە شۆڕشێكیان بەرپاكرد لە دنیادا، وە شتانێكی سەیریان دەرخست كە دەركەوتنیان ئەستەم بوو لەسەر دەستی ئەو پیاوە نەخوێندەوارە داماوەدا (واتە پێغەمبەری ئازیز -ص-). خودایە درود و سڵاوی لەسەر بدە و بەرەكەت بڕێژە بەسەریدا بە ئەندازەی خەم و خەفەتی بۆ ئەم ئوممەتە، وە هەتا هەتایە نوورەكانی ڕەحمەتی خۆت ببارێنە بەسەریدا.
هەڵبەت لەمیانەی ئەزموونی كەسی خۆمەوە بۆم دەركەوتووە كە كاریگەری دوعا لە كاریگەری ئاو و ئاگر زیاترە، بەڵكو لە زنجیرەی هۆكارە سروشتیەكاندا شتێك نیە وەكو دوعا كاریگەرییەكی مەزنی هەبێت.
ئەگەر كەسێك گومانی هەبێت بەهۆی ئەوەی كە هەندێ دوعا و پاڕانەوە گیرا نابن و هیچ كاریگەرییەكیان نیە، ئەوا دەڵێم: هەمان شت پیادە دەبێت بەسەر دەرمانەكانیشدا، ئایا دەرمانەكان دەرگای مەرگیان داخستووە؟ یان ئایا ئەستەمە دەرمانەكان ئامانجی خۆیان نەپێكن؟ لەگەڵ ئەوەدا ئایا كەسێك هەیە نكوڵی لە كاریگەریەكانیان بكات؟ زۆر ڕاستە كە قەدەر هەموو شتێكی گرتووەتەوە، بەڵام قەدەر زانستەكانی پووچەڵ نەكردووەتەوە و بە چاوی سووكەوە نەیڕوانیوە بۆیان، وە هۆكارەكانی بە شتێكی بێكەڵك لەقەڵەم نەداوە. بەڵكو ئەگەر وردبنەوە لە بابەتەكە ئەوا دەبینن هۆكارە ماددییەكان و هۆكارە ڕۆحیەكانیش لەبازنەی قەدەر دەرناچن. بۆ نموونە ئەگەر خێر لەچارەی نەخۆشێك نووسرابێت ئەوا هەموو هۆكارەكانی چارەسەری گونجاو بەئاسانی دەڕەخسێت بۆی و جەستەیش تەواو ئامادە دەبێت بۆ سوودوەرگرتن لێیان. ئەو كاتە دەرمانەكە كاریگەریی دەبێت و ئامانجی خۆی دەپێكێت وەك چۆن تیر ئامانج دەپێكێت. هەمان یاسا پیادە دەبێت بەسەر دوعایشدا، واتە تەنھا ئەو كاتە هەموو هۆكار و مەرجەكانی گیرابوونی دوعا كۆدەبنەوە كە خوا دەیەوێت دوعاكە قەبوڵ بكات. بێگومان خوای گەورە سیستەمی ماددی و ڕۆحی گرێداوە بە هەمان زنجیرەی هۆكار و ئامانجەوە، بۆیە هەڵەیەكی گەورەی سەیدی بەڕێز ئەوەیە كە سیستەمی ماددی قەبوڵ دەكات و سیستەمی ڕۆحی ڕەت دەكاتەوە.
لەكۆتاییدا بە پێویستی دەزانم ئەوە بڵێم كە ئەگەر سەیدی بەڕێز پەشیمان نەبێتەوە لە بیروبۆچوونە هەڵەكانی و بەردەوام سوور بێت لەسەر داواكردنی بەڵگە لەسەر كاریگەربوونی دوعا ئەوا با بزانێت كە من فەرمانم پێكراوە ئەم جۆرە چەمكە هەڵانە ڕاست بكەمەوە، پەیمان دەدەم پێش وەخت ئاگاداری بكەمەوە لە گیرابوونی هەندێ لە دوعاكانم. وە هەرگیز بەوە وازناهێنم كە تەنھا ئاگاداری بكەمەوە بەڵكو بڵاویان دەكەمەوە، بەڵام پێویستە لەسەر سەیدی بەڕێزیش جەخت بكاتەوە لەوەی كە پاشگەزدەبێتەوە لە بیروبۆچوونە هەڵەكانی پاش ئەوەی چەسپا كە من ڕاستگۆم لە بانگەشەكەمدا.
سەیدی بەڕێز دەپرسێت: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەڵێنی گیرابوونی هەموو دوعاكانی داوە، كەواتە بۆچی هەموویان گیرا نابن؟ لەڕاستیدا سەیدی بەڕێز لەم بارەیەوە كەوتووەتە هەڵەیەكی گەورەوە. وە ئایەتی: ﴿ٱدۡعُونِيٓ أَسۡتَجِبۡ لَكُمۡ﴾ هەرگیز خزمەتی مەبەستەكەی ئەو ناكات؛ چونكە مەبەست لە دوعا -كە لەم ئایەتەدا فەرمانی پێ كراوە- دوعا ئاساییەكان نیە، بەڵكو بریتیە لەو بەندایەتییەی فەرزكراوە لەسەر مرۆڤ، چونكە شێوگی فەرمان پێكردن لێرەدا مانای واجببوون دەگەیەنێت. وە شتێكی زانراوە دوعاكان هەموویان واجب نین؛ هەڵبەت خوای گەورە لە هەندێ ئایەتدا وەسفی ئەو كەسانەی كردووە كە ئارام دەگرن و فەرموویەتی تەنھا بەوە وازدەهێنن بڵێن: “إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّآ إِلَيۡهِ رَٰجِعُونَ”. وە بەڵگەی بەهێز لەسەر فەرزبوونی ئەم دوعایە ئەوەیە كە خوای گەورە تەنھا بە شێوگی فەرمانكردن وازی نەهێناوە، بەڵكو وشەی بەندایەتی باسكردووە و هەڕەشەی سزای دۆزەخی پێوە گرێداوە لە دۆخی سەرپێچیكردندا. وە شتێكی زانراوە كە ئەم هەڕەشەیە لەگەڵ دوعاكانی تردا نیە، بەڵكو جاروبار پێغەمبەران لەسەر دوعاكردن سەرزەنشت كراون، وەك ئەم ئایەتە شایەتی دەدات: ﴿إِنِّيٓ أَعِظُكَ أَن تَكُونَ مِنَ ٱلۡجَٰهِلِينَ﴾ [هود: 47] لەمەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە ئەگەر هەموو دوعایەك بەندایەتی بوایە ئەوا سەرزەنشتی نووح (عليه السلام) نەدەكرا بە وتەی: ﴿فَلَا تَسَۡٔلۡنِ﴾. وە لە هەندێ كاتدا ئەولیا و پێغەمبەران دوعاكردن بۆ شتێكی دیاریكراو بە بێ ئەدەبی ئەژمار دەكەن، هەڵبەت پیاوچاكان بە گوێرەی “پرس بەدڵت بكە” كاریان كردووە لەم جۆرە كاتانەدا؛ واتە ئەگەر لەكاتی كارەساتدا دڵ بڕیاری دوعاكردنیدا ئەوا دوعایان كردووە، وە ئەگەر بڕیاری دابێت ئارامبگرن ئەوا ئارامیان گرتووە و وازیان لە دوعاكردن هێناوە. سەرەڕای ئەوە خوا (سبحانه وتعالی) بەڵێنی نەداوە بە گیرابوونی هەموو دوعاكان، بەڵكو زۆر بەڕوونی فەرموویەتی كە بەگوێرەی ویستی خۆی دوعاكان گیرا دەكات یان ڕەتیان دەكاتەوە، وەك لەم ئایەتە قورئانیەدا بە ڕوونی ڕایگەیاندووە: ﴿بَلۡ إِيَّاهُ تَدۡعُونَ فَيَكۡشِفُ مَا تَدۡعُونَ إِلَيۡهِ إِن شَآءَ﴾ [الأنعام: 42]. وە ئەگەر سازشمان كرد و گوتمان وشەی “ادعوا” لێرەدا ئاماژە دەكات بۆ دوعا بەشێوەیەكی گشتی؛ ئەوا دەبێت جەخت بكەینەوە لەوەی كە لێرەدا مەبەست لە دوعا دوعایەكە كە هەموو مەرجە پێویستەكانی تێدا بێت. وە هێنانەدی هەموو ئەم مەرجانە بەتەواوەتی لە توانای مرۆڤدا نیە ئەگەر خوای گەورە یارمەتی نەدات.
وە شایانی باسیشە كە لە دوعادا تەنھا لاڵانەوە بەس نیە، بەڵكو دەبێت تەقوا و پاكێتی و ڕاستگۆیی و یەقینی تەواوەتی و خۆشەویستی تەواوەتی و گرنگیدانی تەواوەتی هەبێت، هەروەها دەبێت ئەو شتەی مرۆڤ دوعای بۆ دەكات بۆ خۆی یان ئەوەی بۆ ئەو دوعای بۆ دەكەن لەڕووی ئایین و دنیاوە پێچەوانەی حیكمەتی خوای گەورە نەبێت؛ هەڵبەت زۆر جار ڕوودەدات هەموو مەرجەكان لە دوعادا كۆدەبنەوە بەڵام لای خوا داواكراوەكە پێچەوانەی بەرژەوەندی داواكارەكەیە و خێر نیە لە جێبەجێبوونی داواكارییەكەیدا. بۆ نموونە ئەگەر مناڵێكی زۆر ئازیز و خۆشەویست لای دایكی زۆر بە پێداگریی و گریانەوە داوای ئەوەی لێبكات كە پشكۆیەك یان مارێكی پێ بدات، یان ژەهرێكی دەرخوارد بدات كە لە ڕووكەشدا جوان دەردەكەوێت ئەوا هەرگیز دایكەكە ئەم داواكارییەی مناڵەكەی جێبەجێ ناكات. ئەگەر دایكەكە ئەو كارە بكات پاشان مناڵەكە بەڕێكەوت ڕزگاری بێت لە مردن و یەكێك لە ئەندامەكانی لەكار بكەوێت ئەوا بەدڵنیاییەوە پاش گەورەبوونی سكاڵا دەكات لە دایكە گەمژەكەی. لەپاڵ ئەوەدا كۆمەڵێكی زۆر مەرجی تر هەن كە ئەگەر هەموویان كۆنەبنەوە ئەوا لە بنەڕەتدا دوعا بە دوعا ئەژمار ناكرێت. وە ئەگەر دوعا ڕۆحانیەتی تەواوەتی لەگەڵدا نەبێت، وە ئەگەر پەیوەندیەكی وەك پەیوەندی خزمایەتی نەبێت لەنێوان دوعاكار و داواكاری دوعادا؛ ئەوا ئومێدێكی گەورە نیە بۆ گیرابوونی ئەم جۆرە دوعایە. وە ئەگەر ویستی خوای گەورە نەبێت بۆ گیرابوونی دوعاكە ئەوا هەموو ئەم مەرجانە نایەنەدی، وە ناتوانرێت گرنگیپێدان و هەڵوەستەلەسەركردنی تەواوەتی بەدەست بهێنرێت.
سەیدی بەڕێزیش دان بەوەدا دەنێت كە بەختەوەری و نیعمەت و خۆشی و ئاسوودەییەكانی دواڕۆژ، كە بە ڕزگاربوون گوزارشتی لێ كراوە، تەنھا بریتیە لە ئەنجامی ئیمان و ئەو دوعایانەی لەئیمانەوە پەیدا دەبن. دەی مادام دۆخەكە بەم شێوازەیە ئەوا دەبێت سەیدی بەڕێز دان بەوەدا بنێت كە دوعاكانی باوەڕدار بەدڵنیاییەوە كاریگەرییان هەیە و دەبنە هۆی لابردنی نەهامەتیەكان و بەدەستهێنانی ئامانجەكان ئەگینا چۆن لەڕۆژی قیامەتدا سوودیان دەبێت؟ بەباشی بیربكەنەوە و ڕابمێنن، ئەگەر لە ڕاستیدا دوعا شتێكی پووچ و بێ كاریگەر بێت، وە هۆكارێك نەبێت بۆ لاچوونی نەهامەتی و بەڵا لە دنیادا؛ ئەوا چۆن لە ڕۆژی قیامەتدا بەو شێوەیەی لێدێت و هەمان مەبەست دەهێنێتەدی؟ شتێكی زۆر ڕوونە ئەگەر لەڕاستیدا لە دوعاكانماندا كاریگەرییەك هەبێت ببێتە هۆی ڕزگاربوونمان لە بەڵا؛ ئەوا دەبێت ئەو كاریگەرییە لەم دنیایەشدا دەربكەوێت بۆ ئەوەی یەقین و هیوامان بەهێز بێت، تاوەكو بە گوڕوتینێكی زیاترەوە دوعا بكەین بۆ ڕزگاربوون لەدواڕۆژدا.
بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر دوعا شتێك نەبێت كە شایانی باس بێت و مرۆڤ هیچ شتێكی دەست نەكەوێت جگە لەوەی پێشتر بڕیاری لێ دراوە بۆی ئەوا هەروەك چۆن دوعا -بەگوێرەی بۆچوونی سەیدی بەڕێز- بێ سوودە سەبارەت بە دوورخستنەوەی نەهامەتیەكانی دنیا پێویستە سەبارەت بە دواڕۆژیش شتێكی بێ كەڵك بێت، وە هیوا لە دوعادا هیوایەكی پووچ دەبێت!
