
فەلسەفەی فێركارییەكانی ئیسلام
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
نووسينى:
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام)
بسم الله الرحمن الرحيم
پێشەكی چاپی ئوردی
لەساڵی 1892زدا زانایەكی هيندۆسی بەناوى “سوامی شوگن چاندەر”- كە چەند ساڵیك كاری كرد بۆ ئیسڵاحكردنی هۆزێكی هيندۆسی بەناوی “كەئیسث Kaisth”- زەینی بۆ ئەوە چوو كە گفتوگۆی ئایینیەكان هیچ سوودێكیان نابێت ئەگەر نوێنەری هەموو ئایینەكان لە شوێنێكدا كۆنەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن. بۆیە بیری لەوە كردەوە كە هەوڵ بدات بۆ بەستنی كۆنگرەیەك بۆ ئایینەكان. ئەوە بوو یەكەم كۆنگرەی لەم شێوەیە لە “ئەجمیر” بەسترا. پاشان پێی وابوو كە شاری “لاهۆر” گونجاوترین شوێنە بۆ بەستنی كۆنگرەی دووەم، وە دەستی كرد بە هەوڵێكی بێوچان بۆ ئەم كارە.
بۆیە لیژنەیەكی دروستكرد بەسەرۆكایەتی مامۆستا “درغا برشاد”ی هیندۆسی بۆ ڕێكخستنی كۆنگرەكە، سكرتێرەكەی بریتی بوو لە ” لالە دهن بت رائي” پارێزەری هیندۆسی لە دادگای باڵا لە لاهۆر. ڕۆژانی 26 تا 28ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1896ز دیاریكرا بۆ بەستنی كۆنگرەكە لە لاهۆر، شەش كەسایەتی گەورە دانرا بۆ سەرپەرشتی كردنی دانیشتنەكانی كۆنگرەكە كە بریتی بوون لە بەڕێزان:
1: “ڕائى بەھادەر بابو پەرتۆلی چاندەر” دادوەر لە پەنجاب،
2: “خان بەھادەر شێخ خودا بەخش” دادوەر لە لاهۆر،
3: “ڕائى بەھادەر باندت ڕادھا كەشن كول” پارێزەر و حاكمی پێشووی ولایەتی جامۆن،
4: “حەزرەتی مەولانا نورەددین” پزیشكی تایبەتی پێشووی مەهراجای كشمیر،
5: “ڕائى پەهوانى داس” ماستەر،
6: “سەردار جەواهير سەنگ” سكرتێری لیژنەی “السیخ الخالصة” لە لاهۆر.
وە “سوامی شوگن چاندەر”ی هیندۆسی بە نوێنەرایەتی لیژنەكە ئەركی بڵاوكردنەوەی ڕاگەیاندنەكەی لە ڕۆژنامەكاندا گرتە ئەستۆ.. تێیدا سەركردەكانی موسوڵمانان و مەسیحی و هیندۆسەكانی بانگهێشت كرد، وە بەناوی خوای گەورەوە داوای لێ كردن كە ئامادە بن لە گۆنگرەكەدا بۆ خستنەڕووی خاسیەتەجوانەكانی ئایینەكانیان و گوتی:
ئامانجی بەستنی ئەم كۆنگرەیە تەنھا ئەوەیە كە سیفەتە جوان و كامڵەكانی ئایینی ڕاست و دروست لە ناو ئایینەكاندا دەربكەوێت لەبەرامبەر كۆمەڵێك لە كەسانی ڕۆشنبیردا، بۆ ئەوەی خۆشەویستی ئەو ئایینە لەدڵیاندا بچەسپێت، وە بۆ ئەوەی بەڵگەكانی ڕاستی ئەو ئایینه بەباشی بزانن. بۆیە كۆنگرەكە دەرفەتێكی ڕەخساوە لەبەردەم هەموو سەركردە و ڕابەرێكی ئایینیدا بۆ ئەوەی ڕاستیەكانی ئایینەكەی خۆی لە زیهنی ئەوانی تردا جێگیر بكات، تاوەكو بتوانن بەراورد بكەن لە نێوان وتارێك و وتاریكی تردا.. وە لە هەرجێگایەكدا نووری ڕاستییان دۆزیەوە وەری بگرن. دیارە لە دڵەكاندا ئارەزوویەك هەیە بۆ زانینی ئایینی ڕاست بەهۆی ئەو مشتومڕە ئایینی و ناكۆكیە مەزهەبیانەی كە لە نێوان شوێنكەوتووانی ئایین و مەزهەبە جیاوازەكاندا هەیە.. وە باشترین ڕێگە بۆ ئەم زانینە ئەوەیەكە لەیەك شوێندا هەموو ڕابەرە ئایینیەكان و ئەوانەی سەرقاڵن بە ئامۆژگاری و بانگەوازەوە كۆببنەوه، هەریەكەیان خاسیەتەجوانەكانی ئایینەكەی خۆی بخاتەڕوو، بەڕەچاوكردنی ئەو پرسیارانەی كە ڕاگەیەنراون. جا ئەو ئایینەی كە لەلایەن خوای گەورە پشتگیری دەكرێت.. دەبێت بە ڕووناكیەكی بەهێز و پرشنگدار بدرەوشێتەوە لەم كۆڕەدا كە پێكھاتووە لە گەورەپیاوانی ئایینەكان. ئەمەیە ئامانجی بەستنی ئەم كۆنگرەیە.
گومانی تێدا نیە سەرگەورەكانی هەموو ئایینێك بەباشی پەی بەوە دەبن كە سەلماندنی راستی ئایینەكەیان ئەركی سەر شانیانە. وە مادام كۆنگرەكە ئامانجی تەنها ئەوەیە ڕاستیەكان دەربخات.. بۆیە گومانی تێدا نیە كە خوای گەورە بەم كارە دەرفەتێكی زێڕین دەڕەخسێنێت بۆیان كە مەگەر بەدەگمەن ئەگینا هەڵناكەوێت بۆ خەڵكی.
پاشان ڕابەرانی ئایینەكان هان دەدات و دەڵێت: ئەو كەسەی كە بانگەشە دەكات كەسانی تر تووشی نەخۆشی كوشندە بوون، وە دڵنیایە دەرمانەكەی خۆی چارەسەریان دەكات، وە بانگەشەی ئەوە دەكات خێر و خۆشی دەوێت بۆ مرۆڤایەتی.. كەچی لەگەڵ ئەوەدا كاتێك نەخۆشە هەژارەكان بانگی دەكەن بۆ ئەوەی چارەسەریان بكات ئەم بە ئەنقەست خۆی دەبوێرێت لە چارەسەركردنیان، چۆن قەبوڵی بكەم ئەم كەسە ڕاستگۆ و دڵسۆزە! هەڵبەت دڵم بەوپەڕی تامەزرۆیی و نیگەرانیەوە هیواداره كە ئێستا جیابێتەوە: چ ئایینێك پڕە لە ڕاستی و حەقیقەت. من وشەم دەستناكەوێت بۆ گوزارشت كردن لەو پەرۆشیه ڕاستەقینەی كە لە دڵمدا هەیە.
ئەوە بوو زۆرێك لە ڕابەرە ئایینییەكان بەدەم بانگھێشتی ئەم سەركردە هیندۆسییەوە چوون، وە بەڵێنیان پێدا كە لە كۆنگرەكەدا ئامادە دەبن. لە پشووی جەژنی لەدایكبوونی مەسیحدا لە كانونی یەكەمی ساڵی 1896زدا.. لە شاری لاهۆر كۆنگرەیەكی مەزن بەسترا بۆ ئایینەكان، نوێنەری ئایینە جیاوازەكان وتاری خۆیان پێشكەش كرد لەوەڵامی ئەو پێنج پرسیارەی لیژنەكە پێشنیاری كردبوو كە پێشتر ڕاگەیەنرابوو. وە لیژنەكە مەرجی دانابوو بۆ هەموو وتاربێژیك كە شیكردنەوەكەی تەنھا لە كتێبی ئاسمانی ئایینەكەیەوە سەرچاوە بگرێت.
پێنج پرسیارەكەیش ئەمانەی خوارەوە بوون:
1. دۆخی سروشتی و ئەخلاقی و ڕۆحی مرۆڤ.
2. دۆخی مرۆڤ پاش مردن،
3. ئامانجی ڕاستەقینە لە ژیانی دنیایی مرۆڤ، وە ئامرازەكانی بەدەستھێنانی ئەو ئامانجە.
4. كاریگەری كردەوەكان لەسەر ژیانی مرۆڤ لە دنیا و دواڕۆژدا؛
5. سەرچاوەكانی زانست.. واتە زانیاری ڕاستەقینە.
لەم كۆنگرەیەدا كە لە ڕۆژانی 26 تا 29ی كانونی یەكەم بەسترا نوێنەرانی ئەم ئاییانە وتاریان پێشكەش كرد: سەناتەن دەهرم، هیندۆسی، ئاریاسەماج، بیرمەندە ئازادیخوازەكان، براهموسەماج، كۆمەڵی سۆفی كەشفی، مەسیحیەت، سیخی، ئیسلام.
لەڕاستیدا لەناو هەموو وتارەكاندا تەنھا یەك وتار وەڵامی ڕاست و تەواوی پێنج پرسیارەكەی دایەوە. ئەو وتارەیش وتارەكەی گەورەمان میرزا غولام ئەحمەدی قادیانی (عليه السلام) بوو، دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی.. كە مەولانا عبدالكریم سیالكۆتی (رضي الله عنه) بە دەنگێكی سازگار خوێندیەوە بۆ خەڵكەكە. وە هیچ كەسێك ناتوانێت وەسفی ئەو دیمەنە بكات كە لەكاتی خوێندنەوەی ئەم وتارەدا باڵی كێشابوو بەسەر كەشی كۆنگرەكەدا. كەسێك نەبوو- ئایینەكەی هەرچیەك بێت- لەخۆوە بەدەنگی بەرز مەدح و ستایش نەكات، وە گوێگرێك نەبوو نوقم نەبووبێت لە خۆشی و شادمانیدا.
شێوازی دەربڕینەكه زۆر سەرنجڕاكێش و دڵڕفێن بوو. چ بەڵگەیەك گەورەترە لەسەر قەشەنگی وتارەكه لەوەی كە ڕێكخەرانی كۆنگرەكە ناچاربوون ماوەی كۆنگرەكە ڕۆژێك درێژ بكەنەوە لەسەر ویست و ئارەزووی جەماوەرەكە.. چونكە وتارە بەچێژ و سەرنجڕاكێشەكە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا تەواو نەبوو. هەروەك نەیارانی ئیسلام چاریان نەما جگەلەوەی كە مەدح و ستایشی بكەن.. تەنانەت ڕۆژنامەی ئینگلیزی مەسیحی بەناوبانگ (Civil & Military Gazette) تەنھا پیاهەڵدانی بۆ ئەم وتارە كرد. هەروەك ڕۆژنامە هندیەكان كه بە زمانە جۆراوجۆرەكان دەردەچوون وەك: پەیسە هەواڵ، سەدەی چواردە، صادق الأخبار، المخبر الدكنیة؛ جنرال و جوهر آصفي.. هتد زۆر بەجوانی ستایشی ئەم وتارەیان كرد، وە هەموویان كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە ئەم وتارە باشترین وتار بوو لەناو وتارەكاندا. تەنانەت سكرتێری ئەم كۆنگرەیە “لالە دهن بت رائي” هیندۆسی لە كتێبەكەی خۆی “ڕاپۆرتی كۆنگرەی ئایینەكان” ستایشی ئەم وتارەی كردووە و دەڵێت:
دوای وتارەكەی باندێت”گۆردن داس” نیو كاتژمێرێك ماوە هەبوو بۆ پشوو، بەڵام زۆربەی زۆری جەماوەرەكە كورسیەكانیان بەجێنەھێشت.. چونكە دوای ئەم ماوەیە وتاری پارێزەری بەناوبانگی ئیسلام دەخوێنرایەوە. ماوەیەكی زۆر پێش كاتی پێشكەش كردنی وتارەكە هۆڵی كۆنگرەكە بەخێرایی پڕ دەبوو، وە لەماوەی چەند خولەكێكی كەمدا هۆڵەكە بەتەواوەتی پڕ بوو. ژمارەی جەماوەرەكە لەو كاتەدا حەوت بۆ هەشت هەزار كەس دەبوون لە زانا و ڕۆشنبیر لە ئایینە جۆراوجۆر و كۆمەڵگە جیاوازەكان. وە سەرەڕای ئەوەی كە ڕێكخەران ژمارەیەكی بەرچاو كورسی و ڕاخەریان ئامادەكردبوو.. بەڵام سەدەھا كەس بەناچاری بەپێوە وەستان بۆ گوێگرتن لە وتارەكە، وە لە ناو كەسانەدا كە بە پێوە وەستا بوون كەسانی بەناوبانگ و خانەدانی ناوچەی پەنجابی تێدا بوو لەگەڵ زانا و پارێزەر و مامۆستا و پرۆفیسۆر و پزیشك و فەرمانبەرە گەورەكانی حكومەت و كەسانی تر لە كەسایەتیە گەورەكان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا.
بێگومان ئامادەبوونی كەسانی خاوەن پلەوپایە و گوێگرتنیان لە وتارەكە بەو پەڕی هێمنی و بێدەنگی و پەرۆشی و تامەزرۆییەوە بۆ ماوەی پێنج كاتژمێر لەسەر یەك وەك ئەوەی باڵندە بەسەر سەریانەوە نیشتبێتەوە.. بەڵگەیەكی ئاشكرایە لەسەر هاوسۆزییان لەگەڵ ئەم كۆمەڵەدا.
خاوەنی وتارەكە خۆی نەیتوانی ئامادە بێت لە كۆنگرەكەدا، بەڵام یەكێك لە قوتابیە تایبەتەكانی خۆی بەناوی مەولەوی عبدالكریم سیالكۆتی ڕەوانەكرد بۆ ئەوەی وتارەكەی بخوێنێتەوە.
هەڵبەت لیژنەی ڕێكخەری كۆنگرەكە تەنھا دوو كاتژمێری دیاریكردبوو بۆ وتارەكە، بەڵام ئامادەبووان بەگشتی شەیدای وتارەكە بوون.. تەنانەت ڕێكخەرانیش بەوپەڕی پەرۆشی و خۆشحاڵیەوە پێشوازییان كرد لە پێشنیاری درێژكردنەوەی دانیشتنەكە هەتا كۆتاییهاتنی وتارەكە. دیارە ئەم ڕاگەیاندنەیان تەواو تەبا بوو لەگەڵ ئارەزووی ئامادەبوواندا.. چونكە لەكاتی تەواوبوونی كاتی دیاریكراوی وتارەكەدا، وتاربێژی دوای ئەو- مەولەوی ئەبو یوسف موبارەك عەلی- ڕایگەیاند كە تەنازول دەكات لە كاتەكەی خۆی لە پێناوی ئەم وتارەدا.. ئەوە بوو ئامادەبووان و ڕێكخەران هاواریان كرد و بەدەنگی بەرز سوپاسیان كرد. كاتی كۆتایی هاتنی دانیشتنەكە كاتژمیر چوار و نیو بوو، بەڵام بەڕەچاوكردنی ئارەزووی جەماوەرەكە دانیشتنەكە درێژكرایەوە بۆ دوای كاتژمێر پێنج و نیو؛ چونكە وتارەكه دەوروبەری چوار سەعاتی خایاند، لەسەرەتاكەیەوە بۆ كۆتاییەكەی وتارێكی سەرنجڕاكێش بوو، وە جێگای ڕەزامەندی زۆربەری زۆری ئامادەبووان بوو. (ڕاپۆرتی كۆنگرەی ئایینەكان، مطبعة الصدیقي، لاهور، 1897م)
مایەی سەرسوڕمانە كە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی پێنج ڕۆژ پێش بەستنی كۆنگرەكه- واتە لە ڕۆژی 21ی كانونی یەكەمی ساڵی 1896ز- ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە تێیدا باسی ئەوەی كردبوو كە خوای گەورە لەڕێگەی وەحیەوە هەواڵی پێ داوە كە وتارەكەی سەردەكەوێت بەسەر هەموو وتارەكاندا.. ئەمەش دەقی ڕاگەیاندنەكەیە:
مژدەیەكی مەزن بۆ داواكارانی ڕاستی
بەڕێز سوامی شوگن چاندەر لە ڕاگەیاندێكی بڵاوكراوی خۆیدا ڕابەرە ئایینیەكانی موسوڵمانان و مەسیحی و ئارییەكانی (هیندۆس) بانگكردووە، وە بەناوی خوای گەورە سوێندیان دەدات و داوایان لێ دەكات كە لەم كۆنگرەیەدا سیفەتەجوانەكانی ئایینی خۆیان بخەنەڕوو. ئەوەتا ئێمە ڕایدەگەیەنین بە بەڕیز سوامی- وەك ڕێز و گەورەییەك بۆ ئەم سوێنده مەزنە- كە ئامادەین بۆ جێبەجێ كردنی داواكەی. ئەگەر خوا بیەوێت وتارەكەمان لە كۆنگرەكەدا دەخوێنرێتەوە.. چونكە ئیسلام ئایینێكە هانی موسوڵمانی ڕاستگۆ دەدات كە بەتەواوەتی بچێت بەدەم كارێكەوە ئەگەر بەناوی خوای گەورەوە بانگكرا بۆی.
لە ئێستاوە ئێمە سەیردەكەین بزانین برا ئارییەهیندۆسەكانی چەندە دڵسۆزن بۆ خواكەیان “پەرمیشۆر” و چەندە ڕێزی دەگرن. وە قەشەكان چەندە خواكەیان “یەسوع” گەورەیە لەلایان، وە ئایا ئامادەن بۆ بەشداری كردن لە كۆنگرەكەدا بەناوی خوای پیرۆز و مەزن.
لە كۆنگرەی ئایینە مەزنەكاندا كە لە هۆڵی شارەكە لە لاهۆر دەبەسترێت.. وتارێكی ئەم بەندە خۆبەكەمزانە دەخوێنرێتەوە كە باسی مەعجیزە و سیفەتەكامڵەكانی قورئان پیرۆز دەكات. ئەم وتارە لەسەرووی توانا مرۆییەكانەوەیە؛ وە یەكێكە لە نیشانەكانی خوا، وە بە پشتگیری تایبەتی خوا نووسیومە. پێكهاتووە لە ڕاستی و زانیاریەكانی قورئان كه- وەكو ڕۆژی ڕووناك- دەیسەلمێنێت قورئان كەلامی خوایە و كتێبی پەروەردگاری جیھانەكانە. وە من یەقینم هەیە كە هەر كەسیك لە سەرەتاوە تا كۆتایی گوێ بگرێت لەم وتارە، وە گوێ شل بكات بۆ وەڵامەكانی من بۆ پێنج پرسیارەكە.. باوەڕێكی نوێ تێیدا دروست دەبێت، وە لەناخیدا ڕووناكیەكی نوێ دەدرەوشێتەوە، وە تەفسیرێكی گشتگیری دەست دەكەوێت بۆ كەلامی پیرۆزی خوا. بێگومان وتارەكەم خاڵیە لە وشەپووچەكانی مرۆڤ، وە پاكە لە خەوشی خۆهەڵكێشان و بانگەشە ساختەكان.
دیارە میهرەبانی تەواوەتی بۆ مرۆڤەكان لەئێستادا هانیدام بۆ نووسینی ئەم ڕاگەیاندنە.. بۆ ئەوەی جوانی و قەشەنگی قورئانی پیرۆز ببینن، وە پەی بەوە ببەن كە چۆن نەیارەكانمان- بەناحەق- تاریكییان خۆش دەوێت و ڕقیان لە ڕووناكیە.
هەڵبەت خوای هەرەزانا لەڕێگەی وەحی خۆیەوە پێی ڕاگەیاندم كە ئەم وتارە سەردەكەوێت بەسەر هەموو وتارەكانی تردا، وە ئەوەندە لە ڕووناكی ڕاستی و حیكمەت و زانیاری تێدایە كە ئوممەتەكانی تر پەشیمان و شەرمەزار بكات.. بەمەرجێك لەكاتی خوێندنەوەیدا ئامادەبن و لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی گوێی لێ بگرن؛ وە هەرگیز ناتوانن لە كتێبەكانی خۆیانەوە هاوشێوەی ئەم تایبەتمەندیە كامڵانە دەربھێنن.. چ ئەو كەسانە مەسیحیەكان بن یان شوێنكەوتووانی ئایینی “سەناتەن دەهرەم”ی هیندۆس یان جگەلەوان بن؛ چونكە خوای گەورە ویستوویەتی لەو ڕۆژەدا گەورەیی كتێبە پیرۆزەكەی بەجوانی دەربكەوێت.
بیگومان لەبارەی ئەم وتارەوە لە جیهانی كەشفدا بینیم.. كە دەستێك لە غەیبەوه شۆڕبوویەوە بۆناو كۆشكەكەم، دەستبەجێ ڕووناكیەكی پرشنگداری لێوە دەرچوو، وە لەدەوروبەریدا بەهەموو لایەكدا بڵاوبوویەوە، وە ئەم رووناكیە هاتە ناو دەستی منیشەوە. لەو كاتەدا كەسیك لە تەنیشتمدا بەپێوە وەستابوو بە دەنگێكی بەرز هاواری كرد: “الله أكبر، قەڵای خەیبەر كەوت”. تەفسیری ئەم كەشفە ئەوەیە كۆشكەكە هێمایە بۆ دڵم كە شوێنی دابەزینی رووناكییەكانە، وە ڕووناكییە دابەزیوەكە واتە زانیاریە قورئانیەكان، وە مەبەست لە خەیبەر هەموو ئایینە خراپ و تێكچووەكانە كە خەوشی شیرك و بیدعە لێڵی كردوون، ئەوانەی كە مرۆڤیان بەرزكردووەتەوە بۆ مەقامی خوای گەورە؛ یان سیفەتە خواییەكانیان لە شوێنی هەرەبڵندی خۆیان هێناوەتە خوارەوه. بۆم ئاشكرا بوو كە بڵاوبوونەوەی ئەم وتارە لە بازنەیەكی فراواندا لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ئاشكراكردنی ساختەیی ئایینە پووچەكان، وە ڕاستێتی قورئان رۆژ بەڕۆژ بڵاودەبێتەوە لەسەر زەویدا هەتا بازنەكەی تەواو دەكات.
پاشان لە حاڵەتی كەشفەوە گواسترامەوە بۆ حاڵەتی ئیلھام.. وەحیم بۆ كرا: “إن الله معك. إن الله یقوم أینما قمتَ” واتە: بێگومان خوا لەگەڵتایە، هەركاتێك تۆ هەستایت ئەویش هەڵدەستێت”. ئەمە دەربرینێكی مەجازیە پشتگیری خوایی دووپات دەكاتەوە.
نامەوێت ئێستا لەمە زیاتر بنووسم.. تەنھا هانی هەموو خەڵكی دەدەم كە ئامادەبن لە كۆنگرەكەی لاهۆر.. بۆ بیستنی ئەو زانیاریانە، ئەگەرچی لەم پێناوەدا هەندێكیش ماندوو بن. ئەگەر ئەم كارەیان كرد ئەوا عەقڵ و ئیمانیان كۆمەڵێك بەرەكەت بەدەست دەھێنن كە لەسەروی تێروانینی خۆیانەوە بێت.
وە ئاشتی لەسەر كەسێك بێت كە شوێن ڕێگای ڕاست دەكەوێت.
واژۆ:
بەندەی خاكی: میرزا غوڵام ئەحمەد
قادیان 21-12-1896ز
پیاھەڵدانی ڕۆژنامەكان
لێرەدا گونجاوە – وەك نموونە- باسی هەندێ لەو ڕاپۆرتانە بكەین كە ڕۆژنامەكان نووسیویانە دەربارەی كۆنگرەكە:
1: لە ڕۆژنامەی (Civil & Military Gazette)دا كە لە لاهور دەردەچێت ئەمەی خوارەوە هاتووە:
لەم كۆنگرەیەدا ئارەزوویەكی تایبەت هەبوو لە دڵی جەماوەردا بۆ وتارەكەی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی.. كە شارەزاییەكی تەواوەتی هەیە لە بەرگری كردن لە ئیسلام. كۆمەڵێكی زۆر لە شوێنكەوتووانی ئایینەجۆراوجۆرەكان ئامادەبوون بۆ بیستنی ئەم وتارە لە شوێنە نزیك و دوورەكانەوە. وە لەبەر ئەوەی بەڕێز میرزا خۆی نەیتوانی ئامادە بێت لە كۆنگرەكەدا.. بۆیە یەكێك لە قوتابیە بەڕێزەكانی.. مەولەوی عبدالكریم سیالكۆتی وتارەكەی خوێندەوە.
خوێندنەوەی ئەم وتارە لە ڕۆژی 27ی كانونی یەكەم سێ كاتژمێری خایاند لەسەر یەك، وە جەماوەر بە بێدەنگی و دڵخۆشیەوە گوێیان بۆ شل كردبوو.. لەگەڵ ئەوەدا لە وتارەكە تەنھا وەڵامی پرسیاری یەكەم تەواو بوو.
وە مەولەوی عبدالكریم بەڵێنی دا پاشماوەی وتارەكە بخوێنێتەوە ئەگەر كاتی زیادەی پێ درا، ئەوەبوو سەرۆكی كۆنگرەكە و ڕێكخەرانی ڕازی بوون لەسەر ئەوەی كە كۆنگرەكە درێژبكرێتەوە هەتا ڕۆژی 29ی كانونی یەكەمیش.
2: وە ڕۆژنامەی “چودهوین صەدي” (واتە سەدەی چواردە) بەم شێوەیە لێدوانی داوە:
جوانترین وتاری ناو هەموویان و ڕۆحی ئەم كۆنگرەیە وتارەكەی میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی بوو.. شێخی بەناوبانگ و زمانپاراو عبدالكریم سیالكۆتی زۆر بەجوانی خوێندیەوە بۆ خەڵكی.
خوێندنەوەی ئەم وتارە دوو ڕۆژی خایاند، هەركە مەولەوی عبدالكریم دەستی كرد بەخوێندنەوەی جەماوەرەكە زۆر پێی سەرسام بوون. لەدوای هەموو ڕستەیەك لە خۆشیدا بەدەنگی بەرز ستایشیان دەكرد، وە جاروبار داوایان دەكرد لە وتاربێژەكە هەندێ بڕگە دووبارە بكاتەوە. هەرگیز وتاری وەها جوانمان نەبیستووە. بەڵام لەڕاستیدا وتارەكانی تری هەر ئایین یان هەر مەزهەبێك وەڵامی پێنج پرسیارەكەی تێدا نەبوو، بەڵكو هەموو وتاربێژێك تەنھا تاوتوێی پرسیاری چوارەمی كرد، وە زۆر بەكەمی نەبێت ئاوڕیان لە وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی تر نەدایەوە. زۆربەی زۆری وتاربێژەكان قسەی پووچ و بێسوودیان دەخوێندەوە. تەنھا ئەوە نەبێت كە بەڕێز میرزا نووسیبووی، وەڵامی هەموو پرسیارەكانی تێدا بوو بە تێروتەسەلی، هەرپرسیارێك بەجیا. تەنھا وتارەكەی ئەو ئامادەبووان زۆر بەگرنگی و تامەزرۆییەوە گوێیان بۆ شل كردبوو، بیروباوەڕەكانی زۆر بەرز و بەنرخ بوون.
هەڵبەت ئێمە شوێنكەوتەی بەڕێز میرزا نین و هیچ پەیوەندیەكمان پێوەی نیە، لەگەڵ ئەوەشدا هەرگیز ناتوانین دەستبەرداری دادپەروەری و یەكسانی بین، هەركەسێك دیدێكی ساغ و ویژدانێكی زیندووی هەبێت ناتوانێت ئەم جۆرە كارە بكات. بێگومان بەڕێزی- وەك پێویست بوو- وەڵامی هەموو پرسیارەكانی دایەوە بە پشتبەستن بەوەی لە قورئاندا هاتووە، وە بەڵگەی عەقڵی و فەلسەفی هێنایەوە لەسەر ڕاستی زۆربەی زۆری فێركاریه گرنگەكانی ئیسلام لە بنەما و لقەكاندا. سەرەتا بەڵگەی لۆژیكی دەھێنایەوە لەسەر ڕاستی بابەتە ئایینیەكان، پاشان بە شوێنیدا ئایەتەكانی دەھێنایەوە لە كەلامی خوای گەورەدا، ئەم شێوازە جوانە گرنگییەكی سەرسوڕھێنەر و كاریگەریەكی گەورەی هەبوو. بێگومان میرزای بەڕێز بەوەندە وازی نەھێنا كە حیكمەتی پشتی فێركاریەكانی قورئان بخاتەڕوو، بەڵكو ئەوەشی ڕوونكردەوە كە وشەكانی قورئان بۆچی بەم شێوەیه دڕێژراون و حیكمەت لە هەڵبژاردنیان چیە.
بەكورتی، وتارەكەی لە هەموو ڕووەكانەوە وتارێكی تەواو و گشتگیر بوو، بە مرواریە درەوشاوەكانی مەعریفە و ڕاستی و حیكمەت و ڕازەكان نەخشاندبووی. فەلسەفەی ئیلاهیاتی بەشێوازێك خستەڕوو كە بەهۆیەوە شوێنكەوتوانی هەموو ئایینەكان واقیان وڕما و سەرسام بوون. وتاری هیچ وتاربێژێك ئەوەندە وتارەكەی ئەو خەڵكی گوێی لێ نەگرت. هۆڵەكە بە هەموو نهۆمەكانیەوە قەرەباڵغ بوو بەو خەڵكەی كە زۆر بە گرنگیپێدان و بێدەنگیەوە گوێیان شل كردبوو بۆی. بۆ خستنەڕووی جیاوازی گەورەی نێوان وتارەكەی بەڕێز میرزا و وتارەكانی تر ئەوەندە بەسە كە خەڵكی لەكاتی خوێندنەوەی وتارەكەی ئەودا قەرەباڵغیان دروستكرد وەك چۆن مێش لەهەنگوین دەنیشێت، بەڵام لەكاتی وتارەكانی ئەوانی تردا ئامادەبووان شوێنەكانی خۆیان بەجێ دەھێڵا و له تاو بێزاری و وەرسبوون دەچوونە دەرەوە.
وتارەكەی مەولەوی موحەممەد حوسەین بەتاڵەیی زۆر هیچ و بێنرخ بوو. تەنھا ئەو بیرۆكە كۆن و سواوانەی تێدابوو كە هەمیشە لە مەلاكانەوە دەیانبیستین. وتارەكەی شتێكی نوێی تێدا نەبوو. خەڵكێكی زۆر لە هۆڵەكە چوونەدەرەوە لەكاتی وتاری دووەمیدا كە تەواوكەری ئەوەی پێشوو بوو، هەروەك ماوەی چەند خولەكێكی پێ نەدرا تاكو وتارەكەی تەواو بكات.(جریدة” چودهوین صەدي”، ڕاولبەندی، ڕۆژی 1/2/1897ز).
3: ڕۆژنامەی “جنرال و جوهر آصفي” هەواڵی كۆنگرەكەی بڵاوكردەوە لە ڕێگەی دوو ناونیشانی گەورەوە و گوتی:
كۆنگرەی ئایینە هەرە مەزنەكان لە لاهۆر و سەركەتنی ئیسلام
پێش باسكردنی ڕووداوەكانی كۆنگرەكە پێمان وایە پێویستە باسی ئەوە بكەین كە پێشتر لەسەر لاپەڕەكانی ئەم ڕۆژنامەیە تاوتوێی ئەوەمان كرد كە چ كەسێك باشترین و شیاوترین كەسە بۆ بەرگری كردن لە دۆزی ئیسلام لەم كۆنگرەیەدا. یەكێك لە پەیامنێرە بەڕێزەكانمان- بەبێ دەمارگیری، وەك پشتگیری كردنێك لە ڕاستی- ناوی بەڕێز میرزاغوڵام ئەحمەد گەورەی قادیانی پاڵاوت، واڕێكەوت كە یەكێك لە هاوەڵە بەڕێزەكانمان لە نامەیەكدا بۆ ئێمە ئەویش ناوی بەڕێزیانی پێشنیاركرد. مەولەوی سەید فخرالدین بەوپەڕی پێداگریەوە و بە بەڵگەی بەھێز ناوی بەڕێز میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی و ناوی سەید ئەحمەد دامەزرێنەری زانكۆی “عەلیگرە”ی پاڵاوت.
ڕۆژنامەكە بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
ئێستا وەڵامی ئەم پرسیارە ڕادەگەیەنین بە خوێنەران: كام لە زانا موسوڵمانەكانی هندستان كە غیرەتی ئایینیان جۆشی سەند بۆ ئیسلام كاتی خوێندنەوەی راگەیاندنەكان و بانگھێشتكردنیان لەلایەن ڕێكخەرانی كۆنگرەكەوە، هاتەپێشەوە بۆ پارێزگاری كردن لەو ئایینە؟ وە تا چ ئاستێك هەوڵیاندا، بە پاڵنەری پارێزگاری كردن لە ئیسلام، بەڵگە پێشكەش بكەن بۆ جێگیركردنی گەورەیی قورئان لە دڵی كەسانی ناموسوڵماندا؟
بێگومان لە سەرچاوە متمانە پێكراوەكانەوە زانیومانە كە ڕێكخەرانی كۆنگرەكە لەڕێگەی پۆستی تایبەتیەوە بانگھێشتیان ئاراستەی هەریەك لە بەڕێز میرزا غوڵام ئەحمەد و سێر سەید ئەحمەد كرد. بەڕێز میرزا لەبەر خراپی باری تەندروستی نەیتوانی خۆی ئامادەی كۆنگرەكە بێت.. بەڵام وتارێكی خۆی نارد، وە قوتابیەكی تایبەتی خۆی بەناوی مەولەوی عبدالكریم سیالكۆتی هەڵبژارد بۆ ئەوەی وتارەكە بۆ خەڵكی بخوێنێتەوە. بەڵام سێر سەید ئەحمەد.. خۆی ئامادە نەبوو لە كۆنگرەكەدا و هیچ وتارێكیشی نەنارد. نەك لەبەرئەوەی كە پیرێكی كەنەفتە و ناتوانێت لە كۆنگرەیەكی وەهادا ئامادە بێت، یاخود لەبەرئەوەی كە بریاری داوە كۆنفرانسێكی زانستی ببەستێت لە شاری”میرث” لەهەمان ڕێككەوتدا، نەخێر، بەڵكو لەبەر ئەوە ئامادە نەبوو كە كۆنگرە ئایینیەكان جێگای گرنگی پێدانی ئەو نین. لە نامەیەكیدا بە ئاشكرا ڕایگەیاندووە كە ئەو نە واعیزە نە ڕابەری ئایینیە و نە مەلا.. وە ئەم كارە تایبەتە بە واعیز و ڕابەرە ئایینیەكان.
هەروەك كاتی بینینی ڕووداوەكانی كۆنفرانسەكە، وە پاش پشكنین و لێكۆڵینەوە.. بۆمان دەركەوت كە هەریەك لەم مەلا بەڕێزانە: مەولەوی سەید موحەممەد عەلی كانفوری، مەولەوی عبدالحق دەهلەیی، مەولەوی ئەحمەد حوسەین العظیم ئابادی.. هیچ گوڕوتینێكی ئایینییان پیشان نەدا لەكاتی بەستنی ئەم كۆنگرەیەدا. وە لەناو ئەو كەسانەدا كە پێیان دەڵێین” زانا پیرۆزەكان” كەسێك نەبوو سوور بێت لەسەر ئەوەی وتارێكی بخوێنرێتەوە له كۆنگرەكەدا.. مەگەر دوو یان سێ دانەیان، ئەوان هاتنە مەیدانەكەوە بەڵام هیچ كەڵكێكی نەبوو، یان لەبەر ئەوەی باسی ئەو بابەتانەیان نەكرد كە خرابوونە گۆڕێ، یاخود لەبەرئەوەی بەشێوەیەك لێیان دوابوون كە هیچ كەڵكێكی نەبوو.
ڕووداوەكانی كونگرەكە ئەوە دووپات دەكەنەوە كە تەنھا بەڕێز میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی- بەو پەڕی شایستەیی و لێهاتوویەوە- لەم مەیدانەدا وەك پاڵەوانێك بەرگری كرد لە ئیسلام، وە سەلماندی كە هەڵبژاردنی ئەو بەتایبەتی بۆ بەرگریكردن لە دۆزی ئیسلام هەڵبژاردنێكی دروست بووە.. ئەو هەڵبژاردنەی كە بەدەستی گروپە جۆراوجۆرەكانی موسوڵمانان ئەنجامدرا، وە لە شارە جیاوازەكانی هندستان وەك: پیشاوەر، ڕاوەلپیندی، جهیلەم، شاھ پوور، بەهیرە، خۆشاب، سیالكۆت، جاموون، وەزیر ئاباد، لاهۆر، ئەمریتسەر، گورداسپوور، لودھیانە، شیملە، دەلهی، ئەمبالە، ویلایەتی پیتیالە، دێرە دوون، ئیلاھ ئاباد، مەدراس، بۆمبای، حەیدەر ئاباد دەكەن، بەنگەلۆر و هی تریش.
لەڕاستیدا لەم كۆنگرەیەدا ئەگەر وتارەكەی بەڕێز میرزا نەبوایە ئەوا لەبەرامبەر شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تردا شوێنكەوتووانی ئیسلام شەرمەزار و ڕسوا دەبوون. بەڵام دەستی بەهێزی یارمەتی پەروەردگار پشتی ئیسلامی گرت و لە كەوتن ڕزگاری كرد، بەڵكو لەڕێگەی ئەم وتارەوە زاڵبوون و سەركەوتنێكی گەورەی نووسی بۆ ئایینەكەی.. تەنانەت دوژمنان پێش دۆستەكان- بەحەماسێكی سروشتیەوە- خۆیان پێ نەگیراو گوتیان: ئەم وتارە سەركەوتوو بوو بەسەر وتارەكانی تردا، وە لەهەموویان باشتر بوو. بەڵكو كاتی كۆتاییھاتنی وتارەكە نكوڵیكاران ڕاستی بە زوبانیاندا هات و دانیان پێدانا و گوتیان: ئێستا حەقیقەتی ئیسلام دەركەوت بۆمان، وە گومانی تێدا نیە كە سەركەوتنی بەدەست هێنا.
لەمڕۆ بەدواوە هیچ كەسێك بۆی نیە دژایەتی ئەم هەڵبژاردنە كۆدەنگیە بكات لەلایەن موسوڵمانانی هندستانەوە كە دروستیەكەی ساغبوویەوە وەك تیرێك چۆن دەدات لەناوەڕاستی نیشانە. بەڵكو لەڕاستیدا بەڕێز میرزا مایەی ڕێز و شانازیە بۆ موسوڵمانان و شكۆ و گەورەییە بۆ ئیسلام، پاشان ئەمە ڕاستیەكی واقیعیە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم كۆنگرەیە دووەم دانەیە لەم جۆرە.. بەڵام- بەڕەچاوكردنی شكۆ و گەورەیی و سەركەوتنەكەی- لەهەموو ئەو كۆنگرە و كۆبوونەوانەی تر گرنگ تر و مەزنتر بوو كە لە شارە جۆراوجۆرەكانی هندستاندا بەسترابوون. هەڵبەت كەسانی بەناوبانگی كۆمەڵگا لە زۆربەی شارەكانەوە بەشدارییان تێدا كرد. وە ئێمە بەو پەڕی خۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین كە شارەكەمان”مەدراس”یش بەشداری كرد تێیدا.
بەڕادەیەكی وەها خەڵكی ئارەزوویان لێی بوو كە لیژنەی سەرپەرشیكاری كۆنگرەكە ناچاربوو ڕۆژێكی تر بخاتەسەر ئەو ڕۆژانەی دیاریكرابوون بۆی. وە لەگەڵ ئەوەی لیژنەكە هۆڵی كۆلێژی ئیسلامی هەڵبژارد بۆ بەستنی كۆنگرەكە.. كە فراوانترین شوێنە لە لاهۆردا.. لەگەڵ ئەوەشدا هۆڵەكە بەشی ئەو جەماوەرە زۆرەی نەكرد، ئەمەش بەڵگەیەكی تەواوە لەسەرگەورەیی و سەركەوتنی ئەم كۆنگرەیە. وە سەرەڕای ئامادەبوونی كەسایەتیه سیاسیە دیارەكان لە پەنجاپەوە.. بەوپەڕی حەز و تامەزرۆییەوە بەڕێز بابو پەرتۆلی چاندەر دادوەری دادگای سەرەكی و بەڕێز بەینەر (دادوەری دادگای باڵا) لە “ئیلاھ ئاباد، ئەوانیش ئامادەبوون. (جریدة “جنرال وجوهر آصفي”، كلكتە، 24/1/1897م).
لێدوانی كەسایەتیە جیھانیەكان
یەكەمجار دەقی ئەم وتارە مەزنە لە “ڕاپۆرتی گۆنگرەی ئایینەكان”دا بڵاوكرایەوە، پاشان چەندین جار چاپكرا لەشێوەی كتێبدا بە زمانە هەمەچەشنەكان، لەوانە ئوردی- كە زمانی ئەسڵی وتارەكەیە- ئینگلیزی، فەرەنسی، هۆڵەندی، ئیسپانی، ئەڵمانی و عەرەبی. ژمارەیەكی زۆر لە فەیلەسووفە گەورەكان، وە بیرمەندە ڕۆژئاواییەكان، رۆژنامە و گۆڤارە جیھانیەكان لێدوانی بەنرخیان پێشكەش كردووە لەسەر ئەم وتارە.. لەخوارەوە هەندێكیان باس دەكەین:
* ڕۆژنامەی (بریستۆل تایمز ئاند میرەر،Bristol Times & Mirror) نووسیویەتی: گومانی تێدا نیە ئەو كەسەی خەڵكی ئەوروپا و ئەمریكا دەدوێنێت بەم شێوازە مرۆڤێكی ئاسایی نیە.
* ڕۆژنامەی (سپیریچەڵ جۆرناڵ، Spiritual Jornal) لە بۆستن دەڵێت: ئەم كتێبە بەدڵنیاییەوە مژدەیەكی مەزنە بۆ مرۆڤایەتی.
* لە (سیۆسۆفیكەڵ بوكس نۆتس،Theosophical Book Notes)دا هاتووە: ئەم كتێبە بە باشترین و جوانترین شێوە ئایینی موحەممەد دەخاتەڕوو.
* گۆڤاری (ئیندیان ڕیڤیو، Indian Review) بەم شێوەیە لێدوانی داوە: ئەم كتێبە كۆمەڵێك بیرۆكەی ڕۆشن و گشتگیر و پڕ لە حیكمەتی تێدایە، خوێنەر ناچارە ستایشی بدات.
* گۆڤاری (موسلیم ڕیڤیو، Moslem Review) بەم وشانە لێداوانی خۆی داوە:
خوێنەر لەم كتێبەدا كۆمەڵێك بیرۆكەی ڕاست بەدی دەكات، وە كۆمەڵێك حەقیقەتی ورد كە خواردن دەدەن بە ڕۆح.
وە یەكێك لە خاسیەتەكانی ئەم كتێبە ئەوەیە كە هیچ شتێكی وەهای تێدا نیە كە بە هێرش لەقەڵەم بدرێت بۆسەر ئایینەكانی تر، بەڵكو تەنھا پێكھاتووە لە خاسیەتە جوانەكانی ئیسلام، وە وەڵامی پێنج پرسیارەكە دەداتەوە لەبەر ڕۆشنایی قورئاندا.. بەشێوەیەك كە دەیسەلمێنێت ئیسلام تەواوترین و جوانترین و گشتگیرترین ئایینە لەناو هەموو ئایینەكاندا. (بە دەستكارییەوە، لە الخزائن الروحانیة، بەرگی 10، پێشەكی).
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
ئيسلام
پێویستی پێشكەشكردنی بانگەشە و بەڵگە لە كتێبی ئاسمانیەوە
ئەمڕۆ من ئەركی پیشاندانی جوانیەكانی ئیسلام بەجێدەھێنم لەم دانیشتنە پیرۆزەدا كە مەبەست لێی ئەوەیە هەموو نوێنەرێك سیفەتە جوانەكانی ئایینەكەی بخاتەڕوو، بەڕەچاوكردنی ئەو پێنج پرسیارەی پێشتر ڕاگەیەنراوە.
پێش ئەوەی مەبەستەكەم بە تێروتەسەلی ڕوون بكەمەوە، بەلامەوە گونجاوە پێتان ڕابگەیەنم كە من بەڵێن دەدەم لە قسەكانمدا تەنھا ئەو شتە بڵێم كە قورئانی پیرۆز باسی كردووە.. كەلامی پاكوخاوێنی خوا.. چونكە پێم وایە پێویستە لەسەر هەركەسێك كە باوەڕی بە كتێبێك هەیە و بە وەحی خوای دەزانێت.. وەڵامی هەموو پرسیارەكان بداتەوە بە پشت بەستن بەو كتێبە، وە دەسەڵاتی نوێنەرایەتیەكەی كە پێی سپێردراوە فراوان نەكات، بەجۆرێك لەلایەن خۆیەوە كتێبێكی نوێ دروست بكات.
بەو پێیەی ئێمە ئەو ئەركەمان خستووەتە سەر شانی خۆمان كە جوانیەكانی قورئانی پیرۆز بسەلمێنین و سیفەتە كامڵەكانی بخەینەڕوو، بۆیه لێمان دەوەشێتەوە كە لەهەرخاڵێكدا لەوە دەرنەچین كە قورئان خۆی ڕایگەیاندوووە و ڕوونی كردووەتەوە، وە هیچ شتێك نەنووسین مەگەر بە پشت بەستن بەو ئاماژە یان ئەو ڕاگەیاندنانەی كە لە ئایەتەكانیدا هاتووە، ئەمەش بۆ ئەوەی بەراوردكردن ئاسان بێت بۆ گوێگرانی بەڕێز. وە بەو پێیەی هیوای ئەوە دەكرێت لە هەموو وتەبێژێك پابەندبێت بەوەی كە هەموو شتەكان لە كتێبە پیرۆزەكەیەوە بگوازێتەوە؛ بۆیە فەرموودەكانی پێغەمبەرمان خستووەتە لاوە، ئەگەرچی هەموو فەرموودە ڕاست و دروستەكان لە خودی قورئانی پیرۆزەوە وەرگیراون، كە كتێبێكی كامڵە و هەموو كتێبەكانی تر بەو مۆركراون. بۆیە ئەمڕۆ ڕۆژی دەركەوتنی گەورەیی قورئانی پیرۆزە.
