
هۆكاری تێكەڵاوكردنی ئەم دوو ڕووداوە
پێویستی تەئویلكردنی ڕووداوەكان
مانا و ناوەڕۆكی سیدرەتولمونتەها
هەواڵە مەزنەكانی ناو ئەم كەشفە
ئەو هەواڵ و پێشبینیانەی كە بەهۆی كۆچەوە هاتنەدی
*****
وتەی بڵاوكار
زانایان زۆر قسەیان كردووە دەربارەی ئیسڕا و میعراج، بەڵام هیچ سوودێكی نەبووە بۆ ئەو خوێنەرانەی كە تینوون بۆ زانینی ناوەڕۆكی ئەم دوو ڕووداوە. لەخوارەوە زانیاری ڕاست و دروست دەخەینە بەردەستی خوێنەری بەڕێز دەربارەی ئیسڕا و میعراج، لەگەڵ ئاماژەكردن بەوەی كە ئەم نامیلكەیە لە تەفسیری پێشەوای كۆچكردوومان گەورەمان میرزا بەشیرەددین مەحموود ئەحمەدەوە (رضي الله عنه) وە رگیراوە.. خەلیفەی دووەمی گەورەمان ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراو (عليه السلام).
بسم الله الرحمن الرحيم
ئیسڕا و میعراج
{سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ} (الإسراء: 2)
هەموو بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەم ئایەتە پیرۆزە باسى بابەتی شەوڕەویە مەزنەكەی پێغەمبەرمان موحەممەد (ﷺ) دەكات. بەڵام لە خودی خۆیدا مەسەلەی شەوڕەوی (ئیسڕا) بە یەكێك لەو گرفتانە دادەنرێت كە ڕاڤەكارانی كۆن و نوێ و فەرموودەناسان لەبارەیەوە ڕای جیاوازیان هەیە، ئەمەش لەبەر بوونی كۆمەڵێك فەرموودە و ڕیوایەتی زۆر و ناكۆكی ڕا و بۆچوونەكان لەبارەیەوە. نەریتی زۆرینەی موسوڵمانان وەها بووە كە ڕووداوی شەوڕەوی و ڕووداوی ميعراج بەیەكەوە كۆبكەنەوە و لەیەك كاتدا لەیادی هەردووكیاندا ئاهەنگ بگێڕن بەناوی “یادكردنەوەی ئیسڕا و میعراج”.. بە پشت بەستن بە هەندێ ڕیوایەت كە هەردوو ڕووداوەكەیان بەیەكەوە كۆكردووەتەوە. بەڵام دەرخستنی ڕاستی بابەتەكە پێویستی بە سەرنجدان و تێڕامان هەیە.
دوو ڕووداوی جیا
بێگومان بابەتی میعراج بەتەواوەتی سەربەخۆ و جیایە لە بابەتی شەوڕەوی، وە لە جێگایەكی تری قورئانی پیرۆزدا، كە بریتیە لە سوورەتی النجم، باسكراوە نەك لە سوورەتی (الإسراء)دا، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت:
{إِنْ هُوَ إِلاَّ وَحْيٌ يُوحَى * عَلَّمَهُ شَدِيدُ الْقُوَى * ذُو مِرَّةٍ فَاسْتَوَى * وَهُوَ بِالأُفُقِ الأَعْلَى * ثُمَّ دَنَا فَتَدَلَّى * فَكَانَ قَابَ قَوْسَيْنِ أَوْ أَدْنَى * فَأَوْحَى إِلى عَبْدِهِ مَآ أَوْحَى * مَا كَذَبَ الْفُؤَادُ مَا رَأَى * أَفُتُمَارُونَهُ عَلَى مَا يَرَى * وَلَقَدْ رَءَاهُ نَزْلَةً أُخْرَى * عِنْدَ سِدْرَةِ الْمُنتَهَى * عِندَهَا جَنَّةُ الْمَأْوَى * إِذْ يَغْشَى السِّدْرَةَ مَا يَغْشَى * مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَى * لَقَدْ رَأَى مِنْ ءَايَاتِ رَبِّهِ الْكُبْرَى} (النجم:5-19)
ئەم ئایەتانە ئاماژە دەكەن بۆ میعراجی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) و ئەم خاڵانەی خوارەوەیان لەخۆگرتووە:
1) پێغەمبەر (ﷺ) هێندەی نێوانی دووكەوان یان كەمتر له خوا نزیك بوویەوە.
2) لەوێدا خوا وەحی بۆكرد.
3) پێغەمبەر (ﷺ) خوای گەورە و نیشانە مەزنەكانی خوای بینی.
4) گەیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بە داری سیدرەتولمونتەها.
5) بینیی بەهەشت لای سیدرەتولمونتەهادا.
6) شتێك داری “سیدرە”ى داپۆشی.
ئەگەر سەرنجماندا لەو فەرموودانەی كە باسی میعراج دەكەن ئەوا دەبینین باسی هەموو ئەم خاڵانەی سەرەوە دەكەن.. بۆ نموونە:
1) لە ئەبو سەعیدی خودریەوە ڕیوایەتكراوە، پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی: “نێوان من و ئەو ماوەی نێوان دوو كەوان یان كەمتر بوو”.
2) لە گێڕانەوەیەكی ئەبو هورەیرەدا هاتووە: “كاتێك گەیشتە لای سیدرەتولمونتەها خوای گەورە لەوێدا قسەی لەگەڵدا كرد.” وە لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە: “پاشان من بەرزكرامەوە بۆ سیدرەتولمونتەها، ئینجا خوای گەورە پێی فەرمووم: ئەی موحەممەد..” (الخصائص الكبری)
3) لە ئەسمای كچی ئەبو بەكرەوە، كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) باسی سیدرەتولمونتەهای كرد، گوتم: ئەی پێغەمبەری خوا لەوێدا چیت بینی؟ فەرمووی: لەوێدا ئەوەم بینی كە بیبینم”. وە باسی كرد، واتە باسی خوای گەورەی كرد. (خصائص ابن مردويه).
وە لە ئیبن عەبباسەوە دەربارەی ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە: {وَلَقَدْ رَءَاهُ نَزْلَةً أُخْرَى} گوتی: پێغەمبەر (ﷺ) دوو جار بەچاوی دڵ پەروەدگاری خۆی بینی.
بەڵام بینینی ئایەتە خواییەكان لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) لە میعراجدا ناكۆكی و ڕاجیایی تێدا نیە، بۆیە پێویست ناكات باسی ئەو بابەتە بكرێت.
4) لە فەرموودەكەی پێشووی ئەبو هورەیرەدا، گوتی: “پاشان لەكۆتاییدا گەیشتە سیدرە”، وە بە هیچ شێوەیەك نكوڵی لەم فەرموودەیە ناكرێت، چونكە شەش كەس لە فەرموودەناسە گەورەكان لە كتێبەكانیاندا ئەم ڕیوایەتیان هێناوە كە بریتین لە: ابن جریر، ابن أبي حاتم، ابن مردویە، البزار، أبو یعلی، البیھقي. لە ئەبو سەعیدی خودریەوە ڕیوایەتكراوە كە تێیدا باسی گەیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) دەكات بۆ سیدرەتولمونتەها پاش بەرزكردنەوەی بۆ ئاسمانەكان و چاوپێكەوتنی لەگەڵ پێغەمبەراندا. وە لە مالیكی كوڕی صەعصەعەوە لە موسنەدی ئیبن حەنبەل و لە بوخاری و موسلیم و ئیبن جەریر، لە فەرموودەی میعراجدا هاتووە “پاشان بەرزكرامەوە بۆ سیدرەتولمونتەھا”
5) لە فەرموودەكەی ئەبو سەعیدی خودریدا هاتووە: “پاشان من بەرزكرامەوە بۆ بەهەشت.” (ابن جرير)
6) لە فەرموودەكەی ئەبو هورەیرەدا دەربارەی میعراج هاتووە: “ڕووناكی خوای بەدیهێنەر سیدرەتولمونتەهای دایپۆشی بوو” (خصائص ابن مردویە).
وە لە ئەنەسەوە: “كاتێك بەفەرمانی خوا دایپۆشی ئەوەی كە دەبوو دایپۆشێت (واتە سیدرەی داپۆشی) سیدرە گۆڕا، هیچ یەكێك لە دروستكراوانی خوا نیە بتوانێت وەسفی جوانیەكەی بكات.” (صحیح مسلم).
لە هەموو ئەمانەوە بەشێوەیەكی گومانبڕ دەچەسپێت كە ئایەتەكانی سوورەتی النجم تەنها لەبارەی ڕووداوەكانی میعراجەوە دابەزیون و هیچ پەیوەندیەكیان بە ئیسڕا یان ڕووداوێكی ترەوە نیە. هەروەها ئەو ئایەتەی باسی ئیسڕا دەكات هیچ یەكێك لەو ڕووداوانەی باسنەكردووە كە لە میعراجدا ڕوویانداوە، واتە سوورەتی الإسراء تەنھا باسی بابەتی شەوڕەوی (ئیسڕا) دەكات، وە سوورەتی النجم تەنها باسی بابەتی میعراج دەكات.
كاتی دابەزینی سوورەتی (النجم)
سوورەتی النجم كەی دابەزی؟ لێكۆڵینەوە لەم بابەتە دەریدەخات ئەم سوورەتە پیرۆزە لە دەوروبەری ساڵی پێنجەمی ڕەوانەكردنی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) یان كەمێك پێشتر دابەزیوە. هەموو مێژوونووسەكان لەسەر ئەوە هاودەنگن كە پێغەمبەر (ﷺ) لەم ساڵەدا فەرمانی كرد بە هەندێ لە هاوەڵەكانی كۆچ بكەن بۆ وڵاتی حەبەشە پاش ئەوەی ئازاردان و چەوسانەوەی كافرەكانی مەككە زۆر توند و تیژ بوو بەرامبەریان، بەجۆرێك پەناگایەكیان دەستدەكەوێت لای پاشایەك كە هیچ كەسێك لای ئەو ستەمی لێ ناكرێت. ئەوانیش لە مانگی ڕەجەبی ساڵی پێنجەمی پێغەمبەرایەتیدا كۆچیان كرد بۆ ئەو وڵاتە، گەورەمان عوسمان و هاوسەرەكەی ڕوقیەی كچی پێغەمبەری ئازیز (ﷺ) لەناو كۆچكردووەكاندا بوون (الزرقاني). وە شاندەكەی قوڕەیش كە پێكھاتبوو لە عەمری كوڕی عاص و عبدوڵڵای كوڕی ڕەبیعە شكستی هێنا لە هاندانی نەجاشی پاشای حەبەشە بۆ دەركردنی باوەڕدارەكان لە وڵاتەكەی.
وە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك لە كافرەكانی قوڕەیش پێغەمبەر (ﷺ) سوورەتی النجم ی خوێندەوە، كاتێك گەیشتە شوێنی سوژدەبرن لەم فەرمایشتەی خوای گەورەدا:
{أَفَمِنْ هَذَا الحَدِيثِ تَعْجَبُونَ * وَتَضْحَكُونَ وَلاَ تَبْكُونَ * وَأَنتُمْ سَامِدُونَ * فَاسْجُدُوا للهِ وَاعْبُدُوا} (النجم:60-63)
پێغەمبەر كڕنووشی برد و لەگەڵیدا هەموو ئەوانەی ئامادەبوون لەناویاندا كافرەكانی قوڕەیشیش كڕنووشیان برد.. ئەمەش بەهۆی شكۆی دۆخەكە و ترس و هەیبەتی ئایەتەكانەوە بوو. لەپاشاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە كە سەرگەورەكانی قوڕەیش موسوڵمان بوون، ئەمەش فێڵێك بوو بۆ فریودانی كۆچكەرەكان بۆ ئەوەی لە حەبەشەوە بگەڕێنەوە. ئەوە بوو كاتێك گەڕانەوە سەیریان كرد هەواڵەكە درۆیە.
وە كافرەكانی مەككە بە درۆیەكی پووچ پاساویان هێنایەوە بۆ كڕنووشەكەی خۆیان لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ).. بەجۆرێك گوتیان دوای فەرمایشتی خوای گەورە:{أَفَرَأَيْتُمُ اللاَّتَ وَالْعُزَّى * وَمَنَاةَ الثَّالِثَةَ الأُخْرَى} (النجم: 20-21) گوایە پێغەمبەر(ﷺ) وتەیەكی خوێندووەتەوە كە تێیدا ستایشی پەرستراوەكانی ئەوانی كردووە. زۆر بەداخەوە هەندێ لە مێژوونووسان كەوتنە ئەم داوە پووچەوە و گوتیان شەیتان -پەنا بە خوا- كۆمەڵێك دەستەواژەی خستووەتەسەر زاری پێغەمبەر (ﷺ) سەبارەت بە بتەكان كە بریتین لە: تلك الغرانيق العلى، وإن شفاعتهن لتُرْتَجَى واتە: ئەمانە كۆمەڵێك بتی بڵندن، وە شەفاعەتیان وەردەگیرێت و ڕەتناكرێتەوە. دیارە ئەمە درۆیەكی شاخدارە، وە لێرەدا بوار نیە بۆ بەدرۆخستنەوەی.
كەواتە لەو ڕووداوە بەناوبانگەوە، كە لەزۆربەی كتێبەكانی مێژوو و فەرموودەدا هاتووە، دەردەكەوێت سوورەتی النجم كە باسی بابەتی میعراجی تێدایە لەساڵی پێنجەمی پێغەمەبەرایەتیدا لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) خوێندراوەتەوە. واتە لەو ساڵەدا یان كەمێك پێشتر دابەزیوە.. واتە پێش مانگی شەووالی ساڵی پێنجەم كە تێیدا كۆچەرەكانی حەبەشە گەڕانەوە.
وە شایانی بیرهێنانەوەیە هەندێ فەرموودە ئەوە دەخەنەڕوو كە میعراجی پێغەمبەر (ﷺ) زیاتر لە جارێك ڕوویداوە. وە فەرزبوونی نوێژ كە لە هەندێ فەرموودەی میعراجدا هاتووە لەسەرەتای ڕەوانەبوونی پیرۆزی پێغەمبەردا (ﷺ) ڕوویداوە.. واتە لە سەرەتاكانی ساڵی دووەم یان لە ناوەڕاستیدا، هەروەها ئەم ئایەتەی سوورەتی النجم: {ولقد رآه نزلةً أخری} ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) زیاتر لە جارێك پەروەردگاری خۆی (عز وجل) بینیوە.
كاتی شەوڕەوی (الإسراء)
ئێستایش دەگەڕێینەوە بۆ ڕووداوی شەوڕەوی. مێژوونووسان دەڵێن شەوڕەوی لە كۆتاییەكانی ماوەی مەككیدا ڕوویداوە، لەسەر بناغەی كۆمەڵێك وتە، لەوانە: ئەو ڕووداوە لە ساڵی دوازدەی دوای ڕەوانەكردنی پێغەمبەردا (ﷺ) ڕوویداوە (المستشرق ولیام) یان لە بەهاری ساڵی یازدەدا (الزرقاني) یاخود لە وەرزی بەهاری ساڵێك پێش كۆچكردن (ابن مردويە عن ابن عمر، والبيهقي وابن سعد عن أم سلمة) و (الخصائص الكبرى).
هەروەك شایەتیدانی خاتوو عاتیكەی كچی ئەبو تاڵیب هەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) لەشەوی ئیسڕادا لەماڵی ئەودا ماوەتەوە، وە ئەو یەكەم كەس بووە كە پێغەمبەر (ﷺ) ئەم خەونەی خۆی بۆ گێڕاوەتەوە. وە ڕیوایەتی ژمارەیەك لە هاوەڵان ئەمە دووپات دەكاتەوە.
پێغەمبەری خوا (ﷺ) دوای وەفاتی ئەبو تاڵیبی مامی و دایكی باوەڕداران خەدیجەی خێزانی چووە بۆلای خاتوو عاتیكە. هەموو ئەمانەیش پاش ساڵی دەیەمی پێغەمبەرایەتی ڕوویانداوە. واتە شەوڕەوی لە ساڵی یازدە یان دوازدەدا بووە.
ماوەی نێوان ئیسڕا و میعراج
كەواتە ماوەیەكی زەمەنی لەنێوان میعراج و ئیسڕادا هەبووە كە لە پێنج ساڵ كەمتر نیە، وە ڕەنگە بگاتە حەوت ساڵ. وە میعراج سەرەتا ڕوویداوە و تێیدا نوێژ فەرزكراوە، پێغەمبەر (ﷺ) خوای گەورەی بینیوە و گەیشتووەتە یدرەتولمونتەها و بەهەشت، وە ئەم ڕووداوە لە سوورەتی النجم دا باسكراوە كە هیچ باسێكی ڕووداوی ئیسڕای تێدا نەهاتووە. بەڵام شەوڕەوی (ئیسڕا) ماوەیەكی كەم پێش كۆچكردن بۆ مەدینە ڕوویداوە، وە ئەم ڕووداوە لەسوورەتی الإسراء دا باسكراوە كە هیچ باسێكی میعراجی تێدا نەهاتووە. دەی ئایا ڕێی تێدەچێت لە یەك گەشتدا هەردوو ڕووداوەكە ڕوویاندابێت؟ ئەگەر پەیوەندیەك هەبوو بێت لەنێوانیاندا كە پێكەوە گرێیان بدات.. ئەوا ئایا دەكرێت لە سوورەتێكدا باسی یەكێكیان بكرێت بەبێ ئەوەی ئاماژەیەك هەبێت ئەو پەیوەندیەی نێوانیان بخاتەڕوو؟
پاشان بە سەرنجدانێكی خێرا لە فەرموودەكەی دایكی هانيء -كە موحەممەدی كوڕی ئیسحاق ڕیوایەتی كردووە، وە لە ژیاننامەی ئیبن هیشامدا هاتووە، وە حەوت فەرموودەناس ئەم فەرموودەیەیان ڕیوایەت كردووە لێیەوە بە كۆمەڵێك سەنەدی جیاوازەوە كە هەموویان لەدەوری گەشتی ئیسڕدا دەخولێنەوە -ئەوە دەردەكەوێت كه تێیدا هیچ باسێكی میعراج نەهاتووە. ئەگەر خاتوو (أم هانيء) یەكەم كەس بووە كە ئەم هەواڵەی لە پێغەمبەر (ﷺ) بیستووە… ئایا دەكرێت پێغەمبەر (ﷺ) بەشێك لەگەشتەكەی خۆی بگێڕێتەوە بۆی و بەشە گەورە و گرنگەكەی ئەو گەشته فەرامۆش بكات یان لێی بشارێتەوە؟ ئەو دەڵێت: پێغەمبەری خوا (ﷺ) شەوڕەوی پێ نەكراوە لە ماڵەكەی مندا نەبێت -ئەو شەوە لە ماڵەكەی مندا خەوتبوو، نوێژی عیشای كرد، پاشان خەوت و ئێمەیش خەوتین. پاشان كاتێك كەمێك پێش نوێژی بەیانی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەئاگای هێناینەوە. نوێژی بەیانی كرد و ئێمەیش لەگەڵیدا نوێژمان كرد فەرمووی: ئەی دایكی هانيء: وەك دەبینی لەم شیوەدا نوێژی خەوتنانم كرد لەگەڵ ئێوەدا، پاشان گەيشتمە البیت المقدس و نوێژم تێدا كرد، پاشان وەك دەبینن ئێستا نوێژی بەیانیم كرد لەگەڵتاندا. پاشان هەستا بڕوات، چمكی عەباكەیم گرت سكی دەركەوت -وەك پارچە كەتانێكی سپی قیبتی پێچراوە وا بوو- پێمگوت: ئەم پێغەمبەری خوا، ئەم ڕووداوە لای خەڵكی باس مەكە چونكە باوەڕت پێ ناكەن و بەقسە ئازارت دەدەن. فەرمووی: سوێند بەخوا بۆیان باس دەكەم.. هەتا كۆتایی فەرموودەكە. لێرەدا نە لە زاری پیرۆزی پێغەمبەرەوە (ﷺ) و نە لە زاری دایكی هانيءەوە هیچ باسێكی ڕووداوەكانی میعراج نەكراوە. ئایا ئەمە بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی كە میعراج لە كاتێكی تردا بووە؟ ئایا ڕێی تێدەچێت پێغەمبەر (ﷺ) یان دایكی هانیء ئەم ڕووداوە مەزنەی لەبیربچێتەوە؟ نەوەڵا.. بەڵكو ئەم دوو ڕووداوە دوو ڕووداوی جیاوازن.