نامەوێت درێژە بدەم بەم بابەتە چونكە خوێنەرە بەویژدانەكان پاش خوێندنەوەی ئەم ڕوونكردنەوەیەم بە وردی دەتوانن بەباشی پەی بەوە ببەن كە من بە ئەندازەی پێویست بەڵگەم هێنایەوە لەسەر ئەوەی سەیدی بەڕێز چەند هەڵەیە لە بیروباوەڕەكەیدا دەربارەی دوعا. وە ئەگەر پاش ئەمەیش سەیدی بەڕێز پاشگەزنەبێتەوە لە كەللـەڕەقیەكەی، ئەوا شێوازێكی تریشم نووسیوە بۆ چەسپاندنی بەڵگە لەسەری، وە ئەگەر بەشوێن ڕاستیدا وێڵ بوایە ئەوا هەرگیز پشتی لێ هەڵنەدەكرد. نامیلكەكەی تری سەیدی بەڕێز بە ناونیشانی: “التحریر في أصول التفسیر” بەتەواوەتی دژ و پێچەوانەی نامیلكەی یەكەمیەتی، وەك ئەوەی لە دۆخی مەستیدا هەردوو نامیلكەكەی نووسیبێت چونكە لە نامیلكەی “الدعاء والاستجابة”دا قەدەری پێش خستووە و پێی وایە هۆكارە ئاساییەكان شتانێكی بێ بایەخن، وە بەگوێرەی ئەوە نكوڵی دەكات لە گیرابوونی دوعا لەگەڵ ئەوەی دوعا یەكێكە لە هۆكارە ئاساییەكان كە بەردەوام زیاتر لە سەد هەزار پێغەمبەر و دەیەها هەزار وەلی شایەتییان لەسەر داوە. [بۆ سوودی گشتی لەخوارەوە ئەوە دەگوازمەوە كە قوطبی ڕەببانی و غەوثی سوبحانی شێخ عەبدولقاری گەیلانی (خوا لێی ڕازی بێت) نووسیویەتی لە كتێبی “فتوح الغیبب”دا دەربارەی هەڵوەستەكردن و جەختكردنەوەی پیاوانی كامڵی خوا و كاریگەری دوعا بەگوێرەی ئەزموونە كەسییەكانی خۆی. وە ئامانج لە گواستنەوەی ئەم بڕگەیە ئەوەیە كە لە بوارێكی دیاریكراودا تەنھا شایەتیدانی ئەو كەسە وەردەگیرێت كە ئەزموونی هەیە لەو بوارەدا. دەی بەگوێرەی ئەم بنەمایە تەنها ئەو كەسە شارەزای فەلسەفەی گیرابوونی دوعایە بەشێوەیەكی ڕاست و دروست كە پەیوەندییەكی ڕاستەقینەی هەیە لەگەڵ خوای گەورەدا كە بنیادنرابێت لەسەر ڕاستگۆیی و خۆشەویستی. بۆیە پرسیاركردن لە سەیدی بەڕێز دەربارەی ئەم فەلسەفە پیرۆزە وەك پرسیاركردن وایە لە پزیشكی ڤێتەرنەری دەربارەی نەخۆشی مرۆڤ. ئەگەر سەیدی بەڕێز ڕوونكردنەوەیەكی بدایە دەربارەی پەیوەندییەكانی حكومەتە دنیاییەكان لەگەڵ هاوڵاتیەكانیاندا ئەوا بێگومان شیاوی ئەو كارەیە و لەو بوارەدا شارەزایی هەیە. بەڵام سەبارەت بە ئیلاهیات تەنھا كەسانی ڕەببانی دەیزانن، بڕگەكە بەم جۆرەیە: “فاجعل أنت جملتك وأجزائك أصناما مع سائر الخلق ولا تطع شیئا من ذلك ولا تتبعه جملة، فتكون كبریتا أحمر فلا تكاد تری. فحینئذ تكون وارث كل نبي ورسول، وبك تختم الولایة وتنكشف الكروب وبك تسقي الغیوث، وبك تنبت الزروع، وبك تدفع البلایا والمحن عن الخاص والعام وأهل الثغور، وتقلبك ید القدرة ویدعوك لسان الأزل وتنزل منازل من سلف من أولي العلم ویرد علیك التكوین، وخرق العادات. وتؤمن علی أسرار والعلوم اللدنیة وغرائبھا”. واتە: ئەگەر ویستت لای خوا قەبوڵكراو بیت ئەوا پێویستە باوەڕی تەواوت بەوە هەبێت و بزانیت كە دەست و قاچ و زمان و چاوت و هەموو بوون و قەوارەت و هەموو ئەندامەكانت كۆمەڵێك بتن لەڕێگاكەتدا، وە هەموو دروستكراوانی تر ئەوانیش بتن لەڕێگاكەتدا. مناڵەكانت و هاوسەرەكەت و هەموو ئامانجە دنیاییەكان كە دەتەوێت بیانهێنیتەدی و ماڵ و سامانە دنیاییەكان و ڕێز و شكۆ و پلەوپایەی دنیایی و هەموو هیوا و ترسێكی دنیایی و پشتبەستنت بە هەر كەسێك یان هەر شتێك و ترسانت لەوەی هەر كەسێك ئازارت بدات، هەموو ئەمانە بتن لەڕێگاكەتدا. بۆیە مل كەچ مەكە بۆ هیچ یەكێك لەم بتانە و خۆت گومڕامەكە بە شوێنكەوتنیان. واتە پێویستە لەچوارچێوەی شەریعەت و بەگوێرەی ڕێوشوێنی پیاوچاكان بایەخ بدەیت پێیان. جا ئەگەر ئەو كارەت كرد ئەوا بەنرخ دەبیت وەكو گۆگردی سوور و پلەوپایەت بەڕادەیەك بەرزدەبێتەوە كە بەبیری خەڵكیدا نایەت. وە خوای گەورە دەتكات بە میراتگری پێغەمبەر و نێردراوەكانی خۆی، واتە سەرلەنوێ هەموو ئەو زانست و زانیاری و بەرەكەتانەی ئەوان كە ونبوون و شاراونەتەوە دەبەخشێت بە تۆ. وە دەگەیتە چڵەپۆپەی ویلایەت، لەدوای تۆ هەرگیز كەسێك لەتۆ پلەی بەرزتر نابێت، وە بەهۆی دوعا و كۆڵنەدان و بەرەكەتی تۆوە بەڵا و نەهامەتیە سەختەكانی خەڵكی لادەچن، وە باران دەبارێت لەپێناوی ئەوانەی تووشی وشكەساڵی بوون، وە كشتوكاڵ سەوز دەبێت. وە بەهۆی دوعا و جەختكردنەوەی تۆوە بەڵا و مەینەتیەكان لادەچن لەسەر كەسی تایبەت و گشتی و تەنانەت پاشاكانیش. وە دەستی توانستی خوایی لەگەڵتدا دەبێت و بۆ هەركوێیەك ڕۆیشتیت ئەویش بەهەمان ڕێگەدا دێت. وە دەنگی ئەزەلی بانگت دەكات بۆلای خۆی، واتە هەموو ئەوەی بەسەر زمانتدا دێت لەلایەن خواوە دەبێت و بەرەكەتی تێدەكەوێت. وە دەكرێیت بە خەلیفەی هەموو ئەو پیاوچاكانەی كە پێش تۆ زانستیان پێدراوە. وە جۆرێك لە هێزی دروستكردن دەبەخشرێت پێت واتە دوعا و جەختكردنەوەكەت دەسەڵاتیان دەبێت بەسەر جیھاندا. پاشان ئەگەر ویستت نەبوون بكەیت بە بوون و بوون بكەین بە نەبوون ئەوا وەها دەبێت. وە موعجیزە و كاری دەراسا لەسەردەستی تۆدا دەردەكەون، وە ڕاز و نهێنیە خواییەكان ئاشكرا دەبن بۆت و تێگەیشتنت پێدەدرێت بۆ ئەو بابەتە ورد و قووڵانەی زانستی خوایی كە تۆ بە ئەمیندارێكی شایستە ئەژمار دەكرێیت بۆیان. نووسەر.]
پاشان لە دەستی پێغەمبەراندا جگە لە دوعا چ شتێكی تر هەبووە؟
بەڵام لە نامیلكەی دووەمدا سەیدی بەڕێزی بە هیچ شێوەیەك پێی وا نەبووە قەدەر شتێكە پشتی پێ ببەسترێت؛ چونكە هەموو شتەكانی وەسفكردووە بەوەی بەخودی خۆیان ڕاوەستاون و سەربەخۆن، وەك ئەوەی هەموویان لەدەستی خوای گەورە دەرچووبن و نەتوانێت هیچ گۆڕانكاری و جێگۆڕكێیەك دروست بكات تێیاندا، وەك ئەوەی خوایەتیەكەی لە بازنەیەكی زۆر بچوكدا قەتیس بووبێت و توانستەكانی لە سەردەمی ئێستادا یان لەداھاتوودا كارا نەبێت بەڵكو تەنھا كورتكرابێتەوە لە سەردەمی ڕابردوودا، وە ئەو دۆخەی شتەكانی تێدایە بەهۆی قەدەری خواوە (عز وجل) دروست نەبووبێت -چونكە چەمكی قەدەر مافی زاڵبوونی دانەری قەدەر پێویست دەكات- بەڵكو تایبەتمەندی خۆیی دروستكراوان بێت كە نەشێت گۆڕانكاری و جێگۆڕكێ ڕووبدات تێیدا.
كەواتە ئاشكرایە ئەو تایبەتمەندیانەی كە خوای گەورە توانای نیە بەسەریاندا ناكرێت بە قەدەری خوا لەقەڵەم بدرێن. وە ئەگەر خوا دەسەڵاتی هەبێت بەسەریاندا ئەوا هەمیشە ئەگەری گۆڕانكاری لە ئارادا دەبێت.
بەكورتی، سەیدی بەڕێز لە نامیلكەی دووەمیدا دەسەڵاتی قەدەردانەری ڕاستەقینەی هەڵگرتووە لەسەر هەموو شتێك بەجۆرێك لەڕووی تایبەتمەندیەكانیانەوە بە شوێنكەوتەی ویستی خاوەنی قەدەر نەماونەتەوە (بەقسەی ئەو). ئەمە لە بڕگەی پێنجەمی یاسای جووتیارەكان دەچێت كە پشتاوپشت هاتووە، كە بەهۆیەوە بەریتانیەكان پشتگیری مافی پشتاوپشتی جووتیارە كرێكارەكانیان كردووە تاڕادەیەك كە لەمەودوا خاوەندارەكە هیچ دەسەڵاتێكی نابێت بەسەریاندا. كەواتە سەیدی بەڕێز ئاگر و شتەكانی تری لەجێگەی جووتیارە كرێكارە پشتاوپشتەكان داناوە بەڵكو یاساكەی سەیدی بەڕێز توندوتیژترە لە یاساكەی بەریتانیا چونكە لە بڕگەی پێنجەمی ئەم یاسایەدا بەندێك هەیە ڕێگەی داوە بە دەركردنی جووتیاری پشتاوپشت ئەگەر ئەو پارەیە نەدات كە ماوەی ساڵێك دەكەوێتە سەری ئەگەرچی بڕەكە یەكسان بێت بە دوو قرش، بەڵام سەیدی بەڕێز بەتەواوەتی مافەكانی خاوەنداری زەوتكردووە، ئەمە ستەمێكی گەورەیە.
سەیدی بەڕێز داوای كۆمەڵێك پێوەری كردووە لە نەیارەكەی بۆ تەفسیری قورئانی پیرۆز، وە پێمخۆشە لەم بوارەشدا كەمێك خزمەتی بكەم چونكە، پێش هەر كەسێكی تر، ئەركی منە ڕێنمایی ئەو كەسە بكەم كە ڕێگای ڕاستی ون كردووە.
با بزانرێت پێوەری یەكەم بۆ تەفسیری ڕاست و دروستی قورئانی پیرۆز بریتیە لە شایەتی و بەڵگەكانی قورئان خۆی. پێویستە بەچاكی لەوە ئاگادار بین قورئانی پیرۆز وەك كتێبە ئاساییەكانی تر نیە كە پێویستی بە سەرچاوەی دەرەكی هەبێت بۆ چەسپاندن یان ئاشكراكردنی ڕاستیەكانی. بەڵكو وەك تەلارێكی لەبار و ڕێكوپێك وایە بەجۆرێك ئەگەر یەك خشت لا ببرێت لە شوێنەكەی خۆیدا ئەوا هەموو تەلارەكە دەڕوخێت. لە قورئاندا هیچ ڕاستیەك نیە كە دە یان بیست بەڵگەی ناو قورئان خۆی پشتگیری نەكات. جا ئەگەر مانایەكمان هەڵێنجا لە ئایەتێكی قورئانەوە دەبێت سەرەتا بڕوانین ئایا كۆمەڵێك بەڵگەی تر هەن لە قورئانی پیرۆز خۆیدا بۆ سەلماندنی ڕاستی ئەم مانایە یان نا. ئەگەر هیچ بەڵگەیەكی تر نەبوو پشتگیری تەفسیرەكە بكات بەڵكو ئایەتەكانی تر كە دەربارەی هەمان بابەت دەدوێن دژ و پێچەوانەی ئەم تەفسیرە بوون؛ ئەوا با بزانین ئەو مانایە و ئەو تەفسیرە بەتەواوەتی پووچە، چونكە ناكۆكی و دژیەكی لە قورئاندا ئەستەمە. وە نیشانەی مانای ڕاست و دروست ئەوەیە كە كۆمەڵێك بەڵگەی ڕوون لە قورئان خۆیەوە ڕاستیەكەی بسەلمێنن.
پێوەری دووەم: بریتیە لە تەفسیری پێغەمبەری خوا (ﷺ). گومان لەوەدا نیە كە پێغەمبەری خۆشەویست و ئازیزمان (ﷺ) لەهەموو كەس زیاتر لە قورئانی پیرۆز تێگەیشتووە. جا ئەگەر تەفسیرێكی پێغەمبەر (ﷺ) دەستكەوت ئەوا پێویستە لەسەر موسوڵمان بەبێ هیچ وەستان و دوودڵییەك وەریبگرێت، ئەگینا ڕەگێكی ئیلحادی تێدایە و كەوتووەتە ژێر كاریگەری فەلسەفەوە.
پێوەری سێیەم: بریتیە لە تەفسیری هاوەڵان (خوا لێیان ڕازی بێت). گومانی تێدا نیە هاوەڵان (خوا لێیان ڕازی بێت) یەكەم كەس بوون لە نوورەكانی پێغەمبەریان (ﷺ) وەرگرتووە و یەكەم میراتگری زانستەكانی پێغەمبەرایەتی بوون. چاكەی خوا بەسەریانەوە زۆر بووە، وە لە تێگەیشتندا هەمیشە خوای گەورە یارمەتیداون، بۆیە فەرمانی هەرچیەكیان پێكرابێت بە كردەوە ئەنجامیانداوە.
پێوەری چوارەم: بریتیە لە ڕامان و وردبوونەوە لە قورئانی پیرۆز بە دەروونێكی پاكەوە، چونكە دەروونی پاك گونجاوە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا. هەروەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿لَّا يَمَسُّهُۥٓ إِلَّا ٱلۡمُطَهَّرُونَ﴾ [الواقعة: 80] واتە ڕاستیەكانی قورئانی پیرۆز تەنها بۆ ئەو كەسانە ئاشكرا دەبن كە دڵیان پاك و خاوێنە، چونكە ڕاستیەكانی قورئانی پیرۆز پاك و پیرۆزن و بۆ كەسی دڵپاك دەردەكەون بەهۆی گونجاوی قورئان لەگەڵیدا و ئینجا دەیانزانێت و بۆنیان دەكات و دڵی ڕایدەگەیەنێت كە ئەمە ڕێگا ڕاستەكەیە. وە نووری دڵی پێوەرێكی نموونەییە بۆ تاقیكردنەوەی ڕاستی. بۆیە ئەگەر مرۆڤ خاوەنی ئەم سیفەتە نەبێت و تێنەپەڕێت بەو ڕێگا تەنگەبەرەدا كە پێغەمبەران (عليهم السلام) تێپەڕیون پێیدا؛ ئەوا وا شیاوترە بۆی وازبهێنێت لە ڕووقایمی و خۆبەزلزانین و خۆی بە موفەسیری قورئانی پیرۆز دانەنێت، ئەگینا تەفسیرەكەی تەفسیرێك دەبێت بەبۆچوونی خۆی كە پێغەمبەر (ﷺ) ڕێگری لێ كردووە و فەرموویەتی: “ئەو كەسەی بە بۆچوونی خۆی تەفسیری قورئانی كرد هەڵەی كردووە ئەگەرچی پێی وا بێت پێكاویەتی”.
