قەدەری خوایی
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسينى:
میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
موسڵیحی بەڵێندراو (خوا لێی ڕازی بێت)
…..

پێڕست:
فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی پرسی قەدەر
پرسی قەدەر یەكێكە لە پایەكانی باوەڕ
باوەڕبوون بە خوا داخوازی باوەڕبوون بە قەدەر دەكات
بیركردنەوە لە قەزا و قەدەر و ناكۆكی لەبارەیەوە
ئەنجامی تێنەگەیشتن لە پرسی قەدەر
هەڵسوكەوتی نادروستی موسوڵمانان بەرامبەر پرسی قەدەر
دەستگرتن بە هەندێ لایەنەوە و وازهێنان لە هەندێكی تر
بنچینەی باوەڕی هەڵەی موسوڵمانان دەربارەی قەدەری خوایی
قورئان هەردوو بیروباوەڕەكە ڕەتدەكاتەوە
وەڵامی ئەو كەسانەی كە دەڵێن خوا هەموو شتێكمان پێ دەكات
بەرپەرچدانەوەی ئەو بیروباوەڕەی كە دەڵێت خوای گەورە دەستوەرنادات لە هیچ شتێك
تێكەڵكردنی بابەتی زانستی خوای گەورە و قەدەر
مادام خوا دەزانێت ئێمە خراپە دەكەین بۆچی رێگری ناكات؟
مانای ڕاستەقینەی قسەی سۆفیەكان
ناوی هەڵە بۆ پرسی قەزا و قەدەر
وشەی تەگبیر و ڕێگاچارە بەرامبەر وشەی قەدەر هەڵەیە
باوەڕبوون بە قەدەر تەنھا بە زمان بەس نیە
ئایا خوای گەورە هەموو شتێك بە مرۆڤ دەكات؟
بابەتە ئەزموونیەكان سەبارەت بە پرسی قەدەر
پەیوەندی قەدەر بە هۆكار و ئەنجامەوە
أ) قەدەری تایبەت كە هۆكارەكانی لەگەڵدا بێت
ب) قەدەری تایبەت بەبێ بوونی هۆكارەكان
پەیوەندی قەدەر بە كردەوەكانی مرۆڤەوە
ئایا گرتەنەبەری هۆكارەكان لەكاتی دابەزینی قەدەردا ڕەوایە؟
بۆچی بەندە فەرمانی پێدەكرێت لە هەندێ بارودۆخدا هۆكارەكان بگرێتەبەر؟
پەیوەندی گۆڕانی قەدەر بە پێشبینیەكانەوە (هەواڵە غەیبیەكان)
بۆچی پێشبینیەكان (هەواڵە غەیبیەكان) دەگۆڕێن؟
ئایا گۆڕانی قەدەر كێشە دروست دەكات؟
لابردنی هەندێ گومان كە پەیوەندیان بە پرسی قەدەرەوە هەیە
زیانانەكانی هەڵەتێگەیشتن لە بابەتی قەدەر
بۆچی باوەڕبوون بە قەدەر پێویستە؟
زیانەكانی نەبوونی قەدەری خوایی
زیانەكانی نەبوونی قەدەرەی گشتی سروشتی
زیانەكانی نەبوونی قەدەری تایبەتی
زیانێكی تر بەهۆی نەبوونی قەدەری تایبەتەوە
باوەڕبوون بە قەدەر حەوت پلەی ڕۆحانی بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەكات
………
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
“قەدەری خوایی” وتارێكە موسڵیحی بەڵێندراو (خوا لێی ڕازی بێت) لە مزگەوتی نوور لە قادیان پێشكەشی كرد بە بۆنەی جەلسەی ساڵانە لە ساڵی 1919ز. پرسی قەدەری خوایی پرسێكی ئەوپەڕی قورس و وردە، بۆیە بەڕێزی (خوا لێی ڕازی بێت) دەربارەی ئەم بابەتە وتارێكی پێشكەش كرد، وە لەبارەیەوە فەرمووی: “بەوپەڕی خۆبەكەمزانینەوە لە خوا پاڕامەوە و گوتم: پەروەردگارا ئەگەر پێشكەشكردنی وتار دەربارەی ئەم بابەتە بۆ خەڵكی گونجاو نیە ئەوا بیخەرە دڵمەوە كە پێشكەشی نەكەم. پاش ئەوە دڵم كرایەوە و ئاسوودە بوو بەوەی كە وتارەكە پێشكەش بكەم. دیارە ئەم بابەتە بابەتێكی زۆر قورسە و هەوڵ و تێكۆشانێكی زۆری دەوێت بۆ تێگەیشتن لێی، بەڵام ئەگەر بەجوانی لێی تێگەیشتن ئەوا زۆر سوودی لێ وەردەگرن”.
خەلیفەی چوارەم (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) هەندێ بڕگەی لەم وتارە هێناوەتەوە و لێدوانی داوە لەسەریان، بەڕێزی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەڵێت كارێكی ئاسان نەبووە كە خەلیفەی دووەم (خوا لێی ڕازی بێت) وتارێك پێشكەش بكات دەربارەی ئەم بابەتە لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا كە خوێندەوار و نەخوێندەوار و كەسانی زیرەك و سادەی تێدا بووە، وە تاوتوێكردنی ئەم بابەتە بە شێوازێكی جوان و خۆش یەكێك بوو لە تایبەتمەندییەكانی خۆی (خوا لێی ڕازی بێت). ئەمە تەنھا وتارێك نیە، بەڵكو بە شاكارێك لەقەڵەم دەدرێت لە زانستی كەلامدا. ئەوەتا پاش ئەوەی باسێكی گرنگی بابەتی قەزا و قەدەری كردووە و وتەكانی پێغەمبەری (ﷺ) هێناوەتەوە لەم بارەیەوە، ئەم بابەتە شیدەكاتەوە و دەڵێت پرسی قەزاو قەدەر یەكێكە لە پرسە ئیمانیەكان، بۆیە دەبێت باوەڕ بەم بابەتە و بە بوونی خوای كردگار (عز وجل) بكرێت. پاشان بەدرێژی باسی ئەو تیۆریانەی كردووە كه جیاوازی و ناكۆكیان تێدایە دەربارەی پرسی قەزاو قەدەر و هەندێ لە فەرموودەكانی پێغەمبەری (ﷺ) بەیەكەوە گونجاندووە. پاشان باسی ئەوەی كردووە كە چۆن مرۆڤ زۆرجار پێی دەخلیسكێ لە ئەنجامی تێنەگەیشتن لە پرسی قەدەر. پاشان لەڕێگەی بەڵگەی گومانبڕەوە كە لە شەش ئایەتی قورئانەوه وەرگیراون هەڵەی باوەڕی یەكێتی بوونی (وحدة الوجود) ئاشكرا كردووە. هەروەها بەدرێژی تاوتوێی لایەنێكی تری ئەم باوەڕەی كردووە و سەلماندوویەتی كە باوەڕێكی پووچە و بە بەڵگەی بەهێز وەڵامی ئەو قسەیەی داوەتەوە كە گوایە خوای گەورە ناتوانێت هیچ شتێك بكات، وە هەوڵ و كردەوەی مرۆڤ هەموو شتێكە. بێگومان بەڕێزی (خوا لێی ڕازی بێت) شەرحێكی زۆر جوانی كردووە بۆ بەهەڵەداچوونی بیری مرۆڤ بەهۆی تێكەڵكردنی زانستی خوایی و قەدەری خواییەوە، وە بەڕێزی زۆر بە تێروتەسەلی ئەم خاڵەی باسكردووە.
پاشان خەلیفەی چوارەم (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەڵێت: ئەم وتارە باسی قەدەری خوایی دەكات لە هەموو لایەنیەكانیەوە بەجۆرێك تێیدا وەڵامی ڕەخنە جۆراوجۆرە كۆن و نوێیەكان دراوەتەوە. بەڕێزی حەوت پلەی ڕۆحی باسكردووه كه مرۆڤ پاش ئەوەی بە دروستی لە مەسەلەی قەدەری خوایی تێدەگات و داخوازییەكانی ئەم پرسه جێبەجێ دەكات دەكرێت بەدەستیان بهێنێت.
بڵاوكار
…………
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1919دا، لە جەلسەی ساڵانەدا ئەم وتارەم پێشكەش كرد دەربارەی قەدەری خوایی. لەو كاتەدا بەهۆی كەمی كاتەوە زۆر كورتم كردەوە. لەدڵمدا بوو كە هەندێك شتی گرنگی بۆ زیاد بكەم لەكاتی هەڵەچنی و ڕاستكردنەوەی ماددە نووسراوەكەدا، بەڵام لەكاتی پێداچوونەوەیدا بۆم دەركەوت كە لەكاتی نووسینەوەی وتارەكەدا كۆمەڵێك هەڵەی زۆر ڕوویداوە، وا پێم وا بوو ڕاستكردنەوەیان زۆر قورسە، بەجۆرێك لە هەندێ شوێندا بابەتەكە بەڕادەیەك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە كە لەو كاتەدا هەستم كرد بۆ ڕاستكردنەوەی كاتێكی زیاترم پێویستە لەوەی سەرلەنوێ بینووسمەوە، هەروەها بوو بە كارێكی قورس لەسەرم -بەهۆی ئەو تێكەڵییەی لە بابەتەكەدا ڕوویدا بوو- كە هەندێ بابەتی گرنگی بۆ زیاد بكەم لە شوێنەكانی خۆیاندا، لەبەر ئەوە دەستم هەڵگرت لە ویستەكەی پێشووم و بەوەندە وازمهێنا ئەو هەڵانە ڕاست بكەمەوە كە لەم ماددە نووسراوەی وتارەكەمدا هاتوون، وە زۆر هەوڵمدا بۆ سادەكردنی بابەتەكە بۆ ئەوەی تەواو نزیك بێتەوە لە تێگەیشتنی خەڵكی، بۆیە تەنھا لە یەك دوو شوێندا هەندێ شتم بۆ زیادكرد. وە بەو پێیەی كە من لەكاتی پێداچوونەوەكەمدا بۆ ئەم ماددەیە نەمتوانی هەندێ لایەنی گرنگ زیاد بكەم كە پێویستیان بە كەمێك ڕوونكردنەوە و درێژەپێدان هەبوو، وە نەمتوانی لەكاتی وتارەكەشمدا تاوتوێیان بكەم، لەبەر ئەوە بە یارمەتی خوا نیازم وایە لە داهاتوودا نامیلكەیەك دەربارەی ئەم پرسە بنووسم، بەڵام ئێستا بە ڕەچاوكردنی چاوەڕوانی خەڵكی بە بڵاوكردنەوەی ئەم ماددەیە وازدەهێنم.
بەندەی خۆبەكەمزان
میرزا مەحموود ئەحمەد
…..
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
(وتارێكە لە 28 و 29ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1919ز دا پێشكەشكراوە بە بۆنەی جەلسەی ساڵانەوە لە قادیان)
أشهد أن لا إله إلا الله وحدَه لا شريكَ له، وأشهد أنَّ محمَّدًا عبدُه ورسولُه. أمَّا بعدُ فأعوذ بالله من الشَّيطانِ الرَّجيم. ﴿بِسۡمِ ٱللَّهِ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ١ ٱلۡحَمۡدُ لِلَّهِ رَبِّ ٱلۡعَٰلَمِينَ ٢ ٱلرَّحۡمَٰنِ ٱلرَّحِيمِ ٣ مَٰلِكِ يَوۡمِ ٱلدِّينِ ٤ إِيَّاكَ نَعۡبُدُ وَإِيَّاكَ نَسۡتَعِينُ ٥ ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ ٦ صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ وَلَا ٱلضَّآلِّينَ ٧﴾ آمین.
﴿وَمَن يَتَّقِ ٱللَّهَ يَجۡعَل لَّهُۥ مَخۡرَجٗا % وَيَرۡزُقۡهُ مِنۡ حَيۡثُ لَا يَحۡتَسِبُ ۚ وَمَن يَتَوَكَّلۡ عَلَى ٱللَّهِ فَهُوَ حَسۡبُهُۥٓ ۚ إِنَّ ٱللَّهَ بَٰلِغُ أَمۡرِهِۦ ۚ قَدۡ جَعَلَ ٱللَّهُ لِكُلِّ شَيۡءٖ قَدۡرٗا﴾ (الطلاق: 3-4).
﴿وَقَالَ ٱلَّذِينَ أَشۡرَكُواْ لَوۡ شَآءَ ٱللَّهُ مَا عَبَدۡنَا مِن دُونِهِۦ مِن شَيۡءٖ نَّحۡنُ وَلَآ ءَابَآؤُنَا وَلَا حَرَّمۡنَا مِن دُونِهِۦ مِن شَيۡءٖ ۚ كَذَٰلِكَ فَعَلَ ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ ۚ فَهَلۡ عَلَى ٱلرُّسُلِ إِلَّا ٱلۡبَلَٰغُ ٱلۡمُبِينُ % وَلَقَدۡ بَعَثۡنَا فِي كُلِّ أُمَّةٖ رَّسُولًا أَنِ ٱعۡبُدُواْ ٱللَّهَ وَٱجۡتَنِبُواْ ٱلطَّٰغُوتَ ۖ فَمِنۡهُم مَّنۡ هَدَى ٱللَّهُ وَمِنۡهُم مَّنۡ حَقَّتۡ عَلَيۡهِ ٱلضَّلَٰلَةُ ۚ فَسِيرُواْ فِي ٱلۡأَرۡضِ فَٱنظُرُواْ كَيۡفَ كَانَ عَٰقِبَةُ ٱلۡمُكَذِّبِينَ﴾ (النحل: 36-37)
دوێنێ باسی ئەوەم كرد كە دەمەوێت لێرەدا دەربارەی پرسێكی گرنگ قسە بكەم، وە ئەوەشم پێ ڕاگەیاندن كە پرسەكە پەیوەستە بە بابەتە ئیمانییەكانەوە. لە وتارەكانمدا لە جەلسەكانی پێشوودا بەگشتی جەختم كردووەتەوە لەسەر كردەوە، بەڵام ئەم جارە دەمەوێت هەندێ شت باس بكەم كە پەیوەستن بە ئیمانەوە. وە پرسێكی زۆر قورسم هەڵبژاردووە لە پرسە ئیمانیە گرنگەكان، وە كاریگەریەكی خراپ و مەترسیدار ڕوویداوە لەسەر كردەوەكانی خەڵكی بەهۆی ئەم پرسەوە. كەواتە ئەم پرسە چیە؟ بریتیە لە پرسی قەزا و قەدەر كە زۆرجار پێشی دەوترێت چارەنووس یان بەخت، وە كۆمەڵێك ناوی تریشی لێ نراوە كە خەڵكی پێیان ئاشنا بوون. بێگومان پرسی قەدەر یەكێكە لە كۆڵەكەكانی ئیمان و پرسێكی ئەوپەڕی قورس و گرانە، وە چەندین كەس بەهۆی تێنەگەیشتنیان لێی گومڕابوون، وە چەندین گەل و نەتەوە تووشی داڕوخان بوون بەهۆی نەشارەزاییان لەم پرسە، وە چەندین ئایین فەوتان بەهۆی ئەوەی زانیاریان نەبوو لەبارەیەوە. بەڵكو دەكرێت بوترێت سەرچاوەی ئەو فێركارییانەی كە وێرانكەرن بۆ ڕەوشت و ڕەفتاری مرۆڤ و دزەیان كردووەتە ناو ئایینە جۆراوجۆرەكانەوە دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنی شوێنكەوتووانیان لەم پرسە، وە خەڵكی ئەوروپا بە موسوڵمانان پێدەكەنن بەهۆی ئەم پرسەوە؛ بەڵام بەبێ هۆ پێناكەنن، چونكە موسوڵمانان خۆیان دەرفەت دەڕەخسێنن بۆیان بۆ ئەوەی پێیان پێبكەنن. بۆ نموونە نووسەرە ئەورووپیەكان لە باسكردنی ڕووداوەكانی ئەو جەنگانەی موسوڵمانان كردوویانە دەڵێن: لە فڵان شوێندا جەنگكردن زۆر مەترسیدار بووە، بەڵام موسوڵمانان نەگەڕاونەتە دواوە، بەڵكو بەردەوام بەرەو پێشەوە چوون. پاش ئەمە نانووسن كە ئەم كارە بەڵگەیە لەسەر ئازایەتی و دلێری ئەوان، بەڵكو دەڵێن: ئەمە لەبەرئەوەیە كە ئەوان باوەڕیان وا بووە ئەگەر مردنیان بۆ بڕیاردرابێت ئەوا دەمرن ئەگینا نامرن. پاشان دەڵێن: ئەگەر موسوڵمانان لەبەر ئەم هۆكارە جێگیر و دامەزراو بووبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمندا ئەوا ئەمە شتێكی سەیر نیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر جەنگی ناوبراو بەردەوام بوایە بۆ ماوەیەكی درێژتر ئەوا هەڵدەهاتن و ڕایاندەكرد.
فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەی پرسی قەدەر
بەكورتی، باوەڕبوون بە قەدەری خوایی یەكێكە لە پرسە هەرە گرنگەكان، وە پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: “لا یؤمن أحدكم حتی یؤمن بالقدر خیره وشره.” واتە: هیچ كەسێكتان باوەڕی نیە هەتا باوەڕدەهێنێت بە قەدەری چاك و خراپ. (سنن الترمذي، أبواب القدر).
هەروەها دەفەرموێت:” من لم یؤمن بالقدر خیره و شره فأنا بريء منه.” واتە: ئەو كەسەی باوەڕی نەبێت بە قەدەری چاك و خراپ من پەیوەندیم پێوەی نیە. (كنز العمال، المجلد الأول، الفصل السادس في الإیمان بالقدر، الریوایة رقم 485).
لەمەوە ڕوون دەبێتەوە كە پرسی قەدەر گرنگیەكی زۆری هەیە. كەواتە ئەو كەسەی لە ماڵی خۆی دەرچوو بۆ گەڕان بەدوای ئیماندا و ویستی یەكێك بێت لە باوەڕداران دەبێت باوەڕبهێنێت بە قەدەری چاك و خراپ. بەڵام ئەو كەسەی بانگەشەی ئیسلامەتی دەكات بەبێ باوەڕهێنان بە قەدەر ئەوە موسوڵمان نیە بەگوێرەی فێركاری پێغەمبەر (ﷺ)؛ چونكە ناوی موسوڵمان پیادە نابێت بەسەر كەسێكدا مەگەر شوێنكەوتە و خزمەتكاری پێغەمبەر (ﷺ) بێت، وە دەبێت بگەڕێینەوە بۆلای پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ناسینەوەی موسوڵمان لە ناموسوڵمان، پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت (كە ئەمە ماناكەیەتی): كەسێك موسوڵمان نیە كە باوەڕی بە قەدەر نەبێت.
پرسی قەدەر یەكێكە لە پایەكانی باوەڕ
ڕەنگە كەسێك ئەوە بێت بە مێشكیدا كە پێغەمبەر (ﷺ) بابەتی قەدەری خستووەتەناو چوارچێوەی بابەتەكانی ئیمانەوە تەنھا بۆ ئەوەی پیشانی بدات كە بابەتێكی گرنگە، وەك فەرموویەتی (ﷺ): لا یؤمن من انتمی إلی غیر موالیه. واتە: ئەو كەسە باوەڕی نیە كە خۆی بداتەپاڵ غەیری گەورەكەی. (بۆ نموونە وەك ئەوەی كەسێك بانگەشەی بكات كە لە ساداتەكان بێت بەڵام لەوان نەبێت) (بڕوانە: أبو داود، كتاب الأدب، باب في الرجل ینتمي إلی غیر موالیه). یان وەك ئەم فەرموودەیەی پێغەمبەر (ﷺ)كە دەفەرموێت: قتال المسلم كفر. واتە: جەنگكردن لەگەڵ موسوڵمان كوفرە (مسند أحمد بن حنبل).
یان وەك ئەوەی دەربارەی زۆرێك لە بابەتەكانی تر فەرموویەتی (ﷺ): باوەڕدار نیە كەسێك كە ئەو كارە نەكات، یان باوەڕی نیە كەسێك ئەو كارە بكات. لە فەرموودەكەی پێشووەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئەگەر یەكێك لە ئەفغانەكان خۆی ناوبنێت سەید، یان یەكێك لە مەغۆلەكان خۆی وا پیشان بدات كە لە سەیدەكانە، یان كەسێك خۆی بداتەپاڵ بنەماڵەیەكی پایەبەرز و بەناوبانگ بەبێ ئەوەی لە ڕاستیدا سەر بەو بنەماڵەیە بێت، ئەوا باوەڕدار نیە؛ بۆیە ئەو كەسانە پێیان وایە ڕەنگە وتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) سەبارەت بە قەزا و قەدەر بەم مانایە بوو بێت، ئەمەش ئەو مەبەستەی لێدەخوێنرێتەوە كە پێویستە بابەتەكە قەبوڵ بكرێت، وە قەبوڵ نەكردنی تاوانە، بەڵكو تاوانێكە گەورەیە، بەڵام مرۆڤ لە ئیمان و ئیسلام ناكاتە دەرەوە.
بزانن، سەرجەم بابەتە ئیمانیەكان -كە هیچ كەسێك موسوڵمان نیە بەبێ باوەڕھێنان پێیان- لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون، وە لەسەر فەرموودە دانەمەزراون چونكه فەرموودەكان زانیاری گومانهەڵگر دەگەیەنن. بۆیە چارمان نیە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز بۆ زانینی ئەو پرسانەی كە دەچنە چوارچێوەی بابەتە ئیمانیەكانەوە. دیارە ئەو شتەی لە قورئانی پیرۆزدا نكوڵی لێكردنی بە كوفر ئەژمار بكرێت دەچێتە چوارچێوەی بابەتە ئیمانیەكانەوە، وە ئەگەر لەقورئانی پیرۆزدا بەڵگەیەكمان بۆ شتێك نەدۆزیەوە ئەوا تێدەگەین كە ئەو وشانەی بەكارهاتوون بۆی تەنھا بۆ خستنەڕووی گرنگیەكەی و جەختكردنەوە لێی بەكارهاتوون.
كەوابوو ئەگەر بەوردی سەرنجماندا لە قورئانی پیرۆز بۆ زانینی قەدەری خوایی ئەوا وشەكانی باوەڕھێنان بە قەدەر نادۆزینەوە تێیدا، بەڵام دەزانین كە باوەڕهێنان پێی شتێكی پێویسته، ئەمەش چونكە حوكمی یەكەم لە قورئانی پیرۆزدا بریتیە لە باوەڕبوون بە خوای گەورە، وە باوەڕبوون بە قەدەر بەشێكە لە باوەڕبوون بە خوای گەورە.
كەواتە قەدەر چیە؟ قەدەر تەنھا ناوێكە بۆ دەركەوتنی سیفەتەكانی خوای گەورە. بۆ نموونە ئەو كەسەی باوەڕی هەیە بە بوونی خوای گەورە دەبێت باوەڕی بەوەش هەبێت كە خوای گەورە هەرچیەكی بوێت دەیكات، وە زاتێك نیە كە هیچ چالاكیەكی نەبێت و پێش و دوا بە هیچ شتێك نەكات. بۆیە باوەڕبوون بە سیفەتەكانی خوا بە دەربڕینێكی تر بریتیە لە باوەڕبوون بە قەدەر، بەم شێوەیە باوەڕبوون بە خوای گەورە باوەڕبوون بە قەدەریش لەخۆدەگرێت. بۆیە جەختكردنەوەی پێغەمبەر (ﷺ) لەسەر باوەڕبوون بەقەدەر وەكو جەختكردنەوەی نیە لەسەر دووركەوتنەوە لە تاوانە گەورەكان، بەڵكو ئەوەی لەم بارەیەوە فەرموویەتی لەسەر حەقیقەت بنیاد نراوە.
باوەڕبوون بە خوا داخوازی باوەڕبوون بە قەدەر دەكات
لەگەڵ ئەوەی قورئانی پیرۆز بەشێوەیەكی جیا و سەربەخۆ باسی ئەم پرسەی نەكردووە، بەڵكو لە چوارچێوەی باوەڕبوون بە خوای گەورەدا دایناوە، بەڵام پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) جیای كردووەتەوە و بە تێروتەسەلی باسی كردووە. وە ناكرێت و سوودی نیە باوەڕبهێنرێت بە خوای گەورە بەبێ باوەڕهێنان بە سیفەتەكانی. چونكە هەندێ لە بێباوەڕانیش باوەڕیان بە بوونی خوا هەیە بەبێ ئەوەی باوەڕیان بە سیفەتەكانی هەبێت، بەجۆرێك دەڵێن: بە هەڵە نكوڵیكردن لە بوونی خوای گەورە دەدرێتەپاڵمان لەكاتێكدا ئێمە باوەڕمان بە خوای گەورە هەیە، تەنھا باوەڕمان بەوە نیە كە خوا فریشتە دابەزێنێت و پێغەمبەر ڕەوانە بكات و پەیام بنێرێت و كتێب دابەزێنێت، بەڵكو باوەڕمان بەوە هەیە كە هێزێكی مەزن هەیە سیستەمی گەردوون بەڕێوەدەبات و ناوی دەنێین هێزی بزوێنەر.
كەواتە هەندێ لە بێباوەڕەكانیش لە ڕواڵەتدا نكوڵی لە بوونی خوای گەورە ناكەن. بەڵام باوەڕیان بە چ خوایەك هەیە؟ خوایەك كە پێویستیان پێی نیە. باوەڕەكەیان لەم قسه باوەی ناو خەڵكی دەچێت: ماڵ و سامانی ئێمە ماڵ و سامانی ئێوەیە. بەڵام بە هیچ شێوەیەك مەبەستیان ئەوە نیە كە كەسی بەرامبەر ماڵ و سامانەكەیان ببات بۆ خۆی. هەروەها هەندێ كەس دەڵێن: باوەڕمان بەوە هەیە كە زاتێك، هێزێك، ڕۆحێكی مەزن لە گەردووندا بوونی هەیە، بەڵام دان بەوەدا نانێین كە ئەو زاتە خوایەك بێت و كۆمەڵێك فەرمانمان پێ بكات و قەدەغەمان بكات لە كۆمەڵێك شتی تر. ئەم بیروباوەڕانەی بێباوەڕەكان لە جیھاندا بڵاوەیان كردووە، بۆیە ئەگەر كەسێك بەم شێوەیە باوەڕی بە خوای گەورە هێنابێت ئەوا باوەڕەكەی بەس نیە، چونكە بێباوەڕەكانیش ئەم جۆرە باوەڕەیان هەیە. كەواتە باوەڕبوون بە خوای گەورە مانای باوەڕبوون بە زاتی خوا نیە بە تەنھا، بەڵكو دەبێت باوەڕ بە سیفەتەكانیشی بهێنرێت، وە بابەتەكە تەنھا لەمەدا كورت نابێتەوە، بەڵكو پێویستە باوەڕبهێنرێت بە دەركەوتنی ئەم سیفەتە خواییانە، ئەمەیە كە پێی دەوترێت قەدەری خوایی.
كەواتە بۆ باوەڕبوون بە خوای گەورە دەبێت:
یەكەم: باوەڕ بكرێت بە زاتی خوا،
دووەم: باوەڕ بكرێت بە سیفەتەكانی،
سێیەم: باوەڕ بكرێت بە دەركەوتنی سیفەتەكانی.
پێغەمبەر (ﷺ) بەشی سێیەمی بەجیا داناوە لەژێر ناونیشانی قەدەری خواییدا، وە پێمان ڕادەگەیەنێت دەركەوتنی ئەو سیفەتانەی خوا كە پەیوەستن بە بەندەكانەوە پێی دەوترێت قەدەر.
بیركردنەوە لە قەزا و قەدەر و ناكۆكی لەبارەیەوە
باوەڕبوون بە قەدەر زۆر پێویستە بەڕادەیەك پێغەمبەر (ﷺ) لەلایەكەوە فەرموویەتی ئەوەی باوەڕی بە قەدەر نەبێت باوەڕدار نیە -تەنها بۆ خستنەڕووی گرنگی قەدەر ئەمەی نەفەرمووە بەڵكو باوەڕبوون بە سیفەتە خواییەكان بەشێكە لە باوەڕبوون بە خوای گەورە بەگوێرەی ڕاگەیاندی ئاشكرای قورئانی پیرۆز- وە لەلایەكی ترەوە بابەتێكی مەترسیدار هەیە پەیوەستە بە قەدەری خواییەوە كە بریتیە لەوەی پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی بیركردنەوە لەم بابەتە و ناكۆكی لەبارەیەوە مرۆڤ بەرەو گومڕابوون دەبات. ئەوەتا ڕیوایەتێك هەیە لە ئەبو هورەیرەوە كە دەڵێت: خَرَجَ عَلَيْنَا رَسُولُ اللهِ ﷺ وَنَحْنُ نَتَنَازَعُ فِي القَدَرِ فَغَضِبَ حَتَّى احْمَرَّ وَجْهُهُ، حَتَّى كَأَنَّمَا فُقِئَ فِي وَجْنَتَيْهِ الرُّمَّانُ، فَقَالَ: أَبِهَذَا أُمِرْتُمْ أَمْ بِهَذَا أُرْسِلْتُ إِلَيْكُمْ؟ إِنَّمَا هَلَكَ مَنْ كَانَ قَبْلَكُمْ حِينَ تَنَازَعُوا فِي هَذَا الأَمْرِ، عَزَمْتُ عَلَيْكُمْ أَلاَّ تَتَنَازَعُوا فِيهِ.. (سنن الترمذي، أبواب القدر). واتە: پێغەمبەر (ﷺ) هات بۆ لامان و ئێمە مشتومڕمان دەكرد دەربارەی قەدەر، تووڕە بوو هەتا ڕوخساری سوور هەڵگەڕا، وەك ئەوەی هەنار بە ڕوومەتیدا تەقی بێت، ئینجا فەرمووی: ئایا فەرمانی ئەمەتان پێ كراوە یان من بۆ ئەمە نێردراوم بۆ لاتان؟ بێگومان گەلانی پێش ئێوە تێاچوون كاتێك لەم پرسەدا مشتومڕیان كرد، ئامۆژگاریتان دەكەم هەرگیز مشتومڕ نەكەن لەبارەیەوە.
هەروەها لە ڕیوایەتێكدا هاتووە كە ئیبن عومەر پیاوێك دێت بۆلای و دەڵێت: إِنَّ فُلاَنًا يَقْرَأُ عَلَيْكَ السَّلاَمَ، فَقَالَ لَهُ: إِنَّهُ بَلَغَنِي أَنَّهُ قَدْ أَحْدَثَ، فَإِنْ كَانَ قَدْ أَحْدَثَ فَلاَ تُقْرِئْهُ مِنِّي السَّلاَمَ، فَإِنِّي سَمِعْتُ رَسُولَ اللهِ ﷺ يَقُولُ: يَكُونُ فِي هَذِهِ الأُمَّةِ أَوْ فِي أُمَّتِي، الشَّكُّ مِنْهُ، خَسْفٌ أَوْ مَسْخٌ أَوْ قَذْفٌ فِي أَهْلِ القَدَرِ.. (الترمذي، أبواب القدر). واتە: پیاوێك هاتە لای ئیبن عومەر و گوتی: فڵانە کەس سەلامت لێ دەکات، ئەویش فەرمووی: پێم گەیشتووە کە ئەو کەسە بیدعەیەکی داهێناوە، ئەگەر وای کردبێت ئەوا سەلامی منی پێ مەگەیەنە، چونکە من لە پێغەمبەری خوام (ﷺ) بیستووە کە دەیفەرموو: “لەم ئوممەتەدا (یان فەرمووی لە ئوممەتەکەمدا) ڕۆچوونێك بە ناخی زەویدا، یان شێوەگۆڕانێك، یان بەردبارانێك ڕوودەدات لە ناو ئەوانەی نکۆڵی لە قەدەر دەکەن.”
وە لەم دوو فەرموودەیەوە ڕوون دەبێتەوە كە بابەتی قەدەر بابەتێكی ترسناكە و قووڵبوونەوە تێیدا دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی باوەڕ، بەڵكو پێغەمبەر (ﷺ) هەواڵی داوە كە تاقمێك لە ئوممەت تووشی سزا دەبن بەهۆی ڕۆچوون و قووڵبوونەوەیان لەم پرسەدا. وە لەلایەكی ترەوە دەبینین بە توندی جەخت كراوەتەوە لەسەر باوەڕبوون پێی بەڕادەیەك ئەو كەسە بە كافر دانراوە كە باوەڕی پێی نیە. وە ناكرێت باوەڕبهێنرێت بە هیچ بابەتێك بەبێ تێگەیشتن لێی، چونكە مرۆڤ لەكوێ باوەڕ بەشتێك دەكات كه پەی نەبات بە ناوەڕۆك و حەقیقەتەكەی؟ وە سوودی چیە كەسێك ناچار بكرێت باوەڕ بە شتێك بكات كە لێی تێنەگات.
كەواتە دەبێت زۆر وریابین و ئاگامان لە خۆمان بێت لە پرسی قەدەردا. وە پێویستە بزانین مەبەستی شەریعەت لە ڕێگریكردن لە ناكۆكی و مشتومڕ لەم پرسەدا چیە؟ وە مانای باوەڕبوون پێی چیە؟ ئەمەش بۆ ئەوەی تووشی سەرگەردانی و گومڕایی نەبین بەهۆی بێئاگاییمانەوە. لەڕاستیدا ئەم پرسە “پردی سیرات”ە لەم دنیایەدا بەجۆرێك ئەگەر مرۆڤ بەسەریدا نەپەڕێتەوە ئەوا بێبەش دەبێت لە بەهەشت، وە ئەگەر بەسەریدا ڕۆیشت ئەوا ترسێك هەیە كە ببێت بە دوو كەرتەوه و بكەوێتە ناو قووڵایی دۆزەخەوە. بەڵام پێویستە ئەم بابەتە بەهەند وەربگیرێت بەجۆرێك هەروەك چۆن هیچ كەسێك ناتوانێت بچێتە بەهەشتەوە بەبێ ڕۆیشتن بەسەر پردی سیراتدا- وە لە ڕۆیشتن بەسەریدا دوو ئەگەر هەیە؛ یان كەوتنە خوارەوە یان پەڕینەوە- پرسی قەدەریش بە هەمان شێوەیە، ئەگەر مرۆڤ لێی تێنەگات ئیمان و باوەڕی بە فیڕۆدەچێت، بەڵام ئەگەر ڕۆچوو تێیدا ئەوا دوو ئەگەر هەیە؛ یان بەدروستی لێی تێدەگات و نزیك دەبێتەوە لە خوای گەورە، یاخود بە هەڵە لێی تێدەگات و تووشی لەناوچوون و گومڕایی دەبێت.
لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت: بۆچی پێغەمبەر (ﷺ) فەرمانی كردووە باوەڕدار ڕۆنەچێت لەم پرسەدا؟ وەڵامەكە ئەوەیە مەبەستی پێغەمبەر (ﷺ) لەم قەدەغەكردنە ئەوە نەبووە كە بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆ نەكرێت لەبارەی ئەم پرسەوە، بەڵكو قەدەغەی ئەوەی كردووە كە بەگوێرەی مەزەندە عەقڵیەكان لێكۆڵینەوەی لێ بكرێت، بەڵكو هەمیشە پێویستە لەبەر ڕۆشنایی شەریعەتدا تێگەیشتن بۆ ئەم پرسە بكرێت. ئەگەر ئەمە مەبەستی پێغەمبەر (ﷺ) نەبوایە ئەوا نەماندەبینی كە لە بۆنە جۆراوجۆرەكاندا بەدرێژی باسی بكات. دیارە شەرحكردنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ پرسەكە و وەڵامدانەوەی ڕەخنەكان لەسەری، وە تیشك خستنەری لەلایەن قورئانیشەوە، بەجوانی دەریدەخەن ئەو شتەی قەدەغەكراوە لێمان ئەوەیە كە تێگەیشتن بۆ ئەم پرسە بكرێت بەبێ یارمەتی شەریعەت، نەك ئەوەی بەهیچ شێوەیەك باس نەكرێت. چونكە لەڕاستیدا تێگەیشتن بۆ پرسە بەبێ یارمەتی شەریعەت زۆر مەترسیدارە و تەنھا بێباوەڕی و بێدینی و لادان بەرهەم دەهێنێت.
بێگومان پرسی قەدەر پەیوەستە بە سیفەتەكانی خوای گەورەوە. بۆیە ئەگەر كەسێك هەبێت بتوانێت چارەسەری بكات و یەكلایی بكاتەوە ئەوە خوا و پێغەمبەرەكەیەتی، وە جگە لەوان هیچ كەسێك ناتوانێت حەقیقەتەكەی ئاشكرا بكات. وە عەقڵ لەم بوارەدا بێ توانایە وەك بێ توانایی مناڵێكی شیرەخۆرە لە دارستانێكی ترسناكدا. دیارە تەنھا ڕێنموونی شەریعەت دەریدەكات لەم دارستانە چڕەدا. ناڵێم عەقڵ ناتوانێت تێبگات لەم كێشەیە، بەڵكو تەنھا مەبەستم ئەوەیە كە عەقڵ بەبێ ئاراستەكردن و ڕێپیشاندانی شەریعەت ناتوانێت لێی تێبگات، بۆیە لەڕێگەی ڕێپیشاندانی خوای گەورە و ڕێنموونیەكەیەوە عەقڵ دەتوانێت زۆر بەئاسانی لەم پرسە تێبگات. وە ئەگەر دوای ڕێنمایی و ئاراستەكردنی شەریعەتیش هێشا عەقڵ تێنەگەیشتایە لەم پرسە ئەوا فەرمانمان پێ نەدەكرا كە باوەڕی پێ بكەین. بۆیە ئەو كەسانەی هەوڵیانداوە بەپشتبەستن بە عەقڵی خۆیان لەم پرسە تێبگەن بەتەواوەتی گومڕا بوون و كەسانی تریشیان گومڕا كردووە.
ئەنجامی تێنەگەیشتن لە پرسی قەدەر
لای هیندۆسەكان باوەڕی لەبەرگرتنەوەی گیانەكان (تناسخ الأرواح) دروستبوو بەهۆی تێنەگەیشتنیان لە پرسی قەدەر، وە تیۆری “فیدا”یش لای مەسیحیەكان دروستبوو بەهۆی شارەزانەبوونیان لەم پرسە، چونكە ئەوان نكوڵییان كرد لە سیفەتی”الرحمن” ی خوا، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی تیۆری” فیدا” كە بە ڕۆڵی خۆی بووە هۆی پەیدابوونی تیۆری كوڕایەتی خوا و بە نەفرەت دانانی شەریعەت و تیۆرە هەڵەكانی تر كە لە كۆتاییدا بوونە هۆی دروستبوونی لادان و بەرەڵایی. بەم شێوەیە بڵاوبوونەوەی بێباوەڕی لەناو زانا هاوچەرخەكانی ئەوروپادا دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتنیان لە پرسی قەدەر.
وە تیۆری جوولەكەكان سەبارەت بەوەی كە لەناو خەڵكیدا تەنها خۆیان ڕزگاریان دەبێت، بەدڵنیاییەوە ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ نەشارەزاییان لەم پرسە.
بەكورتی، ئەم پرسە گرنگیەكی گەورەی هەیە، وە تێنەگەیشتن لێی بووەتە هۆی دروستبوونی بیروباوەڕی لەبەرگرتنەوەی گیانەكان لای هیندۆسەكان و كەفارەت لای مەسیحیەكان و ڕزگاربوونی تایبەت لای جوولەكە، هەروەك لەلایەكەوە هۆكاری بێباوەڕیە لای زاناكان و هۆكاری بەرەڵاییە لای موسوڵمانان، وە لەلایەكی ترەوە هۆكارە بۆ تووشبوونیان بە زەلیلی و نەگبەتی. ئەگەر ئەو كەسانە تێبگەیشتنایە لە پرسی قەدەر ئەوا پێیان هەڵنەدەخلیسكا. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە دەكات بە گومڕابوونی هەندێ لە گەلان و دەفەرموێت: ﴿وَمَا قَدَرُواْ ٱللَّهَ حَقَّ قَدۡرِهِۦ﴾ (الأنعام: 92). واتە: ئەوان تێنەگەیشتبوون لە بابەتی سیفەتەكانی خوای گەورە، بۆیە پێیان هەڵخلیسكا و كۆمەڵێك بیروباوەڕی تازەیان داهێنا بۆ خۆیان.
كەواتە هۆكاری لادانی شوێنكەوتووانی ئایینەكانی پێشوو لە فێركاریه ڕەسەنەكانی خۆیان بریتی بووە لە تێنەگەیشتنیان لە پرسی قەدەر، واتە پرسی دەركەوتنی سیفەتەكانی خوای گەورە.
كەواتە ئەم پرسە پرسێكی هەستیارە و پێویستی بە بیركردنەوە و لێكۆڵینەوەی زۆر و وریابوونی زۆریش هەیە بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت باوەڕێكی ڕاستەقینە بهێنێت بەم پرسە لەلایەكەوە، وە لەلایەكی ترەوە خۆی بەدوور بگرێت لە تووڕەبوونی خوای گەورە بەهۆی قووڵبوونەوەی تێیدا بە پشتبەستن تەنها بە عەقڵ، ئەگینا نرخی باوەڕبوون بە قەدەر چیە بەبێ لێكۆڵینەوە لێی؟ بۆ نموونە ئایا خوای گەورە لە هیچ شوێنێكی قورئانی پیرۆزدا ڕزگاربوونی ئێمەی پەیوەستكردووە بەوەی باوەڕبهێنین بە بوونی چیای هیمالایا؟ یان باوەڕبهێنین بە بوونی ڕووباری “ڕاوی”، یاخود باوەڕبهێنین بەوەی لاهۆر شارێكە؟ هەرگیز نەخێر، چونكە باوەڕبوون بەم جۆرە شتانە و داننان بە حەقیقەتەكانیاندا ناكرێت تەوەری ڕزگاربوون بێت، چونكە تەوەری ڕزگاربوون تەنھا پەیوەستە بە شتە ڕۆحیەكانەوە، وە ناكرێت بڵندبوونەوەی ڕۆحی بەدەستبهێنرێت مەگەر لەڕێگەی ئەوانەوە، وه باوەڕھێنان پێیان هیچ مانایەك نابەخشێت جگە لە تێگەیشتنێكی باش لە ناوەڕۆكەكانیان، ئەگینا باوەڕبوون پێیان هیچ نرخێكی نیە.
هەڵسوكەوتی نادروستی موسوڵمانان بەرامبەر پرسی قەدەر
گەڕانی بێوچان و بیركردنەوەی قوڵ زۆر پێویستن لەم پرسەدا. بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “إنما هلك من كان قبلكم حین تنازعوا في هذا الأمر” وە هەروەها فەرموویەتی: “یكون في أمتي خسف أو مسخ أو قذف في أهل القدر” (الترمذي، أبواب القدر).
كەواتە سەرەڕای ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) مشتومڕ و ڕاجیایی لەم بابەتەدا قەدەغە كردووە و بە بەشێك لە باوەڕ دایناوە، بەڵام زۆر بەداخەوە موسڵمانان بەشێوەیەكی نادروست قسەیان كرد دەربارەی ئەم بابەتە و ڕۆڵیان بینی تێیدا. وە لەجیاتی ئەوەی بیروباوەڕی خۆیان لەسەر فەرمایشتی خوای گەورە، واتە قورئانی پیرۆز، دابمەزرێنن هەوڵیاندا لەسەر عەقڵی خۆیان دایبمەزرێنن، پاشان ویستیان قورئان پشتگیری ئەوە بكات كە زەینیان بۆی چووە. بەڵام قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: ﴿كُلّٗا نُّمِدُّ هَٰٓؤُلَآءِ وَهَٰٓؤُلَآءِ مِنۡ عَطَآءِ رَبِّكَۚ﴾ (الإسراء: 21)، پاشان قورئان هەموو لایەنەكانی هەر بابەتێك ڕووندەكاتەوە كە دەیخاتەڕوو، بۆیە ئەگەر كەسێك تەنها یەك لایەن وەربگرێت لە لایەنەكانی ئەو بابەتەی كە قورئان باسی كردووە ئەوا بەبێ گومان دەڵێت لە قورئانی پیرۆزەوە وەریگرتووە، بەڵام ڕاستیەكە بەم شێوەیە نیە، چونكە لە قورئانەوە وەرینەگرتووە بەڵكو قورئانی كردووە بە قەڵغانێك بۆ خۆی. ئەگەر بیویستایە لە قورئانەوە وەریبگرێت ئەوا لە هەموو لایەنەكانیەوە وەریدەگرت، نەك یەك لایەنی وەربگرێت و سەرجەم لایەنەكانی تر فەرامۆش بكات.
جارێكیان گەشتم كرد بۆ شارێك، لەو كاتەدا مناڵێكی بچووك بووم و لە قوتابخانە دەمخوێند. لە خانەی قوتابیاندا قوتابیەكی ئەحمەدیم بینی و شێوازی خواردنی شیرینیە تەقلیدیەكانی ئەو قوتابیە خستمیە پێكەنین بەجۆرێك دەیویست شیرینیەكە بشارێتەوە لە ترسی ئەوەی نەوەك كەسێك بیبینێت، منیش لێم پرسی: ئەوە چی دەكەیت؟ گوتی: بیستوومە مەسیحی بەڵێندراویش (u) حەزی لە خواردنی ئەم جۆرە شیرینیە بووە منیش چاوم لە سوننەتەكەی ئەو كرد. منیش پێم گوت: بەڕێزی دەرمانی (الكینین)یشی دەخوارد، دەی بۆچی تۆ ئەو دەرمانە ناخۆیت؟
دەستگرتن بە هەندێ لایەنەوە و وازهێنان لە هەندێكی تر
بێگومان مرۆڤ ئەو شتە وەردەگرێت كە حەزی لێیەتی و واز لەو شتەیش دەهێنێت كە حەزی لێ ناكات، بەڵام ئەو كەسانی عەوداڵی ڕاستین هەموو لایەنەكانی بابەتەكە بەهەند وەردەگرن و گوێنادەن بەوەی كە ئەمە كاریگەریەكی پێچەوانەی دەبێت لەسەر بیروباوەڕ و حەزە فیكریەكانیان. بۆ نموونە جیاوازیەكی لەم جۆرە لەناو كۆمەڵەكەماندا ڕوویداوە، بەجۆرێك مەسیحی بەڵێندراو (u) فەرموویەتی من پێغەمبەرێكی تەشریعی نیم بەڵكو پێغەمبەرێكم شوێنكەوتەی پێغەمبەر (ﷺ)، وە پایەی پێغەمبەرایەتم پێ دراوە تەنھا لەبەر ئەوەی كە خزمەتكاری پێغەمبەرم (ﷺ). بەڵام هەندێ كەس ڕاستبوونەوە و گوتیان: ئەگەر هەر دەبێت پێغەمبەر شەریعەت بهێنێت ئەوا مەسیحی بەڵێندراویش (u) دەفەرموێت كۆمەڵێك حوكمی شەریعەتم هێناوە (واتە شەریعەتی ئیسلامی) و ئەمەش دەیسەلمێنێت ئەو پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت بووە. كەواتە ئەم كەسانه پشتیان هەڵكرد لە لایەنی دووەم كە بەڕێزی باسی كردووە. وە هەندێكی تر گوتیان بەڕێزی (u) نووسیویەتی: من پێغەمبەر نیم، لەمەوە ئەو مانایەیان بەرهەم هێنا كە بەڕێزی پێغەمبەر نیە لە هەر جۆرێك بێت لە جۆرەكانی پێغەمبەرایەتی، بەم شێوەیە ئەوانیش لایەنی دووەمی بابەتەكەیان فەرامۆش كرد، بەڵام ئێمە باوەڕمان بەهەردوو لایەنەكە هەیە و دەڵێین بەڕێزی (u) پێغەمبەرێكی تەشریعی نیە بەڵام پێغەمبەرێكی شوێنكەوتەی پێغەمبەرە (ﷺ).
ئەگەر ئەوانەی ناكۆكبوون هەردوو لایەنی پرسەكەیان وەربگرتایە ئەوا پێیان نەدەخلیسكا. بەڵام ئێمە هەردوو لایەنەكەمان گرتووە، واتە بەڕێزی پێغەمبەرە و شوێنكەوتەی پێغەمبەریشە (ﷺ). بۆیە یاسا گشتیەكە دەڵێت ئەو كەسانەی سیفەتی تەقوا و ئەمانەتیان تیدا نیە، وە وەكو پێویست بوێر نین بۆ ڕەتكردنەوەی شتێك بە ئاشكرا ئەوا ئەم شێوازە دەگرنەبەر بەجۆرێك باوەڕیان بە هەندێكی بابەتەكە هەیە و نكوڵی دەكەن لە هەندێكی تری، بەڵام لەڕاستیدا ئەم جۆرە كەسانە باوەڕیان بەهیچ شتێك نیە، هەروەك هەندێ لەوانەی پێیان دەوترێت موسوڵمان دەڵێن ئێمە كاردەكەین بە فەرمایشتی خوای گەورە: ﴿لَا تَقۡرَبُواْ ٱلصَّلَوٰةَ﴾ (النساء: 44)، وە ئەگەر پێیان بوترێت: بۆچی كارناكەن بە بەشی دووەمی ئایەتەكە؟ دەڵێن: كێ دەتوانێت كار بە هەموو قورئان بكات؟
بنچینەی باوەڕی هەڵەی موسوڵمانان دەربارەی قەدەری خوایی
ئەمەیە شێوازی ئەو فیتنە و ئاژاوەیەی كە پێغەمبەر (ﷺ) قەدەغەی كردووە. بەڵام موسوڵمانان گوێیان نەدا بەم قەدەغەكردنە و زۆر بەخراپی پێیان هەڵخلیسكا، بەجۆرێك هەندێكیان بنەمای بیروباوەڕەكانیان لە فەلسەفەی یۆنانیەوە وەرگرت، وە هەندێكیان پشتیان بەست بە بیروباوەڕی فەیلەسووفە هیندیەكان واتە پشتیان بەست بە یەكێتی بوون (وحدة الوجود)، وە هەندێكیان پشتیان بەست بە ئیلحاد.
بیروباوەڕی یەكێتی بوون لە هیندستاندا باو بوو، وە موسوڵمان جیاوازییان نەكرد لەنێوان ئەم بیروباوەڕە و قەدەری خواییدا بەڵكو بە خودی قەدەری خوایی لەقەڵەمیاندا، پاشان بنەمای بیروباوەڕەكانی خۆیان لەسەر دامەزراند و پێیان وا بوو خوای گەورە خۆی ناچاریان دەكات لەسەر ئەو شتەی كە دەیڵێن و دەیكەن، وە مرۆڤ هیچ ڕۆڵێكی نیە لە ئەنجامدانی كار و كردەوەكاندا، وەك ئەوەی مرۆڤ بە مرۆڤی نەمابێتەوە بەڵكو بووبێت بە خوا. كۆمەڵێكی تر گوتیان خوا هیچ ڕۆڵێكی نیە لەو كردەوانەدا كە مرۆڤ ئەنجامیان دەدات، بەڵكو هەموو شتێك بەدەستی مرۆڤە و لەژێر كۆنترۆڵی خۆیدایەتی. ئەم بیروباوەڕە لەسەر فەلسەفەی یۆنانی بنیادنراوە. كەواتە موسوڵمانان پشتیان بەم دوو فەلسەفەیە بەستووە لە بنیادنانی بیروباوەڕی خۆیان دەربارەی قەدەری خوایی، پاشان ویستیان قورئان بەكاربهێنن بۆ بەهێزكردنی ئەم جۆرە فەلسەفانە كە دوورن لە ڕاستیەوە، بەجۆرێك كۆمەڵێكیان كە گوایە بە پشتیان بە قورئانی پیرۆز بەستووە گوتیان سەرجەم كردەوەكانیان وەك هەستان و دانیشتن و جووڵە و وەستان و خواردن و خواردنەوە و دزی یان زینا و تاڵانی و فێڵ كردەوەی خوایە نەك هی خۆیان.
وە كۆمەڵێكی تریان گوتیان خوای گەورە هیچ توانایەكی نیە بەسەر كردەوەكانیاندا بە ئەندازەی ئەو توانایانەی كە سەرۆكی حكومەتێكی پەرلەمانی هەیەتی. ئەم جۆرە سەرۆكە بەلایەنی كەمەوە دەسەڵاتی واژۆكردنی یاساكانی هەیە تاكو بكەونەگەڕ، بەڵام پێیان وایە خوای گەورە ئەم جۆرە دەسەڵاتە ئاسانەیشی نیە بەسەر كردەوەی خەڵكیدا، بەڵكو زاتێكە هیچ دەستوەردان و ڕۆڵێكی نیە لە كاروبارەكانی دنیادا. ئەم گرووپەیش دەڵێن ئەم هەڵوێستەیان لە قورئانی پیرۆزدا جێگیر و سەلمێنراوه. بەڵام لەڕاستیدا هەردوو گرووپەكە هەڵەن.
قورئان هەردوو بیروباوەڕەكە ڕەتدەكاتەوە
كەواتە ئەو بۆچوونەی كە دەڵێت ئەو كردەوەیەی مرۆڤ ئەنجامی دەدات لەڕاستیدا خۆی ئەنجامی نادات بەڵكو خوای گەورە ئەنجامی دەدات؛ وە ئەو بۆچوونەی كە دەلێت هەر كارێك دەیكەین كاری خۆمانە و خوای گەورە ناتوانێت دەست وەربداتە ناویەوە، دوو بۆچوون و بیروباوەڕن كە عەقڵ ڕەتیان دەكاتەوە و بۆ یەك چركە پەسەندیان ناكات. وە ئەو قسەیەی كە یەكێك لەم دوو بیروباوەڕە بوونی هەیە لە قورئانی پیرۆزدا قسەیەكی هیچ و بێ بنەمایە بگرە قسەیەكی زیادە و باتڵە. قورئانی پیرۆزم خوێندەوە لە پیتی (ب) بسم الله وە هەتا پیتی (س)ی الناس بۆ گەڕان بەدوای ڕێنماییەك دەربارەی ئەم بابەتە بینیم هەموو پیتێكی قورئانی پیرۆز ئەم دوو بیروباوەڕە ڕەتدەكەنەوە. ئەگەر كەسێكی تریش بیخوێنێتەوە ئەوا ئەویش دەگاتە ئەو ئەنجامە كە هەموو وشەیەك لە وشەكانی قورئان -لە پیتی (ا) ی وشەی (الحمد)ەوە هەتا پیتی (س) لە وشەی (والناس)- ئەم دوو بیروباوەڕە هەڵدەوەشێننەوە. چۆن قورئان ڕێگەیان پێ دەدات لە كاتێكدا هەردووكیان هەڵەن و ڕۆحانیەت وێران دەكەن و ڕەوشت لەناودەبەن. بەڵكو ئیسلام لەبارەی ئەم بابەتەوە فێركاریەكی زۆر جوان و بەسوودی پێشكەش كردووە -بەشێوازێك كە هیچ عەقڵێك یان زانستێك یان فەلسەفەیەك نەتوانێت ڕەخنەی لێ بگرێت- بەڕادەیەك ئەگەر كەسێك لێی تێبگات دەبێت بە یەكێك لە كەسە ڕەببانیە گەورەكان.
یەكێك لە گرووپەكان دەڵێت ئەو شتەی مرۆڤ دەیكات كردەوەی خوای گەورەیە؛ بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بكوژرێت ئەوا دەڵێن ئێمە چی بكەین خوای گەورە خۆی ئەمەی ویستووە.
