لابردنی هەڵەیەك
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسینی:
گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
پێشەكی بڵاوكار
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕێككەوتی 5/11/1901زدا ئەم نامیلكەیەی نووسی بۆ ڕوونكردنەوەی چەمكی پێغەمبەراتیەكەی خۆی كە بریتیە لە پێغەمبەرایەتی سێبەرئاسا یاخود شوێنكەوتە، وە بۆ خستنەڕووی ئەوەی كە پێغەمبەرایەتیەكەی وەك پێغەمبەرایەتیەكانی پێشوو نیە، بەڵكو “هەموو دەرگاكانی پێغەمبەرایەتی تەواوەتی داخراون، بەڵام یەك دەرگا كراوەیە، كە ئەویش دەرگای خوڕەوشتی ڕاستگۆیەتیە: واتە فەنابوون لە پێغەمبەری خوادا؛ لەبەرئەوە ئەو كەسەی لەم دەرگایەوە دێت بۆلای خوا پۆشاكی پێغەمبەرایەتی دەكرێتەبەری كە سێبەرئاسا پۆشاكی پێغەمبەرایەتی موحەممەدیە، بۆیە غیرە ناكرێت لە پێغەمبەرایەتیەكەی؛ چونكە بە هەوڵ و تێكۆشانی خۆیی بەدەستی ناهێنێت، بەڵكو لە كانیاوی پێغەمبەرەكەی (ﷺ) وەریدەگرێت، ئەمە بەهۆی خۆیەوە نیە بەڵكو تەنھا بەهۆی شكۆی پێغەمبەرەوەیە (ﷺ)؛ لەبەرئەوە ناوی لە ئاسماندا موحەممەد و ئەحمەدە، ئەمە مانای ئەوەیە كە پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) لەكۆتاییدا گەڕایەوە بۆ موحەممەد (ﷺ) نەك بۆ كەسێكی تر، ئەگەرچی بەشێوەی دەركەوتن بووە” (لابردنی هەڵەیەك)
وە بەرێزی (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە بەم مانایە هەرگیز نكوڵی نەكردووە لە پێغەمبەرایەتیەكەی خۆی بەڵكو بەردەوام لە سەرەتاوە ئەمەی دەگوت، وە بەردەوام ئەو وەحییانەی پێ دەگەشتن وشەی نەبی و ڕسولیان تێدابووە، وە پێش ئەوە چەندین جار دووپاتی كردووەتەوە كە لەلایەن خواوە نێردراوە، لەبەرئەوە ئەم نامیلكەیە بۆ ڕاگەیاندنی پێغەمبەرایەتی بەڕێزی نیە بەڵكو بۆ ڕوونكردنەوەیەتی، وە ئەو پێغەمبەرایەتیە كە بەردەوام دووری دەخستەوە لە خۆی پێغەمبەرایەتی سەربەخۆ و پێغەمبەرایەتی تەشریعی بووە كە هەردووكیان دژی خەتمی پێغەمبەرایەتین.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زاراوەی “پێغەمبەرایەتی دەركەوتەیی” بەكارهێناوە، وە دەركەوتن واتە دەركەوتنی پێغەمبەرێك بە هەمان شێوەی پێغەمبەرێكی پێشوو، واتە ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك بەهەمان سیفەت و ناو ئەركی پێغەمبەرێكی پێشوو، وەك چۆن یەحیا (عليه السلام) بەناوی ئیلیاسەوە (عليه السلام) ڕەوانەكرا، بەهەمان شێوە وەك چۆن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەناوی مەسیحی یەكەمەوە (عليه السلام) یان بەناوی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) رەوانەكرا، وە دەركەوتن لەبەرگرتنەوەی گیانەكان نیە بەڵكو وەك نوێنەرایەتی كەسێك وایە بۆ كەسێكی تر.
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
لابردنی هەڵەیەك
هەندێ كەس لە كۆمەڵەكەمان_ لەوانەی وەك پێویست زانستیان نیە سەبارەت بە بانگەشە و بەڵگەكانمان، وە بۆیان نەڕەخساوە بەوردی كتێبەكانمان بخوێننەوە، هەروەك زانیاریەكانیان تەواو نەكردووە بە مانەوە لەگەڵماندا بۆ ماوەیەكی پێویست_ جاروبار بەشێوەیەك وەڵامی ڕەخنەی ڕەخنەگران دەدەنەوە كە بەتەواوەتی پێچەوانەی ڕاستیە، بەمەش تووشی تەنگەتاوی و تەریقبوونەوە دەبن لەگەڵ ئەوەی ئەهلی حەق و ڕاستین؛ چەند ڕۆژێك لەمەو پێش لەلایەن یەكێك لە ڕەخنەگرانەوە ڕەخنەیەك ئاراستەی یەكێك لە برایانمان كرا كە ئەو كەسەی لەسەر دەستیدا بەیعەتت داوە بانگەشەی ئەوە دەكات پێغەمبەر و نێردراوی خوایە! ئەو برایەش لەوەڵامدا بەتەواوەتی نكوڵی لەمە كردبوو، لەكاتێكدا ئەم وەڵامەی وەڵامێكی دروست نیە.
