من مەسیحی موحەممەدیم، من ئەحمەدی مەهدیم
مەسیح هات..
مەهدی چاوەڕوانکراو
* ئەو کێیە؟ * بانگەوازەکەی
* ئامانج لە ناردنی * بیروباوەڕەکانی
* ڕێنماییەکانی * داهاتووی کۆمەڵەکەی
* کۆمەڵەکەی لەمڕۆدا
من مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی یارمەتیدراوم، لەلایەن خوای گەورەوە ئیلھامم بۆکراوە و ڕەوانە کراوم
*****
پێڕست
دەرکەوتنی كهسه چاوەڕوانکراوەکە
بانگەوازەکەی و ئامانج لە ناردنی
بیـروباوەڕی پاك و بهرز و بڵندی مەسیحی بەڵێندراو دەربارەی خوای گەورە (سبحانه وتعالى) – 10 –
پلەوپایەی پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ)
ڕێنماییەکانی بۆ کۆمەڵەکەی (کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی)
داهاتووى کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی
*****
بەناوی خوای بەخشندەی میـهرەبان
سوپاس و ستایشی بێ پایان بۆ خوای بەخشندەی میـهرەبان، درود لەسەر گیانی پاکی گەورە و سەروەرمان پێغەمبەر موحەممەد
قورئانی پیرۆز و فەرموودەکان بە ڕاشکاوی هەواڵی هاتنی نێردراوێكی خواییان تێدایە لە ئاخرزەماندا و ئەو نێردراوەش لەم ئوممەتەیە، ئەم نێردراوە خواییە بهههردوو سیفهتی مهسیح و مههدی وەسفكراوه. بۆ ئەوە ڕەوانە دەکرێت کە ئیمان لە ئاسمانەوە بـهێنێتهوه بۆ سەر زەوی بە فەرمان و ڕێنموونی خوای گەورە.
وە هەروەها دەبێتە ناوبژیوانێكی دادگەر و دادوەری دەکات لەنێوان موسوڵماناندا لەو شتانەی کە ڕاجیاییان تێدا هەیە.
وە بیروبۆچوون و کردەوەکانیان دەباتەوە سەر شاڕێگەی ئیسلام و لە هەڵە و کەموكوڕی دووریان دەخاتەوە.
هەروەها پێشبینیهكان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم نێردراوە خواییە دەبێتە خزمەتکاری ئایینی پیرۆزی ئیسلام و لە ڕێنماییەکانی پێغەمبەر (ﷺ) لانادات، بەڵکو بەتەواوەتی گوێڕایەڵى دەبێت. ئەم نێردراوە ڕاسپێرداوه بهوهی كه سەرلەنوێ ڕێنماییەکانی ئیسلام لەناو موسوڵماناندا زیندوو بکاتەوە. وە بە بەڵگە بیسەلمێنێت کە ئایینی پیرۆزی ئیسلام فەزڵی هەیە بەسەر هەموو ئایینەکانی تردا و لەسەرووی هەموویانەوەیە.
جێگای تێڕامانە بیروباوەڕی چاوەڕوانکردنی نێردراوێكی خوایی لە ئاخرزەماندا لە هەموو ئایینەکاندا بوونی هەیە و لەلای هەموویان جێگیر بووە، وه لەسەر دەستی ئەم نێردراوە خواییە ئایین دەگەشێتەوە و خوای گەورە سەرکەوتنی پێدەبەخشێت.
لە ڕاستیدا ئەم هەواڵە کە لە هەموو ئایینەکاندا هەیە ئاماژەیە بۆ تەنـها یەك نێردراوی خوایی، ئەویش لە ئوممەتی ئیسلامییەوە دەردەکەوێت، بەو سیفەتەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام کۆتا ئایین و کامڵترینە، کە بەهۆیەوە هەموو خەڵکی لەژێر فەرمان و گوێڕایەڵی پێغەمبەردا (ﷺ) دەبن.
دەرکەوتنی كهسه چاوەڕوانکراوەکە
لە کۆتاییدا هەواڵەکە هاتەدی و خوای گەورە کەسێكی لەم ئوممەتی ئیسلامە بۆ ناردین بەناوی میرزا غوڵام ئەحمەد (1835_1908ز)، لە وڵاتی هیندستان دەرکەوت و بە فەرمانی خوای پەروەردگار ڕایگەیاند ئهو مەسیح و مەهدی ئەم ئوممەتەیە، وە هەروەها خۆی ئەو کەسە چاوەڕوانکراوەیە کە لە ئایینەکانی تردا مژدەی هاتنی دراوە و پێشبینیهكان بهسهریدا جێبهجێ بووه، لە ساڵی 1889ز کۆمەڵێکی ئیسلامی دامەزراند بەناوی (کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی)، بۆئەوەی ئەرکی بەرزکردنەوە و بڵاوکردنەوەی ئیسلام بخەنەسەر شانیان و خەڵکی جیهان لەسەر ئایینی پیرۆزی ئیسلام کۆبکەنەوە کە کۆتا ئایینە.
