
خاتەمی پێغەمبەران تێگەشتنی ڕاستەقینە
حەزرەتی میرزا تاهیر ئەحمەد
خەلیفەی چوارەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتن
بەڕێز میرزا تاهیر ئەحمەد (ڕەحمەتی خوای لێ بێت)
خەلیفەی چوارەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (علیه السلام)
پێڕست
خاتەمی پێغەمبەران.. تێگەيشتنی ڕاستەقینە
باوەڕێكی پتەو بە خاتەمی پێغەمبەران (ﷺ)
نموونەیەكی ئاشكرا بۆ چەواشەكردن و شاردنەوەی ڕاستی
خەتمی پێغەمبەرایەتی هەموو سیفەتە تەواوەكان دەگرێتەوە
تێگەيشتنێكی قووڵ بۆ “خەتمی پێغەمبەرایەتی”
لێكدانەوەی دانایانەی بیرمەندەكانی ئیسلام
خەتمی پێغەمبەرایەتی باڵاترە لە سنوری كات
ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لەم ئوممەتەدا دژی خەتمی پێغەمبەرایەتی نیە
مانای خاتەمی پێغەمبەران لەبەر ڕۆشنایی فەرموودەدا
مەسیحی چاوەڕوانكراو پێغەمبەری خوا دەبێت
تەواویی كۆشك واتە تەواویی شەریعەت
بەڵگەیەكی تر لەسەر مانەوەی پێغەمبەرایەتی
مانای ڕاستەقینەی “لەدوای من پێغەمبەر نیە”
وتەكەی خاتوو عائیشە ڕەزای خوای لێ بێت
سەردەم داخوازی موسڵیحێكی ئاسمانی دەكات
﴿وَإِنْ يَكُ كَاذِبًا فَعَلَيْهِ كَذِبُهُ﴾ “ئەگەر درۆزن بێت ئەوا درۆكەی یەخەی خۆی دەگرێت”
دژایەتیكردنی ئیمامی مەهدی چاوەڕوانكراو
خەتمی پێغەمبەرایەتی و پایەكانی ئیسلام و ئیمان
پێغەمبەرایەتی لە ئوممەتی موحەممەددا (ﷺ)
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكريم
وتەی بڵاوكار
دیكتاتۆری پاكستانیی كۆچكردوو جەنەڕاڵ زیائولحەق لە 26/4/1984ز دا فەرمانێكی سەربازی ستەمكارانەی دەركرد كە موسوڵمانە ئەحمەدیەكانی لە پاكستان بێبەش كرد لە مافی خۆیان كە ڕایبگەیەنن ئایینیان ئیسلامە و لەناخەوە دینداری بكەن بەو ئایینە، یان وشەی شایەتومان (لا إله إلا الله محمد رسول الله) گۆ بكەن، یان سڵاوی ئیسلام بەكاربهێنن، یان درود بدەن لەسەر پێغەمبەر (ﷺ)، یان بەدەنگی بەرز بانگ بدەن بۆ نوێژ، یان قورئانی پیرۆز بخوێننەوە، یان ئایەتەكانی بنووسنەوە یان پێیان بێت، یان ناوی موسوڵمانان لەخۆیان بنێن یان مزگەوتەكانیان ناوبنێن مزگەوت، بە ئاماژە یان بەڕاشكاوی، بە زارەكی یان بە نووسین. ئەم بڕیارە پێشتر و بەردەوام مەلا دەمارگیرەكان و شوێنكەوتە نەفامەكانیان هاندەدات بۆ كوشتنی موسوڵمانە ئەحمەدیە ئاشتی خوازە بێوەیەكان، وە بۆ كاولكردنی ماڵەكانیان و ڕووخاندنی مزگەوتەكانیان، هەروەها ئەم بڕیارە مژدەیان پێ دەدات كە حكومەت چاوپۆشی دەكاتە لە تاوان و كەتنەكانیان.
پاش ئەوە حكومەتەكەی نامیلكەیەكی بڵاوكردەوە بەناوی “قادیانیەت.. مەترسیەكی تۆقێنەر لەسەر ئیسلام” بۆ پاساوهێنانەوە بۆ كۆمەڵێك ڕێكاری ستەمكارانە و دژ بە فێركاریە لێبوردەییەكانی ئیسلام و سوننەتی پێغەمبەر (ﷺ) كە ئەم دیكتاتۆرە دژی موسوڵمانە ئەحمەدیەكان گرتیەبەر، وە حكومەت ئەم نامیلكەیەی ناونا “ڕاگەیاندنی سپی”، وا شیاوتر بوو پێی بوترێت “ڕاگەیاندنی ڕەش” بەهۆی ئەوەی كۆمەڵێك بەهانەی هیچ و بێبنەمای تێدابوو بۆ پشتگیری كردن و پاساوهێنانەوە بۆ ئەم بڕیارە فیرعەونیە ستەمكارانەیە كە ڕوخساری دڵڕفێنی ئیسلامی ڕەش دەكرد و دەشێواند.
حكومەتەكەی ئەم دیكتاتۆرە هەستا بە وەرگێڕانی ئەم ڕاگەیاندنە بۆ چەندین زمانی ناوخۆیی لە پاكستاندا و لە بازنەیەكی فراواندا بڵاویكردەوە. پاشان هەستا بە وەرگێڕانی بۆ زۆرێك لە زمانە جیھانیەكان و دابەشكردنی لەڕێگەی باڵیۆزە پاكستانیەكان لە سەرجەم وڵاتە ئیسلامیەكان و ئەوانی تریشدا. بەم شێوەیە حكومەت لەناوەوەی پاكستان و دەرەوەیدا ژەهری ڕێژا بۆ بڵاوكردنەوەی خراپەكاری و ڕق و كینە دژی ئەحمەدییەكان لەهەركوێیەك بن.
وە لەبەرئەوەی حكومەت هەوڵیدا لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیاندەوە ناوبانگی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی و دامەزرێنەرەكەی لەكەدار بكات؛ بۆیە بەشێوەیەكی ئەوپەڕی ناشیرین و شێواو بیروباوەڕەكانی كۆمەڵی خستەڕوو، وە كۆمەڵێك تۆمەتی پێوە لكاند كە هیچ پەیوەندییەكیان بەڕاستیەوە نەبوو، ئەوەبوو گەورەمان میرزا تاهیر ئەحمەد (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) خەلیفەی چوارەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە زنجیرەیەكی درێژ لە وتاری هەینی كە لە 25 كانوونی یەكەم دەستی پێ كرد بۆ 31ی مارتی 1986ز هەستا بە بەرپەرچدانەوەی ئەم “ڕاگەیاندنە ڕەش”ە و بەیارمەتی خوا یەك بەیەك هەموو بەهانە هیچ و بێ بنەماكانی ئەوانی شیكردەوە و هەڵیوەشاندنەوە.
قێزەونترین و دزێوترینی ڕەخنەكان كە لە ڕاگەیاندنەكەیاندا باسكرابوو ئەوەبوو كە گوایە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی باوەڕی نەبووە بەوەی پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەران بێت و ئەحمەدیەكانیش هەمان بیروباوەڕیان هەیە. بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەمە بەڕێز میرزا تاهیر (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) وتارێكی مەزنی پێشكەشكرد بە ناونیشانی: “تێگەيشتنی ڕاستەقینە بۆ خەتمی پێغەمبەرایەتی” لە ڕێككەوتی 7ی نیسانی ساڵی 1985ز بەبۆنەی جەلسەی ساڵانە كە لە بەریتانیا بەسترابوو، بە پاڵپشت بە وتەكانی گەورەمان دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی جەختی كردەوە لەوەی كە خۆی لەگەڵ كۆمەڵەكەیدا باوەڕێكی ڕاستگۆیانە و ڕەگداكوتاویان بەوە هەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتمی پێغەمبەرانە. هەروەها لەبەر ڕۆشنایی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەر (ﷺ) و كۆمەڵێك وتەی سەلەفی ساڵحدا مانای ڕاستەقینەی خاتەمی پێغەمبەرانی ڕوونكردەوە.
ئەم وتارە بە زمانی ئوردی پێشكەش كراوە و پاشان وەرگێردراوە بۆ زمانی عەرەبی، وە لە زمانی عەرەبیەوە برامان بورهان ڕەسوڵ وەریگێڕاوە بۆ زمانی شیرنی كوردی و خوای گەورە بە باشترین شێوە پاداشتی بداتەوە، ئێمەش وەرگێڕانەكەی لە عەرەبیەوە بۆ كوردی بڵاودەكەینەوە بۆئەوەی خوێنەری كوردزوبان سوودی لێ وەربگرن.
داواكارین لە خوای گەورە بەهۆی ئەم كتێبەوە سوود بگەیەنێت بە بەندەكانی و یارمەتییان بدات بۆ ناسین و شوێنكەوتنی ڕاستی. ئامین.
بڵاوكار
خاتەمی پێغەمبەران.. تێگەيشتنی ڕاستەقینە
أشهد أن لا إله إلا الله وحدە لا شريك له وأشهد أنَّ محمدًا عبدُە ورسولُه، أمَّا بَعدُ فأعوذ بالله من الشَّيطان الرَّجيم ﴿بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ * الْحَمْدُ لِلَّهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ * الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ * مَالِكِ يَوْمِ الدِّينِ * إِيَّاكَ نَعْبُدُ وَإِيَّاكَ نَسْتَعِينُ * اهْدِنَا الصِّرَاطَ الْمُسْتَقِيمَ * صِرَاطَ الَّذِينَ أَنْعَمْتَ عَلَيْهِمْ غَيْرِ الْمَغْضُوبِ عَلَيْهِمْ وَلاَ الضَّالِّينَ﴾ آمين
﴿مَا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِكُمْ وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ وَكَانَ اللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمًا * يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اذْكُرُوا اللَّهَ ذِكْرًا كَثِيرًا * وَسَبِّحُوهُ بُكْرَةً وَأَصِيلاً﴾ (الأحزاب: 41_43)
ئەو نامیلكەیە كە حكومەتی پاكستان بەناوی “ڕاگەیاندنی سپی” بڵاویكردەوە لەڕاستیدا ڕاگەیاندنێكی ڕەشە كە بەهۆیەوە كۆمەڵێكی زۆر تۆمەتی پووچ لكێنراوە بە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) و كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدییەوە. ئەو تۆمەتەی كە لە هەموویان دزێوتر و درۆتر و بەژانترە ئەوەیە كە گوایە بەڕێزی (عليه السلام) نكوڵی كردووە- پەنا بەخوا- لەو ئایەتەی كە لەسەرەتای وتارەكەمدا خوێندمەوە، وە باوەڕی بەوە نەبووە كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەران بێت، دواجار ئەحمەدیەتیش باوەڕی بە هەمان بیروباوەڕ هەیە.
هەڵبەت ئەمە تۆمەتێكی بێ بناغەیە و بەهیچ شێوەیەك ڕاست نیە، وە ئەو كەسەی بە دیدێكی بێلایەنانەوە نووسراوەكانی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوی (عليه السلام) خوێندبێتەوە هیچ بایەخێكی پێ نادات. بەڵام گرفتەكە- بۆ بەدبەختی- ئەوەیە كە زۆرینەی خەڵكی نووسراوەكانی مەسیحی بەڵێندراویان (عليه السلام) نەخوێندووەتەوە. بەڵام ئەو كەسانەی دەكرا ئەم نووسراوانەیان بەدەست بگات كە بەجۆرێكن خوێندنەوەیان موسوڵمانی ئاسایی دەگەیەنێتە ڕاستی بابەتەكە، حكومەتی پاكستانی چەندین بەربەستی داناوە لە ڕێگایاندا و هەستاوە بە دەستبەسەراگرتنی ئەو كتێبانە.
باوەڕێكی پتەو بە خاتەمی پێغەمبەران (ﷺ)
بەڵام دەربارەی بەدرۆخستنەوەی ئەو تۆمەتەی پێشتر باسكرا گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چەندین وتەی هەیە لەم بارەیەوە لەشێوەی هۆنراوە و پەخشان، زۆر بەڕوونی دەیسەلمێنن بەڕێزی (عليه السلام) باوەڕی هەبووە بەوەی كە گەورەی خۆی و گەورەی ئێمە موحەممەد (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەران بووە، باوەڕێكی وەها بەهێز و قووڵ و ڕەگداكوتاو كە گشتگیرتر بووە و مەعریفە و یەقینی زیاتر بووە لە باوەڕی كەسانی تر. هەروەك ئەم وتانە دەریدەخەن كە زانیاری بەڕێزی (عليه السلام) بە چەمكی خەتمی پێغەمبەرایەتی زانیارییەكی قووڵ و گشتگیر بووە بەڕادەیەك نەیارەكانمان یان زاناكانی تر بەهیچ شێوەیەك نەگەيشتوون بە بچوكترین بەشی.
گەورەمان ئیمامی مەهدی (عليه السلام) دەفەرموێت: “لێرەدا پێویستە بەباشی ئەوەتان لەیاد بێت كە ئەو تۆمەتەی دەلكێنرێت بە من و كۆمەڵەكەمەوە گوایە ئێمە باوەڕمان نیە بەوەی پێغەمبەری خوا (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەران بێت، تەنھا بوختانێكی گەورەیە و هەڵیان بەستووە بۆمان. بێگومان ئەو هێز و یەقین و مەعریفە و بیناییەی كە بەهۆیانەوە باوەڕمان هەیە و دڵنیاین لەوەی پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، كەسانی تر باوەڕیان نیە بە بەشێك لە سەد هەزار بەشی؛ چونكە ئەمە لە توانای ئەواندا نیە. ئەوان تێناگەن لەو حەقیقەت و نهێنییە شاراوەیەی لە چەمكی خەتمی پێغەمبەرایەتی خاتەمی پێغەمبەراندا (ﷺ) هەیە. ئەم وشەیان لە باوباپیرانەوە بیستووە و ناوەڕۆكەكەی نازانن و نازانن خەتمی پێغەمبەرایەتی چیە و مەبەست لە باوەڕبوون پێی چیە. بەڵام ئێمە بە بیناییەكی تەواوەتیەوە (كە خوا دەیزانێت) باوەڕمان بەوە هەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە. وە خوای گەورە ناوەڕۆكی خەتمی پێغەمبەرایەتی بۆ ئاشكرا كردین بەجۆرێك لەو شەرابی مەعریفەیەی كە پێمان درا چێژێكمان بینی كە كەس بەبیریدا نایەت مەگەر ئەو كەسانەی لەم سەرچاوەیەیان پێدراوە”. (الملفوظات، ج1، ص 342، طبعة لندن)
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: “پوختە و كرۆكی ئایینەكەمان بریتیە لە: “لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللَّهُ مُحَمَّدٌ رَّسُولُ اللَّهِ”. ئەو بيروباوەڕەی كە لەم ژیانی دنیایەدا دەستی پێوەدەگرین، وە بەفەزڵ و یارمەتی خوا پێیەوە لەم جیھانە لەناوچووە كۆچ دەكەین ئەوەیە: گەورە و سەروەرمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) خۆی خاتەمی پێغەمبەران و باشترینی نێردراوانە كە لەسەر دەستیدا ئایین تەواوبوو، وە ئەو نیعمەتە گەيشتووەتە چڵەپۆپە كە بەهۆیەوە مرۆڤ دەتوانێت بگات بەخوا (سبحانه وتعالی) بەگرتنەبەری ڕێگای ڕاست”. (إزالة الأوھام، الخزائن الروحانیة، ج3، ص 169- 170)
هەروەها دەفەرموێت: “بەو پێیەی كە پێغەمبەر (ﷺ) باشترینی هەموو پێغەمبەران و باڵاترین و تەواوترین و بەرزترین و ڕوون و سافترینیانە لە سەرجەم پێویستیەكانی خاوێنی ناخ و سنگ گوشادی و پارێزراوی و شەرم و ڕاستگۆیی و پاك و بێگەردی و تەوەككول و وەفاداری و خۆشەویستی خوادا، بۆیە خوای گەورە زیاتر لە كەسانی تر بۆنخۆشی كرد بە عەتری سیفەتە تەواوە تایبەتەكان. وە ئەو سنگ و دڵەی كە زیاتر لە سنگ و دڵی پێشینان و پاشینان فراوانتر و پاكتر و بێگەردتر و ڕووناكتر و شەیداتر بوو، بەلێهاتوویی خۆیان شایستەی ئەوە بوون كە وەحییەك دابەزێتە سەریان بەهێزتر و تەواوتر و بەرز و باڵاتر و گشتگیرتر بێت لە وەحی سەرجەم پێشینان و پاشینان، بۆ ئەوەی هەردووكیان ئاوێنەیەكی فراوان و پاك و بێگەرد بن بۆ تیشكدانەوەی سیفەتە خواییەكان”. (مقدمة كحل لعیون آریا، الخزائن الروحانیة، ج2، ص71)
نموونەیەكی ئاشكرا بۆ چەواشەكردن و شاردنەوەی ڕاستی
ئێستا تاوتوێی كۆمەڵێك تۆمەت دەكەم، یەك لەدوای یەك، كە ئاراستەی ئەحمەدیەت و دامەزرێنەرەكەی كراون لە نامیلكەی ناوبراودا. لەڕاستیدا نامیلكەكە و ئەوەی تێیدا هاتووە نموونەیەكی ئاشكران بۆ درۆ و چەواشەكاری، بێگومان- وەك هەندێ بڕگەیتان بۆ دەخوێنمەوە- هەندێ ئەنجامگری هەڵەی تێدا خراوەتەڕوو جارێك بە ڕووپۆشكردنی ڕاستی بە درۆ، یان جارێكی تر بەوەی قسەیەكی ڕاست دەكەن و پاشان بەئەنقەست كۆمەڵێك دەرەنجامی هەڵەی لێ وەردەگرن، یان بەوەی قسەیەكی درۆ دەكەن و – بەقسەی خۆیان- “كۆمەڵێك درەنجامی لۆژیكی” وەردەگرن لێی. بەم شێوەیە ڕاگەیاندنی بەناو سپی بوو بە نموونەیەكی بێوێنە لە چەواشەكاری و شاردنەوەی ڕاستی، ئەوەتا تێیدا هاتووە:
“بەردەوام لەماوەی 14 سەدەی ڕابردوودا ئەو تەفسیرەی “خاتەمی پێغەمبەران” كە برەوی هەبووە لەهەموو جیھاندا ئەوەبووە كە گەورەمان موحەممەد (ﷺ) كۆتا پێغەمبەرە لە پێغەمبەرانی خوا، وە هەرگیز لەدوای ئەو پێغەمبەر نایەت. ئەمە تێگەيشتنی هاوەڵانی پێغەمبەریش (ﷺ) بووە لە زاراوەی قورئانی “خاتەم النبیین”. وە بەگوێرەی ئەم بیروباوەڕە ڕەگداكوتاوەیان بەردەوام شان بەشانی یەك دژی هەركەسێك بوون پێغەمبەرایەتی ڕاگەیاندبێت. هەروەك بەهیچ شێوەیەك ئوممەتی موسوڵمان چاوپۆشی نەكردووە، بەدرێژایی مێژووی ئیسلامی، لە كەسێك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردبێت”. (نامیكە حكومیەكە لا 24_25)
پاشان دەڵێن: “كۆمەڵێك بیرمەندی موسوڵمانی گەورە هەن هاوشێوە ئیبن خەلدون، مێژوونووسی ناسراو و خاوەنی بۆچوونی ڕێك و پتەو، وە پێشەوا ئیبن تەیمیە و قوتابیە ڕۆشنگەرەكەی واتە ئیبن قەیم، وە شاه ولي الله دەهلەیی، وە عەللامە ئیقباڵ كە توێژینەوەیان كردووە لە مانا و ناوەڕۆكی خەتمی پێغەمبەرایەتی لە لایەنی زانستی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەوە، وە لەدواتردا لەم نامیلكەیەدا بیروبۆچوونەكانی عەللامە ئیقباڵ دەخوێننەوە دەربارەی ئەم بابەتە”. (سەرچاوەی پێشوو لا 6-7)
سەبارەت بە بەشی دووەمی قسەكەیان دەربارەی ئەو مامەڵەیەی كراوە بەرامبەر هەموو ئەو كەسانەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان كردووە لە مێژووی موسوڵمانان و ئەنجامە لۆژیكیەكەی لەدواییدا لەبارەیەوە دەدوێم، بەڵام پێم خۆشە سەرەتا ئەوە ڕوون بكەمەوە ئەو قسەیەیان كە سەلەفی ساڵحی ئەم ئوممەتە بەردەوام هەموویان، بەبێ جیاكردنەوە، ڕایانگەیاندووە ئایەتی خاتەمی پێغەمبەران مانای شتێك نیە جگە لە “كۆتا پێغەمبەر”، قسەیەكی پووچە و پووچیەكەشی بەڵگەنەویستە، بەڵكو ئەمە تۆمەتێكی ئاشكرایە بۆ سەلەفی ساڵح و هیچ حەقیقەتێكی نیە.
وە بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی بابەتێكی زۆر فراوان و قووڵە لە ماناكانیدا بەجۆرێك ئەگەر تەنھا لایەنە ئەرێنیەكەی شرۆڤە بكەین، واتە ئەگەر تەنھا وشەی خاتەمی پێغەمبەران تەفسیر بكەین بەبێ هەڵوەشاندنەوەی بەڵگە هێنانەوەی نەیارەكانمان، ئەوا بەدڵنیاییەوە كاتێكی زۆر دەخایەنێت.
سەبارەت بە بیرمەندە گەورەكانی ئیسلام ئەوا گومان نیە لە پایە بڵندی ئەو سێ بیرمەندەی باسكران چونكە خزمەتگەلێكی مەزنیان كردووە بە بیر و فەلسەفەی ئیسلامی. كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی داندەنێت بە ڕاستی لێدوانی نامیلكەی ناوبراودا و دەڵێت: ئەوانە فەیلەسوفی گەورە بوون و خاوەنی زانست و مەعریفە بوون. بەڵام سەبارەت بەوەی كە عەللامە ئیقباڵیان پێشكەش كردوە وەك بیرمەندێكی ئیسلامی ئەوا لەم بارەوە قسەیەكی خۆیتان بۆ دەخوێنمەوە بۆئەوەی بزانن چ جۆرە بیرمەندێك بووە و بارودۆخی چۆن بووە.
عەللامە ئیقباڵ لە وتارێكیدا كە ئاراستەی سەید سۆفی غوڵام موستەفا تەبەسسومی كردووە دەڵێت: “بازنەی زانیارییە ئایینیەكانم زۆر تەسكە… زۆربەی ماوەی ژیانم بەسەربرد لە خوێندنی فەلسەفەی ڕۆژئاواییدا. وە ئەم بیروبۆچوونانە تاڕادەیەك بوون بە سروشتی دووەمم. من خوێندنەوە دەكەم بۆ ڕاستیەكانی ئیسلام لەم ڕووانگەیەوە مەبەستم بێت یان مەبەستم نەبێت”. (إقبال نامە، (مجموعة رسائل إقبال)، ج1، ص 46- 47)
ئەوەتا بیرمەندە ئیسلامیەكە خۆی دانی پێدا دەنێت كە لە ژێر كاریگەری بیرمەندە ڕۆژئاواییەكان و فەلسەفەی ڕۆژئاواییدا خوێندنەوە بۆ قورئان دەكات، سەرباری ئەمە زانیارییە ئایینیەكانی زۆر كەمن، بۆیە پێشكەش كردنی وەك حوججەیەك لەبەردەم ئوممەتی ئیسلامیدا ڕەنگە لە نووسەرانی ئەم نامیلكەیە بوەشێتەوە بەڵام ناكرێت بەهیچ شێوەیەك ئەمە بە بیری هیچ كەسێكی ژیردا بێت.
خەتمی پێغەمبەرایەتی هەموو سیفەتە تەواوەكان دەگرێتەوە
بەڵام سەبارەت بەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە و دەربارەی مانا فراوانەكانی ئەم وشەیە سەرەتا هەندێ لە وتەكانی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەخەمەڕوو بۆتان، پاشان كۆمەڵێك وتەی هاوشێوە هی پیاوچاكانی ئوممەت و بیرمەندەكانی سەلەفی ساڵح دەهێنمەوە و بەهۆیانەوە دەزانن چۆن نووسەرانی بەناو ڕاگەیاندنی سپی ئەم بابەتە گشتگیر و فراوانەیان لە بازنەیەكی تەسكدا و بەشێوەیەكی هەڵە خستووەتەڕوو؛ بەجۆرێك پێیان وایە وشەی خاتەمی پێغەمبەران تەنها مانای كۆتا پێغەمبەر دەگەیەنێت لەڕووی كات و سەردەمەوە، لەكاتێكدا بەردەوام ئوممەتی موحەممەدی بەتەواوەتی ئەم مانا و تێگەيشتنە ڕەتی كردووەتەوە. بەڵام چەمك و تێگشتنە فراوانەكان و زانیارییە ووردە مەزنەكانی تر كە مانایان قووڵە فەرامۆش كراون لەلایەن ئەو كەسە ڕووكەش بینانەوە.
گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “ئەو ڕاستیەی هیچ گومانێكی تێدا نیە ئەوەیە هیچ یەكێك لە پێغەمبەران نیە كە بكرێت بەشێوەیەكی ڕاستەقینە یەكسان بێت لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) لە سیفەتە تەواوە پیرۆزەكانیدا، تەنانەت بوار نیە بۆ فریشتەكانیش كە یەكسان بن لەگەڵیدا (ﷺ) چجای غەیری ئەوان”. (البراهین الأحمدیة، الخزائن الروحانیە، ج1، ص268)
ئەمەیە تێگەيشتنی ڕاستەقینە بۆ خەتمی پێغەمبەرایەتی! واتە پێغەمبەر (ﷺ) لە هەموو دروستكراوان و لە فریشتەكانیش پلەی بەرزترە، ئەمەش مانای ئەوەیە كە خەتمی پێغەمبەرایەتی و میعراج دوو ناون بۆ یەك شت.
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “فیراسەت و تێگەيشتنی پێغەمبەرمان (ﷺ) زیاترە لە فیراسەت و تێگەيشتنی هەموو ئوممەت بەشێوەیەكی گشتی و پێكەوەیی. وە ئەگەر براكانمان (موسوڵمانانی دەرەوەی كۆمەڵەكەمان) بەخێرایی توڕە نەبن، ئەوا ڕێبازی من كە دەتوانم بیسەلمێنم بەبەڵگە ئەوەیە فیراسەتی هەموو پێغەمبەران و تێگەيشتنیان ناگاتە ئاستی فیراسەتی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ)”. (إزالة الأوهام، الخزائن الروحانیة، ج3، ص307)
واتە خاتمیەت هەموو سیفەتە تەواوەكانی پێغەمبەرایەتی دەگرێتەوە، وە فیراسەت بەشێكە لێیان. بێگومان ئەم مانا بڵندانەمان زانی لەسایەی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراوەوە (عليه السلام). وە پێشتر لەناو سەلەفی ساڵحیشدا كەسانێك هەبوون چەندین بیروبۆچوونی هاوشێوەی ئەمەیان باسكردووە. بەڵام سەبارەت بە قووڵی و گشتگیری بابەتەكە وتەكانی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەربارەی پلەوپایەی پێغەمبەر، خاتەمی پێغەمبەران (ﷺ) زۆر قووڵ و گشتگیرن. بەڕێزی دەفەرموێت: “ئەو ڕاستیەی هیچ گومانێكی تێدا نیە ئەوەیە كە هیچ یەكێك لە پێغەمبەران نیە بكرێت بەشێوەیەكی ڕاستەقینە یەكسان بێت لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) لە سیفەتەتەواوە پیرۆزەكانیدا، تەنانەت بوار نیە بۆ فریشتەكانیش كە یەكسان بن لەگەڵیدا (ﷺ) چجای غەیری ئەوان”. (البراهین الأحمدیە، الخزائن الروحانیە، ج1، ص 268)
لێرەدا باسی خاتەمیەت كراوە لە ڕووی هێزی پیرۆزەوە. بەو مانایەی پێغەمبەر (ﷺ) تەنھا لەڕووی فیراسەتەوە خاتەم نەبووە، بەڵكو لە ڕووی هێزی پیرۆزیشەوە خاتەم بووە چونكە لە خۆیدا (ﷺ) هێزی پیرۆزی هەموو پێغەمبەران و فریشتەكانی كۆكردووەتەوە. لەبەرئەوە پێغەمبەر (ﷺ) ناونراوە خاتەمی پێغەمبەران. هەڵبەت پێشتر ئەم بڕگەیەم هێنایەوە بەڵام بە گونجاوم زانی بابەتەكە لەم ڕووانگە نوێیەشەوە شرۆڤە بكەم.
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “هەموو پێغەمبەرایەتی و پەیامەكان كامڵ بوون بەگەيشتنیان بەو خاڵە كۆتاییەی كە بۆیان دیاری كراوە لە كەسایەتی گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردەدا (ﷺ)”. (فەلسەفەی فێركاریەكانی ئیسلام، لا129)
واتە تایبەتمەندیەكانی سەرجەم پێغەمبەرانی پێشوو تەنھا بەشێوەیەكی ئاسایی تێیدا (ﷺ) چڕ نەبووەتەوە بەڵكو گەيشتونەتە چڵپۆپەی كەماڵی خۆیان. ئەم وتەیە مەعریفەیەكی قووڵە دەربارەی خەتمی پێغەمبەرایەتی كە خوا (عز وجل) داویەتی بە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام).
بەڕێزی لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: “پێغەمبەرمان (ﷺ) كۆكەرەوەی هەموو سیفەتە تەواوە جیاجیاكانە، وەك خوا (سبحانه وتعالی) لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: ﴿فَبِهُدَاهُمُ اقْتَدِهْ﴾ (الأنعام: 91)، واتە پەیڕەوەی هەموو ئەو جۆرە ڕێنمونییانە بكە كە بەخشراون بەهەموو پێغەمبەرانی پێشوو. شتێكی بەڵگە نەویستە ئەو كەسەی لە خۆیدا هەموو ئەو ڕێنمونییە جیا جیایانە كۆدەكاتەوە كەسێكی تەواو و گشتگیر و تەواوكراو دەبێت و لەهەموو پێغەمبەران چاكتر دەبێت”. (عین المسیحیة، الخزائن الروحانیة، ج20، ص381)
لێرەدا گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسی ئەوەی كردووە پێغەمبەر (ﷺ) “خاتەمی پێغەمبەران”ە لە لایەنی فێركاری و ڕێنمونییەوە، بەجۆرێك لە فێركاری و ڕێنمونیەكەیدا باشترینی ئەو فێركاری و ڕێنمونییانە كۆكراوەتەوە كە لە سەرجەم ئەو فێركارییەكانەدا بوونیان هەبووە كە بەدرێژای سەردەمەكان هاتوون بۆ دنیا.
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “ئەو پێغەمبەرایەتی و كتێبانەی كە پێشتر تێپەڕیون پێویست ناكات بەجیا پەیڕەوییان بكرێت؛ چونكە پێغەمبەرایەتی موحەممەدی سەرجەمیان دەگرێتەوە و هەموویانی تێدایە. وە ڕێگاكانی تر جگە لەم پێغەمبەرایەتیە هەموویان داخراون. هەموو جۆرێك لەو ڕاستیانەی تێدایە كە مرۆڤ دەگەیەنن بەخوای گەورە. هەرگیز لەدوای ئەو ڕاستی نوێ نایەت هەروەك ڕاستیەك نیە كە پێشتر هەبووبێت و لەمدا نەبێت. لەبەرئەوە هەموو پێغەمبەرایەتییەكان بەهەموو شێوەكانیانەوە بەهۆی ئەم پێغەمبەرایەتیەوە مۆریان لێ دراوە، وە پێویست بوو بەم شێوەیە بوایە”. (الوصیة، الخزائن الروحانیة، ج20، ص311)
كەواتە پێویست بەوە نەماوە كە پەیڕەوی پێغەمبەرایەتی و كتێبەكانی پێشوو بكرێت بەجیا، ئەمەش یەكێكە لە داخوازییەكانی خەتمی پێغەمبەرایەتی. ئەگەر بەشێك لە ڕووناكی یان لە ڕاستیەكان لەدەرەوەی پێغەمبەرایەتی موحەممەد (ﷺ) بمایە ئەوا پێویست بوو كە بەجیا پەیڕەوی لێ بكرێت. بەڵام ئەگەر هەموو ڕاستی و ڕووناكییەك لەناو بازنەی خەتمی پێغەمبەرایەتیدا بەدی بكرێت و بە درەوشانەوەیەكی نوێوە پرشنگ بدات و بگاتە چڵەپۆپەی تەواوەتی، ئەوا ئەو پێغەمبەرەی كە بێنیازترین پشكنەرە بۆ خێروبێرەكان لە هەموو دەرگایەكی تر پێی وتراوە خاتەمی پێغەمبەران.