لەڕاستیدا ئەو وەحیە پیرۆزەی كە لەلایەن خوای گەورەوە دادەبەزێتە سەرم كۆمەڵێك وشەی وەك “رسول” و “مرسل” و “نبي” تێدا هاتووە، نەك جارێك و دووجار بەڵكو سەدەها جار، ئیتر چۆن دەكرێت وەڵامەكەی دروست بێت كە گوتوویەتی ئەم جۆرە وشانە بوونیان نیە؟ بەڵكو بەدڵنیاییەوە بوونیان هەیە، وە ئێستا بە بەشێوەیەكی ڕوونتر و ئاشكراتر لە پێشوو هەن. لە “البراهین الأحمدیة”دا كە 22 ساڵ لەمەوپێش بڵاوكراوەتەوە ئەم وشانە چەند جارێكی كەم نەهاتوون، بەڵكو یەكێك لەو ئاخاوتنە خواییانە كە لە “البراهین الأحمدیة”دا بڵاوكراوەتەوە ئەم وەحیەیە: “هو الذي أرسل رسوله بالهدی و دین الحق لیظهره علی الدین كله”، بڕوانن بۆ لاپەڕە 498ی كتێبی “البراهین الأحمدیة”؛ تێیدا ئەم بەندە دەستەوسانە بەڕاشكاوی بە “رەسول” دوێنراوە. پاشان دوای ئەوە لە هەمان كتێبدا ئەم وەحیەی خوا سەبارەت بە من هاتووە: “جري الله في حلل الأنبیاء”: واتە نێردراوی خوا لە پۆشاكی پێغەمبەراندا؛ بروانن لاپەڕە 504ی كتێبی “البراهین الأحمدیة”. پاشان لەهەمان كتێبدا لە نزیكی ئەو وەحیەوە ئەم وەحیە هاتووە: “محمد رسول الله والذین معه أشداء علی الكفار رحماء بینھم”؛ لەم وەحیە خواییەدا ناونراوم بە موحەممەد و نێردراویش. پاشان لە لاپەڕە 557ی “البراهین”دا ئەم وەحیە خواییە هاتووە: “جاء نذیر في الدنیا، ئاگاداركەرەوەیەك هاتووە لە دنیادا”، وە خوێندنەوەی دووەمی بەم شێوەیەیە: “جاء نبي في الدنیا، پێغەمبەرێك هاتووە لە دنیادا”. هەروەك ئەم بەندە دەستەوسانە بە “ڕەسول” باسكراوە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا لە چەندین شوێنی تردا.
لێرەدا ئەگەر گوترا گەورەمان موحەممەد (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، ئیتر چۆن دەكرێت دوای ئەو پێغەمبەرێك بێت؟ ئەوا وەڵامەكەی ئەوەیە: گومانی تێدا نیە هیچ پێغەمبەرێك نایەت نە كۆن و نە نوێ بەو شێوازەی كە خەڵكی بە بیریاندا دێت سەبارەت بە دابەزینی عیسا (عليه السلام) لە ئاخر زەماندا، بەجۆرێك باوەڕیان وایە ئەو پێغەمبەر دەبێت، بەڵكو باوەڕیان وایە بۆماوەی چل ساڵ وەحی پێغەمبەرایەتی پێ دەگات، كە ماوەیەكی درێژترە لە ماوەی وەحی گەورەمان موحەممەد (ﷺ). بێگومان ئەم بیروباوەڕە تاوانە، وە ئایەتی ﴿وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ﴾([1]) و فەرموودەی “دوای من پێغەمبەر نیە” بەڕوونی شایەتی دەدەن لەسەر پووچی ئەم بیروباوەڕە. من بە توندی بەرەنگاری ئەم جۆرە بیروباوەڕە دەبمەوە، وە لە ناخی دڵەوە بەتەواوەتی باوەڕم بەم ئایەتە هەیە كە دەفەرموێت ﴿وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ﴾. لەم ئایەتەدا پێشبینیەك هەیە نەیارەكانمان نایزانن؛ كە ئەوەیە خوای گەورە لەم ئایەتەدا ڕوونی كردووەتەوە دەرگای پێغەمبەرایەتیەكان دوای پێغەمبەر (ﷺ) داخراوە هەتا ڕۆژی قیامەت، وە ئێستا هیچ هندۆسی یان جولەكە یان مەسیحی یان موسوڵمانێكی تەقلیدی ناتوانێت وشەی “نبي ، پێغەمبەر” بۆ خۆی بچەسپێنێت، هەموو دەرگاكانی پێغەمبەرایەتی تەواوەتی داخراون، بەڵام یەك دەرگا كراوەیە، كە ئەویش دەرگای خوڕەوشتی ڕاستگۆیەتیە: واتە فەنابوون لە پێغەمبەری خوادا؛ لەبەرئەوە ئەو كەسەی لەم دەرگایەوە دێت بۆلای خوا پۆشاكی پێغەمبەرایەتی دەكرێتە بەری كە سێبەر ئاسا پۆشاكی پێغەمبەرایەتی موحەممەدیە، بۆیە غیرە ناكرێت لە پێغەمبەرایەتیەكەی، چونكە بە هەوڵ و تێكۆشانی خۆیی بەدەستی ناهێنێت، بەڵكو لە كانیاوی پێغەمبەرەكەی (ﷺ) وەری دەگرێت، ئەمە بەهۆی خۆیەوە نیە بەڵكو تەنھا بەهۆی شكۆی پێغەمبەرەوەیە (ﷺ)؛ لەبەرئەوە ناوی لە ئاسماندا موحەممەد و ئەحمەدە، ئەمە مانای ئەوەیە كە پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) لەكۆتاییدا گەڕایەوە بۆ موحەممەد (ﷺ) نەك بۆ كەسێكی تر، ئەگەرچی بەشێوەی دەركەوتن بووە، لەبەرئەوە ئایەتی ﴿مَا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِكُمْ وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ﴾ مانای ئەوەیە كە: “موحەممەد باوكی هیچ یەكێك لە پیاوەكانی دنیا نیە، بەڵام باوكی پیاوەكانی دواڕۆژە، چونكە خاتەمی پێغەمبەرانە و هیچ ڕێگەیەك نیە بۆ پێگەیشتنی لێشاوی بەرەكەتی خوا بەبێ ناوەندگیری ئەو”.
كەواتە پێغەمبەرایەتیەكەم لەبەرئەوەیە كە من موحەممەد و ئەحمەدم، وە بەهۆی خۆمەوە نیە، هەروەك ئەم ناوەم بەدەستهێنا بەهۆی فەنابوونمەوە لە پێغەمبەردا (ﷺ)، لەبەرئەوە چەمكی خاتەمی پێغەمبەران نەگۆڕاوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە دابەزینی عیسا (عليه السلام) دەگۆڕێت.