بانگەوازەکەی و ئامانج لە ناردنی
لە ڕوونکردنەوەی بانگەوازەکەیدا بەڕێز دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) دەفەرموێت: “بێگومان من ئەو کەسەم کە لەلایەن خوای گەورەوە (عزَّ وجل) پەیمانی ناردنی دراوە لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا، بۆ نوێکردنەوەی ئەم ئایینە؛ وە بۆئەوەی سەرلەنوێ ئیمان لەسەر زەوی دابمەزرێنمەوە کە تێیدا هەڵگیراوە. وە بۆ ئەوەی خهڵكی جیھان کەمەندکێش بکەم، بەیارمەتی خوا و کێشکردنی دەستی قودرەتی ئەو- سبحانە وتعالی-، بۆ چاکەکاری و پارێزكاری و ڕاستگۆیی، وە بۆ ئەوەی هەڵەکانیان ڕاست بکەمەوە لەڕووی باوەڕ و کردارەوە.” (تذکرة الشهادتین، الخزائن الروحانية، بەرگی 20، لا 3)
وە بەپێی پێشبینیهكان ئەو سەردەمەی کە تێیدا بەڵێندراوەکە ڕهوانه دهكرێت، سەردەمی مەسیحی دەججالە؛ واتە ئەو سەردەمەی کە مەسیحییەت تێیدا لەوپەڕی هێزو توانایدایە، وە خاچ بەرزبووەتەوە و قەشەکان هەوڵ دەدەن خەڵکی بەرەو شیرك ببەن و به فڕوفێڵ و چهواشهكاری بانگی خەڵکی دەکەن بۆ ئەوەی مەسیح (عليه السلام) بپەرستن؛ لەکاتێكدا مەسیح (عليه السلام) تەنـها بەندەیەکی لاوازی خوای گەورەیە.
بەپێی پێشبینیهكان ئەم نێردراوە خواییە ناودەنرێت (مەسیح)، لەسەر دەستی ئەم خاچ دەشکێنرێت، وه شیرك و خووڕەوشتە خراپ و نالەبارەکان لەناودەبات کە پێیان دەوترێ (ڕەوشتی بەراز)ی.
ئەو خووڕەوشتانەی کە بەهۆی ئەم بیروباوەڕە خراپانەوە بڵاوبوونەتەوە لەناو خەڵکیدا. لەم بارەیەوە بەڕێز دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) دەفەرموێت: “ئەی بەڕێـزان گوێ ڕادێـرن، خوا ڕێنموونیتان بكات بۆ ڕێگەی كامەرانی… خوا ڕەوانەی كردم لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا، بۆ نوێكردنەوەی ئايين و ڕۆشنكردنەوەی ڕووی ئەم ڕێبازه و، شكاندنی خاچ و كوژاندنەوەی ئاگری نەصرانیەت، و دامەزراندنەوەی سوننەتی چاكتـرینی مەردوومان، وە بۆ ڕاستكردنەوەى ئەوەی كە تووشی خواروخێچی بووەو، برەودان بەوەی كە ڕەواجی نەماوە. وە من مەسیحی بەڵێندراو و مەهدی پێسپێـراوم. خوا چاكەی لەگەڵ كردم بە وەحی و ئیلهام، وە قسەی لەگەڵ كردم وەك چۆن ئاخاوتنی كرد لەگەڵ پێغەمبەرە بەڕێـزەكانیدا، وە شایەتیدا لەسەر ڕاستگۆییم بە كۆمەڵێك نیشانە كە ئێوە دەیانبینن، وە بە كۆمەڵێك نوور ڕوخسارمی ڕووناك كردهوه كە ناسراون لای ئێوە.” (الاستفتاء، لا 27، چاپی بەریتانیا).
هەروەها دەفەرموێت: “لەلایەن خواوە هاتووم بۆ شکاندنی خاچ، کە شکۆی بەرزكراوەتەوە، وه بۆ کوشتنی بەراز کە دوای ئەوە هەرگیز زیندوونابێتەوە… بێگومان ناردنی مەسیح لەکاتی فراوانبوونی ئاژاوەی خاچ و زاڵبوونی گومڕاییەکانی ئایینی عیسایی بەڵێنی خۆیەتی (عزَّ وجل)؛ ئەگەر ئێوە گومانتان هەیە لەوەی کە وتمان ئەوا لە وتەی پێغەمبەرەکەی ڕابمێنن… مەبەستم ئەم فەرمایشتەیە “خاچ دەشکێنێت”، ئەی ئەوانەی خاوەنی هۆش و فامن.” (التبليغ، لا 13، چاپی بەریتانیا)
بەڕێز دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) بە پشتبەستن بە وەحی خوای گەورە (I) ڕایگەیاند: بیروباوەڕی ژیانی مەسیح (عليه السلام) لە ئاسماندا و دابەزینى لێیەوە بیروباوەڕێكی نادروست و پووچەڵە، پێچەوانەی قورئان و فەرموودە و ئەقڵ و واقیعە؛ بێگومان مەسیح (عليه السلام) وەکو هەموو پێغەمبەرانی تر (علیهم السلام) مردووە. بەڕێزی زیاتر ئەم بابەتە ڕووندەکاتەوە و دەفەرموێت: “هەڵبەت مەسەلەی ژیانی عیسا لە سەرەتادا تەنـها لەجیاتی هەڵەیەك بوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم هەڵەیە گۆڕاوە بۆ ئەژدیهایەك كە دەیەوێت ئیسلام لووش بدات… لەو كاتەوەی كە مەسیحیەت دەرچوو، وە مەسیحیەكان ژیانی عیسایان دانا بە بەڵگەیەكی بەهێز لەسەر خوايەتی ئەو، ئینجا كێشەكە بوو بە كێشەیەكی پڕ مەترسی؛ ئەوان بەوپەڕی جەختكردنەوە ئەم بابەتەیان دەخستە پێش چاو بە بەڵگەی ئەوەی كە ئەگەر عیسا خوا نیه ئەوا چۆن بەرزبوویەوەو لەسەر عەرش دانیشتووە؛ خۆ ئەگەر دەست بدات بۆ مرۆڤ كە بە زیندوویی سەربكەوێت بۆ ئاسمان ئەوا بۆچی لە سەردەمی ئادەمەوە هەتا ئەمڕۆ هیچ مرۆڤێك سەرنەكەوتووە بۆ ئاسمان… ئەمڕۆ ئیسلام لە لاوازی و داڕووخاندایە، وە پرسی ژیانی مەسیح چەكێكە مەسیحیەت هەڵیگرتووە بۆ هێـرشكردنە سەر ئیسلام، وە بەهۆیەوە نەوەی موسوڵمانان بوون بە نێچيـری مەسیحیەت.” (الملفوظات، بەرگی 8، لاپەڕە 337-345).
