
پێشەكی:
لەو كاتەوەی خوای گەورە ئادەمی (علیه السلام) ڕەوانەكرد و كردی بە خەلیفە لەزەویدا، بە بەردەوامی پێغەمبەرانی ڕەوانە كردووە بۆ گەل و نەتەوە جیاوازەكان بۆ ئەوەی ڕێنموونی خەڵكی بكەن بۆ ڕێگای ڕاستی خوا. وە لە بەرەبەیانی مێژووەوە هەتا ڕەوانەكردنی گەورەمان خاتەمی پێغەمبەران (ﷺ) زنجیرەی ڕەوانەكردنی پێغەمبەران نەپچڕا، بەجۆرێك هەمیشە كەسێك هەبووە ڕایبگەیەنێت كە خوا ڕەوانەی كردووە بۆ گەلێك یان بۆ شارێك. وە لە هەندێ كاتدا.. ڕوویداوە لەگەڵ بانگەوازی پێغەمبەراندا هەندێ كەس هەبوون ئەوانیش بانگەشەی ئەوەیان كردووە كە لەلایەن خوای گەورەوە نێردراون. وە جاروبار.. كەسی وا هەبووە بانگەشەی خوایەتی كردووە، وە داوای لە خەڵكی كردووە پەیڕەوی فەرمانەكانی بكەن و مل كەچ بكەن بۆی.
وە كاتێك خوای گەورە پێغەمبەرە ڕاستگۆ و دەستپاكەكەی خۆی ڕەوانەكرد و كردی بە ڕەحمەت بۆ جیھانیان، ئەم پێغەمبەرە ئەو نێردراوە بوو كە بە دواهەمین شەریعەت و تەواوترین ئایینەوە هات، وە وەكو پێغەمبەرانی پێش خۆی تەنھا بۆ گەلێك یان بۆ هۆزێك یان بۆ شار و ئاوەدانیەكی تایبەت ڕەوانە نەكرا، بەڵكو بۆ هەموو خەڵكی ڕەوانەكرا. بێگومان خوا بەڵێنی دا ئەم ئایینە بپارێزێت كە خۆی پێی ڕازیە ئایینی هەموو خەڵكی جیھان بێت لە هەموو سەردەم و هەموو شوێنێكدا. بەمەش زنجیرەی هاتنی ئەو پێغەمبەرانە پچڕا كە خوا لەلایەن خۆیەوە بە شەریعەتێكەوە ڕەوانەی دەكردن، هەروەها زنجیرەی ئەو پێغەمبەرانەیش پچڕا كە خوا ڕاستەوخۆ هەڵیدەبژاردن، وەك چۆن خوای گەورە هەموو پێغەمبەرانی هەڵبژارد هەر لە ئادەمەوە (علیه السلام) هەتا گەورەی دروستكراوان و باشترینی پێغەمبەران، هەزاران هەزار سڵاو و درودی لێ بێت.
بەمەش هەموو ئەو جۆرانەی پێغەمبەرایەتی پچڕا كە لە پێشوودا باو و ناسراو بوون، بەڵام خوا بەڵێنی دا بە ئوممەتی ئیسلامی، كە خۆی وەسفی كردووە بەوەی باشترین ئوومەتە، هەموو ئەو نیعمەتانە بەدەست بهێنێت كە خوا بەخشیویەتی بە ئوممەتانی پێشوو. وە ڕێی تێناچێت خوا باشترین پێغەمبەر لە ئوممەتێكدا ڕەوانە بكات كە خوا بڕیاری داوە باشترین ئوممەت بێت، بەڵام هەموو تاكەكانی ئەم ئوممەتە بێبەش بكات لە نیعمەتێك كە بەخشیویەتی بە تاكەكانی ئوممەتەكانی پێشوو. وە لەبەرئەوەی نیعمەتی پێغەمبەرایەتی بریتیە لە مەزنترین نیعمەتی ڕۆحانی و شكۆدارترین بەخششی خوایی و باڵاترین بەرەكەتی ئاسمانی، بۆیە خوا بڕیاری دا ئەم ئوممەتە تایبەتمەند بكات بە جۆرێكی جیاواز و تاقانە لە پێغەمبەرایەتی، كە ناسراو و باو نەبووە لەناو ئوممەتەكانی پێشوودا، ئەویش بریتیە لە پێغەمبەرایەتی شوێنكەوتە.. واتە ئەو پێغەمبەرایەتیەی كە هیچ كەسێك بەدەستی ناهێنێت و هیچ مرۆڤێك پێی ناگات مەگەر یەكێك بێت لە شوێنكەوتووانی پێغەمبەری خوا (ﷺ). هەڵبەت خوای گەورە پاش ئەوەی تەواوترین مرۆڤی بە تەواوترین ئایینەوە ڕەوانەكرد، ئیتر بڕیاریدا تەنها ئەو كەسەی كە گوێڕایەڵی خوای گەورە و گوێڕایەڵی ئەم پێغەمبەرەیش (ﷺ) دەكات ڕەزامەندی و فەزڵەكەی بەدەست بهێنێت، وە شاد بێت بە نزیكی و دیداری خۆی و نیعمەت و چاكەكانی دەستگیر بێت.