پێوەری پێنجەم بریتیە لە زمانی عەرەبی. هەڵبەت قورئانی پیرۆز خۆی كۆمەڵێك ئامرازی زۆری داناوە بۆ تێگەیشتن لێی بەجۆرێك مرۆڤ پێویستی نەماوە بە پشكنین و گەڕانی زۆر لە فەرهەنگە عەرەبیەكاندا، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەم گەڕانە مایەی زیاتربوونی تێگەیشتنمانە، بەڵكو هەندێ جار كاتێك پشكنین دەكرێت لە فەرهەنگەكاندا مرۆڤ دەگاتە هەندێ وردەكاری شاراوەی قورئانی پیرۆز و هەندێ نهێنی ئاشكرا دەكات.
پێوەری شەشەم بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی ڕۆحانی بریتیە لە تێگەیشتن لە سیستەمی ماددی. هاوتاییەكی تەواو هەیە لەنێوان هەردوو سیستەمەكەدا كە خوای گەورە دروستی كردوون.
پێوەری حەوتەم بریتیە لە وەحی ئەولیاكان و كەشفی موحەددەسەكان [1] ئەم پێوەرە باڵادەستە بەسەر هەموو پێوەرەكانی تردا چونكە ئەو كەسەی وەحی موحەددەسیەت دادەبەزێتە سەری بەتەواوەتی ڕەنگی پێغەمبەرە ڕابەرەكەی دەگرێت، وە هەموو ئەو شتانەی پێدەدرێت كە دراون بە پێغەمبەر جگە لە پێغەمبەرایەتی و حوكمی نوێ، وە بە یەقینی و دڵنیایی فێركاری ڕاستی بۆ دەردەكەوێت. نەك تەنھا ئەمە بەڵكو هەموو ئەو نیعمەت و بەخششانەی پێدەدرێت كە دراون بە پێغەمبەرە ڕابەرەكەی. بۆیە ڕاگەیاندن و ڕوونكردنەوەكانی لەسەر بنەمای مەزەندە و خەمڵاندن دانامەزرێن بەڵكو ئەوە دەڵێت كە بینیویەتی و بیستوویەتی. وە ئەم ڕێگایە كراوەیە بۆ ئەم ئوممەتە. وە ناكرێت و ناگونجێت هیچ میراتگرێكی ڕاستەقینە (بۆ بەرەكەتەكانی پێغەمبەرایەتی) بوونی نەبێت، وە ئەو كەسەی كە نوقم بووە لە دنیادا و سەرسامە بە پلەوپایە و شكۆمەندیەكەی ئەستەمە زانستی پێغەمبەرایەتی بە میرات بۆ بمێنێتەوە، چونكە خوای گەورە بەڵێنیداوە زانستی پێغەمبەرایەتی تەنها بە پاك و خاوێنەكان بدات. بەڵكو ئەو كەسەی بانگەشە دەكات كە میراتگری پێغەمبەرە، سەرەڕای دۆخە پیس و پۆخڵەكەی، ئەوە لەڕاستیدا گاڵتە دەكات بەم فێركاریە پیرۆزە. لەلایەكی ترەوە ئەوەش ئەوپەڕی نەزانینە كە مرۆڤ نكوڵی بكات لە بوونی ئەو میراتگرانە و باوەڕی وا بێت كە ڕاز و نهێنیەكانی پێغەمبەرایەتی تەنھا كۆمەڵێك چیرۆكی كۆنە و هیچ بوونێكی نیە و ناكرێت ئەمڕۆ بوونی هەبێت، وە هیچ نموونەیەكی نیە لەبەرچاوماندا. شتەكە بەم شێوەیە نیە چونكە ئەگەر وەها بوایە نەدەكرا بانگەشەی ئەوە بكرێت كە ئیسلام ئایینێكی زیندووە، بەڵكو وەكو ئایینەكانی تر دەمرد. وە لەم دۆخەدا باوەڕبوون بە پێغەمبەرایەتیش تەنھا چیرۆكێك دەبوو كە لە سەدەكانی ڕابردوودا نموونەی بۆ دەهێنرایەوە. بەڵام خوای گەورە ئەمەی نەویستووە چونكە دەیزانی بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت ئیسلام ئایینێكی زیندووە، وە بۆ ئەوەی حەقیقەتی پێغەمبەرایەتی بە یەقینی بسەلمێنرێت پێویستە نكوڵیكارانی وەحی دەمكوت بكات لە هەموو سەردەمێكدا و پێویستە هەمیشە وەحی بەردەوام بێت بەشێوەی موحەددەسیەت، بۆیە خوا (عز وجل) ئەم كارەی كرد. موحەددەسەكان ئەو كەسانەن كە ڕێزدار دەبن بە ئاخاوتنی خوا، وە هێزی ناوەكییان زۆر لە هێزی ناوەكیی پێغەمبەران دەچێت. وە ئەم سیفەتە تایبەتانە وەكو كۆمەڵێك نیشانەی هەمیشەیی وان بۆ تایبەتمەندیە سەرسوڕهێنەرەكانی پێغەمبەرایەتی، بۆ ئەوەی پرسی وردی دابەزینی وەحی بەبێ سەلماندن نەبێت لە هیچ سەردەمێكدا و تەنھا وەك ئەفسانەیەك نەمێنێتەوە. هەرگیز ئەو قسەیە ڕاست نیە كە پێغەمبەران (عليهم السلام) لەم دنیایە ڕۆیشتن بەبێ ئەوەی میراتگرێكیان هەبێت بۆ بەرەكەتەكانیان، وە قسەكردن دەربارەیان لە گێڕانەوەی چیرۆك و حیكایەتە كۆنەكان زیاتر نیە. بەڵكو بە پێچەوانەوە لەڕاستیدا لە هەموو سەدەیەكدا بەگوێرەی داخوازییەكانی بارودۆخ میراتگریان هەبووە. وە لەم سەدەیەی ئێستادا میراتگرەكە منی بەندەی خۆبەكەمزانم. هەڵبەت خوای گەورە ڕەوانەی كردم بۆ چاككردنی ئەم چەرخە بۆ ئەوەی ئەو هەڵانە لابەرم لە بیروبۆچوونی موسوڵماناندا كە لابردنیان ئەستەمە بەبێ پشتگیری تایبەتی خوا (عز وجل)، وە بۆ ئەوەی بەڵگەیەك بخاتەڕوو بۆ نكوڵیكاران لەسەر بوونی خوای حەق و زیندوو، وە گەورەیی و حەقیقەتی ئیسلام بسەلمێنرێت بەهۆی نیشانە زیندووەكانەوە. وە ئەمە ئەو شتەیە كە ڕوودەدات؛ بەجۆرێك زانیارییەكانی قورئانی پیرۆز دەردەكەون و وردەكارییەكانی كەلامی خوا ئاشكرا دەبن، وە نیشانە ئاسمانیەكان و كارەدەراساكان دەردەكەون. وە خوا سەرلەنوێ جوانی و نوور و بەرەكەتەكانی ئیسلام دەدرەوشێنێتەوە. دەی ئەو كەسەی دوو چاوی ساغی هەیە با سەیر بكات، وە ئەو كەسەی گوڕوتینێكی ڕاستگۆیانەی هەیە با هەوڵ بدات. وە ئەو كەسەی بە ئەندازەی گەردیلەیەك خۆشەویستی خوا و پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) لەدڵیدایە با هەستێت و (بانگەشەكەم) تاقیبكاتەوە و پەیوەندی بكات بەم كۆمەڵە خواییەی كە خوا (سبحانه وتعالی) بەدەستی پیرۆزی خۆی بەردی بناغەكەی داناوە. بەڵام ئەو قسەیەی كە ئێستا ڕێگەی وەحی ئەولیاكان گیراوە، وە ناكرێت و ناگونجێت نیشانەكان دەربكەون یان دوعاكان گیرا بن بریتیە لەڕێگای لەناوچوون و ڕێگایەكی سەلامەت و بێوەی نیە. فەزڵ و نیعمەتی خوا ڕەت مەكەنەوە، وە بێدار ببنەوە و تاقیبكەنەوە و وردبینی تێدا بكەن، وە ئەگەر منتان بینی وەك مرۆڤێكی خاوەن عەقڵ و تێگەیشتنێكی ئاسایی كە قسەی ئاسایی دەكات ئەوا قەبوڵم مەكەن. بەڵام ئەگەر درەوشانەوەكانی توانستی خوای گەورەتان بینی و بریسكەی دەستی ئەوتان (عز وجل) بینی لە مندا كە بەردەوام دەركەوتووە لەو كەسانەدا خوای گەورە پشتگیری كردوون و قسەی كردووە لەگەڵیاندا ئەوا قەبوڵم بكەن. وە بەدڵنیاییەوە بزانن گەورەترین چاكەی خوا بەسەر بەندەكانیەوە ئەوەیە كە نایەوێت ئیسلام بە ئایینێكی مردوو بمێنێتەوە بەڵكو دەیەوێت هەمیشە ڕێگاكانی یەقین و مەعریفەی ڕاستەقینە و بەزاندنی دوژمن بە بەڵگەی بەهێز كراوە بێت بۆ هەتاهەتایە.
[1] [تێبینی لەسەر پێوەری حەوتەم: سەیدی بەڕێز لە هیچ كتێبێك لەكتێبەكانیدا وەحی دانەناوە بە پێوەرێك بۆ ناسینەوەی ڕاستی و ئەوەی ناوێت. وادیارە هۆكاری ئەمە ئەوە بێت كە بەچاوی ڕێز و شكۆوە ناڕوانێت بۆ وەحی، چ وەحی پێغەمبەران بێت یان وەحی ئەولیاكان. بەڵكو تەنھا بە سیفەتێكی فیتری ئەژماری دەكات. بۆیە بە گونجاوی دەزانم لێرەدا لێدوان بدەم دەربارەی ئەم بۆچوونەیشی.
پێویستە ڕوون ئاشكرا بێت ئەم بۆچوونەی سەیدی بەڕێز كە پێیوایە وەحی خوایی تەنھا بەهرەیەكی سروشتیە هەڵەیەكی قورسە و ئاژاوەیەكی گەورە دەنێتەوە و دوورە لە ڕاستیەوە. ئاشكرایە لە سروشتی مرۆڤدا چەندین بەهرەی جۆراوجۆر هەن و چۆنیەتی یەكێكیان بەڵگەیە لەسەر چۆنیەتی ئەوانی تر. بۆ نموونە سروشتی هەندێ خەڵك گونجاوە لەگەڵ زانستی بیركاری و هەندەسەدا، وە هەندێكیان بە سروشتی خۆیان حەزیان لە زانستی پزیشكیە، وە سروشتی هەندێكیان تەبایە لەگەڵ زانستی لۆژیك و كەلامدا. بەڵام ئەم بەهرە شاراوانە بەتەنها خۆیان ناتوانن كەس بكەن بە ژمێریار یان ئەندازیار یان پزیشك یان لۆژیكزان. بەڵكو خاوەنی ئەم بەهرانە پێویستیان بە فێركردن هەیە لەلایەن مامۆستاوە. كاتێك مامۆستای شارەزا دەبینێت سروشتی خاوەن بەهرەكە گونجاوە لەگەڵ بوارێكی دیاریكراو لە زانستدا هانی دەدات بۆ خوێندن و توێژینەوە لەو بوارەدا. لەم بارەیەوە دێڕە شیعرێكی فارسی هەیە كە ئەم وەرگێڕانەكەیەتی بەكوردی: “ئەگەر هەر كەسێك بۆ ئەركێكی دیاریكراو دروستكرا ئەوا حەزێك بۆ ئەو ئەركە دەخرێتە سروشتیەوە”.
پاش ئەم فێركردنە ئەو بەهرەیە كە وەكو تۆو شارابوویەوە تێیدا چەكەرە دەكات، ئینجا كۆمەڵێك وردەكاری جۆراوجۆری پەیوەست بەو زانستە دێت بە بیری خاوەنەكەیدا. وە هەڵە نیە ئەگەر هەموو ئەو بیروباوەڕە نوێیانە كە لەلایەن خواوە دەخرێنە دڵیەوە ناوبنێین “وەحی” یان “ئیلهام”؛ چونكە گومانی تێدا نیە هەموو ئەو شتە نوێیانەی كە سوودمەندن بۆ خەڵكی لەلایەن خوای گەورەوە دەهاوێژرێنە دڵەكانەوە و خوا ئاشكرایان دەكات بۆ مرۆڤ، وەك خوای گەورە خۆی ئاماژەی بەم ڕاستیەكردووە و دەفەرموێت: ﴿فَأَلۡهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقۡوَىٰهَا﴾ (الشمس: 9) واتە بیرۆكە خراپ و چاكەكان كە لەدڵی خەڵكیدا دروست دەبن لەلایەن خواوە دەخرێنە دڵەكانەوە. مرۆڤی چاكەكار، بەهۆی چاكی سروشتەكەیەوە، شایستەی ئەوە دەبێت لەدڵیدا بیروبۆچوونی چاك دروست بێت، بەڵام مرۆڤی خراپەكار، بەهۆی خراپی سروشتەكەیەوە، شایەستەی ئەوە دەبێت تەنھا بیروباوەڕ و پێشنیاری خراپ لەدڵیدا دروست بێت. وە لەڕاستیدا كەسی چاكەكار بەهرە و توانایەكی چاكی هەیە لەڕووی فیترەتیەوە بۆ پێگەیشتنی ئەم جۆرە ئیلھامەكانە، بەڵام خراپەكار بەهرە و توانایەكی خراپی هەیە لەڕووی فیترەتیەوە. بۆیە بەهۆی ئەم توانا فیتریەوە زۆرێك لە خەڵكی لەدوای خۆیان كۆمەڵێكی زۆر نووسراوی چاك و خراپ و قسەی پاك و پیس بەجێدەهێڵن وەك یادگارییەك بۆیان. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا حەقیقەتی وەحی پێغەمبەرانیش بەم جۆرەیە؟ ئایا ئەم وەحیەش تەنھا توانایەكی سروشتیە لەواندا بەهۆیە ئەم جۆرە ئیلهامەیان پێ بگات كە كەمێك لەمەوپێش بەدرێژی باسم كرد؟ ئەگەر شتەكە بەم شێوەیە بێت ئەوا پێویست ناكات زیاتر قسەی لەسەر بكەین، وە حەقیقەتی شتەكەمان زانی!! چونكە ئەگەر وەحی پێغەمبەران تەنها بە بەهرە و توانایەكی فیتری دابنرێت ئەوا ناتوانرێت جیاكاری بكرێت لەنێوان ئەوان و كەسانی تردا. ڕەنگە سەیدی بەڕێز لەم شوێنەدا بڵێت باوەڕی بە وەحی خوێندراوە هەیە واتە باوەڕی بەوە هەیە كە قورئانی پیرۆز بەشێوەی وشە دابەزیوە. بەڵام من باش تێدەگەم لە مەبەستەكەی كە ئەو هەرگیز باوەڕی بە وەحی خوێندراوە نیە بەو شێوەیەی كە ئێمە باوەڕمان پێیەتی. شتێكی ڕوونە وەحی بەبێ وشە نابێت و ناكرێت ماناگەلێك بێنەناو مێشكەوە خاڵی بن لە وشە. پاشان جیاوازییەك هەیە لەنێوان فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) قورئانی پیرۆزیشدا. وە بەگوێرەی ئەم جیاوازییە پێمان وانیە كە وشەكانی فەرموودە لەهەمان ئەو سەرچاوەیەوە دەرچووبن كە وشەكانی قورئانی پیرۆزی لێوە دەرچووە، ئەگەرچی وشەكانی فەرموودەیش لەلایەن خوای گەورەوەیە بەڕەچاوكردنی چەمكی گشتی بۆ وەحی و ئیلھام، هەروەك ئەم ئایەتە شایەتی لەسەر دەدات: ﴿وَمَا يَنطِقُ عَنِ ٱلۡهَوَىٰٓ * إِنۡ هُوَ إِلَّا وَحۡيٞ يُوحَىٰ﴾ (النجم: 4-5).
