پێویستی ئایین و بهراوردكردنی ئایینهكان
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
بهپێنوسی:
حهزرهتی میرزا بهشیرهددین مهحموود ئهحمهد (رضي الله عنه)
خهلیفهی دووهمی ئیمامی مههدی و مهسیحی بهڵێندراو
بسم الله الرحمن الرحيم
پێرستی بابهتهكان
پێشهكی بڵاوكاری عهرهبی
پێویستی ئایین
هۆكاری فەرامۆشكردنی ئایین
پێویستە وریایی هەبێت سەبارەت بە شێوازی بەكارهێنان
سیستەمی گەردوون بەڕێوەبەرێك دەخوازێت
چۆن هەستبكرێت بە پێویستی ئایین
بەڵگە لەسەر بوونی خوا
چاكەی زیاتری ئیسلام بەسەر ئایینەكانی تردا
نموونەی ئاخاوتنی خوایی
پێشبینییەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڵگەیەكن لەسەر بوونی خوا
جیاوازی لەنێوان پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو و كەسانی تر
بەراوردكردنی ئایینەكان
ڕاجیایی لە سیفەتەكانی خوادا
ڕاجیایی دەربارەی كەلامی خوا
ڕاجیایی دەربارەی فریشتەكان
ڕاجیایی دەربارەی زیندووبوونەوەی دوای مردن
ئایینەكانی جیھان
سەرەتای ڕاجیایی و ناكۆكی
نەفامی حاجییەكی بەتەمەن دەربارەی ئایینەكەی
نەزانین دەربارەی ئایین
نەزانین دەربارەی ئایین بۆچی تا ئەم ڕادەیە؟
ئایین بۆچی پێویستە؟
بێگومان خوا وەهای لە خەڵكی كردووە كە باوەڕبهێنن بە خۆی و پێغەمبەرانی
بانگەشەی ئیسلام
بەڵگە لەسەر ڕاستی ئیسلام
بارودۆخی پێغەمبەر (ﷺ) پێش بانگەشەكە
پێغەمبەر (ﷺ) و بەڕێز گاندی
مامەڵەی گەل لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ)
بەسەرهاتی ئەبوهورەیرە (رضي الله عنه)
ڕەخنەی ناحەزان لەم بەڵگەیه
وەڵامی ئەم ڕەخنەیە
موسوڵمانان بە شایستەی ئەوە نەماون كە خوا بەڵێنەكانی خۆی دەربارەیان بهێنێتەدی
موسوڵمانان سووكایەتی دەكەن بە پێغەمبەر (ﷺ)
بردنەسەری بەڵێنی پاراستنی قورئانی پیرۆز
خوا چی كرد بۆ ئیسلام؟
سۆزی دایك
ئەحمەدیەكان و موسوڵمانان بەگشتی
كاریگەری ئەحمەدیەت
ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو درۆزن بێت ئەوا هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر ڕاستیی ئیسلام
بەڵێنی خوا لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا
بارودۆخی دنیا
ئامۆژگاری
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي على رسوله الكریم
پێشهكی بڵاوكاری عهرهبی
دوو نامیلكهی هێژا میرزا بهشیرهددین مهحموود ئهحمهد (رضي الله عنه) خهلیفهی دووهمی ئیمامی مههدی و مهسیحی بهڵێندراو (عليه السلام) پێشكهشی خوێنهره بهڕێزهكانمان دهكهین، یهكهمیان بریتیه له:
پێویستی ئایین
گهورهمان موسڵیحی بهڵێندراو (رضي الله عنه)، هێژا میرزا بهشیرهددین مهحموود ئهحمهد، خهلیفهی دووهمی مهسیحی بهڵێندراو (عليه السلام) له ڕێككهوتی 4/3/1921زدا سهفهری كرد بۆ شاری لاهۆر بۆ شایهتیدان له كێشهیهكدا و لهوێدا تاكو 7/3/1921ز مایهوه، وه له ڕێككهوتی 5ی ئازاردا ههندێ قوتابی كوڵێژ چاویان پێیكهوت و سێ پرسیار و بابهتیان ئاراستهكرد؛
یهكهم: ئایین پێویست نیه و هیچ سوودێكی نیه، بهڵام ئهگهر خهڵكی بۆ دهستخستنی قازانجه ڕواڵهتیهكان ئایین ههڵبژێرن ئهوا كێشه نیه.
دووهم: له ئایینهكانی تریشدا خهڵكانێك ههن پێشبینی دهكهن، كهواته ئهم خاسیهته تایبهت نیه به ئیسلامهوه.
سێيهم: ههڵبهت بڵاوبوونهوهی كۆمهڵهكهی بهڕێز میرزا بهڵگهیهك نیه لهسهر ڕاستگۆیی ئهو؛ چونكه “لینین”یش سهركهوتنێكی گهورهی بهدهستهێنا له ڕووسیادا.
بهڕێزی (رضي الله عنه) وهڵامی ئهم پرس و بابهتانهی دایهوه به شێوازێكی ئاسان و پشتبهستوو بهبهڵگه، وه گوتی: بێگومان پێویستی ئایین گرێدراوه به بوونی خواوه، جا ئهگهر خوا بوونی ههبێت ئهوا پێویستیهكیش ههیه بۆ ئایین. وه بهڵگه لهسهر بوونی خوای گهوره بریتیه له قسه و ئاخاوتنهكهی لهگهڵ بهندهكانیدا، وه لهم چهرخهی ئێستادا پێشبینیهكانی مهسیحی بهڵێندراو (عليه السلام) هاتنهدی كه بهڵگهیهك پێكدههێنن لهسهر بوونی خوا (سبحانه وتعالی).
وه له وهڵامی پرسی دووهمدا بهڕێزی (رضي الله عنه) فهرمووی؛ ههڵبهت جیاوازی بنچینهیی لهنێوان پێشبینی پێغهمبهران و پێشبینی كهسانی تردا ئهوهیه كه ئهوانی تر بهگوێرهی زانیاری خۆیان پێشبینی دهكهن، وه پێشبینیهكانیان لهسهر مهزهندهكردن و پێوانهكردن بنیاد نراوه، بهڵام پێشبینیهكانی پێغهمبهران لهلایهن خوای گهورهوهیه و له ههلومهرجێكی پێچهوانهدا ئهو پێشبینیانه ڕادهگهیهنرێت و فره لایهن دهبن، وه شكۆ و گهورهیی دهسهڵاتی خوایی لهخۆدهگرن.
وه له وهڵامی پرسی سێيهمدا بهڕێزی (رضي الله عنه) فهرمووی؛ ئهو پێشكهوتنهی مهسیحی بهڵێندراو (عليه السلام) بهدهستی هێناوه، بانگهشهكهی لهبارهیهوه پێشتر ههبووه، وه تهواو بهگوێرهی ئهو بانگهشهیه پێشكهوتنهكهی بهدهستهێناوه، لهبهرئهوه ههڵهیه بوترێت پێشكهوتنهكهی بهڵگه نیه لهسهر ڕاستگۆییهكهی.
وه نامیلكهی دووهم بریتیه له:
وتارێكی كورت كه بهڕێزی (رضي الله عنه) لهماڵی نهواب موحهممهد عهلی خان له مالیر كۆتله پێشكهشی كرد له ڕێككهوتی 9/3/1921ز، تێیدا باسی ئهو جیاوازییانهی كردووه كه له ئایینه جۆراوجۆرهكاندا ههن سهبارهت به زاتی خوای گهوره و سیفهتهكانی، وه كهلامی خوا، وه سهبارهت به بوونی فریشتهكان، وه زیندووبوونهوهی دوای مردن، وه باسی ئهوهشی كردووه كه خهڵكی گشتی زانیارییان نیه دهربارهی ئایین، پاشان پێویستی ئایینی خستووهتهڕوو و بهڵگهیهكی بتهوی پێشكهشكردووه لهسهر ڕاستی ئیسلام له سورهتی النور، وه گوتویهتی كه باوهڕداران ڕێز و سهربهرزدی بهدهست دههێنن له جیھاندا، وه نوورێكیان پێ دهدرێت جیھان لهبهرامیهریدا تارێك دهبێت. وه پێغهمبهری (ﷺ) وهك بهڵگهیهك پێشكهش كردووه لهسهر ئهوهی چۆن خوای گهوره سهركهوتنی پێ خهڵاتكرد سهرهڕای ههزارهها جۆر له نهیاری و دژایهتی، وه قهڵهمڕهوهكانی قهیسهر و كیسرای بهخشی به شوێنكهوتووهكانی. وه لهم چهرخهی ئێستادا -كه تێیدا دۆخی ئایینی ڕاستی خوا تێكچووه- خوای گهوره مهسیحی بهڵێندراوی (عليه السلام) ڕهوانهكرد بۆ خزمهتكردن و پاراستنی ئیسلام. وه ئهمڕۆ ئهگهر لای موسوڵمانان بهڵگهیهك ههبێت لهسهر ڕاستی ئیسلام بریتیه له كهسی مهسیحی بهڵێندراو (عليه السلام)؛ چونكه پایهی ئایینه خۆشهویستهكهی بهرزدهكاتهوه ڕۆژ لهدوای ڕۆژ.
بانگخواز عبد المجید عامر شهرهفی وهرگێڕانی ئهم دوو نامیلكهیهی بهدهستهێنا، وه ههندێ برای بهڕێز بهشدارییان كردووه له پێداچوونهوه و دهركردنیاندا بهتایبهتی بهڕێزان: خالد عزام، حلمي مرمر، علي البراقي، و جمال أغزول، خوای گهوره باشترین پاداشتیان بداتهوه. ئامین.
ئهوپهڕی ههوڵمان داوه وهرگێڕانهكه تهواو نزیك بێت له دهقه ئوردیهكهوه، بهڵام لهگهڵ ئهوهدا ئەستۆپارێزی خۆمان ناکەين لهلاوازی تێیدا، له خوا دهپاڕێینهوه كه سهركهوتوومان بكات بۆ ئهوهی ههوڵی گهورهتر بدهین له چاپهكانی داھاتوودا بۆ هێنانهدی وردهكاری زیاتر.
هیوادارین لهخوای گهوره كه خوێنهر سوود و چێژ وهربگرێت لهم دوو نامیلكهیه، وه لهخوای گهوره دهپاڕێینهوه كه بیانكات به هۆكارى هیدایهتدانی ئهو كهسانهی كه بۆ حهق و ڕێگای ڕاست دهگهڕێن. ئامین.
بڵاوكار
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
پێویستی ئایین
وتارێكى حەزرەتی موسڵیحی بەڵێندراوە (رضي الله عنه) لە ڕێككەوتی 5/3/1921ز دا پێشکەشی كردووە
لەڕێككەوتی 5ی ئازاردا كۆمەڵێك قوتابی لە كۆلێژی لاهۆر چاویانكەوت بە گەورەمان خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه) و كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستە كرد كە یەكەمیان بریتی بوو لەوەی: ئایین پێویست نیە و هیچ سوودێكی نیە، بەڵام ئەگەر خەڵكی هەڵیانبژارد بۆ دەستكەوتنی سوود و قازانجە ڕواڵەتیەكان ئەوا كێشە نیە.
بەڕێزی (رضي الله عنه) لە وەڵامدا گوتی: پێویستی دوو جۆرە: یەكەم، لەو شتەدا كۆمەڵێك سوودی تایبەتی هەبێت بۆ مرۆڤ و ئەویش پێیوابێت كە بەجۆرێك لە جۆرەكان سوودمەند دەبێت له قهبوڵكردنیدا. دووەم، گرنگی نەدات بە سوودی تایبەتی خۆی، بەڵكو لەو شتەدا تایبەتمەندییەكی خۆیی هەبێت، وهك پەیوەندی مرۆڤ لهگهڵ دایك و باوكیدا، ههڵبهت مرۆڤ پاش گەيشتنی بە قۆناغی گەنجێتی بە ئامانجی سوودمەندبوون لێیان خزمەتیان ناكات؛ چونكە دهبێت پێشتر ئەوەی بەدەستهێنابێت كە شیانی بهدهسهێنانی ههبووه. بۆیە لەوكاتەدا بەهیوای سوودمەندبوون خزمەتیان ناكات، بەڵكو لەبەرئەوە خزمەتیان دەكات كە باوك و دایكییهتی. وە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی هەندێ شت بەڕەچاوكردنی ڕەوشت.
ئێستاش لە پرسی ئایین دەكۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانین یەكەم: چ سوودێكمان پێ دەگەیەنێت؟ دووەم: ئایا تێیدا ڕاكێشانێكی خۆیی هەیە بۆ ئێمە؟ بۆیه كاتێك لەمە ڕادەمێنین ههردوو شتهكه لە ئاییندا بهدی دهكهین. واتە یەكەم تێیدا كۆمەڵێك سوود هەیە بۆ ئێمە لەم دنیایە و لە دواڕۆژدا. دووەم، تێيدا هێزێكی ڕاكێشان و كۆمەڵێك جوانی خۆیی هەیە كە پێویسته بەگوێرەی ئەوانە مرۆڤ ئایینی خۆش بوێت.
هۆكاری فەرامۆشكردنی ئایین
وایدەبینم هۆكاری فەرامۆشكردنی ئایین بریتیە لە كورتبینی خەڵك كاتی ڕامان لێی. عادەتەن خەڵكی هەڵدەستن بە ئەنجامدانی كۆمەڵێك كار كە لەڕواڵەتدا وا دەردەكەون بۆیان هۆكارێك بن بۆ پەیداكردنی ماڵ و سامان، بەڵام كاتێك تێبینی ئەمە ناكرێت لە ئاییندا ئهوا باوەڕی پێ ناكەن مەگەر لە ئەنجامی بیستنیان لە باوانیانەوە. وە ئەوەش ڕوودەدات كە زۆرجار ناچاردەبن بۆ قوربانیدا بە ماڵ و سامانیان لەپێناوی ئاییندا، لەبەرئەوه لەم چەرخەی ئێستادا وردە وردە خەڵكی لێی هەڵدێن بەهۆی مایل بوونی سروشتیان بەلای ماددیهتدا. بەڵام ئەمە نایسەلمێنێت كە ئایین سوودێكی نیە، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە كە لە بنەڕەتدا كارنەكراوە بە ئایین، وە ئەگەر كاری پێكرابێت ئەوا بەشێوازێكی هەڵە بووە. دەی ئەگەر مرۆڤ كار بە ئایین نەكات، بەڵكو بەهۆی نەفامی و گەمژەیی خۆیەوە فەرامۆشی بكات ئەوا دەبێت چ سوودێكی لێ ببینرێت؟ لەداخوازیەكانی عەقڵ ئەوەیە بەدڵنیاییەوە مرۆڤ ئەو شتە بەكاردەهێنێت كە سوودەكەی ساغبووبێتەوە. بێگومان شتانێكی زۆر ههبوون خەڵكی وازیان هێنابوو لە بەكارهێنانیان، بەڵام كاتێك زانستەكان سوودی ئەو شتانەیان چەسپاند خەڵكیش قەبوڵیان كردن. بۆ نموونە لە بواری پزیشكیدا دەبینین پزیشكە میللیەكان بەردەوام تا ماوەیەكی درێژ دۆوك (مصل الزبادي)یان بەكاردەهێنا و دەیاننووسی بۆ چارەسەری سكچوون، بەڵام ئەو پزیشكانەی كە كاردەكەن لە پزیشكیی تەقلیدییدا (پزشیكیی نوێ) نكوڵییان دەكرد لە سوودەكانی، بەڵام كاتێك سوودەكانیان بۆ دەركەوت جارێكی تر دەستیان كرد بە بەكارھێنانی.
ئەوانەی كار بەئایین دەكەن و كارەكەیان هیچ ئەنجامێكی باشی نیە هەڵە لە شێوازی ئاییندارییەكەیاندا هەیە. وە ئەگەر وازیانهێنا لە ئایین دەكرێت بوترێت وازیانلێھێناوە پاش هەوڵدان لەلایەن خۆیانەوە. بەڵام ئەوانەی ناتوانن نكوڵی لێ بكەن و لە هەمان كاتدا بە هەڵەی لە قەڵەم دەدەن ئەوانە شایستەی هیچ ڕێزێك نین. ئەگەر وردبینەوە لە بابەتەكە ئەوا بەدڵنیاییەوە لەناو شوێنكەوتووانی ئایینەكاندا زۆرێك لە خەڵكی دەبینین لەم شێوەیە.
