ئومێدە هەڵچنراوەكان لەسەر “پیاوانێك لە ڕۆڵەكانی فارس”
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسینی:
میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)
*****
ناوەڕۆك
پێشەكی
دەقى وتارەكە
ئومێدەكە گرێدراوە بە ڕۆڵەكانی فارسەوە
ئەركی نەوەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەبەرامبەر بڵاوكردنەوەی ئیسلامدا
دۆخی ئازاربەخشی ئیسلام
جیاوازی نێوان خەڵكی ڕۆژئاوا و شارستانیەتەكەیان
ڕاگەیاندنی دوو مارەبڕین
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
پێشەكی
لەڕۆژی 2ی تەممووزی ساڵی 1934ز حەزرەتی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد، خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دوو گرێبەستی مارەبڕینی ئەنجامدا، یەكێكیان بریتی بوو لە مارەبڕینی مەنصورە بێگەم كچی حەزرەتی نەواب موحەممەد عەلی خان (رضي الله عنه) بۆ كوڕی گەورەی خۆی میرزا ناصر ئەحمەد -ڕەحمەتی خوای لێ بێت-، وە دووەمیان بریتی بوو لە مارەبڕینی ناسیرە بێگەم بۆ صاحیبزادە میرزا مەنصور ئەحمەد كوڕی حەزرەتی میرزا شەریف ئەحمەد (رضي الله عنه). لەخوارەوە وەرگێڕانی ئەو وتارە مێژووییە جوانە دەخەینەڕوو كە بەڕێزی بەم بۆنە خۆشەوە پێشكەشی كرد.
*****
دەقى وتارەكە
الحمد لله نحمده ونستعینه ونستغفروه ونؤمن به ونتوكل علیه ونعوذ بالله من شرور أنفسنا ومن سیئات أعمالنا، من یهده الله فلا مضل له ومن یضلله فلا هادي له، ونشهد أن لا إله إلا الله نشهد أن محمدا عبده و رسوله.. ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ ٱتَّقُواْ رَبَّكُمُ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفۡسٖ وَٰحِدَةٖ وَخَلَقَ مِنۡهَا زَوۡجَهَا وَبَثَّ مِنۡهُمَا رِجَالٗا كَثِيرٗا وَنِسَآءٗ ۚ وَٱتَّقُواْ ٱللَّهَ ٱلَّذِي تَسَآءَلُونَ بِهِۦ وَٱلۡأَرۡحَامَ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ عَلَيۡكُمۡ رَقِيبٗا﴾ (النساء: 2)
﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱتَّقُواْ ٱللَّهَ وَقُولُواْ قَوۡلٗا سَدِيدٗا * يُصۡلِحۡ لَكُمۡ أَعۡمَٰلَكُمۡ وَيَغۡفِرۡ لَكُمۡ ذُنُوبَكُمۡ ۗ وَمَن يُطِعِ ٱللَّهَ وَرَسُولَهُۥ فَقَدۡ فَازَ فَوۡزًا عَظِيمًا﴾ (الأحزاب: 71)
﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱتَّقُواْ ٱللَّهَ وَلۡتَنظُرۡ نَفۡسٞ مَّا قَدَّمَتۡ لِغَدٖ ۖ وَٱتَّقُواْ ٱللَّهَ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ خَبِيرُۢ بِمَا تَعۡمَلُونَ﴾ (الحشر: 19)
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەی ئامانجی دروستبوونی مرۆڤ فەرموویەتی: ﴿وَمَا خَلَقۡتُ ٱلۡجِنَّ وَٱلۡإِنسَ إِلَّا لِيَعۡبُدُونِ﴾ (الذاریات: 57).. واتە جن و ئینسم دروستكردووە تەنھا بۆ یەك ئامانج ئەویش ئەوەیە ببن بە بەندەی من؛ بەجۆرێك سیفەتەكانی من ڕەنگبدنەوە تێیاندا و ببن بە دیمەنی من.. بە دەربرینێكی تر هەر یەكەیان ببێت بە سێبەرێك بۆ خوای گەورە كە بەسەر زەویدا بڕوات سەرەڕای ئەوەی بەندەی خوایە (سبحانه وتعالى).
ئەو كەسانەی نكوڵی لە بوونی خوای گەورە دەكەن بەزۆری دەڵێن: خوامان پیشان بدەن ئەگەر بوونی هەیە؟ زۆرێك لە موسوڵمانانیش بە سەرسوڕمانەوە دەپرسن: وەڵامی ئەم پرسیارە چیە؟ لەگەڵ ئەوەی ئەگەر لەڕاستیدا باوەڕدار بوونایە ئەوا خۆیان دەبوونە وەڵامێكی بەرجەستە بۆ ئەم پرسیارە، چونكە خوای گەورە لێرەدا پێمان ڕادەگەیەنێت كە مرۆڤی دروستكردووە بۆ ئەوەی ببێت بە سێبەرێك بۆ خۆی (سبحانه وتعالى). كەواتە هەموو باوەڕدارێكی تەواو سێبەر و خەلیفەی خوایە، بۆیە ئەستەمە ئەم پرسیارە بكرێت لە كاتی ئامادەبوونی ئەو باوەڕدارە تەواوەدا، چونكە ئەم پرسیارە بە پرسیارێكی زیادە و هەوانتە لەقەڵەم دەدرێت مادام ئەم باوەڕدارە لەبەردەم ئەو كەسەدا ئامادەبێت كە پرسیارەكەی كردووە، چونكە هیچ كەسێك بە هاوەڵەكەی ناڵێت: خۆرم پیشان بدە، لەكاتێكدا خۆر لەبەرچاویدا هەڵهاتووە، وە ناڵێت: ئەو دەریایەم پیشان بدە كە شەپۆل دەدات لەكاتێكدا لە كەنارەكەیدا ڕاوەستاوە. لەڕاستیدا ئەگەر باوەڕدار ڕاستێنەری ئەم فەرمایشتەی خوا بێت كە دەفەرموێت: ﴿وَمَا خَلَقۡتُ ٱلۡجِنَّ وَٱلۡإِنسَ إِلَّا لِيَعۡبُدُونِ﴾، ئەوا ئەستەمە كەسێك پێی بڵێت: خوام پیشان بدە، چونكە ئەم باوەڕدارە خۆی دیمەن و دەركەوتەی سیفەتەكانی خوایە كە زۆر بەڕوونی ڕەنگدەدەنەوە لە كردەوەكانیدا.
كەواتە ئەمە ئامانجی هەموو مرۆڤێكە كە خوای گەورە لەپێناویدا دروستیكردووە. وە یەكەم مرۆڤ كە ئەركی جێبەجێكردنی ئەم ئامانجەی لەئەستۆگرتبوو قورئانی پیرۆز ناویناوە ئادەم. هەڵبەت ئادەم (علیه السلام) دەركەوت، وە ئەوپەڕی هەوڵیدا بوونی خوای گەورە ئاشكرا بكات بۆ دنیا، ئەوە بوو خەڵكانێك ڕاستبوونەوە بۆ دژایەتیكردنی كە دەترسان بەهۆی دەركەوتنی بوونی خوای گەورەوە ئەو پلەوپایە و حەوانەوە و خۆشگوزەرانیەی هەیانبوو لەدەستی بدەن، بۆیە بە جۆرەها شێواز هەوڵیاندا ئەو ڕووناكیە خواییە بشارنەوە كە لەڕێگەی ئادەمەوە درەوشایەوە لەجیهاندا، وە لەهەوڵەكانیاندا شكستیان هێنا، وە ئادەم (علیه السلام) توانی ڕووناكی خوای گەورە دەربخات بەو ئەندازەیەی كە بڕیابوو دەربكەوێت لەو سەردەمەدا.
پاش كۆتاییهاتنی سەردەمی ئادەم (علیه السلام) سەردەمی نووح (علیه السلام) هات، لەم سەردەمەشدا خەڵكی دنیا هەموو هەوڵێكیان خستەگەڕ بۆ شاردنەوە و نەهێشتنی ڕووناكی خوای گەورە، بەڵام دیسان شكسیان هێنا، وە خوای گەورە سەرلەنوێ لەڕێگەی نیشانە شكۆمەندیەكانی خۆیەوە بەندایەتی و پەرستنی خۆی جێگیركرد لەجیهاندا، وە جارێكی تر كۆمەڵێك مرۆڤی پیشانی خەڵكیدا كە بەندەی ڕاستەقینەی خوا بوون.
پاشان جارێكی تر شەیتان هێزی پەیداكردەوە، وە بە قسەی خۆی هەموو شوێنەوارەكانی نووحی سڕییەوە كە بوونیان هەبوو هەتا سەردەمی ئیبراهیم، ئەوە بوو خوای گەورە جارێكی تر بەهۆی ئیبراهیمەوە (علیه السلام) ڕووناكی خۆی دەرخستەوە لە جیهاندا، وە جارێكی تر خەڵكی بەندە ڕاستەقینەكانی خوایان بینی. پاشان ئەو ڕووناكیەی كە ئیبراهیم ئاشكرای كرد بۆ جیهان وردە وردە ڕووی لە كزی كرد، ئینجا جارێكی تر خوا لەڕێگەی مووساوە (علیه السلام) درەوشاندیەوە. پاشان دوای مووسا هەتا سەردەمی عیسا (علیه السلام) بەردەوام بەدوای یەكدا خوای گەورە پێغەمبەرانی ڕەوانە دەكرد، لەسەردەمی عیسایشدا (علیه السلام) بوونی خوای كردگار زۆر بەڕوونی درەوشایەوە لەجیهاندا پاش ئەوەی كاریگەریەكەی لەدڵەكاندا زۆر لاواز بوو بوو. بەڵام كۆمەڵەكەی عیسایش (علیه السلام) لاواز بوون، وە جارێكی تر ڕووناكی خوا كزبوویەوە، وە دووبارە شەیتان سەری دەرهێنایەوە، ئەوە بوو خوای گەورە دواهەمین ڕووناكی خۆی ڕەوانەكرد بۆ جیهان كە دواهەمین سەرچاوەیە بۆ هیدایەت و ڕێنموونی.. مەبەستم گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردەیە (ﷺ). هەموو موسوڵمانان دەزانن پێغەمبەر (ﷺ) بەڕادەیەكی زۆر تووشی دژایەتی سەخت و ئازار و ئەشكەنجە بوو لەلایەن دوژمنانی ئیسلامەوە، وە ئەم بابەتە بەشێوەیەكی كردەیی بە جۆرەها شێواز ئاشكرابووە بۆ كۆمەڵەكەمان. وە پێغەمبەر (ﷺ) دواهەمین ڕووناكی بوو كە لەدنیادا دەركەوت، وە هەرگیز لەدوای ئەو ڕووناكیەك دەرناكەوێت كە لە ڕووناكیەكەی ئەوەوە ڕووناكی وەرنەگرتبێت، هەروەك پەیامەكەی ئەو (ﷺ) كۆتا پەیامە.. واتە هەرگیز دوای ئەو (ﷺ) ڕێنمایی و هیدایەتێك نایەت بۆ دنیا جیاواز بێت لە هیدایەت و شەریعەتەكەی ئەو (ﷺ). بەڵام بڕیار بوو پاش ماوەیەك خەڵكی لەو ڕووناكیەش بێ بەش بن كە پێغەمبەر (ﷺ) هێنابووی، وە شەیتان سەرلەنوێ سەری بەرزبكاتەوە، وە دووبارە تاریكی بڵاوبێتەوە، وە ئاژاوەیەكی زۆر گەورە پەیدا بێت كە هەڕەشەبێت بۆ ئەو فێركاری و چاكسازی و باوەڕەی پێغەمبەر (ﷺ) هێنای، بەڵكو ئەم ئاژاوەیە بەڕادەیەك گەورە بێت كە پێشتر هاوشێوەی نەبێت، تەنانەت پێغەمبەر (ﷺ) خۆی وەسفی كردووە و فەرموویەتی: “لەنێوان دروستبوونی ئادەم و بەرپابوونی قیامەتدا ئاژاوەیەك نیە گەورەتر بێت لە ئاژاوەی دەججال” (مسند أحمد، أول مسند المدنیین، حدیث هشام بن عامر الأنصاري). هەروەك چۆن پێغەمبەر (ﷺ) مەزنترینی سەرجەم دروستكراوانە، وە شەریعەتەكەی تەواوترینی هەموو شەریعەتەكانە، بەهەمان شێوە بڕیاربوو دوای خۆی (ﷺ) ئاژاوەیەك دەربكەوێت كە گەورەترین و خراپترین ئاژاوەیە. ئەمە مانای ئەوەیە كە هەروەك چۆن لە كەسێتی پێغەمبەردا (ﷺ) سیفەتەكانی خوای میهرەبان بەتەواوەتی دەركەوتن، بەهەمان شێوە بڕیار بوو شەیتان ئەوپەڕی هێزی خۆی بخاتەگەڕ لەدژی پێغەمبەر (ﷺ) لەڕێگەی ئەو ئاژاوەیەوە كە بڕیارە دوای ئەو (ﷺ) پەیدا بێت. وە بڕیار بوو كەسێك لە قوتابی و مناڵە ڕۆحیەكانی پێغەمبەر (ﷺ) ڕاست بێتەوە بۆ نەهێشتنی ئەم ئاژاوەیە و سەری دەججال پان بكاتەوە كە هەڕەشە دەكات لە ئیمان.
