
كوفر یەك میللەتە
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
بە پێنووسی:
حەزرەتی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)
بسم الله الرحمن الرحيم نحمده ونصلي على رسوله الكريم
وتەی بڵاوكار
كاتێك ئیسڕائیل دوای پارچە پارچەكردنی فەڵەستین لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی بەهۆی پیلانگێڕیە نێودەوڵەتیەكانەوە كە هەندێك دەوڵەتی گەورە ڕۆڵی سەرەكییان تێدا گێڕا، دروست بوو، حەزرەتی حاجی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه) پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی بە بینایی تیژی خۆی دەركی بەوەكرد كە ئەم هەلومەرجانە ئیسلام و كەلەپووری مەزنی ئیسلامی بەرەو گەورەترین نەهامەتی و وێرانی دەبات، بۆیە دەستبەجێ بەڕێزی وتارێكی گرنگی نووسی بۆ ئەوەی سەرنجی جیهانی ئیسلامی بۆ ئەو ئەنجامە ترسناكانە ڕابكێشێت، وتارەكە وەرگێڕدرا و بە شێوەیەكی بەرفراوان بڵاوكرایەوە.
جارێكی تر وەرگێڕانی پوختەی ئەو وتارە مێژووییە پێشكەش بە خوێنەرانی بەڕێز دەكەین كە لەو كاتەدا سەركردایەتیە ئیسلامیەكان هیچ بایەخێكیان پێنەدا، ئەمەش وایكرد وڵاتانی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تووشی كۆمەڵێك نەهامەتی ببن كە هەتا ئەمڕۆ بەردەوامن. هیوادارین ئێستا سەركردایەتیە ئیسلامیەكان بێدار ببنەوە و دەست نەخەنەناو دەستی دوژمنەوە.
ئەم وتارە ئەوەندە كاریگەر بوو كە موسوڵمانانی هەژاند و ڕابوونێكی تێدا دروست كردن و لە جیهانی عەرەبیدا بۆ ماوەیەكی زۆر دەنگی دایەوە. لەو سەردەمەدا هێشتا بەشێوەیەكی ڕێكخراو هێرشی توندوتیژ دژی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی دەستی پێنەكردبوو لەلایەن ئەو كەسانەوە كە گەورەكانیان لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوا هانیاندەدان، وە جیهانی عەرەبی ئەوپەڕی ڕێز و پێزانینی هەبوو بۆ كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی. بۆیە هەندێك ڕۆژنامە ستایشی ئەم نامیلكەیەیان كرد و ئێمە هەندێك لەو كۆمێنتانەمان لە كۆتایی نامیلكەكەدا زیاد كردووە بۆ ئەوەی خوێنەر ئاگادار بێت.
یەكەم كەس كە ئەم نامیلكەیەی وەرگێڕا، خوالێخۆشبوو شێخ نوور ئەحمەد مونیر بوو، خوای گەورە پاداشتی خێری بداتەوە. ئێستا دوای وردبینیكردن و بژاركردن بڵاوی دەكەینەوە بەو هیوایەی كە ئوممەتی ئیسلامی سوودی لێ ببینێت و هۆشیار بێتەوە، وە بۆ بەرژەوەندی ئیسلام و شكۆمەندیەكەی ڕاپەڕێت.
ئامین.
بڵاوكاری عەرەبی
*****
كوفر یەك میللەتە
بێگومان ئەو ڕۆژانەی كە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) سەدان ساڵ پێش ئێستا پێشبینییان كردبوو، وە ئەو ڕۆژانەی كە لە تەورات و ئینجیلدا باسیان كراوە، و گوتراوە كە سەخت و پڕ ناڕەحەتی و كوێرەوەری و سەرگەردانی دەبن بۆ موسوڵمانان، وا دیارە نزیك بوونەتەوە، چونكە جارێكی تر جوولەكە لە فەڵەستین نیشتەجێ دەكرێنەوە.