كاتێك خەڵكی مەككە بەسەرهاتی شەوڕەوییان بیست لە پێغەمبەر (ﷺ)، چی ڕوویدا؟ خاتوو عائیشە دەڵێت: كاتێك خەڵكی هەواڵی شەوڕەوی پێغەمبەریان (ﷺ) زانی چوون بۆ لای ئەبو بەكر و گوتیان: ئەبوبەكر ئایا زانیوتە هاوەڵەكەت بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەم شەو چووە بۆ بەیتولمەقدیس و نوێژی تێدا كردووە و گەڕاوەتەوە بۆ مەككە؟ ئەبو بەكریش پێیان دەڵێت: دیارە ئێوە درۆی بەدەمەوە دەكەن. ئەوانیش دەڵێن: بەڵێ! ئەوەتا لە كەعبەدایە و باسی دەكات بۆ خەڵكی. ئەبو بەكریش دەڵێت: سوێند بەخوا ئەگەر ئەوەی گوتبێت ئەوا بەدڵنیاییەوە ڕاست دەكات. بۆچی لەمە سەرتان سوڕدەمێنێت؟ سوێند بەخوا ئەو بە من دەڵێت كە لەڕۆژ یان لەشەودا لەئاسمانەوە بۆ زەوی هەواڵی بۆ دێت منیش باوەڕی پێ دەكەم، ئەمە زیاتر جێگای سەرسوڕمانه لەوەی كە ئێوە سەرتان لێی سوڕماوە! (سيرة ابن هشام).
ئایا ئەم فەرموودەیە بەڵگە نیە لەسەر ئەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) لەم هەڵوێستەدا بەهیچ شێوەیەك باسی بڵندبوونەوەی نەكردووە بۆ ئاسمان و خەڵكیش قسەیان لەبارەیەوە نەكردووە، وە بەگوێرەی قسەی ئەبو بەكر لای خەڵكی ئەمه (واتە هاتنی هەواڵ لە ئاسمانەوە) زیاتر جێگای سەرسوڕمان بووە و زیاتر دوور بووە لە ڕاستیەوە، وە زیاتر مایەی بەدرۆزانین و گاڵتە پێ كردن بووە لەلایەن كافرەكانەوە!، وە بەڵگە هێناوەكەی ئەبو بەكر دەربارەی هاتنی هەواڵ بووە لە ئاسمانەوه. كەواتە بابەتی بڵندبوونەوەی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ئاسمان لەو كاتەدا باس نەكراوە.. ئەگینا بەڵگە هێنانەوەكەی ئەبو بەكر لەو شوێنەدا نەگونجاو دەبوو.
كەواتە بەجوانی ڕوون بوویەوە كە ئیسڕا شتێكە و میعراجیش شتێكی ترە و هەردووكیان لەیەك گەشتدا ڕوویان نەداوە بگرە لەیەك ساڵیشدا ڕوویان نەداوە، بەڵكو ماوەی شەش حەوت ساڵێك لەنێوانیاندا هەبووە.. ڕەنگە هەندێ كەس پرسیار بكەن: باشە بۆچی هەندێ لە ڕاویەكان ئەم دوو ڕووداوەیان بەیەكەوە كۆكردووەتەوە؟ لەگەڵ ئەوەی قورئانی پیرۆز لەیەك سوورەتدا كۆی نەكردوونەتەوە ئەگەرچی بە ئاماژە و هێمایش بێت؟
هۆكاری تێكەڵاوكردنی ئەم دوو ڕووداوە
بێگومان ئەم بابەتە لەلایەن هەندێ لە ڕاوی و موفەسیرە كۆنەكانەوە تێكەڵاوكراوە و ڕیوایەتەكانیان تێھەڵكێشی یەكتری كردووە و باوەڕیان وابووە كە ئەم دوو ڕووداوە بریتین لە دوو قۆناغی یەك گەشت لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
1) هەردوو ڕووداوی ئیسڕا و میعراج لە شەودا ڕوویان داوە، وە لەبەر ئەوەی وشەی (ئیسڕا) بەمانای شەوڕەوی دێت بۆیە هەندێ لە هاوەڵ و ڕاوی و فەرموودەناسان وشەی (الإسراء)یان بەكارهێناوە بۆ هەردوو گەشتەكە. وە خەڵكی جیاوازیان نەكردووە لەنێوان هەردووكیاندا بەهۆی ئەوەی ڕاویەكان هەردوو ڕووداوەكەیان تێكەڵاو كردووە، وە باوەڕیان وابووە كە پێغەمبەر (ﷺ) لەهەمان شەودا لە بەیتولمەقدیسەوە بڵند كراوەتەوە بۆ ئاسمان.. بۆ نموونە با سەرنجی ئەم ڕیوایەتەی خوارەوە بدەین:
ئەحمەدی كوڕی حەنبەل لە موسنەدەكەیدا ڕیوایەتی كردووە لە مالیكی كوڕی صەعصەعەوە كە پێغەمبەر (ﷺ) باسی ئەو شەوەی كردووەكە (كە شەوڕەوی پێ كراوە) و دەفەرموێت: لەكاتێكد من لە الحطیم -ڕەنگە فەرمووبێتی لە الحجر- ڕاكشابووم كەسێك هات بۆ لام و بەهاوەڵەكەی خۆی گوت: لەنێوان ئەو سێ كەسەدا ناوەڕاستەكەیانە.. هات بۆ لام ئینجا لێرەوە بۆ ئێرەی شەق كرد -واتە لە گەردنیەوە بۆ خوارووی سكی- پاشان دڵی دەرهێنام. ئینجا تەشتێكیان بۆ هێنا كە لە ئاڵتوون دروستكرابوو پڕی بوو لە ئیمان و حیكمەت، دڵی هەڵدڕیم و شۆردی پاشان پڕی كرد و خستیەوە شوێنی خۆی. پاشان وڵاغێكیان هێنا بۆم لە هێستر بچوكتر بوو لە گوێدریژیش گەورەتر بوو، لە دوورترین شوێن كە چاوی بڕی دەكرد هەر هەنگاوێكی دادەنا، سواری پشتی بووم ئینجا جیبریل بردمی هەتا گەیاندمیە ئاسمانی دنیا.. هەتا كۆتایی فەرموودەكە. دەبینی ڕاویەكه دەستەواژەی (شەوڕەویم پێكرا)ی یاداشت كردووە لەگەڵ ئەوەی سەبارەت بەو گەشتەی شەوڕەوی قسەناكات كە ناسراوە و بۆ بەیتولمەقدیس بووە، بەڵكو باسی گەشتی بڵندبوونەوە بۆ ئاسمان دەكات. بێگومان بەگوێرەی ئەم ڕیوایەتە ئەم گەشتە لەمەككەوە دەستی پێ كردووە نەك لە بەیتولمەقدیسەوە، وە لە پەنای كەعبەدا بووە نەك لەماڵی خاتوو دایكی هانيء.
وە بوخاری و ئیبن جەریر ڕیوایەتیان كردووە كە پێغەمبەر (ﷺ) لە شەوی ئیسڕادا بڵندكراوەتەوە بۆ ئاسمانی دنیا، بەمەش بەجوانی دەچەسپێت كە ئەوان وشەی (الإسراء)یان بەكارهێناوە بۆ هەردوو گەشتەكە. ئەمەش وایكردووە لە هەندێ ڕاوی كە هەڵە بكەن و هەردوو گەشتەكە و ڕووداوەكانیان بەیەكەوە كۆبكەنەوە.
ب) هەندێ لە ڕاویەكان باوەڕیان وابووە كە ئەم دوو گەشتە یەك گەشت بووە بەهۆی هەندێ لێكچوون لەنێوان ڕووداوەكانیاندا، لەوانە: گەشتكردنی شەو، سواربوونی بوراق، چاوپێكەوتنی پێغەمبەران، نوێژكردن، بینینی بەهەشت و دۆزەخ، هاوڕێیەتی جیبریل.. هەموو ئەمانە كۆمەڵێك بابەتی هاوبەشن لەنێوان ئەم دوو گەشتەدا، ئەم هاوبەشیە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی هەندێ لە ڕاویەكان هەندێ بەشی ڕیوایەتی میعراج لەگەڵ هەندێ بەشی ڕیوایەتی ئیسڕا تێكەڵ بكەن، وە نەیانتوانیوە بەجیا پارێزگاری بكەن لە بنەمای فەرموودەكانی هەر یەكێك لەو دوو ڕووداوە.
ئەگەر ئێمە سەرنجمان دا لەو ڕیوایەتانەی كە ئەم دوو بابەته بەیەكەوە كۆدەكەنەوە و باسی بڵندبوونەوەی پێغەمبەر (ﷺ) دەكەن لە بەیتولمەقدیسەوە دوای شەوڕەویەكەی و چاوكەوتنی بە پێغەمبەران و نوێژكردن لەگەڵیاندا… ئەوا بۆمان ئاشكرا دەبێت كە لە هەندێ لەو ڕیوایەتانەدا تێكەڵاوی و شێواویەكی زۆر ڕوویداوە، بۆ نموونە ڕاویەكان دەڵێن پێغەمبەر (ﷺ) لە بەیتولمەقدیس چاوی كەوت بە پێغەمبەران، لەوانە ئادەم و مووسا و عیسا، وە لە بەیتولمەقدیس نوێژی بۆ كردن، وە پاش ماوەیەكی كورت سەركەوت بۆ ئاسمان و چاوی پێیان كەوتەوە، بەڵام ئەوانی نەناسیەوە و هەموو جارێك پرسیاری لە جیبریل دەكرد كە: ئەمە كێیە؟ وە جیبریلیش وەڵامی دەدایەوە. ئەم بابەتە بەلای ویژدانەوە گونجاو نیە و عەقڵیش قەبوڵی ناكات. چۆن ڕوخساری كەسانێكی وەك ئەو پێغەمبەرە مەزنانەی لەبیرچوویەوە و لەزیھنیدا نەما، لەكاتێكدا ماوەیەكی كەم لەوەوپێش چاوی پێیان كەوت و نوێژی كرد بۆیان؟ ئەگەر ئەمە بەڵگەیەكی ئاشكرا بێت لەسەر تێكەڵكردنی ڕووداوە لێكچووەكان لەلایەن ڕاویەكانەوە، ئەوا بەڵگەیشە لەسەر جیاوازی كاتی ڕوودانی میعراج و ئیسڕا. دیارە پێغەمبەر (ﷺ) یەكەمجار لە بڵندبوونەوەكەیدا پێغەمبەرانی بینیوە و نەیناسیون بۆیە دەربارەی هەریەكەیان پرسیاری كردووە و فەرموویەتی ئەمە كێیە، بەڵام لە گەشتی شەوڕەویدا كاتێك چاوی كەوتووە پێیان پرسیاری نەكردووە دەربارەیان..
بەكورتی، ئەو بەڵگە نەقڵی و عەقڵیانەی كە ئێمە لە ناوەوە و دەرەوەی ڕیوایەتەكانەوە پێشكەشمان كردن بەسن بۆ سەلماندنی ئەوەی كە میعراج گەشتێك بووە لەڕووی كاتی ڕوودانەكەیەوە دووربووە لە گەشتی شەوڕەوی (ئیسڕا). وە هەریەكێك لەو دوو گەشتە گەشتێكی جیا و سەربەخۆ بووە.
درێژەی باسى میعراج
ئێستایش كەمێك بە درێژی باسی بابەتی میعراج دەكەین…
هەڵبەت ڕووداوی میعراج بریتی نەبووە لە گواستنەوەی جەستە لەزەویەوە بۆ ئەو دیوی گەردوون و گەلەئەستێرەكان (واتە پشتەوەی جیھانی ماددی)- ئەگەرچی بە تێڕوانینی ئێمەی مرۆڤ ئەم جیھانە ماددیە پشتەوەی هەبێت- وە گواستنەوەیەكی ڕۆحی نەبووە بەو مانایەی كە ڕۆحی پیرۆزی پێغەمبەر (ﷺ) جەستەی بەجێهێشتبێت و ڕۆیشتبێت بۆ ئەو كایە و بوارە.. چونكە ڕۆحەكان لە جەستەكانیان جیانابنەوە مادام مرۆڤ لەژیاندا بێت و نەمردبێت.. وە خەونێك نەبووە كە بە مێشكی كەسی خەولێكەوتوودا گوزەری كردبێت كاتێك لەجێگاكەیدا له پرخەی خەودا بووە. بەڵكو شێوازێكە لە وەحی خوایی كە بەهۆیەوە خوای گەورە قسە دەكات لەگەڵ ئەو بەندانەی خۆی كە هەڵیاندەبژێرێت.. بێگومان میعراج بریتیە لە (كەشف) واتە: بینینی دیمەنی غەیبی. وە كەشف یان ڕوئیا.. ڕوودەدات بۆ مرۆڤی هەڵبژارده لەكاتێكدا بەتەواوەتی ئاگای لەخۆیەتی.. شتەكان دەبینێت و هۆشیارە و تێدەگات لە ڕووداوەكانی كەشفەكە.. یان ئەوەتا لەكاتی ڕوودانی كەشفەكەدا بەتەنیایە و دوورە لەخەڵكەوە، یان لەگەڵ خەڵكدایە بەڵام ئەوان نازانن لە چ دۆخێكدایە، یاخود لەگەڵ خەڵكیدایە و ئەوانیش بەشداری دەكەن لەگەڵیدا.
جۆرەكانی كەشف
كەشف یان ڕوئیا یان وەحی.. هەموویان كۆمەڵێك ناون بۆ هەمان ئەزموون، وە لەچەندین پلە پێكهاتووە كە تەڵخی و ڕوونیەكەی جیاوازە بەگوێرەی پلەی ئەو كەسەی كە وەحیەكەی بۆ دەكرێت. كەشف بەش بەحاڵی پێغەمبەر (ﷺ) لە بەرزترین پلەدا بووە بەجۆرێك هیچ دروستكراوێكی تر لە پێغەمبەران و جگە لەوانیش لەم ئەزموونەدا شان نادەن لەشانی. وە لێرەدا پێویستە ئاماژە بكرێت بۆ ئەوەی كە لە هەندێ ڕیوایەتدا هاتووە: (چاوەكانی دەخەوێت بەڵام دڵی ناخەوێت) [البخاري وأبو داود].
وە یەكێك لەو كەشفانەی كە ئامادەبووان لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) بەشدارییان تێدا كردووە ئەوەیە كە لە كتێبەكانی فەرموودەدا ڕیوایەت كراوە دەربارەی كەسێكی نەناسراو، ئەو كەسە هات بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ) لەكاتێكدا لەناو كۆمەڵێك لە هاوەڵەكانیدا بوو، وە لەبەردەمیدا دانیشت و پرسیاری لێ كرد لەبارەی ئیسلام و ئیمانەوە و دوای هەموو وەڵامێك بە پێغەمبەری گوت ڕاست دەكەیت، وە هاوەڵەكان سەریان سوڕما لە كارەكەی، پرسیاری لێ دەكات و پێیشی دەڵێت ڕاست دەكەیت. كاتێك ئەو كەسە نەناسراوە پشت هەڵدەكات و دەڕوات پێغەمبەر (ﷺ) بە هاوەڵەكانی دەفەرموێت ئەوە جیبریل بوو هاتبوو بۆ ئەوەی كاروبارەكانی ئایینەكەیان فێربكات.
وە یەكێك لەو كەشفانەی كە ڕووی داوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) لەكاتێكدا لەگەڵ هاوەڵەكانیدا بووە بەڵام ئەوان لەگەڵیدا نەیانبینیوە، ئەوە بوو كە لەڕۆژی غەزای خەندەقدا ڕوویدا، كاتێك هەندێ هاوەڵ لە سەربازە موسوڵمانەكان هەوڵیاندا بەردێك بشكێنن كە ڕێگەی گرتبوو لە هەڵكەندنی خەندەقەكە، وە پێغەمبەر (ﷺ) لەوێدا ئامادەبوو هانیدەدان، پریشك لە دەمی پیكی بەرد شكاندنەكە بەرزدەبوویەوە، وە پێغەمبەر (ﷺ) الله أكبر ی دەكرد و هاوەڵە بەڕێزەكانیش لەگەڵیدا الله اكبر یان دەكرد. وە پاش لابردنی بەردەكە پێغەمبەر (ﷺ) پێی ڕاگەیاندن كه لەگەڵ درەوشانەوەی ئەو پریشكانەدا كۆشكی پاشاكانی یەمەن و كیسرا و قەیسەر شەوقیان دایەوه و دەركەوتن بۆی.
وە بەشێك لەو كەشفانەی كە ڕوویداوە بۆ پێغەمبەر (ﷺ) كاتێك تەنھا بووە و ڕاز و نیازی كردووە لەگەڵ پەروەردگاریدا.. بریتی بوون لە ڕوئیای میعراج و ڕوئیای ئیسڕا و ڕوئیای چوونەناو مزگەوتی الحرام و ڕوئیای بینینی شوێنی كوژرانی سەرانی كوفر لەڕۆژی غەزای بەدردا.
