
سەرچاوەی مەسیحیەت
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتنی کتێبەکە بە
حەزرەتی میرزا غوڵام ئەحمەد
ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
وێنەی بەرگی چاپی یەكەمی ئەم كتێبە
وەرگێرانی لاپەڕەی بەرگی یەكەمی ئەم كتێبە
حەمد و سوپاس بۆ خوا
ئەم نامیلكەیە نووسرا بۆ وەڵامدانەوەی كتێبی “سەرچاوەكانی ئیسلام” كە كەسێكی مەسیحی نووسیویەتی
وە ناونرا:
“سەرچاوەی مەسیحیەت”
لەچاپخانەی مەگەزین لەقادیان چاپكرا
بە سەرپەرشتی بەڕێز چودری ئیلاھ داد
وە لەڕێككەوتی 9ی ئازار/ مارسی ساڵی 1906زدا بڵاوكرایەوە.
تیراژ: 700 دانە
نرخی یەك دانە: 3 ئانە
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
ڕاگەیاندێكی گرنگ كە پێویستە لەلایەن منی بەندەی خۆبەكەمزانەوە ئاشكرا بكرێت
دەربارەی پێشبینی ڕوودانی بوومەلەرزە
“بێدار ببنەوە ئەی هاوڕێیان نزیكە دووبارە بوومەلەرزەیەكی تر ڕووبداتەوە، خەریكە خوا بەم نزیكانە جارێكی تر توانای خۆی پیشان بدات.
ئەو بوومەلەرزەیەی بینیتان لەمانگی شوباتدا، دڵنیابن تەنھا هەژانێك بوو بۆ ئاگاداركردنەوە، ئەی خەڵكانی بێ ئاگا هەوڵ بدەن بە فرمێسكی چاوتان ئەو ئاگرە بكوژێننەوە كە ئەوەندەی نەماوە لەئاسمانەوە ببارێت
چۆن بوومەلەرزە ڕوونادات لەكاتێكدا تەقوا ون بووە، وە موسوڵمانان تەنھا بەناو موسوڵمانن؟
كێ لەترسی خوا باوەڕم پێ دەكات و كێ وازدەهێنێت لە ڕق و كینە؟ وەك ئەوەی ئامانجی بوونم بریتی بێت لە گوێبیستی ئەو جنێوانەی لەلایەن ئەوانەوە پێم دەدرێت
هەموویان ناویان نام كافر و دەججال و فاسق، چانسی باوەڕهێنایان پێم بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزیەوە زۆر كزە؟
تەماشای هەركەسێك دەكەیت دەبینی سنووری بەزاندووە لە گومانی خراپدا، ئەگەر پرسیار بكەیت لە هەر كەسێك سەد هەڵە و تاوان دەداتەپاڵم
دوای ئەوەی وازیان هێنا لە ئایین، دنیایان خۆشویست، لەو كەسانە نین پەشیمان ببنەوە لەكاتێكدا سەد جار ئامۆژگاریمان كردن
خەریكە دڵم بوەستێت كاتێك موسیبەتەكانی ئایین دەبینم، بەڵام ئێستا دەستی خوا دەروونم هێوردەكاتەوە
ئێستا غیرەتەكەی درەوشانەوەی خۆیتان پیشان دەدات، چونكە ئەم موسیبەتە خەریكە دەگاتە هەموو شوێنێك
لەداهاتوودا ئایین هەندێ لە سەركەوتن بەدەستدەهێنێت لەڕێگەی مردنەوە، ئەگینا خۆشەویستان ڕۆژێك لەڕۆژان ئایین لەناودەچێت.
لەسەردەمی ڕابردوودا هەموو خەڵكی ئامادەبوون بۆ قوربانیدان لەپێناوی ئەم ئایینەدا، بەڵام ئێستا بەندەی بەندەش ئامادەیە بەدرۆی بزانێت و ناوبانگی بشێوێنێت.(تەرجەمەی شیعرێكی فارسی)
ڕاگەیەنەر
میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی، مەسیحی بەڵێندراو لە 9/3/1906ز
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمدە و نصلي علی رسوله الكریم
سەرچاوەی مەسیحیەت([1]) ئەم كتێبەی كە ئێستا دەینووسم ناوی: “سەرچاوەی مەسیحیەت”ە. پێویستیەكی ڕاستەقینە لەئارادا نەبوو شتێك بنووسم دەربارەی بیروباوەڕی قەشەكان، چونكە ئەو ئەركەی كە پێویست بوو لەسەرم جێبەجێی بكەم توێژەرە گەورەكانی خۆیان لە ئەوروپا و ئەمریكا گرتوویانەتە ئەستۆ لەم ڕۆژگارەدا، وە بەجوانترین شێوە ئەم خزمەتە جێبەجێ دەكەن بەوەی چیەتی و ناوەڕۆكی ئایینی مەسیحیەت بەجوانی ڕوون دەكەنەوە. بەڵام لەم دواییەدا نامەیەكەم پێگەیشت لەلایەن موسوڵمانێكی دانیشتووی شاری “بانس باریلی”ەوە كە ڕاستی بابەتەكە نازانێت و لەنامەكەیدا زیانی گەورەی كتێبی “سەرچاوەكانی ئیسلام”ی باسكردووە كە نووسەرێكی مەسیحی نووسیویەتی. بەداخەوە زۆرینەی موسوڵمانان چونكە نەفامن كتێبەكانی من ناخوێننەوە، بۆیە بەتەواوەتی بێ ئاگان لەو بەرەكەتانەی خوای گەورە دایبەزاندوونەتە سەرم. وە تەكفیركردنمان بە بەردەوامی لەلایەن مەلا گەمژەكانەوە بەربەستێكی دروستكردووە لەنێوان ئێمە و موسوڵمانە ئاساییەكاندا، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كە موسوڵمانان نەزانن ئەو سەردەمە بەسەرچوو كە تێیدا مەسیحیەت فرت و فێڵی دەكرد. وە ئێستا هەزارەی شەشەم، لە لەدایكبوونی ئادەمەوە، خەریكە كۆتایی دێت -ئەو كاتەی كە سەركەوتن دەبێتە بەشی كۆمەڵی خوایی. ئەم جەنگە كۆتا جەنگە لەنێوان ڕووناكی و تاریكیدا([2]).
وە تێیدا ڕووناكی دەیباتەوە و سەردەكەوێت و تاریكی لەناودەبرێت. پێویست نەبوو شتێك بنووسم دەربارەی ئەم بیروبۆچوونە ڕزیوانەی قەشەكان، بەڵام ناچاربووم ئەم نامیلكە كورتە بنووسم بەهۆی پێداگری ئەو كەسەوە كە ئێستا باسم كرد. خوای گەورە ئەم هەوڵە بەرەكەتدار بكات و ئەم كتێبە بكاتە مایەی هیدایەتی خەڵكی، ئامین.
وە پێوبستە بزانرێت ئێمە ڕێزێكی زۆر دەگرین لە عیسا (عليه السلام) و باوەڕمان وایە پێغەمبەری خوایە([3])، هەروەك دژی ئەو ڕەخنانەی جوولەكەین كە لەم ڕۆژانەدا بڵاودەكرێنەوە. بەڵام دەمەوێت ئەوە ڕوون بكەمەوە هەروەك چۆن جوولەكە تەنھا بەهۆی دەمارگیرییەوە هێرش دەكەنە سەر عیسا (عليه السلام) و ئینجیلەكەی، بە هەمان شێوە مەسیحیەكانیش بەهۆی دەمارگیرییەوە هێرش دەكەنە سەر قورئانی پیرۆز و پێغەمبەر (ﷺ). شیاو نەبوو بۆ مەسیحیەكان لەم شێوازە خراپەدا شوێنپێی جوولەكە هەڵبگرن. بەڵام ئاشكرایە ئەگەر خەڵكی نەتوانن هێرش بكەنە سەر ئایینێك لەسەر بنەمای ڕاستی و دادپەروەریی؛ ئەوا زۆربەیان پەنا دەبن بۆ هێرش كردن لەڕێگەی تۆمەتی پووچ و ناوزڕاندنەوە. وە نووسەری كتێبی: “سەرچاوەكانی ئیسلام”یش ئەم كارەی كردووە و هێرشەكانی لەم شێوەیەن. ئەم نەریتە خراپانە بەهۆی خۆشویستنی دنیاوە دروست دەبن، ئەگینا ئیسلام تاكە ئایینی ئاسمانیە لەم سەردەمەدا كە بەردەوامە لە پیشاندانی بەرەكەتی نوێ. وە تەنها لەڕێگەی سەرچاوەی پاك و بێگەردی ئیسلامەوە مرۆڤ ڕێنموونی دەكرێت بۆ لای خوای زیندوو، ئەگینا خوای ساختەی ئەسپەردەكراو لە سریناگار، گەڕەكی خانیار، لە كشمیر، ناتوانێت دەستی كەس بگرێت.
وە ئێستا، بەیارمەتی خوا، نامیلكەیەكی كورت دەنووسم و ئاراستەی ئەو كەسەی دەكەم كە لەشاری “باریلی”ەوە نامەی بۆ نووسیوم.
نووسەر
میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی، مەسیحی بەڵێندراو، لەڕێككەوتی 1/3/1906ز
*****
بسم الله الرحمن الرحیم
نحمده ونصلي علی رسوله الكریم ونبیه العظیم
سڵاوتان لێ بێت، بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە نامەكەتم خوێندەوە، دوای خوێندنەوەی كتێبی: “سەرچاوەكانی ئیسلام” كە كەسێكی مەسیحی نووسیویەتی ئەم نامەیەت نووسیبوو. لەڕاستیدا سەرم سوڕما چۆن چەواشە بوویت بەهۆی خوێندنەوەی كتێبی گەلێكەوە كە خواكەیان و ئایینەكەیان مردووە، وە كتێبەكەیان مردووە، وە خۆیان مردوون بەجۆرێك پێویستیان بە كانیاوێكی ڕۆحانی هەیە، وە گومانت بۆ دروست بوو دەربارەی ئیسلام بەهۆی درۆ و بوختانەكانی ئەوانەوە؟ إِنَّا لِلَّهِ وَإِنَّآ إِلَيۡهِ رَٰجِعُونَ.
بزانە ئەم كەسانە تەنھا بەوەندە وازیان نەهێناوە كە كتێبی خوا تەحریف بكەن، بەڵكو پێشی هەموو گەلانیان داوەتەوە لە بوختانكردن و نووسینی درۆدا لەپێناوی پێشخستنی ئایینەكەیان و گەشەدان پێی. وە لەبەرئەوەی ڕووناكیەكیان نەبوو لەئاسمانەوە دابەزی بێت بۆ پشتگیریكردنی ڕاستی، وە زۆر بەڕوونی ئایینی ڕاست و دروست جیابكاتەوە لەجیھاندا بەهۆی بەڵگە موتەواتیرەكانیەوە، بۆیە ناچاربوون جۆرەها درۆ و فێڵ و شتی پووچ و فریودان و قسەی ساختە و هەڵبەستراو بەكاربهێنن بۆئەوەی خەڵكی پشت بكەنە ئایینی زیندوو، واتە ئیسلام.
كەواتە ئازیزەكەم، ئەم كەسانە دڵیان ڕەشە و لەخوا ناترسن، وە شەو و ڕۆژ هەوڵدەدەن بۆئەوەی خەڵكی هەرچۆنێك بووە تاریكییان خۆش بوێت و دووربكەونەوە لە ڕووناكی. من زۆر سەرم سوڕدەمێنێت چۆن كاریگەر بوویت بە نووسراوی ئەم جۆرە كەسانە. ئەم كەسانە لەو ساحیرانە فیڵبازترن كە گوریسەكانیان گۆڕی بۆ مار لەبەردەمی مووسا پێغەمبەردا (عليه السلام). بەڵام لەبەرئەوەی مووسا پێغەمبەری خوا بوو بۆیە عەساكەی هەموو مارەكانی ئەوانی قوت دا. بەهەمان شێوە قورئانی پیرۆزیش عەسای خوایە و بەردەوامە لە قوتدانی ئەو مارانەی كە لە گوریس دروستكراون. وە ڕۆژێك دێت، بگرە نزیكە، كاتێك ئەم مارانەی كە لە گوریس دروستكراون هەموویان نامێنن بەبێ ئەوەی هیچ كاریگەرییەك بەجێبهێڵن. هەڵبەت نووسەری كتێبی “سەرچاوەكانی ئیسلام” هەوڵیداوە بیسەلمێنێت قورئان لە كۆمەڵێك چیرۆك یان لە هەندێ كتێبەوە وەرگیراوە و نووسراوەتەوە، بەڵام ئەم هەوڵەی ئەو تەنانەت ناكاتە بەشێك لە هەزار بەشی هەوڵی زانایەكی جوولەكە بۆ ئاشكراكردنی حەقیقەتی ئینجیل. ئەم زانایە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆی، سەلماندوویەتی فێركاریە ڕەوشتیەكان لە ئینجیلەكاندا لە كتێبی “تەلموود”ی جوولەكە و هەندێ كتێبی تری نەوەی ئیسڕائیلەوە وەرگیراون. وە ئەم دزیە زۆر بە ئاشكرا كراوە بەجۆرێك كۆمەڵێك دەستەواژەی زۆر كوتومت وەكو خۆیان گواستراونەتەوە. وە ئەو زانایە ڕوونی كردووەتەوە كە لەڕاستیدا ئینجیل كۆكراوەی كۆمەڵێك بابەتی دزراوە. لەڕاستیدا هەرچی لە هەگبەكەیدا بوو دەریكرد و بەتایبەتی سەلماندی ئامۆژگاری شاخەكە، كە مەسیحیەكان زۆر شانازی پێوە دەكەن، پیت بە پیت لە “تەلموود”ەوە وەرگیراوە، وە ئاشكرای كرد ئەم ئامۆژگاریە بریتیە لە كۆمەڵێك دەستەواژە و بڕگەی تەلموود. بەهەمان شێوە چەندین دەستەواژەی دزراوی هێناوەتەوە لە كۆمەڵێك كتێبی تر و بەمەش خەڵكی تووشی سەرسوڕمان كرد، تەنانەت توێژەرەكان لە ئەوروپاش بەوپەڕی تامەزرۆییەوە ڕوویان كردووەتەوە توێژینەوە لەم بابەتە.
لەم دواییانەدا كتێبی نووسەرێكی هیندۆسیم خوێندەوە ئەویش هەوڵیدا بوو بیسەلمینێت ئینجیل لە فێركاری بووداوە دزراوە، وە بە خستنەڕووی فێركاریەكانی بوودا دەربارەی ڕەوشت بەڵگەی هێناوەتەوە بۆ سەلماندنی ئەم خاڵە. شتێكی سەرنج ڕاكێشە خودی ئەو چیرۆكەی كە دەڵێت شەیتان لەشوێنێكەوە مەسیحی بردووە بۆ شوێنێكی تر بۆئەوەی فریوی بدات، لەناو بووداییەكانیشدا چیرۆكێكی باو و ناسراوە. بۆیە هەموو كەسێك مافی ئەوەی هەیە باوەڕی وابێت ئەم چیرۆكە دزراوە و خراوەتەناو ئینجیلەوە لەگەڵ چەند گۆڕانكارییەكی سادە تێیدا. شتێكی چەسپاوە كە عیسا (عليه السلام) بەدڵنیاییەوە هاتووە بۆ هیندستان و گۆڕەكەی لە سریناگارە لە كشمیر، هەڵبەت بە بەڵگەی گومانبڕ ئەوەمان سەلماندووە. بۆیە لەم دۆخەدا ڕەخنەگران زیاتر لە ڕابردوو مافی ئەوەیان هەیە -وەك ئەو كەسەی پێشوو باسیكرا- بڵێن ئینجیلەكانی ئێستا لەڕاستیدا نووسخەیەكن لە ئایینی بوودایی. هەڵبەت بەڵگەكان لەم بارەیەوە بەڕێژەیەكی زۆر بڵاوكراونەتەوە و بەڕادەیەك دەمكوتكەرن كە ئێستا ئیتر ئەستەمە بشاردرێنەوە. ڕاستیەكی تر كە سەرنجڕاكێشە ئەوەیە كتێبی “یوزئاسف” كە كتێبێكی كۆنە -زۆربەی توێژەرە ئینگلیزەكانیش پێیان وایە پێش لەدایكبوونی عیسا بڵاوكراوەتەوە- وە لە سەرجەم وڵاتە ئەوروپیەكاندا تەرجەمەكراوە، زۆر لە ئینجیل دەچێت بەجۆرێك ڕێژەیەكی زۆر لە دەستەواژەكانیان وەكو یەك وان. وە هەندێ نموونە كە لە ئینجیلەكاندا هەن هەمان ئەو نموونانە وشە بە وشە لەم كتێبەشدا هەن، بۆیە تەنانەت نەزان و كوێر بەخوێندنەوەی ئەو كتێبە دڵنیا دەبێت كە ئینجیل لە خودی ئەم كتێبەوە دزراوە. وە هەندێ كەس، لەناویاندا هەندێ توێژەری ئینگلیزیش، پێیان وایە ئەم كتێبە هی بوودایە، وە سەرەتا بە زمانی سەنسكریتی بووە پاشان تەرجەمەكراوە بۆ چەندین زمانی تر. ئەگەر ئەم قسەیە ڕاست بێت ئەوا هیچ كۆڵەكەیەك بۆ ئینجیل نامێنێتەوە تاكو لەسەری ڕاوەستێت، وە ساغ دەبێتەوە عیسا (عليه السلام) دز بووە لەهەموو فێركاریەكانیدا، پەنا بەخوا. كتێبی ناوبراو بەردەستە و هەر كەسێك دەیەوێت با بیخوێنێتەوە. بەڵام بەڕای من ئەو كتێبە ئینجیلی عیسایە (عليه السلام) كە لەكاتی گەشتەكەیدا بۆ هیندستان نووسراوە. هەڵبەت بە كۆمەڵێك بەڵگەی زۆر ئەوەشم سەلماندووە كە لەڕاستیدا كتێبەكە بریتیە لە ئینجیلی عیسا (عليه السلام) و لەهەموو ئینجیلەكانی تر پاك و خاوێنترە. بەڵام هەندێ توێژەری ئینگلیز كە ئەم كتێبە بە كتێبی بوودا لەقەڵەم دەدەن، بەبێ ئەوەی بزانن، بەدەستی خۆیان ئەو لقە دەبڕنەوە كە بەسەریەوە ڕاوەستاون چونكە عیسا (عليه السلام) بە دز دادەنێن.
با ئەوەش بزانرێت ئەو كۆمەڵە كتێبە ئایینیەی لای قەشەكان هەن سەرمایەیەكی بێ كەڵك و زۆر شەرمەزاركەرە. ئەوان هەندێ كتێب بە كتێبی ئاسمانی دادەنێن و هەندێكی تر بە ساختە، ئەمەش تەنھا بەگوێرەی مەزەندەی خۆیان. چوار ئینجیلەكە لای ئەوان ئەسڵین، وە ئینجیلەكانی تر كە نزیكەی 56 ئینجیلە هەمووی ساختەیە، بەڵام ئەم بیروبۆچوونە تەنھا پشت دەبەستێت بە بۆچوون و مەزەندەكردن و پشت نابەستێت بە بەڵگەیەكی پتەو. وە لەبەرئەوەی دژیەكی زۆر هەیە لەنێوان ئینجیلە برەوپێدراوەكان و ئینجیلەكانی تردا، بۆیە بەناچاری لەلایەن خۆیانەوە ئەم بڕیارەیان داوە. وە توێژەران باوەڕیان وایە ئەستەمە بڕیاربدرێت كە لەڕاستیدا ئەم ئینجیلانە ساختەن یان ئەوانی تر. بۆیە قەشەكان لە لەندەن هەموو ئەو كتێبانە كە پێیان وایە ساختەن لە یەك بەرگدا لەگەڵ چوار ئینجیلە ناوبراوەكەدا پێشكەشی پاشا “ئیدوارد قەیسەر”یان كرد وەك پیرۆزباییەك بە بۆنەی ئاهەنگی چوونە سەر تەختی پاشایەتی. وە نووسخەیەكی ئەم بەرگە لای ئێمەش هەیە.
پێویستە لێرەدا سەرنجبدرێت ئەگەر ئەو كتێبانە لەڕاستیدا پیس و چەپەڵ و ساختەن؛ ئەوا گەورەترین تاوانە كە پاكو خاوێن لەگەڵ پیس و پۆخڵدا لەیەك بەرگدا بەیەكەوە كۆبكرێتەوە! بەڵكو لەڕاستیدا ئەوان ناتوانن بەدڵنیاییەوە بڕیاربدەن چ كتێبێك لەم كتێبانە ساختەیە و چ كتێبێكیان ئەسڵیە، بەڵكو هەر كەسێك بۆچوونی تایبەتی خۆی هەیە. وە تەنھا بەهۆی دەمارگیری و لایەنگیری لەڕادەبەدرەوە ئەو ئینجیلانە بە ساختە دادەنێت كە تەبا و ڕێكن لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا. لەبەرئەوە “ئینجیلی بەرنابا” كە پێشبینیەكی ڕوونی تێدایە دەربارەی پێغەمبەری ئاخرزەمان (ﷺ) بەساختە دانراوە. وە “سێڵ”یش لە تەفسیرەكەیدا چیرۆكێكی هێناوەتەوە كە ڕاهیبێكی مەسیحی بەخوێندنەوەی ئەم ئینجیلە موسوڵمان بووە.
بەكورتی، پێویستە زۆر وریا بین كە هۆكاری ئەوەی ئەو كتێبە بە ساختە یان چیرۆكەكەی ناوی بە درۆ لەقەڵەم دەدەن بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵ:
1) یان ئەوەتا ئەو چیرۆك و بەسەرهاتە یان ئەو كتێبە پێچەوانەی ئەو ئینجیلانەیە كە دەستاودەستیان پێدەكرێت.
2) یاخود ئەو بەسەرهاتە یان ئەو كتێبە كەمێك تەبا و ڕێكە لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا، بۆیە هەندێ كەسی خراپ و دڵڕەش هەوڵ دەدەن سەرەتا وەك بنەمایەكی([4]) دانپێدانراو بیسەلمێنن ئەو كتێبانە ساختەن، پاشان دەڵێن قورئانی پیرۆز ئەو بەسەرهاتانەی تێدا هاتووە كە لەو كتێبانەوە وەرگیراون، بەمەش هەوڵ دەدەن خەڵكی ساویلكە فریوبدەن.
لەڕاستیدا سەلماندنی ساختەبوون یان ڕاستی كتێبێكی پیرۆزی پێشوو لە توانای هیچ كەسێكدا نیە جگە لە خوای گەورە. بۆیە ئەگەر وەحی خوای گەورە لەگەڵ بەسەرهاتێكدا تەبا بوو؛ ئەوا ئەو بەسەرهاتە ڕاستە ئەگەرچی هەندێ كەسی نەزانیش بەدرۆی لەقەڵەم بدات. وە ئەو بەسەرهاتەی وەحی خوا ڕەتی بكاتەوە درۆیە ئەگەرچی هەندێ كەس بە ڕاستی بزانێت. وە ئەو بانگەشەیەی كە گوایە قورئانی پیرۆز لەم جۆرە چیرۆكە بەناوبانگ و بەسەرهاتانەوە یان لە كتێبەكان یان لە ئینجیلە باوەكانەوە وەرگیراوە ئەوپەڕی نەزانینە و شتێكی شەرمەزاركەرە. ئایا ناكرێت كتێبی خوا ڕێك و تەبا بێت لەگەڵ هەندێ بەسەرهاتی پێشوودا؟ زۆربەی ڕاستیەكانی ڤیداكانی هیندۆس كە تەنانەت لەو سەردەمەدا شاراوە بوون لە قورئانی پیرۆزدا هەن. دەی ئایا بۆمان هەیە بڵێین پێغەمبەر (ﷺ) ڤیداشی خوێندووەتەوە؟ دیارە ئینجیلەكان و هی تریش، كە ئێستا بەهۆی چاپخانەكانەوە بەردەستن، لەو كاتەدا لە نیمچە دوورگەی عەرەبیدا هیچ كەسێك هیچی نەزانیوە لەبارەیانەوە، سەرباری ئەوە عەرەب گەلێكی نەخوێندەوار بوون. وە ئەگەر بەدەگمەن كەسێكی مەسیحی بێگانە لە وڵاتەكەیاندا بوو بێت؛ ئەوا بەشێوەیەكی تەواو و گشتگیر ئاگاداری ئایینەكەی نەبووە([5]). پاشان تۆمەتباركردنی پێغەمبەر (ﷺ) بەوەی لە كتێبانەوە ئەم ناوەڕۆكانەی دزیوە بیروبۆچوونێكی تەواو نەفرەتیە. پێغەمبەر (ﷺ) كەسێكی نەخوێندەوار بووە و نەیتوانیوە نووسراوی عەرەبیش بخوێنێتەوە چجای یۆنانی یان عیبری، بۆیە ئەركی سەرشانی نەیارەكانمانە دەستنووسێك بهێنن لەو سەردەمەدا كە ئەو ناوەڕۆك و بەسەرهاتانەی لێ وەرگیرا بێت. ئەگەر، وەك گریمانەیەكی ئەستەم، لە قورئانی پیرۆزدا ناوەڕۆكێكی دزراو هەبوایە ئەوا دەستبەجێ مەسیحیەكانی نیمچە دوورگەی عەرەبی كە دوژمنی سەرسەختی ئیسلام بوون هەرایان دەنایەوە كە فڵان مانا و ناوەڕۆك لە ئێمەوە وەرگیراوە و گواستراوەتەوە.
وە پێویستە بزانرێت قورئانی پیرۆز([6]) تاكە كتێبە لەجیھاندا بانگەشەی ئەوە بكات موعجیزەیە، بەوپەڕی هێزەوە بانگەشەی ئەوەی كردووە كە هەموو پێشبینی و بەسەرهاتەكانی ناوی پشتیان بە غەیب بەستووە، وە هەواڵی داهاتووشی تێدایە هەتا ڕۆژی قیامەت، وە لە ڕەوانبێژی و زمانپاراویشدا موعجیزەیە. بۆیە ئاسان بوو بۆ مەسیحیەكانی ئەو سەردەمە هەندێ چیرۆك و بەسەرهات بهێنن و بیانخەنەڕوو، وە بڵێن قورئانی پیرۆز لەم كتێبە و لەو كتێبەوە ئەم چیرۆكانەی دزیوە. بەمەش زەبرێكی كەمەرشكێنیان لە ئیسلام دەدا. بەڵام ئێستا شتەكە تەنھا وەك هاوار و شیوەنی پاش مردن وایە. بەهیچ شێوەیەك ڕێی تێناچێت مەسیحیەكانی نیمچە دوورگەی عەرەبی بێدەنگ بووبن لە ئاشكراكردنی ئەم شتە ئەگەر لەڕاستیدا كۆمەڵە كتێبێكیان لابووبێت كە گومان بكرێت قورئانی پیرۆز هەندێ بەسەرهاتی وەرگرتبێت لێیانەوە چ ئەو كتێبانە ساختە بووبن یان ئەسڵی!
