
بەڵگەكان لەسەر بوونی خوا
بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد
خەلیفەی دووەمی مەسیحی بەڵێندراو (سڵاوی خوای لەسەر بێت)داگرتن
بەڕێز میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەد (رضي الله عنه)
خەلیفەی دووەمی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام)
پێشەکی بڵاوکار
موسڵیحی بەڵێندراو (رضي الله عنه) لە مانگی ئازاری ساڵی 1913ز ئەم وتارەی نووسی و لە گۆڤاری “تشحید الأذھان” بڵاویکردەوە، ئەمەش پێش ئەوەی ئەرکی خیلافەت بگرێتە ئەستۆ. بەڕێزى لەم وتارەدا وەڵامی ئەم پرسیارەی مولحیدەکانی داوەتەوە: خوامان پێ پیشان بدەن ئەگەر بوونی ھەیە. پاشان بەڕێزی (رضي الله عنه) لە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزەوە 10 بەڵگەی دەمکوتکەری خستووەتەڕوو لەسەر بوونی خواى گەورە. وە لە کۆتایی وتارەکەیدا دەفەرموێت:
“بەم 10 بەڵگەیە وازدەهێنم و وتارەكەم كۆتایی پێدەهێنم لەگەڵ ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا بەڵگەی تر هەیە… لە كۆتاییدا تكا دەكەم لەوانەی كە ئەم نامیلكەیە دەكەوێتە دەستیان پاش خوێندنەوەی بیدەن بەو دۆست و خۆشەویستانەی خۆیان كە دەزانن كەڵكی لێ وەردەگرن.”
بەڕێزیان لەم فەرمایشتەیدا ھانی بڵاوکردنەوە و گشتاندنی ئەم نامیلکەیەی داوە، بەو ھیوایە برایانمان بیخوێننەوە و کەسانی تریشی لێ ئاگاداربکەن و پێیان بدەن بەپێی توانا.
داواکارین لە خوای گەورە کە یارمەتی خوێنەرانی بەڕێز بدات کە سوودی لێ وەربگرن و بیکات بە ھۆکاری ڕێنموونی ئەو کەسانەی کە بەشوێن ڕێگای ڕاستدا دەگەڕێن. ئامین.
بسم الله الرحمن الرحیم نحمدە ونصلي علی رسولە الكریم
{أَفِي اللَّهِ شَكٌّ فَاطِرِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ}
بەڵگەكان لەسەر بوونی خوای گەورە سبحانه وتعالى
لەم سەردەمەدا گەورەترین ڕەخنەی جیهانی ماددی دەربارەی بیروباوەڕەكان بریتیە لە نكوڵی كردن لە بوونی خوا. كەسی موشریك ئەگەرچی هاوەڵ بۆ خوای گەورە بڕیاردەدات، بەڵام لانیكەم باوەڕی بەبوونی خوای گەورە هەیە، بەڵام مولحید بههیچ شێوهیهك باوەڕی بەبوونی خوا نیە.
بێگومان زانستی نوێ بنەمای هەموو شتێكی لەسەر بینین داناوە، بۆیە مولحیدەكان دەڵین ئەگەر لەڕاستیدا خوایەك هەیە؛ ئەوا ئەومان پیشان بدەن ئەگینا چۆن باوەڕی پێ بكەین بەبێ ئەوەی بیبینین؟
لەبەرئەوەی ئەم تەوژمەی ئێستا نەقشی زاتی خوای گەورەی سڕیوەتەوە لەدڵی زۆربەی لاوەكاندا، وە بەهۆیەوە سەدەها قوتابی زانكۆ و پارێزەر و كەسانی تر نكوڵی لە بوونی خوای گەورە دەكەن، وە ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەیان ڕوولەزیادبوونە، وە هەزارەها كەس هەیە كە ئەمە دەشارنەوە لە ترسی نەتەوە و وڵات، بەڵام لەڕاستیدا لەناخەوە باوەڕیان بە خوا نیە، بۆیە ویستم بەیارمەتی خوای گەورە سەبارەت بەم بابەتە نامیلكەیەك بنووسم و بڵاوی بكەمەوە، كە ڕەنگه سوودی هەبێت بۆ هەندێك كەسی بەختەوەر.
یەكەم شتێك كە مولحیدەكان دەیخەنەڕوو ئەوەیە: ئەگەر خواتان پێمان پیشان بدایە؛ ئەوا باوەڕمان پێدەهێنا.
هەڵبەت چەندین جار ئەم قسەیەم بیستووە، بەڵام هەمیشە لەكاتی بیستنیدا سەرم سوڕدەمێنێت. بێگومان مرۆڤ بەهۆی هەستە جیاوازەكانەوە پهی بە شتە جیاوازەكان دهبات، هەندێكیان بە بینین، هەندێكی تریان بە دەستلێدان، هەندێكیان بە بۆنكردن، ئەوانی تر بە بیستن و هەندێكی تریش بە تامكردن. وە دەكرێت بەهۆی بینینەوە هەست بە ڕەنگ بكەین، بەڵام ناتوانین لەڕێگەی بۆنكردن یان دەستلێدان یان تامكردنەوە هەستی پێ بكەین. ئایا ئەو كەسە گەمژە نیە كە دەڵێت: من داننانێم بە بوونی ڕەنگدا هەتا دەنگەكەی نەدەن بە گوێمدا و نەیبیستم؟ وە هەروەها دەنگ لەڕێگەی بیستنەوە دهناسرێت و هەستی پێدەكرێت، بەڵام ئایا ئەو كەسە نەفام نیە كە دەڵێت من هەرگیز باوەڕ بەوە ناهێنم كە فڵانە كەس قسە دەكات هەتا دەنگەكەیم پیشان نەدەن؟ هەروەها بۆنی خۆش لە ڕێگەی بۆنكردنەوە هەستی پێدەكرێت، ئەگەر كەسێك وتی ئەگەر بۆنی گوڵتان پێ چەشتم ئەوسا باوەڕ بەبوونی بۆنەكە دەكەم، ئایا دەكرێت ئەم جۆرە كەسە بە كەسێكی ژیر لەقەڵەم بدەین؟ لەبەرامبەردا، ئەگەر كەسێك ویستی لەڕێگەی هەستی بۆنكردنەوە شارەزا بێت لە شتانێك كە لەرێگەی تامكردنەوە هەستیان پێ دەكرێت وەك ترشی و شیرینی و تاڵی و سوێری؛ ئەوا هەرگیز ناتوانێت. كەواتە پێویست ناكات باوەڕبھێنین بەبوونی ئەو شتانە كە لە پێش چاوی خۆماندا دەیانبینین، وە ئەو شتەی نەمانبینی باوەڕ بە بوونی نەكەین؛ چونكە ئەمە وا پێویست دەكات كە نكوڵی بكەین لە بۆنی گوڵەكان و ترشێتی لیمۆ و شیرینی هەنگوین و تاڵی گوژاڵك و ڕەقی ئاسن و خۆشی دەنگ؛ چونكە ئەم شتانە نابینرێن، بەڵكو لە ڕێگەی بۆنكردن و تامكردن و دەستلێدان و بیستنەوە هەست بە بوونیان دەكەین.
كەواتە ئەم ڕەخنەیە كە هەرگیز باوەڕناهێنین بەخوا هەتا ئەومان پیشان نەدەن ڕەخنەیەكی زۆر پووچە! ئایا ئەو ڕەخنەگرانە لە ڕێگەی بینینەوە باوەڕیان هێناوە بە بوونی بۆنی گوڵەكان یان شیرینی هەنگوین؟ ئیتر بۆچی دەربارەی خوای گەورە ئەوە بەمەرج دەگرن و دەڵێن ئەومان پیشان بدەن ئێمەیش باوەڕی پێدەهێنین؟
سەرباری ئەمە له جەستەی مرۆڤدا كۆمەڵێك شت هەیە كە مرۆڤ باوەڕی بە بوونیان هەیە بێ ئەوەی بیانبینێت، وە هەردەبێت باوەڕی بەبوونیان هەبێت. ئایا هەموو كەسێك لەڕێگەی بینینەوە داندەنێت بەبوونی دڵ و جگەر و دەماغ و ڕیخۆڵە و سپڵ و سیەكانی خۆی یان لەڕێگەیەكی ترەوە؟ وە ئەگەر ئەم شتانە لەلەشیدا دەربھێنرێن بۆئەوەی بیان بینێت؛ ئەوا دەستبەجێ دەمرێت و دەرفەتی بینیی ئەو شتانەی بۆ هەڵناكەوێت.
ئەم شتانەم وەك نموونە پێشكەش كرد لەسەر ئەوەی كە ناكرێت هەموو شتەكان تەنھا لەڕێگەی بینیەوە بزانرێن، بەڵكو لەڕێگەی پێنج هەستە جیاوازەكانەوە دەزانرێن. ئێستایش ڕوونی دەكەمەوە كە كۆمەڵێكی زۆر لە شتەكان هەن تەنانەت لەڕێگەی ئەم پێنج هەستەیشەوە هەست بە بوونیان ناكرێت، بەڵكو ڕێگەی زانین و پەی پێبردنیان تەواو جیاوازە. بۆ نموونە ژیری و بیركردنەوە و هۆش شتانێكن هیچ كەسێك لە جیھاندا نكوڵییان لێ ناكات، بەڵام ئایا كەسێك هەیە عەقڵی بینیبێت یان بۆنی كردبێت یان تامهكهی چهشتبێت یان دەستی لێدابێت؟ چۆن زانرا شتێك هەیە ناوی عەقڵە یان بیر و هزر بوونی هەیە؟ پاشان هێز بە نموونە وەربگرن، هەموو مرۆڤێك بڕێك هێزی هەیە. بەدڵنیاییەوە هەموو كەسێك لاواز بێت یان بەهێز خاوەنی بڕێك هێزە. بەڵام ئایا كەسێك هەیە هێزی بینی بێت یان گوێی لێ بووبێت یان دەستی لێ دابێت یان تامی كردبێت؟ وە چۆن زانرا كە هێز بوونی هەیە؟ تەنانەت سادەترین كەس دەتوانێت تێبگات ئێمە لەڕێگەی هەستەكانەوە نەمان زانیوە كە ئەم شتانە بوونیان هەیە، بەڵكو لەڕێگەی زانینی شوێنەوار و كاریگەریەكانیانەوە دەزانین بوونیان هەیە… بۆ نموونە بینیومانە كاتێك مرۆڤ لە هەموو لایەكەوە كێشە و گرفت دەوری دەدات تاوێك ڕادەمێنێت و بیردەكاتەوە ئینجا ڕێگایەك دەدۆزێتەوە كە بەهۆیەوە كێشەكانی چارەسەر دەكات. كاتێك تێبینی ئەوەمان كرد كە كێشە و گرفتەكان بەم شێوەیە چارەسەر دەبن یەقینمان بۆ دروست بوو كە شتێك لە مرۆڤدا بوونی هەیە لەم جۆرە هەلومەرجانەدا كەڵكی پێدەگەیەنێت، وە ئەو شتەمان ناونا “عەقڵ”. دیارە بەهیچ یەكێك لەو پێنج هەستە عەقڵمان نەدۆزیەوە، بەڵكو لەڕێگەی توانا و كاریگەرە سەرسوڕهێنەرەكانیەوە زانیمان كە بوونی هەیە. هەروەها كاتێك بینیمان مرۆڤ شتانێك بەرزدەكاتەوە كە كێشیان قورسە ئەوكات زانیمان كە خاوەنی شتێكی بەهادارە بەهۆیەوە دەتوانێت قورساییەكان بەرز بكاتەوە و زاڵ بێت بەسەر ئەو شتانەدا كە لەخۆی لاوازترن، وە ئەو شتەمان ناونا “هێز” یان “توانا”.