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) لە چەند دێڕە شیعرێكیدا دەفەرموێت:
لا شكَّ أنَّ محمّدًا خَيرُ الوَرى … رَيْقُ الكرامِ ونخبةُ الأعيانِ
تمّتْ عليه صِفَاتُ كُلِّ مَزِيّةٍ … خُتِمتْ به نَعْماءُ كلِّ زَمَانِ
هُوَ خَيرُ كُلِّ مُقَرَّبٍ مُتقدِّمٍ … والفَضلُ بِالخَيراتِ لا بِزَمانِ
يا رَبِّ صَلِّ على نبيّكَ دائمًا … في هذه الدُّنيا وبَعثٍ ثَانِ
(مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانیة، ج5، ص592-593)
پاشان لە كۆپلە شیعرێكیدا بەفارسی دەفەرموێت:
“ئەو پێغەمبەرەی كە ناوی موحەممەدە (ﷺ) هەمیشە دەستدەگرین بە بوونە پاكەكەیەوە،
باشترینی پێغەمبەران و چاكترینی خەڵكە و بەهۆی ئەوەوە هەموو پێغەمبەرایەتییەك مۆری لێدراوە.
ئاوی ڕۆحی هەمووی لەوەوە دەخۆینەوە، وە ئەوەی پاراوبێت تەنھا بە فەزڵی ئەو پاراو دەبێت.
وە بەفەزڵی ئەو (ﷺ) هەموو ڕووناكی و كەماڵێكمان دەستدەكەوێت، وە گەيشتن بە خۆشەویستی ئەزەلی ناگونجێت مەگەر بەهۆی ئەوەوە.
ئەمەیە خۆشەویستی من بۆ موستەفا (ﷺ)، وە هەمیشە دڵم وەكو باڵندە دەفڕیت بۆ لای موستەفا (ﷺ)”. (سراج المنیر، الخزائن الروحانیة، ج12، ص93-94)
تێگەيشتنێكی قووڵ بۆ “خەتمی پێغەمبەرایەتی”
لێرەدا بەڕێزی (عليه السلام) تێگەيشتن و مانایەكی نوێ دەخاتەڕوو بۆ خەتمی پێغەمبەرایەتی، كە ئەوەیە خەتمی پێغەمبەرایەتی تەنھا بە كۆكردنەوەی پلەكانی كەماڵ لەخۆیدا ناوەستێت بەڵكو فراوانیان دەكات و بەرەكەتەكانیان دەگەیەنێتە ئەوانی تریش. لێشاوی ڕووناكی و بەرەكەتەكەی تەنھا لە خۆیدا ناهێڵێتەوە بەڵكو بەهێز و مەزنییەكی ئەوتۆوە فراوانی دەكات بۆ ئەوانی تریش بەڕادەیەك هەموو قوتابییەكی دڵسۆزی خاتەمی پیغەمبەران (ﷺ) وردە وردە دەبێت بە خاوەنی ئەو كەماڵە. بەرێزی (عليه السلام) لە شوێنێكی تردا لە دێڕە شیعرێكیدا ئەم بابەتە ڕوون دەكاتەوە و دەفەرموێت: “ئەی باشترینی پێغەمبەران بەهۆی فەزڵی تۆوە بووین بە باشترین ئوممەت! بەرەو پێشەوە ڕۆشتین لەئەنجامی پێشكەوتنی تۆوە”.
ئەمە چەند نموونەیەك بوو كە پێشكەشم كردن. بەڵام وتەكانی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سەبارەت بە بابەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی گەنجینەیەكی مەزنە و مەلا هاوچەرخە نەیارەكانمان ناگەن بە بچوكترین بەشی. ئەگەر كەسێكی دادپەروەر وخاوەن دڵێكی هەستیار بە وردی و تێڕامانەوە وتەكانی بەڕێزی (عليه السلام) بخوێنێتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە دەگاتە هەمان ئەنجام.
هەروەها سەلەفی ساڵح- وەك پێشتر باسم كرد- هەمان ئەم شتانەیان باسكردووە بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ، وە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمووی كۆكردووەتەوە. كەواتە هەروەك چۆن پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە بەهەمان شێوە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) خاتەمی عاشقانی پێغەمبەرە (ﷺ). لایەنێكی ئەم بابەتە نیە كە ئەوانی تر بەشێوەی جیاجیا باسیان كردبێت و ئیمامی مەهدی (عليه السلام) لە وتەكانیدا كۆی نەكردبێتەوە. هەروەك یەك لایەن لە ماناكانی خەتمی پێغەمبەرایەتی نیە ئەوانی تر باسیان كردبێت و بەرێزی (عليه السلام) باسی نەكردبێت بە شێوەیەكی باشتر و ڕوونتر و باڵاتر و تەواوتر لەوان.
شێخ ئەبو عەبدوڵڵا موحەممەد كوڕی عەلی كوڕی حەسەنی حەكیمی ترمزی (كۆچكردووی ساڵی 308ی كۆچی) دەڵێت: “لای ئێمە ماناكەی ئەوەیە كە پێغەمبەرایەتی هەمووی تەواو و بێكەموكوڕی بوو بۆ موحەممەد (ﷺ)، بۆیە دڵی بۆ كەماڵی پێغەمبەرایەتی كرا بە دەفرێك لەسەری پاشان مۆركرا”. (كتاب ختم الأولیاء، ص 341)
سەرەڕای ئەوەی زانیاری حەكیم ترمزی دەربارەی خەتمی پێغەمبەرایەتی زۆر قووڵ بووە بەڵام لەگەڵ ئەوەدا لە كۆتاییدا دەڵێت “پاشان مۆركرا” ئەمەش ڕەنگە بەهەڵە ئەوەی لێ بفامرێتەوە لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) كە پەیوەستە بە خەتمی پێغەمبەرایەتییەوە كورتبووبێتەوە لەخۆیدا بەتەنھا و شیانی ئەوە نەمابێتەوە كە بازنەكەی فراوان بێت بۆ ئەوانی تر.
گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم ئایەتەی هێنایەوە: ﴿ثُمَّ دَنَا فَتَدَلَّى﴾ (النجم: 9) وەك بەڵگەیەكی گومانبڕ لەسەر مانەوەی لێشاوی بەرەكەتی خەتمی پێغەمبەرایەتی، وە شرۆڤەی كردووە وفەرموویەتی پێغەمبەر (ﷺ) نزیكبوویەوە لەخوای گەورە بۆ دەستكەوتنی بەرەكەتە خواییەكان(وەك لە ڕووداوی میعراجدا باسكراوە). پاشان بەوەندە وازینەهێنا كە ئەم بەرەكەتانە تەنھا لە خۆیدا قەتیس بكات، بەڵكو هەروەك چۆن لقە بەردارەكان شۆڕدەبنەوە بەهۆی قورسی بەرەكانەوە بەهەمان شێوە پێغەمبەریش (ﷺ) بە میهرەبانی و سۆزەوە شۆڕ بوویەوە بۆ لای مرۆڤەكان بۆ گەیاندنی ئەم بەرەكەتانە پێیان.
پێشەوا فەخرەددینی ڕازی (كۆچكردووی ساڵی 544ی كۆچی) دەڵێت: “عەقڵ خاتەمی هەموویانە، وە خاتەم پێویستە باشترین بێت. ئایا نابینی پێغەمبەرمان (ﷺ) لەبەرئەوەی خاتەمی پێغەمبەرانە باشترینی پێغەمبەرانە (علیھم الصلاة و السلام)”. (التفسیر الكبیر تحت الآیة: قال رب اشرح لي صدري).
لێكدانەوەی دانایانەی بیرمەندەكانی ئیسلام
بەڵام سەبارەت بەو بیرمەندانەی كە نامیلكە حكومیەكەش دان دەنێت پێیاندا وەك بیرمەندانێكی پایەبەرزی ئیسلام ئەوا یەكێكیان كە عەللامە عبدالرحمن ئیبن خەلدونی مەغریبیە (كۆچكردووی ساڵی 808ی كۆچی) دەڵێت: “ویلایەت لە جیاوازی پلەكانیدا دەچوێنن بە پێغەمبەرایەتی، وە خاوەنی كەماڵ تێیدا دەكەن بە خاتەمی ئەولیا واتە ئەو كەسەی كە پلەی خاتەمی ویلایەتی بەدەستهێناوە، هەروەك چۆن خاتەمی پێغەمبەران ئەو پلەیەی بەدەستهێناوە كە بریتیە لە خاتەمی پێغەمبەرایەتی”. (تاریخ ابن خلدون، ج1، ص271)
واتە لێرەدە مەبەست كۆتا نیە لەڕووی سەردەم و كاتەوە، بەڵكو مەبەست كۆتایە لە ڕووی پلەوپایەوە ئەگینا ویلایەتیش لەدەست دەردەچێت بۆ هەتا هەتایە و ئەم ئوممەتە بەتەواوەتی بێبەش دەبێت لە ویلایەت(پەنا بەخوا).
سوڵتانی ئەولیا، ئەبو سەعیدی موخەررەمی (كۆچكردووی ساڵی 513ی كۆچی)، ڕابەری ڕۆحی حەزرەتی شیخ عەبدولقادری گەیلانی (رەحمەتی خوای لێ بێت)، دەڵێت: “كۆتا دانەیان واتە مرۆڤ ئەگەر بەرزبوویەوە ئەوا هەموو پلە ناوبراوەكان تێیدا دەردەكەوێت لەگەڵ فراوانبوونیاندا و پێی دەوترێت مرۆڤی تەواو. وە بەرزبوونەوە و فراوانبوون بە تەواوترین شێوە لە پێغەمبەرماندا (ﷺ) بووە بۆیە ئەو (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە”. (تحفە مرسلة لأبي سعید المخرمي، ترجمة وشرح: محمد عبد العزیز الجالندهري، ص51)
هەموو ئەم بابەتانەی ئێستا باسكران لەیەكتری دەچن و هەروەك پێشتر باسمكرد دەوری هەموو لایەنەكانی خاتمیەت نادەن.
جەلالەددینی ڕۆمی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) (كۆچكردووی ساڵی 672ی كۆچی) لەهۆنراوە فارسیەكاندا دەڵێت: “پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە چونكە نموونەی نەبووە نابێت لە ڕووی گەیاندنی لێشاوە ڕۆحیەكان بە كەسانی تر. (لێرەدا بەڕێزی هەمان ئەو بابەتەی خستووەتەڕوو كە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باسیكردووە كە گەورەمان موحەممەد (ﷺ) بازنەی لێشاوی بەرەكەتەكەی فراوان دەكات و دەیگەیەنێت بەوانی تر). وە كاتێك پیشەوەرێكی شارەزا دەگاتە چڵەپۆپە لە پیشەكەیدا، ئایا پێی ناوترێت: “لە تۆدا پیشەكە گەیشتە چڵەپۆپە؟ (مفاتح العلوم لمولوي محمد نذیر عرشي (شرح مثنوي جلال الدین الرومي)، المجلد 15، الدفتر6، الجزء1، ص56-57)
هەروەها مەولەوی موحەممەد قاسم نانۆتۆیی كە یەكێكە لە گەورەكانی گروپی دیوبەندی و لەم ڕۆژگارەدا ئەم گروپە بڕیاری داوە چەمكی خاتەمی پێغەمبەران بشێوێنێت، دەڵێت: “پێغەمبەران بەهۆی گەیاندنی فەرمانەكانەوە دەبنە نوێنەری خوای گەورە هەروەك چۆن والی و وەزیرەكان دەبنە نوێنەری پاشا، لەبەرئەوە پێویستە حوكمیان بەدەست بێت… كەواتە هەروەك چۆن كۆمەڵێك پلەوپایە هەن كە سەربە پاشان و بەرزترینیان ویلایەت یان وەزارەتە، وە هەموو پلەوپایەكانی تر ملكەچن بۆ ئەم دوانە، بۆیە والی یان وەزیر دەتوانێت لەفەرمانی ئەوانەی خوار خۆی دەربچێت، بەڵام هیچ كەسێك ناتوانێت لە فەرمانەكانی ئەو دەربچێت. هۆكاری ئەمە ئەوەیە كە پلەوپایەكان لەودا كۆتاییان پێهاتووە. بەهەمان شێوە پلەیەك یان پایەیەك لە پلەوپایەكانی پێغەمبەرایەتی نیە لەسەرووی خاتەمی پێغەمبەرانەوە بەڵكو هەموو پلەوپایەكانی تر شوێنكەوتەی ئەون”. (مجموعة نادرة للرسائل والخطابات، مباحثە شاهجهان بور عام 1914، ص 25)
خەتمی پێغەمبەرایەتی باڵاترە لە سنوری كات
ئەو قسەیەش لەسەرەوە باسكرا تاوتوێی بابەتی تەواوبوونی مەعنەوی یان كۆتایی مەعنەوی دەكات و هیچ پەیوەندییەكی نیە بە كۆتایی لەڕووی كاتەوە. هەروەها چەندین زانا تەفسیری “خاتم النبیین”یان كردووە بەمانای ڕازاندنەوە و مستیلە كە دەكرێتە پەنجە، وە گەیاندنی لێشاوی ڕووناكی و بەرەكەت بەوانی تر بەمانای ئەوە دێت كە خاتەمەكە بەكاردێت بۆ ڕاستاندن. بۆیە لەم ڕووانگەیەوە پێغەمبەر (ﷺ) ڕاستێنەری هەموو فەزڵ و چاكیەكانە. وە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەم مەبەستە دەخاتەڕوو وەك منەت و چاكەیەكی پێغەمبەر (ﷺ) بەسەر پێغەمبەرانی پێشووەوە، وە دەفەرموێت:
“پێغەمبەر (ﷺ) بووە بە خاتەمی پێغەمبەران، بەڵام نەك بەو مانایەی كە لە داهاتوودا هیچ لێشاوێكی ڕۆحانی لێیەوە وەرنەگیرێت بەڵكو بەو مانایەی كە ئەو خاوەنی مۆرەكەیە، كەواتە هیچ كەسێك لێشاوێكی ڕەحمەت بەدەستناهێنێت مەگەر بەهۆی فەزڵی مۆرەكەی ئەوەوە. وە هەرگیز دەرگای ئاخاوتن و گفتوگۆی خوایی داناخرێت لەسەر ئوممەتەكەی هەتا ڕۆژی قیامەت. وە هیچ پێغەمبەرێك نیە خاوەنی مۆر بێت جگە لە خۆی (ﷺ). خۆی ئەو تاكە كەسەیە كە دەكرێت بەهۆی فەزڵی خاتەكەمەیەوە پێغەمبەرایەتی ببەخشێت كە مەرجە بۆ خاوەنی ئەو پێغەمبەرایەتییە یەكێك بێت لە ئوممەتەكەی (ﷺ)”. (حەقیقەتی وەحی، الخزائن الروحانیة، ج22، ص29-30)
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “لەناخی دڵەوە باوەڕم هێنا بە پێغەمبەرەكەی (ﷺ)، وە دەزانم كە پێغەمبەرایەتیەكان بە هەموو جۆرەكانیانەوە لەودا كۆتایی هاتن و گەشتنە چڵەپۆپە. وە شەریعەتەكەی كۆتا شەریعەتە بەڵام پێغەمبەرایەتییەك هەیە نەپچڕاوە، واتە ئەو پێغەمبەرایەتییەی كە لە ئەنجامی شوێنكەوتنی تەواوەتی ئەوەوە بەدەست دێت و بەهۆی ڕووناكییەكەی ئەوەوە ڕووناك دەبێتەوە، كەواتە ئەو پێغەمبەرایەتییە نەپچڕاوە چونكە ئەویش پێغەمبەرایەتی موحەممەدیە واتە سێبەری ئەوە و بەهۆی ئەوەوە پەیدا دەبێت و دیمەنی ئەوە و لەوەوە لێشاوی بەرەكەت وەردەگرێت”. (عین المعرفة، الخزائن الروحانیة، ج23، ص340)
سەرباری ئەوە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت پێغەمبەران قەرزاری مۆركەكەی ئەون واتە خەتمی پێغەمبەرایەتی، وە ڕاستگۆیی ئەوان هاتووەتەدی بەهۆی ئەم مۆرەوە. وە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) هەموو پێغەمبەرانی بەڕاست نەزانیبایە ئەوا ئێمە باوەڕمان نەدەهێنا بەڕاستگۆیی ئەوان. بۆیە ئەمە فەزڵێكی پەتییە لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ)، دیارە تەنھا چاكەی نەكردووە بەرامبەر هەموو پێغەمبەرانی پێشوو بەڵكو چاكەیەكی مەزنیشی كردووە لەگەڵ پێغەمبەرە ڕەوانەكراوەكان لەهەموو كات و شوێنێك لە جیھاندا لەڕێگەی بەڕاستزانینیانەوە. بۆیە لەهەمان كاتدا بەرەكەتی ئەوەی كە خاتەمی پێغەمبەرانە درێژ دەبێتەوە بەرەو پێشەوە لەڕووی كاتەوە هەروەك دەگەڕێتەوە بۆ دواوەیش، بەڵام لەڕووی شوێنەوە ئەوە هیچ سنورێكی نیە.
ئێستا وتەیەكی ترتان پێشكەش دەكەم لەبارەی ئەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، كە وتەی ئیمامی ڕەببانی نوێكاری سەدەی دوازدە حەزرەتی شێخ ئەحمەدی سەرهەندیە (كۆچكردووی ساڵی 1034كۆچی)، یەكێكە لە قوتب و ئەولیا گەورەكانی خوا بەگوێرەی بیروباوەڕی هەریەكە لە حەنەفیەكان و دیوبەندیەكان و بریلەییەكان و ئەهلی سوننەت و ئەوانی تریش، دەڵێت:
“دەستكەوتنی سیفەتە كامڵەكانی پێغەمبەرایەتی لەلایەن شوێنكەوتووانەوە لەڕێگەی شوێنكەوتن و بۆماوەوە پاش ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پیغەمبەران، درود و سڵاو لەسەر ئەو و هەمو پێغەمبەران بێت، دژی ئەوە نیە كە ئەو خاتەمی پێغەمبەرانە، درود و سڵاو لە خۆی و خانەوادەكەی، بۆیە لەڕیزی گومانكاراندا مەبە”. (مكتوبات الإمام الرباني، الدفتر الأول، مكتوب 301، ج5، ص141).
ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێك لەم ئوممەتەدا دژی خەتمی پێغەمبەرایەتی نیە
ئێستا ڕاگەیاندنی نامیلكە حكومیەكە لە كوێیە كە دەڵێت سەلەفی ساڵح، بەبێ جیاكردنەوە، هاوڕان لەسەرئەوەی كە وشەی خاتەمی پێغەمبەران تەنها مانای ئەوە دەگەیەنێت پێغەمبەر (ﷺ) دواهەمینی پێغەمبەرانە لەڕووی كاتەوە و هەرگیز دوای ئەو هیچ جۆرە پێغەمبەرێك نایەت.
ئێستا هەڵوێستی ئیمام باقر (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەهێنمەوە بۆتان كە دەڵێت: “لە باوكی جەعفەرەوە (عليه السلام) دەربارەی فەرمایشتی خوا (عز وجل): ﴿فَقَدْ آتَيْنَا آلَ إِبْرَاهِيمَ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَآتَيْنَاهُمْ مُلْكًا عَظِيمًا﴾ دەڵێت كەسانێكی لەوان كردووە بە فروستادە و پێغەمبەر پێشەوا، ئیتر چۆن لە ماڵباتی ئیبراهیمدا (عليه السلام) دانی پێدا دەنێن و لە ماڵباتی موحەممەددا صلی الله علیه و آله نكوڵی لێ دەكەن”. (الصافي، شرح أصول الكافي، لملا خلیل، كتاب الحجة، ج3، ص119).
جەلالەددینی ڕۆمی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) _كە پێیشی دەوترێت تاجی ئەولیاكان_ لە دێڕە شیعرێكیدا دەڵێت: “هەوڵبدە لەپێناوی چاكەدا خزمەتگەلێكی مەزن ئەنجام بدەیت بۆ ئەوەی پێغەمبەرایەتی بەدەست بهێنیت لەم ئوممەتەدا”. (مفتاح العلوم لمولوي محمد نذیر عرشي (شرح مثنوي جلال الدین الرومي)، المجلد13، الدفتر5، الجزئ الأول ص98)
ئایا زانا هاوچەرخەكانی نەیاری ئەحمەدیەت چ فەتوایەك دەدەن دەربارەی هەموو ئەو زانایانە؟ چۆن چاوی خۆیان دەنوقێنن لەو هەموو وتانە؟ ئایا درۆكەیان ئاشكرا نەبوو كاتێك گوتیان پیاوچاكانی ئوممەت و زاناكانیان هەموویان هاوڕان لەسەر ئەوەی كە وشەی خاتەمی پێغەمبەران مانای شتێك ناگەیەنێت جگە لە كۆتا و دواهەمین لەڕووی كاتەوە؟ بەڵام كاتێك ئێمە بە ڕامان و سەرنجدانەوە وتەی پیاوچاكان و قوتبەكان دەخوێنینەوە دەبینین شتەكە پێچەوانەی قسەی نەیارەكانمانە، وە ئەستەمە ئەو لیژنە گەورەیەی، كە حكومەتی پاكستان ڕایسپاردووە بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتە، پێكهاتبێت لە كۆمەڵێك كەسی نەزان بەتەنھا، وە تەنانەت نەزانن وتە باسكراوەكان بوونیان هەیە. گومانی تێدا نیە ئەوان دەزانن ئەم وتانە هەن بەڵام بە ئەنقەست چەواشەكاری دەكەن و بە مەبەست درۆ دەكەن.
ئەو مانایەی كە بەگوێرەی ئەوە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باوەڕی وایە پێغەمبەرایەتی لە ئوممەتی موحەممەدیدا دەشێت بوونی هەبێت ئەوەیە:
“بەهیچ شێوەیەك ناكرێت و ناگونجێت هیچ پلەیەك لە پلەكانی كەماڵ و شكۆ و سەربەرزی و نزیكبوونەوە بەدەستبهێنین بەبێ شوێنكەوتنی تەواوەتی پێغەمبەرمان (ﷺ)، هەموو ئەوەی بەدەستی دەهێنین تەنھا سێبەر ئاسایە و بەهۆی ئەوەوەیە (ﷺ)”. (إزالة الأوهام، الخزائن الروحانیة، ج3، ص 170)
پاشان دەفەرموێت: “ئەم شكۆ و ڕێزەم بەدەستھێنا تەنھا بەهۆی ئەوەی شوێنكەوتەی پێغەمبەرم (ﷺ). ئەگەر لە ئوممەتەكەی ئەو (ﷺ) نەبومایە و شوێنی نەكەوتمایە ئەوا هەرگیز شەرەفی ئاخاوتن و گفتوگۆم بەدەست نەدەهێنا. ئەگەرچی كردەوەكانم هێندەی هەموو چیاكانی دنیا بوایە ئەوا بەهیچ شێوەیەك ئەم شەرەفی ئاخاوتن وگفتوگۆیەم بەدەستنەدەهێنا، چونكە پێغەمبەرایەتیی بەهەموو جۆرەكانیەوە پچڕاوە جگە لە پێغەمبەرایەتی موحەممەدی. ناكرێت و ناگونجێت پێغەمبەرێك بە شەریعەتێكی نوێوە بێت، وە دەكرێت پێغەمبەرێك بەبێ شەریعەت بێت بەمەرجێك دەبێت سەرەتا لەم ئوممەتە بێت. بەگوێرەی ئەمە من پێغەمبەرم و لەم ئوممەتەشم”. (التجلیات الإلهیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی20، لا412-412)
پاشان بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “ئەی كاڵ فامەكان! وە ئەی نابیناكان! پێغەمبەرمان (ﷺ)، وە گەورە و سەروەرمان (هەزار سڵاوی لێ بێت) پێش هەموو پێغەمبەران كەوتووە لەڕووی بەرەكەتە ڕۆحیەكانیەوە، چونكە بەرەكەتی پێغەمبەرانی پێشوو پچڕاوە لە سنورێكی دیاریكراودا. بۆیە ئەو گەل و ئایینانە ئێستا مردوون و ژیانیان تێدا نیە، بەڵام لێشاوی ڕۆحانی پێغەمبەر (ﷺ) هەتا ڕۆژی قیامەت بەردەوامە. كەواتە بەهۆی بەردەوامبوونی بەرەكەتەكانی پێغەمبەرەوە (ﷺ)، ئیتر پێویست نیە بۆ ئەم ئوممەتە كە مەسیح لەدەرەوەیەوە بێت بەڵكو ئەگەر كەسێكی ئاسایی پەروەردەیەك بكرێت لە سایەی پێغەمبەردا (ﷺ) دەكرێت لێیەوە مەسیحێك دروست بكرێت وەك چۆن ئەم پەروەردەیە منی لاوازی كرد”. (عین المسیحیة، الخزائن الروحانیة، بەرگی20، لا389)
ئێستا وتەی یەكێك لە پیاوچاكانی ئەم ئوممەتەتان پێشكەش دەكەم كە نامیلكە حكومیەكە دەربارەی دەڵێت یەكێكە لەو بیرمەندە ئیسلامییانەی دانی پێدا نراوە. مەبەستم پێشەوای هيندستان، نوێكاری سەدەی دوازدە، موتەكەللیمی مەزن و سوفی ناسراو، ولي الله ی فەرموودەناسی دەهلەییە، بەڕێزی دەڵێت: “ئەستەمە دوای ئەو پێغەمبەرێكی سەربەخۆ پەیدا بێت لەڕێگەی پێگەيشتنی وەحییەوە”. (الخیر الكثیر، لا78)
ئەمە هەمان ئەو شتەیە كە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) فەرموویەتی. وە سەرباری ئەوە ئەم دەستەواژەیە وەڵامێكە بۆ بیروبۆچوونی هاتنی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) چونكە بەڕێزی دەڵێت ناكرێت و ناگونجێت پێغەمبەرێك پەیدابێت كە ڕاستەوخۆ لێشاوی بەرەكەت و نوری وەرنەگرتبێت لە پێغەمبەرەوە (ﷺ). وە شتێكی زانراوە لای هەمووان كە مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) ڕاستەوخۆ لە بەرەكەتەكانی پێغەمبەری (عليه السلام) وەرنەگرتووە و ئەوەشی بۆ ناگونجێت.
ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە كاتێك مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) دێت، پێشتر تەورات و ئینجیلی خوێندووە نەك قورئان و فەرموودەكان، دەی ئایا كەسێك لە خەڵكی دەكات بە مامۆستای خۆی یان لەسەردەستی یەكێك لە مەلاكاندا فێری قورئان و فەرموودە دەبێت؟
هەندێ كەس لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێن: نەخێر! بەڵكو خوا سەرلەنوێ ڕاستەوخۆ وتەی خۆی دادەبەزێنێتە سەری.. واتە سەرلەنوێ قورئان دادەبەزێتە سەری وەك چۆن پێشتر دابەزیە سەر موحەممەد (ﷺ)، وە بەهەمان شێوە بەشێوەی وەحی فەرموودەكانیش دادەبەزنە سەری. دەڵێم: تەنانەت ئەگەر كارەكە بەم جۆرە بێت، دەی چۆن دەبێت ڕاستەوخۆ لێشاوی بەرەكەتی وەرگرتبێت؟ لەكاتێكدا ئەو لەخودی خۆیدا پێغەمبەرێكی سەربەخۆ بووە و هیچ پەیوەندییەكی نەبووە بە ئوممەتی موحەممەدەوە (ﷺ) چونكە لێشاوی بەرەكەتی وەرگرتووە لە پێغەمبەرێكی ترەوە و پاشان بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ ماوەتەوە لە ئاسماندا پاشان دادەبەزێت و ڕاستەوخۆ پێغەمبەرایەتی بەدەستدەهێنێت، بەگوێرەی قسەی ئێوە.
پاشان گەورەمان ئیمامی مەهدی (عليه السلام) مانایەكی تر خستووەتەڕوو بۆ خەتمی پێغەمبەرایەتی كە بریتیە لەوەی ناكرێت پێغەمبەرێك بە شەریعەتێكی نوێوە بێت چونكە خاتمیەت هەموو تەواویەكان و سیفەتە چاكەكان كۆدەكاتەوە. كەواتە ئەگەر شەریعەتێك كەماڵی بەدەست هێنابێت و هیچ تەواوی یان چاكییەك نەمابێت مەگەر خرابوویە ناویەوە ئەوا پرسیاری شەریعەتی نوێ دروست نابێت مەگەر شەریعەتەكەی پێشوو بشێوێت یان دەسكاری بكرێت. دەی ئەگەر قورئان ناوەڕۆكەكەیشی پارێزراو بێت ئەوا ئەنجامی لۆژیكی و سروشتی هەردوو شتەكە ئەوەیە كە قورئان دواهەمین شەریعەت دەنوێنێت، چونكە ئەو كتێبەی دابەزیوەتە سەر موحەممەد (ﷺ) بەو سیفەتەی كە خاتەمی پێغەمبەرانە هەموو تەواوییەكان لەخۆگرتووە. سەرەڕای ئەوە خوا (عز وجل) بەڵێنی داوە كە حوكمەكەی درێژ دەبێتەوە هەتا ڕۆژی قیامەت. پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: من و قیامەت ئاوەهاین، هەردوو پەنجەی لكاندووە بەیەكەوە.. واتە هەتا ڕۆژی قیامەت هیچ كەسێك نایەت شەریعەتەكەی من نەسخ بكاتەوە. دیارە ئەم پرسیارە ناكرێت دوای ڕۆژی قیامەت دروست بێت. ئەمە ئەو تێگەيشتنەیە كە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە، وە زیاتر لە هەر تێگەيشتنێكی تر ئەو خەڵكە ئازار دەدات، بۆیە جار لەدوای جار ڕەخنەی لێ دەگرن و دەڵێن ئەحمەدیەكان لەلایەكەوە دەڵێن باوەڕیان بەوە هەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، وە لەلایەكی ترەوە دەرگایەك دەكەنەوە بۆ پێغەمبەرێك لەم ئوممەتە ڕەوانە بكرێت، وە دەڵێن موحەممەد (ﷺ) دواهەمینی پێغەمبەرانە لەڕووی شەریعەتەوە، نەك لەڕووی پێغەمبەرایەتی ناتەشریعییەوە.
گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “گەورەمان موحەممەد (ﷺ) شكۆ و ڕێزێكی تایبەتی پێ دراوە كە خاتەمی پێغەمبەرانە بەو مانایەی لەلایەكەوە هەموو تەواویەكانی پێغەمبەرایەتی لەودا گەيشتووەتە چڵەپۆپە، وە لەلایەكی ترەوە هەرگیز لەدوای ئەو پێغەمبەرێك نایەت بە شەریعەتێكی نوێوە یان پێغەمبەرێك لە درەوەی ئوممەتەكەی (ﷺ). بەڵكو هەر كەسێك شكۆدار دەبێت بە ئاخاوتنی خوایی شكۆدار دەبێت پێی تەنھا بەهۆی فەزڵی ئەوەوە و لەڕێگەی ئەوەوە (ﷺ)، وە پێی دەوترێت سەربەئوممەت و پێغەمبەرێكی سەربەخۆ نیە”. (عین المعرفة، الخزائن الروحانیة، ج23، ص 380)
هەروەها دەفەرموێت: “ئێستا پێغەمبەرایەتی پچڕاوە بەهەموو جۆرەكانیەوە جگە لە پێغەمبەرایەتی موحەممەدی. ناكرێت و ناگونجێت پێغەمبەرێك بە شەریعەتێكی نوێوە بێت. تەنھا دەكرێت پێغەمبەرێك پەیدا بێت بەبێ شەریعەت و سەرەتا دەبێت سەربە ئوممەت بێت”. (التجلیات الإلهیة، الخزائن الروحانیة، ج20، ص412)
كەواتە ئەمەیە مانای خاتەمی پێغەمبەران كە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕوونی كردووەتەوە و دوژمنان بەوپەڕی توند و تیژییەوە هێرشدەكەنەسەری. ئەمە ئەو بەشەیە كە زیاتر مایەی ڕەخنەلێگرتنە لەلایان بەجۆرێك دەربارەی دەڵێن ئوممەتی موحەممەدی لەبارەیەوە هەرگیز بێدەنگ نەبووە و نابێت، وە پیاوچاكان بەردەوام لەدژی نووسیویانە و بەئاشكرا ڕایانگەیاندووە كە پێغەمبەر (ﷺ) دواهەمین پێغەمبەرە لەڕووی كات و شەریعەت بەیەكەوە. بۆیە ناكرێت دوای ئەو پێغەمبەرێك ڕەوانەبكرێت هەرجۆرێك بێت. ئەمەیە كە ئەمڕۆ بەهۆی دەمارگیرییەوە دەیڵێن، بەڵام پیاوچاكانی ئوممەت لەم بارەوە چییان گوتووە؟ ئەوەتا سۆفی ناسراو موحەممەدی كوڕی عەلی حەسەن حەكیمی ترمزی (كۆچكردووی ساڵی 308ك) دەڵێت: “ئەو كەسەی كوێر بووە لە بینی ئەمە پێیوایە خاتەمی پێغەمبەران تەئویلەكەی ئەوەیە كە داواهەمیینیانە لەڕوی ڕەوانەكردنەوە. لەمەدا چ شانازییەك هەیە؟ وە لەمەدا چ زانیارییەك هەیە؟ ئەمە لێكدانەوەی گەمژە و نەفامەكانە”. (كتاب ختم الأولیاء، ص341)
ئەمە ئەو تەئویلەیە كە حكومەتی پاكستان هەوڵدەدات بیسەپێنێت بەسەر موسوڵماناندا لە هەموو جیھان. كاتێك پێیان دەڵێین ئێوە لەلایەكەوە دەڵێن پێغەمبەرایەتی بەهەموو جۆرەكانیەوە پچڕاوە و ئێستا هیچ جۆرە پێغەمبەرێك نایەت، ئیتر چاوەڕوانیتان بۆ مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) چ مانایەكی هەیە؟ بۆیە بیروبۆچوونی چاوەڕوانكردنی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) لە مێشكی خۆتان دەربهێنن و پشووبدەن، ئەوەتا هەموو ڕێگاكان گیراون بۆ هاتنی كەسێك لەم ئوممەتەدا. دەڵێن: نەخێر! بەڵكو بابەتەكە ئەوەیە پێغەمبەر (ﷺ) دواهەمین پێغەمبەر بووە كە ڕەوانەكراوە، وە ئەو كەسەی پێش ئەو (ﷺ) پێغەمبەرایەتی پێ گەيشتووە كێشە لە هاتنیدا نیە جارێكی تر.