هەموو ئەو ڕوئیا و كەشفانە جۆرێكن لە جۆرەكانی وەحی خوایی.. یان كەلامی پەروەردگار.. ئەم جۆرە وەحیە لەشێوەدا جیاوازە لە وەحی قورئان.. چونكە قورئان شێوەیەكی وشەیی دیاریكراوی هەیە.. خوای گەورە سەرپەرشتی پاراستنەكەی كردووە، بەڵام وەحی بەشێوەی كەشف بەوە دەناسرێتەوە كە ئەندازەیەك هێما و ڕەمزی تێدایە، وە زیاد یان كەم دەكات بەگوێرەی دۆخی خاوەنی كەشفەكە، وە بەو ئەندازەیە كە مەجازی تێدایە پێویستی بە تەئویل و تەفسیر و تێگەیشتن هەیە.
كەواتە ڕوئیای پیاوە نەناسراوەكە كە هات بۆ پرسیاركردن لە پێغەمبەر (ﷺ) وەحییەكی فێركردن بووە، ئەندازەیەك هێمای تێدا بوو كە ئەوەی دەگەیاند پێغەمبەری هەڵبژاردە (ﷺ) تەنھا لەلایەن خوای گەورەوە زانستی ڕۆحی پێ دەگات، وە ڕاستگۆیە لەوەی كە دەیفەرمووێت، وە هەموو ئەو وەحیانەی لەبەرە و لەبیرە كە دابەزیوەتە سەری. سەرباری ئەوەی كە ئەم كەشفە مانای فێركردن و پشتگیری و بەڕاستزانینی تێدا بوو. بە ئامادەبوونی خەڵكی ئەمە ڕوویدا و بەئەنجام گەیشت.
وە ڕوئیای ڕۆژی خەندەق كۆمەڵێك هەواڵی مەزنی غەیبی لەخۆیدا هەڵگرتبوو، پێغەمبەر (ﷺ) ئەو هەواڵە غەیبیانەی بەچاوی خۆی بینی و ڕایشیگەیاندن بە ئامادەبووان.. لەكاتێكی زۆر تەنگانەدا.. كە تێیدا پێغەمبەر (ﷺ) لەبەرامبەر هەموو مەترسیەكی چاوەڕوانكراودا چیائاسا ڕاوەستا بوو، وە مژدەی خۆشی دا بە سەربازانی ئیسلام.. وە دڵی پڕكردن لە نوورەكانی دڵنیایی و متمانە و یەقین بە داهاتووی پرشنگداری ئیسلام، لە هەلومەرجێكدا ئەم كەشفەی ڕاگەیاند كه مایەی ترس بگرە مایەی نائومێدی بوو. دیارە ڕوئیاكەی پێغەمبەر (ﷺ) بەڕاستترین شێوە هاتەدی.. وە تیشكەكانی ئیسلام هەموو ئەو ناوچانەی ڕووناك كردەوە كە بینی پریشكی پیكەكە ڕووناكیان دەكاتەوە. بەم شێوەیە هێماكە گۆڕا بۆ واقیع و حەقیقەت، وە تەئویلی ڕوئیاكە ڕوون بوو كاتێك لە زاری پیرۆزیەوە بیستیان، وە بەڕاستی ئەوە ڕوویدا كە لە زاری پیرۆزیەوە بیستیان، وە زۆربەیان پاش ساڵانێكی كەم بەچاوی خۆیان بینیان. وە ژمارەیەكی زۆر ڕوئیا یان كەشف هەن لەڕاستیدا لە ڕیزی گەورەترین موعجیزەكان ئەژمار دەكرێن كە لەسەر دەستی پێغەمبەردا (ﷺ) ڕوویانداوە.. وە لەبەرامبەر هەموو خەڵكی جیھاندا دەیسەلمێنن كە ڕاسگۆ بووە لە پێغەمبەرایەتی و پەیامەكەیدا، وە هەروەها ڕاستگۆ بووە لە پەیوەندیەكەی لەگەڵ پەروەردگاری ئەم گەردوونەدا كە كاروبارەكانی ڕادەپەڕێنێت و ڕووداوەكانی بەڕێوەدەبات. وە ڕووداوی ئیسڕا لەم جۆرەیە، كۆمەڵێك هەواڵی غەیبی لەخۆیدا هەڵگرتووە -ئەوانەی تەنھا لە زانستی خوای گەورەدا هەبوون- كە بڕیار بوو بێنەدی بۆی، وە ئەویش لەبەرامبەر هەموو خەڵكی جیھاندا ڕایبگەیەنێت.. ئەوانیش بەچاوی خۆیان بیبینن و بەهەستەكانیان هەستی پێ بكەن، وە بەشێوەیەكی حەقیقی و واقعی بژین لەگەڵیاندا، وە بچەسپێت موحەممەد (ﷺ) لەلایەن خوای گەورەوە هاتووە، وە بەناوی خوای گەورەوە قسە دەكات، وه ڕاستگۆیه لەو قسەیەدا كە لەلایەن خوای گەورە فەرموویەتی. وە بەمەش ئیمانی ئەوانە زیاتر بێت كە باوەڕیان هێناوە، وە بیانووی ئەوانەش نەمێنێت كە چاوی خۆیان داخستووە یان كوێرن لەئاست بینینی حەقدا.
موعجیزە
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بكەین كە وشەی (المعجزة) زاراوەیەكی قورئانی نیە و پێغەمبەریش (ﷺ) بەكارینەهێناوە، بەڵكو زاناكان بەكاریانهێناوە، وە بەم شێوەیە پێناسەیان كردووە كە: (كارێكی دەراسایە خوای گەورە لەسەر دەستی بانگەشەكاری پێغەمبەرایەتیدا ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەی ببێت بە بەڵگەیەك لەسەر ڕاستی بانگەشەكەی لەبەرامبەر گەلەكەیدا).
كەواتە پێویستە بانگەشەكارەكە لەبەرامبەر گەلەكەیدا ئەم كارە ئەنجام بدات، وە ئەوان بەچاوی خۆیان ڕوودانەكەی ببینن، وە خۆیان هەست بە ئەنجامەكانی بكەن. ئەگینا كارێكی دەراسا نیە. ئەگەر كەسێك بانگەشەی ئەوە بكات كە كارێك ڕوویداوە بۆی لەتەنھاییدا -وە ئەو كارەی كە بانگەشەی ڕوودانەكەی دەكات كارێكی نائاسایی و دەراسا بێت- ئەوا ئەم بانگەشەیەی دەبێتە مایەی بەدرۆزانینی لەلایەن خەڵكەوە، وە ئەو خەڵكەیش لەم بەدرۆزانینەدا پاساویان هەیە.
دەمەوێت ئێستا ئەوە بخەمەڕوو، كە باوەڕنەكردن بە ڕوودانی كارێك كە لەقورئانی پیرۆز یان لەفەرموودەدا هاتبێت، كابرای بێ باوەڕ دەخاتە چاڵی قووڵی نەزانین و تاریكایی كوفرەوە. بەڵام باوەڕنەكردن به ڕوودانی كۆمەڵێك ڕووداو كە ڕوویانداوە لەبەر ئەوەی ڕوودانیان بەدوور بزانرێت بەهۆی نامۆیی یان سەختی و ناڕەحەتی ئەو ڕووداوانەوە ڕەنگە ئەمە گەورەترین كوفر و نەفامی بێت… چونكە خوای گەورە ئەگەر ویستی كارێك بكات ئەوا هیچ شتێك نابێتە ڕێگر لەوەی دەیەوێت..
با ئێستا وازبھێنین لەو گریمانەیە و هیچ كارمان بەو كەسەوە نەبێت كه باوەڕناكات بە پێغەمبەر (ﷺ) یان كارێك بەدوور دەزانێت لەخوای گەورە كە خوا خۆی دەیەوێت. بەڵام وا باشترە ئێمە ئەوە لەمێشكماندا دابنێین كە كارەكانی خوای گەورە هەموویان موعجیزەن.. هەر لە دروستكردنی باڵی مێشوولەیەكەوە هەتا گەورەترین گەلەئەستێرە. توخوا لەم گەردوونەدا چ شتێك هەیە كە بۆ هەموو بوونەوەران موعجیزە نەبێت؟ ئایا شتێك هەیە لەم گەردوونەدا لە دروستكراوی خوا جوانتر بێت؟ ئەو كەسەی پێی وابێت ئەوەی پێی دەوترێت “كارە دەراساكان” شتێكە لە شتێكی تر گەورەترە ئەوا ئەو كەسە ڕێزی شایستەی لە خوای گەورە نەگرتووە و وەكو پێویست خوای نەناسیوە. بێگومان هەموو شتێكی گەورە و بچوك لەم گەردوونەدا موعجیزەیەكی تەواوە بەش بەحاڵی هەموو دروستكراوان… وە نەتوانین و دەستەوسانی خەڵكی بۆ دروستكردنی خانەیەك یان گەردیلەیەك یەكسانە بە نەتوانین و دەستەوسانییان بۆ دروستكردنی دەریا یان شاخ یان مانگ.
جارێكی تر دووبارەی دەكەینەوە كە نیشانەی خوایی یان ئەوەی پێی دەوترێت “موعجیزە” هیچ نرخ و ناوەڕۆكێكی نابێت ئەگەر بینەرەكەی تەنھا ئەو كەسە بێت كە لەسەر دەستیدا ئەو كارە ئەنجام دراوە، چونكە ئەو كەسانەی كە باوەڕیان پێی نیە ڕۆدەچن لە بەدرۆزانینیدا، وه ڕەنگە هەندێ لەو كەسانەی باوەڕیان پێی هەیه تووشی تاقیكردنەوە ببن و باوەڕ نەكەن، بەڵام ئەوانەی كە باوەڕیان پێی هەیە، لە پێش ئەو موعجیزەیە و دوای ئەو موعجیزەیەش هەر باوەڕیان پێی هەیە، وە ئەو موعجیزەیە لەمەڕ ئەوان هیچ مانایەكی نیە چونكە خۆیان نەیانبینیوە تاكو شوێنەوارێك بەجێ بھێڵێت تێیاندا.
هەروەك موعجیزە -یان ئەوەی هەندێ كەس بە موعجیزەی دادەنێت- ئەگەر هۆكارێكی بنیاتنەر نەبێت لە خستنەڕووی ڕاستگۆیی كەسی بانگەشەكاردا ئەوا كارێكی بێ حیكمەتە، چونكە ئەو كاتە بە بەربەستێك لەقەڵەم دەدرێت لەڕێگەی كەسی بانگەشەكاردا و ئاژاوەیەكی گەورەیش دەبێت بۆ گەلەكەی. بێگومان ئەو موعجیزەیە نابێت بە بەڵگەیەكی ئاشكرا بەڵكو هۆكارێك دەبێت بۆ شپرزەبوون و سەرلێتێكچوون.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بكرێت كە هەندێ لە پیاوانی ئایینی دەڵێن گوایە هەندێ كاری دەراسا هەیە كە لە موعجیزە دەچن، وە ناویانناون (ئیستیدراج)، چونكە لەسەر دەستی كەسی درۆزندا ڕوودەدەن بۆ ئەوەی ڕۆبچێت لە درۆكەیدا. لەڕاستیدا ئەم جۆرە قسەیە درۆكردنە بەدەم خوای بەخشندە و دلۆڤانەوە. ئەو خوایەی كە بەسۆز و بەزەییەوە مامەڵە دەكات لەگەڵ خەڵكیدا و نایەوێت فێڵیان لێ بكرێت و گومڕا بن. هەروەها ئەم جۆرە فریودانە كەسانی بێ تاوان تووشی هەڵە و تاوانی وەها دەكات كە هیچ ڕێگاچارەیەك نیە بۆ خۆپاراستن و دووركەوتنەوە لێی.
زۆربەی زاناكان دەڵێن قورئانی پیرۆز موعجیزەی هەرە گەورەی پێغەمبەری ئیسلامە (ﷺ)، ئەم وتەیە ڕاستە چونكە قورئان -ئەگەرچی بەزمانی عەرەبیە- بەڵام ئەوان نەیانتوانی و هەتا ئەمڕۆش نەیانتوانیوە نموونەكەی بھێنن له ڕووی هۆنینەوە و شێوازی دەربڕین و جوانی گوزارشت و ڕاگەیاندنەكانیەوە. بەڵام لەمە گرنگتر، بۆ ئەوان و كەسانی تریش، ئەوەیە كە هەموو خەڵكی جیھان ناتوانن ئەو تەشریعە كامڵە یان ئەو حیكمەتە پێگەیشتووە یان ئەو ڕێنماییە تەواوە یان ئەو پەند و ئامۆژگاریە وردە یان ئەو باوەڕە پاكە یان پێناسەی خاوەنی قەڵەمڕەوی زەوی و ئاسمان یان هەواڵی غەیبی ڕاست یان… یان.. ئەوەی ئەمڕۆ دەیزانین، وە ئەوەی سبەی بۆمان ئاشكرا دەبێت لەگەنجینەكانی قورئان كە كۆتایی نایەن و كۆن نابن، بھێنن كە لەیەك سوورەت لە سوورەتەكانیدا -كورت بێت یان درێژ- هەیە.
موعجیزەی ڕاستەقینە ئەمەیە.. خۆر ئاوادەبێت و هەڵدێت، بەڵام خۆری قورئان دەمێنێتەوە و دنیا پڕدەكات لە هیدایەت و بەختەوەری، بۆ كەسێك هیدایەتی و بەختەوەری بوێت. بێگومان ئەگەر ڕووداوی ئیسڕا یان میعراج بەجەستەی ماددی ڕووی بدایە ئەوا هیچ موعجیزەیەكی زیاتر نەدەكرد بۆ ناوەڕۆكی ئیسڕا یان بۆ مانای میعراج.. چونكە بەدیهاتنی ئەوەی كە ڕووداوەكانی میعراج ئاماژەیان پێ كردووە و تەئویلی ئەوەی كە لە ڕووداوی ئیسڕادا هاتووە پێویستی بەكاری هەزارەها سەربازی خوا هەیە. بێگومان ڕیوایەتەكانی هەردوو ڕووداوەكە ئەوەمان بۆ دەگێڕنەوە كە جیبریل و فریشتەیەك یان دوان بەشداریان كردووە لە ڕووداوی سنگ شەقكردن و گەشتەكەی ئاسمان و ئەوەی زەویدا، بەڵام فەرموودەكان بۆمان دەگێڕنەوە كە حەفتا هەزار فریشتە لەگەڵ سوورەتی الكهف دا دابەزیون بەسەرۆكایەتی فریشتەی وەحی، پاسەوانیی ئەم سوورەتەیان كردووە هەتا هەموو ئەو هەواڵە غەیبیانە دێنەدی كە ئەم سوورەتە ئاماژەی كردووە پێیان. بەڵكو هەزارەها فریشتە لە جەنگی بەدری گەورەدا دابەزین، وە پاش ڕوودانی جەنگی ئوحود خوای گەورە بەڵێنی دا بە باوەڕداران كە بە پێنج هەزار فریشته پشتگیرییان بكات. وە ئەوەی لەم ڕووداوانەوە بۆمان ئاشكرا دەبێت ئەوەیە كە ئەم ڕووداوانە زۆر زیاتر لە ڕووداوی ئیسڕا یان میعراج پێویستیان بە یارمەتیدانی ئاسمانی هەبووە.
كەواتە مەسەلەكە مەسەلەی سەختی و گرانی یان نامۆیی یان شیانی ڕوودان نیە، دیارە ژیانی پێغەمبەر (ﷺ) هەموو ڕۆژێك پڕ بووە لە كاری گەورە و گران، كە مرۆڤ ناتوانێت بەتەنھا خۆی ئەو كارانە جێبەجێ بكات ئەگەر سەربازانی جیھانی باڵا لەگەڵیدا نەبن. كەواتە جەنگی سووربوون لەسەر ئەوەی ئەم دوو گەشەتە بەجەستە ڕوویانداوە یان نكوڵی كردن لە هەردوو گەشتەكە بەتەواوەتی، جەنگێكی پووچە لەنێوان هەردوو بەرەكەدا و هیچیان حەقیقەتی میعراج و ئیسڕایان نەزانیوە، وە هەردوو لایان لەیەكتری دەدەن بە كۆمەڵێك بەڵگە كە دامەزراون لەسەر كۆمەڵێك پێشەكی كە بەتەواوەتی دوورن لە حەقیقەت و واقیعی بابەت و ڕووداوەكان.
هەڵبەت ئێمە بەو كەسەی كە نكوڵی لەم ڕووداوانە دەكات دەڵێین: ئەم ڕووداوانە كۆمەڵێك ڕووداوی جەستەیی و ماددی نین بۆیە پەلەمەكە لە نكوڵیكردن و ڕەتكردەوەدا، بەڵكو كۆمەڵە ئاماژەیەكی ڕۆحین كە موعجیزەی زۆر مەزنتریان لەخۆیاندا هەڵگرتووە لەو جووڵە ماددییانەی كە نكوڵیان لێ دەكەیت. وە بەو كەسەیش كە ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم گەشتانە بەلاشە بووە دەڵێین: لەسەرخۆبە، تۆ بەمە هیچ ڕێز و گەورەییەك زیاتر ناكەیت بۆ موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ)، چونكە ئەو شتەی خەیاڵی دەكەیت لەڕاستیدا شتێك نیە شایانی باس بێت لە بەرامبەر ئەو ڕێز و پلە و پایەی كە ئەو (ﷺ) شایستەیەتی، وە ئەو جووڵە جەستەییانە شتێك نین كە پلەی كەسانی هەڵبژاردە بەرزبكەنەوە، بەڵكو تەنھا لای ئەو كەسانە بەگەورە سەیر دەكرێن كە دیدێكی ڕووكەشی و ورەیەكی لاوازیان هەیە.
هەڵوێستەیەك لەسەر ڕووداوەكان
با بەیەكەوە گەڕانێك بكەین بە ناو هەندێ لە ڕووداوەكاندا، وە سەرنج بدەین و بزانین چ ڕێزگرتنێكیان تێدایە بەگوێرەی تێگەیشتنی ئەوانەی خاوەنی تیۆری جەستەیین. دیارە ئێمە هیچ خەوشێك لەوان ناگرین مەگەر ئەوەی بەهۆی خۆشەویستی لەڕادەبەدەریان بۆ پێغەمبەر (ﷺ) دەیانەوێت بەو تێگەیشتنەی هەیانە وێنەیەكی وەهای پێ ببەخشن كە لە ئاستی ئەو وێنەیەدا بێت خەیاڵیان كێشاویەتی بۆی.. لەبیریان چووە كە ئەویش مرۆڤە، ئەگەرچی بەڕێزترین مرۆڤە، وە بێ ئاگان لەوە كە ئەركی پەیامبەرێتی هەڵگرتووە بەو سیفەتەی كە پێغەمبەرە، ئەگەرچی مەزنترین پێغەمبەرە (ﷺ).