بەم جۆرە هەتا شتەكان سادەتر بن زیاتر شاراوە دەبن لە چاوی مرۆڤ، وە هەمیشە بوونی ئەو شتانە لەڕێگەی كاریگەریەكانیانەوە دەزانرێت، نەك بە بینین و بۆنكردن و دەستلێدان و تامكردن؛ دیاره خوا كە لە هەموو شتێك سادەترە، كەی ڕەوایە بۆ زانینی بوونەكەی، ئەو مەرجە دابنرێت و بوترێت هەرگیز باوەڕی پێ ناكەین ئەگەر بەچاوی خۆمان نەیبینین؟ ئایا كەسێك تەزووی كارەبای بینیوە؟ ئایا دەكرێت نكوڵی لەو هەواڵانە بكرێت كە لەڕێگەی كارەباوە دەگەن، یان نكوڵی بكرێت لە ئیشكردنی ئامێرەكان، یان داگیرسانی گڵۆپەكان؟
بێگومان دۆزینەوەی ئەثیر (ether) ههژانێكی گهورهی دروستكرد لە بواری زانستە فیزیاییەكاندا، بەڵام ئایا هەتا ئێستا زاناكان توانیویانە هۆكارێك دروست بكەن بۆ بینینی یان بیستنی یان بۆنكردنی یان دەستلێدانی یان تامكردنی؟ بەڵام ئەگەر داننەنێین بە بوونیدا ئەوا ناتوانین مەسەلەی گەیشتنی ڕووناكی خۆر بۆ دنیا شرۆڤە بكەین. كەواته سەرەڕای بوونی ئەم بەڵگانە ستەمێكی زۆر گەورەیە بوترێت: خوامان پیشان بدەن هەتا باوەڕ بە بوونی بكەین! دیارە خوای گەورە دەبینرێت، بەڵام بەو چاوانەی كە شایستەن بۆ بینینی. وە ئەگەر كەسێك دەیەوێت ئەو بیبینێت؛ ئەوا ئەو (سبحانه وتعالى) بە هێز و تواناكانیەوە لە بەرامبەر دنیادا وەستاوە، وە لەگەڵ ئەوەی لە پەنھانیدایە كەچی لەهەموو شتێك زیاتر ئاشكرا و دیارە.
هەڵبەت خوای گەوره زۆر بەكورتی لە قورئانی پیرۆزدا ئەم بابەتەی خستووەتەڕوو، بەڵام بەشێوازێك كە وێنەی نیە، دەفەرموێت: {لَا تُدْرِكُهُ الْأَبْصَارُ وَهُوَ يُدْرِكُ الْأَبْصَارَ وَهُوَ اللَّطِيفُ الْخَبِيرُ} (الأنعام: 104) خوای گەورە لەم ئایەتەدا سەرنجی مرۆڤی ڕاكێشاوە بۆ ئەوەی كە چاوی ئەو ناتوانێت زاتی خوا ببینێت؛ چونكە سادەیە، وە شتە سادەكان وەك عەقڵ و هێز و ڕۆح و كارەبا و ئەثیر (ether) هەرگیز هیچ كەسێك ناتوانێت بیانبینێن… ئیتر چاوی مرۆڤ لەكوێ دەتوانێت خوای (اللطیف) ببینێت؟!
كەواتە، خەڵكی چۆن دەتوانن بیبینن، وە بە چ ڕێگەیەك دەتوانرێت بناسرێت؟ خۆی (سبحانه وتعالى) وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە و دەفەرموێت: {وَهُوَ يُدْرِكُ الْأَبْصَارَ}. واتە لەگەڵ ئەوەی چاوی مرۆڤ بەهۆی ئەو لاوازیەی كە هەیەتی ناتوانێت چیەتی و ناوەڕۆكی خوای گەورە بەدی بكات، بەڵام ئەو (سبحانه وتعالى) بوونی خۆی پیشانی مرۆڤ دەدات لەڕێگەی دەرخستنی هێز و توانا و جیلوە كردنی سیفەتە تەواوەكانیەوە. وە لەگەڵ ئەوەی چاوی مرۆڤ توانای ئەوەی نیە خوای گەورە ببینێت، بەڵام خوای گەورە لەڕێگەی هێز و توانا بێسنورەكەیەوە بەشێوازی جۆراوجۆر خۆی دەردەخات، جارێك لەڕێگەی نیشانە جەلالیەكانی و جارێكی تر لەڕێگەی پێغەمبەرەكانیەوە، وە جارێك لەڕێگەی شوێنەوارەكانی ڕەحمەتەكەیەوە و جارێكی تر لەڕێگەی گیرابوونی نزاوە.
ئەگەر باوەڕهێنان بەخوای گەورە لە بینینی ئەو زاتە مەزنەدا كورت بكرێتەوە و باوەڕنەكرێت بە بوونی هیچ شتێك مەگەر دوای بینینی؛ ئەوا پێویستە نكوڵی لە 4/5ى شتەكان بكەین لە دنیادا، وە بەگوێرەی قسەی هەندێ فەیلەسووف دەبێت باوەڕنەكرێت بە هەموو شتەكان؛ چونكە باوەڕیان وایە كە لە جیھاندا شتەكان نابینرێن، بەڵكو تەنھا سیفەتەكانیان دەبینرێت.. پاش سەلماندنی ئەم بابەتە ئێستایش ئەو بەڵگانە دەهێنمەوە كە بەهۆیانەوە بوونی خوای گەورە دەسەلمێنرێت، وە مرۆڤ یەقینی بۆ دروست دەبێت كە كەسێكی جگە لەخۆی دروستی كردووە نەك ئەوەی خۆی خالقی خۆی بێت.
بەڵگەی یەكەم
هەموو بەڵگەكان لەسەر بوونی خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزهوه دەهێنمەوە؛ چونكە باوەڕم وایە قورئانی پیرۆز هەموو ئەو هۆكارانەی خستووەتەڕوو كە پێویستن بۆ ئەوەی مرۆڤ كەماڵی ڕۆحی بەدەستبھێنێت، وە سەركەوتنیش هەر لەلایەن خواوەیە. وە لەبەرئەوەی مرۆڤ دوای هاتنە دنیا یەكەم زانیاری لەڕێگەی گوێچكەكانیەوە پێدەگات، بۆیە یەكەمجار بەڵگەی بیستن دەهێنمەوە:
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: {قَدْ أَفْلَحَ مَنْ تَزَكَّى (*) وَذَكَرَ اسْمَ رَبِّهِ فَصَلَّى (*) بَلْ تُؤْثِرُونَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا (*) وَالْآخِرَةُ خَيْرٌ وَأَبْقَى (*) إِنَّ هَذَا لَفِي الصُّحُفِ الْأُولَى (*) صُحُفِ إِبْرَاهِيمَ وَمُوسَى (*)} (الأعلی: 15_20) واتە ئەو كەسەی خۆی خاوێن كردەوە و بەزوبانی خۆی دانینا بە بوونی خوای گەورەدا سەركەوتنی بەدەستھێنا، پاشان تەنھا بە دانپێدانانی زارەكی وازینهھێنا، بەڵكو بەكردەوە لە ڕێگەی بەندایەتیەوە سەلماندی كە ڕاستگۆیە لە دانپێدانانەكەیدا، بەڵام ئێوە ژیانی دنیا هەڵدەبژێرن لەگەڵ ئەوەی ژیانی دواڕۆژ چاكترە و دەمێنێتەوە. وه ئەم مەبەستە تەنھا قورئانی پیرۆز پێشكەشی ناكات، بەڵكو ئەم بانگەشەیە لە هەموو پەڕاوەكانی پێشوودا هەیە، وە ئەو ڕێنمایی و ئامۆژگاریە شایەتی دەدات لەسەری كە ئیبراهیم و مووسا (سڵاوی خوایان لەسەر بێت) پێشكەشیان كردووە لەبەرامبەر جیھاندا.
بێگومان خوای گەورە لەم ئایەتانەدا بە بەڵگە ڕاستی سەلماندووە بۆ نەیارانی قورئانی پیرۆز، ئەوانەی خۆیان دەپارێزن لە هەواو ئارەزووە دەروونیەكانیان و داندەنێن بە بوونی خوای گەورەدا و بەدڵسۆزی شوێن فەرمانەكانی دەكەون، هەمیشە براوە و سەركەوتوو دەبن. وە بەڵگەی ڕاستی ئەم ڕێنماییە ئەوەیە كە ئەم مەبەستە مەبەستێكی هاوبەشە لەنێوان ئایینەكانی پێشوودا؛ وە خوای گەورە نموونەی ئیبراهیم و مووسای هێناوەتەوە (سڵاوی خوایان لێ بێت) بۆ ئەوەی ڕاستی بسەلمێنێت بۆ شوێنكەوتووانی ئەو ئایینە گەورانەی كە لەو كاتەدا هەبوون وەك مەسیحی و یەهودی و ئایينی كافرەكانی مەككە؛ چونكە پێیان دەڵێت لانی كەم ئێوە باوەڕتان بە ئیبراهیم و مووسا هەیە، دەی ئەوەتا ئەوانیش هەمان ڕێنماییان پێشكەش كردووە. كەواتە یەكێك لە بەڵگە گەورەكان كە قورئانی پیرۆز پێشكەشی دەكات لەسەر بوونی خوای گەورە ئەوەیە كە هەموو ئایینەكان تەبا و هاوڕان لەسەر بوونی خواى گەورە، وە ئەمە پرسێكی هاوبەشە لەنێوان هەموو نەتەوەكاندا. وە هەركاتێك مرۆڤ ڕابمێنێت لەم بەڵگەیە ڕاستی و دروستیەكەی بۆ دەردەكەوێت.
لەڕاستیدا هەموو ئایینەكانی جیھان لەسەر ئەوە یەكدەنگن كە دروستكارێك هەموو گەردوونی دروستكردووە. بێگومان جیاوازی له نیشتیمان و هەلومەرجەكاندا دهبێته هۆی دروستبوونی جیاوازی لە بیروباوەڕەكاندا، بەڵام سەرەڕای ئەوە ئایینە مێژووییەكان هەموویان لەسەر بوونی خوای گەورە هاودەنگن، ئەگەرچی جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە سەبارەت بە سیفەتەكانی خوای گەورە.