ئەمەیە تاكە بەڵگەیان، پاشان دەڵێن: ئەمەیە كە سەلەفی ساڵحیش باوەڕیان پێی هەبووە. بەڵام ئەم قسەیەیان درۆیەكی ئاشكرا و دزێوە لەهەمان كاتدا. ئەگەر ئەم تەئویلەمان قەبوڵ كرد ئەوا بەدڵنیاییەوە تەئویلی گەمژە و نەزانەكانە چونكە هیچ شتێك زیاد ناكات بۆ مەزنی و گەورەیی پێغەمبەر (ﷺ). ئێستا ئێوە و وتەی شیخی گەورە محێدین ئیبن عەرەبی (كۆچكردووی ساڵی 638ك) كە دەڵێت: “پێغەمبەرایەتی بەردەوامە لەناو خەڵكدا هەتا ڕۆژی قیامەت ئەگەرچی تەشریع پچڕاوە. وە تەشریع بەشێكە لەبەشەكانی پێغەمبەرایەتی”. (الفتوحات المكیة، بەرگی3، لا159، الباب الثالث و السبعون في معرفة عدد ما یحصل من الأسرار للمشاهد)
هەروەها دەڵێت: “ئەو پێغەمبەرایەتییەی پچڕاوە بەهۆی بوونی پێغەمبەری خواوە (ﷺ) تەنها پێغەمبەرایەتی تەشریعییە نەك پلەوپایەكەی، بۆیە شەرعێك نیە شەرعەكەی ئەو (ﷺ) نەسخ بكاتەوە، وە حوكمێكی تر زیاد ناكات بۆ حكومەكانی شەریعەتەكەی. ئەمەیە مانای ئەم فەرموودەیەی خۆی (ﷺ): پەیام و پێغەمبەرایەتی پچڕاون، بۆیە پێغەمبەر و فروستادەیەك نیە لەدوای من، واتە پێغەمبەرێك نایەت لەدوای من لەسەر شەریعەتێك بێت پێچەوانەی شەریعەتەكەی من، بەڵكو ئەگەر هەبێت ئەوا لەژێر حوكمی شەریعەتەكەی مندا دەبێت، وە فروستادەیەك نیە واتە لەدوای من هیچ فروستادەیەك نیە بۆلای هیچ كەسێك لە دروستكراوانی خوا بەشەرعێكەوە كە بانگیان بكات بۆی. ئەمەیە كە پچڕاوە و دەرگاكەی داخراوە، نەك پلەوپایەی پێغەمبەرایەتی”. (سەرچاوەی پێشوو، لا4)
حەزرەتی شێخ بالی ئەفەندی (كۆچكردووی ساڵی 960ك) دەڵێت: “خاتەمی پێغەمبەران ئەو كەسەیە كە لەدوای ئەو پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نیە”. (شرح الفصوص الحكم، ص56)
ئاشكرایە شێخ نكوڵی ناكات لە ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێكی ناتەشریعی، بەڵكو تەنھا نكوڵی دەكات لە هاتنی پێغەمبەرێكی تەشریعی بەجۆرێك دەڵێت: “لە دوای ئەو پێغەمبەرێكی خاوەن شەریعەت نیە”.
هەروەها سۆفی ناسراو پێشەوا عبدالوهاب الشعراني دەڵێت:
“بزانە پێغەمبەرایەتی بەڕەهایی هەڵنەگیراوە پاش موحەممەد (ﷺ)، بەڵكو تەنھا پێغەمبەرایەتی تەشریعی هەڵگیراوە”. (الیواقیت و الجواهر، ج2، ص35)
سەید عبدالكریمی جەیلی دەڵێت: “حوكمی پێغەمبەرایەتی تەشریعی پچڕاوە دوای پێغەمبەر (ﷺ)، وە موحەممەد (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەران بووە، چونكە (شەریعەتە) تەواوە بێكەموكوڕیەكەی هێناوە و هیچ كەسێك ئەوەی نەهێناوە”. (الإنسان الكامل، ج1، ص115)
شێخ موحەممەد وەسیمی كوردستانی چەمكی خاتەمی پێغەمبەران شرۆڤە دەكات لە پەراوێزی “تقریب المرام في شرح تھذیب الكلام”ی شیخ عبدالقادری كوردستانیدا بەرگی2، لا 233 و دەڵێت: “… مانای ئەوەی كە خاتەمی پێغەمبەرانە بریتیە لەوەی دوای ئەو پێغەمبەرێكی تر ڕەوانە ناكرێت بە شەریعەتێكی ترەوە”.
دەكرێت لەم قسەیەوە دوو مانا هەڵێنجرێت: هەرگیز پێغەمبەرێك ڕەوانە ناكرێت، نە بەشەریعەتێكی پێشووەوە نە بە شەریعەتێكی نوێوە. ئەگەر ئەمەمان پەسەند كرد ئەوا دەرگای هاتنی مەسیحیش (عليه السلام) دادەخرێت چونكە بەگوێرەی قورئانی پیرۆز ئەو “پێغەمبەرێك بووە بۆ سەر نەوەی ئیسڕائیل” و شوێنكەوتەی شەریعەتی مووسا (عليه السلام) بووە.
ئێستاش وتەیەكی تری ولي الله ی دەهلەیی، نوێكاری سەدەی دوازە، دەهێنمەوە بۆتان كە دەڵێت: “وە پێغەمبەران بەو كۆتایی هات واتە كەسێك نیە خوا (سبحانه) فەرمانی تەشریعی پێ بكات بەسەر خەڵكیدا”. (التفهیمات الإلهیة، ج2، ص85)
وە مەولەوی موحەممەد قاسم نانۆتۆیی دەڵێت: “خەڵكی بەگشتی پێیان وایە پێغەمبەری خوا (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە بەو مانایە كە سەردەمەكەی لەدوای هەموو پێغەمبەرانی پێشووەوە بووە و خۆی دواهەمینی هەموو پێغەمبەرانە. بەڵام ئەهلی تێگەيشتن بەباشی پەی بەوە دەبەن كە لە پێشكەوتن یان دواكەوتن لەڕووی كاتەوە هیچ فەزیلەیەك نیە لەخودی خۆیدا. ئەگەر بابەتەكە وەها بێت وەك خەڵكی گشتی پێیان وایە ئەوا چۆن ڕاست دەردەچێت كە خوای گەورە لە ستایشی پێغەمبەردا (ﷺ) فەرموویەتی: ﴿وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ﴾؟ بەڵام ئەگەر ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە بە ستایش و پیاهەڵدان لەقەڵەم نەدەین، وە ئەگەر ئەم پلەیە بە مەدح و ستایش دانەنێین ئەوا ئەو كاتە ڕاست دەردەچێت كە چەمكی خاتەمی پێغەمبەران بەمانای دواهەمینە لەڕووی كاتەوە. بەڵام دەزانم ئەم قسەیە هەگیز بەدڵی هیچ كەسێك نابێت لە ئەهلی ئیسلام”. (تحذیر الناس لمحمد قاسم نانوتوي، لا4-5)
ئەهلی ئیسلام كێن كە ئەم قسەیەیان بەدڵ نیە؟ ئێمەی ئەحمەدی یان مەلا پاكستانیەكان؟
ئێستاش وتەیەكی تری زانا برێلەییەكانتان بۆ دەهێنمەوە كە دژی ئەهلی دیوبەندن، چونكە برێلەییەكان و ئەهلی سوننەی تر كە هاوڕا نین لەگەڵ ئەهلی دیۆبەنددا هەمیشە بەوە تۆمەتباریان دەكەن كە ئەوان قوتابخانەی دیوبەندیان دانەمەزراندووە بەڵكو لەڕاستیدا كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدییان دامەزراندووە، وە كۆمەڵێك دەرگایان لەبەردەم دامەزرێنەرەكەیدا كردەوە و لێیانەوە چووە ژوورەوە هەتا هەستا بە ڕاگەیاندنی پێغەمبەرایەتی تەشریعی (پەنا بەخوا).
زانایەكی گروپی برێلییەت هەیە كە ناوی سەید أبو الحسنات محمد عبد الحي لەكهەنەییە، بەم شێوەیە هەڵوێستی خۆی دەخاتەڕوو دەربارەی خەتمی پێغەمبەرایەتی: “بوونی پێغەمبەرێك لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) یان دوای ئەو ئەستەم نیە، بەڵكو ئەوە ئەستەمە كە شەریعەتێكی نوێی هەبێت”. (أثر ابن عباس في دافع الوسواس، ص16)
ئەم زانایە بە ئاشكرا ڕایدەگەیەنێت كە ئەمە تەنھا بیروباوەڕی ئەو نیە بەڵكو بەردەوام زانایانی ئەهلی سوننەیش بەئاشكرا ئەمە ڕادەگەیەنن، بۆیە دەڵێت: “بەردەوام زانایانی ئەهلی سوننە بەئاشكرا ڕایدەگەیەنن كە ناكرێت لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) پێغەمبەرێكی تر هەبێت بە شەریعەتێكی نوێوە، چونكە ئەو (ﷺ) پیغەمبەرایەتییەكەی گشتیە. كەواتە ئەو پێغەمبەرەی كە لە چەرخی ئەودا (ﷺ) هەبێت دەبێت شوێنكەوتەی شەریعەتی موحەممەدی بێت”. (مجموعة الفتاوی لمحمد عبدالحي اللكهنوي. بەرگی1، لا17)
ئێستاش ئەو لێدوانانە پێشكەش دەكەین كە لەو نامیلكەیەكدا هاتووە حكومەتی پاكستان بڵاویكردووەتەوە بە ناونیشانی: (قادیانیەت مەترسیەكی تۆقێنەر لەسەر ئیسلام):
“بەردەوام بیروبۆچوونی خەتمی پێغەمبەرایەتی [واتە پێغەمبەر (ﷺ) دواهەمین پێغەمبەرە لەڕووی سەردەم و كاتەوە بەگوێرەی قسەی ئەوان- گوێزەرەوە] یەكێك بووە لە بیروباوەڕە بنچینەییەكانی ئیسلام بەدرێژای هەموو مێژووی ئیسلام. وە مۆركی ئەم بیروباوەڕە زۆر قووڵ بووە لە دید و ڕەفتار و هەست و نەستی موسوڵماناندا”. (نامیلكەی ناوبراو، لا5)
ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە كە سەبارەت بە خوێندنەوەی مێژووی ئیسلامی و لێكۆڵینەوە لێی بەهیچ شێوەیەك باسوخواس و شوێنەوارەكانی ئەم بیروبۆچوونە نابینین. هەروەك بۆ ئەم هەست و نەستە هیچ ئاسەوارێك بەدی ناكەین لەسەر ئەو پیاوچاك و ئەولیایانەی كە ناوبانگیان هەبووە لەناو ئوممەتدا. كەواتە نەیارەكانمان لەكوێوە ئەم هەستەیان وەرگرتووە؟ ئەمەیە كە من بۆی دەگەرێم، وە دڵنیام لە پیاوچاكانی ئوممەتی موحەممەدییەوە وەریان نەگرتووە. بۆیە بینیم قورئان پێش وەخت سەرچاوەكەی خستووەتەڕوو بەجۆرێك خوا (عز وجل) لە وتە پیرۆزەكەیدا ڕایدەگەیەنێت: ﴿وَلَقَدْ جَاءَكُمْ يُوسُفُ مِنْ قَبْلُ بِالْبَيِّنَاتِ فَمَا زِلْتُمْ فِي شَكٍّ مِمَّا جَاءَكُمْ بِهِ حَتَّى إِذَا هَلَكَ قُلْتُمْ لَنْ يَبْعَثَ اللَّهُ مِنْ بَعْدِهِ رَسُولاً كَذَلِكَ يُضِلُّ اللَّهُ مَنْ هُوَ مُسْرِفٌ مُرْتَابٌ * الَّذِينَ يُجَادِلُونَ فِي آيَاتِ اللَّهِ بِغَيْرِ سُلْطَانٍ أَتَاهُمْ كَبُرَ مَقْتًا عِنْدَ اللَّهِ وَعِنْدَ الَّذِينَ آمَنُوا كَذَلِكَ يَطْبَعُ اللَّهُ عَلَى كُلِّ قَلْبِ مُتَكَبِّرٍ جَبَّارٍ﴾ (غافر: 35_36)
كەواتە دەردەكەوێت ئەم بیروبۆچوونە لەو كاتەوە بوونی هەیە و قورئان بەتووندی بەدرۆی دەخاتەوە. پاشان خوای گەورە باسی “ئەم هەستە” دەكات بەهەمان ئەو وشانە و دەفەرموێت خوای گەورە مۆر دەدات لەدڵی ئەوانەی بەبێ بەڵگەی بەهێز مشتومڕ دەكەن دەربارەی ئایەتەكانی خوا. وە با ئەو كەسانە بزانن كە ئەم ڕەفتارە نەشیاوە لای خوا. كەواتە ئەمەیە سەرچاوەی هەستی ناوبراویان. خوای گەورە دەفەرموێت: لەسەردەمی یوسفیشدا (عليه السلام) ئەم كارەتان كرد. مادام یوسف زیندوو بوو بەڵگەكانی خۆی دەخستەڕوو، بەڵام ئێوە گوێتان لێ نەدەگرت بەڵكو ئەوپەڕی هەوڵی خۆتاندا لە دژایەتیكردندا، كاتێك كۆچی دوایی كرد گوتتان: دوای ئەو هەرگیز خوا هیچ پێغەمبەرێك ڕەوانە ناكات. بەم شێوەیە دەرچوون لەگوێڕایەڵیی یوسف بەهۆی ئەوەی ئەوتان ڕەتكردەوە، وە لەلایەكی ترەوە خۆتان داڕنی لەگوێڕایەڵی پێغەمبەرایەتی بەشێوەیەكی گشتی و بەبەردەوامی بەهۆی ئەو بیروباوەڕەی خۆتانەوە كە گوایە هەرگیز خوا لە داھاتوودا هیچ پێغەمبەرێك ڕەوانە ناكات. كەواتە ئەم بیروباوەڕە هەڵەیە باو بووە لەسەردەمی گەورەمان یوسفەوە (عليه السلام).
وە بەوپێیەی قوئانی پیرۆز هەموو ڕێگایەكی مەترسیدار دادەخات بۆیە لەتوانای هیچ كەسێكدا نیە بە فێڵ و زیرەكی خۆی سەركەوێت بەسەریدا. ئەوەتا خوای گەورە هەمان بابەت ڕوون دەكاتەوە لە شوێنێكی تردا و دەفەرموێت: ﴿وَأَنَّهُ كَانَ يَقُولُ سَفِيهُنَا عَلَى اللَّهِ شَطَطًا * وَأَنَّا ظَنَنَّا أَنْ لَنْ تَقُولَ الإِنْسُ وَالجِنُّ عَلَى اللَّهِ كَذِبًا * وَأَنَّهُ كَانَ رِجَالٌ مِنَ الإِنسِ يَعُوذُونَ بِرِجَالٍ مِنَ الجِنِّ فَزَادُوهُمْ رَهَقًا * وَأَنَّهُمْ ظَنُّوا كَمَا ظَنَنْتُمْ أَنْ لَنْ يَبْعَثَ اللَّهُ أَحَدًا﴾ (الجن: 5_8)
لەم ئایەتانەوە ڕوون دەبێتەوە ئەوانیش لەو ڕۆژانەدا بەهۆی گەمژەیی و نەفامییانەوە بانگەشەیان دەكرد، وەك چۆن ئەمڕۆ دەیكەن، كە خوا هەرگیز هیچ كەسێك ڕەوانە ناكات.
مانای خاتەمی پێغەمبەران لەبەر ڕۆشنایی فەرموودەدا
بێگومان بانگەشەی ئەوەیان كرد كە هەرگیز خوا هیچ پێغەمبەرێك ڕەوانە ناكات، وە بۆ چەسپاندنی ئەم هەڵوێستەیان جەختیان كردەوە لەسەر فەرموودەكان لەجیاتی قورئانی پیرۆز، وە دەڵێن: چەندین فەرموودە هەن بەشێوەیەكی گومانبڕ دەیسەلمێنن پێغەمبەر (ﷺ) دواهەمین پێغەمبەر بووە لەڕووی كاتەوە. وە ئەو بیروباوەڕەی زەق دەبێتەوە پاش خوێندنەوەی ئەو فەرموودانەی پێشكەشیان دەكەن ئەوەیە كە هەرگیز دوای پێغەمبەر (ﷺ) كەسێك ڕەوانە ناكرێت جگە لە دەججال و بانگەشەكارە درۆزنەكان، وەك ئەوەی ڕێگاكانی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرە ڕاستگۆكان داخرابن لەسەر ئەم ئوممەتە بەبەردەوامی، وە دەرگاكانی بانگەشەكارە درۆزنەكان و دەججالەكان خرابێتە سەر پشت. ئەمەیە مانای خەتمی پێغەمبەرایەتی لای ئەوان كە زۆر بەگوڕوتین و پەرۆشیەوە دەیخەنەڕوو. لەمبارەیەوە هەندێ فەرموودەیان هێناوەتەوە، لەوانە:
“لە سەوبانەوە گوتی، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: لە ئوممەتەكەمدا سی درۆزن پەیدا دەبێت، هەریەكەیان بانگەشەی ئەوە دەكات كە پێغەمبەرە، وە من خاتەمی پێغەمبەرانم و دوای من پێغەمبەر نیە”. (أبو داود، كتاب الفتن)
دەڵێن: دوای ئەم فەرموودەیە چ بوارێك ماوەتەوە بۆ هاتنی پێغەمبەر لە هەر جۆرێك بێت، یان بەهەر مانایەك لەماناكانی خەتمی پێغەمبەرایەتی؟
دەڵێم: ئەمە ڕاستە و ئێمەش لەمەدا لەسەدا سەد لەگەڵتانین، وە دان دەنێن بەوەدا كە ئەو دەرگایەی پێغەمبەر (ﷺ) دایخستووە مافی هیچ كەسێك نیە بۆهەتاهەتایە بیكاتەوە. بۆیە باوەڕمان هێنا و بەڕاستمان زانی هەموو ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی. من بەناوی هەموو ئەحمەدیەتەوە دان دەنێم بەمەدا. بەڵام ئەو دەرگایەی پێغەمبەر (ﷺ) بەدەستی خۆی كردوویەتیەوە هیچ كەسێك- هەر چییەك بێت- ناتوانیت دایبخات. ئەمەیە كە ئێوە قەبوڵی ناكەن، ئەمەش وایكردووە بابەتەكە ببێتە بابەتێكی ناكۆك لەنێوان ئێمە و ئێوەدا، ئەگینا ناكۆكی و ڕاجیاییەك نیە لەوەدا كە ئەو دەرگایەی پێغەمبەر (ﷺ) دایخستووە بەردەوام بەداخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو دەرگایەی پێغەمبەر (ﷺ) كردیەوە دەبێت ئەویش كراوە بێت. هەموو جیاوازی و ناكۆكی نێوان ئێمە و ئێوە ئەمەیە.
مەسیحی چاوەڕوانكراو پێغەمبەری خوا دەبێت
هەڵبەت فەرموودەیەكتان خوێندەوە لەو بابەتەدا كە ئێمە لەبارەیەوە دەدوێین، ئێستاش فەرموودەیەكی دیكە بخوێننەوە بەجۆرێك پێغەمبەر (ﷺ) تێیدا باسی دابەزینی عیسای (عليه السلام) كردووە و چوار جار مەسیحی بەڵێندراوی ناوزەد كردووە بە “پێغەمبەری خوا”، لەو فەرموودە درێژە ئەو بەشەتان بۆ دەخوێنمەوە كە تایبەتە بەم بابەتەوە:
“… پێغەمبەری خوا” عیسا و هاوەڵەكانی ئابڵۆقە دەدرێن… “پێغەمبەری خوا” عیسا و هاوەڵەكانی حەزدەكەن… پاشان “پێغەمبەری خوا” عیسا و هاوەڵەكانی دەگوێزنەوە… ئینجا “پێغەمبەری خوا” عیسا و هاوەڵەكانی ڕوودەكەنە خوا”. (مسلم، كتاب الفتن، باب ذكر الدجال وصفته وما معه)
تێبینیتان كرد كە پێغەمبەر (ﷺ) چوار جار مەسیحی داهاتووی بە “پێغەمبەری خوا” ناوبردووە، دیارە سەحیحی موسلیم یەكێكە لە گرنگترین كتێبەكان لە شەش سەحیحەكە.
ئەگەر بوترێت ئەوەی جارێكی تر دێت بۆ دنیا پێغەمبەرێكی كۆنە. ئەوا لەم دۆخەدا دەبێت شوێنكەوتووەكانیشی كە ناویان نراوە هاوەڵەكانی ئەوانیش جارێكی تر لەگەڵیدا بێن بۆ دنیا و نازناوی (رضي الله عنھم)یان پێ بدرێت. ئاشكرایە پێغەمبەر (ﷺ) لێرەدا باسی ڕووداوێك دەكات كە دوای وەفاتی خۆی (ﷺ) ڕوودەدات.
كەواتە بەشێوەیەكی گومانبڕ ساغبوویەوە كە هەرچەند دەججالە درۆزنەكان دەربكەون، سی دانە بن یان سێ سەد هەزار، ئەوا نازناوی “پێغەمبەری خوا” كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەخشیویەتی بە مەسیحی داهاتوو هیچ هێزێك لە دنیادا ناتوانێت لێی دابڕنێت.
لە پاشای ڕوسیا “زار”وە دەگێڕنەوە، جارێكیان فەرمانی كرد بەیەكێك لە پاسەوانەكانی كە ڕێگە نەدا بەهیچ كەسێك بێتە ژوورەوە بۆ كۆشكەكەی لەبەر سەرقاڵبوونی بە كۆمەڵێك كاروباری گرنگەوە. پاسەوانەكەش خۆی ئامادە كرد بۆ جێبەجێ كردنی فەرمانەكە. پاشان دوای ماوەیەكی كەم كوڕەكەی “زار” هات و ویستی بچێتە ژوورەوە بۆ كۆشكەكەی پاشا بۆ سەردانی باوكی، پاسەوانەكەش ڕێگری لێ كرد و گوتی: من فەرمانم پێكراوە ڕێگە بە هیچ كەسێك نەدەم بچێتە ژوورەوە. شازادەش گوتی: تۆ كێی هەتا ڕێگری چوونەژوورەوە لە من بكەیت؟ پاسەوانەكە گوتی من فەرمانم پێكراوە فەرمانی پاشا جێبەجێ بكەم. شازادە زۆر توڕەبوو بەتوندی بە قەمچی دای لە پاسەوانەكە و سوكایەتی زۆری پێ كرد، پاشان سەرلەنوێ هەوڵیدا بچێتە ژوورەوە. پاسەوانی بریندار هەستایەوە و جارێكی تر بەرهەڵستی كرد و گوتی: ڕێگەی چوونە ژوورەوەت پێ نادەم چونكە پاشا فەرمانی ئەوەی پێ كردووم و دەبێ فەرمانی ئەو جێبەجێ بكەم. جارێكی تر شازادە توڕەبوو و تێری دا لە پاسەوانەكە بەڵام پاسەوانەكە ئەم جارەش نەیهێشت بچێتە ژوورەوە. پاشا “زار” لە كۆشكەكەیەوە سەیری هەموو ئەم ڕووداوانەی دەكرد، لەپڕدا چووە دەرەوە و ڕوویكردە شازادە و پرسیاری لێكرد كە چی ڕوودەدات. شازادەش گوتی ئەم ناپیاوە ڕێگەم نادات بێمە ژوورەوە، ئەمە كێیە هەتا ڕێگری لەمن بكات؟ پاشا لێی پرسی: چ شتێكی پێ گوتیت؟ شازادە وەڵامی دایەوە: نەیهێشت بێمە ژوورەوە و گوتی پاشا فەرمانی پێ كردووە ڕێگەی چوونە ژوورەوە نەدات بەكەس. پاشاش گوتی: ئەگەر پاسەوانەكە ئەوەی پێ گوتبیت و پێی ڕاگەیاندبیت كە ئەمە فرمانی پاشایە و لەگەڵ ئەوەدا تۆ هەوڵت دابێت فەرمانەكە بشكێنیت ئەوا تۆیت كە سەرپێچیت كردووە لە فەرمانی پاشا و دەستدرێژیت كردووەتەسەر پاسەوانێك كە لەلایەن پاشاوە فەرمانی پێكراوە. پاشان پاشاكە ڕوویكردە پاسەوانەكە و گوتی: قەمچیەكە بگرە بەدەستەوە و لە كوڕەكەم بدە پێی. شازادەكە هیچی بۆ نەمایەوە ئەوە نەبێت كە دەستبەجێ گوتی، ئەی پاشا: یاسای ئەم وڵاتە ڕێگە نادات بە سەربازێكی ئاسایی لە ئەفسەریك بكات پلەی لەو بەرزتر بێت. ئینجا پاشاكە پلەی ئەفسەری دا بە پاسەوانەكە و پێی گوت: ئەی فڵان ئەفسەر قەمچییەكە بگرە بەدەستەوە و بدە لەكوڕەكەم پێی. جارێكی تر شازادە گوتی: یاسایەكی تریش هەیە ڕێگری دەكات لە ئەفسەر كە لە لیوا بدات. ئینجا پاشاكە پلەی لیوای دا بە پاسەوانەكە و پێی گوت: ئەی لیوا فڵان قەمچیەكە بگرە بەدەستەوە و لەكوڕەكەم بدە پێی. شازادەكە بۆ جاری سێیەم هاواری كرد: یاسایەكی تریش هەیە ڕێگری دەكات لەكەسێك كە شازادە نەبێت بدات لە شازادە. ئینجا پاشاكە پلەی شازادەی دا بە پاسەوانەكە و پێی گوت: ئەی شازادە قەمچیەكە بگرە بەدەستەوە و لە كوڕەكەم بدە پێی چونكە سەرپێچی فەرمانی منی كردووە. بەم شێوەیە پاسەوانێكی ئاسایی لە چاوتروكانێكدا بوو بە شازادە و هیچ كەسێك نەبوو پلەی شازادەی لێ دابڕنێت.
دەی ئایا تەنانەت ئەو مافە نادەن بە گەورەمان موحەممەدی ئازیز (ﷺ) كە پاشای ڕوسیا هەیبوو؟ پێغەمبەری خوا (ﷺ) زیاتر لەجارێك مەسیحی داهاتووی ناوناوە “پێغەمبەری خوا”. ئێستاش ئەی نەیارەكانمان پێتان دەڵێم: ئەم نازناوەی لێ دابڕنن ئەگەر دەتوانن!
بەڵام سەبارەت بە سی دەججالەكە، ئەوە بخوێننەوە كە لە “شرح صحیح مسلم”دا لەم بارەیەوە هاتووە، بەجۆرێك هاتووە: “ئەم فەرموودەیە ڕاستیەكەی دەركەوت بەجۆرێك ئەگەر ئەو كەسانە بژمێردرێت كە لەسەردەمی پێغەمبەرەوە (ﷺ) هەتا ئێستا بەدرۆ بانگەشەی پێغەمبەرایەتییان كردووە ئەوا دەگاتە ئەم ژمارەیە و ئەو كەسەی مێژوو بخوێنێتەوە ئەمە دەزانێت”. (شَرحُ صحيحِ مُسلم لِلقَاضِى عِيَاض المُسَمَّى إِكمَالُ المُعْلِمِ بفَوَائِدِ مُسْلِم، ج7، ص258)
یەكێك لەسەیروسەمەرەكانی قەدەری خوا ئەوەیە كە ژمارەی دەججالە درۆزنەكان گەيشتە سی دانە پێش ڕەوانەكردنی كەسە ڕاستگۆكە. وە ئەگەر دەڵێن: دەكرێت هەندێ درۆزنی تریش پەیدا بن هەتا سەردەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ئەوا دەڵێم: ئەگەر وەها بێت ئەوا بەڵێنی ناوبراو لە فەرموودەكەدا هیچ بایەخێكی نابێت بەڵكو فەرموودەكە دەبێتە ئامانجێك بۆ گومان و دوودڵی. نەخێر! بەڵكو سەید نەواب صدیق حەسەن خان، كە هاوچەرخی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو-ع- بووە، دەڵێت: “ئەو هەواڵەی كە پێغەمبەر (ﷺ) ڕایگەیاندووە دەربارەی دەركەوتنی دەججالەكان لەم ئوممەتەدا هاتووەتەدی و ژمارەكە تەواوبووە”. (آثار القیامة في حجج الكرامة، لا 239)
لەم قسەیەوە دەردەكەوێت كە بەگوێرەی مانا و ناوەڕۆكی ئەم فەرموودەیە، ئێستا ئیتر هەرگیز دەججال و بانگەشەكاری درۆزن پەیدا نابێت. وە بەو پێیەی كە كاتی دەركەوتنی مەسیحی بەڵێندراو هاتووە لەبەرئەوە هەموو زمانەكان قوفڵدراون لە قسەكردن، وە بێدەنگی و چاوەڕوانی باڵی كێشاوە بەسەر ئوممەتدا و بەبێدەنگی و مۆنی چاوەڕی دەكات.