… بێگومان پرسی فەڵەستین بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی گرنگە… فەڵەستین نزیكە لە خاكی پیرۆز كە باخچەی سەروەر و پێشەوامان موحەممەدی هەڵبژاردەی (ﷺ) تێدایە كە جوولەكە لە ژیانیدا ناكۆك بوون لەگەڵیدا و بەوپەڕی بێ شەرمیيەوە لە كارەكانیدا دژایەتییان دەكرد، لەگەڵ ئەوەی جگە لە چاكە و خێر و بەخشندەیی هیچیان لێ نەبینی بوو.
بێگومان زۆربەی ئەو جەنگانەی لەنێوان پێغەمبەر (ﷺ) و عەرەبەكاندا هەڵگیرسا بەهۆی فریودان و هاندانی جوولەكەكانەوە ڕوویاندا، ئەوان بوون كە كیسرایان هاندا سەروەرمان موحەممەد (ﷺ) بكوژێت، بەڵام خوا پاراستی و لە پیلانەكەیاندا نائومێدی كردن و ڕووی ڕەش كردن. هیچ گومانی تێدا نیە جوولەكە بە هاندانی كیسرا بۆ كوشتنی پێغەمبەر (ﷺ) ئەو ڕق و كینەیەیان دەرخست كە لە دڵیاندا هەبوو بەرامبەری.
بێگومان سەركردایەتی غەزای ئەحزابیش لە دەستی جوولەكەكاندا بوو، ئەو جەنگەی كە پێشتر عەرەب بەو شێوەیە كۆنەبووبوونەوە. دیارە گردبوونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی جەنگاوەران و ئەو سوپا زۆرە لە دەوری شاری مەدینە تەنها بەهۆی پیلانگێڕی ئەو جوولەكانەوە بوو كە لەو شارە دەركرابوون. وەك دەزانین عەرەبەكان توانا و هێزێكی كارگێڕی لەم جۆرەیان نەبوو. بەبێ گومان، جوولەكە لە پیلانگێڕییەكەیاندا درێغییان نەكرد، بەڵام خوا لەو جارەشدا نائومێدی كردن.
شاراوە نیە كە لە ڕاستیدا زۆربەی دوژمنانی پێغەمبەر (ﷺ) بێباوەڕانی مەككە بوون، بەڵام هەرگیز هەوڵیان نەدا بە نهێنی بیكوژن وەك چۆن جوولەكە ئەو كارەیان كرد. كاتێك پێغەمبەری خوا (ﷺ) -بەپێی یاسای باو- بێبەش بوو لە هەموو مافە مەدەنیەكان لە مەككەدا، ڕووی كردە تائیف، پاشان ویستی بگەڕێتەوە بۆ مەككە، ئەو كاتە سەرسەختترین دوژمنی لە بێباوەڕانی مەككە هاتە پێشەوە بۆ پشتیوانیكردنی و ڕایانگەیاند كە پەنای موحەممەد (ﷺ) دەدات لە مەككەدا، پاشان لەگەڵ پێنج كوڕەكەیدا چوونەناو شارەكەوە و بە خەڵكەكەیان گوت: گومانی تێدا نیە موحەممەد (ﷺ) یەكێكە لە دوژمنەكانمان، بەڵام پیاوەتی و جوامێری عەرەبی ڕێگە نادات كە پەنای نەدەین و ئاسایشی نەپارێزین مادام دەیەوێت بە یارمەتی و پشتیوانی ئێمە بێتەناو ئەم شارەوە. وە ئەگەر ئێمە داواكارییەكەی قبوڵ نەكەین، ئەوا لەمڕۆوە هەرگیز بە سەربەرزیەوە باسناكرێین، [بڕوانە (الطبقات الكبری)ی ئیبن سەعد، بەرگی 1، لاپەڕە 212، چاپی بەیروت 1985ز.] وە كوڕەكانی ڕاسپارد و پێی گوتن ئەگەر یەكێك لە دوژمنانی موحەممەد (ﷺ) ویستی هێرش بكاتە سەری، ڕێگە نەدەن دەستی پێی بگات تەنانەت ئەگەر لەو پێناوەدا مردن.