ئەو ئایینانەی كە ئێستا هەن وەك ئیسلام و مەسیحی و یەهودی و بوودایی و سیخی و هیندۆسی و زەردەشتی هەموویان باوەڕیان بە یەك خوا یان بە “ئەلۆهیم” یان بە “پەرمیشۆر” یان بە “پهرهماتما” یان بە “ست گورو” یان بە “یەزدان” هەیە، وە تەنانەت ئەو ئایینانەی كە لەسەر زەویدا نەماون و سڕاونەتەوە شوێنهواره ماوهكانیان ڕایدهگهینن كە هەموویان باوەڕیان بە بوونی یەك خوا هەبووە… چ ئەم ئایینانە لە وڵاتێكی جیادا دەركەوتبن وەك ئەمریكا یان لە دارستانەكانی ئەفریقا یان لە ڕۆما یان لە ئینگلتەرا یان لە جاوا و سۆمەترە یان لە یابان یان لە چین یان لە سیبریا و مەنشوریا. ئەم تەباییی و هاودەنگیە چۆن دروست بوو لەنێوان ئایینەكاندا؟ كێ دانیشتووانی ئەمریكای ئاگاداركرد لە بیروباوەڕی هيندۆسەكان، یان كێ خەڵكی چینی ئاگادار كرد لە بیروباوەڕی خەڵكانی ئەفریقا؟ لەگەڵ ئەوەی لە سەردەمی ڕابردوودا سیستەمی شەمەندەفەر و تەلەگراف و پۆستە لە ئارادا نەبووە كە لەمڕۆدا هەیە، وە هاتووچۆی كەشتیەكان وەك ئەم سەردەمەی ئێمە بەزۆری نەبووە، بەڵكو خەڵكی سواری پشتی ئەسپ و وڵاغ بوون، وە كەشتیە چارۆكەدارەكان بەچەندین مانگ ماوەیەكیان دەبڕی كە لەم سەردەمەدا بڕینی ئەو ماوەیە چەند ڕۆژێك دەخایەنێت، تەنانەت ژمارەیەكی زۆر لەو ناوچانە لەو كاتەدا نەدۆزرابوونەوە، ئیتر چۆن یەك دەنگی و هاوڕایی دروست بووە لەسەر یەك باوەڕ لە كۆمەڵێك وڵات كە هەست و نەست و داب و نەریتیان جیاواز بووە و ئاگایان لەیەكتری نەبووە، لەگەڵ ئەوەی دوو كەس لەسەر چیرۆكە دروستكراوەكان تەبا و هاودەنگ نابن. كەواتە، ئایا هاودەنگی ژمارەیەكی زۆر لە نەتەوە و وڵاتەكان، كە هیچ هۆكارێك نەبووە بۆ بیروڕا گۆڕینەوە لەنێوانیاندا، لەسەر باوەڕێك ئەوە ناگەیەنێت كە ئەو باوەڕە پرسێكی واقیعی بووە دەركەوتووە لەناو هەموو نەتەوەكان و سەرجەم وڵاتاندا لهڕێگهی هۆكارێكی ناباو و نەزانراوەوە كه ئیسلام ئاشكرای كردووە؟
بێگومان زانایانی مێژوو لەسەر ئەوە كۆدەنگن كە هەر بابەتێك مێژوونووسانی وڵاتە جیاوازەكان هاوڕابوون لەسەری؛ ئەوا گومان نیە لەڕاستی ئەو بابەتە، وە لەبەرئەوەی هەزارەها، بەڵكو ملیۆنەها هۆز و نەتەوە هاودەنگن لەسەر ئەم بابەته [واتە بابەتی بوونی خوا] ئیتر بۆچی یەقین نەبێت كە هەموو دنیا باوەڕی پێی هەبووە لەڕێگەی بینینی جیلوەیەكەوە؟
بەڵگەی دووەم
بەڵگەی دووەم كە قورئانی پیرۆز پێشكەشی دەكات لەسەر بوونی خوای گەورە لەم ئایەتانەی خوارەوەدا خراوەتەڕوو:
{وَتِلْكَ حُجَّتُنَا آتَيْنَاهَا إِبْرَاهِيمَ عَلَى قَوْمِهِ نَرْفَعُ دَرَجَاتٍ مَنْ نَشَاءُ إِنَّ رَبَّكَ حَكِيمٌ عَلِيمٌ (83) وَوَهَبْنَا لَهُ إِسْحَاقَ وَيَعْقُوبَ كُلًّا هَدَيْنَا وَنُوحًا هَدَيْنَا مِنْ قَبْلُ وَمِنْ ذُرِّيَّتِهِ دَاوُودَ وَسُلَيْمَانَ وَأَيُّوبَ وَيُوسُفَ وَمُوسَى وَهَارُونَ وَكَذَلِكَ نَجْزِي الْمُحْسِنِينَ (84) وَزَكَرِيَّا وَيَحْيَى وَعِيسَى وَإِلْيَاسَ كُلٌّ مِنَ الصَّالِحِينَ (85) وَإِسْمَاعِيلَ وَالْيَسَعَ وَيُونُسَ وَلُوطًا وَكُلًّا فَضَّلْنَا عَلَى الْعَالَمِينَ (86)} (الأنعام: 84_87) پاش چەند ئایەتێك دەفەرموێت: {أُولَئِكَ الَّذِينَ هَدَى اللَّهُ فَبِهُدَاهُمُ اقْتَدِهْ} (الأنعام: 91)
خوای گەورە لەم ئایەتانەدا دەفەرموێت: كام لەم دوو قسەیە شیاوتر و لەپێشترە بۆ وەرگرتن، ئەو قسەیەی كە ئەم ڕێژە زۆرە لە پارێزكار و پاكان و چاكان شایەتی دەدەن لەسەری یان ئەو قسەیەی كە ئەو نەفامانەی تر دەیڵێن، كە كردەوەكانیان بەراورد ناكرێت لەگەڵ كردەوەی ئەو پیاوچاكانەدا؟ ئاشكرایە بایەخ بەقسەی ئەوانە دەدرێت كە بە گوفتار و ڕەفتاریان بۆ خەڵكی جیھانیان سەلماندووە كەسانێكی بەتەقوا و پاك بوون و لە خراپە و تاوان بەدوور بوون و خۆیان پاراستووە لە درۆكردن؛ بۆیە پێویستە لەسەر هەموو كەسێك كە شوێن ئەم كەسانە بكەوێت و لەبەرامبەردا قسەی ئەوانی تر ڕەت بكاتەوە. ئەوەتا دەبینین هەموو ئەو كەسانەی كە هاتن و چوون لە مامۆستای چاكە و كەسانی ڕەوشت جوان و ئەوانەی كە بە كردەوەكانیان دەسەڵاتی ڕاستگۆیی خۆیان فراوان كرد بەسەر جیھاندا، هەموویان شایەتی دەدەن لەسەر ئەوەی كە زاتێك بوونی هەیە كە لە زمانە جیاوازەكاندا ناوی “الله” یان “GOD” یان “پەرمیشۆر”ە.
بێگومان دوو پێغەمبەری ڕاستگۆی هيندستان بەناوەكانی ڕامچەندەر (عليه السلام) و كرشن (عليه السلام)، وە پێغەمبەری ڕاستگۆی ئێران بەناوی زەردەشت (عليه السلام)، وە پێغەمبەری ڕاستگۆی میسر بەناوی مووسا (عليه السلام)، وە پێغەمبەری ڕاستگۆی ناسیرە بەناوی مەسیح (عليه السلام)، وە ڕاستگۆیەك لە پەنجاب بەناوی “نانگ” ڕەحمەتی خوای لێ بێت، پاشان ڕاستگۆترینی ڕاستگۆیان ڕووناكی نەتەوەی عەرەب بەناوی موحەممەدی هەڵبژاردە (صلى الله عليه وسلم) كە هۆزەكەی لە مناڵیەوە نازناوی ڕاستگۆیان پێدابوو، -ئەو كەسەی كە دەفەرموێت: {فَقَدْ لَبِثْتُ فِيكُمْ عُمُرًا} (یونس: 17) ئایا دەتوانن بیسەلمێنن كە هیچ درۆیەكم كردبێت؟ هۆزەكەیشی هیچ ڕەخنەیەكیان لێ نەبوو- وێڕای هەزارەها ڕاستگۆ كە لەدنیادا ناوبەناو هاتن و چوون هەموویان بەیەك دەنگ هاوار دەكەن كە خوا یەكە، بگرە دهشڵێن ئێمە پێیگەیشتووین و قسەمان لەگەڵدا كردووە.
فەیلەسووفە گەورەكان، ئەوانەی لەدنیادا شتێكیان كردووە و جێدەستیان دیارە، ناتوانن بەڕێژەی یەك لە هەزار كردەوەی خۆیان پێشكەش بكەن لە بەرامبەر كردەوەكانی یەكێك لەو ڕاستگۆیانە، بەڵكو ئەگەر بەراورد بكرێت لەنێوان ژیانی ئەوان و ژیانی فەیلەسووفەكاندا؛ ئەوا بە دەگمەن لە ژیانی فەیلەسووفەكاندا دەبینرێت كە سنوری قسەیان تێپەڕاندبێت و چووبنەناو بواری كردارەوە. لەكوێ فەیلەسووفەكان دەتوانن ئەو ڕاستگۆیی و دروستیە لەكردار و گوفتاردا پیشان بدەن كە ئەوان پیشانیان داوە؟ دیارە فەیلەسووفەكان خەڵكی فێری ڕاستگۆیی دەكەن، بەڵام خۆیان دوورناكەونەوە لە قسەی درۆ. بەڵام لەبەرامبەردا ئەوانەی كە لەسەرەوە ناوم هێنان تەنھا لەپێناوی ڕاستگۆییدا بەرگەی هەزارەها بەڵا و نەهامەتییان گرتووە بەڵام هەرگیز پێیان لەجێی خۆی نەترازاوە. هەڵبەت خراپەكاران پیلانیان گێراوە بۆ كوشتنیان، وە لەزێدی خۆیان دەركراون، وە لە بازاڕ و شەقامەكاندا هەوڵدراوە سووكایەتییان پێ بكرێت، وە هەموو خەڵكی بایكۆتیان كردوون، بەڵام وازیان نەهێناوە لە هەڵوێستی خۆیان، وە ڕووی نەداوە كە لەپێناوی ڕازیكردنی خەڵكی بەهۆی درۆوە خۆیان ڕزگار كردبێت. دیارە كردارەكانیان و ڕاكردنیان لە دنیا و دووركەوتنەوەیان لە ڕووپایی سەلماندوویەتی كە كەسانێكی دڵسۆز بوون و هیچ كردەوەیەكیان ئەنجام نەداوە لەبەر خاتری حەز و ئارەزووی دەروونی خۆیان. دەی ئەگەر ئەم جۆرە كەسە متمانەپێكراو و ڕاستگۆیانە بەیەك دەنگ دەڵێن ئێمە بە خوای گەورە گەيشتووین و گوێمان لەدەنگی بووە و درەوشانەوەی ئەو زاتەمان بەچاوی خۆمان بینیوە، ئیتر كەسێك هەیە كە پاساوێكی هەبێت بۆ ڕەتكردنەوەی قسەكەیان؟ ئەو كەسانەی كە ڕۆژانە درۆیان لێ دەبیستین ئەگەر هەندێكیان بەیەك دەنگ شایەتی بدەن لەسەر شتێك ئەوا چارمان نیە جگە لە قەبوڵ كردنی قسەكەیان. وە ئەو كەسانەی كە هیچ زانیاریەكمان نیە دەربارەی بارودۆخیان ئەگەر توێژینەوەكانیان بڵاوبكەنەوە لە ڕۆژنامەكاندا ئەوا باوەڕیان پێ دەكەین قسەكانیان بەڕاست دەزانین، بەڵام باوەڕناكەین بەقسەی مرۆڤە ڕاستگۆكان؟
خەڵكی دەڵێن لەندەن شارێكە، ئێمەیش ئەم قسەیە وەردەگرین و باوەڕی پێ دەكەین. زەویناسەكان دەڵێن ئەمریكا كيشوەرێكە، ئێمەش قسەكەیان بەڕاست دەزانین. گەشتیارەكان دەڵێن سیبریا ناوچەیەكی فراوانى نەگونجاوە بۆ نیشتەجێ بوون، ئێمەیش نكوڵی لەم قسەیە ناكەین. بۆچی؟ چونكە زۆرێك لەخەڵكی شاهیدی دەدات لەسەر ئەم زانیاریانە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە بارودۆخی ئەو شاهیدانە نازانین ئایا درۆزنن یان ڕاستگۆ؟ بەڵام ئەوانەی كە شاهیدی دەدەن لەسەر بوونی خوای گەورە ڕاستگۆییەكەیان وەك ڕۆژی ڕووناك ئاشكرا و دیارە و خەڵكی بەچاوی خۆیان بینیویانە. دیارە ئەم كەسانە ڕاستگۆییان لە جیھاندا چەسپاندووە لە ڕێگەی قوربانیدان بە ماڵ و گیان و نیشتیمان و سەربەرزی و ڕێزیان لەم پێناوەدا. دەی ئایا كەی ئەمانەت و سەرڕاستی ئەوەیە كە ڕازی بین بە قسەی گەشتیار و زەویناسەكان كەچی ڕازی نەبین بە قسەی ئەو كەسە ڕاستگۆیانه؟ ئەگەر بوونی لەندەن لەڕێگەی شایەتیدانی هەندێ كەسەوە بسەلمێنرێت؛ ئەوا بۆچی ناكرێت بوونی خوای گەورە لە ڕێگەی شایەتیدانی هەزاران كەسی ڕاستگۆوە بسەلمێنرێت؟
پوختەی قسان ئەوەیە كە شایەتیدانی هەزاران كەسی ڕاستگۆ كه بە ئاشكرا شایەتییان داوە لەسەر بوونی خوای گەوره بەهیچ شێوەیەك لە شێوەكان ناكرێت ڕەتبكرێتەوه. سەیر ئەوەیە كە ئەوانەی ئەم ڕێگەیان گرتووە بەیەك دەنگ هەموویان دەڵێن خودا بوونی هەیە، لەكاتێكدا ئەوانەی كە بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری ڕێگا ڕۆحانیەكان نین دەڵێن: پێویستە لەسەرتان باوەڕتان نەبێت بەم قسەیەی ئەوان… لەگەڵ ئەوەی بەگوێرەی بنەمای شایەتیدان ئەگەر دوو كەسی ڕاستگۆ لەیەك ئاستدا شایەتی بدەن لەسەر بابەتێك، ئەوەیان كە دەڵێت فڵان شتم بینیوە شایەتیەكەی پەسەند دەكرێت بەسەر شایەتی ئەوەی تریاندا كە دەڵێت ئەو شتەم نەبینیوە؛ چونكە دەكرێت یەكێكیان بۆی نەگونجابێت ئەو شتە ببینێت، بەڵام ناكرێت كەسێك شتێكی نەبینیبێت كەچی پێیوابێت ئەو شتەی بینیوە. كەوابوو بەهەموو شێوەیەك ئەوانەی خوای گەورەیان بینیوە و شایەتی دەدەن لەسەر بوونەكەی بینین و شایەتیەكەیان دەبێت بە حوججە لەسەر ئەوانەی كە نكوڵی لێ دەكەن.