تەواویی كۆشك واتە تەواویی شەریعەت
فەرموودەیەكی تر هەیە نەیارەكانمان دەیهێننەوە و بەگوێرەی ئەوە دەڵێن: ئایا دوای ئەم فەرموودەیە بوارێك دەمێنێتەوە بۆ گومانكردن لە پچڕانی پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی؟ ئەوان زۆر جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەم فەرموودەیە و دەڵێن: هیچ بوارێك نەماوەتەوە بۆ دەركەوتنی پێغەمبەرێك ئەگەرچی لە ئوممەتی موحەممەدییش بێت. لە فەرموودەكەدا هاتووە: “لە ئەبو هورەیرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: نموونەی من و نموونەی پێغەمبەرانی پێش من وەكو كۆشكێك وایە بەجوانی دروستكرابێت بەڵام شوێنی خشتێكی تێدا بەجێهێڵرابێت. خەڵكی بەناویدا بسورێنەوە و سەرسام بن لە جوانی دروستكردنەكەی تەنھا شوێنی ئەو خشتە نەبێت… من شوێنی ئەو خشتەم پڕ كردەوە و بەهۆی منەوە كۆشكەكە تەواو بوو، وە پێغەمبەران بەهۆی منەوە تەواو بوون. وە لە ڕیوایەتێكی تردا فەرمووی: من ئەو خشتەم و من خاتەمی پێغەمبەرانم”. (البخاري كتاب المناقب، مسلم كتاب الفضائل، الترمذي كتاب المناقب، ومسند أحمد بن جنبل، وكنز العمال، وتتمة الإكمال من فضائل متفرقة تنبیء عن التحدث بالنعم)
عەللامە ئيبن حەجەری عەسقەلانی لە شرۆڤەی ئەم فەرموودەیەدا دەڵێت: “لێرەدا مەبەستەكە ڕوانینە بۆ تەواوترین بە نیسبەت شەریعەتی موحەممەدیەوە لەگەڵ ئەو شەریعەتە تەواوانەی كە تێپەڕین”. (فتح الباري شرح صحیح البخاري لابن حجر العسقلاني، كتاب المناقب، باب خاتم النبیین ﷺ)
بەڵام ئەوان ئەم شرۆڤەیە ناهێننەوە چونكە ئیبن حەجەری عەسقەلانی لەو لیستەدا نیە كە دایانناوە بۆ سەلفی ساڵح و بیرمەندەكانی پێشوو و فەیلەسوفە گەورەكان. بەڵام بێگومان ناوی عەللامە ئیبن خەلدون لە لیستەكەیاندا دانراوە. دەی با بزانین ئەو لەمبارەیەوە چی گوتووە:
“خاتەمی پێغەمبەر تەفسیر دەكەن بەو خشتەی كە كۆشكەكە تەواو دەكات. وە ماناكەی ئەو پێغەمبەرەیە كە پێغەمبەرایەتی تەواوەتی بەدەستهاتووە بۆی”. (مقدمة ابن خلدون، ص300)
فەرموودەیەكی تر هەیە كە بەگوێرەی ئەوە دژایەتیمان دەكەن كە بریتیە لە: “لە سەعیدی كوڕی موسەییەبەوە لە عامری كوڕی سەعدی كوڕی ئەبو وەققاسەوە لە باوكیەوە گوتی، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی بە عەلی: تۆ بۆمن لە پێگەی هاروندایت بۆ مووسا بەڵام لەدوای من پێغەمبەر نیە. وە لەڕیوایەتێكی بوخاریدا هاتووە: بەڵام لەدوای من هیچ پێغەمبەرێك نیە. وە لەڕیوایەتێكی موسنەدی ئەحمەددا هاتووە: بەڵام تۆ پێغەمبەر نیت”. (مسلم، كتاب الفضائل، البخاري كتاب الفضائل، مسند أحمد بن حنبل مسند عبد الله بن عباس بن عبد المطلب)
لەڕاستیدا پێغەمبەر (ﷺ) حەزرەتی عەلی (ڕەزای خوای لێ بێت) كرد بە جێنشینی خۆی بەسەر مەدینەوە پێش ئەوەی سەفەر بكات بۆ غەزوەی تەبووك. گەورەمان عەلی (ڕەزای خوای لێ بێت) تێكۆشەرێكی مەزن بوو وەك زانراوە و بەشداری كردووە لەهەموو جەنگەكانی پێشتردا لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ). بۆیە نەچوونی بۆ غەزوەی تەبووك خەمێكی زۆری دروستكرد لە دەروونیدا، لەلایەكەوە پێیوابوو بێبەش دەبێت لە جیھاد، وە لەلایەكی ترەوە ڕەنگە خەڵك گومان ببەن كە پێغەمبەر (ﷺ) لێی ڕازی نیە. بۆیە تكای كرد لە پێغەمبەر (ﷺ) و پێداگری كرد و گوتی (كە ئەمە ماناكەیەتی): ئایا لەناو ژن و مناڵدا بەجێم دەهێڵیت ئەی پێغەمبەری خوا؟ دیارە شێوازی قسەكردنەكەی خۆشەویستی پێغەمبەری جوڵاند بۆی. بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) پێی فەرموو: خەمبار مەبە ئەی عەلی، تۆ بۆ من لە پێگەی هاروندایت بۆ مووسا. مەبەستەكە ئەوەبوو كاتێك مووسا سەفەری كرد هاروونی (علیھما السلام) كرد بە جێنشینی خۆی لە ناو گەلەكەیدا چونكە متمانەی هەبوو پێی و خۆشی دەویست نەك لەبەر هۆكارێكی نەرێنی. بەهەمان شێوە منیش تۆ دەكەم بە جێنشینی خۆم بەهۆی ئەوەی متمانەم پێتە و ڕێزت هەیە لەلام، نەك لەبەر هۆكارێكی نەرێنی، بەڵام لەكاتی ئامادەنەبوونی مندا تۆ نابیت بە پێغەمبەر. ئەمەیە ماناكە. ئەم فەرموودەیە لە سحیحی بوخاریدا هاتووە بە شێوازی تریش بەڵام ماناكە هەمان شتە.
زانایانی ئەمڕۆ پێداگری دەكەن و دەڵێن: “بعدي، دوای من” لێرەدا مانای “دوا” دەگەیەنێت بۆ هەتاهەتایە، مانای ئەو ئامادەنەبوونە كاتییە ناگەیەنێت كە تێیدا پێغەمبەر (ﷺ) ئەم وتەیەی فەرمووە. بەڵام ئێمە ڕوودەكەینە یەكێك لە پیاوچاكە گەورەكانی ئوممەت كە ئێوە گوێ شل دەكەن بۆ قسەكانی یان بەلایەنی كەمەوە بانگەشەی ئەوە دەكەن، وە ناوەكەی لە نامیلكە حكومیەكەدا هاتووە لەناو لیستی بیرمەندە گەورەكانی ئیسلام، كە بریتیە لە حەزرەتی وەلیوڵڵای دەهلەیی فەرموودەناس، لە شرۆڤەی ئەم فەرموودەیەدا دەڵێت:
“مانا و مەبەستی ئەم فەرموودەیە بریتیە لە كردنی گەورەمان عەلی (ڕەزای خوای لێ بێت) بە جێگر یان ئەمیر بەسەر مەدینەوە تەنھا لەسەروبەندی غەزوەی تەبووكدا، وە لێكچوواندنی جێگریەكەی بە جێگریی هارون (عليه السلام) بۆ مووسا كاتی سەفەركردنی بۆ كێوی توور. وە “بعدي، دوای من” لێرەدا مانای “جگە لە من” دەگەیەنێت، وە مانای “دوا” لەڕووی كاتەوە ناگەیەنێت، وەك لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا هاتووە: ﴿فَمَنْ يَهْدِيهِ مِنْ بَعْدِ اللَّهِ﴾ (الجاثیة: 24)، فەرمایشتی خوای گەورە ﴿مِنْ بَعْدِ اللَّهِ﴾ واتە “من غیر الله، جگە لە خوا”. (قرة العینین في تفضیل الشیخین لولي الله الدهلوي لا206)
دەڵێم: تێبینی بكەن بەڕێزی لە قورئانیشەوە بەڵگە دەهێنێتەوە و ڕوونی دەكاتەوە كە وشەی “بعد” هەمیشە مانای “دوا” ناگەیەنێت لەڕووی كاتەوە، بەڵكو مانای “غیر، جگە لە”یش دەگەیەنێت. چونكە بەهیچ شێوەیەك لە شێوەكان ناگونجێت مانای دوا لەڕووی كاتەوە بەسەر خوادا (عز وجل) بچەسپێنرێت. بۆیە بەشێوەیەكی گومانبڕ ساغبوویەوە كە نەك تەنھا زمانپاراو و ڕەوانبێژەكانی عەرەب بەڵكو خوایش (عز وجل) لە كەلامەكەی خۆیدا وشەی “بعد”ی بەكارهێناوە بەمانای “غیر”.
حەزرەتی ولیوڵڵای دەهلەیی زیاتر لەسەری دەڕوات و دەڵێت: “لێرەدا مەبەستەكە “دوا” نیە لەڕووی كاتەوە، چونكە هارون (عليه السلام) دوای مووسا (عليه السلام) نەژیاوە هەتا “دوا” لەڕووی كاتەوە ساغبێتەوە سەبارەت بەوەی وتراوە بە گەورەمان عەلی (ڕەزای خوای لێ بێت)”. (سەرچاوەی پێشوو)
بەڵگەیەكی چەندە جوانە! وەقسەیەكی چەند قەشەنگە! ئەهلی مەعریفە و تەقوا فەرمانی پێغەمبەری خوایان (ﷺ) خۆش دەویست و شەیدای وتەكانی بوون، بەدیدێكی قووڵەوە لێكۆڵینەوەیان دەكرد لە وتەكانی، بەتایبەتی فەرموودەكان بەجۆرێك بە خۆشەویستیەكی ڕاستگۆیانەوە دەیانخوێندن، بۆیە لەڕاستیدا دەگەيشتنە مرواری زانیاریە وردەكان وەك چۆن حەزرەتی ولیوڵڵای دەهلەیی پێی گەيشتووە بەجۆرێك دەڵێت: مەبەستەكە لێرەدا “دوا” نەبووە لەڕووی كاتەوە چونكە هاروون (عليه السلام) پاش مووسا (عليه السلام) نەژیاوە هەتا “دوا” لەڕووی كاتەوە بچەسپێت سەبارەت بەوەی بە گەورەمان عەلی (ڕەزای خوای لێ بێت) وتراوە. ئەو نموونەی كەسێكی هێناوتەوە كە بازنەی (دوایەكەی) تەنھا لە سەردەمی خۆیدا قەتیس بووە. وە هارون پاش مووسا (عليه السلام) نەژیاوە لەبەرئەوە ئەم “دوایە” فراوان نابێت بۆ زیاتر لە بازنە دیاریكراوەكەی و هیچ كەسێك ناتوانێت لەوە زیاتر فراوانی بكات.
فەرموودەیەكی تر هەیە شایانی سەرنجدانە و نەیارانمان زۆر جەختی لێ دەكەنەوە، بەڵام من لەخوارەوە بەسەندەكەی و لێدوانی پێشەوا ترمزیەوە لەسەری دەیخەمەڕوو، تێیدا هاتووە:
“لە بەكری كوڕی عەمرو لە مشرح كوڕی هاعان لە عوقەبەی كوڕی عامر ڕەزای خوای لێ بێت گوتی، پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: ئەگەر دوای من پێغەمبەر هەبوایە ئەوا عومەری كوڕی خەطاب دەبوو. ئەمە فەرموودەیەكی حەسەنی غەریبە نەمانزانیوە مەگەر لە فەرموودەی میشڕەحی كوڕی هاعانەوە”. (الترمذي أبواب المناقب، باب مناقب عمر رضي الله عنه)
ئەوان وەك نەریتی خۆیان بەشی یەكەمی ئەم فەرموودەیە دەخەنەڕوو، وە بەشی دووەمی دەشارنەوە. ئەو بەڵگەیەی كە دەیهێننەوە بە قسەی خۆیان ئەوەیە: بەوپێیەی گەورەمان عومەر (ڕەزای خوای لێ بێت) لەدوای وەفاتی پێغەمبەر (ﷺ) ژیا و وەك پێغەمبەرێك ڕەوانە نەكرا بۆیە ساغبوویەوە كە ناكرێت بەهیچ شێوەیەك پێغەمبەرێك هەبێت دوای پێغەمبەر (ﷺ).
پێشەوا ترمزی ئەم فەرموودە دەهێنێتەوە و پاشان لێدوانی لەسەر دەدات و دەڵێت:
“ئەم فەرموودەیە حەسەنی غەریبە نەمانزانیوە مەگەر لە فەرموودەی میشڕەحی كوڕی هاعانەوە” وە كاتێك بەدواداچوون دەكەین بۆ ڕاستگۆیی مەشرەحی كوڕی هاعان و پلەوپایەكەی لای زانایانی فەرموودە دەبینین لە كتێبێكی متمانەپێكراودا كە توێژینەوەیە لە ڕاویەكان، ئەمە هاتووە:
“ئیبن حیببان لە “الثقات”دا دەڵێت: هەڵە دەكات و سەرپێچی دەكات، پاشان لە “الضعفاء”دا دەڵێت: لە عوقەبەوە فەرموودەی مونكەر ڕیوایەت دەكات و موتابەعەیان نیە، دروست وایە واز بهێنرێت لەو شتەی تەنھا ئەو ڕیوایەتی كردووە. وە عوقەیلی لە مووسای كوڕی داوودەوە دەگێڕێتەوە: پێیان گوتم كە لەو سوپایەی حەججاجدا بوو كە ئابڵۆقەی ئین زوبەیری داو بە مەنجەنیق كەعبەیان ئاگرباران كرد”. (تهذیب التھذیب لابن حجر العسقلانی، ج5، ص425-426)
ئایا هیچ بایەخێك دەمێنێتەوە بۆ ڕیوایەتێك میشڕەحی كوڕی هاعان ڕیوایەتی كردبێت؟ پاشان كارەكە هەر لەمەدا ناوەستێت بەڵكو كۆمەڵێك فەرموودەی تر هەن تاوتوێ بابەتەكە دەكەن بە شرۆڤەیەكی زیاترەوە. ئەوەتا لە ڕیوایەتێكی تردا هاتووە:
“ئەگەر من ڕەوانە نەكرامایە ئەوا تۆ ڕەوانە دەكرایت ئەی عومەر” (مرقاة المفاتیح، شرح مشكاة المصابیح، بەرگی10، لا403)
وە لە ڕیوایەتێكی تریشدا هاتووە: “ئەگەر من لەناوتاندا ڕەوانە نەكرامایە ئەوا عومەر لەناوتاندا ڕەوانە دەكرا”. (كنوز الحقائق للإمام عبدالرؤوف المناوي، ج2، ص74)
كەواتە بەم فەرموودەیە بابەتەكە زیاتر ڕوونبوویەوە كە “بعدي، دوای من” لەو فەرموودەیەی پێشتر باسكرا تەنھا مانای”غیري،جگە لەمن” دەگەیەنێت.
بەڵگەیەكی تر لەسەر مانەوەی پێغەمبەرایەتی
ئێستاش فەرموودەیەكی ترتان بۆ دەهێنمەوە كە هەڵوێستەكە یەكلایی دەكاتەوە لە گرفتی “دوا لەڕووی كاتەوە” بەبێ ئەوەی لەلایەن خۆمانەوە شتێك بڵێین.
پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: “لە ئیبن عەبباسەوە گوتی: كاتێك ئیبراهیمی كوڕی پێغەمبەری خوا (ﷺ) مرد، فەرمووی: دایەنێكی هەیە لە بەهەشتدا، وە ئەگەر بژیایە ئەوا پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ دەبوو. وە ئەگەر بژیایە ئەوا خاڵۆ قیبتیەكانی ئازاد دەكرد و هیچ قیبتیەك نەدەكرا بە كۆیلە”. (ابن ماجە، كتاب الجنائز، باب ما جاء فی الصلاة علی ابن رسول الله _ﷺ_ وذكر وفاته)
نەیارەكانمان دەربارەی ئەم فەرموودەیە دەڵێن پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “ئەگەر بژیایە ئەوا پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ دەبوو”، بەڵام خوا مراندی هەتا نەبێت بە پێغەمبەر. ئەمەش حیكمەتی پشتی مردنەكەی بوو (ڕەزای خوای لێ بێت) لە سەرەتای مناڵیدا. بەڵام ئەم قسەیەیان تەنها درۆ و فریودانێكە، وە حیكمەتە شاراوەكە لە فەرموودەكەدا دەرناخات بەڵكو هێرشێكی قێزەون ئاراستەی زمانپاراوی و ڕەوانبێژی پێغەمبەر (ﷺ) دەكات.
پاشخانی ئەم ڕووداوە ئەوەیە كە ئیبراهیم (ڕەزای خوای لێ بێت) لە سەرەتای ساڵی 9ی كۆچیدا وەفاتی كرد لەكاتێكدا ئایەتی خاتەمی پێغەمبەران ساڵی 5ی كۆچی دابەزی، واتە نزیكەی چوار ساڵ پێش وەفاتی ئیبراهیم (ڕەزای خوای لێ بێت). هەر كەسێك كەمێك عەقڵ و تێگەيشتنی هەبێت قورس نیە بەلایەوە ئەنجامگری بكات كە ئەگەر پێغەمبەر (ﷺ) لە ئایەتی خاتەمی پێغەمبەرانەوە ئەوە تێگەيشتبایە كە پێغەمبەرایەتی پچڕاوە بەشێوەیەكی هەمیشەیی و بەهەموو جۆرەكانیەوە ئەوا نەیدەفەرموو: “ئەگەر بژیایە ئەوا پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ دەبوو”. دەكرا بیگوتبا نەژیا بۆئەوەی نەبێت بە پێغەمبەر، بەڵام ئەمەی نەفەرموو بەڵكو فەرمووی: ئەگەر بژیایە ئەوا پێغەمبەرێكی ڕاستگۆ دەبوو، لەكاتێكدا وا شیاوتر و جوانتر بوو كە بفەرمووبایە: ئەگەر ئیبراهیم هەزار ساڵیش بژیایە نەدەبوو بە پێغەمبەر؛ چونكە خۆی ئەو پێغەمبەرەیە كە خوای گەورە پێی ڕاگەیاندووە هەرگیز هەتا ڕۆژی قیامەت لەدوای ئەو پێغەمبەر نایەت، دەكرا _كاتی مردنی كوڕە خۆشەویستەكەی لەبەردەمیدا_ بیفەرمووبا زۆر ڕێی تێدەچێت ئەم كوڕە مناڵەی من فیترەتێكی پاك و خاوێن و بێگەردی و ئەوپەڕی چاكی هەبێت بەڵام هەرچەند بژیایە بۆی نەبوو ببێت بە پێغەمبەر؛ چونكە خوای گەورە پێی ڕاگەیاندووم كە هەتا ڕۆژی قیامەت لەم ئوممەتەدا پێغەمبەر پەیدا نابێت. لەبەرئەوە ئەم كوڕەم ئەگەر بژیایە و تەمەنی هەرچەند درێژبوایە نەدەبوو بە پێغەمبەر. بەڵام پێغەمبەر (ﷺ) ئەمەی نەفەرموو.
وە ڕیوایەتێكی تریش هەیە كە ڕیوایەتێكی خۆشە و هەتاهەتایە ئەم گرفتە چارەسەر دەكات. لە عەلی كوڕی ئەبوتاڵیبەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەگێڕنەوە:
“كاتێك ئیبراهیم وەفاتی كرد پێغەمبەر (ﷺ) ناردی بەشوێن ماریەی دایكیدا و ئەویش هات و شۆردی و كفنی كرد، پێغەمبەریش (ﷺ) بردی و خەڵكیش لەگەڵیدا دەرچوون و ئەسپەردەی كرد. وە پێغەمبەر (ﷺ) دەستی خستە ناو گۆرەكەی و فەرمووی: بەڵام سوێند بەخوا ئەمە پێغەمبەری كوڕی پێغەمبەرە”. (الفتاوی الحدیثیة لأحمد شھاب الدین المكي، لا176)
وە بەوپێیەی كە گەورەمان عەلی (ڕەزای خوای لێ بێت) لە ئالوبەیتی پێغەمبەرە (ﷺ) بۆیە گێڕانەوەكەی پتەوترە و زیاتر جێگای متمانەیە.
مانای ڕاستەقینەی “لەدوای من پێغەمبەر نیە”
ڕووداوی كۆچی دوایی گەورەمان ئیبراهیم نزیكەی چوار ساڵ دوای دابەزینی ئایەتی خاتەمی پێغەمبەران ڕوویدا، وە دەبێت زاناكانی تریش ئاگادار بووبن لەمە و ئەو ڕیوایەتەیان خوێندبێتەوە كە گەورەمان عەلی (ڕەزای خوای لێ بێت) ڕیوایەتی كردووە. كەواتە زاناكان چییان هەڵێنجاوە لەو ڕیوایەتەوە؟ لەمبارەوە وتەی عەللامە مەلا عەلی قاری (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەهێنمەوە بۆتان:
“لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر ئیبراهیم بژیایە و ببوایە بە پێغەمبەر، وە هەروەها ئەگەر عومەر ببوایە بە پێغەمبەر ئەوا هەردووكیان لە شوێنكەوتووانی ئەو (ﷺ) دەبوون وەكو عیسا و خدر و ئیلیاس (سڵاوی خوایان لێ بێت). وە ئەمە دژایەتی فەرمایشتی خوای گهوره ﴿وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ﴾ ناكات؛ چونكە واتاكەی ئەوەیە پێغەمبەرێك لەدوای ئەو نایەت كە ئایینەكەی نەسخ بكاتەوە، وە لە ئوممەتەكەی ئەو نەبێت”. (الأسرار المرفوعة في الأخبار الموضوعة، لملا علي القاري، لا192)
ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ نامیلكە حكومیەكە و ئەو درۆیەی تێدا كردویانە بەجۆرێك گوتوویانە: سەلەفی ساڵح هەموویان بەردەوام هاوڕا و كۆك بوون لەسەر ئەوەی كە دەستەواژەی “خاتم النبیین” مانای شتێك ناگەیەنێت تەنھا ئەوە نەبێت كە پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی پچڕاوە بەهەموو جۆرەكانیەوە.
بەڵام سەبارەت بەو قسەیەیان كە زانایانی كۆنی ئوممەت باوەڕیان وەهابووە- لەڕوانگەی فەرموودەی” دوای من پێغەمبەر نیە”ە و هی تریشەوە- بەبێ هیچ گومانێك هەرگیز دوای پێغەمبەری خوا پێغەمبەرێك نایەت، هەڵبەت هەندێ بڕگەم بۆ خوێندنەوە لە كتێبەكانی سەلەف لەم بارەیەوە، بەڵام تاوتوێ وشەكانی “لا نبي بعدي” یان نەكردووە بۆیە دەكرێت كەسێك بپرسێت: ڕەنگە زاناكان زانیارییان نەبووبێت دەربارەی ئەم دەستەواژەیە سەرڕای ئەوەی زانای گەورە بوون. بۆیە ئێستا هەندێ لە وتەكانی زاناكانی پێشینتان بۆ دەهێنمەوە بەجۆرێك هەریەكەیان باسی ئەوەیان كردووە كە زانیارییان هەیە دەربارەی ئەو فەرموودانە و بەتایبەتی فەرموودەی “لا نَبِيَ بَعدِي، دوای من پێغەمبەر نیە”. لەگەڵ ئەوەی كە چ ئەنجامێكیان لێ گرتووە، وە چی تێگەيشتوون لە قورئان و فەرموودە؟
وتەكەی خاتوو عائیشە ڕەزای خوای لێ بێت
لەم بارەیەوە سەرەتا وتەیەكی خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەهێنمەوە كە زاناكان بەباشی دەیزانن. ئەو نامیلكەیەی حكومەتی پاكستان بڵاویكردووەتەوە ڕایدەگەیەنێت لەسەردەمی پێغەمبەری خوداوە (ﷺ) هەتا ئەمڕۆ ڕووی نەداوە هیچ زانایەكی ئوممەت لە فەرموودەی “دوای من پێغەمبەر نیە” ئەنجامێكی دەرهێنابێت جگە لەو ئەنجامەی كە نووسەرانی ئەم نامیلكەیە دەریانهێناوە، بەڵام ڕاستیەكە پێچەوانەی ئەمەیە ئەوەتا خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: “قولوا خاتم النبیین، ولا تقولوا لا نبي بعده” (الدر المنثور للسیوطي، بەرگی6، لا618) واتە:” بڵێن خاتەمی پێغەمبەرانە، وە مەڵێن پێغەمبەر لەدوای نیە.
بۆچی خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) ئەم شرۆڤە و ڕوونكردنەوەیەی بە پێویست زانیوە؟ ڕوون و ئاشكرایە ترسی ئەوەی هەبووە هەندێ كەس بە هەڵە لێی تێبگەن، وە ئەو دەشیزانی پێغەمبەر (ﷺ) لە دەستەواژەی “دوای من پێغەمبەر نیە” مەبەستی ئەوە نەبووە كە دوای خۆی هیچ جۆرە پێغەمبەرێك نیە.
پێشەوا ئیبن قوتەیبە (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) (كۆچكردووی ساڵی 276ك) ئەم وتەیەی خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) دەهێنێتەوە و بەم جۆرە لێدوانی لەسەر دەدات: “وتەكەی ئەو (واتە عائیشە _ڕەزای خوای لێ بێت_) ئەم فەرمایشتەی پێغەمبەر (ﷺ): “دوای من پێغەمبەر نیە” هەڵناوەشێنێتەوە، چونكە مەبەستی پێغەمبەر ئەوە بووە كە دوای من پێغەمبەرێك نیە ئەوە نەسخ بكاتەوەكەمن هێناومە” (كتاب تأویل مختلف الأحادیث، ص127)
ئەمە هەمان ئەو بیروباوەڕەیە كە ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) باوەڕی پێی هەبووە.
پێشەوا موحەممەد تاهیر (كۆچكردووی ساڵی 986ك)، كە یەكێك بووە لە پیاوچاكە ناسراوەكان، لە شیكردنەوەی وتەكەی خاتوو عائیشەدا (ڕەزای خوای لێ بێت) دەڵێت: “ئەم وتەیە ڕوانینە بۆ دابەزینی عیسا، ئەمەش پێچەوانە نیە لەگەڵ فەرموودەی “دوای من پێغەمبەر نیە”دا؛ چونكە مەبەستی ئەوەیە پێغەمبەرێك نیە شەریعەتەكەی ئەو نەسخ بكاتەوە”. (تكملة مجمع بحار الأنوار، لمحمد طاهر الغجراتي، لا502)
پێشەوا طاهر پێی وابووە دوو هۆكار هەبووە كە خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) لە پێناویاندا ئەم شرۆڤەیەی بە پێویست زانیوە.
یەكەم: ئەگەر خەڵكی بەردەوام بڵێن” دوای من پێغەمبەر نیە” بەم شێوەیە، ئەوا- بەگوێرەی بانگەشەی خۆیان- شیانی گەڕانەوەی عیسای بەڵێندراویش ناهێڵن.
تێبینی بكەن بۆچوونی كەسێكی ساڵح و بەتەقوا چەند جیاوازە لە بۆچوونی زاناكانی ئێستا! كاتێك مەلا هاوچەرخەكان دەڵێن: دەبێت عیسا بێت و نابێت كەسێكی تر بێت، بەم قسەیەیان مانایەكی هەڵە دەكەن بەبەری وشە عەرەبیەكاندا كە هەرگیز زمان هەڵیناگرێت. چونكە ئەگەر پیتی “لا” لە فەرموودەی پێغەمبەر (ﷺ): “لا نبي بعدي” نەرێكردنی ڕەگەز بێت ئەوا ماناكە ئەوەیە كە هیچ جۆرە پێغەمبەرێك نایەت. وە شتێكی زانراوە لای هەموو عەرەب كە “لا” ئەگەر نەرێ بێت بۆ ڕەگەز ئەوا ڕێگەی ئەو ڕەگەزە هەمووی دادەخات، بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات بە هیچ جۆرە پێغەمبەرێك، كۆن بێت یان نوێ. شایانی ئاماژە بۆكردنە پێغەمبەر (ﷺ) نەیفەرمووە: “لا یكون بعدي نبي” بەڵكو فەرموویەتی: “لا نَبِيَ بَعدِي”. جیاوازییەكی ڕوون هەیە لەنێوان دوو وتەكەدا. بەو پێیەی كە پێغەمبەر (ﷺ) نەیفەرمووە: “لا یكون بعدي نبي” بۆیە خاتوو عائیشە (ڕەزای خوای لێ بێت) لە سەرەتاوە نەهی كردووە لەمە.
دووەم: نەهی كردووە لەم هەڵێنجانە لەبەر هۆكارێكی تریش كە بریتیە لە: “چونكە مەبەستی ئەوەیە كە پێغەمبەرێك نیە شەریعەتەكەی هەڵوەشێنێتەوە”.
شێخ عەبدولوەهابی شەعرانی (كۆچكردووی ساڵی 976ی كۆچی)، فەرموودەی “دوای من پێغەمبەر نیە”ی شیكردوەتەوەو دەڵێت: “وتەكەی ئەو (ﷺ) “دوای من پێغەمبەر نیە و دوای من فروستادە نیە” واتە ئەو پێغەمبەرهی كە دوای من شەریعەتێكی تایبەتی دادەنێت”. (الیواقیت و الجواهر للشعراني، بەرگی2، لا35).
بەڵام كاتێك گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەمان قسە دەكات خەڵكانێكی زۆر لێی پەست و تووڕە دەبن.
وە زانایەك هەیە كە لە كیشوەری هیندیدا دان دەنرێت بە گەورەییەكەیدا، شرۆڤەكارێكی ناسراوی “مشكاة المصابیح”ە و ناوی سەید موحەممەد كوڕی ڕەسوڵی حوسەینی بەرزنجیە، دەڵێت:
“فەرموودەی “دوای من پێغەمبەر نیە” هاتووە و ماناكەی لای زاناكان ئەوەیە دوای ئەو پێغەمبەرێك پەیدا نابێت بە شەریعەتێكی تازەوە كە شەریعەتەكەی ئەو نەسخ بكاتەوە”. (الإشاعة لأشراط الساعة، لا149)
لەڕاستیدا هەموو زانا دێرینەكان و سەلەفی ساڵح بەبەردەوامی هەمان ئەو مانایەیان هەڵێنجاوە كە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەڵێنجانی بۆ كردووە. بەڵام لەڕاستیدا ستەم و زۆردارییە كاتێك بەڕێزی (عليه السلام) پەی دەبات بەم مانایە دەبێت بە كەسێكی كافر، وە ئەگەر زانا دێرینەكان پەی ببەن بە هەمان مانا ئەوا بە باوەڕدار دەمێننەوە بەڵكو پێیان دەوترێت قوتبی قوتبەكان و لەسەرەوەی لیستی ئەولیاكانی ئوممەت دادەنرێن بەڕادەیەك نامیلكە حكومیەكەش ناچار دەبێت دانبنێت بەوەدا زانای دانپێدانراون و بیرمەندی گەورەی ئیسلامن، لەناویاندا وەلیوڵڵای دەهلەیی كە دەڵێت:
“زانیاریمان دەربارەی ئەم وتەیەی ئەو (ﷺ): دوای من پێغەمبەرو فروستادە نیە، وە بێگومان پێغەمبەرایەتی و پەیام كۆتایی هاتووە، ئەوەیە كە تەنها مەبەست پێی تەشریعە”. (قرة العینین في تفضیل الشیخین لولي الله الدهلوي، ص319 ).
سەرەڕای ئەمە بەڕێز حافز موحەممەد بەرخودار (كوڕی شێخ نەوشاهـ گنجە _قدس الله سره_ پێشەوای قوتابخانەی نەوشاهی قادریە) كە ڕێزێكی زۆری هەیە لە كیشوەری هیندیدا لە پەراوێزی كتێبی (النبراس)ی زانای پایەبەرز عەبدولعەزیزی فەرهاریدا، فەرموودەی “دوای من پێغەمبەر نیە”ی شیكردوەتەوەو دەڵێت: “واتاكەی ئەوەیە پێغەمبەرێك لە دوای من نیە بە پێغەمبەرایەتی تەشریعی، مەگەر ئەو پێغەمبەرو وەلییانەی كە خوا خۆی بیەوێت” (شرح لشرح العقائد المسمی بالنبراس، لا445)
وە ئەهلی فەرموودە تا سەردەمی گەورەمان ئیمام مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) چ بیروباوەڕێكیان هەبووە؟ لەمبارەیەوە سەید نەواب نور الحسن خان كوڕی نەواب صدیق حسن خان باوەڕی خۆی خستووەتە ڕوو دەربارەی “لا نبي بعدي” و دەڵێت:
“فەرموودەی “دوای مردنی من وەحی نیە” هیچ بنەڕەتێكی نیە، بەڵام دەستەواژەی “دوای من پێغەمبەر نیە” هاتووە، وە ماناكەیشی لای ئەهلی زانست ئەوەیە كە هەرگیز دوای من پێغەمبەرێك نایەت بە شەریعەتێكەوە كە شەریعەتەكەی من نەسخ بكاتەوە”. (اقتراب الساعة، لا162 ).
لێرەدا بەڕێزی دەڵێت: “لای ئەهلی زانست”، وە حەزرەتی ولیوڵڵای دەهلەیی و عەللامە بەرزنجی هەمان ئەم وشانەیان بەكارهێناوە كاتێك دەڵێن: “ماناكەی لای زاناكان…” ئەمەش مانای ئەوەیە كە هەندێ خەڵك لەو سەردەمەدا دەستیانكردبوو بە شێواندن و تێكدانی مانای فەرموودەكان، وە خەڵكی دابەش بوو بوون بۆ دوو بەش. بەشێكیان زانا ڕەببانیەكانی لەخۆگرتبوو لە ئەهلی زانست و زانیاری. بەڵام دووەمیان پێكهاتبوو لە زانا خراپەكان لە خەڵكی گشتی كە پێشتر یەكێك لە پیاوچاكان ناوی نابوون نەزان و گەمژەكان، وە بیروباوەڕی ئەوەیان بڵاودەكردەوە لەناو خەڵكدا دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ) هیچ جۆرە پێغەمبەرێك نایەت بۆیە زانا ڕەببانیەكان ناچاربوون بە ڕاشكاوی لێدوان بدەن كە ئەهلی زانست و زانیاری لە فەرموودەكە وەها تێدەگەن ئەو پێغەمبەرایەتییەی پچڕاوە تەنھا پێغەمبەرایەتی تەشریعیە.