وە ئێمە لەخوای گەورە دەپاڕێینەوە كە لە جێبەجێ كردنی ئەم ئەركە گرنگەدا پشتیوان ویارمەتیدەرمان بێت. ئامین!
پرسیاری یەكەم
دۆخی سروشتی و ئەخلاقی و ڕۆحی مرۆڤ
تكادەكەم لە گوێگرانی بەڕێز ئەوەیان لەیاد بێت لەسەرەتای ئەم وتارەوە پێشەكییەك (كلمات تمهیدیة) دەبینن كە وادەردەكەوێت پەیوەندیی بە بابەتەكەوە نەبێت، بەڵام لەڕاستیدا زۆر پێویستە بۆ ڕوونكردنەوەی مەبەستەكە، لەبەرئەوە باسمانكردووە هەتا پەی بردن بە مەبەستی داواكراو بۆ هیچ كەسێك قورس و گران نەبێت.
سێ دۆخەكەی دەروونی مرۆیی
شاراوە نیە كە پرسیاری یەكەم پەیوەستە بە دۆخی سروشتی و ئەخلاقی و ڕۆحی مرۆڤەوە. دەی بزانن كە كەلامی خوا، واتە قورئانی پیرۆز، ئەم دۆخانەی دابەشكردووە بەجۆرێك سێ سەرچاوەی دەستنیشان كردووە بۆیان، بۆ هەر دۆخێكیان سەرچاوەیەك هەیە بەتەنھا. بە دەربڕینێكی تر: بۆ هەر دۆخێك لەم سێ دۆخە سەرچاوەیەكی تایبەتی داناوە كە لێیەوە هەڵدەقوڵێت.
دۆخی یەكەم: النفس الأمارة (دەروونی بەدخواز)
یەكەم كانیاو كە سەرچاوەی هەموو حاڵەتە سروشتیەكانە قورئانی پیرۆز ناوی لێ دەنێت دەروونی بەدخواز(النفس الأمارة) وەك خوای گەورە دەفەرموێت: (إن النفس لأمارة بالسوء)(یوسف: 54).. واتە تایبەتمەندی دەروونی بەدخواز ئەوەیە مرۆڤ بەلای كردەوە خراپەكاندا دەبات كە دژی ئەخلاق و پێچەوانەی كەماڵ و بەرەوباڵاچوونن، وە پاڵی پێوە دەنێن بەرەو ڕێچكە خراپ و نەشیاوەكان. وە دەرچوونی مرۆڤ لە سنووری ڕێكی و میانەڕەوی و ئارەزووكردنی بۆ خراپه دۆخێكە پێش دۆخە ئەخلاقییەكەی و بە بەشێوەیەكی سروشتی زاڵە بەسەریدا، ئەم دۆخە پێی دەوترێت دۆخی سروشتی ئەگەر مرۆڤ لەبەر ڕۆشنایی عەقڵ و مەعریفەتدا ڕێ نەكات، بەڵكو -وەكو ئاژەڵ- شوێن ئارەزووە سروشتیەكانی دەكەوێت لە خواردن و خواردنەوە و خەوتن و بێداری و ڕق و توڕەیی و ئارەزووەكانی تردا. بەڵام ئەگەر لە دۆخە سروشتییەكانیدا لەبەر ڕۆشنایی عەقڵ و تێگەشتندا ڕەفتاری كرد و ڕەچاوی سنوری میانەڕەوی داواكراوی كرد، ئەوا ئەم دۆخانە بە دۆخی سروشتی نامێننەوە بەڵكو دەبن بە ئەخلاق، وەك دواتر بە كورتی ڕوونی دەكەینەوە.
دۆخی دووەم: النفس اللوامة (دروونی لۆمەكار)
وە سەرچاوەی دۆخی ئەخلاقی مرۆڤ لە قورئاندا پێی دەوترێت” دەروونی لۆمەكار “النفس اللوامة”.. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: (ولا أقسموا بالنفس اللوامة)(القیامة:3).. واتە سوێند دەخۆم بەو نەفسەی كە لۆمە و سەركۆنەی خۆی دەكات لەسەر هەر تاوان یان هەر هەڵەیەك كە ئەنجامی دەدات. ئەم دەروونە لۆمەكارە بریتیە لە سەرچاوەی دووەم كە دۆخە ئەخلاقیەكان لێیەوە پەیدا دەبن. وە ئەگەر مرۆڤ گەشتە ئەم ئاستە لەوە ڕزگاری دەبێت كە لە ئاژەڵ بچێت. بێگومان خوای گەورە لێرەدا سوێندی خواردووە بە دەروونی لۆمەكار وەك ئاماژەیەك بە پێگەكەی، وەك ئەوەی لای خوا شایستەی ئەم ڕێزە بێت چونكە لەسروشتە بەدخوازەكەی یەكەمجاری خۆی داڕنیوە، وە بڵندبووەتەوە بۆ پلەی دەروونی لۆمەكار.
خوای گەورە ناوی لێ ناوە” اللوامة” چونكە سەرزەنشتی مرۆڤ دەكات لەسەر ئەنجامدانی خراپە، وەڕازی نابێت لێی لە پاڵنەرە سروشتیەكانیدا وەكو وڵاخ بەرەڵا بێت و هیچ كۆت و پێوەندێكی نەبێت و وەكو ئاژەڵ بژی، بەڵكو دەیەوێت تەنھا لە باشترینی دۆخەكاندا بێت و ڕەوشتە باشەكان پیادە بكات، وە لەهەموو پێداویستیەكانی ژیاندا سنوری میانەڕەوی تێنەپەڕێنێت، وە بە ڕێنمای عەقڵ بەدەم هەوا و ئارەزووە سروشتییەكانیەوە بچێت. وە بەو پێیەی ئەم دەروونە لۆمەی مرۆڤ دەكات لەسەر ئەنجامدانی خراپە.. بۆیە خوای گەورە وەسفی كردووە بە”اللوامة” واتە ئەو دەروونەی كە زۆر لۆمەكارە.
دەروونی لۆمەكار ئەگەرچی نایەوێت و پێی خۆش نیە كە مل كەچ بكات بۆ عەریزە سروشتیەكان، وە بەردەوام لۆمەی خۆی دەكات.. لەگەڵ ئەوەشدا بەتەواوەتی ناتوانێت كردەوەچاكەكان ئەنجامبدات، بەڵكو جاروبار غەریزە سروشتیەكان زاڵدەبن بەسەریدا، بۆیە خۆی ڕاناگرێت و دەكەوێت وەك چۆن مناڵێكی لاواز هەوڵدەدات نەكەوێت، بەڵام بەهۆی لاوازیەكەیەوە دەكەوێت و خەفەت دەخوات لەسەر ئەم دەستەوسانیەی.
بەكورتی.. ئەمە دۆخێكی ئەخلاقیە بەهۆیەوە دەروون ڕوشتە بەرزەكان لەخۆیدا كۆدەكاتەوە، و ڕقی لە یاخیبوون و تاوان دەبێتەوە.. بەڵام ھێشتا ناتوانێت وەك پێویست زاڵ بێت بەسەر دەروونی بەدخوازدا.
سەرچاوە سێيەم: دەروونی دڵنیا (النفس المطمئنة)
سەرچاوەی سێیەم هەیە كە پێویستە بە سەرچاوەی هەموو دۆخە ڕۆحییەكان لەقەڵەم بدرێت.. لەزاراوەی قورئانی پیرۆزدا پێی دەوترێت دەرونی دڵنیا “النفس المطمئنة”. خوای گەورە لەم فەرمایشتەی خۆیدا باسی ئەم دەروونە دەكات و دەفەرموێت: {يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ(*) ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً(28) فَادْخُلِي فِي عِبَادِي(*) وَادْخُلِي جَنَّتِي(*)} (الفجر: 28-31).
ئەمەیە ئەو مەقامە ڕۆحییەی كە تێدا دەروون لەهەموو لاوازیەك ڕزگاری دەبێت، وە پڕ دەبێت لە هێزە ڕۆحیەكان، وە بەشێوەیەك پەیوەست دەبێت بە پەروەردگاریەوە كە ناتوانێت بەبێ ئەو بژی. هەروە چۆن ئاوێك لە بەرزاییەوە بە گوژم دێتەخوارەوە ئەگەر قەبارەكەی زۆر بێت و هیچ شتێك بەربەستی ناكات، بەهەمان شێوە دەروونی دڵنیا بەخێرایی بەرەو خوا دەچێت. ئەم ئایەتە ئاماژەی كردووە بۆ ئەم بەرەوخواچوونە خێرایە: {يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ (*) ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً}.
كەواتە ئەم دەروونە گوڕانكاریەكی گەورەی بەسەردا دێت لەم ژیانەدا، هەروەك دوای مردنیش، وە جۆرێك لە بەهەشتی دەستدەكەوێت لەم جیھانەدا، هەروەك لەغەیری ئەم جیھانەیشدا؛ وەك ئەم ئایەتە دەفەرموێت: {ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ}.. واتە وەرە بۆلای ئەوكەسەی كە پەروەردەی كردوویت.. ئەم دەروونە لەو كاتەدا پەروەردە دەبێت بەهۆی پەروەرێنی خواوە، وە بژێوی وەردەگرێت لە خۆشەویستی خواوە، وە ئاو دەخواتەوە لەو كانیاوە ژیانبەخشە، بۆیە ئیتر هەرگیز مردن ناچێژێت؛ هەروەك لە فەرمایشتی خوای گەورەدا هاتووە: {قَدْ أَفْلَحَ مَنْ زَكَّاهَا (9) وَقَدْ خَابَ مَنْ دَسَّاهَا} (الشمس: 10-11).. واتە ئەوەی خۆی پاك كردەوە لە هەواو ئارەزووە زەمینییەكان ڕزگاری بووە لە تیاچوون، بەڵام ئەوەی خۆی نووساند پێیانەوە بێگومان نائومێد بوو لە ژیان.
ئەمە ئەو سێ دۆخەیە كە دەتوانین -بەدەربڕینێكی تر- ناویان بنێین دۆخی سروشتی و ئەخلاقی و ڕۆحی. وە بەوپێیەی كە پاڵنەر و غەریزە سروشتیەكان لەكاتی ڕۆچوون تێیادا دەبن بە مەترسیەكی گەوره و بەزۆری ئەخلاق و ڕۆحانیەتی مرۆڤ تێكدەدەن و دەیشێوێنن، بۆیە لە كتێبی خوای پیرۆزدا گوزارشتی لێ كراوە بە: دەرونی بەدخواز.
كارلێكی نێوان جەستە و ڕۆح
ئەگەر كەسێك پرسیار بكات: فێركارییەكانی قورئانی پیرۆز كامەیە بۆ چاككردنی دۆخە سروشتییەكانی مرۆڤ؟ لەم بارەوە چۆن ڕێنموونی مرۆڤ دەكات، وە تا چ ڕادەیەك ڕێگەی پێ دەدات بەگوێرەی داخوازییەكانی دۆخی سروشتی كاربكات؟
وەڵام- بەگوێرەی ڕێنموونی قورئان- كۆمەڵە پەیوەندییەكی پتەوی هەیە لەنێوان دۆخە سروشتی و ئەخلاقی و ڕۆحییەكاندا، تەنانەت شێوازی مرۆڤ لە خواردن و خواردنەوەیشدا كاریگەری هەیە لەسەر دۆخە ئەخلاقی و ڕۆحیەكانی. ئەگەر مرۆڤ بارودۆخە سروشتیەكانی بەگوێرەی داخوازیەكانی شەریعەت كۆنترۆڵ بكات؛ ئەوا هەموو بارودۆخە سروشتییەكانی دەگۆڕێن بۆ بارودۆخی ئەخلاقی وەك چۆن شتەكان لەناو خوێدا دەگۆڕین بۆ خوێ، وە كاریگەریەكی قوڵیش دەكەن لە لایەنە ڕۆحیەكەی. لە پێناوی ئەمەدا قورئانی پیرۆز زۆر گرنگی داوە بە چاودێریكردنی پاكوخاوێنی فیزیكی و ئادابە ڕواڵەتیەكان و جووڵە جەستەییەكان لە هەموو خواپەرستی و فەرزەكاندا كە مەبەست لێیان ملكەچكردنی دەروون و خاوێنبوونەوە ناخە.
ئەگەر وردبینەوە ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە فەلسەفەی ئەوپەڕی ڕاست و دروست ئەوەیە بارودۆخە فیزیكیەكان كاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر ڕۆح([1]).. بێگومان ئێمە دەبینین كردەوە سروشتیەكانمان، ئەگەرچی كۆمەڵێك كردەوەی فیزیكین، بەڵام بەدڵنیاییەوە شوێنەواری هەستپێكراو دادەنێن له سەر دۆخە دەروونی و ڕۆحییەكانمان. بۆ نموونە چاو ئەگەر دەستبكات بە گریان، ئەگەرچی بە ساختەیش بێت.. ئەوا بەدڵنیاییەوە لەو فرمیسكانەوە ئێش و ژانێك جۆگەدەبەستێت بۆ دڵ، دڵیش ملكەچی دەبێت و خەمبار دەبێت. هەروەها ئەگەر دەستمان كرد بە پێكەنین- ئەگەرچی بە زۆرلەخۆكردنیش بێت- ئەوا دڵ هەست بە خۆشحاڵی و كرانەوە دەكات. بەهەمان شێوە سوژدەی فیزیكی حاڵەتی ملكەچی و خشوع دروست دەكات لە دەروونی كەسی سوژدەبەردا. هەروەك دەبینین بە پێچەوانەوە ئەگەر مرۆڤ بەڕێدا بڕوات و ملی بەرز بكاتەوە و سنگی دەرپەڕێنێت، ئەوا ئەم ڕێگەڕۆشتنەی خۆبەزلزانین و لووتبەرزی تێدا دروست دەكات. وە لەم نموونانەوە بەتەواوەتی دەردەكەوێت كه بێگومان بارودۆخە فیزیكیەكان كاریگەریان هەیە لەسەر بارودۆخە ڕۆحیەكان.
كاریگەری خۆراك لەسەر ڕەفتاری مرۆڤ
هەروەھا ئەزموونەكان سەلماندوویانە بۆمان كە خۆراكە جۆراوجۆرەكانیش بەبێ گومان كاریگەرییان هەیه لەسەر فرمانە هزری و هێزە دەروونیەكان. بۆ نموونە سەیری ئەو كەسان بكەن كە هەرگیز گۆشت ناخۆن.. چۆن هێزی ئازایەتی تێیاندا وردە وردە بەرەو فەوتان دەچێت تەنانەت دەبن بە كەسانێكی زۆر ترسنۆك، بەم شێوە هێزێكی ستایشكراو ون دەكەن كە یەكێكە لە بەهرەكانی خوای میھرەبان! وە لەسەر ئەمە بەڵگەیەكی ترمان دەستدەكەوێت لە سوننەتی ڕەوانی خوایی لەو ئاژەڵانەدا كە لەسەر گژوگیا دەلەوەڕێن، لەناو ئەم جۆرە ئاژەڵانەدا ئاژەڵێك نیە كە وەكو ئاژەڵی گۆشتخۆر ئازایەتی تێدا بێت. ئەمە لەناو باڵندەكانیشدا دەبینرێت. كەواتە گومانی تێدا نیە كە خۆراك كاریگەریەكی گەورەی هەیە لەسەر ئەخلاق.
بەڵێ.. ئەوانەی شەو ڕۆژ گۆشت دەخۆن، وە بەكەمی نەبێت خۆراكی گیایی ناخۆن، ڕەوشتی هێمنی و خۆبەكەمزانین تێیاندا بەرەو كزی دەچێت. بەڵام ئەوانەی كە ڕێگەیەكی مامناوەندی دەگرنەبەر لەنێوان ئەم دوو رێگەیەدا هەردوو ڕەوشتەكە بەدەست دەھێنن. لەبەر هەمان ئەم حیكمەتە خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات و دەفەرموێت: {وَكُلُوا وَاشْرَبُوا وَلَا تُسْرِفُوا} (الأعراف: 32).. واتە گۆشت و خۆراكەكانی تریش بخۆن، وە زیادەڕەوی مەكەن لەو شتەی كە دەیخۆن، بۆ ئەوەی بەهۆی ئەم زیادەڕەویەوە ڕەوشتتان زیانی پێ نەگات، وە تەندروستیشتان تێكنەچێت.
هەروەك كردەوە فیزیكیەكان كاریگەرییان هەیە لەسەر ڕۆح، بەهەمان شێوه هەندێ جار ڕۆحیش كاریگەری خۆی لەسەر جەستە دادەنێت. ئەوەی تووشی خەفەت بێت چاوی پڕ دەبێت لە فرمێسك، وە ئەوەی هەست بە خۆشحاڵی بكات زەردەخەنە دەكەوێتە سەر لێوی. بێگومان هەموو كردەوه سروشتییە پێویستەكانمان -وەك خواردن و خواردنەوە و خەوتن و بێداری و جووڵە و دانیشتن و خۆشۆردن هتد- كاریگەرییان هەیە لەسەر حاڵەتە ڕۆحیەكانمان. لە نێوان دروستبوونی فیزیكی و پێكھاتەی ناخماندا پەیوەندیەكی پتەو هەیە، ئەوەتا كوتوپڕ بیروهۆش نامێنێت كاتێك ناوەندەكەی لە مێشكدا تووشی پێكانێك دەبێت، ڕەنگە مرۆڤ بەتەواوەتی ئاگایی و هەست لەدەست بدات ئەگەر ناوەندی ئاگایی لە مێشكدا تووشی پێكانێك بێت. هەروەها دەبینن كە كزەبایەكی پیس و ژەهراوی بەخێرایی كار لە جەستە دەكات، وە لەوێوە دەگوێزرێتەوە بۆ مێشك، ئەوەندە ناخایەنێت سیستەمی دەروونی تێكدەدات كە هەموو پاڵنەرە ئەخلاقیەكانی پێوە بەندە، هەتا مرۆڤ وەكو شێتی لێ دێت و ئەوەندە ناخایەنێت لەماوەی چەند خولەكێكدا سنور دەبەزێنێت.
دروستبوونی ڕۆح لە جەستەوه
پێكانە فیزیكییەكان دیمەنێكی سەیرمان پیشان دەدەن كە دەیسەلمێنێت پەیوەندیەك هەیە لەنێوان ڕۆح و جەستەدا كە لەتوانانی مرۆڤدا نیە نھێنیە شاراوەكەی ئاشكرا بكات. لەمە سەیرتر ئەوەیە كە ئەگەر سەرنج بدەین ئەوا دەبینین جەستە وەكو دایك وایە بۆ ڕۆح. هەرگیز ڕۆحەكان لە ئاسمانەوە دانابەزن بۆ ناو ڕەحمی ئافرەتە دووگیانەكان([1]) بەڵكو نوورێكی شاراوەیە لە خودی تۆواودا، وردە وردە لەگەڵ گەشەی كۆرپەلەدا دەدرەوشێتەوە.
وتەی خوای بەخشندە پێمان ڕادەگەیەنێت كە ڕۆح لە هەمان ئەو جەستەوە پەیدا دەبێت كە لە تۆواوی ناو مناڵانەوە دروست دەبێت، هەروەك خوا (سبحانه وتعالی) لە كتێبە پیرۆزەكەیدا دەفەرموێت.. كە باسی دروستبوونی مرۆڤ دەكات لە تنۆكێك ئاو پاشان دەبێت پارچەیەك خوێنێكی هەڵواسراو: {ثُمَّ أَنْشَأْنَاهُ خَلْقًا آخَرَ فَتَبَارَكَ اللَّهُ أَحْسَنُ الْخَالِقِينَ} (المؤمنون: 15).. واتە ئێمە لەو جەستەیەوە كە لە مناڵاندا دروست دەبێت دروستكراوێكی تر پەیدا دەكەین، وە ئەم دروستكراوە نوێیە پێی دەوترێت ڕۆح. وە خوا خاوەنی بەرەكەتی زۆرە و جوانترین دروستكار و بەدیھێنەر هەر خۆیەتی.
ئەو فەرمایشتەی خوای گەورە لێرەدا كە دەفەرموێت ئێمە لەهەمان لاشەوە دروستكراوێكی تر پەیدا دەكەین، ڕازێكی قووڵە و حەقیقەتی ڕۆحمان بۆ ئاشكرا دەكات، وە ئەو پەیوەندیە بەتینە دەردەخات كە دەیبەستێتەوە بە جەستەوە. ئەگەر تێگەشتین لەو پەیوەندیە ئەو پەی دەبەین بەوەش كە چۆن حیكمەتی خوایی كاری خۆی دەكات لە هەموو كردەوە و جووڵە و قسە سروشتیەكانی مرۆڤدا، وە چۆن ئەو كردەوانەی كە تەنھا لەبەر خاتری خوای گەورە ئەنجام دەدرێن لەسەرەتاوە لە ناوەوەیاندا ڕۆحێك حەشار دەدرێت وەك چۆن لەسەرەتاوە لە تۆودا ڕۆح حەشار دەدرێت، وە بە ئەندازەی گەشەی هەیكەلی كردەوەكان و درەوشانەوەیان ئەم ڕۆحەیش زیاتر شەوقدەداتەوە، هەتا ئەگەر هەیكەلی كردەوەكە تەواو بوو ئەوا لە پردا ڕۆحەكە بە درەوشانەوەی تەواوەتی خۆی لەناویدا شەوقدەداتەوە، وە وەكو بوونێكی ڕۆحی سەربەخۆ خۆی جێگیر دەكات، لەم قۆناغەدا لە جەستەی كردەوەكاندا جووڵەی ژیانی هەستپێكراو دەست پێ دەكات. هەركە جەستەی كردەوەكان كامڵ بوون، لەپڕدا، لە ناوەوەیاندا شتێك دەردەپەرێت وەك بروسكە بە ئاشكرا دەبریسكێتەوە. ئەمە ئەو قۆناغەیە كە خوای گەورە، بەشێوەی نواندن، وەسفی كردووە لە كتێبەكەی خۆیدا و دەفەرموێت: {فَإِذَا سَوَّيْتُهُ وَنَفَخْتُ فِيهِ مِنْ رُوحِي فَقَعُوا لَهُ سَاجِدِينَ} (الحجر: 30)
واتە ئەگەر هەیكەلەكەیم تەواو كرد، وە هەموو دیمەنەكانی درەوشانەوەم لە جێگاكانی خۆیاندا دانا، وە لەڕۆحی خۆم فووم پێدا كرد، پێویستە لەسەر هەمووتان بەڕوودا بكەونە سەرزەوی و سوژدەی بۆ ببەن. كەواتە ئایەتەكە ئاماژە دەكات بۆ هەمان مانا.. واتە هەركاتێك هەیكەلی كردەوەكان تەواو بوون، ئەو ڕۆحە تێیاندا دەدڕەوشێتەوە كە خوا داویەتەپاڵ خۆی. وە بەو پێیەی ئەم هەیكەلە بەتەواوەتی دروست نابێت مەگەر ئەوكاتەی نەمانی تەواوەتی بێت بەسەر ژیانی ماددی مرۆڤدا، لەبەرئەوە بە یەكجار ئەو ڕووناكیە خواییە تێیدا دەدرەوشێتەوە كە پێشتر كز بوو.. لەو كاتەدا پێویستە لەسەر هەموو ئەو كەسانەی ئەم درەوشانەوە مەزنە خواییه دەبینن سوژدە ببەن بۆخوا و بەرەوڕووی بچن. بەم شێوەی لە كاتی بینینی ئەم ڕووناكیە پیرۆزەدا هەموو كەس سوژدە دەبات.. وە بەسروشتی خۆیان كێش دەكرێن بۆلای.. تەنھا ئیبلیسی نەفرەتلێكراو نەبێت كە تاریكی خۆش دەوێت.
*لێرەدا باسكردنی خاڵێك بێ سوود نیە، ئەویش ئەوەیە كە ئەو كۆرپەلەیەی لە مناڵداندا دروست دەبێت دەست دەكات بە جووڵه و چالاكی پاش چوار مانگ و دە ڕۆژ. وە ئەم ماوەیە نزیكە لە نیوەی ئەو ماوەیەی كه تێیدا كۆرپەلە لە مناڵداندا دەمێنێتەوە. بۆیە هەروەك چۆن كۆرپەلە ئاسەوارەكانی ژیانی پیشان دەدات لە مانگی چوارەمدا و لە شێوازی ڕووەكییەوە گەشەدەكات بۆ شێوازی گیانلەبەری، ئەوا هەمان یاسای سروشت پیادە دەبێت بەسەر لەدایكبوونی ڕۆحیدا، واتە هەروەك چۆن كۆرپەلە نیشانەكانی ژیان پیشان دەدات و پاش ئەوە نموونەیەكی كامڵ پیشان دەدات بۆ ژیان پاش بەسەربردنی نیوەی ئەو ماوەیەی بۆی دیاریكراوە لەمناڵداندا، بەهەمان شێوە هەمان حاڵەت بڕیاردراوە بۆ ژیانی ڕۆحی. بێگومان ناوەندی تەمەنی مرۆڤ كە خاڵیە لە خەوشەكانی تێكچوونی هەستەكان بە هەشتا ساڵ دەخەمڵێنرێت لە زۆربەی بارودۆخەكاندا. وە نیوەی هەشتا چلە كە تا ڕادەیەكی زۆر لە وشەی چوار دەچێت، واتە كاتی كۆتایی هاتنی چوارمانگی یەكەم ڕۆحی ژیان دەكرێت بەبەری كۆرپەلەدا.
لەبەرئەوەی ئەزموونی ڕاست و دروست ئەوەمان پێ دەڵێت كە كاتێك مرۆڤ نیوەی ژیانە ساغ و دروستەكەی بەسەر دەبات، واتە ماوەی چل ساڵ بەسەردەبات كە هاوشێوەی ئەو چوارمانگەی یەكەمە كە دەمێنێتەوە لە مناڵداندا یان دەگاتە سەرەتای چل ساڵ ئا لەو كاتەدا ڕۆحی ڕاستگۆیی- ئەگەر بوونی هەبێت لە سروشتیدا- ئاسەوارەكانی خۆی دەردەخات بە شێوەیەكی زەق و چالاك دەبێت.
شاراوە نیە لە هیچ كەسێك كە ماوەی تاریكی بەردەوام باڵی كێشاوە بەسەر مرۆڤدا لە زۆربەی بارودۆخەكاندا پێش ئەوەی بگاتە چل ساڵی، بەجۆرێك حەوت هەشت ساڵ تێدەپەڕێت لە تەمەنی مناڵی، پاشان تا 25 یا 26 ساڵی بەردەوام سەرقاڵ دەبێت بە بەدەستهێنانی زانست یان تەمەنی خەرج دەكات لە گاڵتە و گەپدا، وە پاش ئەم ماوەیە تەماعی جۆراوجۆری دنیایی زاڵ دەبێت بەسەریدا بەهۆی هاوسەرگیریی و ماڵ و مناڵیەوە یان بەهۆی حەزە سروشتییەكانیەوە، ئینجا لە دڵیدا جۆرەها هیوا و تەماع بۆ ماڵ و سامان و شكۆی دنیایی دروست دەبێت بەمەش بیرۆكەكانی دەگاتە سنوری زیادەڕەوی لە پێناوی خۆشییەكانی دنیادا بەڕادەیەك تەماعە دنیاییەكان تا ئاستێك لەگەڵیدا دەبن تەنانەت ئەگەر ڕووبكاتە خوای گەورەیش. ئەگەر لەم بارودۆخەدا جاروبار نزا بكات ئەوا زۆربەی كات نزاكەی لەپێناوی شتە دنیاییەكاندا دەبێت؛ وە ئەگەر بگری ئەوا هەندێ لە مەبەستە دنیاییەكانیش تێكەڵی پاڵنەرەكانی گریانەكەی دەبن. وە باوەڕی بەڕۆژی زیندووبوونەوە زۆر لاواز دەبێت. وە ئەگەر باوەڕی هەبێت بە ڕۆژی زیندووبوونەوە ئەوا ئەو هەستە دێتە ناخیەوە كە ماوەیەكی درێژ لەبەردەمیدا هەیە پێش مردن. لافاوی هەواو ئارەزووە دەروونییەكان ژیانی تووشی مەترسییەكی گەورە دەكات وەك ڕووخانی بەربەستی ڕووبارێك كە كێڵگەو زەوی دەوروبەری خۆی رادەماڵێت، دەی لەم حاڵەتەدا لەكوێ پەی دەبات بەو بابەتە وردانەی كە پەیوەستن بە ڕۆژی دواییەوە؟ بگرە گاڵتە دەكات بە كاروبارە ئایینییەكان و لۆژیكی وشك و فەلسەفەی چەپەڵ و قێزەونی خۆی دەخاتە سەروویانەوە. بەڵام ئەگەر سروشتی ساغ و دروست بێت ئەوا باوەڕدەهێنێت بە خوای گەورە، بەڵام نەك بە دڵسۆزی و ڕاستگۆیی، بەڵكو ئەم باوەرەی مەرجدار دەكات بە هاتنەدی نیاز و مەبەستەكانی، جا ئەگەر مەبەستەكانی هاتنەدی ئەوا دەبێت بە بەندەی خوا ئەگینا دەبێت بە بەندەی شەیتان.
بەكورتی، لەماوەی گەنجێتیدا بە دۆخێكی زۆر ترسناكدا تێپەڕدەبێت، ئەگەر خوا بەدەستی ڕەحمەتی خۆی نەیگرێت ئەوا بەدڵنیاییەوە دەكەوێتە ناو چاڵێكی ئاگرەوە. لەڕاستیدا لەم ماوەیەی تەمەندا بەردی بناغەی هەموو خراپەیەك دادەنرێت. وە لە هەمان ئەم ماوەیەدا مرۆڤ خۆی دووچاری زۆربەی زۆری نەخۆشییە جەستەییەكان و دەردە شەرم هاوەرەكان دەكات، وە جاروبار- لە ئەنجامی هەڵەكانیەوە لەم تەمەنە پێنەگەشتووەدا- ڕوو وەردەگێڕێت لە پەرستراوی ڕاستەقینە كە گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.
بەكورتی، لەم ماوەیەدا زۆر بەكەمی لە خوا دەترسێت، دروون زاڵدەبێت بەسەریدا و هەوڵدەدات حەزەكان تێربكات، وە نایەوێت گوێ لە ئامۆژكاری كەس بگرێت، بۆیە بەدرێژایی ژیانی باجی ئەو هەڵانە دەدات كە لەو ماوەیەدا ئەنجامی داون. پاشان كاتێك دەگاتە چڵ ساڵی هەڵچوونی گەنجێتی وردە وردە دەست دەكات بە هێوربوونەوە، ئینجا پەشیمان دەبێت لە زۆربەی هەڵەكانی كە پێشتر كەسە دڵسۆزەكانی هۆشدارییان پێ دابوو لەبارەیانەوە، وە هەڵچوونەكانی دەروونی لەخۆوە دادەمركێنەوە، چونكە قۆناغی ئاوابوونی تەمەن لە ڕووی هێزە جەستەییەكانەوە دەست پێ كردووە، ئێستا ئیتر لەكوێ خوێنی شۆرش و یاخیبوون دروست دەبێت وەك چۆن پێشتر دروست دەبوو، وە ئەو گوڕوتینەی لە ئەندامەكاندا هەبوو نامێنێت، وە چوست و چالاكی گەنجێتی ناگەڕێتەوە وەكو پێشوو چۆن بووە، بەڵكو سەردەمی ناتەواوی و داڕووخان بەخێرایی نزیك دەبێتەوە. وە مرۆڤ لەم جۆرە تەمەنەدا مردنی ئەو كەسانە دەبینێت كه چەند ساڵێك لەخۆی گەورەترن، بەڵكو جاروبار مردنی مناڵەكانیش بە گوێرەی قەزا و قەدەر پشت دەشكێنێت؛ وە بەزۆری لەم ماوەیەی تەمەندا باوك و دایكیش لێی جیادەبنەوە و دەچنە ڕیزی مردووەكانەوە، هەروەك كۆمەڵێك نموونەی تری بۆ دەردەكەوێت كە مانای كاتیبوون و نەمانەوەی ئەم دنیایە دەگەیەنن، وەك ئەوەی خوای گەورە ئاوێنەیەك لەبەرامبەریدا دابنێت و پێی بفەرموێت ئەمەیە حەقیقەتی ئەم دنیا فانیە، ئەمەیە سەرەنجامی ئەم ژیانە كە لەداخ و پەژارەدا نەفسی خۆت لەناودەبەیت بۆی. كاتێك مرۆڤ دەڕوانێت بۆ هەڵەكانی ڕابردووی بەچاوی حەسرەتەوە و گۆڕانێكی ڕیشەیی مەزن ڕوودەدات لە ژیانیدا ئەوا جیهانێكی نوێی بۆ دەردەكەوێت بەمەرجێك سروشتی ساغ بێت و یەكێك بێت لەو كەسانەی بەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ…} بانگ كراون.
وە دەربارەی هەمان ئەم بابەتە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَوَصَّيْنَا الْإِنْسَانَ بِوَالِدَيْهِ إِحْسَانًا حَمَلَتْهُ أُمُّهُ كُرْهًا وَوَضَعَتْهُ كُرْهًا وَحَمْلُهُ وَفِصَالُهُ ثَلَاثُونَ شَهْرًا حَتَّى إِذَا بَلَغَ أَشُدَّهُ وَبَلَغَ أَرْبَعِينَ سَنَةً قَالَ رَبِّ أَوْزِعْنِي أَنْ أَشْكُرَ نِعْمَتَكَ الَّتِي أَنْعَمْتَ عَلَيَّ وَعَلَى وَالِدَيَّ وَأَنْ أَعْمَلَ صَالِحًا تَرْضَاهُ وَأَصْلِحْ لِي فِي ذُرِّيَّتِي إِنِّي تُبْتُ إِلَيْكَ وَإِنِّي مِنَ الْمُسْلِمِينَ} (الأحقاف: 16)، واتە مرۆڤمان ڕاسپارد كە چاك بە بۆ دایك و باوكت، وە ئەو ناڕەحەتییانە لەبەرچاو بگرە كە دایك لە پێناوی تۆدا بەرگەی گرتووە، بەجۆرێك ماوەیەك بەهۆی ئەوەی سكی پڕ بووە بەتۆ كۆمەڵێك سەختی و ناڕەحەتی چەشتووە، پاشان بە ئازارەوە تۆی بووە، ماوەی سی مانگ هەموو ئەم موسیبەت و ناڕەحەتییانەی چەشتووە بەهۆی ئەوەی كە سكی پڕ بووە بەتۆ و شیری پێ داویت. پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: كاتێك مرۆڤ دەگاتە چل ساڵی و بڕەی هێزی بیری ڕاسپاردەكانی خوای گەورەی دەكەوێتەوە و دەڵێت: پەروەردگار یارمەتیم بدە بۆ ئەوەی سوپاسگوزاربم لەسەر ئەو نیعمەتانەی كە بەخشیوتە بە خۆم و دایك و باوكم. خوایە وام لێبكە هەستم بە ئەنجامدانی كۆمەڵێك كردەوە كە بەهۆیانەوە تۆ لێم ڕازی بیت، وە مناڵ و وەچەكانیشم چاك بكە.. واته: ئەگەر من كەمتەرخەمیم نواندووە دەرحەق بە باوك و دایكم ئەوا هیوادارم مناڵەكانم كەمتەرخەمی نەنوێنن دەرحەق بەمن، وە ئەگەر من لە ژیانمدا هەڵەشە بووم ئەوا ئەوان وەكو من هەڵەشە نەبن. پەروەردگار من بۆلای تۆ گەڕامەوە و بووم بەیەكێك لەوانەی كە خۆیان ڕادەستی تۆ كردووە.
خوای گەورە لەم ئایەتەدا ڕوونی كردووەتەوە كە تەمەنی چل ساڵی تەمەنێكی پیرۆز دەبێت بۆ بەندە چاكەكانی. جا ئەو كەسەی ڕۆحی ڕاستگۆیی تێدا بووە ئەوا بەدڵنیاییەوە لە تەمەنی چل ساڵیدا چوست و چالاك دەبێت. دیارە زۆربەی زۆری پێغەمبەرانی خوای گەورە لەسەرەتای چل ساڵی تەمەنیانەوە نێردراون، وە گەورە و سەروەرمان موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) ئەویش لە تەمەنی چل ساڵیدا ڕەوانە كرا بۆ چاككردنی دروستكراوانی خوا.*
ڕۆح دروستكراوە
ئێستاش دەگەڕێینەوە بۆ ئەو بابەتەی كە لەبارەیەوە دەدواین و دەڵێین: ئەو ڕاستیەی كە بەڕەهایی هیچ گومانێكی تێدا نیە ئەوەیە كە ڕۆح نورێكی وردیلەیە لەو كۆرپەلەیەوە پەیدا دەبێت كە لەناو مناڵداندا دروست دەبێت. وە مەبەست لە پەیدابوونی ڕۆح لە جەستەوە بریتیە لە دەركەوتنی پاش دیارنەبوون.. وە لەسەرەتاوە هەوێنەكەی شاراوەبووە لە تۆودا. بەبێ گومان، بە فەرمان و ئیزن و ویستی پەروەردگاری ئاسمان.. پەیوەندییەكی نهێنی پەیوەستی دەكات بە تۆوەوە. بریتیە لە كرۆكی نورانی تۆو. ناتوانین بڵێین بەشێكە لە تۆو وەك چۆن ئەندام بەشێكە لە جەستە، هەروەها ناشتوانین بڵێین لە دەرەوه دێتەناو تۆوەوە، یان لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و تێكەڵاوی ماددەی تۆو دەبێت، بەڵكو لە تۆودا شاراوەیە وەك چۆن ئاگر لە بەردەچەخماخدا شاردراوەتەوە.
كتێبی خوا نافەرموێت ڕۆح بە جیا لە ئاسمانەوە دادەبەزێت، یان لە بۆشاییەوە دێتە خوارەوە بۆسەر زەوی.. پاشان بەڕێكەوت تێكەڵاوی تۆو دەبێت و لە گەڵیدا دزە دەكاتە ناو مناڵدانەوە. ئەم بانگەشەیە هەرگیز ڕاست نیە، ئەگەر باوەڕمان وا بێت ئەوا یاسای فیترەت بەدرۆمان دەخاتەوە.
بێگومان ئێمە ڕۆژانە هەزارەها كرم و زیندەوەر دەبینین كە لە خواردنی بۆگەن و زامی پیسەوە پەیدا دەبن، وە سەدەھا ڕشك و ئەسپێ لە جلی چڵكنەوە پەیدا دەبێت، وە جۆرەها كرم لە لەناو سكیشدا پەیدا دەبێت.. دەی ئایا دەكرێت بڵێن ڕۆحەكانیان لە دەرەوە دێن؟ یان كەسێك بینیویەتی لە ئاسمانەوە بێنەخوارەوە؟ نەخێر، بەڵكو لەڕاستیدا ڕۆح لەخودی جەستەكەوە پەیدا دەبێت، وە خودی ئەم پەیدابوونە بەڵگەیەكی گومانبرە لەسەر ئەوەی كە یەكێكە لە دروستكراوان.
لەدایكبوونی دووەمی ڕۆح
لەم شیكردنەوەیە مەبەستمان ئەوەیە خالقی بەتوانا كە لەڕێگەی توانای تەواوەتی خۆیەوە ڕۆح لەخودی جەستەكەوە بەدی دەھێنێت.. وادەردەكەوێ كە دەیەوێت هەستێت بە بەدیھێنانی دووەمی ڕۆح دیسان لەڕێگەی جەستەوە. بێگومان جووڵەكانی ڕۆح بەندن بە جووڵەكانی جەستەوە، وە جەستەمان بۆ هەرلایەك برد بەدڵنیاییەوە ڕۆحیش ئۆتۆماتیكی بەشوێنیدا بەرەو ئەولایە دەڕوات. لەبەرئەوە ئەركی كتێبی خوای گەورەیە كە گرنگی بدات بە چارەسەركردنی دۆخە سروشتییەكانی مرۆڤ، لەپێناوی ئەمەدا قورئانی پیرۆز بەتایبەتی گرنگی داوە بە ئیسڵاحكردنی هەلومەرجە سروشتییەكانی مرۆڤ، وە فەرمانی پێكردووە كە ڕەچاوی كۆمەڵێك مەرج و ئادابی دیاریكراو بكات سەبارەت بە پێكەنین و گریان، خواردن و خواردنەوە، پۆشین و خەوتن، هاوسەرگیری و زگورتی، بێدەنگی و قسەكردن، وەستان و ڕۆشتن، پاكوخاوێنی ڕواڵەتی لەوانە خۆشۆردن و هیتریش، نەخۆشی و تەندروستی.. هتد، وای دادەنێت كە ئەم حاڵەتە سروشتییەكانە كاریگەرییەكی گەورەیان هەیە لەسەر حاڵەتە ڕۆحیەكانی مرۆڤ. ئەگەر ئەم خاڵانە بە تێروتەسەلی باس بكەم ئەوا پێموانیە كاتێ پێویستمان دەست بكەوێت بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە فراوان و بەرینە.
بڵندبوونەوەی قۆناغ بەقۆناغی مرۆڤ
كاتێك سەرنجمدا لە وتەی پیرۆزی خوا، وە بینیم چۆن خوای گەورە بنەماكانی چاكسازی دۆخە سروشتییەكانی فێری مرۆڤ كردووە، بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ بڵندی بكاتەوە بۆ پلە هەرەبەرزەكان هەتا دەگاتە كۆتا قۆناغی بڵندبوونەوەی ڕۆحی.. بۆم دەركەوت كە ئەم بنەما پڕ لە حیكمەتانە لەوەدا پوخت دەبنەوە كە خوای گەورە ویستوویەتی سەرەتا مرۆڤ فێری ئادابە كۆمەڵایەتیەكانی وەك هەستان و دانیشتن و خواردن و خواردنەوە و ئاخاوتن و هتد بكات، بۆ ئەوەی لە دۆخە دڕەندەییەكان دەری بكات، وە بەتەواوەتی جیای بكاتەوە له ئاژەڵ، وە بیگەیەنێتە یەكەم دۆخی ئەخلاقی كە پێی دەوترێت تەمێبوون و دەرس وەرگرتن. پاشان خوای گەورە ویستوویەتی توند و تیژی خووە سروشتیەكانی مرۆڤ- كە دەكرێت ناویان بنێن خوورەوشته نزمەكان- كەم بكاتەوە و ڕێكوپێكیان بكات بەجۆرێك بیانگۆڕیت بە ڕەوشتی باش و بەرز. بەڵام لەڕاستیدا ئەم دوو ڕێگایە یەك شتن چونكە هەردووكیان ئامانجیان چاككردنی دۆخە سروشتییەكانە، وە هیچ جیاوازیەك نیە لە نێوانیاندا مەگەر جیاوازی لە پلەدا، بێگومان ئەو زاتە كە دانای ڕەهایە(سبحانه و تعالی) بەجۆرێك سیستەمی ئەخلاقی داناوە كە مرۆڤ دەتوانێت بڵند بێتەوە لە نزمترین ڕەوشتەوە بۆ بەرزترین.
حەقیقەتی ئیسلام
پاشان پلەی سێیەم كە خوای گەورە دایناوە بۆ پێشكەوتنی مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێتی كەسێكی ڕۆحی ئەوەیە كە فەنا بێت لە خۆشەویستی و ڕەزامەندی خالقەكەیدا و بەتەواوی بوونیەوە خۆی تەرخان بكات بۆ خوای گەورە بەتەنھا. وەك بیرھێنانەوەیەك بۆ ئەم پلەیە خوای گەورە ئایینی موسوڵمانەكانی ناوناوە ئیسلام.. چونكە ئیسلام مانای ئەوەیە كە مرۆڤ تەواوی قەوارە و بوونی خۆی ڕادەستی خوا بكات، وە هیچ بوارێك بۆ زاتی خۆی نەھێڵێتەوە، وەك خوا (جل جلاله) دەفەرموێت: {بَلَى مَنْ أَسْلَمَ وَجْهَهُ لِلَّهِ وَهُوَ مُحْسِنٌ فَلَهُ أَجْرُهُ عِنْدَ رَبِّهِ وَلَا خَوْفٌ عَلَيْهِمْ وَلَا هُمْ يَحْزَنُونَ} (البقرة: 113).
واتە ڕزگاربوو ئەو مرۆڤەیە كە لە پێناوی خوای گەورەدا خۆی بەخت دەكات، وە ڕاستگۆیی خۆی تەنھا بە نیاز ناسەلمێنێت بەڵكو بە كردەوەی چاكیش دەیسەلمێنێت. ئەوكەسەی ئەم كارە بكات لای خوا پاداشت بەدەست دەھێنێت، وە لەو كەسانە دەبێت كە لە هیچ شتێك ناترسن و خەفەتیش ناخۆن..
خوای گەورە دەفەرموێت: {قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ (*) لَا شَرِيكَ لَهُ وَبِذَلِكَ أُمِرْتُ وَأَنَا أَوَّلُ الْمُسْلِمِينَ} (الأنعام: 163-164)، وە دەفەرموێت: {وَأَنَّ هَذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَنْ سَبِيلِهِ} (الأنعام: 154)، وە دەفەرموێت: {قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ} (آل عمران: 32)
واتە بڵێ نوێژ و قوربانیەكانم، وە ژیان و مردنم، هەمووی بۆ خوایە كە پەروەرێنیەكەی هەموو بونەوەران دەگرێتەوە. هیچ هاوەڵێكی نیە نە لە مرۆڤ و نە لە غەیری مرۆڤ هەرجۆرێك بێت. ئەمە ئەو فەرمانەیە كە پێیكردووم، وە من یەكەمین و باشترین كەسێكم كە چەمكی ئیسلامی پراكتیك كردووە.. وە خۆی كردووە بە قوربانی لە پێناوی خوادا. ئەمەیە ڕێبازی من. دەی ئێوەش شوێن ئەم ڕێبازەی من بكەون و شوێن ڕێچكەكانی تر مەكەون؛ چونكە لەڕێگای ڕاست لاتان دەدەن و دوورتان دەخەنەوە لە خوا. پێیان بڵێ: ئەگەر ئێوە خواتان خۆش دەوێت دەی وەرن و شوێن من بكەون و پەیڕەوی ڕێبازەكەی من بكەن خوایش ئێوەی خۆش دەوێت و لێتان خۆش دەبێت، ئەو زاتێكە لێخۆش بوونەكەی زۆرە و ڕەحمەتەكەی فراوانه.