گرووپەكەی تر دەڵێن هیچ پێویست نیە خوای گەورە دەستوەربداتە كاروبارە بێبایەخەكانەوە وەك تفكردن و میزكردن هتد، بەڵكو بوونی ڕۆڵ و دەستوەردانی خوای گەورە لەم جۆرە شتانەدا بە سوكایەتی لەقەڵەم دەدرێت بۆی.
هەردوو گروپەكە بەردی بناغەی بیروباوەڕەكەی خۆیان لەسەر كۆمەڵێك ئایەتی قورئانی پیرۆز داناوە، لەمەودوا هەندێ لەو ئایەتانە باس دەكەم بۆ ئەوەی بۆتان ڕوونبێتەوە كە بناغەكەیان چەندە فشەڵ و لاوازە.
وەڵامی ئەو كەسانەی كە دەڵێن خوا هەموو شتێكمان پێ دەكات
ئەو كەسانەی دەڵێن خوا خەڵكی ناچاردەكات بۆ ئەنجامدانی كردەوەكانیان بەبێ ئەوەی خەڵكی خۆیان توانا و دەسەڵاتیان هەبێت، ئەم ئایەتە دەهێننەوە بۆ پشتیوانی باوەڕەكەیان: ﴿وَٱللَّهُ خَلَقَكُمۡ وَمَا تَعۡمَلُونَ﴾ (الصافات: 97). پاشان دەڵێن: مادام خوای گەورە خۆمان و هەموو كردەوەكانیشمانی دروست كردووە ئەوا دەچەسپێت خوای گەورە خۆی ئەو كەسەیە كە هەموو شتێك دەكات، دواجار هیچ كەس ناتوانێت بڵێت خۆی شتێك دەكات. ئەم كەسانە پێیان وایە ئەو ئایەتە بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا پرسەكەی یەكلایی كردووەتەوە. بەڵام لەڕاستیدا هەمان ئەو هەڵەیەیان ئەنجامدا كە كەمێك پێشتر باسم كرد. بەجۆرێك دەستیان گرتووە بە بەشێكی ئایەتەكەوە و بەشەكەی تریان فەرامۆش كردووە، وە هەردوو بەشەكەیان بەیەكەوە كۆنەكردووەتەوە. ئایەتەكەی پێش ئەم ئایەتە دەفەرموێت: ﴿قَالَ أَتَعۡبُدُونَ مَا تَنۡحِتُونَ﴾ (الصافات: 96). ئەگەر پیتی “ما” پێش فرمان هات ئەوا فرمانەكە دەگۆرێت بۆ چاوگ بەگوێرەی ڕێساكانی زمانی عەرەبی، وە جاروبار پیتی “ما” مەوصولەیە و بە مانای “الذي” دێت. بۆیە ئەو كەسەی وەها لە ئایەتەكە تێگەیشتووە كە خوای گەورە كردەوەكانتانی دروستكردووە، لێرەدا “ما” ی بە مصدریة داناوە. بەڵام لە ئایەتەكەی پێشووەوە وا دەردەكەوێت كە “ما” مصدریة نیە، ئەگەر بەیەكەوە هەردوو ئایەتەكەمان خوێندەوە ئەوا دەزانین كە مانایەكی تر دەبەخشن. هەڵبەت ماناكە بەگوێرەی تێگەیشتنی ئەوان بریتیە لەمە: ﴿قَالَ أَتَعۡبُدُونَ مَا تَنۡحِتُونَ % وَٱللَّهُ خَلَقَكُمۡ وَمَا تَعۡمَلُونَ﴾، ئایەتی یەكەم دەفەرموێت بۆچی شتێك دەپەرستن كە بەدەستی خۆتان دروستی دەكەن؟ بەڵام دووەم دەفەرموێت بێگومان خوای گەورە ئێوە و كردەوەكانتانی دروستكردووە. پەیوەندی ئایەتی دووەم بەیەكەمەوە چیە؟ دیارە هیچ پەیوەندییان بەیەكەوە نیە بەڵكو دووەم یەكەم هەڵدەوەشێنێتەوە. كەواتە ئەگەر خوای گەورە كردەوەكانی ئەوانیشی دروستكردبێت ئەوا بۆچی لێیان دەپرسێت: بۆچی بتەكان دەپەرستن؟ بۆیە ناكرێت ئەم مانایە مەبەستی ئایەتەكە بێت كە ئەوان بە پشتیوانی بۆچوونەكەی خۆیان لەقەڵەمیان داوە. بەڵكو دوو ئایەتەكە ئەم مانایە دەبەخشن: ئایا ئێوە شتانێك دەپەرستن كە بەدەستی خۆتان دروستیان دەكەن لە كاتێكدا خوای گەورە ئێوەی بەدیهێناوە و هەموو ئەو شتانەیش كە ئێوە دروستان كردوون، واتە بتەكان. هەروەك چۆن پیتی “ما” لە ئایەتی یەكەمدا وەك بەركار (مفعول به) بەكارهاتووە لەدوای فرمانەكەوە، بەهەمان شێوە ماناكەی لە ئایەتی دووەمدا بریتیە لە “ما عملتم” واتە “معمولكم” واتە ئەو شتەی دەیكەن یان دروستی دەكەن. بەكورتی ئەم ئایەتە بە شێوازێكی هەڵە تەفسیركراوە، وە ئایەتی پێشوو مانای ئایەتی دواتر ڕوون دەكاتەوە. لێرەدا ڕوون دەبێتەوە كە ئایەتەكە باسی دروستكردنی كردەوەكانی مرۆڤ ناكات.
ئایەتی دووەم: لایەنگرانی ئەم بیروباوەڕە كۆمەڵێك ئایەتی تریش دەهێننەوە، ئێستا گرنگترینیان تاوتوێ دەكەم، لەناویاندا ئەم ئایەتە: ﴿قُل لَّن يُصِيبَنَآ إِلَّا مَا كَتَبَ ٱللَّهُ لَنَا هُوَ مَوۡلَىٰنَا ۚ وَعَلَى ٱللَّهِ فَلۡيَتَوَكَّلِ ٱلۡمُؤۡمِنُونَ﴾ (التوبة: 51).
بەم فەرمایشتەی خوای گەورە بەڵگەدەهێننەوە لەسەر بیروباوەڕەكەیان و دەڵێن هیچ شتێك تووشی مرۆڤ نابێت ئەوە نەبێت كە بۆی نووسراوە، بۆیە ناكرێت و ناگونجێت مرۆڤ زیاتر یان كەمتر لەو شتەی پێ بگات كە خوا بۆی نووسیوە لە خواردن و خواردنەوە و پۆشاك و ماڵ. یان ئەگەر خوا نووسیبووی فڵان كەس بەدەستی فڵان كەس دەكوژرێت، یان مردنی فڵان بە شێوازێكی دیاریكراو و لەشوێنێكی دیاریكراودا دەبێت، ئەوا مرۆڤ هیچ بژاردەیەكی بۆ نامێنێتەوە لەمەدا. لەڕاستیدا بابەتەكە بەم شێوەیە نیە؛ بەڵكو خوای گەورە لەم ئایەتەدا هەلومەرجی موسوڵمانانی باسكردووە لەكاتی جەنگكردنیان لەگەڵ بێباوەڕەكاندا و دەفەرموێت ئەگەر موسوڵمانان تووشی نەهامەتیەك بوون لە جەنگدا ئەوا دووڕووەكان بە خۆشحاڵیەوە دەڵێن: ﴿قَدۡ أَخَذۡنَآ أَمۡرَنَا مِن قَبۡلُ﴾، بۆیە ئێمە تووشی ئەم نەهامەتیە نەبووین، بەڵام ئەم موسوڵمانانە كەسانێكی گەمژەن چونكە دەرچوون بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئەو كەسانەی كە ژمارەیان لەوان زیاترە و پڕچەكتریشن. خوای گەورە وەڵامی ئەم قسەیەیان دەداتەوە و دەفەرموێت ئێوە خۆتان كەسانێكی گەمژە و كوێرن، ئایا پێتان وایە موسوڵمانان شكست دەهێنن و بێباوەڕەكان سەردەكەون؟ نەخێر، هەرگیز ئەمە ڕوونادات، بۆچی؟ چونكە خوا پێشتر نووسیویەتی كە پێغەمبەرەكانی بەدڵنیاییەوە سەردەكەون، بۆیە سەركەوتنی موسوڵمانان قەڵەمی لێ دراوە.
كەواتە ئەم ئایەتە هەواڵمان پێ نادات دەربارەی ئەنجامدانی هەموو كردەوەكانی مرۆڤ بەگوێرەی بڕیاری خوای گەورە، بەڵكو باسی چارەنووسی بەزاندنی بێباوەڕان بەدەستی موسوڵمانان و سەركەوتن بەسەریاندا دەكات. ئەمەش مانای ئەوە نیە خوای گەورە قەڵەمی لێداوە خەڵكی دزی و تاڵانی و فێڵ و درۆ ئەنجام بدەن بەگوێرەی ئەوەی پێشتر نووسیویەتی.
خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿كَتَبَ ٱللَّهُ لَأَغۡلِبَنَّ أَنَا۠ وَرُسُلِيٓۚ﴾ (المجادلة: 22)، بێگومان “كتب” لێرەدا مانای ئەوە نیە كە خوای گەورە كردەوە مرۆییەكانی نووسیوە، بەڵكو مەبەست لێی ئەوەیە كە خوای گەورە بڕیاری داوە پێغەمبەرانی خۆی و باوەڕداران سەركەوتوو بكات.
ئایەتی سێیەم:
﴿وَلَقَدۡ ذَرَأۡنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيرٗا مِّنَ ٱلۡجِنِّ وَٱلۡإِنسِ ۖ لَهُمۡ قُلُوبٞ لَّا يَفۡقَهُونَ بِهَا وَلَهُمۡ أَعۡيُنٞ لَّا يُبۡصِرُونَ بِهَا وَلَهُمۡ ءَاذَانٞ لَّا يَسۡمَعُونَ بِهَآ ۚ أُوْلَٰٓئِكَ كَٱلۡأَنۡعَٰمِ بَلۡ هُمۡ أَضَلُّ ۚ أُوْلَٰٓئِكَ هُمُ ٱلۡغَٰفِلُونَ﴾ (الأعراف: 180).
ئەم ئایەتە دەكەن بە بەڵگە و دەڵێن خوای گەورە دەفەرموێت زۆرێك لە “مرۆڤ” و “جن”م بۆ دۆزەخ دروستكردووە. كەواتە مادام خوای گەورە زۆرێك لە خەڵكی بۆ دۆزەخ دروستكردووە ئەوا هیچ كەسێك ناتوانێت ڕێگری بكات لەو كەسانەی كە بۆ دۆزەخ دروستكراون و نەهێڵێت تاوان و خراپە ئەنجام بدەن، بەڵكو هەردەبێت كۆمەڵێك كردەوە ئەنجام بدەن كە بەهۆیانەوە بچنە ناو دۆزەخەوە.
بەڵام بە هەڵە لەم ئایەتەیش تێگەیشتوون. چونكە پیتی “لام” لە زمانی عەرەبیدا جاروبار بۆ خستنەڕووی هۆكار بەكاردێت، وە هەندێ جاری تریش بۆ باسكردنی ئەنجام، وە ئەمەی دواییان پێی دەوترێت “لام العاقبة” كە لێرەدا بەكارهاتووە، بەجۆرێك گوتراوە: ﴿لِجَهَنَّمَ﴾ مانای ئەوە نیە كە ئێمە جن و ئینسمان دروستكردووە بۆ ئەوەی بیانخەینە دۆزەخەوە، چونكە ئەم مانایە دژایەتی دەكات لەگەڵ ئایەتەكانی تردا” بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَا خَلَقۡتُ ٱلۡجِنَّ وَٱلۡإِنسَ إِلَّا لِيَعۡبُدُونِ﴾ (الذاریات: 57)، وە خوای گەورە دەربارەی ئەو كەسەی كە بووە بە بەندەی خوا دەفەرموێت: ﴿وَٱدۡخُلِي جَنَّتِي﴾ (الفجر: 31) واتە ئەوەی بوو بە بەندەی خوای گەورە چووە بەهەشتەوە.
ئەم ئایەتانە دووپاتی دەكەنەوە كە ناكرێت مانای ئایەتی: ﴿وَلَقَدۡ ذَرَأۡنَا لِجَهَنَّمَ…﴾ ئەوە بێت كە خوای گەورە زۆرێك لە خەڵكی دروستكردووە بۆ ئەوەی بیانخاتە دۆزەخەوە. بەڵكو لەڕاستیدا خوای گەورە مرۆڤی دروستكردووە بۆ ئەوەی ببێت بە ندەی خۆی ئینجا شایستەی چوونەناو بەهەشتەكەی بێت. كەواتە مادام تێگەیشتنی ئەوان بۆ ئەم ئایەتە دروست نیە ئەوا دەبێت مانایەكی تری هەبێت، ماناكەیش بریتیە لەوەی كە پیتی “لام” لە وشەی “لجهنم”دا (لام العاقبة) یە، وە مانای ئایەتەكە ئەوەیە: بێگومان ئێمە خەڵكمان دروستكردووە بۆ بەهەشت، بەڵام زۆرێك لەوان شایستەی چوونە دۆزەخ دەبن لەجیاتی چوونە بەهەشت. “لام” بەم مانایە زۆر بەكارهاتووە لە زمانی عەرەبیدا، وە لە قورئانی پیرۆزدا جاروبار بەم مانایە بەكارهاتووە. لە شیعری عەرەبدا نموونەیەكی هاوشێوەتان پێشكەش دەكەم بەم شێوەیەی خوارەوە:
أَموالُنا لِذَوي الميراثِ نَجمَعُها … وَدورُنا لِخرابِ الدَهرِ نَبنيها
واتە ماڵ و سامان كۆدەكەینەوە بۆ ئەوەی لەدواییدا میراتگرەكان بیبەن، وە خانووەكانمان دروستدەكەین بۆ ئەوەی چەرخ و ڕۆژگار كاولی بكات. ئاشكرایە ماڵ و سامان بۆ ئەم مەبەستە كۆناكرێتەوە و خانوویش بۆ ئەم ئامانجە دروست ناكرێت، بەڵام ئەمە سەرەنجامی هەردووكیانە. مەبەستی شاعیر ئەوەیە كە خەڵكی لە ژیانیاندا ماڵ و سامان كۆدەكەنەوە بەڵام دوای مردنیان كەسوكار و خزمە نزیكەكانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشی دەكەن، بەهەمان شێوە خەڵكی خانوو دروست دەكەن بۆ نیشتەجێ بوون تێیدا بەڵام ئەنجامەكە ئەوەیە كە چەرخ و ڕۆژگار تێكی دەدات و كاولی دەكات.
وە لە قورئانی پیرۆز لە سوورەتی (القصص) دا نموونەیەكی ڕوون هەیە بەجۆرێك خوای گەورە دەربارەی مووسا (u) دەفەرموێت: ﴿فَٱلۡتَقَطَهُۥٓ ءَالُ فِرۡعَوۡنَ لِيَكُونَ لَهُمۡ عَدُوّٗا وَحَزَنًاۗ﴾ (القصص: 9).
ئاشكرایە دارودەستەكەی فیرعەون نیازیان لە گرتنەوەی مووسا ئەوە نەبووه كە بۆیان ببێت بە دوژمن و مایەی خەفەت، بەڵكو ئایەتەكەی دواتر ڕوونی دەكاتەوە كە نیازیان پێچەوانەی ئەم بیروبۆچوونە بووە چونكە ژنەكەی فیرعەون پێی دەڵێت: ﴿عَسَىٰٓ أَن يَنفَعَنَآ أَوۡ نَتَّخِذَهُۥ وَلَدٗا وَهُمۡ لَا يَشۡعُرُونَ﴾ (القصص:10)؛ كەواتە مانای ئایەتەكە ئەوەیە كە دارودەستەی فیرعەون هەڵیانگرتەوە بەڵام ئەم مناڵە سەرەنجام بوو بە دوژمنیان و بووە هۆی خەم و خەفەت بۆیان. ئەمەیە مانای ئەو لامەی كە لەم ئایەتەدا هاتووە: ﴿وَلَقَدۡ ذَرَأۡنَا لِجَهَنَّمَ﴾. بۆیە ڕاست نیە لەم ئایەتەوە بەڵگه بهێنرێتەوە لەسەر ئەوەی خوای گەورە بەزۆر هەندێ كەسی كردووە بە خەڵكی بەهەشت و هەندێكی تری كردووە بە خەڵكی دۆزەخ.
ئایەتی چوارەم:
خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَقَالَ مُوسَىٰ رَبَّنَآ إِنَّكَ ءَاتَيۡتَ فِرۡعَوۡنَ وَمَلَأَهُۥ زِينَةٗ وَأَمۡوَٰلٗا فِي ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا رَبَّنَا لِيُضِلُّواْ عَن سَبِيلِكَۖ﴾ (یونس: 89).
ئەم ئایەتە مانای ئەوە نیە كە خوای گەورە ماڵ و سامانی داوە بە خەڵكی بۆ ئەوەی گومڕایان بكات. بەڵكو لێرەشدا “لام العاقبة” بەكارهاتووە وەك لە ئایەتەكەی پێشوودا، مانای دروستی ئایەتەكە ئەوەیە: پەروەردگارمان سەروەت و سامانی پێ نەبەخشیون بۆ گومڕاكردنی خەڵكی، بەڵام ئەوان بۆ ئەم مەبەستە بەكاریان دەهێنا.
ئایەتی پێنجەم: ئەوان دەڵێن ئایەتێك هەیە وەك پێویست تیشك دەخاتە سەر ئەوەی كە ئێمە زەینمان بۆی چووە، ئەمەش ئایەتەكەیە: ﴿أَيۡنَمَا تَكُونُواْ يُدۡرِككُّمُ ٱلۡمَوۡتُ وَلَوۡ كُنتُمۡ فِي بُرُوجٖ مُّشَيَّدَةٖ ۗ وَإِن تُصِبۡهُمۡ حَسَنَةٞ يَقُولُواْ هَٰذِهِۦ مِنۡ عِندِ ٱللَّهِ ۖ وَإِن تُصِبۡهُمۡ سَيِّئَةٞ يَقُولُواْ هَٰذِهِۦ مِنۡ عِندِكَ ۚ قُلۡ كُلّٞ مِّنۡ عِندِ ٱللَّهِ ۖ فَمَالِ هَٰٓؤُلَآءِ ٱلۡقَوۡمِ لَا يَكَادُونَ يَفۡقَهُونَ حَدِيثٗا﴾ (النساء: 79).
دەڵێن: تێبینی بكەن زۆر بەجوانی ڕوونكراوەتەوە كە چاكە و خراپە هەردووكیان لەلایەن خوای گەورەوەن.
ئەو كەسانە تێنەگەیشتوون كە مەبەستەكە ئەوەیە ئەنجامی هەموو كارێك -باش بێت یان خراپ- لەلایەن خواوە دەردەكەوێت. كێ دەتوانێت نكوڵی لەوە بكات كە پاداشتی هەموو كردەوەیەكی چاك و سزای هەموو كردەوەیەكی خراپ لەلایەن خوای گەورەوەیە؟ كەوابوو ئەگەر گوتمان چاكە و خراپە هەردووكیان لەلایەن خواوەیە ئەوا هیچ كیشە وگرفتێك لەم قسەیەماندا نیە، چونكە كارەكانی خزمەتكار هەندێ جار دەدرێنەپاڵ گەورەكەی چ بەگوێرەی مەبەستی گەورەكەی بێت یان نە. بۆ نموونە ئەگەر خزمەتكارێك ئازاری كەسێك بدات لەگەڵ ئەوەی گەورەكەی ئامانجی ئەوە نەبێت خەڵكی ئازار بدات بەڵام زیان لێكەوتووەكە هەندێ جار سكاڵای لا دەكات و دەڵێت: لەلایەن ئێوەوە تووشی ئازار بووم، كەواتە لێرەدا ئازارگەیاندنی خزمەتكار دراوەتەپاڵ گەورەكەی. بۆیە ئەگەر ئێستا ئایەتەكە لەبەر ڕۆشنایی ڕێسا باسكراوەكەدا شی بكەمەوە ئەوا ماناكەی بەم شێوەیە دەبێت: بەو پێیەی كە خوای گەورە بەدیهێنەری ئەو شتانەیە كە تاوان دروست دەكەن بەهۆی خراپ بەكارهێنانیانەوە، بۆیە گوتراوە چاكە و خراپە هەردووكیان لەلایەن خوای گەورەوەیە. وە ئەم مانایە بیروباوەڕی ناچاری و زۆرەملێ لە كردەوەكاندا دووردەخاتەوە. وە بەهیچ شێوەیەك ناكرێت ئەوەی لێ بفامرێتەوە كە خوای گەورە خەڵكی ناچار دەكات لەسەر ئەنجامدانی تاوان، بەڵكو ئەوەی لێ دەفامرێتەوە كە خوای گەورە كۆمەڵێك هێز و توانای چاندووە لەناو مرۆڤدا ئەگەر مرۆڤ بە خراپ بەكاریان بهێنێت ئەوا زینا یان دزی و تاوانەكانی تریش ئەنجام دەدات.
مانای دروستی ئایەتەكە ئەوەیە پێشتر ڕوونمكردەوە كە بریتیە لەوەی ئایەتەكە باسی كاری چاكە و خراپە ناكات بەڵكو باسی سەختی و ئاسانی و ئازار و ئاسوودەیی دەكات؛ خوای گەورە لە سەرەتای ئەم ئایەتەدا بە دووڕووەكان دەفەرموێت: ﴿أَيۡنَمَا تَكُونُواْ يُدۡرِككُّمُ ٱلۡمَوۡتُ﴾ واتە خوای گەورە سزای مەرگی دەركردووە بۆتان بەهۆی كردەوە خراپەكانتانەوە، وە ناتوانن لە بەرامبەر ئەم فەرمانەدا هیچ شتێك بكەن پاش دەرچوونی بڕیاری ناوبراو. پاشان خوای گەورە دەفەرموێت ئەو كەسانە چاكە -واتە ئاسانی و ئاسوودەی- دەدەنەپاڵ خوای گەورە، بەڵام هەر ئازار و ناڕەحەتیەك كە تووشیان دەبێت دەیدەنەپاڵ تۆ، ئەمەش گەمژەیی ئەوان دەگەیەنێت چونكە تۆ هیچ دەستێكت نیە لە پاداشت و سزادا. گومانی تێدا نیە كە سەختی و ئاسانی و ئازار و ئاسوودەیی لەڕووی ئەنجامی كۆتاییەوە لەلایەن خوای گەورەوە دێن. واتە خوای گەوەرە بەتەنھا بڕیار دەدات چی پێویستە لە ئاسانی و ئاسوودەیی بگات بە كەسێك لە بەرامبەر كردەوە چاكەكانیدا، وە پێویستە تووشی چ سەختی و ئازارێك بێت بەهۆی هەندێ كردەوەی خراپیەوە، وە تۆ (ئەی پێغەمبەر) هیچ پەیوەندیەكت بەم بابەتەوە نیە، بەڵكو ئەمە تایبەتە بە خوای گەورەوە و خوای گەورە ئەم كارەی نەسپاردووە بە كەسێكی تر. لەبەر ئەوە خوای گەورە دەفەرموێت ئەو كەسانە چییانه بۆچی لەم بابەتە ڕوونە تێناگەن. بێگومان لەم ئایەتەی خوارەوەشدا تیشكی زیاتر خراوەتەسەر ئەم بابەتە بەجۆرێك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿مَّآ أَصَابَكَ مِنۡ حَسَنَةٖ فَمِنَ ٱللَّهِ ۖ وَمَآ أَصَابَكَ مِن سَيِّئَةٖ فَمِن نَّفۡسِكَۚ﴾ (النساء: 80). بۆیە ئەگەر مانای ئایەتی یەكەم ئەوە بێت كە هەموو كردەوەكان چاك بن یان خراپ تەنھا لەلایەن خوای گەورەوە بن، ئەوا ئەم ئایەتەی كۆتایی هیچ مانایەكی نەدەبوو. وە ئایەتەكەی دوایی مانای نابێت مەگەر ئایەتەكەی یەكەم بەو شێوەیە تەفسیر بكەین كە باسمانكرد. وە ئایەتەكەی دوایی لەم حاڵەتدا مانای ئەوە دەبێت كە پاداشتی چاكە هەمووی لەلایەن خوای گەورەوەیە چونكە مرۆڤ هاندەدا بۆ كاری چاكە، وە ئازار و ناڕەحەتی كە تووشی مرۆڤ دەبن لەلایەن خۆیەوەیەتی چونكە ئەنجامی هەڵەیەكە كە مرۆڤ ئەنجامی داوە، وە خوای گەورە مرۆڤ هان نادات بۆ هەڵە.
ئایەتی شەشەم: پاشان دەڵێن ئایەتێكی تر هەیە پرسەكەی یەكلاكردوەتەوە كە بریتیە لەم ئایەتە: ﴿قُل لَّوۡ كُنتُمۡ فِي بُيُوتِكُمۡ لَبَرَزَ ٱلَّذِينَ كُتِبَ عَلَيۡهِمُ ٱلۡقَتۡلُ إِلَىٰ مَضَاجِعِهِمۡۖ﴾ (آل عمران: 155).
دەڵێن: لەم ئایەتەوە دەردەكەوێت كە هەموو كار و كردەوەكان لەلایەن خواوەیە. وەڵامی ئەم قسەیە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
یەكەم: وەك لە سیاقی شەرحی ئایەتەكەی پێشوودا باسمكرد ئەم ئایەتەش باسی كردەوە ناكات بەڵكو باسی پاداشتی كردەوەكان دەكات. ئەم ئایەتە باسی جەنگی ئوحود دەكات، بەجۆرێك سەرەتا دووڕووەكان لەگەڵ موسوڵماناندا دەرچوون بۆ جەنگكردن دژی بێباوەڕەكان. بەڵام كاتێك وەختی جەنگەكە هات دووڕووەكان گەڕانە دواوە، كە ژمارەیان سێ سەد كەس دەبوو لەناو نزیكەی هەزار كەسدا، بەم شێوەیە پێیان وابوو وەك ئەوەی موسوڵمانیان خستبێتەناو تەڵەوە و ئەوانیان تووشی جەنگێكی كاولكار كردبێت، بەجۆرێك ئەستەمە بەسەلامەتی بگەڕێنەوە پاش ڕوبەڕوبوونەوەی دوژمن. وە كاتێك جەنگەكە كۆتایی هات ئینجا دەستیانكرد بە گاڵتەكردن بە موسوڵمانان و گوتیان: بەهەوانتە خۆتان تووشی مەترسی و لەناوچوون كرد. خوای گەورەش دەفەرموێت: ئەی نەفامەكان، ئایا پێتان وایە ئێوە موسوڵمانانتان تووشی جەنگ كرد لەگەڵ بێباوەڕەكاندا؟ نەخێر، بەڵكو ئەو كەسانە تەنها بە ئومێدی سەركەوتن و یارمەتی ئێمە دەرچوون بۆ جەنگەكە. كەواتە گوێبگرن و تێبگەن، ئەگەر ئێوە لە قەڵای سەخت و پارێزراویشدا بوونایە -چجای ئەوەی لە شارێكی بێ شورای وەك مەدینەدان- ئەوا ئەو كەسانەی كە جەنگ فەرزكرابوو لەسەریان (واتە باوەڕدارانی ڕاستەقینە) نەدەترسان لە دەرچوون بۆ جەنگ دژی كافرەكان، وە بەدڵنیاییەوە دەردەچوون بۆ بەگژاچوونەوەی دوژمن.
لێرەدا “كتب” مانای “قدر” نیە بەڵكو ماناى “فرض” دەگەیەنێت وەك لەم ئایەتەدا هاتووە: ﴿كُتِبَ عَلَيۡكُمُ ٱلصِّيَامُ﴾ (البقرة: 184)، وە وشەی”القتل” لە ئایەتی: ﴿كُتِبَ عَلَيۡهِمُ ٱلۡقَتۡلُ﴾دا مانای بكوژرێن ناگەیەنێت بەڵكو مانای بكوژن دەگەیەنێت. وە ئەم وشەیە بەم مانایە لە قورئانی پیرۆزدا زۆر هاتووە، لەوانە:
﴿وَٱلۡفِتۡنَةُ أَشَدُّ مِنَ ٱلۡقَتۡلِۚ﴾ (البقرة: 192)
﴿فَلَا يُسۡرِف فِّي ٱلۡقَتۡلِۖ﴾ (الإسراء: 34)
﴿إِنَّ قَتۡلَهُمۡ كَانَ خِطۡٔٗا كَبِيرٗا﴾ (الإسراء: 32).
بەكورتی، لەم ئایەتەدا پێمان ڕاگەیەنراوە كە باوەڕدار هەست بە ئاسوودەیی و خۆشحاڵی دەكات لە گوێڕایەڵی فەرمانەكانی خوای گەورەدا، وە هیچ جۆرە سستی و تەمبەڵییەك نانوێنێت. مەدینە قەڵایەكی قایم نەبوو-ئەگەر موسوڵمانان دەرنەچوونایە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی دوژمن لە دەرەوەی شارەكە ئەوا دوژمن دەهاتە ناویەوە- بەڵام تەنانەت ئەگەر موسوڵمانان لە قەڵا سەخت و قایمەكاندا بوونایە، وە فەرمانیان پێبكرایە كە دەرچن بۆ هێرشكردن، ئەوا بەوپەڕی گوڕوتینەوە ئەركی سەرشانی خۆیان بەجێ دەهێنا.
بەرپەرچدانەوەی ئەو بیروباوەڕەی كە دەڵێت خوای گەورە دەستوەرنادات لە هیچ شتێك
كەواتە، ئایەتەكانی پێشوو مانای ئەوە ناگەیەنن كە خوای گەورە مرۆڤ ناچار بكات بۆ كردنی هەر كارێك، بەمەش بانگەشەی ئەوانە پووچەڵ دەبێتەوە كە دەڵێن هەموو كردەوەیەكی مرۆڤ بریتیە لە كردەوەی خوا. وە ئەو كەسانەی كە دەڵێن خوای گەورە هیچ كارێك ناكات و هیچ شتێكی بەدەست نیە و دەستی نیە لە كردەوەكانی مرۆڤدا ئەمانیش لە قورئانی پیرۆزدا ساغبووەتەوە كە بانگەشەكەیان پووچە. بۆ نموونە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿كَتَبَ ٱللَّهُ لَأَغۡلِبَنَّ أَنَا۠ وَرُسُلِيٓۚ﴾ (المجادلة: 22).
ئێستا تێبینی بكەن، كاتێك خوای گەورە پێغەمبەرێك ڕەوانەدەكات لە دۆخێكی زۆر لاوازدایە، بەڵام سەرەڕای ئەوە خوای گەورە ئەركی سەرخستنی ئەو پێغەمبەرە دەگرێتە ئەستۆی خۆی تەنانەت ئەگەر هەموو دنیا بەرەنگاری بێتەوە و هەوڵبدەن بۆ لەناوبردنی. وە هەمیشە لەسەر زەمینی واقیعدا ئەمە ڕوویداوە، هیچ كاتێك خەڵكی دنیا زاڵ نەبوون بەسەر پێغەمبەرێك لە پێغەمبەراندا، لەمەوە ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورە دەستی هەیە لە كردەوەكانی مرۆڤدا و كۆنترۆڵیان دەكات، ئەگینا تۆ بڵێی هۆكاری چیە خەڵكی دنیا هەرگیز زاڵ نەبوون بەسەر پێغەمبەراندا؟ بەم شێوەیە پووچەڵی ئەم بیرباوەڕەیش ساغبوویەوە.
تێكەڵكردنی بابەتی زانستی خوای گەورە و قەدەر
لەڕاستیدا ئەوانەی دەڵێن: قەدەری خوایی واتە ئەوەی لە جیهاندا ڕوودەدات لەلایەن خواوەیە و ئێمە هیچ دەستێكمان نیە تێیدا، بیروباوەڕەكەیان لەسەر پرسی یەكێتی بوون (وحدة الوجود) دادەمەزرێنن، بەڵام ئەوان لە كێشەیەكی تردا پێیان خلیسكاوە كە موسوڵمانان بەهۆیەوە تووشی ئاژاوەیەكی گەورەتر بوون، كێشەكە بریتیە لەوەی ئەوان زانستی خوای گەورە و پرسی قەدەری خواییان تێكەڵ كردووە، لەكاتێكدا ئەم دوانە دوو بابەتی جیاوازن. وە بەڵگەی ڕوون لەسەر ئەمە دوو ناوی جیاوازی خوای گەورەیە كە بریتین لە العلیم و القدیر، بۆیە ئەگەر زانست و قەدەری خوایی دوو ناو بن بۆ یەك شت ئەوا بۆچی خوای گەورە بەم دوو ناوە جیاوازە ناودەنرێت؟ قەدەر پەیوەستە بە ناوی (القدیر)ەوە واتە خاوەنی قودرەت و توانا، وە زانست پەیوەستە بە ناوی (العلیم)ەوە واتە خاوەنی زانست، بەڵام ئەو كەسانە تێنەگەیشتوون لەم جیاوازیە. ئەوان دەڵێن: نەوزاد لەماڵ دەرچوو بۆ دزیكردن. ئایا خوای گەورە نەیدەزانی نەوزاد دەردەچێت بۆ دزیكردن؟ ئەگەر خوای گەورە ئەمەی زانیوە، پاشان نەوزاد دەرنەچێت بۆ دزیكردن ئەوا دەچەسپێت كە زانستی خوا ڕاست و دروست نیە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە نەوزاد ناچاربووە دزیەكە بكات، چونكە ئەگەر دزییەكە نەكات زانستی خوای گەورە پوچەڵ دەبێتەوه. بەم فێڵە زاڵدەبن بەسەر عەقڵی خەڵكیدا و ناچاریان دەكەن دان بەوەدا بنێن كە خوای گەورە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی هەر كار و كردەوەیەك.
لەڕاستیدا ئەو نەفامانە بە شێوەیەكی پێچەوانە حاڵی بوون لە بابەتەكە. ئێمە دەڵێین: ئەو قسەیە دروست نیە كە نەوزاد ناتوانێت دەستهەڵگرێت لە دزییەكە بە بیانووی ئەوەی كە زانستی خوای گەورە پێشی كەوتووە، بەڵكو ڕاستیەكە ئەوەیە كە مادام نەوزاد بەهیچ شێوەیەك خۆی بەدوور ناگرێت لە دزیكردن، بۆیە خوای گەورە دەزانێت كە بەدڵنیاییەوە ئەو دزی دەكات. با نموونەیەك لەسەر ئەمە بهێنینەوە؛ ئەگەر كەسێك بێت بۆ لامان و لەكاتی قسەكردن لەگەڵیدا زانیمان دزی و تاڵانی دەكات لە شوێنێكی دیاریكراودا، ئەوا دوای ئەم زانیاریە ئایا دەكرێت كەسێكی ژیر بڵێت ئەو كەسە ناچارە ئەو كارە بكات چونكە ئێمە ئەوەمان زانیوە، بەمەش ئێمە ناچارمان كردووە ئەو كارە بكات؟ نەخێر، وە ئەوەیش كە خوای گەورە زانایە بەهەمان شێوەیە. ئەو كارەی ئەمڕۆ نەوزاد سوورە لەسەر كردنی بەبێ زۆرلێكردن لەلایەن خوای گەورەوە ئەنجامی دەدات، بەڵام خوای گەورە زانایە، وە هەموو شتێك دەزانێت، وە دەزانێت كە نەوزاد ئەمە و ئەوە دەكات، وە بەو پێیەی نەوزاد سوورە لەسەر دزیەكە بۆیە خوای گەورە دەزانێت كە ئەو كارە دەكات، هەروەك چۆن خوای گەورە دەربارەی كەسێك كە سوورە لەسەر خۆبەدوورگرتن لە دزی دەزانێت كە دووردەكەوێتەوە لێی. بۆیە زانستی خوای گەورە پاڵ نانێت بە هیچ كەسێكەوە بۆ ئەنجامدانی كارێك، بەڵكو ئەم كردەوەیەی ئەو لە زانستی خوای گەورەدایە و خوای گەورە دەیزانێت.
ڕەنگە هەندێ لە برا جووتیارەكان بەباشی تێنەگەیشتبن لەم بابەتە، بۆیە جارێكی تر ڕوونی دەكەمەوە. هەندێ كەس دەڵێن هەموو ئەو كردەوانەی ئێمە ئەنجامیان دەدەین لە بنەڕەتدا خوای گەورە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ ئەنجامدانیان. وە ئەمە دەسەلمێنن لە ڕێگەی ئەم قسەیەیانەوە: بێگومان خوای گەورە دەزانێت كە عەبدوڵڵا لەداهاتوودا ماڵ و سامانێك دەدزێت یان تاڵانی دەكات لە فڵان ڕۆژدا، وە ئەگەر باوەڕ بە مولحیدەكان بكەین، واتە ئەو كەسانەی كە نكوڵی لە بوونی خوای گەورە دەكەن، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەو كارەی عەبدوڵڵا ئەنجامی دەدات بە ڕەزامەندی و بیركردنەوەی خۆی ئەنجامی دەدات. بەڵام بەو پێیەی خوای گەورە بوونی هەیە، وە دەزانێت كە عەبدوڵڵا ئەو كارە دەكات لە فڵان ڕۆژدا، ئەگەر عەبدوڵڵا كارەكە ئەنجام نەدا لەو ڕۆژەدا ئەوا لەم بارەیەوە زانینی خوا هەڵە دەردەچێت، ئەمە مانای وایە خوا ناچاری دەكات كە لەو ڕۆژەدا دزیەكە یان تاڵانیەكە یان زیناكە ئەنجام بدات.
ئێمەیش دەڵێین: هەڵەیە بوترێت: عەبدوڵڵا دەبێت دزی بكات چونكە خوا دەزانێت لە فڵان ڕۆژدا دزی دەكات؛ بەڵكو لەڕاستیدا عەبدوڵڵا خۆی بڕیاری داوە و سوور بووە لەسەر جێبەجێكردنی دزیەكە لەو ڕۆژەدا، بۆیە ئەمە له زانستی خوای گەورەدا هەبووە. دەی ئەگەر سوور بوایە لەسەر نەكردنی دزیەكە، بەڵام لە زانستی خوای گەورەدا هەبوایە كە دزی دەكات، ئەوا ئەمە نەزانین بوو، وە بە هیچ شێوەیەك ئەمە بە زانین ئەژمار نەدەكرا.
كەواتە دز پرۆسەی دزی ئەنجام نادات لەبەرئەوەی ئەمە لە زانستی خوای گەورەدا هەبووە، بەڵكو خوای گەورە ئەمەی زانیوە چونكە دزەكە سوورە لەسەر ئەنجامدانی دزیەكە.
بەكورتی، ئەم فریودانە بەهۆی تێكەڵكردنی زانست و قەدەری خواوە دروستبووە، لەكاتێكدا ئەم دوو سیفەتە دوو سیفەتی جودا و جیاوازن لە یەكتری.
مادام خوا دەزانێت ئێمە خراپە دەكەین بۆچی رێگری ناكات؟
لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت: كاتێك خوای گەورە دەزانێت فڵان كەس لەداهاتوودا كارێكی خراپە ئەنجام دەدات لە كاتێكی دیاریكراودا، بۆچی ڕێگری ئەو كارەی لێ ناكات؟ بۆ نموونە بۆچی خوا ڕێگری دزی ناكات لە فڵان كەس كە دزی دەكات؟ ئەگەر كەسێكی دز و چەتە بێت بۆ لامان و پێمان بڵێت لە ماڵەكەی فڵانكەس دزی و تاڵانی ئەنجام دەدات لە فڵان كاتدا، ئایا تاوانبار نین ئەگەر بێ دەنگ بین؟ دیارە لەڕووی شەرعی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیەوە تاوانبار دەبین، هەروەها لەڕووی یاساكانی ئەو وڵاتەشەوە كە دەژین تێیدا، سەرەڕای ئەوەی ئەگەری هەیە ئێمە بەڕادەیەك سەرقاڵ بین بۆمان نەكرێت ئەو كەسە ئاگادار بكەینەوە كە لە وادەی دیاریكراودا دزیەكەی لێ دەكرێت، یان هەڕەشەی كوشتنمان لەسەر بێت ئەگەر ئەم هەواڵە بدركێنین و بڵاوی بكەینەوە. لەگەڵ ئەوەی ئێمە هەڕەشەی مەترسیمان لەسەر دەبێت ئەگەر ڕێگری بكەین لەم دزە و لە كارەكەی، بەڵام تاوانبار دەبین ئەگەر جوڵە نەكەین بۆ ڕێگری كردنی دزەكە لە دزیەكە، یان ئەگەر هەندێ كەس ئاگادار نەكەینەوە كە دەتوانن ڕێگری ئەو كارەی لێ بكەن، بەڵام خوای گەورە -كە بەهێز و بەتوانایە، وە لە هیچ كەس ناترسێت، وە هیچ كەسێك ناتوانێت زیانی پێ بگەیەنێت- ئەگەر ڕێگری لەم دزە نەكات، وە هەواڵ نەدات بەو ماڵەی كە دزیەكەی لێ دەكرێت هەتا كۆمەڵێك ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ پارێزگاری كردن لە خۆیان، ئەوا زیاتر لە بەندەكان پەنجەی تاوانباربوونی بۆ درێژ دەكرێت. ئایا سەیر نیە مرۆڤ سزا بدرێت لەسەرئەوەی كە خۆی ڕێگری ناكات یان هەواڵ نادات بە كەسێك كە بتوانێت ڕێگری ئەم دزییە بكات سەرەڕای دەستەوسانی و بوونی پاساوەكان، بەڵام ئەگەر خوای گەورە هەمان كار بكات ئەو بە هیچ شێوەیەك تۆمەتبار ناكرێت؟!
ئەم ڕەخنەیە لە كەمی تێڕامانەوە سەرچاوەی گرتووە، چونكە هەڵەیە ئەم نموونەیە بۆ خوای گەورە بهێنرێتەوە، وە هێنانەوەی ئەم نموونەیە ئەنجامی تێنەگەیشتنی خەڵكە لە ئامانجی دروستبوونی مرۆڤ. بەڵام نموونەی دروست كە پیادە دەبێت بەسەر پەیوەندی خوای گەورە بە بەندەكانەوە نموونەی سەرپەشتیار و چاودێرە لە هۆڵی تاقیكردنەوەدا، ئایا ڕەوایە بۆ چاودێر هەركاتێك بینی خوێندكارێك هەڵە دەكات لە وەڵامەكەدا بیوەستێنێت و وەڵامە دروستەكەی پێ بڵێت؟ نەخێر. مرۆڤ لەم جیهانەدا دروستكراوە بۆ ئەوەی تاقیبكرێتەوە و پاداشتی پێ بدرێت كاتی دەرچوونی لە تاقیكردنەوەكەدا، بەڵام ئەگەر لەكاتی هەر هەڵەیەكدا ئاگادار بكرێتەوە ئەوا تاقیكردنەوە هیچ مانایەكی نابێت، دواجار شایستەی هیچ پاداشتێك نابێت. دیارە پەیوەندی خوای گەورە لەگەڵ بەندەكانیدا لەم بوارەدا لە پەیوەندی سەرپەرشتیار یان چاودێر دەچێت لە هۆڵی تاقیكردنەوە لەگەڵ خوێندكارەكاندا كە دەزانێت خوێندكارەكان وەڵامی ڕاست و هەڵەیش دەنووسن. كەواتە پاكی و پیرۆزی خوای گەورە پێچەوانە نیە لەگەڵ ڕێگری نەكردنی لە بەندەكان لە ئەنجامدانی كردەوەی خراپ سەرەڕای ئەوەی زانستی هەیە بەو كردەوانە، بەڵكو تەبا و گونجاوە لەگەڵ ئەو ئامانجەدا كە مرۆڤ لە پێناویدا دروستكراوە.
لەناو سۆفیەكاندا كۆمەڵێك بیروباوەڕی سەیر بڵاو بووەتەوە كە بەهۆی تێنەگەیشتنیان لە جیاوازی نێوان زاست و قەدەری خواییەو دروستبوون. وە هەندێ ڕستەی تایبەتی دەڵێن كە بە نیشانەی چاكێتی و نزیكییان لە خوای گەورە لەقەڵەم دەدرێن، وە هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەو ڕستانەوە زانست و گەورەیی خۆیان بچەسپێنن بەسەر نەزانەكاندا، بەڵام ئەستەمە كەسی ژیر بكەوێتە داویانەوە، لەمبارەیەوە بەسەرهاتێكتان بۆ دەگێڕمەوە، كە لە نوكتە یان تەنز دەچێت.
ئەم بەسەرهاتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1910ز. جارێكیان لە لاهۆر دەگەڕامەوە دوو سێ هاوڕێ لەگەڵمدا هاتن تا وێستگەی شەمەندەفەر بۆ خواحافیزی كردن. كاتێك ویستمان بچینە ناو یەكێك لە فارگۆنەكانی شەمەندەفەرەكەوە بینیمان خەڵكێكی زۆر لەبەردەمیدا قەرەباڵغییان كردووە. “میان موحەممەد شەریف”- كە ئێستا وەك یاریدەدەری یەدەگی پارێزگار كاردەكات لە ئەمریتسەر- پێی گوتم لەم فارگۆنەدا دانەنیشم چونكە یەكێك لەڕابەرە ناسراوەكان و موریدەكانی ئەوی تێدایە، ڕەنگە قسەی خراپت بەرامبەر بكەن (لەو كاتەدا ئەو ڕابەرە لە بەناوبانگترین ڕابەرەكانی ناوچەی پەنجاب بوو). بۆیە گەڕاین بۆ فارگۆنێكی تر بەڵام لە هیچ یەكێكیاندا شوێنێكمان دەستنەكەوت بۆ دانیشتن، ئەوەبوو میان موحەممەد شەریف پێشنیاری سواربوونی كرد لە پلەی سێیەمدا چونكە ئێمە كورسیەكی چۆڵمان دەستنەكەوت لە پلەی دووەمدا، بەڵام دكتۆر خەلیفە ڕەشیدەدین پێداگری كرد لەسەر سواربوون لەو فارگۆنەدا كە ڕابەری ناوبراو و شوێنكەوتووانی تێدابوو بەبێ بوونی هیچ ترسێك لێیان. من پێشتر ئاواتەخوازی ئەمە بووم ئینجا چوومەناو ئەو فارگۆنەو و دانیشتم. كاتێك شەمەندەفەرەكە كەوتەڕێ هەموو موریدەكانی دابەزین و تەنھا هەردووكمان تێیدا ماینەوە. لەو كاتەدا كە شەمەندەفەرەكە لە وێستگەكەدا وەستابوو موریدەكانی پرسیاریان لێكرد كە ئایا دەیەوێت شتێك بخوات، بەڵام ئەو ڕەتی كردەوە و گوتی: هەست بە برسێتی ناكەم، هیچ شتێك ناخۆم پێش ئەوەی بگەمە ئەمریتسەر. كاتێك شەمەندەفەرەكە كەوتەڕێ ڕابەرەكە ئەو پۆشاكە سەوزەی لەبەرخۆی داكەند كە عەمامەكەی و لایەك لە ڕوخساری پێ داپۆشیبوو، پاشان حزمەتكارەكەی بانگكرد كە لە فارگۆنی خزمەتكارەكاندا بوو لەپاڵ ئەم فارگۆنەدا، پرسیاری لێ كرد كە ئایا شتێكی لایە بۆ خواردن. ئەویش وەڵامی دایەوە كه هیچی لا نیە، ئەویش گوتی: بەڵام هەست بە برسێتیەكی زۆر دەكەم. خزمەتكارەكە وەڵامی دایەوە: كەواتە كاتی گەیشتنی شەمەندەفەرەكە بۆ وێستگەی “میان میر” چاییت بۆ دەهێنم. ڕابەرەكە گوتی: كەواتە میوە وشكراوەكانم بۆ بهێنە كە لاتە. ئەویش لە دەسماڵێكی پێچراوەدا كەمێكی هێنا و ڕابەرەكە لەبەردەم خۆیدا داینا، پاشان سەیری منی كرد و پرسیارەی لێ كردم: ناوت چیە؟
گوتم: ناوم مەحموود ئەحمەدە.
گوتی: بۆ كوێ دەڕۆیت؟
گوتم: بۆ قادیان.
گوتی: لە قادیان دادەنیشی یان بۆ كارێك دەچیت بۆ ئەوێ؟
گوتم: یەكێكم لە دانیشتووانی ئەوێ؟
كاتێك گوێی لەم وەڵامە بوو وریابوویەوە و پرسیاری كرد: ئایا تۆ نزیكی لە بەڕێز میرزاوە؟
گوتم: بەڵێ خزمایەتی و نزیكیم هەیە لەگەڵیدا.
گوتی: چ جۆرە پەیوەندیەك دەتبەستێتەوە بە بەرێز میرزاوە؟
گوتم: من كوڕی ئەوم.
ئینجا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی من تامەزۆری چاوپێكەوتنی تۆ بووم. كاتێك ئەم قسانەیم بیست سەرم سوڕما چونكە ئەو دوژمنێكی كۆمەڵەكەمان بوو، وە فەتوای دابوو كە ئەو كەسەی قسەبكات لەگەڵ كەسێكی ئەحمەدیدا تەڵاقی دەكەوێت، بەڵام من بێدەنگ بووم و چاوەڕێم كرد هەتا بزانم ئاراستەی قسەكانی بەرەو كوێ دەڕوات. ڕابەرەكە میوە وشككراوەكەی دەرهێنا و هات لە كورسیەكی بەرامبەرمدا دانیشت، پاشان فەرمووی كردم و گوتی: تۆیش بخۆ. منیش كۆكە و هەڵامەتم بوو بۆیە داوای لێبوردنم كرد چونكە قوڕگم ئازاری دەدام. كابرای ڕابەر گوتی: كەم بخۆ، هیچ شتێكت تووش ناكات، بەڵام من ڕەتم كردەوە و ڕوونم كردەوە كە ئازارەكانم زیاتر دەبن ئەگەر وریا نەبم لەم حاڵەتەدا. ئینجا ڕابەرەكە گوتی: تەنھا ئەوە ڕوودەدات كە خوا دەیەوێت، بێجگە لەوە قسەی بەتاڵە. چاوەڕێ بووم كەمێك دەربارەی زانیاریه تایبەتیەكانی خۆی قسەبكات هەتا شتێك بزانم دەربارەی بارودۆخی ئەو ڕابەرانە، منیش پێم گوت زۆر درەنگ هەواڵی ئەمەت پێدام، ئەگەر لە لاهۆر ئەمەت پێ بوتمایە ئەوا هەردووكمان خۆمان لە زیان بەدوور دەگرت، بەڵام ئێستا پارەمان بەفیڕۆداوە بۆ كڕینی بلیت، دەی ئەگەر قەڵەمی لێدرابێت كە تۆ بگەیتە ئەمریتسەر و منیش بگەمە قادیان ئەوا خوا بەبێ بلیتیش دەیگەیاندین، ئیتر هۆكارێك نەدەبوو بۆ خەرجكردنی بڕێك پارە بۆ كڕینی بلیت. ڕابەرەكە گوتی: دەبێت هۆكاریش بگرینەبەر. منیش پێم گوت: منیش بەڕەچاوكردنی هەمان ئەم هۆكارانە داوای لێبوردنم كرد و شتێكم نەخوارد. گوتی: منیش لە قسەكەمدا مەبەستم ئەمە بوو. هەتا ئێستا تێنەگەیشتم چۆن مەبەستەكەی ئەو هەمان مەبەستەكەی من بوو؟!
لەبارەی كۆمەڵێك بابەتی ترەوە قسەم كرد لەگەڵ ئەم ڕابەرەدا، بەڵام دەربارەی پرسی قەزا و قەدەر تەنھا ئەوەندە قسەمان كرد كە دەریدەخات ڕابەرەكان لەو كاتەدا لەناو ئەم جۆرە بیروباوەڕە هەڵانەدا كوێرانە دەهاتن و دەچوون، بەڵام وەك ڕوونم كردەوە، ئەم بیروباوەڕانە باتڵن، وە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا ناگونجێن.
هەندێ كەس دەڵێن: كاتی خۆتان بەفیڕۆمەدەن لە هەوڵدانی نەزۆك و بێبەرهەمدا چونكە بەدڵنیاییەوە مرۆڤ ئەو شتە دێتەڕێی كە بڕیار دراوه بۆی[1] هەندێ لە خەڵكی بەهۆی ئەم قسانەوە پێیان وایە كە هەوڵ و تێكۆشان لە هەموو كاروبارەكاندا قەدەغەیە. ئەگەر ئەمە مانای قسەكەیان بێت ئەوا پرسیاریان لێ دەكەم: ئایا بەدەستیان پارووە نان ناگرن كاتی نانخواردن بیبەن بۆ دەمیان و بیجوون و قوتی بدەن؟ ئایا ڕاناكشێن بۆ خەوتن؟ یان شە و ڕۆژ دانیشتوون لە یەك دۆخدا؟ دەی ئەگەر خوا پاڵ بە خەڵكیەوە بنێت بۆ هەر كردەوەیەك كە خۆی دەیەوێت ئەوا ئەم قسەیەیان مانای چیە: هەوڵ مەدەن؟ مادام خوای گەورە- بەگوێرەی ئەم بانگەشەیە- پاڵنەری هەموو كەسێكە بۆ هەوڵدان و تێكۆشان، ئیتر بۆچی مرۆڤ قەدەغە دەكرێت لە هەوڵ و كۆشش؟
[1] یەكێك لە برایان گوتی: “خوای گەورە تەنھا وەك چاودێری سەر تاقیكردنەوەكان نیە، بەڵكو ڕەحیم و كەریمیشە”. پێویستە بیر لەوە بكاتەوە كە هەر دوو سیفەتی ڕەحیم و كەریمی خوا لەكاتی پێداچوونەوە و ڕاستكردنەوەی پەڕەی تاقیكردنەوەكاندا دەردەكەون، وە ڕاست نیە كە لەكاتی تاقیكردنەوەدا وەڵامە ڕاستەكه بۆ هەموو پرسیارێك بوترێت بە قوتابیەكە. نووسەر
مانای ڕاستەقینەی قسەی سۆفیەكان
خەڵكی تێنەگەیشتن لە مانای قسەی سۆفیەكان. لەڕاستیدا هەندێ كەس خۆیان سەرقاڵ دەكەن بە كاروبارەكانی دنیاوە بەڕادەیەك دنیا دەبێت بە گەورەترین خەمیان و تێیدا هەموو هەوڵیكیان دەخەنەگەڕ، بۆ نموونە لە شوێنی كارەكەیاندا هەشت نۆ كاتژمێر كار دەكەن و كاتێك دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە بەردەوام سەرقاڵن به كاروباری ژمێریاریەوە، یان ئەگەر یەكێكیان جووتیار بێت ئەوا بەردەوام لە هەموو كات و ساتێكدا بیر لە ئەنجامی كارەكان دەكاتەوە. بێگومان ئەولیاكان قەدەغەكراون لەم بیركردنەوانە و لە هەوڵی نەزۆك و بێبەرهەم، بەڵام قەدەغە نەكراون لە هەوڵ و كۆششی ڕاستەقینە. مرۆڤ پێویستی بە دابینكردنی ڕاخەر هەیه بۆ خۆی لە زستاندا بەڵام ئەگەر كەسێك سی ڕاخەر و دە لێفەی بۆ خۆی ئامادەكرد ئەوا دەڵێین كارێكی هەوانتە دەكات، ئەمە نموونەیەكە لەسەر هەوڵی نەزۆك، چونكە یەك ڕاخەری بەسە، ئەمەیە كە سۆفیەكان دەیڵێن، هەڵبەت ئەوانیش هەوڵی ڕاستەقینە دەدەن.
