پایەی خیلافەت
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
پایەی خیلافەت وتارێكی گرنگی گەورەمان میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەده (رضي الله عنه)، خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)، لە 12ی نیسانی 1914ز پێشكەشی نوێنەرانی لقەكانی كۆمەڵی كردووە لە هەموو ناوچەكانی هیندستاندا، لە یەكەم دەستەی ڕاوێژكاری كە لەدوای وەرگرتنی پایەی خیلافەت بەسترا لە قاديان _هیندستان
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي على رسوله الكريم
پێشەكی بڵاوكاری عەرەبی
ئەم نامیلكەیە وتارێكە حەزرەتی خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه) ماوەیەكی كەم پاش وەرگرتنی پایەی خيلافەت لە ساڵی 1914ز دا پێشەكی كرد، پاش ئەوەی كۆمەڵێك نەیانویست و قایل نەبوون بەوەی كە بەیعەتی پێ بدەن، لەسەرووی هەموویانەوە ئەندامانی دەستەیەكی كارگێڕی كۆمەڵى ئيسلامى ئەحمەدى بەناوی “صدر أنجمن أحمدیە”، چونكە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ئەم دەستەیە بەشێوەیەكی كردارەكی ئەو جێنشینەیە كە مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (عليه السلام) ڕایسپاردووە، لەگەڵ ئەوەی ئەم دەستەيە بەیعەتیان دابوو بە خەلیفەی یەكەم گەورەمان نورەددینی قوڕەیشی (رضي الله عنه)، بەڵام هەر لە سەردەمی بەڕێزیەوە بەربەرەكانێیان لەگەڵدا دەكرد و دەمەقاڵێ و مشتومڕیان دەكرد دەربارەی دەسەڵات و ئەركەكانی خەلیفە، وە بابەتەكەیان گەیاندە ئاستێك كە وتیان پێویستە ئەركەكانی خەلیفە لە وەرگرتنی بەیعەت لەو كەسانەی كە تازە بەیعەت دەدەن و بەرنوێژی كردن و ژن مارەبڕین نەترازێت، بەڵام بڕیاردان و كاروباری كارگێڕی و دارایی لە دەسەڵات و ئەركەكانی ئەو نیە، بەڵكو ئەمانە بەشێكن لە دەسەڵاتەكانی “ئەنجوومەن” كە لەسەرووی خەلیفەوەیە.
وە پاش وەفاتی خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) ئاژاوەكەیان ڕەهەندێكی ترسناكتری وەرگرت بەجۆرێك هەوڵیاندا لە بنچینەوە خیلافەت هەڵوەشێننەوە، وە بەیعەتیان نەدا بە خەلیفەی دووەم (رضي الله عنه) كە زۆربەى ڕۆڵەكانی ئەم كۆمەڵە هەڵیانبژاردبوو، وە بارەگایەكیان بۆ خۆیان دامەزراند لە لاهوور بە سەركردایەتی بەڕێز مەولەوی موحەممەد عەلی. بەوپێیەی كە خیلافەت لقێكە لە پێغەمبەرایەتی بۆیە دوای ئەوە ناچاربوون كە نكوڵی بكەن لە پێغەمبەرایەتی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو! (عليه السلام) پاشان ئەو ملنەدان و خۆبەزلزانینەی كە هەیان بوو پاڵی پێوەنان بۆ تاودان و ورووژاندنی هەندێ بابەت بۆ ڕازیكردنی موسوڵمانە نائەحمەدیەكان و بەدەستـھێنانی سۆزی ئەوان.
لەم وتارەدا بەڕێزی ئەو بانگەشەیەی ئەوانی بەدرۆخستووەتەوە كە گوایە “ئەنجوومەن” خەلیفەیە، پاشان بەڕێزی (رضي الله عنه) جەختی كردووەتەوە لەسەر شایستهیی و لێھاتوویی سیستەمی خیلافەت، وە ڕوونیكردووەتەوە كە ئەركەكانی خەلیفە بریتین لە ئەركەكانی پێغەمبەر، ئەمەش شتێكی سروشتیە؛ چونكە جێگەی ئەو دەگرێتەوە لە كار و ئەركەكانیدا. وە ئەم ئەركانەیش خوای گەورە لەم ئایەتە پیرۆزەدا دیاریكردووە كە دەفەرموێت: ﴿رَبَّنَا وَابْعَثْ فِيهِمْ رَسُولًا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِكَ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَيُزَكِّيهِمْ إِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ﴾ (البقرة: 130). واتە: “خوایە لەناو نەوەکانماندا پێغەمبەرێك بنێرە لەخۆیان ئایەتەکانی تۆیان بەسەردا بخوێنێتەوە قورئان و داناییان فێربکات و پاکیان بکاتەوە بێگومان هەرتۆی بەتوانای دانا”. وە هیچ كەسێك مافی ئەوەی نیە كە ئەم ئەرك و دەسەڵاتانە سنوردار بكات.
وە بەڕێزی بە فراوانی شرۆڤەی ئەم ئەركانەی كردووە و ڕوونیكردووەتەوە كە چەندە گرنگن بۆ بووژانەوە و بڵاوبوونەوەی ئیسلام و بەرگریكردن لێی، وە چەندە ڕۆڵیان هەیە بۆ پارێزگاری كردنی باوەڕ و ژیانەوەی باوەڕداران و پێشڕەوی كردنیان بەرەو هیدایەت و پێشكەوتن، بەمەش ئەو ئامانجە بەدی دەهێنن كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەپێناویدا ڕەوانەكراوە، وە شوێنكەوتەی پەیامەكەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەبن كە خزمەتكار و عاشقی ڕاستەقینەی ئەوە (صلى الله عليه وسلم)، وە دووپاتی كردووەتەوە كە سروشتی ئەم ئەركانە بە شێوەیەكە هیچ لیژنەيەك یان دەستەیەك ناتوانێت ئەنجامیان بدات.