جیاوازی لەنێوان دۆخە سروشتییەكان و دۆخە ئەخلاقییەكاندا
ئێستایش با بێینەسەر ڕوونكردنەوەی هەر سێ دۆخە باسكراوەكە بەجیا، بەڵام پێویستە سەرەتا ئەوە یادبخەمەوە دۆخە سروشتییەكان كە سەرچاوەكەی دەروونی بەدخوازە (نفس الأمارة) جیا نیە لە دۆخە ئەخلاقییەكان، بەگوێرەی ئەو ئاماژانەی كە لە وتەی پیرۆزی خوای گەورەدا هاتووە.. كە هەموو بەهرە سروشتی و هەواو ئارەزووە جەستەییەكانی لە چوارچێوەی دۆخە سروشتیەكاندا داناوە، وە خودی ئەم دۆخە سروشتیانە دەگۆڕێن بۆ ئەخلاقی باش ئەوكاتەی بە ئیرادەی خاوەنەكەی.. بەشێوەیەكی ڕێكوپێك لە شوێنی خۆیاندا بەكاربهێنرێن، هەروەها دۆخە ئەخلاقییەكان جیاواز نین لە دۆخە ڕۆحییەكان، بەڵكو خودی دۆخە ئەخلاقییەكان ڕەنگی ڕۆحانیەت دەگرن بەهۆی فەنابوونی تەواوەتی لە خوای گەورەدا، وە بۆخواسوڵحان و خاوێنبوونەوەی تەواوەتی لە پێناویدا، وە دابڕانی تەواوەتی و خۆشەویستی تایبەتی بۆی، وە ویساڵ و ئارامی و ئۆقرەیی و تەبایی تەواوەتی لەگەڵیدا.
بێگومان تایبەتمەندی و دۆخە سروشتیەكان مرۆڤ شایستەی پیاهەڵدان و ستایش ناكەن ئەگەر نەبن بە ئەخلاق.. چونكە ئاژەڵیش خاڵی نیە لەم تایبەتمەندیانە و تەنانەت بێگیانەكانیش. هەروەك بەدەستھێنانی ئەخلاقی باشیش بەتەنھا ژیانی ڕۆحانی نابەخشێت بە مرۆڤ، چونكە دەكرێت كەسی بێ باوەڕیش بەخوای گەورە ئەخلاقە باشەكانی هەبێت. بێگومان هێمنی و دڵنەرمی و ئاشتیخوازی و دووربوون لە شەڕ و خراپە، وە دووركەوتنەوە لە ڕوبەڕوبوونەوەی كەسی شەڕانگێز.. هەموو ئەم تایبەتمەندی و دۆخە سروشتیانە دەكرێت كەسێكی ناساڵحیش هەیبن كە هیچ زانیاریەك و هیچ بەشێكی نیە لە چاوگەی ڕزگاربوونی راستەقینە. چەندین ئاژەڵ هەیە كە زۆر بە ئاشتی و هێمنی لەگەڵ مرۆڤدا هەڵدەكەن لەڕێگەی ڕاهێنان و ڕامبوون و هۆگریەوە، ئاژەڵی وەها دەبینین بەجۆرێك دەستەمۆیە كە بەرگری لەخۆی ناكات ئەگەر لێیشی بدرێت لەكاتێكدا نووستووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕاست نیە ناوی بنێین مرۆڤ، چجای ئەوەی بەهۆی ئەم سیفەتانەوە بەمرۆڤی پلە بەرز لەقەڵەمی بدەین لەناو مرۆڤەكاندا. هەروها دەكرێت تەنانەت كەسێك كە خراپترین بیروباوەڕی هەیە ئەم خووڕەوشتانەی هەبێت، بەڵكو ئەو كەسەیش كە هەندێ خراپە و بەدڕەوشتی ئەنجام دەدات.
هەڵوەشاندنەوەی ئایینی جەینی([2])
وە دەكرێت بەزەیی مرۆڤ بگاتە ئاستێك كوشتنی ئەو كرمانە بەلایەوە دروست نەبێت كە لە زامەكانیەوە دروست دەبن، وە سۆزی هەبێت بۆ زیندەوەرەكان بەجۆرێك ڕازی نەبێت تەنانەت ئازاری ئەو ئەسپێیە بدات كە بەناو سەریدا دەڕوات و ئەو كرمانەی كە لە ڕیخۆڵەیدا دروست دەبن. بگرە من پەسەندی دەكەم كە ڕەحم و سۆز وەها بكات لە مرۆڤ دەست هەڵبگرێت لە هەنگوین بۆ ئەوەی هەنگەكە بمێنێتەوە، چونكە هەنگوین كۆناكرێتەوە مەگەر دوای هەراسانكردنی هەنگی داماو لە كوورەكەیدا و لەناوبردنی زۆرێكیان. وە من دان بەوەشدا دەنێم كە هەندێ كەس خۆی بەدوور دەگرێت لە بەكارھێنانی میسك چونكە لە خوێنی ئاسكی داماوەوە بەرهەم دەھێنرێت.. وە لەبەرئەوەی دەستكەوتنی ئەو میسكە دەبێتە هۆی كوشتنی ئاسكەكە و جیاكردنەوەی لە بێچووەكانی. هەروەها نكوڵی لەوە ناكەم كە هەندێ كەس دەستبگرنەوە لە بەكارھێنانی مرواری و وازبھێنن لە لەبەركردنی حەریر وەك بەزەیی و سۆزێك بەرامبەر ئاژەڵ.. چونكە ناكرێت ئەمانە دەست بخرێن مەگەر بە كوشتنی ئەو كرمە لاوازانە. بگرە باوەڕم بەوە هەیە كە یەكێك لە نەخۆشەكان خۆی بەدوور بگرێت لە بەكارھێنانی كرمی زالو بۆ هەڵمژینی خوێنە پیسەكەی، خۆی بەرگەی ئازار بگرێت نەك زالوە داماوەكە ببات بەرەو مەرگ. وە لەكۆتاییدا، باوەڕم هەیە، ئەگەر چی كەسێكی تر باوەڕ نەكات، كە ڕەحم و بەزەیی لە كەسێكدا بگاتە ئەوپەڕی بەجۆرێك وازبھێنێت لە خواردنەوەی ئاو و خۆی لەناوبات بۆ ئەوەی ئەو میكرۆبانە بمێننەوە كە لە ئاوەكەدا هەن!! بەڵێ، هەموو ئەمانە قەبوڵ دەكەم، بەڵام هەرگیز ئەوە قەبوڵ ناكەم كە هیچ یەكێك لەم حاڵەتە سروشتیانە بە ئەخلاق لە قەڵەم بدەم، یان تەنھا ئەمانە بتوانن مرۆڤ پاك بكەنەوە لە پیسییەكانی ناخ كە دەبنە ڕێگر لە گەیشتنی بەخوای گەورە. نەخێر، هەرگیز باوەڕ ناكەم ئەم جۆرە خۆداماو كردن و بەزەییە كە تێیدا ڕەنگە هەندێ باڵندە و ئاژەڵ كەمێك لەسەرووی مرۆڤەوه بن.. دەستەبەری هەڵكشانی مرۆڤ بكەن بۆ پلەی مرۆڤی باڵا. نەخێر، بەڵكو لای من ئەمە جەنگێكە دژی سوننەتەكانی فیترەت، وە پێچەوانەی ڕەوشتێكی باشە كە پێی دەوترێت ڕازیبوون، وە سپلەییە بەرامبەر نیعمەتە هەرە بڵندەكان كە خوای گەورە پێی بەخشیوین. بزانن ئەو دۆخە ڕۆحیە تەنھا بەوە بەدەست دێت كە هەموو ڕەوشتێك لە شوێنی خۆیدا بەكاربھێنرێت، پاشان لەڕێگەی پەیڕەوكردنی ڕێگای خوا بەئەمەكەوە، وە تەسلیمبوونی تەواوەتی بە خوای گەورە. وە ئەو كەسەی بۆ خوا بێت ئەوا نیشانەكەی ئەوەیە كە ناتوانێت بەبێ خوای گەورە بژی. بێگومان خواناسی ڕاستەقینە ماسییەكە بەدەستی خوا سەردەبڕدرێت.. وە ئاوی ژیانەكەی خۆشەویستی خوای گەورەیە.
سێ ڕێگاكەی چاكسازی كردن
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ قسەكەی پێشووم. پێشتر باسی ئەوەم كرد دۆخەكانی مرۆڤ سێ سەرچاوەیان هەیە كە بریتین لە: دەروونی بەدخواز (النفس الأمارة)؛ دەروونی لۆمەكار (النفس اللوامة)؛ دەروونی دڵنیا (النفس المطمئنة). وە هەروەھا سێ ڕێگا هەیە بۆ چاكسازی.
ڕێگای یەكەم ئەوەیە كەسانی دڕەندە و كێوی بەرەوپێش ببرێن بۆ نزمترین ئاستی ئەخلاق، ئەمەش بەوەی كە ڕێڕەوی مرۆیی بگرنە بەر سەبارەت بە ئادابەكانی خواردن و خواردنەوە و هاوسەرگیری و بابەتەكانی تری شارستانیەتی سادە.. بەڕووت و قووتی نەگەڕێن، مردارەوەبوو نەخۆن وەكو سەگ، وە كارە دڕندەییەكانی تر ئەنجام نەدەن.
ئەمە بریتیە لە نزمترین قۆناغ لە قۆناغەكانی چاكسازی حاڵەتە سروشتیەكان. بۆ نموونە ئەگەر بویسترێت ئادابە مرۆییەكان فێری كەسێكی كێوی و ناتێگەشتوو بكرێت لە پۆرت بلێر (Port Blair) ئەوا سەرەتا نزمترین ئاستی ئەخلاقی مرۆیی و ئاسانترین ئادابی مرۆڤایەتی فێردەكرێت.
ڕێگای دووەمی چاكسازی ئەوەیە كە ئەگەر توانرا كەسێك فێری ئادابە مرۆییە سەرەتایی و ڕواڵەتیەكان بكرێت ئەوا لەسەرووی ئەم ئادابانەوە فێری ئەخلاقە مرۆییە باشەكان دەكرێت، وە مەشقی پێ دەكرێت لەسەر بەكارھێنانی بەهرە و توانا شاراوەكانی لە شوێنە گونجاوەكانی خۆیاندا.
ڕێگای سێیەم ئەوەیە ئەوانەی كە خۆیان ڕازاندووەتەوە بە ئەخلاقە باشەكان- ھێشتا كەتەرخەمن و لەڕووی ڕۆحیەوە وشكن- پێویستە شیلەی خۆشەویستی و تامی ویساڵی خوا بچێژن.
ئەمەیە سێ ئاستەكەی چاكسازی كە قورئانی پیرۆز ڕوونی كردووەتەوە.
ڕەوانەكردنی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لەكاتی پێویستیدا بۆ چاكسازی تەواوەتی
گەورە و سەروەرمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) لە سەردەمێكدا ڕەوانەكرا كە تێیدا جیھان لە هەموو ڕوویەكەوە تووشی خراپە و فەساد بووبوو وەك خوای گەورە وەسفی دەكات و دەفەرموێت: {ظَهَرَ الْفَسَادُ فِي الْبَرِّ وَالْبَحْرِ} (الروم: 42).
گەندەڵی و فەسادی وشكانی و دەریا ئاماژەیە بۆ ئەو فەسادییەی كە ئەهلی كتێب و ئەو ئوممەتانەی گرتووەتەوە كە بێ بەشن لە ئاوی وەحی. بەگوێرەی ئەمە ئامانجی قورئانی پیرۆز لە ڕاستیدا بریتیە لە ژیاندنەوەی مردووەكان وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {اعْلَمُوا أَنَّ اللَّهَ يُحْيِ الْأَرْضَ بَعْدَ مَوْتِهَا} (الحدید: 18).
عەرەب لەو ڕۆژگارەدا دابەزیبوون بۆ نزمترین پلەی درندەیی و نەفامی، هیچ سیستەمێكیان نەبوو فێری بەها مرۆییەكانیان بكات. وە تاوان و سەرپێچیەكان لای ئەوان مایەی شانازی بوون و خۆیانیان پێوە هەڵدەكێشا. هەیانبوو سەدەھا ژنی هەبوو. وە خواردنی حەرام لای ئەوان خۆش و بەتام بوو وەك ئەو نێچیرەی ڕاویان دەكرد، وە مارەكردنی دایك حەڵاڵ بوو بەلایانەوە، لەبەرئەوە حوكمی حەرامبوونی هاوسەرگیری لەگەڵ دایكان لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە و خوای گەورە دەفەرموێت: {حُرِّمَتْ عَلَيْكُمْ أُمَّهَاتُكُمْ} (النساء: 24).
هەروەها گۆشتی مردارەوەبوویان دەخوارد، بەڵكو گۆشتی مرۆڤیش. تاوانێك نەبوو لە جیھاندا ئەوان ئەنجامی نەدەن. وە نكوڵییان دەكرد لە دواڕۆژ، وە زۆربەیان هەر باوەڕیان بەخوا نەبوو، وە زۆربەی زۆریان بەدەستی خۆیان كچەكانیان زیندەبەچاڵ دەكرد، وە مناڵی هەتیویان دەكوشت بۆ ئەوەی ماڵەكەی بخۆن. لەڕووكەشدا مرۆڤ بوون.. بەڵام ژیرییان نەمابوو، حەیا و شەرم و غیرەتیان نەبوو. وەكو ئاو مەی و بادەیان هەڵدەقوڕاند. كامەیان زۆر زینای بكردایە لەپێشتر بوو بۆ سەرۆكایەتی. ئەوەندە نەفام بوون لە ناو هەموو نەتەوەكانی دەوروبەری خۆیاندا بە نەخوێندەوار ناویان دەركردبوو.
لەم جۆرە سەردەمەدا و بۆ چاكسازی ئەم كەسانە.. لەمەككەدا گەورە و سەروەرمان موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) سەریهەڵدا. گومانی تێدا نیە كە ئەو سەردەمە سەردەمی هەر سێ جۆرەكەی چاكسازی بوو كە پێشتر باسمان كرد. وە لەبەرئەوە قورئانی پیرۆز بانگەشەی ئەوە دەكات كە تەواوترین و چاكترین شەریعەتە لەناو هەموو شەریعەتەكانی جیھاندا. ئەمەش چونكە پەڕاوەكانی تر ئەو دەرفەتەیان بۆ نەڕەخسا كە ئەم سێ جۆرەی چاكسازی ئەنجام بدەن، لەكاتێكدا ئەو دەرفەتە بۆ قورئانی پیرۆز ڕەخسا. ئامانجەكەی ئەوەبوو كە لەو مرۆڤە دڕندانە مرۆڤێكی شارستانی دروست بكات، وە لە مرۆڤە شارستانیەكە مرۆڤێكی بەڕەوشت بەرهەم بھێنیت، وە لە مرۆڤە بەڕەوشتەكەش مرۆڤێكی خوایی. بۆیە قورئانی پیرۆز ئەم سێ خاڵە لەخۆی دەگرێت.
سێ ڕێگاكەی چاكسازی ئاماجی ڕاستەقینەیە لە فێركاری قورئان
پێش ئەوەی بە تێروتەسەلی باسی سێ جۆرەكەی چاكسازی قورئانی بكەین، پێمان وایە زۆر پێویستە ئەوەش باس بكەین كە لە قورئانی حەكیمدا ڕێنمایی و فێركارییەك نیە مرۆڤ ناچار بكات بۆ قەبوڵكردنی، بەڵكو هەموو ئامانجێكی قورئان بریتیە لە لەم سێ چاكسازیە، كە پوختەی هەموو ڕێنمایی و فێركاریەكانیەتی، بەڵام حوكمەكانی تر تەنھا كۆمەڵێك ئامرازن بۆ ئەنجامدانی ئەو چاكسازیانەی كە مەبەستن. هەروەك چۆن جاری وا هەیە پزیشك بۆ چارەسەركردنی نەخۆش و گێڕانەوەی تەندروستیەكەی پەنا دەبات بۆ نەشتەرگەری و هەندێ جاری تر پەنا دەبات بۆ تیماركردن، قورئانی حەكیمیش بەهەمان شێوە كاری كردووە.. هەموو ئەو پێداویستیانەی لە شوێنی خۆیدا بەكارهێناوە وەك ڕەحمەت و بەزەییەك بەرامبەر مرۆڤ. وە هەموو ئەو زانیاری و ڕاسپێری و ئامرازانەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون تەنھا بۆ بەدیهێنانی یەك ئامانج هاتوون كە بریتیە لە دەرھێنانی مرۆڤ لە دۆخە سروشتیەكانی كە شەقڵی دڕەندەیی پێوەیه، وە گەیاندنی بە دۆخە ئەخلاقییەكان، پاشان گەیاندنی بە دەریای ڕۆحانی كە كەناری نیە.
دۆخە سروشتییەكان دەبن بە ڕەوشت پاش هەمواركردنەوەیان
پێشتر گوتمان حاڵەتە ڕەوشتییەكان جیاواز نین لە حاڵەتە سروشتیەكان.. بەڵكو خودی حاڵەتە سروشتیەكانن كە دەبن بە ڕەوشت پاش هەمواركردنەوەیان و بەكارھێنانیان لە شوێنی خۆیاندا بەگوێرەی ڕێنماییەكانی عەقڵ. بێگومان ئەو حاڵەتانە- هەرچەندە هاوشێوەی ڕەوشت بن لە ڕواڵەتدا- پێش ملكەچبوونیان بۆ عەقڵ تەنھا كۆمەڵێك پاڵنەری سروشتین كە خاڵین لە ویست و ئیرادە. بۆ نموونە، ئێمە سەگ بە خاوەن ڕەوشت ئەژمار ناكەین و بزن بە خاوەنی ئەدەب.. لەبەرئەوەی هەردووكیان ملكەچ و هۆگری خاوەنەكەیانن. هەروەك بەگورگ یان شێر ناڵێین ئاژەڵێكی ڕەوشت خراپ لەبەرئەوەی بەسروشتی خۆیان دڕندەن، بەڵكو حاڵەتی ئەخلاقی- وەك پێشتر باسكرا- پاش دەركەوتنی دانایی و وردبینی و ڕەچاوكردنی هەلومەرجەكان دەستپێدەكات. كەواتە ئەو مرۆڤەی عەقڵ و وردبینی بەكارنەهێنێت لە كاروبارەكانیدا وەكو مناڵێكی شیرەخۆرە وایە كە هێشتا هێزی عەقڵ زاڵ نەبووە بەسەر دڵ و دەماغیدا، یان وەكو كەسێكی شێت وایە كە بەتەواوەتی هێزی عەقڵ و بیركردنەوەی لەدەست دابێت. وە شاراوە نیە كە ئەم جۆرە مرۆڤە هەندێ جار كردەوەی وەها ئەنجام دەدات كە هاوشێوەی ڕەوشتە بەڵام كەسی ژیر بە ڕەوشت لەقەڵەمی نادات چونكە بەهۆی زرنگی و بیناییەوە ئەنجام نادرێت، بەڵكو لەخۆوە ئەنجامی دەدرێت هەركاتێك پاڵنەرێكی سروشتی بۆ ڕەخسا. بۆ نموونە مناڵ هەركە لەدایك دەبێت مەمكی دایكی دەگرێت، وە بێچووی باڵندە هەركە لە هێلكە ترووكا بەرەو دانەوێڵە دەڕوات، هەروەها كرمی بچوكی زالوو خووی گەورەكانی وەردەگرێت، وە بەچكەی مار خووی مار دەگرێت، وە بێچووە شێرەكان سروشتی شێرەكان دەگرن. بەتایبەتی سەیری مناڵی مرۆڤ بكەن چۆن دەسبەجێ دوای لەدایكبوون سروشتە مرۆییەكان دەردەكەوێت تێیدا، وە كاتێك تەمەنی گەیشتە ساڵێك یان دووساڵ.. ئەو سروشتانە زیاترو زیاتر دەردەكەون، بۆ نموونە وەكو یەكەمجار ناگری بەڵكو كەمێك قایمتر دەگری، وە پێكەنینەكەی دەبێت بە قاقا، وە نیشانەكانی تەماشاكردنی بەمەبەست لەچاوەكانیدا دەردەكەوێت. هەروەها لەو تەمەنەدا حەزی نوێی تێدا دەردەكەوێت، لەڕێگەی جووڵەكانیەوە رەزامەندی و توڕەبوونی خۆی دەردەبڕێت، وە لە جووڵەكانیەوە وادەردەكەوێت كە بیەوێت شتێك بدات بە كەسێك یان لەكەسێك بدات، لەگەڵ ئەمەدا هەموو ئەم جووڵانە لەڕاستیدا تەنھا جووڵەی سروشتین.
وە مرۆڤی دڕەندە و كێوی.. كە تەنھا كەمێك عەقڵ و ئادابی مرۆیی پێ دراوە.. لە منداڵی بچوك دەچێت، ئەمیش بەردەوام شوێن ئارەزووە سروشتیەكانی دەكەوێت، وە لەهەموو قسە و كردەوە و جووڵە و دانیشتنەكانیدا ملكەچی ئەو ئارەزووانەیە، هیچ شتێك ناكات لەئەنجامی بەكارهێنانی بیركردنەوە و ڕامانەوە كە بەشێكن لە تواناكانی ناخی، بەڵكو بەگوێرەی هاندەرە دەرەكیەكان هەموو ئەوەی كە له سروشتیدا هەیە ئەنجام دەدات. بەڵێ، دەكرێت هەموو ئارەزووە سروشتیەكانی كە وەك كاردانەوەیەك بۆ هۆكارە دەرەكیەكان دەردەكەون خراپ نەبن، بگرە دەكرێت هەندێكیان لە ڕەوشتە باشەكان بچن، بەڵام خاڵین لە بیركردنەوە و سەرنجدان، تەنانەت ئەگەر هەندێ ژیری و هۆشیاریان لەگەڵدا بێت هیچ بایەخی نیە بەهۆی زاڵ بوونی پاڵنەرە سروشتیەكانەوە، چونكە بایەخ تەنھا بەزۆرینە دەدرێت.
ڕەوشتی ڕاستەقینە
پوختەی قسە، ناكرێت ڕەوشتی راستەقینە بدرێتە پاڵ كەسێك كە دیلی ئارەزووە سروشتیەكانی بێت و لەزۆربەی بارودۆخەكاندا وەكو كێویەكان بژی، دۆخی هاوشێوەی دۆخی ئاژەڵ و منداڵ و كەسانی شێت بێت. بێگومان ماوەی ڕەوشتی چاك یان خراپ لەڕاستیدا كاتێك دەست پێ دەكات كە ئەو عەقڵەی دراوە بە مرۆڤ پێبگات و بتوانێت بەهۆیەوە چاك و خراپ لەیەك جیا بكاتەوە، یان جیاكاری بكات لەنێوان دوو خراپە یان دوو چاكەدا، وە خەفەتبار بێت كاتێك ببینێت لە ڕێگای چاكە لای داوە، وە پەشیمان بێت و خەم بخوات كاتێك خراپە ئەنجام دەدات. ئەمە قۆناغی دووەمە لە قۆناغەكانی ژیانی مرۆیی كە وتەی پیرۆزی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بە دەروونی لۆمەكار (النفس اللوامة) گوزارشتی لێ كردووە.
بەڵام پێویستە ئەوەتان لەیاد بێت تەنھا ئامۆژگاری سادە و ڕواڵەتی بەس نیە بۆ كەسی بەربەری بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە پلەی دەروونی لۆمەكار، بەڵكو دەبێت ئەوەندە خوا بناسێت كە بەهۆیەوە پەی بەوە ببات كە بە هەوانته و بەبێ مەبەست دروست نەكراوە، بۆ ئەوەی بەهۆی ئەم هێندە لە خواناسییەوە ڕەوشتی ڕاستەقینەی تێدا دروست بێت. لەبەرئەوە قورئانی پیرۆز -لە ئامۆژگاریەكەیدا بۆ مرۆڤ- سەرنجی ڕادەكێشێت بۆ پێویستی ناسینی پەرستراوی ڕاستەقینە، وە دووپاتی دەكاتەوە بۆی كە هەموو كردەوەیەك یان ڕەوشتێك ئەنجامێكی هەیە كە لە دنیادا سزایەكی ڕۆحی یان نیعمەتێكی ڕۆحی بۆ خاوەنەكەی بەرهەم دەهێنێت، پاشان لە دواڕۆژدا ئەو ئەنجامە بەتەواوەتی ئاشكرا دەبێت.
بەكورتی مرۆڤ- لە دۆخی دەروونی لۆمەكاردا- بەشێك لە عەقڵ و زانین و ویژدانی دروست بەدەست دەھێنێت بەجۆرێك لەسەر ئەنجامدانی كردەوەی خراپ سەرزەنشتی خۆی دەكات، وە بەردەوام حەزی لە ئەنجامدانی كردەوەی چاكە و سوورە لەسەری. ئەمە ئەو حاڵەتەیە كە تێیدا مرۆڤ ڕەوشتی باش بەدەست دەهێنێت.
دروستبوون و ڕەوشت
لێرەدا پێم خۆشە بەكورتی وشەی دروستبوون (خەلق) پێناسە بكەم. بزانن كە دروستبوون ناوێكە بۆ پێكهاتەی ڕواڵەتی، وە ڕەوشت ناوێكە بۆ پێكهاتەی دەروونی. وە بەوپێیەی كە پێكهاتەی دەروونی لەڕێگەی ڕەوشتەوە كامڵ دەبێت نەك لەڕێگەی پاڵنەرە سروشتیەكانەوە بەتەنھا، بۆیە وشەی (خولق) بە ڕەوشت دەوترێت بەبێ ئارەزووە سروشتیەكان.
وا گونجاوە ئەوەش بخرێتەڕوو كە هەڵەیەكی زەقە ئەوەی خەڵكی ئاسایی بانگەشەی دەكات گوایە ڕەوشت تەنھا گوزارشت كردنە لە هێمنی و نەرمونیانی و خۆبەكەمزانین. نەخێر، بەڵكو مەبەست لە ڕەوشت هەموو ئەو چۆنێتییانەی كەماڵی مرۆییە كە خراونەتە ناو ناخی مرۆڤەوە لەبەرامبەر ئەندامە فیزیكییەكانیدا. بۆ نموونە مرۆڤ بە چاو دەگری، لەبەرامبەر ئەم گریانەدا هێزێك لە دەرووندا هەیە كە بریتیە لە دڵنەرمی؛ جا ئەگەر مرۆڤ ئەم هێزە لە شوێنی خۆیدا بەكاربھێنێت بە گوێرەی ڕێنمایی ئەو عەقڵەی پێی دراوە ئەوا دەبێت بە ڕەوشت. هەروەها مرۆڤ بەدەستی خۆی بەرەنگاری دوژمن دەبێتەوە، لەبەرامبەر ئەم جووڵە ڕواڵەتییەدا هێزێك لە درووندا هەیە.. كە بریتیە لە ئازایەتی؛ ئەگەر مرۆڤ لەبارودۆخی گونجاوی خۆیدا بەكاری هێنا ئەوا ئەمیش دەبێت ڕەوشت. هەروەها جاروبار مرۆڤ دەیەوێت دەستەكانی بەكاربھێنێت بۆ ڕزگاركردنی ستەملێكراو لە ستەمكار، یان بۆ پێدانی شتێك بە كەسێكی ناتوانا و برسی، یان دەیەوێت بەڕێگایەكی تر خزمەتی مرۆڤایەتی بكات.. هێزێكی هاوشێوەی ئەم جووڵەیە هەیە لە دەرووندا كە بریتیە لە بەزەیی. وە هەندێ جار بەدەستی خۆی تۆڵە لە ستەمكار دەكاتەوە، هاوتای ئەم جووڵە فیزیكییە هێزێكە لە دڵدا پێی دەڵێین تۆڵەكردنەوە. وە جاری واش هەیە مرۆڤ بەهەمان شێواز ڕوبەڕووی دەستدرێژكار نابێتەوە بەڵكو لێی خۆش دەبێت، وە لەبەرامبەر ئەم جووڵەدا هێزێك هەیە لەدەرووندا پێی دەوترێت لێخۆشبوون و ئارامگرتن. وە جاری واش هەیە دەستی یان قاچی یان عەقڵی بەكاردەھێنێت بۆ خێر و خۆشی مرۆڤایەتی، وە ماڵ و سامانی خۆی خەرج دەكات بۆ بەرژەوەندی ئەوان، وە لەبەرامبەر ئەم جووڵەیەدا هێزێك هەیە لە دەرووندا پێی دەوترێت بەخشندەیی و دەستكراوەیی. جا ئەگەر مرۆڤ هەموو ئەم هێزانەی لە شوێن و هەلومەرجی گونجاوی خۆیاندا بەكارھێنا ئەوا پێیان دەوترێت ڕەوشت.
خوای گەورە پێغەمبەری ئازیزمان (صلى الله عليه وسلم) دەدوێنێت و دەفەرموێت: {وَإِنَّكَ لَعَلَى خُلُقٍ عَظِيمٍ} (القلم: 5). مانای ئەم ئایەتە -بەگوێرەی شیكردنەوەكەی پێشوو- ئەوەیە كە بێگومان تۆ هەموو ڕەوشتە بەرزەكانت لەخۆگرتووە وەك: بەخشندەیی، ئازایەتی، دادپەروەری، بەزەیی، چاكەخوازی، ڕاستگۆیی، ورەبەرزی، هتد. بەكورتی: هەموو هێزە سروشتیەكان كە لە مرۆڤدا هەن وەك شەرم و حەیا و ئەمانەتپارێزی و جوامێری و غیرەت و دامەزراوی و پاكداوێنی و دونیانەویستی و دادپەروەری و دڵسۆزی و ئازایەتی و بەخشندەیی و لێخۆشبوون و ئارامگری و چاكەخوازی و ڕاستگۆیی و ئەمەك و حاڵەتە سروشتییەكان تر.. ئەگەر مرۆڤ لەكات و شوێنی گونجاوی خۆیاندا پیادەیان بكات لەڕێگەی بەكارھێنانی بیر و ئاماژەی عەقڵەوە، ئەوا هەموویان ڕەوشتن. لە بنچینەدا هەموویان بریتین لە غەریزەكانی مرۆڤ، كاتێك مرۆڤ بە ئازادی بەگوێرەی داخوازیەكانی كات و شوێن بەكاری هێنان ئەوا پێیان دەوترێت ڕەوشت. وە بەو پێیەی كە یەكێك لە تایبەتمەندیە سروشتیەكانی مرۆڤ ئەوەیە كە بونەوەرێكە شیاوە بۆ گەشە و بڵندبوونەوە.. لەبەرئەوە دەتوانێت لەڕێگەی شوێنكەوتنی ئایینی راست و پەیڕەوكردنی فێركاریە چاكەكان، وە هاوڕێیەتی پیاوچاكانەوە ئەم غەریزە سروشتیانەی خۆی بگۆڕێت بۆ ڕەوشت.. ئەمە تایبەتمەندییەكە هیچ بونەوەرێكی تر نیەتی.
یەكەم چاكسازی قورئانی
چاكسازی حاڵەتە سروشتیەكان
ئێستا باسی چاكسازی یەكەم دەكەین لە سێ چاكسازیەكەی قورئانی پیرۆز، كە ئامانج لێی ڕاستكردنەوەی سەرەتاییترین حاڵەتە سروشتیەكانە. ئەم چاكسازیە لە زاراوەی ئەخلاقدا پێی دەوترێت ئەدەب، مەبەستم لێی ئەو ئەدەبەیە كە كەسانی بەربەری ڕێكوپێك بكات لە هەلومەرجە سروشتییەكانیاندا وەك خواردن و خواردنەوە و هاوسەرگیری و كاروبارە سەرەتاییە شارستانیەكانی تر، وە ڕزگاریان بكات لە ژیانی بەربەریانە كە لە ژیانی ئاژەڵ و دڕندەكان دەچێت، هەروەك خوای گەورە هەموو ئەم ئادابانەی لە كتێبە پیرۆزەكەی خۆیدا باسكردووە و دەفەرموێت: {حُرِّمَتْ عَلَيْكُمْ أُمَّهَاتُكُمْ وَبَنَاتُكُمْ وَأَخَوَاتُكُمْ وَعَمَّاتُكُمْ وَخَالَاتُكُمْ وَبَنَاتُ الْأَخِ وَبَنَاتُ الْأُخْتِ وَأُمَّهَاتُكُمُ اللَّاتِي أَرْضَعْنَكُمْ وَأَخَوَاتُكُمْ مِنَ الرَّضَاعَةِ وَأُمَّهَاتُ نِسَائِكُمْ وَرَبَائِبُكُمُ اللَّاتِي فِي حُجُورِكُمْ مِنْ نِسَائِكُمُ اللَّاتِي دَخَلْتُمْ بِهِنَّ فَإِنْ لَمْ تَكُونُوا دَخَلْتُمْ بِهِنَّ فَلَا جُنَاحَ عَلَيْكُمْ وَحَلَائِلُ أَبْنَائِكُمُ الَّذِينَ مِنْ أَصْلَابِكُمْ وَأَنْ تَجْمَعُوا بَيْنَ الْأُخْتَيْنِ إِلَّا مَا قَدْ سَلَفَ} (النساء: 24)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا يَحِلُّ لَكُمْ أَنْ تَرِثُوا النِّسَاءَ كَرْهًا} (النساء: 20)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تَنْكِحُوا مَا نَكَحَ آبَاؤُكُمْ مِنَ النِّسَاءِ إِلَّا مَا قَدْ سَلَفَ} (النساء: 23)، وە فەرمایشتی: {الْيَوْمَ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ وَطَعَامُ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ حِلٌّ لَكُمْ وَطَعَامُكُمْ حِلٌّ لَهُمْ وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ الْمُؤْمِنَاتِ وَالْمُحْصَنَاتُ مِنَ الَّذِينَ أُوتُوا الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكُمْ إِذَا آتَيْتُمُوهُنَّ أُجُورَهُنَّ مُحْصِنِينَ غَيْرَ مُسَافِحِينَ وَلَا مُتَّخِذِي أَخْدَانٍ} (المائدة: 6).
المحصنات واتە ئافرەتانی پاكداوێن. وە محصنین واتە هاوسەرگیرییان لەگەڵدا بكەن. وە مەبەست لە مسافحین ئەوەیە كە خێزانی هەندێ عەرەبی نەفام ئەگەر مناڵیان نەبوایە ئەوا داوایان لێ دەكردن زینا بكەن، ئەم نەریتە قێزەونە بریتیە لە المسافحة. وە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا مُتَّخِذِي أَخْدَانٍ} (المائدة: 6) واتە بەنهێنی پەیوەندیی دڵدارییان لەگەڵدا گرێ مەدەن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تَقْتُلُوا أَنْفُسَكُمْ} (النساء:30) واتە خۆتان مەكوژن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تَقْتُلُوا أَوْلَادَكُمْ} (الأنعام: 152). وە فەرمایشتی خوای گەورە: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا لَا تَدْخُلُوا بُيُوتًا غَيْرَ بُيُوتِكُمْ حَتَّى تَسْتَأْنِسُوا وَتُسَلِّمُوا عَلَى أَهْلِهَا ذَلِكُمْ خَيْرٌ لَكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ (*)فَإِنْ لَمْ تَجِدُوا فِيهَا أَحَدًا فَلَا تَدْخُلُوهَا حَتَّى يُؤْذَنَ لَكُمْ وَإِنْ قِيلَ لَكُمُ ارْجِعُوا فَارْجِعُوا هُوَ أَزْكَى لَكُمْ} (النور: 28-29).. واتە بەبێ ئیزن و مۆڵەت مەچنە ناو ماڵی كەسانی ترەوە وەكو چوونە ژوورەوەی كەسانی بەربەری.. كەواتە مۆڵەت خواستن مەرجێكی پێویستە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَأْتُوا الْبُيُوتَ مِنْ أَبْوَابِهَا} (البقرة: 190).. واتە هەڵمەزنێن بەسەردیوارەكاندا و لە پشتەوە مەچنە ناو ماڵەكانەوە بەڵكو لە دەرگاكانیانەوە بچنە ناویانەوە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَإِذَا حُيِّيتُمْ بِتَحِيَّةٍ فَحَيُّوا بِأَحْسَنَ مِنْهَا أَوْ رُدُّوهَا} (النساء: 87)
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {إِنَّمَا الْخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالْأَنْصَابُ وَالْأَزْلَامُ رِجْسٌ مِنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ} (المائدة: 91).. واتە خواردنەوەی مەی و قورماركردن و بت پەرستی و نوقڵانەلێدان هەموویان بریتین لە كردەوەی پیسی شەیتانی و پێویستە لێیان دوور بكەونەوە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {حُرِّمَتْ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةُ وَالدَّمُ وَلَحْمُ الْخِنْزِيرِ وَمَا أُهِلَّ لِغَيْرِ اللَّهِ بِهِ وَالْمُنْخَنِقَةُ وَالْمَوْقُوذَةُ وَالْمُتَرَدِّيَةُ وَالنَّطِيحَةُ وَمَا أَكَلَ السَّبُعُ إِلَّا مَا ذَكَّيْتُمْ وَمَا ذُبِحَ عَلَى النُّصُبِ} (المائدة: 4).. واتە خواردنی ئاژەڵی مردارەوەبوو، یان ئەوەی لە كاتی سەربڕیندا ناوی غەیری خوای لێ هێنراوە، یان ئەوەی بە خنكاندن یان بە لێدان یان بە كەوتنە خوارەوە لە شوێنی بەرزەوە یان بە شۆقلێدان مردار بووەتەوە، یان یەكێك لە دڕندەكان ڕاوی كردبێت.. مەگەر پێش مرداربوونەوەی فریای سەربڕینی كەوتبن، یان ئەوەی لە پێناوی بتدا كراوەتە قوربانی، هەموو ئەم شتانە حوكمی مردارەوەبوویان هەیه.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {يَسْأَلُونَكَ مَاذَا أُحِلَّ لَهُمْ قُلْ أُحِلَّ لَكُمُ الطَّيِّبَاتُ} (المائدة: 5).. واتە ئەگەر پرسیاریان لێ كردی كە چ خۆراكێك حەڵاڵە بۆ خواردن، پێیان بڵێ: هەموو شتە چاك و پاكەكانی دنیا بخۆن. تەنھا دوور بكەونەوە لە خواردنی مردارەوەبوو، وە ئەوەی لە حوكمی مردارەوەبوودایە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {إِذَا قِيلَ لَكُمْ تَفَسَّحُوا فِي الْمَجَالِسِ فَافْسَحُوا يَفْسَحِ اللَّهُ لَكُمْ وَإِذَا قِيلَ انْشُزُوا فَانْشُزُوا} (المجادلة: 12) واتە ئەگەر داواتان لێ كرا لە مەجلیسدا جێگای دانیشتنی كەسانی تر بكەنەوە ئەوا دەستبەجێ شوێنی كەسانی تر بكەنەوە، وەئەگەر پێتان وترا شوێنەكانتان بەجێبهێڵن لە مەجلیسەكەدا ئەوا بڕۆن و بڵاوەی لێ بكەن بەبێ ئەوەی دوودڵ بن یان بێزاری دەرببڕن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَكُلُوا وَاشْرَبُوا وَلَا تُسْرِفُوا} (الأعراف: 32).. واتە لە شتە باشەكان بخۆن.. لە گۆشت و پاقلمەنیەكان و هتد، بەڵام هیچ شتێك زۆرتر مەخۆن لەسەر حیسابی شتێكی تر، وە دووربكەونەوە لە زۆرخۆری.
{وَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا} (الأحزاب: 71).. واتە دووربكەونەوە لە قسەی هەوانتە و بێ سوود، وە قسەیەك بكەن كە شایستەی كات و شوێنەكە بێت.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ (*) وَالرُّجْزَ فَاهْجُرْ} (المدثر: 5-6).. واتە پۆشاكەكان بشۆن، وە لەش و ماڵ و ڕێگا و هەموو مەجلیس و شوێنێك بپارێزن لە پیسی و پۆخڵیەكان، وە بەهەموو شێوازێك گرنگی بدەن بە پاكوخاوێنی.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَاقْصِدْ فِي مَشْيِكَ وَاغْضُضْ مِنْ صَوْتِكَ} (لقمان: 20).. واتە لە ڕۆشتندا لەسەرخۆبە، نەخاو بە نە پەله مەگەر كاتی پێویست، وە بە نزمی قسەبكە، دەنگت زۆر بەرز مەكەرەوە و بە ورتە ورتیش قسە مەكە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَتَزَوَّدُوا فَإِنَّ خَيْرَ الزَّادِ التَّقْوَى} (البقرة: 198).. واتە ئەگەر سەفەرتان كرد ئەوا هەموو ڕێگەچارەیەك بگرنەبەر، وە توێشووی پێویست لەگەڵ خۆتان ببەن بۆ ئەوەی بەدووربن لە سواڵكردن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَإِنْ كُنْتُمْ جُنُبًا فَاطَّهَّرُوا} (المائدة:7) واتە لە حاڵەتی لەشگرانیدا پێویستە خۆتان بشۆن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَفِي أَمْوَالِهِمْ حَقٌّ لِلسَّائِلِ وَالْمَحْرُومِ} (الذاریات: 20).. واته ئەگەر نانتان خوارد ئەوا لە خواردنەكەی خۆتان بدەن بە دەرۆزەكەر و بێبەشەكان لە مرۆڤ یان ئاژەڵ یان سەگ یان باڵندەكان و هتد.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تُقْسِطُوا فِي الْيَتَامَى فَانْكِحُوا مَا طَابَ لَكُمْ مِنَ النِّسَاءِ مَثْنَى وَثُلَاثَ وَرُبَاعَ فَإِنْ خِفْتُمْ أَلَّا تَعْدِلُوا فَوَاحِدَةً أَوْ مَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ ذَلِكَ أَدْنَى أَلَّا تَعُولُوا (*) وَآتُوا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَةً} (النساء:4-5).. واتە ئەگەر دەرفەتێك هەبوو ئەوا كێشە نیە لەو كچە هەتیوانە مارە بكەن كە خۆتان بەخێویان دەكەن. بەڵام ئەگەر ترستان هەبوو لەوەی دادپەروەر نەبن لەگەڵیاندا و مافیان بخۆن- چونكە كەسوكاریان نیە كە سەرپەرستییان بكەن- ئەوا لەو ئافرەتانە مارە بكەن كە باوك و كەسوكاریان هەیە و لێیان دەترسن و ناوێرن مافی كچەكەیان زەوت بكەن. دەتوانن یەك هاوسەرتان هەبێت یان دوان یان سیان یان چوار، بەڵام بەو مەرجەی دادپەروەربن لەگەڵیاندا، وە ئەگەر ترستان هەبوو كە نەتوانن دادپەروەربن لەگەڵیاندا ئەوا سەرەڕای پێویستیتان بە زیاتر با تەنھا یەك هاوسەرتان هەبێت. بێگومان تا چوار هاوسەرمان بۆ دیاریكردوون بۆ ئەوەی ڕێگری نەریتێكی كۆنتان لێ بكەین كە بریتیی بوو لە زیادەڕەوی كردن لە ژنھێناندا بەجۆرێك سەدەھا هاوسەرتان دەھێنا، یان بۆ ڕزگاربوونتان لە زیناكردن. وە مارەیی بدەن بە هاوسەرەكانتان.
ئەمەیە یەكەم چاكسازیە لە قورئانی پیرۆزدا، بەجۆرێك مرۆڤی لە سروشتە بەربەریەكەی دەرهێناوە و ئاراستەیكردووە بەرەو پێداویستیە مرۆییەكان و بنەماكانی شارستانیەت. لەم فێركاریەدا هێشتا باسی ئەخلاقە باشەكان نەكراوە، بەڵكو ئەمانە تەنھا كۆمەڵێك ئادابی سەرەتایی مرۆیین.
پێشتر وتمان پێویست بوو ئەم فێركاریە سەرەتاییە پێشكەش بكرێت چونكە ئەو ئوممەتەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ڕەوانەكرا بۆ چاككردنی لە هەموو ئوممەتیك بەربەری تربوون. لە هەموو بوارەكاندا هیچ ئادابێكی مرۆییان تێدا نەمابوو، بۆیە پێویست بوو پێش هەموو شتێك ئەم ئادابە سەرەتاییە مرۆییانەیان فێر بكرێت.
هۆكاری حەرامكردنی گۆشتی بەراز
لێرەدا حیكمەتێك هەیە شایانی باسكردنە، ئەویش ئەوەیە كاتێك خوای گەورە بەرازی حەرامكردووە لە ئەسڵدا لە ناوەكەیدا ئاماژەی كردووە بۆ هۆكاری حەرامبوونەكەی، چونكە وشەی خنزیر پێكھاتووە لە دوو وشە كە بریتیتن لە (الخنز) واتە زۆر پیس و خراپ، وە وشەی (أر) لە (أری) و هاتووە. كەواتە مانای ناوە لێكدراوەكە ئەوەیە: (أراه فاسدًا جدًا)، واتە وایدەبینم زۆر پیس و خراپە. بۆیە ئەو ناوەی كە هەر لەسەرەتاوە خوا لەم ئاژەڵەی ناوە مانای پیسیەكەی دەگەیەنێت. وە ڕێكەوتێكی سەیرە كە ناوی ئەم ئاژەڵە لە زمانی هيندیدا بریتیە لە: (سؤر) وە ئەمیش لە دوو وشە پێكھاتووە: (سوء) و (أری).. واتە وایدەبینم خراپە.
پێویستە ئەم قسەیەمان بەسەیر نەزانرێت و بوترێت چۆن دەكرێت وشەی هيندی (سؤر) عەرەبی بێت؛ چونكە ئێمە لە كتێبەكەمان (مِنن الرحمن)دا سەلماندمان كە زمانی عەرەبی دایكی هەموو زمانەكانە، وه هەزارەھا لە وشەكانی لە هەموو زمانەكانی تردا هەن.