بۆیە گومان لەوەدا نیە ناوەڕۆكی قورئانی پیرۆز هەمووی وەحی خوای گەورەیە. وە ئەم وەحیە موعجیزەیەكی مەزنە؛ چونكە هیچ كەسێك ناتوانێت هاوشێوەی بهێنێت. كەواتە سەرنج بدەن، ئەو كەسەی لە كتێبی تر دەدزێت و لەلایەن خۆیەوە مانا و ناوەڕۆك دروست دەكات و دەزانێت كە لەم كتێب و لەو كتێبەوە وەریگرتوون و لە غەیبەوە نەهاتوون، لەكوێ دەوێرێت تەحەددای هەموو جیهان بكات، وە باوەڕی وابێت هیچ كەسێك ناتوانێت ململانێی لەگەڵدا بكات و كەس ناتوانێت دزیەكەی ئاشكرا بكات و ڕسوای بكات؟
لەڕاستیدا مەسیحیەكان زۆر تووڕە و هەراسانن لە قورئانی پیرۆز، وە هۆكاری تووڕەبوونەكەیان دەگەڕێتەوە بۆئەوەی قورئان بناغەی مەسیحیەتی هەڵتەكاندووە و بەتەواوەتی هێزی لێ بڕیوە، وە خوایەتی مرۆڤی پووچەڵ كردووەتەوە، وە عەقیدەی لەخاچدانی تێكشكاندووە و سەلماندوویەتی فێركاری ئینجیل، كە مەسیحیەكان زۆر شانازی پێوە دەكەن، ئەوپەڕی ناتەواوە و سوودی نیە. كەواتە پێویست بوو بەهۆی خۆپەرستیەوە مەسیحیەكان تووڕەبن و زیادەڕەویی بكەن لە درۆهەڵبەستندا. وە ئەو موسوڵمانەی دەیەوێت ببێت بە مەسیحی وەك ئەو كەسە وایە كە لە سكی دایكیەوە لەدایك دەبێت و پێدەگات پاشان دەیەوێت دووبارە بچێتەوە ناو سكی دایكی و جارێكی تر بگۆڕێتەوە بۆ تۆواو وەك پێشتر چۆن بووە. من سەرمسوڕدەمێنێت مەسیحیەكان تا ئەم ڕادەیە شانازی بەچیەوە دەكەن، ئەگەر خوایەكیان هەیە ئەوا تەنھا ئەوەیە كە ماوەیەكی زۆرە مردووە و گۆڕەكەی لە گەڕەكی خانیارە لە شاری سریناگار لە كشمیر، وە ئەگەر موعجیزەی هەبووە ئەوا زیاتر نەبووە لە موعجیزەی پێغەمبەرانی تر. بگرە موعجیزەكانی ئیلیاس پێغەمبەر زۆر لە موعجیزەكانی ئەو زیاتر و گەورەتر بوون. وە بەگوێرەی دید و تێڕوانینی جوولەكە مەسیح هیچ موعجیزەیەكی نەبووە بەڵكو هەمووی تەنھا ساختە و فریودان([7]) بووە. وە پێشبینیەكانیشی زۆربەیان پووچ دەرچوون. ئایا 12 حەواریەكە 12 كورسییان پێ درا لە بەهەشتدا وەك چۆن بەڵێنیان پێ درابوو؟ تكا دەكەم یەكێك لە قەشەكان وەڵامم بداتەوە؟ ئایا عیسا (عليه السلام)، بەگوێرەی پێشبینیەكانی خۆی، حكومەتی دنیایی بەدەستهێنا كە چەكی دەكڕی لەپێناویدا؟ كەسێك پێم بڵێت! ئایا مەسیح (عليه السلام) لەئاسمانەوە دابەزی بەگوێری بەڵێنی خۆی؟ دەڵێم: شاد نەبوو بە بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان چجای دابەزین – ئەمە بۆچوونی توێژەرە ئەوروپیەكانیشە- بەڵكو لە دۆخێكی هاوشێوەی مردندا ڕزگاری بوو لە لەخاچدان، وە بە نهێنی ڕایكرد و لە هیندستانەوە گەیشتە كشمیر و لەكۆتاییدا لەوێ مرد([8]).
سەبارەت بە فێركاری ئینجیل، فێركاری ئینجیل -بەچاوپۆشین لەو تۆمەتەی كە دەڵێت ئینجیل لە كتێبی ترەوە دزراوە- جەخت دەكاتەوە لە توانای هێمنی و لێبوردن بەتەنھا، وە هەموو هێز و تواناكانی تری مرۆڤ فەرامۆش دەكات. لەگەڵ ئەوەی هەر مرۆڤێك دەتوانێت بەباشی تێبگات لەوەی هەریەك لەو هێز و بەهرانەی خوای بەتوانا بەخشیویەتی پێی زیادە یان هەوانتە نیە. بەڵكو هەر هێزێك لەمرۆڤدا بەوپەڕی حیكمەت و تەواو لە شوێنی گونجاوی خۆیدا دروستكراوە. بۆیە هەروەك چۆن هێمنی و لێبوردن بە ڕەوشتی پەسەند ئەژمار دەكرێن لە كات و شوێنی گونجاوی خۆیاندا بەهەمان شێوە غیرەت و تۆڵەكردنەوە و سزادانی تاوانباریش بە ڕەوشتی پەسەند ئەژمار دەكرێن لە كات و شوێنی گونجاوی خۆیاندا. بۆیە هەمیشە لێبوردن و چاوپۆشی لە حیكمەتەوە سەرچاوە ناگرن و هەمیشە سزادان و تۆڵەكردنەوەیش بە حیكمەت دانانرێن. ئەمەیە فێركاری قورئانی پیرۆز وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَجَزَٰٓؤُاْ سَيِّئَةٖ سَيِّئَةٞ مِّثۡلُهَا ۖ فَمَنۡ عَفَا وَأَصۡلَحَ فَأَجۡرُهُۥ عَلَى ٱللَّهِۚ}([9]). ئەمەیە فێركاری ئیسلام، بەڵام ئینجیل لەهەموو بارودۆخێكدا هانی لێبوردن دەدات بەبێ هیچ مەرجێك، وە بەرژەوەندیەكانی تری مرۆڤ پێشێل دەكات كە سیستەمی شارستانیەت دادەمەزرێت لەسەریان، وە جەخت دەكاتەوە لەسەر گەشەدان تەنھا بە یەك لق لە لقەكانی درەختی ڕەوشتە مرۆییەكان و هەموو لقەكانی تر بەتەواوەتی فەرامۆش دەكات.
شتێكی سەیرە عیسا (عليه السلام) خۆیشی كاری بەم فێركاریە ڕەوشتیە نەكردووە؛ بەجۆرێك دوعای شەڕی كردووە لە درەختێكی هەنجیری زڕ، لەكاتێكدا دوعای خێری فێری ئەوانی تر كردووە. وە فەرمانی كردووە بە كەسانی تر وشەی “گەمژە” بەكارنەهێنن بۆ هیچ كەسێك، لەكاتێكدا خۆی قسەی ناشرینی بەڕێژەیەكی زۆر بەكارهێناوە، بەڕادەیەك بۆ پیاوماقوڵان و پایەبەرزانی جوولەكە دەستەواژەی “زۆڵەكان”یشی بەكارهێناوە، وە لەهەموو ئامۆژگارییەكدا جنێو و قسەی ڕەقی گوتووە بە زاناكانی جوولەكە و ناو و ناتۆرەی لێ ناون، لەكاتێكدا پێویستە لەسەر مامۆستای ڕەوشت پێش هەموو كەسێك ڕەوشتی بەرز لەخۆیدا بەرجەستە بكات. دەی ئایا دەكرێت ئەم فێركاریە ناتەواوە لەلایەن خوای گەورەوە بێت كە مەسیح (عليه السلام) خۆیشی كاری پێ نەكردووە؟ فێركاری خاوێن و تەواو بریتیە لە فێركاری قورئانی پیرۆز كە هەموو لقێك لە لقەكانی درەختی مرۆیی پەروەردە دەكات. كەواتە قورئان تەنھا جەخت ناكاتەوە لە یەك لایەن بەڵكو جارێك جەخت دەكاتەوە لە لێبوردەیی و چاوپۆشین بەمەرجێك لێبوردەیی نزیكتر بێت لە حیكمەتەوە، وە جارێكی تر فەرمان دەكات بە سزادانی تاوانبار لە كات و شوێنی گونجاودا. بۆیە لەڕاستیدا قورئانی پیرۆز تیشكدانەوەی یاسای خوای باڵادەستە لەسروشتدا كە هەمیشە لەدەوروبەرماندا دەیبینین. وە شتێكی تەواو لۆژیكیە كە گونجاوی و تەبایی هەبێت لەنێوان گوفتار و ڕەفتاری خوای گەورەدا. بەو مانایە، كردەوەی خوا، كە لەم جیهانەدا دەیبینین، پێویستە بناغە بێت بۆ وتەی خوا كە لە كتێبە ڕاستەكەیدا هاتووە، نەك ئەوەی لەڕەفتارەكەیەوە شتێك دەربكەوێت و لە گوفتارەكەیەوە شتێكی تر. دەبینین ڕەفتار و كردەوەی خوا هەمیشە و لەهەموو بارودۆخێكدا لەسەر بنەمای نەرمونیانی و لێبوردەیی بنیاد نەنراوە، بەڵكو تاوانبارانیش سزادەدات بە جۆرەها سزا كە لە كتێبەكانی پێشوویشدا باسكراون. بێگومان پەروەردگارمان بەتەنھا هێمن نیە بەڵكو حەكیمیشە، وە تووڕەبوونەكەیشی تووڕەبوونێكی سەختە. كەواتە كتێبی ڕاست ئەو كتێبەیە كە ڕێك و تەبا بێت لەگەڵ ڕێساكانی خوا لە سروشتدا، وە گوفتار و وتەی ڕاستی خوا ئەوەیە پێچەوانە و دژی ڕەفتارەكەی (عز وجل) نەبێت. هەرگیز نەبینراوە هەمیشە خوا بە هێمنی و لێبوردەیی مامەڵەی كردبێت لەگەڵ دروستكراوانیدا و هیچ سزایەكی دانەبەزاندبێتە سەریان. ئەوەتا لەم سەردەمەشدا خوای گەورە لەڕێگەی منەوە هەواڵی داوە دەربارەی مرۆڤە سروشت چەپەڵەكان كە بە بوومەلەرزەیەكی گەورە و ترسناك لەناویان دەبات. هەروەك هەتا ئێستایش تاعوونەكە ڕانەوەستاوە. ئایا بیرتان لەوە كردووەتەوە كە پێشتر گەلی نووح تووشی چی بوون؟ وە گەلی لووط چییان بەسەر هات؟ بەدڵنیاییەوە بزانن ناوەڕۆكی شەریعەت بریتیە لە خۆڕازاندنەوە بە خووڕەوشتی خوای گەورە. ئەمە بریتیە لە بەرزترین ئاستی كەماڵ كە بكرێت ڕۆح پێی بگات. وە ئەگەر بمانەوێت ڕەوشتێكی باشتر لە ڕەوشتی خوا دروست بێت لەناوماندا ئەوا ئەمە بێ باوەڕی و پیسی و بێشەرمیەكی قێزەونە، وە ڕەخنەگرتنە لە ڕەوشتی خوایی.
پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرن كە سوننەتی ئەزەلی و جێگیری خوا ئەوەیە بەهۆی تۆبە و ئیستیغفارەوە لە تاوان خۆشدەبێت، وە وەڵامی دوعای پیاوچاكانیش دەداتەوە كە بەشێوەی شەفاعەت پێشكەش دەكرێت. بەڵام هەرگیز لە یاسای خوادا نەمان بینیوە كەسێك بەردێك بكێشێت بەسەری خۆیدا و سەرئێشەی كەسێكی تر چاك بێت و نەمێنێت. بۆیە نازانین بەگوێرەی كام یاسا بەهۆی خۆكوشتنی مەسیحەوە نەخۆشی ڕۆحی ئەوانی تر نامێنێت و چارەسەر دەبێت؟ وە بەگوێری كام یاسا یان كام فەلسەفە مردنی مەسیح دەتوانێت پیسی و پۆخڵی ناوەكی كەسانی تر نەهێڵێت؟ بەڵكو ئەزموون و واقیع پێچەوانەی ئەم بیروباوەڕە دەسەلمێنن، چونكە خوڕەوشتی جوان و بەندایەتی خوا لەناو مەسیحیەكاندا هەبوو ئەو كاتەی مەسیح نیازی خۆكوشتنی نەبوو. بەڵام پاش ڕووداوی لەخاچدانەكە هەواو ئارەزووە دەروونیەكان هەڵچوون لەناو مەسیحیەكاندا وەك هەرەسهێنانی بەنداوێك لەسەر ڕووبارێك و بڵاوبوونەوەی ئاوەكەی بە هەموو لایەكدا. گومانی تێدا نیە ئەگەر مەسیح بە ئەنقەست هەستابێت بەم خۆكوشتنە ئەوا كارێكی تەواو نەشیاوی كردووە، چونكە ئەگەر ژیانی خۆی خەرج بكردایە لە ئامۆژگاریكردنی خەڵكیدا ئەوا دروستكراوانی خوا سوودی زۆریان لێ وەردەگرت، بەڵام خەڵكانی تر چ سوودێكیان بینی لەم ڕەفتارە نەشیاوە؟ بەڵام ئەگەر دوای خۆكوژیەكە مەسیح بگەڕایەتەوە بۆ ژیان و لەبەرچاوی جوولەكەدا سەربكەوتایە بۆ ئاسمان ئەوا بەدڵنیاییەوە باوەڕیان پێ دەكرد. بەڵام لە ئێستادا سەركەوتنی مەسیح بۆ ئاسمان تەنھا چیرۆكێكی بێ بایەخ و قسەیەكی بۆشە لای جوولەكە و سەرجەم ژیرمەندانی تر.
پاشان عەقیدەی سێ خوایی ئەویش عەقیدەیەكی زۆر سەیر و نامۆیە، ئایا جارێك كەسێك بیستوویەتی هەمیشە و بەشێوەیەكی تەواوەتی سێ یەكسان بێت بە یەك و یەك یەكسان بێت بە سێ یاحود شتێك لەهەمان كاتدا “سێ” و “یەك” بێت؟ واتە پێویستە یەك خوا وەكو سێ خوا خوایەكی تەواو بێت؟ لەڕاستیدا مەسیحیەت ئایینێكی سەیرە بەجۆرێك لە هەموو شتێكدا هەڵەیە و لە هەموو هەنگاوێكدا پێخلیسكانی تێدایە. وە بەم هەموو تاریكیە وازینەهێناوە، بەڵكو كۆتایی هێناوە بە وەحی و ئیلهام لەداهاتوودا. لەبەرئەوە بەگوێرەی بیروباوەڕی مەسیحیەت ناكرێت و ناگونجێت بڕیار بدرێت لە هەڵەی ئینجیلەكان لەڕێگەی وەحیەكی نوێوە، چونكە بەگوێرەی بیروباوەڕی ئەوان وەحی لەداهاتوودا ئەستەمە بەڵكو لەدێرزەمانەوە پچڕاوە. وە لە ئێستادا هەموو شتێك پشت دەبەستێت بە بۆچوونی تاكەكەسی كە هەرگیز پاك و بێگەرد نیە لە نەزانین و تاریكی. ئینجیلەكانیان پێكهاتوون لە كۆمەڵێك شتی پڕوپووچ كە لە ژماردن نایەن؛ وەك بەخواكردنی مرۆڤێكی لاواز، وە ڕەوابوونی لەخاچدانی ئەم خوایە لەپێناوی تاوانی كەسانی تردا، وە مانەوەی لەدۆزخدا بۆ ماوەی سی ڕۆژ. پاشان كردنی بەخوا لەگەڵ ئەوەی لە هەمان كاتدا لاوازی و درۆكردن دراوەتەپاڵی. لە ئینجیلەكاندا كۆمەڵێك وشە و دەستەواژەی زۆر هەن كە دەیسەلمێنن مەسیح درۆی كردووە، پەنا بەخوا. بۆ نموونە بەڵێنیدا بە دزێك و گوتی تۆ ئەمڕۆ لە بەهەشتدا لەگەڵ مندا دەست دەكەیت بە خواردن، بەڵام مەسیح لەهەمان ڕۆژدا چووەناو دۆزەخەوە بەپێچەوانەی بەڵێنەكەی خۆی و سێ ڕۆژ تێیدا مایەوە. هەروەها لە ئینجیلەكاندا هاتووە شەیتان مەسیحی لە شوێنێكەوە دەبرد بۆ شوێنێكی تر بۆئەوەی تاقیبكاتەوە و فریوی بدات. بەڵام ئەوەی لە بابەتەكەدا سەرنجڕاكێشە ئەوەیە مەسیح لەگەڵ ئەوەی خوایە ڕزگاری نەبوو لە تاقیكردنەوەی شەیتان، بەڵكو شەیتان وێرای خوا تاقیبكاتەوە. ئەم فەلسەفە ئینجیلیە زۆر سەیر و نامۆیە و ناكۆكە لەگەڵ هەموو جیھاندا. ئەگەر لەڕاستیدا شەیتان هاتبایە بۆلای مەسیح ئەوا مەسیح دەرفەتێكی چاكی هەبوو بۆئەوەی بە ئاشكرا پیشانی جوولەكەی بدات چونكە ئەوان بە توندی پێغەمبەرایەتیەكەی ئەویان (عليه السلام) ڕەتدەكردەوە؛ چونكە لە سیپارەی مەلاخیدا نیشانەی مەسیحی ڕاستگۆ هاتووە كە ئەوەیە پێغەمبەر ئیلیاس([10]) پێش هاتنی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ دنیا. وە كاتێك پێغەمبەر ئیلیاس دووبارە نەهاتەوە بۆ دنیا بۆیە جوولەكە عیسایان (عليه السلام) بە درۆزن و فێڵباز ناوزەد كرد هەتا ئەمڕۆ. ئەمە بەڵگەیەكی بەهێزە بەدەستی جوولەكەوە كە مەسیحیەكان ناتوانن وەڵامی بدەنەوە. بێگومان بە بۆچوونی جوولەكە چیرۆكی هاتنی شەیتان بۆلای مەسیح بەڵگەیە لەسەر ئەوەی مەسیح شێت بووە؛ چونكە شێتەكان بەزۆری خەونی لەم جۆرە دەبینن. ئەم نەخۆشیە جۆرێكە لە كابووس.
لەم جێگەیەدا توێژەرێكی ئینگلیزی تەئویلێكی كردووە كە مەبەست لەم هاتنەی شەیتان ئەوەیە مەسیح سێ جار ئیلهامی لە شەیتانەوە پێگەیشت بەڵام كاریگەر نەبوو بەم ئیلهامانە. یەكێك لەو ئیلھامانە ئەوە بوو شەیتان خستیە دڵی مەسیحەوە كە واز لە خوای گەورە بهێنێت و دووربكەوێتەوە لێی و تەنھا شوێن شەیتان بكەوێت. زۆر سەیرە شەیتان زاڵ بوو بەسەر كوڕی خوادا و دڵی برد بەلای دنیادا لەگەڵ ئەوەی پێی دەگوترێت كوڕی خوا، پاشان بە پێچەوانەی داخوازی خوایەتیەوە تووشی مردنیش بوو. ئایا لەڕاستیدا خوایش دەمرێت؟ ئەگەر تەنھا مرۆڤێك مرد ئەوا بۆچی بانگەشەی ئەوە كرا كوڕی خوا لەپێناوی خەڵكیدا ژیانی خۆی كردە قوربانی؟ وە لەگەڵ ئەوەی خوایە كەچی هیچی نەزانی دەربارەی ڕۆژی قیامەت، هەروەك دانپێدانانی خودی مەسیح هاتووە لە ئینجیلدا لەم بارەیەوە كە نازانێت كەی قیامەت بەرپادەبێت لەگەڵ ئەوەی كوڕی خوایە. ئەمە چ قسەیەكی پووچە، لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترێت خوا كەچی بێ ئاگایە لەكاتی بەرپابوونی قیامەت! بگرە كاتێك ڕۆیشت بۆلای درەختی هەنجیرەكە نەیزانی بەری پێوە نیە و زڕە چجای زانینی قیامەت.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی بابەتەكە و بەكورتی دەڵێم ئەگەر وەحی خوا گونجاو و تەبا بوو لەگەڵ چیرۆكێكی كۆن یان كتێبێكی ڕابردوودا، یان بەتەواوەتی گونجاو و تەبا نەبوو لەگەڵیاندا، تەنانەت گریمان ئەو چیرۆكە یان كتێبەكە چیرۆك یان كتێبێكی ئەفسانەیی بوو لە دیدی خەڵكیدا، ئەوا ئەمە پاساو ناهێنێتەوە بۆ هێرشكردنەسەر وەحی خوا. ئەو كتێبانەی مەسیحیەكان پێیان دەڵێن كتێبی مێژوویی یان وەحی ئاسمانی هەموویان بێ بنەمان و هیچ بەڵگەیەكیان لەسەر نیە. وە هیچ كتێبێك لە كتێبەكانیان خاڵی نیە لە پیسی و پۆخڵی گومان. ئەو كتێبانەی ئەوان بە ساختە یان بە ئەفسانەیی ئەژماریان دەكەن ئەگەری زۆرە بەو شێوەیە نەبن، وە ئەو كتێبانەی بە ڕاست و دروست لەقەڵەمیان دەدەن ڕەنگە لەڕاستیدا ساختە بن. كتێبی خوا پێویستی بە هاوڕایی یان دژەڕایی كتێبی ئەوان نیە. پێوەری كتێبی ڕاستی خوا ئەوە نیە كە مرۆڤ بڕوانێت بۆ ئەوەی ئایا ڕێك و تەبایە لەگەڵ كتێبەكانی ئەوان یان دژیانە. ئەوەی كە مەسیحیەكان كتێبێكیان بە ساختە لەقەڵەمداوە شتێك نیە بە توێژینەوەی یاسایی سەلمێنرا بێت، هەروەك بەگوێرەی بەڵگە و بنەمایەكی چەسپاو كتێبێكیان بە ڕاست و دروست ئەژمار نەكردووە، بەڵكو ئەمە تەنھا مەزەندە و بۆچوونێكە لەلایەن ئەوانەوە. بۆیە ناكرێت ئەم بیروباوەڕە لاواز و پووچانەیان پێوەر بن بۆ بڕیاردان لەسەر كتێبێك لە كتێبەكانی خوا، بەڵكو پێوەری ڕاستەقینە ئەوەیە لەڕێگەی سوننەتە([11]) ڕەوانەكەی خواوە لە ڕێساكانی سروشتدا و بەهۆی موعجیزە بەهێزەكانەوە بچەسپێت ئەو كتێبە لەلایەن خوای گەورەوەیە. هەڵبەت لەسەر دەستی گەورە و سەروەرمان پێغەمبەردا (ﷺ) زیاتر لە سێ هەزار موعجیزە دەركەوت، وە پێشبینیەكان هێندە زۆرن لەژماردن نایەن، بەڵام ئێمە پێویستمان بەوە نیە موعجیزەكانی پێشوو بخەینەڕوو بەڵكو موعجیزەی مەزنی پێغەمبەر (ﷺ) ئەوەیە لەكاتێكدا وەحی هەموو پێغەمبەرەكانی تر پچڕاوە، وە شوێنەواری موعجیزەكانیان كوژاوەتەوە و هەگبەی ئوممەتەكانیان خاڵی بوونەتەوە و هیچ لەدەستیاندا نەماوە جگە لە چیرۆك و داستان، بەڵام وەحی پێغەمبەر (ﷺ) و موعجیزەكانی نەپچڕاون، بەڵكو هەمیشە دەدرەوشێنەوە لە شوێنكەوتە تەواوەكانیدا لەڕێگەی نیعمەتی گوێڕیەڵی كردنیان بۆ پێغەمبەر (ﷺ). لەبەرئەوە ئیسلام ئایینێكی زیندووە و خوایەكەی خوایەكی زیندووە. بۆیە لەمڕۆشدا ئەم خزمەتكارە خۆبەكەمزانەی ئامادەیە بۆ شایەتیدان لەسەر ئەوە. هەڵبەت هەتا ئێستا هەزاران نیشانە و موعجیزە لەسەردەستمدا دەركەوتوون كە شایەتی دەدەن لەسەر ڕاستگۆیی پێغەمبەری خوا و ڕاستی كتێبی خوا (سبحانه وتعالى). وە بەنزیكەیی هەموو ڕۆژێك شكۆدار دەبم بە ئاخاوتنی پیرۆزی خوای گەورە. بۆیە وریا بن و بە باشی بیربكەنەوە مادام هەزارەها ئایین لەدنیادا دەدرێنەپاڵ خوای گەورە ئەوا بە چ ڕێگایەك دەچەسپێت ئایینێك لەڕاستیدا لەلایەن خواوە دابەزیوە؟ دەبێت شتێك هەبێت ئایینی ڕاست و دروست لە ئایینی درۆ و نادروست جیابكاتەوە. ئەگینا تەنھا بانگەشەی مەعقولبوون ناكرێت بەڵگە بێت لەسەر ئەوەی ئایینێك لەلایەن خواوەیە، چونكە مرۆڤیش دەتوانێت قسەی مەعقول بكات. وە ئەو خوایەی كە تەنھا بەهۆی كۆمەڵێك بەڵگەوە پەیدا دەبێت كە داهێنراوی مرۆڤن لەڕاستیدا ئەوە خوا نیە، بەڵكو خوای ڕاستەقینە ئەو خوایەیە كە بەهۆی كۆمەڵێك نیشانەی بەهێزەوە بوونی خۆی دەچەسپێنێت. ئایینی خوایی ڕاستەقینە پێویستە چەندین نیشانەی هەبێت بۆ ئەوەی بچەسپێت كە لەلایەن خواوەیە، وە پێویستە مۆری خوا (سبحانه وتعالى) لەگەڵیدا بێت هەتا بزانرێت لەڕاستیدا لەلایەن خواوە هاتووە. ئەو ئایینەیش تەنها ئایینی ئیسلامە. خوا كە خوایەكی تەواو و بێ كەموكوڕی و شاراوە و داپۆشراوە تەنھا بەهۆی ئەم ئایینەوە بوونەكەی دەزانرێت. وە تەنھا بۆ شوێنكەوتووانی ڕاستەقینەی ئەم ئایینە خۆی دەردەخات. بێگومان دەستی خوا لەگەڵ ئایینی ڕاستدایە، وە بەهۆی ئەو ئایینەوە خوای گەورە دەیسەلمێنێت لەڕاستیدا بوونی هەیە. ئەو ئایینانەی بناغەكانیان تەنھا لەسەر چیرۆك و داستان دانراوە لە بتپەرستی زیاتر نین چونكە ڕۆحی ڕاستییان تێدا نیە. ئەگەر خوا ئێستاش زیندووە وەك ڕابردوو، وە ئەگەر وەكو ڕابردوو قسەدەكات و دەبیستێت؛ ئەوا بۆچی پێویستە لەسەری بێدەنگ بێت لەم سەردەمەدا وەك ئەوەی بوونی نەبێت؟ وە ئەگەر لەمڕۆدا قسەناكات ئەوا گومانی تێدا نیە ناشبیستێت؛ ئەمەش مانای ئەوەیە لەئێستادا ئەو خوایە بوونی نیە. كەواتە ئایینی ڕاست و دروست ئەو ئایینەیە لەم سەردەمەی ئێستاشدا وتەی خوا و بیستنی خوا بسەلمێنێت.