ئەمە بوو دوژمنی بەڕێزی عەرەب. لە بەرامبەر ئەمەشدا دەبینین جوولەكە بەدبەختەكان -ئەوانەی كە خوا لە قورئانی پیرۆزدا دەربارەیان فەرموویەتی ئەوان سەرسەختترین دوژمنی باوەڕدارانن[﴿۞لَتَجِدَنَّ أَشَدَّ النَّاسِ عَدَاوَةً لِّلَّذِينَ آمَنُوا الْيَهُودَ وَالَّذِينَ أَشْرَكُوا ۖ وَلَتَجِدَنَّ أَقْرَبَهُم مَّوَدَّةً لِّلَّذِينَ آمَنُوا الَّذِينَ قَالُوا إِنَّا نَصَارَىۚ ذَلِكَ بِأَنَّ مِنْهُمْ قِسِّيسِينَ وَرُهْبَانًا وَأَنَّهُمْ لَا يَسْتَكْبِرُونَ﴾ (المائدة: 83).]- ڕۆژێكیان پێغەمبەری خوایان (ﷺ) بانگهێشت كرد بۆ ماڵەكانیان بە بیانووی گفتوگۆكردن بۆ سوڵح و ئاشتەوایی، پاشان هەوڵیاندا تیرۆری بكەن بەوەی لەسەر بانی ماڵەكەوە بەردە دەستاڕێك بخەنە خوارەوە و بیكێشن بە سەریدا لەكاتێكدا ئاگای لێ نەبێت. بەڵام خوا بە وەحیی خۆی هەواڵی ئەم پیلانەی ئەوانی ڕاگەیاند بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ)، ئەوە بوو بە سەلامەتی گەڕایەوە. [“السیرة النبویة”ی ئیبن هیشام، بەرگی 2 لاپەڕە 128 – 129 چاپی میسر 1295ك.]
هەروەها ژنێكی جوولەكە بانگهێشتی كرد بۆ خوانێك و خواردنێكی ژەهراوی پێشكەش كرد، بەڵام خوا (سبحانه وتعالى) لە فێڵەكەی ئەویش پاراستی. بەم شێوەیە ئەو ڕق و كینەیە دەركەوت كە جوولەكە لە دڵیاندا دەیانشاردەوە.
ئەمەیە ئەو دوژمنە سەرسەختەیە كە ئێستا دەیەوێت لە شێوەی دەوڵەتێكی بەهێزدا لە نزیك مەدینەی مونەووەرەدا سەر دەربهێنێت، ڕەنگە نیازی وا بێت پێشڕەوی بكات بەرەو ئەوێ و هێرش بكاتە سەری دوای ئەوەی پێیەكانی لە فەڵەستیندا جێگیر كرد. ئەگەر موسوڵمانێك جگە لەمە شتێكی تر ببینێت و پێی وابێت كە هۆكارەكانی بەدیهێنانی ئەم مەترسییە بەهێز نین، ئەوا بێگومان تێگەیشتنەكەی ناتەندروستە. بەڵام عەرەبەكان ئەم ڕاستییە بە باشی دەزانن و دەزانن كە زایۆنیزم سوورە لەسەر ئەوەی لە نیشتمانی خۆیان دەریان بكات، بۆیە وەك یەك پیاو دژی زایۆنیستەكان وەستانەوە، ناكۆكی و جیاوازییە ناوخۆییەكانی نێوان خۆیان لەبیركرد.
بەڵام ئایا عەرەبەكان دەتوانن بەرەنگاریان ببنەوە؟ ئایا ئەم بابەتە تەنها پەیوەندی بە عەرەبەكانەوە هەیە و پەیوەندی بە كەسانی ترەوە نیە؟
لەڕاستیدا عەرەبەكان ناتوانن بەرەنگاری زایۆنیستەكان ببنەوە، هەروەها ئەم كێشەیە تەنها پەیوەندی بە عەرەبەكانەوە نیە. ئەمە كێشەی فەڵەستین نیە، بەڵكو كێشەی مەدینەی مونەووەرەیە، پرسەكە پرسی بەیتولمەقدیس نیە، بەڵكو پرسی خودی مەككەی پیرۆزە. كێشەكە هیچ كەسێك نیە، بەڵكو كێشەی شكۆی موحەممەدی پێغەمبەری خوایە (ﷺ).