هەروەها دەربارەی (نزول المسيح) کە لە فەرموودەکاندا هاتووە، بەڕێزی (عليه السلام) فەرموویەتی مەبەست لەو فەرموودانە هاتنی کەسێكە لەم ئوممەتە کە لە مەسیح دەچێت لە سیفات و ڕەوشت و ڕۆحانییەت و کردەوەکانیدا؛ لەبەرئەوەی هەواڵی (نزول المسیح) لای موسوڵمانان تەواو لە هەواڵی (نزول إیلیا) دەچێت لەلای جووەکان کە پێش مەسیح بووە (عليه السلام)، پێشتر مەسیح (عليه السلام) بەڕاشکاوی بە جووەکانی ڕاگەیاند (ئیلییا) لە ئاسمانەوە دانابەزێ هەروەکو ئێوە چاوەڕێی دەکەن، بەڵکو هەر لە زەوییەوە کەسێكی هاوشێوەی (ئیلییا) دەرکەوت، ئەو کەسەش بریتی بوو لە یۆحەننا واتە یەحیا (عليه السلام).
بەڕێز مەسیحی موحەممەدی میرزا غوڵام ئەحمەد (عليه السلام) دەفەرموێت: “باش بزانن كە هیچ كەسێك لە ئاسمانەوە دانابەزێت. بێگومان سەرجەم نەیارەكانمان كە ئەمڕۆ لە ئارادان لە داهاتوودا دەمرن، بەڵام هەرگیز كەسێكیان عیسای كوڕی مەریەم نابینێت كە لە ئاسمانەوە دابەزێت، پاشان مناڵەكانیشیان كە جێی ئەوان دەگرنەوە دەمرن، بەڵام هیچ یەكێك لەوانيش عیسای كوڕی مەریەم نابینێت كە لە ئاسمانەوە دابەزێت، پاشان مناڵی مناڵەكانیشیان دەمرن، بەڵام ئەوانیش عیسای كوڕی مەریەم نابینن كە لە ئاسمانەوە دابەزێت. وە لەو كاتەدا خوا نیگەرانی و ڕاڕایی دەخاتە نێو دڵەكانیانەوە و ئینجا بيـردەكەنەوە كە بێگومان ڕۆژگاری زاڵبوونی خاچ تێپەڕی و جیهان بە تەواوی گۆڕا كەچی هێشتا عیسای كوڕی مەریەم دانەبەزی؛ ئینجا لەو كاتەدا مرۆڤە ژيـرەكان بەجارێك لەم باوەڕە هەڵدێن. وە لەمڕۆوە سەدەی سێيەم تەواو نابێت مەگەر نائومێدی و بێ هیواییەكی توند باڵ دەكێشێت بەسەر هەموو ئەوانەدا كە چاوەڕێی مەسیح دەكەن، ئیتر موسوڵمان بن یان مەسیحی، لەبەرئەوە ئەم باوەڕە پووچە ڕەتدەكەنەوە؛ وە لە جیهاندا یەك ئایین و یەك گەورە بوونی دەبێت. هەڵبەت من نەهاتووم مەگەر بۆ چاندنی تۆوەكە، كە ئەوەتا بەدەستی خۆم ئەم تۆوەم چاند، وە لە ئێستاوە دەستدەكات بە گەشەكردن و دەركەوتن، وە هیچ كەسێك ناتوانێت كۆسپ و تەگەرە بخاتە ڕێگەكەی”. (تذكرة الشهادتين، الخزائن الروحانیة، بەرگی 2، لا 67)
بەڕێز دامەزرێنەری کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی (عليه السلام) لە ڕوونکردنەوەی بیروباوەڕەکانیدا دەفەرموێت: “بەڵام بیروباوەڕەكانمان كە خوا دامەزراوی كردووین لەسەری بزانە ئەی براكەم، ئێمە باوەڕمان هەیە بە خوا كە پەروەردگارە، وە بە موحەممەد (ﷺ) كە پێغەمبەرە، وە باوەڕمان بەوە هەیە ئەو خاتەمی پێغەمبەرانە، وە