بەم شێوەیە خوا دەرگای هەموو پێغەمبەرایەتیەكانی پێشووی داخست و بە ڕەوانەكردنی باشترینی پێغەمبەران (ﷺ) هەموو ئەم پێغەمبەرایەتیانە كۆتاییان هات. بەڵام خوای پاك و بێگەرد تەنها لە سایەی فەزڵ و ڕەحمەتی خۆیەوە دەرگای پێغەمبەرایەتی شوێنكەوتەی كردەوە بۆ ئەم ئوممەتە، وە ئەم پێغەمبەرایەتیەیش نیشانەیەكە لەسەر گەورەیی پێغەمبەری خوا و بڵندی پلەوپایەكەی لەناو هەموو پێغەمبەراندا؛ چونكە مەزنی و گەورەیی شوێنكەوتە نیشانەیە لەسەر مەزنی و گەورەیی ڕابەرەكەی، بەرزی پلەوپایەی قوتابی نیشانەیە لەسەر بەرزی پلەوپایەی مامۆستاكەی. وە بەمە خوای گەورە هۆكارێكی دیكەی زیادكرد كە نیشانەیە لەسەر تاقانەیی پێغەمبەری خوا لەناو سەرجەم پێغەمبەراندا، بەجۆرێك هەرگیز خوا نەیویستووە گوێڕایەڵی و شوێنكەوتنی سوننەتی هیچ یەكێك لەو پێغەمبەرانە مەرجێك بێت بۆ هەڵبژاردنی كەسێك بۆ مەقامی پێغەمبەرایەتی، بەڵام تەنھا بۆ گەورەمان پێغەمبەری خوا ئەم بڕیارەی داوە، بۆیە بەڕاستی ئەو باشترین و مەزنترینی پێغەمبەرانە.
هەڵبەت گەورەمان پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) هەواڵی پێداوین دەربارەی ڕەوانەكردنی پیاوێك لە مەقامی پێغەمبەرایەتیدا، تەنانەت لە فەرموودەیەكی درێژدا كە پێشەوا موسلیم لە سەحیحەكەیدا باسی كردووە چوار جار بە “پێغەمبەری خوا” وەسفی كردووە. بێگومان پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) ئەم پێغەمبەرە چاوەڕوانكراوەی ناوناوە ئیمامی مەهدی، هەروەك فەرموویەتی ئەو ئیمامە عیسای كوڕی مەریەمە، واتە هاوشێوەی عیسای كوڕی مەریەمە، بەمەش دەبێتە ئەو كەسەی كە مەسیحی بەڵێندراوە بۆ ئەم ئوممەتە. هەروەها ڕێژەیەكی زۆر لە پێشبینیەكان لە كتێبە پیرۆزەكانی تردا هەن كە باسی ڕەوانەكردنی پێغەمبەرێكی مەزن و موسڵیحێكی گەورە دەكەن، خوای گەورە لە ئاخر زەماندا ڕەوانەی دەكات، هەتا هەموو خەڵكی كۆبكاتەوە لەسەر ڕێگای ڕاستی خوا. لای شوێنكەوتووان و لایەنگرانی هەموو ئایینەكان شتێكی چاوەڕوانكراو بوو كە ئەو موسڵیحە چاوەڕوانكراوە و ئەو پێغەمبەرە بەڵێندراوە سیانزە سەدە پاش ڕەوانەكردنی پێغەمبەری خوا (ﷺ) پەیدابێت، واتە لە سەدەی نۆزدەی زاینیدا.