پێویستە وریایی هەبێت سەبارەت بە شێوازی بەكارهێنان
پێویستە وریایی و هۆشداری هەبێت سەبارەت بە شێوازی بەكارهێنانی هەر شتێك كە ئایا ئەو شێوازە دروستە یان نا. جا ئەگەر ئەنجامێكی خراپی بەدەستەوەدا لەگەڵ بەكارهێنانی بە شێوازێكی ساغ و دروست؛ ئەوا مانای ئەوەیە ئەو شتە خراپە. بەڵام ئەگەر ئەنجامە خراپەكە بەهۆی خراپ بەكارهێنانیەوە بوو ئەوا ئەو شتە لە خودی خۆیدا خراپ نیە. بۆ نموونە ماددەی “الكینین” بەسوودە بۆ تای پەتایی بەڵام ئەگەر كەسێك بەكاریهێنا بۆ چارەسەری گرانەتا پاشان نكوڵی كرد لە سوودەكەی؛ ئەوا ئەو كەسە كەسێكی هەڵەیە. دەبینین زۆرێك لە شتەكان لە وڵاتی خۆماندا بەفیڕۆدەچن بەهۆی ئەوەی بە شتانێكی بێسوود ئەژمار دەكرێن، بەڵام خەڵكی ئەوروپا سوودیان لێ دەبینن. بۆ نموونە كۆمەڵێك دارستانی حەیزەران لە هيندستاندا هەن هەمووی بەفیڕۆدەچێت، بەڵام لە ئەوروپادا ئەم دارە كاغەزی لێ دروست دەكرێت و بەجوانترین شێواز بەكاردەهێنرێت.
سیستەمی گەردوون بەڕێوەبەرێك دەخوازێت
ئێستا با بیربكەینەوە لە دۆخی مرۆڤ ئایا وەكو بڵقێك وایە لە دهریادا، وە وەكو ڕەنگە زۆرەكان وایە كە دەستبەجێ دەسڕدرێنەوە و نامێنن. پاشان سەرەڕای ئەم جیھانە كۆمەڵێك جیھانی تر هەن. توێژینەوەكان نەگەيشتوونەتە كۆمەڵێك ئەنجامی یەقینی سەبارەت بە هەسارەكانی تر، بەڵام گومان دەكرێت مەریخ شیاو بێت. كاتێك بە وردی سەرنج دەدەین لە مرۆڤ نابینین دروستبوونهكهی كارێكی ههوانته بێت. تەواوترین و پێگەيشتووترین ئامرازهكان ئامادەكراوە بۆی! ماوەیەك لەمەوپێش زانایەكی گەردوونی ئەمریكی توێژینەوەیەكی خۆی بڵاوكردەوە دەربارەی كلكدارێك و گوتی لەداھاتوویەكی نزیكدا خۆی دەكێشێت بە زەویدا و زەوی ورد و خاش دەكات، بەگوێرەی ئەم قسانە زۆرێك لە خەڵكی لە وڵاتە ئەوروپیەكاندا خۆیان كوشت. وە هەندێ وتیان بەر زەوی ناكەوێت بەڵام كۆمەڵێك گاز دەردەكات كە دەبنەهۆی خنكان. بەڵام ئەو ڕۆژە تێپەڕی و بەسەرچوو، وە ڕوونبوویەوە كە كۆمەڵێك گەردیلەی زۆر سادەبوون هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر زەوی نەبوو. وە شتێكی زانراوە دەربارەی ئەستێرەكانی تریش كە كاتێك ڕووبەڕووی زەوی دەبنەوە ڕێڕەوی خۆیان دەگۆڕن. كەواتە هەموو ئەم گۆڕانكارییانە دەیسەلمێنن كە بەڕێكەوت ڕوونادەن، بەڵكو كەسێك هەیە ئەم گۆڕانكارییانە دروست دەكات بەگوێرەی حیكمەتی خۆی. بۆ نموونە ئەگەر بینینمان خشتێك فڕێدراوە و كەوتووە دەكرێت بوترێت كە بەڕێكەوت یان بەهۆی هەواوە كەوتووە. بەڵام ناگونجێت دەربارەی تەلارێك بوترێت بەڕێكەوت دروست بووە. یان ئەگەر بهڕێكهوت مەرەكەبێك بكەوێتە خوارەوە دەكرێت وێنەیەك دروست بكات لەچاو بچێت، بەڵام ناگونجێت چاو و لووت و ڕوخسار دروست بێت و دواتر بە كەوتنی مرەكەبەكه وێنەی مرۆڤ بەتەواوەتی دروست بێت و نیشانەكانی خەم یان دڵخۆشیشی پێوه دیار بێت. بۆیە ئەگەر بەم شێوازە شێوەی مرۆڤ دروست بوو؛ ئەوا دەردەكەوێت كه بەدڵنیاییەوە ئەمە بەرهەمی وێنەكێشێكی شارەزایە.
ئێستا بڕوانن، بێگومان چاو دروستكراوە و خۆری بۆ دروستكراوە لە دووری دەیەها ملیۆن میل. بەهەمان شێوە گەدە دروستكراوە و كۆمەڵێك شتیش دروستكراوە كە پڕی بكات. هەموو ئەم سیستەمە ڕایدەگەیەنێت كە ئەم گەردوونە بەسەرپەرشتی بەرێوەبەرێكی خاوەن ویست كاردەكات، وە بهڕێكهوت پهیدا نهبووه. بۆیە دروستبوونی جیھان ڕایدەگەیەنێت كە دروستكارێكی هەیە، وە ئامانجێك هەیە لە پشتی دروستبوونیەوە، بەجۆرێك ناگونجێت دروستیكردبێت و پاشان بەم شێوەیە وازیلێبھێنێت. وە مەبەست لە ڕێكەوت بریتیە لەو كارەی كە سیستەمی تێدا نیە، بەڵام ئەوەی سیستەمی تێدابوو ئهوا بهرێكهوت پهیدا نهبووه.
چۆن هەستبكرێت بە پێویستی ئایین
كەواتە، ئامانجێك هەیە بۆ دروستبوونی مرۆڤ، وە ئایین بۆ سوودمەندبوونی مرۆڤە، بەڵام زۆرێك سوود هەیە مرۆڤ هەستیان پێ ناكات. بۆ نموونە ئەگەر شەمەندەفەر دروست نەكرابایە ئەوا هەستمان بە پێویستیەكەشی نەدەكرد. بەڵام ئێستا بێگومان دروستكراوە و ئەو وڵاتەی شەمەندەفەری تێدا نەبێت ڕەخنەی لێ دەگیرێت، وە دەوترێت ئەم شتە بەسوودەی تێدا نیە. بەهەمان شێوە ئەگەر سیستەمی پۆستە نەبوایە خەڵكی هەستیان نەدەكرد بە پێویستیەكەی و پاش ئەوەی دروستكرا ئەگەر لە وڵاتێكدا نەبێت ئەوا ڕەخنەى لێ دەگیرێت. بەهەمان شێوە ئەگەر مرۆڤ نەگات بەخوا هەست ناكات پێویستی پێیەتی بەڵام كاتێك پێی دەگات ناتوانێت نكوڵی لێ بكات و ناتوانێت بەبێ ئەو (عز وجل) بەڕێكوپێكی بژی. كەواتە، پێویستی ئایین پەیوەستە بەبوونی خواوە، ئەگەر خوا بوونی هەبێت ئەوا ئایینیش پێویستە.
بەڵگە لەسەر بوونی خوا
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە: بەڵگە چیە لەسەر بوونی خوا؟ وە ئەگەر بوونی هەیە ئەوا چ كاریگەرییەكی هەیە لەسەرمان؟ چونكە شتێكی بەڵگەنەویستە كە هەموو شتێك كاریگەرییەكی هەیە، بۆیە دەبێت خودایش بەدڵنیاییەوە كاریگەرییەكی هەبێت. زانایەكی ئەمریكی نووسیویەتی كە ئەگەر خوا بوونی هەبێت ئەوا پێویستە لەسەری لە باوكان زیاتر سۆز و بەزەیی هەبێت بۆمان؛ چونكە لەوان زیاتر سۆز و بەزەیی هەیە، دەی با بەلایەنی كەمەوە قسەمان لەگەڵدا بكات. دیارە ئەم داواكارییەی داواكارییەكی دروست و سروشتیە. ئەگەر خوا بوونی هەیە و دروستی كردووین ئەوا پێویستە بەڵگەمان لابێت لەسەر بوونەكەی، وە ئەگەر پەیوەندی نەبێت لەگەڵماندا ئەوا بەندایەتیكردنەكەی بێ مانایه. بەڵام ڕاستیەكە، وەك پێشتر گوتم، ئەوەیە كە خوا بوونی هەیە و نیعمەت دەبەخشێت بەوانەی كە پەیوەندییان هەیە لەگەڵیدا و سزای یاخیبووان دەدات، بێگومان بەسیفەتەكانی دەدرەوشێتەوە و جیلوە دەكات و كەڕولاڵ نیە، وە هیدایەتی بەندەكانی دەدات بۆ ڕێگاكانی ڕەزامەندی خۆی.
هەر یەك لە ئایینەكان دەڵێت خوای گەورە قسەی كردووە لەگەڵ دامەزرێنەرەكەیدا. سیخ ڕابەرەكانیان بەنموونە دەهێننەوە، وە لایەنگرانی ئایینەكانی تر پیاوچاكەكانیان بەنموونە دەهێننەوە، بەڵام هەموویان تەنھا پیاوچاكانی پێشوویان بەنموونە دەهێننەوە. موسوڵمانانیش باوەڕیان وایە كە خوا قسەی كردووە لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ)، وە بەردەوام باوەڕیان وابوو كە خوا قسەدەكات لەگەڵ بەندە ساڵحەكانیدا، بەڵام لەم دواییەدا تووشی هەڵەیەك بوون بەجۆرێك بەخەیاڵی خۆیان گوتیان خوا ئێستا وازی لە قسەكردن هێناوە.
چاكەی زیاتری ئیسلام بەسەر ئایینەكانی تردا
هەڵبەت دانپێدانانی هەموو ئایینەكان لە سەرەتای ئایینەكانیاندا بەوەی كە خوا قسەی دەكرد لەگەڵ خەڵكیدا و نكوڵیكردنیان لە كەلامەكەی لە ئێستادا، دەریدەخات كە ئەو ئایینانە لەسەر دۆخە ئەسڵیەكەی خۆیان نەماونەتەوە. بهڵام ئیسلام بهردهوام پشتگیری له ناوهڕۆكی ئایین و ئامانجی داواكراو له ههموو ئایینهكان دهكات و پێشكهشی دهكات به مرۆڤایهتی، واته ئاخاوتنی خوایی. بۆیە لەم چەرخەی ئێستادا خوای گەورە بەهۆی مەسیحی بەڵێندراوەوە وتە و ئاخاوتنی خۆی خستووەتەڕوو و دوای ئەویش ئەم زنجیرەیە نەپچڕاوە، بەڵكو لەسایەی چاكهی خوای گەورەوە بەردەوامە.
نموونەی ئاخاوتنی خوایی
ئەزموونێكی تایبەتی خۆم دەخەمەڕوو. ماوەیەكی كەم لەمەوپێش دكتۆر مەتڵووب خان لە كۆلێژی پزیشكییەوە نێردرا بۆ عێراق، پاشان بەهۆی هاوڕێكانیەوە و لە دامودەزگا فەرمییەكانیشەوە هەواڵ هات كە مردووە. باوكی، كە كەسێكی بەتەمەن بوو، چەند ڕۆژێك پێش ئەم هەواڵە هات بۆ قادیان. ئەوە لە زیهنمدا بوو كە مەتڵووب خان تاقە كوڕی باوك و دایكیەتی بەڵام دوای ئەوە ڕوون بوویەوە كە حەوت بران. بۆیە بەگوێرەی ئەو باوەڕەم كە تاقە كوڕی باوك و دایكیەتی و بەهۆی بەتەمەنی باوكیەوە تووشی نیگەرانی بووم. وە لەلایەكی ترەوە كاتێك قوتابیهكان له كۆلێژی پزیشكیمان زانیان مردووە وتیان خزمەتی سەربازی ڕەت دەكەنەوە، منیش تووشی نیگەرانى بووم بەهۆی ترسنۆكی قوتابیەكانیشەوە. ئەوە بوو لە خوای گەورە پاڕامەوە و لە خەوندا پێم وترا: نیگەران مەبە، ئەو زیندووە. لە بەیانیدا ئەمەم گوت بە براكەم ئەویش بەڕۆڵی خۆی كەسوكاری مەتڵووب خانی ئاگاداركردەوە و هەواڵەكە بڵاوبوویەوە. پاشان دوای چەند ڕۆژیك هەواڵ هات كە زیندووە. ههڵبهت ئهو لەلایەن دوژمنەوە دیل كرابوو، وە بەهەڵە گومانبرابوو كە مردووە.
ئایا زیهنی مرۆڤ دەتوانێت ئەم هەواڵە دروست بكات؟ ئەگەر ئەم هەواڵە بە یەكێك لە كاریگەرییەكانی مێشك ئەژمار بكرێت ئەوا ڕوودانی ئەمە ئەستەمە؛ چونكە شتێك بە مێشكدا نایەت كە پێچەوانەی بیروبۆچوونە زاڵ و باڵادەستەكان بێت. بێگومان ئاگاداربوون لە شتێك لە خەوندا بە پێچەوانەی هەلومەرجی زاڵ و باڵادەست پاشان بەدیھاتنی، بەدڵنیاییەوە بەڵگەیەكە لەسەر ئەوەی كە خوای گەورە خۆی ئەم جۆرە هەواڵانە دەدات بە بەندەكانی، ئهو بهندانهی كە پەیوەندییان هەیە لەگەڵیدا، وه ڕزگاریان دەكات لە خەم و خەفەت. هەڵبەت ئەو خەفەتەی تووشم بوو بە بیستنی ئەم هەواڵە پەروەردگارم بەم شێوازە لایبرد و ڕەواندیەوە. سەدەها كەس لە كۆمەڵەكەماندا هەن كە خوای گەورە قسەیان لەگەڵدا دەكات و سەربەرزیان دەكات و دوژمنانیان سەرشۆڕ دەكات. سەرەتا خوا بەڵێنی سەركەوتنیان پێ دەدات و پاشان بەڵێنەكەی خۆی دەباتەسەر. بۆیە ئەگەر هەموو جیھان دژایەتی ئەو كەسانە بكهن شكست دههێنن، بەڵام ئەوان بەدڵنیاییەوە سەردەكەون.
پێشبینییەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڵگەیەكن لەسەر بوونی خوا
كاتێك مەسیحی بەڵێندراو بانگەشەی ئەوەی كرد كە لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەكراوە و خودا قسەی لەگەڵدا دەكات خزم و بێگانە هەموویان دژایەتییان كرد. بەتایبەتی لەم شارەدا (لاهۆر) خهڵكی بهردیان تێگرت، وە لە (ئەمریتسەر)یشدا خەڵكی گشتی بهردیان تێگرت، وە قەشەكان كۆمەڵێك داوایان لەدژی بەرزكردەوە و تۆمەتباریان كرد بە هەوڵی كوشتن و تیرۆركردن، وە هەموو خهڵكی ئهوپهڕی هەوڵی خۆیان خستەگەڕ لەدژی، بەڵام خوای گەورە هەواڵی پێدا دەربارەی ئەو ئاژاوانە و فەرمووی هەموویان لادەچن بەبێ ئەوەی هیچ شتێك زیانی پێ بگهیهنێت، لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە ههر بهو شێوهیه ڕوویدا. جیھان ویستی كۆمەڵەكەی لەناوببات بەڵام بۆیان نەكرا و بەردەوام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ كۆمەڵەكەی زیاتر دەبێت. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمووی من مرۆڤێكی ئاساییم خاوەنی هیچ دەسەڵات و شكۆ و هێز و توانایەكی دنیایی نیم، بەڵام خوا پێی ڕاگەیاندم كە سەربەرزی بەدەست دەهێنم و شوێنكەوتووانم لە هەموو جیھاندا بڵاودەبنەوە. ئێستا بڕوانن چۆن ئەمە بەدیھات.