شایانی باسكردنیشە وشەی “النبي” لە زماندا ئەو كەسەیە كە لەڕێگەی ئیلهامی خوای گەورەوە هەواڵ دەدات لە غەیب، بۆیە لە هەر شوێنێكدا ئەم مانایە هاتەدی وشەی پێغەمبەر دەچەسپێت. وە دەبێت نەبی ڕەسول بێت، ئەگینا هەواڵی غەیبی ڕوون و بێگەردی پێ ناگات، وە ئەم ئایەتە قەدەغەی دەكات لەمە: ﴿فَلَا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِهِ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ارْتَضَى مِنْ رَسُولٍ﴾([2])؛ بۆیە ئەگەر دوای پێغەمبەر (ﷺ) نكوڵی بكرێت لە پێغەمبەرایەتی بەگوێرەی ئەم مانایانە ئەوا پێویست دەكات باوەڕ بەوە بهێنرێت كە ئەم ئوممەتە هیچ بەشێكی نیە لە ئاخاوتن و دواندنە خواییەكان، چونكە ئەو كەسەی لەسەر دەستیدا هەواڵی غەیبی ئاشكرا دەبێت لەلایەن خوای گەورەوە بەشێوەیەكی پێویست چەمكی “نبي، پێغەمبەر” دەچەسپێت بەسەریدا بەگوێرەی ئایەتی: ﴿فَلَا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِه…﴾ هەروەك ئەو كەسەی لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانە دەكرێت ئەوەیە كە ئێمە پێی دەڵێین رەسول. جیاوازیەكە تەنھا ئەوەیە كە هەرگیز دوای پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ) هەتا ڕۆژی قیامەت پێغەمبەرێك نایەت شەریعەتێكی نوێ دابەزێتە سەری، یان نازناوی پێغەمبەرایەتی پێ بدرێت بەبێ بوونی پێغەمبەر (ﷺ) وەك هۆكارێكی ناوەندی، وە بەبێ ئەوەی فەنابووبێت لە پێغەمبەردا (ﷺ) هەتاكو لە ئاسماندا ناوی موحەممەد و ئەحمەدی پێ بدرێت. ئەو كەسەی بانگەشە ئەمە بكات كافر بووە.
نهێنی ڕاستەقینە لەمەدا ئەوەیە یەكێك لە داخوازیەكانی چەمكی خاتەمی پێغەمبەران بریتیە لەوەی ئەگەر كەسێك ڕایگەیاند پێغەمبەرە، لەكاتێكدا لە نێوان ئەو و پێغەمبەردا (ﷺ) جیاوازیەك هەبێت، ئەوا ئەو مۆرە دەشكێنێت كە بەسەر خاتەمی پێغەمبەرانەوەیە، بەڵام ئەو كەسەی خۆی فەنا كردووە لە خاتەمی پێغەمبەراندا (ﷺ) بەجۆرێك ناوەكەی ئەوی بەدەستهێناوە بەهۆی ئەوپەڕی یەكگرتن و نەمانی جیاوازی لە نێوانیاندا، وە ڕوخساری پێغەمبەر (ﷺ) تیشكیداوەتەوە تێیدا وەك چۆن لە ئاوێنەیەكی پاك و بێگەرددا تیشكدەداتەوە؛ ئەوە ئەو كەسە پێی دەوترێت پێغەمبەر بەبێ ئەوەی ئەم مۆرە بشكێنێت، چونكە ئەو كەسە موحەممەدە ئەگەرچی سێبەرئاسایە. كەواتە تەنانەت لەگەڵ بانگەشەی پێغەمبەرایەتی لەلایەن ئەو كەسەوە كە سێبەرئاسا ناوزەد كراوە بە موحەممەد و ئەحمەد، بەردەوام گەورەمان موحەممەد (ﷺ) خۆی خاتەمی پێغەمبەرانە، چونكە ئەم موحەممەدەی دووەم تیشكدانەوەی خودی موحەممەدە (ﷺ) و ناوەكەی ئەوی هەڵگرتووە. بەڵام عیسا ناكرێت بێت بەبێ شكاندنی مۆری پێغەمبەرایەتی، چونكە پێغەمبەرایەتیەكەی سەربەخۆ و جودایە.
بەڵام ئەگەر كەسێك نەبێت كە بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوە ڕەوانە بكرێت وەك نەبی و ڕەسول ئەوا مانای ئەم ئایەتە چیە: ﴿اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ * صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾([3]) لەبەرئەوە لەبیرتان بێت من نكوڵیم نەكردووە لە پێغەمبەرایەتیەكەم بەگوێرەی ئەم مانایە. وە بەم مانایە مەسیحی بەڵێندراو لە سەحیحی موسلیمیشدا ناوزەد كراوە بە پێغەمبەر. ئەگەر ئەو كەسەی كە لەلایەن خوای گەورەوە هەواڵی غەیبی پێ دەگات پێی ناوترێت پێغەمبەر ئەوا توخوا پێم بڵێن پێویستە بە چ ناوێك بانگ بكرێت؟ ئەگەر دەڵێن پێویستە ناو بنرێت موحەددەث (واتە قسە لەگەڵكراو لەلایەن خواوە)، ئەوا دەڵێم لەهیچ فەرهەنگێكدا نەهاتووە كە قسەلەگەڵكردن واتای ئاگاداركردن لە غەیب بەڕێژەی زۆر ببەخشێت، بەڵام پێغەمبەرایەتی واتە ئاگاداركردن لە غەیب بەڕێژەیەكی زۆر.
وە نەبی وشەیەكی هاوبەشە لەنێوان زمانی عەرەبی و عیبریدا، مەبەستم ئەوەیە ئەم وشەیە لە زمانی عیبریدا پێی دەوترێت “نابی”، كە لە “نابا” وە وەرگیراوە و ماناكەی ئەوەیە: پێشبینیی كردن بەگوێرەی پێگەشتنی هەواڵ لەلایەن خوای گەورەوە. وە مەرج نیە پێغەمبەر خاوەنی شەریعەت بێت، بەڵكو پێغەمبەرایەتی تەنھا بەخششێكە كە لە ڕێگەیەوە شتانێكی غەیبی ئاشكرا دەبن. كەواتە مادام هەتا ئێستا لەلایەن خواوە نزیكەی سەد و پەنجا پێشبینیم پێگەشتووە، وە بە چاوی خۆم بەدیهاتنیانم بینیوە زۆر بەڕوونی، ئیتر چۆن دەكرێت نكوڵی بكەم لە ناوزەد كردنم بە نەبی یان ڕەسول؟ وە مادام خوای گەورە خۆی بەم دوو ناوە ناوی ناوم ئەوا لەكوێ بۆم هەیە ڕەتیان بكەمەوە یان جگە لە خوا (سبحانه وتعالی) لە كەسێكی تر بترسم؟ سوێند دەخۆم بەو خوایەی ڕەوانەی كردووم و تەنھا نەفرەتلێكراوان درۆ هەڵدەبەستن بە ناویەوە، خۆی وەك مەسیحی بەڵێندراو ڕەوانەی كردووم. وە هەروەك باوەڕم بە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز هەیە، تەواو بە هەمان شێوە و بەبێ هیچ جیاوازییەك، باوەڕم هەیە بەو وەحیە ڕاشكاوە خواییەی كە دابەزیوەتە سەرم و ڕاستیەكەیم بۆ دەركەوتووە لەڕێگەی كۆمەڵێك نیشانەی موتەواتیرەوە. وە دەتوانم سوێند بخۆم بەخوا بە ڕاوەستاوی لە كەعبەدا كە ئەو وەحیە پیرۆزەی دادەبەزێتە سەرم وتەی ئەو خوایەیە كە وتەی خۆی دابەزاندە خوارەوە بۆسەر گەورەمان مووسا و عیسا (علیهما السلام) و بۆسەر گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ). هەڵبەت زەوی و ئاسمانیش شایەتییان بۆ دام. هەروەك لە پێناوی مندا زەوی و ئاسمان هاتنەگۆ كە من خەلیفەی خوام. بەڵام بەگوێرەی پێشبینیەكان بڕیارلێدراو بووە كە تووشی نكوڵی لێكردن و ڕەتكردنەوەیش ببم، چونكە ئەو كەسانەی پەردە دراوە بەسەر دڵیاندا باوەڕناهێنن. وە بەدڵنیاییەوە دەزانم خوای گەورە پشتیوانیم لێ دەكات وەك بەردەوام و هەمیشە پشتگیری پێغەمبەرانی خۆی كردووە. هیچ كەسێك ناتوانێت ببێتە ئاستەنگ لە ڕێگاكەمدا چونكە پشتگیری خوایی لەگەڵ ئەواندا نیە.