باوەڕمان بەوە هەیە كە قورئان لەلایەن خوای میهرەبانەوە دابەزیوە، وە هەموو ئەوانە قەبوڵ ناكەین كە دژایەتی قورئان دەكەن و پێچەوانەن لەگەڵ بەڵگە و ئایەتە تۆكمە و بهسهرهاته ڕاستەقینەكانیدا ئەگەرچی بابەتێكی عەقڵی یان وتەی پێشینان بێت كە ئەهلی فەرموودە ناویان نابێت فەرموودە، یان وتەی هاوەڵەكانی پێغەمبەر یان وتەی شوێنكەوتەكانی ئەوان بێت؛ چونكە قورئانی پیرۆز یەك بەیەك واژەكانی بە تەواتور چەسپاوە، وە وەحیەكی خوێندراوە و یەكجاری و بێگومانە. وە ئەو كەسەی گومانی لە قەتعی بوونى قورئان هەبێت ئەوا ئەو كەسە كافرە و لەلای ئێمە كەسێكی نەویستراوە و لە خراپەكارانە، وە قورئان تایبەتە بەوەی كە تەواو قەتعییە، وە پلەو پایەیەكی ئەوتۆی هەیە كه لەسەرووی هەموو كتێب و هەموو وەحیەكەوەيە، وە دەستی تێنەخراوە، بەڵام جگە لەو لە كتێب و وتەی پێشینان ئەوا ناگەنە ئەو پلەو پایەیە. وە ئەو كەسەی غەیری قورئان هەڵبژێرێت بەسەر قورئاندا ئەوا گومانی هەڵبژاردووە بەسەر دڵنیاییدا.” (تحفة بغداد، باقة من بستان المهدي، لا34)
هەروەها بەڕێزی دەفەرموێت: “ئێمە موسوڵمانین، باوەڕمان هەیە بە كتێبی خوا قورئان (الفرقان)، وە باوەڕمان بەوە هەیە كە گەورەمان موحەممەد پێغەمبەر و فروستادەی ئەوە. وە ئەو بە چاكترینی ئايينەكانەوە هاتووە، وە باوەڕمان بەوە هەیە كە ئەو خاتەمی پێغەمبەرانە و لە دوای ئەو پێغەمبەر نیە… وە هەرگیز كهسێك ناچێتە لای خوا ئەگەر نەقشی مۆرەكەی و شوێنەواری سوننەتەكەی ئەوی لەگەڵدا نەبێت، وە کردەوە و بەندایەتی هیچ کەسێك وەرناگیرێت ئەگەر داننەنێت بە بەرنامەکەیدا و جێگیر نەبێت لەسەر ئایین و ڕێوشوێنەکەی ئەو. بێگومان تیاچووە ئەو كەسەى كە وازی لێ هێناوە و بە ئەندازەی هێزو توانای خۆی لە سەرجەم سوننەتەكانیدا شوێنی نەكەوتووە… لەژێر ئاسماندا پێغەمبەرێكمان نیە جگە لە پێغەمبەری هەڵبژاردە، وە هیچ کتێبێکمان نیە جگە لە قورئان، وە هەرکەسێك پێچەوانەی قورئان بجووڵێتەوە خۆی کێشکردووە بۆناو بڵێسەی ئاگر. وە هەر کەسێك نکوڵی بکات لەو فەرموودانەی پێغەمبەرمان کە بژارکراون و دژایەتی قورئان ناکەن؛ ئەوا ئەو کەسە برای ئيبليسە و نەفرەتی بۆ خۆی کڕیوە و ئیمانی بەفیڕۆداوە… باوەڕمان بەوە هەیە کە نوێژ و ڕۆژوو و زەکات و حەج بەشێکن لە فەرزەکانی خوای خاوەن شکۆ، ئەوەی بە ئەنقەست و بەبێ ئەوەی پاساوێکی ڕەوای هەبێت لای خودا وازیان لێ بھێنێت؛ ئەوا لەڕێگای ڕاست لایداوە.” (مواهب الرحمن، الخزائن الروحانیة، بەرگی 19، لاپەڕە 285_287).