وە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە، خەڵكی شتانێكیان بیست دەربارەی زۆرێك لە بانگەوازەكان كە پەیدابوون، وە دەربارەی كۆمەڵێك گروپ كە هەندێ بانگخواز دایانمەزراندن و دروستیان كردن و دەیانگوت ئێمە لەلایەن خوای گەورەوە ڕەوانەكراوین. لە ساڵی 1844زدا لە ئێران عەلی موحەممەد شیرازی ڕایگەیاند كە ئەو ئیمامی مەهدی چاوەڕوانكراوە، وە بانگەشەی ئەوەی كرد خۆی ئەو دەرگایەیە كە باوەڕدار تەنھا بەهۆی ئەوەوە دەگاتە خوا، كۆمەڵێكی دروستكرد و تا ماوەیەك كاریگەری هەبوو، بەڵام ئەم كۆمەڵە بەخێرایی لەبەریەك هەڵوەشا و پەرتەوازە بوو پاش ئەوەی دامەزرێنەرەكەی لەساڵی 1850دا كوژرا.
وە لە ساڵی 1879دا لە سوودان كەسێك بەناوی موحەممەد ئەحمەد كۆمەڵێكی تری دامەزراند، وە ئەویش ڕایگەیاند خۆی مەهدی چاوەڕوانكراوە، وە بەناوی مەهدی سوودانیەوە ناسرا. ماوەیەك كۆمەڵەكەی ڕۆڵێكی گەورەیان هەبوو، تەنانەت جەنگی دەكرد لەگەڵ سەربازانی دەوڵەتی بەریتانیدا، وە ئەم كۆمەڵە چەندین گیروگرفت و تەنگوچەڵەمەی دروست کرد بۆیان. بەڵام كاتێك لەساڵی 1885زدا دامەزرێنەرەكەیان لەناوچوو دەستبەجێ لایەنگران و شوێنكەوتووانی دەوری ئەو كۆمەڵەكەیان چۆڵ كرد پاشان گۆڕا بۆ پارتێكی سیاسی و هیچ پەیوەندییەكی نەما بەو بیروباوەڕانەوە كە مەهدی سوودانی بانگەشەی بۆ دەكردن.
لە ئێرانیشدا یەكێك لە كەسە نزیكەكانی “باب” ڕایگەیاند كە خۆی دەركەوتە و دیمەنی خوایە، بانگەشەی ئەوەی نەكرد كە پێغەمبەری خوایە، وە بانگەشەی ئەوەی نەكرد كە مەهدی چاوەڕوانكراوە، بەڵكو بانگەشەی ئەوەی كرد كە دەركەوتەی خوایە بەهەمان ئەو مانا و تێگەیشتنەی كە مەسیحیەكان هەیانە بۆ سروشتی یەسووعی مەسیح، واتە خوا لەناویدا تواوەتەوە و ئەو بووە بە خوا. ئەو كەسەش بەهائوڵڵا بوو كە بانگەشەی ئەوەی كرد سەردەمی ئیسلام كۆتایی هاتووە، وە ماوە و كاتی قورئان بەسەرچووە و بە كەڵك نایەت بۆ سەردەمی نوێ، لەسەر ئەم بنەمایە و بەگوێرەی ئەوەی كە خۆی دەركەوتەی خوایە كتێبێكی تری هێنا و ناوینا “الأقدس”. هەڵبەت بەهائوڵڵا زۆربەی ژیانی بە بەندكراوی لە زیندانی “عەككا”دا بەسەربرد هەتا مرد و لەوێ ئەسپەردە كرا، وە هەتا ئێستا ئەو كۆمەڵەی كە دایمەزراند بەناوی بەهائییەت ناسراوە، كە دراوەتەپاڵ بەهائوڵڵا، بەڵام زۆرێك لە قسەكانیان گۆڕیوە، تەنانەت ئەوەیان داوەتەپاڵی كە گوایە ئەو بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كردووە.