ئێمە پێمان وایە هیچ خراپە و ئاژاوەیەك نیە كە ئەمڕۆ بوونی هەبێت مەگەر لە سەردەمەكانی ڕابردوودا هەبووە. بۆ نموونە ئەو ئیلحادەی ئەمڕۆ بڵاوە لەجیھاندا لەهەموو سەردەمێكدا و لەهەموو وڵاتێكدا هەبووە، بەجۆرێك یۆنانیەكان و هیندیەكان و میسریەكان لەسەر بنەمای فەلسەفە نكوڵیان دەكرد لە بوونی خوای گەورە، لەكاتێكدا نكوڵیكردن لە خوای گەورە لەڕووی ئایینیەوە بەنزیكەیی لە هەموو سەردەمێكدا شتێكی بڵاوبووە، وە لەهەموو وڵاتێكدا كۆمەڵێك هەبوون گوتوویانە بوونی خوای كردگار لەڕووی ئایینیەوە چەسپاو نیە. وە ئەگەر خەڵكی ئەم سەردەمە باوەڕ بە پێغەمبەران ناكەن و نكوڵی دەكەن لە وەحی خوایی و نوقم بوون لە تاوان و خراپەدا، ئەوا نموونەیان هەبووە لەهەموو سەردەمەكانی ڕابردوودا، لەڕابردوویشدا كۆمەڵێك هەبوون باوەڕیان نەدەكرد بە پێغەمبەران و نكوڵییان دەكرد لە وەحی، وە تاوان و خراپەیان ئەنجام دەدا و نوقم بووبوون لە ڕەوشتە نزمەكاندا و حوكمەكانی ئایینیان ڕەت دەكردەوە. مادام بابەتەكە بەم جۆرەیە، كەواتە چ شتێك ئاژاوەی دەججال جیادەكاتەوە لە ئاژاوەكانی تر هەتا پێغەمبەر (ﷺ) بفەرموێت: “لە دروستكردنی ئادەمەوە هەتا بەرپابوونی قیامەت ئاژاوەیەك نیە گەورەتر بێت لە ئاژاوەی دەججال”. پێویستە شتێك هەبێت ئەو ئاژاوەیە جیابكاتەوە لە ئاژاوەكانی پێشوو.
كاتێك ڕادەمێنین دەبینین ئاژاوەی دەججال لە ئاژاوەكانی پێش خۆی بە دوو شت جیادەبێتەوە. یەكەم: ئاژاوەكانی پێشوو ناوچەیی بوون، واتە ئەو ئاژاوەیەی بۆ نموونە لە هیندستاندا دەردەكەوت سەربەخۆ بووە و كاریگەر نەبووە بەو ئاژاوەیەی كە لە وڵاتی ئێراندا دەردەكەوت. وە ئەو ئاژاوەیەی كە لە میسر یان یۆنان یان وڵاتانی تردا دەردەكەوت بەهەمان شێوە بووە بەجۆرێك كاریگەر نەبووە بەو ئاژاوەیەی كە لە ناوچەكانی تر دەردەكەوت؛ بۆیە ئەم ئاژاوانە توانایان نەبوو بە یەكەوە و بە یەكگرتوویی هێرش بكەنە سەر ئایین، بەڵكو وەك چەتە و ڕێگرەكان لێرە و لەوێ هێرشیان دەكرد، گومانی تێدا نیە هێرشەكانیان هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات، بەڵام دەوڵەت لەناونابات، چونكە تەنھا هێزە ڕێكخراوەكان دەتوانن دەوڵەت لەناوببەن.
كەواتە یەكەم شت كە ئەم ئاژاوەیە جیادەكاتەوە لە ئاژاوەكانی ڕابردوو ئەوەیە كە بەشێوەیەكی ڕێكخراو كاریگەری زیانبەخشی خۆی بڵاودەكاتەوە لەهەموو جیهاندا. گومانی تێدا نیە یابان دەوڵەتێكی مەسیحی نیە، بەڵام بیروباوەڕەكانی شوێنكەوتووی تەوژمی ڕۆژئاواییە. بەهەمان شێوە وڵاتی چین دەوڵەتێكی مەسیحی نیە، بەڵام ئەویش بیروباوەڕەكانی شوێنكەوتووی ڕۆژئاوایە. وە ئێران و هیندستان و دەوڵەتە عەرەبیەكان مەسیحی نین، بەڵكو لەڕواڵەتدا وڵاتانێكی ئیسلامین، بەڵام ئەوانیش بیروباوەڕی دانیشتوانەكانیان ملكەچە بۆ كاریگەری ڕۆژئاوا. بەكورتی، هەموو بزووتنەوە هاوچەرخەكان لەیەك ڕیزدان و وا دیارە شوێنكەوتەی یەك سیستەم بن، ئەمەش وایكردووە ئەم ئاژاوەیە مەترسیدارتر و سامناكتر بێت. مرۆڤ لەڕابردوودا بیریدەكردەوە و دەیگوت ئێرانیەكان یان یۆنانیەكان ئاوها و ئاوها دەڵێن، بەڵام ئەمڕۆ دەوترێت هەموو مرۆڤێكی ژیر لەدنیادا ئاوها و ئاوها دەڵێت. كاتێك لەڕابردوودا دەگوترا ئێرانیەكان باوەڕیان ئاوایە، دەكرا كەسی گوێگر لەدڵی خۆیدا بڵێت ناوچەكانی تری جیھان بیروباوەڕی ئێرانیەكانیان نیە، بۆیە تووشی ترس و تۆقین نەدەبوو لەوەی كە دەیبیست. لەڕاستیدا ئەمە واقیعەكە بوو.. مەبەستم ئەوەیە یەك خراپە لەهەموو جیهاندا بڵاونەبوو لەیەك كاتدا، بەڵكو لەناوچەیەكدا خراپەیەك هەبوو، وە لەناوچەیەكی تردا خراپەیەكی تر هەبوو؛ بۆ نموونە ئەگەر لە هیندستاندا تەوژمی بێ باوەڕی باڵادەست بوو بێت، ئەوا لە ئێراندا تەوژمی خراپەكاری بڵاوبووە، وە لە یۆناندا تەوژمی فەلسەفە، وە لە میسردا تەوژمی بتپەرستی.
كەواتە، لە ڕابردوودا هێرشەكان بۆسەر ئایین یەكگرتوو نەبوون، وە دژایەتیەكە ڕێكخراو نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ هەموو بیروباوەڕەكان ملكەچن بۆ یەك تەوژم و لەیەك ڕیزدان، بۆیە هیچ بزووتنەوەیەك نیە لە هیچ ناوچە و وڵاتێكی جیهاندا مەگەر ئامانجەكەی بریتیە لە دوورخستنەوەی خەڵكی لە خوای گەورە و پاڵپێوەنانیان بۆ ناو دنیای ماددیگەری. بڕۆ بۆ چین یان یابان یان سیبریا یان ئێران یان ئەفغانستان و وڵاتانی تر، دەبینیت هەمان نەخۆشی بڵاوەی كردووە لەهەموو شوێنێكدا، وە دەبینیت هەموو مرۆڤێك فەزڵی دنیا دەدات بەسەر ئاییندا و هەوڵدەدات بۆ لاوازكردنی هێزی خوا بەسەر جیهاندا. ئەم بابەتە هەرگیز هاوشێوەی نەبووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
خاڵی دووەم كە ئاژاوەی دەججال جیادەكاتەوە لە ئاژاوەكانی تر ئەوەیە كە هەموو ئەو هێرشانەی لەڕابردوودا دەكرانە سەر ئایین ڕەنگێكی فەلسەفییان هەبوو، دیار فەلسەفە هەمووی لەسەر بنەمای خەیاڵ دامەزراوە، بەڵام ئەمڕۆ هەموو هێرشەكان لەسەر بنەمای زانست (Science) دەكرێنە سەر ئایین، وە زانست لەسەر بنەمای بینین و ئەزموون دامەزراوە. مرۆڤ دەتوانێت بەوپەڕی ئازایەتیەوە بەرپەرچی ڕەخنە فەلسەفیەكان بداتەوە و بڵێت ئەمانە تەنھا خورافیات و ئەندێشەن، بەڵام زۆر قورسە بەرپەرچی ڕەخنەیەك بدرێتەوە كە بنەماكەی بینین و ئەزموون بێت. هەندێ كەس ئەم وتەیە دەڵێنەوە: “ئەم دنیایە شیرین و بەتامە، وە ژیانی دوای مردن كەس نەیبینیوە چی ڕوودەدات تێیدا، وە نازانین خۆشی و حەوانەوە بەدەست دەهێنن یان نا، بۆیە وازمان لێ بهێنن لەم دنیایەدا بەخۆشی ڕابوێرین”، ئەمە وتەیەكی فەلسەفیە ڕەنگە كەسێك پێی كاریگەر بێت، لەكاتێكدا هەندێ كەسی تر دەڵێن ئەمە تەنها وتەیەكە كەسەكان بەگوێرەی هەوا و ئارەزووی خۆیان دایانهێناوە، وە هیچ پەیوەندیەكی نیە بە ڕاستیەوە. بەڵام ئەگەر ڕەخنەگرەكە بیر و بۆچوونی خۆی دامەزراند لەسەر ئەو پێكهاتە و سیستەمەی كە لە گەردیلەكانی گەردووندا هەیە بەجۆرێك گەردوون خۆی لەخۆوە دەسوڕێتەوە، پاشان گوتی گەردوون لەخۆوە دەسوڕێتەوە و پێویستی بە بوونەوەرێكی دەرەكی نیە بەڕێوەی ببات، ئەوا ئەم پرسیارە ئاقارێكی تەواو نوێ وەردەگرێت.
پاشان خاڵێكی تر هەیە ئەویش ئەوەیە كە لە ڕابردوودا تەنها زاناكانی فەلسەفە دژایەتی بیروباوەڕی بوونی خوای گەورەیان دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ هەموو زانستەكان وەك زانستی دەروون و ئەندازە و جیۆلۆجی و گەردوونزانی و ئەوانی تر دژایەتی بیروبۆچوونی بوونی خوای گەور دەكەن. شوێنكەوتووانی هەموو ئەم زانستانە یەك ئەنجام دەخەنەڕوو، وە یەك هێرش دەكەن. وە ئەم هێرشە لە هەموو هێرشەكانی پێش خۆی توند وتیژ و كوشندەترە؛ چونكە لەڕابردوودا دەگوترا ئەم فەیلەسووفە نكوڵی لە بوونی خوای گەورە دەكات، وە نازانین ئایا قسەكەی ڕاستە یان نا، بەڵام ئەمڕۆ پێت دەوترێت لە هەر شوێنێكی گەردووندا بیرت خستەگەڕ، وە بە هەر چاویلكەیەك سەیرت كرد دەگەیتە یەك ئەنجام ئەویش ئەوەیە كە خوایەك بوونی نیە. بۆیە ئەگەر بەگوێرەی ئەستێرەناسی یان ژیانناسی یاخود جیۆلۆجی یان دەروونزانی یان زانستی ئەندازە یان كیمیا سەرنج بدەیت لە گەردوون ئەوا پەی بەوە دەبەیت كە هیچ خوایەك نیە.