جارێكی تر جەخت دەكەمەوە كە ئیلهام، هەر جۆرێك، بێت ئەوا دەبێت هەمیشە وشەی لەگەڵدا بێت. بۆ نموونە ئەگەر شاعیرێك بیەوێت نیوەدێڕی دووەمی دێڕە شیعرێكی خۆی بنووسێت، ئەوا كاتێك لەلایەن خوای گەورەوە هەندێ ئیلهامی پێ دەگات بۆ نووسینی نیوەدێڕەكە بەدڵنیاییەوە هەمیشە ئیلهامەكە بە شێوەی وشە دەبێت.
ئێستا، بەدڵنیاییەوە ئەوە چەسپا كە فەیلەسووف و عاریف و شاعیرەكانیش لەلایەن خوای گەورەوە شت دەهاوێژرێتە دڵیانەوە و ئیلهامیان بۆ دەكرێت و هەمیشە ئیلهامەكە بەشێوەی وشە دەبێت، وە بەهرەی ڕاستگۆیی دەدرێت بە ڕاستگۆیان و بەهرەی خراپە دەدرێت بە خراپەكاران، هەروەها ئیلهامیشیان پێ دەگات ناوبەناو بەگوێرەی بەهرەكەیان، بۆ نموونە ئەو كەسەی شەمەندەفەری داهێنا ئیلھام هاوێژرایە دڵیەوە، وە ئەو كەسەی سیستەمی تەلەگرافی داهێنا ئەویش بەم مانایە ئیلھامبۆكراو بوو. كەواتە لەم حاڵەتەدا خودی ئەو ڕەخنەیە دەگیرێت لە سەیدی بەڕێز كە باسمكرد. ئەگەر وەڵامی ئەوە بداتەوە و بڵێت پێغەمبەران و فەیلەسووفەكان تەنانەت كافر و موسوڵمان وەك یەكن لە بابەتی هاویشتنەدڵ و وەحیدا، جیاوازیەكە ئەوەیە كە وەحی و هاویشتنەدڵی پێغەمبەران هەمیشە چاك و ڕاست دەبێت ئەوا ناچاردەبێت بەگوێرەی ئەم وەڵامە دان بنێت بەوەدا كە جیاوازییەكی ڕیشەیی نیە لەنێوان وەحی پێغەمبەران و ئیلھامی كافراندا، مەگەر ئەوەی كە وەحی پێغەمبەران هەمیشە پاك و بێگەردە لە هەڵە، بەڵام وەحی ئەرستۆ و ئەفلاتۆن و فەیلەسووفەكانی تر پاك و بێگەرد نەبووە لە هەڵە. بەڵام ئەم بانگەشەیە بە هیچ شێوەیەك ڕاست نیە چونكە لەم دۆخەدا ئێمە ناچاردەبین بەشێكی زۆری ئامۆژگاری و ڕێنمایی و فێركارییە ئەخلاقیەكانی فەیلەسووف و حەكیمەكان كە پاك و بێگەردن لە هەڵە و تەبان لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا بە كەلامی خوا لەقەڵەم بدەین و لە پلەدا یەكسانیان بكەین بە قورئانی پیرۆز، وە ناچاردەبین وەك وەحیەكی خوێندراوە باوەڕیان پێ بكەین. وە بەشی دووەم كە هەڵەی تێدایە ئێمە لە لیستی هەڵە ئیجتیهادیەكاندا پۆلێنی دەكەین هەروەك چۆن هەڵەی ئیجتیهادی جاروبار لە پێغەمبەرانیشەوە دەردەكەوێت. وە لەسەر بنەمای ئەم بیروباوەڕە پێویستە حەكیمەكانی لەم شێوەیە بەڵكو كافرەكانیش بە پێغەمبەر ئەژمار بكەین.
ڕوون و ئاشكرایە ئەم بیروباوەڕە بە شێوەیەكە كە دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی ئیمانی سەیدی بەڕێز بەڵكو دەكرێت وەهای لێبكات لەكاتێك لە كاتەكاندا وەحی زاناكانی وەك نیوتن بە باشتر دابنێت لە وەحی قورئانی پیرۆز. ئەگەر سەیدی بەڕێز خودی قورئانی پیرۆزی بكردایە بە پێوەر بۆ تێگەیشتن لە قورئان ئەوا خۆی ڕزگار دەكرد لە كەوتنەناو چاڵی تیاچوونەوە. لە هیچ شوێنێكدا قورئانی پیرۆز نموونەی نەهێناوەتەوە بۆ وەحیەكەی خۆی كە وەكو كانیاوێك وایە لە زەویەوە هەڵقوڵێت بەڵكو هەمیشە ڕایگەیاندووە كە وەحیەكەی وەكو بارانێكە لە ئاسمانەوە ببارێت. ئەگەر سەیدی بەڕێز پێش نووسینی نامیلكەكەی پرسیاری بكردایە لە یەكێك لە خاوەن ئەزموونەكان لە بواری وەحیدا: وەحی خوا چیە و چۆن دادەبەزێت؟ ئەوا سەلامەت دەبوو لەم هەڵەیە. لەڕاستیدا بەهۆی ئەم هەڵەیەوە سەیدی بەڕێز ژمارەیەكی زۆر لە موسوڵمانانی گومڕاكرد، وە نزیكی كردنەوە لە بێ باوەڕی، وە زیادەڕەوییان كرد لە بێ بایەخكردنی وەحی پێغەمبەران و كورتكردنەوەی لەو بەهرە سروشتیەدا كە كافر و بێ باوەڕەكانیش تێیدا بەشدارن.
ئێستاش لەبەر خاتری خوا شایەتیدانی تایبەتی خۆم دەخەمەڕوو بۆ سەیدی بەڕێز بەڵكو خوا ڕەحمی پێ بكات. ئەی سەیدی بەڕێز، سوێند دەخۆم بە خوای گەورە كە ڕاستیەكە ئەوەیە وەحی لە ئاسمانەوە دادەبەزێتە سەر دڵ وەك چۆن تیشكی خۆر دەكەوێتە سەر دیوار. هەموو ڕۆژێك تێبینی ئەوە دەكەم هەركاتێك وەختی گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوای گەورە دێت سەرەتا دۆخێكی وەك بێ ئاگایی دێت بەسەرمدا پاشان هەست دەكەم وەك ئەوەی گۆڕابم بۆ قەوارەیەكی تەواو جیاواز. لەم قۆناغەدا ئەگەرچی لەڕواڵەتدا هەست و هۆشم ماوە و بەتەواوەتی ئاگام لە خۆمە، بەڵام هەست دەكەم وەك ئەوەی بوونەوەرێكی زۆر بەهێز هەموو قەوارەمی لەناو لەپی دەستیدا گرتبێت و هەموو ڕەگەكانی بوونم لەدەستی ئەودا بێت. هەموو ئەوەی كە هەمبووە بە هی من نەماوەتەوە بەڵكو بووە بەهی ئەو زاتە زۆر بەهێزە. كاتێك ئەم دۆخە زاڵ دەبێت بەسەرمدا سەرەتا خوای گەورە ئەو بیروباوەڕانەی دڵ دەخاتەڕوو بۆم كە دەیەوێت تیشكی كەلامی خۆی بهاوێتە سەریان. لەو كاتەدا ئەو بیرباوەڕانە یەك لەدوای یەك لەبەر چاومدا خۆیان دەنوێنن بەشێوەیەكی سەیر. كاتێك بیرۆكەیەكی دیاریكراو دێت بە دڵمدا -بۆ نموونە دەربارەی كەسێك كە ئایا لە نەخۆشیەكەی چاك دەبێتەوە یان نا- دەستبەجێ بەشێك لە كەلامی خوا وەكو تیشك دادەبەزێتە سەری. وە لەزۆربەی كاتەكاندا بەهۆی دابەزینەكەیەوە هەموو جەستەم دەهەژێت. ئینجا ئەو پرسە یەكلادەكرێتەوە و پاشان بیروبۆچوونێكی تر لەبەرچاومدا خۆی دەنوێنێت. لەلایەكەوە بیروڕایەك خۆی دەنوێنێت بۆم و لەلایەكی ترەوە بەشێك لە ئیلھام دادەبەزێت سەر دڵم وەك چۆن ڕاوچی هەموو جارێك یەك لەسەر یەك تیر دەهاوێژێت كاتێك نێچیرەكەی دەردەكەوێت. وە لەو ساتەدا وا دەردەكەوێت كە ئەم زنجیرە بیروبڕوایە لە ڕێگەی بەهرەیەكی سروشتیمەوە بەرهەم بێت، وە ئەو كەلامەی كە دادەبەزێتە سەری لەئاسمانەوە دادەبەزێت. لەگەڵ ئەوەی شاعیرەكان و هاوشێوەكانیان ئەوانیش پاش ڕامان و بیركردنەوە هاویشتنەدڵ و ئیلهامیان پێ دەگات بەڵام لەقەڵەمدانی ئەمە بە وەحی خوا ئەوپەڕی بێ ئەدەبیە چونكە ئەم هاویشتنەدڵە ئەنجامی ڕامان و وردبوونەوەی قووڵە و لەدۆخێكدا دێت كە مرۆڤ بە تەواوەتی ئاگای لە خۆیەتی و زاڵە بەسەر خۆیدا. بەڵام هاویشتنی وەحی خوایی بۆ دڵ كاتێك ڕوودەدات كە بوونی مرۆڤەكە هەمووی لەژێر كۆنترۆڵی خوای گەورەدا بێت، وە هەست و هۆش و ئاگایی و ڕامانی مرۆڤەكە هیچ ڕۆڵێكی نابێت لە وەحیەكەدا. لەو كاتەدا مرۆڤەكە وا هەست دەكات كە زمانی زمانی خۆی نەبێت، بەڵكو هێزێكی مەزن بەكاریدەهێنێت. وە لەو ڕوونكردنەوەیەی كە ئێستا باسم كرد، مرۆڤ دەتوانێت بەجوانی تێبگات كە جیاوازی چیە لەنێوان دیاردەی سروشتی و ئەوەی لەئاسمانەوە دادەبەزێت. وە لەكۆتاییدا لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە دڵی موسوڵمانان بشوات و پاكی بكاتەوە لە مەزهەبی سروشتیی پیس بەجۆرێك هیچ شوێنەوارێكی نەمێنێت چونكە ئەو چاوەی كە بەرەكەتەكانی ئیسلام دەبینێت هەرگیز ناكرێتەوە هەتا ئەم دووكەڵە لەبەردەمیدا بمێنێت.
وەرگێڕانی قەسیدەیەكی فارسی:
“ئەی شوێنكەوتەی مەزهەبی سروشت ئەی چەپەڵ! بڕوانە بۆ ئەو ئاژاوەیەی دروستت كردووە؟ بەدەستی خۆت ئاژاوەت بەرپاكرد لە هەموو لایەكدا، ئەوەی ڕێگا خواروخێچەكەی تۆ هەڵبژێرێت هەرگیز ڕێگای ڕاستی هەڵنەبژاردووە.
بەڵام كاتێك بیردەكەینەوە و ڕادەمێنین بۆمان دەردەكەوێت كە ئەم موسیبەتەمان تەنھا بەخۆی خۆمانەوەیە
بێگومان لەو ڕۆژەوەی خەڵكی وازیان هێنا لە قورئانی پیرۆز بەڵا و نەهامەتیەكان كەڵەكەبوون
دیارە لە خودی خۆیدا توێژینەوە لە سروشت خراپ نەبوو، بەڵام بە ونبوونی ئایین ڕووناكی عەقڵەكان كزبوون
خەڵكی بەیەكجار حەزیان چوو بەلای دڵۆپدا، وە پشتیان هەڵكرد لە ڕووباری ڕەوان
گاڵتەدەكەن بە (چەمكی) بەهەشت و حەشر و زیندووبوونەوە و دەڵێن ئەمە ئەفسانەیە و دوورە لە عەقڵەوە
كاتێك باسی فریشتەكان دەكرێت دەڵێن ئەم شتە دژی عەقڵی كەسانی ژیر و هۆشیارە
بزانە ئەی سەید، ئەی سەركردەی ئەم كەسانە، بێگومان پێت لەسەر ڕێگای ڕاست نیە
لە تەمەنی پیرێتیدا ئەمە چی بوو هات بە مێشكتدا، بڕۆ تۆبە بكە، ڕێگاكەت ڕێگای پارێزكاری نیە
ئەترسم ڕۆژێك بە هۆی ئەم جۆرە بیروباوەڕانەوە بوونی خوایش ڕەت بكەیتەوە
ئەی هاوەڵەكەم، ڕاوەستە! دیارە خۆهەڵقورتاندن لە كاروبارە خواییەكاندا جۆرێكە لە شێتی
شتەكان تەنھا بە قیاس دانامەزرێن، بۆیە بەهێمنی دابنیشە ئەمە شوێنی دەنگە دەنگ و هەرا نیە
ئەی پیاو، داوای بینایی بكە لە خوا چونكە ڕازەكانی خوا سامانێك نیە بە زەبری هێز دەستبكەون”.].