هەڵبەت دوژمنان دژی ئیسلام یەكیان گرت بە لەبیركردنی ناكۆكی و جیاوازیە زۆرەكانی نێوانیان، ئایا بۆچی موسوڵمانان بەم بۆنەیەوە یەك ناگرن سەرەڕای بوونی هەزارەها هۆكاری یەكگرتن لەنێوانیاندا…
كاتی ئەوە هاتووە خۆمان بیر بكەینەوە و بڕیار بدەین: ئایا وا شیاوە بۆمان كە بەجیا یەك لەدوای یەك بمرین، یاخود یەكگرتوو بین و شان بەشانی یەك و پێكەوە هەموو هەوڵێكمان بخەینەگەڕ بۆ هێنانەدی فەتح و سەركەوتن؟!
پێم وایە كات و سەردەمەكە بە دەنگی بەرز بانگی موسوڵمانان دەكات كە بیروبۆچوونی خۆیان یەكلایی بكەنەوە و بڕیار بدەن كە؛ تێكۆشەرانە لەپێناوی بەدەستهێنانی مافەكانیاندا بمرن، یان بەتەواوەتی هەموو پیلانگێڕیەكان دژی ئیسلام ڕیشەكێش بكەن.
گومانی تێدا نیە ئەمڕۆ جوولەكە لە هێزی ئاسمانیدا لە عەرەب بەهێزترن، بەڵام من پێم وایە موسوڵمانانیش لەم سەردەمەدا لەڕووی ژمارەوە گەیشتوونەتە ئاستێك ئەگەر بەبێ ترسان لە مردن دژی دوژمنەكانیان ڕاپەڕن، ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت لەناویانبەرێت و ڕیشەكێشیان بكات.
خوای گەورە زاناترە كە ئەم ئاواتانەم تا چ ڕادەیەك دێنەدی؟!
بێگومان ئەمڕۆ ڕۆژی قوربانیدانە، نەك ڕۆژی بڵاوكردنەوەی لێدوانی پووچ و بڕیاری سست و لاواز. ئەگەر موسوڵمانانی پاكستان بەڕاستی دەیانەوێت شتێك بكەن، ئەوا دەبێت پێشنیار بكەن بۆ حكومەتەكەیان كە لە ئێستادا بەلایەنی كەمەوە لەسەدا یەكی ماڵ و سامانیان لێ وەربگرێت، بەمەش پاكستان دەتوانێت هەزار ملیۆن ڕووپیە كۆبكاتەوە، بەم بڕە پارەیەش دەتوانرێت قەیرانەكانی ئێستای ئیسلام تا ڕادەیەكی بەرچاو چارەسەر بكرێن. ئەگەر وڵاتانی تری ئیسلامیش ڕێگەی پاكستانیان گرت و بەڕۆڵی خۆیان قوربانیەكی هاوشێوەیان پێشكەش كرد، ئەوا كۆی گشتی پارەكە دەگاتە نزیكەی پێنج یان شەش هەزار ملیۆن ڕووپیە، دەتوانرێت بەم پارەیە چەك و كەلوپەلی جەنگی بۆ فەڵەستین بكڕدرێت، سەرەڕای دژایەتی وڵاتانی ئەورووپا. ئەگەر لە جیاتی یەك ڕووپیە، دوو ڕووپیەمان دا، وە لە جیاتی دوو ڕووپیە، سێ ڕووپیە، وە لە جیاتی سێ ڕووپیە، چوار ڕووپیە، وە لە جیاتی چوار ڕووپیە، پێنج ڕووپیەمان دا، ئەوا دەتوانین لە شوێنێكەوە و بە شێوازێك لە شێوازەكان چەك بكڕین. بێگومان بەناو دەستپاكیەكەی ئەوروپیەكانیش نرخێكی هەیە هەرچەندە گرانیش بێت. دەتوانرێت ئەم كەرەستە و چەكانە بكڕدرێت ئەگەرچی بە نرخێكی گرانیش بێت. بەڵام دەبێت گیرفانمان پڕ بێت بۆ ئەوەی بتوانین ئەو نرخە بدەین.
