
شاكارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
وتارێكی میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەدە (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
لە دانیشتنی ساڵانە لە 28ی كانوونی یەكەمی
ساڵی 1927ز لە قادیان پێشكەشی کرد
پێڕست
شاكارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
شاكاری دووەمی: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
شاكاری سێیەمی: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
شاكاری چوارەم: دەرخستنى حەقیقەتی كەلامی خوا
ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە قورئانی پیرۆزەوە
بنچینەكانی تەفسیر كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی كردوون
شاكاری پێنجەم: لابردنی هەڵە باوەكان دەربارەی فریشتەكان
شاكاری شەشەم: لابردنی هەڵەكانی خەڵـكی دەربارەی پێغەمبەران
شاكاری حەوتەم: ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە موعجیزەكانەوە
شاكاری هەشتەم: چەسپاندنی گەورەیی شەریعەت
شاكاری نۆیەم: ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە بەندایەتیەكانەوە
شاكاری دەیەم: ڕاستكردنەوەی هەڵەكان لە فیقھدا
شاكاری یانزە: جێبجێكردنی مافەكانی ئافرەت
شاكاری دوانزە: چاكسازی كردەوەكان
شاكاری سیانزە: دۆزینەوەی هۆكارەكانی پێشكەوتنی ئیسلام و موسوڵمانان
شاكاری چواردە: چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش
شاكاری پانزە: ڕاستكردنەوەی ئەو بیروباوەڕانەی كە پەیوەستن دواڕۆژەوە
*****
بسم الله الرحمن الرحيم
نحمده ونصلي على رسوله الكريم وعلى عبده المسيح الموعود
ئەم كتيێبە لە بنچينەدا وتارێكی خەليفەى دووەمى مەسيحى بەڵێندراو (عليه السلام) ميرزا بەشيرەددين مەحموود ئەحمەدە (رضي الله عنه)، كە لە دانیشتنی ساڵانە لە قاديان لە ساڵى 1927ز پێشکەشی کردووە. یەكەم كتێبە كە شاكارەكانی مەسيحى بەڵێندراو (عليه السلام) بە تێكڕايى و بەشێوەيەكى گشتگير و تەواوەتى دەخاتەڕوو، وە بەم جۆرە گرنگى ڕاستەقينەى ڕەوانەكردنى مەسيحى بەڵێندراو (عليه السلام) دەردەكەوێت. بەڵام گومانی تێدا نیە خستنەڕووی بەش بەش و نیوەناچڵ ئەم مەبەستە ناهێنێتەدی.
نووسەر (رضي الله عنه) پانزە شاكاری گرنگی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) باسكردووە كە بریتین لە: بەڵـگە لەسەر بوونی خوای گەورە لە ڕێگەی سیفەتە تەواوەكانیەوە، وە دامەزراندنی كۆمەڵێكی چالاك، وە چاككردنی ئەو خراپەكاریانەی كە دووچاری بیروباوەڕی خەڵـكی بووە دەربارەی زاتی خوا و سیفەتە بەرزەكانی، دەرخستنی حەقیقەتی فەرمایشتی خوای گەورە و ڕاستكردنەوەی بیروباوەڕە هەڵەكان كە لەناو خەڵـكیدا بڵاون، وە نەهێشتنی هەڵە باوەكان دەربارەی فریشتە و پێغەمبەران و موعجیزەكان و جێگیركردنی گەورەیی شەریعەت و ڕاستكردنەوەى ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە بەندایەتیبەكانەوە و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان لە فیقهـدا و چەسپاندنی مافەكانی ئافرەت، وە چاكسازی لە كردەوەكاندا، وە دۆزینەوەی هۆكارەكانی پێشكەوتن و گەشەكردنی ئیسلام و موسوڵمانان، وە دامەزراندن و بناغەدانان بۆ ئاشتی و ئاسایش، وە ڕاستكردنەوەی ئەو بیروباوەڕانەی كە پەیوەست بە ڕۆژی دواییەوە.
نووسەر ڕوونيكردووەتەوە كە شاكارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەمانە زۆرترن، بەڵام ئەو لەم وتارەدا تەنها سەرەبابەتەكانی باسكردووە.
بانگخواز موحەممەد تاهیر نەدیم شەرەفی وەرگێرانی ئەم كتێبەی بەدەستهێنا بۆ زمانی عەرەبی، [وە برامان بورهان رەسوڵ لە عەرەبیەوە ئەم كتێبەی وەرگێڕاوە بۆ زمانی شیرینی كوردی]، خوای گەورە بەباشترین شێوە پاداشتی بەخێریان بداتەوە. هەروەها سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەكەین كە بەشدارییان كرد لە دەرچوونی ئەم پەڕاوە پیرۆزەدا، داواكارین لە خوای گەورە یارمەتی خوێنەری بەڕێز بدات بۆ ئەوەی كەڵـك لەم كتێبە مەزنە وەربگرێت، وە بیكات بە منارەیەكی هیدایەت بۆ ئەو كەسانەی ئارەزوویان هەیە لە ناسینی مەسیحی بەڵێندراو و ئیمامی مەهدی (عليه السلام)، ئامین
بڵاوكاری عەرەبی
بسم الله الرحمن الرحيم
نحمده ونصلي على رسوله الكريم
شاكارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
لە 28ی كانوونی یەكەمی ساڵی 1927ز
بەبۆنەی دانیشتنی ساڵانە لە قادیان پێشكەشكرا
*****
﴿إِنَّ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ لَآيَاتٍ لِأُولِي الْأَلْبَابِ (*) الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَى جُنُوبِهِمْ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ (*) رَبَّنَا إِنَّكَ مَنْ تُدْخِلِ النَّارَ فَقَدْ أَخْزَيْتَهُ وَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ أَنْصَارٍ (*) رَبَّنَا إِنَّنَا سَمِعْنَا مُنَادِيًا يُنَادِي لِلْإِيمَانِ أَنْ آمِنُوا بِرَبِّكُمْ فَآمَنَّا رَبَّنَا فَاغْفِرْ لَنَا ذُنُوبَنَا وَكَفِّرْ عَنَّا سَيِّئَاتِنَا وَتَوَفَّنَا مَعَ الْأَبْرَارِ (*) رَبَّنَا وَآتِنَا مَا وَعَدْتَنَا عَلَى رُسُلِكَ وَلَا تُخْزِنَا يَوْمَ الْقِيَامَةِ إِنَّكَ لَا تُخْلِفُ الْمِيعَادَ (*) فَاسْتَجَابَ لَهُمْ رَبُّهُمْ أَنِّي لَا أُضِيعُ عَمَلَ عَامِلٍ مِنْكُمْ مِنْ ذَكَرٍ أَوْ أُنْثَى بَعْضُكُمْ مِنْ بَعْضٍ فَالَّذِينَ هَاجَرُوا وَأُخْرِجُوا مِنْ دِيَارِهِمْ وَأُوذُوا فِي سَبِيلِي وَقَاتَلُوا وَقُتِلُوا لَأُكَفِّرَنَّ عَنْهُمْ سَيِّئَاتِهِمْ وَلَأُدْخِلَنَّهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِنْ تَحْتِهَا الْأَنْهَارُ ثَوَابًا مِنْ عِنْدِ اللَّهِ وَاللَّهُ عِنْدَهُ حُسْنُ الثَّوَابِ﴾ (آل عمران: 191-196)
ئەم ئایەتانە ئاماژەیەكیان تێدایە بۆ ئەو بابەتەی كە دەمەوێت ئەمڕۆ باسی بكەم. وە ئەم بابەتە بەڕادەیەك گرنگە كە بە پرسێكی یەكلاكەرەوە لەقەڵەم دەدرێت بۆ كۆمەڵەكەمان. جا ئەگەر بەو شێوەیەی كە من دەمەوێت تاكەكانی كۆمەڵەكەمان لێی حاڵی بن؛ ئەوا ئەركی تەبلیغ و بانگەوازكردن زۆر ئاسان دەبێت لەسەریان بە ئیزنی خوای گەورە.
هەڵبەت پاش بیركردنەوە گەيشتمە ئەو ئەنجامەی كە پێشكەشكردنی ڕاستی بەشێوەی بەش بەش و نیوەناچڵ ئەو كاریگەریەی نابێت وەك ئەوەی كە بەشێوەی هەمەلایەن و گشتگیر و تەواوەتی پێشكەش بكرێت، ئەگەر كەسێك جوانترین لووتی مرۆڤ ببڕێت و پاشان بیخاتە پێش چاوی خەڵـكی و بپرسێت: ئای ئەم لووتە چەند جوانە؟! ئەوا كەسێك نابینی كە دانبنێت بە جوانیەكەیدا، هەروەها ئەگەر گوێچكەی جوانى كەسێك ببڕێت پاشان پرسیار لە خەڵـكی بكات دەربارەی جوانی ئەو گوێچكەیە؛ ئەوا هیچ كەسێك هەست بە جوانیەكەی ناكات، بەڵام پیشاندانی هەموو ئەندامەكان پێكەوە كاریگەریەكی ئەرێنی زۆر جوان لەدڵدا بەجێدەهێڵێت. بەهەمان شێوە پێویستە سەبارەت بە بانگەشەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە تێكڕایی و بەشێوەیەكی هەمەلایەن و گشتگیر و تەواو بیربكەینەوە، ئینجا دەبینین ئایا ڕاستگۆییەكەی لەلایەن خوای گەورەوە دەچەسپێت یان نا؟
ئەمڕۆ كەسێكی نائەحمەدی بۆی نووسیم: هاتین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی بابەتێك ببیستین دەربارەی ڕاستگۆیی بەڕێز میرزا، بەڵام وا دیارە كەموكوڕییەكی زۆر هەیە لەو بابەتەدا كە لەم بارەيەوە خرایەڕوو لەسەروبەندی جەلسەكەدا.
من پێموایە داواكاریەكەی لە جێگەی خۆیدایە، بەڵام دەبێت ئەم برایە و براكانی تریش ئەوە لەپێشچاو بگرن كە ئەم دانیشتنە ئامانجی پەروەردەكردنی ئەندامەكانی كۆمەڵیشە، لەبەرئەوە دەبێت وتارەكانی ناوی كۆمەڵە بابەتێك لە هەردوو جۆرەكە لەخۆبگرێت. بەڵام من بەو برایە دەڵێم بابەتی وتارەكەی ئەمڕۆم داواكاریەكەی ئەو جێبەجێ دەكات، كە بریتیە لە: ئەو شاكارانە چین كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەنجامیداون؟
زۆر بەداخەوە دەڵێم كۆمەڵەكەمان لەبەرامبەر ئەم پرسەدا كەمتەرخەمی زۆری نواندووە و بەشێوەیەكی تێروتەسەل و گشتگیر ئاوڕی نەداوەتەوە لە كردار و شاكارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام). هەڵبەت چەندین جار لە خەڵـكم بیستووە كە پرسیاریان كردووە: چ پێویستیەك هەیە بۆ ڕەوانەكردنی میرزای بەڕێز؟ بەڵام ئەگەر بەتێرو تەسەلی سەرنجمان دا لەو كارانەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێی هەستاوە ئەوا ئەو بابەتانە لە پێش چاوی خۆمان دەبینین كە ڕەوانەكردنی ئەویان خواستووە. بێگومان وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە گرنگیەكی گەورەی هەیە، بەڵـكو بەڵـگەیەكی هەرەپتەوە بەجۆرێك هەر كەسێك كە حەق و ڕاستی خۆشبوێت ناتوانێت نكوڵی لێ بكات. وە ئەم پرسیارە بەڕادەیەك گرنگە ناكرێت هیچ كەسێكی ژیری تێگەیشتوو بەرەو لای ئەم كۆمەڵە بێت بەبێ ئەوەی لێی حاڵی بێت، ئیتر چۆن دەكرێت كەسێك ئاوڕبداتەوە لە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە لەدڵیدا گرنگی ئەو كارە نەقشی نەگرتبێت كە بەڕێزی (عليه السلام) پێی هەستاوە؟
گومانی تێدانیە ئایەتە تازەكانی ڕاستگۆیی كە لەلایەن خوای گەورەوە دێن لەخودی خۆیاندا بەڵـگەیەك پێكدەهێنن لەسەر ڕاستگۆیی، بەڵام هیچ كاریگەریەكی وەهایان نابێت ئەگەر نەخرێتە پێش چاوی جیهان بەشێوەیەك كە خەڵـكی پەی ببات بە گرنگی و سوودەكانیان. كەواتە هەر دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە.
هەڵبەت ئەو كەسەی كە پرسیار دەكات؛ ئەو شاكارانە چین كە بەڕێز میرزا ئەنجامی داون، مەبەستی ئەوەیە كە ئێمە شتێكی دیار و هەستپێكراو بدەین بە دەستیەوە، دیارە ئەو بەڵـگەیەكی دەوێت كە نموونەكەی لە بابەتە ماددیەكاندا دەستدەكەوێت نەك لە بابەتە ڕۆحیەكان. وە هەندێ كەس هەوڵدەدەن پێش وەخت بگەنە ئەنجام، ئاشكرایە ئەو كەسانە پەلەیانە و زوو پرسیاردەكەن دەربارەی ئەنجام. ئەم جۆرە كەسانە هاوشێوەی ئەو كەسەن كە دەڵێت: هیچ منداڵێكم پێ نەدراوە، لەبەرئەوە ژنی دووەم دەهێنم، پاشان دوای ئەوەی هاوسەری دووەم دەهێنێت، بۆ ڕۆژی دووەم برادەرەكانی دێن بۆ ماڵی سەلامی لێ دەكەن و پرسیاردەكەن لێی: ئایا مناڵت بوو؟ ئەویش وەڵام دەداتەوە: نەخێر هێشتا خوای گەورە مناڵی پێنەداوم؟ ئەوانیش پێی دەڵێن: دەی كە وابوو بۆچی ژنت هێنا؟ ئەمە لەكاتێكدا كە كەمترین ماوە بۆ دەركەوتنی ئەنجامی هاوسەرگیریەكە نۆ مانگە، ئەگەر ئەو ماوەیەمان كەم كردەوە بۆ كەمترین ئاست ئەوا دەبێت بە حەوت مانگ، بۆیە دەبێت چاوەڕوان بكرێت تا ئەو ماوەیە. وە هەڵەیە داوای ئەنجام بكرێت پێش تێپەڕبوونی ماوەی دیاریكراو بۆ هەركارێك لەكارەكان.
لە ڕاستیدا ئەو كەسەی ئەم جۆرە پرسیارانە دەكات دەكەوێتە دوو هەڵەوە:
یەكەمیان ئەوەیە كە وەڵامێكی مادی دیار و هەست پێكراوی دەوێت، بۆ نموونە دەڵێت: پێمان بڵێن لەكوێ حكومەتی موسوڵمانان دامەزرا؟ یان پێمان بڵێن ژمارەی ئەو كافرانە چەندە كە ئێوە كوشتوتانە؟ و ژمارەی ئەو حكومەتانە چەندە كە ئێوە شكستان پێ هێناوە؟ بە كورتی ئەم جۆرە كەسانە یان دەیانەوێت سامانی زۆری كەڵەكە بوو لە ئاڵتون و زیو ببینن یان چەندین كۆمەڵ لە تەرمی كوژراوی لەسەریەك هەڵچنراو.
هەڵەی دووەم ئەوەیە كە ئەو كەسانە بەدوای ئەنجامێكدا دەگەڕێن لە غەیری وادەی خۆیدا، لەكاتێكدا ئەم جۆرە پرسیارە زۆر وردە، ئەگەر پیادە بكرێت بەسەر پێغەمبەرانی پێشوودا ئەوسا دەزانن كە پرسیارێك نیە لەمە وردتر بێت، بەڵـكو سەبارەت بەو پێغەمبەرانەی كە شەریعەتیان هێناوە پرسیارەكە وردترین پرسیارە. بۆ نموونە ئەگەر كەسێك لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) پرسیاری بكردایە دەربارەی ئەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) چ شاكارێكی ئەنجامداوە؟ ئەوا دەتوانرا بوترێت كە ئەوەندە سوورەت دابەزیوەتە سەری. دیارە ئەم وەڵامە وەڵامێكی قایلكەر نەدەبوو بۆ ئەو جۆرە كەسانەی كە ئەم پرسیارە دەكەن؛ چونكە شەریعەت بە یەكجار و بەشێوەیەكی كامڵ دانەبەزیە سەر پێغەمبەر (ﷺ). بەڵـكو هەندێ لە ئەحكامەكانی دابەزی بوو، وە دەكرا پێش ئەوەی شەریعەت بەتەواوەتی دابەزێت دەربارەی ئیسلام بوترایە شەریعەتەكەی ناتەواوە هەروەك چۆن ئەمڕۆ بە سیخ و بەهائیەكان دەوترێت شەریعەتەكەیان ناتەواوە. وە ئەگەر لەو كاتەی كە هێشتا حوكمەكانی میرات دانەبەزی بوو یەكێك پرسیاری بكردایە: حوكمەكانی میرات لە ئیسلامدا كامانەن؟ ئەوا نەدەتوانرا كە هیچ وەڵامێكی بدرێتەوە. كەواتە ناكرێت شەریعەت وەكو بەڵـگەیەك پێشكەش بكرێت مەگەر دوای كامڵبوونی، بەڵام لەسەردەمی پێغەمبەردا دەتوانرا بوترێت ئەو سوورەتانەی هەتا ئێستا دابەزیون كۆمەڵێك پرس و بابەتیان تێدایە كە لە كتێبەكانی تردا نەهاتوون، بەڵام بۆ كەسێك نەبوو كە بڵێت شەریعەت كامڵ بووە چونكە تا ئەوكاتە شەریعەت كامڵ نەبوو بوو. بە كورتی سەبارەت بە پێغەمبەری خاوەن شەریعەتیش ئەم گرفتە هەر دێتە پێش، بەڵام ئەو دەتوانێت هەندێ لەو حوكمانە پێشكەش بكات كە بۆی دابەزیوە، بەڵام پێش ئەم كاتە دەبێت كەسێك چ شتێك پێشكەش بكات بۆ سەلماندنی ڕاستگۆیی پێغەمبەرێكی نا تەشریعی؟ كەواتە ئەو كەسانەی پرسیار دەكەن: ئەو دەسكەوتانە چین كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەدەستی هێناون هەتا باوەڕكردن پێی بە شتێكی پێویست ئەژمار بكرێت؟ پێیان دەڵێین: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) شتێكی تازەبابەت نیە لەناو پێغەمبەراندا، هەڵبەت هەزارەها پێغەمبەر لەپێش ئەو كۆچی دواییان كرد كە لە قورئانی پیرۆز و كتێبەكانی تردا ناویان هاتووە، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزیشدا باسی بیست و ئەوەندەیانی كردووە، وە هەموویان _جگە لە دوو سێ دانەیان_ شەریعەتی تازەیان بۆ دانەبەزیوە. پێیان دەڵێین: واز لەم پرسیارە بهێنن دەربارەی میرزای بەڕێز، یەكەمجار پێمان بڵێن ئەگەر خەڵـكی پرسیاریان لە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) بكردایە لەو كاتەدا كە ڕایگەیاند ئەو وەكو پێغەمبەر و فروستادە لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوە: ئەو دەسكەوتانە چین كە تۆ بەدەستت هێناون هەتا باوەڕت پێ بكەین؟ ئاخۆ دەبێت وەڵامی چی بوایە؟، یان دەبێت وەڵامی حەواریەكانی چی بوایە ئەگەر خەڵـكی ئەم پرسیارەیان بكردایە لێیان؟ ڕەنگە ئەوپەڕی بیانتوانیبایە ئەو قسەیە بكەن كە مەسیح مردووی زیندوودەكردەوە. بەڵام من دەڵێم ئەمە شاكار نیە بەڵـكو ئەمە ئایەت و موعجیزەیە، دەتوانین ئەم جۆرە ئایەتانە بخەینەڕوو بۆ میرزای بەڕێزیش. ئەگەر مەبەست لە شاكارەكانی پێغەمبەر ئەو شاكارانە بێت كە پێی هەستاوە بۆ قازانج و پێشكەوتنی جیهان _دەی ئەگەر پرسیار بكرایە لە بەڕێز مەسیح: ئەو شاكارانە كامانەن كە بەهۆیانەوە سوودت گەیاندووە بە جیهان لەڕووی بیروباوەڕ و كردارەوە، وە لەڕووی ڕامیاری و شارستانیەتەوە، ئەوا وەڵامی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) چی دەبوو؟ یان وەڵامی حەواریەكانی دوای خۆی چی دەبوو؟ واز لەوەڵامەكەیان بهێنە، پرسیار لە مەسیحیەكانی ئەمڕۆ بكەن، دوای تێپەربوونی نۆزدە سەدە بەسەر سەردەمی مەسیحدا (عليه السلام)، دەربارەی ئەو شاكارانەی كە مەسیح (عليه السلام) هەستاوە بە ئەنجامدانیان؟_ ڕەنگە گەورەترین وەڵامیان ئەوە بێت كە مەسیح خۆشەویستی بڵاوكردوەتەوە لە جیهاندا و فەرموویەتی: “ئەگەر كەسێك زللـەیەكی دا لە ڕوومەتی ڕاستت ئەوا ئەوی تریشی بۆ وەربگێڕە” (ئینجیل مەتتا: 5: 39)، یان بەڵێنیداوە بە دامەزراندنی شانشینی خوا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەو كەسانەی باوەڕیان پێكردبوو ئەو قەڵەمڕەوەیان پێ گەیشت؟ ئەوان جگە لە بەڵێن هیچ شتێكیان پێ نەدرا، جا ئەگەر بەتەنها بەڵێن دەبێتە مایەی ئۆقرەگرتنی دڵ ئەوا دەتوانین ئەو بەڵێنانە پێشكەش بكەین كە لەزاری مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) پێمان دراوە بەجۆرێك فەرموویەتی بێگومان لە داهاتوودا شانشینی خوای گەورە لە هەموو زەویدا دادەمەزرێت، بەڵـكو كۆمەڵێك بەڵێنی زۆر لەوە گەورەتری پێ داوین، بەجۆرێك فەرموویەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە داهاتوودا بەشێوەیەكی زۆر مەزن گەشە دەكات و لە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە بەڕادەیەك هەرگیز كۆمەڵەكانی جیهان لە بەرامبەریدا دەرناكەون مەگەر وەكو هۆزە كۆنەكانی قەرەج، دەی ئەگەر بەڵێن دەبێتە مایەی دڵنیایی ئەوا ئێمە دەتوانین ئێمە ئەم بەڵێنەش پێشكەش بكەین، وە ئێمە یەقینمان هەیە كە لەكاتی خۆیدا دێتەدی. ئەگەر دوای وەفاتی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) پرسیار بكرایە لە حەواریەكان ئەو قەڵەمڕەوە لە كوێیە كە بەڵێنتان پێ درابوو، وە نەیان دەتوانی پیشانی بدەن، دەی ئایا ئەمە دەبێتە بەڵـگە لەسەر درۆزنی مەسیح؟ یان ئەگەر خەڵـكی پرسیاریان لەو مەسیحیانە بكردایە كە پاش سەردەمی حەواریەكان هاتن: ئەو قەڵەمڕەوە لە كوێیە كە لەسەر زاری مەسیحەوە (عليه السلام) بەڵێن درابوو، وە نەیان دەتوانی پیشانی بدەن، دەی ئایا ئەمە دەبێتە بەڵـگە لەسەر درۆزنی مەسیح؟ ئوممەتی مەسیحی دەسەڵات و قەڵەمڕەویان بەدەست نەهێنا مەگەر دوای سێ سەد ساڵ. ئەگەر بانگەشە بەڵـگە بێت لەسەر سەركەوتن لە كاروبارە مادیەكاندا ئەوا ئێمەیش بانگەشەی ئەوە دەكەین كە كۆمەڵەكەمان لە داهاتوودا لە هەموو جیهاندا بڵاودەبێتەوە، وە گەشە و پێشكەوتن و گەورەیی و شكۆ بەدەستدەهێنێت لە ئاستی دنیاییشدا. ئەگەر دەڵێن ئەم بانگەشەیە نەهاتووەتەدی ئەوا دەڵێین بەڵێنی دامەزراندنی شانشینی خوایی لەسەردەمی مەسیحی ناسیرەییشدا (عليه السلام) نەهاتەدی، دەی ئایا ئەمە بەڵـگەیە لەسەر درۆزنی ئەو؟ پاشان ئەم بەڵێنە تا سێ سەد ساڵ نەهاتەدی، دەی ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە تاكو تێپەڕینی هەموو ئەم ماوەیە ڕاستگۆیی مەسیح نەسەلمێنرا بوو؟ بەڵام ئەگەر بە درێژایی ئەم ماوەیەش هەر ڕاستگۆ بووە سەرەڕای بەدی نەهاتنی بەڵێنی ناوبراو، ئەوا بۆچی مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) ئێستا ڕاستگۆ نەبێت؛ چونكە هەتا ئێستا ئێمە هەر لەسەردەمی حەواریەكانیداین.
بەكورتی، ئەو وەڵامە گومانبڕە ڕاشكاوە كە خەڵـكی ئەمڕۆ لەسەر ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەیانەوێت، نە لە سەردەمی مەسیحی ناسیرەییدا و نە لە سەردەمی حەواریەكانیدا و تەنانەت لەماوەی سێ سەد ساڵ دوای ڕەوانەكردنیشیدا دەستیاننەكەوتووە. بەڵام ئێوە ئەگەر ئەمڕۆ ئەم پرسیارە بكەن لە جیهانی مەسیحی ئەوا بەشێوەیەكی تێروتەسەل وەڵامتان پێدەگات. ئەگەر پێش 19 سەدە ئەم ڕستەی خوارەوەی حەزرەتی مەسیحتان (عليه السلام) لەبەرامبەر خەڵـكیدا پێشكەش بكردبا كە دەفەرموێت: ئەو كەسەی زللـەیەكی دا لە ڕوومەتی ڕاستت ئەو ڕوومەتەكەی تریشی بۆ وەر بگێڕە” ئەوا دەیانگوت _پەنا بەخوا_ چ شێتێك ئەم قسەیەی كردووە؟! بەڵام ئەگەر لەمڕۆدا ڕووبكەنە فەیلەسوفە گەورەكانی جیهان پرسیاریان لێ بكەن: بەهاتنی بۆ ئەم جیهانە مەسیح چ كارێكی كرد، ئەوا كەسی پرسیاركەر بەشێت ئەژمار دەكەن و دەڵێن: ئەم جۆرە پرسیارە شێتایەتی و قسەی بێ مانایە دەربارەی ئەو مەسیحەی كە ژیانی ملیۆنەها كەسی گۆڕی بەم ڕستەیەی خۆی: “ئەو كەسەی زللـەیەكی دا لە ڕوومەتی ڕاستت ئەوی تریشی بۆ وەر بگێڕە”. وە كاریگەری ئەم ڕستەیە لە مەسیحیەكانی ئەمڕۆیشدا دەردەكەوێت بە ڕادەیەك سەرەڕای ئەنجامدانی كاری ستەمكارانەی زۆر گەورە كەمێك لە بەزەییان لەدڵی خۆیاندا پاراستووە، وە كەمترین كارێك كە دەیكەن بەگوێرەی ئەم كاریگەریە ئەوەیە كە لەكاتی ستەمكردندا ڕایدەگەیەنن: هەڵبەت ناچارن بۆ كردنی ئەم كارە لە پێناوی خێر و خۆشی گەلێك یان نەتەوەیەكی دیاریكراودا، ئەگەرچی لە ڕاستیدا پێستەكەیان دادەماڵن، كەچی دەستدەهێنن بەسەریاندا و بەئارامییەوە پێیان دەڵێن: تەنها بۆ خێر و خۆشی ئێوە ئەم كارانە دەكەین، ئەمەش مانای ئەوەیە هەستی بەزەیی بەڕادەیەك ڕەگی داكوتاوە لە ناخیاندا كە پارێزناكەن لەدەربڕینی تەنانەت كاتێكیش كە ستەم دەكەن. بەكورتی، ئەمڕۆ خەڵـكی باوەڕیان وایە مەسیح گۆڕانێكی ڕیشەیی مەزنی دروستكردووە لەو كەسانەدا كە باوەڕیان پێ كردووە.
هەروەها ئەگەر پرسیار بكرایە بووزا چی كرد؟ وە خەڵـكی سەردەمەكەی وەڵامیان بدایەتەوە كە فەرمانی كردووە بە لەكارخستنی هەموو هەواو ئارەزووەكان؛ ئەوا هەموو كەس پێدەكەنین و دەیانگوت ئایا ئەمە بە شاكار ئەژمار دەكرێت؟ وە كەی كەسێكی ژیر ئەم جۆرە فێركاریە پێشكەش دەكات؟ بەڵام هەر خودی ئەم فێركارییە بوو لە دواییدا گۆڕانێكی مەزنی دروستكرد بە جۆرێك ژیانی ڕابواردن و لادان و هەڵوەشاندنەوەی ڕەوشتیی لەناو هیندۆسەكاندا لەناوبرد و ڕزگاری كردن لە تیاچوون و داڕووخان. هەڵبەت كاتی لەدایك بوونی بوزا ڕێبازی ئایینیی باو بریتی بوو لە بەرنامەی گروپی هيندۆسی “دامارگی” كە زیناكردنی حەڵاڵ كردبوو لەگەڵ دایك یان خوشكدا و پێی وابوو ئەمە كردەوەیەكە پاداشتی چاكەی لەسەر دەدرێتەوە. هەتا ئێستاش ئەم جۆرە خەڵـكانە بوونیان هەیە و ئەم كردارە قێزەونانە ئەنجامدەدەن و بەخراپەی نازانن، وە هەندێ لە زاهیدەكانیان پیسایی دەخۆن، وە بە “ماتنگی” ناسراون واتە ئەوانەی كە دایكی خۆیان حەڵاڵ كردووە؟ هەرچی چۆنێك بێت، بیروباوەڕی ئەمانە بەشێوەیەكی فراوان بڵاوەی كردبوو كاتێك بوزا هات و فێركاری لەكارخستنی هەوەس و ئارەزووەكانی پێشكەش كرد. لەو كاتەدا خەڵـكی بەدەم ئەم فێركارییەوە نەچوون و ڕێزیان لێ نەگرت، بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا بارودۆخی خەڵـكی گۆڕی، وە لە ئەنجامی ئەمەدا ئێستادا لە هەموو هيندستاندا چەند سەد هەزار كەسێك نەبێت كە هەتا ئێستا دەستیان گرتووە بەم باوەڕە پیسەوە كەسێك نەماوە لەسەر ئەم ڕێبازە، لەكاتێكدا لەسەردەمی بووزادا زۆرینەی زۆری كۆمەڵـگایان پێكدەهێنا.
هەروەها ئەگەر پرسیار بكرایە لە كریشنا لە سەردەمی خۆیدا دەربارەی ئەو كارانەی كە هەستاوە پێیان یان پرسیار بكرایە لە ڕام شندەر دەربارەی شاكارەكانی ئەوا وەڵامیان چی دەبوو؟ یان هەمان پرسیار بكرێت لە موسوڵمانان سەبارەت بە سەردەمی ئیسماعیل و ئیسحاق و زەكەریا (سەلامی خوایان لێ بێت)؛ ئەوا دەبێت چۆن وەڵام بدەنەوە؟ یان ئەگەر پرسیاریان لێ بكرێت دەربارەی یوسف (عليه السلام) ئایا وەڵامیان ئەوە دەبێت كە بەوپەڕی دەستپاكیەوە پارێزگاری كردووە لە گەنجینەكانی پاشا؟ دەی ئەمە بە شاكار ئەژمار دەكرێت؟ دەكرێت لە ناو ئینگلیزدا كەسانێكی زۆر هەبن وەكو وۆد([1]) یان فۆكس([2]) كە ئەم ئەركە گرنگە بەدەستپاكیەوە ئەنجام بدەن. هەروەها ئەگەر كەسێك پرسیار بكات كە پێغەمبەر “ئیرمیا” چ كارێكی جێبەجی كرد ئەوا دەبێت چ وەڵامێك وەربگرێتەوە؟ ئایا پێی دەوترێت كە “ئیرمیا” بەردەوام دەگریا و خەفەتی بۆ خەڵـكی دەخوارد؛ چونكە لە خەوی قووڵیان بەئاگا نەدەهاتن. پێدەچێت دەربارەی هەندێ لە پێغەمبەران ئەم وەڵامەتان دەستبكەوێت، بەڵام دەربارەی هەندێكی تریان تەنانەت ڕەنگە ئەم جۆرە وەڵامەشتان دەستنەكەوێت، بەڵام كێ دەتوانێت بڵێت فێركارییەكانیان هیچ گۆڕانكارییەكی دروستنەكرد لە جیهاندا و هیچ ئەنجامێكی مەزنیان نەدا بەدەستەوە؟ لە ڕاستیدا لە ژیانی پێغەمبەردا تۆوێك دەچێندرێت بۆ گۆڕانكارییە ڕیشەییەكانی داهاتوو، پاشان ئەم تۆوە دەگۆڕێت بۆ درەختێكی گەورە، بەڵام ناكرێت لە ژیانی پێغەمبەراندا ئەم درەختە مەزنە پیشان بدرێت، بەڵام ئەوەی كە دەتوانرێت پیشان بدرێت تۆوەكەیە كە دەكرێت دەربارەی بوترێت لەداهاتوودا دەبێت بەدرەختێكی گەورە.
بەكورتی، بەسەرنجدان لە ژیانی پێغەمبەران دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە پێغەمبەران كاریگەرییەكی ڕۆحانی ورد لە جیهاندا بەجێدەهێڵن كە بەشێوەیەكی ماددی پەی پێنابرێت، بەڵام دەكرێت لەڕووی هزریەوە پەی بەوە دەبرێت كە پێغەمبەرەكە شتێكی بەجێهێشتووە دەستەبەری ڕوودانی ئەنجامگەلێكی مەزن دەكات.
لەڕاستیدا نموونەی پێغەمبەران وەكو بارانێك وایە كە دەبارێت پاش ماوەیەك لە وشكەساڵی و بێ بارانی كە دەبێتە هۆی دەركەوتنی قڵیش و زبری لە پێستی دەست و قاچدا، وە درەختەكانیش پێی كاریگەر دەبن، بەڵام كاتێك باران بارین دەستپێدەكات نەرم و شلی دەگەڕێتەوە بۆ پێستی دەست، وە سەوزەڵانی گەشەدەكات و زۆرێك لە شتەكان دەردەكەون. كەواتە پرسیاركردن دەربارەی ئەوەی كە پێغەمبەرێك لەسەرەتای سەردەمەكەیدا چ كارێكی ئەنجامداوە پرسیارێكی زۆر وردە، وە پێویستە لەسەر باوەڕدار كە بەوپەڕی وریایی و ڕامانەوە بیری لێ بكاتەوە. جا ئەو كەسەی دەیەوێت باوەڕ بە پێغەمبەرێك نەهێنێت بەو بیانووەی كە لەقۆناغە سەرەتاییەكانی ژیانیدا هیچ كارێك یان شاكارێكی هەستپێكراو یان سەركەوتن و گۆڕانكاریەكی گەورەی نەبینیوە؛ ئەوا ئەو كەسە ناچاردەبێت واز لە هەموو پێغەمبەران بهێنێت؛ چونكە ئەگەر ئەم پێوەرەی ڕاست بێت ئەوا دەبێت ڕاستگۆیی پێغەمبەرانی پێشوویش بەم پێوەرە تاقی بكرێتەوە، دواجار پێویستە ئەو كەسە واز لە هەموو پێغەمبەران بهێنێت. بەڵام چونكە موسوڵمانان باوەڕیان بەڕاستگۆیی پێغەمبەران هەیە، لەبەرئەوە ناچارن ملكەچی ئەوە بن كە دەبێت هەندێ بابەتی ورد لەبەرچاو بگیرێت كاتی گەڕان بەشوێن ئەوەی كە پێغەمبەران چ شاكارێكیان هەبووە.
پاش ئەم پێشەكیە تەحەددا دەكەم ئەگەر هەر موسوڵمانێك شاكارەكانی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) كە لە قورئان و فەرموودەدا هاتوون، وە هەر مەسیحییەك شاكارەكانی ئەو كە لە ئینجیلدا هاتووە بهێنن پێشكەشی منی بكەن؛ ئەوا من دەتوانم لەبەرامبەر هەر شاكارێك لەو شاكارانەدا سەد شاكاری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەش بكەم بە هەمان گەورەیی و ئاست. جا ئەگەر یەكێك وتی مەسیحی ناسیرەیی مردووی زیندوودەكردەوە، دەڵێم: لە قورئانی پیرۆزەوە پێم بڵی ئەو مردووانەی كە مەسیح زیندووی دەكردنەوە چ جۆرێك بوون؟ پاشان منیش هەواڵت پێ دەدەم دەربارەی سەد كەس كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) زیندوویكردوونەتەوە بەرامبەر یەك كەس بەگوێرەی پێوەری ئەو زیندووكردنەوەیە كە ساغبووەتەوە لەسەردەستی مەسیحی ناسیرەییدا (عليه السلام) ڕوویداوە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا هەروەك وتم زیندووكردنەوەی مردووە ماددیەكان كارێك نیە شایەنی باس بێت؛ چونكە ئەگەر بەگوێرەی ڕواڵەت وەربگیرێت ئەوا پێی دەوترێت موعجیزە، هەروەها چاككردنەوەی نەخۆشەكان كارێك نیە كە شایانی باس بێت؛ چونكە ئەم كارە پزیشكەكانیش پێی هەڵدەستن. بەڵام ئەنجامەكانی ئەم موعجیزانە دەكرێت بە كۆمەڵێك شاكار ئەژمار بكرێن، وەك ئەوەی بوترێت مەسیح (عليه السلام) لە ڕێگەی ئەم موعجیزانەوە پاك و خاوێنی و داوێنپاكی دروستكردووە لەناو خەڵـكیدا، بەڵام تەنانەت ئەگەر كەسێك ئەم جۆرە ئایەتانەیش بسەلمێنێت؛ ئەوا دەبینێت من ئامادەم لەبەرامبەر هەر ئایەتێكدا سەد ئایەتی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەش بكەم إن شاء الله. سەرباری ئەمانە، ئەگەر هەر موسوڵمانێك لە قورئانی پیرۆزدا یان هەر مەسیحییەك لە ئینجیلەكاندا هەر كارێك یان هەر شاكارێكی تر ساغ بكەنەوە بۆ مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام)؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە هاوشێوەی ئەوە من سەد كار و شاكاری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەش دەكەم.
ئێستاش كۆمەڵێك لەو ئەركە گرنگانەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەستاوە بەئەنجامدانیان و لەو شاكارانەی ئەنجامی داون باس دەكەم بۆ ئێوە، وەك زانراوە ئەو ئەركانەی كە جێبەجێ دەكرێن لە جیهانە ڕۆحیەكانی هاوەڵاندا بریتین لەو كردارە ڕاستەقینە و سەرەكیانەی كە هەر یەكێك لە پێغەمبەران جێبەجێی دەكات، بەڵام من ئەوە ناخەمەڕوو چونكە ئەگەر خستمە ڕوو ڕەنگە كەسێك بڵێت: ئەمە خۆتان بانگەشەی دەكەن و هیچ كەسێك ناتوانێت تەسلیمی ئە كارە بێت. بۆ نموونە، ئەركی سەرەكی و ڕاستەقینەی هەموو پێغەمبەرێك كە پێی سپێراوە ئەوەیە پەیوەندی لەنێوان مرۆڤ و پەروەردگاریدا دروست بكات، جا ئەگەر وتم میرزای بەڕێز سەركەوتوو بووە لە دروستكردنی ئەم پەیوەندیەدا لەنێوان شوێنكەوتووانی و پەروەردگاریاندا، ڕەنگە یەكێكیان بڵێت: ئەمە ئێوە بانگەشەی دەكەن، وە ناكرێت كەسێك باوەڕی بە میرزای بەڕێز نەبێت ئەمە قەبوڵ بكات. لەبەرئەوە ئەم بابەتانە دەخەمە لاوە و باسی ئەو ئەركە دیارانەی تر دەكەم كە لای خەڵـكانی تریش پەسەند دەكرێن.
ئەركی یەكەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمان ئەو ئەركەیە كە خراوەتە سەرشانی هەموو پێغەمبەران و بریتیە لەوەی پێغەمبەر بەڵـگە بهێنێتەوە لەسەر بوونی زاتی كردگار لە ڕێگەی چەسپاندنی سیفەتە كامڵەكانیەوە. خوای گەورە شاراوەیە لە خەڵـكی، بەهۆی ناردنی پێغەمبەرانەوە هەڵدەستێت بە سەلماندنی بوونی خۆی لە ڕێگەی ئاشكراكردنی سیفەتە تەواوەكانیەوە. هەڵبەت لەو سەردەمەشدا كە مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) تێدا ڕەوانە كرا دۆخەكە وای لێهاتبوو كە خوای گەورە شاراوەبوو لە خەڵـكی، بەڵـكو بەڕادەیەك شاراوە و پەردەپۆش بوو كە بەندەكان نەیاندەتوانی پەیوەندی ڕاستەقینە دروست بكەن لەگەڵیدا، وە لە كتێبەكاندا نووسرا بوو كە خوا دروستكار و خاوەنی هەموو شتێكە بێ ئەوەی دڵی بەندەكان هەست بكات بە بەڵـگەیەك لەسەر حەقیقەتی بوونی ئەو (جل جلاله). بۆیە ئەگەر پرسیار بكرایە لە موسوڵمانان بەڵـگە چیە لەسەر ئەوەی كە خوا دروستكارە ئەوا وەڵامیان دەدایەوە و دەیان گوت: قورئانی پیرۆز وا دەفەرموێت یان دەیان گوت: ئایا باوەڕت بەوە نیە كە خوا دروستكارە؟ ئەگەر ئەو دروستكار نەبێت ئەی كێ دروستكارە جگە لەو؟ لەم جۆرە سەردەمەدا كە تێیدا باسی خوای گەورە بەشێوەیەكی ڕاستەقینە دیار نەمابوو، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم باسەی جێگیركرد بەهۆی چەسپاندنی سیفەتەكامڵەكانی خواوە كە بەڵـگەی دەهێنایەوە لەسەریان لەڕێگەی موعجیزەكانەوە. هەروەك گوتم لەخودی خۆیدا موعجیزە و ئایەت كارێكی مەزن نیە، بەڵـكو ئەوە ئەنجامەكانیەتی كە بە شاكار ئەژمار دەكرێن. بۆیە لە ئێستادا باسی موعجیزەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناكەم بەڵـكو پێتان ڕادەگەیەنم ئەو (عليه السلام) بەهۆی ئەم موعجیزانەوە خوای گەورەی بەتەواوی سیفەتەكانیەوە ناساند بە جیهان. بۆ نموونە ئەم وەحیە كە لە سەرەتاوە پێیگەیشتووە دەفەرموێت: “ئاگاداركەرەوەیەك هات بۆ جیهان، خەڵـكەكەی نكوڵییان لێ كرد و قەبوڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبوڵی دەكات، وە ڕاستگۆییەكەی دەردەخات بەهۆی هێرشی توندی بەهێزەوە هێرش لەدوای هێرش.”([3])
بێگومان بەڕێزی (عليه السلام) كاتێك ئەم ئیلهامەی بڵاوكردەوە تەنانەت لە ناو خەڵـكی شارەكەی خۆشیدا ناسراو نەبوو. یەكێك لە خزمەكانم كە لە گوندێكی دراوسێ نیشتەجێ بوو (لە سەردەمی مندا) بەیعەتیدا و پێی وتم پێشتر زۆر هامۆشۆی ئەم شوێنەی دەكرد و دەهات بۆ ماڵەكەی منیش، ئەو پیاوە باوكی میرزای بەڕێزی دەناسی بەبێ ئەوەی میرزای بەڕێز (عليه السلام) بناسێت. بەم ڕادەیە بەڕێزی (عليه السلام) نەناسراو بوو، تەنانەت خزمەكانیشی نەیاندەناسی، هەروەك خەڵـكی قادیانیش نەیاندەناسی، بەڵام خوای گەورە لەو كاتەدا پێی فەرموو: “ئاگاداركەرەوەیەك هات بۆ جیهان، خەڵـكەكەی نكوڵییان لێ كرد و قەبوڵیان نەكرد، بەڵام خوا قەبوڵی دەكات، ڕاستگۆییەكەی دەردەخات بە هۆی هێرشی توندی بەهێزەوە هێرش لەدوای هێرش.”
تێبینی بكەن، ئەم هەواڵە چەند مەزنە كە دراوە بە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەڕێگەی ئەم وشانەوە! ئایا لە توانای هیچ مرۆڤێكدا هەیە كە ئەم جۆرە پێشبینیە بكات؟ هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێش ڕەوانەكردنی ئەم وەحییەی پێگەیشتووە، وە ئەم هەواڵانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
هەواڵی یەكەم: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەزیندوویی دەمێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت كە لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوە.