خۆتان بیربكەنەوە ئەگەر كەسێك نكوڵی كرد لە وەحی پێغەمبەران و گوتی: ئەم بیروباوەڕەی ئێوە تەنها وەهمێكە و بەس، دەی چ بەڵگەیەك دەكرێت دەمكوتی بكات جگە لە پیشاندانی نموونەیەك لەسەر ئەو وەحیە؟ ئایا ئەمە مژدەیەكی خۆشە یان ناخۆش كە بەرەكاتەكانی ئاسمان تەنھا بۆ چەند ساڵێك لە ئیسلامدا ماونەتەوە پاشان بووە بە ئایینێكی وشك بەڵكو مردوو؟ ئایا ئەمە نیشانەكانی ئایینی ڕاستە؟
بەكورتی، ئەمە بریتیە لە پێوەرەكانی تەفسیری ڕاست و دروست بۆ قورئانی پیرۆز. وە گومان لەوەدا نیە كە تەفسیری سەیدی بەڕێز لە زۆربەی شوێنەكاندا بێبەشە لەم حەوت پێوەرە، بەڵام ئێستا نامەوێت بەقووڵی باسی ئەمە بكەم. سەیدی بەڕێز زۆر شانازی دەكات بە یاسای سروشتەوە بەڵام لە تەفسیرەكەیدا بەتەواوەتی وازی لێھێناوە. بۆ نموونە یاسای سروشت كە خوای گەورە دایناوە چەندە پێچەوانەی ئەو بیروباوەڕەی سەیدە كە دەڵێت وەحی پێغەمبەران شتێك نیە جگە لە بەهرە و توانای فیتری، وە لەنێوان ئەم توانایە و خوای گەورەدا هۆكاری گەیەنەری فریشتەكان بوونی نیە! بەجۆرێك زۆر بەڕوونی و ئاشكرایی دەبینین ئێمە پێویستمان بە هۆكاری گەیەنەری ئاسمانی هەیە بۆ تەواوكردنی توانا جەستەییەكانمان، ئەوەتا خوا (عز وجل) خۆر و مانگ و ئەستێرەكان و ڕەگەزەكانی تری ڕامكردووە بۆمان بۆ پاراستنی سیستەمی جەستە ماددیەكانمان و هێنانەدی ئامانجە داواكراوەكانمان. وە لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتی خوا، كە هۆكاری هۆكارەكانە، دەگات پێمان بەهۆی هەندێ هۆكاری گەیەنەرەوە و بەبێ ئەو هۆكارانە هەرگیز ناگات پێمان. بۆ نموونە: چاومان لەلایەن خوای گەورە ڕووناكی پێ دەگات چونكە خوا (عز وجل) هۆكاری هۆكارەكانە، بەڵام بەهۆی خۆرەوە ڕۆشنایی دەگەیەنێتە چاوەكان. لەم سیستەمە ماددیە بینراوەی جیهاندا تەنانەت یەك شت نابینین ڕاستەوخۆ خوا دەستی پیرۆزی خۆی درێژ بكات بۆی و پێمان ببەخشێت بەبێ هۆكار، بەڵكو لەمیانەی هۆكارە گەیەنەرەكانەوە هەموو شتێك بەدەست دەهێنین. پاشان ئەوەش دەبینین كە پێكهاتەی توانا ڕواڵەتیەكانمان كامڵ نیە، بەو مانایەی چاوەكان بەشێوەیەكی سەربەخۆ و هەمیشەیی ڕۆشن نین، وە ئەو توانایەیان نیە -بۆ نموونە وەك توانای پێگەیشتنی وەحی بەگوێرەی قسەی تۆ- بێ نیازمان بكات لە ناوەندگیری خۆر. دەی لەم دۆخەدا چۆن دەكرێت قسەكەت ڕاست بێت كە هیچ بنەمایەكی نیە و دژ و پێچەوانەی ئەم سیستەمە سروشتیەیە؟
سەرەڕای ئەوە بەڵگەی ئەزموونە كەسییەكان، كە لەسەرووی هەموو بەڵگەكانەوەیە، ئەویش بەتوندی ئەم ڕاو بۆچوونەی تۆ ڕەت دەكاتەوە، چونكە منی بەندەی لاواز ماوەی یازدە ساڵە ڕێزدار بووم بە ئاخاوتنی خوای گەورە و چاك دەزانم لەڕاستیدا وەحی لەئاسمانەوە دادەبەزێت. وە ئەگەر ویستمان بە شتێك لە شتەكانی دنیا نموونە بهێنینەوە بۆ وەحی ئەوا ڕەنگە تاڕادەیەك لە سیستەمی تەلەگراف بچێت كە لەخۆوە هەموو گۆڕانكارییەك دەگوازێتەوە. هەڵبەت كاتی دابەزینی وەحی بۆ سەرم -كە وەك وەحی ئەولیاكان دادەبەزێت- هەست بە بوونی دەسەڵاتێكی دەرەكی زۆر كاریگەر دەكەم بەسەر خۆمەوە. وە هەندێ كات ئەو كاریگەرییە ئەوەندە بەهێزە بەجۆرێك نوورەكانی دامدەپۆشێت و هەست بەوە دەكەم كە بە توندی كێشكراوم بۆ لای بەڕادەیەك ناتوانم بەرەنگاری ببمەوە. وە لەژێر كاریگەری ئەم دەسەڵاتەدا وتەیەكی ڕوون و ئاشكرا دەبیستم. وە هەندێ كات فریشتەكان دەبینم [تێبینی: كارەكە تەنها لەوەدا كورتنابێتەوە كە جاروبار فریشتەكان دەبینم، بەڵكو لەزۆربەی كاتەكاندا بۆم ئاشكرا دەبێت كە فریشتەكان ڕۆڵی هۆكاری گەیەنەریان هەیە لە وەحیدا. نووسەر]، وە تێبینی ئەو كاریگەریی و شكۆیە دەكەم كە ڕاستی هەیەتی. وە لەزۆربەی كاتەكاندا وتەكە كۆمەڵێك شتی غەیبی تێدایە. وە ئەم كاریگەریە دەرەكیە ئەوپەڕی بەهێزە بەجۆرێك بەهۆیەوە بوونی خوا (عز وجل) دەچەسپێت. و نكوڵی كردن لێی وەك كوشتنی ڕاستیەكی ڕوون وایە.
لەئێستادا وا باشترە بۆ سەیدی بەڕێز پێش مردنی دان بنێت بەم ڕاستیەدا، وە وەحی ئاسمانی بەسووك سەیر نەكات. زۆر سەیرە ئەو دەڕوانێت بۆ سیستەمی ماددی بەڵام گرێی نادات بە سیستەمی ڕۆحیەوە. وە نازانێت كە خوا سیستەمە ماددیەكەمانی بە شێوازێك داڕشتووە كە ڕووناكی ماددی لە ئاسمانەوە دادەبەزێتە سەرمان، وە لێشاوی ڕەحمەتی خۆی دادەبەزێنێت بۆسەر توانا جەستەییەكانمان بەهۆی هۆكارە ئاسمانیەكانەوە، بەجۆرێك سوننەتی وەها نیە كە بەبێ نێوەندگیری هۆكارەكان هیچ لێشاوێكی ڕەحمەت دابەزێنێت، ئیتر چۆن دەكرێت ئەو خوایە بێ بەشمان بكات لەم زنجیرەی هۆكار و نێوەندگیرانە لە سیستەمە ڕۆحیەكەماندا؟ ئایا ئێمە جیابووینەتەوە لەم زنجیرەیە لەلایەنی ماددیەوە؟ یان لەڕاستیدا گرێدراوین بە زنجیرەی هۆكارەكانەوە كە لە هۆكاری هۆكارەكانەوە دەست پێدەكات و لەكۆتاییدا دەگات بە ئێمە؟ بۆ زیاتر ڕۆچوون لەم باسەدا پێویستە كتێبەكەم “توضیح المرام” و “مرآة كمالات الإسلام” بخوێنرێتەوە، بەتایبەتی ئەو باسە تێروتەسەلە دەربارەی پێویستی فریشتەكان لە كتێبی “مرآة كمالات الإسلام” دا دەبینن و هەرگیز هاوشێوەكەیتان دەستناكەوێت لە هیچ كتێبێكی تردا.
بەڵام بۆ ئاگاداربوون لە ڕادەی زانیاری سەیدی بەڕێز دەربارەی خوا، قسەكانی خۆی بەسن بەجۆرێك هەموو دروستكراوانی ئازاد كردووە لە هەڵسوكەوت و كۆنترۆڵی كاریگەرە ڕاستەقینەكە (سبحانه وتعالی) حوكمكردن بەسەریاندا. وە نازانێت كە خوایەتی خوا گرێدراوە بە توانا ڕەهاكەیەوە. وە مەبەست لە توانای ڕەها ئەوەیە كە ڕەفتار و هەڵسوكەوتی لە دروستكراوەكانیدا و دەسەڵاتی بەسەریاندا بێ سنوورە لە هەموو كات و ساتێكدا. گومانی تێدا نیە ئەگەر خۆی (عز وجل) لە ڕاستیدا هەموو دروستكراوانی دروستكردووە، بەو پێیەی زاتەكەی سنووری نیە، ئەوا دەبێت لە دروستكراوانیدا بوارەكەی بە كراوەیی بەجێهێشتبێت بۆ مومارەسكردنی دەسەڵاتی بێ سنووری خۆی بەسەریاندا بۆ ئەوەی لە هیچ كاتێكدا خوایەتیەكەی بێ كاریگەر نەبێت. [ڕەنگە ڕەخنە بگیرێت لەم قسەیە و بوترێت ئەگەر دانمان بەوەدا نا كە حیكمەتی بێ سنووری خوا توانای هەیە بەسەر زنجیرەی گۆڕانكاری بێ سنوور لە شتەكانی تردا؛ ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی لەدەستدانی باوەڕ بە تایبەتمەندی و حەقیقەتی شتەكان. بۆ نموونە ئەگەر گوتمان خوا توانای هەیە شێوەی فیزیكی ئاو بگۆڕێت بۆ شێوەی هەوا، یان دۆخی فیزیكی هەوا بگۆڕێت بۆ دۆخی فیزیكی ئاگر، یان دیمەنی هەستپێكراوی ئاگر بگۆڕێت -بەهۆی كۆمەڵێك هۆكاری شاراوەوە كە تەنھا خۆی (عز وجل) دەیزانێت- بۆ دۆخی فیزیكی ئاو، یان لە هەندێ چینی زەویدا خۆڵ بگۆڕێت بۆ زێڕ یان زێڕ بگۆڕێت بۆ خۆڵ بەهۆی پیادەكردنی دەسەڵاتی وردی خۆی بەسەر شتەكاندا؛ ئەوا هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئاژاوە و پشێوی و هەموو زانست و هونەر و پیشەكان بەفیڕۆدەچن. وەڵامی ئەم ڕەخنەیە ئەوەیە: ئەم جۆرە بیروبۆچوونە بەتەواوەتی هەڵەیە چونكە ئێمە دەبینین خوای گەورە ڕەگەزەكان و شتی تریش ملكەچ دەكات بۆ سەدەها جۆری گۆڕانكاری بەهۆی پیادەكردنی حیكمەتە شاراوەكانی خۆیەوە. بۆ نموونە بڕوانن چۆن زەوی تێپەڕدەبێت بە جۆرەها گۆڕانكاریدا و دەگۆڕێت بۆ كۆمەڵێك شێوەی بێ پایان. زەوی ژەهری مشك و دژەكەی بەرهەم دەهێنێت، وە هەمان زەوی زێڕ و زیو و گەوهەرە بەنرخەكانی تر بەرهەم دەهێنێت. بەهەمان شێوە، هەڵم لەزەویەوە بەرزدەبێتەوە و كۆمەڵێك شتی جۆراوجۆر دروست دەكات لە كەشی ئاسماندا. هەمان هەڵم كە دەبێتە هۆی بەفربارین و كڕێوە و تەرزە دەبێتە هۆی دروستبوونی هەورەگرمە و چەخماخەیش. تەنانەت ئەوەش ساغبووەتەوە كە جاروبار خۆڵەمێشێك لە بەرگەهەوای ئاسمانەوە دەبارێت. دەی ئایا ئەم دیاردانە زانستەكان پووچ دەكەنەوە یان دەبنە هۆی ئاژاوە و پشێوی؟ وە ئەگەر گوتت: بێگومان پێشتر خوا توانایەكی خستووەتەناو سروشتی ئەم شتانەوە بۆ ئەوەی ملكەچی ئەم جۆرە گۆڕانكارییانە بن ئەوا لەوەڵامدا دەڵێم: هەرگیز نەمگوتووە ئەو شتانەی كە قسەیان لەبارەوە دەكرێت ئەم توانا هاوبەشەیان لەناودا دانەنراوە؟ بەڵكو باوەڕی ڕاست و دروست ئەوەیە خوا كە لە زاتیدا یەكە هەموو شتەكانی وەك یەك شت دروستكردووە بۆ ئەوەی ببێتە بەڵگە لەسەر یەكتایی یەك بەدیهێنەری ڕاستەقینە. بەكورتی، خوای گەورە بەڕەچاوكردنی یەكتایی خۆی و بەگوێرەی داخوازییەكانی دەسەڵاتە بێ سنوورەكەی توانای گۆڕانكاری خستووەتەناو ڕەگەزەكان بۆیە شتێك نابینین لە دروستكراوان خاڵی بێت لە وەرچەرخان بۆ دۆخێكی تر مەگەر گیانەكان كە بەگوێرەی خۆشبەختی یان بەدبەختیەكەیان بڕیاردراوە لە بەهەشت یان لەدۆزەخدا بمێننەوە بەگوێرەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿خَٰلِدِينَ فِيهَآ أَبَدًاۚ﴾، وە بەڵێنی خوای گەورە پێكهاتەیەكی دەستنیشان كردووە بۆیان كە هەتاهەتایە ناگۆڕێت. بەڵكو ئەگەر زیاتر قووڵ بوونەوە لە بابەتەكە ئەوا دەبینن بنەمای گۆڕان بە بەردەوامی كاری خۆی دەكات لە هەموو بوونەوەرێكدا، تەنانەت توێژینەوە زانستیەكان سەلماندوویانە كە لەشی مرۆڤ لەماوەی سێ ساڵدا بەتەواوەتی دەگۆڕێت، وەك ئەوەی لەشەكەی پێشوو نەمێنێت بەهۆی شیبوونەوەوە. ئاو یان ئاگر بە نموونە وەربگرە، ئەوانیش خاڵی نین لە گۆڕان و دوو جۆر لە گۆڕان حوكم دەكات بەسەریاندا. یەكەم: گۆڕان پەیدا دەبێت لەوەی هەندێ گەردیلە لادەچن و هەندێكی تری نوێ زیاد دەبن بۆی. دووەم: ئەو گەردیلانەی دەردەچن بەشێوازێكی نوێ لەدایك دەبن بەگوێرەی تواناكانیان. بەكورتی، سوننەتی خوا وەهایە كە ئەم دنیا لەناوچووە گرفتار بكات بە چەندین خولی گۆڕانكاری. وە بە سەرنجدانێكی ورد ڕوون دەبێتەوە ئەم شتانە هەموویان لە یەك شت دەچن لەڕووی سروشتە ئەسڵیەكەیانەوە، چونكە لەلایەن یەك بەدیهێنەرەوە دروستكراون كە سەرچاوەی لێشاوی ڕەحمەتە، ڕاستە مرۆڤ ناتوانێت بە شێوەیەكی تەواوەتی بەدیهێنەریان بێت. لەكوێ دەتوانێت بەم شێوەیە بێت چونكە خوای گەورەی دانا و بەتوانا دەسەڵاتی نەداوە بە هیچ كەسێك هەموو ڕازە بێ پایانەكانی حیكمەتەكەی بزانێت.
وە ئەگەر گوتت: ئەو گۆڕانكارییە كامەیە كە لە تەنە ئاسمانیەكاندا ڕوویداوە دەڵێم: گومانی تێدا نیە ئەوانیش ماددەی گۆڕانكاری و شیبوونەوە لەخۆدەگرن -ئەگەرچی ئێمە نەیزانین- لەبەرئەوە ڕۆژێك لەڕۆژان تووشی نەمان و لەناوچوون دەبن. سەرەڕای ئەوە بە ڕوانین بۆ دیاردەی گۆڕان لە هەزارەها شتدا ساغدەبێتەوە كە شتێك نیە خاڵی بێت لە گۆڕان. لەبەرئەوە پێویستە لەسەرت سەرەتا نكوڵی بكەیت لە گۆڕانكاریە زەمینیەكان پێش ئەوەی قسە بكەیت دەربارەی ئاسمانەكان.