فەرموودەیەكی تریش هەیە كە تیشك دەخاتە سەر مانای وشەی “بعد”. شرۆڤەكەیشی لە كتێبی “الفتوحات المكیة” دا هاتووە، وشەكانی فەرموودەكە بەم شێوەیەن:
لە جابری كوڕی سەمورەوە لە پێغەمبەرەوە (ﷺ) فەرمووی: ئەگەر قەیسەر لەناوچوو ئەوا لەدوای ئەو قەیسەر نیە، وە ئەگەر كیسرا لەناوچوو ئەوا دوای ئەو كیسرا نیە”. (البخاري، كتاب الأیمان و النذور، باب كیف كانت یمین النبي _ﷺ_)
تێبینی بكەن چۆن پێغەمبەر (ﷺ) بە حەكیمانە و ڕەوانبێژانە مانای فەرموودەی خۆی: “لا نبي بعدي” ڕوون كردووەتەوە لەڕێگەی وتەیەكی تریەوە (ﷺ) كە دەفەرموێت: “ئەوا دوای ئەو قەیسەر نیە”، وە “ئەوا دوای ئەو كیسرا نیە”. پاشان بەهۆی وتەكەی خۆیەوە شرۆڤەی كردووە كە پیتی “لا” لەم جۆرە شوێنانەدا مانای نەرێكردنی ڕەگەز ناگەیەنێت بەڵكو مانای ئەوە دەگەیەنێت كە هەرگیز كەسێك پەیدا نابێت بەم پلەوپایەوە. وە شتێكی زانراوە كاتێك كیسرا لەناوچوو دوای سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) كیسرای تر هەبوون، هەروەها كاتێك قەیسەر لەناوچوو قەیسەری تر هەبوو، بەم شێوەیە قەیسەر لەدوای قەیسەر هەبوو هەتا زیاتر لە هەزار ساڵ. لەلایەكی ترەوە ئەستەمە وتەی پێغەمبەر (ﷺ) هەڵە بێت. شێخی هەرەگەورە مەحێدین ئیبن عەرەبی هەمان مانای هەڵێنجاوە و دەڵێت:
“پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی هەڵنەگیراوە، لەبەرئەوە گوتمان: تەنھا پێغەمبەرایەتی تەشریعی هەڵگیراوە، ئەمەیە مانای دوای من پێغەمبەر نیە… بۆیە زانیمان وتەكەی: دوای ئەو پێغەمبەر نیە واتە بەتایبەتی پێغەمبەرێكی تەشریعی نیە، نەك ئەوەی دوای ئەو پێغەمبەرێك نەبێت، ئەمەش لەم وتەیەی خۆی دەچێت: ئەگەر كیسرا لەناوچوو ئەوا دوای ئەو كیسرا نیە، وە ئەگەر قەیسەر لەناوچوو ئەوا دوای ئەو قەیسەر نیە”. (الفتوحات المكیة، بەرگی3، لا103)
لە نامیلكە حكومیەكەدا ڕاگەیاندنێكی تر هاتووە بەجۆرێك كۆمەڵێك وتەی پێغەمبەر (ﷺ) خراوەتەڕوو بەشێوەیەكی هەڵە پاشان- بەگوێرەی قسەی خۆیان- بینای عەقڵی و نەقڵییان لەسەر كردووە بۆ ڕاگەیاندنەكەیان و هەوڵیانداوە بیخەنەپاڵ شەریعەتەوە. بەڵام هیچ بەڵگەیەكیان نەهێناوەتەوە لەسەر بانگەشەكەیان بەڵكو بەوەندە وازیان هێناوە كە گوایە ڕاگەیاندنەكەیان لەسەر توێژینەوەیان بۆ قورئانی پیرۆز بنیاد نراوە. بەرهەمی توێژینەوە قورئانیەكەیان چیە؟ لەمبارەیەوە دەڵێن:
“كاتێك بە سەرنجدانەوە ئەو ئایەتانەی قورئانی پیرۆز دەخوێنینەوە كە پەیوەستن بە هاتنی پێغەمبەرێكی نوێوە ڕاستیەكمان بۆ دەردەكەوێت كە بریتەلەوەی تەنھا كاتێك پێغەمبەرێكی نوێ ڕەوانە دەكرێت كە فێركارییەكانی پێغەمبەرانی پێشوو بەگشتی لەبیرچووبنەوە، یان نەسخ كرابنەوە یاخود تووشی دەسكاری و شێواندنێكی زۆر بووبن، یان پێویستیان بە هەمواركردنەوە یان سەرلەنوێ نووسینەوە هەبێت بەهۆی گۆڕانگاریەكانی كات و هی تریش. بەڵام بەوپێیەی كە فێركارییەكانی پێغەمبەری هەرە بەرێز (ﷺ) گومانبڕ و جیھانی و تەواو پارێزراون بۆیە بوارێك نیە و پێویست ناكات بەهیچ شێوەیەك پێغەمبەرێكی نوێ بێت”. (نامیلكە حكومیەكە، لا5)
هەروەها دەڵێن: “بەرهەمی سروشتی باوەڕبوون [واتە باوەڕبوون بە خەتمی پێغەمبەرایەتی- گوێزەرەوە] ئەوەیە كە فێركارییەكانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) گشتگیر و گومانبڕ و تەواون”. (سەرچاوەی پێشوو)
تەواو ڕاستە كە فێركارییەكانی گەورەمان موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) گشتگیر و گومانبڕ و تەواون و ڕەتناكرێنەوە، وە ئەوەش ڕاستە كە قورئانی پیرۆز كتێبێكی پارێزراوە، بەهیچ شێوەیەك تەحریف لێی نزیك نەبووەتەوە، وە هیچ شتێكی بۆ زیاد نەكراوە و هیچ شتێكی لێ كەم نەكراوەتەوە، وە ئەو كەسانەی لێدوانی گریمانەیی دەدەن لەمبارەیەوە هیچ كەسێك گوێیان پێ نادات. بۆیە قەسەكەیان تا ئەم ئاستە تەواو ڕاست و دروستە. بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەوە ڕاست نیە كە خوێندنەوە بۆ قورئان ئەوە دەسەلمێنێت خوا هەرگیز پێغەمبەرێكی ڕەوانە نەكردووە مەگەر تەنھا كاتی دەركەوتنی ئەو چوار هۆكارەی لەسەرەوە باسكران.
كاتێك خوێندنەوە بۆ قورئان دەكەین لەم ڕووانگەیەوە دەبینین هەلومەرجەكە تەواو جیاوازە لەوەی ئەوان دەیڵێن. سەرەتا و پێش هەموو شتێك هیچ ڕاست نیە كە بەرهەمی سروشتی باوەڕبوون بە خەتمی پێغەمبەرایەتی بەتەنھا ئەوە بێت كە فێركارییەكانی پێغەمبەر (ﷺ) گشتگیر و بێگومان و تەواون. ئەمەش چونكە چەندین ئایەتی تریش هەن- جگە لە ئایەتی خاتەمی پێغەمبەران- دەبنە هۆی جگە لەو ئەنجامەی كە لە نامیلكەكەدا ئەنجامگرییان بۆ كردووە، لەوانە ئایەتی: ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلاَمَ دِينًا﴾ (المائدة: 4)
ئەوەتا لەم ئایەتەدا ڕاگەیەنراوە شەریعەت تەواو و بێكەموكوڕییە، وە لە ئایەتی تردا خوای گەورە بەڵێنی پاراستنی قورئانی داوە بە تەواوەتی. وە هەموو ئەم شتانە لە قورئاندا هاتوون لە چەندین شوێنی جیاوازدا.
كەواتە سیفەتی “خاتەمی پێغەمبەران” بەتەنھا ئەو سیفەتەی پێغەمبەر (ﷺ) نیە كە لە قورئانەوە ساغ دەبێتەوە ئەو ئەنجامە دەدات بە دەستەوە بەڵكو چەندین سیفەتی تریش هەن كە لە قورئانی پیرۆز و فەموودەكانەوە بەجوانی دەردەكەون بۆمان ئە ئەنجامە دەدەن بەدەستەوە.
سەبارەت بە ڕاگەیاندنی تەواوی و بێكەموكوڕیی شەریعەت هەرگیز لەگەڵیاندا ناكۆك نین.
گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“قورئانی پیرۆز خۆی ڕایگەیاندووە: ﴿الْيَوْمَ أَكْمَلْتُ لَكُمْ دِينَكُمْ وَأَتْمَمْتُ عَلَيْكُمْ نِعْمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ الإِسْلاَمَ دِينًا﴾.. واتە پێویستە دەستبگرن بەو ڕاستیەی كە ووشەی (ئیسلام) لەخۆی گرتووەو خوای گەورە خۆی بە تێروتەسەلی باسی كردووە كاتی شرۆڤەكردنی بۆ وشەی (ئیسلام). وە لەم ئایەتەدا ڕاشكاویەك هەیە كە تەنها قورئانی پیرۆز فێركارییەكی تەواو و بێ كەموكوڕی پێشكەش دەكات، وە تەنھا سەردەمی قورئان شایستەی ئەوە بوو فێركارییەكی تەواوی تێدا پێشكەش بكرێت. بۆیە ئەم ڕاگەیاندنە دەربارەی فێركاری تەواو كە قورئان پێی هەستاوە تەنها مافی خۆی بووە، وە هیچ كتێبێكی ئاسمانی تر هەڵنەستاوە بەم جۆرە ڕاگەیاندنە”. (مقدمة البراهین الأحمدیة، الخزائن الروحانیە، بەرگی21، لا4)
بۆیە ئەو قسەیەیان پووچە كە ئەحمەدیەت- بەهۆی ڕەتكردنەوەی ئەو مانایانەی كە لەلایەن خۆیانەوە دروستیان كردووە- نكوڵی كردووە (پەنا بەخوا) لەوەی قورئان تەواو و بێكەموكوڕی بێت. ئەوە ئەنجامگرییەكی تەواو پووچە و درۆیەكی قێزەونە. گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت:
“دیارە ووشەی (خاتەمی پێغەمبەران) كە وتراوە بە پێغەمبەر (ﷺ) لە خودی خۆیدا ئەوە پێویست دەكات -بەڵكو ئەو واتایە دەگرێتە خۆی- كە ئەو كتێبەی دابەزیوەتە سەری كتێبێكی تەواو بێت، وە هەموو تەواوییەكانی تێدا بێت، وە لە ڕاستیشدا هەموو ئەم تەواوییانەی تێدایە”. (الملفوظات، بەرگی3، لا36)
ئەم هەڵێنجانە چەندە مەزن و جوانە! وە وتەی بەڕێزی (عليه السلام) چەندە قەشەنگە لە خستنەڕووی تەواوەتی قورئانی پیرۆزدا بەجۆرێك دەفەرموێت یەكێك لە داخوازییەكانی ئەوەی كە خاتەمی پێغەمبەرانە (ﷺ) ئەوەیە فێركارییەك دابەزێتە سەری ئەویش خاتەمی فێركارییەكان بێت ئەگینا ئەوە نایەتەدی كە خاتمی پێغەمبەرانە. بەڕێزی (عليه السلام) لەم ڕوانگەی ئەم مانایەوە دەفەرموێت:
“قورئان موعجیزەیەكە وێنەی نەبووە و نابێت. دەرگای لێشاوی ڕەحمەت و بەرەكەتەكانی كراوەیە بۆ هەتاهەتایە، وە بە نایابی و درەوشاوەیی دەمێنێتەوە لە هەموو سەردەمێكدا وەك لەسەردەمی گەورە و سەروەرمان موحەممەددا (ﷺ) چۆن بووە”. (الملفوظات، بەرگی3، لا57)
وتەگەلێكی زۆری گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) هەیە لەمبارەیەوە ناگونجێت بخرێنەڕوو لەبەر كەمی كات بەجۆرێك ستایشی قورئانی پیرۆز و فێركاریە تەواوەكانی كردووە و بەدرێژی ڕوونی كردووەتەوە كە پارێزراوە. ئەمە بانگەشەیەكی بێ ناوەڕۆك نیە بەڵكو هەموو مرۆڤێكی ژیر لە جیھاندا ناچارە دان بنێت بە ڕاستیەكەیدا.
بەڵام ئەو لێدوانەیان كە گوایە پێغەمبەرێك ڕەوانە نەكراوە مەگەر بەهۆی ئەو چوار هۆكارەوە كە لەسەرەوە باسكران، درۆیەكی شاخدارە و قورئان بەتەواوەتی ڕەتی دەكاتەوە و كۆمەڵێك هۆكاریش باس دەكات بۆ ڕەتكردنەوەی. دەربارەی ڕەوانەكردنی پێغەمبەر (ﷺ) دەفەرموێت: ﴿هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الأُمِّيِّينَ رَسُولاً مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلاَلٍ مُبِينٍ * وَآخَرِينَ مِنْهُمْ لَمَّا يَلْحَقُوا بِهِمْ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ﴾ (الجمعة 3-4).
واتە ئەركەكانی پێغەمبەر (ﷺ) بریتین لەوەی ئایەتەكانی خوا (عز وجل) بخوێنێتەوە بەسەریاندا، واتە ئەو ئایەتانەی خوایان فێربكات كە دادەبەزنەسەری، وە پاكیان بكاتەوە؛ چونكە پاككەرەوەیە و توانای پاككردنەوەی پێدراوە بۆیە خەڵكی پاك و خاوێن دەكاتەوە. وە كتێبیان فێردەكات.. واتە ئەی باوەڕداران، ئەگەر فێری كتێبتان نەكات ئەوا لەبیری دەكەن و خۆتان ناتوانن لێی تێبگەن.. پاشان حیكمەتەكەیشی دەخاتەڕوو.
دەی ئەگەر بەتەنھا كتێب بەس بوایە ئەوا لە بنەڕەتدا پێویست نەدەبوو پێغەمبەران ڕەوانە بكرێن، دواجار دەكرا خوا ڕاستەوخۆ لە ئاسمانەوە كتێبێك بنێرێتە خوارەوە و خەڵكی خۆیان بیخوێننەوە. وەك چۆن گەورەمان مووسا (عليه السلام) لەوحەكانی پێگەيشت بە شێوەیەكی ئامادەكراو، بەهەمان شێوە دەكرا هەمووی بەیەكجار بدرێت بە خەڵكیش هەتا خۆیان پاك بكەنەوە و ڕاستەوخۆ لەو فێركارییە و حیكمەتەكانی تێبگەن. بەڵام بەهیچ شێوەیەك ئەمە ڕووی نەدا و هەتا هەتایە ڕوونادات.
جا ئەگەر نەیارەكانمان ئەم ڕاستیە ڕەت دەكەنەوە ئەوا با بەراورد بكەن لە نێوان موسوڵمانان لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) و موسوڵمانان لەم سەردەمەدا، ئەوسا ڕاستی بابەتەكە دەزانن. دیارە ئەوان دان بەوەدا دەنێن كە كێبەكە هەیە وەك یەكەمجار چۆن بووە، وە هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە. ئێمەش دان بەوەدا دەنێین و دەڵێین كتێبەكە تەواوە و لە ڕواڵەتدا هیچ شتێكی نەگۆڕاوە. بەڵام بارودۆخی موسوڵمانان چۆنە؟ ئایا لەسەر ئەو بارودۆخە ماونەتەوە كە لەسەری بوون لە سەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ)؟ ئەگەر وەڵامەكە بە نەرێیە- وەك لە ڕاستیدا بارودۆخەكە وەهایە- ئەوا ئەم جیاوازیە گەورەیە بۆچیە؟ تاكە جیاوازی ئەوەیە كە پاككەرەوەی مەزن، ئەو خاوێنكەرەوەیەی كە هاوشێوەی ڕەوانەنەكراوە و ناكرێت، ئەو پێغەمبەرە مەزنەی كە فێری كتێب و حیكمەتی دەكردن ئێستا لەناویاندا نیە. ئەمە ئەو بێبەشبوونەیە كە وەك نەخۆشییەكی قورس تووشی ئەم ئوممەتە بووە. ئەمە ئەو بێبەشبوونەیە كە ئوممەتی بێبەشكردووە لە هەموو خێر و چاكە و شكۆیەك، چونكە دووركەوتنەوەی قۆناغ بە قۆناغ لە پێغەمبەر (ﷺ) بەدڵنیاییەوە دەبوایە تووشی ئەم بارودۆخەی بكردنایە لە كۆتاییدا بۆئەوەی ئوممەت بگاتە ئەم بارودۆخە. دەی ئەگەر تەنھا كتێب بەس بوایە ئەوا ئوممەتە نەدەگەيشتە ئەم ئاستە.
ئەو مێژووەی قورئان پێشكەشی دەكات ئەویش ئەو لێدوانانە بەدرۆدەخاتەوە كە لە ڕاگەیاندنە بەناو سپیەكەدا هاتوون. بەجۆرێك خوا (عز وجل) لە كتێبە پیرۆزەكەیدا دەفەرموێت: ﴿ثُمَّ آتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ تَمَامًا عَلَى الَّذِي أَحْسَنَ وَتَفْصِيلاً لِكُلِّ شَيْءٍ وَهُدًى وَرَحْمَةً لَعَلَّهُمْ بِلِقَاءِ رَبِّهِمْ يُؤْمِنُونَ﴾ (الأنعام: 155).
پاشان خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: ﴿وَلَقَدْ آتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ وَقَفَّيْنَا مِنْ بَعْدِهِ بِالرُّسُلِ وَآتَيْنَا عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ الْبَيِّنَاتِ وَأَيَّدْنَاهُ بِرُوحِ الْقُدُسِ أَفَكُلَّمَا جَاءَكُمْ رَسُولٌ بِمَا لاَ تَهْوَى أَنْفُسُكُمُ اسْتَكْبَرْتُمْ فَفَرِيقًا كَذَّبْتُمْ وَفَرِيقًا تَقْتُلُونَ﴾ (البقرة: 88).
دەربارەی گەورەمان مووسا ئەوە دەزانین كە وەك پێغەمبەرێك تەورات دابەزیە سەری، پاشا بە گوێرەی داواكاری مووسا گەورەمان هاروون ڕەوانەكرا (علیھما السلام). دەی ئایا تەورات لەو ماوە كورتەی نێوان دابەزینی بۆسەر مووسا و ڕەوانەكردنی هارووندا تەحریفكرا؟ ئایا ئەو وتەیەی خوا گۆڕدرا؟ یان ئایا مووسا (عليه السلام) ئەو فێركارییەی لەبیر چوویەوە؟ نەخێر، قورئانی پیرۆز باسی یەك هۆكار ناكات لەو هۆكارانەی كە لە بەناو ڕاگەیاندنە سپیەكەدا باسكراون.
پاشان داود (عليه السلام) ڕەوانە كرا. وە ئەگەر گوتیان ماوەیەكی بەرچاو لەنێوان مووسا و داوددا (علیھما السلام) هەیە، وە پاش ئەوەی فێركارییەكە تەحریفكرا و گۆڕدرا ئینجا داوود ڕەوانەكرا، ئەوا دەڵێم: باشە، ماوەی نێوان سلێمان و داود (علیھما السلام) كامەیە؟ بۆچی سلێمان دوای داود ڕەوانەكرا (علیھما السلام)؟ وە چ جۆرە تەحریفێك تووشی زەبوور بوو لە ژیانی داوددا (عليه السلام)؟ وە چ تەحریفێك ڕوویدا پاش ئەو ئیسڵاحەی كە داود (عليه السلام) پێی هەستا لە پەیمانی كۆندا بە قسەی ئەوان؟ كەواتە ئەم بیروباوەڕانەیان هەمووی پووچ و ڕەتكراوەیە، وە بانگەشەكەیان بەهیچ شێوەیەك ڕاست نیە.
ئێستا ڕوو دەكەینە سەردەمی گەورەمان ئیبراهیم و دەبینین كە ئیسماعیلی كوڕی (علیھما السلام) دوای ئەو ڕەوانەكرا. ماوەی نێوانیان كامەیە؟ پاشان چ فێركارییەك لە فێركارییەكانی ئیبراهیم (عليه السلام) سڕایەوە یان لەبیرچوویەوە یان تەحریفكرا یان گۆڕدرا هەتا پێویست بكات ئیسحاق (عليه السلام) ڕەوانەبكرێت لەدوای ئەو؟ پاشان- بەگوێرەی قسەی ئەوان- مێژووی پڕ ئازار و ژان خۆی دووبارە دەكاتەوە بەجۆرێك تەنھا ماوەیەكی كەم تێپەڕی بەسەر وەفاتی ئیسحاقدا (عليه السلام) هەتا گەلەكەی فێركارییەكەیان تەحریف كرد- پەنا بەخوا- وە بارودۆخەكە ئەوەی خواست یەعقوب (عليه السلام) ڕەوانە بكرێت.
پاشان هەمان شت ڕوویدا بەجۆرێك گەورەمان یەعقوب (عليه السلام) زیندوو بوو كاتێك فێركارییەكەی تەحریفكرا هەتا پێویست بوو یوسف (عليه السلام) ڕەوانە بكرێت. بۆیە سەرجەم ئەو لێدوانانەی كە لە نامیلكە حكومیەكەدا داویانە هەموویان پووچن و بەهیچ شێوەیەك ڕاست نین. تەنھا قسەیەكی ڕازێنراوەیە و بەهۆیەوە كۆمەڵێك قسەی پووچیان داوەتە پاڵ قورئانی پیرۆز بەبێ هیچ پاساوێك. وە ڕاستی و ناوەڕۆكی ئەم نامیلكەیە لەمە زیاتر نیە.
سەردەم داخوازی موسڵیحێكی ئاسمانی دەكات
سەبارەت بەوەی كە قورئان نەگۆڕاوە و تەحریفنەكراوە ئێمەی ئەحمەدیەكان لە غەیری خۆمان باوەڕمان بەمە بەهێزترە. بەڵام ئەوەی كە دەڵێن بەهیچ شێوەیەك پێویست بە موسڵیحێك ناكات چونكە قورئان نەگۆڕاوە قسەیەكە خودی قورئان بەتەواوەتی ڕەتی دەكاتەوە. خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: ﴿وَقَالَ الرَّسُولُ يَارَبِّ إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُورًا﴾ (الفرقان: 31)
ئەو سكاڵایە چەند بەژانە كە پێغەمبەر (ﷺ) بەرزی دەكاتەوە بۆ بارەگای خوای گەورە دەربارەی ئەو كەسانەی لەدواییدا لە ناو ئوممەتەكەیدا پەیدا دەبن بەجۆرێك دەفەرموێت: ﴿يَارَبِّ إِنَّ قَوْمِي اتَّخَذُوا هَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُورًا﴾. ئەم سكاڵایە چەن بە ئازارە كە پێغەمبەر (ﷺ) لەدەستی گەلەكەی دەیكات! وە شتێكی بێگومان و زانراوە لەم ئایەتەوە پێغەمبەر (ﷺ) خۆی كە سەرداری مرۆڤەكان و باشترینی پێغەمبەرانە سكاڵا دەباتە لای خوا (عز وجل) سەبارەت بەم كتێبە تەواوە. مەبەست چیە لەم ئایەتە و خەڵكی چۆن وازدەهێنن لە قورئانی پیرۆز؟ پێغەمبەر (ﷺ) خۆی ئەم بابەتەش ڕوون دەكاتەوە و دەفەرموێت:
“سەردەمێك دێت بەسەر خەڵكیدا لە ئیسلام نامێنێتەوە جگە لە ناوەكەی، وە لە قورئان نامێنێتەوە جگە لە وێنەكەی”. (مشكاة المصابیح، كتاب العلم، الفصل الثالث، ورواه البیهقي في شعب الإیمان، وكنز العمال، ج11، باب تتمة الفتن من الإكمال)
ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئەمە پێش پەیدابوونی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕوویداوە یان نە؟ وە ئایا لەڕاستیدا خەڵكی وازیان هێنابوو لە قورئان یان نە؟ جا ئەگەر هەموو ئەمانە پێش ڕەوانەكردنی ئەو (عليه السلام) ڕوویاندابوو ئەوا هیچ بناغەیەك نامێنێتەوە بۆ بانگەشەكەیان كە دەڵێن قورئانی پیرۆز بوونی هەیە بەبێ هیچ تەحریف و گۆڕانێك، بۆیە پێویست بە موسڵیحێك ناكات.
سەید نوور حەسەن خان كە پێشتر باسكرا دەڵێت: “لە ئیسلام نەماوەتەوە تەنھا ناوەكەی نەبێت، وە لە قورئان نەماوەتەوە تەنھا وێنەكەی نەبێت. لە ڕووكەشدا مزگەوتەكان ئاوەدانن بەڵام بەتەواوەتی چۆڵن لە هیدایەت. زاناكانی ئوومەت ئەوانەن كە خراپترین خەڵكی ژێر گومەزی ئاسمانن، لەوانەوە ئاژاوە دەردەچێت و بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە”. (اقتراب الساعة، لا12)
سەرەڕای ئەوە مەولەوی سەنائوڵڵای ئەمریتسەری كە یەكێك بوو لە سەرسەختترین دوژمنانی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ناچاری ئەم دانپێدانانەی خوارەوە بووە:
“لەڕاستیدا قورئان بەتەواوەتی لەناوماندا هەڵگیراوە، تەنھا بەشێوەیەكی تیۆری و گریمانەیی باوەڕمان بە قورئان هەیە، بەڵام سوێند بەخوا لە ناخی دڵەوە بە شتێكی زۆر بێ بایەخ و كتێبێكی بێسوودی دادەنێین”. (جریدة أهل الحدیث، عدد 14 یونیو/حزیران 1912م، ص12)
قورئانی پیرۆز لەناو موسوڵمانانی هاوچەرخدا ماوەتەوە بەبێ هیچ گۆرانێگ وەك نامیلكە حكومیەكە دەڵێت، ئەمە شتێكە ئێمەش دانی پێدا دەنێین. بەڵام سەبارەت بە فێربوونی قورئانی پیرۆز و فێركردنی ئەوانی تر و وەرگرتنی لێشاوەكانی نوور و بەرەكەت لێوەی ڕاگەیاندنە حكومیەكە لەم بارەیەوە تەواو پووچە. جا ئەگەر كەسێك هاوڕام نیە ئەوا با لێدوانی شێخ ئەبو كەلامی ئازاد بخوێنێتەوە بەجۆرێك باسی بارودۆخی ئوممەتی موحەممەدی دەكات وەك بینیویەتی. ئەو باسی دۆخی ئوممەتێك دەكات كە بانگەشەی خۆدانەپاڵ موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) دەكات و دەڵێت:
“جۆرێك لە بەدبەختی و چارەڕەشی نیە، وە شێوەیەك لە شێوەكانی تیاچوون نیە مەگەر باڵی كێشاوە بەسەر موسوڵماناندا. وە جۆرێك لە گومڕایی نیە كە لە توندترین شێوەیدا لەم ئوممەتەدا بڵاوەی نەكردبێت”. (تذكرة، لا289)
ئەوەمان لەبیر نەچێت كە شێخ ئەبوكەلامی ئازاد بە ڕابەرێكی گەورەی ئەنجومەنی ئازادەكان دادەنرێت. وە كاتێك كۆنگرەی هیندی (حیزبی سیاسی هیندۆسەكان) ئەنجومەنی ئازادەكانی بەرهەم هێنا بەڕێز ئەبوكەلامی ئازاد نێوەندگیری ڕاستەقینەی نێوان كۆنگرێس و ئەنجومەنی ئازادەكان بوو.
ئازاد زیاتر لەسەری دەڕوات و دەڵێت: “بۆیە هەموو هەنگاوەكانی گومڕایی كە ئەهلی كتێب هەڵیگرتوون بەتەواوەتی موسوڵمانان هەموو ئەو هەنگاوانەیان هەڵگرتووە بەڕادەیەك ئەم وتەیەی پێغەمبەر (ﷺ) هاتووتەدی تێیاندا: “ئەگەر چووبنە كونی بزنمژەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێوەش تێیدەچن”. گیانمان بە فیدای ئەو پێغەمبەرە ڕاستگۆیە (ﷺ) بێت، ئەوەتا لەڕاستیدا موسوڵمانانی چوواندووە بە موشریكەكان لە دابونەریتەكانیاندا. هەڵبەت ئەوانەی خۆیان داوەتەپاڵ ئایینی یەكتاپەرستی هەموو دابونەریتەكانی بتپەرستانیان هەڵبژاردووە. وە سەرلەنوێ پەرستنی لات و عوززا دەستی پێكردووەتەوە كە پێشتر دنیا بەتەواوەتی ڕزگاركرا لێی”. (سەرچاوەی پێشوو)
كەواتە قورئان بوونی هەیە. پاشان چی ڕوویدا؟ ئەم قیامەتە چی بوو ڕوویدا هەتا سەرلەنوێ پەرستنی لات و عوززا دەستپێ بكاتەوە؟ وە هەموو ئەو شێوازانەی لەناوچوون و فەوتان و نەفرەت كە بەڕێز ئازاد باسی كردن ئەمڕۆ باڵیانكێشاوە بەسەر خەڵكیدا. ئایا ڕۆژێك بیرتان كردووەتەوە كە موسوڵمانان چییان ناتەواوە هەتا دۆخیان بەم ڕۆژە گەيشتووە؟ شتێكی زۆر ڕوونە كە نێردراوی خوایان (عز وجل) ناتەواوە. خاوێنكەرەوەیەكی ئاسمانی و چاكسازێكی خواییان كەمە كە لە هەموو شوێنێكدا خوای لەگەڵدایە و خوا بە فەرمانی خۆی ڕەوانەی دەكات و لە نوری خۆی بینایی پێ دەبەخشێت، وە یارمەتی دەدات و سەریدەخات و توانای چاككردنی بارودۆخی گەلی خراپەكاری پێ دەدات.
بيرمەندێكی تری ئیسلامی (بەگوێرەی بۆچوونی نەیارەكانی كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی) هەیە كە بریتیە لە عەللامە ئیقباڵ، وای دەبینێت ئوممەت لەڕواڵەتدا پێی دەوترێت ئوممەتی موحەممەدی، بەڵام بارودۆخەكەی مایەی شیوەن و گریان و داخ و پەژارەیەكی زۆرە. ئەمەش چونكە كاتێك شتێكی باش دەدرێتە پاڵ كەسێكی باش مرۆڤ هەست بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی دەكات بەڵام كاتێك پێچەوانەكەی ڕوودەدات ئەوا مرۆڤ حەزناكات تەنانەت باسیشی بكات.
عەللامە ئیقباڵ لە دێڕە شیعرێكیدا دەڵێت: “هات و هاوارێك هەیە كە موسوڵمانان بەتەواوەتی لە دنیادا نەماون. دەپرسین ئایا لەبنەڕەتدا لە كاتێك لە كاتەكاندا هەبوون”. (جواب الشكوی من كتابه “بانك درا”، لا226)
“بیرمەندی ئیسلام” پرسیار دەكات دەربارەی بارودۆخیان و دەڵێت: “ئێوە مەسیحین لەشێوەدا و جولەكەن لە شارستانییەتدا. ئایا موسوڵمانن ئەو كەسانەی كە جولەكەیش شەرمەزار دەبن لە خراپی هەڵسوكەوتیان؟. هەتانە دەچێتەوە سەر قورەیش، هەتانە لە نەتەوەی ئەفغانە، هەرچییەك بن بەڵام سوێند بخۆن بە خوا ئایا ئێوە موسوڵمانیشن؟” (سەرچاوەی پێشوو)
ئەی گروپی ناحەزان ئێستا دەڵێن چی؟ ئێوە ئەوەتان قەبوڵ نەكرد كە قورئان بەڕاشكاوی فەرموویەتی، وە پەیڕەوی ڕێنمونی فەرموودە پیرۆزەكانتان نەكرد، دەی دەبێت ئێستا بڕیاری ئەو كەسە قەبوڵ بكەن كە پێی دەڵێن “بیرمەندی ئیسلام”.
ئێستاش ئەوەتان بۆ دەگوازمەوە كە شێخی مەودوودی گوتوویەتی، ئەو كەسەی پایەیەكی بەرزی هەیە لای كاربەدەستانی پاكستان. گومانی تێدا نیە شێخی مەودودی مردووە بەڵام كۆمەڵەكەی بەشێوەیەك لە شێوەكان هێشتا هەن و حكومەتی پاكستان جۆرەها نیعمەت و بەخششیان بەسەردا دەبارێنێت. شێخی مەودودی دەڵێت:
“لە شەریعەتدا پاساوێك نیە بۆ بوونی گروپە جیاوازەكانی وەك ئەهلی فەرموودە و حەنەفی و برێلییەت و دیۆبەندیەت و شیعە و ئەهلی سوننە و ئەوانی تریش. ئەم گروپانە نەزانین بەرهەمی هێناون”. (خطبات للمودودي، لا128)
سەیر لەوەدایە شێخی مەودودی لەسەر زەمینەی واقیع ئەوە قەبوڵ ناكات كە بە زوبانی دەیڵێت. بەڵام ئەوەی كە دەوترێت دوای پێغەمبەر (ﷺ) هەرگیز هیچ جۆرە پێغەمبەرێك ڕەوانە ناكرێت دوو مانای هەیە:
یەكەم: بەهیچ شێوەیەك پێویستیەك دەرناكەوێت داخوازی ڕەوانەكردنی پێغەمبەران بكات. ئەمەیان بەڕاشكاوی گوتووە لە ڕاگەیاندنی بەناو سپیدا و لەڕێگەی قورئانی پیرۆز و شتە دانپێدانراوەكانی تری موسوڵمانانەوە پووچەڵم كردەوە.
دووەم: دەكرێت بگوترێت كە دەنگونجێت پێویستی هەبێت بۆ پێغەمبەران بەڵام خوا (سبحانه وتعالی) هەرگیز كەسێك ڕەوانە ناكات. ئەمە تۆمەتێكی گەورەیە هەڵدەبەسترێت بۆ خوا و پێغەمبەرەكەی بەجۆرێك لەم ئەنجامگرییەوە وادەردەكەوێت كە پێغەمبەر (ﷺ) هاتووە بە ئەوەی سنورێك دابنێت بۆ نیعمەتەكانی خوا بۆسەر ئەم ئوممەتە (پەنا بەخوا). لەڕاستیدا ئەو (ﷺ) نەهاتووە بۆ دانانی سنورێك بۆ لێشاوەكانی بەرەكەت و ڕەحمەتی خوا بەڵكو هاتووە بۆ ڕزگاركردنی مرۆڤ لەهەموو جۆرە نەفرەتێك. بەڵام چەند سەیر و نامۆیە دۆخی ئەو مەلایانە بەجۆرێك وای دەبینن دەرگای لێشاوی بەرەكەتی پێغەمبەر (ﷺ) داخراوە بەڵام هەموو جۆرە نەفرەتێك ماوەتەوە و بەردەوامە لەسەر بارودۆخەكەی خۆی، وە نازانن كە ئەم نەفرەتانە تەنھا دروستكراوی خۆیانن.