لە هەرشوێنێكدا نكوڵیم كردبێت لە پێغەمبەرایەتی خۆم مانای ئەوەیە من هەڵگری شەریعەتێكی سەربەخۆ نیم، هەروەها پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نیم؛ بەڵام بەوپێیەی من لەلایەن خوای گەورەوە زانستی غەیبم پێ گەشتووە بەهۆی بەرەكەتی پێغەمبەرە ڕابەرەكەمەوە (ﷺ) بە وەرگرتنی لێشاوی بەرەكەتە ناوەكیەكان، وە ناوەكەیم بەدەستهێناوە؛ بۆیە من نێردراو و پێغەمبەرم، بەڵام بەبێ هیچ شەریعەتێكی نوێ. هەرگیز نكوڵیم نەكردووە لە پێغەمبەرایەتی خۆم بەم مانایە، بەڵكو بە هەمان ئەم مانایە خوای گەورە بە پێغەمبەر و نێردراو بانگی كردووم، لەبەرئەوە ئێستاش نكوڵی لەوە ناكەم كە من پێغەمبەر و نێردراو بەم مانایە. بەڵام ئەم وتەیەم: “پێغەمبەر نیم و بە هیچ كتێبێكەوە نەهاتووم([4]) تەنھا مانای ئەوەیە كە من خاوەنی شەریعەتێك نیم. بەڵام دەبێت بابەتێكی گرنگتان لەیادبێت و هەرگیز لەبیری نەكەن كە ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی بە وشەی “نەبی” و “ڕەسول” بانگكراوم بەڵام لەلایەن خواوە پێمڕاگەیەنرا كە ئەم هەموو لێشاوی بەرەكەتە ڕاستەوخۆ دانەبەزیوەتە سەرم، بەڵكو بەهۆی بەرەكەتی سەرڕێژبوونی ڕۆحی لەكەسێكی پیرۆزەوە لە ئاسمان دابەزیوەتەسەرم، مەبەستم موحەممەدی هەڵبژاردەیە (ﷺ). كەواتە بە ڕەچاوكردنی ئەم هۆكارە و لەڕێگەیەوە، وە بە فەزڵی ئەوەی كە هەردوو ناوەكەی ئەو “موحەممەد و ئەحمەد”م بەدەستهێناوە، من نێردراو و پێغەمبەریشم، واتە من نێردراوم، وە هەواڵە غەیبیەكانم پێدەگات لەلایەن خوای گەورەوە. بەمشێوەیە مۆری “خەتمی پێغەمبەرایەتی” بە پارێزراوی دەمێنێتەوە، چونكە من شادبووم بەو ناوە بەشێوەی تیشكدانەوە و سێبەرئاسا لەڕێگەی ئاوێنەی خۆشەویستیەوە. ئەگەر كەسێك توڕە دەبێت لەم وەحیە خواییە و دەڵێت: بۆچی خوا منی ناو ناوە پێغەمبەر و نێردراو، ئەوا ئەمە گەمژەیی ئەو كەسە دەسەلمێنێت؛ چونكە مۆری خوا بەهۆی پێغەمبەرایەتی منەوە نەشكاوە([5]). ئەم بابەتە زۆر ڕوونە وەك چۆن من دەڵێم خوا بەناوی پێغەمبەر و نێردراو دواندمی، بەهەمان شێوە نەیارەكانم دەڵێن عیسای كوڕی مەریەم (عليه السلام) بۆ جاری دووەم دێت بۆ دنیا پاش پێغەمبەرمان (ﷺ)، وە بەوپێیەی عیسا پێغەمبەرە، بۆیە كاتی هاتنی ئەویش هەمان ئەو ڕەخنەیە دەگیرێت كە لەدژی من دەگیرێت، مەبەستم ئەوەیە مۆری خاتەمی پێغەمبەران دەشكێنێت. بەڵام من دەڵێم: هچ بوارێك نیە بۆ ڕەخنەگرتن لە ناوزەدكردنم بە پێغەمبەر پاش گەورەمان موحەممەد (ﷺ) كە لەڕاستیدا خاتەمی پێغەمبەران خۆیەتی، وە بەمە مۆری خاتمیەت هەرگیز ناشكێت؛ چونكە چەندین جار گوتوومە من سێبەرئاسا و بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوە هەمان ئەو پێغەمبەرەم كە خاتەمی پێغەمبەرانە، ئەمەش بەگوێرەی ئایەتی ﴿وَآخَرِينَ مِنْهُمْ لَمَّا يَلْحَقُوا بِهِمْ﴾([6])، وە بیست ساڵ لەمەوپێش خوای گەورە لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا ناوی نام موحەممەد و ئەحمەد، وە بە خودی موحەممەد لەقەڵەمی دام، كەواتە بەم شێوازە پێغەمبەرایەتیەكەم كەلێنی دروست نەكردووە بۆ خاتمیەتی موحەممەد (ﷺ)؛ چونكە سێبەر جیا نیە لە ئەسڵەكەی خۆی. وە لەبەر ئەوەی من سێبەرئاسا موحەممەدم (ﷺ) بۆیە مۆری خاتەمی پێغەمبەران نەشكاوە، چونكە پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) بەردەوام دەورەدراوە بە موحەممەد (ﷺ) و لەودا قەتیس بووە؛ مەبەستم ئەوەیە بەردەوام موحەممەد (ﷺ) لەهەموو بارودۆخێكدا خۆی پێغەمبەرەكەیە نەك كەسێكی تر. بەو مانایە مادام من خۆم موحەممەدم (ﷺ) بەشێوەی درەوشانەوە و دەركەوتن، وە مادام هەموو تایبەتمەندیە موحەممەدیە تەواوەكان، لە ناویاندا پێغەمبەرایەتی موحەممەدی، سێبەر ئاسا تیشكیان داوەتەوە لە مندا؛ ئیتر ئەو كەسە جیاوازە كامەیە كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی سەربەخۆی كردووە؟