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) ڕایگەیاند كە تاعوون پەیدادەبێت و بڵاودەبێتەوە لە وڵاتدا، وە ڕایگەیاند كە دێتەناو قادیانیشەوە، بەڵام ماڵەكەی ئەو دهپارێزرێت. ئەوە بوو تاعوونەكە لە دەوروبەری ماڵەكەیدا پەلاماریدا و بەملاولادا گەڕا، بەڵام خوای گەورە هەمیشە ماڵەكەی ئەوی پاراست. ئەمەیە ئەو سوودانەیه كە پەیوەستن بەم جیھانەوە و مرۆڤ وەریاندەگرێت لە ئایین، بەڵام سوودەكانی دواڕۆژ ئەوە لە باسكردن نایەن، وە لەسەر هەمان شێواز پاش ئەم جیھانە ئەو سوودانە بەدەست دێن. وەك چۆن ئێستا ئێوە دەخوێنن بۆ ئەوەی لەداهاتوودا سوودمەند بن، وە خوێندنەكەتان لە ئێستادا هەرگیز كات بەفیڕۆدان نیە. دەی شتێكی ڕوونە كە پێویستییەك ههیه بۆ ئایین، وە ئەگەر بە ڕێگایەكی ساغ و دروست كار بكرێت بە ئایین وەك چۆن ئیسلام ڕوونی دەكاتەوە؛ ئەوا دەكرێت مرۆڤ بگات بە خوای گەورە. وە ئەو كەسەی پەیوەندی خۆی بەخواوە توندوتۆڵ دەكات سوودمەند دەبێت لهم جیھانهدا، وە لە جیھانەكەی تریشدا نیعمەتەكان بەدەستدەھێنێت.
خاڵی دووەم بریتیە لە تایبەتمەندیە خۆییەكانی ئەو شتە. دیارە ئێمە بانگەشەی ئەوە دەكەین كه لە ئیسلامدا كۆمەڵێك تایبەتمەندی خۆیی هەیە لەڕووی چۆنێتی و چەندێتیەوە كە بەم ئەندازەیە لە هیچ ئایینێكی تردا نین. ئەو ئەنجامە خراپانەی كە لە كردەوەی ئەو كەسانەوە پەیدا دەبێت خۆیان ناوناوە موسوڵمان ناكرێت بەهۆیانەوە ئیسلام تۆمەتبار بكرێت؛ چونكە ئەمە لە ئەنجامی كاركردن بە پێچەوانەی فێركاریەكانی ئیسلامەوە ڕوودەدات.
پاش ئەوە ئەم پرسیارانەی خوارەوەیان خستەگۆڕێ:
یەكەم: لە ئایینەكانی تریشدا خەڵكانێك هەن پێشبینی دەكەن، كهواته ئەم خاسیهته تایبەت نیە بە ئیسلامەوە.
دووەم: : ههڵبهت بڵاوبوونەوەی كۆمەڵهكهی بەڕێز میرزا بەڵگەیەك نیە لەسەر ڕاستگۆیی ئەو چونكە “لینین”یش سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا لە ڕووسیادا.
جیاوازی لەنێوان پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراو و كەسانی تر
وەڵامی پرسیاری یهكهم ئەوەیە: لەگەڵ ئەوەی شوێنكەوتووانی هەندێ لە ئایینەكان نكوڵی دەكەن لە پێشبینیەكان، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ جار پێشبینیەكانی خۆیان بڵاودەكەنەوە، بەڵام ناڵێن ئەمە بریتیە لە فێركاریی ئایینەكەیان و تایبەتمەندیە تاقانەكەی، بەڵكو دەڵێن زانیاری خۆمان وهها دەڵێت. هەموو ئەستێرەناسەكان دەڵێن بەگوێرەی زانیاری خۆیان پێشبینی دەكەن و پێشبینییەكانیان بەوە ئەژمار ناكەن كە لەلایەن خوای گەورەوە بێت. شارەزایان لەم زانستەدا لە ئەوروپا ناڵێن ئەوان نوێنەرایەتی ئایینێكی دیاریكراو دەكەن، بەڵكو پێشبینی بە ئەنجامی زانست ئەژمار دەكەن و دەڵێن ئەوەی كاری تێدا دهكات و فێری ئەم زانستە دەبێت دەتوانێت پێشبینی بكات هەر كەسێك بێت و سەر بە هەر ئایینێك بێت.
ئەو هەواڵانەی كە ڕایدەگەیەنن و پاشان بەدی دێن، نیشانە سەرەتاییەكانیان ڕوون و ئاشكرایە بۆ هەموو كەس. بۆ نموونە قوتابییەك هەموو ڕۆژێك بەچاكی دەخوێنێت و زۆر زیرەكە ئینجا یەكێك لە ناسراوەكانی دێت و دەڵێت ئەم قوتابییە لە تاقیكردنەوەدا سەركەوتوو دەبێت، ئەگەر سەركەوتوو بوو ئەوا ئەمە شتێكی مەزن نیە، بەڵكو تەنها لێكدانەوە و مەزەندەكردنە. وە مەزەندەكردنیش هەندێ جار دێتەدی و ڕاستیەكەی دەچەسپێت. بەڵام شتێك نیشانە سەرەتاییەكانى دیار نەبێت، بەڵكو پێچەوانەی واقیع بن، وەك ئەوەی قوتابییەك ئامادە نەبێت لە قوتابخانەدا و دەربارەی بوترێت سەركەوتوو دەبێت پاشان لە واقیعدا سەركەوتوو بێت؛ لەڕاستیدا ئەمە پێشبینیە. پاشان ئەگەر هەواڵەكە دوو لایهن یان سێ لایهنی هەبێت و لایهنێكیان دەستنیشان بكرێت و بەتایبەتی ئەو لایهنه بێتەدی ئەوا ئەمە پێشبینیە. دەكرێت پێشبینییەك سەد لایهنیش لهخۆبگرێت. بۆ نموونە ئەگەر سەد كەس بەشداری بكەن لە پێشبڕكێی ڕاكردندا و دەربارەی یەكێكیان بوترێت كە پێش هەموویان دەكەوێت و پاشان ئەو كەسە پێشیان بكەوێت ئەمەش پێشبینییەكی سەد لایهنهیه و بێگومان بەدیھات. وه ئەو پێشبینییەی كە ئەستێرەناسەكان دەیكەن كۆمهڵێك لایهنی تێدا نیە و ناتوانن ڕایبگەیەنن كە كاریگەری بەدیھاتنەكەی چی دەبێت لەسەریان. بۆیە بەزۆری پێشبینی دەكەن دەربارەی ڕوودانی بوومەلەرزە یان بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و خۆشیان بەو هۆیەوە لەناودەچن. بەڵام ئەمە لە حاڵەتی پێشبینی پێغەمبەراندا ڕوونادات، بەڵكو لە هەلومەرجێكی چاوەڕوان نەكراو و نەگونجاودا پێشبینی دەكەن و پێشبینیەكەیان چەندین لایهنی هەیە، وە شكۆ و توانایەك لەخۆدەگرێت وەك شكۆ و توانای پاشاكان. پێشبینیەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی بەنگال بە نموونە وەربگرن. پەرلەمان بڕیاری كۆتاییدا بە دابەشبوونی بەنگال و بڕیاریدا پارێزگاری بكرێت لە بڕیاری دابەشبوونەكە و خەڵكی بەنگال نائومێد بوون. ئا لەو كاتەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە پێگەيشتنی زانست لەلایەن خواوە ڕایگەیاند: “ئێستا دڵنەوایی خەڵكی بەنگال بەئەنجام دەگات سەبارەت بەو بڕیارەی پێشتر دەرچووە لەبارەیانەوە.”[التذكرة، صفحة 596، الطبعة الرابعة.] خەڵكی بەنگال بەسەرسوڕمان و واقوڕمانێكی زۆرەوە ئەم هەواڵەیان بیست تەنانەت یەكێك لە ڕۆژنامە بەنگالیەكان نووسیبووی كە حكومەت دەڵێت و دووپاتی دەكاتەوە كە بڕیاره دهرچووهكه كۆتا بڕیارە و بواری هیچ گۆڕانكارییهك نیە تێیدا. بەڵام لە پەنجابەوە دەنگی كەسێكی شێت بەرزبووەتەوە كە دەڵێت: دڵنەوایی و هاوخەمیی خەڵكی بەنگال بە ئەنجام دەگات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەم بڕیارانەدا ویستی خوای گەورە جێبەجێ بوو و بڕیاری ناوبراو گۆڕا بۆ دڵدانەوە و هاوخەمی بەنگالیەكان. وە هەندێ جار كۆمەڵێك لایەنی تێكەڵاو هەیە لە پێشبینییەكاندا. بۆ نموونە كاتێك كوڕێكی مەولەوی نوورەددین (رضي الله عنه) مرد دوژمنان كەوتنە گاڵتەكردنێكی ئهوپهڕی توند. ئا لەو كاتەدا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە پێگەيشتنی زانیاری لەلایەن خوای گەورە پێشبینی كرد كە لەماڵی مەولەوی بەڕێزدا كوڕێك لەدایك دەبێت كە تەمەنی دەگاتە 13 تا 18 ساڵ. سەبارەت بە مناڵەكە وشەی “لاو” هاتبوو، وە مناڵێكی خرپن و چاوپان دەبێت، ڕەنگی جوان دەبێت و لەسەر قاچی شوێنەواری زیپكە هەیە. لەو كاتەدا مەولەوی نوورەددین تەمەنی گەيشتبووە نزیكەی 60 ساڵ. لەمەدا پێشبینیەك هەبوو دەربارەی تەمەنی ئەویش. دووەم: مناڵەكانی نەدەژیان بەڵكو دەیان ناڵاند بەدەست لاوازییەوە، هەڵبەت لە پێشبینیەكە بەپێچەوانەی ئەم حاڵەتەوە گوترا مناڵەكە دەژی و بەهێزدەبێت بەپێچەوانەی مناڵەكانی ترەوە. ئەوە بوو ئەم كوڕه لەدایك بوو، وە هەموو ئەو نیشانانەی تێدا بەدیكرا كە هەواڵ درابوو دەربارەیان. پاشان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشبینی كرد دربارەی بوومەلەرزەیەك و فەرمووی كۆمەڵەكەم بەهۆیەوە پێشكەوتن بەدەست دەهێنێت. ئەوە بوو كاولبوونێكی گشتگیر لە ناوچەی “دەهرەم سالە”دا ڕوویدا بەهۆی بوومەلەرزەكەوە. وە لەو ناوچەیەدا ئەحمەدییەك هەبوو، وە داوایەكی ساختە بەرزكرابووەوە لەدژی، بۆ مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) نووسیبوو كە بۆی بپاڕێتەوە، بەڕێزیشی پاڕابووەوە بۆی. كاتێك بوومەلەرزەكە ڕوویدا دادوەر و پارێزەر و داواكارەكە هەموویان مردن و كەوتنە ژێر دار و بەردی تەلار و خانووەكانەوە و ئەحمەدیەكەش هیچ زیانێكی بەرنەكەوت. ئایا ئەمە بەهۆی توانای خوای گەورەوە نەبووە؟ بەڵام ئەو قسەیە كە فڵانە كەسیش پێشكەوتنی بەدەستھێناوە لەبەرئەوە پێشكەوتنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نیشانەیەك نیە لەسەر ڕاستگۆییەكەی قسەیەكی هەڵەیە؛ چونكە ئەگەر كەسێكی تر سەركەوتنی بەدەستهێنابێت ئەوا پێشوەخت بانگەشەی نەكردووە كە سەركەوتن بەدەستدەهێنێت. وە ئەگەر سەرنەكەوتایە ئەوا ئەمە هیچ كاریگەرییەكی لەسەری نەدەبوو. بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەشە پێشوەختەكەی بوونی هەیە و تەواو بەگوێرەی ئەو بانگەشەیه پێشكەوتنی بەدەست هێنا. هەڵبەت نموونەی كەسانی تر لەبەرامبەر مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) وەك هەندێ مناڵ وایە كە بەشداری دەكەن لە پێشبڕكێی ڕاكردندا، دیارە دەبێ یەكێكیان پێش ئەوانی تر بكەوێت. بەڵام نموونەی میرزای بەڕێز وەك ئەو كەسە وایە كە پێش پێشبڕكێكە دەڵێت خۆی پێش هەموویان دەكەوێت، پاشان پێشیان دەكەوێت سەرەڕای هەلومەرجی چاوەڕوان نەكراو و نەگونجاو.
نموونه لەسەر ئەمە وتارەكەی مەسیحی بەڵێندراوە (عليه السلام) كە لە كۆنگرەی ئایینەكاندا “جلسة مهوتسو” خوێندرایەوە لە لاهۆر، بەڕێزی (عليه السلام) پێشتر لەبارەیەوە ئاگادارییەكی بڵاوكردەوە كە وتارەكەی ئەو لە هەموو وتارەكانی تر چاكتر دەبێت و دەكەوێتە سەرووی هەموویانەوە. ئەوە بوو وتارەكەی ئەو كەوتە سەرووی هەموو ئەو وتارانەوە كە لەوێ خوێندرانەوە، نەیارەكانیش دانیان بەمەدا نا. دەی ئایا لەتوانای كەسدا هەیە ئهم جۆره ئاگاداریه ڕابگەیەنێت. مرۆڤ چۆن دەتوانێت ڕایبگەیەنێت كە هیچ یەكێك لە نوێنەرانی ئایینەكانی تر ناتوانێت كارێك بكات لەبەرامبەریدا؟
(گواستراوەتەوە لە ڕۆژنامەی “الفضل”ەوە لە ڕێككەوتی 9/5/1921ز)
بەراوردكردنی ئایینەكان
وتارێكە گەورەمان خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕێككەوتی 9/3/1921ز دا لە مالیر كوتلە پێشكەشی كرد
أشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك لـه، وأشهد أن محمّدًا عبده ورسوله. أما بعد فأعوذ بالله من الشيطان الرجيم. {بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ * الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ * الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ * مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ * إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ * اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ * صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ}. {اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ مَثَلُ نُورِهِ كَمِشْكَاةٍ فِيهَا مِصْبَاحٌ الْمِصْبَاحُ فِي زُجَاجَةٍ الزُّجَاجَةُ كَأَنَّهَا كَوْكَبٌ دُرِّيٌّ يُوقَدُ مِنْ شَجَرَةٍ مُبَارَكَةٍ زَيْتُونَةٍ لَا شَرْقِيَّةٍ وَلَا غَرْبِيَّةٍ يَكَادُ زَيْتُهَا يُضِيءُ وَلَوْ لَمْ تَمْسَسْهُ نَارٌ نُورٌ عَلَى نُورٍ يَهْدِي اللَّهُ لِنُورِهِ مَنْ يَشَاءُ وَيَضْرِبُ اللَّهُ الْأَمْثَالَ لِلنَّاسِ وَاللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمٌ * فِي بُيُوتٍ أَذِنَ اللَّهُ أَنْ تُرْفَعَ وَيُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ يُسَبِّحُ لَهُ فِيهَا بِالْغُدُوِّ وَالْآصَالِ * رِجَالٌ لَا تُلْهِيهِمْ تِجَارَةٌ وَلَا بَيْعٌ عَنْ ذِكْرِ اللَّهِ وَإِقَامِ الصَّلَاةِ وَإِيتَاءِ الزَّكَاةِ يَخَافُونَ يَوْمًا تَتَقَلَّبُ فِيهِ الْقُلُوبُ وَالْأَبْصَارُ * لِيَجْزِيَهُمُ اللَّهُ أَحْسَنَ مَا عَمِلُوا وَيَزِيدَهُمْ مِنْ فَضْلِهِ وَاللَّهُ يَرْزُقُ مَنْ يَشَاءُ بِغَيْرِ حِسَابٍ * وَالَّذِينَ كَفَرُوا أَعْمَالُهُمْ كَسَرَابٍ بِقِيعَةٍ يَحْسَبُهُ الظَّمْآنُ مَاءً حَتَّى إِذَا جَاءَهُ لَمْ يَجِدْهُ شَيْئًا وَوَجَدَ اللَّهَ عِنْدَهُ فَوَفَّاهُ حِسَابَهُ وَاللَّهُ سَرِيعُ الْحِسَابِ * أَوْ كَظُلُمَاتٍ فِي بَحْرٍ لُجِّيٍّ يَغْشَاهُ مَوْجٌ مِنْ فَوْقِهِ مَوْجٌ مِنْ فَوْقِهِ سَحَابٌ ظُلُمَاتٌ بَعْضُهَا فَوْقَ بَعْضٍ إِذَا أَخْرَجَ يَدَهُ لَمْ يَكَدْ يَرَاهَا وَمَنْ لَمْ يَجْعَلِ اللَّهُ لَهُ نُورًا فَمَا لَهُ مِنْ نُورٍ * أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ يُسَبِّحُ لَهُ مَنْ فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَالطَّيْرُ صَافَّاتٍ كُلٌّ قَدْ عَلِمَ صَلَاتَهُ وَتَسْبِيحَهُ وَاللَّهُ عَلِيمٌ بِمَا يَفْعَلُونَ * وَلِلَّهِ مُلْكُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَإِلَى اللَّهِ الْمَصِيرُ * أَلَمْ تَرَ أَنَّ اللَّهَ يُزْجِي سَحَابًا ثُمَّ يُؤَلِّفُ بَيْنَهُ ثُمَّ يَجْعَلُهُ رُكَامًا فَتَرَى الْوَدْقَ يَخْرُجُ مِنْ خِلَالِهِ وَيُنَزِّلُ مِنَ السَّمَاءِ مِنْ جِبَالٍ فِيهَا مِنْ بَرَدٍ فَيُصِيبُ بِهِ مَنْ يَشَاءُ وَيَصْرِفُهُ عَنْ مَنْ يَشَاءُ يَكَادُ سَنَا بَرْقِهِ يَذْهَبُ بِالْأَبْصَارِ} (النور: 36_44)
جیاوازییەكی گەورە تێبینی دەكرێت لەنێوان بانگەشە و كارەكانی ئەو ئایینە جۆراوجۆرانەی كە لە جیھاندا بوونیان هەیە. بێگومان گەورەترین باوەڕ بریتیە لە باوەڕبوون بە خوا، بەڵام جیاوازی و ناكۆكی هەیە لەم باوەڕەشدا. هەیە باوەڕی بە تاك و تەنھایی خوا هەیە و هەیە باوەڕی بە دوو خوا یان سێ خوا هەیە، وە هەیە دەڵێت 330 ملیۆن خوا هەیە، وە هەندێكیان باوەڕیان بە خوایهكی جیا ههیه بۆ ههموو شتێك. ئەمە پرسێكی زۆر گرنگە و بریتیە لە بناغەی هەموو ئایینێك، بەڵام هەموو ئایینەكان لەسەر ئەم پرسەیش هاوڕا و تەبا نین.