بێگومان وشەی (سؤر) عەرەبیە و هاوواتاكەی لە زمانی هندیدا بریتیە لە (بەد)، بۆیە لەم وڵاتەدا ئاژەڵی ناوبراو بە (بەد) ناودەبرێت.. ئەمیش واتە خراپ. وا دەردەكەوێت ئەو كاتەی زمانی عەرەبی زمانی هەموو جیھان بووە ئاژەڵی ناوبراو لە وڵاتی هندستاندا بەم ناوە عەرەبیەوە بەناوبانگ بووە كە هاوواتای وشەی (الخنزیر)ە، پاشان وەك شوێنەوارێكی لەیادنەكراو بەردەوام هەتا ئەمڕۆ لەم وڵاتەدا ئەم ناوەی هەیە، ئەگەرچی لە زمانی سەنسكریتیدا هەندێ ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە كە شێوه ڕاستەقینەكەی گۆڕیوە. بەڵام ناوە دروستەكە كە دانراوە بۆ ئەم ئاژەڵە ئەو ناوەیە نەك ناوێكی تر، چونكە هۆكاری ئەو ناولێنانەی تێدایە كە مانای وشەی (الخنزیر) دەیگەیەنێت.
بەڵام مانای (زۆر پیس و خراپە) پێویستی بە شیكردنەوە نیە. كێ هەیە نەزانێت كە ئەم ئاژەڵە لە هەموو ئاژەڵەكانی تر زیاتر ڕژدە لەسەر خواردنی خۆراكە پیسەكان، سەرباری ئەوە بێشەرمە و غیرەتی نیە بۆ مێیەكەی خۆی؟ وە هۆكاری حەرامكردنی گۆشتەكەی ئاشكرایە كە بریتیە لەوەی بەگوێرەی یاسای فیترەت كاریگەری گۆشتی ئەم ئاژەڵە پیس و قێزەونە لەسەر لەش و رۆح بەدڵنیاییەوە كاریگەریەكی خراپ و پیس دەبێت. هەڵبەت پێشتر سەلماندمان كە خۆراك كاریگەری خۆی هەیە لەسەر لەشی مرۆڤ، دەی دوای ئەمە گومان دەمێنێتەوە لەوەدا كە كاریگەری شتی پیس كاریگەریەكی پیسە؟ پزیشكە یۆناینەكانیش پێش ئیسلام پێیان وابووە كە گۆشتی ئەم ئاژەڵە شەرم و حەیا كەم دەكاتەوە، وە بەتایبەتی بێشەرمی و بێشەرەفی زیاد دەكات.
هەروەها ئاژەڵی مردارەوەبوو لەشەریعەتی ئیسلامیدا تەنھا لەبەرئەوە حەرامكراوە كە بخۆرەكەی ڕەنگ و خووی ئاژەڵە مردارەوەبووەكە دەگرێت، هەروەك زیان دەگەیەنێت بە تەندروستی جەستەیی. وە هەموو ئەو ئاژەڵانەی لەكاتی مردنیاندا خوێنەكیان دەرناچێت و لە ناوەوەی لەشیاندا دەمێنێتەوە وەك خنكێنراو و ئەوانەی بە شۆقلێدان كوژراون و جگەلەمانەش هەمان حوكمی مردارەوەبوویان هەیە. دەی ئایا دەكرێت خوێن وەكو خۆی بمێنێتەوە ئەگەر لە لەشی مردارەوەبوودا بمێنیتەوە؟ بێگومان نەخێر، بەڵكو لەبەر ئەوەی تەڕ و شێدارە ئەوەندە ناخایەنێت پیس و ژەهراوی دەبێت، وە پیسییەكەی تەشەنەدەكات بە هەموو جەستەدا، هەروەها خانەكانی خوێن- كە بوونیان ساغبووەتەوە بە تاقیكردنەوە هاوچەرخەكان- ژەهرێكی زۆر مەترسیدار بە هەموو لەشدا بڵاودەكەنەوە.
دووەم چاكسازی قورئانی
چاكسازی حاڵەتە ڕەوشتییەكان
بەشی دووەم لە چاكسازییەكانی قورئانی پیرۆز بریتیە لە گۆڕینی حاڵەتە سروشتیەكان- بە ڕێكخستن و چاككردنیان بە كۆمەڵێك مەرجی گونجاو- بۆ ڕەوشتە باشەكان. وە ئەم بەشە زۆر فراوانە ئەگەر بمانەوێت لێرەدا بەتێروتەسەلی باسی بكەین.. واتە ئەگەر بمانەوێت بەدرێژی باسی هەموو ئەو ڕەوشتە پەسەندانە بكەین كە قورئانی پیرۆز باسی كردوون.. ئەوا ئەم وتارە درێژە دەكێشێت بەجۆرێك ئەو كاتەی بۆی دانراوە بەشی ناكات تەنانەت بەشی دەیەكێكی ناكات، لەبەرئەوە وتارەكە كورت دەكەینەوە و لەڕێگەی نموونەوە هەندێكی كەم لەو ڕەوشتانە باس دەكەین.
دابەشكردنی ئەخلاق
بزانن ئەخلاق دوو بەشە: بەشێكیان توانا دەدات بە مرۆڤ كە واز لەخراپە بھێنێت، وە بەشێكی تریان توانای پێ دەدات كە چاكە و خێر بگەیەنێت بە كەسانی تر.
هەموو ئەو ڕەوشتانە لە خانەی بەشی یەكەمدا پۆلێن دەكرێن كە مرۆڤ بەهۆیانەوە هەوڵدەدات زیان نەگەیەنێت بە ماڵ یان بە ڕێز و شكۆ یان بە گیانی كەسێك بەهۆی زوبانی یان بەدەستی یان بە چاوی یان هەر ئەندامێك لە ئەندامەكانیەوە، یان نیازی نەبێت هیچ خراپەیەك بەرامبەری ئەنجام بدات یاخود سوكایەتی پێ بكات.
وە مەبەست لە بەشی دووەم هەموو ئەو ڕەوشتانەیە كە مرۆڤ هەوڵ دەدات بەهۆیانەوە قازانج بگەیەنێت بە ماڵ یان ڕێز و شكۆی یەكێك.. بە زوبان یان بەدەست یان بە ماڵ یان بە زانست یان بە هەر ڕێگایەك لە لە ڕێگا باشەكان؛ یان بەلایەنی كەمەوە نیازی هەبێت شكۆی بڵند بكاتەوە و سەربەرزیەكەی دەربخات. یان ئەگەر كەسێك ستەمی لێ كرد دەستهەڵبگرێت لەوەی سزایەكی بدات كە شایستەیەتی، بەم شێوەیە سوودی پێ دەگەیەنێت بەوەی كە دەیپارێزێت لە سزا و ئەشكەنجەی جەستەیی و غەرامەی دارایی، یان جۆرێك سزای بدات كە لەڕاستیدا لەهەموو ڕوویەكەوە ڕەحمەت بێت بۆی.
ئەو ڕەوشتانەی لە ژێر ناوی وازھێنان لە خراپەدا پۆلێن دەكرێن
ئێستا با ڕوون و ئاشكرا بێت كە ئەو ڕەوشتانەی خوای دروستكار دیاریكردوون بۆ وازهێنان لە خراپە و شەڕ چوار ناویان هەیە لە زمانی عەرەبیدا، كە زمانێكە دەوڵەمەندە بەهەموو ئەو وشانەی پێویستن بۆ گوزارشت كردن لەهەموو بیر و هەلومەرج و ڕەوشتەكانی مرۆڤ. ڕەوشتی یەكەم پێی دەوترێت داوێنپاكی (الإحصان)، مەبەست پێی ئەو پاكیەیە كە تایبەتە بە ئارەزووی سێكسی لە نێوان نێر و مێدا. كەواتە پیاو یان ئافرەتی داوێن پاك ئەو كەسەیە كە خۆی بەدووردەگرێت لە داوێنپیسی یان تەنانەت ئەوشتانەی كە ڕێخۆشكەرن بۆی، بەم شێوەیە كەسی داوێنپاك خۆی دەپارێزێت لە داوێنپیسی كە هیچ شتێكی بۆ بەرهەم ناهێنێت جگەلە ڕسوایی و نەفرەت لە دنیادا و سزا لە دواڕۆژدا، ئەمەش سەرەڕای زیانێكی گەورە بۆ كەسوكاری، سەرباری ئابڕووچوونی خێزانی. بۆیە شاراوە نیە هەركەسێك زینا بكات لەگەڵ ژنی پیاوێكی تر، یان بەلایەنی كەمەوە لە هەردووكیانەوە پێشەكیەكانی زینا دەربكەوێت ئەوا مێردە بەغیرەتەستەملێكراوەكەی ناچار دەبێت تەڵاقی بدات، چونكە داوێنپیسی ئەنجامداوە یان پێی ڕازی بووە. پاشان ئەگەر مناڵێكی لێی ببێت ئەوا ئاژاوەیەكی گەورە ڕوو دەدات. كەواتە بەهۆی ئەم ناپیاوەوە مێردی ژنەكە كە سەرپەرشتیاری ماڵەكەیە هەموو ئەم زیانانە دەكات.
بزانن كە ئەم سیفەتی داوێن پاكییە بە ڕەوشت ئەژمار ناكرێت مەگەر ئەو كاتەی كە خاوەنەكەی خۆی بگرێتەوە لەگەڵ بوونی توانای ئەنجامدانی سەیركردنی خراپ یان زینا؛ واتە خۆی بەپاكی ڕادەگرێت لەم كارە قێزەونە لەگەڵ بوونی ئەو هێزە سروشتیەی كە بەهۆیەوە دەتوانێت ئەنجامی بدات. بەڵام ئەگەر مرۆڤێك ئارەزووی سێكسی نەبوو بەهۆی كەمی تەمەنەوە یان لەبەرئەوەی پەكی كەوتبوو لەڕووی جنسیەوە، یان لەبەرئەوەی نێرەموك بوو، یان پیر، ئەوا ئەوكاتە ڕاست نیە كە وەسفی بكەین بەوەی خاوەنی ڕەوشتی پاكداوێنیە، ڕاستە ئەو بەسروشت پاكداوێنە، بەڵام ئەم جۆرە حاڵەتە سروشتیانە- وەك چەندین جار گوتوومانە- پێیان ناوترێت ڕەوشت مەگەر كاتێك لە شوێنی خۆیاندا بەڕێنمایی عەقڵ پیادە كرابن یان ئامادە كرابن بۆ پیادەكردن. لەبەرئەوە مناڵ یان ئەوانەی لەڕووی جنسیەوە پەكیان كەوتووە، یان ئەوانەی بە شێوازێك لە شێوازەكان هێزی جنسییان نەماوە، هەرگیز وەسف ناكرێن بەم ڕەوشتە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا بە پاكداوێنی ژیان بەسەر دەبەن، بەڵكو ئەم داوێنپاكیەی ئەوان له هەموو حاڵەتە باسكراوەكاندا شتێك نیە جگەلە دۆخێكی سروشتی.
ڕێگاكانی داوێنپاكی
بەو پێیەی كە ئەم كارە قێزەونە و ڕێخۆشكەرەكانی دەكرێت ئەنجامبدرێت لەلایەن ئافرەتەوە هەروەك چۆن دەكرێت لەلایەن پیاویەوە ئەنجام بدرێت، بۆیە خوای گەورە هەردوو ڕەگەزەكە ڕێنمایی دەكات لە كتێبە پیرۆزەكەیدا و دەفەرموێت: { قُلْ لِلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ (30) وَقُلْ لِلْمُؤْمِنَاتِ يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنَّ وَيَحْفَظْنَ فُرُوجَهُنَّ وَلَا يُبْدِينَ زِينَتَهُنَّ إِلَّا مَا ظَهَرَ مِنْهَا وَلْيَضْرِبْنَ بِخُمُرِهِنَّ عَلَى جُيُوبِهِنَّ… وَلَا يَضْرِبْنَ بِأَرْجُلِهِنَّ لِيُعْلَمَ مَا يُخْفِينَ مِنْ زِينَتِهِنَّ وَتُوبُوا إِلَى اللَّهِ جَمِيعًا أَيُّهَ الْمُؤْمِنُونَ لَعَلَّكُمْ تُفْلِحُونَ} (النور: 31-32) واتە پێویستە لەسەر باوەڕداران چاوی خۆیان داخەن لە بینینی ئافرەتانی نامەحرەم، وە سەرنج نەدەن لە ئافرەتانێك كە رەنگە وروژێنەری ئارەزووی سێكسی بن، وە لەم كاتانەدا خوو بگرن بە چاو داخستنەوە، واتە سەیركردن بە بەچاوێكی ساردەوە، وە شەرمی خۆیان داپۆشن بەپێی توانا. هەروها پێویستە گوێچكەی خۆیان بپارێزن لە بیستنی گۆرانی و ئاوازی ئافرەتانی نامەحرەم، وە كوێ شل نەكەن بۆ باسی جوانی و شۆخ و شەنگییان، دیارە ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆپاكی چاو و خاوێنی دڵ و دەروون.
پاشان بە هەمان شێوە فەرمان بە ئافرەتان دەكات و دەفەرموێت: بەوانیش بڵێ چاوی خۆیان بپارێزن لە بینینی پیاوانی نامەحرەم؛ هەروەها گوێی خۆیان بپارێزن لە بیستنی قسەی ئەو پیاوانە… واتە گوێ نەگرن لەو قسانەیان كە ئارەزووی سێكسی دەجووڵێنن؛ وە ئەو شوێنانەیان داپۆشن كە پێویستە داپۆشرێن، وە جوانی خۆیان دەرنەخەن بۆ ئەو پیاوانە؛ وە دەبێت ئافرەت سەرپۆش بدات بەسەریدا بەجۆرێك لەگەڵ سەریدا سنگ و بەرۆكیشی داپۆشێت.. واتە سنگ و بەرۆك و سەر و گوێچكە و ڕوومەت داپۆشێت، وە وەكو ئافرەتانی سەماكەر پێیان نەكوتن بە زەویدا.
ئەمە ڕێگاچارەیەكە ئەگەر مرۆڤ بیگرێتەبەر دەكرێت ڕزگاری دەبێت لەپێخلیسكان.
وە ڕێگاچارەی دووەم ئەوەیە كە بگەڕێنەوە بۆ لای خوای گەورە و لێی بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی بیانپارێزێت و ڕزگاریان بكات لە لادان و پێخلیسكان.
پاشان خوا (عز وجل) دەفەرموێت: {وَلَا تَقْرَبُوا الزِّنَا إِنَّهُ كَانَ فَاحِشَةً وَسَاءَ سَبِيلًا} (الإسراء: 33).. واتە دووربكەونەوە لەهەر شتێك كە پاڵتان پێوە دەنێت تەنانەت بۆ بیركردنەوە لەم داوێنپیسیە، وە بەڕێگایەكدا مەڕۆن كە تێیدا مەترسی تووشبوون بەم تاوانە هەبێت، دیارە ئەوانەی تاوانی زینا دەكەن دەگەنە چڵەپۆپەی خراپەكاری. بێگومان ڕێگای زینا ڕێگایەكی زۆر خراپە.. چونكە ناهێڵێت بگەن بەمەبەستی خۆتان و مەترسیەكی گەورەیە لەسەر ئامانجی كۆتاییتان.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَلْيَسْتَعْفِفِ الَّذِينَ لَا يَجِدُونَ نِكَاحًا} (النور: 34) واتە ئەوانەی دەرفەتی هاوسەرگیرییان بۆ هەڵنەكەوتووە پێویستە لەڕێگەی كۆمەڵێك شێوازی ترەوە پارێزگاری لە پاكداوێنی خۆیان بكەن، وەك ڕۆژووگرتن یان كەمخواردن، یان بەكاربردنی هێز و توانا لەكاری جەستەیی قورسدا.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَرَهْبَانِيَّةً ابْتَدَعُوهَا مَا كَتَبْنَاهَا عَلَيْهِمْ إِلَّا ابْتِغَاءَ رِضْوَانِ اللَّهِ فَمَا رَعَوْهَا حَقَّ رِعَايَتِهَا} (الحدید: 28).. واتە خەڵكانێك هەن لەلایەن خۆیانەوە كۆمەڵێك ڕێگایان بۆ ئەمە داهێناوه: وەك ئەوەی بەئەنقەست دەستهەڵدەگرن لە هاوسەرگیری بۆهەتاهەتایە، یان بەشێوەیەكی دەستكرد توانای سێكسی خۆیان پەكدەخەن وەك ئەوانەی تووشی پەككەوتنی سێكسی بوون، یان بەهەر ڕێگەیەكی تر خۆیان دەكەن بە ڕەبەن؛ بەڵام ئێمە ئەمەمان نەسەپاندووە بەسەریاندا، بۆیە بەتەواوەتی شكستیان هێنا لە پەیڕەوكردنی ئەم رێگە داهێنراوانەدا.
فەرمایشتی خوای گەورە كە ئێمە ڕەبەنیمان لەسەر خەڵك فەرزنەكردووە.. ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەگەر ئێمە فەرزمان بكردایە لەسەریان ئەوا هەموو كەس دەیتوانی كاری پێ بكات؛ وە دواجار ئەمه لەزووەوە دەبووە هۆی لەناوچوونی خەڵكی دنیا بە دوابڕاوبوونی وەچەی مرۆیی.
پاشان خۆپاكڕاگرتن و داوێنپاكی بە قرتاندنی ئەندامی زاوزێ شتێك نیە جگە لە ڕەخنەگرتن لە دروستكارێكی هەرەدانا كە ئەم ئەندامەی دروست كردووە. پاشان سەرەتا پاداشت هەمووی وەستاوە لەسەر بوونی هێزی سێكسی، وە لەسەر بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی مرۆڤ بۆ هاندانە خراپەكانی ئەم هێزە لەترسی خوا، وە لەسەر سوودوەرگرتن لەو هێزه بەشێوەیەكی دروست.. بۆ ئەوەی دوو جۆر لە پاداشت بەدەست بھێنێت. مادام بابەتەكە بەم شێوەیەیە، شتێكی بەڵگەنەویستە كە قرتاندنی ئەندامەكە مرۆڤ بێبەش دەكات لە دوو پاداشتەكە، چونكە پاداشت بەبوونی حەزی هەڵچووی سێكسی و كپكردنەوەی دێتەدی. دەی پاداشت لەكوێ دەست دەكەوێت ئەگەر ئەو حەزە نەمابێت و مرۆڤ وەكو منداڵی لێهاتبێت؟ ئایا مناڵ لەسەر پاكداوێنیەكەی پاداشت دەدرێتەوە؟
پێنج ڕێگە بۆ داوێنپاكی
خوای گەورە لە ئایەتەكانی پێشوودا تەنها فێركارییەكی بڵندی دانەناوە بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕەوشتی داوێنپاكی بەدەست بھێنێت بەڵكو پێنج چارەسەریشی بۆ داناوە كە بریتین لە: چاوداخستن؛ واتە نەڕوانین بۆ شتێك كە بینینی حەڵاڵ نیە؛ وە پاراستنی گوێچكە لە بیستنی دەنگی ئافرەتانی نامەحرەم، وە گوێ نەگرتن بۆ وەسفی جوانی و شۆخ و شەنگییان؛ وە خۆگرتنەوە لەهەموو ئەو شتانەی كە دەبنە هۆی ئەم تاوانە؛ وە ڕۆژووگرتن یان شتێكی لەم بابەتە لە حاڵەتی زگورتیدا.
لێرەدا بەدەنگی بەرز ڕایدەگەیەنین ئەم فێركاریە بەرزە كە هەموو ڕێگەچارەیەكی پێویستی تێدایە و لە قورئاندا باسكراوه، بەتەنھا تایبەتە بە ئیسلامەوە.
حیكمەتێك هەیە كە شایانی باسكردنە، ئەویش ئەوەیە حاڵەتی سروشتی كە سەرچاوەی حەزو ئارەزووە سێكسیەكانە و مرۆڤ ڕزگاری نابێت لێی مەگەر دوای گۆڕان و وەرچەرخانێكی تەواوەتی… لەوەدا خۆی دەنوێنێت كە ئارەزووە سێكسیەكانی لەماوەیەكی كەمدا گڕدەگرن كاتێك بەڕێككەوت تووشی شتە وروژێنەرەكان دەبن، یان بەدەربڕینێكی تر: لەو كاتەدا لە مەترسیەكی گەورەدا دەبن.. لەبەرئەوە خوای گەورە ڕێگەی پێ نەداوین كە بە ئازادی سەیری ئافرەتانی نامەحرەم بكەین و تەماشای جوانییان بكەین، وە جووڵەكانیان ببینین لەكاتی سەما كردندا تەنانەت ئەگەر بە ڕوانینێكی پاكیش بێت؛ هەروەها ڕێگەی پێ نەداوین گوێ بگرین لە گۆرانی و مۆسیقای ئافرەتە گەنجە نامەحرەمەكان، یان گوێ شلكەین بۆ چیرۆك و باس و خواسی شۆخ و شەنگیەكەیان با بە نیازێكی پاكیشەوە بیت. نەخێر بەڵكو ئامۆژگاریمان دەكات هەرگیز سەیری نامەحرەم و جوانیەكەیان نەكەین، نە بەڕوانینی پاك نە بە ڕوانینی پیس؛ وە گوێبستی گۆرانی و ئاوازیان نەبین و گوێ شل نەكەین بۆ چیرۆك و بەسەرهاتی جوانییان، نە بە نیازێكی پاكەوە نە بە نیازێكی ترەوە، بەڵكو پێویستە لەسەرمان لەهەموو ئەم شتانە دوور بكەوینەوە وەك چۆن لە كەلاكی بۆگەن دوور دەكەوینەوە.. بۆ ئەوەی تووشی لادان و پێخلیسكان نەبین، چونكە بەدڵنیاییەوە هەر ڕۆژێك تووشی پێخلیسكان دەبین بەهۆی ئەم ڕوانینە ئازادانەوە. وە بەو پێیەی خوای گەورە دەیەوێت چاو و دڵ و بیروهۆشمان هەمووی به پاكی و پارێزراوی بمێننەوە، بۆیە ڕێنماییمان دەكات بۆ ئەم بنەما بەرز و بڵندانە. چ گومانێك لەوەدا هەیە كە نەپاراستنی چاو و ڕوانینی ئازاد دەبێتە هۆی پێهەڵخلیسكان و كەوتن؟ ئایا هەڵەیەكی زەق نیە كە كولێرەی نەرم لەبەردەم سەگی برسیدا دابنێین.. پاشان ئەوەی لێ چاوەڕوان بكەین كە هیچ بیری لێ نەكاتەوە؟ لەبەرئەوە خوای گەورە ویستوویەتی دەرفەتی چالاكی شاراوەیش نەڕەخسێنێت بۆ هێزە دەروونیەكان، وە مرۆڤ ڕوبەڕووی هەڵوێستێك نەبێتەوە كە تێدا بیرۆكە خراپەكان تووشی هەڵچوون و وروژاندن بن.
حیكمەت لە حیجابی ئیسلامیدا
ئەمەیە حیكمەت لە بوونی حیجابی ئیسلامیدا. وە تەنھا ئەمە هیدایەتی شەرعیە. كتێبی خوا مەبەستی لە حیجاب ئەوە نەبووە كە وەك دیل ئافرەت قۆڵبەست و زیندانی بكات، ئەمە گومانی ئەو كەسە نەفامانەیە كە هیچ شتێك نازانن دەربارەی بنەما ئیسلامیەكان. مەبەست لە حیجابی ئیسلامی ئەوەیە كە ژنان و پیاوان هەموویان دەست هەڵگرن لە ڕوانینی ئازاد، وە ئافرەتان جوانی و قەشەنگی خۆیان دەرنەخەن بۆ لایەنەكەی تر، وە وەكو سەردەمی نەفامی خۆیان نەڕازێننەوە.. چونكە دەست هەڵگرتن لەهەموو ئەمانە و وازهێنان لێیان بەرژەوەندی هەردوو ڕەگەزەكەی تێدایە.
هەروەك پێویستە ئەوەشمان لەیاد بێت كە غض البصر لە زمانی عەرەبیدا ئەوەیە مرۆڤ بەچاوێكی ساردەوە بڕوانێت.. بەجۆرێك چاوی خۆی بپارێزێت لە بینینی ئەو شتەی كە بینینی حەڵاڵ نەبێت، وە تەنھا سەیری شتێك بكات كە ڕەوایە سەیر بكرێت. وە هەركەسێك دەیەوێت دەروونی خۆی خاوێن بكاتەوە بۆی نیە وەكو ئاژەڵ چاوی بەرەڵا بكات و بۆ هەر لایەك ویستی بڕوانێت بەبێ هیچ كۆت و بەندێك، بەڵكو پێویستە لەسەری لەم ژیانە شارستانیەدا خۆی ڕابھێنێت لەسەر چاوداخستن، وە بەم ڕەفتارە پیرۆزە ئەم خووە سروشتیەی دەگۆڕێت بۆ ڕەوشتێكی مەزن بەبێ ئەوەی ئەم ڕەفتارە هیچ بەركەوتنێك بكات لەگەڵ پێداویستیەكانی ژیانی كۆمەڵایەتیدا. ئەمە ئەو ڕەوشتەیە كە پێی دەوترێت داوێنپاكی.
ڕەوشتی دەستپاكی
وە بەشی دووەم لە بەشەكانی وازھێنان لە خراپە و شەڕ.. ئەو ڕەوشتەیە كە بە دەستپاكی ناسراوە.. واتە دووركەوتنەوە لە ئازاردانی كەسانی تر بەوەی بەنیازی خراپ و بەمەبەستی بەرپاكردنی شەڕ و ئاژاوە دەستبگیرێت بەسەر ماڵ و سامانیاندا.
با ڕوون و ئاشكرا بێت كە سیفەتی دەستپاكی حاڵەتێكە لە حاڵەتە سروشتیەكانی مرۆڤ، تەنانەت مناڵی شیرەخۆرە كە بەهۆی كەمی تەمەنیەوە خاوەنی ساویلكەیی سروشتیە، وە هێشتا خووە خراپەكانی نەگرتووە.. لە ماڵ و سامانی كەسانی تر دووردەكەوێتەوە بەڕادەیەك بەكەمی مەمكی ئافرەتێكی تری جگەلەدایكی خۆی دەگرێت مەگەر زۆر بە قورسی، ئەگەر مەمكی ئافرەتێكی تر نەگرێت لەكاتێكدا كە مناڵە و هێشتا بەئاگا نیە، ئەوا دوای ئەوە شیرپێدانی لە ئافرەتێكی تر زۆر قورس دەبێت، وە تووشی نارەحەتیەكی زۆر گەورە دەبێت بەڕادەیەك ڕەنگە بەهۆیەوە بكەوێتە لێواری مەرگ، لەگەڵ ئەوەدا پێی خۆش نیە ئافرەتێكی تر شیری پی بدات؛ دیارە بەسروشتی خۆی ڕقی لەوە دەبێتەوە كە ئەوەی لای دایكی هەیە وازلێبهێنێت بۆ ئەوەی لای ئافرەتێكی تر هەیە. تۆبڵێی نھێنی ئەم ڕقلێبوونەوە توندە چی بێت؟
ئەگەر تەماشای ئەم نەریتەی مناڵی شیرەخۆرەمان كرد و بەوردی سەرنجمان لێدا ئەوا بەجوانی بۆمان دەردەكەوێت كە ڕقلێبوونەوەی توندی لەو شتەی كە موڵكی كەسێكی ترە بەجۆرێك بەهۆیەوە تووشی ئەوپەڕی ناڕەحەتی و دەردیسەری دەبێت.. تەنھا بریتیە لە سەرچاوەی یەكەم بۆ سیفەتی دەستپاكی. وە هەرگیز مرۆڤ ڕاستگۆ نابێت لە سیفەتی دەستپاكیدا ئەگەر لە ناخیدا- وەكو مناڵ- ڕقلێبوونەوەی تەواوەتی نەبێت بۆ ئەوشتەی كە هی كەسێكی ترە و بەشێوەیەكی ڕاستەقینە لێی دوور نەكەوێتەوە.
بەڵام ئەوەندە هەیە كە منداڵ ئەم خووە لە جێگای خۆیدا بەكارناھێنێت، وە بەهۆی ئەوەی كە نەزانە ئازار زۆر دەچێژێت، بۆیە ئەم خووەی تەنھا حاڵەتێكی سروشتیە و بەبێ بیركردنەوە و ئیرادە پراكتیكی دەكات، لەبەرئەوە بە هیچ شێوەیەك بە ڕەوشت دانانرێت، ئەگەرچی بریتیە لە سەرچاوەی سەرەكی سیفەتی دەستپاكی لە سروشتی مرۆییدا. هەروەك ڕەوا نیە كە بە مناڵ بوترێت دەستپاك و دیندار بەهۆی ئەم خووە سروشتیەیەوه، بەهەمان شێوە ڕەوا نیە كەسێك بە دەستپاك وەسف بكرێت ئەگەر بەگوێرەی داخوازی بارودۆخ ئەم خووە سروشتیەی خۆی پیادە نەكات. زۆر قورسە كەسێك ببێت بەخاوەنی سیفەتی دەسپاكی، وە هەرگیز مرۆڤ دەستپاك نابێت هەتا هەموو مەرجەكانی دەستپاكی بەتەواوەتی لەخۆیدا بەدی نەهێنێت لەهەموو ڕوویەكەوە.
لەخوارەوە كۆمەڵێك ئایەت- وەك نموونە- دەھێنینەوە كە تێیاندا خوای گەورە ڕێنماییمان دەكات بۆ شێوازەكانی دەستپاكی و ئادابەكانی.. خوای گەورە دەفەرموێت: {وَلَا تُؤْتُوا السُّفَهَاءَ أَمْوَالَكُمُ الَّتِي جَعَلَ اللَّهُ لَكُمْ قِيَامًا وَارْزُقُوهُمْ فِيهَا وَاكْسُوهُمْ وَقُولُوا لَهُمْ قَوْلًا مَعْرُوفًا (*) وَابْتَلُوا الْيَتَامَى حَتَّى إِذَا بَلَغُوا النِّكَاحَ فَإِنْ آنَسْتُمْ مِنْهُمْ رُشْدًا فَادْفَعُوا إِلَيْهِمْ أَمْوَالَهُمْ وَلَا تَأْكُلُوهَا إِسْرَافًا وَبِدَارًا أَنْ يَكْبَرُوا وَمَنْ كَانَ غَنِيًّا فَلْيَسْتَعْفِفْ وَمَنْ كَانَ فَقِيرًا فَلْيَأْكُلْ بِالْمَعْرُوفِ فَإِذَا دَفَعْتُمْ إِلَيْهِمْ أَمْوَالَهُمْ فَأَشْهِدُوا عَلَيْهِمْ وَكَفَى بِاللَّهِ حَسِيبًا} (النساء: 6-7).
هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: {وَلْيَخْشَ الَّذِينَ لَوْ تَرَكُوا مِنْ خَلْفِهِمْ ذُرِّيَّةً ضِعَافًا خَافُوا عَلَيْهِمْ فَلْيَتَّقُوا اللَّهَ وَلْيَقُولُوا قَوْلًا سَدِيدًا (*) إِنَّ الَّذِينَ يَأْكُلُونَ أَمْوَالَ الْيَتَامَى ظُلْمًا إِنَّمَا يَأْكُلُونَ فِي بُطُونِهِمْ نَارًا وَسَيَصْلَوْنَ سَعِيرًا} (النساء: 10-11) واتە ئەگەر لە ناوتاندا كەسێكی خاوەن ماڵ و سامان هەبوو كە عەقڵی لاواز بوو.. بۆ نموونە مناڵێك بێباوك بێت كە تەمەنی نەگەيشتبێتە قۆناغی پێگەشتن، وە لەوە ترسان كە بە نەفامی خۆی ماڵ و سامانەكەی بەفیڕۆ بدات.. ئەوا پێویستە لەسەرتان- وەك ئەمیندار بەسەر ماڵ و سامانەكانیانەوە- هەموو سەرمایەكه، كە بریتیە لە كۆڵەكەی ژیان و تەوەرەی بازرگانی، نەخەنە دەستی ئەو كەسە گەمژانەوه، بەڵكو ئەوەندەیان پێ بدەن كە پێویستیان پێیەتی بۆ خواردن و پۆشاك، وە بەچاكی قسەیان لەگەڵدا بكەن كە عەقڵ و هەستیان گەشەبكات و پەروەردەیان بكەن بەشێوەیەك كە گونجاو بێت لەگەڵ بارودۆخیاندا هەتا بە نەزانی و نەشارەزایی نەمێننەوە. بۆ نموونە هەر كامێكیان كوڕی بازرگان بوو شێوازەكانی بازرگانی فێربكەن، وە ئەو كەسەی كەسوكاری خاوەن پیشە بوو ئەوا لەسەر پیشەیەك مەشقی پێ بكەن كە گونجاوبێت لەگەڵ بارودۆخیدا، هەروا وازیان لێ مەهێنن بەڵكو ناوبەناو تاقییان بكەنەوە لەوەدا كە فێرتان كردوون. هەتا دەگەنە قۆناغی پێگەشتن- كە دەكاتە نزیكەی هەژە ساڵی تەمەنیان- وه كاتێك زانیتان كە ئیتر عەقڵیان پێگەشتووە و شیاوی ئەوەن كە بە عەقڵ و شارەزاییەوە ماڵ و دارایی خۆیان بخەنەگەڕ.. ماڵ و سامانەكانیان پێ بدەنەوە. وە بە زیادەڕەوی ماڵ و سامانیان خەرج مەكەن و بەفیڕۆی مەدەن لە ترسی ئەوەی نەوەك گەورەبن وەریبگرنەوە. وە ئەو كەسەی دەوڵەمەندە پێویست ناكات كرێ وەربگرێت لەبەرامبەر بەخێوكردنی مناڵە بێباوكەكەدا. بەڵام ئەگەر بەخێوكەرەكە هەژار بوو ئەوا با بەگوێرەی دابونەریتی ڕۆژ لە ماڵی هەتیوەكە هەڵگرێت. نەریتی عەرەب وەها بوو لەو كاتەدا ئەگەر بەخێوكەر و سەرپەرشتیاری بێباوكان نیازیان بوایە شتێك لە ماڵی مناڵە بێباوكەكە هەڵبگرن بۆخۆیان ئەوا بەپێی توانا هەوڵیان دەدا بەشێك لە قازانجی بازرگانی ئەو ماڵ و سامانە هەڵبگرن بۆخۆیان، وە بەهیچ شێوەیەك سەرمایەكە بەكارنەبەن. وە خوای گەورە لێرەدا ئاماژە دەكات بە هەمان ئەم نەریتە و فەرمان دەكات بە پەیڕەوكردنی.
پاشان دەفەرموێت: ئەگەر ماڵ و سامانەكەتان پێ دانەوە ئەوا بە ئامادەبوونی شایەت ئەو كارە بكەن، وە ئەو كەسەی لەسەرەمەرگدایە و مناڵی وردی هەیە ئەوا مافی ئەوەی نیە بەشێوەیەك وەسێت بكات كە مافی مناڵەكان بخورێت.
دەی بڕوانن خوای گەورە لێرەدا چەندە باسی ئادابەكانی دەستپاكیی كردووە! دەستپاكیی ڕاستەقینە ئەوەیە كە بەتەواوەتی هەموو ئەم مەرجانەی تێدا بەدی بێت.. ئەگینا ئەو دەستپاكیەی كه بەوپەڕی هۆشداریەوە هەموو ئەم مەرجانەی تێدا ڕەچاو نەكرێت، بەدڵنیاییەوە جۆرەها خیانەتی شاراوە دزە دەكاتە ناویەوە.
پاشان خوای گەورە لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: {وَلَا تَأْكُلُوا أَمْوَالَكُمْ بَيْنَكُمْ بِالْبَاطِلِ وَتُدْلُوا بِهَا إِلَى الْحُكَّامِ لِتَأْكُلُوا فَرِيقًا مِنْ أَمْوَالِ النَّاسِ بِالْإِثْمِ وَأَنْتُمْ تَعْلَمُونَ} (البقرة: 189).. واتە بەناحەق ماڵ و سامانی خەڵكی زەوت مەكەن، هەروەها ماڵی خۆتان مەدەن بە كاربەدەستان وەكو بەرتیل بۆ زەوتكردنی ماڵ و سامانی خەڵكی بەیارمەتی فەرماڕەواكان.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُكُمْ أَنْ تُؤَدُّوا الْأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا} (النساء: 59).
وە دەفەرموێت: {إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ الْخَائِنِينَ} (الأنفال: 59).
وە دەفەرموێت: {وَأَوْفُوا الْكَيْلَ إِذَا كِلْتُمْ وَزِنُوا بِالْقِسْطَاسِ الْمُسْتَقِيمِ} (الإسراء: 36).. واتە ئەگەر شتەكانتان كێشا ئەوا بە تەرازووی بەرامبەر بیكێشن و با هیچ ناڕێكی تێدا نەبێت.
وە دەفەرموێت: {وَلَا تَبْخَسُوا النَّاسَ أَشْيَاءَهُمْ وَلَا تَعْثَوْا فِي الْأَرْضِ مُفْسِدِينَ} (الشعراء: 184).. واتە بەهیچ شێوازێك زیان مەگەیەنن بە ماڵ و سامانی خەڵكی، وە بە نیازی خراپەكاری و تێكدان بە زەویدا مەگەڕێن.. واتە دزی یان تاڵانی یان پارەسپیكردنەوە لەڕێگەی گیرفان بڕین یان هەر شێوازێكی ترەوه ئەنجام مەدەن.
وه خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: {وَلَا تَتَبَدَّلُوا الْخَبِيثَ بِالطَّيِّبِ} (النساء: 3).. واتە لەباتی شتی چاك شتی خراپ مەدەن، بەو مانایە: هەروەك حەڵاڵ نیە بۆتان كە بە ناحەق ماڵی خەڵكی زەوت بكەن، هەروەها بۆتان حەڵاڵ نیە شتێكیان پێبفرۆشن كە فێڵی تێدا كرابێت، یان لەجیاتی شتی باش شتی خراپیان پێ بدەن.
خوای گەورە لە ئایەتەكانی سەرەوەدا هەموو شێوازەكانی ناپاكی خستووەتە ڕوو، وە وتەیەكی پڕبەپیستی هێناوە بەجۆرێك شێوازێكی ناپاكی نەماوە باسی نەكردبێت. خوا (سبحانه وتعالی) بەوەندە وازی نەھێناوە كە بفەرموێ:” دزی مەكەن” بۆ ئەوەی كەسی نەزان وا تێنەگات كە تەنھا دزی حەرامە، وە هەموو شێوازە حەرامەكانی تر بۆ پەیداكردنی ماڵ و سامان هەموویان حەڵاڵن. نەخێر، بەڵكو خوا بەم ڕاگەیاندنە گشتگیرە هەموو شێوازێكی ناڕەوای حەرام كردووە، ئەمەش ڕاگەیاندنە پڕ حیكمەتەكەیە. كەواتە، ئەو كەسەی لەگەڵ بوونی ئەم بیناییەدا خۆی ناڕازێنێتەوە بە سیفەتی دەستپاكی، وە تێیدا هەموو ئەم لایەن و مەرجانە ڕەچاو ناكات.. هەرگیز كردەوەكەی بە دەستپاكی ئەژمارناكرێت ئەگەرچی لە هەندێ بواردا دەستپاكی پیشان بدات، ئەوە تەنھا حاڵەتێكی سروشتیە و خاڵیە لە جیاكاری عەقڵی و بینایی.
چاوپۆشی یان ئاشتیخوازی
بەشی سێیەمی ئەو ڕەوشتانەی كە لە ژێر ناوی وازھێنان لە شەردا پۆلێن دەكرێن ئەوانەن كە لە زمانی عەرەبیدا پێیان دەوترێت (الهدنة والهون)، واتە دەستهەڵگرتن له زیانگەیاندن بە كەسێك بەناحەق، وە دووركەوتنەوە لەشەڕ، وە ژیان بە ئاشتی و تەبایی. گومانی تێدا نیە كە ئاشتی یەكێكە لە ڕەوشتە هەرەبەرزەكان، وەگرنگترین و پێویستترین شتە بۆ مرۆڤایەتی.
وە ئەو هێزە سروشتیەی لەمناڵدا هەیە و هاوشێوەی ئەم ڕەوشتەیە، كە لە دوای هەمواركردنەوە دەبێت بەڕەوشت بریتیە لە هۆگری.. واتە ڕامبوون. ئاشكرایە مرۆڤ لە حاڵەتە سروشتیەكەیدا- واتە ئەو كاتەی هۆشیار نیە- ناتوانێت لەمانای ئاشتی و ناوەڕۆكی جەنگ تێبگات، بەڵام لەو كاتەشدا خاوەنی خووی هۆگری و پێكهاتنە، وە ئەم خووە بریتیە لە سەرچاوەی ڕەوشتی ئاشتیخوازی. وە بەو پێیەی كە ئەم خووە لەو كاتەدا بەرهەمی بیركردنەوە و ڕامان و ئیرادەیەكی هۆشیار نیە بۆیە لە لیستی رەوشتدا ئەژمار ناكرێت، تەنھا ئەو كاتە بە ڕەوشت لەقەڵەم دەدرێت كە مرۆڤ بە ویستی خۆی دەستهەڵبگرێت لەشەڕ، وە لەشوێن و كاتی خۆیدا خۆی بڕازێنێتەوە بە ڕەوشتی ئاشتیخوازی، وە پارێزبكات لە بەكارھێنانی لە شوێنێكدا كە شوێنی خۆی نەبێت. لەم بارەوە خوای گەورە فێرمان دەكات و دەفەرموێت: {وَأَصْلِحُوا ذَاتَ بَيْنِكُمْ} (الأنفال: 2) واتە لەناوخۆتاندا پێك بێن.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَالصُّلْحُ خَيْرٌ} (النساء: 129).
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِنْ جَنَحُوا لِلسَّلْمِ فَاجْنَحْ لَهَا} (الأنفال: 62).. واتە ئەگەر دوژمن حەزی لە ئاشتەوایی كرد ئەوا لەو كاتەدا پێویستە لەسەرتان ئێوەیش ئاشتەوایی لەگەڵدا بكەن.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَعِبَادُ الرَّحْمَنِ الَّذِينَ يَمْشُونَ عَلَى الْأَرْضِ هَوْنًا} (الفرقان: 64).. واتە بەندە ساڵحەكانی خوا بە هێمنی و بێوەیی بەسەر زەویدا دەڕۆن.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِذَا مَرُّوا بِاللَّغْوِ مَرُّوا كِرَامًا} (الفرقان: 73).. واتە لەسەر شتی بێ بایەخ مشتومڕ ناكەن، بەڵكو ئەگەر قسەی بێكەڵكیان بیست كە ڕەنگە ببێتە هۆی شەڕ و كێشە ئەوا بە دانایی و نەرمونیانیەوە چارەسەری دەكەن، وە بە هێمنی و شكۆمەندییەوە پشت هەڵدەكەن. واتە ئەوان رقیان لە شەڕ و چەلەحانێیە لەسەر هەموو شتێكی گەورە و بچوك.. مەگەر زیانێكی گەورەیان پێ بگات، چونكە ئاشتەوایی ئەوە دەخوازێت كە گوێ نەدرێت بە شتی بێ بایەخ و پڕوپووچ و چاوپۆشی لە خاوەنەكەی بكرێت.
جیاوازی نێوان چاوپۆشی و لێبوردن
پێویستە ئاشكرا بێت وشەی “اللغو” كە لێرەدا لە ئایەتەكەدا هاتووە لە زمانی عەرەبیدا بەمانای قسە و كردەوەی بێنرخ و پڕوپووچ دێت كه كەسێك بەمەبەستی ئازارگەیاندن ئەنجامی دەدات، بەڵام لەڕاستیدا زیانێكی گەورە لێیەوە دروست نابێت. وە ئاشتیخوازی ئەوە دەخوازێت كە خەڵكی بەڕێزەوە مامەڵە بكەن لەگەل ئەو كەسەدا، وە چاوپۆشی بكەن لە قسە یان جووڵە بێسوودەكانی.
بەڵام ئەگەر زیانگەیاندن و ئازاردان سنوری “اللغو”ی تێپەڕاند و زیانێكی ڕاستەقینەی دا له ژیان یان ماڵ یان شكۆی مرۆڤ، ئەوا وازھێنان لە كەسی دەستدرێژكار پێ ناوترێت ڕەوشتی چاوپۆشی، بەڵكو پێ دەوترێت لێبوردن، خوا یاربێت دواتر باسی ئەم ڕەوشتە دێت.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: {ادْفَعْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ فَإِذَا الَّذِي بَيْنَكَ وَبَيْنَهُ عَدَاوَةٌ كَأَنَّهُ وَلِيٌّ حَمِيمٌ} (فصلت: 35).. واتە لەگەڵ ئەو كەسەدا كە خراپەی كردووە بەرامبەرت تۆ بەچاكە هەڵسوكەوت بكە بۆ ئەوەی ببێت بە هاوڵێكی گیانی بەگیانی پاش ئەوەی كە دوژمن بوو. بەكورتی چاوپۆشی بۆ كردەوەی هەوانتە دەبێت كە زیانێكی ڕاستەقینەی نیە، بەڵكو تەنھا قسەی هەڵیت و پڵیت و چەنەبازی بێت لەلایەن دوژمنەوه.
نەرمونیانی و قسەی باش
بەشی چوارەم لە بەشەكانی ڕەوشتی وازھێنان لە شەڕ و خراپە بریتیە لە نەرمونیانی و قسەی باش. وە ئەو حاڵەتە سروشتیەی كە ئەم ڕەوشتەی لێوە دروست دەبێت بریتیە لە ڕووخۆشی. پێش ئەوەی مناڵ بتوانێت قسەبكات لە ڕێگەی ڕووخۆشیەوە گوزارشت لە نەرمونیانی و قسەی باش دەكات، تا ئەو كاتەی توانای قسەكردنی دەبێت. وە بوونی ئەم غەریزەیە لە مناڵدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ڕووخۆشی بنچینەی یەكەمە كە ڕەوشتی باسكراو لێیەوە جیادەبێتەوە. ڕووخۆشی بەهرەیەكی سروشتیە، بەڵام نەرمونیانی ڕەوشتێكە لە ئەنجامی بەكارھێنانی ئەم بەهرەیەوە لەكات و شوێنی خۆیدا دروست دەبێت. خوای گەورە لەمبارەوە ڕێنماییمان دەكات و دەفەرموێت:
خوای گەورە دەفەرموێت: {وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا} (البقرة: 84).. واتە قسەیەكیان پێ بڵێن كە لەڕاستیدا خێر و چاكەیە.