هەروەها بەڕێزی دەفەرموێت: “وە باوەڕمانوایە کە بەهەشت ڕاستە، وە دۆزەخ ڕاستە، وە ڕاپێچکردن و کۆکردنەوەی جەستەکان ڕاستە، وە موعجیزەی پێغەمبەران ڕاستە. وە باوەڕمان وایە کە ڕزگاربوون لە ئايینی ئیسلام و شوێنکەوتنی پێغەمبەرماندایە کە سەرداری مرۆڤایەتیە. وە ئێمە بەریئین لە هەموو ئەو شتانەی پێچەوانەی ئیسلامن، وە باوەڕمان بە هەرشتێك هەیە کە پێغەمبەرمان (ﷺ) هێنابێتى ئەگەرچی حەقیقەتە بڵندەکەیشی نەزانین.” (مرآة كمالات الإسلام، لا 387_388)
بیـروباوەڕی پاك و بهرز و بڵندی مەسیحی بەڵێندراو دەربارەی خوای گەورە (سبحانه وتعالى)
بەڕێزی (عليه السلام) لەم بارەیەوە دەفەرموێت: “بێگومان پەرستراوى ئێمە فیردەوسمانە، وە خۆشیەكانمان لە خوای پەروەردگاماندایە؛ چونكە ئێمە ئەومان بینی و هەموو جوانیيەكمان تێدا بەدیكرد. وە ئەم گەوهەرە شایستەی كڕینە ئەگەرچی مرۆڤ لە داواكردنیدا هەموو بوونی خۆی بكاتە قوربانی. ئەی مرۆڤە بێ بەشەكان! خێرا وەرن بۆلای ئەم كارێزە بۆ ئەوەی تینوێتیتان بشكێنێت، بێگومان ئەمەیە سەرچاوەی ژیان كە ڕزگارتان دەكات. چی بكەم، چۆن ئەم مزگێنیە جێگیر بكەم لە دڵەكاندا؟ وە بە كام دەف هاوار بكەم لە بازاڕەكاندا كە ئەمە خوای پەرستراوی ئێوەیە تاوەكو خەڵكی گوێیان لێ بێت؟ وە بە كام دەرمان چارەسەر بكەم هەتا گوێی خەڵكی بكرێتەوە بۆ بیستن؟” (سفينة نوح، الخزائن الروحانية، ج19 ص21_22)
وە هەروەها دەفەرموێت: “دیارە پەرستراوی ئێمە ئەو پەرستراوەیە كە ئێستا زیندووە هەروەك پێشتر زیندوو بووە، وە ئێستا قسە دەكات هەروەك لە ڕابردوودا قسەی كردووە، وە ئێستا دەبیستێت وەك چۆن لە ڕابردوودا بیستوویەتی. بێگومان ئەوە گومانێكی پووچە كە ئەو (سبحانه وتعالى) ئێستا دەبیستێت، بەڵام قسە ناكات، نەخێر، بەڵكو ئەو دەبیستێت و قسەیش دەكات. بێگومان سیفەتەكانی هەربووە و هەتاهەتاییشە، وە هەرگیز هیچ كاتێك یەكێك لە سیفەتەكانی لەكارنەكەوتووە و لە داهاتووشدا هەرگیز لەكارناكەوێت. ئەو تاك و تەنـهایە و هیچ هاوەڵێكی نیە، كوڕی نیە و، هاوسەری نیە. وە ئەو زاتێكی تاقانهیه كە هیچ هاوشێوەیەكی نیە… بێگومان ئەو نزیكە لەگەڵ دووریەكەیدا، وە دوورە لەگەڵ نزیكیەكەیدا، وە دەكرێ خۆی دەربخات بۆ ئەهلی كەشف بە شێوەی خۆنواندن ئەگینا ئەو جەستە و شێوەی نیە. ئەو لە سەرووی هەمووانە، بەڵام ناکرێت بوترێت کەسێك لە خوارووى ئەوەوەیە، ئەو لەسەر عەرشە، بەڵام ناكرێت بوترێت ئەو لەسەر زەوی نیە.” (الوصية، لا 11_12، چاپی بەریتانیا)
پلەوپایەی پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ)
بەڕێزی لە ڕوونکردنەوەی گەورەیی و مەزنی پلەوپایەی گەورەمان موحەممەددا (ﷺ) دەفەرموێت: “بێگومان ئەو نوورە هەرە بڵندە كە خەڵات كراوە بە مرۆڤ، مەبەستم بۆ مرۆڤی تەواو و بێ كەموكوڕییە، ئەو نوورە لە فریشتەكاندا نەبووە، لە ئەستێرەكان و مانگ و خۆریشدا نەبووە، وە لە دەریا و ڕووبارەكانی زەویدا نەبووە، وە لە لەعل و گەوهەر و زومڕوت و ئەڵماس و مرواریشدا نەبووە؛ بە كورتی، ئەم نوورە لە هیچ شتێكدا نەبووە لە زەوی و ئاسماندا، تەنـها هەر لە مرۆڤی كامڵدا بوونی هەبووە، ئەو مرۆڤەی كە تەواوترین و كامڵترین و بەرزترین كەسە لە جۆری مرۆڤ، كە بریتیە لە گەورە و سەروەرمان، سەرداری پێغەمبەران، گەورەی زیندووان، موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ).” (مرآة كمالات الإسلام، الخزائن الروحانية، بەرگی 5، لا 160_161)