ڕاجیایی لە سیفەتەكانی خوادا
پاشان ناكۆكیی و ڕاجیاییەك هەیە دەربارەی سیفەتەكانی خودايش، لەناو خەڵكیدا كەسی وا هەیە دەڵێت هەموو شتێك بەبێ ماندووبوون و ناڕەحەتی بهدهست دێت، وە هەیانە دەڵێت هیچ شتێك بەبێ كاركردن و هەوڵدان دەستگیر نابێت، وە هەیانە دەڵێت سیستەمی گەردوون تەنھا بەهۆی تاوانەكانەوە لەگەڕدایە و بەڕێوەدەچێت، وە جگە لەوان دەڵێت پەیوەندی بەستن لەگەڵ خوادا شتێكی ئەستەمە هەرچەند هەوڵبدەن و ماندووبن لەم بوارەدا. وە هەیە دەڵێت خوا بوونی هەیە بەڵام ناتوانێت لە تاوانەكان خۆش بێت. وە هەیە دەڵێت خوا تەنھا شتە گەورەكان دەزانێت و زانیاری نیە دەربارەی بەشە بچوكەكان، كهسانێكی تر دەڵێن بە ئیرادەی خۆی هیچ كارێك ناكات بەڵكو تەنھا وەك كەرەستە و ئامێرێك كاردەكات. وە هەیانە دەڵێت خوا خالق نیە بەڵكو شتەكان لەخۆیانەوە پەیدا دەبن. وە كهسانێكی تر دەڵێن تەندروستی لەلایەن خواوە دێت و نەخۆشی لە لایەن غەیری خواوە؛ ئاگرپەرستەكان ئەمە دەڵێن. وە دەشڵێن چاكە لەلایەن كەسێكەوە دێت و خراپە لەلایەن كەسێكی ترەوە. بەكورتی ڕاجیایی هەیە لەنێوان خەڵكیدا دەربارەی سیفهتهكانی خوا و كردارهكانیشی.
ڕاجیایی دەربارەی كەلامی خوا
بەهەمان شێوە ڕاجیایی هەیە دەربارەی كەلامی خوا. هەندێ دەڵێن قسە لەلایەن خواوە دێت و هەندێكی تر دەڵێن ئەوەی هات بەدڵی مرۆڤدا بریتیە لە وەحی، وە بێگومان پێغەمبەرایەتی و فروستادەییش دەچێتەناو ئەم چوارچێوەیەوە. وە ڕاجیایی هەیە دەربارەی پێغەمبەرانیش بەجۆرێك هەندێ كەس دەڵێن پێغەمبەران تەنها ڕاگەیەنەری پەیامن و هیچ پەیوەندییەكیان نیە بە مانا و ناوەڕۆكەكەیەوە. وە هەندێ كەس دەڵێن ئەوانیش تاوان ئەنجام دەدەن، وە كۆمەڵێك نەنگی و خەوش دەدەنە پاڵیان و دەڵێن جیاوازی نیە لەنێوان بوون و قەوارەی ئێمە و ئەواندا. وە هەندێ كەس دەڵێن ئەوان دەبن بە خودی بوونی خوا، پەنا بەخوا، وە ڕزگاریان دەبێت لە لاوازی مرۆیی و سیفەتەكانی خوا وەردەگرن. هەمان دۆخ هەیە سەبارەت بە كتێبەكان، هەیە نكوڵییان لێ دەكات و هەیە باوەڕی پێیان هەیە.
ڕاجیایی دەربارەی فریشتەكان
پاشان ڕاجیایی هەیە دەربارەی فریشتەكان، هەندێ كەس دەڵێن فریشتەكان تاوان ئەنجام دەدەن و سزا دەدرێن، وە هەندێ كەسی تر وایدادەنێن كە هەندێك لە فریشتەكان تێوەگلاون لە بیروبۆچوونە شەهوانیەكانەوە و بەردەوام سزادەدرێن. وە هەندێكیان بە بەرجەستەیان لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن جیاوازی نیە لەنێوان ژیانی ئەوان و ژیانی مرۆڤدا.
ڕاجیایی دەربارەی زیندووبوونەوەی دوای مردن
دۆخهكه بهههمان شێوهیه سەبارەت بە زیندووبوونەوەی دوای مردن. هەیە باوەڕی پێی هەیە و هەیە نكوڵی لێ دەكات. هەندێ كەس دەڵێن هەمیشە ڕۆحی مرۆڤ دێتە ئەم جیھانەوە بە كۆمەڵێك جەستەی جیاواز و جۆراوجۆرەوە، وە هەندێ كەس دەڵێن: نەخێر، ڕۆح نایەت بۆ ئەم جیھانە. هەندێكیان بەتەواوەتی نكوڵی دەكەن لەم بیروبۆچوونە و دەڵێن كاتێك مرۆڤ دەمرێت كاروباری تەواودەبێت، وە لەدوای ئەوە هیچ شتێك ڕوونادات، وە هەندێكیان ناكۆك و جیاوازن لە چۆنيەتی زیندووبوونەوەدا. هەندێكیان بەهەشت و دۆزەخ بە دوو شوێنی ماددی دادەنێن و هەندێكیان بە دوو شتی ڕۆحی لەقەڵەمیان دەدەن.
بەكورتی، لە ئایینەكاندا شتێك نیە مەگەر ڕاجیایی و ناكۆكی هەیە تێیدا، بەڵكو ڕاجیایی و ناكۆكی هەیە لەنێوانیاندا لە بوونی خواوە تاكو بەهەشت و دۆزەخ.
ئایینەكانی جیھان
شتێكی ڕاست نیە، وەك خەڵكی لە وڵاتی ئێمەدا بەزۆری ئەو قسەیە دەكەن، كە تەنھا دوو ئایین هەیە واتە ئیسلام و ئایینی هيندۆسی. بەڵكو لە ڕاستیدا ژمارەی ئایینەكان هێندە زۆرە خەریكه ئەژمار نەكرێن. وە ئەگەر مێژووی هەموو ئایینەكان بنووسرێتەوە؛ ئەوا دەبێت بە كتێبخانەیەكی گەورە. بێگومان خەڵكی ئەوروپا دەستیان كرد بە نووسینەوەی ئینسكلۆپیدیای ئایینەكان، لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستا تەواو نەبووە بەڵام بەرگەكانی كە تا ئێستا دەرچوون ناوی هەزارەها ئایین و مێژووەكانیانى تێدايە، وە مرۆڤ بە خوێندنەوەیان واقی وڕدەمێنێت و تووشی حەپەسان دەبێت، باوەڕ بەكامیان بهێنرێت و وازبهێنرێت لە كامیان.
سەرەتای ڕاجیایی و ناكۆكی
بەڵام ئێمە وایدەبینین كە ئەم جۆرە لە ڕاجیایی و ناكۆكی لەكاتی لەدایكبوونەوە دروست دەبێت. ئەو ماڵەی كە تێیدا مرۆڤ لەدایك دەبێت لەسەر بيروبۆچوونی خەڵكەكەی پەروەردە دەبێت و بیروبۆچوونەكانی ئەویش ڕەنگی بیروبۆچوونەكانی ئەوان دەگرێت. بۆ نموونە كەسێك لە ماڵێكی موسوڵماندا لەدایك دەبێت و ناتوانێت وشەیەك لە قورئانی پیرۆز بخوێنێتەوە، چجای تێگەيشتن لێی، وە شایەتومانیش نازانێت و لەژیانیدا شایەتومان گۆ ناكات ئەگەر جارێك یان دوو جار بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێی دەوترێت موسوڵمان، وە ئامادەیە بەناوی ئیسلامەوە جەنگ بكات لەگەڵ كەسانی تردا. بەهەمان شێوە كەسێكی تر لە ماڵێكی هيندۆسدا لەدایك دەبێت، وە ئەگەر مشتومڕێك ڕووبدات لەنێوان پیاوێكی ئایینی موسوڵمان و باندێتێكی هيندۆسیدا قسەی موسوڵمانەكە بەدرۆ دەزانێت و تەصدیقی قسەی باندێتەكە دەكات و بەگوێرەی هاندانی باندێتەكە ئامادە دەبێت نەیارەكەی بكوژێت بەناوی ئایینی هيندۆسییەوە و بڵێت ئەم موسوڵمانە بە خراپە باسی ئایینی هندۆسیی كردووە، ئەم كردەوەیە موسوڵمانەكەش ئەنجامی دەدات، ئەگەرچی هەریەكەیان بێ ئاگایە تەنانەت لە وەرگێڕانی كتێبە ئایینیەكانی خۆی كە بڵاوكراونەتەوە و بە ڕەفتارەكەی ئایینەكەی خۆی ناشیرین دەكات. وە ئەگەر پرسیاریان لێ بكرێت كە بۆچی تۆ هيندۆسیت و بۆچی تۆ موسوڵمانیت؟ ناتوانن وەڵام بدەنەوە، دەڵێن مادام ئەمە لە كتێبە ئایینیەكەماندا نووسراوە ئێمە باوەڕی پێ دەكەین، یان پیاوە ئایینیەكە یاخود باندێتەكە بەم شێوەیە پێیان ڕاگەیاندووین بۆيە قەبوڵی دەكەین.
دۆخەكە بەهەمان شێوەیە سەبارەت بە ئایینی مەسیحی، لەپێناوی ئایینی مەسیحیدا شمشێر هەڵدەگرێت بەڵام خۆی بەدووردەگرێت لە وەڵامدانەوەی پرسیاری: بۆچی بووە بە مەسیحی؟ ڕەنگە بڵێت باوك و دایكی مەسیحی بوون و بیستوویەتی لێیان كە مەسیحییەت ئایینێكی ڕاستە، لەبەرئەوە ئەویش بووە بە مەسیحی. ئەمە ئەوپەڕی نەزانییە بەڕادەیەك مرۆڤ سەری سووڕدەمێنێت لێی.
نەفامی حاجییەكی بەتەمەن دەربارەی ئایینەكەی
لە ساڵی 1913ز دا سەفەری حەجم كرد و هاوڕێی سەفەرەكەم كەسێكی بەتەمەنی هيندی بوو بەناوی عبد الوهاب. پاش حەج پەتای كۆلێرا بڵاوبوویەوە، وە لەبەرئەوەی كە هەلومەرجی مەدینە مایەی دڵنیایی نەبوو، وە تەندروستیشم ناجێگیر بوو، بۆیە ویستم ئەو ساڵە سەردانی مەدینەی مونەووەرە نەكەم و بەیارمەتی خوا كاتێكی تر سەردانی بكەم. ئەم بەڕێز “عبد الوهاب”ە كەسێكی بەتەمەن و زۆر لاواز بوو، وە توێشوویشی پێ نەبوو، بۆیە پێم گوت: تۆیش دەتوانی بگەڕێیتەوە. ئەویش گوتی: بەدڵنیاییەوە دەچم بۆ مەدینە چونكە مناڵەكانم ڕایانسپاردووم كە هەرچی چۆنێك بێت سەردانی مەدینە بكەم. پێم گوت شەریعەت فەرزی ناكات لەسەرت كە بڕۆیت بۆ مەدینە لەم دۆخەدا كە تۆی تێدای، بەڵام ئەو پێداگری كرد لەسەر ڕۆيشتن بۆ مەدینە، وە ڕەنگە مردبێت لە میانەی ئەو سەفەرەدا. لێم پرسی: بەڕێز عبد الوهاب چ مەزهەبێكت هەیە؟ گوتی: دوایی پێت دەڵێم. گوتم: ئەم پرسیارە لەوانە نیە كە پێویست بكات دوای بخەیت بۆ كاتێكی تر، دەتوانیت ئێستا پێم بڵێیت. گوتی: پاش بیركردنەوە لێی پێت دەڵێم. لە وەڵامەكەی زیاتر سەرم سوڕما. وە كاتێك جارێكی تر پرسیارم لێ كردەوە گوتی: كاتێك گەيشتمەوە نیشتیمانەكەم بۆت دەنووسم. پاشان دوای پێداگریم گوتی: زۆر باشە، وازم لێبێنە با بیربكەمەوە.. پاشان گوتی: مەزهەبەكەم بریتیە لەوەی “ئەوی لەسەرە”، سەرم سوڕما لە قسەكەی و لەدڵی خۆمدا گوتم: ئەم مەزهەبە كامەیە؟ پاشان دوای دوو سێ جار پێچلێدان گوتی: مەزهەبی من بریتیە لە “الأعظم رحمة الله علیه”، ئینجا تێگەيشتم لە مەبەستی كە ئاماژه دەكات بۆ پێشەوا ئەبو حەنیفە ڕەحمەتی خوای لێ بێت، بەڵام لە شڵەژانییەوە لە بابەتەكە دەركەوت كە ڕەنگە ئەمەشی لەمناڵیدا بیستبێت، بۆیە ئەمە حاڵی بوو.