هەواڵی دووەم: جیهان ڕەتیدەكاتەوە و باوەڕی پێ ناهێنێت كاتێك كە هەڵدەستێت بەم ڕاگەیاندنە.
هەواڵی سێیەم: جیهان بەشێوەیەكی سادە دژایەتی ناكات، بەڵـكو بە هەموو جۆرێك هێرشی بۆ دەكات.
هەواڵی چوارەم: خوای گەورە بەرپەرچی هەموو ئەو هێرشانە دەداتەوە و جۆرەها سزا دادەبەزێنێتە سەر جیهان.
هەواڵ پێنجەم: لەكۆتاییدا ڕاستگۆییەكەی دەردەكەوێت.
ئەم هەواڵانە شتێكی ئاسایی نین كە بەڕێزی (عليه السلام) ماوەیەك پێش ڕوودانیان ڕایگەیاندوون؛ چونكە هەلومەرجی ڕواڵەتی زۆر پێچەوانەی بەدیهاتنی ئەم هەواڵانە بوو. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەر لەسەرەتاوە بارودۆخی تەندروستیی لاواز بوو بەڕادەیەك كاتێك لەناكاو تووشی هەندێ نەخۆشی دەبوو كەسانی دەوروبەری پێیان وابوو گیانی لەدەستداوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بەڕێزی (عليه السلام) _بەگوێرەی ئەم وەحیە_ بڵاویكردەوە ئەو كاتە نزیكە كە تێیدا ڕادەگەیەنرێت لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوە، وە تووشی دژایەتی دەبێت لەلایەن خەڵـكیەوە. هەڵبەت دژایەتیكردنیش لەلایەن خەڵـكیەوە شتێكە هەموو كەسێك دەستی ناكەوێت. یەكێك لە دانیشتوانی “گوجرانوالە” ڕایگەیاند لەلایەن خواوە ڕەوانەكراوە، وە بەردەوام نامەكانی ئەوم پێدەگەیشت كە تێیدا دەیوت: ئەگەر بە ڕاستگۆم لەقەڵەم نادەیت ئەوا بۆچی لەدژم هیچ نانووسیت؟ وە ڕۆژنامەی “فەزڵ” چی لێ بەسەرهاتووە؟ بۆچی هیچ شتێك نانووسێت دەربارەی من؟ ئەگەر ناتوانێت شتێك بنووسێت كە لە بەرژەوەندی من بێت ئەوا با شتێك بنووسێت لە دژم، ئەوسا ئەوە هات بە مێشكمدا كە ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنكاریش لەلایەن خوای گەورەوە بڕیاری لێ دەدرێت چونكە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی بانگەواز. هەروەها لە گۆڤاری “چەكرالەییەكان”دا (قورئانیەكاندا) چەندین جار بینیومە نووسراوە: بۆچی بەرپەرچمان نادرێتەوە؟ بەكورتی، دوای ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێنج شەش بانگەشەكار دەركەوتن، لەوانە زەهیرەددین، عەبدوللەتیف و مەولەوی موحەممەد یار وعەبدوڵڵا تیمابوری و نەبی بەخش و هی تریش، هەموو ئەمانە بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان كرد و لەڕێگەی كۆمەڵێك ڕاگەیاندنەوە بڵاویان كردەوە، وە كەسانی تریش هەبوون، بەڵام هیچ كامێكیان تووشی نەیاری و دژایەتی نەبوون و ئەم شتە نەڕەخسا بۆیان. هەڵبەت ئەم بانگەشەكارانە هەڵەی ئەو كەسانەیان سەلماند كە باوەڕناكەن بە میرزای بەڕێز بەو بەڵـگەیەی كە تووشی دژایەتی بووە لەلایەن خەڵـكیەوە و ئەوەیان پیشانیان دا كە بەڵـگەیەكی لەم جۆرە هەموو بیانووەكان پووچ دەكاتەوە؛ چونكە بانگەشەكارە درۆزنەكان تووشی دوژمنایەتی نابن.
بەهەرحاڵ، ئەگەر یەكێیان تووشی دژایەتی بێت ئەوا دژایەتییەكە تەنھا لە شەڕەقسەدا قەتیس دەبێت، بەڵام هەواڵی سێيەم كە خوای گەورە دەربارەی میرزای بەڕێز ڕایگەیاندووە ئەوەیە كە ئەم دژایەتی كردنەكە شتێكی ئاسایی نابێت، بەڵـكو زۆر توندوتیژ دەبێت بەڕادەیەك خوای گەورە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دژایەتیە كۆمەڵێك هێرشی بەهێز دەستپێدەكات هێرش لەدوای هێرش. بێگومان لێرەدا خوای گەورە هەواڵی داوە بەڕێزی (عليه السلام) ڕووبەڕووی كۆمەڵێك هێرشی توند دەبێتەوە، پاشان ئەم هێرشانە جۆراوجۆر دەبن و لەلایەن چەندین گروپی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێن، واتە نەیارەكان هێرشی جۆراوجۆر و توندوتیژ ئەنجام دەدەن، وە خوای گەورەیش بە كۆمەڵێك هێرشی بەهێز بەرپەرچی ئەم هێرشانە دەداتەوە. ئەوە بوو بەڕێزی (عليه السلام) ڕووبەڕووی هێرشی توندوتیژ و دڕندانەی جۆراوجۆر بوویەوە لەلایەن ناحەزانەوە، وە هێرشی دوژمنكاری گەيشتە ئاستێك كە حكومەت لەلایەكەوە لە ئامادەباشیدا بوو بۆ قۆڵبەستكردنی، هەروەك لەلایەكی ترەوە نەیارەكان لە مەلا و سۆفی و شێخانی خاوەن تەكیە و خانەقا لە بۆسەدا بوون بۆی.
موسوڵمانان بەگشتی هەموو توانایەكیان خستەگەڕ بۆ پیلانگێڕان لە دژی، هەروەك سیخ و هیندۆس و مەسیحیەكان لە ئایینەكانی تر هەموو هەوڵ وتەقالایەكیان دا بۆ لەناوبردن و كوشتن و تۆمەتباركردنی، هەروەك هێرشیان كردەسەر ڕێز و پلەوپایە و ڕەوشت و دەستپاكی و تەقوا و داوێنپاكی و خاوێنیەكەی، بەڵام هەموویان شكستیان هێنا، وە ئەو (عليه السلام) سەربەرزی و شكۆی زیاتر بوو.
هەواڵی چوارەم لە ئیلهامەكەدا ئەوەیە كە خوای گەورە لەبەرپەرچی پەلاماری دوژمناندا كۆمەڵە هێرشێكی بەهێزدەكات، وە ئەوەی پێشبینی كرابوو ڕوویدا، بۆیە هەر كەسێك هێرشێكی كردەسەری پەلاماردرا.
بەڵام هەواڵی پێنجەم _كە خاڵی كۆتاییە لە ئیلهامەكەدا_ ئەوەیە خوای گەورە ڕاستگۆییەكەی ئەو (عليه السلام) دەردەخات، ئەم دانیشتنی ساڵانەیە چاكترین بەڵـگەیە لەسەر بەدیهاتنی ئەم هەواڵە. هەڵبەت شوێنكەوتووانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بڵاوبوونەتەوە لە هەموو جیهاندا، لە ئەمریكا و ئەوروپا و ئەفریقادا هەن، هەروەها لە هەموو ناوچەیەكی ئاسیاشدا بوونیان هەیە. ئایا ئەوە جێگای سەرسوڕمان نیە كە لەسەر دەستی چوارسەد ملیۆن موسوڵماندا ژمارەیەك لە دانیشتوانی ئەمریكا موسوڵمان نەبوون هێندەی ئەو ژمارەیەی كە موسوڵمان بووە لێیان بە هەوڵی خاكیانەی ئەم كۆمەڵە كەمە، بەجۆرێك سەد موسوڵمانی ئەحمەدی ئەمریكایی هەن بەرامبەر یەك موسوڵمان كە لەڕێگەی غەیرە ئەحمەدیەكانەوە موسوڵمان بووە، هەروەها لە هۆڵەندا تەنانەت یەك موسوڵمان نیە كە باوەڕی هێنابێت بە ئیسلام لە ڕێگەی موسوڵمانە نائەحمەدیەكانەوە كەچی ئەو وڵاتە موسوڵمانانی ئەحمەدی تێدایە. وە لە هەندێ وڵاتدا ژمارەی موسوڵمانە ئەحمەدیەكان زیاترە لە تێكڕای ژمارەی ئەو موسوڵمانانەی كە نیشتەجێن تێیدا، ئەم ئایەتە چەند مەزنە! وە ئەم بەڵـگەیە چەند بەڵـگەیەكی بەهێزە لەسەر دەركەوتنی ڕاستگۆیی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بە هێرشی توندی بەهێز هێرش لەدوای هێرش!
سەیری هیندستان بكەن بەتەنها، دۆخی ڕواڵەتیی كۆمەڵەكەمان زۆر لاوازە لەبەرامبەر موسوڵمانە نائەحمەدیەكاندا، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵەكەمان بەخێرایی گەشەدەكات. هەندێ كەس دەڵێن شوێنكەوتووانی باندێت “سەوامی دیانەند” و “حەسەنی كوڕی صەباح”یش گەشەیان كردووە! ڕەنگە ئەوان بەناو هەندێ گەشە و پێشكەوتنیان بەدەستهێنابێت، بەڵام پێم بڵێن پێش ئەم گەشەكردنە لەكاتی لاوازییدا بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە ڕۆژێك لەڕۆژان گەشە و پێشكەوتن بەدەستدەهێنن؟ ئایا ڕاگەیاندنی گەشە و پێشكەوتنە ناوبراوەكەیان بڵاوكردووەتەوە بەجۆرێك بیدەنەپاڵ خوای گەورە؟ جیاوازییەكی فراوان هەیە لەنێوان ئەو كەسەی بە ڕێكەوت گەشە و پێشكەوتنێك بەدەستدەهێنێت و ئەو كەسەی گەشەدەكات و پێشدەكەوێت پاش بانگەشەی بەدەستهێنانی گەشە و پێشكەوتن. “لۆرد ڕیدینگ” _كە نوێنەری شاژنی بەریتانیا بوو لە هیندستاندا_ پێشتر كارمەندێكی ئاسایی بوو، بەڵام جار لەدوای جار پلەی بەرزبوویەوە هەتاكو گەیشتە ئەم پایە بەناوبانگە، ئەم كارانە بەشێوەی ڕێكەوت ڕوودەدەن، بەڵام ئەو گەشەكردنەی كە بەنیشانەی ڕاستگۆیی دادەنرێت ئەوەیە كە پێشتر ڕاگەیەندرا بێت پاشان بەگوێرەی ئەو ڕاگەیاندنە بێتەدی.
پاشان ئیلهامێكی تری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەیە كە خوای گەورە تێیدا پێی فەرمووە: “بانگەوازەكەت دەگەیەنمە دورترین شوێنەكانی زەوی.”([4]) (جریدة “الحكم” مجلد 3 رقم 5 إلی 7، 27-3-1898 ص13)
دەی ئێستا بڕوانن موسوڵمانە ئەحمەدیەكان تەنانەت لە كۆمەڵێك ناوچەدا هەن كە موسوڵمانی نائەحمەدی تێدا نیە. ئایا بەڵـگە لەمە بەهێزتر هەیە لەسەر ئەوەی كە بانگەوازی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) گەيشتووەتە دوورترین شوێنەكانی زەوی؟!
هەروەها مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاند دژایەتی كردنی وردە وردە بەرەو كزی دەڕوات، وە لەهەموو جیهاندا ناوبانگی دەنگدەداتەوە. بۆیە كاتێك بانگەشەكەی خستەڕوو لە بەردەم جیهاندا تووشی دژایەتیەكی توندی ترسناك بوو، بەڵام لە دێڕە شیعرێكیدا بە زمان ئوردی دەفەرموێت:
وہ گھڑی آتی ہے جب عیسیٰ پکاریں گے مجھے
اب تو تھوڑے رہ گئے دجال کھلانے کے دن
بێگومان ئەو ساتە نزیكە كاتێك خەڵـكی بەناوی عیساوە بانگم دەكەن
بۆیە لە ئێستادا تەنھا چەند ڕۆژێكی كەم ماوە بۆ ئەوەی ناوبردنم بە دەججال كۆتایی بێت
بەڕێزی (عليه السلام) لەلایەن نەیارەكانەوە بەهیچ ناوێكی تر جگە لە دەججال ناونەنرا بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی فەزڵی خوای گەورەوە بازنەی بانگەوازەكەی زۆر فراوان بووە بەڕادەیەك زۆربەی ئەو كەسانەیش كە باوەڕیان پێی نیە داوا دەكەن كە بە دەججال ناونەبرێت؛ چونكە چەندین كاری مەزنی ئەنجامداوە.
هەروەها گەشەكردنی قادیان نیشانەیەكی مەزنە. لە دواهەمین دانیشتنی ساڵانەدا لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) حەوت سەد كەس بەشدارییان كردبوو، كاتێك بەڕێزی (عليه السلام) دەرچوو بۆ پیاسە لەو ڕۆژانەدا بەهۆی ئەو تەپوتۆزە زۆرەوە گەڕایەوە كە لە ئەنجامی ئاپۆرای خەڵـكەوە پەیدا بوو بوو. بەڵام ئێستا ئەگەر حەوت هەزار كەس ئامادە بێت لە دانیشتنی ساڵانەدا ئەوا هات و هاوار پەیدا دەبێت دەربارەی كەمی ژمارەی ئامادەبووان و دەوترێت چییان لێ بەسەر هاتووە؟ بەجۆرێك هەموو ساڵێك ژمارەی ئامادەبووان لەزیادبووندایە، ئەوەتا لەم ساڵدا نۆ سەد كەس زیادی كردووە لەچاو دانیشتنی ساڵی ڕابردوو بەگوێرەی ئەو سەرژمێریەی كە ساڵی ڕابردوو لە 27ی كانوونی یەكەمدا كراوە. ئەمەش مانای ئەوەیە كە ساڵانە زیادبوونی ژمارەی ئامادەبووان زۆر لەسەرووی ژمارەی ئەو كەسانەوەیە كە ئامادەبوون لە دواهەمین دانیشتنی ساڵانە لە ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام).
بەهەمان شێوە بەهەزارەها پێشبینی تریش هەن كە لە كتێبەكانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) باسكراون.
لەڕۆژانی دانیشتنەكەدا كتێبێكی مەسیحی بەڵێندراوم (عليه السلام) دەخوێندەوە و ئەم فەرمایشتەیم تێدا بینی: ویستمان كتێبێك بڵاوبكەینەوە بەناوی “السراج المنیر”، بەڵام بەهۆی نەبوونی سەد ڕووپیەوە پەكیكەوت. بەهۆی نەبوونی سەد ڕووپیەوە بڵاوكردنەوەی كتێبەكە دواكەوت، ئێستا مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەناوماندا نیە، بەڵام كاتێك خەلیفەكەی پڕۆژەی قوربانیدانی دارایی خستەڕوو ئەندامەكانی كۆمەڵ بەڵێنیاندا بە دابینكردنی دوو سەد و هەشتا و دوو هەزار ڕووپیە([5]).
بەكورتی، خوای گەورە كۆمەڵێك بەڵـگەی ڕۆشنی پیشانداوە لەسەر بوونی خۆی و تەواوەتی و بێكەموكوڕی سیفەتەكانی لەڕێگەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) هەروەك چۆن پیشانیدا لەڕێگەی پێغەمبەرانی پێشوەوە. هەڵبەت لەكتێبێكمدا بەناوی “ئەحمەدیەت” كەمێك بەتێروتەسەلی تیشكم خستووەتەسەر ئەم بابەتە، وە چۆن سیفەتەكانی خوا دەركەوتن و درەخشانەوە لەماوەی ژیانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) بەڵام لەم كتێبەدا نەمتوانی بەتێروتەسەلی ئەم بابەتە لە هەموو ڕووەكانیەوە تاوتوێ بكەم. خوا یار بێت لەمەودوا كتێبێك دەنووسم تێیدا باسی ئەو سیفەتە خواییانە دەكەم كە بەهۆی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) بەجوانی دەركەوتوون، وە تێیدا ئەوە شیدەكەمەوە كە چۆن هەموو سیفەتەكانی خوای گەورە دەسەلمێنرێت لەڕێگەی ڕەوانەكردنی بەڕێزیەوە (عليه السلام)، ئەمەش كاری سەرەكی هەموو پێغەمبەرێكە.
شاكاری دووەمی: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
یەكێك لە ئەركەكانی پێغەمبەر بریتیە لە دروستكردنی كۆمەڵێكی چالاك. ئێستا بڕوانن بۆ لاوازی كۆمەڵەكەمان لەڕووی دارایی و ژمارەوە و پاشان لەبەرامبەر ئەوەدا بڕوانن بۆ فراوانی كارەكانی، هیچ كەسێك ناتوانێت نكوڵی لەمە بكات؛ بەجۆرێك گروپێك نیە ئەو كارانە ئەنجام بدات كە كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی ئەنجامیان دەدات. بەردەوام لەڕۆژنامەی نائەحمەدیەكانیشدا ئەوە بڵاودەكرێتەوە كە ئەگەر كۆمەڵێكی چالاك و كارا هەبێت ئەوا كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدیە. ئێمە هەستاین بە تەبلیغ كردنی ئیسلام لە ڕووسیا و فەڕەنسا و هۆڵەندا و ئوسترالیا و ئەمریكا و ئینگلتەرا و وڵاتانی تریش، وە كارەكە گەيشتوەتە ئاستێك خەڵـكی داوامان لێ دەكەن ڕووبكەینە وڵاتەكانیان و تێیدا هەستین بە تەبلیغكردنی ئیسلام، لەئێرانەوە داواكارییەكمان پێگەیشتووە كە دەڵێت پێویستە ئەحمەدیەكان بێن بۆ ئێرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەهائیەكان. هەندێ كەس كارەكانی كۆمەڵەكەمان بەراورد دەكەن لەگەڵ ئەو كارانەی كە ئاریای هيندۆس پێی هەڵدەستێت، بەڵام من پێیان دەڵێم: بەراوردی سەروەت و سامانی ئەوان و ماڵ و سامانی ئێمە بكەن، پاشان بەراوردی بازنەى كاری ئەوان و فراوانی بازنەی كاری ئێمە بكەن. دەوڵەمەندی وا هەیە لەناو هيندۆسەكاندا كە بەتەنها دەتوانێت بڕە پارەیەك پێشكەش بكات كە هەموو كۆمەڵەكەمان لەماوەی ساڵێكی ڕەبەقدا ناتوانێت ئەو بڕە پێشكەش بكات. وە ئەو دەوڵەمەندانە لەناو هیندۆسدا یەك و دووان نین، بەڵـكو ژمارەیان زۆرە. هەموو نەتەوەی هیندۆس كۆبوونەوە و هێرشی دڕندانەی خۆیان دەستپێكرد دژی موسوڵمانان لە ناوچەی “مەڵـكانە”، بەڵام هەر كە بانگخوازەكانی ئێمە گەيشتنە ئەو ناوچەیە ئەوان دەستبەجێ هەڵهاتن. لەو ڕۆژانەدا كۆنگرەیەك بۆ موسوڵمانان و هیندۆس گیرا و پێشنیاری پەیماننامەی ئاشتی نێوانیان خرایەڕوو. حەكیم ئەجمەل خان و دكتۆر ئەنصاری و مەولەوی موحەممەد عەلی و مەولەوی ئەبولكەلامی ئازاد لەلایەن موسوڵمانەوە لەو كەسانە بوون كە كاریان كرد بۆ بەستنی ئەم كۆنگرەیە، وە لەلایەن هیندۆسەكانەوە شەردهانەند و سەركردە گەورەكانی تریان بەشدارییان كرد. وەك خوونەریتی خۆیان زانا موسوڵمانە نائەحمەدیەكان وتیان پێویست بە بانگكردنی ئەحمەدیەكان ناكات، پاشان لەلایەن خۆیانەوە دەستیان كرد بەدانانی مەرجەكانی ئەم ئاشتەوایی و ڕێكەوتنە. بەڵام بەڕێز شەردهانەند وتی: ئەحمەدیەكانیش لەم ناوچەیە هەندێ كار ئەنجام دەدەن بۆیە پێویستە ئەوانیش بانگهێشت بكرێن بۆ ئەوەی لەم كۆنگرەیەدا ئامادەبن، ئینجا بروسكەیەكم پێگەیشت لە حەكیم ئەجمەل خان و دكتۆر ئەنصاری و مەولەوی ئەبولكەلامی ئازادەوە كە هەندێ نوێنەر لەلایەن كۆمەڵەكەمانەوە بنێرم، منیش ڕەوانەم كردن و پێم وتن: بەدڵنیاییەوە دەربارەی خەڵـكی ناوچەی “مەڵـكانە” پرسیاردەكرێت و ئەو پێشنیارە دێتەگۆڕێ كە هيندۆس و موسوڵمانەكان بگەڕێنەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان و هێورببنەوە، بەڵام هیندۆسەكان سەركەوتووبوون لەوەدا كە بیست هەزار كەس لە خەڵـكی “مەڵـكانە” هەڵـگێڕنەوە لە ئیسلام، بۆیە پێویستە لەكاتی خستنەڕووی ئەم پێشنیارەدا بڵێن: هاوڕادەبین لەگەڵتان دەربارەی ڕێككەوتن و سازان بەگوێرەی ئەم مەرجە و دەگەڕێینەوە لەم ناوچەیە، بەڵام پاش ئەوەی دەرفەتمان بۆ بڕەخسێت وشەی شەهادەت بخەینەوە سەرزاری بیست هەزار كەسی هەڵـگەڕاوە لە ئیسلام و بیانگێڕینەوە بۆ باوەشی ئیسلام، وە ئەم ناوچەیە بەجێناهێڵین هەتا یەك كەس لەو هەڵـگەڕاوانەی تێدا بمێنێت. كاتێك نوێنەرەكانمان گەيشتنە ئەم كۆنگرەیە هەمان ئەم پێشنیارەیان خستە بەردەمیان ئەوانیش وەك من پێم وتبوون وەها وەڵامیان دابوونەوە، مەلاكانیش وەڵامیان دایەوە و وتیان: وازبهێنن لە ئەحمەدیەكان هیچ هێز و قورساییەكیان نیە و وەرن پەیمانی ئاشتی ببەستین لە گەڵتاندا، بەڕێز شەردهانەندیش لەبەردەمیاندا وتی: لەگەڵتاندا ڕێكدەكەوین و دەسازێین تەنانەت ئەگەر پەنجا پیاو لە پیاوەكانتان لەو ناوچەیەدا بمێنێتەوە، بەڵام هیچ ڕێككەوتنێك ناكەین ئەگەر یەك ئەحمەدی بمێنێتەوە لەو ناوچەیەدا، بۆیە یەكەمجار ئەحمەدیەكان لەم ناوچەیە بكەنە دەرەوە پاشان دەتوانن بێنەپێشەوە بۆ ڕێككەوتن.
بەكورتی، ئەوان نەهاتوونەتە ناو ئەحمەدیەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پەی دەبەن بە گرنگی كارەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، بەڵـكو وای لێهاتووە دوژمنانی ئیسلامیش دان دەنێن بە كارەكانیاندا. لەم دواییانەدا قەشەی مەسیحی دكتۆر زویمەر، كە بانگەشەی ئەوە دەكات لەهەموو مەسیحیەكان زیاتر زانیاری هەیە دەربارەی ئیسلام، لە كالكوتا كۆمەڵە وتارێكی خوێندەوە، ئەم كەسە ڕۆژنامەیەك لە میسردا دەردەكات بەناوی “Muslim world جیهانی ئیسلامی)”، لەجاری ڕابردوودا كاتێك سەردانی هیندستانی كرد هات بۆ قادیانیش. دوای سەردانەكەی بۆ ئەوێ و كاتێ ڕووی كردە شارە هیندیەكانی تر ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە كە ئەو دكتۆرەی سەردانی قادیانی كرد بەمزوانە وتارێك پێشكەش دەكات. ماوەیەك لەمەوپێش ئەم دكتۆرە ڕووی كردە كالكوتا و وتارەكەی خۆی لەوێ پێشكەش كرد، برۆفیسۆر مەولەوی عەبدولقادر م. ا. _كە برای یەكێك لە هاوسەرەكانمە_ ویستی هەندێ پرسیاری لێ بكات. ئەویش پرسیاری كرد ئایا تۆ ئەحمەدیت؟ عبد القادر یش بە بەڵێ وەڵامی دایەوە. ئەویش پێی گوت: دیبەیت لەگەڵ ئەحمەدیەكاندا ناكەم. زۆرێك لە موسوڵمانان بەهۆی هەوڵەكانی ئەم دكتۆرەوە لە میسر بوون بە مەسیحی، وا ڕێكەوت كە یەكێك لەوانەی بووبووە مەسیحی چاوپێكەوتنی كرد لەگەڵ عبدلڕەحمانی میسری _كە لەو ڕۆژانەدا لە میسر بوو_ ئەویش هەندێ بەڵـگەی تێگەیاند لە دیدی ئەحمەدیەتەوە، پاشان كابراكە گەڕایەوە بۆلای قەشە زویمەر و قسەی لەگەڵدا كرد و پێی گوت: مەسیح زیندوو نیە بەڵـكو مردووە بەگوێرەی فەرمایشتی قورئانی پیرۆز. قەشەكەیش دەسبەجێ پرسیاری لێ كرد: ئایا چاوتكەوتووە بە یەكێك لە ئەحمەدیەكان؟ ئەم میسریەش بە بەڵێ وەڵامی دایەوە، دوای ئەوە قەشەكە شڵەژا و نەیویست قسەی لەگەڵدا بكات.
بەكورتی، لەسایەی فەزڵی خوای گەورەوە كۆمەڵەكەمان لە جیهانی ئایینیدا گرنگی و بایەخێكی دەراسای بەدەست هێناوە كە خەڵـكی تووشی واقوڕمان كردووە. هۆكاری هەموو ئەمانە لێشاوی بەرەكەتی گەورەمان مەسیحی بەڵێندراوە (عليه السلام)، وە هیچ كەسێك ناتوانێت نكوڵی لەم شاكارە بكات كە بەدەستی هێناوە.
هەتا ئێستا هەرچیم باسكردووە پەیوەست بووە بە بابەتە ئیمانیەكانەوە، ئێستاش پلەیەك دادەبەزم و ئەو كارە هزریانەتان بۆ ئەژمار دەكەم كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێی هەستاوە.
شاكاری سێیەمی: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
سێيەم شاكار لە شاكارەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە ڕاستكردنەوەی بیروبۆچوونە هەڵەكانی خەڵـكی دەربارەی زاتی خوا و سیفەتە بەرزەكانی. زاتی خوای گەورە لە جیهانی ئایینەكاندا بەڕەهایی زاتێكی هەرەمەزن و بڵندە. بەڵام تێكچوونێكی گەورە ڕوویدا بوو لە بیروباوەڕی موسوڵمانان و شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تردا بەرامبەر ئەم زاتە مەزنەی خودا، وە كۆمەڵێك شتی پێچەوانەی ژیری درابوونەتە پاڵی (عز وجل) بە ڕادەیەك كارێكی ئەستەم بوو كە كەسێك هەست بكات بە پاكی و بێ خەوشی خوای گەورە. بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم خراپی و تێكچوونەی چاككردەوە. ئەم بیروبۆچوونە خراپانەی خوارەوە بڵاوبوون دەربارەی خوای گەورە:
- خەڵـكی كەوتبوونە ناو شیركی ئاشكرا و پەنهانەوە.
- هەندێ كەس باوەڕیان وا بوو ئەگەر خوای گەورە بوونی هەبێت؛ ئەوا بوونەكەی لەوە تێناپەڕێت كە بنەڕەتی هۆكارەكان بێت بەجۆرێك نكوڵییان دەكرد لە هێزی ئیرادەی خوا بەو باوەڕەی كە هەروەك چۆن ئامێرەكان كاردەكەن خوای گەورەیش بەو شێوەی كاروباری گەردوون بەڕێوەدەبات، وە خوای گەورە شتێك نیە مەگەر هۆكارێك لە ناو هەزارەها هۆكاردا ئەگەرچی كۆتا هۆكار و مەزنترینیانە، لەگەڵ ئەمەشدا هەموو كردار و ڕەفتارەكانی لەخۆوە بەشێوەیەك لە ناچاری دەیانكات و بێ ئەوەی ملكەچ بن بۆ خواستی خۆی. هەڵبەت هەندێ لە موسوڵمانانیش، ئەوانەی كە زۆر شەیدای فەلسەفەی نوێ بوون، كەوتنە ژێر كاریگەری ئەم بیرە هەڵەیەوە.
- هەندێ كەس _لە ناویاندا هەندێ موسوڵمانیش_ كەوتنەناو هەڵەیەكەوە بەجۆرێك پێیان وابوو ئەم گەردوونە بە ڕێكەوت پەیدا بووە و هەر لە ئەزەلەوە هەبووە و پەیوەندی خوای گەورە بەم گەردوونەوە لەوە تێناپەڕێت كە هەستاوە بەكۆكردنەوە و ڕێكخستنی.
- هەندێ كەس نكوڵییان لە ڕەحمەتی خوا دەكرد و دەیانگوت خودا سیفەتی ڕەحمەتی نیە؛ چونكە ئەمە لەگەڵ دادگەریەكەیدا دژایەتی دەكات.
- هەندێ كەس وایان لێهاتبوو كە ڕێزی شایستەیان نەدەگرت لە تواناكانی خوای گەورە و سیفەتەكانی، لەگەڵ ئەوەی باوەڕیان وابوو كە تەمەنی ئەم جیهانە هەزاران هەزار ساڵ دەبێت كەچی دەركەوتنی سیفاتەكانی خوای گەورەیان تەنها لە چەند هەزار ساڵێدا قەتیس دەكرد، وە پێیان وابوو كە تەنها لەم قۆناغە كورتەدا ئەم سیفەتانە دەركەوتوون.
- هەندێكیان پەنایان دەبرد بۆ كۆمەڵە ڕێگەیەكی ئەوپەڕی بێ سەروبەر بۆ ساغكردنەوەی تواناكانی خوای گەورە، وایان لێهاتبوو دەیان گوت: خوای گەورە دەتوانێت درۆ و دزی بكات؛ چونكە وایان دەزانی كە تواناكانی بە كەموكورتی دەمێنێتەوە ئەگەر وترا خوا ناتوانێت ئەم كارانە بكات.
- هەندێ كەس باوەڕیان وابوو دوای ئەوەی خوا یاسای قەزا و قەدەری دەركرد ئیتر بوو بە زاتێكی بێكار و هیچ ئیشێك ناكات، بۆیە پێیان وابوو پاڕانەوە هیچ كەڵـكێكی نیە، بەجۆرێك مادام یاسای خوای گەورە دەرچووە ئەوا هیچ شتێك ڕوونادات مەگەر ئەوەی كە ئەو نووسیویەتی و دواجار پاڕانەوە هیچ سوودێكی نیە و ناتوانێت هیچ شتێك بگۆڕێت.
- خەڵـكی نەیاندەزانی كە چۆن لەیەك كاتدا هەموو سیفاتەكانی خوای گەورە جیلوە دەكەن و دەدرەوشێنەوە، لەبەرئەوە ئەم بابەتە گۆڕا بۆ كێشەیەكی ئاڵۆزی بێ چارەسەر. قورس بوو بۆیان كە حاڵی بن لەم بابەتە: خوای گەورە بێ بەرامبەر بەخشندە بێت لەهەمان كاتدا سزای زۆر توندو تیژ بێت، واقیان وڕمابوو لەم بابەتەدا بەجۆرێك وایان دەبینی كە ناكرێت دەربارەی مرۆڤێك بوترێت لە یەك كاتدا بەخشندە و دەستبڵاوە و چرووكیشە، ئیتر چۆن دەگونجێت دەربارەی خوای گەورە بوترێت كە لەیەك كاتدا تێكشكێنەر و میهرەبانە (القهار و الرحیم)؟ لەبەرئەوە هاتنی سیفەتە پێچەوانەكانی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا وای لێدەكردن واقیان وڕبمێنێت لەم بابەتە.
- هەندێ كەس پێی وا بوو هەموو شتێك خوایە، وە هەندێكی تر باوەڕیان وابوو خوای گەورە لەسەر تەختێكی ماددی دانیشتووە و گەردوون بەڕێوەدەبات.
- خەڵـكی ئاگایان نەمابوو لە مەزنێتی خوای گەورە و ڕێزی شیاویان لێ نەدەگرت؛ بەجۆرێك ئەگەر ماڵێك یان شوێنێك چۆڵ و كاول بوایە دەیان گوت: كەسی تێدا نەماوە جگە لە خوا. وە ئەگەر كەسێك نابووت و مایەپووچ بوایە ئەوا دەیان گوت: جگە لە خوا هیچ شتێكی لا نەماوە. ئەمەش مانای ئەوەیە كە خوای گەورە هیچ بایەخێكی نەمابوو لای ئەوان. لەئەنجامی ئەوەدا حەزی دەستكەوتنی خۆشەویستی خودا و گەیشتن پێی لەدڵیاندا ون بوو بوو بەڵـكو هەر نەمابوو. لەبەرامبەردا لای خەڵـكی حەزوئارەزووی گەیشتن بە دیداری جنۆكە و تارمایی و خەریكبوون بەكاری چاوبەستەكێ دروست بوو بوو لە پێناوی دروستكردنی خۆشەویستی یان كینە بەڵام حەز و تامەزرۆییان نەمابوو بۆ دیداری خوای گەورە.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە كاتی لافاوی ئەم جیاوازی و ناكۆكییانەدا دەركەوت، وە ئایینی پاك كردەوە لەم هەموو هەڵە و خەوشانە.
هەڵەی یەكەم كە تاوتوێی دەكەم بریتیە لەو حاڵەتەی هاوەڵدانان بۆ خوا كە لەو كاتەدا باڵادەست بوو، بێگومان بەتەواوەتی هەموو شێوازێكی هاوەڵدانان بۆ خوای بەرپەرچدایەوە و یەكتایی خوای گەورەی بەتەواوی شكۆكەیەوە دەرخست. هەڵبەت پێش ڕەوانەكرنی بەڕێزی زانا موسوڵمانەكان باوەڕیان وابوو كە هاوەڵدانان بۆ خوای گەورە سێ جۆرە:
- بەندایەتی كردنی بت و فریشتە و هەندێ شتی دیاریكراو. بەڵام لەگەڵ ئەوەدا زاناكانیان كڕنووشیان دەبرد بۆ گۆڕەكان چجای خەڵـكی ئاسایی، تەنانەت بەم چاوانەی خۆ بینیم یەكێك لە زاناكان كڕنووشی برد بۆ گۆڕێك لە شاری “لكهناو”.
- لەگەڵ ئەوەی پێیان وابوو كە ئەگەر سیفەتەكانی خوای گەورە بدرێتەپاڵ غەیری خوا ئەوا ئەمە هاوەڵدانانە بۆ خوای گەورە كەچی ئەمە هەر قسەی سەر زاریان بوو، بەڵام لەڕووی كردەییەوە تەنانەت گەورەترین بانگەشەكارانی یەكتاپەرستی كە وەهابیەكانن كۆمەڵێك سیفەت دەدەنەپاڵ مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) كە تەنها تایبەتن بە خوای گەورە. بۆ نموونە ئەوان دەڵێن مەسیح (عليه السلام) ماوەی سەدان ساڵە لە ئاسماندا دانیشتووە، ناخوات و ناخواتەوە و هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نایەت، هەروەك باوەڕیان وایە كە هەندێ خەڵـكی زیندوو كردووەتەوە و هەندێ باڵندەیشی دروستكردووە.
- زانا و مەلا گەورەكان باوەڕیان وا بوو كە پشتبەستنیش بە جگە لەخوا هاوەڵدانانە بۆ خوا، وە پشتبەستن مانای باوەڕبوونە بەوەی كە سوودی شتێك لە شتەكان خۆیی بێت و لەلایەن خوای گەورەوە ئەو كاریگەریەی تێدا دانەنرابێت… بۆ نموونە ئەگەر كەسێك پێی وا بوو دەرمانێكی دیاریكراو دەتوانێت تا لاببات؛ ئەوا ئەمە هاوەڵدانانە بۆ خوا، بەڵـكو پێویستە بوترێت ئەم دەرمانە كەڵـك و سوود دەگەیەنێت بەهۆی ئەو كاریگەریەی كە خوای گەورە تێیدا دایناوە، ئەوە هاوەڵدانانە بۆ خوا كە ئومێدی قازانج و سوود لە شتێك بكرێت درەوشانەوەی خوای گەورە تێیدا نەبینرێت. ئەم پێناسەیە پێناسەیەكی باشە، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێناسەیەكی چاكتر لەمەی پێشكەش كردووە كە نموونەی دەگمەنە لەماوەی سیانزە سەدەی ڕابردوودا.. هەڵبەت بەڕێزی (عليه السلام) لە زۆربەی كتێبەكانیدا باسی بابەتی تەوحیدی كردووە، وە پوختەكەی ئەوەیە تەوحیدی كامڵ پلەیەك بەرزترە لەو تەوحیدەی خەڵـكی باسی دەكەن. بێگومان زاناكانی ڕابردوو باسی پلەی كۆتایی تەوحیدیان كردووە كە بریتیە لەوەی دەستی قودرەتی خوای گەورە ببینرێت بەوپێیەی كە هۆكاری سەرەكیە لە هەموو شتێكدا. لەگەڵ ئەوەی ئەم پێناسەیە ڕاستە، بەڵام لەكۆتاییدا ئەمە تەنها بۆچوونێكە لەلایەن خەڵـكەوە، ناكرێت پێناسەیەكی كامڵ بێت، بەڵـكو تەوحیدی ڕاستەقینەی تەواو و بێكەموكوڕی ئەوەیە كە لە خوای گەورەوە جیلوە بدات و بەهۆیەوە خوای گەورە بوونی هەموو شتەكانی تری جگە لە خۆی بسڕێتەوە، وە ئەم یەكتاپەرستیە لە قورئانی پیرۆزدا باسكراوە و ئەوەیە كە هەموو پێغەمبەران پێشكەشیان كردووە، و هەر ئەوەیە كە مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) پێشكەشی كردووە، پوختەكەی ئەوەیە كە بەندە لە خوای گەورە نزیكبێتەوە بە ڕادەیەك پێویست نەكات بیر لە تاك و تەنهاییەكەی بكاتەوە، بەڵـكو خوای گەورە خۆی ئەمەی بەجوانی بۆ دەربخات و دەستی توانای خۆی پیشانی ئەو كەسە بدات لە هەموو شتێكدا، وە هەموو شتێكی بۆ بگۆڕێت بە ئاوێنەیەكی ساف و بێگەرد و تیشكدەرەوە. جا ئەگەر كەسێك نەفسی خۆی بسڕێتەوە كە ناهێڵێت شتەكان ببینێت؛ ئەوا بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا لەدوورەوە دەیانبینێت، وە بەم شێوەیە هەموو شتەكانی دنیا وەكو ئاوێنەیەكی ڕوونی لێ دێت بۆ مرۆڤ ئیتر لە ڕێگەی خەیاڵی خۆیەوە خوای گەورە لەو شتانەدا نابینێت، بەڵـكو خوای گەورە دەردەكەوێت بۆی لە هەموو شتێكدا لەڕێگەی هەستانی خوای گەورەوە بەدەرخستنی سیفاتەكانی بۆ ئەو كەسە.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: تەنها ئەو باوەڕەی كە دەستی خوای گەورە بریتیە لە هۆكاری سەرەكی لە هەموو شتێكدا پێی ناوترێت یەكتاپەرستی تەواو، بەڵـكو یەكتاپەرستی تەواوەتی ئەوەیە كە خوای گەورە خۆی دەستی قودرەتی خۆی و سیفاتەكانی لە هەموو شتێكدا پیشان بدات، بۆیە ئەگەر ئەمە ڕوویدا بۆ مرۆڤ ئەوا خوای گەورە لەهەموو شتێكدا بە ڕاستی دەدرەوشێتەوە بۆی بەبێ ئەوەی تەنها بۆچوونێك بێت پێی وابێت یان بیری لێ بكاتەوە.
ئەمە ئەو یەكتاپەرستیەیە كە پەیوەست نیە بە تێڕوانینێكەوە لە مرۆڤەوە سەرچاوەی بگرێت، بەڵـكو ئەوەیە كە دەور دەدات لە هەموو كردارەكانی، بەڵـكو دەور دەدات لە ژیانی موسوڵمان بەهەموو لایەنەكانیەوە: ڕەوشتی و شارستانیەتی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەوانی تریش. بۆیە هەركاتێك خواردنی خوارد خوای گەورە دەبینێت دەدرەوشێتەوە بۆی لە خۆراكەكەیدا و ئەو سنورەی پیشان دەدات كە پێویستە بۆخواردن و شكۆی خۆیشی دەردەخات، هەمان شت ڕوودەدات كاتی ئاو خواردنەوەی و گەیشتن بە هاوڕێكانی. بەكورتی، لەهەموو كارێكدا كە پێی هەڵدەستێت خوای گەورەی لەگەڵدا دەبێت و توانای خۆی پیشان دەدات.
ئەمەیە پلەی یەكتاپەرستی تەواو، جا هەر كەسێك بەدەستی هێنا ئەوا ناكرێت دوای ئەمە هیچ جۆرە گومانێك لەلای دروست بێت. وە ڕزگاربوون وەستاوە لەسەر باوەرهێنان بەم جۆرە یەكتاپەرستیە. ئەوەتا لەم ئایەتەی قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی پێكراوە كە دەفەرموێت: ﴿الَّذِينَ يَذْكُرُونَ اللَّهَ قِيَامًا وَقُعُودًا وَعَلَى جُنُوبِهِمْ وَيَتَفَكَّرُونَ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ﴾ (آل عمران: 192) واتە ئەوانەی كە بە پێوە و بەدانیشتنەوە و كاتی پاڵـكەوتن لەسەر لاكانیان یادی خوا دەكەنەوە و تێدەفكرن لە دروستكردنی ئاسمانەكان و زەوی ئەوا خوای گەورەیش لە بەرامبەریاندا دەدرەوشێتەوە و ئەوانیش دەنگ هەڵدەبڕن و دەڵێن: ﴿رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ﴾.. واتە پەروەردگارا ئەم شتانەت بە هەوانتە دروست نەكردووە؛ چونكە ئێمە بەهۆیانەوە گەیشتین بە تۆ. پاكی بێگەردی بۆ تۆ لە سزای ئاگر بمانپارێزە؛ واتە لێت دەپاڕێینەوە كە بەئەندازەی نووكە دەرزییەك لەم شوێن و پێگەیە لاماننەدەیت كە پێـیگەیشتووین نەوەك ئاگری دابڕان و دووری بمانسووتێنێت.
ئێستاش پێش ئەوەی باسی ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی تر بكەم لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) كە دەربارەی خوای گەورە بڵاوەیان كردبوو لەناو خەڵـكیدا، ئەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم كە بەڕێزی (عليه السلام) بنچینەیەكی پتەوی خستووەتەڕوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڵانە و دەستەبەری لابردن و بەرپەرچدانەوەیان دەكات، ئەو بنچینەیەش ئەوەیە كە: خودا ﴿لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ﴾ (الشوری: 12)، ئەمەش مانای ئەوەیە كە ناتوانین شتێك لەبارەی خواوە (عز وجل) بڵێین بە قیاسكردن لەسەر دروستكراوەكانی، بەڵـكو دەبێت قسەمان دەربارەی خوای گەورە بنیادنراو بێت لەسەر هەموو سیفاتەكانی ئەگینا بەدڵنیاییەوە تووشی هەڵە دەبین. بۆیە پێویستە هەمیشە ڕەچاوی ئەوە بكەین كە ئایا باوەڕمان بەخوای گەورە تەبا و گونجاو دەردەچێت لەگەڵ سیفەتەكانی تریدا یان نا؟ ئەگینا لەسەر هەڵە دەبین؛ چونكە دژایەتی نیە لەنێوان سیفەتەكانی خوای گەورەدا.
كەواتە بەم بنچینەیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەو هەڵانەی نەهێشت كە موسوڵمانان تێـیكەوتبوون، هەروەك بەم بنچینەیە هەڵەی ئایینەكانی تری ئاشكرا كرد.
باسی ڕاستكردنەوە هەندێ هەڵەم كرد لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) كە خەڵـكی تێـیكەوتبوون دەربارەی بیروباوەڕیان بە تاك و تەنهایی خوای گەورە، بەڵام هەستا بە ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی تر لەڕێگەی ئەو بنچینەیەی كە ئێستا باسكرا.