كەواتە هەموو زانستەكان بەرەو یەك ئاراستە دەڕۆن كە بریتیە لە دژایەتیكردنی بوونی خوای گەورە. وە هەروەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی لە هەر شوێنێكەوە دەرچوویت با مەككە ئامانجت بێت، بەهەمان شێوە دەبینین ئەمڕۆ كوفر لە هەر شوێنێكەوە دەردەچێت بە یەك بانگەوازەوە دەردەچێت ئەویش ئەوەیە جیهان پێویستی بە هیچ خوایەك نیە و هەموو كەس ئازادە. كەواتە هەموو زانستەكان كە لەڕابردوودا بەكاردەهاتن بۆ سەلماندنی بوونی خوای كردگار ئەمڕۆ خراونەتەگەڕ بۆ نكوڵیكردن لە بوونی خوای گەورە، وە بناغەی ئەم نكوڵیكردنەیان لەسەر زانست دامەزراندووە. بۆ نموونە وەحی و ئیلهام و كەشف بەڵگەن لەسەر بوونی خوای كردگار، وە كەسی مولحید لەڕابردوودا ڕەخنەی دەگرت لە دیاردەی وەحی و دەیگوت ئایا خوا زمانی هەیە قسەی پێ بكات، یان دەیگوت خەون و كەشف تەنها ئەندێشەی مرۆڤن، وە باوەڕدار بە ئاسانی وەڵامی دەدایەوە، بەڵام ئەمڕۆ زانیاری دەربارەی خەون زۆر پێشكەوتووە و مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان و نیگەرانی دەبێت. زاناكان بەگوێرەی پێكهاتەی مێشكی مرۆڤ سەلماندوویانە كە دەكرێت مرۆڤ زۆر خەون ببینێت كە لەكاتی خۆیدا بێنەدی بەبێ ئەوەی ئەو خەونانە لەلایەن خوای گەورەوە بن، بەمەش دەچەسپێت كە هاتنەدی خەون بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی ئەم گەردوونە خوایەكی هەیە، چونكە ئەزموون ئەم بانگەشەیە پووچەڵ دەكاتەوە. وەك ئەوەی ئەم زانایانە هەوڵیان دابێت لەڕێگەی بەڵگە و ئەزموونەوە دیاردەی وەحی پووچەڵ بكەنەوە كە دواهەمین پاڵپشتی ئایینە.
بەكورتی، كوفر بەهەموو چەكێكی خۆی هێرش دەكاتە سەر ئایین، وە ئەم هێرشە وێنەی نەبووە لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە، ئەگەر لەڕابردوودا هێرشكردن لەلایەن دوژمنانەوە كەم بووە و بە كۆمەڵێك شێوازی پەرتەوازە بووە، بەجۆرێك ئێرانیەكان هێرشیان كردبێتە سەر ئایین بە شێوازێك و یابانیەكان بەشێوازێكی تر، ئەوا ئەمڕۆ هەموو جیهان بەچڕی لە یەك بەرەوە بەیەكەوە هێرش دەكەن. لەڕابردوودا هێرشەكە تەنھا لەلایەن فەیلەسووفەكانەوە بووە، بەڵام ئەمڕۆ هێرش دەكرێتەسەر ئایین لەلایەن دەروونزانی و بایەلۆجی و گەردوونزانی و ئەستێرەناسی و زانستە هاوچەرخەكانی ترەوە. بەمەش دەچەسپێت كە لە دنیادا ئاژاوەیەك نیە لەم ئاژاوەیە گەورەتر بێت.
كاتێك پرسیار كرا لە پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی ئەم ئاژاوە گەورەیە و گوترا ئەی پێغەمبەری خوا، چارەسەر چیە، وە ئەو كەسانە كامانەن كە بەرەنگاری ئەم ئاژاوەیە دەبنەوە، وە خەڵكی دەگێڕنەوە بۆ لای خوای گەورە، وە دووبارە ئیمان دەهێننەوە بۆ سەر زەوی، وە جارێكی تر مرۆڤەكان پەیوەست دەكەنەوە بە بەدیهێنەری خۆیان؟ پێغەمبەر (ﷺ) دەستی دەخاتەسەر سەلمانی فارسی (رضي الله عنه) و دەفەرموێت: “لَوْ كَانَ الإِيمَانُ عِنْدَ الثُّرَيَّا، لَنَالَهُ رِجَالٌ – أَوْ رَجُلٌ – مِنْ هَؤُلاَءِ” (البخاري، كتاب التفسیر، سورة الجمعة).. واتە ئەگەر ئیمان بەرزبێتەوە بۆ ئەستێرەی سورەییا ئەوا پیاوانێك لە نەتەوەی فارس دەیگێڕنەوە و دووبارە لەزەویدا دایدەمەزرێننەوە.
هەڵبەت ئەم ئاژاوەیە ئەوەندە هاوەڵانی (رضي الله عنهم) ترساند بوو كە جارێكیان پێغەمبەر (ﷺ) بەدرێژی باسی دەججالی كرد بۆیان پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، دوای چەند كاتژمێرێك دەرچووە دەرەوە، بینی هاوەڵەكان تۆقیون،پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: چیتانە، بۆچی دەتانبینم ترس و بیم دایگرتوون. گوتیان: ئەی پێغەمبەری خوا، بەهۆی ئەوەی باسی دەججالت كرد بۆمان ترسمان لێ نیشتووە، چونكە هیچ ڕێگایەك نابینین بۆ پارێزگاریكردن لە باوەڕ لەكاتی ئەم ئاژاوە گەورەیەدا. پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی: “ئەگەر دەججال سەریهەڵدا و من لەناوتاندابووم، ئەوا من لەجیاتی ئێوە چاری دەكەم. وە ئەگەر سەریهەڵدا و من لەناوتاندا نەبووم، ئەوا هەركەسێك چارەسازی خۆی بێت.” (مسلم، كتاب الفتن وأشراطها، باب ذكر الدجال وصفته وما معه).. واتە ئەگەر دەججال دەركەوت و من زیندوو بووم ئەوا لەجیاتی ئێوە بەبەڵگە چاری دەكەم، وە ئەگەر دوای مردنی من پەیدا بوو ئەوا با هەموو باوەڕدارێك خۆی جەنگی لەگەڵدا بكات.
لەڕاستیدا فەرمایشتی پێغەمبەر (ﷺ): “ئەگەر سەریهەڵدا و من لەناوتاندا بووم، ئەوا من لەجیاتی ئێوە چاری دەكەم” ئاماژەیە بۆ ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿وَءَاخَرِينَ مِنۡهُمۡ لَمَّا يَلۡحَقُواْ بِهِمۡ ۚ وَهُوَ ٱلۡعَزِيزُ ٱلۡحَكِيمُ﴾ (سورة الجمعة: 4)، بەجۆرێك مەبەستی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوە بووە ئەگەر لەو كاتەدا ئەو كەسە بەڵێندراوە دەركەوت كە دەكرێت پێی بوترێت سێبەری تەواوەتی من؛ ئەوا ئەو كەسە لەجیاتی ئێوە جەنگ لەگەڵ دەججالدا دەكات، ئەگینا هیچ ڕێگایەكی تر نیە مەگەر ئەوەی هەر موسوڵمانێك جەنگ بكات لەگەڵ دەججالدا و بمرێت.
ئومێدەكە گرێدراوە بە ڕۆڵەكانی فارسەوە
لێرەدا پێغەمبەر (ﷺ) پێشبینی كردووە، یان باشتر بڵێین ئومێدەكەی گرێداوە بە ڕۆڵەكانی فارسەوە كە پیاوانێكیان ڕاست دەبنەوە و قۆڵی لێ هەڵدەماڵن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاژاوە گەورەیە كە لەو كاتەدا پەیدا دەبێت، وە دووبارە ئیمان دادەمەزرێننەوە لە جیهاندا، بەبێ ئەوەی گوێ بەو سەختی و مەترسیانە بدەن كە لەم ڕێگەیەدا تووشیان دەبێت.
وەك ئێستا گوتم ئەمە تەنھا پێشبینیەك نیە لەلایەن پێغەمبەرەوە ڕاگەیەنرابێت، بەڵكو ئەمە هیوا و خۆزگەیەكی ئەوە (ﷺ) بەجۆرێك ئەو شتەی ڕاگەیاندووە كە خوای گەورە دەیەوێت لە ڕۆڵەكانی فارس. پێشتر لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) ئاژاوەیەك ڕوویدا مەترسی و كاریگەری و ئەنجامەكەی كەمتر بوو لەم ئاژاوە گەورەیە، وە كاردانەوەی هاوەڵان لەبەرامبەریدا لە مێژووی ئیسلامدا تۆماركراوە هەتا ئەمڕۆ. پێغەمبەر (ﷺ) دوای ئازادكردنی مەككە دەرچوو بۆ جەنگی نەوەی هەوازین، هەندێ كەس لەگەڵیدا هاتن كە دوای ئازادكردنەكە هاتبوونە ناو ئیسلامەوە و وەك پێویست ئیسلام ڕەگی دانەكوتا بوو لەدڵیاندا، هەروەك هەندێ كافریش هاتن لەگەڵیدا كە ئیزنیان لێ وەرگرتبوو پەیوەندی بكەن بە سوپای موسوڵمانانەوە بۆ جەنگكردن لەگەڵ خەڵكی تائیف لە نەوەی هەوازن و كەسانی تریش، سەرەتا پێغەمبەر (ﷺ) ڕێگەی پێنەدان، بەڵام پێداگرییان كرد لێی ئینجا ئیزنی پێدان. پێغەمبەر (ﷺ) بەسوپایەكەوە كە دوازدە هەزار جەنگاوەر دەبوو دەرچوو بۆ گۆڕەپانی جەنگ. وە لەم سوپایەدا ئەو هاوەڵانەی تێدا بوو كە هەریەكەیان سەردەكەوت بەسەر چەندین كەس لە كافرەكاندا، وە جەنگكردن لەگەڵ نەوەی هەوازیندا قورس نەبوو لەسەریان، بەڵام دوو هەزار كەس لە باوەڕ لاوازەكان پەیوەندیان كرد پێیانەوە كە بەهۆی فیز و خۆبەزلزانینەوە لەخۆیان بایی بوو بوون، وە دەیانڕوانی بۆ یەكتری و بەشانازییەوە دەیانگوت: جەنگ و خەڵكی مەدینەیان نەگوتووە، وەرن ئەی ڕۆڵەكانی مەككە پێیان پیشان بدەین جەنگ و ئازایەتی چیە. وە دوژمنان لە بۆسەدا بوون بۆ سوپای موسوڵمانان و خۆیان حەشاردا بوو لە هەردوو بەری ڕێگاكەوە، وە شارەزابوون لە تیر هاویشتندا، ئەو كەسانەی كە لەخۆبایی بوون و شانازییان بە هێز و توانای خۆیانەوە دەكرد كاتێك بە ڕێگاكەدا تێپەڕین تیرهاوێژەكانی نەوەی هەوازین تیر بارانیان كردن، ئەوە بوو ئازایەتی و دلێری خۆیان لەبیرچوویەوە و هەڵهاتن. وە هەڵهاتنی دوو هەزار سوار بە وڵاخەكانیانەوە كە ڕیزەكانی موسوڵمانانیان شەق كرد ڕووداوێكی سادە و ئاسان نەبوو، بە هۆی ئەمەوە وڵاخی دە هەزار سوارچاكی تر ڕەوینەوە و بە سوارەكانیانەوە بەتوندی غاریاندا، لەئەنجامدا تەنھا دوازدە هاوەڵ لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) مانەوە. لەڕاستیدا موسوڵمانان بەهۆی ترسنۆكیەوە ڕایان نەكرد لە گۆڕەپانی جەنگەكە، بەڵكو هەڵهاتنی دوو هەزار ئەسپ بووە هۆی ئەوەی ئەسپەكانی ئەوان بسڵەمێنەوە و بە سوارەكانیانەوە لە گۆڕەپانی جەنگەكە غاربدەن بەرەو دواوە. یەكێك لە هاوەڵان دەڵێت ئێمە زۆر بەتوندی جڵەوی ئەسپ و وڵاغەكانمان گرتبوو تەنانەت ملیان بادرا، بەڵام زۆر ترسابوون بەجۆرێك هەركاتێك جڵەوەكەمان شل دەكرد جارێكی تر بەتوندی غاریان دەدا، نەماندەزانی چی بكەین بۆ وەستاندنیان. لەكاتێكدا ئێمە لەم دۆخەدا بووین پێغەمبەر (ﷺ) وڵاغەكەی غاردا بەرەو دوژمن، یەكێك لە هاوەڵان چووە پێشەوە و جڵەوی وڵاغەكەی پێغەمبەری (ﷺ) گرت و گوتی ئەی پێغەمبەری خوا گونجاو نیە لەم دۆخە پڕ مەترسیەدا بەرەو دوژمن بڕۆیت. پێغەمبەریش (ﷺ) پێی فەرموو: وازبهێنە، پێغەمبەر وازناهێنێت لەو شتەی سوورە لەسەری. پاشان پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی:
أَنَا النبيُّ لا كَذِبْ … أَنَا ابنُ عبدِ المُطَّلِبْ
واتە: من پێغەمبەرم و درۆزن نیم من كوڕی عەبدولموتەللیبم
پاشان پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی كرد بە عەبباس كە هاوار بكات: ئەی یارمەتیدەران، پێغەمبەری خوا بانگتان دەكات. پێغەمبەر (ﷺ) لەو كاتەدا خەڵكی مەككەی بانگ نەكرد كە سەركەوتنەكەیان گۆڕی بە شسكت و دۆڕان. وە عەبباس (رضي الله عنه) كەسێكی دەنگ بەرز بوو، هاواری كرد: ئەی یارمەتیدەران پێغەمبەری خوا بانگتان دەكات. هاوەڵان دەڵێن: لەكاتێكدا ئێمە هەوڵمان دەدا بە وڵاغەكانمانەوە بگەڕێینەوە بۆ گۆڕەپانی جەنگەكە دەنگەكەی عەبباسمان بیست، ئیتر وامانزانی ئێمە لەڕۆژی قیامەتداین و ئیسرافیل فووی كردووە بە كەڕەنادا، ئەوە بوو هەركەسێكمان توانی بە وڵاغەكەیەوە بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی جەنگەكە گەڕایەوە، ئەو كەسەیش نەیتوانی بگەڕێتەوە بەشمشێر ملی دای لە ملی وڵاغەكەی و بەرەو پێغەمبەر ڕادەیكرد هەتا لەماوەی چەند خولەكێكدا گۆڕەپانی جەنگەكە پڕبوو لە موسوڵمانان.