سەرباری ئەو دوو گرووپەی باسمكردن، گرووپێكی تر هەیە ڕێگەیەكی ناوەندییان گرتووەتەبەر بەڵام ئەویش پێچەوانەی ئیسلامە، بەجۆرێك دەڵێن: قەدەری خوایی و تەگبیریش لە هەموو كردەوەیەكدا ڕۆڵیان هەیە. مانای قسەكەیان ئەوەیە خوای گەورە كۆمەڵێك هێزی چاندووە لە هەموو شتێكدا؛ بۆ نموونە هێزی سووتاندنی خستووەتەناو ئاگرەوە و شكاندنی تینوێتی خستووەتە ناو ئاوەوە. بەهەمان شێوە خوای گەورە قەڵەمی لێداوە كە تەختە لە ئاگردا بسووتێت، وە ئاسن و مس و زێڕ و زیو بتوێنەوە تێیدا، بەڵام داڕشتنەوەیان كاری ئاسنگەر یان زێڕنگەرە، ئەمەیە كە پێی دەوترێت تەگبیر و ڕێگاچارە. دیارە خوای گەورە لە هەموو شتێكدا كۆمەڵێك هێزی داناوە و ئەمە قەدەری خواییە، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ئەو هێزانەی بەكارهێنا ئەوا ئەمە ڕێگاچارە و تەگبیرە، وە ئەم دوو شتە لە هەموو كردەوەیەكدا بوونیان هەیە.
ئەمە ڕاستە، بەڵام بەو پێیەی كە ئەهلی ئەم گرووپە لەم ئاستەدا دەوەستن و بیر و زەینیان لەم خاڵەدا كورت دەكەنەوە بۆیە دەڵێین ڕێبازی ئەوانیش دروست نیە، وە قسەكەیان جیاواز نیە لە قسەی زانایەك لەگەڵ جیاوازی ئەوەی زاناكە كەمێك بابەتەكە بەرەوپێش دەبات بۆ نموونە دەڵێت: هۆكاری توانەوەی زیو چیە؟ وە چۆن دەتوێتەوە؟ بەڵام لە كۆتاییدا دەڵێت هۆكارەكە نازانم، بەڵكو ئەوەی دەیزانم ئەوەیە هەموو ئەمانە بەگوێرەی یاسایەكی نەگۆڕ ڕوودەدەن كە دەوری هەموو شتێكی داوە. بەڵام ئەو گرووپەی كە باسیان لێوە دەكەین لەسەرەتاوە هەموو كاروبارەكانی ئەم جیهانە دەدەنەپاڵ یاسایەك كە پێی دەوترێت قەدەری خوایی.
ناوەڕۆكی توێژینەوەكەم لەم بابەتە ئەوەیە كە ئەم پرسە قورس و گران بووە لەسەریان و تێكەڵ بووە چونكە ناوێكی هەڵەیان پێداوە. وە زۆرجار ناوی هەڵە دەبێتە هۆی فریوخواردن. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك ناوی “صالح” بێت، وە كەسێك بڵێت ساڵح كارێكی خراپەی كرد ئەوا گوێگر ڕادەچڵەكێت لە قسەكەی و سەیردەبێت بەلایەوە چونكە لەلایەكەوە وەسفی دەكات بە ساڵح و چاكەكار، وە لەلایەكی ترەوە تاوان دەداتەپاڵی. بۆیە ئەگەر ناوی كابرای تاوانكار مانایەكی چاكی هەبێت ئەوا قسەكردن دەربارەی دەبێته هۆی خراپ تێگەیشتن؛ بەڵام ئەگەر ناوەكەی مانایەكی نەبێت ئەوا لە هیچ ڕوویەكەوە فریوخواردنەكە دروست نابێت. بۆ نموونە ئەگەر وترا” ڕۆڵدوو” [ناوێكە بەبێ ئەوەی مانایەكی دیاریكراوی هەبێت لە زمانی ئوردوویدا. (وەرگێڕ)] دزی یان تاڵانی ئەنجامدا ئەوا كاتی بیستنی ئەم ڕستەیە هیچ كەسێك سەری سوڕ نامێنێت، وە ئەگەر وترا “ڕۆڵدوو” كەسێكی چاكە و یەكێكە لە خۆشەویستانی خوا ئەوا ئەمەش سەرسوڕمان دروست ناكات. بەڵام ئەگەر گوترا عەبدوڵڵا شەریكی بۆ خوا بڕیارداوە ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەمە سەرسوڕمانێكی زۆر دروست دەكات.
ناوی هەڵە بۆ پرسی قەزا و قەدەر
بێگومان ناوی هەڵە كە كۆمەڵێك مانای دیاریكراوی هەبێت دەكرێت ببێتەهۆی خراپ حاڵیبوون. ئەمە لەگەڵ ئەم كەسانەدا ڕوویداوە. بێگومان وشەی تەقدیر دروستە بەڵام ئەو ناوانەی هەڵیانبژاردوون لە بەرامبەر ئەمەدا تەنھا كۆمەڵێك مانای پێچەوانە دەبەخشن. بۆ نموونە هەندێ كەس كردەوەی مرۆڤ بە تەگبیر ناودەبەن لە بەرامبەر قەدەری خوای گەورەدا، وە هەندێكیان پێی دەڵێن ناچاربوون و سەرپشكبوون لەكاتێكدا ئەمانە كۆمەڵێك ناوی هەڵەن، وە ماناكانی ئەم جۆرە ناوە هەڵانە كاریگەرییان هەبووە لە مانای پرسی قەزا و قەدەریشدا، ئەمەش بووەتە هۆی خراپ تێگەیشتن له هەموو ئەم پرسە.
كەواتە هەڵەی یەكەمیان ئەوەیە ناوێكی هەڵەیان لێ ناوە، نەك ئەمە بەتەنھا، بەڵكو هەموو ناوەكان كە هەردوو بەشەكەی ئەم پرسەیان پێ ناوناوە ئەوانیش هەڵەن، بۆ نموونە:
1) تەقدیر و تەگبیر.
2) ناچاربوون و سەرپشكبوون.
3) توانای كۆن و توانای تازەپەیدابوو.
هەموو ئەم ناوانە گوزارشت ناكەن لە مانای ڕاست و كامڵی ئەم پرسە بەشێوەیەكی گشتی.
وشەی تەگبیر و ڕێگاچارە بەرامبەر وشەی قەدەر هەڵەیە
بۆ نموونە تەقدیر ناونانێكی دروستە، بەڵام هەڵەیە ناونانی كردەوەی مرۆڤ لەبەرامبەریدا بە تەگبیر و ڕێگاچارە، چونكە خوای گەورەیش تەگبیر دەكات و كاروبارەكان بەڕێوەدەبات، ئەوەتا دەفەرموێت: ﴿يُدَبِّرُ ٱلۡأَمۡرَ مِنَ ٱلسَّمَآءِ إِلَى ٱلۡأَرۡضِ ثُمَّ يَعۡرُجُ إِلَيۡهِ فِي يَوۡمٖ كَانَ مِقۡدَارُهُۥٓ أَلۡفَ سَنَةٖ مِّمَّا تَعُدُّونَ﴾ (السجدة: 6). لەم ئایەتەوە ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورەیش تەگبیر دەكات، بەڵام ئەو كەسانە پێیان وایە تەگبیر ئەو شتەیە كە دەستی خوای گەورەی تێدا نیە.
وە هەردوو وشەی ناچاربوون و سەرپشكبوون (الجبر والاختیار) كە زۆرترین بەكارهێنانیان هەیە لەم پرسەدا لە قورئانی پیرۆزەدا نەچەسپاون. چونكە لە قورئانی پیرۆزەوە ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورە” الجبار”ە واتە چاككەرەوە. بەڵام ئەم كەسانە دەڵێن جەبر واتە ناچاركردنی مرۆڤ لەسەر كردنی كارێك، ئەمە بە هیچ شێوەیەك ڕاست نیە. وە لە زمانی عەرەبیدا (جبر العظم) واتە چاككردنەوەی ئێسكی شكاو، وە ئەگەر ئەم وشەیە درایەپاڵ خوای گەورە ماناكەی ئەوەیە: ئەو كەسەی كە خوار و خێچی كاروبارەكانی مرۆڤ چاك و ڕێكوپێك دەكاتەوە، وە مانایەكی تری وشەكە ئەوەیە: ئەو كەسەی لەڕێگەی زەوتكردنی مافی كەسانی ترەوە هێز و دەسەڵاتی خۆی دادەمەزرێنێت، بەڵام ئەم مانایە تەنھا لەكاتێكدا ڕاستە كە وشەكە بۆ خەڵكی بەكاربهێنرێت، بەڵام بەكارهێنانی وشەكە بەم مانایە سەبارەت بە خوای گەورە شیاو نیە چونكە خوا خاوەنی هەموو شتێكه، بۆیە ڕاست نیە بوترێت لەڕێگەی زەوتكردنی مافی كەسانی ترەوە دەسەڵاتی خۆی دەچەسپێنێت.
سەرەڕای ئەمە واژەی تەگبیر تیشكێكی تەواو ناخاتەسەر ئەو مانایانەی كە دەمەوێت ئاماژەیان پێ بكەم. چونكە مانای التدبیر لە زمانی عەرەبیدا بریتیە لە پێشخستنی شت یان دواخستنی، مەبەست پێی ڕیزبەندی و ڕێكخستنی شتە، وە ئەم مانایە تیشكێك ناخاتەسەر ئەم پرسە.
بەڵام هەڵبژاردن (الاختیار) واتای وەرگرتنی شتێكە پاش سەرسامبوون پێی. دەی ئەگەر خوای گەورە ئەم بژاردەیەی بەخشیوە بە مرۆڤ بەوەی ئەو شتە هەڵگرێت كە پێ سەرسامە و هەر كارێك بكات كە بەلایەوە دروستە؛ ئەوا بۆچی سزای دەدات لەسەر هەندێ لە كردەوەكانی. كەواتە ساغبوویەوە كە ئەم وشەیەیش هەڵەیە.
وشە چەسپاوەكان لە قورئانی پیرۆزدا بریتین لە: (القدر، التقدیر، القضاء، التدبیر الإلهي). وە لەبەرامبەر ئەم وشانەدا خوای گەورە بۆ مرۆڤ هەردوو وشەی “كسب” و “اكتساب”ی داناوە. كەواتە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز ئەم پرسە: “التقدیر الإلهي” پێی دەوترێت: الاكتساب یان القدر الإلهي، وە الكسب یان القضاء الإلهي. بەڕەچاوكردنی ئەم ناوانە ئێستا ئەم بابەتە شەرح دەكەم.
بزانن قورئانی پیرۆز هەردوو وشەی الكسب و الاكتساب ی بەكارهێناوە بۆ مرۆڤ لەبەرامبەر قەدەری خواییدا. وە ئەم جۆرە وشانە بۆ مرۆڤ بەكاردێن و ناكرێت و ناگونجێت بۆ خوای گەورە بەكاربهێنرێن، ئەمەش چونكە مانای الكسب بریتیە لە ویستن و داواكردنی شتێك و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی. بەڵام خوای گەورە داوای هیچ شتێك ناكات یان هەوڵبدات بۆ بەدەستهێنانی، بەڵكو هەموو شتێك گوێڕایەڵە بۆی، ئامادە و چاوەڕێی ئاماژەی خوای گەورەیە بۆ جێبەجێكردنی ڕەزامەندیەكەی. هەروەها خوای گەورە پاك و بێگەردە لە هەوڵدان و ماندووبوون، بەڵكو دەفەرموێت ببە جا ئەو شتە دەبێت، بۆیە ناكرێت وشەی الكسب بەكاربهێنرێت دەرحەق بە خوا، وە ناكرێت وشەیەكی تر مانای ئەم جیاوازیە بگەیەنێت كە ئەم وشەیە دەیگەیەنێت.
پاش ڕوونكردنەوەی حەقیقەتی ئەم وشانە بەكورتی تاوتوێی ئەم پرسیارە دەكەم: لە قورئانی پیرۆزدا چ شتێك چەسپاوە دەربارەی چۆنێتی مامەڵەی خوای گەورە لەگەڵ بەندەكانیدا؟ ئایا هەموو كردەوەیەكی مرۆڤ بەگوێرەی فەرمانی خوای گەورە بۆ مرۆڤەكە ئەنجام دەدرێت؟ واتە ئایا خوای گەورە ئەو كەسەیە كە خەڵكی وەها لێدەكات ببەخشن و كردەوەی خێر ئەنجام بدەن، وە خۆیان بڕازێننەوە بە ڕەوشتە جوانەكان و هاوخەمی و دڵسۆزی، یان دزی و تاڵانی بكەن و فێڵ و گزی ئەنجام بدەن، یاخود خوا (عز وجل) ئەم كارەی بەجێهێشتووە بۆ بەندەكان تاوەكو چییان بوێت بیكەن، دواتر پاداشت وەربگرن لەسەر ئەو كردەوانەی كە كردوویانە؟
بێگومان هەردوو شتەكە لە قورئانی پیرۆزەوە چەسپاون.
باوەڕبوون بە قەدەر تەنھا بە زمان بەس نیە
پێش تاوتوێكردنی ئەم بابەتە بە پێویستی دەزانم پێتان ڕابگەیەنم كە موسوڵمانان زۆر بەخراپی پێیان هەڵخلیسكا لەم بابەتەدا؛ وە پێیان وابوو ئەوەندە بەسە بەزارەكی باوەڕبهێنرێت بە قەدەر، لەكاتێكدا زۆر پێویست بوو كە لێی تێبگەن و كەسانی تریشی لێ تێبگەیەنن، چونكە خوای گەورە كردوویەتی بە مەرجێكی ئیمان، كەواتە مادام مەرجێكە لە مەرجەكانی باوەڕ ئەوا دەبێت سوودی هەبێت بۆمان، ئەگینا باوەڕبوون پێی بە شتێكی پێویست لەقەڵەم نەدەدرا. بۆ نموونە فەرمانمان پێ كراوە كە باوەڕبهێنین بە خوای گەورە، سوودەكەی ئەوەیە كە لە ڕێگەی باوەڕهێنان بەخوا مرۆڤ ئەو كەسە دەناسێت كە چاكەكارە بەرامبەری، وە دەتوانێت ئەو پەیوەندیە لەگەڵیدا دروست بكات كە دەبێتە هۆی بڵندبوونەوەی مرۆڤەكە و بە ئامانجی دروستبوونەكەی ئەژماردەكرێت. هەروەك سوودێكی تری هەیە كە بریتیە لەوەی مرۆڤ بەهۆی ئەم زانیاری و باوەڕەیەوە وای دەبینێت بەرپرسە لە كردەوەكانی لەبەرامبەر خوای گەورەدا.
هەروەها فەرمانمان پێكراوە باوەڕبهێنین بە پێغەمبەران، سوودەكەی ئەوەیە مرۆڤ بەهۆی ئەوانەوە ئەو ڕێگەیە دەزانێت كە بەرەو خوای گەورە دەچێت.
وە فەرمانمان پێكراوە باوەڕبهێنین بە فریشتەكان، سوودەكەی ئەوەیە مرۆڤ لەڕێگەی هاندانی فریشتەكانەوە دڵنیادەبێت لە كاری چاكە و هەوڵدەدات ئەنجامی بدات، وە بە دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵیاندا هاوەڵێك بۆ خۆی پەیدا دەكات كە یارمەتیدەر و هاوكاری بێت لە ڕۆشتنی بەسەر ڕێگای ڕاستدا.
هەروەها فەرمانمان پێكراوە باوەڕبهێنین بە كتێبەكانی خوای گەورە، سوودەكەی ئەوەیە مرۆڤ فێری ئەوە دەبێت كە ڕەزامەندی خوای گەوره لە چیدایە و ئەو حوكمانە دەزانێت كە كاركردن پێیان دەستەبەری ڕزگاربوونی دەكات لە گومڕابوون.
هەروەها باوەڕبوون بە زیندووبوونەوەی دوای مردن سوودێكی هەیە، بەجۆرێك مرۆڤ پەی بەوە دەبات كە ژیانی بێمانا نیە، بەڵكو بەردەوامە و بەمەش هەوڵی بۆ دەدات. كەواتە هەموو ئەو شتانەی كە باوەڕهێنان پێیان كراوە بە شتێكی پێویست هەریەكەیان سوودی خۆی هەیە، بەڵام موسوڵمانان بیریان نەكردەوە لەوەی كە باوەڕبوون بە قەدەر چ سوودێكی هەیە، بەڵكو كوتەكیان گرت بەدەستەوە و هەڕەشەیان كرد و گوتیان: دەبێت باوەڕبهێنن بە قەدەر! ئەو كەسانەیش كە بێباوەڕن دەتوانن بڵێن: چی بكەین، ئەم بێباوەڕیە قەدەری ئێمە بوو!
كەواتە لەجیاتی ئەوەی موسوڵمانان بیربكەنەوە لە سوودی باوەڕهێنان بە قەدەر كەچی ڕوویانكردە كۆمەڵێك شتی بێمانا و پڕوپووچ.
پێویست بوو بگەڕێن بۆ ئەو سوودانەی كە لە باوەڕبوون بەم پرسەدا هەن، بۆیە ئەگەر ئەم ڕێگەیەیان بگرتایە بەر ئەوا لەخۆوە لاوازی و بێبایەخی ئەو پێناسەیەیان بۆ دەردەكەوت كە كردوویانە بۆ قەدەر، وە بێمانایی قسەكانی خۆیانیان بۆ ئاشكرا دەبوو لەم بابەتەدا، لە كاتێكدا باوەڕھێنان بە پرسی قەدەر ناكرێت شتێكی زیادە و بێمانا بێت، بەڵكو پەیوەندیەكی پتەوی هەیە بەلایەنی ڕۆحییەوە، وە مرۆڤ سوودێكی زۆری لێ وەردەگرێت، چونكه هیچ بابەتێك ناچێتە چوارچێوەی بابەتە ئیمانیەكانەوە ئەو بابەتانە نەبێت كە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ لایەنی ڕۆحی مرۆڤدا، وە دەبنە هۆی بڵندبوونەوەی لایەنی ڕۆحی.
كەواتە پێویستی باوەڕبوون بە قەدەر واتای ئەوەیە كە ئەم پرسە پەیوەندی هەیە لەگەڵ لایەنی ڕۆحیدا و ڕۆح سوودێكی زۆری لێ وەردەگرێت. كەواتە دوای جێگیربوونی ئەم خاڵە پێویستە بایەخ بدرێت بە گەڕان بۆ ئەو سوودانەی كە مرۆڤ دەستی دەكەون بەهۆی باوەڕبوون پێیەوە، چونكە خەڵكی ناتوانن سوود وەربگرن لەم شتە بەسوودانە ئەگەر نەیانزانن و شارەزا نەبن لێیان؟ بەڵام بەداخەوە فەیلەسووفەكان تەمەنی خۆیان بەفیڕۆدا لە باسەكانی قەدەر و جەبر و بۆ ماوەی چاوتروكانێك ئاوەڕیان نەدایەوە لەم خاڵە، ئەنجامەكەش ئەوە بوو كە بەردەوام شەڕەشۆقیان دەكرد لەگەڵ یەكتردا بەبێ ئەوەی سوود وەربگرن لەو سوودانەی كە تێیدایەتی. بۆیە ئەگەر بیریان لێ بكردایەتەوە و بەگوێرەی ئەوە كاریان بكردایە ئەوا ئەوانیش سوودیان لێ وەردەگرت. وە ئەو كەسانەی دڵنیابوون -بە پێچەوانەی ئەو فەیلەسوفانەوە- پرسی قەدەر زۆر پێویستە بۆ بڵندبوونەوەمان لە ڕووی ڕۆحیەوە، پاشان بیریان لێ كردەوە و هەستیان كرد بەو زیانانەی كە لە باوەڕنەبوون پێیەوە پەیدا دەبن، وه ئەو سوود و قازانجانەیان زانی كە بەهۆی باوەڕهێنان پێیەوە دەستدەكەون، ئەوەبوو بەباشی سوودیان وەرگرت لەم زانیاریە، بەمەش بڵندبوونەوەیەكی هەسپێكراویان بەدەستهێنا بەڕادەیەك گەیشتن بە خوا، بەڵام كەسانی تر ڕۆچوون لە مشتومڕە نەزۆكەكاندا سەبارەت بەوەی كە ئایا خۆیانن هەڵدەستن بەو كردەوانەی كە ئەنجامیان دەدەن یان كردەوەی خوای گەورەن.
بەهەرحاڵ هەموو ئەوانەی كە ڕۆچوون لەم پرسەدا له كۆمەڵێك توێژینەوەی بێبایەخدا هەڵەی زۆریان كرد تەنانەت بوون بە سەلمێنەری ڕاستی فەرموودەیەكی پێغەمبەر (ﷺ) كە فەرموویەتی: یمسخ قوم من أمتي في أهل القدر. (الترمذي، أبواب القدر).
ئایا خوای گەورە هەموو شتێك بە مرۆڤ دەكات؟
پێویست بوو موسوڵمانان ئەو سوودە شاراوانە بزانن كە لەم پرسەدا هەن، بەڵام ئاوڕیان لەم خاڵە نەدایەوە، بەڵكو بەشێوازێك باوەڕیانهێنا بەم پرسە كە زیانیان لێ كرد لەجیاتی ئەوەی قازانجی لێ بكەن، كەواتە بەدڵنیاییەوە هەر كەسێك وەكو ئەوان باوەڕبھێنێت بەم پرسە زیان دەكات. بۆ نموونە كۆمەڵێكیان دەڵێن: مرۆڤ كارێك ناكات مەگەر خوای گەورە پێی دەكات. گریمان بابەتەكە بەم جۆرەیە، ئێمە لێیان دەپرسین: ئایا سەیر نیە خوای گەورە لە لایەكەوە مرۆڤ ناچاردەكات لەسەر ئەنجامدانی خراپترین كردەوە، وە لەلایەكی ترەوە لە قورئانی پیرۆزدا سەرزەنشت و سەركۆنەی دەكات لەسەر ئەنجامدانیان؟ زۆر سەیرە خوای گەورە مرۆڤ ناچاربكات لەسەر زیناكردن، جا ئەگەر ئەنجامیدا، پێی بڵێت: بۆچی ئەو كارەت كرد؟ خوا دەیخاتە دڵی ئەبوجەهلەوە كە موحەممەد (ﷺ) درۆزنە، وە فەرمانی پێ دەكات دژایەتی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) بكات، پاشان هەر خۆی سەرزەنشتی دەكات و دەفەرموێت: چی لێ بەسەرهاتووە؟ بۆچی شێت بووە؟
دەڵێین: ئەو بیركردنەوەیە ستەمێكی گەورەیە، بەڵكو بۆنی كەم عەقڵی لێ دێت كە گوایە خوای گەورە سەرەتا مرۆڤ ناچار دەكات لەسەر كردەوەی خراپ پاشان سەرزەنشتی دەكات لەسەر ئەنجامدانەكەی. ئێستا تێبینی بكەن مرۆڤ چەندە زیان دەكات ئەگەر بەمجۆرە باوەڕبهێنێت بە خوا؟ بەڵكو لەڕاستیدا ناكرێت ئیمانی بۆ یەك خولەك سەلامەت بێت لەگەڵ ئەم جۆرە باوەڕەدا. ئەمەیە بارودۆخی ئەهلی قەدەر.
بەڵام ئەهلی تەگبیر، ئەگەر بیربكەنەوە لەو فێركاریەی پێشكەشی دەكەن ئەوا بۆیان دەردەكەوێت كە ئەوان بەمە شمشێرێكیان هەڵكیشاوە بۆ بڕینی پەیوەندیەكانی نێوان مرۆڤ و خوای گەوره، ئەمەش چونكە پەیوەندیەكان بەهێزدەبن و گەشە دەكەن بەهۆی خۆشەویستیەوە، بەڵام فێركاریەكەی ئەوان هەموو ڕایەڵەكانی خۆشەویستی دەقرتێنێت لە نێوان خوای گەورە و مرۆڤدا. بەم بۆنەوە ڕووداوێكم بیرهاتەوە كە بۆمان شەرح دەكات چۆن پەیوەندیەكان دەبنەهۆی دروستبوونی خۆشەویستی.
لەكاتێكدا مەسیحی بەڵێندراو (u) ڕۆژنامەی “أخبار عام”ی دەخوێندەوە بانگی كردم: مەحموود! مەحموود! مەحموود! كاتێك هاتم بۆ لای فەرمووی: فڵان كەس لە كەلكوتا مرد. منیش بەسەرسوڕمانەوە پێم گوت: ئەمە چ گرنگیەكی هەیە بۆ من؟ ئەویش فەرمووی: ئەمە ئەنجامی نەبوونی پەیوەندی تۆیە لەگەڵ ئەودا. ماڵەكەی پڕ بووە لە شیوەن و گریان كەچی تۆ دەڵێیت: ئەمە كەی بۆمن گرنگە؟
كەواتە پەیوەندی خۆشەویستی بەرهەم دەهێنێت بەڵام فێركاری ئەهلی تەگبیر پێچەوانەی ئەمەیە چونكە ئەوان دەڵێن خوای گەورە شتەكانی دروستكردووە و مرۆڤیشی دروستكردووە پاشان وازی لێھێناوە چی دەوێت بیكات. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت ئەوا چۆن دەگونجێت پەیوەندی دروست بێت لەنێوان خوای گەورە و بەندەكەیدا؟ گومانی تێدا نیە ئەوەی خوای گەورە دروستی كردووە سوود و زیانیشی تێدایە، بۆ نموونە خوا ئاگری دروست كردووە كۆمەڵێك سوودی هەیە و كۆمەڵێك زیانیشی هەیە، ئەگەر ئاگر چێشتی پێ لێ دەنرێت ئەوا ماڵ و كەلوپەلی ماڵیش دەسووتێنێت كە نرخەكەی سەدان هەزار ڕوپیەیە و دەیكاتە خۆڵەمێش.
هەڵبەت خەڵكی ناچاردەكەن باوەڕبهێنێت بە پرسی قەدەر بەشێوەیەك ببێتە هۆی تۆمەتباركردنی خوای گەورەی بەدیهێنەری هەموو عەقڵەكان بەوەی كۆمەڵێك كردەوە ئەنجام دەدات كە پێچەوانەی عەقڵن -پەنا بە خوا- هەروەك دەبێتە هۆی پچڕانی پەیوەندی خۆشەویستی مرۆڤ لەگەڵ خوای گەورەدا، چونكە بۆ نموونە ئەوە دێت بە مێشكی مرۆڤدا ئەگەر ئاگر -كە خوای گەورە دروستی كردووە- سوود بگەیەنێت ئەوا زیانیش دەگەیەنێت، دەی چ منەت و چاكەیەك هەیە بۆ خوا لە دروستكردنیدا؟ ئەستەمە كاتی دروستبوونی ئەم جۆرە وەسوەسانە پەیوەندی خۆشەویستی دروست بكرێت لەگەڵ خوای گەورەدا، بەڵكو وەكو پەیوەندی خەڵكی ئەم ناوچەیە دەبێت لەگەڵ دانیشتووانی ئەمریكادا، بگرە لەوەش كەمتر، بەجۆرێك ئەمان دەتوانن كەلوپەل هاوردە بكەن لە ئەمریكاوە بەڵام خوای گەورە هیچ خێرێكی لێ چاوەڕوان ناكرێت. دیارە ئەم جۆرە بیروباوەڕانە ئەوپەڕی زیان دەگەیەنن بە لایەنی ڕۆحی مرۆڤ.
بابەتە ئەزموونیەكان سەبارەت بە پرسی قەدەر
ئێستا ئەو شتە باسدەكەم كە لە قورئانی پیرۆزدا چەسپاوە دەربارەی حەقیقەتی ئەم پرسە.
سەرەتا بابەتەكە شەرح دەكەم پاشان سوودەكانی باس دەكەم. بەڵام لێرەدا شایانی باسە زانا مەزنەكانیش نەیانتوانیوە هەندێ لایەنی پرسی قەدەر باس بكەن، وە هەوڵیان نەداوە ڕوونی بكەنەوە، ئەمەش چونكە كۆمەڵێك خاڵی ورد هەیە كە پێیان دەوترێت بابەتە ئەزموونیەكان. وە مەبەستم لە بابەتە ئەزموونیەكان ئەو بابەتانە نیە كە هیچ بەڵگەیەك نیە لەسەریان و حەقیقەتیان نیە لە ئەرزی واقیعدا وەك خەڵكی گشتی دەیانزانن و لێیان تێگەیشتوون، بەڵكو مەبەستم لێیان ئەو بابەتانەیە كە ناكرێت مرۆڤ وەك پێویست بیانزانێت ئەگەر تامەكەیان نەچێژێت و ئەزموونیان نەكات. زاناكانی پێش من نەیاتوانیوە باسی ئەم بابەتانە بكەن هەروەك منیش ناتوانم باسیان بكەم.
پێش ئەوەی بەدورودرێژی باسی پرسی قەدەر بكەم دەمەوێت ڕایبگەیەنم كە قەدەر هەمەجۆرە، ئێستا چوار جۆریان باس دەكەم، وە بەو پێیەی پەیوەستن بە خەڵكی گشتیەوە بۆیە تێگەیشتن لێی و تێگەیاندنیشی ئاسانە بۆ هەموو كەسێك.
یەكێكیان ناودەنێم قەدەری گشتی سروشتی، واتە ئەو قەدەرەی كە لەلایەن خوای گەورەوە كارایە لە مامەڵە دنیاییە گشتیەكاندا، ئاگر بەوە جیادەكرێتەوە كە سووتێنەرە، وە ئاو تینوێتی دەشكێنێت، وە تەختە توانای سووتانی هەیە، وە ئەگەر بە شێوەیەكی دیاریكراو دەزوو بەكارهێنرا ئەوا قوماشی لێ دروست دەبێت، وە ئەگەر نان چووە ناو سكی مرۆڤەوە ئەوا تێری دەكات، هەموو ئەمانە قەدەرێكن لەلایەن خواوە بەگەڕكەوتووە و هیچ ڕۆڵی مرۆڤی تێدا نیە، وە قەدەرێكی گشتییە و پەیوەستە بە كاروبارە سروشتیەكانەوە، واتە پەیوەستە بە جەستەوە و هیچ پەیوەندیەكی بە ڕۆحەوه نیە. بەدەربڕینێكی تر سیفەتی سووتاندن لە ئاگردا، وە دارمێو ترێ دەگرێ، وە دارخورما خورما دەگرێت، وە دەكرێت هەندێ درەخت موتوربە بكرێت لە هەندێكی تر، وە لەدایكبوونی مناڵ لە ماوەی نۆ مانگدا یان لە ماوەیەكی دیاریكراودا، هەموو ئەمانە كۆمەڵێك یاسای ڕەوانن بەشێوەیەكی گشتی و دەتوانین ناوی لێ بنێین قەدەری گشتی سروشتی.
جۆری دووەم بریتیە لە قەدەری تایبەتی سروشتی. وەك پێشتر گوتم قەدەرێكی گشتی هەیە كە بریتیە لە كۆمەڵێك یاسای دیاریكراو وەك سیفەتی سووتاندن لە ئاگردا، وە هەستكردن بە گەرما لەبەر خۆردا، وە پێگەیشتنی میوە بەهۆی گەرمایی خۆرەوە، شتێك چارەسەری نەخۆشی دەكات و شتێك دەبێتە هۆی نەخۆشی، ئەمە قەدەری گشتی سروشتیە، بەڵام قەدەرێكی تایبەتی سروشتیش هەیە واتە هەندێ جار كۆمەڵێك فەرمانی تایبەتی دادەبەزێت لەلایەن خوای گەورەوە، بۆ نموونە فڵان كەس ماڵ و سامانێكی پێ خەڵات بكرێت، یان شتێك بسووتێت، یان كەسێك لەناوبچێت، یان كەسێك كوڕێكی ببێت تەنانەت ئەگەر ژنەكەشی نەزۆك بێت، ئەمانە كۆمەڵێك فەرمانی تایبەتین و ملكەچ نابن بۆ یاسایەكی سروشتی گشتی؛ واتە ملكەچ نابن بۆ یاسای سروشتی گشتی بەڵكو ئەنجامەكانیان بەشێوەك دەردەكەون كە دەركەوتوون بۆ كەسێكی تایبەت بەگوێرەی كۆمەڵێك فەرمانی تایبەتی خوا.
جۆری سێیەم بریتیە لە قەدەری گشتی شەرعی، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بەشێوازێك نوێژ بكات ئەوا ئەنجامەكەی دیاریكراوە، وە ئەگەر بەشێوازێكی تر نوێژ بكات ئەنجامەكەی جیاواز دەبێت لەوەی یەكەم، وە ئەگەر بەڕۆژوو بوو ئەوا گۆڕانكاریەكی ڕۆحی تایبەت تێیدا ڕوودەدات.
جۆری چوارەم بریتیە لە قەدەری تایبەتی شەرعی، واتە خوای گەوره بەفەزڵی تایبەتی خۆی نیعمەت و بەهرەیەكی تایبەتی دەبەخشێت بە كەسێك، وەك ئەوەی كەلامی خوا دابەزێنێتە سەری، خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿ٱلرَّحۡمَٰنُ % عَلَّمَ ٱلۡقُرۡءَانَ﴾ (الرحمن: 2-3).
ئەمە چوارجۆرەكەی قەدەرە، وه ناوی جیاوازم لێ ناون بۆ ئەوەی لە میشكدا بچەسپێن كە بریتین لەمانە:
1) قەدەری گشتی سروشتی.
2) قەدەری تایبەتی سروشتی.
3) قەدەری گشتی شەرعی.
4) قەدەری تایبەتی شەرعی.
شایانی باسە قەدەری گشتی سروشتی بەهۆی پەیوەندیە ماددیەكانەوە دەردەكەوێت، بەڵام هەموو جۆرەكانی تری قەدەر-چ قەدەری تایبەتی سروشتی بێت یان قەدەری گشتی شەرعی یان قەدەری تایبەتی شەرعی- لە ڕێگەی پەیوەندیە ڕۆحیەكانەوە دەردەكەون، واتە هۆكارە دنیاییەكان پەیوەندییان نیە بە دەركەوتنی ئەم سێ قەدەرەی كۆتاییەوە، بەڵكو هۆكاری دەركەوتنیان بریتیە لە پەیوەندیە ڕۆحیەكان لەنێوان خوای گەورە و مرۆڤدا. ئەم سێ جۆرە قەدەرە دەردەكەون یان بۆ بڵندبوونەوەی باوەڕداران یان بۆ زەلیلبوونی كافرەكان، یان دەردەكەون بۆ ڕژاندنی ڕەحمەت بەسەر هەموو خەڵكیدا.
لەپاڵ ئەم جۆرانەی قەدەردا كە باسم كردن جۆرێكی تر نیە مرۆڤ ناچار بكات لەسەر دزیكردن یان تاڵانی یان زینا، وە ئەوانەی دەڵێن خوای گەورە خەڵكی ناچاردەكات بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانانە درۆدەكەن و خوای گەورە تۆمەتبار دەكەن.
پاش زانینی جۆرەكانی قەدەر پێویستە ئەو هۆكارانە بزانرێت كە دەبنە هۆی دەركەوتنی قەدەری تایبەتی، چونكە خەڵكی بەهۆی ئەوەی زانیارییان نیە دەربارەی ئەم جۆرە قەدەرە بۆیە دەڵێن خوای گەورە ناچارمان دەكات لەسەر هەموو ئەو شتانەی كە ئەنجامیان دەدەین، ئەم كەسانە نازانن كە خوای گەورە پێویستی بەوە نیە خەڵكی ناچار بكات لەسەر كردنی كارێك، بەڵكو كۆمەڵێك مەرجی تایبەت هەیە بۆ دەركەوتنی قەدەری تایبەتی خوا. دیارە ئەم فریوخواردنە لە خۆپەسەندیەوە دروست بووە چونكە ئەو كەسانە خۆیان بە شتێك دەزانن چونكە خوای گەورە بەهۆی ئەوانەوە هەندێ لە كارەكانی خۆی جێبەجێ دەكات. بەڵام لەڕاستیدا فەرمانە تایبەتەكان تایبەتن بە كەسانی تایبەتەوە چ ئەو كەسانە چاكەكار بن یان خراپەكار.
پاش ئەوەی بە كورتی باسی جۆرەكانی قەدەرم كرد ئێستا هەندێ بەدرێژی تاوتوێیان دەكەم.
بەو پێیەی كە قەدەری تایبەتی شوێنكەوتەی ڕێساكانی قەدەری گشتیە لەبەر ئەوە پێویست ناكات درێژه بدرێت بە قەدەری گشتی، تەنھا درێژە دەدەم بە قەدەری تایبەتی.
قەدەری تایبەتی دوو جۆرە؛ یەكێكیان ئەو حوكمانەیە كە بە گوێرەی ڕێسا جێگیرە بنچینەییەكان لەلایەن خواوە دەخرێنەگەر. بۆ نموونە ڕێسا و بنەمایەك هەیە كە بریتیە لەوەی خوای گەورە بڕیاری لێداوە پێغەمبەران و كۆمەڵەكانیان هەمیشە سەركەوتوو دەبن، وەك دەفەرموێت: ﴿كَتَبَ ٱللَّهُ لَأَغۡلِبَنَّ أَنَا۠ وَرُسُلِيٓۚ﴾ (المجادلة: 22).
وە دەفەرموێت: ﴿وَكَانَ حَقًّا عَلَيۡنَا نَصۡرُ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ﴾ (الروم: 48).
ئێستا چەسپا كە پێغەمبەران و كۆمەڵەكانیان سەردەكەون بەسەر دوژمناندا، وە ناكرێت ئەم فەرمانە لە چوارچێوەی قەدەری گشتی شەرعیدا جێگای بكەینەوە چونكە فەرمانێكی تایبەتە و بەگوێرەی بنەمایەكی تایبەت دەردەچێت سەرەڕای هەلومەرجە سروشتیە ناهەموارەكان لەزۆربەی كاتەكاندا.
دووەمیان ئەو قەدەرە تایبەتەیە كە لە هەلومەرجێكی تایبەت و بۆ كەسانێكی تایبەت دەكەوێتەگەڕ، وە شوێن هیچ ڕێسایەكی بنچینەیی دیاریكراو ناكەوێت، بۆ نموونە بەڵێنی ئازادكردنی مەككە درا بە پێغەمبەر (ﷺ). گومانی تێدا نیە بەشێوەیەكی گشتی بڕیاردرابوو پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) سەربكەوێت بەسەر دوژمنەكاندا، بەڵام سوننەتی خوای گەورە وەها نەبووە كە پێغەمبەران بكات بە فەرمانڕەوا لەو وڵاتانەدا كە تێیدا لەدایك بوون، بەڵام ئەم فەرمانە تایبەتەی دەركرا بۆ پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەوەی كە سەرەتا لە مەككە كۆچ بكات، پاشان ئازادی بكات و ببێت بە فەرمانڕەوا تێیدا. ئەم فەرمانە تایبەت بوو بە پێغەمبەری ئازیز (ﷺ)، وە كاتی دەرچوونی ئەم فەرمانە هەموو جیهان نەیاندەتوانی ڕێگری بكەن لەوەی كە ببێت بە فەرمانڕەوا لە مەككەدا. هەندێ كەسی نەزان دەڵێن خوای گەورە بەزۆر وا دەكات دزیكردن ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێمە دەڵێین ڕەنگە خەڵكی بتوانن ڕێگری لە ڕوودانی دزی بكەن، بەڵام ئەوەی خوا دەیەوێت بكرێت هیچ كەسێك ناتوانێت ڕێگری لێ بكات. خوای گەورە لە مەككەدا وەحی كرد بۆ پێغەمبەری خوا و فەرمووی: ﴿إِنَّ ٱلَّذِي فَرَضَ عَلَيۡكَ ٱلۡقُرۡءَانَ لَرَآدُّكَ إِلَىٰ مَعَادٖۚ﴾ (القصص: 86) واتە: “بێگومان ئهو (خوایهی) که قورئانی بۆ تۆ ناردووه (پێویست کردووه) دهتگێڕێتهوه بۆ مهککه”، ئەم وەحیە دوو پێشبینی (هەواڵی غەیبی) تێدایە؛ یەكەمیان: پێغەمبەر (ﷺ) ناچاردەبێت لە مەككە دەربچێت و بەجێی بھێڵێت. دووەمیان: دەبێت بگەڕێتەوە بۆ مەككە.
وە لەسەر زەمینەی واقیع ئەمە ڕوویدا و هیچ كەسێك نەیتوانی ڕێگری لێ بكات.
بەهەمان شێوە قەدەرێكی تایبەتی بۆ مووسا (u) دەركەوت ئەویش ئەوەبوو كە هەموو مناڵێكی نێرینەی دوژمنەكانی دەمرن. ئێستا بەگشتی پێغەمبەران سەركەوتوو دەبن، ئەمە قەدەرێكی تایبەتە، بەڵام ئەو پێغەمبەرە چۆن سەردەكەوێت؟ ئەمە هیچ ڕێسا و بنەمایەكی دیاریكراوی نیە و بریتیە لە جۆری دووەمی قەدەری تایبەتی.
هەروەها خوای گەورە بەڵێنی دا بە مەسیحی بەڵێندراو (u) كە شارۆچكەی قادیان گەشە دەكات و پێشدەكەوێت، وە بەڕێزی (u) نووسیویەتی كە ناوچەی نیشتەجێبوون بۆ 16 كیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، وە ئێوە دەزانن ئەم شوێنە كە ئەمڕۆ ئەم وتارەی تێدا دەدرێت یەك میل دوورترە لەو شوێنەی كه پێشتر تایبەت كرابوو بۆ ئەم جۆر وتارانە. كەواتە سەركەوتنی پێغەمبەران بەشێوەیەكی گشتی پەیوەستە بە قەدەرێكی تایبەتەوە و بەگوێرەی هەندێ ڕێسای دیاریكراو ڕوودەدات، بەڵام شێوازی سەركەوتنیان پەیوەستە بە قەدەرێكی تایبەتەوە كە بەگوێرەی ڕێسایەكی دیاریكراو ڕوونادات بەڵكو پەیوەستە بەهەلومەرج و بارودۆخەكانی هەر سەردەمێكەوە. بۆ نموونە خوای گەورە بڕیاری دا ئەو شارۆچكەیەی مەسیحی بەڵێندراو (u) تێیدا نیشتەجێیە فراوان بێت، وە هۆكاری دەرچوونی ئەم فەرمان و بڕیارە ئەوەیە كە شارە گەورەكان بووە بە مۆدیلی جیهان لەمڕۆدا، بۆیە خوای گەورە لەم سەردەمەدا ئەم قەدەرە تایبەتەی خۆی پیادەكرد بۆ مەسیحی بەڵێندراو (u).
پەیوەندی قەدەر بە هۆكار و ئەنجامەوە
ئێستا پێتان ڕادەگەیەنم كە قەدەر چۆن ئیش دەكات. ئەگەر خوای گەورە ویستی بوو فڵان كەس بسووتێت، ئایا فەرمان بەوە دەكات و دەستبەجێ ئاگری تێبەردەبێت لە جێگای خۆیدا؟ یان كۆمەڵێك هۆكار دەسازێنێت بۆ ئەم ئەنجامە؟
بزانن قەدەر بە چەندین شێواز گرێ دەدرێت بە هۆكارەكانەوە.
1) دەركەوتنی قەدەری خوایی كە هۆكارە ئاشكراكانی لەگەڵدا بێت. قەدەری گشتی سروشتی هەمیشە بەم شێوەیە دەردەكەوێت، بۆ نموونە هەڵگیرسانی ئاگر. ئاگر هەڵناگیرسێت بەو هۆكارانە نەبێت كە خوای گەورە سیفەتی هەڵگیرسانی ئاگری داناوە تێیاندا. بۆ نموونە ئەگەر بڕیشكی ئاگر بەر هەر شتێك بكەوێت كە توانای سووتانی هەبێت، یان ئاگرەكە لە ئەنجامی لێكخشاندنی دوو شتەوە پەیدا بێت كە یەكێكیان یان هەردووكیان توانای سووتانیان هەبێت، یان شتێك توانای سووتانی هەبێت لەگەڵ دوو تەنی ڕەق كە لەیەك بخشێنرێن، ئەوا ئاگر دروست دەبێت.
قەدەری تایبەتی بە دوو شێوە دەردەكەوێت:
أ) هۆكارەكانی لەگەڵدا دەبێت.
ب) هۆكارەكانی لەگەڵدا نەبێت.
أ) قەدەری تایبەت كە هۆكارەكانی لەگەڵدا بێت
وە ئەو قەدەرە تایبەتەی كە هۆكارەكانی لەگەڵدایە بە كۆمەڵێك شێوازی جیاواز دەردەكەوێت، لەم جۆرە قەدەرەدا هۆكارەكان دەردەكەون، بەمەش ڕوون دەبێتەوە كە ئەم هۆكارانە بوونەتە هۆی ڕوودانی ئەو ڕووداوە. وە لەم جۆرە ڕووداوەدا لایەنی قەدەر زۆر شاراوە دەبێت. ئەم جۆرە قەدەرە بە كۆمەڵێك شێوازی جۆراوجۆر دەردەكەوێت.
شێوازی یەكەم: هۆكارە چاكەكان لە بەرامبەر هۆكارە خراپەكاندا دروست دەبن، بۆ نموونە، موختاری گوندێك ئازار و ئەشكەنجەی پیاوێكی گوندەكە دەدات بەهۆی ناكۆكی لەگەڵیدا. ئێستا، خوای گەورە بڕیار دەدات لەبەر هۆكارێك (ئەم هۆكارە چیە؟ دواتر قسەدەكەم لەسەر ئەم جۆرە هۆكارە) كە ئەم كەسە پارێزێت و زیانی لێ نەكەوێت، یەكێك لە شێوازەكانی پاراستنەكە ئەوەیە خۆشەویستی ئەو پیاوە دەخاتە دڵی جێگری فەرمانڕەوای ناوچەكە، ئەویش چاوپێكەوتنی دۆستانە لەگەڵ پیاوەكەدا ئەنجام دەدات، موختاری گوندەكەیش پاش بینینی ئەم پەیوەندیەی نێوانیان دەست هەڵدەگرێت لە دژایەتیكردنی پیاوەكە لە ترسی ئەوەی نەوەك لە دادگا سكاڵای لەسەر تۆمار بكات.
شێوازی دووەم: گۆڕانی هۆكاری خراپ بۆ هۆكاری چاك. بۆ نموونە كەسێكی نەیار دژایەتی یەكێك لە ئێمە دەكات و هەوڵدەدات زیانی پێ بگەیەنێت، خوای گەورەیش كۆمەڵێك هۆكار دەسازێنێت كە بەهۆیانەوە ئەم كەسە نەیارە دەبێت بە دۆست، وەك چۆن لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) ڕوویدا لەو سكاڵایەدا كه قەشە هێنری مارتن كلارك بەرزی كردەوە لە دژی گوایە بەڕێزی (علیه السلام) پیلانیگێڕاوە بۆ كوشتنی. كاتێك ئەم داوایە بەرزكرایەوە جێگری فەرماڕەوا لە پارێزگای گورداسپوور لەو كاتەدا كاپتن دۆگڵاس بوو كە كەسێكی زۆر دەمارگیر بوو، پێشتر-كاتی گواستنەوەی بۆ گورداسپوور- بە خەڵكێكی زۆری گوتبوو: ئایا كۆمەڵێك ڕێكار نەگیراونەتەبەر بۆ دانانی سنوورێك بۆ ئەو كەسەی لەم ناوچەیەدا بانگەشەی مەسیحبوون و مەهدیبوون دەكات؟ دەبێت ئەم جۆرە كەسە سزا بدرێت چونكە بانگەشەكەی دەبێتە هۆی تێكچوونی ئاسایشی گشتی. بەو پێیەی كە ئەم سكاڵایە گرنگیەكی زۆری هەبوو بۆیە بە ئەنقەست لە دادگای ئەم دادوەرەدا بەرزكرایەوە، لەسەرتادا كاپتن دۆگڵاس -بە پاڵنەری ئەو دەمارگیریە شاراوەیەی كە هەیبوو بەرامبەر بەڕێزی (علیه السلام)- ویستی فەرمان دەربكات كە بەڕێزی (علیه السلام) بە قۆڵبەستكراوی بهێنن بۆ دادگا، بەڵام ئەفسەرەكانی پۆلیس و هەندێ لە ئەندامانی دادگاكە ئامۆژگارییان كرد كه ئەو كەسایەتیەكی گەورەیە و سەركردەی گرووپێكی بەڕێزە بۆیە ئەم جۆرە مامەڵەیە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی ئاگری ئاژاوە، لەبەرئەوە وا باشترە كە سەرەتا بەشێوەیەكی ئاسایی بانگ بكرێت، ئینجا پاش ئاگاداربوون له ڕووداوەكانی سكاڵاكە دەتوانیت چ بڕیارێكت بوێت دەری بكەیت. ئەوەبوو بەهۆی ئەم ڕاوێژەوە پۆلیسێكی نارد بۆ بانگكردن و ئامادەبوونی بەڕێزی (علیه السلام) و بەڕێزیشی ئامادەبوو. پاشان خوای گەورە لە دڵی ئەم دادوەرەدا -كە دەیگوت بۆچی هێشتا میرزا سزا نەدراوە- گۆڕانێكی سەیری دروستكرد تەنانەت فەرمانی كرد كورسیەكی تایبەتی بۆ دابنێن لە نزیكی خۆیەوە، پاشان بەڕێزی لەوێدا لەگەڵیدا دانیشت، وە كاتی گەیشتنی بۆ دادگاكە تەوقەی لەگەڵ بەڕێزیدا كرد و بە خۆشەویستی و ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا كرد.
ڕەنگە كەسێك بڵێت هەندێ كەسی فێڵباز سەرەتا خۆشەویستی پیشان دەدەن بۆ ئەوەی لەكۆتاییدا زیان بگەیەنن، بەڵام تێبینی بكەن كاتێك دادگاییەكە دەستی پێكرد -كە دادگاییەكی ئاسایی نەبوو، بەڵكو تۆمەتباركردنی كەسێك بوو بەوەی هانی كوشتنی كەسێكی داوە، وە لە بەرامبەر بەڕێزیدا قەشەیەكی ئینگلیزی هەبوو، وە شایەتەكان ئامادەبوون و بەڵگەی خۆیان پێشكەش كردبوو- گوتی: دڵم شایەتی نادات ئەم سكاڵایە ڕاست بێت. ئێستا تێبینی بكەن، دڵەكان لە ژێر كۆنترۆڵی كێدایە جگە لە كەسێك كە ناوی”الله”یە؟ ئەگینا ئەگەر ئەمە بڕیاری كاپتن دۆگڵاس خۆی بوایە ئەوا بەگوێرەی بەڵگە ڕواڵەتیەكان بڕیاری دەدا، بەڵام سەرەڕای ئەوەی هۆكارە ڕواڵەتیەكان دژی بەڕێزی (علیه السلام) بوون، بەڵام كاپتن دۆگڵاس فەرمانی دا بە پۆلیسێك كە لێكۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەكەدا بكات (واتە ئەو كەسەی كە گوایە مەسیحی بەڵێندراو -علیه السلام- ناردوویەتی بۆ كوشتنی كەسێك)، ئینجا پۆلیسەكە دێتەوە بۆلای و دەڵێت تۆمەتبارەكە جەخت دەكاتەوە لەسەر ڕاستی قسەكانی پێشووی. پاشان كاپتن دۆگڵاس دەڵێت دڵم ئۆقرە ناگرێت بە قسەكانی، ئینجا پیاوانی پۆلیس دەڕۆنەوە بۆلای و جارێكی تر تۆمەتبارەكە قسەكانی پێشووی دووبارە دەكاتەوە، بەڵام دادوەرەكە هەمدیسان دەڵێت دڵم ئۆقرەناگرێت بە لێدوانی ئەم تۆمەتبارە. لێرەدا ئەفسەرەكە وریا دەبێتەوە و دەڵێت ڕەنگە تۆمەتبارەكە لە قەشەكان بترسێت، بۆیە جیای دەكاتەوە لێیان و بە تەنها پرسیاری لێ دەكات. ئەم جارە دوای ئەوەی پرسیاری لێ دەكات دەستبەجێ تۆمەتبارەكە دەكەوێت بەسەر قاچی ئەفسەرەكەدا و ڕاستیەكە باسدەكات و دەڵێت قەشەكان زۆریان لێكردووە ئەمە بڵێت. وە لەپی دەستی خۆی پیشانی ئەفسەرەكە دەدات كە ناوی هەندێ لە موسوڵمانە ئەحمەدیەكانی تێدا نووسیبوو چونكە نەیتوانیوە ناوەكانیان لەبەر بكات بۆئەوەی لەكاتی دادگاییەكەدا ناوەكانی بیربكەوێتەوە. بەم شێوەیە خوای گەورە دڵی تۆمەتبارەكەی گۆڕی و ڕاستیەكەی ئاشكراكرد، وە لەلایەكی ترەوە خوای گەورە دڵی دادوەرەكەی گۆڕی بەجۆرێك لە كەسێكی ناتەباوە گۆڕدرا بۆ كەسێكی تەبا و بڕیاری بێتاوانیی مەسیحی بەڵێندراوی (علیه السلام) دەركرد و دوای ئەوە پێی گوت: مافی ئەوەت هەیە سكاڵا بكەیت لە دژی ئەو كەسانەی كە پیلانیان گێڕا لە دژی تۆ.
بێگومان ئەمە بەهۆی قەدەرێكی تایبەتیەوە ڕوویدا، بەڵام چۆن ڕوویدا؟ ئەم قەدەرە ڕوویدا بەهۆی گۆڕینی هۆكارە خراپەكان بۆ كۆمەڵێك هۆكاری چاك لەلایەن خوای گەورەوە، بەجۆرێك ئەو كەسەی كە دەیویست سزای مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بدات لەناكاو گوتی: دڵم ئۆقرە ناگرێت بەم سكاڵایە و بەڕاستی نازانم.
شێوازی سێیەم: شێوازی سێیەم بۆ ڕوودان و دەركەوتنی قەدەرەكە ئەوەیە خوای گەورە ناهێڵێت هۆكارە خراپەكان كاریگەرییان هەبێت بەهۆی ئەوەی كۆمەڵێك هۆكاری تر دروست دەكات. بۆ نموونە كەسێك دەچێتە ماڵی كەسێكی ترەوە بە مەبەستی كوشتنی و بە شمشێر هێرش دەكاتە سەری بەڵام شمشێرەكەی بەرناكەوێت، یان شتێكی تر ناهێڵێت شمشێرەكەی بەربكەوێت، بەمەش بە پارێزراوی دەمێنێتەوە. لەم ڕووداوەدا هۆكارە خراپەكان لە شوێنەكانی خۆیاندا بەردەوامن بەبێ ئەوەی بگۆڕێن بۆ كۆمەڵێك هۆكاری چاك بەڵام مرۆڤەكە پارێزراو بووە لە كاریگەری ئەو هۆكارانە.