وە خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: {لَا يَسْخَرْ قَوْمٌ مِنْ قَوْمٍ عَسَى أَنْ يَكُونُوا خَيْرًا مِنْهُمْ وَلَا نِسَاءٌ مِنْ نِسَاءٍ عَسَى أَنْ يَكُنَّ خَيْرًا مِنْهُنَّ وَلَا تَلْمِزُوا أَنْفُسَكُمْ وَلَا تَنَابَزُوا بِالْأَلْقَابِ} (الحجرات: 12).. فەرمایشتی خوای گەورە {وَلَا تَلْمِزُوا} واتە كەسێك لە خۆتان بە عەیبێك لەكەدار مەكەن، وە بەناو و ناتۆرەی قێزەون یەكتری بانگ مەكەن.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {اجْتَنِبُوا كَثِيرًا مِنَ الظَّنِّ إِنَّ بَعْضَ الظَّنِّ إِثْمٌ وَلَا تَجَسَّسُوا وَلَا يَغْتَبْ بَعْضُكُمْ بَعْضًا أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أَنْ يَأْكُلَ لَحْمَ أَخِيهِ مَيْتًا فَكَرِهْتُمُوهُ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ تَوَّابٌ رَحِيمٌ} (الحجرات: 13).
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ إِنَّ السَّمْعَ وَالْبَصَرَ وَالْفُؤَادَ كُلُّ أُولَئِكَ كَانَ عَنْهُ مَسْئُولًا} (الإسراء: 37).. واتە كەسێك تۆمەتبار مەكەن بە شتێك كە بەڵگەتان لەسەری نیە، وە ئەوەتان لەیاد بێت كە ئێوە لێپرسینەوەتان لەگەڵدا دەكرێت سەبارەت بە هەموو ئەندامێكتان لە گوێچكە و چاو و دڵ و هتد.
بەشەكانی گەیاندنی چاكە
پاش ئەوەی كە كۆتاییمان هێنا بە باسكردنی بەشەكانی وازھێنان لە شەڕ و خراپە، ئێستا ئەو بەشانەی ئەخلاق باس دەكەین كە پەیوەستن بە گەیاندنی خێر و چاكە بە كەسانی تر.
لێبوردن
یەكەم ڕەوشت لێبوردنە لە تاوانبار؛ ئەو كەسەی خۆش دەبێت لەكەسێك خراپەی بەرامبەر دەكات لەڕاستیدا چاكەی پێ دەگەیەنێت. چونكە ئەو كەسەی هەڵەیەك بەرامبەر كەسێكی تر ئەنجام دەدات كە بەهۆیەوە شایستەی ئەوە بێت بە ئەندازەی ئەو زیانەی كە گەیاندوویەتی بە كەسەكە سزابدرێت وەك ئەوەی زیندانی بكرێت یان غەرامە بدات، یان كەسەكەی تر بەدەستی خۆی تۆڵەی لێ بكاتەوە؛ بەڵام ئەگەر لێی ببورێت بەمەرجێك لێبوردنەكە گونجاو بێت.. وەك ئەوە وایە چاكەی پێ گەیاندبێت.
قورئانی پیرۆز ڕێنماییمان دەكات بۆ ئەم ڕەوشتە بەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {وَالْكَاظِمِينَ الْغَيْظَ وَالْعَافِينَ عَنِ النَّاسِ} (آل عمران: 135).
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَجَزَاءُ سَيِّئَةٍ سَيِّئَةٌ مِثْلُهَا فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُهُ عَلَى اللَّهِ} (الشوری: 41).. واتە ئەهلی چاكە ئەوانەن كە ڕق و توڕەیی خۆیان دەخۆنەوە كاتێك هەڵوێستەكە ئەوەیان لێ دەخوازێت، وە لەخەڵكی خۆش دەبن كاتێك بارودۆخەكە ئەوەی لێیان دەوێت، وە ئەگەر تۆڵەیان كردەوە لە كەسی دەستدرێژكار؛ ئەوا تۆڵەكەیان بە ئەندازەی ئەو تاوانەیە كە بەرامبەریان كراوە.
ڕێسا لە سزاكاندا ئەوەیە كە سزای خراپە بە ئەندازەی خراپەكەیە. وە ئەو كەسەی لە تاوانی كەسێك خۆش بێت بەمەرجێك لێبوردنەكە چاكسازی لێ بكەوێتەوە و نەبێتە هۆی خراپەكاری زیاتر.. واتە لێبوردنەكە بەتەواوەتی لە شوێنی خۆیدا بێت.. ئەوا لەسەر ئەمە پاداشتی چاكە دەدرێتەوە.
لەمەوە ڕوون دەبێتەوە كە قورئانی پیرۆز فەرمانمان پێ ناكات بە وازهێنان لە بەرەنگاربوونەوەی خراپە و تۆڵە نەكردنەوە لە خراپەكاران و ستەمكاران لەهەموو بارودۆخێكدا و بەبێ هیچ هۆكارێك. نەخێر، بەڵكو ڕێنماییمان دەكات كە سەرنج بدەین ئایا هەڵوێستەكە لێبوردن دەخوازێت یان تۆڵەكردنەوە، وە لەڕاستیدا كامیان زیاتر لەبەرژەوەندی تاوانبارەكەدایە، هەروەها لە بەرژەوەندی گشتیدایە. هەندێ جار لێبوردن پاڵ بە كەسی تاوانبارەوە دەنێت بۆ تۆبەكردن و پەشیمان بوونەوە، وە هەندێ جاری تر لێبوردن هانی دەدات بۆ ئەنجامدانی تاوان و خراپەی زیاتر؛ لەبەرئەوە خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات كە كوێرانە خوو نەگرین بە لێبوردنەوە، بەڵكو پێویستە جوان لە هەڵوێستەكە بكۆڵینەوە كە ئایا خێر لە لێبوردندایە یان لە سزادا، پاشان بەگوێرەی داخوازیەكانی بارودۆخ و هەلومەرجەكە بڕیاری گونجاو بدەین.
ئەگەر ئەخلاقی مرۆڤمان پشكنی بۆمان دەردەكەوێت كە هەروەك چۆن هەندێكیان دڵپیس و ڕقاوین بەجۆرێك ڕق و كینەی باوباپیرانی لەیاد ناكات، بەهەمان شێوە هەندێكی تریان زۆر زیادەڕەوی دەكەن لە لێبوردن و لێخۆشبووندا، تەنانەت هەندێ جار ئەم لێبوردنە لەڕادەبەدەرە دەبێتە هۆی بێشەرمی بێغیرەتی بەرامبەر شەرەف و نامووس، وە بەناوی لەسەرخۆیی و لێبوردن و چاو لێ نوقاندنەوە شتی وایان لێ دەردەكەوێت كە مرۆڤ شەرمەزار دەكەن و بەتەواوەتی پێچەوانەی غیرەت و جوامێری و پاكداوێنیە، بەڵكو پەڵەیەكی شەرمەزاریە بە ژیاننامەی مرۆڤەوە، تەنانەت خەڵكی خۆیان لەو كەسە بێبەری دەكەن و نەفرەتبارانی دەكەن. بەڕەچاوكردنی ئەم جۆرە خراپەكارییانە قورئانی پیرۆز بۆ هەموو ڕەوشتێك ئەوەی بەمەرج داناوە كە دەبێت لەشوێنی خۆیدا و بەگوێرەی داخوازیەكانی بارودۆخ پیادە بكرێت، وە ئەگەر لە شوێنی خۆیدا پیادە نەكرێت بە ڕەوشتی دانانێت.
بیربكەنەوە ئەگەر لێبوردن ئەم مەرجانەی لەگەڵدا نەبێت؛ ئەوا ناكرێت پێی بوترێت ڕەوشت؛ چونكە هێزێكی سروشتیە لە مناڵیشدا هەیە. ئایا نابینن ئەگەر كەسێك ئازار بگەیەنێت بە مناڵێك -ئەگەر بە ئەنقەستیش بێت- پاش ماوەیەكی كەم لەبیری دەكات، وە بەوپەڕی شەیدایی و تامەزرۆییەوە دەچێت بۆلای ئەو كەسە كە ئازاری داوە؟ بەڵكو ئەگەر نیازی بووبێت بیكوژێت ئەوا پاش ئەوە بەهۆی قسەیەكی شیرینی ئەو كەسەوە لێی ڕازی دەبێت. ئەم لێبوردنەی مناڵەكە بەهیچ شێوەیەك پێی ناوترێت ڕەوشت. نەخێر، شتێك نیە جگە لە هێزێكی سروشتی كە لەخۆوە پیادەی دەكات، تەنھا ئەو كاتە بەڕەوشت ئەژمار دەكرێت كە لەشوێنی خۆیدا بەكارمان هێنا. كەمن ئەو كەسانەی كە دەتوانن جیاكاری بكەن لە نێوان هێزی سروشتی و ڕەوشتدا. چەندین جار ڕوونمان كردووەتەوە كە جیاوازی نێوانیان ئەوەیە ڕەوشت هەمیشە ئەوە پێویست دەكات كە ڕەچاوی داخوازییەكانی بارودۆخ بكرێت، بەڵام هێزی سروشتی لە شوێنێكیشدا دەردەكەوێت كە شوێنی خۆی نەبێت، ئەگینا ئێمە لەناو ئاژەڵانیشدا دەبینین كە مانگا هێمن و بێزیانە و بزنیش خاكی و خۆبەكەمزانە، بەڵام بەو پێیەی هێزی جیاكردنەوەیان پێ خەلات نەكراوە ئەوا ناكرێت بڵێین خاوەنی ئەم ڕەوشتانەن. كەواتە حیكەتی بێپایانی خوا و كتێبە ڕاستە بێكەموكوڕیەكەی مەرجێكیان داناوە بۆ ڕەوشت ئەویش ئەوەیە كە لەشوێنی گونجاوی خۆیدا بەكاربهێنرێت.
دادپەروەری و چاكەكاری و چاكەكاری نێوان خزمەنزیكەكان
ڕەوشتی دووەم لەڕەوشتەكانی گەیاندنی خێر بریتیە لە دادپەروەری، سێیەم بریتیە لە چاكەكاری، چوارەم بریتیە لە میھرەبانی وەك ئەوەی نێوان خزمەنزیكەكان وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالْإِحْسَانِ وَإِيتَاءِ ذِي الْقُرْبَى وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ وَالْبَغْيِ} (النحل: 91).. واتە خوای فەرمانمان پێ دەكات كە چاكە بە چاكە وەڵام بدەینەوە كە ئەمە پێی دەوترێت دادپەروەری، وە زیاتر لە داپەروەری چاكە ئەنجام بدەین ئەگەر لەجێگای خۆیدابوو كە پێی دەوترێت چاكەكاری، وە لەچاكەكاری زیاتر ئەنجام بدەین ئەگەر هەڵوێستەكە ئەوەی خواست و كاری چاكە ئەنجام بدەین تەنها بە هەست و سۆزێكی سروشتیەوە وەك ئەو هەست و سۆزەی لەنێوان خزمەنزیكەكاندا هەیە. وە خوا قەدەغەمان دەكات لە خراپەكاری.. واتە سنوری دادپەروەری ببەزێنین، یان بەشێوەیەك چاكە خوازی پیادەبكەین كە عەقڵ نكوڵی لێ بكات.. واتە چاكە بكەین لە غەیری شوێنی خۆیدا، یان دەستهەڵبگرین لەچاكەكاری لە شوینی خۆیدا، یاخود كەمتەرخەمی بنوێنێن بەگوێرەی داخوازیەكانی “چاكەكاری نێوان خزمە نزیكەكان” لەگەڵ ئەوە هەڵوێستەكە ئەوە دەخوازێت، یان زیادەڕەوی تێدا بكەین و سنوری گونجاو ببەزێنین.
ئەم ئایەتە پیرۆزە سی پلەی گەیاندنی خێر و چاكەی لەخۆی گرتووە، یەكەم: وەڵامی چاكە بەچاكە بدرێتەوە، ئەمە نزمترین پلەی گەیاندنی خێر و چاكەیە، هەموو پیاوچاكێكی ئاسایی دەتوانێت خۆی بەم ڕەوشتە بڕازێنێتەوە.. وە بەردەوام چاكە بكات لەگەڵ ئەو كەسەی كە چاكە دەكات لەگەڵیدا.
بەڵام پلەی دووەم لەم پلەی یەكەم قورستر بەدەستدەھێنرێت، ئەویش ئەوەیە كە مرۆڤ لەلایەن خۆیەوە دەستپێشخەری بكات لە چاكە كردندا، وه لەسایەی چاكەی خۆیەوە سوود بگەیەنێت بە كەسانی تر بەبێ ئەوەی هیچ مافێكی بەسەریەوە هەبێت. ئەم ڕەوشتە لە نێوان دوو پلەدایە، وە زۆربەی خەڵكی چاكە دەكەن لەگەڵ كەسانی هەژاراندا، بەڵام ئەم چاكەكاریە نەنگیەكی شاراوە تێكەڵی دەبێت.. ئەویش ئەوەیە كە كەسی چاكەكار نەفسی پێی دەڵێت كە چاكەی كردووە.. وە لەسەر چاكەكەی بەهیوای سوپاس یان نزایە بەلایەنی كەمەوە، وە ئەگەر ئەو كەسەی كەئەم چاكەی كردووە لەگەڵیدا لە هەڵوێستێكدا دژی بێت ئەوا تۆمەتباری دەكات بەوەی كە كەسێكی سپڵەیە، یان هەندێ جار ئەركی قورس دەدات بەسەر شانیدا كە نەتوانێت هەڵی بگرێت، یان بەهۆی چاكەكەیەوە منەت دەكات بەسەریدا. لەبەرئەوە خوای گەورە هۆشداری دەدات بە چاكەكاران و دەفەرموێت: {لَا تُبْطِلُوا صَدَقَاتِكُمْ بِالْمَنِّ وَالْأَذَى} (البقرة: 265).. واتە بە منەت كردن و ئازاردان بەخشینەكانی خۆتان بەفیڕۆ مەدەن كە پێویستە لە ڕاستگۆییەوە سەرچاوەیان گرتبێت؛ چونكە وشەی “الصدقة” لە ڕاستگۆیی “الصدق”ەوە وەرگیراوە. دەی ئەگەر مرۆڤ دڵی خاڵی بێت لە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی ئەوا بەخشینەكەی پێی ناوترێت بەخشین و سەدەقە، بەڵكو كارێكی ڕیایە. بەكورتی: كەسی چاكەكار لاوازیەكی تێدا هەیە، ئەویش ئەوەیە ڕەنگە لەكاتی توڕەبووندا منەت بكات بەو چاكەیەی كە كردوویەتی، بۆیە لێرەدا خوا هۆشداری دەدات بە چاكەكاران.
پلەی سێیەم لە گەیاندنی خێر و چاكە خوای گەورە ناوی ناوە “بەخشین بە خزمە نزیكەكان”.. واتە لەدڵی كەسی چاكەكاردا هیچ هەستێك نەبێت بەوەی كە چاكەی ئەنجامداوە، وە هیچ هیوایەك لەدڵیدا نەبێت بۆ ئەوەی سوپاس بكرێت لەسەری، بەڵكو پێویسته چاكە بەهۆی پاڵنەری ئەو میهرەبانییەوە بێت كە لەنێوان خزمە نزیكەكاندا هەیە، وەك چۆن دایك خۆشەویستی و سۆزی هەیە بۆ جگەرگۆشەكەی. ئەمەش بەرزترین پلەی گەیاندنی خێرە، وە لەسەرووی ئەمەوە پلەی تر نیە.
بەڵام خوای گەورە هەموو ئەم بەشانەی گەیاندنی خێری پەیوەستكردووە بە ڕەچاوكردنی كات و شوێنی گونجاوەوە، وە لە ئایەتە باسكراوەكەدا زۆر بەڕوونی ڕایگەیاندووە كە هەموو ئەم چاكانە ئەگەر لە شوێنی خۆیاندا ئەنجام نەدران ئەوا دەبن بە خراپە. جا ئەو كاتە دادپەروەری دەبێت بەخراپەكاری (الفحشاء).. واتە سنوربەزاندن تارادەی ناشیرنی و قێزەونی؛ وە چاكە دەبێت بە كارێكی خراپ و نەشیاو (المنكر).. واتە ئەوەی عەقڵ و ویژدان ڕەتی دەكەنەوە؛ وە “بەخشین بە خزمەنزیكەكان” دەبێت بە سنوربەزاندن (البغي).. واتە پیادەكردنی هەستی بەزەیی لەشوێنێكدا كە شوێنی خۆی نیە ئەمەش دەبێتە هۆی پەیدابوونی هەڵوێستی ناپەسەند؛ چونكە لە بنەڕەتدا سنوربەزاندن “البغي” ئەو بارانەیە كە لەڕادەبەدەرە و كشتوكاڵ لەناودەبات، یان “البغي” بریتیە لە بەزاندنی سنوری میانەڕەوی لە جێبەجێكردنی مافدا. بەكورتی هەر بەشێك لەم سێ بەشە ئەگەر لەكات و شوێنی گونجاوی خۆیدا پیادە نەكرێت ڕەوشتێكی ناشیرین و خراپە، لەبەرئەوە مەرجە هەریەكەیان لەكات و شوێنی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
لێرەدا پێویستە ئەوەمان لەیاد نەچێت كە تەنھا دادپەروەری یان چاكە یاخود ئەو بەزەییەی كە وەكو بەزەیی نێوان خزمە نزیكەكان وایە، لەخودی خۆیاندا رەوشت نین، بەڵكو چەند حاڵەتێكی سروشتی و چەند بەهرەیەكی فیترین كە تەنانەت لە مناڵانیشدا هەن پێش پێگەشتنی عەقڵیان. بەڵام ڕەوشت مەرجی ئەوەی لەگەڵدایە كە عەقڵ تێدا بەكاربھێنرێت، هەروەك مەرجە كە هەموو هێزێك لە شوێنی خۆیدا بخرێتە كار.
كۆمەڵێك ڕێنمایی تر دەربارەی چاكە(الإحسان) و بەزەیی
لە قورئانی پیرۆزدا كۆمەڵێك ڕێنمایی تری پێویست هەن سەبارەت بە ڕەوشتی چاكە، كە خوای گەورە بە “ال” ی ناساندن هەموویانی باسكردووە بۆ ئەوەی ئاماژە بدات بە گرنگی ڕەچاوكردنی داخوازیەكانی هەلومەرج و بارودۆخ كاتی كاركردن پێیان. خوای گەورە دەفەرموێت: {يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَنْفِقُوا مِنْ طَيِّبَاتِ مَا كَسَبْتُمْ وَمِمَّا أَخْرَجْنَا لَكُمْ مِنَ الْأَرْضِ وَلَا تَيَمَّمُوا الْخَبِيثَ مِنْهُ} (البقرة: 268).. واتە ئەی باوەڕداران، ببەخشن بەخەڵكی بەشێوەی بەخشندەیی یان چاكەخوازی یان خێركردن لەو ماڵ و سامانەی كە بەحەڵاڵی پەیداتان كردووە، واتە ئەو ماڵ و سامانەی كە بەهیچ شێوەیەك ماڵی دزی یان بەرتیل یان خیانەت یان حەسوودی یان ستەمی تێكەڵاو نەبووە، وە دڵ و دەروونتان پاك بكەنەوە لە بەخشینی ماڵ و سامانێك كە پیسە.
خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: {لَا تُبْطِلُوا صَدَقَاتِكُمْ بِالْمَنِّ وَالْأَذَى كَالَّذِي يُنْفِقُ مَالَهُ رِئَاءَ النَّاسِ} (البقرة: 265).. واتە بەخشین و چاكەكانتان بەفیڕۆمەدەن بە منەت بەسەرداكردن و ئازاردنی كەسی چاكەلەگەڵكراودا.. واتە تانە مەدەن لەو كەسەی كە چاكەی لەگەڵدا دەكەن و پێی بڵێن: ئەمە و ئەوەمان پێ دایت؛ وە ئازاری مەدەن، ئەگینا چاكە و پیاوەتیەكەتان بەفیڕۆ دەچێت، وە بەشێوازێك ماڵ و سامانی خۆتان مەبەخشن كە بۆنی ڕیای لێ بێت.
خوای گەورە دەفەرموێت: {وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ} (البقرة: 196).. واتە چاكە بكەن لەگەڵ دروستكراوانی خوادا، دیارە خوای گەورە چاكەكارانی خۆش دەوێت.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّ الْأَبْرَارَ يَشْرَبُونَ مِنْ كَأْسٍ كَانَ مِزَاجُهَا كَافُورًا (*) عَيْنًا يَشْرَبُ بِهَا عِبَادُ اللَّهِ يُفَجِّرُونَهَا تَفْجِيرًا (*)… (*) وَيُطْعِمُونَ الطَّعَامَ عَلَى حُبِّهِ مِسْكِينًا وَيَتِيمًا وَأَسِيرًا (*) إِنَّمَا نُطْعِمُكُمْ لِوَجْهِ اللَّهِ لَا نُرِيدُ مِنْكُمْ جَزَاءً وَلَا شُكُورًا} (الإنسان: 6-10).. واتە چاكەكارانی ڕاستەقینە لە بادەیەك دەخۆنەوە كە كافووری تێكەڵاوە.. واتە دڵ و دەرونیان پاك دەبێتەوە لە حەزە سووتێنەرە دنیاییەكان و حەسرەتە ماددیەكان و غەزیزە پیسەكان. وشەی “الكافور” لە “الكفر”ەوە وەرگیراوە، وە كوفر لە زمانی عەرەبیدا بەمانای داپۆشین و شاردنەوە دێت، وە مەبەست لە خواردنەوەی بادەی كافوری بریتیە لە خامۆشبوونی هەواو ئارەزووە نزم و چەپەڵەكانیان، بەمەش دەبن بە كەسانێكی دڵ و دەروون پاك، وه دڵنیایی عیرفان و خواناسی لەناخیاندا تەشەنە دەكات. وە مەبەست لە فەرمایشتی خوای گەورە: {عَيْنًا يَشْرَبُ بِهَا عِبَادُ اللَّهِ يُفَجِّرُونَهَا تَفْجِيرًا} ئەوەیە كە ئەوان لە ڕۆژی قیامەتدا لە چاوگەیەك دەخۆنەوە ئەمڕۆ بەدەستی خۆیان هەڵی دەكەنن. وە لێرەدا ڕازێكی قووڵ هەیە سەبارەت بە حەقیقەتی بەهەشت، كێ دەیەوێت با لێی تێبگات.
پاشان دەفەرموێت: یەكێك لە ئاكارەكانی چاكەكارانی ڕاستەقینە ئەوەیە – تەنھا بەهیوای بەدەستھێنانی خۆشەویستی خوا- خواردن دەدەن بە هەژاران و هەتیوان و دیلەكان خواردنێك كە بۆ خۆیان پێیان خۆشە، وە پێیان دەڵێن: ئێمە خواردنتان پێ نادەین تاكو منت بكەین بەسەرتاندا یان چاكەیەكتان لێ چاوەڕوان بكەین، بەڵكو تەنھا لەبەر خۆشویستنی خوا و بەدەستھێنانی ڕەزامەندیەكەی ئەم كارە دەكەین، لەبەرامبەردا هیچ پاداشت و سوپاسێكمان لە ئێوە ناوێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەوان تەنھا بە پاڵنەری ئەو سۆز و بەزەییەی كە بەرامبەر كەسەنزیكەكان هەیە ئەم چاكەیە ئەنجام دەدەن.
هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: {وَآتَى الْمَالَ عَلَى حُبِّهِ ذَوِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَالسَّائِلِينَ وَفِي الرِّقَابِ} (البقرة: 178) واتە چاكەكارانی ڕاستگۆ خوورەوشتیان وەهایە كە یارمەتی خزمەنزیكەكانیان دەدەن بەماڵ و سامان لەبەر خۆشەویستی و ڕەزامەندی خوا، هەروەك لێی دەبەخشن بە هەتیوان بەمەبەستی چاودێری و پەروەردەكردن و فێركردنیان هتد، وە بەهۆی ئەو ماڵ و سامانەوە هەژاران ڕزگار دەكەن لە برسیتی و نەداری، وە بەهۆیەوە خزمەتی ڕێبواران و درۆزەكەران دەكەن، هەروەها لێی خەرج دەكەن بۆ ئازادكردنی كۆیلەكان و ڕزگاركردنی قەرزارەكان.
وە خوای گەوره دەربارەیان دەفەرموێت: {وَالَّذِينَ إِذَا أَنْفَقُوا لَمْ يُسْرِفُوا وَلَمْ يَقْتُرُوا وَكَانَ بَيْنَ ذَلِكَ قَوَامًا} (الفرقان: 68).. واتە ئەوان لە بەخشینەكانیاندا زیادەڕەوی ناكەن هەروەك چۆن ڕژدی نانوێنن، بەڵكو لەو كاتەدا هەڵسوكەوتیان شەقڵی هاوسەنگی و میانەڕەوی پێوەیە.
هەروەها دەربارەیان دەفەرموێت: {وَالَّذِينَ يَصِلُونَ مَا أَمَرَ اللَّهُ بِهِ أَنْ يُوصَلَ وَيَخْشَوْنَ رَبَّهُمْ وَيَخَافُونَ سُوءَ الْحِسَابِ} (الرعد: 22).
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَفِي أَمْوَالِهِمْ حَقٌّ لِلسَّائِلِ وَالْمَحْرُومِ} (الذاریات: 20).. المحروم واتە بێبەش لە هێزی گوتن و داواكردن، وەك سەگ و پشیلە و چۆلەكە و مانگا و گوێدریژ و مەڕومەڵات و ئاژەڵانی تریش.
هەروەها خوای گەورە دەربارەیان دەفەرموێت: {الَّذِينَ يُنْفِقُونَ فِي السَّرَّاءِ وَالضَّرَّاءِ} (آل عمران: 135)، وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَأَنْفَقُوا مِمَّا رَزَقْنَاهُمْ سِرًّا وَعَلَانِيَةً} (الرعد: 23).. واتە ئەوان لەڕۆژگاری خۆشگوزەرانی یان قات و قڕیدا بێزار نابن لە بەخشین، بەڵكو بەردەوام دەبن لە بەخشین بەگوێرەی توانا لە ڕۆژگاری تەنگانە و نەبوونیشدا. جارێك بە نھێنی دەبەخشن لەترسی ڕیا و خۆدەرخستن، وە كەڕەتێك بە ئاشكرا بۆ ئەوەى ببن بە پێشەنگ بۆ كەسانی تر.
پاشان خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: {إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ} (التوبة: 60).. واتە پێویستە لە دابەشكردنی ماڵ و سامانی بەخشین و هی تریشدا ڕەچاوی ئەوە بكرێت كە سەرتا دابەشبكرێت بەسەر كەسانی هەژار و نەداردا. بەڵێ، دەكرێت بەشێكیشی بدرێت بەوانەی كە هەڵدەستن بە كۆكردنەوە و پاراستن و دابەشكردنی. هەروەك دەكرێت بەشێكی بدرێت بە كەسێك بەمەبەستی ڕزگاركردنی لە خراپە و تاوانەكان. هەروەك خەرجیش دەكرێت بۆ ئازادكردنی دیل و كۆیلەكان و بۆ یارمەتی قەرزارەكان و داماو و لێقەوماوان، یان بۆ هەر مەبەستێكی تر كە لەڕاستیدا لەپێناوی خوای گەورەدا بێت.
خوای گەورە دەفەرموێت: {لَنْ تَنَالُوا الْبِرَّ حَتَّى تُنْفِقُوا مِمَّا تُحِبُّونَ} (آل عمران: 93).. واته هەرگیز چاكەی ڕاستەقینە بەدەستناھێنن ئەگەر لەو ماڵ و سامانەتان نەبەخشن بەخەڵكی كە خۆشەویستە لاتان وەك سۆز و بەزەییەك بەرامبەریان.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {وَآتِ ذَا الْقُرْبَى حَقَّهُ وَالْمِسْكِينَ وَابْنَ السَّبِيلِ وَلَا تُبَذِّرْ تَبْذِيرًا} (الإسراء: 27).. واتە مافی هەژاران بدەن، وە ببەخشن بە نەداران، وە خزمەتی ڕێبواران بكەن، وە خۆتان بەدووربگرن لە هەموو جۆرەكانی ئیسراف و زیادەڕەوی.. واتە خۆتان بەدووربگرن لە هەڵەخەرجی كە تێیدا ماڵ و سامان بەبێ سوود بەفیڕۆ دەچێت لە نەریت و سروتی جۆراوجۆردا.. وەك ئاهەنگی بوك گواستنەوە یان ئاهەنگی لەدایك بوونی مناڵ هتد.
هەروەها خوا (عز وجل) دەفەرموێت: {وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَبِذِي الْقُرْبَى وَالْيَتَامَى وَالْمَسَاكِينِ وَالْجَارِ ذِي الْقُرْبَى وَالْجَارِ الْجُنُبِ وَالصَّاحِبِ بِالْجَنْبِ وَابْنِ السَّبِيلِ وَمَا مَلَكَتْ أَيْمَانُكُمْ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ مَنْ كَانَ مُخْتَالًا فَخُورًا (*) الَّذِينَ يَبْخَلُونَ وَيَأْمُرُونَ النَّاسَ بِالْبُخْلِ وَيَكْتُمُونَ مَا آتَاهُمُ اللَّهُ مِنْ فَضْلِهِ} (النساء: 37-38).. واتە چاكە بكەن لەگەڵ دایك و باوكتاندا، كاری خێر ئەنجام بدەن بەرامبەر خزمی نزیك و هەتیوان و هەژاران و دراوسێی نزیك و دراوسێی بێگانە و ڕێبوار و خزمەتكار و بەندە و ئەسپ و مەڕ و ماڵات و مانگا و ئاژەڵەكانی تر كە لەژێر دەسەڵاتی ئێوەدان، چونكە ئەو خوایەی كە خوای ئێوەیە ئەم ئاكارانەی خۆش دەوێت؛ وە كەسێكی خۆش ناوێت كە بایەخ بە غەیری خۆی نادات و تەنھا بیر لەخۆی دەكاتەوە؛ هەروەك خوای گەورە كەسێكی خۆش ناوێت كە رژد و چروكە و فەرمانیش بەكەسانی تر دەكات كە ڕژد و چرووك بن، وە ماڵ و سامانی خۆی دەشارێتەوە.. واتە بە كەسانی هەژار و نەدار دەڵێت: هیچم نیە.
ئازایەتی ڕاستەقینە
یەكێك لە حاڵەتە سروشتیەكانی مرۆڤ حاڵەتێكە لە ئازایەتی دەچێت. بۆ نموونە تێبینی ئەوە دەكەین كە مناڵی شیرەخۆرە هەندێ جار دەستی دەخاتە ناو ئاگرەوە بەهۆی بوونی ئەم حاڵەتە سروشتیە تێیدا. چونكە مناڵ- بەهۆی زاڵبوونی جەوهەری فیترەتی مرۆیی بەسەریدا- لە هیچ شتێك ناترسێت پێش ئەوەی بە كۆمەڵێك ئەزمووندا تێپەڕێت كە ترسی تێدا بچێنێت. وە مرۆڤ لەم حاڵەتە سروشتییەدا بەرهەڵستی شێر و دڕەندەكانی تری دارستان دەكات بەبێ هیچ ترسێك، وە بەتەنھا دێتە مەیدان بۆ جەنگ كردن لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵكی زۆردا، وە ئەوان واگومان دەبەن كە كەسێكی ئازا و دلێرە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە شتێك نیە جگەلە دۆخێكی سروشتی كە لە مرۆڤدا هەیە وەك چۆن لە ئاژەڵە دڕندەكان و بگرە لە سەگیشدا هەیه. بەڵام ئازایەتی ڕاستەقینە كە لەشوێن و كاتی خۆیدا دەردەكەوێت و یەكێكە لە ڕەوشتە جوانەكان.. ناوێكی گشتگیرە بۆ ئەو سیفەت و بارودۆخانەی كە خوای گەورە لەوەحی پیرۆزی خۆیدا بە ئاشكرا باسی كردوون و دەفەرموێت: {وَالصَّابِرِينَ فِي الْبَأْسَاءِ وَالضَّرَّاءِ وَحِينَ الْبَأْسِ} (البقرة: 178)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَالَّذِينَ صَبَرُوا ابْتِغَاءَ وَجْهِ رَبِّهِمْ} (الرعد: 23)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {الَّذِينَ قَالَ لَهُمُ النَّاسُ إِنَّ النَّاسَ قَدْ جَمَعُوا لَكُمْ فَاخْشَوْهُمْ فَزَادَهُمْ إِيمَانًا وَقَالُوا حَسْبُنَا اللَّهُ وَنِعْمَ الْوَكِيلُ} (آل عمران: 174)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تَكُونُوا كَالَّذِينَ خَرَجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ بَطَرًا وَرِئَاءَ النَّاسِ} (الأنفال: 48).
واتە كەسانی ئازا و بەجەرگی ڕاستەقینە ئەوانەن كە ئەگەر لەناكاو تووشی جەنگێك یان بەڵایەك بوون ئارام دەگرن و هەڵنایەن لە بەرەنگاربوونەوە، وە ئارامگرتنیان لەكاتی جەنگ و لە هەلومەرجە قورسەكاندا تەنھا بۆ بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوای گەورەیە. ئەوان لەپێناوی خوادا ئارامدەگرن نەك بۆ پیشاندانی ئازایەتی و دلێری خۆیان. وە ئەگەر كەسێك بیانترسێنێت بەوەی كە كۆمەڵێك ڕێكەوتوون لەسەر سزادانیان ئەوا ئەم هەڕەشانە تەنھا باوەڕیان بەهێزتر دەكات و دەڵێن: پەروەردگاری خۆمانمان بەسە و باشترین بریكار هەر ئەوە. واتە ئازایەتیەكەیان وەكو ئازایەتی سەگ و دڕندەكان نیە كە هۆكارەكەی تەنھا هەڵچوونێكی سروشتی بێت، وە بەرەو یەك ئاراستە بێت، بەڵكو ئازایەتیەكەیان دوو سیمای هەیە: هەندێ جار بە ئازایەتیە خودییەكەیان بەرەنگاری هەواو ئارەزووەكانی دەروونیان دەبنەوە و زاڵ دەبن بەسەریاندا، وە هەندێ جاری تر ئەگەر پێیان وابوو بەرەنگاربوونەوەی دوژمن لەبەرژەوەندیەوە نزیكترە ئەوا بەرەنگاری دەبنەوە، نەك تەنھا بەهۆی هەڵچوون و گوڕوتینێكی دەروونیەوە، بەڵكو وەك بەرگریكردن لە ڕاستی و حەق ئەو كارەدەكەن. ئەوان خۆیان ڕازاندووەتەوە بە سیفەتی ئازایەتی و پشتیان بەخۆیان نەبەستووە بەڵكو بەتەنھا پشتیان بەخوا بەستووە. دلێری و ئازایەتیەكەیان خەوشی ڕیا یان كیبر یان ئارەزووی دەرونی تێكەڵ نیە، بەڵكو بەهۆیەوە بەهیوای بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوای گەورەن لەهەموو ڕووەكانەوە.
بێگومان خوای گەورە لەم ئایەتانەدا ڕوونی كردووەتەوە بۆمان كە بنچینەی ئازایەتی راستەقینە بریتیە لە ئارامگرتن و دامەزراوی، وە دلێری راستەقینە لەوەدا خۆی دەنوێنێت كە مرۆڤ بە دامەزراوی بمێنێتەوە لەسەر پێیەكانی و وەكو كەسی ترسنۆك ڕانەكات لەكاتی هێرشكردن لەلایەن هەواوئارەزووەكانی دەروونەوە یان لەلایەن دوژمنانەوە. لەبەرئەوە جیاوازیەكە زۆر گەورەیە لەنێوان ئازایەتی ئاژەڵ و ئازایەتی مرۆڤدا. ئاژەڵ ملكەچ دەكات بۆ توڕەبوونەكەی كە بەرەو ئاراستەیەكی دیاریكراوی دەبات، بەڵام ئەو مرۆڤەی خاوەنی سیفەتی ئازایەتی راستەقینەیە بەگوێرەی داخوازیەكانی بارودۆخەكە بەرەنگاربوونەوە یان بەرگری نەكردن هەڵدەبژێرێت.
ڕاستگۆیی
یەكێك لە حاڵەتە سروشتیە فیتریەكان لە مرۆڤدا بریتیە لە ڕاستگۆیی. مرۆڤ هەرگیز نایەوێت درۆ بكات ئەگەر یەكێك لە پاڵنەرەكانی ئارەزووەكانی دەروون پاڵی پێوە نەنێت، بەڵكو لەناخیدا جۆرێك لە بێزهاتنەوە و هەڵهاتن هەیە لە درۆ. بۆیە دەبینین قەڵس و تووڕەدەبێت لەكەسێك درۆی لێ دەربكەوێت و بەچاوی سوكەوە بۆی دەڕوانێت.
بەڵام ئەم حاڵەتە سروشتیە لە مرۆڤدا بەتەنھا بە ڕەوشت لەقەڵەم نادرێت؛ چونكە تەنانەت مناڵ و شێتیش ئەم سیفەتەیان هەیە. لەڕاستیدا مرۆڤ بەڕاستگۆ دانانرێت بەمانا ڕاستەقینەكەی ئەگەر بەتەواوەتی دوور نەكەوێتەوە لەو پاڵنەرەدەروونییانەی كە بەرهەڵستی لێ دەكەن لە وتنی قسەی ڕاست. چونكە چۆن دەكرێت مرۆڤ بكەوێتە سەرووی مناڵ و شێتەكانەوە ئەگەر دەستبگرێت بە ڕاستگۆییەوە لەو شتانەدا كە زۆر زیانیان بۆی نیە، وە پەنا ببات بۆ درۆ یان بێدەنگ بێت لەوتنی ڕاستی كاتێك لەوتنی ڕاستیدا مەترسی هەبوو لەسەر ڕێز و شكۆی یان ماڵ و سامانی یاخود گیانی؟ ئایا نابینین كەسانی شێت و مناڵی بچوك لەخوار تەمەنی پێگەشتنەوە وەكو ئەو ئەم جۆرە قسە ڕاستە دەكەن؟ هیچ كەسێك نیە لەجیھاندا بەبێ مەبەست درۆ بكات. لەبەرئەوە ئەو ڕاستگۆییەی كە خاوەنەكەی لەكاتی زیاندا دەستی پێوە ناگرێت بە یەكێك لە ڕەوشتە ڕاستەقینەكان ئەژمار ناكرێت. بەڵكو باشترین دەرفەت بۆ قسەی ڕاست ئەوەیە كە تێیدا قسەڕاستەكە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆسەرگیان یان ماڵ یان ڕێزی مرۆڤ.
فێركاریەكانی خوای گەورە لەمبارەوە بەم شێوەیەیە:
{فَاجْتَنِبُوا الرِّجْسَ مِنَ الْأَوْثَانِ وَاجْتَنِبُوا قَوْلَ الزُّورِ} (الحج: 31).. واتە دووربكەونەوە لە پەرستنی بت و قسەی درۆ.. بەو مانایە درۆیش بتێكە كەسی درۆزن پشتی پێ دەبەستێت و پشت نابەستێت بەخوا. بۆیە درۆزن بەهۆی درۆكەیەوە وازدەهێنێت لە پەروەردگاری خۆی.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا يَأْبَ الشُّهَدَاءُ إِذَا مَا دُعُوا} (البقرة: 283).. واتە ئەگەر بانگكران بۆ شایەتیدان بەڕاستگۆیی ئەوا خۆتان بەدوورمەگرن لێی.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تَكْتُمُوا الشَّهَادَةَ وَمَنْ يَكْتُمْهَا فَإِنَّهُ آثِمٌ قَلْبُهُ} (البقرة: 284)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَإِذَا قُلْتُمْ فَاعْدِلُوا وَلَوْ كَانَ ذَا قُرْبَى} (الأنعام: 153).. واتە ئەگەر قسەتان كرد ئەوا شتێك مەڵێن مەگەر تەواو راست و دروست بێت ئەگەرچی ئەو قسە ڕاستە دژی خزمی نزیكی خۆشتان بێت.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {كُونُوا قَوَّامِينَ بِالْقِسْطِ شُهَدَاءَ لِلَّهِ وَلَوْ عَلَى أَنْفُسِكُمْ أَوِ الْوَالِدَيْنِ وَالْأَقْرَبِينَ} (النساء: 136).. واتە پێویسته لەسەرتان دامەزراوبن لەسەر ڕاستی و دادپەروەری، وە با هەموو شایەتییەكتان تەنھا لەبەر خاتری خوا بێت. درۆ مەكەن هەرچەند قسەی ڕاست زیان بگەیەنێت بە خۆتان یان بەدایك و باوكتان یان بە كەسە نزیكەكانتان وەك مناڵەكانتان و هتد.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلَّا تَعْدِلُوا} (المائدة: 9).. واتە پێویستە دوژمنایەتی كۆمەڵێك نەبێتە ڕێگر لەوەی كە بەڕاستی شایەتی بدەن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ} (الأحزاب: 36).. واتە پیاوان و ژنانی ڕاستگۆ پاداشتی گەورە بەدەستدەھێنن.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَتَوَاصَوْا بِالْحَقِّ وَتَوَاصَوْا بِالصَّبْرِ} (العصر: 4)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {لَا يَشْهَدُونَ الزُّورَ} (الفرقان: 73).. واتە خوویان گرتووە به ئامۆژگاری كردنی كەسانی تریشەوە كە قسەی ڕاست بكەن، هەروەك لە كۆڕ و كۆبوونەوەی كەسانی درۆزندا دانانیشن.
ئارامگرتن
یەكێكی تر لە حاڵەتە سروشتیەكانی مرۆڤ بریتیە لە ئارامگرتن.. كە مروڤ لەكاتی بەڵا و نەخۆشی و ئازارەكاندا پەنای بۆ دەبات كە هەمیشە تووشیان دەبێت، پاش زۆرێك لە گریان و خەفەتخواردن و شڵەژان.
بەڵام بزانن كە ئارامگرتنی لەم شێوەیە كتێبی پیرۆزی خوا بە ڕەوشتی دانانێت، بەڵكو بریتیە لە حاڵەتێك پاش ماندووبوون و شەكەتی لەخووە دەردەكەوێت.. مەبەستم ئەوەیە لەكاتی تووشبوون بە بەڵا و نەهامەتیدا سروشتی مرۆڤ وەهایە كە دەگری و هاوار دەكات و دەكێشێت بەسەری خۆیدا، بەڵام پاش ئەوەی زۆرێك لەخەم و خەفەتەكەی تەواو دەبێت و نامێنێت وردە وردە هێور دەبێتەوە، وە لە كۆتاییدا چاری نیە جگەلەوەی كە بگەڕێتەوە بۆ دواوە. ئەم دوو دۆخە سروشتیە هیچ پەیوەندیەكیان بە ڕەوشتەوە نیە. بەڵكو ڕەوشت ئەوەیە ئەگەر شتێكی لەكیس چوو ئەوا هیچ سكاڵایەك نەكات.. باوەڕی وەها بێت كە ئەوەی لە دەستی داوە سپاردەیەك بووە لەلایەن خوای گەورە لای ئەو دانراوە، وە بڵێت: ئەمە سپاردەی خوا بووە و خوا لەمنی وەرگرتووەتەوە و منیش ڕازیم بە ڕەزامەندییەكەی.
وە قورئانی پیرۆز- كەلامی خوای باڵادەست- ئەم ڕەوشتەمان فێردەكات و دەفەرموێت:
{وَلَنَبْلُوَنَّكُمْ بِشَيْءٍ مِنَ الْخَوْفِ وَالْجُوعِ وَنَقْصٍ مِنَ الْأَمْوَالِ وَالْأَنْفُسِ وَالثَّمَرَاتِ وَبَشِّرِ الصَّابِرِينَ (*) الَّذِينَ إِذَا أَصَابَتْهُمْ مُصِيبَةٌ قَالُوا إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّا إِلَيْهِ رَاجِعُونَ (*) أُولَئِكَ عَلَيْهِمْ صَلَوَاتٌ مِنْ رَبِّهِمْ وَرَحْمَةٌ وَأُولَئِكَ هُمُ الْمُهْتَدُونَ} (البقرة: 156-158).. واتە ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە، ناوبەناو تاقیتان دەكەینەوە، هەندێ جار بە بارودۆخی پڕ لە ترس و بیمدا تێپەڕدەبن، وە جاروبار تووشی هەژاری و برسێتی توند دەبن، وە هەندێ جار ماڵ و گیانتان تیادەچێت، وە كاتی وا هەیە هەوڵ و ماندووبوونتان بەفێڕۆ دەچێت و هیچ بەرهەمێكی ئەوتۆی نابێت، وە جاری وا هەیە جگەرگۆشەكانتان دەمرن. ئەوكەسانەی كە تووشی بەڵا و كارەساتێك دەبن دەڵێن ئێمە موڵك و سپاردەی خواین، وە پێویستە سپاردە بگەڕێتەوە بۆخاوەنەكەی.. مژدەیان لێ بێت؛ چونكە ئەوانە كەسانێكن كە درود و بەرەكەتی خودا بەسەریاندا دەبارێت، وە ڕێنموونی دەكرێن بۆ ڕێگای پەروەردگاریان.
بەكورتی، ئەو ڕەوشتەی كە لە ئایەتەكانی پێشوودا باسكراوە بریتیە لە ئارامگرتن و ڕازیبوون بەویست و ئیرادەی خوا، وە دەكرێت پێیشی بوترێت دادپەروەری، چونكە خوای گەورە مادام بەدرێژایی ژیانی مرۆڤ هەزارەها ئاوات و هیوای بۆ بەدی دەھێنێت، وە لەڕادەبەدەر نیعمەتی پێ خەڵات دەكات، ئەگەر خوای گەوره لەهەندێ كاروباردا ویستی خواستی خۆی جێبەجێ بكات ئەوا دادپەروەری نیە مرۆڤ پشتی تێ بكات و ڕازی نەبێت بە ڕەزامەندییەكەی، بەڵكو بێزار بێت لێی یان سكاڵای لێ بكات یان بێباوەڕ بێت پێی و لەڕاستەڕی لابدات.