ئەركی نەوەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لەبەرامبەر بڵاوكردنەوەی ئیسلامدا
ئەمە بانگكردنەكەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بوو، لەڕاستیدا یارمەتیدەران زۆر بەجوانی بەدەم بانگەكەیەوە چوون، بەجۆرێك دوای بیستنی بانگەكەی پێغەمبەر (ﷺ) گوێیان بە هیچ شتێك نەدا، بەڵكو هەركەسێكیان توانی بە وڵاغەكەیەوە بگەڕێتەوە بۆلای پێغەمبەر (ﷺ) گەڕایەوە، وە ئەوەی نەیتوانی بە شمشێر دای لە ملی ئەسپەكەی یان حوشترەكەی و لەماوەی چەند خولەكێكی كەمدا گەیشتە لای پێغەمبەر (ﷺ).
وە بزانن پێغەمبەر (ﷺ) سیازدە سەدە لەمەوپێش بانگێكی تری كرد كە لەڕووی گەورەیی و یەقین و متمانە و ئومێدەوە لەم بانگە بەهێزتر بوو كە لەم جەنگەدا بەرزكرایەوە، بەجۆرێك فەرمووی: “لَوْ كَانَ الْإِيمَانُ مُعَلَّقًا بِالثُّرَيَّا لَنَالَهُ رِجَالٌ مِنْ أَبْنَاءِ فَارِسَ” (مجمع الزوائد للحافظ الهیثمي، كتاب المناقب، باب ما جاء في ناس من أبناء فارس).. واتە سەردەمێك دێت بەسەر ئوممەتەكەمدا كە تێیدا ئاژاوەی دەججال هەموو جیهان دەگرێتەوە، وە ئیسلام دەكوژێتەوە و ئیمان نامێنێت، مرۆڤ ئێوارە باوەڕدارە و بەیانی كافرە، وە بەیانی باوەڕدارە و ئێوارە كافرە، لەو كاتەدا ئومێدم هەیە پیاوانێك لە خەڵكی فارس بەدەم بانگەكەمەوە بچن و جارێكی تر لە ئەستێرەی سوورەیاوە ئیمان بگێڕنەوە بۆ زەوی. لێرەدا پێغەمبەر (ﷺ) تەنھا نەیفەرمووە: “رجل من أبناء فارس”، بەڵكو فەرمووی: “أو رجال من أبناء فارس”، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەركی بڵاوكردنەوەی ئایین تەنها ناكەوێتە ئەستۆی ئەو پیاوە فارسیە بەڵێندراوە، بەڵكو دەكەوێتە ئەستۆی مناڵەكانیشی، وە پێغەمبەر (ﷺ) ئەو ئومێدەی لەسەر ئەوانیش هەڵچنیوە كە لەسەر پیاوە فارسیەكە هەڵیچنیوە.
ئەمە ئەو بانگەیە كە موحەممەد (ﷺ) بەرزیكردەوە بۆ بەرزكردنەوەی ورەی هاوەڵەكان كە دڵیان داخورپا و تووشی نائومێدی و شڵەژان بوون كاتێك پێی ڕاگەیاندن ئیسلام تووشی چ دۆخێكی چارەڕەشی و بەدبەختی دەبێت، ئەمە ئەو هیوا و متمانەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) هەیبووە بە ڕۆڵەكانی پیاوە فارسیەكە. ئەوەتا من هەڵدەستم بە ئەركی خۆم و پەیامی پێغەمبەر (ﷺ) دەگەیەنم بە هەموو ئەو كەسانەی مناڵ و نەوەی ئەم پیاوە فارسیەن. بێگومان لێرەدا پێغەمبەر (ﷺ) پێشبینی ئەوەی كردووە كە كاتێك ئوممەتەكەی لە لێواری لەناوچووندا دەبێت “پیاوانێك لە ڕۆڵەكانی فارس” ڕزگاری دەكەن، بەم شێوەیە هیوایەكی تەواوی هەڵچنیوە لەسەر نەوەكانی ئەم پیاوە فارسیە بەڵێندراوە كە هەرگیز ڕووناكەنە خۆشی و ڕابواردن و پێشكەوتنە فریودەرەكانی دنیا، بەڵكو ژیانی خۆیان تەرخان دەكەن بۆ یەك ئامانج ئەویش ئەوەیە ئاڵای ئیسلام بەرزبكەنەوە و ئیمان لە ئەستێرەی سورەیاوە بگێڕنەوە بۆ سەر زەوی و دروستكراوانی خوا بگێڕنەوە بۆ بەرقاپی خوای گەورە. ئەمە ئەو هیوایەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) هەڵیچنیوە لەسەر نەوەكانی ئەم پیاوە فارسیە و ئەمە بانگەوازەكەیەتی، ئێستا كارەكە بەجێهێڵراوە بۆ خۆیان كە چۆن بەدەم بانگەوازەكەیەوە (ﷺ) دەچن. بۆیە پێیان دەڵێم، چ مناڵی من بێت یان مناڵی براكانم، بیربكەنەوە لە خۆتان، وە سەیری ناخ و دڵی خۆتان بكەن بۆ ئەوەی ئەركەكانی خۆتان بزانن پاش بیستنی ئەم بانگەوازەی پێغەمبەر (ﷺ).
دۆخی ئازاربەخشی ئیسلام
گومانی تێدا نیە ئەمڕۆ دنیا هەموو جوانیە دڵڕفێنەكانی خۆی دەرخستووە، وە گومانی تێدا نیە ئەمڕۆ خوا وەكو مرۆڤی گولی لێهاتووە –پەنا بە خوا- كە كەسوكارەكەی فڕێی دەدەنە دەرەوەی ماڵ. ئەمڕۆ ئایین یارمەتیدەر و هاوكارێكی نیە، مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە دێڕە شیعرێكیدا بە زمانی فارسی بە جوانترین شێوە وەسفی دۆخی ئایینی موستەفای (ﷺ) كردووە و فەرموویەتی:
بیكس شود دین أحمد هیچ خویش ویار نیست
هر كس در كار خود با دین أحمد كار نیست
واتە ئایینی ئەحمەد (ﷺ) وەك دەركراوی لێهاتووە یارمەتیدەرێكی نیە، وە هەموو كەسێك سەرقاڵە بەكاری خۆیەوە و كەس ئاوڕناداتەوە لە ئایینی ئەحمەد (ﷺ).
وە بەڕێزی (علیه السلام) لە شیعرێكی تردا بە زمانی فارسی دەفەرموێت:
هر طرف کفر است جوشان همچو افواج یزید
دین حق بیمار و بیکس همچو زین العابدین
واتە كوفر لە هەموو شوێنێكدا دێت و دەچێت وەك سەربازەكانی “یەزید”، لەكاتێكدا ئایینی ڕاست وەك نەخۆشێكە كە هیچ كەسێك بایەخی پێ نادات وەكو زەینەلعابدین.
بە سەرەنجدان لەم هەلومەرجە، هەر یەكێك لە مناڵەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) دەتوانێت بزانێت ئەو ئەركە قورس و گەورانە چین كە خراونەتە ئەستۆی و ئەو هەست و سۆزانە چین كە پێویستە لەدڵیدا دروست بن، ئەمەش بە ئەندازەی پلە و ئاستی خۆی.
من دەزانم كەسی لاواز كاتێك دەبینێت كەسێكی تر بەرزدەبێتەوە لە دنیادا، وە كاتێك دەڕوانێت بۆ سەروەت و سامانی خەڵكی دەوڵەمەند و پلەوپایەی خاوەن پلەوپایە بەناوبانگەكان، لەدڵیدا تەماعێك دروست دەبێت و ئاوات دەخوازێت كە وەك ئەوان وابێت. من نكوڵی لەوە ناكەم، بەڵام دەڵێم هەموو ئەم شتە فریودەرانە لەبەردەمی ئەو هاوەڵانەدا بوو كە جەنگیان كرد دژی نەوەی هەوازین. ئەوانیش مناڵ و هاوسەریان هەبوو، وە دەیانزانی ئەگەر لەبەرامبەر تیرهاوێژەكانی نەوەی هەوازیندا بوەستن سنگیان بە تیر كون دەكەن و لەماوەی چەند چركەیەكدا دەكەونە سەر زەوی و خەڵتاتی خوێن دەبن. بەڵام كاتێك بانگەكەی پێغەمبەریان (ﷺ) بیست ژن و مناڵیان لەبیركرد و تەنھا یەك ئامانجیان لە پێش خۆیاندا دانا ئەویش بریتی بوو لەوەی ڕووبكەنە ئەو شتەی كە خوا و پێغەمبەرەكەی بانگیان دەكەن بۆی. من بە پێویستی نازانم وێنای ڕادەی گەورەیی ئەو ئاژاوە دەججالیە بكەم بۆتان، بەجۆرێك ئەمڕۆ ئیسلام هیچی نەماوەتەوە، حوكمە شارستانی و سیاسی و ئابووری و كەسیەكانی نەماوە، بەڵكو هەموو شتێكی ئیسلام شێوێنراوە و گۆڕاوە. بۆیە هەرگیز سەركەوتوو نابین لە دژایەتیكردنی ئاژاوەی دەججالدا ئەگەر شێت ئاسا كار نەكەین بۆ لەناوبردنی، ئەگەر ئەوپەڕی ڕقمان نەبێت لە شارستانیەتی ڕۆژئاوایی بەجۆرێك ئەوەندە ڕقمان لە هیچ شتێكی تر نەبێت. وە بزانن هەر كەسێك شەیدا و سەرسامی شارستانیەتی ڕۆژئاوایی بێت ئەوا كەسێكی شیاو نیە لە بواری ڕۆحیدا. ناتوانین بە ئاسوودەیی بخەوین ئەگەر ئەو شارستانیەتە كاول و پارچەپارچە نەكەین كە وێنەی گەورە و سەرداری ئێمەی (ﷺ) شێواندووە لە جیهاندا، وە شارستانیەتی ئیسلامی ئێمەی گۆڕیوە. ئەو كەسانەی لاسایی ڕۆژئاوا دەكەنەوە، وە بەدوای شارستانیەتەكەیدا دەڕۆن هەرگیز سەركەوتوو نابن. پێویستە بە بینینی هەر شتێكی ڕۆژئاوا دڵمان بكوڵێت، چونكە ئەستەمە ئێمە و شارستانیەتی ئەوان لە یەك شوێندا بەیەكەوە كۆبینەوە. بۆیە یان ئێمە دەژین یان شارستانیەتی ڕۆژئاوا.