شاعیرێكی فارسی دەڵێت: “ئایا هەموو شتێكت جێبەجێ كردووە لەسەر زەویدا بەڕێكوپێكی هەتا ئێستا بتەوێت خۆت هەڵقورتێنی لە كاروباری ئاسمان”؟
كەواتە مادام هەموو ڕۆژێك جۆرەها گۆڕانكاری دەبینین-وەك چۆن یەكتایی خوای گەورەش ئەوە دەخوازێت كە سەرچاوەی هەموو ئەو گۆڕانكارییانە یەك خوا بێت، هەروەها خوایەتی تەواوەتی دانامەزرێت مەگەر كۆنترۆڵێ تەواوەتی هەموو گەردیلەیەك بكات- ئەوا دوورخستنەوەی ئەم گۆڕانكارییانە و ڕەخنەگرتن بەوەی بەهۆیانەوە ئاژاوە دروست دەبێت و زانستەكان بەفیڕۆدەچن تەنھا هەڵەیەكی گەورەیە. بەڵام قسەكەی ئێمە كە خوای گەورە توانای هەیە ئاو وەها لێبكات وەكو ئاگر كار بكات، وە ئاگر وەها لێبكات وەكو ئاو كار بكات مانای ئەوە نیە لەوەدا حیكمەتە بێ پایانەكەی خۆی بەكارناهێنێت و بە زۆرداری هەڵسوكەوت دەكات، چونكە شتێكی زانراوە كە كردەوەی خوا بێ حیكمەت نیە، وە پێویستە لەڕاستیدا بێ حیكمەت نەبێت، بۆیە مەبەستمان لەم قسەیە ئەوەیە كە كاتێك خوا دەیەوێت لەجیاتی ئاو ئاگر بەكاربهێنێت یان بەپێچەوانەوە ئەوا ئەم كارە بەو حیكمەتە دەكات كە حوكمی هەموو گەردیلەیەك دەكات لە جیھاندا، چ بیزانین یان نەیزانین. وە ئاشكرایە هەر كارێك لەسەر بنەمای حیكمەت دامەزرابێت زانستەكان پووچەڵ ناكاتەوە بەڵكو گەشەیان پێ دەدات. بۆ نموونە بڕوانن بۆ دروستكردنی بەفری دروستكراو لە ئاو و بەكارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا ئایا بەهۆی ئەمەوە پشێوی دروست بوو یان زانستەكان بەفیڕۆچوون؟ خاڵێكی ورد هەیە پێویستە ڕەچاوبكرێت ئەویش ئەوەیە كارە دەراساكان كە ناو بەناو لەسەردەستی ئەولیاكاندا دەردەكەون وەك ئەوەی ئاو نوقمیان ناكات یان ئاگر زیانیان پێ ناگەیەنێت، نهێنی لەم دیاردانەدا ئەوەیە كە خوای دانا و بەتوانا -كە ئەستەمە مرۆڤ هەموو نهێنیە بێ پایانەكانی بزانێت- جاروبار درەوشانەوەی توانای خۆی پیشان دەدات كاتێك ئەولیا خۆشەویست و نزیكەكانی سەرنجی خۆیان چڕدەكەنەوە لەسەر شتێكی دیاریكراو، ئینجا چڕكردنەوەی سەرنجیان ڕەفتار دەنوێنێت لە جیھاندا. كەواتە هۆكارە شاراوەكان كە، بۆ نموونە، دەكرێت كۆبوونەوەیان ببێتە هۆی ئەوەی نەهێڵێت گەرمی ئاگر كاریگەری هەبێت -چ ئەو هۆكارانە لە كاریگەریەكانی تەنە ئاسمانیەكاندا خۆیان بنوێنن یان پەیوەست بن بە هەندێ تایبەتمەندی شاراوە لە خودی ئاگردا یاخود سیفەتێكی حەشاردراو هەبێت لەو جەستەیەدا كە دەخرێتەناو ئاگرەكەوە یان تێكەڵەیەك بێت لە هەموو ئەو تایبتمەندییانە- ئینجا هەموو ئەو هۆكارانە دەچنە بواری جێبەجێبوونەوە بەهۆی ئەو تەركیز و هەڵوەستەكردن و دوعایەوە. بەم شێوەیە كارێكی دەراسا بە ئاشكرا دەبینرێت بەڵام ئەمە نابێتە هۆی نەمانی متمانە بە تایبەتمەندی شتەكان و نابێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زانستەكان. بەڵكو لەڕاستیدا ئەم زانستە لەخودی خۆیدا لقێكە لە زانستە خواییەكان و لە شوێنی خۆیدایە. بۆ نموونە سیفەتی سووتاندن كە ئاگر هەیەتی لەخودی خۆیدا تەواو لە شوێنی خۆیدایە. بەڵكو ئەگەر دەتانەوێت بڵێن: ئەم سیفەتە مەوادێكی ڕۆحیە زاڵ دەبێت بەسەر ئاگردا و كاریگەری خۆی دەردەخات و تایبەتە بە كات و شوێنی خۆیەوە. بێگومان عەقڵی ماددی دنیا ناتوانێت لە حەقیقەتی ئەوە تێبگات كە مرۆڤی كامڵ دەبێتە جێگای دابەزینی درەوشانەوەی ڕۆحی خوا. وە كاتێك كاتی ئەوە دێت كە تێیدا مرۆڤی كامڵ ئەم درەوشانەوەیە دەربخات هەموو شتێك لێی دەترسێت وەك چۆن دەترسن لەخوا. ئیتر ئەو كاتە ئەگەر دەتانەوێت بیخەنە بەردەم دڕەندەكان یان بیخەنەناو ئاگرەوە هەرگیز تووشی زیان نابێت؛ چونكە ئەو كاتە ڕۆحی خوا زاڵ دەبێت بەسەریدا. وە هەموو شتێك پابەندە بەوەی لێی بترسێت. ئەمە یەكێكی ترە لە ڕازەكانی مەعریفەی خوایی كە حاڵیبوون لێی ئەستەمە بەبێ هاوڕێیەتی كەسانی كامڵ. وە بەو پێیەی دیاردەیەكی قووڵە و بەدەگمەن ڕوودەدات بۆیە هەموو كەسێكی تێگەیشتوو پەی نابات بەم حیكمەتە. بەڵام بیربكەنەوە، هەموو شتێك بەدەم بانگەوازی خوای گەورەوە دەچێت، وە هەموو شتێك لەژێر كۆنترۆڵی خوای گەورەدایە، وە دەزووی هەموو شتێك پێچراوە بەدەستی خواوە (سبحانه وتعالی). حیكمەتەكەی سنوور نازانێت، وە دەگاتە ڕەگ و ڕیشەی هەموو گەردیلەیەك، وە لە هەموو شتێكدا بەئەندازەی تواناكانی خوا تایبەتمەندی هەیە و هیچ شتێك زیاتر لە تواناكانی خوا تایبەتمەندی تێدا نیە. وە ئەو كەسەی باوەڕی بەمە نیە ئەوا لەو كەسانەیە كە خوای گەورە دەربارەیان دەفەرموێت: ﴿وَمَا قَدَرُواْ ٱللَّهَ حَقَّ قَدۡرِهِۦٓ﴾ (الأنعام: 92). وە لەبەرئەوەی مرۆڤی كامڵ تەواوترین دەركەوتەیەكە بۆ هەموو جیھان، بۆیە ناوبەناو هەموو جیهان ڕادەكێشرێت بۆ لای. وەكو جاڵجاڵۆكە وایە لە جیھانی ڕۆحانیدا، وە هەموو جیھان تۆڕەكەیەتی، ئەمەیە نهێنی كارە دەراساكان. وەرگێڕانی دێڕە شیعرێكی فارسی: “لەسیستەمی ئەم جیھانەدا كاریگەری سەدەها خواناس هەیە، دەی ئەو كەسەی ئەم حاڵەتە نابینێت چی بینیوە لە دنیادا” نووسەر.]
وە ئەگەر قسەی ئارییە هيندۆسەكان ڕاست بێت كە خوا بەدیهێنەری گیان و گەردیلەكانی گەردوون نیە، پەنا بەخوا، ئەوا گومانی تێدا نیە كە خوایەكی لاوازی لەم شێوەیە لەم دۆخەدا حوكمی حكومەتێكی لاواز بەجۆرێك لە جۆرەكان دەكات تا ماوەیەكی كورت پاشان سازشی لێ دەكات و لەكاركردن دەوەستێت و بە سەرشۆڕی و ڕسواییەوە خراپی و كەموكوڕی كارەكەی ئاشكرا دەبێت. بەڵام خوای ئێمە كە توانای بەسەر هەموو شتێكدا دەشكێت بەم شێوەیە نیە، بەڵكو بەدیهێنەری هەموو گەردیلەكانی جیھان و هەموو گیانەكان و هەموو دروستكراوانە. وە ئەگەر پرسیار بكرێت دەربارەی تواناكەی ئەوا وەڵامەكە ئەوەیە كە توانای هەموو ئەو شتانەی هەیە كە دژ و پێچەوانە نین لەگەڵ سیفەتە كامڵەكانی و بەڵێنە ڕاستەكانیدا. بەڵام ئەو قسەیە كە نایەوێت هەندێ شت بكات ئەگەرچی دەتوانێت هەموو شتێك ئەنجام بدات تۆمەتێكی ئەوپەڕی بێ نرخ و پووچە چونكە یەكێك لە سیفەتەكانی بریتییە لە: ﴿كُلَّ يَوۡمٍ هُوَ فِي شَأۡنٖ﴾ [الرحمن: 30] دەی مادام داماڵینی سیفەتی فێنكایی لە ئاو و نەهێڵانی تایبەتمەندی سووتاندن لەئاگردا پێچەوانەی سیفەتە كامڵەكانی و بەڵێنە ڕاستەكانی نیە ئیتر بۆچی تەنھا بۆ چەواشەكاری دەوترێت پێویست بووە لەسەری كە هەتاهەتایە دەسەڵاتی خۆی پیادە نەكات بەسەر تایبەتمەندیەكانی ئەم شتانەدا؟ بەڵگەیەك هەیە ئەمە بسەلمێنێت؟ وە خوا چ پێویستی بەم پابەندبوونە بێ پاساوە هەیە كە وێنەی خوایەتیەكەیشی خەوشدار دەكات؟
وا دەردەكەوێت سەیدی بەڕێزیش لەكاتی دانانی نامیلكەكەیدا هەستی بە لاوازی ئەم بیروبۆچوونەی خۆی كردبێت بۆیە پاساوێكی لاوازی تری خستووەتەڕوو بۆ پارێزگاری كردن لە بۆچوونە لاوازەكەی پێشووی كە بریتیە لەوەی خوای گەورە لە هەندێ ئایەتی قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی كردووە بۆ گەرمی ئاگر، وە لە هەندێ ئایەتی تردا هێمای كردووە بۆ فێنكایی ئاو، وە لە ئایەتێكدا فەرموویەتی خۆر لە خۆرهەڵاتەوە دەچێت بۆ خۆرئاوا، هەموو ئەم داتایانە كە گوزارشتن لە واقیعی ئەم شتانە بەڕای سەیدی بەڕێز كۆمەڵە بەڵێنێكن جێگۆڕكێ و گۆڕان قەبوڵ ناكەن. بەڵام ئەگەر ئەمە شێوازی هەڵێنجانی بەڵگە بێت ئەوا سەیدی بەڕێز تووشی كۆمەڵێك سەختی و گرانی گەورە دەبێت چونكە ناچار دەبێت ئەوە قەبوڵ بكات كە هەموو دەستەواژەكانی قورئانی پیرۆز دەچنە چوارچێوەی بەڵێنەوە. بۆ نموونە خوا مژدەی دا بە زەكەریا (عليه السلام) و فەرمووی: ﴿إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلَٰمٍ﴾ [مريم: 7]، دەی بەگوێرەی بنەماكەی سەیدی بەڕێز پێویست بوو یەحیا (عليه السلام) بە گەنجێتی بمێنێتەوە هەتا ئەبەد چونكە خوای گەورە یەحیای ناونا گەنج، بەجۆرێك ئەمە بەڵێنێك بوو (بەگوێرەی بیروباوەڕی سەیدی بەڕێز)! وە دەیەها نموونە هەیە لەم شێوەیە و خستنەڕووی هەموویان تەنها كات بەفیڕۆدانە. وە ئەگەر ڕاگەیاندنی ڕووداوەكانی ئێستا بەڕای سەیدی بەڕێز بەڵێن بن بۆ هەمیشە ئەوا پێویستە لێی بترسین چونكە دەكرێت بەگوێرەی ئەم بنەمایە لەسەر هەموو شتێكی گەورە و بچوك خەڵكی تۆمەتبار بكات و هەموو گوزارشتێك بە بەڵێنێكی هەمیشەیی دابنێت.
بۆیە پێموایە وا باشترە سەیدی بەڕێز لە ڕۆژەكانی كۆتایی ژیانیدا بیربكاتەوە و بۆ چەند مانگێك لەلام بمێنێتەوە. وە لەبەرئەوەی من فەرمانپێكراو و مژدەدەرم بەڵێنی پێ دەدەم لەپێناوی ڕازیكردنیدا هەڵوەستە دەكەم (لە دوعاكردندا)، وە هیوادارم خوای گەورە نیشانەیەك پیشان بدات و لە چاوتروكانێكدا ئەو ڕێسایانەی سروشت هەڵوەشێنێتەوە كە ئەو دەستی گرتووە پێیانەوە. بێگومان هەتا ئێستا شتانێكی زۆری لەم شێوەیە دەركەوتوون كە بەڕای سەیدی بەڕێز پێچەوانەی ڕێساكانی سروشتن، بەڵام باسكردنیان سوودی نیە چونكە سەیدی بەڕێز تەنھا بە چیرۆك و ئەفسانە ئەژماریان دەكات، بەجۆرێك نكوڵیش دەكات لەو پێشبینیانەی كە ئەولیاكانی خوا بە ئیلھام پێیان دەگات. بەڕای ئەو ئەم پێشبینیانە پێچەوانە و دژی ڕێساكانی سروشتن هەروەك داماڵینی سیفەتی سووتاندن لە ئاگر. هەروەها سەیدی بەڕێز پێیوایە كاریگەرییەكانی دوعاش -واتە ئەو كاریگەرییانەی كە بەهۆیانەوە مرۆڤ ئەو مەبەستەی خۆی دەستدەكەوێت كە دوعای بۆ كردووە- پێچەوانەی یاسای سروشتە. جا ئەگەر سەیدی بەڕێز ناتوانێت بێت بۆلام و لێرە بمێنێتەوە ئەوا پێویستە لەسەری بەڵێن بدات ڕاستی قەبوڵ بكات سەبارەت بە هەردوو حاڵەتەكە و ڕێگام پێ بدات ئەو وەحیە بڵاوبكەمەوە كە سەبارەت بەو پێم دەگات بەهۆی گیرابوونی دوعاكەمەوە چونكە ئەمە سوودی دەبێت بۆ خەڵكی گشتی. ئەگەر بۆچوونی سەیدی بەڕێز ڕاست و دروست بوو ئەوا هەرگیز سەركەوتوو نابم لە ئامانجەكەمدا، ئەگینا كەسە ژیرەكان ڕزگاریان دەبێت لە بیروباوەڕە ناڕاست و خراپەكانی سەیدی بەڕێز و پەروەردگاری گەورەی خۆیان دەناسن و بە خۆشەویستیەوە دەگەڕێنەوە بۆلای و كاتی دوعا نائومێد نابن لە ڕەحمەتەكەی، وە كاتی بڵندكردنەوەی دەستیان خۆشی و چێژ بەدەست دەهێنن. بێگومان سوودی بوونی خوای گەورە ئەوەیە كە لاڵانەوەكانمان ببیستێت و خۆی ئاگادارمان بكاتەوە لە بوونی خۆی، نەك ئەوەی بە هەزار تەكەللوف و زۆرلەخۆكردن خوایەكی گریمانەیی لەدڵماندا دابنێین وەك بت كە نەتوانین دەنگی ببیستین، وە نەتوانین درەوشانەوەكانی توانستە باڵاكەی ببینین. دەی بەدڵنیاییەوە بزانن كە ئەو خوا بەتوانایە بوونی هەیە و توانای بەسەر هەموو شتێكدا دەشكێت.