هەڵەی دووەم كە شوێنكەتەی ئایینەكانی تر تێـیكەوتبوون ئەوە بوو ئەوان خوای گەورەیان دادەنا بە بنەڕەتی هۆكارەكان، واتە نكوڵیان دەكرد لە توانای ئیرادەی خوا، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم هەڵەی ڕاستكردەوە لە ڕێگەی هەردوو سیفەتی دانایی (الحكیم) و بەتوانا (القدیر) خوای گەورەوە كە شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تریش باوەڕیان پێیان هەیە. وە شتێكی بەڵـگەنەویستە ئەگەر خوای گەورە دانا و بەتوانا بێت ئەوا دروستكاری خاوەن ئیرادە و خواستە، وە ناگونجێت وەسف بكرێت بەوەی تەنها بنەڕەتی هۆكارەكانە، بەجۆرێك ناكرێت مرۆڤی ژیر وەسفی هیچ ئامێرێك بكات بەوەی كە دانایە. ناكرێت هیچ بەرگدروویەك بڵێت ئامێری بەرگدوورین لە ماركەی “سینگەر” زۆر دانایە؛ ئەمەش چونكە كەسی دانا بە ویست كاردەكات.
پاشان خوای گەورە (القدیر)ە، وە (القدیر) لە زمانی عەرەبیدا ئەو كەسەیە كە بەتەواوەتی ئەندازەی شتەكان دەگرێت، واتە هێز و هۆكارە گونجاو و لەبارەكان دیاریدەكات بۆ هەموو شتێك؛ بۆ نموونە ئەو یاسایانە دیاریدەكات كە لە هاویندا كاردەكەن و كۆمەڵێكی تر كە لەزستاندا، وە بۆ هەموو ئاژەڵێك ئەوپەری سنوری داناوە بۆ تەمەنەكەی، ئەمە بریتیە لە ئەندازەگیری كە ئەگەر زاتێك خواستی نەبێت ناتوانێت پێی هەستێت. كەواتە هەردوو سیفەتی (الحكیم، القدیر) ویستی خوا دەچەسپێنن، بۆیە دوای باوەڕهێنان بەوەی كە خوای گەورە ( الحكیم و القدیر)ە ناكرێت وەسف بكرێت بە بنەڕەتی هۆكارەكان.
هەڵەی سێیەم كە هەندێ لە خەڵـكی تێـیكەوتبوون ئەوەیە پێیان وابوو ئەم گەردوونە بەڕێكەوت پەیدا بووە و خوای گەورە دەستی نەبووە لە پەیدابوونیدا، ئەمەش مانای ئەوەیە خوای گەورە دروستكاری رۆح و ماددە نیە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچی ئەم بیرۆكەیەی دایەوە لەڕێگەی هەردوو سیفەتی خاوەندارێتی (المالك) و دلۆڤانی (الرحیم) خوای گەورەوە، وە فەرمووی ئەم دووانە دوو سیفەتی بنچینەیین لە سیفەتەكانی خوای گەورە.. بۆیە ئەگەر خوای گەورە ئەم گەردوونەی دروست نەكردبێت؛ ئەوا مافی ئەوەی نیە بانگەشەی ئەوە بكات كە خاوەنیەتی… وە ناتوانن بە خاوەنی ئەم جیهانەی لەقەڵەم بدەن ئەگەر باوەڕتان پێی نەبێت كە دروستكاری گەرونیشە.
بەڵام سیفەتی دووەم بریتیە لە دلۆڤانی، وە (الرحیم) دلۆڤان ئەو كەسەیە كە بەچاكترین شێوە پاداشتی كردەوەكانی مرۆڤ دەداتەوە، ئێستاش ئەو پرسیارەی دێتە گۆڕێ ئەوەیە: ئەگەر خوای گەورە دروستكاری هیچ شتێك نەبێت ئەوا ئەو شتەی لەكوێ بوو كە وەكو پاداشت دەیدات بە خەڵـكی بەگوێرەی ئەم سیفەتەی خۆی؟ پەندێكی بەناوبانگ هەیە لەزمانی ئێمەدا (زمانی ئوردو) كە ماناكەی ئەمەیە: “خوێندنەوەی الفاتحة لەسەر ڕۆحی باپیرە لە دووكانی شیرینیدا”. بەبۆنەی ئەم پەندەوە دەگێڕنەوە كەسێك ویستی كۆمەڵێك مەلا بانگ بكات بۆ خوێندنەوەی الفاتحة بۆ ئەوەی پاداشتی چاك بگات بە ڕۆحی باپیرەی خوالێ خۆشبووی، بەڵام ئەم كەسە كەسێكی چرووك بوو نەیدەویست هیچ شتێك خەرج بكات، لەكاتێكدا مەلا نایەت بۆ خوێندنەوەی فاتیحەكە بەبێ ئەوەی هیوای بەشتێك هەبێت كە لەبریتی خوێندنەوەكەیدا وەری بگرێت، كابرایش پاش بیركردنەوە گەيشت بەم ڕێگەیە بەجۆرێك مەلاكانی لەگەڵ خۆیدا برد و گەيشتنە دووكانێكی شیرینی و داوای لێ كردن كە سوورەتی فاتیحە بخوێنن، ئەوانیش خوێندیان بە گومانی ئەوەی كە دوای خوێندنەوەكە شیرینی دابەش دەكات بەسەریاندا، كەچی بەوپەڕی بێدەنگیەوە دوای خوێندنەوەی فاتیحەكە ئەو شوێنەی بەجێهێشت. ئەمە دۆخی خوای گەورەیە لای ئەم خەڵـكانە، ئەگەر دروستكاری هیچ شتێك نەبێت ئیتر ئەو پاداشتە لەكوێ دەهێنێت كە پێیان دەبەخشێت لەسەر كردەوەكانیان؟ بێگومان ئاریاكانیش باوەڕیان بەوە هەیە كە خوای گەورە پاداشت دەداتەوە ئەگەر چی پاداشتەكەی لە بازنەیەكی زۆر تەسكدا قەتیس دەكەن، بەڵام ناگەنجێت خوای گەورە پاداشتی كردەوەیەك لە كردەوەكان بداتەوە ئەگەر دروستكار نەبێت؛ چونكە كەسێك شتێكی نەبێت نایبەخشێت.
هەڵەی چوارەم ئەوەیە هەندێ لە خەڵـكی نكوڵی دەكەن لە سیفەتی دلۆڤانی (الرحیم) خوای گەورە، مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) بەرپەرچیان دەداتەوە لەڕێگەی سیفەتی میهرەبانی (الرحمانیة) و خاوەندارێتی (المالكیة) خواوە. بۆ نموونە مەسیحیەت لەسەر ئەوە دامەزراوە كە خوای گەورە ناتوانێت لە تاوانەكان خۆش بێت چونكە دادگەرە، دواجار پێویستی بە كەفارەت هەیە بۆ لێخۆش بوون لە تاوانەكانی خەڵـك، وە بەم شێوەیە لای ئەوان دلۆڤانی و دادگەریەكەی هەردووكیان سەقامگیر دەبن. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی گومانی تێدا نیە خوای گەورە خودی دادگەریە، بەڵام دادگەری ڕووت پێویست نیە لەسەری؛ چونكە پێویستیەكەی دژایەتی دەكات لەگەڵ سیفەتی خاوەندارێتیدا. بەڵام خاوەن (مالك) وەسف دەكرێت بەوەی سیفەتی ڕەحمەتی هەیە، بەڵام ئەگەر ڕەحمەتی خاوەن (مالك) بەئەندازەی كردەوە دەركەوت؛ ئەوا دەكرێت ئەمە پێی بوترێت دادگەری. وە لەبەرئەوەی خوای گەورە مالیكە و ڕەحمانیشە ئەوا ناكرێت بەگوێرەی شتەكانی تر پێوانەی بكرێت. بزانن كە خوای گەورە گوێ و لووت و چاوی داوە بە مرۆڤ بەبێ ئەوەی مرۆڤ كردەوەیەكی هەبێت كە شیاوی ئەم پاداشتەی بكات. دەی كەسێك دەتوانێت بڵێت ئەمە پێچەوانەی دادگەریەكەیەتی؟ بۆیە ئەگەر خوای گەورە بتوانێت ئەم هەموو نیعمەتە بدات بە مرۆڤ بەبێ بوونی شایستەیی ئیتر بۆچی ناتوانێت لە تاوانەكانی خۆش بێت؟ بەهەمان شێوە خاوەنیشە، ئەگەر لە كەسێك خۆش بێت بەهۆی ئەوەی خاوەنە؛ ئەوا ئەمە دژایەتی ناكات لەگەڵ دادگەرییەكەیدا. مافی دادوەر نیە كە لەتاوانی تاوانبار خۆشبێت چونكە مافی یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی پێنەدراوە مەگەر لەلایەن خەڵـكییەوە، وە هیچ كەسێك دەسەڵاتی ئەوەی نیە مافی ئەوانی تر بەكاربهێنێت لە عەفووكردن و شتی تردا، بەڵام مافی خوای گەورە لەوەی كە لە خەڵـكی خۆشبێت ئەوە مافێكی زاتیە و لە هەردوو سیفەتی خاوەندارێتی و خالقیەتەوە سەرچاوەی گرتووە و لەلایەن كەسانی ترەوە ئەمەی پێ نەسپێردراوە، لەبەرئەوە ڕەخنە ناگیرێت لە لێخۆشبوونەكەی، وە لێخۆشبوونەكەی دژایەتی ناكات لەگەڵ دادگەریەكەیدا.
هەڵەی پێنجەم ئەوەیە هەندێ كەس كاتێكی دیاریكراو دەستنیشان دەكەن بۆ سیفەتی دروستكاری (الخالقیة) خوای گەورە، مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) بەرپەرچیان دەداتەوە لە ڕێگەی سیفەتی قەییومەوە (ڕاگر)، وە دەفەرموێت: بێگومان سیفەتەكانی خوای گەورە بەردەوامی دەخوازن بەبێ پچڕان و پەككەوتن. وە قەییوم واتە ئەو كەسەی كە دادەمەزرێنێت و پارێزگاری دەكات، وە ئەم سیفەتە دەوری هەموو سیفەتەكانی داوە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) جەختی كردوەتەوە لەسەر ئەوەی ئەستەمە پچڕان لە سیفەتەكانی خوای گەورەدا ڕووبدات. ئەم تیۆرییەی خۆی كە باسی كردووە و ئەو بنچینەیەی كە پێشكەشی كردووە جیاوازە لەوەی كە هەموو خەڵـكی جیهان پێشكەشی دەكات؛ چونكە هەندێ كەس دەڵێن: خوا ئەم جیهانەی دروستكردووە لەماوەیەكی دیاریكراوەوە، وەك ئەوەی خوای گەورە پێش ئەم ماوەیە بێكار بوو بێت! وە هەندێ كەسی تر دەڵێن: ئەم جیهانە وەكو زاتى خوای گەورە هەر بووە و هەمیشەییە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەردوو وتەكەی بە هەڵە داناوە و دەفەرموێت ئەو قسەیە هەڵەیە كە سیفەتێك لە سیفەتەكانی خوای گەورە لە سەردەمێك لەسەردەمەكاندا كاری نەكردبێت؛ چونكە ئەمە پێچەوانەی سیفەتی قەییومی خوای گەورەیە، هەروەك ئەو قسەیش كە ئەم جیهانە وەكو خوای گەورە كۆن و قەدیمە دژایەتی دەكات لەگەڵ سیفەتەكانی خوای گەورەدا. ڕەنگە هەندێ كەس بڵێن چۆن دەگونجێت هەردوو وتەكە هەڵە بێت، هەر دەبێت یەكێكیان ڕاست بێت. بەڵام ئەم باوەڕەیان بنیادنراوە لەسەر پێوانەكردنی بابەتەكان بەگوێرەی شتە ماددیەكان. لەڕاستیدا هەندێ بابەت لەسەرووی تێگەیشتنی مرۆڤەوەیە بەجۆرێك عەقڵی مرۆڤ ناتوانێت پەی بە ناوەڕۆكەكەی ببات. وە لەبەرئەوەی دروستكردنی ئەم گەردوونە پێش دروستكردنی خەڵـك و بێگیانەكان و بەڵـكو گەردیلەكانیش بووە بۆیە ژیری مرۆڤ ناتوانێت لە ناوەڕۆكەكەی تێبگات. دەتوانن پشكنین توێژینەوە بكەن بۆ هەردوو بیردۆزەكەی پێشوو ئینجا بەشێوەیەكی بەڵـگەنەویست هەڵەی هەردوكیان دەردەكەوێت بۆتان؛ چونكە ئەو كەسەی كە دەڵێت گەردوون وەكو خوای گەورە كۆن و قەدیمە؛ ئەوا وایدادەنێت كە گەردوون وەكو خوای گەورە هەربووە و هەتاهەتاییە، وە ئەو كەسەیشی كە دەڵێت گەردوون ماوەی ملیۆنەها یان بلیۆنەها ساڵە دروستكراوە؛ ئەوا وەكو ئەوە وایە بڵێت خوای گەورە بەردەوام بێكار بووە هەر لە ئەزەلەوە و دروستكار نەبوو مەگەر ماوەی چەند ملیۆن یان بلیۆن ساڵێك نەبێت، وە شتێكی بەڵـگەنەویستە هەردوو بۆچوونەكە هەڵەیە. كەواتە بۆچوونە ڕاستەكە ئەوەیە كە مرۆڤ نەیتوانیوە بەباشی لە ناوەڕۆكی ئەم بابەتە تێبگات، وە ڕاستیەكە لەنێوان ئەم دوو بانگەشەیدا حەشاردراوە. وە ئەم مەسەلەیەش جێگەی سەرسوڕمانە وەكو مەسەلەی كات و شوێن؛ چونكە ژیری پەی نابات بەوەی كە ئایا ئەم دووانە سنوردارن یان بێ سنور. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم كێشەيەی یەكلایی كردووەتەوە و دەفەرموێت سیفەتی خالقیەتی خوای گەورە هەرگیز لەكارنەكەوتووە، بەڵام گەردوون وەكو خوای گەورە كۆن و قەدیم نیە، بەڵـكو ڕاستی لەنێوان ئەم دوو بۆچوونەدایە. وە بەڕێزی (عليه السلام) لە ڕوونكردنەوەى ئەم بابەتەدا دەفەرموێت دروستكراو لەڕووی جۆرەوە كۆنە، بەڵام خوای گەورە لەڕووی زاتەوە كۆنە و هیچ شتێكی جگە لەو چ گەردیلەكان بن یان گیانەكان یان جگە لەوانیش بەم شێوەیە كۆن نین، ڕاستیەكە ئەوەیە خوای گەورە لە ئەزەلەوە بەردەوام سیفەتی خالقیەتی خۆی دەردەخست. ئاشكرایە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمان بۆچوون و تێگەیشتنی خەڵـكی نەبووە دەربارەی كۆنبوونی جۆری كە بریتیە لەوەی دروستكراو بوونی هەبووە لەو كاتەوەی خوای گەورە بوونی هەیە؛ چونكە ئەمە باوەڕێكی نادروستە و هەرگیز مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باوەڕی پێی نەبووە.
دەكرێت بۆ ئەم وتەیە: “لەوەتەی خوای گەورە هەیە دروستكراوانیش بوونیان هەیە” دوو مانا هەبێت بەڵام هەردووكیان پووچن، یەكەمیان ئەوەیە: خوای گەورە لە ماوەیەكی دیاریكراوەوە بوونی هەیە و دروستكراوانیش بەهەمان شێوە. لەبەرئەوەی وشەی “لەماوەی” ئاماژە دەكات بۆ كاتێكی دیاریكراو ئەگەرچی زۆر درێژیش بێت، وە ئەم جۆرە باوەڕە خراپ و پووچە. دووەمیان: واتە دروستكراوان ئەزەلی ئەبەدین وەكو زاتی خوای گەورە، وە ئەم مانایەش پێچەوانەی فێركارییەكانی ئیسلامە و هەروەك دژایەتی دەكات لەگەڵ ژیریشدا بەجۆرێك ناگونجێت دروستكار و دروستكراو بەیەك مانا هەردوكیان ئەزەلی و ئەبەدی بن؛ چونكە هەر دەبێت بوونی دروستكار پێش بوونی دروستكراو بێت. لەبەرئەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەرگیز ئەوەی نەنووسیوە كە دروستكراویش ئەزەلی و ئەبەدی بێت، بەڵـكو فەرموویەتی دروستكراو لەڕووی جۆرەوە كۆنە. وە ئاشكرایە كە جیاوازی هەیە لەنێوان كۆنی و ئەزەلیدا. بەكورتی، دروستكراو لای مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەڕووی جۆرەوە كۆنە و ئەزەلی نیە؛ چونكە دروستكار پێش دروستكراو كەوتووە، وە سەردەمی تاك و تەنھایی پێش سەردەمی دروستكردن كەوتووە، وە گومانی تێدا نیە قورسە بۆ هزی مرۆیی كە حاڵی بێت لە ناوەڕۆكی ئەم پەیوەندیە _لەنێوان دروستكار و دروستكراودا_ كە تێیدا دروستكار ئەزەلیەتی هەیە، وە تێیدا سەردەمی تاك و تەنھایی بەوە جیادەكرێتەوە پێش دروستكراوان كەوتووە، وە دروستكراویش بەوە جیادەكرێتەوە كە لەڕووی جۆرەوە كۆنە. وە جگە لەم باوەڕە هیچ باوەڕێكی تر شیاوی گەورەیی خوا نیە، بەڵام باوەڕەكانی تر یان ئەوەتا سەردەكێشن بۆ دروستبوونی شیرك یاخود كۆمەڵێك كۆت و پێوەند دەسەپێنن بەسەر سیفەتەكانی خوادا كە بەهیچ شێوەیەك قەبوڵ ناكرێن. گومانی تێدا نیە ئەو باوەڕەی ڕێك و تەبا بێت لەگەڵ سیفاتەكانی خوای گەورەدا ئەوە ڕاستە ئەوەیشی پێچەوانەی سیفەتەكانی بێت هەڵەیە. سەرباری ئەمە پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە خوای گەورە ﴿لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ﴾، بۆیە هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆكی كردارەكانی بە پێوانەكردن لەسەر كردارەكانی مرۆڤ بابەتێكە لە ژیرییەوە دوورە. مادام مەسەلەی دروستبوونی گەردوون پەیوەستە بەكۆمەڵێك بابەتەوە كە ژیری مرۆیی ئەو توانایەی نیە بەتەواوەتی لێی حاڵی بێت، بۆیە ڕێگەی ڕاست و نموونەیی لەم دۆخەدا ئەوەیە كە چارەسەری بكەین لەڕێگەی سیفاتەكانی خواوە لەجیاتی ڕێسا ماددیەكان هەتاوەكو مرۆڤ پارێزراو بێت لە ئەگەری كەوتنە هەڵەوە، ئەمە ئەو ڕێگەیەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەسەری بووە و پەسەندی كردووە.
پێم وایە تێگەیشتنی زاڵ و باو لە جیھاندا بۆ كات ئەمیش لەمپەرێكە لەبەردەم تێگەیشتن لەم بابەتە. وە دوور نیە پەرەسەندنی (تیۆری تایبەتی ڕێژەیی) ئەنشتاین ئەم بابەتە نزیكتر دەكاتەوە لە تێگەیشتنی خەڵـكی.([6])
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نووسیویەتی كە سەردەمی تاك و تەنھایی پێش مەخلووقیەت كەوتووە، ئەمەش پێچەوانەی ئەوە نیە كە پێشتر ڕوونمان كردەوە چونكە بەڕێزی (عليه السلام) باسی سەردەمێكی تری تاك و تەنھاییمان بۆ دەكات لەداهاتووداشدا، بەڵام لە پاڵ ئەمەدا داندەنێت بە پاداشتی نەبڕاوە بۆ گیانەكان و بەرپەرچی باوەڕی ئاریا دەداتەوە بە دەرچوونی گیانەكان لە خانەی ڕزگاربوون پاش ملیۆنەها ساڵ، بەمەش دەچەسپێت كە دەركەوتنی سەردەمێكی تری تاك و تەنھایی و سەلامەت بوونی ڕۆحەكان لە تووشبوون بە فەنابوون پێچەوانەی چەمكی سەردەمی تاك و تەنهایی نیە لای ئەو (عليه السلام). بێگومان حاڵەتی مرۆڤ دوای مردنی ئەمیش بریتیە لە سەردەمی تاك و تەنھایی؛ چونكە لەو سەردەمەدا كردەوەی مرۆڤ كۆتایی پێ دێت و هیچ ئیرادەیەكی نامێنێت بەجۆرێك دوای مردن مرۆڤ وەكو ئامێرێكی لێدێت كە بەگوێرەی خواست و ویستی خوای گەورە جووڵە دەكات. وە خانەی كردەوە كۆتایی دێت كە مرۆڤ تێیدا بە ویستی خۆی كاردەكات لەم دنیایەدا. وە ئەم دۆخە لای دروستكراوان پێچەوانەی سەردەمی تاك و تەنھاییە.
هەڵەی شەشەم: پێش ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مشتومڕ و هەڵەتێگەیشتنی زۆر هەبوو دەربارەی چەمكی توانای خوایی، هەندێك دەیانگوت: لەبەرئەوەی خوای گەورە توانای هەموو شتێكی هەیه ئەوا دەكرێت درۆبكات یان لەناوبچێت، لەكاتێكدا هەندێكی تر دەیانگوت: سیفەتەكانی هەر ئەو سیفەتانەن وەك خودای گەورە ڕوونی كردووەتەوه، وه لەناویاندا درۆكردن نیە كەواتە توانای درۆكردنی نیە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ناكۆكیەشی یەكلایی كردەوە و فەرمووی: پێویستە سەرنجی سیفەتی (القدیر، بەتوانا)ی خوای گەورە بدەین پاش دانانی لەبەرامبەر سیفەتەكانی تریدا. ئەگەر خوای گەورە بەتوانایە ئەوا زاتێكی كامڵیشە، وە لەناوچوون دژی كامڵیە. ئەگەر كەسێك بڵێت: من پاڵەوانیكی مەزن و بەهێزم، ئایا دەكرێت پێی بوترێت: داننانێین بە بوونی هێزەكەتدا هەتا ژەهر نەخۆیت و نەمریت؟ ئەمە مانای هێز ناگەیەنێت، بەڵـكو پێچەوانەكەی دەگەیەنێت. كەواتە كەماڵی خوای گەورە مانای ئەوە نیە كە خەوش و لاوازی تێدا بێت. لەڕاستیدا ئەوان تێنەگەيشتوون لە مانای توانای خوای گەورە، ئایا دەكرێت كەسێك بانگەشەی بەهێزی بكات پێی بوترێت: ئەگەر تۆ بەهێزیت ئەوا شتی پیس بخۆ؟ ئەمە مانای بەهێزی ناگەیەنێت، بەڵـكو بریتیە لە لاوازی و ناتەواوی، وە هەرگیز ناكرێت زاتی خوای گەورە تووشی هیچ لاوازیی و ناتەواویەك ببێت چونكە سیفەتی كەماڵی هەیە.
هەڵەی حەوتەم: هەندێ كەس باوەڕیان وابوو كە خوای گەورە دوای دەركردنی یاسای قەزا و قەدەر ئیتر كاری نەماوە و لەئێستادا ناتوانێت هیچ دوعایەك گیرا بكات.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەو كەسانە، كە خاوەنی ئەم بۆچوونەن، دەڵێت: خوای گەورە قەزا و قەدەری خۆی خستووەتە گەڕ، وە بەشێكیش لەو قەزا و قەدەرە ئەوەیە كە دوعای بەندەكانی گیرا دەكات كاتێك لێی دەپاڕێنەوە.
چەند وەڵامێكی كورت و پڕبەپێستە كاتێك دەفەرموێت (عليه السلام) گومانی تێدا نیە كە خوای گەورە بریاری داوە و وای داناوە كە هەر كەسێك خۆی نەپارێزێت ئەوا دووچاری نەخۆشی دەبێت، بەڵام بڕیاری ئەوەیشی داوە كە هەر كەسێك بەكوڵ لێی بپاڕێتەوە؛ ئەوا خراپە و نەخۆشی لەسەر لادەبات و تەندروستی پێ دەبەخشێت. كەواتە خوای گەورە بەردەوام و بۆ هەمیشە بەشێوەیەك كاردەكات كە قەزا و قەدەرەكەی گرێداوە بە دوعاكردنەوە.
سەرەڕای ئەم وەڵامە، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كۆمەڵێك بەڵـگەی كردەیی هەستپێكراوی پێشكەش كرد لەسەر گیرابوونی دوعا.
هەڵەی هەشتەم: ناكۆكییەك هەبوو سەبارەت بە درەوشانەوەی سیفەتە جیاوازەكانی خوای گەورە بەیەكەوە لە یەك كاتدا، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ناكۆكیەشی نەهێڵا و فەرمووی هەر سیفەتێك لە سیفەتەكانی خوای گەورە بازنەیەكی دیاریكراوی هەیە، خوای گەورە لەیەك كاتدا دلۆڤانە و بەتوندیش سزا دەدات. جا ئەوەی بەكوشتن سزا بدرێت ئەوا بەگوێرەی سیفەتی (شديد العقاب)ی خودا سزا دراوە؛ چونكە تاوانبار بووە، بەڵام سیفەتەكانی تری خودا بەردەوام جیلوە دەدەن بۆی هەتا دوا ساتی ژیانی. بەڵام ناكرێت دۆخی خەڵـكی بەم شێوە بێت بەجۆرێك لەیەك كاتدا هەموو سیفەتەكانیان دەربكەوێت، واتە ناكرێت مرۆڤ ڕەحم و بەزەیی بنوێنێت و لەهەمان كاتدا زۆر بەتوندی تووڕەبوونی خۆی پیشان بدات. بەڵام لەبەرئەوەی خوای گەورە كامڵە ئەوا دەكرێت لە یەك كاتدا بەوپەڕی هێزەوە هەموو سیفەتەكانی بدرەوشێنەوە، ئەگەر ئەمە ڕوونەدات؛ ئەوا جیھان تووشی كاولبوون و لەناوچوون دەبێت. ئەگەر ڕەحمەتی خوا دانەبەزێت لەكاتی توورەبوونیدا؛ ئەوا جیھان لەناودەچێت، هەروەھا ئەگەر ڕەحمەت دابەزێت و غەزەبەكەی دانەبەزێت؛ ئەوا تاوانباران لە سزا دەرباز دەبن، بەم شێوەیە ئاژاوە و كاولبوون هەموو شوێنێك دەگرێتەوە. بەكورتی هەموو سیفەتەكانی خوای گەورە لە هەموو كات و سەردەمێكدا كاری خۆیان دەكەن لە بازنەی دیاریكراوی خۆیاندا.
هەڵەی نۆيەم: باوەڕێكی هەڵە هەبوو دەربارەی خوای گەورە پێش ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بڵاوبووبوویەوە، كە بریتی بوو لە باوەڕی هەندێ خەڵـك بە یەكێتی بوون (وحدة الوجود)، واتە خودا و سروشت و هەموو شتێك بریتین لە یەك بوون. بەرپەرچی ئەم باوەڕە دراوەتەوە لەڕێگەی بنەمایەكەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەشی كردووە، بنەماكەیش بریتیە لەوەی كە خاوەندارێتی (مالكیەت) سیفەتێكە لە سیفەتەكانی خوای گەورە، دەی ناكرێت خودای گەورە مالیك بێت ئەگەر دروستكراوانی تر بوونیان نەبێت.
وە هەندێ كەس باوەڕیان وابوو خودا لەسەر عەرش دانیشتووە، دیسان وەڵامیان درایەوە لەڕێگەی بنەمایەكەوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەشی كرد، ئەویش ئەوەیە سیفەتەكانی خوای گەورە پێمان دەڵێن كە خوا سنوردار نیە، وە بەڕێزی (عليه السلام) دەربارەی وشەكانی عەرش و كورسی و.. هتد دەفەرموێت ئەمانە شتی ماددی نین، وە عەرش دروستكراوێكی ماددی نیە كە لە زێڕ یان لە زیو دروستكرابێت و خوای گەورە لەسەری دانیشتبێت، بەڵـكو مەبەست لە عەرش ئەو سیفەتانەی خودایە كە پەیوەستن بە فەرمانڕەوایەتیەوە و دەكرێت لە كاتی دەركەوتنیاندا ئەو قسەیە بكرێت وەك ئەوەی خوا لەسەر عەرش ڕاوەستا بێت.
هەڵەی دەیەم: بریتیە لە گوێنەدان بە شكۆ و مەزنێتی خوای گەورە، وە ئەو شاكارەی كە لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) ئەنجامدرا ئەوە بوو كە خەڵـكی ئاراستەكرد بەرەولای خودا و خۆشەویستی ڕاستەقینەی تێدا چاندن بەرامبەر بەخوای گەورە و كارێكی كرد سەدەها هەزار كەس لە خەڵـكی نزیك ببنەوە لێی (سبحانه وتعالى)، هەروەك ئەوانەیش كە باوەڕیان پێی نەبوو هەستیان بە گەورەیی خودا كرد بەشێوەیەك كە پێشتر نموونەی نەبووە بە بەراوردكردن بەو دۆخەی لە پێش ڕەوانەكردنی بەڕێزیدا (عليه السلام) هەبوو.
ئەم بابەتانەم باسكرد وەك نموونە لەسەر ڕاستكردنەوەی كۆمەڵێك هەڵە دەربارەی زاتی خوای گەورە لەلایەن مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام)، ئەگینا زۆر هەڵە و خراپ حاڵیبوونی تر هەیە كە بەڕێزی، بەكورتی و بە تێروتەسەلی، هەموویانی ڕاستكردووەتەوە.
شاكاری چوارەم: دەرخستنى حەقیقەتی كەلامی خوا
شاكاری چوارەم كە لەسەر دەستی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) ئەنجامدرا ئەوە بوو حەقیقەتی كەلامی خودای دەرخست و لەم بارەيەوە ئەو بیروبۆچوونە هەڵانەی ڕاستكردەوە كە لەناو خەڵـكدا بڵاوەیان كردبوو.
یەكەم: وەحی: چەندین بیرۆكەی ترسناك لەناو خەڵـكدا بڵاوەی كردبوو، بەجۆرێك باوەڕیان وابوو كە:
أ. وەحی یان لەلایەن خواوەیە یاخود لەلایەن شەیتانەوە.
ب. جگه لە پێغەمبەران كەس وەحی پێناگات.
ج. ناكرێت وەحی بە كۆمەڵێك وشەی دیاریكراو دابەزێت، بەڵـكو بریتیە لە بەدەستھێنانی زاستەكان لەڕێگەی نووری دڵەوە.
د. هەندێ كەس دووچاری ئەو وەسوەسەیە بوون كە وەحی و خەونی ڕاستەقینە شتێكە لە ئەنجامی چۆنێتی مێشكی مرۆڤەوە پەیدا دەبێت.
ھـ. وە هەندێكیان پێیان وا بوو باوەڕكردن بەو وەحیەی كە لە وشە پێكھاتووە ئاستەنگێكە لەبەردەم پێشكەوتنی هزری و فیكری مرۆڤدا.
و. خەڵـكی بەگشتی تووشی ئەم هەڵەیە بوون كاتێك پێیان وا بوو وەحی پچڕاوە.
وە چەندین وەسوەسەی تریش هەبوون دەربارەی وەحی و ئیلھام كە لەناو خەڵـكیدا بڵاوەیان كردبوو، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەستا بە ڕاستكردنەوەیان.
هەڵەی یەكەم: ئەو باوەڕەی خەڵـكی كە گوایە ئیلھام یان ڕەحمانیە یاخود شەیتانی دەبێتە هۆی كۆمەڵێك ئەنجامی مەترسیدار؛ چونكە ئەگەر خەڵـكی هەندێ بانگەشەكاریان بە پیاوچاك لەقەڵەمدا، وەحیەكەشیان بەوەحی خوایی ئەژماردەكەن. هەروەك ئەوانەی كە خەوەكانیان نەهاتەدی وایان لێ هات نكوڵی بكەن لە ڕاستی خەون. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم گرفتەی چارەسەر كرد و جیھانی ڕزگاركرد لە كۆمەڵێك تاقیكردنەوەی زۆر.
لە كتێبەكانی بەڕێزیەوە (عليه السلام) ئەوە ڕوون دەبێتەوە كە ئیلھام دوو جۆرە:
- وەحی ڕاست.
- وەحی درۆ.
وەحی ڕاست _ئەوەیە تێیدا پێشبینی ڕووداوێكی ڕاستەقینە كرابێت یان تێیدا یەكێك لە ڕاستیەكان ئاشكرا كرا بێت_ چەندین جۆری هەیە، لەوانە:
أ- وەحی خوایی.
ب- وەحی شەیتانی.
ج- وەحی دەروونی.
ئەم دوو جۆرەی كۆتاییم زیادكرد بۆ وەحی ڕاست؛ چونكە هەردووكیان لە قورئانی پیرۆز و لە فەرمایشتی مەسیحی بەڵێندراویشەوه (عليه السلام) ساغبوونەتەوە، هەروەها واقیع شایەتە لەسەر شیانی هاتنەدی وەحی شەیتانی و نەفسانیش، جا ئەگەر ئەم جۆرە وەحیە بەدی هات؛ ئەوا ئێمە داندەنێین بە بەدیھاتنەكەیدا، بەڵام ناكرێت بەوەحی خوایی ئەژماری بكەین.
هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی زۆر جۆری وەحی خوایی كردووە، لەوانە:
- وەحی پێغەمبەران، كە بە وەحی یەقینی ناسراوە.
- وەحی ئەولیاكان، وەحیەكی پاك و ڕوونە و پووچەڵ نیە، بەڵام پێی ناوترێت وەحی یەقینی؛ چونكە ئەو ئایەتانەی تێدا نیە كە دەبن بە حوججە لەسەر خەڵـكی جیھان لەبەرئەوە نكوڵی لێ كردنی نابێتە تاوان. گومانی تێدا نیە ئەم وەحیە وەحیەكی ساف و ڕوونە، بەڵام ئەو بەڵـگانەی لەگەڵدا نیە كە دەیكەن بە حوججە لەسەر خەڵـكی.
- وەحی هەڵبژاردن، بریتیە لە وەحی ڕێبوارانی ڕێگەی بەرەوخواچوون. ئەم جۆرە وەحیە دادەبەزێتە سەریان بۆ ئەوەی پۆشاكی چاكە و پارێزكاری بكرێتە بەریان، بەڵام وەكو وەحی ئەولیاكان ساف و ڕوون نیە.
- وەحی تاقیكردنەوە، بریتیە لە وەحی ڕێبوارانی ڕێگای بەرەوخواچوون و باوەڕداران، ئەم وەحیە دادەبەزێتە سەریان بۆ تاقیكردنەوەیان و بۆ دەرخستنی هێزی خۆڕاگری و سووربوونیان لەسەر ڕێگای ڕاست.
- وەحی (جبیزى)، ئەم جۆرە وەحیە لە وەحیەكدا باسكراوە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێیگەيشتووە. وە بەگوێرەی وشەكانی ئیلھامەكە منیش ناوم ناوه وەحی جبیزى.([7])
درێژەی ئەم بابەتەیش ئەوەیە كە باوەڕداری كامڵ ئامانجی ئەوەیە لە خوای گەورە نزیك بێتەوە بەڵام ئەو ئامرازە دیاری ناكات كە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی نزیكبوونەوە لێی (عز وجل)، بەڵام هەندێ لە ناتەواوەكان كە ڕۆدەچن لەم ڕەنج و كۆششەدا ئارەزووەكانی دەروونیش لە ناخی خۆیاندا حەشار دەدەن، بەجۆرێك ئاواتەخوازن بەڕێگەیەكی دیاریكراو نزیك ببنەوە لە خوای گەورە وەك ئەوەی ئاواتخوازن لەلایەن خواوە وەحییان پێبگات، وە لەپێناوی نزیكبوونەوە لەخودا حەزیان لە پێگەیشتنی وەحی نیە، بەڵـكو بۆ دەرخستنی پلەوپایەی خۆیان حەزیان لێیەتی وەك ئەوەی پلەیەكی ڕۆحانیان بەدەستهێنا بێت. بەڕەچاوكردنی ئەو حەزە زۆرەیان خوای گەورە جاروبار وەحییان بۆ دەكات، وەك چۆن سەگێك بێتەبەردەم كەسێك لەكاتی نان خواردندا ئەویش پارچەیەك نان یان گۆشتی بۆ فڕێ دەدات. بەڵام ئەم جۆرە وەحیە لە ڕاستیدا تاقیكردنەوەیەكی قورسە بۆ خاوەنەكەی و بەگشتی دەبێتە هۆی كەوتن و پێخلیسكانی. وە (جبیز) بریتیە لە نانی وشك، وە بەم مانایە ئەم جۆرە وەحیەم ناونا وەحی جبیزی.
- جۆری شەشەم بریتیە لە وەحی ڕێنمایی كردن، واتە ئەو وەحیەی خاوەنەكەی ڕێنمایی دەكات بۆ ڕێگای ڕاست، ئەوەیە كە مرۆڤی بێ باوەڕ پێی دەگات بەگوێرەی ئەو فیترەتە ساغ و دروستەی كە هەیەتی.
- جۆری حەوتەم بریتیە لە وەحی مشەخۆری (الطُّفيلي)، ئەم وەحیە دادەبەزێتە سەر كافر و تاوانباران نەك بۆ ڕێنمایی كردنیان، بەڵـكو بۆ ئەوەی ببێت بە بەڵـگە بەسەریانەوە. وە ناومناوە وەحی مشەخۆری؛ چونكە بەهۆیەوە ڕاستگۆیی پێغەمبەران دەسەلمێنرێت.
ئەمانە بریتی بوون لە جۆرەكانی وەحی خوایی.
ب- وەحی شەیتانی: ڕەنگە هەندێ وەحی شەیتانیش بێتەدی وەك باسم كرد. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت ﴿إِلَّا مَنْ خَطِفَ الْخَطْفَةَ فَأَتْبَعَهُ شِهَابٌ ثَاقِبٌ﴾ (الصافات: 11) واتە كاتێك كاروبارە ئاسمانیەكان دەردەكەون لە جیھاندا، شەیتان هەندێكیان دەڕفێنێت و دەیانگەیەنێت بە دۆستەكانی خۆی، لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە كۆمەڵێك هۆكاری ئامادەكردووە بۆ پووچكردنەوەیان، بەڵام هەندێك لە قسەی ئەوانە دێتەدی كە پەیوەندییان لەگەڵ ڕۆحە پیسەكاندا هەیە.. لەم بارەیەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت ئەگەر وا ڕێكەوت خەوەكانیان یان شتانێك لەم بابەتە هاتەدی؛ ئەوا خاڵین لە شكۆ و هێز، وە ناتەواو و لێڵ دەبن.
ج- وەحی دەروونی: واتە ئەو وەحیە یان ئەو خەونەی كە مرۆڤ دەیبینێت یان خەیاڵی دەكات لە ئەنجامی ئەو دۆخەی كە مێشكی مرۆڤەكەی تێدایە، ڕەنگە ئەم جۆرە خەوە بێتەدی، هەروەك جاروبار _لە حاڵەتی بێداریدا_ مرۆڤ لە ئەنجامی بیركردنەوە و سەرنجدانیەوە دەگاتە هەندێ ئەنجام كە بەگوێرەی بیركردنەوەكەی دێنەدی، بەهەمان شێوە ڕەنگە حاڵەتی خەوەكەیشی ئەم جۆرە هەڵسەنگاندن و مەزەندەكردنە دەربكات و ڕەنگە هەندێكیشی بێتەدی. بەڵام مانای ئەوە نیە كە ئەمە لەلایەن خواوە بێت. ئەم خەوانە چەندین جۆرن، لەوانە:
- ئەوەی پەیوەستە بە كاروبارە سروشتیەكانی مرۆڤەوە، بۆ نموونە ئەوەی پەیوەستە بە نەخۆشیەكانەوە…. نەخۆشیەكان لەناكاو دروست نابن، بەڵـكو چەندین كاتژمێر یان چەندین ڕۆژ یان چەندین هەفتە پێش دروستبوونیان كۆمەڵێك گۆڕانكاری جیاواز لە جەستەدا ڕوودەدەن. ڕەنگە دەماغی مرۆڤ هەست بكات بەم گۆڕانكارییانە و لە بەرچاوی مرۆڤەكەدا پیشانی بدات و بەدی بێن وەك چۆن بینیویەتی یان خەیاڵی كردووە لەبەرئەوەی مەزەندەكردنێكی سروشتیە. وە ماوەی ڕوودانی ئەم جۆرە گۆڕانكاریە نەخۆشییانە جیاوازە بەگوێرەی جیاوازی نەخۆشیەكان. بۆ نموونە؛ دەوترێت ماوەی دەركەوتنی كاریگەری ڤایرۆسی نەخۆشی هاری لە لەشی مرۆڤدا لە دوانزە ڕۆژەوە درێژ دەبێتەوە بۆ دوو مانگ. ڕەنگە _لەماوەی دەركەوتنی كاریگەری ڤایرۆسەكەدا- دەماغی ئەو مرۆڤەی تووشی نەخۆشی هاری بووە هەست بكات بەو دۆخەی كە لەداهاتوودا پێی دەگات بەهۆی نەخۆشیەكەوە و هەندێ دیمەنی ئەو دۆخەی پیشان بدات، كەواتە ئەم جۆرە خەون و وەحییانە ڕەنگە ڕاست بن، بەڵام وەحی دەروونە نەك وەحییەكی خوایی.
- جۆری دووەم لەم وەحیە بریتیە لە وەحی عەقڵ، وەك ئەوەی كەسێك بەدەم بیركردنەوە لە بابەتێكەوە خەوی لێ بكەوێت، بەڵام دەماغی بەردەوام بیری لێ دەكاتەوە (ئاشكرایە بەشێك لە دەماغ لەكاتی خەویشدا بەردەوام كار دەكات)، كاتێك لە حاڵەتی خەودا دەگات بە ئەنجامێك دیمەنێك دێتە پێش چاوی كە پێكھاتووە لەو ئەنجامانەی كە بەشە كارتێكراوەكەی دەماغ پێی دەگات پاش بیركردنەوە لە بابەتەكە، دەكرێت ئەم ئەنجامگریانە ڕاست بن وەكو ئەنجامگریە عەقلیەكانی تر. بەڵام ناكرێت ئەم خەوە بە خەونی خوایی لەقەڵەم بدرێت، لەگەڵ ئەوەی كە ڕاستیشە، بەڵـكو بریتیە لە قسەی دەروون چونكە سەرچاوەكەی بریتیە لە دەماغی مرۆڤ و فەرمانێكی تایبەتی نیە لەلایەن خوای گەورەوە.
دەكرێت دوو جۆرە باسكراوەكە لە لیستی جۆرەكانی وەحی خواییدا پۆلێن بكرێن؛ چونكە دەبنەهۆی هیدایەتدانی مرۆڤ و ئاراستەكردنی بەگوێرەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی كە خوای گەورە دایناون، بەڵام دەچنە چوارچێوەی قەدەری گشتیەوە و دەركەوتنیان لەڕێگەی فەرمانێكی تایبەتیەوە نابێت. سەرباری ئەمە جۆرێكی تر لە وەحی هەیە كە پەیوەستە بە هەوا و ئارەزووەكانی دەروونەوە و دەكرێت جاروبار ئەم جۆرەیش بێتەدی سەرەڕای ئەوەی كە بەتەواوەتی دەروونیە، ئەویش ئەوەیە كە پێی دەوترێت خەوی پڕوپووچ و بێ بنەما.
- جۆری سێیەم بریتیە لەو وەحیەی مرۆڤ پێی دەگات لە ئەنجامی پەرتەوازەبوونی زیھنیەوە. بەڵام تەنانەت ئەو كەسانەیش كە بێ بنەما و بەگومان قسە دەكەن ئەگەری هەیە قسەكانیان ڕاست دەرچێت، لەبەرئەوه دەكرێت بە ڕێكەوت هەندێ قسەی ئەو كەسانە كە لە پەرتەوازەبوونی زیھنیەوە سەرچاوەیان گرتووە بێتەدی، بەڵام ڕاستی ئەم قسانە پەیوەست نین بە فەرمانی خوای گەورە و هیچ یاسایەكی سروشتیەوە، بەڵـكو لە ڕێكەوتی پەتیەوە پەیدا دەبن.
ئێستایش هەندی بابەت باس دەكەم كە پەیوەستن بە وەحی درۆ یان پووچەوە. ئەمیش چەند جۆرێكە، لەوانە:
- وەحی شەیتانی: بەگشتی شەیتان پشت دەبەستێت بە مەزەندەكردن و درۆ و قسەی بێ بنەما، لەبەرئەوە لە زۆربەی زۆری كاتەكاندا نایپێكێت و هەڵە دەكات، وە لەسەرو ئەمانەوە درۆیش دەكات.
