
وتاری لودهیانە
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
وێنەی بەرگی ئەم كتێبە
وەرگێڕانی پەڕەی بەرگی ئەم كتێبە
وتاری لودهیانە
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی
مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی پەیماندراو (عليه السلام)
لە ڕێككەوتی 4/11/1905زدا ئەم وتارەی پێشكەش كرد
بە ئامادەبوونی هەزاران كەس
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
وتاری لودهیانە
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە 4/11/1905زدا ئەم وتارەی پێشكەش كرد بە ئامادەبوونی هەزاران كەس.([1])
سەرەتا و پێش هەموو شتێك سوپاسی خوای گەورە دەكەم كە یارمەتیدام جارێكی تر سەردانی ئەم شارۆچكەیە بكەم بۆ گەیاندنی پەیامەكەی خۆی بە خەڵكەكەی. كاتێك 14 ساڵ لەمەوبەر لێرە بووم تەنها چەند هاوەڵێكم هەبوو، وە لەلایەن نەیارەكانمەوە زۆر بەڕاشكاوی تۆمەتباركرام بەوەی كە كافر و درۆزن و دەججالم، وە لەدیدی ئەواندا هاوشێوەی كەسێكی نەفرەتلێكراو و بێ پشت و پەنا بووم، وە پێیان وابوو ئەم بانگەوازە تەنھا ماوەیەكی كەم دەخایەنێت و ئەم كۆمەڵە لە چەند ڕۆژێكی كەمدا پەرتەوازە دەبێت و بەتەواوەتی شوێنەواری نامێنێت لەسەر زەویدا.
وە بۆ هێنانەدی ئەم مەبەستە نەخشە و پیلان دانرا و هەوڵی بێوچان و تاقەتپڕوكێن درا، یەكێك لە پیلانە ترسناكەكان لەدژی من بریتی بوو لە دەركردنی فەتوای كافركردنی خۆم و كۆمەڵەكەم، وە ئەم فەتوایە لەهەموو هیندستاندا بڵاوكرایەوە. بەداخەوە دەڵێم هەندێ پیاوی ئایینی لەم شارەدا لەپێشی پێشەوە بوون لە دەركردنی ئەم فەتوایەدا. بەڵام وەك من دەبینم، وە ئێوەش هەمووتان دەبینن، ئەوانەی فەتوای تەكفیركردنی منیان دەركرد ئەمڕۆ هیچ شوێنەوارێكیان نەماوە، بەڵام ئەوەتا خوا هەتا ئێستا منی هێشتەوە، وە گەشەی دا بە كۆمەڵەكەم. پێموایە فەتوای كافربوونم كە جاری دووەم دەرچوو، لە سەرجەم شارە گەورەكانی هیندستاندا بڵاوكرایەوە و واژۆ و مۆری نزیكەی 200 كەس لە مەلا و پیاوانی ئایینی لەسەر بوو. وە تێیدا گوترا بوو ئەم كەسە مولحید و دەججالە و بەناوی خواوە درۆدەكات و كافرە، بگرە كافرترین كەسە.
بەكورتی، هەر كەسێك ویستی و توانای هەبوو لەدژی من قسەی كرد، وە باوەڕیان وابوو ئەم هێرشە كە كردوویانە بەسە بۆ لەناوبردنی ئەم كۆمەڵە. لەڕاستیدا ئەگەر ئەم كۆمەڵە دەستكردی مرۆڤ بوایە و لەسەر بنەمای فێڵ و درۆ دابمەزرایە؛ ئەوا فەتواكە چەكێكی تیژ و بڕندە بوو بۆ لەناوبردنی. بەڵام چونكە خوای گەورە بەدەستی خۆی دایمەزراندووە؛ بۆیە ئەستەمە لەناوبچێت بەهۆی دژایەتی نەیارەكان و دوژمنایەتی دوژمنەكانەوە. هەر كاتێك دژایەتیكردنی ئەم كۆمەڵە زیاتر بێت؛ ئەوا ڕێز و گەورەییەكەی زیاتر و زیاتر لەدڵەكاندا ڕەگدادەكوتێت. ئەمڕۆ سوپاسی خوای گەورە دەكەم چونكە پێشتر كاتێك هاتم بۆ ئەم شارە و گەڕامەوە لێی تەنھا هەندێ كەسم لەگەڵدا بوو، وە كۆمەڵەكەم ژمارەیان زۆر كەم بوو، بەڵام ئێستا ئەوەتا دەبینن كۆمەڵێكی گەورەم هەیە و ژمارەیان گەيشتووەتە سێ سەد هەزار كەس، وە بەردەوام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشە دەكات و پێشدەكەوێت، وە بەدڵنیاییەوە ژمارەیان دەگاتە دەیەها ملیۆن.
كەواتە ئایا ئەم گۆڕانە ڕیشەییە مەزنە كە ئەمڕۆ دەیبینین دەكرێت كاری مرۆڤ بێت؟ هەڵبەت خەڵكی دنیا ویستیان هەموو شوێنەوارێكی كۆمەڵەكەم بسڕنەوە، وە ئەگەر بیانتوانیایە ئەو كارە بكەن ئەوا لەزووەوە دەیانكرد، بەڵام ئەمە كاری خوای گەورەیە كە ئەگەر شتێكی ویست دنیا ناتوانێت ڕێگری لە ویستی ئەو بكات، بەهەمان شێوە ئەگەر دنیا شتێكی ویست و خوا (سبحانه وتعالى) ئەو شتەی نەویست ئەوا هەرگیز بەرهەمی نابێت.
بیربكەنەوە و ڕابمێنن لە كارەكەم، شێخ و مەلا و ڕابەری ئایینی و خاوەن تەكیە و خانەقاكان هەموویان دژایەتییان كردم، وە شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تریشیان كۆكردەوە بۆ دژایەتیكردنم، وە هەموو فێڵێكیان ئەنجامدا لە دژم، وە ناوزەدیان كردم بە كافر هەتا موسوڵمانان گومانی خراپم پێ ببەن و لێم دووربكەونەوە. كاتێك هەموو ئەم هەوڵانەیان شكستی هێنا ئینجا دەستیان كرد بە بەرزكردنەوەی داوا و سكاڵا لە دادگاكاندا لەدژم، وە هەوڵیاندا كێشەیەكی ساختەم بۆ دروست بكەن، وە هەموو هەوڵێكیاندا بۆ ئەوەی تاوانەكەم لەسەر ساغ بێتەوە. تۆمەتباركرام بە هەوڵی كوشتنی قەشەیەك، وە شێخ موحەممەد حوسەینیش لەدژی من ڕۆڵێكی ئەوپەڕی چالاكانەی گێڕا، وە خۆی ئامادەی دادگاكە بوو بۆ شایەتیدان، وە هیوادار بوو تاوانبار بكرێم و سزا بدرێم. وە لە هەوڵەكانیەوە دیار بوو كە دەستەوسانە لە پێشكەشكردنی بەڵگەی مەعقول بۆ پووچەڵكردنەوەی بانگەشەكەم. شتێكی سروشتیە هەركاتێك دوژمن دەستەوسان بوو لە خستنەڕووی بەڵگە؛ ئەوا پەنا دەبات بۆ ئازاردان و كوشتن و دوورخستنەوەی نەیارەكەی لە وڵات، وە جۆرەها فێڵ و پیلان بەكاردەهێنێت لەدژی. هەروەك چۆن كاتێك كافرەكانی مەككە دەستەوسان بوون لەبەرامبەر پێغەمبەردا (ﷺ) و بەتەواوەتی دەمكوت بوون ئیتر لەكۆتاییدا پەنایان برد بۆ ئەم جۆرە فێڵ و پیلانانە، وە ویستیان بیكوژن یان زیندانی بكەن یان ئاوارەی بكەن و دووریبخەنەوە لە نیشتیمانی خۆی، وە هاوەڵەكانیشی تووشی ئازار و ئەشكەنجە بوون، بەڵام لەكۆتاییدا هەموو فێڵ و پیلانەكانی خەڵكی مەككە شكستیان هێنا و تووشی نائومێدی بوون. ئەوەی ئێستا لەگەڵ مندا ڕوودەدات هەمان سوننەت و مامەڵە كۆنەكەیە كە لەژیانی مندا دووبارەدەبێتەوە. بەڵام ئەم دنیایە بەبێ بەدیهێنەرێك، كە پەروەردگاری جیهانەكانە، نابێت، هەر خۆیەتی كە ڕاستگۆ و درۆزن لەیەك جیادەكاتەوە، وە لەكۆتاییدا ڕاستگۆ زاڵ و سەركەوتوو دەكات.
لەم چەرخەدا خوای گەورە جارێكی تر دیمەنێكی توانای خۆی پیشاندایەوە، وە من نیشانەیەكی زیندووم لەسەر یارمەتی و پشتگیریەكانی. بۆیە ئێستا هەمووتان بەچاوی خۆتان دەبینن من ئەو كەسەم كە هەموو خەڵكی ڕەتیان كردەوە، لەگەڵ ئەوەدا وەك یەكێك لە قەبوڵكراوان لەلایەن خواوە جێگیر و ڕاوەستاوم لەبەردەمتاندا. بیربكەنەوە، 14 ساڵ لەمەوپێش كاتێك هاتم بۆ لاتان. ئایا هیچ كەسێك، تەنانەت یەك كەسیش، هەبوو بیەوێت شوێنم بكەوێت؟ بەڵكو زانا و سۆفی و پیاوماقوڵان و دەوڵەمەندەكان هەموویان حەزیان دەكرد تیابچم و بەتەواوەتی كۆمەڵەكەم لەناوبچێت. بەهیچ شێوەیەك بەرگەی ئەوەیان نەدەگرت كە پێشكەوتن و گەشەیەك بەدەستبهێنم. بەڵام ئەو خوایە كە هەمیشە بەندەكانی خۆی سەركەوتوو دەكات و كارێك دەكات هەمیشە ڕاستگۆیان زاڵ و سەركەوتوو بن، منیشی سەركەوتوو كرد. وە تەواو بە پێچەوانەی ویست و ئاوات و پیلانی نەیارەكانمەوە، پیرۆز و بەرەكەتداری كردم. وە خەڵكێكی زۆری ڕێنمایی كرد بۆلام. ئەوان بە نەهێشتنی ئاستەنگەكانی دژایەتی و زاڵبوون بەسەر گیروگرفت و بەربەستەكاندا هاتن بۆلام و بەردەوام دێن بۆ لام.
بێگومان ئەم خاڵە شایانی ڕامان و لێوردبوونەوەیە؛ ئایا دەكرێت لەڕێگەی فێڵ و پیلانەكانی مرۆڤەوە ئەم سەركەوتنە بەدەستبێت؛ بەجۆرێك خاوەن هێز و دەسەڵاتەكان لەدنیادا سوور بن لەسەر كوشتنی كەسێك و هەموو فێڵ و پیلانێك بگرنەبەر لەدژی و لەهەموو لایەكەوە ئاگر تاوبدەن بۆی، پاشان ئەو كەسە لە هەموو ئەو بەڵا و نەهامەتیانە بەتەواوەتی سەلامەت بێت؟ هەرگیز نەخێر، بەڵكو ئەمە بریتیە لە كاری خوای بەتوانا كە هەمیشە ئەم جۆرە موعجیزانە پیشان دەدات.
پاشان بەڵگەیەكی تری بەهێز هەیە لەسەر ڕاستی بانگەشەكەم كە ئەستەمە نكوڵی لێ بكرێت، ئەویش ئەوەیە 25 ساڵ لەمەوپێش -كاتێك هیچ كەسێك نەبوو تەنانەت ناوم بزانێت، وە هیچ كەسێك نەدەهات بۆ لام لە قادیان یان تەنانەت نامەم بۆ بنێرێت- خوای گەورە لە ڕۆژانی گومناوی و داماویمدا دواندمی و فەرمووی: “یَأتونَ مِن كلّ فَج عمیق. یَأتیكَ مِن كلِّ فج عمیق. لا تصعرْ لِخَلقِ الله، ولا تسأمْ من الناس. ربِّ لا تذرني فردًا وأنت خیر الوارثین.”([2])
لەو ڕۆژانەدا ئەم پێشبینیە مەزنەم ڕاگەیاند، وە لەو كاتەوە بەشێوەیەكی فراوان بڵاوبوویەوە و خەڵكی لەهەموو ئایین و ڕێبازێك خوێندیانەوە. وە لەو كاتەدا و لەو بارودۆخەدا -كاتێك گۆشەگیر و بێناو بووم و كەس نەیدەناسیم- خوای گەورە فەرمووی پێم خەڵكی بەڕێژەیەكی زۆر لە شوێنە دوورەكانەوە دێن بۆ لات، وە هەموو هۆكار و پێداویستیەكانیش دەگەنە دەستت بۆ میواندارییان چونكە یەك كەس بەتەنھا خۆی ناتوانێت پێداویستی هەزاران كەس بەڵكو سەدان هەزار میوان پڕ بكاتەوە، وە ناتوانێت تا ئەم ڕادەیە كۆمەڵێك خەرجی زۆر دابین بكات بۆیان؛ بۆیە خوای گەورە خۆی فەرمووی: “یأتیك من كل فج عمیق”، واتە لەگەڵیاندا هۆكارەكانیش دێن بۆ پڕكردنەوەی پێویستیەكانیان. وە بەو پێیەی كە سروشتی مرۆڤ وەهایە بەهۆی سەردان و كۆبوونەوەی خەڵكێكی زۆرەوە بێزار دەبێت، وە ڕەنگە ڕەفتارێكی نەشیاو لێیەوە دەربكەوێت بەرامبەریان؛ بۆیە خوا هۆشداری پێدام كە زبر و تووڕە نەبم لەگەڵیاندا، وە بێزار و ماندوو نەبم لە هاتنی خەڵكی بەڕێژەیەكی زۆر و فەرمووی: بێزار مەبە لە خەڵكی.
ئێستا خۆتان بیربكەنەوە، ئایا مرۆڤ دەتوانێت پێشبینی ئەم جۆرە ڕووداوە بكات دەربارەی خۆی 25 یان 30 ساڵ پێش ڕوودانی و پاشان بەتەواوەتی وەك چۆن پێشبینی كردووە ڕووبدات؟ مرۆڤ دەرباری ژیانی خۆی ناتوانێت بە دڵنیاییەوە بزانێت ساتێكی تر چی ڕوودەدات، یاخود پێشبینی بكات كە دەژی هەتا هەناسەیەكی تر دەدات، ئیتر چۆن دەكرێت ئەوە بێت بە دڵیدا یان بتوانێت پێشبینی ئەم جۆرە ڕووداوە بكات كە كەمێك لەمەوپێش باسكرا؟
لەڕاستیدا من لەو كاتەدا تەنھا بووم و حەزم لە چاوپێكەوتنی خەڵكی نەبوو. بەڵام بڕیار بوو سەردەمێك بێت سەدان هەزار كەس ڕووم تێبكەن، بۆیە ئەم ئامۆژگاریە خواییە: “لا تصعرْ لِخَلقِ الله، ولا تَسأمْ مِن النَّاسِ، بەفیزەوە ڕوو وەرمەگێڕە لە دروستكراوانی خوا و بێزار مەبە لە خەڵكی” پێویست بوو، وە لەهەمان ئەو ڕۆژانەشدا خوا فەرمووی پێم: “أنت مني بمنزلةِ توحیدي، فحانَ أن تُعان و تُعرف بین الناس، تۆ هێندەی تاكو تەنهایی خۆم ئازیزی لەلام، ئەو كاتە هات كە یارمەتی بدرێیت و بناسرێیت لەناو خەڵكیدا”. سەرەڕای ئەوە كۆمەڵێكی زۆر ئیلهامی تر هەن بە زمانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی كە جەخت دەكەنەوە لەسەر هەمان بابەت.
دیارە هاتنەدی ئەم پێشبینیە كە ماوەیەكی زۆرە ڕاگەیەنراوە مایەی سوود و بیركردنەوەیەكی زۆرە بۆ ئەو كەسانەی كە لەخوا دەترسن، وە لە كتێبێكیشدا بەناوی “بەراهینی ئەحمەدیەت” بڵاومكردەوە، كە كتێبێكە بەشێوەیەكی فراوان بڵاوبووتەوە، وە دۆست و دوژمن هەموویان خوێندوویانەتەوە. وە نوسخەیەكیشم نارد بۆ حكومەت، هەروەك مەسیحی و هيندۆسەكانیش خوێندوویانەتەوە. ڕەنگە زۆرێك لە خەڵكی ئەم شارەیش ئەم كتێبەیان هەبێت، بۆیە خۆیان دەتوانن سەیری بكەن بزانن ئەم پێشبینیەی تێدایە یان نا؟ وە پێویستە لەسەر پیاوانی ئایینی -كە تەنھا بەهۆی دوژمنایەتیمەوە پێم دەڵێن دەججال و درۆزن و دەڵێن هیچ یەكێك لە پێشبینیەكانم نەهاتووەتەدی- شەرم بكەن، وە پێم بڵێن: ئەگەر ئەمە پێشبینی نەبێت ئەوا پێشبینی كامەیە؟! بەراهینی ئەحمەدیەت كتێبێكە شێخ ئەبو سەعید موحەممەد حوسەین بەتاڵەیی، هاوپیشەی پێشووم لەخوێندندا كە زۆر سەردانی قادیانی دەكرد، ستایشی كردووە. ئەو زۆرباش بابەتەكە دەزانێت، هەروەك زۆر كەسی تر لە خەڵكی قادیان و بەتاڵە و ئەمریتسەر و ناوچە دراوسێكان ئەوانیش زۆرباش دەزانن من لەو سەردەمەدا تەنھا بووم و كەس نەیدەناسیم، وە -بەڕەچاوكردنی بارودۆخ و هەلومەرجی من لەو كاتەدا- لەڕووی عەقڵەوە ئەستەم بوو سەردەمێك بێت بەسەر كەسێكی گومناوی وەك مندا كە هەزارەها شوێنكەوتەی هەبێت.
لەڕاستیدا من لەو كاتەدا شتێك نەبووم باس بكرێم، تاك و تەنها و داماو بووم، لەو ماوەیەدا خوای گەورە ئەم دوعایەی فێركردم: “رب لا تذرني فردا وأنت خیر الوارثین”. ئەم دوعایەی فێركردم وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی ئەو كەسانەی خۆشدەوێت كە لێی دەپاڕێنەوە؛ دیارە دوعا و پاڕانەوە بەندایەتی و خواپەرستی ڕاستەقینەیە. وە خوای گەورە فەرموویەتی: {ٱدۡعُونِيٓ أَسۡتَجِبۡ لَكُمۡۚ}([3]). وە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: دوعا كرۆكی خواپەرستیە.
وە ئاماژەی دووەم لە وەحیەكەدا ئەوەیە خوای گەورە دەیویست لەڕێگەی ئەم دوعایەوە ڕایبگەیەنێت: ئێستا تۆ تەنھایت، بەڵام سەردەمێك دێت تێیدا هەرگیز تەنھا نابیت. بۆیە بەوپەڕی تەحەدداوە ڕایبگەیەنە ئەمە پێشبینیەكی ڕوونە وەك ڕۆژی ڕووناك. وە لەواقیعدا من لەو كاتەدا تەنھا بووم. ئایا كەسێك هەیە بتوانێت ڕاستبێتەوە و بڵێت تۆ كۆمەڵێكت لەگەڵدا بوو؟ بەڵام ئێستا بڕوانن چۆن خوای گەورە كۆمەڵێكی زۆر لە شوێنكەوتوانی پێ بەخشیوم بەگوێرەی ئەو بەڵێن و پێشبینیەی خۆی([4]) كە ماوەیەكی زۆر لەمەوپێش پێی ڕاگەیاندم. كێ هەیە بتوانێت لەم دۆخەدا نكوڵی لەم پێشبینیە مەزنە بكات؟! بەتایبەتی لەهەمان كتێبدا پێشبینیەكی تریش هاتووە كە بریتیە لەوەی خەڵكی تا ڕادەیەكی زۆر ترسناك دژایەتیت دەكەن و هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی ئاستەنگ بخەنە سەر ڕێگای ئەم كۆمەڵە، بەڵام خوا هەموو پیلانەكانیان شكست پێ دەهێنێت و نائومێدیان دەكات.
هەروەها لە “بەراهینی ئەحمەدیەت”دا پێشبینیەكی تر هاتووە بەم مانایە: خوا وازت لێناهێنێت هەتا پیس لە پاك جیادەكاتەوە. لەڕێگەی خستنەڕووی ئەم ڕووداوانەوە مەبەستم ئەوە نیە ڕووی قسە بكەمە ئەو كەسانەی كە ترسی خوا لەدڵیاندا نیە و وتەكانی تەحریف دەكەن و وادەزانن هەرگیز نامرن؛ بەڵكو ڕووی قسە دەكەمە ئەو كەسانەی كە لەخوا دەترسن و دڵنیان دەمرن، وە بەخێرایی نزیك دەبنەوە لە لێواری مەرگ؛ چونكە ئەو كەسەی لەخوا بترسێت ئەستەمە وەكو ئەوان بێ ئەدەب بێت. پێویستە بیر لەوە بكەنەوە ئایا دەكرێت بەهۆی توانای مرۆڤ یان مەزندەكرنیەوە پێش 25 ساڵ ئەم پێشبینیە ڕابگەیەنرێت، بەتایبەتی كەسێكی نەناسراو پێشبینیەكە بكات. وە پێشبینیەكە پێشبینیەكی تری لەگەڵدا بێت كە بریتیە لەوەی خەڵكی دژایەتیت دەكەن بەڵام شكست دەهێنن و نائومێد دەبن؟ لەڕاستیدا پێشبینی كردن و هەواڵدانی مرۆڤ بە نائومێدبوونی نەیارەكانی و سەركەوتنی خۆی كارێكی دەراسایە. وە ئەگەر دوودڵ و بەگومانن لە قەبوڵكردنی ئەم بابەتە ئەوا هاوشێوە و پێشینەیەكی ئەمە بهێنن.
من بەوپەڕی هێز و تەحەدداوە داواتان لێ دەكەم یەك نموونە بهێننەوە -لە سەردەمی ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ- كە درۆزنێك پێش 25 ساڵ ئەم جۆرە پێشبینیانەی ڕاگەیاندبێت لەكاتێكدا گومناو و نەناسراو بوو بێت، وە پێشبینیەكان وەكو ڕۆژی ڕووناك هاتبنەدی؟ ئەگەر كەسێك هاوشێوەیەكی پێشكەش كرد و نموونەیەكی هێنایەوە؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە بزانن ئەم كۆمەڵ و بانگەوازە لەخۆوە بەتەواوەتی پووچەڵ دەبێتەوە و ڕەتدەكرێتەوە. بەڵام ئایا كەسێك هەیە كاری خوا پووچەڵ بكاتەوە؟! بەدرۆزانین و نكوڵیكردن و گاڵتەكردنی بەناحەق و بەبێ هۆكارێكی مەعقول تەنھا كاری كەسانی ڕسوا و حەرامزادەیە، وە ئەستەمە كەسی جوامێر بێشەرمی وەها بكات. ئەم بنەمایە بەسە بۆ سەلماندنی ڕاستی بانگەشەكەم بۆ ئەو كەسانەتان كە خاوەنی دڵێكی ساغ و عەقڵێكی كراوەن.
بەدڵنیاییەوە بزانن ئەستەمە ئەم پێشبینیە ڕەت بكرێتەوە ئەگەر پێشینە و هاوشێوەیەكی نەخرێتەڕوو بۆ بەدرۆخستنەوەی. دووبارەی دەكەمەوە و دەڵێم ئەم پێشبینیە لە كتێبی بەراهینی ئەحمەدیەتدا تۆماركراوە كە شێخ ئەبو سەعید ستایشی كردووە، وە ڕەنگە كتێبەكە لای شێخ موحەممەد حەسەن و مونشی موحەممەد عومەر و كەسانی تریش هەبێت لەم شارەدا. وە چەند نوسخەیەكیشی گەيشتووتە مەككە و مەدینە و بوخارا، هەروەك نوسخەیەكم نارد بۆ حكومەت، وە هیندۆس و موسوڵمانان و مەسیحیەكان و براهمۆكان خوێندوویانەتەوە. كتێبێكی شاراوە نیە، بەڵكو ناسراوە، وە هەموو كەسێكی ڕۆشنبیر كە سەلیقەیەكی ئایینی هەبێت دەیزانێت.