نەزانین دەربارەی ئایین
بەهەمان شێوە جارێكیان بازرگانێكم بینی كۆمەڵێك دێڕە شیعری دڵداری پیس و قێزەونی بەدەنگەوە دەخوێندەوە لەكاتێكدا حاجیەكان “لبیك اللهم لبیك”یان بەدەنگی بەرز دەوتەوه. پاش ئەوە پرسیارم لێكرد ئامانجت چیە لە حەجكردن؟ گوتی: خەڵكی لە وڵاتی ئێمەدا زۆر متمانەیان بە حاجییەكان هەیە، ئێستا پاش گەڕانەوە بۆ نیشتیمانەكەم تابلۆیەك لەسەر دووكانەكەم هەڵدەواسم و لەسەری دەنووسم “حاجی فڵان” بەمەش بازرگانیەكەم گهشهدهكات و پێشدەكەوێت. ئەمە دۆخی موسوڵمانان نیە بەتەنھا بەڵكو دۆخی زۆرێك لە هيندۆس و مەسیحییەكانیشم پشكنیوە و بۆم دەركەوتووە ئەوانیش بەتەواوەتی بێئاگان لە ئایینەكەیان كە خۆیان دەدەنەپاڵی. ئەوان بەهۆی بەڵگەكانەوە پابەند نین بە ئایینهوه بەڵكو وەك لاسایی كردنەوەی باوباپیریان دەستیان پێوەگرتووە. پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: هیچ مناڵێك نیە مەگەر لەسەر فیترەتی پاك لەدایك دەبێت ئینجا باوك و دایكی دەیكەن بە جوولەكە یان مەسیحی یان ئاگرپەرست [صحیح البخاري، كتاب الجنائز، باب إذا أسلم الصبي ومات هل یصلي علیه؟]، هەڵبەت سەدەها موسوڵمانم بینیوە، بگرە هەزارەها لە موسوڵمانان، ناتوانن وشەی شایەتومانیش بەشێوەیەكی دروست گۆ بكەن، بەڵام ئامادەن بكوژن یان بكوژرێن لەپێناوی ئاییندا. ئەگەر قسە بكەین لەگەڵ ئاسنگەر یان جووتیار یان زێڕنگەرێك دەبارەی پیشەكەی؛ ئەوا هەریەكەیان وردەكاری ئەو پیشەیە شی دەكاتەوە، ئەی بۆچی هيندۆسیەك یان مەسیحیەك یان موسوڵمانێك ناتوانێت حەقیقەتی ئایینەكەی ڕوون بكاتهوه؟
نەزانین دەربارەی ئایین بۆچی تا ئەم ڕادەیە؟
لەڕاستیدا خەڵكی تەنها بەهۆی بیستنەوە باوەڕیان بە ئایین هێناوە، وە قازانجێكی ڕواڵەتی تێدا نابینن، بۆیە گرنگی پێ نادەن. وە ئەگەر بەوردی سەرنجی لێ بدەن و ڕووبكەنە ئەو كەسانەی كە دەتوانن سوود و قازانجەكەی بخەنەڕوو ئەوا ڕاستیەكە دەزانن. بەڵام ئەو كەسانەی كە ئەمان دەچن بۆ لایان پێیان دەڵێن لە جیھانەكەی تردا ئەم پاداشتە و ئەو پاداشتە بەدەستدەهێنن لە ئەنجامی باوەڕھێنانتان بە ئایین، وە هیچ قازانج و سوودێكی نیە لەم جیھانەدا، لەگەڵ ئەوەی لە بنەڕەتدا داهاتوو جێگای گومانە لای خەڵكی. دەی مادام خەڵكی دڵنیا نین لە جیھانەكەی تر ئیتر كەسێك لەكوێ ڕادەمێنێت و بیردەكاتەوە بهدانانی ئهوه له مێشكی خۆیدا كە شتێكی پێ دەگات لەو جیھانەدا؟ كەواتە، باوەڕھێنان بە ئایینێك لە ئەنجامی بیستن لە باوك و دایكەوە هیچ نیعمەتێك كێش ناكات بۆ خاوەنەكەی ئەگەر خۆی بیری لێنەكاتەوە. ئەگەر خەڵكی بەوەندە وازیان نەهێنایە كه لە باوانەوە بیستوویانە بەڵكو موسوڵمانان بیریان بكردایەتەوە كە بۆچی موسوڵمانن، وە هيندۆسهكان بیریان بكردایەتەوە بۆچی هيندۆسن و مەسیحیەكان سەرنجیان بدایە بۆچی مەسیحین؛ ئەوا ئاژاوەكان تا ڕادەیەكی زۆر كەم دەبوونەوە و ناكۆكیەكان نەدەمان و بەدڵنیاییەوە نزیك دەبوونەوە لە ڕاستی. كاتێك خەڵكی لەسەر ئەم شێواز و بەرنامەیە بیردهكهنهوه ئهوا وەڵامەكەیان شایستەی لێوردبوونەوە دەبێت، لەكاتێكدا لەم ڕۆژگارانەدا خەڵكی دەترسن؛ چونكە ئەگەر موسوڵمانێكی ڕۆشنبیر بە فەرهەنگ و كلتووری ئینگلیزی و خاوەن بیروبۆچوونی ئازاد بەم پرسیارەوە بچێت بۆ لای ئیمامی مزگەوتێك لە گەڕەكەكەی خۆیدا؛ ئەوا بە كافر و هەڵگەڕاوە ئەژماری دەكات و ڕەنگە لووشی بدات پێش ئەوەی وەڵامی بداتەوە و بەشێوەیەكی ئاقڵانە تێیبگەیەنێت. كە دۆخەكە بەم شێوەیە بێت ئیتر چۆن كەسێك ڕوودەكاتە حەقیقەتی ئایین. وە دۆخەكە بەهەمان شێوەیە لای شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر و باندێت و قەشەكانیان. بۆیە دەڵێم: ئهگهر بۆ تاقیكردنەوە پرسیار بكرێت لە خەڵكی ئەم شارە: بۆچی خەڵكی بێئاگان لە ئایینی خۆیان؟ ئەوا لەسەدا سەد بەم شێوەیە وەڵام دەدەنەوە: بێگومان باوباپیرانمان تەنھا ئەمەیان پێ ڕاگەیاندووین، یان پیاوانی ئایینیمان یان باندێتەكانمان یاخود ڕاهیبەكانمان ئەمەیان گوتووە، یان بەم شێوەیە هاتووە لە كتێبە ئایینیەكانماندا. وە پێیان وایە وەڵامەكەیان ڕاست و دروستە و پێكاویانە، لەگەڵ ئەوەدا تەواو هەڵەیە و شایانی ئاوڕلێدانەوە نیە.
بێگومان ئایین پێش هەموو شتێك شایستەی لێوردبوونەوەیە. ئەگەر خوا بوونی هەیە ئەوا پێویستە پێش هەموو شتێك مرۆڤ بەشوێنیدا بگەڕێت، وە ئەگەر بوونی نیە ئەوا ناكۆكی و شەڕ و هەراكان لەنێوان هيندۆسەكان و موسوڵمانان و سیخەكان و مەسیحیەكان و ئەوانی تریش هەمووی بێ هودەیە.
ئایین بۆچی پێویستە؟
ئەگەر پرسیارێك هەبێت كە شایستەی وەڵامدانەوە بێت پێش پرسیارەكانی تر ئەوا بریتیه لەوە: بۆچی پێویستە باوەڕبهێنین بە ئایین؟ وە لەم بوارەدا سەرەتا ئامۆژگاری هەر كەسێك دەكەم كە سەر بە هەر ئایینێك بێت بهوهی پێویستە بیربكاتەوه لهوهی بۆچی باوەڕی بە ئایینەكەی خۆی هەیە و ئایینەكانی تر بە درۆ دەزانێت؟ وە پێویستە لەسەر هەر كەسێك كە شوێن ئایینێك دەكەوێت بیربكاتەوە لە بابەتەكە. وە باوەڕبهێنێت بە ئایینێك كە پاش بیركردنەوە بە ڕاستی دەزانێت و ئایینێك بەدرۆبخاتەوە كە پێیوایە ڕاست نیە ئەگەرچی پێشتر خۆی سەربەو ئایینە بوو بێت.
بێگومان زۆر بیرمكردەوە لەم پرسە و لە ئیسلامدا كۆمەڵێك تایبەتمەندیم بینی لەبەرامبەر ئایینەكانی تردا و زانیم ئيسلام تاكە ئایینە كە ئامانج و مەبەستی ئایین دێنێتەدی و بۆیه منیش قەبوڵم كرد، وە بووم بە نوێنەری. وە دەمەوێت ڕایبگەیەنم ئەركی هەموو ئایینێكە، بەگوێرەی بۆچوونی ئێمە، بانگەشەكەی پێشكەش بكات و خۆی بەڵگەشی لەسەر بهێنێتەوە، نەك ئەوەی خۆی بانگەشە بكات و پاشان لە شوێنێكی ترەوە بەڵگەكان بهێنێت لەسەری.
بێگومان خوا وەهای لە خەڵكی كردووە كە باوەڕبهێنن بە خۆی و پێغەمبەرانی
ئەگەر خوا بوونی هەبێت ئەوا لێی دەوەشێتەوە كە خۆی سیفەتەكانی خۆی پیشان بدات و وەهامان لێ بكات باوەڕی پێ بهێنین. بەهەمان شێوە ئەگەر دەفەرموێت فڵانە كەس نێردراوی خۆیەتی؛ ئەوا با بە كۆمەڵێك بەڵگە پڕچەكی بكات تاكو بەگوێرەی ئەو بەڵگانە ئێمەش باوەڕی پێ بهێنین، وە بەهەمان شێوە پێویستە خوا (سبحانه وتعالی) سەبارەت بە پرسەكانی تریش خۆی هەواڵ بدات.
بانگەشەی ئیسلام
كەواتە بەگوێرەی ئەم بڕوایە لە خودی قورئانی پیرۆزەوە بەڵگەكان دەهێنمەوە لەسەر ڕاستی ئیسلام. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت ئیسلام لەلایەن خویەوە (سبحانه وتعالی) نێردراوە لەبەرئەوە خۆی بەڵگەكان پێشكەش دەكات لەسەر ڕاستیەكەی. خوای گەورە لەو ئایەتانەدا كە خوێندمەوە دەفەرموێت: {اللَّهُ نُورُ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ…}، بێگومان نموونەی نوورەكەی وەك تاقێكی داخراو وایه كونی تێدا نەبێت و چرایەكی تێدا بێت، ئینجا ڕۆشناییەكەی لە میانەی ئەم تاقەوە بەرەو یەك ئاراستە بڕوات، وە بەهێز بێت. چراكە بە شووشەیەكی زۆر پاك و بێگەرد داپۆشرابێت كە دەبێتە هۆی زیاتر بوونی ڕۆشناییەكە. وە ڕۆشناییەكهی پاك و بێگەرد بێت وەك ڕۆشنایی ئەستێرەكان، وه زەيتى چراكە لە درەختێكی پیرۆزەوە وەرگیرابێت نە ڕۆژهەڵاتی بێت و نه ڕۆژئاوایی، واتە لە هەموو لایەكەوە ڕووناكی خۆر لێی بدات، بهمهش درەختەكە بە چاكی گەشە بكات و گەورە بێت. زهیتهكهش زۆر پاك و ڕوون بێت بەڕادەیەك بكرێت لهخۆوه دابگیرسێت وەك چۆن ئەو سووتەمەنیەی پاك و ڕوونە و خێرا گڕدەگرێت دادەگیرسێت.
ئاى لە ڕۆشنایی ئەو چرایەی كە ئەم ئەندازەیە لە تایبەتمەندیەكانی لەخۆیدا هەڵگرتبێت! بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی: {نُورٌ عَلَى نُورٍ} واتە لەلایەن خوای گەورەوە ڕووناكییەكی تر دادەبەزێتە سەری و خوا ڕێنموونی هەر كەسێك دەكات خۆی بیەوێت بۆ ڕووناكیەكەی.
بێگومان خوای گەورە ئیسلام پێشكەشی خەڵكی دەكات لەسەر ئەو بناغەیەی كە ڕووناكیەكە لەلایەن خواوە و ئایینی ڕاست و دروستە. وە ڕۆشناییەكەی بڵندترە لە ڕۆشنایی هەموو ئایینەكانی تر و فێركارییەكانی تەواوتر و گشتگیرترە لە فێركاری ئایینەكانی تر.
بەڵگە لەسەر ڕاستی ئیسلام
بەڵام ئەم ڕاگەیاندنە هەمووی بانگەشەیەكی ڕووتە، پاشان خوا بەڵگەیەك دەخاتەڕوو لەسەر ئەم بانگەشەیە و دەفەرموێت: {فِي بُيُوتٍ أَذِنَ اللَّهُ أَنْ تُرْفَعَ وَيُذْكَرَ فِيهَا اسْمُهُ يُسَبِّحُ لَهُ فِيهَا بِالْغُدُوِّ وَالْآصَالِ}. واتە ئەم نوورە بوونی هەیە لە كۆمەڵێك ماڵدا كە خەڵكەكانیان هەژار و نەدارن و پایەیان نزمە، بەڵام خوا بڕیاری داوە بەرزیان بكاتەوە. بێگومان بەرزكردنەوەی ئەو ماڵانە و بەرزڕاگرتنیان لەلایەن خوای گەورەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ئەم ئایینە لەلایەن ئەوەوەیە (سبحانه وتعالی).
بەڵگە لەسەر ڕاستی ئیسلام ئەوەیە كە شوێنكەوتووەكانی ڕێز و سەربەرزی بەدەستدەهێنن لە جیھاندا، وە ڕووناكیەكیان پێ دەدرێت كە جیھان لەبەرامبەریدا تاریك دەبێت. بێگومان ماڵەكانی ئیسلام بەرزدەكرێنەوە و ماڵی نەیاران و ناحەزان نزم دەكرێنەوه. وە ئەم بەڵگەیە لەسەر ڕاستیی ئیسلام یەكێكە لە هەزارەها بەڵگە.
بارودۆخی پێغەمبەر (ﷺ) پێش بانگەشەكە
ئێستا ڕوودەكەینە سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ گەڕان بەشوێن بانگەشە و بەڵگەدا. كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانەكرا بایەخێكی بەرچاوی نەبوو لەلایەنی دنیاییەوە. كاتێك باوكی مرد كۆرپەلەیەك بوو لە سكی دایكیدا، پاشان كاتێك زۆر مناڵ بوو دایكی مرد. میراتیەكی زۆریشی بۆ بەجێنەما، كۆمەڵێك ڕیوایەتی جۆراوجۆر هەن دەربارەی ئەم بابەتە، ئەوپەڕەکەی ئەوەی بۆی بەجێما بوو وشترێك و پێنج مەڕ بوو. بازرگانیەكی تایبەتیی نەبوو بەڵكو كاتێك گەورە بوو خەریكی بازرگانی بوو بە ماڵ و سامانی خەدیجەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) و هەموو قازانجەكەی دەدا پێی، ئەویش هەندێ كرێی پێدەدا. لەناو عەرەبدا حكومەتێك نەبوو، بەڵكو خەڵكی مەككە خانەی ڕاوێژ “دار الندوة”یان دامەزراند و پێغەمبەریش (ﷺ) ئەندامێك نەبوو لەو خانەیەدا. پێغەمبەر (ﷺ) زانسته دنیاییەكانی بەدەست نەهێنابوو، وە نووسین و خوێندنەوەی نەدەزانی. سەرەڕای هەموو ئەم خاڵە لاوازانەی كە باسكران كاتێك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد هەموو عەرەب دژایەتیان كرد؛ چونكە ئەو (ﷺ) شتێكی گوت كە پێچەوانەی قسەی هەموو عەرەب بوو، بۆیە وایان دەبینی كە لە قەبوڵكردنیدا فەوتانی خۆیان هەیە.