هاوخەمی دروستكراوان
یەكێكی تر لە حاڵەتە سروشتییەكان كە پەیوەستە بە فیترەتی مرۆڤەوە و لێی جیانابێتەوە بریتیە لە پەرۆشبوونی بۆ هاوخەمی دروستكراوان. بێگومان پەرۆشی بۆ هاوخەمی بەرامبەر ڕۆڵەكانی ئوممەت لای شوێنكەوتووانی هەموو ئایینێك هەیە وەك سروشتێك تێیاندا، وە زۆربەی خەڵكی ستەم دەكەن لە غەیری خۆیان بەپاڵنەری ئەو پەرۆشیە سروشتیەی هاوخەمی كە بۆ نەتەوەكەیان هەیانە، وەك ئەوەی خەڵكانی تر وەكو خۆیان بە مرۆڤ لەقەڵەم نەدەن. بەڵام ئەم حاڵەتە ڕەوشت نیە بەڵكو هەڵچوونێكی سروشتیە، ئەگەر سەرنج بدەین ئەوا تەنانەت لای قەلەڕەشە و باڵندەكانی تر تێبینی ئەم تایبەتمەندیە دەكەین، بۆیە ئەگەر قەلەڕەشەیەك مردار بێتەوە ئەوا زۆرێك لە هاوتوخمەكانی لە دەوری كۆدەبنەوە. تەنھا ئەو كاتە ئەم خووە بە یەكێك لە ڕەوشتە مرۆییەكان لەقەڵەم دەدرێت كە مرۆڤ ڕەچاوی دادپەروەری و شوێنی گونجاو بكات تێیدا، ئالەوكاتەدا دەگۆڕێت بۆ ڕەوشتێكی مەزن كە بەعەرەبی پێی دەوترێت “المواساة” وە بەفارسی پێی دەوترێت “همدردی”.
وە خوای گەورە لەم فەرمایشتەی خۆیدا ئاماژە بەم ڕەوشتە دەكات و دەفەرموێت: {وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلَا تَعَاوَنُوا عَلَى الْإِثْمِ وَالْعُدْوَانِ} (المائدة: 3).. واتە پێویستە لەسەرمان یارمەتی نەتەوەكەمان بدەین و هاوخەم و دڵسۆزبین بۆیان لەو شتانەدا كە خێر و چاكەن، وە پێویستە هەرگیز لە شتێكدا هاوكارییان نەكەین كە ستەم و دەستدرێژیە.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تَهِنُوا فِي ابْتِغَاءِ الْقَوْمِ} (النساء: 105).. واتە پێویستە لەسەرتان كۆڵنەدەن و كۆشش بكەن لە هاوخەمی بۆ گەل و نەتەوە بەبێ بێزاربوون و سستبوونەوە.*
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تَكُنْ لِلْخَائِنِينَ خَصِيمًا} (النساء: 106)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَا تُجَادِلْ عَنِ الَّذِينَ يَخْتَانُونَ أَنْفُسَهُمْ إِنَّ اللَّهَ لَا يُحِبُّ مَنْ كَانَ خَوَّانًا أَثِيمًا} (النساء: 108).. واتە دەمەقاڵێ و مشتومڕ مەكە وەك بەرگرییەك لەو كەسانەی كە ناپاكن و سڵ ناكەنەوە لە ناپاكی، دیارە خوا هەرگیز ئەو كەسانەی خۆش ناوێت كە خیانەتكار و ناپاكن.
گەڕان بۆ زاتێكی هەرەبڵند
وە یەكێكی تر لە حاڵەتە سروشتیەكانی مرۆڤ بریتیە لە گەڕانی بۆ زاتێكی هەرەبڵند كە لە دڵیدا هێزێكی كێشكردنی فیتری شاراوە هەیە بەرەولای ئەو زاتە. هەر لەساتی لەدایكبوونیەوە شوێنەوارەكانی ئەم گەڕانه لە مناڵدا دەردەكەوێت. دوای لەدایكبوون یەكەم تایبەتمەندی كە منداڵ پیشانی دەدات لە تایبەتمەندیە ڕۆحیەكانی بریتیە لە خۆشەویستی بۆ دایكی و كێشبوونی بەرەو لای ئەو بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكی. پاشان هەركاتێك هەستەكانی دەستیانكرد بە درەوشانەوە و ڕوونبوونەوە و خونچەكانی فیترەتی كرانەوە.. بەبەردەوامی هێزی كێشكردنی ئەم خۆشەویستیە زیاتر دەردەكەوێت و شەوقدەداتەوە.. هەتا وای لێدێت تەنھا لە ئامێزی دایكیدا شادمان و خۆشحاڵ دەبێت، وە بەتەواوەتی بەختەوەر نابێت مەگەر لە باوەشی بەسۆزی ئەودا. ئەگەر داببڕێنرێت لەدایكی و دوور بخرێتەوە لێی ئەوا ژیانی یەكپارچە تاڵ دەبێت. بەهیچ شێوەیەك هەست بە ئاسوودەیی و حەوانەوە ناكات لە باوەشی گەرمی دایكیدا نەبێت تەنانەت ئەگەر جۆرەها نیعمەت لەبەردەستیدا بێت. باشە دەبێت نھێنی ئەم هێزی ڕاكێشان و خۆشەویستیە چی بێت كە مناڵ هەستی پێ دەكات بەرەو لای دایكی؟
لەڕاستیدا ئەمە بریتیە لە هێزی ڕاكێشانی خۆشەویستی بۆ خالقی ڕاستەقینە كە چێنراوە لە سروشتی مناڵی ساوادا. بگرە ئەمە هەمان ئەو هێزی ڕاكێشانەیە كە كاری خۆی دەكات لە هەموو پەیوەندیەكی خۆشەویستیدا كە مرۆڤ دروستی دەكات، ئەوەیە كە لە ویژدان و ناخیدا ڕەنگدەداتەوە لێره و لەوێ، وەك ئەوەی لەناو ئەم هەموو دروستكراوانەدا عەوداڵ بێت و بگەڕێت بەشوێن ونبووەكەی خۆیدا كە ناوەكەی لەبیرچووەتەوە. بۆیە لەڕاستیدا خۆشەویستی مرۆڤ بۆماڵ و سامان یان مناڵ یان هاوسەر، یان ڕاكێشرانی ڕۆحی بەرەو گۆرانیەك كە ئاوازەكەی خۆش بێت، لەڕاستیدا تەنھا بریتیە لە گەڕان و پشكنینی بۆ ئەو خۆشویستراوە ونبووە.
بەو پێیەی كە مرۆڤ ناتوانێت بە چاوی سەر ئەو زاتە ببینێت كە ئەوپەڕی سادەیە و شاراوەتەوە لە هەموو شتێكدا وەك شاراوەیی ئاگر لە بەردەچەخماخدا، وە پەنھانە لەهەمووان، كە ناتوانێت بە عەقڵی ناتەواوی خۆی پەی بە حەقیقەتەكەی ببات، لەبەرئەوە كۆمەڵێك هەڵەی زۆر گەورەی ئەنجامداوە لە ناسینیدا، وه بەهەڵە ئەوەی هی ئەوە داویەتەپاڵ غەیری ئەو. ئەو نموونەیە چەند جوانە كەخوای گەورە باسی كردووە لە قورئانی پیرۆزدا بۆ ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتە! بەجۆرێك ئەم جیھانەی چوواندووە بە كۆشكێك كە ناوماڵەكەی سفت كرابێت بە شوشەیەكی ئەوپەڕی ڕوون، بە تەوژم ئاو بەژێریدا بڕوات. هەركەسێك سەیری ئەو ناوماڵە لە شووشە دروستكراوە سافە بكات وادەزانێت ئاوە و دەترسێت بەسەریدا بڕوات وەك چۆن دەترسێت بەسەر ئاودا بڕوات، لەگەڵ ئەوەی لەڕاستیدا شووشەیەكی ڕوونە. بەهەمان شێوە تەنە زەبەلاحەكان كە ئێمە دەیانبینین، هاوشێوەی كۆمەڵێك تەختە شوشەی ڕوونن خەڵكی بەهەڵە دەیانپەرستن.. وە لەپشت پەردەی ئەم شوشەیەوە توانایەكی هەرەباڵا بەوپەڕی هێز و خێراییەوە كار دەكات وەك ئاوێكی بەتەوژم، بەڵام فریوخواردنی چاو ئەوانەی گومڕاكردووە كە دروسكراوان دەپەرستن؛ بەجۆرێك ئەو كارانە دەدەنە پاڵ شوشەكە كە ئەو توانایە ڕایاندەپەڕێنێت. ئەمەش ئەو مانایە كە ئەم ئایەتە ئاماژەی پێ دەدات: {إِنَّهُ صَرْحٌ مُمَرَّدٌ مِنْ قَوَارِيرَ} (النمل: 45).
هەڵەی فەیلەسووفەكان
بێگومان زاتی خوای گەورە- لەگەڵ ئەوەی ئەوپەڕی ئاشكرایە- تەواو پەنھانە، لەبەرئەوە ئەم سیستەمە ماددیە بەرجەستەیەی پێش چاومان بەتەنھا بەس نیە بۆ ناسینی خوای گەورە. وە لەبەر ئەم هۆكارە ئەوانەی كە پشت دەبەستن بە دیاردەكانی ئەم سیستەمە بۆ ناسینی خوا.. وە بەردەوام زۆر بەوردی سەرنج دەدەن لە ڕێكوپێكیە بێ كەموكوڕیە تۆكمەكەی كە بێپایان شتی سەرسوڕهێنەری تێدایە.. تەنانەت شارەزاییان پەیدا كردووە لە زانستەكانی ئەستێرەناسی و سروشتناسی و فەلسەفەدا، وەك ئەوەی گەڕابن بە هەموو كون و قوژبنێكی ئاسمانەكان و زەویدا.. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نەیانتوانیوە خۆیان ڕزگار بكەن لە تاریكیەكانی گومان و دوودڵی، وە زۆربەیان جۆرەها هەڵەی زۆر گەورەیان ئەنجام داوە و كەوتوونەتە ناو جۆرەها گومان و خەیاڵاتی پڕوپووچەوە، بۆیە لەرێگەی ڕاست لایان داوە و تەواو گومڕا بوون. ئەوپەڕی ئەوەی كە زانیویانە دەربارەی بوونی خالق ئەوەیە كە كاتێك ئەم سیستەمە تۆكمەیەی گەردوونیان بینیوە لە دڵی خۆیاندا گوتویانە: دەبێت ئەم گەردوونە مەزنە كە سیستەمێكی پڕ لە حیكمەتی هەیە دروستكارێكی هەبێت. شتێكی بەڵگەنەویستە ئەم بیرۆكەیە بیرۆكەیەكی تەواو و بێكەموكوڕی نیە، وە ئەم زانیارییە ناتەواوە.. چونكە قسەكەی ئەوان: ” دەبێت ئەم گەردوونە دروستكارێكی هەبێت” هەرگیز یەكسان نیە بەم قسەیەی ئێمە: ” لەڕاستیدا ئەم دروستكارە بوونی هەیە”. لەبەرئەوە زانینەكەیان تەنھا هەڵسەنگاندنێكی خەیاڵییە، وە دڵنیایی و ئۆقرەیی لە دڵدا دروست ناكات، وە بەتەواوەتی وەسوەسەكان لە دەروندا لانابات، وە ئەو جامە ئاوە نیە كە ئەو تینوێتیە بشكێنێت سروشتی مرۆڤی لەسەر ڕاهاتووە بۆ ناسینی تەواوەتی خوا. بگرە ئەم زانینە ناتەواوە مەترسییەكی گەورە پێكدەهێنێت، چونكە هیچ سوودێك ناگەیەنێت سەرەڕای ئەم هەموو زۆربڵێی و قسانە.
كەواتە ئەگەر خوای گەورە لەڕێگەی كەلامی خۆیەوە بوونی خۆی نەسەلمێنێت- وەك لەڕاستیدا سەلماندوویەتی- ئەوا بینینی كردەوەكانی بەتەنھا بەس نیە بۆ دڵنیابوونی مرۆڤ. بۆ نموونە ئەگەر ڕێمان كەوت لە ژوورێك كە لە ناوەوە داخرابوو، لەیەكەم ساتەوە ئەوە دێت بە زەیندا كە كەسێك لە ناو ژوورەكەدا هەیە و لەناوەوە دایخستووە، چونكە داخستنی ژوور بە قوفڵی ناوەوە لە دەرەوە كارێكی ئەستەمە. بەڵام ئەگەر ڕۆژان و ساڵان بەردەوام هاوارمان كرد بەڵام لەناوەوەی ژوورەكەوە وەڵاممان پێ نەگەشت ئەوا بۆچوونی خۆمان دەگۆڕین و دەڵێین كەس لەناو ژوورەكەدا نیە، وە ئەوە دێت بە بیرماندا كە داخستنەكە بە فێڵێكی زۆر زیرەكانە ئەنجام دراوە. ئەمە دۆخی ئەو فەیلەسووفانەیە كە زانینی خۆیان تەنھا لە بینینی كردەوەكانی خوای گەورەدا كورت كردووەتەوە.
لەڕاستیدا هەڵەیەكی گەورەیە وادابنرێت خوا وەكو مردوویەك وایە و تەنھا مرۆڤ لە گۆڕەكەی هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر خوا بەڵگەی پێشكەش نەكرد لەسەر بوونی خۆی لەڕێگەی هەوڵ و كۆششی مرۆڤەوە نەبێت ئەوا ئەو هیوایانەی كە لەسەر ئەم جۆرە خوایە هەڵمان چنیوە هەمووی هەوانەتەیە. بەڵكو خوا ئەو زاتەیە كە بەردەوام لە ئەزەلەوە خەڵكی بانگ دەكات بۆلای خۆی بە فەرمایشتی: من بوونم هەیە. گەوجێتیەكی لەڕادەبەدەرە وا گومان ببرێت مرۆڤ چاكەیەكی هەیە بەسەر خواوە بەهۆی ئەوەی لەڕێگەی هەوڵ و ماندووبوونی خۆیەوە ناساندوویەتی، وە گەوجێتیەكی گەورەیە وا گومان ببرێت كە ئەگەر فەیلەسووفەكان نەبوونایە ئەوا خوا بە شاراوەیی و ونبوویی دەمایەوە وەكو پێشوو چۆن بووە. وە بێشەرمییەكی گەورەیە بڵێین: خوا چۆن دەتوانێت قسەبكات لە كاتێكدا زوبانی نیە؟ ئایا بەبێ بوونی دوو دەستی ماددی هەموو تەنە ئاسمانیەكان و زەوی دروست نەكردووە؟ ئایا بەبێ بوونی چاوی ماددی هەموو گەردوون نابینێت؟ ئایا بەبێ بوونی گوێچكەی ماددی گوێبیستی نزاكانمان نابێت؟ دەی كەواتە ئایا پێویست نیە هەربەم شێوەیە قسەیش بكات؟ هەرگیز ئەو قسەیە ڕاست نیە كە خوا لەڕابردوودا قسەی كردووە و ئێستا قسە ناكات. نەخێر! ئێمە قسەكردن و ئاخاوتنەكانی ئەو تایبەت ناكەین به هیچ سەردەمێكی دیاریكراوەوه. گومانی تێدا نیە خوای گەورە بەردەوام -وەك پێشوو- ئامادەیە لە چاوگەی وەحی خۆی بەخششێكی تەواو خەڵات بكات بە داواكاران، وە دەرگاكانی رەحمەتەكەی ئێستا كراوەن وەك چۆن لەڕابردوودا كراوە بوون. بەڵام ئەوەندە هەیە دابەزاندنی شەریعەت و حوكمی نوێ كۆتایی هاتووە چونكە پێویست ناكات. وە هەموو پێغەمبەرایەتیەكان كامڵ بوون بەگەشتنیان بەو خاڵە كۆتاییەی كە بۆیان دیاریكراوە لە كەسایەتی گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردەدا (صلى الله عليه وسلم).
حیكمەتی ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەناو عەرەبدا
بێگومان دەركەوتنی ئەم كۆتا ڕووناكیە لەناو عەرەبدا بێ حیكمەت نیە. عەرەب گەلێك بوون لە نەوەی ئیسماعیل كە جیابوونەوە لە نەوەی ئیسرائیل، لەبەر حیكمەتێكی خوایی، هەڵدرانە چۆڵەوانی فارانەوە. وە “فارّان” واتە دووكەسی هەڵهاتوو. كەواتە نەوەی ئیسماعیل كە ئیبراهیم خۆی جیایكردنەوە لە نەوەی ئیسرائیل، هیچ پشكێكیان نەبوو لەشەریعەتی تەورات، وەك باسكراوە ئەوان هەرگیز میرات نابەن لەگەڵ ئیسحاقدا. بەم شێوەیە ئەوانەی خزمایەتییان هەبوو لەگەڵیاندا لێیان دووركەوتنەوە و وازیان لێ هێنان، بەڵام كەسانی تر هیچ خزمایەتی و پەیوەندییەكی تریان نیە لەگەڵیاندا. بەڵام لەوڵاتانی تردا داب و نەریتی پەرستش و شوێنەواری یاسا و فەرمانەكان هەبوو ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ڕێنمایی و فێركاری پێغەمبەرانیان پێ گەشتووە لە سەردەمێك لەسەردەمەكاندا. بەڵام وڵاتی عەرەب بەتەنھا بێئاگابوو لەو فێركارییانە، بەم هۆیەوە لە هەموو وڵاتان دواكەوتووتر بوو، لەبەر هەموو ئەمانه دوای هەموو وڵاتێك سەرەی هات لە بەدەستھێنانی پێغەمبەرایەتیدا. پێغەمبەرایەتیەكەی ئەم گشتی بوو بۆ ئەوەی جارێكی تر سەرجەم جیھانیان بگرێتەوە بە بەركەت و نیعمەتەكان، وە بۆ ئەوەی لەو هەڵانە پاكیان بكاتەوە كە تێی كەوتبوون. كەواتە چاوەڕێی چ كتێبێك بكەین دوای ئەم كتێبە كامڵە، كە دەستەبەری ئیسڵاحی هەموو مرۆڤایەتی دەكات، وەكو پەڕاوەكانی پێشوو تایبەت نیە بە گەلێكی دیاریكراوەوە بەبێ گەلانی تر.. بەڵكو دەیەوێت ئیسڵاحی هەموو گەلان بكات.. وە ڕوونیكردووەتەوە كە چ شتێك تایبەتە بە پەروەردەی مرۆیی بەهەموو پلەكانیەوە.. ئادابی مرۆیی فێری كەسانی كێوی و دڕەندە كرد.. پاشان- دوای ئەوەی كردنی بە مرۆڤ- ڕێنمایی كردن بۆ ڕەوشتە بەرزەكان؟
چاكەی قورئانی پیرۆز بەسەر جیھانەوە
بێگومان قورئان بەتەنھا ئەو كتێبەیە كە چاكەی هەبووە بۆ هەموو خەڵكی جیھان.. بەوەی كە جیاكاری كردووە لە نێوان حاڵەتە سروشتیەكان و ڕەوشتەبەرزەكاندا.. وه لە حاڵەتە سروشتییەكانەوە مرۆڤی دەركردووە بۆ چڵەپۆپەی ڕەوشتە بەرزەكان، هەر بەوەندە وازی نەھێناوە، بەڵكو قۆناغەكەی دواتری بڕیوە.. كە بریتیە لە گەیشتن به پلەی حاڵەتە ڕۆحانیەكان. بۆ ئەم مەبەستە دەرگاكانی زانین و تێگەشتنی ڕاستەقینەی خستووەتە سەر پشت، تەنھا دەرگاكانی نەخستووەتە سەر پشت بۆ گەشتن بەم پلەیە، بەڵكو سەدان هەزار مرۆڤیشی گەیاندووە پێی. بەم شێوەیە بەوپەڕی جوانی و قشەنگیەوە سێ جۆرەكەی ڕێنمایی و فێركاری ڕوون كردووەتەوە كە پێشتر باسمان كردن. بەوپێیەی قورئان كتێبێكی گشتگیرە بۆ هەموو ئەو ڕێنمایی و فێركارییانەی كە پێویستن بۆ پەروەردەی ئایینی، لەبەرئەوە ڕایگەیاندووە كە بازنەی فێركاری و ڕێنمایی ئایینی تەواو كردووە و دەفەرموێت: {الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الْإِسْلَامَ دِينًا} (المائدة: 4).. واتە كۆتا قۆناغی كامڵ بوونی ئایینی لە مانای ئیسلامدا خۆی دەنوێنیت.. واتە مرۆڤ بەتەواوەتی خۆی تەرخان بكات بۆخوا بەتەنھا.. وە ڕزگاربوونی خۆی بخوازێت لەڕێگەی قوربانیدان بە گیانی خۆی لەڕێگەی خوادا نەك بەڕێگەیەكی تر، پاشان ئەم نیاز و ویستە بەكردەوە جێبەجێ بكات. ئەمە ئەو قۆناغەیە كە چڵەپۆپەی هەموو سیفەتە كامڵەكانە. كەواتە قورئانی حەكیم ئەو خودا ڕاستەقینەیەی ناساند كه فەیلەسووفەكان ڕێیان بەدی نەكردبوو بۆ ناسینی. وە قورئانی پیرۆز بۆ پێدانی ناسینی خوا دوو ڕێگەی گرتەبەر: یەكەمیان ئەوەیە كە بەهۆیەوە عەقڵ دەگاتە ئەوپەڕی هێز و ڕوونی لە بەرهەمھێنانی بەڵگە عەقڵیەكاندا، وە بەهۆیەوە پارێزراو دەبێت لە هەڵە و خلیسكان. بەڵام ڕێگەكەی دووەم ڕێگەیەكی ڕۆحیە، خوا یاربێت لە وەڵامی پرسیاری سێیەمدا باسی دەكەین.
بەڵگە عەقڵیەكان لەسەر بوونی خوای گەورە
ئێستا بڕاوانن كه قورئانی حەكیم چەند بەجوانی بەڵگەی عەقڵی هێناوەتەوە لەسەر بوونی خوای گەورە. لە شوێنێكیدا دەفەرموێت:
{رَبُّنَا الَّذِي أَعْطَى كُلَّ شَيْءٍ خَلْقَهُ ثُمَّ هَدَى} (طه: 51).. واتە خودا ئەو پەروەردگارەیە كە سروشت و پێكهاتەیەكی بەخشیوە بە هەر شتێك بەگوێرەی بارودۆخەكەی، پاشان ڕێنموونی كردووە بۆ شتێك كە بەهۆیەوە ئەو ئامانجەی كامڵ و تەواو دەبێت كە لەپێناویدا دروست كراوە. ئەگەر لەبەر ڕۆشنایی مانای ئەم ئایەتەدا سەیری دیمەن و پێكھاتەی هەموو دروستكراوەكانمان كرد كە لە وشكانی و دەریادا هەن لە مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە ئەوا توانای خوای گەورە بەجوانی دەردەكەوێت بۆمان.. كە چۆن بەهەموو دروستكراوێك دیمەن و پێكهاتەیەكی بەخشیوە كە گونجاوە بۆی. بێگومان بابەتی ئایەتەكە زۆر فراوانە، دەی با خوێنەران خۆیان لێی ڕابمێنن.
بەڵگەی دووەم لەسەر بوونی خوا لە قورئانی پیرۆزدا ئەوەیە كە زاتی خوا هۆكاری هۆكارەكانە، بەجۆرێك دەفەرموێت: {وَأَنَّ إِلَى رَبِّكَ الْمُنْتَهَى} (النجم: 43).. واتە زنجیرەی هەموو هۆكار و ئەنجامەكان لە سیستەمی ئەم جیھانەدا لە كۆتاییدا دەگاتەوە بەخوا (سبحانه وتعالی). ڕوونكردنەوەی ئەم بابەتەیش بەم جۆرەیە: هەموو دروستكراوان گرێدراون بەیەكەوە بەهۆی زنجیرەی هۆكار و ئەنجامەوە. لەبەرئەوە جۆرەها زانست لە جیهاندا پەیدا بووە، بەجۆرێك هیچ یەكێك لە دروستكراوان لەم سیستەمە دەرناچێت. هەندێكیان وەكو بناغە وان، هەندێكی تریان وەكو لق. وە شتێكی بەڵگەنەویستە كە هۆكار یان سەربەخۆیە یاخود ئەنجامە بۆ هۆكارێكی تر، ئەمیش ئەنجامە بۆ هۆكاری سێیەم و هەروەها. وە هەرگیز ڕاست نیە كە زنجیرەی هۆكار و ئەنجامەكان لە گەردوونی سنورداردا كۆتایی و سنورێكی نەبێت. بەگوێرەی ئەمە دەبێت دان بەوەدا بنرێت كە- بەدڵنیاییەوە- ئەم زنجیرەیە بە هۆكارێك كۆتایی دێت كە هۆكاری كۆتاییە. ئەم هۆكارە كۆتاییەش كە زنجیرەكەی تێدا كۆتایی دێت بریتیە لە خوای گەورە. دەی چاوتان بكەنەوە چۆن ئەم ئایەتە: {وَأَنَّ إِلَى رَبِّكَ الْمُنْتَهَى} بەڵگەی ناوبراو ڕوون دەكاتەوە بەجوانترین دەربڕین لە چەند وشەی كورتدا.
پاشان قورئانی پیرۆز بەڵگەیەكی تر دەهێنێتەوە لەسەر بوونی خوای گەورە و دەفەرموێت: {لَا الشَّمْسُ يَنْبَغِي لَهَا أَنْ تُدْرِكَ الْقَمَرَ وَلَا اللَّيْلُ سَابِقُ النَّهَارِ وَكُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ} (یس: 41).. واتە نە خۆر دەتوانێت بگات بە مانگ، وە نە شەو- كە دیمەنی مانگە- دەتوانێت ڕۆژ تێپەڕێنێت -كە دیمەنی خۆرە. واتە هیچ كامیان ناتوانن لەو خولگەیە دەرچن كە بۆیان دیاریكراوە. دەی ئەگەر بەرێوەبەرێك نەبێت كە لەپشتی پەردەكانەوە ئەم سیستەمە بەڕێوە ببات ئەوا هەموو سیستەمی گەردوون تێكدەچێت. وە ئەم بەڵگەیە بەڵگەیەكی زۆر بەكەڵكە بۆ ئەوانەی كە تەنەكانی گەردوون تێدەفكرن و دەكۆڵنەوە.. چونكە سیستەمی گەردوونی ژمارەیەكی بێ پایان لە تەنی زەبەلاحی تێدایە، بەجۆرێك ئەگەر تەنانەت تێكچوونێكی زۆر سادە تێیدا ڕوو بدات ئەوا هەموو جیهان هەرەس دەھێنێت. ئەو توانایە چەندە مەزنە كە ئەم تەنە زەبەلاحانە بەڕێوە دەبات و كۆنترۆڵیان دەكات بەجۆرێك بەریەك ناكەون و هیچ یەكێكیان بەئەندازەی تاڵە موویەك گۆڕانكاری لە خێراییەكەیدا ڕوونادات، وە هیچ داخوران و فەوتانێكیان بەسەردا نەهاتووە و هیچ ئامراز و بەشێكیان تووشی ناتەواوی نەبووە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام و بێ پچڕان بەدرێژای ئەم ماوەیە كاریان كردووە! دەی چۆن دەگونجێت ئەم سیستەمە مەزنە زەبەلاحە لەخۆیەوە بەردەوام بووبێت لەكاركردن لە ماوەی ساڵانێكی بێپایاندا، ئەگەر لەسەروویەوە زاتێكی زاڵ و پارێزەر نەبێت كە چاودێری بكات؟ خوای گەورە لە شوێنێكی تردا ئاماژەی كردووە بۆ خودی ئەم حیكمەتانە و دەفەرموێت: {أَفِي اللَّهِ شَكٌّ فَاطِرِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ} (إبراهیم: 11).. ئایا دەگونجێت گومان بكرێت لە بوونی خوایەك كە ئاسمانەكان و زەوی درووستكردووە بەم شێوەیە؟
هەروەها خوای گەورە بەڵگەیەكی ورد وناسكی تری باسكردووە لەسەر بوونی خۆی و دەفەرموێت: {كُلُّ مَنْ عَلَيْهَا فَانٍ (*) وَيَبْقَى وَجْهُ رَبِّكَ ذُو الْجَلَالِ وَالْإِكْرَامِ} (الرحمن: 27-28).. واتە هەموو شتێك بەرەو لەناوچوون دەچێت، بەڵام ئەوەی كە دەمێنێتەوە و لەناوناچێت تەنھا خوای خاوەن شكۆ و ڕێزە. گریمان زەوی وورد و خاش بێت و ببێت بە تۆز، وە تەنەگەردوونیەكان شەق بەرن ببن بە تۆزی بەرباد و گەردەلولی لەناوچوون هەڵكات بەسەریاندا هیچ شوێنەوارێكیان نەهێڵێت، لەگەڵ ئەمەشدا ژیری دانی پێدا دەنێت، بەڵكو ویژدانی ساغ پێی وایە كە پێویسته دوای ئەم هەموو لەناوچوونە یەك شت بمێنیتەوە كە لەناونەچێت و گۆڕانی بەسەردا نەیەت و جێگۆڕكێی نەكات، بەڵكو بەردەوام وەكو دۆخە سەرەتاییەكەی وابێت. دەی ئەو تاقە شتە بریتیە لەو خوایەی كە هەموو شتە لەناوچووەكانی دروستكردووە و خۆی دوورە لە مردن و لەناوچوون.
پاشان خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەڵگەیەكی تر دەھێنێتەوە لەسەر بوونی خۆی و دەفەرموێت: {أَلَسْتُ بِرَبِّكُمْ قَالُوا بَلَى} (الأعراف: 173).. واتە پرسیارم كرد لەهەموو گیانەكان هەموویان وەڵامیان دایەوە كە من پەروەدگاریانم. لەم گفتوگۆیەدا خوای گەورە ئاماژە دەكات بۆ ئەو تایبەتمەندیەی لەسروشتی گیانەكاندا چاندویەتی، كە ئەوەیە هیچ گیانێك نیە بەسروشتی خۆی بتوانیت نكوڵی لە بوونی خوا بكات، بەڵكو نكوڵیكاران تەنھا بۆیە نكوڵی دەكەن لەبوونی خوا چونكە بەخەیاڵی خۆیان بەڵگەیان نیە لەسەر بوونی خوای گەورە. بەڵام لەگەڵ ئەم نكوڵیكردنەشدا دان بەوەدا دەنێن كە دەبێت بۆ هەموو بەدیھێنراوێك بەدیھێنەرێك هەبێت. لەهەموو جیھاندا یەك كەسی گەوج نیە كە لەشی تووشی نەخۆشییەك بێت و پێداگری بكات لەسەر ئەوەی كە لەپشت ئەم نەخۆشیەوە هۆكارێكی شاراوە نیە. لەڕاستیدا ئەگەر سیستەمی ئەم گەردوونە لەڕێگەی زنجیرەی هۆكار و ئەنجامەكانەوە ڕێك نەخرایە ئەوا نەدەتوانرا پێشبینی بكرێت كەی لافاو دروست دەبێت، یان گەردەلول هەڵدەكات، یان خۆرگیران یان مانگگیران ڕوودەدەن، یان نەخۆش دەمرێت، یان لە فڵان كاتدا نەخۆش تووشی فڵان نیشانە دەبێت. لەبەرئەوە ئەم جۆرە زانا بێباوەڕە ناڕاستەوخۆ دان دەنێت بە بوونی خوای گەورەدا ئەگەرچی بە ئاشكرا نكوڵی لە بوونەكەی بكات، چونكە ئەویش – وەكو ئێمە- بەردەوام گەڕان و پشكنین دەكات بۆ هۆكاری ئەنجامەكان، ئەمەش جۆرێكە لەدانپێدانان، ئەگەرچی بێ كەموكوڕی نیە.
پاشان ئەگەر كەسی نكوڵیكار لەبوونی خوا بخەینە ژێر كاریگەری مادەی هۆشبەرەوە و بێهۆشی بكەین بەجۆرێك بەهۆی ئەو مادە هۆشبەرەوە هەموو ویستەكانی پەكیان بكەوێت، وە هەموو ئەو بیرۆكانەی لەبیر بچێتەوە كە پەیوەستن بە ژیانی دنیاوە، وە بخرێتە ژێر كۆنترۆڵی خاوەن دەسەڵاتێكی هەرەبڵندەوە، ئەوا لەو كاتەدا دان دەنێت بەبوونی خوای گەورەدا و كافر نەدەبوو پێی، تاقیكردنەوەی خاوەن ئەزموونە بەناوبانگەكان شایەتیداوە لەسەر ئەمە. ئەم ئایەتە ئاماژە بۆ ئەم حاڵەتە دەكات، وە مەبەست لێی ئەوەیە كە نكوڵیكردن له بوونی زاتی خوا بەهۆی كاریگەری ژیانی دنیاوە دروست دەبێت.. ئەگینا فیترەتی ساغ بەتەواوەتی دان دەنێت بەبوونی خوادا (سبحانه وتعالی).
سیفەتەكانی كردگاری مەزن
ئەمانە هەندێ بەڵگە بوون لەسەر بوونی خوای دروستكار (عزَّ وجل) وەك نموونە باسمان كردن.
پێویستە ئەوەش بزانین كە ئەو خوایە قورئانی پیرۆز بانگمان دەكات بۆلای بەم سیفەتانە باسی كردوە لەم فەرمایشتەیدا: {هُوَ اللَّهُ الَّذِي لَا إِلَهَ إِلَّا هُوَ عَالِمُ الْغَيْبِ وَالشَّهَادَةِ هُوَ الرَّحْمَنُ الرَّحِيمُ} (الحشر: 23)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ} (الفاتحة: 4)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {الْمَلِكُ الْقُدُّوسُ السَّلَامُ الْمُؤْمِنُ الْمُهَيْمِنُ الْعَزِيزُ الْجَبَّارُ الْمُتَكَبِّرُ} (الحشر: 24)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {هُوَ اللَّهُ الْخَالِقُ الْبَارِئُ الْمُصَوِّرُ لَهُ الْأَسْمَاءُ الْحُسْنَى يُسَبِّحُ لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ} (الحشر: 25)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ} (البقرة: 149)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {رَبِّ الْعَالَمِينَ (*) الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ (*) مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ} (الفاتحة: 3-5)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ} (البقرة: 187)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {هُوَ الْحَيُّ الْقَيُّومُ} (آل عمران: 3)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ} (سورة الإخلاص) ..واتە بێگومان الله ئەو خودا تاك و تەنھایە، كە هیچ هاوبەشێكی نیە شایستەی بەندایەتی و گوێڕایەڵی بێت. چونكە ئەگەر خوایەكی هاوبەشی لەگەڵدا بوایە ئەوا دەكرا خوا هاوبەشەكە بەدەسەڵاتی خۆی زاڵ بێت بەسەریدا، بەمەش خوایەتیەكەی تووشی مەترسی دەبوو. وە فەرمایشتەكەی كە هیچ كەسێك شایستەی بەندایەتی نیە جگە لەو مانای ئەوەیە كە خوایەكی كامڵ و بێ كەموكوڕیە و سیفەتەكانی ئەوپەڕی جوان و بڵندن.. بەجۆرێك ئەگەر بمانەوێت بەڕەچاوكردنی سیفەتەكامڵەكان پەرستراوێك هەڵبژێرین لەناو هەموو بوونەوەراندا، یان بتوانین ئەوپەڕی بیربكەینەوە لە مەزنترین و باڵاترین سیفەت بۆ پەرستراوێك، كە لەهەموویان بەرزتر بێت.. هەرگیز لەو بەرزتر بوونی نەبێت… ئەوا بریتیە لە خوا.. كە ستەمە لە بەندیەتیكردنیدا كەسێكی تر بكرێت بە هاوبەشی كە لەخۆی پایەی نزمترە.
پاشان دەفەرموێت: “عالم الغیب، زانای نھێنیەكان”ە، واتە تەنھا خۆی زاتی خۆی دەناسێت، وە هیچ كەسی تر ناتوانێت پەی بە زاتی خوا ببات. دەتوانین وێنەی خۆر و مانگ و هەموو دروستكراوە ببینین، بەڵام توانای بینینی زاتی خوای گەورەمان نیە.
وە دەفەرموێت: “والشهادة، وە زانای ئاشكراكان”ە، واتە هیچ شتێك لە ڕوانینی ئەو شاراوە نیە. ڕەوا نیە پێی بوترێت خوا ئەوەی بێ ئاگا بێت لە دروستكراوان. نەخێر، هەموو گەردیلەیەك لە گەردووندا لەژێر چاودێری ئەودایە، بەڵام مرۆڤ توانای ئەوەی نیە. بێگومان خوای گەورە دەزانێت كەی ئەم سیستەمە لەناودەچێت و كەی قیامەت بەرپا دەبێت، هیچ كەسێكی تر جگە لەو نازانێت كەی ئەمە ڕوودەدات.. كەواتە ئەو كەسەی كە هەموو ئەم كاتانە دەزانێت خوای گەورەیە.
فەرمایشتی “هو الرحمن، ئەو بەخشندەیە” واتە خودا ئەو كەسەیە تەنانەت پێش بەدیھاتنی زیندەوەران هەموو پێویستیەكانی ژیان و حەوانەوەی دابین كردووە بۆیان. تەنھا بەهۆی فەزڵی خۆیەوە هەموو ئەمانەی كردووە، نەك وەكو ئەنجامێك بۆ هەوڵ و ماندووبوونی زیندەوان. دیارە خوای پاك و بێگەرد لە پێناوی ئێمەدا خۆر و زەوی و دروستكراوەكانی تری بەدیھێناوە تەنانەت پێش بوونی ئێمە و كردەوەكانمان. وە ئەم بەخششە لە كتێبی خوادا پێی دەوترێت “ڕەحمانیەت، بەخشندەیی”، وە بەڕەچاوكردنی ئەم چاكەیە خوای گەورە پێی دەوترێت “الرحمن، بەخشندە”.
وە فەرمایشتی خوای گەورە “الرحیم، میهرەبان” واتە پاداشتی خێری كردەوە چاكەكان دەداتەوە، وە هەوڵ و كۆششی هیچ كەسێك بەفیڕۆ نادات. وە بەڕەچاوكردنی ئەم سیفەتە خوای گەورە پێی دەوترێت “الرحیم”، وە ئەم سیفەتەیشی پێی دەوترێت “الرحیمیة”. وە فەرمایشتی خوای گەورە “مالك یوم الدین، خاوەنی ڕۆژی دادوەریە” واتە كارێكی كردووە پاداشتی هەركەسێك بەدەستی خۆیەتی، وە بریكارێكی نیە كە بەڕێوەبردنی موڵكی ئاسمانەكان و زەویی سپاردبێت پێی، خۆیشی لەلایەكەوە دانیشتبێت و هیچ كارێك نەكات، لەكاتێكدا بریكارەكەی ئەركی پاداشتدانەوە و سزادان جێبەجێ بكات یان لە داهاتوودا هەستێت بە جێبەجێكردنی.
پاشان دەفەرموێت: “الملك القدوس” واتە خاوەنی دەسەڵاتێكی وەھایە كە هیچ نەنگی و ناتەواویەكی تێدا نیە. ئاشكرایە دەسەڵاتدارێتی مرۆڤ خاڵی نیە لە ناتەواوی، بۆ نموونە ئەگەر هەموو خەڵكی لە قەڵەمڕەوی پاشایەك كۆچ بكەن بۆ دەوڵەتێكی تر ئەوا دەسەڵات و پاشایەتیەكەی كۆتایی پێ دێت؛ یان ئەگەر قات و قڕی و برسێتی تووشی هەموو ڕەعیەت بێت، ئەوا لەكوێ باج كۆ دەكاتەوه؟ یان ئەگەر ڕەعیەت لەڕووی پاشادا بوەستن و پێی بڵێن: بە چ تایبەتمەندیەك بوویت بە پاشا بەسەرمانەوە.. دەبێت چۆن وەڵامی ئەمە بداتەوە؟ بەڵام دەسەڵاتدارێتی خوا بەم شێوەیە نیە. ئەو دەتوانێت لەچاوتروكانێكدا هەمووان لەناوببات و خەڵكێكی نوێی تر دروست بكات. دەی ئەگەر بەم شێوەیە دروستكار و بەتوانا نەبوایە ئەوا فەرمانڕەوایەتیەكەی دانەدەمەزرا لەڕێگەی ستەمەوە نەبێت. ئەگینا لەكوێ خەڵكانێكی نوێ دەھێنا بۆ دنیا تاكو دەسەڵاتی خۆی پیادە بكات بەسەریاندا.. پاش ئەوەی لێخۆشبوون و ڕزگاری خەڵات كرد بە هەموو دروستكراوانی پێشووی؟ ئایا- بەستەم- ئەو نیعمەتانە دەسێنێتەوە لە بەندە ڕزگاربووەكانی كە خەڵاتی كردوون پێیان، ئەو لێخۆشبوونەیان لێ دادەماڵێت كە لە فەزڵی خۆیەوە پێشكەشی كردبوون، بۆ ئەوەی جارێكی تر بیانگێڕێتەوە بۆ ژیانی دنیا تاكو ئاوەدانی بكاتەوە و حوكمی بكات. لەم دۆخەدا خوایەتیەكەی خەوشدار دەبێت، وە دەسەڵاتەكەی ناتەواو دەبێت وەكو پاشاكانی دنیا كە بەردەوام یاسای نوێ دادەنێن بۆ ڕەعیەتەكەیان، وە لەسەر هەموو شتێكی گەورە و بچوك تووڕەدەبن لێیان و دەیانچەوسێننەوە، وە كاتێك دەبینن- بۆ جێبەجێكردنی مەبەستەكانیان- هەردەبێت ستەم بكەن ئەوا ستەم و زۆرداری بەحەڵاڵ دەزانن وەك چۆن مناڵی ساوا شیری دایكی حەڵاڵە بەلایەوە. بۆ نموونە یاسای پاشایەتی ڕێگە دەدات سەرنشینی كەشتیەكی بچوك نوقم بكرێن لەپێناوی ڕزگاركردنی كەشتیەكی گەورەدا، بەڵام پێویستە خوای بەتوانا تووشی ئەم ناچاریە نەبێت. دەی ئەگەر خوا توانای تەواوەتی نەبێت، وە لەنەبوونەوە شت بەدی نەھێنێت ئەوا -لەجیاتی پیادەكردنی توانای خۆی- پەنای دەبرد بۆ ستەم وەكو پاشا لاوازەكان، یان ڕەچاوی دادپەروەری دەكرد و دەستیدەگرت لەخوایەتیەكەی. نەخێر، كەشتی خوا بەردەوام لە ڕۆشتندایە لەگەڵ بوونی هەموو توانایەك و بەگوێرەی دادگەری تەواوەتی.
وە فەرمایشتی “السلام”، واتە پاك و بێگەردە لە هەموو خەوش و ناتەواوییەكان، وە سەلامەتە لە هەموو بەڵا و نەهامەتیەكان، بگرە خۆی ئاشتی دابین دەكات بۆ كەسانی تر. ئەمە شتێكی بەڵگەنەویستە، چونكە ئەگەر خۆی تووشی كارەسات و لێدان بێت بەدەستی خەڵكی یان شكست بھێنێت لە جێبەجێ كردنی ویست و ئیرادەی خۆیدا ئیتر چۆن دڵمان ئۆقرەبگرێت- لە كاتی بینینی ئەم دۆخە نالەبارەی ئەو- بە توانای ئەم جۆرە خوایە كە ڕزگارمان بكات لە ئێش و ئازارەكان؟ لەبەر ئەوە خوای گەورە دەربارەی پەرستراوە پووچەكان دەفەرموێت: {إِنَّ الَّذِينَ تَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ لَنْ يَخْلُقُوا ذُبَابًا وَلَوِ اجْتَمَعُوا لَهُ وَإِنْ يَسْلُبْهُمُ الذُّبَابُ شَيْئًا لَا يَسْتَنْقِذُوهُ مِنْهُ ضَعُفَ الطَّالِبُ وَالْمَطْلُوبُ (*) مَا قَدَرُوا اللَّهَ حَقَّ قَدْرِهِ إِنَّ اللَّهَ لَقَوِيٌّ عَزِيزٌ} (الحج: 74- 75).
فەرمایشتی خوای گەورە: “ضَعُفَ الطَّالِبُ وَالْمَطْلُوبُ” واتە ئەوانەی ئەم پەرستراوانە دەپەرستن عەقڵیان لاوازە. بەڵام خودی پەرستراوەكان خۆیان لاواز و داماون. دەی ئایا دەكرێت ئەم جۆرە پەرستراوانە خودای ڕاستەقینه بن؟ بێگومان خوا ئەو زاتەیە كە لەهەموو بەهێزێك بەهێزترە و زاڵە بەسەر هەموو شتێكدا. هیچ كەسێك ناتوانێت قوڵبەستی بكات یان لێیبدات. ئەوانەی كردەوەی هەڵەی لەم جۆرە ئەنجام دەدەن هەستیان نەكردووە بە مەزنێتی خوای گەوره و نازانن ئەو سیفەتانە كامانەن كە پێویستن بۆ خوا.
فەرمایشتی “المؤمن” واتە ئەو كەسێكە ئاسایش و تەناھی خەڵات دەكات، وە بەڵگەكان پێشكەش دەكات لەسەر یەكتایی و سیفەتەكامڵەكانی خۆی. وە لەمەدا ئاماژە هەیە كە ئەو كەسەی بەراستی باوەڕی بەخوای ڕاستەقینە هەبێت هەرگیز لەبەردەم هیچ مەجلیسێكدا ڕسوا نابێت، هەروەك لەبەردەم پەروەردگاری خۆیدا شەرمەزار نابێت؛ چونكە بەهێزترینی بەڵگەكانی پێیە. بەڵام ئەو كەسەی پەرستراوی پووچ دەپەرستێت هەمیشە لە گرفتێكی گەورەدایە، وە لەجیاتی خستنەڕووی بەڵگەكان شتە لاواز و پووچەكان دەھێنێتەوە و بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەمانە كۆمەڵێك ڕازی پەنھانن، وەك هەڵهاتنێك لە ڕسوابوونی گاڵتەپێكردن، وە بۆ ئەوەی ئەو هەڵانە بشارێتەوە كە سەلمێنراوە شتانێكی ساختەن.
وە خوای گەورە دەفەرموێت: {الْمُهَيْمِنُ الْعَزِيزُ الْجَبَّارُ الْمُتَكَبِّرُ} واتە پارێزەری هەمووان، زاڵ بەسەریاندا، وە چاكسازی ئەوەی خراپ بووە و تێكچووە، وە تەواو بێنیاز.