بەڵگەی سێیەم
بەڵگەی سێيەم كە لە قورئانی پیرۆزەوە فێری دەبین ئەوەیە كە خودی سروشت و فیترەتی مرۆڤ بەڵگەیە لەسەر بوونی خوای گەورە؛ چونكە كۆمەڵێك تاوان هەیە كە بەیەكجاری فیترەتی مرۆڤ بێزی لێ دەكاتەوە، وەك زیناكردن لەگەڵ دایك یان لەگەڵ خوشك یان لەگەڵ كچدا، وە پەیوەست بوون بە پیسی و پۆخڵیەكانەوە وەك میز و پیسی، وە درۆكردن. هەموو ئەم جۆرە شتانە تەنانەت بێباوەڕیش خۆی بەدووردەگرێت لێیان، بەڵام بۆچی؟ ئەگەر خوایەك بوونی نیە ئەوا بۆچی خۆی دەپارێزێت لەم شتانە؟ بۆچی جیاكاری دەكات لەنێوان دایك یان خوشك یان ئافرەتانی تردا؟ بۆچی درۆكرد بەكارێكی خراپ لەقەڵەم دەدات، ئەو بەڵگانە چین كە ئەم شتە باسكراوانەی كردووە بە شتانێكی قێزەون لە تێڕوانیی ئەودا؟ ئەگەر ترس و شكۆی هێزێكی باڵا لە دڵیدا نیە؛ ئەوا بۆچی پارێز دەكات لەم شتانە؟ پێویست بوو درۆ و ڕاستگۆیی و ستەم و دادپەروەری لای ئەو جیاوازی نەبوایە، دڵی چی پێ خۆش بوایە ئەنجامی بدایە. چ شەریعەتێك هەست و نەستەكانی بەڕێوە دەبات و دەسەڵاتی هەیە بەسەر دڵیدا. دەكرێت بێباوەڕ بە زوبان لەژێر ڕكێفی خوای گەورە دەرچێت، بەڵام ناتوانێت لە بازنەی ئەو سروشته پاكە دەرچێت كە خوای گەوره مرۆڤی لەسەر دروست كردووە. دووركەوتنەوەی بێباوەڕ لەتاوان یان ئاشكرانەكردنی ئەو تاوانە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە ترسی لێپرسینەوەی پاشایەكی هەیە كە زاڵە بەسەر دڵیدا، ئەگەرچی نكوڵی لە دەسەڵات و فەرمانڕەوایی ئەو پاشایە دەكات.
خوای گەورە دەفەرموێت: {لَا أُقْسِمُ بِيَوْمِ الْقِيَامَةِ (1) وَلَا أُقْسِمُ بِالنَّفْسِ اللَّوَّامَةِ(2)} (القیامة: 2_3) واتە بەو شێوە نیە كە خەڵكی پێیان وایە نە خوایەك هەیە و نە دواڕۆژێك. بەڵكو ئێمە دوو شت پێشكەش دەكەین بۆ سەلماندنی ئەم بابەتانە:
یەكەم ئەوەیە هەموو شتێك دواڕۆژێكی هەیە كە تێیدا بڕیاردەدرێت لەبارەیەوە، بۆیە پاداشتی چاكە چاكە دەبێت و پاداشتی خراپەیش هەر خراپە دەبێت. ئەگەر خوایەك بوونی نەبێ بۆچی پاداشت و سزا ڕوودەدات؟ وە ئەوانەی نكوڵی لە دواڕۆژی هەرەگەورە دەكەن با سەیربكەن كە دواڕۆژ و قیامەت لەم دنیایەوە دەست پێ دەكات؛ چونكە كەسی زیانكەر تووشی نهخۆشی فەرەنگی و سووزەنەك دەبێت، كەسێك هاوسەرگیری كردبێت تووشی ئەم نەخۆشیانە نابێت، لەگەڵ ئەوەی هەردووكیان هەمان كار ئەنجام دەدەن.
بەڵگەی دووەم بریتیە لەو نەفسەی كە لۆمە و سەرزەنشتی خۆی دەكات… واتە خودی نەفسی مرۆڤ كە سەرزەنشتی مرۆڤەكە دەكات لەسەر ئەنجامدانی تاوان بەوەی كە كارێكی خراپ و پیسە. بێگومان بێباوەڕەكانیش زینا و درۆ بەلایانەوە قێزەونە، وە خۆبەزلزانین و حەسوودی بەكاری چاك لەقەڵەم نادەن. بۆچی؟ لەگەڵ ئەوەی پابەند نین بە هیچ شەریعەتێكەوە. ئایا لەبەرئەوە نیە كە دڵیان پێی ڕازی نیە! وە دڵ بەم كردەوانە ڕازی نیە؛ چونكە ئەوە دەزانێت كە بە دەستی فەرمانڕەوایەكی هەرە بڵند [خوا] سزا دەدرێت لەسەر ئەنجامدانی ئەم كارەی ئەگەرچی ناتوانێت بە وشە گوزارشت بكات لەم هەستە. وە بۆ پشتگیری خودی ئەم هەڵوێستە لە قورئانی پیرۆزدا لە جێگایەكی تردا ئەم ئایەتە پیرۆزە هاتووە: {فَأَلْهَمَهَا فُجُورَهَا وَتَقْوَاهَا} (الشمس: 9) واتە خوای گەورە پیشانی هەموو نەفسێكی داوە كە خراپە و چاكە كامەیه، بۆیە ئەم هەستكردن بە چاكە و خراپەیە لە خودی خۆیدا بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر بوونی خوای گەورە. ئەگەر خوایەك بوونی نەبێت؛ ئەوا پێویست بەوە ناكات شتێك وەسف بكەین بەچاكە و شتێكی تر بەخراپە، بەڵكو با خەڵكی هەر كارێكیان دەوێت ئەنجامی بدەن.
بەڵگەی چوارەم
بەڵگەی چوارەم كە لە قورئانی پیرۆزەوە فێری دەبین لەسەر بوونی خوای گەورە بریتیە لەم ئایەته پیرۆزانە: {وَأَنَّ إِلَى رَبِّكَ الْمُنْتَهَى(*) وَأَنَّهُ هُوَ أَضْحَكَ وَأَبْكَى(*) وَأَنَّهُ هُوَ أَمَاتَ وَأَحْيَا(*) وَأَنَّهُ خَلَقَ الزَّوْجَيْنِ الذَّكَرَ وَالْأُنْثَى(*) مِنْ نُطْفَةٍ إِذَا تُمْنَى(*)} (النجم: 43_47)، واتە لە ڕێگەی هەموو پێغەمبەرێكەوە ئەم بابەتەمان ڕاگەیاندووە كە: كۆتایی و سەرەنجامی هەموو شتێك بریتیە لە خوای گەورە، چ ڕووداوە خۆشەكان و چ ڕووداوە ناخۆشەكان هەمووی لەلایەن خوای گەورەوە دێت، وە مردن و ژیان بەدەستی خوای گەورەیە، وە نێر و مێی لە تنۆكێك ئاوی بچوك دروست كردووە ئەگەر بھاوێژرێتە مناڵانەوە.
لەم ئایەتانەدا خوای گەورە سەرنجی مرۆڤ بۆ ئەوە ڕادەكێشێت كە هەموو كارێك بكەرێكی هەیە، وە دەبێت هەموو كارێك بكەرێكی هەبێت. وە ئەگەر بیرتان كردەوە لەم گەردوونە ههمووی؛ ئەوا بۆتان ڕووندەبێتەوە كە لە ئاكامدا هەموو شتەكان بەخوای گەورە كۆتاییان دێت، وە ئەو كۆتایی هەموو شتێكە، وە بەهۆی حیكمەتی ئەوەوە هەموو شێك ڕوودەدات. بۆیە خوای گەوره سەرنجی مرۆڤ ڕادەكیشێت بۆ دۆخە سەرەتاییەكەی كە بێگومان تۆ لە تنۆكێك ئاو دروستكراویت، وە هەر كاتێك بگەڕێیتەوە بۆ دواوە؛ ئەوا زیاتر و زیاتر بچوكی خۆتت بۆ دەردەكەوێت. ئیتر چۆن دەگونجێت تۆ دروستكاری خۆت بیت؟ دیارە ناكرێت دروستكراوێك هەبێت بەبێ دروستكار، وە مرۆڤ دروستكاری خۆی نیە؛ چونكە هەرچەند ڕادەمێنین لە بارودۆخەكەی دەبینین پاش ئەوەی لە دۆخی نزمی و لاوازیەوە گەشەی كردووە ئینجا گەيشتووەتە ئەم دۆخەی ئێستای. دەی ئەگەر لەم دۆخەی ئێستایدا دروستكار نەبێت؛ ئەوا چۆن دەگونجێت لەو دۆخە كە زۆر لاواز بووە دروستكار بووبێت؟! كەواتە دەبێت باوەڕ بەوە بھێنین كە دروستكارێكی تری هەیە كە كۆتایی و سنورێك نیە بۆ هێز و تواناكانی.