شێوازی چوارەم: شێوازی چوارەم بۆ ڕوودان و دەركەوتنی قەدەرەكە ئەوەیە كە مرۆڤ سەركەوتوو دەبێت لە هەوڵی چاك بەرامبەر هۆكارە خراپەكان. بۆ نموونە دوژمن هێرشی بۆ دەكات و یەكێك لە هۆكارەكان بۆ پاراستنی لەم هێرشە ئەوەیە كە خوای گەورە كەسێكی تری بەهێز ڕاستبكاتەوە بۆ پاراستنی، یاخود خوای گەورە هێزێك بدات بە خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دوژمنە، بەم شێوەیە پارێزراو دەبێت لە كاریگەری هۆكارە خراپەكان.
كەواتە بەم چوار شێوازە قەدەری تایبەتی قەدەری گشتی هەڵدەوەشێنێتەوە بەهۆی هەندێ هۆكارەوە كه ئاشكران و دەبینرێن.
2) قەدەری خوایی كە هۆكارە شاراوەكانی لەگەڵدا بێت:
وە شێوازی دووەم بۆ دەركەوتن و ڕوودانی قەدەر ئەوەیە كە هۆكارەكان دروست دەكرێن بۆی، وە ئەم هۆكارانە زۆر نادیار و شاراوەن بەجۆرێك هەستیان پێ ناكرێت ئەگەر خوای گەورە خۆی ئاشكرایان نەكات، یان مرۆڤ زۆر نەگەڕێت بەدوایاندا، لەبەرئەوە بەگشتی وا دەزانرێت ئەم جۆرە قەدەرە بەبێ بوونی هۆكارەكان ڕوویداوە، لە كاتێكدا لەڕاستیدا ئەم جۆرە قەدەرە تەنھا لەڕێگەی هۆكارەكانەوە ڕوودەدات. بۆ نموونە كەسێك دوژمنێكی هەبێت هەوڵبدات بە هەموو شێوەیەك زیانی پێ بگەیەنێت، وە ڕۆژێك لە ڕۆژان بەڕێكەوت هەلێكی بۆ هەڵبكەوێت بۆ كوشتنی، بەڵام وازبهێنێت لە دوژمنەكەی سەرەڕای ئارەزووی بەتینی كەسەكە بۆ كوشتن و لەناوبردنی. ئەوەی بەچاو دەبینرێت لە هەڵسوكەوتی ئەم كەسەدا ئەوەیە هیچ هۆكارێكی هەستپێكراو نیه بۆ ئەم هەڵسوكەوتەی، بەڵام دەكرێت لە پشتیەوە هۆكارێك هەبێت، بۆ نموونە ڕەنگە ترسی ئەوە زاڵبووبێت بەسەریدا كە كەسێك دەیبینێت، یان ئەگەر كەسوكاری قوربانیەكە پێی بزانن ئەوا تۆڵەی لێ دەكەنەوە، یان هەر هۆكارێكی تر خوای گەورە لەو كاتەدا بەتایبەتی دروستی كردبێت. نموونەی ئەمە لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە. نەیارەكانی شوعەیب (علیه السلام) بە شوعەیبیان گوت: ﴿وَلَوۡلَا رَهۡطُكَ لَرَجَمۡنَٰكَۖ﴾ (هود: 92) لێرەدا ڕوون دەبێتەوە سەرەڕای حەزی زۆریان بۆ بەردبارانكردنی شوعەیب (علیه السلام) بەڵام ئەو كارەیان نەكرد چونكە لە تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوەی خزمە نزیكەكانی دەترسان. بەڵام ڕەنگە خەڵكی سەریان سوڕمابێت لەم هەڵسوكەوتەیان بەجۆرێك پاش دربڕینی گوڕوتینیان بۆ ئەو كارە كەچی هیچ جووڵەیەكیان نەكرد بۆ جێبەجێكردنی.
ئەوە بوو پاش ئاشكراكردنی ڕاستیەكە لەلایەن خۆیانەوە ڕوون بوویەوە كە ئەم قەدەرە لە ڕێگەی هۆكارێكی تایبەتەوە ڕوویداوە و دەركەوتووە. پێویست ناكات لێرەدا گومان بكرێت و بوترێت چۆن دەكرێت ئەم شتە پێی بوترێت قەدەری تایبەتی لەكاتێكدا شتێكی سروشتیە خەڵكی لە كەسێك بترسن خزمی زۆری هەبێت، ئەمەش چونكه هەموو ئەوەی ڕوویداوە شوێنكەوتەی ڕێسای قەدەری گشتی نەبووە بەڵكو شوێنكەوتەی قەدەری تایبەتی بووە؛ چونكە شوعەیب ڕایگەیاند كە پێغەمبەرە، وە بە ئاشكرایش ڕایگەیاند كە لە جێبەجێكردنی ئەركەكەیدا سەركەوتوو دەبێت، وە هەرگیز دوژمنەكانی توانایان نابێت زاڵ بن بەسەریدا. بۆیە ناكرێت زاڵنەبوونی دوژمنەكانی بەسەریدا بە ڕێسای قەدەری گشتی ئەژماربكرێت بەڵكو قەدەرێكی تایبەت بووە، وە دەستی خوای گەورە نەیهێشت دەستی دوژمنەكانی پێی بگات، وە زیاتر بە ڕوونی دەردەكەوێت كە قەدەرێكی تایبەتی بووە كاتێك دەبینین خزمە نزیكەكانی شوعەیب (علیه السلام) لەگەڵ دوژمنەكاندا بوون و شوێنكەوتەی شوعەیب (علیه السلام) نەبوون، وە خەڵكی تەنانەت پاشا گەورەكان دەكوژن و لە كەس ناترسن.
وە نموونەی ئەم قەدەرە دەبینین لە جەنگی ئەحزاب لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ)، بەجۆرێك دوژمنەكانی بە هەموو ئەو هێزەی كە هەیانبوو خۆیان ئامادەكرد بۆ ئەوەی هێرشێكی بەهێز بكەن، بەڵام نەیانتوانی هیچ بكەن سەرەڕای ئەوەی لەم بارەیەوە هەوڵی بێوچانیان دا. دوژمن بە سوپایەكەوە هات كە ژمارەیان دە هەزار جەنگاوەر دەبوو، وە تەنگیان بە موسوڵمانان هەڵچنی بەڕادەیەك موسوڵمانان شوێنێكیان بۆ نەمایەوە سەرئاوی تێدا بكەن. قورئانی پیرۆز باسی ئەم دۆخەیان دەكات و دەفەرموێت: ﴿يَٰٓأَيُّهَا ٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ ٱذۡكُرُواْ نِعۡمَةَ ٱللَّهِ عَلَيۡكُمۡ إِذۡ جَآءَتۡكُمۡ جُنُودٞ فَأَرۡسَلۡنَا عَلَيۡهِمۡ رِيحٗا وَجُنُودٗا لَّمۡ تَرَوۡهَا ۚ وَكَانَ ٱللَّهُ بِمَا تَعۡمَلُونَ بَصِيرًا %إِذۡ جَآءُوكُم مِّن فَوۡقِكُمۡ وَمِنۡ أَسۡفَلَ مِنكُمۡ وَإِذۡ زَاغَتِ ٱلۡأَبۡصَٰرُ وَبَلَغَتِ ٱلۡقُلُوبُ ٱلۡحَنَاجِرَ وَتَظُنُّونَ بِٱللَّهِ ٱلظُّنُونَا۠ % هُنَالِكَ ٱبۡتُلِيَ ٱلۡمُؤۡمِنُونَ وَزُلۡزِلُواْ زِلۡزَالٗا شَدِيدٗا % وَإِذۡ يَقُولُ ٱلۡمُنَٰفِقُونَ وَٱلَّذِينَ فِي قُلُوبِهِم مَّرَضٞ مَّا وَعَدَنَا ٱللَّهُ وَرَسُولُهُۥٓ إِلَّا غُرُورٗا﴾ (الأحزاب: 10-13).
لەم ئایەتانەدا ڕوونكراوەتەوە كە خوای گەورە لە جەنگی ئەحزابدا بە شتانێك یارمەتی موسوڵمانانی داوە كە موسوڵمانان ئەو شتانەیان نەبینیوە، بەجۆرێك كاتێك دووڕووە ترسنۆكەكان ئەم دۆخە ناهەموارەی موسوڵمانان بینی بێشەرمییان نواند و گوتیان ئەو پەیمانەی كە خوا و پێغەمبەر دابوویان بە موسوڵمانان درۆ دەرچوو.
بێگومان خوای گەورە لەڕێگەی كۆمەڵێك هۆكاری نادیارەوە یارمەتی موسوڵمانانیدا كە موسوڵمانان خۆیشیان سەریان سوڕمابوو، تەنانەت لە ڕیوایەتەكاندا هاتووە كە لە ڕۆژەكانی ئابڵۆقەی توندی دوژمندا پێغەمبەر (ﷺ) لە نیوەشەوێكدا بانگی كرد: كێ هەڵدەستێت؟ هاوەڵێك گوتی: لە حزمەتدام ئەی پێغەمبەری خوا! فەرمووی (ﷺ): نەخێر، كەسێكی ترم دەوێت؟ بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) دەنگی هیچ كەسێكی تری نەبیست، ماوەیەكی كەم بێدەنگ بوو دووبارە فەرموویەوە: چ پیاوێك هەڵدەستێت؟ هەر ئەو هاوەڵە گوتی: لە خزمەتتدام ئەی پێغەمبەری خوا. فەرمووی (ﷺ): نا، كەسێكی ترم دەوێت. پاشان بەدەنگی بەرز فەرمووی: چ پیاوێك هەڵدەستێت و دەڕوانێت؟ هیچ كەسێك وەڵامی نەدایەوە جگە لەو هاوەڵە، پێغەمبەر (ﷺ) پێی فەرموو: بڕۆ و بڕوانە، خوای گەورە هەواڵی پێدام دوژمن هەڵهات. (صحیح البخاري، السیرة النبویة لابن ھشام، غزوة الخندق).
كاتێك ئەو هاوەڵە ڕۆیشت بینی زەویەكە خاڵیە لە چادری دوژمنان چونكە هەڵهاتبوون.
هەندێ هاوەڵ گوتیان: كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) بانگی كرد ئێمە بەئاگابووین بەڵام لەبەر سەرمای سەخت نەمانتوانی وەڵامی بدەینەوە. (سەرچاوەی پێشوو).
ئێسا سەرنج بدەن سەرەڕای ئەوەی هیچ هۆیەك نەدەبینرا بۆ هەڵهاتنی دوژمن-هەر ئەمە بوو هاوەڵەكانی تووشی سەرسوڕمان كردبوو-بەڵام وەك لە موسوڵمانبوونی هەندێ كەسەوە لەدواییدا دەركەوت كۆمەڵێك هۆكار هەبوون بۆ هەڵهاتنیان، بەڵام زۆر شاراوە و نادیار بوون، كە بریتی بوون لەوەی: كاتێك شەو ئەو دوژمنانە خەوتن ئاگری سەرۆكی یەكێك لە هۆزەكان كوژایەوە، وە لەناو عەرەبدا ئەگەر ئاگری كەسێكیان بكوژایەتەوە ڕەشبین دەبوون و پێیان وا دەبوو كە بەڵایەك بەزوویی تووشیان دەبێت، بۆیه ئەو سەركردەیە ڕاوێژی كرد بە هۆزەكەی دەربارەی هەلومەرجەكە كە پێویستە چی بكەن، ئەوانیش بڕیاریاندا چادرەكانیان لابەن لەو شوێنەدا و لەدوای هەموو خەڵكەكەوە و كەمێك دوور لەوان چادرەكانیان هەڵبدەن. كاتێك دەیانەوێت كەمێك بڕۆن هۆزێكی تر دەیانبینن لەو دۆخەدا ئەوانیش كەمێك پاشەكشە دەكەن، وە كاتێك هۆزی سێیەم دەیانبینن شوێنپێیان هەڵدەگرن، بەم شێوەیە هەموو هۆزێك وا دەزانێت دوژمن لە تاریكی شەودا هێرشی كردووە ئەمەش پاڵ بەهەندێكیانەوە دەنێت كە لەناكاودا هەڵبێن، تەنانەت ئەبو سوفیان زۆر شپرزە دەبێت و سواری حوشترە بەستراوەكەی دەبێت و دەست دەكات بە لێدانی بۆ ئەوەی بە خێرایی هەڵبێت. لە ئەنجامدا هەموویان هەڵدێن و ڕادەكەن، كاتێك لە دوور كۆدەبنەوە پرسیار لەیەكتری دەكەن دەربارەی هۆكاری هەڵهاتنەكەیان ئەوسا دەزانن كە هۆكارێك نەبووە بۆ ئەم هەڵهاتنە.
دیارە كۆمەڵێك هۆكار هەبوو بۆ ڕاكردنی بێباوەڕان لە جەنگی ئەحزابدا، بەڵام دیار و ئاشكرا نەبوون بەڵكو زۆر شاراوەبوون. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی داوە بەمە و فەرموویەتی: ﴿جُنُودٗا لَّمۡ تَرَوۡهَا﴾ واتە كۆمەڵێك سەربازی نادیار یارمەتی ئێوەمان دا.
وە هۆكاری بانگكردنی پێغەمبەر (ﷺ) كە فەرمووی: چ پیاوێك هەڵدەستێت؟ ئەوە بوو كە دەیویست موسوڵمانان ئاگادار بكات لەوەی كە تەنها خوای گەورە سەركەوتن و فەتحی پێ بەخشین ئەگینا ئێوە دەتانزانی لە چ بارودۆخێكدا بوون بەجۆرێك زمانتان بەستبووی لە سەرمادا بەڕادەیەك موحەممەد (ﷺ) بانگی دەكردن نەتاندەتوانی وەڵامی بدەنەوە. لە خودی ئەم بارودۆخەدا خوای گەورە نیشانەكانی توانای خۆی دەرخست بەجۆرێك سەرسەختترین دوژمنتان ناچاری هەڵهاتن بوو.
ب) قەدەری تایبەت بەبێ بوونی هۆكارەكان
سەربارەی ئەم قەدەرە تایبەتە -كە خوای گەورە كۆمەڵێك هۆكاری بۆ دروست دەكات- جۆرێكی تر لە قەدەری تایبەتی خوای گەورە هەیە، بەبێ هۆكارەكان ڕوودەدات و دەردەكەوێت، ئەمیش دوو جۆرە:
یەكەمیان: ئەو قەدەرەی كە لە ئەسڵدا بەبێ پشتبەستن بە هۆكارەكان دەردەكەوێت، بەڵام خوای گەورە لەسایەی حیكمەتی تایبەتی خۆیەوە هۆكارەكانیش زیاد دەكات بۆی.
بۆ نموونە، مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) وەحیەكی پێ گەیشت كه بەشێوەیەكی گشتی ئەحمەدیەكان هەرگیز تووشی تاعوون نابن، بەڵام سەرەڕای ئەمە ئامۆژگاری كردن كە گۆرەوی لە پێ بكەن و شەو لەماڵەوە دەرنەچن، هەروەها ئامۆژگاری كردن كە ماددەی (كونین) بەكاربهێنن، ئەمانە هەموویان هۆكارن، بەڵام لەڕاستیدا ئەم قەدەرە پەیوەست نەبوو بە هۆكارەكانەوە، چونكە خەڵكی تریش بەزۆری گۆرەوییان لە پێ دەكرد و دەسكێشیان دەكردە دەستیان، هەروەك ژمارەیەكی زۆریان دەرمانەكانی خۆپارێزیشیان بەكاردەهێنا، وە ئەحمەدیەكان زیاتر لە كەسانی تر خاوەنی هۆكارەكان نەبوون هەتا پارێزراو بن لە تاعوونەكە. لەڕاستیدا میكرۆبەكان لەلایەن خوای گەورەوە فەرمانیان پێكرا بوو كە نەچنە لاشەی ئەحمەدیەكانەوە، بەڵام ئەحمەدیەكانیش فەرمانیان پێكرا كە هۆكارەكان بەكاربهێنن؛ بۆ ئەوەی دوژمنیش بزانێت كە ئەحمەدیەكان ئەم هۆكارانەیان گرتووەتەبەر، وە ڕوودان و دەركەوتنی ئەم قەدەرە بەبێ گرتنەبەری هۆكارەكان دەبووە هۆی نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان باوەڕ و بێباوەڕیدا. بۆیە ئەگەر ئەحمەدیەكان سەلامەت بوونایە لە تووشبوون بە تاعوون بەبێ گرتنەبەری ئەم هۆكارە ڕواڵەتیانە یان ئەگەر هەندێ كەیسی دەگمەن ڕووی نەدایە ئەوا هەموو خەڵكی دەهاتنە ناو ئەحمەدیەتەوە، وە لەم دۆخەدا ئەم باوەڕهێنانەكەیان دەبووە شتێكی ناچاری و لە غەیب دەردەچوو.
دووەمیان: جۆری دووەمی ئەم قەدەرە ئەوەیە كە هیچ هۆكارێكی نیە و هیچ هۆكارێك زیاد ناكرێت بۆی. وە ئەم جۆرە قەدەرە تەنھا بۆ پێغەمبەران یان باوەڕداران ڕوودەدات و دەردەكەوێت، چونكە ئەگەر لەبەردەم بێباوەڕەكاندا دەربكەوێت ئەوا باوەڕهێنانەكەیان دەبێت بەشتێكی ناچاری و بێبەش دەبن لە پاداشتی باوەڕهێنان. بەڵام باوەڕداران كە پێشتر باوەڕیان بە غەیب هێناوە لە ڕێگەی بینینی ئەم جۆرە قەدەرەوە باوەڕەكەیان لە (الإیمان بالغیب)ەوە بەرزدەبێتەوە بۆ (الإیمان بالشهادة)، وە بە هۆی ئەم قەدەرەوە بڵندبوونەوەیەكی دەراسا بەدەستدەهێنن لە باوەڕدا.
وە نموونەی ئەم قەدەرە لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) بریتیە لە ڕووداوی كەوتنە خوارەوەی چەند دڵۆپێكی مرەكەبی سوور بۆسەر كراسەكەی. بەڕێزی (علیه السلام) لە خەوندا بینی كە لەبەردەم خوای گەورەدا وەستاوە و هەندێ پەڕەی خستەبەردەمی، خوای گەورەیش پێش واژۆكردنی پەڕەكان قەڵەمەكەی ڕاوەشاند، ئینجا چەند دڵۆپە مرەكەبێك كەوتە سەر پۆشاكەكەی بەڕێزی (علیه السلام). مەولەوی عەبدوڵڵا سەنووری لەو كاتەدا قاچی بەڕێزی دەشێلا، تێبینی ئەوەی كرد كە دڵۆپێكی سوور لەسەر پاژنەی بەڕێزیەتی (علیه السلام)، كاتێك دەستی لێدا بینی تەڕە بەمەش سەری سوڕما. هەڵبەت من پرسیارم لێ كرد: ئایا ئەوە نەهات بە مێشكتدا كە ئەم دڵۆپانە لە ئەنجامی هەندێ هۆكاری ڕواڵەتیەوە پەیدا بووبن نەك ئەوەی شتێكی دەراسا بێت؟ لە وەڵامدا گوتی: ئەوە هات بە مێشكمدا و بۆ ئەم مەبەستە چاوم گێڕا بە ژوورەكەدا و سەیری سەقفەكەیشم كرد و پێم وابوو ڕەنگە كلكی یەكێك لە شەوگەردەكان قرتابێت و دڵۆپە خوێنەكان لەوەوە كەوتبێتە خوارەوە، بەڵام سەقفەكه خاڵی بوو لە هەموو ئەم ئەگەرانە كە دەكرێت دڵۆپە سوورەكان لێیانە پەیدا بووبن. پاش ئەوەی بەڕێزی (علیه السلام) بێداربوویەوە پرسیاری ئەمەم لێكرد سەرەتا ویستی باسی نەكات بۆم بەڵام دوای ئەوە هەموو ڕاستیەكەی بۆ باسكردم.
بەم شێوەیە خوای گەورە قەدەری تایبەتی دەرخست بەبێ بوونی هیچ هۆكارێكی ڕواڵەتی، بەڵام لەبەردەم یەكێك لە پێغەمبەران و یەكێك لە شوێنكەوتووانیدا كە مەولەوی عەبدوڵڵا سەنوری بوو، چونكە پێشتر باوەڕی بە غەیب هێنابوو، وە خوای گەورە ویستی ئێستا باوەڕھێنانی پێ ببەخشێت لە ڕێگای بینینەوە (الشهادة).
بەكورتی، خوای گەورە بەبێ هۆكارەكانیش قەدەری خۆی دەردەخات بۆ بووژانەوەی باوەڕی باوەڕداران، ئەمەش بۆ ئەوەی بەڵگەیەكیان دەستبكەوێت لەسەر توانای خوای گەورە، بەڵام كەسی بێباوەڕ مافی ئەوەی نیە كە خوای گەورە ئەم جۆرە دیمەنانەی پیشان بدات.
كۆمەڵێك نموونەمان دەستدەكەوێت لەسەر ئەم جۆرە قەدەرە خواییە لە ژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) كە گەورە و سەرداری هەموو پێغەمبەرانە. كاتێك كۆچی كرد بۆ مەدینە و بێباوەڕەكانی مەكە شوێنپێیان هەڵگرت و شوێنی كەوتن هەتا گەیشتنە “ئەشكەوتی ثور” كە لەوێدا خۆی (ﷺ) حەشاردابوو لەگەڵ ئەبو بەكردا (خوا لێی ڕازی بێت). كەسی شوێنپێهەڵگر كە بێباوەڕەكان كۆمەكییان لێ خواستبوو گوتی: ئەوان لەم شوێنە تێنەپەڕیون. لەگەڵ ئەوەدا بەبیری هیچ كەسێكیاندا نەهات كە خۆی بچەمێنێتەوە و سەیری ناو ئەشكەوتەكە بكات، لەگەڵ ئەوەی پێویست بوو لەخۆوە ئەوەبێت بە بیری ئەو كەسانەدا كە سێ میل شوێنپێی پێغەمبەریان (ﷺ) هەڵگرتبوو و وەسەركەوتبوونە سەر شاخەكە بەمەستی گەڕان بۆی، كە سەیری ناو ئەشكەوتەكە بكەن مادام گەیشتوونەتە بەردەرگای ئەشكەوتەكە چونكە ڕەنگە ئەو (ﷺ) لە ناویدا بێت، بەڵام هیچ یەكێكیان سەیری ناو ئەشكەوتەكەی نەكرد. ئەبو بەكر (خوا لێی ڕازی بێت) دەڵێت دەمی ئەشكەوتەكە فراوان بوو بەڕادەیەك ئەگەر كەمێك خۆیان نزم بكردایەتەوە ئێمەیان دەبینی. دیارە ئەمە دەسەڵاتێك بوو لەلایەن خوای گەورەوە بەسەر دڵی ئەواندا، وە هیچ هۆكارێكی ڕواڵەتی نەبوو بۆ دەركەوتنی ئەم قەدەرە.
ئەم جۆرە لە قەدەری خوایی بەكەمی ڕوودەدات، وە تەنھا باوەڕداران دەیبینن ئەمەش بۆ ئەوەی باوەڕیان بەهێزتر بێت. بۆیە لەگەڵ ئەوەی بێباوەڕەكان لەبەردەم ئەشكەوتەكەدا بوون بەڵام نەیانزانی كە موحەمەد (ﷺ) لەوێدایە، وە نەیانتوانی بیبینن، وە تەنھا پێغەمبەر (ﷺ) و ئەبو بەكر (خوا لێی ڕازی بێت) ئەمەیان زانی.
وە زیادكردنی ئاوەكە لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ)، ئەمیش نموونەیەكە بۆ ئەم جۆرە لە قەدەری خوایی. لە فەرموودەكاندا زۆر باسی ئەم موعجیزەیە كراوە بۆیە هیچ موسوڵمانێك ناتوانێت نكوڵی لێ بكات، مەگەر هەندێ كەس لەم سەردەمەدا نكوڵی لێ بكات، ئەوە بۆچوونی خۆیانە. ئەم نیشانەیە تەنھا لەبەرچاوی موسوڵماناندا دەركەوتووە، ئەگەر لەبەرچاوی كافرەكاندا دەربكەوتایە ئەوا بێبەش دەبوون لە باوەڕهێنان بە غەیب، یان شایستەی سزای بەپەلە دەبوون بەهۆی بینینی ئەم موعجیزەیەوە چونكە پێغەمبەریان (ﷺ) بە ساحیر وەسف دەكرد، ئەم شتە پێچەوانەی سیفەتی (الرحیم)ی خوای گەورەیە.
پەیوەندی قەدەر بە كردەوەكانی مرۆڤەوە
هەتا ئێستا ئەوەم سەلماند كە مانای ڕاستەقینەی قەدەری خوایی ئەوە نیە كە خەڵكی گشتی لێی تێگەیشتوون، یان ئەوەی كە هەندێ فەیلەسووفی موسوڵمان زاراوەیان بۆ داتاشیوە، واتە شتێك ڕوونادات مەگەر ئەوەی كە مرۆڤ ئەنجامی دەدات، یان خوای گەورە هەموو شتێك دەكات و مرۆڤ دەستی لە هیچ شتێكدا نیە. وە باسی ئەوەشم كرد كە ڕێگایەكی تەواو ڕاست هەیە تەبایە لەگەڵ فێركاری ئیسلامیدا و بریتیە لە: پەیوەندی قەدەر بە كردەوەكانی مرۆڤەوە، ئێستا بەشێوەیەكی تێروتەسەل تیشك دەخەمەسەری.
بزانن قەدەر زۆر جۆری هەیە وەك پێشتر شەرحم كرد، لەوانە:
قەدەری گشتی سروشتی، قەدەری گشتی شەرعی، قەدەری تایبەتی سروشتی، وە قەدەری تایبەتی شەرعی.
جۆری یەكەم لە قەدەر پەیوەستە بە هەموو خەڵكییەوە. بێگومان خوای گەورە كۆمەڵێك یاسای داناوە بۆ بەڕێوەچوونی هەموو كاروبارەكانی جیھان، ئەمەش واتە لە هەر شتێكدا تایبەتمەندیەكی دروستكردووە كە لە بازنەی كارەكەیدا ئەركەكەی خۆی جێبەجێ دەكات. بۆ نموونە خوای گەورە تایبەتمەندی سووتاندنی لە ئاگردا داناوە، ئەگەر ئاگر بەربدرێت لە شتێك كە توانای سووتانی هەبێت ئەوا دەیسووتێنێت، وە سووتاندنەكەی بەگوێرەی قەدەری خوای گەورەیە. كەوابوو خوای گەورە تایبەتمەندی شتەكانی دروستكردووە، بەڵام خەڵك ناچار ناكات كە بەكاریان بهێنێت، بۆ نموونە ئەگەر كەسێك ماڵی كەسێكی تر بسووتێنێت ئەوا ماڵەكە دەسووتێت بەڵام خوای گەورە بڕیاری نەداوە كە فڵان كەس ماڵی كەسێكی تر بسووتێنێت، بەهەمان شێوە ئەگەر دز دزی بكات و دەستبگرێت بەسەر ماڵ و سامانی كەسانی تردا، ئەوا بەگوێرەی قەدەری خوای گەورە دەست دەگرێت بەسەر ئەو ماڵ و سامانەدا، بەڵام خوای گەورە هەرگیز بڕیاری نەداوە كە كەسێك لەڕێگەی دزییەوە ماڵ و سامانی كەسێكی تر زەوت بكات. بەڵكو ئەو كەسەی دزی دەكات هێز و ئیرادەیەكی هەیە چ بەكاریبهێنێت بۆ دزینی ماڵی كەسێكی تر یان دەستهەڵگرێت لەو كارە.
نموونەیەكی ترتان بۆ دەهێنمەوە: بەگوێرەی یاسایەكی گشتی باران دەبارێت، وە فەرمانێكی تایبەتی نیە لەلایەن خوای گەورەوە كە لە شوێنێكی تایبەت و لەكاتێكی دیاریكراودا ببارێت، كەواتە بارینی باران پەیوەستە بە قەدەرێكەوە، بەڵام قەدەرێكی تایبەت نیە، بەڵكو خوای گەورە وەهای لێكردووە بەگوێرەی یاسایەكی گشتی ڕووبدات، بەگوێرەی ئەو یاسایە باران دەبارێت هەلومەرجەكان هەرچۆنێك بن. بەڵام وەك پێم ڕاگەیاندن سەرباری قەدەری گشتی جۆرەها قەدەری تر هەن، تێیاندا فەرمانە تایبەتەكانی خوای گەورە دادەبەزن، وە ئەگەر ئەو جۆرە تایبەتانە دەركەوتن ئەوا قەدەرە گشتیەكە دەگۆڕێت و دەبێت بە شوێنكەوتەی ئەوان، یان بە دەستەواژەیەكی تر یاساكانی قەدەرە گشتیەكە دەشكێنرێن، وەك ئەوەی ڕوویدا كاتێك ئیبراهیم (علیه السلام) هەڵدرایە ناو ئاگرەكەوە. بەڵام ئەم جۆرە قەدەرە بۆ هەموو كەسێك و لە هەموو كاتێكدا دەرناكەوێت، بەڵكو لەو جۆرەیە كە تەنھا بۆ بەندە تایبەتەكانی خوا دەردەكەوێت؛ بۆ سەرخستنیان یان بۆ لەناوبردنی دوژمنەكانیان -ئەمەش چونكە كەسانی تایبەت مامەڵەی تایبەتیان لەگەڵدا دەكرێت- یاخود هۆكاری دەركەوتنی ئەم جۆرە قەدەرە حاڵەتێكە كە ڕەحمەت پێویست دەكات بۆ كەسێك، وە دەركەوتنی ئەم قەدەرە پەیوەندی نیه بەوەوە كە ئەو كەسە كەسێكی چاكەكار و تایبەت بێت بەڵكو حاڵەتە تایبەتیەكەی دەبێتە هۆی بەزەیی هاتنەوە پێیدا، وە لەم جۆرە بارودۆخانەدا ڕەحمانیەتی خوا دێتە جۆش و سیفەتی (القادر) ی خوا دەجوڵێت و نەهامەتیەكە لەم كەسە داماوە دووردەخاتەوە و سزای ئەو كەسە دەدات كە ستەمی لی دەكات. هەندێ جار ئەم جۆرە قەدەرە دێتەخوارەوە بۆسەر هەندێ لە ئەندامەكانی مرۆڤ بەجۆرێك خاوەنەكەی ناچاردەبێت كارێك بكات، بۆ نموونە فەرمان دەكرێت بە زمان ڕستەیەكی دیاریكراو بڵێت، ئینجا خاوەنەكەی ناچاردەبێت ئەو ڕستەیە بڵێت، وە ناتوانێت ئەو كارە نەكات؛ یان ئەم جۆرە فەرمانە دەكرێت بە دەست یان هەموو لاشە، ئەوسا مرۆڤەكە دەستی یان لاشەی لە ژێر كۆنتڕۆلی خۆیدا نامێنێت بەڵكو لەژێر كۆنتڕۆلی فەرمانی خوای گەورەدا دەبێت.
دەربارەی عومەر (خوا لێی ڕازی بێت) هاتووە كە لەكاتی خەلافەتەكەیدا لەسەر میمبەر وتاری دەدا لەناكاو بەبێ ئەوەی مەبەستی بێت ئەم وشانە لەزاریەوە دەرچوون: یا ساریة: الجبل، یا ساریة: الجبل! واتە ئەی ساریە سەركەوە بۆ سەر شاخەكە. ئەم وشانە پەیوەندییان بە ناوەڕۆكی وتارەكەوە نەبوو، خەڵكی پرسیاریان لێ كرد: بۆچی ئەو قسەیەت كرد؟ گوتی: كاتێك وتارم دەدا، فەرماندەی موسوڵمان ساریە و هاوەڵەكانیم پێ پیشاندرا، وە بینیم دوژمن ئەوەندەی نەماوە لەدواوە هێرش بكاتە سەریان و تەفروتونایان بكات، وە شاخێكم بینی لە نزیكیانەوە دەیانتوانی خۆیان ڕزگاربكەن بەوەی پەنای بۆ ببەن. لەبەر ئەوە هاوارم كرد و گوتم: ئەی ساریە سەركەوە بۆ سەر شاخەكە.
پاش چەند ڕۆژێك لەلایەن ساریەوە نامەیەك گەیشت بە عومەر (خوا لێی ڕازی بێت) تێیدا گوتی: كاتێك ئێمە لە هەلومەرجێكی نالەباردا بووین لە جەنگەكەدا لەناكاو دەنگێكمان بیست لە دەنگی تۆ دەچوو، وە ئاگادری كردینەوە لەوەی كە مەترسی چواردەوری گرتووین بۆیە سەركەوتینە سەر شاخەكە و ڕزگارمان بوو. (تاریخ الخمیس، مجلد 2، كرامة في نداء عمر لساریة وهو علی المنبر، صفحة 243).
لەم بەسەرهاتەوە ڕوون دەبێتەوە لەو كاتەدا زمانی عومەر (خوا لێی ڕازی بێت) لە دەسەڵاتی خۆیدا نەما و كەوتە ژێر دەسەڵاتی خوا كە توانای ڕەهای هەیە و ماوە و دووریەكان نابنە ڕێگر لەو دەسەڵاتە.
كەواتە ئەم جۆرە قەدەرە هەندێ جار لە هەندێ ئەندامی مرۆڤدا دەكەوێتەگەڕ، هەروەك هەندێ كەس پێیان وایە خوای گەورە مرۆڤ ناچاردەكات لەسەر كردەوەكانی، بەم شێوەیە كاتی دەركەوتن و ڕوودانی ئەم قەدەرە خوای گەورە مرۆڤ ناچاردەكات كارێك بكات كە خۆی دەستی تێیدا نیە، وە مرۆڤ لەم حاڵەتەدا تەنها ئامێرێكە بەدەست خوای گەورەوە، یان وەك مردوویەك، كە ناتوانێت بجووڵێت، بەدەستی خوای زیندووەوە كە بە ئارەزووی خۆی دەیجووڵێنێت.
بەكورتی، ئەم ڕووداوەی عومەر كە باسكرا لەژێركاریگەری ئەم جۆرە قەدەرەدا ڕوویدا بەجۆرێك خۆی هیچ دەستێكی تێیدا نەبوو، ئەگینا دەنگی نەدەگەیشتە ئەو شوێنە كە زۆر دووربووە لێیەوە.
وە لەبەرئەوەی زاتی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) كۆكەرەوەی هەموو جۆرە موعجیزەكان بووە، بۆیە لە ژیانیشیدا كۆمەڵێك نموونەی جوان دەبینین بۆ ڕوودانی ئەم جۆرە قەدەرە. جارێكیان لە جەنگێك گەڕایەوە و كاتی نیوەڕۆ لەگەڵ هاوەڵەكانیدا لە شوێنێكدا كە دار و درەختی زۆری لێ بوو پشوویان دا. هاوەڵەكان پێیان وابوو مەترسی دوژمن لەئارادا نیه بۆیە بڵاوەیان لێ كرد و پشوویان دا، هەروەها پێغەمبەریش (ﷺ) لە شوێنێكدا بەتەنھا ڕاكشا و خەوت، كاتێك لەناكاو خەبەری بوویەوە عەرەبێكی دەشتەكی لەبەردەم خۆیدا بینی كە شمشێرێكەی ئەوی (ﷺ) بەدەستەوەیە، ئەم كەسە پێی گوت: كێ ڕزگارت دەكات لەدەستی من؟ پێغەمبەریش (ﷺ) بەوپەڕی هێوریەوە فەرمووی: الله. هەركە دوژمنەكە ئەم وەڵامە بیست یەكسەر كەوتە لەرزین و شمشێرەكە لەدەستی كەوتە خوارەوە. (مسلم، كتاب الفضائل، باب توكله علی الله تعالی)
ئەگەر هەموو جیھان هەوڵی بدایە لەو كاتەدا كە شمشێرەكە لەدەستی نەكەوێتە خوارەوە نەیاندەتوانی ئەو كارە بكەن؛ چونكە گەیشتنی كەسێك بۆ ئەو شوێنە پێویستی بەكاتێكی زۆر دەبوو، بۆیە جگە لە خوا لە توانای هیچ كەسێكدا نەبوو هیچ شتێك بكات. كەواتە لەم جۆرە كاتە تایبەتانەدا قەدەری تایبەتی خوا دادەبەزێت بۆ بەندە تایبەتەكانی. بێگومان قەدەری خوای گەورە دەركەوت بۆ دەشتەكیەكە كە دەیویست پێغەمبەر (ﷺ) بكوژیت لە شێوەی نەجووڵانی دەستیدا، بۆیە دەستی نەجووڵا. ئەم قەدەرە لەكاتێكی تایبەتیدا و لەسەر ئەندامێكی كەسێكی تایبەت دەركەوت. بەڵام- بەڕەچاوكردنی بوونی ئەم جۆرە قەدەرە- ئایا كەسێك دەتوانێت بڵێت مرۆڤ ناچارە و زۆرلێكراوە؟ نەخێر، سەرەڕای ئەم قەدەرانە مرۆڤ زۆرلێكراو نیە بەڵكو لەسەر كردەوەكانی لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و سزادەدرێت، ئەمەش چونكە ئەم جۆرە قەدەرانە لە كۆمەڵێك دۆخی تایبەتیدا ڕوودەدەن و هەمیشە دەرناكەون، هەروەها قەدەرێك دەرناكەوێت كە بەهۆیەوە مرۆڤ بە زۆرلێكراو و ناچار ئەژماربكرێت ئەوسا لە بازنەی پاداشت و سزا بچێتە دەرەوە.
نموونەیەكی تر هەیە لە ژیانی پێغەمبەردا (ﷺ) ئەویش ئەوەیە: كاتێك عەرەب لە جەنگی ئەحزابدا كۆبوونەوە و هێرشێكیان كرد بۆ لەناوبردنی موسوڵمانان، پێشتر جوولەكە پەیمانیان بەستبوو لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) كە ئەگەر دوژمن هێرشی كردە سەر مەدینە موسوڵمانان و جوولەكە بەیەكەوە بەرپەرچی بدەنەوە، بۆیە بەگوێرەی ئەم پەیمانە دەبوو یارمەتی موسوڵمانان بدەن لەو جەنگەدا، بەڵام بە پێچەوانەوە پیلانێكیان گێڕا و لەگەڵ دوژمندا ڕێكەوتن بەجۆرێك ئەوان لە دەرەوەی مەدینە هێرشبكەن بۆسەر موسوڵمانان، ئەمانیش لە ناوەوەی شارەكە ژن و مناڵی موسوڵمانان بكوژن. پێغەمبەر (ﷺ) دەرچوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی بێباوەڕەكان بەڵام لەم جەنگەدا كوشتار ڕووی نەدا. پاش ئەوە پێغەمبەر (ﷺ) گەڕایەوە و پرسیاری كرد لە جوولەكەكانی مەدینە كە پێویستە سزای خیانەتەكەیان چی بێت؟ تێبینی بكەن ئەگەر مرۆڤێكی دلۆڤان و بەخشندەی وەك موحەممەد (ﷺ) سزای بدانایە ئەوا سزاكەیان هاوشێوەی سزاكەی خەڵكی مەككە دەبوو كە پێی گوتن: ئەمرۆ سەركۆنەتان لەسەر نیە، واتە بەدڵنیاییەوە لێیان خۆش دەبوو، بەڵام ئەوان گوتیان هەرگیز ڕازی نابین بە حوكمی تۆ. وا دەردەكەوێت خوای گەورە ئەم قسەیەی خستبێتە سەرزاریان، ئەگینا هەر لەزووەوە دەیانزانی كە پێغەمبەر (ﷺ) بە نەرم و نیانی مامەڵە دەكات لەگەڵ دوژمنەكانیدا. بۆیە كاتێك پرسیاریان كرد لێیان: حوكمی كێتان بە دڵە؟ گوتیان: حوكمی سەعدی كوڕی مەعاز (خوا لێی ڕازی بێت). كاتێك پرسیار لە سەعد (خوا لێی ڕازی بێت) كرا دەربارەی سزاكەیان گوتی: بڕیاری من دەربارەیان ئەوەیە كە جەنگاوەرەكانیان بكوژرێن. (البخاري، كتاب المغازي). وە بڕیارەكە بەم شێوەیە جێبەجێ كرا.
لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە: بۆچی ئەم قەدەرە لەسەر زمانی جولەكەكان ڕوویدا؟ چونكە ئەستەم بوو ئەم قەدەرە لەسەر زمانی موحەممەد (ﷺ) ڕوویبدایە ئەمەش بەڕەچاوكردنی ڕەحمەت و بەخشندەیی و پلەوپایەكەی، ئەگەر ئەم قەدەرە ڕوویبدایە ئەوا مانای ئەوە دەبوو كە پێغەمبەر (ﷺ) دڵی ڕەق بووە، بەڵام دەكرێت لەسەر زمانی بێباوەڕەكاندا ڕووبدات چونكە پێشتر دڵیان ڕەق بووە. بۆیە خوای گەورە ئەم قەدەرەی دابەزاندە سەر زمانیان و گوتیان: بە حوكمی تۆ ڕازی نابین بەڵكو بە حوكمی فڵان كەس ڕازی دەبین.
لێرەدا شایانی باسە ئەم دوو جۆرە قەدەرە -كە بە زمان و كردەوە ڕوودەدەن- پەیوەندییان بە كردەوە شەرعیەكانەوە نیە، چونكە مرۆڤ لە قیامەتدا دەربارەی كردەوە شەرعییەكان لێپرسینەوە لێ دەكرێت، لەبەر ئەوە خوای گەورە عومەری (خوا لێی ڕازی بێت) ناچار نەكرد بۆ كردنی نوێژ، بەڵكو لەوەدا ناچاری كرد كه ڕستەی: “یا ساریة الجبل” بەسەر زمانیدا بێت. بەهەمان شێوە خوای گەورە ئەمەی نەكرد دەربارەی جولەكە، وە ناچاری نەكردن كە نوێژ نەكەن یان باوەڕنەهێنن بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، بەڵكو تەنھا ئەم قەدەرەی دابەزاند سەبارەت بە سزای كردەوەكانیان لە پرسێكی سیاسیدا. بۆیە ئەم جۆرە قەدەرە لە كردەوە شەرعییەكاندا ڕوونادات بەڵكو لەو كردەوانەدا ڕوودەدات كە مرۆڤ شایستەی سزای شەرعی نیە لەسەریان، چونكە ئەگەر لە كردەوە شەرعیەكاندا ڕووبدات، وەك ئەوەی زۆر لە كەسێك بكرێت بۆ دزیكردن، یان نوێژكردن، ئەوا سزا و پاداشتێك لە ئارادا نابێت بەڵكو لەم دۆخەدا سزا دەگۆڕێت بۆ ستەم كە خوای گەورە پاك و بێگەردە لێی.
ئایا گرتەنەبەری هۆكارەكان لەكاتی دابەزینی قەدەردا ڕەوایە ؟
ئایا مرۆڤ دەتوانێت هۆكار بگرێتەبەر كاتی دابەزینی قەدەر یان نا؟ ئەگەر توانی ئایا ڕێگەی پێ دەدرێت بەكاریان بهێنێت یان نا؟ ئێستا ئەمەتان بۆ ڕووندەكەمەوە.
بزانن مرۆڤ ناتوانێت هۆكار بگرێتەبەر لەو قەدەرەدا كە لەسەر ئەندامەكانی ڕوودەدات. ئەوە بوو فەرمانێك دەرچوو بۆ زمانی عومەر (خوا لێی ڕازی بێت) كە كۆمەڵێك وشەی دیاریكراو بڵێت، ئەو نەیدەتوانی ڕێگری بكات لە زمانی كە ئەو وشانە بڵێت ئەگەرچی هۆكارە دنیاییەكانی بەكارهێنایە.
یان كاتێك ئەو قەدەرە دابەزیە سەر دەستی بێباوەڕەكە بەجۆرێك قۆڵی هێزی تێدا نەما و شمشێرەكە لە دەستی كەوتە خوارەوە و نەیتوانی پێغەمبەر موحەممەد (ﷺ) بكوژێت، ئەو بێباوەڕە نەیدەتوانی ڕێگری لە ڕوودانی ئەم شتە بكات، بەهەمان شێوە ئەگەر ئەم جۆرە قەدەرە دابەزیە سەر دڵ ئەوا هەرگیز ناتوانێت لێی لابدات بۆ شتێك كە پێچەوانەی ئەمە بێت. بەڵام مرۆڤ دەتوانێت هۆكار بگرێتە بەر لەو قەدەرانەدا كە دانابەزنە سەر دڵی مرۆڤ و ئەندامەكانی بەڵكو دادەبەزنە سەر غەیری ئەوان، یان ئەو قەدەرانەی كە دادەبەزنە سەر ئەو ئەندامانەی لەشی كە كاری سروشتی خۆیان دەكەن و ملكەچی ئیرادەی مرۆڤەكە نین. لەم حاڵەتەیشدا مرۆڤ لەبەردەم دوو دۆخدا دەبێت؛ یەكەمیان: دەزانێت ئەم قەدەرە لەلایەن خوای گەورە دابەزیوە، دووەمیان: نازانێت قەدەرێك هەیە كە لەلایەن خواوە دابەزیوە. لەم حاڵەتەی دواییدا ئەگەر هۆكارەكان بگرێتەبەر گوناهبار نابێت. بەڵام ئەگەر زانی قەدەری خوا دابەزیوە ئەوا لەبەردەم دوو دۆخی تردا دەبێت:
دۆخی یەكەم: خوای گەورە فەرمانی پێ دەكات هەموو هۆكارەكان یاخود هەندێكیان بگرێتەبەر، واتە گومانی تێدا نیە كە ئەمە قەدەرێكە لەلایەن خواوە بەڵام مەرجدار دەبێت بەو هۆكارانە، بۆ نموونە سەركەوتن و زاڵبوون قەڵەمی لێدراوە بۆ پێغەمبەری ئازیز (ﷺ)، بەڵام مەرجدارە بە جەنگەوە.
دۆخی دووەم: خوای گەورە ڕێگری لێ دەكات كە هۆكارەكان بگرێتەبەر. وە لەم دۆخەدا دەیسەپێنێت بەسەر مرۆڤەكەدا كە بەهیچ شێوەیەك هۆكارەكان نەگرێتەبەر چ هەندێكیان بێت یان هەمووی، چونكە ئەگەر ئەو كارە بكات زیانبار دەبێت و دەكەوێتە بەر تووڕەیی خوای گەورە. وە مەبەست لەم جۆرە قەدەرە تاقیكردنەوەی خوایە بۆ بەندە كە دەتوانێت ویستی خۆی جێبەجێ بكات بەبێ هۆكار. بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە ڕووداوێكتان بۆ باس دەكەم لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام). بەڕێزی هەموو شەو بەخەبەر بوو بۆ تیماركردنی موبارەك ئەحمەدی برام، وە من لەو ڕۆژانەدا زۆربەی جار لە نیوەشەودا دەخەوتم، وە بەیانی زوو خەبەرم دەبوویەوە. بەڵام كاتێك دەچووم بۆ خەوتن بەڕێزیم (علیه السلام) دەبینی بەخەبەر بوو، وە كاتێك بەیانی لەخەو هەڵدەستام ئەو كاتەیش دەمبینی هەر بەخەبەر بوو. وە بەهۆی ئەو ماندووبن و شەكەتیەوە بەڕێزی تووشی كۆكە بوو. وە من ئەو ئەركەم گرتە ئەستۆ كە دەرمانی پێ بدەم، وە بەگوێرەی ڕاسپاردەی دكتۆرەكان هەندێ جار نەمدەهێشت بەڕێزی (علیه السلام) هەندێ شتی زیانبەخش بخوات. ڕۆژێكیان برایەك مۆزی هێنابوو بە دیاری بۆ بەڕێزی (علیه السلام)، كاتێك بەڕێزی (علیه السلام) ویستی مۆزێكی لێ بخوات پێم گوت: تۆ كۆكەت هەیە مۆز مەخۆ، زەردەخەنەیەكی كرد و مۆزەكەی لەلاوە دانا. وە كاتێك من بەگوێرەی ڕێنمایی پزیشكەكان كارم دەكرد و تیماری بەڕێزیانم دەكرد بەڕێزی (علیه السلام) هەموو ئەو ڕێنماییانەی قەبوڵ دەكرد كە من پێم دەگوت. وە هەر لەو ڕۆژانەدا دكتۆر خەلیفە ڕەشیدەددین هات بۆ لای بەڕێزی (علیه السلام) و سێوی فەڕەنسی بەدیاری بۆ هێنا، سێوە مزر بوو بەڕادەیەك ئەو كەسەی بیخواردایە تووشی كۆكە دەبوو ئەگەر پێشتریش كۆكەی نەبوایە، بەڵام بەڕێزی (علیه السلام) سێوێكی هەڵگرت و پاكی كرد و دەستی كرد بە خواردنی. پێم گوت مەیخۆ بەڵام ئەو بەدەوام بوو لە خواردنی، بەبێتاقەتیەوە سەیرم دەكرد چۆن ئەو میوە مزرە دەخوات لەكاتێكدا پێشتر بەدەست كۆكەیەكی توندەوە دەیناڵاند. بەڕێزی (علیه السلام) گوێی بەهیچ شتێك نەدا و بەزەردەخەنەوە قاژە سێوەكانی دەخوارد. كاتێك سێوەكەی خوارد فەرمووی: تۆ نازانیت كە من لەلایەن خوای گەورەوە وەحییەكم پێگەیشتووە و دەفەرموێت: كۆكەكە نەما و ئێستا ئیتر پێویست بە خۆپاراستن ناكات، لەبەرئەوە من وەك ئەدەبێت لەگەڵ قسەی خوای گەورەدا ئەم سێوەم خوارد سەرەڕای مزریەكەی. لەڕاستیدا بەڕێزی دوای ئەوە لە كۆكەكە ڕزگاری بوو.
بۆچی بەندە فەرمانی پێدەكرێت لە هەندێ بارودۆخدا هۆكارەكان بگرێتەبەر؟
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە: بۆچی لەهەندێ بارودۆخدا مرۆڤ فەرمانی پێ دەكرێت هۆكارەكان بگرێتەبەر؟ وە بۆچی كاروبارەكان بەبێ گرتنەبەری هۆكارەكان بەئەنجام ناگەن مادام لەلایەن خوای گەورە بڕیاریان لێ دراوە؟
یەكەم: بزانن ئەگەر كاروبارەكان بەبێ هۆكارەكان بگەیشتنایە بە ئەنجام ئەوا ئیمان بە غەیب پووچەڵ دەبوویەوە كە پێویستە بوونی هەبێت بۆ بەدەستهێنانی نیعمەت و پاداشت. سەرەڕای ئەمە بەوپێیەی كە كردەوەی مرۆڤیش دەبێتە هۆی ڕاكێشانی ڕەحمەتی خوای گەورە بۆ مرۆڤەكە، بۆیە لەپاڵ قەدەرەكەیدا خوای گەورە فەرمان دەكات بە گرتنەبەری هۆكارەكان بۆ ئەوەی ڕەحمەتی خۆی بڕێژێت بەسەر مرۆڤەكەدا. ئەستەمە هۆكارەكان ڕێگری بكەن لە قەدەری خوای گەورە و هەرگیز ئەمە ڕوونادات، بەڵام بەكارهێنانیان بەڵگەیە لەسەر لاوازی و هەژاری مرۆڤ كه ئەمەش ڕەحمەتی خوا كێش دەكات بۆی.
دووەم: فەرمان دەكرێت بە مرۆڤ كە هۆكارەكان بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بزانێت هەوڵەكەی لاوازە. ئەگەر كاروبارەكان بەبێ گرتنەبەری هۆكارەكان بە ئەنجام بگەیشتنایە ئەوا مرۆڤ نەیدەزانی بە پشتبەستن بە هەوڵ و كۆششی خۆی چۆن جێبەجێیان بكات. بەڵام كاتێك لەپاڵ قەدەری خوای گەورەدا كۆشش دەكات ئەوسا پەی بەوە دەبات كە كۆششەكەی زۆر لاوازە، هەروەك ئەوەدا پەی بەوەیش دەبات كە ئەو شتەی جێبەجێی كردووە بەهۆی فەزڵی خوای گەورەوە بووە. كەواتە هەوڵی مرۆڤ باوەڕەكەی بەهێز دەكات، وە پەی بەوە دەبات كە ئەگەر جێبەجێ كردنی ئەم كارە بەند بێت بە هەوڵی خۆیەوە ئەوا دەگاتە ئاستێكی سەرەتایی دیاریكراو، دواجار هەوڵەكانی بەتەواوەتی شكست دەهێنن. وە بەبێ هەوڵدان قەدەر لەلای ئەو تەنها ڕێكەوتێكە، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی لە جێگەی خۆیدا بمێنێتەوە و تەمبەڵیش بێت.
نموونەیەك دەهێنمەوە لەسەر گرتنەبەری هۆكارەكانیش. هاتنەدی قەدەری خوایی بۆ پێغەمبەر (ﷺ) لەوەدایە كە لە ئەركەكەیدا سەردەكەوێت و دوژمنەكانی شكست دەهێنن، ئەگەر دوژمنەكانی لەماڵەكانی خۆیاندا بە نەخۆشی یان هەر هۆكارێكی تر بمردنایە، ئەوا خەڵكی دەیانگوت ئەمە ڕێكەوت بووە، چونكە خەڵكی بەم جۆرە ڕووداوانە دەمرن، بەڵام خوای گەورە ئەم قەدەرەی پیادەكرد لەڕێگەی هۆكارەكانەوە، ئەمەیش بوو بە بەڵگەیەك لەسەر توانای تایبەتی خوا.
ڕووداوێك كە لە جەنگی بەدردا ڕوویداوە تیشكی پێویست دەخاتە سەر ئەم بابەتە. عەبدولڕەحمانی كوڕی عەوف (خوا لێی ڕازی بێت) دەڵێت: لەدڵمی خۆمدا گوتم ئەمڕۆ بەوپەڕی ئازایەتیەوە ڕوبەڕوی دوژمن دەبمەوە. (چونكە ئەمە یەكەم جەنگ بوو كە تێیدا موسوڵمانان و بێباوەڕەكان بەیەك بگەن، بەجۆرێك ئەبو جەهل دوژمنی سەرسەختی موسوڵمانان لەبەرامبەر خوا و پێغەمبەركەیدا بوو، وە بەتایبەتی لەو كاتەدا موسوڵمانان هەموو ستەم و ئەشكەنجەی بێباوەڕەكانیان بیركەوتەوە).
وە لەڕاستیدا سەربازی باش ناتوانێت بە باشی جەنگ بكات ئەگەر لای ڕاست و لای چەپی بەهێز نەبن، كاتێك بەلای ڕاست و چەپمدا ڕوانیم دوو گەنجی پشتیوانانم بینی كە تەمەنیان دەگەیشتە چواردە ساڵ، بۆیە دڵنیابووم كە ئەمڕۆ هەرگیز ناتوانم وەك خۆم دەمەوێت جەنگ بكەم. لەكاتێكدا من لەم بیركردنەوەیەدا بووم كەنجەكەی لای ڕاستم بەچاوی ئاماژەی بۆ كردم و بە ئەسپایی هاتە لامەوە هەتا براكەی گوێی لێ نەبێت و گوتی: مامە، ئەبو جەهلم پیشان بدە كە زۆر ئازاری پێغەمبەری (ﷺ) داوە، من دەمەوێت بیكوژم. قسەكەی زۆر سەرسامی كردم چونكە ئەم كارە نەهاتبوو بە خەیاڵمدا. خەریكبوو وەڵامی بدەمەوە، یەكسەر ئەوەی لای چەپم بە چاوی ئاماژەیەكی بۆ كردم و گوتی: مامە، كامەیە ئەبوجەهل كە زۆر ئازاری پێغەمبەری (ﷺ) داوە؟ ئەم قسەیەی ئەم زیاتر تووشی سەرسامی و حەپەسانی كردم، بەڵام كاتێك بەدەستم ئاماژەم كرد و ئەبوجەهلم پیشاندان سەرسوڕمان و حەپەسانەكەم لە سنوور دەرچوو، بەجۆرێك سەرەڕای بوونی جەنگاوەری بەهێز لە چواردەوری ئەبو جەهل بەڵام دوو گەنجەكە وەكو هەڵۆ پەلاماریاندا و برینداریان كرد و خستیانە سەر زەوی. (البخاري، كتاب المغازي، باب: فضل من شهد بدرا).