كەواتە لە ئایینی ڕاستدا خوای گەورە لەڕێگەی ئاخاوتن و گفتوگۆی خۆیەوە بوونی خۆی دەچەسپێنێت. بێگومان ناسینی خوا زۆر قورسە و كارێكی ئاسان نیە، وە لەتوانای حەكیم و فەیلەسووفەكانی دنیادا نیە بگەنە ناسینی خوای گەورە و بیدۆزنەوە؛ چونكە لەڕێگەی سەرنجدان لە زەوی و ئاسمانەوە تەنها ئەوە دەچەسپێت كە پێویستە بەدیهێنەرێك هەبێت بۆ ئەم گەردوونە كە ئەوپەڕی جوان و ڕێكوپێكە، وە ئەوە ناچەسپێت كە ئەم بەدیهێنەرە لەڕاستیدا بوونی هەیە. دیارە جیاوازی نێوان “پێویستە هەبێت” و “لەڕاستیدا هەیە” جیاوازییەكی ڕوونە. وە قورئانی پیرۆز تاكە كتێبە كە بوونی خوا دەچەسپێنێت وەك ڕاستیەك. وە تەنھا فەرمان ناكات بە ناسینی خوا بەڵكو لەڕاستیدا ئاشكرایشی دەكات بۆمان. وە لەژێر گومەزی ئاسماندا كتێبێك نیە ئەو بوونەوەرە شاراوەیە پیشان بدات.
ئامانجی ئایین چیە؟ تەنھا ئەوەیە مرۆڤ باوەڕی تەواوی بە بوونی خوا و سیفەتە تەواوەكانی هەبێت، پاشان خۆی ڕزگار بكات لە هەواو ئارەزووە دەروونیەكان و خۆشەویستیەكی خۆیی دروست بێت تێیدا بۆ خوای گەورە. لەڕاستیدا ئەمە بریتیە لە بەهەشت كە لەجیھانی دواڕۆژدا بە كۆمەڵێك شێوازی جۆراوجۆر دەدرەوشێتەوە. وە نەناسینی خوای ڕاستەقینە و دووری لێی و خۆشنەویستنی بەشێوەیەكی ڕاست بریتیە لە دۆزەخی ڕاستەقینە كە لەجیھانی دواڕۆژدا بە كۆمەڵێك شێوازی جۆراوجۆر خۆی دەنوێنێت. وە ئامانجی داواكراوی ئایین ئەوەیە مرۆڤ بۆی بڕەخسێت بەتەواوەتی یەقینی هەبێت بە بوونی خوای گەورە پاشان بەتەواوەتی خوای خۆشبوێت.
ئێستا پێویستە سەرنج بدرێت: لەڕێگەی چ ئایینێك یان چ كتێبێكەوە دەكرێت ئەم ئامانجە بێتەدی؟ ئینجیل زۆر بەڕاشكاوی دەڵێت دەرگای ئاخاوتن و گفتوگۆ بەتەواوەتی قوفڵ دراوە، وە ڕێگاكانی گەیشتن بە یەقین بۆ هەتاهەتایە داخراون. ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا و هەرگیز لەداهاتوودا ڕووناداتەوە. بەڵام ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە ئەو خوایە كە لەم سەردەمەشدا دەبیستێت چۆن ئێستا دەستەوسانە لە قسەكردن؟ ئایا دەكرێت دڵمان ئۆقرە بگرێت بە بیروباوەرێك كە خوا (عز وجل) لە سەردەمی ڕابردوودا قسەی دەكرد و دەیبیست بەڵام ئێستا تەنھا دەبیستێت و قسەناكات؟ سوودی ئەو خوایە چیە كە بە تێپەڕینی كات هەندێ توانای لەكاردەكەوێت هەروەك چۆن مرۆڤ هەندێ توانای لەكاردەكەوێت كاتێك دەگاتە تەمەنی پیری و كەنەفتی؟ بەهەمان شێوە ئەو خوایە سوودی چیە كە ناتوانێت لە تاوانی بەندەكانی خۆش بێت ئەگەر لەسەر تەختە هەڵنەواسرێت و شەلاقی لێ نەدرێت، وە ئەگەر تف نەكرێتە دەموچاوی و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك توند نەكرێت لە زیندان و ئەگەر لەكۆتاییدا لەخاچ نەدرێت؟ ئێمە بەتوندی حاشا دەكەین لە خوایەك گەلی زەبوونی جوولەكە -كە حكومەتەكەی خۆشیان لەدەستدا- زاڵبن بەسەریدا. لەلایەكی ترەوە ئێمە باوەڕمان بەڕاستی خوایەك هەیە كە لەمەككەدا كەسێكی هەژار و داماوی نارد وەك نێردراوی خۆی، وە بەتایبەتی لەو سەردەمەدا درەوشانەوەی توانا و شكۆی خۆی پیشانی هەموو جیھان دا بەڕادەیەك كاتێك كیسرای پاشای فارسەكان سەربازەكانی خۆی نارد بۆ قۆڵبەستكردنی پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) ئەو خوایە بەتوانایە فەرمانی كرد بە پێغەمبەرەكەی پێیان بفەرموێت: “ئەم شەو پەروەردگاری من پەروەردگاری ئێوەی كوشت”.
ئێستا، پێویستە سەرنج بدرێت چۆن كەسێك بانگەشەی خوایەتی دەكات و ئەنجامی كۆتایی ئەوەیە سەربازێك لە سەربازەكانی حكومەتی ڕۆم قۆڵبەستی دەكات و دەیخاتە زیندانەوە لەماوەی یەك دوو كاتژمێردا، وە بەدرێژایی شەو دوعا دەكات و دوعاكانیشی گیرا نابن. لەلایەكی ترەوە كەسێك تەنھا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات و خوای گەورە ئەو پاشایانە لەناودەبات كە لەدژی دەوەستن. ئەو پەندەی كە دەڵێت: “هاوڕێی كەسی بەهێز بە بۆ ئەوەی سەركەوتوو بیت” زۆر بەسوودە بۆ كەسێك عەوداڵی ڕێگای ڕاست بێت. چی بكەین لە ئایینی مردوو؟ دەتوانین چ سوودێك وەربگرین لە كتێبێكی مردوو؟ دەكرێت خوایەكی مردوو چ سوودێكمان پێ بگەیەنێت؟
سوێند بەو خوایەی كە گیانی منی بەدەستە من شكۆدارم بە ئاخاوتنی بێگومان و یەقینی پەروەردگاری پاك و بێگەردم، وە بەنزیكەیی ڕۆژانە شكۆدار دەبم پێی. ئەو خوایە كە یەسووع پێی گوت: “بۆچی بەجێتهێشتم؟” وایدەبینم منی بەجێنەهێشت. هەڵبەت كۆمەڵێك هێرشی زۆر كرایە سەر منیش هەروەك چۆن كرایە سەر مەسیح (عليه السلام)، بەڵام لەهەموو هێرشەكاندا دوژمنانم بێ هیوا بوون. تەنانەت پیلان گێڕدرا بۆ خنكاندنی منیش بەڵام وەكو مەسیح هەڵنەواسرام لەسەر خاچ، بەڵكو پەروەردگارم لەهەموو بەڵایەك ڕزگاری كردم. وە چەندین موعجیزەی مەزنی دەرخست لەپێناوی مندا و بە دەستی بەهێزی خۆی هاوكاری كردم و لەڕێگەی هەزارەها نیشانەوە سەلماندی بۆم خوا ئەو خوایەیە كە قورئانی پیرۆزی دابەزاندووە و پێغەمبەری ئازیزی (ﷺ) ڕەوانەكرد. واینابینم عیسای مەسیح (عليه السلام) لەم شتانەدا هەرگیز بكەوێتە سەرووی منەوە؛ بەو مانایە هەروەك چۆن كەلامی خوا دابەزیە سەر ئەو، بەهەمان شێوە دابەزیە سەر منیش، وە هەروەك چۆن موعجیزە دەدرێتەپاڵ ئەو بەهەمان شێوە منیش موعجیزەم پێدراوە، بەڵكو بەدڵنیاییەوە لەو زیاترم پێدراوە. هەموو ئەم ڕێز و شكۆیەم بەدەستهێنا تەنھا بەهۆی بەرەكەتی شوێنكەوتنی ئەو پێغەمبەرەوە كە دنیا پلەوپایە ڕۆحیە بەرزەكەی نازانێت، واتە گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ). ستەمێكی چەندە قێزەونە كە خەڵكانی نەزان و گەوج دەڵێن عیسا (عليه السلام) زیندووە لەئاسماندا لەگەڵ ئەوەی من نیشانەكانی ژیان لە گەورەمان پێغەمبەری خوادا (ﷺ) دەبینم!
ئەو خوایەی كە جیهان نایناسێت ئێمە بەهۆی پێغەمبەرەكەیەوە بینیمان، وە دەرگای وەحی خوایی كە داخراوە بەڕووی ئوممەتەكانی تردا كرایەوە بۆ ئێمە تەنھا بەهۆی بەرەكەتی ئەم پێغەمبەرەوە. وە ئەو موعجیزانەی كە ئوممەتەكانی تر تەنھا وەك چیرۆك و داستان دەیانگێڕنەوە، ئێمە بەهۆی ئەم پێغەمبەرەوە بەچاوی خۆمان ئەو موعجیزانەمان بینی. وە پلەوپایەی ئەم پێغەمبەرەمان زانی كە لە ئاستێكدایە هیچ پلەوپایەیەك لەسەروویەوە نیە. بەڵام سەیرە دنیا بێ ئاگایە لێی. خەڵكی پێم دەڵێن: بۆچی بانگەشەی ئەوە دەكەیت تۆ مەسیحی بەڵێندراویت؟ بەڵام بەڕاستی و دروستی دەڵێم دەكرێت مرۆڤ بەهۆی شوێنكەوتنی تەواوەتی ئەم پێغەمبەرەوە پلەوپایەی لە عیسایش بەرزتر بێت. كوێر و سەرگەردانەكان دەڵێن ئەمە كوفرە. بەڵام من دەڵێم: مادام ئێوە بێ بەشن لە ئیمان، ئیتر چووزانن كوفر چیە؟ كوفر لەناو ئێوەدایە. ئەگەر بتانزایبایە ئەم ئایەتە: { ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ * صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ} مانای چیە ئەوا ئەم كوفرە لەزارتان نەدەهاتە دەرەوە. بێگومان خوای گەورە ئەوە شیرین دەكات لەبەرچاوتاندا و هانتان دەدات كە ئێوە دەتوانن بەهۆی بەرەكەتی شوێنكەوتنی تەواوەتی ئەم پێغەمبەرەوە (ﷺ) فەزڵ و بەرەكەتە جیاجیاكانی هەموو پێغەمبەران لەخۆتاندا كۆبكەنەوە، كەچی ئێوە وایدادەنێن بەدەستهێنانی فەزڵ و بەرەكەتەكانی تەنھا یەك پێغەمبەر كوفرە!!
بۆیە پێویستە لەسەرتان بە باشی بیربكەنەوە، چۆن ئەو ئایینە ڕاستە بناسرێتەوە كە لەلایەن خواوەیە. بزانن ئایینی ڕاست ئەو ئایینەیە كە بەهۆیەوە دەكرێت خوا بناسرێت. لەكاتێكدا لە ئایینەكانی تردا تەنھا كۆمەڵێك هەوڵی مرۆیی دەخرێنەڕوو بۆ دۆزینەوەی خوا (عز وجل) وەك ئەوەی منەتی مرۆڤ بن بەسەر خوای گەورەوە كە بوونی خوایان (عز وجل) سەلماندووە. بەڵام لەئیسلامدا خوای گەورە لە هەموو سەردەمێكدا بەدەنگی خۆی بوونی خۆی ئاشكرا دەكات و دەفەرموێت: من هەم، هەروەك لەم سەردەمەشدا دەركەوت بۆ من. كەواتە، هەزارەها سڵاو و بەرەكەت لەسەر ئەم پێغەمبەرە (ﷺ) كە بەهۆیەوە خوای گەورەمان ناسی.
وە لەكۆتاییدا بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە جارێكی تر دەڵێم گوتووتە بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەر بووم بەو قسەیە كە مەریەم خوشكی هاروون بووە. بە بۆچوونی من ئەم قسەیەت ئەوە دەردەخات زانیاریت زۆر كەمە. هەڵبەت زاناكانی پێشوویش لەسەر ئەم ڕەخنە پووچ و بێ نرخە زۆریان نووسیوە. بەڵام بۆچی سەرت سوڕدەمێنێت ئەگەر خوای گەورە بەشێوەی مەجازی یان لەبەر هۆكارێكی تر مەریەمی بە خوشكی هاروون دانابێت؟ لەكاتێكدا قورئانی پیرۆز چەندین جار دووبارەی كردووەتەوە هاروون پێغەمبەر لە سەردەمی مووسادا بووە، وە ئەم مەریەمە كە دایكی عیسا بووە 1400 ساڵ دوای هاروون لەدایك بووە. ئایا لەمەوە دەچەسپێت خوای گەورە ئاگای لەم ڕووداوانە نەبوو بێت، وە هەڵەی كردبێت، پەنا بەخوا، كاتێك فەرموویەتی مەریەم خوشكی هاروونە؟ ئەم كەسانە چەندە پیسن كە دڵخۆش دەبن بەوەی ئەم جۆرە ڕەخنە ناشرین و دزێوانە بگرن. ئایا ناكرێت مەریەم برایەكی هەبوو بێت بەناوی هاروون؟ نەبوونی زانیاری بە شتێك نەبوونی ئەو شتە پێویست ناكات. بەڵام ئەوان لێپرسینەوە لەخۆیان ناكەن و نابینن ئینجیل چەندە ڕەخنەی لێ دەگیرێت. بڕوانن ئەم ڕەخنەیە چەندە گەورەیە كە مەریەم تەرخانكرا بۆ پەیكەرەكە بۆ ئەوەی هەتا ماوە خزمەتی بەیتولمەقدیس بكات و بەدرێژایی تەمەنی شوو نەكات، بەڵام كاتێك تێبینی كرا دووگیانە و سكەكەی لە شەش حەوت مانگیدایە پیاوماقووڵانی گەل مارەیان كرد لە دارتاشێك بەناوی یوسف لەكاتێكدا دووگیان بوو، وە یەك دوو مانگ پاش گەیشتنی بەماڵی یوسف كوڕێكی بوو ناونرا عیسا یان یەسووع.
لێرەدا ڕەخنەكە ئەوەیە ئەگەر ئەم سكپڕییە موعجیزە بوو ئەوا بۆچی چاوەڕوان نەكرا هەتا مناڵەكە لەدایك دەبێت؟
ڕەخنەی دووەم ئەوەیە بەڵێنەكە ئەوە بوو مەریەم هەتا ماوە خزمەتی پەیكەرەكە بكات، ئیتر بۆچی جیاكرایەوە لە خزمەتی بەیتولمەقدیس بە پێچەوانەی بەڵێنەكەوە و مارەكرا لە یوسفی دارتاش؟
ڕەخنەی سێیەم ئەوەیە ئەگەر بەگوێری تەورات حەرامە و بەهیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نیە ئافرەت لەكاتی سكپڕیدا شوو بكات؛ ئەوا بۆچی مەریەم مارە كرا لە یوسف لەكاتی سكپڕیدا بە پێچەوانەی فێركاری تەوراتەوە؟ لەگەڵ ئەوەی یوسف ئەم مارە بڕینەی پێ ناخۆش بوو، وە ژنێكی هەبوو لەگەڵیدا دەژیا. ئەو كەسانەی فرەژنی ڕەتدەكەنەوە ڕەنگە ئاگایان نەبێت لە هاوسەرگیری یەكەمی یوسف.
بەكورتی، لێرەدا مافی هەر ڕەخنەگرێكە گومان بكات لەوەی كە هۆكاری پشتی ئەم مارەبڕینە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی پیاوماقووڵانی گەل گومانیان هەبووە مەریەم بەشێوەیەكی ناشەرعی دووگیان بوو بێت. لەگەڵ ئەوەی ئێمە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز باوەڕمان وایە سكپڕییەكە تەنھا بەهۆی توانای خواوە بووە بۆ ئەوەی خوا نیشانەیەك پیشانی جوولەكە بدات لەسەر بوونی قیامەت. وە مادام هەزارەها مێروو لە وەرزی بارانباریندا لەخۆوە پەیدا دەبن، وە ئادەمیش (عليه السلام) بەبێ باوك و دایك پەیدا بووە؛ كەواتە لەدایكبوونی عیسا بەم شێوازە ئەوە ناچەسپێنێت كە باشتر بووە. بگرە لەدایكبوون بە بێ باوك مانای بێ بەشبوون لە هەندێ هێز و توانا دەگەیەنێت.
پوختەی قسە، هۆكاری مارەبڕینی مەریەم ئەوە بوو گومانی لێكرا، ئەگینا چ پێویستیەك ئەوەی خواست ئافرەتێك هاوسەرگیری بكات كە تەرخانكراوە بۆ خزمەتی بەیتولمەقدیس؟ زۆر بەداخەوە ئەم مارەبڕینە كۆمەڵێك ئاژاوەی زۆری لێ كەوتەوە، لەوانە جوولەكە بەدبەختەكان كۆمەڵێك گومانیان بڵاوكردەوە دەربارەی پەیوەندی ناشەرعی. ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە كە پێویستی بە وەڵامدانەوە هەیە، نەك ئەو ڕەخنەیەی كە هاروون بە برای مەریەم ئەژماركراوە. وە لەقورئانی پیرۆزدا وشەیەك نەهاتووە ئەوە بگەیەنێت مەریەم برای هاروون پێغەمبەر بووە. تەنھا ناوی هاروون هاتووە بەبێ باسكردنی وشەی “پێغەمبەر”. زانراوە لەناو جوولەكەدا نەریتێك هەبووە كە ناوی پێغەمبەرانیان بەكاردەهێنا بۆ پیرۆزی. كەواتە زۆر ڕێی تێدەچێت مەریەم برایەكی هەبوو بێت بەناوی هاروون، وە ڕەخنەگرتن لەم ڕوونكردنەوەیە ئەوپەڕی گەوجێتیە.
بەڵام ئەگەر بەسەرهاتی یارانی ئەشكەوت و هی تریش لە كتێبی كۆنی جوولەكە و مەسیحیەكاندا هەبێت، وە گریمان ئەوان بە چیرۆكی خەیاڵیش ئەژماریان كردبن ئەوە لەمەدا چ زیانێك هەیە؟ بابزانیت كتێبە ئایینی و مێژوویەكانیان تەنانەت كتێبە ئاسمانیەكانیشیان لەناو پەردەكانی تاریكیدا شاردراونەتەوە. وە نازانیت ئەو بێزاریە بەردەوامە چەند گەورەیە كە لەم ڕۆژانەدا لە ئەوروپا هەیە دەربارەی ئەم كتێبانە، وە ئەو كەسانەی سروشتێكی ساغ و دروستیان هەیە لەخۆوە ڕوو دەكەنە ئیسلام، وە كۆمەڵێك كتێبی زۆر دەنووسن بۆ پشتیوانی ئیسلام. لەبەر ئەم هۆكارە ژمارەیەكی زۆر لە ئینگلیز لەئەمریكا و وڵاتانی تردا هاتوونەتەناو كۆمەڵەكەمانەوە. هەتا كەی درۆ پەردەپۆش دەكرێت؟
ئەوەش شایانی سەرنجدانە: لە ئەسڵدا بۆچی پێویستە وەحی خوایی شت وەربگرێت لەم جۆرە كتێبانە؟ بزانن ئەم خەڵكانە كوێرن و كتێبەكانیشیان هەموویان كوێرن. زۆر سەیرە مادام قورئانی پیرۆز لەدوورگەی عەرەبیدا دابەزیوە، وە تێیدا خەڵكی بەگشتی ئاگایان لە كتێبی جوولەكە و مەسیحیەكان نەبووە، وە پێغەمبەر (ﷺ) كەسێكی نەخوێندەوار بووە؛ كەواتە تۆمەتباركردنی پێغەمبەر (ﷺ) لەم دۆخەدا تەنھا كاری ئەو كەسانەیە كە هیچ لەخوا ناترسن. ئەگەر بكرێت ئەم جۆرە ڕەخنە و تۆمەتانە ئاراستەی پێغەمبەر (ﷺ) بكرێت ئەوا چەندەها ڕەخنە ئاراستەی عیسا دەكرێت وەك ئەوەی لەسەر دەستی زانایەكی جوولەكەدا وانە بە وانە تەورات فێربووە، وە هەموو كتێبەكانی جوولەكەی خوێندووەتەوە وەك تەلموود و هی تریش؟ وە لەڕاستیدا دەبینین ئینجیلەكەی پڕە لە دەستەواژەی وەرگیراو لە تەورات و تەلموودەوە، تەنانەت تەنھا بەگوێرەی فەرمانێكی قورئان ئێمە باوەڕمان پێی هەیە، ئەگینا كۆمەڵێك گومانی زۆر دروست دەبن دەربارەی ئینجیلەكان.
زۆر بەداخەوە لە ئینجیلەكاندا تەنانەت شتێك نیە بە هەمان وشە لە كتێبە پیرۆزەكانی پێشوودا بوونی نەبێت. پاشان ئەگەر قورئانی پیرۆز ڕاستیە جیاجیاكانی كتێبە ئاسمانیەكانی كۆكردبێتەوە لە یەك شوێندا ئەوا بۆچی ئەمە دوورە لە عەقڵەوە، وە بەهۆی ئەمەوە چ كارەساتێك ڕوودەدات؟ ئایا لای ئێوە ئەستەمە هەموو بەسەرهاتەكانی قورئان لەوەحیەوە سەرچاوەیان گرتبێت لەكاتێكدا بە بەڵگەی گومانبڕ چەسپاوە پێغەمبەر (ﷺ) لەلایەن خوای گەورەوە وەحی پێ دەگەیشت؟ وە مادام ڕووناكی و بەرەكەتەكانی پێغەمبەرایەتیە ڕاستەكەی هەتا ئێستا بەردەوام دەردەكەوێت ئیتر بۆچی مرۆڤ بوار دەكاتەوە بۆئەوەی وەسوەسە شەیتانیەكان دزە بكەنەناو دڵیەوە و باوەڕی وابێت بەسەرهاتێك لە بەسەرهاتەكانی قورئان لە كتێبێك یان لە نووسراوێكی ڕابردووەوە گواسترابێتەوە، پەنا بەخوا؟ ئایا گومانت هەیە لە بوونی خوای گەورە یان باوەڕت نیە بەوەی توانای هەبێت بەسەر زانستی غەیبدا؟ وەك كەمێك پێشتر گوتم، لای جوولەكە و مەسیحیەكان بناغەیەكی بەهێز و پێوەرێكی دروست نیە بۆئەوەی كتێبێك بە ئەسڵی یان بە ئەفسانەیی ئەژمار بكەن؛ چونكە هیچ كەسێكیان ئاگای لە حەقیقەتی كتێبە ئەسڵەكە نەبووە و هیچ كەسێكیشیان مرۆڤێكی ساختەچی و فێڵبازی قۆڵبەست نەكردووە. شایەتی و بەڵگەی خودی توێژەرە ئەوروپیەكانمان لایە لەم بارەیەوە. ئەوان (جوولەكە و مەسیحیەكان) گەلێكی كوێرن و نووری ئیمانیان تێدا نەماوەتەوە. مەسیحیەكان، كە فەلسەفە و زانستە سروشتیەكانیان خوێندووە و بەفیڕۆیان داون، بارودۆخیان مایەی داخ و پەژارەیەكی زۆرترە. لە لایەكەوە نكوڵی دەكەن لە بوونی ئاسمان، لەلایەكی ترەوە باوەڕیان وایە عیسا (عليه السلام) لەئاسماندا دانیشتووە. لەڕاستیدا ئەگەر كتێبەكانی پێشووی جوولەكەمان بە ڕاست دانا ئەوا بەگوێرەی ئەو كتێبانە پێغەمبەرایەتی عیسا (عليه السلام) ناچەسپێت. بۆ نموونە -بەگوێرەی سیپارەی پێغەمبەر مەلاخی- پێش ئەوەی مەسیحی ڕاستگۆی بەڵێندراو، كە عیسا (عليه السلام) بانگەشەی كرد خۆی ئەو مەسیحە بەڵێندراوەیە، ڕەوانە بكرێت پێویست بوو پێغەمبەر ئیلیاس بگەڕێتەوە بۆ دنیا بەڵام هەتا ئێستا نەگەڕاوتەوە. لەڕاستیدا ئەمە پاساوێكی بەهێز بوو بەدەستی جوولەكەوە بەڵام مەسیحیەكان نەیانتوانی بەڕوونی وەڵامێكی قایلكەری بدەنەوە. قورئانی پیرۆز خزمەتێكی گەورەی بە عیسا (عليه السلام) كرد بەوەی جەختی كردەوە لەسەر پێغەمبەرایەتیەكەی. بەڵام سەبارەت بە باوەڕی كەفارەت، عیسا (عليه السلام) خۆی هەڵیوەشاندووەتەوە كاتێك خۆی چوواند بە پێغەمبەر یونس كە لە سكی نەهەنگەكەدا سێ ڕۆژ بە زیندوویی مایەوە. جا ئەگەر عیسا (عليه السلام) لەڕاستیدا لەسەر خاچەكە مردبێت ئەوا لە چ ڕوویەكەوە لە یونس دەچێت و یونس لە چ ڕوویەكەوە لەو دەچێت؟ لەم نموونەیەوە زۆر بەڕوونی دەردەكەوێت كە عیسا لەسەر خاچەكە نەمرد بەڵكو تەنھا بوورایەوە وەكو یونس. وە ڕەچەتەی “مەرهەمی عیسا” كە بە نزیكەیی لە هەموو كتێبەكانی پزیشكیدا تۆماركراوە لە ناونیشانەكەیدا نووسراوە ئەم ڕەچەتەیە ئامادەكراوە بۆ عیسا (عليه السلام)، واتە بۆ چارەسەری ئەو برینانەی بەهۆی خاچەكەوە تووشیان بوو. ئەم ئەندازەیە بەسە بۆ ئەوانەی تێدەگەن.