لە هيندستان دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی، میرزا غوڵام ئەحمەد، پەیدا بوو، ئەویش ڕایگەیاند كە خۆی ئیمامی مەهدی چاوەڕوانكراوە، وە ڕایگەیاند كە هاوشێوەی عیسای كوڕی مەریەمە (علیه السلام). وە باسی ئەوەی كرد كە ئەو پێشبینیانەی پەیوەستن بە دابەزینی عیسای كوڕی مەریەمەوە لە ئاخر زەماندا تەنھا مانای دەركەوتنی پیاوێكە لە ئوممەتی ئیسلامی و خوای گەورە ڕەوانەی دەكات لەسەر شێوەی مەسیح عیسای كوڕی مەریەم، وە لەڕووی هاوشێوەیی و لێكچوونەوە ناوی ئەوی لێ دەنرێت، وە ئەو خۆی ئەو پیاوەیە كە خوای گەورە ڕەوانەی كردووە، بۆیە ئەو مەسیحی بەڵێندراوە بۆ ئوممەتی ئیسلامی، وە هەر خۆیشی مەهدی چاوەڕوانكراوە.
لەم نامیلكەیەدا مەبەستمان ئەوە نیە گفتوگۆ بكەین سەبارەت بە هەموو ئەو بابەتانەی كە دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی باسی كردوون، دیارە كۆمەڵێك كتێبی زۆر هەیە دەربارەی ئەم بابەتانە. بەڵام لێرەدا دەمانەوێت بەشێوەیەكی گشتی توێژینەوە بكەین لە بانگەشەی پێغەمبەرایەتی و بەڵگەكانی، وە لەوە بكۆڵینەوە كە ئایا دامەزرێنەری كۆمەڵی ئیسلامی ئەحمەدی لەسەر حەقە لە بانگەشەكەیدا یان نا. وە ئایا لەڕاستیدا میرزا غوڵام ئەحمەد ئەو ئیمامە مەهدیەیە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمانی پێ كردووین بێین بۆ لای و بەیعەتی پێ بدەین ئەگەر بە سنگەخشكێ بەسەر بەفردا ڕۆيشتووین؟ ئایا لەڕاستیدا خەلیفەی هیدایەتدراوی خوایە، ئەوەی كە خوای گەورە ڕەوانەی كردووە تاكو بەهۆیەوە ئیسلام سەربخات و بڵاوی بكاتەوە لە هەموو جیھاندا؟
بەڵام پێویستە لێرەدا ئەوەمان لەیادنەچێت كە بانگەشەكەی ئیمامی مەهدی هەرگیز مانای ئەوە نیە كە پێغەمبەرێكی جیاواز بێت و پەیوەندی نەبێت بە سەرداری پێغەمبەرانەوە (ﷺ)، بەڵكو ئەو یەكێكە لە شوێنكەوتە و خزمەتكارەكانی. بەهەمان شێوە بانگەوازەكەی ئیمامی مەهدی مانای ئەوە نیە كە ئەو ئایینێكی تری هێنابێت جگە لە ئایینی ئیسلام، یان كتێبێكی هێنابێت جگە لە قورئان وەك چۆن پێش ئەو دامەزرێنەری ئایینی بەهائی ئەو كارەی كرد. بۆیە ئێمە بەدڵنیاییەوە دەزانین ئیسلام ئەو ئایینەیە خوای گەورە پێی ڕازیە بۆ بەندەكانی، وە ئەو ئایینەیە كە گەيشتووەتە چڵەپۆپەی تەواوەتی، وە خوای گەورە خۆی تەواوی كردووە و كەموكوڕی تێدا نەهێشتووە و بەهۆی ئەو ئایینەوە هەموو نیعمەتێكی گەیاندووەتە چڵەپۆپە. خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿إِنَّ ٱلدِّينَ عِندَ ٱللَّهِ ٱلۡإِسۡلَٰمُۗ﴾ (آل عمران: 20) واتە: “بهڕاستی ئایینی (پهسهند) لای خوا ئیسلامه.”