- قسەی دەروون. ئەمیش زۆر جۆری هەیە، لەوانە:
أ. ئەوەیە كە خاوەنەكەی دەیبینێت لە ئەنجامی ناتەواویەك لە دەماغیدا.
ب. ئەوەیە كە خاوەنەكەی دەیبینێت لە ئەنجامی حەز و ئاواتەوە، وەك لە وڵاتی ئێمەدا (هيندستان) دەوترێت: پشیلە هەمیشە خەو بە گۆشتەوە دەبینێت. نزیكییەكی ئاشكرا هەیە لەنێوان ئەم خەونە و خەونی (جبیزی)دا لەگەڵ بوونی جیاوازییەك، كە ئەویش ئەوەیە خەونی جبیزی خوای گەورە پیشانی مرۆڤی دەدات وەك جێبەجێ كردنێك بۆ ئارەزووەكەی، بەڵام ئەم جۆرە خەونه باسكراوە خوای گەورە پیشانی كەسەكەی نادات، بەڵـكو دەروون دروستی دەكات لە ژێر كاریگەری حەز و ئارەزووی مرۆڤەكەدا.
هەڵەی دووەم: هەڵەی دووەم كە خەڵـكی تێـیكەوتن ئەوەیە پێیان وابوو وەحی تەنھا بۆ پێغەمبەران دادەبەزێت. دیارە ئەم باوەڕە باوەڕێكی زۆر هەڵەیە و مایەی بڵاوبوونەوەی دواكەوتوویی فیكری بوو لەناو نەتەوەی ئیسلامدا و هۆكارێك بوو بۆ داخستنی دەرگاكانی نزیكبوونەوەی خوایی بەڕوویاندا؛ چونكە خەڵـكی _لەئەنجامی ئەم بیركردنەوەیەدا_ ڕازی دەبن بە تەگبیر و ڕێگاچارە مرۆییەكانی خۆیان و فەزڵی خوای گەورە لەبیردەكەن كه تاكە ڕێگەیە بۆ زانینی ڕەزامەندیەكەی. هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم باوەڕە هەڵەيەشی ڕاستكردەوە و ڕایگەیاند كە دەكرێت هەموو كەسێك وەحی و ئیلھامی پێ بگات، بەڵام ئەم وەحی و ئیلھامانە پلەیان هەیە، پێغەمبەران وەحی پێغەمبەران و باوەڕداران وەحی باوەڕداران و كافرەكانیش وەحی كافرانیان پێدەگات. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ڕاستیەی ڕوونكردەوە و بەم شێوەیە ئەم ئاژاوەی كۆتایی پێ هێنا كە جاروبار تووشی كەسی ناموسوڵمان دەبوو بەجۆرێك ئەگەر ئیلھامێكی ڕاستی پێ بگەشتایە ئیتر پێی وابوو كە لە خوا نزیك بووەتەوە، بۆیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت دەكرێت ئەم جۆرە كەسانەش وەحی ڕاستیان پێ بگات، بەڵام جیاوازی لەنێوان وەحی پێغەمبەران و ئەولیاكان و وەحی كافران ئەوەیە كە توانا و هێزی خوای گەورە لەگەڵ وەحی پێغەمبەران و ئەولیاكاندا دەبێت، ئەمەیە كە وەحی كافرەكان نیەتی.
هەڵەی سێيەم: كە خەڵـكی تێیكەوتن ئەوەیە پێیان وابوو وەحی خوایی بە وشەی ڕوون دانابەزێت، بەڵـكو بریتیە لە ڕووناكی دڵ. دیارە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم باوەڕە چەوتەی ئەوانی ڕاستكردەوە كە باوەڕی سروشتپەرست و بەهائی و زۆربەی زۆری مەسیحیەكانە، وە زۆرێك لە موسوڵمانە ڕۆشنبیرەكانیش تووشی ئەم وەهمە بوون. بەڕێزی (عليه السلام) سەرەتا ئەزموونی خۆی خستەڕوو لەم بوارەدا و فەرمووی وشە ڕوونەكانی وەحی دەبیستێت، بەمەیش ئەم گومانە خراپەی لەناوبرد كە گوایە وەحی بەوشەی ڕوون دانابەزێت. وەڵامی دووەم كە بەڕێزی (عليه السلام) پێشكەشی كرد ئەوەیە وەحی و خەونی ڕاست بەشێكن لە سروشتی مرۆڤ چونكە هەمووان ئاواتەخوازن بگەن بە دیداری خوای گەورە، دەی دەبێت وەڵامێكیان پێ بگات بۆ ئەم ئارەزووە سروشتییەیان. وە ناكرێت خولیا و ئەندێشەكان وەڵامێك بن بۆ ئەو خۆشەویستیە لەڕادەبەدەرەی كە خراوەتەناو دڵی مرۆڤەوە بۆ گەیشتن بەدیداری خوای گەورە، بەڵـكو وەحی و خەونی ڕاستەقینە دەبن بە وەڵامێكی گونجاو بۆ ئەم خۆشەویستیە بێ ئەندازەیە. هەروەك دەفەرموێت (عليه السلام) كە وەحی و خەونی ڕاستەقینە تایبەت نین بە پێغەمبەران، بەڵـكو زۆربەی زۆری خەڵـكی پشكێك لەم دوانە بەدەست دەهێنن بەڕادەیەك ئەوانەیش خراپەكار و شەرواڵ پیسن و لەشفرۆشی و داوێنپیسییان كردووە بە پیشه هەندێ جار پشكێكیان بەردەكەوێت لەم دوانە. ئیتر چۆن دەكرێت نكوڵی لە بابەتێك بكرێت كە زۆربەی خەڵـكی شایەتی دەدەن لەسەری. وە چۆن دەكرێت بوترێت _دەربارەی شتێك كە لە جیھاندا زۆر كەس بەدەستیانهێناوه بەڕێژەیەكی زۆر بێت یان كەم_ كە پێغەمبەران بێ بەشن لێی لەكاتێكدا ئامانجی سەرەكی لێی بریتیە لە كامڵ بوونی پێغەمبەرایەتی. ئەگەر سەدان هەزار كەس لە كافرەكانیش شایەتی دەدەن لەسەر ئەوەی كە وەحییان پێگەيشتووە یان خەونی ڕاستەقینەیان بینیوە؛ ئەوا ئەمە بەڵـگەیە لەسەر پێگەیشتنی وەحی یان بینینی خەونی ڕاستەقینە. دیارە پاش سەلماندنی ئەم ئەگەرە نەفامیەكی گەورەیە ئەگەر بوترێت پێغەمبەران وەحی ڕوونیان پێ ناگات، بەڵـكو وەحی لای ئەوان شتێك نیە جگە لە بیر و ئەندێشەكانی ناودڵ.
پاشان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی ڕەنگە وەحی بە كۆمەڵێك زمان دابەزێت كە كەسی وەحی بۆكراو ئەو زمانانە نەزانێت. دەی ئەگەر وەحی بیر و ئەندیشەكانی مرۆڤ بێت؛ ئەوا بە زمانی ئەو كەسە دەبوو كە وەحیەكەی پێ دەگات. بەڵام لەبەرئەوەی جاروبار كەسانی ئیلھام بۆكراو بە كۆمەڵێك زمان وەحیان پێ دەگات كە خۆیان نایانزانن بۆیە ئەمە دەیسەلمێنێت كە وەحی تەنھا بیر و ئەندێشەكان نیە، بەڵـكو بە كۆمەڵە وشەیەكی ڕوون و ئاشكرا دادەبەزێت.
باوەڕبوون بە وەحی زارەكی بیستراو ڕووبەڕووی ڕەخنەیەك دەبێتەوە: ئایا خودا زمان و لێوی هەیه و بە بەكارهێنانی وشە قسەدەكات؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەفەرموێت خوای گەورە پێویستی بە زمان نیە بۆ قسەكردن و ئەو زاتێكە ﴿لَيْسَ كَمِثْلِهِ شَيْءٌ﴾، بۆیە ئەو كەسانەی باوەڕیان بەوە هەیە خوای گەورە بەبێ بەكارهێنانی دوو دەستی ماددی جیھانی دروستكردووە؛ ئەوا قورس نیە بەلایانەوە باوەڕ بەوە بھێنن بەبێ زمان دەتوانێت قسە بكات.
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) وەڵامێكی تریش دەخاتەڕوو بەجۆرێك دەفەرموێت ناكرێت _بەبێ وشە ڕوونەكانی وەحی كە خاوەنی شكۆ و گەورەیین_ مرۆڤ باوەڕ بكات كە لەلایەن خوای گەورەوە فەرمانی پێكراوە بە شتێك. وە ئەم وشانە كە لەدەرەوەی زاتی خۆیەوە دادەبەزنە سەری ئەوە دەسەلمێنن كە هێزێكی مەزنی تر هەیە ئەم وشانەی ئاراستە دەكات.
هەڵەی چوارەم: هەڵەی چوارەمی خەڵـكی سەبارەت بە وەحی ئەوەیە كە باوەڕیان وا بوو وەحی لە هەندێ حاڵەتی عەقڵیەوە پەیدا دەبێت. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم بارەیەوە دەفەرموێت: گومانی تێدا نیە ئەمە جاروبار ڕوودەدات، بەڵام ڕاست نیە بوترێت هەمیشە ئەمە ڕوودەدات و وەحی لەدەرەوەی قەوارەی مرۆڤەوە دانابەزێت، بەڵـگەیش لەسەر ئەمە ئەوەیە كە هەندێ وەحی پێغەمبەران و باوەڕداران كۆمەڵێك زانیاری لەخۆدەگرێت كە عەقڵی مرۆیی دەستی ناگات پێیان، بۆ نموونە وەك لەخۆگرتنی هەواڵە مەزنەكانی داهاتوو.
وەڵامی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بۆ ئەم بیرباوەڕە ئەوەیە كە: ئەگەر مەبەست لە حاڵەتی عەقڵی ئەوە بێت كە وەحی لە ئەنجامی ناتەواوییەكی مێشكەوە دروست دەبێت؛ ئەوا بۆچی ئەو كەسانەی وەحییان پێـدەگات كەسانێكن باشترین هێزی هزری و عەقڵییان هەیە؟ ئەمە بەڵـگەیە كە وەحی بەرەنجامی ناتەواوییەكی مێشك نیە.
من سەرم سووڕدەمێنێت لەو كەسانەی پێیان وایە وەحی لە ئەنجامی ناتەواوی دەماغەوە بەرهەم دێت؟ ئایا نابینن دەماغ و هێزی عەقڵی مرۆڤ لە پیریدا لاواز دەبێت، بەڵام ئەم جۆرە شوێنەوارەی پیرێتی لە پێغەمبەراندا دروست نابێت، بەڵـكو لەپیریدا شكۆی وەحیەكەیان زیاتر دەبێت؟
هەڵەی پێنجەم: دەربارەی وەحی دەوترێت كە دەبێتە بەربەست لە بەردەم پێشكەوتنی عەقڵی و هزری مرۆڤدا؛ چونكە ئەگەر بابەتێك بەهۆی وەحیەوە ئاشكرابێت ئیتر بوارێك بۆ بیركردنەوە و سەرنجدان نامێنێت. بێگومان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچی ئەم هەڵەیەی دایەوە لەڕێگەی ڕێنموونی كردنی خەڵـكی بۆ ئەوەی كە وەحی نابێتە بەربەست لە بەردەم گەشەسەندنی هزریدا، بەڵـكو پێچەوانەكەی ڕاستە، بەجۆرێك خوای گەورە لەپێناوی گەشە و پێشكەوتنی هزر و بیری مرۆڤدا وەحی داناوە. لەڕێگەی سەیركردنی سیستەمی جیھانەوە ئەوە دەزانین دوو زنجیرە هەیە _ڕۆحی و ماددی_ كە پەیوەستن بەیەكەوە و هاوشێوەی یەكترن: هەرچی زنجیرەی ماددیە بۆ ڕێپیشاندان و ڕێنماییكردنی مرۆڤە، تێیدا خوای گەورە عەقڵی هاوجووت كردووە لەگەڵ ئەزمووندا تاوەكو قەرەبووی لاوازی فیكری پێ بكاتەوە و بەمەش مرۆڤ ڕزگاربكات لەوەی تووشی هەڵە بێت. بەڵام لە زنجیرەی ڕۆحانیدا عەقڵی هاوجووت كردووە لەگەڵ وەحیدا بۆ ئەوەی عەقڵ هەڵە نەكات ئەوسا مرۆڤ بكەوێتەناو چاڵی قووڵی لەناوچوونەوە. دەی ئەگەر لە كاروبارە ماددیەكاندا بەتەنھا عەقڵ بەس نەبێت بۆ هیدایەتی مرۆڤ، بەڵـكو پێویستی بە ئەزموون هەبێت ئیتر چۆن دەگونجێت لە كاروبارە ڕۆحانیەكاندا بەتەنھا پشتی پێ ببەستین؟ وە چۆن ڕەوایە بڵێین خوای گەورە لە زنجیرەی ماددیدا كە زۆر نزمترە لە زنجیرەی ڕۆحانی ئەزموونی داناوە بۆ پڕكردنەوەی ناتەواویەكانی عەقڵ، بەڵام لە زنجیرەی ڕۆحانیدا _كە زۆر بەرزترە لە زنجیرەی ماددی_ هیچ شتێكی دانەناوە بۆ یارمەتی و هاوكاری عەقڵ؟
ڕەنگە كەسێك بڵێت: بۆچی وەكو زنجیرەی ماددی خوای گەورە لە زنجیرەی ڕۆحانیشدا ئەزموونی دانەناوە لەگەڵ عەقڵدا؟ وەڵامی ئەم پرسیارەی ئەوەیە كە: ئەزموون ناگاتە مەبەستی داواكراو مەگەر پاش كەوتن و هەڵەكردنێكی زۆر، وە بەو پێیەی كە ژیانی دنیا كاتی و فانیە؛ ئەوا كێشە نیە تێیدا مرۆڤ بكەوێت و جار لەدوای جار تووشی كەوتن و پێخلیسكان بێت، بەڵام ئەگەر وازهێنرا لە مرۆڤ لە بواری ژیانی دواڕۆژدا _كە ژیانێكی هەتاهەتاییە_ بكەوێت و هەڵە بكات ئەوا سەدان هەزار كەس لەو خەڵـكانەی كە دەمرن پێش بەدەسھێنانی هیچ ئەزمونێك بێبەش دەبن لە قەبوڵـكردنی حەق، وە تووشی زیانێكی هەرە گەورە دەبن بەهۆی بێبەش بوونیان لە بڵندبوونەوەی ژیانی هەتاهەتایی كە لەپێناویدا دروستكراون. دیارە دەبێت ڕێسا یان بناغەیەك هەبێت پێش دەستپێكرنی ئەزموون، بەڵام بەوپێیەی كە كاروبارە ڕۆحانیەكان شاراوە و هەستپێنەكراون بۆیە بەدەستھێنانی ئەزموون تێیاندا زۆر قورسترە لە كاروبارە ماددیەكان. وە دەبینین زانستەكان لە بواری ماددەدا بەشێوەیەكی سەیر پێشكەوتوون، بەڵام توێژینەوەكان لە بواری دەماغ و كردارەكانی كە پەیوەستن بە عەقڵ و ئیرادەوە _كە هاوشێوەی ڕۆحە لە وردی و ناسكیدا_ زۆر كەمن، بەڵـكو بەڕەچاوكردنی كەمی ئەو توێژینەوانە دەتوانین بڵێین پاش تێپەڕینی بلیارەها ساڵ بەسەر دروستبوونی جیھاندا كەچی هێشتا سەبارەت بەم كاروبارانە توێژینەوە دەستی پێ نەكردووە.
هەڵەی شەشەم: وەسوەسەی شەشەم كە خەڵـكی تێـیكەوتن بریتی بوو لەوەی گومانیان وا بوو وەحی پچڕاوە. ئەمە تەنھا باوەڕی موسوڵمانان نەبوو، بەڵـكو لای دینەكانی تریش ئەم باوەڕە باو بوو، لەگەڵ ئەوەی جوولەكە و مەسیحی و هیندۆسەكان داندەنێن بە دابەزینی وەحی لە سەردەمەكانی سەرەتای مێژووی دروستبوونی ئایینەكانیاندا بەڵام لە ئێستادا باوەڕیان وایە ئەو دەرگایە داخراوە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) مەترسیەكانی ئەم باوەڕە هەڵەی دەرخست بۆ خەڵـكی جیھان و ڕایگەیاند وەحی شتێك نیە جگە لە نیعمەتی خوای گەورە كە دەیڕێژێت بەسەر بەندەكانیدا و هۆكارێكە بۆ دروست بوونی پەیوەندیەكی پتەو كە لە خۆشەویستی قووڵی نێوان خوای گەورە و بەندەكەیەوە سەرچاوەی گرتووە، وە ئامرازێكە بۆ گەیشتن بە پلەی یەقین، بۆیە باوەڕبوون بە پچڕانی وەحی هیچ شتێك لە دین و ڕۆحانیەت ناهێڵێتەوە. وە بەڕێزی (عليه السلام) لەم بارەیەوە هۆشداری داوە بە موسوڵمانان و لەم پرسە ئاگاداری كردوونەتەوە و فەرموویەتی پێغەمبەر (ﷺ) ڕەوانەكراوە بۆ ئەم جیھانە بۆئەوەی بارانی ڕەحمەتی خوای گەورە بەلێزمە و بەڕێژەیەكی زیاتر دابارێت بەسەر جیھاندا. دەی ناكرێت بوترێت بەڕەوانەكردنی ئەو (ﷺ) نیعمەتەكانی خوا پچڕا و كۆتاییان پێ هات، نەخێر، بەڵـكو ئەم نیعمەتانە زیاتر پەرەیان سەند و گەشەیان كرد.
وەڵامی دووەم: كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێشكەشی كردووە ئەوەیە: وەحی تەنھا بابەتەكانی شەریعەت ڕوون ناكاتەوە بەڵـكو كۆمەڵێك ئامانجی تریشی هەیە؛ یەكێك لەوانە: یەقینی تەواوەتی بەخوای گەورە لەدڵی خەڵـكیدا دروست دەكات، بۆیە لەڕووی باوەڕەوە بەراورد ناكرێت لەنێوان كەسێك بڵێت خودا قسەدەكات لەگەڵمدا و كەسێكی تر كە بڵێت خودا بوونی هەیە. كەواتە لەگەڵ ئەوەی شەریعەت بە پێغەمبەر (ﷺ) كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام بەردەوام وەحی پێویستە بۆ بڵندكردنەوەی موسوڵمانان بۆ پلەی یەقین و دڵنیایی.
وەڵامی سێيەم: كە بەڕێزی (عليه السلام) پێشكەشی كردووە ئەوەیە خوای گەورە لەڕێگەی وەحیەوە مرۆڤ ئاگادار دەكات لە زانیارییە وردەكان، دیارە خوای گەورە لەماوەی ساتێكدا چەندین زانیاری ڕۆحانی فێری مرۆڤ دەكات كە مرۆڤەكە ناتوانێت بەدەستیان بھێنێت ئەگەرچی سەدان ساڵ تێبكۆشێت. ئیتر چۆن دەكرێت ئاسانترین ڕێگە بەداخراو لەقەڵەم بدرێت لە بەرامبەر ئوممەتی موحەممەدیدا. هەڵبەت بەڕێزی (عليه السلام) لەڕێگەی ئەزموونی خۆیەوە سەلماندی وەحی خێراترین و تەواوترین ڕێگەیە بۆ ئاشكراكردنی زانستە ڕۆحانیەكان بەڕادەیەك هاوشێوەی نیە لە تێكۆشانی مرۆییدا، بۆیە ئەو گرفتەی كە زاناكانی پێشوو لە ماوە سیازدە سەدەی ڕابردوودا نەیانتوانی چارەسەری بكەن لە ڕێگەی توێژینەوەكانیانەوە، بەڕێزی (عليه السلام) لەماوەی ساڵانێكی كەمدا لە ڕێگەی وەحیەوە چارەسەری كرد.
وەڵامی چوارەم: كە بەڕێزی (عليه السلام) پێشكەشی كرد ئەوەیە یەكێك لە ئامانجەكانی وەحی بریتیە لە دەرخستنی خۆشەویستی، ئیتر چۆن كەفوكوڵی شەیدایی مرۆڤەكان هێوردەبێتەوە ئەگەر خوای گەورە وەحی خۆی دانەبەزێنێتە سەریان.
هەرچی چۆنێك بێت، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەلماندی وەحی بەردەوامە؛ چونكە ئەگەر وتمان پچڕاوە ئەوا وا پێویست دەكات هەندێ لە سیفەتەكانی خوای گەورە لەكاربخرێت.
دەكرێت لێرەدا ڕەخنە بگیرێت لەوەی كە مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) دانیناوە بە لەكاركەوتنی هەندێ سیفەتی خوای گەورەدا بەشێوەیەكی كاتی بەجۆرێك فەرموویەتی خوای گەورە جاروبار كاركردنی سیفەتێكی خۆی دەوەستێنێت بۆ ئەوەی سیفەتێكی تر كاری خۆی بكات، ئەگەر بكرێت ئەمە ڕووبدات ئیتر چ گرفتێكی تێدایە خوای گەورە دەرگای وەحی دابخات هەتا قیامەت؟
بزانن مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی ئەم جۆرە لەكاركەوتنەی كردووە كاتی بەریەككەوتنی دوو سیفەت، بەڵام ئەوانەی بەركەوتن نیە لەنێوانیاندا بە هیچ شێوەیەك لەكارناخرێن، وە بەوپێیەی بەردەوام بوونی وەحی ناكۆك نیە لەگەڵ هیچ سیفەتێك لە سیفەتەكانی خوای گەورەدا بۆیە هیچ بوارێك نیە بۆ ئەوەی بوترێت پچڕاوە.
ئەگەر كەسێك بڵێت: هەردەبێت دانبنرێت بە لەكارخستنی وەحیدا سەرەڕای باوەڕبوون بە بەردەوامبوونی؛ چونكە نوێكارێك نایەت مەگەر پاش سەد ساڵ لەوەی پێش خۆی، بەم شێوەیە ئێوەیش داندەنێن بە پچڕانی وەحیدا ئەگەرچی بەشێوەیەكی كاتیش بێت، وەڵامی ئەمە بەم جۆرەیە:
هەرگیز ئەم جۆرە پچڕانە لای مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕووینەداوە؛ چونكە نەیفەرمووە وەحی تەنھا بۆ پێغەمبەران و نوێكارەكان دەكرێت بەڵـكو دەفەرموێت وەحی دادەبەزێت بۆ سەر باوەڕدارانیش، بەڵـكو هەندێ جار دادەبەزێت بۆ سەر كافران و تاوانبارانیش. وە بەوپێیەی كە زەوی خڕە و لەهەر كاتێك لە كاتەكاندا دەبێت خەڵـكی خەوتبن لە پارچەیەك لە پارچەكانیدا، بۆیە شیانێكی زۆر هەیە كە لە هەموو ساتێكدا وەحی و ئیلھام دابەزێتە سەر هەزارەها لە خەڵـكی، لەبەرئەوە لە هیچ ساتێكدا پچڕان و لەكاركەوتن لە وەحیدا ڕوونادات. من لەلایەن خۆمەوە ئامادەم دیاری بدەم بە هەر كەسێك كە بتوانێت بیسەلمێنێت ڕۆژێك تێپەڕیوە و خەڵـكی تێیدا هیچ خەوێكی ڕاستیان نەبینیوە و هیچ وەحیەك دانەبەزیوەتە سەر هیچ كەسێك، ئەگەر ئەمە ساغكرایەوە ئەوا ئێمەش باوەڕدەهێنین بە پچڕانی وەحی ئەگینا نەخێر.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەڕێگەی ئایەتەكانی قورئانەوە ئەوەی سەلماند كە خوای گەورە بەڵێنی داوە وەحی بەردەوام بێت، دیارە خوای گەورەیش بەڵێن دەباتە سەر و پەیمانی خۆی ناشكێنێت.
ئەگەر كەسێك بڵێت: باسی بابەتی خەون ناكەین و لەم بارەیەوە مشتومڕ ناكەین؛ چونكە دەكرێت هەموو كەسێك خەو ببینێت، بەڵـكو لەسەر وەحی و بەردەوامبوونەكەی گفتوگۆ دەكەین، وەڵامەكەی بەم جۆرەیە: پرسیارە ڕاستەقینەكە كە خراوەتە بەردەممان ئەمەیە: ئایا لە ئێستایشدا خوای گەورە هۆكاری خولقاندووە بۆ هیدایەتی خەڵـكی یان نا؟ ئەگەر وەڵامەكە بەڵێیە ئەوا گەمژەییە كەسێك بڵێت خوای گەورە دەتوانێت بە وشە یان بە زمانی وێنە گوزارشت بكات لەوەی خۆی دەیەوێت، بەڵام مەبەستەكەی خۆی بەوەحی ناگەیەنێت كە دەنگێكی زانراوە و بیستراوە. وە لەبەرئەوەی هەوڵدان بۆ بەدەستھێنانی ڕەزامەندی خوای گەورە یەكێكە لە داخوازیەكانی سروشتی مرۆڤ بۆیە هۆكارێك نابینم بۆ ئەوەی خوای گەورە ڕێگری بكات لە جێبەجێ بوونی، وە دیارە داخستنی دەرگای وەحی ستەمێكی گەورەیە و ئەوپەڕی دوورە لە خوای گەورەوە.
ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە قورئانی پیرۆزەوە
لەناو خەڵـكیدا كۆمەڵێك هەڵەی زۆر دەربارەی قورئانی پیرۆز بڵاوببوویەوە، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم هەڵانەیشی لابرد، لەوانە بۆ نموونە:
- هەڵەی یەكەم كە خەڵـكی تێـیكەوتن ئەوە بوو پێیان وا بوو قورئانی پیرۆز دەستكاری كراوە و شێوێنراوە و هەندێ لە بەشەكانی نەنووسراوەتەوە تێیدا. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچی ئەم باوەڕە هەڵەیەی دایەوە و فەرمووی قورئانی پیرۆز كتێبێكی كامڵ و بێ كەموكوڕیە و هەموو ئەو شتانەی تێدا باسكراوە كە مرۆڤ پێویستی پێیەتی لەلایەنی ئایینیەوە، ئەگەر بوترێت هەندێ بەشی دیارنەماوە ئەوا دەبێت ئەمە ببێتە هۆی ناتەواوی لە ڕێنماییەكانیدا و بگاتە ئەوەی كە كەلێنێك لە ڕێكخستنی ماناكانی ناویدا هەبێت، بەڵام هیچ ناتەواوییەكی تێدا بەدی ناكەین و كەلێنێك نابینین لە ڕێكخستنەكەیدا، ئەمەش ساغیدەكاتەوە كە هیچ بەشێك لە بەشەكانی قورئانی پیرۆز نەفەوتاوە.
وە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت قورئانی پیرۆز تەحەددایەكی پێشكەش كردووە كە هەموو پێویستیە ئەخلاقی و ڕۆحیەكانی تێدایە. بەڵام ئەگەر یەكێك لە بەشەكانی بفەوتایە یان دیار نەمایە ئەوا فێركاری تێدا نەدەبوو دەربارەی هەندێ لە بابەتە ئەخلاقی و ڕۆحییە گرنگەكان. بەڵام بابەتەكە بەم شێوە نیە، بەڵـكو قورئان بەتەواوەتی هەموو پێویستیە ڕۆحیەكان دابین دەكات چارەسەركردنی ئەو پێویستیانەیشی تێدایە. بەڵام ئەگەر بوترێت هیچ ناتەوایەك نەهاتووە بەسەر چەمكەكانی قورئانی پیرۆزدا سەرەڕای ون بوونی بەشێكی؛ ئەوا ناچاردەبین بڵێین ئەو كەسەی ئەم بەشەی ون كردووە لەسەر حەقێكی ئاشكرا بووە چونكە بەشێكی زیادەی لە قورئانی پیرۆز لابردووە كە پەنا بەخوا هۆكارێك بووە بۆ شێواندنی جوانیەكەی؛ چونكە ئەگەر ئەو بەشە بمایە ئەوا خەڵـكی ڕەخنەیان دەگرت و دەیانگوت: ئەم بەشە چ سوودێكی هەیە؟ بۆچی لە قورئانی پیرۆزدا دانراوە؟
بەم بۆنەيەوە ڕووداوێكم بیركەوتەوە، كاتێك مناڵ بووم شەوێكیان گوێم لە ژاوەژاوێك بوو كە خەڵـكی لەخەو هەستاند، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كەسێكی نارد تاكو بزانێت چ گرفتێك ڕوویداوە، كەسەكەیش بە پێكەنینەوە گەڕایەوە و گوتی: كاتێك یەكێك لە مامانەكان لە مناڵبوونی ئافرەتێك گەڕاوەتەوە (نانك)ی سواڵـكەر ڕێگەی پێ گرتووە و پەلاماری داوە دەستی كردووە بە لێدانی، قیژە و هاوار دروست بووە، ئینجا خەڵـكی كۆبوونەتەوە و لێیان پرسیوە بۆچی لەم ئافرەتە دەدات، ئەویش گوتویەتی: هەردوو كڵۆكی لێكردوومەتەوە، خەڵـكەكەیش پێان گوتووە هەردوو كڵۆكت سەلامەتن و كەس لێی نەكردوونەتەوە، ئەویش دەستی برد بۆ هەردوو سمتی بەسەرسوڕمانەوە وتی: وەڵاهی قسەكەتان ڕاستە، ئینجا وازی لە ئافرەتەكە هێناوە و ڕۆیشتووە. ئەمە دۆخی ئەو خەڵـكەیە، باوەڕیان وایە قورئان دەستكاری كراوە و هەوڵیش نادەن لێكۆڵینەوەی لێ بكەن بۆئەوەی ببینن كە كتێبێكی كامڵە، و ئەگەر بەشێك لە بەشەكانی ون بووبێت ئەوا ناتەواوی تێیدا ڕوویدەدا و بەكامڵی نەدەمایەوە. بەكورتی، قورئانی پیرۆز خۆی شایەتی دەدات لەسەر تەواوەتی و كەماڵی خۆی. ئەگەر عوسمان (ڕەزای خوای لێ بێت) یان هەر هاوەڵێكی دیكە ئایەتێك لە ئایەتەكانی دەربھێنایە ئەوا كەلێنێك لە شیرازەكەیدا دروست دەبوو، بەڵام سەیر لەوەدایە لەگەڵ ئەوەی دەڵێن دە بەشی ون بووە كەچی هیچ جۆرە ناتەواویەك تێیدا دەرنەكەوتووە. ئەگەر بەو شێوە بوایە ئەوا قورئانی پیرۆز باسی هەندێ بابەتی گرنگی تێدا نەدەبوو، بەڵام هەموو ئەو شتانەی تێدایە كە مرۆڤ پێویستی پێیان دەبێت بۆ ئایین و ڕۆحی.
- هەڵەی دووەم كە موسوڵمانان تووشی بوون پێش ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەوە بوو پێیان وابوو هەندێ بەشی قورئان نەسخ بووەتەوە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەڕێگەیەكی زۆر جوان بەرپەرچی ئەم باوەڕە هەڵەی دایەوە بەجۆرێك فەرمووی ئەو ئایەتانەی كەخەڵـكی پێیان وایە نەسخ بوونەتەوە كۆمەڵێك زانیاری مەزنیان تێدایە تەنانەت دوژمنانیش بە بیستنیان سەریان سوڕماوە. ئەو بنەمایەی بەڕێزی (عليه السلام) لەم بارەيەوە پێشكەشی كرد ئەوە بوو كە هیچ ئایەتێك نیە لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز مەگەر حیكمەت یان پێویستی بوونی ئەو ئایەتە لەخودی ئایەتەكەدا هەیە. ئێستا ئەو كەسانەی باوەڕیان بە نەسخ هەبوو مەزنی ئیسلام لەبەرامبەر دوژمناندا بە هەمان ئەو ئایەتانە دەسەلمێنن كە پێشتر باوەڕیان وا بوو نەسخ بوونەتەوە، لەوانە ئایەتی: ﴿لَكُمْ دِينُكُمْ وَلِيَ دِينِ﴾ (الكافرون: 7)، پێشتر دەیانگوت ئەم ئایەتە نەسخ بووەتەوە بەڵام ئێستا وەكو بەڵـگەیەك لەسەر گەورەیی ئیسلام لەبەرامبەر دوژمنانی ئیسلامدا دەیخەنەڕوو.
- هەڵەی سێیەم كە زۆربەی زۆری موسوڵمانان تێـیكەوتن دەربارەی قورئانی پیرۆز بریتی بوو لەوەی پێیان وا بوو مانا سەرسوڕهێنەرەكانی قورئان لە ڕابردوودا كۆتاییان پێ هاتووە. بەهەمان شێوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم باوەڕە هەڵەیشی لابرد و زۆر بەتوندی دەنگی هەڵبڕی لە دژی، وە سەلماندی زانیاریەكانی قورئان لە ڕابردوودا كۆتاییان پێ نەهاتووە بەڵـكو هەتا ئێستایش كۆتاییان پێ نەهاتووە و هەرگیز لە داهاتوویشدا كۆتاییان پێ نایەت. لەم بارەیەوە دەفەرموێت:
“هەروەك چۆن زانستە سەیر و سەمەرەكانی پەڕاوی سروشت تەنھا لە زەمەنی ڕابردوودا قەتیس نەبووە بەڵـكو بەردەوام نوێ دەبنەوە، بەهەمان شێوە ئەم پەڕاوە پاكژانەش هەمان دۆخیان هەیە، ئەمەش بۆ ئەوەی گونجانی تەواو دروست بێت لەنێوان گوفتار و ڕەفتاری خوای گەورەدا” (إزالة الأوهام، الخزائن الروحانیة، ج 3 ص258).
بەڕێزی (عليه السلام) چەندین پێشبینی لە قورئانی پیرۆزدا دەرهێنا كە پەیوەست بوون بەم سەردەمەی ئێستاوه و خەڵـكی لە ڕابردوودا لێیان تێنەگەیشتبوون. بۆ نموونە پێشینان ئەم پێشبینیەیان: ﴿وَإِذَا الْعِشَارُ عُطِّلَتْ﴾ (التكویر: 5) بەوە ڕاڤە دەكرد كە خەڵـكی لە ڕۆژی قیامەتدا سواری وشتر نابن، لەگەڵ ئەوەی لەو ڕۆژەدا نە وشتر و نە شتێكی تری جگە لە وشتر هیچ سوودێك ناگەیەنن بە خەڵـكی. لە ڕاستیدا ئەم فەرمایشتە پێشبینیەكی تێدایە، هەلومەرجی سەردەمی ڕابردوو لەبار و یارمەتیدەر نەبووە بۆ تێگەيشتن لە مانا ڕاست و دروستەكانی، لەبەرئەوە بەسەر قیامەتدا پیادەیان كردووە، لە ڕاستیدا ئەم ئایەتە پێشبینیەكە دەربارەی داهێنانی هۆكارەكانی گواستنەوە لە سەردەمی كۆتاییدا بەجۆرێك خەڵـكی وازدەهێنن لە وشتر و تاونادرێت لەسەری. ئێستایش بۆ سواربوون ئەگەر لەجیاتی ئۆتۆمۆبێل كۆمەڵێك وشتر بدرێت بەو كەسانەی كە لە هەموو شتێكدا پێچەوانەی مەسیحی بەڵێندراون (عليه السلام) ئەوا هەرگیز سواریان نابن.
بەهەمان شێوە پێشبینی: ﴿وَإِذَا الْوُحُوشُ حُشِرَتْ﴾ (التكویر: 6) واتە لە داهاتوودا باخچەی ئاژەڵان دروست دەكرێت، دیارە لەم سەردەمەی خۆماندا ئەو پێشبینیە هاتەدی. سەرباری ئەمە یەكێك لە ماناكانی تری ئەم ئایەتە ئەوەیە كە گەل و نەتەوەكان لە سەردەمە كۆنەكاندا لەیەكتری دوور بوون و تێكەڵاوی یەكتر نەدەبوون و دوورەپەرێز بوون لە یەكتری، بەڵام لە ئێستادا لەڕێگەی ئامرازەكانی پەیوەندی كردن و شەمەندەفەر و فڕۆكەوە بەیەك دەگەن و پەیوەندی دروست بووە لەنێوانیاندا.
هەروەها پێشبینی: ﴿وَإِذَا الْبِحَارُ سُجِّرَتْ﴾ (التكویر: 7)، واتە لە داهاتوودا ڕووبار و دەریاكان وشك دەكەن. بەڵام ئەو بیروباوەڕەی باڵادەست بوو لە ڕابردوودا ئەوە بوو كە لە ڕۆژی قیامەتدا كۆمەڵێك بوومەلەرزەی زۆر گەورە ڕوودەدات كە دەبنە هۆی كۆتایی هاتنی ئاوی ڕووبار و دەریاكان! بەڵام دیارە لە ڕۆژی قیامەتدا هەموو جیھان تووشی وێرانبوونێكی گشتگیر دەبێت نەك بەتەنھا ڕووبار و دەریاكان. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەوەی باسكردووە كە مەبەست لەم پێشبینیە ئەوەیە كەناڵی زۆر لە ڕووبارەكانەوە دروست دەكرێت هەتا ئەوەندەی نامێنێت وشك بكەن.
بەهەمان شێوە پێشبینی: ﴿وَإِذَا النُّفُوسُ زُوِّجَتْ﴾ (التكویر: 8) پێشتر مانای باو بۆ ئەم ئایەتە ئەوە بوو: خەڵـكی هەموو بەژن و پیاوەوە لە ڕۆژی قیامەتدا بەیەكەوە كۆ دەكرێنەوە! بەڵام ئەم زەویە لە ڕۆژی قیامەتدا كاول دەكرێت، ئیتر چۆن تێیدا كۆدەكرێنەوە؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) شرۆڤەی ئەم ئایەتەی كردووە و فەرموویەتی ئەم ئایەتە پێشبینی تێدایە دەربارەی داهێنانی كۆمەڵێك ئامراز و هۆكار كە بەهۆیانەوە مرۆڤ دەتوانێت پەیوەندی بكات بە كەسانی نیشتەجێی وڵاتانی دوور و پێیان بگات، دەی ئێستا ببینن، ئایا ئەم پێشبینیە بەدی نەهاتووە؟
بەهەمان شێوە لە ئایەتە جۆراوجۆرەكانی قورئانی پیرۆزەوە بەڕێزی (عليه السلام) ئەوەی سەلماندووە كە كۆمەڵێك زانیاری ڕاستیان تێدایە دەربارەی سروشت، بۆ نموونە: ﴿وَالشَّمْسِ وَضُحَاهَا * وَالْقَمَرِ إِذَا تَلَاهَا﴾ (الشمس: 2_3)، لێرەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ڕووناكی مانگ خۆیی نیە، بەڵـكو لە خۆرەوە ڕۆشناییەكەی وەرگرتووە.
بەكورتی، بەڕێزی (عليه السلام) لە دەیەها ئایەتەوە چەسپاندوویەتی كە قورئانی پیرۆز ئاماژە دەكات بۆ ئەو زانستە سروشتیانەی كە خەڵـكی ناتوانن لە سەردەمێك لە سەردەمەكاندا بە تەواوەتی حاڵی بن لێیان بەڵـكو لەكاتی خۆیدا بەتەواوەتی حەقیقەتەكانیان ڕوون دەبێتەوە.
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی زانستەكانی قورئانی پیرۆز نوێ دەبنەوە لەگەڵ نوێ بوونەوەی كاتدا، دیارە _بەگوێرەی ئەم یاسایە_ خوای گەورە زانستی قورئانی پیرۆزی پێ بەخشیوین بەجۆرێك هیچ كەسێك ناتوانێت ڕووبەڕومان بێتەوە تێیدا.
تێبینی بكەن، ئەو گۆڕانكاریە چەند مەزنە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دروستی كردووە. هەڵبەت مەلاكان لە پێش ئەودا دەیانگوت: ئەم بابەتە لە فڵان تەفسیردا هاتووە، وە ئەگەر كەسێك شتێكی تازەی پێشكەش بكردایە ئەوا دەیانگوت: ئەم بابەتە لە چ تەفسیرێكدا هاتووە؟ بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرمووی ئەگەر خوای گەورە قورئان و زانستەكانی قورئانی فێری خاوەنی ئەم تەفسیرانە كردووە، ئیتر بۆچی ئێمەیش فێرناكات؟ بەم شێوەیە لە گۆمە ئاوێكی بچوك دەری كردین و وەهای لێ كردین بێوچان لە دەریایەكی لێوانلێو بخۆینەوە.
- هەڵەی چوارەمی خەڵـكی دەربارەی قورئانی پیرۆز ئەوە بوو كە پێیان وابوو بابەتەكانی قورئان بە ڕێكخستنێكی پتەو و ڕێكوپێك ڕیزنەكراون، وە باوەڕیان وانەبوو پەیوەندیەك لەنێوان هەر ئایەتێك و ئایەتێكی تردا هەبێت و ڕایەڵێك لەنێوان وشەیەك و وشەیەكی تردا هەبێت، بەڵـكو جاروبار لە تەفسیركردندا ڕیزبەندی قورئانی پیرۆزیان گۆڕیوە؛ چونكە باوەڕیان بە پێشكەوتن و دواكەوتن هەبووە تێیدا. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم هەڵە ترسناكەیشی سڕیەوە و فەرمووی پێشكەوتن و دواكەوتنی ڕەوانبێژی لە هەندێ ئایەتدا كێشەی تێدا نیە بەڵام ئایا كەسێك دەتوانێت لەم ڕیزبەندی و ڕێكوپێكیەی كە لە قورئاندا هەیە چاكتر و جوانتر بھێنێت؟ ئەگەر ئەو ڕیزبەندی و ڕێكخستنەی كە لە قورئاندا بوونی هەیە چاكترین و جوانترینە ئیتر بۆچی ڕیزبەندی و ڕێكخستنێكی نزمتر لەوەی كە هەیە دەدەنەپاڵ قورئانی پیرۆز؟
بەڕێزی (عليه السلام) تەحەددایەكی خستەڕوو لە بەرامبەر ئاریا هیندۆسەكاندا و فەرمووی ئەوەی ڕەچاوكراوە لە قورئانی پیرۆزدا تەنھا ڕیزبەندی و ڕێكوپێكی نیە لەواتادا بەڵـكو ڕیزبەندی و ڕێكخستنە لە ڕواڵەتیشدا، تەنانەت ناوەكان بەگوێرەی ڕیزبەندی زەمەنی خاوەنەكانیان باسكراون مەگەر بەدەگمەن ڕیزبەندی واتایی بابەتەكە ئەوە بخوازێت كە شتێك پێش بخرێت و شتێكی تر دوا بخرێت، وە ئاشكرایە ڕیزبەندی واتایی دەخرێتە پێش ڕیزبەندی كاتەوە.
- هەڵەی پێنجەم كە موسوڵمانان و ناموسوڵمانانیش تێـیكەوتبوون بریتی بوو لەو باوەڕەیان كە گوایە لە بابەتەكانی قورئانی پیرۆزدا دووبارەبوونەوە هەیە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەلماندی قورئانی پیرۆز دووبارەبوونەوەی تێدا نیە، بەڵـكو هەموو وشەیەك كە تێیدا هاتووە بە كۆمەڵێك مانای نوێ و خاسیەتگەلێكی ناوازەوە هاتووە. بەڕێزی (عليه السلام) ئایەتەكانی قورئانی چوواندووە بە دیمەنی گوڵ كە وا دەردەكەوێت هەموو پەڕەیەك لە پەڕەكانی دووبارە بێت، بەڵام لەڕاستیدا هەرپەڕەیەك بریتیە لە ئەڵقەیەكی تەواوكەری زنجیرەی جوانیەكەی. دەی ئایا گوڵ بە كامڵی دەمێنێتەوە ئەگەر یەكێك لەپەڕەكانی لێ كرایەوە؟! بێگومان نەخێر، قورئانی پیرۆزیش وەهایە، هەروەك چۆن هەموو پەرەیەك لەپەرەكانی گوڵ جوانی و قەشەنگیی گوڵەكە زیاتر دەكات، وە خوای گەورە زنجیرە لەدوای زنجیرەی لەم پەڕانە دروستكردووە تێیدا، وە كۆتایی پێ نەهێناوە مەگەر دوای تەواوكردنی دیمەنە قەشەنگ و جوانەكەی، بەهەمان شێوە بابەتی دووبارە لە قورئانی پیرۆزدا بە كۆمەڵێك مانای نوێ و بۆ مەبەستگەلێی نوێ هاتووە، بەم شێوەیە قورئانی پیرۆز بەگشتی دەبێت بە كتێبێكی كامڵ.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت ئەو باوەڕەی كە دەڵێت هەر ئایەتێك لە ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز جودا یان سەربەخۆیە بەدڵنیاییەوە باوەڕێكی هەڵەیە. هەڵبەت ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز هاوشێوەی خانەكانی لەشە، وە سوورەتەكانی هاوشێوەی ئەندامەكانی لەشە، بۆ نموونە ژمارەی ددانەكانی مرۆڤ 32 ددانە، ڕەنگە كەسێك بڵێت: ئەمە دووبارەبوونەوەی یەك ددانە 32 جار، لەبەرئەوە پێویستە یەك ددان بھێڵینەوە و 31 دانەكەی تر بشكێنین، یان یەكێك لە گوێچكەكانی ببڕین چونكە زیادەیە، یان بڵێت: پێویست ناكات مرۆڤ 12 پەراسوی هەبێت و پێویستە 11 دانەیان بشكێنرێت. بەهەمان شێوە سەدان هەزار موو بەلەشی مرۆڤەوەیە، دەی ئایا كەسێك هەیە هەموو مووەكانی لەشی بتاشێت و یەك دانەیان بھێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە دووبارە بوونەوە خۆی بپارێزێت؟ كەواتە دووبارە بوونەوە لە جەستەتان دووربخەنەوە بۆئەوەی بزانن پاش ئەوە چی دەمێنێتەوە لەلاتان؟ بەكورتی، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ماناكانی قورئانی پیرۆزی ڕوون كردەوە و بەشێوەیەكی گومانبڕ و دەمكوتكەر بەرپەرچی بیرۆكەی دووبارەبوونەوەی مانا و ناوەڕۆكەكانی ناو قورئانی دایەوە.