وە ئەگەر قەبوڵتان نەكردم ئەوا بزانن لە فەرموودەی متمانەپێكراوی لای خۆتاندا هاتووە كە مەهدی پەیماندراو لە پێغەمبەر (ﷺ) دەچێت لە پێكهاتە و ڕەوشتیدا، وە ناوی تەبایە لەگەڵ ناوی ئەودا (ﷺ)، واتە ناوی ئەویش موحەممەد و ئەحمەد دەبێت، وە لە ماڵباتی ئەو (ﷺ) دەبێت([7])، وە لە هەندێ فەرموودەدا هاتووە “لە منە”. ئەمە ئاماژەیەكی وردە بۆئەوەی كە ئەو لەڕووی ڕۆحیەوە لەو پێغەمبەرە (ﷺ) دەبێت، وە دەبێت بە دەركەوتەیەك بۆ ڕۆحی ئەو. وە قەرینەیەكی بەهێز لەسەر ئەمە ئەوەیە كە ئەو وشانەی پێغەمبەر (ﷺ) باسی پەیوەندی خۆی پێكردوون بەوەوە، تەنانەت ناوی هەردووكیانی بەیەك ناو داناوە، دەریدەخەن پێغەمبەر (ﷺ) دەیەوێت ئەو بەڵێندراوە بە دەركەوتە و درەوشانەوەی خۆی وەسف بكات وەك چۆن یەشووع دەركەوتە و درەوشانەوەی مووسا (عليه السلام) بوو. وە پێویست ناكات درەوشاوە كوڕی خاوەن درەوشاوەكە یان نەوەی بێت، تەنھا گرنگ ئەوەیە كە سەر بەو بێت و لەڕووی پەیوەندی ڕۆحیەوە شوێنكەوتەی بێت، وە لەنێوانیاندا پەیوەستی و كێشكردن هەبێت لە ئەزەلەوە.
كەواتە ئەو بیرۆكەیەی كە پێغەمبەر (ﷺ) وازبهێنێت لە باسكردنی ئەو شتەی كە پێویستە بۆ دەرخستنی چەمكی دەركەوتن و درەوشانەوە و دەست بكات بە لێدوان كە نێردراوەكە نەوەی خۆی دەبێت بیروبۆچوونێكە بەئاشكرا پێچەوانەی پلەی عیرفانی ئەوە (ﷺ). دەی ئایا پەیوەندی نەوە چیە بە كەسە درەوشاوەكەوە؟ ئەگەر ئەم پەیوەندیە خزمایەتیە پێویستە بۆ كەسی درەوشاوە ئەوا بۆچی پەیوەندی لاوازی نەوە باسكراوە؟ لەپێشتر بوو كوڕێك بێت! بەڵام خوای گەورە لە وتە پیرۆزەكەی خۆیدا باوكایەتی پێغەمبەری (ﷺ) نەرێ كردووە بۆ هەر كەسێك و هەواڵی داوە دەربارەی كەسی دەركەوتە. ئەگەر دەركەوتن و درەوشانەوە ڕاست نەبوایە ئەوا بۆچی هاوەڵەكانی ئەم بەڵێندراوە لە ئایەتی ﴿وَآخَرِينَ مِنْهُمْ﴾ دا بە هاوەڵی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەژماركراون؟ كەواتە نەرێكردنی دەركەوتن و درەوشانەوە بەدرۆزانینی ئەم ئایەتە پێویست دەكات.
هەڵبەت ئەو كەسانەی خاوەنی بیروبۆچوونی ماددین جارێك ئەم بەڵێندراوە دەدەنەپاڵ نەوەی حەسەن، وە جارێكی تر دەیدەنەپاڵ نەوەی حوسەین، وە جارێكی تریش دەیدەنەپاڵ نەوەی عەبباس. لەگەڵ ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) تەنھا مەبەستی ئەوە بووە كە نێردراوەكە دەبێت بە میراتگری خۆی وەكو مناڵەكانی، وە ناوەكەی و ڕەوشت و كردار و ڕۆحانیەتەكەی ئەو وەردەگرێت و لە هەموو ڕوویەكەوە دەبێت بە تیشكدانەوەیەك بۆ وێنەكەی (ﷺ)، لەلایەن خۆیەوە هیچ شتێك بەدەست ناهێنێت، بەڵكو هەموو ئەو شتانەی بەدەستی دەهێنێت لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەبێت، وە ڕووخساری پێغەمبەر (ﷺ) دەدرەوشێتەوە تێیدا بەهۆی فەنابوونی لە پێغەمبەردا (ﷺ). كەواتە هەروەك چۆن سێبەرئاسا ناوەكەی ئەو (ﷺ) و ڕەوشت و كردەوەكەی بەدەستدەهێنێت، بەهەمان شێوە لێیەوە نازناوی “پێغەمبەر”یش بەدەست دەهێنێت؛ چونكە وێنە سێبەرئاساكە تەواو نابێت ئەگەر هەموو تایبەتەمەندیە تەواوەكانی ئەسڵەكەی تێدا نەبێت لەهەموو ڕوویەكەوە. وە بەوپێیەی پێغەمبەرایەتیش تایبەتمەندیەكی تەواوی پێغەمبەرە، بۆیە دەبێت ئەم تایبەتمەندیە تەواوە لە وێنە درەوشاوەكەیدا دەربكەوێت.