﴿وَمَن يَبۡتَغِ غَيۡرَ ٱلۡإِسۡلَٰمِ دِينٗا فَلَن يُقۡبَلَ مِنۡهُ وَهُوَ فِي ٱلۡأٓخِرَةِ مِنَ ٱلۡخَٰسِرِينَ﴾ (آل عمران: 86) واتە: “جا ئهوهی بێجگه له ئیسلام پهیڕهوی ههر ئایینێکی تر بکات لێی وهرناگیرێت له قیامهتیشدا له خهسارهتمهندانه.”
﴿ٱلۡيَوۡمَ أَكۡمَلۡتُ لَكُمۡ دِينَكُمۡ وَأَتۡمَمۡتُ عَلَيۡكُمۡ نِعۡمَتِي وَرَضِيتُ لَكُمُ ٱلۡإِسۡلَٰمَ دِينٗاۚ﴾ (المائدة: 4) واتە: “ئهمڕۆ ئایینهکهتانم بۆ كامڵ كرد و ناز و نیعمهتی خۆمم بۆ تهواوکردن و ڕازیم ئیسلام ببێته ئایینتان.”
لەسەر ئەم بنەمایە.. بانگەوازی ئیمامی مەهدی جیاواز نیە لەگەڵ بانگەوازی ئیسلامی ڕاست و دروست، وە فێركاریەكانی ئیمامی مەهدی پێچەوانەی سوننەتی ڕاستەقینەی پێغەمبەری خوا نیە، وە ڕەوانەكردنەكەی شتێك نیە جگە لە هاتنەدی ئەو پێشبینیانەی كە لە كتێبە ئایینیەكاندا هاتوون دەربارەی ڕەوانەكردنی پێشەوایەكی مەزن و پێغەمبەرێكی خاوەن شكۆ و موسڵیحێكی زانا و ناوبژیوانێكی دادپەروەر، كە ئەركی بڵاوكردنەوەی ئایینی دروستی خوا جێبەجێ دەكات لە زەویدا، وە كارێك دەكات وشەی خوا وشەی هەرە بڵند بێت، وە ئیسلام سەردەخات بەسەر هەموو ئایینەكاندا، وە هەموو خەڵكی كۆدەكاتەوە لەژێر بەیداخی: “لا إله إلا الله محمد رسول الله”دا.
هەڵبەت بانگەشەی پێغەمبەرایەتی شتێكی ئاسان نیە كە بە بێ گوێپێدان و بایەخپێدان وەربگیرێت، یان بەبێ ڕامان و بیركردنەوە قەبوڵ بكرێت، ئەگەرچی نەریتی خەڵكی وەهایە پەلە دەكەن لە ڕەتكردنەوە و بەدرۆزانیندا. بەجۆرێك هەرگیز ڕووینەداوە خوای گەورە پێغەمبەرێكی ڕەوانەكردبێت و خەڵكی بە گوڵ و ڕێحانە پێشوازیان لێ كردبێت، وە فەرشی سووریان بۆ ڕاخستبێت و بەخێرهاتنیان كردبێت وەك چۆن پێشوازی دەكەن لە پاڵەوانە پیرۆزەكان. بەڵام هەر پێغەمبەرێك كە لەلایەن خواوە دێت جگە لە ڕەتكردنەوە و ڕق وكینە هیچ شتێكی تری پێ ناگات، وە تەنها بە ستەم و چەوسانەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت. هیچ پێغەمبەرێك نەبووە مەگەر گەلەكەی بەدرۆیان زانیوە و باوەڕیان پێ نەكردووە، وە پێیان وا بووە لەو ڕێگا ڕاستە لایداوە كە خۆیان دەیزانن، وە خوای گەورە هیچ پێغەمبەرێكی نەناردووە مەگەر لەلایەن گەلەكەیەوە تووشی سزا و چەوسانەوە بووە، وە پیلانیان گێڕاوە لە دژی بۆ ئەوەی بیكوژن یان دەری بكەن.