بۆیە ئەو پرسیارەی ئێستا پێداگری لەسەر دەكرێت ئەوەیە: ئایا پێویستییەك هەیە بۆ موسڵیحێكی خوایی یان نە؟ وە ئەگەر پێویستییەك هەیە، سەرەڕای ئەوە گوتتان هەرگیز كەسێك نایەت، ئەوا هیچ ستەمێك لەمە گەورەتر نیە كە بكرێت بیڕێژن بەسەر ئوممەتی موحەممەدیدا.
ئێستاش ئێوە و ڕوونكردنەوەیەك دەربارەی پێویستی هاتنی موسڵیحێك بەگوێرەی باوەڕی شێخی مەودوودی: “بێگومان زۆرینەی خەڵكی، بۆ ڕابەرایەتی بزوتنەوەیەكی ئایینی، دەگەڕێن بۆ پیاوێكی پێگەيشتوو كە بەرجەستەیەك بێت بۆ هەموو ئەو تەواوییانەی كە دەكرێت هەریەكەیان بە بیریدا بێن. بەدەربڕینێكی تر ئەوان دەگەڕێن بۆ پێغەمبەرێك ئەگەرچی بەزارەكی دان دەنێن بە كۆتاییهاتنی پێغەمبەرایەتیدا، ئەگەر یەكێك بڵێت پێغەمبەرایەتی ماوەتەوە ئەوا ئامادەن لەبنەوە زوبانی دەربهێنن”. (جریدة “مسلمان” الصادرة في سوهدره بالهند، عدد 28 فبرایر 1943م نقلا عن جریدة” الفضل” الصادرة في قادیان عدد 6 مارس 1943م).
گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) دەفەرموێت: “دڵیان لەگەڵ ئێمەیە هەرچەند زماندرێژی بكەن بەرامبەرمان”.
بێگومان ئەوانەی هەمیشە ئامادەن زمانمان لەبنەوە دەربهێنن دڵیان هاواردەكات، وەك شێخی مەودوودی خۆی دانی پێدا دەنێت، كە مرۆڤێك ناتوانێت ئیسڵاحی بارودۆخیان بكات پلەی لە پێغەمبەر كەمتر بێت، بەجۆرێك چاوێك نیە هاوشێوەی ئەو خراپەكارییانە ببینێت كە لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە لەم ڕۆژگارەماندا.
لەو مێژووەوە كە قورئان باسیكردووە ڕوون دەبێتەوە هەركاتێك لاوازی و ناتەواوی- هەرچەند سادە و بچوكیش بووبێت- لەناو گەلێكدا جێگای خۆی كردبێتەوە، خوا (عز وجل) پێغەمبەرێكی بۆ ڕەوانەكردوون. وە ئەگەر پێوەرەكانی كێشانە و پێوانە لای گەلێك تێكچووبێت ئەوا خوا پێغەمبەرێكی بۆ ڕەوانەكردوون. وە ئەگەر بەخراپی ماڵ و سەروەتیان بەكارهێنابێت ئەوا خوا پێغەمبەرێكی بۆ ڕەوانكردوون.
پوختەی قسە ئەوەیە كە پێغەمبەران لەڕابردوودا ڕەوانەكراون بۆ هەموو نەخۆشییەكی ڕۆحی هەرچەند بچوكیش بووبێت، بۆیە تەنھا پێغەمبەران نەك كەسانی تر هەستاون بە ئیسڵاحكردن. سەرەڕای ئەوەی كتێبە ئاسمانیەكان پێشتر لەناو گەلەكانیاندا هەبوون ئیتر چۆن بارودۆخیان خراپ بووە؟ چییان بەسەر هاتووە بەجۆرێك نەخۆشییەكی ڕۆحی نیە كە بەبیری مرۆڤدا بێت مەگەر لەم ڕۆژگارەماندا بەشێوەیەكی فراوان بڵاوبووتەوە، لەگەڵ ئەوەدا شیانی هاتنی موسڵیحێك لەلایەن خواوە بەتوندی ڕەت دەكەنەوە.
بێگومان دنیا چەندین جۆری نوێی ستەم و زۆرداری بەخۆیەوە بینیوە و باڵیان كێشاوە بەسەریدا، سەرەڕای هەموو ئەمانە ئەو كەسانە دەڵێن: پێویستمان بە نێردراوێك نیە لەلایەن خواوە. ئەگەر دەججالە درۆزنەكان دەربكەون پێشوازییان لێ دەكەین، بەڵام پێویستە هیچ پێغەمبەرێك نەیەت لەلایەن خواوە چونكە ئێمە ناتوانین بەرگەی بگرین.
سەید فەزڵەددین لە پێشەكی كتێبی “تذكره”ی شێخ ئەبو كەلامی ئازاددا باسی چۆنێتی چاوەڕوانیكردنی توندی مەهدی چاوەڕوانكراو دەكات لە سەردەمەكەی خۆیدا و دەڵێت: “ئەگەر یەكێك لەم مەلایانە سەرنجی بدایە، ئەگەرچی بۆ ساتێكیش بووایە، لە بارودۆخی داڕووخاوی گەل ئەوا هەوڵی دەدا قەناعەت بەخۆی و شوێنكەوتووانی بكات بەم قسەیە: هەوڵ و تێكۆشانی ئێمە و ئێوە چ سوودێكی هەیە؟ ئەوەتا قیامەت نزیك بووەتەوە، دەبێت موسوڵمانان بفەوتێن، دەی با هەموو كاروبارەكان دوابخەین لە چاوەڕوانی پەیدابوونی ئیمامی مەهدیدا، ئەوكاتە لەخۆوە هەموو دنیا چۆڵ دەبێت بۆ موسوڵمانان”. (تذكرة، ص12)
لە كتێبێكی گرنگی ئەهلی شیعەدا هاتووە: “ئەگەر خەڵكی لە كاتێك لە كاتەكاندا پێویستیان بە مامۆستایەكی ڕۆحی هەبووە ئەوا ئەمڕۆ زیاتر پێویستیان پێی هەیە. مەگەر بوترێت خەڵكی هیچ كاتێك لە كاتەكان پێویستیان بە پێغەمبەرێك یان پێشەوایەك یان مامۆستایەكی ڕۆحی نەبووە، وە ڕەوانەكردنی مامۆستاكان لەلایەن خواوە شتێكی زیادە و پووچە. بەڵام ئەو كەسەی دانی ناوە بەم پێویستیەدا لە ڕابردوودا ئەوا ئێستایش دانی پێدا دەنێت. وە ئەو كەسەی باوەڕی بە پێغەمبەران و ئەولیاكان و ڕاسپێردراوەكان هەبووە لە ڕابردوودا ئێستایش باوەڕ دەهێنێت پێیان، وە دان دەنێت بە بوونی پێشەوادا. كەسی نكوڵیكار لە بوونی پێشەوای ئاخر زەمان نكوڵی دەكات لە هەموو پێغەمبەران و پێسپێردراوان. وە ئەمە لە وتەكانی پێغەمبەریشەوە (ﷺ) ساغبووەتەوە”. (الصراط السوي في أحوال المهدي للسرسوي، ص49-50)
بەڵام گرفت ئەوەیە نەیارەكانمان هیچ شتێك وەرناگرن ئەگەر “بیرمەندی ئیسلام” عەللامە موحەممەد ئیقباڵ نەیگوتبێت لەبەرئەوە دەبێت بگەڕێین بۆ قسەكانی.
ئەوەتا بڕگەیەكمان دەستكەوت لە قسەكانی ئەم “بیرمەندی ئیسلام”ە پاش هەوڵێكی بێوچان، لە كۆمەڵێك نامەی بڵاوكراوەیدا بەناونیشانی: “إقباڵ نامە” لەو نامەیەیدا كە ئاراستەی (سەید سیراجەددین بال) كراوە، تێیدا هاتووە:
“خۆزگە دوعاكەی شێخ” نیزامی” لەم سەردەمەی ئێمەدا گیرا دەبوو، وە پێغەمبەر (ﷺ) جارێكی تر تەشریفی دەهات و پەردەی لادەدا لەسەر ئایینەكەی بۆ موسوڵمانە هيندیەكان”. (إقبال نامە، بەرگی1، لا41)
واتە ناكرێت ئیسلام زیندووبێتەوە بەبێ هاتنی موحەممەد (ﷺ) بۆ جارێكی تر بەگوێرەی ڕای ئەم “بیرمەندی ئیسلام”ە. وە ئەو ئایینەی كە موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) هێناویەتی ئەوە نیە كە ئەمڕۆ خەڵكی لەگەڵیدا دەژین و بەبیریاندا دێت. ئێستا بەڵگەیەكی گومانبڕتان بۆ دەهێنمەوە لە ئایەتەكانی سەرەتای سوورەتی الجمعة دا كە هیچ كەسێك بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ڕەتیبكاتەوە.
خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: ﴿هُوَ الَّذِي بَعَثَ فِي الأُمِّيِّينَ رَسُولاً مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِنْ كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلاَلٍ مُبِينٍ * وَآخَرِينَ مِنْهُمْ لَمَّا يَلْحَقُوا بِهِمْ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ * ذَلِكَ فَضْلُ اللَّهِ يُؤْتِيهِ مَنْ يَشَاءُ وَاللَّهُ ذُو الْفَضْلِ الْعَظِيمِ﴾ (الجمعة: 3_5). خوای گەورە دەفەرموێت فەزڵێكی تایبەتیە لەلایەن خۆیەوە (عز وجل) دەیدا بە هەركەسێك خۆی بیەوێت، وە لە هەر وڵاتێك دایدەبەزێنێت كە خۆی بیەوێت. وە خوا (سبحانه وتعالی) هەمان بابەتی ڕوون كردووەتەوە لە شوێنێكی تردا بەجۆرێك فەرموویەتی: ﴿أَهُمْ يَقْسِمُونَ رَحْمَتَ رَبِّكَ﴾؟ (الزخرف: 33) نەخێر! بەڵكو ئەوە خوایە كە خاوەنی ڕەحمەتە و دەیدات بە هەر كەسێك خۆی بیەوێت و لە هەر شوێنێك خۆی بیەوێت دایدەبەزێنێت.
زاناكان هەوڵدەدەن لەم هەڵوێستە ڕابكەن و دەڵێن مەبەست لە “الآخرین” كە لەم ئایەتەدا باسكراون ئەو كەسانەن كە لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) بوون.. واتە ئەوانەی كە هێشتا نەگەيشتوون بە پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكانی بەڵكو ڕاستەوخۆ لەماوەی دوای سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) دێن.
پێغەمبەر (ﷺ) خۆی ئەم تەئویلەی ڕەت كردووەتەوە. ئەوەتا لە سەحیحی بوخاریدا ڕیوایەتێك هاتووە زەحمەتە ڕیوایەتێكی لەمە بەهێزتر بدۆزرێتەوە: لە ئەبوهورەیرەوە (ڕەزای خوای لێ بێت) گوتی: ئێمە لە خزمەتی پێغەمبەردا (ﷺ) دانیشتبووین، سوورەتی الجمعة دابەزیە سەری: ﴿وَآخَرِينَ مِنْهُمْ لَمَّا يَلْحَقُوا بِهِمْ﴾. گوتی، گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا ئەو كەسانە كێن؟ تا سێ جار وەڵامی نەدایەوە، وە سەلمانی فارسی لەناوماندا بوو. پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەستی خستەسەر سەلمانی فارسی و پاشان فەرمووی: “ئەگەر ئیمان لەسەر ئەستێرەی سورەیا بێت پیاوانێك یان پیاوێك لەمانە بەدەستی دەهێنن”. (البخاري، كتاب التفسیر، سورة الجمعة)
یەكەم شتێك لە وەڵامەكەی پێغەمبەرەوە (ﷺ) دەردەكەوێت ئەوەیە كە مەبەست لە ﴿وَآخَرِينَ مِنْهُمْ﴾ لێرەدا ئەو كەسانەن كە لەكاتێكی زۆر دواتردا دێن. وە لەوەڵامدانەوەی ئەو كەسەی پرسیارەكەی كرد پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەستی داناوە لەسەر سەلمانی فارسی، تاكە كەسێك كە لەنەتەوەی عەرەب نەبووە.. وە دەستی نەخستووەتەسەر یەكێك لە نەتەوەی عەرەب.. وە فەرموویەتی: ئەگەر ئیسلام بەرزبوویەوە بۆسەر ئەستێرەی سورەیا پیاوانێكی گەورە پەیدا دەبن لە نەتەوەی فارس، واتە لە نەتەوەی سەلمانی فارسی (ڕەزای خوای لێ بێت) دەیگێڕنەوە بۆسەر زەوی، وەك لە ڕیوایەتێكدا هاتووە كە پیاوێك لە ئەهلی فارس دەیگێڕێتەوە بۆ دنیا.
كەواتە ﴿وَآخَرِينَ مِنْهُمْ﴾ كێن؟ ئەو كەسانەن كاتێك دەردەكەون ئیمان بەرزبووتەوە بۆ ئەستێرەی سورەیا. دەی ئایا ڕێی تێدەچێت ئەمە ڕووبدات و ئیمان بەرزبێتەوە بۆ ئەستێرەی سورەیا لەسەردەمی پێغەمبەردا (ﷺ) كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) خۆی دەفەرموێت: “باشترینی خەڵكی سەدەكان خەڵكی سەدەی منە، پاشان ئەوانەی كە بەدوای ئەماندا دێن، پاشان ئەوانەی كە بەدوای ئەماندا دێن، پاشان درۆ بڵاودەبێتەوە”.
واتە لەبەرەبەیانی ئیسلامەوە سێ سەدەی یەكەم ڕۆشن دەبن، واتە ڕووناكی من هەرگیز لەناكاو ون نابێت. من خۆرێكی مەزنم ڕووناكیەكەم ئاوا نابێت هەتا سێ سەدە دوای مردنم، وە بەچاوی خۆتان ئەم ڕووناكیە دەبینن، پاشان چەرخی تاریكی دێت. وە لەو ماوەیەدا هیچ كەسێك ڕەوانە ناكرێت هەتا ئەم شەوە تاریكە درێژە دەكێشێت، وادەردەكەوێت وەك ئەوەی ئیمان لە دنیادا ون بووبێت و بەرزبووبێتەوە بۆ ئەستێرەی سورەیا.
ئیتر چۆن دەكرێت ئەو ﴿وَآخَرِينَ مِنْهُم﴾ە بە كەسانی سەردەمی پێغەمبەر (ﷺ) لە قەڵەم بدەین؟
مامۆستا ماكيۆنێز لە دوو بڕگەی كۆتایی لە كتێبەكەیدا (introduction to Sociology) قسەیەكی پڕ لە حیكمەت دەكات كە ئەمە وەرگێڕانەكەیەتی: “كۆمەڵگا ناگاتە چڵەپۆپەی كەماڵ بە بێ خەڵكانێكی كامڵ. بۆ ئەم مەبەستە زانیاری ڕووت و زانینی ڕاستیەكان بەتەنھا بەس نیە، بەڵكو دەبێت خرۆشان و هێزی بزوێنەر هەبێت… ئێمە پێویستمان بە مامۆستا و پێغەمبەرێك هەیە… ڕەنگە پێویستمان بە مەسیحێكی نوێ هەبێت… وە پێویستە پێغەمبەری ئەم چەرخە ئامۆژگاری و بانگەواز بەكاربهێنێت لەناو ئەم هەراوهوریایەدا…”.
لە خودی نامیلكە حكومیەكەدا هاتووە: “هەركاتێك هەركەسێك پێغەمبەرایەتی ڕاگەیاندبێت دوای پێغەمبەر (ﷺ) موسوڵمانان بە درۆزن و هەڵگەڕاوەیان داناوە بەبێ هیچ دوودڵییەك. وە سەرجەمی ئوممەت بە پێویستیان نەزانیوە مشتومر بكەن لەگەڵیدا، وە لێكۆڵینەوە بكەن لە كارەكەی، ئەمەش بەسە بۆ سەلماندنی ئەوەی كە میرزا درۆزنە لە بانگەشەكەیدا”.
پاشان دەڵێن: “بەردەوام ئەو تەفسیرەی “خاتم النبیین” كە باو بووە لە هەموو جیھاندا لە ماوەی 14 سەدەی ڕابردوودا ئەوەیە كە گەورەمان موحەممەد (ﷺ) كۆتا پێغەمبەری خوا بووە، وە هەرگیز لەدوای ئەو هیچ پێغەمبەرێك نایەت. بەگوێرەی ئەم باوەڕە ڕەگداكوتاوەیان بەردەوام شانبەشانی یەكتر دژی هەر كەسێك بوون كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە. وە لە ماوەی داهاتووشدا ئوممەتی ئیسلامی بەهیچ شێوەیەك چاوپۆشی ناكات، بەدرێژایی مێژووی ئیسلامی، لە هیچ كەسێك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكات”.
بەگوێرەی ئەوەی لە پێشوودا باسكرا دەڵێن ناكرێت و ناگونجێت پێغەمبەرێك پەیدا بێت. هەروەها ئەوەش ساغبوویەوە- بەگوێرەی قسەی خۆیان- كە گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) درۆزن بووە لە ڕاگەیاندنەكەیدا (پەنا بەخوا).
هەڵبەت لەم قسەیەشیاندا چەواشەكارییەكی سەیر و دەربڕینێكی پێچاوپێچ و دزێویان بەكارهێناوە، بەجۆرێك سەرەتا باسی مێژوویان نەكردووە لەو ڕووەوە كە پێویستە باس بكرێت بەڵكو بەشێكی زۆر كەمیان خستووەتەڕوو و بەشێكی گەورەیان شاردووەتەوە. دەبوو بانگەشەكەیان بەم شێوەیە بوایە: دابونەریتی دنیا لە سەردەمی گەورەمان ئادەمەوە (عليه السلام) هەتا سەردەمی پیغەمبەری ئازیزمان (ﷺ) وەها بەڕێوەچووە كە هەركاتێك كەسێك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردبێت خەڵكی دنیا دژی وەستاون بەتایبەتی ئەگەر بانگەشەكارەكە ڕاستگۆ بووبێت. ئەمەیە مێژووی پێغەمبەران كە قورئانی پیرۆز دەیخاتەڕوو، وە دەفەرموێت هیچ پێغەمبەرێك نەبووە خەڵكی بە باشی ڕەفتاریان لەگەڵدا كردبێت بەڵكو هەمیشە ڕەتیان كردووەتەوە و ستەمیان لێ كردووە و گاڵتەیان پێ كردووە، ئەوەتا دەفەرموێت: ﴿يَاحَسْرَةً عَلَى الْعِبَادِ مَا يَأْتِيهِمْ مِنْ رَسُولٍ إِلاَّ كَانُوا بِهِ يَسْتَهْزِئُونَ﴾ (یس: 31). بەدیهێنەری بەندەكان دەفەرموێت: داغ و پەژارە لەدەستیان. ئەمە ڕێسایەكی گشتیە لەسەرەتاوە لەگەڕدایە. كەواتە ئەی نەیارەكانمان، ئایا ئێوە دوای دان نان بەم بنەمایەدا هەموو پێغەمبەرێك ڕەت دەكەنەوە؛ چونكە هەموو یەكێك لە پێغەمبەران تووشی دژایەتی و ڕەتكردنەوە بووە؟ وە چۆن گەيشتوون بەم دەرئەنجامە؟ ئایا ئەمە لە ئوممەتی مووسادا ڕووینەداوە؟ بێگومان كۆمەڵێك ئایەتی قورئانم خۆێندەوە بۆتان كە دەفەرموون ئەو پێغەمبەرانەی دوای مووسا (عليه السلام) هاتن هەموویان تووشی دژایەتی بوون. گومانی تێدا نیە هەندێ پێشبینیكاری درۆزنیش پەیدا بوون بەڵام هەموویان فەوتان و لەناوچوون. كەواتە ئەو دژایەتیەی كە تووشی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بووە بەهیچ شێوەیەك پشتگیری هەڵوێستی ئێوە ناكات چونكە بەگوێرەی بنەما قورئانیەكە دژایەتی بەڵگەیە لەسەر ڕاستگۆیی ئەو (عليه السلام).
﴿وَإِنْ يَكُ كَاذِبًا فَعَلَيْهِ كَذِبُهُ﴾ “ئەگەر درۆزن بێت ئەوا درۆكەی یەخەی خۆی دەگرێت”
ئێستاش بابەتێكی ترتان بۆ شرۆڤە دەكەم كە بریتیە لەوەی خوا فەرمانی بەچی كردووە سەبارەت بە كەسێك بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات؟ ئەی نەیارەكانمان، ئەگەر هەڵسوكەوتی ئێوە تەبابوو لەگەڵ ڕێنمونی قورئانی پیرۆزدا ئەوا بەسەر سەر و بەسەر چاو قەبوڵی دەكەین ئەگینا نەخێر. قورئانی پیرۆز باسی دەكات كاتێك گەورەمان مووسا پێغەمبەرایەتی ڕاگەیاند و حكومەتەكەی سەردەمی خۆی دژی وەستا، وە گەلەكەیشی بەتوندی دژی وەستا، فیرعەون و سەرگەورەكانی گەل دەستیان كرد بە پیلانگێڕان بۆئەوەی بیكوژن (عليه السلام)، لەو كاتەدا پیاوێك لە گەلەكەی كە باوەڕی خۆی دەشاردەوە گوتی: ﴿وَإِنْ يَكُ كَاذِبًا فَعَلَيْهِ كَذِبُهُ وَإِنْ يَكُ صَادِقًا يُصِبْكُمْ بَعْضُ الَّذِي يَعِدُكُمْ﴾ (غافر: 29)؛ چونكە خوا لە ئێوە باشتر درۆزن دەناسێت، وە شیاوترینە كەسە بەمە. ئەگەر مووسا درۆزنە لەوەی دەیڵێت ئەوا من دڵنیاتان دەكەمەوە كە ئێوە بەهۆی درۆكەی ئەوەوە تووشی سزا نابن، ئیتر بۆچی ئێوە خۆتان دەفەوتێنن بە هۆی دژایەتیكردنیەوە؟ بەڵام ئەگەر ڕاستگۆ بێت ئەوا ئەو سزایەتان تووش دەبێت كە بەڵێنی داوە پێتان، وە هیچ دەرەتان و پەناگایەكتان دەست ناكەوێت.
ئەمەیە هەڵسوكەوتی شیاو كە قورئان فەرمانی بەخەڵك كردووە بینوێنن بەرامبەر ئەو كەسەی لەناویاندا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات. وە ئاشكرایە ئەمە قسەی كەسێكی ئاساییە و قسەی پێغەمبەرێك لە پێغەمبەران نیە هەتا لە قورئانی پیرۆزدا تۆمار بكرێت. بەڵام سەرەڕای ئەوە قورئانی پیرۆز گرنگییەكی زۆری داوە بە قسەكەی تەنانەت وەك ئامۆژگارییەك بۆ ئەوانی تر پاراستوویەتی هەتا ڕۆژی قیامەت. بێگومان قورئانی پیرۆز بەرامبەر ئەو كەسەی كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات ئەو هەڵسوكەوتە بەڕەوا دەزانێت كە كەسێك لە گەلەكەی مووسا، ئەوەی ئێستا باسكرا، پێی هەستاوە. بەڵام زۆر بەداخەوە ڕەفتاری حكومەتی پاكستان و مەلاكان تەواو پێچەوانەی ئەو هەڵسوكەوتە باسكراوەیە لە قورئانی پیرۆزدا.
حكومەت هیچ چارێكی نیە جگە لەوەی دانبنێت بەوەدا كە گەورەمان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) ڕزگاری بوو لە شەڕ و خراپەی ناخەزان. ئاگری دوژمنایەتی لەهەموو لایەكەوە دژی بەڕێزی هەڵگیرسێنرا، وە پیلانیان گێرا بۆ كوشتنی بەڵام هەموو پیلانەكان شكستی هێنا. ئایا زاناكان لەو كاتەدا نەیاندەزانی كە مشتومڕ كردن لەگەڵ بانگەشەكاری پێغەمبەرایەتیدا حەرامە. پاشان ئایا زانا بەناوبانگەكانی هاوچەرخی بەڕێزی (عليه السلام) خەریكی مشتومڕ و كێشمە كێشم نەبوون لەگەڵیدا؟ لەكاتێكدا وا شیاوتر بوو بۆیان لەم ڕووەوە پێچەوانەی ڕێنمونی قورئانی پیرۆز نەجوڵێنەوە. ئایا لە هەموو كیشوەری هیندیدا موسوڵمانێكی ئازای تێدا نەبوو كە بێتە پێشەوە بۆ تیرۆركردنی و سەركەوتوو بێت لەم كارەدا؟ بەڵام بۆچی نەیانتوانی ئەو كارە بكەن بەڵكو بەردەوام بێدەنگ و گرژ و مۆن بوون؟ ئایا هەر یەك لەوانەی كە، بە گوێرەی لۆژیكی خۆیان، پێیان دەوترا زانا شیاوتر نەبوو بۆی پێش كەسانی تر بكەوێت لە هەوڵی كوشتنی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام)؟ بەڵام خوای گەورە سەركەوتووی نەكردن بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە و بەندەكەی خۆی ڕزگار كرد لە شەڕ و پیلانەكانی ئەوان.
دژایەتیكردنی ئیمامی مەهدی چاوەڕوانكراو
سەبارەت بە دژایەتیكردن، پرسیاری بنچینەیی ئەوەیە: ئایا ئیمامی مەهدی چاوەڕوانكراو تووشی دژایەتی دەبێت یان نە؟ ئەگەر دژایەتیكردن پێوەڕێك بێت بۆ درۆزنی ئەو ئەوا هەرگیز كەسێكی ڕاستگۆ لەناوتاندا پەیدا نابێت، چونگە زاناگەورەكانتان پێشبینیان كردووە كە مەهدی چاوەڕوانكراو تووشی دژایەتییەكی سەخت دەبێت.
سەید نەواب نوور حەسن خان دەڵێت: “ئەمەیە كەمەهدی (علیه السلام) تووشی دەبێت ئەگەر هات. بۆیە كاتێك هات برایانی لاساییكەرەوە هەموویان تینودەبن بۆ خوێنی، وە پیلان دەگێڕن بۆ كوشتنی، وە دەڵێن: ئەم كەسە دینەكەمان تێك دەدات”. (اقتراب الساعة، ص224)
شێخی گەورە محێدینی ئیبن عەرەبی كە ڕێزێكی زۆری هەیە لە هەموو جیھانی ئیسلامیدا دەڵێت: “كاتێك ئەم ئیمامی مەهدیە سەریهەڵدا دوژمنێكی ئاشكرای نیە جگە لە زانا ئایینیەكان بەتایبەتی”. (الفتوحات المكیة، ج3، ص336)
دەڵێت مەلا و زانا ئایینیەكان بەئاشكرا هەڵدەستن بە دژایەتیكردنی، بەڵام خەڵكی گشتی بە نهێنی دژایەتی دەكەن. ئەی ناحەز و نەیارەكان قسەتان چی دەبێت كاتێك مەهدی ڕاستگۆ سەرهەڵدەدات؟ پاساو دەهێننەوە بۆ دژایەتیكردنی بەوەی دەڵێن ئێمە بەردەوام هەمان مامەڵە دەكەین لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەی كە هەستاون بەم جۆرە ڕاگەیاندنە لەسەردەمی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرەوە (ﷺ) هەتا ئەمڕۆ؛ چونكە ئەوان درۆزنن و هەروەها تۆیش درۆزنی.
پاشان نەواب سدیق حەسەن خان ڕوونی دەكاتەوە كە دەكرێت چی ڕووبدات كاتی دەركەوتنی ئیمامی مەهدی و دەڵێت:
“زاناكانی سەردەم كە خوویان گرتووە بە لاساییكردنەوەی فەقیهەكان و شوێنكەوتنی مەلاكان و باوباپیرانیان دەڵێن ئەم كەسە هەڕەشەدەكات لە ئایین و ڕێبازمان، بۆیە هەڵدەستن بە دژایەتیكردنی و كافر و گومڕای دەكەن بەگوێرەی داب و نەریتی خۆیان”. (آثار القیامة في حجج الكرامة، ص363)
لەسەر نامیلكە حكومیەكە هەمان ناونیشانیان داناوە كە بریتیە لەوەی ئەحمەدییەكان مەترسییەكی توقێنەرن لەسەر ئیسلام بۆیە كافریان بكەن و سووكایەتییان پێ بكەن.
ئێستا وتەی نوێكاری سەدەی دوازدەتان پێشكەش دەكەم، بەڕێزی دەڵێت: “سەیر نیە زانا ڕووكەشییەكان ئیجتیهادەكانی حەزرەتی عیسا (عليه السلام) ڕەت بكەنەوە بەهۆی وردی سەرچاوەكانیان و ڕازەكانیانەوە، بەمەش وەهای ببینن كە پێچەوانەی قورئان و سوننەتن”. (مكتوبات الإمام الرباني. ج2، ص107)
ئەم بڕگەیە زۆر گرنگە چونكە باسی دژایەتییەك دەكات كە تووشی عیسا دەبێت (عليه السلام)، لەكاتێكدا زۆربەی جار ئێمە باسی دژایەتی ئیمامی مەهدی (عليه السلام) دەبینین و باسی دژایەتیكردنی عیسا (عليه السلام) نابینین.
زاناكان دەڵێن عیسا لە ئاسمانەوە دادەبەزێت و دەستی لەسەر دوو فریشتە داناوە و دوو پۆشاكی زەردی لەبەردایە. دەڵێم: ئەگەر ئەوە ڕوویدا ئەوا كێ دەوێرێت ڕەتی بكاتەوە؟ هەروەها دەڵێن كاتێك عیسا لە پشتی ئیمامی مەهدیەوە (عليه السلام) نوێژ دەكات لەخۆوە ئەگەری دژایەتیكردن و ڕەتكردنەوە لەلایەن خەڵكەوە نامێنێت بەم شێوەیە گرفتەكە چارەسەر دەبێت.
حەزرەتی نوێكاری سەدەی دوازدە لەناو خواناساندا پلەوپایەیەكی بەرزی هەیە و دید و سەرنجێكی وردی هەیە بۆیە وتەیەكی ئەوپەڕی پڕ لە حیكمەت و مەزنی گوتووە. ئەو مەسیحەی كە ڕاستەوخۆ لە ئاسمانەوە دادەبەزێت- بەگوێرەی بیروباوەڕە دروستكراوەكەی ئەوان- ناكرێت و ناگونجێت هیچ موسوڵمانێكی ئاسایی بیربكاتەوە لە دژایەتیكردنی، بەڵام ئیمامی ڕەبانی زۆر بەڕوونی ڕایدەگەیەنێت كە بەدڵنیاییەوە تووشی دژایەتیكردن دەبێت.
ماوەتەوە زیاتر ئەو چەواشەكاریانە ئاشكرا بكەین كە لە نامیلكە حكومیەكەدا هاتووە. مرۆڤ سەری سوڕ دەمێنێت بەجۆرێك نازانێت دەیانەوێت چی بڵێن مەگەر پاش ڕامانێكی زۆر، چونكە نامیلكەكە هەمووی تەنها غەش و فێڵ و فریودانە. دەڵێن:
“لەم توێژینەوە كورتەوە ئەوە دەردەكەوێت بڕوامان بە خەتمی پێغەمبەرایەتی بەشێكە لە باوەڕمان، ئەم باوەڕە یاسایەك نیە كە خاوەنی گرنگیەكی ئەفسانەیی بێت و ملكەچی مشتومڕ نەبێت، بەڵكو كۆمەڵێك ناوەڕۆك و مانای كۆمەڵایەتیشی هەیە، بەگوێرەی ئەمە ئەم بڕوایە یارمەتی زۆری داوە بۆ دروستبوونی شارستانیەتی ئیسلامی”.
مەبەستیان لەم قسەیە ئەوەیە ڕاگەیاندنیان بەوەی دەستیان گرتووە بە باوەڕی خەتمی پێغەمبەرایەتییەوە تەنھا ڕاگەیاندنێكی بۆش و بێ ناوەڕۆك نیە بەڵكو هۆكاری گرنگی ئەمە ئەوەیە كە دەبێتە هۆی یەكگرتوویی شارستانیەتی ئیسلامی. وە بەهۆیەوە لە هەموو جیھاندا ژیارێك و یەكگرتنێكی مەزن دەركەوت. دەی ئەو هەڵێنجانەی كە نیعمەتێكی مەزنی بەرهەمهێناوە بۆ ئوممەتی موسوڵمان لە هەموو لایەكی جیھاندا چۆن دەكرێت وازیلێبهێنین. پاشان دەڵێن: ئەمە كۆڵەكەیەكە لە كۆڵەكەكانی ئیسلام بۆیە ئەگەر لامانبرد ئەوا كۆشكی ئیسلام هەمووی هەرەس دەهێنێت. پاشان دەڵێن:
“بێگومان ئەم بیروباوەڕە بەردەوام بە بەشێك لەو باوەڕە لەقەڵەمدراوە كە ڕاجیایی تێدا نیە. ئەمەیە بنەما بەهێزەكە كە تەنھا كۆشكی ئیسلامی تیۆری لەسەر بنیاد نانرێت بەڵكو كۆشكە شارستانیەكەیشی بنیاد دەنرێت لەسەری”.