با لە ڕووداوی شەقكردنی سنگەوە دەستپێبكەین… ئەگەر لەڕاستیدا ئەم ڕووداوە ڕووداوێكی جەستەیی ماددی بووە ئەوا فەزڵ و گەورەیی پێغەمبەر (ﷺ) كامەیە بەسەر هەموو مرۆڤەكاندا لە بەرەنگاربوونەوەی شەیتان و بەدەستھێنانی زانست و داناییدا؟ دیارە فریشته ناخی ئەوی شۆردووە و پشكی شەیتانی لابردووە تێیدا، وە دڵی پڕكردووە لە زانست و دانایی بەبێ هەوڵ و ماندووبوونی خۆی، ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی كە فەزڵ و گەورەیی بەدەستبهێنێت بەسەر شوێنكەوتووانیدا كە وەك پێویست تێكۆشاون بۆ بەدەستھێنانی تەقوا؟
ببورە ئەی پێغەمبەری خوا.. بێگومان بەڕێزت بەهۆی كردەوە چاكەكانتەوە پاك و خاوێنترین و دامەزراوترین كەسیت كە لەدایك بوو بێت، وە بەهۆی ئەوەی بەجوانترین شێوە پەیڕەوی بەرنامەكەی پەروەردگاری خۆتت كردووە. خوێن و جەستە و ڕۆح و بەهرە و تواناكانی خۆتت خەرج كرد و خۆت كرد بەقوربانی، وە بەهۆی ئەمەوە شایستەی بەدەستھێنانی مەزنترین بڕوانامە بوویت كە یەكێك لە دروستكراوانی خوای گەورە بەدەستی هێنابێت. وە فەرمایشتی خوای گەورە: {وَإِنَّكَ لَعَلَى خُلُقٍ عَظِيمٍ} بڕوانامەیەكە كە قورئانی پیرۆز و سوننەتە خاوێنەكەت و ژیاننامە بۆنخۆشەكەت پاراستوویانە بۆت، وە نەوە لەدوای نەوە خەڵكی دەیگێڕنەوە. دانایی و زانست و پاكێتی تۆ لەتەشتێكدا یان لەبەحرێكدا جێگای نابێتەوە، بەڵكو لە سات بە سات و ڕۆژ بە ڕۆژ و جووڵە بە جووڵەی تێكۆشانی تەمەنتدا جێگای بووەتەوە و تۆماركراوە، دروود و سڵاوی بێ پایانی خوات لێ بێت.
موفەسیرە فەرموودەناسەكان دەڵێن پێغەمبەر (ﷺ) پاش ئەوەی كە خاتوو خەدیجەی خێزانی و دوای ئەویش ئەبو تالیبی مامی وەفاتیان كرد، وە پاش ئەوەی كە قوڕەیش زیاتر توندوتیژ بوون بەرامبەری، وە پاش گەشتەكەی بۆ تائیف كە لەلایەن خەڵكەكەیەوە بە خراپترین شێوە پێشوازیی لێ كرا و وەڵام درایەوە.. خوای گەورە ویستی دڵنەوایی بكات، بۆیە بە یاوەری جیبریل گەشتێكی پێ كرد بۆ قەڵەمڕەوی هەرە بڵند بەجۆرێك حەوت ئاسمانەكەی تێپەڕاند و پاشان گەیشت بەدیداری پەروەردگاری خۆی.
كامەیە خۆشی و كات بەسەربردن؟
بێگومان ئەوە قسەیەكی جوانە و لە دەروونی موسوڵماندا شوێنەوارێكی جوان بەجێ دەهێڵێت، وە لە هەمان كاتدا حەقیقەتێك لەخۆدەگرێت كە ڕوویداوە.. بەڵام ئەوە نیە كە موفەسیرەكان ویستوویانە بیڵێن. گەشتی جەستەیی مرۆڤی ئاسایی ڕازی دەكات، كه چێژ و خۆشی وەردەگرێت لە گۆڕینی شوێن و جێگا و بینینی دیمەنی شوێنی نوێ، وە تەماشاكردنی دیمەنە سروشتییەكان چاوی ڕۆشن دەكەنەوە و شەكەتی و ماندووبوونی ناھێڵن، وەك چۆن كەسێكمان دەچێت بۆ كوێستان یان گەرمیان. ئەگەر پێغەمبەری هەڵبژاردە لەو جۆرە خەڵكە بوایە -حاشا لەو جۆرە كەسانە نیە- ئەوا پێم وانیە لەم گەشتەدا- گریمان گەشتێكی جەستەیی بوو بێت- هیچ خۆشی و ڕابواردنێكی بینیبێت. كۆمەڵێك دیمەنی بینیوە كە موچڕك و تەزوو دەهێنن بە لەشدا، وەك بینینی تاوانبارانی ئوممەتەكەی كە بە مقەست زمانیان لەت و پەت دەكردن، وە بینینی كۆمەڵێك مرۆڤ كە گۆشتی بۆگەن و پیسیان دەخوارد، وە كۆمەڵێكی تر كێم زوخاو و درەختی ژقنەمووتیان دەخوارد هتد.. ئایا لە بینینی ئەم دیمەنانەدا چ خۆشی و ڕابواردنێك هەیە؟
ئەگەر ئەم گەشتە بۆ ڕێزلێ نان بووە، ئەوا كێی بینی؟ جیبریل؟ هەموو ڕۆژێك جیبریلی دەیبینی. پێغەمبەرانی پێشوو؟ ئەوان بە بینیی ئەو (ﷺ) ڕێزدار دەبن. خوای گەورە؟ ئەی خەڵكینە ئایا شوێن و جێگایەك هەیە بۆ بینین و چاوپێكەتنی خوا؟ هەڵبەت شیاو نیە بۆ ئێمە كە بڵێین موحەممەد (ﷺ) گەیشتووە بە خزمەتی خوای گەورە، بەڵكو ئەو لە هەموو كاتێكدا لەگەڵیدا بووە.. چ كاتێك لێی وون بووە تا بیبینێت؟ كوا ڕێزلێنان لەكاتێكدا ئەو هەموو ساتە پیرۆزەكانی ژیانی لەڕادەبەدەر لەو كارێزەی خواردووەتەوە.
دەڵێن ئەم گەشتە بۆ ڕازیبوونی ئەو بووە! ئایا دەبێت دەرچوون لە زەوی بۆ چەند كاتژمێرێك یان بۆ چەند ساتێك ڕووبدات بۆ ئەوەی خوای گەورە موحەممەد (ﷺ) ڕازی بكات؟ ئەی خەڵكینە ئایا لەبیرتان چوو كە موحەممەد چ پەیوەندیەكی هەبووە لەگەڵ پەروەردگاری خۆیدا؟ ئایا ئەم پاڕانەوەیەی ئەوتان لەبیرە كە دەفەرموێت: (إن لم يكن بك علي غضب فلا أبالي) واتە: (ئەگەر تۆ لێم تووڕە نەبی ئەوا گوێ بەهیچ شتێك نادەم). بێگومان موحەممەد (ﷺ) گوێی نەداوە بە هیچ بەڵا و كارەساتێكی دنیا و چەوسانەوە و ئازار و سوكایەتی نەفامەكان كە زانیبێتی خوای گەورە لێی ڕازی بووە. هەڵبەت دەستبەجێ ئەمەی زانیوە. ئایا نازانن كە فریشتەی چیاكان كاتێك هات بۆلای سڵاوی خوای گەورەی پێ گەیاند، وە كاولكردنی شاری موشریكەكانی پێشنیار كرد بۆی.. واتە شاری تائیف؟ ئایا دەزانن وەڵامەكەی چی بوو.. وە میھرەبانی و تكای ئەوتان لەبیرە كە بەڵكو هۆزەكەی باوەڕبھێنن؟ ئایا ئاگاداری كانزای ئەو كەسە پاك و خاوێنەن؟ ئایا گەشتێكی شەوانە ئەو ڕازی دەكات كە لەمیانەیدا كۆمەڵێك دیمەنی ڕەمزی ببینێت؟
لەڕاستیدا ئەو گەشتە ئاسمانیە بۆ ڕێزلێنان و دڵخۆشكردن و ڕازیكردن بووە، نەك تەنھا بۆ موحەممەد بەڵكو بۆ ئوممەتەكەی.. بۆ ئەوانەی كە لەگەڵیدا بوون و ئەوانەیشی كە دوای ئەو هاتن. وە نیشانەیەكی ئاسمانی بوو بۆ ئەو، وە ڕاستی ئەو نیشانەیەی بەچاوی خۆی بینی، وە هاوەڵ و شوێنكەوتووانیشی بە درێژایی كات و سەردەمەكان ڕاستی نیشانەكەیان بینی. موعجیزەیەكی جوان و قەشەنگ بوو، نەك لەبەر جووڵەی فیزیكی جەستەی مرۆڤێك لەنێوان ژمارەی بێشوماری ئەستێرەكاندا كە گوزەری كردووە بەناو قووڵایی گەردوونێكی تۆكمە و مەزندا.. بەڵكو لەبەر ئەوەی بەشێوەیەكی ڕاست و دروست و واقیعێكی هەستپێكراو، وە لە جێگای خۆیدا و بەشێوەیەكی تێر و تەسەل ئەم ڕووداوە ڕوویدا، وە لەكاتی تاوتوێ كردنی ڕووداوەكانی میعراجدا ئەمە ڕوون دەبێتەوە بۆمان.
دەگەڕێینەوە بۆ بابەتی كەشف و ڕوئیا.. كە بریتیە لە وەحی خودا بەشێوەی وێنە و دیمەنی ڤیدیۆیی، وە سێ جۆرە:
یەكەم: بینینی بارودۆخ و شتەكان بەو شێوەیەی كە لەجیھانی ماددیدا هەن بەبێ گۆڕان.
دووەم: هەندێ لە دیمەنەكان پێویستیان بە تەئویل و لێكدانەوە دەبێت.
سێيەم: هەموو دیمەنەكان پێویستیان بە لێكدانەوە و تەئویل دەبێت.
پێویستی تەئویلكردنی ڕووداوەكان
هەر كەسێك سەرنج بدات لەوەی لە فەرموودەكانی میعراج و ئیسڕادا هاتووە بۆی دەردەكەوێت كە ئەم دوو ڕووداوە بەشێوەی كەشف ڕوویانداوە، چونكە بەدڵنیاییەوە بەشی زۆری درێژەی ڕووداوەكانیان پێویستیان بە تەئویلكردن هەیە. لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە (رضي الله عنه) دەگێڕنەوە، دەڵێت: ئەبو زەر دەیگێڕایەوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: سەقفی خانووەكەم كەلەبەری تێكەوت و ئەو كاتە لەمەككەدا بووم، ئینجا جیبریل دابەزی، وە سنگی شەقكردم پاشان بە ئاوی زەمزەم شۆردی، پاشان تەشتێكی ئاڵتوونی هێنا كە پڕبوو لە حیكمەت و باوەڕ، هەمووی ڕۆكردە ناو سینگمەوە پاشان سینگمی داخستەوە، پاشان دەستی گرتم و بڵندی كردمەوە بۆ ئاسمان. (مسلم)
هەروەها لە ئەنەسەوە ڕیوایەت كراوە كە جیبریل هات بۆ لای پێغەمبەری خوا (ﷺ) لەكاتێكدا لەگەڵ مناڵانی هاوەڵی خۆیدا گەمەی دەكرد، گرتی و دای بە زەویدا، وە دڵی شەقكرد و دەریهێنا، ئینجا پارچە خوێنێكی مەیوی لێ دەرهێنا و فڕێی دا و گوتی: ئەمە پشكی شەیتانە لە تۆدا، پاشان لە تەشتێكی ئاڵتوونیدا بەئاوی زەمزەم جوان شۆردی، پاشان لكاندیەوە بەیەكەوە ئینجا خستیەوە شوێنی خۆی. وە مناڵەكان بەڕاكردن هاتن بۆلای دایكی -واتە دایەنەكەی- گوتیان: موحەممەد كوژرا، ئینجا بەهەڵەداوان هەموویان چوون بۆلای و بینیان ڕەنگی پەڕیوە. ئەنەس گوتوویەتی: هەموو جارێ شوێنەواری دوورینەوەكەم دەبینی لەسنگیدا. (مسلم)
با واز لەو جیاوازیە لاوەكیە بھێنین له نێوان هەردوو ڕیوایەتەكەدا هەیە، وە سەرنج بدەین لە خاڵە جەوهەریەكان، مەبەستم ڕووداوی سنگ شەقكردنەكە و تەشتەكەیە و لێرەدا بپرسین: ئەو خوێنە مەیوە چیە؟ چ پەیوەندیەكی بە پشكی شەیتانەوە هەیە؟
دیارە شەیتان، وەك لەقورئانی پیرۆزەوە دەزانین و تێگەیشتووین، فەرمان دەكات بە كرداری خراپ و هەوڵ دەدات خەڵكی گومڕا بكات، وە دوژمنایەتی و ڕق و كینە و كردەوەی خراپ لەبەرچاویاندا دەڕازێنێتەوە. هیچ یەكێك لەم شتانە ماددی نین كە لە بەشێكی دڵی مرۆڤدا -كە ئەندامێكی جەستەیەتی- جێگیر بن، وە ئەوە نین كە بەشۆردن بە ئاوی زەمزەم لابچن و پاك ببنەوە. وە هەمان قسە دەكەین دەربارەی ئەو حیكمەت و باوەڕەی كە لەتەشتێكی ئاڵتووندا بووە و ڕۆكراوەتە ناو دڵیەوە (ﷺ).
وە چار نیە و دەبێت دان بەوەدا بنرێت ئەم ڕووداوە كەشف بووە، وە هێمایە بۆ مانایەكی بڵند، بەجۆرێك ئەو وێنەیە لە مێشكماندا دروست دەكات كە پێغەمبەر (ﷺ) تا چ ڕادەیەك پارێزراو بووە لە هەر هۆكار و پاڵنەرێكی خراپ بەهۆی ئەو حیكمەتە ئاسمانیە و ئەو ئیمانە دروست و دامەزراوەی كە پێی درابوو.
ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە كه هەردوو ڕیوایەتەكەی پێشوو هی یەك كەسە و ئەو كەسەیش بریتیە لە ئەنەسی كوڕی مالیك (رضي الله عنه)، وە لەیەكێك لە ڕیوایەتەكاندا دڵی پێغەمبەر (ﷺ) شەقكراوە لەكاتێكدا مناڵ بووە و گەمەی كردووە. وە لە ڕیوایەتەكەی تردا لەماڵەكەی خۆیدا بووە لە مەككە، ئەمەش وای كردووە هەندێ لەزاناكان وەك حافظی زەهەبی پێی وابێت ئەم ڕووداوە دوو جار ڕوویداوە.
هەروەها لە ئەنەسی كوڕی مالیكەوە ڕیوایەت كراوە كە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرموویەتی: (هاتن بۆلام، بردمیان بۆ لای بیری زەمزەم. ئینجا سنگم شەقكرا، پاشان بەئاوی زەمزەم شۆردرا پاشان وازملێهێنرا) (مسلم). لێرەدا باسی تەشتی ئاڵتوونی نەكراوە، هەروەك شۆردنەكە لای بیری زەمزەم بووە و بە ئاوی ئەو بیرە بووە.
هەروەها لە ڕیوایەتەكاندا جیاوازی هەیە دەربارەی چۆنێتی گواستنەوەكە. دەوترێت جیبریل بوراقی هێنا بۆ لای پێغەمبەر (ﷺ)، كە وڵاغێكی سپی درێژ بووە لە گوێدرێژ گەورەتر و لە هێستر بچوكتر بووە، بینینی تا هەر شوێنێك بڕە بكردایە سمی لەو شوێنە دادەنا (بوخاری و موسليم). وە لە هەندێك ڕیوایەتی تردا تەنھا ئەوەندە باسكراوە كە وڵاغێكی سپی بووە.
وە لە پێغەمبەری خواوە (ﷺ) دەگێڕنەوە كە جیبریل دەستی گرتووە و بڵندی كردووەتەوە بۆ ئاسمانی دنیا (البخاري ومسلم). لێرەدا وا دەردەكەوێت پێغەمبەر (ﷺ) ڕۆیشتووە بۆ ئاسمان بەبێ ئەوەی پێویستی بە وڵاغێك هەبووبێت كە سواری بێت.
وە هەروەها ڕیوایەتەكان جیاوازن لە وەسفی جیبریلدا.. لە ئیبن زوبەیرەوە لە پێغەمبەری خواوە (ﷺ) دەفەرموێت: جیبریلی بینیوە لە دەحیە یان لە ئیبن رومح دەحیەی كوڕی خەلیفە دەچوو (مسلم).
وه دەگێڕنەوە كە زەڕی كوڕی حەبیش پرسیاری كردووە دەربارەی فەرمایشتی خوای گەورە: {فَكَانَ قَابَ قَوْسَيْنِ أَوْ أَدْنَى} باسی ئەوە كراوە كە ئیبن مەسعوود گوتوویەتی: پێغەمبەری خوا (ﷺ) جیبریلی بینیوە شەش سەد باڵی هەبووە، وە لە گێڕانەوەیەكی تردا: لەسەر شێوەی خۆی بینیویەتی كە شەش سەد باڵی هەبووە. (البخاري ومسلم).