- هەڵەی شەشەم كە موسوڵمانان تێـیكەوتن بریتی بوو لەوەی پێیان وابوو بەسەرهاتی نەتەوەكانی پێشوو تەنھا بۆ پەندوەرگرتن باسكراوە لە قورئانی پیرۆزدا. هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچی ئەم گومانەیشی دایەوە و سەلماندی كە لەڕاستیدا پەند و ئامۆژگاری لە بەسەرهاتە قورئانیەكان وەردەگیرێت، بەڵام ئەم بەسەرهاتانە تەنھا بۆ ئەم مەبەستە لە قورئاندا نەهاتوون، بەڵـكو لە ڕاستیدا وەكو كۆمەڵێك پێشبینیش هاتوون بۆ ئوممەتی موحەممەدی، وە لە داهاتوودا ئەو هەواڵانەی كە لە ناو بەسەرهاتەكاندا هەن ڕوودەدەن، لەبەرئەوە قورئانی پیرۆز بەسەرهاتەكە بە تەواوەتی زنجیرە ئاسا بەهەموو وردەكاریەكانیەوە باس ناكات، بەڵـكو بەشێكی هەڵبژێردراوی بەسەرهاتەكە باس دەكات بۆ ڕوونكردنەوەی ئەو هەواڵەی كە مەبەستە. ئەمەش بابەتێكی ڕوونە بەجۆرێك تەنانەت وردەكاریە بچوكەكانی ئەو بەسەرهاتە قورئانیانە بەدی هاتوون و بەردەوامیش بەدی دێن. لە قورئانی پیرۆزدا بەسەرهاتی مێرولەكە هاتووە، وە لە مێژووەوە ڕوون دەبێتەوە كە ڕووداوێكی هاوشێوەی ئەم بەسەرهاتە لە سەردەمی هاروون ڕەشیددا ڕوویداوە بەجۆرێك ئافرەتێك سەرۆكایەتی هۆزی مێروولەی كردووە هاوشێوەی سەردەمی سڵێمان (عليه السلام)، وە توورەكەیەكی پڕ لە زێڕی پێشكەش كردووە بە هاروون ڕەشید و پێیگوتووە: من شانازی دەكەم چونكە ئافرەتێك لە هۆزەكەمان لەم جۆرە دیارییەی پێشكەش كردووە بە سڵێمان و ئەوەتا منیش پێشكەشی تۆی دەكەم، بەم شێوەیە تۆ بوویت بە هاوشێوەی سڵێمان (عليه السلام)، هاروون ڕەشیدیش زۆر دڵخۆش بوو كە چوێنرا بە حەزرەتی سڵێمان (عليه السلام).
- گومانی حەوتەم: كە لەلای زۆرێك لە موسوڵمان و ناموسوڵمان بەرهەم هاتبوو، ئەو باوەڕەبوو كە قورئانی پیرۆز كۆمەڵێك بابەتی پێچەوانەی مێژووی تێدایە. سەید ئەحمەد خان زۆر لەم ڕەخنەیە ترسا بۆیە ئەو بۆچوونەی پەسەند كرد كە قورئانی پیرۆز كۆمەڵێك بابەتی لەخۆی گرتووە بۆ ناچاركردن و دەمكوتكردنی بەرامبەر باسكراون، واتە هەندێ ڕووداو یان بیروباوەڕی ناراستی باسكردووە بەڵام قسەبۆكراوەكان دانیان ناوە بەڕاستی ئەم بیروباوەڕ و ڕووداوانەدا، بۆیە پێشكەش كراون بە گریمانەی ئەوەی ڕاست بن بۆ تێگەیاندی ئەوان. بەڵام ئەم قسەیە قوڕەكە زیاتر خەست دەكاتەوە و هەڵوێستەكە زیاتر مەترسیدار دەكات؛ چونكە دەكرێت ئەم پرسیارە ڕووبەڕوومان بكرێتەوە: چۆن بزانین ئەو بابەتە بۆ دەمكوتكردنی بەرامبەر باسكراوە یان وەك بەڵـگەیەك پێشكەشكراوە لەسەر ڕاستی بانگەشە؟ بەگوێرەی ئەم بەڵـگەیە ئەگەر كەسێك هەموو بابەته باسكراوەكانی ناو قورئانی پیرۆز بە جۆری دواندن و دەمكوتكردن بەگوێرەی بیروباوەڕی بەرامبەر لەقەڵەم بدات ناكرێت بەرپەرچی بدرێتەوە و بوترێت وانیە، بەم شێوەیە هیچ شتێك لای جیھان نامێنێتەوە. كەواتە هەر بەڵـگەیەك بۆ دەمكوتكردن و دواندن بێت بەگوێرەی بیروباوەڕی بەرامبەر دەبێت نووسەرەكەی بە ڕوونی ڕایبگەیەنێت كە ئەم بەڵـگەیە بۆ دەمكوتكردن و ناچاركردنە بەگوێرەی بیروباوەڕی كەسی بەرامبەر.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم بنەما ناچاركردنەی بەكارنەهێناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕەخنەكەی پێشوو، بەڵـكو بەم شێوەیە بەرپەرچی داوەتەوە قورئانی پیرۆز فەرمایشتی خودایە كە زانای نادیارەكانە بۆیە دەبێت هەر شتێك لای ئەوەوە هاتبێت شەقڵی ڕاستی پێوە بێت، وە ڕێی تێناچێت كتێبەكانی مێژوو كە داننراوە بە لاوازییاندا بخرێنە پێش فەرمایشتی خوای گەورەوە. دەبێت شرۆڤەی دەربڕین و ئاخاوتنەكانی قورئانی پیرۆز بكرێت بەڕەچاوكردنی ئەو بنەمایانەی كە قورئان خۆی دایناون، هەروەك پێویستە قورئان وەكو كتێبێكی چیرۆك لەقەڵەم نەدرێت، یاخود فێركاریە پڕ لە حیكمەتەكانی وەك كۆمەڵێك بابەتی ڕووكەشی بێناوەڕۆك ئەژمار بكرێت.
- هەڵەی هەشتەم كە خەڵـك تێـیكەوتبوون ئەوە بوو دەیانگوت قورئانی پیرۆز جاروبار كۆمەڵێك بابەتی بچوكی لاوەكی باس دەكات كە هیچ سوودێكیان نیە لە بوارەكانی عیلم و عیرفاندا و هیچ ڕۆڵێكیان نیە لە بەرەوپێش بردنی هزری مرۆییدا.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەلماندی ئەم باوەڕەیش باوەڕێكی هەڵەیە و بەوپەڕی هێزەوە فەرمووی قورئانی پیرۆز هیچ بابەتێكی تێدانیە سوود و كەڵـكی نەبێت، بەڵـكو مانا و بەسەرهات و ڕووداوگەلێك كە باسیان دەكات هەموویان گرنگیەكی زۆریان هەیە.
وەك نموونە ڕووداوێك لە بەسەرهاتی حەزرەتی سڵێماندا (عليه السلام) باس دەكەم. لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە كۆشكێكی دروستكرد و زەوی ناوماڵەكەی بە شووشە دروستكرد كە بەژێریدا ئاو دەڕۆشت، كاتێك شاژنی سەبەء هات بۆلای فەرمانی پێ كرد بچێتەناو ئەم كۆشكەوە ئەویش ترسا چونكە پێی وابوو ئاوێكی ڕەوانە، حەزرەتی سڵێمانیش (عليه السلام) پێی فەرموو مەترسە ئەوەی تۆ پێت وایە ئاوە تەنھا ناوماڵێكی لە شووشە دروستكراوە و ئاو بەژێریدا دەڕوات. بەسەرهاتەكە بەم وشانەدا باسكراوە: ﴿قِيلَ لَهَا ادْخُلِي الصَّرْحَ فَلَمَّا رَأَتْهُ حَسِبَتْهُ لُجَّةً وَكَشَفَتْ عَنْ سَاقَيْهَا قَالَ إِنَّهُ صَرْحٌ مُمَرَّدٌ مِنْ قَوَارِيرَ قَالَتْ رَبِّ إِنِّي ظَلَمْتُ نَفْسِي وَأَسْلَمْتُ مَعَ سُلَيْمَانَ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ (النمل: 45)
موفەسیرەكان كۆمەڵێك تەفسیری سەیریان بۆ ئەم ئایەتە كردووە، هەندێكیان دەڵێن: حەزرەتی سڵێمان (عليه السلام) دەیویست هاوسەرگیری لەگەڵ ئەم شاژنەدا بكات، بەڵام جنۆكەكان هەواڵیان پێدا قاچەكانی بە موو داپۆشراوە، ئەویش ویستی دڵنیا بێت لەم هەواڵە، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە كۆشكێكی دروستكرد، ئەوە بوو كاتێك شاژن جلەكانی هەڵـكرد لەترسی ئەوەی تەڕ نەبێت، وە قاچەكانی خۆی دەرخست، حەزرەتی سڵێمان (عليه السلام) بۆی دەركەوت قاچكانی بەو شێوەیە نین.
هەندێ دەڵێن سڵێمان (عليه السلام) ئەو كۆشكەی كە زەویەكەی ڕووپۆشكرابوو بە شووشە دروست نەكرد بۆ ئەوەی مووی قاچی شاژنەكە ببینێت، بەڵـكو لەڕاستیدا بۆی دەركەوت كە بەهێنانی عەرشەكەی كارێكی خراپی كردووە بەرامبەری چونكە داوای عەرشەكەی لێ كردبوو ئەویش پێی نەدابوو، بۆیە فەرمانی كرد بە دروستكردنی ئەو كۆشكە بۆ دەرخستنی گەورەیی و مەزنێتی خۆی. بەڵام ئایا كەسێكی ژیر لە دنیادا هەیە بڵێت ئەم بابەتانە هێندە گرنگن بەجۆرێك خوای گەورە لە وەحیە كامڵەكەی خۆیدا باسیان بكات كە كۆتا شەریعەته بۆ مرۆڤایەتی. لەڕاستیدا ئەم كردەوە پڕوپووچانە هیچ پەیوەندیەكیان بە ئایین و مەعریفەتەوە نیە، هەروەها ناچێتە عەقڵەوە كە پێغەمبەرانی خودا خۆیان خەریك بكەن بەم بابەتە پڕوپووچانەوە.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەشێوەیەك شرۆڤەی ئەم ئایەتەی كردووە كە ڕاستیەكەی دەرخستووە و بەڕوونی چەسپاندوویەتی ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە دەبێتەهۆی بووژانەوەی ئیمان و عیرفان و پێشكەوتن تێیاندا. بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت كە شاژنی سەبەء موشریك بووە و خۆری پەرستووە، وە حەزرەتی سڵێمان (عليه السلام) ویستوویەتی ڕێگری شیركی لێ بكات، بە قسە ئامۆژگاری كردووە و لەپاڵ ئەمەشدا ویستوویەتی بە كردەیی هەڵەی باوەڕەكەی ئاشكرا بكات بۆی، بۆ ئەم مەبەستە كۆشكێكی هەڵبژاردووە بۆ چاوپێكەوتن لەگەڵیدا كە زەوی ناوماڵەكەی لە شوشە دروستكرابوو، وە ئاو بەژێریدا دەڕۆشت، كاتێك شاژنەكە ویستی بە سەریدا بڕوات وای زانی ئاوە بۆیە بە خێرایی قاچی هەڵـكرد، یان ماناكە ئەوەیە زۆر ترسا _چونكە قاچ هەڵـكردن هەر دوو ماناكە دەبەخشێت_ ئەوە بوو حەزرەتی سڵێمان (عليه السلام) هێوری كردەوە و فەرمووی: هەڵمەخەڵەتێ، ئەوەی كە پێت وایە ئاوە شتێك نیە جگە لە زەویەكی شووشەیی و ئاو بەژێریدا دەڕوات. بێگومان پێشتر سڵێمان (عليه السلام) بە بەڵـگە پووچی شیركی بۆ ڕوونكردبوویەوە، ئێستایش بە نموونەیەكی كردەیی ڕاستیەكەی بۆ ڕوونكردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە هەروەك چۆن لە شووشەكەوە ئاوەكەی بینی وای زانی ئاوە بە هەمان شێوە لە ڕاستیدا نووری خوا لە ئەستێرەكانی ئاسماندا دەدرەوشێتەوە، بەڵام خەڵـكی خەڵەتاون وا دەزانن ئەو ئەستێرانە خودان. ئەوە بوو بەم بەڵـگەیە دڵی ئۆقرەی گرت و دەستبەجێ گوتی: ﴿رَبِّ إِنِّي ظَلَمْتُ نَفْسِي وَأَسْلَمْتُ مَعَ سُلَيْمَانَ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ﴾ واتە باوەڕم هێنا بەو خودایەی كە پەروەڕێنی جیھانەكانە و سەرچاوەی هەموو لێشاوێكی ڕەحمەتە و خۆر و مانگ لە لێشاوی نووری ئەو ڕۆشناییان وەرگرتووە.
ئێستا تێبینی بكەن، ئەم بابەتە كە شەقڵێكی فەلسەفی وەرگرتووە چەندە جوانە بەجۆرێك دەكرێت لەبارەیەوە كتێبێك بنووسرێت. بەڵام خەڵـكی پێش ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەیانگوت سڵێمان (عليه السلام) ئەم كۆشكەی دروستكردووە تەنھا بۆئەوەی دوو قاچی داپۆشراو بە موو ببینێت. ئایا ئەو ژنانەی موو بە قاچیانەوەیە هاوسەرگیر ناكەن؟ ئایا ڕەوایە بۆ پێغەمبەرێك خۆی بەم جۆرە كارانەوە سەرقاڵ بكات؟ بەكورتی، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) گرنكی ناوەڕۆك و ماناكانی قورئانی پیرۆزی جێگیر كرد و پاكی كردەوە لە هەموو ئەو بابەتە پووچانەی كە درابوونە پاڵی.
- هەڵەی نۆيەم كە خەڵـكی تێـیكەوتبوون ئەوەیە پێیان وابوو زۆرێك لە بانگەشەكانی قورئان ناكرێت بە بەڵـگە بسەلمێنرێن. هەڵویستی موسوڵمانان لەو كاتەدا ئەوە بووە كە قورئانی پیرۆز فەرمایشتی خوایە لەبەرئەوە بەراستی باوەڕمان بەهەموو ئەو شتانە هەیە كە تێیدا هاتووە. بەڵام نەیارەكان دەیانگوت: قورئان بریتیە لە كۆمەڵێك بابەتی پروپووچ كە ناتوانین باوەڕی پێ بكەین. مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) فەرمووی هەموو تەحەدداكانی قورئان پشتئەستورن بە بەڵـگەی گومانبڕ، وە قورئانی پیرۆز خۆی بەڵـگە پێشكەش دەكات لەسەر هەموو بانگەشەكانی، بەڵـكو ئەم خاسیەتە قورئانی پیرۆز جیادەكاتەوە لە هەموو كتێبە ئیلھامیەكانی تر. دەڵێن: بانگەشەكانی قورئانی پیرۆز بەبێ بەڵـگە ماونەتەوە، بەڵام لەڕاستیدا دەتوانرێت هەموو بانگەشەكانی بەبەڵـگە بسەلمێنرێت بەڵـكو خۆی بەڵـگە دەهێنێتەوە بۆ سەلماندنی تەحەدداكانی. وە ئەو كتێبەی پێویستی بە بەڵـگەكانی ئێمە هەیە بۆ سەلماندنی بانگەشەكانی ناكرێت شەقڵی كەماڵی پێوە بێت. ئایا ڕەوایە خوای گەورە كۆمەڵێك بانگەشە پێشكەش بكات و ئەركی سەلماندنیان بسپێرێت بە ئێمە؟ ئەمە لەو شتە دەچێت كە لە كۆشكی مەھاراجاكاندا ڕوودەدات، بەجۆرێك كاتێك مەھاراجا قسەیەك دەكات كەسانی دەوروبەری بە گوتنەوەی وشەی بەڵێ بەڵێ پشتگیری قسەكەی دەكەن. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) تەحەددای كرد و فەرمووی: قورئانی پیرۆز هیچ بانگەشەیەكی ڕانەگەیاندووە مەگەر بەڵـگەیەك بەڵـكو كۆمەڵێك بەڵـگەی زۆری پێشكەش كردووە لە سەر ڕاستی ئەو بانگەشەیە. وە بەڕێزی (عليه السلام) بە ئەندازەی پێویست تیشكی خستە سەر ئەم بابەتە و بەڕادەیەك درێژەی پێدا كە بووە هۆی دەمكوتبوونی دوژمنان و بێ دەنگ بوونیان.
لە ئەمريتسەر دیبەیتێك ڕوویدا لەنێوان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و مەسیحیەكاندا پاشان ئەم دیبەیتە بە ناونیشانی: “جەنگی پیرۆز” بڵاوكرایەوە، بەڕێزی (عليه السلام) لەبەرامبەریاندا مەرجێكی بنچینەیی دانا كە بریتی بوو لەوەی هەریەك لە دوو تیمەكە پابەند بێت بە سەلماندنی بانگەشەكەی و هێنانەوەی بەڵـگەكانی لە كتێبە ئیلھامیەكەی خۆیدا، مەسیحیەكان نەیانتوانی ئەو بانگەشەیەی خۆیان كە مەسیح كوڕی خودایە لە ئینجیلەوە ساغبكەنەوە چجای ئەوەی بەڵـگەی لەگەڵدا بێت.
خەلیفەی یەكەم (رضي الله عنه) دەڵێت: كاتێك بە شەمەندەفەر گەشتم دەكرد یەكێك لە مەسیحیەكان پێی وتم: لە شاری ئەمریتسەر ئامادە بووم لە دیبەیتەكەی میرزادا بەڵام هیچ كەڵـكێكم لێ وەرنەگرت، ئایا تۆ هیچ بەڵـگەیەكت لایە لەسەر راستگۆییەكەی؟ ئەویش (رضي الله عنه) دەڵێت: ئەم دیبەیتە بەڵـگەیە لەسەر ڕاستگۆییەكەی. كابرای مەسیحی پرسی: چۆن؟ وتی (رضي الله عنه): بێگومان میرزا داوای كرد لە مەسیحیەكان كە لە كتێبە ئیلھامیەكەی خۆیانەوە بانگەشەكەیان بچەسپێنن و بەڵـگە بھێننەوە لەسەری بەڵام ئەوان هیچ وەڵامێكیان پێ نەبوو، ئەگەر من لە جێگای بەڕێز میرزادا بوومایە هەڵدەستام و دەڕۆیشتم، بەڵام میرزای بەڕێز زۆر دڵی فراوان بوو بەجۆرێك بەدرێژايی پازدە ڕۆژ گوێی گرت لە قسە بێ ماناكانی مەسیحیەكان و ئامۆژگاری دەكردن و تێـیدەگەیاندن.
- هەڵەی دەيەم كە هەندێ كەس تێـیكەوتبوون بریتی بوو لەوەی: پێیان وابوو قورئانی پیرۆز دژایەتی دەكات لەگەڵ زانستە یەقینیەكاندا و كۆمەڵێك بابەت باس دەكات پێچەوانەی ئەم زانستانەیە. بەڕێزی (عليه السلام) وەڵامی ئەم هەڵەیەشی دایەوە، وە فەرمووی قورئانی پیرۆز تاكە كتێبێكە بەوپەڕی هێزەوە كرداری خوای گەورە یان سروشت پێشكەش دەكات لەگەڵ داننان بەوەدا كە ئەوپەڕی گرنگی هەیە، وە زنجیرەی ماددی واتە سروشت یان كردەوەی خوای گەورە بەهاوشێوەی زنجیرەی ناوەكی واتە وتەی خوای گەورە دادەنێت، وە ناكرێت دژایەتی هەبێت لەنێوان گوفتار و كرداری خوای گەورەدا، لەبەرئەوە هەڵەیە بوترێت قورئانی پیرۆز كۆمەڵێك بابەتی باس كردووە پێچەوانەی زانستە سروشتیەكانن. وە بەڕێزی (عليه السلام) ئەوەش دەفەرموێت: بەڵام ئەو بابەتانەی لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون و هەندێ كەس پێیان وایە پێچەوانەی یاساكانی سروشتن لە دوو حاڵەت بەدەر نین: یان ئەوەتا ئەوەی خەڵـك بە یاسای سروشت ئەژماری كردووە لە بنچینەدا یاسای سروشت نیە، یاخود تێگەیشتنیان بۆ ئەو ئایەتانە هەڵە و نادروستە. بەڕێزی (عليه السلام) نموونەی زۆری هێنایەوە لەسەر تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز، لەوانە ئەم دوو ئایەتە وەردەگرین: ﴿وَالسَّمَاءِ ذَاتِ الرَّجْعِ * وَالْأَرْضِ ذَاتِ الصَّدْعِ﴾ (الطارق: 12_13). پێشتر خەڵـكی ئەم دوو ئایەتەیان وەها تەفسیر دەكرد كە ئاسمان دەسووڕێتەوە و زەویش شەق دەبات و درزی تێدەكەوێت. سروشتناسەكان ڕەخنەیان لەم ڕاڤەیە گرت بەوەی كە ئاسمان شتێكی ماددی نیە ئیتر چۆن دەسووڕێتەوە؟ پاشان ناسووڕێتەوە تەنانەت ئەگەر گریمان بوونێكی ماددیشی هەبێت بەڵـكو ئەوە زەویە كە دەسووڕێتەوە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ئایەتەی شرۆڤە كرد و فەرمووی: لێرەدا ئاسمان مانای هەور دەگەیەنێت وە ﴿الرَّجْعِ﴾ بریتیە لە گەڕانەوە جار لەدوای جار. بۆیە مانای ئایەتەكە ئەوە نیە كە ئاسمان دەسووڕێتەوە بەڵـكو ماناكەی ئەوەیە: لەبەرامبەرتاندا بەڵـگەی ئاسمانی خاوەن گەڕانەوە پێشكەش دەكەین، واتە ئایا هەورەكان نابینن چۆن جار لەدوای جار دەگەڕێنەوه و باران لەدوای باران دەبارێنن بەسەر زەوی وشكدا.
پاشان خوای گەورە دەفەرموێت لەبەردەمتاندا بەڵـگەی زەوی پێشكەش دەكەین كە كاتی دابارینی باران بەسەریدا شەق دەبات و دزر و كەلێنی تێدەكەوێت و ڕووەكی لێوە دەردێت. لەڕێگەی ئەم دوو بەڵـگەوە پێمان ڕاگەیەنراوە خوای گەورە هەوری دروستكردووە كە جار لەدوای جار دەگەڕێتەوە و باران دەبارێنێت و دەبێتە هۆی گەشە و سەوز بوونی زەوی و بەبێ ئەم هەورە زەوی گەشە ناكات و نابووژێتەوە. ژیانی ڕۆحانیش بەهەمان شێوەیە، كەواتە ئەگەر خوای گەورە هەوری فەزڵ و ڕەحمەتی خۆی نەنێرێت و بارانی وەحی خۆی نەبارێنێت توانست و لێھاتوویی شەقبوونی زەوی دەرناكەوێت. بەڵام لە كاتی دابەزینی ئاوی وەحی لە ئاسمانەوە توانستەكانی هزری مرۆییش دەم دەكەنەوە ئەوسا پەی دەبات بە چەمكە ڕۆحانیە وردەكان، سیاقی ئەم ئایەتانەش ئەوە دەگەیەنێت، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿إِنَّهُ لَقَوْلٌ فَصْلٌ * وَمَا هُوَ بِالْهَزْلِ﴾ (الطارق: 14_15) واتە لە وتەی یەكەمەوە ئەوە ساغبوویەوە كە قورئانی پیرۆز گاڵتەوگەپ و قسەی پڕوپووچ نیە بەڵـكو قسەیەكە ڕاستی دەچەسپێنێت. وە بەوپێیەی لەم ڕۆژگارەشدا زەوی ڕۆحانی وشك بووە، وە خەڵـكی بێ ئاگان لە زانستە ئایینیەكان، بۆیە پێویستیەكی زۆر لە ئارادایە كە هەوری ڕەحمەتی خوای گەورە بارانی وەحی ببارێنێت لەشێوەی وتەی خۆیدا بۆ نەهێشتنی ئەو وشكیە ڕۆحانیەی تووشی خەڵـكی بووە.
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) ڕوونیكردەوە خەڵـكی لە سەردەمی دابەزینی قورئاندا باوەڕیان وا بووە ئاسمان شتێكی ماددی ڕەقە و ئەستێرەكان پێوەی هەڵواسراون، بەڵام ئەم باوەڕە پێچەوانەی ڕاستی بوو، بۆیە قورئانی پیرۆز بەرپەرچی ئەم بیرۆكەیەی دایەوە و فەرمووی: ﴿كُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ﴾ (یس: 41) واتە ئاسمان شتێكی ڕەق نیە، بەڵـكو ماددەیەكی نەرم و سادەیە لە شلی دەچێت ئەستێرەكانی ئاسمان مەلەی تێدا دەكەن وەك مەلەكردن لە ئاودا. وە تیۆری ئەسیر لەم سەردەمەی ئێستادا نزیكترین تیۆرە لەم شرۆڤە قورئانیەوە.
هەروەها دەفەرموێت (عليه السلام): خەڵـكی ئەم فەرمایشتەی خودا: ﴿وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا﴾ (النساء: 2) وەها ڕاڤە دەكەن كە حەوا لە پەراسووی ئادەم دروست بووە، ئەمەیە ڕەخنەی لێ دەگیرێت، لەكاتێكدا ئەمە تەفسیرێكی هەڵەیە. وە قورئان نەیفەرمووە حەوا لە پەراسووی ئادەم دروست بووە، بەڵـكو مانای ئایەتەكە ئەوەیە حەوا لە ڕەگەزی ئادەم دروست بووە، بەو مانایە ئافرەتیش بە هەمان ئەو هێز و هەست و نەستانەوە دروست بووە كە ئادەم پێوەیان دروست بووە. چونكە ئەگەر ئافرەت و پیاو هاوچەشن نەبونایە لە هەستەكانیاندا ئەوا لەنێوانیاندا خۆشەویستی و هۆگری ڕاستەقینە دروست نەدەبوو. بەڵـكو ئەگەر لە پیاودا هێزی شەهوەت دابنرایە و لە ئافرەتدا ئەو هێزە نەبوایە؛ ئەوا هەمیشە شەڕ و ئاژاوەیان دەبوو، وە لەسەر هیچ شتێك ڕێكنەدەكەوتن. دیارە خوای گەورە هاوچەشن و هاوشێوەی ئەو هەست و سۆزانەی كە بەخشیویەتی بە پیاو لە ئافرەتدا داناوە بۆئەوەی لە ژیانێكی پڕ لە خۆشەویستی و ئەویندا بژین پێكەوە.
تێبینی بكەن چۆن ئەم شتە دەبێتە هۆی دروستبوونی خۆشەویستی و ڕێككەوتن و گونجان لەنێوان ئافرەت و پیاودا، بۆیە ئەگەر پیاو لە هاوسەرەكەی تووڕە بێت؛ ئەوا ئامۆژگاری دەكرێت كە ئافرەتیش هەمان هەست و سۆزی تۆی هەیە، هەروەك تۆ پێت خۆش نیە هەستت بریندار بكرێت بەهەمان شێوە ئەویش نایەوێت هەستی بریندار بكرێت، بۆیە پێویستە ڕێز لە هەست و سۆزی ئەویش بگریت.
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت هەندێ كەس پێیان وایە ئەم ئایەتە: ﴿الَّذِي خَلَقَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضَ وَمَا بَيْنَهُمَا فِي سِتَّةِ أَيَّامٍ ثُمَّ اسْتَوَى عَلَى الْعَرْشِ الرَّحْمَنُ فَاسْأَلْ بِهِ خَبِيرًا﴾ (الفرقان: 60) دەڵێت ئاسمان و زەوی لەماوەی شەش ڕۆژدا دروستكراون پاشان خوای گەورە لەسەر عەرش ڕاوەستا، بەڵام ئەمە هەڵەیە؛ چونكە ئاسمان و زەوی لەماوەی ملیۆنەها ساڵدا دروستكراون، ئەمەش لەڕووی زانستیەوە ساغ بووەتەوە. بەڵام لەڕاستیدا خەڵـكی لە مانای ئایەتەكانی قورئان تێناگەن. ناتوانین ئەو ماوەیە دیاری بكەین كە تێیدا ئاسمانەكان و زەوی دروست بوون بەڵام ئێمە دەزانین ئەو دووانە لە ماوەی شەش ڕۆژی ئاساییدا دروست نەبوون؛ چونكە ڕۆژ لە ئەنجامی هەڵھاتنی خۆر و ئاوابوونیدا دروست دەبێت بەڵام پێش بوونی خۆر ئەم ڕۆژە ئاساییانە لە كوێ بوون. كەواتە مانای ڕۆژ لێرەدا بریتیە لە قۆناغێكی دیاریكراو لە كات. هەڵبەت لە قورئانی پیرۆزدا باسی ڕۆژ (الیوم) كراوە وەك هەزار ساڵ و وەكو پەنجا هەزار ساڵیش، وە مەبەست لە ئایەتەكە ئەوەیە ئاسمانەكان و زەوی لەماوەی شەش قۆناغی زەمەنی درێژدا دروستكراون.
- هەڵەی یازدە: خەڵـكی لە ڕاڤەكردنی قورئانی پیرۆزدا دەكەوتنە هەڵەوە، بۆیە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كۆمەڵێك بنەمای تۆكمەی دانا بۆ تەفسیری قورئانی پیرۆز، ئەمەش بووە هۆی كەمكردنەوەی ئەگەری تووشبوون بەهەڵه لە تەفسیركردنیدا. وە بە پەیڕەوكردنی ئەم بنەمایانە خوای گەورە كۆمەڵێك زانیاری قورئانی پیرۆزی ئاشكراكرد بۆ شوێنكەوتووانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كە پێشتر ئاشكرای نەكردبوو بۆ كەسی تر. چەندین جار ئەم تەحەددایەم ڕاگەیاندووە كە لە هەر جێگایەكیدا قورئانی پیرۆز بكرێتەوە یان بە تیروپشك هەندێ ئایەت هەڵبژێردرێت پاشان من زانیاریەكانی ئەو بەشه دەنووسم، وە لەبەرامبەرمدا نوێنەری هەر كۆمەڵێكی تر زانیاریەكانی هەمان بەش بنووسێت. ئەو كاتە بۆ هەموو خەڵـكی دەردەكەوێت خوای گەورە دەیەوێت لەسەر دەستی كێدا زانستەكانی ناو قورئان ئاشكرا بكات، بەڵام هیچ كەسێك ئەم تەحەددایەی قەبوڵ نەكرد.
بنچینەكانی تەفسیر كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی كردوون
1- بەڕێزی (عليه السلام) باسی ئەوەی كردووە قورئانی پیرۆز ڕازێكە لە ڕازەكانی خوای گەورە و ئاشكرا نابێت مەگەر بۆ ئەوانەی پەیوەندیەكی تایبەتیان لەگەڵ خوای گەورەدا هەیە. لەبەرئەوە دەبێت مرۆڤ ئەو پەیوەندیە لەگەڵ خوای گەورەدا دابمەزرێنێت بۆئەوەی لە قورئانی پیرۆز تێبگات. بەڵام سەیر لەوەدایە نووسەری تەفسیرەكانی قورئانی پیرۆز لە سۆفی و ئەولیاكان نەبوون بەڵـكو لەو مەلا ئاساییانە بوون كە زمانی عەرەبیان زانیوە. گومانی تێدا نیە بەشێوەیەكی جوان و قەشەنگ تەفسیری هەندێ ئایەتیان كردووە، وەك تەفسیری محێدینی ئیبن عەرەبی بۆ هەندێ ئایەتی قورئان كە تەفسیرێكی جوانە بەڕادەیەك كاتی خوێندنەوەی ڕاستیەكەی لەدڵدا جێگیر دەبێت. بەهەرحاڵ، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاندووە دەبێت پەیوەندی لەگەڵ خوای گەورەدا هەبێت بۆ تێگەیشتن لە قورئانی پیرۆز.
2- بنچینەی دووەم كە بەڕێزی (عليه السلام) باسیكردووە ئەوەیە هەموو وشەیەك لە وشەكانی قورئانی پیرۆز لە ڕیزبەندیەكی تۆكمەدا دانراوە. تەفسیری قورئانی پیرۆز ئاسانكراوە بەهۆی ئەم خاڵە جوانەوە كە بووەتە هۆی ئاشكراكردنی زانیاریە وردەكانی. بۆیە پێویستە لەسەر ئەو كەسەی ڕادەمێنێت لە قورئانی پیرۆز ڕەچاوی ئەوە بكات خوای گەورە چ وشەیەكی پێشخستووە و چ وشەیەكی تری دواخستووە، بەمەش لەڕێگەی دەستگرتن بەم بنچینەیەوە حیكمەتی ئەو ڕیزبەندییە قورئانیە دەزانرێت كە بوونی هەیە.
3- هیچ وشەیەك لە وشەكانی قورئان زیادە نیە بەجۆرێك هیچ ئامانجێك لە بوونیدا نەبێت، بەڵـكو هەموو وشەیەك لە وشەكانی بۆ گەیاندنی تێگەیشتنێكی تایبەتی و مانایەكی دیاریكراو هاتووە. كەواته وازمەهێنن لە هیچ وشەیەك له وشەكانی بەبێ ئەوەی لێی ڕابمێنن.
4- هەروەك هیچ وشەیەك لە وشەكانی قورئانی پیرۆز نیە مانای نەبێت، بەهەمان شێوە هەموو وشەیەك لە وشەكانی لە سیاق و ڕیزبەندییەكی گونجاو و پێویستدا هاتووە، كەواتە لە كاتی تەفسیركردندا دەبێت پەیوەندی وتەكە بە پاش و پێشی خۆیەوە بزانرێت، وە ڕەچاونەكردنی ئەم خاڵە دەبێتەهۆی ڕوودانی هەڵە لە تەفسیر و مانادا.
5- قورئانی پیرۆز بە بەڵـگە هەموو ئەو بانگەشانە دەسەلمێنێت كە پێشكەشیان دەكات، پێشتر كەمێك بە درێژی باسی ئەم خاڵەم كردووە، لەم بارەیەوە بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی ئەگەر بۆ بەڵـگە بگەڕێن لەسەر بانگەشەكانی قورئانی پیرۆز؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە هەر لەو شوێنەدا دەستاندەكەوێت كە بانگەشەكەی تێدا كراوە.
6- قورئان هەندێكی هەندێكی تری تەفسیر دەكات، ئەگەر لە هەندێ جێگادا وتەیەكی ناتەواوتان بینی؛ ئەوا دەبێت بۆ بەشی دووەمی تەواوكەری ئەو وتەیە بگەڕێن، وە دەیدۆزنەوە، بەم شێوەیە ئەو بابەتە كامڵ دەبێت.
7- لە قورئانی پیرۆزدا دووبارە بوونەوە نیە. هەڵبەت پێشتر بەدرێژی باسی ئەم خاڵەشم كردووە.
8- قورئان كۆمەڵێك بەسەرهاتی كۆن نیە، بەڵـكو هەر بەسەرهاتێك كە تێیدا هاتووە وەكو پێشبینیەك وایە، پێشتر ئەم خاڵەیشم ڕوونكردەوە.
9- نەسخ لە قورئاندا نیە. لە ڕابردوودا ئەگەر خەڵـكی مانای ئایەتێكیان نەزانیبایە دەیانگوت ئەم ئایەتە نەسخ بووەتەوە. بەم شێوەیە بەشێكی گەورەی قورئانیان لەكار خست. ئەم كەسانە لەو كەسە دەچن كە پێی وابوو یەكێكە لە ئازاترین مرۆڤەكان، وە خەڵـكی لەو سەردەمەدا نیشانەیەكیان دادەنا بۆ ئازایەتیەكەیان و پاشان داوایان دەكرد بەخاڵ وێنەیەكی ئەو نیشانە لەسەر لەشیان دروست بكرێت، ئەم كابرایەش دەچێت بۆلای خاڵـكوتێك و داوای لێ دەكات وێنەی شێرێك لەسەر قۆڵی دروست بكات. كاتێك خاڵـكوتەكە دەستدەكات بەكارەكەی بە درزی ئاژنكردنی پێستی كابرا، كابراكە ئازاری پێ دەگات و هاوار دەكات و پرسیار دەكات: چی دروست دەكەیت؟ خاڵـكوتەكەیش دەڵێت یەكێك لە گوێچكەكانی شێرەكە دروست دەكەم. ئەویش دەڵێت ئایا بەبێ گوێچكە شێرەكە هەر شێر نیە؟ خاڵـكوتەكە لەوەڵامدا دەڵێت با، هەر شێرە. دەڵێت كەواته وێنەی گوێچكەكەی مەكێشە، وێنەی ئەندامێكی تر بكێشە، لەكاتی هەموو دەرزی ئاژنینێكدا دەیگوت واز لەمە بێنە و وێنەی ئەندامێكی تر بكێشە، بەردەوام ڕێگری دروستكردنی وێنەكەی دەكرد لە خاڵـكوتەكە هەتا خاڵـكوتەكە پێی گوت: دەتوانێت بگەڕێیتەوە بۆ ماڵی خۆتان؛ چونكە ئێستا هیچ ئەندامێكی شێرەكە نەماوەتەوە هەتا وێنەی بكێشم. ئەمە دۆخی قورئانی پیرۆزە لای ئەوانەی باوەڕیان بە ناسخ و مەنسوخ هەیە تێیدا؛ چونكە ژمارەی ئایەتە نەسخكراوەكان گەیشتووەتە هەزار و سەد ئایەت. پاشان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هات و فەرمووی یەك ئایەتی نەسخكراو لە قورئانی پیرۆزدا نیە. پاشان كۆمەڵێك مانای ناسك و كۆمەڵێك زانستی وردی ئەو ئایەتانەی خستەڕوو كە لای ئەوان مەنسووخ بوون.
10- بنچینەیەكی زێڕین هەیە كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی قورئانی پیرۆز باسی كردووە، ئەویش ئەوەیە ناكرێت وتەی خوای گەورە پێچەوانەی سوننەتەكانی بێت. نەیفەرمووە زانستەكان پێچەوانەی فەرمایشتی خوای گەورە نین _چونكە جاروبار زاستەكان هەڵە دەكەن و هەڵەكەشیان دەسەلمێنرێت_ بەڵـكو دەفەرموێت سوننەتی خوای گەورە پێچەوانەی فەرمایشتەكەی نیە، بەڵام ڕەنگە خەڵـكی لە تێگەیشتنی وتەی خوای گەورەدا هەڵە بكەن هەروەك چۆن له تێگەیشتن لە سوننەتەكەیدا هەڵە دەكەن.
11- بەڕێزی (عليه السلام) ئەوەشی ڕاگەیاند كە لەزمانی عەرەبیدا وشە هاوواتاكان بوونیان نیە، بەڵـكو هەموو وشەیەك مانای جیای هەیە بەڵـكو پیتەكانیشی مانا و تێگەیشتنی جۆراوجۆریان تێدایە.. كەواتە لەكاتی تەفسیركردندا دەبێت كەسی موفەسیر ئاگاداری جیاوازی وشەكان بێت بۆ ئەوەی هەندێ لەو مانا زیادانە لە هزری مرۆڤ ون نەبن كە خوای گەورە بە هەڵبژاردنی وشەیەكی جیاوازی تایبەت باسی كردوون.
12- سوورەتەكانی قورئانی پیرۆز وەكو ئەندامەكان وان لەشی مرۆڤدا، هەموویان پێكەوە و بە كۆكراوەیی تەواوی و بێكەموكوڕی قورئان دەردەخەن. بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: بۆ تێگەيشتن لە بابەتێك دەبێت بە گشتی سەیری هەموو قورئان بكرێت، دروست نیە بەشێكی دابڕ بكرێت و بەجیا لەهەموو بەشەكانی تری قورئانی پیرۆز سەیری بكرێت.
12- هەڵەی دوازدە: هەڵەی دوازدە كە خەڵـكی تێـیكەوتبوون ئەوە بوو پێیان وابوو فەرموودە بڕیاری داوە بەسەر قورئانی پیرۆزدا، بەڵـكو دەیانگوت دەكرێت فەرموودە ئایەتی قورئانی پیرۆز نەسخ بكاتەوە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم هەڵەیەی لابرد و فەرمووی قورئانی پیرۆز بڕیاردەرە و فەرموودەكان شوێنكەوتەی قورئانن، جا ئەگەر فەرموودە تەبا بوو لەگەڵ قورئاندا ئەوا وەریدەگرین ئەگینا ڕەتیدەكەینەوە، هەروەها تەنھا ئەو فەرموودەيە وەردەگیرێت كە تەبایە لەگەڵ یاساكانی سروشتدا، ئەمەش چونكە ناكرێت گوفتاری خوای گەورە پێچەوانەی كردارەكەی بێت.
- هەڵەی سیانزە كە خەڵـكی تێـیكەوتن ئەوە بوو پێیان وابوو قورئان كتێبێكی كورت و پوختە، تەنھا هەندێ شتی گرنگی باس كردووە، بەڵام درێژەی بابەتەكان وەك درێژەی بابەتە ئەخلاقی و ژیاری و كۆمەڵایەتیەكانی تیدا نەهاتووە؛ مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) لە وەڵامی ئەم گومانەدا ڕایگەیاند قورئانی پیرۆز كتێبێكی تەواو و بێكەموكوڕیە و هەموو ئەو بابەتانەی باس كردووە كە پەیوەندیان هەیە بە ڕۆحانیات و دواڕۆژ و شارستانیەت و سیاسەت و ئەخلاقەوە و پێویستن بۆ پێشكەوتنی مرۆڤ لەڕووی ڕۆحیەوە. وە بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی من ئامادەم لە قورئانی پیرۆزەوە هەموو ئەم بابەتانه ساغبكەمەوە و پیشانیان بدەم.
14- هەڵەی چواردە كە خەڵـكی تێـیكەوتن ئەوە بوو پێیان وابوو هەندێ لە فێركارییەكانی قورئانی پیرۆز كاتی بوون و تەنھا لەگەڵ دۆخی عەرەب و سەردەمەكەیاندا گونجاو بوون، بەڵام ئێستا دەكرێت گۆڕانكاریان تێدا بكرێت، تەنانەت خەڵـكانی وەكو “سەید میر عەلی” نووسیویانە باوەڕبوون بە فریشتەكان و بە چەندژنی لەم جۆرەبابەتانەن. لەڕاستیدا ئەم كەسانە لە ڕەخنەی مەسیحیەكان دەترسان، بۆیە نووسیویانە ئەم ڕێنماییانه تەنھا تایبەت بوون بە عەرەب و ئەوان ناگرێتەوە، وە دەتوانن گوێنەدەن پێیان.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم بیركردنەوەیەی بە هەڵە لەقەڵەمدا و فەرمووی هەموو حوكمەكانی قورئان ڕاست و دروستن و بۆ هەموو كات و شوێنێك دەستدەدەن و هیچ حوكمێك لە حوكمەكانی كاتی نیە مەگەر ئەوەی قورئان خۆی بەڕاشكاوی باسی كردبێت كە تایبەتەبە سەردەمێكی دیاریكراو یان بۆنەیەكی دیاریكراو. وە بەڕێزی (عليه السلام) ئەوەش دەفەرموێت پێغەمبەر (ﷺ) كۆتا شەریعەتی هێناوە لەشێوەی قورئانی پیرۆزدا، بۆیە دەبێت هەموو فێركاریە پێویستەكانی تێدا بێت بۆ هەموو سەردەمێك. هەڵبەت قورئان خۆی كات و سەردەمی كاركردن بە فێركارییەكانی دەستـنیشان كردووە. وە هەرگیز كاركردن بە هیچ فێركارییەك لە فێركارییەكانی قورئانی پیرۆز هەڵنەوەشاوەتەوە، وە هیچ فێركارییەكی تێدا نیە كاری پێـنەكرێت. پاشان بەڕێزی (عليه السلام) بە تێروتەسەلی وەڵامی ڕەخنەكانی دایەوە لەسەر بوونی فریشتە و چەندژنی و كۆمەڵێك پرسی هاوشێوەی تر.