بەردەوام پێغەمبەران هەموویان باوەڕیان بەوە هەبووە كە دەركەوتە و درەوشاوە تیشكدانەوەی تەواوی ئەسڵەكەیە، تەنانەت ناویان یەكدەگرێت. كەواتە هەروەك چۆن شتێكی بەڵگەنەویستە كە ناوزەدكردنی ئەم كەسە بە موحەممەد یان ئەحمەد بەشێوەی درەوشانەوە دوو موحەممەد یان دوو ئەحمەد بەرهەم ناهێنێت ئەوا دواندنی ئەم كەسە بە پێغەمبەر یان نێردراو بە شێوازی درەوشانەوە شكاندنی مۆری پێغەمبەرایەتی پێویست ناكات؛ چونكە وێنەی درەوشاوە بوونێكی سەربەخۆی نیە، بەگوێرەی ئەوە ئەو پێغەمبەرایەتیەی دەبەخشرێت بەهۆی موحەممەد و بەرەكەتی موحەممەدەوە بەردەوام قەتیس دەبێت لە خۆیدا (ﷺ) بەتەنھا. هەموو پێغەمبەران (عليهم السلام) هاوڕان لەسەر ئەوەی وێنەی درەوشاوە وێنەیەكی جیاواز بەرهەم ناهێنێت، بەڵكو پلەی دەركەوتن و درەوشانەوە ئەم قسەیەی شاعیر دەچەسپێت بەسەریدا:
هەڵبەت (بەهۆی تین و تاوی خۆشەویستی و یەكگرتنەوە) بووم بە “تۆ”، وەك چۆن تۆ بوویت بە “من”، وە بووم بە جەستەیەك تۆ ڕۆحی ئەو جەستەیەیت
هەتا دوای ئەوە كەس نەڵێت من كەسێكی جگە لە تۆم و تۆ كەسێكی جگە لە منیت.
بەڵام ئەگەر جارێكی تر عیسا بێت بۆ جیھان؛ ئەوا چۆن دەكرێت بگەڕێتەوە بەبێ ئەوەی مۆری خاتەمی پێغەمبەران بشكێنێت؟
بەكورتی، دەستەواژەی خاتەمی پێغەمبەران مۆرێكی خواییە كە لەسەر پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) دانراوە، بۆیە ئەستەمە ئێستا ئەم مۆرە بشكێنرێت. بەڵێ، لەڕاستیدا دەكرێت موحەممەد (ﷺ) بێت بۆ جیھان لە پۆشاكی دەركەوتن و درەوشانەوەدا، نەك جارێك بەڵكو هەزار جار، وە پێغەمبەرایەتیەكەی بەهەموو تایبەتمەندیە تەواوەكانیشیەوە ڕابگەیەنێت. وە ئەم دەركەوتن و درەوشانەوەیە پەیمانێكی یەكجاریە لەلایەن خوای گەورەوە بەجۆرێك فەرموویەتی ﴿وَآخَرِينَ مِنْهُمْ لَمَّا يَلْحَقُوا بِهِمْ﴾.
پێغەمبەران غیرە ناكەن لە دەركەوتەكانیان، چونكە وێنە و تیشكدانەوەی خۆیانن، بەڵام بەدڵنیاییەوە غیرە دەكەن لە كەسانی تر. بڕوانن بۆ مووسا (عليه السلام) چۆن بە گریانێكی توند غیرەی خۆی دەربڕی كاتێك بینی پێغەمبەر (ﷺ) پێشی كەوت لە شەوی میعراجدا. دەی دەبێت ڕوونی و پوختی دڵی پێغەمبەر (ﷺ) چەندە لێڵ بێت كە خوا سەرەتا پەیمانی پێ داوە دوای ئەو پێغەمبەرێك نیە، پاشان بە پێچەوانەی پەیمانەكەیەوە عیسا (عليه السلام) ڕەوانە بكات؟
بەكورتی، پێغەمبەرایەتی بەشێوەی درەوشانەوە كەلێن ناخاتە خەتمی پێغەمبەرایەتیەوە و بەهۆیەوە مۆرەكە ناشكێت، بەڵام هاتنی پێغەمبەرێكی تر ئیسلام هەڵدەوەشێنێتەوە، وە پێغەمبەر (ﷺ) تووشی سووكایەتیەكی گەورە دەكات؛ چونكە ئەركی مەزنی كوشتنی دەججال لەسەر دەستی عیسا (عليه السلام) بەئەنجام دەگات، نەك لەسەر دەستی پێغەمبەر (ﷺ)! بەمەش ئایەتی پیرۆزی ﴿وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ﴾ پووچەڵ دەبێتەوە، پەنا بەخوا. هەڵبەت لەم ئایەتەدا هەواڵێكی شاراوە هەیە، كە ئەوەیە ئێستا پێغەمبەرایەتی مۆری لەسەر دراوە هەتا ڕۆژی قیامەت، وە ئێستا ئیتر هیچ كەسێك ناتوانێت زانستی غەیب پەیدا بكات لەلایەن خوای گەورەوە وەك پێغەمبەران بەشێوەیەكی ڕوون و ڕۆشن مەگەر بەهۆی بوونێك بەشێوەی درەوشانەوە كە بوونی خودی موحەممەدە (ﷺ). وە لەبەر ئەوەی من ئەو درەوشانەوە موحەممەدیەم كە لە كۆنەوە بەڵێنی پێ دراوە، بۆیە ئەو پێغەمبەرایەتیە سێبەرئاسا و دەركەوتەییەم پێ دراوە. ئێستا جیھان لەبەرامبەر ئەم پێغەمبەرایەتیە موحەممەدیەدا خاوەنی هیچ شتێك نیە، چونكە پێغەمبەرایەتی مۆری لێدراوە و كۆتایی هاتووە.
وە بڕیارلێدراو بوو لە ئاخر زەماندا تەنھا دەركەوتە و درەوشانەوەی موحەممەدی دەربكەوێت لەگەڵ هەموو تایبەتمەندیە تەواوە موحەممەدیەكاندا، ئەوەتا دەركەوت. جگە لەم دەرگایە ئێستا هیچ دەرگایەكی تر نەماوەتەوە بۆ وەرگرتنی ئاوی كانیاوی پێغەمبەرایەتی.