لەم ڕووداوەوە ڕوون دەبێتەوە كە هەڵگیرساندنی جەنگ بۆ لەناوبردنی بێباوەڕەكان و دەرچوونی موسوڵمانان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەیان هۆكارێك بووە، وە مەزنی و گەورەیی قەدەری خوایی- كە خوای گەورە بەگەڕی خستووە بۆ موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ)- لە بەرامبەر لاوازی تەگبیر و ڕێگاچارەی موسوڵماناندا بوو. بۆیە ئەگەر ئەم ڕێگاچارە لاوازە نەبوایە ئەوا گەورەیی ئەم قەدەرە دەرنەدەكەوت و هاوەڵان لاوازی خۆیان و گەورەیی و شكۆی خوای گەورەیان نەدەزانی بەو شێوەیەی كە پاش گرتنەبەری هۆكارەكان بۆیان دەركەوت. لەڕاستیدا ئەوان لە شمشێرەكانی خۆیاندا شمشێری بریقەداری خوایان بینی، وە لە ڕێگەی بەكارهێنانی هۆكارەكانەوە زانیان كە چەندە داماو و بێچارەن. لەكوێ دوو گەنجی سیانزە چواردە ساڵی دەتوانن ئەبو جەهل بكوژن؟ بەڵام كوشتیان و هەروەك كافرەكانی تر لەو جەنگەدا بەهەمان شێوە كوژران. لەبەرئەوە خوای گەورە دەربارەی ئەم جەنگە دەفەرموێت: ﴿فَلَمۡ تَقۡتُلُوهُمۡ وَلَٰكِنَّ ٱللَّهَ قَتَلَهُمۡۚ﴾ (الأنفال: 18)، پاشان خوای گەورە پێغەمبەر (ﷺ) دەدوێنێت و دەفەرموێت: ﴿وَمَا رَمَيۡتَ إِذۡ رَمَيۡتَ وَلَٰكِنَّ ٱللَّهَ رَمَىٰ﴾ (الأنفال: 18). گومانی تێدا نیە پێغەمبەر ئەو بەردانەی هاویشت، بەڵام خوای گەورە فەرمانی كرد باهۆزێكی توند هەڵیكرد كە بووە هۆی ئەوەی بێباوەڕەكان هێزی جەنگكردن لەدەستبدەن، بۆیە ئەم كردەوەیە دراوەتەپاڵ خوای گەورە. كەوابوو هەندێ جار كۆمەڵێك هۆكار دادەنرێت بۆ دەركەوتن و جێبەجێبوونی قەدەری خوای گەورەدا بۆ سەلماندنی داماوی و لاوازی مرۆڤ.
سێیەم: هۆكارەكان لەگەڵ قەدەردا یەكانگیر دەبن لەپێناوی پاداشدانەوەی مرۆڤ لەسەر ئەو هەوڵ و كۆششەی كە خەرجی دەكات. بۆ نموونە ئەگەر هاوەڵان بەبێ جەنگ و كوشتار سەركەوتنیان بەدەستبهێنایە، ئەوا پاداشتی بەشداربوونیان لە جەنگ دەستنەدەكەوت. قەدەر پێویستی بە شمشێری هاوەڵەكان نەبوو بەڵام هاوەڵەكان لەپاڵ قەدەری خوای گەورەدا پێویستیان بە كردەوە هەبوو بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە پاداشت.
ئەمە سێ شێوازە گەورەكەی گرتنەبەری هۆكارەكانە لەپاڵ قەدەری خوای گەورەدا.
دەكرێت كەسێك بپرسێت: بۆچی لە هەندێ جۆری قەدەردا ڕێگری دەكرێت لە گرتنەبەری هۆكارەكان؟
بزانن خوای گەورە لەم دۆخەدا دەیەوێت شكۆی خۆی پیشانی باوەڕدار بدات بەهۆی پیشاندانی ئەو قەدەرەی خۆی كە هۆكاری نیە، ئەمەش بۆ ئەوەی بزانێت هۆكارەكان هیچ نرخێكیان نیە لەبەرامبەر قەدەری خوای گەورەدا، وە خوای گەورە هەرچیەكی ویست دەیكات.
ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە: ئایا دەكرێت قەدەری خوا بگۆڕێت؟
وەڵامی كورت ئەوەیە: بەڵێ، دەكرێت بگۆڕێت، چونكە قەدەر واتە بڕیار، وە ئەو كەسەی بڕیارێك دەردەكات دەشتوانێت گۆڕانكاری تێدا بكات. وە نەتوانینی گۆڕانكاری لە بڕیاردا بەڵگەیە لەسەر لاوازی خاوەنی بڕیارەكە، وە خوا پاك و بێگەردە لەم جۆرە ناتەواوی و خەوشە.
ئێستا پێتان دەڵێم چۆن قەدەر دەگۆرێت؟
- دەكرێت قەدەرێكی گشتی سروشتی بە قەدەرێكی گشتی سروشتی تر بگۆڕێت. بۆ نموونه ئاگر پۆشاك دەسووتێنێت، ئەمە قەدەرێكی گشتی سروشتیە، لەبەرامبەردا ئەگەر ئاو كرا بە ئاگرەكەدا ئەوا دەكوژێتەوە، ئەمەش قەدەرێكی ترە. بەم شێوەیە قەدەرێكی گشتی سروشتی قەدەرێكی گشتی سروشتی تر لادەبات، كەوابوو قەدەرێك قەدەرێكی تر دەسڕێتەوە.
ڕەنگە كەسێك بپرسێت: لەم نموونەیەدا تەگبیر و ڕێگاچارە قەدەرەكەی لابرد، نەك قەدەرێك قەدەرێكی تر لاببات، چونكە ئاوەكە تەنھا بەهۆی مرۆڤەوە دەكرێت بە ئاگرەكەدا.
وەڵامەكەی ئەوەیە:
یەكەم: ئەگەر مرۆڤ ئاو دەكات بە ئاگرەكەدا ئەوا پێشتریش هەر مرۆڤ ئاگرەكەی كردووەتەوە، بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست. هەروەك چۆن بە كردەوەی یەكەم دەگوترێت قەدەر، بەهەمان شێوە بە كردەوەی دووەمیش دەگوترێت قەدەر.
دووەم: هەروەك پێشتر گوتم ناكرێت كردەوەی مرۆڤ بە قەدەر وەسف بكرێت (مەگەر بەو شێوەیەی باسمكردووە)، بۆیە ئێمە ئاماژەمان نەكردووە بۆ كردەوەی مرۆڤ لە هەڵگیرسانی ئاگرەكە و كوژاندنەوەیدا بەڵكو ویستوومانە تەنها ئاماژە بدەین بە سیفەتی گڕگرتن و كوژاندنەوە. كەواتە ڕاستیەكە ئەوەیە كە قەدەرێك قەدەرێكی تری لابردووە، ئەگینا ئەگەر خوای گەورە خاسیەتی سووتاندنی دانەنایە لە ئاگردا ئەوا هیچ كەسێك نەیدەتوانی بەهۆی ئاگرەوە شتێك بسووتێنیت؛ وە ئەگەر خاسیەتی ئاگركوژاندنەوەی دانەنایە لە ئاودا ئەوا هیچ كەسێك نەیدەتوانی بەهۆی ئاوەوە ئاگر بكوژێنێتەوە.
نموونەیەكی تر: ئەگەر كەسێك بیبەری تون بخوات و ببێتە هۆی سووتانەوە و برینداركردنی گەدە و ڕیخۆڵەی، ئەوا ئەمە قەدەرێكی گشتی سروشتیە، بەڵام ئەگەر دواتر هەمان كەس قەدەرێكی گشتی سروشتی تر بەكاربهێنێت، واتە خواردنێك یان دەرمانێك بەكاربهێنێت وەك چارەسەر، ئەوا قەدەری دووەم قەدەری یەكەم دەسڕێتەوە.
نموونەیەكی گرنگ لەسەر ئەم بابەتە: لە سەردەمی عومەردا (خوا لێی ڕازی بێت) كاتێك پەتای تاعون بڵاوبوویەوە لەناو سوپای ئیسلامیدا، سەركردەی سوپاكە ئەبو عوبەیدەی كوڕی جەڕراح پێی وابوو كە پەتاكان قەدەرێكن لەلایەن خواوە، وە خۆپاراستن و مشورخواردن هیچ بابەخێكی نیە. ئەوەبوو كاتێك عومەر (خوا لێی ڕازی بێت) سەردانی كردن و پاش ڕاوێژكردن لەگەڵ كۆچكەران و یارمەتیدەران فەرمانی گەڕانەوەی كرد بە سوپای ئیسلامی، لێرەدا ئەبو عوبەیدە (خوا لێی ڕازی بێت) پرسیاری لێ كرد:
ئایا لە قەدەری خوا هەڵدێیت؟ عومەریش وەڵامی دایەوە و گوتی: بەڵی لە قەدەرێكی خوا هەڵدێین بۆ قەدەرێكی تری خوا (البخاري، كتاب الطب، ما یذكر في الطاعون). ئەمە بابەتێكە موسوڵمانان لە هەندێ دوعای سوننەتەوە فێری بوون، وە چاوەڕوان دەكرێت لە هەموو موسوڵمانێك ئەم دوعایە بخوێنێتەوە پێش ئەوەی بخەوێت، وە دوای ئەوە ئیتر قسە نەكات، لەم دوعایەدا هاتووە:
“لاَ مَلْجَأَ وَلاَ مَنْجَا مِنْكَ إِلَّا إِلَيْكَ” (البخاري. كتاب الدعوات)، واتە هیچ پەناگا و ڕزگاربوونێك نیە لە توڕەیی تۆ مەگەر بەوەی پەنا بە خۆت ببەین.
وە نموونەی بەكارهێنانی قەدەرێك لەبەرامبەر قەدەرێكی تردا وەك ئەوە وایە كەسێك یەكێك لە دەستەكانی خاڵی بێت و بەدەستەكەی تری نانێكی هەڵگرتبێت. پاشان ئەگەر كەسێك لەدەستە خاڵیەكەی دوور بكەوێتەوە و ڕووبكاتە ئەوەیان كە نانەكەی تێدایە، ئایا مەعقولە پێی بوترێت: بۆچی لەدەستە خاڵیەكەی دوور دەكەویتەوە و ڕوودەكەیتە دەستەكەی تر؟ ئەویش دەتوانێت بڵێت: لەم كەسە ڕاناكەم بەڵكو لەدەستێكیەوە دەچم بۆ دەستەكەی تری.
- سەرەڕای ئەوەی قەدەرێكی گشتی سروشتی بە قەدەرێكی تری وەكو خۆی لادەچێت، دەكرێت بە قەدەرێكی تایبەتی سروشتیش لابچێت. ئەگەر كۆمەڵێك هۆكاری دنیایی كۆببنەوە لە دژی كەسێك و كەسەكە نەتوانێت بەرپەرچیان بداتەوە ئەوا دەتوانێت پەنا ببات بۆ ڕاكیشانی فەزڵی خوای گەورە كە دەبێتە هۆی دەركەوتنی قەدەرێكی تایبەتی و دەستەبەری لاچوونی ئەو هۆكارانە و ئەو هەلومەرجە بكات. وە بەسەرهاتی ئیبراهیم (علیه السلام) نموونەیەكە لەسەر ئەمە، بەگوێرەی قەدەری گشتی سروشتی ئاگر دەسووتێنێت، بەڵام قەدەرێكی تایبەتی سروشتی دەركەوت بۆ ئیبراهیم (علیه السلام) هەتا ئاگرەكە نەیسووتێنێت و سەلامەت بێت لە زیانەكانی.
هەروەها قەدەری گشتی ئەوەیە كە دەكرێت مرۆڤ بكوژرێت ئەگەر هەوڵی كوشتنی درا، بەڵام خوای گەورە دەربارەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرموێت: ﴿وَٱللَّهُ يَعۡصِمُكَ مِنَ ٱلنَّاسِۗ﴾ (المائدة: 68)، لەبەرئەوە له هەموو جیهاندا هیچ كەسێك نەبوو بتوانێت بیكوژێت، چونكە قەدەرێكی تایبەتی ئەو قەدەرە گشتیەی هەڵوەشاندەوە سەبارەت بەو، هەروەها هەمان شت لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراویشدا (u) ڕوویداوە.
- سەرباری ئەگەری سڕینەوەی قەدەری گشتی سروشتی بە قەدەری گشتی سروشتی و بە قەدەری تایبەتی سروشتی، دەكرێت قەدەری تایبەتی بە قەدەری تایبەتی لابچێت و نەمێنێت، وەك ئەوەی فەرمانێكی تایبەت دەربارەی كەسێك دەربچێت بەڕەچاوكردنی هەلومەرج و كردارەكانی، پاشان گۆڕانكاریەك لەخۆیدا دروست بكات، بەمەش ئەو فەرمانە كە دەربارەی دەرچووه دەگۆڕێت بەگوێرەی ئەم گۆڕانكاریە.
بۆ نموونە، كەسێك دەبێت بە ئاستەنگ و بەربەست لەڕێگەی ئایینی خوای گەورەدا و خەڵكی لێ لادەدات، خوای گەورەیش فەرمانی لەناوچوونی ئەو كەسە دەردەكات، بەڵام كەسەكە تۆبە دەكات پێش جێبەجێ بوونی فەرمانەكە یان بەجۆرێك لە جۆرەكان ڕەفتاری خۆی چاك دەكات ئینجا خوای گەورەیش فەرمانێك دەردەكات بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانەكەی پێشوو.
نموونەی گۆڕانی قەدەری تایبەتی بە خودی قەدەری تایبەتی بریتیە لە ڕووداوی “ئاتهەم” كە بە نووسین و بە زارەكی زماندرێژی دەكرد بەرامبەر پێغەمبەری خوا (ﷺ) و بە دەججال وەسفی دەكرد (پەنا بە خوا)، پاشان زیاتر لاساری نواند و سووربوو لەسەر كارەكەی. دواتر دیبەتی كرد لەگەڵ جێگری پێغەمبەر (ﷺ) و نێردراوی خوای گەورە مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام)، قەدەری خوای گەورە دەرچوو بەوەی كە فڕێبدرێتەناو چاڵێكی قووڵەوە لە ماوەی پانزە مانگدا ئەگەر نەگەڕێتەوە بۆلای حەق و ڕاستی. ئەمە قەدەرێكی تایبەتی بوو. بەڵام كاتێك ترسا و ڕایگەیاند كە ئەو وشانە بەكارناهێنێت بەرامبەر موحەممەد (ﷺ)، وە وازی هێنا لە زماندرێژی، بگرە بەتەواوەتی بێدەنگ بوو، ئەم قەدەرە لەسەری لاچوو.
كەسێك شمشێرێكی هەڵگرت و پەلاماری كەسێكی دا، ئەمەی دواییش وەڵامی دایەوە و پێی گوت: بەو پێیەی كە تۆ دەتەوێت من بكوژیت منیش خۆم ئامادە دەكەم بۆ كوشتنی تۆ، بەڵكو بەدڵنیاییەوە دەتكوژم؛ ئەگەر كابرای هێرشبەر پاش ئەوە شمشێرەكەی دانا ئەمە واتە پەشیمان بووەتەوە لە جەنگ و كوشتارەكە، ئیتر پێویست ناكات كەسەكەی تر لە ئامێز بگرێت وەك جەختكردنەوە لەسەر پەشیمانبوونەوەكەی. نەیارەكانمان دەڵێن: پێشبینیەكە دەربارەی ئاتھەم دەڵێت دەگەڕێتەوە بۆ لای حەق و ڕاستی، كەوابوو پێویست بوو باوەڕبھێنێت بە ئیسلام. ئێمەیش پێیان دەڵێین: ئەگەر لەم گۆشەیەوە بڕوانین ئەوا دەستەواژەی “گەڕانەوە بۆ لای حەق” سنووری نیە و مەرج نیە ئەو كەسەی دەگەڕێتەوە بۆ لای حەق بگاتە ئەوپەڕی. وە ئەم دەستەواژەیە تەنها مانای ئەوە نیە كە مرۆڤ بەیەك جار لە گومڕاییەوە بگەڕێتەوە بۆ لای حەق، بەڵكو مانای ئەوەش دەگەیەنێت كە مرۆڤ ناو بە ناو بگەڕێتەوە بۆلای حەق و دان بنێت بە ڕاستیدا. هەروەها دەستەواژەی” گەڕانەوە بۆ لای حەق” پلەی پێغەمبەران و لەناویشیاندا پلەی پێغەمبەری ئازیزیش (ﷺ) دەگرێتەوە، كەواتە ئایا مەبەستەكە ئەوەبوو كە ئاتهەم هەرگیز لێخۆشبوون نایگرێتەوە هەتا نەگاتە پلەی پێغەمبەران؟ بێگومان نەخێر. لەڕاستیدا كۆمەڵێك پلەی زۆر هەیە بۆ “گەڕانەوە بۆلای حەق”، لەوانە: باوەڕهێنان بە ئیسلام، باوەڕھێنان بە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)، كەسێك بچێتە ڕیزی شەهیدەكانەوە، گەیشتن بە پلەی ڕاستگۆیان.. وە ئەگەر كەسێكی جنێوفرۆش واز بهێنێت لە جنێودان بە پێغەمبەر (ﷺ) ئەوا ئەمە بەش بەحاڵی ئەو گەڕانەوەیە بۆلای حەق و ڕاستی. بێگومان ئاتھەم بەم شێوازەی كۆتایی گەڕایەوە بۆلای حەق و كەڵكی لێ وەرگرت، بەم شێوەیە قەدەری تایبەتی دووەم ئەو قەدەرە تایبەتەی یەكەمی لابرد و نەیهێشت كە پێشتر دابەزیبوو بۆی، وە سیفەتی ڕەحمەتی خوا سەلماندی كە هەموو شتێك دەگرێتەوە.
پەیوەندی گۆڕانی قەدەر بە پێشبینیەكانەوە (هەواڵە غەیبیەكان)
لەبەرئەوەی ڕاستی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەران پەیوەندیەكی پتەوی هەیە بە هاتنەدی پێشبینیەكانەوە، وە نەهاتنەدی پێشبینیەكان دەبێتەهۆی ئەوەی كە دوژمنانی پێغەمبەران دەنگ هەڵبڕن، وە بەو پێیەی كە پێشبینیەكان تەنھا لقێكن لە لقەكانی قەدەر؛ بۆیە ئێستا تیشك دەخەمە سەر پەیوەندی نێوان قەدەر و پێشبینیەكان.
بزانن پێشبینیەكان (هەواڵە غەیبیەكان) دوو جۆرن؛ جۆرێكیان پەیوەستە بە دەرخستنی زانستی ئەزەلیەوە، وە ئەویتریان پەیوەستە بە دەرخستنی تواناوە. هەڵبەت موسوڵمانان بە گشتی زۆر فریویان خواردووە بەهۆی تێنەگەیشتنیان لەم لایەنەی قەدەری خوایی، هەروەك هیندۆسەكان فریویان خواردووە بەهۆی تێنەگەیشتنیان لە لایەنەكەی تری قەدەری خوایی. وە بابەتی بیروباوەڕی لەبەرگرتنەوەی گیانەكان لای هندۆسیش لە تێنەگەیشتنیان لە قەدەری خواییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەجۆرێك دەپرسن: بۆچی كەسێكیان بە كوێری لەدایك دەبێت، یان بۆچی مناڵێك بە شەلی یان بە ناتەواوی لەدایك دەبێت؟ ئەم ناتەواوییانە دەدەنەپاڵ كەسەكە بەهۆی ئەگەری ئەنجامدانی هەندێ لە كردەوه خراپەكانی پێشووی كە شایستەی ئەم سزایە بووە لەسەریان، چونكە خوای گەورە ستەمكار نیە بەجۆرێك بەم جۆرە كەمئەندامیە گرفتاری بكات بەبێ ئەوەی هیچ كەمتەرخەمی و تاوانێكی ئەنجام دابێت. بەڵام ئەوان بەهۆی دوو هەڵەوە فریویان خواردووە؛ یەكەم: تێنەگەیشتن لە جۆرەكانی قەدەری خوایی، وەك ڕوونم كردەوە كە قەدەر دوو جۆرە و بریتین لە: قەدەری سروشتی و قەدەری شەرعی. شوێنەوار و كاریگەری قەدەری شەرعی دەردەكەوێت كاتی كاركردن بە حوكمە شەرعیەكان یان دژایەتیكردنیان، هەروەك شوێنەواری قەدەری سروشتی دەردەكەوێت كاتی كاركردنی بە حوكمە سروشتیەكان یان ڕەفتاركردن بە پێچەوانەی ئەو حوكمانەوە. كوێری و كەمئەندامی لەدایكبووان پەیوەندی نیە بە قەدەری شەرعیەوە بەڵكو پەیوەندی هەیە بە ڕەفتاركردن بە پێچەوانەی قەدەری سروشتیەوە. لەڕووی پزیشكیەوە چەسپاوە كە گرتنەبەری ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەلایەن دایك و باوك و ڕەفتاركردنیان بە پێچەوانەی ئەو ڕێكارانەوە كاریگەری هەیە لەسەر مناڵەكانیان. هەروەك هەندێ ئافرەت كە مناڵدانیان لاوازە تەنھا مناڵی كەمئەندام و ناتەواویان دەبێت، هەروەها هەندێ نەخۆشی باوك و دایكیش كاریگەری زۆر خراپیان هەیە لەسەر مناڵەكانیان وەك نەخۆشی: سیل، نەخۆشی الخنازیر [نەخۆشیەكی ناسراوە، بریتیە لە برینی ڕەق كە لە ملدا دروست دەبێت. (وەرگێڕی عەرەبی)]، نەخۆشیەكانی كۆئەندامی زاوزێ، هیستیریا، و شێتی و هیتریش. بۆیە ناتەواوی دروستبوونی لەدایكبووان پەیوەندی نیە بە تاوانەكانی پێشوویانەوە، بەڵكو پەیوەندی هەیە بە ناتەواوییە جەستەییەكانی دایك و باوكانەوە یان بریتین لە ئەنجامی پابەندنەبوون بە ڕێكارە خۆپارێزیەكان لە ڕۆژانی سكپریدا. وە لەبەرئەوەی كە لەشی مناڵ لەڕێگەی لەشی دایك و باوكەكەوە دروست دەبێت بۆیە بەدڵنیاییەوە لە ناتەواوی و تایبەتمەندییەكانی لەشی ئەوانی بۆ دەمێنێتەوە. وە ئەستەمە مناڵ لە كاریگەری دایك و باوك دەربچێت مەگەر خوای گەورە یاسای قودرەتی خۆی بگۆڕێت بەجۆرێك كەسێك كاریگەر نەبێت بە كردەوەی كەسێكی تر. ئەگەر ئەم یاسایە بگۆرێت ئەوا سیستەمی هەموو جیھان تێكدەچێت، چونكە سیستەمی جیھان بەگوێرەی یاسای كارتێكردن و كاریگەربوون كاردەكات، وە هەموو شتێك كاریگەری ئەوی تر وەردەگرێت چ چاك بێت یان خراپ.
هۆكاری دووەم كە وایكردووە هیندۆسەكان بە هەڵە تێبگەن لەم بابەتە ئەوەیە كە باوەڕیان وایە ڕۆحەكان لە شوێنێكدا كۆبوونەتەوە، پاشان خوا دەیانگرێت و دەیانخاتە ناو مناڵدانی ئافرەتەوە. هیچ باوەڕێك نیە ئەوەندەی ئەم باوەڕە پووچ و بێمانا بێت چونكە باوەڕبوون پێی ناچارمان دەكات بڵێین خوای گەورە بەزۆر هەموو كارەكانمان پێ دەكات، چونكە ئەگەر كاتی ئەوە هات كە ئەم جۆرە ڕۆحە بچێتە جەستەی مرۆڤێكەوە لەكاتێكدا باوكی مرۆڤەكە (واتە ئەو كەسەی پێشتر باوكی بووە) هێشتا هاوسەرگیری نەكردبێت ئەوا چۆن ئەو ڕۆحە دەچێتە ئەو جەستەیەوە؟ كەواتە پێویستە لەگەڵ ئەم باوەڕەدا دانبنرێت بەوەدا كە خوای گەورە بەفەرمانی خۆی زۆردەكات لە خەڵكی بۆ ئەنجامدانی كاروبارە دنیاییەكانیان. بەم شێوەیە ئازادی لەناودەچێت بۆ ئەنجامدانی كردەوەكان كە بەهۆیەوە باوەڕدار شایستەی پاداشت یان سزا دەبێت.
وە كێشەی دووەم كە لەم بیروبۆچوونەوە دروست دەبێت بریتیە لەوەی ناچار دەبین نكوڵی بكەین لەدروستبوونی ڕۆح لە ئەنجامی ئەو گۆڕانكاریەی كە سپێرم پێیدا تێپەڕ دەبێت لە مناڵداندا، ئەمەش لەڕێگەی ئەزموونەوە سەلمێنراوە. وە ئەگەر هەر ناتەواویەك ڕووبدات لەم گۆڕانكاریەدا ئەوا مناڵەكە ڕۆح ناكرێت بە بەریدا یان ژیانێكی كاتی دەبێت پاشان لە مناڵدانی دایكیدا دەمرێت. بۆیە ئەگەر دانمان بەوەدا نا كە خوای گەورە ڕۆحەكانی لە شوێنێكدا كۆكردووەتەوە ئەوا پێویستە نكوڵی بكەین لەم شتە ئەزموونكراوە كە مرۆڤی ژیر ناتوانێت هەرگیز نكوڵی لێ بكات. (بۆ زانین و ئاگاداربوون لەم بابەتە بەشێوەیەكی تێروتەسەل تكایە كتێبی: “البراهین الأحمدیة”ی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بەرگی پێنجەم بخوێنەرەوە).
هەڵبەت موسوڵمانانیش بەگشتی بەم شێوەیە فریویان خوارد لە تێگەیشتنی پێشبینیەكاندا بەهۆی تێنەگەیشتنیان لە جیاوازی نێوان زانستی خوایی و قەدەری خوایی، هەروەك هیندۆسەكان فریویان خواردووە بەهۆی تێنەگەیشتنیان لە جیاوازی نێوان قەدەری سروشتی و قەدەری شەرعی.
هەروەك قەدەر دوو جۆرە بەهەمان شێوە پێشبینیەكانیش (هەواڵە غەیبیەكانیش) دوو جۆرن، جۆرێكیان: ئەو پێشبینیانەن كە بەهۆیانەوە زانستی ئەزەلی خوا دەردەكەوێت، جۆری دووەمیان: ئەوانەن كە بەهۆیانەوە حوكمێك دەردەكەوێت بە گوێرەی قودرەتی خوای گەورە. ئەستەمە ئەو پێشبینیانە بگۆڕێن كە شوێنكەوتەی زانستی ئەزەلی خوای گەورەن، چونكە گۆڕانی ئەو پێشبینیانە واتە ڕوودانی ناتەواوی لە زانستی خوای گەورەدا، بەڵام ئەو پێشبینیانەی كە ئامانج لێیان دەركەوتنی توانا یان هێزی خوایە هەندێ جار دەگۆرێن، كەواتە ئەستەمە ئەو پێشبینیانە نەیەنەدی كە شوێنكەوتەی سیفەتی (العلیم)ی خوای گەورەن، بەڵام ئەوانەی كە شوێنكەوتەی سیفەتی (القدیر)ی خوای گەورەن دەكرێت هەندێ جار نەیەنەدی.
بۆچی پێشبینیەكان (هەواڵە غەیبیەكان) دەگۆڕێن؟
چەندین جۆری پێشبینی هەیە كە دەكرێت بگۆڕێن و نەیەنەدی، لەوانە:
1) ئەو پێشبینیەی كە تێیدا مرۆڤ ئاگادار دەكرێتەوە لە ئەنجامەكانی ئەو هەلومەرج و بارودۆخەی كە پێیدا تێپەڕ دەبێت.
واتە ئەو پێشبینیەی تێیدا مرۆڤ ئاگاداردەكرێتەوە دەربارەی ئەو ئەنجامانەی كە بەهۆی كاریگەری قەدەری گشتیەوە دەردەكەون. بۆ نموونە، كەسێك سەفەر دەكات بۆ شوێنێك میكرۆبی تاعوونی تێدا بێت، وە لەشی ئامادە بێت بۆ تووشبوون بەو میكرۆبە، گریمان لەو شوێنەدا كۆمەڵێك هۆكار نەبێت كە بەهۆیانەوە خۆی ڕزگار بكات لە كاریگەری میكرۆبەكە؛ لەم جۆرە حاڵەتەدا خوای گەورە لە خەونێكدا ئاگاداری دەكاتەوە لە ئەنجامی ئەو هەلومەرج و بارودۆخە لە وەك ئەوەی خۆی ببینێت تووشی تاعوون بووە، ئەمەش بۆ ئەوەی كاریگەر بێت بە بینینی ئەم خەونە و وازبهێنێت لە سەفەركردن بۆ ئەو شوێنەی تاعوونەكەی لێیە، یان ئەگەر لەو شوێنەدایە ئەوا پابەندبێت بە ڕێكارە خۆپارێزیە پێویستەكانەوە كە دەیپارێزن لە تووشبوون بە تاعوون. ئەگەر ئەو كارەی كرد ئەوا ڕزگاری دەبێت، وە خەونەكەی لەم حاڵەتەدا خەونێكی ڕاست دەبێت نەك درۆ.
2) جۆری دووەمی پێشبینی بریتیە لەوەی مرۆڤ ئاگادار دەكرێتەوە لە قەدەرێكی تایبەت كە بڕیارە ڕووبدات دەربارەی حاڵەتە ئەخلاقیەكەی یان حاڵەتە ڕۆحیەكەی.
3) ئەوەیە كە مرۆڤ ئاگادار بكرێتەوە لە قەدەرێكی جێگیر و نەگۆڕ.
یەكەم و دووەمی ئەم سێ جۆرە بەزۆری دەسڕێنەوە و دەگۆڕێن، بەڵام سێیەم جۆریان بەگشتی ناگۆڕێت و ناسڕێتەوە بەڵام لە هەندێ جاردا دەكرێت جێگۆڕكێی پێ بكرێت بەڕەچاوكردنی هەندێ دۆخی تایبەتی.
ئێستا پێتان دەڵێم چۆن و بۆچی جۆری یەكەمی پێشبینیەكان دەگۆڕێت. بزانن پێشبینی ناوێكی ترە بۆ دەركەوتنی قەدەری خوای گەورە، واته ئەگەر ئەو شتە ئاشكرا كرا كە سەرەنجامی كاروباری مرۆڤە بەگوێرەی بارودۆخە سروشتی و شەرعیەكانی ئەوا ئەمە پێی دەوترێت پێشبینی. بەڕەچاوكردنی ئەم بابەتە سەیردەكەین جۆری یەكەمی پێشبینیەكان بریتیە لە ئاگاداركردنەوەی مرۆڤ لە ئەنجامی حاڵەتە سروشتیەكانی، بۆ نموونە مرۆڤ ئاگادار دەكرێتەوە لەوەی كە خراپیی باری تەندروستیەكەی دەبێتەهۆی مردنی. ئێستا گریمان ئەم جۆرە مرۆڤە ئەم هەواڵەی پێ نەگەیشتووە، وە گرنگی دەدات بە تەندروستی خۆی و پابەند دەبێت بە خۆپارێزی و بە ئەندازەی پێویست مشوری خۆی دەخوات، ئایا ڕزگاری نابێت لەم سەرەنجامە؟ بێگومان ڕزگاری دەبێت. ئیتر چۆن دەكرێت مافی ڕزگاربوونەكەی بەفیڕۆ بچێت كە گرێدراوە بە ڕوودانی گۆڕانكاریەكی دیاریكراوەوە ئەگەر خوای گەورە پێشتر هەواڵی ئەوەی پێ بدات؟! گومانی تێدانیە ئەگەر بەشێوەیەكی دروست هۆكارە بەردەستەكان بەكاربهێنێت و بتوانێت هەلومەرجێك بگۆڕێت كە خەریكە تووشی ئەنجامە خراپەكانی دەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ڕزگاری دەبێت لە موسیبەت و پارێزراو دەبێت لە تیاچوون.
ئەو ڕووداوانەی كە بەهۆی كاریگەری قەدەری گشتیەوە ڕوودەدەن بەهۆی قەدەری تایبەتیشەوە دەگۆڕێن. كەواتە دەكرێت بەهۆی قەدەری تایبەتییەوە پێشبینیەك لابچێت و بگۆڕێت كە بەگوێرەی قەدەری گشتی دەرچووە. بۆ نموونە، ئەگەر كەسێك هەواڵی مردنی ئەندامێكی خێزانەكەی پێ بدرێت و ئەویش پەنا ببات بۆ خێركردن و بەخشین و دوعای زۆر ئەوا ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی لاچوونی ڕووداوی مردنەكە و گۆڕانی ئەم سەرەنجامە، بۆ نموونە كەسێك دەیەوێت بچێت بۆ شوێنێك بەڵام شارەزای بارودۆخی ڕێگاكە نیە، وەك ئەوەی لە شەوێكی تاریكدا بەڕێدا بڕوات و هیچ شتێك نەبینێت، وە چاڵێك لە ڕێگاكەیدا هەبێت، ئەگەر بەڕێگاكەدا بڕوات ئەوا بەدڵنیاییەوە دەكەوێتە ناو چاڵەكەوە، لەم حاڵەتەدا یەكێك لە ناسراوەكانی دەیبینێت و پێی دەڵێت: بۆ كوێ دەچیت؟ ئایا دەتەوێت بكەویتە ناو چاڵەوە؟ یان دەڵێت: بێگومان تۆ بەرەو تیاچوون دەچیت. بەڵام كەسەكە بەردەوام دەبێت لەڕۆیشتن و دەگاتە لێواری چاڵەكە و ئینجا دەگەڕێتەوە، وە بەو كەسەی كە ئامۆژگارییەكەی كردووە دەڵێت تۆ درۆزنی چونكە من نەكەوتمە چاڵەكەوە و نەمردم. بەدڵنیاییەوە ئەمیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ئەگەر بەردەوامبوویتایە لەڕۆیشتن ئەوا دەكەوتیتە ناویەوە، بەڵام مادام بەردەوام نەبویت لە ڕۆیشتن بۆیە ڕزگارت بوو. وە خەڵكانی تریش سەرزەنشتی دەكەن و دەڵێن: ئایا ئامۆژگاریەكەی بە درۆ وەسف دەكەیت؟ ئایا بەم شێوازە نەشیاوە پاداشتی كەسێك دەدەیتەوە كە چاكەی كرد لەگەڵتدا بەوەی ژیانی ڕزگار كردیت؟ ئەم نموونەیە پیادە دەبێت بەسەر گۆڕانی قەدەری گشتی بە قەدەرێكی گشتی وەك خۆی.
بەڵام نموونەی گۆڕانی قەدەری گشتی بە قەدەری تایبەتی ئەوەیە لە نموونەكەی پێشوودا ئەو كەسەی ئاگادار كرایەوەی كە دەكەوێتە چاڵەكەوە یان دەمرێت، داوای یارمەتی لەو كەسە دەكات كە ئاگاداری كردووەتەوە بۆئەوەی بەو شوێنەدا تێپەڕێت لە پێناوی ڕاپەڕاندنی ئەركێكی گرنگ و پەلەدا، كەسی ئاگاداركەرەوەیش پارچەیەك تەختەی گەورە دەخاتە سەر چاڵەكە و كابرای یەكەم بەسەریدا دەڕوات بەبێ ئەوەی بكەوێتە ناویەوە. ئایا لەم حاڵەتەدا ڕەوایە كەسێك بڵێت بەكەسی ئاگاداركەرەوە تۆ درۆت كرد، چونكە كەسی یەكەم بە سەلامەتی لەچاڵەكە پەڕییەوە؟ ئایا گومان لەوەدا هەیە ئەگەر دووەم كەسی یەكەمی ئاگادار نەكردایەتەوە ئەوا كەسی یەكەم لە تاریكیەكەدا هیچ شتێكی نەدەزانی دەربارەی چاڵەكە، دواجار بەدڵنیاییەوە دەكەوتە ناوی و دەمرد، وە ئەگەر یارمەتی نەدایە بۆ پەڕینەوە لە چاڵەكە ئەوا نەیدەتوانی بپەڕێتەوە لێی. بەم شێوەیە جار و بار خوای گەورە هەواڵ دەدات دەربارەی موسیبەتێك كە تووشی كەسێكی دیاریكراو دەبێت، وە مەبەست لێی ئاگاداركردنەوەی خۆی یان ئاگاداركردنەوەی هەندێ لە خزمە نزیكەكانیەتی لە ئەنجامەكانی ئەو بارودۆخەی تێیدا دەژین، جا ئەگەر ئەو هەلومەرجانەیان گۆڕی یان داوای یارمەتییان لە خوای گەورە كرد بەهۆی ئەوەی نەتوانن هەلومەرجەكان بگۆڕن ئەوا ئەو موسیبەتە نامێنێت كە دەوری داون. وە لەم حاڵەتەدا ئەو كەسەی ئەم هەواڵدانە بە درۆ دادەنێت كەسێكی ژیر نیە، وە ناتوانێت خوای گەورە بەوە تۆمەتبار بكات كە درۆی كردووە.
وە جۆری دووەمی پێشبینی ئەوەیە كە بەندە ئاگادار دەكرێتەوە لە قەدەرێكی تایبەتی؛ بۆ نموونە ئەگەر خراپە و تاوانەكانی كەسێك پەرەیان سەند بەڕادەیەكی وەها كە زوڵم و ستەمەكانی تەنگیان بەخەڵكی هەڵچنی، وە خوای گەورە ویستی سزای بدات لەم دنیایەدا، فەرمان دەكات بە فریشتەكان كە ماڵ و دارودەست و شكۆ و گەورەییەكەی لەناوببەن. وە جاروبار خوای گەورە هەندێ لە بەندەكانیشی ئاگادار دەكاتەوە لەم فەرمانەی خۆی، جا كاتێك ئەم هەواڵە دەگاتە گوێی كەسە خراپەكارەكە ئەوسا بەخۆیدا دەچێتەوە بەهۆی گەشانەوەی پشكۆی ترسی خوایی كە خامۆش بوو بوو لەژێر خۆڵەمێشی تاوان و خراكاریدا، ئینجا لەو ڕۆژە زەمهەریر ئاسایانەدا هەست بە گەرمایی ئەو پشكۆیە دەكات و لەژێر خۆڵەمێشە كەڵەكەبووەكاندا دەریدەهێنێت، دەبینێت دەگەشێتەوە و ڕووناكی و گەرمیەكەی زیاتر دەبێت، ئینجا لە دڵیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاری ڕوودەدەن و كۆمەڵێك حەز و ئارەزووی نوێ لە دەروونیدا دروست دەبێت بەڕادەیەك لەو كاتەدا ئەم كەسە هەست بە گەرمایی خۆشەویستی و ترسی خوا دەكات كە چەند ڕۆژێك لەوەو پێش كەسێكی شەڕانگێز و خراپەكار بوو، وە پەشیمان دەبێتەوە لە كردەوەكانی پێشووی و ناوچەوانی دەخاتە زەوی لەبەر قاپی پەروەردگاریدا و بە فرمێسكەكانی ئەو بەرقاپیە دەشواتەوە. ئایا خوای بەخشندە و میهرەبان بەهۆی ئەم حاڵەتەیەوە ڕەحمی پێ ناكات؟ ئایا ئەو بڕیارەی خۆی ناگۆڕێت كە بەهۆی حاڵەتی پێشووی كەسەكەوە دەریكردووە بۆ ئەوەی بڕیارەكەی تەبا و گونجاو بێت لەگەڵ حاڵەتەكەی ئێستایدا؟ ئایا خوا ڕەحمی پێ دەكات و فەرمانی سزادانەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە یان دەفەرموێت لەبەرئەوەی من بەندەكەی خۆم ئاگاداركردووە لەم بڕیارەم، بۆیە هەرگیز نایگۆڕم و هەرگیز ڕەحم بەم كەسە ناكەم هەرچەندە تۆبەیش بكات؟ ئەگەر خوا هیچ كەسێكی ئاگادار نەكردبایە لەم بڕیارەی خۆی دەربارەی ئەم كەسە خراپەكارە ئایا بەگوێرەی فێركاریەكانی ئیسلام بۆی هەبوو بڕیارەكەی بگۆڕێت یان نا پاش ئەم گۆڕانكاریە كە ئەم كەسە ئەنجامیدا لەخۆیدا؟ بێگومان بەگوێرەی سوننەتی خۆی بڕیارەكەی دەگۆڕێت. كەواتە ئەگەر بتوانێت بڕیارەكەی بگۆڕێت پاش دەرچوونی و تەنانەت پاش ئاگاداركردنەوەی فریشتەكان لێی، ئایا ڕەحمەت و بەزەیی خۆی دەگرێتەوە تەنها لەبەرئەوەی -سەرەڕای فریشتەكان- یەكێك لە بەندەكانی خۆی ئاگاداركردووە لەم بڕیارەی پاشان بەهۆی ئەم بەندەوە هەندێ خەڵكی تریشی ئاگادار كردووە؟ بێگومان نەخێر. كەواتە ئەگەر بەوشێوەیەی كە باسكرا بڕیارەكەی پێشووی خۆی بگۆڕێت، ئایا ئەوەی كەمێك عەقڵی هەبێت مافی ئەوەی هەیە بڵێت خوا درۆی كرد، پەنا بە خوا؟
ئەگەر گەورەیەك بڕیار بدات خزمەتكارەكەی سزا بدات بەهۆی ئەوەی هەڵەیەكی لێ دەركەوتووە، پاشان خزمەتكارەكە بەتەواوەتی پەشیمان بێتەوە و تۆبە بكات، وە بەڵێنی ئەوە بدا لە داھاتوودا كار و كردەوەی خۆی چاك بكات، ئینجا گەورەكەی لێی خۆش بێت و لێی نەدا، ئایا هیچ مرۆڤێكی ژیر بۆی هەیە بڵێت گەورەكە لە قسەكەیدا درۆی كرد؟ وە پێچەوانەی بڕیارە ڕاشكاوەكەی خۆی ڕەفتاری كردووە؟
جۆری یەكەمی پێشبینیەكان (هەواڵە غەیبیەكان) ئەوەیه كە تێیدا مرۆڤ ئاگادار دەكرێتەوە لە ئەنجامەكانی قەدەری گشتی، وە له زۆربەی كاتەكاندا پەیوەستە بە باوەڕدارانەوە بۆ ئەوەی خوای گەورە هۆشدارییان پێ بدات لە مەترسی و ڕزگاریان بكات لە دەرد و بەڵا زەمینیەكان و ڕەحمەتی خۆی بەبێ كەموكوڕی بڕێژێت بەسەریاندا، چونكە باوەڕدار وەك كەسانی تر لەژێر كاریگەری یاسای توانستی خوایی دەرناچێت و بەزۆری تووشی زیان دەبێت بەهۆی سەرپێچیكردنی لە یاسا سروشتیەكان، بۆیە خوای گەورە خۆی یان باوەڕدارێك هەواڵی پێ دەدات- پێش دەركەوتنی ئەنجامە زیانبەخشەكانی سەرپێچیەكەی- سەبارەت بەو ئەنجامەی كە بەهۆی بارودۆخەكەیەوە دەروست دەبێت، ئەوسا ئەویش خۆی لەو سەرەنجامە دەپارێزێت بەهۆی ئەوەی دوعا دەكات یان دەبەخشێت یان پەنا دەباتە بەر یاسایەكی تری توانستی خوایی.
بەڵام جۆری دووەمی پێشبینییەكان ئەوەیە كە تێیدا بڕیار دەردەچێت سەبارەت بە كەسێك بەگوێرەی قەدەری تایبەتی، وە ئەم قەدەرە بەتایبەتی پەیوەستە بە یاخیبووان و خراپەكارانەوە. وە ئەو پێشبینیەی كە لادەچێت و دەسڕێتەوە بەگوێرەی ئەم قەدەرە بریتیە لە پێشبینی سزا و هەڕەشە، چونكە پێشبینی بەڵێن و مزگێنی ناسڕێتەوە بەڵام هەمیشە پێشبینی هەڕەشە و سزا دەكرێت بسڕێتەوە، چونكە سڕینەوەی ئەم پێشبینیە واتە خوای گەورە بەڕەحم و بەخشندەیە و دەبێتە هۆی دەركەوتنی مەزنێتی خوای گەورە بۆ بەندەكانی بەهۆی لێبوردنەكەیەوە.
بەڵام ئەو قەدەرە تایبەتەی كە سەبارەت بە باوەڕدار دەردەكەوێت هەرگیز ناسڕێتەوە چونكە ئەوە بەڵێنە نەك هەڕەشە، وە لەبەرئەوەی سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوەی نابێتە هۆی دەركەوتنی مەزنێتی خوای گەورە. وە بەو پێیەی كە هەڕەشە تەنھا لەبەر هۆكارێك دەردەچێت، وە بەگۆڕانی ئەو هۆكارە ئەویش دەگۆڕێت، بەڵام بەڵێن دەكرێت بەبێ هیچ هۆكارێك بێت، لەبەرئەوە بەڵێن ناسڕێتەوە و هەڵناوەشێتەوە، چونكە سڕینەوەكەی پێچەوانەی مەزنێتی خوای گەورەیە بەجۆرێك خۆی بگرێتەوە لە پێدانی شتێك-لەبەر هەر هۆكارێك بێت- كە لەخۆوە بەڵێنی داوە بیبەخشێت بەبێ بەرامبەر.
پێشتر ئەوەشم پێ ڕاگەیاندن كە قەدەری نەگۆڕ و جێگیر هەڵناوەشێتەوە مەگەر لە هەلومەرجێكی زۆر تایبەتیدا. وە ئێستا پێتان دەڵێم كە مەبەست لە سڕینەوە و هەڵوەشاندنەوەی قەدەری نەگۆڕ چیە. سڕینەوەی قەدەری نەگۆر مانای ئەوە نیە كە بەتەواوەتی لە واقیعدا نەمێنێت و هەڵوەشێتەوە، بەڵكو مەبەست لە سڕینەوەكەی ئەوەیە كە شێوەكەی بگۆڕدرێت و شێوازێكی تر لە شوێنەكەیدا دابنرێت. ئەم قەدەرە بەگوێرەی كۆمەڵێك نهێنی ورد و قووڵ دادەبەزێت، وە گۆڕانكاری تێیدا كاریگەری هەیە لەسەر كۆمەڵێك یاسای تر كە ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوونی سیستەم. لەبەرئەوە ناكرێت-بەگوێرەی كۆمەڵێك حیكمەتی تایبەتی خوا- ئەم قەدەرە بەتەواوەتی هەڵوەشێتەوە و نەمێنێت، وە ئەگەر نەما و سڕایەوە ئەوا تەنھا بە شەفاعەت دەسڕێتەوە كە مەقامێكی زۆر تایبەتیە، وە لە سەرەتای دروستبوونەوە خوای گەورە تەنها چەند جارێكی كەم ئەم مەقامەی بەخشیوە بە بەندەكانی خۆی.
نموونە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەم قەدەرە جێبەجێبوونی بەشێوەیەكی تر بریتیە لە ڕووداوێكی سەید عەبدولقاردی گەیلانی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت). دەگێڕنەوە شێخ عەبدولقادر لەلایەن خواوە كۆمەڵێك هەواڵی پێ دەگات دەربارەی یەكێك لە موریدەكانی كە زۆری خۆشدەویست، تێیاندا هاتبوو كە بەدڵنیاییەوە ئەو كەسە زینا دەكات و ئەمە قەدەرێكی جێگیر و نەگۆڕە. ئەویش بە بەردەوامی دەست دەكات بە دوعاكردن بۆی هەتا لەلایەن خوا ئەم وەڵامەی پێ دەگات: ئەوەی كە وتمان جێبەجێ بوو، وە نزاكەی تۆیشمان گیراكرد. شێخی گەیلانی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) سەری سوڕدەمێنێت بەبێ ئەوەی هیچ شێك لە ڕاستیەكە بزانێت. كاتێك موریدەكە دێت بۆ چاوپێكەوتنی شێخ، شێخی گەیلانی هەواڵەكەی بۆ دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: پێشتر لەلایەن خواوە هەواڵێكم پێ گەیشت دەربارەی تۆ، بەڵام پێم نەگوتی و بەردەوام دوعام بۆكردیت هەتا ئێستا ئەم هەواڵەم پێگەیشت، تۆ بڵێی بەسەرهاتەكە چۆن بێت؟ موریدەكە گوتی: عاشقی ئافرەتێك بووم و سەرەڕای ئەوەی ئەوپەڕی هەوڵمدا بەڵام شكستم هێنا لەوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا بكەم، بۆیە بڕیامدا هەرچۆنێك بێت زینای لەگەڵدا بكەم. لەكاتێكدا من هەوڵم دەدا بۆ جێبەجێكردنی ئەم كارە شەوێكیان لە خەوندا بینیم و سەرجێییم لەگەڵدا كرد، كاتێك خەبەرم بوویەوە هەستم كرد دڵم خاڵی بووەتەوە لە خۆشەویستیەكەی و ئەو حاڵەتەی پێشووم نەمابوو. شێخ عەبدولقادری گەیلانی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) لە بەسەرهاتەكەیەوە ئەوەی بۆ دەركەوت كە ئەو قەدەرەی ئەستەم بوو هەڵوەشێتەوە بەڕەچاوكردنی هەلومەرج و كردەوەكانی ئەو كەسە، وە ئەوەندەی نەمابوو ڕووبدات، خوای گەورە بەهۆی گیرابوونی دوعاكەی ئەمەوە بەشێوەیەكی تر هێنایەدی و ئەم كەسەی ڕزگاركرد لەوەی بكەوێتە ناو تاوانەوە، بەم شێوەیە بەهۆی توانای تایبەتی خۆیەوە ڕزگاری كرد لە ئاكامی خراپی كردەوەكانی.
ئایا گۆڕانی قەدەر كێشە دروست دەكات؟
لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت: ئایا كاتی گۆڕانی قەدەر ناتەواوی یان نەنگی ڕوونادات لە شكۆ و گەورەیی خوادا؟
وەڵامەكە ئەوەیە: نەخێر هەرگیز ڕوونادات، ئەمەش چونكە كۆمەڵێك سوودی زۆریش هەیە لە گۆڕانی قەدەردا، وە ڕاگەیاندنی ئەم قەدەرە و پاشان گۆڕانی مانای سۆز و بەزەیی و ڕەحمەتی خوای گەورە دەگەیەنێت، چونكە كاتێك خوای گەورە بەندەیەكی خۆی ئاگادار دەكات لە موسیبەتێك كە نزیكە تووشی ببێت، ئەوا بەندەكە مشوری خۆی دەخوات و هەموو ڕێكارە خۆپارێزیه پێویستەكان دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕزگاری بێت، دواجار لەسایەی چاكەی خواوە ڕزگاری دەبێت لێی. كەواتە ڕاگەیاندنی قەدەر لەلایەن خوای گەورەوە پێش هاتنی كاتەكەی مانای سۆز و بەزەیی خوای گەورە دەگەیەنێت بەرامبەر بەندەكانی، وە سڕینەوەكەیشی مانای ڕەحمەتی خوای گەورە دەگەیەنێت، كەواتە گۆڕان و سڕینەوەی قەدەر نابێتەهۆی ڕوودانی هیچ ناتەواوی یان نەنگیەك لە شكۆ و گەورەیی خوادا بەڵكو كۆمەڵێك سوودی گەورە دەهێنێتەدی.
وە سوودێكی تری شاراوە هەیە لە سڕینەوەی قەدەری تایبەتیدا كە بەهۆی قەدەری گشتیەوە دانابەزێت بەڵكو بەگوێرەی گۆرانكاری لە حاڵەتی ڕۆحی مرۆڤدا دادەبەزێت، وە لە سڕینەوەكەیدا توانای خوای گەورە دەردەكەوێت، بگرە ئەگەر بەباشی بیرمانكردەوە ئەوا پەی بەوە دەبەین كە بەبێ سڕینەوەی قەدەری تایبەتی توانای تەواوەتی دەرناكەوێت. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك دژایەتی پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران بكات و ڕێگری بكات لە بڵاوبوونەوەی ئایین، دیارە ئەمەش وەهای لێ دەكات كە شایستەی سزا بێت، خوای گەورەیش پێغەمبەرەكەی ئاگادار بكاتەوە لە تیاچوونی ئەو كەسە. بەڵام ئەگەر ئەو كەسە سەرەڕای تۆبەكردن و پەشیمان بوونەوەی هەر تیاچوو، ئەوا ئەمە بەتوانایی خوا دەشارێتەوە، وە بەم هۆیەوە زیاتر ئەوە دەسەلمێت كە خوا زانایە، بەڵام ئەوەی كە خوا زانایە هیچ مانایەك نابەخشێت ئەگەر بەتوانایش نەبێت؛ ئەمەش ئەو شتەیە كە دەكرێت خۆشەویستی مرۆڤ ڕابكێشێت بۆ خۆی. دیارە هەواڵدان لە ڕوودانی شتێك و نەسڕینەوەی ئەو هەواڵە مانای زانینی غەیب دەگەیەنێت و هەرگیز نابێتە بەڵگە لەسەر توانا. بەڵكو ڕەنگە بەهۆی ئەم حاڵەتەوە خەڵكی بكەونە گومانەوە بەجۆرێك پێیان وابێت كە ئەم پێغەمبەرە ڕێگایەكی دۆزیوەتەوە بۆ زانینی هەندێ هەواڵی غەیبی، بەڵام ئەگەر حوكمێكی تایبەتی هەڵوەشایەوە بەهۆی نەمانی هەلومەرجەكان و گۆڕانكاری لە بارودۆخەكاندا ئەوا ئەمە دەبێتە بەڵگەیەكی ڕوون لەسەر ئەوەی كە ئەو حوكمە لەلایەن خوایەكی بەتواناوە دەرچووە كە بەگوێرەی هەلومەرج و بارودۆخەكان فەرمانەكانی خۆی دەردەكات، وە هەركاتێك مرۆڤ بارودۆخی خۆی گۆڕی خوای گەورەیش قەدەری خۆی دەگۆڕێت لەبارەیەوە، بەهۆی ئەمەوە شكۆ و گەورەیی خوا بەجوانی دەردەكەوێت، وە تكا و ئومێدی بەندە زیاتر دەبێت چونكە دەزانێت ئەو خوایەی كە دەتوانێت سزا بدات توانای ئەوەیشی هەیە ببورێت و وەكو ئامێرێكی بەرنامەڕێژكراو نیە. من دڵنیام ئەگەر مرۆڤ بەچاوی ویژدانەوە سەرنجبدات ئەوا دەزانێت كە ئەگەر پێشبینیە هۆشداریەكان هەڵنەوەشێنەوە ئەوا ناسەلمێت كە خوای گەورە زاتێكی بەتوانایە. بەڵكو ڕوون دەبێتەوە وەك ئەوەی – پەنا بە خوا- خوای گەورە وەكو ئامێری قیمەكردنی گۆشت بێت گۆشت بكات بە قیمە و دەستی خاوەنەكەشی بكات بەقیمە ئەگەر بكەوێتە ناویەوە، وە گۆڕان و جێگۆڕكی نەبێت بۆ فەرمانی خوای گەورە ئەگەرچی كەسێك تۆبە بكات و پەشیمان بێتەوە، وە وازهێنان لە دژایەتی خوا و گەڕان بەشوێن دۆستایەتیەكەیدا هیچ سوودی نەبێت.