وە لە عائیشەوە دەگێڕنەوە (رضي الله عنها) كە پرسیاری لێ كراوە سەبارەت بە فەرمایشتی خوای گەورە: {ثُمَّ دَنَا فَتَدَلَّى.. الآية} ئەویش دەڵێت: ئەوە هەر جیبریل بووە. پێشتر لەسەر شێوەی پیاو دەهات بۆلای، وە ئەمجارەیان لەسەر شێوەی خۆی هات بۆلای، وە ئاسۆكانی ئاسمانی پڕ كردبوو. (مسلم)
پێویستە وەها تێنەگەین لە جیاوازی ڕیوایەتەكان كه كۆمەڵێك ڕیوایەتی پووچن و دەكرێت وەلابنرێن، یان نكوڵی بكرێت لەو باسوخواسانەی كە تێیاندا هاتوون دەربارەی میعراج و ئیسڕا. دیارە ئەمە پەلەكردنە لە بڕیاردان بەبێ سەرنجدان، دەكرێت هەندێ لەم جیاوازیانە بەیەكەوە بگونجێنرێن، هەروەك خەڵكی شایەتی داوە بۆ ڕاویەكانیان كە خاوەنی زانست و ڕەوشت بوون، وە بەوە ناسراو بوون كە زۆر ڕژد بوون لەسەر گەڕان و پشكنینی ورد. ئەوپەڕی ئەوەی كە دەتوانرێت بوترێت دەربارەی ئەو فەرموودانەی كه بەشێوەیەكی گشتی لەسەرچاوه سەرەكیەكاندا هاتوون ئەوەیە كه ڕەنگە لە زنجیرەی ڕاویەكاندا یەكێكیان بیروهۆشی بەهێز نەبووبێت و بەشێك لەدرێژەی ئەو فەرموودانەی لەبیرچوو بێت، یان پێشخستن و دواخستنی كردبێت لە ڕیزبەندی هەندێ بەشی فەرموودەكاندا، بەمەش لە ڕیوایەتەكەدا جۆرێك لە ئاڵوگۆڕ ڕوویدابێت، یاخود پێدەچێت ئەو نووسەرەی ئەم فەرموودانەی نووسیوەتەوە هەڵەی كردبێت لە نووسینەوەیاندا، وە لەم سەردەمەی خۆشماندا ئەم جۆرە هەڵانە دەبینین لە كتێبە چاپكراوەكاندا سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیەكی زۆر لە هۆكارەكانی هەڵەچنی و ڕاستكردنەوە و پێداچوونەوە بوونیان هەیە. نابێت ئەوەش لەبیر بكرێت لەزۆربەی كاتدا گێڕانەوە و نەقڵكردنی ئەم ڕیوایەتانە بە مانا بووە نەك بە دەق.
وە با جارێكی تر سەرنجێكی كورت بدەین لەوەی كه ڕیوایەت كراوە دەربارەی ئەو وڵاغەی پێغەمبەر (ﷺ) لەم گەشتە ڕۆحیەی خۆیدا سوار پشتی بووە.
سەرباری ئەوەی كە لە ڕیوایەتەكانی بوخاری و موسلیم و زەهەبی گێڕامانەوە، لە تەفسیری (الدر المنثور) دا هاتووه (لەو شەوەدا كە شەوڕەویم پێ كرا وڵاغێكیان بۆ هێنام كە لە گوێدرێژ بەرزتر بوو، وە لە هێستر نزمتر بوو، لەكۆتایی بینینەكەیدا هەنگاوی دادەنا، ئەم وڵاغە بۆ پێغەمبەرانی پێش منیش ڕام كرابوو)
وە بەیھەقی لە ئەبو سەعیدی خودریەوە تەخریجی كردووە كە هاوەڵەكانی پێغەمبەر (ﷺ) پێیان گوتووە: ئەی پێغەمبەری خوا. دەربارەی ئەو شەوە قسەمان بۆ بكە كە شەوڕەویت پێ كرا… ئەویش فەرموویەتی: (وڵاغێكیان بۆ هێنام پێی دەوترا بوراق، وە پێغەمبەرانی پێش منیش سواری پشتی ببوون. لەكۆتایی بینینەكەیدا سمی دادەنا، منیش سوار پشتی بووم)
هەروەها بەیھەقی لە فەرموودەیەكی درێژدا ئەمەی ڕیوایەت كردووە… پاشان میعراجیان بۆ هێنام كە ڕۆحەكان بەسەریدا سەردەكەون، دروستكراوان هیچ شتێكیان نەبینیوە جوانتر بێت لەو میعراجە.
وەرگرتنی مانای ڕووداوی سواربوونی بوراق بەشێوەیەكی ڕواڵەتی مانای ئەوەیە كە پێغەمبەرانیش بە لاشەی ماددیەوە بڵندكراونەتەوە بۆ ئاسمان، وە ئەم وڵاغە ڕۆحی باوەڕدارە ساڵحەكانی هەڵگرتووە!! ئەم جۆرە تێكەڵكردنە پرسیار دروست دەكات و ڕەخنە دەووروژێنێت.
وە ئەحمەدی كوڕی حەنبەل و ئیبن مەردەوەیهى و ئەبو نوعەیم لە (دلائل) و لە (المختار)یشدا بە سەنەدێكی صەحیح تەخریجیان كردووە لە ئيبن عەبباسەوە (رضي الله عنه) گوتوویەتی.. (ئەو شەوەی شەوڕەوی كرا بە پێغەمبەری خوا (ﷺ)، چووەناو بەهەشتەوە، لەلایەكیەوە گوێی لە خشەیەك بوو، فەرمووی بە جیبریل: ئەوە چیە؟ ئەویش وتی: ئەوە بیلالی بانگبێژە. كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) هات بۆ ناو خەڵكی فەرمووی: بیلال سەرفراز بوو، ئەوەم بینی.” (الدر المنثور) (واتە ڕووداوەكەی بۆ گێڕانەوە).
وە بوخاری و موسلیم و غەیری ئەوانیش فەرموودەیەكی هاوشێوەیان ڕیوایەت كردووە كە ئەوەی تێدایە بیلال (رضي الله عنه) لەبەهەشتدا بووە ئەگەرچی باسی میعراجی تێدا نەكراوە.. لە ئەبو هورەیرەوە ڕیوایەت كراوە كە پێغەمبەر (ﷺ) لەكاتی نوێژی بەیانیدا فەرموویەتی بە بیلال: (ئەی بیلال پێم بڵێ چ كردەوەیەكت كردووە لەئیسلامدا كە لە هەموو كردەوەكانت زیاتر ئومێدت پێی هەبێت… چونكە من لەبەهەشتدا بووم لە پێشمەوە گوێم لە خشەی نەعلەكانی تۆ بوو. ئەویش وتی: هیچ كردەوەیەكم نەكردووە كە لە هەموویان زیاتر ئومێدم پێی هەبێت ئەوە نەبێت كە لەشەو یان لەڕۆژدا هەر كاتێك دەستنوێژم گرتبێت چەند لەتوانامدا بوو بێت نوێژم كردووە).
گریمان پێغەمبەر (ﷺ) بەلاشەی ماددیەوە گەشتی میعراجی كردووە، ئەوا چۆن بیلالی بانگبێژ چووە بۆ بەهەشت لەگەڵ ئەوەی لەمەككەدا خەوتبوو؟ ئایا ئەویش لە شەوی میعراجی پێغەمبەردا (ﷺ) بڵندكرایەوە بۆ ئاسمان؟
لەڕاستیدا وێناكردنی ڕوودانی ئیسڕا یان میعراج بە شێوازی ماددی بەتەواوەتی دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ ئەو سیفات و ڕووداوانەی كە لە چەندین ڕیوایەتدا هەن و بە زمانی خۆیان هاوار دەكەن ئەم دوو ڕووداوە بریتین لە دوو كەشفی ڕۆحی.
ئیبن كەسیر لە تەفسیرەكەیدا لە ئیبن جەریرەوە ئەمەی خوارەوەی گواستووەتەوە:
“كاتێك جیبریل بە بوراقەوە هات بۆ لای پێغەمبەری خوا (ﷺ)، بوراق سڵەمیەوە وەك ئەوەی كلكی بجووڵێنێت، جیبریلیش پێی گوت: لەسەرخۆبە بوراق، سوێند بە خوا كەسی وەكو ئەو سواری پشتت نەبووە. پێغەمبەری خوا (ﷺ) بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، لەناكاو پیرەژنێكی بینی لە تەنیشت ڕێگەكەدا، فەرمووی: ئەمە چیە ئەی جیبریل؟ ئەویش وتی: بەردەوام بە لە ڕۆیشتن ئەی موحەممەد. ئەوەندی خوا حەز بكات ڕۆیشت، لەپڕدا شتێك بانگی كرد لەدووری ڕێگاكەوە، وتی: وەرە پێشەوە ئەی موحەممەد، جیبریل پێی گوت: ئاوڕی لێ مەدەرەوە. ئیتر ئەوەندەی خوا حەز بكات بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، وتی: هەندێك لە دروستكراوانی خوا پێیگەیشتن و پێیان وت: سڵاوی خوات لەسەر بێت ئەی یەكەم، سڵاوی خوات لەسەر بێت ئەی كۆتا، سڵاوی خوات لەسەر بێت ئەی كۆكەرەوە، جیبریل گوتی: وەڵامی سڵاوەكان بدەرەوە ئەی موحەممەد، ئەویش وەڵامی دایەوە… هەتا گەیشتە بەیتولمەقدیس، مەی و ئاو و شیر خرایە بەردەستی، پێغەمبەر (ﷺ) شیرەكەی خواردەوە، جیبریل پێی گوت: فیترەتت هەڵبژارد، ئەگەر ئاوەكەت بخواردایەتەوە ئەوا خۆت و ئوممەتەكەت نوقم دەبوون، وە ئەگەر مەیەكەت بخواردایەتەوە ئەوا خۆت و ئوممەتەكەت گومڕا دەبوون..
پاشان جیبریل گوتی: ژنە پیرەكەی قەراغ ڕێگاكە بریتی بوو لە دنیا، تەمەنی ئەو پیرە ژنە چەندی ماوەتەوە دنیاش ئەوەندەی ماوەتەوە، وە ئەوەی لەدووری ڕێگاكە بانگی كردی بۆلای خۆی ئەوە ئیبلیسی دوژمنی خوا بوو، ویستی كێشت بكات بۆلای خۆی، وە ئەوانەی سڵاویان لێ كردیت ئیبراهیم و مووسا و عیسا بوون (عليهم السلام).
وە لەڕیوایەتێكی تردا دەوترێت ئەوەی پێشكەشی پێغەمبەر (ﷺ) كرا بریتی بوو لە مەی و شیر و هەنگوین، وە هەروەها دەوترێت شیر و هەنگوین بوو، وە لە كۆمەڵێك ڕیوایەتی تردا هاتووە: پێغەمبەر (ﷺ) سەرپشك كرا لەنێوان شیر و مەیدا. وە لە هەندێ لەو ڕیوایەتانەدا باسی مەی كراوە پێش هەنگوین (بگەڕێوە بۆ البخاري وأحمد بن حنبل وابن كثير ودلائل النبوة للبيهقي)، بەڵام ئەوەی چەسپاوە لە ڕیوایەتە جۆربەجۆرەكانەوە ئەوەیه كە پێغەمبەر (ﷺ) شیرەكەی هەڵبژاردووە.
وا دیارە فەرموودەی یەكەم -كە هەرسێ خواردنەوەكەی باسكردووە بەو ڕیزبەندیەی كە تێیدایە: ئاو ئینجا مەی ئینجا شیر- لەپێشترە بۆ وەرگرتن و متمانە پێكردن چونكە لەم ڕیوایەتەدا سێ خواردنەوە هەیە بەرامبەر سێ شت كە پێغەمبەر (ﷺ) لەڕێگاكەیدا كە چووە بۆ بەیتولمەقدیس بینیویەتی: ژنەپیرەكە لەلایەن جیبریلەوە تەئویلكراوە بە دنیا و نزیكە ئاكامەكەی كۆتایی بێت، بەهەمان شێوە ئاو گوزارشت لە دنیا دەكات؛ چونكە ژیانی هەموو شتێك لەسەر ئاو ڕاوەستاوە، وە كەمبوون و نەمانی ئاو دەبێتە هۆی قات و قڕی و لەناوچوون، وەك خوای گەورە دەفەرموێت: {وَجَعَلْنَا مِنَ الْمَآءِكُلَّ شَيْءٍ حَيٍّ} (الأنبياء: 31)
وە ئەوەیش كە پێغەمبەری (ﷺ) بانگ كرد، جیبریل تەئویلی كرد بە ئیبلیس. وە هەروەها جیبریل نەخواردنەوەی مەیەكەی لەلایەن پێغەمبەرەوە (ﷺ) بەوە لێكدایەوە كە خۆی و ئوممەتەكەی ڕزگار كرد لە گومڕایی.. دیارە ئیبلیس و مەی هاوبەشن لە گومڕاكردندا، ئەوەتا خوای گەورە دەفەرموێت: {إِنَّمَا الخَمْرُ وَالْمَيْسِرُ وَالأَنصَابُ وَالأَزْلاَمُ رِجْسٌ مِّنْ عَمَلِ الشَّيْطَانِ فَاجْتَنِبُوهُ} (المائدة: 91}
بەڵام شیر بریتیە لە خواردنەوەیەكی سروشتی پاك، وە خۆراكێكی سەرەكیە بۆ مرۆڤ، وە بە پاڵنەری ئەو سروشتە پاكەی خۆی كە خوا دروستی كردووە لەسەری حەزی لێ دەكات و دەیخواتەوە، وە ڕەنگی سپیە و نموونەیە بۆ چاكە و سەرفرازی.. وە جیبریل خواردنەوەی شیرەكەی بە هەڵبژاردنی فیترەت لێكدایەوە، ئەمەش گونجاوە لەگەڵ چاوپێكەوتنی پێغەمبەر (ﷺ) بە پێغەمبەران و سڵاوكردنیان لێی و وەڵامدانەوەی سڵاوەكانیان. لەمەدا ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی كە ئوممەتەكەی پارێزراو دەبێت لە تیاچوون، وە خۆراكی زانستی خوایی لێ نابڕێت كە خۆراكێكی پاكی ڕۆحانیە.
وە لە وەڵامی ئەو كەسەدا كە دەڵێت جیبریل سەرەتا دەربارەی لێكدانەوەی شیرەكە قسەی كردووە كە دیارە شیرەكە لەكۆتاییدا باسكراوە.. دەڵێین تەئویلی شیرەكە هەواڵێكی خۆش بووە بۆیە بەوە دەستی پێ كردووە بۆ ئەوەی مژدە بدات بە پێغەمبەر (ﷺ) و دڵنیای بكاتەوە سەبارەت بە ئوممەتەكەی پێش ئەوەی باسی تەئویلی مەی و ئاوەكەی بۆ بكات.. وە یەكێك لەو بەڵگانەی دەیسەلمێنێت گەشتی شەوڕەوی بە جەستەی ماددی نەبووە ئەو دیمەنانەیە كە پێویستیان بە لێكدانەوە هەیە و پێغەمبەر (ﷺ) قەبوڵی كردوون بەبێ ئەوەی ڕەخنەی هەبێت لەبارەیانەوە.. بۆ نموونە بە جیبریلی نەفەرمووە: چۆن تەفسیری ئەو ژنە پیرە دەكەیت بە دنیا لەگەڵ ئەوەی من بەچاوی سەر بینیم كە ئەو پیرەژنێك بوو.. هەڵبەت پێغەمبەر (ﷺ) ڕازی بوو بە تەفسیرەكەی جیبریل چونكە دەیزانی بەچاوی فیزیكی ئەو دیمەنانەی نەبینیوە، بەڵكو كۆمەڵێك دیمەنی ڕۆحی بوون لە جیھانی كەشفدا.
ئەگەر جگە لەمە شتێكی ترمان گوت… ئەوا -خوا نەخواستە- تەعبیر و لێكدانەوەكە شتێكی زیادە و بێ مانا دەردەچێت؛ چونكە بۆ نموونە لە قورئاندا نەمان بیستووە و نەمان بینیوە كە دنیا ژنێكی پیر بێت، وە ناچێتە عەقڵەوە كە یەكێك ئاو بخواتەوە نوقم بێت یان بڕیاری نوقمبوونی بدرێت. بێگومان دوای ئەوە پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئاوی خواردووەتەوە و حەرامی نەكردووە لە شوێنكەوتووانی، نەخۆی (ﷺ) و نە شوێنكەوتووانی نوقم نەبوون. وە ئایا شیر فیترەت و هیدایەتە؟ ڕەنگە كافرەكان لە باوەڕداران زیاتر شیر بخۆنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیدایەتیان وەرنەگرت. وە باوەڕناكەم هیچ كەسێك لەوەدا ناكۆك بێت لەگەڵماندا كە هەموو ئەم دیمەنانە بەشێوەی كەشفی ڕۆحی بوون و بەشێوەی واقیعێكی ماددی ڕوویان نەداوە. ئیتر چۆن دەگونجێت گەشتەكە بە جەستەی ماددی بوو بێت بەڵام ڕووداوەكانی ناوی بەشێوەی كەشف و ڕوئیا بوو بن؟
سێ جۆرەكەی كەشف
دووبارەی دەكەینەوە و دەڵێین كەشفەكان دەكرێن بە سێ بەشەوە: لە بەشێكیاندا شتەكان دەبینرێن وەك چۆن هەن لە جیھانی ماددیدا بەبێ گۆڕان.. (وەك دەركەوتنی بەیتولمەقدیس بۆ پێغەمبەری خوا (ﷺ) كاتێك دانیشتبوو لە لای كەعبەدا و خەونی شەوڕەوی دەگێڕایەوە)، وە بەشێكیان هەموو ئەو ڕووداوانەی كە تێیدایە پێویستیان بە تەئویل و لێكدانەوە هەیە.. (وەك گەشتی میعراج بۆ ئاسمانە هەرە بڵندەكان)، وە بەشی سێیەمیان هەردوو بەشەكەی پێشووی لەخۆگرتوو.. واتە هەندێ لە ڕووداوەكانی پێویستیان بە لێكدانەوە هەیە و هەندێكی تریان ئەو شتانە دەنوێنن وەك چۆن لە جیھانی ماددەدا هەن.. وە ڕووداوی شەوڕەوی لەم بەشەی كۆتاییە.