پاشان لە هەمان كتێبدا پێشبینیەك هەیە كە ماناكەی ئەوەیە جیهانێك لەگەڵتدا دەبێت، وە ناوبانگت بڵاودەكەمەوە لەجیهاندا و نەیارەكانت نائومێد دەكەم. توخوا ئێستا ئێوە بڵێن، ئایا دەكرێت و دەگونجێت ئەمە باگەشەی كەسێكی درۆزن و فێڵباز بێت؟ ئەگەر بڕیارتاندا كە ئەگەری هەیە ئەمە كاری دۆزن و كاری كەسێك بێت كە بەناوی خواوە درۆ هەڵدەبەستێت ئەوا نموونە و پێشینەیەكی ئەم كارە بخەنەڕوو. ئەگەر ڕۆژێك لە ڕۆژان نموونەیەكتان هێنایەوە ئەوا داندەنێم بەوەدا كە من درۆزنم. بەڵام هەرگیز هیچ كەسێك ناتوانێت نموونە و هاوشێوەیەك بهێنێت. وە ئەگەر نەتانتوانی ئەو كارە بكەن، وە هەرگیز ناتوانن؛ ئەوا دووبارەی دەكەمەوە و دەڵێم: لەخوا بترسن و پارێزكار بن، وە دەستهەڵگرن لە بەدرۆزانینم.
بیربكەنەوە، ڕەتكردنەوەی نیشانەی خوا بەبێ بەڵگە بەهیچ شێوەیەك كارێكی عاقڵانە و هۆشیارانە نیە، وە كەسێك ئەم كارە بكات هەرگیز سەرەنجامەكەی باش نابێت. من وەك خۆم گوێ نادەم بە بەدرۆزانین یان كافركردنم لەلایەن هەر كەسێكەوە، وە ناترسم لەو هێرشانەی دەكرێنە سەرم؛ چونكە خوای گەورە خۆی پێشتر پێی ڕاگەیاندووم كە خەڵكی بەدرۆزنم دەزانن و تەكفیرم دەكەن و بەتوندی دژایەتیم دەكەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن زیانم پێ بگەیەنن و زاڵ بن بەسەرمدا. ئایا پێش من ڕاستگۆیان و ڕەوانەكراوان ڕەتنەكراونەتەوە؟! ئایا فیرعەون و ئەوانەی لەگەڵیدا بوو هیچ هەوڵێكیان بەفیرۆدا بۆ پەلاماردانی مووسا (عليه السلام)؟! ئایا فەریسییەكان كەمتەرخەمییان كرد لە هێرشكردنەسەر عیسا (عليه السلام)؟! ئایا موشریكەكانی مەككە بەهەموو شێوەیەك هێرشیان نەكردە سەر پێغەمبەر (ﷺ)؟! بەڵام سەرەنجامی ئەو هێرشانە چی بوو؟ ئایا نەیارەكانیان جارێك هاوشێوەی ئەو نیشانانەیان هێنا؟ هەرگیز نەخێر، بەڵكو نەیانتوانی هاوشێوەیان بهێنن، بەڵام بەردەوام زماندرێژیان دەكرد و دەیانگوت: درۆزنن.
بەهەمان شێوە كاتێك نەیارەكانم لەبەرامبەرمدا دەستەوسان بوون و نەیانتوانی خۆیان ڕاگرن گوتیان: دەججال و درۆزنە. بەڵام ئایا دەتوانن ڕووناكی خوا بە فووی دەمیان خامۆش دەكەن؟! نەخێر، هەرگیز ناتوانن خامۆشی بكەن! چونكە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: {وَٱللَّهُ مُتِمُّ نُورِهِۦ وَلَوۡ كَرِهَ ٱلۡكَٰفِرُونَ}([5]).
ئەو كەسانەی خوویان گرتووە بە دروستكردنی گومانەوە، دەربارەی موعجیزە و كارە دەراساكان دەڵێن دەكرێت ئەمانە فڕوفێل و چاوبەست بن. بەڵام هیچ بوارێكیان نیە بۆ تانەدان لە پێشبینی، بۆیە پێشبینی بە نیشانەیەكی مەزن و موعجیزەیەكی گەورە ئەژمار دەكرێت لەناو نیشانەكانی پێغەمبەرایەتیدا. تەورات و قورئانی پیرۆزیش ئەم ڕاستیە دووپات دەكەنەوە. هیچ موعجیزەیەك نیە ئەوەندەی پێشبینی گەورە و مەزن بێت، بۆیە پێویستە بەڵگە بهێنرێتەوە لەسەر ڕاستگۆیی ڕەوانەكراوان لەلایەن خواوە لەڕێگەی پێشبینیەكانیانەوە؛ چونكە خوای گەورە پێشبینی كردووە بە نیشانە و پێوەری یەكلاكەرەوە بۆ ڕاستگۆیی هەر پێغەمبەرێك و فەرموویەتی: {عَٰلِمُ ٱلۡغَيۡبِ فَلَا يُظۡهِرُ عَلَىٰ غَيۡبِهِۦٓ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ٱرۡتَضَىٰ مِن رَّسُولٖ}([6]).
وە پێویستە ئەوەش بزانرێت كە هەندێ پێشبینی كۆمەڵێك مانا و نهێنی وردیان لەخۆگرتووە؛ بۆیە -لەبەر وردی نهێنیەكانیان- ئەو كەسانە لێیان تێناگەن كە دیدێكی ورد و تیژیان نیە و تەنها لە شتانێكی ئەوپەڕی ڕوون و ئاشكرا تێدەگەن. بێگومان ئەم جۆرە پێشبینیانە بەزۆری ڕەتدەكرێنەوە، وە ئەو كەسانەی پەلە و هەڵەشەن دەڵێن ئەو پێشبینیانە نەهاتوونەتەدی، لەم بارەیەوە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَظَنُّوٓاْ أَنَّهُمۡ قَدۡ كُذِبُواْ}([7]). وە خەڵكی گومان دەكەن لەم جۆرە پێشبینیانە، بەڵام لەڕاستیدا بەگوێرەی سوننەتەكانی خوای گەورە دێنەدی. تەنانەت ئەگەر شێوازی بەدیهاتنەكەیان ڕوون و زانراو نەبێت ئەوا پێویستە لەسەر باوەڕداری پارێزكار، سەیری پێشبینیە ڕوونەكان بكات لەجیاتی ئەو پێشبینیانەی كە وردن، بۆ ئەوەی ببینێت كە بەڕێژەیەكی زۆر هاتوونەتەدی. نكوڵیكردن و ڕەتكردنەوەی بێ بەڵگە پێچەوانەی تەقوایە. پێویستە مرۆڤ بە ئەمانەت و دەستپاكی و تەقوای خواوە سەیری ئەو پێشبینیانە بكات كە هاتوونەتەدی. بەڵام كێ هەیە بتوانێت كەسانی سەرچڵ و هەڵەشە لەغاو بكات؟!
من تاكە قوربانی ئەم جۆرە مامەڵەیە نیم، بەڵكو مووسا و عیسا (علیهما السلام) و پێغەمبەر (ﷺ) ئەوانیش تووشی ئەم جۆرە مەینەتیانە بوون. بۆیە ئەگەر من تووشیان بم و دژایەتی بكرێم ئەوا سەیر نیە، بەڵكو پێویستە هەمیشە بەم شێوەیە بێت؛ چونكە ئەمە سوننەتی خوایە. ڕاستیتان پێدەڵێم یەك شایەتی و بەڵگە بەسە بۆ قەناعەتپێكردنی باوەڕداری ڕاستەقینە، وە دڵی بەو بەڵگەیە ئۆقرە دەگرێت. بەڵام لە دۆخی مندا تەنها یەك نیشانە و بەڵگە نیە بگرە سەدەها نیشانە و بەڵگە هەیە، بەڵكو بەوپەڕی تەحەدداوە دەڵێم نیشانە و بەڵگەكان ئەوەندە زۆرن ناتوانم بیانژمێرم. ئایا ئەمە بەڵگەیەكی بەهێز نیە كە بەڵێندراو توانیویەتی دڵەكان فەتح بكات و بێ باوەڕان و بەدرۆزانەكان بكات بە پشتیوان و باوەڕدار و سەركەوێت بەسەر نەیارەكانیدا؟ بۆیە ئەو كەسەی لەخوا دەترسێت و بە ئامانەت و دووربینیەوە بیردەكاتەوە ناچار دەبێت دان بەوەدا بنێت كە ئەم بەڵگە و نیشانانە لەلایەن خواوەیە (سبحانه وتعالى).
وە شتێكی ڕوونیشە بەڵگەی خوا بەڵگە زاڵ و سەركەوتووە مادام كەسێكی نەیار نیە بتوانێت هەڵیوەشێنێتەوە یان هاوشێوە و نموونەی بهێنێت.
پوختەی قسە ئەوەیە من سوپاسی ئەو خوایە دەكەم كە ڕەوانەی كردم و یارمەتیدام، وە لە گەردەلوولی توندی دژایەتی و تاقیكردنەوە كە دژی من بەرپاكرا و لەم شارەوە دەستی پێكرد و درێژبوویەوە بۆ شاری دەلهی ڕزگاری كردم. وە لەسایەی فەزڵی خواوە بە سەلامەتی و بەدەستهێنانی دەستكەوتەوە لێی دەرچووم. وە گێڕامیەوە بۆ ئەم شارە پاش ئەوەی زیاتر لە سێ سەد هەزار كەس، لە پیاو و ئافرەت، بەیعەتیان پێدام. وە مانگێك تێناپەڕێت دوو هەزار یان چوار هەزار كەس پەیوەندی دەكەن بەم كۆمەڵەوە، وە هەندێ جار ئەم ژمارەیە دەگاتە پێنج هەزار كەس.
وە خوا (سبحانه وتعالى) دەستی گرتم لەكاتێكدا هاوئایینەكانم لەدژم ڕاپەڕین. وە ئاشكرایە مرۆڤ هەست بە دەستەوسانی و بێدەرەتانی و نائومێدی دەكات كاتێك هاوئایینەكانی دژایەتی دەكەن؛ چونكە ئەوان وەكو دەست و قاچ و ئەندامەكانی وان، وە یارمەتیدەری دەبن. هەرچۆنێك بێت شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر دژایەتی دەكەن چونكە هەست دەكەن هێرش دەكرێتە سەر بیروباوەڕیان، بەڵام كاتێك هاوئایینەكانی بوون بە نەیار و دوژمنی؛ ئەوا ڕزگاربوون و سەركەوتنی كارێكی ئاسایی نابێت، بەڵكو لەڕاستیدا نیشانەیەكی مەزن دەبێت.
زۆر بەداخەوە و بەدڵێكی پڕ لە ژانەوە دەڵێم: هاوئایینەكانم تەنھا پەلەیان نەكرد لە دژایەتیكردنمدا، بەڵكو زۆر دڵڕەقیش بوون و بێ بەزەییانەش ئەو كارەیان كرد. تاكە خاڵی ناكۆكی نێوانمان بریتی بوو لە مردنی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) كە سەلماندم و بەردەوام لە ڕێگەی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) و كۆدەنگی هاوەڵان و بەڵگەی عەقڵی و نەقڵی و كێبەكانی پێشووەوە دەیسەلمێنم. مەزهەبی حەنەفی، وە ئایەتە گومانبڕەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان و عەقڵ و بەڵگەی شەرعی هەمووی لەگەڵ مندایە، بەڵام پێش ئەوەی ئەو خەڵكە پرسیارم لێبكەن و بەباشی لێم تێبگەن و گوێ بگرن لە بەڵگەكانم، هەموو سنوورێكیان بەزاند لە دژایەتیكردنمدا، تەنانەت كافریان كردم و هەرچییان ویست پێیان گوتم، وە هەرچییان پێخۆشبوو دایانەپاڵم. ڕاستگۆیی و خۆپارێزی و تەقوا ئەوەی دەخواست سەرەتا داوای ئەوەم لێ بكەن دید و تێڕوانینی خۆم ڕوونبكەمەوە، ئەگەر هەڵوێستم پێچەوانەی وتەی خوا و پێغەمبەرەكەی بوایە ئەوا مافی خۆیان بوو هەرچییان دەویست پێم بڵێن؛ بۆ نموونە پێم بڵێن دەججال و درۆزن و ناوی تری لەم بابەتە. بەڵام لەسەرەتاوە و بەردەوام ڕوونمكردووەتەوە كە لادان بە ئەندازەی تاڵە موویەك لە قورئانی پیرۆز و شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) بە ئیلحاد و بێباوەڕی دادەنێم. ئەمەیە بیروباوەڕی من، وە ئەو كەسەی بە ئەندازەی تاڵە موویەك لابدات لێیان ئەهلی دوزەخە. تەنھا لە وتارەكانماندا ئەم ڕوونكردنەوەیەم نەداوە بەڵكو لە نزیكەی 60 كتێبدا بەجوانی شەرحم كردووە، وە شەو و ڕۆژ بیر لەم بابەتە دەكەمەوە.
ئەگەر نەیارەكان لەخوا دەترسن، ئایا پێویست نەبوو لەسەریان پرسیارم لێبكەن و بڵێن هۆكاری چیە ئەم وتەیە و ئەو وتەیەت پێچەوانەی ئیسلامە؟ یان وەڵامت چیە بۆی؟ بەڵام هیچ بایەخێكیان نەدا بەم بابەتە، بەڵكو لێرە و لەوێ گوێیان گرت لە شتانێك و دەستبەجێ ناوزەدیان كردم بە كافر. من سەرم سوڕدەمێنێت لەم ڕەفتارەیان چونكە پرسی ژیان یان مردنی مەسیح لە بنەڕەتدا مەرجێكی سەرەكی نیە بۆ موسوڵمانبوونی هیچ مرۆڤێك. لێرە هیندۆس و مەسیحیەكانیش دێنەناو ئیسلامەوە، ئایا ئەم دانپێدانانەشیان لێ وەردەگرن؟ بێگومان تەنھا پێویستە ڕایبگەیەنن كە: “باوەڕم هێنا بە خوا و بە فریشەكانی و بە كتێبەكانی و بە پێغەمبەرەكانی و بە قەدەری خێر و شەڕ لەلایەن خوای گەورەوە و بە زیندووبوونەوەی دوای مردن”.
مادام ئەم پرسە (واتە پرسی ژیان یان مردنی مەسیح) بەشێك نیە لە بیروباوەڕی ئیسلام، ئیتر بۆچی بەم توندوتیژیە مامەڵەم لەگەڵ دەكرێت تەنها لەبەرئەوەی ڕامگەیاندووە مەسیح مردووە؟ وە بۆچی بە كۆمەڵەكەم دەڵێن كافر و دەججال و پێویستە لە گۆڕستانی موسوڵماناندا ئەسپەردە نەكرێن، وە پێویستە ماڵ و سامانیان تاڵان بكرێت، وە هێشتنەوەی ئافرەتەكانیان لەماڵدا بۆ ڕابواردن بەبێ نیكاح و مارەكردن كارێكی ڕەوایە، وە كوشتنیان بە كردەوەیەكی چاك ئەژمار دەكرێت و شایستەی پاداشتی چاكەیە لەدواڕۆژدا، وە شتی تری لەم بابەتە؟! سەردەمێك هەبوو پیاوانی ئایینی خۆیان دەیانقیڕاند و بەدەنگی بەرز هاواریان دەكرد ئەگەر لەكەسێكدا 99 هۆكار هەبێت بۆ كافربوونی و یەك هۆكار هەبێت بۆ موسوڵمانبوونی ئەوا ڕەوا نیە بە كافر ناوزەد بكرێت، بەڵكو پێویستە بە موسوڵمان لەقەڵەم بدرێت. بەڵام ئێستا چی ڕوویداوە؟! ئایا من لەوەش خراپترم؟ ئایا من و كۆمەڵەكەم ناڵێین: “أشهد أن لا إله إلا الله وأشهد أن محمدا رسول الله”؟! ئایا من نوێژ ناكەم یان كۆمەڵەكەم نوێژ ناكەن؟ ئایا مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو نابین؟! ئایا پابەند نین بەو بیروباوەڕانەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) فێری كردووین لە شێوەی ئیسلامدا؟!
سوێند بە خوا: من و كۆمەڵەكەم موسوڵمانین، وە بەشێوەیەكی جێگیر و ڕەگداكوتاو باوەڕمان بە پێغەمبەر (ﷺ) و قورئانی پیرۆز هەیە وەك چۆن پێویستە لەسەر موسوڵمانی ڕاستەقینە. وە باوەڕم وایە دەرچوون لە ئیسلام بە ئەندازەی تاڵە موویەك مایەی تیاچوونە. هەروەها باوەڕم وایە هەموو ئەو نیعمەت و بەرەكەتانەی كە بكرێت مرۆڤ بەدەستیان بهێنێت، یان ئەو ئەندازەیەی كە دەكرێت مرۆڤ لە خوا نزیك بێتەوە؛ تەنھا لە ئەنجامی گوێڕایەڵی ڕاستگۆیانە و خۆشەویستی تەواوەتی بۆ پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) بەدەستدێت ئەگینا نەخێر. ئێستا هیچ ڕێگەیەك نیە بۆ چاكەكاری جگە لە ڕێگاكەی پێغەمبەر (ﷺ). ڕاستە من هەرگیز باوەڕم نیە بە بەرزبوونەوەی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) بۆ ئاسمان بە زیندوویی بە جەستە ماددییەكەوە و بەوەی كە هەتا ئێستا زیندووە، چونكە باوەڕبوون بەوەی مەسیح لەژیاندایە بریتیە لە بەدگۆیی و سووكایەتیەكی گەورە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ)، وە ناتوانم ئەم خەوشداركردن و بەدگۆییە بۆ تەنھا یەك سات قەبوڵ بكەم.
هەموو كەس دەزانێت پێغەمبەر (ﷺ) لە تەمەنی 63 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و مەزارە پیرۆزەكەی لە مەدینەی مونەووەرەیە و هەموو ساڵێك سەدان هەزار حاجی سەردانی دەكەن. جا ئەگەر باوەڕبوون بە مردنی مەسیح (عليه السلام) یان مردن دانەپاڵی كارێكی نەشیاو بێت و بێڕێزی بێت؛ ئەوا دەپرسم: بۆچی ئەم بێشەرمی و بێ ڕێزیە قەبوڵ دەكرێت دەرحەق بە پێغەمبەری ئازیز (ﷺ)؟ وە بەوپەڕی بێشەرمییەوە دەڵێن: پێغەمبەر (ﷺ) مردووە؟ وە سروودخوێنەكان بەئاوازی خۆشەوە لەكۆڕی جەژنی لەدایكبوونی پیرۆزیدا چیرۆكی مردنەكەی دەگێڕنەوە، وە لەبەرامبەر كافرەكانیشدا بەسنگی فراوانەوە دان دەنێن بە كۆچی دوایی پێغەمبەردا (ﷺ). ئیتر نازانم تووشی چ گرفتێك دەبن كاتی باسكردنی وەفاتی عیسا (عليه السلام) هەتا بەو شێوەیە تووڕە دەبن و هەڵدەچن؟! ئەگەر كاتی بیستنی وەفاتی پێغەمبەریش (ﷺ) فرمێسكیان بڕشتایە ئەوا بەم ڕادەیە خەفەتمان نەدەخوارد، بەڵام بەداخەوە ئێوە بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە وەفاتی خاتەمی پێغەمبەران و سەرداری هەردوو گەردوون (ﷺ) قەبوڵ دەكەن، وە كەسێك بە زیندوو لەقەڵەم دەدەن كە تەنانەت خۆی بە پێڵاودانەری پێغەمبەر (ﷺ) نازانێت، وە تووڕە دەبن و هەڵدەچن ئەگەر كەسێك بڵێت مردووە. لەڕاستیدا سەیر نەبوو ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) زیندووبوایە هەتا ئێستا؛ چونكە ئەو كەسەیە كە بە هیدایەتی هەرە مەزنەوە هات كە نموونەی نیە لە جیھاندا، وە بەكردەیی پێشەنگییەكی چاكی پیشاندا كە هیچ كەسێك ناتوانێت هاوشێوەكەی بهێنێت لە سەردەمی ئادەمەوە هەتا ئێستا. بەڕاستی و دروستی پێتان دەڵێم: موسوڵمانان و دنیا زیاتر لە مەسیحی ناسیرەیی پێویستیان بە پێغەمبەرە (ﷺ) كە زیندوو بێت. ئەو كەسێكی پیرۆز و مەزن بوو بەڕادەیەك كاتێك وەفاتی كرد هاوەڵان (رضي الله عنهم) لەخەفەتدا وەكو شێتیان لێهات و باوەڕیان نەكرد كە وەفاتی كردووە. تەنانەت عومەر (رضي الله عنه) شمشێری هەڵكێشا و گوتی ئەو كەسەی بڵێت پێغەمبەر (ﷺ) وەفاتی كردووە ملی دەپەڕێنم. ئەوە بوو لەم دۆخە پڕ لە حەماس و گوڕوتینەدا خوای گەورە نوور و فیراسەتێكی تاییبەتی بەخشی بە ئەبو بەكر (رضي الله عنه)، وە هەموو هاوەڵانی كۆكردەوە و وتاری دا بۆیان و ئەم ئایەتەی خوێندەوە: {وَمَا مُحَمَّدٌ إِلَّا رَسُولٞ قَدۡ خَلَتۡ مِن قَبۡلِهِ ٱلرُّسُلُ ۚ}([8]).
ئێستا، پێویستە لەسەرتان بەباشی بیربكەنەوە و بڵێن بۆچی ئەبوبەكری ڕاستگۆ (رضي الله عنه) بە ئامادەبوونی هەموو هاوەڵان (رضي الله عنهم) ئەم ئایەتەی خوێندەوە كاتی وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ)؟ ئامانجی چی بوو لە خوێندنەوەی ئەم ئایەتە لە بۆنەیەكدا كە هەموو هاوەڵان ئامادەبوون؟ من دڵنیام، وە ئێوەش نكوڵی لێ ناكەن، كە هاوەڵان تووشی خورپەیەكی گەورە بوون بەهۆی مردنی پێغەمبەرەوە (ﷺ)، بەجۆرێك پێیان وابوو كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) لە كاتی خۆیدا نەبووە و پێش وەخت بوو، وە بەرگەی بیستی هەواڵی وەفاتی پێغەمبەریان (ﷺ) نەگرت. بۆیە لەم دۆخەدا كاتێك هاوەڵی پایەبەرز، گەورەمان عومەر (رضي الله عنه)، لەوپەڕی هەڵچووندا بوو، تووڕەبوون و هەڵچوونەكەی دانەدەمركایەوە بەم ئایەتە نەبێت؛ وە تەنھا ئەم ئایەتە دەیتوانی قەناعەتی پێ بكات و دڵنیای بكاتەوە. وە ئەگەر هاوەڵان زانیاری یان یەقینیان هەبوایە بەوەی عیسا (عليه السلام) هێشتا زیندووە؛ ئەوا بەهۆی هەواڵی كۆچی دوایی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەزیندوویی دەمردن. هەڵبەت ئەوان شەیدای پێغەمبەر (ﷺ) بوون و نەیاندەتوانی ژیانی هیچ پێغەمبەرێك قەبوڵ بكەن جگە لە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، ئیتر لەكوێ دەیانتوانی بەچاوی خۆیان بە مردوویی پێغەمبەر (ﷺ) ببینن و دڵنیابن لەوەی عیسا (عليه السلام) هێشتا زیندووە؟! بۆیە كاتێك ئەبو بەكر (رضي الله عنه) وتاریدا بۆیان تا ڕادەیەك خەفەتەكەیان كەم بوویەوە، وە بە كووچە و كۆڵانەكانی مەدینەدا گەڕان و ئەم ئایەتەیان خوێندەوە وەك ئەوەی لەو ساتەدا دابەزی بێت. لەو كاتەدا حەسسانی كوڕی ثابت قەسیدەیەكی هۆنیەوە لە لاواندنەوەی پێغەمبەردا (ﷺ) و تێیدا گوتی:
كُنتَ السَوادَ لِناظِري فَعَمِي عَلَيكَ الناظِرُ([9])
مَن شاءَ بَعدَكَ فَليَمُتْ فَعَلَيكَ كُنتُ أُحاذِرُ([10])
بەو پێیەی ئایەتی ناوبراو زۆر بەڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو كە سەرجەم پێغەمبەرانی پێشوو مردوون، بۆیە حەسسانیش (رضي الله عنه) گوتی دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ئیتر گوێنادات بەمردنی هیچ كەسێك. كەواتە زۆر قورس بوو بۆ هاوەڵان (رضي الله عنهم) باوەڕ بەوە بكەن كە كەسێكی تر پێویستە بژی و پێغەمبەر (ﷺ) بمرێت. بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون ئەم بابەتە قەبوڵ بكەن. بۆیە ئەوە یەكەم كۆدەنگی بوو لەجیھاندا پاش وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) و تێیدا بەتەواوەتی یەكلاییكرایەوە كە عیسا (عليه السلام) كۆچی دوایی كردووە.