*****
كۆتایی نامیلكەكە:
ڕزگاربوونی ڕاستەقینە چیە؟
بەلامەوە گونجاوە لەكۆتایی ئەم نامیلكەیەدا كەمێك بدوێم دەربارەی ڕزگاربوونی ڕاستەقینە، چونكە مەبەستی شوێنكەوتوانی ئایینەكان لە شوێنكەوتنی هەر ئایینێك و ئامانجی داواكراویان بەدەستهێنانی ڕزگاربوونی ڕاستەقینەیە. بەڵام زۆر بەداخەوە زۆرینەی خەڵكی نازانن مانای ڕزگاربوونی ڕاستەقینە چیە. دیارە مانای ڕزگاربوون لای مەسیحیەكان بریتیە لە دەربازبوون لە سزای تاوان. بەڵام لەڕاستیدا ئەمە مانای ڕاستەقینەی ڕزگاربوون نیە، چونكە دەكرێت كەسێك زینا و دزی نەكات و شایەتی درۆ نەدات و خوێن نەڕێژێت و بەگوێرەی زانیاری خۆی تاوانێكی تر ئەنجام نەدات، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، كەچی بێبەش بێت لە ڕزگاربوون، چونكە مەبەست لە ڕزگاربوون بریتیە لە خۆشبەختی و كامەرانی هەمیشەیی كە مرۆڤ بە فیترەتی خۆی تامەزرۆ و شەیدایە بۆی، وە تەنها دوای خۆشویستنی خۆیی و ناسینی خوا بەتەواوەتی و پەیوەندی بەتین لەگەڵیدا بەدیدێت، بەڵام بە مەرجێك خۆشەویستیەكە لە هەردوو لاوە هەڵقوڵێت. بەڵام لە هەندێ كاتدا مرۆڤ بە هەڵە لە شتانێكدا بۆ ئەم خۆشبەختیەی خۆی دەگەڕێت كە لەكۆتاییدا ئێش و ئازارەكانی و چارەڕەشیەكەی زیاتر دەكەن. وە زۆرێك لە خەڵكی دەگەڕێن بۆ كامەرانی خۆیان لە چێژ و خۆشیە جەستەییەكاندا بۆیە شەو و ڕۆژ مەی دەخۆنەوە و هەواو ئارەزووەكانیان تێردەكەن و بەمەش تووشی نەخۆشی كوشندەی جۆراوجۆر دەبن، وە لەكۆتاییدا بە وەستانی دڵ یان ئیفلیج بوون یان نەخۆشی پاركینسۆن یان گەزاز یان برینی ڕیخۆڵە یان نەخۆشی جگەر یان تووشبوون بە نەخۆشیە ئابڕووبەرەكانی وەك سوزەنەك و هی تریش دەمرن. وە بەهۆی ئەوەی پێشوەختە تواناكانیان لەبەین دەچن بۆیە شكست دەهێنن لە تەواوكردنی تەمەنی سروشتی خۆیان. وە لەكۆتاییدا هەست دەكەن ئەو شتانەی كە بە هۆكاری ئاسوودەیی خۆیان لە قەڵەمیان دەدان لەڕاستیدا هۆكار بوون بۆ لەناوچوونیان. وە هەندێ كەسی تر ئاسوودەی و بەختەوەری خۆیان لە زیاتر بوونی شكۆ و ناوبانگی دنیایی و لە بەدەستهێنانی پلە و پۆستدا دەبیننەوە، ئەمانیش ئامانجی ڕاستەقینەی ژیانیان لەبیردەكەن و لەكۆتاییدا بەداخ و پەژارەی زۆر و پەشیمانیەوە دەمرن. هەندێ كەس ماڵی دنیا كۆدەكەنەوە بۆ هەمان مەبەست و پێیان وایە ڕەنگە ئەمە بەختەوەریان بكات، بەڵام سەرەنجامیان ئەوەیە بەوپەڕی ناڕەحەتی و ئێش و ئازارەوە دەمرن و هەرچییان كۆكردووەتەوە لەدوای خۆیان بەجێی دەهێڵن.
ئەو پرسیارەی كە شایانی ئەوەیە كەسی عەوداڵی ڕێگای ڕاست لێی ڕابمێنێت ئەوەیە: چۆن دەكرێت بەختەوەری ڕاستەقینە بەدەستبهێنرێت كە حەوانەوە و بەختەوەری هەمیشەیی لێیەوە بەرهەم دێت؟ لەڕاستیدا نیشانەی ئایینی ڕاست ئەوەیە مرۆڤ بگەیەنێتە ئەم بەختەوەریە ڕاستەقینەیە. وە لەڕێگەی ڕێنموونی قورئانی پیرۆزەوە دەگەینە خاڵێكی ورد كە ئەوەیە بەختەوەری هەتاهەتایی حەشاردراوە لە ناسینی ڕاست و دروستی خوا و لە خۆشەویستی تەواو و پاك و خۆیی بۆ خوای تاك و تەنها و لە باوەڕی تەواودا كە دەتوانێت تامەزرۆیی و شەیدایی لەدڵدا دروست بكات. ئەم وشانە كەم و ئاسان و كورتن لەسەر زمان بەڵام شەرحكردنی ماناكانیان بەشێوەیەكی تێروتەسەل لە كتێبێكی چەند بەرگیدا جێی نابێتەوە.
بیربكەرەوە، ناسینی ڕاستەقینەی خوا (جل شأنه) كۆمەڵێك نیشانەی زۆری هەیە، یەكێكیان ئەوەیە هیچ نەنگی و ناتەواوییەك نەدرێتەپاڵ توانای ڕەها و یەكتایی و زانست و سەرجەم تایبەتمەندی و سیفەتەكانی، چونكە ئەگەر ئەو كەسەی كە دەسەڵاتی هەیە بەسەر هەموو گەردیلەیەكدا، وە ڕۆحەكان و زەوی و ئاسمان لەژێر كۆنترۆڵیدان ناتەواو بێت لە توانا و حیكمەت و هێزەكانیدا، ئەوا ئەستەمە سیستەمی هەردوو جیھانی ماددی و جیهانی ڕۆحانی بەڕێوەبچێت.
وە ئەگەر مرۆڤ باوەڕی وا بێت، پەنا بەخوا، گەردیلەكان و هەموو تواناكانیان، هەروەها ڕۆحەكان و هەموو تواناكانیان لەخۆیانەوە هاتوونەتە بوون، ئەوا دەبێت ئەو باوەڕەشی هەبێت كە زانستی خوا و یەكتاییەكەی و تواناكەی هەموویان ناتەواون. هۆكارەكەش ئەوەیە ئەگەر هەموو گەردیلە و ڕۆحەكان بەدەستی خوا دروست نەكرابن ئەوا هیچ هۆكارێكمان نیە بۆ ئەو یەقینە كە خوا (عز وجل) ئاگادارە بە بارودۆخی ناوەكیی هەموویان. وە ئەگەر بەڵگەیەكی گومانبڕ نەبوو لەسەر ئەم زانینەی خوا بەڵكو بەڵگە هەبوو لەسەر پێچەوانەكەی ئەوا بەدڵنیاییەوە پێویستە خوایش وەكو ئێمە ئاگای نەبێت لە ناوەڕۆكی ئەم شتانە، وە زانینەكەی نهێنیە شاراوەكانی ناویان ناگرێتەوە. ئاشكرایە كاتێك بەدەستی خۆمان دەرمانێك دروست دەكەین یان شروبێك یان حەبێك یان گوشراوێك لەبەرچاوماندا دروست دەكرێت بۆ پێكهێنانی هەندێ دەرمانی تر، ئەوا، بەوپێیەی ئێمە بەدەستی خۆمان ئەم ڕەچەتەیەمان دروستكردووە یان لەبەرچاوماندا دروستكراوە، زانیاریی تەواومان هەیە سەبارەت بە ڕەچەتەكە و هەموو پێكهاتەكانی دەزانین و دەزانین ئەم دەرمانە و ئەو دەرمانە بە كێشی ئەوەندە زیادكراوە بۆی و دەشزانین بۆ چ مەبەستێك دروستكراوە. بەڵام ئەگەر حەبێك یان شروبێت یان مەرهەمێكی چارەسەر ناوەڕۆكەكەی نەزانراو بێت و خۆشمان دروستمان نەكردبێت و نەتوانین بەشەكانی جیابكەینەوە؛ ئەوا بەتەواوەتی بێ ئاگا دەبین لە چیەتی و ناوەڕۆكی ئەو دەرمانە. بەهەمان شێوە ئەگەر باوەڕمان وابوو خوا بەدیهێنەری گەردیلە و ڕۆحەكانە ئەوا لەپاڵ ئەمەدا دەبێت باوەڕبهێنین بەوەیش كە بەدڵنیاییەوە ئاگادارە لەو توانا و هێزانەی كە شاردراونەتەوە لە هەموو گەردیلە و ڕۆحەكاندا. بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە خوا (عز وجل) خۆی بەدیهێنەری ئەو توانا و هێزانەیە، وە بەدیهێنەر بێ ئاگا نیە لە بەدیهێنراوی خۆی. بەڵام ئەگەر خوا بەدیهێنەری ئەم توانا و هێزانە نەبوایە ئەوا بەڵگەیەك نەدەبوو لەسەر ئەوەی زانیاری هەبێت سەبارەت بە هەموو ئەو توانا و هێزانە. ئەگەر بەبێ بەڵگە ئەوەتان گوت كە خوای گەورە دەیانزانێت ئەوا ئەم قسەیە تەنها كەللـەڕەقی و بانگەشەیەكی ڕووتە. بەڵام هەروەك ئێمە بەڵگەمان هەیە لەسەر ئەوەی بەدیهێنەر بەدڵنیاییەوە ئەو شتە دەزانێت كە دروستی كردووە، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا تۆ چ بەڵگەیەكت هەیە لەسەر ئەوەی خوای گەورە سەرجەم ئەو هێز و توانایانە دەزانێت كە لەو شتانەدا هەن (كە تۆ پێتوایە) بەدەستی خۆی دروستی نەكردوون؟ دیارە ئەو شتانە بەشێك نین لە بوونی خوا هەتا شارەزا بێت لێیان وەك شارەزابوونی مرۆڤ لە بوونی خۆی، بەڵكو هەموو ئەو شتانە -بەگوێرەی بیروباوەڕی ئاریەكان- خۆیان خوان، وە لە خودی خۆیاندا كۆن و ئەزەلین، وە لەبەرئەوەی دروستكراو نین و ئەزەلین بۆیە سەربەخۆن و هەرگیز پەیوەندییان نیە بە خواوە، بەجۆرێك گریمان خوا بشمرێت ئەوان هیچ زیانێك ناكەن، چونكە مادام خوا بەدیهێنەری ئەم شتانە نیە كەواتە بۆ مانەوەشیان پێویستیان پێی نیە هەروەك چۆن پێویستیان پێی نەبووە بۆ بەدیهاتنیان.
خوای گەورە دوو ناوی هەیە كە بریتن لە: (الحي) و (القیوم). مانای (الحي) ئەوەیە بەهۆی زاتی خۆیەوە زیندووە و ژیانیش دەبەخشێت بەوانی تر. وە (القیوم) واتە: بەهۆی زاتی خۆیەوە ڕاوەستاوە، وە بەهۆی پاڵپشتی ئەوەوە ئەو شتانە ڕاگیر و ڕاوەستاو دەبن كە دروستی كردوون.
كەواتە تەنها ئەو شتانەی پێشتر سوودمەند بوون لە ناوی “الحي”ی خوا دەكرێت سوودمەند بن لە ناوی “القیوم”ی خوا چونكە خوای گەورە بە پاڵپشتیی خۆی ئەو شتانە ڕاگیر دەكات كە دروستی كردوون نەك ئەوانەی كە دروستی نەكردوون. كەواتە تەنھا ئەو كەسەی باوەڕی بە خوا هەیە وەك خوایەكی زیندووو واتە وەك خوایەكی بەدیهێنەر مافی ئەوە هەیە وەك ڕاگرێكیش باوەڕی پێی هەبێت، واتە ئەوەی كە بە پشتیوانی خۆی ئەو شتە ڕادەگرێت كە دروستی دەكات. بەڵام ئەو كەسەی باوەڕی بەخوا نیە وەك زیندوویەك، واتە وەك بەدیهێنەرێك، مافی ئەوەی نیە باوەڕی وا بێت خوا (عز وجل) پشتیوانی شتەكان دەكات بۆ مانەوەیان؛ چونكە مانای پشتیوانیكردن ئەوەیە كە ئەگەر ئەم پاڵپشت و پشتیوانە نەبێت ئەوا هەموو ئەم شتانە لەناودەچن. وە ئاشكرایە ئەو شتانەی بەدەستی خوا (عز وجل) نەهاتوونەتە بوون پێویستیان پێی نیە بۆ مانەوەشیان. وە ئەگەر پێویستیان پێی هەیە بۆ مانەوەی بوونیان ئەوا پێویستیشیان پێی هەبووە بۆ دروستبوونیان.
كەواتە ئەم دوو ناوەی خوای گەورە، واتە “زیندوو” و “ڕاگر” پەیوەستن بەیەكەوە لەڕووی كاریگەریەكانیانەوە، وە بەهیچ شێوەیەك لەیەك جیانابنەوە. جا ئەوانەی باوەڕیان وایە خوای گەورە بەدیهێنەری ڕۆح و گەردیلەكان نیە ئەگەر عەقڵ و تێگەشتنیان بەكاربهێنن ئەوا ناچاردەبن دان بەوەدا بنێن خوای گەورە ڕاگریشیان نیە. واتە ناتوانن بڵێن گەردیلەكان و ڕۆحەكان بەهۆی پاڵپشتێك لەلایەن خواوە دروستكراون و پشت بەخوا دەبەستن، بەڵكو تەنها ئەو شتانەی كە خوا (عز وجل) دروستی كردوون پێویستیان بە پاڵپشتی خوا هەیە. ئیتر چۆن ئەو شتانەی تر پێویستیان بە پاڵپشتی خوا هەیە كە پێویستیان بە خوا نەبووە بۆ بەدیهاتنیان؟ ئەمە بانگەشەیەكی بێ بەڵگەیە.
كەمێك پێشتر نووسیم ئەگەر دان بەوەدا بنرێت گەردیلەكان و ڕۆحەكان ئەزەلین و لەخۆیانەوە هاتوونەتە بوون؛ ئەوا بەڵگەیەك پەیدا نابێت لەسەر ئەوەی خوا تایبەتمەندیە شاراوەكانیان و توانا و هێزە وردەكانیان دەزانێت. بەڵام ئەو قسەیە كە مادام خوای گەورە خوای ئەو شتانەیە بۆیە شارەزا و زانایە بە تایبەتمەندی و توانا شاراوەكانیان، ئەم قسەیە تەنھا بانگەشەیەكی ڕووتە و بەڵگە نیە لەسەری و پەیوەندی بەندایەتی و خوایەتی ناچەسپێنێت، بەڵكو لە ئەسڵدا خوای گەورە خوای ئەو شتانە نیە. كەواتە ئەو كەسەی هیچ پەیوەندیەكی نیە لەگەڵ گەردیلە و ڕۆحەكاندا وەك بەدیهێنەرێك بۆیان، ئیتر مانای ئەوە چیە كە خوایانە؟ وە بە چ مانایەك دەكرێت بوترێت خوای گەردیلە و ڕۆحەكانە؟ وە بە چ هۆكارێك ئەم قسەیە زیاد دەكرێت و دەوترێت خوای گەردیلە و ڕۆحەكانە؟ چونكە ئەو زیادەیە یان دەبێت زیادكردنی خاوەندارێتی بێت وەك دەڵێین: بەندەی زەید، وە پێویستە هۆكارێك هەبێت بۆ ئەم خاوەندارێتیەی زەید بۆ بەندەكە. بەڵام هیچ هۆكارێك نیە بۆ ئەوەی شتە سەربەخۆكان كە لە ئەزەلەوە لە خۆوە توانا و هێزیان هەیە هی خوایەك بن. بەهەمان شێوە دەكرێت زیادكردنەكە بەگوێرەی پەیوەندی خزمایەتی بێت وەك دەڵێین: كوڕی زەید. بەڵام لەبەرئەوەی ڕۆحەكان و گەردیلەكان پەیوەندی بەندایەتی و پەروەردگارێتیان نیە لەگەڵ خوادا بۆیە لەم ڕووەشەوە ئەم زیادكردنە ڕەوا نیە. وە لەم حاڵەتەدا ئەو قسەیە تەواو ڕاستە كە بوونی خوا هیچ سوودێك ناگەیەنێت بەو ڕۆحە سەربەخۆیانەی كە لە ئەسڵدا هیچ پەیوەندییەكیان نیە لەگەڵیدا، وە نەبوونی زیانیان پێ ناگەیەنێت. بەڵكو لەم حاڵەتەدا ڕزگاربوون كە ئاریەكان پێی دەڵێن “موكتی” -لەزاراوەی خۆیاندا- دەبێت بە شتێكی تەواو ئەستەم و هەرگیز بەدەستناهێنرێت، چونكە ڕزگاربوون بەتەواوەتی بەندە بە خۆشویستنی خۆیی خوداوە. وە مەبەست لە خۆشویستنی خۆیی خودا ئەو خۆشەویستیەیە كە خوای گەورە لە سروشتی ڕۆحەكاندا دروستی كردووە. دەی مادام خوا لە ئەسڵدا ڕۆحەكانی دروست نەكردووە ئیتر چۆن دەكرێت خۆشەویستیەكی فیترییان هەبێت بەرامبەر بە خوا؟ وە كەی خوا بەدەستی خۆی ئەم خۆشەویستیەی خستەناو سروشت و فیترەتیانەوە؟ ئەمە ئەستەمە، چونكە مەبەست لە خۆشەویستی فیتری ئەو خۆشویستنەیە كە هەمیشە پەیوەستە بە فیترەتەوە نەك دواتر پێی گەیشتبێت، هەروەك خوای گەورە ئاماژە دەكات بۆ ئەمە لە قورئانی پیرۆزدا و دەفەرموێت: {أَلَسۡتُ بِرَبِّكُمۡ ۖ قَالُواْ بَلَىٰ}([12])، واتە پرسیارم كرد لە ڕۆحەكان: ئایا من بەدیهێنەری ئێوە نیم؟ گوتیان: با. مەبەست لەم ئایەتە ئەوەیە ئەم شایەتیە، واتە ئەوەی كە خوا بەدیهێنەری ڕۆحەكانە، بوونی هەیە لە سروشتی ڕۆحی مرۆڤدا. بۆیە ڕۆح بە سروشت و فیترەتی خۆی بەدیهێنەرەكەی خۆی خۆشدەوێت چونكە دروستكراوی ئەو بەدیهێنەرەیە. وە لە ئایەتێكی تردا ئاماژە بۆ هەمان بابەت كراوە، ئەوەتا خوا (سبحانه وتعالى) دەفەرموێت: {فِطۡرَتَ ٱللَّهِ ٱلَّتِي فَطَرَ ٱلنَّاسَ عَلَيۡهَاۚ}([13]). واتە تینوێتی ڕۆح بۆ خوای تاك كە هیچ هاوبەشێكی نیە، وە بەدەستنەهێنانی بەختەوەری ڕاستەقینە بەهۆی هیچ شتێكەوە جگە لە گەیشتن بە خوا (عز وجل) شتێكە لە فیترەتی مرۆڤەوە سەرچاوەی گرتووە، واتە خوای گەورە لە ڕۆحی مرۆڤدا هیوایەكی داناوە كە ئۆقرە ناگرێت و هێورنابێتەوە مەگەر بەوەی بگات بە دیداری خوای گەورە. ئەگەر ئەم هیوایە لەڕۆحی مرۆڤدا هەیە ئەوا دەبێت دانبنرێت بەوەدا خوای گەورە خۆی بەدیهێنەری ڕۆحە، وە خۆی ئەم هیوایەی داناوە لەناویدا. وە بەوپێیەی لە بنەڕەتدا ئەم هیوایە لە رۆحدا هەیە، بۆیە بەمە دەچەسپێت كە لە ڕاستیدا خوا ڕۆحی مرۆڤی دروستكردووە. وە شتێكی تەواو ڕوون و ئاشكرایە هەر كاتێك پەیوەندی خۆیی نێوان دوو شت بەتین بوو، ئەوا خۆشەویستی نێوانیان بەهێزدەبێت بەهۆی ئەم پەیوەندیەوە. بۆ نموونە هەروەك چۆن دایك مناڵەكەی خۆی خۆشدەوێت بە هەمان شێوە مناڵیش دایكی خۆی خۆشدەوێت چونكە لە خوێنی ئەو دروست بووە و لەمناڵدانیدا پەروەردە بووە. كەواتە ئەگەر ڕۆحەكان پەیوەندی بەدیهێنەر و بەدیهێنراو نەیانبەستێتەوە بە خوای گەورەوە و ئەزەلی بن و لەخۆوە بەدیهاتبن ئەوا ڕێی تێناچێت خۆشویستنی خوای گەورە لە فیترەتیاندا هەبێت. وە ئەگەر خۆشەویستی خوا لە فیترەتیاندا نەبێت ئەوا بەهیچ شێوەیەك ڕزگاربوون بەدەستناهێنن.