دەستەكانی نەنوقاون بەڵكو كراوەن چۆن بیەوێت دەبەخشێت و هەرچی بخوازێت دەیكات، وە توانای بەسەر هەموو شتێكدا دەشكێت. وآخر دعوانا أن الحمد لله رب العالمین.
“ڕوخساری خۆشەویست شاراوە نیە لە داواكاران، لەخۆردا دەدرەوشێتەوە و لەمانگیشدا پرشنگ دەدات،
بەڵام ئەم ڕوخسارە جوانە شاراوەیە لە كەسانی بێ ئاگا، پێویستە عاشقێكی ڕاستگۆ هەبێت تاكو لەپێناویدا ئەو پەردەیە لابدرێت.
ئەستەمە لە ڕێگەی خۆبەزلزانینەوە كەسێك بگات بە زاتی پاكی خوا، بۆیە هیچ ڕێگایەك نیە بۆ گەیشتن پێی جگە لە خۆبەكەمزانین و پیشاندانی ئازار و پەشێوی.
ڕێگای گەیشتن بەو خۆشەویستە ئەزەلییە زۆر ترسناكە، ئەگەر تۆ دەتەوێت سەلامەت و بێوەی بیت ئەوا وازبهێنە لە سەرپێچی و یاخیبوون.
بێگومان تێگەیشتن و عەقڵی گەمژەكان ناگاتە ناوەڕۆكی وتەكەی، وە تەنھا ئەو كەسەی وازیهێناوە لە خۆپەرستی ڕێنمایی دەكرێت بۆ ئەم ڕێگا ڕاستە.
خەڵكی دنیا ناتوانن گرێی ڕازەكانی قورئانی پیرۆز بكەنەوە، وە كەس هەست ناكات بە تامی ئەم بادەیە مەگەر ئەوەی دەیخواتەوە.
ئەی ئەو كەسەی نوورەكانی زانستە نادیارەكان نازانێت، سەرزەنشتت ناكەین هەرچییەك بڵێیت دەربارەمان.
بێگومان ئەم قسەیەمان كرد وەك ئامۆژگارییەك بۆ تۆ بۆ ئەوەی ئەو برینە قووڵە ساڕێژ ببێت بەم هەتوانە.
بە دوعا چارەسەری نەخۆشی نكوڵیكردن لە دوعا بكە وەك چۆن سەرخۆشبوون و مەستی بە خودی بادە چارەسەر دەكرێت.
ئەی ئەو كەسەی دەڵێیت: كامەیە كاریگەری دوعا ئەگەر كاریگەری هەیە؟ وەرە بۆ لام، وەكو خۆری درەوشاوە ئەو كاریگەرییەت پیشان دەدەم.
وریابە، نكوڵی نەكەیت لە ڕازەكانی توانستی خوایی، كەم قسە بكە و تێبینی دوعای قەبوڵكراو بكە لای ئێمە” [وەرگێڕانی قەسیدەیەكی فارسی (وەرگێڕی عەرەبی)].
پێشبینیەكی تر دەربارەی لیكهرامی پیشاوەری
لە بەیانی ڕۆژی 2ی نیسانی ساڵی 1893ز بەرامبەر 14 ڕەمەزانی ساڵی 1310 ك لەكاتی سەرخەوشكاندنێكی سووكدا، خۆم بینی بە دانیشتوویی لە ژوورێكی گەورەدا لەگەڵ هەندێ لە هاوەڵانمدا، لەناكاو پیاوێكی گەورەی باڵابەرزی شێوە ترسناك وەك ئەوەی خوێن لە ڕوخساری بتكێت هاتە ژوورەوە و لەبەردەممدا ڕاوەستا. كاتێك چاوم بەرزكردەوە بۆی، بینیم مرۆڤێكە قەوارە و دیمەنێكی سەیر و نامۆی هەیە، وەك ئەوەی مرۆڤ نەبێت، بەڵكو یەكێك بێت لە فریشتە تووڕە و توندوتیژەكان. دیمەنی مایەی ترس و لەرزی دڵەكان بوو. لەكاتێكدا دەمڕوانی بۆی پرسیاری لێكردم: “لیكهرام لەكوێیە؟” وە ناوی كەسێكی تریشی برد و پرسیاری شوێنەكەی كرد. وە لەو كاتەدا تێگەیشتم كە ئەم پیاوە ئەركی سزادانی لیكهرام و ئەو كەسەی تری پێ سپێردراوە، بەڵام ئێستا ناوی ئەو كەسەی ترم لەبیرنەماوە، بەڵام ئەوەم لەبیرە كە ئەو یەكێك بوو لەوانەی ڕاگەیاندنێكم بڵاوكردبووەوە لەبارەیانەوە. ئەمەش لەڕۆژی یەك شەممەدا بوو كاتژمێر چواری بەیانی، سوپاس بۆ خوا.
بەسەرنجدانەوە ئەمەی خوارەوە بخوێننەوە چونكە بەدڵنیاییەوە مژدەی تێدایە بۆتانبانگەوازێك بۆ سەرۆك و خانەدان و پیاوماقووڵان و بەرپرسانی حكومەت
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
ئەی پیاوچاكانی ئیسلام: لە خوا داواكارم زیاتر لە هەموو گروپەكانی تر خوا نیازی باش بخاتە دڵتانەوە، وە لەم كاتە دژوارەدا بتانكات بە خزمەتكاری ڕاستگۆی ئایینە خۆشەویستەكەی. لەبەرخاتری خوا ئاگادارتان دەكەم لە كارێكی گرنگ كە بریتیە لەوەی خوای گەورە لەسەرەتای ئەم سەدەی چواردەیەدا ڕەوانەی كردم وەك فەرمانپێكراوێك لەلایەن خۆیەوە بۆ نوێكردنەوە و سەرخستنی ئایینی پتەوی ئیسلام، بۆ ئەوەی لەم سەردەمە دژوارەدا جوانیەكانی ئیسلام و گەورەیی پێغەمبەری خوا (ﷺ) پیشان بدەم، وە بەهۆی ئەو نوور و بەرەكەت و كارە دەراسا و زانستە خواییانەوە كە پێم دراون بەرپەرچی هەموو ئەو دوژمنانە بدەمەوە كە پەلاماری ئیسلام دەدەن. وە ئەم ئەركە ماوەی دە ساڵە بەردەوامە. بەڵام لەبەرئەوەی هەموو ئەو ئامرازانەی كە پێویستن بۆ بڵاوكردنەوەی ئیسلام پێویستی بە یارمەتی دارایی هەیە بۆیە بەلامەوە گونجاو بوو ئەم پەیامەتان پێ ڕابگەیەنم.
بەڕێزان گوێ ڕادێرن، لەپێناوی خوا و پێغەمبەرەكەیدا تووشی كۆمەڵێك گرفت بووین و ئێمە پێویستمان بە ماڵ و سامانێكی زۆر هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی كتێب و نووسراوەكان لەناو سەدان هەزار كەسدا. بارودۆخی ئێستا ئەوەیە كە پارە و سامان نیە بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئامانجە گرنگانە، پاشان ئەگەر كتێبێك بڵاوبكرێتەوە بەهۆی یارمەتی و پێداگری هەندێ لە خزمەتكارانی بەپەرۆشی ئایینەوە [لێرەدا مەبەست لە خزمەتكاری بەپەرۆشی ئایین بریتیە لە خۆشەویستم لەپێناوی خوادا مەولەوی حەكیم نوورەددینی بەهێرەیی كە هەموو ماڵ و سامانی خۆی خەرجكردووە لەم پێناوەدا، دوای ئەو خۆشەویستی دڵم بەڕێز حەكیم فەزڵەددینی هێژا و نەواب موحەممەد عەلی خانی بەڕێز لە “مالیر كوتلە” و دوای ئەوانیش برا دڵسۆزەكانی تر بەگوێرەی پلەوپایەكانیان كە قوربانی دەدەن لەم پێناوەدا. نووسەر.] ئەوا تەنھا هەندێ نوسخەی كەمی لێ دەفرۆشرێت بەهۆی كەمی بایەخدان و بێ ئاگایی خەڵكیەوە، بۆیە زۆربەی نوسخەكانی یان لە سندوقەكاندا دەمێنێتەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ یان بەخۆرایی دابەشدەكرێت لەبەر خاتری خوا، ئەمەش زیان دەگەیەنێت بە بڵاوكردنەوەی ئایین. لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی ئەم كۆمەڵە زیاتر دەكات بەڵام هەتا ئێستا ئەو دەوڵەمەندانەمان لەگەڵدا نیە كە دەتوانن گەورەترین بەشی ئەم خزمەتەی ئیسلام بخەنە ئەستۆی خۆیان. وە لەبەرئەوەی وەك فەرمانپێكراوێك هاتووم لەلایەن خواوە بۆ نوێكردنەوەی ئایین و خوای گەورە مژدەی پێداوم كە هەندێ لە سەركردە و پاشاكانیش دێنەناو كۆمەڵەكەمەوە و فەرموویەتی: “بەرەكەتدارت دەكەم بەرەكەت لەدوای بەرەكەت تەنانەت پاشاكان بە پۆشاكی تۆ خۆیان پیرۆز و بەرەكەتدار دەكەن”، لەبەرئەوە ئەمڕۆ هات بە مێشكمدا كە هانی خاوەن سامان و كەسانی پارەدار بدەم بۆ سەرخستنی ئەركەكەم.
وە لەبەرئەوەی ئەم ئەركی سەرخستن و یارمەتیدانی ئایینە ئەركێكی مەزنە، وە مرۆڤ خاڵی نیە لە گومان و دوودڵی و وەسوەسەكانی خۆی، وە بەبێ زانینی ڕاستی مرۆڤ بڕیار نادات ئەم جۆرە یارمەتیە مەزنە پێشكەش بكات؛ بۆیە ئاگادارییەكی گشتی دەنووسم بۆ دەوڵەمەند و پارەدارەكان بەوەی ئەگەر دوودڵن لە پێشكەش كردنی یارمەتی پێش ئەزموون و تاقیكردنەوە ئەوا پێویستە لەسەریان هەندێ لە نەخشە و مەبەست و گرفتەكانیان بنووسن بۆم بۆ ئەوەی بتوانم بپاڕێمەوە بۆیان. بەڵام پێویستە لەسەریان بە ئاشكرا بۆم بنووسن كە تا چ ڕادەیەك یارمەتی داراییم دەدەن لەپێناوی ئیسلامدا لە حاڵەتی جێبەجێبوونی ئاوات و ئامانجەكانیان؟ ئایا لەدڵیاندا بڕیار و بەڵێنێكی یەكجارییان داوە كە بەم ئەندازە و بەو ئەندازەیە یارمەتی پێشكەش دەكەن. وە ئەگەر نامەیەكم پێگەیشت لەم بارەیەوە لە هەر كەسێكەوە ئەوا بۆی دەپاڕێمەوە [پێویستە نامەكە زۆر بەوریاییەوە لە ڕێگەی پۆستی تۆماركراوەوە بنێردرێت، وە پێویستە بەشێوەیەكی ڕاست مۆركرابێت، وە پێویستە پێش وەخت ئەم نهێنیە ئاشكرا نەكرێت. منیش ئەم نهێنیە بەشاراوەیی دەپارێزم بە ئەمانەتەوە. وا باشترە كەسی دەوڵەمەند لەجیاتی نامە نوێنەرێك لەلایەن خۆیەوە بنێرێت. نووسەر.]، وە من دڵنیام كە خوای گەورە بەدڵنیاییەوە دوعاكەم گیرا دەكات بە مەرجێك كارەكە قەدەرێكی جێگیر و نەگۆڕ نەبێت، وە لە ڕێگەی ئیلهامەوە ئاگادارم دەكاتەوە. كەواتە نائومێدمەبن بە ڕوانین بۆ سەختی و ئاڵۆزی ئامانجەكانتان چونكە خوای گەورە توانای بەسەر هەموو شتێكدا دەشكێت بەمەرجێك دژ و پێچەوانەی ویستە ئەزەلییەكەی خۆی نەبێت. ئەگەر كەسانێكی زۆر ئەم جۆرە داواكارییانەیان نارد ئەوا تەنھا هەواڵ بەو كەسانە دەدەین كە مژدەمان پێ دەگات لەلایەن خواوە (عز وجل) بە چارەسەری گرفتەكانیان. وە ئەمەش دەبێت بە نیشانەیەك بۆ نكوڵیكارانیش، وە ڕەنگە ئەم نیشانانە زۆربن هەتا وەكو ڕووبار ڕەوان دەبن.
لەكۆتاییدا، ئامۆژگاری هەموو موسوڵمانان دەكەم و هانیان دەدەم كە: بێداربنەوە لەپێناوی ئیسلامدا چونكە ئیسلام لە دۆخێكی زۆر سەختدایە. وە یارمەتی بدەن چونكە بە نامۆیی گەڕایەوە، وە من بۆ ئەم مەبەستە هاتووم. بێگومان خوای گەورە زانستی قورئانی پیرۆزی پێداوم و حەقیقەت و زانیارییەكانی كتێبەكەی خۆی ئاشكراكردووە بۆم، وە موعجیزەی پێداوم، دەی ئێوەیش وەرن بۆلام بۆ ئەوەی ئەم نیعمەتە بەدەست بهێنن. سوێند بەو كەسەی گیانی منی بەدەستە خوای گەورە منی ڕەوانەكردووە. ئایا پێویست نەبوو لەسەرەتای ئەم سەدەیەدا، كە ئاژاوەكەی گەورەیە و دەرد و بەڵاكانی ڕوونن، نوێكارێك بێت بە بانگەشەیەكی ڕوونەوە؟ بەم زووانە دەمناسن لە ڕێگەی كردەوەكانمەوە. دیارە نەفامی و نەزانی زاناكانی ئایین هەمیشە ئاستەنگ بووە لەبەردەم ئەو كەسانەدا كە لەلایەن خواوە هاتوون، وە لە كۆتاییدا تەنها بەهۆی كردەوەكانیەوە ناسراون چونكە درەختی تاڵ ئەستەمە بەری شیرین بگرێت. وە خوای گەورە ئەو بەرەكەتانە نادات بە كەسانی تر كە دەیاندات بە هەڵبژێردراوانی خۆی.
هۆ خەڵكینە، بێگومان ئیسلام زۆر لاواز بووە و لە هەموو لایەكەوە دوژمنانی ئایین گەمارۆیان داوە، وە ژمارەی ئەو ڕەخنانەی كە لە ئیسلام گیراون بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە سێ هەزار ڕەخنە، بۆیە لەم قۆناغەدا باوەڕی خۆتان بسەلمێنن بە دەربڕینی هاوخەمی و دڵسۆزیتان بۆ ئیسلام، ئەوسا لەڕیزی پاڵەوانی خوا ئەژمار دەكرێن، والسلام علی من اتبع الهدی.