وە بۆ ڕوونكردنەوەی ئەمە نموونەیەك دەهێنینەوە بەوەی ئیبن ئەسیر لە مێژووەكەیدا ڕیوایەتی كردووە: (دوای شەوڕەوی پێغەمبەری خوا (ﷺ) لە مزگەوتی حەرام دانیشتبوو، خەفەتبار بوو لە ترسی ئەوەی خەڵك باوەڕی پێ نەكەن، ئەبو جەهل بەلایدا تێپەڕی، بە گاڵتەپێكردنەوە وتی: ئەمشەو هیچت بەدەست ھێنا؟ پێغەمبەریش (ﷺ) فەرمووی: بەڵێ، ئەمشەو شەوڕەویم پێ كرا بۆ بەیتولمەقدیس. ئەبو جەهلیش وتی: پاشان لەناو ئێمەدا ڕۆژت كردەوە؟! ئەویش فەرمووی: بەڵی. ئینجا ئەبوجەهل وتی: ئەی بەرەبابی كەعبی كوڕی لوئەی، وەرن و نزیك بنەوە؛ ئەوانیش هاتن، ئەوسا پێغەمبەر (ﷺ) قسەی بۆ كردن و ڕووداوەكەی بۆ گێڕانەوە. هەبوو باوەڕی پێ دەكرد و هەشبوو باوەڕی پێ نەدەكرد، وە هەبوو چەپڵەی لێ دەدا و هەشبوو دەستی لەسەر سەری دادەنا، وە هەندێ لەو كەسانەی باوەڕیان پێهێنا بوو هەڵگەڕانەوە.. ئینجا وتیان وەسفی مزگەوتی ئەقسامان بۆ بكە. فەرمووی (ﷺ) دەستم كرد بە وەسف و باسكردنی هەتا لێم تێكچوو.. ئینجا مزگەوتەكە هێنرایە بەردەمم و سەیرم دەكرد ئینجا دەستمكردەوە بە باسكردنی. گوتیان: هەواڵمان پێ بدە دەربارەی كاروانەكەمان؟ فەرمووی: تێپەڕیم بەلای كاروانی فڵان بنەماڵەدا لە ڕەوحاء، وشترێكیان ون كردبوو بەدوایدا دەگەڕان، دۆلكەیەكم هەڵگرت ئاوی تێدا بوو خواردمەوە، لەم بارەیەوە پرسیاریان لێ بكەن. وە تێپەڕیم بەلای كاروانی فڵان بنەماڵە و فڵان بنەماڵەدا، لە (ذي مر) سوارێك و دانیشتوویەكم بینی، وشترەكەیان لە من سڵەمیەوە و فڵان كەس لەسەری كەوتە خوارەوە و دەستی شكا، لێیان بپرسن. وە لە تەنعیم تێپەڕیم بەلای كاروانەكەی ئێوەدا، حوشترێكی خۆڵەمێشی لە پێشەوەی كاروانەكەوەیە دوو توورەكەی چنراوی لەسەرە، لە كاتی خۆركەوتندا كاروانەكە لێتانەوە دەردەكەوێت.
ئەوانیش دەرچوون بۆ ملەی شاخەكە و دانیشتن چاوەڕوانی خۆر هەڵھاتنیان دەكرد بۆ ئەوەی بەدرۆی بخەنەوە، ئەوە بوو كەسێك گوتی ئەوە خۆر دەركەوت، كەسێكی تریش وتی: سوێند بەخوا ئەوە كاروانەكە دەركەوت كە حوشترێكی خۆڵەمێشی لە پێشەوەیەتی وەك ئەو وتی. ئەوە بوو باوەڕیان نەهێنا و وتیان: دیارە ئەمە جادوویەكی ئاشكرایە. (الخصائص، و سيرة ابن هشام، و مسند أحمد بن حنبل)
ئەم ڕیوایەتە بۆمان دەردەخات كە ئەم بەشەی ڕووداوەكانی شەوڕەوی لەو جۆرەیە كە ئاشكرا و ڕوونن پێویست بە تەئویل ناكەن. ئەمەش مانای ئەوەیە كە شەوڕەوی كەشف بووە، ئەگەر بە جەستەی ماددی و بە بینینی چاوی سەر بوایە ئەوا كارەكە لە پێغەمبەر تێك نەدەچوو، وە لێی تێكنەدەچووە كاتێك وەسفی بەیتولمەقدیسی دەكرد بۆ كافرەكان، لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكی كەم بوو لەوێ گەڕابوویەوە.
وە لەئەنەسی كوڕی مالیكەوە (رضي الله عنه) ڕیوایەت كراوە پێغەمبەری خوا (ﷺ) فەرمووی: بەرزكرامەوە بۆ لای داری سیدرەتولمونتەها لە ئاسمانی حەوتەم، بەرەكەی لە مەركانە دەچوو، وە گەڵاكانی لە گوێی فیل دەچوون. لە بنەكەیەوە دوو ڕووباری ئاشكرا دەردەچوون و دوو ڕووباریش كە دیار نەدەمان. وتم: ئەی جیبریل ئەمانە چین؟ وتی: ئەو دوو ڕووبارە كە دیارنامێنن لە بەهەشتدان، بەڵام ئەم دوو ڕووبارە كە ئاشكران بریتین لە نیل و فوڕات. (أحمد بن حنبل)
ئەم فەرموودەیە وەك ئەوانی تر دەیسەلمێنێت كە میعراجی پێغەمبەر (ﷺ) گەشتێكی جەستەیی نەبووە، وە هۆكارەكەیش زۆر ڕوونە. ئایا خوای گەورە شوێنی جوگرافی ڕووبارەكانی ئەو ناوچانەی گۆڕیوە و كارێكی كردووە كە نیل و فوڕات لە بنكی درەختی كنارەوه (سیدرەوە) هەڵقوڵێن یان ڕێژنە بكەن و ئەو نەتەوە زۆرانەی كە لە دەوروبەری ئەو دوو ڕووبارەدا نیشتەجێن بەمە نەزانن؟
ئایا دەزانن تێگەیشتن لەم ڕووداوە بەوەی كە كاری جەستەی ماددیە بابەتەكە دەكات بە كۆمەڵێك شتی پڕوپووچ (پەنا بە خوا). ئەگەر باوەڕمان بەوە هێنا كە ئەم ڕووداوانە كۆمەڵێك ڕووداوی ڕەمزی و مەجازین، ئەوا مانای ئەوە چیە كە جەستە بگوێزێتەوە بۆ ئەو شوێنە ڕەمزیە، وە ئەم كارە كەی ڕێی تێدەچێت؟ مەبەست و ناوەڕۆكەكەی چیە؟
مانا و ناوەڕۆكی میعراج
لەڕاستیدا ئەم كەشفە ڕۆحانیە مەزنە ئاماژەیەكی دەرەسا لەخۆی دەگرێت دەربارەی بڵاوبوونەوەی ئیسلام لەدەرەوەی دوورگەی عەرەبی لەداهاتوودا، وە ئەم بڵاوبوونەوەیش لە ناوچەی نێوان هەردوو ڕووباری فوڕات و نیلەوە دەستپێدەكات. وه پێشكەوتن و گەشەسەندنی ئوممەتی ئیسلامی لەسەردەستی ئەم نەتەوانەدا دەبێت، وە خێری ئەخلاقی و ڕۆحی بەتەواوەتی خەڵكی ئەم ناوچەیە دەگرێتەوە كە لە سێبەری ئەو درەختە گەورە ڕۆحیە مەزنەدا هەڵدەقوڵێت كە پێغەمبەری مەزنی ئەم ئوممەتە (ﷺ) سەركەوت بەسەریدا و پەیوەستیان دەكات بە سەرفرازی دواڕۆژ و گەشە و پێشكەوتنی دنیاییەوە.
بێگومان پەی بردن بە ڕووداوەكانی میعراج بەشێوەیەكی ڕاست و دروست توانای ئەوەمان پێ دەدات كە وێنای گەورەیی میعراج و حیكمەت و مەبەست و مانا نزیك و دوورەكانی بكەین، وە هەموو ئەمانە قورس و گران دەبن بۆ ئەو كەسانەی كە باوەڕیان وایە میعراج یان ئیسڕا گەشتێك بووە بەجەستەی ماددی، سەرەڕای ئەوەی كە ئەم باوەڕە دەبێتە هۆی ورووژاندنی كۆمەڵێك ڕەخنە كە ئەستەمە وەڵامیان بدرێتەوە..
بۆ نموونە پرسیار لەو كەسانە دەكرێت كە دەڵێن ئەم گەشتە بە جەستەی ماددی بووە و دەوترێت: ئایا پێغەمبەر (ﷺ) پێویستی بە بینینی هەردوو ڕووباری نیل و فوڕات هەبووە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لە ئایەتە مەزنەكانی پەروەردگاری؟ ئایا كۆمەڵێك لە كافرەكان بۆ ئەمە شیاوتر نەبوون.. چونكە باوەڕی پێغەمبەر (ﷺ) تووشی هیچ ناتەواوی یان لاوازیەك نەبووە… وە بایەخی ئەوە چیە كە پێغەمبەر (ﷺ) داری سیدرەتولمونتەها ببینێت بە شێوەیەكی جیاواز لە دار سیدرەی ئاسایی لەڕووی زەبەلاحی بەر و گەورەیی گەڵاوە؟
مانا و ناوەڕۆكی سیدرەتولمونتەها
بێگومان وەڵامی زۆربەی ئەم جۆرە پرسیارانە نادرێتەوە مەگەر پەنا ببەین بۆ تەئویل و دان بنێین بەوەدا كە سیدرەتولمونتەها درەختێكی ماددی دنیایی نیە بەڵكو ئاماژەیە بۆ كۆمەڵێك بابەتی تری ڕۆحانی.
وشەی (سدرة) لە (سدر)ەوە وەرگیراوە. دەوترێت: سدر الشعر واتە پرچی بەردایەوە، و سدر الثوب واتە جلەكەی شۆڕكردەوە، وە السدر بریتیە لە درەختی كنار، وە السدر بریتیە لە دەریا.
وە مەبەست لە درەوشانەوەی خوای گەورە و خاوەن دەسەڵات بۆ پێغەمبەری هەڵبژاردە (ﷺ) لای داركنارەكەی ئەوپەڕ (سیدرەتولمونتەها) ئەوەیە كە پێغەمبەر (ﷺ) هێندە نزیكە لە خوای گەورەوە كە مرۆڤ ناتوانێت وێنای ئەو نزیكیە بكات، یان مانای ئەوەیە كە وەحی خوایی بۆ پێغەمبەر (ﷺ) دەریایەكی بێ كەنارە و پڕە لە زانیاری و حەقیقەتی خوایی، یاخود مانای ئەوەیە كە ئەو زانست و زانیاریە خواییانەی دەركەوتوون بۆ پێغەمبەر (ﷺ) وەك درەختێكی گەورە و مەزن وایە كە مرۆڤ لە سێبەرەكەیدا دەحەوێتەوە و پارێزراو دەبێت لە تین و تاوی گەرمی، وە ڕێبواری ڕێگای ڕۆحانی لەژێر ئەو درەختە گەورەیەدا دەحەسێتەوە و ماندوێتی لەشی دەردەكات.
هەروەها یەكێك لە تایبەتمەندیەكانی گەڵای داری سیدرە ئەوەیە كە بەكاردێت لە مۆمیاكردنی تەرمی مردوودا بۆ ئەوەی پارێزگاری لێ بكات و بۆگەن نەكات و شی نەبێتەوە، كەواتە مانای ئەوەیە ئەو ڕێنماییانەی پێغەمبەری هەڵبژاردە (ﷺ) كە بەوەحی لەلایەن خوای گەورەوە پێیگەیشتووە هیچ كاتێك لەبیرناچنەوە یان لەناوناچن یاخود دەقەكانی دەستكاری ناكرێن؛ چونكە لەلایەن خوای گەورەوە پارێزراو دەبن لە تەحریف و شێواندن… دواجار ئەم ڕێنماییانە بەڕۆڵی خۆیان ئەو كەسە دەپارێزن لە فەسادی ئەخلاقی و داڕوخانی ڕۆحی كە دەستیان پێوە دەگرێت، وه ئەم ڕێنماییانە لە هەموو سەردەمێكدا ئەم مەبەستە دەهێننەدی.
هەروەها (سدرة المنتھی، دار كنارەكەی ئەوپەڕ) ئاماژەیەكی غەیبی تێدایە بۆ ئاشتەوایی حودەیبیە كە بەهۆیەوە كۆتایی هات بەو ناكۆكی و ململانێ توندەی كە هەبوو لەنێوان پێغەمبەر (ﷺ) و بڕواداران لەلایەك و قوڕەیش لەلایەكی تر.
بێگومان (سدرة المنتهی) هێمایە بۆ ئەو فەزڵ و بەخششەی كە خوای گەورە بەخشیویەتی بە پێغەمبەری خوا (ﷺ) و ئوممەتەكەی كە بریتیە لەو ڕێنمایی و فێركاری و شەریعەتەی كە تاكە ڕێگایە بۆ چوونە بەهەشت.. بەهەشتی دنیا كە بریتیە لە سەركەوتن و گەشە و پێشكەوتن و بەختەوەری، وە بەهەشتی دواڕۆژ كە زمان و هزر و دەربڕین كۆڵن له وەسفی هۆكارەكانی نیعمەت و بەختەوەری كە خوای گەورە ئامادەی كردوون تێیدا. وە هەركاتێك باوەڕداران زیاتر دەست بگرن بەشەریعەتی خواوە و كاری پێ بكەن ژیانیان كامڵتر و جوانتر دەبێت و كۆمەڵێك گۆڕانكاری و پێشكەوتن دەبینن لەلایەن خوای گەورەوە كە لە وەسفكردن نایەن.
وە ئەم دوو ئایەتە:
{مَا زَاغَ الْبَصَرُ وَمَا طَغَى* لَقَدْ رَأَى مِنْ ءَايَاتِ رَبِّهِ الْكُبْرَى} (النجم: 18-19)
بڕیار دەدەن كە ئەم كەشفە كەشفێكی ڕوون و ئاشكرا بووە، وە بینایی پێغەمبەر (ﷺ) كز نەبووە و هەڵەی نەكردووە و تووشی خواری و خێچی نەبووە لە بینینی ئەم كەشفەدا. هەڵبەت كەشفێك بووە كە كۆمەڵێك ئایەتی مەزنی خوایی تێدا بووە، بەڵكو خۆی یەكێك بووە لە نیشانە هەرە گەورەكان.. چونكە حەقیقەتی موحەممەد و پەیامەكەی؛ وە پێگەكەی لای خوای گەورە و پایەی شەریعەت و كتێبەكەی لەناو شەریعەت و كتێبەكانی تردا و داهاتووی بانگەوازەكەی و ئاكامی ئوممەتەكەی دەرخست بۆ خۆی و هەموو خەڵكی. كۆمەڵێك نیشانە كە خەڵكی لەداهاتوودا بەچاوی خۆیان دەیانبینن، وە دوژمنان پێش شوێنكەوتووان دەیانبینن.. وە لەداهاتوودا هەموو كەسێك ڕاستی ئەم كەشفەی ئەو دەبینێت. وە كەماڵی ئەخلاقی.. كەماڵی یاساكانی.. كەماڵی شوێنكەوتووانی.. وە سەركەوتنی و ئەو سەرپێچیانەی كە هەندێ لەو كەسانە ئەنجامیان دەدەن كە خۆیان داوەتەپاڵ ئوممەتەكەی، وە چارەسەری خوایی بۆ هەموو خراپەیەك لەڕێگەی جێبەجێ كردنی نوێژەكانەوە كە لەگەڵ ئەوەی ژمارەیان كەمە بەڵام كاریگەری پیرۆزیان هەیە لە گەشە و پێشكەوتنی ئوممەتی موحەممەد (ﷺ) و پاراستنیان لە خلیسكان ئەگەر بەڕێكوپێكی بەردەوام بن لە ئەنجامدانیاندا، بەهۆیانەوە پەیوەندیەكی بەردەوام دروست دەكەن لەگەڵ خوای گەورە و بەدەسەڵاتدا، هەموو ئەمانە بەهۆی ئەم كەشفەوە ڕوون دەبێتەوە.
بەڵێ ئەمانە بریتین لە كۆمەڵێك ئایەتی گەورە و بەڵگەی مەزن لەسەر ئەوەی كە موحەممەد (ﷺ) پلە و پایەیەكی وەها بەرزی هەیە لای خوای گەورە كە هیچ كەسێك نیەتی.
لێكدانەوەی كۆمەڵێك ڕووداوی تر
هەروەها ئەو فەرموودە زۆرانەیش كە تایبەتن بە وەسفی ئیسڕا و میعراج بەم شێوەیە لێكدانەوەیان بۆ دەكرێت، وە پێویستە لەسەرمان بەشێوەیەك تێبگەین لە مانا و مەبەستەكانیان كە ڕێك و تەبا بێت لەگەڵ زانستی لێكدانەوەی خەوندا.
بۆ نموونە بینینی ماڵ لەخەوندا مانای ئەوەیە ئەو كەسەی خەونەكەی بینیوە سەربەرزی و سەرفرازی بەدەست دەهێنێت؛ وە وڵاغ (واتە بوراق) مانای ئەوەیە ئەو كەسەی سواری پشتی دەبێت دوای گەشتەكەی پلەیەكی بەرز بەدەستدەهێنێت، وە بەرزبوونەوە بۆ ئاسمانی یەكەم لەخەوندا مانای ئەوەیە ژیانی كەسەكە دەگاتە قۆناغی پیری، وە گەیشتن بە ئاسمانی دووەم ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو كەسه دەبێت بە زانایەكی دانا، وە ئاسمانی سێیەم مانای سەربەرزی و سەرفرازی دەگەیەنێت لەژیانی دنیادا. وە ئاسمانی چوارەم مانای نزیكبوونەوە لە حوكم و بەدەست هێنانی دەسەڵات دەگەیەنێت، وە ئاسمانی پێنجەم مانای ڕاچڵەكان و شڵەژان و ناكۆكی و جەنگ دەگەیەنێت، وە ئاسمانی شەشەم لەخەوندا مانای ئەوەیە ئەو كەسەی خەونەكەی بینیوە دەسەڵاتێكی فراوان و بەختەوەرییەكی هەمیشەیی بەدەستدەهێنێت، وە گەیشتن بە ئاسمانی حەوتەم ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو كەسەی خەوەكەی بینیوە دەگاتە پلەیەكی وەها بەرز لە ڕێز و بڵندی كە هیچ كەسێك پێی ناگات. وە بەگشتی كرانەوەی دەرگاكانی ئاسمان مانای گیرابوونی دوعا و بەرەكەت و خێر دەگەیەنێت.
لەڕاستیدا هەموو ئەم هەواڵ و كاروبارانە هاتنەدی بۆ پێغەمبەر (ﷺ).
بەڵام ئەو دیمەنانەی تر پێویستیان بە تەئویل نیە چونكە وێنەی هەندێ تاوان پیشان دەدەن كە كەسە لاوازەكانی ئوممەتی موحەممەد (ﷺ) ئەنجامیان دەدەن یان نەیارەكانی ئەنجامیان دەدەن، یان دوژمنانی ئوممەتەكەی لەداهاتوودا ئەنجامیان دەدەن و تووشیان دەبن.
دیارە بەشێوەیەكی زۆر جوان ئەو دیمەنانە پیشان دراون كە دەری دەخات ئەو تاوانانە چەندە قێزەونی و دزێوی لە ڕەفتاری مرۆڤدا بەرجەستە دەكەن، وە ئەنجامدەرانیان تا چ ڕادەیەك تووشی سزای دنیایی دەكەن؛ چونكە ئەو كەسانەی كە خاوەنی سروشتێكی ساغ و سەلامەتن لەم تاوانبارانە هەڵدێن و دووردەكەونەوە؛ وە ئەم دیمەنانە ئەوەش دەردەخەن كە ئەم تاوانبارانە چەندە شایستەی سزای دواڕۆژن بەهۆی ئەوەی كە شتە باشەكە دەگۆڕنەوە بەو شتەی كە خراپ و نزمە.