ڕەنگە مرۆڤ پرسیار بكات و بڵێت حیكمەتی خوا چیە لە ڕەتكردنەوە و بەدرۆزانینی پێغەمبەران لەلایەن خەڵكیەوە، وە دەكرێت مرۆڤ سەری سوڕبمێنێت لەو كردەوەیەی خوای گەورە كە بۆچی وازدەهێنێت لە پێغەمبەرەكەی تاوەكو تووشی چەوسانەوە و بە سووك سەیركردن بێت و لەلایەن گەلەكەیەوە دژایەتی بكرێت و درۆ و بوختانی بۆ هەڵبەسترێت. بەڵام خوای گەورە كۆمەڵێك حیكمەتی مەزنی داناوە لەم كارەدا كە ڕێنمایی مرۆڤ دەكەن. خوای گەورە دەیەوێت ڕاستگۆیی پێغەمبەرەكەی بسەلمێنێت بەوەی كە تەنها خۆی (ﷺ) یارمەتی دەدات و سەریدەخات سەرەڕای دژایەتی كردنی هەموو مرۆڤەكان، وە هەر خۆی (عز وجل) بڕیاری داوە ویست و ئیرادەی خۆی جێبەجێ بكات و بیهێنێتەدی، سەرەڕای ئەوەی كە ویست و ئیرادەكەی دژ و پێچەوانەی ویست و ئیرادەی هەموو خەڵكە. ئەگەر كارەكە بەم شێوەیە نەبێت ئەوا لە دڵی خەڵیكدا گومانێك دروست دەبێت كە ئەو سەركەوتنەی پێغەمبەرەكە بەدەستی هێناوە بەهۆی پشتگیری و یارمەتی خواوە نەبووە، بەڵكو بەهۆی پشتگیری و یارمەتی مرۆڤەكانەوە بووە. لەبەرئەوەی خوا (عز وجل) جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە خۆی ئەو كەسەیە پێغەمبەران و باوەڕداران سەركەوتوو دەكات، بۆیە دەفەرموێت: ﴿إِنَّا لَنَنصُرُ رُسُلَنَا وَٱلَّذِينَ ءَامَنُواْ فِي ٱلۡحَيَوٰةِ ٱلدُّنۡيَا وَيَوۡمَ يَقُومُ ٱلۡأَشۡهَٰدُ﴾ (غافر: 52) واتە: “بهڕاستی ئێمه پێغهمبهرهکانمان و ئهوانهیش که باوهڕیان هێناوه سهردهخهین، له ژیانی دنیادا ههروهها ئهو ڕۆژهیش که شایهتهکان شایهتی دهدهن.”
وە یەكێكی تر لە حیكمەتەكانی خوا لە بەدرۆزانین و دژایەتیكردنی خەڵكی بۆ پێغەمبەران ئەوەیە كە؛ خەڵكی وەك یەك نین لە ڕێزگرتنی حەق و ڕاستیدا، وە یەكسان نین لە تەقوای خوادا. بۆیە كاتێك خوای گەورە پێغەمبەرێك ڕەوانە دەكات كەمینەیەكی زۆر كەم و دەگمەن پابەند دەبن بە حەق و ڕاستیەوە، وە پەی دەبەن بە ڕێگای ڕزگاربوون لە تاوان و خراپە، لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵكی بە ڕێگای گومڕاییدا دەڕۆن، وە دەبن بە كەسانی كوێر و نەفام. بۆیە سەرەڕای ئەوەی چاویان هەیە بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بەڵام نابیستن، وە عەقڵیان هەیە بەڵام بیرناكەنەوە. ئا ئەو كەسانە وەكو ئاژەڵ وان و نازانن ڕەوا و ناڕەوا كامەیە، ئەگەرچی باوەڕیان وایە كە بەدڵنیاییەوە لەسەر ڕێگای ڕاستن. بۆیە كاتێك نێردراوێكی ئاسمانی دێت، ئەگەر هەموو خەڵكی باوەڕیان پێ بكەن بەبێ ئەوەی دژایەتی بكەن و ناكۆك بن لەگەڵیدا، ئەوا چاكەكار و خراپەكار تێكەڵاو دەبن، وە تاوانكار و چاكەخواز