هەروەها دەفەرموێت: “بێگومان هەمیشە بە سەرسوڕمانەوە دەڕوانم بۆ ئەم پێغەمبەرە عەرەبیە كە ناوی موحەممەدە -هەزاران هەزار دروود و سڵاوی لێ بێت- ئای پلەوپایەكەی چەندە بەرزە! پهی نابرێت به بڵندی پایە و جێگا بەرزەكەی، وە لە وزەی مرۆڤدا نیە كە كاریگەریيە پیرۆزەكەی هەڵبسەنگێنێت، ئەو تاكە پاڵەوانە كە یەكتاپەرستی گەڕاندەوە بۆ دنیا پاش ئەوەی كە بزر ببوو لێی. وە ئەو خوای زۆر زۆر خۆشدەویست، وە تا ئەوپەری سنور دەروونی توابووەوە لەتاو سۆزی بۆ دروستكراوانی خوا، بۆیە ئەو خوایەی كە زانايە بە ڕاز و نیازەكانی فەزڵی ئەويدا بەسەر هەموو پێغەمبەراندا، وە بەسەر پێشین و پاشینەكاندا بە گشتی، وە هەرچيیەكی ویست لە دنیادا بۆی جێبەجێ كرد.” (حقيقة الوحي، الخزائن الروحانية، بەرگی 22، لا 118_119)
هەروەها لە وەڵامی هەندێ لە قەشەکاندا کە جوێنیان دابوو بە پێغەمبەر (ﷺ)، بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “كۆمەڵە بوختانێكیان بۆ پێغەمبەری بەڕێز داتاشیوە، وە بەم درۆ و دەلەسانە خەڵكێكی زۆریان گومڕا كردووە. هیچ شتێك وەكو گاڵتە كردنیان بە پلەوپایەی پێغەمبەری هەڵبژاردەو برینداركردنی ئابڕووی باشترینی مرۆڤەكان ئازاری دڵم نادات. سوێند بە خوا ئەگەر لەپێش چاومدا سەرجەم مناڵ و ڕۆڵە و نەوەكانم بكوژرێن، دەست و قاچيشم پارچە پارچە بكرێن و گلێنەی چاوم دەربـهێنرێت، وە دوور بخرێمەوە لە هەموو ئامانج و خۆشی و حەسانەوەیەكم.. لەلام گرانتر نیە لەم بوختانانە.” (دافع الوسواس، الخزائن الروحانیة بەرگی 5، لا 15).
بەڕێز مەسیحی موحەممەدی (عليه السلام) لە وەسفی قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: “سوێند بە خوا گەوهەرێكی تاقانەیە، ڕواڵەتی نوورە، هەناوی نوورە، سەرەوەی نوورە، خوارەوەی نوورە، لە هەموو واژە و وشەیەكیدا نوور هەیە، بەهەشتێكی ڕۆحانیە، لقە بەرهەمدارەكانی شۆڕبوونەتەوە و میوهكانی بهردهسته، وە ڕووبارەكان بەناویدا دەڕۆن، هەموو بەروبوومێكی كامەرانی لەناویدا هەیە، وە هەموو پارچەیەكی نوور لەو وەردەگیرێت، بە ماندووبوونێكی زۆر نەبێت بەدەست ناكەوێت. سەرچاوگەی لێشاوەكەی شیرین و بەتامە، سا مژدەبێت لەوانەی نۆشی دەكەن. وە گورزەیەك لە نوور لەوەوە هەڵدرایە ناو دڵمەوە كە بۆم نەدەكرا بە ڕێگەیەكی تر بەدەستی بـهێنم. وە سوێند بە خوا ئەگەر قورئان نەبوایە ئەوا بۆم نەدەكرا كە ژیانم قەشەنگ و جوان و ناسك بێت. جوانیەكەیم بینی زیاتر لە جوانی سەد هەزار یوسف، لەبەرئەوە تامەزرۆی بووم و خۆشەویستیەكەی لە دڵمدا ڕەگی داكوتا. ئەو پەروەردەی كردم وەك چۆن كۆرپەلە پەروەردە دەكرێت، وە لە دڵمدا كاریگەریيەكی سەرسوڕهێنەری هەیە، وە جوانیەكەی خواستی لێ سەندم.” (التبليغ، لا103_104، چاپی بەریتانیا)
ڕێنماییەکانی بۆ کۆمەڵەکەی (کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی)
بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “ڕێگە نادرێت بە كەسێك بێتە ناو كۆمەڵەكەمانەوە مەگەر ئەو كەسەی چووەتە ناو ئايینی ئیسلامەوە، وە شوێن كتێبی خوا و سوننەتی چاكترینی مرۆڤەكان كەوتووە، وە باوەڕی هێناوە بە خوا و پێغەمبەرە بەڕێزە میهرەبانەكەی، وە باوەڕی هێناوە بە حەشر و نەشر و بەهەشت و دۆزەخ، وە پەیمان بدات و دانبنێت بەوەدا كە جگە لە ئیسلام هیچ ئايینێكی تر هەڵنەبژێرێت بە ئایينی خۆی، وە لەسەر ئەم ئایینە بمرێت كە ئایینی فیترەتە.. بەدەستگرتنی بە كتێبی خوای هەرەزاناوە، وە كار بكات بە هەموو ئەوانەی كە چەسپاوە لە سوننەت و قورئان و كۆدەنگی هاوەڵە زۆر بەرێزەكان، وە هەر کەسێك وازیـهێنا لەم سیانە ئەوا خۆی لەناو ئاگردا بەجێهێشتووە و دواڕۆژی لەناوچوون و داڕوخانە.
کەواتە ئەی برایان بزانن ئیمان بەدەست نایەت مەگەر بە کردەوەی چاك و پارێزکاری نەبێت، هەر کەسێ بە ئەنقەست و بەهۆى لووتبەرزيەوە واز لە کردەوەی چاك بـهێنێت؛ ئەوا لەلای خوای گەورە ئیمانی نیە، کەواتە لە خوا بترسن ئەی برایان، دەستبکەن بە ئهنجامدانی كاره چاكهكان، و دووربکەنەوە لە خراپەکان پێش مردن.” (مواهب الرحمن، لا 77، چاپی بەریتانیا).
