
كتێبی: خوای ئێمە
بسم الله الرحمن الرحیم نحمده ونصلي علی رسوله الكریم
پێشەكی نووسەر بۆ چاپی سێیەمی ئوردی
لە ناوەڕاستی ساڵی 1925زدا دەستم كرد بە دانانی ئەم كتێبە “خوای ئێمە”، بەڵام هەندێ ئاستەنگی بۆ دروست بوو و كارەكە وەستان پێش تەواوبوونی، هەتا لە تشرینی دووەمی ساڵی 1927زدا تەواوم كرد و لە كانوونی یەكەمی هەمان ساڵدا چاپی یەكەمی كتێبەكەم بڵاوكردەوە. مایەی خۆشحاڵیمە توێژی ڕۆشنبیرانی مۆدێرن لە وڵاتدا –ئەوانەی كە لەڕاستیدا كتێبەكە بە ئامانج دەیانگرێت- كتێبەكەیان پەسەند كرد و بەهۆیەوە هەندێ پێی لەرزۆك جێگیربوون، وە هەندێ دڵی نائارام دڵنیایی ڕۆحییان بەدەستهێنا، بۆیە حەمد و سوپاسی خوا دەكەین كە هەر خۆی هاوكار و یارمەتیدەرە.
لە كانوونی یەكەمی ساڵی 1946زدا چاپی دووەمی ئەم كتێبە لە قادیان دەرچوو، كاتی ئامادەكردنی ئەم چاپەی ئێستای كتێبەكە پێداچوونەوەیەكی خێرام بۆ كرد و سێ بەشی كورتم بۆ زیاد كرد. ئەو بەشەی كە خستوومەتە ناو كتێبەكەوە بە ناونیشانی: “بەرپەرچدانەوەی بەڵگەی حەوتەمی بێباوەڕەكان” كە بنیادنراوە لەسەر تیۆری زانا و فەیلەسووفی ئەوروپایی ناسراو سیگمۆند فرۆید Sigmund Freud. وە بەشی دووەم باسی كۆمۆنیزم دەكات كە ئەمڕۆ ئاڵای بێباوەڕی هەڵگرتووە. بەڵام ئەم دوو بەشە زۆر كورتن، چونكە شوێنەكە جێگای لەمە زیاتری تێدا نەدەبوویەوە. بەڵام بەشی سێیەم كە پێكهاتووە لە تەواوكارییەكی كورت بریتیە لە چاوپێداخشاندێكی خێرا بە بەشی دووەمی كتێبەكەدا، وە پەیوەندی بەو بەڵگانەوە هەیە لەسەر بوونی خوا كە لەبارەی “بینین”ەوە دەدوێن. چاپی ئێستا چاپی سێیەمی كتێبەكەیە، پاش پێداچوونەوەیەكی زۆر خێرا بەگوێرەی ویستی دەزگای “نظارة التألیف والتصنیف لصدر أنجمن أحمدیة بربوة” ڕادەستی چاپی دەكەم. وە لە خوای گەورە دەپاڕێمەوە كتێبەكە زیاتر لە پێشوو قەبوڵ بكرێت.بێگومان پایەكانی ئیمان لە ئیسلامدا پێنجن، واتە (1) خوا، (2) پێغەمبەران، (3) كتێبەكانی خوا، (4) فریشتەكانی خوا، (5) زیندووبوونەوەی دوای مردن. بەڵام بە سەرنجدانێكی قووڵ لێیان بۆمان دەردەكەوێت كە ئیمان تەنھا بە پایەی یەكەم و دووەم تەواو دەبێت، وە ئەوانی تر شوێنكەوتەی ئەو دوانەن و دەكەونە چوارچێوەی ئەو دووانەوە. مایەی خۆشحاڵی و شانازیمە كە دەرفەتی ئەنجامدانی خزمەتێكی بچوكم بۆ ڕەخسا، بەگوێرەی تێگەیشتن و توانای خۆم، سەبارەت بە زاتی كردگاری مەزن و سەرداری پێغەمبەران (صلى الله عليه وسلم)؛ واتە توانیم كتێبی “خوای ئێمە” دەربارەی بوونی خوای گەورە، وە كتێبێكی تر كە بریتیە لە “سیرة خاتم النبیین” بنووسم دەربارەی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم). تكا دەكەم لە برایان بپاڕێنەوە بۆ ئەوەی خوا یارمەتیم بدات و سەركەوتووم بكات لەو ڕۆژانەی ژیانمدا كە ماومە، پێش ئەوەی دەنگێگ بەرز بێتەوە و بڵێت فڵان كەس لەژیاندا نەماوە، بۆ خزمەتێك كە مایەی ڕازیبوونی خوا (سبحانه وتعالى) بێت لێم و پێویستیەكی ڕاستەقینەی ئایینەكەی پڕ بكاتەوە، آمین یا أرحم الراحمین.
بەندەی خۆبەكەمزانمیرزا بەشیر ئەحمەد
لە 1/9/1955ز.
PDF