جیاوازی نێوان خەڵكی ڕۆژئاوا و شارستانیەتەكەیان
هیچ كەسێك لەدڵی خۆیدا نەڵێت چۆن ئەم كەسە ئەم بیروباوەڕانەی هەیە دژی شارستانیەتی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئەوەی ئێمە دژی ئەوان نین. بزانن خەڵكی ڕۆژئاوا خەڵكانێكن وەكو ئێمە، وە دەكرێت هیدایەت وەربگرن، بەڵام ئەستەمە شارستانیەتەكەیان هیدایەت وەربگرێت. شارستانیەتی ئەوان چەكی شەیتانە، ئاشتی باڵناكێشێت بەسەر جیهاندا ئەگەر ئەم شارستانیەتە لەناونەبرێت. وە ئەو كەسەی نەوەی مەسیحی بەڵێندراوە (علیه السلام) ئەگەر هێندەی كێشی گەردیلەیەك بچێت بەلای ئەم شارستانیەتەدا ئەوا ئەو كەسە كوڕی ڕاستەقینەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نیە؛ چونكە بەدەم ئەو بانگەوە نەچووە كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕەوانەكراوە بۆ بڵاوكردنەوەی. ئەوەتا من بەڕاشكاوی ڕایدەگەیەنم هیچ پەیوەندیم نیە بەو كەسەوە كە حەزی لە لاساییكردنەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاواییە ئەگەرچی حەزێكی كەمیش بێت، ئەو كەسە ئامادە نیە بۆ خزمەتكردنی ئایین، ئەگەرچی ئەو كەسە مناڵی خۆم بێت یان مناڵی خزمە نزیكەكانم بێت. هەمیشە و بێ دابڕان لەخوا پاڕاومەتەوە كە من هیچ مناڵێكم ناوێت ئەگەر خزمەتكاری ئایین نەبێت، وە ئەگەر بڕیار بێت مناڵەكانم خزمەتكاری ئایین نەبن ئەوا هیچ پێویستیم بە مناڵ نیە، وە لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە كە یارمەتیم بدات هەتا دوا ساتەكانی ژیانم هەمان دوعا بكەم. كارێكی گەورە و مەزنمان لەپێشە كە هیچ كارێكی تر ئەوەندە گەورە و مەزن نیە. ئاژاوەیەكمان لەپێشە كە هیچ ئاژاوەیەكی تر لە دنیادا ئەوەندە خراپ و ترسناك نیە. دەی ئەگەر ئێمە ڕانەپەڕین بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە مەزنە و هەست نەكەین بە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاژاوە گەورەیە ئەوا پێموانیە بەئەندازەی كێشی گەردیلەیەك شایستەی سەربەرزی بین. سەدەها ئاڵای دژایەتی ئیسلام هەن لەجیهاندا كە لەبەرزاییدا دەشەكێنەوە، ئەستەمە لەو كەسانە ئەژمار بكرێین كە ئەركی خۆیان جێبەجێ كردووە ئەگەر ئاڵای ئیسلام نەخەینە سەرووی ئاڵای سێ خوایی و ئاڵای بتپەرستی و هەموو ئاڵاكانی ترەوە. ئاگادار بن هەرگیز لەو كەسان نابین كە ئەركی خۆیان جێبەجێ كردووە ئەگەر هاواری الله أكبر لە هەموو جیهاندا دەنگ نەداتەوە. ئەمە ئەو بابەتەیە كە هەوڵدەدەم سەرنجتان ڕابكێشم بۆ لای. گومانی تێدا نیە پێشتر چەندین جار ئاگادارم كردوونەتەوە لێی، بەڵام چەند ڕۆژێكە هێزێكی غەیبی هانم دەدات بەتەواوەتی ئەم بابەتە ئاشكرا بكەم بۆتان. هەڵبەت خوای گەورە وەحی كردووە بۆ مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و فەرموویەتی: “سلامٌ علی إبراهیمَ، صافیناه. ونجَّیناه من الغم. تفرَّدْنا بذلك. فاتَّخِذوا من مقامِ إبراهیمَ مُصلَّی.” (البراهین الأحمدیة، الجزء الرابع، ص 516).
وە ئەو مەقامەی كە ئیبراهیم (علیه السلام) هەڵیبژاردووە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەئاشكرا باسیكردووە و فەرموویەتی: ﴿رَّبَّنَآ إِنِّيٓ أَسۡكَنتُ مِن ذُرِّيَّتِي بِوَادٍ غَيۡرِ ذِي زَرۡعٍ عِندَ بَيۡتِكَ ٱلۡمُحَرَّمِ رَبَّنَا لِيُقِيمُواْ ٱلصَّلَوٰةَ فَٱجۡعَلۡ أَفِۡٔدَةٗ مِّنَ ٱلنَّاسِ تَهۡوِيٓ إِلَيۡهِمۡ وَٱرۡزُقۡهُم مِّنَ ٱلثَّمَرَٰتِ لَعَلَّهُمۡ يَشۡكُرُونَ﴾ (إبراهیم: 38). ئیبراهیم (علیه السلام) لەم دوعایەیدا دەفەرموێت ئەی پەروەردگار مناڵەكانی خۆمم لەم دۆڵە وشك و بێ ئاوەدا نیشتەجێ كرد، پەروەردگارا ئەم كارەم كرد بۆ ئەوەی دووربن لە هەوا و ئارەزووە دنیاییەكان و لە ناڕەحەتیەكانی بەدەستهێنانی دنیا، دەی تۆیش وەهایان لێ بكە بەندایەتیت بكەن و ناوت بەرز ڕابگرن. بەڵام ئەی پەروەردگار وەهایان لێ مەكە دەست پانبكەنەوە لە غەیری تۆ، بەڵكو ڕۆزییەكی شایستەیان پێ بدە لەلایەن خۆتەوە بۆ ئەوەی دڵیان پڕ بێت لە هەستی سوپاسگوزاری و منەتباری بۆ تۆ، وە بڵێن نەچووین بۆلای خەڵك بەڵكو خوا خەڵكی ڕاكێشا بۆ لامان.
ئەمەیە مەقامی ئیبراهیمی كە خوای گەورە هانمان دەدات پێی بگەین. گومانی تێدا نیە ئێمە لەڕواڵەتدا لە دۆڵێكی وشك و بێ ئاودا ناژین، بەڵام بەردەوام دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی لە دۆڵێكی وشك و بێ ئاودا بژین لەڕووی ڕۆحیەوە. ئایا ئەو دۆڵە كامەیە؟ بزانن ئەگەر مرۆڤ وازی هێنا لە سەرقاڵیەكانی دنیا لەبەر خاتری خوای گەورە لەكاتێكدا خەڵكی هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی دنیا و كاركردن لە جۆرەها پیشە و كاردا، وەك ئەوە وایە لە دۆڵێكی وشك و بێ سەوزاییدا نێشتەجێ بێت. كەواتە مەقامی ئیبراهیمی كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) پێی گەیشتبوو، وە ئومێدی هەبوو مناڵەكانی پێی بگەن ئەوەیە كە بیروبۆچوونی بەدەستهێنانی دنیا لەدڵی خۆیاندا دەربكەن و بەتەواوەتی ژیانی خۆیان تەرخان بكەن تەنھا بۆ بڵاوكردنەوەی ئایین، ئەوسا خوایش بەڵێنی خۆی جێبەجێ دەكات لەگەڵیاندا، وە دڵی خەڵكی ڕادەكێشێت بۆ لایان و لەلایەن خۆیەوە (عز وجل) ڕۆزییەكی شایستەیان بۆ دابین دەكات.
بەڵام بۆ ئەو كەسانەی كە كاردەكەن بۆ پڕكردنەوەی پێویستیەكانی كۆمەڵی ئەحمەدی كێشە نیە لە هەندێ وەزیفەی حكومیدا كاربكەن، بەمەرجێك لەڕێگەی دڵسۆزی خۆیانەوە جەخت بكەنەوە لەوەی كە تەنھا لەبەر خاتری خوای گەورە ئەم كارە دنیاییانە دەكەن نەك لەبەر هەوا و ئارەزووەكانی دەروون. مەبەستم ئەوەیە هەمیشە ئامادە بن بۆ وازهێنان لە وەزیفەكانیان بۆ خزمەتی ئایین ئەگەر پێویست بوو.
هەندێ نەفام دەڵێن ڕۆزی بەدەستدێت بەوەی مرۆڤ وەك فەرمانبەر لای ئینگلیز دابمەزرێت، لەگەڵ ئەوەی ڕۆزی تەنها بەوە بەدەستدێت كە مرۆڤ لای خوای گەورە وەك فەرمانبەر دابمەزرێت. گریمان مرۆڤ ڕۆزیەكی شایستە بەدەستناهێنێت لەڕێگەی خزمەتكردنی ئایینەوە، ئەوا دەڵێم ئایا پەیمانمان نەداوە بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئێمە ڕازی دەبین بە زەبوونی لەپێناوی ئاییندا. ئەگەرچی لای من ئەو خواردنەی مرۆڤ دەیخوات لەڕێگەی خزمەتكردنی ئایینەوە زەبوونی نیە. بەڵكو زەبوونی ئەوەیە مرۆڤ لای دنیاپەرستان دابمەزرێت وەك فەرمانبەر نەك لای خوای گەورە.
جارێكیان یەكێك لە سیخەكان لە گوندی “كاهلوان”[گوندێكی نزیكە لە قادیانەوە. (وەرگێڕی عەرەبی)] پێی ڕاگەیاندم كە میرزای گەورە[واتە باوكی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) (وەرگێڕی عەرەبی)] جارێكیان بانگی كردم و پێی گوتم: بچۆ بۆلای غوڵام ئەحمەدی كوڕم پێی بڵێ هەوڵی وەزیفەیەكی حكومی بدات، ئەگینا دوای مردنی من ناچار دەبێت لەسەر بەرماوەی برا گەورەكەی بژی. دەڵێت منیش ڕۆیشتم بۆ لای و پێم گوت باوكت تووڕەیە لێت چونكە خۆت دانامەزرێنیت و وەزیفەیەكی حكومی ناگریتە دەست. مەسیحی بەڵێندراویش (علیه السلام) بە قسەكەی پێكەنی و پێی گوت: باوكم بە بێ هۆ نیگەرانە لە دۆخی من، من پێشتر خۆم دامەزراندووە لای ئەو كەسەی كە خۆم ویستوومە. ئینجا ئەم كەسە سیخیە گەڕایەوە بۆلای باوكی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و پێی گوت: كوڕەكەت دەڵێت دامەزراوم لای ئەو كەسەی ویستوومە دابمەزرێم لەلای. سەرەڕای ئەوەی باوكی زۆر بایەخی دەدا بە كاروبارە ماددیەكان بەڵام كاتێك قسەی كوڕەكەی بیست ئاخێكی هەڵكێشا و گوتی: ئەگەر كوڕەكەم دەڵێت من پێشتر دامەزراوم ئەوا ڕاست دەكات چونكە هەرگیز درۆ ناكات.