وە دەفەرموێت: {الْخَالِقُ الْبَارِئُ الْمُصَوِّرُ لَهُ الْأَسْمَاءُ الْحُسْنَى}.. واتە ئەو دروستكاری گیانە هەروەك چۆن دروستكاری جەستەكانە، وە لە مناڵانەكاندا بیچمی مناڵ دیاری دەكات، وە خاوەنی هەموو ناوێكی جوانە كە بكرێت بەبیری مرۆڤدا بێت.
وە دەفەرموێت: {يُسَبِّحُ لَهُ مَا فِي السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ}.. واتە دانیشتوانی ئاسمانەكان بە تەسبیح و تەقدیس یادی دەكەنەوە هەروەك دانیشتوانی زەوی یادی دەكەنەوە. لەم ئایەتەدا ئاماژەكراوە بۆ ئەوە كە تەنە ئاسمانیەكانیش ئاوەدانن بە دانیشتوانێك كە پابەندن بە ڕێنمایی خوای گەورەوە.
وە لە فەرمایشتی خوای گەورەدا: {عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ} دڵنەواییەك هەیە بۆ خواپەرستان.. بەجۆرێك كەڵكی چیە هیوا و ئاواتی خۆمانی لەسەر هەڵچنین ئەگەر دەستەوسان و بێتوانا بێت؟
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {رَبِّ الْعَالَمِينَ (*) الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ (*) مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ} واتە ئەو خودایەیە كە هەڵدەستێت بە پەروەردەكردنی هەموو جیھانەكان. وە ئەو بەخشندە و دلۆڤانه و هەر خۆی خاوەنی ڕۆژی دواییە و ئەم دەسەڵاتەی نەداوە بەهیچ كەسێكی تر.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ} واتە گوێبیستی نزای هەموو نزاكارێك دەبێت و وەڵامی دەداتەوە؛ واتە نزاكان گیرا دەكات.
وە فەرمایشتی: {هُوَ الْحَيُّ الْقَيُّومُ}.. واتە هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، وە سەرچاوەی ژیانی هەموو زیندەوەرەكانە و ڕاگری هەموو بوونە. چونكە ئەگەر ئەزەلی و ئەبەدی نەبوایە ئەوا ئێمە هەمیشە لە دڵەڕاوكێ و ترسدا دەبووین لەوەی كە پێش ئێمە بمرێت.
وە فەرمایشتی: {قُلْ هُوَ اللَّهُ أَحَدٌ (*) اللَّهُ الصَّمَدُ (*) لَمْ يَلِدْ وَلَمْ يُولَدْ (*) وَلَمْ يَكُنْ لَهُ كُفُوًا أَحَدٌ}.. واتە تەنھا خۆی خوایە، وە باوكی هیچ كەسێك نیە و لەكەسیش نەبووە و هیچ هاوشێوەیەكی نیە و هیچ كەسێك لە ڕەگەزی ئەو نیە.
خێری ڕاستەقینە
لەیادتان بێت كە باوەڕی ڕاست و دروست بە یەكتایی خوای گەورە، وە نەبوونی پەڕگیری ئەرێنی و نەرێنی دەربارەی بریتیە لەو دادپەروەریەی كە مرۆڤ ڕەچاوی دەكات سەبارەت بەخاوەنە ڕاستەقینەكەی.
ئەمە هەمووی بریتی بوو لە بەشی ئەخلاقی كە لە فێركاریەكانی قورئانی پیرۆزەوە هێنامانەوە. وە بنەمای سەرەكی لەمەدا ئەوەیە كە خوا هەموو ڕەوشتی پاراستووە لە پەڕگیری ئەرێنی و نەرێنی، وە هەریەكەیانی ناوناوە ڕەوشت مادام لەسنوری پێویست و گونجاوی خۆی تێپەڕنەكات نە بەكەم یان بە زیاد. ئاشكرایە خێری ڕاستەقینە ئەو شتە مامناوەندەیە لە نێوان ئەمپەڕ و ئەوپەڕدایە.. واتە لەنێوان زیاد و كەم یان پەڕگیری ئەرێنی و پەڕگیری نەرێنیدایە. كەواتە هەر خوویەك مرۆڤی ڕاكێشا بەرەو میانەڕەوی و جێگیری كرد تێیدا ئەوەیە كە ڕەوشتی بەرز دروست دەكات. بێگومان زانینی شوێنی گونجاو و كاتی گونجاو بریتیە لە میانەڕەوی. بۆ نموونە ئەگەر جوتیار پێش وەختی خۆی یان پاش تێپەڕینی ئەو وەختە تۆو بچێنێت.. ئەوا لەهەردوو دۆخەكەدا لە میانەڕەوی لای داوە. خێر و ڕاستی و حیكمەت هەموویان دەكەونە ناوەڕاستەوە، وە میانەڕەوی بەندە بەزانینی كات و شوێنی گونجاوەوە، یان بەدەربڕینێكی تر.. ڕاستی هەمیشە لەنێوان دوو باتڵی دژبەیەكدایە. وە گومانی تێدا نیە كە ڕەچاوكردنی دۆخی گونجاو بەتەواوەتی هەمیشە مرۆڤ لە میانەڕەویدا دەهێڵێتەوە.
نیشانەی ڕێگای میانەڕەوی لە خواناسیدا ئەوەیە كە مرۆڤ لە ڕوونكردنەوەی سیفەتەكانی خوادا (عز وجل) نە بەلای نەرێكردنی تەواوەتی سیفەتەكاندا بچێت سەبارەی بەخوا، نە بەلای چواندنی خوای گەورەدا بچێت بە شتە مادییەكان. ئەمە خودی ئەو ڕێبازەیە كە قورئانی پیرۆز پەیڕەوی كردووە لە ڕوونكردنەوەی سیفەتەكانی خوای گەورەدا. لەكاتێكدا دەفەرموێت خوا دەبینێت و دەبیستێت و دەزانێت و قسەدەكات.. لەلایەكی ترەوە بەدووری دەگرێت لەوەی هاوشێوەی دروستكراون بێت و دەفەرموێت: {لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ} (الشوری: 12)، وە خوای گەورە دەفەرموێت: {فَلَا تَضْرِبُوا لِلَّهِ الْأَمْثَالَ} (النحل: 75).. واتە هیچ كەسێك هاوبەشی خوا نیە نە لە زاتیدا نە لە سیفەتەكانیدا، كەواتە لە دروستكراوانی خۆی نموونەی بۆ مەهێننەوە. ڕێگای میانەڕەوی ئەوەیە كە زاتی خوای گەورە لەنێوان چواندنی بە دروستكراوان و داماڵینی لە سیفەتەكانیدا دابنرێیت.
جیاوازی نێوان فێركاری ئیسلام و فێركاریەكانی دیكە
كەواتە، فێركاری و ڕێنماییەكانی ئیسلام هەمووی مامناوەند و ڕێكوپێكن. وە سورەتی الفاتحة یش میانەڕەویمان فێردەكات، چونكە تێیدا خوای گەورە ئەم نزایەمان فێردەكات: {اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ}.
مەبەست لە {الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ} ئەوانەن كە هێزی توڕەبوونیان بەكاردەھێنن بەشێوەیەك كە پێچەوانەی ڕەزامەندی خوا بێت، بەم شێوەیە ملكەچی هێزە دڕەندەییەكان دەبن كە لەناخیاندا هەیە. وە مەبەست لە {الضَّالِّينَ} ئەوانەن پەیڕەوی ئەو هێزە ئاژەڵییانە دەكەن كە لە ناخیاندا هەیە. بەڵام میانەڕەوی ئەوەیە كە لە فەرمایشتەكەی خۆیدا: {أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ} باسی كردووە.
بەكورتی.. خوای گەوره لە قورئانی پیرۆزدا فەرمانی میانڕەوی كردووە بەم ئوممەتە پیرۆزە. بەڵام لە تەوراتدا خوای گەورە جەختی كردووەتەوە لەسەر فەرمانەكانی تۆڵەكردنەوە، وە لە ئینجیلدا جەختی كردووەتەوە لەسەر لێبوردەیی و چاوپۆشی. بەڵام ئەم ئوممەتەی فێركردووە كە رەچاوی هەلومەرجەكان و میانڕەوی بكەن.. وەك دەفەرموێت: {وَكَذَلِكَ جَعَلْنَاكُمْ أُمَّةً وَسَطًا} (البقرة: 144).. واتە ئێوەم كردووە بە كەسانێك كە ڕاسترینی شتەكان بزانن و فێری میانڕەویمان كردوون. دەی مژدەبێت لەوانەی پەیڕەوی ڕێبازی میانڕەوی دەكەن، ڕێبازی میانڕەوی باشترین ڕێبازە.
سێيەم چاكسازی قورئانی
چاكسازی حاڵەتە ڕۆحیەكان
بەشی سێيەمی پرسیارەكە دەربارەی حاڵەتە ڕۆحیەكانە.. پێشتر باسمان كرد كە سەرچاوەی حاڵەتە ڕۆحیەكان- بەگوێرەی ئەوەی قورئانی پیرۆز ڕێنموونی كردووین بۆی- بریتیە لە” النفس للمطمئنة، دەروونی دڵنیا” كە مرۆڤ لە پلەی مرۆڤی “ئەخلاقی”ەوە دەگەیەنێتە پلەی مرۆڤی” ڕەببانی”.. وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {يَا أَيَّتُهَا النَّفْسُ الْمُطْمَئِنَّةُ (*) ارْجِعِي إِلَى رَبِّكِ رَاضِيَةً مَرْضِيَّةً (*) فَادْخُلِي فِي عِبَادِي (*) وَادْخُلِي جَنَّتِي} (الفجر: 28-30).
وە بۆ ڕوونكردنەوەی حاڵتە ڕۆحیەكان واگونجاوە بۆمان لێرەدا كەمێك بەڕوونی ئەم ئایەتە شرۆڤە بكەین.
با ئەوەمان لەیاد بێت كە بەرزترین پلەی ڕۆحی مرۆڤ لە ژیانی دنیادا ئەوەیە دڵی ئۆقرەبگرێت بە پەروەردگاری، وە هەموو ئارامی و بەختەوەری و خۆشییەكی لەخوادا دەست بكەوێت. ئەم حاڵەتە بە دەربڕینێكی تر پێی دەوترێت “ژیانی فیردەوسی”. وە لەم دۆخەدا مرۆڤ بەهەشتی دنیای دەست دەكەوێت وەك پاداشتێك لەسەر تەواویی ڕاستگۆیی وپاكی و وەفاكەی. لەكاتێكدا خەڵكانی تر بەردەوام چاو دەبڕنە ئەو بەهەشتەی كە بەڵێنی پێ دراوه لە داهاتوودا.. بەڵام ئەم كەسە دەچێتە ناو بەهەشتەوە لە خودی ئەم ژیانەدا. كاتی گەشتن بە خودی ئەم پلەیە مرۆڤ پەی بەوە دەبات بەندایەتی كە پێشتر كۆڵێكی قورس بووە بەسەر شانیەوە لەڕاستیدا ئەو تاكە خۆراكەیە كە بژێوی دەدات بە ڕۆحی، وە ئەو كۆڵەكەیەیە كە تا ڕادەیەكی زۆر ژیانە ڕۆحیەكەی لەسەر بەندە، وە بەدەستھێنانی بەرهەمی ئەم بەندایەتیە نەوەستاوە لەسەر جیهانێكی تر. لەو كاتەدا هاندەرێكی پیرۆز كەسەرەتایەكە بۆ دروستبوونی دەروونی دڵنیا و گەشەكردنی جێگای هەموو ئەو سەرزەنشتانە دەگرێتەوە كه دەروونی ڕەخنەگر ئاراستەی مرۆڤی دەكرد لەسەر ژیانە پیس و چەپەڵەكەی، لەگەڵ ئەوەی شكستی دەھێنا لە جووڵاندنی حەز و ئارەزووە چاكەكان تێیدا وەك پێویست، وە لە دروستكردنی بێزاری ڕاستەقینە دژی ئارەزووە خراپەكان، وە لە پێدانی توانای كامڵ بۆ دەستگرتنی تەواوەتی بە بەها باڵاكانەوە. كەی مرۆڤ گەشتە ئەم پلەیە كاتی ئەوەی هاتووە بتوانێت سەركەوتنی تەواوەتی بەدەست بھێنێت. بەدوای ئەمەدا هەموو هەڵچوونە دەروونیەكان لەخۆیانەوە دادەمركێنەوە، وە سروەیەكی بوژێنەر هەڵدەكات بەسەر ڕۆحیدا، وای لێدەكات كە بەچاوی پەشیمانیەوە بۆ كەمتەرخەمیەكانی ڕابردووی بڕوانێت. لەو كاتەدا گۆڕانكاریەكی ڕیشەیی گەورە بەسەر فیترەتی مرۆڤدا دێت و لە دۆخەكانی پێشووی زۆر دووردەكەوێتەوە، وە دەشۆردرێت و پاك دەكرێتەوە؛ وە خوای گەورە چاكە لە دڵیدا خۆشەویست و شیرین دەكات، وە پیسی تاوان لەدڵیدا لادەبات، وە سوپای حەق سنوری شاری دڵی دەبەزێنن، وە ڕاستی دەستدەگرێت بەسەر هەموو بورجەكانی كۆشكی فیترەتیدا و حەق سەردەكەوێت و باتڵ دەبەزێت و چەكەكەی فڕێدەدات؛ وە توانا و دەسەڵاتی خوای گەورە بەسەر دڵی ئەم مرۆڤەوە دەبێت، بەمەش لەژێر سێبەری ڕەحمەتی خوای گەورەدا هەموو هەنگاوێك هەڵدەگرێت. خوا (سبحانه وتعالی) ئاماژەی بە خودی ئەم مەبەستانەكردووە و دەفەرموێت: {أُولَئِكَ كَتَبَ فِي قُلُوبِهِمُ الْإِيمَانَ وَأَيَّدَهُمْ بِرُوحٍ مِنْهُ} (المجادلة: 23)، وە دەفەرموێت: {حَبَّبَ إِلَيْكُمُ الْإِيمَانَ وَزَيَّنَهُ فِي قُلُوبِكُمْ وَكَرَّهَ إِلَيْكُمُ الْكُفْرَ وَالْفُسُوقَ وَالْعِصْيَانَ أُولَئِكَ هُمُ الرَّاشِدُونَ (*) فَضْلًا مِنَ اللَّهِ وَنِعْمَةً وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ} (الحجرات: 8-9)، وە دەفەرموێت: {جَاءَ الْحَقُّ وَزَهَقَ الْبَاطِلُ إِنَّ الْبَاطِلَ كَانَ زَهُوقًا} (الإسراء: 82).
هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەو دۆخە ڕۆحیەی كە بۆ مرۆڤ دروست دەبێت كاتی گەشتنی بە قۆناغی سێیەم. وە هەرگیز بینایی ڕاست و دروست بەدەست ناھێنێت هەتا نەگاتە ئەم قۆناغە.
بەڵام فەرمایشتی خوای گەورە: {أُولَئِكَ كَتَبَ فِي قُلُوبِهِمُ الْإِيمَانَ وَأَيَّدَهُمْ بِرُوحٍ مِنْهُ} ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە مرۆڤ ناتوانێت پاك و خاوێنی ڕاستەقینە بەدەست بھێنێت مەگەر هاوكاری خوایی فریای بكەوێت. وە مرۆڤ لە میانەی تێپەڕبوونی بە قۆناغی دەروونی لۆمەكاردا جارلەدوای جار تۆبە دەكات و پەشیمان دەبێتەوە، وە جار لەدوای جار دەكەوێت و هەڵدەستێتەوە، بگرە زۆرجار نائومێد دەبێت لە چاكبوونی خۆی، وە وا گومان دەبات كە نەخۆشیەكەی چارەسەری نیە. بۆ ماوەیەك بەردەوام بەم شێوەیە دەبێت، هەتا كاتی بڕیاردراو دێتە پێشەوە لەڕۆژدا بێت یان لەشەودا.. لە ناكاو نورێك دادەبەزێتە سەری.. هێزێكی خوایی تیدایە؛ لەو كاتەدا لە مرۆڤدا گۆڕانێكی ڕیشەیی سەیر ڕوو دەدات، وە هەست بە كۆنترۆڵێكی بەهێز دەكات لەلایەن دەستێكەوە لەپشتی پەردەی غەیبەوه، وە جیھانێكی سەیر دەبینێت. ئالەوێدا مرۆڤ بەدڵنیاییەوە دەزانێت كە خوا بوونی هەیە، وە چاوەكانی چێژ و خۆشی دەبینن لە نورێك كە پێشتر چێژی لێ نەبینیوە.
ڕێگای گەیشتن بە ڕۆحانیەتی ڕاستەقینە چۆنە؟
بەڵام چۆن ڕێنموونی دەكرێین بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیە، وە چۆن ئەو نورە بەدەست دەھێنین؟ بزانن لەم جیھانەدا- كە بریتیە لە جیھانی هۆكارەكان- بۆ هەموو ئەنجامێك هۆكارێك هەیە، بۆ هەموو جووڵەیەك بزوێنەرێك هەیە، وە بۆ بەدەستهێنانی هەر زانستێك ڕێگایەك هەیە.. پێی دەوترێت ڕێگای ڕاست. وە لەدنیادا شتێك نیه بدرێت بەبێ كاركردن بەو یاسایانەی كە خوای بەتوانا لە ئەزەلەوە دایناون. ڕێساكانی سروشت دیارییان كردووە كە بەدیھێنانی هەر ئامانجێك پەیوەستە بە ڕێگایەكی ڕاستەوە، وە گەشتن بەهەر ئامانجێك بەندە بە شوێنكەوتنی رێگایەكی ڕاستەوە. بۆ نموونە ئەگەر لە ژوورێكی تاریكدا بین و پێویستمان بە تیشكی خۆر هەبێت.. ئەوا ڕێگای ڕاست بۆ دەستكەوتنی تیشكی خۆر بریتیە لە كردنەوەی ئەو پەنجەرەیەی كە ڕووەو خۆرە.. كاتێك ئەم كارەمان كرد دەسبەجێ تیشكی خۆر ژوورەكە پڕ دەكات و ڕووناكی دەكاتەوە بۆمان. بەهەمان شێوە دەبێت پەنجەرەیەك هەبێت بۆ دەستكەوتنی بەرەكەتە ڕاستەقینه و بێگومانەكانی خوا، وە دەبێت ڕێگایەكی تایبەتی هەبێت بەهۆیەوە ژیانێكی ڕۆحی پاڵفته بەدەست بھێنین. بەڵێ، ئەو ڕێگایە ئەوەیە كە بەهۆی ڕێگایەكی ڕاستەوە بگەڕێین بۆ بابەتە ڕۆحیەكان.. بەتەواوەتی هەروەك چۆن بەردەوام بەهۆی ڕێگا دروستەكانەوە هەوڵی بەدەستھێنانی سەركەوتن دەدەین لە هەموو كاروبارەكانی ژیانماندا.
بەڵام ئایا ئەو رێگەیە مانای ئەوەیە كە بگەڕێین بۆ گەيشتن بەدیداری خوای گەورە بە پشت بەستن تەنھا بە هێزی ژیری خۆمان، یان ئەوەی لەلایەن خۆمانەوە دامانھێناوە؟ ئایا هێزی لۆژیك و فەلسەفەی خۆمان بەتەنھا دەتوانێت دەرگاكانی خودامان لەسەر بكەنەوە كە كردنەوەیان بەندە بە دەستی بەهێزی خۆیەوە؟ ئاگاداربن و بەدڵنیاییەوە بزانن ئەمە هەرگیز ڕاست نیە. بێگومان ئێمە هەرگیز ناتوانین تەنھا بە ئامرازەكانی خۆمان بەدیداری ئەو زاتە زیندووە ڕاگرە شاد بین، بەڵكو تاكە ڕێگای ڕاست بۆ گەشتن بەم ئامانجە ئەوەیە كە سەرەتا ژیان و هەموو توانا و بەهرەكانمان لە پێناویدا تەرخان بكەین.. پاشان بەبێ وچان نزا بكەین هەتا خوا (عز وجل) دەدۆزینەوە بەهۆی بەیارمەتی خۆیەوە.
نزایەكی ناوازە
نزا ناوازەكە- كە كاتی دروست و دەرفەتی گونجاومان فێردەكات بۆ داواكردن لەخوا و وێنەی لاڵانەوەی ڕۆحی سروشتیمان پیشان دەدات (لەكاتی داواكردندا)- ئەو نزایەیە كە خوای گەورە لە دەسپێكی كتێبە پیرۆزەكەیدا فێرمان دەكات.. واتە نزای سورەتی الفاتحة كە بریتیە لە:
{بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ (*) الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ}.. هەموو سیفەتە بڵندەكان كە بكرێت هەبن هی خودای دروستكار و پارێزەری هەموو جیھانەكانە.
{الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ}.. ئەو خودایەی هۆكارەكانی ڕەحمەتی خۆی سازاندووە بۆمان تەنانەت پێش كردەوەكانمان، پاشان- دوای كردەوەكانمان- بەرەحمەتی خۆی پاداشتمان دەداتەوە لەسەریان.
{مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ}.. تەنھا خۆی خاوەنی ڕۆژی پاداشتە، وە ئەم كارە ناسپێرێت بە كەسێكی تری جگە لە خۆی.
{إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ}.. ئەی ئەو كەسەی كە ئەم هەموو سیفەتە بەرزەی لەخۆیدا كۆكردووەتەوه.. دەتپەرستین و تەنھا داوای یارمەتی لەتۆ دەكەین لەهەموو كارێكدا. بێگومان لێرەدا دان نان بە بەندایەتیدا بەشێوگی كۆ مانای ئەوە دەگەیەنێت كە هەموو توانا و بەهرەكانمان سەرقاڵە بە پەرستنی تۆوە، وە ملكەچە لەبەر قاپیەكەتدا. كەواتە مرۆڤ- بەڕەچاوكردنی هێزە ناوەكیەكانی- وەكو كۆمەڵ و ئوممەتێك وایە، بەم شێوەیە سوژدەبردنی هەموو توانا و بەهرە ناوەكیەكان بۆ خوای گەورە بەم مانایە بریتیە لە هەمان ئەو دۆخەی كە پێی دەوترێت” ئیسلام”.
{اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ (*) صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ} ڕێگاڕاستەكەی خۆتمان پیشان بدە و دامەزراومان بكە لەسەری، پاشان رێگای ئەو كەسانەمان پیشان بدە كە نیعمەتی خۆت ڕژاند بەسەریاندا و ڕێزدارت كردن، ئەوانیش بوون بە شوێنگەی فەزڵ و بەخششەكانی تۆ.
{غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلَا الضَّالِّينَ} وە بمان پارێزە لە گرتنەبەری ڕێچكەی ئەوانەی غەزەبت لێ گرتن و نەیانتوانی بگەن بەدیدارت، بەڵكو گومڕا بوون.
(آمین).. واتە ئەی پەروەردگار ئەم داواكاریانەمان بۆ جێبەجێ بكە.
ئەم ئایەتانە بۆمان ڕوون دەكەنەوە نیعمەتەكانی خوای گەورە- كە پێیشیان دەوترێت “لێشاوەكانی ڕەحمەت”- تەنھا بۆسەر ئەو كەسانە دادەبەزێت كە ژیانی خۆیان كردووەتە قوربانی لەڕێگەی خوای گەورەدا، وە هەموو بوونی خۆیان تەرخان كردووە لە پێناویدا، وە خۆیان فەنا كردووە بۆ بەدەستھێنانی ڕەزامەندی ئەو، پاشان بەردەوام دەپاڕێنەوە .. هەتا شاد دەبن بەهەموو ئەونیعمەتە ڕۆحییانەی كە دەكرێت خەڵات بكرێن بە مرۆڤ.. وەك نیعمەتی نزیكی و گەشتن بەخوا و قسەكردن و ئاخاوتن لەگەڵیدا. پاشان لە پاڵ ئەم نزاكردنەدا بەهەموو هێز و تواناكانیانەوە خوا دەپەرستن، وە دوور دەكەونەوە لە تاوان، بەرقاپیەكەی خوا بەجێ ناھێڵن، ئەو پەڕی كۆشش دەكەن بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لە خراپە، دوور دەكەونەوە لە ڕێچكەكانی ئەوانەی غەزەبیان لێ گیراوە {الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ}. بەو پێیەی كە ئەوان بەڕاستی و بەگوڕوتین و وورەی بەرزەوە بۆ خوا دەگەڕێن بۆیە دەیدۆزنەوە، وە لە پیاڵەكانی زاستی خوایی ڕاستەقینەیان پێ نۆش دەكرێت.
دامەزراوی تەواوەتی پێویستە
ئەو دامەزراوییەی كە لەم ئایەتەدا باسكراوە ئاماژە بەوە دەدات لێشاوی ڕەحمەتی ڕاستەقینە و تەواو كە مرۆڤ دەگەیەنێتە جیھانی ڕۆحانی بەدەستھێنانەكەی بەندە بە دامەزراوی تەواوەتییەوە. وە مەبەست لە دامەزراوی تەواوەتی دۆخێكە لە ڕاسگۆیی و وەفا كە هەرگیز هیچ تاقیكردنەوەیەك زیانی پێ ناگەیەنێت؛ واتە پەیوەندیەكی پتەوە كە ئەستەمە شمشێر بیبڕێت، وە ئاگر نایسووتێنێت، وە هیچ بەڵایەكی تر لاوازی ناكات، وە مردنی ئازیزان نایپچڕێنێت، وە دابڕانی خۆشەویستان كەلێنی تێدا دروست ناكات، ترسی زەبوونی و ڕسوایی خاوەنەكەی ناتۆقێنێت، وە كوشتن و ئەشكەنجەدانی توند دڵی نالەرزێنێت. بێگومان ئەم دەرگایە زۆر تەنگە، وە ئەم ڕێگایە زۆر سەختە.. چەندە سەخت و ناڕەحەتە!! ئاهێك و هەزاران ئاهـ!!
خوای گەورە ئاماژەی بۆ ئەم مەبەستەكردووە لەقورئانی پیرۆزدا و دەفەرموێت: {قُلْ إِنْ كَانَ آبَاؤُكُمْ وَأَبْنَاؤُكُمْ وَإِخْوَانُكُمْ وَأَزْوَاجُكُمْ وَعَشِيرَتُكُمْ وَأَمْوَالٌ اقْتَرَفْتُمُوهَا وَتِجَارَةٌ تَخْشَوْنَ كَسَادَهَا وَمَسَاكِنُ تَرْضَوْنَهَا أَحَبَّ إِلَيْكُمْ مِنَ اللَّهِ وَرَسُولِهِ وَجِهَادٍ فِي سَبِيلِهِ فَتَرَبَّصُوا حَتَّى يَأْتِيَ اللَّهُ بِأَمْرِهِ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الْفَاسِقِينَ} (التوبة: 24).
ئەم ئایەتە بەجوانی ڕوونی دەكاتەوە ئەوانەی كەسە نزیكەكان و ماڵ و سامانیان خۆش دەوێت لەسەر حیسابی ڕەزامەندی خوا لە دیدی خوای گەورەدا كەسانێكی تاوانبارن، بەدڵنیاییەوە تیادەچن.. چونكە فەزڵی شتانێكی تریان داوە بەسەر خوادا.
ئەمەیە پلەی سێیەم كە ئەو كەسەی لەپێناوی خوادا پێشوازی دەكات لە هەزارەها بەڵا و نەهامەتی تێیدا دەبێت بەكەسێكی خوایی، وە بە ڕاسگۆیی و دڵسۆزیەوە بەردەوام بەلای خوای گەورەدا دەچێت بەجۆرێك هیچ كەسێكی بۆ نامێنێتەوە تەنھا خوا نەبێت، وەك ئەوەی كەسانی جگەلەخوا هەموویان مردبن. لەڕاستیدا ئێمە خوای زیندوو نابینین ئەگەر خۆمان نەمرین. بێگومان ڕۆژی درەوشانەوەی خوا ئەو ڕۆژەیە كە ژیانە ماددیەكەمان نەمانی بەسەردا دێت. دیارە ئێمە كوێرین ئەگەر كوێرنەبین لە ئاست بینینی غەیری خوادا؛ وە ئێمە مردووین ئەگەر وەكو مردووەكان نەبین بەدەستی خوای گەورەوە. وە ئەگەر بەتەواوەتی ڕوومان كردە خوا ئەوا ئەو كاتە دامەزراوی تەواوەتی بەدەست دەھێنین كە زاڵ دەبێت بەسەر هەموو ئارەزووەكانی دەرووندا، بەڵام پێش ئەوە نەخێر. ئەمە ئەو دامەزراویەیە كە مردن كێشدەكات بۆ ئەو ژیانەی تێیدا مرۆڤ بۆخۆی دەژی.
دامەزراویەكەمان ئەوەیە وەك خوا دەفەرموێت: {بَلَى مَنْ أَسْلَمَ وَجْهَهُ لِلَّهِ وَهُوَ مُحْسِنٌ} (البقرة: 113).. واتە گەردنتان بخەنە بەردەستم. بەم شێوەیە دەتوانین بگەین بە پلەی دامەزراوی ئەگەر هەموو پەلەكانی لەشمان و هەموو هێزەكانی دەروونمان بەردەوام كاربكەن لەپێناوی خوای گەورەدا، وە ژیان و مردنمان تەنھا بۆ ئەو بێت، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {قُلْ إِنَّ صَلَاتِي وَنُسُكِي وَمَحْيَايَ وَمَمَاتِي لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ} (الأنعام: 163).
شوێنەوارەكانی دامەزراویی ڕاستەقینە
ئەگەر مرۆڤ لە خۆشەویستی خوادا گەشتە ئەو پلەیە كە تێیدا ژیان و مردنی بۆ خوا بوو نەك بۆ خۆی، ئەوا ئەو خوایەی كە لەئەزەلەوە ئەو كەسەی خۆش دەوێت كه خۆشی دەوێت، لەو كاتەدا ئەو كەسەی خۆش دەوێت، وە لەئەنجامی تێكەڵبوونی ئەم دوو خۆشەویستیەوە ڕووناكیەكی سەیر دروست دەبێت لە مرۆڤدا.. جیھان نایزانێت و ناتوانێت لێی تێبگات. هەڵبەت خوێنی هەزارەھا كەسانی ڕاستگۆ و هەڵبژاردە ڕژێنرا.. تەنھا لەبەر ئەوەی دنیا ئەوانی نەناسی. تۆمەتباركران بە فێلبازی و خۆپەرستی چونكە دنیا نەیتوانی ڕوخساری نورانی ئەوان ببینێت، وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا ئاماژەی پێ كراوە: {يَنْظُرُونَ إِلَيْكَ وَهُمْ لَا يُبْصِرُونَ} (الأعراف: 199).
دەی لەو ڕۆژەوەی ئەو نورەی تێدا دروست دەبێت ئەم مرۆڤە زەمینییە دەبێت بە مرۆڤێكی ئاسمانی، وە لەناخیدا ئەو كەسە قسە دەكات كە خاوەنی هەموو بونەوەرێكە، وە كۆمەڵێك درەوشانەوەی خوایەتی خۆی پیشان دەدات، و دڵی لێوانلێو لە خۆشەویستی بێگەردی ئەو كەسە دەكات بە عەرشی خۆی. كاتێك ئەم مرۆڤە لەڕێگەی وەرچەرخانێكی نورانیەوه دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێكی نوێ، خوا دەبێت بە خوایەكی نوێ بۆی، وە سوننەت و نەریتی نوێی خۆی ئاشكرادەكات بۆی. ئەمە مانای ئەوە نیە كە خوا- سبحانه- لەو كاتەدا نوێبوونەوەی بەسەردا دێت یان كۆمەڵێك خوونەریتی تازە پەیدا دەكات.. بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە خوا لە پێناوی ئەم بەندەیەدا كۆمەڵێك كاروبار پیشان دەدات كە جیاوازن لەو كاروبارانەی كە بەگشتی دەبینرێن.. وە فەلسەفەی دنیا هیچ نازانێت دەربارەیان. بۆیە ئەم مرۆڤە دەبێتە سەلمێنەری ڕاستی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {وَمِنَ النَّاسِ مَنْ يَشْرِي نَفْسَهُ ابْتِغَاءَ مَرْضَاتِ اللَّهِ وَاللَّهُ رَءُوفٌ بِالْعِبَادِ} (البقرة: 208).. واتە باشترین خەڵك ئەوانەن كە خۆیان تەرخان كردووە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە، وە بەگیانی خۆیان ڕازیبوونی خوا دەكڕن؛ ئەوانە ئەو كەسانەن كە ڕەحمەتی خوا دەیانگرێتەوە. هەروەها ئەوەی لەڕاستیدا پلەی ڕۆحی بەدەست هێناوە خۆی بەخت دەكات لە پێناوی خوای گەورەدا.
خوای گەورە لەم ئایەتەدا دەفەرموێت: تەنھا ئەو كەسە لە هەموو ئازارێك ڕزگاری دەبێت كە لەپێناوی من و بەدەستھێنانی ڕەزامەندی مندا خۆی دەفرۆشێت، وە بە بەخشینی گیانی خۆی دەیسەلمێنێت كە خۆی تەرخان كردووە بۆ خوای گەورە، وە باوەڕی وایە كە هەموو بوون و قەوارەی تەنھا بۆ گوێڕایەڵی خوا و خزمەتی دروستكراوان دروستكراوە. پاشان كردەوە چاكەكان، كە پەیوەستن بە هەر بەهرەیەك لە بەهرەكانی، بە خواستی دڵی و بە حەز و تامەزرۆییەوە ئەنجام دەدات.. وەك ئەوەی لە ئاوێنەی گوێڕایەڵیەكەیدا سەیری خۆشەویستە راستەقینەكەی بكات.. تەنانەت ویستی ئەو كەسە تەواو تەبا دەبێت لەگەڵ ویستی خوادا، وە هەموو خۆشی و چێژێكی لە گوێڕایەڵی خوادا كورت دەبێتەوە، وە لە ئەنجامدانی هەموو كردەوە چاكەكان هەست بە چێژ و خۆشی دەكات نەك ناڕەحەتی و ماندووێتی.
ئەمە ئەو بەهەشتەی دنیایە كە مرۆڤی خوایی دەستبەجێ بەدەستی دەھێنێت. هەرچی بەهەشتەكەی دواڕۆژیشە ئەوا لەڕاستیدا شتێك نیە جگەلە شوێنەوارەكانی ئەم بەهەشتەی ئێستا و تیشكدانەوەكانی، وە توانای خوایی لە جیھانی دووەمدا بە ئاشكرا بەشێوەی كۆمەڵێك وێنەی زیندوو و هەستپێكراو دەینوێنێت. خوا (عز وجل) ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە دەكات و دەفەرموێت: {وَلِمَنْ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِ جَنَّتَانِ} (الرحمن: 47)، و فەرمایشتی خوای گەورە: {وَسَقَاهُمْ رَبُّهُمْ شَرَابًا طَهُورًا} (الإنسان: 22)، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {إِنَّ الْأَبْرَارَ يَشْرَبُونَ مِنْ كَأْسٍ كَانَ مِزَاجُهَا كَافُورًا (*) عَيْنًا يَشْرَبُ بِهَا عِبَادُ اللَّهِ يُفَجِّرُونَهَا تَفْجِيرًا} (الإنسان: 6-7)،
وە فەرمایشتی خوای گەوره: {وَيُسْقَوْنَ فِيهَا كَأْسًا كَانَ مِزَاجُهَا زَنْجَبِيلًا (*) عَيْنًا فِيهَا تُسَمَّى سَلْسَبِيلًا} (الإنسان: 18- 19)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {إِنَّا أَعْتَدْنَا لِلْكَافِرِينَ سَلَاسِلَ وَأَغْلَالًا وَسَعِيرًا} (الإنسان: 5)،
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَمَنْ كَانَ فِي هَذِهِ أَعْمَى فَهُوَ فِي الْآخِرَةِ أَعْمَى وَأَضَلُّ سَبِيلًا} (الإسراء: 73).. واتە ئەو كەسەی ترس و بیمی پەروەردگاری خۆی باڵبكێشێت بەسەریدا بەهۆی شكۆ و گەورەییەكەیەوە دوو بەهەشتی بۆ هەیە: یەكێكیان لەم دنیایەدا، پاشان بەهەشتی دووەم لە دواڕۆژدا. وە ئەوانەی بەتەواوەتی خۆیان تەرخان كردووە بۆ خوا پەروەردگاریان بادەیەكیان پێ نۆش دەكات كە دڵ و بیر و نیازەكانیان پاك دەكاتەوە. وە چاكەكاران لە لەبادەیەك دەخۆنەوە كە كافوری ئاوێتە كراوە، وە لە كانییەك دەخۆنەوە كە خۆیان هەڵیانقوڵاندووە.
حەقیقەتی خواردنەوەی كافور و زەنجەبیل
پێشتر گوتم وشەی “كافور” كە لەم ئایەتەدا بەكارهاتووە پێكھاتووە لە ماددەی: “ك ف ر” كە لەزمانی عەرەبیدا بەمانای داپۆشین و شاردنەوە دێت، لەمەدا ئاماژە كراوە بۆ ئەوەی كە ئەوان بەوپەڕی دڵسۆزیەوە لە بادەی دابڕان بۆخودا و گەڕانەوە بۆلای ئەو زاتە دەخۆنەوە هەتا بەتەواوەتی خۆشەویستی دنیا لە دڵیاندا سارد دەبێتەوە. ئاشكرایە كە هەموو حەز و ئارەزووەكان لە بیرۆكەكانی دڵەوە سەرچاوە دەگرن، دەی ئەگەر دڵ بەتەواوەتی وازی هێنا لە بیرۆكە خراپەكان، وە هیچ پەیوەندیەكی پێیانەوە نەمان ئەوا وردە دوردە ئەو ئارەزووە خراپانە كەم دەبنەوە و هەتا بەتەواوەتی دیار نامێنن. ئەمە ئەو مانایەیە كە خوای گەورە لێرەدا مەبەستیەتی، وە لەڕێگەی ئەم ئایەتەوە پێمان ڕادەگەیەنێت كە ئەو كەسانەی بەتەواوەتی بەرەو لای خوا دەچن و ئەو پەڕی دوور دەكەونەوە لە ئارەزووە خراپەكانی دەروون، وە دەگەڕێنەوە بۆ لای خوادا بەجۆرێك دڵیان سارد دەبێتەوە لە خۆشەویستی كاروبارە دنیاییەكان، وە ئارەزووە هەڵچووەكانیان دادەمركێتەوە هەروەك چۆن كافور بڵێسەی ئاگر دادەمركێنێتەوە.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: {وَيُسْقَوْنَ فِيهَا كَأْسًا كَانَ مِزَاجُهَا زَنْجَبِيلًا} (الإنسان: 18) با بزانین كە وشەی “الزنجبیل” لە دوو وشە پێكھاتووە كە بریتین لە: “زنأ” و “جبل”، “زنأ” لە زمانی عەرەبیدا واتە “سەركەوت، وەك ئەوەی ڕستە داڕێژراوەكە: “زنأ الجبل” واتە: صعد الجبل (سەركەوت بەسەر شاخەكەدا).
وە با بزانین مرۆڤ لە نێوان چاكبوونەوەی لە نەخۆشی ژەهراوی و پێش گەڕانەوەی تەندروستیەكەی بەتەواوەتی بە دوو دۆخدا تێپەڕ دەبێت: یەكەمیان، كاتێك بەتەواوەتی تینی مادەژەهراویەكان نامێنێت لەسەری، وە تین و تاوی مادە كوشندەكان هێور دەبێتەوە، و بەسەلامەتی و بە بێوەیی پەلاماری كاریگەرە ژەهراوییەكان كۆتایی پێ دێت، وە ئەو لافاوە كاولكارە كە هەڵچووە هێمن دەبێتەوە، بەڵام هێشتا لاوازی و بێھێزی لە ئەندامەكانیدا دەمێنێتەوە، بۆیە ناتوانێت كارێك ئەنجام بدات كە پێویستی بە هێز هەیە، بەڵكو وەكو مردوو وایە و جارلەدوای جار لە ڕۆشتندا دەكەوێت و هەڵدەستێتەوە. هەرچی دۆخی دووەمە بریتیە لە دۆخی چاكبوونەوەی تەواوەتی.. بەجۆرێك تەندروستیە سروشتیەكەی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، وە لەش پڕ دەبێت لە هێز و چالاكی كە هانی دەدات بەبێ ناڕەحەتی سەربكەوێتە سەر لوتكەی چیاكان، وە بە چوست و چالاكیەوە سەربكەوێت بەسەر شاخه بەرزەكاندا.
بەهەمان شێوە، بەدەستھێنانی ئەم جۆرە هێزە لەپلەی سێهەمی بڵندبوونەوەی ڕۆحیدا بۆ مرۆڤ دەرەخسێت، لە ئایەتی ناوبراودا خوای گەورە ئاماژەی بۆ ئەم مەبەستە كردووە بەجۆرێك دەفەرموێت: {وَيُسْقَوْنَ فِيهَا كَأْسًا كَانَ مِزَاجُهَا زَنْجَبِيلًا}.. واتە دۆسته تەواوەكانی خوا بەبێ كەموكوڕی پشكێكی تەواو وەردەگرن لە هێزی ڕۆحی، بەمەش ئاستەنگە هەرە سەختەكان تێدەپەڕێنن، وە لەسەردەستیاندا كارە قورس و گرانەكان ئەنجام دەدرێت، وە لەپێناوی خوادا كۆمەڵێك قوربانی دەدەن كە عەقڵەكان سەرسام دەكەن.
كاریگەری زەنجەبیل
با ئاشكرابێت كە یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی زەنجەبیل لە زانستی پزیشكیدا -وە ناوەكەی لە هندیدا بریتیە لە (سونهـ)- ئەوەیە كە لەش زۆر بەهێز دەكات، وە سكچوون دەوەستێنێت. وە ناونراوە بە “زەنجبیل” چونكە لاواز بەهێز دەكات، وە توانا و گەرموگوڕی تێدا دروست دەكات بەجۆرێك بتوانێت بەسەر شاخدا سەربكەوێت.
خوا ویستوویەتی لەڕێگەی باسكردنی ئەم ئایەتانەوە- كە لە مانادا بەرامبەر یەكترن بەجۆرێك لە یەكەمجاردا كافوری هێناوە و لەدووەمجاردا زەنجەبیل- ویستوویەتی ئەوەڕوون بكاتەوە بۆ بەندەكانی كە ئەگەر مرۆڤ بەرەو چاكە جووڵا به دابڕان لە هەوا و ئارەزووەكانی دەروون.. سەرەتا دۆخێك تێیدا دەردەكەوێت كه كاریگەری ماددە ژەهراویەكانی خەفە دەبن، وە ئارەزووەكانی دەروونی بەرەو كەمبونەوە دەچن.. وك چۆن كافور تین و تاوی ماددە ژەهراویەكان دادەمركێنێتەوە، هەربۆیە لە نەخۆشی كۆلێرا و گرانەتادا بەسوودە.
ئەو كاتەی بەتەواوەتی كاریگەری توندی ماددە ژەهراویەكان لە لەشی نەخۆشەكەدا نامێنێت، وە تەندروستی بۆ دەگەڕێتەوە لەگەڵ ئەوەی كە هێشتا زۆر لاوازە.. قۆناغی دووەم دەست پێ دەكات كە تێیدا نەخۆشی تازە چاكەوەبوو بە خواردنەوەیەك زەنجەبیل بەهێز دەبێت. خواردنەوەی زەنجەبیل لە ڕۆحانیەتدا بریتیە لە جیلوەكردنی خوا لەڕێگەی جوانی و شكۆكەیەوە بۆ بەندەكەی، ئەو جیلوەكردنەی كە لە جێگەی خواردنە بۆ ڕۆح. وە ئەگەر مرۆڤ بەو جیلوەكردنە خواییە بەهێز بوو ئەوا دەتوانێت سەركەوێت بەسەر چیا بەرزە گەردنكەشەكاندا، وە كارگەلێكی سەخت و سەرسوڕھێنەر جێبەجێ دەكات كە هیچ كەسێك ناتوانێت ئەنجامیان بدات ئەگەر دڵی لێوان لێو نەبێت لە گەرموگوڕی خۆشەویستیەكی لەم شێوەیە. وە بۆخستنەڕووی ئەم دوو دۆخە خوای گەورە دوو وشەی عەرەبی بەكارهێناوە: یەكەمیان “الكافور” بەواتای دامركێنەر و داپۆشەر، وە دووەمیان “الزنجبیل” بەواتای سەركەوتوو. بەم شێوەیە ڕێبواران ئەم دوو قۆناغە دەبڕن لە ڕۆيشتنە ڕۆحیەكەیاندا.
بەڵام فەرمایشتی خوای گەورە: {إِنَّا أَعْتَدْنَا لِلْكَافِرِينَ سَلَاسِلَ وَأَغْلَالًا وَسَعِيرًا} (الإنسان: 5).. ماناكەی ئەوەیە كە ئەو كەسانەی لەناخی دڵیانەوه خوایان ناوێت.. خوای گەورە هەڵیاندەداتە خوارەوە بۆ چینی هەرە نزم، گرفتار دەكرێن بەوەی كە هەمیشە دەنووسێن بە دنیاوە، وایان لێدێت وەك ئەوەی بەزنجیر كۆت و بەند كرابن، وە هەمیشە حەزیان لە كاروبارە زەمینییەكانە.. وەك ئەوەی بەتوندی كۆت كرابێتە گەردنیان كە نەھێڵێت سەریان بەرز بكەنەوە بەرەو ئاسمان، وە دڵیان بە ئاگری ڕژدی و حەز وئارەزووكان دەسوتێت.. وە پێیان خۆشە ئەم ماڵ و سامانە بەدەست بھێنن و ئەو موڵكەیان هەبێت و خاوەنی فڵان خاك و وڵات بن، وە زاڵ بن بەسەر فیسارە دوژمندا و بڕی ئەوەندە سەروەتیان لا بێت و دەوڵەمەند بن. وە بەو پێیەی خوای گەورە دەزانێت كە ئەم كەسانە هیچ خێرێكیان تێدا نیە، بەڵكو دەیانبینێت نوقم بوون لەتاوان و سەرپێچیدا، بۆیە بەم سێ بەڵایە گرفتاریان دەكات.