من چەندین جار جەختم كردووەتەوە كە ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزە و بە شێوەیەكی گومانبڕ كۆچی دوایی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) دەسەلمێنێت. بێگومان وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) شتێكی ئاسان و سووك نەبوو هەتا هاوەڵان بەهۆیەوە تووشی شۆك نەبن. بۆیە دەبینین بۆ نموونە تەنانەت ئەگەر كوێخای گوندێك یان یەكێك لە هاوسێكان لە گەڕەكدا یان كەسێكی بەڕێز لە خێزانێكدا بمرێت؛ ئەوا خەڵكی گوندەكە یان گەڕەكەكە یان ئەندامانی خێزانەكە تووشی شۆك دەبن و خەم دایاندەگرێت، دەی دەبێت مردنی پێغەمبەر (ﷺ) چۆن بێت كە هاتووە بۆ هەموو جیھان، وە ڕەحمەتە بۆ هەموو جیھانەكان وەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {وَمَآ أَرۡسَلۡنَٰكَ إِلَّا رَحۡمَةٗ لِّلۡعَٰلَمِينَ}([11]). وە لە ئایەتێكی تردا فەرموویەتی: {قُلۡ يَٰٓأَيُّهَا ٱلنَّاسُ إِنِّي رَسُولُ ٱللَّهِ إِلَيۡكُمۡ جَمِيعًا}([12]). پاشان ئایا ڕێی تێدەچێت ئەو پێغەمبەرە كە نموونەی ڕاستگۆیی و دڵسۆزی بوو، وە كۆمەڵێك سیفەتی ڕۆحی بەرجەستەكرد كە نموونەیان نیە، كۆچی دوایی كردبێت و مردنەكەی هاوەڵە دڵسۆزەكانی تووشی خورپەیەكی گەورە نەكردبێت كە كەمتەرخەمییان نەنواند لە قوربانیدان بە گیانی خۆیان لەپێناویدا، وە نیشتیمانی خۆیان بەجێهێشت و وازیانهێنا لە خزم و كەسوكاریان، وە هەموو جۆرە گرفت و كارەساتێكیان لەپێناوی ئەودا بە مایەی ئاسوودەیی خۆیان ئەژمار دەكرد؟ دەتوانین بە كەمترین ڕامان و بیركردنەوە لەوە تێبگەین ئەو خورپە و دڵتەنگییە چەندە گەورە بووە كە تووشی هاوەڵان بوو تەنھا بە هاتنی بیرۆكەی وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) بە مێشكیاندا، خورپەكە ئەوەندە گەورە بوو تەنانەت ئێمە ناتوانین وێنای بكەین. لەم قەیرانەدا، ئەو ئایەتەی كە ئەبو بەكر (رضي الله عنه) خوێندیەوە بەتەنھا خۆی مایەی ئۆقرەگرتنی دڵیان و هێوربوونەوەیان بوو، كەواتە خوا باشترین پاداشتی بداتەوە چونكە فریای هاوەڵان كەوت لەو كاتە ناسكەدا.
بە داخ و پەژارەوە دەڵێم هەندێ لە نەفامەكان پەلە دەكەن لە بڕیارداندا و دەڵێن: گومانی تێدا نیە ئەبو بەكر (رضي الله عنه) ئەم ئایەتەی خوێندەوە، بەڵام عیسا لەدەرەوەی چوارچێوەی ئایەتەكەدایە. نازانم چۆن وەڵامی ئەو نەزانانە بدەمەوە؛ بەجۆرێك ئەم جۆرە قسە بێكەڵك و پووچانە دەكەن و لەگەڵ ئەوەدا خۆشیان ناوناوە پیاوی ئایینی، وە هیچ وشەیەك ناخەنەڕوو لەئایەتەكەدا كە عیسا (عليه السلام) جیابكاتەوە. بێگومان خوای گەورە شتێكی بەجێنەهێشتووە پێویستی بە گفتوگۆ بێت بەڵكو خۆی دەستەواژەی “قَدۡ خَلَتۡ”ی تەفسیری كردووە بە فەرمایشتی خۆی: {أَفَإِيْن مَّاتَ أَوۡ قُتِلَ}([13]). ئەگەر بژاردەیەكی تر هەبوایە ئەوا خوا (سبحانه وتعالى) بەدڵنیاییەوە و دەیخستەڕوو و بۆ نموونە دەیفەرموو: یان بەجەستەكەیەوە بەرزكرایەوە بۆ ئاسمان. ئایا خوای گەورە ئەوەی لەبیرچوو تاكو پیاوانی ئایینی لەئێستادا بیریبخەنەوە؟ پەنا بەخوا لەو قسەیە.
گومانی تێدا نیە تەنھا ئەم ئایەتە بەسە، بەڵام من دەڵێم ئەوەندە خۆشەویستی و سۆز بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ) هەبووە تەنانەت هەتا ئەمڕۆ شوێنكەوتووانی تەنھا بە باسكردنی مردنەكەشی دەگرین، دیارە سەبارەت بە هاوەڵان لەو ساتەدا، خەفەت و دڵتەنگییەكە زیاتر و گەورەتر بووە.
بەش بەحاڵی خۆم، باوەڕم وایە هیچ كەسێك باوەڕدار نیە جگە لەو كەسەی بەدڵسۆزییەوە شوێن پێغەمبەر (ﷺ) دەكەوێت، هەر ئەو كەسەیە كە دەكرێت پلە و مەقامێكی ڕۆحی بڵند بەدەستبهێنێت وەك خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت: {قُلۡ إِن كُنتُمۡ تُحِبُّونَ ٱللَّهَ فَٱتَّبِعُونِي يُحۡبِبۡكُمُ ٱللَّهُ}([14]). خۆشەویستی ئەوە دەخوازێت مرۆڤ هەموو كردەوەكانی خۆشەویستەكەی خۆش بوێت و بەتایبەتی هۆگر بێت پێیانەوە. وە مردن سوننەتی پێغەمبەرە (ﷺ). كەواتە مادام ئەو (ﷺ) مردووە، ئیتر كێ بۆی هەیە بەزیندوویی بمێنێتەوە یان ئاواتی ئەوە بۆ خۆی بخوازێت یان ژیان بۆ كەسێكی تر بەڕەوا بزانێت؟! كەواتە خۆشەویستی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوە دەخوازێت مرۆڤ خۆی فەنا بكات لە شوێنكەوتنیدا (ﷺ) و بەتەواوەتی ملكەچ بێت بۆی، وە كۆنترۆڵی هەست و نەست و هەوا و ئارەزووەكانی خۆی بكات، وە بیربكاتەوە: سەربە چ ئوممەتێكە؟ وە ئەو كەسەی باوەڕی وایە عیسا (عليه السلام) هەتا ئێستا زیندووە؛ بۆی نیە بانگەشەی خۆشویستن و شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) بكات، چونكە بەلایەوە گونجاوە فەزڵی عیسا بدات بەسەریدا بەجۆرێك پێی خۆشە پێغەمبەر (ﷺ) بە مردوو لەقەڵەم بدرێت و عیسا (عليه السلام) بە زیندوو([15]).
باوەڕم پێ بكەن، ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) بە زیندوویی بمایەتەوە ئەوا كەسێك بە كافری نەدەمایەوە، بەڵام ژیانی عیسا چ سوودێكی هەبووە جگە لە بوونی چوار سەد ملیۆن مەسیحی؟ بەباشی بیربكەنەوە؛ ئایا باوەڕبوون بە ژیانی عیساتان تاقینەكردەوە؟ ئایا ئەنجامە زۆر ترسناكەكە دەرنەكەوت؟ گروپ و توێژێكم پێ بڵێن لە موسوڵمانان كە خەڵكانێكی لێ نەبووبێت بە مەسیحی. دەتوانم بەوپەڕی دڵنیاییەوە بڵێم، لەهەموو گروپە موسوڵمانەكان كەسانێك بوون بە مەسیحی. ڕەنگە ژمارەیان زیاتر بێت لە سەد هەزار كەس.
یەك چەك هەیە لەدەستی مەسیحیەكاندا بۆ ئەوەی موسوڵمانان بكەن بە مەسیحی كە بریتیە لە خودی باوەڕی ژیانی مەسیح (عليه السلام). ئەوان دەڵێن: ئەم تاكە سیفەتەمان پیشان بدەن لە كەسێكی تردا، ئەگەر عیسا خوا نیە ئەوا بۆچی تەنها ئەو ئەم تایبەتمەندیەی پێدراوە؟ بە باوەڕی ئەوان عیسا بۆ هەتا هەتایە زیندووە، وە بوونەكەی سەربەخۆیە، پەنا بەخوا. دیارە پرسی ژیانی عیسا زۆر هانیداون بۆ هێرشكردنەسەر موسوڵمانان، كە ئێستا ئاماژەم كرد بە ئەنجامەكانی.
ئەگەر سەلماندتان بۆ قەشەكان كە مەسیح مردووە تۆ بڵێی ئەنجامەكە چی بێت؟ هەڵبەت پرسیارم كردووە لە قەشە دیارەكان دەرباری ئەم بابەتە، گوتوویانە: ئەگەر مردنی مەسیح چەسپا ئەوا ئایینەكەمان بە ئایینێكی زیندوو نامێنێتەوە.
خاڵێكی تر شایانی تێڕامانە كە بریتیە لەوەی ئێوە باوەڕی ژیانی مەسیحتان ئەزموون كرد و بینیتان چ ئەنجامێكی لێكەوتەوە، دەی ئێستا بۆ ماوەیەكی كەم باوەڕی مردنەكەشی ئەزموون بكەن پاشان بڕوانن چ زەبرێكی كوشندە بەر ئایینی مەسیحیەت دەكەوێت. بۆیە هەر كاتێك كەسێك لە شوێنكەوتووانم بیەوێت گفتوگۆ بكات لەگەڵ مەسیحیەكاندا دەربارەی ئەم بابەتە، دەستبەجێ ڕەتیدەكەنەوە؛ چونكە دەزانن لەم ڕێگەیەدا تیادەچن. وە لەگەڵ مردنی مەسیحدا ناتوانن بیروباوەڕی كەفارەت و خوایەتی مەسیح و ئەوەی كە كوڕی خوایە بسەلمێنن. بۆیە ئەم باوەڕە تاقیبكەنەوە بۆ ماوەیەك ئینجا لەخۆوە ڕاستیەكە ئاشكرا دەبێت.
گوێ بگرن، لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكاندا بەڵێن دراوە كە ئیسلام بڵاودەبێتەوە و سەردەكەوێت بەسەر ئایینەكانی تردا، وە بیروباوەڕی خاچ تێكدەشكێنرێت. لێرەدا ئەو بابەتەی شایانی سەرنجدانە ئەوەیە دنیا شوێنێكە دەبێت تێیدا هۆكارەكان بگیرێنەبەر. بۆ نموونە، كاتێك كەسێك نەخۆشدەكەوێت، ئەوا گومانی تێدا نیە خوای گەورە چاكیدەكاتەوە، بەڵام گومانیشی تێدا نیە كە هەر خوا خۆی كاریگەریی داناوە لە دەرمانەكاندا كە سوود دەگەیەنن بە نەخۆش هەر كاتێك بەكاریان بهێنێت. بەهەمان شێوە مرۆڤ هەست بە تینوێتی دەكات، وە گومانی تێدا نیە كە ئەوە خوایە تینوێتیەكەی دەشكێنێت بەڵام هەر خۆیەتی ئاوی دروستكردووە بۆ ئەم مەبەستە. هەروەها مرۆڤ هەست بە برسێتی دەكات، هیچ گومانی تێدا نیە خوای گەورە برسێتیەكەی ناهێڵێت، بەڵام ئەوە خۆیەتی كە خۆراكی دروستكردووە. بەهەمان شێوە زاڵبوون و سەركەوتن دەنووسرێت بۆ ئیسلام و بەدڵنیاییەوە خاچ دەشكێنرێت وەك چۆن خوا (سبحانه وتعالى) بڕیاری داوە، بەڵام هەر خۆی (سبحانه وتعالى) هۆكارەكانی سازاندووە و یاسای گونجاوی داناوە بۆ جێبەجێ كردنی ئەم مەبەستە. لەبەرئەوە -بەگوێرەی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكان- شتێكی دانپێدانراوە و هەموو كەس هاوڕایە لەسەر ئەوەی كە ئیسلام لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا سەردەكەوێت، پاش ئەوەی ئایینی مەسیحیەت باڵادەست دەبێت لەسەردەمی كۆتاییدا، وە زاڵی دەكات بەسەر هەموو ئایین و ڕێبازەكاندا، وە دەججال دەكوژێت و خاچ دەشكێنێت، ئەمە لەسەردەمی كۆتاییدا ڕوودەدات.
بێگومان “نەواب صدیق حەسەن خان” و زانا ئایینیەكانی تریش كە كۆمەڵێك كتێبیان نووسیوە دەربارەی سەردەمی كۆتایی، دانیان ناوە بەم بابەتەدا و هاوڕان لەسەری. بەڵام دەبێت هۆكارێك یان ڕێگایەك هەبێت بۆ هێنانەدی ئەم پێشبینیە؛ چونكە سوننەتی خوای گەورە وەهایە كە ئەویش هۆكار دەگرێتەبەر بۆ هێنانەدی ئامانجێك وەك چۆن بەهۆی دەرمانەوە نەخۆش چارەسەردەكات، وە تینوێتی و برسێتی ناهێڵێت بەهۆی ئاو و خۆراكەوە. ئێستایش بەهەمان شێوە خوا (عز وجل) دەیەوێت بەگوێرەی بەڵێنی خۆی ئیسلام زاڵ بكات پاش ئەوەی ئایینی مەسیحیەت سەركەوتنی بەدەستهێنا و لە هەموو گروپ و دەستە و تاقمە موسوڵمانەكان خەڵكانێك چوونەناو ئەو ئایینەوە. وە دەبێت بۆ جێبەجێ كردنی ئەم مەبەستە ئامرازێك هەبێت، ئەم هۆكار و ئامرازە بریتیە لە چەكی مردنی مەسیح، وە بەم چەكە ئایینی خاچپەرستی لەناودەبرێت و پشتی دەشكێنرێت.
ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ ڕێگایەك نیە بۆ نەهێشتنی هەڵەی مەسیحیەكان باشتر بێت لە سەلماندنی وەفاتی مەسیح (عليه السلام). كەواتە بیربكەنەوە لەم بابەتە لەكاتێكدا لە ماڵەكانی خۆتاندا دانیشتوون، وە لێی ڕابمێنن لە تەنیاییدا كاتێك لەسەر جێگا ڕاكشاون؛ چونكە مرۆڤ لە دۆخی تووڕەبووندا هەست و سۆز كاری لێدەكات، بەڵام كەسێك سروشتی ساغ بێت بەردەوام دەتوانێت بەدروستی بیردەكاتەوە لەم بابەتە لە هەموو لایەنەكانیەوە. كاتێك لە شاری دەلهی وتارمدا و ئەم خاڵەم باسكرد؛ لەناو ئامادەبوواندا ئەوانەی عەقڵی ساغ و دروستیان هەبوو دانیان پێدانا و دەستبەجێ بەدەنگی بەرز ڕایانگەیاند بێ هیچ گومانێك ژیانی عیسا كۆڵەكەی ژیانی ئایینی مەسیحیەتە، ئەگەر ئەم كۆڵەكەیە نەڕوخێنرێت هەرگیز دەرگا بۆ ئیسلام ناكرێتەوە بگرە بەهۆیەوە مەسیحیەت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هێزی زیاتر دەبێت.
ئێستا، ئەو كەسانەی دەستیان گرتووە بە ژیانی مەسیحەوە (عليه السلام) پێویستە بزانن دەكرێت بە شایەتیدانی دوو كەس سزای مردن بسەپێنرێت بەسەر تاوانباردا، لەكاتێكدا لەم بابەتەدا كۆمەڵێك شایەتی زۆر هەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا ئێوە سوورن لەسەر نكوڵیكردن. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {يَٰعِيسَىٰٓ إِنِّي مُتَوَفِّيكَ وَرَافِعُكَ إِلَيَّ}([16])، پاشان لە قورئانی پیرۆزدا دانپێدانانی مەسیح خۆی هاتووە كە بریتیە لە: {فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي كُنتَ أَنتَ ٱلرَّقِيبَ عَلَيۡهِمۡ ۚ}([17]). لە خودی قورئانەوە دەردەكەوێت كە وشەی “التوفي” مانای مردن دەگەیەنێت، چونكە هەمان وشە بەكارهاتووە سەبارەت بە پێغەمبەریش (ﷺ) بەجۆرێك لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: {وَإِمَّا نُرِيَنَّكَ بَعۡضَ ٱلَّذِي نَعِدُهُمۡ أَوۡ نَتَوَفَّيَنَّكَ}([18]). پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي” واتە مردن. بەهەمان شێوە هەمان وشە سەبارەت بە یوسف (عليه السلام) و كەسانی تریش بەكارهاتووە. ئیتر چۆن لەم حاڵەتەدا دەكرێت مانایەكی تر لێیەوە وەربگیرێت؟! وە ئەمە بەڵگەیەكی گومانبڕە لەسەر مردنی عیسا (عليه السلام).
سەرەڕای ئەوە، پێغەمبەر (ﷺ) لە شەوی میعراجدا لەناو مردووەكاندا عیسای عليه السلام بینی، وە هیچ كەسێك نیە نكوڵی بكات لە فەرموودەی میعراج. كەواتە خۆتان فەرموودەكە بخوێننەوە و سەرنجبدەن؛ ئایا تێیدا لەناومردووەكاندا باسی عیسا كراوە یان لە شوێنێكی تردا؟ هەروەك چۆن پێغەمبەر (ﷺ) ئیبراهیم و مووسا و پێغەمبەرانی تریشی (علیهم السلام) بینی، بەهەمان شێوە عیسایشی بینی بەبێ ئەوەی عیسا هیچ تایبەتمەندی و سیفەتێكی نائاسایی هەبێت كە جیای بكاتەوە لەوان. وە هیچ كەسێك ناتوانێت نكوڵی لەوە بكات كە مووسا و ئیبراهیم و پێغەمبەرانی تریش (علیهم السلام) هەموویان مردوون، وە فریشتەی گیانكێشان هەموویانی گەیاندووەتە جیهانەكەی تر، ئیتر چۆن كەسێكی زیندوو بەجەستە ماددیەكەیەوە دەچێتە ڕیزی ئەوانەوە؟! ئەم بەڵگانە كەم نین، بەڵكو بەسن بۆ موسوڵمانی ڕاستەقینە.
وە لە كۆمەڵێك فەرموودەی تردا پێغەمبەر (ﷺ) تەمەنی عیسای بە 120 یان 125 ساڵ دیاریكردووە. كەواتە پەلەكردن لە فەتوادانی بەرزبوونەوەی عیسا بۆ ئاسمان بە زیندوویی -پاش سەیركردنی هەموو ئەم بەڵگانە- پێچەوانەی تەقوایە، بەتایبەتی كاتێك هاوشێوەیەك نیە پشتگیری ئەم پرسە بكات. عەقڵیش ئەمە دەخوازێت. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو كەسانە گوێیان نەدا بەهیچ شتێك، وە بە هەڵەشەیی ناویان نام دەججال بەبێ ئەوەی لەخوا بترسن. ئایا ئەم بابەتە سووك و ئاسانە، دەی بۆ ڕانامێنن؟! زۆر بەداخەوە!!
كاتێك هیچ فێڵێك یان بیانوویەكیان بەدەستەوە نەما، گوتیان: لە سەدەكانی ناوەڕاستدا كۆدەنگی كراوە لەسەر ئەوەی عیسا زیندووە. بەڵام من لێیان دەپرسم: ئەوە كەی بووە؟ كۆدەنگی ڕاستەقینە كۆدەنگی هاوەڵان بوو دوای كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ). ئەگەر دوای ئەوە كۆدەنگیەك هەبووە ئەوا با ئێستاش هەموو گروپە جیاوازەكان كۆدەنگ بن بۆ سەلماندنی. بەڕاستی و دروستی دەڵێم ئەمە بانگەشەیەكی تەواو درۆیە؛ چونكە هەرگیز كۆدەنگی نەبووە لەسەر ژیانی عیسا (عليه السلام). ئەوانەی ئەم بیروباوەڕەیان هەیە كتێبی پێشینانیان نەخوێندووەتەوە، ئەگینا دەیانزانی سۆفیەكان دەڵێن عیسا (عليه السلام) مردووە، وە باوەڕیان بە هاتنی دووەمی هەیە بەشێوەی مەجازی و دەركەوتنی مەعنەوی.
بۆیە هەروەك چۆن سوپاس و ستایشی خوای گەورەم كرد، بەهەمان شێوە سڵاواتیش دەدەم لەسەر پێغەمبەر (ﷺ) كە تەنها لەپێناوی ئەودا (ﷺ) خوا ئەم كۆمەڵەی دامەزراندووە، وە بە فەزڵ و بەرەكەتی ئەو (ﷺ) سەركەوتنەكان بەدەست دەهێنم. زۆر بەڕوونی و ڕاشكاوی دەڵێم، ئەمە عەقیدە و مەزهەبی منە؛ بەبێ شوێنكەوتن و چاولێكردنی پێغەمبەر (ﷺ) هیچ كەسێك ناتوانێت نیعمەت و بەرەكەتی ڕۆحانی بەدەستبهێنێت.
خاڵێكی تر هەیە كە شایانی باسكردنە، وە سپڵەییە ئەگەر باسی نەكەم؛ ئەویش ئەوەیە خوای گەورە لە سەردەمی دەسەڵات و حكومەتێكدا ئێمەی دروست كرد كە هەموو جۆرە ئاسایشێك دابین دەكات، وە ئازادی تەواوەتی داوە پێمان بۆ گەیاندن و بڵاوكردنەوەی ئایینەكەمان، وە هەموو ئامرازەكانی ڕەخساندووە بۆمان لەسەردەمی پیرۆزی خۆیدا. چ ئازادییەك گەورەترە لەوەی ئێمە زۆر بەگوڕوتینەوە ڕەخنە دەگرین لە ئایینی مەسیحیەت بەبێ ئەوەی كەسێك ڕێگریمان لێ بكات. پێشتر سەردەمێك هەبوو -زۆرێك لەوانەی بینیویانە هێشتا زیندوون- هیچ موسوڵمانێك بۆی نەبوو تەنانەت لە مزگەوتی خۆیدا بەدەنگی بەرز بانگ بدات، وە خواردنی حەڵاڵیش قەدەغە بوو چجای سزاكانی تر، زۆربەی جار ڕێكارەكان دەگیرانەبەر بەبێ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی لێكۆڵینەوە بكرێت. بەڵام لەسایەی فەزڵ و چاكەی خوای گەورە ئێستا ئێمە لە سێبەری حكومەتێكدا دەژین كە پاك و بێگەردە لەهەموو ئەو خراپە و تاوانانە، واتە دەسەڵات و حكومەتی ئینگلیزی ئاسایش و تەبایی خۆشدەوێت و بەهۆی جیاوازی ئایینیەوە ئەم ئاسایش و تەباییە تێك نادات، وە دەستوورەكەی ڕێگا دەدات بە شوێنكەوتووانی هەموو ئایینەكان بە ئازادی دروشمەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن. وە لەبەرئەوەی خوای گەورە ویستی بانگەوازەكەمان بگاتە هەموو شوێنێك؛ بۆیە لە سەردەمی ئەم حكومەتەدا منی هێنایە بوون. كەواتە هەروەك چۆن پێغەمبەر (ﷺ) شانازی دەكرد بە حكومەتی نەوشیروان پاشاوە، بەهەمان شێوە ئێمەیش شانازی دەكەین بەم حكومەتەوە. ئاشكرایە ئەو كەسەی لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە دەكرێت پەیامی ڕاستی و دادپەروەریی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، وە ئەم دوو سیفەتە لەزەویدا دەردەكەون پێش دەركەوتنی ئەو كەسەی خوا ڕەوانەی دەكات.