كەواتە ئەركی مناڵەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) -لەبەر ئەوەی لە وەچەی ئەم ئیبراهیمەن- ئەوەیە وەها بژین وەك ئەوەی لە دۆڵێكی وشكی بێ ئاودا دەژین، وە هەموو ژیانی خۆیان تەرخان بكەن بۆ خزمەتكردنی ئایین. وە بزانن هەموو كارێك بە ڕاهێنان لەسەری ئەنجام دەدرێت، بۆیە ئەگەر دەمانەوێت كارەكانی خوای میهرەبان جێبەجێ بكەین لەكاتێكدا شوێنكەوتەی نەخشەكانی شەیتان بین ئەوا چۆن سەركەوتوو دەبین لە بەدەستهێنانی ئامانجەكانماندا. خەڵكی ئەمڕۆ شوێن دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی و دەسەڵات دەكەون، وە شارستانیەتی ڕۆژئاوایان خۆشدەوێت، ئەگەر ئێمەیش بە كردەیی حەزمان كرد لەم شارستانیەت و دەوڵەمەندی و دەسەڵات و فەرمانڕەواییە ئیتر چۆن بەرەكەتدار دەبین. دیاری خنكاندنی شەیتان بەدەستێكی شەیتانی ئەنجام نادرێت، بەڵكو بەدەستێكی ڕەحمانی ئەنجام دەدرێت. بۆیە ئەگەر مرۆڤ ڕزگاری نەبێت لەو هیوا و ئاواتانەی كە خۆشەویستی دنیایان تێكەڵە ئەوا بە كەسێكی شیاو دانانرێت بۆ ئەنجامدانی كاروبارەكانی ئایین. لەڕابردوودا ئیسلام تەنھا لەبەر ئەوە سەركەوتوو بووە كە كۆڵەكەكانی خۆشەویستی و تەبایی جێگیر كردووە و جیاوازی نێوان دەوڵەمەند و هەژاری سڕیوەتەوە، وە لەداهاتووشدا هەرگیز ئیسلام سەركەوتوو نابێت بەم شێوازە نەبێت. كەواتە ئەو كەسەی بیردەكاتەوە لە كاربەدەستی و دەوڵەمەندی، وە خۆی ئامادە ناكات بۆ خزمەتی ئایین، هەرگیز سەركەوتوو نابێت. بەڵام ئەگەر خوای گەورە پلەوپایەیەكی بەناوبانگ ببەخشێت بە كەسێكی خزمەتكار ئەوە شتێكی ترە.
گەورەم عەبدولقادری گەیلانی –ڕەحمەتی خوای لێ بێت- دەڵێت جاروبار خوای گەورە پێم دەفەرموێت: ئەی عەبدولقادر سوێندت دەدەم بەخۆم كە باشترین جلوبەرگ لەبەر بكەیت، منیش لەبەری دەكەم، وە جاروبار دەفەرموێت: ئەی عەبدولقادر سوێندت دەدەم بە خۆم كە خۆشترین خواردن بخۆیت منیش دەیخۆم. ئەمە ئەو مەقامەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) پێی گەیشتووە بەجۆرێك خوای گەورە لە وەحی خۆیدا ئەویشی ناوناوە عەبدولقادر، وە لە هەندێ خەون و كەشفدا خوای گەورە منیشی ناوناوە عەبدولقادر. بۆیە ئەم وتەیەی گەورەم عەبدولقادر مانای ئەوەیە ئەگەر خوای گەورە فەرمانمان پێ بكات خواردنێكی خۆش بخۆین ئەوا پێویستە لەسەرمان بیخۆین، وە ئەگەر فەرمانی پێ كردین باشترین جلوبەرگ لەبەر بكەین ئەوا پێویستە لەسەرمان لەبەری بكەین، بەهەمان شێوە ئەگەر فەرمانی پێ كردین سادەترین جلوبەرگ لەبەر بكەین ئەوا پێویستە لەسەرمان لەمەشدا گوێڕایەڵی خوای گەورە بكەین. بەكورتی، پێویستە بەتەواوەتی گوێڕایەڵی خوای گەورە بین، بۆیە ئەگەر فەرمانی پێ كردین لەئاسماندا دابنیشین ئەوا پێویستە لەسەرمان لەئاسماندا دابنیشین، و ئەگەر فەرمانی پێ كردین بچینە ژێر زەوی ئەوا پێویستە لەژێر زەویدا خۆمان بشارینەوە. پێویستە بگەینە مەقامی ئیبراهیم كە ئاماژەی پێ كراوە لەم فەرمایشتەدا: ﴿إِذۡ قَالَ لَهُۥ رَبُّهُۥٓ أَسۡلِمۡ ۖ قَالَ أَسۡلَمۡتُ لِرَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ (البقرة: 132). پێویستە لەسەرمان بیربكەینەوە لەوەی ئەگەر لە ناڕەحەتیدا بین یان لە حەوانەوە و ئاسوودەییدا یاخود سەربەرز بین یان زەبوون، وا شیاوترە بۆمان بزانین خوا چیمان لێ داوا دەكات، پاشان ڕازی بین بەو شتەی خوا پێی ڕازیە، هەروەك چۆن خوای گەورە لە وەحیەكی خۆیدا فەرموویەتی بە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە ڕۆژەكانی كۆتایی ژیانیدا كە پێموایە وەحیەكە تایبەتە بە نەوەكانی، دەقی وەحیەكە بە فارسی بریتیە لە:
سپردم به تو مایهٔ خویش را
تو دانی حساب کم و بیش را
واتە ئەی پەروەردگار پێش بەجێهێشتنی دنیا كەسوكاری خۆم ڕادەستی تۆ كرد، ئێستا لە هەر شوێنێكدا خۆت ویستت نیشتەجێیان بكە، چ لە پلەیەكی بەرزدا بێت یان لە پلەیەكی ئاساییدا.
ئەمە ئەو شتەیە كە پێویستە هەمیشە لەبەرچاوماندا بێت، وە ئەگەر مناڵەكانمان ئەم بابەتە لەبەرچاو نەگرن ئەوا هەرگیز ئەو نیعمەتانە بەدەستناهێنن كە بەڵێندراون بە نەوەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام). گومانی تێدا نیە ئەوەی مرۆڤ لەڕووی ماددیەوە نەوەی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بێت مایەی شانازیە، بەڵام بەو مەرجەی دەستبگرێت بە ئایینەوە. جارێكیان هاوەڵان لە پێغەمبەریان (ﷺ) پرسی: چ هۆزێكی عەرەب باشترین هۆزە؟ فەرمووی: ئەو هۆزەی كە لە سەردەمی نەفامیدا بە باشترین هۆز لەقەڵەم دەدرا بەو مەرجەی موسوڵمان و چاك و پارێزكار بێت. كەواتە گومانی تێدا نیە ڕەچەڵەكی بەرز هۆكاری ڕێز و سەربەرزیە، بەڵام بە مەرجی بوونی چاكە و خۆپارێزی. بەڵام ئەگەر ئەو كەسانە گوێ نەدەن بەم مەرجە، بەڵكو وەكو كرم و سەگ هەڵپەیان كرد بۆ دنیا ئەوا لە كەسانی تر زیاتر شایستەی سزای خوایی دەبن.
گومانی تێدا نیە ئەم كارە كاری خوای گەورەیە، وە ئەگەر ئێمە جێبەجێی نەكەین ئەوا خوا كۆمەڵێكی تر دەهێنێت جێبەجێی دەكەن، بەڵام ئەو ڕۆژە ڕۆژێكی زۆر شووم دەبێت كاتێك خوای گەورە دەفەرموێت ئەوەتا پیاوانی فارس پشتیان هەڵكرد لە بڵاوكردنەوەی ئایین، كەواتە وەرن ئەم دەرفەتە بڕەخسێنین بۆ گەلێكی تر.
بێگومان خوا چاكەیەكی گەورەی كردووە لەگەڵماندا كە ئەم دەرفەتەی ڕەخساندووە بۆمان، بەڵام ئەو كەسەی پێیوایە قوربانی پێشكەش كردووە ئەگەر كاری كردبێت بۆ ئایین؛ ئەوا من پێی دەڵێم ئەگەر بەڕادەیەك خۆی تەرخان بكات بۆ ئەم كارە هەتا دەبێت بە خۆڵ و تۆز، ئەوا مافی ئەوەی نیە بانگەشەی باوەڕداری بكات، بەڵكو لەڕاستیدا كەسێكی دووڕووە، چونكە چاكەی خوای بە قوربانیدانی خۆی ناوبردووە، وە خاوەنی قوربانی هەمیشە خۆی بە باشتر دەزانێت بەجۆرێك پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “اليَدُ العُلْيَا خَيْرٌ مِنَ اليَدِ السُّفْلَى” (البخاري، كتاب الزكاة، باب الاستعفاف عن المسألة) واتە دەستی بەرز باشترە لە دەستی نزم. بۆیە پێویستە هەرگیز پێمان وا نەبێت ئێمە قوربانی پێشكەش دەكەین كاتێك خزمەتی ئایین دەكەین، بەڵكو وا شیاوە بۆمان بڵێین خوای گەورە چاكەی كرد لەگەڵماندا چونكە دەرفەتی بۆ ڕەخساندین كار بكەین بۆ ئایینەكەی. بەڵام ئەگەر ئێوە پەی نابەن بەم ڕاستیە، وە ئەگەر ئێوە ناتانەوێت هەژار بن لەپێناوی ئاییندا، وە ئەگەر ئێوە هەست بە ئاسوودەیی و بەختەوەری ناكەن لە سواڵكردن لەپێناوی ئاییندا، وە ئەگەر خزمەتكردنی ئایین بە خۆشەویستتر و ئازیزتر لەقەڵەم نادەن لە هەموو موڵك و سامانی جیهان، ئەوا بە ئەندازەی كێشی دەنكە جۆیەك باوەڕ لەدڵتاندا نیە. خەڵكی دەڵێن سواڵكردن كارێكی ناشرینە، منیش پێموایە، بەڵام ئەگەر ناچاربووین لەپێناوی خوای گەورە و ئایینەكەیدا سواڵ بكەین ئەوا مایەی سەربەرزی و شانازیە بۆمان.