15- هەڵەی پانزەیەم كە خەڵـكی تێـیكەوتن؛ ئەوە بوو قورئانی پیرۆزیان بە كتێبێكی پیرۆز دادەنا بەبێ ئەوەی هیچ ڕۆڵێكی هەبێت لە چاككردنی بوارە جۆربەجۆرەكانی ژیانی هاوچەرخدا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەتەواوەتی خۆیان بەدوور دەگرت لە خوێندنەوەی و سەرنجدان لە مانا و چەمكەكانی. لەبەرگی جوان و نەخشیندا دایان دەنا یاخود تەنھا هەندێ لەئایەتەكانیان دەخوێندەوە و بەس. خوێندنی وانەی قورئانی پیرۆز بوونی نەبوو، وە كەس گرنگی نەدەدا بە وەرگێڕانی ماناكانیشی، وە لەكاتی پێویستدا پشتیان دەبەست بە تەفسیرە كۆنەكان بۆ زانینی تەرجەمەی ماناكانی. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەدڵنیاییەوە ئەو كەسایەتیە پیرۆزە بوو كە قورئانی بەشێوە ڕاستەقینەكەی خۆی پیشاندا و سەرنجی خەڵـكی ڕاكێشا بۆ خوێندنەوەی تەرجەمەی ماناكانی. هەڵبەت پێش ڕەوانەكردنی بەڕێزی (عليه السلام) قورئانی پیرۆز بەكار دەهێنرا بۆ ئەوەی سوێندی درۆی پێ بخورێت، یان لەسەر مردوو دەخوێنرایەوە یاخود بەرگێكی جوانی لێوە دەئاڵێنرا و لە گۆشەیەكی ماڵدا دادەنرا.
ئایا سەیر نیە شاعیرەكان كۆمەڵێك قەسیدەی بێشوماریان نووسیوە لە سوپاس و ستایشی خوای گەورە و مەدحی پێغەمبەری ئازیزدا (ﷺ) كەچی هیچ كەسێك لە مەدحی قورئانی پیرۆزدا قەسیدەیەكی نەنووسیوە، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یەكەم كەس بووە كە لە مەدحی قورئانی پیرۆزدا قەسیدەیەكی زۆر جوانی نووسیوە بەجۆرێك تێیدا دەفەرموێت:
جمال و حسنِ قرآن نورِ جانِ ہر مسلماں ہے
قمر ہے چاند اوروں کا ہمارا چاند قرآں ہے
بێگومان جوانی و قەشەنگی قورئان لەجێگەی نوورێكی ڕۆشنە بۆ ڕۆحی هەموو موسوڵمانێك
با خەڵـكانی تر ڕازی بن بە مانگی ماددی بەڵام ئێمە مانگی چواردەی درەوشاوەمان قورئانی پیرۆزە.
هەر كەسێك بیوستایە لە مەدحی خوای گەورەدا كۆمەڵێك دێڕە شیعر بخوێنێتەوە ئەوا دەستی دەكەوت، وە هەركەسێك بیویستایە لە مەدحی پێغەمبەردا (ﷺ) قەسیدەیەك بەشێوەی سروود بخوێنێتەوە دیسان دەستیدەكەوت، بەڵام خەڵـكی قەسیدەیەكیان دەست نەدەكەوت لە مەدحی قورئانی پیرۆزدا، بۆیە تەنانەت سەرسەخترین دوژمنەكانی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چاریان نەبوو جگە لە خوێندنەوەی دێڕە شیعرەكانی ئەو (عليه السلام) لە مەدحی قورئانی پیرۆزدا، وە دانیان پێدا ناوە و گوتوویانە: گومانی تێدانیە میرزا پیاوێكی خراپە بەڵام ئەم دێڕە شیعرانەی زۆر جوانن، بەم شێوەیە دووپاتیان كردەوە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەو كەسەیە بەمانای وشە قورئانی پیرۆزی لە ئەستێرەی سورەیاوە گەڕاندەوە بۆسەر زەوی.
شاكاری پێنجەم: لابردنی هەڵە باوەكان دەربارەی فریشتەكان
شاكاری پێنجەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە لابردنی هەڵە باوەكان دەربارەی فریشتەكان.
- هەندێ كەس دەیانگوت هێزە مرۆییەكان پێیان دەوترێت فریشتە، بەجۆرێك خوای گەورە پێویستی بە بوونی فریشتە نیە.
أ- بەڕێزی (عليه السلام) بەرپەرچی ئەم گومانەی دایەوە و ڕایگەیاند بوونی فریشتەكان بوونێكی وەهمی نیە، بەڵـكو بوونیان گرنگ و بەسوودە لەم گەردوونەدا، لەم بارەیەوە دەفەرموێت (عليه السلام):
خوای گەورە پێویستی بە بوونی فریشتەكان نیه، بەڵـكو بوونیان پێویستە بۆ خەڵـكی. لەگەڵ ئەوەی خوای گەورە دەتوانێت بەبێ خۆراك مرۆڤ تێر بكات كەچی خواردەمەنی دروستكردووە، وە لەگەڵ ئەوەی دەتوانێت بەبێ هەناسەدان مرۆڤ بە زیندووی بھێڵێتەوە كەچی هەوای دروستكردووە، وە لەگەڵ ئەوەی دەتوانێت بەبێ ئاو تێنوێتی مرۆڤ بشكێنێت كەچی ئاوی دروستی كردووە، وە لەگەڵ ئەوەی دەتوانێت بەبێ ڕۆشنایی كارێك بكات مرۆڤ توانای بینینی هەبێت كەچی ڕۆشنایی دروستكردووە، وە لەگەڵ ئەوەی توانای هەیه كارێك بكات مرۆڤ بەبێ هەوا دەنگ ببیستێت كەچی هەوای دروستكردووە بۆ گواستنەوەی دەنگ بۆ گوێچكەكان، وە ڕەخنە ناگیرێت لەوەی ویستوویەتی و كردوویەتی، بەگوێرەی ئەمە بەهیچ شێوەیەك ناكرێت بوترێت خوای گەورە فریشتەكانی دروستكردووە چونكە پێویستی پێیان هەبووە بۆ ئەوەی وتەی خۆی بگەیەنێت بە خەڵـكی. ئەگەر ڕوون بوویەوە _لە دروستكردنی هۆكارە جۆراوجۆرەكان لەلایەن خوای گەورەوە_ كە ئەوە مرۆڤە پێویستی پێیان هەیە نەك خوای گەورە، ئیتر چۆن ئەوە دەچەسپێت كە فریشتەكانی دروستكردووە خۆی پێویستی پێیان هەیە؟ كە وابوو دروستكردنی فریشتەكانیش بۆ پڕ كردنەوەی پێویستی مرۆڤە نەك بۆ پڕكردنەوەی پێویستی خوای گەورە.
ب- وەڵامی دووەم كە بەڕێزی (عليه السلام) پێشكەشی كرد ئەوەیە: بوونی فریشتەكان زۆر پێویستە بۆ پێشكەوتنی مرۆڤ لەڕووی زانستی و فیكری و هزریەوە.
پێشكەوتنی زانستی دروست دەبێت بەهۆی ئاشكراكردنی بابەتە وردەكان و نھێنیە شاراوەكان لەلایەن مرۆڤەوە. ئەمەش داخوازی ئەوە دەكات كاروبارەكانی گەردوون بەشێوەیەك ڕێكبخرێن و بسازێنرێن كە نەبنەهۆی دەركەوتنی ئەنجامەكان بەشێوەیەكی خێرا و دەستبەجێ، بەڵـكو بەشێوەیەك بێت دەركەوتنی ئەنجامەكان پەیوەست بن بەو هۆكارە شاراوانەوە كە مرۆڤ ئاشكرایان دەكات بەمەش گەشەسەندن و پێشكەوتن بەدەستدەهێنێت لە بواری زانستی داواكراودا. وە ئەوەش پێویست بوو ڕێڕەوی پێشكەوتنی مرۆڤ پێشتر دیاریكراو نەبێت و ئەمیش بەناچاری ئەو ڕێڕەوە بگرێتەبەر، بەڵـكو پێویست بوو مرۆڤ خۆی ئەو ڕێڕەوە دیاری بكات لەڕێگەی كۆمەڵە كارێك كە پێـیهەڵدەستێت، وە فریشتەكان ئەڵقەی كۆتایی دەنوێنن لەم سیستەمەدا و كاریان بریتیە لە بەڕێوەبردنی ئەم سیستەمە و یاساكانی، كە پێـیاندەوترێت سوننەتەكانی خوا، بەشێوەیەكی ڕاست و دروست. وە بەبێ بوونی فریشتەكان ئەستەمە زنجیرەی كاری ماددە بەردەوام بێت بەم شێوەیەی كە ئێستا بەڕێوەدەچێت.
2- هەڵەی دووەم كە خەڵـكی تێـیكەوتن ئەوەیە پێیان وابوو فریشتەكانیش وەكو خەڵـكی لە شوێنێكەوە دەچن بۆ شوێنێكی تر بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت فریشتەكان بەڕێگەی خۆنواندن كارەكانیان ئەنجام دەدەن بەجۆرێك ئەگەر فەرمانیان پێـبكرێت لەجێگایەكدا دەربكەون و ئامادەبن؛ ئەوا لەو شوێنەدا خۆیان دەنوێنن بەبێ ئەوەی شوێنەكەی خۆیان بەجێبھێڵن، ئەگەر بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان ناچاربوونایە بچن بۆ شوێنی كارەكە ئەوا زۆر قورس دەبوو بۆ عەزرائیل كە لەیەك كاتدا گیانی كەسانێكی زۆر بكێشێت.
3- هەڵەی سێیەم ئەوەیە پێیان وابوو فریشتەكانیش تاوان ئەنجام دەدەن. وە باوەڕیان وابوو لە بەسەرهاتی دروستكردنی ئادەمدا فریشتەكان ڕەخنەیان گرت لە خوای گەورە و گوتیان بۆچی ئادەمت دروستكرد؟ هەروەها پێیان وابوو هەندێ لە فریشتەكان ڕەوانەكران بۆ دنیا و ئەوانیش عاشقی ئافرەتێكی داوێنپیس بوون بۆیە خوای گەورە سزای دان و هەتا ئێستا بەكۆت و زنجیركراوی لە بیرێكدان لە بابل. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هات و ساغیكردەوە فریشتەكان پاكن لەم تۆمەتانە و ڕایگەیاند فریشتەكان ئەڵقەی یەكەمن لە زنجیرەی یاساكانی خوای گەورە، هێزی بەدەستهێنانی خێر یان شەڕیان نیە، بەڵـكو كارێك دەكەن كە فەرمانیان پێكراوە و بە موو لەوە لانادەن.
4- هەڵەی چوارەم كە خەڵـكی تێـیكەوتن ئەوەیە پڕوپاگەندەیان دەكرد گوایە بوونی قریشتەكان كارێكی بێ هودەیە وەكو ئەو كەسانە وان كە پاشا یان كەسانی بەدەسەڵات لەدەوروبەری خۆیاندا دایاندەنێن، وەك ئەوەی خوای گەورە فریشتەكانی بۆ ئەوە دروستكردبێت كە لەدەوروبەری خۆیدا بن. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: بابەتەكە بەو شێوەیە نیە بەڵـكو سیستەمی هەموو گەردوون پشت بە فریشتەكان دەبەستێت، پاشان ئەوانن بیرۆكە چاك و باشەكان دەخەنە دڵی خەڵـكیەوە، وە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی دروستكردنی پەیوەندی لەگەڵیاندا پێشكەوتن و گەشەسەندن بەدەستبھێنێت لە زانستە ڕۆحانیەكاندا.
شاكاری شەشەم: لابردنی هەڵەكانی خەڵـكی دەربارەی پێغەمبەران
شەشەم شاكاری مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە لابردنی هەڵە باوەكانی ناو خەڵـكی دەربارەی پێغەمبەران.
1- هەڵەی یەكەم كە ئەو موسوڵمانانەی خۆیان ناوناوە ئەهلی سوننە _جگە لە ئەولیاكانی خوای گەورە و هەندێ لە سۆفیەكان و شوێنكەوتە تایبەتیەكانیان_ تێیكەوتن بریتیە لە دژایەتی كردنیان بۆ مەعسووم بوونی پێغەمبەران، هەندێكیان ئەگەری تاوانكردن دەدەنەپاڵ پێغەمبەران، بەڵام زۆرینەیان كۆمەڵە تاوانێكیان داوەتە پاڵیان بەبێ ئەوەی هەست بە كارەساتباری و قێزەونی كارەكە بكەن.
دەربارەی ئیبراهیم (عليه السلام) دەیانگوت سێ درۆی كردووە، وە دەربارەی یوسف (عليه السلام) دەیانگوت دزی كردووە، وە دەربارەی ئیلیاس (عليه السلام) دەیانگوت لە خوای گەورە بێزار بووە([8])، وە داوود كەوتووەتەداوی عیشقی ژنی یەكێك لە سەركردەكانی سوپاكەی و بڕیاری داوە بەدەستی بھێنێت بۆیە مێردەكەی ناردووە بۆ بەرەكانی جەنگ و لەوێ كوژراوە. ئەم نەخۆشیە تەواو پەرەی سەندبوو لەناویاندا تەنانەت كەسایەتی “گەورەی وەچەكانی ئادەم”یش (ﷺ) سەلامەت نەبووە لەم جۆرە تۆمەتانە.
أ- مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاند ئەم بیروباوەڕانە پووچن، وە بە دوو ڕێگە پووچی ئەم قسەڵۆكانەی ئاشكرا كرد؛ یەكەمیان: بەگوێرەی یاسای توانای خوای گەورە زانستی كامڵ و بێكەموكوڕی تاوان دەسووتێنێت و نایهێلێت، بۆیە هەر كەسێك گەیشتە یەقینی تەواوەتی كە فڵان شت ژەهراویە ئەوا هەرگیز نایخوات. دەی ئەگەر ئێوە باوەڕتان وابووە پێغەمبەر یەقینی تەواوەتی هەیە؛ ئەوا ئەمە پێچەوانەی ئەو قسەیەی خۆتانە كە دەڵێن دەكرێت تاوان ئەنجام بدات، بەڵـكو لەڕاستیدا ناكرێت پێغەمبەر هیچ تاوانێك ئەنجام بدات.
ب- ئامانج لەڕەوانەكرانی هەموو پێغەمبەرێك ئەوەیە ببێت بە نموونەیەك بۆ ئەوانی تر، ئەگینا هاتنی پێغەمبەران كەی پێویستە؟ ئایا خوای گەورە نەیدەتوانی كتێبێكی نووسراو بنێرێت بۆ هیدایەت دانی خەڵـكی. پێغەمبەر تەنھا بۆ ئەوە ڕەوانەدەكرێت كە كار بكات بە كەلامی خودا و ببێت بە پێشەنگێكی تەواو بۆ خەڵـكی. ئەگەر وتمان دەكرێت پێغەمبەریش تاوان ئەنجام بدات ئیتر ئەو پێشەنگیە كامەیە كە خەڵـكی چاوی لێ بكات؟. كەواتە ئامانج لە ڕەوانەكردنی هەر پێغەمبەرێك ئەوەیە لەڕێگەی كردەوەكانیەوە ئەو حوكمانە فێری خەڵـكی بكات كە لەلایەن خوای گەورەوە دابەزیوەتە سەری.
2- هەڵەی دووەم كە خەڵـكی تێیكەوتن ئەوەیە پێیان وابوو ناكرێت پێغەمبەر هەڵەی ئیجتیھادی بكات. زۆر سەیرە لە لایەكەوە دەڵێن دەكرێت پێغەمبەر تاوانی لێ دەربكەوێت كەچی لەلایەكی ترەوە دەڵێن ئەستەمە هەڵەی ئیجتیھادی بكات. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم پرسەوە پرسێكی زانستی پێكهێنا و فەرمووی:
أ- دەكرێت پێغەمبەر هەڵەی ئیجتیھادی بكات بەڵـكو ئەم جۆرە هەڵەیە پێویستە بۆئەوەی ئاشكرا بێت چۆنێتی ئەو قسەیەی دادەبەزێتە سەر پێغەمبەر لەلایەن خۆیەوە نیە، بەڵـكو زاتێك دایبەزاندووەتە سەری كە لەخۆی بەرزتر و باڵاترە. چونكە هیچ كەسێك نیە بەهەڵە لە قسەی خۆی تێـبگات، وە ناتوانێت بڵێت من دواتر لەقسەكەی خۆم بەشێوەیەك تێگەیشتم پێچەوانەی ئەو تێگەیشتنەی كە لەكاتی كردنی قسەكەدا هەم بووە. كەواتە هەڵەی ئیجتیھادی پێغەمبەر بەڵـگەیە لەسەر ئەوەی ئەو وتەیە لەلایەن خۆیەوە نیە. بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت دەبێت پێغەمبەر هەڵەی ئیجتیھادی لێوە دەربكەوێت بۆ ئەوەی ببێت بە بەڵـگە لەسەر ڕاستی بانگەشەكەی.
ب- كارەكە تەنھا لەوەدا كورت نابێتەوە كە هەڵەی ئیجتیھادی لە پێغەمبەرەوە دەردەكەوێت، بەڵـكو جاروبار خوای گەورە وای لێ دەكات كە هەڵە بكات، ئەمەش بۆ ئەوەی هەڵبژێرێت و پلەوپایە ڕۆحیەكەی بەرزبكاتەوە، بۆ نموونە خەونەكەی ئیبراهیم (عليه السلام)، خوای گەورە سەربڕینی كوڕەكەی پیشانـنەدا بۆ ئەوەی ئیبراهیم (عليه السلام) كوڕەكەی خۆی بكوژێت؛ چونكە ئەگەر مەبەستەكە ئەوە بوایە ئەوا كاتێك ئامادەبوو سەری ببڕێت خوای گەورە ڕێگری لێ نەدەكرد، بەڵـكو لە ڕاستیدا بەم شێوەیە ئەم خەونە پیشانی ئیبراهیم درا تاكو ئیمانەكەی دەربكەوێت، ئەوە بوو كاتێك ویستی مانا ڕووكەشیەكانی خەونەكە جێبەجێ بكات حەقیقەتەكەی بۆ ئاشكرا بوو، واتە كاتێك ئامادەبوو بۆ سەربڕینی كوڕەكەی بەشێوەیەكی ڕاستەقینە پێی ڕاگەیەندرا كە مەبەستەكە ئەمە نەبوو. خوای گەورە تەنھا بۆیە ئەم كارەی كرد تاكو بە جیھان ڕابگەیەنێت ئیبراهیم (عليه السلام) ئامادەیە ئەو كوڕە تاقانەیەی بكات بە قوربانی كە لە پیرێتیدا بوویەتی.
جۆرێكی تر لە هەڵەی ئیجتیھادی هەیە كە بەهەڵەی تاقیكردنەوە ئەژمار دەكرێت. واتە هەندێ كەس تێیدا تاقیدەكرێنەوە، وەك ئەوەی لە سوڵحی حودەیبیەدا ڕوویدا، بەجۆرێك پێغەمبەر (ﷺ) لە خەودا بینی تەوافی كەعبە دەكات، مەبەستەكە ئەوە بوو كە ساڵی داهاتوو تەوافی دەكات، بەڵام خۆی سازكرد لەو ساڵەدا بچێت بۆ جێبەجێ كردنی عومرە، ئەوە بوو لەگەڵ كۆمەڵێكی زۆر لە هاوەڵاندا دەرچوو، لەگەڵ ئەوەدا خوای گەورە حەقیقەتی ئەم خەونەی دەرنەخست بۆ پێغەمبەر (ﷺ)، پاشان كاتێك ڕێگری كرا لە موسوڵمانان لە جێبەجێ كردنی عومرەكە هەندێ لە هاوەڵان تووشی دۆشدامان و واقوڕمانێكی توند بوون، بەڵـكو هەندێ لە ئیمان لاوازەكان دەستیانكرد بەگاڵتە و لاقرتی كردن، ئەمەش تاقیكردنەوەیەك بوو بۆ دەرخستنی ئیمانی باوەڕداران و دووڕووەكان و بۆ جیاكردنەوەیان لە یەكتری.
بزانن پێغەمبەر تووشی هەڵەی ئیجتیھادی نابێت لە تێگەیشتنی وەحی خوای گەورەدا مەگەر وشەكانی خوای گەورە بە سروشتی خۆیان پێویستیان بە تەئویل و تەفسیر هەبێت، هەروەها هەڵە ناكات لە تێگەیشتنی دیمەنێك كە دەیبینێت مەگەر ئەو دیمەنە پێویستی بە تەفسیر هەبێت. دەی ئەگەر وەحی ئەنجامی بیروباوەڕەكانی هزر بێت؛ ئەوا هزر كۆمەڵێك وشەی ڕوون و ئاشكرا بەرهەم دەهێنێت و ئیتر ئەو كاتە وشە و دیمەنەكان پێویستیان بە تەفسیر نابێت؛ چونكە ناكرێت كەسێك بە ئەنقەست كۆمەڵێك دیمەن دروست بكات كە پێویستیان بە تەئویل و تەفسیر هەبێت، ئایا پەیوەندی دەماغ چیە بە پیشاندانی وشكەساڵی لە شێوەی مانگای لەڕدا؟ پەیدابوونی هەڵەی ئیجتیھادی ئەوە هەڵدەوەشێنێتەوە كە وەحی لە ئەنجامی داهێنانی زیھنیەوە پەیدا دەبێت. هەروەك ئەم شرۆڤەیە هەموو ئەو توێژینەوە تازانە هەڵدەوەشێنێتەوە كە ئێستا لە ئەوروپا بەڕێوەدەچن دەربارەی ماهیەتی وەحی زیھنی، كەواتە بە بوونی هەڵەی ئیجتیھادی كە دەرگای تەفسیری ورد بەكراوەیی دەهێڵێتەوە ئەستەمە وەحی بە داهێنانی هزری مرڤ لەقەڵەم بدرێت؛ ئەگەر لە زیھندا ناتەواویەك هەبێت ئەوا وەحیەكەیش پچڕپچڕ و ناتەواو و شێواو دەبێت، بەڵام ئەگەر لە ئەنجامی داهێنانی زیھنیەوە پەیدا بێت ئەوا وەحیەكە ساف دەبێت و وشەكانی ڕوون دەبێت و پێویستی به تەفسیر یان تەئویل نابێت.
3- هەڵەی سێیەم كە خەڵـكی تێـیكەوتن پەیوەستبوو بە شەفاعەتی پێغەمبەرانەوە و ئەمەش دوو بەشە:
أ- هەندێكیان پێیان وابوو بەهۆی شەفاعەتەوە چاوپۆشی دەكرێت لە هەموو تاوانەكانی مرۆڤ، بۆیە چی دەوێت با بیكات، تەنانەت شاعیرێك بەفارسی دەڵێت:
مستحق شفاعت گناہگاراں اند
تەنھا گوناهكاران شایستەی شەفاعەتن.
ب- بە پێچەوانەوە هەندێكی تریان پێیان وابوو شەفاعەت شیركە، وە پێچەوانەی سیفەتەكانی خوای گەورەیە.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم دوو هەڵەیەی ڕاستكردەوە، وە ئەوەی شیكردەوە كە شەفاعەت تەنھا لە كۆمەڵێك حاڵەتی زۆر تایبەتیدا دەبێت، وە ئەنجام نادرێت مەگەر بە ئیزنی خوای گەورە، بۆیە دروست نیە پشت بە شەفاعەت ببەسترێت. وە مرۆڤ شەفاعەت بەدەستناهێنێت تەنھا لەو كاتەدا نەبێت كە كەموكورتیەك لە كارەكانیدا بمێنێتەوە سەرەڕای ئەوەی بەتەواوەتی هەوڵیداوە. هەروەك مرۆڤ شەفاعەت بەدەستناهێنێت ئەگەر ڕەنگی شەفاعەتكارەكە نەگرێت چونكە (شفع) واتە جووت، كەواتە بەهۆی شەفاعەتەوە تاوانەكانی هیچ كەسێك ناسڕێتەوە ئەگەر نەبێتە هاوشێوەی ئەو كەسەی كە شەفاعەتی بۆ دەكات و ڕەنگی ئەو نەگرێت.
بەڵام ئەوانەی دەڵێن شەفاعەت شیركە، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچیان دەداتەوە و دەفەرموێت: ئەگەر شەفاعەت لەڕێگەی دەركردنی فەرمانەكانەوە بێت، واتە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) فەرمان بكات بە خوای گەورە كە لەكەسێك خۆش بێت ئەوا ئەمە هاوەڵدانانە بۆ خوای گەورە. بەڵام خوای گەورە دەفەرموێت شەفاعەت ئەنجام نادرێت مەگەر بە ئیزنی خۆی، واتە خۆی فەرمانی شەفاعەتكردن دەدات بە پێغەمبەر، وە كاتێك خوای گەورە فەرمانی شەفاعەتكردنی پێ بكات؛ ئەوا ئەمە بە هاوەڵدانان بۆ خوا لەقەڵەم نادرێت، و نابێتە هۆی پەردەپۆش كردنی سیفەتێك لە سیفەتەكانی خوای گەورە.
بەڕێزی (عليه السلام) چەسپاندی شەفاعەت نەك هەر تەنھا ڕێگە پێ دراوە، بەڵـكو زۆر پێویستە بۆ پێشكەوتنی ڕۆحانی. وە ناكرێت وێنای ڕزگاربوونی جیھان بكرێت بەبێ بوونی شەفاعەت، ئەمەش چونكە بەگوێرە یاسای خوایی سیفەتەكامڵەكان لەڕێگەی بۆماوەوە دەبەخشرێن. ئەگەر كەسێك بڵێت: دەبینین باوكی فلانە كەس هەرگیز نوێژی نەكردووە بەڵام كوڕەكەی بەردەوام بەڕێكوپێكی نوێژەكان دەكات، ئیتر كەی ڕێی تێدەچێت ئەم سیفەتە لە ڕێگەی بۆماوەوە گواسترابێتەوە بۆ كوڕەكەی؟ با بزانێت باوكەكە بەهرەی بەردەوامبوون لەسەر نوێژكردنی تێدابووە كە گواستراوەتەوە بۆ كوڕەكەی، ئەگەر ئەم بەهرەیەی تێدا نەبوایە ئەوا نەدەگواسترایەوە بۆ كوڕەكەی. بۆ نموونە گامێش ئەو بەهرە و توانایەی تێدا نیە، بۆیە گوێرەكەكەیشی ئەو بەهرەیەی تێدا نیە تاكو بتوانێت بەردەوام بێت لەسەر نوێژكردن. ڕاستیەكە ئەوەیە سیفەتەكامڵەكان لەڕێگەی بۆماوەوە دەدرێن بە مرۆڤ.
جا ئەگەر سیفەتە جەستەییە كامڵەكانیش بە بۆماوە دەستبكەون؛ ئەوا ناكرێت بەبێ بۆماوە سیفەتە ڕۆحیە كامڵەكانیش بدرێن بەوانەی كه لە پلەی ئادەمدا نین. دیارە خوای گەورە پێغەمبەرانی خۆی ڕەوانەدەكات بۆلای ئەو كەسانەی كە ناتوانن بە تێكۆشانی خۆیان سیفەتە كامڵەكان بەدەستبھێنن، واتە خوای گەورە خەڵـكانێك دروست دەكات و دەیانكات بە كۆمەڵێك ئادەم و پاشان لەئاسمانەوە كۆمەڵێك لێشاوی ڕۆحانیەت دەڕێژێت بەسەریاندا، ئینجا خەڵـكیش كۆمەڵێك لێشاوی رۆحانیەتیان لەوانەوە پێدەگات و دەیانگۆڕێت بۆ نەوەی رۆحانی ئەوان و ڕزگاربوون بەدەستدەهێنن. بەم شێوەیە شەفاعەت تەبایە لەگەڵ یاساكانی خوای گەورەدا و پێچەوانەیان نیە.
4- هەڵەی چوارەم كە موسوڵمانان تێـیكەوتبوون سەبارەت بە پێغەمبەران پەیوەندی بە بیروباوەڕیانەوە هەیە دەربارەی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام). هەڵەی زۆر دەور و خولی كەسایەتی مەسیحی داوە، سەیر لەوەدایە كۆمەڵێك نەتەوەی تری ناموسوڵمانیش تووشی چەندین هەڵەی زۆر بوون دەربارەی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام). مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هات و هەموو ئەو هەڵانەی لابرد.
یەكەم هەڵە: پەیوەست بوو بە لەدایكبوونی مەسیحی ناسیرەییەوە. موسوڵمانان و غەیری ئەوانیش كەوتنە هەڵەیەكەوە كە گوایە لەدایكبوونی بەڕێز مەسیح لە لەدایكبوونی مرۆیی باڵاتر بووە، وە دروستبوونی بەهۆی ڕۆحی خودا و وشەی خوداوە كردوویەتی بە نموونەیەك كە دەگمەنە وێنەی هەبێت. ئەم هەڵەیە بووە هۆی ئەوەی خەڵـكێكی زۆر هاوەڵ بۆ خودا پەیدا بكەن. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم بارەیەوە دەفەرموێت هەموو پێغەمبەرانی خوا بەهرەیان وەرگرتووە لە ڕۆحی خوای گەورە و وشەی خودایش بوون، بەڵام لەبەرئەوەی مەسیح (عليه السلام) تۆمەتێكی قێزەونی بۆ دروستكرا كە گوایە مناڵێكی ناشەرعیە _پەنا بەخوا_ بۆیە ئەم وشانە بەكارهێنراون بۆ دەرخستنی پاكی و بێگەردیی ئەو (عليه السلام)، ئەگینا هەموو پێغەمبەران ڕۆحی خودا و وشەی خودان. هەڵبەت خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا كوفری سڵێمان (عليه السلام) بەرپەرچدەداتەوە و دەفەرموێت: ﴿وَمَا كَفَرَ سُلَيْمَانُ﴾ (البقرة: 103)، كەواتە ناكرێت لەم ئایەتە ئەوە هەڵێنجین كە تەنھا سڵێمان (عليه السلام) كافر نەبووە بەڵام پێغەمبەرەكانی تر كافر بوون! دیارە هۆكاری هاتنی دوورخستنەوەی كوفر لێی ئەوەیە كە تۆمەتبار كرابوو بە كوفر بۆیە بەرپەرچی ئەم تۆمەتە دراوەتەوە، وە هیچ پێویست نەبووە كافربوون دووربخرێتەوە لە پێغەمبەرانی تر؛ چونكە تووشی ئەم جۆرە تۆمەتە نەبوون.
بەهەمان شێوە هەندێ كەسی بەناوبانگی مەسیحی _چجای تۆمەتباركردنی جوولەكە_ دەربارەی مەسیح (عليه السلام) دەیانگوت بەرهەمی داوێنپیسی بووە، پەنا بەخوا، بەڵام لەهەموو ئەم كێشەیەدا ئەو تاوانی چی بووە؟ یەكێك لە بەناوبانگترین مەسیحیەكان “تۆڵستۆی” نووسیویەتی بۆ موفتی موحەممەد صادق و دەڵێت: قسەكانی بەڕێز میرزا هەمووی مەعقوولە بەڵام لە مەبەستی تێنەگەيشتم بۆچی لەدایكبوونی مەسیحی بەبێ باوك لەقەڵەمداوە، ئەگەر مەبەستی ئەوەیە كە لەدایكبوونەكەی بەپاكی ڕابگرێت لە شوورەییە ناسراوەكە؛ ئەوا مەسیح لەمەدا تاوانی چیە؟ بەكورتی، جوولەكە ڕەخنەیان لە لەدایكبوونەكەی دەگرت و بە لەدایكبوونێكی شەیتانی لەقەڵەمیان دەدا، وە لەبەرئەوەی هەندێ لە مەسیحیەكانیش لەم بۆچوونەدا بەشداربوون لەگەڵیاندا بۆیە خوای گەورە پاكی كردەوە لەو تۆمەته بەجۆرێك فەرمووی بەڕۆحی خوا دروستكراوە نەك ئەوەی لە ئەنجامی تاوان یان هەر كردەوەیەكی پێچەوانەی شەریعەتی خواوە دروست بوو بێت، بەڵـكو دروستبوونەكەی تەبا بوو لەگەڵ وشەی خوای گەورەدا. كەواتە باسكردنی مەسیح (عليه السلام) بە وشەی “رۆحی خوا” و ” وشەی خوا” بۆ مەزن ڕاگرتنی ئەو نیە بەڵـكو بۆ دەرخستنی پاك و خاوێنی ئەوە.
وە بەڕێزی (عليه السلام) ئەوەش دەفەرموێت هیچ هۆكارێك نیە ناچارمان بكات لەدایكبوونی مەسیح (عليه السلام) بە كارێكی بەدەر لە سوننەتە خواییەكان لەقەڵەم بدەین، بەڵـكو دەكرێت ئەم جۆرە لەدایكبوونە بۆ كەسانی تریش ڕووبدات، بەڵـكو لەناو ئاژەڵەكاندا پێشتر ئەمە ڕوویداوە. بەڵام ئەو پرسیارەی: بۆچی خوای گەورە بەبێ باوك دروستی كرد، وە بۆچی باوكی نەبوو، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەڵامی ئەم پرسیارەی دایەوە و فەرمووی: بەدوای یەكدا پێغەمبەران لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا دەهاتن بەگوێرەی پێشبینیەكانی ئیبراهیم (عليه السلام) بەڵام نەوەی ئیسڕائیل وازیان نەدەهێنا لە شەڕ و خراپەكاری، كاتێك خراپەكانیان پەرەیسەند خوای گەورە بۆ جاری كۆتایی هۆشداری پێـدان كە مەسیح لەناویاندا لەدایك دەبێت، وە پێـیڕاگەیاندن كە پێشتر چاوپۆشی كرد لە تاوانەكانیان و لەناو نەوەی ئیسڕائیلدا پێغەمبەرانی بۆ ڕەوانەدەكردن بەڵام ئێستا كەسێك ڕەوانە دەكات تەنھا لە دایكیەوە سەربە نەوەی ئیسڕائیلە، جا ئەگەر پاش ئەمەیش سڵیان نەكردەوە لە تاوان و خراپەكاری؛ ئەوا كەسێك دێت كە لە باوك و دایكەوە سەربەنەوەی ئیسڕائیل نەبێت. ئەوە بوو كاتێك نەوەی ئیسڕائیل كەڵـكیان وەرنەگرت لەم هۆشداریە و زیاتر ڕۆچوون لە خراپەكاریدا خوای گەورە پێغەمبەری (ﷺ) ڕەوانەكرد كە هیچ پەیوەندیەكی بە نەوەی ئیسڕائیلەوە نیە.
كەواتە لەدایكبوونی مەسیح بەبێ باوك ڕەحمەت نەبوو بۆ نەوەی ئیسڕائیل، بەڵـكو هۆشداری و ئاگاداركردنەوە بوو بۆیان، پاشان ئەوە هاتەدی كە هۆشدارییان پێ درابوو لەبارەیەوە.
دووەم هەڵە: كە موسوڵمانان تێـیكەوتن سەبارەت بە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) ئەوە بوو پێان وابوو هیچ مرۆڤێك لە زیانلێدانی شەیتان بێوەی و سەلامەت نەبووە جگە لە عیسا و دایكی. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاند هەموو پێغەمبەران بەڵـكو باوەڕدارانیش پارێزراون لە زیانلێدانی شەیتان. ئەوەتا فەرمان كراوە بەباوەڕداران كاتێك دەچنەلای هاوسەرەكانیان ئەم دوعایە بخوێنن: “خوایە شەیتانمان لێ بەدوور بكە و شەیتان بەدوور بكە لەوەی كە پێمان دەبەخشیت”. (البخاري، كتاب الوضوء) وە لە ئەنجامی ئەم دوعایەدا مناڵەكانیان لە زیانلێدنی شەیتان بەدوور دەبن. پێغەمبەر (ﷺ) ئەم بنەمایەی فێركردووین بۆ پاراستن لە زیانلێدانی شەیتان. دەی ئەگەر تاكەكانی ئوممەتی موحەممەدی پارێزراوبن لە زیانلێدانی شەیتان ئیتر بۆچی پێغەمبەران پارێزراو نین و لەسەروو هەموویانەوە “سەرداری نەوەكانی ئادەم (ﷺ)”؟ وە بەڕێزی (عليه السلام) ڕوونیكردەوە كە ئەوەی لە فەرموودەكاندا هاتووە مەسیح و دایكی پارێزراون لە زیانلێدانی شەیتان هۆكارەكەی ئەوەیە مەسیح تۆمەتباركراوە بەوەی مناڵی زینایە. پێغەمبەریش (ﷺ) ئەم تۆمەتەی ڕەتكردووەتەوە و دەفەرموێت بەڵـكو شەیتان زیانی لێنەداوە، واتە لەدایك بوونەكەی لەدایكبوونێكی شەیتانی نەبووە. بەڵام ئەوەی كە لە فەرموودەكاندا هاتووە دەربارەی پاراستنیان لە زیانلێدانی شەیتان، مەبەست لێی تەنھا مەسیح و دایكی نیە، بەڵـكو مەبەستی هەموو ئەو كەسانەیشە كە هاوشێوەی ئەوانن. لە سوورەتی (التحریم)دا ئەم دوو ناوە وەك نموونە باس كراون، ئەمەش مانای ئەوەیە بووه بە یەكێك لە زاراوە ئیسلامیەكان كە خوای گەورە كۆمەڵێك لە باوەڕداران بە “مەریەم” و كۆمەڵێكی تر بە “مەسیح” ناوببات.
سێیەم هەڵە: دەربارەی مەسیح (عليه السلام) كە تووشی خەڵـكی بوو پەیوەست بوو بە موعجیزەكانی مەسیحەوە (عليه السلام)، بۆ نموونە خەڵـكی دەیانگوت مەسیح مردووی زیندوودەكردەوە و باڵندەی دروستدەكرد. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم هەڵانەیشی ڕاستكردەوە، وە ڕوونیكردەوە خوای گەورە سیفەتەكانی خۆی نادات بە هیچ كەسێك. لە قورئانی پیرۆزدا بەدربڕینێكی ڕوون و ئاشكرا هاتووە كە دروستكردن و زیندووكردنەوەی مردوو دوو كارن تەنھا تایبەتن بە خواوە (عز وجل)، بگرە قورئانی پیرۆز دەربارەی زیندووكردنەوەی مردوو دەفەرموێت خوای گەورە لەم دنیایەدا ئەم كارە ناكات. كەواتە ئەو باوەڕەی كە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) مردووی زیندووكردووەتەوە یان هەندێ باڵندە و ئاژەڵی دروستكردووە باوەڕێكی زۆر هەڵەیە. بەڵام لەڕووی ڕۆحانیەوە گومانی تێدانیە مەسیح هەستاوە بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە كارانە یان هەندێ ئایەتی پیشانداوە لەڕێگەی كاری “تیرب”([9])ە وە یاخود بە دوعای ئەو كەسێك لە گیانەڵادا بووبێت شیفای بۆ هاتووە.
چوارەم هەڵە: كە خەڵـكی تێـیكەوتن سەبارەت بە فێركارییەكانی مەسیح ئەوە بوو پێیان وابوو تەواوترین و باڵاترین فێركاری ئاسمانین. وە لەناو ئەو فێركارییانەدا ئەم وتەیەی مەسیح (عليه السلام) كە دەڵێت: (ئەوەی زللـەیەكی لە ڕوومەتی ڕاستتـدا ئەوی تریشی بۆ بچەرخێنە) (مەتتا 5: 39) دەوترا ئەم فێركاریە شەقڵی هێمنایەتی پێوەیە و هیچ فێركاریەكی ئەخلاقی بە بیردا نایەت لەمە باشتر بێت. مەسیحی بەڵێندراویش (عليه السلام) فەرمووی: دەكرێت ئەم فێركاریە بەكەڵـك بێت بۆ گەلێكی دریاریكرا و بۆ كاتێكی دیاریكراو، بەڵام بەكارنایەت بۆ هەموو گەلان و هەموو سەردەمەكان، بۆیە دواجار بە تەواوترین فێركاری ئەژمار ناكرێت. هۆكاری پێدانی ئەم جۆرە فێركارییە لەلایەن خوای گەورەوە ژیان و هەڵسوكەوتی جوولەكەكان بوو كە خوویان گرتبوو بە توندوتیژیەوە بەجۆرێك قێزەونترین جۆرەكانی ستەمیان ئەنجام دەدا، ئەوە بوو خوای گەورە لە ڕێگەی مەسیحەوە فێركارییەكی پێـدان كە تا ئەوپەڕی نەرم و نیانی بوو بۆ ئەوەی توندوتیژیەكەیان كەم بێتەوە ئەگینا لە هەموو بۆنەیەكدا ناكرێت كار بەم فێركارییە بكرێت.
بەم بۆنەوە چیرۆكێكم بیركەوتەوە كە لە میسر ڕوویداوە. دەگێڕنەوە یەكێك لە قەشەكان لەناو جەماوەردا وتاری دەدا و دەیگوت: سەیر بكەن ئەو فێركاریە چەند جوانە كە مەسیح هێناویەتی بەجۆرێك دەڵێت: “ئەوەی زللـەیەكی دا لەلای ڕاستت لاكەی تریش وەرچەرخێنە بۆی”. ڕۆژێكیان یەكێك لە موسوڵمانە میسریەكان لەناو جەماوەرەوە دەردەچێت و زللـەیەك دەدات لە ڕوومەتی قەشەكە، ئەویش زۆر تووڕە دەبێت و ڕادەپەرێت بۆ لێدانی. موسوڵمانەكەیش پێـيدەڵێت پێویستە لەسەرت ڕوومەتەكەی تریشت وەرچەرخێنی بۆم بە پەیڕەكردنی فێركاریەكەی مەسیح هەتاكو زللـەیەك لەویش بدەم؛ ئینجا قەشەكە وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: نەخێر، ئێستا بە فێركاریی مەسیح كارناكەم بەڵـكو بە فێركاریی ئیسلام كاردەكەم ئەگینا ئێوە زۆر بوێر دەبن بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە ڕەفتارانە. كەواتە ناكرێت هەمیشە كار بەم فێركاریە بكرێت وەك عەقڵی مرۆیی پێمانڕادەگەیەنێت و كردەوەی مەسیحیەكانیش شایەتی دەدات لەسەر ئەمە.
بەكورتی، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ساغیكردەوە كە فێركاری مەسیح ناتەواوە و ناكرێت لە هەموو كاتێكدا كاری پێـبكرێت، هەروەها سەلماندی كە فێركاری قورئانی پیرۆز تەواوە و بەكاردێت بۆ هەموو كات و سەردەمێك.
پێنجەم هەڵە پەیوەندی هەبوو بە ڕووداوی لەخاچدانی مەسیحەوە (عليه السلام)، موسوڵمان و جوولەكە و مەسیحیەكان وەكو یەك كەوتبوونە ناو ئەم هەڵەیەوە. موسوڵمانان دەیانگوت: جووەكان لەجیاتی مەسیح كەسێكی تریان لەخاچدا، بەڵام مەسیح خوای گەورە بەرزیكردەوە بۆ ئاسمان. وە جوولەكە و مەسیحیەكان دەیانگوت مەسیح لەخاچدرا و لەسەر خاچەكە مرد. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچی گومانی موسوڵمانانی دایەوە و فەرمووی: ستەمێكی ئاشكرایە كەسێكی تر لەجیاتی مەسیح لەسەر خاچ هەڵبواسرێت، ئەگەر ئەو كەسە بە ئارەزووی خۆی لەسەر خاچەكە هەڵواسرا ئەوا دەبێت لەڕووی مێژووییەوە ئەمە ساغبكرێتەوە. پاشان ئەگەر خوای گەورە بیویستایە عیسا بەرزبكاتەوە بۆ ئاسمان؛ ئەوا پێویستی بەوە نەدەكرد كەسێكی تری جگە لەو لەسەر خاچەكە هەڵبواسرێت، بۆیە هەڵەیە بوترێت كەسێكی تر لەجیاتی مەسیح لەسەر خاچەكە هەڵواسرا یان مەسیح بەرزكرایەوە بۆ ئاسمان. لەلایەكی ترەوە وەڵامی ئەو بانگەشەیەی جوولەكە و مەسیحیەكانی دایەوە كە گوایە مەسیح لەسەر خاچەكە مرد، وە سەلماندی مەسیح بەزیندوویی لەسەر خاچەكە هێنرایە خوارەوە و بەم شێوەیە خوای گەورە ڕزگاری كرد لەو مردنە نەفرەتیەی كە جوولەكە دەیانویست بۆی.