ئەوەتا من سەرنجی موسوڵمانان ڕادەكێشم بۆ مەترسی دۆخەكە و ئاگاداریان دەكەمەوە بۆ ئەوەی بزانن كارەكە زۆر ترسناكە، وە بزانن كە زۆر بە ڕوونی ڕاستی ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ) دەركەوت كە دەفەرموێت: “كوفر یەك میللەتە”. هەڵبەت زایۆنیەكان و مەسیحیەكان و بێدینەكان بەیەكەوە و شانبەشانی یەكتری هەستان بۆ سڕینەوەی گەورەیی و شكۆی ئیسلام. پێشتر گەلانی ئەورووپا بە شێوەیەكی جیا و نەتەوە لە دوای نەتەوە هێرشیان دەكردە سەر ئیسلام، بەڵام ئەمڕۆ هەموویان كۆبوونەتەوە و بەیەكگرتوویی هێرشێكی دڕندانەیان دەستپێكردووە بۆ سەر موسوڵمانان. كەواتە ئەی موسوڵمانان وەرن با یەك بگرین و شەڕی ئەوان لە خۆمان دووربخەینەوە. وەرن با هەموومان بەیەكەوە بەرەنگاریان ببینەوە، چونكە لەم پرسەدا هیچ ناكۆكیەك لەنێوانماندا نیە. گەمژەیی و نەفامیە ئەگەر ناكۆكیەكانی ترمان تێكەڵی ئەم دۆسیەیە بكەین كە هاودەنگین لەسەری. قورئانی پیرۆز بانگەواز دەكات بۆ یەكگرتن تەنانەت لەگەڵ جوولەكەدا لەو بابەتانەدا كە لەگەڵیاندا هاوڕاین و دەفەرموێت: ﴿قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ تَعَالَوْا إِلَى كَلِمَةٍ سَوَاءٍ بَيْنَنَا وَبَيْنَكُمْ أَلَّا نَعْبُدَ إِلَّا اللَّهَ وَلَا نُشْرِكَ بِهِ شَيْئًا وَلَا يَتَّخِذَ بَعْضُنَا بَعْضًا أَرْبَابًا مِّن دُونِ اللَّهِ ۚ فَإِن تَوَلَّوْا فَقُولُوا اشْهَدُوا بِأَنَّا مُسْلِمُونَ﴾ (آل عمران: 65). ئەگەر قورئانی پیرۆز بانگەواز بكات بۆ یەكگرتن لەگەڵ جوولەكەدا سەرەڕای بوونی ناكۆكیە ئایینیە زۆرەكان، ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە بۆ موسوڵمانان، چ لە پاكستان بن یان ئەڤغانستان یان ئێران یان مالیزیا یان ئەندەنوسیا یان ئەفریقا یان توركیا یان وڵاتانی دیكەی ئیسلامی، كە ڕیزەكانیان و قسەی خۆیان یەك بخەن، بە تایبەتی كاتێك دەبینن تەورەكە خراوەتە سەر ڕەگی ئیسلام و شوێنە پیرۆزەكان ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە.
ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە كە هەموویان لەگەڵ عەرەبەكان هەستن و ڕووبەڕووی ئەو هێرشە دڕندانەیە ببنەوە كە دوژمن دەیەوێت بەهۆیەوە هێزی موسوڵمانان لەناوببات و شكۆیان بشكێنێت و سووك و ڕسوایان بكات؟
گومانی تێدا نیە لە قورئان و فەرموودەكانەوە ڕووندەبێتەوە كە جوولەكە جارێكی تر لە فەڵەستیندا جێگیر دەبن، بەڵام باسی ئەوە نەكراوە كە هەتاهەتایە لەوێ نیشتەجێ دەبن؛ چونكە بڕیاردراوە كە فەڵەستین هەتاهەتایە لەلایەن بەندە چاكەكانی خواوە فەرمانڕەوایەتی بكرێت.