بۆیە پێتان وا نەبێت ئێوە هیچ قوربانیەكتان پێشكەش كردووە كاتێك خزمەتی ئایین دەكەن، بەڵكو چاكەی خوایە بەسەرتانەوە كە ئەم دەرفەتەی بۆ ڕەخساندوون. بەداخەوە هەندێ كەسم بینی پێیان وابوو قوربانی پێشكەش دەكەن كاتێك توانایان پێ درا خزمەتی ئایین بكەن، بۆ نموونە دەڵێن ئێستا وەرن ئەم قوربانیەیش پێشكەش بكەین لەپێناوی ئاییندا. لەگەڵ ئەوەی ئەگەر لەسەر سفرە و خوانێك خواردنێكی سادە و كۆمەڵێك خواردنی نایابیش هەبێت وەك كەباب و مریشكی برژاو و برنج لەگەڵ گۆشت و شیرینی، وە ئەگەر مرۆڤ خواردنە خۆش و نایابەكان بخوات لە جیاتی خواردنە سادەكە ئایا دەڵێت قوربانیم پێشكەش كردووە؟ نەخێر، ئەگەر وەهای گوت ئەوا لە دوو خاڵ بەدەر نیە: یان فێڵی لێكراوە و نازانێت ڕاستەیەكە كامەیە، یاخود شێتە و عەقڵی بەهیچ شتێك ناشكێت. بۆیە ئەگەر لەڕاستیدا ئایین كاڵایەكی بەنرخە، وە ئەگەر گەردوون خوایەكی زیندووی هەیە؛ ئەوا ئەو كەسەی بەدەم بانگەوازی كەسێكەوە دەچێت كە بانگەواز دەكات بۆ سەرخستنی ئایینی خوای گەورە هەرگیز قوربانی نەداوە، بەڵكو پشكێك لە چاكە و سۆز و خۆشەویستی خوای بەدەستهێناوە، ئەگەر بۆ ساتێك پێی وابوو كە قوربانی داوە ئەوا بێ گومان كەسێكی دووڕووە. بۆیە ئەو كەسانەی پێیان وایە قوربانییان داوە كاتێك خزمەتی ئایین دەكەن بەدڵنیاییەوە ئیمانیان نیە، وا باشترە بۆیان وازبهێنن لە خزمەتكردنی ئایین. بەڵام ئەگەر سەربەرزیتان لە شتێكدا بینی كە دنیا زەبوونی و ڕسوایی لەو شتەدا دەبینی، وە ئەگەر شتێكتان بە كار و كردەوە لە قەڵەمدا كە دنیا بە بێ كاری ئەژماری دەكرد، وە ئەگەر شتێكتان بە بەخشیش دانا كە دنیا بە قوربانی لەقەڵەمی دەدا، ئەوا ئەو كاتە دەبن بە باوەڕداری ڕاستەقینە. ئایا پێتان وایە ئەو فەرماندە ئینگلیزیەی سەركەوت بەسەر ئەڵمانەكاندا ڕابەرایەتیكردنی سوپاكانی بە قوربانیدان لەقەڵەمداوە؟ نەخێر، دەی ئەگەر فەرماندە و سەركردە دنیاییەكان ئەو كارە بە قوربانیدان لەقەڵەم نەدەن كە ئەنجامی دەدەن ئەوان چۆن ئەو كەسانەی داگیركردنی دڵی خەڵكی جیهانیان پێ سپێردراوە كردەوەكانی خۆیان بە قوربانیدان لەقەڵەم دەدەن؟ ئەگەر هەندێ كەس ئاوات بخوازن لە شوێنی سەركردەی ئینگلیزی هەیگ (Hage) بن و هەندێ كەسی ئەڵمانی بیانەوێت لە شوێنی سەركردەی ئەڵمانی هەندن بێرگ (Hundon Burg) كار بكەن ئایا كارەكانیان بە قوربانیدا لەقەڵەم دەدرێت؟ بەڕای من ئەگەر بتوانن نیوەی ژیانیان نەزر بكەن بۆ بەدەستهێنانی ئەم ڕێز و شكۆیە ئەوا دەیكەن، هەروەها ئەگەر بۆیان بكرێت قوربانی بدەن بە ژن و مناڵەكانیان هەتا ئەم شانازیە بەدەست بهێنن ئەوا دەیكەن، وە ئەوە بە قوربانیدان لەقەڵەم نادەن كە پێشكەشی دەكەن. دەی ئەگەر سەركردە دنیاییەكان گرتنەئەستۆی پۆستەكانیان بەنیعمەت لەقەڵەم بدەن ئەوا چۆن ڕەوایە بۆ سەركردە ڕۆحیەكان كە گرتنەئەستۆی پۆستەكانیان بە قوربانیدان لەقەڵەم بدەن؟ بۆیە ئەو كەسەی پێیوایە خزمەتكردنی ئایین قوربانیدانە خوای گەورە تووڕە دەكات و بەسووك سەیری دەكات، چونكە ئەم ڕەفتارەی مانای ئەوەیە نیعمەتی خوایی كەمتر و نزمترە بەلایەوە لە ژیانی خۆی (پەنا بەخوا)، بەجۆرێك هەوڵ و تێكۆشانی خۆی بە مەزن دەزانێت و نیعمەتی خوای گەورە بە بچوك و نزم سەیر دەكات. خوای گەورە دیارییەكی پێ دەبەخشێت گەورەترە لە موڵك و سامانی هەموو دنیا، بەڵام ئەو هیچ نرخێك بۆ ئەم خەڵاتە دانانێت، وە هەوڵ و تێكۆشانی بچوك و نزمی خۆی بە قوربانی و خۆنەویستی دادەنێت.
كەواتە ئەوەتان لێ چاوەڕوان ناكرێت كە تەنھا لاسایی شارستانیەتی ڕۆژئاوا نەكەنەوە، بەڵكو ئەوەشتان لێ چاوەڕوان دەكرێت كە هەمیشە ئاڵای ئیسلام بەرزبكەنەوە، وە دڵسۆز بن بۆ مرۆڤایەتی، وە نەهێڵن بیروباوەڕی شانازی و بەخۆدانازین دزە بكاتە ناو دڵتانەوە، بەڵكو دەبێت هەموو كار و كردەوە و خزمەتەكانتان بە پارەیەكی ساختە و بێ نرخ ئەژمار بكەن، وە دان بەوەدا بنێن كە ئێوە پارەیەكی ساختەتان داوە بەخوای گەورە، ئەویش ماڵ و سامانێكی مەزنی بەخشیوە پێتان.
ئەمە ئەو هاوار و بانگەیە كە خوای گەورە بەرزی كردەوە، وە ئەمە ئەو دەنگەیە كە موحەممەد (ﷺ) بەرزی كردەوە، وە ئەمە ئەو دەنگەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەرزی كردەوە. بۆیە ئەگەر دڵی هەر یەكێكتان بەدەم ئەم بانگەوە نەچێت ئەوا ئەو دڵە دڵی مرۆڤێكی مردووە هەرچەندە جلوبەرگەكەی جوان و گرانبەها بێت.
ئەو پێشەنگیە چەند جوان بوو كە حەزرەتی بوودا (علیه السلام) پێشكەشی كرد. بوودا تاقە كوڕی باوكی بوو، كاتێك شەیدای ویساڵی خوای گەورە بوو لە ماڵی خۆیان دەرچوو، وە بەردەوام لە دارستان و چۆڵەوانیدا ساڵانێكی دوور و درێژ خوای گەورەی دەپەرست، وە لەكۆتاییدا خوای گەورە وەحی خۆی دابەزاندە سەری و شكۆداری كرد بە پایەی پێغەمیەرایەتی و ڕەوانەی كرد بۆ ئیسڵاحی خەڵكی. وە بەڕەچاوكردنی هەلومەرجی سەردەمەكەی خۆی فەرمانی كرد بە شوێنكەوتووانی كە وازبهێنن لە بەدەستهێنانی دنیا، وە فەرمانی پێ كردن خۆیان تەرخان بكەن بۆ خزمەتكردنی ئایین بەدرێژایی ڕۆژ، وە ئەگەر برسیان بوو ئەوا داوای خواردن لە خەڵك بكەن و بیخۆن. كاتێك ناوبانگی بڵاوبوویەوە لە هەموو هیندستاندا، باوكی كە پاشا بوو لە ناوچەی “بیهار” ناردی بە شوێنیدا، ئەویش هات بۆ لای، ئینجا باوكی باوەڕی پێ هێنا و چووە ڕیزی شوێنكەوتووەكانیەوە. كاتێك بوودا ویستی بگەڕێتەوە باوكی بیری كردەوە كە پرسی میراتی موڵك و قەڵەمڕەوەكەی یەكلایی بكاتەوە، لەو سەردەمەدا نەریت وەها بوو كە كوڕی پاشا یان كوڕەزاكەی جێگای دەگرتەوە، بژاردەی سێیەم نەبوو. كاتێك باوكی بینی بوودای كوڕی ڕازی نابێت بە فەرمانڕەوایەتی كوڕەزاكەی بانگ كرد و جلی سواڵكەری كردە بەری و قاپ و دەفری دەرۆزەكەرەكانی دایە دەستی، پاشان فەرمانی پێ كرد بچێت بۆ لای بوودای باوكی و پێی بڵێت: هاتووم بۆ لات داوای مافی خۆم دەكەم، واتە بوودا مافی بۆماوەیی خۆی لە فەرماڕەوایەتی بدات پێی. نەریتی بوودا وەها بوو ئەگەر بیویستایە كەسێك بخاتە ڕیزی حەواریەكانیەوە فەرمانی دەكرد سەری بتاشن، ئەوە بوو كاتێك كوڕەكەی هات بۆلای پێی گوت: هاتوویت بۆ لام داواكاریت هەیە؟ گوتی: بەڵێ. گوتی: زۆر باشە، چیم لایە پێت دەدەم، پاشان یەكێك لە قوتابیەكانی خۆی بانگكرد و فەرمانی پێ كرد سەری كوڕەكەی بتاشێت و بیخاتە ڕیزی قوتابیەكانیەوە. ئەمەش مانای ئەوە بوو كە دەسەڵات و قەڵەمڕەوی لە خێزانی بوودادا نەما بۆ هەتاهەتایە. كاتێك باوكی بوودا قسەكەی بوودای بیست گریا و پەیمانێكی لێ وەرگرت دوای ئەوە هەرگیز هیچ یەكێك لە مناڵە بچوكەكانی نەكات بە قوتابی خۆی.
كەواتە ئەو ئەرك و بەرپرسیارێتیە كە خراوەتە ئەستۆمان سەبارەت بە خزمەتكردنی ئایین زۆر مەزنە بەجۆرێك زۆر بەداخەوە دەڵێم هێشتا وەك پێویست هەستمان بە گرنگیەكەی نەكردووە. لەكاتێكدا دەبینی ئەوانەی هەڵدەستن بە خزمەتكردنی ئایین ئەم خزمەتە بە قوربانیدان لە قەڵەم دەدەن، لەگەڵ ئەوەی ئەو كەسەی قوربانی دەدات كارەكەی خۆی بە باشتر دەزانێت وەك پێشتر ڕوونم كردەوە، وە ئەگەر كاری مرۆڤ لەپێناوی ئاییندا قوربانیدان بێت لەلایەن كەسەكەوە ئەوا ئەمە مانای وایە ئایین شتێكە نرخی كەمترە لەم مرۆڤە كە قوربانی داوە لەپێناوی ئایینەكەدا. لەگەڵ ئەوەی لەواقیعدا ئەگەر پێمان وابوو -بۆ تەنھا ساتێك- قوربانیمان داوە كاتێك لەپێناوی ئاییندا كاردەكەین، ئەوا بەتەواوەتی بێ بەش دەبین لە ئیمان و بینایی.
