بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان _ بناڤێ خودێ دلووڤاندارێ دلووڤانکار
لا إله إلا الله محمد رسول الله
پێگەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی,

ئایەتی ﴿وَمِنْ ثَمَرَاتِ النَّخِيلِ وَالأَعْنَابِ تَتَّخِذُونَ مِنْهُ سَكَرًا وَرِزْقًا حَسَنًا إِنَّ فِي ذَلِكَ لآيَةً لِقَوْمٍ يَعْقِلُون﴾

ئایەتی ﴿وَمِنْ ثَمَرَاتِ النَّخِيلِ وَالأَعْنَابِ تَتَّخِذُونَ مِنْهُ سَكَرًا وَرِزْقًا حَسَنًا إِنَّ فِي ذَلِكَ لآيَةً لِقَوْمٍ يَعْقِلُون﴾

﴿وَمِنْ ثَمَرَاتِ النَّخِيلِ وَالأَعْنَابِ تَتَّخِذُونَ مِنْهُ (سَكَرًا) وَ (رِزْقًا حَسَنًا) إِنَّ فِي ذَلِكَ لآيَةً لِقَوْمٍ يَعْقِلُون﴾

یەكێك لەو ئایەتانەی کە ڕاڤەکاران زۆر ماندوو بوون پێیەوە و نەیانتوانیوە ڕاڤەیەکی دروستی بکەن، ئەم ئایەتە پیرۆزەی سەرەوەیە، ئەویش بەهۆی وشەی (سکرا)وە ڕوویداوە، بە جۆرێك هەندێکیان دەڵێن: سکر، بە واتای مەی (الخمر) دێت، بۆیە دەڵێن: ئەم ئایەتە پێش ئایەتی حەرام بوونی مەی دابەزیوە! (تفسير القرطبي)

بەڵام هەندێکی تریان دەڵێن: سکر واتا (رزق)، ئەمەش بۆ ئەوەیە خۆیان لە کێشەی مەنسوخ بوونی ئایەتەکە بپارێزن، بەڵام دیسانەوە ڕەخنەیان لێگیراوە، بەوەی ئەگەر (سکر) واتای (رزق) بێت ئەوا ئایەتەکە وشەی دووبارەی تێدا دەبێت؛ چونکە بە دوای (سکرا) دەفەرموێت: (رزقا حسنا)، بۆیە هاتوون وەڵامی ئەمەشیان داوەتەوە، وتوویانە: (سکر) بریتیە لەو خواردنانەی کە هێزیان تێدایە (قوة)، بەڵام (رزق) ئەوانەیە کە خۆراکن. (تفسیر البغوي)

بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دوو ڕاڤەیە هەردووکی هەڵەیە، با سەرەتا سەیری ئایەتەکە بکەین لە سیاقی خۆیدا، قورئانی پیرۆز دەفەرموێت:

﴿وَإِنَّ لَكُمْ فِي الأَنْعَامِ لَعِبْرَةً نُسْقِيكُمْ مِمَّا فِي بُطُونِهِ مِنْ بَيْنِ فَرْثٍ وَدَمٍ لَبَنًا خَالِصًا سَائِغًا لِلشَّارِبِينَ * وَمِنْ ثَمَرَاتِ النَّخِيلِ وَالأَعْنَابِ تَتَّخِذُونَ مِنْهُ سَكَرًا وَرِزْقًا حَسَنًا إِنَّ فِي ذَلِكَ لآيَةً لِقَوْمٍ يَعْقِلُون* وَأَوْحَى رَبُّكَ إِلَى النَّحْلِ أَنِ اتَّخِذِي مِنَ الْجِبَالِ بُيُوتًا وَمِنَ الشَّجَرِ وَمِمَّا يَعْرِشُونَ * ثُمَّ كُلِي مِنْ كُلِّ الثَّمَرَاتِ فَاسْلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلاً يَخْرُجُ مِنْ بُطُونِهَا شَرَابٌ مُخْتَلِفٌ أَلْوَانُهُ فِيهِ شِفَاءٌ لِلنَّاسِ إِنَّ فِي ذَلِكَ لآيَةً لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ﴾ (النحل: 67 – 70)