بێگومان هەواڵی غەیبی یەكەمی خوا بەم شێوەیە هاتە دی، مەبەستم ئەوەیە هەواڵەكە بە ڕاگەیاندنی جوولەكە دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ خۆیان لەوێ هاتەدی، بەڵام ئەگەر ئێمە پابەند نەبین بە پارێزكاریەوە؛ ئەوا هاتنەدی ئەم هەواڵە بۆ ماوەیەكی زۆر درێژ دەبێتەوە، ئەوەش دەبێتە نسكۆیەكی گەورە بۆ موسوڵمانان. بۆیە دەبێت هەوڵ بدەین بە كارەكانمان و بە قوربانیدانەكانمان و بە یەكگرتووییمان و بە دوعا و پاڕانەوەكانمان ماوەی ئەم پێشبینیە تا ئەو ڕادەیەی كە دەتوانین كەم بكەینەوە، وە سەردەمی حوكمڕانی پێغەمبەر (ﷺ) بەسەر فەڵەستیندا جارێكی تر نزیك بكەینەوە. پێم وایە ئەگەر ئەو كارەمان كرد ئەوا دەتوانین بەرەنگاری ئەو شەپۆلە هەڵكشاوەی دژایەتیكردنی ئیسلام ببینەوە، وە مەسیحیەت بەرەو لاوازی و پاشەكشە دەڕوات، و موسوڵمانان جارێكی تر بەرەو گەورەیی و شكۆ هەنگاو دەنێن. وە دەكرێت ئەم قوربانیدانە ببێتە هۆی پاككردنەوەی دڵی موسوڵمانانیش، وە دڵیان بەرەو باوەڕ بڕوات و خۆشەویستی دونیا لەدڵیاندا كەم ببێتەوە، بەمەش ئامادە دەبن بۆ چەسپاندنی بنەماكانی شكۆی خوا و پێغەمبەرەكەی و بەگەورە دانانیان و ڕێزگرتن لە ئایینەكەیان. بەشكوم ڕوو وەرگێڕانیان لە ئایین بگۆڕێت بۆ ئاییندارییەكی ڕەگداكوتاو، وە سستی باوەڕیان بگۆڕێت بۆ باوەڕێكی بەهێز، وە تەمبەڵییان بگۆڕێت بۆ چالاكی و زیندوویەتی، وە بە هەوڵ و كۆششی بەردەوام كردەوە خراپەكانیان بگۆڕێت بۆ كردەوەی چاك. ئامین.
بەندەی خۆبەكەمزان
میرزا مەحموود ئەحمەد
پێشەوای كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی
*****
لێدوانی هەندێ لە ڕۆژنامەكان
ڕۆژنامەی “النهضة”ی حەلەبی ئەمەی خوارەوەی نووسیوە:
“بەڕێز میرزا مەحموود نامیلكەیەكی بچووكی پێشكەش كردین ئەو وتارەی تێدا بوو كە لە لاهۆر لە پاكستان پێشكەشی كرد.. تێیدا داوا لە موسوڵمانان دەكات یەكبگرن و بە جددی كار بكەن بۆ ڕزگاركردنی فەڵەستین لە دەستی زایۆنیە تاوانكارەكان. هەروەها خەڵكی چاكەكاری پاكستان هاندەدات كە دەستپێشخەری بكەن بۆ ئەوەی بە ماڵ و دارایی یارمەتی عەرەبەكانی فەڵەستین بدەن، وە بەناوی پێغەمبەری ئازیزەوە (ﷺ) بیریان دەخاتەوە و كۆمەڵێك ئایەتی پیرۆز وەكو بەڵگە دەهێنێتەوە، وە هانی موسوڵمانان دەدات لە یەك ڕیزدا بوەستن لەبەردەم لافاوی زایۆنیستی تاوانكاردا… ئەمە وتارێكی باش و بانگەشەیەكی چاكە بۆ فەڵەستین و موسوڵمانان. لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە هیوای ئێمە و ئاواتە شیرینەكانی ئەویش بهێنێتەدی لەپێناوی بەرژەوەندی ئایینەكەماندا، خوا لە پشتی هەموو نیازێكەوەیە.” (ڕۆژنامەی “النهضة”ی حەلەبی، ژمارە 12 تەمموزی 1948)
ڕۆژنامەی “القبس” لە ژمارەی 29ی حوزەیرانی 1948 بە ناونیشانی: “وتاری پێشەوای ئەحمەدیەكان” ئەمەی نووسیوە:
بەڕێز میرزا مەحموود ئەحمەد، پێشەوای ئەحمەدیەكان لە لاهۆر لە “پاكستان” وتارێكی پێشكەش كرد بە هۆی دامەزراندنی “دەوڵەتی ئیسڕائیل”ی ساختە لە فەڵەستین، تێیدا پێشنیاری كرد حكومەتی پاكستان بڕێك پارە بسەپێنێت بەسەر هەر هاوڵاتیەكدا، بەمەش بە لایەنی كەمەوە هەزار ملیۆن ڕوپیە كۆدەكاتەوە. هەروەها پێویستە لەسەر حكومەتە عەرەبیەكانیش ئەم بڕە پارەیە لە هاوڵاتیانی خۆیان كۆبكەنەوە و هەموو ئەو پارانە بۆ كڕینی چەك تەرخان بكەن. لە وتارەكەیدا هانی دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەكان دەدات كە خەرجیەكانیان كەم بكەنەوە و تەنها پارە بۆ كڕینی چەك خەرج بكەن؛ چونكە دەوڵەتانی بیانی، هەرچەندە ڕێگری دەكەن لە هەناردەكردنی چەك، بەڵام ئەوان بازرگانن و هەموو شتێك دەفرۆشن ئەگەر پارەیەكی زۆریان دەست بكەوێت.