بۆیە سەرەتا بەو كەسانە دەڵێم كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بانگی كردوون و فەرموویەتی: “پیاوانێك لە ڕۆڵەكانی فارس باوەڕ بەدەستدەهێنن” ئاگاداری ئەركەكانیان بن چونكە كارێكی زۆر گەورە و گرانیان لە پێشە. بێگومان سەربەرزی و دەسەڵاتی دنیایی هیچ نیە، بەڵكو هەموو سەربەرزییەك لەوەدایە خزمەت بكەیت لەبەر دەرگای خوای گەورەدا. ئەگەر دنیاتان بەدەستهێنا و گەیشتنە پلەوپایە بەناوبانگەكان ئایا پێتان وا دەبێت ئێوە سەربەرزترن لە خزمەتكارەكانی موحەممەد (ﷺ)؟ چۆن ئەو ئایەت و موعجیزانە لەیاد دەكەن كە ڕووناكیان بەخشی بە چاوی كوێرەكان لە هەموو ناوچە دوورەكان تەنانەت ڕووناكی گێڕایەوە بۆ چاوی كوێرەكانی ئەوروپا و ئەمریكایش. ئایا زۆر مایەی داخ و پەژارە نیە ئەگەر كەسانێك سوودمەند نەبن لەم نوورە كە لە نزیكیەوە دەژین. بۆیە سەرەتا ڕووی قسەم دەكەمە مناڵە ماددیەكانی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، بەڵام بەوپێیەی هەموو ئەو كەسانەی لەناخی دڵەوە بەیعەتیان داوە بە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) و كار بە فێركاریەكانی دەكەن مناڵی ڕۆحی ئەون، بۆیە هەموو ئەندامانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بە “پیاوانێك لە ڕۆڵەكانی فارس” لەقەڵەم دەدرێن. بۆیە بە ئەندامانی تری كۆمەڵیش دەڵێم، لەبەرئەوەی مناڵی ڕۆحی مەسیحی بەڵێندراون، هەست بكەن بە گەورەیی ئەركەكانیان. هەتا كەی بە بێ ئاگایی دەژین؟ هەتا كەی ڕوخسارتان وەكو ڕوخساری مردووەكان دەبێت؟ هەتاكەی بێ دەنگ دەبن لە سووكایەتیكردن و بەنزم سەیركردنی ئایینی خوا؟ هەتا كەی خزمەتە بچوكەكانتان بە قوربانیدان ئەژمار دەكەن؟ كەی ئەو ڕۆژە دێت كە تێیدا دڵتان دەسووتێت بۆ ئایینەكەتان و لەپێناویدا دەهەژێن؟ كەی قۆڵی لێ هەڵدەماڵن بۆ ئەوەی بچنە گۆڕەپانی ئەو كارەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕەوانەكرا لەپێناویدا؟ بەم گروپەی ئەحمەدیەكانیش دەڵێم بانگەوازەكە لەلایەن خوای گەورە دەرچووە، دەی ڕاستببنەوە و بەدەم ئەم بانگە خواییەوە بچن وەك چۆن پیاوچاكانی پێش ئێوە سیازدە سەدە لەمەوپێش بەدەمیەوە چوون و گوتیان: ﴿رَّبَّنَآ إِنَّنَا سَمِعۡنَا مُنَادِيٗا يُنَادِي لِلۡإِيمَٰنِ أَنۡ ءَامِنُواْ بِرَبِّكُمۡ فََٔامَنَّا ۚ رَبَّنَا فَٱغۡفِرۡ لَنَا ذُنُوبَنَا وَكَفِّرۡ عَنَّا سَئَِّاتِنَا وَتَوَفَّنَا مَعَ ٱلۡأَبۡرَارِ * رَبَّنَا وَءَاتِنَا مَا وَعَدتَّنَا عَلَىٰ رُسُلِكَ وَلَا تُخۡزِنَا يَوۡمَ ٱلۡقِيَٰمَةِ ۖ إِنَّكَ لَا تُخۡلِفُ ٱلۡمِيعَادَ﴾ (آل عمران: 194-195).
پێویستە ئەم فێركارییانە بچنەناو دڵتانەوە هەتا هەموو گەردیلەیەكی بوون و قەوارەتان بەدەم ئەم بانگەوە بچێت. پاشان ئەم فێركاریانە بدەن بە گوێی مناڵەكانتاندا، وە ئەوانیش بیدەن بە گوێی مناڵەكانیاندا هەتا گوێچكەمان تەنها دەنگی خوای گەورە ببیستێت، وە هەتا تەنها ڕووناكی ئەو (سبحانه وتعالى) لەبەرچاوماندا بدرەوشێتەوە. ئەگەر ئەم دۆخە دروست نەبێت لەناوماندا ئەوا شتێك نین جگە لە كۆمەڵێك بت كە لە قوڕ دروستكراون و بانگەشەی زۆر گەورە دەكەن، وە تەنها كۆمەڵێك تەرمی بۆگەنین كە بانگەشەی زیندووكردنەوەی جیهان دەكەن.
ڕاگەیاندنی دوو مارەبڕین
ئێستایش دوو مارەبڕین ڕادەگەیەنم كە لەپێناویاندا كۆبووینەتەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم وتارەم وا دەردەكەوێت كە پەیوەندی نەبێت بە مارەبڕینەكەوە، بەڵام لەڕاستیدا پەیوەندیەكی پتەوی هەیە پێیەوە، چونكە هاوسەرایەتی بەمانا ڕاستەقینەكەی تەنھا لە گەیشتن بەدیداری خوای گەورەدایە، لەبەرئەوە خوا لە كتێبەكەیدا لە بابەتی قسەكردن دەربارەی هاوسەرگیری هانمان دەدات پارێزگاری بكەین لە نوێژەكانمان بەشێوەیەكی تایبەت. دەی ئەگەر ئێمە لە دنیادا ئامادەبین بۆ قەبوڵكردنی هاوسەرایەتی، ئیتر چۆن ڕازی نابین مەست بین بە خۆشەویستی خوا و پێغەمبەرەكەی. لەڕاستیدا ئێمە هەرگیز شادمانی ڕاستەقینە بەدەستناهێنین مەگەر ئەو كاتەی ئیسلام لەهەموو جیهاندا زاڵ و باڵادەست دەبێت، بەڵام پێش ئەوە هەموو بۆنەیەكی خۆشی دنیایی دەبێتە هۆی خەم و پەژارە بۆمان. لە ڕیوایەتەكاندا هاتووە كە عائیشە (رضي الله عنها) جارێكیان دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ویستی نانێكی نەرم بخوات، ئینجا فرمێسك لە چاوەكانی هاتە خوارەوە. پێی گوترا: بۆچی دەگریت؟ گوتی: لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) دەستاڕ نەبوو بۆ دروستكردنی ئاردی ورد، بەڵكو دانەوێڵەمان دەكوتا و دەمانبێژایەوە و لە ئاردەكەی هەویرمان دروست دەكرد و نانمان لێ دەكرد، ئەمە وای لێكردم نەتوانم ئەم نانە نەرمە قوت بدەم لەبەرئەوەی لە گەروومدا دەگیرێت، چونكە بیردەكەمەوە ئەگەر ئاردی ورد هەبوایە لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) ئەوا نانی نەرمم بۆ دروست دەكرد.
دیارە نانی ئاردی ورد نیعمەتێكی زۆر ئاساییە، بەڵام دەبینین كە عائیشە (رضي الله عنها) نەیتوانیوە قووتی بدات چونكە بیری سەردەمی پێغەمبەری (ﷺ) كەوتووەتەوە. ئایا شیاوتر نیە بە ئێمە هەموو ئەو نیعمەتە جۆراوجۆرانە كە دەیانخۆین لە گەرووماندا بگیرێت. نیعمەت و موڵكی دنیا بۆ كێیە؟ هەمووی بۆ خوا و پێغەمبەرەكەی و قوتابیەكەی مەسیحی بەڵێندراوە. ئیتر بۆچی ئەم نیعمەتانە نەهێنین و داینەنێین لەبەردەم خوا و پێغەمبەرەكەیدا؟ عائیشە (رضي الله عنها) ئەو خاتوونەیە كە نیوەی ئایینی فێركردووین، وە هاوسەری خۆشەویستی پێغەمبەر (ﷺ) بووە، وە پێشەنگێكی چاكە بۆ ئێمە. بڕوانن چەندە پێغەمبەری (ﷺ) خۆشویستووە، نەیتوانی بەبێ پێغەمبەر (ﷺ) نانی نەرم بخوات، بەڵكو نانەكە لەگەروویدا نەچووە خوارەوە و فرمێسك بەچاویدا هاتە خوارەوە. ئایا شایستەتر نیە بە ئێمە كە فرمێسك لە چاومان بێتە خوارەوە و لەكاتێكدا خۆمان بادەدەین لەناو باشترین نیعمەتی دنیادا؟ لەڕاستیدا بەردەوام بێ بەش دەبین لە زانیاری ڕاستەقینە ئەگەر لەدنیادا دۆخمان وەكو دۆخی عائیشەی (رضي الله عنها) لێ نەیەت. ئەگەر خوای گەورە جلوبەرگێكی چاكمان پێ بدات ئەوا كێشە نیە لەبەری دەكەین، و ئەگەر خۆراكی چاكمان پێ بدات ئەوا كێشە نیە دەیخۆین، بەڵام پێویستە لە هەمان كاتدا دڵمان ژان بكات كە دەججال دەستی گرتووە بەسەر هەموو شتێكدا لەجیهاندا، خۆزگە هەموو نیعمەتێكی دنیامان زەوت بكردایە و بەتایبەتی بماندایە بە موحەممەد (ﷺ) و قوتابیەكانی. گومانی تێدا نیە خوا گەورە و سەروەرمانە و پێویستە لەسەرمان خواردنی چاك بخۆین و جلی باش لەبەر بكەین، دیارە ئەو خۆراكی چاكمان پێ دەدات و بەجوانی پۆشتەمان دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەدا پێویستە هەمیشە ئەم نیعمەتانە لە قوڕگماندا بگیرێن، وە لەدڵماندا هەست بە گەرموگوڕی و شەیدایی بكەین كە هەرگیز ئارام و دڵنیا نابین ئەگەر موسوڵمانان ئەم خۆراك و پۆشاكانە ئامادە نەكەن، وە ئەگەر هەموو شتێك بەدەستی موسوڵمانێك نەچنرێت كە لەسەر هەموو تەقەڵێك “لا إله إلا الله محمد رسول الله” بخوێنێتەوە.
كاتی خواردنی ئەم خۆراكانە و لەبەركردنی ئەم پۆشاكانە پێویستە گەرموگوڕی لەدڵماندا دروست بێت و ئاگرێك هەڵگیرسێت تێیدا بەگوێرەی ئەو بیرۆكەیە كە كلیلی هەموو نیعمەتێك، ڕۆحی یان ماددی، لەدەستی موحممەددایە (ﷺ). ئەمە ئەو هەست و سۆزەیە كە پێویستە پەروەردەی بكەین لەناخماندا. ئەگەر توانیمان ئەو كارە بكەین ئەوا بەرەكەت دەكەوێتە عەقڵ و هۆش و تێگەیشتنمانەوە. شتێكی سروشتیە كە مرۆڤ لە بۆنە خۆشەكاندا زیاتر خەمبار بێت. وە كاتێك باوەڕدار دڵی خۆش دەبێت بیردەكاتەوە ئایا موحەممەد (ﷺ) و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) هاوبەشن لە دڵخۆشی و شادیەكەیدا یان نا؟ ئەگەر هەردووكیان هاوبەش بوون لە شادیەكەماندا ئەوا زیاتر شاد و كەیفخۆش دەبین، ئەگینا شادیەكە زیاتر خەمبارمان دەكات. گومانی تێدا نیە ژنێك پیاوەكەی مردبێت دڵخۆش و شادمان دەبێت بە ژنهێنانی كوڕەكانی، بەڵام لەهەمان كاتدا فرمێسك بە چاویدا دێتە خوارەوە چونكە لەدڵی خۆیدا دەڵێت خۆزگە مێردەكەم زیندوو بوایە و لەم شادیەدا بەشداری بكردایە لەگەڵماندا. وە هەمان شت ڕوودەدات لەگەڵ پیاوێكدا كە ژنەكەی مردووە. باوەڕداریش بەم جۆرەیە، هەركاتێك شاد و كەیفخۆش دەبێت خەم دایدەگرێت و لەدڵی خۆیدا بیردەكاتەوە ئایا موحەممەد (ﷺ) و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) هاوبەشن لە شادیەكەیدا یان نا. ئەگەر هەردووكیان هاوبەش نەبوون ئەوا تەنها لەڕواڵەتدا شادمانە، لەڕاستیدا دڵی خۆش نیە.
كەواتە وتارەكەم دابڕاو نیە لەم بۆنەیە، بەڵكو پەیوەندییەكی قووڵی هەیە بەم دوو مارەبڕینەوە. وە پاش ئەم وتارە و پاش ئەوەی گرنگی ئەم ئەركەم ئاشكرا كرد -كە لە ڕاستیدا هەموو ئەركەكانمان دەچنە ئەم چوارچێوەیەوە- هەردوو مارە بڕینەكە ڕادەگەیەنم كە لەپێناویاندا ڕاوەستاوم.
*****
پاش ڕاگەیاندنی هەردوو مارەبڕینەكە بەڕێزی (رضي الله عنه) و ئامادەبووان دوعایەكی درێژیان كرد.
(ڕۆژنامەی “الفضل” ژمارەی 26ی ئابی ساڵی 1934- لە كتێبی “وتارەكانی مەحموود”وە گواستراوەتەوە، بەرگی یەكەم، لا100-131)
PDF