هەروەها دەڵێن: “ئەم تیۆریە لە كۆمەڵێك هۆز و نەتەوەی جیاواز لە كۆمەڵێك سەردەمی جیاوازدا ئوممەتێكی یەكگرتووی پێكھێناوە كە لەسەر یەك ڕێڕەو دەڕۆن”.
واتە شرۆڤەی باوەڕبوون بە خەتمی پێغەمبەرایەتی بەوەی كە هەرگیز دوای پێغەمبەر (ﷺ) پێغەمبەر نایەت، كارێكی كردووە ئوممەتی موسوڵمان ببێت بە یەك ئوممەت. هەروەها دەڵێن:
“هەڵبەت چەندین پرسیاری لە مێشكی خەڵكیدا وروژاندووە، بەم شێوەیە زۆر بەڕوونی بناغەیەكی ئامادەكرد بۆ بنیاد نانی شارستانیەتێكی ناوازە”.
بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: چۆن باوەڕبوون بە نەهاتنی پێغەمبەر بناغەیەكی سازكرد بۆ شارستانیەتی ئیسلامی؟ وە ئەگەر شارستانیەتی ئیسلامی بەبێ ئەم باوەڕە بناغەكەی دانەنراوە ئەوا پێغەمبەرانی پێشوو، كەژمارەیان دەگاتە نزیكەی 124 هەزار پێغەمبەر، چ كارێكی گرنگیان ئەنجامداوە؟ شتێكی ئاشكرایە هیچ یەكێكیان خاتەمی پێغەمبەران نەبووە، ئیتر چۆن بناغەی شارستانیەت لە سەردەمی ئەواندا دامەزرا؟ وە چۆن یەكگرتوویی ڕەخسا بۆ گەلەكانیان؟
خەتمی پێغەمبەرایەتی و پایەكانی ئیسلام و ئیمان
ئێستاش ئێوە و ڕێژەیەكی زۆرتر لە لێدوانەكان لەسەر ئەم هەلومەرجە. هەروەك پێشتر گوتم باوەڕبوون بەوەی پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە باوەرێكە هەرگیز مشتومڕ هەڵناگرێت. لەڕاستیدا ئێمەی موسوڵمانانی ئەحمەدی لە كەسانی تر زیاتر دەستمان گرتووە پێوەی. بەڵام ئەو شەرحەی دەستەواژەی “خاتم النبیین” كە حكومەت و مەلاكان جەختی لێ دەكەنەوە سەلماندم كە شەرحێكی تازە داهێنراوە.
لەڕاستیدا باوەڕبوون بە خەتمی پێغەمبەرایەتی لە هیچ كاتێكدا یەكێك نەبووە لە پایەكانی ئیمان. ئەمەش چونكە ئەو پرسیارەی خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە: ئەو كەسە كێیە كە مافی ئەوەی هەیە پایەكانی ئیمان دیاری بكات؟ گەورەمان پێغەمبەری خوا (ﷺ) یان ئێوە؟ ئایا پێغەمبەر (ﷺ) كە قورئانی پیرۆز دابەزیوەتە سەری ئەم پێناسەیەی نەزانیوە كە ئەمڕۆ ئێوە دەیخەنەڕوو بۆ ئیسلام؟
پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: “ئیسلام لەسەر پێنج پایە بنیاد نراوە: شایەتیدانی: “لا إله إلا الله محمد رسول الله”، نوێژكردن، زەكاتدان، گرتنی ڕۆژووی ڕەمەزان، حەجكردن”. (الترمذي، كتاب الإیمان)
ئەمەیە پێنج پایەكەی ئیسلام كە پێغەمبەر (ﷺ) زانیویەتی. پایەی شەشەم لەدواییدا ئاشكرا كرا و پێغەمبەر (ﷺ) هیچ زانیارییەكی پێ نەدرا دەربارەی.
فەرموودەیەكی تر هەیە كە گەورەمان عومەر (ڕەزای خوای لێ بێت) ڕیوایەتی كردووە:
“ئێمە لای پێغەمبەر (ﷺ) بوین پیاوێك هات جلەكانی زۆر سپی بوو قژی زۆر ڕەش بوو، شوێنەواری سەفەری پێوە دیار نەبوو، هیچ یەكێك لە ئێمە نەیدەناسی، هەتا هات بۆلای پێغەمبەر (ﷺ) ئەژنۆی نووساند بە ئەژنۆیەوە، پاشان گوتی: ئەی موحەممەد: ئیمان چیە؟ فەرمووی ئەوەیە: باوەڕت بە خوا و فریشتەكانی و كتێبەكانی و پێغەمبەرەكانی و ڕۆژی دوایی و قەدەری خێر و شەڕ هەبێت”. (الترمذي، كتاب الإیمان، باب ما جاء في وصف جبرائیل)
لێرەشدا لەناو پایەكانی ئیماندا باسی باوەڕبوون بە خەتمی پێغەمبەرایەتی نابینین. وە شایانی باسە ئەو فەرموودەیەی ئێستا باسكرا گرنگییەكی گەورەی هەیە چونكە ڕاویەكە دوای ئەوە دەڵێت ڕێبوارە نامۆكە هەموو قسەكانی پێغەمبەری (ﷺ) بەڕاست زانی. هاوەڵان گوتیان ئێمە سەرمان سوڕما لە كارەكەی بۆیە پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: ئەی عومەر ئایا دەزانی پرسیاركەرەكە كێ بوو؟ ئەوە جوبرەئیل بوو هات بۆ لاتان دروشمەكانی ئایینەكەتان فێر بكات.
لێرەشدا باسی خەتمی پێغەمبەرایەتی نابینین لەناو پایەكانی ئیماندا. بەڵام ئەحمەدیەت بەتەواوەتی باوەڕی بە خەتمی پێغەمبەرایەتی هەیە بەجۆرێك گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) سوێند بەخوا (عز وجل) دەخوات كە ئێمە باوەڕی تەواوەتیمان بەوە هەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) خاتەمی پێغەمبەرانە، وە ئەوەی باوەڕی بەمە نەبێت بە موسوڵمانی دانانێین، نەك لەبەر ئەوەی ئەم باوەڕە دەچێتە چوارچێوەی پایەكانی ئیمانەوە، بەڵكو لەبەرئەوەی ئێمە باوەڕێكی ڕەگداكوتاومان هەیە كە هەموو پیتێك لە قورئانی پیرۆز، بگرە هەموو خاڵێكی بەڕادەیەك مەزنە كە ئەگەر كەسێك ڕەتی بكاتەوە دەسبەجێ لە بازنەی ئیسلام دەردەچێت.
پرسیارێكی تر كە دێتە گۆڕی ئەوەیە: بێگومان ئایەتی “خاتم النبیین” لە ساڵی 5ی كۆچیدا دابەزی، ئەمەش مانای ئەوەیە كە زۆربەی ماوەی پێغەمبەرایەتی تێپەڕیوە پێش دابەزینی. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا ئوممەتی موحەممەدی یەك ئوممەت نەبووە پێش دابەزینی ئەم ئایەتە؟ ئایا بنچینەكانی ژیار و شارستانیەتی ئیسلامی پێش دابەزینی ئەم ئایەتە دانەمەزران؟ ئەو ڕووداوانە چی بوون پاش ساڵی 5ی كۆچی ڕوویاندا هەتا بەهۆیانەوە ئوممەت ببێت بە یەك ئوممەت و بنچینەكانی شارستانیەتی ئیسلامی دابمەزرێن؟ قسەیەكی چەندە لاواز و نەزانانەیە!! وە هیچ پەیوەندیەكی نیە بە شارستانیەتی ئیسلامیەوە، نە لە دوور نە لە نزیك.
پێویستە بڕوانین ئەمڕۆ شارستانیەتەكەتان چی لێ بەسەرهاتووە؟ وە چ قیامەتێك بەرپا بووە بەسەر ژیارەكەتاندا تاوەكو خەڵكی لایاندا لە بیروباوەڕی بنچینەیی شارستانیەتی ئیسلامی؟
“بیرمەندە ئیسلامیەكەتان” عەللامە ئیقباڵ دەڵێت:
“ئەگەر كەسێك ویستی نموونەیەكی ڕاستەقینە ببینێت بۆ ژیاننامە و ڕەوشتی ئیسلامی ئەوا با لە كۆمەڵی قادیانیدا (مەبەستی ئەحمەدیەتە- گوێزەرەوە) بیبینێت”.
)The Muslim community- ASociological study, by Allama Dr Mohammaad Iqbal, Page.23)
لەڕاستیدا دابەشكردنێكی سەیرە بەجۆرێك ئەوانەی جێگیرن لەسەر بیروباوەڕگەلێكی بنچینەیی -بەگوێرەی قسەی ئێوە- بەتەواوەتی شارستانیەتەكەیان لێ داڕنراوە، بەجۆرێك یەكگرتوو نین و لەسەر بەهاكانی شارستانیەتی ئیسلامی بەجێگیری نەماونەتەوە. وە ئەوانەی، وەك ئێوە دەڵێن، هیچ پەیوەندییەكیان نیە بە بیروباوەڕە بنچینەییەكانەوە بیرمەندەكەتان دەربارەیان دەڵێت: ئەگەر ویستان نموونەیەكی ڕاستەقینەی ڕەوشتی ئیسلامی ببینن ئەوا بڕۆن بۆ قادیان و لەوێ بیبینن چونكە لە هیچ شوێنێكی تردا هەرگیز نایبینن.
وە ڕاگەیاندنیان دەربارەی یەك ئوممەت و دامەرزاندنی بنچینەكانی شارستانیەت و ژیار شتێك نیە جگە لە ڕاگەیاندنێكی بێ ناوەڕۆك و پووچ كە هیچ حەقیقەت و بنچینەیەكی نیە.
وە ئەگەر مەبەست لە شارستانیەت شێوازەكانی ژیانی ئاسایی بێت ئەوا گومانی تێدا نیە كە موسوڵمانان لەهەموو ناوچەكانی جیھاندا داهێنانی نوێ دەكەن لە شێوازەكانی ژیاندا، لەناویاندا جلوبەرگ و سروتەكانی تری وەك هاوسەرگیری و حیجاب هتد. چەندین جیاوازی گەورە هەن لە نێوان شێوازەكانی ژیان لای موسوڵمانان لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی زەویدا. بۆ نموونە موسوڵمانان لە ئیندۆنیسیا بەشێوەیەك دەژین كە جیاوازە لە ژیانی موسوڵمانان لە ئەفریقا و ئەوروپادا، وە بارودۆخەكە بەهەمان شێوەیە لە چیكۆسلۆفاكیا و فنلەندا و هەنگاریا و وڵاتانی تریش. بەهەمان شێوە نەتەوەی ئەفغان شارستانیەتێكیان هەیە تەواو جیاوازە لە شارستانیەتی موسوڵمانان بۆ نموونە لە باشووری هەندستان. ئەوەش ئاشكرایە كە بەنگلادیش كاتێك بڕیاری جیابوونەوەی دا لە پاكستان خەڵكەكەی زۆر بەڕوونی ڕایگەیاند كە شارستانیەتی ئێمە تەواو جیاوازە لە شارستانیەتی پاكستان ئەگەرچی هەموومان یەك ئایینمان هەیە. وە گوتیان: گومانی تێدا نیە ئێمە هەمان بیروباوەڕی ئێوەمان هەیە دەربارەی خەتمی پێغەمبەرایەتی، بەڵام ئێوە شارستانیەتی خۆتان هەیە و ئێمەش شارستانیەتی خۆمان هەیە.
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەن لەهەموو جیھان ئەوا دەبینن لەهەموو شوێنەكاندا چەندین شارستانیەتی جیاواز هەن. ئەگەر مەبەست لە شارستانیەت بریتی بێت لە بەها ئایینیەكان و بیروباوەڕە ئایینیەكان و سروتە ئایینیەكانی تر، ئەوا لەمانەشدا چەندین جیاوازی گەورە هەن. جیاوازی گەورە هەیە لە نێوان بیروباوەڕەكان و شێوازی كاركردن پێیان لەهەموو شوێنێكدا. جیاوازی هەیە لە شێوازی بەجێھێنانی نوێژ، بەجۆرێك لە وڵاتێكدا بۆ نموونە خەڵكی لە نوێژدا دەستیان لەسەر سنگیان دادەنێن، وە لە وڵاتێكی تردا دەستیان بەردەدەنەوە لەكاتی نوێژدا. وە لەهەندێ ناوچەدا لەكاتی نوێژدا دەستیان بەرز دەكەنەوە وە لە هەندێ ناوچەی تردا پەنجەكان دەقرتێنرێن كاتی بەرزكردنەوەی. وە هەیە ئەو كەسە كافر دەكات كە دەڵێت پێویستە لەكاتی نوێژدا دەست بەرز بكرێنەوە، وە هەیە ئەو كەسە كافر دەكات كە دەست بەرزناكاتەوە لەكاتی نوێژدا. سەفەر بكەن بۆ ئەفریقا و ببینن نوێژ چۆن دەكرێت لای شوێنكەوتووانی مەزهەبی مالیكی. پاشان بڕوانن بۆ نوێژی شوێنكەوتووانی خومەینی لە ئێران كە چەو دەهێنن لە شاری “كەربەلا”وە و لە بەردەم خۆیاندا دایدەنێن لە كاتی سوژدەدا، ئەمەش شارستانیەتە! كەواتە هەموو ئەمانە شتێك نین جگە لە كۆمەڵێك بانگەشەی پووچ و ئەفسانەی گریمانەی كە شارستانیەتی ئوممەتی موحەممەدی (ﷺ) لەسەر بنیاد دەنێن!!
شارستانیەت چیە و جۆرەكانی كامەیە؟ وە بە چ وشەیەك زاناكانی ئێوە باسیان كردووە؟ فەرموو ئێوە و ئەوەی شێخی مەودوودی گوتوویەتی لەم بارەیەوە:
“ئەگەر ئەم بەناو كۆمەڵگا ئیسلامیەتان خستەپێش چاو ئەوا موسوڵمانی جۆراو جۆر دەبینن تەنانەت ناتوانن جۆرەكان بژمێرن. بریتیە لە باخچەی ئاژەڵان هەزارەها جۆر لە ئاژەڵی تێدا كۆبووەتەوە لەناویاندا داڵ و هەڵۆ و قەلەڕەشە و چۆلەكە و هتد. وە هەر یەكەیان (چۆلەكەیەكە)”. (المسلمون و العراك السیاسي الحالي، ج3، ص26)
تێبینی ڕادەی ئەو ستەم و سووكایەتی و گاڵتەپێكردنە بكەن كە ئاراستەی ئوممەتی دەكات، وە هەست بە هیچ ئازارێك ناكات بۆی، بەڵكو هەركاتێك قسەدەكات گاڵتە لە دوای گاڵتە بە ئوممەت دەكات. وە گاڵتەكردنەكەی تەواو نابێت ئەگەر گوزارشتی گاڵتەئامێزی “چۆلەكە” بەكارنەهێنێت كە گوزارشتێكی باوە لە ناوچەی “یو بی” لە هیندستان و مانایەكی تایبەتی هەیە لەو ناوچەیەدا. وا شیاوبوو بۆی كە لەسەر ئەمە هەست بە ئازار بكات لەجیاتی ئەوەی گاڵتە و سوكایەتی بكات. گومانی تێدا نیە خەڵك لە پێش ئەویشدا ئەم جۆرە شتانەیان باسكردووە چونكە ڕاستی دەوترێت، بەڵام ئەوان بە هەستێكی قووڵی ئازار و ژانەوە باسیان كردووە نەك وەكو ئەو بە گاڵتە و لاقرتیەوە. بەڵام شێخی مەودودی چێژدەبینێت لەوەی بەتەنزەوە باسی هەلومەرجی باوی موسوڵمانان بكات.
ئایا ئەمە ئەو شارستانیەتەیە كە موسوڵمانان هەموویان یەكیان گرتووە لەسەری؟ ئایا ئەمەیە كە بووەتە هۆی ڕێككەوتنتان لەسەر بیروباوەڕی پەیدانەبوونی پێغەمبەرێك دوای پێغەمبەری خوا (ﷺ)؟ ئایا ئەمەیە ئەو شارستانیەتەی كە چەنەبازی پێوە دەكەن و تەپڵی بۆ لێدەدەن؟ گومانی تێدا نیە هەمووی چیرۆكی خەیاڵیە.
ئێستاش باسی بارودۆخی موسوڵمانان لەبۆرما دەكەم بۆتان لە میانەی بڕگەیەكەوە كە وەرگیراوە لە ڕۆژنامەیەكی متمانە پێكراو لای نەیارەكان كە بریتیە لە ڕۆژنامەی “اهل الحدیث” ژمارە 16ی نیسانی ساڵی 1914ز، هەتا نەیارەكانمان نەڵێن ئەوە ئێوەن هەموو هەلومەرجەكەتان تێكداوە. پەیامنێری ڕۆژنامەكە دەڵێت:
“ئەم بەندە لاوازە ماوەی دە ڕۆژە لێرەدا نیشتەجێم. كۆبوونەوەیەكی ئایینی هەبوو كە بڕیار بوو لە كاتژمێر دوو ببەسترێت پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مزگەوتی “الجامع”دا. منیش كاتی نیوەڕۆ چووم بۆ مزگەوت. مزگەوتەكە پڕبوو لە خەڵكی و بارودۆخەكە مایەی سەرسوڕمان بوو. پیاڵەی مەی و سینی خورما و مۆز دانرابوو لەبەردەم ئیمامی مزگەوتەكەدا. خەڵكی دەستیان بەرز دەكردەوە و جارلە دوای جار هەندێ ویردیان دەخوێندەوە كە ئەمە وشەكانی بوو: “معشوق حقاني عبدالقادر الجیلاني”… “الروح ذات الفتوح” و هی تریش. وە پاش ویردەكان جۆرەها ئامێری میوزیكیان ژەند و دەنگی: “یامرادي، یا مرادي” بەرز بوویەوە هەتا ناو مزگەوتەكە هەمووی دەنگی دایەوە، پاشان هاڕاوەی داری سەندەڵیان تێكەڵاوی ئاو كرد و نیشانەی سپییان دانا لەسەر مل و نێوچەوانی هەموو خەڵكەكە وەك چۆن دادەنرێت بۆ ڕاهیبەكان. پاشان ئافرەتێكی بەدڕەوشت جۆرێكی دیاری كراو لەحاڵی لێهات، وە دەستیكرد بە سەماكردن (لە مزگەوتەكەدا! ئەمە نموونەیەكی شارستانیەتی ئیسلامیە لە بۆرما- گوێزەرەوە) وە ڕوخساری لەسەر ئاگردانەكە دانا و دەستی خستە نێوان ڕوخساری و ئاگرەكەوە. (واتە ڕوخساری خستە سەر ئاگرەكە تەنھا بۆئەوەی خەڵك بیبینێت و بەنهێنی دەستی لەبەرامبەریدا دادەنا هەتا نەسوتێت_ گوێزەرەوە) پاشان خزمەتكاری مزگەوتەكە بەتوندی دەستی كرد بە دەف لێدان، ئینجا بێدەنگی باڵی كێشا بەسەر هەموو مزگەوتەكەدا. پاشان ڕابەرە ئایینیەكە ویردی كۆتایی خوێند و خورما و مۆز و خورادنەوەكان دابەشكران و تاجەگوڵینەیان كردە سەریان. پاش كاتژمێر چوار هەستان و نزیكەی پەنجا بەیداخیان ماچ كرد كە لە میحرابەكەدا دانرابوون، پاشان بردنیانە دەرەوە، پاشان بەو بەیداخانە سێ ئەسپیان ڕازاندەوە و ڕۆحی “قادری ئەولیا”يان [ڕابەرێكی ئایینیە لە ناوچەی “مودراس” لە هیندستان كە بەهۆی یادكردنیەوە ئاهەنگیان دەگێڕا (بڵاوكار)] سواركرد لەسەر یەكێك لە ئەسپەكان. (ئەمەیە یەكێك لە نموونەكانی ئەو شارستانیەتەی كە لە ئەنجامی باوەڕبوون بە خەتمی پێغەمبەرایەتییەوە دروست بووە، بەگوێرەی قسەی ئەوان- گوێزەرەوە) وە ڕۆحی حەواریەكانیان سواركرد لەسەر دوو ئەسپەكەی تر. پاشان گەڕان بە شارەكەدا سواڵیان دەكرد و داوای بەخششیان دەكرد. كاتێك ئەو خەڵكە بەشاردا دەگەڕان شكڵ و شێوەیان لەخۆوە منی دەخستە پێكەنین. هەندێ پیاوی كەتەی بەهێز و خاوەن ڕیش جلی ژێرەوەی زۆر كورتیان لەبەركردبوو دەستەواژەی “یامرادي یا مرادي، عبد القادر”یان دەگوتەوە و ئەوانی تریش لەدوایانەوە لە بارودۆخێكی سەیر و نامۆی سەرخۆشیدا تەپڵیان لێ دەدا، بەم شێوەیە كەمێك پێش مەغریب گەڕانەوە بۆ مزگەوتەكە. زۆر بەداخەوە بۆ ئەو موسوڵمانانەی كە ئایینیان یەكتاپەرستی بوو كەچی ئەمڕۆ وایان لێھاتووە شیرك و بیدعەی لەم شێوەیە ئەنجام دەدەن، ئەمەش لە مزگەوتەكاندا!”
دەڵێم: ئەم جۆرە دیمەنانە لێرەو لەوی لە هەموو وڵاتێكدا دەبینرێن. بۆ نموونە ژیارێكی تەواو جیاواز دەردەكەوێت لە كۆبوونەوە و ئاهەنگی لەم جۆرەدا لە پاكستان، بەجۆرێك شێوەیەك لە شارستانیەت دەبینین لە مزگەوتەكانی ئەهلی فەرموودەدا، وە شێوەیەكی تر لە شارستانیەت لە مەجلیسەكانی پرسە و ماتەمینی لای ئەهلی شیعە. هەروەك ئەم سروتانە جیاوازن لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر، بۆ نموونە ئەهلی شیعە لە ئێران وەك شیعەكانی پاكستان شیوەن و گریان ناكەن بۆ گەورەمان ئیمامى حوسەین (عليه السلام). وە لەناو ئەهلی شیعەدا كەسی وا هەیە بەتەواوەتی ناڕازیە لەم كارە و هەیانە بەرپەرچی ناڕازییەكان دەداتەوە. كەواتە لەهەموو شوێنێكدا شارستانیەتێكی تەواو جیاواز هەیە، وە یەكگرتوویی لە بیروباوەڕە نوێكانیشدا نیە. لەبەر ئەوە قسەكردنیان دەربارەی یەكگرتوویی ژیار و شارستانیەت شتێك نیە جگە لە بانگەشەیەكی پووچ و بێ ناوەڕۆك.
لە لاپەڕە 6ی نامیلكە حكومیەكەدا هاتووە: “سیپارەكانی تەورات و ئینجیل شایەتی دەدەن كە هەموو پێغەمبەرانی پێشوو پێشبینیان كردووە بە ڕەوانەكردنی پێغەمبەرانی دوای خۆیان. بەڵام لە قورئانی پیرۆزدا هیچ ئاماژەیەك لەم ڕووەوە نیە، بە پێچەوانەوە لە قورئانی پیرۆزدا كۆمەڵێك ئایەتی ڕوون و ئاشكرا دەبینین بەبێ هیچ گومانێك ئەوە دەسەلمێنن كە پلەوپایەی پەیامداری گەيشتووەتە دەرگایەكی داخراو و دەرگای پێغەمبەرایەتی قوفڵی لێدراوە بۆ هەتاهەتایە. وە لەم ڕووەوە ژمارەیەكی زۆر فەرموودە هەن كە سەحیح و هاوڕاو و ڕشتە تەواتوریشن”.
سەبارەت بەشی كۆتایی بڕگەكە پێشتر لەبارەیەوە قسەم كرد. بەڵام لە ئایەتە قورئانیە ڕوونەكان تەنها یەك دانەیان نەهێناوەتەوە. بێگومان هەستاون بە ڕاگەیاندنی شتێك و یەك ئایەتیان نەهێناوەتەوە لەسەری وەك بەڵگە. باسی بیرمەندەكانی ئیسلامیان كردووە و بۆچوونەكانی ئەوانیان هێناوەتەوە، پاشان باسی فەرموودەكانیان كردووە و هەندێكیان هێناوەتەوە وەك بەڵگە بەگوێرەی خەیاڵی خۆیان و پێشتر منیش لێدوانم دا لەسەریان. بەڵام یەك ئایەتیان لە قورئانی پیرۆز نەهێناوەتەوە بۆ پشتگیری ڕاگەیاندنەكەیان. ئەوەی لەم ڕووەوە هێناویانەتەوە تەنھا یەك فەرموودەیە كە باسی سی دەججالە درۆزنەكە دەكات، بەبێ ئەوەی باسی یەك ئایەتی قورئانی پیرۆز بكەن.
پێغەمبەرایەتی لە ئوممەتی موحەممەددا (ﷺ)
ئێستا بانگەشەكانیان دەخەینەڕوو لەبەر ڕۆشنایی قورئانی پیرۆزدا. ئەگەر ئەوان ئایەتی قورئانی پیرۆزیان دەست نەكەوتووە دەربارەی ئەم بابەتە ئەوا بەهۆی نەزانین و نەشارەزایی خۆیانەوەیە، بەجۆرێك ئایەتگەلێكی ڕوون و ڕاشكاو هەن لە قورئانی پیرۆزدا بەجوانی بابەتەكە ڕوون دەكەنەوە وەك پێشتر ئایەتێكی سوورەتی الجمعة م هێنایەوە. ئێستا ئایەتێك دەهێنمەوە لە سوورەتی النساء كە خوا (عز وجل) دەفەرموێت:
﴿وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُولَئِكَ رَفِيقًا * ذَلِكَ الْفَضْلُ مِنَ اللَّهِ وَكَفَى بِاللَّهِ عَلِيمًا﴾ (سورة النساء: 70_71).
مەلاكان لەم ئایەتەوە وەها تێدەگەن ئەوانەی گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەرن (ﷺ) تەنها هاوەڵی ئەو كەسانە دەبن كە نیعمەت ڕاژوە بەسەریاندا و هەگیز نابن بە یەكێك لەوان. بەلامەوە زۆر گونجاوە كە باسی شتێكی تر بكەم پێش ڕۆچوون لە بابەتی ڕاستی و دروستی ئەم تێگەشتنەدا. بۆیە سەرەتا پێویستە بزانین ئایەتە باسكراوەكە چی ڕادەگەیەنێت؟
ئایەتەكە دەفەرموێت: “ئەو كەسەی گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر دەكات” واتە موحەممەد (ﷺ). ئەم ڕاگەیاندنە چەند مەزنە! ئەمە گەورەترین و بەرزترین ڕاگەیاندنە لەناو هەموو ڕاگەیاندنەكانی لەم شێوەیەی پێش خۆیدا. بەجۆرێك ڕاگەیاندنەكانی پێشوو دەیانگوت: ئەوەی گوێڕایەڵی خوا و مووسا بكات، یان ئەو كەسەی گوێڕایەڵی خوا و ئیبراهیم بكات، یان ئەو كەسەی گوێڕایەڵی خوا و نووح بكات، یان ئەوەی گوێڕایەڵی خوا و داوود و سڵێمان بكات (سڵاوی خوا لە هەموویان بێت)؛ بەڵام ئێستا خوای گەورە دەفەرموێت: “ئەو كەسەی گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر بكات”، واتە ئەو كەسەی گوێڕایەڵی خوا و موحەممەد بكات. ئایا پێت وانیە كە دەبێت، لەم دۆخەدا، ئەو نیعمەتەی دەڕژێنرێت بەسەر شوێنكەوتووانی پێغەمبەردا (ﷺ) گەورەتر بێت لەو نیعمەتەی ڕژێنراوە بەسەر شوێنكەوتووانی پێغەمبەرەكانی تردا؟ پاشان ئایا خەڵكانی ئوممەتەكانی پێشوو كە گوێڕایەڵی پێغەمبەرانی خۆیان كردووە وەڵامیان پێگەيشتووە كە ئەگەر گوێڕایەڵی پێغەمبەرانی خۆیانیان كرد تەنھا دەبن بە هاوەڵی ئەو كەسانەی نیعمەتیان بەسەردا ڕژاوە و هەرگیز نابن بەیەكێك لەوان؟ ئایا پێتوانیە كە ئەم تێگەيشتنە بوختانێكی گەورەیە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) و قورئانی پیرۆز؟ ئایا ئەم تێگەيشتنە خراپەیەكی گەورە نیە بەرامبەر پێغەمبەر (ﷺ)؟
لێرەدا ئاگاداریەكی گەورە ڕاگەیەندراوە كە پێغەمبەر (ﷺ) باشترین و تەواوترینی پێغەمبەرانە، وە ئەوانەی گوێڕایەڵی دەكەن گوێڕایەڵی خوا دەكەن. ئایا دوای ئەوە ڕێی تێدەچێت بوترێت ئەوانەی گوێڕایەڵی خوا ئەم پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن هەرگیز نابن بەبەشێك لەوانەی نیعمەت ڕژاوە بەسەریاندا، بەڵكو تەنھا لەگەڵ ئەوانەدا دایاندەنێین كە نیعمەتیان بەسەردا ڕژاوە (پەنا بەخوا).
ئەم تەفسیرە هەڵەیە و بەهەموو پێوەرەكان ڕەتكراوەیە و قورئانی پیرۆز خۆی بەدرۆی دەخاتەوە؛ چونكە لە ئایەتی باسكراودا وشەی “مع” بۆ پیاهەڵدان بەكارهاتووە، هاوشێوەكەی بریتیە لە: ﴿وَتَوَفَّنَا مَعَ الأَبْرَارِ﴾، لێرەشدا وشەی “مع” هاتووە و وشەی “مِنْ” هاتووە. وە شتێكی زانراوە كە وشەی “مَعَ” مانای لەگەڵبوون و مانای “مِنْ”یش دەگەیەنێت. خوا (سبحانه وتعالی) ئوممەتی موحەممەدی فێری ئەم نزایە كردووە: ﴿وَتَوَفَّنَا مَعَ الأَبْرَارِ﴾ ئایا ئەمە مانای ئەوەیە كە ئێمە شەو وڕۆژ بپاڕێینەوە كە هەركاتێك یەكێك لە چاكەكاران مرد گیانی ئێمەش بكێشە ئەی پەروەردگار؟
ئایا تۆبڵێی ئەمەیە ئەو پاڕانەوەیە كە خوا (سبحانه وتعالی) فێری كردووین لە وتە پیرۆزەكەیدا؟ تا چ ڕادەیەك گاڵتە دەكەن بە ئوممەتی موحەممەد (ﷺ)، وە هەتا كەی گاڵتە و لاقرتی دەكەن؟ لەڕاستیدا ناكرێت و ناگونجێت لەو وشەیەی “مع” كە لێرەدا هاتووە مانای شتێك هەڵێنجرێت جگە لە مانای “مِنْ” و بەگوێرەی ئەمە مانای ئەم ئایەتە: ﴿وَتَوَفَّنَا مَعَ الأَبْرَارِ﴾ بەم شێوەیە دەبێت: ئەی پەروەردگار كاتێك بمانمرێنە كە لە دیدی تۆدا لە چاكەكاران بین. ئەگەر وشەی “مع” بەكارهات بۆ ئاماژەدا بە خەڵكانێك ژمارەیان لە یەك زیاتر بێت، وە لەهەمان ڕەگەز بن و قسەكە پیاهەڵدانێك بوو بۆ ئەوان ئەوا دەبێت مانای “مِنْ” لە وشەی “مع” وەربگیرێت. بەڵام ئەگەر ڕەگەزی ئاماژە بۆكراوەكان جیاواز بوو ئەوا ماناكەیش دەگۆڕێت و تەنھا مانای لەگەڵبوون دەگەیەنێت وەك ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: ﴿إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ﴾. لێرەدا وشەی “مَعَ” بەمانای “مِنْ” نەهاتووە ئەمەش بەهۆی جیاوازی ڕەگەزی (الله- الصابرین)ی ئاماژە بۆكراو.
قورئانی پیرۆز خۆی جەخت دەكاتەوە لەم مانایە بەجۆرێك دەفەرموێت: مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ، پاشان دەفەرموێت: “لە پێغەمبەران”، واتە مەبەست لە “مَعَ” لێرەدا بریتیە لە “مِنْ”. ئەمەش مانای ئەوەیە كە ئەو كەسانەی لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) دەبن لە پێغەمبەران دەبن نەك تەنھا لەگەڵیدا بن. لە پێغەمبەرانیش و لە ڕاستگۆیانیش و لە شەهیدانیش و لە پیاوچاكانیش دەبن.