شەوڕەوی (ئیسڕا) خەونە
وە سەبارەت بە شەوڕەویش، قورئانی پیرۆز لە خودی سوورەتی الإسراء دا ئەم ڕووداوەی ناوناوە (خەون)، ئەوەتا دەفەرموێت:
{وَمَا جَعَلْنَا الرُّؤْيَا الَّتي أَرَيْنَاكَ إِلاَّ فِتْنَةً لِّلنَّاسِ} (الإسراء: 61)
وە ئەگەرچی هەندێ لە موفەسیرەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە (رؤیا) مانای بینینی چاویش دەگەیەنێت بەڵام قورئانی پیرۆز لە چەندین شوێندا بەمانای خەون ئەم وشەیەی بەكارهێناوە، وەك:
{لاَ تَقْصُصْ رُؤْيَاكَ عَلَى إِخْوَتِكَ} (يوسف: 6)
{وَقَالَ يَآ أَبَتِ هَذَا تَأْوِيلُ رُؤْيَايَ مِن قَبْلُ قَدْ جَعَلَهَا رَبِّي حَقًّا} (يوسف: 101)
{وَنَادَيْنَاهُ أَن يَآ إِبْرَاهِيمُ قَدْ صَدَّقْتَ الرُّؤْيَا} (الصافات: 105)
وە لە فەرهەنگی (لسان العرب) و (أقرب الموارد) دا هاتووە: الرؤیا ئەوەیە كە لەخەونەكەتدا دەیبینی. وە لە (مجمع البحار) دا هاتووە: الرؤیا ئەوەیە كە لەخەوندا دەیبینی.
وە هەندێ لە هاوەڵان (رضي الله عنهم) و زانایانی فەرموودە زەینیان بۆ ئەوە چووە كە ئیسڕا خەون و كەشف بووە نەك بینین بەچاوی سەر. وە ئیبن ئیسحاق و ئیبن جەریر لە موعاویەوە ڕیوایەتیان كردووە كە پرسیاری لێ كرا سەبارەت بە شەوڕەوی پێغەمبەر (ﷺ)، ئەویش وتی: “خەونێكی ڕاست بووە لەلایەن خواوە”. (الدر المنثور، ج4)
وە ئیبن ئیسحاق ڕیوایەتی كردووە و گوتوویەتی: هەندێ لە ماڵباتی ئەبو بەكر قسەیان بۆ كردم كە عائیشە (رضي الله عنها) دەیگوت: “جەستەی پێغەمبەری خوا لە جێگاكەی خۆی ون نەبووە بەڵكو شەوڕەوی بە ڕۆحەكەی كراوە”. (التفسیر الكبیر)
وە سەبارەت بەوەی كە ئەم خەونە ئاژاوەیەك بووە بۆ خەڵكی، ئیبن ئیسحاق دەڵێت: حەسەن وتی: وە خوای گەورە لەبارەی ئەوانەوە كە هەڵگەڕانەوە لە ئیسلام بەهۆی ئیسڕاوە، ئەم ئایەتەی ناردەخوارەوە:
{وَمَا جَعَلْنَا الرُّؤْيَا الَّتي أَرَيْنَاكَ إِلاَّ فِتْنَةً لِّلنَّاسِ} (سيرة ابن هشام، ج1).
هەندێ كەس دەڵێن: ئەگەر شەوڕەوی گەشتێكی ڕۆحی بوایە ئەوا ئەو كافرانەی قوڕەیش كە پێغەمبەر (ﷺ) گەشتەكەی گێڕاوەتەوە بۆیان ڕەخنەیان لێ نەدەگرت؟ بەڵام ئەم كەسانە تێنەگەیشتوون لە سروشتی كەشف و ئەو هەلومەرجەی كە تێیدا پێغەمبەر (ﷺ) ئەم بەسەرهاتەی گێڕاوەتەوە. هەڵبەت ئەوەی كە پێغەمبەری هەڵبژاردە (ﷺ) بینیویەتی، وەك پێشتر باسمان كرد، بینینێك نەبووە بەو شێوەیەی كە كەسێكی خەوتوو دەیبینێت.. وە ئەویش (ﷺ) ئەوەی نەگێڕاوەتەوە بۆیان كە لەخەونیدا بینیویەتی، بەڵكو ئەوەی پێغەمبەر بینیویەتی (ﷺ) كەشفێك بووە و لەدۆخێكدا بینیویەتی كە تەواو بێدار بووە و هەموو هەستەوەرەكانی كاریان كردووە… چونكە ئەم كەشفە وەحی خواییە… وە لە ڕاستی و دروستیەكەیدا لەو كەشفانە بەهێزترە كە ڕوودەدەن بۆ خەڵكی تر، بەڵام كەشف جووڵەی ماددی لەگەڵدا نیە و دیمەنەكانی ڕەمزین و پێویستیان بە لێكدانەوە و تەئویل هەیە.
پاشان دایكی هانی (ڕەزای خوای لێ بێت) كە ئافرەتێكی باوەڕدار و ژیر بووە.. تێگەیشتووە لەوەی كە پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی، وە شتێكی تێدا بەدی نەكردووە كە مایەی سەرسوڕمان بێت بۆی. بەڵام شارەزای هزری كافرەكانی مەككە بووە و دەیزانی كە بەشوێن هۆكارەكانی تەنز و گاڵتەپێكردندا دەگەڕێن، لەبەرئەوە كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) پێداگری دەكات لەسەر چوونە دەرەوە عەباكەی دەگرێت، وە ئاگاداری دەكاتەوە لەوەی كە ڕوئیاكەی نەگێڕێتەوە بۆیان، چونكە هەرگیز پەی نابەن بە مەبەستی خەونەكە و دەیكەین بە مایەی گاڵتەپێكردن، بۆیە پێی دەڵێت: “ئەی پێغەمبەری خوا ئەم فەرمایشتە باس مەكە بۆ ئەو خەڵكە –واتە بۆ كافرەكانی قوڕەیش- چونكە باوەڕت پێ ناكەن و ئازارت دەدەن، ئەویش دەفەرموێت: “سوێند بەخوا بۆیان باس دەكەم”.
وە لەكاتێكدا پێغەمبەر (ﷺ) لەلای كەعبەدا بووه.. دوژمنی خوا ئەبو جەهل بەلایدا تێدەپەڕێت و بەگاڵتەكردنەوە پێی دەڵێت ئایا هەواڵێكی تازە هەیە؟
ئێستا با لەنێوان خۆماندا پرسیار بكەین.. ئەو هەواڵانە چی بوون كە پێغەمبەر (ﷺ) دەیگێڕانەوە بۆ خەڵكی و ئەبو جەهل چاوەڕێی بیستنی دەكردن؟! دیارە ئەو هەواڵانە بریتی بوون لە دەنگوباسی میللـەتانی پێشوو كە چۆن دووچاری سزای خوایی بوون كاتێك دژایەتی پێغەمبەرەكانی خۆیانیان كردووە، وە دەنگوباسی داهاتووی پرشنگداری ئیسلام و ئەو سزایەی كە تووشی دوژمنەكانی دەبێت.
ئەوەتا پێغەمبەری خوا (ﷺ) ئەو خەونه، كە خوای گەورە پیشانی داوه، دەگێڕێتەوە بۆ ئەو كەسە گاڵتەچیە بەشێوەیەك متمانەی هەیە بەوەی بینیویەتی.. وە دڵنیایە لە جێبەجێ بوونی بەڵێنی خوا.. بەشێوازێك وەحی خوای گەورە دەگێڕێتەوە وەك ئەوەی كەسێك ڕووداوێكی واقیعی بگێڕێتەوە، بۆیە فەرموویەتی (ﷺ): بەڵێ، ئەمشەو شەوڕەویم پێ كرا.. وە دوژمنی خوا نەیهێشت فەرمایشتەكەی تەواو بكات؛ بەڵكو خێرا ڕای كرد و خەڵكی بانگكرد بۆ ئەوەی ئەوانیش ئامادەبن لەگەڵیدا و بەشدار بن لە گاڵتەكردن و بەدرۆزانینی ئەو كەسەی كە ڕاستگۆترین مرۆڤە (ﷺ)، بەڵام ئەوەی كە بینی خەو نەبوو، وە ئەگەر بیگوتبایە خەو بووە -حاشا لەوەی كە لە حەق ڕابكات- ئەوا زیاتر گاڵتەیان پێ دەكرد. بێگومان ئەو (ﷺ) ئەوەی گێڕایەوە كه بەڕاستی و دروستی بینی بووی.. وە ئەوان نەیاندەزانی ئەزموونی ڕوئیا چیە كە خوای گەورە پیشانی بەندەكانی خۆی دەدات كە تێیدا ڕێژەیەكی زۆر لە نیشانە سەرسوڕھێنەرەكانی خۆی ئاشكرا دەكات بۆیان.
بۆیە دەبوو ئەو كەشفە بگێڕێتەوە بۆیان كە بینیویەتی.. ئیتر با ئەو كەسەی باوەڕی پێ ناكات باوەڕی پێ نەكات.. ئەو كەسانە ئەوە پیشەیانە و لەو ڕۆژەوەی كە ڕایگەیاندووە پێیان ئەو لەلایەن پەروەردگاری جیھانەكانەوە ڕەوانەكراوە بەدرۆزنی دەزانن.. وە با باوەڕ لاوازەكان هەڵگەڕێنەوە، ئەوانەی لاوازی ورە و خراپ تێگەیشتنیان بەیەكەوە كۆكردبوویەوە. بەڵام باوەڕدارانی وەك ئەبو بەكری ڕاستگۆ و هاوشێوەكانی (دیارە ئەم جۆرە كەسانە ڕێژەیان كەمە).. تێگەیشتن و باوەڕیان هێنا و دڵنیابوون لەو خێرە مەزنەی كە لە ڕوئیای پێغەمبەرە ئازیزەكەیاندا هەڵگیرابوو.. دوای چەند مانگێكی كەم هاتەدی.. وە بەردەوام دێتە دی هەتا ئەمڕۆ.
بەڵێ ئەی پێغەمبەری خوا، تۆ نەترسایت لە سەرسوڕمان و شڵەژانی ئەبو جەهل كە ئەم كەشف و ڕوئیا ڕاست و دروستە بكات بە خەوێك وەك ئەو خەوانەی كە یەكێك لەوان دەیبینێت.. بەڵكو گێڕاتەوە.. وە بێگومان ئەوەی تۆ بینیت ڕاست بوو، وە ئەئویلی ئەوەی تۆ بینیت ڕاست بوو.. وە ئاسمان دەستوبردی كرد بۆ ئەوەی ڕاستی ڕوئیاكەت بۆ تەواو بكات.. وە دیمەنێكت بۆ دووبارە بكاتەوە كە بەچڕی سەرنجت نەدا بوو.. وە تۆ سەرقاڵ بوویت بە نوێژەكەت و چاوپێكەوتنی براكانت… كێ دەڕوانێت بۆ دیوار و باسی دەكات لەكاتێكدا لەبەردەمیدا ئەو چێژە مەزنە ڕۆحیە هەبێت..
بەڵێ ئاسمان دەستوبردی كرد بۆ ئەوەی ئەوەت بۆ ئاشكرا بكات كە پێش چەند كاتژمێرێكی كەم ئاشكرای كردبوو بۆت… وە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەو كەسانە بكاتەوە كە پێیان وایە پێغەمبەری خوا (ﷺ) بە جەستە ماددیەكەیەوە گەشتی كردووە و بەچاوی سەری خانەی پیرۆزی بینیوە.. وە پاش ماوەیەكی كەم وێنە ماددیەكەی لێ تێكچووە، كە ئەمە ئەگەرێكی دوورە.
وه داواكاریی نەیارەكان لە پێغەمبەر (ﷺ) كە وەسفی بەیتولمەقدسیان بۆ بكات بەڵگه بوو لەسەر گەمژەیی ئەوان.. چونكە گەشتەكە بەشەو ئەنجامدرا بوو.. وە چاوەڕوان ناكرێت لە كەسێك كە لە شەودا بۆ ماوەیەكی كەم سەردان دەكات سەرنجی ئەم جۆرە شتانە بكات.. وە وەسفەكەی بۆ خانەی پیرۆز بەڵگەیەكی ترە لەسەر ئەوەی كە ئەوەی بینیویەتی لە دۆخی كەشفێكی ڕاستەقینەدا بووە، چ ئەوەی پێغەمبەر (ﷺ) لەشەودا بینی یان ئەوەی لەكاتی گێڕانەوەی ڕووداوەكانی گەشتەكەدا بینی.
هەروەها وەسفی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بۆ ئەو كاروانەی كە بینیویەتی لەو شتانە نیە كە مرۆڤ لەشەودا بیان بینێت لەكاتێكدا بەخێرایی تیشك بڕوات.. بەڵام درێژەی ئەم وردەكاریانە ئەوە دەگەیەنێت كە لەڕاستیدا لەجیھانی كەشفدا ئەو ڕووداوانەی بینیوە.. وە ئەوەی كە خاوەنەكانی حوشترە ونبووەكە یان خاوەنەكانی ئەو ئاوەی كە خورایەوە گوێیان لێ بووە ئەویش هەر كەشف بووە ئەگەرچی لێی تێنەگەیشتوون.
وە شایانی تێبینیە كە جیبریل ڕێگری نەكردووە لە پێغەمبەر (ﷺ) كە ئاوەكەیان بخواتەوە لەگەڵ ئەوەی پێی ڕاگەیاندبوو كە ئەگەر ئاو بخواتەوە ئەوا خۆی و ئوممەتەكەی نوقم دەبن، هەروەها پێغەمبەر (ﷺ) لە ئاوێكی نەخواردووەتەوە یان سەری قاپێكی لانەبردووە بەبێ ئیزنی خاوەنەكانیان.
دیارە ئەم ئەندازەیە لە كەشفی شەوڕەوی لەو جۆرە بووە كە تێیدا شتەكان دەبینرێت بەو شێوەیەی كە لەدنیای واقیعدا هەن.. كه بریتین لەوانەی پێغەمبەر (ﷺ) گێڕاویەتیەوە لە گوزەركردنی بەلای كاروانێكدا لەیەكێك لەدۆڵەكاندا و ڕێنمایی كردنیان بۆ دۆزینەوەی حوشترێكی ون بوو، وە ئەم جۆرە بەشەی كەشفەكە پێویستی بە تەئویل نیە، وە خوای گەورە كردوویەتی بە بەڵگەیەكی خێرا لەسەر ڕاستی ڕوئیاكەی پێغەمبەر (ﷺ).
هەواڵە مەزنەكانی ناو ئەم كەشفە
مەبەست و ئامانجی سەرەكی ئەم كەشفە بریتیە لە بابەتێكی مەزن. بێگومان خوای گەورە ویستوویەتی بە پێغەمبەر (ﷺ) ڕابگەیەنێت و پیشانی بدات كە بەم نزیكانە دەرووی لێ دەكاتەوە و ڕزگاری دەبێت لە بەدرۆزانینی قوڕەیش و دژایەتی و چەوساندنەوەی باوەڕدارە شوێنكەوتووەكانی لەلایەن ئەم كافرانەوە.. ئەمەش بەھۆی كۆچكردنیەوە (ﷺ) بۆ مەدینەی مونەووەرە؛ وە هەروەها ئەو زاڵبوون و سەركەوتنانەی ئیسلامیشی پیشان بدات كە پەیوەستن بەم كۆچەوە.
وە مەبەست لە بینینی بەیتولمەقدیس بریتیە لە مزگەوتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) كە لە مەدینە دروستی كرد و خوای گەورە بەرەكەتی خستەناو مزگەوتەكە و دەوروبەریەوە، وە لە دنیا و دواڕۆژدا لە بەیتولمەقدیس زیاتر سەربەرزی و بڵندی و شكۆی پێ بەخشی، وه بێگومان پلە و پایەی مزگەوتەكەی پێغەمبەر(ﷺ) بەرزكرایەوە بەسەر هەموو مزگەوتەكانی زەویدا جگە لە مزگەوتی حەرام.
وە چاوكەوتنی بە پێغەمبەران و نوێژكردنی هەموویان لەدوایەوە لێكدانەوەكەی ئەوەیە كە شەریعەت و ئایینەكەی ئەو هەموو شەریعەتەكانی پێغەمبەرانی پێشوو نەسخ دەكاتەوە؛ وە ئەو دەبێت بە پێغەمبەر و ڕێپیشاندەر و مژدەدەر و ئاگاداركەرەوە بۆ هەموو میللـەتانی دنیا؛ وە ئاماژەی تێدایە بۆ ئەوەی كە بانگەوازەكەی لە هەموو ناوچەكانی زەویدا بڵاودەبێتەوە، وە كۆچكردنەكەی بۆ ئەو شوێنەی كە كۆچی بۆ دەكات دەبێت بە هۆكار و كلیلێك بۆ ئەم بڵاوبوونەوەیە. وە هەواڵی ئەوەی تێدایە كە پێغەمبەر (ﷺ) دەبێت بەخاوەنی بەیتولمەقدیس و دەبێت بە گەورەی پاشا و زاناكانی و هەموو خەڵكەكەی.
ئەگەر سەیری كتێبی (تعطیر الأنام) بكەین ئەوا دەبینین كە تەئویلی كەشفی شەوڕەوی ڕێك و تەبایە لەگەڵ ئەوەی باسمانكرد، لەو كتێبەدا هاتووە: “مانای بینینی هەر مزگەوتێك بریتیە لە ئاراستەی شوێنەكەی و ڕۆیشتن بەرەو ئەو مزگەوتە، وەك مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی حەرام و مزگەوتی دیمەشق و مزگەوتی میسر و هتد، وە ڕەنگە بریتی بێت لە زاناكانی ئاراستەی ئەو شوێنانە یان پاشاكانیان یان نوێنەری پاشاكانیان.”