پوختەی قسە، مۆری پێغەمبەرایەتی ناشكێت بەهۆی پێغەمبەرایەتی سێبەرئاسا و دەركەوتەییەوە، بەڵام بیروبۆچوونی دابەزینی عیسا (عليه السلام) وا پێویست دەكات ئەم ئایەتە بەدرۆبزانرێت ﴿وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ﴾ و خاتمیەت بشكێنرێت. وە هەرگیز لە قورئانی پیرۆزدا شوێنەوارێكی ئەم شتە هەوانتە و پووچە نیە كە پێچەوانەی بیروباوەڕی ئیسلامە، چۆن شوێنەواری هەیە لەكاتێكدا پێچەوانەی لێدوانی ڕاشكاوی ئەو ئایەتەیە كە ئێستا باسكرا؟ بەڵام هاتنی پێغەمبەر و نێردراوێك بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوە لە قورئانی پیرۆزدا چەسپاوە وەك لەم ئایەتەوە ﴿وَآخَرِينَ مِنْهُمْ﴾ ڕوون دەبێتەوە. وە یەكێك لە وردەكاریەكانی دەربرین لەم ئایەتەدا ئەوەیە كە باسی ئەو كەسانە كراوە كە بە هاوەڵ ئەژمار دەكرێت، بەڵام تێیدا بەڕاشكاوی باسی ئەو كەسە نەكراوە كە دەركەوتەیە، واتە مەسیحی بەڵێندراو، كە بەهۆیەوە ئەو كەسانە بە هاوەڵ لە قەڵەم دراون، وە وەكو هاوەڵان لەو كەسانە ئەژماركراون كە لە سەردەستی پێغەمبەردا (ﷺ) پەرورەدەكراون. وە ئامانج لە باس نەكردنی كەسی دەركەوتە ئاماژەكردنە بەوەی ئەو كەسەی دەركەوتن ودرەوشانەوەكە تێیدا دێتەدی وەكو نەبوو وایە، لەبەرئەوە پێغەمبەرایەتیەكەی، كە بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوەیە، مۆری پێغەمبەرایەتی ناشكێنێت، كەواتە لە ئایەتەكەدا وازهێنراوە لە باسكردنی وەك ئەوەی نەبێت، وە لەجیاتی ئەو پێغەمبەر (ﷺ) باسكراوە.
بەهەمان شێوە لە ئایەتی ﴿إِنَّا أَعْطَيْنَاكَ الْكَوْثَرَ﴾([8]) دا بەڵێندراوە بە دەركەوتەیەك كە لە سەردەمەكەیدا كەوسەر پەیدا دەبێت، واتە سەرچاوەی بەرەكەتەكانی ئایین دەتەقن و لەبەریان دەڕوات، وە خەڵكی ڕاستگۆی ئیسلام لە جیھاندا زۆر دەبن. وە لەم ئایەتەدا بە سووكیەوە سەیری پێویستی مناڵە مادییەكان كراوە، پێشبینی كراوە دەربارەی ئەو مناڵانەی كە بەشێوەی درەوشانەوە و دەركەوتن سەرهەڵدەدەن. لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە شكۆداری كردم بەوەی من ئیسرائیلی و فاتیمیشم و لەهەردوو ڕەچەڵەكەكە پشكم هەیە، بەڵام من پەیوەندیە ڕۆحیەكە، واتە ئەو پەیوەندیەی بەشێوەی درەوشانەوەیە، بەچاكتر دادەنێم.
ئامانجم لەم نامەیە ئەوەیە ڕوونی بكەمەوە نەیارە نەزانەكانم ئەوە دەدەنە پاڵم كە من بانگەشەی ئەوە دەكەم پێغەمبەر و نێردراوم، لەڕاستیدا من بانگەشەی ئەوەم نەكردووە. وە من پێغەمبەر و نێردراو نیم بەوشێوەیەی ئەوان بیری لێدەكەنەوە. بەڵێ، من پێغەمبەر و نێردراوم بەو مانایەی ئێستا خۆم ڕوونم كردەوە. وە ئەو كەسەی بە شێوازە شەڕانگێزانەكەی خۆی تۆمەتبارم دەكات كە من بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەم، ئەوە درۆزنە و خاوەنی بیركردنەوەیەكی چەپەڵە. هەڵبەت بەشێوەی درەوشانەوە و سێبەر ئاسا بووم پێغەمبەر و نێردراو و ڕەوانەكرام. وە لەسەر ئەم بنەمایە خوا چەندین جار ناوزەدی كردم بە پێغەمبەر و نێردراوی خوا، بەڵام بەشێوەی دەركەوتن و درەوشانەوە. من هیچ نیم، بەڵكو موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) خۆیەتی. وە لەم لایەنەوە ناوم بوو بە موحەممەد و ئەحمەد، وە بەم شێوەیە پێغەمبەرایەتی نەگواسترایەوە بۆ كەسێكی تر، بەڵكو ئەوەی هی موحەممەد بوو لەڕاستیدا هەر لای موحەممەدە درود و سڵاوی خوای لێ بێت.
بەندەی خاكی
میرزا غوڵام ئەحمەد
لە قادیان 5-11-1901
([3]) پێویستە بزانن بەڵێندراوە بەم ئوممەتە هەموو ئەو نیعمەتانەی پێ بدرێت كە دراون بە پێغەمبەران و ڕاستگۆیانی پێشوو. وە یەكێك لەو نیعمەتانە ئەو پێغەمبەرایەتی و پێشبینیانەیە كە بەهۆیانەوە پێغەمبەرانی پێشوو پێیان گوتراوە پێغەمبەر. بەڵام قورئانی پیرۆز دەرگای زانستەكانی غەیبی داخستووە لەسەر كەسانێك كە پێغەمبەر و نێردراو نین وەك ڕوونە لەم ئایەتە پیرۆزەوە: ﴿فَلَا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِهِ أَحَدًا * إِلَّا مَنِ ارْتَضَى مِنْ رَسُولٍ﴾. كەواتە بۆ پێگەیشتنی غەیبی ڕوون و بێگەرد دەبێت مرۆڤ پێغەمبەر بێت. وە ئایەتی ﴿أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ﴾ شایەتی دەدات كە ئەم ئوممەتە بێبەش نیە لەم غەیبە پاك و بێگەردە ناوبراوە، وە پێگەیشتنی غەیبی پاك و بێگەرد داخوازی پێغەمبەرایەتی دەكات بەگوێرەی مانا و مەبەستی ئەم ئایەتە. وە بەوپێیەی ئەم ڕێگا سەربەخۆیە داخراوە، لەبەرئەوە دەبێت باوەڕبهێنرێت بەوەی كە بۆ پێگەیشتنی ئەم نیعمەتە تەنھا دەرگای دەركەوتن و سێبەرئاسایی و فەنابوون لە پێغەمبەری خوا (ﷺ) هەیە. كەواتە ڕابمێنە. لە مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام).