یەكسان دەبن، وە پارێزكاران لە زەریای گومڕایاندا ون دەبن، وە پاك و پیس لەیەك جیاناكرێتەوە. لەبەرئەوە خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿مَّا كَانَ ٱللَّهُ لِيَذَرَ ٱلۡمُؤۡمِنِينَ عَلَىٰ مَآ أَنتُمۡ عَلَيۡهِ حَتَّىٰ يَمِيزَ ٱلۡخَبِيثَ مِنَ ٱلطَّيِّبِ ۗ وَمَا كَانَ ٱللَّهُ لِيُطۡلِعَكُمۡ عَلَى ٱلۡغَيۡبِ وَلَٰكِنَّ ٱللَّهَ يَجۡتَبِي مِن رُّسُلِهِۦ مَن يَشَآءُ ۖ فََٔامِنُواْ بِٱللَّهِ وَرُسُلِهِۦ ۚ وَإِن تُؤۡمِنُواْ وَتَتَّقُواْ فَلَكُمۡ أَجۡرٌ عَظِيمٞ﴾ (آل عمران: 180) واتە: “خوا واز له بڕواداران ناهێنێ لهسهر ئهو بارهی که ئێوهی لهسهرن ههتا پیس له پاك جیادهکاتهوه وه خوای گهوره ئێوه ئاگادار ناکات بهسهر نهێنیدا بهڵام خوا ههڵیدهبژێرێ له نێرراوهکانی دا ههر کهسێکی بوێت جا بڕوا بێنن به خوا وه به نێرراوهکانی وه ئهگهر بهو جۆره بڕوا بێنن و خۆتان بپارێزن ئهوه پاداشتێکی زۆر گهورهتان بۆ ههیه.”
بەڵێ.. خوای گەورە توانای هەموو شتێكی هەیە، وە دەتوانێت فریشتەكانی بنێرێت بۆ زەوی بۆ ئەوەی خەڵكی بانگ بكەن بۆ باوەڕهێنان بە نێردراوی خوای گەورە. بەڵام لەم دۆخەدا خەڵكی چاك و خراپ هەموویان وەكو یەك باوەڕدەهێنن. ئەمەش دژ و پێچەوانەی سوننەتی خوای گەورەیە لەو كاتەوەی ئادەمی (علیه السلام) ڕەوانەكردووە هەتا ڕەوانەكردنی سەرداری هەموو دروستكراوان (ﷺ).
هەروەها دیارە خوا مرۆڤی دروست كردووە و فێری قسە و ئاخاوتنی كردووە، وە عەقڵ و دانایی و زانیاری پێداوە، وە فەزڵی داوە بەسەر زۆرێك لە دروستكراوەكانیدا؛ چونكە لەناخیدا كۆمەڵێك هێز و توانای داناوە بۆ بیركردنەوە و ڕامان. وە ئەگەر مرۆڤ ئەم هۆكارانە بەكارنەهێنێت كە خوای گەورە پێی بەخشیوە ئەوا لاواز دەبن و ڕەنگە بپووكێنەوە و مرۆڤ لەدەستیان بدات. بێگومان ئەو كەسەی بۆ ماوەیەكی درێژ چاوی نەكاتەوە بۆ ئەوەی ببینێت؛ ئەوا ڕەنگە توانای بینین لەدەست بدات، وە ئەو كەسەی بۆ ماوەیەكی درێژ یەكێك لە ئەندامەكانی نەجووڵێنێت ئەوا ڕەنگە ئەو ئەندامە جووڵە لەدەست بدات و تووشی ئیفلیجی ببێت. وە كاتێك خوای گەورە پێغەمبەرێك ڕەوانەدەكات؛ ئەوا كۆمەڵێك بەڵگەی پێدەدات، وە بەكۆمەڵێك نیشانە پشتگیری دەكات كە دەیچەسپێنن لەڕاستیدا یەكێكە لە ڕاستگۆیان. بەڵام هەر بەڵگە و نیشانەیەك ئەوە دەخوازێت كە مرۆڤ بە عەقڵ و دڵ و ویژدان بیری لێ بكاتەوە، وە پێویستە مرۆڤ بۆ ئەم مەبەستە هەموو ئەو هۆكارانەی زانین و مەعریفە بەكاربهێنێت كە خوای گەورە پێی بەخشیوە. لەبەرئەوە ناگونجێت و ناكرێت هەموو خەڵكی باوەڕبهێنن بەو كەسەی كە خوا ڕەوانەی دەكات مەگەر