دەرەنجام، ئەگەر بیربكەینەوە لە گەشە و پەرەسەندنی قۆناغ بەقۆناغی مرۆڤ؛ ئەوا دەبینین هۆكارەكانی وردتر و وردترە، تەنانەت دەگاتە قۆناغێك كه تێیدا هەموو زانستە دنیاییەكان دەستەوسان دەبن و نازانن هۆكاری شتەكان چیە، كە ئەمەش قۆناغێكە دەستی خوای گەورە كار دەكات. وە لەكۆتاییدا هەموو زانایەك ناچار دەبێت دان بەوەدا بنێت كە “ئەنجامی هەموو كارەكان بۆ پەروەردگارت دەگەڕێتەوە.” واتە هەموو شتێك كۆتاییەكی هەیە، وە هەموو شتێك بە بوونێك كۆتایی دێت كە ژیری ئێوە پەی پێ نابات كە ئەویش خوای گەورەیە.
ئەم بەڵگەیە هێندە ڕوونە كە نەزانترین كەس دەتوانێت لێی تێبگات. دەگێڕنەوە كەسێك پرسیاری لە عەرەبێكی دەشتەكی كرد كە بەڵگەت چیە بۆ بوونی خوای گەورە؟ ئەویش وەڵامی دەداتەوە كە هەر كاتێك پشقلی وشتر دەبینم بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە وشترێك بە ئێرەدا تێپەڕیوە، دەی ئایا ناتوانم بە بینینی ئەم هەموو دروستكراوە مەزنانە بزانم كە دروستكارێكیان هەیە؟[پەراوێز: پشقلی وشتر بەڵگەیە لەسەر بوونی وشتر، وە شوێنپێ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كەسێك بەوێدا ڕۆيشتووە، دەی ئایا ئاسمانی خاوەنی كەلووەكان و زەمینی خاوەن ڕێگاكان بەڵگە نیە لەسەر زاتێكی بە توانا.] لەڕاستیدا ئەم وەڵامە وەڵامێكی ڕاست و دروستە و تەبایە لەگەڵ فیترەت و سروشتی مرۆڤدا، وە ئەگەر سەرنج بدات لە دروستبوونی دروستكراوان؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە ناچار دەبێت دان بە بوونی زاتێكدا بنێت كە ئەم هەموو شتانەی دروست كردووە.
بەڵگەی پێنجەم
بەڵگەی پێنجەم كە قورئانی پیرۆز پێشكەشی دەكات لەسەر بوونی خوای گەورە لە بەڵگەی پێشوو دەچێت بەڵام لەو بەهێزترە؛ چونكە لێرەدا شێوازی بەڵگەهێنانەوە بە شتی لەپێشتر بەكارهاتووە. خوای گەورە دەفەرموێت: {تَبَارَكَ الَّذِي بِيَدِهِ الْمُلْكُ وَهُوَ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ(*) الَّذِي خَلَقَ الْمَوْتَ وَالْحَيَاةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا وَهُوَ الْعَزِيزُ الْغَفُورُ(*) الَّذِي خَلَقَ سَبْعَ سَمَاوَاتٍ طِبَاقًا مَا تَرَى فِي خَلْقِ الرَّحْمَنِ مِنْ تَفَاوُتٍ فَارْجِعِ الْبَصَرَ هَلْ تَرَى مِنْ فُطُورٍ(*) ثُمَّ ارْجِعِ الْبَصَرَ كَرَّتَيْنِ يَنْقَلِبْ إِلَيْكَ الْبَصَرُ خَاسِئًا وَهُوَ حَسِيرٌ} (الملك: 2_5)
هەندێ كەس دەڵێن ئەم گەردوونە هەمووی بەڕێكەوت دروست بووە، وە هەموو شتێك بەڕێكەوت لە تێكەڵاوبوونی ماددەكانەوە پێكھاتووه. وە دەیانەوێت لەڕێگەی زانستەوە بیسەلمێنن كە دەكرێت هەندێكی دنیا لەگەڵ هەندێكی تریدا پێكەوە بلكێـت و بەبێ بەڕێوەبەرێك لەخۆوە كار بكات. بەڵام خوای گەورە لەم ئایەتانەدا بەرپەرچیان دەداتەوە بەوەی كە ئەو شتانەی بەڕێكەوت ڕەگەزەكانی بەیەكەوە دەلكێن ڕیزبەندی و سیستەمیان تێدا نیە، بەڵكو هەڕەمەكین. وێنە لە تێكەڵبوونی كۆمەڵێك ڕەنگی جیاوازەوە دروست دەبێت بەڵام ئەگەر كۆمەڵێك ڕەنگی جیاوازمان هەڵدایە سەر كاغەزێك ئایا دەبێت بە وێنەیەك؟ وە كۆشك و خانووەكان لە بلۆك و خشت دروست دەبن، بەڵام ئەگەر خشت و بلۆكەكانمان هەڵدایە سەر یەك ئایا خانوویەك دروست دەبێت؟ گریمان هەندێ لە ڕووداوەكان بەڕێكەوت ڕوودەدەن، بەڵام پاش بینینی ئەو سیستەم و ڕێكوپێكیەی كە لە گەردووندا هەیە مرۆڤ ناتوانێت بڵێت ئەمە هەمووی لەخۆوە ڕوویداوە. گریمان زەوی ئۆتۆماتیكی لە ماددەوە دروست بووە، وە دیسان گریمان مرۆڤیش بەڕێكەوت دروست بووە، بەڵام تەماشای دروستبوونی مرۆڤ بكەن: ئایا دەكرێت ئەم بوونەوەرە كامڵە لەخۆوە هاتبێتە بوون؟ بەزۆری كاتێك لە دنیادا شتێك دەبینین لەمیانەی سیفەت و خاسیتەكانیەوە دەمانەوێت شارەزا بین لە دروستكارەكەی، بۆ نموونە كاتێك وێنەیەكی جوان دەبینین دەستبەجێ ئەوە دێت بە زەینماندا كە وێنەكێشێكی شارەزا و لێھاتوو ئەم وێنەیەی كێشاوە، هەروەها بەخوێندنەوەی دەستەواژەیەكی جوان لەوە تێدەگەین كە نووسورێكی مەزن ئەو دەستەواژەيەی نووسیوە، بەم شێوەیە هەتا بەیەك گەیاندن و بەستنەوە بەهێز بێت سەلیقه و گەورەیی دروستكار یان نووسەرەكە لە زەیندا زیاتر ڕەگدادەكوتێت، ئیتر بۆچی وابیردەكرێتەوە ئەم جیھانە كە ئەوپەڕی ڕێكوپێكە بەڕێكەوت و لەخۆوە هاتبێتە بوون؟
كەمێك بیر لەوە بكەنەوە كە لەگەڵ ئەوەی مرۆڤ كۆمەڵێك هێزی پێدراوە بۆ پێشكەوتن و بڵندبوونەوە عەقڵیشی پێدراوە بۆ ئەوەی بیرۆكەكانی بگۆڕێت بۆ شێوازێكی كردەیی و جەستەیشی بەشێوەیەكی گونجاو دروستكراوە بۆ ئەم كارە. وە لەبەرئەوەی كە پێویستە لەسەری بەهەوڵ و تێكۆشان ڕزق و ڕۆزی خۆی پەیدا بكات بۆیە هێزی پێدراوە بۆ ئەوەی بەهەوڵ و تیكۆشان ڕزقی خۆی پەیدا بكات. وە بەو پێیەی كە خوای گەورە ڕزقی درەختی لە زەویدا داناوە بۆیە ڕەگی پێبەخشیوە بۆ ئەوەی بەهۆیەوە خۆراك دەرخواردی خۆی بدات. وە لەبەرئەوەی گۆشتی كردووە بەخۆراكی شێر بۆیە چڕنووكی پێداوە بۆ ئەوەی ڕاوی پێ بكات. وە لەبەرئەوەی بڕیاری داوە ئەسپ و گا گژوگیا بخۆن بۆیە ملێكی وەهای پێبەخشیون كە بەهۆیەوە دەمیان بگاتە گژوگیای زەوی. وە چونكە بڕیاری داوە كە وشتر گەڵا و دڕك و داڵی درەختەكان بخوات بۆیە ملێكی درێژ و بەرزی پێداوە، ئایا هەموو ئەمانە بەڕێكەوت ڕوویانداوە؟ ئایا ڕێكەوت زانی كە دەبێت وشتر ملێكی درێژ و شێر چڕنووك و درەخت ڕەگ و مرۆڤیش قاچی پێ بدرێت ؟ ئایا ڕێی تێدەچێت كە سیستەمێك بەم ڕادەیە ورد و ڕێكوپێك بێت لەخۆوە دروست بوو بێت و بەڕێوەبچێت؟!
پاشان لەبەرئەوەی خوای گەورە سیەكانی بەدیھێناوە بۆ مرۆڤ هەوایشی بۆ دروست كردووە، وە لەبەرئەوەی ژیانی پشت بە ئاو دەبەستێت بۆیە لەڕێگەی هەورەوە ئاوی بۆ دابین كردووە، كە گەرمی خۆر دەبێتە هۆی پێكھاتنی، وە ئەگەر چاوی بەخشیوە بەمرۆڤ ئەوا ڕووناكی خۆریشی دروستكردووە بۆ ئەوەی بەكاریبھێنێت و بتوانێت بەهۆی ئەو ڕووناكیەوە ببینێت، وە ئەگەر گوێچكەی پێداوە ئەوا لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی خۆشی دروستكردووە، وە لەبەرامبەر پێدانی زوباندا دیسان كۆمەڵێك خۆراكی خۆشی بۆ دابین كردووە، وە ئەگەر لووتی دروست كردووە ئەوا بۆنی خۆشی بۆ ئامادەكردووە. دەكرێت بەڕێكەوت سی لە جەستەی مرۆڤدا دروست بێت، بەڵام چۆن هەوا ئامادە دەكرێت بۆی؟ هەروەها دەكرێت چاوی مرۆڤ دروست بێت بەڵام ئەو ڕێكەوتە چەند سەیرە كە لەدووری ملیۆنەها میلەوە خۆری دروستكردووە بۆ ئەوەی چاو توانای كاركردنی هەبێت. ئەگەر لەلایەكەوە ئەم ڕێكەوتە گوێچكەی دروست كردبێت؛ ئەوا چ هێزێك لەلایەكی ترەوە دەنگی دروست كرد؟ گریمان ڕێكەوت سەگ و ورچی دروست كردووە لە وڵاتە ساردەكان بەڵام بۆچی تووكی ئەم سەگ و ورچانە درێژە بۆ ئەوەی بیانپارێزێت لە سەرما. ئایا ڕێكەوت هەزارەها نەخۆشی دروستكرد و هەر خودی ڕێكەوتیش چارەسەری ئەو نەخۆشییانەی دروستكرد؟ ئایا ڕێكەوت گیای گەزنەی (قریص) دروست كردووە كە بەركەوتن و دەستلێدانی دەبێتە هۆی خوران، وە سپێناخی ڕواندووه بۆ ئەوەی ببێت بە چارەسەری ئەو خورانە؟
ڕێكەوتی بێباوەڕەكان سەیرە چونكە بۆ هەموو ئەوانەی كە دەمرن زنجیرەی لەدایكبوونی داناوە، بەڵام بۆ ئەوانەی كە نامرن ئەو زنجیرەیەی بڕیار نەداوە! ئەگەر مرۆڤ بمرێت و مناڵ نەخاتەوە؛ ئەوا لە چەند ساڵێكدا دنیا لەناودەچێت، وە لەبەرئەوەی مرۆڤ لەدایك دەبێت بۆیە لەناویش دەچێت، بەڵام خۆر و مانگ و زەوی لەناوناچن و سەرلەنوێ دروست نابنەوە. ئایا ئەم سیستەم و ڕێكوپێكیە مایەی سەرسوڕمان نیە كە لەبەرئەوەی هێزی كێشكردن لەنێوان زەوی و خۆردا دانراوە بۆیە لەیەكتری دووركەوتوونەتەوە بەجۆرێك بەریەك ناكەون؟
ئایا هەموو ئەم كارانە بەڵگە نین لەسەر ئەوەی كە دروستكاری هەموو ئەم شتانە نەك هەر تەنھا زانایە بەڵكو زانستەكەیشی سنوری نیە، وە ڕێساكانی هێندە ڕێكوپێك و توندوتۆڵن كە هیچ دژایەتیەك نیە لەنێوانیاندا و هیچ ناتەواویەك لەناویاندا نیه؟ بێگومان من پێموایە ئەم پەنجانەی دەستیشم بەڵگەیە لەسەر بوونی خوای گەورە؛ چونكە من زانستم پێ خەڵات كراوە ئەگەر من چڕنووكی شێرم پێبدرایە ئایا دەمتوانی بنووسم؟ بێگومان خوای گەورە زانستی نەداوە بە شێر بۆیە چڕنووكی پێبەخشیوە لەكاتێكدا زاستی بەخشیوە بە من بۆیە پەنجی پێ خەڵات كردووم.