پێغەمبەر (ﷺ) و بەڕێز گاندی
بێگومان لە جیهاندا فریادڕەسە گەورەكان تێپەڕین، كەسانێكی تر هەن خەڵك لەگەڵیاندایە و دۆستیانن. بۆ نموونە لەم ڕۆژگارەدا بەڕێز گاندی لە هيندستاندا هەیە، هاواری سەركەوتنیشی دەكرێت لەمڕۆدا. ڕەنگە كەسێك بڵێت: چی تێدایە ئەگەر هەموو جیھان شوێن پێغەمبەر (ﷺ) كەوت ئەوەتا خەڵكی شوێن بەڕێز گاندیش دەكەون؟ لە وەڵامدا دەڵێین: جیاوازیەكی زۆر فراوان هەیە لەنێوان پێغەمبەر (ﷺ) و بەڕێز گاندیدا؛ چونكە پێغەمبەر (ﷺ) داوای لە عەرەب كرد شتێك قەبوڵ بكەن كە ئامادەنەبوون بۆ قەبوڵكردنی، بەڵام بەڕێز گاندی شتێك دەڵێت كە هەموو هيندستان داوای دەكات. نموونەی بەڕێز گاندی وەك جووتیارێك وایە سكی زۆر ئازاری بدات خەڵكیش كۆمەڵێك چارەسەری جۆراوجۆریان پێ ڕاگەیاند بێت، ئینجا یەكێكیان، ئامێری جووتكردنەكەی هەڵگرتبێت و بڵێت: خواردنەوەیەكی شیرینی پێ بدەن. كاتێك نەخۆشەكە گوێی لەم قسەیە دەبێت بە ئاخ هەڵكێشانەوە بڵێت: خۆزگە خەڵكی دەیانبیست چی دەڵێت! كهواته ئەوەی گاندی دەیڵێت تەبا و گونجاوە لەگەڵ حەز و ویستی خەڵكیدا بۆیە خەڵكی ئامادەن بۆ قەبوڵكردنی. نموونەیەكی تر هەیە، لەگەڵ ئەوەی نموونەیەكی تیۆری و گریمانەییە بەڵام هەرچی چۆنێك بێت ڕاستیەكە ڕوون دەكاتەوە. یەكێك لە پیاوچاكان دهگێڕێتهوه وشترێك لە شوێنێكدا وێڵ و سەرگەردان بوو، مشكێكی پێ دەگات و جڵەوی وشترەكە دەگرێت و بۆ ئەو لایە دەڕوات كە وشترەكە بۆی دەڕوات. پاش ڕۆيشتنێكی كەم مشكەكە پێی وا دەبێت ئەو وشترەكە لێدەخوڕێت، كاتێك دەگەنە لای ڕووبارێك و وشترەكە لەلایدا دەوەستێت، مشكەكە دەڵێت بڕۆ وشترەكەش بەگوێی ناكات و ملنادات و دەڵێت دیارە بۆ هەر شوێنێك ڕۆيشتم كە بەلامەوە پەسەند و گونجاو بووە، بەڵام ئێستا بەلامەوە پەسەند نیە ڕێبكەم بۆیە هەرگیز ناڕۆم. كەواتە لەبەرئەوەی ئەو سەركردانە شتێك دەڵێن كە گەل دەیەوێت بۆیە خەڵكی شوێنیان دەكەون، لەبەرئەوە ڕۆيشتنی خەڵكی لەدوایانەوە شتێكی گرنگ نیە. بەڵام موحەممەد پێغەمبەری خوا (ﷺ) بایەخی نەدا بەو قوربانییانەی خەڵكی مەككە دەیانكرد، وە گرنگیی نەدا بە پارێزگاریكردنی بتەكانیان كە قوربانیان بۆ دەكردن و تاكە ئامرازی ڕاگیركردنی ژیانیان بوو. بەڵكو پێغەمبەر (ﷺ) ڕێگری ئەو ڕزق و ڕۆزیەی لێكردن كە لەو قوربانیانەوە دەستیان دەكەوت و فەرمووی: وازبهێنن لەو پەرستراوانە و باوەڕبهێنن بەخوا بەتەنھا. بۆیە نموونەی بەڕێز گاندی و سەركردەكانی تریش وەك ئۆتۆمۆبیلێك وایە بە ئاراستەیەكی دیاریكراودا بڕوات و كەسێك دەستبخاتە سەری و بڵێت ئەوە منم لێی دەخوڕم. بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) ئاراستەی ئۆتۆمۆبیلەكەی گۆڕی بۆ ئاراستەیەكی تەواو پێچەوانە. زەردەشتییەكان باوەڕیان بە دوو خوا هەیە، پێغەمبەر (ﷺ) وەهای لێكردن وازبهێنن لەم باوەڕە، مەسیحیەكان مەسیحی ناسیرەییان بە كەفارەتی تاوانەكانیان دادەنا و پێیان وابوو مردنی ئەو لەسەر خاچ ڕزگاربوونی ئەوانی تێدایە، وە پشتیان پێ بەستبوو. پێغەمبەر (ﷺ) لەدژی ئەم بیروباوەڕە دەنگی بەرزكردەوە كە باخچەی خەیاڵكردن و تێڕاوانینیانی سووتاند و كردی بە خۆڵەمێش.
مامەڵەی گەل لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ)
گەلەكەی ئامادەنەبوون بۆ قەبوڵكردنی وتەكانی، بەڵكو لەدژی (ﷺ) هەستانەوە، وه 13 ساڵ بە چەندین شێواز و بە ڕێژەیەكی بێشومار ئازاریاندا. بەهەمان شێوە ئەوانەی پەیوەندییان پێوەی دەكرد بەڕێژەیەكی زۆر تووشی ستەم و ئەشكەنجەى نوێ دەبوون. هەندێ ئافرەت كوژران بە گرێدانی قاچیان بە دوو وشترەوه و لێخوڕینی وشترەكان بە دوو ئاراستەی پێچەوانه. فڕێدرانە سەر لمی سووتێنەر، وە بەتوندی لێیان درا هەتا دەبوورانەوە. هەركاتێك هۆشیان دەھاتەوە داوایان لێ دەکرا باوەڕ بە بتەکان بهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا هەركاتێك زیكری خوایان دەكرد زۆر بەتوندی سزا دەدران. دەكرێت مرۆڤ ئاگادار بێت لەم ئاژاوەیە لەڕێگەی ڕووداوێكەوە كە لەگەڵ عەلیدا (رضي الله عنه) ڕوویداوە و تێیدا هاتووە: كاتێك ئەبوزەڕ هەواڵی پێدەگات كە كەسێك لە مەككە بانگەشەی ئەوە دەكات پێغەمبەری خوایە، براكەی دەنێرێت بۆ ئەوێ، بەڵام خەڵكی ڕێگەی نادەن بگات بە پێغەمبەر (ﷺ) پاشان دەگەڕێتەوە. ئینجا ئەبوزەڕ خۆی دێت بۆ مەككە، پرسیار لەكەس ناكات نەوەكو فریوی بدەن هەتا چاوی دەكەوێت بە عەلی (رضي الله عنه)، پاش گفتوگۆیەكی درێژ بە عەلی (رضي الله عنه) دەڵێت كە دەیەوێت سەردانی پێغەمبەر (ﷺ) بكات، ئەویش دەڵێت: شوێنم بكەوە، ئەبوزەریش شوێنی دەكەوێت هەتا دەچنە خزمەتی پێغەمبەر (ﷺ)، ئیتر ئەبوزەڕ (رضي الله عنه) باوەڕدەهێنێت، زۆر كاریگەر دەبێت بەو باوەڕهێنانە بۆیە لەو ساتەوە نەیتوانی بێدەنگ بێت، پاشان دەردەچێت و هەتا دەتوانێت بەدەنگی بەرز هاوار دەكات: أشھد أن لا إله إلا الله وأن محمدًا رسول الله، پاشان موشریكەكان لێى كۆدەبنەوە و لێیی دەدەن هەتا دەبوورێتەوە. هەندێ كەس ڕزگاری دەكەن ئینجا هۆشی دێتەوە و جارێكی تر پڕ بە گەرووی شایەتومان دەهێنێت دیسان لێی دەدەنەوە. (بەكورتی لە صەحیحی بوخاریەوە، كتاب المناقب، باب إیمان أبي ذر-رضي الله عنه-)
هەڵبەت هاوەڵانی پێغەمبەر (ﷺ) زۆر بەتوندی ئازار و ئەشكەنجەدران، وە بەگوێرەی ئەم هەلومەرجە هاوەڵان (رضي الله عنهم) ناچاربوون كۆچ بكەن بۆ حەبەشە، كافرەكان شوێنیانكەوتن و كاتێك گەيشتنە دەرباری پاشا و بەڕوونی بیروباوەڕەكانی خۆیان خستەڕوو كافرەكان ناچاربوون بە نائومێدی بگەڕێنەوە. بەڵام زنجیرەی بەڵا و نەهامەتیەكان لێرەدا كۆتایی نەهات، بەڵكو پێغەمبەریش (ﷺ) ئازاردرا و لەگەڵ ئەبوبەكردا (رضي الله عنه) لەمەككەوە كۆچی كرد، وە كافرەكان شوێنیكەوتن، بەڵام خوای گەورە پاراستنی.
ئایا چ كەسێك هەیە لەم هەلومەرجەدا ئەوەی بەبیردا بێت كە ئەم كەسە لەژیانیدا سەردەكەوێت، كەسێك كۆمەڵە تازەكەی كە پێكهاتووە لە هەندێ هاوەڵی خۆی پەرتەوازە بووە خۆیشی ناچاربووە كۆچ بكات لە نیشتیمانەكەی؟ كاتێك گەیشتە مەدینە خەڵكی وازیان لێ نەهێنا كە لەوێیش بە ئاسایش و ئاسوودەیی بژی، بەڵكو چەندین جار هێرشیان كردەسەری و لە جەنگی ئەحزابدا بە سوپایەكی دە هەزار سەربازیەوە پەلاماری مەدینەیان دا، پێغەمبەریش (ﷺ) ناچاربوو خەندەقێك لێبدات بەدەوری مەدینەدا. هەڵبەت پێغەمبەر (ﷺ) بەشداری كرد لەگەڵ هاوەڵەكاندا لە پڕۆسەی هەڵكەندنی خەندەقەكەدا. لە مێژوو و فەرموودەكانەوە ساغبووەتەوە كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) بە پیكەكەی دای لە بەردێك بەردەكە چەخماخەی وەشاند ئەویش بەدەنگی بەرز فەرمووی: “الله أكبر”، هاوەڵەكانیش گوتیان: “الله أكبر”. پاشان جارێكی تر بە پیكەكەی دای لەبەردەكە دووبارە چەخماخەی وەشاند دیسان بەدەنگی بەرز فەرمووی (ﷺ): الله أكبر، وە هاوەڵانیش گوتیان: “الله أكبر”. پاشان بۆ جاری سێيەم لە بەردەكەی دایەوە و بۆ جاری سێيەم چەخماخەی وەشاندەوە و بەدەنگی بەرز فەرمووی: “الله أكبر” هاوەڵانیش گوتیان: “الله أكبر”. پاشان پێغەمبەر (ﷺ) لە هاوەڵەكانی پرسی: بۆچی هاوارتان كرد الله أكبر؟ گوتیان: ئەی پێغەمبەری خوا ئێمە وەك شوێنكەتنێك بۆ وتەكەی تۆ ئەو كارەمان كرد سەرەڕای ئەوەی نازانین هۆكارەكە چیە، خوا و پێغەمبەرەكەی باشتر دەزانن. پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی: كاتێك یەكەمجار بە پیكەكە دام لە بەردەكە و چەخماخەی وەشاند پێم پیشاندرا كە من فەتحى وڵاتی قەیسەر دەكەم، وە جاری دووەم فەتحى وڵاتی كیسرام پێ پیشاندرا، وە لە جاری سێيەمدا پێم پیشاندرا كە دەسەڵاتدارێتی پاشاكانی حیرە ژێرەو ژوور بوو [بڕوانە: فتح الباري، كتاب المغازي، باب غزوة الخندق وهي الأحزاب.] كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) ئەمەی فەرموو نەیارەكان و دووڕووەكان گاڵتەیان پێكرد و گوتیان: ئەم خەڵكە چەند سەیرن! شوێنپێیەكیان دەستناكەوێت بە ئاسایش و تەناهی تێیدا بژین كەچی دەڵێن زاڵ دەبن بەسەر وڵاتی قەیسەر و كیسرادا. بەڵام گاڵتەكردنەكەی ئەوان پووچەڵ بوویەوە و كەلامی خوا هاتەدی. كەواتە لەمەوە ساغدەبێتەوە كە ئیسلام ئایینێكی ڕاست و دروستە، بەڵگەش ئەوەیە كە لە پێشبینیەكەدا هاتووە ماڵەكانی هاوەڵانی بەرزدەكرێنەوە، ئەوە بوو بەو شێوەیە ڕوویدا.
هەڵبەت خوای گەورە لە سورەتی (الأحزاب)دا باسی دۆخی موسوڵمانانی كردووە و فەرموویەتی زەوی بەو فراوانیەی خۆی تەنگ بوویەوە لێیان و خەڵكی وا گومانیان برد كە لەسەر ڕووی زەوی دەسڕدرێنەوە، لەو كاتەدا خوا مژدەی پێدان و فەرمووی ئێوە دوژمنانتان لەناودەبەن و دەسەڵاتی جیھان دەگرنەدەست. ئەوە بوو لە سەردەمی پیرۆزی گەورەمان ئەبوبەكردا وڵاتی شام ئازادكرا. وە ئەم پێشكەوتن و ئەم دەسەڵات و دەرچوونە لە دۆخی لاوازی و نزمی و گەيشتن بە دۆخی بەهێزی و بڵندی بەڵگەیەكە لەسەر ڕاستی ئیسلام؛ چونكە خوای گەورە مژدەیدا كە ئەمە ڕوودەدات، ئەوە بوو بەتەواوەتی بەو شێوەیە ڕوویدا. وە سەرسەختترین دوژمنیش ناچاربوو دان بە پێشكەوتنی ئیسلامدا بنێت، هەڵبەت لەكاتێكدا پێشبینی پێشكەوتنی ئیسلام كرا كە خەڵك ڕێگەیان نەدەدا بە موسوڵمانان بە ئاشتی و ئاسایش بژین تەنانەت لە نیشتیمانی خۆشیاندا. پاشان موسوڵمانان حوكمڕانیان بەدەستهێنا و خوا جڵەوی دەسەڵاتی دایە دەست ئەو هەژار و نەدارانە.
بەسەرهاتی ئەبوهورەیرە (رضي الله عنه)
لە بەسەرهاتی ئەبو هورەیرەدا (رضي الله عنه) هاتووە كاتێك كرایە حاكمی ویلایەتێك دەسماڵێكی كیسرای لەلابوو، جارێكیان دەپژمێت و لووتی بە دەستماڵەكە پاك دەكاتەوە و دەڵێت: بەھـ بەھـ [سنن الترمذي، أبواب الزهد، باب ما جاء في معيشة أصحاب النبي ﷺ.] ئەبوهورەیرە ئەمڕۆ بە دەستەسڕەكەی كیسرا لووتت دەسڕی و كاتێك هات بەسەرتدا ڕۆژانێكت بە برسێتی بردەسەر، چووی بۆ لای ئەبوبەكر (رضي الله عنه) كە یەكێك بوو لە گەورە بەخشەران و پرسیاری مانای ئایەتێكت لێكرد كە لەبارەی بەخشینەوە دەدوا ئەویش ماناكەی پێ ڕاگەیاندیت لەگەڵ ئەوەی خۆیشت دەتزانی، پاشان چوویت بۆ لای عومەر (رضي الله عنه) و هیچ شتێكی دەرخوارد نەدایت، پاشان هاتیت بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و بەدیمەنەكانی ڕوخسارتدا زانی مەسەلەكە چیە و پرسی: ئایا تۆ برسیتە ئەی ئەبو هورەیرە؟ پاشان داوای قاپێك شیری كرد و پێش تۆ دای بەوانی تر و تۆ واتزانی خۆت لەپێشتری بەشیرەكە لەوان هەتا قاپەكە گەيشتە لای تۆ و خواردتەوە و تێربوویت. (بڕوانە: صحیح البخاري، كتاب الرقاق، باب: كیف كان عَیشُ النبي (ﷺ) وأصحابِه وتخلّیھم من الدنیا) هەروەها تۆ چەندین ڕۆژ دەتلایتەوە لەبرسا و خەڵكی لێیان دەدایت وایاندەزانی تووشی پەركەم بوویت. بەڵام ئێستا پژمە دەكەیتە ناو دەستەسڕێكی شاهانەی یاخیترین پاشا! ئەم سەركەوتن و ئەم بڵندبوونەوەیە و ئەم پایەبەرزیە شتێكی ئاسایی نەبوو.
یەكێك لە نووسەرە فەڕەنسیەكان دەڵێت: من جار لەدوای جار سەرم سوڕدەمێنێت كاتێك بیر لەوە دەكەمەوە هەندێ كەس هەن لەژێر سەقفێكدا دانیشتوون كە لە پلكی دارخورما دروستكراوە، جلوبەرگی پێویستیان لەبەردا نیە و گەدەشیان پڕ نیە، بەڵام لەنێوان خۆیاندا قسەدەكەن دەربارەی زاڵبوونیان بەسەر دەسەڵاتدارێتی قەیسەر و كیسرادا، پاشان لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەو كارە دەكەن.