ئەوەی كە بیریان بخەنەگەڕ و عەقڵیان بخەنەكار، وە ڕابمێنن لە بەڵگەكانی ئەو نێردراوە كە خوای گەورە ناردوویەتی، وە توێژینەوە بكەن لەو پێوەرانەی كە ڕاستگۆییەكەی دەچەسپێنن و بەدڵنیاییەوە دەیسەلمێنن كە لەڕاستیدا نێردراوێكە لەلایەن خواوە. وە ئەگەر خەڵكی ئەم كارە نەكەن؛ ئەوا ئەو بەهرە و لێهاتوویانە پەك دەخەن كە خوا بەخشیویەتی پێیان، وە كۆمەڵێك قوفڵ دەدەن لە دڵیان و نایانكەنەوە و سوودیان لێ وەرناگرن. لەبەرئەوە خوای پاك و بێگەرد سەرزەنشتی ئەو كەسانە دەكات كە ڕانامێنن لە قورئان و دەفەرموێت: ﴿أَفَلَا يَتَدَبَّرُونَ ٱلۡقُرۡءَانَ أَمۡ عَلَىٰ قُلُوبٍ أَقۡفَالُهَآ﴾ (محمد: 25) واتە: “ئاخۆ ئهوانه وردنابنهوه له قورئان بهڵکو دڵیان قفڵی لێ دراوه.”
هەلبەت خوای گەورە كۆمەڵێك بەڵگەی داوە بە پێغەمبەرانی خۆی كە ڕاستگۆییەكەیان دەچەسپێنن، وە پێغەمبەران و نێردراوانی خۆی تایبەتمەند كردووە بە كۆمەڵێك پێوەر كە كەسانی ژیر و چاكەكار دەتوانن لێیان بكۆڵنەوە و بەهۆیانەوە ڕاستگۆیی پێغەمبەران بزانن. وە گومانی تێدا نیە بەڵگەكانی ڕاستگۆیی پێغەمبەری هەرە مەزن موحەممەد (ﷺ) هەمان ئەو بەڵگانەن كە لەسەر ڕاستگۆیی هەموو پێغەمبەران هەن. وە ئەو شتەی بەڵگە بێت لەسەر ڕاستگۆیی بەڕێزترین و باشترینی پێغەمبەران، شیاوترە بەڵگە بێت لەسەر ڕاستگۆیی هەر پێغەمبەرێكی تر، وە كارەكە تەنها ئەوەی دەوێت كە بانگەشەی هەر بانگەشەكارێكی پێغەمبەرایەتی بە پێوەرەكانی ڕاستگۆیی پێغەمبەران بپێوین، جا ئەگەر خودی ئەو پێوەرانەی كە ڕاستگۆیی پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەچەسپێنن پیادەبوون بەسەر ئەویشدا؛ ئەوا بەدڵنیاییەوە پێغەمبەرێكی ڕاستگۆیە، وە ئەگەر پیادەنەبوون بەسەریدا ئەوا یەكێكە لە درۆزنەكان.
وە دەكرێت بانگەشەی پێغەمبەران دابەش بكەین بەسەر سێ قۆناغدا كە دەبێت هەموو بانگەشەیەك پێیاندا تێپەڕببێت:
قۆناغی یەكەم: بریتیە لە قۆناغی پێش بانگەشەی پێغەمبەرایەتی.
قۆناغی دووەم: بریتیە لە قۆناغی پاش بانگەشەی پێغەمبەرایەتی.
قۆناغی سێیەم: بریتیە لە قۆناغی پاش مردنی بانگەشەكاری پێغەمبەرایەتی.
وە هەر یەكێك لەم سێ قۆناغە بە كەمێك دوور و درێژی باس دەكەین، وە باسی پێوەرەكانی ڕاستگۆیی پێغەمبەران دەكەین لە هەر قۆناغێك لەم قۆناغانەدا، پاشان ئەم پێوەرانە پیادە دەكەین بەسەر پێغەمبەرایەتی گەورەی دروستكراون و باشترینی پێغەمبەراندا موحەممەد (ﷺ)، وە پاش ئەوە سەیر دەكەین بزانین ئایا هەمان ئەو پێوەر و بەڵگانە پیادە دەبن بەسەر بانگەشەكەی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراودا یان نا؟
PDF