ڕۆژنامەی “صوت الأحرار” نووسیویەتی:
“(كوفر یەك میللەتە)، بەم ناونیشانە بەڕێز میرزا مەحموود ئەحمەد پێشەوای كۆمەڵی ئەحمەدیەكان… وتارێكی درێژی پێشكەش كرد كە تێیدا بە توندی و بە تووڕەیی هێرشی كردە سەر زایۆنیستی تاوانبار و گوناهكار. ئەو سەرسامیی قووڵی خۆی نەشاردەوە لە كۆبوونەوەی لایەنە دژبەیەكەكان و یەكگرتنی دوژمنان بۆ ڕەتكردنەوەی عەرەبایەتی فەڵەستین و داننان بە قەوارەی خەیاڵیی جوولەكەدا. بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتە توندەكەی دژی سیاسەتی داگیركاری كە هەمیشە و بۆ هەتا هەتایە هەوڵی چەوساندنەوە و ستەم دەدات، پاشان هەڵوێستی ئەو دەستدرێژكارانە لەسەر پرسی فەڵەستین بەراورد دەكات بە هەڵوێستیان لەسەر پرسی كەشمیر و دەگاتە ئەو ئەنجامەی كە هیچ ڕێگایەك نیە بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە هەموو كۆت و بەندێكی بیانی جگە لە یەكگرتن و هۆگری.”
ڕۆژنامەی “الأخبار” لە ژمارەی 3ی تەممووزی 1948دا ئەمەی نووسیوە:
“زانای پایەبەرز بەڕێز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد لە شاری لاهۆر لە پاكستان وتارێكی بەنرخی پێشكەش كرد دەربارەی پرسی فەڵەستین و دەوڵەتی ساختەی جوولەكە، تێیدا هانی عەرەب و موسوڵمانانی دا كە دەبێت خۆیان بەخت بكەن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەوڵەتە ساختەیە كە مەترسیە بۆ سەر هەموو جیهانی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای زەویدا، وە داوای لە موسوڵمان كرد لە سەرانسەری گۆی زەویدا دەستی یارمەتی درێژ بكەن بۆ ئەو برایانەیان كە بەرەنگاری جوولەكە دەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن یەكجاری و بۆ هەمیشە كۆتاییان پێبهێنن. ئەم وتارە لە نامیلكەیەكی بچووكدا چاپ كراوە و لە سەرانسەری جیهانی ئیسلامیدا بڵاوكراوەتەوە، بۆ ئەوەی بەگشتی سوودی لێ وەربگیرێت، وە ئەو ئامۆژگاریە بەنرخانەی كە تێیدایە هانی خۆبەختكردن دەدەن لە بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیزمی خیانەتكاردا.”
ڕۆژنامەی “النضال”ی بەیرووتی لە ژمارەی 10ی ئەیلوولی 1948دا نووسیویەتی:
“لە ئێستادا كۆمەڵی ئەحمەدی نزیكە بوترێت تەواوی خەمی خۆی لە پرسی فەڵەستیندا چڕ كردووەتەوە، وە بەڕێز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد پێشەوای كۆمەڵی ئەحمەدی وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا داوای تێكۆشان و بەخشینی كرد لەپێناوی فەڵەستیندا.”