وە ئەم وتارە لە بنچینەدا بەبۆنەی بانگھێشتكردنی ئەندامەكانی كۆمەڵ بۆ ڕاوێژكردن خوێندرایەوە، وە بەڕێزی ڕوونیكردووەتەوە كە سروشتی سیستەمی ڕاوێژكردن چیە لە ئیسلامدا و گرنگی و پەیوەندنی پتەوی بە پێغەمبەرایەتی و خیلافەتەوە چۆنە. وە بەرپەرچی ڕەخنەی هەندێ كەسی داوەتەوە لەسەر ئەم سیستەمە؛ كە تێیدا خەلیفە پابەند نیە بە بۆچوونی زۆرینەوە. هەروەها بەڕێزی ڕوونیكردووەتەوە كە ئەم سیستەمە چەند سوودی هەیە بۆ خەلیفە بەجۆرێك ڕاوێژكردن یارمەتی دەدات بۆ ئەوەی گونجاوترین بڕیار بدات بەوپێیەی كە ئەو سەیری ژمارەیەك بۆچوون دەكات لە كۆمەڵێك ڕووی جیاوازەوە بەهۆی جیاوازی ئەندامەكان و ئەزموون و تێڕوانینیان، وە گرنگی ڕاوێژكردنى ڕوونكردووەتەوە بۆ ئەندامەكانی كۆمەڵەكە و پەروەردەكردنیان، بەجۆرێك هانیان دەدات بۆ بیركردنەوە لە كاروباری گشتی و بەمەش هزریان گەشە دەكات، هەروەها مەشقیان پێ دەكات لەسەر ئەوەی كە بەشێوەیەكی گونجاو بۆچوونی خۆیان پێشكهش بكەن، وە ڕایاندەهێنێت لەسەر ئەوەی كە بە ئاسانی واز لە بۆچوونی خۆیان بھێنن و بە توندی دەستی پێوە نەگرن. وە بەڕێزی لەم وتارەدا ژمارەیەك پلان و بیرۆكەی خستووەتە بەردەست و داوای كردووە كە ڕاوێژ بكرێت لەبارەیانەوە.
سەرەڕای قورسی و ترسناكی هەلومەرجەكە، خوای گەورە یارمەتیدا كە بەشێوەیەكی سەیر وەك چیایەكی بڵند خۆی ڕابگرێت لەبەرامبەر نەیارەكاندا بۆ بەرگریكردن لە پایەی مەزنی خیلافەت. ئەوەبوو ترسی كۆمەڵەكە گۆڕا بۆ ئاسایش، پاشان خوای گەورە لەسەردەستی ئەودا كۆمەڵە سەركەوتنێكی مەزنی بەدیھێنا، وە كۆمەڵێك دەستكەوتی مەزن بەدەستھات بۆ ئیسلام بەدرێژایی ساڵانی خیلافەتە مێژووییەكەی كە نزیكەی 52 ساڵی خایاند، لەم ماوەیەشدا ئەو دەستەیەی كە بەیعەتیان نەدا لاواز و پەرتەوازە بوون. پاشان كاروانی خیلافەتی ڕاشیدی دوای ئەو بەردەوام لە ڕۆیشتندا بوو هاوڕێ لەگەڵ پشتگیری و سەركەوتنی خوایی. بەم شێوەیە خوای گەورە لەڕووی كردەيیەوە ئەم ئاژاوەیەی پووچكردەوە پاش پووچكردنەوەی لەڕووی تیۆریەوە بە بەڵگەی گومانبڕ.
ئەم وتارە بە سەرچاوەیەكی گرنگ دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە پایەی خیلافەت و ئەركەكانی و ئەو ڕۆڵە مەزنەكەی كە لە ئیسلامدا هەیەتی. داواكارین لە خوای گەورە كە یارمەتیمان بدات بەردەوام لەژێر سێبەری خیلافەتی ڕاشیدیدا كار بكەین، وە لە پیت و فەڕەكانی بەهرەمەندمان بكات، وە لە ڕێگەی خیلافەتەوە هەموو جیھان كۆبكاتەوە لەژێر بەیداخی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)، بێگومان پەروەردگار نزیكە و وەڵامی داواكانمان دەداتەوە. ئامین
بانگخواز موحەممەد ئەحمەد نەعیم شەرەفی وەرگێڕانی ئەم كتێبەی بەدەست هێنا بۆ زمانی عەرەبی، خوای گەورە بەچاكترین شێوە پاداشتی بداتەوە. هەروەها سوپاسی ئەم مامۆستا بەڕێزانە دەكەین كە ناویان لە خوارەوە هاتووە بۆ بەشداریكردنیان لە دەرچوونی ئەم پەڕاوە پیرۆزەدا كە بریتین لە: خالید عەززام، تەمیم ئەبو دەققە، عبدولمەجید عامر، موحەممەد تاهیر نەدیم و عەبدولـموئمین تاهیر.
دواكارین لە خوای گەورە كە ئەم نامیلكەیە بكاتە مایەی سوود و قازانج بۆ خەڵكی و بەجۆرێكیان لێ بكات كە دەستبگرن بە خیلافەتەوە، وە لە هەموو ئاژاوەیەكی گەورە و بچوك بیانپارێزێت. ئامین
بڵاوكاری عەرەبی