“ئایینی ئەحمەد (ﷺ) وازیلێهێنرا، خۆشەویست و یارمەتیدەری نەماوە، هەموو كەسێك سەرقاڵ و خەریكە بەكاروباری خۆیەوە و هیچ كەسێك بایەخ بە ئایینی ئەحمەد نادات” [قەسیدەیەكی فارسی وەرگێردراو. (وەرگێڕی عەرەبی)].
بێگومان لافاوی گومڕایی سەدان هەزار خەڵكی ڕاماڵی لە هەموو لایەكەوە، هاوار بۆ كەسێك كە هەتا ئێستا وریا نەبووتەوە و سەرنجی نەداوە.
ئەی زەنگین و پارەدارەكان ئەم هەموو بێ ئاگایی و گوێپێنەدانە بۆچی؟ ئایا ئێوە سەرخۆشن بەهۆی خەوی قورسەوە یان بەختی ئایین خەوتووە؟
ئەی موسوڵمانان توخوا تەنھا سەرنجێك لە دۆخی سەختی ئایین بدەن لەبەرخاتری خوا، وە پێویست ناكات ئەو بەڵا و نەهامەتییانە باسبكەم كە دەیانبینم.
ئەی پاڵەوانەكان ڕاپەڕن ئەوەتا ئاگر پۆشاكی ئایین دەسووتێنێت، بۆیە شایستە نیە بە باوەڕداران لە دوورەوە تەماشا بكەن.
بێگومان دڵم خەڵتانی خوێنە لەخەفەتدا بۆ ئایین، وە تەنھا خوای زانای نهێنیەكان هەست بە ئازارم دەكات.
جگە لە خوا كێ ئەو ئازارە دەزانێت كە پێیدا تێدەپەڕین؛ پیاڵەی ژەهر هەڵدەقوڕێنین بەڵام ناتوانین شتێك بڵێین.
هەموو كەسێك هاوخەم و دڵسۆزە بۆ كەسوكار و ماڵ و مناڵی خۆی بەڵام زۆر بەداخەوە هاوخەم و دڵسۆز نیە بۆ ئایینی هەژار، دەبینم خوێنی ئایین دەڕژێت وەكو خوێنی شەهیدەكانی كەربەلا، بەڵام بەداخەوە ئەو خەڵكە هەرگیز ئەم (ئایینە) خۆشەویستەیان خۆشناوێت
كاتێك دەبینم بەخشندەن بۆ هەوا و ئارەزووە دەروونیەكانی خۆیان تووشی حەپەسان دەبم و دەپرسم بۆچی ئەم بەخشندەییە بەدی ناكرێت لەپێناوی خوادا
ئەی ئەو كەسەی كە توانای هەیە و نیازیشی هەیە یارمەتی ئایین بدات، ببەخشە بە ئەندازەی توانا دیارە ئێمە ناڕوانین بۆ كەم یان زۆر
بڕوانە چۆن ئایینێك كە نموونەی نیە لەژێر ئاسماندا لەخۆڵدا دەگەوزێت بەهۆی ستەمی نەزانەكانەوە
لەم كاتە سەخت و دژوارەدا ئێمەی هەژار چارەیەكمان لەدەستدا نیە جگە لە دوعا و گریانی دەمەوبەیان
پەروەردگارا هەرگیز دڵێكی پڕ لە تاریكی خۆش مەكە كە هاوخەم نیە بۆ ئایینی ئەحمەدی هەڵبژێردراو (ﷺ)
هۆ براكەم ڕۆژەكانی خۆشحاڵی و گاڵتەوگەپ ژمارەیان كەمە، هەڵبەت باخچەكان و جوانی و سەوزاییان هەتاهەتایە بەردەوام نابێت.”
نووسەر
ميرزا غوڵام ئەحمەد لە قادیان پارێزگای گورداسپوور، هەرێمی پەنجاب
لە چاپخانەی “ریاض هند” لە قادیان چاپ كرا.
*****
ڕاگەیاندنێك بۆ ئەو كەسانەی حەزیان لە كتێبی “مرآة كمالات الإسلام”ە
لەم دواییەدا كتێبێكم دانا بە ناونیشانی: “مرآة كمالات الإسلام”، پاش لێكۆڵینەوە و وردەكارییەكی زۆر، جوانی و سیفەتە تەواوەكانی ئیسلام و قورئانی پیرۆزم تێدا خستەڕوو. سەرباری ئەوە بەرپەرچی بیروباوەڕە پووچەكانی دوژمنانی ئایینی تێدایە، هەروەها بیروبۆچوونە پووچەكانی شوێنكەوتووانی ڕێبازی سروشتم تێیدا ڕیشەكێش كردووە. كتێبەكە پێكهاتووە لە زیاتر لە 650 لاپەڕە و نرخەكەی دوو ڕوپیەیە سەرەڕای خەرجیەكانی پۆست. هەروەها چەند كتێبێكی تر هەن وەك: سەركەوتنی ئیسلام، ڕوونكردنەوەی مەبەست، وە نەهێشتنی بیروباوەڕە هەڵەكان. نرخی هەریەك لە: سەركەوتنی ئیسلام و ڕوونكردنەوەی مەبەست پێشتر نیو ڕوپیە بوو بەڵام ئێستا دامانبەزاند بۆ چارەكە ڕوپیەیەك، سەرەڕای خەرجی پۆست.
ڕاگەیەنەر
میرزا غوڵام ئەحمەد، قادیان پارێزگای گورداسپوور، پەنجاب
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
خوایە درود بنێرە بۆسەر گیانی موحەممەد و ماڵباتی موحممەد باشترینی نێردراوان و خاتەمی پێغەمبەران
بێگومان لە ڕێگەی ئیلھامەوە و بە فەرمانی خوا كتێبی “البراهین الأحمدیة”م نووسی بەئامانجی ئیسڵاحكردن و زیندووكردنەوەی ئایین، وە خەڵاتێكم دیاریكردووە كە بریتیە لە دە هەزار ڕوپیە بۆ هەر كەسێك ئەو بەڵگانە هەڵوەشێنێتەوە كە تێیدا هاتوون. مەبەستم لە دانانی ئەم كتێبە ئەوەیە پیشانی بدەم تاكە ئایینی ڕاست كە بەهۆیەوە مرۆڤ باوەڕ بهێنێت بەخوای گەورە كە زاتێكی پاك و بێگەردە لە هەموو خەوش و ناتەواوییەك، وە لەناخی دڵەوە باوەڕبهێنێت بە سەرجەم سیفەتە پیرۆز و كامڵەكانی، بریتیە لە ئیسلام كە بەرەكەتەكانی ڕاستی و دروستیەكەی وەكو خۆر پرشنگ دەدات، وە وەكو ڕۆژی ڕۆشن ڕووناكی ڕاستی تێیدا دەدرەوشێتەوە. بەڵام شتێكی بەڵگەنەویستە ئایینەكانی تر پووچن بەجۆرێك بەگوێرەی لێكۆڵینەوەی عەقڵی ڕاستی و دروستی بنەماكانیان ناچەسپێت، وە بەشوێنكەوتنیان بەرەكەتی ڕۆحی و قەبوڵبوون لای خوا هەرگیز بەدەست نایەت، بەڵكو بەپێچەوانەوە پابەندبوون پێیانەوە مرۆڤ ئەوپەڕی كوێر و سەرگەردان و دڵڕەش دەكات و نیشانەكانی بەدبەختیەكەی بە ئاشكرا دەردەكەوێت لەم دنیایەدا.
لەم كتێبەدا بە دوو شێواز ڕاستی ئیسلامم چەسپاندووە:
1) بە سێ سەد بەڵگەی عەقڵی بەهێز و گومانبڕ. گەورەیی و بەهێزی ئەم بەڵگانە لەوەوە دەردەكەوێت كە ڕاگەیاندنی دیارییەكی دە هەزار ڕوپیەیی لكێنراوە بە كتێبەكەوە بۆ هەر كەسێك لە نەیارانی ئیسلام بتوانێت ئەم بەڵگانە هەڵوەشێنێتەوە. وە ئەگەر كەسێك ویستی ئەوا دەتوانێت دان پێدانانێك لەلایەن منەوە وەربگرێت بە نووسراوی و تۆماركراوی لای دادگا بۆ دڵنیایی خۆی.
2) لە ڕێگەی نیشانە ئاسمانیەكانەوە كە هەردەبێت بوونیان هەبێت بۆ چەسپاندنی ڕاستی ئایینی دروست بەشێوەیەكی تەواو. وە بۆ دەرخستنی ڕاستی ئیسلام وەك خۆر لە ناوەڕاستی ئاسماندا لەم بەشەی دووەمدا سێ جۆر بەڵگەم پێشكەش كردووە: یەكەم: ئەو موعجیزانەی لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) نەیارەكان بینیویانن كە بەهۆی دوعا و تەركیز و بەرەكەتەكەیەوە لەسەر دەستی پیرۆزیدا دەركەوتن ، هەڵبەت لە كتێبەكەدا تۆمارم كردن بەگوێرەی ڕیزبەندیە مێژووییەكەیان بەو پێیەی چاكترین جۆری بەڵگەن. دووەم: ئەو نیشانانەی كە لە قورئانی پیرۆز خۆیدا هەن بە شێوەیەكی هەمیشەیی و ئەبەدی كە كۆمەڵێك نیشانەی بێ وێنەن، وە بەشێوەیەكی گشتگیر و تێروتەسەل بۆ هەموو كەسێكم ڕوونكردوونەتەوە، وە بواری پاساوم نەهێشتووەتەوە بۆ هیچ كەسێك. سێیەم: ئەو نیشانانەی كە بە میراتی دەگوێزرێنەوە بۆ یەكێك لە شوێنكەوتەكان بەهۆی شوێنكەوتنی كتێبی خوا و گوێڕایەڵی ڕاستەقینەی پێغەمبەرەوە (ﷺ). وە بۆ چەسپاندنی ئەم جۆرە بەڵگەیە لەم كتێبەدا ژمارەیەكی زۆر نموونەم تۆماركردووە لەسەر ئەوەی چۆن خوای گەورە، كە توانای هەیە بەسەر هەموو شتێكدا، نیعمەتی ئیلھامە ڕاستەكان و كارە دەراساكان و كەرامەتەكان و هەواڵە غەیبیەكان و كەشفەكان و گیرابوونی دوعای بەخشیوە بە منی خزمەتكاری ئایینی ڕاست، وە زۆرێك لە نەیارانی ئایین -وەك ئارییەكان و ئەوانی تریش- شایەتی دەدەن لەسەر ڕاستیەكانیان و بەچاوی خۆیان بینیویانن. وە ئەوەشم ڕاگەیاندووە كە وەحیم بۆ كراوە من خۆم نوێكاری چەرخم و سیفەتە كامڵەكانم هاوشێوەی سیفەتە كامڵەكانی مەسیحی كوڕی مەریەمە لەڕووی ڕۆحییەوە، وە لێكچوون و هاوشێوەییەكی بەهێز هەیە لەنێوانماندا. وە من خۆم -بەو پێیەی شوێنكەوتەی گەورەمان باشترینی مرۆڤەكان و چاكترینی پێغەمبەرانم (ﷺ)- فەزڵم دراوە بەسەر زۆرێك لە ئەولیا گەورەكانی پێش خۆمدا. وە پەیڕەوكردنی خووڕەوشت و شوێنكەوتنی هەنگاوەكانم مایەی ڕزگاربوون و ئاسوودەیی و بەرەكەتە، وە دژایەتیكردنم هۆكاری دووركەوتنەوە و بێ بەشبوونە لە ڕەحمەتی خوا. هەموو ئەمانە بە خوێندنەوەی كتێبی البراهین الأحمدیە ڕوون دەبنەوە، كە 37 بەشی لێ بڵاوكراوەتەوە لە ئەسڵی 300 بەش، وە من هەمیشە ئامادەم بۆ قەناعەتپێكردنی ئەو كەسەی بۆ حەق دەگەڕێت بەشێوەیەكی تەواوەتی. ئەمەش فەزڵی خوایە دەیدات بە هەركەسێك خۆی بیەوێت و شانازیكردن نیە. والسلام علی من اتبع الهدی.
وە ئەگەر كەسێك وەك داواكارێكی حەق و ڕاستی پاش ئەم ڕاگەیاندنەش نەیویست ئەوە چارەسەربكات كە بەدڵ و هۆشیدا دێت و بە دڵێكی پاكەوە نەهات بۆ لام ئەوا بەڵگەی خۆمان چەسپاندووە لەسەری و بەرپرسیارە لەبەردەم خوای گەورەدا. بەم دوعایە كۆتایی دەهێنم بەم ڕاگەیاندنە: ئەی خوای بەخشندە، دڵانی ئامادە لە هەموو ئوممەتەكان ڕێنموونی بكە بۆ ئەوەی باوەڕبهێنن بە پێغەمبەرە خۆشەویستەكەت، باشترینی نێردراوان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) و بە فەرمایشتە كامڵ و پیرۆز و پاكەكەت، قورئانی پیرۆز، وە كاربكەن بە فەرمانەكانی بۆ ئەوەی شاد بن بە هەموو بەرەكەت و ئاسوودەیی و خۆشحاڵییەكی ڕاستەقینە كە موسوڵمانە ڕاستگۆكان بەدەستیان دەهێنن لە هەردوو جیھانەكەدا، وە شاد بن بە ڕزگاربوون و ژیانی هەتاهەتایی -كە تەنھا لەدواڕۆژدا بەدەست نایەت بەڵكو ڕاستگۆیان و پیاوچاكان لە خودی ئەم دنیایەیشدا بەدەستی دەهێنن- بەتایبەتی گەلی ئینگلیز كە هەتا ئێستا سوودیان وەرنەگرتووە لەم خۆری ڕاستیە، ئەوانەی كە حكومەتە بە ئەدەب و خاوەن شارستانیەت و هاوسۆزەكەیان، بەهۆی مامەڵەی چاكیەوە، كارێكی كردووە خۆزگەی ئاشتی و ئاسایشیان بۆ بخوازین لە ئایین و دنیادا بۆ ئەوەی ڕوخساری سپییان درەوشاوە بێت لە دواڕۆژیشدا وەك چۆن جوان و گەشاوەیە لەم دنیایەدا.
بۆیە داوای خێر و خۆشی دەكەین بۆیان لە خوای گەورە لە دنیا و دواڕۆژدا. خوایە بەهۆی ڕەحمەتی خۆتەوە هیدایەتیان بدە و هاوكارییان بكە، وە خۆشەویستی ئایینەكەت لەدڵیاندا بچەسپێنە، وە بە هێز و توانای خۆت كێشیان بكە بۆ ئەوەی باوەڕبهێنن بە كتێبەكەت و پێغەمبەرەكەت و پۆل پۆل بێنەناو ئایینی خواوە. ئامین ئامین. والحمد لله رب العالمین.
ڕاگەیەنەر
بەندەی لاواز
میرزا غوڵام ئەحمەد لە قادیان، پارێزگای گورداسپوور پەنجاب
(بیست هەزار دانە لەم ڕاگەیاندنە بڵاوكرایەوە) (لە چاپخانەی ریاض هند لەچاپدرا، ئەمریتسەر، پەنجاب)
PDF