لە حكومەتەكاندا هەزارەها بیرمەند شەو و ڕۆژ كاردەكەن بۆ چاككردن و و ڕێكوپێك كردنی كاروبارەكانی حكومەت، لەگەڵ ئەوەدا دەبینین هەڵە ڕوودەدات لێیان كە بەهۆیەوە زیانی مەترسیدار دەگات بە حكومەتەكان، بگرە جاروبار ئەم هەڵانە دەبنە هۆی تەفروتونا بوونی حكومەتەكان، بەڵام ئەگەر كاروباری گەردوون بەگوێرەی ڕێكەوتی ڕووت بەڕێوەبچێت ئەوا زۆر سەیرە كە هەزارەها بیری تیژ تووشی هەڵە دەبن بەڵام ئەم ڕێكەوتە هەرگیز هەڵە ناكات!
لەڕاستیدا ئەم گەردوونە دروستكارێكی هەیە كە خاوەنی گەردوونێكی فراوانە و زاتێكی بەدەسەڵاتە. ئەگەر بەم شێوە نەبوایە ئەوا ئەم سیستەمە ڕێكوپێكە دەرنەدەكەوت. ئێستایش هەر كاتێك چاوتان گێڕایەوە؛ ئەوا بەگوێرەی قورئانی پیرۆز چاوتان بەنائومێدی و داماویهوه بەرەو خۆتان دەگەڕێتەوە، وە لەهەموو شتێكدا سیستەمێكی ڕێكوپێكی دەبینێت. چاكەكاران پاداشتی چاك وەردەگرن و خراپەكارانیش سزا دەدرێن، وە هەموو شتەكان ئەو ئەركە جێبەجێ دەكەن كە لەئەستۆیاندایە و بۆ ساتێكیش سستی نانوێنن و سارد نابنەوە. ئەم بابەتە زۆر دوور و درێژە بەڵام من لێرەدا كۆتایی پێدەهێنم، دیارە كەسی ژیر بە ئاماژە تێدەگات.
بەڵگەی شەشەم
لە قورئانی پیرۆزەوە دەردەكەوێت كە ئەوانەی نكوڵی دەكەن لە بوونی خوای گەورە هەمیشە تووشی زەبوونی و ئابڕووچوون دەبن. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە لەسەر باتڵن؛ چونكە خوای گەورە هەمیشە سەركەوتن خەڵات دەكات بە باوەڕداران، وە ئەوان زاڵدەبن بەسەر دوژمنەكانیاندا. دەی ئەگەر خوایەك بوونی نەبێت ئەوا ئەم سەركەوتن و فتوحاتە لەكوێوە دێت؟
قورئانی پیرۆز دەربارەی فیرعەون دەفەرموێت: {فَقَالَ أَنَا رَبُّكُمُ الْأَعْلَى(*) فَأَخَذَهُ اللَّهُ نَكَالَ الْآخِرَةِ وَالْأُولَى} (النازعات: 25_26) واتە كاتێك مووسا (عليه السلام) داوای لە فیرعەون كرد كە ملكەچ و گوێڕایەڵی خوای گەورە بێت، فیرعەون بە لووتبەرزیەوە وتی: كام خوا؟ من خوام. ئەوە بوو خوای گەورە لەم دنیا و لەدواڕۆژیشدا سووك و ڕسوای كرد. كەواتە ڕووداوەكەی فیرعەون بەڵگەیەكی ئاشكرایە لەسەر ئەوەی كە ئەو كەسانەی نكوڵی لە بوونی خوای گەورە دەكەن هەمیشە تووشی زەبوونی و ڕسوایی دەبن. سەرباری ئەمە هەرگیز بێباوەڕەكان نەیانتوانیوە هیچ دەوڵەتێك دابمەزرێنن لە دنیادا، بەڵكو ئەوانەی دنیایان ڕزگاركردووە و چاكسازیی وڵاتانیان كردووه و مێژوویان دروست كردووە ئەوانە بوون كە باوەڕیان بە خوای گەورە هەبووە. دەی زەبوونی و ڕسوایی بێباوەڕ و بێتواناییان لەوەی كە وەك ئوممەتێك لەبەرامبەر دنیادا دەربكەون.. ئایا مانای شتێك ناگەیەنێت!
بەڵگەی حەوتەم
بەڵگەی حەوتەم لەسەر بوونی خوای گەورە ئەوەیە كە ئەوانەی دەڵێن خوا بوونی هەیە و ئەوانەی بەڕاستی باوەڕیان پێی هەیە هەمیشە سەردەكەون و سەرفراز دەبن، وە سەرەڕای دژایەتیكردنی خەڵكی تووشی بەڵا و نەهامەتیەكان نابن و گورزی كەمەرشكێنیان بەرناكەوێت. بێگومان بانگخوازانی ڕێگای خوای گەورە لە هەموو وڵاتێكدا هەبوون، وە هیچ كەسێك وەكو ئەوان دژایەتی نەكراوە، بەڵام خەڵكی دنیا توانییان لەدژی ئەوان چی بكەن؟
ئەوانەی كە “ڕامشندەر”[ڕامشندەر پێغەمبەرێكی هيندۆسی بوو، وە ڕاوون نەیارەكەی بوو (وەرگێڕ)]یان دەركرد بۆ دارستان چ ئاسوودەیی و بەختەوەریەكیان بەدەست هێنا، وە “ڕاوون” كەی هێمنی و ئاسایشی بەدەستهێنا؟ ئایا ناوی “ڕامشندەر” بۆ هەزاران ساڵ بەنەمری نەمایەوە؟ ئایا “ڕاوون” بۆ هەتاهەتایە ناوی نەزڕا و بەخراپە ناوبانگی دەرنەكرد؟ وە هۆزی “كورو” چ سوودێكیان بینی لە ڕەتكردنەوەی “كريشنا”؟[كريشنا پێغەمبەرێكی تری هيندۆسی بوو، وە هەژار و چەوساوەكانی لە ستەمی دەسەڵاتدارە ستەمكارەكان ڕزگار دەكرد و پشتگیری دەكردن، وە لەنێوان هەردوو گروپی “كورو” و” باندو”دا جەنگ هەڵگیرسا، وە هەردووكیان خزمی نزیكی كريشنا بوون، كريشنا بڕیاریدا كە هەرگیز شەڕ نەكات، وە هەردووكیانی سەرپشك كرد لەنێوان ئەو و سوپاكەیدا، ئەوە بوو “كورو” سوپاكەی هەڵبژارد و كريشنای ڕەتكردەوە، بەڵام گروپی “باندو” كريشنایان هەڵبژارد لەگەڵ ئەوەی كريشنا وەك جەنگاوەرێك بەشداری نەكرد لەم جەنگەدا، بەڵكو وەك لێخوڕی گالیسكەی “ئەرگۆن” بەشداری كرد كە ئەمیری گروپی “باندۆ” بوو، بەڵام بەهۆی حیكمەت و ژیری و ڕێنماییەكانیەوە گروپی “باندو” سەركەوتن لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان كەم بوو، وە گروپی “كورو” دۆڕان و تێكشكان لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان زۆر لەوان زیاتر بوو. وە لە كەلەپووری هيندۆسیدا “كورو” نوێنەری شەڕە و “باندو” نوێنەری خێرە. (وەرگێڕی عهرهبی).] ئایا لە گۆڕەپانی “كروچتەر”دا لەناونەچوون؟ وە هەروەها فیرعەون، ئەو پاشایەی كە زۆری دەكرد لە نەوەی ئیسڕائیل بۆ دروستكردنی خشتی قوڕ، دژایەتی پیاوێكی هەژاری وەكو مووسای دەكرد، بەڵام ئایا توانی مووسا (عليه السلام) لەكەدار بكات و بەخراپە دەستی بۆ ببات؟
ئەوە بوو فیرعەون نوقم بوو لە ئاودا و مووسایش (عليه السلام) بوو بە پاشا، ئەوەی جیھان ئەنجامیدا دژی عیسا (عليه السلام) ئاشكرا و ڕوونه، وە ئەو گەشە و پێشكەوتنەی عیسا (عليه السلام) بەدەستی هێنا دیسان شاراوە نیە. دیارە دوژمنەكانی لەناوچوون و خزمەتكارەكانی بوون بەپاشای وڵاتان. وە پێغەمبەری خۆمان (صلى الله عليه وسلم) لە هەموو كەسێك زیاتر ناوی “القدوس”ی خوای گەورەی بەرزڕاگرتووە، تەنانەت نووسەرێكی خەڵكی ئەوروپا دەڵێت ئەو -پەنا بەخوا- شێتی خوا بوو. هەمیشە ناوی خوای دەوتەوە، حەوت نەتەوە دژایەتی دەكرد، وە ئاشنا و بێگانە هەموو بوون بە دوژمنی، بەڵام ئایا دوای ئەوە لەسەر دەستی ئەودا (صلى الله عليه وسلم) دەرگای گەنجینەكانی دنیا نەخرایە سەر پشت؟ دەی ئەگەر خوایەك بوونی نەبێت ئەوا كێ یارمەتیدا و سەركەوتووی كرد؟
ئەگەر ئەمانە هەمووى بەڕێكەوت ڕوویانداوە؛ ئەوا پێویستبوو كه بەلایەنی كەمەوە نێردراوێك بھاتایە بۆ سەلماندنی خوایەتی خوای گەورە و لەلایەن خەڵكی دنیاوە ڕسوا بكرایە، بەڵام هەموو ئەو كەسانەی كە هاتن بۆ بەرزڕاگرتنی ناوی خوا بوون بەكەسانێكی سەربەرز و خاوەن ڕێز. خوای گەورە دەفەرموێت: {وَمَنْ يَتَوَلَّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَالَّذِينَ آمَنُوا فَإِنَّ حِزْبَ اللَّهِ هُمُ الْغَالِبُونَ} (المائدة: 57)
بەڵگەی هەشتەم
بەڵگەی هەشتەم كە لە قورئانی پیرۆزەوە دەستمان دەكەوێت لەسەر بوونی خوای گەورە بریتیە لە گیرابوونی نزا. كاتێك ئادەمیزا بە ملكەچی و داماویەوە لە خوای خۆی دەپاڕێتەوە خوای گەورە نزاكەی گیرادەكات. وە ئەم بابەتە پەیوەست نیە بە سەردەمێكی تایبەتیەوە، بەڵكو دیمەنەكانی گیرابوونی نزا لە هەموو سەردەمێكدا دەبینرێن. ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: {وَإِذَا سَأَلَكَ عِبَادِي عَنِّي فَإِنِّي قَرِيبٌ أُجِيبُ دَعْوَةَ الدَّاعِ إِذَا دَعَانِ فَلْيَسْتَجِيبُوا لِي وَلْيُؤْمِنُوا بِي لَعَلَّهُمْ يَرْشُدُونَ} (البقرة: 187)