من دڵنیام لەوەی ئەم حكومەتە باشتر و پایە بەرزترە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی لەسەردەمی مەسیحی ناسیرەییدا (عليه السلام). ئەگەرچی لێكچوونێك هەیە لەنێوان یاساكانیاندا، بەڵام لەڕاستیدا یاساكانی ئەم حكومەتە ملكەچ نین بۆ هیچ كەسێك. وە بە بەراوردكردن لەنێوان یاسای هەردوو حكومەتەكەدا بەدڵنیاییەوە ڕەگەزێكی دڕندەیی بەدی دەكەین لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا، لەهەمان كاتدا دیمەنەكانی ترسنۆكییش دەبینین كاتێك بەندەیەكی چاك و پارێزكاری، واتە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام)، زیندانی كرد لە ترسی جوولەكە. دیارە داوایەكی هاوشێوە بەرزكرایەوە لەدژی منیش. ئەو داوایەی بەرزكرایەوە دژی مەسیح لەلایەن جولەكەوە بوو، بەڵام ئەو داوایەی لەم حكومەتەدا بەرزكرایەوە لەدژی من قەشەیەك بەرزی كردەوە كە ناوبانگی هەبوو و دكتۆریش بوو؛ واتە دكتۆر مارتن كلارك، داوایەكی ساختەی بەرزكردەوە لەدژم گوایە هەوڵی كوشتنی ئەوم داوە، وە شایەتیشی ئامادەكرد. ئەو بەڵگانەی كۆی كردبوونەوە وەك كۆمەڵێك بەڵگەی زۆر بەهێز دەهاتنە بەرچاو بەڕادەیەك تەنانەت شێخ ئەبو سەعید “موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی” -كە دوژمنێكی سەرسەختی كۆمەڵەكەمە- ئەویش لە دادگادا ئامادە بوو بۆ شایەتیدان، وە بەپەڕی توانای خۆیەوە لەدژی من شایەتی دا و ئەوپەڕی هەوڵیدا بۆ ساغكردنەوەی تاوانەكە لەسەر من. كەیسەكە خرایە بەردەم كاتپن دۆگڵاس-جێگری مفەوەز لە پارێزگای گورداسپوور- كە ڕەنگە ئێستا لە شاری “شەملە”([19]) كار بكات. هەڵبەت وەك پێویست كەیسەكە خرایە پێش چاوی، وە زۆر بە گوڕوتینەوە شایەتیدرا لەدژم، لەم دۆخەدا تەنانەت باشترین پارێزەر نەیدەتوانی بڵێت من بێتاوان دەردەچم. واقیع و هەلومەرجەكە ئەوەی دەخواست ڕەوانەبكرێم بۆلای دادوەری پارێزگا و حوكمی مردن یان دووخستنەوە لە وڵات بدات بەسەرمدا، بەڵام خوای گەورە وەك ئاگاداری كردمەوە كە داواكە لە دژت بەرزدەكرێتەوە، بەهەمان شێوە پێش وەخت پێی ڕاگەیاندم كە بێ تاوان دەردەچم. وە ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی كۆمەڵەكەم ئاگاداری ئەم پێشبینیە بوون.
بەهەرحاڵ، كاتێك كێشەكە گەیشتە قۆناغێك تێیدا دوژمنان و نەیاران دڵنیابوون دادوەری لێكۆڵینەوە بەدڵنیاییەوە حەواڵەم دەكات بۆلای دادوەری پارێزگا، ئەوسا كاپتن دۆگڵاس بە ئەفسەری پۆلیسی گوت: عەقڵ و هۆشم پێم دەڵێت كەیسەكە ساختەیە، وە فیراسەتم ڕەتیدەكاتەوە تۆمەتبار لەڕاستیدا ئەو هەوڵەی دابێت و كەسێكی ناردبێت بۆ كوشتنی دكتۆر كلارك؛ بۆیە داوای كرد لە ئەفسەرەكە خۆی سەرلەنوێ لێكۆڵینەوەی تێدا بكاتەوە. لەو كاتەدا تەنھا هەموو نەیارەكانم خەریك نەبوون جۆرەها فێڵ و پیلان دژی من ئەنجام بدەن، بەڵكو ئەو كەسانەی كە بانگەشەیان دەكرد دوعایان گیرا دەبێت دەستیانكرد بە دوعاكردن و زۆر بە ملكەچیەوە پاڕانەوە بۆ ئەوەی سزا بدرێم، بەڵام كێ دەتوانێت بەرەنگاری خوا بێتەوە؟! باش دەزانم هەندێ كەس نزیكبوونەوە لە كاپتن دۆگڵاس و هەوڵیاندا كاری لێ بكەن، بەڵام ئەو دادوەرێكی دادپەروەر و بەویژدان بوو بۆیە گوتی: ناكرێت ئەم سووكی و ڕسواییە لەمنەوە دەربكەوێت.
پوختەی قسە، كاتێك جارێكی تر كێشەكە حەواڵەكرا بۆ لای كاپتن “لی مارشند” بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەی تێدا بكات؛ “عەبدولحەمید” بانگكرا و داوای لێكرا قسەیەك بكات كە تەواو ڕاست و دروست بێت. عەبدولحەمیدیش هەمان چیرۆكی دووبارە كردەوە كە لەبەردەم جێگری مفەوەزدا گێڕابوویەوە. هەڵبەت پێشتر پێی گوترا بوو كە ئەگەر شتێك بڵێت بە پێچەوانەی لێدوانەكەی پێشوویەوە ئەوا سزا دەدرێت، بۆیە بەردەوام هەمان قسەی پێشووی دووبارە دەكردەوە. ئینجا كاپتن “لی مارشند” پێی گوت تۆ پێشتر هەر ئەم قسەیەت كردووە، بەڵام جێگری مفەوەز متمانەی نەكرد بە قسەكەت، چونكە تۆ قسەی ڕاست ناكەیت. كاتێك كاپتن “لی مارشند” ئەو قسەیەی كرد؛ عەبدولكەریم بە گریانەوە كەوت بەسەر قاچیدا و گوتی: تكادەكەم ڕزگارم بكە. كاپتنیش دڵنیای كردەوە و گوتی: چیت پێیە بیڵێ. ئەوسا “عەبدولحەمید” پەردەی لادا لەسەر ڕاستیەكە. وە بەڕاشكاوی دانی بەوەدا نا كە زۆری لێكراوە -واتە هەڕەشەی لێكراوە- هەمان لێدوانی پێشوو بدات، وە گوتی: لەڕاستیدا میرزای بەڕێز هەرگیز نەیناردووم بۆ كوشتنی هیچ كەسێك. ئینجا كاپتن زۆر دڵخۆش بوو بە بیستنی ئەم لێدوانە و بروسكەیەكی نارد بۆ جێگری مفەوەز و تێیدا گوتی گەیشتمە ڕاستی دۆسیەكە. ئینجا دووبارە دۆسیەكە خرایەوە بەردەم دادگای گورداسپوور. وە كاپتن “لی مارشند” داوای سوێندخواردنی لێكراو، ئینجا سوێندی خوارد و لێدوانی خۆی دا. تێبینیم كرد جێگری مفەوەز زۆر دڵخۆش بوو بە لادانی پەردە لەسەر ڕاستیەكە، وە لەلایەكی ترەوە زۆر تووڕە بوو لەو مەسیحیانەی كە دژی من شایەتی درۆیان دابوو، وە پێی گوتم: دەتوانیت داوایەكی یاسایی بەرزبكەیتەوە لەدژیان. بەڵام لەبەرئەوەی لە بنەڕەتەوە بێزارم لە سكاڵا و داوا بۆیە گوتم: ئەوەم ناوێت، داواكەم بەرزكراوەتەوە بۆ بەردەم خوا. ئەوسا بەڕێز “دۆگڵاس” دەستبەجێ بڕیارەكەی نووسی و خوێندیەوە. لەو ڕۆژەدا ڕێژەیەكی زۆر لە خەڵكی كۆبووبوونەوە، كاتی ڕاگەیاندنی بڕیارەكە پێی گوتم: “پیرۆزت بێت، تۆ بێتاوان دەرچوویت”.
دەتوانن خۆتان ببینن، ئەم حكومەتە چەندە شایستەی ستایشە! بەجۆرێك گوێی نەدا بە سەركردەیەكی ئایینی كە سەربە ئایینەكەی خۆی بوو، وە بایەخی نەدا بە هیچ شتێكی تر بەهۆی پابەندبوون بە دادپەروەری و ویژدانەوە.
من لەو كاتەدا دەمبینی جیھانێك دژایەتیم دەكات، ئەمە ڕوویدا كاتێك دنیا مكوڕ بوو لەسەر ئازاردانم و لەهەموو لایەكەوە هەوڵدرا بۆ سزا و ئەشكەنجەدانم، بەڵام خوای گەورە بەندە ڕاستگۆكانی خۆی ڕزگار دەكات.
داوایەكی تر لەدژم بەرزكرایەوە لە دادگای مستەر دوئی، بەدوایدا داوایەكی تر بەرزكرایەوە سەبارەت بە باجی دەرامەت، بەڵام خوای گەورە لەهەموو داواكاندا بێتاوانی منی سەلماندا. وە لەكۆتاییدا “كەرەمەددین” داوایەكی بەرزكردەوە، وە هەوڵی بێوچان درا تێیدا بۆ دژایەتیكردنم، وا گومان دەكرا بەهۆی ئەم داوایەوە ئیتر كۆمەڵەكەم نامێنێت و دەسڕێتەوە. لەڕاستیدا ئەگەر كۆمەڵەكەم لەلایەن خوای گەورەوە دانەمەزرایە، وە ئەگەر خوا (سبحانه وتعالى) پشتگیری نەكردایە؛ ئەوا هیچ گومانێكی تێدا نەبوو كە دەفەوتا و نەدەما. هەڵبەت “كەرەمەددین” لەمسەری وڵات بۆ ئەوسەری وڵات پشتگیری كرا، وە بە هەموو شێوەیەك یارمەتیدرا تا ڕادەی ئەوەی هەندێ كەس لەدژی من شایەتی درۆیان دا لەگەڵ ئەوەی خۆیان ناونابوو پیاوانی ئایینی، وە شایەتیەكانیان تەواو پێچەوانەی ڕاستی بوو، تەنانەت گوترا مرۆڤ بەكەسێكی پارێزكار دەمێنێتەوە ئەگەرچی زیناكار یان فاسق یان تاوانكار بێت. دۆسیەكە ماوەیەكی زۆر درێژەی كێشا، وە لەم ماوەیەدا كۆمەڵێك نیشانەی ئاسمانی زۆر دەركەوتن. وە لەكۆتاییدا دادوەرەكە -كە كەسێكی هیندۆسی بوو- لەم دۆسیەیەدا بە بڕی پێنج سەد ڕوپیە غەرامەی كردم. بەڵام خوای گەورە پێشتر پێی ڕاگەیاندبووم: “دادگای باڵا ئەوی بێتاوان كرد”
كاتێك پێداچوونەوە كرا لە دادگای دادوەری هەرێمایەتیدا؛ دادوەرەكە بەهۆی ئەو فیراسەتەی خوا پێی دابوو بەخێرایی ڕاستیەكەی زانی و گەیشتە كرۆكی دۆسیەكە، بۆیە بڕیاریدا كە ئەوەی من نوسیوومە دەربارەی “كەرەمەددین” تەواو ڕاست بووە و مافی خۆم بووە ئەوە بنووسم. وە ئەو بڕیارەی كە دەریكرد لەو كاتەوە بڵاوكرایەوە. بۆیە لەكۆتاییدا بێ تاوانی كردم لە تۆمەتەكە و غەرامەكەی هەڵوەشاندەوە، وە ڕەخنەی گرت لە دادگای بەرایی لەسەر ئەوەی ئەم ماوە درێژە دۆسیەكەی دواخستووە.
بەكورتی هەركاتێك نەیارەكانم دەرفەتێكیان بەدیكردبێت بۆ ئەوەی بمفەوتێنن و لەناوم بەرن ئەوپەڕی هەوڵیان داوە بیقۆزنەوە، بەڵام خوای گەورە هەروەك چۆن -تەنھا بە ڕەحمەتی خۆی- هەموو پێغەمبەرانی پاراست، منیشی پاراست لە هەموو ئاگرێك. بەسەرنجدان لەم ڕووداوانە دەتوانم بەدڵنیاییەوە بڵێم: لە زۆر ڕووەوە ئەم حكومەتە باشترە لە حكومەتی ڕۆمانی كە لەژێر دەسەڵاتەكەیدا مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) سزا و ئازاری چەشت. پیلاتۆس ئەو دادوەرەی كە سەرەتا مەسیح لە دادگاكەیدا دادگایی كرا؛ خۆی و ژنەكەی لەڕاستیدا شوێنكەوتەی مەسیح بوون، بۆیە دەستەكانی شۆرد لە خوێنی مەسیح، وە لەگەڵ ئەوەی دادوەرێك بوو، وە شوێنكەوتەی مەسیح بوو بەڵام ئەو ئازایەتیەی پیشان نەدا كە كاپتن دۆگڵاس پیشانیدا. لەو دۆسیەیەدا مەسیح (عليه السلام) بێ تاوان بوو، هەروەك منیش لەم دۆسیەیەدا بێ تاوان بووم.
لەسەر بنەمای ئەزموونی تایبەتی خۆم دەڵێم؛ خوا ئازایەتیەكی داوە بەم گەلە بۆ پاراستنی ڕاستی بۆ ئەوەی دادپەروەر بن. بۆیە ئامۆژگاری هەموو موسوڵمانان دەكەم پێویستە لەسەریان بەدڵسۆزیەوە گوێڕایەڵی ئەم حكومەتە بكەن.
باش بیربكەنەوە، كەسێك سوپاسی كەسێك نەكات كە چاكەی كردووە لەگەڵیدا سوپاسی خوایش ناكات. ئەو ئاسانكاری و ئەو هۆكارانەی بەردەستن بۆمان لەم سەردەمەدا لە سەردەمەكانی ڕابردوودا هاوشێوەیان نەبووە. تەنھا سەرنج بدەن لەو خزمەتگوزارییانەی كە پۆلیس و شەمەندەفەر و سیستەمی بروسكە و پۆست و فەرمانگەكانی تریش پێشكەشیان دەكەن، پاشان بیربكەنەوە چەندە بەسوودن! ئایا ئەم جۆرە خزمەتگوزاری و ئاسانكارییانە شەست حەفتا ساڵ لەمەوپێش بەردەست بوون؟ پاشان دادپەروەر بن؛ بۆچی سوپاسگوزار نەبین لەكاتێكدا سوودمەند دەبین لە هەزاران چاكە و پیاوەتی؟
زۆرێك لە موسوڵمانان ڕەخنەم لێ دەگرن و دەڵێن لە بانگەوازەكەتدا تەنھا خەوشێك هەیە كە ئەوەیە تۆ جیهادت هەڵوەشاندووەتەوە. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو كاڵفامانە نازانن حەقیقەتی جیهاد چیە. وە ئیسلام و پێغەمبەر (ﷺ) بەدناو دەكەن. دیارە پێغەمبەر (ﷺ) هەرگیز هێرشی چەكداری نەكردووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئایین. وە كاتێك ستەمی دوژمنان دژی پێغەمبەر (ﷺ) و كۆمەڵەكەی هەموو سنوورێكی بەزاند، وە بێ بەزەییانە هاوەڵە دڵسۆزەكانی كوژران، بە ژنان و پیاوانەوە، وە خۆیشی دەركرا بۆ مەدینە و لەوێش وازیان لێ نەهێنا، ئەوسا فەرمانی پێكرا بەرگری لەخۆی بكات. پێغەمبەر (ﷺ) سەرەتا شمشێری هەڵنەكێشا، بەڵكو ئەوە دوژمنەكانی بوون كە شمشێریان هەڵكێشا. زۆرجار كافرە ستەمكارەكان لە تەوقی سەریەوە تابنی پێی خەڵتانی خوێنیان دەكرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا بەرهەڵستیان نەدەوەستایەوە.
بزانن ئەگەر هەڵكێشانی شمشێر فەرز بوایە لەئیسلامدا؛ ئەوا پێغەمبەر (ﷺ) لەمەككە شمشێری بەرزدەكردەوە. بەڵام بابەتەكە بەو شێوەیە نیە، بەڵكو ئەو شمشێرەی كە باسی دەكەین لەڕاستیدا كاتێك بەرزكرایەوە كە دوژمنی دەستدرێژكار دوایكەوت بۆ مەیدنە. لەو سەردەمەدا دوژمن شمشێری هەڵگرتبوو، بەڵام ئەمڕۆ هەڵی نەگرتووە. وە ئێستا نەیارەكانم بوختانی درۆم بۆ دەكەن و فەتوا بڵاودەكەنەوە لەدژم. وە ئەمڕۆ تەنھا قەڵەم بەكاردەهێنرێت دژی ئیسلام، دەی ئەو كەسەی كە وەڵامی قەڵەم بە شمشێر دەداتەوە چیە ئەگەر گەمژە یان ستەمكار نەبێت؟
ئەوەش لەیاد مەكەن پێغەمبەر (ﷺ) شمشێری هەڵكێشا تەنھا دژی ستەم و چەوسانەوەی كافرەكان كە هەموو سنوورێكیان بەزاند بوو، ئەمەش كارێكە مرۆڤ ئەمجامی دەدات بۆ بەرگریكردن لە خۆی، وە یاسای هەموو دەوڵەتێكی شارستانی بە ڕەوای دەزانێت. وە لە یاسای سزادانی هیندستانیشدا ڕێگەدراوە بەوەی مرۆڤ بەرگری لەخۆی بكات. بۆیە ئەگەر دزێك دای بەسەر ماڵێكدا و پەلاماری خەڵكەكەی دا و ویستی بیانكوژێت؛ ئەوا خەڵكەكەی دەتوانن بەرگری لەخۆیان بكەن و دزەكە بكوژن، كوشتنی ئەو دزە تاوان و كەتن نیە([20]).
بەڵام كاتێك كارەكە گەیشتە ئاستی كوشتنی هاوەڵە دڵسۆزەكانی پێغەمبەر (ﷺ)، وە بێ بەزەییانە و بێ شەرمانە ئافرەتانی پیر و داماو كوژران، ئایا مافی موسوڵمانان نەبوو خوێنڕێژان و تاوانباران سزا بدەن؟ بۆیە ئەگەر لەو كاتەدا ویستی خوای گەورە وەها بوایە كە ئیسلام هیچ شوێنەوارێكی نەمێنێت، ئەوا دەكرا هەرگیز شمشێر بەرزنەكرایەتەوە، بەڵام خوا (سبحانه وتعالى) ویستی ئیسلام بڵاوبێتەوە و ببێت بە هۆكارێك بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤایەتی؛ بۆیە لەو كاتەدا شمشێر بەرزكرایەوە تەنھا بەمەبەستی بەرگری لەخۆكردن.
بەوپەڕی تەحەدداوە دەڵێم و دڵنیام هیچ یاسایەكی ڕەوشتی یان ئایینی یان شارستانی نیە ڕەخنە بگرێت لە هەڵكێشانی شمشێر لەم جۆرە بارودۆخ و هەلومەرجانەدا. وە ئەو كەسانەی وەرچەرخانی ڕوومەتی دووەم فێری مرۆڤ دەكەن پاش لێدانی زللـە لە ڕوومەتی یەكەم؛ ئەوانیش بۆیان ناكرێت ئارام بگرن، بەهەمان شێوە ئەوانەی كە كوشتنی مێروو بە تاوان دەزانن؛ ئەوانیش ناتوانن ئارام بگرن لەم جۆرە هەلومەرجەدا، ئیتر بۆچی ڕەخنە لە ئیسلام دەگیرێت؟!
زۆر بەڕوونیش دەڵێم ئەو موسوڵمانە نەفامانەی كە دەڵێن ئیسلام بە زەبری شمشێر بڵاوبووەتەوە؛ درۆ دەكەن بە ناوی پێغەمبەری مەعصومەوە (ﷺ) و ئیسلام بەدناو دەكەن.
هەرگیز بیرتان نەچێت، ئیسلام هەمیشە لەڕێگەی فێركاریە پیرۆزەكەی و ڕێنموونیەكەی و بەرهەمی نوورەكانی و بەرەكەت و موعجیزەكانیەوە بڵاوبووەتەوە. موعجیزە مەزنەكانی پێغەمبەر (ﷺ) و كاریگەریە چاكەكانی كەسایەتیەكەی و ڕەوشتە جوانەكەی ئەو ئیسلامیان بڵاوكردەوە. وە ئەو نیشانە و كاریگەرییانە كۆتایی نەهاتوون بەڵكو لە هەموو سەردەمێكدا بوونیان هەیە بەشێوەی نوێ. وە دەڵێم پێغەمبەرمان (ﷺ) پێغەمبەرێكی زیندووە؛ چونكە فێركاری و ڕێنماییەكانی هەموو كاتێك بەرهەمی خۆیان دەدەن. بۆیە ئیسلام لە داهاتووشدا پێشدەكەوێت بەهەمان شێواز نەك بە شێوازێكی تر. كەواتە ئەگەر لەڕابردوودا هەرگیز شمشێر بەرزنەكراوەتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ئیسلام، ئەوا لە ئێستادا تەنھا بیركردنەوە لەم بابەتە بەتاوان ئەژمار دەكرێت؛ چونكە لەكاتی ئێستادا هەموو كەسێك بە ئاشتی و ئاسایش دەژی، وە هۆكار و ئامرازی پێویست هەیە بۆ بڵاوكردنەوەی ئایین و باوەڕی مرۆڤ.
زۆر بەداخەوە دەڵێم مەسیحیەكان و ڕەخنەگرانی جگە لەوان هەرگیز هەوڵیان نەداوە ڕەچاوی ڕاستیەكان بكەن پێش ئەوەی پەلاماری ئیسلام بدەن. ئەگەر ئەو كارەیان بكردایە ئەوا دەیانزانی كە هەموو دوژمنانی ئیسلام لەو سەردەمەدا سووربوون لەسەر ڕیشەكێشكردنی ئیسلام و موسوڵمانان. لەڕاستیدا هەموویان بەیەكەوە پیلانیان دەگێڕا دژی ئیسلام و موسوڵمانانیان دەچەوساندەوە. بۆیە پێویست بوو موسوڵمانان لەبەرامبەر ئەو بەڵا و كارەساتانەدا چی بكەن ئەگەر شمشێریان هەڵنەكێشایە؟!
لە قورئانی پیرۆزدا ئەم ئایەتە هاتووە: {أُذِنَ لِلَّذِينَ يُقَٰتَلُونَ بِأَنَّهُمۡ ظُلِمُواْ ۚ}([21]). ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی موسوڵمانان تەنھا كاتێك فەرمانی جەنگیان پێكرا، وە ئیزنیان پێ درا بەرگری لەخۆیان بكەن كە ستەمی لەڕادەبەدەر كرا بەرامبەریان. ئەو ئیزنە فەرمانێكی هەمیشەیی نیە و تایبەتە بەو هەلومەرجەی لەو سەردەمەدا باڵادەست بوو. وە نیشانەیەك دانراوە بۆ مەسیحی بەڵێندراو كە بریتیە لەوەی: “جەنگ هەڵدەگرێت”. كەواتە یەكێك لە نیشانەكانی ڕاستگۆیی ئەو بریتیە لەوەی جەنگی ئایینی هەڵناگیرسێنێت. هۆكارەكەش ئەوەیە لە سەردەمەكەیدا نەیارەكانیش وازدەهێنن لە جەنگی ئایینی، بەڵكو ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە شێواز و ڕەنگێكی تری وەرگرتووە. ئێستا ئەوان قەڵەم بەكاردەهێنن بۆ هێرشكردنە سەر ئیسلام. بۆ نموونە مەسیحیەكان، هەموو چاپكراوێك لە چاپكراوەكانیان نزیكەی پەنجا هەزار نوسخەی لێ دەردەچێت، وە بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدەن خەڵكی لە ئیسلام دووربخەنەوە. ئایا لەم جۆرە هەلومەرجەدا و لەم جۆرە ڕووبەرووبوونەوەیەدا پەنا ببەین بۆ قەڵەم یان تیر بهاوێژین؟! كێ هەیە گەمژەتر و گەوجتر و دوژمنتر بێت بۆ ئیسلام لەو كەسەی لەم سەردەمەی ئێستادا بەم شێوازە بیردەكاتەوە. ئەوە تەنها بریتیە لە شێواندنی ناوبانگی ئیسلام. نەیارەكان شمشێر هەڵناكێشن لەگەڵ ئەوەی لەسەر حەق نین؛ سەیرترین هەڵسوكەوت ئەوەیە ئێمە پەنا ببەین بۆ شمشێر لەگەڵ ئەوەی لەسەر حەقین! ئەگەر دەتانەوێت با لەم بارودۆخەدا شمشێر هەڵبكێشن لە كەسێك و پێی بڵێن: موسوڵمان بە ئەگینا دەتكوژین؛ پاشان بڕوانن ئەنجامەكەی چی دەبێت! بەدڵنیاییەوە بەدەستی پۆلیس توند دەكرێن لە زیندان، بۆ ئەوەی تاڵاوی بەكارهێنانی شمشێر بچێژن!