سەرچاوەی ڕاستەقینەی ڕزگاربوون بریتیە لە خۆشەویستی خۆیی مرۆڤ بۆ خوا كە دەبێتە هۆی گەیشتن بە خوای گەورە. هۆكارەكەش ئەوەیە ئەویندار ناتوانێت بە جیایی بمێنێتەوە لە خۆشەویستەكەی. وە لەبەرئەوەی خوای گەورە خۆی نوورە بۆیە خۆشەویستیەكەی دەبێتە هۆی دروستبوونی نووری ڕزگاربوون. وە ئەو خۆشەویستیەی ڕەگی داكوتاوە لە فیترەتی مرۆڤدا خۆشەویستی خوای گەورە ڕادەكێشێت. بەمەش خۆشەویستی خوا بۆ مرۆڤ گوڕوتینێكی خۆیی دەراسا دەوروژێنێت لە خۆشەویستی مرۆڤدا بۆ خوا، وە بە یەكگرتنی ئەم دوو خۆشەویستیە سەرەتا حاڵەتی فەنابوون دروست دەبێت پاشان نووری مانەوە بەهۆی خواوە بەرهەم دێت. لەڕاستیدا بەیەكگەیشتنی دوو خۆشەویستیەكە دەبێتە هۆی ئەنجامێكی حەتمی كە سەرەنجامی ئەم كەسە بریتی دەبێت لە فەنابوون لەخوادا و جەستە (كە پەردەیە) وەك خۆڵەمێشی لێ دێت، وە ڕۆح بەتەواوەتی فەنا دەبێت لە خۆشەویستی خوای گەورەدا؛ نموونەی ئەم دۆخە وەك ئەوە وایە كاتێك هەورەبروسكەیەك لەئاسمانەوە بەر مرۆڤێك دەكەوێت ئاگری ناوەكی مرۆڤەكە بە یەكجار دێتەدەرەوە بەهۆی ڕاكێشانی ئاگرە ئاسمانیەكەوە ئەمەش دەبێتە هۆی فەنابوونی جەستە. كەواتە، بەم شێوەیە مردنی ڕۆحانیش دوو جۆر ئاگر دەخوازێت: ئاگرێكی ئاسمانی و ئاگرێكی ناوەكی مرۆڤ. بەهۆی بەیەكگەیشتنی ئەم دوو ئاگرەوە دۆخی فەنابوون دروست دەبێت كە بەبێ ئەوە گەشتی بەرەوخواچوون ناتەواو دەبێت. وە لەم فەنابوونەدا گەشتی بەرەوخواچوونی ڕێبوارە ڕۆحییەكان كۆتایی دێت، وە ئەمە كۆتا خاڵی هەوڵەكانی مرۆڤە و لەمە تێپەڕنابێت. پاش گەیشتن بە خاڵی فەنابوون، مرۆڤ، وەك چاكە و بەخششێك، لەلایەن خواوە (عز وجل) پلەی مانەوە بەدەست دەهێنێت. ئەم مەبەستە لەم ئایەتەدا: {صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ} ئاماژەی بۆ كراوە، پوختەی مانای ئەم ئایەتە ئەوەیە: ئەو كەسەی دەگاتە ئەم پلەیە وەك نیعمەتێك لەلایەن خواوە پێی دەگات، واتە تەنھا بە فەزڵی خوا بەدەستی دەهێنێت نەك وەك پاداشتێك لەسەر هەوڵ وكردەوەكانی خۆی([14]). ئەمە بریتیە لە چڵەپۆپەی خۆشەویستی مرۆڤ بۆ خوای گەورە كە بەهۆیەوە دەگاتە ژیانی هەتاهەتایی و ڕزگاری دەبێت لە مردن. ژیانی هەتاهەتایی مافی هیچ كەسێك نیە جگە لە خوای گەورە، تەنھا ئەو زیندووە بۆ هەتاهەتایە. بۆیە هیچ كەسێك ئەم ژیانە هەتاهەتاییە بەدەستناهێنێت مەگەر ئەو كەسەی بەتەواوەتی پەیوەندی خۆشەویستی پچڕاندبێت لەگەڵ غەیری خوادا، وە پاش فەنابوون لە خوای گەورەدا بەهۆی خۆشەویستیە زاتیەكەیەوە سێبەر ئاسا پشكێك لەم ژیانە هەتاهەتاییە بەدەستدەهێنێت. وە ڕەوا نیە بەم جۆرە كەسە بوترێت كەسێكی مردوو چونكە زیندووبووەتەوە بەهۆی فەنابوون لە خوادا. لەڕاستیدا مردووەكان ئەو كەسانەن كە مردوون لەكاتێكدا دوورن لەخواوە. كافرترین كەس و مولحید و موشریكەكان ئەوانەن كە باوەڕیان وایە ڕۆحەكان هەتاهەتاین و لە ئەزەلەوە ژیانیان هەیە بەبێ دەستكەوتنی خۆشەویستی خۆیی بۆ خوا و بە بێ ویساڵی خوایی. لەڕاستیدا جگە لە خوای گەورە هیچ شتێك ژیانی نیە و زیندوو نیە و تەنھا خوا ناوی “الحي، زیندوو”ە. وە تەنها ئەو كاتە ڕۆحی چاكەكاران ژیانی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنن كە دەگەن بەخوا و لە سێبەری ئەودا دەبن و فەنا دەبن لە خۆشەویستی ئەودا، وە هەرگیز ئەم ژیانە بەدەست نایەت بەبێ گەیشتن بە خوا. لەبەرئەوە خوای گەورە لەقورئاندا كافرەكان ناوزەد دەكات بە مردوو، وە دەربارەی خەڵكی دۆزەخ دەفەرموێت: {إِنَّهُۥ مَن يَأۡتِ رَبَّهُۥ مُجۡرِمٗا فَإِنَّ لَهُۥ جَهَنَّمَ لَا يَمُوتُ فِيهَا وَلَا يَحۡيَىٰ}([15]) واتە هەرگیز نامرێت چونكە بۆ بەندایەتی هەتاهەتایی دروستكراوە، بۆیە دەبێت بمێنێتەوە. بەڵام لەهەمان كاتدا ناكرێت بڵێین زیندووە، چونكە ژیانی ڕاستەقینە لە ئەنجامی گەیشتن بەخوا دەستدەكەوێت. وە ژیانی ڕاستەقینە خودی ڕزگاربوونە و بەبێ خۆشەویستی خوا و گەیشتن پێی (عز وجل) دەستناكەوێت. ئەگەر شوێنكەوتووانی ئایینەكانی تر فەلسەفەی ژیانی ڕاستەقینەیان بزانیبایە ئەوا هەرگیز نەیاندەگوت ڕۆحەكان هەتاهەتاین و لە ئەزەلەوە لەخۆوە هاتوونەتە بوون و ژیانی ڕاستەقینەیان بەدەستهێناوە. لەڕاستیدا ئەم جۆرە زانستانە تەنھا لە ئاسمانەوە دادەبەزن، وە كەس حەقیقەتەكانیان نازانێت مەگەر خەڵكی ئاسمان، وە دنیا بێ ئاگایە لێیان.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی بابەتەكە و دەڵێم سەرچاوەی ڕزگاربوونی هەتاهەتایی بریتیە لە گەیشتن بەخوا. وە تەنها ئەو كەسە ڕزگاربوونی ڕاستەقینە بەدەستدەهێنێت كە لەم سەرچاوەیە ئاوی ژیان دەخواتەوە. ئەم بەیەكگەیشتن و یەكگرتنە بەبێ ناسینی تەواو و خۆشەویستی تەواو و ڕاستگۆیی و دڵسۆزی تەواو و ئیمانی تەواو ناڕەخسێت. وە نیشانەی یەكەمی ناسینی تەواو ئەوەیە كە هیچ خوش و ناتەواوییەك نەدرێتەپاڵ زانستی تەواوی خوا.
كەمێك لەمەوپێش سەلماندم ئەو كەسانەی ڕۆحەكان و گەردیلەكان بە ئەزەلی و بەوە لەقەڵەم دەدەن كە بوونیان سەربەخۆیە باوەڕیان بەوە نیە خوا بەتەواوەتی غەیب بزانێت. لەبەرئەوە فەیلەسووفە گومڕاكانی یۆنان كە باوەڕیان وابوو ڕۆحەكان ئەزەلین باوەڕیشیان وابوو خوای گەورە وردەكاریەكان نازانێت، چونكە مادام ڕۆحەكان و گەردیلەكانی جیھان كۆن و ئەزەلین و لەخۆوە هاتوونەتە بوون و خوا دروستی نەكردوون بۆیە هیچ بەڵگەیەك ناچەسپێت لەسەر ئەوەی خوا زانیاری تەواوی هەبێت دەربارەی هێز و توانا وردەكانیان و نهێنیە شاراوەكانیان. شتێكی ئاشكرایە دەكرێت كەسێك زانیاری تەواو بەدەست بهێنێت سەبارەت بە وردەكاریە شاراوەكان و هەموو سیفەتە نهێنیەكانی شتێك كە بەدەستی خۆی دروستی كردبێت، وە ناكرێت ئەم جۆرە زانینە وردە بەتەواوەتی و بێ كەموكوڕی بەدەستبهێنرێت دەربارەی شتەكانی تر. بەڵكو هەمیشە ئەگەری هەڵە هەیە لە زانیاریەكان دەربارەیان. بۆیە لەم شوێنەدا ئەوانەی دەڵێن ڕۆحەكان و گەردیلەكان ئەزەلین و لەخۆوە هاتوونەتە بوون ناچارن دان بەوەدا بنێن كە زانیاری دەربارەی ڕۆحەكان و گەردیلەكان ئەوەیە كە شایستەی خوای گەورەیە؛ واتە پێویستە ئەو زانیاریەش تەواو و بێ كەموكوڕی بێت وەك تەواوی و بێ كەموكوڕی خوای گەورە، بەڵام بەگوێرەی ئەم باوەڕەیان (كە دەڵێن ڕۆحەكان و گەردیلەكان ئەزەلین) خوایەكەیان ئەم جۆرە زانیاریەی نیە. وە ئەگەر كەسێك (كە دەڵێت گەردیلەكان و ڕۆحەكان ئەزەلین و لەخۆیانەوە هاتوونەتە بوون) گوتی خواكەی ئەم جۆرە زانیاریەی هەیە ئەوا پێویستە لەسەری بە بەڵگەی ڕوون ئەمە بسەلمێنێت و تەنھا بە بانگەشە وازنەهێنێت. وە ئاشكرایە ئەگەر ڕۆحەكان و گەردیلەكان ئەزەلی بن و خۆیان بەدیهێنەری خۆیان بن وەك ئەوە وایە بەسەر بەخۆیی لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا لەگەڕەكێكدا بەهەمیشەیی نیشتەجێ بن، وە خوایش بە جیا نیشتەجێ بێت لەشوێنێكی تردا بەبێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەك لەنێوانیاندا هەبێت. وە ئەو كەسانە ناتوانن ئەو هۆكارە بخەنەڕوو كە هەموو ڕۆحەكان و گەردیلەكانی خستووەتە ژێر ڕكێفی خواوە لەگەڵ ئەوەی ئەزەلین و لە خۆوە هاتوونەتە بوون. ئایا دوای جەنگكێك یان بەگژاچوونەوەیەك ئەمە ڕوویدا یاخود ڕۆحەكان لەخۆوە ملكەچبوونیان قەبوڵكرد بەڕەچاوكردنی حیكمەتێك؟
لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی باوەڕی ئەوان خوا بەڕەحم و بەخشندە و دادپەروەرە بەڵام لەگەڵ ئەوەدا لەڕاستیدا ڕەحم ناكات و دادپەروەر نیە چونكە ڕۆحە ڕزگاربووەكان بۆ هەتاهەتایە ڕزگار ناكات، ئەمەش بۆ ئەوەی لاوازی خۆی پەردەپۆش بكات. چونكە ئەگەر ڕزگاربوونی هەمیشەیی بدات پێیان ئەوا واپێویست دەكات لەكاتێك لەكاتەكاندا هەموو ڕۆحەكان ڕزگاربوون بەدەستبهێنن و خۆیان ڕزگار بكەن لە ئازار و كوێرەوەری گەڕاندنەوەیان بۆ دنیا بەشێوەیەكی هەمیشەیی. بەڵام بەو پێیەی خوایەكەیان دەیەوێت سیستەمی دنیا بە بەردەوامی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵات و حكومەتەكەی چەسپاو بێت، بۆیە نایەوێت ڕزگاربوونی هەمیشەیی بدات بە هیچ ڕۆحێك. بەڵكو دەیخاتەناو سیستەمی لەبەرگرتنەوەی بەردەوام و یەك لەدوای یەكەوە تەنانەت ئەگەر بگاتە پلەی پیاوچاك یان وەلی یان مرۆڤی تەواو. بەڵام ئایا بۆمان هەیە ئەم جۆرە سیفەتە ناپەسەندە بدەینەپاڵ خوای بەتوانا و بەخشندە كە وای لێدەكات دڵخۆش بێت بەوەی بە هەمیشەیی سزای بەندەكانی بدات و نەیەوێت بەختەوەری هەمیشەیی بدات پێیان؟ ناكرێت و ناگونجێت ئەم جۆرە ڕژدی و چرووكیە بدرێتەپاڵ خوای پاك و بێگەرد. بەڵام زۆر بەداخەوە ئەو فێركاریەی ئەم ڕژدی و چرووكیە دەداتەپاڵی لە كتێبی مەسیحیەكانیشدا هەیە؛ بەجۆرێك باوەڕیان وایە ئەو كەسەی باوەڕی وا نەبێت عیسا خوایە ئەوا بە هەتاهەتایی دەخرێتە دۆزەخەوە. بەڵام خوای گەورە ئەم فێركاریەی بە ئێمە نەداوە بەڵكو فەرموویەتی كافرەكان بۆ ماوەیەكی درێژ سزا دەدرێن بەڵام لەكۆتاییدا ڕەحمەت و بەزەیی خۆی ئەوانیش دەگرێتەوە، وەك لە فەرموودەدا هاتووە: سەردەمێك دێت بەسەر دۆزەخدا كەسی تێدا نابێت و سروەی بەیان دەرگاكانی بەملاولادا دەجووڵێنێت.
بەهەمان شێوە ئایەتێك لە قورئانی پیرۆزدا هەیە كە دەفەرموێت: {إِلَّا مَا شَآءَ رَبُّكَ ۚ إِنَّ رَبَّكَ فَعَّالٞ لِّمَا يُرِيدُ}([16]) واتە خەڵكی دۆزەخ تا ماوەیەكی درێژ لەدۆزەخدا دەمێننەوە بەڵام هەر كاتێك خوا ویستی دەیانهێنێتە دەرەوە، چونكە بەتوانایە هەر كارێكی ویست دەیكات. ئەم فێركاریە ڕێك و تەبایە لەگەڵ سیفەتە تەواوەكانی خوادا، چونكە سیفەتەكانی سیفەتی شكۆمەندی و جوانییشن. هەر خۆیەتی بریندار دەكات و برینەكانیش بە مەرهەم سارێژ دەكات([17]).
وە بەهیچ شێوەیەك ڕێی تێناچێت و پێچەوانەی سیفەتە تەواوەكانی خوایە (عز وجل) تەنھا سیفەتی تووڕەبوونی بە هەمیشەیی بدرەوشێتەوە پاش ئەوەی خەڵكی دۆزەخ دەخاتەناو دۆزەخەوە، وە سیفەتی ڕەحمەت و لێبوردنی نەدرەوشێتەوە و بۆ هەتاهەتایە سیفەتی سۆز و ڕەحمەتی لەكاربكەوێت. بەڵكو لە وتەی خواوە، كە لە كتێبە پیرۆزەكەیدا هاتووە، ڕوون دەبێتەوە ئەوان لەدۆزەخدا دەمێننەوە بۆ ماوەیەكی درێژ كە بە شێوەی خوازە و مەجاز و لەڕوانگەی لاوازی مرۆییەوە پێی دەوترێت “هەتاهەتایی”. پاشان سیفەتی سۆز و بەزەیی دەدرەوشێتەوە و خوای گەورە دەستی دەخاتە دۆزەخەوە ئەوەندەی چنگی بیگرێت و بەردەستی بكەوێت لێی دەردەهێنێت. لەم فەرموودەیەدا ئاماژەیەك هەیە بۆ ڕزگاربوونی([18]) هەموو خەڵكی دۆزەخ لەكۆتاییدا، چونكە چنگی خوای گەورە بێ سنوورە وەكو خۆی (عز وجل) بۆیە هیچ كەسێك نیە لەدەرەوەی چنگی خوا بمێنێتەوە.
وە پێویستە بزانرێت هەروەك چۆن ئەستێرەكان بەدوای یەكدا هەڵدێن لەكاتی دیاریكراوی خۆیاندا، بە هەمان شێوە سیفەتەكانی خوای گەورە لەكاتی گونجاوی خۆیاندا دەدرەوشێنەوە. هەندێ جار مرۆڤ لەژێر سێبەری سیفەتە شكۆمەندیەكانی خوای گەورە و بێ نیازی خۆیی خوادا دەبێت، وە هەندێ جاری تر لەژێر كاریگەری سیفەتە جوانیەكانی خوای گەورەدا دەبێت. لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا: {كُلَّ يَوۡمٍ هُوَ فِي شَأۡنٖ}([19]) ئاماژە بۆ ئەم مەبەستە كراوە. هەڵەیەكی گەورەیە وا بزانرێت كۆمەڵێك سیفەتی خوا وەك سۆز و بەزەیی لەكاردەكەون پاش ئەوەی تاوانباران خرانە دۆزەخەوە، وە دوای ئەوە هەرگیز نادرەوشێنەوە؛ چونكە هەرگیز سیفەتەكانی خوا لەكارناكەون. بەڵكو لەڕاستیدا سیفەتی سەرەكی خوا بریتیە لە سیفەتی خۆشەویستی و بەزەیی، ئەم دوو سیفەتە دایكی سیفەتەكانی ترن. سیفەتەكان هەندێجار بەشێوەی شكۆ و تووڕەبوون دەدرەوشێنەوە بۆ چاككردنی خەڵك، وە كاتێك چاكردنەكە بە ئەنجام دەگات خۆشەویستیەكە بە شێوازی ئەسڵی خۆی دەدرەوشێتەوە و بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێت وەك بەخششێك لەلایەن خوای گەورەوە. خوا وەكو مرۆڤی تووڕە نیە هەتا بەبێ هۆكار حەزی لە سزادان بێت، ستەم لە هیچ كەسێك ناكات، بەڵكو خەڵكی ستەم لە خۆیان دەكەن. بۆیە لە خۆشەویستی خوادا ڕزگاربوونی تەواوەتی هەیە و لە دووركەوتنەوە و وازهێنان لێی سزای تەواوەتی هەیە.
ئەمە ئەندازەی فێربوونی ئارییەكانە دەربارەی ناسینی خوا، وە بەگوێرەی ئەم فێربوونە دەبێت دان بەوەدا بنرێت هەركەسێك پێگەیەكی بەڕێزی بەدەستهێنا لای خوا چ ببێت بە پێغەمبەر یان ئەو كەسەی كە ڤیداكان دابەزیونەتە سەری ئەوا پێگە و پلەكەی شایانی متمانەپێكردن نیە و هەمیشەیی نیە، بەڵكو هەزاران جار لەسەر كورسی ڕێز و شكۆ دەخرێتە خوارەوە، دەكرێت لە كاتێك لە كاتەكاندا خۆشەویست بێت لای خوا و لێی نزیك بێتەوە هەتا دەبێت بە پێغەمبەر، بەڵام دوای ئەوە دەگۆڕێت بۆ مێروویەكی نزم و سووك پاش ئەوەی تووشی گێژاوی هەتاهەتایی لەبەرگرتنەوەی گیانەكان دەبێت، وە هەرگیز ڕزگاربوونی هەتاهەتایی بەدەستناهێنێت، بەجۆرێك دەبێت ترسی لە مردن هەبێت لەم دنیایەدا، پاشان دوای مردن ترسی هەبێت لە تووشبوون بە سزای لەبەرگرتنەوەی گیانەكان بۆ هەتاهەتایە. بەكورتی، بەم شێوەیە مافی خوایان بەجێهێنا بەجۆرێك ڕۆحەكان و گەردیلەكانیان كرد بە هاوبەشی لەو ڕووەوە كە ئەوانیش ئەزەلین و لەخۆوە هاتوونەتە بوون، وە لەلایەكی ترەوە خوایان بە ڕژد و چرووك لە قەڵەمدا بەجۆرێك ڕزگاربوونی هەمیشەیی نادات بە كەس لەگەڵ ئەوەی هەموو هێز و توانایەكی هەیە و دەتوانێت هەموو شتێك بكات!
لەڕاستیدا لە ڕێگەی بیروباوەڕی “نیوگ”ەوە ڕوون دەبێتەوە كە ڤیدا چ شتێكی فێری خەڵكی كردووە دەربارەی داوێنپاكی، بەكورتی نیوگ ئەوەیە كە ڕەوایە بۆ پیاوی ئاری ڕێگەبدات بە ژنەكەی سەرجێیی بكات لەگەڵ پیاوێكی تردا بە هیوای دەستكەوتنی مناڵ. وە ژنەكە دەتوانێت هەموو ڕۆژێك ئەم كارە بكات هەتا 11 مناڵی دەبێت بەهۆی ئەم پەیوەندیە “پیرۆز”ەوە!
ئێستا پاش ئەم ڕستە لاوەكیە دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی وتارەكە كە بریتیە لەوەی خوای ئارییەكان بەگوێری بیروباوەڕی خۆیان غەیبزان نیە، وە بەڵگەیەكیان لا نیە لەسەر ئەوەی غەیبزانە.
بەگوێرەی بیروباوەڕی مەسیحیەكانیش خوا غەیبزان نیە، چونكە مادام عیسا بەخوا لەقەڵەم دەدەن لەگەڵ ئەوەی خۆی دانی پێدا ناوە كە خۆی، واتە كوڕی خوا، هیچ شتێك دەربارەی قیامەت نازانێت، ئیتر دەبێت چ شتێك لەمەوە وەربگیرێت جگە لەوەی خوا نازانێت كەی قیامەت بەرپادەبێت؟
لقی دووەمی زانیاری ڕاست و دروست بریتیە لە زانینی توانای تەواوی خوا، وە لەم ڕوانگەیەشەوە ئارییەكان و قەشەكان خوای خۆیان خەوشدار كردووە.
هەرچی شوێنكەوتووانی ئاریا سماجە لەبەرئەوەی وایدادەنێن خواكەیان ناتوانێت ڕۆحەكان و گەردیلەكانی جیھان بەدیبهێنێت، وە باوەڕیان وا نیە بتوانێت ڕزگاربوونی هەمیشەیی بدات تەنانەت بە ڕۆحێك([20]) بەهەمان شێوە قەشەكانیش باوەڕیان بەوە نیە خوایەكەیان توانای بشكێت بەسەر هەموو شتێكدا، چونكە خوایەكەیان بەدەستی نەیارەكانی سزا درا و خرایە زیندانەوە و شەلاقی لێدرا و لەسەر خاچ هەڵواسرا. ئەگەر بەتوانا بوایە هەرگیز ئەم هەموو سووكایەتیانەی قەبوڵ نەدەكرد لەگەڵ ئەوەی خوا بێت. بەهەمان شێوە ئەگەر بەتوانا بوایە بۆ كردنی هەموو شتێك ئەوا پێویستی بەوە نەدەكرد بیربكاتەوە لەوەی خۆی بكوژێت لەپێناوی ڕزگاربوونی بەندەكانیدا. شتێكی تەواو شەرمەزاركەرە باسی توانای كەسێك بكرێت كە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بە مردوویی ماوەتەوە لەگەڵ ئەوەی خوا بووە. سەیر ئەوەیە خوا سێ ڕۆژ مرد و بەندەكانی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ژیان بەبێ خوا.
پاشان دۆخی یەكتاپەرستییان ئەوەیە كە ئارییەكان هەموو گەردیلە و ڕۆحەكان بە هاوبەشی خوایەكەیان دادەنێن لەو ڕووەوە كە لەخۆوە هاتوونەتە بوون، هەروەك بوون و مانەوەی گەردیلەكان و ڕۆحەكان دەدەنەپاڵ هێز و توانا سروشتیەكانیان بەتەنھا، دیارە ئەمە ئەوپەڕی شیركە.
هەرچی مەسیحیەكانیشە بە ئاشكرا باوەڕیان پێچەوانەی یەكتاپەرستیە([21]) چونكە باوەڕیان بە سێ خوا هەیە: واتە باوك، كوڕ، ڕۆحی پیرۆز. وەڵامیان بۆ ئەمە بەوەی باوەڕیان وایە سێ دانەكە یەك دانەیە، وەڵامێكی ئەو پەڕی هەوانتەیە و هیچ كەسێكی ژیر وەڵامی وەها پووچ قەبوڵ ناكات. لەبەرئەوەی هەر یەكێك لەم سێ خوایە بوونێكی سەربەخۆ و جیای هەیە و هەریەكەیان خوایەكی تەواوە لەخودی خۆیدا ئیتر چۆن دەگونجێت لە هەمان كاتدا هەرسێكیان ببن بە یەك خوا؟ لە چ قوتابخانە و كۆلێژێكدا ئەم حیسابە دەخوێندرێت؟ ئایا فەلسەفەیەك یان لۆژیكێك هەیە بتوانێت ڕوونی بكاتەوە چۆن سێ بوونەوەر كە هەمیشە سەربەخۆن دەبن بە یەك بوونەوەر؟ وە ئەگەر دەڵێن ئەمە ڕازێكە لەسەرووی ژیری مرۆڤەوەیە ئەوا ئەم قسەیە تەنھا فێڵێكە، چونكە عەقڵی مرۆیی بەڕوونیی دەزانێت ئەگەر سیانەكە بە سێ خوای تەواو دابنرێن ئەوا دەبێت لەهەموو بارودۆخێكدا بە سیان ئەژمار بكرێن نەك بە یەك. وە تەنھا قورئانی پیرۆز نیە كە ئەم باوەڕی سێ خواییە ڕەتدەكاتەوە بەڵكو تەوراتیش بەدرۆی دەخاتەوە، چونكە تەورات كە دراوە بە مووسا هەرگیز سێ خوایی باس نەكراوە تێیدا ئەگەرچی بە بچوكترین ئاماژەیش بێت. ئەگینا زۆر ئاشكرایە ئەگەر لە تەوراتدا فێركارییەك هەبوایە دەربارەی ئەم خوایانە ئەوا بەهیچ شێوەیەك نەدەگونجا جوولەكە لەبیری بكەن. چونكە جوولەكە بە توندی فەرمانیان پێكرا كە پابەند بن بە فێركاری یەكتاپەرستییەوە بەڕادەیەك فەرمان كرا بە هەر یەكێكیان ئەو فێركاریە لەبەر بكات و لەسەر دەرگاكانی ماڵەكەی بینووسێت و مناڵەكانیشی فێر بكات. پاشان بەدوای یەكدا و بێ پچڕان لەناو جوولەكەدا پێغەمبەرانی خوا هاتن بۆ ئەوەی هەمان یەكتاپەرستییان فێربكەن، وە بەردەوام هەمان فێركارییان فێری خەڵكی دەكرد. بۆیە ناكرێت و ڕێی تێناچێت جوولەكە فێركاری سێ خوایی لەبیر بكەن لەگەڵ ئەم هەموو جەختكردنەوەیە و بەدوای یەكدا هاتنی پێغەمبەران بەم ژمارە زۆرە، وە لەجیاتی ئەوە فێركاری یەكتاپەرستی بنووسن لە كتێبەكانیاندا و فێری مناڵەكانیشیان بكەن، وە سەدەها پێغەمبەر بێن بۆ نوێكردنەوەی هەمان فێركاری یەكتاپەرستی. كەواتە، ئەم بیروبۆچوونە بەتەواوەتی پێچەوانەی عەقڵ و لۆژیكە.
هەڵبەت بەپێی توانا هەوڵمدا لەم بارەیەوە و داوامكرد لە هەندێ جوولەكە سوێندم بۆ بخۆن: ئەو فێركاریە چیە كە لەتەوراتدا پێتاندراوە دەربارەی خوای گەورە؟ ئایا فێركاری سێ خواییتان پێ دراوە یان غەیری ئەوە؟ ئەم جولەكانە كۆمەڵێك نامەیان بۆ ناردم -هێشتا نامەكانم لایە- تێیاندا گوتوویانە لە تەوراتدا بچوكترین باسی فێركاری سێ خوایی بوونی نیە، بەڵكو فێركاری تەورات دەربارەی خوا هەمان ئەو فێركارییەیە كە لەقورئاندا هاتووە. بۆیە بەداخەوە ئەم كەسانە سوورن لەسەر باوەڕێك كە فێركاریەكەی نە لەتەوراتدا هەیە نە لەقورئاندا. بەڵكو لەڕاستیدا سێ خوایی لەئینجیلیشدا باس نەكراوە. لە هیچ شوێنێكی ئینجیلدا باسی سێ خوایی نەكراوە ئەگەر بە ئاماژەیەكی بچوكیش بێت بەڵكو تێیدا باسی یەك خوا كراوە كە هاوبەشی نیە. قەشە گەورە كەللـەڕەقەكانیش ناچار بوون ئەوە قەبوڵ بكەن كە لەئینجیلدا فێركاری سێ خوایی بوونی نیە.
لێرەدا پرسیارێك دروست دەبێت: چۆن بیروباوەڕی سێ خوایی دزەی كردە ناو ئایینی مەسیحییەتەوە؟ هەڵبەت توێژەرە مەسیحییەكان وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە و گوتوویانە سێ خوایی لە بیروباوەڕی یۆنانیەكانەوە وەرگیراوە، ئەوان باوەڕیان بە سێ خوا هەبوو هەروەك چۆن هیندۆسەكان باوەڕیان بە سێ بت هەیە. كاتێك پۆڵس بایەخی دا بە (جوولەكە)([22]) -ویستی بەهەر شێوەیەك بێت یۆنانیەكان بهێنرێنە ناو مەسیحییەتەوە- لە مەسیحییەتدا سێ ئوقنومی (قەوارەی) پەیداكرد لەجیاتی سێ بت بۆ ڕازیكردنی یۆنانیەكان. ئەگینا هەرگیز مەسیح (عليه السلام) نەیزانیوە ئوقنوم چیە. بەڵكو فێركاریەكەی دەربارەی خوای گەورە فێركارییەكی سادە بوو وەكو فێركاری هەموو پێغەمبەران، واتە خوا یەكە و هاوبەشی نیە.