ئێستا ئەگەر كەسێك بپرسێت: چۆن بزانین كە خوا نزاكان گیرادەكات؟ بۆچی نەڵێین مەبەستی هەندێ نزاكار بەڕێكەوت جێبەجێ دەبێت لەكاتیكدا مەبەست و نیازی هەندێكی تر بەدی نایەت؟ ئەگەر هەموو نزاكان گیرا بوايە؛ ئەوا تاڕادەیەك ئەم بنەمایە پەسەندكراو بوو، بەڵام چۆن بزانرێت كە هاتنەدی هەندێكیان بەڕێكەوت نەبووە، بەڵكو لە ئەنجامی گیرابوونی نزاوە بووە لەلایەن كەسێكەوە كە نزا گیرادەكات؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە كە گیرابوونی نزا نیشانە و موعجیزەی لەگەڵدایە. گەورەمان میرزا غوڵام ئەحمەدی قادیانی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) بانگەوازی كردووە بۆ ئەم شێوازە بەمەبەستی سەلماندنی بوونی خوای گەورە، ئەمەش بەوەی كۆمەڵێك نەخۆش هەڵبژێرن كە نەخۆشی ترسناكیان هەبێت، وە دابەشیان بكەن بۆ دوو گروپ: گروپێكیان پزیشكەكان هەستن بە چارەسەركردنیان، وە گروپەكەی تریشیان حەواڵەی من بكەن و منیش نزای چاكبوونەوەیان بۆ دەكەم. پاشان چاوەڕوان بن بزانن كام لا نەخۆشەكانی چاك دەبێتەوە من یان پزیشكەكان؟ ئایا دەكرێت لەم شێوازەی تاقیكردنەوەدا گومانێك هەبێت؟
كەسێك هەبوو سەگی هار گازی لێ گرت و تووشی نەخۆشی هاری بوو، وە پزیشكەكانی شاری “كەسولی” ڕەتیان كردەوە كە چارەسەری بكەن، وە نووسییان كە بەهیچ شێوەیەك چارەسەری نیە. بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) نزای چاكبوونەوەی بۆ كرد و چاك بوویەوە لەگەڵ ئەوەی ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشی هاری دەبن بەهۆی ئەوەی سەگی هار گازیان لێ دەگرێت هەرگیز چاك نابنەوە؛ دەی گیرابوونی نزاكان دەیسەلمێنێت كەسێك هەیە ئەو نزایانە گیرادەكات. وە ئەمە پەیوەست نیە بە سەردەمێكی تایبەتیەوە، بەڵكو دەكرێت نموونەكانی لە هەموو سەردەمێكدا تێبینی بكرێت. كهواته هەروەك چۆن لە ڕابردوودا نزاكان گیرادەبوون ئێستایش گیرادەبن.
بەڵگەی نۆیەم
بەڵگەی نۆیەم كه لە قورئانی پیرۆزەوە دەستمان دەكەوێت لەسەر بوونی خوای گەورە بریتیە لە ئیلھام. لەگەڵ ئەوەی من لە بەڵگەی نۆیەمدا هێناومەتەوە بەڵام لەڕاستیدا بەڵگەیەكی ئەوپەڕی مەزنه و بەدڵنیاییەوە بوونی خوای گەورە دەسەلمێنێت. خوای گەورە دەفەرموێت: {يُثَبِّتُ اللَّهُ الَّذِينَ آمَنُوا بِالْقَوْلِ الثَّابِتِ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا وَفِي الْآخِرَةِ وَيُضِلُّ اللَّهُ الظَّالِمِينَ وَيَفْعَلُ اللَّهُ مَا يَشَاءُ} (سورة إبراهیم: 28) دەی مادام خوای گەورە لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە مرۆڤەكان قسە دەكات لە هەموو سەردەمێكدا ئیتر نكوڵی كردن لێی كەی ڕاستە؟ خوای گەورە تەنھا لەگەڵ پێغەمبەر و فروستادەكاندا قسە ناكات، بەڵكو لەگەڵ دۆستەكانی خۆیشیدا ئاخاوتن دەكات. وە هەندێ جار لەگەڵ یەكێك لە بەندە لاوازەكانیدا قسەدەكات بۆ ئەوەی دڵنیای بكاتەوە. بێگومان لەگەڵ ئەم بەندە لاوازەدا قسەی كردووە و بە بەڵگە بوونی خوی سەلماندووە. نەك هەر ئەمە، بەڵكو جاروبار لەگەڵ كەسانی خراپ و مرۆڤە ناخ پیسەكانیشدا قسە دەكات بۆ ئەوەی بیانوویان نەهێڵێت و بە بەڵگە ڕێگای ڕاستیان پیشان بدات، تەنانەت كەسانی پۆخڵ و ڕسوا و شەڕواڵپیس هەندێ جار خەونی ڕاست دەبینن و ئیلھامیان پێدەگات.
وە بەڵگە لەسەر ئەوەی كە ئەم ئیلھامە لەلایەن زاتێكی مەزنەوەیە ئەوەیە كە جاروبار هەواڵی غەیبی تێدایە و لەكاتی خۆیدا دێتەدی، ئەمەش جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەم ئیلھامە زیھنی مرۆڤ دروستی نەكردووە و لە ئەنجامی تێكچوونی دەزگای هەرسەوە دروست نەبووە. وە هەندێ جار دەربارەی كۆمەڵێك بابەت و كاروبار دەدوێت كە دوای سەدان ساڵ ڕوودەدەن بۆ ئەوەی كەسێك نەڵێت ڕووداوەكانی ئێستا لەخەودا دەركەوتووە بۆ ئەو كەسەی خەونەكەی بینیوە و بەڕێكەوت بەدی هاتوون. پێشكەوتنی مەسیحیەكان كە ئەمڕۆ جیھانی سەرسام كردووە پێشتر لە تەورات و قورئانی پیرۆزدا بەڕاشكاوی و دوورودرێژی باس كراوە، بەڵكو باسی كۆمەڵێك ڕووداو كراوە كە لە داهاتوودا ڕوودەدەن، بۆ نموونە:
1. {وَإِذَا الْعِشَارُ عُطِّلَتْ} (التكویر: 5) واتە سەردەمێك دێتە پێش كە تێیدا وشترەكان لەكار دەخرێن، وە ڕاڤەكەی لە فەرموودەیەكی موسلیمدا هاتووە بەم شێوەیە: “وَلَتُتْرَكَنَّ الْقِلَاصُ فَلَا يُسْعَى عَلَيْهَا.” واتە: وازدەهێنرێت لە وشترەكان و كەس تاونادات لەسەریان. دیارە لەم سەردەمەدا بە داهێنانی شەمەندەفەر ئەم پێشبینیە هاتووەتەدی. لەمەڕ شەمەندەفەر لە فەرمایشتی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) كۆمەڵێك ئاماژەی ڕوون هەیە كە وێنەی شەمەندەفەر لەبەر چاودا بەڕوونی پیشان دەدەن و مرۆڤ دڵنیا دەبێت كە مەبەست لە فەرمایشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو ئامرازەی گواستنەوەیە كە بەهۆی هەڵمەوە دەڕوات و شاخێك لە دووكەڵ پێشیدەكەوێت و لەڕووی سواربوون و گواستنەوەی كەلوپەل و شتە قورسەكانەوە لە گوێدرێژ دەچێت و پێش دەرچوونی دەنگێك دەردەكات و كۆمەڵێك وەسفی تریش.
2. {وَإِذَا الصُّحُفُ نُشِرَتْ} (التكویر: 11) لە داهاتوودا كتێب و پەڕاو بەزۆری بڵاودەبێتەوە، وە لەم سەردەمەدا كتێب و پەڕاو چەندە بەزۆری بڵاوبووەتەوە بەهۆی دەزگاكانی چاپكردنەوە!
3. {وَإِذَا النُّفُوسُ زُوِّجَتْ} (التكویر: 7) واتە لە داهاتوودا ئاڵوگۆڕی پەیوەندیەكان لەنێوان مرۆڤەكاندا بەدی دێت و ڕێگاكانی بەیەكگەیشتن دەڕەخسێت بەجۆرێك لەوەی كە ئەمڕۆ هەیە زیاتر بەبیری مرۆڤدا نایەت.
4. {يَوْمَ تَرْجُفُ الرَّاجِفَةُ (*) تَتْبَعُهَا الرَّادِفَةُ} (النازعات: 7_8) واتە پەیتا پەیتا ڕوودانی بوومەلەرزەی نائاسایی هەتا زەوی تووشی ڕاتڵەكین دەبێت. وە ئەم سەردەمەی ئێستایش بەتایبەتی بەم شتە ناسراوە.
5. {وَمَا مَنَعَ النَّاسَ أَنْ يُؤْمِنُوا إِذْ جَاءَهُمُ الْهُدَى إِلَّا أَنْ قَالُوا أَبَعَثَ اللَّهُ بَشَرًا رَسُولًا} (الإسراء: 95) دیارە لەم سەردەمەدا خەڵكی بەهۆی تاعوون و بوومەلەرزە و لافاو و گڕكان و هەڵگیرسانی جەنگەكان لەنێوانیاندا لەناودەچن. بێگومان لەم سەردەمەدا هۆكارەكانی مردن كۆبوونەتەوە و بهزۆری دەركەوتوون كە بە تێكڕایی لە هیچ سەردەمێكی پێشوودا هاوشێوەیان نەبووە.
پاشان ئیسلام ئایینێكە لە هەموو سەدەیەكدا لەناو ئەوانەدا كە باوەڕیان هێناوە پێی كەسانێك هەبوون خوای گەورە ئیلھامی كردووە بۆیان. وە لەڕێگەی نیشانە دەراساكانەوە پیشانیان دراوە كە زاتێكی بەتوانا و بەهێز هەیە بە ئیراده، نەك بەناچاری، كاروبارەكان ڕادەپەڕێنێت. بێگومان خوای گەورە وەحی خۆی دابەزاند بۆسەر نێردراوی ئەم سەردەمە كە لەوپەڕی لاوازی و نەناسراویدا بوو، وە پێی فەرموو: “یأتیك من كل فج عمیق، ینصرك رجال نوحي إلیھم من السماء. ولا تصعر لخلق الله ولا تسأم من الناس” (البراهین الأحمدیة، طبعة: 1881م. الخزائن الروحانیة، مجلد1، هامش صفحة: 267) واتە: “لە هەموو ڕێگایەكی دوورەوە دێن بۆ لات، پیاوانێك پشگیریت دەكەن كە لە ئاسمانەوە وەحییان بۆ دەكرێت، ڕووت وەرمەگێڕە لە دروستكراوانی خوا و لەخەڵكی بێزار مەبە.”