ئەمانە كۆمەڵێك بیروبۆچوونی پووچ و بێ نرخن، پێویستە دەریان بكەن لەمێشكتاندا. بێگومان كاتی ئەوە هاتووە ڕوخساری جوان و گەشاوەی ئیسلام پیشان بدرێت. سەردەمێك هاتووە بۆ ئەوەی تێیدا هەموو ئەو ڕەخنانەی لە ئیسلام دەگیرێن وەڵام بدرێنەوە، وە ئەو پەڵەیە لە ڕوخساری گەشاوەی ئیسلام لێبكرێتەوە كە پێیەوە لكێنراوە. بەڵام زۆر بەداخەوە دەڵێم؛ ئەو دەرفەتەی خوای گەورە ڕەخساندی بۆ موسوڵمانان بۆ ئەوەی مەسیحیەكان بێنەناو كاروانی ئیسلامەوە، بەچاوی سووكەوە سەیری كرا و ڕەتكرایەوە.
لە نووسراوەكانمدا زۆر بەڕوونی ڕێگایەكم خستووتەڕوو كە بەگوێرەی ئەوە ئیسلام زاڵ و سەركەوتوو دەبێت بەسەر ئایینەكانی تردا. هەڵبەت بڵاوكراوەكانم گەشتنە ئەمریكا و ئەوروپا و خەڵكەكەی تێگەیشتن لێیان بەهۆی فیراسەتێكەوە كە خوای گەورە داویەتی پێیان، وە كاتێك هەمان دید و تێڕوانین دەخەمە پێش چاوی موسوڵمانێك ئەوا هەڵدەچێت و هەرەشە دەكات، وەك ئەوەی كەسێكی شێت بێت یان بیەوێت بمكوژێت، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: {ٱدۡفَعۡ بِٱلَّتِي هِيَ أَحۡسَنُ}([22]). دیارە مەبەست لەم فێركاریە ئەوەیە دوژمن بگۆڕدرێت بۆ دۆستێكی نزیك بەهۆی نەرمونیانی و مامەڵەی باشەوە، ئینجا بەهێنمی و ئارامیەوە گوێ بگرێت بۆ قسە.
سوێند دەخۆم بەخوا (جل شأنه) كە من لەلایەن ئەوەوە ڕەوانەكراوم، وە خۆی باش دەزانێت قسەهەڵبەست و درۆزن نیم. ئەگەر ئێوە دوای ئەم سوێندە گەورە و گرانە و سەرەڕای بینینی ئەو نیشانانەی كە خوا لەبەرژەوەندی من پیشانیدان، هەر بەدرۆزنم دەزانن و پێم دەڵێن بەناوی خواوە قسە هەڵدەبەستێت؛ ئەوا بە ناوی خوای گەورەوە هاوارتان لێدەكەم نموونەی یەك درۆزن بھێننەوە كە خوای گەورە یارمەتی دەدات و پشتگیری دەكات لەگەڵ ئەوەی هەموو ڕۆژێك بەناوی ئەوەوە درۆ هەڵدەبەستێت. پێویستە خوا ئەم جۆرە درۆزنە لەناوببات، بەڵام لەدۆخی مندا شتەكە تەواو جیاوازە. ئەوەتا جارێكی تر سوێند دەخۆم بەخوای گەورە و دەڵێم من ڕاستگۆم و لەلایەن ئەوەوە (سبحانه وتعالى) ڕەوانەكراوم، لەگەڵ ئەوەی دەوترێت من درۆزنم و قسەهەڵدەبەستم بەناوی خواوە، بەڵام خوای گەورە لەهەموو داوایەكدا و كاتی هەموو بەڵایەك كە گەلەكەم دژی من بەرپای دەكەن سەرم دەخات و ڕزگارم دەكات لێی؛ وە یارمەتیم دەدات بەجۆرێك خۆشەویستیمی خستووتە دڵی هەزاران كەسەوە. وە من تەحددا دەكەم و ڕاستگۆیی خۆم تەنها لەم بابەتەدا كورت دەكەمەوە، ئەگەر كەسێكی درۆزنتان دۆزیەوە بەناوی خوای گەورەوە قسەی هەڵبەستبوو، پاشان خوای گەورە سەریخستبوو وەك چۆن منی سەرخستووە، وە بۆ ماوەیەكی درێژ وەكو من ژیانی پێدابوو، وە هەموو ئاواتەكانی هێنابووە دی؛ ئەوا فەرموو بیهێنن.
وە بەدڵنیاییەوە بزانن ئەوانەی لەلایەن خوای گەورە نێردراون، بەو نیشانە و پشتگیریانەدا دەناسرێنەوە كە خوا بۆ پشتیوانی ئەوان پیشانیان دەدات. من ڕاستگۆم لەو قسەیەی دەیكەم. وە ئەو خوایەی كە دەڕوانێت بۆ دڵەكان زانا و ئاگادارە لەوەی لەدڵمدایە. ئایا ناتوانن بەلایەنی كەمەوە ئەوە بڵێن كە پیاوە باوەڕدارەكەی دارودەستەی فیرعەون گوتی: {وَإِن يَكُ كَٰذِبٗا فَعَلَيۡهِ كَذِبُهُۥ ۖ وَإِن يَكُ صَادِقٗا يُصِبۡكُم بَعۡضُ ٱلَّذِي يَعِدُكُمۡۖ}([23])؟! ئایا باوەڕتان بەوە نیە كە خوای گەورە یەكەم دوژمنی درۆزنانە؟! ئەگەر هەمووتان بەیەكەوە هێرش بكەنە سەرم ئەوا تووڕەیی خوا گەورەتر و توندترە لەو هێرشە، كێ هەیە بتوانێت كەسێك ڕزگار بكات لە تووڕەیی خوای گەورە؟!
خاڵێك هەیە شایانی باسە لەو ئایەتەی هێنامەوە؛ ئەویش ئەوەیە خوای گەورە هەندێ لە هەواڵ و پێشبینی هەڕەشە دێنێتەدی نەك هەمووی، حیكمەت چیە لەمەدا؟ حیكمەتەكە ئەوەیە هەواڵ و پێشبینی هەڕەشە مەرجدارە، وە بە تۆبە و ئیستیغفار و گەڕانەوە بۆ لای خوا لادەچێت و نایەتەدی.
پێشبینی دوو جۆرە، یەكەمیان: پێشبینی مژدە و بەڵێن: وەك ئەم فەرمایشتی خوای گەورە: {وَعَدَ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ مِنكُمۡ}([24]). ئەهلی سوننە باوەڕیان وایە خوای گەورە بەڵێنی خۆی دەباتەسەر لە هێنانەدی ئەم جۆرە پێشبینیەدا چونكە زاتێكی بەخشندەیە، بەڵام سەبارەت بە هەواڵ و پێشبینی هەڕەشە؛ ئەوا دەكرێت پاش هۆشداریدان و ئاگاداركردنەوە لە خەڵكی ببورێت چونكە خوایەكی میهرەبانە. ئەو كەسەی بڵێت هەواڵ و پێشبینیەكانی هەڕەشە بەدڵنیاییەوە هەموویان دێنەدی كەسێكی نەزانە و زۆر دوورە لە ئیسلامەوە، چونكە وازدەهێنێت لە قورئانی پیرۆز ئەوەتا قورئان دەفەرموێت: {يُصِبۡكُم بَعۡضُ ٱلَّذِي يَعِدُكُمۡۖ}.
زۆر بەداخەوە زۆرێك لەو كەسانەی خۆیان ناوناوە پیاوی ئایینی نازانن قورئان و فەرموودە چییان فەرمووە، تەنانەت ئاگادار نین لە سوننەتی پێغەمبەران، بەڵكو لەتاو ڕق و كینە هەڵدەچن و هەڕەشە دەكەن و فێڵ دەكەن. بزانن كەسی بەخشندە ئەگەر بەڵێنیدا دەیباتەسەر. وە ئەوەی كە خوا (سبحانه وتعالى) میهرەبانە مانای ئەوەیە دەبورێت تەنانەت دوای ئەوەی بەندە شایستەی سزا دەبێت. وە لێبوردن لە فیترەتی مرۆڤیشدا چێنراوە. جارێكیان كەسێك لە داوایەكدا كە بەرزكرابووەوە لەبەردەم دادوەرێكی ئینگلیزیدا شایەتی درۆی دا، بەمەش تاوانباركرا بە تۆمەتی شایەتیدانی درۆ، لەو كاتەدا من ئامادەبووم، وە تاوانەكە چەسپا لەسەری، پاشان لەناكاو فەرمان هات بە گواستنەوەی بۆ شوێنێكی دوور و بەمەش خەمبار بوو. تاوانبارەكە پیاوێكی پیر بوو، وە دادوەرەكە بەزەیی پێیدا هاتەوە. ئینجا بە نووسەرەكەی گوت: ئەگەر ئەم كابرایە بخرێتە زیندانەوە دەترسم بمرێت تێیدا. پاشان نووسەرەكەش گوتی: گەورەم ئەم پیاوە خاوخێزانی زۆرە و پێویستە بەخێویان بكات. ئینجا دادوەرە ئینگلیزەكە گوتی: دۆسیەی داواكە ئێستا ئامادەكراوە، وە هیچ چارەیەك لەدەستدا نەماوە. پاش ماوەیەكی كەم، بە شێوەیەكی باشتر بیری كردەوە لە بابەتەكە و ئینجا بە نووسەرەكەی گوت: زۆر باشە، دۆسیەكە بفەوتێنە. ئێستا بیربكەنەوە، ئەگەر ئەم ئینگلیزە بتوانێت سۆز و بەزەیی بنوێنێت ئەوا بۆچی خوا ناتوانێت؟!
پاشان بیر لەوەش بكەنەوە، لە ئەسڵدا ئامانج چیە لە سەدەقە و بەخشین؟ بۆچی لەناو هەموو گەلێكدا ئەم نەریتە برەوی هەیە؟ مرۆڤ بە سروشتی خۆی حەزی لە سەدەقە و بەخشینە لەكاتی بەڵا و موسیبەتدا، بۆیە خەڵكی خێردەكەن و پارە دەبەخشن یان بەرخ سەردەبڕن یان جلوبەرگ یان شتی لەو شێوەیە دەدەن بە هەژاران. جا ئەگەر بەڵا و موسیبەت بە خێر و سەدەقەكردن ناگەڕێتەوە؛ ئەوا بۆچی لە كاتی بەگیرهاتن و تەنگانەدا خەڵكی لەخۆوە خێر و سەدەقە دەكەن؟ شتەكە بەو شێوەیە نیە، بەڵكو بەدڵنیاییەوە بەهۆی سەدەقە و بەخشینەوە بەڵا دەگەڕێتەوە، ئەمە بە كۆدەنگی سەد و بیست و چوار هەزار پێغەمبەر چەسپاوە. بەدڵنیاییەوە دەزانم ئەم باوەڕە تەنھا بەشێك نیە لە بیروباوەڕی موسوڵمانان، بەڵكو ئەمە بیروباوەڕی مەسیحی و هیندۆسەكانیشە، وە پێموایە هیچ كەسێك نیە لەدنیادا نكوڵی لەوە بكات. دەی مادام شتەكە بەو جۆرەیە ئەوا تەواو ڕوون و ئاشكرایە كە دەكرێت هەندێ جار خوا ڕازی بێت بەوەی ویستی خۆی جێبەجێ نەكات.
وە تاكە جیاوازی لەنێوان پێشبینی و ئیرادەی خوادا ئەوەیە پێشبینی پێغەمبەر ئاگادار دەكرێتەوە لێی، بەڵام هیچ كەسێك ئاگادار ناكرێتەوە لە ئیرادەی خوا بەڵكو بەشاراوەیی دەمێنێتەوە. ئەگەر خودی ئیرادەی خوا ئاشكرا بوو لەڕێگەی پێغەمبەرێكەوە؛ ئەوا پێی دەوترێت پێشبینی. ئەگەر نەهاتنەدی پێشبینی ئەستەم بێت، ئەوا جێبەجێ نەبوونی ئیرادەی خوایش بەهۆی خێر و سەدەقەوە ئەستەمە. بەڵام ئەم بیروبۆچوونە بەتەواوەتی هەڵەیە. وە لەبەرئەوەی دەشێت پێشبینی هەڕەشە نەیەتەدی؛ بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی: {وَإِن يَكُ صَادِقٗا يُصِبۡكُم بَعۡضُ ٱلَّذِي يَعِدُكُمۡۖ}([25]).
لێرەدا خوای گەورە خۆی شایەتی دەدات كە هەندێ لە پێشبینیەكانی پێغەمبەریش (ﷺ) نەهاتوونەتەدی، دەی وەڵامم بدەنەوە ئەگەر ئێوە بەم شێوەیە ڕەخنە لە پێشبینیەكانم دەگرن. وە هەر هەوڵدانێك لەلایەن ئێوەوە بۆ ڕەتكردنەوەی من لەسەر ئەم بنەمایە، وەكو ڕەتكردنەوەی خوای گەورە وایە.
بەوپەڕی متمانە و دڵنیاییەوە دەڵێم هەموو ئەهلی سوننە، بگرە هەموو دنیا، هاوڕایە لەسەر ئەوەی كە بەهۆی لاڵانەوە و پاڕانەوە لە خوای گەورە هەڕەشەی سزادان نامێنێت و هەڵدەگیرێت. ئایا نموونەكەی “یونس”تان (عليه السلام) لەبیرچووەتەوە؟ بۆچی سزاكە لەسەر گەلەكەی هەڵگیرا؟ كتێبی “الدر المنثور” و كتێبەكانی تر و سیپارەی “یۆنان” لە كتێبی پیرۆزدا بخوێننەوە؟ بڕیار بوو تووشی سزای خوایی بن، بەڵام كاتێك گەلەكەی نیشانەكانی سزادانیان بینی تۆبەیان كرد و گەڕانەوە بۆلای خوا، خوایش لێیان خۆش بوو و سزاكەی هەڵگرت لەسەریان. بەڵام یونس (عليه السلام) چاوەڕێی سزای تەمێكردنەكەی دەكرد لە ڕۆژی دیاریكراودا، وە هەواڵی گەلەكەی دەپرسی لە خەڵكی. وە پرسیاری كرد لە جووتیارێك كە هەواڵی نەینەوا چۆنە؟ ئەویش گوتی: هەموو شتێك ڕێكوپێكە، ئینجا یونس زۆر خەمبار بوو و گوتی: هەرگیز بەدرۆزنی ناگەڕێمەوە بۆلای گەلەكەم. كەواتە ڕەخنەگرتن لە هەر پێشبینیەك لە پێشبینیەكانم كە پێشتر مەرجدار بووە، لەگەڵ بوونی ئەم نموونەیە و بوونی بەڵگەی بەهێز لە قورئاندا؛ پێچەوانەی تەقوایە. شیاو نیە بە كەسی پارێزكار و بەتەقوا بەبێ بیركردنەوە قسە لە زاری بێتەدەر، وە پێش بیركردنەوە ئامادە بێت بۆ ڕەتكردنەوە.
بێگومان بەسەرهاتی یونس (عليه السلام) بەسەرهاتێكی زۆر بەژانە، لەهەمان كاتدا مایەی پەندە بۆ كەسێك پەند وەربگرێت و تۆماركراوە لە كتێبەكاندا، كەواتە بەڕامانەوە بیخوێننەوە؛ تێیدا دەبینن یونس خرایەناو دەریاكەوە و نەهەنگێك قووتی دا، پاشان تۆبەكەی قەبوڵكرا. بۆچی خوا تووشی ئەم سزایەی كرد و ئەم گلەییەی لێكرد؟ چونكە بۆ ماوەیەك باوەڕی وا نەبوو خوا بتوانێت ئەم هەڕەشەی سزایە هەڵگرێت و جێبەجێ نەكات. سەرەڕای هەموو ئەمانە بۆچی ئێوە بە پەلە بڕیار لەسەر من دەدەن و هەموو پێغەمبەران بەدرۆدەخەنەوە بە هیوای ئەوەی من بەدرۆبخەنەوە و باوەڕم پێ نەكەن؟! بزانن یەكێك لەناوەكانی خوا “الغفور”ە ئیتر چۆن نابورێت لەو كەسانەی تۆبە دەكەن؟!
كەواتە، یەكێك لە نموونەی ئەم جۆرە بیركردنەوە هەڵانە، كە بڵاوبوونەتەوە لەناو هەموو موسوڵماناندا، بریتیە لە بیروبۆچوونیان دەربارەی جیهاد. من سەرم سوڕ دەمێنێت كاتێك جیهاد قەدەغە دەكەم؛ تووڕەدەبن و هەڵدەچن، لەگەڵ ئەوەی خۆشیان باوەڕیان وایە فەرموودەكان دەربارەی مەهدی خوێنڕێژ تانەلێدراون. مەولەوی موحەممەد حوسێن بەتاڵەیی چەند نامیلكەیەكی نووسیوە دەربارەی ئەم بابەتە، وە میان نەزیر حوسێن دەهلەییش هەمان بۆچوونی هەیە، وە هەردووكیان باوەڕیان نیە بە سەحیحبوونی ئەو فەرموودانە؛ ئیتر بۆچی بەدرۆزنم دەزانن؟
لەڕاستیدا ئەركی سەرەكی مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی ئەوەیە جەنگی ئایینی ناهێڵێت و بە قەڵەم و دوعا و قەناعەتپێكردن وشەی ئیسلام بەرزدەكاتەوە. بەڵام بەداخەوە خەڵكی ئەوە نازانن، چونكە زیاتر بایەخ دەدەن بە كاروبارە دنیاییەكان لەچاو كاروبارە ئایینیەكاندا. وە لەگەڵ نوقم بوونیان لە خەوش و لێڵیەكانی دنیا و فەسادی ئەخلاقیدا لەكوێ زانیارییە قووڵەكانی قورئانی پیرۆز ئاشكرا دەبێت بۆیان؟! چونكە زۆر بەڕوونی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: {لَّا يَمَسُّهُۥٓ إِلَّا ٱلۡمُطَهَّرُونَ}([26]).
ئاگادار بن و گوێ شل بكەن، ئامانجی داواكراو لە ڕەوانەكردنەكەم تەنھا بریتیە لە نوێكردنەوە و پشتگیریكردنی ئیسلام. پێتان وا نەبێت من هاتووم بۆ فێركردنی شەریعەتێكی نوێ یان پێدانی كۆمەڵێك حوكمی نوێ یاخود كتێبێكی نوێم هێنا بێت. هەرگیز نەخێر! ئەوەی ئەو قسەیە بكات ئەوپەڕی گومڕا و مولحیدە. هەڵبەت شەریعەت و پێغەمبەرایەتی لە پێغەمبەردا (ﷺ) گەیشتنە چڵەپۆپە و كۆتاییان هات، بۆیە ئیتر هەرگیز شەریعەتێك نایەت. قورئانی پیرۆز تەواوترین و دواهەمین كتێبە، وە هیچ بوارێك بۆ كەمی و زیادی نیە تێیدا بەئەندازەی گەردیلەیەك. بەڵام ئەوەش ڕاستە كە بەرەكەت و لێشاوی نوری پێغەمبەر (ﷺ)، وە بەرەكەتی فێركاریەكانی قورئانی پیرۆز و بەروبوومی ڕێنماییەكەی كۆتایی نایەن، بەردەوام بوونیان هەیە و لەهەموو سەردەمێكدا نوێ دەبنەوە، وە خوای گەورە ڕەوانەی كردووم بۆ چەسپاندنی خودی ئەو لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتە. دۆخی خراپ و ناهەمواری ئێستای ئیسلام شاراوە نیە لە هیچ كەسێك، وە كۆدەنگی هەیە لەسەر ئەوەی موسوڵمانان تووشی هەموو جۆرەكانی لاوازی و دواكەوتن و فەوتان بوون و لەهەموو لایەكەوە ڕووخاون. تەنھا بە زمان پابەندن بە ئیسلامەوە و بەدڵ پابەندن نین پێیەوە، وە ئیسلام هەتیو كەوتووە؛ بۆیە لەم دۆخەدا خوای گەورە ڕەوانەی كردم بۆ ئەوەی فریای ئیسلام بكەوم و چاودێری بكەم، وە بەگوێرەی ئەم بەڵێنەی خۆی: {إِنَّا نَحۡنُ نَزَّلۡنَا ٱلذِّكۡرَ وَإِنَّا لَهُۥ لَحَٰفِظُونَ}([27]) ڕەوانەی كردم. جا ئەگەر لەم كاتەدا پارێزگاری نەكرێت لە ئیسلام و یارمەتی نەدرێت، ئەی كەی؟! دۆخەكە لەم سەدەی چواردەیەدا لەو دۆخە دەچێت كە لە “بەدر”دا هەبوو، وە خوای گەورە دەربارەی فەرموویەتی: {وَلَقَدۡ نَصَرَكُمُ ٱللَّهُ بِبَدۡرٖ وَأَنتُمۡ أَذِلَّةٞۖ}([28]). هەڵبەت لەم ئایەتەشدا پێشبینیەك هەیە: كاتێك ئیسلام لە سەدەی چواردەدا سیس و لاواز دەبێت؛ ئەوسا خوای گەورە بەگوێرەی ئەو بەڵێنەی خۆی كە داویەتی بۆ پاراستنی ئایینەكەی سەریدەخات، ئیتر بۆچی سەرتان سوڕدەمێنێت لەوەی خوا (سبحانه وتعالى) ئیسلام سەربخات؟! داخ و پەژارە ناخۆم بۆ ئەوەی پێم دەڵێن دەججال و درۆزن و كۆمەڵێك تۆمەتم ئاراستە دەكەن، چونكە پێویست بوو مامەڵەیەكم لەگەڵدا بكرێت كە پێغەمبەران پێش من لەگەڵیاندا كراوە، بۆ ئەوەی منیش بەشداربم لەم سوننەتە دێرینەدا. لەڕاستیدا پشكی من لەم موسیبەت و ناڕەحەتیانەدا تەنانەت بەشێكی زۆر بچووك نیە لەو موسیبەت و ناڕەحەتیانەی تووشی گەورە و سەروەرمان پێغەمبەر (ﷺ) بوو. لەم ڕووەوە پێغەمبەر (ﷺ) هاوشێوەیەكی نیە لە مێژووی پێغەمبەراندا. ئەو (ﷺ) لەپێناوی ئیسلامدا هێندە ئازار و موسیبەتی چەشت كە قەڵەم دەستەوسانە لە نووسینی و زمان لەباسكردنی. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر گەورەیی و پایەبەرزی پێغەمبەر (ﷺ). ئەگەر پشتگیری و یارمەتی خوای (عز وجل) لەگەڵدا نەبوایە، ئەوا ئەستەم بوو بەرگەی ئەو هەموو موسیبەت ئازار و ناڕەحەتیانە بگرێت. ئەگەر پێغەمبەرێكی تر لە جێگای ئەو بوایە، ئەوا نەیدەتوانی بەرگەیان بگرێت و شكستی دەهێنا. بەڵام ئەو ئیسلامەی كە پێغەمبەر (ﷺ) جێگیری كرد لەبەرامبەر هەموو ئەم موسیبەت و ناڕەحەتیانەدا ئەمڕۆ بارودۆخی بە شێوەیەكی لێهاتووە شیوەنی دەوێت، وە ناتوانم باسی بكەم.