بزانن ئەم ئایینە كە بەناوی مەسیحییەتەوە بڵاودەكرێتەوە لەڕاستیدا ئایینی پۆڵسە نەك ئایینی مەسیح (عليه السلام)؛ چونكە مەسیح لە هیچ شوێنێكدا باسی بیروباوەڕی سێ خوایی نەكردووە، بەڵكو هەتا زیندوو بوو بەردەوام بانگەوازی دەكرد بۆلای خوای تاك كە هاوبەشی نیە. پاشان دوای مردنی بەردەوام یەعقووبی برای-كە جێنشینی بوو، وە پیاوێكی ساڵح بوو- بیروباوەڕی یەكتاپەرستی فێری خەڵكی دەكرد. بەڵام پۆڵس بەبێ هیچ هۆكارێك دژایەتی ئەم پیاوە ساڵحەی دەكرد، وە خەڵكی فێری بیروباوەڕێك دەكرد پێچەوانە بێت لەگەڵ بیروباوەڕە ڕاست و دروستەكانی ئەودا، وە لەكۆتاییدا پۆڵس بەڕادەیەك لەسنوور دەرچوو كە ئایینێكی نوێی داهێنا، وە بەتەواوەتی شوێنكەوتووانی خۆی دوورخستەوە لە كاركردن بە تەورات، وە بە خەڵكی گوت پاش ئەوەی مەسیح خۆی كردە قوربانی ئیتر پێویست ناكات كار بە شەریعەتی تەورات بكرێت لە ئایینی مەسیحییەتدا، وە خوێنی مەسیح بەسە بۆ لێخۆشبوونی تاوانەكان، وە پێویست ناكات كار بە تەورات بكرێت. پاشان پۆڵس پیسی و پۆخڵیەكی تری هێنایە ناو ئەم ئایینەوە كە ئەوە بوو گۆشتی بەرازی حەڵاڵ كرد بۆیان، لەگەڵ ئەوەی مەسیح (عليه السلام) لەئینجیلدا بە شتێكی پیسی داناوە، ئەوەتا ئەم وتەیەی خۆی لەئینجیلدا هاتووە: “دوڕ و مرواریەكانتان فڕێ مەدەنە بەرپێی بەرازەكان”. وە لەبەر ئەوەی مەسیح فێركاری پاكی ناوناوە دوڕ و مرواری، بۆیە بەڕاشكاوی بەهۆی ئەم بەراوردەوە دەچەسپێت كە خەڵكی پیس و شتی پیسی چوواندووە بە بەراز. لەڕاستیدا یۆنانیەكان گۆشتی بەرازیان دەخوارد هەروەك چۆن ئەوروپیەكانی ئەمڕۆ دەیخۆن، بۆیە پۆڵس بۆ ڕاكێشانی دڵی یۆنانیەكان گۆشتەكەی حەڵاڵ كرد بۆ شوێنكەوتووانی خۆی، لەگەڵ ئەوەی لە تەوراتدا هاتووە گۆشتی بەراز بەڕەهایی حەرامە، تەنانەت دەستلێدانیشی ڕەوا نیە.
پوختەی قسە ئەوەیە، هەموو خراپە و خەوشێك بەهۆی پوڵسەوە دزەی كردە ناو ئەم ئایینەوە. بەڵام مەسیح (عليه السلام) مرۆڤێكی ئەوپەڕی سادە و خۆبەكەمزان بوو بەڕادەیەك پێی خۆش نەبوو كەسێك بە “چاك” بانگی بكات، بەڵام پۆڵس كردی بەخوا. ئەوەتا لەئینجیلدا هاتووە كەسێك بە مەسیحی (عليه السلام) گوت: ئەی مامۆستای چاك… ئەویش پێی گوت: بۆچی بە چاك بانگم دەكەیت؟ وە باشترین بەڵگە لەسەر یەكتاپەرستی ئەو وتەیەی مەسیح خۆی بوو كە كاتێك هەڵواسرابوو لەسەر خاچەكە بەوپەڕی خۆبەكەمزانیەوە لەزاری هاتەدەر! واتە ئەم وتەیە: خوایە خوایە بۆچی بەجێتهێشتم؟ مەسیح بەم خۆبەكەمزانیەوە لەخوای گەورە پاڕایەوە و دانی پێدانا كە خوا پەروەردگاریەتی؛ ئایا كەسێكی ژیر هەیە بڵێت كەسێكی لەم جۆرە بانگەشەی خوایەتی كردووە؟ لەڕاستیدا ئەو كەسانەی پەیوەندی خۆشەویستی تایبەتییان هەیە لەگەڵ خوادا هەندێ جار خوا ناچاریان دەكات بەشێوەی خوازە و مەجاز هەندێ وشە بڵێن دەربارەی خۆیان كە نەفامەكان دەیانەوێت بەهۆی ئەم وشانەوە خوایەتی ئەو كەسانە بسەلمێنن. لە مەسیح (عليه السلام) زیاتر كۆمەڵێك وشەی لەم جۆرە سەبارەت بە من بەكارهێنراوە([23]). هەروەك خوا دواندمی و فەرمووی: “ئەی مانگ، ئەی خۆر، تۆ لەمنیت و من لەتۆم” هەموو كەسێك دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی ئەم ڕستەیە تەفسیر بكات، بەڵام مانا ڕاستەقینەكەی ئەوەیە سەرەتا خوا كردمی بە مانگ چونكە وەكو مانگ درەوشامەوە لەڕێگەی خۆرە ڕاستەقینەكەوە، پاشان خوا (عز وجل) خۆی بوو بە مانگ چونكە ڕۆشنایی شكۆی خوا (عز وجل) بەهۆی منەوە دەركەوت و دەردەكەوێت.
یەعقووبی كوڕی مەریەم -برای عیسا (عليه السلام)- لەڕاستیدا پیاوێكی ساڵح بوو، وە لە هەموو شتێكدا كاری بە تەورات دەكرد و باوەڕی بە خوای بێ هاوبەش هەبوو، وە گۆشتی بەرازی بە حەرام لەقەڵەم دەدا. وە وەكو جوولەكە لە نوێژدا ڕووی دەكردە بەیتولمەقدیس، وە خۆی بە جوولەكە دادەنا لە هەموو شتێكدا بەڵام باوەڕی هەبوو بە پێغەمبەرایەتی عیسا (عليه السلام). بەڵام پۆلس ڕق و بێزاری دروستكرد بەرامبەر بەیتولمەدیسیش، بۆیە غیرەتی خوای گەورە لەكۆتاییدا پەلاماری دا و یەكێك لە پاشاكان لەخاچی دا، ئاكامەكەی بەم شێوەیە بوو. بەڵام لەبەرئەوەی عیسا (عليه السلام) كەسێكی ڕاستگۆ بوو، وە لەلایەن خواوە ڕەوانەكرا بوو ڕزگاری بوو لە لەخاچدان بەجۆرێك خوای گەورە بەزیندوویی ڕزگاری كرد لێی. بەڵام لەبەرئەوەی پۆڵس وازیهێنا لە حەق و ڕاستی ئەوە بوو لەخاچدرا.
شایانی باسە بەدرێژایی ژیانی عیسا (عليه السلام) پۆڵس دوژمنێكی سەرسەختی بوو، وە بەگوێرەی مێژووی جوولەكە پۆلس دوای مردنی عیسا (عليه السلام) بوو بە مەسیحی بۆ ئەوەی هەندێ ئامانجی كەسی و تایبەتی خۆی بهێنێتەدی. وە لەبەرئەوەی ئەم ئامانجانە بەهۆی جوولەكەوە نەهاتنەدی بۆیە، بۆئەوەی تۆڵەی خۆی بكاتەوە، بوو بەمەسیحی و گوتی مەسیح (عليه السلام) لە كەشفێكدا چاوی پێی كەوتووە و ئەویش باوەڕی هێناوە پێی. وە سەرەتا نەمامی خراپی سێ خوایی ڕواند لە دیمەشقدا، وە سێ خوایی پۆڵسی لە دیمەشقەوە دەستی پێكرد. هەڵبەت لە فەرموودەی پێغەمبەردا (ﷺ) ئاماژە بۆ ئەم بابەتە كراوە و گوتراوە مەسیحی ئاییندە لە ڕۆژهەڵاتی دیمەشق دادەبەزێت، واتە بە هاتنی باوەڕی سێ خوایی لەناودەبات، وە وردە وردە دڵی خەڵكی ڕادەكێشێت بۆ لای یەكتاپەرستی. وە دابەزینی مەسیح لە ڕۆژهەڵات ئاماژەیە بۆئەوەی سەردەكەوێت؛ چونكە كاتێك ڕووناكی لەڕۆژهەڵاتەوە دەردەكەوێت زاڵ دەبێت بەسەر تاریكیدا([24]). شتێكی زۆر ئاشكرایە ئەگەر بڕیار بوایە پۆڵس وەك پێغەمبەرێك دەربكەوێك دوای مەسیح (عليه السلام)، وەك دەوترێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە مەسیح (عليه السلام) ڕایدەگەیاند. وە پێویست بوو بە تایبەتی لەبارەیەوە هەواڵ بدرایە چونكە پۆڵس بەردەوام زۆر بەتوندی دژی عیسا بوو بەدرێژایی ژیانی عیسا (عليه السلام)، وە بەردەوام جۆرەها پیلانی دەگێڕا بۆ ئازاردانی. ئیتر چۆن دەكرێت كەسێكی لەو جۆرە بە سەرڕاست و دەستپاك لەقەڵەم بدرێت پاش مردنی عیسا (عليه السلام) و متمانەی پێ بكرێت مەگەر پێشبینیەكی ڕوونی مەسیح لەبارەیەوە هەبوایە كە زۆر بەڕوونی ڕایبگەیاندایە لەداهاتوودا دەبێت بە پێغەمبەر و لەلایەن خواوە ڕەوانە دەكرێت و دەبێت بە كەسێكی زۆر پیرۆز لەدوای من ئەگەرچی زۆر بەتوندی دژایەتیم دەكات لەژیانمدا و ئازارم دەدات، بەتایبەتی كاتێك پۆڵس فێركارییەكی نوێی خستەڕوو لەلایەن خۆیەوە بەپێچەوانەی تەوراتی مووساوە بەجۆرێك گۆشتی بەرازی حەڵاڵ كرد، وە خەتەنەكردن فەرمانێكی جەختلێكراو بوو بەگوێرەی تەورات، وە هەموو پێغەمبەرانیش خەتەنە كران لەناویشیاندا خودی مەسیح (عليه السلام)، بەڵام پۆڵس ئەم فەرمانە خواییە دێرینەی هەڵوەشاندەوە، وە سێ خوایی جێگیر كرد لە جیاتی یەكتاپەرستی تەورات، وە كاركردن بە حوكمەكانی تەوراتی كرد بە شتێكی ناپێویست و لایدا لە ڕووكردنە بەیتولمەقدیس. بۆیە دەبوایە پێشبینیەك هەبوایە دەربارەی كەسێك شەریعەتی مووسای هەڵگێڕایەوە. كەواتە لەبەرئەوەی لەئینجیلدا پێشبینییەك نیە دەربارەی ئەوەی پۆڵس دەبێت بە پێغەمبەر، وە دژایەتیكردنی بۆ عیسا (عليه السلام) و دژایەتیكردنی بۆ فەرمانە هەمیشەییەكانی شتێكی چەسپاوە، ئیتر بۆچی كراوە بە سەركردەیەكی ئایینی؟ ئایا بەڵگەیەك هەیە لەسەر ئەمە؟
پاش ناسین، خاڵێكی تری گرنگ بۆ ڕزگاربوون بریتیە لە خۆشویستنی خوا. دیارە هیچ كەسێك نایەوێت ئەویندارەكەی سزا بدات بەڵكو خۆشەویستی خۆشەویستی ڕادەكێشێت و كێشی دەكات بۆلای خۆی. بۆیە ئەگەر كەسێك لەناخی دڵەوە كەسێكی تری خۆشویست ئەوا با دڵنیا بێت كە خۆشەویستەكەیشی هەرگیز دژایەتی ناكات، بەڵكو ئەگەر خۆشویستراو خۆشەویستەكەی ئاگادارنەكاتەوە لەوەی لەدڵەوە خۆشیدەوێت ئەوا بەلایەنی كەمەوە دەبێت كاریگەری خۆشەویستیەكەی دەربكەوێت بەوەی دژایەتی خۆشەویستەكەی نەكات. بۆیە گوتراوە: “دڵ ئاوێنەی دڵە”.
هێزێكی ڕاكێشان هەیە لە پێغەمبەرانی خوادا و لەخۆوە هەزارەها كەس ڕادەكێشرێن بۆ لایان و خۆشیان دەوێن بەڕادەیەك ژیانی خۆیان بەخت دەكەن لەپێناویاندا، هۆكارەكەش ئەوەیە پێغەمبەران دڵیان پڕە لە خۆشەویستی و دڵسۆزی بۆ مرۆڤەكان، تەنانەت ئەوان خەڵكیان خۆشدەوێت زیاتر لە خۆشەویستی دایك بۆ مناڵەكانی. وە حەوانەوەی ئەوانیان دەوێت ئەگەرچی بۆ ئەم مەبەستە خۆشیان تووشی ئێش و ئازار بكەن. وە لەكۆتاییدا ئەو هێزی كێشكردنە ڕاستەقینەیە تێیاندایە وردە وردە ئەو كەسانە ڕادەكێشێت بۆلایان كە فیترەتیان پاكە و سروشتیان ساغە. كەواتە مادام مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەی غەیبزان نیە، بەجۆرێك لەجۆرەكان ئاگادار دەبێت لە خۆشەویستی شاراوەی كەسێكی تر بۆی ئیتر چۆن خوای گەورە كە زانای نادیارە بێ ئاگا دەبێت لەو كەسەی بە پاكی و دڵسۆزیەوە خۆشی دەوێت؟ خۆشەویستی شتێكی سەیرە، ئاگرەكەی ئاگری خراپە دەكوژێنێتەوە و بڵێسەی تاوان دادەمركێنێتەوە. هەرگیز ناگونجێت سزا لەگەڵ خۆشەویستی ڕاستەقینە و زاتی و تەواودا كۆبێتەوە.
یەكێك لە نیشانەكانی خۆشەویستی ڕاستەقینە ئەوەیە لە فیترەتی خاوەنەكەیدا ترسێكی زۆر جێگیر دەبێت لەوەی خۆشەویستەكەی پەیوەندی بپچڕێنێت لەگەڵیدا، وە خۆی بە تیاچوو لەقەڵەم دەدات بەهۆی بچوكترین كەمتەرخەمی یان هەڵەوە كە ئەنجامی بدات، وە دژایەتی خۆشەویستەكەی بە ژهرێكی كوشندە دەزانێت بۆ خۆی، وە زۆر نیگەران و تامەزرۆ دەبێت بۆ دیداری خۆشەویستەكەی، وە سیس و وشك دەبێت بەوەی جیابوونەوە و دووركەوتنەوە لە خۆشەویستەكەی بێت بەبیریدا وەك ئەوەی خەریك بێت بمرێت. لەبەرئەوە تەنھا ئەو شتانە بە تاوان نازانێت كە خەڵكی گشتی بەتاوانیان دەزانن وەك كوشتن و زینا و دزی و شایەتیدانی درۆ، بەڵكو كەمترین بێ ئاگابوون لە خوا و كەمترین ئاوڕدانەوە لە غەیری خوا بەتاوانی زۆر گەورە لەقەڵەم دەدات. بۆیە بەردەوام داوای چاوپۆشی (ئیستیغفار) لە خۆشەویستە ئەزەلیەكەی دەكات. وە لەبەرئەوەی سروشتی ڕازی نابێت بە جیابوونەوە لە خوای گەورە لە هیچ كاتێكدا، بۆیە ئەگەر بەگوێرەی لاوازی مرۆیی بە ئەندازەی كێشی گەردیلەیەك بێ ئاگایی دەربكەوێت لێیەوە ئەوا بە تاوانێكی زۆر گەورەی دەزانێت بە ئەندازەی چیایەك. لەبەرئەوە ئەو كەسانەی پەیوەندی تەواو و پاك و بێگەردیان لەگەڵ خوای گەورەدا هەیە هەمیشە داوای لێبوردن و چاوپۆشی لە خوا دەكەن، چونكە لە داخوازیەكانی خۆشەویستی ئەوەیە ئەوینداری ڕاستگۆ هەمیشە نیگەران بێت لەوەی خۆشەویستەكەی لێی تووڕە بێت، وە لەبەرئەوەی دڵی تینوو كراوە بۆئەوەی بەتەواوەتی خوا لێی ڕازی بێت، بۆیە ئەگەر خوای گەورە پێی ڕابگەیەنێت كە لێی ڕازیە، ئەوا هەرگیز بەم ئەندازەیە ئارام ناگرێت، بەڵكو هەروەك چۆن مەیخۆر تەنها بە جارێك مەی خواردنەوە وازناهێنێت بەڵكو بەردەوام داوای زیاتر دەكات و خوو دەگرێت پێیەوە، بەهەمان شێوە كاتێك سەرچاوەی خۆشەویستی خوا لە مرۆڤدا هەڵدەقوڵێت ئەوا بەگوێرەی سروشتی دۆخەكە ئەم خۆشەویستیە داخوازی ئەوە دەكات ڕەزامەندی خوای گەورە زیاتر و زیاتر بێت. بەم شێوەیە بەهۆی تین و تاوی خۆشەویستیەكەوە داوای لێبوردن و چاوپۆشینیش زۆرتر دەبێت. لەبەر ئەم هۆكارە ئەو كەسانەی گەیشتوونەتە چڵەپۆپە لە خۆشویستنی خوادا بە بەردەوامی دوای چاوپۆشی لەخوا دەكەن و ئیستیغفار دەكەن بە ویری خۆیان لەهەموو كات و ساتێكدا. وە گەورەترین نیشانەی كەسی مەعصوم و بێ تاوان ئەوەیە كە لە كەسانی تر زیاتر ئیستیعفار دەكات.
مانای ڕاستەقینەی ئیستیغفار بریتیە لە كۆمەكی خواستن لە خوای گەورە بۆ دوورخستنەوەی هەر تاوان و هەڵە و كەمتەرخەمییەك كە بكرێت لە مرۆڤەوە دەربكەوێت بەهۆی لاوازی سروشتی مرۆییەوە، وە بۆ ئەوەی بەهۆی فەزڵی خواوە لاوازی و ناتەواویەكانی بە ئاشكرا دەرنەكەوێت بەڵكو بە شاراوەیی و پەردەپۆشكراوی بمێننەوە. پاشان مانای ئیستیغفار درێژكراوەتەوە بۆ خەڵكی گشتی، وە مانایەكی تری پێ بەخشراوە كە ئەوەیە خوای گەورە-لەدنیا و دواڕۆژدا- مرۆڤ بپارێزێت لە لێكەوتەكانی تاوان و كاریگەریە ژەهراویەكانی هەر هەڵە و كەمتەرخەمییەك كە پێشتر لێیەوە دەركەوتووە. كەواتە، سەرچاوەی ڕزگاربوونی ڕاستەقینە بریتیە لە خۆشەویستی مرۆڤ بۆ خوا (عز وجل) كە ئەمیش بەڕۆڵی خۆی خۆشەویستی خوای گەورە ڕادەكێشێت لەڕێگەی خۆبەكەمزانی و نزا و پاڕانەوە و ئیستیغفاری هەمیشەیی مرۆڤەوە. وە كاتێك خۆشەویستی مرۆڤ دەگاتە ئاستی تەواوی و بێ كەموكوڕی، وە هەوا و ئارەزووە دەروونیەكانی بە ئاگری خۆشەویستی خوا دەسووتێن، ئەوسا خۆشەویستی خوا بۆ مرۆڤەكە وەكو بڵێسەیەك بە یەكجار دادابەزێتە سەر دڵی و لە پیسی و پۆخڵیەكانی ژیانی نزمی دنیایی پاكی دەكاتەوە. ئینجا ڕەنگی پاك و خاوێنی خوای زیندوو و ڕاگر دەگرێت، وە سێبەرئاسا بەشدار دەبێت لە سەرجەم سیفەتەكانی خوای گەورەدا. لەو كاتەدا دەبێت بە دەركەوتەیەك بۆ درەوشانەوەكانی شكۆی خوای گەورە. وە لە دنیادا بەهۆی ئەو مرۆڤەوە ئەو ڕاز و نهێنیانە ئاشكرا دەبن كە لە گەنجینەی ئەزەلی پەروەردگارێتیدا حەشاردراون و شاردراونەتەوە.
وە لەبەرئەوەی خوا، كە ئەم جیھانەی دروست كردووە، ڕژد و چرووك نیە بەڵكو لێشاوی نیعمەت و بەرەكەتەكەی بەردەوام سەرڕێژی كردووە، وە ناو و سیفەتەكانی هەرگیز ناوەستن و لەكارناكەون، بۆیە خوا (عز وجل) هەمان ئەو نیعمەتانەی كە داویەتی بە پێشینان دەیاندات بە پاشینانیش بەو مەرجەی تەقوایان هەبێت و هەوڵ بدەن، هەروەك خۆی لە قورئانی پیرۆزدا ئەم دوعایەمان فێردەكات: {ٱهۡدِنَا ٱلصِّرَٰطَ ٱلۡمُسۡتَقِيمَ * صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ غَيۡرِ ٱلۡمَغۡضُوبِ عَلَيۡهِمۡ}. مانای ئەم ئایەتە ئەوەیە كە ئەی پەروەردگار هەمان ئەو نیعمەت و چاكانەی لەڕابردوودا خەڵاتت كردوون بە سەرجەم پێغەمبەران و ڕاستگۆیان، خەڵاتی بكە بە ئێمەش و بێ بەشمان مەكە لە هیچ چاكە و نیعمەتێكی خۆت. هەڵبەت لەم ئایەتەدا بەڵێنێكی مەزن دراوە بەم ئوممەتە كە ئوممەتەكانی پێشوو هاوبەشیان نین تێیدا، چونكە نیعمەت و بەرەكەتەكانی هەموو پێغەمبەران لە ڕابردوودا بەش بەش بوون، وە هەریەكەیان جۆرێك لە بەرەكەت و نیعمەتیان پێگەیشتووە. بەڵام ئێستا خوای گەورە ئەم ئوممەتەی فێری ئەم دوعایە كردووە كە داوای سەرجەم ئەو نیعمەت و بەرەكەتە جواروجۆر و بەش بەشانەی لێ بكەن. دەی ئاشكرایە كاتێك سیفەت و بەرەكەتە جیا جیاكان لە شوێنێكدا كۆدەبنەوە ئەوا بە هەموویانەوە زۆرتر و گەورەتر دەبن لە سیفەت و بەرەكەتە بەش بەش و جیاجیاكان. بۆیە خوای گەورە فەرموویەتی: {كُنتُمۡ خَيۡرَ أُمَّةٍ أُخۡرِجَتۡ لِلنَّاسِ}([25])، واتە ئێوە لە هەموو ئوممەتەكان باشترن بەهۆی سیفەتە تەواوەكانتانەوە.
وە لێرەدا با ئەوەیش بزانرێت بۆچی بەڵێندراوە بە كۆكردنەوەی هەموو سیفەتە تەواوە بەش بەشەكان لەم ئوممەتەدا؟ هۆكارەكە ئەوەیە پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) كۆكەرەوەی سەرجەم سیفەتە تەواوە بەش بەشەكانە وەك خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {فَبِهُدَىٰهُمُ ٱقۡتَدِهۡۗ}([26]). واتە پەیڕەوی هەر جۆرە ڕێنموونیەك بكە كە دراوە بە هەموو پێغەمبەرانی پێشوو. وە شتێكی بەڵگەنەویستە ئەو كەسەی لەخۆیدا هەموو ئەو ڕێنموونیە بەش بەشانە بەرجەستە بكات لە هەموو پێغەمبەران مەزنتر دەبێت. وە ئەو كەسەی شوێن ئەم پێغەمبەرە دەكەوێت، كە كۆكەرەوەی هەموو سیفەتە تەواوەكانە، دەبێت ئەویش سێبەرئاسا كۆكەرەوەی هەموو سیفەتە تەواوەكان بێت. كەواتە مەبەست لە فێربوونی ئەم دوعایە لە سوورەتی الفاتحة دا ئەوەیە ئەو باوەڕدارە تەواوانەی لەم ئوممەتەدا شوێن ئەم پێغەمبەرە دەكەون كە كۆكەرەوەی هەموو سیفەتە تەواوەكانە ئەوانیش دەبن بە كۆكەرەوەی هەموو سیفەتە تەواوەكان.