ئێستا ببینن ئەم شاكارەی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چەند مەزنە بەجۆرێك ڕاستی ئەم ڕووداوەی ئاشكرا كرد پاش تێپەڕینی هەزار و نۆ سەد ساڵ. وە گرنگی ئەم شاكارە زیاتر دەبێت كاتێك دەبینین بەڕێزی (عليه السلام) لە ئینجیلەكانەوە بەڵـگەی هێناوەتەوە لەسەر ڕزگاربوونی مەسیح لە مردنی سەرخاچ. بۆ نموونە: فەریسییەكان داوای نیشانەیەكیان كرد لە مەسیح، كەچی وەڵامی دانەوە: “نەوەیەكی بەدكار و داوێنپیس داوای نیشانە دەكات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر. هەروەك چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سكی نەهەنگەكەدا بوو، ئاواش كوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناخی زەویدا دەمێنێتەوە” (مەتتا 12: 39_40)
وە لەتەوراتەوە دەردەكەوێت كە یونس بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەزیندوویی لەناو سكی نەهەنگەكەدا مایەوە، پاشان بەزیندوویی لێی دەرچوو، بەگوێرەی ئەمە دەبێت هاوشێوەی ئەمە ڕووبدات لە ڕووداوی خاچەكەدا كە بریتیە لەوەی مەسیح زیندوو بێت كاتێك دەچێتەناو گۆڕەكە و كاتێك لێی دەردەچێت. بۆیە ئەو باوەڕەی كە مەسیح لەسەر خاچەكە مردووە پێچەوانەی دەربڕینی ڕاشكاوی ئینجیلە، بەڵـكو دەبێتە هۆی بەدرۆخستنەوە خودی مەسیح.
ئەم بەڵـگەیە حەربەیەكی مەزنی مەسیحی بەڵێندراوە (عليه السلام) لە بەرامبەر مەسیحیەتدا بەجۆرێك بەتەنھا بەسە بۆ سەلماندنی گەورەیی بەڕێزی (عليه السلام)، بەڵام ئەو لەم ئاستەدا نەوەستا، بەڵـكو لە ڕووداوە مێژووییەكانیشەوە ئەوەی سەلماند كە مەسیحی ناسیرەیی هاتووە بۆ كشمیر پاش ڕووداوی خاچەكە و لەوێ نیشتەجێ بووە و ماوەتەوە و بە مردنێكی سروشتی مردووە. وەك ئەوەی بەم دۆزینەوەیە ژیانی مەسیحی ناسیرەیی لە ژێر پەردەكانی شاردنەوەدا دەرهێنابێت و ئاشكرای كردبێت بۆ خەڵـكی.
شەشەم هەڵە پەیوەندی هەبوو بە ژیانی مەسیح و دووبارە هاتنەوەی. بەڕێزی (عليه السلام) هەڵەی ئەم باوەڕەی دەرخست و ڕایگەیاند ئەمە خراپەكردنە بەرامبەر خوای گەورە بەجۆرێك ئەوە دەدەنەپاڵی كە پارێزگاری لە كەسێك دەكات پێشتر ڕەوانەی كردووە و دەیھێڵێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكەی و ناتوانێت كەسێكی نوێ دروست بكات بۆ ئەو ئەركە، دەی ئایا كەسێك بەدەوڵەمەند ئەژمار دەكرێت كە نانی بەیانی بھێڵێتەوە و لە ئێوارەدا بیخوات، نەخێر. بەڵـكو ئەمە بەڵـگەیە لەسەر ئەوەی كەسێكی هەژارە. بۆیە ئەوەی بڵێت خوای گەورە مەسیحی هێڵایەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە و ئیسڵاحی ئوممەتی موحەممەدی بكات قسەكەی تەنھا مانای ئەوە دەگەیەنێت كە _پەنا بەخوا_ مرۆڤێكی وەك مەسیح بەڕێكەوت بەدەستی خوا دروستكرا و ئەویش پاراستی و هێڵایەوە بۆ ئەوەی لەكاتی پەرەسەندنی ئاژاوەدا دایبەزێنێت، بەڵام ئەمە ڕاست نیە. هەروەك چۆن دەوڵەمەندەكان خواردنی ماوە دابەشدەكەن بەسەر هەژارەكاندا و كاتێك دووبارە پێوسیتیان بەخواردن هەبوو خۆراكی نوێ دروستدەكەن، بەهەمان شێوە خوای گەورە لە هەموو سەردەمێكدا پیاوانێكی نوێ دەخولقێنێت بەگوێرەی داخوازی و پێویستیەكانی ئەو سەردەمە. پاشان ئەگەر خوای گەورە بیویستبا كەسێك بپارێزێت و بیھێڵێتەوه؛ ئەوا مرۆڤێكی وەكو موحەممەدی (ﷺ) دەپاراست و دەهێڵایەوە، بەڵام ئەو وەفاتی كرد، دەی ئایا كەسێك هەیە لە دنیادا باشترین و كاریگەرترین دەرمان فڕێـبدات و دەرمانێك لای خۆی بھێڵێتەوە كە باشی و كاریگەریەكەی كەمتر بێت؟ كە وابوو بۆچی خوای گەورە لەجیاتی گەورەمان موحەممەد (ﷺ) مەسیحی هێڵایەوە؟
هەروەك بەڕێزی (عليه السلام) ئەوەیشی ڕایگەیاند كە هێڵانەوەی مەسیح بەزێندوێـتی و پاشان ڕەوانەكردنی بۆ ئیسڵاحی ئوممەتی موحەممەدی خراپەیەكی گەورەیە بەرامبەر پێغەمبەری ئازیز (ﷺ). دیارە پێغەمبەر (ﷺ) مامۆستا هەرە گەورەكەیە، وە ئەركەكەی بریتی بوو لەوەی باشترین و باڵاترین قوتابی دروست بكات، بەڵام ئەوان دەڵێن: ڕێبازەكەی موحەممەد (ﷺ) هەرگیز ناتوانێت _لەكاتی پەرەسەندنی ئاژاوە لەناو توممەتەكەیدا_ قوتابیەكی لێھاتوو دروست بكات بۆ دوورخستنەوەی ئەم ئاژاوانە، بەڵـكو عیسا (عليه السلام) دەهێنێت _كە لە ئوممەتی مووسایە (عليه السلام)_ بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەركە گرنگە. هەروەك ئەم باوەڕە خراپی و بەدناوكردن لەخۆی دەگرێت بۆ ئوممەتی موحەممەدیش؛ چونكە لەوەدا كورت دەبێتەوە كە ئەم ئوممەتە وا دەردەكەوێت ئوممەتێكی ئەوپەڕی شكستخواردوو بێت لەكاتی ئەم قۆناغە چارەنووسساز و یەكلاكەرەوەیەدا، تەنانەت دەججالە زۆرەكان لێیەوە پەیدا دەبن، بەڵام مەسیح لە ئوممەتێكی ترەوە بۆی دێت.
هەروەك ڕوونیكردەوە ئەم باوەڕە كە بۆ بەرزكردنەوەی پلەوپایەی مەسیح دروستكراوە بەدناوكردنی خودی مەسیحە؛ چونكە ئەو پێغەمبەرێكی سەربەخۆ بوو، كەواتە هاتنەوەی بۆ جارێكی تر مانای ئەوەیە وازدەهێنێت لەم پێغەمبەرایەتیە و ناچار دەبێت ببێت بە پێغەمبەرێكی شوێنكەوتە([10]).
شاكاری حەوتەم: ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە موعجیزەكانەوە
شاكاری حەوتەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتی بوو لە ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە پەیوەستبوون بە تێگەیشتن لە موعجیزەكان. خەڵـكی جیھان سەبارەت بە موعجیزەكان دابەشبووبوون بۆ دوو كۆمەڵ: هەندێكیان بەتەواوەتی نوكوڵیان لێ دەكرد، وە هەندێكی تریان باوەڕیان هەبوو بەڕاستی و دروستی هەموو چیرۆك و ئەفسانەیەك و بە موعجیزە لەقەڵەمیان دەدان. بەڕێزی (عليه السلام) نكوڵیكارانی موعجیزەی دەمكوت كرد بە خستنەڕووی موعجیزەكانی خۆی كە بەڵـگە قایلكەرەكانی تریان لەگەڵدابوو. وە هەستا بەم ڕاگەیاندنەی خوارەوە:
كرامت گرچه بی نام و نشان است
بیا بنگر زِ غلمانِ محمد (ﷺ)
واتە: گومانی تێدا نیە كە كەرامات و كارە دەراساكان ئەمڕۆ لە جیھاندا دیار نەماون، بەڵام تۆ دەتوانیت لەسەر دەستی خزمەتكارەكانی موحەممەددا (ﷺ) بیانبینیت.
بەڵام ئەوانەی هەموو چیرۆك و حیكایەتێكی كاڵ و نەكوڵاویان بە موعجیزە ئەژمار دەكرد، بەڕێزی (عليه السلام) فەرمووی پێیان دیارە موعجیزە كارێكی دەراسایە، وە دەبێت بەڵـگەی دەراسا هەبێت بۆ سەلماندنی كارە دەراساكان. كەواتە هیچ موعجیزەیەك قەبوڵ مەكەن مەگەر:
1- باسكرابێت لە كتێبێكدا كە بەوەحی دابەزیوە، یان بەڵـگەیەكی بەهێزی مێژوویی پشتگیری بكات.
2- یان پێچەوانە نەبێت لەگەڵ سوننەتەكانی خوای گەورەدا كە دەقیان لەسەرە، هەرچەند سەیرو سەمەرەیش بێت. بۆ نموونە: خوای گەورە دەفەرموێت ناكرێت مردوو بگەڕێتەوە بۆ ژیان لەم جیھانەدا. دەی ئەگەر كەسێك وتی یەكێك لە پێغەمبەران یان ئەولیاكان مردوویەكی زیندووكردووەتەوە؛ ئەوا ئێمە ئەمە بە موعجیزە لەقەڵەم نادەین چونكە پێچەوانەی ئایەتی ڕاشكاوی قورئانی پیرۆزە و ئەو كەسەی ئەم موعجیزەیە پیشان دەدات دەفەرموێت هەرگیز لەم دنیایەدا مردوو زیندوونابێتەوە.
سەیر لەوەدایە موسوڵمانان باوەڕیان وایە بەتەنھا عیسا (عليه السلام) مردووی زیندوونەكردووەتەوە، بەڵـكو كۆمەڵێك ئەولیای تریش ئەو كارەیان كردووە. بەڵام هیندۆس لەم باوەڕەدا پێشی موسوڵمانان كەوتوون. هەڵبەت لەناو موسوڵماناندا كۆمەڵێك ڕیوایەت ناوبانگیان پەیدا كردبوو، یەكێك لەو ڕیوایەتانە دەڵێت: كەڵەشێرێكی برژاو پێشكەش بە یەكێك لە پیاوچاكان كرا و ئەویش بەهەڵپە گۆشتەكەی خوارد پاشان ئێسكەكانی لە دەستیدا كۆكردەوە و كەمێك فشاری خستەسەر ئەوسا گۆڕا بۆ كەڵەشێرێكی زیندوو دەیقووقاند. بەڵام هیندۆس كۆمەڵێك شتیان هێنا كە لە هی موسوڵمانان سەیرتر بوون، بۆ نموونە گوتیان: یەكێك لە ڕیشییەكان([11]) بە ڕێگادا دەڕۆيشت و لەپڕ ئافرەتێكی جوانی بینی و ویستی دەستەمۆی بكات، بەڵام ئافرەتەكە لەبەر ئەو بەدبەختیەی كە هەیبوو حەزی لێ نەكرد، بەڵام لەم كاتەدا ڕیشییەكە كەمێك لە مەنیەكەی ڕژا و ئینجا پۆشاكەكەی داكەند و فڕێیدا، پاش كەمێك لە پۆشاكەكەیەوە كوڕێك لەدایك بوو چونكە تۆوی ڕیشی بەفیڕۆناچێت.
هەروەها دەربارەی باڵندەی بچوكی “نیل كنث” دەڵێن ئاوی یەكێك لە دەریاكانی بەتەواوەتی خواردەوە، وە هەموو ئەو كەسانەی خوارد كه بەشداربوون لە مەراسیمی یەكێك لە شاییەكاندا، سەیر ئەوە بوو لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێشتا تێر نەبوو.
موسوڵمانان لەكوێ دەتوانن ئەم جۆرە موعجیزانە بھێنن؟ تەنھا ئەوە باشە بۆیان ئەو مەرجانە قەبوڵ بكەن كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دایناوە بۆ موعجیزەكان، ئەگینا مافی ئەوەیان نیە داوا لە خەڵـكی بكەن باوەڕبھێنن بە موعجیزەكانیان لەكاتێكدا خۆیان موعجیزەی ئەوانی تر ڕەتدەكەنەوە.
3- مەرجی سێیەم كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی كردووە ئەوەیە دەبێت موعجیزە كەمێك لە نادیاری و شاراوەیی لەخۆبگرێت، ئەگینا ئامانجەكەی لەدەستدەدات كە لە دروستكردنی باوەڕ لەدڵدا كورت دەبێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر عەزرائیل بێت و بڵێت باوەڕبھێنن بە پێغەمبەرایەتی فڵانە كەس ئەگینا گیانی هەمووتان دەكێشم؛ ئەوا هەموان باوەڕی پێـدەھێنن، بەڵام ئەم باوەڕە هیچ سوودێكی نیە. بۆیە دەبێت هێمای ورد و شاراوەیی لە موعجیزەكاندا هەبێت چونكە لەپێناوی دروستكردنی ئیماندا دەردەكەون، دەی ئەگەر ناڕوونیەكی وردی تێدا نەمێنێتەوە ئەوا باوەڕ هێنان پێی هیچ كەڵـكێكی نابێت، بەڵام پێویستە زۆر شاراوە نەبێت بەجۆرێك نەگاتە پلەی بەڵـگە و دەلیلیش؛ چونكە لەم دۆخەدا نابێت بە حوججە بەسەر خەڵـكیەوە.
4- مەرجی چوارەم ئەوەیە كە دەبێت ئامانجی موعجیزە سوودێكی دیاریكراو بێت، ئەمەش چونكە موعجیزە كارێكی هەوانتە نیە و وەكو كاری جادوو پیشان نادرێت، بەڵـكو بۆ جێبەجێكردنی ئامانجێكی دیاریكراو و مەبەستێكی تایبەتی دەردەكەوێت، كەواتە تەنھا بایەخ بە موعجیزەیەك دەدرێت كە ئامانجێكی دیاریكراوی هەبێت پاشان سوودێكی دیاریكراو بهێـنێـتەدی ئەگینا ناكرێت بدرێتەپاڵ خوای گەورە.
شاكاری هەشتەم: چەسپاندنی گەورەیی شەریعەت
شاكاری هەشتەمی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) بریتی بوو لە چەسپاندنی گەورەیی شەریعەت. شكۆی شەریعەت لای موسوڵمان و ناموسوڵمان وەكو یەك نەمابوو، لەڕێگەی مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام) شكۆی بۆ گەڕایەوە.
1- یەكەم وەسوەسەی هەرە گەورە كە لە زیھنی خەڵـكیدا دروست بوو سەبارەت بە شەریعەت ئەوە بوو پێیان وابوو شەریعەت نەفرەت و غەرامە و بارگرانیە. مەسیحیەكان دەیانگوت یەسووعی مەسیح بۆ ئەوە هاتووە خەڵـكی ڕزگار بكات لە شەریعەت، وەك ئەوەی شەریعەت نەفرەت و غەرامە بووبێت هەتا ئەوكاتەی مەسیح هات بۆ ئەوەی خەڵـكی ڕزگاربكات لێی، لەكاتێكدا شەریعەت بۆ هیدایەتی خەڵـكی دابەزیوە، دەی ئایا كەسی ژیر هیدایەت بە غەرامە لەقەڵەم دەدات؟ یان ئایا كەسێك كەسێكی تر ڕێگای ڕاستی پیشان بدات دەڵێت تووشی غەرامەی كردم؟ موسوڵمانانیش شەریعەتیان بە غەرامە و بارگرانی ئەژماردەكرد لەبەرئەوە هەوڵیاندا كۆمەڵێك فێڵ دابھێنن بۆ خۆدزینەوە لە حوكمەكانی شەریعەت، كارەكە گەشتە ئاستێك هەندێكیان كتێبیان نووسی سەبارەت بە فێڵەكان. ئەگەر شەریعەتیان بە نەفرەت لەقەڵەم نەدایە ئەوا هەوڵی دۆزینەوەی فێڵیان نەدەدا بۆ كارنەكردن پێی. ڕەنگە وەهابیەكان بەشێوەیەك لە شێوەكان دووربن لەم خراپەیە، بەڵام گروپەكانی تر كۆمەڵێك حیلە و فێڵی سەیر و سەمەرەیان داهێنا. بۆ نموونە لە یەكێك لە كتێبە فیقھیە ناسراوەكاندا هاتووە كە سەربڕینی قوربانی دوای نوێژی جەژن سوننەتە، بەڵام ئەگەر كەسێك ناچاربوو پێش نوێژی جەژن قوربانیەكە سەر ببڕێت؛ ئەوا پێویستە لەسەری بچێت بۆ گوندێكی دراوسێی شارەكە و لەوێ سەری ببڕێت و گۆشتەكەی بھێنێتەوە بۆ شارەكە، ئەمەش چونكە جەژن لای ئەوان تەنھا لە شاردا دەبێت، وە مەرجی سەربڕینی قوربانی دوای نوێژ تەنھا پەیوەستە بەجەژن لە شاردا! بەكورتی، لەڕابردوودا كاری مەلاكان لەوەدا كورت كرابووەوە كە خەڵـكی فێری كۆمەڵێك فێڵ و حیلە بكەن، هەروەك پرسیاری خەڵـكیش لە حیلەی شەرعیدا كورت كرابووەوە. چیرۆكیكی ناسراو هەیە لەم شێوەیە كه هەندێ گەنج گۆشتی كەرێكی تۆپیو دەخۆن، مەلا پێیان دەڵێت تاوانێكی گەورەیان ئەنجام داوە، بۆیە پێویستە لەسەر باوكی ئەو گەنجانە كۆتەرەیەك ڕاستبكەنەوە و بە نان دایپۆشن ئینجا ئەو بڕە نانە دابەش بكەن بەسەر هەژاراندا. بە مەلاكەیان ڕاگەیاند كە كوڕەكەی خۆیشی لەناو ئەو گەنجانەدا بووە، مەلاكەیش پێیان دەڵێت پەلەمەكەن هەتا دووبارە بیر لە بابەتەكە دەكەمەوە، پاشان دەڵێت پێویست ناكات كۆتەرەكە ڕاستبكەنەوە بەڵـكو ئەوەندە بەسە كە لەسەر زەوی دایـبنێن و بە توێژاڵـێكی تەنك لە نان دایپۆشن.
2- وەسوەسەی دووەم كە لای موسوڵمانان تازە دروست دەبوو ئەوە بوو دەیانگوت: شەریعەت ئامانجی سەرەكی نیە بەڵـكو ئامانجی سەرەكی بریتیە لە گەیشتنی مرۆڤ بەخوای گەورە، بۆیە ئەگەر مرۆڤ گەیشت بەخوای گەورە ئەوا پێویست ناكات كار بەبڕیارەكانی شەریعەت بكات.
ئەم نەخۆشیە زۆر ترسناك بوو، وە لەناو خەڵـكدا بڵاوەیدەكرد بەڕادەیەك سۆفیەكان وازیان دەهێنا لە كاركردن بە بڕیارەكانی شەریعەت، وە ئەگەر موسوڵمانان پرسیاری هۆكاری ئەم وازهێنانەیان لێ بكردنایە دەیانگوت: ئێمە گەیشتووین بەخوای گەورە ئیتر پێویست ناكات كار بە حوكمەكانی شەریعەت بكەین. جارێكیان دوای نوێژی جومعە كەمێك دانیشتم، لەم كاتەدا یەكێك لەو بیدعەچیانە هات بۆلام و پرسیاری لێ كردم: ئەگەر پاپۆڕ گەیشتە كەنار ئەوا پێویستە سەرنشینەكەی لێی دابەزێت یان پێویستە لەسەر پاپۆڕەكە بمێنێتەوە و دانەبەزێت؟ مەبەستی ئەوە بوو كەسێك بە دیداری خوای گەورە گەیشت ئیتر پێویستی بەوە نیە كار بە حوكمەكانی شەریعەت بكات. دەستبەجێ مەبەستەكەیم زانی و وەڵاممدایەوە: ئەگەر دەریاكە كەناری هەبوو، وە پاپۆڕەكە گەیشتە كەنارەكە ئەوا پێویستە لێی دابەزن، بەڵام ئەگەر دەریایەك بوو كەناری نەبوو ئەوا لەكوێدا دابەزن؟ بەڵـكو لە هەركوێیەكدا دابەزن نوقم دەبن. ئەویش حەپەسا. مەبەستم لەم وەڵامە ئەوە بوو كە نزیكبوونەوە لە خودای گەورە شتێكی سنوردار نیە تاكو بوترێت ئەگەر كەسێك بەدەستی هێنا؛ ئەوا پێویستی بەشەریعەت نیە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچی ئەم گومانەیشی داوەتەوە و فەرموویەتی گومانی تێدا نیە ئامانجی سەرەكی مرۆڤ بریتیە لە گەیشتن بەخوای گەورە نەك ئەوەی هەمیشە كار بە شەریعەت بكات بەڵام پلەكانی گەیشتن بەخوا بێشومارن و هەرگیز كۆتایی نایەن ئەگەرچی مرۆڤ هەتا ڕۆژی قیامەتیش سەركەوێ بەسەریاندا. دەی ئەگەر كەسێك بڵێت هەموو پلەكانی گەیشتن بەخوای گەورەم بڕیوه و هیچ پلەیەكی بەرزتر نەماوە؛ ئەوا وەك ئەوە وایە خوای گەورەی بە سنوردار لەقەڵەمدابێت! ئەمەش هیچ كەسێك باوەڕی پێی نیە. جا ئەگەر پلەكانی گەیشتن بەخوا بێشومار بن ئەوا شیاو نیە بۆ هیچ كەسێك واز لەو ئامرازە (شەریعەت) بھێنێت كە بەهۆیەوە ئەو پلانە دەبڕێت.
3- وەسوەسەی سێیەم كە تووشی خەڵـكی بوو ئەوە بوو هەموو كردەوەكانی پێغەمبەریان (ﷺ) بەبەشێك لە شەریعەت لەقەڵەمدەدا، لەبەرئەوە ئەگەر مەلاكان كەسێكیان بدیبایە شەرواڵێكی لەپێ كردبێت شۆڕبێت هەتا پێكانی ئەوا دەیانگوت: ئەمە كافرە، وە ئەگەر بیاندیبا كەسێك دوای نانخواردن دەستی دەشوات كافریان دەكرد بەو بیانووەی كە پێچەوانەی سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) جووڵاوەتەوە. لەڕاستیدا لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) زۆرێك لە بەهارات و بۆن و بەرامەكان بەكارنەدەهات لە چێشت لێناندا، بەجۆرێك جاروبار نانیان بە زەیتی زەیتون چەوردەكرد و دەیانخوارد، وە هەر ئەو زەیتەشیان بەكاردەهێنا بۆ چەوركردنی ڕیش و قژیان بۆیە دوای نانخواردن دەستە چەورەكەیان دەهێنا بە ڕوخساریشیاندا. بەڵام ئێستا لە چێشت لێناندا جۆرەها بەهارات بەكاردەهێنرێت وەك زەردەچەوە و هتد، لەگەڵ ئەوەدا چەندین مەلا هەیە هەتا ئێستایش دەستهێنان بە ڕوخساریاندا لەدوای خواردنی ئەم جۆرە خۆراكانە بە سوننەت لەقەڵەمدەدەن. پێیان دەڵێین: ئەگەر بەزەیتی زەیتوونەوە خواردنەكەتان دەخۆن ئەوا دەتوانن ئەو كارە بكەن، بەڵـكو ئێمەیش ئامادەین بۆ ئەو كارە، بەڵام ئێوە خواردن ناخۆن ئەگەر بەهاراتی تێنەكرێت وەك زەردەچەوە و بیبەری توون، دەی كێ دەتوانێت بەوانە دەموچاوی بھەنوێت! جارێكیان یەكێك لە مەلاكانم بانگھێشت كرد بۆ نانخواردن، كاتێك دوای نان خواردنەكە قاپێكیان هێنا بۆ دەستشۆردن، بەوپەڕی گاڵتەپێكردنەوە پاڵی پێوە ناو گوتی ئەمە پێچەوانەی سوننەتە بۆیە دەستم ناشۆم، پاشان هەردوو دەستی، كە پیس بووبوون بە چێشتەكە، هێنا بەدەموچاویدا. لەڕاستیدا دەستشۆردن پێچەوانەی سوننەت نیە، هەڵبەت لە فەرموودەی پیرۆزدا بەڕاشكاوی هاتووە كە یەكێك لە فێركارییەكانی ئیسلام بریتیە لە شۆردنی دەستەكان پێش نانخواردن و دوای نانخواردن.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەرپەرچی ئەم هەڵەی دایەوە و فەرمووی كردەوە و كردارەكانی پێغەمبەر (ﷺ) جۆراوجۆرن، لەوانە:
1- ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) كردوویەتی و بەردەوام بووە لەسەری و فەرمانی پێكردووە بە شوێنكەوتووانی پاش ئەوەی شێوازەكەی ڕوونكردووەتەوە بۆیان كە پێویستە پەیڕەوی بكەن، كاركردن بەمە واجبە.
2- ئەو كردەوانەی كە بەگشتی پێغەمبەر (عليه السلام) ئەنجامی دەدان و ئامۆژگاری كەسانی تریشی دەكرد كە ئەنجامی بدەن، ئەمە سوننەتە.
3- ئەو كردەوانەی كە پێغەمبەر (r) هەڵدەستا بە ئەنجامدانیان بەڵام بەكەسانی تری دەفەرموو ئەگەر ئەم كارانە بكەن؛ ئەوا چاكتر و باشترە. ئەمە پێی دەوترێت موستەحەب.
4- ئەو كردارانەی كە بە چەند شێوازێكی جیاواز ئەنجامیداون، ڕەوایە بە هەموو ئەو شێوازانە ئەنجام بدرێن.
5- ئەو كردارانەی كە پەیوەستن بە خواردن و خواردنەوەوە، فەرمانی بە كەس نەكردووە بە كردنیان، هەروەها لەبارەیانەوە هیچ ڕێنماییەكی تایبەتی نەداوە، بەڵـكو تێیاندا پەیڕەوی ئەو دابونەریتەی كردووە كە عەرەب لەسەری بووە. لەم كردارانەدا هەموو كەسێك دەتوانێت پەیڕەوی داب و نەریتی باوی وڵاتەكەی بكات. گۆشتی بزنمژەیان هێنا بۆ پێغەمبەر (r) بەڵام نەیخوارد. پێی وترا: ئایا ئەمە حەرامە؟ فەرمووی: “نەخێر بەڵام ئەمە لە خاكی هۆزەكەمدا نیە، بۆیە نایخۆم” (البخاری، كتاب الأطعمة). لەمەوە دەردەكەوێت ئەو شتەی شەریعەت بێ دەنگ بووە دەربارەی و نەسەلمێنراوە پێغەمبەریش (r) فەرمانی پێ كردبێت كێشە نیە كاری پێ بكرێت بەگوێرەی داب و نەریتی باوی وڵات و ئەوەی لەناو خەڵـكیدا برەوی هەیە، ئەمەش هەتاكو نەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕق و كینە لەناو خەڵـكیدا بەبێ هۆ؛ چونكە ئەم كردارانە پێیان ناوترێت سوننەت. بەگوێرەی ئەم بنەمایە پێویستە كاربكرێت لەسەر ئەم بابەتانە وەك چۆن لەناو خەڵـكیدا باوە لەگەڵ ئەو گۆڕانكاریەی كە تێیدا دەیكەن بەگوێرەی هەلومەرجی وڵاتەكەیان.
4- وەسوەسەی چوارەم كە تووشی خەڵـكی بوو ئەوە بوو پێیان وا بوو شەریعەت لە وتەی خوای گەورەدا كورتكراوەتەوە، پێغەمبەر (ﷺ) هیچ پەیوەندیەكی پێوەی نیه، ئەمە قسەی چەكرالەییەكان یان ئەهلی قورئانە. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی ئەم پرسە دەفەرموێت شەریعەت دوو بەشە:
1- یەكێكیان بنچینەكان، كە كردارە ئایینی و ئەخلاقی و ژیاری و كۆمەڵایەتی و ڕامیاریەكان پشتیـپێدەبەستن.
2- دووەمیان شرۆڤە بەشەكییەكان و درێژە كرداریەكان، ئەوانەن كە خوای گەورە لەڕێگەی پێغەمبەرانەوە بە ئەنجامیان دەگەیەنێت بۆ ئەوەی خەڵـكی پەیوەندی دروست بكەن لەگەڵیاندا و بۆ ئەوەی ئەوانیش ببن بە پێشەنگی خەڵـكی. بۆیە شرۆڤەی پێغەمبەریش بەشێكە لە شەریعەت.
شاكاری نۆیەم: ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە بەندایەتیەكانەوە
شاكاری نۆیەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە پەیوەستن بە بەندایەتییەكانەوە.
هەڵەی یەكەم كە دروست بوو لە هزری خەڵـكیدا دەربارەی بەندایەتیەكان ئەوە بوو كە بەندایەتیەكان پەیوەستن بە دڵەوە و هیچ پەیوەندیەكیان بە لەشەوە نیە. بیست ساڵ لەمەوپێش یەكێك لەوانە لە “عەلیگرە” وتارێكی خوێندەوە و تێیدا گوتی: بەڕەچاوكردنی گەشە و پێشكەوتنی سەردەم شێوازی پێشووی بەندایەتی بەكەڵـك نەماوە، بەڵـكو لە ئێستادا بۆ ئەو كەسەی دەیەوێت نوێژبكات ئەوەندە بەسە كە لەسەر مێزێك كەمێك سەری نەوی بكات و یادی پەروەردگاری خۆی بكات. هەروەك دەكرێت بەم شێوازەیش ڕۆژوو بگرێت بەجۆرێك پڕ سكی نان نەخوات هەتا تێردەبێت، بەڵـكو ئەوەندە بەسە بۆی كە چەند پارچە كێكێك بخوات لەگەڵ پیاڵەیەك چایی.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی بەندایەتیەكان پەیوەستن بە ڕۆحەوە، وە ڕۆحیش پەیوەندی هەیە بە جەستەوە، بۆیە ناكرێت ملكەچی لەدڵدا دروست بێت بەبێ ملكەچكردنی جەستە بۆ بەندایەتی. كەواتە هەڵەیە بەندایەتی جەستەیی بەشتێكی بێبایەخ لەقەڵەم بدرێت بگرە ئەم ڕێگەیە ڕێگەیەكی فەوتێنەرە، دیارە ئەم گومانە تەنھا بەهۆی تێنەگەيشتن لە بنچینەكانی بەندایەتیەوە پەیدا دەبێت.
هەڵەی دووەم كە خەڵـكی تێـیكەوتن بریتی بوو لە وازهێنانیان لە دوعا لە نوێژكردندا، بەڕادەیەك ئەمە بەكوفر ئەژماركرا لای ئەهلی سوننە، هەڵوێستیان وا بوو ئەو دوعایەی بە سوننەت چەسپابێت ئەوەیە كە لەدوای نوێژ ئەنجام دەدرێت بە بەرزكردنەوەی هەردوو دەست. هەر كاتێك ئەم بابەتە لای مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باس دەكرا پێدەكەنی و دەیفەرموو: نموونەی ئەم كەسانە وەك ئەو كەسە وایە كە دەچێتە كۆشكی پاشا و بەردەوام بێدەنگ دەبێت و قسە ناكات پاشان كە كۆشكەكە بەجێدەهێڵێت ئینجا دەڵێت: گەورەم ئەمە و ئەوەم دەوێت. پاشان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: پێویستە لەنوێژدا دوعا زۆر بكرێت، بەڵـكو پێویستە مرۆڤ بەزمانی خۆیشی دوعا بكات هەتاكو هەست بە پەرۆشی و گوڕوتین بكات تێیدا.
هەڵەی سێيەم بریتیی بوو لەوەی هەندێ كەس پێیان وا بوو بەندایەتی ڕووكەشی بەسە بۆیان، تەسبێحێكیان دەگرت بەدەستیانەوە و بێكار دادەنیشتن. ئەم كارەیان گەیشتە ئاستێك تەنانەت كتێبێكم خوێندەوە تێدا هاتبوو: ئەگەر كەسێك دوعایەكی دیاریكراو بخوێنێتەوە چاكەی هەموو پیاوچاكانی دەستگیردەبێت، وە لە هەموو تاوانەكانی چاوپۆشی دەكرێت ئەگەرچی هێندەی هەموو تاوانباران تاوانی هەبێت. ئیتر لەكوێ ئەو كەسانەی ئەم جۆرە گومانانە زاڵ بووە بەسەر بیریاندا هەست بە پێویستی بەجێھێنانی نوێژ دەكەن؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەم بارەیەوە فەرموویەتی: بێگومان جەستەی مرۆڤ ئەسپێكە و ڕۆح سواری پشتی بووە و لێی دەخوڕێت، دیارە ئێوە دەستانگرت بە ئەسپەكەوە و وازتان لەوە هێنا كە سواری پشتی بووە. وە لەبەرئەوەی بەندایەتیە ڕووكەشیەكان هۆكارێكن بۆ خاوێنی ڕۆح بۆیە دەبێت هەوڵ بدرێت بۆ بەدەستھێنانی پاكێتی دڵ و دەروون كە مەبەستی ڕاستەقینەیە.
شاكاری دەیەم: ڕاستكردنەوەی هەڵەكان لە فیقھدا
شاكاری دەیەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە ڕاستكردنەوەی هەڵە ترسناكەكان لە فیقهدا، بەجۆرێك جیاوازی تێیدا هەموو سنوورێكی تێپەڕاندبوو. بەڕێزی (عليه السلام) بنچینەیەكی زێڕینی دانا لەم پرسەدا بەجۆرێك فەرمووی: شەریعەت لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە دامەزراوە:
1- قورئانی پیرۆز.
2- سوننەتی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ)
3- ئەو فەرموودانەی كە دژایەتی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) و عەقڵ ناكەن.
4- تێگەیشتن لە ئایین.
5- جیاوازی سروشت و هەلومەرجی خەڵـكی.
ئەمە شاكارێكی مەزنی مەسیحی بەڵێندراوە (عليه السلام) بەجۆرێك جیاوازی كرد لەنێوان سوننەت و فەرموودەدا و فەرمووی: سوننەت بریتیە لەو كردەوەیەی پێغەمبەر (ﷺ) كە بەردەوام بووە لەسەری و داوای لە كەسانی تریش كردووە كاری پێ بكەن. بەڵام فەرموودە بریتیە لە وتەكانی پێغەمبەر (ﷺ).
ئێستا تێبینی بكەن چۆن بەڕێزی (عليه السلام) هەستاوە بە ڕاستكردنەوەی ئەم هەڵەیە لەڕێگەی ئەم پێنج بنەمایەوە. بەڕێزی (عليه السلام) قورئانی پیرۆزی لە سەرەوەی ئەم لیستە داناوە؛ چونكە فەرمایشتی خوا بەتێروتەسەلی باسی بابەتەكان دەكات و تەواوكەرە و هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردا نەهاتووە و نایەت و هەرگیز كەسیش ناتوانێت دەستكاری بكات چونكە خوای گەورە بەڵێنی داوە بیپارێزێت. ئایا سەرچاوەیەكی تر هەیە لەم جۆرە فەرمایشتە زیاتر متمانەی پێ بكرێت؟
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) باسی سوننەتی كردووە چونكە پەیوەندی بە وتەوە نیە، بەڵـكو پەیوەندی بەو كردەوانەوە هەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) خوی گرتبوو پێیانەوە و بەردەوام بووە لەسەریان، وە بەتەواتور بۆ ئێمە گواستراونەتەوە؛ واتە هەزارەها كەس بینیویانە كە بەو شێوەیە كردەوەكەی ئەنجامداوە و ئەوانیش لاساییان كردووەتەوە. سوننەت تەنھا بریتی نیە لە شایەتی كەسێك یان دوو كەس یاخود سیان كە بیستویانە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەو قسەیەی كردووە، بەڵـكو بریتیە لە گواستنەوەی هەزارەها كەس كە بینیویانە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەو كارەی ئەنجام داوە و ئەوانیش شوێـنیكەوتوون و بەردەوام بوون لەسەری. بۆیە ئەگەری ڕوودانی هەڵە لەم جۆرە سوننەتەدا زۆر كەمە، وە لە پلەدا لە فەرموودە بەرزترە كە لەڕێگەی گێڕانەوەی هەندێ كەسەوە دەگوازرێتەوە. پاشان بەڕێزی (عليه السلام) دوای سوننەت فەرموودەی داناوە و دەفەرموێت ئەوەندە بەس نیە بۆ ڕاستی فەرموودە كە ڕاویەكانی كەسانی متمانەپێكراو بن، بەڵـكو مەرجی ئەوەی داناوە كە تەبا وگونجاو بێت لەگەڵ قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) و یاسای سروشتدا. وە پلەی تێگەیشتنی هزری لە ئایین دوای فەرموودە دێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بەردەوام دەرگا كراوە بێت بۆ پەی بردن بە بابەتەكان لەڕێگەی وەگەڕخستنی عەقڵەوە. پاشان بەڕێزی (عليه السلام) سروشت و خووڕەوشتی خەڵـكی لە پلەی پێنجەمدا داناوە لە فیقھدا و كردوویەتی بە بەشێكی جیانەكراوە لە شەریعەت. دیارە بەهۆی ئەم بنەمایەوە زۆرێك لە پرسە ناكۆكەكان چارەسەركراون. بۆ نموونە دەمەقاڵێ و هەرا لەسەر وتنی (ئامین) بەدەنگی بەرز لەنوێژدا دروست دەبوو. بەڕێزی (عليه السلام) لەم بارەيەوە دەفەرموێت كێ حەزدەكات بەدەنگی بەرز “ئامین” بڵێت كێش حەزناكات بەدەنگی بەزر “ئامین” بكات با دەنگ بەرزنەكاتەوە، لەبەرئەوەی مادام هەردوو شێوازەكە لە سوننەتدا ساغ بووەتەوە ئیتر سوودی نیە دەربارەی ئەم بابەتە شەڕ و هەرا بكرێت. پێغەمبەر (ﷺ) بەهەردوو شێوازەكە كاری كردووە بەڕەچاوكردنی جیاوازی لە سروشت و تەبیعەتی خەڵـكیدا، بۆیە هەریەكێكیان دەتوانێت ئەو شێوازە ئەنجام بدات كەلەگەڵ سروشتی خۆیدا دەگونجێت، وە پێویستە گوێنەدات بەو شێوازەی كە ئەوانی تر هەڵیدەبژێرن بەگوێرەی سروشتی خۆیان. هەروەھا بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: كێ دەیەوێت لەنوێژدا با لەسەر سنگی دەست بگرێت كێیش یێی خۆشە با لەخوار ناوكیەوە دەستبگرێت. هەمان شت دەفەرموێت دەربارەی بەرزكردنەوە و بەرزنەكردنەوەی پەنجەی شایەتمان كاتی وتنی شایەتمان لە تەحیاتی نوێژدا، وە بەرزكردنەوەی هەردوو دەست یان بەرزنەكردنەوەیان كە بەهەردوو شێوازەكە دروستە. بەم شێوەیە بەشێكی زۆری ناكۆكیەكان كۆتاییان پێ هات كە سەرچاوەكەیان جیاوازی شەرعی نەبووە، بەڵـكو دەربارەی دوو كاری جائیز و ڕەوا بووە، وە ئەم ناكۆكیانە دروست بوون بەهۆی تێنەگەيشتنی خەڵـكی لە حیكمەتی شەریعەت لە ڕەوابوونی شێوازە جیاوازەكان لەئەنجامدانی هەندێ كردەوەدا بەڕەچاوكردنی سروشتە جیاوازەكان.
شاكاری یانزە: جێبجێكردنی مافەكانی ئافرەت
شاكاری یازدەهەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە جیبەجێكردنی مافەكانی ئافرەت كە پێش ڕەوانەكردنی بەڕێزی (عليه السلام) زەوتكرابوون. بۆ نموونە:
1- ئافرەت بەشی خۆی بەرنەدەكەوت لە میراتدا.
2- توندوتیژی ئەنجام دەدرا بەرامبەری لە پۆشینی حیجابدا، هەروەها ڕێگری لێ كرابوو لەماڵ بچێتەدەرەوە و بگەڕێت.
3- خوێندەواری لێ قەدەغەكرابوو.
4- بەباشی مامەڵەی لەگەڵدا نەدەكرا و ڕێزی لێ نەدەگیرا.
5- لەمارەبڕینیدا هیچ دەسەڵاتێكی نەبوو.
6- لەكاتی خولع و تەڵاقدا بە دڵڕەقی و توندوتیژی مامەڵەی لەگەڵدا دەكرا.
7- مافە مرۆییەكانی ڕەچاونەدەكرا.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەموو ئەم خاڵانەی ڕاستكردەوە:
1- بەڕێزی (عليه السلام) قەدەغەی كرد كە ئافرەت بێبەش بكرێت لە میراتی، وە پشتگیری مافەكانی كرد. ئافرەتان لە خانەوادەی ئێمەدا ماوەیەكی زۆر بوو لەمیراتیدا مافی خۆیان بەدەستنەهێنابوو، بەڵام خوشكەكانمان لە سەرجەم ماڵ و سامانی مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) هەموو مافەكانیان دەستكەوت و لەگەڵ ئێمەدا میراتیان بەركەوت.
2- بەڕێزی (عليه السلام) دیاردەی تونڕەوی لابرد لە حیجاب و ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن پێوەی. بەڕێزی (عليه السلام) لەگەڵ دایكی باوەڕداراندا (ڕەزای خوای لێ بێت) دەردەچوو بۆ پیاسە. جارێكیان مەولەوی عەبدولكەریم سیالكوتی مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) بینی لەگەڵ دایكی باوەڕداراندا (رضي الله عنها) پیاسە دەكات لە وێستگەی شەمەنەفەردا، بەلایەوە پەسەند نەبوو چونكە لەو سەردەمەدا ئەمەی بەكارێكی زۆر عەیبە و شوورەیی لەقەڵەمدەدا، بۆیە چوو بۆ لای خەلیفەی یەكەم و پێیگوت: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لەگەڵ خێزانی خۆیدا لەوێدا پیاسە دەكات، خەڵـكی قسە و قسەڵۆكی جۆراوجۆر دەكەن، بچۆ و پێی بڵێ فەرمان بە خێزانەكەی بكات دابنیشێت. خەلیفەی یەكەمیش وەڵامی دایەوە: تۆ دەتوانیت ئەوەی پێ بڵێیت، بەڵام من هەرگیز ئەو جۆرە قسەیەی پێ ناڵێم. ئینجا ڕۆیشت بەڵام پاش كەمێك گەڕایەوە و سەری داخستبوو، خەلیفەی یەكەم پرسیاری لێ كرد بەڕێزی (عليه السلام) چۆن وەڵامی دایەوە، ئەویش وتی: كاتێك پێمگوت: ڕەنگە خەڵـكی ڕەخنەبگرن لەوەی كە لەوێدا لەگەڵ خێزانەكەیدا هاتوچۆ دەكات. وەستا و فەرمووی: باشە خەڵـكی لەچی ڕەخنەدەگرن؟ ئایا دەڵێن میرزا لەگەڵ هاوسەرەكەیدا پیادەڕەوی دەكات؟!
بەكورتی، مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئازادی دابوو بە ئافرەت كە لەپێناوی تەندروستیدا پیاسە و پیادەڕەوی بكات. توێژی ڕۆشنبیری ئەمڕۆ ناتوانن لەم گۆڕانكاریە حاڵی بن، بەڵام مایەی سەرسوڕمان و نامۆیی بوو كاتێك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەستیـپـێكرد، بەڕێزی (عليه السلام) ڕایگەیاند ئامانج لە حیجاب ڕزگاركردنی ئافرەتە لە هەندێ خاڵی لاوازی، وە ڕاستە تێكەڵاوبوون و چاوپێكەوتنی ئازادانه لەگەڵ پیاواندا قەدەغەیە بۆ ئافرەت، بەڵام فەرمانمان پێـنەكراوە بیخەینە زیندانەوە.