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “لە ئێستادا پێغەمبەر و تكاكار نیە بۆ ئادەمیزاد بە گشتی جگە لە موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ). كەوابوو پێویستە لەسەرتان كە بە هەوڵدانەوە تێبكۆشن بۆ دروستكردنی پەیوەندی خۆشەویستی ڕاستەقینە لەگەڵ ئەم پێغەمبەرە خاوەن شكۆ و گەورەییەدا، وە بە هیچ شێوەیەك لە شێوەكان فەزڵی پێغەمبەرانی تر مەدەن بەسەریدا بۆئەوەی لە ئاسماندا لە ڕیزی دەربازبووەكاندا بنووسرێن، وە بیـربكەنەوە كە ڕزگاربوون شتێك نیە كە دوای مردن دەربكەوێت، بەڵكو ڕزگاربوونی ڕاستەقینە ئەوەیە كە نوورەكەی لە خودی ئەم دنیایەدا دەردەكەوێت.” (سفينة نوح، الخزائن الروحانية، بەرگی 19، لا13_14).
داهاتووى کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی
بەڕێزی (عليه السلام) لە باسی گەشەکردنی کۆمەڵەکەیدا دەفەرموێت: “دنیا نامناسێت، بەڵام ئەو كەسەی كە ڕەوانەی كردووم دەمناسێت. هەڵبەت بەهۆی هەڵە و بەدبەختی توندیانەوە دەیانەوێت تەفروتونام بكەن. بێگومان من ئەو نەمامەم كە خاوەنی ڕاستەقینە بەدەستی خۆی چاندی… ئەی خەڵكینە دڵنیابن كە دەستێكم لەگەڵدایە كە بەردەوام بە ئەمەكە لەگەڵمدا هەتا كۆتایی ئەم كارە. وە ئەگەر پیاو و ژن و گەنج و پیر و گەورە و بچوکتان کۆببنەوە و تێکڕا وەکو کەسانی ئومێدبڕاو بەکوڵ لە خوای گەورە بپاڕێنەوە و نزا بکەن هەتا کەپووتان دادەخورێت و دەستان ئیفلیج دەبێت بۆ ئەوەی من لەناوبچم؛ ئەوا خوا وەڵامتان ناداتەوە و نزاتان گیرا ناکات، وە وازناهێنێت هەتا ئەوەی دەیەوێت بە ئەنجامی دەگەیەنێت… کەواتە ستەم لە خۆتان مەکەن. بێگومان بۆ درۆزنان دەموچاوانێك هەیە جیاواز لە دەموچاوی ڕاستگۆیان. بێگومان خوای گەورە واز لە كارێك ناهێنێت بێ یەكلاكردنەوەی… هەروەك چۆن خوا ناوبژیوانی كرد لەنێوان پێغەمبەرانی خۆی و ئەو كەسانەی كە بەدرۆزنیان دەزانین لە ڕابردوودا، ئەوا خوای گەورە ئێستاش ناوبژیوانی دەكات. بێگومان بۆ هاتنی پێغەمبەرانی خوا وەرزێك هەیە و بۆ ڕۆيشتنیشیان وەرزێك هەیە. دەی دڵنیا بن كە من بەبێ وەرز نەهاتووم، وە ناشڕۆم بەبێ وەرز. كەوابوو دەمەقاڵێ و دوژمنایەتی مەكەن لەگەڵ خوادا، هەرگیز ناتوانن من تەفروتوونا بكەن.” (ضميمة التحفة الگولروية، الخزائن الروحانية، بەرگی 17، لا 49_50).
هەروەها بەڕێزی (عليه السلام) دەفەرموێت: “بێگومان خوای گەورە چەندەها جار بەجەختكردنەوە پێیـڕاگەیاندووم كە سەربەرزيەكی لەڕادەبەدەرم پێدەدات، وە خۆشەویستیم لە دڵەكاندا جێگیر دەكات؛ وە كۆمەڵەكەم بڵاودەكاتەوە لە هەموو زەویدا و سەری دەخات بەسەر هەموو گروپەكاندا، وە ڕۆڵەكانی كۆمەڵەكەم دەگەنە چڵەپۆپە لە زانست و زانیاریدا بەڕادەیەك هەموو كەسێك دەمكوت دەكەن بە بەڵگە و نیشانەكان و نووری ڕاستگۆییان. وە هەموو گەلێك لەم سەرچاوەیە پاراو دەبێت. دیارە ئەم كۆمەڵە گەشە دەكات و پێشدەكەوێت بە هێزێكی لەڕادەبەدەر هەتا دەوری هەموو جیهان دەدات. لێـرەدا كۆمەڵیك بەربەست و بەڵا و موسیبەت پەیدا دەبێت، بەڵام خوای گەورە هەمووی لادەبات لەم ڕێگەیەدا و پەیمانی خۆی بە ئەنجام دەگەیەنێت. وە بێگومان خوا فهرمووی پێم: پیرۆزت دەكەم پیرۆزی لەدوای پیرۆزی تەنانەت پاشاكان بە پۆشاكی تۆ خۆیان پیرۆز دەكەن. كەواتە ئەی گوێگران گوێ بگرن و تێبگەن، وە ئەم هەواڵانە لە سندوقەكانتاندا بپارێزن؛ چونكە قسەی خودان كە ڕۆژێك دێنەدی.” (التجليات الإلهية، الخزائن الروحانية بەرگی 20، لا 409_410).