ئەو هەواڵ و پێشبینیانەی كە بەهۆی كۆچەوە هاتنەدی
شتێكی گونجاوە ئەم لێكدانەوەیەی ڕووداوی كۆچ و ئەنجامەكانی پیادە بكەین بەسەر ئایەت و ڕووداوەكاندا:
خوای گەورە بەم فەرمایشتەی خۆی: {سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى} دەستیپێكردووە. وە فەرمایشتی: {سُبْحَانَ} ئەوە دەخاتەڕوو كە شەوڕەوی تەنها ڕوئیایەكە و هەواڵێكی تێدایە دەربارەی بابەتێك كە لەداهاتوودا ڕوودەدات و پاك و بێگەردی خوای گەورە دەردەخات. وە ئاشكرایە پاكی و بێ گەردی خوا تەنھا بەهۆی شەوڕەوی پێغەمبەری خوا (ﷺ) بۆ بەیتولمەقدیس ناچەسپێت، بەڵام لە ڕووداوی كۆچدا بە ڕوونترین و بەرزترین شێواز دەدرەوشێتەوە.. چونكە ئەم هەواڵە مەزنە بەڕووداوی كۆچ دێتەدی، وە ئەم ڕووداوە مایەی بەئەنجام گەیاندنی هەواڵە قورئانیەكانی ترە وەك جیهاد و كوشتار و سەركەوتنی ئیسلام، وە باوەڕهێنانی خەڵكی بە ئایینی خوا و دامەزراندنی حكومەت و دەوڵەتی ئیسلامی و دروستكردنی شارێكی ئایینی، وە ڕاماڵینی شیرك لە دوورگەی عەرەبیدا.. وە ڕوودانی هەموو ئەم ڕووداوانە ئەوە دەگەیەنێت كە خوای گەورە زاتێكی پاك و بێگەردە. وە هیچ كەسێكی ژیر گومان لەوە ناكات كە بنچینەی سەرجەم فتوحاتە ئیسلامیەكان بریتی بوو لە كۆچی پیرۆزی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە.
لەڕاستیدا ئەگەر ئێمە بەوردی سەرنجماندا لەو ڕووداوانەی كە لەشەوی كۆچی پێغەمبەردا (ﷺ) ڕوویاندا ئەوا بۆمان دەردەكەوێت كە بەڕاستی خوا پاكە لە هەموو ناتەواویی و خەوشێك؛ وە بەندە دڵسۆزەكانی خۆی سەردەخات. ئەوە بوو سەرەڕای نەخشە و پیلانی موشریكەكان بۆ كوشتنی پێغەمبەر (ﷺ) و ئابڵۆقەدانی ماڵەكەی؛ بەڵام خوای گەورە پێغەمبەرەكەی خۆی ئاگاداركردەوە لەو مەترسییەی كە دەوری دابوو، وە ڕێگای بۆ ئاسان كرد بەبێ ئەوەی دوژمنەكانی بزانن، وە لە ئاستی ئەودا چاوی كوێركردن، بەڵكو پارێزگاریشی كرد لە عەلی (رضي الله عنه) كه بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك خۆی خستەناوی مەترسی كوشتن و لەناوچوونەوە بەهۆی ئەو خۆشەویستیەی كە هەیبوو بۆ پێغەمبەر (ﷺ). كاتێك گەیشتنە دەرگای ئەشكەوتەكە خوای گەورە پەردەی هێنا بەسەر چاویاندا، بۆیە نەیانتوانی پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكەی ببینن لەگەڵ ئەوەی چەند بستێك دوور بوون لێیانەوە. ئایا ئەمە یەكێك نەبوو لە ئایەته هەرە گەورەكانی خوا؟ ئایا ئەو خوایەی كە هەموو ئەم كارانەی ئەنجام دا خوایەكی پاك و بێ گەرد نیە؟ ئایا زمانی حاڵمان هەمیشە ناڵێت: پاكی و بێخەوشی بۆ ئەو خوایەی كە پەروەردگاری جیھانیانە!
سەبارەت بە فەرمایشتی {لَيْلاً}، شتێكی ئاشكرایە پێغەمبەر (ﷺ) بەشەودا لەمەككەوە كۆچی كرد بۆ مەدینه، هەڵبەت له گەشتی شەوڕەویدا جیبریل لەگەڵ پێغەمبەردا (ﷺ) بوو، هەروەها ئەبو بەكر (رضي الله عنه) لەگەڵ پێغەمبەری ئازیزدا بوو لەكۆچەكەیدا بەرەو مەدینە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بڵندی پلەوپایەی ئەبو بەكر لای خوای گەورە چونكە لە شوێن و پێگەی جیبریلدا (عليه السلام) داینا وەك هاوەڵ و یاریدەدەری پێغەمبەر (ﷺ).
پێویستە ئەوە باس بكرێت كە مووسا (عليه السلام) لە ڕوئیاكەی خۆیدا وەحیەكی پێگەیشت هاوشێوەی ئەوەی كە خوای گەورە سەبارەت بە شەوڕەوی پێغەمبەر (ﷺ) فەرموویەتی، ئەوەتا دەفەرموێت: {فَلَمَا جَآءَهَا نُودِيَ أَن بُورِكَ مَن في النَّارِ وَمَنْ حَوْلَهَا وَسُبْحَانَ اللهِ رَبِّ الْعَالَمِينَ} (النمل: 9)
وە لەشەوڕەویدا دەفەرموێت: {سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلاً مِّنَ الْمَسْجِدِ الحَرَامِ إِلى الْمَسْجِدِ الأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ}
هەروەك چۆن خوا بەرەكەتی ڕژاند بەسەر مووسادا (عليه السلام) لەزەویەكدا كە شەریعەتەكەی دادەمەزرا تێیدا، بەهەمان شێوە بەرەكەتی ڕژاند بەسەر موحەممەددا (ﷺ) لەو زەویەدا كە تێیدا شەریعەتەكەی دادەمەزرا… وە هەردوو كارەكە سەلمێنەری پاكی و بێ عەیبی خوای گەورەن.
دیارە بەیتولمەقدیس ناوەند و هۆكاری دامەزراندنی حكومەتی ئیسڕائیل و جێبەجێ بوونی شەریعەتی ئیسڕائیلی بووە، بەهەمان شێوە مەدینەی مونەووەرە و مزگەوتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) ناوەندی حكومەتی موحەممەدی و شوێنی دابەزینی شەریعەتی ئیسلامی بووە كە دەوڵەتی نەوەی ئیسماعیلی دامەزراند لەجیھاندا؛ لەبەرئەوە خوا وەسفی كردووە، واتە وەسفی مەدینەی مونەووەرەی كردووە، بە مزگەوتی ئەقسا لەڕووی پیرۆزی و بەرەكەتەوە.
وە پێشبینی خوایی {بَارَكْنَا حَوْلَهُ} دەرحەق بە مزگەوتەكەی پێغەمبەر و مەدینەی مونەووەرە به ئەنجام گەیشت، چونكە خوا بەرەكەتی خستەناویەوە. دیارە مەدینەی مونەووەرە و دەوروبەرەكەی بەرەكەتدار كرد، وە كردی بە جێگایەكی قەدەغەكراو بەهۆی فەزڵی دوعای پێغەمبەرەكەیەوە (ﷺ) كە دەفەرموێت: (بێگومان ئیبراهیم شەڕ و ئاشووبی لەمەككەدا حەرامكرد و نزای خێری بۆ خەڵكەكەی كرد منیش جەنگ و ئاشووب لە مەدینەدا حەرام دەكەم وەك چۆن ئیبراهیم لەمەككەدا حەرامی كرد، دەپاڕێمەوە بۆ مەن و مشتی (كێشانە و پێوانەی) دوو ئەوەندەی ئیبراهیم كە دەپاڕایەوە بۆ خەڵكی مەككە. (صەحیحی موسلیم)
پاشان دەفەرموێت: (پەروەردگارا! مەدینەمان لا خۆشەویست بكە، وەك مەككە، یاخود زیاتر، پەروەردگارا! بەرەكەت بڕێژە بەسەر مەن و مشتماندا) (صحیح البخاري). وە دەفەرموێت: “پەروەردگارا دوو ئەوەندەی مەككە بەرەكەت بڕێژە بەسەر مەدینەدا.” (صحیح البخاري) وە دەربارەی مزگەوتەكەی خۆی دەفەرموێت: ((بۆ سێ مزگەوت نەبێت بارگە و بنە ناپێچرێتەوە: مزگەوتی حەرام، ئەم مزگەوتەی من، مزگەوتی ئەقسا)) (صحیح البخاري). هەروەها دەفەرموێت: “من كۆتا پێغەمبەرم و مزگەوتەكەیشم كۆتا مزگەوتە” واتە چاكترین مزگەوتە (صحیح البخاری). بەم شێوەیە خوای گەورە بەرەكەتی ڕژاند بەسەر مزگەوتەكەی پێغەمبەر (ﷺ) و شارەكەیدا وەك چۆن لە سەردەمی نەوەی ئیسڕائیلدا بەرەكەتی ڕژاند بەسەر بەیتولمەقدیسدا، بگرە بەرەكەتێكی هێندە زۆری ڕژاند بەسەر مەدینەی مونەووەرەدا كە كردی بە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی و هەتا ئەو شارە پایتەخت بوو ئیسلام هەمیشە لە بڵاوبوونەوە و پێشكەوتندا بوو.
وە یەكێك لە دیمەنەكانی بەرەكەت كە بە كۆچكردنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە دابەزیە سەر ئەو شارە ئەوە بوو كە حەزرەتی عائیشە (رضي الله عنها) ڕیوایەتی كردووە و گوتوویەتی: (پێش تەشریف هێنانی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مەدینە، پەتا لەم شارەدا بڵاو بوو -لە كتێبەكانی زماندا گوتراوە مەدینە پێشتر ناوی (یثرب) بوو كە مانای گریان و هاوار دەگەیەنێت بەهۆی گریانی خەڵكەكەی لەسەر مردووەكانیان بەهۆی نەخۆشی تاوە- بەڵام كاتێك پێغەمبەر (ﷺ) تەشریفی هات بۆ ئەم شارە بەهۆی دوعاكردنی ئەوەوە (ﷺ) نەخۆشی تای تێدا نەما و ئینجا ناوینا مەدینەی مونەووەرە).
وە فەرمایشتی خوای گەورە {لِنُرِيَهُ مِنْ ءَايَاتِنَا}، وەك پێشتر ئاماژەمان كرد بریتیە لە كۆمەڵێكی زۆر لە نیشانە و موعجیزەی پەرشنگدار و ئەو جەنگانەی بوونە هۆی پشت شكاندنی شیرك و خەڵكەكەی كە پاش كۆچكردن ڕوویاندا.. وە سەركەوتنی ئیسلام بەسەر دوژمنەكانیدا و بڵندبوونەوەی یەكتاپەرستی لە دوورگەی عەرەبی و شوێنەكانی تردا.. ئەمانە گەورەترین نیشانەن لە نیشانەكانی پەروەردگاری پێغەمبەر (ﷺ) و جگە لەمانە نیشانەكانی تریش.
هەڵبەت خوای گەوره لە كەشفی شەوڕەویدا بەكورتی و بە جوانی هەموو ئەم نیشانانەی ئاشكرا كرد لەڕێگەی نموونەوە.. بەڵام ئەوەی باسكرد كە ڕوودانی ئەم نیشانانە لە جیھانی حەقیقەت و واقیعدا لەداهاتوودا دێنەدی بەو شێوازە درێژ و ڕوونە كە لە كەشفەكەدا پیشانی داوە، ئەمەش بەشێوەیەك دەبێت كە پاڵ بە خەڵكی جیھانەوە دەنێت بۆ ئەوەی دان بنێن بەوەدا كە خوای گەورە (پاك و بێ خەوشە).. وە فەرمایشتی {لِنُرِيَهُ مِنْ ءَايَاتِنَا} بەدی دێت بۆی، وە هیچ كەسێك چاوی خۆی داناخات لە ئاستی ئەم نیشانانە جگە لە كەسانی كەللـەڕەق و دەمارگیر.
وە بەشی كۆتایی ئایەتی شەوڕەویش {إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ} پاڵپشتی بۆچوونەكەمان دەكات چونكە بەتەنھا بینینی بەیتولمەقدیس لە حاڵەتی بێداری یان خەو یان كەشفدا ئەوە ناگەیەنێت كە خوای گەورە بیسەر و بینایە، ئەگینا پێویست دەبێت كە ڕەخنە لە قورئانی پیرۆز بگیرێت چونكە لە غەیری جێگای خۆیاندا ئەم وشانەی هێناوە… بەڵام كۆچی پێغەمبەر (ﷺ) بەڵگەیەكی هەرە گەورەیە لەسەر ئەوەی خوای گەورە بیسەر و بینایە.
بێگومان خوای گەورە دوعا و پاڕانەوەكانی پێغەمبەر (ﷺ) و هاوەڵەكانی بیست بۆ ڕزگاربوون لە فێڵ و ستەمی كافرەكان، وە بۆ بەرزكردنەوەی وشەی یەكتاپەرستی و بڵاوبوونەوەی ئیسلام… بۆ ئەم مەبەستە دەرگای كۆچكردنی كردەوە و ئەم كۆچەی كرد بە بناغە و گەورەترین هۆكار بۆ بڵاوبوونەوەی پەیامی یەكتاپەرستی و ژیاری ئیسلامی، وە پاڕانەوەكی باوكیشی (واتە ئیبراهیمی) گیرا كرد، كە پێشتر فەرموو بووی: {رَبَّنَا وَابْعَثْ فِيهِمْ رَسُولاً مِّنهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ ءَايَاتِكَ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَيُزَكِّيهِمْ} (البقرة: 129)
هەڵبەت تەنها كۆچ ئەوەی ڕەخساند بۆ پێغەمبەر (ﷺ) كە بەوپەڕی ئازادیەوە ئایەتەكانی خوای گەورە بخوێنێتەوە بەسەر شوێنكەوتووانیدا و باوەڕداران پاك بكاتەوە و فێری كتێب و حیكمەتیان بكات. وە خوای گەورە خوایەكی بینایە چونكە ئیسلام و پێغەمبەر (ﷺ) و موسوڵمانانی لە مەدینه و لە هەموو شوێنێكی تردا پاراست.. وە پاراستی لە پیلانی كافرەكان لە هەموو كات و شوێنێكدا، وە ئەو (عز وجل) پارێزەرە و بەردەوام پارێزەری ئیسلام و قورئانە. هەموو ئەمانەش بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە بینایە و بەتەواوەتی هەموو شتێك دەبینێت. كەواتە با ئەو كەسانەی باوەڕیان بە ڕاستی نیه تەنانەت پاش دەركەوتنی نیشانە هەرە گەورەكان، وە با دووڕووەكان و ئەوانەیش كە باوەڕیان لاوازە، بزانن كە لەداهاتوودا بەگوێرەی تاوانەكانیان سزا دەدرێن و زۆر بەتوندی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.
وە هەروەها مزگەوتی ئەقسا ئاماژەیە بۆ خودی بەیتولمەقدیس، وە ڕۆیشتنی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ ئەوێ هەواڵێكی غەیبی تێدایە كه بریتیە لەوەی لەداهاتوودا ئەو (ﷺ) دەبێت بە خاوەنی ئەو وڵاتە، وە ئەم شارە دەبێت بە یەكێك لە ناوەندە گرنگەكانی ئیسلام.
لەڕاستیدا پاش چەند ساڵێكی كەم ئەم پێشبینیە هاتەدی.. وە لەسەر دەستی پێشەوای باوەڕداران عومەری كوڕی خەتتابدا (رضي الله عنه) ئیسلام هاتەناو بەیتولمەقدیسەوە و بۆ ماوەی 13 سەدە لەدەستی موسوڵماناندا مایەوە. ئەگەرچی ئەمڕۆ كەوتووەتە دەست گاور و جوولەكەكان.. بەڵام ئەمەش بەگوێرەی پێشبینیەكی پێغەمبەر (ﷺ) ڕوویداوە… وە لەداهاتوودا (زوو بێت یان درەنگ) بەگوێرەی پێشبینی پێغەمبەر (ﷺ) ئەم شارە پیرۆزانە دەگەڕێنەوە بۆ ناو دەستی موسوڵمانان.
وە ئەگەر مەبەست لە بینیی مزگەوتی ئەقسا زاناكانی ئەو وڵاتە بێت كە مزگەوتەكەی تێدایە، ئەوا ئەمەیش هاتووەتەدی چونكە بەیتولمەقدیس ناوەندێكی مەزن بوو بۆ زانا و توێژەرە موسوڵمانەكان. ڕێژەیەكی زۆر توێژەر و زانای بەناوبانگ لەو شارەدا پەیدابوون.
وە شەوڕەوی پێغەمبەر (ﷺ) بۆ مزگەوتی ئەقسا دیسان ئاماژەیە بۆ ئەوەی كاتێك ئیسلام لاواز دەبێت، وە تاریكی وازهێنان لە كتێبی خوا و ئایین و شەریعەتەكەی زەوی دادەپۆشێت، وە ئەو كاتەی موسوڵمانان خۆیان دەخەنە ژێر دەسەڵاتی خاچپەرستانی ڕۆژئاوا.. بەرەكەتەكانی موحەممەدی هەڵبژاردە (ﷺ) وەكو لافاو دەڕژێتەناو یەكێك لە پیاوەكانی ئوممەتەكەی.. كە لەوپەڕی وڵاتانی ئیسلامی نیشتەجێیە، بۆ ئەوەی مزگەوتەكەی ببێت بە ناوەندێك بۆ بەرەكەتەكانی زانستی موحەممەدی، وە ببێت بە منارەیەك بۆ بڵاوكردنەوەی ئیسلامی ڕاستەقینە، ئەوسا جیھان بەهۆی لێشاوی نووری ئیسلام و قورئانەوە ڕووناك دەبێتەوە، بۆ ئەوەی موسوڵمانان لە خەوی غەفڵەت بە ئاگا بێنەوە و بگەڕێنەوە بۆ لای ئایینی ڕاست و دروست، وە هەمان ئەو بەرەكەت و نوور و سەربەرزی و ژیانە بەدەست بھێنن كە خەڵات كرا بوو بە شوێنكەوتووانی پێغەمبەرانی نەوەی ئیسڕائیل و كۆچكەران و یاریدەدەران. وە لەوێدا ئەم فەرمایشتەی خوای گەورە دێتە دی كە دەفەرموێت: {هُوَ الَّذِي بَعَثَ في الأُمِّيِّينَ رَسُولاً مِّنْهُمْ يَتُلُو عَلَيْهِمْ ءَايَاتِهِ وَيُزَكِّيهِمْ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَإِن كَانُوا مِنْ قَبْلُ لَفِي ضَلاَلٍ مُّبِينٍ * وَءَاخَرِينَ مِنْهُمْ لَمَّا يَلْحَقُوا بِهِمْ وَهُوَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ} (الجمعة: 3)
لەداهاتوودا لەڕێگەی بەرەكەتی موحەممەدەوە (ﷺ) لە ڕەوانەكردنەوەی دووەمیدا و لەسەر دەستی ئیمامی مەهدی و مەسیحی بەڵێندراودا (عليه السلام) دەسەڵاتی خوای گەورە و حیكمەتەكەی لە زیندووكردنەوە و نوێكردنەوەی ئیسلامدا دەردەكەوێت.
PDF