بەداخەوە بۆ ئەو كەسانەی كە ئەم ئوممەتە بە ئوممەتێكی مردوو لەقەڵەم دەدەن. بێگومان خوای گەورە دوعایەكیان فێردەكات بۆ ئەوەی ببن بە كۆكەرەوەی هەموو فەزڵ و تەواویەكان بەڵام ئەوان دەیانەوێت بە مردوویی بمێننەوە. وە بەلایانەوە تاوانێكی گەورەیە كەسێك بانگەشەی ئەوە بكات وەحی دادەبەزێتە سەری وەكو عیسای كوڕی مەریەم([27])، بۆیە ئەم كەسە كافرە لەلایان چونكە باوەڕیان وایە دەرگای گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی داخراوە هەتا ڕۆژی قیامەت. سەیرە ئەم كەسانە لەگەڵ ئەوەی دەڵێن خوای گەورە ئێستاش دەبیستێت وەك چۆن لەڕابردوودا دەیبیست، بەڵام باوەڕیان بەوە نیە كە قسەیش بكات وەك چۆن لەڕابردوودا قسەی دەكرد. لەگەڵ ئەوەی ئەگەر لەم سەردەمەی ئێستادا قسە ناكات ئەوا ئەستەمە بەڵگە هەبێت لەسەر ئەوەی دەبیستێت. چەند بەدبەختن ئەو كەسانەی سیفەتەكانی خوای گەورە پووچەڵ دەكەنەوە! ئەو كەسانە دوژمنی ڕاستەقینەی ئیسلامن، بەجۆرێك مانایەك لە خەتمی پێغەمبەرایەتیەوە وەردەگرن كە لە ئەسڵدا پێغەمبەرایەتی پووچەڵ دەكاتەوە، ئایا بۆمان هەیە وەها تێبگەین لە خەتمی پێغەمبەرایەتی كە ماناكەی ئەوەیە سەرجەم ئەو بەرەكەتانەی كە دەكرێت بەهۆی بەرەكەتی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەدەستبهێنرێن لە ئێستادا پچڕاون؟ وە ئێستا هیچ سوودێكی نیە ئومێدمان هەبێت بە گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوایی؟ نەفرەتی خوا لە درۆزنان. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت ئایا دەتوانن ڕوونی بكەنەوە بۆمان چ سوودێك هەیە لە شوێنكەوتنی پێغەمبەردا (ﷺ)؟ وە ئەوانەی كە لە دەستیاندا تەنها چیرۆكەكانی پێشوو هەیە ئایینەكەیان مردووە و دەرگای ناسینی خوا داخراوە بەڕوویاندا. بەڵام ئیسلام ئایینێكی زیندووە، وە خوای گەورە لە سوورەتی الفاتحة لە قورئانی پیرۆزدا باوەڕدارانی كردووە بە میراتگری چاكە و بەرەكەتی پێغەمبەرانی پێشوو، وە دوعایەكی فێركردوون تێیدا داوای هەموو ئەو نیعمەتانە بكەن كە بەخشیویەتی بە پێغەمبەرانی پێشوو. بەڵام ئەو كەسەی كە لە دەستیدا تەنھا چیرۆكی ڕابردوو هەیە لەكوێ پێی دەوترێت میراتگری ئەم نیعمەتانە؟ زۆر بەداخەوە بۆ ئەم كەسانە بەجۆرێك سەرچاوەی هەموو نیعمەت و بەرەكەتەكان هەڵقوڵا بۆیان بەڵام نایانەوێت تەنانەت یەك مشتی لێ بخۆنەوە.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ قسەكەی پێشووم و دەڵێم: سەرچاوەی ڕزگاری بریتیە لە خۆشەویستی و ناسینی خوا. هەركاتێك ناسین زیاد بكات لەگەڵیدا خۆشەویستیش زیاتر دەبێت، چونكە هۆكاری هەڵقوڵانی خۆشەویستی یان جوانیە یاخود چاكی، وە بەهۆی ئەم دوو شتەوە خۆشەویستی هەڵدەقوڵێت. كاتێك مرۆڤ ئاگادار دەبێت لە جوانی و چاكی خوا و دەبینێت پەروەردگارمان چەندە جوانە بەهۆی سیفەتە خۆییە جوانە بێ سنوورەكانیەوە، وە چۆن چاكە بێسنوورەكانی دەورەیان داوین ئەوا شتێكی سروشتیە ئەم ناسینە ئەو خۆشەویستیە دەخرۆشێنێت كە لە ئەزەلەوە خراوەتە فیترەتیەوە. وە لەبەرئەوەی خوای گەورە زیاتر لە غەیری خۆی ڕازاوەتەوە بە جوانی و تەواوی، وە سیفەتی چاكە و سەڕێژبوونی بەردەوامی چاكە و نیعمەتی هەیە، بۆیە ئەو بەندەیەی بەشوێنیدا دەگەڕێت([28]) پاش زانینی ئەم سیفەتانە خۆشی دەوێت بەجۆرێك هیچ كەسێك بە هاوشێوە و تاكی ئەو نازانێت، بۆیە خوا (عز وجل) بە تاك و بێ هاوبەش دەزانێت، نەك تەنھا بە زمان بەڵكو بەشێوەیەكی كردەییش، وە شەیدای سیفەتە جوانەكانی و خوڕەوشتی پیرۆزی دەبێت. لەگەڵ ئەوەی تۆوی خۆشەویستی خوا لە ئەزەلەوە لە فیترەتی مرۆڤدا چێنراوە، بەڵام تەنھا ئەو كاتە چەكەرە دەكات كە بە ئاوی ناسینی خوا ئاودەدرێت؛ چونكە هیچ ئەویندارێك ڕاناكێشرێت بۆلای خۆشەویستەكەی هەتا نەیناسێت و درەوشانەوەی جوانی و خوڕەوشتی نەبینێت و لێی نزیك نەبێتەوە. وە كاتێك ناسینی تەواوەتی دەڕەخسێت بۆ مرۆڤ ئەو كاتە بڵێسەی پرشنگداری خۆشەویستی خوا دێتەخوارەوە بۆسەر دڵی مرۆڤەكە و بەیەكجار ڕایدەكێشێت بۆلای خۆی (عز وجل). ئەوسا ڕۆحی مرۆڤ لەبەرقاپی خۆشەویستە ئەزەلیەكەیدا بەوپەڕی خۆبەكەمزانی و عیشقەوە دەكەوێت و سوژدە دەبات، وە لەدەریای یەكتایی خوای گەورەدا نوقم دەبێت كە كەناری نیە، وە پاك و خاوێن دەبێتەوە بەڕادەیەك هەموو چڵك و چەپەڵیەكانی دنیای لێ دەبێتەوە، وە گۆڕانێكی نوورانی تێیدا ڕوودەدات، بەمەش ڕۆح بێزدەكاتەوە لە شتە پیسەكان وەك چۆن خوا بێزیان لێ دەكاتەوە. ئیتر ویست و ڕازیبوونی خوا دەبێت بە ویست و ڕازیبوونی بەندە.
بەڵام وەك كەمێك پێشتر گوتم، بۆ ئەوەی ئەم خۆشەویستیە بگاتە ئاستێكی زۆر بەرزی هەڵقوڵان پێویستە ئەو ڕێبوارە ڕۆحیەی بەرەوخوا دەچێت بەتەواوەتی ئاگادار بێت لە جوانی و چاكیەكانی خوا، وە ئەو ڕاستیە لەدڵیدا ڕەگ دابكوتێت كە خوای گەورە بێ كۆتا سیفەتی جوانی هەیە، وە ئەوپەڕی چاكەی كردووە لەگەڵ مرۆڤدا، هەروەك ئێستاش ئامادەیە ئەوپەڕی چاكەی لەگەڵدا بكات. سوپاسی خوا دەكەین كە هەموو ئەو پێداویستیانەی دابینكردووە بۆ ئەم ئوممەتە كە بەهۆیانەوە دەگات بە ناسینی تەواوەتی خوا. هەست بە شەرمەزاری ناكەین([29]). كاتێك حەمد و سوپاسی دەكەین. وە ئێمە باوەڕمان وایە هەموو ئەو جوانیانەی كە دەكرێت بە بیردا بێن لە زات و سیفەتەكانی خوادا بوونیان هەیە. وەك ئارییەكان باوەڕمان وا نیە خوا ناتوانێت ڕۆح یان گەردیلە دروست بكات، وە وەكو ئەوان ناڵێین خوا ڕژد و چرووكە-پەنا بە خوا- بەڕادەیەك نایەوێت ڕزگاربوونی هەمیشەیی ببەخشێت بە هیچ كەسێك، وە ناڵێین ناتوانێت ئەمە بكات. وە هاوشێوەی ئارییەكان ناڵێین دەرگای وەحی خوایی بۆ هەتاهەتایە داخراوە، وە هاوشێوەی ئەوان ناڵێین خوا دڵی ڕەقە بەڕادەیەك تۆبەی خەڵكی قەبوڵ ناكات بەڵكو بلیۆنەها جار دەیانخاتە ناو پڕۆسەی لەبەرگرتنەوەی گیانەكانەوە وەك سزایەك لەسەر یەك تاوان. وە ناڵێین توانای نیە تۆبە قەبوڵ بكات. وە وەكو مەسیحیەكان ناڵێین جارێكیان خوایەكەمان مرد، وە بەدەستی جوولەكە قۆڵبەست كرا و خرایە زیندانەوە و لەسەر خاچیش هەڵواسرا، وە لەسكی ئافرەتێكەوە لەدایك بوو بگرە برای تری هەبوون. وە هاوشێوەی مەسیحیەكان ناڵێین خوایەكەمان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ چووە ناو دۆزەخەوە بۆ ئەوەی تاوانەكانی خەڵكی بسڕێتەوە، پەنا بەخوا، وە نەیتوانی بەندەكانی ڕزگار بكات لە تاوانەكان ئەگەر سەرەتا لەپێناوی ئەواندا نەمردایە و نەچووایەتە ناو دۆزەخەوە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ . وە هاوشێوەی مەسیحیەكان ناڵێین وەحی و ئیلهام كۆتایی هاتووە پاش پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ)، وە دەرگای گفتوگۆ و ئاخاوتنی خوا لە ئێستادا بەتەواوەتی بەستراوە. چونكە خوای گەورە لە سوورەتی الفاتحة دا ئێمەی كردووە بە میراتگری نیعمەتە جیاجیاكانی سەرجەم پێغەمبەرانی پێشوو، وە ئەم ئوممەتەی بە باشترین ئوممەت ئەژماركردووە. بۆیە بێگومان خوا لە ئوممەتەكانی غەیری خۆمان باوەڕێكی مەزنتری پێ بەخشین بە جوانی و چاكیەكانی خۆی كە سەرچاوەی خۆشەویستیە. وە نەزانترین و چارەڕەشترین موسوڵمان ئەوانەن كە نكوڵی دەكەن لە تەواوی و بێ كەموكوڕی جوانی و چاكیەكانی خوا (عز وجل). لەلایەكەوە تاك و تەنھایی خوا لەكەدار دەكەن بەوەی دروستكراوانی خۆی دەكەن بە هاوبەشی لە سیفەتە تایبەتەكانیدا([30])، دواجار جوانی تاك و تەنھاییە ڕۆشنەكەی دەگۆڕن بۆ تاریكی بەوەی كەسێكی تر دەكەن بە هاوبەشی، وە لەلایەكی ترەوە خۆیان بەوە دادەنێت كە بێ بەشن لەبەرەكەتە هەمیشەییەكانی پێغەمبەر (ﷺ) وەك ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) چرایەكی ڕۆشن نەبێت بەڵكو چرایەكی خامۆش و كوژاوە بێت و ئەستەم بێت كۆمەڵێك چرای تری پێ دابگیرسێت. وە دان بەوەشدا دەنێن مووسا پێغەمبەر چرایەكی ڕۆشن و زیندوو بوو، وە سەدەها چرای تری داگیرساندووە لە شێوەی كۆمەڵێك پێغەمبەردا. وە مەسیح (عليه السلام) شكۆداركرا بە پێدانی نیعمەتی پێغەمبەرایەتی لە ئەنجامی شوێنكەوتنی مووسا و كاركردن بە حوكمەكانی تەورات و لە ئەستۆگرتنی نیری شەریعەتی مووسا بۆ ماوەی سی ساڵ. بەڵام باوەڕیان وایە شوێنكەوتنی گەورە و سەروەرمان موحەممەد (ﷺ) نابێتە هۆی پێدانی نیعمەتێكی ڕۆحی تێبینیكراو بە هیچ كەسێك، بەڵكو باوەڕیان وایە لەلایەك پێغەمبەر (ﷺ) بێ بەشە لە مناڵی نێرینە، كە میراتگری ماددیە بۆی، بەگوێرەی مانای ئەم ئایەتە: {مَّا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَآ أَحَدٖ مِّن رِّجَالِكُمۡ}([31])، وە لەلایەكی ترەوە شاد نەبوو بە كوڕی ڕۆحیش تاكو ببێتە میراتگری فەزڵە ڕۆحیەكانی، وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَلَٰكِن رَّسُولَ ٱللَّهِ وَخَاتَمَ ٱلنَّبِيِّۧنَۗ} هیچ مانایەكی نیە. ئاشكرایە پیتی “لَٰكِن” لەعەرەبیدا مانای ڕاستكردنەوە دەگەیەنێت، وە ڕایدەگەیەنێت ئەو شتەی بە شێوازێك جێبەجێ نەبووە بەشێوازێكی تر جێبەجێ دەبێت. بۆیە لەم سیاقەدا مانای ئایەتەكە ئەوەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) مناڵی نێرینەی نیە لەڕووی ماددییەوە، بەڵام لەداهاتوودا بەڕێژەیەكی زۆر مناڵی رۆحی دەبێت، وە ئەو (ﷺ) كراوە بە خاتەمی پێغەمبەران. واتە هیچ كەسێك لە داهاتوودا فەزڵی پێغەمبەرایەتی بەدەستناهێنێت ئەگەر بڕوانامەی شوێنكەوتنی ئەو بەدەستنەهێنێت.
ئەمەیە مانای ڕاستەقینەی ئایەتەكە بەڵام ئەو كەسانە بەتەواوەتی ماناكەیان پێچەوانەكردەوە و نكوڵییان كرد لە بەخشینی نیعمەتی پێغەمبەرایەتی لەداهاتوودا، لەگەڵ ئەوەی ئەم نكوڵیكردنە بەمانای وشە سووكایەتیكردنە بە پێغەمبەر (ﷺ) و وا پێویست دەكات بوترێت ناتەواوە. چونكە تەواوی پێغەمبەر ئەوەیە بتوانێت فەزڵی پێغەمبەرایەتی، سێبەرئاسا، بگوازێتەوە بۆ شوێنكەوتووانی، وە لەڕووی ڕۆحیەوە بەتەواوەتی پەروەردەیان بكات. پێغەمبەران تەنھا بۆ جێبەجێكردنی ئەم مەبەستە ڕەوانەدەكرێن، وە وەكو دایك عەوداڵانی ڕێگای ڕاست لەئامێز دەگرن و شیری ناسینی خوایان دەرخوارد دەدەن. جا ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) خاوەنی ئەم شیرە نەبێت ئەوا لە ئەسڵدا پێغەمبەرایەتیەكەی ناچەسپێت، پەنا بە خوا. بەڵام خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا پێغەمبەری (ﷺ) ناوناوە چرایەكی ڕووناكی بەخش كە ئەوانی تر ڕووناك دەكاتەوە، شوێنەواری ڕۆشناییەكەی لەسەر ئەوانی تر دادەنێت و دەیانكات بە هاوشێوەی خۆی. وە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) خاوەنی لێشاوی سەرڕێژی بەرەكەتی ڕۆحانی نەبوایە، پەنا بە خوا، ئەوا ڕەوانەكردنی بۆ دنیا كارێكی هەوانتە و بێ مانا دەبوو. وە لەلایەكی ترەوە خوایش (عز وجل) فێڵباز دەردەچوو چونكە دوعایەكی فێری خەڵكی كردووە كە داوای فەزڵەكانی سەرجەم پێغەمبەران بكەن، بەڵام هەرگیز نیازی ئەوە نەبووە ئەو فەزڵ و نیعمەتانەیان پێ ببەخشێت، بەڵكو حەزی كردووە هەمیشە لەتاریكیدا بمێننەوە.
بەڵام ئەی موسوڵمانان وریا بن! ئەم بیروباوەڕە شتێك نیە جگە لە ئەوپەڕی نەزانین و گەمژەیی. ئەگەر ئیسلام ئایینێكی مردوو بێت بەم شێوەیە ئەوا دەتوانن بانگەوازی چ گەلێك بكەن بۆ باوەڕهێنان پێی؟ ئایا تەرمی ئەم ئایینە هەڵدەگرن و دەچن بۆ یابان یان پێشكەشی دەكەن بە ئەوروپا؟ كێ هەیە ئەوەندە گەوج بێت باوەڕ بە ئایینێكی مردوو بكات كە ئەگەر بەراورد بكرێت بە ئایینەكانی پێشوو؛ ئەوا دەبینرێت بێ بەشە لە هەر بەرەكەت و ڕۆحانیەتێك؟ لە ئایینەكانی پێشوودا ئافرەتانیش وەحی خواییان پێدەگەیشت وەك دایكی مووسا و مەریەم. بەڵام تەنانەت پیاوەكانی ئێوە وەك ئەم ئافرەتانەش دەرناچن!!
بێدار ببنەوە ئەی ساویلكە سەرگەردانەكان، وە بزانن گەورە و سەروەرمان، هەزارەها سڵاوی لێ بێت، لە گەیاندنی لێشاوی بەرەكەت بەوانی تر پێشی هەموو پێغەمبەرانی داوەتەوە، چونكە لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەرانی پێشوو پچران كاتێك گەیشتنە خاڵێكی دیاریكراو، وە ئێستا لە گەل و ئایینەكانیاندا هیچ شوێنەوارێكی ژیان نەماوە. بەڵام لێشاوی بەرەكەتی ڕۆحانی پێغەمبەرمان (ﷺ) بەردەوامە هەتا ڕۆژی قیامەت. لەبەرئەوە ئەم ئوممەتە پێویستی بە مەسیحێك نیە لەدەرەوەی خۆیەوە بێت لەگەڵ بوونی لێشاوی بەرەكەتی ناوبراوی پێغەمبەردا (ﷺ). بەڵكو لەڕاستیدا بەهۆی كاریگەری باشی پێغەمبەری ئازیزەوە (ﷺ) دەكرێت تەنانەت مرۆڤێكی ئاسایی ببێت بە مەسیح وەك چۆن خوا منی بەندەی لاوازی كرد.
ئێستا دەگەڕێمەوە بۆ ناوەڕۆكی بابەتەكە و دەڵێم فەلسەفەی ڕێگای ڕزگاری كە قورئانی پیرۆز دەیخاتەڕوو ئەوەیە فیترەتی مرۆڤ هەر لەكۆنەوە لەلایەكەوە ژەهرێكی تێكراوە كە تاوان لەبەرچاویدا شیرین دەكات، وە لەلایەكی ترەوە هەر لەكۆنەوە چارەسەرەكەشی دانراوە لە فیترەتیدا كە خۆشەویستی خوای گەورەیە. ئەم دووهێزە بەردەوام كار لە مرۆڤ دەكەن لەو كاتەوەی دروستكراوە. هێزی ژەهراوی دەیبات بەرەو سزا، وە هێزی چارەسەر كە بریتیە لە هێزی خۆشەویستی خوا تاوان دەسووتێنێت وەك چۆن ئاگر چیلكە و پووش دەسووتێنێت. هەرگیز ڕاست نیە وا بیربكەینەوە هێزی تاوان كە مرۆڤ دەبات بەرەو سزادان لە ئەزەلەوە دانراوە لەناو فیترەتی مرۆڤدا بەڵام هۆكارەكانی ڕزگاربوون لە تاوان تەنھا ماوەیەكی كەمە دروستبوون، واتە لەو كاتەوەی مەسیح هەڵواسرا لەسەر خاچ. هیچ كەسێك ئەم باوەڕە قەبوڵ ناكات مەگەر كەسێكی بێ عەقڵ. لەڕاستیدا ئەم دوو هێزە لەكاتی دروستبوونی مرۆڤەوە دانراون لە سروشتیدا. بۆیە ناكرێت و ناگونجێت خوا لەسەرەتاوە حەزی تاوانی دانابێت لە سروشتی مرۆڤدا، بەڵام لەبیری چوو بێت هۆكارەكانی ڕزگاربوون بسازێنێت بۆی، وە تەنها دوای چوار هەزار ساڵ ئەمە هاتبێت بەدڵیدا.
لێرەدا وتارەكە كۆتایی دەهێنم و لەبەر خاتری خوا ئامۆژگاریتان دەكەم كە ئەگەر ئێوە لەڕاستیدا بەرەكەتە زیتندووەكانتان دەوێت ئەوا ڕوومەكەنە مەسیح كە لەزووەوە مردووە و بە ئەندازەی كێشی گەردیلەیەك لە بەرەكەتە زیندووەكانی نەماوە، وە گەلەكەی، لەجیاتی مەست بوون بە خۆشەویستی خوا، پێشی هەموو گەلانیان داوەتەوە لە مەستبوون بە مەی. وە لەجیاتی ئەوەی ماڵ و سامانی ئاسمانی كۆبكەنەوە لای خۆیان شەیدای كۆكردنەوەی ماڵ و سامانی دنیایی بوون تەنانەت ئەگەر بەهۆی قوماریشەوە بێت. بەڵكو پێویستە لەسەرتان بێنەناو كۆمەڵی مەسیحی موحەممەدیەوە كە ئەو كەسەیە “پێشەواتانە لەخۆتان”، وە كۆمەڵێك بەرەكەتی نوێ پێشكەش دەكات، وە بژاردە لەدەستی خۆتاندایە.
نووسەر:
میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی، مەسیحی بەڵێندراو
*****
پاڕانەوە لە خوای خاوەن شكۆ
ئەی خوای خاوەن شكۆ، ڕۆح و دڵ و هەموو گەردیلەیەكی بوون و قەوارەم فیدای تۆ بێت
بەڕەحمەتی خۆت هەموو ڕێگاكانی ناسینی خۆتم بۆ بكەرەوە.
ئەو فەیلەسووفەی كە بە عەقڵ دەگەڕێت بۆ تۆ كەسێكی گەمژەیە؛
چونكە ئەو ڕێگا شاراوەیەی كە دێت بۆ لای تۆ دوورە لە پەیبردنی عەقڵی ئەوانەوە.
هیچ یەكێكیان ماڵە پیرۆزەكەی تۆیان نەدۆزیەوە؛
تەنھا بەهۆی نیعمەتە بێ سنوورەكانی تۆوە هەموو كەسێك دەیدۆزێتەوە.
تۆ هەردوو جیهان دەبەخشیت بەو كەسانەی عاشقی ڕوخسارتن؛
بەڵام هەردوو جیهان هیچ بایەخێكیان نیە لەدیدی بەندەكانی تۆدا.
بە ڕەحم و بەزەییەوە بڕوانە هەتا شەڕ و كێشە كۆتایی بێت؛
لەڕاستیدا جیهان پێویستی بە بەڵگەی تۆیە.
نیشانەیەك پیشان بدە
بۆ ئەوەی ڕووناكی تۆ لەجیهاندا بدرەوشێتەوە؛
وە بۆ ئەوەی بێ باوەڕ ببێت بە یەكێك لەوانەی شەو و ڕۆژ ستایشت دەكەن.
هەرگیز خۆم نیگەران و خەمبار ناكەم ئەگەر هەموو جیهان ژێرەوژوو بێت؛
ئەوەی نیگەران و خەمبارم دەكات تەنها ئەوەیە كە ڕێگا ڕۆشنەكەت ون بێت و نەزانرێت.
دیبەیتە ئایینیەكان هیچ سوودێك نابەخشن
سنوورێكیان بۆ دابنێ بەهۆی نیشانە مەزنەكانتەوە.
بەهۆی بوومەلەرزەوە ویژدانی خەڵكی بجووڵێنە
هەتا بە ترس و لەرزەوە بێن بۆ بەر دەرگاكەت.
لەبەرگی بوومەلەرزەدا كانیاوی ڕەحمەت هەڵقوڵێنە؛
هەتا كەی بەندە چاو بەگریانەكەت لەخەفەتدا بسووتێت؟
*****
پەراوێزەكان:
([1]) ئەم ناوە مانای ئەوە نیە كتێبەكە سەرچاوەی ئایینی مەسیح (عليه السلام) بێت؛ چونكە فێركاری مەسیح كە لەدنیادا ون بووە و نەماوە، ئەم بیروباوەڕە باوانەی ئێستای فێری خەڵكی نەكردووە، بەڵكو ئەو فێركاریەی ئێستا باوە داهێنراوی مەسیحیەكان خۆیانە، بۆیە ناومنا “سەرچاوەی مەسیحیەت” نووسەر.
([2]) پێویستە لێرەدا وەها تێگەیشتن نەكرێت بۆ وشەی جەنگ كە ئەم جەنگە بە شمشێر یان بە تفەنگ دەكرێت، چونكە خوای گەورە ئەم جۆرە جیھادەی هەڵوەشاندووەتەوە، وە هەڵوەشاندنەوەی ئەم جۆرە لە جیھاد لەسەردەمی مەسیحی بەڵێندراودا شتێكی پێویست بوو هەروەك قورئانی پیرۆز پێشبینی كردووە، وە لە سەحیحی بوخاریشدا فەرموودەی: “جەنگ هەڵدەگرێت” هاتووە دەربارەی مەسیحی بەڵێندراو. نووسەر.
([3]) هەموو ئەو شتانەی وەك وەڵامدانەوەیەك نووسیومە و شایستەی پلەوپایەی عیسا (عليه السلام) نیە، بەگوێرەی بیروباوەڕی بەرامبەر نووسیومە، بەڵكو لەڕاستیدا ئەوەم گواستووەتەوە كە جوولەكە گوتویانە. ئەگەر قەشەكان پابەند بوونایە بە داخوازیەكانی ئەدەب و تەقوای خواوە و جنێویان نەدایە بە پێغەمبەرمان (ﷺ)؛ ئەوا موسوڵمانانیش بەڕۆڵی خۆیان بیست جار زیاتر لەوان پابەند دەبوون بە ئەدەبەوە. نووسەر.
([4]) لە ئایینی مەسیحیەتدا هەموو جۆرە درۆ و بوختانێك ڕەوایە بۆ پشتگیریكردنی ئایین، بگرە ئەم كارە مایەی پاداشتی چاكەیە لەلایەن خواوە، بڕوانن بۆ فێركارییەكانی پۆڵس. نووسەر.
([5]) قەشە “فاندەر” لە كتێبەكەی “میزان الحق”دا دانی بەوەدا ناوە كە عەرەبە مەسیحیەكانیش وەك دڕەندە وابوون و تەواو نەفام بوون. نووسەر.
([6]) قورئانی پیرۆز پاك و بێگەردی خۆی سەلماندووە بەو بانگەشەیەی كە موعجیزەیە و كتێبێكی بێ وێنەیە، چونكە بەدەنگی بەرز ڕایگەیاندووە ئەگەر لەجیھاندا كەسێك هەیە قورئان بە كەلامی مرۆڤ لەقەڵەم بدات ئەوا با وەڵام بداتەوە و ئەمە بسەلمێنێت، بەڵام هەموو نەیارەكان بێدەنگ بوون و هیچیان ئەم تەحەددایەیان قەبوڵ نەكرد. بەڵام ئینجیل لە هەمان ئەو سەردەمەدا جوولەكە بە دزراو ئەژماریان كردووە. وە ئینجیل بانگەشەی ئەوەی نەكردووە مرۆڤ نەتوانێت ئینجیلێكی هاوشێوەی ئەو بهێنێت. كەواتە، گومانی ئەوە دەكرێت ئینجیل دزراو بێت نەك قورئانی پیرۆز، چونكە قورئان بانگەشەی ئەوە دەكات كە مرۆڤ ناتوانێت قورئانێكی هاوشێوەی خۆی بهێنێت. هەڵبەت بێدەنگی هەموو نەیارەكان ڕاستی ئەم بانگەشەیەی سەلماندووە. نووسەر.