هەروەها دەفەرموێت: “ئەی خەڵكینە هەمووتان بە چاكی گوێ بگرن! هەڵبەت ئەمە دروستكەری زەوی و ئاسمانەكان هەواڵی پێداوە كە كۆمەڵەكەی خۆی بڵاودەكاتەوە لە هەموو وڵاتاندا، وە بە بەڵگە و دەلیلەكان سەركەوتوویان دەكات بەسەر هەموو گروپەكاندا. وە بێگومان ڕۆژانێك هەر دێت، بەڵكو نزیكە، ئەو كاتە ئەم كۆمەڵە تاكە كۆمەڵ دەبێت كە بە سەربەرزی و شەرەفەوە لە جیهاندا باسى بكرێت. بێگومان خوا پیتوفەڕى گەورە و لەڕادەبەدەر دەخاتە ئەم كۆمەڵە و بانگەوازەكەیەوە، وە نوشوستی دەهێنێت بەسەر هەموو ئەوانەی كە بیر لە لەناوبردنی دەكەنەوە. وە ئەم زاڵبوونە بەردەوام دەبێت هەتا ئەو كاتەی كە خوا زەوی و هەموو ئەوەی كە لەسەریەتی دەگێـڕێتەوە بۆ خۆی.” (تذكرة الشهادتين، الخزائن الروحانية، بەرگی 20، ص66)
لەگەڵ بوونی بەرهەڵستی و دژایەتی توند، بەڵام کۆمەڵەکەی (کۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی) بەردەوامە و بوونی هەیە، بەهاوکاری و پشتیوانی خوای گەورە ئەم کۆمەڵە ڕۆژ بەڕۆژ لە زیادبووندايە و خەڵکی زیاتر بەرەوڕووی دێن، تا ئێستا لە 210 وڵاتی جیهاندا بوونی هەیە، ئەمەش بە کەمتر لە سەدە و نیوێك بەم شێوەيە گەشەیسەندووە و بڵاوبووەتەوە، ژمارەی تاکەکانی بە ملیۆنان کەسە، لەژێر چاودێری و ئاراستەی خەلیفە بەڕێزەکانیدا چەندین دەستکەوتی مەزنی بەدەستهێناوە، لەوانە هەزاران مزگەوت و سەنتەری دروستکردووە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە ئامانجی بانگەوازکردن و بڵاکردنەوەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام.
هەروەها بە پشتیوانی خوای گەورە قورئانی پیرۆز بڵاودەکەنەوە لە هەموو جیهاندا و بە زۆرینەی زمانەکانی جیهان کە تا ئێستا بە 62 زمانی جیهانی قورئانی پیرۆزیان بڵاوکردووەتەوە، وە لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی ئەم کۆمەڵەيە کەم و سنوردارە؛ چونکە تاکە سەرچاوەی داهاتی بریتیە لە كۆمهكی خۆبەخشانەی تاکەکانی ئەحمەدی. ئەحمەدییەت هەوڵدەدات و تێدەکۆشێت بۆ خزمەتكردنی مرۆڤایەتی و هەڵسانەوەی بەشمەینەتان و هەژاران و نەداران، بەبێ گوێدانە ئەوەی چ ڕەگەز و چ ئایینێكیان هەیە، ئەمەش لە تەواوی دنیادا، وە بەتایبەتیش لە ئەفریقا؛ بەجۆرێك ژمارهیهكی زۆر نەخۆشخانە و قوتابخانە و زانکۆیان بنیاتناوە.
هەروەها بە پشتیوانی خوای گەورە یەکەم کەناڵی ئاسمانی ئیسلامییان دامەزراندووە بە ناوی (MTA)، ئەم کەناڵە تاکە ئامانجی گەیاندنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە بەتەواوی جیهان، هەتا ئێستا سێ کەناڵی ئیسلامی هەیە، کەناڵی سێیەمیان (MTA3) بە زمانی عەرەبییە، ئەم کەناڵانە بە بەردەوام بەرنامەکانیان پەخش دەکەن بە زۆرێك لە زمانەکانی جیهان.
وەکو باسکردنی فەزڵی خوای گەورە (عزَّ وجل) بەسەرمانەوە دەڵێین: ئەم دەستکەوتە مەزنانە لەڕووی چەندێتی و چۆنێتییەوە لەسەرووی هەموو ئەو کارانەوەیە کە وڵاتانی ئیسلامی و دەستەکانیان ئەنجامیانداوە، ئەمەش فەزڵی خوای گەورەیە و دەیبەخشێت بە هەر کەسێك کە خۆی بیەوێت. خوای گەورە خاوەنی فەزڵی هەرە مەزنە.
وآخِرُ دعوانا أنِ الحمد للهِ ربِّ العالمين