ئیسلام واتە مرۆڤ بەتەواوەتی خۆی تەرخان بكات بۆ خۆشویستن و گوێڕایەڵی خوای گەورە، وە موسوڵمان لە گوێڕایەڵی خوادا گەردنی خۆی دابنێت هاوشێوەی بەران لەبەردەستی قەسابدا، وە باوەڕی وابێت خوای گەورەی تاك و تەنها و بێ هاوبەشە. بەڵام كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانەكرا ئەم یەكتاپەرستیە ون بوو بوو، وە نیمچە كیشوەری هیندستانیش پڕ بوو لە بت هەروەك پاندێت “دیانەند سەراسوتی” دانی پێداناوە. دەبوایە لەم بارودۆخەدا پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانە بكرایە. هەمان بارودۆخ لەم سەردەمەی ئێمەشدا هەیە، بگرە لەپاڵ بتپەرسیدا پەرستنی مرۆڤ و بێ باوەڕیش بڵاوبووەتەوە تێیدا، لە ئەنجامدا ناوەڕۆك و ئامانجی ڕاستەقینەی ئیسلام لەدەستچوو. بێگومان ناوەڕۆكی ئیسلام ئەوەیە مرۆڤ خۆی فەنابكات لە خۆشەویستی خوادا و باوەڕ بە هیچ پەرستراوێكی تر نەكات. وە ئامانجی ئەوەیە مرۆڤ ڕوو بكاتە خوای گەورە و ڕوونەكاتە دنیا، وە بۆ ئەم مەبەستە ئیسلام فێركاریەكانی خۆی كردووە دوو بەشەوە. یەكەم: پابەندبوون بە جێبەجێكردنی مافەكانی خواوە، دووەم: پابەندبوون بە جێبەجێكردنی مافەكانی دروستكراوەكانیەوە. مەبەست لە پابەندبوون بە جێبەجێكردنی مافەكانی خواوە ئەوەیە مرۆڤ لەناخەوە باوەڕی وابێت گوێڕایەڵی خوا (سبحانه وتعالى) پێویستە لەسەری. وە مەبەست لە جێبەجێكردنی مافەكانی بەندە ئەوەیە دڵسۆز بێت بۆ دروستكراوانی خوا و یارمەتییان بدات. بێگومان ئازاردانی كەسانی تر تەنھا لەبەر جیاوازی ئایین كارێكی هەڵەیە. هاوخەمی و دڵسۆزی و مامەڵەی باش شتێكە و ناكۆكی بەهۆی ئایینەوە شتێكی ترە. هەڵبەت دەستەیەك لە موسوڵمانان كە بە هەڵە تێگەیشتوون لە مانای جیھاد بەڕەوای دەزانن بەڕێگای ناشەرعی ماڵ و سامانی كافرەكان زەوت بكرێت، وە فەتواشیان داوە بە تاڵانكردنی موڵك و ماڵی خۆم و كۆمەڵەكەم، تەنانەت بەڕەوازانینی ڕفاندنی ئافرەتەكانمان، لەكاتێكدا ئەم جۆرە كردەوە قێزەونانە هیچ پەیوەندیەكیان بە فێركاریەكانی ئیسلامەوە نیە كە ئایینێكی پاك و بێگەردە. دەكرێت ئیسلام بشوبهێنین بە باوكێك كە داوا دەكات لە مناڵەكانی ئەركی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بكەن بەرامبەری، وە پێیشی خۆشە مناڵەكانی هاوخەم و دڵسۆزی یەكتر بن، وە حەزناكات شەڕ بكەن لەگەڵ یەكتردا. بەهەمان شێوە ئیسلام دەیەوێت هاوبەش بۆ خوا دانەنرێت و جەخت دەكاتەوە لەسەر تاك و تەنهایی خوا، وە جەختیش دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە پێوستە خۆشەویستی و یەكێتی لەنێوان مرۆڤەكاندا هەبێت([29]).
دیارە نوێژی بەكۆمەڵ پاداشتی زیاترە چونكە دەبێتەهۆی یەكبوون. وە بەشێوەیەكی كردەیی جەختكراوەتەوە لەسەر هاتنەدی ئەم یەكبوونە بەڕادەیەك فەرمانكراوە بە نوێژخوێنان قاچیان لە ڕیزی یەكدا بێت و ڕیزەكانیان ڕێك بێت، وە پاڵ بدەن بەیەكەوە وەك ئەوەی یەك كەس بن بۆ ئەوەی نووری هەندێكیان بچێت بۆ هەندێكی تریان و بەمەش جیاوازی و ناكۆكی لەنێوانیاندا نەمێنێت كە دەبێتەهۆی خۆپەرستی و خۆپەسەندی و چاوچنۆكی.
باش بیربكەنەوە، هێزێكی ڕاكێشان لە مرۆڤدا هەیە كە بەهۆیەوە نووری ئەوانی تر ڕادەكێشێت. وە بۆ هاتنەدی ئەم یەكبوونە فەرمان كراوە بە موسوڵمانان كە لە مزگەوتی گەڕەكدا هەموو ڕۆژێك كۆببنەوە بۆ نوێژ، پاشان لە مزگەوتی شاردا هەفتەی جارێك نوێژ بكەن، وە لە شوێنی نوێژی جەژندا ساڵی دوو جار نوێژ بكەن، وە لەهەموو لایەكی دنیاوە لەساڵێكدا جارێك كۆببنەوە بۆ نوێژكردن لە كەعبەدا. ئامانج لە هەموو ئەم فەرمانانە بریتیە لە هاتنەدی یەكبوون.
هەڵبەت خوای گەورە ئەركەكانی سەرشانمانی كردووە بە دوو بەشەوە: ئەركمان بەرامبەر خوا و ئەركمان بەرامبەر دروستكراوەكانی. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بە تێروتەسەلی باسی ئەم بابەتەی كردووە، ئەوەتا لە ئایەتێكدا فەرموویەتی: {فَٱذۡكُرُواْ ٱللَّهَ كَذِكۡرِكُمۡ ءَابَآءَكُمۡ أَوۡ أَشَدَّ ذِكۡرٗاۗ}([30]). لێرەدا دەبێت ئاماژە بدرێت بە دوو خاڵی گرنگ: یەكەم: خوا (عز وجل) یادكردنەوەی خۆی شوبهاندووە بە یادكردنەوەی باوكان. نهێنی ئەمەش ئەوەیە كە خۆشەویستی باوك و دایك خۆشەویستیەكی خۆیی و فیتریە. ئایا نابینن مناڵ لەخۆوە و بەشێوەیەكی خۆڕسك دایكی بانگ دەكات تەنانەت كاتێك كە لێی دەدات و ڕەقی دەنوێنێت بەرامبەری. كەواتە، خوای گەورە لەم ئایەتەدا مرۆڤ فێردەكات پەیوەندی خۆشەویستی فیتری دروست بكات لەگەڵیدا (سبحانه وتعالى). وە پاش ئەوەی مرۆڤ دەگاتە ئەم قۆناغە لەخۆوە ملكەچی فەرمانەكانی دەبێت. ئەمە بریتیە لە مەقامی ناسینی ڕاستەقینە كە پێویستە لەسەر مرۆڤ هەوڵبدات پێی بگات، بەو مانایەی پێویستە بەشێوەیەكی شایستە خوا بناسێت و خۆشەویستی فیتری و پاك بۆ خوا (سبحانه وتعالى) دروست بێت تێیدا. لە ئایەتێكی تردا خوا (عز وجل) باسی نهێنی دووەمی كردووە و دەفەرموێت: {۞إِنَّ ٱللَّهَ يَأۡمُرُ بِٱلۡعَدۡلِ وَٱلۡإِحۡسَٰنِ وَإِيتَآيِٕ ذِي ٱلۡقُرۡبَىٰ}([31]). لەم ئایەتەدا خوای گەورە سێ پلەی باسكردووە پێویستە مرۆڤ هەوڵبدات پێیان بگات. پلەی یەكەم بریتیە لە دادپەروەری. وە مەبەست لە دادپەروەری ئەوەیە مرۆڤ چاكە بكات لەگەڵ كەسی تردا لەبەرامبەر پاداشتدا. وە ئاشكرایە ئەم جۆرە چاكەیە لە بەرزترین پلەدا نیە، بەڵكو نزمترین جۆری چاكەیە. ئەگەر زیاتر سەركەوتن ئەوا دەگەنە پلەی ئیحسان و چاكەكاری، واتە چاكە دەكەن لەگەڵ خەڵكدا بەبێ بەرامبەر. بەڵام چاكەكردن لەگەڵ خراپەكاردا، یان وەرچەرخانی ڕومەتی چەپ بۆ كەسێك كە زللـەی داوە لە ڕوومەتی ڕاست كارێكی دروست نیە، یان بە دەربڕینێكی تر بڵێین كاركردن بەم فێركاریە بە شێوەیەكی گشتی ئەستەمە. شێخی سەعدی دەڵێت: چاكەكردن لەگەڵ بەدكاراندا وەك خراپەكردن وایە لەگەڵ چاكەكاراندا.
وە فێركاری بڵندی ئیسلام سەبارەت بە سنووری تۆڵەكردنەوە هێندە جوانە كە ئەستەمە هیچ ئایینێكی تر نموونەكەی بخاتەڕوو؛ چونكە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَجَزَٰٓؤُاْ سَيِّئَةٖ سَيِّئَةٞ مِّثۡلُهَا ۖ فَمَنۡ عَفَا وَأَصۡلَحَ فَأَجۡرُهُۥ عَلَى ٱللَّهِ ۚ إِنَّهُۥ لَا يُحِبُّ ٱلظَّٰلِمِينَ}([32]). واتە سزای خراپە پێویستە بە ئەندازەی خراپەكە بێت. وە دەكرێت لێبوردنیش هەبێت بەمەرجێك ببێتە هۆی چاكسازی و ڕاستبوونەوە. كەواتە ئیسلام لێبوردن لە هەڵە فێری مرۆڤ دەكات بەڵام بەبێ ئەوەی ببێتەهۆی بڵاوبوونەوەی خراپە.
وە پلەی دووەم دوای دادپەروەری بریتیە لە ئیحسان، واتە كردنی چاكە بەبێ بەرامبەر. بەڵام ئەم جۆرە كردەوەیەش دەكرێت بە پاڵنەری خۆپەرستی ئەنجام بدرێت، كە بریتیە لەوەی ڕەنگە هەندێ جار درەنگ یان زوو مرۆڤ ئاماژە بكات بۆ ئەو چاكەیەی كە ئەنجامی داوە بەرامبەر كەسێك و منەت بكات بەسەریدا. لەبەرئەوە خوا (سبحانه وتعالى) فێركاریەكی لەمە بڵندترمان فێردەكات كە بریتیە لە پلەی “چاكەكردن لەگەڵ خزمە نزیكەكان” وەك ئەو هەڵسوكەوتەی دایك بەرامبەر مناڵەكەی ئەنجامی دەدات، دیارە دایكەكە لەبەرامبەردا چاوەڕوانی پاداشتێك یان نیعمەتێك یان ڕێزلێنانێك ناكات، بەڵكو هەڵسوكەوتە چاكەكەی لەگەڵ مناڵەكەیدا لە خۆشەویستیە فیتریەكەیەوە بۆی سەرچاوە دەگرێت، تەنانەت ئەگەر پاشا فەرمانی پێ بكات شیری پێ نەدات، وە دڵنیای بكاتەوە كە ئەگەر مناڵەكە مرد بەهۆی ئەمەوە ئەوا هەرگیز سزای نادات بەڵكو نیعمەت و ڕێزلێنان بەدەستدەهێنێت؛ ئەوا ملكەچ نابێت بۆ فەرمانەكەی، بەڵكو بەدڵنیاییەوە نەفرەتی لێ دەكات لەسەر ئەوەی دوژمنی مناڵەكانیەتی. هۆكارەكەش ئەوەیە بەهۆی خۆشەویستیەكی فیتریەوە هەڵسوكەوت دەكات لەگەڵ مناڵەكەیدا كە خەوشی چاوچنۆكی یان بەرژەوەندی كەسی و تایبەتی تێكەڵ نیە.
ئەمە بریتیە لە فێركاریە بڵند و جوانەكانی ئیسلام. ئەو ئایەتەی ئێستا باسكرا ئەرك و پابەندبوونەكانمان لەخۆدەگرێت بەرامبەر خوا و بەرامبەر خەڵكی. بۆیە لەڕوانگەی ئەركەكانمان بەرامبەر خوا ئایەتەكە واتە گوێڕایەڵی خوا بكەن بەگوێرەی داخوازیەكانی دادپەروەری، وە پێویستە لەسەر مرۆڤ خواى گەورە (سبحانه وتعالى) بپەرستێت و گوێڕایەڵی بكات چونكە ئەو دروستیكردووە و پەروەردەی دەكات. وە ئەو كەسەی لەم پلەیە بەرزتر دەبێتەوە لە گوێڕایەڵی خوادا، پێویستە لەسەری بەگوێرەی داخوازیەكانی چاكە و ئیحسان گوێڕایەڵی خوا بكات؛ چونكە خوا (عز وجل) “چاكەكار”ە و چاكەكانی لە ژماردن نایەن. وە ئەو چاكە و نیعمەتەی پێمان دەبەخشێت بەردەوام لە زیهنماندا ئامادە دەبێت كاتێك بیردەكەینەوە لە تایبەتمەندی و سیفەتە بەرزەكانی. بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “ئیحسان ئەوەیە: خوا بپەرستی وەك ئەوەی بیبینیت، ئەگەر تۆ ئەو نەبینیت ئەوا ئەو تۆ دەبینێت”([33]). لەم پلە و ئاستەشدا مرۆڤ بەجۆرێك لە جۆرەكان پەردە لەسەر چاویەتی. وە پلەی سێیەم بریتیە لە پلەی “إیتاء ذي القربی”. لەم پلەیەدا خۆشەویستی خۆیی پوخت لە مرۆڤدا دروست دەبێت بۆ خوای گەورە. سەبارەت بەم قۆناغە پێشتر ئەم مانایەم ڕوونكردەوە لە ڕوانگەی ئەركەكانی مرۆڤەوە كە دەبێت لە ئەستۆیان بگرێت بەرامبەر مرۆڤەكانی تر، وە گوتم قورئانی پیرۆز تاكە كتێبە ئەم فێركاریەی ڕاگەیاندووە، كە فێركارییەكی تەواوە و هیچ كەس ناتوانێت هاوشێوەی بهێنێت، واتە: {وَجَزَٰٓؤُاْ سَيِّئَةٖ سَيِّئَةٞ مِّثۡلُهَاۖ} لەم ئایەتەدا خوا مەرجی داناوە بۆ لێبوردن كە ئەوەیە ببێتە هۆی چاكسازی و ئیسڵاح. بەڵام ئایینی جوولەكایەتی دەڵێت چاو لە تۆڵەی چاو و ددان لە تۆڵەی ددان…. هتد و ئەمەی بە مەرج گرتووە([34])، بۆیە هێزی تۆڵەكردنەوە تێیاندا بە تین بوو تەنانەت ئەم نەریتە تێیاندا ڕەگی داكوتا بەڕادەیەك ئەگەر باوك بۆی نەكرایە تۆڵە بكاتەوە، ئەوا پێویست بوو لەسەر كوڕەكەی بگرە نەوەكەیشی كە تۆڵە بكاتەوە. بۆیە خوونەریتی ڕق و كینە زۆر بوو لەناویاندا و دڵیان ڕەق بوو، وە بەتەواوەتی هەست و سۆزی بەزەیی نەما لەناویاندا. لەبەرامبەردا مەسیحیەت ئەوەی فێری شوێنكەوتووانی كرد كە ئەگەر كەسێك زللـەیەكی دا لە ڕوومەتێكت ئەوا ڕوومەتەكەی تریشی بۆ بچەرخێنە با زللـە بدات لەویش، وە ئەگەر بۆ ماوەی میلێك ناچاری كردیت لەگەڵیدا بڕۆیت ئەوا تۆ دوو میل لەگەڵیدا بڕۆ و بێگاری بكە بۆی، وە هەروەها. ناتەواوی و خەوشی ئاشكرا و بەڵگەنەویست لەم فێركاریەدا ئەوەیە كە ئەستەمە كاری پێ بكرێت. وە دەوڵەتە مەسیحیەكان بەكردەوە سەلماندوویانە ئەم فێركاریە ناتەواوە. ئایا هیچ مەسیحیەك ڕوومەتەكەی تری وەردەچەرخێنێت بۆ كەسێكی بەدكار كە زللـەی لێ داوە، وە دانی بشكێنێت و پێی بڵێت دانێكی تریشی بشكێنێت؟! ئەگەر وا بكات؛ ئەوا دەبێتە هۆی زیاتر هاندانی ئەو كەسە چەپەڵە لەسەر خراپە، وە ئەمەش دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی یاسا و تێكچوونی ئاسایشی كۆمەڵگا. ئیتر چۆن دەتوانین قەبوڵی بكەین ئەم فێركاریە جوانە و تەبایە لەگەڵ ویستی خوای گەورەدا. ئەگەر كاری پێ بكرێت ئەوا ئاسایش جێگیر نابێت لە هیچ وڵاتێكدا، ئەگەر دوژمن شارێكی داگیر كرد ئەوا پێویستە شارێكی تریش ڕادەستی بكرێت. ئەگەر دوژمن ئەفسەرێك قۆڵبەست بكات ئەوا پێویستە 10 دانەی تری پێ بدرێت بۆ ئەوەی قۆڵبەستیان بكات. وە ئەم ناتەواویانە لەم فێركاریانەدا وەهایان لێكردوون كاریان پێ نەكرێت. بەڵام دەكرێت بوترێت ئەم حوكمانە وەك یاسایەك تایبەت بوون بە سەردەمێكی دیاریكراوەوە. بۆیە كاتێك ئەو سەردەمە تێپەڕی ئەوا ئەستەمە ئەو فێركاریانە بخرێنە بواری جێبەجیكردنەوە. هەڵبەت جوولەكە بۆ ماوەی چوار سەد ساڵ بە دیلی ژیان، وە بەهۆی ژیانی كۆیلایەتیەوە زۆر دڵڕەق و كینە لەدڵ بوون. شتێكی سروشتیە ئەو كەسەی لە سایەی فەرمانڕەوایەكدا بژی، خووڕەوشتی وەكو خووڕەوشتی فەرمانڕەواكەی لێدێت. بۆ نموونە لە سەردەمی سیخدا زۆرێك لە خەڵكی بوون بە تاڵانچی، بەڵام لەسەردەمی ئینگلیزدا كە تێیدا شارستانی و ڕۆشنبیری بڵاوبوویەوە، خەڵكی ڕوویان كردە ئەم ئاراستەیە.
پوختەی قسە ئەوەیە نەوەی ئیسڕائیل لەژێر فەرمانڕەوایەتی فیرعەوندا تووشی ستەم بوون و بە شێوازێكی دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵدا كرا، بۆیە نەریتی ستەم پەرەیسەند لەناویاندا. لەبەرئەوە لەسەردەمی تەوراتدا فێركاری دادپەورەری لە پێشتر بوو؛ چونكە دادپەروەرییان نەدەزانی، وە خوویان گرتبوو بە زۆرداری و ستەمەوە. ئینجا وایان لێهات كە باوەڕیان وابوو شكاندنی ددان لەجیاتی ددان لەهەموو بارودۆخێكدا نەك هەر پێویستە بەڵكو ناچارییە و دەبێت ئەو كارە بكەن. ئینجا خوای گەورە فێری كردن كە تەنھا دادپەروەری بەس نیە، بەڵكو دەبێت چاكە و بەزەییش بوونی هەبێت، بۆیە لەڕێگەی مەسیحەوە (عليه السلام) فێركارییەكی پێدان كە ئەگەر كەسێك زللـەیەكی دا لە ڕوومەتتان ئەوا ڕوومەتەكەی تریشتان وەرچەرخێنن بۆی با زللـە بدات لەویش. بەڵام كاتێك بەهەموو شێوەیەك جەخت كرایەوە لەسەر ئەم خاڵە بەتەنها و هەموو بایەخێكی پێدرا؛ خوای گەورە لەكۆتاییدا لەڕێگەی پێغەمبەرەوە (ﷺ) فێركاریەكەی گەیاندە چڵەپۆپە و فەرمووی: {وَجَزَٰٓؤُاْ سَيِّئَةٖ سَيِّئَةٞ مِّثۡلُهَا ۖ فَمَنۡ عَفَا وَأَصۡلَحَ فَأَجۡرُهُۥ عَلَى ٱللَّهِۚ}. كەواتە لێرەدا فێركاری لێبوردن پێشكەش كراوە بەمەرجێك ببێتە هۆی چاكسازی؛ چونكە ئەگەر لێبوردن لەجێگای خۆیدا نەبێت زیان بەخشە. لێرەدا دەبێت بەوردی سەرنج لەوە بدرێت كە لێبوردن تەنھا كاتێك پێویستە ئەگەر هیوایەك هەبوو بۆ چاكسازی. دەكرێت ئەم خاڵە ڕوون بكرێتەوە بە هێنانەوەی نموونەی دوو خزمەتكار: یەكێكیان بەڕێز و گوێڕایەڵە، وە دڵسۆز و دەستپاكە، بەڕێكەوت هەڵەیەك دەكات؛ باشتر و گونجاوترە عەفوو بكرێت، وە سزادانی هیچ خێرێكی تیدا نیە. بەڵام خزمەتكاری دووەم كە ڕەوشتی ناشرینە و بەدكارە و ڕۆژانە دەبێتە هۆی جۆرەها زیان، وە دەستهەڵناگرێت لە خراپە، ئەگەر وازیلێبهێنرێت ئەوا زیاتر بێ شەرم و چاوقایم دەبێت، بۆیە دەبێت سزای بدرێت.
پوختەی قسە، پێویستە بەگوێرەی داخوازیەكانی بارودۆخ هەڵسوكەوت بكەن. ئەمە ئەو فێركاریەیە كە ئیسلام هێناویەتی و فێركاریەكی تەواو و بێكەموكوڕیە، وە ئەستەمە فێركاریەكی نوێ یان شەریعەتێكی نوێ جێگای بگرێتەوە. پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، وە قورئانی پیرۆز خاتەمی كتێبەكانە. بۆیە لە ئێستا بەدواوە شایەتومانێكی نوێ و نوێژێكی نوێ بوونیان نیە. وە ئەو كەسەی وازبهێنێت لەوەی پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی و كردوویەتی، یان لەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە هەرگیز ڕزگاری نابێت؛ وە ئەو كەسەی وازبهێنێت لێیان جێگای دۆزەخە. ئەمە ئایینی ئێمەیە و ئەمە ڕێبازی ئێمەیە.
پێویستە ئەوەش بزانرێت و ئاشكرا بێت كە دەرگای وەحی و ئاخاوتنی خوایی بەردەوام كراوەیە بۆ ئەم ئوممەتە. وە ئەم دەرگایە بەڵگەیەكی نوێ و هەمیشەییە لەسەر ڕاستی قورئانی پیرۆز و ڕاستگۆیی پێغەمبەر (ﷺ)، بۆ ئەم مەبەستە خوای گەورە لە سوورەتی الفاتحة دا ئەم دوعایەمان فێردەكات: {ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ * صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ}. دیارە فێركردنی دوعاكە بۆ بەدەستهێنانی ڕێگای ڕاستی ئەو كەسانەی كە خوا نیعمەتی ڕژاندووە بەسەریاندا، ئاماژەیە بۆ بەدەستهێنانی فەزڵ و چاكەی پێغەمبەرانی پێشوو (علیھم السلام)، وە ئاشكرایە ئەو فەزڵ و چاكانەی كە دراوە بە پێغەمبەران هەمووی بریتیە لە ناسینی ڕاستەقینەی خوا، وە ئەم نیعمەتەیان بەدەستهێناوە لە ڕێگەی وەحی و ئاخاوتنی خواییەوە، دەی ئێوەش هەمان فەزڵ و چاكە داوابكەن. بەڵام پێتان وا نەبێت قورئانی پیرۆز فەرمانمان پێدەكات ئەم دوعایە بكەین بۆ بەدەستهێنانی ئەم نیعمەتە بەڵام هیوایەك نیە بۆ گیرابوونی و بەرهەمی نیە، یان هیچ تاكێك لە ئوممەت نیە شكۆ و ڕێزی ئەم ئاخاوتنە خواییە بەدەستبهێنێت، وە ئەم دەرگایە بەڕووماندا داخراوە هەتا ڕۆژی قیامەت. توخوا ئێوە بڵێن، ئایا ئەم بیروباوەڕە هیچ فەزڵ و چاكەیەك بۆ ئیسلام و پێغەمبەر (ﷺ) دەچەسپێنێت، یان دەبێتە هۆی سووكایەتی بۆیان؟! بە ڕاستی و دروستی دەڵێم ئەو كەسەی ئەم باوەڕەی هەبێت ئیسلام بەدناو دەكات، وە هەرگیز لە ناوەڕۆكی ئیسلام تێنەگەیشتووە. ئیسلام ئامانجی ئەوە نیە كە مرۆڤ تەنھا بە زمان دانبنێت بە یەكتایی خوادا، بەڵكو پێویستە لەسەری لە حەقیقەتەكەی تێبگات، وە پێویستە تەنھا بەشێوەی تیۆری و لەسەر بنەمای مەزەندەكردن باوەڕی بە بەهەشت و دۆزەخ نەبێت، بەڵكو پێویستە لەڕاستیدا لەم دنیایەدا چێژ وەربگرێت لە بەرەكەتەكانی بەهەشت، وە ڕزگار بێت لەو تاوانانەی كە كەسانی گەوج و دڕندە ئەنجامیان دەدەن. هەڵبەت ئەمە پێشتر و بەردەوام ئامانجی هەرە گەورەی ئیسلام بووە، وە ئامانجێكی پیرۆز و پاك و بێگەردە كە هیچ گەلێكی تر ناتوانێت هاوشێوەكەی بهێنێت لە ئایینەكەی خۆیدا، وە ناتوانێت نموونەیەك بخاتەڕوو لەسەر هاتنەدی ئەو ئامانجە. لە ڕاستیدا بانگەشەكردنی ئەم بابەتە ئاسانە، بەڵام ئایا كەسێك هەیە بتوانێت بەكردەیی بچەسپێنێت؟!