([4]) ئەم دەستەواژەیە لە فارسیەوە تەرجەمەكراوە. (وەرگێڕی عەرەبی)
([5]) ئەم ڕێگەیە چەندە جوانە كە بەگوێرەی ئەوە مۆری پێغەمبەرایەتی خاتەمی پێغەمبەران نەشكاوە و سەرجەم تاكەكانی ئوممەت بێبەش نەكراون لە پێغەمبەرایەتی بەگوێرەی مانای ئایەتی ﴿فَلَا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِهِ أَحَدًا﴾، بەڵام هیچ شتێك بۆ ئیسلام نامێنێتەوە ئەگەر عیسا (عليه السلام) بگەڕێنرێتەوە_ كە 600 ساڵ پێش ئیسلام پێغەمبەرایەتی بەدەستهێناوە_، وە لەمەوە پێویست دەبێت بەڕاشكاوی ئایەتی خاتەمی پێغەمبەران بەدرۆبخرێتەوە. لەسەر ئەمە تەنھا جنێو دەبیستین لە نەیارەكان، دەی چۆنیان پێ خۆشە با جنێو بدەن، وە ئەوانەی ستەمیان كرد بەمزوانە دەزانن سەرەنجامیان چۆن دەبێت. لە مەسیحی بەلێندراوەوە (عليه السلام).
([7]) چەسپاوە لە مێژووی باوباپیرانمەوە كە یەكێك لە دایەگەورەكانم لە بنەماڵەی بەڕێزی سەیيدەكان بووە، وە لەنەوەی فاتیمە بووە. پێغەمبەریش (ﷺ) ڕاستی فەرمووە كاتێك لە خەونێكدا فەرموویەتی بە من: “سلمان مِنَّا أهل البیت علی مشرب الحسن.” ناویناوم “سەلمان” واتە دوو سلم، وە سلم لە عەرەبیدا واتە ئاشتەوایی، واتە بریاری لێدراوە كە دوو ئاشتەوایی لەسەردەستمدا ئەنجام بدرێت، یەكەمیان ناوخۆیی، بەجۆرێك ڕق و كینەی ناوخۆیی (نێوان موسوڵمانان) ناهێڵێت، دووەمیان دەرەكی، واتە هۆكارەكانی دوژمنایەتی دەرەكی لەناودەبات و گەورەیی ئیسلام دەردەخات، بەمەش شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر ملكەچ دەبن بۆ ئیسلام. وادیارە من مەبەست بم لە “سەلمان”ی ناوبراو لە فەرموودەكەدا، چونكە پێشبینی دوو ئاشتەواییەكە پیادە نابێت بەسەر سەلمانی پێشوودا. بەهۆی ئیلھام لەلایەن خواوە دەڵێم من لە نەوەی فارسم، وە بەگوێرەی ئەو فەرموودەیەی لە كنز العمال دا هاتووە نەوەی فارسیش لە نەوەی ئیسرائیل و ئالوبەیتن. وە لە كەشفدا خاتوو فاتیمە (رضي الله عنها) سەری منی خستە سەر ڕانی خۆی، وە بۆم دەركەوت من لە نەوەی ئەوم. ئەم كەشفە لە “البراهین الأحمدیة”دا باسكراوە. (لە مەسیحی بەڵێندراوەوە عليه السلام). [*] ڕوونكردنەوە لەلایەن بڵاوكارەوە: ئەم كەشفە لە “البراهین الأحمدیة”دا هاتووە بەم شێوەیەی خوارەوە: “بەڵام فەرمانی خوای گەورە_ لە ئیلھامی ناوبراوی پێشوودا_ بە سڵاواتدان لەسەر ماڵباتی پێغەمبەر (ﷺ) نهێنی تێیدا تەنھا ئەوەیە كە خۆشەویستی ئەهلوبەیت پەیوەندیەكی پتەوی هەیە بە دابەزینی لێشاوی نووری خواییەوە، وە ئەو كەسەی دەچێتە ڕیزی نزیكانی خوای تاكو تەنهاوە ئەوا ئەو شتە بەدەست دەهێنێت كە ئەو كەسە چاك و پاكانە لە دوای خۆیان بەجێیان هێشتووە، وە دەبێت بە میراتگریان لە هەموو زانست و زانیاریەكاندا. بەم بۆنەوە كەشفێكی ڕوونم بیركەوتەوە كە ئەوەبوو جارێكیان دوای نوێژی مەغریب و لە دۆخی بێداری تەواوەتیدا لەگەڵ بێ هەستیەكی كەمدا كە لە بێئاگاییەكی سووك دەچوو جیھانێكی سەیر و نامۆ دەركەوت بۆم؛ بەجۆرێك سەرەتا و لەناكاو دەنگی خێرا هاتنی هەندێ كەسم بیست وەك دەنگی تەقەی پێڵاو و كەوش كاتی ڕۆشتنی خێرا، پاشان بە یەكجار پێنج كەسی خاوەن سام و شكۆ و شۆخ و شەنگی لەبەردەممدا ئامادەبوون، مەبەستم پێغەمبەری خوا (ﷺ) و عەلی و حەسەن و حوسەین و فاتیمەی زەهرایە (رضي الله عنهم). وە یەكێكیان، كە خاتوو فاتیمەی زەهرا بوو (رضي الله عنها)_ وەك لەبیرم بێت_ سەرمی خستە سەر ڕانی خۆی بەوپەڕی سۆز و خۆشەویستیەوە وەك دایكێكی بەسۆز و میهرەبان. پاشان كتێبێكم پێدرا و پێمگوترا تەفسیری قورئانی پیرۆزە كە گەورەمان عەلی (رضي الله عنه) دایناوە، ئەوەتا ئێستا ئەو ئەم تەفسیرەت پێ دەدات. سوپاس بۆ خوا. (البراهین الأحمدیة، بەرگی 1، لا 598_599، پەراوێز لەسەر پەراوێز ژمارە 3)