ڕەنگە لەم شوێنەدا كەسێك گومانێك بێت بەدڵیدا و بڵێت ئەگەر پێشبینی (هەواڵە غەیبی) بەم شێوازە بگۆڕێت كەواتە بەڵگە چیە لەسەر ئەوەی كە ڕاستە؟ بۆچی لەم حاڵەتەدا نەوترێت تەنھا فێڵێكە و هیچ كەڵكێكی نیە.
وەڵامی ئەم قسەیە ئەوەیە كە پێشبینیەكان سەرەتا بەڵگەن لەسەر هۆكارە شاراوەكان، واتە پێكهاتوون لە شتانێك كە بە ئاشكرا هۆكارەكانیان نابینرێن، وە بوار نیە بۆ قیاسكردن و گومانبردن مەگەر لە شتانێكدا كە هۆكارەكانیان ئاشكرا بێت، بۆ نموونە كاتێك كەسێك نەخۆش بێت و دەربارەی هەواڵبدرێت كە دەمرێت ئەوا دەكرێت لەمەدا ڕۆڵێك هەبێت بۆ قیاس و گومانكردن، بەڵام ئەگەر هەواڵێكمان پێ درا بەبێ ئەوەی هۆكارەكانی ئاشكرابن، پاشان لەداهاتوودا ئاسەوارەكانی دەربكەون، ئەوا ناكرێ ئەم هەواڵە پێی بوترێت نوقڵانەلێدان یان مەزەندەكردن تەنانەت ئەگەر لەوەودوا نەما و سڕایەوە، چونكە بەشێك لەو هەواڵە ڕاستی بەشەكەی تری سەلماندووە. كەواتە ئەستەمە گومان بكرێت لە ڕاستی پێشبینیەكان سەرەڕای لاچوون و سڕینەوەیان، بەڵكو لەگەڵ سڕینەوەیاندا وەك پێویست دەبنەهۆی ڕێنموونی خەڵكی.
وەڵامی دووەمی ئەم گومانە ئەوەیە كە پێشبینیە هۆشداری و ئاگاداركەرەوەكان بەگشتی تایبەتن بە دوژمنانەوە، وە بەگشتی دوژمن كەسێكی سەرسەختە و گاڵتە دەكات بە دوژمنەكەی، وە لە هۆشداری و ترساندنی پێشوەختە سوود وەرناگرێت مەگەر بە كەمی، وە كەمجار ڕێكەوتووە خەڵكی سوود وەربگرن لە ترساندن و ئاگاداركردنەوە بەجۆرێك سزاكە لەبارەیانەوە نەمێنێت و بسڕێتەوە. كەواتە چۆن دەكرێت لەسەدا پێنج یان دەی پێشبینیە هۆشداریەكان -كه هەڵوەشابنەوە- ببنە هۆی گومان لە ڕاستی هەموویان؟ لە كاتێكدا هاتنەدی هەموو ئەو پێشبینیانەی كە پێكهاتوون لە مژدەی خۆش، وە هاتنەدی نەوەد یان نەوەد و پێنج لەسەدی پێشبینیە هۆشداریەكانیش بە شێوەیەكی ڕوون جەخت دەكاتەوە لەسەر ڕاستگۆیی ئەو كەسەی كە ئەو پێشبینیانەی كردووە.
وەڵامی سێیەم ئەوەیە ئەو هەواڵانەی كە لەژێر كاریگەری قەدەری تایبەتیدا ڕادەگەیەنرێن ئەنجامی شتانێكی سروشتی نین، بەڵكو ئەنجامی شتانێكی ڕۆحانین، وە ئەمانە ئەو پێشبینیانەن كەنەیارەكان زیاتر گومان دروست دەكەن دەربارەیان. بۆ نموونە ئەو پێشبینیەی كرا دەربارەی “لیكهرام” كە دەكوژرێت بەهۆی سووكایەتیكردنی بە پێغەمبەر (ﷺ)، یان ئەو پێشبینیەی كرا دەربارەی “ئاتهەم” كە فڕێدەدرێتەناو چاڵێكی قووڵەوە (الهاویة) بەهۆی زماندرێژیكردنی بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ)، یان ئەو پێشبینیەی كرا دەربارەی ئەحمەد بەگ و زاواكەی كە هەردووكیان تیادەچن؛ ئەم سزایانە لە ئەنجامی هیچ شتێكی سروشتیەوە نەبوون. ئەگەر “لیكهرام” كەسێكی بكوشتایە پاشان بوترایە بەهۆی ئەم تاوانەوە دەكوژرێت ئەوا ئەمە شتێكی جیاواز دەبوو، بەهەمان شێوە ئەگەر بۆ ئاتھەم و ئەحمەد بەگ سزایەك دیاری بكرایە لە ئەنجامی شتانێكی سروشتیەوە ئەوا دەكرا ڕەخنە لە پێشبینیەكە بگیرێت، بەڵام ئەوان بەهۆی كۆمەڵێك تاوانی ڕۆحیەوە شایستەی ئەو سزایانە بوون، بۆیە ئەگەر تەنانەت هەندێ بەش لەم جۆرە هەواڵانە بێنەدی ئەوا ئەمە دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی كه ئەو كەسەی هەواڵەكەی ڕاگەیاندووە پەیوەندی هەیە لەگەڵ خوای گەورەدا؛ چونكە ئەگەر وەها نەبێت ئەوا نەیدەتوانی ئەم جۆرە هەواڵانە ڕابگەیەنێت كە هیچ ئاسەوارێكیان نیە لە كاروبارە سروشتیەكاندا، وە هەروەها جگە لە خوا هیچ كەسێك ناتوانێت سزای تاوانە ڕۆحیەكان ڕابگەیەنێت، مرۆڤ لەكوێ دەتوانێت تەنھا بە ڕوانین بۆ ئەو كەسەی كە لەڕووی ڕۆحیەوە تاوانبارە هەواڵ بدات سەبارەت بە چۆنێتی سزادانەكەی؟!
وە ئەگەر بگوترێت: بەگوێرەی باوەڕی ئێمە هەواڵدان دەربارەی كەسێك زۆربەی جار وێنەی ئەو حاڵەتەی كەسەكە بەرجەستەدەكات كە بوونی هەیە، واتە تێیدا بە ڕاشكاوی ئەنجامی ئەو هەلومەرجە ڕادەگەیەنرێت كە ئەو كەسە پێیدا گوزەر دەكات و بەردەوامە لەسەری لە ئێستادا، بەڵام بۆچی خوای گەورە زۆر بەڕوونی هەواڵە غەیبیەكان ڕاناگەیەنێت هەتاكو خەڵكی نەكەونە گومانەوە دەربارەیان؟ وە ئەگەر بەم ڕاشكاویە هەواڵ بدرێت بە خەڵكی ئەوا تووشی تاقیكردنەوە نابن.
وەڵامەكەی ئەوەیە:
یەكەم: ئەو كەسانەی نەخۆشیەك لە دڵیاندا هەیە لە هەموو بارودۆخەكاندا گومان دەكەن و ڕەخنە دەگرن، بۆ نموونە لە پێشبینیەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) تێبینی بوونی مەرج دەكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی هەر ڕەخنە دەگرن. لەو پێشبینیەدا كە پەیوەستە بە تاعوونەوە بە ڕاشكاوی هاتووە كە هەرگیز لە قادیاندا تاعوونی قڕكەر بڵاونابێتەوە وەك چۆن لە گوندەكانی تردا بڵاودەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی ڕەخنەدەگرن و دەڵێن دەبوایە لە قادیاندا هیچ حاڵەتی تووشبوون بە تاعوون ڕووینەدایە.
دووەم: سوودێكی تر ئەوەیە كە لە پەیڕەوكردنی ئەم شێوازە بۆ ئاگاداركردنەوه و ڕاگەیاندنی هەواڵی داهاتوو ئامانجی داواكراو لە خەونی ڕاست و كەشف و ئیلھام بەشێوەیەكی چاكتر دێتەدی. لەڕێگەی خەونێكی هۆشداریەوە یان لەڕێگەی وەحیەوە هەواڵێك دەدرێت دەربارەی داهاتوو، سەرەڕای ئامانجەكانی تر، ئامانج لێی ئەوەیە كە ئەم كەسە پەیوەندیدارە ئاگادار بێتەوە و بیربكاتەوە لە چاككردنی خۆی، یان بەڵگەی لەسەر بچەسپێت ئەگەر خۆی چاك نەكرد، وەك چۆن گەورە دەفەرموێت: ﴿رُّسُلٗا مُّبَشِّرِينَ وَمُنذِرِينَ لِئَلَّا يَكُونَ لِلنَّاسِ عَلَى ٱللَّهِ حُجَّةُۢ بَعۡدَ ٱلرُّسُلِۚ﴾ (النساء: 166).
بەكورتی، ئەو پێشبینیانەی كە بۆ ترساندن و ئاگاداركردنەوەیە بۆ چەسپاندنی بەڵگە (إقامة الحجة) ڕادەگەیەنرێن، وە بەهۆیانەوە دەرفەتی كۆتایی خۆچاككردن دەدرێت بەو كەسەی پێشبینیەكە لە دژی دەرچووە ئەگینا ئیقامە حوججە نەكراوە لەسەری. وە ئەگەر سوودی لە دەرفەتەكە وەرنەگرت ئەوا بەمە ئیقامە حوججەی لەسەركراوه و بیانووی بڕاوە. وە شتێكی ئاشكرایە كەسێك لەخەودا پێی پیشان بدرێت كە تووشی نەخۆشی بووە و هەست بە ناڕەحەتیەكانی نەخۆشیەكە بكات، كاریگەری ئەمە جیاوازە لەو كاریگەریەی كە كەسێك پێی بڵێت بەهۆی بارودۆخەكەیەوە ئەگەری هەیە تووشی نەخۆشی ببێت. بەهەمان شێوە ئەگەر لە غەیبەوە هەواڵ بە كەسێك بدرێت كە فڵانكەس بەدڵنیاییەوە بەهۆی بێدینیەكەیەوە سزایەكی دیاریكراو بڕیاردراوە بۆی، كاریگەری ئەمە جیاواز دەبێت لەكاریگەری قسەی كەسێك كە پێی بڵێت لەوانەیە تووشی سزا بیت لەبەر هەمان هۆكار. بۆیە ئەگەر سزاكە بەهۆی كردەوەكانیەوە بڕیار درابێت بۆی ئەوا مافی خۆیەتی بە شێوازە دڵنیاكەرەوەكە ئاگادار بكرێتەوە.
وە ئەگەر بگوترێت: بۆچی خوای گەورە دەربارەی دۆخێك هەواڵ دەدات كە دۆخی كۆتایی نیە و گومان دەخاتە دڵی؟
یەكێك لە وەڵامەكان ئەوەیە: وەك پێشتر ڕامگەیاند ئامانج لە پێشبینیەكان بریتیە لە چاكسازی، كەواتە چۆن دەكرێت خەڵك چاك بكرێت ئەگەر ئاگادار نەكرێنەوە لەو لایەنەی قەدەر كە دەكرێت بگۆڕدرێت؟ لەڕاستیدا هەزارەها كەس لە تیاچوون ڕزگاریان دەبێت لە ئەنجامی ئەم جۆرە ئاشكراكردنەی قەدەرەوە، وە خوای گەورە بەهۆی بەخشندەیی و ڕەحمەتی خۆیەوە ئەم شێوازەی هەڵبژاردووە.
دووەم، وەك پێشتر باسمكرد سیفەتی العلیم و سیفەتی القدیری خوای گەورە دوو شتی جیاوازن. ئەگەر دەربارەی ئەوە بەشەی قەدەر كە ناگۆڕێت هەواڵ بدرێت ئەوا ساغدەبێتەوە كە خوا زانایە، بەڵام لەمەوە ناسەلمێندرێت كە بەتوانایە. كەواتە ئاگاداركردنەوه و هەواڵدان دەربارەی قەدەرێك كە تەبابێت لەگەڵ باودۆخەكەدا پێویستە بۆ دەرخستنی توانای خوای گەورە، وە بەبێ ئەمە ئەستەمە توانای تەواوەتی خوا دەربكەوێت بۆ مرۆڤ. بێگومان دەركەوتنی ئەم جۆرە قەدەرە كە تەبا و گونجاوە لەگەڵ هەلومەرجە هەنووكەییەكەدا شتێكی پێویستە بۆ دەركەوتنی توانای خوای گەورە، وە بەبێ ئەمە ئەستەمە توانای خوای گەوره بەتەواوەتی دەربكەوێت، بەڵكو تاكە هۆكار بۆ دەركەوتنی توانای خوا بۆ مرۆڤ ئەوەیە كە لەلایەن خوای گەورەوە فەرمانێك دەربچێت بەگوێرەی حاڵەتە ڕۆحیە هەنووكەییەكەی مرۆڤەكە، جا ئەگەر ئەو حاڵەتە بە بەردەوامی مایەوە ئەوا بەگوێرەی ئەو شتەی بۆی دەركەوتووە مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، وه ئەگەر حاڵەتەكەی گۆڕا مامەڵەكەیش دەگۆڕێت.
ئەگەر گوترا: لەبەرئەوەی خەڵكی تووشی تاقیكردنەوە و زیان دەبن بەهۆی ئەم پێشبینیانەوە بۆیە وا باشترە كە خوا ئەم هەواڵانە ڕانەگەیەنێت، وەڵامەكەی ئەوەیە: ناكرێت خوای گەورە واز لە حەق و ڕاستی بهێنێت لەترسی گومڕابوون و زیانباربوونی كەسی خراپەكار و شەڕانگێز. وە چۆن دەكرێت خوای گەورە -لەبەرئەوەی كەسانی شەڕانگێز و خراپەكار زیان دەكەن- وازبهێنێت لە شتێك كە بەهۆیەوە ڕەحمەتی خوا دەربكەوێت و تواناكەی جێگیر بێت و بسەلمێت كە لەڕووی ئیرادەوە كارایە. دیارە هەواڵی لەم شێوەیە تەنھا زیان دەگەیەنێت بە كەسانی بەدكار و كەلـلەڕەق، ئەمەش نابێتە ڕێگر لە ڕاگەیاندنی ئەم جۆرە هەواڵانە؟ لەم بارەیەوە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿وَمَا مَنَعَنَآ أَن نُّرۡسِلَ بِٱلۡأٓيَٰتِ إِلَّآ أَن كَذَّبَ بِهَا ٱلۡأَوَّلُونَۚ﴾ (الإسراء: 60)، واتە ئایا دەستهەڵبگرین لە ناردنی ئایەتەكان هەر لەبەرئەوەی مرۆڤە بەدكارەكان لە سەردەمانی پێشوودا باوەڕیان نەبوو پێیان؟!
وە ئەنجام نەدانی ئەو شتانەی كە دەبنەهۆی دەرخستنی زیاتری ڕەحمەت و توانای خوا بۆ كەسانی ژیر هەر لەبەرئەوەی كەسانێكی بەدكار و شەڕانگێز بەم هۆیەوە گومرا نەبن پێچەوانەی شكۆ و سوننەتی خوای گەورەیە. پاشان گومڕابوون یان پێخلیسكانی كەسی خراپ و شەرانگێز چ گرنگیەكی هەیە؟ لەكاتێكدا ئەو خۆی لەمێژە پێی خلیسكاوە و گومڕابووە، ئیتر بۆچی بەهۆیەوە باوەڕداران بێبەش بكرێن لە سوودوەرگرتن لەم شتە؟
لە خودی ئیسلامەوە هەندێ نموونە دەهێنمەوە بۆ ئەو موسوڵمانانەی كە ڕەخنە دەگرن لەم جۆرە پێشبینیانە، لەم نموونانەدا خوای گەورە ئەنجامی كۆتایی باس نەكردووە بەڵكو بارودۆخە نێوەندەكانی باسكردووە واتە قوناغ بە قۆناغ ویستی خۆی دەرخستووە، وە تێیاندا بەگوێرەی بارودۆخە هەنووكەییەكە هەواڵی داوە. وە یەكێك لەو نموونانە ڕووداوێكی مەزنە كە لەناو موسوڵماناندا بە میعراج ناسراوە، ئەم ڕووداوە پەیوەندیەكی ئەوەندە گرنگی هەیە بە بناغەی ئیسلامەوە كە هیچ موسوڵمانێكی شارەزا ناتوانێت بە هەند وەرینەگرێت. بەگوێرەی فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ) لەم ڕووداوەدا سەرەتا پەنجا نوێژ فەرز كرا ، پاشان بە ئامۆژگاری حەزرەتی مووسا (علیه السلام) و دوای داواكردنی دووبارە و چەند بارە كەم كرایەوە بۆ پێنج نوێژ. (مسلم، كتاب الإیمان).
ئێستا ئاشكرایە كە خوای گەورە پێشتر دەیزانی مووسا (علیه السلام) چ ئامۆژگاریەك دەكات، وە دەشیزانی كە پێغەمبەر (ﷺ) بەگوێرەی ئەو ئامۆژگاریە دووبارە داوا دەكات لە خوای گەورە كە بۆی كەم بكاتەوە. كەواتە بۆچی سەرەتا خوای گەورە فەرمانی كرد بە پەنجا نوێژ و دواتر كردی بە پێنج؟ وە بۆچی هەر لەسەرەتاوە فەرمانی نەكرد بە پێنج نوێژ؟ جا هەر وەڵامێك بۆ ئەمە بدۆزنەوە ئەوا وەڵامی ئێمەیش هەمان شتە بۆ گۆڕانكاری لە پێشبینیەكاندا.
نموونەی دووەم ئەو فەرموودە بەناوبانگەیە دەربارەی دواهەمین كەس كە لە دۆزەخ دەردەهێنرێت، خوای گەورە بەگوێرەی داواكاری مرۆڤەكە دەریدەكات لە دۆزەخ و لەبەر دەرگاكەیدا جێی دەهێڵێت، پاشان مرۆڤەگە دارێك دەبینێت، داوا دەكات لە سێبەرەكەیدا بحەسێتەوە، خوای گەورەیش بەڵێنی لێ وەردەگرێت كە دوای ئەمە هیچ شتێكی تر داوا نەكات و لەو شێنەدا دایدەنێت كە دوایكردووە، بەڵام دوای ئەوە دارێكی جوانتر دەبینێت، داوا لەخوای گەورە دەكات بیخاتە ژێر سێبەرەكەیەوە، خوای گەورەیش بەڵێنەكەی پیشووی بیر دەخاتەوە و دەیخاتە ئەو شوێنەی كە داوای كردووە، وە بەڵێنێكی تری لێ وەردەگرێت كە لەوە زیاتر داوا نەكات، وە لە كۆتاییدا دوای زنجیرەیەك داواكاری لەم شێوەیە پیاوەكە داوای چوونە بەهەشت دەكات، خوای گەورەیش پێدەكەنێت و دەیخاتە بەهەشتەوە. (مسلم، كتاب الإیمان، باب آخر أهل النار خروجا). لەم ڕووداوەشەوە ڕوون دەبێتەوە كە خوای گەورە بەجۆرێك هەواڵ دەدات كە گونجاو بێت لەگەڵ دۆخی هەنووكەیی مرۆڤەكەدا، ئەوەتا خوای گەورە بەڵێنی لێ وەردەگرێت كە داوای شتێكی تر نەكات، وە لێرەدا وا دەفامرێتەوە كە نایەوێت بیخاتە بەهەشتەوە، لەكاتێكدا ئەمە ڕاست نیە، بەڵكو خوای گەورە دەیەوێت بیخاتە بەهەشتەوە، وە قۆناغ بە قۆناغ نزیككردنەوەی ئەم كەسە لە بەهەشت لەلایەن خواوە هەمان ڕەخنە دەوروژێنێت كە بریتیە لەوەی: بۆچی بە یەك جار خوای گەورە نەیخستە بەهەشتەوه؟ وەڵامی ئەم پرسیارە هەمان وەڵامی ئێمەیە بۆ ئەو كەسەی ڕەخنەدەگرێت لە گۆڕانی ئەم جۆرە پێشبینیانە.
لە كۆتاییدا دووبارەی دەكەمەوە و دەڵێم پێشبینی (واتە هەواڵی غەیبی) تەنها دەركەوتنی قەدەرە، وە گۆڕانی قەدەر بابەتێكە هەموو موسوڵمانان هاوڕان لەسەری، بۆیە هیچ مانای نیە مرۆڤ بێبەش بكرێت لە سوودێك كە بەهۆی گۆڕانی ئەو قەدەرەوە دەستی دەكەوێت كە پێشتر ڕاگەیەنراوە.
پوختەی قسە، قەدەر و هەوڵدان لەیەك كاتدا هەردووكیان كاریگەرن، بەجۆرێك قەدەر (بە هەموو جۆرەكانیەوە) بەجیا لەلایەن خوای گەورەوە دەردەكەوێت، وە كاتێك لەگەڵ هەوڵی مرۆڤدا یەك دەگرن كردەوەكانی مرۆڤەكە بەئەنجام دەگەن. قەدەرێك هەیە بەبێ گوێدانە كردەوەكانی مرۆڤ دەرردەكەوێت، ئەم قەدەرە سزا یان پاداشتی كردەوەكان دیاریدەكات. وە ئەگەر جارو بار ئەم قەدەر دەركەوت سەبارەت بە كردەوەكان ئەوا ئەو كردەوانە دەگرێتەوە كە بەگشتی مرۆڤ لێپرسینەوەی لێ ناكرێت دەربارەیان، مەگەر ئەو كردەوانە ئەنجامی كۆمەڵێك كردەوەی تر بن و پاداشتبن بۆیان. بۆیە حەج و نوێژ و ڕۆژوو، وە درۆ و زینا و دزی بەشێكن لە كردەوەكانی مرۆڤ كە بە ویستی خۆی ئەنجامیان دەدات یان ئەنجامیان نادات، دواجار شایستەی سزا یان پاداشت دەبێت لەسەریان. سەرەڕای هەموو ئەمانە نەزانەكان دەڵێت خوا دزیم پێ دەكات، خوا زینام پێ دەكات، وە نازانن كە قەدەری خوای گەورە كەس ناچار ناكات لەسەر ئەنجامدانی تاوان، دیارە خوا زاتێكی پاك و پیرۆزە و تەنھا داوای كردەوەی چاك و پاك دەكات، كەواتە ئەگەر قەدەری خوا لەم بارەیەوە لەكاردا بوایە و خوا خەڵكی ناچار بكردایە ئەوا هەموو خەڵكی ناچار دەكرد كردەوەی چاك بكەن، وەك دەفەرموێت: ﴿وَلَوۡ شِئۡنَا لَأٓتَيۡنَا كُلَّ نَفۡسٍ هُدَىٰهَا﴾ (السجدة: 14)، واتە ئەگەر بمانویستایە خەڵكی ناچار بكەین ئەوا هەموویانمان دەكرد بە موسوڵمان و كارێكمان دەكرد كەس كافر نەبوایە. كەواتە ئەگەر خوای گەورە ناچاركردن و زۆرلێكردنی پیادە بكردایە لەسەر خەڵكی ئەوا كارێكی دەكرد هەموو خەڵكی تەنها كردەوەی چاك ئەنجام بدەن. بەڵام سەیرە مرۆڤ كۆمەڵێك كردەوەی خراپ دەداتەپاڵ خوای گەورە و دەڵێت خوای گەورە دزی پێ كردووم و خۆم هیچ دەستێكم نیە لەم كردەوە دزێوەدا، لەكاتێكدا مرۆڤە خۆی وەهای كردووە قەدەری خراپ لەسەری بكەوێتەگەڕ. بۆیە ئەوە ڕاست نیە كە خوای گەورە قەدەری خراپ بخاتەگەڕ و مرۆڤ ناچار بكات بۆئەوەی كردەوەی خراپ ئەنجام بدات. بەڵێ، قەدەرێكی خراپ هەیە شەیتان دەیخاتەگەڕ و كارێك دەكات دۆستان و شوێنكەوتووانی بەگوێرەی ئەو قەدەرە هەڵسوكەوت بكەن. خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿سُلۡطَٰنُهُۥ عَلَى ٱلَّذِينَ يَتَوَلَّوۡنَهُۥ﴾ (النحل: 101). وە بەو پێیەی ئەم جۆرە كەسانە وازدەهێنن لە خوا و دەبن بە شوێنكەوتەی شەیتان بۆیە خوای گەورەیش وازدەهێنێت لەوان، دواجار شەیتان زاڵ دەبێت بەسەریاندا. جا ئەو كەسەی كردەوەیەكی خراپ دەكات و دەڵێت خوا وای لێكردووم ئەو خراپەیە بكەم، ئەوپەڕی زماندرێژی و بێشەرمی دەكات بەرامبەر خوای گەورە. قسەیەكی باو هەیە لە وڵاتی ئێمەدا خەڵكی لەكاتی ئەنجامدانی تاواندا دەڵێن:قەدەر وابوو من چی بكم. ئەمە بێئەدەبی و زماندرێژیە بەرامبەر خوا، چونكە هەڵەیە بوترێت قەدەری خوای گەورە مرۆڤ ناچاردەكات كردەوەی خراپ بكات، بەڵام قەدەری خراپ لەلایەن شەیتانەوە بەگەڕدەخرێت لەسەر ئەوانەی دەبن بەبەندەی هەتا تووشی دۆخێك دەبن ناتوانن بەئاسانی ڕزگاریان بێت لە چنگی شەیتان ئەگەرچی بیشیانەوێت، واتە ئەوان دەیانەوێت وازبهێنن لە تاوان بەڵام قورس و گران دەبێت لەسەریان، پاشان حاڵەتەكەیان دەگاتە ئاستێك كە تاوانیان بەلاوە جوان و شیرین دەبێت و نایانەوێت دەستی لێ هەڵبگرن بەڵكو دەبنە هاوشێوەی شەیتان.
ئێستایش دەمەوێت باسی زیانەكانی باوەڕنەبوون بە قەدەری خوایی و باوەڕنەبوون بە دابەزینی لەلایەن خواوە دەكەم، وە باس لە سوودەكانی باوەڕبوون بە قەدەر و جێبەجێكردنی دەكەم.
ئەمە بابەتێكی گرنگە و پێویستی بە بیركردنەوەی قووڵ هەیە، بەڵام بەداخەوە بەناو سۆفی و مەلاكان باسی ئەم لایەنەی بابەتەكەیان نەكردووە. [لێرەدا كەسێك پرسیاری كرد: مەبەست چیە لە باوەڕهێنان بە قەدەری خێر و شەڕ؟ بەڕێزی گوتی: مانای ئەوەیە كە پاداشت لەسەر خێر و سزا لەسەر شەڕیش لەلایەن خواوەیە، وە باوەڕهێنان بە قەدەری خێر و شەڕ مانای ئەوەیە كە باوەڕ بەوە بهێنرێت كاتێك مرۆڤ گەنم دەچێنێت گەنم دەدوورێتەوە، وە ئەگەر جۆی چاند بەدڵنیاییەوە جۆی دەستدەكەوێت، وە پێویستە خوای گەورە تۆمەتبار نەكرێت بەوەی كە ستەمكارە. (نووسەر).]
………
جەلسەی ساڵانە/ 1919
وتاری ڕۆژی دووەم
29ی كانوونی یەكەم
لابردنی هەندێ گومان كە پەیوەندیان بە پرسی قەدەرەوە هەیە
ویستم دوای شەرحی پرسی قەدەری خوایی ئەو سوودانە باس بكەم كە لە باوەڕهێنان بە قەدەرەوە پەیدا دەبن، وە نیازم وابوو كە ئێستا ئەم بابەتە تاوتوێ بكەم بەڵام یەكێك لە برایانمان هەندێ پرسیاری نووسیوە بۆم، پێموایە سەرەتا بەكورتی دەبێت وەڵامیان بدەمەوە.
ئەم برایە دەپرسێت: شەیتان لەكوێوە توانای دەستكەوتووە بۆ فریودان و گومڕاكردن؟
دوێنێ باسمكرد كاتێك مرۆڤ بیروبۆچوونەكانی دەبن بە بیروبۆچوونی شەیتانی بەهۆی پەیوەستبوون بە شەیتانەوە، ئەوسا شەیتانیش پەیوەندی لەگەڵدا دروست دەكات و هەوڵ دەدات گومڕای بكات. كەواتە ئەو گومڕاییە لە خودی مرۆڤەكەوە دروست دەبێت. با نموونەیەك بهێنمەوە، ئەگەر مەشروبخۆرێك هاوڕێیەتی مەشروبخۆرێكی تر بكات و شوێنی بكەوێت بۆ هەر شوێنێك بڕوات، ئایا لەم بارودۆخەدا ڕاستە بڵێت: من تەنها شوێنكەوتەی ئەوم و بۆ هەر شوێنێك بیەوێت من لەگەڵ خۆیدا دەبات؟ بێگومان نەخێر، بەڵكو بەڕەزامەندی خۆی شوێنی دەكەوێت و لەناخەوە هاوڕایە لەگەڵیدا و وەكو ئەو چێژ وەردەگرێت، وە لەڕاستیدا شوێن حەز و ئارەزووی خۆی كەوتووە.
مەولانا ئەم بابەتەی بە نموونەیەكی ورد باسكردووە، بەجۆرێك دەڵێت: مشكێك جڵەوی حوشترێك دەگرێت و ڕایدەكێشێت، مشكەكە شانازی بەخۆیەوە دەكات و دەڵێت من چەندە مەزنم، حوشترێكی وەها گەورە بەشوێن خۆمدا ڕادەكیشم. لەكاتێكدا لەم دۆخەدا بوو گەیشتە لای ڕووبارێك. وە لەبەرئەوەی حوشتر حەزناكات بچێتە ناو ئاوەوە بۆیە ڕاوەستا. مشكەكە ئەوپەڕی هەوڵیدا بۆئەوەی حوشترەكە ڕابكێشێت بەرەو ئاوەكە بەڵام بەگوێی نەكرد، ئینجا مشكەكە لێی پرسی: بۆچی بەگوێم ناكەیت؟ تۆ پێشتر گوێڕایەڵم بوویت. حوشترەكەش گوتی: بێگومان شوێنت كەوتم هەتا ئەو جێگایەی كە خۆم ویستم، بەڵام ئێستا ئیتر نامەوێت، وە هەرگیز مەلكەچت نابم. بەكورتی، لەبەرئەوەی مشكەكە حوشترەكەی ڕادەكێشا، وا دەردەكەوت بۆ خەڵكی كە حوشترەكە شوێن مشكەكە كەوتووە، بەڵام لە ڕاستیدا حوشترەكە لەلایەن خۆیەوە ڕووی دەكردە هەر شوێنێك كە دەیویست، نەك ئەو شوێنەی كە مشكەكە دەیویست. كەواتە لە ڕواڵەتدا وا دەردەكەوێت وەك ئەوەی شەیتان زاڵبووبێت بەسەر مرۆڤدا، بەڵام لەڕاستیدا دەسەڵاتی نیە بەسەر مرۆڤدا، بەڵكو مرۆڤ پەتەكەی خۆی دەداتە دەست شەیتان و لەلایەن خۆیەوە شوێنی دەكەوێت. وە ئەو كەسانەی دەیانەوێت ڕزگاریان بێت لە شەیتان دەتوانن بەتوندی شوێنكەوتنی ڕەت بكەنەوە، دواجار شەیتان دەترسێت و لێیان هەڵدێت.
پرسیاری دووەم ئەوەیە: لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: ﴿وَمَا تَشَآءُونَ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ﴾ (التكویر: 30)، ئەم ئایەتە ئەوەی لێ وەردەگیرێت كە سەرجەم كردەوەكانی مرۆڤ بەویستی خوای گەورە ئەنجام دەدرێن.
ئەم ئایەتە ئەو مانایە نابەخشێت كە هاتووە بە خەیاڵی پرسیاركەرەكەدا، وە ئەم ئایەتانەی خوارەوە لە پێشیەوە هاتوون:
﴿ فَأَيۡنَ تَذۡهَبُونَ % إِنۡ هُوَ إِلَّا ذِكۡرٞ لِّلۡعَٰلَمِينَ % لِمَن شَآءَ مِنكُمۡ أَن يَسۡتَقِيمَ % وَمَا تَشَآءُونَ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ رَبُّ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ (التكویر 27-30)
خوای گەورە دەفەرموێت:
بۆ كوێ دەڕۆن؟ قورئانی پیرۆز شتێك نیە جگە لە یادخەرەوە و ئامۆژگاریەك لەلایەن خوای گەورە بۆ كەسێك كە كاروبارەكانی خۆی چاك دەكات و دامەزراو دەبێت لەسەر حەق. پاشان دەفەرموێت: ﴿وَمَا تَشَآءُونَ إِلَّآ أَن يَشَآءَ ٱللَّهُ رَبُّ ٱلۡعَٰلَمِينَ﴾ واتە ئەگەر ویستی ئێوە تەبا نەبێت لەگەڵ ویستی خوای گەورەدا ئەوا ناتوانن ڕێگای ڕاست بگرن و هەوڵەكانتان لەم بارەیەوە هیچ سوودێكی نابێت، واتە دەبێت كردەوە و بیروباوەڕتان تەبا بێت لەگەڵ شەریعەتدا، بۆیە باوەڕبهێنن بەو شتەی خوای گەورە فەرمانی پێ كردووە و بەچاكی كاری پێ بكەن، واتە پەیڕەوی فەرمانەكانی خوا بكەن لە نوێژكردن و ڕۆژووگرتن و زەكاتدان و حەج و هتد. تەنها لەو كاتەدا هەست بە كاریگەری ئەم وتە چاكە دەكەن. ئەم شێوازی ئاخاوتنە لە قسەی كەسێك دەچێت كە بڵێت: دڵخۆش و ئاسوودە دەبین پێتان ئەگەر بەگوێرەی ویستی ئێمە كار بكەن. بۆیە لەم ئایەتەوە ئەو ناسەلمێت كە خوای گەورە كردەوەكان بە مرۆڤ بكات و مرۆڤەكە خۆی هیچ ڕۆڵێكی نەبێت تێیاندا.
بەڵام ئایەتی: ﴿إِنَّ ٱللَّهَ يُضِلُّ مَن يَشَآءُ﴾ (الرعد: 28)، هیچ هۆكارێك نیە بۆ پرسیاركردن دەربارەی چونكە لە ئەدەبیاتی كۆمەڵەكەماندا زۆر لەبارەیەوە نووسراوە، قورئانی پیرۆز خۆی ڕوونی كردووەتەوە كە هیچ كەسێك گومڕا دەكرێت وەك دەفەرموێت: ﴿كَذَٰلِكَ يُضِلُّ ٱللَّهُ مَنۡ هُوَ مُسۡرِفٞ مُّرۡتَابٌ﴾ (غافر: 35).
وە دەفەرموێت: ﴿وَمَا يُضِلُّ بِهِۦٓ إِلَّا ٱلۡفَٰسِقِينَ﴾ (البقرة: 27).
وە هەروەها دەفەرموێت: ﴿وَمَا كَانَ ٱللَّهُ لِيُضِلَّ قَوۡمَۢا بَعۡدَ إِذۡ هَدَىٰهُمۡ﴾ (التوبة: 115).
واتە چۆن دەگونجێت خوای گەورە خۆی ڕێنموونی بنێرێت و پاشان هەرخۆیشی خەڵكی گومڕا بكات؟!
بۆیە خوای گەورە هیچ كەسێك گومڕا ناكات مەگەر كەسێك لەڕێگای ڕاست لای دابێت. لەڕاستیدا ئەو كەسەی كە بۆ ماوەیەكی درێژ چاوی دەنوقێنێت بەدڵنیایەوە ڕۆژێك لەڕۆژان كوێردەبێت، بەهەمان شێوە ئەو كەسەی سوود وەرنەگرێت لە چاوی ڕۆحانی ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو چاوە لەدەست دەدات. وە لەبەرئەوەی خوای گەورە خۆی ئەم یاسایەی داناوە بۆیە ئەنجامە كۆتاییەكەی داوەتەپاڵ خۆی.
سەبارەت بە فەرموودەی “جف القلم” و فەرموودەكانی تری هاوشێوەی، پێویستە لەبەر ڕۆشنایی قورئانی پیرۆزدا لێیان تێبگەین، وە مەبەست لێیان تەنھا قەدەری گشتی سروشتیە، واتە یاسای توانستی خوایی، وە هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە یاسای توانستی خوایی لە سەرەتای دروستبوونەوە بەردەوامە. یان مەبەست پێی هەموو كردەوەیەك نیە بەڵكو مەبەست پێی قەدەری تایبەتیە بەتەنھا، وە هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە خوای گەورە قەدەرە تایبەتەكان جێبەجێ دەكات. یان مەبەست پێی زانستی خوایە، وە ئەمە ئەو شتانەیە كە لە لەوحی مەحفوزدا نووسراون.
ئێستاش باسی گومانێك دەكەین كە لەناو چینی خوێنەواردا بڵاوە.. لەم ڕۆژانەدا لەناو خەڵكیدا بایەخی زیاتر دەدرێت بە پشكنین و لێكۆڵینەوە و دەیانەوێت ناوەڕۆكی هەموو شتێك و هۆكاری ڕودانەكەی بزانن. بۆ نموونە، تۆو دەڕوێت. وە پشكنین كراوە دەربارەی هۆكاری چەكەرەكردنەكەی. لە پێشوودا خەڵكی پێیان وابوو كە كاتێك تۆو دەچێنرێت لە زەویدا فریشتەیەك دێت و ڕایدەكێشێت بۆ سەرەوە، واتە فریشتەكە دەیڕوێنێت و سەوزی دەكات، بەڵام ئێستا هیچ كەسێك ئەم جۆرە شتانە وەرناگرێت، بەڵكو دەیەوێت بزانێت بۆچی تۆو چەكەرە دەكات و دەڕوێت و هۆكاری چەكەرەكردنەكەی چیە؟
بەهەمان شێوە كۆمەڵێك توێژینەوەی تر دەكرێت بۆ زانینی كۆمەڵێك شتی جۆراوجۆر، بۆ نموونە لەژێر تیشكی خۆرداین و لەپڕدا هەور سێبەرمان بۆ دەكات، ئایا لە ناكاو هەورەكە لە كوێوە دێت؟ زانایان دەڵێن هەورەكان لە چەند ڕۆژێكی پێشووترەوە دەست بە دروستبوون دەكەن، وە لە شوێنە دوورەكانەوە دێن، یان بەهۆی “شێ”وە دروست دەبن لە ژینگەیەكی. ئەگەر بەو كەسانە بڵێین لەبەرئەوەی ئێمە نوێژەبارانەمان كرد بۆیە هەورەكان هاتن و باران باری، ئەوا گاڵتەمان پێدەكەن و دەڵێن: بێگومان هەورەكان زۆر پێش دوعاكەی ئێوە دروست بو بوون و كەوتبوونەڕێ، ئیتر ئەمە چ پەیوەندیەكی هەیە بە دوعاكەی ئێوەوە؟ ئەمڕۆ ئەم جۆرە ڕەخنانە دەگیرێن بەڵام هەموویان پووچن.
باوەڕمان بەوە هەیە كە چەندین هۆكار ڕۆڵیان هەیە لە دروستبوونی هەوردا، هیچ كەسیك ڕەخنە لەمە ناگرێت بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا خوای گەورە -پێش ملیۆنێك ساڵ یان ملیۆنەها ساڵ یان پێش هەر ماوەیەكی تر- نەیدەزانی كە لەلایەن فڵان بەندەیەوە لەشوێنێكی دیاریكراودا دوعای بارانبارین دەكرێت؟ وە ئایا نەیدەزانی كە لەو بارودۆخەدا خۆی یارمەتی بەندەكەی دەدات؟ ئەگەر خوای گەورە ئەمەی دەزانی ئەوا دروستبوونی هەورەكە -هەرچەندە پێش دوعاكە دروست بوو بێت- بە ئەنجامی دوعاكە لەقەڵەم دەدرێت. كەواتە ئەم جۆرە ڕەخنانە پووچن، چونكە ئەگەر هۆكاری كارێك زۆر پێش كارێكی تر دروست بووبێت ئەمە مانای ئەوە نیە كە هیچ پەیوەندیەك لە نێوانیاندا نیە. تەنها ئەوە دەردەخات كە لە زنجیرە هۆكار و ئەنجامەكاندا لە تەنیشت یەكەوە نەوەستاون. ئایا پێش هاتنی میوان شتانێك ئامادە ناكەیت بۆ میوانداریەكەی؟ كاتێك كەسێك دەبینێت تۆ ئەو شتانەت ئامادەكردووە بۆ میوانداریەكە ئایا دەتوانێت پێت بڵێت تۆ ئەو شتانەت لەپێناوی میوانەكەدا ئامادە نەكردووە. خوای گەورە زانای نادیارە و دەیزانی كە بەندەكەی لە كاتێكی دیاریكراودا دوعا دەكات بۆ بارینی باران، لەبەرئەوە لەسەرەتای دروستبوونی گەردوونەوە ئەم جۆرە فەرمانانەی داوە كە لەو كاتە دیاریكراوەدا كۆمەڵێك هۆكار ئامادە و ساز بێت بۆ هێنانەدی ئارەزووی ئەو بەندەیە و گیرابوونی دوعاكەی. بۆیە بارینی بارانەكە لەڕاستیدا قەدەرێكی تایبەتە و وەك قەدەرێكی گشتی سروشتی دەركەوتووە.
ڕەنگە پرسیار بكرێت: لەم دۆخەدا چۆن بزانین ئەم ڕووداوە بەهۆی قەدەری گشتی سروشتیەوە ڕووینەداوە و بەهۆی قەدەری تایبەتی سروشتیەوە ڕوویداوە؟
بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستە بزانین ئایا هەندێ ڕووداو-كە لە دنیادا هاوشێوەیان نابینرێت لە قەدەری گشتی سروشتیدا- بەردەوام ڕوودەدەن بەجۆرێك نەكرێت بدرێنەپاڵ ڕێكەوت؟ ئەگەر ساغبوویەوە كە بەم شێوەیە ڕوودەدەن ئەوا دەزانین كە بەهۆی قەدەری تایبەتیەوە ڕوودەدەن. بۆ نموونە ئەگەر بەردەوام بینیمان زۆرجار پاش دوعاكردن باران دەبارێت ئەوا ناكرێت ئەمە بدرێتەپاڵ ڕێكەوت، بەڵكو دەبێت هۆكارێكی تری بۆ دەستنیشان بكەین.
سەرەڕا ئەوە، لەبەر هۆكارێكی تر ناكرێت ئەم جۆرە ڕووداوانە بەڕێكەوت لەقەڵەم بدەین كە بریتیە لەوەی بەدرێژایی مێژوو بەهۆی دوعای پیاوچاكانەوە چەندین جار ئەم جۆرە ڕووداوانە بەردەوام ڕوویانداوە، بۆیە ناكرێت بدرێنەپاڵ “ڕێكەوت”. سەرباری ئەوە، ئەو كەسانەی ئەم كارانە بە “ڕێكەوت” دادەنێن خۆیان باوەڕیان وایە لە جیهاندا شتێك نیە پێی بوترێت ڕێكەوت، بەڵكو دەڵێن دەبێت هەموو ڕووداوێك هۆكارێكی هەبێت. ئەگەر کاتمان هەبووایە ئەوا بە تێروتەسەلی باسم دەکرد کە زانایان سەبارەت بە چەمکی “ڕێکەوت” چی دەڵێن. هەرچۆنێك بێت، ئەگەر پێیان وایە هیچ شتێك لەدنیادا بە “ڕێكەوت” ڕوونادات ئەوا بۆچی ئەو شتەی پێچەوانەی بیروبۆچوونی خۆیان بێت بە “ڕێكەوت” لەقەڵەمی دەدەن؟
بەكورتی، لەیادی مەكەن كە جێبەجێبوونی قەدەری خوا بەردەوامە، هۆكاریش هەیە بۆ ڕووداوەكان، بەڵام بوونی هۆكار ئەوە ناسەلمێنێت كە قەدەر لە پشت ڕووداوەكانەوە نیە.
زیانانەكانی هەڵەتێگەیشتن لە بابەتی قەدەر
ئێستاش زۆربەداخەوە باسی ئەو زیانانە دەكەم كە تووشی خەڵكی دەبن لە ئەنجامی هەڵەتێگەیشتنیان لە قەدەری خوایی. قەدەری خوایی بەوە جیادەكرێتەوە كە پێگەیەكی بڵندی هەیە لە ژیانەوەی خەڵكیدا، بەڵام بەداخەوە خەڵكی وەكو پێویست بایەخیان پێ نەدا، بەڵكو وەكو قورئانی پیرۆز مامەڵەیان لەگەڵدا كرد كە پێغەمبەر (ﷺ) لە ڕۆژی قیامەتدا لە خزمەتی خوای گەورەدا لەبارەیەوە دەفەرموێت: ﴿يَٰرَبِّ إِنَّ قَوۡمِي ٱتَّخَذُواْ هَٰذَا ٱلۡقُرۡءَانَ مَهۡجُورٗا﴾ (الفرقان: 31)، گومانی تێدا نیە وشەی ﴿قَوۡمِي﴾ لێرەدا ئەو كەسانەیش دەگرێتەوە كە وەختی خۆی باوەڕیان نەھێنا بە پێغەمبەر (ﷺ)، بەڵام بەشێوەیەكی سەرەكی مەبەست پێی موسوڵمانانە چونكە گەلی ڕاستەقینەی پێغەمبەرن (ﷺ)، بڕوانن چۆن بە هەڵە قورئان بەكاردەهێنن لەكاتێكدا هاتووە بۆ ئەوەی ڕێنموونییان بكات بۆ ڕێگای ڕاست، وە خوای گەورە دایبەزاندووە بۆ ئەوەی بەرزیان بكاتەوە بۆ پلە هەرە باڵاكان، بۆ نموونە هیچ كەسێك لەوان لەژیانیدا گوێناگرێت لە یەك وشەی قورئانی پیرۆز، بەڵام كاتێك مرد قورئان دەخوێننەوە بەسەریدا و دەیدەن بە گوێیدا. لەگەڵ ئەوەی دوای مردن لێی ناپرسرێت چەند جار خەڵكی قورئانیان لەسەر گۆرەكەی خەتم كردووە، بەڵكو لێی دەپرسرێت: ئایا لە ژیانتدا پەیڕەوی قورئانت كرد؟
وە یەكێكی تر له شێوازەكانی خراپ بەكارهێنانی قورئان لەلایەن موسوڵمانانەوە ئەوەیە كە هەركاتێك دەكەونە تەنگانەوە بۆ بڕە پارەیەكی كەم بە درۆ سوێندی پێ دەخۆن، وە بەم شێوەیە قورئان كراوە بە هۆكارێك بۆ زەوتكردنی مافی كەسانی تر.
وە شێوازێكی تر بریتیە لە بەكارهێنانی قورئان بۆ بەرژەوەندی مەلا و شێخەكان. كاتێك كەسێك دەمرێت كەسوكارەكەی بە قورئانێكەوە دەچن بۆلای كۆمەڵێك شیخ و مەلا بۆ ئەوەی بەهۆیەوە تاوانەكانی مردووەكە بسڕدرێتەوە. ئینجا مەلا و شێخەكان لە ئەڵقەیەكدا دادەنیشن، یەكێكیان قورئانەكە هەڵدەگرێت و دەیداتە دەستی ئەوی تر و بە مردووەكە دەڵێن: ئەوا ئەم قورئانەم پێ خەڵات كردیت. وە پێیان وایە ئەمە دەبێتە هۆی سڕینەوەی تاوانەكانی مردووەكە! لەڕاستیدا بەم كارە هیچ تاوانێك لە تاوانەكانی مردووەكە ناسڕێتەوە، بەڵكو بەم هۆیەوە باوەڕی ئەو مەلایانە دادەبەزێت و كەسوكاری مردووەكەیش تاوانبار دەبن.
شێوازێكی تری خراپ بەكارهێنانی قورئان ئەوەیە كە هەندێ مەلا نووسخەی قورئانی پیرۆز بە هەرزان دەكڕن و لای خۆیان دەیانهێڵنەوە، پاشان دوای مردنی كەسێك ئەگەر كەسوكارەكەی هاتن بۆلای یەكێك لەو مەلایانە بۆ كڕینی قورئان ئەوا هەوڵ دەدات بە نرخێكی گران پێیان بفرۆشێت، وە ئەگەر پێی بڵێن: نرخەكەی زۆر هەرزانە، مەلاكە وەڵامیان دەداتەوە و دەڵێت: ئایا دەكرێت قورئان بە نرخێكی كەم بفرۆشرێت؛ ئایا نازانن خوای گەورە نەهی كردووە لەمە و دەفەرموێت: ﴿وَلَا تَشۡتَرُواْ بَِٔايَٰتِي ثَمَنٗا قَلِيلٗا﴾ (البقرە: 42)؛ ئیتر چۆن دەگونجێت بە نرخێك كەم قورئانی پیرۆز بفرۆشین. بەڵام ئەم مەلا نەفامە نازانێت كە قورئانی پیرۆز بەڕاشكاوی ڕایگەیاندووە و فەرموویەتی: ﴿مَتَٰعُ ٱلدُّنۡيَا قَلِيلٞ﴾ (النساء: 78)، واتە هەموو خۆشی و سوود و قازانجەكانی دنیا كەمن. وە مانای ﴿ثَمَنٗا قَلِيلٗا﴾ ئەوەیە كە قورئان مەفرۆشن لەبەرامبەر دنیا و خۆشیەكانیدا.
وە شێوازێكی تری خراپ بەكارهێنانی قورئانی پیرۆز ئەوەیە كە دەیگرنە بەرگێكی جوان و ڕازاوە، و بەدیواردا هەڵیدەواسن. یان دەیخەنە ناو سوندوقێكی بچوكەوە دەیكەنە مل بۆ ئەوەی خەڵكی پێی وابێت ئەمانە كەسانێكی چاك و خۆپارێزن، وە قورئان لێیان جیانابێتەوە لە هیچ كاتێكدا.
بەكورتی، هەروەك چۆن موسوڵمانان بەخراپی قورئانی پیرۆز بەكاردەهێنن و كەڵك وسوودی لێ وەرناگرن بەهەمان شێوەش مامەڵە دەكەن لەگەڵ بابەتی قەدەردا.
وە یەكێك لە شێوازەكانی خراپ بەكارهێنانی قەدەر لەلایەن موسوڵمانانەوە ئەوەیە كە قەدەریان كردووە بە پەردەیەك بۆ داپۆشینی كارە خراپەكانیان، بۆ نموونە کاتێك هەوڵی جێبەجێكردنی کارێك دەدەن، ئەگەر نەیانتوانی بیکەن، ئەوا بۆ ڕزگاربوون لە تانە و تەشەری خەڵكی دەڵێن “چی بکەین، قەدەر وایە”، بەم جۆرە كەمتەرخەمی خۆیان دەدەنەپاڵ قەدەر. وە هەر كاتێك تووشی ڕیسوایی و شەرمەزاری بن دەیدەنەپاڵ قەدەر. لەکاتێکدا قەدەر بۆ ئەوە نیە مرۆڤ شكست بهێنێت و پەشیمان ببێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەیە پێشکەوتنی بێسنوور بەدەستبهێنێت. ئەو كەسەی زیان دەكات، لەبەر ئەوەیە کە ناتوانێت سوود لەقەدەر وەربگرێت.
پاشان كاتێك بێهیوا دەبن -کە ئەمە خراپترین دۆخە مرۆڤ تێی بکەوێت- دیسانەوە وشەی “قەدەر و قیسمەت” دێتەوە یادیان. دیارە بێهیوایی نیشانەی ترسنۆکیە و کەسانی جوامێر لێی دوور دەکەونەوە. بەڵام بەداخەوە كاتێك خەڵكی بێهیوا دەبن دەڵێن: وادەردەكەوێت ئەم كارە بڕیاری لێنەدراوە بۆ ئێمە و لە چارەنووسماندا نەنووسراوە، ئەگەر بەدەست خۆمان بوایە ئەوا ئاسمانەکانمان دەبڕی، بەڵام خوای گەورە ڕێگەی لێ گرتووین. لەبەر ئەوەی ئەو نەیویستووە، ئێمەش ئیتر وازی لێ دەهێنین. بەم شێوەیە هەوڵ دەدەن لاوازی و بێهیمەتی خۆیان لە پشت قەدەرەوە بشارنەوە. وە شەرم ناکەن لە خراپ بەكارهێنانی قەدەری خوایی. هەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە چۆن زانیویانە ئیرادەی خوا بەم ئاراستەیەدا بووە. وا ڕەفتار دەکەن وەك ئەوەی هێندە لە خوا نزیك بن کە هەموو قەدەرەکانی بزانن.
پاشان ئەوان بابەتی قەدەری خوایی بەكاردەهێنن بۆ شاردنەوەی تەمبەڵی خۆیان، ڕەنگە هەڵسوكەوتی ئەو ڕێویە چاكتر بێت له ڕەفتاری ئەوان كاتێك بەشوێنێكدا تێپەڕ دەبێت دەبینێت هێشووە ترێیەك شۆڕبووەتەوە و هەوڵدەدات پێی بگات بەڵام زۆر بەرزە و دەمی پێی ناگات ئینجا وازدەهێنێت و لەو شوێنە دەڕوات و دەڵێت: نایخۆم، ترشە. وەك ئەوەی لەبەر ئەوە وازیلیهێنابێت كە ترشە نەك لەبەرئەوەی دەمی پێی ناگات. بەڵام ئەو كەسانە نموونەیەكی لەمە خراپتر پیشان دەدەن چونكە كۆشش ناكەن بۆ جێبەجێ كردنی هەندێ كار و هەوڵ دەدەن تەمبەڵی خۆیان بشارنەوە و دەڵێن: ئەگەر لەچارەنووسمان نووسرابێت ئەوا بەدڵنیاییەوە دەستمان دەكەوێت، نازانن كە خوای گەورە بۆ ئەم نەفامانە قەدەرە گشتیەكەی خۆی ناگۆڕێت و قەدەرێكی تایبەتی ناخاتەگەڕ. ئەگەر لە هەموو كارەكانیاندا ڕەفتاریان بەم جۆرە بوایە ئەوا ئەوكات كەمێك حەقمان پێ دەدان، بەڵام دەبینین كاتێك ناچار دەبن هەوڵ دەدەن بۆ جێبەجێ كردنی ئەو كارانەیان كەدەبێت جێبەجێ بكرێن، وە دوا ناكەون لە ئەنجامدانی كردەوەیەك كە پێویستی بەوە نیە قوربانیەكی گەورەی بۆ بدەن و كۆششێكی زۆری بۆ بكەن. ئێمەیش دەپرسین ئەگەر هەموو شتێك قەدەر و قیسمەتە ئەوا بۆچی كارە بچوك و ئاسانەكان ئەنجام دەدەن؟
لەڕاستیدا ڕەفتاریان لە ڕەفتاری ڕێویەكە خراپترە، نەك تەنھا لەبەر ئەوەی ڕێویەكە پاش هەوڵدان وازیهێنا لە حەزەكەی خۆی و ئەوان بێ هەوڵدان وازیانهێنا لە كارەكەی خۆیان، بەڵكو لەبەرئەوەیش ڕێویەكە هۆكاری وازهێنانەكەی گەڕاندەوە بۆ ترشێتی ترێكە بەڵام ئەوان بەبێ ئەوەی بترسن هۆكاری وازهێنانی خۆیان لەكارەكە دەگێڕنەوە بۆ خوای گەورە!