داوام لە ئاریەكان و مەسیحیەكان كرد بەڵگەیەك بهێننەوە لەسەر بوونی ئەو خوایەی كە باوەڕیان پێیەتی، بەڵام ناتوانن جگە لە خۆهەڵكێشان و بانگەشەی پووچ شتێكی تر پێشكەش بكەن. دیارە ئەوان ئەو خوا ڕاستەقینەیە ناناسن كە قورئانی پیرۆز دەیخاتەڕوو. وە تاكە ڕێگا بۆ ناسینی بریتیە لە ڕێگای وەحی و ئاخاوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵیدا. لەڕاستیدا ئیسلام بەم ڕێگایە جیادەكرێتەوە لە ئایینەكانی تر. بەڵام بەداخەوە ئەو موسوڵمانانە، تەنها لەبەر دژایەتیكردنی من، ئەم ڕێگایەیان ڕەتكردەوە و خۆیان بێ بەش كرد لێی.
بیربكەنەوە، مرۆڤ ڕزگاری نابێت لەتاوان مەگەر بەتەواوەتی باوەڕی هەبێت بە خوای گەورە. وە ئامانجی هەرە گەورەی ژیانی مرۆڤ تەنها ڕزگاربوونە لە چنگی تاوان.
ببینن مار چونكە بەڕواڵەت دیمەنی جوانە، تەنانەت مناڵ حەز دەكات دەستی لێبدات بەڵكو بیشیگرێت، بەڵام مرۆڤی ژیر كە دەزانێت پێوەی دەدات و دەیكوژێت؛ هەرگیز ناوێرێت لێی نزیك بێتەوە، بگرە هەرگیز ناچێتە ماڵێكەوە بزانێت ماری تێدایە. بەهەمان شێوە هیچ كەسێك ئەوەندە هەڵەشە نیە بوێرێت ژەهر بخوات چونكە دەزانێت دەیكوژێت. بەهەمان شێوە مرۆڤ ناتوانێت ڕزگاری بێت لە تاوان ئەگەر دڵنیا نەبێت لەوەی تاوان ژەهرێكی كوشندەیە. ئەو دڵنیاییە بەبێ ناسین و تێگەیشتنی ڕاستەقینە هەرگیز دروست نابێت. كەواتە بۆچی مرۆڤ دەوێرێت تاوان ئەنجام بدات، لەگەڵ ئەوەی باوەڕی بەخوا هەیە و تاوان بە گوناھ دادەنێت. دیارە هیچ هۆكارێك نیە جگە لەوەی بێ بەشە لە زانین و بینایی كە حەزی تاوان لەناودەبەن. ئەگەر ئەم بارودۆخە دروست نەبێت؛ ئەوا دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە ئیسلام خاڵیە لە سیفەتە بەرزەكانی و دەستەوسانە لە هێنانەدی ئامانجە ڕاستەقینەكەی خۆی، پەنا بەخوا. بەڵام من بەدڵنیاییەوە دەڵێم كارەكە هەرگیز بەم شێوەیە نیە، بەڵكو لەڕاستیدا ئیسلام ئەو تاكە ئایینەیە كە بەشێوەیەكی تەواوەتی ئەم ئامانجە دەهێنێتەدی. وە یەك ڕێگا هەیە بۆ هاتنەدی ئەم ئامانجە، ئەویش بریتیە لە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی؛ چونكە تەنھا ئەمە دڵنیایی و یەقینی تەواوەتی دروست دەكات بە بوونی خوا (سبحانه وتعالى)، وە لێیەوە دەردەكەوێت خوا (سبحانه وتعالى) لەڕاستیدا پاك و بێگەردە لە تاوان و ڕقی لێیەتی و بكەرەكەی سزا دەدات.
گوناهـ ژەهرێكە سەرەتا كەم و سووكە و پاشان دەگۆڕێت بۆ گەورە و كوشندە، هەتا لەكۆتاییدا دەگاتە كوفر.
بەم بۆنەيەوە دەڵێم؛ هەموو ئوممەتەكان لەخودی خۆیاندا نیگەرانن، وە بیر لەوەدەكەنەوە چۆن پاكببنەوە لە گوناھ و تاوان. بۆ نموونە، ئارییەكان باوەڕیان وایە هیچ ڕێگایەك نیە بۆ پاكبوونەوە لە گوناھ مەگەر لەڕێگەی سزادانەوە، وە باوەڕیان وایە مرۆڤ بە سەدان هەزار لەدایكبووندا تێدەپەرێت وەك سزایەك بۆ یەك تاوان، وە ئەگەر بەم زنجیرەیەدا تێپەڕ نەبێت ئەوا ئەستەمە پاك بێتەوە. بەڵام كۆمەڵێك ئاستەنگ و گرفتی زۆر هەن ئەم ڕێگایە دەگرن؛ گەورەترینیان ئەوەیە مادام هەموو خەڵكی تاوانبارن، ئەوا ڕزگاربوون لەم گێژاوە كەی دێتەدی؟ لەوە سەیرتر ئەو باوەڕە باوەیانە كە دەڵێن ئەو كەسانەیش لەكۆتاییدا ڕزگاربوونیان بەدەستهێناوە پاش ماوەیەك لە شوێنی ڕزگاربوونەكەیان دەردەكرێن. ئیتر لەبنەڕەتدا سوودی ئەم ڕزگاربوونە چیە؟ وە ئەگەر پرسیاریان لێ بكرێت: بۆچی پاش ڕزگاربوون دەردەكرێن لێی؟ هەندێكیان دەڵێن یەك گوناهیان دەمێنێتەوە وەك هۆكارێك بۆ دەرچوونیان لە شوێنی ڕزگاربوون. ئێستا ڕابمێنن لە بابەتەكە و پێمان بڵێن؛ ئایا دەكرێت ئەمە كاری خوای بەتوانا بێت؟! پاشان ئەگەر هەر نەفسێك بەدیهێنەری خۆیەتی و خوای گەورە دروستی نەكردووە، پەنا بەخوا، ئەوا چ پێویستی بەوە هەیە لەژێر كۆنترۆڵی خوادا (عز وجل) بمێنێتەوە؟!
بەڵام مەسیحیەكان دید و تێڕوانینێكی تریان هەیە، ئەوان ڕێگایەكی تریان داهێنا بۆ پاكبوونەوە لەتاوان كە بریتیە لە باوەڕهێنان بە عیسا بەو پێیەی خوا و كوڕی خوایە، پاشان پابەندبوون بە بیروباوەڕێكەوە كە عیسا تاوان و هەڵەی ئەوانی هەڵگرتووە و خۆی بووە بە كەسێكی نەفرەتلێكراو بەوەی لەسەر خاچ مردووە، پەنا بە خوا. ئێستا بیربكەنەوە: ڕزگاربوون چ پەیوەندیەكی هەیە بەمەوە؟ بەڵكو تاوانێكی گەورەتریان ئەنجامدا بۆ ڕزگاربوون لە تاوان بەجۆرێك مرۆڤێكیان كرد بە خوا. ئایا تاوانێك هەیە لەوە گەورەتر؟! لەمەش خراپتر، پاش ئەوەی كردیان بەخوا كردیشیان بە كەسێكی نەفرەتلێكراو. چ بێڕێزی و بەدناوكردنێك دەرحەق بەخوای گەورە لەمە گەورەترە؟! بەجۆرێك مرۆڤێكیان كرد بە خوا كە خواردنی دەخوارد و ئاوی دەخواردەوە و كۆمەڵێك پێویستی جەستەیی هەبوو، لەگەڵ ئەوەی لە تەوراتدا هاتووە خوای دووەم بوونی نیە نە لە ئاسمان نە لە زەویدا. وە ئەم فێركاریە لەسەر دەرگا و دەروازەكان نووسرا بوو، بەڵام خۆیان گێل كرد لێی و خوایەكی نوێیان دروستكرد كە لە هیچ شوێنێكی تەوراتدا باسی نەكراوە.
جارێكیان پرسیارم كرد لە كۆمەڵێك زانای جوولەكە: خوایەك لە سكی مەریەمەوە لەدایك بێت و پاشان لەسەر دەستی جوولەكەدا ئازاربچێژێت، ئایا وێنای ئەم خوایە هەبووە لای ئێوە؟ هەموویان لەوەڵامدا پێیان گوتم ئەمە تەنھا درۆیەكە و لە تەوراتدا هیچ شوێنەوارێكی ئەم جۆرە خوایە بوونی نیە، وە خوای ئێمە هەمان ئەو خوایەیە كە قورئانی پیرۆز پێشكەشی دەكات. واتە هەروەك چۆن قورئانی پیرۆز تاك و تەنهایی خوای گەورەی خستووەتەڕوو؛ بەهەمان شێوە ئێمە بەگوێرەی فێركاری تەورات باوەڕمان بەخوای گەورە هەیە كە یەكە و هیچ هاوبەشێكی نیە، وە ئەستەمە هیچ كەسێك بە خوا لەقەڵەم بدەین. شتێكی ڕوونە ئەگەر بە جوولەكە بگوترایە خوایەك لە سكی ئافرەتێكەوە لەدایك دەبێت؛ ئەوا بەم توندوتیژیە دژایەتی مەسیحیان (عليه السلام) نەدەكرد هەتا لەسەر خاچ هەڵیواسن و تۆمەتباری بكەن بە كوفركردن. كەواتە لێرەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت ئەوان بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوون بۆ ئەوەی عیسا بە خوا و كوڕی خوا لەقەڵەم بدەن.
كەواتە ئەو چارەسەرەی مەسیحیەكان دایانهێنا بۆ ڕزگاربوون لە گوناھ لەخودی خۆیدا دەبێتە هۆی گوناھ و تاوان، وە لەئەسڵدا هیچ پەیوەندیەكی نیە بە ڕزگاربوون لە گوناھ و تاوانەوە. ئەوان تاوانێكی تریان داهێنا بۆ نەهێشتن و چارەسەری تاوان، كە بەهیچ شێوەیەك ناكرێت بە گونجاو دابنرێت([35]). ئەوان هاوەڵی گەمژەی خۆیانن، وەكو مەیموونێك وان كە خوێنی گەورەكەی خۆی ڕشت، بەجۆرێك بۆ ڕزگاربوونیان لە تاوان و گوناھ گوناهێكیان داهێنا كە لێخۆشبوونی بۆ نیە؛ واتە شیركیان ئەنجامدا و مرۆڤێكی لاوازیان كرد بە خوا.
سەبارەت بە موسوڵمانان، مایەی خۆشحاڵیە بۆیان كە خواكەیان بەرزترە لەوەی ڕەخنەی لێ بگیرێت یان هێرش بكرێتە سەری! ئەوان باوەڕیان بە توانا و سیفەتەكانی هەیە. بەڵام ئەو كەسانەی مرۆڤێكیان كرد بە خوا یان ئەوانەی نكوڵییان كرد لە تواناكانی خوا؛ بوون و نەبوونی خوا لایان یەكسانە. بۆ نموونە ئارییەكان باوەڕیان وایە هەموو گەردیلەیەك لەخودی خۆیدا خوایە، وە خوا هیچ شتێكی دروست نەكردووە. دەی مادام خوا بەدیهێنەری گەردیلەكان نیە، ئیتر چ پێویستیان بە خوایەك هەیە بۆ مانەوەیان؟! وە مادام هەموو هێز و تواناكانیان لەخۆیانەوە بوونیان هەیە، وە توانای یەكگرتن و جیابوونەوەش هەیە تێیاندا؛ ئیتر بەدادپەروەری و ویژدانەوە بڵێن: ئایا لە ئەسڵدا پێویستیان بەخوا هەیە؟! وە هێڵێكی جیاكەرەوە نیە لەنێوان بێ باوەڕان و ئەو ئارییانەی كە ئەم باوەڕەیان هەیە. كەواتە ئیسلام ئەو تاكە ئایینەیە كە تەواو و زیندووە. وە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە سەرلەنوێ گەورەیی و شكۆی ئیسلام دەركەوێتەوە، وە من بەتایبەتی بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە هاتووم.
پێویستە لەسەر موسوڵمانان ڕێزی ئەو نوور و بەرەكەتانە بگرن كە لە ئێستادا لە ئاسمانەوە دادەبەزن، وە سوپاسی خوا بكەن لەسەر ئەوەی لەكاتی گونجاودا ڕێنمایی كردن، وە بەگوێرەی بەڵێنەكەی خۆی لەم كاتە سەخت و ناسكەدا یارمەتی دان. وە ئەگەر موسوڵمانان ڕێزی ئەم نیعمەتەی خوا نەگرن و شانازی نەكەن پێیەوە ئەوا خوای گەورەیش گوێ نادات پێیان، وە لەهەموو بارودۆخەكاندا كاری خۆی بەئەنجام دەگەیەنێت، بەڵام ئەوان داخ و پەژارەیان بۆ دەمێنێتەوە.
بەوپەڕی هێز و دڵنیایی و بیناییەوە دەڵێم خوای گەورە بڕیاری داوە هەموو ئایینەكانی تر لەناوببات و ئیسلام زاڵ و بەهێز بكات، وە هیچ دەست و هێزێك ناتوانێت بەرەنگاری ئەم ئیرادەیەی خوا بێتەوە یان نەهێڵێت جێبەجێ بێت، چونكە ئەو بریتیە لە: {فَعَّالٞ لِّمَا يُرِيدُ}([36]).
ئەی موسوڵمانان، گوێ بگرن! خوای گەورە لەڕێگەی منەوە ئەم مژدەیەی ڕاگەیاند پێتان، منیش بەڕۆڵی خۆم بانگەوازی خۆمم پێ ڕاگەیاندن، ئێستا كارەكە لەدەستی خۆتاندایە چ قەبوڵی بكەن یاخود ڕەتی بكەنەوە.
لەڕاستیدا عیسا (عليه السلام) مردووە. وە سوێند دەخۆم بە خوا و دەڵێم من بەڵێندراوەكەم كە هاتنی بڕیارلێدراو بووە. وە ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگرە كە ژیانی ئیسلام لە مردنی عیسادایە. ئەگەر ڕابمێنن لەم بابەتە ئەوا دەزانن ئەمە تاكە بابەت و پرسە كە دەتوانێت ئایینی مەسیحیەت لەناوببات. ژیانی عیسا كۆڵەكەی سەرەكی ئایینی مەسیحیەتە و لەسەری دامەزراوە، دەی وازیلێبهێنن با بڕوخێت. ئەگەر نەیارەكانم لە خوای گەورە بترسن ئەوا بڕیاردان لەم پرسەدا ئەوپەڕی ئاسانە. بەڵام تەنھا یەك كەسم پێ بڵێن كە وازی لە گەوجێتی و دڕندەیی هێنابێت و هاتبێت بۆ لام بۆ ئەوەی یەقینی دەستبكەوێت. ئەوەندە تووڕەن لێم تەنھا بە بیستنی ناوەكەم پەست دەبن و هەڵدەچن و دەست دەكەن بە جنێودان و قسەی ناشرین. دەی ئایا كەسێك بەم شێوازە دەگات بەڕاستی؟!
من دەقی ڕوونی قورئانی پیرۆز و فەرموودە و كۆدەنگی هاوەڵان (رضي الله عنهم) بە بەڵگە دەهێنمەوە بەڵام ئەوان گوێ ناگرن، بەڵكو دەیكەنە هەرا و ژاوە ژاو و پێم دەڵێن: كافر كافر، دەججال دەججال! تەحەددایان دەكەم لە قورئانی پیرۆزەوە بیسەلمێنن عیسا بەزیندوویی بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان. یان شتێك بهێننەوە پێچەوانەی بینین و شایەتیدانی پێغەمبەر (ﷺ) بێت، یاخود شتێك بهێنن پێچەوانەی یەكەم كۆدەنگی بێت كە كاتی كۆچی دوایی پێغەمبەر (ﷺ) ڕوویدا لە سەردەمی ئەبو بەكردا (رضي الله عنه)، بەڵام هیچ وەڵامێك نیە.
هەندێ كەسی تر هەن دەیكەنە هاتوهاوار و دەڵێن: ئەگەر بەڵێندراوەكەی داهاتوو خودی مەسیح عیسای كوڕی مەریەمی ئیسرائیلی نیە ئەوا بۆچی مەسیحی داهاتوو بە “عیسای كوڕی مەریەم” ناونراوە؟ دەڵێم: ئەمە ڕەخنەیەكی پووچە. سەیر لەوەدایە ئەو ڕەحنەگرانە مافی ئەوە دەدەن بەخۆیان مناڵەكانیان بە ناوی مووسا و عیسا و ئەحمەد و داوود و ئیبراهیم و ئیسماعیل ناوبنێن، بەڵام ئەگەر خوا پێغەمبەرێكی داهاتوو بە ناوی عیساوە ناوبنێت ڕەخنەی لێ دەگرن! لەم سیاقەدا خاڵی یەكلاكەرەوە كە پێویستە ڕەچاو بكرێت ئەوەیە؛ ئایا لەگەڵ ڕەوانەكراوەكەدا نیشانەكان هەبوون یان نا؟ ئەگەر نیشانەكان هەبوون ئەوا شیاو نەبوو بۆیان بێشەرمی بنوێنن و نكوڵی بكەن، بەڵام ئەوان نە گوێیان دا بە نیشانەكان نە بە پشتگیریە خواییەكان بەڵكو لەگەڵ بیستنی بانگەشەكەمدا دەستبەجێ گوتیان: تۆ كافری!
شتێكی دانپێدانراوە كە ئامرازی نموونەیی بۆ ناسینی پێغەمبەران (علیھم السلام) و ڕەوانەكراوان لەلایەن خواوە بریتیە لە موعجیزە و نیشانەكانیان. بۆیە هەروەك چۆن كەسێك كاتێك وەك كاربەدەستێك لەلایەن حكومەتەوە دادەمەزرێت نیشانەیەكی جیاكەرەوەی پێ دەدرێت، بەهەمان شێوە ئەو كەسانەیش لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەدەكرێن كۆمەڵێك بەڵگە و نیشانەیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی بە ئاسانی بناسرێنەوە. بەوپەڕی تەحەدداوە دەڵێم خوا بۆ پشتگیری من نیشانەیەك یان دوو نیشانە یاخود دوو سەد نیشانەی پیشان نەداوە، بەڵكو دەیان هەزار نیشانەی پیشان داوە. وە نیشانەكان لەوانە نین كە كەس نەیانزانێت یان ئاڵۆز و ناڕوون بن، بەڵكو سەدان هەزار كەس شایەتی دەدەن لەسەریان. وە دەتوانم بڵێم لەم كۆبوونەوەیەشدا ڕەنگە سەدان كەس لە شایەتەكان ئامادە بن. هەڵبەت نیشانەكان لە ئاسمان و زەویشەوە دەركەوتن بۆ من.
دیارە ئەو نیشانانەش كە تایبەت بوون بە بانگەشەكەمەوە و پێشتر پێغەمبەران، لەناویشیاندا پێغەمبەر (ﷺ)، ڕایانگەیاندبوون دەركەوتن بۆ پشتگیری من. لەوانە بۆ نموونە نیشانەی خۆرگیران و مانگگیران كە هەمووتان بینیتان. لە فەرموودەیەكی ڕاستدا پێشبینی كراوە كە خۆرگیران و مانگگیران لە مانگی ڕەمەزاندا ڕوودەدەن لەسەردەمی مەهدی و مەسیحدا وەك بەڵگەیەك لەسەر هاتنی. ئێستا پێم بڵێن: ئایا ئەم پێشبینیە هاتەدی یان نا؟ ئایا كەسێك دەتوانێت بڵێت ئەم نیشانەیەم نەبینیوە؟
هەروەها پێشبینی بڵاوبوونەوەی تاعوونیش كراوە لەو سەردەمەدا، وە پێشبینی ئەوە كراوە كە تاعوونەكە بەڕادەیەك توند دەبێت بەهۆیەوە لە دە كەس حەوتیان دەمرن. دەی ئایا نیشانەی تاعوون دەركەوت یان نا؟ هەروەها پێشبینیەكی تریش باسكراوە كە ئەوەیە لەو سەردەمەدا هۆكاری گواستنەوەی نوێ دروستدەكرێت و بەهۆیەوە حوشتر سوودی نامێنێت وەك هۆكارێكی گواستنەوە. ئایا بە داهێنانی شەمەندەفەر ئەم نیشانەیە نەهاتەدی؟ هەتا كەی نیشانەكان بژمێرم؟! لیستی نیشانەكان زۆر درێژن. ئێستا ڕابمێنن، منی بانگەشەكار بە دەججال و درۆزن لەقەڵەم دراوم، بەڵام ئایا شتێكی زۆر سەیر و نامۆیە نیە كە هەموو نیشانەكان لەپێناوی منی درۆزندا هاتنەدی؟! وە ئەگەر ڕەوانەكراوێكی تر بێت ئایا بەشی ماوەتەوە؟! ئەم جارە دادپەروەر بن و لەخوا بترسن، ئایا خوای گەورە بەم شێوازە پشتگیری درۆزنیش دەكات؟!
ئەو شتەی سەرنجڕاكێشە لەم بابەتەدا ئەوەیە هەركەسێك ململانێی كردبێت لەگەڵمدا نائومێد و زیانمەند بووە، منیش بەسەلامەتی و دەستكەوتەوە دەرچووم لە هەر بەڵا و موسیبەتێك كە نەیارەكانم هەوڵیان داوە تووشم بكەن. دەی با یەكێك سوێند بەخوا بخوات و پێم بڵێت: ئایا ئەمە ئەو مامەڵە و هەڵسوكەوتەیە كە لەگەڵ درۆزنەكاندا دەكرێت؟!
زۆر بەداخەوە دەڵێم: ئەو پیاوە ئایینیانە كە لە بۆچووندا ناكۆكن لەگەڵمدا چییان بەسەرهاتووە؟ بۆچی ڕانامێنن لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەری ئازیز؟! ئایا نازانن هەموو زانایان و سەلەفی ساڵح ڕایانگەیاندووە كە مەسیحی بەڵێندراو لە سەدەی چواردەدا ڕەوانەدەكرێت؟! هەموو ئەهلی كەشفیش ئاماژە دەكەن بۆ هەمان كات و سەردەم. ئەوەتا لە كتێبی “حجج الكرامة”دا زۆر بەڕوونی هاتووە؛ ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو لە سەدەی چواردە تێناپەرێت. بێگومان ئەو كەسانەی كە ئەمڕۆ دژایەتیم دەكەن خۆیان لەسەر میمبەرەكان دەیانگوت تەنانەت دڕندەكانیش پەنایان گرتووە بەخوای گەورە لە سەدەی سیانزە، بەڵام سەدەی چواردە بەرەكەتدار دەبێت. بەڵام زۆر سەیرە لە سەدەی چواردەدا، كە بڕیار بوو تێیدا پێشەوای بەڵێندراو دەربكەوێت، درۆزنێك لەجیاتی ئەو دەردەكەوێت، پاشان هەزارەها بگرە سەدان هەزار نیشانەش دەركەوتن بۆ پشتگیری ئەو، وە خوا لەهەموو شوێنێك و لەكاتی هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەكدا سەركەوتووی كرد، بۆیە بەباشی بیربكەنەوە لەم شتانە ئینجا وەڵامم بدەنەوە. ئاسانە كوێرانە و بێ بیركردنەوە شتێك بگوترێت، بەڵام وتنی وشەیەك زۆر قورسە ئەگەر ترسان لەخوا هەبێت.
خاڵێكی تریش هەیە شایانی ئەوەیە ئاوڕی لێ بدەنەوە، ئەویش ئەوەیە خوای گەورە مۆڵەت نادات بە كەسێك درۆزن بێت و بەناوی خواوە درۆهەڵبەستێت بۆ ماوەیەك درێژتر بێت لەو ماوەیەی داویەتی بە پێغەمبەر (ﷺ). تەمەنم گەيشتووەتە 67 ساڵ و ماوەی ڕەوانەكردنەكەم لە 23 ساڵ زیاتر بووە. دەی ئەگەر كەسێكی درۆزن بوومایە ئەوا خوا ڕێگەی نەدەدا ئەم ماوەیە بەم ئەندازەیە درێژە بكێشێت.