كەسێك هەستا بەڕاگەیاندنی ئەم قسانە كە نیشتەجێی گوندێك بوو، وە لە جیھانی شارستانیدا كەس ناوی نەبیستبوو، پاشان خەڵكی جیھان بینیان، سەرەڕای نەیاریەكی توندوتیژ و كۆمەڵێك ئاستەنگی گەورە، خەڵكی لە هەموو جیھانەوە هەر لە ئەمریكاوە تا ئەفریقا دەهاتن بۆ ئێرە، وە ژمارەیان بەڕادەیەك زۆر بوو كە كەسێكی ئاسایی نەیدەتوانی تەوقە و چاوپێكەوتن لەگەڵ هەموویاندا بكات. وە كۆمەڵێكی زۆر نیشتیمانی خۆشەویشتی خۆیان بەجێهێشت و لێرە نیشتەجێ بوون، وە ناوی قادیان لە هەموو جیهاندا ناوبانگی پەیدا كرد. ئایا ئەمە شتێكی سادەیە؟ ئایا دەكرێت چاودابخرێت لەم موعجیزە گەورەیە؟
هەروەها یەكێك لە مەسیحیەكان بەناوی “دۆئی” لە ئەمریكا بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد، وە ئەم قسە پیسانەی خۆی بڵاوكردەوە: “لە خوا دەپاڕێمەوە ڕۆژێكی نزیك بێتە پێش كە تێیدا ئیسلام لەناوبچێت لە دنیادا، خوایە ئەمە بەدی بھێنە، خوایە ئیسلام بفەوتێنە.” پێشەوامان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە بەرامبەردا ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە و فەرمووی: ئەی ئەو كەسەی كە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكەیت! وەرە و موباهەلەم لەگەڵدا بكە، وە با زۆرانبازیەكەمان بە نزا ئەنجام بدرێت، وە هەردووكمان لە خوای گەورە بپاڕێینەوە كە درۆزنەكەمان پێش ئەوی تر لەناوببات. (تەلەگراف 5 تەمووزی 1903ز)، بەڵام ئەو بەهاشوهووش و هەڵەشەییەوە وتی: ئایا پێتان وایە من وەڵامی ئەم مێش و مەگەزە دەدەمەوە؟ ئەگەر پێم لەسەری دابنێم دەیپلیشێنمەوە و پانی دەكەمەوە. (جریدة دوئي، كانون الأول 1903م)، بەڵام مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕاگەیاندنێكدا لە بەرواری 23-8-1903ز دا بڵاویكردەوە و فەرمووی: “بەدڵنیاییەوە بزانن سەرەڕای ئەوەی كە ئەگەر دوئی لە زۆرانبازیەكەیش ڕابكات و هەڵبێت ئەوا بەم نزیكانە بەڵا و نەهامەتیەك دادەبەزێتە سەر شاری “سەهیۆن”. سا ئەی الله! ئەی خوای كامڵ و بێ كەموكوڕی! بەخێرایی بڕیاری خۆت بدە و درۆی دۆئی ئاشكرا بكە بۆ خەڵكی”. پاشان بەڕێزان گوێ بگرن! پاش ئەوە چی ڕوویدا! بێگومان ئەو كەسەی كە وەك پاشاكان دەژیا و حەفتا ملیۆن پارەی كاشی هەبوو، ژن و كوڕەكەی بوون بە دوژمنی، وە باوكی ڕاگەیاندنێكی بڵاوكردەوە كە دۆئی له ئەنجامی زیناوە پەیدا بووە و زۆڵ و حەرامزادەیە، وە لە كۆتاییدا تووشی ئیفلیجی بوو، پاشان بەهۆی خەم و خەفەتی زۆرەوە شێت بوو، پاشان لە كۆتاییدا لە مارسی ساڵی 1907ی زایینیدا لەناوچوو هەروەك چۆن پێشتر خوای گەورە هەواڵی دابوو بە نێردراوەكەی خۆی، وە هەروەك مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) لە ڕاگەیاندنێكدا لە ڕێككەوتی 20-2-1907ز دا نووسیبووی كە خوای گەورە دەفەرموێت: “نیشانەیەكی نوێ پیشان دەدەم كە سەركەوتنێكی مەزنی تێدا دەبێت، وە نیشانەیەك دەبێت بۆ هەموو جیھان.” بەم شێوەیە دۆئی بە لەناوچوونی خۆی شایەتیدا لەسەر بوونی خوای گەورە. ئەمەش سەركەوتنێكی مەزنی مەسیحی بەڵێندراو بوو (عليه السلام) بەسەر هەردوو جیھانی مەسیحی كۆن و نوێدا.
سێیەم، ئاریاییەكان لەم وڵاتەدا دەستیان دەڕوات و خاوەنی دەسەڵاتن، وە “لیكهڕام” یەكێك بوو لە سەركردەكانیان. مەسیحی بەڵێندراو لە كتێبەكەی خۆی “كرامات الصادقین”دا-كە لە سەفەری ساڵی 1311 كۆچیدا چاپكراوە- پێشبینیەكی نووسی كە: خوای گەورە دەربارەی لیكهرام نزاكەی منی گیرا كرد و پێيڕاگەیاندم كە لەماوەی شەش ساڵدا لیكهرام لەناودەچێت، تاوانەكەی ئەوە بوو كە جنێوی دەدا بە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و بەكۆمەڵێك وشەی قێزەون دەیویست لەكەداری بكات و سووكایەتی پێ دەكرد و تۆمەتی ئاراستە دەكرد، پاشان بەڕێزی (عليه السلام) لە ڕێككەوتی 22-2-1893ز دا لە ڕاگەیاندنێكدا پێشبینی چۆنێتی مردنەكەی كرد و فەرمووی: “كۆتەڵی گوێرەكەیەك كە دەیبۆڕاند، تووشی سزا و دەردی سەری دەبێت.” واتە ليكهڕام بریتیە لە گوێرەكەكەی سامری كە ڕۆحی تێدا نیە، تەنھا دەنگی هەیە و خاڵیە لە ڕۆحانیەت لەبەرئەوە سزا دەدرێت وەك چۆن گوێرەكەكەی سامری سزادرا. هەموو كەس دەزانێت كە گوێرەكەكەی سامری پارچە پارچەكراو و پاشان سووتێنرا و خۆڵەمێشەكەی پەرشوبڵاوكرایەوە بەناو دەریادا. پاشان مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام) كەشفێكی بینیی (بڕوانن بۆ پەراوێزی نامیلكەی بركات الدعاء، الخزائن الروحانیة، مجلد 6، ص 33) كە تێیدا كەسێكی بەهێزی شێوە ترسناك وەك ئەوەی مرۆڤ نەبێت، بەڵكو یەكێك بێت لە فریشتە توند و ڕەقەكان، دەركەوت و پرسیاری كرد: لیكهرام لە كوێیە؟ پاشان بەرێزی (عليه السلام) لەدێڕە شیعرێكیدا ڕۆژی لەناوچوونەكەی ڕاگەیاند و فەرمووی:
وبشرني ربي وقال مبشرا
ستعرف یوم العید والعید أقرب
وە لە دێڕە شیعرێكیدا بە زمانی فارسی دەڵێت كە ئەمە وەرگێڕانەكەیەتی بە كوردی:
ئاگادار بە ئەی دوژمنی نەفام و گومڕا! بترسە لە شمشێری تیژ و بڕندەی موحەممەد (صلى الله عليه وسلم)
پێنج ساڵ پێش كوشتنەكەی ئەم دێڕە شیعرەی نووسیوە و چۆنيەتی كوشتنەكەی ڕاگەیاندووە. لە كۆتاییدا ئەوە بوو لیكهرام لە 06-03-1897دا كوژرا، وە سەرجەم خەڵكی بەیەك دەنگ دانیان پێدا نا كە ئەم پێشبینیە بەوپەڕی ڕوونی و ئاشكراییەوە هاتەدی، وە بوو بە بەڵگەیەكی گۆیندە لەسەر بوونی خوای گەورە. كەواتە نكوڵی كردن لە بوونی خوای گەورە لەگەڵ بوونی ئیلھامی خوایی ئەوپەڕی بێ شەرمیە.
بەڵگەی دەیەم
بەڵگەی دەیەم كە قورئانی پیرۆز دەیخاتەڕوو بۆ بریاردان لە هەموو ناكۆكی و جیاوازییەكدا لەم ئایەتەوە وەردەگیرێت: {وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا وَإِنَّ اللَّهَ لَمَعَ الْمُحْسِنِينَ} (العنكبوت: 70) ئەو كەسانەی كاریان بەم ئایەتە كردووە هەمیشە سوود و كەڵكیان وەرگرتووە. وە ئەو كەسەی نكوڵی لە بوونی خوای گەورە دەكات با وای دابنێت كە دەكەوێتە تەنگ و چەڵەمەیەكی گەورەوە و تووشی هەڵوێستێكی ناهەموار دەبێت ئەگەر خوایەك بوونی هەبێت. با ئەم بابەتە لە مێشكی خۆیدا دابنێت، ئەگەر تامەزرۆیە بۆ زانینی ڕاستی ئەوا پێویستە لەسەری بەوپەڕی ملكەچی و پێداگریەوە لە خوای گەورە بپاڕێتەوە و بڵێت: ئەی خوای پەروەردگارم ئەگەر تۆ لەڕاستیدا بوونت هەیە و توانای بێ سنورت هەیە، وەك ئەو كەسانە دەڵێن كە باوەڕیان هەیە بە تۆ؛ ئەوا ڕەحمم پێ بكە و ڕێنماییم بكە بۆلای خۆت و باوەڕ و دڵنیایی بخەرە ناخمەوە بۆ ئەوەی بێبەش نەبم لێیان.
ئەگەر كەسێك لەناخی دڵەوە ئەم نزایە بكات و بەلایەنی كەمەوە بۆ ماوەی چل ڕۆژ بەردەوام بێت لەسەری؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە خوای گەورە هیدایەتی دەدات هەر ئایینێكی هەبێت و خەڵكی هەر وڵاتێك بێت، وە بەخێرایی دەبینێت كە خوای گەورە بوونی خۆی دەسەلمێنێت بۆی بەجۆرێك بەتەواوەتی ناخی پاك دەكاتەوە لە پیسی گومان و دوودڵی. وە شتێكی بەڵگەنەویستە كە ناكرێت ئەم شێوازی بڕیاردانەدا هیچ جۆرە فێڵێكی تێدا بێت، دەی چ كێشەیەكی تێدایە بۆ ئەوانەی بەشوێن ڕاستیدا دەگەڕێن كە كار بەم ڕێنماییە بكەن؟
بەم 10 بەڵگەیە وازدەهێنم و وتارەكەم كۆتایی پێدەهێنم لەگەڵ ئەوەی لە قورئانی پیرۆزدا بەڵگەی تر هەیە، وە ئەگەر كەسێك قووڵ بێتەوە تێیدا ئەوا بەڵگەی زیاتری دەستدەكەوێت. خوایش یارمەتیدەرە.
لە كۆتاییدا تكا دەكەم لەوانەی كە ئەم نامیلكەیە دەكەوێتە دەستیان پاش خوێندنەوەی بیدەن بەو دۆست و خۆشەویستانەی خۆیان كە دەزانن كەڵكی لێ وەردەگرن.
(مجلة “تشحیذ الأذهان”، ئازار/مارس 1913م)