ئەمە بەڵگەیەكە لەسەر ئەوەی كە ئەو ئایینەی پێغەمبەر (ﷺ) هێناویەتی ڕاست و دروستە؛ چونكە ئەو نیشانەیەی كە بۆی دیاریكرا بوو هاتەدی.
ڕەخنەی ناحەزان لەم بەڵگەیه
ئەمە بەڵگەیەكە لەسەر ڕاستی ئیسلام، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ دوژمن بەدرۆی زانی و گوتی موسوڵمانان لەدواییدا ئەم ئایەتانەیان زیادكردووە لە قورئانی پیرۆزدا -وەك هەندێكیشیان ئەمە دەڵێن- لەبەرئەوە ئەمە بەڵگەیەك نیە لەسەر ڕاستى ئیسلام؛ چونكە ئەگەر ئەمە بەڵگەیەكی واقیعی بێت ئەوا بۆچی ئەمڕۆ موسوڵمانان تووشی شكست لەوای شكست دەبن لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان ئەوپەڕی زۆرە؟ دەبێت وەڵامەكەی چی بێت؟ كابرای ناحەز دەتوانێت بڵێت: دان بەوەدا دەنێین كە موسوڵمانان پێشكەوتنێكیان بەدەستهێنا، وە دان بەوەشدا دەنێین كه ئیسلام كاریگەری خۆی گەیاندە كۆمەڵێك ناوچەی ئەوروپا و بەریتانیا. وە هەندێ نیشانە هەن لێیانەوە دەردەكەوێت كە ئیسلام گەيشتووەتە كەناری بەریتانیا، وە لەلایەكی ترەوە دەسەڵاتەكەی تاكو چین تێبینی دەكرێت. كەواتە، دەسەڵاتی ئیسلام هەموو جیھانی پێشكەوتوو و زانراوى گرتەوە. بەڵام ئەم پێشكەوتنەی ئیسلام ناكرێت بە بەڵگەیەك ئەژمار بكرێت لەسەر ڕاستی ئەو ئایینە؛ چونكە موسوڵمانان كاتێك پێشكەوتنیان بەدەستهێنا ئەم پێشبینیەیان دروستكرد، ئەگینا هۆكاری تووشبوونیان بە زەبوونی لەدوای زەبوونی چیە سەرەڕای ئەوەی كە ژمارەیان زۆر زۆرە؟ پێویستە بیربكەنەوە بە چ شتێك دەتوانین وەڵامی ئەم ڕەخنەیە بدەینەوە؟
جارێكیان پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی كرد بە سەرژمێری موسوڵمانان دەركەوت ژمارەیان 700 كەسە، موسوڵمانان لە پێغەمبەریان (ﷺ) پرسی: ئەی پێغەمبەری خوا ئایا پێت وایە ئێمە لەناودەچین و جیھان پێشێلمان دەكات لەگەڵ ئەوەی ژمارەمان گەيشتووەتە 700 كەس؟ ئەو كاتە ئەمە دۆخیان بوو، بەڵام ئێستا بارودۆخیان وەهای لێھاتووە كە ژمارەیان گەيشتووەتە ملیۆنەھا و لەگەڵ ئەوەشدا تووشی شكست و ڕسوابوونی یەك لەدوای یەك دەبن، وە لە ترسا دڵیان دەلەرزێت وەك چۆن پەڕەكاغەز لە هەوادا دەهەژێت.
وەڵامی ئەم ڕەخنەیە
دەكرێت بە دوو شێواز وەڵامی ڕەخنەی نەیارەكان بدرێتەوە، یان ئەوەتا دانبنێین بەڕاستی ڕەخنەكەیاندا و بڵێین ئەم بانگەشەیەی قورئان ڕاست نیە، بەڵكو موسوڵمانان بۆیان زیادكردووە لەدواییدا، پەنا بەخوا، یاخود پێویستە لەسەر موسوڵمانان بڕیاربدەن كە خۆیان ڕاست ناكەن و درۆزنن. واتە یان ئەوەتا خوا بەدرۆزن بزانن پەنا بەخوا، یان قەبوڵی بكەن كە خۆیان درۆزنن. لای ئێمە ئەمەیە دوو بژاردەكە و سێیەمیان نیە. بەڵام لەجیاتی بەدرۆزانینی خوا دان بەوەدا دەنێین كە موسوڵمانان وەك موسوڵمان نەماونەتەوە. ئەگەر دۆخی موسوڵمانان باش بوایە ئەوا بەرزدەكرانەوە و پلەكانی سەربەرزی و ڕێزیان پێ خەڵات دەكرا، بەڵام ئێستا كاتێك سەیری دۆخی موسوڵمانان دەكەین دەیانبینین لە خراپترین دۆخدان لە جیھاندا، سەروەت و سامان و كشتوكاڵیان نیە، یەكبوون و ڕێككەوتن تێبینی ناكرێت تێیاندا، سیستەمێك و فێركردنێك و فێربوونێك لەناویاندا نیە. كۆلێژە بڵندەكان لەڕووی فێركردنەوە كە لە هيندستاندا هەن هەمووی هی هيندۆسەكان یان سیخەكانە، بەڵام كۆلێژەكانی موسوڵمانان لە دۆخێكدان شیوەنی دەوێت. وە بارودۆخیان لە بوارەكانی تریشدا زۆر خراپە. دەی هۆكاری هەموو ئەمانە چیە؟ ئایا ئیسلام ئایینی ڕاست و دروستی خوا نیە؟ ئایا خوا گۆڕاوە یان خوایەكی تر شوێنی گرتووەتەوە یاخود هێز و توانای كەمی كردووە، پەنا بەخوا، یان بەڵێنەكانی خۆی لەبیركردووە؟ لەڕاستیدا ئیسلام وەكو خۆیەتی و خوا وەكو خۆیەتی و بەڵێنەكانیشی ڕاستن و هێز و توانای كەمی نەكردووە و بەڵێنەكانی خۆی لەبیرنەكردووە، بەڵكو موسوڵمانان وازیانهێناوە لە ئیسلامی ڕاستەقینە و لایانداوە لە بیروباوەڕە ڕاستەكان و باوەڕیان هێناوە بە بیروباوەڕە تەقلیدیەكان. بۆیە كاتێك وازیانهێنا لە ئیسلام خوایش وازیھێنا لەوان. ساڵانێكی كەم لەمەوپێش لەناو خەڵكی گشتیدا ئەوە زانراو بوو كە باڵیۆزی پاشاكانی ئەوروپا لە تەنیشت پاشای موسوڵمانی قوستەنتینیەوە دەڕۆيشتن و جڵەوی ئەسپەكەی ئەویان بەدەستەوە بوو، بەڵام ئەمڕۆ ژیانی قوستەنتینیە یان مردنی لەدەستی خەڵكی ئەوروپادایە. بێگومان بارودۆخی موسوڵمان خراپ بووە، وە زیندانەكان پڕ بوون لێیان. وە بەشێوەیەكی بەرفراوان خراپە و داوێنپیسی لەناویاندا بڵاوبووەتەوە.
موسوڵمانان بە شایستەی ئەوە نەماون كە خوا بەڵێنەكانی خۆی دەربارەیان بهێنێتەدی
بەگوێرەی ئەم هەلومەرجە موسوڵمانان وەها نەماونەتەوە كە شایستەی ئەوە بن بەرزبكرێنەوە. بێگومان خوای گەورە فەرموویەتی ئەوان تەسبیحی خوا دەكەن، وە شەو و ڕۆژ لە ماڵەكانیاندا حەمد و ستایشی دەكەن، وە زیكری خوا لەسەر زوبانیان ڕەوان دەبێت بەزۆری و سنگیان لێوانلێو دەبێت لێی. بەڵام ئەمڕۆ چەندێك لە موسوڵمانان نوێژ دەكەن؟ چەندێكیان نوێژدەكەن بەتێگەيشتن لێی و زانینی ماناكانیەوە. وە چەندێكیان دەزانن ئامانجی نوێژ چیە؟ ئەو مەرجانە لە موسوڵماناندا نیە كە خوای گەورە دایناون. ئەوا زماندرێژی دەكەن بەرامبەر كەلامی خوا و ئایینەكەی كە ئیسلامە، وە بێشەرمی دەكەن بەرامبەر خوا و پێغەمبەرەكەی موحەممەد (ﷺ)، ئیتر لەكوێ سوودمەند دەبن لە بەڵێنەكانی خوای گەورە؟ كەواتە هەتا موسوڵمانان ڕێزی شایستە نەگرن لە خوای گەورە و پێغەمبەرەكەی و كەلامەكەی هەرگیز ڕێزیان لێ ناگیرێت.
موسوڵمانان سووكایەتی دەكەن بە پێغەمبەر (ﷺ)
پرسێكی زۆر سادە هەیە لێیەوە بارودۆخی موسوڵمانان ڕوون دەبێتەوە. موسوڵمانان باوەڕیان وایە كە موحەممەد پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە ژێر خاكدا ئەسپەردەكراوە، بەڵام عیسای ناسیرەیی ئەوە خوای گەورە بەرزی كردووەتەوە بۆ ئاسمان كاتێك تووشی كەمترین ئازار و ئەشكەنجە بوو، وە ڕێگەی نەدا بە دوژمنەكانی كە بەخراپە دەستی بۆ ببەن. بەڵام من دەڵێم: ئەگەر كەسێك شایستەی مانەوە بێت لە ئاسماندا ئەوه پێغەمبەری ئێمە موحەممەدە (ﷺ) بەتەنھا. بەڵام ئەو خەڵكە حەزیان بەمە نیە و باوەڕیان وایە كە پێغەمبەر (ﷺ) ئەسپەردەكراوە لەژێر خاكدا و دەربارەی عیسای ناسیرەی بەگوڕوتینێكی زۆرەوە لەناخی دڵیانەوە دەڵێن ئەو لە ئاسماندایە. دەی كاتێك بەم شێوەیە سووكایەتییان كرد بە پێغەمبەر (ﷺ) لەبەرامبەر مەسیحییەكاندا، خوای گەورەیش ڕسوا و سەرشۆڕی كردن و بڕیاریدا لە لەپلەوپایەیان دابەزێنێت و تەختی زەوییان بكات بەرامبەر شوێنكەوتووانی عیسا بەهۆی ئەوەی فەزڵی دەدەن بەسەر پێغەمبەردا (ﷺ). غیرەتی خوا بەرگەی ئەم سووكایەتیەی نەگرت بەرامبەر پێغەمبەری خوا (ﷺ)، ئەوە بوو ئەو موسوڵمانانەی سەرشۆڕكرد و مەسیحییەكانی زاڵكرد بەسەریاندا. ئەو خەڵكە بەوپەڕی گوڕوتین و پەرۆشیەوە دەڵێن مەسیحی ناسیرەیی ئوممەتی خراپەكاری موحەممەد پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئیسڵاح دەكات. خوای گەورەش فەرمووی: زۆرباشە، شوێنكەوتووانی مەسیحی ناسیرەیی زاڵدەكەم بەسەرتانا. بۆیە هەموو ئەوەی ڕوودەدات لەگەڵیاندا تەنھا بریتیە لە ئەنجامی سووكایەتیكردنیان بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە مادام فەزڵی عیسا دەدەن بەسەر پێغەمبەردا (ﷺ) بە ڕسوا و سەرشۆڕی دەمێننەوە؛ چونكە ئەمە سزای خوایە لەسەریان. لەم سزایەشدا ماڵەكانیان كاول دەكرێت و ڕسوا و سەرشۆڕ دەكرێن لەجیاتی ئەوەی سەربەرزی و بڵندییان پێ بدرێت. بێگومان ئەوان عیسایان كرد بەخوا و گوتیان زیندووە و ناخوات و ناخواتەوە، مردوو زیندوودەكاتەوە و ئاژەڵ دروست دەكات. كاتێك بارودۆخیان بەم ئاقارە گەیشت ئیتر لەكوێ خوا سەریان دەخات؟
بردنەسەری بەڵێنی پاراستنی قورئانی پیرۆز
پرسیارێكی تر هەیە كە بریتیه لەوەی خوای گەورە بەڵێنی داوە و فەرموویەتی: {إِنَّا نَحْنُ نَزَّلْنَا الذِّكْرَ وَإِنَّا لَهُ لَحَافِظُونَ} (الحجر: 10) دەی با بزانین خوای گەورە چی كردووە بۆ پاراستنی ئیسلام و قورئانی پیرۆز؟ وەڵامەكەی ئەوەیە كە خوای گەورە كۆمەڵێك هۆكاری سازاندووە بۆی، بەڵام خەڵكی ڕوویان تێناكەن و ناچن بەدەمیانەوە، بۆیە خودایش ناچاریان دەكات بۆ ئەمە. بێگومان خوا كەسێكی ڕەوانەكرد بۆ خزمەتی ئیسلام و بەرزڕاگرتنی فەرمایشتەكەی لە بەرامبەر هەموو ئایینەكانی دنیادا. ئەو كەسەش گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەدە (عليه السلام) كە باوەڕمان پێیەتی وەك مەسیح و پێغەمبەر لەلایەن خواوە و وەك مەهدی چاوەڕوانكراو. بێگومان ڕایگەیاند كە ئیسلام زاڵ و سەركەوتوو دەكات لە هەموو جیھاندا، وە دوژمنەكانیشی ملكەچ دەكات بۆی، وە نیشانە سەرەتاییەكانی ئەمە بەڕوونی دەبینین.
خوا چی كرد بۆ ئیسلام؟
بێگومان خەڵكی جۆرەها تۆمەتی ئاراستەدەكەن و نەیار و ناحەزان پێی دەڵێن دەججال و فێلباز و درۆزن و هتد، بەڵام زۆر سەیرە خوا كەسێكی ڕەوانەكرد -لەكاتێكدا ئایینە خۆشەویستەكەی، واتە ئیسلام، لە لێواری نەمان و فەوتاندا بوو، وە لەهەموو لایەكەوە دەستدرێژی دەكرایە سەری- بۆ ئەوەی ڕیشەكێشی بكات و بیفەوتێنێت لەجياتی ئەوەی بیپارێزێت! ئایا ئەمە بەڵگەیە لەسەر خۆشەویستیی خوای گەورە بۆ ئیسلام یان لەسەر دوژمنایەتی كردنی بۆی؟ ئەگەر ئیسلام ئایینێكی خۆشویستراو بێت لای خوا وەك لەڕاستیدا وایە، ئەوا پێویستە كە خۆی (سبحانه وتعالی) كەسێكی پاك ڕەوانە بكات لەم كاتە زۆر دژوارەدا بۆ خزمەتكردنی ئیسلام و پارێزگاری كردن لێی لەجياتی ئەوەی دەججالێك ڕەوانە بكات كە لەژێر پێدا بیپلیشێنێتەوە، پەنا بەخوا. ئەگەر خەڵكی نایانەوێت باوەڕبهێنن بە گەورەمان میرزای بەڕێز، وە دەیانەوێت جنێوی پێ بدەن، وە بە كەسێكی خراپ ئەژماری بكەن چۆنیان پێ خۆشە، ئەوا پێویستە لەسەریان بەلایەنی كەمەوە بیرلەوە بكەنەوە ئایا هەموو ئەوەی خوا كردی بۆ ئیسلام كاتێك بینی ئیسلام لەنوقمبووندایە ئەوە بوو كەسێكی نارد تاكو زیاتر نوقمی بكات؟ لەكاتێكدا خۆشەویستی ئەوەی دەخواست خوا هۆكارەكانی پاراستنی بسازێنێت و ڕزگاری بكات لە دوژمنان.