([7]) مەسیح (عليه السلام) خۆی جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەم ڕاگەیاندنەی جوولەكە، چونكە لە ئینجیلدا دەڵێت: نەوەیەكی خراپ و فاسق داوای نیشانە دەكەن، وە نیشانەی نادرێتێ. ئاشكرایە ئەگەر پێشتر مەسیح موعجیزەیەكی پیشان بدایە بە جوولەكە ئەوا كاتی ئەم داواكاریە ئاماژەی پێ دەكرد. نووسەر.
([8]) ك ئەو كەسانەی دەڵێن عیسا (عليه السلام) بەزیندوویی بە جەستە ماددیەكەیەوە بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان، لەگەڵ ئەوەی موسوڵمانن، قسەیەكی پووچ و بێ كەڵك دەكەن كە دژی قورئانی پیرۆزە. قورئانی پیرۆز مردنی عیسا ڕادەگەیەنێت لەم ئایەتەدا: {فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي} (المائدة: 118) وە بەرزبوونەوەی مرۆڤ بۆ ئاسمان بە جەستەی ماددیەوە بە شتێكی ئەستەم دادەنێت لەم ئایەتەدا: {قُلۡ سُبۡحَانَ رَبِّي هَلۡ كُنتُ إِلَّا بَشَرٗا رَّسُولٗا} (الإسراء: 94) چەند نەزانن، بیروباوەڕێكیان هەیە دژی كەلامی خوایە. نەزانین لەوە گەورەتر نیە كە لە وشەی “التوفي”ەوە مانای بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان بە جەستەی ماددییەوە هەڵێنجرێت. چونكە سەرەتا، لە هیچ فەرهەنگێكدا نەهاتووە مانای كە “التوفي” بریتی بێت بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان بەجەستەی ماددیەوە. پاشان مادام ئایەتی: {فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي} پەیوەستە بە قیامەتەوە واتە عیسا (عليه السلام) لە ڕۆژی قیامەتدا ئەم وەڵامەی خوای گەورە دەداتەوە؛ ئەوا ئەمە پێویستی دەكات قیامەت بەرپابێت بەبێ ئەوەی عیسا مردبێت، بەڵكو لەبەردەم خوای گەورەدا ئامادە بێت بە جەستە ماددیەكەیەوە پێش مردن، وە تەحریف و شێواندن بەم شێوازە تەنانەت لە تەحریفی جوولەكەیش خراپترە. نووسەر.
([9]) (الشوری: 41). قورئانی پیرۆز چاوپۆشی و لێبوردن بە ڕەوا نازانێت كە هیچ سوودێكیان نەبێت؛ چونكە ئ دەبێتە هۆی خراپبوونی ڕەوشتی مرۆڤ و تێكچوونی سیستەمی كۆمەڵگا، بەڵكو قورئانی پیرۆز ڕێگەی داوە بەو لێبوردنەی كە چاكسازی لێ دەكەوێتەوە. نووسەر.
([10]) جوولەكە لەو سەردەمەدا چاوەڕوان بوون ئیلیاس پێغەمبەر بگەڕێتەوە بۆ دنیا و لەئاسمانەوە دابەزێت وەك چۆن مەلا ساویلكەكان لەم سەردەمەدا چاوەڕوانی دابەزینی عیسا (عليه السلام) دەكەن لەئاسمانەوە. بەڵام عیسا (عليه السلام) ناچار بوو ئەم پێشبینیەی پێغەمبەر مەلاخی تەئویل بكات، بۆیە هەتا ئێستا جوولەكە باوەڕی پێ ناكەن چونكە ئیلیاس لەئاسمانەوە دانەبەزی، وە جوولەكە چوونە دۆزەخەوە بەهۆی ئەم باوەڕەوە، وە موسوڵمانانی ئێستا هەمان باوەڕی هەڵەیان هەیە و تووشی هەمان گومڕایی بوون. ئەمە بەتەواوەتی لاساییكردنەوەی جوولەكەیە، بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەمە بووە هۆی هاتنەدی پێشبینیەكی پێغەمبەر (ﷺ). نووسەر.
([11]) قورئانی پیرۆز تاكە كتێبە لەجیھاندا كە بەگوێرەی یاسای سروشت بوونی خوا و سیفەتەكانی سەلماندووە، وە خوا تێبینی دەكرێت لە ڕێساكانی سروشتدا كە ئەنجامی ڕەفتار و كردەوەی خوای گەورەیە لەم جیهانەدا، وە هەڵكۆڵراوە لە فیترەت و ناخی مرۆڤدا. بەڵام خوای مەسیحیەكان تەنھا لەناو پەرەكانی ئینجیلدا هەیە. وە ئەو كەسەی ئینجیلی پێ نەگەیشتبێت بێ ئاگایە لەو خوایە. بەڵام ئەو خوایەی قورئانی پیرۆز پێشكەشی دەكات ناكرێت هیچ مرۆڤێكی هۆشیار بێ ئاگابێت لێی. لەبەرئەوە خوای ڕاستەقینە ئەو خوایەیە كە قورئانی پیرۆز پێشكەشی دەكات و فیترەتی مرۆڤ و ڕێساكانی سروشت شایەتی دەدەن بۆی. نووسەر.
([14]) مادام مرۆڤ بەهۆی لاوازی مرۆییەوە ناتوانێت كۆمەڵێك كردەوە ئەنجام بدات كە بەگوێرەی ئەو كردەوانە شایستەی نیعمەتی بێسنوور و ناكۆتا بێت، وە بەبێ بەدەستهێنانی ئەمەش ناتوانێت ڕزگاربوونی ڕاستەقینە بەدەستبهێنێت، بۆیە پاش ئەوەی بەگوێرەی توانای خۆی هەوڵ دەدات، خوا بەزەیی دێتەوە پێیدا بەهۆی لاوازییەكەیەوە و تەنھا بە فەزڵی خۆی بەخۆڕایی نیعمەتی گەیشتن بەخوای پێدەدات كە پێشتر دراوە بە ڕاستگۆیان. نووسەر.
([17]) ئەسڵەن ڕێی تێناچێت مرۆڤ بە هەمیشەیی سزا بدرێت و خەڵكی دۆزەخ هەتاهەتایە لەدۆزەخدا بمێننەوە وەك هەتاهەتایی خوای گەورە، چونكە تاڕادەیەك خوایش لە كەموكورتیەكانیاندا ڕۆڵی هەیە، چونكە خۆی لاوازیی دروستكرووە لەسروشتیاندا. بۆیە خەڵكی دۆزەخ شایستەی بەزەیین بەهۆی ئەو لاوازیەی خوا دایناوە لەسروشتیاندا. نووسەر.
([18]) ڕزگاربوون ئەوە پێویست ناكات كە هەموو خەڵكی لەیەك ئاستدا بن، بەڵكو ئەو كەسانەی لەم دنیایەدا خوای گەورەیان هەڵبژاردووە و خۆیان فەنا كردووە لە خۆشەویستیەكەیدا و دامەزراون لەسەر ڕێگای ڕاست ئەوا لەداهاتوودا كۆمەڵێك پلەی تایبەت بەدەستدەهێنن كە كەسانی تر ناگەن پێیان. نووسەر.
([20]) پێویستە سوپاسی خوا بكەین لەسەر ئەوەی هەمیشە نموونەكانی توانای خۆیمان پیشان دەدات بۆ ئەوەی بە بەردەوامی باوەڕمان نوێبكاتەوە، بۆ نموونە لەڕێگەی وەحی خۆیەوە لە چوار ماوەی جیاوازدا پێشوەختە هەواڵی پێدام كە بوومەلەرزەیەكی ترسناك لەپەنجابدا ڕوودەدات. ئەوە بوو ئەو بوومەلەرزە توندە لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە لە ڕێككەوتی 4/4/1905ز و لە وەرزی بەهاردا دای لە پەنجاب. پاشان خوای بەتوانا هەواڵی پێدام دەربارەی كۆمەڵێك بوومەلەرزەی توندی تر كە ڕوودەدەن لە وەرزی بەهاردا. ئەوە بوو بوومەلەرزەیەكی توند ڕوویدا لە ڕێككەوتی 28/2/1906ز لە وەرزی بەهاردا. وە هەژانەكەی لە “چیاكانی مەنصوری” زۆر توند بوو بەجۆرێك خەڵكی سەرسامكرد. وە لەهەمان ئەو ڕۆژانەدا بوومەلەرزەیەكی توند دای لە هەندێ ناوچەی ئەمریكایش كە بەهۆیەوە كۆمەڵێك شاری زۆر كاول بوون. كەواتە خوای ڕاست ئەو خوایەیە كە ئێستایش بەهۆی وەحی خۆیەوە نیشانەكانی توانای خۆیمان پیشان دەدات. ئەمە و هەزارەها پێشبینی هاتنەدی كە بەگوێرەی وەحی خوا پێم درابوون. نووسەر.
([21]) قورئانی پیرۆز فێرمان دەكات هەروەك چۆن خوا ڕۆحەكانی بەدیهێناوە بەهەمان شێوە دەتوانێت لەناویان بەرێت. وە ڕۆحی مرۆڤ ژیانی هەمیشەیی بەدەستدەهێنێت تەنھا وەك بەخشش و ڕەحمەتێك لەلایەن خواوە نەك بەهۆی هێز و توانای زاتی خۆیەوە. لەبەرئەوە تەنها ئەو كەسانەی بەتەواوەتی خوای خۆیان خۆشدەوێت و بەتەواوەتی بەگوێی دەكەن و بەوپەڕی ڕاستگۆیی و وەفادارییەوە لەبەر قاپیەكەیدا دەمەوڕوو دەكەون بەتایبەتی ژیانێكی تەواویان پێدەدرێت، وە هەستەوەر و غەریزە فیتریەكانیشیان ئەوپەڕی تیژ دەكرێنەوە، وە نوورێك دەدرێت بە سروشتیان بەهۆیەوە هێزێكی ڕۆحی دەراسا تێیاندا دروست دەبێت. وە هەموو ئەو هێزە ڕۆحانیانەی هەیان بووە لەدنیادا دوای مردنیان زۆر فراوان دەكرێن. وە دوای مردن بەرزدەكرێنەوە بۆ ئاسمان بەهۆی پەیوەندییەكەیان لەگەڵ خوای گەورەدا كە خوا پێی بەخشیون. ئەمەیە پێی دەوترێت “بەرزبوونەوە” لە زاراوەی شەریعەتدا. بەڵام ئەوانەی باوەڕدار نین و پەیوەندییان لەگەڵ خوادا پاك و بێگەرد نیە ئەم ژیانەیان پێ نادرێت، وە ئەم سیفەتانە بەدەستناهێنن، بۆیە لەڕیزی مردووەكاندا ئەژماردەكرێن. دەی ئەگەر خوا بەدیهێنەری ڕۆحەكان نەبوایە ئەوا نەیدەتوانی ئەم جیاوازیە دەربخات لەنێوان باوەڕدار و بێ باوەڕدا بەهۆی ڕەفتارەكانیەوە كە لە تواناوە سەرچاوەیان گرتووە. نووسەر.
([22]) وا دەردەكەوێت هەڵە بێت، ڕاستەكەی “یۆنانیەكان”ە وەك ڕستەكەی دواتر ئەو مانایە دەگەیەنێت. بڵاوكاری عەرەبی
([23]) جارێكیان لە حاڵەتی كەشفدا بینیم زەمینێكی نوێ و ئاسمانێكی نوێم دروستكرد، پاشان گوتم: ئێستا وەرن مرۆڤ دروست بكەین. (كاتێك ئەم كەشفە بڵاوكرایەوە) مەلا گەمژەكان هەرایان نایەوە و گوتیان: بڕوانن بۆ ئەم كەسە ئەوەتا بانگەشەی خوایەتی دەكات، لەگەڵ ئەوەی مەبەست لەم كەشفە ئەوە بوو خوای گەورە لەداهاتوودا لەسەر دەستی مندا گۆڕانكارییەك دروست دەكات وەك ئەوەی ئاسمان و زەوی نوێ دروست بن، وە خەڵكی ڕاستەقینە لەدایك بن. بەهەمان شێوە جارێكیان خوای گەورە دواندمی و فەرمووی پێم: “تۆ بۆ من وەكو مناڵم وایت. تۆ بۆ من لە پایەیەكدایت خەڵكی نایزانن”. ئەو كاتە مەلاكان یەخەی خۆیان دادڕی و گوتیان: ئێستا چ گومانێك هەیە لە كافربوونیدا؟ وە ئەو ئایەتەیان لەبیرچوو كە دەفەرموێت: {فَٱذۡكُرُواْ ٱللَّهَ كَذِكۡرِكُمۡ ءَابَآءَكُمۡ} (البقرة: 201) نووسەر.
([24]) شایانی باسكردنە قادیان، شوێنی نیشتەجێبوونی من، بەتەواوەتی دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی دیمەشقەوە. ئەوەتا ئەمڕۆ ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) پێشبینی ڕوودانی كردبوو هاتەدی. نووسەر.
([27]) ئەم كەسانە كە پێیان دەوترێت مەلا و پیاوی ئایینی خراپە و بەدگۆیی دەكەن بەرامبەر گەورە و سەروەرمان باشترین پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك دەڵێن ناكرێت لەم ئوممەتەدا هاوشێوەی عیسای كوڕی مەریەم پەیدا بێت، لەبەرئەوە خوای گەورە خودی عیسای ئیسڕائیلی دەگێڕێتەوە بۆ دنیا لەكاتێك لەكاتەكاندا بە تێكشكاندنی مۆری پێغەمبەرایەتی. وە بەهۆی ئەم باوەڕەیانەوە یەك تاوان ئەنجام نادەن بەڵكو دوو تاوان ئەنجام دەدەن: 1) چونكە ناچارن باوەڕیان وا بێت ئەو بەندەی خوایە كە ناوی عیسایە و بە عیبری پێی دەوترێت “یەسووع” بە شوێنكەوتنی شەریعەتی مووسایی بۆ ماوەی سی ساڵ نزیكبوویەوە لە خوا و پلەی پێغەمبەرایەتی بەدەستهێنا، لەبەرامبەر ئەوەدا ئەگەر كەسێك لە جیاتی سی ساڵ پەنجا ساڵیش شوێن پێغەمبەر (ﷺ) بكەوێت هەرگیز ئەو پلەیە بەدەستناهێنێت، وەك ئەوەی شوێنكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) هیچ شكۆ و ڕێزێكی پێ نەدات، وە بیرناكەنەوە ئەم بۆچوونە مانای ئەوەیە فێركردنی ئەم دوعایە {صِرَٰطَ ٱلَّذِينَ أَنۡعَمۡتَ عَلَيۡهِمۡ} لەلایەن خوای گەورەوە فیڵێكی تەواوە. وە باوەڕیشیان وایە عیسا (عليه السلام) خاتەمی پێغەمبەرانە (كۆتا پێغەمبەرە) بەهۆی هاتنی دووەمیەوە، وە دواهەمین دادوەر و ناوبژیوانە، وە تێناگەن كە مەبەستی خوای گەورە لەم پێشبینیەدا ئەوەیە هەروەك چۆن لەم ئوممەتەدا هاوشێوەی جوولەكە پەیدا دەبێت بەهەمان شێوە خوا هاوشێوەی مەسیحیش (عليه السلام) ڕەوانە دەكات بۆ لایان؛ كە لەلایەكەوە تاكێك دەبێت لەم ئوممەتە و لەلایەكی ترەوە پێغەمبەر دەبێت. بۆ عیسای كوڕی مەریەم ناگونجێت لە كەسێتی خۆیدا هەردوو نازناوەكە كۆبكاتەوە، چونكە تاكی ئەم ئوممەتە تەنھا ئەو كەسەیە كە تەنھا بە شوێنكەوتنی پێغەمبەرە ڕابەرەكەی بڵندی ڕۆحی بەدەستدەهێنێت، بەڵام عیسا (عليه السلام) پێشتر ئەم تایبەتمەندیەی بەدەستهێناوە.
2) تاوانی دووەمیان ئەوەیە دەڵێن عیسا (عليه السلام) هیشتا زیندووە بە پێچەوانەی دەقی ڕاشكاوی قورئانی پیرۆزەوە. ئەوەتا لە قورئانی پیرۆزدا ئەم ئایەتە ڕاشكاوە هاتووە: {فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي كُنتَ أَنتَ ٱلرَّقِيبَ عَلَيۡهِمۡۚ}، ئەوان لەم ئایەتەوە ئەم مانایە وەردەگرن: كاتێك منت بەرزكردەوە بۆ ئاسمان بە جەستەی ماددیەوە. ئەمە تەفسیرێكی سەیر و نامۆیە و تەنھا پیادە دەبێت بەسەر عیسادا! بەداخەوە ئەوان بیر لەوە ناكەنەوە عیسا (عليه السلام) لەڕۆژی قیامەتدا پرسیاری ئەوەی لێ دەكرێت وەك لەقورئانی پیرۆزدا بەراشكاوی ڕاگەیەنراوە. ئەو مانایەی كە وەریدەگرن لە وشەی {مُتَوَفِّيكَ}ەوە وا پێویست دەكات عیسا (عليه السلام) پێش مردنی لەبەردەم خوادا (جل شأنه) بوەستێت لە ڕۆژی قیامەتدا. وە ئەگەر گوتت مەبەست لە دەستەواژەی {فَلَمَّا تَوَفَّيۡتَنِي} بریتیە لە: كاتێك منت مراند نەمزانی ئوممەتەكەم دوای مردنم چییان كرد؟ ئەوا ئەم مانایەش بە گوێرەی بیروباوەڕی ئەوان ڕاست نیە. دەكرێت خوای گەورە وەك وەڵامێك بۆ پاساوە پووچەكەی عیسا لە ڕوانگەی هەردوو ماناكەوە بە عیسا بڵێت: بۆچی لەبەردەممدا درۆ دەكەیت و دەڵێیت هیچ نازانم لەكاتێكدا گەڕایتەوە بۆ دنیا و چل ساڵ تێیدا مایتەوە، وە جەنگت كرد لەگەڵ مەسیحیەكاندا و خاچت شكاند. سەرەڕای ئەوە ئەم مانایە وا پێویست دەكات مەسیحیەكان گومڕا نەبووبن و لەسەر ڕێگای ڕاست بن هەتا عیسا (عليه السلام) لە ژیاندا مابێتەوە بەڵكو دوای مردنی ئەو تووشی فەساد بووبن. بەمەش دەبێت دانبەوەدا بنرێت كە مەسیحیەكان هێشتا لەسەر ڕێگای ڕاستن چونكە عیسا (عليه السلام) هێشتا زیندووە لە ئاسماندا. بەداخەوە، دەی با لە شەرمەزاریدا بمرن!!
لەكۆتاییدا پێویستە ئەوەشیان لەبیر بێت ئەو تاكەی ئوممەت كە تەنھا بەهۆی شوێنكەوتنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) شەرەفی وەحی و ئیلهام و پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت، ئەگەر ڕێزی لێگیرا و بە “پێغەمبەر” ناونرا ئەوا ئەمە مۆری پێغەمبەرایەتی ناشكێنێت چونكە ئەم جۆرە كەسە لە ئوممەتی پێغەمبەرە (ﷺ) و لە خودی خۆیدا هیچ بوونێكی نیە. وە هەموو فەزڵێكی ئەو كەسە لەڕاستیدا تەنھا فەزڵی پێغەمبەرە ڕابەرەكەیەتی. وە تەنها پێی ناوترێت پێغەمبەر بەڵكو پێی دەوترێت پێغەمبەر و تاكێكیش لەم ئوممەتە. بەڵام گەڕانەوەی هەر پێغەمبەرێك كە لە ئوممەتی پێغەمبەر (ﷺ) نەبێت پێچەوانە و دژە لەگەڵ خەتمی پێغەمبەرایەتیدا. نووسەر.
([28]) هەروەك چەندین جار دووبارەم كردووەتەوە ناسینی تەواوەتی خوا دەستگیر دەبێت تەنھا بەهۆی وەحی و ئاخاوتن و گفتوگۆی خوا و نیشانە مەزنەكانیەوە كە لەڕێگەی وەحی خواییەوە دەردەكەون و بەڵگەن لەسەر خوایەتی خوا و تواناكەی (سبحانه وتعالى). ئەمە ئەو ناسینەیە كە عەوداڵانی ڕێگای ڕاست تینوو و تامەزرۆن بۆی. وە ئەمە ئەو زانیاری و ناسینەیە كە ئەگەر بەدەستیان نەهێنایە لەوانە بوو بمرن. ئایا ئەم ناسینە لە ئیسلامدا نیە؟ وە ئایا ئیسلام ئایینێكی وشك و مردووە؟ نەفرەتی خوا لە درۆزنان. بەڵكو ئیسلام تاكە ئایینی زیندووە لەجیھاندا كە ژیان دەبەخشێت بە شوێنكەوتووانی، وە تاكە ئایینە كە لەم جیھانەدا خوامان پیشان دەدات، وە بەهۆی بەرەكەتەكەیەوە لەلایەن خواوە وەحیم پێ دەگات و دەتوانم چەندین نیشانەی مەزن پیشان بدەم. هەڵبەت هەموو ئایینەكانی جیهان مردوون، وە هیچ بەرەكەت و ڕووناكیەكیان تێدا نەماوەتەوە، وە بۆمان ناكرێت لەڕێگەی ئەو ئایینانەوە قسە بكەین لەگەڵ خوای گەورەدا، وە ناتوانین بەهۆیانەوە كردەوە دەراساكانی خوا ببینین. ئایا كەسێك هەیە كێبڕكێم لەگەڵدا بكات لەم بەرەكەتانەدا. نووسەر.
([29]) بابای مەسیحی چەندە تووشی پەشیمانی و شەرمەزاری دەبێت كاتێك دەڵێت خواكەی جارێكیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مرد! وە تا چ ڕادەیەك ڕۆحی سەرزەنشتی دەكات و دەڵێت: ئایا خوایش دەمرێت؟ ئەگەر جارێك خوا مرد چۆن دڵنیابین جارێكی تر نامرێت؟ كەواتە، بەڵگە نیە لەسەر ژیانی خوایەكی لەم جۆرە، وە دەكرێت پێشتر مردبێت چونكە ئێستا نیشانەكانی زیندوێتی نیە تێیدا، ئەوەتا ناتوانێت وەڵامی ئەو كەسانە بداتەوە كە هاواری لێدەكەن و دەڵێن: خوایە خوایە، وە ناتوانێت هیچ موعجیزەیەك پیشان بدات. دەی بەدڵنیاییەوە بزانن ئەو خوایە مردووە و گۆڕەكەی لە سریناگارە لەگەڕەكی خانیار. بەڵام سەبارەت بە ئارییەكان، لەبنەڕەتدا بەدیهێنەرێك نیە بۆ ڕۆحەكانیان، بەڵكو باوەڕیان وایە ئەم ڕۆحانە ئەزەلین و لەخۆوە هاتوونەتەبوون!! نووسەر
([30]) موسوڵمانان بەتایبەتی ئەهلی فەرموودە، زۆر چەنەبازی دەكەن و بانگەشەی ئەوە دەكەن باوەڕێكی پتەویان بە یەكتاپەرستی هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەم پەندەشیان بەسەردا دەچەسپێت: “مێش تف دەكەنەوە و حوشتر قووت دەدەن”، ئایا دەتوانین پێیان بڵێین یەكتاپەرست كاتێك عیسا (عليه السلام) بە تاك و بێ هاوبەش دادەنێن وەكو خوای گەورە، بەجۆرێك باوەڕیان وایە بە جەستەی ماددیەوە سەركەوت بۆ ئاسمان، وە هەر ئەوە ڕۆژێك لە ڕۆژان بەجەستەی ماددیەوە لە ئاسمانەوە دادەبەزێت بۆسەر زەوی، وە باڵندەی دروستكردووە. هەڵبەت كافرەكان داوایان لە پێغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) كرد و چەندین جار سوێندیان خوارد ئەگەر بەجەستەی ماددیەوە سەركەوتیت بۆ ئاسمان ئەوا دەستبەجێ باوەڕت پێ دەهێنین، ئەویش وەڵامی دانەوە: {قُلۡ سُبۡحَانَ رَبِّي هَلۡ كُنتُ إِلَّا بَشَرٗا رَّسُولٗا} (الإسراء: 94) واتە پێیان بڵێ: پاكی بۆ پەروەردگارم هەرگیز پەیمانی خۆی ناشكێنێت، بۆیە ناتوانم سەركەوم بۆ ئاسمان بە جەستەی ماددییەوە چونكە ئەمە پێچەوانەی پەیمانی ئەوە. هۆكارەكەش ئەوەیە خوای گەورە دەفەرموێت: {قَالَ فِيهَا تَحۡيَوۡنَ وَفِيهَا تَمُوتُونَ} (الأعراف: 26)، هەروەها دەفەرموێت: {وَلَكُمۡ فِي ٱلۡأَرۡضِ مُسۡتَقَرّٞ} (الأعراف: 25) دەی ئایا وەها تێبگەین كە خوا (عز وجل) كاتی بەرزكردنەوەی عیسا (عليه السلام) بۆ ئاسمان ئەم بەڵێنەی خۆی لەیاد نەبووە، یان وەها تێبگەین كە عیسا بەهیچ شێوەیەك مرۆڤ نەبووە؟ ئەگەر عیسا بە جەستەی ماددییەوە سەركەوتبێت بۆ ئاسمان ئەوا بەگوێرەی ڕاگەیاندنی قورئانی پیرۆز وا پێویست دەكات مرۆڤ نەبوو بێت. وە لەلایەكی ترەوە ئەم كەسانە كە خۆیان بە یارمەتیدەر و سەرخەری ئیسلام دەزانن كۆمەڵێك سیفەت دەدەنەپاڵ دەججال كە خوایەتی دەججال پێویست دەكەن. بەداخەوە بانگەشەی یەكتاپەرستی دەكەن كەچی ئەم جۆرە بیروباوەڕانەیان هەیە!! نووسەر.