هەروەها مامۆستا عەلی خەیات ئەفەندی عێراقی وتارێكی نووسی و لە ڕۆژنامەی “الأنباء”ی عێراقیدا بڵاوكرایەوە، وە تێیدا ئەمە هاتووە:
“داگیركار… هەوڵ دەدات بە وروژاندنی ناكۆكیەكان ئاژاوە بنێتەوە لەنێوان گروپە موسوڵمانەكاندا، بۆ ئەوەی هەندێ كەس و لایەن دەست بكەن بە تەكفیركردنی گروپی ئەحمەدی و ناوزڕاندنیان… من بۆ خوێنەران دووپاتی دەكەمەوە كە من بە تەواوی ئاگادارم لە دەستوەردانی داگیركار لەم پرسەدا؛ چونكە لە ساڵی 1948دا بە تایبەتی لە كاتی شەڕی فەڵەستیندا هەوڵی دا من بەكاربهێنێت بۆ ئەم مەبەستە. لەو كاتەدا من سەرنووسەری یەكێك لە ڕۆژنامە تەنزئامێزەكان بووم و لە سەردەمی خۆیدا یەكێك بوو لە ڕۆژنامە ڕەخنەگرە ناسراوەكان. فەرمانبەرێكی بەرپرس لە یەكێك لە دەستە دیپلۆماسیە بیانییەكان لە بەغداد نامەیەكی بۆ ناردم و داوای لێكردم چاوم پێی بكەوێت. دوای ئەوەی ستایشی زۆری شێوازی ڕەخنەگرتنەكەی منی كرد، داوای لێكردم لە لاپەڕەكانی ڕۆژنامەی ناوبراودا بە توندترین شێوە ڕەخنە لە كۆمەڵی قادیانیەكان بگرم، چونكە ئەوان كۆمەڵێكن لە ئایین دەرچوون… لە ماوەی سەردانەكانم بۆ ئەم دەستەیە بۆم دەركەوت كە من تاكە كەس نیم كە بەم ئەركە ڕاسپێردرابم، بەڵكو كەسانی تریش هەن وەكو من بەم ئەركە ڕاسپێردرابن، هەروەها تەنها من ئەو تەكلیفەم ڕەت نەكردووەتەوە، بەڵكو كەسانی تریش ڕەتیانكردووەتەوە. ئەوە لە ساڵی 1948دا بوو لەو كاتەی كە بەشێك لە خاكی پیرۆز داگیر كرا و وەك پاروویەكی چەور پێشكەش بە زایۆنیستەكان كرا. پێم وایە دەستپێشخەری دەستەی ناوبراو بۆ ئەنجامدانی كارێكی لەم شێوەیە وەڵامدانەوەی ئەو دوو نامیلكەیە بوو كە كۆمەڵی ئەحمەدی لەو ساڵەدا بڵاوی كردنەوە بەبۆنەی دابەشكردنی فەڵەستینەوە، یەكێكیان بەناوی (دەزگای نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕیاری دابەشكردنی فەڵەستین) كە توێژینەوەی دەكرد لەو پیلانگێڕیانەی كە بە نهێنی ئەنجامدران لەنێوان داگیركەران و زایۆنیەكاندا، وە نامیلكەی دووەمیان بەناونیشانی: (كوفر یەك میللەتە) هانی موسوڵمانان دەدات یەك بگرن و پارە و دارایی كۆبكرێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیەكان و پاككردنەوەی زەویە پیرۆزەكان لە پیسی و چەپەڵی ئەوان. لەو كاتەدا من خۆم ئاگاداری ئەمە بووم، وە تەواو متمانەم هەیە كە ئەحمەدیەكان مادام هەوڵ دەدەن بۆ یەكخستنی قسەی موسوڵمانان و یەكگرتنیان… ئەوا داگیركار سستی ناكات لە هاندانی هەندێ لایەن بۆ ئەوەی ناویان بزڕێنن و ناوبانگیان لەكەدار بكەن بە مەبەستی دووبەرەكی نانەوە.” (ڕۆژنامەی “الأنباء” ڕێككەوتی 21/9/1954ز)
وآخِرُ دَعوانَا أَنِ الحَمدُ للهِ ربِّ العَالَمِینَ