سۆزی دایك
چیرۆكێكی باو هەیە كە موفەسسیرەكان نەقڵیان كردووە: دوو ئافرەت تووشی ناكۆكی دەبن و دێن بۆ لای حەزرەتی سڵێمان (عليه السلام)، هەڵبەت گورگ كوڕی یەكێكیانی خواردبوو. یەكێكیان بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە گورگەكە كوڕی هاوەڵەكەی خواردووە و ئەم كوڕە كوڕی ئەوە، ئەوی تریشیان هەمان بانگەشەی دەكرد. گرفتەكە زۆر ئاڵۆز بوو. سڵێمان (عليه السلام) فەرمووی: چەقۆیەكم بۆ بهێنن، هەر ئێستا كێشەكە یەكلایی دەكەمەوە و چارەسەری دەكەم، مناڵەكە دەكەم بە دوو كەرتی یەكسانەوه و كەرتێكیان دەدەم بە ئافرەتی یەكەم و كەرتەكەی تریشیان دەدەم بە هاوەڵەكەی. ئەو خاتوونەی كە دایكە ڕاستەقینەكە بوو بەتوندی شڵەژا و هاواری كرد: مناڵەكە كوڕی من نیە، بەڵكو كوڕی ئەوە و بیدە بەو، بەڵام ئافرەتەكەی تر كپ و بێدەنگ بوو هیچی نەگوت. بۆیە سڵێمان بڕیاریدا كە مناڵەكە مناڵی ئەو ئافرەتەیە كە وتی كوڕی من نیە. (بڕوانە: صحیح البخاري، كتاب الفرائض) چونكە سۆزەكەی هەڵچوو لەپێناوی مناڵەكەیدا لەكاتێكدا هاوەڵەكەی هیچ كاریگەر نەبوو.
موسوڵمانانیش پێیان دەوترێت مناڵەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ)، وە ئایین ئایینی خوایە بەڵام خەڵكی خەریكبوو زاڵبن بەسەریدا، وە بەردیان تێ دەگرت، لەم دۆخەدا خوا كەسێكی تری نارد تاكو ئەویش بەردی تێ بگرێت لەجياتی ئەوەی بیپارێزێت لەو بەرد تێگرتنە! ئایا ئەمە ڕێی تێدەچێت؟ هيندی خێزانی ئەبو سوفیان لە خاوەن و لایەنگرانی ئەم بیرۆكەیە تێگەيشتووتر و هۆشیارتر بوو، كاتێك ئەوەندەی نەمابوو بەیعەت بدات لەگەڵ كۆمەڵێك ئافرەتی تردا و پێغەمبەری خوا (ﷺ) داوای لێكردن كە هاوبەش بۆ خوا بڕیارنەدەن، لەخۆیەوە گوتی: ئایا ئێستاش هاوبەش بۆ خوا بڕیار بدەین، بێگومان تا ئەم ئاستە بتەكانمان سەرخست بەڵام ئەوان نەیانتوانی شتێكمان بۆ بكەن؟ تۆ تەنھا بوویت، بەڵام خوا تا ئەم ڕادەیە سەركەوتووی كردیت. ئەگەر بتەكان ڕاستبوونایە تۆ سەركەوتوو نەدەبوویت.
دەی مادام ئیسلام ئایینێكی خۆشویستراوە لای خوا و خوا بەڵێنی داوە سەریبخات و پارێزگاری لێ بكات؛ ئەوا بۆچی زیانی پێدەگەیەنێت لەجياتی ئەوەی خۆشەویستی خۆی دەربخات بۆی، وە كۆمەڵێك هۆكار ناسازێنێت بۆ پاراستنی؟
ئەحمەدیەكان و موسوڵمانان بەگشتی
ئەوانەی كە هەموو سەربەرزییەكیان لەوەدابوو مناڵی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بن ئەمڕۆ پیسترین جنێوی پێ دەدەن پاش ئەوەی چوونەناو ئایینی مەسیحیەتەوە. بێگومان سەدان هەزار كەس بوون بە مەسیحی، بەڵام خوا هیچ گرنگییەكی نەدا بە سەرخستنی ئیسلام. بێگومان باوەڕی ڕەگداكوتاوی موسوڵمانان كە عیسا زیندووە لە ئاسماندا و پێغەمبەر (ﷺ) مردووە بوارێك نادات بە ئیسلام بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەسیحییەت، وە هیچ زانا و مەلایەكی موسوڵمان ناتوانێت بەرەنگاری مەسیحییەكان ببێتەوە كاتێك مەسیحییەكان دەڵێن: عیسای پێغەمبەری ئێمه زیندووە لەكاتێكدا موحەممەد مردووە، لەو كاتەدا دەمی موسوڵمانان دادەخرێت. بەڵام میرزا غوڵام ئەحمەد لەم كاتەدا هات و خزمەتی ئیسلامی كرد و قوتابیەكانی پەروەردەكرد بەجۆرێك قەشەكان لەبەریان هەڵدێن وەك هەڵھاتنی شەیتان لە حەوقەلە (لا حول ولا قوة إلا بالله). وە ئەگەر قەشەكان ڕووبەڕووی مێردمناڵێكی ئێمە ببنەوە؛ ئەوا لە ترسا بەپەلە خۆیان دەدزنەوە.
كاریگەری ئەحمەدیەت
ئەحمەدیەكم نارد بۆ میسر بۆ خوێندنی زمانی عەرەبی، موسوڵمانێك كە ئەوەندەی نەمابوو ببێت بە مەسیحی چاوی پێیكەوت، ئەحمەدیەكە پرسی مردنی مەسیحی ناسیرەیی شیكردەوە بۆی. پاشان ئەو موسوڵمانە چوو بۆ لای قەشەیەك و بابەتەكەی لەگەڵدا باسكرد. قەشەكە لەخۆوە گوتی: تۆ لە قادیانەوە هاتوویت، وە ڕەتیكردەوە گفتوگۆی لەگەڵدا بكات. كاتێك هەبوو خەڵكی لە ئەوروپا و ئەمریكاوە دەهاتن بۆ وڵاتانی ئێمە بۆ ئەوەی خەڵكی بكەن بە مەسیحی، بەڵام ئێستا بانگخوازەكانمان لە وڵاتانی ئەواندا بانگەوازی ئیسلام دەگەیەنن بە خەڵكی. كەواتە، بێگومان گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەلومەرجی جیهانی هەڵگێڕایەوە. ماوەیەك هەبوو موسوڵمانان جێگایەكیان دەستنەدەكەوت خۆیانی تێدا بشارنەوە لە قەشەكان، بەڵام ئێستا قەشەكان جێگایەكیان دەستناكەوێت. لێرەدا شمشێر و هێزێكی تر كارناكات، بەڵكو تەنھا پشتگیری خوای گەورە كاری خۆی دەكات. لە ئێستادا لە ئەوروپا خەڵكانێك هەن دەڵێن شەو ناخەوین هەتا درود نەدەین لەسەر گەورەمان میرزای بەڕێز. سەدەها كەس وازیان هێنا لە مەسیحیەت و دەستیانكرد بە گۆكردنی شایەتومان.
بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشبینی كرد كە ئیسلام ئێستا گەشەدەكات و پێشدەكەوێت لە جیھاندا بەهۆی ئەوەوە، وە وردە وردە ئایینەكانی تر هەموویان دەسڕێنەوە و دیارنامێنن و ئیسلام بەتەنھا سەردەكەوێت و جێگیر و سەقامگیر دەبێت، وە بە ئاشكرا نیشانە سەرەتاییەكانی ئەمە دەبینین. هەڵبەت لە خەوندا لەڕۆژانی حەجدا نووسراوێكم بینیی لەئاسماندا كە بە ئەستێرە نووسرابوو: لا إله إلا الله محمد رسول الله، لە خودی خەونەكەدا بە باپیرەمم (باوكی دایكم) گوت كە لەگەڵمدا حەجی دەكرد: بڕوانە بۆ ئەوێ. پاشان گوتم: بەدڵنیاییەوە نوێنەرەكان دێن. وە ئەم بەڵێنانەی خوای گەورە لە قۆناغی جێبەجێبووندان.
ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو درۆزن بێت ئەوا هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەر ڕاستیی ئیسلام
ئەگەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) درۆزن بێت ئەوا موسوڵمانان هیچ بەڵگەیەكیان لەدەستدا نیە لەسەر ڕاستی ئیسلام. بێگومان خەڵكی ناویان ناوە دەججال و درۆزن.. هتد و بیرناكەنەوە كە ئەگەر ئەو دوژمنی ئیسلامە؛ ئەوا بۆچی بەرگری لێ دەكات، وە بۆچی بەرەنگاری دوژمنانی ئیسلام دەبێتەوە و جەنگیان لەگەڵدا دەكات؟
هەڵبەت ڕەخنەگیرا لە عیسا (عليه السلام) كە ملكەچ و گوێڕایەڵ بووە بۆ شەیتان. ئەویش گوتی: من دژی شەیتان بانگەواز دەكەم، دەی ئایا كەسێك ملكەچی شەیتان بێت لەدژی شەیتان بانگەواز دەكات؟ بە هەمان شێوە ئەوانەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەدوژمنی ئیسلام دادەنێن پێویستە لەسەریان بەلایەنی كەمەوە بیربكەنەوە ئایا هیچ كەسێك تا ئەم ڕادەیە هەوڵدەدات بۆ خزمەتی دوژمنەكەی؟
بەڵێنی خوا لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا
پێویستە لەسەر خەڵكی بەجوانی بیربكەنەوە لە كارەكەی مەسیحی بەڵێندراو و ڕابمێنن چی دەكەن؟ بێگومان خوای گەورە بەڵێنی داوە بە مەسیحی بەڵێندراو كه سەرلەنوێ نوورەكانی ئیسلام لە جیھاندا بڵاودەبنەوە لەڕێگەی ئەوەوە. بەڕێزی (عليه السلام) كاتێك لە كاتەكان تەنھا بوو، بەڵام ئەمڕۆ كۆمەڵ سەدان هەزار كەس دەبێت و ئەوپەڕی هەوڵدەدات بۆ بەردەوامیدان بە ئەركەكەی ئەو (عليه السلام) لە جیھاندا. ئەو ڕۆژانە نزیكن كە لەجیھاندا تەنھا كۆمەڵەكەی ئەو دەبینرێت. دەی با ناحەزان و نەیاران چۆنیان پێ خۆشە دژایەتیی بكەن، وە ناو و ناتۆرەی لێ بنێن چەند دەتوانن بەڵام دوژمنایەتیەكەیان هەمووی شكست دەهێنێت، وە خوای گەورە سەربەرزی و سەركەوتنی پێ خەڵات دەكات لە هەموو جیھاندا. هەڵبەت خوای گەورە بە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) فەرموو: “ترسێنەرێك هات بۆ دنیا، خەڵكەكەی نكوڵیان لێ كرد و قەبوڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبوڵی دەكات، وە ڕاسگۆییەكەی دەردەخات بە كۆمەڵێك هێرشی بەهێز و توند هێرش لەدوای هێرش.” (التذكرة، الطبعة الرابعة، ص104.) دیارە خەڵكی شەو و ڕۆژ سەرگەرمن بەوەوە كە بەدرۆزنی بزانن، بەڵام خوای گەورە ڕاسگۆییەكەی دەگەیەنێتە ناوچەكانی جیھان لەڕێگەی كۆمەڵێك هێرشی بەهێزەوە، هێرش لەدوای هێرش.
بەكورتی، ئەگەر لای موسوڵمانان بەڵگەیەك هەبێت لەسەر ڕاستی ئیسلام ئەوا بریتیە لە بوونی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)؛ چونكە ئەویش بەگوێرەی بەڵێنی خوای گەورە لە دۆخێكی نزمەوە بەرزكرایەوە بۆ دۆخێكی هەرە بڵند. ئەگەر خەڵكی ئامادە نەبن بۆ قەبوڵكردنی ئەوا هیچ بەڵگەیەكیان پێ نیە لەسەر ڕاستی ئیسلام. كەواتە یان ئەوەتا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) قەبوڵ بكەن یاخود ئەگەر قەبوڵیان نەكرد و وازیان لێھێنا؛ ئەوا دەبێت وازلە ئیسلامیش بھێنن؛ چونكە بەڵگە لەسەر ڕاستی ئیسلام لای ئەوان نیە، بەڵكو لەڕێگەی مەسیحی بەڵێندراوەوه (عليه السلام) بە ئاشكرا دەردەكەوێت.
بارودۆخی دنیا
گۆڕانكاریەكان لە جیھاندا ڕوودەدەن، بێگومان جەنگەكان دۆخی جیھانیان خراپ كردووە، وە بوومەلەرزەكان هەڵیانگێڕاوەتەوە، نەخۆشی دەمی كردووەتەوە بۆ لەناوبردنی خەڵكی، وە هەرگیز ئەم سزایانە واز لە جیھان ناهێنن ئەگەر خەڵكی خۆیان چاك نەكەن. بەباشی بیربكەنەوە خوا بەخشندە و میهرەبانە ئیتر بۆچی تا ئەم ڕادەیە كۆمەڵێك سزای سەخت و بەژان دووچاری جیھان دەكات. ئەگەر دۆخی دنیا باشە ئەوا چ پێویست دەكات خوا پاڵی پێوە بنێت بۆ تونێلێكی گڕگرتوو. تاكە هۆكار ئەوەیە كە خەڵكی هێشتا بە بەردەوامی نكوڵی دەكەن لە پێغەمبەرێك كە لەلایەن خواوە فەرمانی پێكراوە. خەڵكی تووشی بەڵا دەبن بەهۆی پەیڕەونەكردنی فەرمانی پاشایەك یان سەركردەیەكی ئاسایی، دەی ئەگەر سەرپێچی لە فەرمانی خوا بكرێت ئەوا چۆن دەگونجێت جیھان ئاشتی و ئاسایش بەخۆیەوە ببینێت؟ ئەمڕۆ جیھان دووچاری كۆمەڵێك سزا بووە كە چل ساڵ لەمەوپێش هیچ شوێنەوارێكیان نەبوو، بەڵام ئەمڕۆ سزاكان دادەبەزن بەجۆرێك خەڵكی سەریان سوڕدەمێنێت. یەكێك لە پیاوچاكان دەڵێت: كاتێك وڵاغەكەم مانی دەگرت دەمزانی كە سەرپێچییەكی خوای گەورەم كردووە؛ چونكە ئەگەر سەرپێچیم نەكردایە لە فەرمانی خوا وڵاغەكەم سەرپێچی نەدەكرد لە فەرمانەكانم. بەڵام خەڵكی نوقم بوون لە پەرستنی نەفسدا بەڕادەیەك خوای گەورەیان لەبیرچووەتەوە و تەمێ نابن و پەندوەرناگرن لە لێدانی هەزارەها قەمچی سزا چجای پەند وەربگرن لە مانگرتنی وڵاغەكەیان. ئایا دڵیان مردووە؟ ئایا دەنگی ئامۆژگاری كەسێك ناچێت بە گوێچكەیاندا و كاریگەری نیە لەسەر دڵیان؟
ئامۆژگاری
بەدڵێكی بەژان و ئەمین و خەمخۆرەوە ئامۆژگاریتان دەكەم كە پێویستە لەسەرتان گرنگی بدەن بە ئایینەكەتان، وە بیربكەنەوە لە بارودۆخی خۆتان، لەڕێگەی كردەوەكانی خۆتانەوە ئیسلام ناشیرین مەكەن و بەناڕەوا مەیچەسپێنن. خۆتان چاك بكەن و بەوردی سەرنج بدەن لە ئایەتەكانی خوا، وە مەبن بە شوورەیی بۆ ئیسلام، بەڵكو ببن بە شانازی بۆی، وە بیربكەنەوە لە چاككردنی خۆتان.
لەخوا دەپاڕێمەوە كە تێگەيشتنتان پێ بدات. ئیسلام ئایینێكی ڕاستە و ڕاستیەكەی بڵاودەبێتەوە لە جیھاندا. داوای یارمەتی و سەركەوتن لە خوا بكەن و ببن بە هۆكارێك بۆ چەسپاندنی ڕاستی ئیسلام، ئەگینا بزانن ئێوە بەم دۆخەی ئێستاتان ئیسلام بەدرۆدەخەنەوە. وە ئەمە دەیسەلمێنێت كە ئیسلام لەناوتاندا نەماوەتەوە، ئەگینا بۆچی ئیسلام بەرزتان ناكاتەوە؟ ئەگەر ئێوە باوەڕتان بە ئیسلام هەیە، ئەوا بە تێگەيشتن و زانینەوە باوەڕی پێ بكەن. وە هەمان ئامۆژگاری ئاراستەی هەر كەسێك دەكەم كە شوێنكەوتەی ئایینێكە، هەر ئایینێك بێت، بیربكاتەوە بۆچی پابەندە بە ئایینەكەیەوە؟ خوا هەمووتان سەركەوتوو بكات بۆ قەبوڵكردنی حەق. ئامین.
(گواستراوەتەوە لە ڕۆژنامەی “الفضل”ەوە لە ڕێككەوتی 9/5/1921ز)