هەندێ كەس دەڵێن: هاتنی تۆ سوودی چیە؟ بەدڵنیاییەوە بزانن دوو ئامانج لە ڕەوانەكردنمدا هەیە. یەكەم: لەم سەردەمەدا ئیسلام لەلایەن ئایینەكانی ترەوە هێرش دەكرێتە سەری و خەریكە قوتی دەدەن، وە ئیسلام لاواز بووە و وەكو مناڵێكی هەتیوی لێهاتووە؛ بۆیە خوای گەورە لەم ساتەدا ڕەوانەی كردم بۆ ئەوەی ئیسلام ڕزگار بكەم لە هێرشی ئایینە باتڵەكان، وە بۆ ئەوەی بەڵگەی بەهێز و دەمكوتكەر بخەمەڕوو لەسەر ڕاستیەكەی. وە ئەم بەڵگانە -سەرەڕای بەڵگە زانستی و فیكریەكان- بریتین لە نیشانە و بەرەكەتە ئاسمانیەكان كە بە بەردەوامی دەردەكەون بۆ پشتیوانی ئیسلام. ئەگەر ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژگارەی قەشەكان بخوێننەوە ئەوا دەزانن چ جۆرە پیلانێك بەكاردەهێنن بۆ دژایەتیكردنی ئیسلام، وە دەشزانن هەر چاپكراوێك لە چاپكراوەكانیان چەند ژمارەی لێ دەردەچێت. لەم بارودۆخەدا ئەوپەڕی پێویست بوو وشەی ئیسلام بەرزبكرێتەوە. خوای گەورە بۆ جێبەجێ كردنی ئەم مەبەستە ڕەوانەی كردم. بەدڵنیاییەوە دەڵێم لەهەموو بارودۆخەكاندا ئیسلام زاڵدەبێت و سەردەكەوێت، وە نیشانەكانی ئەو سەركەوتنە دەركەوتوون.
لەڕاستیدا ئەم زاڵبوون و سەركەوتنە پێویستی بە شمشێر یان تفەنگ نیە، وە خوا بە چەكەوە ڕەوانەی نەكردووم. وە ئەو كەسەی لەم سەردەمەدا بیر لە پەنابردن بۆ ئەم شتانە بكاتەوە دۆستێكی گەمژەی ئیسلامە. چونكە هەمیشە ئامانجی ئایین فەتحكردنی دڵەكان بووە، وە ئەم ئامانجە بە شمشێر نایەتەدی. هەڵبەت چەندین جار گوتوومە ئەو شمشێرەی پێغەمبەر (ﷺ) هەڵیكێشا تەنھا بۆ بەرگریكردن بوو، ئەمەش لەكاتێكدا دوژمنان و ناحەزان هەموو سنورێكیان بەزاند و لەڕادەبەدەر ستەمیان كرد، وە زەوی سوور بوو بە خوێنی موسوڵمانە داماوەكان.
كەواتە، ئامانجی یەكەم لە ڕەوانەكردنەكەم ئەوەیە ئیسلام سەربكەوێت بەسەر ئایینەكانی تردا.
ئامانجی دووەمی هاتنەكەم ئەوەیە: خەڵكانێك هەن دەڵێن ئێمە نوێژ دەكەین و دروشمە ئایینیە جۆراوجۆرەكانی تر جێبەجێ دەكەین. بەڵام لەڕاستیدا ئەمە هەمووی تەنھا قسەیە، بۆیە زۆر پێویستە لەناو خەڵكدا گۆڕانكارییەكی ناوەكی دروست بێت كە بریتیە لە كرۆك و بناغەی ئیسلام. ئەوەی دەیزانم ئەوەیە ناكرێت كەسێك باوەڕدار و موسوڵمان بێت ئەگەر ڕەنگی ئەبو بەكر و عومەر و عوسمان عەلی نەگرێت (رضي الله عنهم). ئەوان دنیایان خۆشنەدەویست، بەڵكو ژیانی خۆیان تەرخان كرد بوو لەپێناوی خوادا. بەڵام لەم ڕۆژگارەدا هەموو شتێك لەپێناوی ئەم دنیایەدا ئەنجام دەدرێت، وە خەڵكی نوقم بوون لە هەوڵە دنیاییەكانیاندا تەنانەت خوا (عز وجل) هیچ شوێنێكی بۆ نەماوەتەوە لایان. ئەگەر بازرگانییەك هەبێت ئەوا لەپێناوی دنیادایە، بەهەمان شێوە ئاوەدانی و كۆشك و تەلار لەپێناوی دنیادایە، بگرە نوێژ و ڕۆژووش تەنھا بۆ دنیایە. هەرچی لەتوانایاندا بێت دەیكەن بۆ نزیكبوونەوە لە خەڵكی دنیا و ڕازیكردنیان، وە هیچ بایەخێك نادەن بە ئایین. ئێستا پێویستە هەموو كەسێك بیربكاتەوە؛ ئایا مەبەست لە داننان بە ئیسلامدا و قەبوڵكردنی ئیسلام ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی خەڵكیە، یان ئامانجێكی هەرە بڵند لەمەدا هەیە؟! ئەوەی من دەیزانم ئەوەیە باوەڕداری ڕاستەقینە پاك دەبێتەوە و ڕەنگی فریشتە دەگرێت. وە هەركاتێك نزیك دەبێتەوە لە خوا؛ گوێبیستی وتەكەی دەبێت و دڵی ئۆقرە دەگرێت پێی. دەی با هەر یەك لە ئێوە لەدڵی خۆیدا بیر لەوە بكاتەوە ئایا ئەم پلەوپایەی بەدەستهێناوە یان نا؟
لەڕاستیدا ئێوە تەنھا بە توێكڵ ڕازی بوون، لەگەڵ ئەوەی توێكڵ شتێك نیە. خوای گەورە كاكڵی دەوێت. كەواتە ئەركی من بریتیە لە بەرهەڵستی كردنی ئەو هێرشانەی لەدەرەوە دەكرێنە سەر ئیسلام، وە چاندنی حەقیقەت و ڕۆحی ئیسلام لەناو موسوڵماناندا. هەڵبەت بتی دنیایی -لەجیاتی خوا- لە دڵی موسوڵماندا جێگای خۆی كردووەتەوە و ئومێد و هیواكانی خۆیانیان لەسەر هەڵچنیوە، وە دوژمنایەتی و دۆستایەتیان بگرە هەموو شتێكیان بۆ دنیایە، بۆیە دەمەوێت ئەم بتە بەتەواوەتی بشكێنم بۆ ئەوەی گەورەیی و شكۆی خوا لەدڵەكاندا دابمەزرێنم، بەمەش درەختی ئیمان سەرلەنوێ گەشە بكات و بەروبوومی تازەی خۆی پێشكەش بكات. ئەم درەختە لەم ڕۆژانەدا وەك درەخت دەردەكەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا درەخت نیە. دیارە خوای گەورە دەربارەی درەختە ڕاستەقینەكە فەرموویەتی: { أَلَمۡ تَرَ كَيۡفَ ضَرَبَ ٱللَّهُ مَثَلٗا كَلِمَةٗ طَيِّبَةٗ كَشَجَرَةٖ طَيِّبَةٍ أَصۡلُهَا ثَابِتٞ وَفَرۡعُهَا فِي ٱلسَّمَآءِ * تُؤۡتِيٓ أُكُلَهَا كُلَّ حِينِۢ بِإِذۡنِ رَبِّهَاۗ}([37]). دەبینن لێردا خوای گەورە ئایینی تەواوی شوبهاندووە بە شەنگە درەختێكی سەوز و جوان. وە مەبەست لە: { أَصۡلُهَا ثَابِتٞ} ئەوەیە كە بنەما ئیمانیەكانی چەسپاو و جێگیرە، وە دەگەنە پلەی یەقین، وە هەموو كاتێك بەروبووم پێشكەش دەكات، وە هیچ كاتێك وشك نابێت. توخوا ئێوە بڵێن: ئایا لەم ڕۆژانەدا ئەم دۆخە بوونی هەیە؟ زۆرێك لە خەڵكی دەڵێن چ پێویستمان بە موسڵیحێك هەیە؟ دەڵێم: ئەو نەخۆشە چەند گەمژەیە كە دەڵێت چ پێویستمان بە پزیشك هەیە! ئەگەر نەخۆش پێی وابێت بێ نیازە لە پزیشك و هەست بە پێویستبوونی نەكات؛ دەبێت سەرئەنجامی چی بێت جگە لە مردن؟! گومانی تێدا نیە موسوڵمانان لەمڕۆدا دەچنە بازنەی گروپی: {أَسۡلَمۡنَا} وە، بەڵام ناچنە بازنەی گروپی: {ءَامَنَّا} وە، وە ئەمە كاتێك پەیدا دەبێت كە مرۆڤ نووری هیدایەتی خوایی لەگەڵدا بێت.
بەكورتی، ئەمە ئەو ئەركانەیە كە لەپێناویاندا ڕەوانەكراوم، بۆیە پەلەمەكەن لە ڕەتكردنەوەی بانگەشەكەمدا، بەڵكو لەخوا بترسن و بگەڕێنەوە بۆلای؛ چونكە تۆبەكردن عەقڵ تیژ و ڕۆشن دەكات. نیشانەی تاعوون زۆر مەترسیدارە، لەم بارەیەوە خوا ئەم وتەیەی دابەزاندە سەرم: “إِنَّ ٱللَّهَ لَا يُغَيِّرُ مَا بِقَوۡمٍ حَتَّىٰ يُغَيِّرُواْ مَا بِأَنفُسِهِمۡ”. ئەمە وتەی خوای گەورەیە. وە نەفرەت لەو كەسەی درۆ بەناوی خواوە دەكات. خوای گەورە دەفەرموێت گۆڕانێك لە ویست و ئیرادەیدا دروست دەبێت كاتێك گۆڕان لەدڵەكاندا دروست دەبێت. بۆیە تەقوای خواتان هەبێت و بترسن لە تووڕەبوونەكەی. ئەستەمە كەسێك بەرپرسیارێتی كەسێكی تر هەڵبگرێت. دەبینین ئەگەر داوایەكی سادە بەرزبكرێتەوە دژی كەسێك، زۆرێك لە خەڵكی بە وەفاداری نامێننەوە بۆی؛ ئیتر چۆن متمانە دەكەن بە كەسانی تر لە دواڕۆژدا كە خوای گەورە دەربارەی دەفەرموێت: {يَوۡمَ يَفِرُّ ٱلۡمَرۡءُ مِنۡ أَخِيهِ}([38]).
پێویست بوو لەسەر نەیارەكانمان گومانیان باش بێت و بەگوێرەی ئەم ئایەتە كار بكەن كە دەفەرموێت: {وَلَا تَقۡفُ مَا لَيۡسَ لَكَ بِهِۦ عِلۡمٌۚ}([39])، بەڵام ئەوپەڕی پەلەیان كرد. بزانن ئوممەتانی پێشوو لەبەر هەمان هۆ تیاچوون. كەسی ژیر كاتێك زانی هەڵەی كردووە وازدەهێنێت لە دژایەتی. بەڵام ئەمە تەنھا بە تەقوا دەكرێت. خوڕەوشتی ئازاكان وەهایە كە داندەنێن بە هەڵەی خۆیاندا، وە ئەو كەسەی ئەو كارە بكات پاڵەوانە؛ خوای گەورە ئەم كەسانەی خۆشدەوێت.
سەرباری هەموو ئەوانە دەمەوێت شتێك بڵێم دەبارەی قیاس؛ لەگەڵ ئەوەی دەقەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودە پشتگیری من دەكەن، وە كۆدەنگی هاوەڵانیش پشتگیری من دەكەن، وە نیشانە و پشتگیریە خوایەكان پشتیوانیم دەكەن، وە پێویستیی كات و سەردەم ڕاستگۆییم دەسەلمێنێت؛ وە دەكرێت لەڕێگەی قیاسیشەوە بەڵگە بچەسپێت. بۆیە پێویستە بزانین عەقڵ چی دەڵێت. مرۆڤ هەرگیز شتێك قەبوڵ ناكات كە پێشینە و هاوشێوەیەكی نەبێت. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك پێت بڵێت با كوڕەكەتی بەرزكردەوە بۆ ئاسمان، یان گوتی مناڵەكە گۆڕا بۆ سەگ و ڕایكرد؛ ئایا بەبێ هیچ تەفسیرێكی مەعقول و بەبێ لێكۆڵینەوە قسەكەی قەبوڵ دەكەیت؟! بێگومان نەخێر، لەبەرئەوە خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا فەرموویەتی: {فَسَۡٔلُوٓاْ أَهۡلَ ٱلذِّكۡرِ إِن كُنتُمۡ لَا تَعۡلَمُونَ}([40]). ئێستا ڕابمێنن لە پرسی مردنی عیسا و بەرزبوونەوەی بۆ ئاسمان. بەچاوپۆشین لە بوونی بەڵگە لەسەر مردنی، كافرەكان داوای موعجیزەی بەرزبوونەوە بۆ ئاسمانیان كرد لە پێغەمبەر (ﷺ). پێویست بوو پێغەمبەر (ﷺ) -كە لە هەموو ڕووەكانەوە تەواوترین و باشترین پێغەمبەر بوو- سەركەوێت بۆ ئاسمان، بەڵام لەجیاتی ئەوە لەڕێگەی وەحی خواییەوە وەڵامی دایەوە: {قُلۡ سُبۡحَانَ رَبِّي هَلۡ كُنتُ إِلَّا بَشَرٗا رَّسُولٗا}([41]). ئەمە مانای ئەوەیە كە خوا زۆر دوورە لەوەی پەیمانی خۆی نەباتەسەر. كەواتە مادام خوا حەرامی كردووە لەسەر مرۆڤ سەركەوێت بۆ ئاسمان بە جەستەی ماددیەوە، بۆیە ئەگەر من سەركەوتم بۆ ئاسمان ئەوا درۆزنم. ئێستا، ئەگەر باوەڕتان بە بەرزبوونەوەی عیسا بۆ ئاسمان باوەڕێكی ڕاست و دروست بێت؛ ئەوا چ وەڵامێكتان دەبێت ئەگەر یەكێك لە قەشەكان ڕەخنە بگرێت لە پێغەمبەر (ﷺ) لەسەر بنەمای ئەم ئایەتە؟ باوەڕبوون بە شتێك كە ئەسڵێكی نەبێت لە قورئانی پیرۆزدا چ سوودێكی هەیە؟! ئەگەر ئەوەتان كرد ئەوا ناوبانگی ئیسلام و پێغەمبەرتان (ﷺ) شێواندووە. سەرەڕای ئەوە، ئەم شتە لە كتێبەكانی پێشووشدا پێشینە و هاوشێوەیەكی نیە، وە بەڵگەهێناوە بەو كتێبانە حەرام نیە. خوای گەورە دەربارەی پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: {وَشَهِدَ شَاهِدٞ مِّنۢ بَنِيٓ إِسۡرَٰٓءِيلَ}([42]). هەروەها فەرموویەتی: {كَفَىٰ بِٱللَّهِ شَهِيدَۢا بَيۡنِي وَبَيۡنَكُمۡ وَمَنۡ عِندَهُۥ عِلۡمُ ٱلۡكِتَٰبِ}([43]). هەروەها فەرموویەتی: {يَعۡرِفُونَهُۥ كَمَا يَعۡرِفُونَ أَبۡنَآءَهُمۡۖ}([44]). مادام خوای گەورە ئەم ئایەتانەی خستووەتەڕوو بۆ سەلماندنی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئیتر چ ڕێگرێك هەیە ئەگەر لەو كتێبانەوە بەڵگەمان هێنایەوە؟!
لە دەقەكانی پێشوودا سیپارەی پێغەمبەر مەلاخی دەخوێنینەوە كە بەشێكە لە كتێبی پیرۆز، تێیدا بەڵێندراوە بە گەڕانەوەی پێغەمبەر ئیلییا پێش هاتنی مەسیح (عليهما السلام). وە كاتێك مەسیحی كوڕی مەریەم هات، پرسیاری لێكرا دەربارەی هاتنی ئیلییا بەگوێرەی پێشبینیەكەی پێغەمبەر مەلاخی، بەڵام مەسیح (عليه السلام) وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە كە ئەو كەسەی بەڵێنی هاتنی دراوە لەشێوەی یۆحەننا پێغەمبەردا هات و دەركەوت.
بەم شێوەیە پێشتر لە دادگای عیسادا (عليه السلام) بڕیار دەرچوو دەربارەی مەبەست لە هاتنی بەڵێندراوەكە؛ بەجۆرێك یۆحەننا بە هاوشێوەی ئیلییا لەقەڵەم نەدرابوو، بەڵكو بەخودی ئیلییا لەقەڵەمدرابوو، وە ئەم قیاسەیش پشتگیری من دەكات. من بەردەوام بە خستنەڕووی پێشینە و هاوشێوەكان بەڵگە دەهێنمەوە، بەڵام نكوڵیكارانم هیچ پێشینە و هاوشێوەیەك ناخەنەڕوو. بێگومان هەندێ كەس كاتێك لەم شوێنەدا دەستەوسانن لە هێنانەوەی بەڵگە یان پێشینە دەڵێن ئەم كتێبە پیرۆزانە تووشی تەحریف و شێواندن بوون. بەڵام زۆر بەداخەوە نازانن پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵان (رضي الله عنهم) پشتیان دەبەست بە خودی ئەم كتێبانە و بەڵگەیان دەهێنایەوە پێیان، وە زۆربەی سەلەفی ساڵح، لەناویاندا ئیمامی بوخاری، باوەڕیان وا بووە تەحریفی ئەم كتێبانە تەنھا لە مانا و ناوەڕۆكدا بووە.
سەرەڕای ئەوە، دوژمنایەتیەكی توند هەیە لەنێوان جوولەكە و مەسیحیەكاندا، كتێبەكانیشان جیاوازن، وە جوولەكە بەردەوام هەتا ئێستا باوەڕیان وایە ئیلییا جارێكی تر دەگەڕێتەوە، ئەگینا باوەڕیان دەهێنا بە مەسیح (عليه السلام). كتێبی زانایەكی جوولەكەم لایە تێیدا زۆر بە گوڕوتینەوە ڕایدەگەیەنێت ئەگەر ئەم پرسیارەم لێ بكرێت ئەوا سیپارەی پێغەمبەر مەلاخی دەخەمەڕوو و دەڵێم بەڵێنێكی تێدایە بە گەڕانەوەی پێغەمبەر ئیلییا.
ئێستا بیربكەنەوە، بۆچی سەدان هەزار جوولەكە بوون بە ئەهلی دۆزەخ سەرەڕای ئەم پاساوە، وە وەسف كران بە مەیموون و بەراز؛ دەی ئایا ئەم پاساوە دەربارەی من ڕاست دەردەچێت كە بوترێت ئەو كەسەی بڕیاردراوە بێت خودی عیسای كوڕی مەریەمە؟! ڕەنگە جوولەكە پاساویان هەبوو بێت لەبەر نەبوونی نموونە و پێشینە، بەڵام ئێستا ئێوە هیچ پاساوێكتان نیە. دیارە مردنی مەسیح لە قورئانی پیرۆزدا چەسپاوە، وە بینینی پێغەمبەر (ﷺ) پشتڕاستی دەكاتەوە. بەهەمان شێوە وشەی “مِنكُم” لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەدا هاتووە واتە بەڵێندراوەكە لەخۆتانە. پاشان خوا بەدەستی بەتاڵ نەیناردووم، بەڵكو بۆ پشتگیری من سەدان هەزار نیشانە دەركەوتوون، ئەگەر كەسێكیش چل ڕۆژ لەلام بمێنێتەوە بەدڵنیاییەوە خۆی نیشانە و موعجیزە دەبینێت. ئەو نیشانەیەی پەیوەستە بە “لیكهرام”ەوە لەڕاستیدا نیشانەیەكی مەزنە. گەمژەكان دەڵێن من لەپشتی كوشتنەكەیەوە بووم. ئەگەر ئەم بانگەشەیە ڕاست بوایە ئەوا گومان دەكرا لە ڕاستێتی نیشانەكانی هاوشێوەی ئەو نیشانەیە، ڕەنگە سبەی بوترێت پێغەمبەر (ﷺ) لە پشت كوشتنی “خەسرەوی پەروێز”ەوە بوو، پەنا بەخوا. دیارە ڕەخنەگرتنی لەم شێوەیە خووڕەوشتی ڕاستگۆیان و حەق ویستان نیە.
لەكۆتاییدا دووپاتی دەكەمەوە و دەڵێم: ئەو نیشانانەی پشتگیریم دەكەن كەم نین، بەڵكو زیاتر لە سەد هەزار كەس شایەتییان داوە لەسەریان، هەموویان لەژیاندا ماون. بۆیە پەلەمەكەن لە ڕەتكردنەوەم، ئەگینا دوای مردن وەڵامتان چی دەبێت؟! بەدڵنیاییەوە بزانن خوای گەورە بوونی هەیە و چاودێرە، وە ڕاستگۆیی كەسی ڕاستگۆ پشتڕاست دەكاتەوە و درۆی درۆزن دەسەلمێنێت([45]).
پەراوێزەكان:
([1]) یەكەمجار ئەم وتارەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ژمارەكانی ڕۆژنامەی “الحكم”دا لە 10/9/1906ز تاكو 30/11/1906ز بڵاوكرایەوە. (بڵاوكاری عەرەبی)
([2]) لەهەموو شوێنێكی دوورەوە خەڵكی دێن بۆلات. لەهەموو شوێنێكی دوورەوە بۆت دێت. (واتە پشتگیری دارایت پێ دەگات لە هەموو شوێنێكی دوورەوە). ڕوو وەرمەگێڕە لە دروستكراوانی خوا و بێزار مەبە لە خەڵكی. وە بڵێ: ئەی پەروەردگار بە تەنھا مەمهێڵەرەوە، تۆ باشترینی میراتگرانی.
([4]) الحكم، ژمارەی:10/9/1906ز، لاپەڕە8 و 9.
([9]) ئەی پێغەمبەر تۆ گلێنەی چاوەكانم بوویت، بەمردنی تۆ ئەوانیش كوێر بوون
([10]) ئێستا ئیتر هەركەسێك بمرێت من خەمم نیە، ئەوەی من زۆر لێی دەترسام تەنھا مردنی تۆ بوو
([13]) (آل عمران: 145) ئەگەر مرد یان كوژرا.
([14]) (آل عمران: 32) بڵێ ئەگەر ئێوە خواتان خۆشدەوێت ئەوا شوێن من بكەون خوا خۆشیدەوێن.
([15]) الحكم، ژمارە: 17/9/1906ز، لاپەڕە2، 3.
([19]) الحكم، ژمارەی: 24/9/1906ز، لاپەڕە 4، 5.
([20]) الحكم، ژمارە: 30/9/1906ز، لاپەڕە 3.
([22]) (فصلت: 35) واتە بە باشترین ڕەوشت وەڵامی خراپە بدەرەوە.
([29]) الحكم، ژمارەی: 17/10/1906ز، لا4-5.
([30]) (البقرة: 201) یادی خوا بكەنەوە وەك چۆن یادی باوكتان دەكەنەوە یاخود لەوە زیاتر.
([33]) صحیح البخاري، كتاب الإيمان. (وەرگێڕی عەرەبی).
([34]) المائدة: 46. هەروەها بڕوانە بۆ كتێبی پیرۆز، پەیمانی كۆن: دواوتاری مووسا: 19: 21.
([35]) الحكم، ژمارەی: 24/10/1906ز، لا4-5.
([37]) (إبراهیم: 25-26). واتە: ئایا نهتزانیوه؟ خوا چۆن نموونهی هێناوهتهوه که وتهی چاك و ڕاست وهك درهختێکی چاك و بهسوود وایه ڕهگی قایم داکوتابێ و لق و پۆپهکانیشی بهرزبووبێتهوه بهئاسماندا. ئهو درهخته میوه و بهربگرێت ههموو کاتێك به ئیزنی پهروهردگاری.
([38]) (عبس: 35). واتە: ئهو ڕۆژهی که مرۆڤ ڕادهکات له برای.
([39]) (الإسراء: 37). واتە: وه شوێن شتێ مهکهوه که زانیاریت دهربارهی نیه.
([40]) (النحل: 44). واتە: پرسیار بکهن لهزانایان ئهگهر ئێوه نازانن.
([41]) (الإسراء: 94). واتە: بڵێ پاکی و بێگهردی بۆ پهروهردگارم ئایا من (شتێکی ترم) بێجگه له ئادهمیهکی نێردراو و پێغهمبهر.
([45]) ڕۆژنامەی الحكم، ژمارەی: 30/11/1906ز، لا4-6.