لەم ئایەتە پیرۆزانەدا خوای گەورە سێ نموونەمان بۆ باس دەکات، لە نموونەی یەکەمدا باسی ئاژەڵ دەکات، لە کاتێكدا ئاژەڵ بە بەراورد بە مرۆڤ گیانلەبەرێكی پلە نزم و لە خوار مرۆڤەوەیە و خواردنەکەشی بریتیە لە گژو گیا بەڵام شیرێكی پاك و بێگەرد دروست دەکات و مرۆڤیش سوودی زۆری لێ دەبینێت، لە نموونەى دووەمیشدا باسی ئەو مرۆڤانە دەکات کە خوای گەورە میوە و بەروبوومی خاوێنی پێبەخشیون بەڵام ئەوان بە دەستی خۆیان ئەو میوە باشانە دەگۆڕن بۆ خواردنی خراپ و ماددەی سەرخۆشکەر، و زیان بە خۆیان دەگەیەنن، لە کاتێكدا بەروبوومی دارەکان پاك و خاوێنن.

بەم جۆرە مەکانەت و پایەی ئەم جۆرە مرۆڤانە دەردەکەوێت بە بەراورد کردنیان بە ئاژەڵان، بە جۆرێك ئاژەڵان کە پلەیان نزمترە و خۆراکیشیان بریتیە لە گژوگیا، بەڵام لە خزمەتی مرۆڤدان، بەڵام هەندێ مرۆڤ بەدەستی خۆی ماددەی پاك و خاوێن دەگۆڕێت بۆ خراپ.

ئەم خاڵە جێگای تێڕامان و هەڵوێستە لەسەر کردنە، ئاژەڵ لەگەڵ ئەوەی نزمترە لە مرۆڤ و خواردنەکەشی لە خواردنی مرۆڤ نزمترە، بەڵام خواردنەوەیەکی بەسوود بەرهەم دەهێنێت، بەڵام مرۆڤ کە بەڕێزترینی دروستکراوەکانە و باشترین خواردنی پێشکەش ئەکرێت، بەڵام بەدەستی خۆی دەیگۆڕێت بۆ خراپترین خواردن!

لە دوای ئەمەش نموونەی سێیەم دێت، کە نموونەی هەنگە، هەنگ بەهۆی ئەوەی خوای گەورە وەحی بۆ کردووە و ڕێی نیشان داوە، بۆیە بە نموونەی باڵا دادەنرێت بۆ مرۆڤ… دەبینین لە ئایەتەکاندا لە دوای ئەوەی باسی مرۆڤی کردووە، ئینجا باسی هەنگی کردووە، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەنگ ببێت بە نموونەی باشترین بۆیان… خۆ ئەگەر وردبینەوە دەبینین هاوشێوەی هەنگ زۆر حەشەرەی تر هەیە کە لە شێوەدا لەیەك بچن، بەڵام چونکە ئەوان بێ بەش بوونە لە وەحی؛ ئەوا خواردنیان لە خراپترینەکانە و هەنگیش خورادنەکەی بریتیە لە گوڵاو و ئاوگی گوڵەکان.

لەم نموونەیەوە ئەوە فێردەبین، مرۆڤ ئەگەر خواردنێكی تەندروستی پێبدرێت ئەتوانێت بیکات بە خواردنێكی نا تەندروست، وە دەشتوانێت بە تەندروستی خۆی بیهێڵێتەوە؛ بەڵام چاكکردن و بە تەندروست هێشتنەوەی خۆراکەکە کاری هەموو مرۆڤەکان نییە، ئەوە کاری ئەوانەیە کە خوای گەورە سروشی بۆ ناردوون… هەروەها دەتوانین بڵێین بە هۆی سروشەوە گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوودەدات و دەتوانێت کار لە هاوشێوەی مێشوولە بکات و شۆڕشێكی ڕوحانی گەورەی تێدا دروست بکات.

پاشان دەفەرموێت: ﴿فَاسْلُكِي سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلًا﴾، پاشان ئەو ڕێگایانەی پەروەردگارت بگرە بە ملکەچی. ئەم بڕگەیە بابەتى (موضوع)ى ئایەتەکە ڕوون دەکاتەوە. کەواتە مەبەست لە: ﴿سُبُلَ رَبِّكِ ذُلُلاً﴾؟ بریتیە لە هەموو ئەو ڕێنماییانەی کە پەروەردگار بۆی ناردوون، وە پێویستە لەسەری بڕۆن؛ خۆ ئەگەر بەو جۆرەتان نەکرد؛ ئەوا بێ بەش دەبن لەو سوودانەی کە بەهۆیەوە بەدەستتان دەکەوێت و خەڵکی تریش سوودمەند دەبن لێی.

وآخِرُ دَعوَانَا أَنِ الحَمدُ لله رَبِّ العَالَمِينَ