سوننەتی كار و كاردانەوە
وە لەم ئایەتەدا ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە كە ئەگەر مرۆڤ كارێكی كرد ئەوا خوا لەلایەن خۆیەوە بە كارێك وەڵامی دەداتەوە. بۆ نموونە.. ئەگەر مرۆڤ هەموو دەرگاكانی ژوورەكەی دابخات خوای گەورەیش بەدوای ئەم كارەی ئەودا لەلایەن خۆیەوە كاردانەوەیەك دەھێنێت كە بریتی دەبێت لەوەی ژوورەكەی تاریك دەكات. چونكە هەموو ئەو ئەنجامانەی كە لەكردەوەكانمانەوە دروست دەبن بەگوێرەی ڕێساكانی سروشت لەڕاستیدا كاری خوای گەورەن (سبحانه وتعالی).. ئەو هۆكاری كۆتایی هەموو هۆكارەكانە.
هەروەها ئەگەر كەسێك ژەهرێكی كوشندە بخوات ئەوا كردەوەكەی خوا كەلە دوای ئەم كردەوەیەی ئەوەوە دێت ئەوەیە كە دەیكوژێت. بەهەمان شێوە ئەگەر كەسێك كردەوەیەكی نەشیاو ئەنجام بدات كە ببێتە هۆی تووشبوون بە میكرۆبێك ئەوا خوای گەورە بەدوای ئەم كردەوەیەیدا لەلایەن خۆیەوە كردەوەیەك دەھێنێت بەمەش دووچاری بە نەخۆشیەكی خراپ دەبێت. كەواتە، هەروەك چۆن بە ئاشكرا لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەبینین هەر كردەوەیەك لە كردەوەكانمان هەردەبێت ئەنجامێكی هەبێت.. كە بریتیە لە كردەوەی خوای گەورە.. بەهەمان شێوە هەمان یاسا لە كاروبارە ئایینیەكانیشدا بەڕێوەدەچێت، هەروەك خوای گەورە لەم دوو ئایەتەدا بە ڕاشكاوی ئەم مەبەستەی ڕاگەیاندووە: {وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا} (العنكبوت: 70)،
{فَلَمَّا زَاغُوا أَزَاغَ اللَّهُ قُلُوبَهُمْ} (الصف: 6)..
واتە ئەو كەسانەی هەموو هەوڵێك دەدەن بەمەبەستی بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوا، لەبەرامبەر ئەمەدا پاداشتیان دەدەینەوە بەوەی كە بەدڵنیاییەوە ڕێنموونییان دەكەین بۆ ڕێگای خۆمان، بەڵام ئەوەی خوار و خێچە و نایەوێت بەسەر ڕێگای ڕاستدا بڕوات لەبەرامبەر ئەم كردەوەیەیدا خوای گەورە دڵی لا دەدات لە ڕێگای ڕاست.
بێگومان خوای گەورە ئەم ڕێوشوێنە خواییەی بەڕوونی باسكردووە لەم فەرمایشتەی خۆیدا: {وَمَنْ كَانَ فِي هَذِهِ أَعْمَى فَهُوَ فِي الْآخِرَةِ أَعْمَى وَأَضَلُّ سَبِيلًا} (الإسراء: 73). لەمەدا ئاماژە كراوە بۆ ئەوەی كە پیاوچاكان لەم دنیایەدا شكۆدار دەبن بە بینینی خوا، وە ئەوان لەم جیھانەدا شاد دەبن بە دیداری خۆشەویستەكەیان كە لەپێناو زاتی پیرۆزیدا هەموو شتێكیان كردووەتە قوربانی.
دروستبوونی ژیانی فیردەوسی
مەبەست لەم ئایەتە ئەوەیە كە ژیانی فیردەوسی تەنھا لە خودی ئەم جیھانەدا بناغەكەی دادەنرێت، هەروەك بنەڕەتی كوێربوونی دۆزەخیانە تەنھا بریتیە لە ژیانی پیسی كوێرانە لە خودی ئەم جیھانەدا.
پاشان خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: {وَبَشِّرِ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ} (البقرة: 26).
لێرەدا خوای گەورە باوەڕی چوواندووە بە باخ كە جۆگەی ئاو بەناویدا بڕوات. وە با ڕوون و ئاشكرا بێت كە حیكمەتێكی هەرە مەزنی خستووەتە ناو ئەم چواندنەوە، وە ئاگادارمان دەكاتەوە كە ئەو پەیوەندیەی لەنێوان باخ و جۆگە ئاوەكاندا هەیە بریتیە لە هەمان پەیوەندی لەنێوان باوەڕ و كردەوە چاكەكاندا. هەروەك ئەستەمە هیچ باخێك بەبێ ئاو بەسەوزی و گوشاوەیی بمێنێتەوە، بەهەمان شێوە باوەڕ پێی ناوترێت باوەڕێكی زیندوو بەبێ كردەوەی چاك. جا ئەگەر باوەڕ هەبوو بەڵام كردەوەی چاك نەبوو ئەوا ئەم باوەڕە هیچ نرخێكی نیە، وە ئەگەر كردەوەی چاك بوونی هەبوو بەڵام باوەڕ بوونی نەبوو ئەوا ئەو كردەوەیە ڕیایە.
حەقیقەتی بەهەشت و دۆزەخ
بێگومان حەقیقەتی بەهەشتی ئیسلامی بریتیە لە تیشكدانەوەی ئیمان و كردەوەكانی مرۆڤ لە ژیانی دنیادا.. وە شتێكی تازە نیە كە مرۆڤ لە دەرەوە پێی بگات، بەڵكو بەهەشتی مرۆڤ لە ناخی خودی مرۆڤەكەوە دروست دەبێت و پەرەدەسێنێت، وە بەهەشتی مرۆڤ تەنھا بریتیە لە ئیمان و كردەوە چاكەكانی كه لە خودی ئەم جیھانەوە دەستدەكات بە چێژوەرگرتن لێیان. وە لە ناخیدا ئیمان بەشێوەی كۆمەڵێك باخچە و كردەوەكانیش بەشێوەی كۆمەڵێك ڕووبار دەردەكەون بۆی.. پاشان لە دواڕۆژدا بە ئاشكرا دەیانبینێت. كتێبی پیرۆزی خوا فێرمان دەكات كە ئیمانی ڕاست و بێگەرد و كامڵ و ڕەگداكوتاو بە خوا و سیفەت و ویستەكانی باخێكی سەوز و گەشاوە و درەختێكی بەرهەمدارە، وە كردەوەچاكەكان ڕووبارەكانی ئەم باخەن.. هەروەك خوای گەورە دەفەرموێت: {ضَرَبَ اللَّهُ مَثَلًا كَلِمَةً طَيِّبَةً كَشَجَرَةٍ طَيِّبَةٍ أَصْلُهَا ثَابِتٌ وَفَرْعُهَا فِي السَّمَاءِ (*) تُؤْتِي أُكُلَهَا كُلَّ حِينٍ} (إبراهيم: 25_26)
واتە ئەو وشە ئیمانیەی كە خاڵیە لە هەموو جۆرە پەڕگیرییەكی ئەرێنی و نەرێنی، وە خاڵیە لە ناتەواوی و كەلێن و درۆ و گاڵته، وە لە هەموو ڕوویەكەوە تەواو و بێ كەموكوڕییە.. هاوشێوەی درەختێكی جوانە كە هیچ خەوش و كەموكوڕییەكی تێدا نیە و ڕەگەكانی بەناخی زەویدا ڕۆچووە و لقەكانیشی گەیشتووەتە بڵندایی ئاسمان، وە هەمیشە بەرهەمی خۆی دەدات، وە هیچ كاتێك و سەردەمێك نایەت بەسەریدا كە لقەكانی بەرهەمیان پێوە نەبێت.
وە بە تەشبیھكردنی وشەی ئیمان بەدرەختێك كە هەمیشە بەرهەمی خۆی پێشكەش بكات.. خوای گەورە سێ نیشانەی باسكردووە بۆ ئیمان:
یەكەم: ئەوەیە كە ئەسڵی ئیمان، واتە مانا ڕاستەقینەكەی، جێگیر بێت لە زەوی دڵدا. ئەمەش مانای ئەوەیە كه سروشتی مرۆیی و ویژدان دان بنێن بە ڕاستی و ڕەسەنایەتی ئەو ئیمانەدا.
نیشانەی دووەم: لقەكانی لە ئاسماندا بن. بەو مانایە ئیمان لەگەڵ بەڵگە عەقڵیەكاندا بەیەكەوە پەیوەست بن بەجۆرێك سوننەتە ئاسمانیەكان، كە بەشێكن لە كردەوەكانی خوای گەوره، تەبا بن لەگەڵیدا. مەبەست ئەوەیە كە بتوانین لە ڕێگەی هەڵێنجانی كۆمەڵێك بەڵگە لە ڕێساكانی سروشتەوە ڕاستی و ڕەسەنایەتی ئەو ئیمانە بسەلمێنین، وە ئەو بەڵگانە هێندە بەرز و بڵند بن وەك ئەوەی لە ئاسماندا بن.. وە نەكرێت دەستی گومان پێیان بگات.
نیشانەی سێیەم ئەوەیە: بەروبوومەكەی، كە بەكەڵك دێت بۆ خواردن، هەمیشەیی و نەبڕاوە بێت. مەبەست ئەوەیە ئیمان _پاش كاركردن پێی_ كۆمەڵێك كاریگەری هەستپێكراو و بەرەكەتی بینراوی ببێت بەشێوەیەكی هەمیشەیی و بۆ هەتاهەتایە و لە هەموو سەردەمێكدا، نەك ئەو بەرەكەتانە لەكاتێكی دیاريكراودا دەربكەون و پاشان ببڕێنەوە.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمَثَلُ كَلِمَةٍ خَبِيثَةٍ كَشَجَرَةٍ خَبِيثَةٍ اجْتُثَّتْ مِنْ فَوْقِ الْأَرْضِ مَا لَهَا مِنْ قَرَارٍ} (إبراهيم:27)
واتە ئەو وشە پیسە وشەیەكە سروشتی مرۆیی پەسەندی ناكات، وە هەرگیز بەشێوەیەك لە شێوەكان توانای ڕاوەستانی نیە لەبەرامبەر بەڵگە عەقڵیەكان یان یاسا سروشتیەكاندا، یاخود لە بەرامبەر دەنگی ویژداندا.. بەڵكو شتێك نیە جگە لە كۆمەڵێك داستان یان چیرۆكی بێ کەڵك.
هەروەك قورئانی پیرۆز درەختە جوانەكانی ئیمانی چوواندووە بە ترێ و هەنار و میوە خۆشەكانی تر، وە ڕایگەیاندووە كە ئیمان لە جیھانی دواڕۆژدا بەشێوەی ئەم میوە و بەروبوومانە خۆی دەنوێنێت و دەردەكەوێت، بەهەمان شێوە وشەی پیسی كوفری چوواندووە بە درەختی (زەققوم) لە جیھانی دوارۆژدا، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {أَذَلِكَ خَيْرٌ نُزُلًا أَمْ شَجَرَةُ الزَّقُّومِ(*) إِنَّا جَعَلْنَاهَا فِتْنَةً لِلظَّالِمِينَ(*) إِنَّهَا شَجَرَةٌ تَخْرُجُ فِي أَصْلِ الْجَحِيمِ(*) طَلْعُهَا كَأَنَّهُ رُءُوسُ الشَّيَاطِينِ(*)} (الصافات: 63_66). هەروەها دەفەرموێت: {إِنَّ شَجَرَتَ الزَّقُّومِ(*) طَعَامُ الْأَثِيمِ(*) كَالْمُهْلِ يَغْلِي فِي الْبُطُونِ(*) كَغَلْيِ الْحَمِيمِ(*) خُذُوهُ فَاعْتِلُوهُ إِلَى سَوَاءِ الْجَحِيمِ(*) ثُمَّ صُبُّوا فَوْقَ رَأْسِهِ مِنْ عَذَابِ الْحَمِيمِ(*)…..* ذُقْ إِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْكَرِيمُ(*)} (الدخان: 44_50)
واتە لەم دوو میوانداریە كامیان باشترە.. باخچەكانی بەهەشت یان درەختی زەققوم كە بەڵایە بۆ ستەمكاران؟ زەققوم درەختێكە لە بنكی دۆزەخەوە دەردەچێت. واتە لە كیبر و لەخۆباییبوونەوە دروست دەبێت و گەشە دەكات؛ چونكە ئەم دووانە بناغەی دۆزەخن. میوەیەك دەگرێت كە لە كەللـەسەری شەیتانەكان دەچێت. وە شەیتان واته لەناوچوو، وە لە وشەی عەرەبی (الشیط)ەوە وەرگیراوە، مەبەستی ئایەتەكە ئەوەیە كە خواردنی بەری ئەو درەختە دەبێتە هۆی لەناوچوون.
پاشان دەفەرموێت درەختی زەققوم خواردنی ئەو كەسانەیە كە بەئەنقەست تاوان ئەنجام دەدەن. وەكو مسی تواوە وایە، وە لەناو سكدا دەكوڵێت وەك چۆن ئاو دەكوڵێت.
پاشان دۆزەخییەك دەدوێنێت و دەفەرموێت: بچێژە لەو درەختە ئەی خاوەنی ڕێزو دەسەڵات! وە ئەم دوواندنە گوزارشت لە تووڕەبوونێكی توند دەكات و مەبەست ئەوەیە: ئەگەر تۆ لووتبەرز نەبوویتایە و بەهۆی ئەو دەسەڵات و ڕێزەی كە لە دنیادا هەتبوو ڕووت وەرنەگێڕایە لە حەق ئەوا ئەمڕۆ ئەو هەموو تاڵی و ئازارانەت نەدەچەشت.
وە فەرمایشتی خوای گەورە: {ذُقْ إِنَّكَ أَنتَ اُلْعَزِيزُ اُلْكَرِيمُ} ئاماژە بەوەش دەكات كە وشەی “الزَّقُّوم” لە بنچینەدا پێكھاتووە لە وشەی “ذق” و “أم”. وە “أم” كورتكراوەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورەیە: {إنَّكَ أَنتَ الْعَزِيزُ الْكَرِيمُ} بەجۆرێك لە پیتی یەكەم و كۆتایی ئەم ڕستەیە وەرگیراوە، وە پیتی “ذ” بەهۆی زۆر بەكارهێنانەوە گۆڕاوە بۆ “ز”.
پوختەی قسە، وشەی كوفر، كە وشەیەكی ئەم دنیایەیە، خوای گەورەوە چواندوویەتی بە درەختی زەققوم، وە بە درەختی دۆزەخ لەقەڵەمی داوە، هەروەك وشەی ئیمان كە وشەیەكی ئەم دنیایەیه، خوای گەورەوه چواندوویەتی بە باخی بەرهەمداری بەهەشت، بەم شێوەیە ڕوونی كردووەتەوە كە بناغەی بەهەشت و دۆزەخ لە ژیانی دنیادا دادەنرێت، هەروەك خوای گەورە لە شوێنێكی تردا وەسفی دۆزەخی كردووە و دەفەرموێت: {نَارُ اللَّهِ الْمُوقَدَةُ (*) الَّتِي تَطَّلِعُ عَلَى الْأَفْئِدَةِ (*)} (الهمزة: 7_8)
واتە دۆزەخ ئاگرێكە لە تووڕەبوونی خواوە سەرچاوە دەگرێت، وە بە تاوان و سەرپێچی دادەگیرسێت، وە سەرەتا بەسەر دڵدا زاڵ دەبێت. ئەمە ئاماژەیە بەوەی كە ئەسڵی ئەم ئاگرە بریتیە لەو داخ و خەفەت و ئازارانەی كە تووشی دڵەكان دەبن؛ ئەمەش چونكە هەموو جۆرە سزایەكی ڕۆحی سەرەتا لە دڵەوە دەست پێ دەكات پاشان هەموو جەستە داگیر دەكات.
وە لە شوێنێكی تردا خوا دەفەرموێت: {وَقُودُهَا النَّاسُ وَالْحِجَارَةُ} (البقرة: 25) واتە ئەو سووتەمەنیەی كه هەمیشە ئاگری دۆزەخ بە داگیرساوی دەهێڵێتەوە بریتیه لە دوو شت:
یەكەمیان: ئەو خەڵكانەی كە خوای ڕاستەقینەیان لەیادكرد و دەستیان دایە پەرستنی غەیری خوا لە دروستكراوان، یاخود ئەو كەسانەی كە بانگی كەسانی تر دەكەن بیانپەرستن.. وەك خوای گەورە دەربارەیان دەفەرموێت: {إِنَّكُمْ وَمَا تَعْبُدُونَ مِنْ دُونِ اللَّهِ حَصَبُ جَهَنَّمَ أَنْتُمْ لَهَا وَارِدُونَ} (الأنبياء: 99) واتە خۆتان و ئەو پەرستراوە پووچانەتان، كە لافی خوایەتییان لێ دەدا سەرەڕای ئەوەی كە مرۆڤ بوون، دەخرێنە دۆزەخەوە.
دووەم: بریتيە لە بتەكان؛ چونكە ئەگەر ئەم بتانە نەبوونایە ئەوا دۆزەخیش بوونی نەدەبوو. لە هەموو ئەم ئایەتانەوە دەردەكەوێت كە بەهەشت و دۆزەخ _بەگوێرەی فەرمایشتی پیرۆزی خوا_ وەكو ئەم جیھانە ماددیە ماددی نین، بەڵكو سەرچاوەكەیان بریتیە لە شتانێكی ڕۆحی كە لە جیھانی دواڕۆژدا بە كۆمەڵێك شێوەی بەرجەستە دەبینرێن، لەگەڵ ئەوەی ئەو فۆڕمە فیزیكی و بەرجەستانە هەرگیز سەربەم جیھانە ماددیە نین.
ئامرازی دروستكردنی پەیوەندیەكی رۆحی كامڵ لەگەڵ خوای گەورەدا
ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ مەبەستە سەرەكیەكەمان و دەڵێین: ئەو ئامرازەی كە قورئانی پیرۆز رێنموونی كردووین بۆی بۆ گەیشتن بەدیداری خوا بەشێوازێكی ڕۆحی كامڵ بریتیە له “ئیسلام” و “نزای سورەتی الفاتحة”.. واتە مرۆڤ هەموو ژیانی خۆی تەرخان بكات بۆ خوای گەورە، پاشان بەردەوام بێت لەو نزایەدا كە خوای گەورە موسوڵمانانی فێركردووە لە سورەتی فاتیحەدا. ئەم دوو خاڵە -ئیسلام و نزای سورەتی فاتیحە- هەردووكیان بریتین لە ناوەڕۆكی هەموو ئیسلام. ئەمەیە ئامرازی نموونەیی بۆ گەشتن بەخوا، وە بۆ خواردنەوەی ئاوی ڕزگاربوونی راستەقینە. بەڵكو ئەم ئامرازە تاكە هۆكارە كە ڕێسای قودرەت دایناوە بۆ گەشەكردنی مرۆڤ بەرەوبڵندی و بۆ گەیشتنی بەدیداری خوا. تەنھا ئەو كەسانە دەگەن بەدیداری خوا كە دەچنە ناو ئاگری ڕۆحیەوە، ئەو ئاگرەی كە مانای ئیسلام ئاماژەی پێ دەكات.. وە بەردەوام سەرقاڵ دەبن بە نزاكردنەوە بەهۆی دۆعای فاتیحەوە.
مانای ئیسلام
ئیسلام چیە؟ ئەو ئاگرە بڵێسەدارەیە كە ژیانی هەرە نزمی ئێمە دەسووتێنێت.. وە پەرستراوە پووچەكانمان دەسووتێنێت، پاشان گیان و شكۆ و هەموو شتە بەنرخەكانمان لەبەردەمی خوای ڕاستەقینە و پیرۆزدا دادەنێت بۆ قوربانی. وە بەگەيشتنمان بەم كانیاوە ئاوی ژیانێكی نوێ دەخۆینەوە، وە هەموو بەهرە ڕۆحیەكانمان پەیوەست دەبێت بەخوای گەورەوە وەك پەیوەستبوونی تان و پۆ، وە لەناخماندا ئاگرێك هەڵدەگیرسێت وەك ڕۆشنایی هەورەبروسكە، وە ئاگرێكی تر لە بەرزاییەوە دێتە خوارەوە بۆسەرمان، بە تێكەڵبوونی ئەم دوو بڵێسەیە هەموو ئەوەی لەناو دڵماندایە لە حەز و ئارەزووەكان و خۆشەویستی بۆ غەیری خوا دەسووتێت، وە ژیانی ڕابردوومان لەناودەبرێت. ئەم دۆخە پێی دەوترێت “ئیسلام” لە زاراوەی قورئانی پیرۆزدا.
شوێنەوارەكانی ژیانی ڕۆحی
لەڕێگەی ئیسلامەوە هەواو ئارەزووە دەرونییەكانمان لەناودەچن، پاشان لەڕێگەی نزاكردنەوە سەرلەنوێ زیندوو دەبینەوە. وە ئەم ژیانەی دووەم دابەزینی وەحی خوایی پێویست دەكات. وە گەیشتن بە خودی ئەم پلەیە پێی دەوترێت گەشتن بەدیداری خوا.. واتە گەشتن دیداری بەخوا و بینینی. كەی مرۆڤ گەشتە ئەم پلەیە بەتەواوەتی دەگات بەخوا وەك ئەوەی بەچاوی خۆی بیبینێت، وە هێزێكی پێ دەدرێت، وە هەموو هەستەكانی و بەهرەكانی ناخی ڕووناك دەبنەوە، وە ژیانی پیرۆز زۆر بەتوندی ڕایدەكێشێت. ئالەم قۆناغەدا خوای گەوره بۆ مرۆڤ دەبێت بەو چاوەی كە پێی دەبینێت، وە دەبێت بەو زوبانەی كە پێی دێتە گۆ، وە بەو دەستەی كە پەلاماری پێ دەدات، وە بەو گوێچكەیەی كە پێی دەبیستێت، وە بەو قاچەی كە پێی دەڕوات. ئەم ئایەتە ئاماژەی بەم پلەیە كردووە: {يَدُ اللَّهِ فَوْقَ أَيْدِيهِمْ} (الفتح: 11).. واتە دەستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتیە لە دەستی خوا كە لەسەر دەستی ئەوانە، وە ئەم ئایەتە: {وَمَا رَمَيْتَ إِذْ رَمَيْتَ وَلَكِنَّ اللَّهَ رَمَى} (الأنفال: 11).
پوختەی قسە، مرۆڤ لەم قۆناغەدا بەتەواوەتی یەكدەگرێت لەگەڵ خوای گەورەدا، وە ویستی پوختی خوا لە هەموو گەردیلەیەكی بوون و قەوارەیدا تەشەنە دەكات، وادەردەكەوێت لەم كاتەدا هێزە ئەخلاقیەكانی- كە پێشتر لاواز بوون- جێگیر دەبن وەك چیا پتەوەكان، وە عەقڵ و تێگەشتنی دەگەنە ئەو پەڕی تیژی. ئەمەیە مەبەستی ئەم ئایەتە: {وَأَيَّدَهُمْ بِرُوحٍ مِنْهُ} (المجادلة: 23).
لەم دۆخەدا ڕووبارەكانی خۆشەویستی و شەیدابوون بۆ خوا بە فیچقە هەڵدەقوڵێن.. بەجۆرێك زۆر ئاسان دەبێت لەسەر مرۆڤ كە لە پێناوی خوادا بمرێت و لەبەر خاتری ئەو بەرگەی هەموو جۆرە سزا و ڕسوایی و سووكایەتیەك بگرێت، وەك ئەوەی هەموو ئەمانە لای ئەو یەكسان نەبێت به شكاندنی چیلكەیەك. ئەو بەتەواوەتی كێش دەكرێت بۆلای خوا و ناشزانێت كێ ڕایدەكێشێت. بێگومان دەستێك لە غەیبەوە هەڵی دەگرێت و ڕێگەی پێ دەبڕێت؛ وە جێبەجێ كردنی ویستی خوا دەبێت بە مەبەستی سەرەكی ژیانی. لەم قۆناغەدا ئەم مرۆڤە پەروەردگاری خۆی دەبینێت زۆر نزیكە وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَنَحْنُ أَقْرَبُ إِلَيْهِ مِنْ حَبْلِ الْوَرِيدِ} (ق: 17)؛ هەروەك چۆن میوە ئەگەر پێگەشت ئەوەندە ناخایەنێت لەخۆوە دەكەوێتە خوارەوه، بەهەمان شێوە مرۆڤ كاتێك دەگاتە ئەم پلەیە.. هەموو پەیوەندیە نزمەكانی لەناو دەچن.. وە پەیوەندیەكەی لەگەڵ پەروەرگاری خۆیدا قووڵتر و پتەوتر دەبێت، وە بەتەواوەتی دووردەكەوێتەوە لە دروستكراوان، وە شكۆدار دەبێت بە قسە و ئاخاوتنی خوا.
دەرگای وەحی كراوەیە
ئێستایش بەردەوام دەرگاكان كراوەن بۆ گەيشتن بەم پلەیە هەروەك پێشتر كراوە بوون، وە بەردەوام خوا ئەم نیعمەتە خەڵات دەكات بەو كەسانەی كە داوای دەكەن و عەوداڵن بە شوێنیدا هەروەك چۆن پێشتر خەڵاتی كردووه. بەڵام مرۆڤ تەنھا بە زۆربڵێیی ڕێنموونی ناكرێت بۆ ئەم ڕێگا ڕاستە، وە ئەم دەرگایە بە قسەی بۆش وشتانێكی بێ بنەما ناكرێتەوە. داواكاران زۆرن، بەڵام كەمێك دەیدۆزنەوە.. تۆبڵێی هۆكاری ئەمە چی بێت؟
بێگومان گەيشتن بەم مەقامە بەندە بە خەباتی ڕاستەقینە و قوربانیدانی دڵسۆزانەوە. ئەگەر چی هەتا قیامەت قسە بكەن هیچ شتێك ڕوونادات. یەكەم مەرج لەم ڕێگەیەدا بریتیە لەوەی مرۆڤ -بەوپەڕی ڕاستگۆییەوە- قاچەكانی لەناو ئاگرێكدا دابنێت كە ئەوانی تر لەترسا لێی ڕادەكەن. ئەگەر گوڕوتینی كردەیی نەبوو لە مرۆڤدا؛ ئەوا بانگەشەی بێ ناوەڕۆك هیچ سوودێك ناگەیەنێت. خوای گەورە لەم بارەيەوە دەفەرموێت: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ} (البقرة: 187).. واتە ئەگەر بەندەكانم لە تۆیان پرسی كە من لەكوێم؟ تۆیش پێیان بڵێ: بێگومان من زۆر نزیكم لێیانەوە. من وەڵامی نزای كەسێك دەدەمەوە كە لێم دەپاڕێتەوە. بۆیە پێویستە لەسەریان لەڕێگەی نزاكردنەوە هەوڵ بدەن بە دیدارم بگەن، وە با باوەڕم پێ بكەن بۆ ئەوەی سەرفەراز و سەركەوتوو بن.
دۆخی ئادەمیزاد چۆن دەبێت دوای مردن؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێم كە دۆخی ئادەمیزاد دوای مردن لە ڕاستیدا دۆخێكی نوێ نیە، بەڵكو هەمان دۆخە دنیاییەكەیە كە لەو ڕۆژەدا بە ڕوونیەكی زیاتر دەردەكەوێت. بێگومان چۆنێتی بیروباوەڕەكان و كردەوەكان _چاك بن یان خراپ_ لەم جیھانەدا لە ناخی ئادەمیزاددا شاردراوەتەوە، وه دەبێتە هۆی دروستبوونی كاریگەریەكی شاراوەی تەندروست یان ژەهراوی لە بوون و قەوارەیدا، بەڵام لە جیھانی دواڕۆژدا ئەم بابەتە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵكو هەموو ئەم بارودۆخانە بەشێوەیەكی ئاشكرا دەردەكەون.
لە جیھانی خەوندا نموونەیەكمان لەسەر ئەمە دەستدەكەوێت، هەڵبەت ئەو دۆخەی كە زاڵە بەسەر لاشەدا بەشێوەیەكی بەرجەستە و فیزیكی لە جیھانی خەوندا دەردەكەوێت. بۆ نموونە زۆرجار نەخۆش لە خەونیدا ئاگر و بڵێسەكەی دەبینێت پێش ئەوەی تووشی تا بێت، وە ئەو كەسەی دووچاری ئەنفلەوەنزا و پەتا و ئارەقكردنەوە دەبێت دەبینێت لەناو ئاودایە. وە هەروەها، هەڵبەت ئەو دۆخەی نەخۆشی كە لاشە تووشی دەبێت چۆنێتیەكانی بەشێوەی نواندن دەردەكەون لە جیھانی خەوندا.
حەقیقەتی نیعمەتەكانی بەهەشت
بەسەرنجدان لە جیھانی خەون هەموو ئادەمیزادێك دەتوانێت پەی بەوە ببات كە ئەم ڕێوشوێنە لە جیھانی دواڕۆژیشدا بەردەوام كارایە. دەی هەروەك خەون گۆڕانێكی دیاریكراو لەناوماندا دروست دەكات… وە دۆخە ڕۆحیەكانمان پیشان دەدات بەشێوەیەكی بەرجەستە.. بەهەمان شێوە لەو جیھانەشدا هەمان شت ڕوودەدات، بۆیە لەو ڕۆژەدا كردەوەكانی ئێمە و ئەنجامەكانیان بەشێوەی كۆمەڵێك وێنەی فیزیكی دەردەكەون، وە لەبەرچاوماندا هەموو ئەو شتانە بەجوانی دەردەكەون كە لەم دنیایەدا بەشێوەیەكی شاراوە و نادیار لەگەڵماندا بوون.
وە هەروەك چۆن كەسی خەوتوو دڵنیایە لەوەی ئەو دیمەنە جۆراوجۆرانەی كە بەشێوەی نواندن لە خەونیدا دەیانبینێت كۆمەڵێك بابەتی ڕاستەقینەن، وە هەرگیز خەیاڵی ئەوە ناكات كە ئەم دیمەنانە تەنھا بەشێوەی نواندن دەركەوتبن، هەمان شت ڕوودەدات لەو جیھانەدا، بەڵكو لەڕاستیدا خوای گەورە لەو ڕۆژەدا توانای نوێی خۆی دەردەخات لەڕێگەی ئەم نواندنانەوە؛ چونكە خوای گەورە خۆی بریتیە لە توانای كامڵ. كەواتە ئەگەر ئەم بارودۆخانەی ژیانی دواڕۆژ بە نواندن ناونەبەین، بەڵكو بڵێین ئەمانە دروستكردنێكی نوێ و تازەن، وە بەهۆی توانای خوای گەورەوە ئەنجام دراون؛ ئەوا ئەم قسەیە قسەیەكی دروستە و ڕاستترین قسەیە.
خوای گەورە دەفەرموێت: {فَلَا تَعْلَمُ نَفْسٌ مَا أُخْفِيَ لَهُمْ مِنْ قُرَّةِ أَعْيُنٍ جَزَاءً بِمَا كَانُوا يَعْمَلُونَ} (السجدة: 18) واتە هیچ كەسێكی چاكەكار نازانێت ئەو نیعمەتانە چین كە بۆی حەشار دراوە لە جیھانی دواڕۆژدا. بێگومان خوای گەورە وەسفی نیعمەتەكانی دواڕۆژی كردووە بەوەی كە شاراوەیە لێمان… هیچ نموونەیەكیان نیە لە نیعمەتەكانی دنیادا. وە ئاشكرایە كە نیعمەتەكانی دنیا شاراوە نین لێمان، دیارە ئێمە شیر و هەنار و ترێ دەناسین و هەمیشە لێیان دەخۆین. لەمەوە دەردەكەوێت كە نیعمەتەكانی جیھانی دووەم ئەو نیعمەتانە نین كە لەم جیھانەدا هەن، بەڵكو تەنھا لە ناودا هاوبەشن. ئەوەی باوەڕی وابێت كە بەهەشت پێكھاتووە لەو شتانەی كە لەم دنیایەدا هەن؛ ئەوا یەك پیت لە قورئان تێنەگەيشتووە.
گەورە و سەردار و پێغەمبەرمان لە شرۆڤەی ئەو ئایەتەی سەرەوەدا كە وەسفی بەهەشت و نیعمەتەكانی دەكات دەفەرموێت: “خودا بۆ بەندە ساڵحەكانی خۆی كۆمەڵێك نیعمەتی ئامادە كردووە كە نە چاو بینیویەتی و نەگوێ بیستوویەتی و نە بەدڵی مرۆڤیشدا هاتووە.” لەگەڵ ئەوەی ئێمە بەچاوی خۆمان نیعمەتەكانی دنیا دەبینین و باسی ئەو نیعمەتانە دەبیستین و بە خەیاڵیشماندا دێت.
وە لەبەرئەوەی خودا و پێغەمبەرەكەی وەسفی نیعمەتەكانی بەهەشتیان كردووە بەوە كە شتانێكی نامۆن… ئەوا زۆر لە قورئان لامانداوە ئەگەر باوەڕمان وابێت كە لە بەهەشتیشدا شیری ماددی هەبێت هاوشێوەی ئەو شیرەی لە مانگا و گامێش دەدۆشرێت… وەك ئەوەی لەبەهەشتدا ڕانە ئاژەڵی شیردەر هەبێت! هەروەها وەك ئەوەی هەنگ لە درەختەكاندا شانەی زۆری دروستكردبێت، وە فریشتەكان بگەڕێن بۆی و هەنگەكە ببڕن و هەنگوینەكەی ڕۆبكەنە ناو ڕووبارەكانەوە! ئایا هیچ پەیوەندیەك هەیە لە نێوان كۆمەڵێك بیرۆكەی لەم جۆرە و ئەو ڕێنماییە بڵندەی كە پێكھاتووە لە كۆمەڵێك ئایەتی زۆر كە دەڵێن دنیا هەرگیز ئەم نیعمەتانەی بەخۆیەوە نەبینیوە، وە بێگومان ڕۆحی مرۆڤ ڕووناك دەكەنەوە و ناسینی خوا زیاتر دەكەن، وە ئەوانە خۆراكی ڕۆحین؟
ئەو خۆراكانە _ئەگەرچی بەشێوەی ماددی وێنەیان كێشراوە لەبەرچاوی ئێمەدا_ بەڵام خودا هۆشداری ئەوەیشی داوە كە سەرچاوەكەیان بریتیە لە ڕۆح و ڕاستگۆیی.
وە پێویستە كەس فریونەخوات بەم فەرمایشتەی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا: {وَبَشِّرِ الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ أَنَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ كُلَّمَا رُزِقُوا مِنْهَا مِنْ ثَمَرَةٍ رِزْقًا قَالُوا هَذَا الَّذِي رُزِقْنَا مِنْ قَبْلُ وَأُتُوا بِهِ مُتَشَابِهًا وَلَهُمْ فِيهَا أَزْوَاجٌ مُطَهَّرَةٌ وَهُمْ فِيهَا خَالِدُونَ} (البقرة: 26) واتە مژدە بدە بەو باوەڕدارانەی كە كردەوەی چاك ئەنجام دەدەن، وە گەردیلەیەك خراپەیان تێدا نیە، بەدڵنیاییەوە ئەوان میراتگری ئەو بەهەشتەن كە ڕووباری بەناودا دەڕوات. بێگومان ئەوان هەركاتێك لە بەرهەمی ئەو درەختانە دەخۆن كە لە دنیاشدا خواردوویانە.. دەڵێن ئەمە هەمان ئەو بەرهەمانەیە كە پێشتر پێمان درابوو؛ چونكە دەبینن ئەم بەرهەمانە هاوشێوەی بەرهەمەكانی یەكەمجارە.
ئەگەر كەسێك باوەڕی وەها بێت كە بەرهەمەكانی یەكەمجار نیعمەتە ماددیەكانی ئەم دنیایە؛ ئەوا گومانی تێدا نیە كە ئەم باوەڕە هەڵەیەكی زەقه… وە بەتەواوەتی پێچەوانەی چەمكی ئایەتەكەیە و ناكۆكە لەگەڵ مانا ڕاستەقینەكەیدا، بەڵكو مەبەستی خوایی لەم ئایەتەدا ئەوەیە كە ئەوانەی باوەڕیان هێنا و كردەوەی چاكیان ئەنجامدا، بەدەستی خۆیان بەهەشتیان چاند… درەختەكانی بریتین لە باوەڕ و ڕووبارەكانیشی بریتین لە كردەوە چاكەكان، وە لە دواڕۆژدا لە بەروبوومی هەمان ئەو بەهەشتە دەخۆن، وە لەو ڕۆژەدا وێنەی بەرهەمەكانی زیاتر دەردەكەون و تامیان خۆشتر دەبێت.
وە بەوپێیەی كە ئەوان پێشتر لەم بەرهەمانەیان خواردووە لە دنیادا بەشێوەی ڕۆحی، لەبەرئەوە لە خانەی دواڕۆژدا ئەو بەرهەمانە دەناسنەوە و دەڵێن: وادەردەكەوێت ئەمانە هەمان ئەو بەرهەمانەن كە پێشتر خواردوومانە، لەوێدا دەبینن ئەم بەرهەمانە هاوشێوەی ئەو خۆراكانەن كە پێشتر لە دنیادا خواردوویانە.
كەواتە ئەو ئایەتەی پێشوو كە باسكرا بەڕاشكاوی ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەو كەسانەی لە ژیانی دنیادا خۆراكی خۆشەویستی خوایی دەخۆن.. لە دواڕۆژدا بەشێوەیەكی فیزیكی و بەرجەستە ئەو خۆراكەیان پێدەدرێت. وە بەوپێیەی كە ئەوان تامی ئەو خۆشەویستی و ئەوینەیان چەشتووە.. وە چۆنێتیەكەی دەزانن، لەبەرئەوە ڕۆحەكانیان ئەو كاتانەیان بیردەكەوێتەوە كە تێیدا بە خۆشەویستی و شەیدابوونەوە ڕازو نیازیان دەكرد لەگەڵ خواى خۆشەویستی ڕاستەقینەی خۆیاندا، وە بەتەنھایی لە گۆشە و خەڵوەتگاكاندا و لە تاریكی شەودا بە یادكردنەوەی ئەو خۆشەویستە چێژی خۆشیيان وەردەگرت. كەواتە لێرەدا هەرگیز باسی خۆراكی ماددی نەكراوە.
ئەگەر كەسێك ئەو پرسیارە بەمێشكیدا بێت كە مادام عاریفەكان لە دنیادا لەم خواردنەیان پێدەدرێت و دەیناسنەوە ئیتر كەی ڕاستە كە وەسفی نیعمەتەكانی بەهەشت بكرێت بەوەی كە هیچ كەسێك ئەو نیعمەتانەی نەبینیوە و نەبیستووە و بەدڵی ئادەمیزادیشدا نەهاتوون… لەبەرئەوە وا پێویست دەكات دژیەكیەكی ڕواڵەتی لەنێوان هەردوو ئایەتەكەدا هەبێت كە پێشتر باسكران؟
وەڵامەكە ئەوەیە: ئەو كاتە دژیەكی دێتەدی ئەگەر مەبەستی وشەكانی ئایەتەكە نیعمەتەكانی دنیا بێت، بەڵام لێرەدا مەبەست نیعمەتەكانی دنیا نیە.. هەموو ئەوەی كە كەسی عاریف پێی دەگات لەرێگەی عیرفانەوە لەڕاستیدا بریتیە لە نیعمەتەكانی دواڕۆژ، كە لێرەدا كەمێكی پێ خەڵات دەكرێت وەك نموونە بۆ هاندان و تامەزرۆبوون.
باش بزانن كە ئادەمیزادی ڕەببانی خەڵكی ئەم دنیایە نیە، بۆیە دنیا ڕقی لێیەتی، بەڵكو خەڵكی ئاسمانە.. لەبەرئەوە نیعمەتی ئاسمانیی پێ خەڵات دەكرێت. ئادەمیزادی دنیایی نیعمەتەكانی دنیا بەدەست دەهێنێت، وە ئادەمیزادی ئاسمانی نیعمەتە ئاسمانیەكان دەباتەوە. ڕاستی تەواو و دروست ئەوەیە كە نیعمەتی ئاسمانی بەتەواوەتی شاراوەتەوە لە گوێچكە و چاو و دڵی ئەهلی دنیادا، بەڵام ئەو كەسەی كە ژیانە دنیاییەكەی مردنی بەسەردا دێت.. وە بە شێوازێكی ڕۆحانی لەو جامە ئاوی پێدەدرێت كە لە دواڕۆژدا بە شێوەیەكی بەرجەستە ئاودەدرێت لێی؛ ئەوا خواردنەوەی یەكەمجاری بیردێتەوە كاتێك هەمان جامی پێشكەش دەكەن.
لەڕاستیدا ئەو دەبینێت گوێچكە و چاوی ئەهلی دنیا بێ ئاگان لەو نیعمەتانە، بەڵام بەوپێیەی لە دنیادایە، ئەگەرچی ئەهلی دنیا نیە، شایەتی دەدات لەسەر ئەوەی كە نیعمەتەكانی دواڕۆژ نیعمەتەكانی دنیا نین، وە لەدنیادا چاوەكانی ئەم جۆرە نیعمەتانەی نەبینیوە، وە بەر گوێی نەكەوتووە، وە بەدڵیدا نەهاتووە، بەڵكو تەنھا نموونەی ئەو نیعمەتانەی بینیوە، بەڵام نەك لەم دنیایەدا، بەڵكو ئەم نیعمەتانە تەنھا مژدەیەك بوون بۆ جیھانی دواڕۆژ، وە پەیوەندیان بە دواڕۆژەوە هەیە نەك بە دنیاوە.
سێ زانیاریە قورئانیەكە دەربارەی جیھانی دواڕۆژ
پێویسته وەك بنەمایەك ئەوە بزانرێت كە قورئانی پیرۆز بۆ ئەو بارودۆخانەی كە دوای مردن پێیدا تێپەڕ دەبین سێ ماوەی داناوە، كە بریتین لە سێ زانیاریە قورئانیەكە دەربارەی ژیانی دوای مردن.. بەجیا باسی هەریەكەیان بەدرێژی دەكەین بەم شێوەیەی خوارەوە:
زانیاری یەكەم
قورئانی پیرۆز جار لەدوای جار دەفەرموێت كە جیھانی دواڕۆژ شتێكی تازە نیە، بەڵكو هەموو دیمەنەكانی بریتین لە شوێنەوار و سێبەرەكانی ژیانی دنیا، خوای گەورە دەفەرموێت: {وَكُلَّ إِنْسَانٍ أَلْزَمْنَاهُ طَائِرَهُ فِي عُنُقِهِ وَنُخْرِجُ لَهُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ كِتَابًا يَلْقَاهُ مَنْشُورًا} (الإسراء: 14) واتە بێگومان ئێمە شوێنەواری كردەوەكانی هەموو مرۆڤێكمان گرێداوە بە ئەستۆی خۆیەوە، وە بێگومان ئێمە لە ڕۆژی قیامەتدا ئەو شوێنەوارە نادیارانەی بۆ دەردەخەین، وە بە شێوەی كتێبێكی كراوە پیشانی دەدەین.
ئاشكرایە وشەی (الطائر) كە لە ئایەتەكەدا هاتووە مانا ئەسڵیەكەی بریتیە لە باڵندە، پاشان بەشێوەی مەجاز بەكارهاتووە بۆ مانای كردەوەیش؛ چونكە كردەوە چاك بێت یان خراپ، پاش ڕوودانی دەفڕێت و دیار نامێنێت وەكو باڵندە… وە پاش ماوەیەكی كەم مەینەتی یان تامەكەی نامێنێت، وە لە دڵدا شوێنەوارێكی ورد و ناسك یان قورس و ئاڵۆز بەجێدەهێڵێت.
قورئانی پیرۆز دووپاتی دەكاتەوە كە هەموو كارێك شوێنەوارێكی نادیار لە دەروونی بكەرەكەیدا بەجێدەهێڵێت، وە خودا لەلایەن خۆیەوە كاردانەوەیەكی گونجاو بۆ هەر كارێك دادەنێت چاك بێت یان خراپ، وە ناهێڵێت ئەو كارە بەفیڕۆ بچێت، بەڵكو وێنەی شوێنەوارەكانی دەكێشێت لەسەر دڵ و ڕوخسار و چاو و دەست و قاچی بكەرەكەیدا. وە ئەم وێنانە بریتین لە تۆماری نادیاری كردەوەكان كە لە ژیانی دووەمدا بەجوانی دەردەكەون.
وە خوای گەورە لە شوێنێكی تردا دەربارەی ئەهلی بەهەشت هەواڵمان پێ دەدات و دەفەرموێت: {يَوْمَ تَرَى الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ يَسْعَى نُورُهُمْ بَيْنَ أَيْدِيهِمْ وَبِأَيْمَانِهِمْ} (الحديد: 13) واتە بێگومان نووری ئیمانەكەیان، كه بەشێوەیەكی نادیار لەم دنیایەدا بەدەستیان هێناوە، لە دواڕۆژدا پێشیان دەكەوێت و لەلای ڕاستیانەوە دەڕوات.
وە لە جێگایەكی تردا خوای گەورە كافرەكان دەدوێنێت و دەفەرموێت: {أَلْھاكُمُ التَّكَاثُرُ (*) حَتَّى زُرْتُمُ الْمَقَابِرَ (*) كَلَّا سَوْفَ تَعْلَمُونَ (*) ثُمَّ كَلَّا سَوْفَ تَعْلَمُونَ (*) كَلَّا لَوْ تَعْلَمُونَ عِلْمَ الْيَقِينِ (*) لَتَرَوُنَّ الْجَحِيمَ (*) ثُمَّ لَتَرَوُنَّهَا عَيْنَ الْيَقِينِ (*) ثُمَّ لَتُسْأَلُنَّ يَوْمَئِذٍ عَنِ النَّعِيمِ (*)} (التكاثر)
واتە بێگومان زۆری و فراوانی حەزە ماددیەكان و ئارەزووە دنیاییەكان ئێوەیان سەرقاڵ كردووە لەجیاتی ئەوەی هەوڵ بدەن بۆ بەدەستھێنانی ژیانی دواڕۆژ. هەتا ئەو كاتەی هەمووتان كەوتنەناو گۆڕەكانەوە (واتە مردن). دەی نەكەن دنیاتان خۆش بوێت. زۆر ناخایەنێت دەزانن كە خۆشویستنی دنیا خێری تێدا نیە، وە دووپاتی دەكەمەوە كە خۆشویستنەكەی خێری تێدا نیە. ئەگەر ئێوە زانستی يەقینیتان هەبوایە ئەوا هەر لە خودی ئەم دنیایەدا دۆزەختان دەبینی. پاشان زۆر ناخایەنێت بە ئاشكرا لە جیھانی بەرزەخدا بە بینین