لەڕاستیدا ئەمانە كەسانێكی تەمبەڵن و حەزیان لە هەوڵدان و كاركردن نیە، وە كاتێك بانگ دەكرێن بۆ هەر ئامانجێكی بەرز و پێیان دەوترێت ڕێگەی پێشكەوتن بگرنەبەر دەڵێن: ئەگەر لەچارەنووسمان نووسرابێت ئەوا لەخۆوە بەدەستیدەهێنین، كەواتە هەوڵی ئێمە هیچ بایەخێكی نیە، بەم شێوەیە هەوڵدەدەن كەمتەرخەمی خۆیان لەژێر پەردەی قەدەردا بشارنەوە.
پاشان ئەوان وشەی قەدەر بۆ جنێودانیش بەكاردەهێنن، واتە بیانەوێت جنێو بە كەسێك بدەن پێی دەڵێن: بەدبەختی چارەڕەش. لای ئەوان بەخت و چارەنووسیش جنێوێكە وەكو جنێوەكانی تر. وە نیعمەتی قەدەری خوایی بۆ جنێودان بەكاردەهێنن لەكاتێكدا مەبەستی خوای گەورە ئەوەیە كە مرۆڤەكان بەهۆی بەكارهێنانی قەدەرەوە خۆیان پاك و خاوێن بكەنەوە.
هەروەها ئەم جۆرە كەسانە بابەتی قەدەر بەكاردەهێنن بۆ بێئەدەبی كردن بەرامبەر بە خوا. خوای گەورە قەدەری دروستكردووە بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خوا بەهێزتر بێت، بەڵام ئەوان بە پێچەوانەوە بۆ تێكدانی ئەم پەیوەندیە بەكاریدەهێنن، بۆ نموونە، ئەگەر مناڵی كەسێك بمرێت دەڵێن: خوایە ئەگەر مناڵێكی خۆت بمردایە ئەوا دەتزانی مناڵ مردن چەند ئازاربەخشە، پەنا بە خوا. واتە ئاماژە بەوە دەكەن كە خوای گەورە ستەمێكی زۆر گەورەی كردووە و دەیانەوێت تۆڵەی لێ بكەنەوە و ئەم جۆرە ستەمە لەخوای گەورەیش بكرێت.
پیاوێكی بەڕێز هەبوو كە دواتر بوو بە ئەحمەدیەكی دڵسۆز و پەیوەندیەكی گەرم و گوڕی هەبوو لەگەڵ مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام). بەڵام پێش ئەوەی ببێت بە ئەحمەدی بەڕێزی (علیه السلام) بەردەوام بۆ ماوەی بیست ساڵ لێی بێزار بوو. هۆكارەكەیش ئەوە بوو مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) به هەندێ لە قسەكانی دڵگران بوو. چونكە جارێكیان بەڕێزی (علیه السلام) لەگەڵ برا گەورەكەیدا سەردانیان كرد بۆئەوەی سەرەخۆشی لێ بكەن بەهۆی مردنی كوڕێكیەوە، نەریتی ئەوان وا بوو هەركاتێك كەسێك -كە دۆستایەتیەكی گەرموگوڕ هەبوایە لەنێوانیاندا- بەمەبەستی سەرەخۆشی دەهات بۆلایان باوەشیان دەكرد پێیدا دەستیان دەكرد بە گریان و هاوار، وە بەگوێرەی ئەم نەریتە ئەم كەسە باوەشی كرد بە براگەورەكەی مەسیحی بەڵێندراودا و بەگریانەوەگوتی: خوا ستەمێكی زۆر گەورەی لێ كردم. كاتێك بەڕێزی (علیه السلام) گوێی لەم قسەیە بوو بەڕادەیەك لێی سارد بوویەوە كە نەیویست جارێكی تر ڕوخساری ببینێت. پاش ئەوە خوای گەورە یارمەتی ئەو كەسەی دا و توانی لەو نەفامیە دەربچێت.
بەكورتی، لەبەر ئەوەی بەهەڵە لە پرسی قەدەر تێدەگەن بۆیە دەڵێن خوای گەورە بەم شێوە و بەو شێوە ستەمی لێ كردین، بەم جۆرە سڵ ناكەنەوە لە بێئەدەبی كردن بەرامبەر خوای گەورە. لەڕاستیدا بەرپرسیارێتی كردەوەكانیان دەكەوێتە ئەستۆی ئەو كەسانەی كە ئەم بیروباوەڕەیان چەسپاندووە لە مێشكیاندا گوایە خوا هەموو شتێك دەكات، بۆیە ئەگەر تووشی بەڵایەك بن ئەوا دەڵێن خوای گەورە ستەمێكی گەورەی لێكردین.
بۆچی باوەڕبوون بە قەدەر پێویستە؟
ئێستا دەمەوێت پێویستی باوەڕبوون بە قەدەر ڕوون بكەمەوە بۆتان. پێشتر گوتم قەدەر ناوێكە بۆ دەركەوتنی سیفەتە خواییەكان، وە باوەڕی مرۆڤ تەواو نابێت ئەگەر باوەڕ نەكات بە قەدەر. كەواتە قەدەر هۆكارێكە بۆ بەهێزبوون و تەواوبوونی باوەڕ، ئەگەر پرسی قەدەر نەبوایە ئەوا باوەڕ ناتەواو دەبوو.
زیانەكانی نەبوونی قەدەری خوایی
زیانەكانی نەبوونی قەدەرەی گشتی سروشتی
ئەگەر قەدەری خوایی نەبوایە ئەوا مرۆڤ دڵخۆشی و ئاسوودەیی دەستنەدەكەوت لە ئایین و دنیادا. هەڵبەت پێشتر ڕوونم كردەوە كە یەكێك لە قەدەرەكان ئەوەیە ئاگر سووتێنەرە، وە ئاو تینوێتی دەشكێنێت، واتە ئەو بابەتانەی كە دەتوانین پێیان بڵێین تایبەتمەندیەكانی ماددە، بەشێكن لە قەدەر. وە خەڵكی بەسوودوەرگرتن لەم قەدەرە هەموو كاروبارە دنیاییەكانی خۆیان ڕادەپەرێنن. جووتیار تۆو لەزەویدا دەچێنێت، ئەگەر بە ڕواڵەت سەیر بكرێت ئەوا تۆوەكەی بەفیڕۆ داوە ، بەڵام وازناهێنێت لە چاندنی تۆو، بۆچی؟ چونكە بەهیوایە هەموو تۆوێك بڕوێت و دانەوێڵەیەكی زۆر بەرهەم بهێنێت. هۆكاری ئەم هیوایەی ئەوەیە كە هەركاتێك باوك و باپیری و باپیرە گەورەی ئەو كارەیان كردبێت هەمان ئەنجامیان بەدەستهێناوە. ھەڵبەت خوای گەورە یاسایەكی داناوە كە ئەگەر تۆوی دانەوێڵە لە زەویدا بچێنرێت ئەوا لەڕەگەزەكەی خۆی ڕێژەیەكی زۆر دانەوێڵە بەرهەم دەهێنێت. بەڵام ئەگەر ئەم یاسا دیاریكراوە نەبوایە، وە كاتێك جوتیار گەنمی بچاندایە جارێك گەنمی لێوە بەرهەم بهاتایە، وە جارێكی تر مۆز و هەندێ جاری تریش ترێ؛ ئەوا بە دڵنیاییەوه جووتیارەكە دوای ماوەیەك تاقیكردنەوە وازیدەهێنا لە چاندنی تۆ و ئەم كارەی بە كارێكی بێهوودە لەقەڵەمدەدا و هەوڵ و كۆششی خۆی بەفیڕۆ نەدەدا.
بەهەمان شێوە زێڕنگەر دەزانێت كە ئەگەر زێر خرایە سەر ئاگر ئەوا دەتوێتەوە، پاشان بە ئارەزووی خۆی خشڵی لێ دروست دەكات. بەڵام ئەگەر ئەم یاسایە نەبوایە و كاتێك زێرەكەی خستە سەر ئاگرەكە لەپڕ ببوایە بە زیو، یان ببوایە بە مس، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەموو موشتەریەكانی لێیان دەدا، پاشان ئەویش دەستیهەڵدەگرت لەم كارە. بەهەمان شێوە ئەگەر ئاسنگەر ئاسن گەرم بكات بۆ ئەوەی قەڵغانێكی لێ دروست بكات، وە كاتی لێدانی ئاسنەكە بە چەكوش جارێك شێوەی خاكەناز وەربگرێت، یان ئەگەر ویستی پاچ دروست بكات ئاسنەكە ببێت بە شمشێر، ئەوا پۆلیس دەیگرێت لەبەرئەوەی مۆڵەتی دروستكردنی چەكی پێ نەدراوە. وە ئەگەر پزیشك دەرمانێك بدات بە نەخۆش بۆ دابەزاندنی تا كەچی دەرمانەكە كۆكەی بۆ دروست بكات، ئیتر كێ دەچێت بۆ لای پزشیك؟ دیارە بەهۆی ئەزموونەوە چەسپاوە كە شرووبی كۆكە چارەسەری كۆكە دەكات، وە هەموو كەس ئەمە دەزانێت، بەڵام ئەگەر ئەم ڕێسایە نەبوایە و لەگەڵ خواردنەوەی شرووبی كۆكە هەندێ جار مرۆڤ كۆكەی زیاتر بوایە، وە هەندێ جاری تر تای بەرز بوایەتەوە، وە هەندێ جاریش ببوایەتە هۆی سكچوون یان قەبزی، وە جارجارە ئارەزووی خواردنی بكردایەتەوە، هەندێ جاریش ئارەزووی خواردنی نەهێشتایە، ئەوا كێ شرووبی كۆكەی بەكاردەهێنا؟ خەڵكی شرووبی كۆكە دەدەن بە نەخۆشەكانیان چونكە خوای گەورە یاسایەكی دیاریكراوی داناوە كە ئەم شروبه سوودی هەیە بۆ چارەسەری كۆكە.
جووتیار لەماڵەوە تۆو هەڵدەگرێت و لە زەویدا دەیچێنێت چونكە دڵنیایە تۆوی گەنم گەنمی زیاتر بەرهەم دەهێنێت، ئەگەر گومانی هەبێت لەمەدا ئەوا ئەو كارە ناكات بەڵكو دەڵێت: نازانم چ شتێك لەم تۆوە دەڕوێت، ئیتر بۆچی بەفیڕۆی بدەم؟ بەڵام تۆوی گەنم لەزەویدا دەچێنێت چونكە دەزانێت خوای گەورە قەدەرێكی جێگیری داناوە كە تۆوی گەنم گەنمی زیاتری لێوە بەرهەم دێت. هەروەها دەزانێت ئەگەر مرۆڤ خۆراك بخوات ئەوا تێر دەبێت، بەڵام ئەگەر جارێك بە پاروویەك تێر بێت و جارێكی تر ئەگەر بەدرێژایی ڕۆژ خۆراك بخوات تێر نەبێت، ئیتر بۆچی خۆراك بخوات؟ وە بۆچی ماڵ و سامان لە خۆراكدا بەفیڕۆ بدات؟ بەهەمان شێوە ئاگر كولێرە دەبرژێنێت، بەڵام ئەگەر بەدرێژایی ڕۆژ لە تەنووردا بمایەتەوە و نەبرژایە، یان هەركە خرایە ناوتەنورەوە دەستبەجێ بسووتایە، ئەوا كەس نانی نەدەكرد. یان ئەگەر هەندێ جار چێشت بە ئاگر پێ بگەشتایە و هەندێ جارێكی تر پێ نەگەشتایە ئەوا هیچ كەسێك چێشتی لێ نەدەنا.
هەموو مرۆڤێك دەزانێت شەكر تامی خواردن و خواردنەوە شیرین دەكات، بەڵام ئەگەر جارێك خواردنەكە شیرین بكات و جارێكی تر تاڵی بكات و جارێكی تر سوێری بكات، جارێكی تریش ترشی بكات، ئەوا هیچ كەسێك شەكر بەكارناهێنێت.
بەكورتی، هەموو سیستەمی گەردوون لە ڕێگەی یەك هۆكارەوە بەڕێوەدەچێت كە بریتیە لە یاسای قەدەری خوایی، بێگومان خوای گەورە قەدەری وا بووە و بڕیاری داوە كە شیرینی تامی خواردن شیرین دەكات، وە ترشێتی تامی خواردن ترش دەكات، وە ئاگر خواردن پێ دەگەیەنێت، وە خۆراك سك تێر دەكات، وە هەروەها. وە خەڵكی ئەم شتانەیان تاقیكردووەتەوە بینیویانە ڕاستن، بۆیە ماڵ و سامانی خۆیان خەرج دەكەن و هەموو هەوڵێك دەدەن بۆیان. ئەمە دەریدەخات كە هەموو كار و پێشكەوتنەكانی جیهان گرێدراوە بە یاسای قەدەرەوە، ئەگەر ئەو یاسایە نەبوایە ئەوا سیستەمی گەردوون هەمووی پووچەڵ دەبوویەوە. دیارە ژیانی مرۆڤیش بەستراوە بە یاسای قەدەرەوە، چونكە بێ خواردن و خواردنەوە ناتوانێت بژی و بۆ پڕكردنەوەی ئەم پێداویستیانەیش تەنها ئەو كاتە هەوڵ دەدات كە لە ئەنجامەكەی دڵنیا بێت. بۆیە ئەگەر قەدەرێكی دیاریكراو نەبوایە ئەوا هەوڵی نەدەدا، دواجار بەزیندوویی نەدەمایەوە.
ئەمانەی باسم كردن ئەو زیانانەن كە لە نەبوونی قەدەری گشتی سروشتیەوە پەیدا دەبن، ئێستایش زیانەكانی نەبوونی قەدەری تایبەتی باس دەكەم.
زیانەكانی نەبوونی قەدەری تایبەتی
هەروەك چۆن قەدەری گشتی بۆ مانەوە و گەشەكردنی جیهانی ماددی پێویستە، بەهەمان شێوە مانەوە و گەشەكردنی جیهانی ڕۆحانی پەیوەستە بە قەدەری تایبەتیەوە. هەروەك چۆن چەسپاوە كە ئەگەر قەدەری گشتی نەبێت ئەوا جیهان وێران دەبێت، بەهەمان شێوە ئەگەر قەدەری تایبەتی نەبێت ئەوا لایەنی ڕۆحانیەت پووچەڵ دەبێتەوە.
زیانی یەكەم: بەبێ قەدەری تایبەتی مرۆڤ ناتوانێت باوەڕبهێنێت بە خوا، چونكە گەورەترین بەڵگە لەسەر باوەڕهێنان بە بوونی خوای گەورە بریتیە لە بوونی ئەم جیھانە، وە دەبێت ئەم گەردوونە فراوان و مەزنه بەدیهێنەرێكی هەبێت. دەگێڕنەوە فەیلەسووفێك پرسیاری كرد لە عەرەبێكی دەشتەكی: ئایا هیچ بەڵگەیەكت هەیە لەسەر بوونی خوا؟ ئەویشگوتوویەتی: كاتێك پشقڵی بزن دەبینم دەزانم كە بزنێك لێرەوە تێپەڕیوە، وە كاتێك پیسایی حوشتر دەبینم دەزانم حوشترێك لێرەوە تێپەڕیوە، وە كاتێك شوێنپێی مرۆڤ دەبینم دەزانم مرۆڤێك لێرەوە تێپەڕیوە، كەواتە كاتێك ئەم جیهانە گەورەیە دەبینم بۆچی نەزانم خوایەك هەیە دروستی كردووە؟ بەڵام ئەم بەڵگەیە ناتەواوە، چونكە تەنها مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی كە پێویستە خوا بوونی هەبێت، بەڵام ناگەیەنێتە ئاستێكی بەرزتر كە بریتیە لەوەی بەدڵنیاییەوە خوا بوونی هەیە. حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە كتێبی “البراهین الأحمدیة”دا بە تێروتەسەلی تیشكی خستووەتە سەر ئەم بابەتە.
ئێستا پێویستە بپرسین: ئەگەر لەڕێگەی ئەو بەڵگانەوە كە بەردەستن ناگەینە ئەو ئاستەی كە بڵێین بەدڵنیاییەوە خوا هەیە، ئەوا چۆن دەتوانین دڵنیا بین لە بوونی خوا؟
هەڵبەت تەنها ڕێگا بۆ دڵنیابوون لە بوونی خوا ئەوەیە خوای گەورە نموونەیەك لە توانای خۆی پیشان بدات، وە دەبێت نموونەكە بە شێوەیەك بێت كە ئەو كەسەی دەیبینێت بە دڵنیاییەوە پەی بەوە ببات كە خوای گەورە لەڕاستیدا بوونی هەیە. ئەگەر پێشوەختە هەواڵی ڕووداوێك بدرێت كە لە توانای مرۆڤ بەدەر بێت، وە دواتر هەواڵە بێتەدی و ئەو كارە بەڕاستی وەك ئەوەی وتراوە ڕووبدات، ئەوا خەڵكی بە بینینی ئەمە دەتوانن دڵنیا بن لە بوونی خوا.
لێرەدا ئاماژە بۆ شتێكی تر دەكەم كە بریتیە لەوەی: ئەگەر بوترێت حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) نووسیویەتی كە ڕێگای سەلماندنی بوونی خوا بریتیە لە وەحی و ئیلهام، بەڵام تۆ دەڵێیت لەڕێگەی قەدەری تایبەتەوە دەسەلمێنرێت، ئەمە چۆن دەبێت؟
سەبارەت بەم بابەتە دەبێت ئەوە بزانین كە هەردوو قسەكە دروستن، چونكە بوونی خوای گەورە لەڕێگەی ئەو وەحیەوە دەسەلمێنرێت كە توانای خوای لەخۆگرتووە، ئەگینا ئەگەر دەنگێك بڵێت: من بوونم هەیە، ئەوا دەكرێت خەڵكی بڵێن ئەمە وەهم یان خەیاڵی خاوەن ئیلهامەكەیە و بەهۆیەوە بوونی خوا ناسەلمێنرێت، بۆیە پێدەچێت ئەم جۆرە وەحیە وەهم و خەیاڵی كەسە ئیلھامبۆكراوەكە بێت.
جارێكیان لە خانەی میوانداری لە قادیان میوانداری كەسێكمان كردبوو، دەیگوت دەنگێك دەبیستم كە دەڵێت: ئەی مەهدی! ئەی مەهدی. بەڕێكەوت مەولەوی “ڕەسوڵ ڕاجیكی”ش لەوێ مابوویەوە. پیاوەكەی بانگ كرد و لێی پرسی: ئەگەر دەنگێكت بیست كە دەیگوت: جەنابی مەولەوی! جەنابی مەولەوی! ئایا وا تێدەگەیت كە تۆ بانگ دەكات؟ ئەویش گوتی: نەخێر. ئینحا مەولەوی بەڕێز لێی پرسی: ئەگەر گوێت لە دەنگێك بوو كە دەڵێت: دكتۆر! دكتۆر! چۆن تێدەگەیت؟ گوتی: وا تێدەگەم كە دكتۆرێك بانگ دەكات و مەبەستی من نیە، منیش بە ڕێكەوت گوێم لێبووە. ئینجا مەولەوی ڕاجیكی ئامۆژگاری كرد و پێی گوت: ئەگەر گوێت لە دەنگێك دەبێت كە دەڵێت: مەولەوی یان دكتۆر وا بیرناكەیتەوە بانگی تۆ بكرێت، ئەوا بۆچی كاتی بیستنی دەنگێك كە بڵێت: مەهدی یان مەسیح پێت وایە مەبەستی تۆیە و تۆ بانگكراویت؟!
بەهەمان شێوە لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) كەسێكی تر هات و گوتی: هەندێ جار پێم دەگوترێت موحەممەد، وە پێم دەگوترێت مووسا، وە پێم دەگوترێت عیسا، وە هەندێ جاریش پێم دەگوترێت ئیبراهیم، وە جاروبار سەردانی عەرشی خوا دەكەم. بەڕێزی (علیه السلام) لێی پرسی: كاتێك پێت دەگوترێت مووسا ئایا موعجیزەیەكانی مووسایشت پێ دراوە؟ گوتی نەخێر. بەڕێزی (علیه السلام) فەرمووی: كاتێك بە عیسا بانگ دەكرێیت، ئایا ئەو نیشانانەت پێدراوە كە دراون بە عیسا؟ گوتی: نەخێر. هەروەها بەڕێزی (علیه السلام) فەرمووی: كاتێك پێت دەگوترێت موحەممەد ئایا هێز و بەهرەكانی موحەممەدت (ﷺ) پێدراوە؟ گوتی: نەخێر. بەڕێزی (علیه السلام) فەرمووی: كاتێك سەردانی عەرش دەكەیت ئایا نیشانە شكۆداریەكانیشت پێ دراوە؟ گوتی: نەخێر. ئینجا بەڕێزی (علیه السلام) فەرمووی: ئەگەر كەسێك بە كەسێكی تر بڵێت: “بیگرە”، بەڵام كاتێك دەست درێژ بكات بۆ وەرگرتنی شتێك هیچ شتێكی پێ نەدات، ئایا لەمەوە وەها تێناگات كە گاڵتەی پێ كراوە، یان تاقیكراوەتەوە؟! بە هەمان شێوە ئەو ڕووداوانەش كە تۆ دەیانبینی بە گاڵتەپێكردن لەقەڵەم دەدرێن و هۆكارەكەشی گوناهەكانتە. باشترین شت ئەوەیە تۆبە بكەیت.
پوختەی قسە، لەبەرئەوەی ڕەنگە ئیلھام دەرەنجامی وەهم و وەسوەسە و نەخۆشی بێت یان لەلایەن شەیتانەوە بێت، بۆیە دەكرێت ئیلھام بەتەنها وەحییەكی شەیتانی یان ئەنجامی نەخۆشیەك بێت، بەڵام ئەگەر توانستی لەگەڵدا بوو ئەوا دەچەسپێت كە لەلایەن خوایەكی بەتوانا و مەزنەوە هاتووە. بۆیە هەردوو قسەكە ڕاستن؛ تەنها وەحیەك توانای لەگەڵدا بێت مرۆڤ دەگەیەنێتە ئاستی دڵنیایی لە سەلماندنی بوونی خوای گەورەدا، وە دەركەوتنی قەدەریش مرۆڤ دەگەیەنێتە ئاستی “بێگومان خوا بوونی هەیە”، بۆیە دەڵێم ئەگەر قەدەر نەبوایە ئەوا ئەستەم بوو مرۆڤ بە یەقینی باوەڕبهێنێت بە خوا. لەوانەیە لەڕێگەی تەماشاكردنی گەردوونەوە بوترێت گەردوون لەخۆوە پەیدا بووە، بەڵام كاتێك مرۆڤ ڕاستەوخۆ توانست و هێزی خوا دەبینێت ئەوسا بیانووی نامێنێت و دەزانێت خوایەك بوونی هەیە كە دنیای دروستكردووە. بەڕێزی (علیه السلام) لە دێڕە شیعرێكیدا بە زمانی ئوردی دەفەرموێت كە ئەمە ماناكەیەتی:
بێگومان خوای گەورە لەڕێگەی تواناكەیەوە بوونی خۆی دەسەلمێنێت، وە دەركەوتنی ڕوخساری ئەم پەرستراوە كە هیچ بوونێكی ڕواڵەتی و هەستپێكراوی نیە بەم شێوەیە دەبێت.
بەڕێزی (علیه السلام) لەم دێڕە شیعرەدا ڕایگەیاندووە كە خوای گەورە لە ڕێگەی دەرخستنی تواناكەیەوە ڕوخساری خۆی پیشان دەدات، وە بوونی خوا بەتەواوەتی ناچەسپێت ئەگەر تواناكەی نەدرەوشێتەوە.
ئەو كەسانەی توانای خوای گەورەیان نەبینیوە بەردەوام دەڵێن: كێ خوای دروستكردووە هەتا باوەڕبهێنن بە بوونی؟ بەڵام كاتێك توانای خوای گەورە دەبینن ئەوسا دڵنیا دەبن كە بوونی هەیە.
زیانی دووەم: ئەگەر قەدەر نەبێت ئەوا باوەڕبوون بە خوای گەورەیش بوونی نابێت. وە ئەگەر بە شێوەیەك لە شێوەكان باوەڕبوون بە خوا دروست بێت ئەوا بەبێ قەدەر خۆشەویستی و دڵسۆزی لەگەڵیدا دروست نابێت. بۆ نموونە خەڵكی زوو زوو نامە بۆ پاشاكان نانووسن، چونكە پەیوەندیەكی كەسی و تایبەتیان نیە لەگەڵیدا، لەكاتێكدا ئێمە حەزدەكەین بەردەوام نامە بۆ كەسە نزیكەكانمان بنووسین. بەهەمان شێوە ئەو قسانەی بەگشتی دەكرێن تامێكی هەیە، بەڵام ئەوانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەخۆمانەوە هەیە تامێكی تریان هەیە. بەهەمان شێوە ئەگەر پاشا فەرمانێكی گشتی دەربكات ئەوا مرۆڤ زۆر چێژی لێ نابینێت، بەڵام ئەگەر كەسێك بەتایبەتی لەلایەن پاشاوە نامەیەكی پێ بگات ئەوا بە فەخر و شانازی دەزانێت بۆ خۆی. كەواتە پەیوەندی تایبەتی پێویستە بۆ دروستبوونی خۆشەویستی و دڵسۆزی لەگەڵ خوای گەورەدا، وە ئەم جۆرە پەیوەندیەیش تەنها لەڕێگەی قەدەری خواییەوە دادەمەزرێت.
زیانی سێیەم: ئەگەر قەدەر نەبوایە ئەوا هەموو خەڵكی ڕزگاربوونیان بەدەست نەدەهێنا، چونكە زۆربەی مرۆڤەكان سەرەتا گوناھ دەكەن و دواتر پەشیمان دەبنەوە و وازی لێ دەهێنن. ئەگەر بۆ ئەم جۆرە دۆخانە قەدەری تایبەت نەبوایە و بابەتەكە تەنھا پەیوەست بوایە بە تەگبیر و گرتنەبەڕی ڕێگاچارەوە، ئەوا مرۆڤ تەنھا بە ئەندازەی ئەو كردەوانەی پێشتر ئەنجامی داون پاداشتی بەدەست دەهێنا، چونكە ئەو كاتە تەنھا قەدەری گشتی كارا دەبوو، وە بە ئەندازەی كردەوەكانی پاداشتی پێدەدرا و خوای گەورە شتێكی زیاتری پێ نەدەدا. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك بە درێژایی 80 ساڵی ژیانی كاری خراپی كردبێت بەڵام لە ساڵی دواتردا دەست بكات بە كاری چاكە ئەوا ئەم تەگبیر و ڕێگاچارەیەی هیچ كاریگەریەكی نەدەبوو لەسەر سڕینەوەی تاوانەكانی بەڵكو بەهۆی كردەوە خراپەكانیەوە دەچووە دۆزەخ. بەڵام لێرەدا قەدەری تایبەتی خوای گەورە كاری خۆی دەكات، كە بریتیە لەوەی: ئەگەر بەندە تۆبە بكات لە تاوانەكانی ئەوا خوای گەورە دەیانسڕێتەوە، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّ ٱلۡحَسَنَٰتِ يُذۡهِبۡنَ ٱلسَّئَِّاتِۚ﴾ (هود: 115). بەڵام ئەگەر ئەم قەدەرە تایبەتە نەبوایە ئەوا ڕزگاربوونی مرۆڤەكان ئەستەم دەبوو. وە ئەگەر قەدەر نەبوایە ئەوا بابەتی تۆبەكردنیش بوونی نەدەبوو، وە ئەگەر تۆبەكردن نەبوایە ئەوا لێخۆشبوون لە تاوانەكانی مرۆڤ نەدەبوو، دواجار ڕزگاربوونی مرۆڤ ئەستەم دەبوو. بەڵام بەگوێرەی ئەم قەدەرە تایبەتەی خوای گەورە ئەگەر مرۆڤ تۆبەی كرد ئەوا تاوانەكانی دەسڕدرێتەوە. لەبەر ئەوە پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) فەرموویەتی: “إِنَّ اللَّهَ يَقْبَلُ تَوْبَةَ العَبْدِ مَا لَمْ يُغَرْغِرْ.” واتە: ئەگەر مرۆڤ پێش ساتی گیانكێشان تۆبە بكات، تۆبەكەی قەبوڵ دەبێت، وە ئەم چاكەیەی كە لە دوا ساتەكانی ژیانیدا دەیكات هەموو تاوانەكانی ژیانی دەسڕێتەوە. (الترمذي، أبواب الدعوات، باب ما جاء في فضل التوبة والاستغفار..).
بەم شێوەیە قەدەر مرۆڤ ڕزگار دەكات لە تیاچوون. كەسێك هەبوو سوور بوو لەسەر گوناهكردن، پێم گوت سڵ بكەرەوە و وازبهێنە لە تاوان، ئەویش گوتی: تاوانی زۆرم ئەنجامداوە كە بەهۆیانەوە ڕاستەوخۆ دەچمە دۆزەخ، ئیتر لەم دۆخەدا وازهێنان لە تاوان چ سوودێكی دەبێت؟ منیش پێم گوت: ئەمە بیركردنەوەیەكی هەڵەیە، چونكە خوای گەورە لە تاوانەكانی بەندە خۆشدەبێت ئەگەر لە ناخی دڵەوە تۆبەیان لێ بكات. پیاوەكە تێگەیشتوو بوو، بەگوێی كردم و وازیهێنا لە تاوان. كەواتە ئەگەر قەدەر نەبوایە ئەوا تۆبە نەدەبوو، وە ئەگەر تۆبە نەبوایە -واتە ئەگەر خوا لە بەندە پەشیمانەكەی خۆش نەبوایە- ئەوا مرۆڤ تیادەچوو.
زیانی چوارەم: گومانی تێدا نیە خوای گەورە بۆ هەموو شتێك قەدەرێكی دیاریكراوی داناوە و ئەركی مرۆڤیش ئەوەیە بەگوێرەی ئەو قەدەرە كار بكات و سوودی لێ ببینێت، بەڵام جاروبار قەدەری گشتی سوودی نابێت و ناتوانێت ئەنجامی داواكراو بدات بەدەستەوە. بۆ نموونە، ئەگەر كەسێك پێویستی بە ئاو بێت لە دارستانێكدا كە هیچ بیرێك یان كانیاوێكی لێ نەبێت. ئەوا قەدەری دەستكەوتنی ئاو كامەیە؟ لە دۆخێكی وەهادا قەدەری گشتی ئەوەیە كە بیرێك هەڵبكەنێت بۆ دەرهێنانی ئاو. بەڵام ئەگەر دەست بكات بە هەڵكەندنی بیر ئەوا پێش ئەوەی بگات بە ئاو دەمرێت. دیارە خوای گەورە بۆ ئەم جۆرە هەلومەرجانە قەدەرێكی تایبەتی داناوە كە مرۆڤەكە ڕزگار دەكات لە تیاچوون، ئەگەر ئەوە نەبوایە ئەوا بێگومان لەناودەچوو. قەدەرە تایبەتیەكە ئەوەیە لە خوای گەورە بپاڕێتەوە، ئەو خۆی ڕێگایەكی تایبەتی بۆ دەسازێنی بۆ دەستكەوتنی ئاو.
بۆ نموونە ڕووداوێك دەگێڕمەوە كە بەسەر یەكێك لە هاوەڵانی پێغەمبەرماندا (ﷺ) هاتووە، سوپای ڕۆم دیلیان كرد و بەمە زۆر دڵخۆشبوون. وە كاتێك قەیسەر ویستی سزایەكی توندی بدات، كەسێك پێشنیاری كرد كە گۆشتی بەرازی دەرخوارد بدات چونكە لە ئایینی ئەماندا شتێكی حەرامە. ئەوە بوو گۆشتی بەرازیان لێنا و خستیانە بەردەم هاوەڵەكە، ئەویش سەرەڕای ئەوەی زۆری لێكرا بەڵام ڕەتیكردەوە و نەیخوارد. وە لەكۆتاییدا لەتاو برسێتی بارودۆخی بەتەواوەتی تێكچوو. هیچ ڕێگاچارەیەكی بەدەستەوە نەبوو بۆ ڕزگاركردنی خۆی لە تیاچوون، وە قەدەری گشتی هیچ سوودێكی نەبوو بۆی چونكە دیل بوو لای دوژمن، وە هیچ دەروویەكی نەبوو مەگەر ئەوەی خوای گەورە خخۆی شتێك بكات. ئەگەر بڕیاری خوای گەورەیش وا بوایە كە لە هەموو بارودۆخەكاندا تەنھا لەڕێگەی قەدەری گشتیەوە كاروبارەكان بە ئەنجام بگات ئەوا بە هیچ شێوەیەك ڕزگاری نەدەبوو، بەڵام لەبەرئەوەی خوای گەورە سیستەمی قەدەری تایبەتیشی خستووەتەگەڕ بۆیە هەلومەرجی ڕەخساند بۆ ڕزگاربوونی. چوار پێنج ڕۆژ دوای دەستگیركردن و برسیكردنی خوای گەورە قەیسەری ڕۆمی تووشی سەرئێشەیەكی توند كرد، سەرەڕای بەكارهێنانی هەموو ئەو دەرمانانەی كە بەردەست بوون بەڵام سەرئێشەكە وەكو خۆی مایەوە و چارەسەر نەبوو، كەسێك پێی گوت: ڕەنگە ئەم ئێش و ئازارە تۆڵەیەك بێت لەسەر برسیكردنی دیلەكە. قەیسەریش باوەڕی كرد و گوتی: وا دەردەكەوێت هۆكارەكە ئەوە بێت، ئەوە بوو دەستبەجێ هاوەڵەكەی بانگكرد و ڕێزی لێگرت، وە نامەیەكی نووسی بۆ گەورەمان عومەر (خوا لێی ڕازی بێت) دەربارەی سەرئێشەكەی، عومەریش (خوا لێی ڕازی بێت) لە وەڵامی نامەكەدا كڵاوێكی كۆنی خۆی بۆ نارد و پێی گوت: ئەم كڵاوە لەسەر بكە سەرئێشەكەت نامێنێت، وە برایەكی ئێمە دیلە لە لای تۆ، بەوپەڕی ڕێز و ئیحتیرامەوە ئازادی بكە. ئەویش ئەو كارەی كرد و كڵاوەكەی كردە سەری و سەرئێشەكەی چارەسەر بوو.
هەڵبەت قەدەری تایبەتی خوا فریای ئەو هاوەڵە كەوت و ڕزگاری كرد. قەدەری گشتی لەم دۆخەدا سوودی نەدەبوو، بۆیە خوای گەورە قەیسەری گرفتار كرد و وەهای لێكرد هاوەڵەكە ئازاد بكات.
لەم بارەیەوە ڕووداێكی حەزرەتی مووسایش (u) هەیە. خوای گەورە فەرمانی پێ كردن بچن بۆ شارێكی دیاریكراو و ئەوانیش كەوتنە ڕێ، لەڕێگادا لەگەڵ هاوەڵەكانیدا تێپەڕین بە شیوێكی وشكدا كە ئاو و سەوزایی تێدا نەبوو، وە نەیانتوانی بیریش هەڵبكەنن چونكە زەویەكە بەردەڵان و ڕەقەن بوو، لەم هەلومەرجەدا نەیاندەتوانی هیچ شتێك بكەن. نە دەیانتوانی بگەڕێنەوە نە بەرەو پێش بچن، بگرە هیچ چارەیەكیان نەبوو جگە لەوەی خوا ڕەحمیان پێ بكات. تاكە چارەسەر بۆ گرفتەكەیان ئەوە بوو كە خوای گەورە لەلایەنی خۆیەوە قەدەرێكی تایبەت بخاتەگەڕ. بۆیە حەزرەتی مووسا (علیه السلام) ڕووی كردە خوای گەورە و فەرمووی: پەروەردگارا! لەتاو تینوێتی خەریكە دەمرین، تۆ چارەیەكمان بۆ بدۆزەرەوە. خوای گەورەیش پێی فەرموووی بچێت بۆ فڵان شوێن و بە گۆچانەكەی لەو شوێنە بدات و هەڵی بكەنێت.
كاتێك بە گۆچانەكەی ئەو شوێنەی هەڵكەند ئاو هەڵقوڵی و گرفتەكەیان چارەسەر بوو. دیارە لەوێدا لە ژێر خاكەكەدا ئەو كانیە ئاوە هەر هەبووە. بەڵام بۆ كێ؟ دیارە بۆ مووسا (علیه السلام) كە ڕۆژێك دەگاتە ئەم شوێنە و تینووی دەبێت و ئاوی دەستناكەوێت، وە لەو كاتەدا ئاوی زۆری دەستدەكەوێت لێیەوە.
بەكورتی، دەتوانین بڵێین لەو شوێنانەی قەدەری گشتی سوودی نیە، ئەگەر شتێك هەبێت لە لەناوچوون ڕزگارمان بكات، ئەوا قەدەری تایبەتە. ئەگەر قەدەری تایبەت نەبوایە لەم چوار زیانەی خوارەوە ڕزگارمان نەدەبوو:
- 1. باوەڕمان كامڵ نەدەبوو.
- پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ خوای گەورەدا بەهێز نەدەبوو.
- ئەو دەرفەتەمان نەدەبوو كە لەڕێگەی تۆبەوە ڕزگارمان بێت لە تاوانەكانی ڕابردوو.
- وە لەو شوێنانەدا كە قەدەری گشتی مەحاڵە مرۆڤ لەناودەچوو.
زیانێكی تر بەهۆی نەبوونی قەدەری تایبەتەوە
ئەگەر قەدەری تایبەت نەبوایە ئەوا بەردەوام جیهان نوقم دەبوو لە شیركدا، چونكە ئەو پێغەمبەرانەی شەریعەتی نوێ دەهێنن، بەبێ ئەوەی هۆكارە ڕوواڵەتیەكان لە ئارادا بن و سەرچاوەیەكی دارایی ئەوتۆیان هەبێت كۆمەڵەكانیان دادەمەزرێنن. بۆ نموونە پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك لە مەككەدا بتەكانی پووچەڵ دەكردەوە هیچ هۆكارێكی بەدەستەوە نەبوو. خەڵكی مەككە -كە لەسەر بتپەرستی دەژیان- دەیانویست بیكوژن، لەكاتێكدا پێغەمبەر (ﷺ) سوپایەك یان هێزێكی نەبوو بۆ بەپەرچدانەوەیان. بۆیە ئەگەر سەركەوتن تەنھا پەیوەست بوایە بە هۆكارە ڕواڵەتیەكانەوە (واتە بە قەدەری گشتیەوە) ئەوا بێباوەڕان لە مەبەستەكەی خۆیاندا سەردەكەوتن و پێغەمبەریان (ﷺ) لەناودەبرد، وە لە ئەنجامدا دوای وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) جیهان نەیدەتوانی لەو چاڵی شیركەی تێی كەوتبوو بێتە دەرەوە، وە بەردەوام دنیا نوقم دەبوو لە تاریكایی شیرك و قوڕاوی گومڕاییدا.
بەهەمان شێوە حەزرەتی مووسا و عیسایش (علیهما السلام) هیچ هۆكارێكی ڕواڵەتییان بەدەستەوە نەبوو. وە ئەگەر جێبەجێبوونی هەموو كاروبارەكان تەنھا لەڕێگەی تەگبیركردنەوە (واتە لەڕێگەی قەدەری گشتیەوە) بوایە، ئەوا هەموو ئەو پێغەمبەرانە دەكوژران كە ڕەوانەكراون بۆ ئەم دنیایە، دواجار زنجیرەی پێغەمبەران بەردەوام نەدەبوو، وە لەم جیهانەدا كۆمەڵی پێغەمبەران دروست نەدەبوو. وە لەبەرئەوەی دوژمنانی پێغەمبەران هەمیشە هێز و هۆكارە دنیاییەكانیان هەیە، بۆیە خوای گەورە لەڕێگەی دابەزاندنی قەدەری تایبەتیەوە یارمەتی پێغەمبەرانی خۆی دەدات و سەركەوتوویان دەكات، ئەگینا نەیاندەتوانی لە ژیاندا بمێننەوە چجای ئەوەی شیرك لەناوببەن.
ڕەنگە كەسێك بڵێت: ئایا لە كۆتاییدا ئەوە خوا خۆی نیە كە پێغەمبەر هەڵدەبژێرێت؟ ئیتر بۆچی مرۆڤی لاواز و بێتوانای وەك حەزرەتی محەمەدی (ﷺ) هەڵبژارد و پاشایەكی بەهێزی وەك قەیسەری هەڵنەبژارد؟ وە لەجیاتی ئەوەی كەسە لاوازەكان هەڵبژێرێت پێویست بوو پاشا گەورە و بەهێزەكانی بكردایە بە پێغەمبەری خۆی، بەم شێوەیە پێویستی بەوە نەدەكرد لەپێناویاندا قەدەری تایبەتی بخاتەگەڕ. بیر بكەنەوە، لە دۆخێكی لەم شێوەیەدا خوا پێویستی بە بەندەكان دەبوو نەك بە پێچەوانەوە، چونكە دەیانگوت: ئێمە بەهۆی پیادەكردنی هێز و شكۆی خۆمانەوە خەڵكمان قایل كرد باوەڕبهێنن بە بوونی خوا ئەگینا هیچ كەسێك نەبوو باوەڕی پێ بهێنێت. لەم دۆخەدا وا دەردەكەوت ئەوان چاكەیان بەرامبەر خوا كردبێت و خوا منەتباری ئەوان بێت. بەڵام خوای گەورە هەمیشە ئەو كەسانەی هەڵبژاردووە بۆ پێغەمبەرایەتی كه لە هەموو كات و ساتێكدا دەبینن فەزڵ و چاكەی خوا دابەزیوەتە سەریان، وە ئەو كەسانەی هەڵبژاردووە كە سوپاسیان كردووە.
ڕەنگە ئەوە بێت بە مێشكی كەسێكدا كە هەردوو پێغەمبەری خوا داوود و سڵێمان (علیهما السلام) پاشا بوون، پێویستە بزانرێت هیچ كامێكیان نەهاتن بۆ دامەزراندنی كۆمەڵێكی نوێ، بۆیە دەكرێت ئەم جۆرە پێغەمبەرانە لەناو ئەمیر و پاشاكاندا بن، بەڵام ئەو پێغەمبەرانەی كە بۆ دامەزراندنی سەردەمێكی نوێ و زیندووكردنەوەی جیهانێكی مردوو دێن، تەنھا لە خەڵكی گشتی بوون و لەڕووی ماددیەوە كەسانی بێتوانا بوون.
باوەڕبوون بە قەدەر حەوت پلەی ڕۆحانی بۆ مرۆڤ دەستەبەر دەكات
ئێستاش دێینە سەر سوودەكانی باوەڕبوون بە قەدەر.
پلەی یەكەم: سوودی یەكەم ئەوەیە كە بەهۆی بەكارهێنانی قەدەری گشتیەوە مرۆڤ لەڕووی دنیاییەوە پێشكەوتن بەدەستدەهێنێت. ئەگەر باوەڕبوون بە قەدەری گشتی نەبوایە ئەوا هیچ كارێك جێبەجێ نەدەكرا. هەموو كاروبارەكانی دنیا كاتێك بەڕێوە دەچن كە مرۆڤ باوەڕ بكات بە قەدەری گشتی. بۆ نموونە: ئاگر دەسووتێنێت، وە ئاو ئاگر دەكوژێنێتەوە. بۆیە ئەگەر مرۆڤ بەتەواوەتی باوەڕی نەبێت بە تایبەتمەندی شتەكان ئەوا واز لە هەموو هەوڵەكانی دەهێنێت، بەم شێوەیە سیستەمی جیھان هەمووی پووچەڵ دەبێتەوە.
لە جیهانی مەعنەویشدا، باوەڕبوون بە ئەنجامەكانی قەدەری گشتی شەرعی باوەڕ بەهێز دەكات و دەبێتە هۆی دروستبوونی دامەزراوی. بۆیە هەروەك چۆن جووتیار كاتێك تۆوی گەنم دەچێنێت یەقینی هەیە كە بەرهەمەكە گەنم دەبێت، بەهەمان شێوە كاتێك خەڵكی ئەنجامە باشەكانی شوێنكەوتنی حوكمەكانی شەریعەت دەبینن ئەوسا چوست و چالاكتر دەبن و گوڕوتینیان زیاتر دەبێت بۆ كاركردن پێیان، وە حەزی بەدەستهێنانی باوەڕی ڕاستەقینە لە دڵیاندا دروست دەبێت. ئەگەر وەها نەبوایە ئەوا خەڵكی پێغەمبەرانی خوایان ڕەتدەكردەوە و دەیانگوت: بۆچی باوەڕیان پێ بهێنین مادام باوەڕبوون پێیان هیچ سوودێكی نەبێت؟ بۆچی خەڵكی باوەڕیان هێنا بە موحەممەد (ﷺ)؟ چونكە بەچاوی خۆیان بینیان كە كاركردن بە فێركاریەكەی گۆڕانێكی ڕیشەیی ڕۆحی و ئەخلاقی لە مرۆڤدا دروست دەكات، وە بینیان یارمەتی و سەركەوتنی خوا لەگەڵ ئەو كەسانەدایە كە باوەڕیان پێ هێناوە. بۆیە ئەوانیش چوست و چالاكتر بوون و گوڕوتینیان زیاتر بوو بۆ سوودوەرگرتن لەم قەدەرە و كێشكردنی فەزڵەكانی خوای گەورە بۆ خۆیان و كەسوكاریان.
پلەی دووەم: وەك گوتم لەڕێگەی قەدەری گشتی شەرعیەوە نموونەیەك بۆ خەڵكی دادەمەزرێت و ئەوانیش جەخت دەكەنەوە لەسەر سوودوەرگرتن لێی، وە پاش ئەوە قەدەری تایبەتی دەكەوێتەگەڕ بۆیان و بەهۆیەوە زیاتر پێشدەكەون و دەگەنە پلەی دووەمی ڕۆحی كە بریتیە لە پلەی ئارامگرتن و ڕازیبوون. لەڕاستیدا سوننەتی خوای گەورە وەهایە كە بەندەكانی خۆی -پاش ئەوەی باوەڕدەهێنن- تاقیدەكاتەوە، ئەوەتا دەفەرموێت: ﴿أَحَسِبَ ٱلنَّاسُ أَن يُتۡرَكُوٓاْ أَن يَقُولُوٓاْ ءَامَنَّا وَهُمۡ لَا يُفۡتَنُونَ % وَلَقَدۡ فَتَنَّا ٱلَّذِينَ مِن قَبۡلِهِمۡ ۖ فَلَيَعۡلَمَنَّ ٱللَّهُ ٱلَّذِينَ صَدَقُواْ وَلَيَعۡلَمَنَّ ٱلۡكَٰذِبِينَ﴾ (العنكبوت: 3-4).
واتە ئایا خەڵكی پێیان وایە پاش باوەڕهێنان وازیان لێدەهێنرێت و تاقی ناكرێنەوە؟ نەخێر، بەڵكو زۆر پێویستە كە تووشی تاقیكردنەوە بن بۆ جیابوونەوەی ڕاستگۆ لە درۆزن. بۆیە هەر كاتێك كەسێك باوەڕدەهێنێت لەلایەن خواوە بە چەندین شێوە تاقیدەكرێتەوە، هەندێ لەو تاقیكردنەوانە ئەوانەن كە بەهۆی كەمتەرخەمی و هەڵەی خودی كەسەكەوە تووشی دەبن، هەندێكیشیان ڕاستەوخۆ لەلایەن خواوە تووشی دەبن. بۆ نموونە كەسێك كوڕێكی دەبێت یەكسەر دەمرێت، ئەم منداڵە تەنها بۆ تاقیكردنەوەی ئەو كەسە لەدایك دەبێت. هەروەها بۆ هەمان مەبەست خانووی كەسێك دەڕوخێت یان دوژمنەكەی زیانێكی پێ دەگەیەنێت. ئەگەر تەگبیركردن و گرتنەبەری ڕێگاچارە هەموو شتێك بوایە، ئەوا لە دۆخێكی وەهادا ئارامگرتن و نەگرتنەبەری هیچ ڕێگاچارەیەك لەبەرامبەر هێرشی دوژمنەكەیدا بێمانا دەبوو. بۆیە تەنھا كاتێك ئارام دەگرێت و واز لە بەرەنگاربوونەوە یان گرتنەبەری ڕێگاچارە دەهێنێت كە بزانێت تووشی تاقیكردنەوە بووە. بۆیە ئەگەر تەگبیر و گرتنەبەری ڕێگاچارە هەموو شتێك بوایە ئەوا لەم جۆرە بارودۆخانەدا ئارامی نەدەگرت و زیاتر گوڕوتینی دەنواند و هەوڵی دەدا. لە سەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا (علیه السلام) هەندێ لە ئەندامانی كۆمەڵەكەی جاروبار ئیزنیان لێ وەردەگرت بۆ ئەوەی سكاڵا تۆمار بكەن لەسەر دوژمنان و ناحەزان بەهۆی كارە خراپەكانیانەوە، بەڵام بەڕێزی (علیه السلام) هەمیشە پێی دەگوتن: “دەبێت ئارام بگرین”، لەگەڵ ئەوەی پەنابردنەبەر دادگا بۆ دوورخستنەوەی شەڕ و خراپەی دوژمنان كارێكی دروستە. هۆكاری ئەمەش ئەوەیە هەندێ جار باوەڕداران لەلایەن خوای گەورەوە تووشی تاقیكردنەوە دەبن و خوا دەیەوێت ئارام بگرن سەرەڕای ئەوەی دەتوانن شتێك بكەن. بۆیە مەقامی ئارامگرتن و ڕازیبوون -كە پلەیەكە لە پلە ڕۆحانیەكان- لە باوەڕبوون بە قەدەری تایبەتی خواییەوە دروست دەبێت، چونكە ئەو مرۆڤەی لەم بارودۆخەدایە دەبینێت كە ئەم تاقیكردنەوەیە لەلایەن خواوەیە، بۆیە ئارام دەگرێت. دواجار كەسێكی لەم شێوەیە پێشوازی لە هەموو بەڵا و ناخۆشیەك دەكات و دەڵێت مادام لەلایەن خوای گەورە هاتوون و خێری تێدایە بۆم. گومانی تێدا نیە لەبەر ئەوەی خوای گەورە مۆڵەتی پێ داوە، بۆیە لە هەندێ لەم تاقیكردنەوانەدا پەنا دەباتەبەر تەگبیر و ڕێگاچارە، بەڵام بۆ هەندێكی تریان بەتەواوەتی ئارام دەگرێت، وە ئەو كەسەی بگاتە ئەم مەقامە لەكاتی تووشبوونی بە هەر بەڵا و نەهامەتیەك لەناخی دڵیەوە دەڵێت: ﴿إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّآ إِلَيۡهِ رَٰجِعُونَ﴾ (البقرة: 157).
بەكورتی، باوەڕبوون بە قەدەر مرۆڤ دەگەیەنێتە ئەم پلە و مەقامانە، چونكە ئەگەر ئەم قەدەرە نەبوایە ئەوا ئارامگرتنی مرۆڤ لە بەرامبەر بەڵا و نەهامەتیەكاندا بە ترسنۆكی و ورە لاوازی لەقەڵەم دەدرا، وە ڕازیبوونەكەیشی بە بێشەرمی ئەژمار دەكرا، بەڵام كاتێك بەهۆی باوەڕبوونی بە قەدەر ئارام دەگرێت لەسەر هەندێ لە بەڵا و نەهامەتیەكان -كە بە تاقیكردنەوە لەقەڵەمیان دەدات بۆ خۆی- ئارامگرتنەكەی دەبێت بە كارێكی پەسەند. وە ڕەزامەندی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر كردەوەی خوای گەورە كە بەشێوە هەندێ تاقیكردنەوە دەردەكەوێت. وە ڕەزامەندیەكی لەم شێوەیە بە ڕەفتارێك بەرز دادەنرێت. وە باشترین ئارامگرتن ئەوەیە كە سەرەڕای هەبوونی توانای بەرەنگاربوونەوە پیشان بدرێت، بەڵام ئەگەر توانای بەرەنگاربوونەوە نەبوو ئەوا ئارامگرتنەكە نابێتە ئارامگرتنێكی بڵند و نموونەیی. بەهەمان شێوە ڕەزامەندی ڕاستەقینە ئەوەیە مرۆڤ بە سنگی فراوانەوە هەندێ بەڵا و گرفتاریی قەبوڵ بكات دوای ئەوەی هەست دەكات ئەوەی تووشی بووە تاقیكردنەوەیە لەلایەن خوای گەورەوە، بەڵام ئەگەر باوەڕی بەوە نەبێت كە ئەو بەڵایەی تووشی بووە تاقیكردنەوەیە لەلایەن خواوە ئەوا دانیشتن و ڕازیبوون بە بێغیرەتی و سووك و ڕسوایی ئەژمار دەكرێت. وە جیاكردنەوەی هەردوو حاڵەتی ناوبراو بەوە دەبێت كە ئەو كەسەی گەیشتووەتە مەقامی ڕەزامەندی كەسێكی ماندوونەناس و زۆر چالاك و ئازایە لە كارەكانی تریدا، وە لەچاو كەسانی تر ورەی زۆر بەرزە.
لەكاتی باسكردنی بابەتی ڕازیبووندا ڕووداوێكم بیركەوتەوە كە ماوەیەك پێش كۆچی دوایی حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) ڕوویدا. مەلیك موبارەك عەلی -كە بازرگانێك بوو لە لاهۆر- هەموو ڕۆژێك دەهات بۆ شوێنی مانەوەی بەڕێزی (علیه السلام)، ئێواران كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بە عەرەبانە دەچووە دەرەوە بۆ هەواگۆڕكێ ئەویش لەگەڵیدا دەچوو. منیش سواری ئەو ئەسپە دەبووم كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) پێی دابووم و لەگەڵیاندا دەچووم، وە شان بە شانی یەك دەڕۆیشتین و پیاسەمان دەكرد، لەكاتی پیاشەكەیشدا قسەمان لەگەڵ یەكتر دەكرد. بەڵام ئێوارەی ئەو ڕۆژەی كە پێش ڕۆژی كۆچی دوایی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) بوو هەستم بە قورساییەكی سەیر كرد لەسەر تەبیعەتم، بۆیە سواری ئەسپەكە نەبووم، لەسەر پێداگری مەلیك موبارەك سواری عارەبانەكە بووم و لەگەڵیدا دانیشتم، بەڵام لە خەفەتدا هەستم كرد وەك ئەوەی دڵم بەربێتەوە بۆ ناو چاڵێكی قووڵ، وە ئەم دێڕە شیعرە بە ئوردووی بەسەر زمانمدا هات:
راضی ہیں ہم اسی میں جس میں تری رضا ہو
واتە: ئێمە ڕازین بەو شتەی كە ڕەزامەندی تۆی تێدایە.