3- پێشتر ئافرەت بێبەش كرابوو له خوێندن و فێركردن، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەشێوەیەكی تایبەت جەختی كردەوە لەسەر فێركردنی ئافرەت، لە نامەیەكدا بۆ یەكێك لە هاوڕێكانی نووسیویەتی: دەبێت ئافرەت كەمێك ئینگلیزی و زانستەكانی تریشی فێربكرێت سەرەڕای زمانی عەرەبی و فارسی.
4- بەڕێزی (عليه السلام) لەڕێگەی وەحی خواییەوە كۆمەڵێك بنچینەی دانا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئافرەت و ڕەچاوكردنی مافەكانی. وە فەرمووی ئافرەت یەكسانە بە پیاو لە ماف و ئەرك و مامەڵەكردندا. جارێكیان مەولەوی عەبدولكەریم سیالكوتی بەدەنگی بەرز قسەی لەگەڵ خێزانەكەیدا كرد، وەحیەك دابەزیە سەر مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەم مانایە:
بڵێ بە سەركردەی موسوڵمانان “عبد الكریم” ئەم شێوازە دروست نیە”([12]).
5- پێشتر ئافرەت لە مارەبڕینیدا ماف یان بژاردەی نەبوو، ئەوە بوو بەڕێزی (عليه السلام) ئەو مافەیشی جێگیركرد و ڕەزامەندی ئافرەتەكەی كرد بە شتێكی پێویست لە مارەبڕینیدا، بەڵـكو فەرمانی كرد ژن و پیاو پێش هاوسەرگیری سەیری یەكتری بكەن، بگرە خۆی تەداخولی كرد لە دۆخی هەندێ ژن و پیاودا هەتا پێش هاوسەرگیری یەكتری ببینن.
6- پێشتر دیاردەی تەڵاق بەشێوەیەكی فراوان پەرەی سەندبوو تەنانەت هەموو سنورەكانی تێپەڕاندبوو. ئەو زیادەڕەویەی قەدەغەكرد لە تەڵاقدا و فەرمانی كرد بەگوێرەی توانا پەیوەندی هاوسەرگیری نەپچڕێنرێت. لەلایەكی ترەوە بازنەی خولع (وازهێنانی ئافرەت لەپیاو) زۆر بەرتەسك بوو بەجۆرێك گرفتاریەكانی ئافرەت گەيشتبووە ئەوپەڕی و كەسێك نەبوو بایەخ بە مافەكانی بدات. بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) شتەكانی گەڕاندەوە بۆ جێگاكانی خۆیان و ئەو مافانەی جێگیركرد بۆ ئافرەت كە شەریعەت پێـیدا بوو. وە ڕایگەیاند خوای گەورە خولعی داناوە بۆ ئافرەت لەبەرامبەر مافی تەڵاق بۆ پیاو. تەنھا یەك جیاوازیان هەیە ئەویش ئەوەیە مەرجە ئافرەت داوای خولع بكات لە دادوەری شەرعی، بەڵام لەڕووی ڕەچاوكردنی مافەكانەوە گرنگیدانی شەریعەت بە هەست و نەستەكانی ئافرەت هاوشێوەی گرنگیدانیەتی بە هەست و نەستەكانی پیاو.
7- بەڕێزی (عليه السلام) داوای جێبەجێكردنی مافی خێزانی و شارستانی و كۆمەڵایەتی ئافرەتی كردووە. پێش ڕەوانەكردنی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئافرەت مافێكی نەبوو كە شایانی باس بێت، بەڵام بەڕێزی جەختی كردەوە لە مافەكانی ئافرەت و ڕزگاری كرد لەو كۆیلایەتیەی كە تێیدا بوو سەرەڕای موسوڵمانبوونی.
شاكاری دوانزە: چاكسازی كردەوەكان
شاكاری دوانزەيەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە چاكسازی كردن لەو كردەوانەدا كە تەوەرەی ڕزگاربوونیان لەسەر بەندە. گومانی تێدا نیە هەموو جیھان گرنگیەكی زۆری داوە بە چاكسازی كردن لە كردەوەكاندا بەڵام شێوازی ئەم چاكسازیەیان نەزانیبوو. وە موسوڵمانانیش دەربارەی ئەم بابەتانە قسەیان نەكردبوو، بەڵـكو دۆخیان لە نەتەوەكانی تر خراپتر بوو. بەڵام بەڕێزی (عليه السلام) لە قورئانی پیرۆزەوە كۆمەڵێك بنەمای خستەڕوو كە چارەسەری ئەم گرفتەی كرد و كۆمەڵێك دەرگای خستەسەرپشت بۆ ئەم چاكسازیە بەجۆرێك هیچ ئایینێكی تر ناتوانێت شان بدات لەشانی ئیسلام لەم بوارەدا.
مەسیحیەت تیۆری تاوانی بۆماوەیی پێشكەش كردووە و دەڵێت بەوپێیەی تاوان بە بۆماوە دەگواسترێتەوە بۆ مرۆڤ بۆیە ناكرێت هیچ مرۆڤێك ڕزگار بێت لێی. وەك ئەوەی پێیان وابێت چاكسازیكردنی نەفس كارێكی ئەستەمە، وە باوەڕی كەفارەت داهێنرا بۆ گۆڕانی ئەستەم بۆ شیاو.
بەڵام هیندۆس باوەڕیان وایە چاكسازی نەفس ناكرێت مەگەر كاتێك حسیابی مرۆڤ بەتەواوەتی كۆتایی پێـبهێنرێت؛ بەجۆرێك باوەڕیان وایە خوای گەورە حیسابی چاكە و خراپەی مرۆڤ لای خۆی دەپارێزێت، هەردووكیان دەپێوێت، ئەگەر خراپەكان زیاتر بوو لە چاكەكان ئەوا جارێكی تر ڕەوانەی دەكاتەوە بۆ دنیا لەجەستەیەكی تردا. بەم شێوەیە هیندۆسیەت مرۆڤی تووشی گێژاوی لەبەرگرتنەوەی گیانەكان كرد پاش باوەڕبوونی بەوەی كە مەحاڵە بتوانێت ئیسڵاحی خۆی بكات.
بەڵام جوولەكە نكوڵی دەكەن لە چاكسازی نەفس چونكە پێیان وایە دەكرێت پێغەمبەرانیش تاوان ئەنجام بدەن بگرە باوەڕیان وایە ئەوان كەسانێكی تاوانكارن، بەتام و چێژەوە باسی تاوانی پێغەمبەران دەكەن و هیچ عەیبێكی تێدا نابینن. پێیان وایە یەك شێواز هەیە بۆ ڕزگاربوون ئەویش ئەوەیە خوای گەورە لەلای خۆی كەسێك بە خۆشەویست و هەڵبژێردراو لەقەڵەم بدات و ئینجا تایبەتمەندی دەكات بەڕزگاربوون. وەك ئەوەی ڕزگاربوون بە چارەنووسێك ئەژمار بكەن لەلایەن خوای گەورەوە، وە دڵنیا نەبوون لە ڕزگاربوونی خۆیان لەبەرئەوەی ڕەزامەندی خوای گەورەیان بەدەستهێناوە لەڕێگەی ئیسڵاحی خۆیانەوە، بەڵـكو لەبەر ئەوەی لە ڕەچەڵەكی ئیبراهیمن و ئوممەتی مووسان (عليهما السلام) بۆیە ڕزگاریان دەبێت.
بەڵام موسوڵمانان _وەكو جوولەكە_ ئەم ئامانجە چاكەیان سڕیەوە بەهۆی باوەڕبوونیان بە تێوەگلانی فریشتە و پێغەمبەران لە هەندێ تاوانەوە. وە لای خۆیانەوە ئەوەیان داهێنا كە پێغەمبەر (ﷺ) شەفاعەت دەكات بۆ هەموو موسوڵمانان و چاوپۆشی دەكرێت لە تاوانەكانیان. سەرباری ئەمە لەپاڵ پێغەمبەردا (ﷺ) كۆمەڵێك سەركردە و مورشیدی تریشیان بۆ خۆیان هەڵبژاردووە كە پێیان دەڵێن هیچ پێویست بە ئەنجامدانی كردەوەی چاك ناكات؛ چونكە ئێمه ڕاستەوخۆ دەستەبەری چوونە بەهەشتی ئێوە دەكەین.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەلماندی ئەم بیرۆكانە هەموویان هەڵەن و كۆمەڵێك بنەمای لە قورئانی پیرۆزەوە دەرهێنا و وەكو ڕەچەتەیەك تەواو پێشكەشی كردن بۆ ئیسڵاحی نەفس كە ڕزگاربوونی مرۆڤیان لەسەر وەستاوە.
بەڕێزی (عليه السلام) دانیناوە بەوەدا كە ئارەزوو بۆ خراپە و تاوان و كاری شوورەیی لەڕێگەی بۆماوەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە هەروەك حەزی چاكە و كردارى باشیش بە بۆماوە وەردەگرێت. هەروەها دانیناوە بەوەشدا كە كۆتایی هێنان بە حیسابەكانی پێشوو دیسان پێویستە بۆ خاوێنبوونەوەی دەروونی مرۆیی، بەڵام بەتوندی ئەوەی ڕەتكردەوە كە تاوان بدرێتەپاڵ پێغەمبەران.
هەروەها باوەڕی باوی ئەو كاتەی بەرپەرچدایەوە كە گوایە كەسێك سەرەڕای ئەوەی بە ئەنقەست سەرپێچی بكات لە فەرمانەكانی شەریعەت بەر شەفاعەت دەكەوێت. هەڵبەت موسوڵمانان لە جوولەكەوە ئەم دوو بیروباوەڕەیان وەرگرت، بەڵام هەردووكیان پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامین.
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) ئەو بیروباوەڕەی ڕەتكردەوە كە گوایە خوای گەورە هەندێ كەس بە چاكەكار دروستدەكات و هەندێكیش بە خراپەكار، وە لەم بارەیەوە دوو خاڵی قەبوڵ كرد پاش ڕاستكردنەوەیان كە بریتین لە:
1- گومانی تێدا نیە مرۆڤ حەزی چاكە و خراپە بە بۆماوە وەردەگرێت.
2- گومانی تێدا نیە لای مرۆڤ هەندێ خووڕەوشت و ڕەفتار دروست دەبێت لە ئەنجامی خواردنی هەندێ خۆراك یان ژیان لە هەندێ كەش و ژینگەی دیاریكراودا. گەورەترین بەڵـگەش لەسەر ئەمە بوونی نەریت و خووڕەوشتی جیاوازە لە ناوچە جیاوازەكاندا. بۆ نموونە خەڵـكی كشمیر بە گشتی ترسنۆكن، بەڵام ئەفغانیەكان خوێنڕێژن، وە بەنگالیەكانیش ترسنۆكن بەڵام پەنجابیەكان ئازایەتیەكی ڕێژەییان هەیە. دەی ئەگەر مرۆڤ بەتەواوەتی دەسەڵاتی هەبوایە بەسەر هەڵسوكەوت و دابونەریتەكانیدا؛ ئەوا هەموو جارێك كابرای بەنگالی وازی نەدەهێنا لە دەستـوەشاندن و بابای كشمیری لە هەموو ئەو هەنگاوانە كە نیشانەن لەسەر ئازایەتی و دلێری پاشەكشەی نەدەكرد، وە كابرای ئەفغانی هەموو كاتێك ئامادە نەدەبوو بۆ لێدان و كوشتن. ئەو خەوشە كۆمەڵایەتی و نەتەوەییانە پێمان دەڵێن كە خواردن و خواردنەوە و كەش و هەوا و ژینگە ڕۆڵێكی گەورە دەبینن لە دروستبوونی ڕەفتار و دابونەریتی مرۆڤدا، بەجۆرێك ناتوانین بڵێین دانیشتوانی ناوچەیەكی دیاریكراو هەموویان بە خۆشی خۆیان خاسیەت و خەوشەكانی خۆیانیان هەڵبژاردووە و پاشان خوویان پێوەگرتووە.
3- گومانی تێدا نیە پەروەردە و باوەڕیش كاریگەریەكی گەورەیان هەیە لەسەر ڕەفتارەكانی مرۆڤ. بۆ نموونە، هیندۆسەكان بەسەربڕینی مانگا هەڵدەچن و بەتوندی تووڕەدەبن تەنانەت ئامادەن ئەو كەسە بكوژن كە مانگا سەردەبڕێت لەگەڵ ئەوەشدا دەزانن بە تاوانی كوشتنی كەسانی تر لەسێدارە دەدرێن، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا كاتێك لەبەرچاویاندا مانگایەك سەردەبڕدرێت خۆیان پێـناگیرێت، ئەمەیە كاریگەری بیروباوەڕ.
4- گومانی تێدانیە ئەو هەلومەرجە تایبەتیانەی مرۆڤ پێیاندا تێپەڕدەبێت كاریگەریان هەیە لەسەر خۆی و كردەوەكانی. بۆ نموونە، ئەو مامۆستایەی كە ڕۆژێك وانە بە قوتابیەكان دەڵێتەوە و نەرمونیان دەبێت لەگەڵیاندا، بەڵام لەڕۆژی دواتردا ئەگەر لەگەڵ هاوسەرەكەیدا شەڕ و ئاژاوەی بووبێت و بەتووڕەیی لەماڵ دەرچووبێت سزای قوتابیەكان دەدات لەسەر بچوكترین هەڵە لە وانەكانیاندا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە بەدڵنیاییەوە ئەو هەلومەرجانەی مرۆڤ پێیاندا تێپەڕدەبێت كاریگەریان هەیە لەسەر كردەوەكانی.
بەكورتی، زۆر شت هەیە كاریگەریان هەیە لەسەر كردەوەكانی مرۆڤ. مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەمەی ڕوونكردووەتەوە بەجۆرێك فەرموویەتی بۆماوە تاقە هۆكاری كاریگەر نیە لە كەسایەتی مرۆڤ و كردەوەكانیدا، بەڵـكو كۆمەڵێك هۆكاری كاریگەری تریش هەن. بەگوێرەی ئەمە لە ئێستادا ئەو پرسیارەی دێتەگۆڕێ ئەمەیە: ئەگەر بكرێت بەهۆی باوەڕبوون بە كەفارەت ڕزگارمان بێت لەو تاوانانەی كە بە بۆماوە دەگوازرێنەوە؛ ئەوا چۆن دەكرێت مرۆڤ ڕزگاری بێت لەو تاوانانەی كە بەهۆی كۆمەڵێك كاریگەری ترەوە دروستدەبن؟
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت شوێنكەوتووی هەموو ئایینەكان لەوەدا فریویان خواردووە كە پێیان وایە مرۆڤ بەسروشت ڕاهاتووە لەسەر تاوانكردن؛ هەندێكیان بەهۆی ئەو تیۆری تاوانی بۆماوەییەوە فریویان خواردووە، وە هەندێكیان بەهۆی ئەو باوەڕەیان كە مرۆڤ سزا دەدرێت بەهۆی ئەو تاوانانەی كە لەجەستەیەكی تردا لە ژیانی پێشوویدا ئەنجامی داون، وە هەندێكیان فریویان خواردووە بەهۆی تێگەيشتنی هەڵەیان لەم ئایەتە: ﴿وَخُلِقَ الْإِنْسَانُ ضَعِيفًا﴾ (النساء: 29)، وە لای هەندێكیان ئەم وەسوەسەیە دروست بووە بەهۆی تێگەیشتنی هەڵەیان لە قەدەر و چارەنووسی ئەزەلی. لەڕاستیدا مرۆڤ بەسروشتی خۆی ڕاهاتووە لەسەر كردنی كاری چاكە سەرەڕای یاسای بۆماوە و پەروەردەكردن و هۆكارە كاریگەرەكانی تر لەسەر ڕەفتار و دابونەریتەكانی، بەجۆرێك سڵـكردنەوە لە خەوش و شوورەییەكان و حەزكردن لە ئەنجامدانی كاری خێر و چاكە خراوەتەناو سروشتی مرۆڤەوە، بەڵام خەوش و خراپەكاریەكان وەكو ژەنگ وان كە سروشتی مرۆڤ دەگرێت، بەڵـگەی یەكەم لەسەر ئەمە ئەوەیە كە مرۆڤی خراپەكاریش كاری چاكە زیاتر دەكات تاكو خراپە، بۆیە تەنانەت ئەو كەسەی بەدرۆزن وەسف دەكرێت لەو ڕۆژەدا كە درۆیەك دەكات چەندین جار قسەی ڕاست دەكات.
مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕایگەیاند خاڵی بوونی دڵ لە هیوای خاوێنبوونەوە بریتیە لە بنچینەی هەموو خراپەكان؛ چونكە ئەمە مرۆڤ بێبایەخ دەكات لەبەرچاوی خۆیدا. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گوزارشتێك زۆر كەس دەیڵێنەوە كە بریتیە لەوەی مرۆڤ لەئەزەلەوە چارەڕەشە. ئەگەر لە سەرەتاوە بە منداڵێكتان گوت درۆزن ئەوا دەبینن پاش ماوەیەك بەڕاستی دەست دەكات بەدرۆكردن. بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت مرۆڤ بەچاكی دروستكراوە و خراپە شتێك نیە جگە لە ژەنگێك كە دەیگرێت، بەڵام ئەو كانزایەی كە لێی دروستكراوە هەمووی چاكە، بۆیە پێویستە ئاگادار بكرێت لەم ڕاستیە بۆئەوەی خۆی بڕازێنێتەوە بە سیفەتی ئازایەتی و نائومێدی و هیوابڕاوی تێدا نەمێنێت، لەبەرئەوە پێویستە ئاگادار بكرێتەوە لە كرۆكە پاك و خاوێنەكەی ئینجا لەخۆوە وردە وردە حەز لە چاكە و كردەوەی باش دەكات.
بەڵـگەی دووەم كە بەڕێزی (عليه السلام) هێنایەوە بۆ ڕەتكردنەوەی تیۆری ئایینەكانی تر ئەوەیە: تاوان كارێكی خراپە مرۆڤ بە ئەنقەست ئەنجامی بدات. بەڵام ئەوەی بە ئەنقەست نایكات و به ناچاری پێی دەكرێت بە تاوان لەقەڵەم نادرێت، بۆ نموونە: هەندێ جار كەسێك دەستی مناڵێك دەگرێت و بەو دەستە دەدات لە دایكی، ئایا دایكی مناڵەكە سزای مناڵەكە دەدات لەسەر ئەم كردارەی؟! بەگوێرەی ئەم بنەمایە بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: ئەگەر مرۆڤ نەتوانیت لە هەڵەی بۆماوەیی خۆی ڕزگار بكات؛ ئەوا ئەو هەڵەیە بەتاوان لەقەڵەم نادرێت، بەهەمان شێوە ئەگەر مرۆڤ نەیتوانی خۆی بەدووربگرێت لەو تاوانەی كە بووە بە خوو ئەوا ئەمیش بەتاوان لەقەڵەم نادرێت، وە ئەگەر كەوتبووە ژێر كاریگەری هەندێ فێركاری و پەروەردە بەجۆرێك پەكیكەوت و نەیتوانی بەسروشتی خۆی واز لە ئەنجامدانی تاوان بھێنێت ئەوا ئەمە سەبارەت بەو بەتاوان ئەژمار ناكرێت، وە ئەگەر لاوازییەكی سروشتی تێدا بوو بەڕادەیەك سەرنەكەوت بەسەریدا هەرچەند هەوڵ و كۆششی بێوچان بدات ئەوا بەش بەحاڵی ئەو ئەمە تاوان نیە. بەكورتی ئەگەر ڕێگەی وازهێنانی لە خراپە داخرابوو تاڕادەی پەكخستن بەجۆرێك نەتوانێت تێیپەڕێنێت ئەوا بەش بەحاڵی ئەو كەسە ئەمە بەتاوان ئەژمار ناكرێت، بەڵام ئەگەر بابەتەكە بەو شێوەیە نەبوو ئەوا مرۆڤ دەتوانێت دوور بكەوێتەوە لێی، وە ئەگەر توانی لێی دووربكەوێتەوە؛ ئەوا پێویست ناكات ئەم شێوازە سروشتیانە وازلێبھێنێت و شێوازێكی تازە دابھێنێت وەك كەفارەت و لەبەرگرتنەوەی گیانەكان (تناسخ الأرواح) و هتد. بەگوێرەی ئەمە دەبێت مرۆڤ گلەیی لەسەر نەبێت و بەبێ تاوان ئەژمار بكرێت بە ئەندازەی نەتوانینی بۆ دووركەوتنەوە لە تاوان و دواجار دەبێت بەم ئەندازەیە بە بەخشراو لە سزا ئەژمار بكرێت، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا پێویست بە هیچ كەفارەتێك یان دۆنادۆنێك (تناسخ الأرواح) ناكات. بۆیە بەڕێزی (عليه السلام) بەم وتەیەی كه تاوان ئەوەیە مرۆڤ بە ئەنقەست ئەنجامی بدات سەرەڕای بوونی توانای دووركەوتنەوە لێی، تیۆری تاوانی بەتەواوەتی گۆڕی.
قورئانی پیرۆز ڕەچاوی ئەم بنچینانەی خوارەوەی كردووە لە سزای كردەوەكاندا:
- بەشێوەیەكی تایبەتی جەختی كردووەتەوە لەسەر كێش و نرخ، ئەمە مانای ئەوەیە خوای گەورە لە تەرازووی كردەوەكانی مرۆڤدا رەچاوی ئەوە دەكات كە تا چ ئاستێك سەرپشك یان ناچاربووە تێیاندا.
- خوای گەورە جەختی كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە خۆی ﴿مَالِكِ يَوْمِ الدِّين﴾ە واتە سزادان و پاداشت دانەوەی ڕاستەقینەی نەسپاردووە بە هیچ كەسێكی تر، هۆكەیشی ئەوەیە هیچ كەسێك غەیب نازانێت جگە لە خودا. ئەگەر سزای كردەوەكانی خەڵـكی بدایەتە دەست كەسانی تر ئەوا ڕەچاوی ئەو بەشەیان نەدەكرد كە پەیوەستە بەئەندازەی ناچاری لەكردەوە مرۆییەكاندا، بەمەش مرۆڤیان بەتاوانبار ئەژمار دەكرد بەهۆی ئەو كردەوانەی كەتاوانبار نابێت بە كردنیان یان لەڕاستیدا بەئەنقەست تاوانەكەی ئەنجام نەداوە، وە بە پیاوچاك ئەژماریان دەكرد بەهۆی ئەو كردەوانەوە كە لەڕاستیدا مەبەست و نیازێكی چاكی نەبووە لە ئەنجامدانیاندا.
بزانن ﴿مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ﴾ ئەوە دەگەیەنێت كە هۆكارگەلێكی شاراوەی زۆر هەن لەپشت كردەوە مرۆییەكانەوە بەڕادەیەك تێنەگەيشتن لێیان و نەزانینیان پاداشت و سزا دەگۆڕێت بۆ ستەم. دیارە خوای گەورە وشەی (خاوەندارێتی) بۆ خۆی بەكارهێناوە سەبارەت بە ڕۆژی سزا و پاداشت؛ چونكە خاوەندارێتی نایەتەدی بەبێ جڵەوكردنی ڕاستەقینە بەشێوەیەكی تەواوەتی، بەڵام دەكرێت فەرمانڕەوایەتی بەبێ ئەوە بێتەدی. وە خوای گەورە لێرەدا نەیفەرمووە “مالككم یوم الدین” (خاوەنتانە لە ڕۆژی سزا و پاداشتدا) بەڵـكو فەرموویەتی: “خاوەنی ڕۆژی پاداشت و سزایە” بۆ خستنەڕووی ئەوەی كە مەبەستەكە لێرەدا جەختكردنەوە نیە لەسەر خاوەندارێتی خوای گەورە بۆ ئێوە، بەڵـكو جەختكردنەوەیە لەسەر ئەوەی خوای گەورە خاوەنی ئەو ڕۆژە دەبێت، ئاگادار بن ئەو ڕۆژە بریتیە لە رۆژی پاداشت وسزا.
وە ئایەتێكی تر هەیە پشگیری ئەم بابەتە دەكات كە بریتیە لە: ﴿وَلَوْ يُؤَاخِذُ اللَّهُ النَّاسَ بِظُلْمِهِمْ مَا تَرَكَ عَلَيْهَا مِنْ دَابَّةٍ﴾ (فاطر: 46)، واتە مرۆڤ كردەوەی زۆر دەكات كە پێچەوانەی شەریعەتە یان هەوا و ئارەزووەكانی دەروونی زاڵ دەبن بەسەریدا، بەڵام خوای گەورە سزای نادات لەسەر ئەم هەموو كردەوانە، تەنھا لەسەر ئەو كردەوانە سزای دەدات كە بەویستی خۆی ئەنجامیان دەدات و سەرپشكە تێیاندا.
شایەنی باسە خوای گەورە لێرەدا دەفەرموێت: ﴿مَا تَرَكَ عَلَى ظَهْرِهَا مِنْ دَابَّةٍ﴾ واتە ئەگەر خوای گەورە سزای مرۆڤی بدایە لەسەر هەموو كردەوەكانی ئەوا لەسەر زەویدا هیچ زیندەوەرێك نەدەما. لێرەدا پرسیارێكی لۆژیكی سەرهەڵدەدات كە بریتیە لەوەی: ئەگەر خوای گەورە سزای خەڵـكی بدات لەسەر كردەوەكانیان ئیتر بۆچی هەموو زیندەوەرەكان لەناو دەبات؟ وە بۆچی تۆڵە لە گیانەوەرەكان دەكاتەوە بەهۆی كردەوەخراپەكانی مرۆڤەوە. موفەسیرەكان وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە و دەڵێن دیارە گیانەوەرەكان بۆ سوودی مرۆڤ دروستكراون لەبەرئەوە كاتێك مرۆڤ لەناودەچێت دەبێت گیانەوەرەكانیش لەناوبچن. لەگەڵ ئەوەی ئەم وەڵامە ڕاستە بەڵام پێموایە لەم ئایەتەدا ئاماژەیەكیش هەیە بۆ ئەوەی بەشێك لە كردەوەكانی مرۆڤ پەیوەستە بە ناچاریەوە و هاوشێوەی ئاژەڵەكانی وەك گامێش و مانگا بەناچاری ئەنجامیان دەدات، جا ئەگەر مرۆڤ لەسەر هەموو كردەوەكانی سزا بدرێت ئەوا پێویستە گامێش و مانگا و گیانەوەرەكانی تریش سزا بدرێن و بەدڵنیاییەوە هەموو ئاژەڵەكان لەناودەچن، بەڵام ئێمە ئەو كارە ناكەین، ئاژەڵەكان سزا نادەین لەسەر ڕەفتارەكانیان چونكە ئازاد نین تێیاندا، بەهەمان شێوە سزای مرۆڤ نادەین لەسەر هەموو كردەوەكانی بەڵـكو تەنھا لەسەر ئەو كردەوانە سزای دەدەین كە بە ئازادی خۆی ئەنجامیان دەدات.
لێرەدا پرسیارێك دێتە گۆڕێ: ئایا چارەسەرێك هەیە بۆ ئەو كردەوەیەی مرۆڤ كە بەناچاری دەیكات كاتێك ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر خۆیدا؟ یان نەخێر چارەسەری نیە؟ مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە كە بەڵێ ئەمەش چارەسەری هەیە و چارەسەركەش ئەوەیە خوای گەورە لەمرۆڤدا كۆمەڵێك هەستی بەهێزی دروستكردووە بۆ ترس و خۆشەویستی و لەڕێگەی بەكارهێنانیانەوە دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر ناچاربوونەكەیدا. بۆ نموونە: قەپگرتن و نێچیركوشتن سروشتی گورگه بەڵام تۆوی خۆشەویستی ناچاری دەكات كە قەپ نەگرێت لە بێچووەكەی، وەك ئەوەی خۆشەویستیەكە زاڵ بووبێت بەسەر خووی قەپگرتن تێیدا. وە پڵنگ پەلاماری شوێنێك نادات كە ئاگری بڵێسەداری تێدا بێت چونكە لەخۆی دەترسێت، وە پەلاماردان یەكێكە لە خووەكانی پڵنگ بەڵام ترسەكە لە پەلامارەكە بەهێزترە؛ چونكە زاڵ دەبێت بەسەر ئەم سروشتەیدا. بەهەمان شێوە ئەگەر هەستی خۆشەویستی و ترس لەمرۆڤدا جۆش و خرۆشی پێ بدرێت؛ ئەوا دەتوانیت زاڵ بێت بەسەر ئەو كاریگەریە خراپانەدا كە كۆنترۆڵی كردەوەكانی دەكەن و زاڵ دەبن بەسەریاندا. خوای گەورە بەفەزڵی خۆی كۆمەڵێك هۆكاری سازاندووە بۆ ئەمە بەجۆرێك ناوبەناو لەلایەن خۆیەوە نێردراوەكانی ڕەوانەدەكات و بەهۆی ئەم كەسانەوە دەركەوتەكانی توانا و شكۆ و فەزڵ و ڕحمەتی خۆی پیشان دەدات و ئەمەش بۆ ئەوەی لەدڵی خەڵـكیدا خۆشەویستی و ترسی تەواوەتی دروست بێت. جا ئەو كەسەی زیاتر بە هەستی خۆشەویستی خۆی ڕازاندووەتەوە؛ ئەوا بەهۆی نیشانە و درەوشانەوە خواییەكانەوە خۆشەویستیەكەی زیاتر دەبیت و بەمەش زاڵ دەبێت بەسەر هەموو كاریگەرییە خراپەكاندا ئینجا داوێنپاكی و خاوێنی بەدەستدەهێنێت. بەڵام ئەوانەی سروشتیان لەگەڵ ترسدا گونجاوە ئەوا بەدرەوشانەوە شكۆدارەكانی خودا كاریگەر دەبن و دواجار سەردەكەون بەسەر پاڵنەرە خراپەكاندا، بەم شێوەیە مرۆڤ پارێزراو دەبێت لەو كاریگەریە دەرەكیانە كە خۆیان دەنوێنن لە پیادەكردنی جۆرێك لەناچاری لەسەری، وە هاوكاریەكی دەستدەكەوێت بۆ ئیسڵاحی نەفسی خۆی.
لێرەدا پرسیارێكی سروشتی دروست دەبێت كە ئەوەیە: حەقیقەتی چاكە و خراپە چیە؟ وە مەبەست چیە لە چاكسازی خود؟ دیارە خەڵـكی وەڵامی جۆراوجۆریان داوەتەوە و هەندێكیان دەڵێن:
- خراپە ئەوەیە بەخراپی دەركەوتووە و چاكەیش ئەوەیە بەچاكی بینراوە، بەڵام بەو پێیەی ئەم وەڵامە پەیوەستە بە بیركردنەوە و بۆچوونی مرۆڤەوە بۆیە ناچار دەبین بڵێن ئەگەر هیندۆسی بت بپەرستێت _كە بت پەرستی بەكارێكی چاكە ئەژمار دەكات_ ئەوا ئەم كارەی بەكارێكی چاك لەقەڵەم دەدرێت بەڵام ئەگەر موسوڵمانێك ئەو كارە بكات ئەوا بەخراپە لەقەڵەم دەدرێت.
- هەندێ دەڵێن: چاكە ئەوەیە كە خاوەنەكەی یان خەڵـكی جیھان بەچاكی دەزانن و خراپەیش ئەوەیە كە خاوەنەكەی یان خەڵـكی جیھان بەخراپی دەزانن.
ئەم ڕەخنەیه لە بۆچوونی یەكەم دەگیرێت: ئەگەر كەسێك كوشتن بە كارێكی چاكە ئەژمار بكات و كەسێك بكوژێت، ئایا ئەم تاوانەی بەكارێكی چاكە ئەژمار دەكرێت؟ یان ئەگەر كەسێك زینا بەكارێكی ڕەوا دابنێت ئایا زیناكە دەگۆڕێت بۆ چاكە؟
وە ئەم ڕەخنەیە لە بۆچوونی دووەم دەگیرێت:
ئەو كەسەی دەڵێت ئەو شتەی لەسەرەنجامدا چاك بێت یان خراپ بریتیە لە چاكە یان خراپە، پرسیاری لێ دەكەین: چۆن دەكرێت بەگشتی ئەوە ئاشكرا بكرێت كە ئەم دۆخە چاكە یان خراپە، بەجۆرێك مرۆڤ ناتوانێت بەتەواوەتی ئەو هەلومەرجانە بزانێت كە دەوریان داوە، ئیتر لەكوێ دەتوانێت بەگشتی یان بە تێكرایی بیانزانێت؟ وە چۆن دەگونجێت بۆ مرۆڤ _وەكو پێویست_ كەڵـك وەربگرێت لەشتێك كە زانیاری تەواوەتی لەبارەیەوە نیە؟
- ڕای سێیەم ئەوەیە خراپە ئەو شتەیە سروشتی مرۆیی تەنگ دەبێت پێی، وە چاكەیش ئەوەیە كە پێی خۆشە. هەموو گەلانی جیھان ڕقیان لە درۆیە چونكە خراپەیە، وە حەزیان لە ڕاستگۆیی و بەخشینە لە پێناوی خوادا چونكە چاكەیە. بەڵام ئەم ڕەخنەیە لەم بۆچوونە دەگیرێت:
دەكرێت حەز و خۆشەویستی یان ڕقلێبوون پەیوەستبن بە داب و نەریتیشەوە، بەجۆرێك هیندۆسی لەكاتی سەربڕینی مانگادا بەتەواوەتی تووڕە و قەڵس دەبێت، بەڵام موسوڵمان بەو شێوەیە نیە، بەڵـكو پێی خۆشە و ئارەزووی لێیەتی، ئیتر چۆن دەكرێت بەگوێرەی ئەمە جیاكاری بكرێت لەنێوان چاكە و خراپەدا؟
- بۆچوونی چوارەم ئەوەیە ئەو شتەی شەریعەت قەدەغەی كرد خراپەیە و ئەوەی شەریعەت فەرمانی پێ كرد چاكەیە. ئەم ڕەخنەیە دەگیرێت لەم بۆچوونە:
گریمان ئەم بۆچوونە ڕاستە ئەوا پێویستە بوترێت كاتێك شەریعەت خراپەیەك قەدەغە دەكات كەواتە خۆی ئەو خراپەیەی دروستكرد، ئەمەش چونكە خراپە قەوارەیەكی جیا و سەربەخۆی نیه بەڵـكو بەهۆی قەدەغەكردنی شەریعەت لێی وەك خراپە ناسراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە شەریعەت بۆ ئەوە نەهاتووە قەدەغە بكات لە خراپە، بەڵـكو كۆمەڵێك كردەوە گۆڕدرا بۆ خراپە بەهۆی ئەوەی شەریعەت قەدەغەی كردن. بەم شێوەیە وەك ئەوەی ئەوە شەریعەتە كە دەرگای خراپەی كردووەتەوە، ئەمە دیدی مەسیحیەتە، وە لەبەرئەوەیە كە شەریعەتی بە نەفرەت ئەژمار كردووە.
لەوەی كە مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی كرد دەربارەی چاكە و خراپە ڕوون دەبێتەوە هەموو ئەم بابەتانە و وەڵامەكانیشیانی قەبوڵ كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە هەموو ئەم بۆچوون و بیرۆكانه بەشێك لە ڕاستیان تێدایە. وە بە سەرنجدانمان لە ڕێبازەكەی بەڕێزی (عليه السلام) لەم ئەنجامەدا پوختی دەكەینەوە: ڕاستە چاكە و خراپه بەزۆری پەیوەستن بە نیازی مرۆڤەوە بەڵام بەتەنھا پشت نابەستن بە نیاز. گومانی تێدا نیە ئەو كەسەی بە پێچەوانەی شەریعەتی خوداوە كارێك بەچاكە ئەژمار بكات پاشان ئەنجامی بدات ئەوا بەكردنی ئەو كارە تاوانبار دەبێت؛ چونكە ئەو كارەی ئەنجامداوە دوای ئەوەی پێی وابووە خراپەیە و بەم شێوەیە بە ئەنقەست دژایەتی خوای گەورەی كردووە. هەروەها ڕەنگە كەسێك خراپەیەك بە كارێكی چاكە بزانێت و ئەنجامی بدات، ڕەنگە هەندێ جار _وەك مرۆڤی ناوبراو_ بەتاوانبار ئەژمار نەكرێت. بۆ نموونە، ئەگەر كەسێك هەڵە بكات و خواردنێكی زیانبەخش بدات بە هاوڕێكەی، لەگەڵ ئەوەی ئەمە كارێكی خراپە بەڵام تەنھا چاكە دەدرێتەپاڵی؛ چونكە هەستاوە بە ئەنجامدانی ئەم كارە تەنھا بۆ ئەوەی بەهۆیەوە كەڵـك بە كەسێكی تر بگەیەنێت.
وە پێناسەی دووەمیش تاڕادەیەك ڕاستە چونكه چاكە بەچاكە و خراپەش بەخراپە لەقەڵەم نادرێت مەگەر بەگوێرەی ئەنجامە گشتیەكانیان، بەڵام ئەم پێناسەیە بەكەڵـكمان نایەت؛ چونكە سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ بەشێوەیەكی تەواوەتی لە قازانجەكانی ئەم دنیایە یان زیانەكانی حاڵی نابێت، ئەستەمە بۆیشی كە بتوانێت ئەنجامەكانی هەندێ لەو كردەوانەی یان هەندێ لەبەشی ئەو كردەوانەی خۆی هەڵبسەنگێنێت كە پەیوەستن بە ژیانی دواڕۆژیەوە، كەواتە ناتوانین لەخۆمانەوە بەگوێرەی ئەم پێناسەیە هەندێ كردەوە بەچاكە و هەندێكی تر بەخراپە ئەژمار بكەین.
پێناسەی سێیەم ئەوەیە كە ئەو كردارەی سروشتی مرۆیی تەنگ بكات خراپەیە، و ئەوەی مرۆڤ پێی خۆش بێت ئەنجامی بدات چاكەیە، ئەم پێناسەیەش ڕاستە، بەڵام هەندێ كات سروشتی مرۆیی تووشی خراپی و شێواندن دەبێت لەژێر كاریگەری هەندێ لە هۆكارەكاندا وەك داب و نەریتەكان و شتی تریش. كەواتە چ ڕێگەیەك هەیە بۆ زانینی ئارەزووە سروشتیە ڕاستەكان؟ ناتوانین كەڵـك وەربگرین لەم پێناسەیە بەبێ زانینی ئارەزووە سروشتیە ڕاستەكان.
بەڵام پێناسەی چوارەم ئەوەیە كە ئەو شتەی شەریعەت قەدەغەی كرد خراپەیە و ئەوەی شەریعەت فەرمانی پێكرد چاكەیە، ئەمەش ئەستەمە، بەجۆرێك ئەگەر فەرمان یان قەدەغەی شەریعەت لەسەر حیكمەتێك بنیات نرابێت؛ ئەوا دەدریتەپاڵ ئەو حیكمەتە و لەم دۆخەدا دەوترێت ئەوەی كە ئەم ناتەواویە دیاریكراوەی تێدا بوو ئەوا خراپەیە و ئەوەی هۆكارێكی دیاریكراوی دیكەی تێدابێت چاكەیە، بەڵام ئەگەر شەریعەت فەرمان بكات بەهەندێ كردار و هەندێكی تریش قەدەغە بكات بەبێ باسكردنی هیچ حیكمەتێك؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم بڕیارەی شەرع پووچ و هەوانتەیە.
كەواتە هەموو ئەم پێناسانە ناتەواون و تەواو و بێكەموكوڕی نابن مەگەر دوای كۆكردنەوەی هەموویان بەیەكەوە، هەڵبەت مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) پێناسەی چاكەی كردووە كە مانای تەبا بوونی مرۆڤە لەگەڵ سیفەتەكانی خوی گەورەدا كە بریتیە لە جوانیی ئەزەلی و بێ كەموكوڕی، وە خراپە بریتیە لەو ڕەفتارەی مرۆڤ كە پێچەوانەی ئەم سیفەتانەیە. لەڕاستیدا ئایینی جوولەكە و مەسیحیەت و ئیسلام هاوڕان لەوەدا كە خوای گەورە مرۆڤی لەسەر شێوەی خۆی دروستكردووە.. واتە سێبەرئاسا پۆشاكی سیفەتەكانی خۆی كردووەتەبەر و هێزێكی چاندووە لە ناخیدا بۆ ئەوەی ببێت بەدەركەوتەیەك بۆ سیفەتەكانی، ئەمە ئەو مەبەستەیە كە خوای گەورە دروستی كردووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بێت، واتە خوای گەورە ئەسڵە و مرۆڤیش وێنەكەیەتی، وە جوانی وێنەكە لەوەدایە كە تا چ ڕادەیەك لە ئەسڵەكە دەچێت و ناشیرینی و دزێویەكەی لەوەدایە كە تا چەند ناكۆك و جیاوازە لەگەڵ ئەسڵەكەدا. كەواتە، هەر كردەوەیەك زیاتر مرۆڤ تەبا و لێكچوو بكات لەگەڵ خوای گەورەدا ئەوە چاكەیە، وە هەر كردەوەیەك بیخاتە بەرەی دژ بە سیفەتەكانی خوای گەورە ئەوە خراپەیە و بەهۆیەوە ئەو وێنەیە دەشێوێنێت كە دروستكراوە بۆ ئەوەی بنوێنێت. بۆیە خوای گەورە سەرەتا و سەرچاوەی ڕاستەقینەیە لە پەیوەندی نێوان خۆی و مرۆڤدا. جا لەبەرئەوەی مرۆڤ وێنەیەكە ئەوا لێكچوون و گونجانی لەگەڵ ئەسڵەكەدا جوانیە و لێكنەچوونیشی لێی خەوش و نەنگیە، یان بەدەربڕینێكی تر لێكچوونی ئەم وێنەیە لەگەڵ ئەسڵەكەدا چاكەیە و لێكنەچوونیشی لێی خراپەیە. وە بەو پێیەی مرۆڤ بە كۆمەڵێك هێزی شاراوەوە دروستكراوە كە لە بازنەیەكی تەسكدا هاوشێوەی سیفەتەكانی خوای گەورەن بۆیە دەبێت سروشتی هاوجووت و كۆك بێت لەگەڵ ئەو كردەوانەدا كە لەگەڵ سیفەتەكانی خوای گەورەدا گونجاون، وە دووربكەوێتەوە لەو كردەوانەی كە پێچەوانەن لەگەڵ ئەم سیفەتانەدا. دەی ئەم جۆرە هاوجووتی و لەیەك دووركەوتنەوە سروشتیە هێمان بۆ چاكە و خراپە. دیارە لێكنەچوون لەم ئەسڵە ئەبێتە هۆی شێواوی و ناشیرینی و لێكچوونیشی جوانی و قەشەنگی بەرهەم دەهێنێت. سەرەڕای ئەمە ئەنجامێكی تر دەردەخات كە بریتیە لەوەی مرۆڤ ویست و ئیرادەی هەیە، وە كامڵیەكەی لەوەدایە كە بە ویست و ئیرادە كردەوە ئەنجام بدات و بەم شێوەیە تاڕادەیەك چاكە و خراپە گرێـدەدرێت بە ئیرادەیشەوە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەدا كە ئەم سێ بابەتە قەبوڵ دەكەین دەبێت دانـبنێین بەوەشدا مرۆڤ جاروبار لەژێر كاریگەری هەندێ هۆكاری دەرەكی و داب و نەریتەكاندا شكستـدەهێنێت لە بەكارهێنانی عەقڵ و سروشتی خۆی بەشێوەیەكی ڕاست و دروست، بۆیە دەبێت لەلایەن خوای گەورەوە كۆمەڵێك فێركاریمان پێ بگات جۆری ئەو كردەوانە دیاری بكەن كە دەبنەهۆی ڕێككەوتن و تەبابوونی مرۆڤ لەگەڵ جوانی ئەزەلی خوایی و نەگونجان و ناكۆكبوونی لەگەل ئەو جوانیەدا، ئەمەیە كەپێی دەوترێت شەریعەت. كەواتە بەگوێرەی ئەم تێگەیشتنە كاركردن بەگوێرەی شەریعەت بەچاكە ئەژمار دەكرێت و سەرپێچی كردنی بەخراپە. بۆیە پێناسەی ڕاست و دروست بۆ چاكە و خراپە كاتێك تەواودەبێت كە چوار پێناسەكەی پێشوو باسكران بەیەكەوە كۆبكرێنەوە، ئەمەیە كە ڕێبازی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئاماژەی بۆ دەكات.
شاكاری سیانزە: دۆزینەوەی هۆكارەكانی پێشكەوتنی ئیسلام و موسوڵمانان
شاكاری سیانزەيەمی مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بریتیە لە دۆزینەوەی هۆكارەكانی گەشە و پێشكەوتن بۆ ئیسلام و موسوڵمانان، لەوانە:
1- تەبلیغی ئیسلام: مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) یەكەم كەس بوو دەرگای ئەم كارەی كردەوە پاش ئەوەی لە سەردەمێكی زووەوە وەستا بوو؛ چونكە مو%D