پاشا خوا (عز وجل) لە شوێنێكی تردا دەفەرموێت: ﴿اللَّهُ يَصْطَفِي مِنَ الْمَلَائِكَةِ رُسُلاً وَمِنَ النَّاسِ إِنَّ اللَّهَ سَمِيعٌ بَصِيرٌ﴾ (الحج: 76).
نەیارەكانمان دەڵێن: ئەم ئایەتە كاتێك دابەزی كە خوا (عز وجل) دەستیهەڵگرت لە هەڵبژاردنی پێغەمبەران لەناو خەڵكیدا. وە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بوو بوو بە خاتەمی پێغەمبەران. بەڵام لەڕاستیدا خوای گەورە ڕایدەگەیەنێت بە پێغەمبەر (ﷺ) كە پێغەمبەران لەناو خەڵكیدا هەڵدەبژێرێت، وە نەیفەرمووە “كان یصطفي، هەڵیدەبژارد”. ئەگەر پێغەمبەرایەتی بەتەواوەتی پچڕابێت ئەوا ئەو مەبەستە كامەیە كە ئەم ئایەتە دەیگەیەنێت؟ دیارە وشەی “يَصْطَفِي” بە شێوەی ڕانەبردوو هاتووە و مانای بەردەوامی دەگەیەنێت، خۆزگە ئەو كەسانەی خۆیان بە زانا دەزانن لەم خاڵە تێدەگەيشتن.
لە تەفسیرێكی ئەهلی شیعەدا لە شرۆڤەی ئەم ئایەتەدا هاتووە:
“﴿اللَّهُ يَصْطَفِي مِنَ الْمَلَائِكَةِ رُسُلاً﴾ واتە جوبرەئیل و میكایل، ﴿وَمِنَ النَّاسِ﴾ واتە پێغەمبەران”. (مجمع البیان في تفسیر القرآن للطبرسي، ج7، ص171). واتە مەبەست لە وشەی “وَمِنَ النَّاسِ” لێرەدا پێغەمبەرانە.
پاشان خوا (عز وجل) لە قورئانی پیرۆزدا پەیمانێكی باسكردووە و دەفەرموێت: ﴿وَإِذْ أَخَذَ اللَّهُ مِيثَاقَ النَّبِيِّينَ لَمَا آتَيْتُكُمْ مِنْ كِتَابٍ وَحِكْمَةٍ ثُمَّ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مُصَدِّقٌ لِمَا مَعَكُمْ لَتُؤْمِنُنَّ بِهِ وَلَتَنْصُرُنَّهُ قَالَ أَأَقْرَرْتُمْ وَأَخَذْتُمْ عَلَى ذَلِكُمْ إِصْرِي قَالُوا أَقْرَرْنَا قَالَ فَاشْهَدُوا وَأَنَا مَعَكُمْ مِنَ الشَّاهِدِينَ﴾ (آل عمران: 82).
پاشان لە سوورەتی “الأحزاب” دا كە ئایەتی خاتەمی پێغەمبەرانی تێدا هاتووە خوا (سبحانه وتعالی) دەفەرموێت: ﴿وَإِذْ أَخَذْنَا مِنَ النَّبِيِّينَ مِيثَاقَهُمْ وَمِنْكَ وَمِنْ نُوحٍ وَإِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى وَعِيسَى ابْنِ مَرْيَمَ وَأَخَذْنَا مِنْهُمْ مِيثَاقًا غَلِيظًا * لِيَسْأَلَ الصَّادِقِينَ عَنْ صِدْقِهِمْ وَأَعَدَّ لِلْكَافِرِينَ عَذَابًا أَلِيمًا﴾ (الأحزاب: 8-9)
دیارە پەیمانی پێغەمبەران تەنھا لە پێغەمبەرانی پێشوو وەرنەگیراوە بەڵكو لە پێغەمبەری خوایش (ﷺ) وەرگیراوە وەك وشەی “منك” دەیسەلمێنێت. دەی ئەگەر بڕیاربوایە كە لەدوای ئەو هەرگیز هیچ جۆرە پێغەمبەرێك نەیەت، ئەوا بۆچی ئەم پەیمانەی لێوەرگیراوە؟ بەڵكو مەبەستەكە ئەوەیە كە ئەگەر پێغەمبەرێك هات بە گوێرەی ئەو مەرجانەی لە ئایەتی “المیثاق”دا هاتووە، وە پشتگیری فێركاریەكانی ئەوی (ﷺ) كرد ئەوا پێویست دەبێت لەسەری، واتە لەسەر ئوممەتەكەی (ﷺ)، كە سەری بخەن و پشتگیری بكەن. وە مەبەست لە وشەی “منك” بریتیە لە ئوممەتەكەی (ﷺ) چونكە ناگونجێت پێغەمبەرێك لەدوای ئەو (ﷺ) بێت و پێغەمبەر (ﷺ) لە ئاسمانەوە بێت بۆ پشتیوانی كردنی و سەرخستنی. بۆیە لێرەدا مەبەستەكە تەنھا شوێنكەوتووانیەتی (ﷺ).
ئەو هەواڵانەم خستەڕوو كە لە قورئانی پیرۆزدا هاتوون، ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ فەرموودەكان. گومانی تێدا نیە پێغەمبەر (ﷺ) پێشبینی هاتنی عیسای پێغەمبەری خوای كردووە. نەیارەكانمان خۆیان ئەم فەرموودەیە دەهێننەوە و دان بەوەشدا دەنێن كە فەرموودەی ئاماژەبۆكراو بەتەواتور چەسپاوە، هەروەها دان دەنێن بە سەرهەڵدانی ئیمامی مەهدیشدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا دەڵێن: دەبوو پێغەمبەر (ﷺ) خۆی پێشبینی ڕەوانەكردنی كەسێكی بكردایە كە لەدوای خۆی دێت، وە بەوپێیەی كە ئەم جۆرە هەواڵە لە قورئانی پیرۆزدا نیە بۆیە هەرگیز كەسێك نایەت. بەڵام لەلایەكی ترەوە زۆر بەتوندی دەستیان گرتووە بە بیروباوەڕی سەرهەڵدانی مەهدیەوە و دەشڵێن ئەوەی باوەڕی نەبێت بەوەی كە ئەویش پێغەمبەرێكە ئەوا ئەو كەسە ئەوپەڕی كافرە. وە لەپاڵ ئەمەدا باوەڕیشیان وایە كە پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك هەواڵ دەدا دەربارەی دابەزینی عیسا (عليه السلام) فەرموویەتی: “لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەر نیە، واتە عیسا (عليه السلام)، وە ئەو بەدڵنیاییەوە دادەبەزێت”. (سنن أبي داود، باب ذكر خروج الدجال)
وە لەڕیوایەتێكدا لە ئەبو هورەیرەوە دەڵێت: پێغەمبەر (ﷺ) فەرمووی: “بزانن پێغەمبەر و فروستادە نیە لەنێوان من و عیسای كوڕی مەریەمدا، بەڵام ئەو خەلیفەی منە لە ئوممەتەكەمدا لەدوای من”. (المعجم الأوسط للحافظ الطبراني، رقم الحدیث: 4895)
لەڕێگەی ئەم فەرموودەیەوە لێرەدا پێغەمبەر (ﷺ) كێشەی “دوای من پێغەمبەر نیە”ی چارەسەركردووە و هەروەها كێشەی سی دەججاڵەكەیش بەجۆرێك فەرموویەتی: لەنێوان من و ئەودا پێغەمبەر نیە. مەبەست لە “بعدي، دوای من” ئەوەیە كە هەرچەند دەججالە درۆزنەكان دەركەوتن ئەوا ئێوە عیسا بە دەججال لەقەڵەم مەدەن، بەدڵنیاییەوە ئەو دادەبەزێت بەڵام لە نێوان من و ئەودا نە پێغەمبەر هەیە نە فروستادە. پاشان فەرموویەتی: “بزانن ئەو خەلیفەی منە لە ئوممەتەكەمدا” ئەمەش مانای ئەوەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) باسی مەسیحی ناسیرەیی (عليه السلام) ناكات، بەڵكو باسی مەسیحێكی نوێ دەكات كە لە ئوممەتی موحەممەدیدا ڕەوانە دەكرێت و تاكێك دەبێت لەو ئوممەتە. حەزرەتی محێدین ئیبن عەرەبی (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) دەڵێت:
“عیسا (عليه السلام) لەناوماندا سەرهەڵدەدات وەك ناوبژیوانێك بەبێ تەشریع، وە گومان ئەو پێغەمبەرە”. (الفتوحات المكیة، ج1، ص545)
مەلاكان لێدوان دەدەن لەسەر ئەم ڕاگەیاندنە و دەڵێن: ئێوە باسی فەرموودەیەك دەكەن دەربارەی عیسای ناسیرەیی، ئەو پێغەمبەرێكی كۆنە، وە شێخ محێدین ئیبن عەرەبیش لێرەدا دەربارەی پێغەمبەرێكی كۆن قسە دەكات.
بەڵام شتێكی بەڵگە نەویستە كە ئەم قسەیەیان پووچە. ئیمام محێدینی ئيبن عەرەبی دەربارەی مەسیحی كۆن قسە ناكات چونكە بەڕێزی دەڵێت:
“دابەزینەكەی لە ئاخر زەماندا پێویستە بە پەیوەستبوونی بە جەستەیەكی ترەوە”. (تفسیر القرآن الكریم، لابن عربي، ج1، ص296).
واتە عیسا هەرگیز بە جەستە كۆنەكەیەوە دەرناكەوێت، وە هەرگیز ئەو عیسایە نابینن كە باوەڕتان بەدیارنەمانی هەیە بەجەستەیەكی كۆنەوە، بەڵكو ئو عیسایەی كە لە ئێستاوە دێت بەجەستەیەكی نوێوە پەیدا دەبێت. وە لەم ڕوانگەیەوە بەڕێزی دەڵێت: “بەبێ گومان ئەو پێغەمبەرە”.
من زۆر سەرم سوڕدەمێنێت لە دۆخی نووسەرانی بەناو ڕاگەیاندنە سپییەكە كە دەڵێن، سەرەڕای بوونی هەموو ئەم دەستەواژە ڕوونانە، پێغەمبەر (ﷺ) پێشبینی ڕەوانەكردنی هیچ كەسێكی نەكردووە لەدوای خۆی.
خاوەنی تەفسیری فتح البیان دەڵێت: “… لە “زاد المعاد” ی حافظ ئیبنولقەیمدا (ڕەحمەتی خوای لێ بێت) هاتووە: .. بەڵام ئەوەی كە باس دەكرێت دەربارەی عیسا كە لە تەمەنی سی و سێ ساڵیدا بەرزكراوەتەوە بۆ ئاسمان، بۆ ئەم قسەیە هیچ وتە و نووسراوێكی نەپچڕاوی پێشینان نەزانراوە كە پێویست بكات بۆی بگەڕێینەوە. شامی دەڵێت: وەك ئەوەیە كە گوتوویەتی، ئەمە تەنھا لە مەسیحیەكانەوە ڕیوایەت دەكرێت، ئەوەی بە ئاشكرا لە فەرموودەكاندا ڕاگەیەنراوە ئەوەیە كە لەتەمەنی سەد و بیست ساڵیدا بەرزكراوەتەوە”. (فتح البیان في مقاصد القرآن، ج2، ص247)
ئەم دەستەواژەیە زۆر بە جوانی دوو خاڵ ڕوون دەكاتەوە: ئەو ڕیوایەتانەی لەم ڕووەوە دەهێنرێنەوە ڕشتەگەلێكی بەهێزی متمانەپێكراویان نیە. ئیمامی شامی دەڵێت: ئەمانە ڕیوایەتگەلێكی دزەكردووی موسیحیەكانن هیچ ئەسڵ و بناغەیەكیان نیە.
ئیمام ئیبن قەییم دەڵێت: “بەڵام ئەوەی كە باس دەكرێت دەربارەی عیسا كە لە تەمەنی سی و سێ ساڵیدا بەرزكراوەتەوە بۆ ئاسمان، بۆ ئەم قسەیە هیچ وتە و نووسراوێكی نەپچڕاوی پێشینان نەزانراوە كە پێویست بكات بۆی بگەڕێینەوە”. (زاد المعاد لابن القیم اجوزیة، ج1، ص30)
ئەمەیە بیروباوەڕی ئیمامی ابن القیم كە بەناو ڕاگەیاندنە سپییەكە دانی پێدا دەنێت كە بیرمەندێكی ئیسلامیە. لەپاڵ ئەمەدا بەڕێزی باوەڕی وایە عیسا بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا دێت بەڵام نەك عیسای ناسیرەیی (عليه السلام)، چونكە لە بنچینەدا بە جەستە ماددیەكەیەوە بەرزنەكراوەتەوە بۆ ئاسمان و دواجار هەرگیز جارێكی تر نایەتەوە. بۆچی ئەو پێشەوا پارێزكار و پاك و خواناسانە ئەم جۆرە قسانەیان كردووە؟ ئەمەیە پرسیارە گرنگەكە!
ئەوەتا ئیمامی ابن القیم لە شوێنێكی تردا بابەتەكە ڕوون دەكاتەوە و دەڵێت:
“ئەگەر مووسا و عیسا (علیھما السلام) زیندوو بوونایە ئەوا بەدڵنیاییەوە لە شوێنكەوتووانی ئەو دەبوون”. (مدارج السالكین لابن القیم الجوزیة، بەرگی2، لا496)
مەبەستەكە ئەوەیە: لەبەرئەوەی ئەو دوو پێغەمبەرە زیندوو نین بۆیە لە چوارچێوەی لیستی شوێنكەوتووانی پێغەمبەردا (ﷺ) نین. ان القیم عیسای لەگەڵ مووسادا (علیھما السلام) خستووەتە ناو ئەم لیستەوە. وە ئیمام دەڵێت ئەو ڕیوایەتانەی دەڵێن عیسا بەرزبووەتەوە بۆ ئاسمان شتێك نین جگە لە كۆمەڵێك ئەفسانەی گریمانەیی.
عەللامە ئیبن خەلدوونیش یەكێكە لەو بیرمەندانەی ئیسلام و لەو پیاوچاكە گەورانەی كە لە نامیلكە حكومیەكەدا دانیان پێدا نراوە، دەڵێت:
“ابن أبي واطیل دەڵێت: “شیعە دەڵێن ئەو خۆی مەسیحە مەسیحی مەسیحەكانە لە ماڵباتی موحەممەد. گوتم، بەگوێرەی ئەمە هەندێ لە سۆفیەكان فەرموودەی (لا مهدي إلا عیسی)یان ڕاڤەكردووە. واتە مەهدییەك نابێت مەگەر ئەو مەهدیەی كە نیسبەتی بۆ شەریعەتی موحەممەدی وەك نیسبەتی عیسا وایە بۆ شەریعەتی مووسایی”. (مقدمة ابن خلدون، ج1، ص407)
لە نامیلكە حكومیەكەدا كارەكە تەنھا لەو بیرمەندەی ئیسلامدا كورت نەبووەتەوە كە ئێستا باسكرا بەڵكو تاڕادەیەكی زۆر پشتیان بەستووە بە عەللامە ئیقباڵ وەك بیرمەندێكی ئیسلام. بەڵام زۆر بەسادەیی ئەوانی تریان ناو ناوە بیرمەندەكان پاشان بەخێرایی بەسەریاندا تێپەڕیوون، وە كۆشكێكی ڕاستەقینەیان دروستكردووە بۆ بە ناو بەڵگەكانیان لەسەر وتەكانی عەللامە ئیقبال. ئێستا با بڕوانین “بیرمەندی ئیسلام”، عەللامە ئیقباڵ، چی دەڵێت لە بابەتێكدا كە تێیدا كۆمەڵی ئەحمەدی ڕاجیایی هەیە لەگەڵ گروپە ئیسلامییەكانی تردا بەجۆرێك ئەحمەدیەت باوەڕی وایە كە عیسای ناسیرەیی (عليه السلام) جارێكی تر ناگەڕێتەوە بۆسەر زەوی بەڵكو كەسێكی تری هاوشێوەی ئەو ڕەوانە دەكرێت و بەشێوەیەكی مەعنەوی ناوی لێ دەنرێت عیسا. عەللامە ئیقباڵ لەم بارەوە لێدوان دەدات لە بیروباوەڕەكانی كۆمەڵی ئەحمەدی و دەڵێت:
“بە ئەندازەی تێگەيشتنم لە دیدی ئەم بزوتنەوەیە دەربارەی عیسا (عليه السلام) بەوەی كە وەكو هەر مرۆڤێكی تری لەناوچوو ئەویش مردووە، وە مەبەست لە دەركەوتنەوەی دووەمی بریتیە لە دەركەوتنی هاوشێوەكەی لەلایەنی ڕۆحیەوە، ئەم بۆچوونە ئەندازەیەك مەعقولیەتی تێدایە”.
(Islam and Ahmadism, with a reply to Question raised by Pandit Jawahar Lal Nehru.By Dr. Sir Muhammad Iqbal)
ئێستا تەنها ئەوە ماوەتەوە كە لێكۆڵینەوە بكەین لەوەی ئەگەر لەڕاستیدا عیسا (عليه السلام) كۆچی دوایی كردووە ئەوا چۆن جارێكی تر دەگەڕێتەوە؟ ئایا خودی مەسیحە كۆنەكە دێت یان كەسێكی تر دێت بە شێوەی هاوشێوە ڕۆحییەكەی؟ بیرمەندانی ئیسلام و پیاوچاكە بەناوبانگەكان، ئەوانەی كە نەیارەكانیشمان دانیان پێدا ناون، دەڵێن بیروباوەڕی سەرهەڵدانی كەسێك لە ئوممەتی موحەممەدی وەك مەسیحێك لە جیاتی دەركەوتنی مەسیحە كۆنەكە بیروباوەڕێكی مەعقولە، هەروەك عەللامە ئیبن خەلدون بە كۆمەڵێك وشەی ڕوون ڕایگەیاندووە و ڕوونیشی كردووەتەوە كە حیكمەتی ئەم بیروباوەڕە چیە. بەڵام خاڵێكی تریش هەیە كە ئەوەیە عەللامە ئیقباڵ كاریگەر بووە بە ژیار و فەلسەفەی خۆرئاوا بەمەش لە چاویلكەی فەلسەفەی خۆرئاوەوە دەیڕوانی بۆ ئیسلامیش. لەڕاستیدا هاوڕای ئێمە و غەیری ئێمە نیە لە بابەتی بیروباوەڕەكاندا. بەڵام سەبارەت بە مەعقولیەتی بیروباوەڕەكان تەنھا ئەوەندەی گوتووە كە بیروباوەڕی ئەحمەدیەكان لە هی غەیری خۆیان مەعقولترە. لەڕاستیدا بیروباوەڕی ئەو جیاوازە لە بیروباوەڕی ئەحمەدیەكان و كەسانی تریش، بەجۆرێك ئەو باوەڕی وایە هیچ كەسێك لە ئوممەتی موحەممەدی نایەت، وە بیروباوەڕی سەرهەڵدانی مەسیح تەنھا بە كۆمەڵێك چیرۆكی خەیاڵی لەقەڵەم دەدات. ئەمەش مانای ئەوەیە كە یەكێك لە بیرمەندانی ئیسلام دەڵێت ئەو ڕیوایەتانەی باسی بەرزبوونەوەی عیسا (عليه السلام) دەكەن بۆ ئاسمان بە جەستە ماددیەكەیەوە پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نیە بەڵكو كۆمەڵێك ڕیوایەتی دزەكردوون، لەكاتێكدا بیرمەندی تر (عەللامە ئیقباڵ) دەڵێت: ئەو ڕیوایەتانەی باسی هاتنی عیسا (عليه السلام) دەكەن پەیوەندییان بە ئیسلامەوە نیە. ئەمەش واتە بەرزبوونەوەی عیسا بۆ ئاسمان و دابەزینەوەی لە ئاسمانەوە دوو باوەڕن كە لە ڕیوایەتە نائیسلامیەكانەوە بەرهەم هاتوون. بەم شێوەیە دوان لە بیرمەندانی ئیسلام، كە باسكراون لە نامیلكە حكومیەكەدا، بەتەواوەتی وازیان هێناوە لە بیروباوەڕی سەركەوتن و دابەزینی عیسا (عليه السلام).
لەساڵی 1905ز عەللامە ئیقباڵ هۆنراوەیەكی نووسی و تێیدا گوتی (ئەمە وەرگێڕانەكەیەتی): “بڕوانە بۆ دابەزینی پەروەردگارت لەسەر منارەی دڵت، وازبهێنە لە چاوەڕوانی مەهدی و عیسا”. (باقیات إقبال لعبدالواحد معیني، ص451)
واتە لەداهاتوودا نە عیسا دێت نە مەهدی. گومانی تێدا نیە عەللامە ئیقباڵ لە شیعرەكەیدا ئەمەی گوتووە. وە زانراوە شاعیر لە هۆنراوەدا شتێك دەڵێت كە دەكرێت تەئویل بكرێت، بەڵام ناكرێت تەئویلی داڕشتن بكرێت. ئیقباڵ لە داڕشتنێكدا دەڵێت:
“بەڕای من فەرموودەكانی پەیوەست بە مەهدییایەتی و مەسیحایەتی و نوێكاری لە بیروباوەڕە ئێرانی و عەجەمیەكانەوە بەرهەم هاتوون، وە هیچ پەیوەندییەكیان نیە بە بیروبۆچوونی عەرەبی و بەناوەڕۆكی ڕاست و دروستی قورئانەوە”. (إقبال نامە، ج2، ص231)
سەرباری ئەمە ژمارەیەكی زۆر لە نووسراوەكانی عەللامە ئیقباڵ هەن كە خوێندوومنەتەوە و كۆمەڵێك دەستەواژەم بینیوە تێیاندا كە دەیسەلمێنن ئەم بیروبۆچوونە- لای ئەو- بیروبۆچوونێكی نا ئیسلامیە و پاش ماوەیەكی زۆر دوور و درێژ هاتوونەتە ناو ئیسلامەوە، وە هەرگیز نەمەسیح دەردەكەوێت نە مەهدی. واتە ئەم بیروبۆچوونانە هەمووی پاش چەندین سەدەی دوور و درێژ هاتوونەتە ناو بیروباوەڕی ئیسلامیەوە بەهۆی كاریگەری ژیارە بیانیەكانەوە. كەوابوو پێویستە لەسەر شوێنكەوتووانی ئەم “بیرمەندەی ئیسلام” بیربكەنەوە كە بیرمەندەكەیان بەهەموو شێوەیەك وازیهێناوە لە بیروبۆچوونی سەرهەڵدانی مەهدی و مەسیح. لەكاتێكدا پێغەمبەری خوا (ﷺ) پێشبینی هاتنی مەسیحی كردووە لە كۆمەڵێك فەرموودەدا كە دەگەنە پلەی تەواتور. لەبەر ئەوە پێویستە خۆیان یەكلایی بكەنەوە لەوەدا ئایا دەیانەوێت شوێنپێی بیرمەندەكەیان هەڵبگرن یان شوێنپێی پێغەمبەر (ﷺ)؟ یان ئایا (عیسا-ع-) هەڵدەبژێرن كە سەر بە ئوممەتی مووسایە (عليه السلام) و سەربە ئوممەتی موحەممەد (ﷺ) نیە؟ یان ئەو كەسە هەڵدەبژێرن كە سەربە ئوممەتی موحەممەدە (ﷺ) و بریتیە لە خزمەتكارە گوێڕایەڵ و قوتابیە دڵسۆزەكەی؟
سەبارەت بە ئێمەی ئەحمەدی، ئێمەش وەكو ئێوە باوەڕمان وایە كە مەسیحی داھاتوو بەدڵنیاییەوە پێغەمبەری خوا دەبێت و هەرگیز لەم باوەڕەدا ناكۆك نین لەگەڵتاندا. ئیتر بۆچی درۆی گەورەمان بەدەمەوە دەكەن و هات و هاوار دەكەن؟ بۆچی چەندەها كتێبتان نووسیوە و هەڵمەتی تەكفیرتان دەستپێكردووە دژی ئێمە؟ لەكاتێكدا ئێوەش بەشێوەیەكی ڕەگداكوتاو باوەڕتان وایە كە ئەو كەسەی لەداهاتوودا بەناوی مەسیح دەردەكەوێت بەدڵنیاییەوە پێغەمبەر دەبێت. بەڵام كێشەی ئەوەی كە كۆن بێت یان نوێ ئەمە بابەتێكی ترە. سەلەفی ساڵح و ئەو بیرمەندانەی ئێوەش دانیان پێدا دەنێن نووسیویانە مەسیحی داهاتوو دەبێت پێغەمبەری خوا بێت و هەرگیز مەسیحە كۆنەكە نایەت بەڵكو كەسێكی تر و بە جەستەیەكی ترەوە سەرهەڵدەدات، وە مەهدی و عیسای داهاتوو هەرگیز دوو كەسی جیاواز نابن. بەڵام سەبارەت بە ئەحمەدیەت، بابەتەكە لەمەڕ ئەو وەك ڕۆژی ڕووناك ڕوون و ئاشكرایە لەبەر ڕۆشنایی قورئان و فەرموودەدا و بواری گومان و دووڵیی تێدا نیە. بەڵام ئێوە سەرەڕای ئەوە بەردەوام ماوەی سەد ساڵە دژایەتیمان دەكەن، تاك لایەنە ستەم لەدوای ستەم لێمان دەكەن، وە دەستهەڵناگرن لە چەوساندنەوە.
ئایا بەم شێوەیە بابەتە بیروباوەڕیەكان چارەسەر دەبن؟ دەتوانن كەسێك یان دوان یان هەزار كەس لە ئەحمەدیەكان بكوژن، بەڵكو بە ئارەزووی خۆتان لێیان بكوژن، بەڵام ئێمە دڵنیاین كە خوا (جل جلاله) لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوو بە زیندووی لەقەڵەم داون و ناتوانن كەسێك بكوژن خوا زیندووی كردبێتەوە. بەڵام ئێوە بەهەوانتە هەوڵدەدەن كەسێك زیندوو بكەنەوە كە خوا (سبحانه وتعالی) مراندوویەتی. هەڵبەت لە هەوڵی یەكەمتاندا نائومێدبوون و تووشی شكست بوون و دەبێت لە هەوڵی دووەمیشتاندا شكست بهێنن، وە هەرگیز ناتوانن عیسا (عليه السلام) زیندوو بكەنەوە. ئەگەر ئێوە دەتانەوێت ئەحمەدیەت لەناوببەن ئەوا هەرگیز ناتوانن ئەو كارە بكەن بە كوشتنی دە كەس لە ڕۆڵەكانی یان سەد كەس یان هەزارەها كەس لێیان، بەڵكو یەك كەس- عیسا (عليه السلام)- زیندوو بكەنەوە لەجیاتی كوشتنی هەزارەها كەس لە ئەحمەدییەكان ئەوسا ئۆتۆماتیكی كۆمەڵەكە دەمرێت بەهۆی زیندووكردنەوەی ئەو كەسەوە. بێگومان ڕاجیایی و ناكۆكی درێژەی كێشا بۆماوەی سەد ساڵ. سەد ساڵ یان زیاتر لەمەوپێش زاناكانی خۆتان گوتوویانە كە بارودۆختان تا ڕادەیەكی زۆر خراپ بووە و تەنھا ناوی ئیسلام لەناوتاندا ماوەتەوە، ئیتر عیسا (عليه السلام) چی دەكات بۆچی بێخەم لە ئاسماندا دانیشتووە و دانابەزێت بۆ چاككردنی بارودۆختان؟ بۆیە لەجیاتی ئەوەی هەموو ئەحمەدییەكان بكوژن یەك مردوو زیندووبكەنەوە كە عیسایە (عليه السلام). وە من ڕایدەگەیەنم و تەحەددا دەكەم بەناوی هەموو ئەحمەدیەتەوە كە كێشەو گرفتەكە لەم خاڵەدا كۆتایی دێت. وە سوێند دەخۆم بەخوا ئەگەر ئێوە عیساتان (عليه السلام) زیندوو كردەوە یان لە ئاسمانەوە داتان بەزاند ئەوا سوێند بەخوا خۆم و كۆمەڵەكەم پێش هەموو كەسێك بەیعەتی پێ دەدەین و دەسبەجێ پاشگەز دەبینەوە لە هەڵوێستی پێشوومان. وە بەدڵنیاییەوە لە پێشەوە و لەدواوە و لەلای ڕاستی و لەلای چەپی عیساوە (عليه السلام) دەجەنگین. دیارە ئێمە ڕاهاتووین لەسەر باوەڕهێنان و بەڕاستزانینی پێغەمبەران. ئێمە سەد لە سەد ئەو ڕاگەیاندنەی گەورەمان پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) بەڕاست دەزانین كە لە قورئاندا هاتووە و دەفەرموێت: ﴿قُلْ إِنْ كَانَ لِلرَّحْمَنِ وَلَدٌ فَأَنَا أَوَّلُ الْعَابِدِينَ﴾ (الزخرف: 82). واتە: بڵێ ئەگەر پەروەردگار کوڕی ببوایە ئەوە یەکەمین من دەمپەرست.
گومانی تێدا نیە ئێوە لە جیھانی وەهم و خەیاڵدا دەژین و پەیوەندیتان نیە بە ڕاستی و ناوەڕۆكی شتەكانەوە، داخ و پەژارە لەدەستی ئێوە! بەڵام ئێمە لەپاڵ ئەم داخ و پەژارەدا نزاشتان بۆ دەكەین. من سوێند دەخۆم بە دەسەڵات و شكۆی خوا كە گیانی من و گیانی هەموو ئەحمەدییەكانی بەدەستە، وە لێی دەپاڕێمەوە ئەگەر ئێمە هەڵەین و عیسا (عليه السلام) لەڕاستیدا زیندووە و لە ئاسماندایە ئەوا هەموومان لەناوببات و بمان فەوتێنێت. بەڵام سوێند دەخۆم بەخوا ئەو مردووە و ئیسلام زیندووە. بێگومان ژیانی ئیسلام فیدیە لە ئێوە داوادەكات، بزانن فیدیەكە بریتیە لە مردنی عیسا (عليه السلام)!! دەی لێیبگەڕێن بمرێت چونكە لەمەدا ژیانی ئیسلام هەیە.
خەڵكی پاكستان لەم ڕۆژانەدا بە هەلومەرجێكی زۆر ئازاراوی و ناسكدا تێپەردەبن و لەژێر سزایەكی سەختدان لەلایەن خوای گەورەوە هەروەك گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بەشێوەیەكی ڕوون پێشبینی كردووە. وە ئەم هەواڵانە بەشێوەیەكی تریش دێنەدی كە لە هەر شوێنێكدا خوێنی شەهیدەكان دەڕێژرێت لە هەمان زەویەوە باخچەی گوڵ و باخ وباخاتی بەرهەمدار دەڕوێت. بەرامبەر هەر دڵۆپێك لە خوێنی ئەوان خوا (عز وجل) گیانێكی بەختەوەر هیدایەت دەدات. وە لە قورئانی پیرۆزەوە هەردوو بابەتەكە ڕوون دەبێتەوە، واتە شەهیدبوون گەشە و پێشكەوتنی زۆر گەورە و دابەزینی فەزڵ و بەرەكەتی بەدوادا دێت، وە ڕەنگە فەوتانێكی گشتگیر بەسەر ستەمكاراندا بێت و تۆماریان بپێچرێتەوە.
بەڵام ئێمە لەو كەسانە نین كە تەنھا بە نیعمەتەكان ڕازی بن، بەڵكو ڕاهاتووین لەسەر ئاسوودەیی و ڕازیبوون لە بەڵا و نەهامەتیەكانیشدا. لەبەرئەوە لەهەموو بارودۆخەكاندا ملكەچی فەرمانی خوای گەورەین چونكە ئێمە شێوازەكانی ئارامگرتن و ڕازیبوون فێركراوین، بەگوێرەی ئەمە هەتا كۆتا ساتی ژیانمان دەژین. بەڵام ئێوە، ئەی نەیارەكانمان، لە مەترسیدان چونكە سزا وتۆڵەی خوا كاتێك تووشی گەلێك دەبێت هیچ بوارێكیان بۆ ناهێڵێتەوە بۆ ڕاكردن و خۆقوتاركردن، وە لەداھاتوودا لە شوێنێكەوە سزا دەورتان دەگرێت كە هەستی پێ ناكەن. بەڵام ئەگەر داوای لێخۆشبوون و ڕەحمەت و یارمەتیتان كرد لەخوا ئەوا پێویستە لەسەرتان دەستهەڵبگرن لە هەڵگیرساندنی ئاگری ئاژاوە، ئەمەیە تاكە ڕێگای ڕزگاربوونتان.
(وتارێكە لە ڕێككەوتی 7ی نیسانی ساڵی 1985ز لە جەلسەی ساڵانەی
كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لە بەریتانیا پێشكەش كرا)