مەلیك موبارەك عەلی بەردەوام قسەكانی خۆی بۆ دەگێڕامەوە، بەڵام من وەڵامی هەندێكیانم بەكورتی دەدایەوە و دووبارە لەو بیروبۆچوونانەمدا نوقم بووم. ئەو شەوە نەخۆشیەكەی بەڕێزی (علیه السلام) لەپڕ پەرەیسەند و بەیانیەكەی كوچی دوایی كرد. دیارە ئەم ڕووداوە قەدەرێكی تایبەتی بوو بۆ ئەوە هاتبوو كە ئامادەم بكات بۆ ئەوەی بەرگەی ئەم كارەساتە گەورەیە بگرم پێش ئەوەی ڕووبدات.
هەروەها لە ژیاننامەی سۆفیەكانیشدا بەسەرهاتی لەم شێوەیە هەبووە؛ بەجۆرێك ئەوانیش هەندێ جار كە تووشی بەڵایەك دەبوون و دەیانزانی لەلایەن خواوەیە و تەنھا بۆ تاقیكردنەوەیە، لەم بارودۆخە سەختەدا هەستیان بە تام و چێژ دەكرد و یارمەتی و پێشنیاری خەڵكیان ڕەتدەكردەوە بۆ لاچوونی ئەو ئازار و ناڕەحەتیە لەسەریان.
پێویستە سەرەتا ئەوەمان لەیاد بێت كە بەگشتی ئامانجی تاقیكردنەوەكان بەهێزبوونی باوەڕی مرۆڤە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە خوای گەورە دۆخی باوەڕی مرۆڤ نازانێت، بەڵكو كێشە سەرەكیەكە ئەوەیە مرۆڤ خۆی نازانێت باوەڕەكەی لە چ دۆخێكدایە. دەگێڕنەوە كچێك زۆر بەخراپی نەخۆشدەكەوێت، دایكیشی ڕۆژانە دوعای دەكرد و دەیگوت: “خوایە نەخۆشیەكەی ئەو بێت بۆ من، وە لەجیاتی ئەو گیانی من بكێشە”. شەوێكیان مانگاكەیان سەری دەچێت بەناو سەتڵێكی تەنگدا و بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت سەری دەربهێنێت تێیدا، ئینجا دێت و دەچێت و سەر دەكێشێت بەملا و لادا. دایكەكە بەو دەنگە دەنگە خەبەری دەبێتەوە و كاتێك لەبەردەمیدا ئاژەڵێكی سەیر دەبینیت وا دەزانێت فریشتەی گیانكێشانە و هاتووە گیانی بكێشێت. كچەكەی ناوی” مەهتی” دەبێت، ئینجا لەخۆوە دەست دەكات بەهاواركردن و دەڵێت: ئەی فریشتەی گیان كێشان! من “مەهتی” نیم بەڵكو من پیرەژنێكی داماوم، پاشان ئاماژە دەكات بۆ كچەكەی دەڵێت: ئەوەتا مەهتی لەوێ خەوتووە، گیانی ئەو بكێشە.
ئەم ژنە پێی وابوو كچەكەی لە خۆی خۆشتردەوێت بەڵام كاتێك وایزانی فریشتەی گیانكێشان هاتووە و گیانی بكێشێت، دەركەوت بەڕادەیەك خۆشی نەویستووە كە خۆی بكات بە قوربانی.
ئەمە چیرۆكێكی خەیاڵیە، بەڵام لە زۆربەی كاتەكاندا مرۆڤ بەتەواوەتی حەقیقەتی بیروبۆچوونەكانی و دۆخی ناوەوەی خۆی نازانێت، وە تەنھا كاتی تاقیكردنەوە دەزانێت بەڕاستی كێی خۆشدەوێت و ڕقی لەكێیە، وە تا چەندە ڕاستگۆیە لە بانگەشەكانیدا.
وە ئامانجی دووەمی تاقیكردنەوە ئەوەیە خەڵكی تریش بزانن دۆخی باوەڕی كەسێك چۆنە، ئەگینا خەڵكی چۆن بزانن باوەڕی فڵان كەس بەهێزە یان نا، هەڵبەت تەنھا بە بینینی ڕواڵەت دۆخی ناوەوەی مرۆڤ دەرناكەوێت. لەبەر ئەوە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: باشترین كەس ئەو كەسەیە زۆر تووشی بەڵا و تاقیكردنەوە بێت، وە پێغەمبەران لە هەموو خەڵكی زیاتر تووشی بەڵا و تاقیكردنەوە دەبن. (الترمذي، أبواب الزهد).
وە حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراویش (علیه السلام) لە دێڕە شیعرێكیدا بە زمانی فارسی سەبارەت بە خۆی دەفەرموێت:
کربلا ئیست سیر ہر آنم صد حسین است درگریبانم
واتە: هەموو كات و ساتێك بە كەربەلادا دێم و دەچم، لە ناو سینگمدا سەد حوسەینم هەڵگرتووە.
خەڵكی ڕەخنە دەگرن و وا دەزانن بەڕێزی (علیه السلام) لەم دێڕە شیعرەدا پایەی ئیمامی حوسەینی دابەزاندووە، بەڵام نەفامن و نازانن كە مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لێرەدا باسی ئەو بەڵا و تاقیكردنەوانە دەكات كە بەسەریدا هاتوون و دەیەوێت بفەرموێت ئیمامی حوسەین جارێك شەهید بوو، بەڵام دوژمنەكانی من هەموو ساتێك لە بۆسەدان بۆ كوشتنم، وە بەڕادەیەك ئازارم دەدەن كە هەموو كات و ساتێك دیمەنی كەربەلا لەبەرچاوی خۆمدا دەبینم.
جارێك لەخاچدان و كوژران هێندەی ئەوە سەخت نیە كە مرۆڤ لە هەموو كات و ساتێكدا تووشی بەڵا و تاقیكردنەوە بێت. مەسیحیەكان دەڵێن یەسووعی مەسیح لەسەر خاچ كوژرا بۆیە باوەڕبهێنن بەوەی كە كوڕی خوایە. وە ئێمەیش پێیان دەڵێین: ئەی ئەو كەسانە ناوبنێین چی كە هەموو كات و ساتێك لەخاچ دەدرێن؟ دیارە ژیانی پێغەمبەران پڕە لە كارەسات و ناخۆشی، كاتێك خەڵكی دەبینن سەرباری ئەم هەموو بەڵا و نەهامەتیانە هێشتا جێگیر و دامەزراون بۆیە یەقینیان بۆ دروستدەبێت كە باوەڕی ئەوان زۆر بەهێزە. هەڵبەت گوتراوە: الاستِقامةُ فوقَ الكرامةِ واتە: دامەزراوی لەسەرووی كەرامەتەوەیە، وە گەورەترین كەرامەتیش ئەوەیە كە تەنانەت دوژمنی مرۆڤیش دان بنێت بە چاكی و ڕەوشتبەرزی مرۆڤەكەدا و نەتوانێت نكوڵی لێ بكات. دیارە چەندین ڕەخنە ئاراستەی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) كراوە لەلایەن دوژمنەكانیەوە، بەڵام ناچاربوون بنووسن كە موحەممەد (ﷺ) بەدامەزراوی و خۆڕاگریەوە ئەركی خۆی جێبەجێ كرد بەجۆرێك تەنها كەسێك بەو شێوەیە ئەركی خۆی جێبەجێ دەكات كە بەتەواوەتی دڵنیا بێت لە ڕاستی قسەكانی خۆی، وە ناكرێت و ناگونجێت كەسێكی لەم شێوەیە درۆزن بێت. بۆیه لەناو نووسەرە ئەورووپیەكاندا ئەوەیان كە عەقڵی بەكارهێناوە و شارەزای ڕووداوەكانی ژیاننامەی پێغەمبەر (ﷺ) بووە دانی بەوەدا ناوە كە بەوپەڕی دامەزراوییەوە ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ كرد بەجۆرێك كەسێكی درۆزن ناتوانێت بەو شێوەیە ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ بكات. بۆیە یەكێك لە مەبەستەكانی بەڵا و تاقیكردنەوەكان ئەوەیە دوژمنان و خەڵكی تر ڕەوشتی بەرزی ئەو كەسانە بزانن كە تووشی ئەو تاقیكردنەوانە بوون، وە ناچاربن دانبنێن بە فەزڵ و چاكەیاندا.
كەواتە بەڵا و تاقیكردنەوەكان تەنھا بۆ ئەوەیە باوەڕ بەهێز بێت و گەشە بكات، وە دووبارە دەبنەوە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە باشی ڕاهێنان بكات و باوەڕی بەهێز بێت. بڕوانن، كاتێك ئاسنگەر بەردەوام بە چەكوشەكەی لە ئاسنەكە دەدات دەیكات بەو شتەی كە دەیەوێت دروستی بكات، بەڵام ئەگەر ئەو كەسەی لەم بوارەدا شارەزا نیە هەوڵ بدات ئەم كارە بكات ئەوا ئەگەری زۆرە چەكوشەكە بكێشێت بە دەستی خۆیدا. جارێكیان هێشتا مناڵ بووم بینیم خانوویەك دروستدەكرێت، منیش وامزانی بڕینی تەختە بە مشار زۆر ئاسانە، بۆیە لەم بوارەدا یەكەم تاقیكردنەوەی خۆمم ئەنجامدا، بەڵام لەجیاتی تەختەكە دەستی خۆمم بڕی. كەواتە مرۆڤ ناتوانێك كارێك بە باشی جێبەجێ بكات ئەگەر پێشتر ڕانەهاتبێت لەسەر ئەنجامدانی و چەندین جار تاقیكردنەوەی نەكردبێت لەسەری. لە سوپادا سەربازەكان ناچاردەبن چەندین میل بە پێ بڕۆن، بەڵام مەبەست لەمە ئازاردانیان نیە بەڵكو مەبەستی سەرەكی بریتیە لە ڕاهێنان و بەهێزبوونیان بۆ ئەوەی بتوانن لەكاتی پێویستدا بە ئاسانی بە پێ بڕۆن. كەواتە خوای گەورە مرۆڤ تووشی بەڵا و تاقیكردنەوە دەكات بۆ ئەوەی ڕەوشتە جوانەكان بدرەوشێنەوە تێیدا و خووبگرێت پێیانەوە. بۆ نموونە ئەگەر جنێودرا بە كەسێك ئەوا ئارامگرتن و وەڵامنەدانەوەی ڕەوشتێكی بەرزە، بەڵام ئایا ئەم ڕەوشتە بەرزە چۆن دروست دەبێت، وە ئەگەر كەس جنێو نەدات ئەم ڕەوشتە چۆن گەشە بكات؟ كەواتە بۆ ئەوەی ئەم ڕەوشتە بدرەوشێتەوە و بچەسپێت پێویستە مرۆڤ بە دۆخێكی وەهادا تێپەڕێت و جنێو و قسەی ناشرینی پێ بگوترێت و فێربووبێت چۆن ئارام دەگرێت، ئەگینا ئەستەمە ئەم ڕەوشتە بەرزە دەربكەوێت، بەڵكو بەبێ ئەوەی بەدۆخێكی وەها تێپەڕ بێت هەرگیز ناتوانێت پابەندبێت بەم ڕەوشتەوە و ناتوانێت ئەم سیفەتە بەشێوەیەكی گونجاو پیادە بكات. كەواتە دەبێت بەڵا و تاقیكردنەوە هەبێت بۆ جێگیركردن و بەهێزكردنی ڕەوشت، وە دەبێت ئارامگرتن و ڕازیبوون هەبن لەكاتی بەڵا و تاقیكردنەوەدا بۆ ئەوەی باوەڕ كامڵ بێت.
ڕەنگە كەسێك بڵێت: كەواتە دەبێت جنێوفرۆش ناچاربكرێت جنێو بدات، بەم شێوەیە جنێودانەكە دەبێت بەكارێكی ناچاری. ئەمە ڕاست نیە، چونكە نە كەسی چاك و نە كەسی خراپ ناچار ناكرێت لەسەر جنێودان، بەڵكو دەكرێت هەلومەرجێك دروستبێت بۆ كۆبوونەوەی كەسێكی چاك لەگەڵ كەسێكی خراپی جنێوفرۆشدا، وە كەسە خراپەكە وەك خەڵكی تر مامەڵە لەگەڵ پیاوچاكەكەدا دەكات، بۆیە هیچ ناچاری و زۆرلێكردنێك لە ئارادا نیە.
پلەی سێیەم: پلەی سێیەم كە مرۆڤ دەتوانێت لەڕێگەی باوەڕبوون بە قەدەرەوە پێی بگات زۆر بەرزە و بریتیە لە تەوەككول. تەوەككول واتە خۆمان ڕادەستی كەسێكی تر بكەین. وە تەوەككول دوو جۆرە؛ یەكێكیان پێویستی بە دەركەوتنی قەدەری تایبەتی نیە، چونكە لەم دۆخەدا مرۆڤ لەكاروبارەكانیدا هەموو ڕێكارە پێویستەكان دەگرێتەبەر و هۆكارەكان بەكاردەهێنێت، ئینجا پشت بە خوا دەبەستێت و هیوادار دەبێت كە خوا هەوڵەكەی بەفیڕۆ نادات و دەیپارێزێت لە ناخۆشیە نائاساییەكان. لەم جۆرەی تەوەككولدا مرۆڤ لە لایەكەوە باوەڕی وایە كە خوا دەیپارێزێت لەو ناخۆشیانەی كە چاوەڕوان نەكراون یان لە دەسەڵاتی خۆیدا نین، لە لایەكی تریشەوە كەمتەرخەمی ناكات لە گرتنەبەری ڕێگاچارەی پێویست و هەوڵی تەواوەتی دەدات، واتە لەم حاڵەتدا وازناهێنێت لە بەكارهێنانی هۆكارەكان.
جۆری دووەمی تەوەككول ئەوەیە كە مرۆڤ وازدەهێنێت لە هەوڵدان و بەكارهێنانی هۆكارەكان، بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بكەین كە ئەم تەوەككولە هەرگیز فەرمانەكانی شەریعەت ناگرێتەوە، بۆیە لەم پلەیەدا مرۆڤ وازناهێنێت لە نوێژ و ڕۆژوو و حەج و زەكات و ناڵێت: ئەگەر خوا بەتایبەتی فەرمانی پێ كردم ئەوا نوێژ دەكەم و ڕۆژوو دەگرم ئەگینا وازدەهێنم لەم كردەوانە و پشت بە خوا دەبەستم. بەڵكو ئەم جۆرە تەوەككولە تەنھا لە كردەوە جەستەیی و دنیاییەكاندا دەبێت. وە ئەو كەسەی ئەم جۆرە قسەیە بكات سەبارەت بە حوكمەكانی شەریعەت ئەوا درۆی كردووە، بەڵكو ئەوانەی وەها دەڵێن كەسە بێڕەوشتەكانن و بۆ هەڵهاتن لەباری قورسی شەریعەت هەزار و یەك بیانوو دەهێننەوە، دیارە چەندین فێڵی زۆریان داهێناوە بۆ خۆدزینەوە لە حوكمەكانی شەریعەت. بۆ نموونە دەڵێن: حوكمەكانی شەریعەت وەكو ئەو كەشتیە وایە كە دەتگەیەنێتە كەنار، كاتێك گەیشتیتە كەنار چ عەقڵێك ڕێگە دەدات هێشتا لەناو كەشتیەكەدا بمێنیتەوە؟ بەهەمان شێوە كاتێك گەیشتیت بە خوا، ئیتر كردەوەكانی شەریعەت پێویست نابن. بەڵام ئەمە نموونەیەكی تەواو هەڵەیە چونكە زاتی خوا سنووردار نیە، وە گەیشتن پێی وەكو گەیشتن بە خاڵێكی جێگیر نیە. بێگومان زاتی خوا سنووری نیە و پلەكانی نزیكبوونەوەش لێی بێ سنوورن و كۆتایی نایەن. نموونەی دروست لەسەر ئەم بابەتە بریتیە لەو شارە ئاوەدانانەی كە بەدرێژای كەناراوێكی بێكۆتایی بڵاوبوونەتەوە، كەسێك دەیەوێت سەردانی هەموو شارەكان بكات، بەڵام كاتێك دەگاتە یەكەم شار ئەگەر بوەستێت و كەشتیەكە بسووتێنێت ئەوا بە كەسێكی گەمژە و نادان دادەنرێت، چونكە هێشتا ژمارەیەكی بێشوومار شار ماون كە دەبێت بیان بینێت، وە بەم كارەی ئیتر ناتوانێت بەرەوپێشەوە بڕوات و قۆناغەكانی دواتر ببڕێت.
بەكورتی، تەوەككولی ڕاستەقینە واتە مرۆڤ بەتەواوەتی كاروباری خۆی بە خوای گەورە بسپێرێت بۆ ئەوەی هەرچۆن خۆی دەیەوێت كاروبارەكانی ڕاپەڕێنێت و قەدەری تایبەتی خۆی جێبەجێ بكات بۆی، بەڵام وەك گوتم ئەم تەوەككولە پەیوەستە بە كاروبارەكانی دنیاوە و هیچ پەیوەندیەكی نیە بە حوكمەكانی شەریعەتەوە، بۆیە ئەو كەسەی دەڵێت نوێژەكەی خۆم ڕادەستی خوا كردووە و ئێستا ئیتر پێویستم بە كردنی نوێژ نیە لە ئیسلام دەردەچێت و دەبێت بە كەسێكی بێباوەڕ، چونكە فەرمانی نوێژ فەرمانێكی جێگیر و نەگۆڕە. وە ئەو كەسەی نوێژەكەی خۆی ڕادەستی خوای گەورە بكات واتە وازیهێناوە لە نوێژ. ئایا ئەو فەرمانەی خوای بەس نیە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێی ڕاگەیاندووە هەتاكو چاوەڕێی كۆمەڵێك حوكمی تر بكات سەبارەت بە نوێژ. كەواتە تەوەككول تەنھا لەو بابەتانەدا دەبێت كە هیچ حوكمێكی تایبەتی دەربارەیان نەهاتووە و ڕێگەپێدراون (موباحن)، ئەو بابەتانەیش تەنها كاروبارە دنیایی و ماددیەكانن. وە كاتێك مرۆڤ ئەو كاروبارانە ڕادەستی خوای گەورە دەكات وەك ئەوە وایە بڵێت: خوایە ئەم كاروبارە دنیاییانەم بۆ جێبەجێ بكه هەتا بتوانم باشتر بەندایەتی تۆ بكەم و كاروبارە ئایینیەكانم جێبەجێ بكەم و لەپێناوی تۆدا تێبكۆشم. وە لەڕاستیدا ئەم تەوەككولە تەنھا بۆ پەرستنی خوای گەورەیە بە شێوەیەكی باشتر. بۆیە ئەگەر قەدەری خوایی نەبوایە ئەوا ئەستەم دەبوو مرۆڤ بگات بەم مەقامە، چونكە ئەگەر خوای گەورە بە هیچ شێوەیەك دەستوەردانی لە كارەكانی مرۆڤدا نەكردایە و هیچ كارێكی جێبەجێ نەكردایە ئەوا ڕادەستكردنی كاروبارەكان پێی شتێكی بێمانا دەبوو. وە ئەو كەسەی باوەڕی بەقەدەرێكی وەها نیە ناتوانێت بگات بەم مەقامە، چونكە ئەگەر باوەڕی بەوە نەبێت كە دەكرێت خوای گەورە دەستوەربداتە كاروباری مرۆڤ و ڕۆڵی هەبێت تێیدا ئەوا هەرگیز كاروباری خۆی ڕادەستی خوا ناكات. كەواتە باوەڕبوون بە قەدەر مەرجە بۆ بەدەستهێنانی پلەی تەوەككول. وە كاتێك مرۆڤ دەگاتە ئەم پلەیە بەجۆرێك چێژ لە بەندایەتی خوا و خزمەتكردنی ئایین دەبینێت كە دەیەوێت كاروبارە دنیاییەكانی كەم بكاتەوە و ئەوانە ڕادەستی خوای گەورە دەكات بەو هیوایەی كە خوا جێبەجێیان بكات بۆی، هەروەها ئومێدی بە خوا هەیە كە بیكات بە خزمەتكاری ئایین.
وە ئەم پلەی تەوەككولە ئاستێكی بەرزتری هەیە. ئەو كەسەی لەم ئاستەدا بێت بەتەواوەتی واز لە هەوڵدان دەهێنێت بۆ دابینكردنی بژێوی ژیان، وە پەیوەندی بە دنیاوە نامێنێت و بەتەواوەتی لێی دادەبڕێت و هەموو كاتەكانی خۆی تەرخان دەكات لەپێناوی خوادا.
هەروەها لەژێر چەتری تەوەككولدا ئاستێكی لەمەش بەرزتر هەیە. ئەو كەسەی دەگاتە ئەم ئاستە دەستبەرداری پێداویستیە سەرەكیەكانی خۆی دەبێت. مەبەستم ئەوە نیە واز لە خواردن و خواردنەوە دەهێنێت ئەگینا لەبرسا دەمرێت، بەڵكو مەبەستم ئەوەیە كارە زۆر پێویستیەكانیشی بەبێ مۆڵەتی خوا ناكات. شێخ عەبدلقادری گەیلانی ڕەحمەتی خوای لێ بێت گوتوویەتی: هەندێ جار دەگەمە حاڵەتێك هیچ شتێك ناخۆم هەتا خوا پێم نەفەرموێت: ئەی عەبدولقادر لەپێناوی مندا بخۆ، وە هیچ شتێك ناخۆمەوە هەتا خوای گەورە پێم نەفەرموێت: ئەی عبدولقادر لەپێناوی مندا بخۆرەوە؛ وە پۆشاكێك لەبەرناكەم هەتا خوام پێم نەفەرموێت: ئەی عەبدولقادر، لەپێناوی مندا لەبەری بكە.
وە هەندێ جار پۆشاكێكی لەبەردەكرد كە نرخەكەی هەزار دینار بووە. وە كاتێك خەڵكی ڕەخنەیان لێ دەگرت دەیگوت: خەڵكە نەفامەكە ڕەخنە دەگرن، نازانن كە من بە فەرمانی خوا ئەم كارە دەكەم.
بێگومان خوای گەورە سەرپەرشتی ئەم جۆرە كەسانە دەكات، وە ئەم دواهەمین ئاستەی تەوەككول پێی دەوترێت پلەی فەنابوون. هەندێ كەس لە هەندێ پیاوچاكانی ڕابردووەوە ناوی ئەم مەقامەیان بیستووە و دەزانن كە ئەمە پلەیەكە لە پلەكانی بەرەوخواچوون، بەڵام نازانن حەقیقەتەكەی چیە.
ئەو كەسەی لەم پلەیەدا بێت لە كەسێكی مەست و سەرخۆش دەچێت كە ئاگای لە دەوروبەری خۆی نەماوە، هەروەها ئەو كەسەی دەگاتە ئەم پلەیە بە بادەی خۆشەویستی خوای گەورە هێندە مەست دەبێت كە بەتەواوەتی ئاگای لە دنیا نامێنێت، ئا لەم كاتەدا خوای گەورەیش هەموو كاروبارەكانی ئەو كەسە دەگرێتە ئەستۆ.
هەندێ كەسی نەفام سەبارەت بە ئەولیاكانی خوا كە گیشتوونەتە ئەم پلەیە دەڵێن ئەو كەسانە لەم حاڵەتەی مەستبووندا بە ئارەزووی خۆیان شت دەڵێن و شتانێك لەزاریان دەردەچێت كە پێچەوانەی شەریعەتە. كەواتە، بەگوێرەی ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە كەسانێك دەڵێن بەڕێز میرزایش پاش گەیشتنی بەم مەقامە فریوی خوارد، بۆیە كۆمەڵێك بانگەشەی كرد كە پێچەوانەی شەریعەت بوون، لەبەرئەوە ئەو بانگەشانەی پەسەند ناكرێن و وەرناگیرێن. بەڵام نازانن بادەی خۆشەویستی خوا ئەگەرچی بەندە بێئاگا دەكات لەدنیا و ئەوەی لەدنیادا هەیە، بەڵام عەقڵی پەك ناخات و لە ئایین دووری ناخاتەوە. بەڵكو بە خواردنەوەی ئەم بادەیە چاوی ئایینی تیژتر دەبێت و بەهۆیەوە تەقوا و پاكێتی زیاتر دەبن. گرفتەكە ئەوەیە خەڵكی بادەی خۆشەویستی خوا پێوانە دەكەن بە بادەیەك كە لە ترشاندنی جۆ یان شەكری خاو دروست دەكرێت، لەكاتێكدا مەبەست لەو بادەیەی كە خوای گەورە دەیدات بە بەندەكانی جامی خۆشەویستی خوای گەورەیە كە دەرخواردی بەندە ساڵحەكانی خۆی دەدات، ئەم جامە لەلایەكەوە خەیاڵی دنیا لە دڵی مرۆڤدا دەسڕێتەوە و لەلایەكی ترەوە نەخشەكانی شكۆی خوای گەورە لە دڵیدا دەچەسپێنێت.
پلەی چوارەم: پاش تێپەڕاندنی پلەی سێیەم باوەڕبوونی مرۆڤ بە قەدەر مرۆڤ بڵند دەكاتەوە و دەیگەیەنێتە مەقامی عەبد (پلەی بەندایەتی). وە ئەو كەسەی گەیشتووەتە ئەم پلەیە وەك ئەو كەسە وایە كە ئالوودە بووە بە بادە و یەك لەدوای یەك جامی بادە هەڵدەقوڕێنێت بەبێ ئەوەی مەست و سەرخۆش بێت. بەهەمان شێوە ئەو كەسەی گەیشتووەتە ئەم پلەیە هێندە بادەی خۆشەویستی خوای گەورەی خواردووەتەوە كە خووی پێوەگرتووە و ڕاهاتووە لەسەری. ئەو ئیتر زۆر جیاوازە لە كەسێك كە بۆ یەكەمجار لە ژیانیدا سەرخۆش دەبێت. دواجار ئەو پلەیەی بەجێهێشتووە كە پێشتر تێیدا بووە و بەرزتر بووەتەوە، واتە ئێستا لە پلەی فەنابوونەوە بەرز دەبێتەوە بۆ پلەیەكی تر، ئینجا دۆخی مەستبوونەكەی نامێنێت و هەستەكانی تیژ دەبن و خۆی لە مەقامی بەندایەتیدا دەبینێت؛ واتە مەزنێتی خوای گەورە لە گۆشەنیگایەكی ترەوه دەبینێت، وە سەرنجی لەوەدا كورت دەبێتەوە كە تەنها بەندەیەكی خوای گەورەیە، ئینجا بەخۆی دەڵێت: “من تەنها بەندەیەكی خوام، وە تەنھا خزمەتكارێكی خوام، بۆیە مافی ئەوەم نیە كە خۆم بكەم بە بار بەسەر گەورەكەمەوە و كارەكانم ڕادەستی خوا بكەم”، وە پاش ئەم بیركردنەوەیە جارێكی تر دەگەڕێتەوە بۆ تەگبیركردن و گرتنەبەری ڕێگاچارە، واتە دەگەڕێتەوە بۆ قەدەری گشتی سروشتی. بەم شێوەیە ئەم قۆناغە نوێیەی گەشتی ڕۆحانیش بە قەدەری گشتی سروشتی دەست پێدەكات وەك چۆن قۆناغی یەكەمی ئەم گەشتە بەم قەدەرە دەستی پێكرد. بەڵام لەم قۆناغەدا بەندە بەوپەڕی ڕێز و ئەدەبەوە قەدەری گشتی سروشتی بەكاردەهێنێت، وە لە هەموو كاروبارەكانیدا ئەو هۆكار و ڕێگاچارانە دەگرێتەبەر كە لەلایەن خواوە دیاریكراون. وە دەزانێت ئەمانە لەلایەن خواوە دابینكراون و بەوپەڕی وردەكاریشەوە بەكاریان دەهێنێت.
هەندێ كەسی نەفام ئەمڕۆ ڕەخنە دەگرن و دەڵێن: میرزای بەڕێز كۆمەڵێك ڕێگاچارەی زۆری بەكاردەهێنا، وە نازانن ئەو كەسەی كە دەگاتە مەقامی بەندایەتی یان ئەم پلەیەی تێپەڕاندووە هەندێ جار واجب دەبێت لەسەری كە ڕێگاچارە و تەگبیر بەكاربهێنێت، وە تاوانبار دەبێت ئەگەر وا نەكات. بۆیە ئەو كەسەی گەیشتووەتە مەقامی بەندایەتی هۆكارەكان بەكاردەهێنێت و هەموو كارەكان بە شێوازە دیاریكراوەكانی خۆیان ئەنجام دەدات، تەنانەت هەندێ جار جگە لە دوعا فەرزكراوەكان، دوعا بۆ خۆیشی ناكات، چونكە دەزانێت دوعا واتە داواكردنی قەدەری تایبەتی، وە ئەو ڕێز و ئەدەبەی هەیەتی بەرامبەر بە خوا ڕێگری ئەوەی لێدەكات لەڕێگەی دوعاوە داوا لە خوا بكات و دەڵێت: خزمەتكار مافی ئەوەی نیە بەم شێوازە داوا لە گەورەكەی بكات. حەزرەتی ئیبراهیم (u) هەمان ئەم حاڵەتەی هەبوو كاتێك دوژمنەكانی خەریك بوو بیخەنەناو ئاگرەكەوە. لەو كاتەدا جیبریل هات بۆلای و پێی فەرموو: ئەگەر شتێكت لە خوا دەوێت بە من بڵێ؟ فەرمووی: خوا خۆی دەزانێت بارودۆخم چۆنە، بۆچی بە تۆی بڵێم. جیبریلیش گوتی: كەواتە داوا لە خوا خۆی بكە. بەڵام حەزرەتی ئیبراهیم (u) لەبەر ئەو ڕێز و ئەدەبەی هەیبوو بەرامبەر بە خوا فەرمووی: خۆی دەبینێت، چی پێ بڵێم؟ وە بەم شێوەیە كۆتایی هێنا بە بابەتەكە.
كاتێك مرۆڤ دەگاتە ئەم پلەیە هێندە لە نزیكەوە شكۆ و گەورەیی خوا دەبینێت كە چاوەكانی دادەخرێن، وە فەنا دەبێت لە بەندایەتیدا، وە لەبەر ئەو ئەدەب و ترسەی بەرامبەر ئەو پاشا مەزنە هەیەتی ناتوانێت چاوی بەرزبكاتەوە و سەیری خوا بكات، چونكە لەم حاڵەتەدا چاوەكانی هیچ شتێكی تر نابینێت، وە بەردەوام چاوی لەسەر بەندایەتیەكەی خۆیەتی و لێی جیانابێتەوە.
پلەی پێنجەم: پاشان مرۆڤ زیاتر بڵند دەبێتەوە، هەڵبەت لە مەقامی بەندایەتیدا لەبەر ئەوەی بەردەوام ملكەچ بووە بۆ قەدەری گشتی سروشتی، بۆیە وەك مرۆڤێك بەتەواوەتی لە لاوازیەكانی خۆی شارەزا دەبێت، ئینجا دوای ئەوەی هەستی كرد بەلاوازی خۆی دەڵێت: خوای گەورە بە بێهودە قەدەری تایبەتی دروست نەكردووە، وە من عەبدێكی لاواز و داماوم و ئەگەر لەم دۆخەدا سوود وەرنەگرم لە قەدەری تایبەتی كە بۆ كەسێكی وەكو من دروستكراوە ئەوا كەسێكی سپڵە و پێنەزانم بەرامبەر بە نیعمەتەكانی خوا. كاتێك بەم شێوەیە بیردەكاتەوە، ئیتر دەست دەكاتەوە بە دوعاكردن كە قەدەری تایبەتی ئەم مەقامەیە. ئەم پلەیە پێی دەوترێت مەقامی دوعا، بۆیە كاتێك دەگاتە ئەم مەقامە لە خوای گەورە دەپاڕێتەوە. كاتێك تووشی ئاستەنگێگ دەبێت دەڵێت خوای گەورە قەدەری تایبەتی بۆ چارەسەری ئەم جۆرە بارودۆخانە دروست كردووە. نموونەی ئەمە وەكو كەسێك وایە كە لەژێر درەختێكی بەرداردا دانیشتووە و دارێكی درێژی بەدەستەوەیە، هەر كاتێك برسی بوو بەو دارە درێژە میوەی درەختەكە دەخاتە خوارەوە. ڕاستە ئەو كەسە هەوڵ دەدات بۆ دەستكەوتنی میوە، بەڵام بەبێ ئەوەی هەوڵی دابێت دارێكی دەستكەوتووە بۆ جێبەجێ كردنی ئەم كارە. بێگومان ئەو كەسەی دەگاتە ئەم پلەیە بەردەوام هەوڵ دەدات بۆ چاككردنی جیهان و گێڕانەوەی خەڵكی بۆ بەندایەتی خوا. بەڵام لە هەمان كاتدا بە باشی شارەزایە لە لاوازی و كەموكوڕیەكانی خۆی و دەزانێت لەبەر ئەوەی بەندەیە ناتوانێت ئەم كارە جێبەجێ بكات، وە دەبێت پەیوەندی بە گەورەكەیەوە بكات و داوای یارمەتی لێ بكات. بۆیە هەر كاتێك هەستی بە پێویستیەك كرد پەیوەندی دەكات بە گەورەكەیەوە، واتە لە خوای گەورە دەپاڕێتەوە كە یارمەتی بدات لە جێبەجێكردنی ئەو ئەركەدا، ئینجا لەلایەن خواوە یارمەتی و هاوكاری بۆ دێت، لەو كاتەدا تەگبیر و گرتنەبەری ڕێگاچارە بەلایەوە سووك و بێبایەخ دەبێت. ئەو خۆی بە بەندەیەكی گەورەكەی لەقەڵەم دەدات و دەزانێت بەبێ یارمەتی ئەو ناتوانێت هیچ شتێك بكات.
لەڕووی مەعنەویەوە هەرچەندە پێشبكەوێت، لە ڕاستیدا پێشكەوتنەكە دەبێتە ئاستێك لە ئاستەكانی مەقامی بەندایەتی. واتە مەقامی بەندایەتی دواهەمین مەقامە و لەدوای ئەوە هیچ مەقامێكی تر نیە، تەنانەت خوای گەورە پێغەمبەریش (ﷺ) بە بەندە ناودەبات، وە هەموو ئەو ئەولیایانەی كە شارەزای نیهێنیەكانی شەریعەتن هاوڕان لەسەر ئەوەی كە بەرزترین پلەی ڕۆحانی بریتیە لە پلەی بەندایەتی. ئەو كەسانەی دەڵێن لەدوای پلەی بەندایەتیەوە پلەیەكی بەرزتر هەیە پێی دەوترێت پلەی “كوڕی خوا” درۆ دەكەن، بەڵكو بەرزترین پلە بریتیە لە بەندایەتی، وە مەقامی دوعا لقێكی هەرە بەرزە لە لقەكانی ئەم پلەیە.
بەكورتی، ئەو كەسەی گەیشتووەتە مەقامی دوعا، هەركاتێك تووشی ئاستەنگێك دەبێت لە ڕێگاكەیدا دەستبەجێ لەبەردەم قاپی خوادا بەڕوودا دەكەوێت، دواجار بە یارمەتی خوا ئاستەنگەكە تێدەپەڕێنێت.
لە جەنگی ئەحزابدا كاتێك هاوەڵان خەندەقیان لێدەدا، بەردێكی سەخت هاتە ڕێگەیان ویستیان بشكێنن بەڵام بۆیان نەشكێنرا، هەرچەند هاوەڵان بەندە و كۆیلەی پێغەمبەر (ﷺ) نەبوون بەڵام بەهۆی ئەو پلە زۆر تایبەتەی كە لەلایەن خواوە درابوو بە پێغەمبەر (ﷺ) هاوەڵان شانازییان بەوەوە دەكرد كە بەیەكێك لە خزمەتكارەكانی ئەژمار بكرێن، ئەوە بوو چوون بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) و لە دۆخەكە ئاگاداریان كردەوە. پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی: پیكەكەم بۆ بهێنن. پیكەكەی گرت بەدەستیەوە و بەتوندی كێشای بە بەردەكەدا، بروسكەیەك پرشنگیدا لێیەوە ئینجا پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی “الله أكبر”، وە هاوەڵانیش هەموویان لەگەڵیدا گوتیان “الله أكبر”. بۆ جاری دووەم كە لێیدا بروسكەیەكی تری دا پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی “الله أكبر”، وە هاوەڵانیش هەموویان لەگەڵیدا گوتیان “الله أكبر”، پاشان بۆجاری سێهەم كە لێیدا وردی كرد. هەڵبەت هاوەڵان تەنھا بە شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) “الله أكبر”یان كرد ئەگینا نەیاندەزانی بۆچی پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت “الله أكبر”، بۆیە دواتر لەم بارەیەوە لە پێغەمبەریان پرسی و ئەویش فەرمووی: كاتێك یەكەم بروسكە درەوشایەوە كۆشكەكانی “كیسرا” و “حیرە”م پێ پیشاندرا و پێم ڕاگەینرا كە ئوممەتەكەم سەردەكەون بەسەریاندا. پاشان لە لێدانی دووەمدا كۆشكەكانی قەیسەرم پێ پیشاندرا، وە پێم گوترا موسوڵمانان دەست دەگرن بەسەر شانشینی قەیسەریشدا. لە لێدانی سێیەمیشدا كۆشكەكانی یەمەنم پێ پیشاندرا و پێم ڕاگەیەنرا كە ئوممەتەكەم دەست دەگرن بەسەر ئەوانیشدا. (الكامل في التاریخ لابن الأثیر، ذكر غزوة الخندق)
پوختەی قسە، كاتێك بەندە ڕووبەڕووی گرفتێك دەبێتەوە دەستبەجێ ڕوودەكاتە گەورەكەی و داوای كۆمەكی لێدەكات. كەواتە ئەو كەسەی گەیشتووەتە مەقامی دوعا بەردەوام سەرقاڵە بە دوعاكردنەوە، وە هەركاتێك بكەوێتە تەنگانەوە داوای یارمەتی لە خوا دەكات. وەك پێشتر گوتم ئەم كەسە وەكو كەسێك وایە لە باخێكی بەرداردا بێت و دارێكی درێژی لەلا بێت هەركاتێك ویستی بەری دارەكانی پێ دەخاتە خوارەوە و میوەی دەست دەكەوێت.
پلەی شەشەم: هەركاتێك مرۆڤ باوەڕی زیاتر بوو بە قەدەر زیاتر بەرز دەبێتەوە و دەگوازێتەوە بۆ پلەیەكی باڵاتر، وە كاتێك دەبینێت دوعاكانی گیرا دەبن ئەوسا بە هەموو هێزێكیەوە هەوڵ دەدات زیاتر لە خوا نزیكبێتەوە. دواجار بەندەكە جۆرێك لە گونجان و لێكچوون لەگەڵ خوای گەورەدا دروست دەبێت بۆی و بەردەوام قەدەری خوای گەورە لەپێناوی لەگەڕدا دەبێت چ بیەوێت یان نا. پێغەمبەر (ﷺ) سەبارەت بەم پلەیە و سەبارەت بەو كەسەی كە گەیشتووە پێی لە پەروەردگاریەوە دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: “وَمَا يَزَالُ عَبْدِي يَتَقَرَّبُ إِلَيَّ بِالنَّوَافِلِ حَتَّى أُحِبَّهُ، فَإِذَا أَحْبَبْتُهُ: كُنْتُ سَمْعَهُ الَّذِي يَسْمَعُ بِهِ، وَبَصَرَهُ الَّذِي يُبْصِرُ بِهِ، وَيَدَهُ الَّتِي يَبْطِشُ بِهَا، وَرِجْلَهُ.” (البخاري، كتاب الرقاق، باب التواضع). واتە پاش گەیشتنی بەم مەقامە بەتەواوەتی دەبێت بە بەندەیەكی پاك و بێگەرد، وە هەر شتێك ئەنجام بدات بە كردەوەی خوا لەقەڵەم دەدرێت. ئەو كەسەی دەگاتە ئەم مەقامە بەبێ مۆڵەتی خوا ناتوانێت مەقامەكەی خۆی بە كەسانی تر ڕابگەیەنێت. وە لێرەدا ئەوەشتان لەبیرنەچێت كە “مەقام” جیاوازە لە “حاڵ”، بەو مانایە جێگیربوون لە مەقامێكدا بە بەردەوامی شتێكە و جارجارە بەرزبوونەوە بۆ مەقامێك شتێكی ترە. لەڕاستیدا هەموو باوەڕدارێك بەندەی خوای گەورەیە، بۆیە لێی دەپاڕێتەوە و پشتی پێ دەبەستێت، بەڵام بۆ باوەڕداران بینینی ئەم مەقامە تەنها بۆ ساتێكە و بەردەوام نابێت، ئەمە لە زاراوەدا ئەمە پێی دەوترێت حاڵ. بەڵام مەقام ئەوەیە كە زۆربەی كات مرۆڤ لەو دۆخەدا بێت نەك ئەوەی هەندێ كات تێیدا بێت پاشان تێیدا نەمێنێت. وەك چۆن ئەو كەسەی بەردەوام لە ماڵێكدا دەمێنێتەوە لەگەڵ ئەو كەسەی بۆ چەند كاتژمێرێك سەردانی ئەو ماڵە دەكات وەك یەك نین و ناكرێت ئەم دوانە لەیەك پلەدا بن. بەهەمان شێوە باوەڕدارانی ئاسایی و ئەو كەسانەی گەیشتوونەتە ئەم پلەیە وەكو یەك نین. خوای گەورە جاروبار بۆ هاندان دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ كەسانی ئاسایی سەردانی مەقامە هەرەبڵندەكانیش بكەن، بەڵام هەندێ جار كەسانی نەفام بەم حاڵەتە فریودەخۆن و تووشی نەخۆشی خۆپەسەندی و لووتبەرزی دەبن. ئەمە ئەو مەقامەیە (واتە پلەی شەشەم) كە هاوەڵەكان (خوا لێیان ڕازی بێت) پێی گەیشتبوون بەجۆرێك پێغەمبەر (ﷺ) دەربارەیان دەفەرموێت خوای گەورە پێیان دەفەرموێت: “اعْمَلُوا مَا شِئْتُمْ” واتە: هەرچیتان ویست بیكەن. (البخاري، كتاب التفسیر، سورة الممتحنة)
كەسانی نەفام ڕەخنەدەگرن و دەڵێن: ئایا ئەمە دزیكردنیش دەگرێتەوە و ڕەوا بووە بۆیان دزی بكەن؟ بەڵام نازانن ئەو كەسەی خوای گەورە بوو بێت بە دەستی چۆن دزی دەكات! سەرنج بدەن! ئەو كەسانەی بە ئامێری چاپكردن دەنووسن بەهۆی ڕاهاتنەوە دەگەنە ئاستێك كە دەتوانن بە چاوی نوقاویشەوە بنووسن و هەڵە ناكەن. بەهەمان شێوە جووتیار بەشێوازێكی تایبەتی تۆو دەچێنێت لە زەویدا كە ئەو كەسەی ڕانەهاتبێت و شارەزا نەبێت ناتوانێت بەو شێوازە تۆو بچێنێت. بەهەمان شێوە ئەو كەسەی بەرگ دەگرێتە كتێب شارەزایی پەیدادەكات لە كارەكەیدا و ئامێری كونكردنەكە بە شێوازێكی تایبەت بەكاردەهێنێت كە خەڵكانی تر ناتوانن بەو شێوەیە بەكاریبهێنن. بۆیە هەروەك چۆن ئەو كەسانەی شارەزان لەم پیشانەدا هەڵە ناكەن لەكارەكانیاندا، بەهەمان شێوە ئەو كەسانەیش كە بەردەوام بە ڕێگاكانی تەقوادا دەڕۆن، كاتێك خوای گەورە دەبێتە چاو و گوێچكە و دەست و قاچیان ئیتر ئەستەمە هەڵە بكەن. بەهەمان شێوە دەبینین تەنانەت مرۆڤی نابینایش بەهۆی ڕاهێنانی بەردەوامیەوە لە ماڵەكەی خۆیدا بە بێ گرفت هاتووچۆ دەكات. لە ماڵی ئێمەدا ئافرەتێكی نابینا هەبوو، ڕاستەوخۆ دەچوو بۆ ئەو شوێنەی كە پێویستیەكانی تێدا دانابوو، وە بەئاسانی شتەكانی دەدۆزیەوە. وە ئەو كەسەی ئەم شتانە نەزانێت كاتێك ئەم نابینایانە دەبینێت وا دەزانێت لەڕاستیدا نابینا نین و كەسانێكی فێڵبازن، لەكاتێكدا لەڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوامەوە ئەم شارەزای و كارامەییەیان بەدەستهێناوە ئەگینا لەڕاستیدا ئەوان كەسانێكی نابینان. ئێستا ئەگەر مرۆڤێكی نابینا بەهۆی ڕاهێنانی بەردەوامەوە بگاتە ئەم ئاستە، ئەوا بۆچی كەسێك كە بینایی هەیە و عەقڵی ڕۆشنە بەهۆی ئەوەی بەردەوام بە ڕێگاكانی تەقوادا بڕوات نەگاتە ئەو ئاستەی كە هەمیشە كاری ڕاست بكات و بەردەوام پارێزاو بێت لە هەڵە، وە ئەمە شتێكی سەیر نیە بەتایبەتی ئەگەر خوای گەورە بوو بێت بە دەست و قۆڵ چاوی.
وەك دەبینین گەیشتن بەم پلە ڕۆحانیەیش بەرهەمی باوەڕبوونە بە قەدەری خوایی، ئەگینا ئەگەر لە بنچینەدا قەدەر دەركەوتنێكی وەهای نەبوایە ئەوا ئەو كەسانە نەیاندەتوانی سوود وەربگرن لە قەدەری تایبەتی. كەواتە هۆكارێكی تر بۆ بەگەڕخستنی قەدەری تایبەتی ئەوەیە كە مرۆڤ لەڕێگەی بەكارهێنانی ئەم قەدەرەوە بگات بە مەقامی بەندایەتی و جۆرێك لە گونجان و لێكچوون لە نێوان خۆی و خوای گەورەدا دروست ببێت بەجۆرێك خوا ببێتە دەست و قوڵ و قاچ و چاو و گوێچكەی، لە ئەنجامدا ئەگەرچی بەندەیە بەڵام دەبێت بە دیمەنێك بۆ سیفەتەكانی خوای گەورە.
پلەی حەوتەم: ئەم مەقامەیش (واتە پلەی شەشەم) مەقامی كۆتایی نیە بەڵكو دوای ئەو مەقامێكی تر هەیە كە مرۆڤ بە بینینی سەرسام دەبێت، ئەویش بریتیە لە مەقامی پێغەمبەرایەتی. دەپرسن: دەبێت چ پلەیەك لەوە بەرزتر بێت كە خوای گەورە ببێت به چا و قاچ و ئەندامەكانی كەسێك؟ بەڵام ئەم بیركردنەوەیە دروست نیە، چونكە لەسەروو ئەم پلەیەوە پلەیەكی تریش هەیە. لە پلەی شەشەمدا خوا بووە بە دەست و قاچ و گوێچكە و چاوی بەندە، بەڵام لەم پلەیەدا دەست و قاچ و چاو و گوێچەكەی مرۆڤەكە بوون بە دەست و قاچ و چاو و گوێچكەی خوا. لەم پلەیەدا مرۆڤ بەتەواوەتی ئاگادار دەبێت لە حەقیقەتی قەدەر، چونكە ئیتر خۆی دەبێت بە قەدەرێكی بەرجەستە، بۆیە ئەگەر “قەدەر” ئاو بێت، ئەوا ئەو دەبێت بەو ڕووبارەی كە ئاوەكە پێیدا دەڕوات. كاتێك دەگاتە ئەم مەقامە ئەوسا ئاگادار دەبێت لە ڕازەكانی خوای گەورە، وە سەرەڕای ئەوەی كە مرۆڤە لەسەردەستیدا نیشانەكانی توانای خوا دەردەكەون. لەبەر ئەوەیە هەندێ كەسی نەفام ئەو بەندەیە بە خوا دەزانن. لە مەقامەكانی پێشوودا ناوبەناو لە خوا دەپاڕایەوە و كاتێك شتێكی دەویست دەستی دەكەوت، بەڵام لەم پلەیەدا بەندەكە خۆی پەتەكەی قەدەری دەستدەكەوێت و لە هەموو كات و ساتێكدا ملكەچ دەبێت بۆ قەدەر. ئەو كەسەی گەیشتووەتە ئەم پلەیە هەر كارێك بكات دەبێت بە كاری خوا. هەر لەبەر ئەمەشە خوای گەورە دەربارەی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) دەفەرموێت: ﴿وَمَا يَنطِقُ عَنِ ٱلۡهَوَىٰٓ % إِنۡ هُوَ إِلَّا وَحۡيٞ يُوحَىٰ﴾ (النجم: 4-5). واتە: لەخۆیەوە قسە ناكات، هەرچیەك بڵێت وەحیە.
بەهەمان شێوە حەزرەتی مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام) لە خەوندا بینی دەیفەرموو: “وەرن زەویەكی نوێ و ئاسمانێكی نوێ دروست بكەین”. هەندێ كەس نەفام ڕەخنەی لێ دەگرن و دەڵێن قسەكەی شیركە، بەڵام نازانن كە ئەمە لەڕاستیدا ئاماژەیە بۆ مەقامی پێغەمبەرایەتی، بەڕێزی (علیه السلام) مەقامی یەكەمی ناوناوە “مانگ” و مەقامی دووەمی ناوناوە “خۆر”، واتە لە مەقامی یەكەمدا نووری مرۆڤ بەهۆی خوای گەورەوە ئاشكرا دەبێت، وە لە مەقامی دووەمدا نووری خوای گەورە بەهۆی مرۆڤەوە دەدرەوشێتەوە. بەڕێزی (علیه السلام) بەم شێوەیە تەفسیری ئەم وەحیەی خۆی كردووە: یا شمس و یا قمر. [دەقی وەحی ئاماژەبۆكراو بەم جۆرەیە: “یا قمر، یا شمس، أنت مني وأنا منك”. (التجلیات الإلهیة، الخزائن الروحانیة، مجلد 20، ص 397) (وەرگێڕ] ئەمە مەقامی پێغەمبەرایەتیە، تەنانەت ئەولیاكانیش تەنها بەشێوەی “حاڵ” (واتە لە ساتە كورت و تێپەڕەكاندا) ئاگادار دەكرێنەوە لەم مەقامە. تەنھا ئەو كەسەی لەلایەن خواوە دیاریكراوە وەك مەقامێكی بەردەوام دەگەیەنرێتە ئەم پلەیە. بێگومان شكۆی خوا لەڕێگەی ئەو كەسانەوە دەردەكەوێت، بەجۆرێك دەبن بە پەنجەرەیەك بۆ بینینی خوای گەورە. وە ئەو كەسەی نەتوانێت لەڕێگەی ئەوانەوە خوای گەورە ببینێت ئەوا ناتوانێت خوای گەورە ببینێت.
لە پلەی شەشەمدا ئەو كەسەی خوای گەورە نەناسێت ناتوانێت ئەو كەسەیش بناسێت كە دەركەوتەی سیفەتەكانی خوایە، بەڵام پلەی حەوتەم مەقامێكە ئەو كەسەی نەتوانێت ئەو كەسە بناسێت كە مەقامی ناوبراوی بەدەست هێناوە ئەوا ناتوانێت خوای گەورەش بناسێت. لەوانەیە مرۆڤ وەلیەك نەبینێت كە گەیشتووەتە پلەی شەشەم بەڵام خوا ببینێت. بەڵام ئەو مرۆڤەی نەتوانێت كەسێك بناسێت كە گەیشتووەتە پلەی حەوتەم ناتوانێت خوای گەورەیش بناسێت، وە ئەم جۆرە مرۆڤە لەڕووی ڕۆحیەوە كوێرە، وە ئەوەی پێی دەوترێت كوفر هەر ئەمەیە. چونكە ئەم جۆرە كەسانە دەبن بە نوێنەری دەست و قاچ و چاو و گوێی خوا، وە ڕوویان كردە هەر شوێنێك وەك ئەوە وایە خوای گەورە ڕووی كردبێتە ئەو شوێنە. بۆیە لەڕاستیدا ئەو كەسەی ئەوان نەبینێت و هەستیان پێنەكات هەستی بە خوای گەورەیش نەكردووە، وە نەبینین و هەستپێنەكردنی خوای گەورە كوفرە.
دەكرێت ئەم مەقامە وەك “حاڵ” بە كەسانی تریش ببەخشرێت، واتە كەسانی تریش بەشێوەیەكی كاتی بگەن بەم مەقامە، بەڵام وەك “مەقام”ی هەمیشەیی تەنھا بە پێغەمبەران دەدرێت. ئەمە بەرزترین و باڵاترین پلەیە، وە لەم پلەیەدا قەدەری خوای گەورە بەشێوەیەك دەردەكەوێت كە هەموو كەس لێی تێناگات، تەنها كەسانی خاوەن زانست دەتوانن ئەوە بزانن. بێگومان ئەو مرۆڤەی گەیشتووە بەم مەقامە بڵند دەبێتەوە بۆ حاڵەتێك كە تێیدا ڕەنگی خوا دەگرێت و لە حەقیقەتی قەدەر تێدەگات. بێگومان بوونی موحەممەدی پێغەمبەری خوا (ﷺ) ون بوو لە زاتی خوای گەورەدا و دیارنەما، بۆیە هەر كارێكی دەكرد لەڕاستیدا بە كاری خوا لەقەڵەم دەدرا، بەڵام ئەو كارەی ئێوە دەیكەن كاری خۆتانە و خوای گەورە وەهای لێ نەكردوون كە چیتان دەوێت بیكەن چونكە هێشتا ئێوە نەبوون بە دەست و قاچ و چاوی خوا، بۆیە ئەو كەسەی بە شەهوەتەوە سەیر دەكات، خۆی سەیر دەكات، وە ئەو كەسەی دزی دەكات خوای گەورە ئەم كارەی پێ ناكات، بەڵكو لەلایەن خۆیەوە دەیكات.
خوای گەورە تەنھا كار بەو كەسانە دەكات كە دەبن بە دەركەوتەیەك بۆ سیفەتەكانی و ئەو كەسانەیش كە خوای گەورە دەبێت بە دەست و قاچ و گوێچكە و چاویان، یان ئەو كەسانەی دەبن بە دەست و قاچ و چاو و گوێچكەی خوای گەورە، وە سزای كەسێك دەدات ڕەخنە بگرێت لەم جۆرە كەسانە و دژایەتییان بكات ئەگەرچی لەسەر هەڵەیەكیش بێت كە بەهۆی لاوازی مرۆییەوە ئەنجامی بدەن. ئەمەیە كۆتا سنووری ئەو قەدەرە خواییەی كە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەیە.
ئێستا كۆتاییم هێنا بە باسی سوودەكانی باوەڕبوون بە قەدەری خوایی، وە لەڕێگەی خوێندنەوە و شارەزابوون لێی دەكرێت بزانرێت ئەم پرسە چەندە گرنگە بۆ كامڵبوونی لایەنی ڕۆحی، بۆیە خوای گەورە كردوویەتی بە مەرجێك لە مەرجەكانی باوەڕ.
ئەمەیە پرسی قەدەر كە خەڵكی بە گشتی پێیان خلیسكاوە تێیدا. خوای گەورە یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی بە دروستی لێی تێبگەین و سوودی لێ وەربگرین. ئامین.
PDF